هەر پەیوەندییەک بە سێکس دەست پێ بکات بە بۆشایی کۆتایی دێت.. زکریا نمر.. ‏و. لە عەرەبیەوە: یاسین لەتیف

‏لە زۆرێک لە پەیوەندییە سۆزدارییەکاندا، سێکس چیتر بابەتێکی تایبەت نییە لە نێوان دوو کەسدا، بەڵکو بووەتە پێوەرێک کە هێزی پەیوەندییەکە و ڕاستگۆیی هەستەکانی پێ دەپێورێت. بەهۆی بڵاوبوونەوەی ناوەڕۆکی بازرگانی و ڕیکلامی و کلتووری بەکاربردن، سەرنجڕاکێشیی سێکسی وەک بەشێکی سەرەکی لە بەهای مرۆڤ نیشان دەدرێت، تا ئەو ڕادەیەی جەستە زۆرجار ئامادەیی زیاترە لە کەسایەتی، و ئارەزوو کاریگەرترە لە گفتوگۆ، و چێژ خێراترە لە بنیادنانی متمانە.کێشەکە لە دانپێدانان بەوەدا نییە کە سێکس بەشێکە لە سروشتی مرۆڤ، چونکە ئەمەبابەتێکە پێویستی بە نکۆڵیکردن یان گەورەکردن نییە. کێشەکە لەوێوە دەست پێ دەکات کەپەیوەندییە سۆزدارییەکە کورت دەکرێتەوە تەنها لە ئارەزووی سێکسیدا، و کاتێک جەستە دەبێتە تاقە زمانێک کە هەردوولا بتوانن لە ڕێگەیەوە گوزارشت لە خۆشەویستی بکەن.ئەوکات پەیوەندییەکە وردە وردە لە فەزایەک بۆ تێگەیشتن و ڕێزگرتنەوە دەگۆڕێت بۆ پەیوەندییەک کە لەسەر بنەمای بەکاربردنی یەکتر (ئیستهلاکی متبادل)وەستاوە.هەروەها تێگەیشتنێکی هەڵەی باویش هەیە بۆ مانای پەیوەندیی گەرموگوڕ (حەمیمی).هەندێک کەس وا لە سێکس دەڕوانن کە بەڵگەی کۆتایی بێت بۆ خۆشەویستی؛ ئەگەرلایەنێکیان ڕەتی کردەوە، مانای وایە خۆشی ناوێت، و ئەگەر ڕازی بوو، مانای وایە دڵسۆزە.
ئەم هاوکێشەیە مەترسیدارە چونکە ئارەزوو دەکاتە ئامرازێکی گوشاری دەروونی، و لایەنێکیان ناچار دەکات شتێک پێشکەش بکات کە نایەوێت، تەنها لەبەر ترسی لە دەستدانی ئەوی تر.لە پەیوەندییە پێگەیشتووەکاندا، نابێت جەستە ببێتە باجی خۆشەویستی، و نابێت ئارەزووئامرازێک بێت بۆ سەلماندنی وەفا. ئەو خۆشەویستییەی هەمیشە پێویستی بە سەلماندنی جەستەیی هەبێت بۆ ئەوەی بەردەوام بێت، زیاتر دەری دەخات کە بنەمای پەیوەندییەکەلەرزۆکە، نەک ئەوەی هەستەکان بەهێزن. کێشەیەکی تر ئەوەیە کە کلتووری “خێرایی” چۆتەناو پەیوەندییە سۆزدارییەکانیشەوە. وەک چۆن مرۆڤی ئەمڕۆ هەموو شتێکی بە خێرایی دەوێت، هەندێک کەس پەیوەندیی خێرا، متمانەی خێرا و حەمیمییەتی خێرایان دەوێت، پاشان دواتر درک بەوە دەکەن کە بنیادنانی پەیوەندییەکی مرۆیی بەو خێراییە نابێت.
جەستە دەتوانێت لە ساتێکدا مەوداکان کورت بکاتەوە، بەڵام ناتوانێت بە تەنها متمانەیەک بنیاد بنێت کە بنیادنانی مانگ یان ساڵانی خایاندووە. پڕکێشەتر ئەوەیە کە هەندێک پەیوەندی لە ڕاکێشانی جەستەییەوە دەست پێ دەکەن و هەرلەوێشدا کۆتاییان دێت. پرسیارەکە دەبێتە ئەوەی: ئایا هێشتا خوازراوم؟ ئایا هێشتاسەرنجڕاکێشم؟ ئایا هێشتا لایەنی بەرامبەر منی دەوێت؟ لەگەڵ کاتدا، پەیوەندییەکە دەگۆڕێت بۆ تاقیکردنەوەیەکی بەردەوامی سەرنجڕاکێشی، و ترسی لەدەستدانی ئارەزوو بەهێزتر دەبێت لە ئارەزووی تێگەیشتن لە خودی مرۆڤەکە.ئەمە بەو مانایە نییە کە سێکس دوژمنی خۆشەویستییە یان پەیوەندیی حەمیمی بێبایەخە.سێکس لە ناو پەیوەندی هاوسەریدا دەکرێت گوزارشت بێت لە میهرەبانی و نزیکی و متمانە،بەڵام بەشێکی زۆری ماناکەی لەدەست دەدات کاتێک دەبێتە کاڵایەک یان ئامرازێک بۆ کۆنترۆڵکردن یان تاکە پێوەر بۆ خۆشەویستی. هەروەها جیاوازیی هەڵوێست بەرامبەر سێکس پێش هاوسەرگیری، دەبێت بە هۆشیارییەکی ئایینی، کلتووری و ئەخلاقییەوە باس بکرێت، نەک تەنها لە ڕێگەی ترساندن یان وێناکردنی ئازادیی سێکسی وەک ڕزگارییەکی تەواو لە هەموو بەرپرسیارێتییەک.کێشە ڕاستەقینەکە ئەوە نییە کە مرۆڤ خاوەنی ئارەزووی سێکسییە، بەڵکو ئەوەیە کە ئارەزوو ببێتە هێزێک کە بە تەنها بڕیار لەسەر شێوازی پەیوەندییەکە و چارەنووسی بدات. ئەو پەیوەندییەی نەتوانێت بێ سێکس بژی، کەموکوڕی لە تێگەیشتنی بۆ خۆشەویستی دەردەخات، هەروەها ئەو پەیوەندییەی کە لایەنی جەستەیی بە تەواوی نکۆڵی لێ دەکات،
‏دەکەوێتە ناو نکۆڵیکردن لە لایەنێکی سروشتیی مرۆڤ.ئەوەی مرۆڤ لە پەیوەندییەکی سۆزداریدا پێویستییەتی، جەستەیەکی بەردەست نییە بەقەد
‏ئەوەی پێویستی بە کەسێکە کە هەستی ئارامی و ڕێز و توانای گفتوگۆکردنی لەگەڵدا هەبێت بەبێ ترس. سێکس دەکرێت بەشێک بێت لە پەیوەندییەکە، بەڵام ناتوانێت ببێتە جێگرەوەی دۆستایەتی، متمانە، پابەندبوون و گفتوگۆ.بۆیە گرنگترین پرسیار ئەوە نییە کە ئایا پەیوەندییەکی سێکسی هەیە یان نا؟ بەڵکو ئەوەیە کە: چی لە پەیوەندییەکە دەمێنێتەوە کاتێک سێکس نامێنێت؟ ئەگەر ڕێز، گفتوگۆ، متمانە و ئارەزووی بەردەوامبوون نەما، ئەوا ڕەنگە پەیوەندییەکە هەر لە سەرەتاوە لەسەر بنەمای خۆشەویستی نەبووبێت، بەڵکو لەسەر بنەمای پێویستی و ئارەزوو و ترسی تەنیایی بووبێت.کاتێک سێکس دەبێتە تاقە زمانی پەیوەندییەکە، خۆشەویستی زمانەکانی تری خۆی لەدەست دەدات.
‏
‏




