ئایا ئەوەی دەنووسرێت پەخشانە شیعرە؟.. سۆران محەمەد

بەدواداچوونی وتاری پێشوو..

لە دوای بڵاوکردنەوەی بابەتی پێشوو لە ژمارەی ڕابردووی ماڵپەڕی (دەنگەکان)دا لە ژێر ناونیشانی (ئیستاتیکای زمانی شیعر)، هەندێک پرسیارو تێبینی و داواکاریم ڕووبەڕووبوونەوە سەبارەت تەوەرەی سەرەکی بابەتی شیعر، گرنگترینیان لەو خولگە سەرەکییەدا دەخولایەوە: ئایا ئەو دەقانەی ئێستا لە لایەن زۆرینەی ئەوانەی بە شاعیر ناودەبرێن دەکرێت بە شیعر ناوبەرین؟
ئەمە زۆپرسیارێکی بنەڕەتییەو دەبێتە دیاریکردنی سنووری ژانرە ئەدەبییەکان و وەڵامەکەشی دەبێتە بەرچاو ڕوونییەك بۆ هەموو ئەوانەی ئێستا لەو بارەوە دەنووسن و لەو جیهانەدا دەربڕین لە ناخ و هەستەکانیان دەکەن.
سەرەتا بۆ چوونە ناو بابەتەکەوە پێویستە ئەوە بگوترێت کە تا ئێستا ٣ جۆر دەقی شیعری سەرەکی هەن(مەبەستم لە هایکۆو هاوشێوەکانی نین):
١- کلاسیك، واتا پابەندبوون بە کێشی عەروزو سەرواو کێشەوە، وەك شیعرەکانی مەحوی و نالی….
٢- شیعری ئازاد، پابەند بوون بەسەرواوکێشی پەنجەوە بەشێوەکی ئازادو بوونی مۆسیقا و یەکیتی بابەت…وەك شیعرەکانی گۆران، لەتیف هەڵمەت، نەوەی حەفتاکان …تاد
٣- پەخشانە شیعر: لە ڕووی شێوەوە ڕاستە نە کێشی عەروزو نەکێشی پەنجەو سەروا تیایدا مەرجی سەرەکی نین، بەڵام لە هەمان کاتدا دەبێت مۆسیقای ناوەکی و وێنە و خەیاڵ، چڕکردنەوە، ئاماژە و لادانی زمان، یەکگرتوویی ئۆرگانیکی، دنیا بینی و ئەزموونی تایبەت، هەروەها پێکهاتەی هونەریی لە خۆ بگرێت کە جیای دەکاتەوە لە پەخشانی ئاسایی یان خاتیرە.
وێڕای ئەوەی کە شیعر زیاتر لە دنیای میتافیزیکدا ئیش دەکات، وەکو خەیاڵ و هەست و بیرۆکە؛ بۆیە زەحمەتە چوارچێوکی کۆنکرێتی بۆ جۆرەکانی شیعر دابنێین، بەتایبەتی لەم سەردەمە خێرایەدا کە ژانرە ئەدەبییەکان بە جۆرێک تێکەڵاوی یەکتری بوون، هەندێكجار چیرۆك یان ڕۆمان یان تابلۆ یان پەخشان و شانۆو سینەماو….تێکەڵاوی شیعر دەبن و شتێکی تازەو ناوازەی لێ دروست دەبێت، بەڵام ئەگەر بەشێوەیەکی گشتی باسی شیعرییەت بکەین کە سیمایەکی سەرەکی هەر سێ جۆرەکەیەو نابێت فەرامۆش بکرێت،(بەڵام هەر یەکەیان بە فۆرمێکی جیاواز تیایدا ڕەنگ دەداتەوە)، ئەوا گرنگترین مەرجی شیعرییەت ئەوەیە کە دەبێت لە دەقەکەدا جۆرێك پێکهاتەی زمانی تێدا هەبێت کە لە قسەی ئاسایی جیای بکاتەوە، چونکە بێگومان هەموو دەقێك لە زمان پێکدێت و شیعریش لەو چوارچێوەیەدا زمان بەکاردێنێت بۆ دەربڕین لە هەست و درککردن و هەر ئەمەشە دەبێتە هۆی ناونانی دەقێك بە شیعرو جیای دەکاتەوە لە ژانرەکانی دی، ئەگینا ئەگەر وا نەبێت هەرکەسێک هەستێت و چەند وشەیەكی نائاسایی پێکەوە بلکێنێت نابێتە شیعر، ئەگەر ئەم خاڵانەش پەیڕەو بکرێن، ئەوا هەم دەق باڵا دەبیت و لە هەمان کاتیشدا ئەو سنعەتە پلەو سەنتەری خۆی بەدەست دێنێتەوە.
لەم پێناوەدا بەکارهێنانی وێنەی شیعریی، خوازەکان، ئاماژەو ڕەمز و چڕکردنەوەی واتا (واتا بە کەمترین وشە زۆرترین مانا بگەیەنێت) بەشێکی گرنگی پێکهاتەی شیعرن.
کەواتە تەنیا دابەشکردنی دەقێکی پەخشان بۆ چەند کورتە دێڕێك بەس نییە بۆ سەلماندنی شیعرییەتی دەق.
لە پەخشانە شیعردا؛ کە بابەتی وتارەکەمانەو زۆربەی شیعری باشی ئێستا کە دەنووسرێت دەچنە ناو بازنەی ئەو ژانرەوە، تەنیا لێكدانی کۆمەڵێك ڕستەی جوان بەس نییە، کە لە تەنیشت یەکتر دابنرێن و ئیدی وازی لێبێنین و ناوی شیعر یان پەخشانە شیعری لێ بنێن، لێرەدا جێی خۆیەتی سێ خاڵە سەرەکییەکەی وتارەکەی پێشووتر وەبیر بهێنینەوە(تییمە، تەکنیك، بیرۆکە) کە ڕۆڵ دەگێڕن لە لەدایکبوونی دەقێکی شیعریی باشدا، کاتێك هەر یەك لەو سێ خاڵە بە شێوەیەکی وردو دروست و سەرکەوتوو بەکار بهێنرێت.
لێرەدا قسەمان لەسەر ئەو هەموو شیعرە دووبارە جوانانە نین کە پێوەری شیعریشیان تێدا هەیە، بەڵام زۆر سواو و دووبارەن، بۆ نموونە وەك بەکارهێنانی تییمەی هەستەکانی خۆشەویستی و بەجێهێشتن و ژووان و ئەو بابەتەتانە، کە نە بابەتەکەی هیچ جیاوازی و ناوازەییەکی تێدایە، نە شێوازو تەکنیکێکی جیاوازی دەربڕینی تێدا بەکارهاتووە، نە بیرۆکەیەکی نوێ و تازەشی تێدایە، بگرە ڕەنگە لە سەر زۆر عەرەبانەو پشتی ماشێن و شوێنە گشتییەکان ئەو کورتە شیعرانە بخوێنینەوە.
لە ڕاستیدا وەك ڕەخنەگری هاوچەرخ عەبدوڵلا غوزامی دەڵێت: پەخشانە شیعر سەخترین جۆری نووسینی شیعرە، ئەگەر مافی تەواوی خۆی پێ بدرێت، چونکە لە ناوەڕۆکدا زۆرقووڵە، لەیەك کاتدا هەست و خەیاڵ و سۆزو بیرو گیان تیایدا بەشدارەو ئەم ئازادییەشە وای لێکردووە سرك و یاخی بێت و بە ئاسانی خۆی نەدا بەدەستەوە. کە بێگومان دەبێت پەیوەندییەک یان پەتێكی نهێنی لەنێوان بەشەکانی دەقدا هەبێت و پێکەوەیان ببەستێتەوە، چ پەیوەندییەکی بابەتی بێت، یان هەستەکی، یان هێمایی، یان میوزیکی، کەواتە دروستکردنی بینایەکی پەخشانە شیعر زۆر پێکهاتەی جۆراوجۆر لە خۆیدا کۆدەکاتەوە کە لە هەموویان گرنگتر بنەماو بناغەکەیەتی، کە لە بیرۆکەو تەکنیکدا چڕ دەبێتەوە، پاشان دیوارەکانییەتی کە زمان و ئیستاتیکیای وشەیە، دواتر سەقفەکەیەتی کە کۆتایی دەقەکەیەو دەبێت لەگەڵ دیوارو بناغەکەدا سازو گونجاو بێت و تەواوی بکات. بۆیە لێرەدا جێی خۆیەتی ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین: ئایا بوارمان بە خۆمان داوە لە نووسینی دێڕە شیعرێکدا زۆر بیربکەینەوە، بگەڕێین تا شیعریترین وشە بدۆزینەوە بۆ ئەو شوێنەو بەکاری بهێنین؟ هەم دەگمەن و هەم مۆسیقی و هەم پڕ بە پڕی ماناکانی ئەو شوێنگەی دەق بێت؟ لە ڕاستیدا زمانی کوردی زمانێکی فرە شێوەزارو دەوڵەمەندەو ئێمە زۆر هاومانای وشەییمان هەیەو دەتوانین سازگارترین و سەرنجڕاکێشترینیان بەکاربهێنین، هەر دوور نەڕۆین بۆ نموونە وشەکانی: یاری، وازی، گەمە، کایە….تاد، کە هەمووی یەك مانا دەبەخشن بەڵام لە سیاقی دێڕەکاندا ڕەنگە هەموویان وەك پێویست ئەرکی شیعریی نەگەیەنن، بۆیە لێرەدا سەلیقەی هەڵبژاردنی زاراوەسازیی شاعیر و دەوڵەمەندیی فەرهەنگیی خاڵێکی بنەڕەتییە، نەك تەنیا زوو لە کۆڵکردنەوەی نووسینی دەقێك تەنیا بە هەبوونی بیرۆکەیەك لە مێشکماندا.
لە شیعردا مەجازو هونەرەکانی ڕەوانبێژی زۆر گرنگن و یارمەتی دەرن لە پێکهێنانی وێنەی شیعردا و لەم بوارەشدا خستنەگەڕی خەیاڵ زۆر گرنگە لە پێناو گۆڕینی ئەزموون و بیرۆکە بۆ وێنە و ئاماژە، بەم شێوەیە ڕزگارمان دەبێت لە پەتایەکی بەربڵاوی شیعری ئەم سەردەمە کە بریتییە لە سادەیی و ڕاستەوخۆیی لە دەربڕیندا. بۆ نموونە: سەبارەت دەبڕینی هەستی خەمباریی کەسێك دەتوانێت بنووسێت: «ئای ئەم پاییزە من زۆر خەمگینم، تەمەن وا ڕۆشت» لە کاتێکدا ئەمە دەگوترێت و شێوە ڕاستەوخۆکەی دەربڕینە، کە هیچ هونەرێکی شیعریی تێدا نییە، جگە لە دەربڕینی هەستی ناخ و دەروون سەبارەت دۆخێکی دیاریکراو، بەس کاتێك ئەم دەربڕینەت کرد بە وێنەو هەروەها گەڕایت میتافۆڕ/ خوازەت بۆ بەکارهێنا ئەوا بەهای شعریی بە دەقەکە دەدەیت، وەك ئەوەی بۆ نموونە بڵێیت “گەواڵەی پاییز گریا بەسەرما ” بە خستنەپاڵی گریان بۆ هەور کە لێكچوونیش هەیە لە نێوانیاندا لە ڕووی ئەوەوە کە چاو فرمێسک دەڕیژێ و هەور باران، ڕووی لێكچوونەکەیان تنۆکە و دەربڕین لە خەمباری دەکات، دەربڕینەکەش تێکەڵکردنی هەستی ناخە لەگەڵ توخمێکی سروشتدا، هەم لە ڕووی ماناشەوە لەگەڵ تێپەڕین و ڕۆشتنی تەمەندا دێتەوە، چونکە خەزان گەڵاکانی تێدا دەوەرێت و تەمەنیش ساڵەکانی تێپدەپەڕن، ئەمە نموونەیەکی سادەیەو بەس بۆ ڕوونکردنەوەیە، ئەگینا ئەم نموونەیەش شتێکی تازە نییەو شاعیران بەکاریان هێناوە، بەڵام وەك ئەو دروشمانە نییە کە ڕۆژانە لیرەو لەوێ بەسەر شیعردا ساخ دەکرێنەوەو شیعر نین و بەڵکو وەکو قسەی ڕۆژانەی خەڵکیان لێ هاتووەو هۆنینەوەیان پێویست بە هیچ سەلیقەو شارەزایی و ماندووبوونێك ناکات.
