ئیلاهیاتی ڕامیاری و سەرمایەداری.. ئەکرەم سەعید

پێشەکی
با لە سەرەتاوە ئەو پرنسیپە دووپات بکەینەوە کە سۆسیالیستەکان دژی بیروباوەڕی ئایینی خەڵکی نین، بەڵکە دژی سەرمایەدارین، دژی تێکەڵکردنی ئایین و سیاسەتن، دژی بازرگانیکردنن بە بیروباوەڕی ئایینی خەڵکییەوە؛ واتە دژی بەکارهێنانی ئایینن وەک ئایدۆلۆژیاێک بۆ مەرامی سیاسی و فریودانی خەڵکی. لەم سۆنگەیەوە وەڵامەکەی حیزبی شیوعی ئەمەریکا بە ترەمپ دروستە:(دوژمنی ئێمە خودا نییە، بەڵکو سەرمایەدارییە.).

خەڵکی ئەمڕۆ ئەگەر بەراورد بکەن لە نێوان دۆخی ساڵانی ۱۹٦۰و ساڵانی دووهەزار، بە ڕۆشنی پاشەکشەی هزری و سیاسی دونیا دەبینن بەرەو ڕاستڕەوی؛ واتە جیاوازی نێوان دۆخی ساڵی ١٩٥٥ هاوپەیمانی بەغداد و دۆخی ڕێککەوتننامەی مەککە ۲۰۲٦.(هاوپەیمانی بەغداد) بە بەشداری”عێراق، تورکیا، بەریتانیا، پاکستان و ئێران”- بوو(دواتر عێراق لێی چووە دەرەوەو ناوی گۆڕا بۆ هاوپەیمانی سەنتو). ئامانجی ئەو هاوپەیمانییە ڕێگریکردن بوو لە فراوانبوونی نفوزی یەکێتیی سۆفێت و بڵاوبوونەوەی بیری شیوعی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەما(ڕێککەوتننامەی مەککە) لە ئێستادا بە هاوبەشی”عەرەبستانی سعوودی، تورکیا و پاکستان”ە. ئامانجی ئەم ڕێککەوتننامەیە بەرگریی ئەو وڵاتانەیە لە مەترسییەکانی دوای لاوازبوونی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا، و دورستبوونی بۆشایێک کە ئێران و ئیسرائیل پڕی دەکەنەوە. ئەوەی لێرەدا بۆ ئەم وتارە گرنگە بەراوردی دۆخی هزرو سیاسی نێوان ئەو دوو ڕێککەوتننامەیەیە. لەیەکەمدا بەشێکی جیهانی سەرمایەداری کۆنەپەرست و تانجی وڵاتانی ئیمپریالیزم بوون دژی بەشێکی پێشکەتووخواز و سیکولار. لەو خولەدا ناوی وەک:(عەبدول کەریم قاسم، جەمال عەبدول ناسر، جۆسیپ تیتۆ ، جەواهرلال نهرو، گیڤارا و هۆشی منە) لە جیهاندا باوی بوو، بەڵام لە ساتەکانی(ڕێککەوتننامەی مەککە) لە ڕۆژئاواوە بۆ ڕۆژهەڵات، بە شێوەیەکی گشتی ناوی سەرکردەو ڕابەری پارتە کۆنەپارێزی بۆرژوازی دڕندە باویەتی، کە ئایین تێکەڵ بە سیاسەت دەکەن.

بۆچی جیهان هێندە لە ڕوی هزرو سیاسەتەوە پاشەکشەی کردووە؟ هۆکاری چییە لە سەردەمی مۆدێرن و لە نێو کۆمەڵگەی مەدەنی بۆرژوازیدا، دوای بزووتنەوەی ڕۆشنگەری و بڵاوبوونەوەی ئەقڵانیەت و بیروباوەڕی ئازادی تاکەکەس و دەوڵەتی سیکولار، جارێکی دی《ئیلاهیاتی سیاسی》هێندە لە جیهاندا پێگەی بەهێزە و ڕۆڵی هەیە؟. بێگومان گەلێ هۆکار هەیە بۆ پاشەکشەی کۆمەڵ، بەڵام دەتوانین لە شرۆڤەی تایبەتمەندییەکانی سەرمایەداری، ڕۆشنتر بنەمای هۆکارەکان بناسینەوە. بۆ وەبیرهێنانەوەی خوێنەری هێژا، من لە چەند وتاری پێشوومدا دەربارەی”تایبەتمەندییەکانی سەرمایەداری” بە کورتی باسم لە【* قەیرانی سەرمایەداری. * دڕندەیی/بەربەریسم. * سەرمایەی وەهمی. * تۆتالیتاریسم/ سەرکوتگەری】کردووە، بێگومان بەبێ باسکردنی ڕۆڵی《ئیلاهیاتی سیاسی》لە سەردەمی مۆدێرندا، باسەکانمان دەربارەی تایبەتمەندییەکانی سەرمایەداری کەموکورت دەبێ.

ئیلاهیاتی ڕامیاری و سەرمایەداری

«ئیلاهیاتی ڕامیاری و سەرمایەداری» یەکێکە لە ئاڵۆزترین بابەتە تیۆرییەکانی سەردەمی نوێ. ئەم بابەتە باس لە کاریگەری ئیلاهیاتی سیاسی لەسەر سیستەمی سەرمایەداری «پێکهاتە ئابوورییەکەی/ ژێرخانی سەرمایەداری» و پێکهاتە هزری و سیاسییەکەی/ سەرخانی سەرمایەداری» دەکات، و تیشک دەخاتە سەر ڕۆڵی گەورەی ڕێکخراوە مەدەنی و سیاسییەکانی ئایینی، لە ململانێی کۆمەڵی نوێدا.
لە سەردەمی کۆندا ئیلاهیاتی سیاسی پایەێکی سەرەکی دەسەڵات بووە؛ لە میسری کۆندا سیستەم بریتی بوو لە تێکەڵکردنی ئایین و دەوڵەت، کە پادشا بە کوڕی خوداوەندەکان یان خۆی بە خوداوەندێک لەسەر زەوی دادەنا، بەم شێوەیە دەسەڵاتی ڕەها و ئیلاهی بە دەسەڵاتەکەی خۆی دەبەخشی. بەم جۆرە سیستەمی حوکمڕانی لەسەر بنەمای “پاشایەتی ڕەها” کە لە ڕووی ئیلاهیاتەوە پشتیوانی لێدەکرا خۆی دامەزراند بوو، پاشا وەک سەرۆک کاهینێک کە بەرپرسیار بوو لە دەستەبەرکردنی دادپەروەری گەردوونی (مەعات) و سەقامگیری وڵات، پشتی بە ئامێرێکی ئیداریی ئاڵۆز دەبەست بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکانی. وە ئیلاهیاتی سیاسی لە وڵاتی چین لە کۆندا: تێکەڵەیەکی ناوازەیە لە بنەما فەلسەفی/ئاینییە نەریتییەکانی(کۆنفۆشیۆسیزم، تائۆیزم)و دەسەڵاتی سیاسی، کە تیشک دەخاتە سەر”ویستی خودایی” وەک سەرچاوەی شەرعیەت، ئەمەش وا دەکات فەرمانڕەوا ببێتە نێوەندگرێک لە نێوان ئاسمان و زەویدا. بەم پێیە لەڕووی مێژووییەوە دەسەڵات بەرئەنجامی تێکەڵاوبوونی ئایین و سیاسەت بووە.
ئەنگلس دەربارەی کۆمەڵگەی نەرێتی نووسیبووی:( لەسەردەمی چەرخی ناوەڕاستدا، مرۆڤایەتی یەک جۆرە ئایدۆلۆژیای زانییوە ئەویش (ئایین و لاهوت) بوو. بەڵام، لەسەدی هەژدەهەمدا، کاتێ بۆرژوازی گەیشتە پلەێک لە هێز کە بەس بێت بۆ ئەوەی ئایدۆلۆژیاێکی تایبەت بەخۆی هەبێت، و گونجاو بێت لەتەکە دۆخی چینایەتی خۆی، بە پشتبەستن تەنها بە هزری یاسای و سیاسی، هەڵستا بە هەڵگیرسانی شۆڕشە مەزن و ڕەساکەی(شۆڕشی فەرەنسا)بێ ئاوڕدانەوە لە ئایین، تەنها مەگەر کاتێ ڕێگری بۆ دروستکردبێ. بەڵام ئەوەی بە مێشکیدا نەهاتووە کە لەبری ئایینی کۆن ئایینێکی نوێ بخاتە جێگەی.) – ئەنگلس/ فیۆرباخ و کۆتایی فەلسەفەی کلاسیکی ئەڵەمانی/ لاپەڕە ٥۱.
ساڵانێکە (لاهووتگەرایی سیاسی)ی هەموو ئایینەکان، وەک ئەنجامێکی قوڵبوونەوەی ناکۆکیەکانی کۆمەڵگەی سەرمایەداری مۆدێرن، لە بوژانەوەدایە، و ڕۆڵی لە سیاسەت و کۆمەڵگەدا زیاد دەکات و جێگا بۆ خۆی داگیر دەکات، لێرەوە شەپۆلی ڕەشی بیروباوەڕی ڕاستڕەوی، هێرش بۆ سەر لیبڕالیزم(ئازادی تاکەکەس و یەکسانی یاسایی هاوڵاتیان )و لایەنگرانی سۆسیالیزم دەبات. ئەگەر بپرسین هۆکاری چییە لە سەردەمی مۆدێرندا، دوای بڵاوبوونەوەی بیروباوەڕی ئەقڵانی و سیکولاری ڕۆشنگەری و فەلسەفەی ماتریالیسمی، جارێکی دی فەلسەفەی ئایدیالیست و بیروباوەڕی نائەقڵانی و کۆنەپارێز دەبووژێتەوە؟ یان بۆچی لەژێر سێبەری مەدەنیەتی بۆرژوازیدا(لاهووتگەرایی سیاسی)ی هەموو ئایینەکان سەوز دەبنەوە؟. بلیخانۆف بەم جۆرە وەسفی کێشەکە دەکات:
“ماتریالیسمه‌کانی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌م پێیان وابوو که ‌بۆ یه‌کجاری کۆتاییان به‌ ئایدیالیسم هێناوه‌و میتافیزیکی کۆن له‌نێوچووه‌و نراوه‌ته‌ گۆڕه‌وه‌، ئیدی ئه‌قڵ هیچ حه‌زی نییه‌ گوێ بیستی بێت، به‌ڵام هه‌ر زوو ئاقاری حاڵه‌کان‌ ڕه‌وتێکی تری وه‌رگرت، ئه‌وه‌ چه‌ند ڕۆژێکه‌ فه‌یله‌سوفه‌کان له ‌ئه‌ڵه‌مانیادا فه‌لسه‌فه‌ی ئادیالیسمیان بووژاندۆته‌وه‌، وه‌ له ‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا گوێکان خنران له ‌ئاست وتاری ماتریالیسمیداو به‌ مردوو ده‌ژمێرا، و له‌لای جیهانی فه‌لسه‌فه‌ و ئه‌ده‌ب بیروباوه‌ڕی ماتریالیسمی وه‌ک “خه‌مۆکی و چەقبەستو” چاوی لێده‌کرا، وه‌ک “گۆته‌” وای ده‌بینی که‌ “ماتریالیسم وه‌ک تارماییێک مووچڕکه‌ به‌له‌شی خه‌ڵکیدا ده‌هێنێ”. به‌م جۆڕه‌ ئایدیالیسمیش به‌ بڕوای خۆی لای وابوو که‌ دوژمنه‌که‌ی بۆ هه‌تاهه‌تایی شکستی پێ هێنراوه‌.” – بلیخانۆف/ به‌رهه‌مه‌ فه‌لسه‌فیه‌کانی – ماتریالیسمی مارکس / لاپه‌ڕه‌ ۱۲۵.
وردبینی‌ بلیخانۆف لەو چەند دێرەی سەرەوەدا بۆ سەردەمەکەمان تابڵێیت بلیمەتانەیە؛ دروست لە نێو بڕێک لە چەپ و سۆسیالیستەکان هه‌مان وه‌همی سه‌رکه‌وتن و بڕوابوون به‌ له‌ نێوبردن و بنبڕکردنی دوژمنه‌کانی فه‌لسه‌فه‌ی ماتریالیسمی مارکس بره‌وی هه‌بوو. که‌س دوای ماتریالیسمی مارکس بڕوای نه‌بوو بیروباوه‌ڕی ئایینی (لاهوتی ڕامیاری) هێنده‌ به‌هێز ببێته‌وه‌. لەڕاستیدا لەژێر سێبەری سەرمایەداریدا (واتە لە سەردەمی مۆدێرن: سەردەمی ڕۆشنگەری و دەوڵەتی سیکولار و کۆمەڵی مەدەنی بۆرژوازیدا)، ئیلاهیاتی سیاسی بە گووتەی مارکس(ئامادەیێکی بەهێزی هەیە). بیرمەندانی وەک: ”سپینۆزا، مارکس، ماکس وێبەر و کارل شمیت” ڕایان وا بوو (کە چوارچێوە تیۆلۆژییەکان بەشدارییان لە سەرهەڵدانی هزر و سیاسەت و دەوڵەتی سەرمایەداریدا کردووە). مارکس لە بەشێک لە بەرهەمەکانیدا لێکچوونەکان لەنێوان مەسیحیەت(وەک ئایین)و (تایبەتمەندییەکانی) سەرمایەداریدا دەکێشێت. ئەم لێکچوونانە بەتاببەتی بەشێوەێکی سەرنجڕاکێش لە کتێبی “سەبارەت بە پرسی جوولەکەکان” دەست نیشانکراوە. مارکس ڕای وا بوو کە ئایین لەژێر سایەی ئەو دەوڵەتە بۆرژوازییە کە سیکولارە ئامادەیێکی بەهێزی هەیە لە کۆمەڵدا، و کارل شمیت دەستەواژەی “ئیلاهیاتی سیاسی”ی بەکارهێنا بۆ ئەوەی نیشان بدات کە هەموو چەمکە مۆدێرنەکانی دەوڵەت چەمکی ئایینی سیکولارن.
بەڕای سپینۆزا ئیلاهیاتی سیاسی ئامانجی کۆنترۆڵکردنی جومگە گشتییەکانی کۆمەڵە، لە ڕێگەی ئایینەوە بۆ مەبەستی سیاسی. ئەمە ناوەڕۆکی کتێبەکەی سپینۆزایە بە ناوی «نامەیەک لەبارەی ئایینزانی و سیاسەت» کە لە ساڵی ١٦٧٠ بڵاوکرایەوە. سپینۆزا ڕای وایە کە بە(سیکولاریزم – جیای ئایین لە دەوڵەت) ناتوانرێ ئیلاهیاتی سیاسی لە کۆمەڵدا کەم بکرێتەوە، بەڵکە دەبێ دەوڵەت زیاتر هەنگاو بنێ بەرەو (جیای سیاسەت لە ئایین)، و دەوڵەت تاکە دەسەڵات بێ بەسەر ئاییندا، ئامانجی ڕاستەقینەی سپینۆزا ئەوە بوو کە دەوڵەت کۆنترۆڵی ئایین بکات، نەک تەنها جیایان بکاتەوە، واتە دەبێ ئایین بخرێتە ژێر سەروەری سیاسی دەوڵەتەوە. مارکس لەم ڕاونگەیەوە نزیگ بووە. لێرەدا مانایەکی تری سیکولاریزم دەبینین، کە جیاوازە لە تێگەیشتنی باو، ئەم ڕوانگەیەی سپینۆزا و مارکس، بەتایبەتی لەلایەن چەپەکانەوە، ساڵانێکە پشتگوێ خراوە.