وردە وتار.. نەوزاد بەندی

ـــ 1 ــ

وتار ــ

تێگەیشتن لە ووتار، وەک تێگەیشتن لە زانستەکان وایە و .. پێویستی بە کۆمەڵگای
هۆشیارە .. ناکرێت و ناگونجێت کۆمەڵگایەک لە قۆناغی حەکایەتی بەرئاگردان و کوڕە کەچەڵە و پیرەمێردە چل گەز ڕیشەکەدا بێ، تۆ بێیت ووتاری ڕۆشنگەریی بۆ بنوسیت.. لۆژیکیی نییە و ناڕەوایە گەر میللەتێک لە قۆناغی کۆیلایەتییدا بێ و تیایدا ئاغا وکوێخا و شێخ و بەگ و سەرۆک عەشرەت بڕیاربەدەست بن، تۆ بێیت باسی میشیل فۆکۆ و ئۆڵف پاڵما و فریدریک نیچەیان بۆ بکەیت.. ڕەوای حەق نییە کۆمەڵگایەک لە گەدە بەرەو خواری ئیش بکات، تۆ بێیت ڕۆمانی گەڕان بۆ کاتی ونبووی مارسیل برۆست و موبی دیکی هێرمان مەلڤیل و .. شەڕ و ئاشتی تۆڵستۆی و .. دۆنکیشۆتی سێرڤانتیسی بۆ وەربگێڕیتە سەر زمانەکەی کە دەیان هەزار لاپەڕەن..
ئەو ماندوو بوونە تاقەتپڕوکێنە بۆچی؟ ئەم شەونخونیی و مێشک هەڵگوشین و ژیان لە خۆ تاڵکردنە بە دیار کیبۆردێکەوە بۆچی و بۆ کێ و لە پای چیدا؟
هەڕاجکردنی کتێب واتا هەڕاجکردنی عەقڵ، واتا ئەو کۆمەڵگایە تەنها گەدە و ئەندامەکانی زازوێیان کار دەکەن.
وەڵاهی ئەم کارەی ئێمە ئەیکەین، وەک فوکردنە باڵۆنێکی تەقیو وایە، نازانم ووتار بۆ کێ دەنووسین؟ ئەو هەموو وتارە جوان و پڕ ڕاستی و نەخشە ڕێگای ڕزگاریی و هەڵوێستە، کە ئەو هەموو نووسەرە بیریار و دڵسۆزە، بە بێ بەرامبەر ئەیاننوسن، بە بێ ئەوەی نە خوێنەری پێویست و .. نە بچووکترین هەڵوێست و ڕیفۆرمیان بە دوادا بێت، جێگای داخ و پەژارەیە..
لە ووڵاتانی هۆشیاردا، ووتار ئەبێتە هۆکارێک بۆ کۆبوونەوە و هەڵوێستی جەماوەریی.. نووسەران وەک ڕابەر و سەرکردەی نیشتمانیی تەماشا ئەکرێن، بە ووتاربێژی مزگەوتەکانیشەوە.
کاتێ ووتاری دەیان ساڵی خۆم پیشانی هەندێ لە هاوڕێ خاوەن بڕوانامەکانم ئەدەم کە زیاتر لە چل ساڵە هاوڕێین، بە زمانێکی گاڵتەجاڕییەوە ئەڵێن : ( ئەمانەیش ئەنوسی؟ بەزمی وایشت هەیە؟ بەخوا برا تۆ گۆڵمەزیت!! )
من زۆرجار ئەکەومە شکەوە لەوەی لاپەڕەی ووتارەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەک پێگەیەکی سیخوڕیی جیهانیی و ناوخۆیی کاری لەسەربکرێت، تا بزانن کێ بیر ئەکاتەوە و چۆن بیرئەکاتەوە؟ ئایا خەڵکێک هەن بیانخوێننەوە؟ ..بۆ ئەوەی ئاستی هۆشیاریی خەڵکەکەی پێ دیاری بکەن و نەخشەی درێژەپێدانی کۆیلەکردنیانی پێ بکێشن، ئەگینا لە خۆڕایی هەفتانە سی و پێنج هەزار دۆلاریان نەدەدایه محمد حەسنێن هەیکەل لە بەرامبەر یەک ووتاردا کە لە ڕۆژنامەکانی شەرقلئەوسەت و فاینێنشاڵ تایمز و ..لۆمۆندا بڵاوی ئەکردنەوە.
من لێرەدا نامەوێ و داوا لە خەڵک ناکەم ووتاری مامۆستایانی ئایینی و نووسەران ڕایانچڵەکێنێ و هەڵوێستیان بۆ دروست بکات، چونکە ڕاچڵەکین و هەڵوێستوەرگرتن، پەیوەندییان بە خەڵکەکە خۆیانەوە هەیە، هەزار ساڵ هاوار لە مردوو بکەیت، زیندوو نابێتەوە و جوڵەی تیا دروست نابێ، تەنها حەزم کرد باس لە قوڕبەسەریی و هەناسەساردیی و ماندوێتیی نوسەران و ووتاربێژان بکەم لەم باق و بریقخانە دوواکەوتووە ڕەشۆکییەی خۆمان و ناوچەکەدا.

ـــ 2 ـــ
ــ بە سەخیفیی ژیان و بە سەخیفیی مردن ــ

ئەوانەی بە سەخیفیی و پەڕاوێزخراویی و هەڕەمەکیی دێنە ژیانەوە، بە سەخیفیی و پەڕاوێزخراویی و هەڕەمەکییش ئەمرن ..
ئەگەر کەسێکی ناوداریشیان تێدا هەڵبکەوێت، ناودارییەکی ترسناک و خەمگینە، ئەگەر سەرکردەیەکی وەک هیتلەر بە ڕێکەوت سەرهەڵبدات، کە لە خێزانێکی سەخیف و پەڕاوێزخراو و هەڕەمەکییەوە هاتبوو، ئەوا هەموو جیهان ئەکاتە خڵتانی خوێن و لە هەردوو شەڕی جیهانیدا بەشدار ئەبێ، لە یەکەمیاندا وەک عەریفێک و لە دووەمیاندا وەک سەرۆکێکی دڕندەی کۆمەڵکوژ.
ئەگەر بیریارێک یان پزیشک و ئەندازیارێکی جیهانیی لەو کۆمەڵگا و خێزانە سەخیف و پەڕاوێزخراو و هەڕەمەکییانەوە بە ڕێکەوت پەیدا بێت، کەسێکی خەمگینە هەتا سەر ئێسقان، کەسێکە لە دەرەوە بەناوبانگ و داهێنەرە و لە ناخەوە داڕوخاو و وێرانە..
ئەندازیارێکی گەورە وداهێنەری وەک زوها حەدید، کە لە عێراقێکی سەخیف و پەڕاوێزخراو و هەڕەمەکییدا ژیا بوو، پاشان کاتێ چووە ئەوروپا و بووە ئەو ئەندازیارە تەلاسازە جیهانییەی ڕکابەری نەبوو، نەخشە و دیزاینی تاوەره دەگمەن و فڕۆکەخانەکانی نیۆیۆرک و تۆکیۆ و هەموو پایتەختە گرنگەکانی جیهانی ئەکێشا، لەگەڵ ئەوەیشدا هەتا کۆچی دوایی کرد، خەم و ئازار و تێکشکان ناخ و ڕوخسار و ووتەکانیان بە جێ نەدەهێشت، لە ووتەیەکیدا ئەڵێت : ( لە وڵاتە عەرەبییەکان دژایەتییم ئەکرا لەبەر ئەوەی ژن بووم، لە ووڵاتە ئەوروپییەکانیشدا دژایەتییم ئەکرێ لەبەرئەوەی عەرەبم )
هەر بۆیە هێزە جیهانییە داگیرکارەکان، بەردەوام هەوڵ ئەدەن ژیانێکی سەخیف و پەڕاوێزخراو و هەڕەمەکیی بۆ میللەتە قوربانیی و ژێردەستەکانیان دابین بکەن، دەسەڵاتەناوچەیی و ئاغا و عەشرەتچییەکانیش لاسایی ئەو سیاسەتە ئەکەنەوە و.. لە ئاژەڵ خراپتر مامەڵە لەگەڵ خەڵکەکانیاندا ئەکەن، بەو جۆرە میللەتگەلێکی زۆری سەخیف و پەڕاوێزخراو و هەڕەمەکیی پەیدا دەبن، کە ژیانێکی لە ئاژەڵ ناخۆشتریان هەیە و .. هەتا ئەمرن بە دەردی بێ ڕێزیی و پەڕاوێزخراویی و هەڕەمەکییەوە ئەتلێنەوە، خۆ ئەگەر بیشبن بە کەسێکی سیاسەتمەدار و دەوڵەمەند و پلەدار و باڵا، چاوچنۆک و ترسناک و پیاوکوژ و قێزەون ئەبن.. دواجار لەهەر پلە وپۆستێکیشدا بمێننەوە، هەر بەو دەردانەوە ئەمرن، دەردی سەخیفیی و پەڕاوێزخراویی و هەڕەمەکیی.
هەر بۆیە لە ووڵاتانی پێشکەتوودا، پەروەردە گرنگترین سێکتەرە و .. زۆر بە ووردیی چاودێریی دەکرێت، تەنانەت لەناو خێزانیشدا ناهێڵرێت دایک و باوک منداڵەکانیان لەسەر سەخیفیی و پەڕاوێزخراویی و هەڕەمەکیی پەروەردە بکەن، ئەگەر نا، منداڵەکانیان لێ دەسێننەوە و حوکمەت خۆی بەخێویان ئەکات..چونکە میللەتێک پەتای سەخافەت و پەڕاوێزخستن و هەڕەمەکیی تێدا بڵاوبێتەوە، بەهیچ دەرمانێ چارەسەر نابێت و درێژە دەکێشێ، هەتا تەواوی کۆمەڵگا ئەگرێتەوە.