ئەمە لە کاتێکدا، بەڵێ دەستەواژەی «ئای ئەم پاییزە من زۆر خەمگینم، تەمەن وا ڕۆشت» ڕستەیەکی ئەدەبییە، چونکە ڕستەیەکی سادە نییەو خەڵک ڕۆژانە بەکاری ناهێنێت، بەڵکو خەڵکی ئاسایی دەڵێت “ئەمڕۆ زۆر بێتاقەتم” یان دەڵێت “وا پیریش بووین”، بەڵام هەر بە تەنیا ئەوە بەس نییە پاییزو خەمباری و ڕۆشتنی تەمەن، لە ڕستەیەکدا کۆ بکەینەوە (کە دەکرێت وەك پەخشانێکی ئاسایی سەیری بکەین)، یان بە سێ نیوە دێر بینووسین و ناوی شیعری لێ بنێین، بەم جۆرە:
ئای ئەم پاییزە،
من زۆر خەمگینم،
تەمەن وا ڕۆشت
لە کاتێکدا گەر بمانەوێت دەقێکی بەهاداری شیعریی بنووسین، وەکو گوتمان دەبێت هەوڵ بدەین بیرۆکە بکەین بە وێنە، ئایدیاش لە شێوەی تەکنیکێکی شیعری سەرکەوتوودا ئەو وێنەیە بەکار بهێنێت و لە شوێنی تایبەتی دەقدا جێی بکاتەوە، تا لەناو نەخشەی گشتی شیعرەکەدا بە شێوەیەکی هونەریی کارا بێت و ڕۆڵی خۆی بگەیەنێت، لەگەڵ سەرجەم سیمبوڵ و ئاماژەو پێکهاتە فۆرمیی و مانایی و ئیستاتیکییە زمانەوانییەکانی تردا.
خاڵێکی زۆر گرنگی تر لە پەخشانە شیعردا بریتییە لە چڕکردنەوە، زۆرجار گەر بە وردی بە دەقدا بچینەوە دەگەینە ئەو ڕاستییەی کە ئەو مانایەی مەبەستمان بووە، دەکرا لە بری ئەوەی بە ١٠ وشە دەربڕینی لێ بکەین، ڕەنگە هەر ٤ وشەی بەس بووایە، ماناکەشی توندو تۆڵ و فرە ڕەهەندتر دەکردو خاڵی جێبەجێکردنی ئابووریی زمانیشمان تێدا پەیڕەو دەکرد، ڕەنگە لە بەرەنجامی ئەم پێداچوونانەوەشدا بوو بێت شاعیرانی جیهانی بەتوانای وەك ئۆکتاڤیۆ پازو ئارتۆر ڕامبۆ….دوای پیداچوونەوە دەقە شیعرییەکانی خۆیان دڕاندبێت یان خستبێتیانە ناو زۆپاوەو سووتاندبێتیان، هەرچەندە کەسانی دەوروبەریشیان بە دڵیان بووبێت.
شاعیری داهێنەر و بە ئەزموون و خاوەن سەلیقە هیچ وشەیەك و تەنانەت خاڵبەندییەك بە زایە نادات لە دەقدا، دەزانێت هەر وشەیەک کێش و ئەرکی خۆی هەیەو شوێنی گونجاوی خۆی پڕاوپڕ گرتووە، ئەنجا ڕەنگە لە دەقەکەی ڕازی بێت و بەشیوەیەکی باش و دروست لە ئەزموونەکەیدا جێی خۆی بکاتەوە، بەڵی ڕاستە ئەم پەلە نەکردن و ماندووبوونە ڕەنگە لای هەندێك سەریەشە بێت و تاقەتی ئەوەیان نەبێت، بەڵام لە کۆتاییدا ئەم وردەکارییانە بەرەنجامێکی باش بەرهەم دەهێنیت و سەنگ دەدات بە ئەزموونی شاعیرەکەی و خوێنەر چێژ دەبینێت لە خوێندنەوەیداو سبەی نووسەرەکەی لە دەقەکە پەشیمان نابێتەوە.
یەكێکی تر لە خاڵە گرنگەکانی نووسینی پەخشانە شیعری سەرکەوتوو بریتییە لە ئەزموون و بینین و دیدگا؛ چونکە
شاعیری باش تەنیا شتەکان وەسف ناکات؛ چونکە لە فەرهەنگدا ئەو کارە ئەنجام دراوە، بەڵکو بینینی تایبەتی خۆی بۆیان پێشکەش دەکات و تێکەڵاویان دەکات و شتێکی تریان لێ دروست دەکات، لێرەدایە ڕەخنەگرو خوێنەری زیرەك دەزانن کە شاعیر لە چ گۆشە نیگایەکی تایبەتەوە دەڕوانێتە جیهان و ڕەگەزو توخم و شتەکان دەخاتە کار؟
بۆیە دەکرێت دوو کەس لەسەر مەرگ بنووسن، بەڵام یەکێکیان ئەزموونێکی شیعریی تایبەت و نوێ پێشکەش بکات، کە خۆی هەڵگری ئەو تێڕوانین و وێنانەیە و ئەوی تر تەنیا وەسفێکی ئاسایی مردن بکات.
هەر وەك پێشتریش گوتمان لە ڕووی بەکارهێنانی زمان لە شیعردا؛ تەنیا ڕازاوەیی و ڕوونی زمان مەرج نییە.
بگرە هەندێک جار زمان زۆر سادەیە، بەڵام چۆنییەتی ڕێکخستنی وشەکان و شێوازی بەکارهێنانیان و هەڵبژاردنی ئاماژەکانی ناویان شیعرێکی باڵا بەرهەم دێنێت.
بەڵام نەبوونی کێش و سەروا کە لە مێژە شیعری پێ پێناسە دەکرێت، واتای ئەوە نییە هەر دەقێکی تری پەخشانە شیعر کە لەمڕۆماندا دەنووسرێت لە هەموو جۆرێك لە هارمۆنیا و ئاوازو کێش دابماڵین، بەڵکو پەخشانە شیعر جوانییەکەی لەوەدایە ڕەنگە لە کۆتایی چەند نیوە دێڕێکدا، سەروا- گیان بکات بە بەری دەقداو بیڕازێنێتەوە، لەگەڵ هەموو ئەمانەشداو وەك لەسەرەتادا گوتمان مۆسیقای ناوەکی دەق و هەروا ئیکۆو مۆسیقای وشەکانیش بە جۆرێک لە جۆرەکان دەبێت لەپێشچاو بگیرێت، بە گونجاندنیان لە ناو پەخشانە شیعردا.
بە کورتی لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی شاعیری ڕاستەقینە، بە هەر سێ جۆرە سەرەکییەکەی شیعرەوە ئەمانەن:
بەهرە + زمان + خەیاڵ + مۆسیقا + وێنە + ئەزموون + توانای بنیاتنانی دەق + هونەرەکانی ڕەوانبێژیی+ بەردەوامی و لە هەمووشیان گرنگتر دەبێت شاعیر خاوەنی دەنگێکی شیعریی تایبەتی خۆی بێت، دوور لە لاسایی کردنەوەو چاولێکەریی ئەوانی تر.
لەگەڵ زانینی ئەو ڕاستییەدا کە شاعیر ئەو کەسە نییە تەنیا بتوانێت یەک شیعری جوان و باش بنووسێت؛ بەڵکو ئەوەیە کە بتوانێت خوێنەر وا لێببکات بڵێت:
«ئەم دەقانە لە خاوەنەکەی دەچن و پەنجە مۆری تایبەتی خۆی لەسەریانە»
لە دوماهییدا دەبێت ئەو ڕاستییەش بڵێین شیعر سرکە وەکو جیوە وایەو ناگیرێت، بۆیە زەحمەتە چوارچێوەی بۆ دەستنیشان بکەین، بەڵام کاتێك بەهرە بە ئەزموون و خوێندنەوە سەنگین کرا، ئەو کاتە شاعیر دەزانێت چی دەنووسێت، وەکو گوتراویشە “شعر سەدای گیان و زاری هەستەکانە”، لەبەر ئەوە هەرکەسێک گەر پارچە شیعرێکی کاڵوکرچیش بنووسێت ڕەنگە لای خۆی گرنگ و خۆشەویست بێت، هەروەها لای ئەو خوێنەرانەش کە لە ئاستی شیعریی ئەودان جۆش و خرۆشیان پێ ببەخشێت و سەری بۆ بلەقێنن و چەپڵەی بۆ لێبدەن، چونکە دەقەکە پارچەیەکە لە ژیان و ئەزموون و هەست و بینینی خۆی، بەڵام کاتێك بێینە سەر پێوەرەکانی هەڵسەنگاندنی شیعر یان پەخشانە شیعری ڕەسەن و ڕاستەقینە، ئەوا ڕەنگە زەحمەت بێت لە هەڵسەنگاندنەکاندا خاڵ و پلەی پێویست بە دەست بهێنێت.
بەڵێ ئەم سەرە قەڵەمانەی لێرەدا نووسران، تەنیا لە پێناوی دروستکردنی دیالۆگدایەو ئەگینا هەرگیز مافی ئەوە بە خۆم نادەم و بەڕەوای نازانم ئامۆژگاری کەس بکەم و پێی بڵێم چۆن شیعر بنووسێت، تەنیا ئەمانە هەندێك لەو بیروبۆچوونە گشتییانە بوون کە ئێستا لە مێشکمدا گەلاڵەبوون، دوای ئەوەی ئەو پرسیار و بیروبۆچوونانەم ئاراستەکران سەبارەت وتاری پێشووم (ئیستاتیکای زمانی شیعر) و منیش بە پێویستم زانی ئەم ڕوونکردنەوانە بنووسم و ئەم خڵاانەش تەنیا بواری تیۆریین و دەمێنێتە سەر شاعیر چۆن ئەم زانیاریانە تەرجەمەی بواری پراکتیك بکات و شیعری پێ بنووسێت. ئیدی هیواخوام هەر بەڕێزێك دەتوانیت ئەم بابەتە گرنگە دەوڵەمەند بکات و بەشدار بێت لەم دیالۆگەدا، دڵنیام نووسین و ڕاو بۆچوونەکان جێی خۆیان دەگرن و گۆمی مەنگ و بێ دەنگی کەمێك لەو دنیا پەرش وبڵاوەی شیعری هاوچەرخی ئەمڕۆمان دەشڵەقینیت .
ئەگینا باسی شیعر زۆر لەوە بەرفراوانترە بە چەند وشەیەك کۆتایی پێ بێنین، بەڵکو وەکو دەڵێن شیعر ترپەی دڵە، گیانی زمانە کە جادوو بە وشەکان دەبەخشێت و دەمانساکێنێت و ڕامانمان لا دروست دەکات، ئەو هەستانەی ناخە کە بیرۆکەی خۆیان دەدۆزنەوەو بیرۆکەکانیش وشەی دروستی خۆیان بەکار دێنن.