لیو شتراوس و لاهوتی سیاسی

ئه‌گەر لە‌ زەمه‌نی کۆمە‌ڵگەی یۆنانی کۆندا سۆکرات فه‌لسە‌فه‌ی له ‌ئاسمانەوە‌ دابە‌زاندە سە‌ر زە‌وی، و پێشنیاری بۆ مرۆڤەکان کرد کە ‌بۆ گە‌ڕان بە ‌دوای ڕاستیدا “سه‌یری زەوی بکە‌ن”، ئەوا مارکس لە‌ سەردەمی کۆمە‌ڵگەی سەرمایە‌داریدا، داوای کرد‌ بۆ دۆزینەوە‌ی ڕاستی نامۆی مرۆڤ و چەوسانەوەی مرۆڤەکان، لەبری تەنها پشکنین لە ‌نێو فە‌لسە‌فە و سیاسە‌تدا، دە‌بێ بچینە‌ ڕه‌خنە‌ی ئابووری سیاسی، و ‌شۆڕش بەسه‌ر پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا، واتە شۆڕش به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌ی مەدە‌نی و مۆدێرنی سە‌رمایە‌داریدا، بکە‌ین. بەڵام‌ فه‌لسه‌فه‌ی بۆرژوازی کۆنزەرفاتیزم، به‌پێی ڕێنماییەکانی لیو شتراوس، داوا ده‌کات که‌ جارێکی دی بۆ دۆزینه‌وه‌ی حه‌قیقه‌ت و ڕەوشتبەرزی، ده‌بێ مرۆڤه‌کان ڕووبکه‌نه‌وه‌ ئاسمان و سه‌یری ئاسمان بکه‌ن. لە نووسینی “پێشەکی بۆ کتێبەکەی هۆبز” لیو شتراوس ناوەڕۆکی باسەکانی خۆی ئاشکرا دەکات:( زیندووکردنەوەی لاهووت منی لەگەڵ “کارل بارت و فرانز ڕۆزنزڤایگ”دا دەبەستەوە ،، لەوکاتەوە پرسی”لاهوتی سیاسی” جێی سەرنجی لێکۆڵینەوەکانم بووە.).
سێ سوچکه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی شتراوس بریتییه‌ له‌: ۱/ ڕه‌وشت. ۲/ سیاسه‌ت. ۳/ ڕه‌خنه‌ له‌ مۆدێرنێته‌ و ڕۆشنگه‌ری، و داوای له‌یه‌ک هه‌ڵپێکانی جارێکی دی سیاسه‌ت و ئایین. لیو شتراوس وەک دامەزرێنەری فەلسەفەی سیاسی ڕەوتی «نیوکۆنزەرفاتیزم» لە ئەمریکا تەماشا دەکرێت. یەکێک لەگرنگترین باسەکانی فەلسەفە سیاسییەکەی دەربارەی پەیوەندی «قودس و ئیتینا – »یە، کە تێیدا پێکداچوون و ململانێی نێوان ئایین (ڕۆح) و فەلسەفە (عەقڵ) شیدەکاتەوە. بەڕای لیو شتراوس ئەم دوو شارە تەنها دوو شوێنی جوگرافی نین، بەڵکو دوو کۆڵەکەی سەرەکین کە شارستانیەتی ڕۆژاوایان دروست کردووە: قودس- هێمای تەورات، ئایین – ڕۆح و باوەڕە؛ نوێنەرایەتی ژیانێک دەکات کە لەسەر بنەمای ملکەچی و خۆشەویستی بۆ یاسای خودایی دامەزراوە. ئیتینا: هێمای فەلسەفەی یۆنانی- عەقڵ و لێکۆڵینەوەی ئازادە؛ نوێنەرایەتی ژیانێک دەکات کە لەسەر بنەمای گەڕان بەدوای حیکمەت و تێگەیشتنی سەربەخۆدا دامەزراوە. «نیوکۆنزەرفاتیزمەکان» یەکیەتی ئەم دوو شارەیان لە سەردەمی ئێمەدا کردە پایەی هزر و سیاسەتی( یەهودی زایۆنی و مەسیحی زایۆنی )، چونکە بەڕای لیو شتراوس یەکیە‌تی ئه‌و دوو شارە‌ بۆ خۆرئاوا به‌ درێژای مێژوو پایە‌ و هێزی ڕۆژئاوا بووە‌، لەم ڕوانگەیەوە دە‌بێ بۆ چارە‌سە‌ری قه‌یرانی وڵاتانی ڕۆژئاوا، کە سەرچاوەکەی قه‌یرانی‌‌ مۆدێرنێتەیە، بە یه‌کگرتنه‌وه‌ی” ئه‌تینا و قودس ” چاره‌سه‌ر بکرێ. سەیر نییە دەبینین ترامپ به‌ گه‌شته‌که‌ی خۆی له‌ سعویه‌وه‌ بۆ ئیسرائیل و له‌وێوه‌ بۆ ڤاتیکان، بازنه‌که‌ی “لیوشتراوس”ی فراوانکردو یه‌کیه‌تی”مه‌که‌ و قودس و ڤاتیکان”ی له‌بری دانا، واته‌ یه‌کیه‌تی “ئیسلام و یه‌هودیه‌ت و مه‌سیحیه‌ت” یان (ڕێککەوتنامەی ئیبراهیمی)، کە زنجیرەیەک ڕێککەوتنی ئاشتییە کە لە ساڵی ٢٠٢٠ لەژێر چاودێریی دۆناڵد ترەمپ لەنێوان ئیسرائیل و چەند وڵاتێکی عەرەبیدا واژۆ کرا.
ئایا دوای ئاوابوونی خۆری ئیمپراتۆریەتی ئەمەریکا و لاوازبوونی( یەهودی زایۆنی و مەسیحی زایۆنی )، ئێمە هزر و سیاسەتی( چەپ یان ڕاست )ی نوێ، کە یەکبگرێ لەتەک ئیسلامی سیاسی، لە ئەمەریکا و ئەوروپادا دەبینین؟!. چونکە هەم لە دەوڵەتی چین و ڕوسیا، و هەم لە دەوڵەتەکانی ڕۆژئاوا، ڕەوتێکییان تێدایە کە خۆی نزیک دەکاتەوە لە ئیسلامی سیاسی. لێرەوە ئێمە و نەوەی نوێش، لەژیر سایەی سیستەمی سەرمایەداریدا، بۆ چەند ساڵێکی تریش دەرگیری کێشەی ڕۆڵی ئیلاهیاتی ڕامیاری لە هزر و سیاسەتی کۆمەڵدا دەبین.
سەرکەوتنی( ممدانی و عەبدول ) وەک دوو نوێنەری بزووتنەوەی چەپ( سۆسیال- دیمموکرات ) کە بێگومان هەواڵێکی پۆزەتیڤە، هێمای لاوازبوونی هەژموونی مەسیحی زایۆنیزمە لە ئەمەریکادا، بەڵام لەهەمان کاتدا دەشێ تۆوی سەوزبوونی چەپێک بێ کە خۆی نزیک دەکاتەوە لە ئیسلامی سیاسی، ئەمەش دیاردەێکە ساڵانێکە لە وڵاتانی ئەوروپادا نموونەیمان بینیوە، بەتایبەتی دوای ھێرش بۆ سەر غەززە. ئەمە یانی ئەگەر لە ئێستاو چەند ساڵی داهاتوودا، (مەسیحی و یەهودی زایۆنی) لاواز ببێ، بەڵام (ئیسلامی سیاسی) و هاوپەیمانانی لە مەسیحی سیاسی و چەپ لە زیاد بووندایە؛ کەواتە ئیلاهیاتی ڕامیاری تا چەند ساڵی تریش هەر ئامادیی بەهێزی دەبێ لە جیهاندا.

خوێندەنەوەێکی ڕەخنەگرانە بۆ ڕای چەپەکان دەربارەی هۆکاری باڵاکردنی ئیسلامی سیاسی

ساڵانێکە ئیلاهیاتی سیاسی دیسانەوە لە خۆڵەمێشی خۆیەوە هەڵساوەتەوەو ڕۆڵی گەورە دەبینێ لە جیهاندا. ئیسلامی سیاسی توخێمکه‌ ده‌یه‌وێ کۆمه‌ڵگه‌ ڕاکێشێ به‌ره‌و ڕابووردوو، بزووتنه‌وه‌یه‌که‌ وه‌ڵامێکی کۆنه‌په‌رستانه‌ به‌ کێشه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ ده‌داته‌وه‌. باڵاکردنی ئیسلامی سیاسی جێگای گه‌لێ باس و لێکۆلینه‌وه‌ بووه‌، ئه‌وه‌ی من ده‌مه‌وێ تیشکی بخه‌مه‌ سه‌ر:
۱/ بینینی ئه‌م دیارده‌یه‌ وه‌ک توخمێک، وه‌ک بزووتنه‌وه‌ێکی کۆمه‌ڵایه‌تی سیاسی له ‌کۆمه‌ڵگه‌دا، واته‌ ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ وا ته‌ماشای نه‌کرێ که ‌دروستکراوی ده‌ستی وڵاتان یان ده‌زگای جاسوسی به‌ریتانی یان ئه‌مه‌ریکیه‌، ئه‌گه‌رچی ئه‌وه‌ فاکتێکی حاشا هه‌ڵنه‌گره‌ که ده‌ستی یارمه‌تی ئه‌و ده‌زگایانه‌ هه‌بووه‌ له‌ پێکهێنانی ئه‌حزاب و که‌سه‌کانی سه‌ر به‌م بزووتنه‌وه‌یه‌، به‌ڵام خودی بزووتنه‌وه‌که‌ ڕه‌گوڕیشه‌ی واقیعی‌‌ خۆی هه‌یه‌ له ‌نێو کۆمه‌ڵه‌گه‌دا، ئه‌مه‌ له‌لاێک وه‌ له ‌لاێکی دی په‌یوه‌ندی باڵاکردنی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ به‌ هه‌لومه‌رجی گشتی جیهانی سه‌رمایه‌داریه‌وه‌. سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی سیاسی هاوسات و هاوشانی سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنه‌وه‌ کۆنه‌په‌رسته‌کانی ئایینی سیاسی تر بووه‌ له ‌جیهاندا، بۆیه هه‌ڵه‌یه‌ بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی سیاسی وه‌ک تاقانه‌ چاو لێ بکه‌ین، و ده‌سته‌ خوشکه‌کانی هاوشێوه‌ی خۆی له مه‌سیحی سیاسی، یه‌هودی سیاسی، هیندۆسی و بودی سیاسی نه‌بینین.

۲/ باری فکری و سیاسی سه‌رده‌می سه‌رمایه‌داری دڕنده‌ قۆناخێکی کۆنه‌په‌رستییه‌، ئه‌مه‌ش زه‌مینه‌ێکی گونجاوه‌ بۆ گه‌شه‌ و باڵاکردنی بزووتنه‌وه‌ ئایینیه‌کان، ئه‌م بزووتنه‌وه‌ ئاینییه‌ سیاسیانه‌ له‌م‌ سه‌رچاوه هاوبه‌شه‌وه‌ ئاو ده‌خۆنه‌وه‌، و بیروباوه‌ڕی ئایینی خه‌ڵکیان کردۆته‌ ئاڵای بزووتنه‌وه‌کانیان بۆ پا‌سه‌وانکردنی سه‌رمایه‌داری.

له ‌کتێبی( ئایینیه‌ گشتیه‌کان له‌ جیهانی ئه‌مڕۆدا) خۆزیه‌ کازانوڤا ده‌نووسێ:” ئه‌و گفتوگۆیانه‌ی له‌مه‌ڕ حیجاب هه‌یه‌ له‌ جیهانی عه‌ره‌ب و تورکیا و ئه‌وروپادا هاوشێوه‌ی ئه‌و باسانه‌ن له‌مه‌ڕ له ‌باربردن ( إجهاض – abortion ) که ‌له‌ ئه‌مه‌ریکادا هه‌ن، مشتومڕێکی گه‌رمی ئایینی سیاسین. باوه‌ڕێک باوبوو له‌ دوای سه‌رده‌می ڕۆشنگه‌ری و زاڵ بوونی ڕوانگه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی سه‌ده‌ی بیست که ‌ڕۆڵی ئایین له ‌سیاسه‌ت و کۆمه‌ڵگه‌دا پاشه‌کشه‌ ده‌کات و ده‌بێته‌ لاوه‌کی، به‌ڵام له‌ته‌ک شۆڕشی ئیران و جه‌نگی ئه‌فگانستان و ڕوداوه‌کانی دواتر بینیمان ڕۆڵی ئایین له‌ کۆمه‌ڵگه‌ و سیاسه‌تدا ڕوو له‌ زیادبوونه‌ “.
بڕواناکه‌م که‌سێ هه‌بێ له‌گه‌ڵ ئه‌م بینینه‌ی خۆزێ کازانوڤا ڕاێکی پێچه‌وانه‌ی هه‌بێ، به‌ تاییبه‌تی له‌ نێو به‌هاری عه‌ره‌بیدا( ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین به‌هاری ئیسلامی سیاسی )و هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌مه‌ریکا، زیادبوونی ڕۆڵی ئاینی سیاسی حاشا هه‌ڵنه‌گره‌. کێشه‌که‌ له‌مه‌دا نییه‌ به ‌قه‌د ئه‌وه‌ی له‌وه‌دایه‌ کاتێ هۆکاره‌کان و فاکته‌ره‌کانی زیادبوونی ڕۆڵ و باڵاکردنی ئایینی سیاسی ده‌ست نیشان ده‌کرێ. زۆرێک له ‌نووسه‌ران هۆکاری باڵاکردنی ئیسلامی سیاسی ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ شکستی بۆرژوازی له پڕۆسه‌ی ‌به‌ مۆدێرنیز‌کردنی ووڵاتانی عه‌ره‌ب:( گه‌شه‌ی ئیسلامی سیاسی میلیتانت له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا به‌رئه‌نجامی شکستی ناسۆنالیسم و سکولاریزم و مۆدێرنیزمی بۆرژوازییه‌ له‌م وڵاتانه‌دا.( – بڕوانه‌: مەنسوور حیکمەت “باڵاکردن و ئاوابوونی ئیسلامی سیاسی” )، و سه‌میر ئه‌مین له‌ نووسراوی ” ئیسلامی سیاسی، ڕوویه‌کی تری سه‌رمایه‌داری مته‌وه‌حش ” ده‌نووسێ:( سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و بزووتنه‌وانه‌ی په‌یوه‌ندیان به ‌ئیسلامه‌وه‌ هه‌یه‌، بریتین له ‌یاخی بوونێکی تندوتیژ دژی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری مه‌وجود و ئه‌و مۆدێرنێته‌ ناکامڵ و شێوێندراو گومڕاکه‌ره‌ی که‌ له‌گه‌ڵ خۆیدا هێناوه‌ ).

