وەڵامێک بۆ ڕەخنەکانی بەڕێز کاک هۆمەر محەمەد لەسەر ووتارێکی من لەسەر چۆنێتی بەکوردستانی کردنی هەرتاکێک کە دەیەوێت لە کوردستاندا بژیت.. کاوە حەسەن

لە وتارێکی ڕەخنەگرانەدا، بەڕێز کاک هۆمەر محەمەد، سەبارەت بە چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ هاتنی دانیشتوانی شارەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بۆ کوردستان بەتایبەت (هاوڵاتییانی عەرەب بەڕێژەیەکی زۆر)، هەوڵی داوە لە ڕوانگەی مێژوویی، دەستووری و سیاسییەوە سەرنجمان ڕاکێشی بۆ ووردبوونەوەی زیاتر لەسەر پرسی پارێزگاریکردن لە کوردستانی بوونی شارەکان و پاراستنی دیمۆگرافیای کوردستان.
سەرەتا دەستخۆشی لە بەڕێز کاک هۆمەر دەکەم سەبارەت بە ڕەخنەو بۆچوونەکانی. وە پێویستە و گرنگیشە لەڕێگەی ئەم جۆرە باسانەوە، ئاراسەتەکان دوور راگرین لەهەڵوێستی کاردانەوەی سۆزداری و قسەکردن لە سەنگۆی قوربانی بوونەوە بۆ دەستڕاگەیشت بە ڕێگاچارەی گونجاوی مرۆی بۆ ژیانێکی شایستە بۆ ئەوانەی دەیانەوێت لەکوردستاند بژین. گرنگە بەدواداچوون لەسەر پرسی دیمۆگرافی، ناسنامەی نەتەوەیی، نیشتەجێبوون و پەیوەندیی نێوان کورد و پێکهاتەکانی دیکەی عێراق بکەین. بەسەرکردنەوەی ئەم پرسانە گرنگە چونکو پرسی دیمۆگرافی کوردستان و ترس لە گۆڕینی بە تەنیا پرسێکی یاسایی یان ئابووری نیە. ئەم پرسە بۆ خەڵکی کوردستان و کوردستانیان بەشێوەیەکی سەرەکی پرسێکی سیاسی و مێژووییشە (هەروەک کاک هۆمەریش ڕوونی کردەوەتەوە). بابەتەکەی پێشووی بەندە کە کاک هۆمەر لەسەری نووسیوە هەنگاوێکە بۆ گۆڕینی گفتوگۆ لە پرسی کێ بێت و کێ نەبێت بۆ پرسی چۆنێتی پاراستنی نەک بەتەنیا لە ڕێگەی پێکەوە ژیان، بەڵکو سازدانی ناسنامەی کوردستانی بوونیشە. سەرەتا بۆ دەستگەیشتن بە وەڵامی درووست بۆ ئەم پرسیارە، گرنگە لە چوارچێوەی کاردانەوە بێینە درێ و ئەوە قبووڵ بکەین کەکۆچ و گەڕان بەدوای ژیانێکی باشتردا دیاردەیەکی جیهانییە، وەهیچ شوێنێکی نیشتەجێ بوون بە تەنیا لەڕێگەی قووڵکردنەوەی هەست و خۆپاراستنی نەتەوەیەوە ناتوانێت بەر بەهاتنی کەسانی دەرەوە بگرێت. ئەو شوێنانەی کە لەباری ئابووری و ئاسایشەوە پێشکەوتوو و ئارامترن، هاتنی کەسانی غەیرە دیاردە و گرفتێکی بەرچاوە لە ئەمڕۆدا مامەڵەکردن لەگەڵێدا کارێکی ئاسان نییە.