ـــ 3 ــ
ــ چامپیۆنس لیگی موچە وەرگرتن ــــ

دوای مانگێکی نزیکەی پەنجا ڕۆژیی، کە بەغدا موچە بۆ کوردستانی فیدڕاڵ ئەنێرێت، پێشبڕکێیەکی سەیر و سەمەرە سەر هەڵدەدات، شەقامەکان پڕ دەبن لە ئوتومبیل و قەڵەباڵغییەکی زۆر بەردەم ئەی تی ئێمەکان ئەتەنێت، هۆکارەکەیشی بۆ ئەوە ئەگەڕێتەوە، خەڵکەکە برسی کراوە و پانزە بیست ڕۆژ موچەی دواخراوە، بۆیە هەڵمەت ئەبات بۆ وەرگرتنی موچەکەی.. هەروەها متمانەی بەو دەسەڵاتە نییە موچەکەی لەسەر کارتەکە بهێڵێتەوە و هەر کاتێ پێویستی پێ بوو، بڕێکی لێ دەربێنت، بازاڕەکانیشمان زۆربەیان لە ڕێی کارتی بانکییەوە کەل و پەلەکانیان نافرۆشن، ئیلا ئەبێ دەیی و پێنجییەکانیان بۆ بژمێریت..دیسان خەڵکەکەیش هۆشیاریی بانکیی نییە و نازانێت ئەو بڕە پارەیەی خراوەتە سەر کارتەکەی، هیچ کەسێک ناتوانێ دەستکاری بکات و وەک قاسەیەکی تایبەت بە خۆی وایە، کلیلەکەی تەنها لای خۆیەتی.
هەموو ئەم هۆکارانە وا دەکەن کاتێ خشتەی موچە ڕاگەیەنرا، ئەی تی ئێمەکان ببنە مەزارگا و .. سەدان هەزار زیارەتکاریان هەبێ ..
ئیتر هەندێ بانک هەن ڕەسیدیان کەمە و پارەی ئەیتی ئێمەکانیان زوو تەواو ئەبێ، فەرمانبەرەکە بە تامەزرۆییەوە کارتەکەی لێ دەدات، ئەویش زۆر بە خەمساردییەوە بۆی دەنوسێت : پارەی تێدا نییە !!
لەوێدا ئیتر بێزاری و دەمە بۆڵە و جنێو بە دەسەلات ودار و بەرد دێنە ئاراوە..
ئەی تی ئێم ئەبێتە ڕێی کانی و.. خەڵک هەیە ڕۆژانە چەندین جار سەردانی ئەکات، فەرمانبەر هەیە شەوگەڕ و ڕۆمانسییە، بە تاریکی ئەچێ بۆ ژوانی ئەیتی ئێمەکان .. فەرمانبەر هەیە گورج و گۆڵە و لەگەڵ نوێژی بەیانیدا، دوای تەواوکردنی ویرد و تەسبیحاتەکەی، بەرەو ئەیتیئێمەکان مل ئەنێت..
لە هەمووی قورس و ناخۆشتر دابەشکردنی موچەی کەمئەندام و خانەنشینانە لە سلێمانی .. ئەوانەی تازە خانەنشین بوون، موچەی یەکەمیان لە بانکی تەنیشت تێرمیناڵی شارەزوورە، ئەو ڕاستە ڕێگایە بە ئوتومبیل قانگ ئەدرێت، ئەڵێی کۆڕەو و ڕۆژی حەشرە، ئەو هەموو پیر و پەککەوتەیە لەو بەر هەتاوە سوتێنەرەدا ڕیز بوون، وەڵاهی ئەو دیمەنەم تەنها لە فیلمەکانی هۆلۆکۆست و قڕکردنی جولەکەکاندا بینیوە لەلایەن نازییەکانەوە، ئەگەر ئەو هۆلۆکۆستە لە ڕاگەیاندنەکانی جولەکەدا زۆری پێوە نرابێ، ئەم هۆلۆکۆستەی خانەنشینانی خۆمان کەمی هەیە و زیادی نییە.. بە ڕاستی من وەک خۆم، کاتێ ئەکەومە ناو قەڵەباڵغیی شەقامەکەوە، لەناو ئوتومبیلەکەیشما بێزار ئەبم، ئینجا خوا یارمەتی ئەو هەموو پیر و پەککەوتەیە بدات کە بە سەدان و هەزاران لەناو ئەو تۆز و خۆڵ و لە ژێر ئەو هەتاوەدا گیریان خواردووە.
هەرچی دابەشکردنی موچەی کەمئەندامانە لە سلێمانی، بۆ کار ئاسانیی کەمئەندامان، گردێکی ناقۆڵا لە بەردەم بانکی کەمئەندامانایە، لەتە بلۆک و تەڵاشە بەرد بۆ پلیکانە بە هەڕەمەکیی دانراون، کەسێک شاخەوانیی نەکردبێ، ئەگەری کەوتن و ملشکانی هەیە .. ئیتر ئەگەر کەمئەندامەکە توانی ئەو عەقەبەیە ببڕێت، ئەچێتە ناو حەوشەیەکی ناقۆڵای خۆڵەوە، ئەبێ لەبەردەم کۆمەڵێ پەنجەرەدا ڕیز بێ، هەتا خوا حەقی ئەسێنێ، پەنجەرەی وەرگرتنی پسولە و ناوونیشان و پەنجەمۆر .. پەنجەرەی ووردبینیی .پەنجەرەی پارە وەرگرتن ..
(( اهدنا الصراط المستقیم، صراط الذین انعمت علیهم غیر المغضوب علیهم و لا الظالین ))
امییییییییییییین