به‌ ڕای من ئه‌م جۆره‌ لێکدانه‌وانه‌ تێگه‌شتنێکی کەموکورتی له‌خۆی هه‌ڵگرتووه‌ بۆ مۆدێرنێته‌، وه ‌چاوه‌ڕێی شتێکی گه‌وره‌ له ‌مۆدێرنێته‌ ده‌کات که‌ ئاسته‌مه‌ له‌سایه‌ی سیسته‌می سه‌رمایه‌داریدا مۆدێرنێته‌ بتوانێ ئه‌وه‌ به‌رئه‌نجامی بێ. پرسیارێک که‌ ده‌کڕێ بیکه‌ین ئه‌وه‌یه‌: باشه‌ ئه‌گه‌ر هۆکاری سه‌رهه‌ڵدان و بەهێزبوونی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی سیاسی ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ شکستی بۆرژوازی له‌ پڕۆسه‌ی ‌به‌ مۆدێرنیز‌کردنی( عصرنة أو تحديث ) وڵاتانی عه‌ره‌بی، ئه‌ی هۆکاری سه‌رهه‌ڵدان و بەهێزبوونی بزووتنه‌وه‌ی مه‌سیحی سیاسی له ‌ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکادا چییه؟ چونکه‌ لۆژێک نییه‌ بڵێین له ‌ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکادا پیشه‌سازی گه‌شه‌ی نه‌کردووه‌ یان ‌بڵێین بزووتنه‌وه‌ی مه‌سیحی سیاسی به‌رئه‌نجامی شکستی ناسۆنالیسم و سکولاریزم و مۆدێرنێته‌ له‌و وڵاتانه‌دا. به‌ شێوه‌ێکی گشتی مۆدێرنێته‌ له‌ ژێر سایه‌ی سیسته‌می سه‌رمایه‌داریدا پرۆسه‌ێکی ناکامڵ و شێواوی بڕیوە. مارکس ڕای وابوو کە ( مۆدێرنێنته‌ له‌ هه‌ناوی خۆیدا ناکۆکی هه‌ڵگرتووه‌ )، ئه‌مه‌ به ‌جیا له‌وه‌ی باسی چ جوگرافیاێک ده‌که‌ین، وه‌ڵامێکی گشتییه‌ بۆ دیاریکردنی هۆکارێکی سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنه‌وه‌ ڕاستڕه‌وه‌کان، به‌ڵام ئه‌مه‌ نه‌ هۆکاری سه‌ره‌کییه، ‌و نه‌ وه‌ڵامێکی تایبه‌تیمان پێ ده‌داته‌وه‌ که‌ بۆچی ئیسلامی سیاسی وه‌ک بزووتنه‌وه‌ێکی سیاسی و جه‌ماوه‌ری ڕۆڵی ڕوو له‌سه‌ره،‌ وه‌ ده‌سه‌ڵات ده‌گرێته‌ ده‌ست. به‌ڵکه‌ گرنگ ئه‌و فاکته‌ره‌یه‌ که‌ سه‌رمایه‌داری له سه‌رده‌می دڕنده‌یی و قه‌یرانی ئابووریدا، ‌پێویستی به ‌بزووتنه‌وه‌ کۆنه‌په‌رسته‌کانه‌ بۆ ڕاگرتنی جڵه‌وی مێژوو تا نه‌چێته‌ پێش، واته‌ به‌کارهێنانی ئایین وه‌ک پاسه‌وانێکی دڵسۆزی سه‌رمایه‌داری‌، وه‌ له‌لایه‌که‌ی تره‌وه‌‌ سوود وه‌رگرتنی وڵاتانی ڕۆژئاوا و هاوپه‌یمانه‌کانی له ‌بزووتنه‌وه‌ ئایینه‌کان به‌تایبه‌تی ئیسلامی سیاسی میلیتانت دژی روسیا و چین، و بەکارهێنانی له ‌گه‌مه‌ی ئاژاوەو بێسەروبەری هه‌تا له‌ نێو خودی وڵاتانی ڕۆژئاوادا بۆ سه‌رنج ڕاکێشانی کرێکاران بۆ کێشه‌ی لاوه‌کی و خولقاندنی دۆخێکی کۆنەپەرستی پڕ لە تیرۆرو تۆقان. ئه‌مانه‌ ئه‌و مەبەستانەن ‌له‌ پشت خه‌رجکردنی ملیاره‌ها دۆلار بۆ گه‌شه‌ و به ‌هێزبوونی ئیلاهیاتی ڕامیارییەوەیە‌ له‌ جیهانی ئێمه‌دا.

  • سەردەمی مۆدێرن – “کوردستانێکى ئازاد و مۆدێرن”
    بەڕای هەندێک لەڕوناکبیران دەبێ ستراتیژى چەپەکانی کوردستان “کوردستانێکى ئازاد و مۆدێرن” بێت: (دەبێت کۆنگرەیەکى بەرەنگاری لە لایەن چەپەکانەوە ببەسترێت تیایدا بە وەلانانى جیاوازیی فیکرى و سیاسی، و ئەولەویەتەکە “وەڵامدانەوە بە واقیعى هەرێمى کوردستان” بێت و کارنامەى نوێ و گشتگیر سەرپێ بخەن کە بنەڕەت و ستراتیژى کۆنگرەکە “کوردستانێکى ئازاد و مۆدێرن” بێت.) – (هاورێ‌ عبداڵە و شاهۆ عەلی )/ خوێندنەوەیەك بۆ ئەركی نوێی چەپی كوردی لەسەردەمی مۆدێرنەدا – هەفتەنامەی ڕێگای كوردستان .
    لە وەڵامی پرسیاری بەگشتی مانگێک چەند شەو و ڕۆژە؟. زۆرینەی خەڵک دەڵێن:(مانگێک سی ڕۆژە). لەڕاستیدا (مانگێک بە گشتی ٣٠ یان ٣١ شەو و ڕۆژە). لێرەدا دەبینین کە خەڵکی بۆ کورتکردنەوە، شەوەکانی لە مانگەکەدا نەژماردوە، وەک شاردنەوەو باس نەکردنی دیوی تاریکی مانگەکە. هاوشێوەی ئەوە، زۆرینەی سەردیاتەکان دەربارەی(سەردەمی مۆدێرن)، باسی دیوی تاریکی سەردەمەکەی تێدا نییە و شاردراوەتەوە. لە ڕاستیدا (سەردەمی مۆدێرن) دەڕبڕینێکی مەکتەبی لیبڕاڵییە بۆ سیستەمی سەرمایەداری؛ یانی ئەگەر بڕوامان وایە کە بۆ ڕزگارکردنی کوردستان لە ئەحزابی میلیشیای و بنەماڵەی و ئیلاهیاتی سیاسی، پێویستە “کوردستان ئازاد و مۆدێرن” بکەین، ئەمە یانی کوردستان بە سەرمایەداری بکەین. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا هۆکاری قەیرانی سیاسی و ئابووری کوردستان ناسەرمایەداری/ نا مۆدێرن بوونیەتی؟!. کەواتە هۆکاری دیاردەکانی ئیلاهیاتی سیاسی و تۆتالیتاریسم، ڕاسیزم و فاشیزم لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا چییە؟. لۆژیک نییە بڵێین نامۆدێرن و لەوێکانە سەرمایەداری و پیشەسازی بەرهەمهێنانی کاڵاکان گەشەی نەکردووە.
    پوختەی ڕای من ئەوەیە کە به‌هۆی تایبەتمەندییەکانی سەرمایەداری بەتایبەتی له‌م سه‌رده‌مه‌دا‌، ئیدی سه‌رمایه‌داری وه‌ک ( پاڵتۆ شڕه‌که‌ی گۆگۆل )ی لێهاتوه‌و به‌ پارچه‌ شڕه‌ی کۆنی وەک( مۆدێرنێته‌ و سیکولاریزم ) پینه‌ و پەڕۆ ناکرێ.

پەراوێز:

  • سۆسیالسیتەکان ئازادی بیروباوەڕی ئایینی بۆ خەڵکی لە بەرنامەکەیاندایە، و لە کۆمەڵگەی سۆسیالیستدا ماف و ئازادی بیروباوەڕی ئایینی بۆ خەڵکی بە یاسا دابین دەکرێ.
  • لە ئێستادا لە جیهاندا دوو دەوڵەت بە تەواوی سیستەمێکی تیۆکراسی (سایۆکراسی) ڕەهایان هەیە، بە شێوەیەک کە پیاوانی ئایینی ڕاستەوخۆ سەرۆکایەتی دەوڵەت و سەرکردایەتی باڵای سیاسی دەکەن: یەکەم فاتیکان: پاپا (ڕێبەری باڵای کەنیسەی کاسۆلیکی جیهانە)، لە هەمان کاتدا پاشای ڕەها و سەرۆکی دەسەڵاتی جێبەجێکردن، یاسادانان و دادوەرییە لەم دەوڵەتەدا. سەرجەم وەزیر و بەرپرسە باڵاکانیش پیاوانی ئایینی مەسیحین. دووەم ئێران: لە دوای شۆڕشی ١٩٧٩وە سیستەمی “ویلایەتی فەقێ” پەیڕەو دەکرێت. ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی کە پیاوێکی ئایینی شیعەیە(مەرجەع)، بەپێی دەستوور خاوەنی دەسەڵاتی ڕەهایە بەسەر سوپا، دادگا و سەرجەم جومگە سەرەکییەکانی دەسەڵاتدا. بەڵام بەپێی ڕاپۆرتەکانی(سەنتەری توێژینەوەی پیو)، نزیکەی ٤٣ بۆ ٤٨ دەوڵەت لە جیهاندا بە فەرمیی خاوەنی دەوڵەتی ئایینین، و زیاتر لە ٨٠ وڵاتیش بە فەرمی یان ناڕەسمی پشتگیری یەک ئایین دەکەن. ئیسلام، مەسیحیەت و بودایی باوترینن لەم دەوڵەتانەدا. دابەشبوونی دەوڵەتە ئایینییەکان بەپێی جۆری ئایین: ئیسلام لە ٢٧ وڵاتدا وەک عەرەبستانی سعوودیە، ئێران، و میسر ئایینی فەرمییە. مەسیحیەت: لە ١٣ بۆ ١٥ وڵاتدا وەک ڤاتیکان، یۆنان، و دەنیمارک ناسراوە. ئایینەکانی تر: وەک بودایی لە کامبۆدیا و بۆتان، و ئایینی یەهوودی لە ئیسرائیل. دەتوانین بڵێین کە نزیکەی ٤٠ بۆ ٥٠ وڵات لە جیهاندا هەن، کە ئایین و ئیلاهیاتی سیاسی تێیاندا، ڕۆڵێکی گەورە و فەرمی لە دەسەڵات و یاسادانان و کۆمەڵدا، دەگێڕێ.
    *بەڕای سۆسیالیستەکان سکولاریزم بۆرژوازی (Bourgeois Secularism) چەمکێکە بۆ پێناسەکردنی جۆرێک لە جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی چینی بۆرژوازی و بازاڕی سەرمایەداری داڕژاوە.
  • ماکس وێبەر دەڵێ، ئەخلاقی پرۆتستانت (وەک زاهید و كاركردن و ماندووبوون) ئەو چوارچێوە تیۆلۆژییەیان پێکهێنا کە بەشدا



ڕاڤەیتر5: گوتنی نا(نەخێر)…. گوتنێ پێویستە!.. ئازاد حەمە

5..