بۆ ڕۆشنکردنەوە و هەڵسەنگاندنی دیاردەی هاتنی بەلێشاوی هاوڵاتیانی عەرەب بۆ کوردستان، گرنگە ڕاوێژ بە هەندێ سەرچاوە بکەین کە کارئاسانی زۆریان لەسەر تێگەیشتن و دەستڕاگەیشتن بە وەڵامی گونجاو بۆ ئەم بابەتە کردوە. بەسەرکردنەوەی تێڕوانینە جیاکان سەبارەت بە پرسی ناسیۆنالیزم و دیمۆگرافیا، پەیوەندی نێوان تاکەکان لە شوێنێکی تایبەتدا، (کە لەم باسەدا کوردستانە) گرنگن بۆ وەلانانی سیاسەتی کاردانەوە و ئاواکردنی گێڕانی ڕۆڵی قوربانی لەدەستبرکردن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کوردستان.

گرنگە بپرسین، لە ٣٥ ساڵی ڕابردوودا چی جۆرە هەستێکی ناسیۆنالیستی بنیاتنراوە؟ وەئایا بەپێی ئاڵۆزبوونی سروشتی مێژووی، فەرهەنگی و سیاسی ناوچە کوردستانییەکان، چی جۆرە ناسیۆنالزمێک دەتوانیت سوود بەخش بێت و ئارامی و پێشکەوتنی زیاتر فەراهەم بکات بۆ کوردستانیان؟ گرنگە ووردتر بپرسین، بۆ چونێتی تێگەیشتنی زیاتر و مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەی هاتنی هاوڵاتییانی عەرەب بۆ کوردستان، دەکرێت کەڵک لەچی جۆرە ناسویۆنالیزمێک وەربگیردرێت؟ بۆ دەستگیربوون لە وەڵامی درووستی بۆ ئەم جۆرە پرسیارانە، پێویستە پێناسە جیاجیاکانی ناسیۆنالیزم بەسەر بکەینەوە، کە لەلاین چەندین توێژەرەوە تاوتیۆکراوە و لیرەدا بۆچوونەکانی ( ئیرنیست گیڵنەر، بینەدک ئەندرسن وئەنتۆن دی سمث) بەسەر دەکەینەوە.
بۆ نموونە، گیڵنەر، پێی وایە کە ناسیۆنالیزم بەرهەمی مۆدێرنیتەیە نەوەک دیاردەیەکی سروشتی و هەمیشەیی مێژوویی. ئەو پێی وایە کۆمەڵگەی پیشەسازیی مۆدێرن پێویستی بە جۆرێک لە کەلتووری هاوبەش و ستانداردکراو هەیە. پێویستی بە هێزی کارێک هەیە کە خوێندەوار بێت، بتوانێت لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە بگوازرێتەوە، بتوانێت لەگەڵ دامەزراوە و ژینگەی نوێدا خۆی بگونجێنێت، زمان و شێوازی پەیوەندیی هاوبەشی هەبێت و لە سیستەمی پەروەردەی گشتیی ستانداردکراودا بەشدار بێت.
بۆیە ئەگەر ئێمە باس لەدەوڵەتداری و بەزاندنی بەرژەوەندی حزبی دەکەین بۆ پاراستنی دیمۆگرافیای کوردستان و دەمانەوێت بنەماکانی دەوڵەتێکی مۆدێرن بنیات بنێین، پێویستە کەڵک لەو مۆدێلانە وەربگرین کە نمونەی جوانیان بۆ پاراستنی دیمۆکرافی و ناسنامەی نەتەوەی خستوەتە نێو فەرهەنگی سیاسیەوە. پێویستە دەست بۆ ووشیاری مۆدێرن و سیستەمی پەروەردەی مۆدێرن بەرین، پێویستە کەڵک لە پەروەردەی گشتی و فەراهەمکردنی زمان و مێژوو و زانیاری کەلتووری هاوبەش بۆ کوردستانیان وەربگرین. گێلنەر پێمان دەڵێت، نەتەوە و ناسیۆنالیزم تەنیا بە مێژووی کۆن و خوێن و ڕەچەڵەک ڕیشەدار نابێت؛ بەڵکوو دامەزراوە و تێگەیشتنی مۆدێرن، بە تایبەت لەسەر پەروەردە، زمان و دەوڵەت، ڕۆڵێکی بنەڕەتییان هەیە لە سازدانی هۆشیاری گشتی وپێکەوە گرێدانی تاکەکانی کۆمەڵگا. بەکەلک وەرگرتن لەم ڕوانگەیەی گیڵنەر، ئەتوانین بڵێین زمانی کوردی تەنیا بابەتێکی کەلتووری نییە؛ دەتوانێت ببێتە بەشێک لە ژێرخانی کۆمەڵایەتی و دامەزراوەییی کۆمەڵگا بۆ گشت ئەوانەی کە دەیانەوێت ئەم زمانە فێرببن تاکو لە کوردستاندا بژین.
