گفتوگۆیەکی شانۆیی لەگەڵ نیهاد جامی.. بەشی چوارەم

4..

—کاتێک باسی تازەگەری دەکرێت، زۆرجار قسە لەبارەی شانۆنامەکانی سامۆئیل بیکیت دەکرێت، بەتایبەت شانۆنامەی لەچاوەڕوانی گۆدۆ، شانۆی ئەزموونگەری کوردیش گەڕاوەتەوە بۆ ئەو شانۆنامەیە, لەم سالانەی دوایش کتێبێکی کوردیش کە توێژینەوەی شانۆیی بوو لەبارەی بیکیت بڵاو کرایەوە، بۆ ئەوەی بچینە ناو بابەتەکە، با بەم شێوەیە بپرسین: بیکیت پەیوەندی بە شانۆی ئەزموونگەری هەیە؟ ئەو دراماتۆرگ بوو نەک دەرهێنەر؟ ئایا شانۆی ئەزموونگەری دەتوانێت لە شانۆنامەوە لەدایک بێت؟

-با هیچ درۆیەکت لەگەڵ نەکەم، بەهیچ جۆرێک ئارەزووم لەو پرسیارە نیە، لەبەر چەندن هۆکار، هەمووشیان لەخاڵێکدا کورت دەکەمەوە، دڵڕەنجاندنی هەموو ئەو دۆستانەیە، بەلام لەهەمان کاتدا، ئامادەییم تیا نیە لەهیچ جۆرە پرسیارێکیش ڕابکەم و خۆم بدزمەوە، بۆیە سەرەتا با ئەو پرسیارە لەخۆمان بکەین، ئایا ئەو دەرهێنەرانەی شانۆی ئەزموونگەری عێراقی و کوردیی لەسەری وەستان خۆیان باسیان لە شانۆی ئەزموونگەری کرد؟ ئایا ئارتۆ و گرۆتۆڤسکی وتارێکیان لەو بارەیەوە هەیە؟ چونکە ئەوان بۆ خۆیان بەدوای جێگرەوەی شانۆی باو دەگەڕان، گرۆتۆڤسکی دەیویست توێژینەوەیەکی ڕەخنەیی بۆ پرۆسەی ئامادەکردنەوەی ئەکتەر بخولقێنێت، بۆیە کارەکەی زیاتر وابەستەی زانستی مرۆناسیانەوە بوو، ئاڕتۆ خەونی بە شانۆیەکی سوریالیەوە دەبینی، شانۆیەک هاوشێوەی دنیای شیعریەکەی ئەندریە بریتۆن و تابلۆکانی سلڤادۆر دالی بن، بەڵام برێخت راستەوخۆ وتاری نووسی لەبارەی شانۆی ئەزموونگەری، کاتێک باس لەئەزموونگەری دەکرێت لەشانۆی مایەر هۆڵد، وابەستەی دنیای ئەزموونکاریانەی ڕاستەوخۆی بوو، بەڵام شانۆی ئەزموونگەری کوردیی کە لەمندالدانی شانۆی ئەزموونگەری عێراقیەوە هاتۆتە بوون، برێخت و مایەر هۆڵد بە ئەزموونکار نازانن، بەڵام وەک ئێوە دەڵێن ئاخۆ ئەزموونگەری دەتوانێت لەناو شانۆنامە لەدایک بێت؟
ڕاستیەکەی تەنیا لەناو شانۆنامە دەخولقێت، بەواتای ئەوە دراماتۆرگە توانی ئەو شانۆیە بخولقێنێت، لەبنەرەتدا بەناوی پێشرەو خۆی ناساند، دیارترین نمونەی ئەزموونکاریش ئەو دیدە دژە ئەرستۆییەی برێخت و بیکیتە، ئەو دوانە بۆ پیتەر بروک پایەی شانۆکەی بنیاتناوەو خۆشی دانبەوە دەنێت، برێخت دەتوانێت ئەزموونکار بێت و دیدی لۆژیکی ئەڕستۆیی بگۆڕێت بە لابردنی دیواری چوارەم و شانۆکەی بە دیدی فەلسەفی مارکس و ماتریالیزمی دیالەکتیکەوە بەستەوە، شانۆکەی رووبەرووی دیدێکی جوانیناسانەی نوێی شانۆیی کرد، بەڵام شانۆی ئەزموونگەری لای خۆمان ناتوانێت برێخت وەک ئەزموونگەر ببینێت و لەناو فەلسەفەی مارکسیزمدا کورتی دەکاتەوە، جا با ئەوەش نەشارینەوە، گروپە کۆمۆنیستەکانیش نمونەیەکی خراپیان لەیادەکانیان بەم شانۆیە بەخشی، لەئاهەنگی یەکی ئایارو یادی شوراکاندا دەهاتن شانۆنامەیەکی فێرکاری برێختیان دەهێناو وەک دروشم دەیانخستە ڕوو، هەموو ئەو دیدە جوانیناسی و لۆژیکی و فەلسەفییەی شانۆکەیان لەناو فۆڕمی ئایدیای کۆمۆنیزمی نیشان دەدا، بەڵام شانۆی ئەزموونگەری کوردیی دیارە لەدەرهێنانی کاک شەماڵ عومەر شانۆگەری «لەچاوەروانی گۆدۆ» ی خستۆتە سەر شانۆ، لەم ماوەیەدا بیستم گوایە کاک دانا رەئووف وتویەتی بۆ قسەکردن لەسەر شانۆی ئەزموونگەری کوردیی تەنیا دەبێت بگەڕێنەوە بۆ کتێبەکەی من، منیش لێرەدا لەوەڵامی ئەو پرسیارە پشت بەکتێبەکەی بەڕێزیان دەبەستم، چونکە ڕاست دەکات کتێبەکەی بەرێزیان دۆکۆمێنتێکی گرنگی کارەکانی خۆیانە، ئەگەرچی کتێبەکە بۆ خۆی پێویستی بەوەیە لەسەری بووەستین، چونکە نە توێژینەوەیە و نە ڕەخنەی شانۆیی، بەڵکو زیاتر وەسفێکی پەخشانیە، وا دەکات ئەزموونگەری سنورێکی فراوانی هەبێت لەشانۆی کوردیدا لەمستەفا قەسیم و فازل جافەوە تا خۆی و شەماڵ و گەزیزەو ئەوانیتر، بەڵام بەڕاستی دەستەواژە پەخشانیەکانی نابن بە دیدی ڕەخنەیی، ستایشەکانی بۆ پردی ئارتای فازل جاف بەهەمان شێوە زیاتر وێنەیەکی ستایشکاریانەی نمایشێکە، هەروەها باس لەشانۆگەری چیرۆکی باخچەی ئاژەلان دەکات بە کارێکی ئەزموونگەری و یەکەم ئەزموونی شانۆی ژووری دادەنێت لەمێژووی شانۆی کوردیدا، بۆ من تووشی سەرسوڕمان دەبم کاتێک کەسێک لەبارەی نمایشێکی شانۆیی دەنووسێت کە خۆی دەرهێنەریەتی، سەرباری ئەوەی پێشتر وتمان شانۆی ئەزموونگەری کوردیی وا تێگەیشتبوو شانۆی ژوور دەبێت لەژوور نمایش بکرێت، نەک مەبەست لەشانۆی بچووک بێت، دوای نیو سەدە هێشتا ئامادە نین دانبەو هەلەو خەوشانە بنێن، بەداخەوە شانۆکارانی ئەو قۆناغە نەیانتوانی و ناشتوانن بوێر بن و باس لەهەڵەکانیان بکەن، قسەکەمان لەسەر بیکتە، لەو رۆژگارە بەپێی ئەو کتێبە کە دەیخوێنینەوە کاک شەماڵ ئەو کارەی خستۆتە سەر شانۆ، با وێنەیەکی پانۆرامایی ببەخشین، تاوەکو ڕەخنە ئاراستەی ئەو وێنەیە بکەین، دوو ژن بە جل و بەرگی سپیەوە لەپانتاییەکی بۆش بە مۆم و قوماش چاوەروانی گۆدۆ دەکەن، نمایشەکە ووشەی رۆژی سێ یەمی بۆ زیاد کراوە، بوزۆ و لکی و مناڵەکە نەماون تا ئێرە فۆڕمی نمایشەکەیە، هەلبەت زیادکردنی ناونیشان ئەو دۆزینەوە گرنگەی نوسەری کتێبەکە نیە کەوابزانێت شەماڵ زەمەنێکی تری بۆ بیکیت و چاوەروانیەکەی زیاد کردووە، بەڵکو گومانکردنە لە ئەزموونگەری خۆی، ئەمڕۆ کاک شەماڵ باش دەزانێت ئەو دەقەکەی بیکیتی لە شانۆنامەیەکەوە گۆڕیووە بۆ دیدێکی پێرفۆڕمانسی نەوەک بۆ شانۆیەکی ئەزموونگەری، دەنا سێ کارەکتەر وون دەبن، ئەوە بۆ شانۆنامەکەی بیکیتە؟ کەواتە شانۆی ئەزموونگەری کوردی شانۆی کورت کردەوە بۆ چەند دیالۆگ و داڕشتنەوەی پانتایی شانۆ لەڕێی ئەو موفرەدانەی بۆ شانۆی وێنەیی عێراقی گرنگ بوون، کاتێک ئەو هەموو ستایشەی شانۆکارانی عێراقی لە ئەرشیفی رۆژنامەکانی هاوکاری و پاشکۆی عێراق دەخوێنینەوە، لەوە تێدەگەین، شانۆی ئەزموونگەری کوردیی ئاشت کردنەوەی شانۆی کوردیە لەگەڵ شانۆی عێراقیدا، شانۆی وێنەیی کۆنترۆڵکردنی نمایشە بە بیانوی فۆڕمی باڵا، هەستی کوردبوون دەبردرێتە پەراوێزو پێویستە کارەکتەرەکان بجولێنەوە قوماشی سپی و مۆمیان لەگەڵ بێت، نەمانی وێنەی ماڵی کوردیی لەناو نمایشەکاندا بەرزبونەوەی شانۆی ئەزموونگەری کوردیی نیە بەلکو تەسلیمبونی گوتاری شانۆی کوردیی ئەو رۆژگارەیە، بۆ ناو شانۆی عێراقی، ئەوە بەهیچ جۆرێک، سڕینەوەی مێژووی ئەو شانۆیە نیە، هێندەی لەنەبونی ئاراستەی ڕەخنەیی بۆ ڕابردوو، پێویستە پەردە لەسەر بەشێکی تێگەیشتنەکان هەڵبدرێنەوە، بەداخەوە ئەوان خۆیان تا ئێستاش توانای ئەوەیان نیە قسە لەو ساتەوەخت و ئاراستەکانی بکەن.

