گفتوگۆی ئارام حاجی لەگەڵ کاروان کاکەسوور لەبارەی ڕۆمانی دەوڵەتی سەربازە هەڵاتووەکانەوە

ئەم گفتۆگۆیەی لێرەدا بە نووسین بڵاو دەکرێتەوە، بەرهەمی گفتوگۆیەکی دەنگیی نێوان من و «کاروان عومەر کاکەسوور»ە لەبارەی ڕۆمانی «دەوڵەتی سەربازە هەڵاتووەکان«ەوە. دیارە زۆر لەوە زیاترە، بەڵام چڕمان کردووەتەوە و بەم شێوەیەی ئێستا دامانڕشتووەتەوە.
کاکەسوور دوور لە قەرەباڵغی خەریکی نووسینی ڕۆمان و بواری توێژینەوەیە. لەو نووسەرانە نییە میدیایان لە پشتە و بەرهەمەکانیان بەسەر خوێنەردا ساغ دەکرێنەوە. ڕۆمانەکانی بە تەکنیکی نوێ دەنووسێت و خاوەنی شێوازێکی تایبەتە بە خۆی. کۆمەڵێک بابەتی فکری و فەلسەفی جێگای بایەخی ئەون، بۆیە زمانەکەی لە ئاستی باودا نەماوە. ئەو نووسەری بەرهەمە ناڕاستەوخۆکانە. لە ڕۆمانەکانیدا بۆچوونی خوێنەر و دەق یەک ناگرنەوە، بەڵکوو ململانێ دەبێتە توخمێکی دیار. ململانێی تێگەیشتن و بۆچوونەکان، هیی ڕاڤە و ئاڕاستەکان شوێنی وەرگرتن و پەسەندکردن دەگرنەوە. ئەگەر ڕۆمانەکانی پڕن لە گرێ، ئەوە بۆ کردنەوەیان تەنیا یەک ڕێگە نییە، بەڵکوو چەندان ڕێگە خۆیان دەردەخەن. یەک چیرۆک بەشێوەی ڕوون ناخرێتە بەردەستی خوێنەر، بەڵکوو ئاماژە و سەرەداو هەن کە دەکرێت هەر خوێنەرێک بە ڕێگەی خۆی مامەڵەیان لەگەڵدا بکات. هەمیشە لەبەردەم سەرەداوی زیاتر لە چیرۆکێکیت.
کارەکتەرەکانی کاکەسوور ئەوانە نین لای خەڵک ناسراون، ئەوانەیش نین پێگەی بەرزی کۆمەڵایەتییان هەیە، بەڵکوو کەسانی ناباو، بێزراو و پەراوێزخراون. ئەوانەن جووڵە دەخەنە کردەی گێڕانەوەوە و دەتوانن ئەنجامە چاوەڕوانکراوەکان بگۆڕن. هەموو ئەمانەیش لە ڕێگەی زمانێکی چالاکەوە جێبەجێ دەکرێن. ڕیتمی زمان خێرایە و ڕستەکان کورتن، کە لە ڕێی ئەو وشە و دەنگانەی هەڵیاندەبژێرێت هێز بەو ڕێتمە دەدات. خوێندنەوەی بەرهەمی کاکەسوور پێویستی بە پشووی درێژ، ڕامان و قووڵبوونەوەیە. بەشێک لە خوێنەرانیش دەڵێن ناتوانین بڵێین ڕۆمانەکانی بەگشتی باسی چی دەکەن. ئەوە ڕاستە، چونکە ئەو لە گشتەوە بۆ تایبەت دەپەڕێتەوە. خۆی لەو شتانە دەپارێزێت کە خوێنەر خۆی دەیانزانێت؛ تیشک دەخاتە سەر لایەنی شاراوەی ئەو شتانە. ئەرکی کۆکردنەوەی پارچە بڵاوەکان دەخاتە سەر شانی خوێنەر. ئایا ڕۆمانەکانی بۆ خوێندنەوە و تێگەیشتن سەختن؟ بەڵێ. بەڵام ئایا خوێنەر ئەگەر خۆی لەگەڵیاندا ماندوو بکات، ناتوانێت ئەو سەرەداوانە بدۆزێتەوە و چیرۆکەکان بگەیەنێتەوە یەک؟ دەتوانێت و چێژیشیان لێ دەبینێت. من لێرەدا باس لە ئەزموونی خۆم دەکەم کە لە خوێندنەوەی بەرهەمەکانیدا ئەو چیژەم بینیوە. گەیشتمە ئەو باوەڕەی، کارکردن لەسەر ڕۆمانی «کاکەسوور» بۆ لێکۆڵینەوەی ئەکادیمییش ئاسان بە دەست نایەت. خوێنەر بە ڕوونی دەرک بەو تیۆرییانە دەکات کە لە بەرهەمەکانیدا کاریان پێ کراوە.
ڕۆمانی دەوڵەتی سەربازە هەڵاتووەکانیش وەک ئەوانەی تر خوێندنەوە و تێگەیشتی سەختە، بەڵام ناکرێت دەقێکی لەم شێوەیە بە ئاسانی بنووسرێت، هەتا خوێنەریش بە ئاسانی وەریبگرێت. لە دوای خوێندنەوەی هەر چەند لاپەڕەیەک کۆمەڵێک پرسیارم دەهاتنە بەردەم و ڕاستەوخۆ لە کاکەسوورم دەکردن. ئەویش وەڵامی دەدامەوە. گفتوگۆکە بەو شێوەیە دەستی پێ کرد و ئەمەی لێ بەرهەم هات.
ئارام حاجی

ئارام حاجی:
ناونیشانی ڕۆمانەکە، دەوڵەتی سەربازە هەڵاتووەکان، دژایەتییەک دەردەخات. دەکرێت بڵێین پارادۆکسێکی سیمۆنتیکایی نیشاندەدات. سەرباز کاتێ پێی دەگوترێت هەڵاتوو کە لە دەوڵەت ڕا دەکات، بەڵام لێرەدا سەربازە هەڵاتووەکان دەوڵەتێک دادەمەزرێنن. بەوەیشەوە ناوەستن، هەموو ئەوانە سزا دەدەن کە ملکەچی یاساکانی ئەم دەوڵەتە نابن. وەک دەبینین ئەم ناونیشانە پارادۆکسێک دەخاتەڕوو و زانیارییەکیش دەگەیەنێت، کە ئەو زانیارییە لە هیی تێگەیشتنی گشتی جیاوازە. ئاماژەی ئەوەیش بە خوێنەر دەدات سیاسەت بابەتێکی ڕۆمانەکەیە. دیارە ململانێ توخمە زەقەکەی سیاسەتە. چۆن ناونیشان بەگشتی و هیی ئەم ڕۆمانە بەتایبەتی دەتوانێت ببێتە چاوگێک بۆ بەرهەمهێنانی واتا؟ چۆن بەو توخمانەی سنووری نێوان خۆی و تەواوی دەقەکە دەسڕێتەوە، هەتا لەوە دەربچێت بڵێین تەنیا دەروازەیەکە بۆ چوونەناوەوەی دەق، بەڵکوو وەک کردارێکی سیمۆنتیکاییش لە بزواندنی ئەو توخمانەدا بەشدارە؟

کاروان کاکەسوور:
نەک تەنیا ناونیشان، بەڵکوو تێکڕای توخمەکانی تری وەک کارەکتەر، ڕووداو، گرێچن، پێگەی ڤەبێژەر (نارەتەر)، کات، شوێن و ئەوانەی تریش لە ڕۆمانی فرەدەنگدا، کە ڕۆمانی پۆستمۆدێرنە، گۆڕانیان بەسەردا هاتووە، بەوەی ڕەهەندی ئەزموونگەری (experimental dimension) دەگرێتە خۆی، کە ڕووبەڕووی هەموو قاڵب و کڵێشەکان دەبێتەوە. ئەو توخمانەی دەیانخاتە ڕوو، بزۆکن و لە جووڵەی بەردەوامیاندا مانای نوێ بەرهەم دەهێنن، بە ڕادەیەک نەتوانیت لە چێوەیان بگریت و تەنیا لە مانایەکی دیاریکراودا قەتیسیان بکەیت، بەڵکوو گومان و پرسیار وا دەکەن لە هەر دۆخێکدا بە شێوەیەکی جیاواز لە هیی پێشوو لێکیان بدەیتەوە. هەموو ئەمانە لە زماندا ڕەنگ دەدەنەوە، بەوەی زمان مەڵبەندی بەریەککەوتنی توخمە جیاوازەکانە. لەبەر ئەوەیشە ڕۆمانی فرەدەنگ هەم فرەییی توخمەکان دەگرێتە خۆی و هەم ڕەهەندی ئاڵۆزییش. ئاڵۆزی بەرهەمی ئاوێتەبوونی توخمە جیاوازەکانە. دەکرێت بڵێم ئەوە تەنیا ڕۆماننووس نییە لە ڕێی کردەی پێکهێنانی دەقەوە ڕووبەڕووی پرسیارە بوونگەراکان دەبێتەوە، بەڵکوو خوێنەری نموونەییشە، کە دەست دەداتە گەمەی هەڵوەشاندنەوە و پێکهێنانەوە.
ناونیشان وەک ئاماژەیەکی زمانەوانی (linguistic sign) تەنیا ڕەهەندی تامەزرۆیی (suspense) و تەفرەدان لە خۆ ناگرێت، بەڵکوو ڕەهەندی چڕکردنەوە، هێنانەبەرچاو، پێشبینی، خستنەڕووی گریمانەکان، دژبەیەکیی نێوان شتەکان و هیی دیکەیش پێشان دەدات، کە ئەوانە تێگەیشتنێکی سەرەتایی لای خوێنەر پێک دەهێنن، تا لە ڕێیەوە بچێتە ناو ئەو دایەڵۆگەی لەگەڵ دەقەکە دایدەمەزرێنێت، کە بەوەدا شپرزەیی و ڕاڕایی خەسڵەتی دیاری دەقی فرەدەنگن، ئەوە ئەم تێگەیشتنە لە هەر بەریەککەوتنێکدا گۆڕانی بەسەردا دێت. لێرەدا هێزی ناونیشانی ناڕاستەوخۆ دەردەکەوێت و لە هیی ڕاستەوخۆ جودا دەبێتەوە، کە لە دووەمیاندا ڕۆماننووس خۆی دەکاتە چاوساغ و ڕێپێشاندەری خوێنەر، بەوەی هەر لە سەرەتاوە پێی گوتووە دەقەکە بە کوێ دەگات، یان لانی کەم لە ڕێی هەندێک ئاماژەی سادەی زەقەوە ئەوەی ڕاگەیاندووە ململانێی هێزی چاکە و خراپە دەگرێتە خۆی. بۆ نموونە دەکرێت ڕەنگی سپی، فریشتە، پەپوولە، لە بەرانبەریشدا ڕەنگی ڕەش، ئیبلیس، مار و هیی دیکە ئەوە دەربخەن ڕۆماننووس هەر لە سەرەتاوە لایەنگری لایەکە و دژی لایەکی ترە. ئەمەیش وەها دەخوازێت پرینسیپی (سەرەتا، ناوەڕاست و کۆتایی) لە بەرچاو بگیرێت. پێویستە تێکڕای شتەکان بەو ئامانجە بگەن، کە بە پێوەری کۆمەڵگە پەسەندە. مانای وایە خوێنەر دەیناسێت. زمان سادەیە و لە ڕێی گوتەی ڕەونەقدارەوە خۆی دەردەبڕێت، بەڵام ناونیشانی ناڕاستەوخۆ وەک گوترا هەڵگری خەسڵەتی ڕاڕایی و شپرزەیییە، ئاڵۆزە و شیفرە لە خۆی دەگرێت، کە دەکرێت هەر خوێنەرێک بە شێوازی خۆی هەوڵی کردنەوەی شیفرەکان بدات و مانای جیاواز نەک لە هیی خوێنەرێکی دیکە پێک بهێنێت، بەڵکوو ئەو مانایە لەوەیش جیاواز بێت، کە لای ڕۆماننووس هەیە.
ناونیشان لە ڕۆمانی نوێدا بایەخی زۆری پێ دەدرێت، کە (جیرار جینێت) بە تێکستی هاوتەریب (Parallel texts) ناوی دەبات، بەو مانایەی ئەو کەناڵەیە دەرەوە و ناوەوە پێک دەگەیەنێت، کە نەک تەنیا ئەرکی گەیاندن و ناساندنی دەق، بەڵکوو هیی پێدانی کۆمەڵێک ئاماژەیش دەگرێتە ئەستۆ. لە پۆلی شەشەمی ئامادەییدا مامۆستا (بەندەر عەلی مەندەلاوی) ئەدەبی عەرەبیی پێ دەگوتین. لە کۆتاییی کتێبەکەدا بەشێک بۆ هونەری چیرۆک تەرخان کرابوو. بەوەدا ئەو مامۆستایە خۆی نووسەر بوو، ئەوە زۆر بایەخی پێ دەدا. دەیویست زیاتر لەوەمان پێ بڵێت، کە لە کتێبەکەدا هەیە. من خۆیشم تازە دەستم دابووە نووسینی چیرۆک. لەبارەی ناونیشانەوە گوتم لە تارای بووک دەچێت، کە وا دەردەکەوێت ڕووی داپۆشیوە، بەڵام نەک هەر نەیشاردووەتەوە، بەڵکوو جوانتریش دەریخستووە.
هەوڵم داوە لەم ڕۆمانەدا ڕووبەڕووی چەند بابەتێک ببمەوە، کە تەنیا بەشێکیان دیارە و دەبینرێت، دەنا بەشەکەی تریان نادیارە، بەو مانایەی واقیعێک هەیە و شتەکانی خۆی خستوونەتە ڕوو، بەڵام هونەری ڕۆمانی فرەنگ ئەوە دەخوازێت لە بەرانبەر ئەو دیارەدا، نادیار پێشان بدرێت، کە ئەم نادیارە دژی دیارەکە نییە، بەڵکوو سنووری نێوانیان هەڵدەگیڕێت و ئەمیان هێز بەویان دەدات، بگرە نادیار وا دەکات دیار چالاک ببێت، بەو مانایەی بکەوێتە جووڵە و مانای تری لێ بەرهەم بێت. بە مانایەکی دی، واقیع و خەیاڵ وەک دوو ڕووبەری جیاوازی دژبەیەک دەرناکەون، بەڵکوو ئەو توخمە بزۆکانە هەردووکیان دەکەنە یەک. واقیعەکە ئەوەی پێ گوتووین، کە دەوڵەتێک هەیە و موجاهیدەکان پێکیان هێناوە. ئێمە داعشمان دیوە و ئاگامان لە وردەکارییەکانیەتی، بەڵام لێرەدا چەمکی دەوڵەت دەخزێت و گۆڕانی بەسەردا دێت. واتە لە هیی موجاهیدەکانەوە دەبێتە هیی سەربازە هەڵاتووەکان. بە مانایەکی دی، ئەگەر ئێمە مێژوویەکی زانراومان هەیە و داعش دروستی کردووە، ئەوە پێویستمان بە دروستکردنی مێژوویەکی تری نەزانراو هەیە، کە دەبێت سەربازە هەڵاتووەکان ببنە بکەری. پارادۆکسێکی تر ئەوەیە چەپەکان دەیانەوێت دەوڵەتێک لەسەر شێوازی موجاهیدەکان پێک بهێنن، بە مەرجێ ئەوان وا ناسراون دژی دەوڵەتن و بە ئامرازی سەرکوتکردنی دادەنێن. ئەمە بواری خەیاڵە و تێیدا فانتازیا ڕۆڵ دەبینێت. لێرەوە سەرنجت بۆ ڕەهەندی چڕکردنەوە، هێنانەبەرچاو، پێشبینی، خستنەڕووی گریمانەکان، دژبەیەکیی نێوان شتەکان ڕادەکێشم، کە پێشتر گوتم لە ناونیشاندا هەن. زەوینەی ئەوە ڕەخساوە، تا بە درێژاییی دەقەکە خوێنەر لە ڕێی تەکنیکەکانی گێڕانەوەوە بگاتە ئەوەی لە کوێدا پێشبینی و چاوەڕوانییەکانی کورتیان هێناون، کە لە ڕۆمانی فرەدەنگدا توخمی ناکاوی (Sudden) بایەخی گەورەی پێ دەدرێت. ئەو فیلۆسۆف و بیرمەندانەی ڕەخنەیان لە چەمکی حەتمیەتی مێژوویی گرتووە، کە لە بەشێکی بەرهەمەکانی پێشوومدا نووسینی هەندێکیانم بە سەر کردووەتەوە و بۆچوونیانم هێناوەتەوە، هێزی گەورەیان بەم شێوازە داوە، بەوەی پێیان وایە مێژوو بریتی نییە لە هێڵی ڕاست، تا بەپێی قۆناغەکان بچێتە پێشێ، بەڵکوو پڕە لە وەستان، پێچکردنەوە، لادان، نووشتانەوە، گەڕانەوە و هیی دیکە. چەمکی کاتیش گۆڕانێکی زۆری بەسەردا هاتووە و لەوە دەرچووە بەپێی سیستەمێکی ڕێک ببزوێت، بەڵکوو کۆمەڵێک ئاڕاستەی پێچەوانە دەگرێت. هەر ئەمە وای کردووە ناونیشان بە ئاسانی خۆی بە دەستەوە نەدات و لە یەک مانادا کورت نەکرێتەوە، بەوەدا ئەو ناونیشانە ڕاستەوخۆ و زەق نییە، ئەوە توانای توانەوەی هەیە و دەکرێت تێکەڵی سەرتاپێی دەقەکە ببێت. لە خۆم ڕادەبینم بڵێم چەمکی دەوڵەت تەنیا لەم سنوورەدا نامێنێتەوە، بەڵکوو بە کۆمەڵێک چەمکی دیکەوە پێوەست دەبێت، کە یەکێکیان شۆڕش و ئەوەی دیکەیان یاخیبوونە. لێرەیشەوە چەمکی سەردار و کۆیلە دێتە گۆڕەپان (سپەیس)ی دەقەکەوە، کە لە کارەکتەری وەک (مەیسوون چەلەنگ)، (ماریلۆک) و ئەوانەی ترەوە بەرجەستە دەبن، تا ڕوانینی جیاواز لەو بارەیەوە بخرێتە ڕوو. بە هەمان شێوە سەرباز و سەربازی هەڵاتوو دووچەمکی دیکەن، کە لێرە و لەوێدا دێنە پێشێ و دۆخیان دەگۆڕێت. هەموو ئەم چەمکانە لە شوێن و کاتی جیاوازدا دەردەکەون، تا بەردەوام مانای نوێ بە خۆیانەوە بگرن. وەک دەبینیت دەقەکە بە قووڵاییی مێژوودا ڕۆ دەچێت و لە ڕێی تەکنیکەکانی گێڕانەوەوە چەند نەوەیەک دەهێنێتە سەر شانۆ.