“نا”(نەخێر)، کە نکوڵیکردن دەخاتە گەروومانەوە بۆ هاتووەتە کایەوە؟بۆئەوەی لە کاتی پێویستدا بگوترێت. لێ گوتنی”نا” فێربوونی دەوێت؛فێربوونی چۆنیەتی گوتنی. ئەوەش پەروەردە داوادەکات. بەمجۆرە چاندنی”نا”ی پێویست کارکردنێکی پەروەردەییانە دەخوازێت تا بزانرێت لە کوێ و بە کێ دەگوترێت “نا”.
شرۆڤەی”نا”، شرۆڤەی”بەڵێ”ش لەخۆدەگرێت. ئەمە بەو مانا بەرتەسکە نایەت، کە”نا”دەکەوێتە ژێر سێبەری “بەڵێ”وە. هاوکێشەی نێوان “نا” و “بەڵێ” وەک هاوکێشەی نێوان ڕووناکیی و تاریکیی نییە. چونکە گوتنی “نا” و “بەڵێ” چاوەڕێی یەکناکەن و پاشکۆی یەکیش نیین، مەگەر بۆ ئەوانەی بێ بیرکردنەوە دەڵێن “نا” و بێ بیرکردنەوە دەڵێن”بەڵێ”.ڕاستە لە ڕووکەشدا “نا”خۆی وەک وابەستەی”بەڵێ” نیشاندەدا، لێ لەڕووی لۆجیکییەوە بەو جۆرە نییە. تەنانەت گوتنی “نا” ئەو هەستەش لە ئەویتردا دروستدەکات، کە جۆرە یاخیبوونێک لەگەڵ خۆی دێنێت. ئەمە وادەکات”نا” بەسەمەرەییەوە لێبڕوانرێت.
تێکشکاندنی تێگەیشتن بۆ”نا” هەڵوەشانەوەی ئەو تەماشاکردنە ڕەهایەیە،کە بۆ گوتنی”بەڵێ” هەیە. ئەمەش لەسەر ئەو بناغەیەی هیوا هەڵچنیین لەسەر گوتنی بەردەوامی”بەڵێ”هۆکارە، کە گوتنی”نا” قێزەوەنکرێت. لێرەدا دەبێت بیرکردنەوە ئیشی خۆی لەسەر گوتنی “نا”بکا، تا “نا”ش بەدەردی “بەڵێ” نەبرێت. ئەمە بەو تەماشاکردنەش دێت، کە گوتنی “نا” با وەک گوتنی “بەڵێ” بێحورمەت نەکرێت.
گوتنی”نا” بەردەوام ئاسان نییە. چونکە ئەم گوتنە لەسەر ئەوە وەستاوە بە کێ و کەی دەگوترێت؟ گومانیناوێت، “نا”فۆڕمی ڕەتکردنەوە وەردەگرێت؛ بەو مانایەی پەسەندکردن دەبێت بە”نا”یەک. ئەڵبەتە ئەم”نا”یە بۆیە جێگای خۆی دەکاتەوە چونکە پێویستە. بەمجۆرە بێت”نا” تابوو(قەدەغە) نییە. بەهەق گوتنی”نا”، کە لە پێویستییەوە بێ شایانی ئەوەیە هەبێت. کەواتە، گوتنی “نا”یەکی پێویست بۆ بەگژاچوونەوەی “بەڵێ” پرۆسەیەکە لە بیرکردنەوە.
ناشێت نە گوتنی “نا” و نە گوتنی “بەڵێ” لەناو مەغزی کروزانەوە و لاوازیی لە گوتندا جێکرێتەوە. گوتنی چ “نا” و ج “بەڵێ” جۆرە جوامێرییەکی دەوێت، کە هەموو ئەوەش لە پەیوەندیدایە بە خودی بیرکردنەوەوە. ڕاستە زۆرێکجار بەسەختی دەڵێین”نا”؛ بەڵام ئەو “نا”یە گەر لە پێویستییەکی لۆجیکییەوە هاتبێت گوتنی ئەرکە. جابێتو، بەم جۆرە “نا”بکەین هەست بە تاوانباری ناکەین بەرامبەر بەو کەسەی “نا”یەکەی لە ئێمەوە وەرگرتووە.
گوزارەی”نا”سڵکردنەوەش دروستدەکات، چونکە پەیپێبردنە بە شتێک، کە دێت، کە ڕوودەدات. بۆ ئەوانەی ڕانەهاتوون لەسەر گوتنی”نا”، ئەو”نا”یە ناخهەژێن و نێگەتیڤە. ئەمە ئەوەشمان پێدەڵێت، کە دەبێت شێواز هەبێت، لە گوتنی”نا”. چونکە “نا” تاڵە، ناپەسەندە و زۆرێک حەز بە بیستنی ناکەن.
بیانووی درێژخایەن بۆ گوتنی “نا” پێویست نییە، گەر بیرکردنەوە پێش گوتنەکە هەبووبێت. بۆ ئەوەی پێویست نەکات لە سەرەتاوە بڵێیت “بەڵێ”؛ بۆ ئەمەشیان کاتت پێویستە بۆ بیرکردنەوە. کەوابێت گوتنی “بەڵێ” یان “نەخێر” بەرهەمی بیرکردنەوەیە. ئەوەتا بیرمەندی فەڕەنسی ژاک دێریدا پێماندەڵێت بیرکردنەوە ئەوەیە بڵێین “نەخێر”. ئەمە بۆ (ئەو) ئەوە دەخاتەڕوو، کە”” “نەخێر” ڕەتکردنەوەی پێویستی ڕواڵەت و باوەڕی دەستبەجێیە””. لە هەمان کاتدا لە “بەڵێ”ێکی بێ بنەما جیایە کە ڕووکەش بێت.
“نا”، کە بەڵگەی حاشا هەڵنەگری لەگەڵ خۆی هێنا توخمەکانی”نا” دەپارێزێت. لەوێڕا “نا” دەرخەری ئەوەیە شایانی گۆکردنە. ئەمە لەسەر شێوازی گوتنەکەی”نا” وەستاوە. لەبەرئەوەی بۆ زۆرێک دەستڕاگەیشتن بە “نا”سانا نییە. ئەمەش بەپێی ئەوەی هەندێک لە گۆکردنی”نا” دەترسێت.
سەرباریئەوە، بۆ بەشێک لە ئێمە “نا” بیناکراوە لەسەر ڕەتکردنەوەی کردارێک، گومانێک،بەڵام خودی ئەو کردار و گومانە پرۆسەیەکیشە لە شیکردنەوە و پرسیارکردن و لۆژیک. گەر وابێت لە بەرامبەر ڕاستییە نوێیەکان ناتوانین بە ئاسانی”نا” گۆبکەین.
وێڕای ئەوەی لای سەرەوە گوترا، گوتنی”نا” ئەو هەستەش لە ئەویتردا دروستدەکات، کە گۆکردنی”نا”جۆرە یاخیبوونێک لەگەڵ خۆی دێنێت. ئەمە وادەکات “نا” خۆشەویستنەبێت و تێگەیشتن بۆ “نا” بەرەو هەڵدێربچێت. لێ “نا” گەواهی دەدات لەسەر شتێک متمانەی تیا نییە، کە هێشتا پەیپێنەبراوە. بۆیە گشت”نا”کان یەک مانا و تامیان نییە، هەمان ناواخن و تایبەتمەندیی دروستینەکردوون.
ڕاستە گوتنی “نا “دیدێکی ڕەخنەگرانەیە بەڵام زۆرجار دیلی فشارەکانە. ئەمە بێمانایی و سەرکۆنەکردنیش لەگەڵ خۆیدا دێنێت. هاوکات ئەمە ئەوەمان پێدەڵێت،کە هەردەم “نا”کان لەکاتی خۆیاندا نەگوتراون. بۆ؟زۆرێک “نا” فریودەر و چەواشاکارانەن، گوتنیان شکستیهێنەرە بۆئەوەی پێیدەڵێن”نا”. لێرە دەتوانین ئەوەش بڵێین، کە “گەلێکجار بیرۆکەیەک بە ڕاست دەزانین بەبێ ئەوەی پێویستمان بە بەڵگەی فەرمی هەبێت. دەتوانین بیر لەو شتانە بکەینەوە،کە باوەڕمان پێی نییە، لە کاتێکدا زۆرجار بیروباوەڕەکانمان شێوازی بیرکردنەوەمان فلتەر دەکەن”.
سەرئەنجام ئەوەش دەڵێین، ئەی کە گوتنی “نا” نەیتوانیبوو ڕەگێکی قووڵ لە کولتوور، یان نەریت داکوتێ چۆن؟ لێرە ناخوازین گفتوگۆکە بەرەو ئەوە بەرین کولتوورەکانی”نا” خەمناکیمان بۆ دێنێ و ناچارماندەکات بە “بەڵێ”ی پێشوەخت.بەڵام بەپێی جوگرافیای بیرکردنەوەکان بێت لە هەندێک کولتوور یان نەریت”نا” شەقڵێکی دیکە وەردەگرێت و ناواخنێکی دی هەیە.
لە کۆتایدا، گرنگە هێما بۆ ئەوە بکەین”بەڵێ”سەرقافڵەی”نا” نییە. خودی “نا”ش روداوه‌ تاڵ و خه‌مبارانه‌کەی ناو “بەڵێ”نییە. چونکە گوتنی”نا” توانایە، درکە، بەواتەیەکیتر بیرکردنەوەیە. کاتێک لەسەرەتاوە ناخوازین بڵین”بەڵێ” لەبەرئەوەیە پێویستمان بە کاتە بۆ بیرکردنەوە بۆ گوتنی شتێکی تر. ئەمە بەو تێگەیشتنە نایەت کە نەگوتنی”بەڵێ” گفتگۆی بەدوادێت.هاوکات گوتنی”نا” لەبەرناواخنە نەرینییەکەی وزە و خواستی دەوێت. واتە گوتنی “نا” دەشێت بەر هەندێک شیاویتر خرێت: نا بۆمناگونجێت لە ئیستادا، نا لەو بارەوە زانیارییم نییە، نا ناخوازم چونکە….. .

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




قەیرانی سووتەمەنی حكومەتی خستۆتە نێو تەڵەی سەرمایەدارانەوە.. سەلام عومەر

یەكێك لە قورسترین سەرئێشە گەورەكانی ئەمڕۆی هاووڵاتییان لە هەرێمی كوردستان، قەیرانی بەردەوامی بەنزین و بەرزیی نرخەكەیەتی لە كاتێكدا سووتەمەنی بووەتە بڕبڕەی پشت و بنەمای سەرەكیی بەڕێوەچوونی كاروبارە رۆژانەكان، بەڵام هاووڵاتییان ناچارن جگە لە دەستكەوتنی بە نرخێكی گران، كاتێكی زۆر لە نۆبە درێژەكاندا لەو گەرما و سەختییەدا بەفیڕۆ بدەن.
ئەوە پێمان دەڵێ‌ بێباكی دەسەڵات گەیشتۆتە ئاستێكی باڵاو كەوتۆتە نێو تەڵەی سەرمایەداران و ئەوەی لە رابردوودا بۆخۆی درووستی كردووە ئێستا وەك گەورەترین كۆسپ لەبەردەمی قوتبۆتەوە و هەر بڕیارێك دەدات ناتوانێ‌ پلانەكانی سەرمایەداران تێپەڕێنێ‌ و زوو پاشەكشەدەكات، ناكرێ‌ لەنێو وڵاتێكی پڕ لە نەوت و غاز بین و كەچی خەڵك بەدەست قەیرانی سوتەمەنیەوە بناڵێنێ‌ و خەڵ بدرێتە دەست قەدەری ئەو كەمە سەرمایەدارانەی سەر بەدەسەڵاتن و لەبەرچاوی وڵاتە هەرێمایەتیەكان و دۆستان و دوژمن هاوڵاتی خۆت بچەوسێنیەوە و لەبەرامبەر قەیرانەكانی موچە و سوتەمەنی و پێكنەهێنانی حكومەت و دەیان كێشەی دی دەستەوەستان بی.
ئەوەی قبوڵنەكراو و جێگەی سەرسوڕمانە، سروشتی ئەم هەرێمەیە، ئاخر هەرێمی كوردستان سەرچاوەی دەوڵەمەندی نەوتی خاوە و خاوەنی پاڵاوگەی جۆراوجۆرە، كەچی هاووڵاتییەكەی لە دۆخێكی خراپدایە، خراپ بەقەت ئەو خراپیانەی لە سەرەتای ڕاپەڕین هەیبوو، هەر لەمبارودۆخەشدا ئەوەتا موچە دوادەكەوێ‌ و كەچی قەرزی كۆنی كارەبای هاوڵاتیانی دەوێتەوە و خۆشی كە قەرزێكی زۆری هەمان ئەو هاوڵاتیانەی لەسەرە نایداتەوە.
ئەم دۆخە نەگونجاوە كە بەردەوام دووبارەبوونەوەی هەیە كاریگەریی نەرێنیی ڕاستەوخۆی كردووەتەسەر تەواوی كەرتی ژیان و ئیفلیجبوونی ژیان و گوزەران گرانی بەنزین راستەوخۆ نرخی گواستنەوە، كرێی ئۆتۆمبێل و كاڵا و پێداویستییە سەرەتاییەكانی ژیانی بەرزكردووەتەوە، شەقامەكانی وەك سەردەمی كەرەنتینە نیمچە چۆڵ كردوە.
ماندووبوونی دەروونی و جەستەیی نۆبە درێژەكان لەو گەرمایەدا بووەتە ئەشكەنجەیەكی رۆژانە بۆ شۆفێران و كرێكارا، ئەوە بەدووری مەزانن گرژیی كۆمەڵایەتی لێبكەوێتەوە و بارودۆخ بەجۆرێك بشڵەژێ‌ چارەسەری ئەستەم بێ‌، هەروا بەردەوامیی ئەم فەرامۆشكردنە دوور نییە ببێتە هۆی تەقینەوەی ناڕەزایی بەرفراوانی جەماوەری، چونكە توانای بەرگەگرتنی هاووڵاتییان گەیشتووەتە لوتكە.
بۆ ڕێگریكردن لە پەككەوتنی تەواوی ژیان و رەوینەوەی ناڕەزاییەكان، پێویستە دەسەڵات و لایەنە پەیوەندیدارەكان بە زووترین كات هەنگاو بەرەو چارەسەری قەیرانەكان بنێن، ئەویش بە دابینكردنی بەنزین بە نرخێكی گونجاو هاوشێوەی ناوچەكانی تری عێراق و وڵاتانی دراوسێ، پێویستە نرخەكان دابەزێنرێن و لەگەڵ داهاتی تاكدا بگونجێنرێن.
كۆنتڕۆڵكردنی كوالێتی و نرخ، پێویستە چاودێریی توند بەسەر بەنزینخانەكاندا هەبێت و رێگری لە قۆرخكاری و بەرزكردنەوەی نایاسایی نرخ بكرێت.
كارپێكردنی پاڵاوگە خۆماڵییەكان بۆ خزمەتی خەڵك، نەك داهاتی نەوت و پاڵاوگەكان دەبێت لە پێناو دابینكردنی پێداویستییە سەرەتاییەكانی ناوخۆدا بەكاربهێنرێت، نەك قوربانیدان بە ژیانی هاووڵاتییان و تەواوی داهاتەكان بڕژێتە باخەڵی ئەو سەرمایەدارانەی خۆتان درووستان كردوون و ئێستاش بەداوی ئەوانەوە گیر بوون.
قەیرانی سوتەمەنی و موچە و بەنزین بەتایبەتی،َ تەنها كێشەیەكی ئابووریی سادە نییە، بەڵكو تاقیكردنەوەیەكی گەورەیە بۆ بەرپرسیارێتیی دەسەڵات بەرامبەر هاووڵاتییانی خۆی، ئەگەر بە زووترین كات چارەسەری ڕیشەیی بۆ نەدۆزرێتەوە، ئەوا بێدەنگیی خەڵك دەگۆڕێت بۆ شەپۆلێكی بەهێزی ناڕەزایی كە كۆنتڕۆڵكردنی ئاسان نابێت.




ئەگەر ئەمە سەر بگرێت، پەکەکە بە دەستی خۆی خۆی وەک تیرۆریست دەناسێنێت!.. شێرکۆ کرمانج