-قسەیەکت سەرنجی ڕاکێشام، ئاماژەتان بۆ ئەوە کرد کەوا پیتەر بروک پایەی شانۆکەی لەسەر برێخت وبیکیت بنیاتناوە، ئایا ئەوە مانای وایە ئەو ئەزمونکارە؟

  • خۆی ڕەنگە ئەو پرسیارە بمباتە سەر تەواوکردنی قسەکانم، من ئاماژەیەکی خێرام کرد، بۆیە لێرەدا کەمێک دەوەستم، ئەوە ئاماژەی من نیە، ئەو بۆ خۆی باس لەوە دەکات، پایەی شانۆکەی لەسەر بیکیت و برێخت بنیاتنراوە، بەڵام ئەوە کورتکردنەوەی شانۆی ئەو نیە بۆ ئەو دووانە، هێندەی ئاماژەیەکی ڕوونە کە پیتەر بروک ئەزموونکارەو لەرۆحی ئەزموونکاری تێگەیشتووەو دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دوانە، بەڵام ئاخۆ ئەوە بەو ماناییە چاوپۆشی لەهەندێک شت بکەین؟ زۆرجار دەبیستین و دەخوێنینەوە، هەڵبەت تەنیا لەناو نووسینی کوردی وعەرەبیدا گوایە بروک تیۆریستێکی شانۆییە، ئەوانەی ئەو دەستەواژەیە دەنووسن، بەدڵنیایی لەتیۆر تێنەگەیشتوون و ناتوانن تیۆرو یادداشتی پرۆڤە لەیەکتر جیا بکەنەوە، با بیرمان نەچێت شانۆ هونەرێکی سادە نیە، سادەبوون قوڵایی بوونە لەشانۆدا، شکسپیر و ئەپسن و چێخۆف شانۆیان وا نووسیوەتەوە، نابێت یاری پێبکەیت، ڕەنگە بپرسیت ئەی بۆ باس لەوە دەکرێت بروک دیمەنی کۆتایی هاملێت دێنێتە سەرەتا؟ دەی منیش دەپرسم بۆ وا دەکات؟ چونکە دەیەوێت لە دیدی ئەزموونکاتری برێخت سەیری بابەتەکە بکات، بۆ ئەوەی لەقسەکانمان دوور نەکەوینەوە، دەمەوێت بڵێم بروک تیۆریستێکی شانۆیی نیە، تەواوی کتێبەکانی بریتین لەتێگەیشتن و نووسینەوەی نهێنی شانۆیی خۆی نەک نهنێنی نمایشی شانۆیی، ئەو یادداشتی پرۆڤەکانی خۆی دەکات و لەو ڕوانگەیەوە قسەیان لەبارەوە دەکات، ئەوە تیۆر نیە، هێندەی نووسینەوەی پرۆڤەو خوێندنەوەی ڕووبەرەکانی بیرکردنەوەی شانۆیی خۆیەتی، بەڵام مەرج نیە دەرەنجامەکان بۆ هیچ دەرهێنەرێک راست بێت، بۆ من مایەی پێکەنینە کەسێک بیەوێت هەڵەی دەرهێنانی خۆی ناوبەرێت بە پانتایی بۆشی بروک، بۆیە دەبێت ناچار بین لێیت تێبگەین، بینەر پێویستی بەوە نیە بزانێت پانتایی بۆشە، گرنگ ئەو پانتاییە دەتوانێت ڕووبەرێکی ڕوون بە دیدی بینین ببەخشێت؟ ئایا شانۆنامەکە بۆ خۆی وێنەیەکی درامی ڕوونی هەیە؟ هەڵبەت بۆ توێژەرانی شانۆ کتێبەکانی بروک بۆ خوێندنەوە و ناسینی دەرهێنەرێک و ئەزموونەکەی گرنگە، بەڵام مەرج نیە گریمانەی بۆ ناو شانۆی کوردیی بکەین.



زمانی کوردی لە ڕۆژئاوای کوردستاندا.. فەرەیدوون سامان

لە بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا هەر لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی نوێی سوریا، مەگەر بۆ ماوەیەکی کەم تەبێت لەسەردەمی ئینتدابی فرەنسییەکان دەرفەتێک بە کوردانی دانیشتووی شام ڕەخسا، لە بواری زمان و کەلتوور و چاپەمەنیدا چالاک بن، لەوانەش وەشاندنی گۆڤاری هاوار(١٩٣٢)، ئەگینا هیچ ئاماژەیەکی دەستووری و یاسایی لەو وڵاتەدا بە زمان و کەلتووری کوردیدا نەکراوە، ڕاستە وەک کۆماری تورکیا بە ڕەسمی زمانی کوردی قەدەغە نەکرابوو، بەڵام لەکایەکانی پەروەردەو فێرکردن و فەزا گشتییەکانی فەرمانگە حکوومییەکان، تەنانەت لە بواری چاپ و بڵاوکردنەوەشدا لەلایەن دیمەشقەوە زۆر بەتوندی دژایەتی زمان و ناسنامەی کوردی کرا، لەو سۆنگەیەشدا هاووڵاتییانی کورد دووچاری زیندان و ڕاوەدوونان و ئاوارەیی تەنانەت کوشتنیش هاتوون.
دوای سەرهەڵدانی ڕۆژاوای کوردستان و دواتر دامەزراندنی کانتۆنەکان و دەسەڵاتی خۆسەری لەو هەرێمەدا، بزاڤێکی کەلتووری و زمانەوانییان بۆ فەراهەم بوو و ئاستی خوێندنی کوردی لە سێکتەری پەروەردەو فێرکردندا گەیشتە قۆناغەکانی زانکۆ(زانکۆی ڕۆژاوا لە کۆبانێ بە نموونە)، بەڵام کاتێک زمانی کوردی لەلایەن حکومەتەکەی شەرعەوە بە فەرمانی ڕەسمی دەخرێتە ناو قوتابخانەکانی ڕۆژاواوە، ئێمە تەنیا باسی قۆناغێکی جیاواز دەکەین، باس لە لاپەڕەیەکی نوێ دەکەین لە پەیوەندی نێوان دەوڵەتی سوریا و شوناس و کولتوور و زمانی نەتەوەیەک کە لە مێژە تووشی پەراوێزخستن بووە.
وەزارەتی پەروەردەی سوریا ڕێنمایی جێبەجێکاری سەبارەت بە فێرکردنی زمانی کوردی لە قوتابخانە حکومی و ئەهلییەکاندا دەرکرد. ئەم بڕیارە شایەنی ئەوەیە بە هێمنی و بێ زیادەڕەوی و کاردانەوەی سۆزداری و لە چاویلکەیەکی سیاسی و یاساییەوە بخوێنرێتەوە و لەبەرچاو بگیرێت، تا بزانین چی بەدەست هاتووە و چی دەبێت لە داهاتوودا بەدەست بهێنرێت. لە ڕاستیدا بەشێک لە هاووڵاتیانی کورد ڕەخنەیان لەو بڕیارە گرت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە فێرکردنی زمانی کوردی بە تەنیا بۆ ئاستی مافێکی نەتەوەیی و زمانەوانی بەرز نابێتەوە و ئەوەی پێویستە دانپێدانانی زمانی کوردییە وەک زمانێکی ڕەسمی نەک وەک زمانێکی نیشتمانی بخوێنرێتەوە، بەتایبەتیش لە ناوچانەی کە زۆرینەی دانیشتووانی مێژوویی کورد پێکدەهێنن. پێموایە ئەم داخوازییەی کورد ڕەوایە، مافی گەلان بۆ زمانەکەیان نابێت تەنها لە خوێندنی ئیختیاری یان قۆناغێکی سنووردار بێت. بەڵام ئەو پرسیارەی ئەمڕۆ دەبێت لە خۆمانی بکەین ئەویش ئەوەیە ئایا پێویستە ئەم هەنگاوە مێژووییە ڕەت بکەینەوە، تەنها لەبەر ئەوەی کۆتایی ڕێگەکە نییە؟
بەڕای من نەخێر. هێنانە ناوەوەی زمانی کوردی بۆ ناو خوێندنگەکانی ڕۆژاوای کوردستان لە ڕێگەی بڕیارێکی فەرمی کە لە لایەن وەزارەتی پەروەردەی سووریاوە، گۆڕانکارییەکی بەرچاوە لە مێژوویەکی دوور و درێژی ئینکاری و پەراوێزخستن. لە ڕووی سیاسییەوە ناژیرانە دەبێت کە بەهای ئەم هەنگاوە کەم بکەینەوە تەنها لەبەر ئەوەی هەموو داواکارییەکانی کوردی بەدی نەهێناوە. دەیان ساڵە کورد لە سوریا لەژێر سیاسەتێکی ڕەگەزپەرستانەدا دەژین، کە بەشێکی بنەڕەتی لە ناسنامە و کەلتوور و زمانییان ڕەتکراوەتەوە. ئەوان تووشی ستەم و هەڵاواردن هاتوون، سیاسەتگەلێک کە بوونی زمان و ناسنامەی کوردی لە کایەی گشتیدا لاواز کردبوو. لە هەندێک کاتدا کارەساتەکە گەیشتە ئەو ئاستەی کە نەوەکان لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ بێ ترس و فێربوون زمانەکەیان زەوت بکرێت. بۆیە ئەمڕۆ ناساندنی زمانی کوردی هەڵگری بەهایەکە کە لە وردەکارییەکانی میتۆد و شێوازی وانەگوتنەوەدا تێدەپەڕێت. دانپێدانانە بەوەی کە زمانی کوردی زمانێکی زیندووە، و ئاخێوەرانی ئەو هاووڵاتییانەن کە مافی ئەوەیان هەیە منداڵەکانیان لە ناو خوێندنگەکانی سوریا گوێیان لە ئاوازی زمانەکەیان بێت، نەک لە پەراوێزدا و لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە بن. لێرەدا دەبێت ڕوونتر بین: ستایشکردنی بڕیارەکە بە واتای وازهێنان لە داخوازییەکانی دیکەی کورد نییە. دەتوانین بڵێین ئەمە سەرەتایەکی باشە بۆ ئەم هەنگاوە، لە هەمانکاتدا دان بەوەدا بنێین کە گەشتەکە کۆتایی نەهاتووە، دەتوانین پشتیوانی لە فێرکردنی زمانی کوردی بکەین لە هەمانکاتدا داوای مافی زیاتری زمانەوانی و کەلتووری بکەین. دەتوانین ئەو بڕیارە بە خاڵی دەستپێک بزانین و داوا بکەین کە ئەم سەرەتایە پەرە بسێنێت بۆ دانپێدانانێکی دەستووری ڕوونتر بە مافەکانی هەموو گەلی کوردی ڕؤژاوا، لە پێش هەموویانەوە مافی کورد بۆ زمان و ناسنامەو کەلتوورەکەی، و زامنی پێگەی زمانی کوردی وەک زمانێکی فەرمی لە ناوچە کوردنشینەکاندا، لە چوارچێوەیەکی دەستووری و ئیداریدا کە مافەکانی هەموو سوورییەکان مسۆگەر بکات بەبێ ئەوەی کەمێک لە مافی هەر گروپێکی تر، ئەمانە دژایەتی نین، بەڵکو سیاسەتی پێگەیشتوو ناچارمان ناکات لە نێوان دانپێدانان بەو شتەی بەدەست هاتوون و داوای ئەوەی هێشتا بەدەست نەهاتوون هەڵبژێرین.
کوردی ڕؤژاوا بە درێژایی مێژووی سوریا باجی قورسیان داوە، لەپێناو ئازادی و دادپەروەری ڕۆڵەکانیان کردە قوربانی، و بەرگەی ساڵانێک لە ستەم و هەڵاواردنیان گرت و باجی ستەمکارییان داوە، لەگەڵ ئەو سەختییەی ژیان کە ناسنامە و زمان و بوونی کولتوورییان کردە ئامانج. بۆیە ئەم قۆناغە نوێیە پێویستی بە گوتارێکی سیاسی جیاواز هەیە. نامانەوێت مافی زمان ببێتە مایەی ململانێی نێوان سوورییەکان. کورد دەیەوێت زمانی کوردی ببێتە بەشێکی سروشتی سوریای نوێ، هەروەک چۆن دەیەوێت زمانی عەرەبی زمانی یەکگرتووی دەوڵەت بێت و مافی هەموو پێکهاتەکانی سوریا بەبێ جیاوازی پارێزراو بێت. زمان دیواری نێوان مرۆڤەکان نییە؛ زمان پردێکە بۆ شکۆی مرۆڤ، داننان بە زمانی کوردی، عەرەبێک کەم ناکاتەوە، هەروەک چۆن داننان بە زمانی عەرەبی، کوردێک کەم ناکاتەوە. دەوڵەتێک کە ڕێز لە فرەچەشنی زمانەوانی و کولتووری خۆی بگرێت، لاوازتر نابێت، بەڵکو زیاتر متمانە بەخۆی دەکات و باشتر ئامێزی بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی یەکسان دەکاتەوە.
لێرەوە ئەرکی ئەمڕۆی کوردی ڕۆژاوا هەر تەنها ئاهەنگگێڕان نییە بۆ بڕیارەکە، نە هێرشکردنە سەری، بەڵکو کارکردنە بۆ سەرکەوتنی. پێویستە داوای مامۆستایانی شارەزا، و میتۆدی کوالیتی بەرز، کتێبی خوێندن، ڕاهێنان، ژینگەیەکی گونجاوی فێربوون و چاودێری جێبەجێکردنیان بکەن. چونکە مافەکان تەنیا بە دەرکردنی فەرمان نابنە واقیع؛ مافەکان پێویستیان بە دامەزراوە هەیە بۆ پاراستنیان، خوێندنگە بۆ جێبەجێکردنیان، کۆمەڵگەیەک کە بزانێت چۆن بیانپارێزێت. هەروەها ئەمڕۆ کورد بەرپرسیارێتییەکی گەورەی لە ئەستۆدایە. ئەگەر دەیانەوێت زمانی کوردی لە پەروەردە و کارگێڕی و کۆمەڵگەدا ئامادەیییەکی بەهێزی هەبێت، پێویستە کار بۆ پەرەپێدانی، ڕاهێنانی کارمەندەکانی، بەرهەمهێنانی کتێب و پرۆگرامی خوێندن، هاندانی منداڵان و لاوان بۆ فێربوونی و لە داخوازییەکانی بگۆڕین بۆ پڕۆژەیەکی هەمەلایەنەی فەرهەنگی و پەروەردەیی.
ماوەیەکی زۆر چاوەڕێی ئەوە بووین کە زمانی کوردی بە فەرمی بخرێتە ناو قوتابخانەکانی سوریاوە. با وەک شایەنی خۆی سەیری ئەم ساتەوەختە بکەین.ئەمە کۆتایی نییە، بەڵام بە دڵنیاییەوە هەنگاوێکی زوو تێپەڕ نییە. هەنگاوێکی مێژووییە دوای دەیان ساڵ کە زمانی کوردی لەو پێگەیەی کە شایەنیەتی بەهرەمەند نەبوو. بۆیە گەرەکە کورد پێشوازی لێ بکەن، کاربکەین بۆ دڵنیابوون لە سەرکەوتنەکەی. لەهەمانکاتدا پابەندی تەواوی مافەکانی خۆیان ببنەوە بە مافی کورد بۆ ئەوەی زمانەکەیان بەشێکی دانەبڕاو بێت لە پەیکەری دەستووری و ئیداری سوریای نوێ، هەروەها بە مافی ناوچە کوردییەکان کە پێگەی فەرمییان هەبێت بۆ زمانی کوردی کە ڕەنگدانەوەی تایبەتمەندییە دیمۆگرافی و مێژووییە ناوازەکانیان بێت.
کورد زمانێکی ناوێت کە تەنیا ڕێگەپێدراو بێت؛ ئەوان زمانێکیان دەوێت کە ڕێزی لێ بگیرێت. مافێکی کاتیمان ناوێت؛ مافێکی هەمیشەییمان دەوێت، کە لە دەستووردابچەسپێت. جیاوازییەکی بەرچاو هەیە لە نێوان ڕەتکردنەوەی هەنگاوێک چونکە نەگەیشتووەتە ئەنجام و پەژراندنی وەک سەرەتایەک و بەردەوامبوون لە ڕێگاکەدا. با ئەوەی بەدەست هاتووە بە جددی وەربگرین و بە بەردەوامی داوای ئەوەی دەمێنێتەوە. مافەکان لە یادەوەریدا پارچە پارچە نین، بەڵکو لە سیاسەتدا بنیات نراون، ئێستا زانکۆی ڕۆژاڤا لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ ئەو بڕیارانە دەکات کە لەم دواییانەدا وەزارەتی پەروەردەی سوریا سەبارەت بە کەمکردنەوەی وانەکانی زمانی کوردی بۆ سێ وانە لە هەفتەیەکدا دراون. لەم چوارچێوەیەدا زانکۆ لە ڕێگەی هەڵسەنگاندنی ئەکادیمی و پەروەردەیی خۆیەوە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم پێوەرە پاشەکشەیە لە مۆدێلی پەروەردەیی وەرگیراو، هەنگاوێکە بۆ دواوە کە ڕێگری دەکات لە گەشەسەندنی بەردەوامی سیستەمی پەروەردە لە ساڵانی ڕابردوودا لە ڕۆژاوای کوردستاندا.
لە ماوەی ١٢ ساڵی ڕابردوودا، تاقیکردنەوەیەکی زانستی و مەیدانی گشتگیر لە ڕۆژاڤا/باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامدرا، کە تێیدا سیستەمێکی پەروەردەیی گشتگیر دامەزرا و زمانی کوردی وەک زمانی سەرەکی پەروەردە و توێژینەوە لە هەموو ئاستەکانی پەروەردەدا ناسێندرا. ئیتر بەکارهێنانی زمانی دایک تەنیا لە بەشی ئەدەبی و زانستە مرۆییەکاندا سنووردار نەبووە، بەڵکو فێرکردنی هەموو بوارە زانستی و پزیشکی و کارپێکراوەکان – وەک بیرکاری و فیزیا و کیمیا و ئەندازیاری- بە پێی پرۆگرامە زانستییەکان و ستانداردە پێشکەوتووەکانی ئەکادیمی لەخۆگرتبوو. جیاکردنەوە و سنووردارکردنی زمانی فێرکردن بۆ سێ وانەی هەفتانە و مانەوەی وەک پێکهاتەیەکی زمانی لاوەکی، لەبری ئەوەی ببێتە بنەمای سەرەکی بۆ گوتنەوەی بابەتەکانی زانستی، لێکەوتەی نەرێنی پەروەردەیی و ئەکادیمی هەیە، وەک:

  • کەمکردنەوەی توانای تێگەیشتن و شیکردنەوەی خوێندکارانی کورد بە دابڕینی لە ژینگە زمانەوانییەکەی کە زیاتر لە 12 ساڵە وەبەرهێنانی زانستییان تێدا کردووە.
  • وازهێنان لە ژێرخانی ئەکادیمی و دەستکەوتەکان کە لە ڕێگەی هەوڵ و سەرچاوەکانی پەروەردە لە ماوەی تەواوی ١٢ ساڵدا بنیاتنراون و پەرەیان پێدراوە.
  • پشتگوێخستنی پێوەر و ڕێکەوتنە نێودەوڵەتییە پەروەردەییەکان کە جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە پەروەردە بە زمانی دایکی فاکتەری سەرەکییە بۆ دەستەبەرکردنی کوالیتی پەروەردە و جێبەجێکردنی داهێنان و بیرکردنەوەیەکی ڕەخنەگرانە.
    ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی پەروەردەیی باشترین چارەسەری ئەکادیمی لە سنووردارکردنی زمانێک نییە لەسەر حیسابی زمانێکی دیکە، بەڵکو لە ئەگەری وەرگرتنی مۆدێلی خوێندنی دوو زمانەدایە. ئەمەش مۆدێلێکی زانستییە و لەسەر ئاستی جیهانی جێبەجێ دەکرێت. دەرفەت دەڕەخسێنێت بۆ فێرکردنی زانست و بابەتەکانی سەرەکی بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی شانبەشانی یەکتر، بە شێوەیەک کە پاراستنی مافە زمانەوانی و کولتوورییەکانی خوێندکاران مسۆگەر بکات، توانای زانستی و پەیوەندی کردنیان بەرز بکاتەوە، هەروەها پردی یەکڕیزی ئەکادیمی و نەتەوەیی لەبری سیاسەتی دوورخستنەوە و پەراوێزخستن دروست دەکات.
    مافی خوێندن بە زمانی دایک لە لقە جیاجیاکانی زانست و زانستدا مافێکی ئەکادیمی و مرۆڤە و لە ستاندارد و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکاندا پارێزراوە، هەروەها ئامرازێکی سەرەکییە بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیریی پرۆسەی خوێندن و پەرەپێدانی توێژینەوەی زانستی. جگە لەوەش بۆ بنیاتنانی سیستەمێکی پەروەردەیی گشتگیر و بەردەوام، پێویستە فرەزمانەوانی بەهێز بکرێت و بەرنامەی پەروەردەیی گشتگیر بگیرێتەبەر، لەبری جێبەجێکردنی سیاسەتی سنووردارکردن و پەراوێزخستن
    لەسەر ئەم بنەمایە، زانکۆی ڕۆژاڤا داوا لەلایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات کە چاو بەو بڕیارە بخشێننەوە کە پێشتر ئاماژەمان پێکرد، لە سنووردارکردنی بازنەی خوێندن بە زمانی کوردی، هەروەها کاربکەن بۆ پاراستن و پەرەپێدانی ئاستی ئەکادیمی و پرۆگرامە زانستییە گشتگیرەکان کە لە ماوەی ١٢ ساڵی ڕابردوودا بە زمانی کوردی دەگوترێنەوە – لەوانەش ڕێگە خۆشکردن بۆ پەرەپێدانی مۆدێلی پەروەردەی دوو زمانەیی بەردەوام بە مەبەستی دڵنیابوون لە داهاتووی خوێندکاران و پاراستنی کوالیتی سیستەمی پەروەردە. ئەگینا بە شێوەیەی کە بڕیاری لەسەر دراوە لە هەفتەیەکدا سێ وانە بخوێنرێت، پاشەکشەیەکی گەورەیە لە خەون و خواستی گەلەکەمان لە ڕۆژاوای نیشتمان.