سۆران محەمەد

بۆ خوێندنەوەی وتاری پێشوو کیکی ئێرەبکەن..




جەنگی ئەمریکا و ئێران ؛ ئایا دەبێتە جەنگی جیهانی سێیەم ؟.. ئەحمەد کامەران

پاش جەنگە ۱۲ ڕۆژییەکەی نێوان ئێران و ئیسرائیل بەهاوکاری ڕاستەوخۆی ئەمریکا ، دووبارە لە ۲٨ شوباتی ئەمساڵەوە گەڕی دووەمی جەنگ و ململانێیەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل و ئەمریکا دەستی پێکرد. بەڵام دواجار جەنگەکە بەسەختی لەنێوان ئەمریکا و ئێران دا بە نادیاری ماوەتەوە، دوای ٤۰ ڕۆژ لە سەختی جەنگەکە ئاگربەستی کاتی لەنێوان ئێران و ئەمریکا بە نێوەندگیری پاکستان ئەنجام درا بۆ ماوەی دوومانگ . بەڵام لەپاش کۆتایی ئەو ئاگربەستەوە دووبارە ناوبەناو هەردوولا هێرشی جۆراوجۆریان بۆسەریەکدی دەست پێکردۆتەوە. ئەوەی جێگای سەرنج بێت تاوەکو ئێستا هیچ ئاسۆیەکی ڕوون بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێکی بنبەست نابینرێت . لەم جەنگەدا تاوەکو ئێستا دیار نییە کە ئاخۆ کێ دواجار براوەی جەنگ دەبێت و کێ دۆڕاو ؟ ئەگەرچی بەپێی لێدوانەکانی تڕەمپ بێت کەتێیدا ئاماژەی بە کۆتایی هێز و توانەکانی ئێران دەکات لەڕووی هێزی دەریایی و مووشەکییەوە . بەڵام بە پێچەوانەوە دەبینین ئێران بەردەوام لەسەر پێی خۆی وەستاوەتەوە لەپێشتردا زیاتر بەهێزتر دەردەکەوێت . لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆژانە بەردەوامە لەهەڕەشە توندەکانی لە بەرامبەر ئەمریکا و ئیدارەی تڕامپ . تاکە ڕێگا لە ئێستایە بۆ کۆتایی بە دەسەڵاتی ئێران و گۆڕینی تەواوی سیستەم ، لەئەنجامی ئەو قەیرانە ئابوریە گەورەی وڵات تێیدا کەوتووە ، چاوەڕێ دەکرێت تەقینەوەیەکی گەورەی خەڵکی برسی و ستەملێکراوی لێ بکەوێتەوە، کە چەندین جار لەلایەن بەرپرسانی ئەو وڵاتە بەتایبەتی سەرۆک کۆماری ئێران مەسعود پزیشکیان هۆشداری دەدات لە مەترسییەکانی قەیرانی ئابوری وڵات.هەڵگیرسانی ئاگری جەنگی ناوخۆ زۆر مەترسیدارترە لەجەنگی دەرەکی ، کەتێیدا ئەگەری هەیە هەمان سیناریۆی جەنگی ناوخۆی سوریا لە ئێران دووبارە بێتەوە .
هەوڵێکی ڕاستەقینەیی هەیە ئێران لە خاکێکی یەکپارچەیی بگۆڕدرێت بۆ خاکێکی پارچە کراو . بەڵام لە دیوێکی دیکەوە تەماشا بکەین ئێران وەڵاتێکی زلهێز و خاوەنی چەک و کەرەستەی پێشکەوتووە کە دەتوانێت بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام بێت لە کاوڵکاری ناوچەکەدا ئەگەر بێت و بگاتە ئاستێک بزانرێت هەوڵی لاوازی کۆماری ئیسلامی ئێران دەدرێت. ئەگەر جەنگێکی ناوخۆی لەم شێوەیە لە ئێران ڕووبدات ئەمەش بە واتای کردنەوەی ڕاستەوخۆی دەرگای جەنگی جیهانی سێیەم دێت، کە تێیدا چەندین وڵاتی دیکە ناچار دەکرێن بێ دەنگی بشکێنن و بەشداری سەرەکی جەنگەکە بن . ڕۆلی کوردیش لەم نێوەندەدا بێگومان وەکو تەماشاکارێک نامێنێتەوە ، دەستبەجێ دەچێتە قۆناغی بەرگریکردن لەخۆی و ناوچە کوردییەکانی ژێردەستی ئێران ، کە هەوڵی ڕزگارکردن و سەربەخۆیی ڕۆژهەڵات دەدات، بە مەرجێک کورد خاوەنی یەک گوتار و یەک هەڵوێست بن ، ململانێکانی خۆیان بەلاوە بنێن . بەڵام بە ئەنجامدانی ئەم جوڵە سەربازییەی هێزە کوردییەکان ، هەرزوو تورکیا بەخۆیەوە توڕە دەکات و ناچاردەبێت بۆ ڕێگریکردن لە دابەشبوونی خاکی ئێران هێز ڕەوانە بکات بۆ هاوکاری کۆماری ئیسلامی ئێران،لە دژی هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لە دیوێکی دیکەوە لەهێرشێکی لەم شێوەیەی تورکیا، دەبێتە هۆی توڕەبوونی ئیسرائیل و ناچار دەبێت هەڵوێستی توند لەبەرامبەر تورکیادا بگرێتە بەر ئەوکات ، هاوشێوەی ڕووداوەکەی ناوەڕاستی مانگی ئاب دا کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە پارێزگای ئیدلبی سوریا بنکەیەکی سەربازی تورکیا بەناوی ئەبوو زوهور دەکاتە ئامانج . ئەمەش وەکو زەنگێکی سەرەتایی بوو بۆ ئاگەدارکردنەوەی ئەنقەرە لەلایەن ئیسرائیلەوە کە هەوڵی فراوانکردنی بنکە سەربازییەکانی نەدات لەناوچەکە دا ئەگەرنا دەبێتە ئامانجی ڕاستەوخۆی تەلئەبیب. تورکیا ئەندامێکی چالاکی ناتۆیە ، لە ئەگەری هێرشێکی لەم جۆرەی ئیسرائیل بۆسەر تورکیا ، بەناچاری وڵاتانی ئەندام دەهێنرێنە سەر هێڵ و هەڵوێستی خۆیان نیشان دەدەن ئەوکات ، بەمەش ئاگری جەنگە فراوانتر دەکات .لەلایەکی دیکەوە گرووپە میلیشیاکانی عێراق بۆ بەرگریکردن ڕاستەوخۆ خاکی هەرێم بەکاردەهێنن بۆ لێدان لەسەرجەم نەیارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران . بەم شێوەیە پێ دەخەینە نێو جەنگی جیهانی سێیەم ، بەمەرجێک ئەگەر بێت و تەنیا دەنگی ناڕەزایی لەتەواوی ناوخۆی ئێراندا هەڵگیرسێت .
لەدیوێکی دیکەوە ئەم جەنگە سارد و بێ دەرئەنجامەدا ، زۆر کاریگەری جۆراو جۆری دیکەی لەسەر ناوچەکە درووست کردووە ، بەدیاری کراویش کاریگەری نەرێنی لەسەر دەروونی تاکەکانی کۆمەڵگای درووست کردووە، بەتایبەتیش ئەو وڵاتانەی لە ئێستایە ئاگری ئەم جەنگەیان بەرکەوتووە. لەنێویشیاندا هەرێمی کوردستان و عێراق قوربانی سەرەکی ئەم جەنگە نادیارەن . وای لەدەروونی مڕۆڤەکان کردووە هەموو ڕۆژێک بیر لەچارەنووسی خۆیدا بکاتەوە ، کە ئاخۆ ئەم جەنگە بەرەو کوێ دەڕوات ؟ کەی یەکلایی دەبێتەوە ؟ تەنانەت وای لێ هاتووە کە ئەم شەوی بخەوی ، بڵێی ئاخۆی بەیانی دووبارە هەڵدەستم بۆ ژیانێکی نوێ یان درۆنێک بەناو ماڵەکەم دەدات کۆتایی بەژیانم دێت ؟ قوتابییەک بەناچاری دەڵێت ئیتر مادام ئەم جەنگە درێژەی کێشاوە ئیتر من چی بخوێنم؟ خۆ ئەگەری هەیە لەم جەنگەدا ژیانم لەدەست بدەم . دواجار جەنگ ئەگەر هەرجۆرە جەنگێک بێت ، کەچی بەداخەوە به ماڵوێرانی و قوربانی خەڵکی سڤیل و بێ تاوان کۆتایی دێت ، کەهیچ کاتێک بەشێک نەبوونە لەجەنگەکە . شاعیر و نووسەری فەڵەستینی مەحموود دەروێش لە شعری “جەنگ کۆتایی دێت” دەڵێت : جەنگ کۆتایی دێت، سەرکردەکان تەوقە دەکەن و ئەو پیرەژنەش دەمێنێتەوە، چاوەڕێی کوڕە شەهیدەکەی دەکات؛ ئەو ژنە گەنجە، چاوەڕێی مێردە خۆشەویستەکەی دەکات؛ و ئەو منداڵانە، چاوەڕێی باوکە قارەمانەکەیانن. نازانم کێ وڵاتی فرۆشت! بەڵام بینیم کێ باجەکەی داوە.
لەپاڵ کاریگەری لایەنە دەروونییەکانی تاکەکانی کۆمەڵگا ، ئەم جەنگە توانیویەتی کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر ئابوری ناوچەکە درووست بکات،لەڕێگای بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و زێڕ ، گرانبوونی بەشێکی کاڵاکانی بازاڕ . ئەمەش ئەگەر ئەم دۆخە وا درێژە زیاتر بکێشێت ناوچەکە بەتەواوی دەکەوێتە نێو قەیرانێکی مەترسیداری ئابوری ، کە دووبارە هاوڵاتی بێتاوان و هەژار باجەکەی دەدەن . لەدەستپێکی ئەم جەنگە بێ بنەمایەوە، تەنیا جەنگێکی ئابوری بوو کە تێیدا کۆمپانیا زەبەلاحەکانی جیهان پشکی قازانجیان لەم جەنگەدا بەرکەوت . واتە ئەم جەنگە ناچێتە چوارچێوەی جەنگی داگیرکاری خاک ، هاوشێوەی ئەوجەنگانەی دیکەی سەدەکانی ڕابردوو ، کەتێیدا ئامانج لەداگیرکاری و سەپاندنی هەژموونی دەسەڵات بوو بەسەر یەکدیدا ، بەڵکو ئەم جەنگە داگیرکردنی ئابوری وڵاتانی دیکەیە لەلایەن زلهێزەکان و کۆمپانیاکان بۆ زیادکردنی داهاتی خۆیان و بڵاوبوونەوی برسێتی لە ناوچەکەدا .