ئارام حاجی:
بەڵێ، لەم ڕۆمانەیشدا وەک بەشێکی زۆری ئەوانەی ترت تاکهێڵ ون دەبێت و ڕووداوەکان بە یەک ئاڕاستەدا ناچنە پێشەوە. شێوازی گێڕانەوە فرەجەمسەرە و ئەو جەمسەرانە بە ناو یەکدا دەچن. دەقەکە بە دوو کارەکتەر دەست پێ دەکات. پزیشک زێوێ بە ڕێشاری کوڕی دەڵێت پێویستە ئەم شارە بە جێ بهێڵێت. لێرەیشدا ئەو پارادۆکسە دێتە پێشەوە و ڕووبەڕووی تێگەیشتنی باو دەبێتەوە. وا زانراوە دایک دەست بە ڕۆڵەیەوە دەگرێت و نایەوێت لێی دوور بکەوێتەوە، بەڵام لێرەدا ئەو دایکە دەیەوێت کوڕەکەی خۆی و شارەکەیش بە جێ بهێڵێت، بێ ئەوەی ئەو شوێنە دیاری بکات کە پێویستە بۆی بچێت. ئەم گوتەیەی پزیشک زێوێ ئاماژەیە بە هەبوونی کێشەی دەروونی و کۆمەڵایەتی، بەو واتایەی کێشەکە جارێک لەگەڵ خۆیدایە و جارێک لەگەڵ ئەوانەی تردا. دەمانخاتە بەردەم پێوەندیی مرۆڤ بە ژینگەکەیەوە. بەر لەوەی بچینە ناو دەقەکەوە، ئاماژەی ئەوە دراوە ئەم ژینگەیە کەوتووەتە بەر مەترسی، بەڵام مەترسییەکان جارێ دیار نین. تەنیا لە ئاستی ئاماژەدا هەن. پرسیاری ئەوەی بۆچی دایک سورە لەسەر ئەوەی کوڕەکەی بڕوات و بە جێی بهێڵێت تەنیا یەخەی ڕێشار ناگرێت، بەڵکوو دەپەڕێتەوە و دەبێتە هیی زۆر خەڵکی شاریش. دەیانکاتە دوو بەشەوە. بەشێک پێشبینی دەکەن سەر هەڵبگرێت و بەشێکیان بەپێچەوانەوە. جادووگەرەکانیش وەک هەمیشە دێنە پێشەوە. ئەوانیش دەبنە دوو بەش. دیارە ئەمە دەبێتە پێشبینیی خوێنەریش. لەبارەی دەستپێکی ڕۆمانەوە بۆچوونی جۆراوجۆر هەن کە جەخت لەسەر کاریگەرییەکەی دەکەنەوە. تۆ خۆت لەو بارەیەوە چی دەڵێیت؟ ئەو دەستپێکە تا چەند کۆمەکی کردەی گێڕانەوە دەکات، تا پێشبینییەکان تێک بشکێنێت و ڕێگایەکی پێچەوانەی هەردوو لا بگرێت؟

کاروان کاکەسوور:
پێم وایە دەستپێک لە ڕۆمانی فرەدەنگدا یەکێکە لە کێشە سەختەکان و هەر لە سەرەتاوە یەخەی ڕۆماننووس دەگرێت. ڕۆمانی فرەدەنگ وەک هیی باو نییە، تا لە یەک ئاڕاستەی ڕوون پێک هاتبێت، بەڵکوو بریتییە لە کۆمەڵێک ئاڕاستەی جیاوازی نادیار. چۆن ئەو دەستپێکە سنووردار نەکرێت و نەبێتە هیی یەک ئاڕاستە؟ من لێرەدا پێ لەسەر چەمکی دایەڵۆگ دادەگرم، کە ئەم چەمکە زۆر لەوە فرەوانترە وا لە تێگەیشتنی باودا هەیە و لە نووسینی میلـلیدا ڕەنگی داوەتەوە، بەڵکوو بریتییە لە هەبوونی ئەو دەنگەی بانگەوازی دەنگەکانی تری دەرەوەی خۆی دەکات، کە ئەمە گۆڕینی دۆخێکی داخراوە بۆ دۆخێکی کراوە. ئەم دەنگە توانای هەیە گوتارە جیاوازەکان بەر یەک دابدات و هیی نوێیان لێ پێک بهێنێت. لێرەوە جۆری پێوەندییەکەی نێوان خوێنەر و دەق دیاری دەکرێت، بەو مانایەی کاتێ ئەو دەستپێکە دایەڵۆگئامێزە و ڕووی لە کرانەوەیییە، ئەوە خوێنەر بەرەو نەزانراو ئاڕاستە دەکات و دەیخاتە بەردەم لێکدانەوەی دراوەکان و پێکهێنانی تێگەیشتنی جیاوازی خۆی.
بەگشتی لە ڕۆمانی مندا، کە پرینسیپی (سەرەتا، ناوەڕاست و کۆتایی) تێک شکاوە و کات بازنەیییە، ئەوە وەک چۆن کۆتایییەکی دیاریکراو نییە، بەڵکوو دەشێت کۆمەڵێک کۆتایی هەبن، بە هەمان شێوە ناکرێت یەک سەرەتای بۆ دابنێیت. بەم شێوەیە خودی دەستپێک دەبێتە کێشە و پێویستی بەوە هەیە لێک بدرێتەوە. (جیرار جینێت) لە کتێبی (گوتاری حیکایەت… توێژینەوەیەک لەبارەی مێتۆدەوە)دا کاتێ لە ڕۆمانی (گەڕان بە دوای کاتی گومبوو)ی (مارسێل پرۆست) دەکۆڵێتەوە، ئاماژە بەو کێشەیە دەکات و لانی کەم حەوت سەرەتای بۆ دادەنێت. ئەمە خەسڵەتی ڕۆمانی نوێیە و لە هیی باوی جودا دەکاتەوە، کە بە گشتی هەم سەرەتای زەقە و هەم کۆتاییشی.
هەڵبژاردنی ئەم دەستپێکە دەشێت بەشێکی پێوەندیی بە نائاگایییەوە هەبێت، بەوەی ئەدەب پشت بە خەیاڵ دەبەستێت و خەیاڵیش سنووری نییە، تا لێکدانەوەی تەواوی بۆ بکەیت، بەڵام لە ڕێکخستنەوەی خەیاڵدا ئاگایی ڕۆڵ دەبینێت، کە ڕۆماننووسی ئەزموونگەر بەپێی تێگەیشتنی ئێستای دایدەڕێژێتەوە. چ وشەیەک بە کار بهێنێت، چۆن لەگەڵ بیرۆکەی تردا ئاوێتەی بکات، بە چ شێوازێک بیگەیەنێت و هیی دیکە. لەبارەی ئەو بەشەی پرسیارەکەتەوە، ئایا دەستپێک چەند هێز بە کردەی گێڕانەوە دەدات، تا پێشبینییەکان تێک بشکێنێت و ڕێیەکی پێچەوانەی هەردوو لا بگرێت، ئەوە وەک پێشتر گوترا ناکاوی خەسڵەتی دیاری ڕۆمانی فرەدەنگە، بەو مانایەی هەبوونی فرەییی توخمەکان وا دەکات بۆ هەر بابەتێک ڕوانینی جیاواز بخرێتە ڕوو. کارەکتەر، ڕووداو، کات، شوێن و هیی دیکەی جیاواز هەن. ئەوەی لای کارەکتەرێک پەسەندە، لای یەکێکی دیکە پێچەوانەیە. ئەوەی لە سەردەمێکدا بایەخی هەیە، لە سەردەمێکی دیکەدا پووچ دەبێتەوە. ئەو بەهایانەی لە شوێنێکدا بەرز سەرنج دەدرێن، ئەوە لە شوێنێکی تردا وا نین. بەم شێوەیە شتەکە لەوە دەردەچێت تەنیا پێوەندیی بە دوو لایەنەوە هەبێت، بەڵکوو کۆمەڵێک لایەنی تریش لەو ناوەڕاستەدا دەردەکەون. گەشەکردنی ڕووداوەکانیش پێوەندییان بە دەرکەوتنی ئەو دەنگە جیاوازانەوە هەیە. بۆ نموونە لەبارەی چەمکی شۆڕشەوە ڕوانینی جۆراوجۆر دەخرێنە ڕوو. ئایا (کەیدارا چەلەنگ) وەک (ئازاد شکۆمیرسی) و (ئاری سوارچاک)ـە؟ ئایا (پاڵەوان پاڵاو)یش لە هەرسێکیان جیاواز نییە؟ ناکرێت بڵێین ئاڕاستەی (مەیسوون چەلەنگ) پێچەوانەی ئاڕاستەی هەمووانە؟ لێرەدا پێویستە بگوترێت، کە پێشبینییەکان نە بە دی دێن و بە تەواوییش کورت دەهێنن، بەو مانایەی شێوازی فرەدەنگی ڕێ نادات شتەکان بە ڕەهایی دەربکەون و بە خاڵێکی دیاریکراو بگەن، مادام بێژمار ئاڕاستەی تر هەن. ئایا ئەو ئەنجامەی (ڕێشار) پێی دەگات، مانەوەیە لە شار، یان دەرچوونە لێی؟ ئایا ناکرێت بڵێین هەردووکیان و زیاتریش لە خۆ دەگرێت؟ شتەکان لە دنیای پۆستمۆدێرندا بێگەرد نین، بەڵکوو فرەڕەنگ، فرەڕەگ، فرەشێوە، فرەڕەهەند و فرەئاڕاستەن. ئەو تیۆریستانەی لەبارەی تیۆریی خوێنەرەوە نوسوویانە، کە (ئایزەر) یەکێکیانە، پێ لەسەر ئەو کاریگەرییە دادەگرن، کە لە خوێندنەوەی دەقەوە بەرهەم دێت، نەوەک بەدیهاتنی پێشبینییەکانی خوێنەر، بگرە پێویستە دەق نائومێدی بۆ ئەو وەرگرە بهێنێت. ئەوەی پێ نەڵێت، کە دەیزانێت و چاوەڕێیەتی لە دەقدا پێی بگاتەوە، بەڵکوو پێویستە بیخاتە بەردەم ئەنجامی چاوەڕواننەکراوەوە، تا هەم باوەڕەکەی تێک بشكێت و هەم بچێتە ئاستی ڕاڤەیشەوە. ڕۆمانی فرەدەنگ نەک تەنیا کردەی تێکشکاندنی باوەڕەکانی ڕۆماننووسە، بەڵکوو هیی خوێنەریشە. ئایا من خۆم وەک نووسەری دەقەکە دەمزانی ئاڕاستەی ڕووداوەکان بە کوێ دەگەن؟ نەخێر، بەڵکوو ڕووم لەو نەزانراوە بوو و لە ئەنجامی ململانێی چیرۆکە جیاوازەکانەوە بەردەوام ئەو باوەڕەم گۆڕانی بەسەردا دەهات، بگرە گەلێجار پێشبیننەکانم کورتیان دەهێنا. لەم ڕۆمانەیشدا هەوڵم داوە ئەنجام بە لاوە بنێم و شتەکان بە کراوەیی بهێڵمەوە، کە ئەوانە لای خۆیشم کۆتایییان دیار نییە.
ئارام حاجی:
خوێنەر کاتێک پێرستی ڕۆمانەکە دەخوێنێتەوە، چوار وشە، یان دوو جووت وشە سەرنجی ڕادەکێشن کە زۆر پاتە دەبنەوە: ئاسایی و نائاسایی، نموونەیی و نانموونەیی. بۆ نموونە بەرەو شارێکی نموونەیی، گەڕانەوە بۆ شارێکی نانموونەیی، ماڵێکی نائاسایی لە شارێکی نانموونەییدا، بووک و زاوایەکی نائاسایی لە شەوێکی ئاساییدا و هیی تریش. هەر لە دەروازەی ڕۆمانەکەدا گوتەیەک لەبارەی ئەو چوار چەمکەوە هەیە. شتەکانی ڕۆمانەکە لەنێوان ئاسایی و نائاسایی، نموونەیی و نانموونەییدان، بەڵام ئاسایی چییە و نائاسایی کامەیە؟ کێ نموونەیی و کێ نانموونەیییە؟ بۆ نموونە یاوەر و پاوەر هەر برا نین، جمکیشن، بەڵام نازانین کامیان ئاساییە و کامیان نائاسایی، کامیان نموونەیی و کامیان نانموونەییە. لە ڕێگای هاوڕێیەکی باوکیانەوە دەزانین ئەوەی بە یاوەر ناسراوە و لە شاردا ماوەتەوە، پاوەرە، بە مەرجێ ئەو برایە خۆیشی تازە ڕووبەڕووی ئەم ڕاستییە دەبێتەوە. دوو کەسێتیی زۆر جیاوازن و لە دوو ماڵی جیاوازیشدا گەورە کراون. ئەوەی لە شاردا ماوەتەوە و دووکانی خەڵووزی هەیە، بە ڕواڵەت مرۆڤێکی نەریتییە و ترسی لەوەیە تێکەڵی خەڵک ببێت، بەڵام لەناوەوە خاوەنی ڕوانینێکی پێچەوانەیە. فەلسەفەیەکی تایبەتی بۆ ژیان داڕشتووە. پێی وایە مرۆڤ بۆ ئەوە شۆڕش هەڵدەگیرسێنێت، تاج بە دەست بهێنێت، بەڵام ڕاستییەکەی ئامانجی لستنەوەی پێڵاوە. ئەگەر ناتوانێت ئەوە بە ئاشکرا دەرببڕێت، مانای ئەوە نییە دەستی لێ هەڵگرتووە. تەنیا پێڵاوی مرۆڤ دەبینێت، تەنانەت چاو دەبڕێتە پێڵاوەکانی پووری و هەست بە ئازاری ویژدان دەکات، وەک بڵێی پێڵاو خودی کەسەکە بێت. ئەوی زاوا ناچێتە لای پرچسیای بووک، تا ناو شەرواڵی پڕ خەڵووز نەکات. شەوێک بەڕێ دەکەن کە خاڵی نییە لە کۆمیدیا. ناکرێت ئەم کارەکتەرە بخەینە ژێر چەتری یەکێ لەو چوار ناونیشانەوە. ئەمە لە کارەکتەرەکانی تریشدا ڕەنگی داوەتەوە. بۆ نموونە پارێزا کە دواتر دەبێتە ڕۆماننووس و ژیاننامەی خۆی دەنووسێتەوە، سەختە بزانرێت کام لەو چوار خەسڵەتەی هەیە. خوێنەرەکانیشی لەوە ناگەن. ئەو بەشەی ڕۆمانەکەتت لەژێر ناونیشانی ژیانێکی نانموونەیی و ژیاننامەیەکی نائاساییدا نووسیوە. ئایا ئەم ناجێگیرییە بەر لەوەی هیی ڕۆمانەکە بێت، هیی واقیعەکەیە، یان ئەدەب بەگشتی و ڕۆمان بەتایبەتی زیادەڕۆیی لە پیشاندانەوەی دیاردەکانی واقیعدا دەکات؟
کاروان کاکەسوور:
پێشتر گوتم واقیع و خەیاڵ دوو ڕووبەری جیاواز و دژبەیەک نین، بەڵکوو دەکرێت وەک یەک کایە بیانبینین، بەڵام ئەمە کاتێ ڕوو دەدات، کە دواڵیزمەکان تێدەپەڕێنین و بەو ئەنجامانەدا دەچینەوە وا تا ئێستا پێیان گەیشتووین. بە مانایەکی دی، کاتێ ئەم تێگەیشتنە جێ دەهێڵین، کە لەوەدا بەرجەستەیە شتەکان لە خودی خۆیاندا خراپ، یان چاکن و ئەوە دەخەینە بەرچاو، کە دەشێت لە هەر جووڵەیەکدا چیەتییان بگۆڕێت، ئەوسا پێناسەی دیکە بۆ هەر یەکێ لەو توخمانە دەکەینەوە، بێ ئەوەی بهێڵین ئەم پێناسەیە بە جێگیری بمێنێتەوە. لەمەوە دەگەینە ئاستی شاراوەی شتەکان و بە شێوازی جیاوازتر دەریاندەبڕینەوە، کە ڕۆمانی فرەدەنگ بەو تەکنیکانەی دایهێناون، توانای بەڕێوەبردنی ئەم کردەیەی هەیە، کردەی گواستنەوەی وێنەکان لە واقیعەوە بۆ خەیاڵ و لەوێوە بۆ نووسین. لێرەدا بە خوێندنەوەی خۆم سێ ئاست هەن و بە شێوەیەک لە شێوەکان لە یەکتر جیاوازن، بۆیە سەختە وێنەی نووسراو دەقاودەق وێنەی خەیاڵ بێت و هیی خەیاڵیش ڕێک هەمان ئەوەی واقیع نییە، بەڵکوو هیی نووسراو تێپەڕێنراوی دووانەکەی ترە. لەبەر ئەوەیشە ناجێگیرە و دەکرێت بە زۆر شێوە لێک بدرێتەوە.
هونەری پێداچوونەی ئەنجامە بەدەستهاتووەکان هەر بە تەواوی لە ڕۆمانی فرەدەنگدا بەرجەستەیە، بەوەی واقیع هەڵدەوەشێنێتەوە و بەپێی ڕوانینی کارەکتەرەکان دایدەڕێژێتەوە، کە هیی ئەمیان لە هیی ئەویان جیاوازە. بە مانایەکی دی، ئەو واقیعە نەک هەر بە ڕێی جۆراوجۆر تێک دەشکێنرێت، بەڵکوو بە شێوازی جیاوازجیاوازیش دادەڕێژرێتەوە، بە ڕادەیەک بە قەدەر ژمارەی کارەکتەرەکان واقیع دەردەکەوێت، کە هەموویان لە واقیعە زانراوەکە جیاوازن. زمان بەوەدا مێتافۆر و ڕەوانبێژی دەگرێتە خۆی، ئەوە شتەکانی واقیعی تێدا دەخزێن و بە شێوازی تر دەردەخرێنەوە، بۆیە ئیکزۆتیک، یان سەمەرەیی توخمێکی دیاری ئەم شێوازەی ڕۆمانە. لێرەدا سنوور لەنێوان ئاسایی و نائاسایی، نموونەیی و نانموونەییدا دەسرێتەوە. هیچ یەکێ لەو چەمکانە جێگیر نییە، بەڵکوو بەردەوام لە گۆڕاندایە، کە ئەمەیش وا دەکات لە ڕۆمانی فرەدەنگدا کۆتایی هەڵبگیرێت، یان وەک گوترا زیاتر لە کۆتایییەک هەبن.
تۆ (یاوەر) و (پاوەر) بە نموونە دەهێنیتەوە، کە سەختە بزانرێت کامیان نموونەیی و کامیان نانموونەیییە، وەک چۆن ناتوانین بگەینە ئەوەی، ئاخۆ کامیان ئاسایی و کامیان نائاسایییە. ئەگەر سەختە لەم ڕووەوە ئەنجامێکی ڕوون بە دەست بهێنینن، ئەوە مانای ئەوە نییە کۆمەڵێک چیرۆکی جیاوازی هەردووکیان نایەنە ناو گۆڕەپان (سپەیس)ی دەقەکەوە. خراپتێگەیشتن، یان لێکحاڵینەبوون (misunderstanding) یەکێکە لە خەسڵەتەکانی ئەم شێوازەی من، بەوەی ئاڕاستە جیاوازەکان یەکتر دەبڕن و جۆرێک لە پاشاگەردانی دێتە کایەوە، کە هونەری ڕۆمان بریتییە لە پاشاگەردانی. لە ڕۆمانی فرەدەنگدا چیرۆکە وردەکان جێگەی بایەخن و هەر ئەوانیشن کردەی گێڕانەوە بە زیندوویی ڕادەگرن، بگرە هێز دەدەنە ڕیتمی ئەو گێڕانەوەیە. پێشتریش گوتوومە هۆکار و ئەنجام لە دنیای پۆستمۆدێرندا بایەخیان نامێنێت. ئەوەی لە شاردا ماوەتەوە، (یاوەر)ـە، یان (پاوەر)، شتێک لەوە ناگۆڕێت، کە ئەو کارەکتەرە ژیانێکی جیاواز لە هیی ئەوانەی تر تاقی دەکاتەوە، کە نە لە هیی (هێزدار)ی باوکی دەچێت و نە لە هیی (فەرەیدوون)ی کوڕیشی، وەک چۆن تەواو لە هیی (پرچسیا)ی هاوسەر و (هێلانە)ی کچیشی جیاوازە. خۆت ئاماژەت پێ کرد ناوەوە و دەرەوەی (یاوەر) لە یەکتر جیاوازن. بەڵێ، جیاوازن، بەڵام دژی یەک نین، بەڵکوو هەردووکیان کەسێتییەکەی پێک دەهێنن. دیسان ئەوە دەخەمەوە بەرچاوە، کە شڵەژان، ڕاڕایی، نیگەرانی و دوودڵی خەسڵەتی ڕۆمانی فرەدەنگن، مادام گوتە و هەڵسوکەوتی هەر یەکەیان پێوەستە بە تۆڕێکی فرەوان و چڕی پێوەندییەوە. من خۆم هەمیشە هەوڵ دەدەم سنووری نێوان مەنەڵۆگ و دایەڵۆگ بسڕمەوە، بەو مانایەی گەردوونێک هەیە و هەموو ئەو دەنگانەی تێدا دەبیسترێن.