چـیرۆک بۆ منـداڵان.. زەردەخـەنەکەی دکـتۆر.. نووسینی: رەزا شـوان

مـن و شاهـۆ دوو هـاوڕێین، ماڵـمان لە کۆڵانێک دایە. پار لە پـۆلی شەشی بنەڕەتیدا بـوویـن. لە هـەمـان پـۆل و قـوتابخانەی گەڕەکەکەماندا بـووین. شاهـۆ لە خـێزانێکی هـەژارە. بەڵام زیـرەک و هـێمـن و سـەلارە. ئێـمەش ژیـانێکی مامـناوەنـدیمان هـەیە.
رۆژێک لە دوای نیوەڕۆ، لەو زەوییە چۆڵەی ژوور کۆڵانەکەماندا، یاری تـۆپی پـێمان دەکرد. شاهۆ پێی چەپی لە بەردێک هەڵکەوت کەوت ، دەستی بە هـاوار کرد. دیاربوو ئازارێـکی زۆری پـێگەیـشـت. هـەڵـمان سانـد، بـەڵام نەیتـوانی بـڕوات. کـردمە کـۆڵـم
و بـردمەوە بۆ ماڵیان. بە دایکـیم وت: شاهـۆ ئازاری زۆرە، با بیبەیـن بۆ لای دکتۆر.
دایکی: نا گـۆران گیان با ئێـوارە باوکی بـێتـەوە، دەیبـەیـن بـۆ نەخـۆشخانەی گـشتی.
هەسـتم کـرد کە لەوانەیە، پـارەی دکـتۆریان لە ماڵـەوە نەبـێـت. رامکـرد بـۆ ماڵەوە، قـوتـووی پاشەکـەوتکـردنەکەم هـەڵـبچـڕی، (٤٥) هـەزا دینـاری تـێـدا بـوو، کـردمە گـیرفـانمەوە و بە دایکـم وت: دایکە گیان شاهـۆی هـاوڕێـم بۆ لای دکتـۆر دەبەیـن.
بە رێـکەوت تاکـسیـیەک بە کۆڵانـەکەمانـدا هـات. رامگـرت. سـواربـوویـن، چـووین
بـۆ نـۆریـنگەی دکـتۆر مـیـلاس، پـسپـۆری ئـێـسک و شکاوییـە.
دکتـۆر میلاس دوای ئەوەی پشکـنینی بۆ پێی شاهـۆ کرد، دەرزییەکی لـێدا، بۆ ئەوەی ئازارەکەی خامۆش بێـت. ناردمانی بۆ ژوورەکەی تەنیشتیـیەوە، بۆ ئەوەی ئەشیعەی پـێی بگـریـن. ئەشـیعـەمـان بـۆ گـرت و بـردمـانەوە بـۆ لای دکـتـۆر میـلاس.
دکتۆر: ئەو ئێسکەی سەرپێی درزی بردووە، دەبێت لە گەچی بگـرین، تا دوو هەفـتە پێـوەی بێـت و نەچـێت بـۆ قـوتابخـانە. بـڕۆن دابنـیـشن تا پێـویستییەکان ئامادەکەیـن.

مـن لەکاتی دانیشتنەکەدا، خەیاڵـم لەلای پارەکەی گـیرفـانـم بـوو. پـێـنج هـەزارم دا بە تاکـسی و دە هـەزاریـش پارەی ئەشـیعـەکەم دا، مایـەوە (٣٠) هـەزار. پـێنج هـەزاری بـۆ تاکـسی بـۆ گـەڕانەوەمـان، دەمـێـنـێـتەوە (٢٥) هـەزار. دەبـێـت دکـتۆر چەنـدمـان لـێوەربگـرێـت؟ ئـەی پـارەی حـەپ و دەرمـان؟ دامابـووم، لە دوای لە پانـزە خـولەک دکتۆر بانگمانی کرد. بە سەرپەرشتی ئەو، بـریـنپێچـەکەی بە جـوانی پێی شاهـۆی لە گەچ گرت. دکتۆر لەسەر کورسییەکەی دانیـشت. لە داتەکەیـدا دەستی بە نووسین کرد.
دکتۆر: حەپێکی ئازارشکـێنم بۆ نووسی، لە دەرمانخانەیەک بیکڕن. رۆژی سێ حەپی بدەنی. لە دوای دوو هەفـتەش بیهـێننەوە بۆ لام، بۆ ئەوەی گەچەکە لە پێی بکەیـنەوە.
چـووم راچـێـتەکەم لـێی وەرگـرت.
ـ دکتـۆر گـیان پـارەکە دەکات بە چـەنـد؟
دکـتۆر میـلاس: هـەمـووی دەکـات بە (٤٠) هـەزار دینـار.
خەریکـبوو لە شـوێـنی خـۆمـدا سـڕبـبـم، بەکـزییـەکەوە رووم لە دکـتۆر کـرد.
ـ دکتۆر گیان دەکـرێت یارمەتیـمان بدەیت، ئەم (٢٥) هـەزارمـان لـێوەربگـرە. پانـزە هـەزارەکەش، بـە مانـگانە لـێـمانی وەربـگـرە، مانـگی پـێـنج هـەزارت بـۆ دەهـێـنم.
دکـتۆر سەیـرمی کرد، بە روویەکی گەش و بە زەردەخەنەیەکی شیریـن و ناسکەوە.
دکـتۆر: شاهـۆ چـی تـۆیـە؟
ـ ئێـمە هـاوڕێ و هـاوپـۆلـیـن و هـاوسێـشـین. لە هـاوڕێ باشـتـر وەک دوو بـرایـن.
دکـتۆر: باوکی شاهـۆ کـاری چی دەکـات؟
ـ دکتۆر گیان، باوکی کاسپکارێکی ساکارە، بەیانی دەڕوات ئێـوارە دێتەوە. کـرێچـین و لە ژووریکـدا دەژیـن.
دکتۆر زەردەخەنەکەی نەما، وا دیاربوو هەموو گیانی بوو بە بەزەیی، بە دلـۆڤـانییەوە. سەیـری شاهـۆ و دایکی کرد. ئینجا لە دۆڵابەکەی پشتـییەوە، پاکەتێک حەپی دەرهـێـنا. دوای ئەوە، چـەکـمەجـەی مـێزەکەی راکـێـشا، سـەفـتەیـەک (٢٥) بـیستوپـێـنج هـەزار دیناریی دەرهـێنا و کـردییە ناو زەرفـێکەوە. پارەکە و حەپەکەی خستە ناو کـیسەیـەکی نایـلـۆنی بچـووکەوە. دایـە دەستـم.
دکتۆر: ئـەم کـیسەیە بـدە بە دەستی دایکی شـاهـۆ، ئەمـە دیارییـە، لە منـەوە بـۆ کاکـە شاهـۆ. هـیچ پارەیەکـیشـتان لێـوەرنـاگـرم.

ئـیـنجـا بانـگی سکـرتێـرەکەی کـرد، سـویـچی ئـۆتـۆمبـێـلەکەی دایی و پـێی وت: ئـەم خـێزانە بگـەیـەنە بـەردەم دەرگـای ماڵـیان.
زۆر سوپاسی دکـتۆرمـان کـرد و نـزای خـێـرمـان بـۆی کـرد.
دکتۆر میـلاس: سوپاسی ناوێـت. منـیش زۆر دڵخـۆشـم کە هـاوکاریی خـێزانـێکـم کـرد.
ئێـوارە لەگەڵ دایک و باوکمدا، چوویـن بۆ ماڵی شاهـۆ. ئازارەکەی زۆر کەم ببووەوە.
بەیانی کە چووم بۆ قوتابخانە. هەموو شتێکم بۆ مامۆستای کوردیمان، مامۆستا نازەنین گـێڕایەوە. مامۆسـتا سەرمی ماچکـرد و وتی: ئافـریـن گـۆران. هـاوڕێی دڵـسۆز لە کاتی تەنگانـەدا دەردەکەوێـت. سـبەینێ دوای قـوتـابخـانە بـمـانبـە بـۆ مـاڵی شاهـۆ.
بـۆ سبەینێکەی، مامۆستا نازەنـین و بەڕێـوەبەری قـوتابخـانەکەمـان مامۆستا سـۆزان. بە چەپـکی گـوڵ و قـووتـوویـەک گـەزۆ و دوو دیـارییـەوە، بـردیـانـم بـۆ مـاڵی شاهـۆ.
قـوتابیـانی پـۆلەکەشـمان بە نـۆرە، رۆژی پـێـنج قـوتـابی، دەچـوون بـۆ مـاڵی شاهـۆ.
لە دوای دوو هـەفـتە، گەچەکـیان لە پـێی شاهـۆ کـردووە. گـەڕایەوە بـۆ قـوتـابخانە و
بۆ پـۆلەکەمان. بە بیـنینی هـاوڕێکانـمان و مامۆستاکانمان شادبووەوە. بە ناوی خۆی دایـک و باوکـیـیەوە زۆر سـوپاسی هـەمـوومـانی کـرد.