بۆچونێکی تر، بینەدک ئەندەرسن، نەتەوە بە کۆمەڵگایەکی خەیالکراو دەزانێت. ئەم بۆچوونە بەو مانایە نییە کەبوونی نەتەوە بخاتە ژێر پرسیارەوە، بەڵکوو بەو مانایەیە کە زۆربەی ئەندامانی نەتەوە یەکتری بە شەخسی ناناسن، بەڵام هەموویان خۆیان بە ئەندامی هەمان کۆمەڵگە دەزانن.
ئەم بۆچوونەی ئەندرسن پێمان دەڵێت: بۆ نموونە، کوردێک لە هەولێر دەتوانێت هەست بە پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵ کوردێک لە کرماشان، دیاربەکر یان قامیشلۆ بکات، تەنانەت ئەگەر هەرگیز یەکتریان نەبینیبێت. ئەم تێڕوانینەی ئەندەرسن گرنگە بۆ چۆنێتی مامەڵەکردن لە گەڵ تاکی تازە نیشتەجێبووی غەیرە کورد لەکوردستاندا، گرنگە بپرسین چۆن لەڕێگەی زمانەوە هەستی (بوون بە بەشێک لە هەموان) لەناخی ئەو تاکەدا درووست بکەین؟ ئەگەر ئەو تاکە توانی بەکوردی بدوێ، بنووسێ، بخوێنێتەوە و ڕێز لە نەریتە کۆمەڵایەتیەکان و یاساکانی هەرێم بگرێت، ڕاستەوخۆ نابێتە تاکێکی کوردستانی؟.

ئەنتۆن د سمث پێی وایە نەتەوەی مۆدێرن زۆرجار لەسەر بنەمای مێژوو، بیرەوەری، هێما و ناسنامەی کۆمەڵە ئەتنیکییە پێشووەکان بنیات دەنرێت. بۆچونەکانی سمث بۆ ئەم باسە زۆر گرنگن، چونکە تیۆرییەکەی ڕێگە دەدات بڵێین ناسنامەی کوردی تەنیا بە دامەزراوە مۆدێرنەکان دروست نەکراوە؛ بەڵکوو مێژوو، زمان، بیرەوەری، ئەدەبیات، هێما وپەیوەندی بە خاکیش لە دروستکردنی ئەو ناسنامەیەدا ڕۆڵیان هەیە و دەبێت. ئەم بۆچونەی سمث بۆ باسکردنی گۆڕانی دیمۆگرافی گرنگە، چونکو ئەگەر ناسنامەی نەتەوەیی لەسەر بیرەوەری و هێما و پەیوەندی بە خاک بنیات نرابێت، ئەوا گۆڕانی دیمۆگرافی دەتوانێت لەلایەن کۆمەڵگەوە وەک پرسیارێک سەبارەت بە بەردەوامیی ناسنامە ببێتە پرسێکی هەستیارو ڕەنگە زۆربەی نیگەرانیەکانی کاک هۆمەریش لەم سنگۆیە بێت. بەڵام لەهەمان کاتدا گرنگە ترس وهەڕەشە لە سەر گۆڕینی دیمۆگرافی هێچ کات نەبێتە پاساو بۆ فەرامۆشکردن و بەقوربانی کردنی مافی تاک و نیشتەجێ بوون. جیاکردنەوەی ئەم دوو چەمکە گرنگە بۆ ئەوەی گفتوگۆکەمان سنووری «نیگەرانی» و «ڕەتکردنەوە» تێپەڕێنێت. گرنگە پرۆسەی هەوڵی پاراستنی دیمۆگرافی کوردستان هاوتەریب بێت لەگەڵ ئازادی نیشتەجێ بوون بۆ ئەوانەی کە دەیانەوە ببەنە بەشێک لە کۆمەڵگای