ئارام حاجی:
من وەک خوێنەرێک لە سەرەتای ئەم ڕۆمانەدا ڕووبەڕووی ڕیتم بوومەوە. کاتێکیش دەڵێم ڕیتم مەبەستم ئەو زمانەیە کە ئەو هەموو شتە جیاوازەی لێ بار کراون و بەو ڕێگە پێچاوپێچانەیەدا دەبات، بێ ئەوەی لە خاڵێکدا بوەستێت. ڕیتمی گێڕانەوە بە شێوازی جیاواز ڕۆ دەچێتە نێو کایە جیاوازەکانی مێژوو، کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی، کولتووری و زۆری ترەوە. کات و شوێنی جیاواز دەبڕێت. سەردەمەکان دەگەیەنێتەوە یەک. هێڵی ڕووداوەکان تۆڕێک پێک دەهێنن لە هیی جاڵجاڵۆکە دەچێت. ئەو ڕیتمە بەردەوام و بە شێوەی خێرا بابەت لە دوای بابەت دەخاتە ڕوو. ئەمانە وایان کردووە ئەگەر خوێنەر تەنیا سێ دێڕ بپەڕێنێت یان بۆ ماوەیەکی کورت خەیاڵی لای نەمێنێت، چیرۆکێکی لە دەست دەچێت و لە جووڵەی ڕووداوەکان دادەبڕێت، چونکە هەر چیرۆکێک پێوەندیی بەوانەی تریشەوە هەیە. وەک دەڵێن تێگەیشتن لە ڕۆمانی تۆ زەحمەتە کە من پێم وایە ئەم ڕیتمی گێڕانەوەیە پێویستی بە ڕیتمی تایبەتی خوێندنەوەیە. ئەم کردەیە زیاتر لە تەقینەوە دەچێت کە هێشتا شوێنەواری تەقینەوەیەک کاڵ نەبووەتەوە، دەنگی دانەیەکی تر دەبیستین. بۆ نموونە لەگەڵ گەیشتنی پڵنگەکەدا تەقینەوەیەکی گەورە هەم لە دەرەوە و هەم لەناوەوەی کارەکتەرەکاندا ڕوو دەدات. مێژووی خانەوادەکە دەچێتە دۆخێکی ترەوە. فەرەیدوون دوای ئەو هەموو ساڵە گەڕاوەتەوە زێدی خۆی و دیسان ون دەبێتەوە، بەڵام پزیشک زێوێ بە جێ دەمێنێت و ژیانی خۆی لەم شارەدا دەست پێ دەکات. سکیشی بە ڕێشارەوە هەیە. وەک بڵێی پڵنگەکە کە ناوی نامۆکۆی لێ دەنرێت، شوێنی فەرەیدوون بگرێتەوە. هەر بە ڕاستی ڕێشار بە کوڕی نامۆکۆ دادەنێن. ژیرکۆ هۆشکۆزادە ناوی کەرێکە و هەڵسوکەوتەکانیشی هیی مرۆڤن. دەکرێت لە ڕۆمانەکەدا زۆر نموونەی تر بهێنینەوە کە ئاماژە بەو تەقینەوانە دەکەن. ئایا ئەم شڵەژان و هەڵچوونە، ئەم هەڵبەزیون و دابەزینە بۆ ئەوە دەگەڕێنەوە کە هەم بابەتەکان ئاسایی نین و هەم کارەکتەرەکانیش؟ لەپشت ئەم هونەری ڕیتمەوە چ ئەزموونێکی تایبەتت هەیە؟