ئەحمەد کامەران / نووسەر و چالاکی سیاسی




شانۆ، شوێنگەی یادەوەرییە جیاوازەکان.. زاهیر عەبەڕەش

کاتێک دراما ــ شانۆ دراما بە یەکێک لە بەرزترین شێوەکانی دەربڕینی ڕۆحی مرۆڤ دادەنرێت چونکە ژانری شانۆ لە سروشتدا دیالێکتیکییە. لێرەدا دیالێکتیکی بەو مانایەیە کە دوو هەڵوێستی جیاواز یان زیاتر لە یەکتر کۆدەبنەوە، دژایەتی یەکتر دەکەن و لە ڕێگەی ئەم ململانێیەوە گەشە دەکەن. ئامرازی دیالەکتیکیشی دیالۆگە. دراما دوو ئامرازی سەرەکی بۆ ئەمە هەیە:
یەکەم گفتوگۆ – مرۆڤەکان قسە لەگەڵ یەکتر دەکەن و بیروڕای جیاواز دەردەبڕن
دووەم ململانێ – بیرکردنەوە، بەرژەوەندی یان جیهانبینییەکانیان بەریەک دەکەون.
بۆ نموونە: لەسەر شانۆ لە بارەی کارەساتێکەوە لە نێوان دووکەسدا وتووێژ دەکرێت.
کەسی یەک دەڵێت: ئەوەی لە ڕابردوودا ڕوویدا کردەوەیەکی قارەمانانە بوو.
کەسی ب: نا، بۆ ئێمە کارەسات بوو.
پاشان مەرج نییە شانۆنامەنووس بڵێت کێ ڕاستە. بینەر ناکۆکی نێوان دوو ڤێرشون یان دوو شێوەی گێڕانەوەی دەبینێت.
ڕێک لەبەر ئەم تایبەتمەندییە، کە هیگڵ، شانۆ ــ دراما زۆر بەرز دەنرخێنێت. واتە بەهۆی ئەو ئەگەرەی کە فۆرمی دراما دابینی دەکات بۆ ئەوەی لەسەر شانۆ بەریەککەوتنی هەڵوێستە جیاوازەکان، ململانێ، ناکۆکی و پەرەسەندنی ئارگیومێنتەکانی لایەنە جیاوازەکان لێرەو لە ئێستادا ولە ڕەوشی ئێمەدا کێبڕکێی یادەوەرییە جیاوازەکان پیشان بدرێت. کە تیۆریستە مارکسیستەکان دەیانگوت کە دراما هەرەبەرزترین ئاستی بەرجەستەکردنی دیالێکتیکەکانی مێژووییە. هیگڵ گرنگە، چونکە دیالەکتیک و ناکۆکی وەک بەشێکی سەرەکی لە چۆنیەتی گەشەکردنی بیرکردنەوە و مێژوودا دەبینی.
بە ئاسانی ئەگەر ئێمە نەخشە سازیەکی بۆ بکەین بەم شێوەیە دەبێت
هەڵوێستێک + لەگەڵ هەڵوێستێکی دژبەردا کۆدەبێتەوە ← ململانێ دروست دەبێت ← پاشان تێگەیشتنێکی نوێ دروست دەبێت. بۆیە دەکرێت شانۆ ــ دراما خۆی وەک فۆرمێکی دیالێکتیکی مێژوو سەیر بکرێت.
یادەوەری جیاواز:
گرنگە لە بەسەرهاتە مێژوویەکاندا یادەوەری جیاواز وکێبڕکێی نێوان یادەوەرییە جیاوازەکان ببینین. لێرەدا تەنها ئەوە نییە کە مرۆڤەکان بۆچوونی جیاوازیان هەبێت سەبارەت بە داهاتوو. هەروەها دەتوانن یادەوەری جیاوازیان هەبێت لە هەمان ڕووداوی مێژوویی.
بۆ نموونە ڕووداوێکی مێژوویی لە کوردستاندا لەبەرچاو بگرین.
کەسی یەکەم دەڵێت: ساڵی هەشتاکان کاتی بەرخۆدان و قارەمانێتی بوو.
کەسی دووەم دەڵێت: بۆ خێزانەکەم کاتێکی لەدەستدان و ترس بوو.
سێیەمیان دەڵێت: خۆم ئەو ڕووداوەم لەبیر نییە، بەڵام لەلایەن دایک و باوکمەوە بۆم باسکراوە.
بۆیە هەرسێکیان پەیوەندی جیاوازیان بە یەک ڕابردووەوە هەیە. شانۆ دەتوانێت ڕێگە بدات هەموو ئەم یادەوەرییانە لە یەک کاتدا لەسەر شانۆ بوونیان هەبێت.
بیرەوەری دیالۆگی / heteronomi هێتێرۆنۆمی
بیرەوەری دیالۆگی زۆر گرنگە بۆ شانۆ، بۆ شانۆنامە نووسان، یادەوەری دیالۆگی بەو مانایەیە کە یادەوەری تاکە چیرۆکێکی جێگیر نییە. چەند یادگاریەک هەن کە گفتوگۆ دەکەن و کێبڕکێ دەکەن و هەندێکجاریش دژایەتی یەکتر دەکەن. ئەگەر ڕووداوێکی مێژووی وەربگرین دەتوانرێت بەم شێوەیە بیری لێبکەینەوە.
کەسی A بە یەک شێوە لەبیریەتی
کەسی B بە شێوەیەکی تر لەبیریەتی
کەسی C بە شێوەیەکی دیکە لەبیریەتی
ئەم یادەوەریە جیاوازانە لەسەر شانۆ بەر یەکتر دەکەون، ئەم سێ کەسە لەسەر شانۆ دیالۆگ دەڵێن و ململانێ دەکەن. بینەر لەم سێ ئەکتەرەدا سێ ڤێرشونی جیاواز لە ڕابردوو دەبینێت. ئەمەیە کە پێی دەڵێت هێتێرۆمنیمۆنیک – یادەوەرییە جیاوازەکان بەڵام لە هەمان کاتدا بوونیان هەیە.
ئێدگاراس کلیڤیس کە مامۆستا و مێژووی شانۆ دەنووسێتەوە لە لێکۆڵینەوەکانیدا تیشک دەخاتە سەر فۆرمەکانی شانۆی سیاسی هاوچەرخ پێمان دەڵێت کە بۆچی هێتێرۆمنیمۆنیک گرنگە بە تایبەتی بۆ شانۆ، ئەو دەڵێت شانۆ ــ دراما دەتوانێت ئەم کارە بکات، چونکە بینەر دەتوانێت کەسانی جیاواز بە دیدگای جیاوازەوە بناسێت.
بۆ نموونە شانۆنامەیەک ڕەنگە باسی ڕووداوێکی مێژوویی بێت و چوار کەسی تێدابێت.
ڤێرشونی بیرگەی چوار کەس لەسەر سانۆ دەبینین.
یەکەم: ئێمە قوربانی بووین.
دووەم: ئێمە بەرەنگاری بووینەوە.
سێیەم: ئێمەش هەڵەمان کردووە.
چوارەم: دەمەوێت هەموو شتێک لەبیر بکەم.
مەرج نییە شانۆنامەنووس یەک ڤێرشون بدات بە بینەر و بڵێت ئەمەیان ڕاستە. بەڵکو بینەر دەگاتە ئەوەی کە ململانێی نێوان یادەوەرییەکان ئەزموون بکات. کە ئەوە زۆر گرنگە بۆ هەم بۆ بینەر هەم شانۆنامە نووس کە دەقێكی تەمەن درێژ بنووسێت. بینەر دەرفەتی ئەوەی دەبێت کە خۆی لەگەڵ دیدگای کارەکتەرێکدا یەکبخات و هاوسۆزی بێت، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە بینەر دەبێت بیر لەوە بکاتەوە کە کارەکتەرەکە ڕاستە. بەڵکو بینەرە ئەو پرسیارە دەکات ( تێدەگەم بۆچی ئەم کەسە بەو شێوەیە لەبیریەتی) بینەر دەتوانێت لە تێڕوانینێکی تەواو پێچەوانەی کارەکتەرەکان تێبگات. ئەم دید و تێڕوانینە بۆ شوناس شانۆ و نیشتیمان سازی زۆر گرنگە، چونکێ مەرج نییە شانۆ یەک چیرۆکی نەتەوەیی دروست بکات. هەروەها دەتوانێت ئەوە نیشان بدات کە مێژووی میللەت لە چەندین یادەوەری کێبڕکێکار پێکهاتووە. ئەمەش بەواتای مێژووی میللەت و یادگاری کەسانی جیاواز کە لەسەر شانۆ کۆدەبنەوە و ململانێ دەکەن بینەر ڕووبەڕووی چەند تێڕوانینی ڕابردوو دەبێتەوە. وە لێرەدا شانۆ تەنها نابێتە شێوازێک بۆ نوێنەرایەتیکردنی مێژوو، بەڵکو شانۆ دەبێتە کەناڵێک و سەکۆیەک بۆ یادەوەری.
بە واتایەکی تر شانۆ شوێنێکە کە کۆمەڵگا دەتوانێت لێی بکۆڵێتەوە و دانوستان بکات و پرسیار بکات کە چۆن ڕابردووی خۆی لەبیر نەکات. شانۆ بە تایبەتی بۆ وێناکردنی مێژوو و یادەوەری بەکۆمەڵ گونجاوە، چونکە پێکهاتەی بنەڕەتی شانۆ لەسەر بنەمای دیالۆگ و ململانێ دامەزراوە. کاتێک کەسانی خاوەن ئەزموون و یادەوەری جیاواز لەسەر شانۆ کۆدەبنەوە و بەریەک دەکەون، ململانێ لە نێوان ڤێرشونە جیاوازەکانی ڕابردوودا ڕوودەدات. پاشان بینەر نەک هەر گوێی لە مێژوو دەبێت، بەڵکو ئەزموونی ئەوەش دەکات کە چۆن یادەوەرییە جیاوازەکان کێبڕکێ لەگەڵ یەکتر دەکەن. دەنگی جیاواز لێرەدا ڕەوایە بەبێ گوێدانە ئەوەی خاوەنەکانیان نوێنەرایەتی کام دەسەڵات یان کام لایەن دەکەن. بۆ نموونە، ناکۆکی لە نێوان خودی حزبییەکاندا سەرهەڵدەدەن کە پەیوەندییان بە ڕابردوویانەوە هەیە، جیاوازییەکانیان لە بەرامبەردا بەهۆی بارودۆخی کۆمەڵایەتی جیاوازی کۆمەڵگەی کوردستان.