کوردستانی. بۆ نمونە، هەروەک کاک هۆمەر خۆشی ئاماژەی پێکردووە، مافی ئازادی نیشتەجێبوون بۆ هاووڵاتییان لە دەستووری عێراقدا بەڕەسمی ناسراوە و هەرێمی کوردستان پابەندە بەوە دەستورەوە، بەڵام کاتێک هاوڵاتییانی غەیرە کورد ڕوو لە کوردستان دەکەن و لەبری ئەوەی ئەم ( هاتنی بەڵێشاوە بە بەردەوام بوونی سیاسەتی تەعریب) پێناسە بکەین ، گرنگە بپرسین چۆن بتوانین ناسنامەی کوردستانی بوون بپارێزین؟ بەڵی سەرباری بوونی هێما و پەیوەندی تاکی کوردستانی بە خاکی کوردستانەوە، مێژووی ناوچە کوردستانیەکان پڕە لە قوربانی و پاکتاوکردنی سیستەماتێک لەلایەن دەوڵەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراقەوە. بەڵام لە بری ترس و کاردانەوە و گەڕانەوە بۆ ڕابردوو و ئاراستەکردنی گازەندەکان لەچوارچێوەیکی سنورداردا، بۆ ناواقعی و غەیرە کوردستانییە کەلک لەو نموونانە کە دووبارە لە درێژەی باسەکەدا باسیان دەکەین و (کاک هۆمەر بە نموونەی نا واقعی و غەیرە کوردی و نەشیاو بۆ ناوچەکە دەیان بینێ) بەدوای چارەسەری شیاو گونجاودا بگەڕێین؟
هەوڵدان بو وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە گرنگە چونکو هەوڵدانە بۆ دوورکەوتنەوە لە تێڕوانینی کاردانەوەی سۆزداری و دەرچوون لە بازنەی پاوانکردنی یەکتری کە ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق برەویان پێداوە و کاریان پێکردووە. لێرەدا گرنگە لە ڕێگەی باسکردنی چەمکی مێژوو، چەمکی گۆڕینی دیمۆگرافی یان مافی نیشتەجێبوون، ئاوێتە بوون یاخوود integration” “ ، کۆپی کردن یاخوود فێربوون لە ئەزموونی ووڵاتە پێشکەوتووەکان دەستمان بە وەڵامی ڕۆشن و گونجاو بگات.

ڕاستە مێژوو نابێت لەبیر بکرێت، بەڵام نابێت تەنیا پاساو بێت بۆ هەڵوێستی سیاسی.

هیچ کەسێک ناتوانێت ئەزموونی کورد لەگەڵ سیاسەتی تەعریب، گواستنەوەی زۆرەملێ، ئەنفال، کیمیاباران و گۆڕینی دیمۆگرافیی ناوچە کوردنشینەکان پشتگوێ بخات. وەبەندە ئەگەر لەکوردستان بژیم یاخوود هەرجێگەیەکی تری دنیا، ناتوانم نکۆڵی نەک لە کوردستانی بوون، بەڵکو کەرکوکی و گەرمیانی بوونم بکەم، کە چەندە سیاسەتەکانی تەعریب و ئەنفال و پاکتاوکردن ڕاستەوخۆ ڕچکە و ساراپای ژیانی من و خێزانەکەم و کەسە نزیکەکانمی بۆ هەتا هاتایە گۆڕی.