کاروان کاکەسوور:
لای من ڕیتم بایەخێکی زۆری هەیە، ئەگەر نەڵێم خەیاڵ، بیرکردنەوە، خوێندنەوە و نووسین ڕیتمن، تەنانەت ڕێ بە خۆم دەدەم بڵێم ڕۆمانی فرەدەنگ بریتییە لە ڕیتم. کاتێ دەستم دایە نووسینی چیرۆک، دوو کۆسپ، یان دوو پرسیارم هاتنە ڕێ. یەکەم، چۆن بنووسم؟ دووەم، چۆن کات بە کار بهێنم؟ پێشتر هەر بۆ خۆشی هەندێک شتم دەنووسی، بەڵام ناوی چیرۆکم لێ نەدەنان، بەڵکوو زیاتر لە شێوەی نوکتەدا دەرمدەبڕین. بۆ هاوڕێ و هاوپۆلەکانمم دەگێڕانەوە. هەر هێندە بڕیارم دا چیرۆک بنووسم، ئەو دوو پرسیارە ڕایانگرتم. خێرا تێگەیشتم چیرۆک وەک نوکتە نییە، تا ڕاستەوخۆ بیگێڕمەوە، بەڵکوو دەربڕینی ناڕاستەوخۆ و لەتکردنی کات دەخوازێت. کۆمەڵێک سەرچاوەم لەبارەی زمان و کاتەوە بە دەست هێنان. ئەگەر پێشتر هەم بە کوردی و هەم بە عەرەبی وەک خوێنەرێک ئەوانەم دەخوێندەوە، ئێستا دەمەوێت وەک چیرۆکنووسێک زیاتر لەو بارەیەوە بزانم.
لە سەرەتای حەفتاکانەوە چەند نووسەرێکی کورد لەوە بە ئاگا هاتنەوە، کە شێوازی گێڕانەوەی زنجیرەیی بە سەر چووە و دەبێت گۆڕانی تێدا بکەن. هونەری گێڕانەوە چووە ئاستێکی ترەوە و مێژووی چیرۆکمان پێی نایە قۆناغێکی نوێیەوە، تەنانەت هەندێک چیرۆکنووس دەستکاریی بەرهەمەکانی پێشووی خۆیان دەکرد و بە شێوازێکی کاریگەرتر دایاندەڕشتنەوە. لە دووی ناوەندیدا بووم، کاتێ (ڕستێک زەنگیانەی ئاوی)ی (حەمەفەریق حەسەن) دەرچوو، کە نەک شێوازی گێڕانەوەی، بەڵکوو ناونیشانەکەیشی ئاماژەیەکی ڕوونە و پێمان دەڵێت هونەری نووسین بایەخی پێ دەدرێت. زمانی گێڕانەوە چووەتە ئاستێکی باڵاتر. چیرۆکەکە پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە موور و زەنگیانەوە نییە، وەک ئەوەی لە کۆتاییی هەشتاکاندا نووسەرێکی سەر بە دەستگەی بەعس گاڵتەی پێ دەکرد، بەڵکوو ئاماژەیە بە دڵۆپەفرمێسکەکانی (نازەنینی حەمە گەرمیانی). لە دنیای ئەدەبدا، کە دنیای ئاماژەیە، شتەکان بەسەر گەورە و بچووک، بایەخدار و بێبایەخ دابەش نابن، بەڵکوو هونەری نووسین، کە خاوەنی لۆجیکێکی تاکانەیە، هەڵیاندەوەشێنێتەوە و بە شێوازی خۆی دایاندەڕێژێتەوە. لێرەدا شتە ورد و بەلاوەنراوەکان زیاتر دەبنە جێگەی سەرنجی هونەرمەند. ئایا نووسەری داهێنەر ناتوانێت لە ڕێی زەنگیانەوە داهێنانی گەورە بکات؟ ئەو چیرۆکنووسە لە ناوەڕاستی حەفتاکاندا بایەخی بە ئاماژەناسی داوە، بەڵام دیارە لە هەر سەردەمێکدا کەسانێک هەن ئاوا بڕواننە داهێنان، تا دنیای شمەک و هیی ئاماژەیان لێ تێکەڵ ببن. سەرەتا ئەو کۆمەڵەچیرۆکەم تەنیا وەک ئەوە دەخوێندەوە، کە بە زمانێکی جیاواز نووسراوە، دەنا لە تەکنیکەکانی نەدەگەیشتم، بەڵام دواتر پێیان ئاشنا بووم. بەشێکی ئەو چیرۆکانەی لە گۆڤاری نووسەری کورددا بڵاو کراونەتەوە، تا ئەمڕۆیش هێزی هونەریی خۆیان پاراستووە. (دووربین)، (جیهانێکی تایبەت) و (قاوغەشقارتە) هەژاندمیان. دەتوانم (ئەحلام مەنسوور)، (حسێن عارف)، (ڕەووف بێگەرد)، (عەبدولڵا سەراج)، (محەمەد موکری)، (شێرزاد حەسەن) و (سەڵاح عومەر) بە نموونە بهێنمەوە، کە بایەخیان بە هونەری گێڕانەوە داوە، بەڵام دواتر چەند هێزیان خستووەتە بەر ئەو ئەزموونەیان و تا چ ئەندازەیەک گۆڕانیان بەسەردا هێناوە، ئەوە قسەی تر هەڵدەگرێت.
پێچەوانەی ئەوانەی پێیان وایە خوێندنەوەی کتێبی تیۆری لە نووسینی ئەدەبیدا بایەخی نییە، من زۆر سوودم لە هەندێکیان بینی. ئایا بەرهەمەکانی (جیرار جینێت)، (تۆدۆرۆڤ) و (ئومبێرتۆ ئیکۆ) هەر لەبارەی ڕیتمەوە گرنگ نین و کۆمەکی ڕۆماننووس ناکەن، تا جیاواز بنووسێت؟
ئەوەی لەو سەرەتایەدا پێی گەیشتم، ئەوە بوو، کە ڕیتمی خێرا واتە بازدان بەسەر ئەو ڕووداوانەی بایەخێکی ئەوتۆیان نییە، لە کاتێکدا ڕیتمی خاو بریتییە لە هەڵوەستەکردن لەسەر ئەو بابەتانەی گرنگن و نووسەر دەیەوێت تیشکیان بخاتە سەر، بەڵام هەوڵم دا ئەم ئاستەیش تێبپەڕێنم و مانای دیکە هەر لە چەمکەکەدا بدۆزمەوە. گەیشتمە ئەوەی بڵێم ڕیتم بریتییە لە تێکڕای ئەو جووڵەیەی توخمە جیاوازەکان دەیخەنە دەقەکەوە، بەو مانایەی تا ژمارەی ئەو توخمانە زیاتر بێت و لە ئاستی زماندا جیاوازتر دەیانببڕم، ڕیتمەکە پتر هێز پەیدا دەکات و زیاتر بابەتەکان دەهەژێنێت. بە مانایەکی دی، ڕیتم هونەری ئاوێتەکردنی توخمە جیاوازەکانە، کە ئەمە تەنیا لە ڕێی جووڵەوە دێتە دی. ئەو جووڵەیە گۆڕان بەسەر شێوە و ئەرکی توخمەکاندا دەهێنێت. هێزی جووڵە پێوەستە بە شێوازی بەکارهێنانی زمان و گۆڕینی ڕێڕۆی کات لە ئاستی فیزیکییەوە بۆ ئاستی دەروونی، یان دەکرێت بڵێم لە دۆخی گشتییەوە بۆ دۆخی تایبەت. هەوڵم دا ئەم دوو خاڵە لە بەرچاو بگرم. خۆشبەختانە ئەو نووسەرانەی پێیان سەرسام بووم، تا ئەمڕۆیش لە بواری زماندا شارەزان و بە کوردییەکی پوخت دەنووسن. کاتێ دەمویست ڕستەیەک دابڕێژم، وشەی گونجاوم بە کار دەهێنا. چەند جارێک دەمخوێندەوە، ئاخۆ هیچ گرێیەک دروست ناکات. وشەیەکم بە یەکێکی دی دەگۆڕی، یان کار دەگەیشتە ئەوەی تەواوی ڕستەکە لا ببەم و دانەیەکی تری بخەمە شوێن. ئەگەر بۆ نموونە دوو وشەی (بەڵام) لە نزیک یەکەوە بن، ڕیتم دەشێوێنن. وشەی (کە) زووزوو یەخەم دەگرێت. پێویستە ڕێ لەم گرفتە بگرم، تەنانەت وشەی (چونکە) دەکەمە (چونکوو)، یان (چونکێ)، تا دەنگی (کە) لەوە زیاتر ڕیتم خاو نەکاتەوە. کاتێ ناو لە کارەکتەر دەنێم، خۆم لەوانە دەپارێزم، کە (سەر)، (بە) و (کە)یان تێدان، چونکێ هەرسێکیانمان زۆرن. پریپۆزیشنی وەک (لە)، (بە)، (پێ)، (لێ) زووزوو دەردەکەون. چاکترە ڕستەکانم وا دابڕێژم، زۆر ئەوانە لە خۆ نەگرن. ئینجا ئەزموونەکەم گەیشتە ئەوەی چیرۆک بە ڕابوردووی دوور نەگێڕمەوە، بەڵکوو پەنا ببەمە بەر ڕانەبوردوو، چونکێ (چووبوو)، (خواردبوو)، (نووستبوو) و هیی دیکە ڕیتم خاو دەکەنەوە، لە کاتێکدا لە دۆخی ڕانەبوردوودا ئەو (بوو)انە نامێنن. (دەچێت)، (دەخوات)، (دەنوێت) و… هتد.
ئەمە لە بواری زماندا، بەڵام لە بواری کاتیشدا ئەزموونێکی تایبەتم بە دەست هێنا و هەوڵم دەدا زیاتر پەرەی پێ بدەم. گوتارێکم لەژێر ناونیشانی (کات وەک پرسیارێکی شەڕانگێز لە ئەزموونی مندا)دا نووسیوە و تێیدا باسم لەوە کردووە چۆن ئەم تێگەیشتنە لە بەرهەمەکانمدا ڕەنگی داوەتەوە. ویستوومە مامەڵەیەکی جیاواز لەگەڵ چەمکی کاتدا بکەم، کە هەر لە سەرەتاوە تەکنیکی لەتلەتکردنم بە کار هێناوە. ئەوە بە فراگمەنتەیشن ناسراوە و لە ئەدەبی گێڕانەوەدا بایەخێکی بەرچاوی هەیە. (باشلار) لە کتێبی (دایەڵەکتیکی کات)دا وا دەڕوانێتە ڕیتمی کات، کە هەبوونی پێوەندییە لەنێوان دیاردەکاندا. پێ لەسەر ئیستاتیکای میوزیک و شیعریەت دادەگرێت، کە فرەیی بەرهەم دەهێنن.
لە ڕێی خوێندنەوەی تیۆریی گێڕانەوەوە چەمکی قرتاندن، یان بڕین (Elision)، دیمەن (Scene)، وەستان (Pause)، چڕکردنەوە، یان کورتکردنەوە (Summary)، فلاشباک، فلاشفۆوەرد و زۆری ترم ناسین، کە هەر یەکێ لەوانە یاریمەتیدەرە لەوەی چۆن نووسەری ئەدەبی گێڕانەوە کردەی گێڕانەوە بە شێوەی هونەری بباتە ڕێوە، بەڵام ئەوانە قاڵب و کڵێشە نین، بەڵکوو پێویستە هەر نووسەرێک بە ڕێی تایبەتی خۆی کاریان پێ بکات. بۆ نموونە سوودی زۆرم لە هونەری قرتاندن بینی، کە سێ جۆری هەن، ئاشکرا، نهێنی و گریمانی. من زیاتر پەنا بۆ دووەم و سێیەمیان دەبەم. هەوڵ دەدەم هەمیشە بۆشایییەکی گەورە بۆ خوێنەر جێ بهێڵم، تا خۆی شتەکان بهێنێتە بەرچاو و لێکیان بداتەوە. ئەو تێگەیشتنە کۆمەکی ڕۆماننووس دەکات چۆن بابەتە بەلاوەنراو و کارەکتەرە پەراوێزخراوەکان بخاتە ئاستی هونەرییەوە، تا مانای تریان تێدا بدۆزێتەوە. ڕیتم تەنیا هەڵچوون نییە، بەڵکوو داچوونیشە. وەک چۆن هاوار و قیژەیە، ئاوها بێدەنگی و هێمنییشە. (ئیکۆ) لە کتێبی (پیاسە بە دارستانی گێڕانەوە)دا بایەخ بە چەمکی (ئارامبوونەوە) دەدات لە کردەی گێڕانەوەدا، کە زەوینە بۆ خوێنەر خۆش دەکات، تا چاکتر ڕۆ بچێت و لە شڵەژانی ناپێویست ڕزگار ببێت. ئەگەر بڕیارە شتێکی گرنگ و کاریگەر ڕوو بدات، با بایەخ بە هونەری ئارامبوونەوە بدەین. لەگەڵ ئەو بۆچوونەی (ئیکۆ)دا هاوڕام. دەڵێم دەقی فرەدەنگ و فرەئاڕاستە بە ئەندازەی هەڵچوون ئارامییش دەگرێتە خۆی. من خۆم لە سەرەتای تەمەنی نووسینمەوە تا ئەمڕۆ بایەخ بە کۆمیدیا دەدەم. جاری وا هەیە لە گەرمەی تراجیدیادا پەنا بۆ توخمی گاڵتە دەبەم، کە لە ڕۆمانی فرەدەنگدا هەموو چەقەکان تێک دەشکێنرێن. هەر کاتێ لایەنی ڕژدی دەبێتە چەق و دەیەوێت دەقەکە دابپۆشێت، لە ڕێی گاڵتەوە گۆڕان بەسەر ئەو دۆخەدا دەهێنم. لێرەدا هونەری دایەڵۆگ دەردەکەوێت، کە پێشتر یەکێ لەو چەمکانەی ئاماژەمان پێ کرد، دیمەن بوو. کاتێ دەڵێین دیمەن، زیاتر مەبەستمان لە دایەڵۆگە، کە ڤەبێژەر (نارەتەر) بە لاوە دەنرێت و کارەکتەرەکان خۆیان چ لە ڕێی دایەڵۆگی دەرەکی و چ لە ڕێی مەنەڵۆگەوە خۆیان دەردەبڕن.
ڕۆماننووسی ئەزموونگەر سوود لە هەموو دۆخە جیاوازەکان دەبینێت و هەر لێرەیشدا شتە شاراوەکان دەدۆزێتەوە. ئەو شتانەی لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا زەقن و مانایان ئاشکرایە، لە نووسینی ڕۆمانی هونەریدا جێگەی بایەخ نین و خزمەتی ڕیتم ناکەن، بەڵکوو هونەری ڕۆمان ئەوە دەخوازێت لایەنی شاراوەی ئەو شتانە بدۆزێتەوە، کە ئەمەیشە گۆڕان بەسەر زماندا دەهێنێت، بەوەی نهێنییەکان دەردەبڕێت و ئەوانەیش لای خوێنەر ناسراو نین. هەر لێرەیشدا پێوەندیی نێوان نووسەر و خوێنەر دەگۆڕێت. بە مانایەکی دی، خوێنەر لەوە دەردەچێت پەیامێکی ڕوونی لەو نووسەرەوە پێ بگات، بەڵکوو بە ناچاری دەچێتە ئاستی ڕەخنەوە و دراوەکان لێک دەداتەوە. (ماریۆ بارگاس یۆسا) لە کتێبی (ددانپێدانانی ڕۆماننووسێکی لاو)دا دەڵێت ئەگەر پێت بڵێن ڕۆمانی (مێتامۆرفۆسیس)ی (کافکا) باس لەوە دەکات چۆن فەرمانبەرێک بۆ زیندەوەر دەگۆڕێت، ڕەنگە بە دەم باوێشکەوە بڵێیت ئینجا کاتی خۆم بە خوێندنەوەی ئەم شتە پووچە ناکوژم، بەڵام کاتێک دەیخوێنیتەوە، هونەری باڵای ئەو دەقەت بۆ دەردەکەوێت.
تۆ لە پرسیارەکەتدا ڕیتمی ڕۆمانەکە بۆ ئەوە دەگەڕێنیتەوە، کە نە بابەتەکان ئاسایین و نە کارەکتەرەکانیش. کارەکتەری پەراوێزخراو وەک ڕەخنەدۆزی ئایرلەندی (فرانک ئۆکۆنۆر) لە کتێبی (دەنگی تاک)، یان (دەنگی تەنیا)دا، کە لە سەرەتای شەستەکاندا نووسیویەتی، پێی وایە ئەوانە بزوێنەری چیرۆکی نوێن. هەوڵی داوە لە ئەدەبی گێڕانەوەدا بایەخ بۆ ئەو کارەکتەرە بەلاوەنراوانە بگەڕێنێتەوە. لەم ڕووەوە نموونە لە بەرهەمی (چیخۆڤ)، (تۆرگنێڤ)، (جۆیس)، (فۆکنەر)، (هەمینگوای) و هیی دیکە دەهێنێتەوە. دواتر ڕەخنەدۆز و توێژەران بە تایبەتی لەگەڵ بەهێزبوونی شەپۆلی پۆستمۆدێرندا زیاتر بایەخی ئەوانەیان لە بەرچاو گرت. لە بەرهەمەکانی پێشوومدا کەموزۆر لەوە دواوم، بەڵام هێندەی پێوەندیی بە ڕیتمەوە هەبێت، دەڵێم بەوەدا ئەو کارەکتەرانە سەر بە دامودەستگەی فەرمی نین و دەکەونە دەرەوەی سیستەمەکانەوە، ئەوە بە خەسڵەتی ڕاڕایی، دڵەڕاوکێ، نیگەرانی، شڵەژان و هیی دیکە دەناسرێنەوە، بۆیە ئەمانە جووڵە دەخەنە هەر ئاڕاستەیەک، کە پێوەستە بە سیستەمی دامودەستگە کۆمەڵایەتییەکانەوە. بوونی ئەوانە لە ئەدەبی گێڕانەوەدا وا دەکات گۆڕان بەسەر سیستەمی کات و شوێندا بێت، بەوەی لە دەرەوەی شوێنی ئاسایی و ناسراودان. ئینجا پێبەندی کاتی دەرەکی نین، بەڵکوو بەپێی کاتی ناوەوەیان دەجووڵێن. شڵەژان و نیگەرانی پێوەندییان بەو تێگەیشتنەوە هەیە، کە کارەکتەر لەگەڵ ئەو ئەنجامانە ڕێک ناکەوێت وا بە دەست هاتوون، بەڵکوو هەوڵ دەدات گومانیان تێ بخات و هەڵیانبوەشێنێتەوە.
من خۆم هەر لە سەرەتای تەمەنی نووسینمەوە بایەخم بەم جۆرەی کارەکتەر داوە، بۆیە گەلێجار تێگەیشتن لە دنیایان وەک لە پرسیارەکەتدا هاتووە سەختە. دیارە ئەو بەرهەمەی بە سەختی دەنووسرێت، بە سەختییش دەخوێنرێتەوە. ئەرێ خوێندنەوەی ڕۆمانی نوێ کەی سەخت نەبووە؟ واز لە (جۆیس) بهێنە، کە دەستگەکانی چاپ ئامادە نەبوون ڕۆمانەکانی چاپ بکەن، بەڵکوو وەرە لای (فۆکنەر)، کە شانزدە ساڵ دوای چاپکردنی ڕۆمانی (ژاوەژاو و تووڕەیی)دا ناچار دەبێت پاشکۆی کۆمپسۆن (Compson Appendix) بخاتە بەرچاوی خوێنەر، تا هەندێک شت لەبارەی دەقەکەوە بڵێت، چونکێ بۆی دەرکەوتووە تێگەیشتنی ئاسان نییە. ژمارەیەکی کەمی لێ فرۆشراوە. ڕۆمانی (گەڕان بە دوای کاتی گومبوو)ی (پرۆست) سەرەتا چاپ نەدەکرا، گۆیە لە وەسفدا نغرۆیە، بەڵام ئەو وەسفە بەوە دەناسرێتەوە، کە ڕیتمی ژیان دەگرێتە خۆی. دەکرێت سەرجەم بەرهەمی (پرۆست) لەژێر ناونیشانی ڕیتمدا جێ بکەینەوە، کە وەک گوترا ڕیتم خودی ژیانە. ئەگەر کتێبی (بەرەو ڕۆمانی نوێ)ی (ئالان ڕۆب گرێ) بخوێنینەوە، دەبینین ئەم شێوازە سەرەتا لە فرەنسادا دراوەتە بەر توانج و پەسەند نەکراوە. ئەمە بە مێژووی ڕۆماندا تێدەپەڕێت و دەگاتە ئەمڕۆ. ناکرێت ڕۆمانی فرەدەنگ، کە ئەو هەموو ئاڕاستە جیاوازە پێکی دەهێنن، بە ئاسانی خۆی بە دەست خوێنەرەوە بدات. لای ئێمە گەلێجار ڕۆماننووس بە شانازییەوە دەڵێت ڕۆمانەکانم زۆریان لێ فرۆشراون، بە مەرجێ ئێمە هێشتا مێژوویەکی درێژمان لەم ڕووەوە بە ڕێ نەکردووە و ئەزموونی گەورەمان بە دەست نەهێناوە، بەو مانایەی خوێندنەوەی ڕۆمان کۆمەڵێک ئاڕاستەی جیاوازی نەگرتوون و شتی جۆراوجۆری تاقی نەکردوونەتەوە. هەڵەیەکی لۆجیکییە، کاتێ زۆریی ژمارەی خوێنەر دەکرێتە پێوەر بۆ ئەوەی چ ڕۆمانێک داهێنانە. ئایا ئەو خوێنەرانەی ڕۆمانێک بە داهێنان دەزانن، کاتێ بۆ نموونە دەگەنە (گورگی دەشت)ی (هێرمان هەسە) چی دەڵێن؟ ئەرێ مانای وایە ئەم ڕۆمانە لاوازە، بۆیە ئەو خوێنەرانە گوتەیان لێ وەرنەگرتووە و بڵاویان نەکردووەتەوە؟ هەندێجار گوێت لە ڕۆماننووسان دەبێت، کاتێ دەڵێن پێویستیان بە لایەنی تیۆری نییە و دەتوانن بەبێ ئەوەیش بنووسن. ڕاستییەکەی ئەوانە حیکایەت و ڕۆمانیان تێکەڵ کردوون، کە ئەگەر بۆ (جینێت) و ئەوانەی تریش بگەڕێینەوە، دەبینین هونەری ڕۆمان بریتییە لە تێکشکاندنی پایەکانی حیکایەت و داڕشتنەوەی لە دنیای ئاماژەدا، نەوەک دەستپێوەگرتنی. ئەم تێکشکاندنە بریتییە لە بەکارهێنانی تەکنیک و فێڵەکانی گێڕانەوە، کە ئەو کردەیە زمانێکی ئاڵۆز دەهێنێتە گۆڕێ و خوێنەرێکی وریایش دەخوازێت، خوێنەرێک توانای دایەڵۆگی هەیە و بەو تێگەیشتنە جیاوازەی توخمەکان ڕاڤە دەکات. بە مانایەکی دی، ڕیتمی دەق ئەوە دەسەپێنێت خوێنەر چۆن و لە چ ئاستێکدا بیخوێنێتەوە.
لەم ڕۆمانەیشدا هەوڵم داوە ئەم ڕیتمە بپارێزم. تۆ نموونەی (نامۆکۆ) و (ژیرکۆ هۆشکۆزادە)ت هێناونەتەوە، کە ئەمیان پڵنگ و ئەویان کەرە؛ گۆڕانکاری بەسەر ڕێتمی گێڕانەوەدا دەهێنن و دۆخێکی تری کارەکتەرەکان پێشان دەدەن. ڕۆمانی فرەدەنگ دایەڵۆگییە. هەر بە ڕاستی (باختین) چەمکی دایەڵۆگیزم بەو مانایە بە کار دەهێنێت، کە بریتییە لە بەریەککەوتنی دەنگە جیاوازەکان لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا. ئەمەیش وا دەکات شتەکان یەک مانا وەرنەگرن، بەڵکوو لە ڕێی ئەو پێوەندییانەوە مانای جۆراوجۆر بە دەست بهێنن. ئەوە ڕووبەڕووبوونەوەی چەمکی حەقیقەتە، کە بە تایبەتی لە (نیتشە) و (هایدیگەر)ـەوە تێگەیشتنی جیاواز لەم ڕووەوە دێتە پێشێ، کاتێ هەر یەکەی بە شێوازی خۆی ڕەخنە لەو تێگەیشتنەی (ئەریستۆ) دەگرێت، کە لە هاوڕێکیی نێوان شتەکاندا بەرجەستەیە و بە مێژووی فەرمیی فەلسەفەدا ڕۆ چووە. لە کتێبی (ئاماژە فەلسەفییەکانی شێواز و شێوازناسی)دا هەوڵم داوە بەو وردی ئەم چەمکانە لێک بدەمەوە. گۆڕەپانی ڕۆمانی فرەدەنگ وەک بەردەوام گوترا دەتوانێت زۆرترین توخمی جیاوازجیاواز بگرێتە خۆی. دنیای مرۆڤ و هیی ئاژەڵ دژی یەک نین، بەڵکوو پڕن لە خاڵی هاوبەش. ئەگەر بۆ تیۆریی پەرەسەندن بگەڕێینەوە و چەمکی (لوکا: LUCA) بخەینە بەرچاو، کە پێمان دەڵێت هەمووان یەک باوانی هاوبەشیان هەیە، ئەوە دەکرێت بڵێین مرۆڤ و ئاژەڵ لە یەک دانەبڕاون. لە گفتوگۆیەکی دیکەی تۆدا گوتوومە (نیتشە) پێی وایە غەریزەی ئاژەڵییانە بوونێکی بنەڕەتییانەیە لە مرۆڤدا. بە حەقیقەتی سەرەتایی لە سروشت (primal truth in nature) ناوی دەبات. شارستانیەت لەپێناوی بەهای ساختەدا ئەم غەریزەیەی سەرکوت کردووە. ئەمە مانای ئەوەیە مرۆڤ حەقیقەتی خۆی لە دەست داوە و دەستی بە حەقیقەتی ساختەوە گرتووە. هەر یەک لە (فرۆید) و (دولووز)یش بە شێوازی خۆی لەم بابەتەی کۆڵیوەتەوە، کە لێرەدا بە پێویستی نازانم لەوە زیاتر بڵێم، مادام پێشتر هەوڵم داوە بە وردی باسی بکەم. هێندەی پێوەندیی بەم ڕۆمانەوە هەبێت، ئەوە هەبوونی ئاژەڵەکان ئەو چەقە تێک دەشکێنێت، کە لە مرۆڤدا بەرجەستەیە و هەموو بوونەوەرەکانی دی بە لاوە دەنێت. ئاژەڵ لەم ڕۆمانە و ئەوانەی دیکەیشمدا کارەکتەرن، کە مانای وایە ئەرکیان لە ئەستۆدایە و دەنگیان دەبیسترێت. ئەو دەنگانە بەر هیی تر دەکەون و جیاوازی دەخەنە دەقەکەوە. لە بەریەککەوتنی دەنگەکاندا حەقیقەت تێک دەشكێت و پارچەکانی لەو گۆڕەپانەی دەقدا بڵاو دەبنەوە، کە لەمەوە خوێندنەوەی جیاواز دەهێننە گۆڕێ. دەمەوێت لێرەدا ئاماژە بەم گفتوگۆیە بدەم، کە لەنێوان (پارێزا) و (هێلانە)دا دەکرێت:
_ ئەرێ شتێکی سەیر نییە، دادە هێلی، مرۆڤ مەڕ بۆ پڵنگ سەر ببڕێت و کەوڵی بکات؟
(هێلانە) وەڵامی دایەوە:
_ پڵنگێک کێو جێ بهێڵێت و بگاتە شار، پێویستە لە بیری بچێتەوە ئاژەڵە.
کەمێک بیری کردەوە و گوتەکەی بە شێوەیەکی دی داڕشتەوە:
_ دەی، شتەکە وەهایە، پارێزا. دەبێت ئەو هەندێک دەست لە ئاژەڵبوونی خۆی هەڵبگرێت و ئێمەیش کەمێک دەستبەرداری مرۆڤبوونی خۆمان ببین، تا لەو ناوەڕاستەدا بە یەک دەگەین، دەنا لە یەک ناگەین.




