دۆزی فەلسەفە2: فەلسەفە دژبە گەوجاندن (گەمژاندن) دەجەنگێت.. ئازاد حەمە

فەلسەفە بە گەمژەکان لاوازدەبێت؟ ئەڵبەتە نا. (نا)، چونکە گەمژەکان نامۆن بە فەلسەفە. فەلسەفە، کە لێوانلێوە لە ئاوەز(عەقڵ) لەتەک گەمژەکان یەکناگرێتەوە. گەمژەکان شادن بە نەمانی فەلسەفە، لێ نەمانی فەلسەفە بە نەمانی گەمژەوە، بە نەمانی پرسیارەوە گرێدراوە. پەنجا ساڵ لەمەوبەر ژیل دولۆز Deleuzeی گەورە بیرمەندی فەڕەنسی،پێیوابوو،”فەلسەفەیەک کە زیان بە گەمژەیی نەگەیەنێت و شەرمەزاری نەکات، فەلسەفە نییە”. فەلسەفەی ڕاستەقینە لەوێوە دەستپێدەکات، کە دژ بە گەمژەیی(گەوجیی) Stupidityبجەنگێت.
سەرەتا با پێناسەی گەمژەیی بکەین. گەمژە(گەوج)Stupidکێێە؟ گەمژە تاکێکی کۆمەڵگەیە و مرۆڤایەتیش بەدەرنییە لە دیاردەی گەمژەیی.گەمژە یان گەوج کەسێکی ناهۆشیارە، بێهەستە، کێشەی زیرەکیی هەیە، توانای تێگەیشتنی خراپە و دەشێت ئەم گەمژەییەی(گەوجییەی)زگماکیی بێت. کەواتە گەمژە کردار و گووتنی دوورە لە ئاوەزەوە، لەبەرئەوە توانای ئارگیومێنتهێنانەوەی نییە بۆ کردارە نابەجێکانی دەرک بەوە ناکات سودی بۆ ئەویتر نییە و سودی خۆشی لامەبەست نییە. گەمژە توانای خۆکۆنتڕۆڵکردن و خۆکۆکردنەوەی نییە، زێدەڕۆییدەکات لە رەفتارەکانی و کێشەی سەرنجدانیشی هەیە.
ڕاستە سروشتی فەلسەفە دژ بە گەمژەییە، بەڵام خودی چییەتیی گەمژەبوون پرسیارێکی دێرینی فەلسەفییە. فەلسەفە هەردەم تێکۆشاوە لە گەمژەیی(گەوجیی) نزیکببێتەوە تا ناواخنەکەی بناسێنێت. لەناو فەلسەفەدا شتێک هەیە،کە خودی گەمژەیی هەرگیز نییەتی، ئەوەش داناییە(حیکمەت Wisdom). داناکان بلیمەتن،بەس گەمژەکان گەوجن(گێلن). کێشەکە لە گەمژەییدا هەرئەوە نییە، کە کەسی گەمژە دەبەنگ و گێلە و هەڵگری توخمی ژیریی نییە.کێشەکە ئەوەشە،کە گەمژەکان بیر و دۆگما ڕەقن.هەروەها فەیلەسوفەکان، کە نەیاری ڕاستەقینەی گەمژەکانن، لەبەرئەوەیە، کە گەمژەیی داهێنانی هزریی تیانییە و لەگەڵ بلیمەتییدا یەکناگرێتەوە.
گەمژە نە ئەرکی هەیە نە هەڵوێستوەردەگرێت، لەناو پەیوەندیە کۆمەڵایەتییەکانیشدا وادەردەکەوێت رەفتار ناهاوسەنگ و نالێهاتووە لە پرسیارکردن و وەڵامدانەوە، بێتوانایە لە شیکاریی و ڕەخنەکردن. کەوابێت، گەڕان بەدوای دانایی گەمژەکان هیچ ناخاتەسەر خەرمانەی خودی داناییەوە.هەندێک لە توێژەران بۆ ئەوەدەچن،گەمژەیی و نەزانی هەمان شت نیین. وێڕایئەوە، ئەو توێژینەوانەش،کە پێداگیرییدەکەن لەسەر ئەوەی گەمژە کێشەی پەروەردەیی هەیە بۆ ئەوەدەچن،کە گەمژەکان شایانی هاوکارین. تا پەروەردەش بێتەخوارەوە گەمژەیی پتر چرۆدەکات.
بەکاربردنی فەلسەفە وەک دژە ژەهری گەمژەیی چارەسەرە؛ چارەسەر بۆ ڕزگاربوون لە نەزانییەک کە دووچاریی گەوجاندنمان(گەمژاندنمان) دەکات. بەڵام بەکاربردنی زانینیی فەلسەفیی کاریگەریی لەسەر کەمکردنەوەی گەمژەیی دادەنێت. فەلسەفە وەک گەمژەیی نییە لە مامەڵەی لەگەڵ دڵنیایی و تێڕوانینە پێشوەختەکان. تێڕوانینە پێشوەختە و حوکمە ڕەهاکانمان بۆ گەمژەکان جێگای باس نییە. هەرچی فەلسەفەیە جوانییەکەی لەوەدایە ئەوە هەڵدەوەشێنێتەوە یەقین و دڵنیاییمان تیادروستدەکات. ئەم هەڵوەشاندنەوەیە پێویستە بۆ تێگەیشتن لەوەی دەیزانین یان فێریبووینە.
لەناو گەمژەیدا تاریکیەک هەیە و ناسنەمەی گەمژە تەمومژاوییە، ئاسمانی سەری گەمژە هەورە، بێ خۆرە. ئەوەی گەمژە گۆیدەکات بێمانا و ناڕوونە. کردار و گوتنی زمانەوانیی گەمژە، کە پڕکەند و کۆسپە هەڵقوڵاوی تێنەگەیشتن و نەزانیینە و کوانووی هیچ دید و تێڕوانینێکیش نییە.لەمسۆنگەیەوە دەڵێێن:گەمژە بێتوانایە لە دەرکپێکردن و بەکاربردنی زمان. هەربۆیە کێشەی گوزارەکردنی هەیە و توانای دەرئەنجامدان و گومانیشی نییە.زۆربەمان زۆرجار بەزییمان بە گەمژەکان دێتەوە،چونکە دڵنیایین، ئەوەی دەیکەن و دەیڵێن بێئاگاییانە ئەنجامدراوە. دەشزانیین گوتنی گەمژە ناواخن بێهەست و بێسۆزە. گەر وابێت گەمژەکان رەفتاری ناڕەوشتی ئەنجامنادەن. بەمجۆرە بۆمان نییە بە گەمژە بڵێین بێڕەوشت. سەرئەنجام،کێشەی ذهنی لە گەمژە نابێتەوە، ئەمەش وادەکات نە زانین تێبگات و نە زانین بخوڵقێنێت.
لە گەمژەییدا بیری باو و شێوازی بیرکردنەوەی کۆنەپەرستانە زاڵە. بنەماکانی هزریی فەلسەفییش لەگەڵ تێگەیشتنی گەوجانە(گەمژانە)دا یەکناگرێتەوە. ئەمەش بەهۆکاری ئەوەی شتگەلی گەمژانە شتگەلێکی ناعەقڵانی و دەبەنگانەیە.مەبەست،اتە گەمژە عەقڵ بەپێی پێویست ناخاتەگەڕ، هیچ پەیوەندیەکیشی بە لۆجیکەوە نییە. لۆجیک سەروی گەمژەییە. چونکە کەسی گەمژە(گەوج) ماتوانێت بۆچوون و دیدگای لۆجیکی هەبێت.
سەرباری ئەوەی لایسەرەوە گووترا،فەلسەفەکردن چرکەی هۆشیارییە، کەسی فەلسەفەکار وریا و بەئاگایە؛ کاری تێڕامان و ڕەخنەسازییە. گەمژە هیچشتێک گرێیناداتەوە بە تێڕامان و قوڵبیرکردنەوەوە. هاوکات گەمژە کەسێکی کەمترخەم و بێباکە. ئەوی دەیڵیت بەرهەمی بینین و ئەندێشەسازیی نییە. گەمژەکان(گەوجەکان)کە قسەدەکەن وایبۆدەچن ئەوەی ئەوان دەیڵێن سەنگی مەحەکە و سەرچاوەی فێربوونە. کێشەکە لێرە لەوەدایە، لەناو گووتنی گەمژەدا فێربوون و پەروردە بوونی نییە.
فەلسەفە تەقەلایە بۆ دەربازبوون لە وڕێنە و سادەیی لە بیرکردنەوە. گەمژەکان(گەوجەکان)نووقمی سادەیی و ڕووکەشیین؛ لە سەربەخۆیی عەقڵ تێناگەن و ناشتوانن ڕووبەڕووی بیرکردنەوە نەریتیی و کوێرانەکان ببنەوە. ئەوەی گەمژەکان دەیڵێن گووتنی سەرپێی و قسەی سواو و گووتنی باوی ناوخەڵکە. کەواتە گووتنی گەمژەکان هیچناخاتەسەر ئەندێشەمان و بۆنی دانایی بەهیچ جۆرێک لێنایەت.
فەلسەفە ڕێگا لەبەردەم بیرکردنەوەی ڕەخنەیی دەکاتەوە. لەناو گەمژەییدا ئەمە بوونی نییە. شتێکی ڕوونە، کە فەلسەفە دژ بە زانیاریی و تێگەیشتنی ڕووکەش و ناقوڵە. واتە فەلسەفە، کە داناییە، ئەو داناییە پێکهاتەیەکی قوڵ و بەرینی هەیە. جگەلەوە، فەلسەفە گریمانەکان دەخاتە ژێرپرسیارەوە و گومانیشیانلێدەکات. بۆ فەلسەفە پرسیارسازیی و گومانکاریی گرنگیی خۆی هەیە، هەرچی گەمژەییە نە پەیوەندی بە پرسارسازییەوە هەیە، نە بە گومانکارییەوە.
سەرباری ئەوە، فەلسەفە زانیاریی بڵاوکردنەوە نییە، بەڵکو دانایی دانە؛ لەوەش بگەڕێتەوە فەلسەفە زانین دەدات نەک زانیاریی ڕووکەش و سەرپێی. ئەو سادەخوازیی و ڕووکەشییەی گەمژەکان کاریپێدەکەن دوژمنی پرۆسەی بەڕوناکبیرکردن و گەشەی ئەدەب و هونەریشە. لەژێرسایەی گەمژەیەتیی ئەدەب و هونەر نابن بە کردەیەک لە زانین و داهێنان.