نەرویـج: ٢٠٢٦




بێدەنگی.. شیعری شۆڕش عەزیز سورمێ

بێدەنگی بەتاڵ نییە،
ژوورێکی نهێنییە
جیهان ماندوویێتی خۆی بۆ وێ دەبا.
بە هێواشی دەکەوێ،
وەک بەفرێک نایەوێت ببینرێت و،
لەسەر شتەکان جێگیر دەبێت
بە ناسکی دەستێکەوە
کە فێری ئەوە بووە نەلەرزێت.
لە بێدەنگیدا،
دەتوانن گوێتان لە هەنگاوی یادەوەریەکان بێ:
یەک بە یەک دەگەن،
لە دەرگای دڵت دەدەن،
پرسیاری ئەوەی کە ئایا هێشتا شوێن ماوە؟
بۆ کەمێک ڕاستی.
هەندێک جار کێشی،
وەک شاخێک کە نازانیت پێی هەڵگەڕێی؛
کاتەکانی تر نازکردنە
کە برینەکانت چاک دەکا
بێ ئەوەی داوای ڕوونکردنەوە بکات.
بێدەنگی هەموو شتێک دەزانێ:
ئەو وشانەی نەتگوتووە،
ئەو ڕێگایانەی نەتگرتووەتە بەر،
ئەو ناوانەی دەیانشاریتەوە
بۆ ئەوەی تووشی ئازار نەبن.
لێ کاتێک بەڕاستی گوێی لێدەگری،
لە ناوەوە دەرک بەوە دەکەی
ڕووناکییەکی بچووک هەیە:
ئەو بەشەی تۆ
کە هەرگیز وەستاوە
دەیەوێ تەواو بێت.
دواتر تێدەگەی
بێدەنگی نەبوونی نییە،
بەڵام گەڕانەوەیە:
ئەو ساتەی دڵ…
لە تەنیشتتەوە دادەنیشێت و
لە کۆتاییدا قسە دەکات




شوناس و شێواوی گوتار.. ستار ئەحمەد

مێژووی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی کوردستان بەستراوەتەوە بەو ناوەندە بیریار و وێژەییانەی کە لە ڕابردوودا بڕبڕەی پشتی پاراستنی شوناس و زمانی دایک بوون. لە قۆناخە دێرینەکاندا، زانایانی نیشتمان پەروەر نەک هەر ڕێبەری گیانی، بەڵکوو چرای ڕووناک کەرەوەی ڕێگای هۆشیاریی نەتەوەیی بوون. ئەوان بەرهەم و داهێنانەکانی خۆیان کردبووە قەڵغانێک بۆ ڕێگریگرتن لە توانەوەی فەرهەنگی و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤی کورد. ئەو پێشەنگانە بە دیدێکی زانستی و فرەڕەهەندەوە سەیری کۆمەڵگایان دەکرد؛ ئەوان وێژە و زانستیان تەنیا بۆ خولیا یان دەستکەوتی کاتی بەکار نەدەهێنا، بەڵکوو نیشتمان پەروەری و داکۆکیکردن لە ئازادیی گەلیان خستبووە پێش هەموو بەرژەوەندییەکی تایبەتییەوە. دەرەنجامی ئەم ڕوانگە بەرزەش، دروستبوونی سەرمایەیەکی مەزنی بیرۆکەیی بوو کە تا ئێستاش شانازیی پێوە دەکرێت و نەوە لە دوای نەوە وەک ڕێڕەوێکی ڕووناک بۆ پاراستنی خاک و زمان پشتی پێ دەبەستن.
کاتێک لە دۆخی ئێستای بەشێک لە سەکۆ جیاوازەکانی کۆمەڵگا دەڕوانین، جۆرێک لە لادان و دابەزینی ئاستی گوتار بەدی دەکرێت. لەبری بڵاوکردنەوەی پەیامی پێکەوەژیان، قبووڵکردنی ئەویتر و بەرزکردنەوەی ئاستی زانستیی تاکەکان، هەنێ جار دەبینین کە زمان و دەربڕینەکان بەرەو توندو تیژی، نزمکردنەوەی پایەداری و هێرشی ناڕەوا بۆ سەر بەها مرۆییەکان هەنگاو دەنێن. ئەم گۆڕانکارییە نەرێنییە تەنیا لە یەک کایەدا کورت نابێتەوە، بەڵکوو پەڕیوەتەوە بۆ ناو جیهانی ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش. تێکچوونی ڕێساکانی کاری ڕۆژنامەوانی و نەبوونی چاودێرییەکی نیشتمانیی ڕاستەقینە، وایکردووە، کە هەندێک جار سووکایەتی بە شکۆی هاوڵاتی و بەراوردکردنی بە بوونەوەری دیکە ببێتە دیاردە. پاراستنی ڕێزی مرۆڤی کورد و بەرگریکردن لە ئازادیی ڕادەربڕین، پێویستی بە هەڵوێستی یەکسان و بێلایەنانەی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان هەیە، نەک ڕوانینی ناتەواو و بەرژەوەند خوازانە کە تەنیا لە کاتی تایبەتدا دەنگ هەڵدەبڕن و لە ڕاستی لادەدەن.
فەرامۆشکردنی ئەرکە نەتەوەیی و یاساییەکان لە لایەن ناوەندە بڕیار بەدەستەکانەوە، بۆشاییەکی گەورەی لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگادا دروستکردووە. کاتێک دامەزراوە باڵاکان تەنیا ناونیشان بن و لە کاتی قەیرانە هۆشمەندی و کۆمەڵایەتییەکاندا ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆیان نەگێڕن، ئاژاوەی گوتار و بەهاکان پەرە دەسێنێت و متمانەی تاک بە داهاتوو لاواز دەکات. گەشەی ڕاستەقینەی هەر نەتەوەیەک لە سەرچاوەی گوتارە فەرهەنگییەکەیەوە سەرچاوە دەگرێت، کاتێک گوتاری گشتی بەرەو بازرگانی و بەرژەوەندی تایبەت هەنگاو دەنێت، پایەکانی هۆشیاریی نەتەوەیی درزیان تێدەکەوێت. ئەم دۆخە نەخوازراوە پێویستی بە ڕاوەستانێکی ڕاستەقینە و پێداچوونەوەیەکی سەرتاسەری هەیە لەسەر ئەو پەیامانەی کە ڕۆژانە ئاراستەی مێشکی تاکی کورد دەکرێن.
پێویستیی گەورەی ئەمڕۆی کوردستان، گەڕانەوەیە بۆ ئەو شوناسە ڕەسەنەی ،کە مرۆڤدۆستی و نیشتمان پەروەری لە سەرووی هەموو شتێکەوە دادەنێت. نەوەی نوێ پێویستی بەو کەسێتیە بەرزانەیە کە وێنەیەکی جوانی گەلی کورد نیشانی جیهان بدەن،کە لەبری ململانێی کاتی و دەستکەوتی مادی، خەمی زمانی دایک، پاراستنی خاک و چەسپاندنی دادپەروەری بێتە هەوێنی کارەکانیان. پێشەنگی ڕاستەقینە ئەو لایەنەیە کە لە پێناو ڕاستی و ئازادیدا دەجەنگێت، نەک ئەوەی کۆمەڵگا بەرەو پەرتەوازەیی و تاریکی بەرێت. دەبێت پارێزەرانی گوتاری گشتی ببنە دەنگی ڕاستەقینەی نیشتمان و ئازادی، و پارێزگاری لەو ڕەسەنایەتییە بکەن کە پێشینانی ئێمە ژیانی خۆیان لە پێناودا بەخت کرد.