فەرەیدوون سامان




ڕەخنەی شیعریی: ئیستاتیکای زمانی شیعر.. سۆران محەمەد

وەك چۆن شیعری ڕۆمانتیکی و ڕەمزیی، دەرچوون بوون لە قاڵبی شیعری باو، هەر ئەوەش ڕووی دا لەگەڵ پەخشانە شیعردا، کاتێك شاعیران لەهەوڵی یاخیبووندا بوون لە هەموو دەسەڵاتێکی شێوە، کە لەمپەربوو لە بەکارهێنانی زمانی تاکەکەسی، تا چیدی ملكەچی ئەو چوارچێوە ئامادانە نەبن کە دەبوو زاراوەو هەستەکانی تێدا دابڕێژرایە.
لە ڕاستیدا پەخشانە شیعر مانای دەرچوون نییە لە هونەرەکانی شیعر، بە بیانوی داهێنان و ئازادبوون، بەڵکو لەویشدا کورتبڕی و چڕبوونەوەو یەکێتی بابەت و ڕەوانبێژی پێویستەو دەبێت ئامادەییان لە دەقدا هەبێت، تا بەرهەمێکی باشمان بەرهەم بێت. گەر نا تەنیا مانا دەبێتە چەق و دەنگ و مۆسیقا پاش دەکەون، ڕستە تیایدا جێی وەزن وکێشە شیعریەکان دەگرێتەوە.
کەواتە شیعر بەهەموو جۆرەکانییەوە کاتێك بوونی دەبێت کە ئیرادەی داهێنان و ئاگاهی، بوونیان هەبێت. وەك ئەوەی (ماکس جاکوب) جەختی لەسەر دەکاتەوە، کە لێرەدا هونەر: ئیرادەی دەربڕینە کە لە قووڵایی خودەوە سەرچاوە دەگرێت، بە شێوەیەکی تۆکمەو پوخت.
کاتێك شیعر لە دەست ڕێساکانی کلاسیك دەرهێنرا، ئیدی تێکەڵبوونێکی زۆر لە نێوان دەقی باش و خراپدا دروست بوو، چونکە ئەو پێوەرانەی ڕوون و ئاشکرابوون کە شیعری کلاسیکی لەسەر دەهۆنرانەوەو پێ هەڵدەسەنگێنران بەرەو کاڵبوونەوە و بایەخ پێنەدان چوون و زیاتر بەرهەمە شیعرییەکان پشتی بە دیدو سەلیقەو مەعریفەی شاعیرو ماناکان دەبەست، ئیتر لێرەوە گێژاوێك دەخولقێت و ڕەسەن و نارەسەن بە ئاسانی بۆ هەمووان لێك جیاناکرێتەوە.
جێی ئاماژەشە کاتێك ئارتۆر ڕامبۆی قەلەندەر ئەو ڕچەیەی شکاند، هەر بەو سیفەتە بوو کە شیعر پەیوەست بکات بە گەڕان بە دوای نەزانراودا و زیاتر بەرەو متافیزیکا پەلکێشی بکات، وەك لەوەی تەنیا بە شێوەیەکی هونەریی دابڕێژرێت، وێڕای ئەوەی خۆی بووە سەرمەشقی ئەوەی کە پەخشانە شیعر گەشە بسێنێت و بە ڕەسەنایەتی و تەکنیکی ناوازەوە کامڵی بکات.
ڕەخنەنووس برونۆ لاتۆر لە ڕەخنەی بنەماکانی تازەگەریدا شتێک لە وەهم و ڕووتکردنەوە دەداتە پاڵ ئەو هەوڵانەی لەژێر ئەم ناوەدا دەدرێن، بەمانای ئامێرەکانی داماڵینی ئەو ماسکانەی کە بە ستراتیژی سەرەکی ڕەخنەی تازەگەریی لەقەڵەم دەردێن، بۆیە ئەو دەنووسێت: “هەڵماڵینی ماسکەکان ئەرکی پیرۆزو ڕاستەقینەی تازەگەرییە، بوونی پاشخانی ڕاستەقینەو تەواو لەگەڵ ڕۆشنبیریی ساختەدا لێك جیا بکرێتەوە. لەبری ئەوەی تەماشای دەقێكی ئەدەبی بکەین وەك هۆکاری شاردنەوەی بەرژەوەندی چینێك یان سیاسەتێك، با تەماشای بونیادی سەرەکی بکەین کە لەسەر چەند کۆڵەکەیەکی ئاست جیاواز پێکهاتووە، لەوانە: زمان، نووسەر، تەکنیك، دەزگای ئەدەبی، جەماوەر”..
بەڵێ، لە پێناسەی شیعردا زۆر وتراوە، لەوانە: “ئەو ئەدەبەیە کە ئاگاهی ئەندێشەکردنێکی چڕ لە خۆ دەگرێت سەبارەت ئەزموونێکی دیاری کراو، یان پەرچەکردارێکی هەستەکی یان سۆزردارییە لە ڕێگای زمانێکی پوخت و بژاردەوە لە هەموو ڕووەکانی ماناو زاراوەو ئێقاعەوە پێکدێت”.
هەروەها ئەندێشەکردن کە پنتێکی سەرەکی شیعر داگیردەکات، بریتییە لە توانای ئەقڵ لە ئامادەکردنی وێنەی زیهنی و مانای تازەدا، کە پێشتر بوونیان نەبوو بێت لەواقیعی هەستەکیدا، ئەمەشە کاریگەریی لەسەر وەرگر دروست دەکات و هەستەکانی دەخرۆشێنێت و کاردانەوەی تیادا فەراهەم دێنێت، دادەنرێت بە بنەمایەکی سەرەکی نووسینی شیعر، کە سنووری واقیع دەبڕێت بەرەو جیهانگەلێکی نوێ لە ماناو هونەردا.
ئیبن سینای شاعیرو فەیلەسوف ئەندێشەکردن بە سیمایەکی تایبەت دادەنێت کە شیعری پێ لە پەخشان جیادەکاتەوە، لێرەدا بواری ڕاستی و درۆیی تێدا جیا ناکرێتەوە، چونکە خولگە سەرەکییەکەی زمانە لە ڕووی خەیاڵ و ئەندێشەکردنەوە کارا دەبێت، نەك بە باری واقیع و ژیانی ڕاستەقینەدا شۆڕبێتەوە، هەروا سەبارەت پێناسەی خەیاڵکردن گوتراوە: “ئەندێشەکردن شتگەلێکە لە دەروون و ناخدا ، ئەو شتەی کە خەیاڵی تێدا کراوە، بوارێکی فەنتازییەو دروستکراوەو پێشتر بوونی لە زیهندا نەبووە”.
ئەرستۆ وای دەبینێ کە ئەندێشەکردن (فەنتازیا)جۆرێکە لە جوڵە لە زیهنی مرۆڤدا و بەرانبەریشی دنیای هەستەکییە، بگرە زانای زمان و وێژە (جورجانی) وای دەبینێت مانا ئەقڵییەکان لە کرۆکی شیعردا نین، هەرچەندە پۆشاکی شیعریش لەبەر بکەن، هەرچەندە ئەو لە ڕۆڵ و بایەخیان کەم ناکاتەوە لە ڕووە جیاوازە هزری و کۆمەڵایەتی و ئاینییەکانەوە هتد….. لەهەمان کاتیشدا دەبینین له‌نێو ڕه‌خنه‌گره‌ گه‌نجه‌كاندا، بەڕێز بڵند باجەلان دەنووسێت: “من و (سۆران ئازاد) له‌ پێشه‌وه‌ی ئه‌و ڕه‌خنه‌گرانه‌ین، له‌ ڕوانگه‌ی فیكره‌وه‌ قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌ده‌بیات دەكه‌ین”- ئەمە لەو لەو چاوپێکەوتنەی لەژێر ناوی (پێویستمان بە کەسانێکە بتوانن بە قوڵایی ڕۆحییەوە بڕواننە شیعر) لە بەشی شیعروگفتوگۆدا لە ماڵپەڕی شیعریی (تەم)دا بڵاوکراوەتەوەو چاوپێکەوتنەکە لە سازدانی: حەمە هیوایە.
هەرچی زانای زمان و وێژەناس (مەرزوقی)یە، بنەماو کۆڵەکە سەرەکییەکانی شیعر بە حەوت دانە ڕیزبەند دەکات، کە دووانیان باس لە کێش و سەروا دەکەن و زیاتر تایبەتن بە شیعری کلاسیکەوە، هەرچەندە بەڕادەیەك دەبێت لەدەقە مۆدێرنەکانیشدا بوونیان هەبن، بەڵام پێنجەکەی تر دەبێت کەم تا زۆر لە هەموو بەرهەمێکی شیعریدا هەبن تا بە شیعر ناوببرێن:
١- مانای باڵا و دروست.
٢- هێزی زاراوەو پتەویی و ناوازەیی و گونجانی لەگەڵ مانادا.
٣- پێکان لەوەسفدا، بەشێوەیەکی دروست و وردو ڕاستگۆ و گونجاو لەگەڵ ئەوەی وەسف دەکرێت.
٤- لێکنزیکی لە شوبهاندندا: بەوەی گونجان لەنێوان لێکچوو و لەوچوو دا هەبێت.
٥- گونجاندنی خوازەر لەگەڵ خوازراودا هەبێت، واتا بوونی هەماهەنگی لەنێوانیاندا.
جا ئەگەر بێین ئەم سیما سەرەکیانەی کە شیعری پێ دەناسرێتەوە بەراورد بکەین بەو دەقانەی ئەمڕۆ بە ناوی شیعرەوە بڵاودەبنەوە، دەبینین دوورییەکی بێ هامتا هەیە لە نێوانیاندا، لەویاندا هونەرو ڕەسەنایەتی پەیڕەو دەکراو چێژی دەبەخشی، لەمیاندا سادەبوونەوەی زمان تا ئاستی زمانی ئاخاوتنی ڕۆژانە بەدی دەکرێت، ئیدی لە لایەکەی دییەوە هەندێك دەڵێن: خوێنەر حەقیەتی لە خوێندنەوەی شیعری سەردەم بتۆرێت (بە باش و خراپەکەیەوە)، چونکە لای ئاستەم دەبێت لێکیان جیابکاتەوەو بەتایبەتی کە هێڵێ نێوان ئەو دوو جۆرەش ئاشکراو بەرچاو نییە، تەنانەت دەشگوترێت لە ئەدەبی پاش مۆدێرنەدا هێڵێ نێوان ژانرە ئەدەبییەکانیش کاڵبووەتەوەو بەیەکداچوون؛ وەك پەیوەندی نێوان پەخشان و چیرۆك و شیعرو ڕۆمان و تەناەت شیوەکاریی…تاد.