زاهیر عەبەڕەش




راوەستانێک لەسەر هاوپەیمانی مەککە.. عوسمانی حاجی مارف

بۆچی سێ وڵات، سعودیە، تورکیا و پاکستان کە پەیوەندیەکی نزیکیان بە ئەمریکاوە هەیە، پێویستیان بە دامەزراندنی چوارچێوەیەکی بەرگری نوێ بوو لەم کاتە تایبەتەدا؟
پێموایە ئەوە دۆخی شەڕی ئەمریکاو ئێران و بارگرژی و ناجێگیری سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، ئەو ژینگەیەی هێنایە پێشەوە و دانوستان و هاوپەیمانی مەککەی تێدا بەڕێوەچو. ڕوبەڕوبونەوەکە دەریخست کە هەر پێکدادانێکی بەرفراوان لە نێوان ئێران و ئەمریکا، یان ئیسرائیلدا دەتوانێت بە خێرایی بۆ کەنداو بگوازرێتەوە و هەڕەشە لە دامەزراوەکانی وزە و ڕێڕەوی کەشتیوانی و ئابووری ناوچەکە بکات، تەنانەت بۆ ئەو وڵاتانەش کە ڕاستەوخۆ دەستیان لە شەڕەکەدا نییە.
ڕێکەوتنەکە لە چوارچێوەی ڕەوتێکی فراوانتردا پێکهات کە تیایدا وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەوڵی بنیاتنانی ڕێکخستنی ئاسایشی ناوچەیەکی سەربەخۆتر دەدەن، دوای ئەوەی گەرەنتیەکانی ئەمریکا لە لێکدانەوەی زۆرێک لە پایتەختەکانی ناوچەکەدا پێیانوایە ئەمریکا ناتوانێت دڵنیایی بدات و ناتوانێت ئەم کارە بکات، بۆیە ئەم جۆرە هاوپەیمانیە هەوڵێکە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە و دامەزراوەیەکی نوێی ئەمنی بە پێویست دەزانن لە ناوچەکەدا.
وڵاتانی ناوچەکە بەو ئاکامە گەیشتون پێویستە تواناکانی خۆپارێزی خۆیان پەرەپێبدەن و هەماهەنگیە ئەمنیەکانیان بەرزبکەنەوە، تەنانەت پەیوەندیە سەربازیە نزیکەکانیان لەگەڵ ئەمریکاشدا دەپارێزن.
لەکاتێکدا ململانێ و شەڕێک لە ناوچەکەدا لە ئارادایە، ئاشکرایە پێداویستی گەڕان بەدوای ڕێکخستنە نوێیەکانی بەرگری خێراتر دەبێت، وڵاتانی ناوچەکە لە ناچاریدا گەیشتونەتە ئەو ئاکامەی پێویستە تواناکانی خۆپارێزی خۆیان پەرەپێبدەن و هەماهەنگیە ئەمنیەکانیان بەرزبکەنەوە. هەر سێ وڵاتەکە بە گشتی لە ڕوانگەیەکی هاوشێوەوە، سەیری ناسەقامگیری ناوچەکە دەکەن، هۆکارەکەش دەگەڕێننەوە بۆ دەوری هەردوو ئیسرائیل و ئێران.
پەیوەستبونی تورکیا بەم هاوپەیمانیە، وەک ئەندامێکی ناتۆ، بەشێکە لە ستراتیژێکی فراوانتر بۆ هەمەچەشنکردنی هاوبەشیەکان و بەرزکردنەوەی نفوزی ناوچەیی خۆی، ئەم سیاسەتەی تورکیای بە “پاراستنی ستراتیژی” وەسف دەکرێت. دەستکەوتەکانی تورکیا تەنها لە بەدەستهێنانی گەرەنتی بەرگری نوێ نییە، بەڵکو بۆ بەدەستهێنانی، فراوانکردنی کاریگەری سیاسی ناوچەیی خۆی و بەرزکردنەوەی هەناردەی پیشەسازی بەرگری تورکیا و دامەزراندنی هاوبەشی بەرهەمهێنانی سەربازی لەگەڵ سعودیە و پاکستان، ئەمەش ڕۆڵێکی زیاتر بە ئەنقەرە دەبەخشێت لە داڕشتنی هاوسەنگیە ئەمنیەکانی ناوچەکەدا.
ڕێکەوتنی سێ وڵات، ئەوانیش سعودیە دەوڵەمەندە بە نەوت، پاکستانی خاوەن چەکی ئەتۆمی و تورکیا کە شانازی بە دووەم گەورەترین سوپای ناتۆ و پیشەسازی بەرگرییەوە دەکات، کە بە خێرایی گەشە دەکات، چاوەڕوان دەکرێ ئەم ڕێکەوتنە هاوکاری و خۆڕاگری لە نێوان زیادبونی نادڵنیایی ناوچەیی و مەترسی شەڕ لەگەڵ ئێراندا بەهێزتر بکات. ئەنقەرە هەوڵدەدات هەناردەی بەرگری خۆی بۆ کەنداو زیاد بکات، هاوپەیمانی سێ قۆڵی دەتوانێت داهاتی نەوتی ڕیاز لەگەڵ هێزە سەربازیەکانی شەڕ و توانای بەرهەمهێنانی بەرگری ئەنقەرە و ئیسلام ئاباد تێکەڵ بکات. ئەو ڕێکەوتنە بەرگرییەی کە واژۆ کراوە، لەوە زیاترە کە تەنها ڕێکەوتنێکی بەرگری بێت، ئەگەری ئەوەش هەیە ڕێکەوتنێکە کە لە داهاتودا بەرژەوەندی ئابووری بەدوای خۆیدا بهێنێت، تورکیا، پاکستان و سعودیە سێ وڵاتی بەهێزن و کاریگەریەکی جدیان دەبێت لە ناوچەکەدا. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخەی ئێستای گەرووی هورمز، پێشبینی دەکرێت دەوڵەتانی دیکەی کەنداو لە داهاتوودا بەشداری ئەم ڕێکەوتنە سێ قۆڵیە بکەن.!
تورکیا و پاکستان، لە ئێستاوە لە بواری پەرەپێدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هاوکارن، هاوکات سعودیە گرێبەستی گەورەی بۆ کڕین و ڕاهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەگەڵ کۆمپانیای بەیکەری بەرگری تورکیای واژۆ کردووە. پاکستان ڕەهەندێکی جیاواز بۆ ڕێکەوتنەکە زیاد دەکات، خاوەنی یەکێکە لە گەورەترین سوپای جیهانی موسڵمانان و ئەزمونێکی بەرفراوان لە ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکان و بنکەیەکی پیشەسازی بەرگری کە لە گەشەکردندایە. گرنگترین هۆکار ئەوەیە کە پاکستان تاکە وڵاتە لەنێو واژۆکارانی ڕێکەوتنەکەدا خاوەنی چەکی ئەتۆمیە، ئەمەش قورسایی زیاتری ڕێگریکردن بە هاوپەیمانیەکە دەبەخشێت، هەرچەندە ڕێکەوتنەکە بەڕوونی هیچ بڕگەیەکی سەبارەت بە ڕێگریکردنی ئەتۆمی یان چەترێکی ئەتۆمی هاوبەش لەخۆناگرێت.