فڕۆکەی سەرۆک و ئەمبوڵانسی مدیر.. نەوزاد بەندی

ئێمە لەناو کۆمەڵگایەکی چەندین ملیۆنیدا ئەژین، کە یاساکانی کۆمەڵگای مۆدێرن بەڕێوەی نابەن، هەر بۆیه کارەساتی گەورە و قەڵەباڵغیی بەردەوامی تێدایه .. لەگەڵ ئەوەی هەموو کوردستانی باشور هێندەی شارۆچکەیەکی چین مرۆڤی تێدا ئەژی، کەچی بە هۆی نەبوونی نەخشە و پلاندانانی مۆدێرنەوە، ئەچیتە هەر فەرمانگە و دامەزراوە و جێگایەک، قەڵەباڵغیی و داد بێداد دێن به گژتا، زۆر جار ئەکەویتە شکەوە لەوەی کورد شەش ملیۆن کەس بن، ئەڵێی تۆ بڵێی بە هەڵە نەیانژماردبێ و ملیۆنەکە ملیار نەبووبێ؟
بێگومان وەک چۆن لەبەرنامە فیکریی و فەلسەفییەکانماندا کاتێک دوو کوردی ئایدیا جیاواز دیالۆگ ئەکەن، هیچیان لێ تێ ناگەیت و هەردووکیان لە یەک کاتدا ئەقیڕێنن و هەوڵی تێکشاندنی یەکتری دەدەن و فێ ئەیانگرێ و کەف دادەچێنن، وەک ئەوەی ملیۆنێک کەس بن، نەک دوو کەس .. بە هەمان شێوە کاتێک پێنج شەش ملیۆن لەو جۆرە کوردە قەڵەباڵغە بە بێ یاسا و نەخشەدانانی مۆدێرن، خۆیان دەکەن بە فەرمانگەیەکدا، ئەبێ چ هەنگامە و قەڵەباڵغییەک بقەومێت؟ یان کاتێک ڕوو دەکەنە شەقڵاوە و سیتەک و گەلی عەلی بەگ و مێرگەپان، ئەبێ چ شەپۆلی کوللە زەردە و هۆلاکۆ و جەنگیزخانێک ڕوو لەو سەیرانگایانە بکەن؟
نەبوونی فەرمانگەی پۆستە و گەیاندن .. نەبوونی نەخشە و تەکنیکیی مۆدێرن بۆ هەڵمژینی قەڵەباڵغیی .. نەبوونی کەرەستە و ئامێرە مۆدێرنەکان بۆ بە دوداچوونی کێشەکانی هاووڵاتیی و کپکردنەوەی کارەساتەکان لە غیابی هاووڵاتیاندا .. هەموو ئەمانە وایکردووە حوکمەت و ئیدارەی ووڵات لای ئێمە شتێکی تیۆریی بن، تەنها قات و بۆینباخێک بن، هەرچی حوکمەتە کردارییەکەیە، خەڵکەکە خۆیانن.. هەر بۆیە خەڵکەکە لە هەموو جێگایەکن، لە هەموو فەرمانگە و دامەزراوە و کۆمپانیا و سەرقەبران و نەخۆشخانەیەکن، لە کاتێکدا لە کۆمەڵگای مۆدێرندا، حوکمەت لە هەموو جێگایەکە و کێشە گشتییەکان کپ و چارەسەر ئەکا ..خەڵکەکەیش هەر یەکەیان لەسەر کاری خۆیانن .
بۆ نمونە حوکمەتی کوردی لەو هەزاران هەزار کەسە ناپرسێت کە لە بەیانییەوە هەتا دەوام تەواو ئەبێ لە فەرمانگەی هات وچۆ و باج و خانووبەرەن سەرقاڵی جێبەجێکردنی مامەڵەکانیانن، لێیان ناپرسێت : ( ئەرێ ئێوە چۆن کارەکانتان بە جێهێشتووە و هاتوون بۆ ئەم دەشتایی کەنعانە لە تاسڵوجە و دەشتی هەولێر ؟ چۆن خۆتان دزیوەتەوە لە کار و فەرمانگاکانتان؟ ئەی کارەکانتان کێ ڕایانئەپەڕێنێ؟
نا .. حوکمەت لەو دامەزراوانەدا بیر لەو شتانە ناکاتەوە، ئەو کۆمەڵێک فەردەی بەتاڵی داناوە، ئەبێ هاووڵاتیان بۆی پڕ بکەن لە پارەی باج و سەرانە و سزا و تابلۆیانە وساڵانە و مۆڵەتانە .. ئیتر دەوام و کاری خۆیان جێهێشتووە و خۆیان دزیوەتەوە، ئەوانە لەو حاڵەتەدا شتی لاوەکین، هیچ گرنگ نین و تەنانەت نیشتمانپەروەرییشن چونکە هاتوون پارە بدەن بە سەرانی دەسەڵات.
بۆ نمونە لەم چەند هەفتەیەی ڕابوردوودا، لە فەرمانگاکەم خۆم دزییەوە چونکە تەنها مۆڵەتی نەخۆشی هەیە، چووم بۆ فەرمانگەی هات و چۆ بۆ تازەکردنەوەی ساڵانەی ئوتومبیلەکەم، 366هەزار دیناریان لێ سەندم، ئیتر ئەچوویتە بەر هەر دەرگایەک ئەیووت بێنە.. لە پڕ هاوڕێیەکم بینی کە دادوەرە، بەو هاوینە بە قات و بۆینباخ و مامەڵەیەکەوە ڕایدەکرد، ووتم ئەوە چییە؟ ووتی دووسێ دەعوام هەیە، ناچار خۆم دزیوەتەوە، مۆڵەتی شۆفێرییەکەم بەسەر چووە، ئەبێ خۆم ئامادە بم ..ئەمەی ووت و ڕایکرد بۆ نهۆمی دوو .. هەر لەوێدا مامۆستایەکی هاوڕێم بینی، ئەویش خۆی دزیبۆوە بۆ ئەوەی پارەیەکی زۆری کامێرای تیژڕەویی بدات، کە داشکاندنی بۆ کراوە و سوێند و قورعانی بۆ خواردم کە هەمووی خەتای کوڕەکانێتی هەمبەڵە و پێشبڕکێی پێ ئەکەن.. بەس زۆرم پێ سەیر بوو کاتێ دوو مامۆستای ئاینییم بینی، لە مزگەوت خۆیان دزی بۆوە، بۆ ئەوەی تابلۆی ئۆتومبیلەکانیان تازە بکەنەوە، وا خێرا ئەڕۆیشتن چەمکی کەواکانیان وەک عەباکەی سۆپەرمان بەرز ئەبۆوە، ئێ پێش نیوەڕۆ تەواو نەبن، ئەبێ لانی کەم دوو مزگەوت بە بێ ئیمام نوێژ دابەستن..لە پڕ شاعیرێکم بینی کە هاوڕێی کۆنی کۆلێژم بوو، بە بینینی دڵم کرایەوە، سی چل ساڵ بوو نەمدیبوو، ویستم تۆزێ دەمەتەقێی یادگارێکانی لەگەڵ بکەم، ووتی : کورە یادگاری چی؟ قوڕ بکە بەسەرما، لە دائیرەی کارەبام، خۆم دزیوەتەوە تا مۆڵەتی شۆفێریی تازە بکەمەوە، لە پەلە پەلیدا کارتی نیشتمانیی کوڕەکەم لە جیاتی ئەوەی خۆم هێناوە، ئێستا ئەبێ لە تاسڵوجەوە تێ تەقێنم بۆ کانی با…. لەگەڵ باکەدا تێی تەقاند و لە چاو وون بوو، تێتەقاندنەکانی سپایدەرمانی بیرخستمەوە ..