گفتوگۆ لەگەڵ نیهاد جامی- بەشی دووەم

بەشی دووەم


* ئایا ئەوە بەو مانایە نایەت تۆ داوا دەکەیت بەتەواوی لەشانۆی خۆرئاوایی دوور بکەوینەوە؟

– نەخێر بەڵکو لەتێگەیشتنی عەرەبەکان بۆ شانۆی خۆرئاوایی دوور بکەوینەوە، میتۆدەکان بنەمای خولقاندنی نمایشی شانۆیی نین، بەڵکو فراوانبونی ئاسۆی ڕۆشنبیرین تاوەکو بتوانین رۆشنبیریی شانۆییمانی پێ فراوان بکەین، نەک بێین بیسەپێنین بەسەر شانۆی کوردیەوە، بەلکو پێویستە ئێمە فێری ئەوە بین زانستیانە شانۆ بناسین نەک بەرهەمی کولتورەکانیتر بگوازینەوە، میراتی ئەدەبی شانۆی دنیا سەرچاوەیەکی گرنگی ئاشنابوون و کارکردنە، کاتێک دێیت کاریان لەتەکدا دەکەیت ناکرێت بکەویتە ژێر کاریگەری وتارێکەوە کە دەرهێنەرێکی خۆرئاوایی چیکردووە، تاوەکو تۆش وای لێ بکەیت، گرفتی ئێمە لەتەک شانۆنامە خۆرئاواییەکان، گەڕان بوو بەدوای تازەگەریدا، بەوەی دیالۆگ و دیمەن و لاپەرەکان لابەرین و هەندێک دیمەنی بێدەنگ و روناکی و ڕەنگ دروست بکەین، بە بیانوی ئەوەی دیدی فەلسەفی بە شکسپیر دەبەخشین، وەک ئەوە وابێت شانۆنامەکە دیدی فەلسەفی و فیکری خۆی نەبێت و ئێمە بێین بە رەنگ و روناکی و جولە بیکەین بە فەلسەفە، دواتر تێناگەم بۆ دەبێت بیکەین بە فەلسەفە، دەقی شانۆیی ڕووبەرێکی کۆمەلناسیانەیە بۆ خوێندنەوەی ژیانی کۆمەلایەتی و سیاسی کۆمەلگایەک، گەر باوەرت بەم دەقەیە دەبێت ئەو دنیایەی نووسەر بخەیتە سەر شانۆ، خەمناکیەکە لەوەدایە بەبیانوی دیدگای دەرهێنانی بێیت بەویستی خۆی ئەو دەقە کورت بکەیتەوە، دیدگای دەرهێنانی تۆ لە سرینەوەی دیالۆگ نیە، لە لابردنی دیمەن نیە، دیدگای دەرهێنانی وابەستەی دیکۆرو روناکی و مۆسیقا و جل و بەرگ وجولەیە، بەواتای تۆ چۆن دیالۆگەکانی نوسەر دەخەیتە سەر شانۆ، ئەو دەرهێنەرەی دێت دیمەن دەبڕێت و دەیالۆگ و دیمەن لا دەبات، دیدگای نیە، بەڵکو بکوژی دیدگایە ، ناتوانێت لە ئەفسوونی نهێنی شانۆ تێبگات، بۆیە سەرەنجام وێنەیەکمان پێ دەبەخشێت کە پەیوەندی بەنوسەرەوە نیە، بەلکو نووسەر تەنیا بیرۆکەیەکە، ڕێک لەشانۆی وێنەی عێراقی هاتووە کە دەقی شانۆیی بیرۆکەیەکی مردووەو نووسەر زیندویی دەکاتەوە، ئەوە گەر نەمانخاتە پێکەنین هەموو نوکتەی دنیا ناتوانێت بماهێنێتە پێکەنین، بەداخەوە شانۆی ئەزموونگەری کوردی پێگەی خۆی لەسەر ئەو جۆرە ڕوانینانە بنیاتنا، بۆ ئەوەی وێنەی ڕوون بەم دۆخە ببەخشین، لێرەدا ناچارم چەند ئارگۆمێنتێک بۆ قسەکانم بێنمەوە، تازەگەریی شانۆییمان دەق وەک مردوو سەیر دەکات و کۆلاژی وێنەیی تیا دەخولقێنێت، چونکە دەق لەگەل دیدگای ئەو ناگونجێت، بەڵام دەرهێنەرێکی ناسراوی وەک «ئەلیکسەندەر باردینی» کاتێک شانۆگەری «لالۆ ڤانیا» ی چێخۆف دەخاتە سەر شانۆ، بۆ ئەوەی تەواوی دیدگای خۆی بەرجەستە بکات، ووشەو دیالۆگێک نابینیت لا ببردرێت، بەلکو دەستکاری فۆرمی دەرەکی کارەکتەر دەکات، سۆنیا لای باردینی کچێکی ناشیرین نیە، بەلکو دێت جوانترین ئەکتەری شانۆی پۆلەندی هەلدەبژێرێت کە «یۆوانا ژۆوکۆڤسکا» یە، تا بلێت هۆکاری نەبونی دۆستێک بەهۆی روخساریەوە نیە، هێندەی بەهۆی نەگبەتیەکەوەیە کە بەدوایەتی، لەگەل لەدایکبونیدا دایکی دەمرێت، ئەو هاوشێوەی لالۆ ڤانیایە، لێرەدا دیدی دەرهێنانی وابەستەی فۆرمی دەرەکیە نەک فۆرمی ناوەکی کەسێتی و لابردنی دیالۆگەکان، پێشتریش باردینی شانۆنامەی «سێ خوشک» دەخاتە سەر شانۆ لەوێشدا هیچ دەستکاریەکی ئەو دیالۆگانە ناکات، بەبێ ئەوەی گۆڕانکاری لەتێکستی نووسەر بکات، چەندە وێنەیەکی چێخۆڤیانە بەنمایشەکە دەبەخشێت، بەتایبەت لەدیمەنی کۆتایی هەوڵ دەدات ئەو وێنە خەمناکە وەک تراژیدیایەکی ماڵ وپەیوەندیەکانی بگەیەنێتە لوتکە، کاتێک لەڕێی کولێگینی مێردی ماشا کە بە پەیوەندی ژنەکەی لەگەڵ ڤێرشینین دەزانێت، تەنانەت دیمەنی ماڵئاواییەکەیانیش دەبینێت، کاتێک ماشا ماچی دەکات، بەڵام خۆشەویستی خۆی بۆ ژنەکەی دووپات دەکاتەوە، من بۆ خۆم لەم دەرهێنەرە فێری ئەوە بووم چێخۆڤ ناکرێت یەک ووشەی لێ لا ببردرێت، چونکە کە وەک خۆی خستە سەر شانۆ ئەوسا لە گرنگی و شاعیریەتی ئەو نووسەرە تێدەگەیت، بۆیە گەر لەشانۆی پۆلەندی ئەو وەک دەرهێنەری چێخەڤی بناسرێت هۆکارەکەی داکۆکیکردنیەتی لەرۆحی شانۆنامەکان بەبێ گۆڕینی ووشەیەک، رەنگە قسەکە لەوە بێت ئاخۆ شانۆی پۆڵەندی دەستکاری دەق ناکات؟ با دوو نمونە بێنمەوە، ئەو شانۆیە کە من لەنزیکەوە کارم تیای کردوەو لەناویدا ژیاوم، جۆرە دەستکاریەک کە شانۆکاری کورد ناویناوە شانۆی ئەزموونگەری، ئەزموونگەری نیە، بەڵکو پێرفۆڕمانسە، بیرۆکەیەک وەردەگیرێت و هەندێک دیالۆگی تیا بەکار دێت، ئەوە پێرفۆڕمانسە، پێرفۆڕمانسە بەدوای شانۆ لابۆریەکەی گرۆتۆڤسکی و هاوکات لەگەڵ گەشتەکەی بۆ ئیتالیا هاتە بوون، ئەمڕۆ میراتگرانی ئەم هونەرە لەشاری ڤرۆتسواڤ لەپاڵ پەیمانگاکەی گرۆتۆڤسکی و چەندین گروپ هەن وا کار دەکەن دیارترینیان گروپی زارو پیسن کۆزوا، بە نمونە ئەو گروپەی دواییان پێرفۆڕمانسی «ماکبێس» بە حەوت دەقیقەو بە چوار ئەکتەر نمایش دەکەن، بەڵام هیچ شتێک نیە ناوی شانۆی ئەزموونگەری بێت، بەڵکو هونەری پێرفۆڕمانسە، وەک چۆن کارەکانی لابۆری لالش لەئێستا دا پێرفۆرمانسە نەک نمایشی شانۆیی، ئەوە لایەک، لە روویەکی تردا ئاخۆ دەرهێنەرانی شانۆ دەستکاری دەق ناکەن؟ بۆچی نا، بەڵام رەنگە بکەونە ژێر تەوژمێکی ڕەخنەیی بەوەی ئاخۆ ئەوەی نیشانی دەدەن بەو بڕینانەوە گوزارشت لەو شانۆنامانە دەکات؟ با دوو نمونە لێرەدا وەک ئارگۆمێنت بۆ قسەکانمان بێنینەوە، تا مناڵە فریودراوەکانی شانۆی ئەزموونگەری تێبگەن ڕاستەقینە لەکوێدایە، زۆربەی جار ئەوانەی بەدوای دەستکاریکردنی دەقەوەن لەشانۆی پۆلەندی ئەو نەوە نوێییەی شاری ڤرۆتسواڤن، بەهۆی ئەو زەمینەیەی گرۆتۆڤسکی لەو شارەدا خوڵقاندی ، وەک سیمای هونەری ئەو شارەی لێهات، بۆیە کاتێک خانمە دەرهێنەر «ئاگنێشکا گلینیسکا» شانۆنامەی «سێ خوشک» ی چیخۆف دەردەهێنێت, دیارە من لە کتێبەکەمدا کە پرۆژەی ژیانمە لەبارەی ژیانمە لەبارەی شانۆی پۆلەندی کە باس لە ١٧٠٠ تاوەکو ٢٠٢٥ ی ئەم شانۆیە دەکات، وە نازانم کەی لەنوسینی تەواو دەبم، بەلام لەوێدا لەبارەی ئەو نمایشە نووسیومە: هەر لەسەرەتاوە ڕووبەرووی گریمانەی ناو تێکست نابینەوە، بەڵکو سێ خوشکەکە لەدوو کورتە دیمەنی شانۆیی باس لەخەون و ژیانی ڕابردووی خۆیان دەکەن، بەدوای ئەوە دەگەڕێینەوە ناو سەرەتای دیمەنی شانۆنامەکە، چڕ بوونەوەی زەمەنی لەناو دیمەنەکان درووست کراون، هەندێک دەیالۆگی ناو دیمەنەکان نەماون، بەڵام ئەوەشیان چەندە زیانی بەو دیدە چێخۆڤیەی ناو نمایشەکە گەیاندووە، هێندەش پەیوەستە بەستراتیژی گوتاری نمایش بەهۆی ئەوەی ئەتمۆسفێری نمایشەکە دەیەوێت قسە لەمرۆڤی هاوچەرخ بکات، نەک مرۆڤێک کە نووسەر لە ١٩٠١ شانۆنامەکەی تیا نووسیوە، دەرهێنەر لەهەوڵی ئەوەدایە کاتێک لە ٢٠١٢ ئەم شانۆنامەیە نمایش دەکات، قسە لەو بینەرە بکات کە ئامادەبووی نمایشەکەیە، دەیالۆگەکانی نووسەر وەک خۆی ماونەتەوە جگە لەهەندێک دیمەن کە چڕبوونەوەو لابردنی ووشە و دەستەواژەی لابردووە، بەڵام لەڕووی جل و بەرگ ودیکۆر و ئەتمۆسفێرەو نزیکی کردۆتەوە لەژیانی ئەمڕۆدا، ئەوەش وای کردووە فەزا چێخۆڤیەکە وابەستەی ئەمرۆ بکات، نەک وەک پابەندبوونی بە گریمانەی ناو تێکستی نووسەر، ئەگەرچی کردەی بینین لادانی نەخولقاندووە لەدنیای نووسەرەوە، سەرەنجام ئەوەی دەیبینین شانۆگەری سێ خوشکە بە دیدێکی نوێوە. لەڕێی پێکەنین و سرووتێکی شادیەوە دەیەوێت خەمی سەر ڕووی کارەکتەرەکان بگۆڕێت، بەوەی مرۆڤەکان هەمیشە ئومێدێکیان هەبێت بۆ ژیان، هەڵبەت ئەوە لای نووسەریش بوونی هەیە، بەڵام کارەکتەرەکان هەمیشە خەمگینن گەرچی لەبنەرەتدا خەونیان هەیە، بەتایبەت خوشکەکان کە خەون بە گەڕانەوە بۆ مۆسکۆ دەبینن، بۆیە لەهەندێک شوێندا دەرهێنەر بۆ ئەوەی بنیاتی ئەو شادیەی کارەکتەر بکات، دێت هەندێک ووشە وەک پەیوەندی ڕووخسار بە کارەکتەرەکان دەبەخشێت.