من لەو باوەڕەدا نەبووم و نیم کە سیاسەتی تەعریب لە عێراقدا تەنها هەڵەیەکی تاکە کەسی بوو، یاخوود دەوڵەتی عێراق نیازێتی بەشێوەیکی مەدەنیانە پرسی نەتەوەکان و تێکەڵبوونیان بەیەکتر وەک شوێنەکانی تر (دنیای ڕۆژئاوا) چارەسەر بکات. وە هیچ کاتێک سروشتی دەستەڵاتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق بە هیچ شێوەیەک نیازپاکی و تێکەڵبوونی دانیشتوان نەبووە. بەڵکوو لەزۆربەی قۆناغەکاندا بە شێوەیەکی سیستەماتیک نیازی بەعەرەبی کردنی ناسنامەی شارە کوردستانیەکان یەکێک لەسیاسەتە سەرەکیەکانی هێزە عێراقیەکان بووە.
من تەواو هاوڕام لەگەل کاک هۆمەردا سەبارەت بە ساڕێژ نەبوونی برینی ئەنفال و پاکتاوکردن و ڕاگواستن لەسەر کورد بون. وە ئەو شایەتیەش بۆکاک هۆمەر دەدەم کە ئەو بەس خەریکی نووسین نەبووە، بەڵکو گوند بە گوندی گەرمیانی بەسەرکردوەتەوە بۆ ئەوەی ئازارەکانی کەسە نزیکەکانی من بەدنیا بگەیەنێت. بەڵێ ئەو مێژووە نابێت وون ببێت، وە من خۆم بەکەمتەرخەم دەزانم سەبارەت بەگوزارشتکردن و باسکردنی چۆنێتی وونبوونی کەسە نزیکەکانی خۆم لە گوندەکانی عەلی موستەفا و تاوێربەرز و مامشە و قۆچەلی و چەندین شوێنی تر. بەڵی من کەمتەرخەمم. بەڵام گرنگە بەتەنها مێژوو نەبێتە بنەمای هەموو سیاسەتێکی داهاتوو بیرکردنەوەیەکی داهاتوومان. ڕەنگە پێویست نەکات هەزاران ساڵ بگەڕێینە دواوە بۆ ئەوەی کەسانی غەیرە کوردستانی بهێنیە ئەو باوەڕەی کە کێ سەرەتا لەناوچەکەدا ژیاوە، یاخوود چونکو میژوو ئاوا بووە، پێویستە نەتەوەکان هەمیشە لە دۆخی ترس و گوماندا بمێننەوە. لەبری کارێکی وا گرنگە بپرسین چۆن مێژوو ببێتە بنەمای هۆشیاری، نەک بەربەستی گەوڕە و توڕەیی و ترس بۆ دروستکردنی داهاتوویەکی ئارام و سەقامگیر لە کوردستاندا؟
گرنگە هەڵوێستە لە سەر ئەوە بکەین کە ئەگەرچی تەعریب لە ڕابردوودا بە زۆر و دەسەڵاتی دەوڵەتی ئەنجام دراوە، ئێمە چۆن هاتنی تاکێکی عەرەب یاخوود هەرنەتەوەیەکی تر لە هەڕەشە بۆ سەر گۆڕینی دیمۆگرافی کوردستان بگۆرین بۆ جەسپاندنی زیاتری کوردستانی بوونی ناوچە کوردستانیەکان؟ وەڵامێکی سادە بۆ ئەم پرسیارە ئەوەیە کە ئێمە پێویستە جەخت لە دروستکردنی دامەزراوەکانی حکومڕانی بکەین، وە لەڕێگەی دامەزراوەکانەوە و بەداڕشتنی پلان و سیاسەتی درووستەوە هیچ گرووپێک نەتوانێت لە داهاتوودا بە زۆر ناسنامەی گرووپێکی دیکە بگۆڕێت. لەمەش گرنگتر ناسنامەی هەرێمی کوردستان و کوردستانی بوونی نەبەستینەوە بەڕێژەی دانیشتوانەوە یاخوود یەک نەتەوەوە، چونکو کوردستان بەتەنها خەڵی کورد تێیدا ناژێت. کوردستان وەک زۆربەی ووڵاتانی دنیا نیشتیمانێکی فرە نەتەوەیە، بۆیە وەگرنگە کرۆکی سیاسەت و پلانەکانی دامەزروەکانی دادپەروەری بێ لەنێوان دانیشتوانی هەرێمی کوردستاندا لەڕێگەی سازدانی هەستی کوردستانی بوونەوە، وەلەڕێگەی دادپەروەریە دەکرێت گەرەنتی پاراستنی ناسنامەی کوردستانی بوون مسۆگەر بکات.