لە دڵی خۆمدا ووتم تۆ بڵێی هەموو کۆمەڵکوژ نەکرابین و ئەمەی ئەگوزەرێ ڕۆژی قیامەت و حەشر و نەشر نەبێ؟ خانم و پیرخاتوونی وا بە فایلێکەوە ڕایاندەکرد، ئەگەر جاران بووایە نەک هەر ڕاکردنیان بەلاوە عەیب بوو، تەنانەت هەنگاویان بۆ کارێکی زۆر پێویست نەبووایە، بەکارنەدەهێنا.. نانەوا و ئاسنگەر و بۆیاخچیی و پاسکیلچی و کارمەندی تەندروستی و ئەندازیار و پیاوی زۆر پیری خانەنشین، ڕێک وەک سەردابی پیازەکەی گۆنتەرگراس، تێکڕا خۆیان دزی بۆوە و هاتبوون لەبەردەم پەنجەرە بێ شومارەکانی هات و چۆدا ڕیز بن و پارە بدەن بە سەرۆکەکان..
لێرەدا ئیتر حوکمەت ئەبێتە بازرگانێکی کۆچەریی و میللەتیش ئەبن بە کۆمەڵێک مەڕ و ماڵاتی ئاڵودە، بە بێ یەکتری هەڵناکەن، حوکمەت بچێت بۆ هەر جێیەک، میللەتەکە دوای ئەکەوێت بۆ ئەوەی بیاندۆشێت و خورییەکەیان ببڕێ و گۆشتەکەیان بکات بە تکە و کەباب و ..شاخەکانیان بکات بە دەسکی چەقۆ و ..ڕیخۆڵەکەکانیان بکات بە ژێی گیتار و ڕەبابە و ..پێستەکەیان بکات بە تەپڵ و دەهۆڵ و دەف ..
تەماشا ئەکەیت لەو کۆمەڵگا گاڵتەجاڕانەدا، حوکمەت وەک منداڵێکی چەتوونی لێ دێت و میللەتیش ئەبێ بە دایک و باوکێکی گێل و عاتیفیی و دڵسۆز، بە حەق و ناحەق ئەو دایک و باوکە ئەچەوسێنێتەوە و ئەڕەتێنێت و کێشەیان بۆ دروست ئەکات و باجی قورسیان پێ دەدات و حەیا و شەرەفیان ئەبات، هێشتا خۆی بە مەغدور و زیانلێکەوتوو دەزانێ و ..دایک و باوکەکەی بە خەمسارد و خائین و بێ سوود و تەمبەڵ دادەنێت.
بۆ نمونە لە کۆمەڵگایەکی قەڵەباڵغ و بێ سەر و بەردا، کە بەنزینخانە و عەمباری گەورەی سووتەمەنی لە تەنیشت گەڕەک و پڕۆژەکاندان، عەمباری وا کە زیاتر لە سێ ملیۆن لیتر بەنزینی تێدا عەمبار کراوە، هیچ نەخشه و پلانێک نییە بۆ کونتڕۆڵکردنی ئاگرکەوتنەوەی گەوره .. لە کاتێکدا لە هەر کۆمەڵگایەکی ئەمڕۆی سەر زەمیندا، ئەگەر ئەو هەموو بەنزینخانە و عەمباره سووتەمەنییە زەبەلاحانە لەناوجەرگەی شار و کۆڵانەکاندا هەبن، پێویستە دەیان هێلیکۆپتەر و فڕۆکەی ئاگر کوژێنەوە هەبن، چونکە ئەو ئاگرکەوتنەوانە، تەنها هێلیکۆپتەر ئەتوانێت کۆنتڕۆڵیان بکات.. بەڵام لای ئێمە شتی وا نییە .. بە پێچەوانەوە فڕۆکەی زۆر گرانبەها، بە سەدان ملیۆن دۆلار بۆ سەرۆک حیزب و سەرۆکحوکمەتەکانمان دابین کراوە، بۆ ئەوەی گەشت و پیاسه و سەیرانی خێزانیی پێبکەن بە ووڵاتاندا .. وەکو چۆن لە زۆربەی خەستەخانە حوکومییەکاندا، ئەمبوڵانس تایبەتە بە گواستنەوە و هێنان و بردنی بەڕێوبەر و دەستڕۆیشتووانی نەخۆشخانەکان و هیج پەیوەندییەکیان بە گواستنەوە و بەدەنگەوەهاتنی نەخۆشەوە نییە .. ئەمەیش وایکرووە کۆمەڵێک مرۆڤی لەخواترس، ڕۆڵی کرداریی ئەو حوکمەتە نێرگسیە تیۆرییە ببینن و ئەمبوڵانس بە خۆڕایی بۆ گواستنەوەی نەخۆش و مردوو، بۆ هاووڵاتیان دابین بکەن ..
من لێرەوە بە توندیی دەستی ئەو خێرخوازانە ئەگوشم کە حوکمەتی ڕاستەقینە و کردارین، داوایان لێدەکەم هەموویان پێکەوە یەک دوو هێلیکوپتەری نیو داشت لێرە و لەوێ دابین بکەن بۆ ئاگرکوژاندنەوە گەورەکانی عەمباری سوتەمەنیی و بەنزینخانەکان کە له ژماردن نایەن و ..بەرپرس هەیه شەست حەفتا بەنزینخانە و سەدان و هەزاران تەنکەری سوتەمەنیی هەیه، ئەوەیشی ناوی بێنێ، لە باڕەی ئەخات ..
خێرخوازان، لە خواترسان، لێرەوە دەستی ماندوو نەناسیتان ئەگوشم، شەوێکە و ئەمشەو، وەزعەکە وایلێهاتووە، وەک خێزانێکمان لێهاتووە باوکەکەی خەریکی قوماره و دایکەکەی لە داخاندا خۆی سووتاندووە، ئەبێ مناڵەکان ڕۆڵی دایک و باوک بگێڕن، ئەگینا هەر بە ئاگرکەوتنەوەی شاخ و عەمباری سووتەمەنیی و بەنزینخانە و مەعمەلی قیر و زفتی بەرپرسان، هەموو میللەت ئەبێ خەڵوز.. هەر بۆیە هەمووان قۆڵی مەردیی لێ هەڵمبماڵن، تەیارە ی ئاگرکوژێنەوە و .. دامەزراوەی پۆست و گەیاندن و .. هۆکاری گواستنەوەی گشتی، میترۆ و ئەمبوڵانس و تراموای بۆ میللەتە هەتیوە بێ دایک و باوکەکە دابین بکەن .. دڵ لە دڵ نەدەن، ئێوەن حوکمەتی کرداریی، ئەوەی بە عەرەبی پێی ئەڵێن الحكومة الفعلیە ..بە ئینگڵیزیش practical goverment