*ئایا ئەزمونیتر لەو شانۆیەدا لەگەڵ تێکستی تر تاقی کرایەوە؟

-لەئێستادا «ئاندژێ ڤایدا» دەکەوێتەوە خەیاڵ لە سەردەمی سۆڤیەت و دوای سۆڤیەت شانۆگەری (هاملێت) ی شکسپیر پێشکەش دەکات، لەڕێی سینۆگرافیاوە دوو سەردەمی جیاواز دەخوێنێتەوە، بەبێ ئەوەی دیالۆگ لابەرێت، یان ماچیێۆڤسکی شانۆنامەی (باوک) ی سترێندبێری دەخاتە سەر شانۆ، دیالۆگ لا نابات بەڵام یەک دیمەنی کورتی بانتۆمایم زیاد دەکات کە نمایشەکە تەواو دەبێت هەست دەکەیت باس لەکۆمەلگای پۆلەندی سەردەمی نازیەت دەکات. چونکە دەزانێت ئەتمۆسفێرێکی تایبەت بۆ خوێندنەوەی کۆمەلگا بخولقێنێت، دیالۆگی نووسەریش لا نابات، ئەوە بۆ ئەو مناڵانەی کە پێیان وایە ئێمە بە بێ ئارگۆمێنت قسە دەکەین، بەڵکو ئارگۆمێنتەکان لەپشت زانینی روانینی شانۆییمانە، بەڵام تۆ وەرە سەیرکە ئێمەی کورد چۆن و بۆچی لەگەڵ تێکست مامەلە دەکەین؟ چونکە سەرچاوە بنەرەتیەکەمان لەزەمینەیەکی شانۆیی ناخولقێت، بەڵکو کۆی سەرچاوە تازەگەریەکەمان وابەبەستەی دیدی شانۆی وێنەیی عێراقیە تاوەکو ئەو وێنەیە بکەین بە چاوگەی سەرەکی شانۆی ئەزموونگەری کوردیی، من لێڕەدا لەسەر دوو پێگەی گرنگ دەوەستم، یەکێکیان وابەستەی شانۆی وێنەییە، سەلاح قەسەب دەلێت شانۆکەم لە ساندا مانۆ وەرگرتووە، بەڵام ساندا مانۆ کێیە لە ١٩٨٦ تاوەکو ٢٠٢٦ تەحەدای هەموو شانۆی کوردی و عەرەبی دەکەم یەک دێریان لەبارەی ئەو خانمە خوێندبێتەوەو بزانن کێیە، ئەویتریشیان برادەرێک کتێبێکی نوسیوە لەستایشی کارەکانی هاورێکانی و هەندێکیش ستایشی خۆی دەکات، دەلێت بەبێ ئەو کتێبە کەس ناتوانێت و بۆی نیە باس لە شانۆی ئەزموونگەری بکات، کەواتە پرسەکە ئەوەیە سەرەتا پێویستمان بەوەیە بۆ مێژووی بنەچەکەی شانۆی وێنەی عێراقی بگەرێینەوە، شانۆکە بناسین کەی و چۆن سەری هەڵدا؟ بۆ لەدایک بوو؟ پەیوەندی نێوان فاشیزم و شانۆی وێنەیی چیە؟ ئەی ساندا مانۆ کێیە؟ بەدوای ئەوەی وەلامی ئەو پرسیارانەمان دایەوە، ئەوسا دێین بۆ قسەکردن لەشانۆی ئەزموونگەری کوردی پشت بە کتێبی ئەو برادەرە دەبەستین و لەروانگەی کتێبەکەی ئەو وەک ئارگۆمێنتێکی شانۆیی قسە لەو رۆژگارە دەکەین، سەرەتا با لەسەر شانۆی وێنەیی بوەستین، لەکۆتایی سالی ١٩٧٦ سەلاح قەسەب نمایشێک بۆ یەکەم جار پێشکەش دەکات لەگەل گروپێکی لاو بەناوی «كيف فسرت الخلود عند كلكامش» شانۆکاری عێراقی سەعدون عوبەیدی لەگۆڤاری ئەلف با، ژمارەی کانونی دووەمی ١٩٧٧ بە دوو لاپەرەی گۆڤارەکە باس لەو نمایشە دەکات، نمایشەکە وەک لەو قسانە دەردەکەوێت وەک نمایشێکی ئاسایی سەیرکراوە، ئەگەرچی عوبەیدی لەوتارە پانۆراماییەکەیدا دەیەوێت بە گرنگ باسی نمایشەکە بکات، کە سەرەتای دوورکەوتنەوەی قەسەب دەبێت لەشانۆ و بەرجەستەکردنی شانۆ لەرێگەی جولەو وێنەو کەمترین دیالۆگەوە، کاتێک دەرواتە ڕۆمانیا بۆ خوێندن دەبینێت ژنە دەرهێنەری رۆمانی ساندا مانۆ بایەخی بۆ ئەو فۆرمە هەیە، بەلام تێگەیشتنێک نیە بەناوی شانۆی وێنەی ڕۆمانی، بەلکو لەچەند نمایشێکدا ئەو خانمە ویستویەتی وا کار بکات، ساندا مانۆ لەدایکبوی ١٩٣٣ و لە ٢٠٢٣ ماڵئاوایی لەژیان کردووە، جگە لەکاری وەک دەرهێنەری شانۆیی، وەک دەرهێنەری کورتە فلم و زنجیرەی تەلەفزیۆنی کاری زۆری کردووەو ئەوەش ناوبانگێکی زیاتری بۆ پەیدا کردووە، بەتایبەت چونکە ئەو لەخانەوادەیەکی هونەریە و کچی ئەکتەری ناسراوی رۆمانی ئیۆن مانۆ ١٨٩١-١٩٦٨ باوکی ئەکتەرێکی ناسراوی شانۆی نیشتمانی بۆخارست بوو، هەروەها هاوسەرەکەی «ستیڤان تابالاگا» کەسایەتی ناسراوی کۆمەلگای رۆمانیە، ساندا مانۆ مامۆستای زانکۆ بوو لەبواری شانۆدا،. لەژیانیدا لە رۆمانیا زیاد لە ١٢٠ شانۆگەری دەرهێناوە، سەرەتای کارکردنی لەشانۆی نیشتمانی بوو لە یاش، بە شانۆگەری (تاونول) ، ئەوە بەسەرەتای ڕاستەقینەی کاری شانۆیی ئەو دادەنرێت، کە دەرگای لێکردەوە بەرەو ڕووی شانۆ گەورەکانی ڕۆمانیا هەنگاو بنێت، لەوانە شانۆی نیشتمانی و شانۆی میک و شانۆی کۆمێدیا، ڕەنگە پرسیارەکە ئەوە بێت بۆچی لەسەر پانۆرامای ژیانی ئەو دەوەستین؟ چونکە چل سالە عەرەبەکان پێمان دەلێن شانۆی وێنەیی لە ساندا مانۆ وەرگیراوە، بەلام یەک دێرمان لەبارەی کاری ئەو پێ نالێن، بۆ ئەوەی شانۆکارە ئەزموونکارەکانی ئێمەش ئاشنایەتی لەبارەیەوە پەیدا بکەن، ئەو وێنە پانۆراماییە بە پێویست دەزانین. بەدوای یەکەم کاری توانی لەگەل شانۆی نۆتارا کار بکات و ساڵی ١٩٥٧ شانۆگەریەک نمایش بکات بەناوی (ئیکاترینا تیۆدۆریۆ)، دوو سال دواتر شانۆگەریەکی شپبنهاور پێشکەش دەکات، هەروەوها لەسەرەتا لەتەک شانۆی موزیکال و ئۆپەرێتیش کاری کردووە. هەروەها هەندێک لە شانۆگەریەکانی بردۆتە ولاتانی ترو لەوێ نمایشی کردوون لەوانە ئەلمانیاو ئەمریکا، گەشتی هونەری کردووە و کارەکانی ن ایشکردووە لە وارشۆ و مۆسکۆ و بلگراد، لەشانۆی نیشتمانی بە شانۆگەریەکی کۆمیدی مۆلێر بەناونیشانی «پیاوێکی نەخۆشی خەیاڵی» خەلاتی باشترین دەرهێنەری شانۆیی وەرگرتووە، ئەوەش ئارگۆمێنتێکی گرنگە کە بزانرێت دەقی شانۆیی گرنگیەکەی لەبوونیدا نەک وەک سەلاح قەسەب بانگەشەی دەکات، تەنانەت مامۆستاکەی بە شانۆنامەیەکی کۆمیدی مۆلێر خەلاتی باشترین دەرهێنەر وەردەگرێت، چونکە بە باشترین شێوە کۆمیدیاکە دەخاتە سەر شانۆ، هەروەها دکتۆرای شانازی پێدراوەو لە سالی ٢٠٠٣ یەکێک لە سەرکەوتووترین کارە شانۆییەکانی پێشکەش دەکات بەناونیشانی «چۆن نیوەکەی ترمان خۆش بوێت” کە لەسەر شانۆی بچووکی ژوور لە بۆخارست نمایش کراوە، کە دۆستانی ئێمە ئەم شانۆ بچووکەیان وا راڤەکرد کە دەبێت لە ژوورێک نمایش بکرێت، لەسالی ٢٠١١ شانۆگەری «دەنگێکی مرۆیی» ژان کۆکتۆ دەخاتە سەر شانۆ، لەنواندنی ژنە ئەکتەر (ئۆوانا بیکیا) ئەوەیان بەپێی ئارگۆمێنتەکان وەک دواهەمین کاری شانۆیی ئەو دادەنرێت هیچ قۆناێکی ژیانی شانۆیی ئەودا رەخنەگران و توێژەران بەگرنگەوە لەسەر نمایشە بانتۆمیمەکانی ناوەستن، وەک پێگەی باڵای شانۆی وێنەیی ئەودا قسەی لەبارەوە ناکەن، گەر کۆمەلێک ئارگۆمێنت هەبوو، توانی ئەوەمان بۆ بسەلمێنێت دەکرێت هەڵەی خۆمان ڕاست بکەینەوە، بەلام لەکۆی ئەو وتارە فەرەنسی و پۆلەندیانەی لەبارەیەوە نوسراون ، ئاماژە بەهیچ هەولێکی ئەو ناکات لەشانۆی وێنەیی و بەگرنگی قۆناغی ژیانی شانۆیی ئەو دانانرێت.

*تۆ قسەیەکت کرد وتت لەتێگەیشتنی عەرەبەکان بۆ شانۆی خۆرئاوایی دوور بکەوینەوە مەبەستت هەر لەم شانۆییە یاخود تێگەیشتنێکی گشتی هەیە دەبێت لێی دوور بکەوینەوە؟

-گرفتی ئێمە لەگەڵ کتێبە عەرەبیەکانەوە دەست پێ دەکات، باوەرمان وابوو، هەر کتێبێک بە عەرەبی چاپ دەکرێت ئەوە سەرچاوەیەکی گرنگی شانۆیە، کاتێک لەکتێبێکدا دەنووسرێت شانۆی نوێی ئەوروپی ئیدی ئێمە واتێدەگەین بە خوێندنەوەی ئەو کتێبە وەک ئەوەیە لە ئەوروپا بین وئاگامان لەم شانۆیە بێت، بەڵام کاتێّک سەیری ئەو سالە بکەیت ئەو کثێبەی تیا نووسراوە، پەنجا ساڵ پێش ئێستایە، ئیدی نوێ بوون چ مانایەکی هەیە، ئەوە سەرباری ئەو فانتازیە عەرەبیە لەوەسفی درۆزنانە بۆ نمایشی خۆرئاوایی، باوەر ناکەم هیچ کتێبێک هەبێت لەکتێبەکانی سەمیر سەرحان و سەعد ئەردەش خراپتربن لە مەعریفەی شانۆییدا، وەسفێکی ڕەوانبێژی دروست دەکەن و دیدی رەخنەیی تیایدا ئامادە نیە، سەرحان کتێبێکی هەیە بەناوی “تجارب جديدة في فن المسرحي” ئەو کتێبە لەکۆتایی هەشتاکان دۆستانی شانۆی ئەزموونگەری کوردی لە پاشکۆی عێراق و هاوکاری دەیانکرد بە سەرچاوە، وەریاندەگێرا وتاریان لێ ئامادە دەکرد، بەشێوەیەک باسی مارا- سادی پیتەر بروک دەکات، مرۆڤ گەر نمایشەکە نەبینێت تووشی رامانێکی فانتازی دەبێت، من ئەو کارەم بە دی ڤی دی بینی، خاڵیە لەهەموو ئەو وەسفە درۆزنانەی ئەو کتێبە عەرەبیە، وەک ئەوەی شیعری هۆنیبێتەوە بۆ نمایشەکە، سەرەنجام ئەو کتێبە دەبێت بە یەکێک لەسەرچاوەکانی شانۆی ئەزموونگەری کوردیی، یاخود کاتێک باس لە مهابهارتا دەکەن، وا دەزانیت داهێنانی شانۆیی لەوێوە لای بروک سەری هەلداوە ، بەداخەوە کە ڤیدیۆکە دەبینیت نمایشەکە هێندە ماندووکەرە، نازانم گرنگی ئەو نمایشە لەنەخشەی شانۆدا چیە، جگە لە ئاشنابونی خۆرئاوایی بە کولتوریی هندی، گەر گرنگیەکە لەوەدابێت دەبێت کولتوریی کوردیی گرفتی تەنیا ئەوە بێت دەرهێنەرێکی خۆرئاوایی نەهاتووە بیکاتە نمایش، بەڵام ئێمەی کورد ئەم سەرسامیە لەکوێوە دێنین، من لەوە تێناگەم، ئەوەی تێی دەگەم کتێبە خراپە عەرەبیەکانە، پێویستە شانۆکاری کورد بگەرێتەوە سەر سەرچاوە راستەقینەکان، ئەکتەرو دەرهێنەری کورد دەبێت بگەرێنەوە بۆ ستانسلاڤسکی، پێویستە ئەو فریودانە مێژوویەی نەوەی تازەگەری کوردیی پەردەی لەسەر هەڵبمالدرێت، دەشێت ئەوانیش فریوی دەستی عەرەبەکان بووبن ، بەڵام چیتر ناکرێت فریوو بخۆین، با نمونەی دوو کتێبی تری عەرەبی بێنینەوە، کتێبێکی سامی عەبدولحەمید و بەدری حەسون فەرید هەیە بەناوی “مباديء اخراج المسرحي” کە لە کۆلژی هونەرە جوانەکانی بەغدا وەک گرنگترین سەرچاوەی دەرهێنانی شانۆیی وەردەگیرێت، باشە ئەو کتێبە بخوێنەوە خۆشیان نایشارنەوە کۆلاژو کورت کردنەوەی کتێبەکەی ئەلکسەندەر دینە بەناوی”أسس الإخراج المسرحي” جا پێویست دەکات خۆمانی پێوە خەریک بکەین ڕاستەوخۆ پێویستە سەرچاوە راستەقینەکە بخوێننینەوەو نەک کتێبە ئامادەکراوەکە لەلامان ببێت بە سەرچاوەیەکی گرنگی شانۆیی وەک کە لەبەغدا هاتونەتەوە بەگرنگەوە باسیان لەو کتێبە کردووە، کتێبێکی تر هەیە کە عەونی کەرومی نوسینەوەیەتی بەناوی «فن التمثيل” کە کورتکراوەی کتێبی ئامادەکردنی ئەکتەری ستانسلاڤسکیە، کارێکی باشی کردووە کە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو، بەڵام چ پێویست دەکات نامیلکەیەکی ئامادەکراو بخوێنینەوە کە کتێبە ئورگینالەکە لەبەردەست بێت، قسەی من لەسەر ئەو دۆخە عەرەبیە خراپەیە کە باڵی بەسەر شانۆی ئێمەدا گرتوو تا ئێستاش بەری نەداوە.