ئەم بابەتە درێژەی هەیە……………

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




پۆپۆلیزمی قەیرانساز.. جوتیار مەلا ڕەئوف

ئەوجۆری گوتارەی لەو ماوەیەدا لەلایەن شاسوارعەبدولواحید و وتەبێژەکەیی و میدیا و نوسەرو رۆژنامەنوسەکانیان و هەندێک لایەنی تری بە ناو ئۆپۆزیسیۆن وهەتا بەشێک لە سەرکەردەکانی یەکیەتی و پاڤڵ تاڵەبانیش پێشکەش دەکرێت، زیاتر لەوەی هەڵگری بەرنامە و دیدگایەکی سیاسیی بەرپرسانە بێت، هەوڵێکە بۆ دروستکردنی ترس، دڵەڕاوکێ و گومان لەناو کۆمەڵگەی کوردستاندا، کاتێک ناکۆکییەکی حزبی یان گفتوگۆیەکی سیاسی بە «مەترسیی لەناوچوونی قەوارەی هەرێم» دەفرۆشرێتەوە بە خەڵک، ئەوە ناجێتە ناو چوارچێوەی هۆشدارییەکی نیشتمانی؛ بەڵکوو بازرگانی ‌کردنێکی ڕوونە بە نیگەرانی و هەستی خەڵک و کۆمەڵگا، قەوارەی هەرێمی کوردستان موڵکی هیچ حزب و سەرکردەیەک نییە، تا مانەوە یان لەناوچوونی بە جێبەجێکردنی داواکارییە حزبییەکانەوە بەستراو بێت، قەوارەی هەرێم بە خوێن، قوربانی، ڕاپەڕین و خەباتی چەندین نەوە لە خەڵکی کوردستان دروست بووە؛ نە بە میکرۆفۆنی حزبێک و نە بە شانۆی میدیاییی کەسێک، هیچ سەرکردەیەک مافی ئەوەی نییە ئەو مێژوو و قوربانییە بکاتە کارتێکی فشار و هەر جارێک کە داواکارییە سیاسییەکانی جێبەجێ نەکران، هەڕەشەی لەناوچوونی هەرێم بخاتەوە بەردەم خەڵک.
لە ئەدەبیاتی سیاسیی هاوچەرخدا، ئەو جۆرە ڕەفتارە بە وە ) کە Crisis-performing populism( «پۆپۆلیزمی قەیرانساز» ناسێنراوە، کە کاراکتەری سیاسی ناکۆکییەکی ئاسایی چارەسەرهەڵگر بە شێوەیەکی قەیراناوی، قوڵ و ریشەیی پیشانی خەڵکو کۆمەڵگا دەدات، مەترسییەکە بێ هیچ هۆکارێک گەورە دەکاتەوە، خەڵک دەترسێنێت و پاشان خۆی وەک تاکە ڕزگارکەر و چارەسەر دەخاتەڕوو.
ئەوەی لە هەندێک گوتاری سیاسیی ئێستای کوردستاندا دەبینرێت، تا ڕادەیەکی زۆر هەمان شێوازە، هەر ناکۆکییەکی حزبی بە قەیرانێکی نیشتمانی ناودەبرێت، هەر داواکارییەکی حزبی وەک مەرجی مانەوەی هەرێم پیشان دەدرێت و هەر ڕەتکردنەوەیەکیش بە هەڕەشەیەک بۆ چارەنووسی کۆمەڵگا هەژمار دەکرێت، ئەوە سیاسەتکردنێکی بەرپرسیارانە نییە؛ بەڵکو ئەدای بەرهەمهێنانی قەیرانە، هەوڵدانە بۆ ئەوەی خەڵک لە ژێر فشاری ترسدا مل بۆ داواکاریی سیاسی بدەن و بێ ‌بەرنامەیی و شکستی حزبی بە قەیرانێکی نیشتمانی دابپۆشرێت.
ئەگەر هەر بزوتنەوەیەک، حیزبێک، سیاسیەک، یاخود پەرلەمانتارێک بەڵگەی یاسایی، دەستوری یان نێودەوڵەتییان هەیە کە نیشان بدات قەوارەی هەرێم لە مەترسیدایە، دەبێت بەڵگەکانیان بە ڕوونی و بە شێوەیەکی فەرمی بخەنە بەردەم ڕای گشتی، بەڵام ئەگەر هیچ بەڵگەیەک لە ئارادا نییە و تەنها بانگەشەی بێکەڵک وبێ ناوەرۆکە، کە تەنها وەکوو هەڕەشەی ناڕوون و سیناریۆی ترسناک بەکار دەهێنرێت، ئەوا ئەم گوتارە هیچ ناوێک و هۆشداریەک هەڵناگرێت؛ بەڵکوو تەواو پۆپۆلیزمێکی قەیرانسازو و بێ‌ بەرپرسیارانەیە لە بەرامبەر ژیان و هەستی خەڵکدا.
خەڵکی کوردستان هیچیتر توانای ئەوەیان نەماوە هەر ڕۆژەو کەسێک بە ناوی ڕزگارکردنیانەوە بێتە بەردەم مایکەکان و بە ئارەزوی مەزاجی سیاسی خۆیەوە بیانترسێنێت، خەڵک بێزار بوون لەوەی بازرگانە سیاسیەکان بەجێی بەرنامە، هەڕەشە پێشکەش بکەن و بەجێی چارەسەر، قەیران دروست بکەن؛ بەجێی بەڵگە، بە هەست و نیگەرانیی خەڵک یاری بکەن.
خەڵک لە دروشمی بەتاڵ و شانۆی میدیایی بێزار بوون، ئەوان دەزانن پۆپۆلیزم هیچ نەخۆشخانەیەک دروست ناکات، هیچ قوتابخانەیەک چاک ناکات، مووچە دابین ناکات، بێکاری چارەسەر ناکات و هیچ گەنجێک لە کۆچکردن ناگەڕێنێتەوە.
پۆپۆلیزم تەنها دەنگ بەرز دەکاتەوە، بەڵام دەستی بە چارەسەر ناگات. تەنها قەیران دەفرۆشێت، بەڵام هیچ بەرنامەیەک بۆ دەرچوون لە قەیران پێشکەش ناکات. بەرهەمی ئەم جۆرە گوتارە زیاترکردنی ترس، دابەشبوون، بێهیوایی و لاوازکردنی متمانەی خەڵک بە دامەزراوەکانە.
خەڵکی کوردستان پێویستییان بە پۆپۆلیزمی بێکەڵک نییە، پێویستییان بە دادوەرییەکی سەربەخۆ، دەسەڵاتێکی دادخواز، حکومەتێکی بەرپرسیار، پەرلەمانێکی کارا و یاسایەکی یەکسان هەیە، خەڵک خزمەتگوزاری، مووچە، ئاسایش، دادپەروەری و ژیانێکی شایستەیان دەوێت؛ نە بازرگانێک یان سیاسیەک کە خۆی وەک تەنها ڕزگارکەر پیشان بدات و هەر شتێک کە دژی ئەو بوو بە هەڕەشە بۆ سەر نیشتمان و ئاسایشی نەتەوە ناوزەد بکات.
کەسێک کە هەموو ناکۆکییەکی حیزبی و دەستەڵات بە «کۆتایی قەوارەی هەرێم » دەفرۆشێتەوە بە کۆمەڵگا، ئەوا بە دڵنیایەوە ناتوانێت قەوارەی هەرێم بپارێزێت؛ بەڵکوو متمانەی خەڵک بە مەبەست بە قەوارە و دامەزراوەکانی لاواز دەکات.
ئەوەی بەڕاستی قەوارەی هەرێم دەخاتە مەترسییەوە، ڕەتکردنەوەی داواکاریی حزبێک نییە؛ بەڵکوو ناکارایی دامەزراوەکان، لاوازیی دادوەری، نەبوونی شەفافیەت، دواخستنی پڕۆسەی سیاسی، دەستێوەردانی حزبی و بەکارهێنانی دەزگا گشتی و ئەمنییەکانە بۆ ململانێی سیاسیی.
بە راستی پێویستە ئەوە ئەرکی داواکاریی گشتیی بێت ئەگەر هەبێت، دەبێت ئەرکی خەڵکی کوردستان بێت ئەگەر شتێک بەناوی هەڵوێست هەبێت ، دەبێت داوای دەستە و ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ، میدیای سەربەخۆ، ڕێکخراوە مەدەنییەکان و هەموو لایەنە بەرپرسیارەکان بێت کە بەبێ دواخستن لەو بانگەشانە بکۆڵنەوە و بیانکەن بە ڕای گشتی
ئازادیی ڕادەربڕین مافێکی بنەڕەتییە بۆ هەر ئینسان و گروپێک، بەڵام ئەو مافە شتێک نییە لە بەرپرسیاری جیا بێت، کاتێک سیاسەک، بازرگانێک، نوێنەرایەتیەک و قسەکەرێک بە ناوی قەوارە، نیشتمان و چارەنووسی خەڵک قسە دەکات، دەبێت بەڵگە، دەلایل و وەڵامی ڕوونی هەبێت.
نابێت ئازادیی ڕادەربڕین بکرێتە پەناگەیەک بۆ بڵاوکردنەوەی ترس و دڵەراوکێ لە ناو کۆمەڵگادا، بکرێتە دەنگۆ و هەڕەشە و قسەی بێ‌ بەڵگە، هەر کەسێک قەیران دەفرۆشێت، دەبێت لەبەردەم پرسیار و لێپرسینەوەشدا وەڵام بداتەوە.
میدیای بەرپرسیاریش نابێت بەبێ پرسیار و پشتڕاستکردنەوە، ببێتە بڵاوکەرەوەی هەر گوتار و بانگەشەیەکی حزبی، ئەرکی میدیا گواستنەوەی ترس نییە؛ ئەرکی میدیا پشکنینی بەڵگە، دروستکردنی لێپرسینەوە و پاراستنی مافی خەڵک بۆ زانینی ڕاستییە. ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ پۆپۆلیزمی قەیرانساز بە هەڕەشە یان توندوتیژی نابێت، وەڵامی ئەو جۆرە لە پۆپۆلیزم وەڵامێەکە بە یاسا، بەڵگە، لێپرسینەوە، میدیای پیشەیی و ڕووبەڕووبوونەوە بە هەڵوێستی سیاسیی بێ سازش.‌
ئەو پەیامە دەبێت زۆر ڕوون بێت، خەڵکی کوردستان چیتر بە ترساندن بەڕێوەناچن، خەڵک لە گوتاری بێ ‌بەرنامە، بێ کردار و شانۆی میدیایی و پۆپۆلیزمی بێکەڵک بێزار بوون، خەڵک پێویستییان بە سیاسی و بازرگان و نوسەرو ئەکادیمیستو پەرلەمانتاری قەیرانساز نییە؛ پێویستییان بە دادوەر، دامەزراوە و دەسەڵاتێکی دادخواز هەیە، پێویستییان بە سەرکردەیەک نییە کە بەردەوام خەڵک بترسێنێت و خۆی وەک تەنها ڕزگارکەر پیشان بدات؛ پێویستییان بە بەرنامە، بەرپرسیاری و یاسا هەیە، قەوارەی هەرێم بە هەڕەشە، دەنگۆ و ئەدای قەیران ناپارێزرێت؛ بە دادپەروەری، دامەزراوە، شەفافیەت و ئیرادەی ئازادی خەڵک دەپارێزرێت.