  • بیردۆزی نەزمی جورجانی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە دانانی وشە لە شوێنی تەواوی خۆیدا بە هێنانەدی ئەرکە دەلالیەکەی لە سیاقێکیدا دێنێتەدی. زۆر خاڵ هەن دەبێت لەم پێناوەدا ڕەچاو و پەیڕەو بکرێن وەك: دانان و تەبایی وشە وماناکەی، ڕەچاوکردنی ڕەوانبێژی (وتەی ڕەوان و کاریگەر) بۆنموونە: لێكچوون تەشبیهـ، خوازەو سێ جۆرەکەی، درکه، جوانکاری، دژیەك، ڕەگەزدۆزی، کورتبڕی. شوێنگۆڕکێی وشە (پێش و پاشخستنی) کە چۆن کاریگەریی لەسەر مانا دروست دەکات، لابردنی وشە، جیاکردنەوەو لێکدان، ناسراوو نەناسراو، زانینی بەکارهێنانی ڕێزمان….هتد، ئەمانە ئەرکی شاعیرە کە ئاگاهی هەبێت سەبارەتیان.
    لە ڕاستیدا لە پێناسەی هەر ئەدەبێکی باشدا گوتراوە: “بەکارهێنانی نموونەیی تایبەتمەندییەکانی مادە سەرەتاییەکەیەتی”. جا ماددەی سەرەتایی شیعریش زمانە، کەواتە شاعیر دەبێت بزانێت چۆن بە شێوەیەکی هونەرییانە بەکاری بهێنێت.
    هەروەها تەنتاوی دەڵێت: شیعری ڕاستەقینە ئەوەیە کە هەستەکان دەهروژێنێت و هەژان و ساکان لە ناخدا دروست دەکات.
    بەم جۆرە لای تایبەتمەندەکانی شیعر دەق لە چوار ڕووەوە ڕوانینی بۆ دەکرێت:
    ١-بازنەکانی دەلالەت٢-ئاستی ئیقاع٣-وێنەی شیعری٤- شێوازی هۆنینەوەی دەق(ستایڵ).
    چەند نموونەیەکی پراکتیکی:
    بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەی ئەو خاڵانەی کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێدان، جێی خۆیەتی لێرەدا چەند نموونەیەك بهێنینەوە لە شیعرەکانی تەیب قادر کە دەنگێکی دیاری شاعیرانی نەوەی پاش ڕاپەڕینی باشوورەو سەرپەرشتیاری وێبگەی شیعریی تەمە، کە دڵنیام ئەو هەمیشە سنگی فراوان بووە بۆ هەموو تێبینی و سەرنجێك کە لەسەر بەرهەمەکانی بنووسرێن، ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەی لەم لێکۆڵینەوەیەدا سوودیان لێ ببینین و بۆ دەوڵەمەندکردنی گوتارەکە و وەك نموونە بیانهێنینەوە.
    ١- ئاستی بەکارهێنانی زمان:
    وەکو پێشتر گوتمان مافپێدانی تەواو بە هەر هونەرێك بریتییە لە بەکارهێنانی نموونەیی تایبەتمەندییەکانی مادە سەرەتاییەکەی، جا لەباری شیعردا ماددە سەرەتاییەکی شیعر بریتییە لە زاراوەو زمان، بە ڕۆچوون و قووڵبوونەوە بەو خاڵانەی پێشوودا، دەفامینەوە کە دەبێت شاعیر فەرهەنگێكی شیعریی لادروست ببێت و بە تێگەیشتن لە زانستەکانی ڕەوانبێژی و شارەزا بوون لە بنەماکانی ڕێزمان بتوانێت ئەو بەهرەیەی هەیەتی لە قاڵبی شیعرێکی سەرکەوتوودا دایبڕێژێت، هەر ئەو خاڵانەشن کە شیعر لە ناشیعر یان وەك دەگوترێت (شیعر لە میعر) جیادەکەنەوە. کاری ئێمەش لێرەدا بڕیاردان نییە لەسەر باشی و خراپی دەق، یان کاریگەریی و باڵایی مانا تیایاندا، بەڵکو ئێمە لە بواری هونەرییەوە تەماشای دەق دەکەین و دەمانەوێت بە دوای ڕەگەزە شیعرییەکاندا بگەڕێین مادام لێرەدا قسەمان لەسەر شیعرە، ئێمە قسە لەسەر هونەری شیعر دەکەین و هەر لەو رووەوە تێبینیەکان دەنووسین، وەکو تر زۆر شیعری سادەش لەمڕۆماندا بوونیان هەیە، وتوێژی ڕاستەوخۆ لەگەڵ جەماوەردا دەکەن و ڕەنگە هەوادارێکی زۆریشیان هەبێت، بەڵام لە لایەنی هونەرییەوە بە شێوەیەکی ئەوتۆ پێنەگەیون و بایەخێکی ئەوتۆی هونەرییان نییە.
    ڕەخنەنووس ئەحمەدی مەلا لەمبارەوە دەنووسێت: “شیعری ئاسان و زەحمەت نییە، بەڵکو تا چەند زمان بارگاوییە بە شیعر؟”.
    شیعر بۆ ئەوە نانووسرێت کە خوێنەرێکی دیارییکراو لە پەیامەکەی بگات، چونکە دەرهێنانی پەیام لە شیعردا کارێکی زۆر سەختە، چونکە، شیعرییەت ئاوێتەی “پەیام ” بووە، هەر کاتێك توانیمان پەیام لە دەق جیا بکەینەوە، واتە، دەقی دیارییکراو بە کەمترین تەزووی شیعریی بارگاوی بووە…. شیعر بۆ تێگەیشتن نییە! ئەی بۆچییە؟ بۆ ئەوەیە ئێمە لە ناو شیعرەکەدا بژین..
    لێرەدا گەر نموونەیەك بهێنینەوە لە بەرهەمەکانی تەیب قادر ئەوا دەبینین لە شیعری (بانك) دا دەنووسێت:
    (کوڕێک پێویستیی بە هەندێك خەرجکەر هەیە
    تا بچێت خۆشەویستەکەی بهێنێتە ماڵەوە
    ماڵی نییە
    ئەگەر ماڵی هەبوایە،
    خۆشەوستەکەی لەلای دەبوو و
    منداڵەکەی لە باوەش دەگرت)

ئەگەر ئەو پرسیارە لەخۆمان بکەین کە گوایا لێرەدا تا چەند زمان بارگاوییە بە شیعر؟ ئایا شێوازی دەربڕین ڕاستەوخۆیە یان هونەرەکانی ڕەوانبێژی تێدا بەکارهێنراوە؟ ئایا مانا فرە ڕەهەندەو خوێنەر دەساکێنێت؟ یان زۆر نزیکە لە دەربڕینی ڕاستەوخۆو شێوەیەکی وتاری کۆنکرێتییەو تیایدا مانا هەر یەك دیوی هەیە؟ ئایا وێنەی شیعریی تێدایە کە دونیای مەجازو واقیع پێکەوە گرێ بدات؟ ئایا چ جیاوازییەك لە داڕشتنیدا هەیە لەگەڵ داڕشتنی کەسێکی ناشاعیر دەربارەی هەمان بابەت کە بریتییە لە (قەیرانی دارایی)؟ ئایا ئەگەر ئەو دێڕە ستوونیانە بە ئاسۆیی بدرێنە پاڵ یەك نابنە پەرەگرافی جۆرێك لە وتار؟ ئایا چەندێك وشەکان ناوازەو شیعریین و هێزوپێزی تایبەتی خۆیان هەیە کە لە زمانی ڕۆژانە جیای دەکاتەوە؟ ئایا لە ڕووی زاراوەوە دروستەو لە لایەنی ڕێزمانەوە هەڵەی تێدا نییە و چەندان پرسیار تریش…. لە ڕاستیدا هەر ئەم پێوانانەشن کە بەهای هونەریی بە دەقەکان دەدەن. هەر دوور نەڕۆین لێرەدا وشەی (خەرجکەر) دەبوو (خەرجیی) بووایە، کە هەڵەیەکی زەقی نادروستی زاراوە بەکارهێنانە، چونکە خەرجکەر واتە کەسی پارە خەرجکە، کە ئەو لەویدا مەبەستی پێویستی بە خەرجییە نەك خەرجکەر.
ئەمە وێڕای ئەوەی هەندێكجار شیعر توانای هەڵگرتنی هەندێك بابەتی لە خۆدا نییە، گەر نا، شەفافییەت و وزەی گیانیی تیا نامێنێت، بەتایبەتی گەر تییماکە بابەتی ڕۆژ بێت و قسەی سەرزارو بنزاری خەڵکی بێت، یان بابڵێین جۆرێک لە قەیرانی دارایی دروستکراو لە دەڤەرەکەدا کە ئەمە کاری ڕۆژنامەنووسانە بەدواداچوونی بۆ بکەن، لە کاتێکدا هەندێک بابەت لە شیعردا هەر ئاماژەیەکی پێویستەو گەر شاعیر ڕۆبچێت بە زیادەڕۆییەکی ئاسۆیی، ئەوا دەقەکە زۆر سادە دەکاتەوەو ناشبێتە پەیامێکی سەرمەدی و گەردوونی مرۆڤ، ئەمەشە کە شیعر بە نەمریی دەهێڵێتەوەو وای لێدەکات بۆ هەموو کات و شوێنێك لەبار بێت و هەر بە نوێیی بمێنیتەوە، یان گەر شاعیر بیەوێت لەو بارەوە شیعرێکی باش بنووسێت دەبیت بە دوای ڕێگای ناراستەوخۆوی دەربڕین و هونەریی و ئایدیای نوێدا بگەڕێت، بەڵام گەر مەبەستی گەیاندنی هەڵویست و پەیامی خۆی بێت ئەوا شتێکی ترەو ئێمە نایخەینە نێو دوتویی لێکۆڵینەوەکەمانەوە.
وەکو گوتراوە شیعر سێ هێزی ناوەکی پێویستە: هێزی سروشتی شاعیرێتی ناخ، هێزی لێكچوواندن، هێزی ڕاهێنان و ئەزموون، هەرچی ئەوەی سێیەمە بێ یەکەم و دووەم و نایەتە دی، بەڵام ئەوەی یەکەم و دووەم بە خاڵی سێیەم بەهێزتر و کامڵتر دەبن. بۆیە جێی خۆیەتی بپرسین: ئایا شاعیرانی نوێ لانی کەم کتێبێکی ڕەوانبێژییان خوێندووەتەوە؟ بە نموونە وەکو (خۆشخوانی) عەلائەدینی سەججادی؟ گەر لە کتێبفرۆشیەکانیشدا دەستیان نەکەوێت ڕەنگە گەر بگەڕێن بەدوایدا بتوانن بە شێوازی پی دی ئێف دەستی بخەن.
ئەوەی کە لەسەرەوە سەبارەت کۆپلەکەی پێشوو گوتمان دەتوانین لەم کۆپلەیەی دەقی (موشەك)یشدا بیبینینەوە، کە چۆن جارێکی تر زمان سادە دەبیتەوەو هیچ ڕوویەکی مەجاز هەڵناگرێت، ئەو ڕاستەوخۆ پەیامێك بۆ پێشهاتێکی لەناکاو دەنووسێت و دووبارە پەنا دەباتەوە بەر کاریگەریی ئەم قەیران و کێشانە لەسەر مرۆڤ و خۆشەویستان و ئەو تیایدا دەنووسێت:
(مووشەک لە شارەکان بڵاومەکەنەوە
لەو بەینەدا من تیا دەچم
من نامەوێ بمرم،
بە تەمام نامەیەک بنووسم و
بینێرم بۆ خۆشەویستەکەم)