*ئێمە هەر لەرێی ئەو کتێبانە و بەزمانی عەرەبی شانۆو تیۆریستەکانیمان ناسی، بۆ نمونە گۆردن گریک، دەتوانیت نکولی لەوە بکەیت؟
-گۆردن گریک ناوێکی ناسراوە لەمێژووی شانۆدا، بەڵام پێویستە ئێمە لەوە تێبگەین، ئەو دەتوانێت چی بە ئێمە ببەخشێت، ئاخۆ گەر ڕوانینەکانیمان سەپاندە سەر بیرکردنەوەی خۆمان دەتوانین ببین بە شانۆکاری تازەگەر؟ هەر بەڕاست ئێمە بڕوامان بەم ڕوانینانە هەیە یاخود تەنیا وەک ناو وەریان دەگرین؟ هەموو ئەو ناوانەی شانۆی خۆرئاوا کاتێک دەسەلاتی ڕەها لە دەرهێنەر وەردەگرنەوە، بەڵام شانۆی کوردی بە شانۆی ئەزمونگەریشەوە دەسەلاتی ڕەها هی دەرهێنەرە نەک ئەکتەر، لێرەوە جیاوازی بنەرەتی ئێمە لەگەل گرۆتۆڤسکی دەست پێدەکات، چونکە ئەو باوەری وابوو دەسەلاتی ڕەها بۆ ئەکتەرە، بەلام بیرکەرەوەو خاوەن دەسەلات لەشانۆی ئەزموونگەری کوردیدا بۆ دەرهێنەرە، دەرهێنەر بیرکەرەوەو خولقێنەری نمایشە، بەپێی ئەو کتێبەی لەبارەی شانۆی ئەزموونگەری کوردیی یەکێک لە ئەندامەکانی نووسیویانە باس لەوە دەکات کە شەماڵ عومەر وەک دەرهێنەر کارەکان دەخولقێنێت، ئەوە دۆخێکی سرووشتیە، چونکە مەعریفەی شانۆی ئێمە مەعریفەی باڵای تاکە، دەگوازرێتەوە بۆ ئەوانەی خوارەوە، رێک وەک پێکهاتەی حزبی، سەرۆک بیردەکاتەوە، دەوروبەری سەرۆک و ئەندامانی بەدەوریدا خول دەخۆنەوە، لەشانۆی ئێمەدا هەر وایە، دەرهێنەر بڕیاردەدات بنیات دەنێت، ئەوانیتر دەبنە جێبەجێکاری پلانەکانی دەرهێنەر، ئێمە لە تیپی شانۆی ئەزموونگەری کەرکوک هەموو پلانەکان وابەستەی بیرکردنەوەی شانۆیی من بوو، تا ئاستی ئەوەی رۆژێک فریاد ئەحمەد ووتی «من واز دێنم چونکە تەنیا تۆ دەزانیت چی دەکەیت، ئێمە کەسمان نازانین خەریکی چین تەنیا پلانەکان و بریارەکانی تۆ جێبەجێ دەکەین، ئێمە نازانین خەریکی چین» ئەو قسەیە پڕ بوو لە حەقیقەت، بەلام بەر لەویش کاردۆ محەمەد لە کۆرێکی ڕەخنەیی لەبارەی یەکێک لەنمایشەکانمان ووتی «کارەکانی ئێوە تەنیا بۆ دەرهێنەرەکەی ئەزموونگەریە، چونکە ئەکتەر ئەزموونکار نیە و تەنیا پلان و بریاری تۆ جێبەجێ دەکات» با بگەرێینەوە بۆ گۆردن گریک و پرسیارەکەی تۆ، ئێمە بروامان بە روانینەکانی هەیە؟ ئەو چی ویست لە شانۆدا؟ ئێمە گەر بڕوامان بە گۆردن گریک بێت دەبێت دژە گرۆتۆڤسکی بین، چونکە ئەو گرنگیە بە ئەکتەر نادرێت، بەلکو بە بووکە شووشە دەدرێت، گرفتەکە ئەوە بوو ئەو دەرهێنەرانە ویستیان گۆڕان لە شانۆی خۆرئاوا بەرپا بکەن، بەلام نەیانتوانی، بۆیە هەمیشە ناچار دەبوون بۆ کولتوری خۆرهەڵات بگەڕێنەوە، گریک وای نەکرد، بەلام هات پێشبینی و تێگەیشتنەکانی بکات بە پێشنیاری داهاتوو بۆ شانۆ، ئەوەی خستە ڕوو کە «شانۆ لە ئایندەدا دەبێت بە شانۆی جولە و ئاماژە ئەو رۆژەش دێت دەقی شانۆیی بوونی نەمێنێت» پێویستە لەسەر ئەو تێگەیشتنەی بووەستین، ئایا سەدەی بیست و یەک سەدەی چوونە ناو ئایندەی شانۆیە؟ هەڵبەت بەپێی تێگەیشتنی ئەو، کەواتە کە هات هەموو شتێک وەلا بنێت، ئەوە بۆ ساتەوەختی خۆی گۆڕانی فۆڕم و تێگەیشتنێکی نوێیە، بەلام وەک بۆدلێر لەشوێنێکدا جیاکاری دەکات لەنێوان تازەگەری کاتی و تازەگەری نەمر، دەبێت گریک وەک تازەگەریەکی کاتی ناو بەرین، بۆچی؟ لەشانۆی خۆرئاوا ئەمڕۆ دەقی شانۆیی لەهەموو ساتێک زیاتر پێگەکەی گرنگە، شانۆ گەورەکانی دنیا سەر لەنوێ باوەشیان کردۆتەوە بۆ شاکارەکانی شکسپیر و چێخەڤ و مۆلێر و و بیکیت، شانۆی جولە و ئاماژە بوو بە کاری دەستەبژێری و گروپە بچووکەکانی پێرفۆرمانس، بۆیە گریک دەشێت بۆ پێرفۆرمانس دەروازەیەکی گرنگ بێت، بەڵام تێگەیشتنەکانی بۆ شانۆ شکستیان هێنا، کتێبە چاپکراوە شانۆییەکان لە ولاتێکی وەکو فەرەنسا زیاتر دەقی شانۆیین تا دەگات بە توێژینەوەو ڕەخنە، رێک بە پێچەوانەی تێگەیشتنی باوی ئێمە، بینەران و خوێنەران بە خۆشحالیەوە باوەشیان بۆ دەکەنەوە، هەر شانۆکارێکی کورد دەتوانێت لەگەڵ ئەو تێگەیشتنە ڕێ بکات کە خۆی دەیەوێت، بەڵام کاتێک ڕوانینەکانی وەک مەعریفەی بالاو تاکە تێگەیشتن بۆ شانۆ ناو دەبات، پێویست دەکات لێی بێینە دەنگ و هەندێک تێگەیشتن بخەینە ژێر ڕەخنەوە، پێویست ناکات وەک ئەوەی سالانێکی زۆر ئێمە فریوودراین، ئەم نەوە نوێیەش وا بخەڵەتێندرێت، با هەموو شانۆکاری کورد لەخۆرئاوا بێن پێمان بڵێن شانۆی ئەزموونگەری لەئێستادا لە کوێیە؟ ئەو روانینانەی پەنجا ساڵ پێش ئێستا تەواو بوون، ئاخۆ ئێستا بەو گرنگیە سەیر دەکرێن؟ یاخود تەنیا بۆ توێژینەوەی ناوەندی ئەکادیمی و گروپە پێرفۆرمانسیەکان گرنگی خۆیان هەیە؟ کاتێک نەتوانیت گفتوگۆ بکەیت دەبێت بێیت سوکایەتی بکەیت جنێو بدەیت حیکایەتی کۆنمان بۆ بگێڕیتەوە، قسە لە ئارگۆمێنت دەکەن، فەرموو با ئارگۆمێنتەکان بخرێنە ڕوو، هەر شانۆکارێکی ئەوروپی جگە لە ئێمە دەزانێت جیاوازیە بنەرەتیەکانی پێرفۆرمانس و شانۆ چیە.

  • کاتی ئەوەیە بزانین ئەو جیاوازیە چیە کە ئێمە نایزانین؟ ناکرێت تا سەر ئەو بێدەنگیە یەخەمان بگرێت؟ کەواتە فەرموو ئێستا دەرفەتێکی باشە تۆ ئەو کارە بکەیت و پێمان بڵێیت جیاوازیەکانیان چین؟

    -من لەوەدا هاورام، بۆچی؟ دیارە هەر نیازی ئەم گفتوگۆیە لەسەر ئەم لۆژیکە دامەزراوە، گرفتێک لەئارادا نیە، ئەوەی هەیە چۆنیەتی ڕاستکردنەوەی رۆشنبیریی شانۆییمانە، خالەک دابنێین بۆ ئەو نا ئاگاییەی بە رۆشنبیریی ناسیومانە، گرفتەکە لەوێدایە زمان فێربیت شانۆی دنیا ببینیت، بەلام نەتوانێت دەستبەرداری ڕوانینەکانی رابردووت بیت، کە کتێبە عەرەبیەکان فێریان کردوویت، ئەوە تەنیا مانای یەک شت دەگەیەنێت، ئەویش ئەوەیە تۆ وازت لەوە هێناوە بخوێنیتەوە، بەڵام کتێب دەنووسیت، لێدوان دەدەیت، دەچیتە بەردەمی مایکەکان، هەر هێندەی هەڵەت ڕاست کرایەوە تووشی دەرمارگرژی توڕەیی و ڕق دەبیت، نا دۆستان لەدەرەوەی خۆشەویستی هیچ شتێک بوونی نیە، بەڵام پێویستە خۆشەویستی نەبێتە هۆکاری کوێریی، ناکرێت دۆستایەتی و خۆشەویستی بێدەنگمان بکات، با دۆستان لەخۆیان بپرسن من گرفتم لەگەل کامیان هەیە؟ کێشەکە گرفتی کەسی نیە، بەڵکو بابەتەکە پەیوەستە بە خودی شانۆ خۆیەوە، ئێستا تۆ دەپرسیت جیاوازی پێرفۆرمانس و شانۆ چیە؟ ناکرێت وەک دە ساڵ پێش ئێستا قسە بکەم، بەڵێ ناچارم پێت بلێم نمایشی شانۆیی کە لەسەر تەختەی شانۆ هاتە خوارەوە، شانۆی ئەزموونگەری نیە، بەڵکو پێرفۆرمانسە، پێرفۆرمانس پێویستی بە دەق نیە ، دیالۆگی ناوێت، هۆلی شانۆیی بۆ گرنگە، بینەرێکی دەستەبژێر یاخود دەست نیشانکراو دەیبینێت، جاران بەو شتانەمان دەووت شانۆی ئەزموونگەری، ئەوانە پێرفۆرمانسن، بۆیە مێژووی شانۆی ئەزموونگەری کوردیی لەراستیدا مێژووی پێرفۆرمانسە، ئەوە سڕینەوە نیە، هێندەی هەڵوەشاندنەوەی سێنتەری ئەزموونگەریە، سێنتەر نیە، بونیادەکانن تێمان دەگەیەنن. لێرەدا بونیادەکان چین؟ بیرۆکە.. پێرفۆرمێر.. دەنگ.. جولە، ئەوانە چەمکە سەرەکیەکانی ئەزموونگەری نین، توڕە مەبن، بونیادن لەناو پێرفۆرمانسدا، رەنگە ئێستا پرسیاری ئەوەت لەلا دروست بێت شانۆی ئەزموونگەری چیە؟ کێ ئەزموونگەرە؟ من هەر لەسەرەتاوە وتم تا ئەم گتوگۆیە تەواو دەبێت پێویستمان بە هەناسە درێژی هەیە، تا قسە لەسەر هەموو پرسەکان دەکەین، بەلام نمایشی شانۆیی دەق کۆلەگەی سەرەکیەتی، ئەکتەر چۆن بە باشترین شێوە دەقی نووسراو لەسەر شانۆ بەرجەستە دەکات، دەرهێنەر ناوەندگەرێتی نێوان دەق و ئەکتەرە، چۆن ووشەکانی نووسەر لەرێی ئەکتەر بەرجەستە دەکات و ئەو دنیای ووشەیە دەکات بە دنیای بینین، نەک بێت دیالۆگ ببڕێت و دیمەن بسڕێتەوە، شانۆکارێکی فەرەنسی ئەم سەردەمە هەیە کە تیای دەژین، نوسەرو دەرهێنەرە ناوی «ژۆزیف دانان» ە لەسالی ٢٠١٣ کتێبێکی گرنگی لەو بارەیە نووسیوە بەناوی «لەنێوان شانۆ وپێرفۆرمانس» ، هەر بۆ خۆی خوێندنەوەی ئەو کتێبە دەتوانێت هەموو خەوشەکانی ئێمە لەرابردوو راست بکاتەوەو ناچارتان بکات وەک من نەتوانن بێدەنگی لێ بکەن، پرۆژەکەی ژۆزیف لەبارەی دراماتۆرگیە، ئەوە کتێبی دووەمیەتی، خۆی پرۆژەکە بریتیە لە سێ کتێب، سەرباری کتێبەکانیتری، پرسیارێک لەم کتێبەدا دەکات، بڕوام وایە پرسیاری هەموومانە، وەلامە بەو خەیاڵەی کە دەوترا شانۆی خۆرئاوایی چیتر دەقی بۆ گرنگ نیە و وێنەی شانۆیی بەلاوە مەبەستە، نوسەری ئەو کتێبە دەپرسێت: ئاخۆ دەق لەشانۆی هاوچەرخدا سێنتەری نمایشە یاخود وەک هەر پێکهاتەیەکی تری نمایشە؟ دێت باس لەو چەند دەیەی کۆتایی دەکات، بەدرێژایی کتێبەکە خاسیەتە جیاوازەکان دەخاتە ڕوو لەنێوان شانۆ وپێرفۆرمانس، بە نمونە باس لەوە دەکات کە چۆن لە نمایشی شانۆییدا تەواوی گرنگی بە دەق دەدرێت، ئەو دەبێتە سێنتەری نمایشی شانۆیی، ئەگەرچی نوسەر نەهاتووە شانۆ و پێرفۆرمانس لەیەکتر جیا بکاتەوە، بەڵام باس لەهەموو ئەو گەشەسەندنە دەکات کە پێرفۆرمانس ویستی لەناو شانۆی هاوچەرخدا بیخولقێنێت، بەلام سەرەنجام وایکرد پێڕفۆرمانس خاسیەتەکانی خۆی لەوە دەست نیشان بکات لەشوێنی دەق «دەرهێنەرو ئەکتەر ودەنگ و جولە و ڤیدیۆ» بەیەکەوە مانا درووست دەکەن، واتە چیرۆک لە پێرفۆرمانس بریتی نیە لەوەی لەناو دەقی شانۆیی هەیە، بەڵکو ئەوانە دێن لەشوێنی دەق بەیەکەوە بیرۆکە یان بابەتێک دروست دەکەن، دەقیش دەکاتە بیانویەک، یاخود وەک بیرۆکە وهێلێک سەیری دەکات، ئەوەش وا دەکات نوسەر نەبێتە خاوەنی کارەکە، بەلکو دەرهێنەرشوێنی ئەو دەگرێتەوە، نوسەری کتێبەکە هەموو ئەو خاسیەتانەی لەپێرفۆرمانس ئاماژەی بۆ دەکات، سەلاح و قەسەب و موریدەکانی بە شانۆی ئەزموونگەری ناو دەبەن، بەڵام ئەو دێت باس لە پێرفۆرمانس دەکات نەک سانۆی ئەزموونگەری، کە لەپێرفۆرمانسدا ڕووداوی بینراو لە چیرۆک گرنگترە، خودی ئەکتەر بە گرنگتر سەیر دەکرێت لە بابەت، واتە ئەکتەر خۆی گرنگترە لە ڕووداوەکانی ناو چیرۆکەکە، لەکۆتاییشدا باس لەو گفتوگۆیە دەکات کە چۆن شانۆ و پێرفۆرمانس دەیانەوێت بەیەکەوە گەشە بکەن، لێرەدا جیاوازیەکی تر دەدۆزێتەوە ناویان دەبات «دەق وەک ئامادە لەشانۆدا» جیاواز لە «بەکارهێنانی دەق لەپێرفۆرمانسدا» بەکورتی شتێک نیە بەناوی شانۆی ئەزموونگەری کوردیی، بەلکو ئەوەی هەبوو پێرفۆرمانس بوو، بەڵام هێشتا بەدوای ساڵانێکی زۆر دۆستان شەردەکەن لەسەر شانۆ ئەزموونگەریەکەیان، بە بروای ئێمە باشتر وایە، بێن دانبە خەوش و ناتێگەیشتنەکان بێنن، ئەوەتا تا ئەمرۆش دەیانەوێت ئەو وێنەیە درێژە پێبدەن و بڕوامان پێ بێنن بۆ شانۆی ئەزموونگەری، نەک پێرفۆرمانس.