هەڵمەتی دژی چەکداری و گەندەڵی!.. عوسمانی حاجی مارف

بە ئامانجگرتنی دەوڵەتانی کەنداو لەلایەن کوتلەکانی سەر بە ئێران لەناو هێزەکانی حەشدی شەعبی عێراق شتێکی نوێ نییە، ئەم ڕێکخراوانە کە لەلایەن ئەمریکاوە وەک گروپی تیرۆریستی دەستنیشانکراون و داوای هەڵوەشانەوەیان دەکات، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕ لەگەڵ ئێران، بەردەوامن لە هەڵدانی موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەرەو نیمچە دوورگەی عەرەبی. هەروەها هێرشەکانیان ساڵانێکە کارمەندانی سەربازی و دیپلۆماسی ئەمریکیان لە عێراق کردۆتە ئامانج.
هێرشەکانی حەشدی شەعبی بۆ سەر کەنداو، ئەزمونێکی گەورەی دەوری عەلی زەیدی دەبێت لە هەوڵدانی بۆ سنوردارکردنیان، وەڵامی پێشوەختەی بەغدا ئاشکرای دەکات، کە ئایا حکومەتەکەی زەیدی ئەتوانێ ڕێڕەوێکی نوێی بۆ حکومرانی لە بەغدا دابڕێژێت، یان درێژە بە سیاسەتی هێورکردنەوە و بێلایەنی خۆی ئەدات بەرامبەر بە کوتلە لایەنگرەکانی ئێران.
واشنتۆن وەها مامەڵە دەکات کە گەشبینە بە حکومەتی نوێی زەیدی، لەلایەکی ترەوە پێدەچێت تارانیش هەمان جۆش و خرۆشی هەبێت. مەسعوود پزێشکیان هیوای ئەوەی دەربڕی کە حکومەتی زەیدی “قۆناغێکی نوێی هاوکاری ستراتیژی” لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دەستپێبکات. هەروەها زەیدی پشتیوانی یەکگرتووی لە “چوارچێوەی هەماهەنگی”وەرگرتووە، کە بلۆکی پەرلەمانی لایەنە شیعەکانە و نوێنەرانی ڕێکخراوە تیرۆریستیە دەستنیشانکراوەکانی ئەمریکا لەخۆدەگرێت و ئێران پشتیوانییان لێدەکات، وەک عەسائیب ئەهلی حەق، بزوتنەوەی حزبوڵڵای نوجەبا و کەتائیبی حزبوڵای عێراق.
ئیدارەی ترەمپ فشار دەخاتە سەر عێراق بۆئەوەی لە پێشینەی کارەکانی چەکداماڵینی میلیشیاکانی سەر بە ئێران بێت، لە هەمانکاتدا تاران چالاکانە بەرەنگاری دەبێتەوە، هەر لەوبارەیەوە سەبارەت بە پرسی چەکداماڵینی میلیشیاکان هۆشداریاندایە گروپەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەبەرامبەر پۆستە حکومییەکاندا ئاگاداری پێشنیارەکانی ئەمریکا بن، هەروەها ئەو دەزگایانەی لایەنە شیعەکان تیا باڵادەستن و دەسەڵاتی بە کوتلەکانی هێزەکانی حەشدی شەعبی داوە، داوایان لێکردون وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا بدەنەوە.
تاران جۆش و خرۆشێکی کەمتر لە واشنتۆن بۆ سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراق نیشان نادات، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی دۆخی ئێستای بەغدا کە میلیشیاکان بەسەریدا زاڵن، ئەستەمە و بواری گۆرین نادات.
لە کاتێکدا داماڵینی چەک پڕۆژەیەکی درێژخایەنە لەعێراقدا و ئەگەری جێبەجێبونی زەحمەتە، بۆیە کەمترین مەرج لەئێستادا بۆ زەیدی ئەوەیە کە داوا لەم گروپە میلیشیایانە بکات، هێرشیان بۆ سەر دەوڵەتانی کەندا و کارمەندانی ئەمریکی و لایەنە کوردیەکانی عێراق و ئیسرائیل ڕابگرن و ئەوکارانە دوبارە نەکەنەوە.!
وەستانی شەڕی ئەمریکا و ئێران، دەرچونی ئێران بەجۆرێک لە سەرکەوتن، ئەگەری ئەوەش هەیە ببێتە هۆی ئازادکردنی ملیارەها دۆلار لە سەروەت و سامانی بەستووی تاران، کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە گەشەیەکی زیاتر بەم میلیشیایانە دەدات و هەڵوەشاندنەوەیان قورستر دەکات. بەڵام ئەگەر زەیدی نەتوانێت کەمترین ڕێوشوێن بۆ سنووردارکردنی میلیشیان بگرێتەبەر، ئەوا بە ناچاری ئەم گروپانە زیانێکی گەورە بە پەیوەندیەکانی بەغدا لەگەڵ واشنتۆن و دەوڵەتەکانی گەنداو دەگەیەنن و ڕێگر دەبن لە گەشەسەندنی ئابوری عێراق. دەبنە هۆی لێدانی سەربازیی دەرەکی زیاتر لەسەر خاکی عێراق، لەهەمانکاتدا تاڵانچێتی و گەندەڵی پارێزراو دەبێت، گەر زەیدی چەندین هەوڵی هەلمەتی دژ گەندەڵی پەیرەوی بکات.
تا ئێستا زەیدی لە کۆی ٢٣ پۆستی وەزاری تەنها ١٤ پۆستی پڕکردۆتەوە و وەزارەتە گرنگ و هەستیارەکانی وەک بەرگری و ناوخۆ بە بەتاڵی ماوەتەوە. واشنتۆن و تاران بە وردی چاودێری ئەم دامەزراندنانە دەکەن بەهۆی ئەگەری کاریگەریە سیاسیەکانیانەوە. لەهەمانکاتدا بەدوای راگەیاندنی حکومەتی بەغدا بە ناتەواوی، زەیدی دوو کاری خستە بەردەم جێبەجێکردنەوە، یەکەم سنوردارکردنی هێزی چەکداری لەدەرەوەی دەزگاکانی دەوڵەتدا، واتە دەستکردن بە پرۆسەی هەڵوەشانەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی. دووەم بەرەنگاربونەوەو هێرش کردنە سەر گەندەڵکاران و دادگایی کردنیان.
هە ڵبەتە لەسەرەتا ئەوە نیشاندرا و کرایە ئەولەویەت، کە سنوردارکردنی ‌هێزی چەکدارانی سەربەخۆیە، بەڵام لەباری عەمەلیەوە بۆی دەرکەوت، کێشەو ناکۆکیەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و فشار و کێشمەکێشی نێوان لایەنەکانی دەسەڵاتدارن لە عێراقدا، رێگەی پێنادات کارێکی لەوچەشنە ئەنجام بدات، بۆیە زەیدی بەخێرایی کەوتەبەر راگەیاندنی هەلمەتی دژی گەندەڵی.