هەروەها چاوەڕوان دەکرێت، تورکیا هەوڵی پڕکردنەوەی ئەو بۆشایە بدات کە بەهۆی دابەزینی دەسەڵاتی ئێران و لاوازبونی هاوکێشە ئەمنیەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا لە ناوچەکەدا بەجێیان هێشتووە، ئەوەی ڕۆشنە هیچ وڵاتێکی تر لە پێگەیەکی باشتردا نییە بۆ ئەوەی خۆی وەک دەسەڵاتێکی ناوچەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێگیر بکات، بۆ دەوری تورکیاش پرسیار ئەوەیە، کە تا چەند ستراتیژی ئەمنی تورکیا کە لە ڕێکەوتنی مەککەدا بەرجەستە بووەتەوە، خۆی لە نفوزی ئەمریکا دوور خستەوە یان ڕزگاری بووە؟ بە تایبەت کە ئامانجی واشنتۆن کۆتایی هێنانە بەدەور و دەسەڵاتی ئێران وە جێخستنی پێگەی ئیسرائیلە لە ناوچەکەدا.
مەسەلەی سەرەکی کە لەم ڕێکەوتنەدا بەرجەستە بۆتەوە دەڵێت “هێرشی چەکداری دژی هەر یەکێک لەو سێ دەوڵەتە هێرشێکە دژی هەمووان”. لێرەوە ئەو پرسیارە دێتە پێش ئایا ئەو سێ وڵاتە ئەگەر هێرش بکرێتە سەر یەکێکیان لە ڕاستیدا پابەندبونی خۆیان جێبەجێ دەکەن یان نا؟
هەڵبەتە متمانەکردن بەندە بە خاوەندارێتی توانا و ئەو باوەڕەی، کە دەوڵەتانی واژۆکار ئامادەن لە کاتی پێویستدا بەکاریبهێنن، جگە لەوەی پابەندبونە ڕاگەیەندراوەکە لەسەر بناغەیەکی بەرچاوی توانا سەربازی و سیاسی و ئابووریەکان وەستاوە، ئەمەش قورسایی زیاتریان پێدەبەخشێت لە حیساباتی ناوچەییدا.
دەستەواژەی “هێرشی چەکداری” لە ڕێکەوتنەکەدا پرسێکی گرنگ سەبارەت بە مەودای پابەندبونی بەرگری بەکۆمەڵ دەوروژێنێت، هەڕەشە ئەمنیەکان چیتر سنووردار نین بە شەڕە ئاساییەکان کە لەلایەن هێزە ئاساییەکانی دەوڵەتەکانەوە ئەنجام دەدرێن، بەڵکو ئەو هێرشانەش دەگرێتەوە کە لەلایەن گروپە چەکدارەکان و میلیشیاکانەوە ئەنجام دەدرێن، وەک ئەوەی زۆرجار لە ناوچەکەدا ڕوودەدات. بەڵام مەرج نییە ئەمە بەو مانایە بێت کە ئەو سێ وڵاتە لە ڕووی سەربازیەوە بە هەمانشێوە یان دەستبەجێ دەچنە ناو شەڕەکەوە، تا ئێستا وردەکاریەکانی ئۆپەراسیۆنی ڕێکەوتنەکە- وەک قەبارەی ئەو هێزانەی کە دەبێ جێگیر بکرێن، میکانیزمی بڕیاردان و جۆری هاوکاریە ناچاریەکان- بە تەواوی گشتی نین، ڕێکەوتنەکە بەڵێننامەی سەربازی تایبەتی تێدا نییە، هەرچەندە تورکیا لە ڕووی مەبدەئیەوە بەنزیک لە ماددەی ٥ ی ناتۆوە وەسفی کردووە. لەلایەکی ترەوە لەڕووی سیاسی و یاساییەوە، ئەستەمە بۆ هەر وڵاتێک چاوپۆشی لە هێرشکردنە سەر هاوبەشەکەی بکات، بەو پێیەی ڕێکەوتنەکە بە ڕوونی باس لەوە دەکات کە هێرشکردنە سەر یەک هێرشکردنە بۆ سەر هەمووان.
لە ڕووی سەربازیشەوە، تا ئێستا هیچ گەرەنتیەک نییە کە وەڵامدانەوەکە شەڕێکی تەواو بێت. دەکرێت لە بەرگری ئاسمانی، هاوبەشکردنی زانیاری هەواڵگری، ناردنی هێز یان چەک، یان دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی سەربازی، بەپێی سروشتی هێرشەکە و بڕیاری حکومەتەکان دەست پێبکات. لە ڕووی متمانەپێکردنەوە، تاقیکردنەوەی ڕاستەقینە لەگەڵ یەکەم هێرشی گەورەدا دێت، لە ئێستادا ڕێکەوتنەکە ڕێگریکردن زیاتر بەهێز دەکات نەک توانای هاوپەیمانیەکە بۆ ئەنجامدانی شەڕی هاوبەش، بەو پێیەی هاوپەیمانیەکە هێشتا تازەیە و هێشتا لە ڕوبەڕوبونەوەی سەربازی هاوبەشدا تاقی نەکراوەتەوە.
سعوودیە “هاوپەیمانی بەرگری” وەک ستراتیژێک بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئێران دەڕوانێت، بەتایبەتی لەبەر ڕۆشنایی ململانێی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران و هێرشەکانی تاران لە ناوچەکە، کە ڕادەی ڕاستەقینەی خواستی ئەمریکای بۆ بەرگریکردن لە کەنداو ئاشکرا کرد، ئەمەش وایکردووە سعودیە زیاتر ئاگاداری لاوازیەکانی بێت.
. ڕێکەوتنی سەربازی نێوان ڕیاز و ئەنقەرە و ئیسلام ئاباد ئاماژەیەکە بۆ ئەو خاڵەش دەوڵەمەندترین ئابووری نەوتی ناوچەکە نە تەنیایە و نە گۆشەگیرە، لە هەمانکاتدا پرسیاری ڕاستەقینە ئەوەیە کە ئایا پاکستان و تورکیا دەچنە شەڕەوە دژی ئێران، ئەگەر شەڕ لە نێوان تاران و ڕیاز ڕووبدات، بەتایبەتی کە هەردوو پاکستان و تورکیا پەیوەندی دۆستانە لەگەڵ ئێراندا دەپارێزن. ئەگەر ڕوبەڕوبونەوەی سەربازی ڕووبدات، چەقبەستووییەک لە نێوان ئێران و تورکیا لە لایەک و لە لایەکی دیکەش لەنێوان ئێران و پاکستان دروست دەبێت.
ئەگەر شەڕێکی نێوان هیندستان و پاکستان هەڵگیرسێت، هێزی ڕاستەقینەی ڕێکەوتنەکە ئاشکرا دەبێت، یەکەم شەڕی هیندستان و پاکستان لە دوای ڕێکەوتنەکە ڕەنگە گرنگترین تاقیکردنەوە بێت بۆ تەواوی داهاتووی ئەو هاوپەیمانیە، ئەگەر سعوودیە و تورکیا تەنها لە لێدوانی دیپلۆماسیدا خۆیان سنووردار بکەن، ئەوا هاوپەیمانیەکە مانای نامێنێت.
جیهانێکی فرە جەمسەری و ململانێی زلهێزەکانی دنیا بۆتە هۆی سەرلێشێواویەکی بەرچاو و کاریگەری لەسەر هاوپەیمانیە سەربازی و ئابووریەکان لە سەرانسەری ناوچە جیاوازەکانی جیهاندا، ڕێکەوتنی بەرگری نێوان سعودیە و تورکیا و پاکستانیش ڕەنگدانەوەی ئەم سەرلێشێواویەیە.
ڕێکەوتنی مەککە هێشتا هاوپەیمانیەکی تەواوی شەڕ نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ دروستکردنی سیستەمێکی نوێی ڕێگریکردن لە ناوچەیەک، کە متمانەی بە سیستەمی کۆنی ئەمنی کەمبووەتەوە، بەهای ڕاستەقینەی ئەم ڕێکەوتنەش نە بە قەبارەی سوپا و چەکەکان، بەڵکو بەوە دیاری دەکرێت کە لە یەکەم تاقیکردنەوەی ڕاستەقینەدا ئەندامەکانی تا چەند ئامادەن بۆ پاراستنی یەکتر و تیچووەکەی قەبوڵ دەکەن.