(ئەو دەیەوێت گەورە بێت و بچێتە زانکۆ و
ببێتە دکتۆر و
ژنێکی دووگیان بێتە لای و ڕزگاری بکات و
منداڵەکەی بخاتە باوەشی..)
بەڵام گەر بێینە سەر پەیام و مانا لە دەقەکەدا دەبینین دەقەکەی دانەر زۆر دیدگایەکی مرۆڤدۆستانەی هەیە و داکۆکیکردنە لە مافی ماددی و مەعنەوی هەموو مرۆڤێك و ژیانی بڕومەتانە، کە مافە سەرەتاییەکانی بۆ دابین بکرێت، گوێ لە داواکانی بگیرێت، کە ئەمەش دەکرێت لە پەخشان یان گوتارێکی هزریی و پۆلەتیکیدا ئاماژەی پێبدرێت و زیاتریش لەبارو گونجاوتر دەبێت بۆ ئەو بابەتگەلە نەك شیعر، کە پڕە لە هونەرو ئیستاتیك و ناوازەیی زاراوەو وێنەو هونەرەکانی زمان.
هەروەها لەم دێڕەدا بە ڕوونی ئەو مانا باڵایانەی شاعیر ڕاستەوخۆ دەربڕینی لێکردوون سەبارەت بە واقیعی دەنگی ئەوی تری ناڕازی و بێبەش و دەنووسێت:
(کەسێک دەیەوێت بڵێت: برسیمە، پێش ئەوەی وشەکە تەواو بکات، دەکوژرێت).
بەهەمان شێوە؛ ئەم پەیامە مرۆڤدۆستانە لە کۆتایی ئەم دەقەی تریشدا دەبینینەوە کە چۆن شاعیر بە زمانێکی سادەی بێ ڕتووش دەربڕین لە نەفرەت کردن دەکات دژی جەنگ و کوشتارو زیاتر دەیەوێت هەڵوێستی ئاشتیخوازانەی خۆی بەیان بکات، وەك لەوەی دەقێکی هونەری شیعریی بئافرێنێت و تازەگەریی لە زاراوەسازی و شێوازی دەربڕین بکات تیایداو سییمبوڵ و میتافۆڕی جیاوازو نوێ بەکاربهێنێت، تا بەرگێکی هونەری باڵای نەخشین و ڕازاوە بکاتە بەری دەقەکە، بە وردبوونەوە لە هەموو تەن و بوونەوەرو پێکهاتە فەرامۆشکراوەکانی گەردوون کە کەرەسەگەلێکی دەوڵەمەندن بۆ ئافراندن. لەم کۆپلەیەدا کەس نكۆڵی لە جوانی مانا نییە، بەڵام ئەوە کاری هونەری شیعر نییە، کە پەیامێك بۆ ڕووداوگەلێكی ساتەوەخت بنێرێت و ڕای خۆی بەو جۆرە ڕاستەوخۆ بنووسێتەوە، بەڵکو زیاتر سیمای وتارێکی ڕامیاریی و هزریی لەخۆ دەگرێت و بەرزکردنەوەی ئەم دروشمانەش جێی ستایش و خوێندنەوەیە، شان بەشانی ئەو هەموو ڕێپێوانانەی لە شەقامەکانی پاریس و لەندەن و مەدریدا ئەنجام دەدرێن و سەرکۆنەی شەڕو کاولکاری تێدا دەکەن و داوای ئاشتی و ڕێزگرتنی مافەکانی مرۆڤ دەکەن:
(من ئاشتییم خۆش دەوێت، ئاشتی مرۆڤە
من شەڕم خۆش ناوێت، شەڕ تاریکە)
٢- مەجازو میتافۆڕ:
گەر سەیری خاڵی چوارو پێنجی مەرجە هونەرییەکانی شیعریی سەرەوە بکەین کە مەرزوقی باسی لێوەکردوون و وەکو پێوانەیەك وەریبگرین، ئەوا لەم کۆپلەیەی خوارەوەدا دەبینین کە گورگ و پەپوولە وەك خوازە وەرگیراون بە مەبەستی گەیاندنی مانای ناخی شاعیر، بەڵام دەبینین ئەو دووە هیچ نزیکییەك نییە لە نێوانیاندا لە واقیعدا، تا پێکەوە بیانگونجێنین ومانایان لێ هەڵبهێنجین، چونکە گورگ تاڵیبی پەپوولە نییە، هەرچەندە پەپوولە بە بچووکی و ناسکی و جوانی وەسف دەکرێت، بەڵام گورگ بە کەڵبەو خوێنڕشتن ناسراوەو گەر هیچ نەبوایە شاعیر زاراوە فۆلکلۆرییە کۆنەکە (مەڕ)ی لە جیاتی پەپوولە بەکاربهێنایە ڕاستر دەردەکەوت و گونجاوتر دەبوو، لێرەدا نەشازییەکی داوە بە وێنە شیعرییەکە، پاشان لە ڕووی ماناشەوە ئەو هەڵەیەی تێ کەوتووە کە چۆن متمانە بە گورگ دەکرێت؟ گەر لە جیاتی گورگ بگوترایە ڕێوی زیاتر ڕێی تێدەچوو، چونکە لە منداڵیەوە بە چیرۆکی مام ڕێوی و مریشکە ڕەشە ئاشنا بووین، پاشان نازانین مەبەستی شاعیر لە گورگ و پەپووله کێن چونکە هیچ بۆخوازراوێك لە ئارادا نییە، ئیدی ئاماژە هەر لە دڵی شاعیردا دەمێنێتەوە :
(ئەو کاتەی متمانەم بە گورگ کرد
گوتم،
ئاگات لە پەپولە بێت)
هەروەها نموونەیەکی تریش دەهێنینەوە لە دەقی (دەزانم شەوتان چ ڕەنگێکە) کە تێیدا شاعیر چەند خوازەیەکی بەکارهێناوە، بەڵام وادەردەکەوێت لەگەڵ یەکدا ناگونجێن، چونکە هیچ پەیوەستێك نییە لە دنیای واقیعدا وێنەیەکی ئەندێشەئامیزی دروستمان پێ بدات تا بتوانین ئیستاتیك و داهێنان لەو وێنە شیعرییەدا ببینینەوەو ڕووە مەجازییەکەی بخەمڵێنین، ئەمەش ئەو بەشەیە کە مەرزوقی لە خاڵەکانی شوبهاندن و خوازەدا ئاگاداری کردووینەتەوە کە نەکەوێنە هەڵەی واوە، ئەگینا ڕەونەقی هونەریی لە دەقی شیعردا بزر دەبێت و چ جار ڕامان و ساکان و راچڵەکین لەناخدا بەرپا ناکات و کەمەندکێشی گیان ناکات بۆ زمانە هونەرییەکەی، کە دەبێت لە جەوهەرو سیفاتی بوونی شیعردا هەبێت، لەو شیعرەدا ئەو بۆنی پیس دەداتە پاڵ گەڵا، ئەمە هیچ مەجازێکی تێدا نییە، بەڵکو لە واقیعدا گەڵا دەڕزێت، کەلاك بۆگەن دەبێت. دواتریش پەیوەندی گەڵاو زاراوەکانی (دووڕوویی و سەرسەریی و کۆیلە) هیچ هاوبەشی و پەیوەندییەکی مەجازی و حەقيقی پێکەوەیان نابەستێتەوە، جگە لەوەی وشەی زبری ڕۆژانەن، ئەو دەنووسێت:
(گەڵایەکم لێ کردەوە بۆنی پیس بوو
گەڵایەکی تریشم لێ کردەوە دووڕوو بوو
گەڵایەکی تریشم لێ کردەوە سەرسەری بوو
گەڵایەکی تریشم لێ کردەوە کۆیلە بوو)
وێڕای ئەوەی شێوازی دووبارەکردنەوەی لێکردنەوەی گەڵا لە هەموو دێڕەکاندا، ناشیعریی و لاوازکەرەو هیچ کۆکەرەوەیەك لە نێوان خوازرراو و بۆخوازراوەکاندا نییە. لێرەدا بۆ ئەوەی خوێنەر نزیك بکەینەوە لە مەبەستی بابەتەکە دەبێت چەند نموونەیەك لە خوازەی دروست بهێنینەوەو پاشان بەراوردکردنی بەوانەی شاعیر بەکاری هێناون بۆ خوینەران جێ دەهێڵین:

  • ڕوومەت گوڵی ئاڵ: خاڵی هاوبەشی نێوان ڕوومەت و گوڵ، ڕەنگی پەمبە یان سوورەکەیەتی کە لەگوڵیشدا هەیەو لە ڕوومەتیشدا، ئەمەش وەسفێکی جوانە کە مانا دەڕازێنێتەوەو شێوازێکی هونەریی ناڕاستەوخۆی دەربڕینیشە.
  • یان کاتێك کەسێك دەڵێت: شێرهات، مانای سیفەتی ئازایەتی خواستووە بۆ کەسێك، چونکە مرۆڤ نابێتە شێر بە شێوەیەکی بایەلۆژی. بەڵام لە بری ئەوەی بڵێت فڵانی ئازاو جوامێر هات دەڵێت: شێر هات.
  • هەروەها خواستنی شێوەی مانگی یەکشەوە کە دیمەنێکی هەستبزوێنی شاعیرانەیە بۆ ئەبرۆی یار، نموونەیەکی تری ئەو مەجازە شیعریە دروستانەیە. گەر شاعیریش نایەوێت بۆ نموونە ئەو بەکارهاتووانە بەکاربێنێتەوەو بڵێت ئەوانە سواون، ئەوا داهێنانی وێنەی شیعریی نوێی باڵاو سەرکەوتوو هیوای هەموو خوێنەران و عاشقانی شیعری باشە و لەو بڕوایەدا دەبم شاگەشکە دەبن بە خوێندنەوەیان، هەرچەندە کارێکی ئاسان و سەرپێی نییە.
    جارێکی تریش شاعیر، هاوشێوەی ئەو نموونانەی پێشوو، دووبارە دەکاتەوەو لە شیعری (بۆ سمکۆ)دا: وشەکانی (سەرسەریی دەداتە پاڵ پەرداخ و قەل بۆ سەراوبن و زبڵ بۆ سەرخۆش)، لێرەدا خوێنەر لە ڕووی هونەرییەوە بزر دەبێت لە گرێدانی ئەو کەرەسانە بەیەکەوەو دەرهێنانی خاڵی پێکەوەبەستنی نێوانیان، جگە لەبازدانەکان و شێوەی گێڕانەوەو بوارنەبوونی هەناسەی قووڵ و شیعریی لە نێوان کۆپلەکاندا.. بۆیە دەتوانرێت بگوترێت دەقی ئاوهالە پەلەکردن و پشوو کورتیی پێوەدیارەو وەکو دەڵێن چێشتەکە بەکاوەخۆ نەکوڵاوەو چایەکە وەك پێویست دەمی نەکێشاوە، بەڵێ لە ڕووی ماناوە دەزانین کەسی مەدهۆش و سەرخۆش بێ بایەخ دەبینرێت لە دنیای واقیعدا و وەك زبڵ ڕەنگە تەماشا بکرێت، بەڵام لە ڕووی هونەری مەجازی شیعرەوە هیچ داهێنان و ئیستاتیك و قەشەنگی تێدا نییەو ڕایەڵێك لێکیان نزیك ناکاتەوە و وێنەیەکی تۆکمەی شیعریی نوێی ئیستاتیك ئامێز لە خۆناگرێت کە زمانێکی باڵای شیعر بیڕازێنێتەوە، جگە لەوەی ئەو زاراوانەش ڕەقن و شیعریی نین، چونکە گەربگەڕێینەوە بۆ مەرجەکانی پێشوو دەبینین لە خاڵی دوودا مەرزوقی جەخت لەسەر هێزوپێزی وشەی شیعریی دەکاتەوە.
    (بیرتە کە دەمانگوت: ئەو هەموو پەرداخە سەرسەرییە،
    ئەو هەموو قەلە سەراوبنە، ئەو هەموو زبڵە سەرخۆشە)
    لەدوماهییدا دەخوازم بڵێم ئەمانە چەند نمونەیەك بوون بۆ ئاوڕدانەوە لەو دیاردە بەربڵاوەی کە زۆر لە شیعری ئەمڕۆی کوردی گرتووەتەوەو پێویستە بۆ باشکردنی چۆنییەتی بەرهەمەکان، شاعیران زیاتر بە ئارامەوە ئەوە بنووسن کە لەناخیاندا هەڵدەقوڵێت و کاتی تەواوی کامڵبوونی پێ بدەن و دوای چەندان جار دوای پێداچوونەوەو نیشاندانی کەسانی بەسەلیقە، کاتێك دڵنیابوون بەرهەمەکە ئاستی بڵاوکردنەوەی هەیە، ئەنجا ڕەوانەی دنیای خوێنەرانی بکەن.