ئەوەی لە ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦دا شاهیدی هەڵمەتەکە بوین، تەنیا ڕوداوێکی سەرپێیی نەبو، شەپۆلی دەستگیرکردنەکان کە سیاسەتمەداران و پەرلەمانتار وبەرپرسانی کردە ئامانج، لە چوارچێوەی ئەوەی حکومەتی عێراق هەڵمەتی دژە گەندەڵی ڕاگەیاندووە، پرسیارێکی لەناو و ژمارەی دەستگیرکراوەکان وروژاند، ئایا ئێمە شاهیدی دەستپێکی چاکسازیی دامەزراوەیی ڕاستەقینەین، یان ساتێکی سیاسیە کە دەسەڵات لەناو دەوڵەتدا لەژێر ئاڵای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا دەیەوێت نمایشێک بکات.؟
کاتێک عێراق بە دەسەڵاتی تایفەگەری و بنەماڵەیی و گەندەڵی و میلیشیایی و تێکەڵبونی پارە بە پۆستی سیاسی حزبیەوە بەستراوە، گومانی تیا نیە کە پێویستی بە ڕوبەڕوبونەوەیەکی جددی و شۆرشێک هەیە لەبەرامبەر دەسەڵات و گەندەڵکاران و گونجاندنی لە سیستمی حوکمرانیەکی نوێدا، کە بتوانێت شەفافیەتی داهات و خەرجی بەرجەستە و جێگیرکات. ئەزمونەکانی ئەم دواییە ئەوە دەردەخەن کە جدیەتی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی تەنها بە ژمارەی دەستگیرکردنەکان ناپێورێت، بەڵکو بە شێوازی بەڕێوەبردنی دۆسیەکە و پلەی شەفافیەت و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و ئەو پایەیەی حکومەتی لەسەر راگیراوە، ئایا هەڵمەتەکە هەمان پێوەر بۆ هەمووان جێبەجێ دەکات یان دەبێتە ئامرازێک تەنها بۆ لاوازکردنی هەندێک لە نەیاران و بەهێزکردنی ئەوانی دیکە.!؟
گەندەڵی و تاڵانچێتی لە عێراق و کوردستاندا رەگی لە پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکاندا داکوتاوە و بۆتە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی بەرفراوان، کە چاندنی نەمامی گەندەڵی، چۆنیەتی پێکهاتەی دەسەڵاتی تائیفی و بنەماڵەیی و دەسەڵاتی حزبی میلیشیایە کە تۆوەکەی رشتووە. سادەترین بیرکردنەوە ئەوەیە کەهیچ کەس لەبەرامبەر ئەو پرسیارەدا دۆشدانەماوە، کە بپرسین ئایا گەندەڵی هەیە؟، چونکە گەندەڵی لە عێراق و کورستاندا ناسراوە و بۆتە دیاردەیەکی رۆشن و نەشاراوە، لەبەر چاو و هەستی هەموکەسێکدا مۆرانەیەکی رۆچووە لە قوڵایدا. بۆیە پرسیاری ڕاستەقینە ئەوەیە، کە بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی چۆن بەڕێوەدەچێت؟ ئایا بەڵگەکان ئاشکرا دەکرێن؟ ئایا لێکۆڵینەوە و دادگایکردنەکان ئاشکرا و کراوە دەبن بۆ ڕای گشتی؟ ئایا پرۆسەی یاسایی ئەم هەڵمەتە هەموو لایەنەکان دەگرێتەوە، یان سنووردار دەبێت بە نەیارانی سیاسی یان تۆڕە تایبەتەکان.؟
هەڵمەتی دژی گەندەڵی بە ژمارەی دەستگیرکردنەکان ناپێورێت، بەڵکو بە توانای دروستکردنی متمانەی نوێ لەنێوان دەوڵەت و کۆمەڵگادا دەپێورێت. خەڵکی تەنیا پێویستیان بە بینینی کەسانی گەندەڵ لە پشت مێزی دادگاوە نییە، بەڵکو پێویستیان بە بینینی دەسەڵاتی دادگاو دادوەری سەربەخۆیە، گرتنەبەری ڕێکارە ڕوونەکان و بەڵگەی بەردەست و ئاشکرا و دادگاییکردنی دادپەروەرانەی تاوانباران، شەفافیەت لێرەدا وردەکارییەکی یاسایی نییە، بەڵکو پێشمەرجێکی بنەڕەتیە بۆ گەڕاندنەوەی متمانە، ئەم متمانەیە حکومەتی بەغداو هەرێم ناتوانن پەیرەوی لێ بکەن، چونکە خۆیان سەری مارەکەن و وەستا و مامۆستای گەندەڵکارانن.
ئایا شەڕی گەندەڵی دەبێتە سەرەتای چاکسازی دەوڵەت، یان تەنها دەرفەتێکی دیکە بۆ دووبارە دابەشکردنەوەی دەسەڵات فەراهەم دەکات؟ وەڵامەکە لە ڕۆژی دەستگیرکردندا ئاشکرا نابێت، بەڵکو لە هۆڵەکانی دادگا، لە شێوازی خستنەڕووی بەڵگەکان و لە توانای حکومەت بۆئەوەی خەڵک قەناعەت پێبکات کە یاسا لە سەرووی هەموو کەسێکەوەیە نەک تەنها کەسانی لاواز لەبەرامبەر دەسەڵات و لایەنە بەهێزەکاندا.
لە ساڵی ٢٠٠٣ ئەمریکا هەموو دامودەزگاکانی دەوڵەتی عێراقیان کردە ئامانج وێرانیان کرد، جگە لە وەزارەتی نەوت، کەس نەیدەتوانی خەیاڵی ئەوە بکات کە دواتر ببێتە گەورەترین و چەسپاوترین دامەزراوەی حکومی بۆ دزی و تاڵانی و گەندەڵی. ئەم گەندەڵیە لە بۆشاییدا ڕووی نەداوە، لەشەری کەنداوی یەکەمی ١٩٩١ و داگیرکردنی عێراق پێش٢٣ ساڵ، گەورەترین کردەوەی تاڵانکاریەکی بێوێنەیە کە لە مێژودا رویدابێت و دژی دانیشتوانەکەی ئەنجام درابێت.
گەر ئەم هەڵمەتەی زەیدی کە ئاڵای بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی بەرزکردەوە، گورزێکێش بوەشێنێت، بەڵام لەکۆتایدا رێکخسنەوەی هەمان ئەو دەسەڵاتدارانەیە کە رەگی بنەمای ئەو گەندەڵکاریەن.بۆیە هەڵمەتی دژی گەندەڵی و کۆتاییهێنان بە گەندەڵی لە عێراق و کوردستاندا، دەتوانی کۆتایی دەسەڵاتی تائیفی و بنەماڵەیی و هێزی میلیشیایی سەرەتاکەی بێت.