کاک و سێڵفی و تاسەکەی بەردەم یەمی یەمی.. نەوزاد بەندی

هەندێ کەس ئەڵێن ئەم شتە وورد و نادیارانە چین تۆ لەسەریان ئەنوسی ؟ بۆچی وەک برادەران لەسەر حیلیفی ناتۆ و تڕەمپ و ئێران و ڕێککەوتنی مەدینە و ئەگەری ئاشبەتاڵی نوێ و عەلی زەیدی نانوسیت؟
پێیان دەڵێم ئەو تایتڵانە ئەوەندەیان لەسەر نووسراوە، ڕاستێکەی بەشی من نەماوە.. من بە عەیبێکی گەورەی دەزانم هاوڕێیەکی نووسەرم لەسەر بابەتێکی نوسیبێ و منیش لەسەری بنووسم، بە دەر لەسەر دزێویی لاسایی کردنەوە، تەنها یەک جاریش ئەووترێت زستان ساردە .. برادەر هەیه سی چل ساڵە ئەڵێ ئەم دەسەڵاتە دەست پیسە و ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەی ملیۆنە دزراوەکان زیاد ئەکات، وەک کۆلارەیەکی لێ هاتووە هەتا دەزووی زۆرتر بۆ بەردەیت، زیاتر لێت دوور ئەکەوێتەوە..پێویستە یەک جار دز دیاریبکرێت، جاری دووەم ئەبێ هەوڵی قۆڵبەستکردنی بدەیت یان بێدەنگ بیت ئەگینا ڕەزات قورس ئەبێ و ..نازناوی حاسیبە و موەلیدە و کۆمپیوتەرت لێ دەنرێت واتا لە هاووڵاتییەوە ئەبیت بە ئامێر .. ئەمە یەک ..
دووەمیش نووسەرێکی گەورەی وەک ستانداڵ ئەڵێ : پێویست ناکات لە نوسینی ڕۆمانێکدا سەبارەت بە جەنگ، چەک و ئەسپ و مەیدانی شەڕ و تەقەمەنیی و تێک بەربوونی دوو سوپا نیشان بدەیت، ئەتوانیت لە ڕێی باری سەرنجی مناڵێکەوە، وێرانکارییەکانی جەنگ بنوسیتەوە، مناڵێک کە هەتیو کەوتووە ..مناڵێک کە ئەگری .. مناڵێک کە وازی لە یاریکردن هێناوە.. مناڵێک کە خۆی ئەشارێتەوە ..مناڵێک کە چیدی داوای شیرینیی ناکات ..داوای ڕۆژانەکەی ناکات ..کە چی دی ناڕوات بۆ مەکتەب .. ئەو وێنانە زۆر کاریگەرترن تا ئەوەی ڕاستەوخۆ بچیتە ناو مەیدانی شەڕ و خوێنڕشتنەکانەوە کە لە هۆمیرۆسەوە تا ئێستا ئەوەندە باس کراون، بوون بە خەڕەک ..
هەر بۆیە منیش بە ڕاستتری ئەزانم لە جیاتی باس لە ڕێکەوتنی سێ قۆڵیی مەدینە بکەم، باس لە بارودۆخی فەرمانبەرێکی شاری سنە بکەم کە موچەکەی پێنج ملیۆن تمەنە و ..ئەو ڕێکەوتنە نرخی تمەنی ئەوەندەی تر شکاندووە و سەد دۆلار بۆ زیاتر لە 22 ملیۆن تمەن بەرز بۆتەوە، ئاخر ئەی موچەی پێنج ملیۆن تمەن، کە 23 دۆلار ئەکات، لە مانگیکدا چیت پێ بکڕم و چۆن چونی خێزانێکت پێ بەڕێوە ببەم ؟؟