ئەمن نازانم لە داهاتوو چی ڕوو دەدات، دەکرێت ئەم پڕۆژەیاسایەی کە بەناوی “بەهێزکردنی هاوپشتی نیشتمانیی و ئامێزانی کۆمەڵایەتی” ڕاپێش کراوە، لە داهاتوودا دەرگایەک بە ڕووی کورد دا بکاتەوە و لەوێدا لە مەیدانی سیاسی و پەرلەمانی ئەسپی خۆی تاودا، بەڵام ئەوەی لەو دەقە بە چاوخشانێکی خێرا هەڵدەهێنجرێ، زۆر بە کورتی چونکە قسەی زیاتر هەڵدەگرێت، ئەمانەن:
یەکەم، پەکەکەییەکان یان ماندوو و شەکەت بوون و تاقەتی شەڕیان نەماوە و توانای بەرەنگاری و درێژەدان بە خەباتی چەکداریان گەیشتۆتە سفر، یان بۆ ئازادکردنی ئۆجەلان، یان هەردووکیان بەسەریەکەوە، ئەوا ئامادەن خۆیان و مێژووی خۆیان بەدەستی خۆیان لەکەدار بکەن و نازناوی “تیرۆر” بەناوچەوانی خۆیان و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی لە باکوور وەنێن. چونکە وەک لە دەقی پڕۆژەیاساکە بە ڕاشکاوی لە ماددەی پێناسەکان، دەڵێت: “”Organization” means the PKK/KCK terrorist organization and all affiliated formations thereof “، واتە، مەبەست لە “ڕێکخراو” ڕێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە و کەجەکە و هەموو ئەو ڕێکخراوانەشە کە پەیوەنددارن بە پەکەکە و کەجەکە. لەوانەیە کەسانێک هەبن بڵێن جا خۆ تورکیا هەر بە پەکەکە و کەجەکەی گوتووە تیرۆریست. وەڵام بەڵێیە، ئەمە ڕاستە، بەڵام: یەک، ئەمە دەقێکی فەرمیی و یاساییە و کاریگەریی زۆر زیاتر و جیاوازترە لە بەیانات و قسە و پڕوپاگەندەی دەوڵەت. دوو، دەیان ئەندامی دەم پارتی نزیک لە پەکەکە واژۆیان کردووە، کە نوێنەرایەتی کورد دەکەن لە باکوور. ئەمەش واتە نەک هەر تورک و دەوڵەتی تورکیا پەکەکە و کەجەکە و پەیوەندارەکانیان بە تیرۆریست لە قەڵەم داوە و ناوزەد کردووە، بەڵکوو مانای ئەوەیە کە کورد خۆشی ئەم ڕێکخراوانەی وەک تیرۆریست ناساندووە. لە کوێش؟ لە دۆکیومێنتێکی فەرمیی-دەوڵەتیی‌ـدا، کە تا دەیان ساڵیدا یاساناسان و سیاسەتوانان و توێژەران دەگەڕێنەوە سەری.
دووەم لەوەش ترسناکتر، ئەم پڕۆژەیاسایە پێ داگری لەسەر ئەستۆپاکی دەوڵەتی تورکیا لە سەد ساڵ جینۆساید، زمانکوژی، کولتوورکوژی، ژینگەکوژی و تواندنەوەی لانی کەم دە (١٠) ملیۆن کورد لە تورکیا، دەکات چونکە لە دەقەکە نەک هەر پەکەکە و چەکدارەکانی وەک تاوانبار نیشان دەدات، بە یەک وشەش ئاماژەی بە کردەوە و ڕەفتارە شۆڤینی و دژە-کوردییەکانی دەوڵەتی تورکیا نەکردووە. بەکورتی، ئەمە کارنامەی خۆتاوانبارکردنی کورد و بەرائەتی تورکە.
سێیەم، ئەم دەقە تەسلیمبوونەوەی پەکەکە و هەموو ڕێکخراو و دامەزراوەکانی پەکەکەیە بەبێ هیچ گەرانتییەک و داواکردنی هیچ مافێک. لەوانەیە کەسانێک بڵێن ئاخر ئەوە تەنیا یاسای لێخۆشبوونی ئەندامانی پەکەکەیە. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئەدی بۆ هەر لە هەمان دەق چەندین گەرانتی بۆ لایەنەکەی دیکە فەراهەم کردووە. لە ڕاستیدا، هەر لەو دەقە دەوڵەتی تورکیا دوو گەرانتی زۆر گرنگی مسۆگەر کردووە. یەک، دەبێت پەکەکە هەموو چەکەکانی تەسلیم بکات، خۆی بەتەواوی هەڵوەشێنێتەوە لەگەڵ هەموو دامودەزگاکانی و ڕێکخراوە پەیوەندارەکانی (کە دەکرێت پەیەدە و هەسەدەش بگرێتەوە) ئینجا، ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا بە بڕیارێک ئەوە پشتڕاست بکاتەوە، ئەوسا ئەم لێخۆشبوونە دەخرێتە مەیدانی جێبەجێ کردن، کە وابزانم شەش مانگی بۆ دانراوە. واتە، ئەگەر عەوەل پەکەکە مەرجە سەپێنراوەکانی سەری جێبەجێ نەکات، ئەوە دەوڵەتی تورکان هیچ هەنگاوێک ناهاوێت. دوو، دەوڵەتی تورکیا لە دادگاییکردنی هیچ کەسێک خۆش نابێت بەڵکوو ئەوانەی کە داواکراون و مەحکەمەیان لەسەرە، کە هەموو ئەندامانی پەکەکە داواکراون لەلایەن دادگاوە (مەگەر کەسێک پەیوەندی بە پەکەکەوە کردبێت کەس نەیزانیبێت)، تەنیا دادگاییکردنیان دوا دەخرێت بەپێی تاوانەکانیان. بۆ هەندێکیان پێنج ساڵ دوا دەخرێت و بۆ هەندێکی دیکە دە ساڵ. ئەمەش مانای ئەوەیە کە دەوڵەت حەز بکات دەتوانێت بە ئاسانی تەشقەڵە بە گەڕاوە و تەسلیمبووەکان بکات.
بەکورتی، ئەمە ڕەشنووسە و هیوادارم نەچێتە بواری جێبەجێکردن و دەرفەت مابێت بۆ ئەندامانی کورد لە پەرلەمانی تورکیا و لیژنەکان کە بەبنەما لەسەر ڕەخنەکانی ئێمەمانان پێداچوونەوە و هەمواری بکەن. ئەگەر ئەمە نەکرێت، ترسناکترین خاڵ لەم پڕۆژەیە خۆتاوانبارکردنی پەکەکەیە بەدەستی خۆی، ئەمەش لێکەوتەی ئێجگار قورسی بۆ خەبات و تێکۆشانی کوردانی باکوور دەبێت. بەپێی ئەم پڕۆژەیەیاسایە، پەکەکە دەڵێت، من هەڵە بووم، من تیرۆر بووم، من جودایخواز بووم، ئێوەش لەسەر حەق بوون.




خوێندنەوەیەک بۆ دەقی «زامێکی کراوە» لە نووسینی سەلام عومەر.. نورەدین جاف

دەقی «زامێکی کراوە» لە نووسینی سەلام عومەر، تێکستێکی قووڵی شیعری/ئەدەبییە کە پڕە لە سیمبولی نیشتمانی، ئازاری مێژوویی و وێنەی گەورەی دەروونی. ئەم دەقە لە ڕێگەی زمانێکی ناسک و هاوکات پڕ لە زەبر و سوتانەوە، وێنەی مرۆڤی رۆژهەڵاتی و بەتایبەت مرۆڤی کوردی دەكێشێت کە چۆن لەنێوان مێژوویەکی پڕ لە برین و جوگرافیایەکی برینداردا دەژیت.
لە سەرەتای دەقەکەدا، شاعیر لە پێناسەکردنێکی کلاسیکی بۆ برین دەردەچێت و دەیگوازێتەوە بۆ ڕەهەندێکی فەلسەفی و مێژوویی:
‎«زامەکانمان تەنیا شوێنەواری خەنجەر نین / مێژوویەکن و….. لەسەر جەستەی مرۆڤایەتی نووسراونەتەوە»
‎لێرەدا برین تەنها ڕووداوێکی تێپەڕ نییە، بەڵکو «مێژوو» خۆیەتی کە لەسەر جەستە نووسراوەتەوە. ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە نەتەوە یان مرۆڤی خاوەن زام، مێژووەکەی لە ڕێگەی ئازارەکانیەوە دەخوێنرێتەوە. هەروەها وەسفکردنی زامەکان بەوەی پڕن لە «هاواری بێدەنگی» وەک پارادوکسێکی ئەدەبی کار دەکات؛ بێدەنگییەک کە لە هەر هاوارێک دەنگدارتر و قورسترە.

شاعیر خەمی نیشتمان لەگەڵ خەمی تاك تێکەڵ دەکات و چەند وێنەیەکی کاریگەر بەکاردەهێنێت:

  • وەک شوشەیەک بە مستی خۆمان شکابێ: ئاماژەیە بۆ بەشداربوونی خودی کۆمەڵگە لە لێکترازانی ناوخۆیی یان تراژیدیاکانی خۆیدا.
  • یان هێلانەیەک بەدەستی خۆمان سوتابێ: هێما بۆ لەدەستدانی لانکەی ئارامی و ماڵ و حاڵی خۆبەخۆ سوتێنراو یان کاولکراو.
    ئەم خەمە نیشتمانییە لە دەقەکەدا تەنها هەستێکی ڕۆحنی نییە، بەڵکو دەچێتە ناوگۆشت و خوێنەوە: «چۆتە نێو ڕەگی درەختەکان و بەنێو دەماری گەشمردەکاندا رەتبووە»، کە ئەمەش نیشانەی تێکەڵبوونی ناسنامەی مرۆڤە بە خاک و سروشتی کاولکراوی دەوروبەری.
    . مەترسیی بێدەنگی لە بەرانبەر ستەمدا
    ‎یەکێک لە خاڵە هەرە گرنگەکانی ناو دەقەکە، دوبارەبوونەوەی پرسیارە ڕۆحئێشەکەیە: «ئاخ…. لە چ بێدەنگیەکداین؟» شاعیر بێدەنگییەکەی بە شێوازێکی زۆر تراژیدی هەڵسەنگاندووە و دەڵێت:
    «بێدەنگیمان لە خەنجەری جەلادەکان بکوژتر و لە شمشێری هاوسێکانمان تیژترە»
    ئەم ڕستەیە ڕەخنەیەکی توند و قووڵە ئاراستەی بێدەنگیی ناوخۆیی یان بێدەنگیی بەرانبەر بە نادادپەروەری دەکات؛ بێدەنگییەک کە لە چەکی دوژمن و هێرشی دەوروبەر کوندتر و ترسناکترە، چونكە خودی قوربانییەکە دەکوژێت پێش ئەوەی جەلاد کارەکەی تەواو بکات.
    لە بەشی دووەمی دەقەکەدا، شاعیر سروشت (هەور، چیا، با، درەخت) تێکەڵ بە تراژیدیای مرۆڤ دەکات. سروشت لێرەدا بێلایەن نییە، بەڵکو ئەویش دەناڵێنێت:
  • «ئەوە زامی خاکە دەمی کراوەتەوە»
  • «ناڵەی چیایە خەریکی پارچە بوونە و / تەور برینداری دەکا»
    ‎تەور، با و هەوری پڕ لە شۆک، وەک هێمای تێکشکاندنی قەڵا سروشتی و مرۆییەکان دەردەکەون، کە چۆن دەسکەوت و ئەزموونەکان لەگەڵ خۆیاندا دەبەن و شوێنەوارێک بۆ مانەوە نایێڵنەوە.
    ‎ئەنجامگیری
    دەقی «زامێکی کراوە» تابلۆیەکی ڕەساسی و غەمگینە لە هاوکێشەی مرۆڤ، خاک و مێژوو. سەلام عومەر لە ڕێگەی وێنەی شعریی بەهێز و پڕ لە هەستەوە، توانیویەتی برینی دەروونی و نیشتمانی لە قالبێکی تێكستێکی ئەدەبیی کاریگەردا ڕێكبخات، کە تیایدا برین تەنها شوێنەوار نییە، بەڵکو تاكە ناسنامەی مانەوە و بەرهەمهێنانی یادەوەرییە بۆ نەوەکانی داهاتوو🌷
    نورەدین جاف✍🏼
    ……………………………………..

زامێکی کراوە
سەلام عومەر

زامەکانمان تەنیا شوێنەواری خەنجەر نین
مێژوویەکن و…..
لەسەر جەستەی مرۆڤایەتی نووسراونەتەوە
هەر برینێکمان پڕە لە هاواری بێدەنگی
ئاخ…. لە چ بێدەنگیەکداین؟
هەر ئازارێکمان، چیرۆکێکی لە هەگبەدایە و
بۆ نەوەکانی جێدەهێڵین
خەمی ئەم نیشتمانە هەلا هەلای کردووین
وەک شوشەیەک بە مستی خۆمان شکابێ
یان هێلانەیەک بەدەستی خۆمان سوتابێ
خەمی ئەم نیشتمانە
چۆتە نێو رەگی درەختەکان و
بەنێو دەماری گەشمردەکاندا رەتبووە …..
جارێکی دی زامەکانیان دەکاتەوە،
ئاخ لە چ بێدەنگیەکداین؟
نەخشەی نیشتمانێکی ئەنجنکراو
خوێنی لەبەر دەڕوا و
دڵەکان وشک دەکاتەوە
زامێکە….
بۆ هەمیشە دەرگای ئازارەکانمان بۆ واڵا دەکا
بێدەنگیمان لە خەنجەری جەلادەکان بکوژتر و
لە شمشێری هاوسێکانمان تیژترە
ئاخ…. لە چ بێدەنگیەکداین؟
ئەوە زامی خاکە دەمی کراوەتەوە …..
هەور تیماری دەکا
ناڵەی چیایە خەریکی پارچە بوونە و …..
تەور برینداری دەکا
وەک نەڕەی باڵندە فافۆنەکانی ئاسمان
کەبەسەرماندا دەبارن و
درەختەکانمان بەڕەگەوە دەبەن و
زامەکانی خاک دەکەنەوە،
هەور و با
ئەزموون و دەسکەوتەکانمان بابردە دەکەن
ئاخ…لە چ بێدەنگیەکداین؟




ڕەهەندە فەلسەفەیی و هونەرییەکانی ئیستاتیکا؛ لە جوانییە سروشتییەکانەوە تا ئەزموونی ئەدەبی.. کارزان عزیز عەبدولرەحمان