عوسمانی حاجی مارف




ئازار و شادی.. شیعری شورش عەزیز سورمێ

ئازار بە هێواشی دەگات،
وەک ئێوارەیەک
نایەوێت کۆتایی پێبێت،
دەنیوشت لە دڵدا
ئەو شتانەی لەدەستچوون
بە دەنگێکی نەرمەوە
بیرمان دەخاتەوە.
خۆشی
بەرامبەرتیشکەکەی توندە،
وەک دەرگایەک لەناکاو دەکرێتەوە،
زەردەخەنەیەک،
لە ناو تاریکییەوە
سەرهەڵدەدات
تەنانەت کاتێک هیچ هۆکارێک نییە.
هەردووکیان پێکەوە دەژین ،
دوو دەست لە تاریکییەوە
بە دوای یەکدا دەگەڕێن،
دوو ڕێگا دوای گەشتێکی درێژ
لە کۆتایییدا یەکتر دەبینن.
ئازار فێری مانەوەمان دەکات،
خۆشی فێری فڕین.
ئێمەش ئەو خاڵەین
هەردووکیان لە باوەش دەگرن،
ناسکین، بەهێزین،
لە نێوان شکست و دروستبووندا.
هەر فرمێسکێک
پریشکێکی خەفی تێدایە،
هەر زەردەخەنەیەک
یادەوەری برینێک لە دڵدا هەڵدەگرێت.
بەم شێوەیە دەڕۆین،
لە نێوان ئەوەی ئازاری دەدات
ئەوەی ڕزگاری دەکات،
لە نێوان قورسایی ژیاندا و سەرسوڕمانەکەی.