نەوزاد بەندی




لە یادی 20 ساڵەی دادگایی تاوانبارانی ئەنفال و رۆژی دادپەروەری تاوانكاری كوردستاندا

ئەمڕۆ هەینی 20-8-2026 بە بۆنەی رۆژی دادپەروەری تاوانكاری لە كوردستان لە سەر مەزاری ئەنفالكراوان لە دێی بنە رێز لەو رۆژە گیرا, بەیاننامەی ریچكخراوەكانی جینۆساید و مافی مرۆڤ بۆ كەناڵەكانی رگەیاندن خوێندرایەوە.

لە یادی 20 ساڵەی دادگایی تاوانبارانی ئەنفال و رۆژی دادپەروەری تاوانكاری كوردستاندا

رێكەوتی 21ی ئابی 2006 بۆ پرسی دادگاییكردنی تۆمەتبارانی تاوانەكانی جینۆسایدی گەلی كورد و بنەماڵەی قوربانیان بە تایبەتی و خەڵكی كوردستان بە گشتی رۆژێكی مێژوویی گرنگ بوو، بەو پێیەی رۆژی دەسپێكردنی دادگاییكردنی تاوانبارانی تاوانی “ئەنفال” بوو لە عێراق، لەو رۆژە بۆ یەكەمجار لە مێژووی گەلانی كوردستان و گەلی كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستان لە ماوەی سەدان ساڵی رابردوودا، كەسانێكی تاوانبار بە تاوانی گەورە بەرامبەر بە گەلەكەمان “تاوانی جینۆساید، تاوانی جەنگ، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی”، لە لایەن دادگایەكی وڵاتی داگیركەری كوردستان و بكەری تاوانەكەوە دادگایی بكرێن، لەو پایتەختەی بڕیاری تاوانی كۆمەڵكوژییەكانی تێدا دەرچووە.
رێككەوتی (21-8-2006)، پرۆسەی دادگاییكردنی تۆمەتبارانی كەیسی ئەنفال دەستی پێكرد، خواستی قوربانیانی جینۆساید و شارەزایان و چالاكوانانی ئەو بوارە، بریتی بوو لە دادگایكردنی تاوانباران لە دادگایەكی نێودەوڵەتی یاخود لانی كەم دادگایەكی هاوبەش، تاكو دادگاییەكە بەشێوەیەكی دادپەروەرانەو جێی متمانەی ناوەندەكانی جیهانی بەڕێوە بچێت و پرۆسەی ناساندنی جێنۆساید گەلی كورد بە جیهانی بكرێت، هەرچەندە داواكە نەهاتە دی, وەلێ دادگاكە وێڕای كەمكوڕییەكانی زۆر بڕیاری گرنگیدا، لەوانە چوار كەیسی كۆمەڵكوژی خەڵكی كوردستانی بە جینۆساید ناساند، كە تەنها لە ماوەی 9 ساڵدا بەرامبەر گەلی كورد ئەنجامدرابوون، ئەمەش لە مێژووی نوێی مرۆڤایەتیدا بێ وێنە بوو.
بەڵام مەخابن بڕیارەكانی دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق لە دادگاییكردنی تاوانباران بە گشتی و بە تایبەتی تاوانبارانی ئەنفال جێبەجێ نەكرا و رێزی لێنەگیرا، گرنگترین بڕیاریان بریتی بوو لە ئاشكراكردنی لیستێكی سەرەتایی لە 423 تۆمەتبار كە ئەویش پڕ بوو لە كەماسی (( سەرجەم تاوانباران نەبوون, ناوی چواری نەبوون, ناوی دووبارەی تێدا بوو……..)).
پارتە سیاسییەكان بە تایبەتیش دەسەڵاتداران لە كوردستان بە شێوازی جۆراوجۆر، نەك تەنها داڵدەی تاوانبارانیاندا و پاراستیانیان و نەیان هێشت پرۆسەی دادپەروەری بەردەوام بێت، بەڵكو فشاریان خستنە سەر دەزگا هەمە جۆرەكانی دادوەری و رێگرییان كرد لە بڕیاری دەستگیركردن و دادگاییكردنی 423 تۆمەتباری ئەنفال، كە زیاتر لە (61%)یان كورد بوون (258) و تا هەنووكەش تاوانبارانی داواكراو لەلایەن پارتەكانی دەسەڵاتدارەوە دەپارێزرێن و هەندێكشیان پۆست و پلەیان پێبەخشراوە. . . تەنانەت هەندێكی دیكەشیان لەلایەن پارتەكانەوە لەسەر پشكی گەلی كورد پۆستی سەربازییان لە بەغدا پێدرابوو. ئەمە وێڕای ئەوەی ژمارەیەكی زۆری تۆمەتبارانی دیكە سكاڵایان لەسەر بوو, كەچی ناویان لە ریزبەندی تۆمەتباراندا نەبوو, لە هەمووشی سەیرتر نەبوونی ناوی نەزار خەزرەجی بوو, كە خۆی دان بەوەدا دەنێت سەرپەرشتی چوار پرۆسەی ئەنفالی كردووە كە دویان ئەنفالی چوار و ئەنفالی كۆتایی كە زۆرترین زیانی مرۆیی هەبووە, ناوبراو لە پرۆسەی ئەنفال لە دوای سەدام حوسێن و عەدنان خێروڵاو عەلی حەسەن مەجید دەهات لە بڕیاردان.
ئێمە لە رۆژی دادپەروەری تاوانكاری لە كوردستان كە رێكەوتی (21-8) ە، كە بە رۆژێكی گرنگ و مێژوویی و پڕ بەهای دەزانین بۆ خەڵكی كوردستان و پرۆسەی دادپەروەری لە كوردستان داواكارین:
یەكەم: تەواوی ئەوانەی ناویان لە لیستی تۆمەتبارانی ئەنفال”423 تۆمەتبار” و كەیسەكانی دیكەی جینۆسایدا هاتووە، بە زووترین كات دەستگیر بكرێن و بدرێنە دادگای باڵای تاوانەكان بۆ دادگاییكردنیان, لە كوردستانیش ئەمانە وەك تۆمەتباری هەڵهاتوو لە دادگا مامەڵەیان لە گەڵدا بكرێت، نەك هاوڵاتی بە ئیمتیاز وەك ئێستا دەبینین.
دووەم: لیستی ناوی تۆمەتباران بدرێتە پۆلیسی ئینتەرپول دوای رێكخستنی لیستەكە بە ناوی چواری تۆمەتباران و ناوی سیانی دایكیان، بۆ ئەوەی هەڵاتووەكانیان لە وڵاتانی دەرەوە دەستگیر بكرێن و دادگایی بكرێن كە تاكە رێگای بە جینۆساید ناسینی تاوانەكانە لە سەر ئاستی جیهانی.
سێیەم: لە لایەن پەرلەمانی داهاتووی كوردستانەوە ڕۆژی 21 / 8 بە فەرمی بە ڕۆژی دادپەروەری تاوانكاری (عدالە الجنائیە) لە كوردستان بناسرێت و ئەو ڕۆژە بكرێت بە سیمبولی رزگار نەبوونی تاوانباران لە سزا, بۆ بەرچاو روونی هەموو لایەك, لە ساڵانی رابردوو, بە پێشنیاری ئێمە و بە پشتیوانی وەزیری شەهیدانی پێشوو مامۆستا ئارام ئەم رۆژە لە كابینەی حەوت بە فەرمی وەك رۆژی دادپەرەوەری ناسێنراوە.
چوارەم: دادگاییكردنی تاوانبار عەجاج هەواڵێكی خۆش بوو, لەوەش خۆشتر ئەوەیە دادگای باڵای تاوانەكانی عێراقی بە فەرمی سكاڵای قوربانیان وەربگرێت و دادگاكە بەردەوام بێت و سەرجەم تاوابارانی كەیسی ئەنفال لە سزا رزگاریان نەبێت.
پێنجەم: بە زووترین كات رووفاتی ئەنفالكراوان دەرهێنراو لە گۆڕە بە كۆمەڵەكان بهێنرێنەوە كوردستان و پرۆسەی پشكنینی دی ئێن ئەی خێراتر بكرێت بۆ كەسوكاری قوربانیان.
شەشەم: نابێت رێگا بە تۆمەتبارانی ئەنفال و موستەشارەكان و نەوەكانیان بدرێت, لە رێگای پۆستی سەرۆكی عەشیرەتەوە دەسەڵاتی خۆیان بسەپێننەوە بەسەر خەڵكدا, كە ئێستا دەیانجاری سەردەمی سەدام حوسێن دەسەڵات و نفوزیان هەیە.
حەوتەم: رێگا بگرترێت لە بەرپاكردنی پرسەو مەراسیمی گەورە بۆ ئەو تاوانبارانەی جینۆساید كە دەمرن, وەك پاڵەوانی نەتەوەیی نمایش بكرێن.
لە كۆتاییدا دەڵێین دوای 20 ساڵ لە دادگاییكردنی تاوانبارانی ئەنفال هێشتا زۆرینەی تۆمەتباران نەك دادگایی نەكراون, بگرە بەهێزكراون, روفاتی قوربانیان نەگەڕێنراونەتەوە بۆ زێدی خۆیان, موچەی كەسوكاری قوربانیان هاوتای موچەی كەسوكاری قوربانیانی عێراق نەكراوە, حكومەتی عێراق داوای لێبوردنی نەكردووە, عێراق ویستی نییە ببێتە ئەندامی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی, بەمەش دەیەوێت لە جوگرافیای جینۆساید بمێنێتەوە….
بەرزو بەرێز بێت روحی شەهیدان و قوربانیانی ئەنفال و هەڵەبجە و بارزانی و فەیلی و ئێزیدی و كریستان و كاكەیی و شەبەك لە رۆژی دادپەروەری تاوانكاری لە كوردستاندا، سەركەوێت دادپەروەری لە پێناو بەرقەراربوونی حوكمی یاسا و دادگایەكی بەهێزی سەربەخۆی سازش نەكەری پیشەیی لە كوردستان.
دەربازبوونی تاوانبارانی جینۆساید لە سزا, گەورەترین پێشێلكاری یاسایی و تاوانە لە كوردستان, درێژەی تاوانەكانی بەعسە و بەردەوامی پرۆسەی جینۆسایدە.

-تۆڕی رێكخراوە كوردستانیییەكان له پێناو دادگای تاوانی نێودەوڵەتی – Koncicc
-كۆمەڵەی قوربانیانی چەكی كیمیاوی هەڵەبجە

  • چاودێری كوردۆساید-چاك
    -تۆڕی ئایكان كوردستان ــ IKN
    -رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كۆكوژ لە كوردستان ــ OAWMD
    -رێكخراوی هەڵمەتی دادپەروەری ــ OJC
    -رێكخراوی جیهانی بێ چەكی كیمیاوی و بایەلۆجی- WWW
    -هەڵمەتی ژیان دژ بە ئیعدام لە كوردستان
    -گۆڤاری تۆبزاوە
    -رۆژنامەی نگرە سەلمان
  • رێكخراوی مانەوە بۆ پرسی شەهیدان و ئەنفالكراوان
    -رێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید- Kwg

21-8-2026