سەرچاوەو پەراوێز:
1- We have never been Modern Bruno Latour Translated by Cathiren Porter, Harvard University ISBN 9780674948396
2- The Poetry Book, Dk Big Ideas,ISBN 9780241566237, Dorling Kindersley Ltd
3- Figures of Thought, 978-0879232856, What is Poetry author, Howard Nemerov. David R Godine Publisher.
٤- أبو علي أحمد بن محمد بن الحسن المرزوقي، مختارات ابي تمام الشعرية نظرية عمود الشعر، شرح محمد بن طاهر العاشور دار العربية ٥٦-١٠١.
٥- کتاب الشفاء، المنطق، ابو علي بن حسين بن عبدالله ابن سينا، راجعه وقدم له: د. ابراهیم مدکور.دار الكتاب العربي، القاهرة.
٦-قصيدة النثر من بودلير حتی الوقت الراهن، الجزء الاول. سوزان برنار، ترجمة راوية صادق، دار نشريات ١٩٩٨.
٧- ماڵپەری شیعری تەم بەزمانی کوردی، ساڵی ٢٠٢٥.

  • تێبینی/ دوای ئەوەی بەرواری لە ١٥/١/٢٠٢٦دا ڕۆژنامەی ڕێگای کوردستان بەڵێنی بڵاوکردنەوەی ئەم بابەتەیان دا (بە دوو بەش لە دەرفەتێكدا) و تا ئێستا هیچ دیار نەبوو، بۆیە بە پێویستم زانی لەم ماڵپەڕە سەنگینەدا بڵاوی بکەمەوە.



دیوە شاراوەكەی فەیلەسوفان!.. سەدیق سەعید ڕواندزی

  

ئینگلیزەكان دەڵێن:_(هەموومان وەك مانگ واین، ڕووێكی شاراوەمان هەیە) زۆر جار ئەم ڕووە شاراوەیە دەكەوێتە بەر ڕۆشنایی و ئیدی حەقیقەتی بوونی مرۆڤ وەك ئەوەی كە هەیە دەردەكەوێت نەك ئەوەی خۆی لە بەرگ و ماسكێكی نماییشیدا دەنوێنێت! بێگومان بۆ كەسانێكی ئاسایی گەر ئەم ڕووە شاراوەیە خاڵێك و پەلەیەكی ڕەشیشی تێدا بێت، ڕەنگە ڕێی تێ بچێت و ئاسایی بێت، بەڵام بۆ فەیلەسوفان و بیرمەندان نەك هەر ئاسایی نییە، بەڵكو شەرمەزاریی و ڕووڕەشییەكی گەورەی مرۆیی و مێژووییشە، چونكە فەیلەسوفان كار لە سەر زانستی زانین و فەلسەفە و هوشیاركردنەوەی تاك و داهێنانی هزری و تێزی جیاواز دەكەن. لەو ماوانەی ڕابردوودا، چەندین وتارم لە بارەی هەریەك لە (هایدگەر و نیتشە و فۆكۆ) بەزمانی كوردی خوێندنەوە، چونكە تەنها ئەو زمانە دەزانم. بە ڕاستی زانیاریی وایان تێدا بوو بۆ من سەیر و نوێ و شۆكهێنەربوون، ئاخر ئەو فەیلەسوفانە لای زۆرینەی هەرە زۆری نووسەرانی كورد، تا ڕادەی پەیامبەرێكی ئایینی پیرۆز كراون و وایان لێهاتووە گەر نووسەرێك لە نووسینەكانیدا ناویان نەهێنێت، ئەوا بە نەخوێندەوار و بێ ئاگا لە دنیای ڕۆشنبیری ناوی دەبرێت، گەر ساڵانە سەد كتێبیش بخوێنێتەوە!
ئەوەی ئێمە لە بارەی هایدگەر زانیومانە، تەنها بوون و زمانە، بەڵام ئەم فەیلەسوفە، ڕەوایەتی بە جینۆسایدی جوولەكەكان داوە، ئەندامی حزبی ناسیونالستی ئەڵمانی بووە، هەوڵیداوە پەرێزی نازییەكان پاك بكاتەوە و تا مردووشە ئامادە نەبووە هاوسۆزی ئەو تراژیدیایە بێت، كە تا ئێستاش پەڵەیەكی گەورەی پڕ شەرمەزارییە بە تەوێڵی مێژووی مرۆڤایەتیدا ! نیتشە دەڵێت:
كە چوویە لای ژنەكەت قامچییەكەت لە بیر نەچێت، باوەڕی بە دەسەڵات و خزمەتكار و ڕەعیەت هەبووە، تەنها فاشیستەكان و كۆنەپەرستەكان سەرسامن بە بیری نیتشە. فۆكۆ، هۆمۆسێكسواڵ بووە! بۆ ماوەی بیست و پێنچ ساڵ، گەنجێكی كوڕی هاوماڵ كردووە و لەگەڵی ژیاوە، بە دوایدا چۆتە جەزائیر، سەرەنجامیش بە نەخۆشی ئایدز مردووە. شۆپنهاوەر، هانی مرۆڤەكانی دەدا خۆیان بكوژن و بەردەوام ڕەشبینانە بیری دەكردەوە، كەچی تا ئەو سەری ئاسمان دەستی بە ژیانەوە گرتبوو، ئەمە وێرای ئەوەی گاڵتە بە ژنان دەكات و بە قازو مراوی دەیانچوێنێت!
ئەم ڕووە شاراوانەی فەیلەسوفان، نەك هەر نەنگییە، بەڵكو خۆیان و فەلسەفەكەشیان دەخاتە ژێر پرسیارەوە، ئاخر چۆن دەكرێت تۆ فەلسەفە پیشانی مرۆڤایەتی بدەیت، بەڵام بە نەخۆشی ئایدز بمریت، كە هەموومان دەزانین ئەو نەخۆشییە زادەی جۆرەها سێكسی نەشیاوە؟ ماركس، كە بە بڕوای من ناشێ ناوی لەگەڵ ئەوانە بهێنرێت، فەلسەفەی ماركسیزمی دانا، كە دیارترین فەلسەفەی خزمەتكردنە بە مرۆڤایەتی بە ئێستاشەوە بەراورد بە سیستەمی نامرۆیی سەرمایەداری، كەچی كاتێ سۆڤییەت ڕووخا، تین و توانجی دنیا لە شۆڕشەكە و لینین و ماركس دەگیرا و گاڵتە بە كۆمۆنیزم دەكرا، بەڵام هەمان ئەوانەی ڕەخنە لە ماركسیزم دەگرن، سەیر لەوە دایە سەرسامن بە كەسێك كە چاوی لە كوشتنی پێنچ ملیۆن مرۆڤی بێ تاوان پۆشیوە! بە داخەوە ئەوەی تا ئێستا لە ڕێی وەرگێڕانەوە بە ئێمە لە بارەی ئەمانەو دەیانی تر گەیشتووە، هەر تەنها ڕووە ماسكدراوەكەی ئەو فەیلەسوفانە و نموونە گەلێكی دیكەن. بۆیە ئێمە پێویستیمان بەوەیە، زانیاریی نوێ لە بارەی ئەوانە بزانین، زانیارییەك كە بوونیان بە ڕاستەقینەیی دەربخات، ئەمەش بە وەرگێڕێك دەكرێت، وەرگێڕان وەك ئەمانەت ببینێت، نەك هەوەسی كەسی!

*ئەم بابەتە لە هەفتەنامەی ڕێگای كوردستان بڵاوكراوەتەوە.