شورش عەزیز سورمێ




سوکایەتی و هەراسانکردن و دەستدرێژی سێکسی بۆسەر ژنان دەبێت ڕابگیرێت!.. نوری بەشیر

کەیسی ریسوابوونەکەی عبدولەتیف کەسایەتی ئیسلامی و سەرۆکی سەلەفییەکان لە دەستدرێژی سێکسی بۆسەر کچانی زانکۆی سلێمانی، لەئاستێکی فراواندا دەنگی داوەتەوە. سەرەڕای بڕیاری وەزارەتی خوێندنی بالا بۆ دوورخستنەوەی لە ناوەندی زانکۆ و ئاکادیمی، هاوکات کەیسەکەی ڕەوانەی دداگاش کراوە. هەڵبەتە ئەمە هەنگاوێکی باشە، بەڵام کافی نیە.
بۆ یەکەمجارە لە ماوەی دەسەڵاتی ٣٥ ساڵەی حزبەکانی ناسیونالیزمی کوردا، کۆمەڵگە بەمشێوەیە بەدژی هێرشی سێکسی بۆسەر ژنان دێتە دەنگ. لەو ماوەیەدا حزبەکانی کوردایەتی نەک تەنها دەرگای کۆمەڵگایان بۆ ئیسلامی سیاسی ئاوەڵاکردووە، نەک هەر هەزارەها مزگەوت و وەزارەتی ئەوقاف و دەیان تەلەفزیۆنیان خستۆتە خزمەتی حزبە ئیسلامیەکان و مەلاو کەسایەتیە ئیسلامیەکان و پارەی خەیاڵیان بۆ هەڵڕشتوون، کە رۆژانە ژەهر بەڕووی کۆمەڵگاو بەتایبەتی ژناندا هەڵدەڕژن، بەڵكو ئەم حزبانەی کوردایەتی زۆر جار کارنامەی خۆیان لەو ئیسلامە سیاسیانە باشتر پیادە دەکەن و کێشمەکێشیانە لەکردنەوەی زۆرترین مزگەوت و گەورەترین مزگەوت لەسەر ئاستی دنیادا، بۆ بەرگری لە فەرهەنگی دواکەوتوو نەریتە کۆنەپەرست و دژە ژنەکان.
لەماوەی زیاتر لە سێ دەیەی رابردوودا لەئاکامی دەستگرتن بەو سونەت و فەرهەنگە دواکەوتوییەی کوردایەتی و ئیسلامیەوە، دەیان هەزار ژن بوونەتە قوربانی و بەردەوام ژنانیان لەئاستی ئاژەڵدا داناوە و رۆژانە نەک لەدەمی ناسراوترین ئەو کەسایەتیە ئیسلامی و زۆرێک لەسەران و کاربەدەستانی ناسیونالیزمەوە راگەیەنراوە، بەڵکو خودی سەرانی حزبەکانی کوردایەتی ژنانیان وەک سەرچاوەیەکی سێکس و منداڵ خستنەوەو بەخێوکردنی منداڵ و لەزەتی پیاوان داناوەو مامەڵەیان کردوون. کەسێک ناتوانێت لەکارنامەی دژی ژن بوونی ئەمانەدا ئینکاری بکات. ئەمانە هیچ کات ئامادە نەبوون قوربانی بەو فەرهەنگ و سیاسەت و ئایدیۆلۆژیە دواکەوتوانەیە بدەن، بەڵکو بەردەوام قوربانیان داوە بە دەیان هەزار ژن و کچی منداڵ، هەر لە: سوکایەتی پێکردن، چەند ژنە، لێدان، تێزاب پێداکردن، لوت و گوێ بڕین، تاکو دەگاتە سوتاندن و تیرۆرکردنیان، گۆڕستانی ژنانی بێناونیشان ئەو راستیە نیشان دەدات.
بەڵام کەیسی ئەمجارەی عبدولەتیف سەلەفی، کە بەهەمانشێوە قوربانیەکانی کچانێکی زانکۆن، بەهۆی ناڕەزایەتیەکی ریزی سەدان هەزار کەسی یەکسانیخواز، مرۆڤدۆست، ئازادیخواز لەئاستی کوردستان و دەرەوەدا، لەگەڵ هەوڵی جۆراوجۆر بۆ بەڵاڕیدابردنی، نەتوانرا وەک ئەوانەی ساڵانێکی پێشوو تاوانبارانی سێکسی سەربەرز دەرچن و بێتاوان ریسوا بکرێت و ببێتە قوربانی. ئەمجارە سەرۆکی سەلەفیەکان کە بەوەوە نەوەستاوە سێ ژنی لەپاڵ یەکتردا ریزکردوە، بەڵکو چەندین کچی گەنجی زانکۆی هەڵخەڵەتاندووە، وە سودی لەجێگاو رێگاو پلەی ئاینی و زانکۆکەی وەرگرتوە، بۆ مەرامی چەپەڵی خۆی، رووبەڕووی سزادانی ئیداری بوەوەو لە زانکۆ دەرکراو ئەگەری ئەوەش هەیە کە دادگایی بکرێت و سزای زیندانی بەسەردا بسەپێنرێت!
کەیسی ئابڕوچونی سەرۆکی سەلەفیەکان، تەنیا ئابڕوچوونی سەلەفیەکان و عبدولەتیف نیە، کەیسی ئابڕوچوونی هەموو ئەو مەلاو ئیسلامیانەیە کە لەگەڵ تەمەنی دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کوردا، هاوبەشن لە بەقوربانیکردنی نیوەی کۆمەڵگا کە ژنانن، کەیسی ریسواکردنی هەموو ئەو هێزو لایەنانەیە کە بە سەلەفی و غەیرە سەلەفی ئیسلامیەوە دەیانەوێت پەردەپۆشی ئەم ئابڕوچوونە بکەن، کەیسی ریسوابوونی دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کوردە کە پشت و پەنای ئەو دژە ژنانە بوون لەماوەی ساڵانی رابردوودا.
کەیسی عبدولەتیفی ئیسلامی سەلەفی، کۆمەڵگای دابەشکردووە، لەنێوان کەمایەتیەکی دواکەوتووی کۆمەڵگا لە کەسانێك کە بەرگری لە کۆنەپەرستی و سێ و چوار ژنە دەکەن، یاخود دەیانەوێ ئیسلام و سونتەکانی لەو فەسادخانەیەی لەتیف سەلەفی پاکانە بکەن، لەپاڵ ئەو بەرپرسانەی کوردایەتیدا کە بەرژەوەندیان لە هێشتنەوەی دواکەوتوویی و یاساو نەریتە کۆنەپەرستەکاندا هەیە بۆ ڕاگرتنی پایەی دەسەڵاتی تاڵانچێتی و بۆرژواییانەی خۆیان لەگەڵ ریزی ملیۆنی خەڵکی ئازادیخواز و یەکسانیخواز لە ژنان و پیاوان بەدژی نەک تەنیا کەیسی ئابڕوچوونی سەرۆکی سەلەفیەکان، بەڵکو هەموو ئەوانەی کە هەوڵدەدەن سوکایەتی و دەستدرێژی سێکسی بۆسەر ژنان بکەنە ڕەسمی و ئاسایی لە کۆمەڵگادا.
هەربۆیە دەبێت پرۆسەی دادگایکردنی سەرۆکی ئیسلامیە سەلەفیەکان لەکوردستاندا بە ئەنجامی خۆی بگەیەنرێت و سزای یاسایی بدرێت، هەموو جۆرە هەوڵێک بۆ رزگارکردنی ئەم کەسە کە بە بەڵگەی جۆراوجۆر بەسەریدا سەپاوە، رێگای لێبگیرێت. سزادانی سەرۆکی سەلەفیەکان دەرگایەکە بۆ سزادان و چاوترساندنی هەموو ئەو کەس و لایەنانەی دژی ماف و ئازادیەکانی ژنان دەوەستنەوە بەرگری لە کۆنەپەرستی دەکەن.