جیاوازی نێوان «نیشتەجێبوون» و «پڕۆژەی گۆڕینی دیمۆگرافی»

لەرەخنەکانی کاک هۆمەردا ڕۆشن نییە کە ئەگەر کەسێکی عەرەب، تورکمان، ئاشوری یان لە هەر پێکهاتەیەکی تر کە ڕوو لە کوردستان دەکات بۆ کارکردن، خوێندن، ژیان و نیشتەجێبوون، چون بتوانین لە «پڕۆژەی تەعریب» دایماڵین و نەچێتە خزمەت سیاسەتی تەعریبکردنەوە؟ ئەم پرسیارە گرنگە لەبەر ئەوەی هەرێم ڕەنگە پێویستی بە هێزی کار هەبێت، ڕەنگە زانکۆکانی بەبەراورد بە زانکۆی شارەکانی تری عێراق لەپێشتر بن. ڕەنگە ئارامیی و پێشکەوتنێک کە لە کوردستان فەراهەم بووە هاندەر بێت بۆ زۆر خانەوەدا کە بیانەوی لەهەرێمی کوردستاندا ژیان بکەن. پێویستە هەریەک لەم هۆکارانە بۆ هاتنی بەلێشاو بۆ هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پلانی ڕۆشن و سیاسەتی قوڵکردنەوەی ناسنامەی کوردستانی بوونی هەرێم ڕێکبخرێنەوە. بەدواداچوون و هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی مێژوو زۆر گرنگن، بەڵام گرنگە بپرسین کە ئایا هەنگاوەکانی یەکە ئیدارەیەکانی هەرێمی کوردستان چی جۆرە بایەخێکیان بە سیاسەتی کوردستانی بوون داوە؟ گرنگە دەستەڵات بەهەموو ئەو تێبینیانەی کە لەسەری هەمانە بکەوێتە دارشتنی یاساو پلان بۆ مامەڵەکردنی جیاواز لە نێوان نیشتەجێبوونی تاک لە کوردستاندا لەلایەک وە پرۆژەی گۆڕینی دیمۆگرافی کوردستان لەلایەکی تر. گرنگە لە ڕێگەی سیاسەت و نیازی ئاوێتە بوونەوە بتوانین تەوژمی هاتنی هاوڵاتیانی عەرەب داماڵین لە نیاز یاخوود بوون بە بەشێک لە پرۆسەی تەعریبکردنی کورستان بە کەلک وەرگرتن لەو ڕێگاچارانەی کە لەدنیادا بۆ بەرگرتن بە گۆڕینی دیمۆگرافیا و ناسنامەی هەرێمەکان بەکار هاتوون. باسکرنی کەنەدا، سویسرا یاخوود هەرشوێنێکی تری دنیا بەو مانایە نییە کە من خۆم جیا بکەمەوە لەخەڵکی کوردستان و وەک غەیرە کوردێک لەسەر بابەتەکان قسە بکەم. نا بۆ من زیاتر کەڵک وەرگرتنە لەو ڕێگا چارانەی کە بۆ پاراستنی پارسەنگی نەتەوە جیاکان لە سنووری ووڵاتێکدا بەکار هاتوون. دوورکەوتنەوەیە لە هەڵوێستی سۆزنواندن و ڕۆڵی قوربانی گێڕان و نزیک بوونەوەیە لە چۆنێتی کەڵک وەرگرتن لەو نموونانەی کە گرفتەکانیان هاوشێوەی ئێمەن. گرنگە لەبری خۆبەستنەوە بە پاساوی ئەوەی کە کوردستان و عێراق نابێ بەراورد بکەین لەگەڵ ووڵاتانی پێشکەوتوودا و ڕەفتاری دژە مرۆییانەی سەرانی سەربازی سوپاکانی عێراق بە نمونە بهێنینەوە، لەو ڕێگا چارانە ووردبینەوە و بزانین چەندە گونجاون بۆ فەراهەمکردنی ئارامی و سەقامگیری زیاتر. گرنگە ئێمە بەدوای ڕێگا چارەیەکدا وێڵ ببین کە خەڵکی کوردستان یەکسان بکات لەگەڵ ئەو نەتەوانەی کە لەناوچەکەدا بۆ چەندین ساڵە لەگەڵ ئێمەدا ژیان دەکەن.