نه‌ بێ شه‌رم به‌ نه‌ شه‌رمن به‌.. به‌ختیار محه‌مه‌د

هه‌ڵبه‌ت شه‌رمنیی له‌گه‌ڵ بێ شه‌رمیی جیاوازه‌: ئه‌ویان نه‌خۆشییه‌، نه‌خۆشییه‌كی ده‌روونیی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌؛ به‌ڵام ئه‌میان جۆرێك له‌ بێ ڕه‌وشتییه‌. هه‌ندێك جار بڕێك گه‌مژه‌ییشی له‌گه‌ڵدایه‌. بێ شه‌رمیی، بێ ئابڕوویی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌. كه‌سی بێ شه‌رم شه‌رم ناكا له‌ درۆیه‌كانی، له‌ هه‌ڵه‌وه‌ڕییه‌كانی، له‌ دزییه‌كانی…؛ به‌ڵام كه‌سی شه‌رمن، به‌پێچه‌وانه‌وه‌، ته‌نانه‌ت شه‌رم له‌ ویستی خۆی و له‌ كه‌مترین داخوازی مافی خۆی و له‌ ده‌رخستنی سروشتی خودی خۆی ده‌كا.
كه‌سی شه‌رمن زیاد له‌ پێویست ده‌چێته‌وه‌ ناو خۆی، سیفه‌تی كیسه‌ڵ و هێلكه‌شه‌یتانۆكه‌ی (كرمی لوولپێچی) هه‌یه‌؛ به‌ڵام كه‌سی بێ شه‌رم زیاد له‌ پێویست ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌ی سنووری خۆی و ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی به‌ فشه‌كانی، به‌ درۆیه‌كانی، به‌ تاوانه‌كانی، به‌ فریودانه‌كانی، به‌ مه‌راییه‌كانی، به‌ هه‌لپه‌رستییه‌كه‌ی… بێزار ده‌كا؛ كه‌واته‌ شه‌رمنیی و بێ شه‌رمیی دوو ئاڕاسته‌ی نه‌رێنیی پێچه‌وانه‌یان هه‌یه‌: یه‌كیان بۆ ناوه‌وه‌ی خوده‌ و ئه‌وی دیكه‌یان بۆ ده‌ره‌وه‌ی خوده‌. یه‌كه‌میان ته‌نیا زیان به‌ خود ده‌گه‌یه‌نێ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی دووه‌میان زیان به‌ خه‌ڵكی دیكه‌ و ده‌وروبه‌ر و كۆمه‌ڵگه‌ ده‌گه‌یه‌نێ. له‌مه‌وه‌ شه‌رمنیی خود وێران ده‌كا، به‌ڵام بێ شه‌رمیی به‌رژه‌وه‌نده‌كانی ئه‌وی دیكه‌ و كۆمه‌ڵگه‌ وێران ده‌كا.
شه‌رمنیی پێچه‌وانه‌ی بێ شه‌رمییه‌: شه‌رمنیی شاردنه‌وه‌ی خوده‌ (خۆشاردنه‌وه‌یه‌)، به‌ڵام بێ شه‌رمیی به‌ڕه‌ڵڵاكردنی خوده‌. شه‌رمنیی تاكێك به‌رهه‌م ده‌هێنێ، كه‌ ناتوانێ (له‌ ده‌ره‌وه‌) بێ شه‌رم بێ؛ به‌ڵام بێ شه‌رمیی تاكێك به‌رهه‌م ده‌هێنێ، كه‌ له‌ هه‌موو شوێنێكدا له‌ لووتكه‌ی بێ شه‌رمیدایه‌ (هه‌ڵبه‌ت بێ شه‌رمیی به‌ مانا بێزاركه‌ره‌كه‌ی). واته‌ شه‌رمن قه‌ت ناتوانێ بێ شه‌رم بێ، هه‌روه‌ك چۆن بێ شه‌رمیش قه‌ت ناتوانێ شه‌رمن بێ. هه‌ر بۆیه‌شه‌ مرۆڤی شه‌رمن دووره‌په‌رێزه‌، به‌ڵام بێ شه‌رم كۆمه‌ڵایه‌تییه‌. شه‌رمن ته‌نانه‌ت بێ ئیراده‌شه‌ (ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ترسنۆكیش نه‌بێ). ئه‌وه‌ته‌ كه‌سێكی وه‌ك (فیلیپی سێیه‌م)، كه‌ له‌ نێوان ساڵانی 1598 – 1621ز پادشای ئیسپانیا بووه‌، له‌به‌ر شه‌رمنیی (وه‌ك هۆكارێكی سه‌ره‌كی) نه‌یتوانیوه‌ فه‌رمانڕه‌وایی وڵاته‌كه‌ی بكا و هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێكی خۆی به‌خشیوه‌ته‌ (ڕۆجاس) ی دۆكی لێرما: ((به‌و پێیه‌ی، كه‌ شه‌رمن و كه‌مدوو و بێ توانا بووه‌ له‌ سه‌ركردایه‌تیكردنی وڵات، بۆیه‌ هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێكی فه‌مانڕه‌وایی خۆی و پێداویستییه‌كانی به‌خشیوه‌ به‌ فرانشسكۆ جۆمز دی ساندۆفال، واته‌ رۆجاس، دۆكی لێرما)).(1) ول دیورانت ده‌شڵێ: ((لویسی سێزده‌یه‌م))یش كه‌سێكی ((شه‌رمن…)) بووه‌.(2)
به‌هه‌رحاڵ شه‌رم و شه‌رمنیی دوو دیارده‌ی جیاوازن: شه‌رم به‌هایه‌كی ئه‌خلاقییه‌، به‌ڵام شه‌رمنیی نه‌خۆشیه‌‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونییه‌. چۆن؟ به‌نموونه:‌ ئێمه‌ شه‌رم له كردنی‌ تاوان ده‌كه‌ین، هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ شه‌رمێكی ئه‌رێنییه‌؛ به‌ڵام كه‌ شه‌رم له‌ داواكردنی مافی خۆمان ده‌كه‌ین، ئه‌مه‌ شه‌رمێكی نه‌رێنییه (واته‌ ئه‌مه‌ شه‌رمنییه‌)؛ به‌ڵام له‌لایه‌كی دیكه‌‌وه‌ بێ شه‌رمیی دژی هه‌موو ئه‌مانه‌یه‌. واته‌ بێ شه‌رمیی نه‌ شه‌رمه‌، نه‌ شه‌رمنییشه، به‌ڵكو بێ شه‌رمیی به‌زاندنی هه‌موو سنوورێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونی و ئه‌خلاقییه‌. واته بێ شه‌رمیی‌ – پڕ به‌ پێستی وشه‌كه‌ ‌- به‌ڕه‌ڵڵاییه: به‌ڕه‌ڵڵایی – به‌تایبه‌تی – له‌ قسه‌كردن‌‌‌ و له‌ ڕه‌فتاركردن. گه‌لۆ، كه‌سی بێ شه‌رم ده‌شێ هه‌موو تاوانێك بكا له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌نده‌كانی خۆیدا، بهڵام كه‌سی شه‌رمن ناتوانێ ئه‌مه‌ بكا، چونكه كه‌سێكی بێ ئیراده‌ و‌ گۆشه‌گیر و دووره‌په‌رێزه‌، هه‌ر بۆیه‌شه‌ شه‌رمنه‌كان – زۆر به‌ ده‌گمه‌ن نه‌بێ – نابنه‌ تاوانبار، به‌ڵام هه‌موو بێ شه‌رمه‌كان ده‌شێ ببنه‌ تاوانبار.
كێشه‌ی بێ شه‌رمه‌كان ئه‌وه‌یه‌، كه‌ زۆربه‌ی جار درۆزنن، جێی متمانه‌ پێكردن و بڕوا نین، به‌رژه‌وندخواز و هه‌لپه‌رستن، ساخته‌چی و نماییشكارن، به‌ڵام شه‌رمنه‌كان پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌: كه‌سی ڕاستگۆن، جێی متمانه‌ و باوه‌ڕن، به‌رژه‌وه‌ندخواز و هه‌لپه‌رست نین، ساخته‌چی و نماییشكاریش نین؛ كه‌واته‌ شه‌رمن خۆی وێران ده‌كا، بێ شه‌رمیش ئه‌وی دیكه‌ وێران ده‌كا؛ ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌وه‌ی، كه‌ كه‌سی شه‌رمن ناتوانێ داوای مافه‌كانی خۆی بكا (به‌ڵكو مافیشی ده‌خورێ)، به‌ڵام كه‌سی بێ شه‌رم نه‌ك هه‌ر داوای مافی خۆی ده‌كا، به‌ڵكو به‌ ته‌ڵه‌كه‌بازیی و درۆ و ده‌له‌سه‌ مافی ئه‌وانی دیكه‌ش ده‌خوا و بۆ خۆی گلی ده‌داته‌وه‌. گرفتی مرۆڤی شه‌رمن ئه‌وه‌یه‌، كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی خێزانه‌كه‌ی خۆی ناتوانێ داوای كه‌مترین مافی خۆی بكا، به‌ڵام بێ شه‌رم نه‌ك هه‌ر شه‌رم ناكا (كه‌ ئه‌مه‌ شتێكی ئه‌رێنییه‌) داوای مافی خۆی بكا، به‌ڵكو مافی ئه‌وانی دیكه‌ش پیشێل ده‌كا و ده‌خوا.
بێگومان شه‌رم سیفه‌تێكی بۆماوه‌ییشه‌. واته‌ له‌ باوانه‌وه‌ بۆ كۆرپه‌ و منداڵ ده‌گوازرێته‌وه‌‌. هه‌موومان ده‌كرێ له‌ واقیعی ژیانی ڕۆژانه‌ی خۆماندا سه‌رنجی ئه‌وه‌ بده‌ین، كه‌ ئه‌و خێزانانه‌ی باوانیان شه‌رمنن، منداڵه‌كان، ئه‌گه‌ر هه‌مووشیان نه‌بێ، هه‌ندێكیان شه‌رمن ده‌رده‌چن. هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌م بۆماوه‌ییه‌ هه‌ر ته‌نها به‌ند نییه‌ به‌ سیفه‌تی جینه‌كانه‌وه‌، به‌ڵكو به‌نده‌ به‌ په‌روه‌رده‌یه‌كی شه‌رمنیشه‌وه‌ له‌ سه‌ر ده‌ستی دایك و باوكێكی شه‌رمن (هه‌ڵبه‌ته شه‌رمنیی به‌ واتا نه‌رێنیی و ناته‌ندروسته‌كه‌ی). ئێمه‌ پێشتریش ئاماژه‌مان به‌وه‌ داوه‌، كه‌ شه‌رمی ئه‌رێنیی و ته‌ندروستیشمان هه‌یه‌. شه‌رمی ته‌ندروست سنوور بۆ كاره‌ نابه‌جێ و زێده‌ڕۆییه‌كانمان داده‌نێ، جا له‌ هه‌ر بوارێكی ژیانماندا بێ. شه‌رمی ته‌ندروست ئه‌وه‌یه‌، كه‌ له‌ هه‌موو كارێكی خراپ ده‌مانپارێزێ، كه‌چی هانمان ده‌دا بۆ هه‌موو كارێكی باش. شه‌رمی ته‌ندروست (یان ئه‌رێنیی) شه‌رمنیی نییه‌، چونكه‌ شه‌رمنیی شه‌رمێكی نه‌رێنیی و ناته‌ندروسته‌: شه‌رمێكی نه‌خۆشانه‌ی وێرانكه‌ره‌؛ به‌ڵكو شه‌رمی ته‌ندروست ئه‌خلاقێكی به‌رزی مرۆییه‌: به‌شێكه‌ له‌ هه‌موو به‌هایه‌كی چاك. به‌نموونه‌: ئازادی به‌بێ به‌های شه‌رمی ئه‌رێنی و ته‌ندروست نابێ. هیچ ئازادییه‌ك نییه‌ سنووری شه‌رمی ته‌ندروستی تێدا نه‌بێ؛ كه‌ ئه‌م شه‌رمه‌ نه‌بوو، واته‌ به‌ڕه‌ڵڵایی هه‌یه‌. لێره‌ شه‌رم سیستم و ڕێكخستنی هه‌موو شتێكه‌. واته‌ شه‌رم دژی ئاژاوه‌ و به‌ڕه‌ڵڵاییه‌. شه‌رم سیستمه‌: سیستمی ئازادییه‌. واته‌ ئێمه‌ شه‌رم ده‌كه‌ین كه‌ ده‌ستدرێژی بكه‌ین، به‌ڵام شه‌رم ناكه‌ین، كه‌ خۆشه‌ویستی بكه‌ین؛ شه‌رم ده‌كه‌ین، كه‌ تۆبزگێ بین، به‌ڵام شه‌رم ناكه‌ین، كه‌ له‌گه‌ڵ دڵخوازمان سێكس بكه‌ین؛ شه‌رم ده‌كه‌ین، كه‌ درۆ بكه‌ین، به‌ڵام شه‌رم ناكه‌ین كه‌ هه‌ڵه‌ بكه‌ین؛ شه‌رم ده‌كه‌ین، كه‌ بێده‌نگ بین، به‌ڵام شه‌رم ناكه‌ین، كه‌ داوای مافی خۆمان بكه‌ین… تاد؛ بۆیه‌ شه‌رم بكه‌، به‌ڵام شه‌رمن مه‌به‌!

په‌راوێزه‌كان:
1- ول دیورانت، قصة الحضارة, ترجمة: فؤاد اندراوس/ محمد علي ابوذرة, المجلد الخامس عشر 29/30، كتاب 29, ص 98.
2- هه‌مان ژێده‌ر، ل 240.

به‌ختیار محه‌مه‌د