دەنگێک لەدەرەوەی بازنەی دەستکەوتەکان.. ستار ئەحمەد

کاتێک مرۆڤ لەبەردەم هاوکێشە ئاڵۆز، شێواو و قەیراناوییەکانی دۆخی ئەمرۆماندا ڕادەوەستێت و بە چاوێکی تیژ، سەربەخۆ و ڕەخنەگرانەوە سەیری دەوروبەری خۆی دەکات، ناتوانێت چاو لەو ڕاستییە تاڵ، ناڕەوا و حاشاهەڵنەگرە بنوقێنێت کە کۆمەڵگە لەژێر باری گرانی بێسەروبەرییەکی داڕێژراو، گەندەڵییەکی تەکێنەر و داڕووخانێکی بەهاییی گەورەدا دەناڵێنێت. ئەو چەمکە ترسناکەی کە وەک هاوارێکی نەیار بەرامبەر بەم دۆخە باوە دەردەکەوێت، تەنیا دەربڕێنێکی ڕەوانبێژی یان وێناکردنێکی وێژەیی ڕووت نییە بۆ ڕازاندنەوەی لاپەڕەکان، بەڵکوو دەستنیشانکردنی ڕاستەوخۆی بەڵایەکی کوشندە، درێژخایەنە کە جەستەی نیشتمان و مرۆڤی ئەم خاکەی پێ پێکراوە و تەواوی کایەکانی ژیانی شێواندووە. یاسا کاتێک بەها، قورسایی، پیرۆزی و سەروەریی ڕاستەقینەی خۆی لەدەست دەدات و دەبێتە کەرەستەیەکی لاستیکی و ئامرازێکی دەستەمۆ لەژێر دەستی بەرژەوەندیخواز، دەسەڵاتدار و بازرگانانی ڕامیاریدا، دەرگای پاشاگەردانی و بەڕەڵایییەکی وا دەکرێتەوە کە تێیدا هەموو بنەما ئاکاری، نەتەوەیی و مرۆییەکان دەخرێنە ژێر پرسیارەوە و ئاوەژوو دەبنەوە. ئەم بێیاساییە وەک خەنجەرێکی تیژ و ژەهراوی وایە کە لەناو کڵاوڕۆژنە و کالانی بەرەڵاییەکی کارگێڕی و ڕامیاریی ڕەهادا دەستی کراوەیە بۆ بڕینی دەماری زیندووی کۆمەڵگە، بەبێ ئەوەی هیچ بەربەستێکی دەستووری، مۆڕاڵی، ئاینی یان هێزێکی ڕادەستکەری ڕاستەقینە هەبێت کە بتوانێت سنوورێک بۆ ئەم سەرکێشییە خوێناوییە دابنێت و ڕێگری لەو داڕووخانە خێرایە بکات کە هەڕەشە لە مانەوەی شوناسی ئێمە دەکات.
ئەمڕۆ ژیانی گشتی و تایبەتی هاوڵاتیان، بە شێوەیەکی گشتی و بێبەزەییانە کەوتووەتە ژێر کاریگەریی ڕاستەوخۆ و نەرێنی ئەو گێژاوە ڕامیاری و کارگێڕییەی کە تەواوی کایەی گشتی شارەکانمان و ناوەندە بڕیار بەدەستەکانی تەنیوە. کاتێک جەمسەرە لایەنگرییەکان لە ململانێیەکی بەردەوامی بێئەنجام و بەرژەوەندی خوازانەدا بن و یاسا نەبێتە مەرجەعی کۆتایی و ڕەها بۆ یەکلاییکردنەوەی ماف و ئەرکەکان، ئەوا تاکی ماندوو، بێبەش و چەوساوەی کۆمەڵگە دەبێتە یەکەم و کۆتا قوربانیی ئەم گەمە نادروست و نادادپەروەرە. لە لایەکەوە بێکاریی کوشندە و نەبوونی دەرفەتی یەکسانی کار و بێبەشبوونی گەنجان لە سادەترین مافی بژێوی و شایستەیی دارایی، و لە لایەکی ترەوە دزەکردنی دیاردە نامۆ، نزم، بازرگانی و قەزەمەکان بۆ ناو قووڵایی شارەکان، شکۆی گەنجان و خەڵکی ڕەسەنی ئەم خاکەی خستووەتە بەردەم مەترسییەکی پێشینەبێژ و داڕووخانی نەرێنیەوە. مرۆڤی نیشتمانپەروەر، ڕەسەن و خاوەن هەڵوێست کاتێک بە چاوی خۆی دەبینێت سەروەت و سامانی ژێرزەوی و سەرزەوی وڵاتەکەی دەبێتە مایەی خۆشگوزەرانی، ئارەزوو سازی و ڕابواردنی بێسەروچاو بۆ ئەوانەی هیچ خەم، ئازار و قوربانییەکی ئەم خاکەیان لە کۆڵ نەناوە و لە ڕابردوودا نەیار و داگیرکەر بوون، و لە بەرامبەردا ڕۆڵەی نیشتمان و خاوەن خاک لە سادەترین مافەکانی وەک مووچە و دڵنیایی کۆمەڵایەتی بێبەش دەکرێن و ناچاری نزمترین ئاستی کارکردن و ژیانی کوڵەمەرگین، تا ببنە پاسەوان و خزمەتکاری بەردەرگاکان، هەستی نامۆیی، سووکایەتی و چەوسانەوەیەکی کوژەر و بێدەنگ لە ناخیاندا گەشە دەکەن. ئەمە ڕێک دەرەنجامی ئەو خەنجەرە بێبەزەییەیە کە لە پشتی دادپەروەری کۆمەڵایەتی دراوە و کایەیەکی وای ئەفراندووە کە تێیدا سووکایەتی بە ئابڕوو دەکرێت و بەها بەرزەکان دەکرێنە قوربانی پایە داریی و ئارەزووە کاتییەکان.