  • وشەی کاک یان بەڕێز بۆ گەڕاندنەوەی بەشێک لەو ڕێز و وەفا و پیاوەتییەیە کە خاوەنەکەی بەرامبەرمان کردوونی.. نیشاندانی ڕێزە بەرامبەر کەسێک ڕێزی لێگرتووین و کارئاسانی بۆ کردووین یان بە لایەنی کەمەوە زوڵم و غەدری لێ نەکردووین، ئاخر لە سەردەمێکدا ئەژین کەسێک زوڵمت لێ نەکات، جێگای ڕێزە و ..فەرمانبەرێک لە کاتی خۆیدا ئامادەی دەوامەکەی بێت و کارەکانی ڕاپەڕێنێت، جێگای سوپاس و پێزانین و دەستخۆشییە..خۆ ئەگەر ئەو کەسە بەدەر لەوەی بێ زیانە و کاری سەرشانی خۆی جێبەجێ دەکات، خێرخواز و بەوەفا و کارئاسانکەر بێ بۆ چواردەورەکەی، ئەوە شایانی ڕێز و پەیکەر و هەموو جۆرە نازناو و پێشگر و پاشگرەکانی ڕێزە به ناوەکەیەوە ..
    بەڵام کەسێک زوڵمی لێکردوویت، هەراسانی کردویت، ژیانی لێکردوویت بە ژەهری مار، داهاتووی خۆت و خێزانتی وێران کردووە، بێ هیوا و دڵتەنگ و توشی سەد نەخۆشی دەروونیی کردوویت، بۆچی پێی دەڵێیت بەڕێز ؟ بۆچی پێی ئەڵێی کاک ؟؟ لە هەموو جیهاندا کەس بە هیتلەر ناڵێ مستەر هیتلەر ..مستەر مۆسۆلینی ..مستەر هیرۆ هیتۆ ..مستەر ستالین .. مستەر جەنگیزخان یان بەڕێز هۆلاکۆ ..چونکە ئەوانە دەستیان بە خوێنی مرۆڤایەتیی سوور بووە..بە پێچەوانەوە بەوانەی کە خزمەتیان بە مرۆڤ کردووە، نازناوی بەرز بەخشراوە، بۆ نمونە نازناوێ (سێر sir ) کە پلەیەکی ڕێز و پێزانینی کۆمەڵایەتییە ئەدرێتە ئەکتەرێکی وەک شین کۆنری یان جیریمی ئایرۆنز ..کەچی بەرلسکۆنی کە سەرۆکێکی ملیاردێری ووڵاتێکی وەک ئیتاڵیایە، هیچ نازناوێکی ڕێزی پێنادرێت و لەبەرامبەر بێڕەوشتییەکانیدا کە ڕابواردن بووە لەگەڵ کچە گۆرانیبێژێکی مەغریبیی خوار تەمەنی هەژدە ساڵ، سزای هەفتەیەک شەقام پاککردنەوەی بەسەردا ئەسەپێنرێ و لە سەرۆکایەتیی لادەدرێت و کاتێکیش کە ئەمرێ ناکرێتە هەواڵێکی گرنگ و لە یاد ئەکرێت..ئایا ئەگەر ئەو سزایە بەسەر سیاسییەکانی ئێمەدا بسەپێنرێ، ئەبێ هەتا چەند ساڵ شەقامەکانمان بریقەیان لێوە بێت؟
    ++ شتێکی تر هەیە، من زۆر بێزار ئەکا، ئەویش سێڵفییە .. بەرپرسێ، وەزیرێ، شاعیرێ، مردوویەک شتێ ئەبینێ، یەکسەر سێڵفییەکی لەگەڵدا ئەچرکێنێ ..ئەمە پێی ئەوترێ ماڵی سپی بۆ ڕۆژی ڕەش .. هەیە چل ساڵ پێش ئێستا وێنەیەکی لەگەڵ سەرکردەیەکدا گرتووە، ئیتر ماڵەکەی و واڵەکەی و وەتس ئەپەکەی و ماسنجەرەکەی و تیکتۆکەکەی و سناپەکەی و هەرچی شتی هەیە لەو ڕەسمەی هەڵکێشاوە..ئەمە چەتاڵکردنەوەی کەسایەتیی مردووی خۆیەتیی بەو سەرکردەیەی کە بە ڕای خۆی نەمرە و کاریزمایە، وەک چۆن پاترییەکی مردوو بە پاترییەکی تازە چەتاڵ ئەکرێ ..
    هەندێ جاریش بۆ دەرخستن و خۆ بردنە پێشەوە و خەڵک ترساندن و سنگدەرپەڕاندن ئەو سێڵفییانە بەکار ئەهێنن..
    بەڵام لە ڕاستیدا چرکاندنی سێڵفی لەگەڵ کەسێکی سیاسیدا، بەڵگەی سەر و مڕی چڵکاو خۆریی و بودەڵەیی و هیچ لە بارانەبوونە..ئەم سێڵفیگرتنە لە جیهاندا کاری مناڵ و هەرزەکارەکانە کە داوا لە کەسە بەناوبانگەکانی وەرزش و سینەما و ڕاگەیاندن دەکەن وێنەیەک بچرکێنن، واتا کارێکی مناڵانەیە و لای ئێمە بووە بە کاری پیاوە ملپانە تەنگە ئەستوورەکان ..
    لەوەیش ناخۆشتر، کاتێ شاعیرێ یان کەسێکی بەهرەداری پەڕاوێز خراو، کە ساڵەهای ساڵ کەسێک لە دەرگاکەی نەداوە و چایەکی لەگەڵدا نەخواردۆتەوە و پیاسەیەکی لەگەڵدا نەکردووە، توشی کارەساتێک ئەبێ، یەکسەر سێڵفیچێکان لە چواردەوری کۆدەبنەوە و دەست ئەکەنەوە بە چرکاندنی وێنەی سێڵفی لەگەڵیدا، چونکە لەو ئان و ساتەدا فۆکەسی ڕاگەیاندنەکان لەسەر ئەو پیاوە بەهرەدارە کارەساتبارە قوڕبەسەرەدایە، ئێ چۆن ئەبێ ئەو هەلە زێڕینە لە کیسی سێڵفیچێکان بچێ؟ ئیتر هەرچی تۆڕی کۆمەڵایەتیی و پێگە و ڕۆژنامە ئەلیکترۆنییەکانە پڕ دەبن لە وێنەی کاکی سێڵفیچیی لەگەڵ شاعیرە یان هونەرمەندە کارەساتبارەکەدا، وەک لەم ڕۆژانەدا لە مەرگی هاوسەری لەتیف هەڵمەتی شاعیردا ئەیبینین بۆ نمونە.
    +++ ساڵەهای ساڵە ئەکەوینە ناو چاڵ و قۆرتی ڕێگاکانی ناوشارەوە، ئەوەیش فیدباکێکی ترس و خەمی لەلادروستکردووین، وەک چۆن ووتراوە مارانگاز لە گوریس ئەترسێ و ئەپرینگێتەوە.. یان وەک بیردۆزەکەی پافڵۆف، لەگەڵ داگیرساندنی گڵۆپەکەدا، سەگەکە دەمی لیکی دەکرد، چونکە پێشتر چەندین جار لەگەڵ داگیرساندنی گڵۆپەکەدا، خواردنی دەدایە سەگەکە..
    ئێمەیش وامان لێهاتووە چاڵ و قۆرتەکانی شەقامەکانی ناوشار و دەرەوەی شاریشمان لەبەر کردووە، چونکە ئەرکی چاککردنەوەی شەمعە ودەبڵ و ڕۆت و بۆڵد و تەبەڵە و بۆڵبڕین ئەوەنە سوک و ئاسان نییە هەتا وەک پۆلە وەنەشە و لێگزسی بەرپرسە ماندوونەناسەکان بێ ماندوو بوون و بێ خەم و ماندوونەناسانە لەو چاڵ و قۆرتانە بدەین.
    ئەرەوەڵڵا لە سورەتی فاتیحا و سروودی شاخی سەوز و بەرزی گۆیژە، باشتر و ڕەوانتر تاسەکانی شارم لەبەر کردووە .. ئەوەی بەردەم خەستەخانەی جمهوریی، ئەوەی پشت عەلی کەمال، ئەوەی بەردەم دوکانەکانی سەرچنار ،بەردەم باخچەی ساوایانی ئیسکان، بەردەم و پشتەوە و تەنیشتی مزگەوتی حاجی جەلالی ئاسنگەر و …زۆری تر ..
    ئەمڕۆ لەبەردەم پیتزای یەمی یەمیدا بەخێرایی سەیارەکەم ڕاگرت، کوڕەکەم ووتی باوکە ئەو ئیستۆپە چی بوو؟
    ووتم ڕۆڵە ئەی چاڵ و تاسەکەی بەردەم یەمی یەمیە، ئەی نابێ خۆمی بۆ ئامادە بکەم ؟
    کوڕەکەم ووتی دوو هەفتەیە چاککراوە، تۆ جوان سەیری بکە ..
    ووتم ئەزانم .. بەڵام تۆ ئەتەوێ بیرەوەریی و برینی دە دوانزە ساڵ بە قیرتاوی دوو هەفتە یەکسەر بسڕێتەوە و نەمێنێ ؟؟
    وەڵاهیی تا دوو ساڵی تر لە خەویشدا بە بەردەم یەمی یەمیدا بڕۆم ئیستۆپێکی بۆ نەگرم دڵم ئاو ناخواتەوە و هەست ئەکەم بێ حورمەتییم بەرامبەر بە ماشێنەکەم کردووە ..
    چاڵێک یان هەر شتێک بچێتە ناو بیرەوەرییەکانەوە زۆر بە زەحمەت لا دەچێ و ئەسڕێتەوە، هەر بۆیە لەو وڵاتانەی مرۆڤی مۆدێرنیان تێدا ئەژی و مرۆڤدۆست بەڕێوەیان ئەبەن، بچوکترین چاڵ و قۆرتی ڕێگا، لەماوەی 24 سەعاتدا چارەسەر ئەکرێ، من خۆم لە تورکیا ئەو خزمەتگوزارییەم بینیوە پیکابێکی بچوکی سەر داخراوە، لێی نوسراوە بەلەدییەسی، ئەو قۆرت و شکانی شایگەری شۆستە و شتە ووردانەی لەو ڕۆژەدا ڕوویان داوە، بە شەودا فریاگوزاریی خێرایان بۆ ئەکرێت و چاک دەکرێن بە ئەرکێکی کەم و تێچوویەکی کەم، لە کاتێکدا لای خۆمان کە قۆرتێکی ڕێ دروست ئەبێ و خشتێ ئەجوڵێت، بۆ شەوەکەی بەرپرسەکان لە یانە شەوانەکانا خەریکی فریاگوزاریی مێشک و گەدەی خۆیانن، هەتا ئەو قۆرت و خشتە شکاوانە، گەورە و گەورەتر ئەبن و .. بە بودجەیەکی زەبەلاح کە نیوەی بۆ چاکسازیی گیرفانی خۆیانە، پینە و پەڕۆی دەکەن ..ئە چاکسازییە لە کاتێکدایە، تازە ئەو چاڵ و قۆرت و ناشیرینیانە بۆ هەتا هەتایە چوونەتە ناو کڕۆمۆسۆم و یادەوەرییەکانمانەوە و قەت لە یادمان ناچنەوە.

نەوزاد بەندی




دوو هۆنراوە بۆ منداڵان.. فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی

خۆر

ئەی خۆری جوانی ئاسمان
هاوڕێی ئێمەی منالان
تۆڕۆشنایی چاومانی
بۆمان بڵێ گۆرانی
ئێمەش کازیوەی بەیان
دەچینەلای هەوری جوان
ماڵێک لەبەرزی ئاسمان
دروست دەکەین بۆژیان
پەنجەرەی والا دەکەین
لەوێش هەرتۆبانگ دەکەین
هەمیشە هاوڕێمان بە
ڕوناکی ڕێگەمان بە
دەمانەوێ وەک تۆبین
لابەری تاریکی بین
دەخوێنین بەژیرانە
لەماڵ وقوتابخانە
هەتاڕوی ئێمەش جوان بێ
وەکو ڕوی تۆ ڕوناک بێ.

وێنەکێشان

خولیام وێنەکێشانە
ئارەزوویەکی جوانە
زۆرئاسودەودڵخۆشم
کاتێک وێنەدەکێشم
قەڵەم بۆیەی ڕەنگاوڕەنگ
پەڕاوی وێنەی قەشەنگ
هاوڕێی منن بەردەوام
بونەتە بەهرەوخولیام
بەڕێنمایی مامۆستام
پەرەدەدەم بەخولیام
بۆکێشانی وێنەکەم
دەست بەهێڵکاری دەکەم
دوای هێڵکاری وێنەکەم
لەسەرخۆ ڕەنگی دەکەم
هەرشتێک بەشێوەی خۆی
ڕەنگ بەکاردەهێنم بۆی
ئینجا ئەندازەی دەگرم
تالەچوارچێوەی بگرم
بۆچالاکی قوتابخانە
بەشدار دەبم ساڵانە