هەرچەندە ئێمە بەدواداچونێکمان لەبەردەستا نیییە کە پێمان بڵێ بیرکردنەوەی گشتی تاکی عێراقی چۆنە، مێژووی دەستەڵاتەکانی دەوڵەتی عێراق گەواهی ناسوێنالیستێکی نەژادپەرستی دژە خەڵکی کوردستان بووە. وە خۆشخەیاڵییەکی گەورەیە کە ئەگەر پێمان وابێت کۆمەڵگای عێراق و بەتایبەت شارە غەیرە کوردستانیەکان هەمان شێوەی ئەو ووڵاتانەیە کە ئێمە بە نموونە باسمان کردوون. بەڵام ئەگەر ئێمە لەو باوەڕەدا بیین کە کامڵ بوونی مۆدێلی حکومڕانی پرۆسەیەکی دڕێژخایەن وپێویستی بە پشوودرێژی هەیە، پێویستە بۆ پرس و کێشەکانی کوردستانیێش بیر لەڕێگاچارەی درووست بکەینەوە لەبری گەڕانەوە بۆ یاخی بوون و گەڕانەوە بۆ گێڕانی ڕۆلی قوربانی. بەڵێ لە عێراقدا هێشتا ڕێککەوتنە نهێنیەکان ئاراستەی سیاسەتکردن دیاری دەکەن، بەڵی دەستتێوەردانی ووڵاتانی ناوچەکە لە کرۆکدایە. بەڵام ناکرێت ئێمە ئاماژە بۆ ئەو ڕێگاچارانە نەکەین کە تاکو ڕادەیەکی باش سەرکەوتوون.

«ئاوێتەکردنی مەدەنی» بە مانای «ئاوێتەکردنی نەتەوەیی» یاخوود توانەوەی کورد نییە

لە وتارە سیاسیەکاندا سەبارەت بە پرسی پێکەوە ژیان و پاراستنی بەرژەوەندی نەتەوەیی خەڵکی ڕەسەنی ناوچەیەکی دیاریکراودا ئەرکی سەرەکی لەئەستۆی دامەزراوەکانی دەوڵەتدایە. لێرەدا هەروەک کاک هۆمریش پرسیوێتی کە ئایا هەرێمی کوردستان توانای بڕیاردان یاخوود جێبەجێکردنی مەرجی زمان و کولتووری هەیە؟ دڵنیام هەموو دەزانین کە لە هەرێمی کوردستان شتێک نییە بەناوی حکومەتی هەرێمی کوردستان. بەداخەوە بەبێ بوونی دەستەڵاتێک کە بتوانین پێناسەیەکی سادەی حکومەتبوونی بۆ بکەین، ڕەنگە زۆرێک لەبەرامبەر باسێکی لەم بابەتە لەئێستادا بێ ئومێد بن. بەڵام لێرەدا گرنگە بگەڕێینەوە سەر ئەو خاڵەی کە باسمان کردبووە (بۆ بەرگرتن بە سیاسەت و نیازی تەعریبکردن) کە ئەویش بابەتی تێکەڵبوونی یاخوود ئاوێتەکردنی مەدەنیانەیە «Civic Integration» . ئەم بابەتە پێویستە ببێتە جێگەی باس و بزوێنەری ئاراستەکان وەک بەرپەرچدانەوە بەنیاز یاخوود سیاسەتی تەعریبکردن. ئاوێتەکردنی مەدەنی لە شارە کوردستانیەکاندا دەبێت واتای ئەوە بێت کە:

• تاکی هاتوو پێویستە زمانی کوردی فێربێت بۆ ئەوەی بتوانێت لە ژیانی گشتی بەشدار بێت؛
• یاساکانی هەرێم بزانێت و ڕێزیان لێبگرێت؛
• بەشداریی ژیانی مەدەنی و کۆمەڵایەتی بکات؛
• لە هەمان کاتدا مافی پاراستنی ناسنامە و کولتووری خۆی هەبێت.