ئیستاتیکا یان جوانیناسی وەک لقێکی بنەڕەتی لە فەلسەفە، دەپەرژێتە سەر لێکۆڵینەوە لە سروشتی جوانی، هونەر، تام، هەروەھا ئافراندن و چێژوەرگرتن لە جوانی، و پرسیار لەوە دەکات کە مرۆڤ حەز بە دیتن یان گوێگرتن لە چی دەکات و هۆکاری ئەو حەزە چییە. لە زمانی یۆنانیدا ئەم چەمکە بە ناوی ئیستاتیکا ناسراوە کە بە مانای هەستبوون دێت و وەک بەشێک یان لقێک لە فەلسەفە گرنگی بە دەرککردنە هەستییەکان دەدات و بە شێوەیەکی نەریتی خۆی بە جوانی و بابەتی جوان لە سروشت و هونەردا خەریک دەکات. ئەم چەمکە بە گشتی ڕاهێنانکردن بووە لەسەر ناسینی جوانی، چونکە سەرنج دەخاتە سەر وردەکاری و فۆرمی جوان و هارمۆنی و زیادکردنی شادمانی و نەرم و نیانی، و بە چەندین جۆری جیاواز پەیوەندی هەیە لەگەڵ ئەو زەمینەیەی کە لێی دەکۆڵێتەوە.
مێژووی سەرهەڵدانی لێکۆڵینەوە ئیستاتیکییەکان لە ڕۆژئاوادا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی فەیلەسووفە مەزنەکان، بە جۆرێک کە یەکەم لێکۆڵینەوەی سیستماتیک لەم بوارەدا لەلایەن ئەفلاتوونەوە ئەنجام درا، پێش ئەوەش فیساگۆرس پێی وابوو کە هارمۆنی یاسای بنەڕەتی جوانییە. جوانیناسی یەکێکە لە پێنج لقە سەرەکییەکەی فەلسەفە لە پاڵ مەعریفە، لۆژیک، ئەخلاق و میتافیزیک، و بە مانا گشتییەکەی بریتییە لە تیۆری جوانی لە دوو سۆنگەوە، واتە جوانیی سروشتی و جوانیی هونەری، و بە واتە دیاریکراوەکەشی بریتییە لە تیۆری هونەر. لەم ڕوانگەیەوە جوانی وەک دیاردەیەکی سەرانسەر پەیوەندیدار بە هەستەوە ڕەچاو دەکرێت کە خاوەن بایەخێکی ڕۆحی و دەروونییە، و لە سەدەی نۆزدەهەمدا هێگڵ جوانیی بە وێنەی ڕەنگدانەوەی هەستئامێزی هزر لە قەڵەم دەدا و گرنگیی زۆری دەدا بە باسە تیۆرییەکانی کانت، تا لە سەرەتای سەدەی نۆزدەهەم بەملاوەش جوانیناسی بە شێوەیەکی بەربڵاو هاتە ناو جیهانی ئەدەبەوە.
پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و جوانی مێژوویەکی کۆنی هەیە کە هاوتەمەنی بوونی مرۆڤخۆیەتی لەسەر زەوی، چونکە مرۆڤ لە ڕێگەی هەستەوەرەکانیەوە هەمیشە هەوڵی داوە کە لە دەوروبەرەکەی تێبگات و واتای بۆ ژیان پەیدا بکات. کاتێک باس لە ئیستاتیکا دەکرێت، تەنها مەبەست لە جوانکاریی ڕووکەش نییە، بەڵکو قووڵبوونەوەیە لەو پەیوەندییە نەپچڕاوەیەی کە لە نێوان مرۆڤ و جیهانی دەرەوەدا بوونی هەیە. هەستکردن بە جوانی پرۆسەیەکی ئاڵۆزی دەروونی و مێشکە کە تێیدا مرۆڤ تەنها وەک بینەرێک سەیر ناکات، بەڵکو بەشدارییەکی ڕاستەوخۆی ڕۆحی لەگەڵ ئەو دیمەن یان بەرهەمە هونەرییەدا دەکات کە دەیبینێت یان گوێی لێیە.
لە ڕوانگەی فەلسەفییەوە، لێکۆڵینەوە لە جوانی و هونەر یارمەتی مرۆڤ دەدات کە لە سنوورە ماددییەکانی ژیانی ڕۆژانە تێپەڕێت و ڕوو لە جیهانێکی باڵاتەر بکات. فیساگۆرس بە جەختکردنەوە لەسەر هارمۆنی وەک یاسای بنەڕەتی جوانی، دەرگای بۆ تێگەیشتن لە ڕێسا گەردوونییەکان کردەوە، چونکە پێی وابوو کە هەموو گەردوون لەسەر بنەمای رێكخستن و هاوسەنگییەکی ماتماتیکی و فیزیکی بونیاد نراوە کە کاتێک لەگەڵ هەستی مرۆڤدا دەگونجێت، مانای جوانی بەرهەم دەهێنێت. ئەم تێڕوانینە بنەمایەکی بەهێزی دا بە هونەر و تەلارسازی و مۆسیقای کۆن تا لەسەر بنەمای پێوەرە وردەکان گەشە بکەن.
ئەفلاتوون و پاشان ئەرەستۆ ئەم ڕووبەرەیان فراوانتر کرد و جوانییان بەستەوە بە دادپەروەری، راستی و جیهانی نموونەییەوە. لە لای ئەفلاتوون جوانیی جیهانی ماددی تەنها سێبەرێکە لە جوانییە ڕەها و ئاسمانییەکان، لە کاتێکدا ئەرەستۆ زیاتر ڕووی لە واقیع کرد و لە ڕێگەی چەمکی پاکبوونەوە یان کاتارسیسەوە لە تراژیدیادا، گرنگیی بەو کاردانەوە دەروونی و هەستییە دا کە بەرهەمی هونەری لە دەروونی بینەر یان خوێنەردا درustی دەکات. ئەمە پیشان دەدات کە ئیستاتیکا هەمیشە پردێک بووە لە نێوان واقیعی بەرجەستە و جیهانی ناخەوە.
لە سەردەمی نوێ و لەگەڵ هاتنی شۆڕشی فیکری و فەلسەفی لە ئەوروپا، فەیلەسووفەکان بە شێوازێکی جیاواز چاویان لە جوانیناسی کرد. ئیمانوێل کانت لە لێکۆڵینەوەکانیدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەزموونی ئیستاتیکی بریتییە لە چێژوەرگرتنێکی بێمبەست و بێبەرژەوەندی، واتە مرۆڤ کاتێک سەیری تابلۆیەک یان دیمەنێکی سروشتی دەکات و بە جوان وەسفی دەکات، هیچ مەبەستێکی ماددی یان بەرژەوەندییەکی شخصی لە پشت ئەو پەسندکردنەوە نییە، بەڵکو تەنها هارمۆنی نێوان هێزەکانی تێگەیشتن و خەیاڵە لە دەروونیدا. ئەمەش ئیستاتیکای کردە زانستێکی سەربەخۆ کە جیاوازە لە زانستەکانی تر و پەیوەندی بە ئازادیی ڕه‌های ئەزموونی مرۆڤەوە هەیە.
هێگڵیش لە لای خۆیەوە لە سەدەی نۆزدەهەمدا جوانیی بە باڵاترین شێوەی دەرخستنی حەقیقەت زانی لە ڕێگەی هەستەوە، و پێی وابوو کە هونەر و جوانی ڕەنگدانەوەی هزرن کە لە چوارچێوەی ماددەدا خۆی دەردەخات. لە ڕوانگەی هێگڵەوە، هونەر قۆناغێکە کە تێیدا ڕۆح هەوڵ دەدات خۆی بناسێت و لە ڕێگەی هێما و نیشانەکانەوە لە دەرەوەی خۆی تێبگات. ئەم تێڕوانینە فەلسەفییە زەمینەیەکی زێڕینی بۆ هونەرمەندان و نووسەران ڕەخسا تا لە بەرهەمەکانیانچدا تەنها بەدوای جوانیی ڕووکەشدا نەگەڕێن، بەڵکو ڕەهەندە فیکری و فەلسەفییەکانیش تێکەڵ بە بەرهەمەکانیان بکەن.
لە سەرەتای سەدەی نۆزدەهەم بەملاوە، کاتێک جوانیناسی بە شێوەیەکی بەربڵاو هاتە ناو جیهانی ئەدەبەوە، گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە شێوازی نووسین و خوێندنەوەدا ڕوویدا. ئەدەب ئیتر تەنها کێبڕکێی وشە و ڕستەسازی نەبوو، بەڵکو بوو بە گەورەترین شانۆ بۆ نیشاندانی تێکشکاون و سەرکەوتنەکانی مرۆڤ، خەمۆکییەکان، هیواکان، و قووڵاییەکانی دەروونی مرۆڤ. نووسەر و شاعیران بوون بەو فیگەرە ئیستاتیکیانەی که توانایان هەبوو دیاردە سادەکانی ژیان بگۆڕن بۆ شاهکاری ئەدەبی و لە ڕێگەی زمانێکی پڕ لە وێنە و هەستەوە، خوێنەر بگوازنەوە بۆ جیهانێکی تر.
لەم چوارچێوەیەدا، دەقە ئەدەبییەکان بوونە هەڵگری بەهایەکی گورەی ئیستاتیکی کە لە ڕێگەیەوە مرۆڤ نەک هەر چێژ وەردەگرێت، بەڵکو فێری ئەوە دەبێت کە چۆن جیهان لە ڕوانگەیەکی مرۆڤدۆستانە و قووڵترەوە ببینێت. زمانی ئەدەبی زمانێکی تایبەتە کە سنووری ئاسایی تێدەپەڕێنێت و لە ڕێگەی مەجاز، کینایە و وێنەی هونەرییەوە، واقیعێکی نوێ دروست دەکات کە تێیدا زمان خۆی لە خۆیدا دەبێتە ئامانجێکی جوانیناسی.
کۆتاییهاتنی ئەم ڕوانگە فەلسەفی و ئەدەبییانە پێمان دەڵێت که ئیستاتیکا تەنها وانەیەکی تیۆری نیست، بەڵکو چاویلکەیەکە که مرۆڤ لە ڕێگەیەوە سەیری جوانییەکانی ژیان، سروشت و هونەر دەکات. لە جیهانی پڕ لە بشێوی و خێرایی ئەمڕۆشدا، گەڕانەوە بۆ ئیستاتیکا و بەها جوانیناسییەکان تاکە ڕێگەیە بۆ پاراستنی ڕۆحی مرۆڤایەتی و جوانکردنی ژینگەی دەروونی و کۆمەڵایەتی، چونکە مرۆڤ بە بێ جوانی و هونەر و چێژوەرگرتن لە داهێنانی ڕۆحی، وەک بوونەوەرێکی وشک و بێ گیان دەمێنێتەوە کە تەنها لە پێناو بەقاوی ماددیدا دەژی، لە کاتێکدا جوانی و ئیستاتیکا ئەو ڕوشناییەن که ماناییەکی قووڵ و بێسنوور بە بوونی مرۆڤ دەبەخشن.




قوربانی بوون/ جەلاد بوون/ موسوڵمان بوون و شتی تریش.. نەوزاد بەندی

پێویست بەو هەموو ڕەشبینییە ناکات، چونکە هەرچییەک لە کۆمەڵگادا بگوزەرێت، ئیشی دەستی خۆمانە، ( ذلك بما كسبت ایدیكم ..) لە قورئاندا هاتووە، واتا ئەوە ئیشی دەستی خۆتانە.
هەموومان لە ناهەموارییەکاندا بەشدارین، ئیتر بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە پڕۆسەکاندا بووین، یان ناڕاستەوخۆ، لە ڕێی بێدەنگیی و چاوپۆشیی و ئاگرە سوورە لە خۆم دوورەوە.
هەموومان نائومێدیی بڵاوبکەینەوە ئەگەینە چی؟ لە کاتێکدا هەموومان بە جۆرێ لە جۆرەکان ئەو دۆخەمان دروستکردووە و قبوڵمانە و تێیدا ئەژین و وەچەیش ئەخەینەوە ..
هەر بۆیە ئەم ئەدەبیاتی ناڕەزایی بوون و ڕەشبینییە بەرامبەر بە هەموو شتێک، هەمان ئەو ووتاری دەسەڵاتەیە کە خۆیان گەندەڵییان دروستکردووە و لیژنەیش پێکدێنن بۆ نەهێشتنی گەندەڵیی .. هەمان ئەو ناڕازیی بوونەی حیزبە ئیسلامییەکانە له یەکێتی و پارتی کە بۆچی یەکناگرن، لە کاتێکا خۆیشیان یەکناگرن و چەند جۆرێک لە ئیسلاممان لا دەست ئەکەوێت.
هەڵەیەک کە بە کۆمەڵ کردوومانە، ئەبێ بە کۆمەڵ ڕاستی بکەینەوە.. نیشتمانێ، کولتوورێ، مێژوویەک، کە بە هەموومان شێواندوومانن، ئەبێ بە هەموومان چاکیان بکەینەوە..
ئەگینا من لە جێی خۆمەوە، خۆم بە فریشتە ببینم و ئەوانیش بە شەیتان .. ئەو لە شوێنی خۆیەوە، خۆی بە ماندێلا دابنێ و ئەوانی تریش بە نیشتمانفرۆش .. تۆ لە شوێنی خۆتەوە، خۆت بە بێتاوان و قوربانیی دابنێیت و ئەوانی تریش بە تاوانبار و ڕاوچێ، ناگەین بە هیچ .. کێشەکان کە خۆمان دروستمان کردوون، لە جیاتی چارەسەریان بکەین، ئەیکەین بە فتبۆڵێک و هەر یەکەی بۆ ئەوی تری هەڵدەدات هەتا یارییەکە کۆتایی دێت.
کێشەی موسوڵمانی ئەمڕۆ بە گشتی و موسوڵمانی کورد بە تایبەتیی ئەوەیە، ئەیانەوێ وەک مرۆڤێکی ئەوروپیی بژین، لە هەمان کاتدا وەک خەلیفەیەک حەق و حیسابیان لەگەڵدا بکرێت.. ئەیانەوێ بە دنیاوە بنوسێن و ئاوێتە بن، هەمان کات لە ئاسمانەکانیشدا فریشتەکان کارئاسانییان بۆ بکەن.. ناڕەزایەتییەکانیشیان زۆرینەیان بۆ کەمبوونەوەی خزمەتگوزارییە مادییەکانی دنیایە، نەک بۆ کەمتەرخەمییەکانیان لە ئەرکە ئاینییەکانیاندا ..
ئەوانەیش هەمووی بۆ ئەوە ئەگەڕێتەوە، پەڕتەوازەن و هەر یەکەی بە تەنیا بۆ خۆی ئەژی .. هەر یەکەی بۆ خۆی حوکمەتێکە ..بۆ خۆی بیریارێکە ..بۆ خۆی ڕێبەرێکە..
ئەمەیش عاقیبەتەکەی خراپتر ئەبێ، ئەگەر نەگەڕێنەوە بۆ لای ئەسڵی ئایەتەکانی قورئان، کە پڕۆسیجەری مرۆڤبوون و ڕابەرایەتیی ڕاستەقینەیە لەو دنیا خەیاڵییەدا.
ـ( ئەها .. خەریکە بڵێم بە خوا زانام ئەو هەموو ووشەیەم نوسی ..ئای چەند دانام !! .. ئا ئەمەیە لوتبەرزیی و خۆ بە شت زانین و خەڵک بە هیچ نەزانین ..خۆ بە فریشتە زانین و خەڵک بە شەیتان زانین ..ئەو لووتبەرزییە لە کاڵفامیی و لە زۆریی دنیاپەرستییەوە دێ .. لە خۆشویستنی دنیا و ترس لە مردنەوە دێ .. لە عەشقی دنیا و هاوڕێیەتی شەیتانەوە دێ و ..لە ڕق لە مردن و ڕق لە دیداری خواوە دێت ..
ئەم دنیا خۆشویستن و ترسان لە مردنە، کۆیلە دروست ئەکات.. کەسێک دروست ئەکات ترسنۆک و خۆپەرست و دوور لە شۆڕش، وەک ئەو مرۆڤانەی ئەمڕۆ لەسەر زەمین ئەیانبینین، بۆ نمونە پاپا نیو ئەوەندەی پۆتین و تڕەمپ نادادییان نەکردبوو، شۆڕشێکی گەورەی ڕێنیسانیسیان لە دژی ئەنجامدا کە هەموو ئەوروپای گرتەوە، ئەی بۆچی ئەمڕۆ ئەو شۆڕشە ڕوو نادات؟ بە هۆی ئەوەیە مرۆڤەکان عەشقی دنیا بوون و لە مردن زۆر ئەترسن، ئەوەیش بە هۆی دوور کەوتنەوەیانە لە بیر و باوەڕ و ئایین ، لە کەلچەر و بیرکردنەوە و هەڵوێستوەرگرتن و کاردانەوە .. ئێستا، لەم جیهانەی ئەمڕۆدا، ئەوەی نزیکی ئایین و بیر و باوەڕەکان بکەوێتەوە، لێی ئەترسن و پێی ئەڵێین تیرۆریست، لە ڕاستیدا ئەوە هەوڵێکە بۆ مانەوەی کۆمەڵگا لە بازنەی مێگەلبوون و .. عەشقی دنیا و ترس لە مردن، بۆ ئەوەی بیری شۆڕش و ئەلتەرناتیڤی تێدا نەمێنێ، تاکو دەسەڵاتەکانی دنیا لەو هەموو تاوانە ماددی و مەعنەویانە بەردەوام بن.
قوربانیی بوون و جەلاد بوون، خودی قوربانیی و جەلادەکە بڕیاری لەسەر ئەدەن، چونکە کۆمەڵگای مرۆڤایەتیی،کۆمەڵگای دارستان نییە، شێر و ئاسکیشی تیا بێ، کەمتیار و کەروێشکیشی تیا بێ، تێکڕای کۆمەڵگای مرۆڤ، مرۆڤن ، بەڵام هەندێکیان بڕیار ئەدەن ببنە قوربانیی و هەوڵ ئەدەن شانیان هەڵیبگرێ .. لە بەرامبەردا هەندەکەی تریش بڕیار ئەدەن ببنە جەلاد و ڕاوچی .. ڕەنگە بڵێم قوربانییەکان تاوانبارترن لە ڕاوچی و جەلادەکان، چونکە ئەوان لە سەرەتاوە ڕێخۆشکەر و پاڵپێوەنەری جەلادەکان بوون تا ببن بە ڕاوچی بە سەریانەوە ..
(نزار قبانی) لە شیعری (مذكرات سیاف العربي) دا ئەڵێ :

انا منذ أن جئت الى السلطة طفلا
ورجال السيرك يلتفون حولى
واحد ينفخ ناياً..
واحد يضرب طبلا
واحد يمسح جوخاً .. واحد يمسح نعلا..
منذ أن جئت الى السلطة طفلا..
لم يقل لى مستشار القصر (كلا)
لم يقل لى وزرائى أبدا لفظة (كلا)
لم يقل لى سفرائى أبدا فى الوجه (كلا)
لم تقل إحدى نسائى فى سرير الحب (كلا)
إنهم قد علمونى أن أرى نفسى إلها
وأرى الشعب من الشرفة رملا..
فاعذرونى إن تحولت لهولاكو جديد
أنا لم أقتل لوجه القتل يوما..
إنما أقتلكم .. كى أتسلى.