دەوڵەت لەم قۆناغەدا تەنها یۆتۆبیایە.. نووسینی: یاسین لەتیف

ئەنتۆنیۆ گرامشی زۆر بە جوانی باس لە ڕۆشنبیری ئۆرگانیکی دەسەڵات دەکات و ڕوونی دەکاتەوە ئەم فۆرمە لە ڕۆشنبیران چ ڤایرۆسێکن بۆ گیانی خەڵک و دەبنە دەمڕاستی دەسەڵات و خەڵک لە خشتە دەبەن بۆ ئەوەی خەڵک لە ڕاستیەکان تێنەگات و زەلیلی دەسەڵات بن و بەرژەوەندیەکانی ئەوانیش پاریزراو بێت . پێش هەموو شتێک حەقیقەتێک هەیە هەمومان پێی ئاشناین هەموو تاکێک لەم کوردستانە خەون بە دەوڵەتی کوردیەوە دەبینێت ، خەون بەو مانایەی ئاواتی ئەوەیە کورد قەوارەیەکی سیاسی سەربەخۆی هەبێت ، یان خەون بەوەوە دەبینێت لە کوردستان دەوڵەتێکی مەدەنی مۆدێرن هەبێت کوردستان لە ڕووی ئەمنی و ئابووریەوە بپارێزێت و بەختەوەی و ئاسودەیی کۆمەڵایەتی و ڕەفاهیەتی ژیان بۆ خەڵک دەستەبەر بکات و ، هەروەها یاساو دەستورێکی مەدەنی سیکۆلاری هەبێت هەموو تاکێک لە بەرامبەریدا یەکسان بێت بێجێوازی مەزهەب و ئاین و ڕەنگو نەتەوەو بیروبۆچوونی سیاسی جێواز ، هەروەها کار و تەندروستی و خوێندن بۆ هەموو هاوڵاتیەک فەراهەم بکات و کرامەتی هەموو تاکێک بپارێزێت ، ئەم خواستە خواستێکی گشتی هاوڵاتیانی کوردستانە سەبارەت بە ئایندەی سیاسی کوردستان ، بەڵام پرسیارەکە ئەمەیە ئایا بۆ بە دیهێننانی ئەم خواستە گشتیە هەلومەرجەکان لە بارن یان تەنها وەهم و خەونی شاعیرانەیە؟ ئایا ئەو هێزانەی دەسەڵات بە ڕێوە دەبن لە ئاست بەرپرسیارێتی خواستێکی لەو چەشنەن؟ لە ڕاستیدا ناوە ناوە دەبیستین کۆمەڵێک سیاسی خێڵەکی و عەشیرەتگەری و ڕۆشنبیری ئۆرگانیک و کاسەلێسی سیستەم لێرەو لەوێ باس لە پرسی دەوڵەتی کوردی دەکەن تەنها بۆ ئەوەی سفرەکەیان رازاوەترو خواردنەکەیان چەورتر بێت و تۆزێک منداڵەکانیان قەڵەوتر بن ئیتر بێئەوەی لێکدانەوەیەکی زانستی و سۆسۆلۆژی بکەن بۆ کۆمەڵکای کوردستان و پێکهاتەی ئەحزابی کوڕەپانی سیاسی کوردستان بزانن ئەم حزبانە هێزو توانایان چەندەو بۆچون و دونیابینیان سەبارەت بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا و دەوڵەت چ جۆرە میتۆدێکی سیاسی لە هەگبەکەیاندایە یان چ جۆرە دونیابینیەکی سیاسیان هەیە سەبارەت بە کوردستان ؟ ئایا لە ئاستی بە دیهێنانی ئەو خەونە سیاسیەدا هەن ؟ دواجار دەتوانن پارێزگاری لە پایە و سنووری ئەو دەوڵەتە بکەن گریمان بە قودرەتی قادر ئەگەر خەونەکە هاتەدی ؟ ئایا فاکتەری دەرەکی و خۆیەتی لەبارە بۆ سەرخستنی پرسێکی سیاسی لەو جۆرە یان هەردوو فاکتەرەکە ڕێگرن؟ یان ئایا پانتایی جوگرافی کوردستان لە ڕووی جێوپۆلەتیکەوە هاوکارو گونجاوە بۆ راگردنی پایەکانی دەوڵەت لە ناوجەکە ، یان داخراوەو ڕێگرە لە بەردەم خۆڕاگری قەوارەی دەوڵەتدا ؟ئایا ئیکتفای خۆیەتی گرنتی کراوە لە دۆخێکدا گەمارۆ خرایە سەر ئەو دەوڵەتە؟ یان ئایا ئابووری کوردستان کە سیاسیە مافیاو خێڵەکیەکانی کوردستان دەستیان بە سەردا گردووەو ڕۆژانە بە بەرجاومانەوە تاڵانی دەکەن وەکو ئەوەی کوردستان وڵاتێک بێت و ئەوانیش وەکو داگیرکەرێک هاتوون تاڵانی دەکەن ئابووریەکی لەو چەشنە دەتوانێت ببێتە بنەمایەکی ژێرخان بۆ ئابووریەکی سەربەخۆو بەڕێوەبردنی ئەرکو پایەی دەوڵەت ؟ ئەم پرسیارانەو چەندین پرسیاری دیکەش کە هەمووی لە ڕووی زانستی و لێکدانەوەو ڕامانی قوڵەوە بە نەرێیی و نەخێر وڵام دەدرێتەوەو تەنها وەکو وەهم و یۆتۆبیایەک دێنە بەرجاو لەم چرکەساتەدا. چونکە دروست کردنی دەوڵەتیش لەم سەردەم و قۆناغەدا تەنها خەونی کۆمەڵێک حوشترو لە دونیا بێخەبەرە ڕێک وەکو ڕیفراندۆمەکە وایە چۆن لەسەدا پەنجای خاکی کوردستانیان لە دەستدا تا ئێستاش لە سایەی کارێگەرە سیاسیە نەگەتیڤ و هەڵەکانی حەماقەتی ڕیفراندۆمدا دەژین و ڕۆژ بە ڕۆژو ساڵ بە ساڵ دەسەڵاتەکانی هەرێم لە لایەن دەوڵەتی ناوەندەوە بچوک دەکرێنەوەو یان لێیان دەسێنرێتەوە . کەواتە لەم سەدەی بیستویەکەدا ئەکەر سرنجێکی خێرا بدەیەنە گۆڕەپانی سیاسی کوردستان ئەوەی هەمانە کۆمەڵێک ئەحزابی سیاسی خێڵەکی و عەشیرەتگەرین کە تەنانەت ناسیۆنالیزمیش نیین ، هەروەها هەندێک ئەحزابی ئاینی لاهوتی کلاسیک پاشکۆی حیزبە خێڵەکیەکانن ئەم ڕیزە ئەحزابانە هیچ پرۆژەیەکی سیاسی ستراتیژی دوورمەودای هاوبەش و هیچ گوتارێکی سیاسی هاوبەشیان نییە گوزارشت لەم پرسە چارەنوسسازە بکات بۆ ئایندەی کوردستان . کۆمەڵێک مافیاو کارەکتەری بە ناو سیاسیمان هەن کارو پیشەیان جاسوسیە بۆ دەوڵەتە فاشیستەکانی دەوروبەرو ناوجەکە خەون و خەیاڵیان بریتیە لە کۆ کردنەوەی پولوپارەو دزینی سەروتوسامانی کوردستانە بۆ خۆیان و نەوەو بنەماڵەکانیان و هاوڕێکانیان ، کومەڵێک ڕاوێژکاری دروزن و ڕۆشنبیری ئۆرگانیکیان ڕاگردووە بە شانوباڵیان هەڵدەدات یان ئەو ڕێگایەیان بۆ دەدۆزنەوە چۆن چۆنی بتوانن پارە لە خەڵک بکێشنەوە و یان یاساگەلێکی قەرەقۆشیان بۆ دادەتاشن تا لەو ڕێگایەوە بە ناوی یاساوە باخەڵی خەڵک بتەکێنن . کارەساتە گەورەکە لەوەدایە ئێستا کوردستان کەوتۆتە بەر پرۆسەیەکی نەرمە تەعریبەوە لە لایەن کۆمەڵێک سیاسی خێڵەکی و سەرمایەداری دەڵاڵی سیاسیە خێڵەکیەکانەوە بە ناوی شوقە فرۆشتن و موڵک فرۆشتن بە هاوڵاتیانی عەرەبی باشووری عێراق ، کە چی دێنە سەر شاشەی تیڤیەکان باس لە دەوڵەتی کوردستان دەکەن .

نووسینی: یاسین لەتیف




قەڵای بێ دیوار: بۆچی هاوسەرگیری لە سەردەمی ئەمڕۆدا پێویستی بە جیابوونەوەیە لە سێبەری «ماڵی باوک»؟نووسینی: کارزان عزیز

کاتێک لە کۆمەڵگەکەماندا چاوێک بەسەر پرۆسەی هاوسەرگیریدا خشاندن، زۆر جار هۆشی پێویست ناچێتە سەر قووڵایی و قەبارەی ڕاستەقینەی ئەم بڕیارە گەورەیە. خێزان و کەسوکار بە شێوازێکی نەریتی، هاوسەرگیری تەنها وەک ئاهەنگێکی گەورە، گۆڕینی ژوورێک، یان زیادکردنی کورسییەک لەسەر سفرەی ماڵی باوک دەبینن. بەڵام کاتێک سەیری واقیعی تاڵی ئەو ماڵە نوێیانە دەکەین کە پاش چەند مانگێک یان ساڵێک تووشی لەرزین، ناکۆکیی قووڵ و لەبەرپەچبوون دەبن، بۆمان دەردەکەوێت کە کێشەکە زۆر قووڵترە؛ کێشەکە لە نەبوونی تێگەیشتنێکی ڕاستەقینەدایە بۆ چەمکی «سەربەخۆیی خێزانی».
لە ژیانی ڕۆژانەماندا دەبینین کە زۆر جار گەنجان پێش ئەوەی ئامادەیی دەروونی، ئابووری و فیکری تەواویان هەبێت بۆ بەڕێوەبردنی قەڵایەکی سەربەخۆ، دەچنە ناو پرۆسەی هاوسەرگیرییەوە. ئەوان لەڕووی بینراو و فیزیکییەوە خانووێک پێکدەهەنن، بەڵام لە ناوەڕۆک و سیستەمی بڕیارداندا، هێشتا وەک ئەندامێکی سادەی ناو ماڵی باوکیان دەمێننەوە.
یەکەم: خەڵەتاندنی ڕواڵەت؛ جیاوازیی نێوان «نیشتەجێبوون» و «سەربەخۆیی»
یەکەم هەڵەی کوشندە کە لە سەرەتای دروستبوونی خێزانی نوێدا ڕوودەدات، تێکەڵکردنی چەمکی نیشتەجێبوونە لەگەڵ سەربەخۆیی فیکری و دەروونی. کچ و کور کاتێک ماڵی سەربەخۆی خۆیان جیا دەکەنەوە، وای بۆ دەچن کە ئەرکەکە کۆتایی هاتووە و ئەوان ئیتر بڕیاردەری ژیانی خۆیانن. بەڵام لە یەکەم تاقیکردنەوەی قورسدا، یان لە کاتی سەرهەڵدانی بچووکترین کێشەی ناوماڵدا، دەردەکەوێت کە تەلەفۆن بۆ ماڵی باوک یەکەم هانابردنە.
لەم حاڵەتەدا، بچووکترین کێشە، پێش ئەوەی لەنێوان هاوسەرەکاندا بمێنێتەوە و لەسەر مێزی گفتوگۆی تایبەت یەکلایی ببێتەوە، دەگوازرێتەوە بۆ دەرەوە. گواستنەوەی کێشە بۆ دەرەوەی ماڵ، بە مانای هێنانی هێزی دەرەکییە بۆ ناو ژووری نووستن؛ ئەمەش نەک کێشەکە چارەسەر ناکات، بەڵکو درزە بچووکەکە دەکاتە کەلێنێکی گەورە کە ڕۆژ بە ڕۆژ فراوانتر دەبێت.
دووەم: دەستێوەردانی خێزانی لە ژێر پەردەی «دڵسۆزی» و «خەمخۆری»دا
ئەم دۆخە دیاردەیەکی هاوبەشە لە هەردووە ڕەگەزدا، بەڵام لەو کۆمەڵگایانەی کە هێشتا فەزای خێزانیی گەورە و پێکەوەیی تێیاندا باڵادەستە، ڕەهەندی توندتر بەخۆیەوە دەبینێت. دایک و باوک بە ناوی پاکی «دڵسۆزی»، «خەمخۆری» و «شارەزایی لە ژیاندا» دەست دەخەنە ناو وردەکارییەکانی ژیانی تایبەتی هاوسەرەکانەوە.
• لەسێدارەدانی فیکری: لە ژێر ئەم پەردە جوانەدا، ڕێگە بە هاوسەرەکان نادرێت فێری ئەوە ببن کە خۆیان بڕیار بدەن، هەڵە بکەن، و باجی هەڵەکانیان بدەن بۆ ئەوەی پێگەیشتن دروست بێت.
• فشاری سۆزداری: دەستێوەردانەکان هەمیشە بە ڕووکەشی توند نییە، بەڵکو زۆر جار لە ڕێگەی سۆزدارییەوە دەکرێت؛ بە شێوازێک کە هاوسەرەکان ناچار دەبن ملکەچی بۆچوونی دەرەکی بن لە ترسی ئەوەی نەوەک نازناوی «بێوەفا» یان «ناپەروەردە»یان بدرێتە پاڵ.
لە بەرامبەریشدا، لاوازیی هۆشیاریی خودی هاوسەرەکان وا دەکات کە نەتوانن هێڵێکی سوور و ڕوون دابنەن. ئەوان نازانن چۆن سنوورێک لە نێوان ڕێزگرتنی بێپەنای دایک و باوک و پاراستنی سەربەخۆیی تایبەتی ماڵی خۆیاندا دروست بکەن.

سێیەم: جیهانی سەردەم و کاریگەریی تەکنەلۆژیا لەسەر شێوازی پەیوەندییەکان
لە جیهانی ئەمڕۆدا، خێرایی پەیوەندییەکان، سۆشیال میدیا و ئاسانبوونی گەیاندنی زانیاری، ئەم کێشەیەی هێندەی تر قووڵتر کردووەتەوە. لە جاراندا سنووری خێزان کەمێک پارێزراوتر بوو، بەڵام ئێستا بەهۆی پەیوەندیی بەردەوامی تەلەفۆنی و ئۆنلاینەوە، بچووکترین گرژیی نێوان هاوسەرەکان ڕاستەوخۆ دەگاتە دەستی دایک و باوک پێش ئەوەی کێشەکە تەنانەت ساردبێتەوە.
هاوسەرە گەنجەکان لەم سەردەمەدا تووشی جۆرێک لە دووفاقیی دەروونی دبن؛ لەلایەکەوە لەڕووی فیکرییەوە بانگەشەی مۆدێرنیتە و سەربەخۆیی دەکەن، و لەلایەکی تریشەوە لە کاتی تەنگانەدا، تەواوی بڕیارەکانیان دەبەستنەوە بە ڕەزامەندی یان قەناعەتی کەسانی دەرەوەی ماڵەکە. ئەم تێکەڵبوونە بەردەوامە، وەک پەتێکی ناسک وایە کە هێندە ڕادەکێشرێت تا دەپچڕێت.
چوارەم: چۆن دەتوانین قەڵای خێزان لە داڕمان بپارێزین؟
بۆ ئەوەی ماڵی نوێ نەکەوێتە ژێر کاریگەریی داڕمانی بەردەوام، پێویستە هەنگاوی پراکتیکی، عەقڵانی و بوێرانە بگیرێنەبەر:

  1. ڕێککەوتنی ناوماڵ و هێڵە سوورەکان: پێویستە هەر لە سەرەتای بنیادنانی ژیانەوە، هاوسەران لەسەر ئەوە کۆک بن کە کام بابەت و کێشە تایبەتە بە خۆیان و کەسی تر بۆی نییە تێیدا بدوێت.
  2. چارەسەر لە چواردیواری ماڵدا: هەر کێشە و قەیرانێک، هەرچەندە گەورەش بێت، دەبێت لەسەر مێزی گفتوگۆی هاوبەشی نێوان خۆیان یەکلایی ببێتەوە، نەک بگوازرێتەوە بۆ دەرەوەی ماڵ.
  3. پاراستنی سنوری تەندروست: ڕێزگرتن و خۆشەویستی بۆ دایک و باوک ئەرکێکی بنەڕەتییە، بەڵام دەستتێوەردان لە بڕیارە تایبەتەکانی خێزانی نوێ هێڵێکی سوورە؛ تێکەڵنەکردنی ئەم دووانە کلیلی ڕاستەقینەی ئارامییە.
    دەرەنجام
    هاوسەرگیری سەرکەوتوو تەنها بە ئاهەنگ، ڕواڵەت و خانووی گەورە سەرکەوتوو نابێت، بەڵکو پێویستی بە پێگەیشتنی تەواوی دەروونی، سەربەخۆیی فیکری و بوێری لە پاراستنی تایبەتمەندییەکان هەیە. کاتێک هاوسەران فێری ئەوە دەبن کە چۆن قەڵای خێزانەکەیان لە دەستێوەردانی دەرەکی بپارێزن و سنوورەکان بە جوانی ڕابگرن، لەو کاتەدا دەتوانن چاوەڕوانی ئارامی، سەقامگیری و بەردەوامی بن. تەنها لەم ڕێگەیەوە دەکرێت بناغەی داهاتوویەکی تەندروست بۆ خۆیان و نەوەکانی داهاتووش دابنرێت.