لێرەوەیە کە گرنگیی بوونی دەنگێکی سەربەخۆ لە دەرەوەی بازنەی دەستکەوتەکان دەردەکەوێت؛ دەنگێک کە پێناسەی ڕاستەقینەی کوردبوونی ڕەسەن و ویژدانی زوڵاڵی خەڵکی فەرامۆشکراوە. کاتێک نووسەرێک یان ڕووناکبیرێک بە بێ هێچ مووچەیەک، بەبێ هێچ بەخششێکی لایەنداری و دەسەڵاتێک، و تەنانەت بەبێ هێچ هاوکارییەکی چاودێری کۆمەڵایەتی لەسەر ئەم زەوییە، دەست دەداتە پێنووسەکەی و لە کڵاوڕۆژنەی خەمخۆرییەکی پەتییەوە بۆ خاک و بەهای میللەتەکەی دەنووسێت، وشەکانی دەبنە دەنگی ڕاستەقینەی خەڵکی ڕەش و ڕووت و ستەملێکراو، نەک هاوکاری دەسەڵات. کاتێک مرۆڤ بەو هەموو بێبەشییەوە هێشتا خەمی بەها، سەرەتا ڕەوشتییەکان و پاراستنی شکۆی کۆمەڵگەکەی بێت و لە ئازاری سەختی نیشتمانەکەی تێبگات، وشەکانی نابنە تەنیا مەرەکەبێکی وشک لەسەر کاغەز، بەڵکوو دەبنە هاواری ویژدانێکی زیندووی نەتەوەیی کە بە هیچ سەروەت و سامانێک پاشەکشە ناکات. ئەم دەنگە پاک و ئازادە، لەبەر ئەوەی لە دەرەوەی بازنەی سوود و قازانجی مادی و پۆستی ڕامیارییەوە دەدوێت، زۆر باشتر و ڕاستگۆیانەتر دەتوانێت گوزارشت لە ڕەسەنایەتیی ئەم خاکە و ئازارە بەسوێکانی خەڵکە ڕەش و ڕووتەکەی بکات، چونکە هیچی نییە بیدۆڕێنێت و هیچی لە دەسەڵاتداران ناوێت، جگە لە بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ هەمووان.
شارەکانمان، کە ڕۆژێک لە ڕۆژان مەڵبەندی ڕەسەنایەتی، قوربانیدان، پاراستنی شەرم و ئابڕووی مرۆیی بوون، ئێستا لەژێر ناوی مۆدێرنیتەی ساختە، کرانەوەی بێ سەروچاو و گەشتیاریی ناڕێکخراو و تێکدەردا، دەستکارییەکی شێوێنەرانەی شوناسە ڕەوشتی و نەتەوەییەکەیان دەکرێت و دەخرێنە خزمەت ئابوورییەکی پووچەوە. بازاڕی ئازاد و وەبەرهێنان نابێت بە هیچ شێوەیەک ببێتە هۆکار، پاساو و کەرەستەیەک بۆ سووک کردنی شکۆی مرۆڤی کورد یان گۆڕینی شارە دێرینەکانمان بۆ ناوەندی کات بەسەربردنێکی بێڕەوشتانە و بازرگانی بە بەهاکانەوە، بەڵام کاتێک بەرەڵایی بەڕێوەبردن و ئاکاری دەبێتە یاسای باڵا و جڵەوی کاروبارەکان دەگرێتە دەست، هەموو شتێک بە شکۆ و مێژووشەوە دەبێتە کاڵایەکی بازرگانیی شایانی کڕین و فرۆشتن لە بازاڕی ڕەشی بەرژەوەندییەکاندا. ئەو تووڕەیی، بێزاری و ڕقە پیرۆزەی کە لە دەربڕینی خەڵکی شەقام و ڕۆشنبیرە خەمخۆرەکاندا دەبینرێت، هاواری نەوەیەکە کە نایەوێت بەوە رازی بێت ، ببینێت نیشتمانەکەی لەبەردەم پیلانی مادی و ئارەزووە کاتییەکانی نامۆکاندا بێدەنگ، دەست بەستراو و بێدەسەڵات بێت. نادادی کاتێک دەگاتە ئاستی بێشەرمی و شانازی پێوەکردن، و کاتێک حوکمڕانی لە بنەما سەرەکییەکانی پاکی، دادپەروەری و پاراستنی هاوڵاتی دادەماڵرێت، تاکی کۆمەڵگە تووشی جۆرێک لە نامۆبوونی توند ڕەویی و دابڕانی دەروونی دەبێت بەرامبەر بە دەسەڵات و دامەزراوە فەرمییەکان، ئەمەش سەرەتای دروستبوونی درزێکی قووڵە لە نێوان خەڵک و پێکهاتەی بەڕێوەبردندا.
ڕاستکردنەوەی ئەم ڕێڕەوە چەوت و لاڕێیە مێژووییە تەنیا بە گۆڕینی ڕووکەشی دروشمە ڕامیارییەکان، یاری گۆڕکێی پۆستەکان یان پڕوپاگەندەی میدیایی بریقەدار و ساختە ناکرێت، بەڵکو پێویستی بە گەڕانەوەیەکی ڕاستەقینە، بوێر و شۆڕشگێڕانە هەیە بۆ چەمکی یاسای سەروەر؛ کە هیچ جیاوازییەک نەکات لە نێوان چین و توێژەکاندا، سزای تاوانباران و گەندەڵکاران بدات و نرخی مرۆڤ بخاتە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکی مادی، حیزبی و ڕامیارییەوە. تا ئەو کاتەی خەنجەری بێیاسایی لە کالانی ئەم بەرەڵاییە ئیداری و ڕەفتارییەدا ئازاد، بێکۆت و دەستوور بێت، ناتوانرێت بە چاوێکی گەش و دڵنیاییەوە باس لە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی تەندروست، ئابووریەکی نیشتمانیی سەقامگیر و ئاسایشێکی ڕاستەقینەی درێژخایەن بۆ نەوەکانی داهاتوو بکرێت. مێژووی گەلان سەلماندوویەتی کە ستەم، نادادی و سووک کردنی شکۆ پچڕانیی نەتەوەیی سوتووی بەر ڕەشەبای لەناکاون، ئەنجام لەبەردەم هاواری ڕەوا، پێداگریی ویژدانی و ڕاپەڕینی هۆشیارانەی خەڵکی خەمخۆر و نیشتمان پەروەردا تێکدەشکێن و هەڵدەوەشێنەوە، چونکە هیچ دەسەڵاتێک لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، بەبێ بنەمایەکی ڕەوشتی پتەو و بەدیهێنانی دادی کۆمەڵایەتی ڕاستەقینە، ناتوانێت بۆ هەمیشە بەردەوام بێت و متمانەی گەلەکەی بپارێزێت؛ ئەوەی دەمێنێتەوە تەنیا دەنگی ڕاستەقینەی دەرەوەی بازنەی دەستکەوتەکانە کە مێژووی ڕاستەقینە دەنوسێتەوە.

ستار ئەحمەد