واتا هیچ کەسێ پێی نەووتم نەخێر، هەموویان سەریان بۆ ئەلەقاندم و ئەیانووت فەرمایشتی جەنابتە، قوربان .. بۆیه بووم بە دیکتاتۆر و .. هەر بۆ کەیف و خۆشیی، خەڵک ئەکوژم.

بوون بە قوربانیی و جەلاد شتێکی سروشتیی و سەپێنراو نییە ..
زۆرینە بە خواستی خۆیان سەری چەندەمین جار ئەڕۆنەوە دەنگ دەدەنەوە بە یەکێتی و پارتی بۆ نمونە .. یان دەنگ دەدەنەوە بە تڕەمپ .. بە گاڵتە و سوکایەتییش تەماشای سیمبوڵە جوانەکانی کۆمەڵگا دەکەن و پەڕاوێزیان ئەخەن ..
ئەگەر سەپاندن وا لە مرۆڤ بکات بێ خواستی خۆی کۆیلە و قوربانیی و داردەست بێ، هیچ واتایەک بۆ بەهەشت و دۆزەخ، پاداشت و سزا نامێنێتەوە .
خوای بەخشندە تەواوی مرۆڤەکانی بە جێنشینی خۆی داناوە لەسەر زەمین، تەواوی ئیرادەیشی داونەتێ، بەڵام چی دەڵێی لەگەڵ زۆرینەدا کە واز لەو وەزیفە گەورەیە دێنن و ئەبنە کۆیله و قوربانیی ؟؟ کارەساتە گەورەکەیش هەر لێرەدا تەواو نابێ، کە ژیانێکی سوک و مافخوراویان دەبێ، بەڵکو کارەساتە گەورەکە لەوەدایە کە بەهەشتیش جێگای کۆیلە و ملکەچی تیا نابێتەوە .. ئێ لۆژیک قبوڵ ناکات منێکی ڕەزامەند بەم هەموو زوڵمە کۆمەڵایەتییەی کە لێم کراوە ببمە دراوسێی حەمزە ..ئێ چۆن شێری شەهیدی ڕێی ڕاستی و .. کۆیلە و ملکەچی مافخورای ترسنۆک ئەبنە هاوجێ و هاوسێ؟ .. گەر ئەویش قبوڵی بکەت، من خۆم پێم قبوڵی ناکرێت..
کێشەکە لێرەدایه کاتێ خۆشەویستی دنیا و ترس لە مردن وامان لێ دەکات ببینە قەسعەیەک هەرچی ناکەسبەچەیه لێمان بخۆن، خۆ هەر لێرەدا تەواو نابێ .. ئێ چۆن پۆڕی خوراو و قەسعەی ئەتککراو و گڵاوکراو ئەکرێ ببێتە دراوسێی خالیدی کوڕی وەلید بۆ نمونە لە بەهەشتا ؟؟
( خسر الدنیا و الاخرة) ، ئەو هەواڵەی لە قورئان وفەرموودەدا هاتووە، تایبەتە بە قوربانییەکان کە خۆیان بڕیاریان لێداوە و هیچ کەسێک ناچاری نەکردوون ئەو دوو پۆستە لە دەست بدەن ، چونکە جەلادەکان لە دنیادا هەر چۆنێ بێ شاهانە و شێرانە ژیاون، تەنها ئاخیرەتەکەیان لە خەتەردایه ..ئەوەی خەسارەتی دنیا و ئاخیرەتە تەنها مێگەلە کۆیلە و بەشخوراو و سەرشۆڕەکەیە.
هەموو ڕێگاکان ئەڕۆنەوە بۆ بانە لای خۆمان و بۆ ڕۆما لەلای ئەوروپێکان.
بەڵام وەک دیکارت ئەڵێ پێویستە بزانین کە نازانین نەک نەزانین کە نازانین ..
واتا پێویستە بزانین ئەم پاشاگەردانیی و پاشکۆیەتیی و بێ ئەرزشکردنەی کۆمەڵگا، ڕەشەبا و زریانێکی سروشتیی نییە، بەڵکو کاری دەستی خۆمانە و بە گشتی خۆمان بڕیارمان لەسەر داوە.
ئەمڕۆ عەبدوڵڵای مەلا نوری و ئەوانی تر داوایان لە خەڵک کرد ڕێپێوان بکەن نەک چەکهەڵگرتن، لە کاتێکدا چەکیش هەڵبگیرێت، هەر ڕەوایە ..بزانە چەند کەس چوون بە دەم داواکەیەوە ؟
هەر یەکەی بە بیانوویەک خۆی لەو ئەرکە مرۆیی و دینیی و نیشتمانیی و تەنانەت قیامەتییەیش دزییەوە ..
ڕەشبینییەکەی من و ئێوە جیاوازییەکی بچوکیان هەیە، ئەوەی من ئەڵێم تەشتە قوڕەکە خۆمان کردوومانە بەسەری خۆماندا، بەڵام ئێوە ئەڵێن تەشتە قوڕەکە کراوە بەسەرماندا ..
تابلۆکە یەک تابلۆیە، وەک چۆن جەنازەیەک لە توبی عەدلی، خۆی کوشتبێ یان کوژرا بێ، هەر جەنازەیەکە و گیانی تیا نەماوە.
کاتێ لە کۆمەڵگایەکدا بۆ ماوەی پەنجا ساڵ ووتار و ئەدەب و ڕەخنە و چیرۆک بنوسیت، دواجار نەک کۆمەڵگا، تەنانەت مناڵ و برا و خوشک و خێزانەکەیشت بە قسەت نەکەن و تاقەتیان نەبێ بتخوێننەوە، ئەمە جەنازە نەبێ، ئەبێ چی جەنازه بێ ؟
بە گشتی من نائومێد و ڕەشبینم، بەو مانایە نا کە ئومێدم تێدا نەبێ، بەڵام ئەو کۆمەڵگایەی تێیداین ئومێدی تێدا نییە .. ئەو بەشەی کە بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتیم، مردووە ..بەڵام له بەشەکەی خۆمدا پەیوەستم بە ئومێد و ئامانجە گەورەکانەوە و ..تا دوا هەناسە لە هەوڵی نوسین وڕەخنە و لێکدانەوەی فیکریی و دیالۆگدام نەک لەسەر سکرینەکان بەڵکو لەو پەیجانەی شتێک لە دیالۆگ و لۆژیکیان تێدا ماوە، ئەوە بێجگە لەو خزمەتە کردارییەی کە 35 ساڵە ڕۆژانە خزمەتی تێدا ئەبەخشم بە کۆمەڵگا وەک کارمەندێکی تەندروستی ، لە ئێستاوە تا پەنجا ڕۆژی تریش خۆشبەختانە یان بە داخەوە، خانەنشین ئەبم ..
خۆشبەختانە: چونکە لە گێژاوێکی پڕ لە چاوەڕوانیی و ناتەبایی و دژایەتیی ڕزگارم ئەبێ، هەمان کات، بە داخەوە : چونکە کۆمەڵێ هاوڕێ کە زیاتر لە 30 ساڵە پێکەوەین، بەجێ دەهێڵم، لە گێژاوەوە ئەکەومە ناو بۆشاییەوە..
( بە ئاگادارییەوە ئەم ووشانە ئەنووسم تا نەکەومەوە ناو نێرگزیی بوون و خۆشویستنی خودەوە کە نەک زۆرینە بگرە هەموومان بەردەوام تێی دەکەوین، بە پاڵێکی زانایانەی شەیتانەوە لەو کاتانەدا کە لە لۆژیک دادەبڕێین و ..بەرەبەرە پێمان ئەڵێ خالیق کێیە، تۆ خۆت خالیقیت ..داهێنەر کێیە، تۆ خۆت داهێنەریت .. کێشە سەرەکییەکەیش ئائەو گریمانە ترسناکەیە کە پێشنوێژی گەندەڵ و سەرکردەی نیشتمانفرۆش و دەسەڵاتداری ملیاردێر و دڕندەی لێ پەیدا ئەبێ..
شتی تریش …




كورتە چیرۆك/ سەرلانكە.. سەلام عومەر

كە لەنێو لانكێدا بووم بەدەسرازەیەكی توند دەیانبەستمەوە و لە جوڵەیان دەخستم، ئەو جوڵانەی دەبێت هەموو كەس هەیبێ و ئازادیت تێدا دەدی، جوڵەیەك دەتتوانی وەك ئەوانیدی لاق و دەستی خۆت ببینی، وەلێ دەسرازەكە هێندە مەلعون بوو بەخۆوەی شەتەك دەدام و روی پێ لە عاسمانێ دەكردم، خۆ سەرلانكەكەش ئەوە دنیای لێ دەشاردمەوەو جگە لە دارێك و یەك دوو گوڵینگە هیچم نەدەدی، بەمساواییەم هەستم بەجیاوازی خۆم و ئەوانیدی دەكرد، ئاخر تەواوی خێزانەكەمان بەلاقی خۆیان دەڕۆشتن و بەدەستەكانیان نانیان دەخوارد و كوێیان حەز لێبا دەچوون، كەچی ئەمن لەنێو لانكەیەكدا دیل كرابووم بەستبوویانمەوەو جگە لەشیری دایەی هیچی دیان نەدەدامێ، هەر لەدرزی سەرلانكەكەوە دەمدی هەموو خێزانەكەم پێدەكەنن و منیش تا نەگریابام نەدەهاتنە سەرم، گەمەی زۆریان لەگەڵ دەكردم و شینە ماچی وایان لێدەكردم تەواوی كوڵمەم دەكەوتە نێو دەمیانەوە، ریشی باب و مام و بابەگەورەی هێندە زبر بوون ناچار دەگریام و ئەوانیش وازیان لێدێنام، وەلێ دایكم چونكە دەیزانی ناسكم و بەچ عەزابێكیش منی بووە زۆر بە نەرم و نیانی لەگەڵم دەجوڵایەوەو تەنانەت ماچیشی نەدەكردم تەنیا بۆنی دەكردم، ئەوەی كە زۆر زۆری عەزێتی دەدام هەر داكم بوو، كاتێك بە دەسرازەكە دەیبەستمەوە و لە جوڵەی دەخستم، وەلێ بەشیرە نایابەكەی هەموو شتم بیر دەچۆوە و دەچوومە خەوێكی قوڵەوە وەك ئەو خەوەی دوای گەورە بوونم بەجۆرە شیرێكی دی خەوتم و ئاودیوی سنووریان كردم.
خۆ بۆڕیەكیان بەنێو گەڵمدا رەوانە كردبوو دەتگوت ستوونە زۆری ئازار دەدام و هیچ دەسەڵاتیشم نەبوو، بۆیە ئەو سەردەمەی ساوایم زۆر قورس بوو، هەم شوێنم تەسك و هەم هیچ شتێ لە دەسەڵاتی خۆم نەبوو، خۆ كە لەكۆڵ لانكەش بوومەوەو هاویشتیانمە سەر دۆشەگان باشتر بووم، بەكەیفی خۆم لاق و دەستم دەجوڵاندن، ئەمما لەنێوان دایەو بابە دەنووستم ئەوانیش زۆرجاران جیقوفلیقیان دەكردمەوە هەتا واقەواقم نەكردبا لێم نەدەكشانەوە، دواتر دایە قومێك شیری دەدامێ و ژیر دەبوومەوە، بەو منداڵیەی خۆم هەستم بە زوڵم دەكرد و هەر بەگریان داوای ئازادیم دەكرد، داوای جێگەی تەنیا و ئازادی قسەكردن و سەربەخۆیی خۆم دەكرد.

رۆژان رۆیشتن و پارچەڵە بووم، شیر خواردنم بیرچۆوە و هیوایەتم سواربوونی پشتی پیكاب بوو، دەمگوت لەوێدا ئازادی هەیە و بام وێدەكەوێ و چواردەوری خۆم بەجوانی دەبینم، دەتوانم شوێنی خۆم بگۆڕم و ئاوڕ لە دواوە بدەمەوەو بەهەموو منداڵان بڵێم ئەها سواری ئۆتۆمبێل بووم، هەروابێتەوە شوێنەكەی فراوانەو دەتوانم لاقانیش راكێشم، ئاخر بە منداڵی هەركات دایكم سواری پیكابەكە بووبا، ئەو پیكابەی بابم بۆ كاروبارەكانی خۆی كڕیبووی منی لەسەر كۆشیدادەنا، دەچووە كێڵگەی مەڕەكان و چەند سەتڵێك شیری لە پشتی پیكابەكە سوار دەكردو لە ماڵێ هەندێكی دەكردە ماست و هەندێكی دەكوڵاند و بەنانی گەرم دەمانخوارد، ئەمما تامی شیری دایەی نەدەدا، خۆ كەتۆزێك گەورەتریش بووم دەیانخستمە بەینی خۆیانەوە و لاقم سڕ دەبوون و شوێنەكە هێندە تەسك بوو وەك بەندیخانە دەهاتە بەرچاو، جیاوازیەكی لەگەڵ ئەورۆژانە نەبوو كە لە لانكێدابووم.
هێندە حەزم لە پشتی پیكاب بوو ئیرەیم بەئاژەڵەكانیشدا دەهات كەبۆ قوربانی یان گواستنەوە لەوێیان دەبەستنەوە، پێموابوو ئەوێ شوێنێكی ئازادترە لە پێشەوەی پیكاب كە هەمیشە بۆمن وەك بەندیخانە وابوو.
ئەو حەزەم هێندە لاشیرین بوو ناچار بووم ڕۆژێك لە گەڕەكی خۆمان بەدوای پیكابێك بكەوم تا سواری پشتەوەی بم، بەغاردان بەدووی دەكەوتم و شوفێرەكەش لە ئاوێنەكەوە چاوی لەمن بوو، نەیدەتوانی هێواشی كاتەوە یان ئیستۆپ بگرێ نەبا خۆی پێدادەم و شتێكم بەسەر بێ، منیش تینم دایە خۆم و دەستێكم گەیاندە پاشكۆی پیكابەكە شوفێرەكەش تا شتێكم بەسەر نەیا پێیلێنا لەو كاتەدا دەستم لەپشتی پیكابەكە بەر بوو، زۆر بەخراپی بەربوومەوە دەست و ئەژنۆكانم رووشان و پیكابی تاین رایگرت و بەشوفێرو جیرانەكەمان كەچاوی لە كەوتنی من بوو هەڵیانگرتمەوەو چاوەڕێی ئەوە بووم بمخەنە پشتی پیكابەكە و بمبەنەوە ماڵێ كەچی لەپێشێیان سوار كردم و بردیانمە نەخۆشخانە دوای تیمار كردنی برینەكانم بابم و كەسەكانم پەیدا بوون و جارێكی دی ئەمنیان سواری پێشەوەی پیكابەكەی بابم كردەوەو هێنایانمەوە ماڵێ، ئەوجارەش ئەو خەونەی یان ئەو حەزەی هەم بوو نەك نەهاتە دی بەڵكو دیسانەوە لە ماڵێیان عاسێ كردمەوەو نەیاندەهێشت بچمەوە كۆڵانێ.

هەتا گەیشتمە تەمەنی هەرزەیش پیكابەكەمان مابوو كەچی ئەو خەونەم نەهاتە دی و هەرگیز نەیانهێشت سواری پشتەوەی پیكاب بم بەو بیانوەی هاوسەنگی لەدەست دەدەم و نەبا بپەڕم یان بكەومە خوارەوەو شتێكم بەسەر بێ.
ساڵ هاتوچوون و سمێڵم گوگرە بوون، تێكەڵی خەڵكی سیاسی و نیشتمان پەروەر بووم و زۆر جاران سواری جێب و كۆستەرانیش بووم، كەچی پشتی پیكابم هەر نەدی، هەتا جەلێكی لەگەڵ دوو لە هاوڕێكانم هەر بەپیاسە چووینە دەرەوەی شار و لەسەر چۆمی و لەبن سێبەری دارێك خەریكی قسە كردن بووین لەسەر سیاسەت و ئەوشتانەی زۆر كەممان لێدەزانی و كەوتبووینە ناوی، لێتان ناشارمەوە یەك لە برادەرەكان جۆرە خواردنەوەیەكی هێنابوو ئاوت تێكردبا وەك شیری لێدەهات، ئەمەش خەریكی خواردنەوەی ئەو شتە بووین، بۆن رازیانە ئەوناوەی داگرتبوو، راستی خەیاڵێكی زۆر خۆشی هەبوو، هەركە قومم لێدەدا شیرە نایابەكەی دایەم بیر دەهاتەوە، ئێمە لەو كەشە خۆشەدابووین كەچی هەموومان لێتێك چوو، لەپڕ شلەخەجێیەكی پڕ لە چەكدار پەیابوون و هەرچواردەوریان گرتین، تفەنگیان راكێشاو پێش ئەوەی تەقە بكەن ئەمە دەستمان بەرز كردەوەو ئەوانیش ئەفسەرێكی شەللاتیان لەگەڵ بوو لێمان هاتە پێش و فەرمانی پشكنینی جەستەمانی بە پاسەوانەكانی گەیاند، چی كاغەزی نێو باغەڵ و شتومەكی پێمان بوو لێیان ستاندین، ئەفسەرەكە تەماشایەكی خوانەكەی كردو شووشە عارەقەكەی هەڵگرت لە بەركی خۆی نا، ئیدی بەبێ دەست و چاو بەستنەوە سواری پشتی شلەخەجێیەكەیان كردین، لەوێ لەنێو ئەو شلەخەجێیە لە لایەك شەرمم دەكرد و لەلایەك دەترسام و لەلاكەی تریشەوە هاتنە دی خەونەكەم بوو، ئەمما ئازادیم نەدی و نەشمدەوێرا تەماشای چواردەورم بكەم تەنیا بام وێدەكەوت، كە گەیشتینە نێو شار سەرمان نەوی كرد و هەستمان بەشەرمەزاری دەكرد، چونكە گومانمان هەبوو هەندێك بە سیخوڕمان تێبگەن و هەندێكی دیش بە ترسنۆك، ئەمەیان بردە نێو فەرمانگەیەكی سەربازی لە ژوورێكیان هاویشتین دوای كاتژمێرێك لێپێچینەوە دەستی پێكرد و یەك یەك بانگیان كردین، تەواوی كاغەزەكانی نێو بەركیان خوێندبۆوەو جگە لە پەخشانی دڵداری و وەرەقەی تاقیكردنەوەی مانگانەی قوتابخانە هیچی دیان بەرچاو نەكەوتبوو، دوای ئەوەش هەرسێكمان هەمان قسەمان كردبوو كە تەنیا بۆ خواردنەوەو خۆشی چوینەتە سەر چۆمی، بۆیە كاغەز و شتەكانی نێو بەركیان داینەوە تەنیا ئەو چەقۆیە نەبێت كە لە باغەڵی هاوڕێیەكمدا بوو، ئەویشیان جیاكردبۆوەو گوتیان قوتابی نابێت چەقۆ هەڵگرێ، ئیدی ئەمەیان ئازاد كرد، بەڵام نەیانبردینەوە شوێنی خۆمان هەر لەدەركەیان وەدەرناین و گوتیان بچنەوە ماڵێ، كە هاتینە دەرێ چی كەسوكارمانە لەوێ بوون، هەبوو گوتبووی لەسەر دزی گیراون، هەش بوو گوتبوویان نا خوێڕیەتیان كردووە، هەشبوون بەسیاسی لەقەڵەمیان دابووین و دواتر بۆمان روونكردنەوە كە تەنیا لەسەر گومان گیراوین، ئیدی هاتینەوە ماڵ و بۆ یەكەمجار پشتی جۆرە پیكابێكم دی ئەمما بە دەستبەسەری و جگە لەبا كە پرچی ئاڵۆز كردم هیوایەتەكەم نەهاتە دی.

رۆژەكان بەخێرایی گوللە دەڕۆیشتن و هەفتەو مانگەكانی ئاودیو دەكرد، ئەو رۆژگارە هێندە ناخۆش بوو لاو لەخۆی بێزار دەبوو، دوای تەواو كردنی خوێندن دەبوو بچێتە سەربازی و ئایندەمان دەكەوتە نادیارەوە، ئێمەش سێ چوار هاوڕێ بووین بڕیارمان دا نەچینە سەربازی و تا ماوەیەك هەر لەشار بین و خۆ بشارینەوە، هەندێ لە رۆژەكانیش بۆ مەست بوون دەچووینە نێو باخچەكانی رۆخ شاری و تا تاریك بوون نەدەگەڕاینەوە، هەركاتێكیش كە یەكەم پێكم تێدەكرد شیری دایەم بیردەهاتەوە و دواتر هەڵمدەدا باسی پشتی پیكابم دەكرد و لەلای هاوڕێكانم ببوە شتێكی ئاسایی هەموان تێگەیشتبوون كە سواربوونی پشتی پیكاب بۆمن خەونێكی لەمێژینەیە وەلێ ریكناكەوێ و ناكەوێ، یەك لە ئێوارەكان كە بڕیار بوو بچینە نێو باخچەكان و بخۆینەوە، تەواوی پێداویستیەكانمان لەنێو هەگبەكانمان بوو، هێشتا نەگەیشتبووینە شوێنی دیاریكراو دنیا تاریك دانەهاتبوو، كەچی چەكدارانی چیا خۆیان بەشاردا كرد و ئێمەیان لە پشتەوەی خۆیان بەجێهێشت و لەنێو شار و سەربازگە و مۆڵگەكانی دووژمن بووە ئاگر باران، كەپێشتر تەنیا دەنگی گوللەكان بوو ئەوجارەیان برووسكەی تۆپ و هاوەن و چەكی قورسیش شاری دە لەراندەوە، بەكونفەیەكونێك هەواڵی ئازاد بوونی ئەو شارۆچكەیە هەموو دنیای تەنی، هێشتا تەواو مەست نەبووبووین كە هاتینەوە نێو شار و دیتمان كەسەكانمان خۆیان كۆدەكەنەوە، ئەوەی پێویست بوو باریان دەكرد و دەنگۆی بۆردومانی سەخت و رژاندنی كیمیایی بەسەر شارۆچكەكەدا ترسێكی گەورەی خستبووە نێو دانیشتوانی شارەوە.
كە گەیشتمەوە بەردەمی ماڵەوەمان پشتی پیكابەكە پڕ بوو لە پێداویستی هەڵاتن و بابم بەتوڕەیی گوتی دیسان لە قولزەرقوت خواردنەوەی بووی؟ یەك كاتژمێرە لەسەرت راوەستاوین دەی سواری پشتی پیكابەكەی بە تا بەڕێكەوین، منیش زۆر زۆر بەو بارودۆخە دڵتەنگ بووم، لە هەمان كاتیش دنیایەك بەختەوەر بووم كە بابم بەدەمی خۆی گوتی سواری پشتی پیكابەكەبە و دەست بە شیشەكانەوە بگرە ئاگاداربە نەكەوی، چونكە پێشەوە داكم و خوشكم و یەك دوو منداڵی دی تێدا بوون، بەبێ دوودڵی سواری پشتەوەی پیكابەكە بووم و هەگبەكەشم كە هێشتا بەشی رۆژێكی دی عارەقی تێدا بوو لەگەڵ خۆم برد، سەرەتا زۆر زۆر بەكەیف بووم، پیكاب رۆیشت و منیش لەنێو كەلوپەلەكانی پشتەوەی پیكاب بەمەستی جێیەكی باشم بۆخۆم كردبۆوە، بام وێدەكەوت و تەواو ئازاد بووم هەڵبەز و دابەزی پیكابەكەشم پێخۆش بوو، بەڵام كە هەڵاتنی شارێكم دەدی مەستیم خاو دەبۆوەو حەزەكانم كاڵ، رێك لەوكاتەی كە زۆر برسیم بوو رانم بە پرێسكەیەكی گەرم كەوت، كە كردمەوە یەك مەنجەڵ قاورمە بوو، تومەز ماڵێ فریای خواردنی نەكەتبوون بۆیە نەمكردە دوودڵی دەستم بەخواردنی كرد، ئەتۆ وەرە بیهێنە بەرچاوی خۆت لە پشتی پیكاب كە هیوایەتەكەت دێتە دی، دواتر خوانی چەور و خواردنەوە، دەبێت چ لەزەتێكی تێدابێ؟
هێشتا سەرم دەسوڕا كە لەشار دەرچووین، لەرێیە تووشی یەك لە برادەرەكانی خۆم بووین كە تازە لە باخچەكە یەكتریمان جێهێشتبوو، بابم ناسیەوەو ئەویشی هەڵدایە پشتی پیكابەكە، سەركەوت و گوتی: ماڵێ جێیان هێشتووم، باشە لێرە یەكتریمان گرتەوە، ئەویش هەگبەكەی خۆی پێبوو، فەرمووم لێكرد و دەستی بە قاورمە خواردن كرد، كاتێك لەشار دەرچووین دیتمان نەتەوەیەك روویان لە چیا كردووە، ئەوەی ئۆتۆمبێلیشی نییە بە هەگبەیەكەوەو بەپێیان شار جێدێڵێ، من و هاوڕێیەكەشم بە مەستی فرمێسكمان دەڕشت، من هەستابوومە سەرپێ و لە دڵی خۆمدا دەمگوت ئەو ئاواتەی هەم بوو لە نێو جەنگ و بارینی كیمیادا بەریەك كەوتن، شار ئازاد بوو، وەك چۆن من ئازادیم لە پشتی پیكابدا دی، ئێستا ئازادی شار و ئازادی نێو لانك و ئازادی خۆم جێدەهێلێن و شار بە خنكان دەسپێرین، شار دەدەینە دەست دوكەڵێكی سپی و خەریكی دواین هەناسەكانیەتی، باخچەكان دەترسن و ئاوی كانیەكان بەترسەوە دێنە دەرێ، لە پشتەوەی پیكابێكدا بەپێوە وەستاوم و با لە پرچی دەدام و مەستیەكەی كاڵ دەكردمەوە، بابیشم بەجۆرێك دەیهاژۆشت وەك ئەوەی سەدان فرۆكە بەدوایەوە بن، ئێمەش لە دواوە چی لە هەگبەكەماندا بوو لەنێو ئەو تاسە و ترس و تۆقینەدا پێك لەدوای پێك بەتاڵمان دەكردەوە، هەندێ جاریش بە لاملماندا دەڕژا، ئەو پێكانەی هەروەك شیری دایە بوون، وەك شیری ئەو مەڕانەی جێمان هێشتن و بە كەڵبەی گورگمان سپارد، دەڕۆیشتین و شاری ئازاد كراومان بۆ سەگ و پشیلە بەڕەڵڵاكان جێهێشت، هێندەی چاومان لە ئاسمان بوو هێندە تەماشای شارمان نەدەكرد، ئاخر هەموو فرۆكەكان هەموو بەڵایەكان بەوێدا دەهاتن و ئێمەیان دەكردە نیشانە.
پێشتر نەماندەتوانی تەنیا یەك كاتژمێر بچینە بازاڕو لە پیاوانی دووژمن دەترساین، كەچی ئێستا شار ئازادە و جێیدەهێڵێن، بەجۆرێك مەست ببووین وامهەست دەكرد كۆلارەین و بەئاسمانەوەین، دەفڕین و ئەو ئازادیەی تەمەنێكە داوای دەكەین بە راكردن دێتە دی، شارۆچكەكەمان تا دەهات بچوكتر و ترسناكتر دەبۆوە، یادگاریەكانمان جێدەهێڵین و منداڵیمان بەقەدەر دەسپێرین، هەرچەندی پێكمان هەڵدەدا، هێندە بۆنی رازیانەمان لە دوای خۆمان جێدەهێشت، بۆنێك پێموانیە بۆنی كیمیایش ئەوی پێ بشاردرێتەوە، هێندە مەست بووین لەنێو پشتی پیكابێك كە خەونی دەیان ساڵەم بوو هاتەدی، وەلێ خەونە گەورەكەم بزر كرد، ئازادییمان لێ بەردەبۆوە و ئاوارەیمان هەڵبژارد.
تا ئەو شوێنە ئاگام لەخۆم بوو كە لە مەستیان لار بوومەوە و برادەرەكەم توند منی گرتەوەو لەنێو پیكابەكەدا و هەر بەسەر نوێن و شتومەكدا درێژی كردم، دواتر كە چاوم كردەوە، سەرلانكەیەكی بۆریان بەسەردادابووم و وەك تەمەنی منداڵی دەتگوت لەنێو لانكەدام، كە باشتر بەهۆش خۆم هاتمەوە بۆنی شیری دایكم بۆ هات، هاتە لام و ماچی كردم، گوتی كوڕم زۆرت خواردبۆوە شەو و رۆژێكە لە پشتی پیكابەكەیدا نووستووی، ئێستا ئەوا لە ئۆردووگایەك ئاوارەین و لەسەر ئەو هەموو ماڵوحاڵەی خۆمان یەك خەیمەیان داوینێ، خەیمەیەك وەك سەرلانكەكەی ساوایت.

سەلام عومەر

2025
لە گۆڤاری رامان ژمارە 346 بڵاوبۆتەوە