ئەمە خاڵانە دەاتوانن بەبێ ئەوەی پێویست بکات هەمووان هەوڵی بە یەک نەتەوەکردن یاخوود سڕینەوەی یەکتری بدەن جۆرێک لە هاووڵاتیبوونی هاوبەش لە جوگرافیای کوردستاندا دروست بکەن. گرنگە لەڕێگەی ئەم هەنگاوانەوە هەستی تاکێکی غەیرە کورد بگوڕدرێت بە هەستی (یەکێک لەئێمە). کاتێک ئەو تاکە بەهەمان زمان قسە دەکات، بەهرەمەندە لە هەمان یاسا و بەشدارە لە هەمان بۆنەی کۆمەڵایەتی و کەلتوریدا، وە زمانی هەڵسوکەتی ڕۆژانەی، لەدەرەوەی ژیانی تایبەتی تاکە کەسی، زمانی ڕەسمی هەرێمە، ڕاستەخۆ دەبێت بە تاکێکی کوردستانی بەبێ گۆڕین یاخوود لەبەرچاوگرتنی ناسنامەی ئیتنیکی.

ئەزموونی کەنەدا و سویسرا و شوێنە پێشکەوتووەکان نابێت کۆپی بکرێت، بەڵام کەڵکیان لێ وەربگیرێت

لە ڕەخنەکانی کاک هۆمەردا لە شوێنێکدا دەڵێت کە ناتوانرێت بە سادەیی مۆدێلی کەنەدا یان سویسرا لە دۆخی عێراقدا تاقەبکرێتەوە. ئێمە دەکرێت لێرەداجیاوازیی نێوان کۆپیکردن و یاخوود کەڵک وەگرتن باس بکەین. مەبەستی سەرەکی لە ئاماژەکردن بەو ئەزموونانە بەو مانایەیە کە ئایا ئەو بنەما دامەزراوەیی و هەنگاوە سیاسیانەی کە ئەوان بەکاریان هێناوە دەتوانێت بە لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندی کوردستان کەڵکیان لێ وربگیرێت؟ بۆ نمونە، لە کەنەدا، ناسنامەی کۆمەڵە جیاجیاکان بە یاسا و دامەزراوە و لەڕێگەی سیستەمی فیدراڵەوە پارێزراوە. لە سویسراش بەشێکی زۆر لە هاوسەنگییە نەتەوەییەکان لە ڕێگەی دامەزراوەکان و دابەشکردنی دەسەڵاتەوە بەڕێوە دەبرێت. لەوانەیە ئەوەی کوردستان پێویستی پێیەتی مۆدێلێکی خۆماڵیی هاوسەنگیی ناسنامە و هاووڵاتیبوون بێت کە هەرێم دەمێکە دەیتوانی لەڕێگەی دەستورێکەوە ئەم پرسەی یەکاڵا بکردابایەوە. ئێمە دەزانین کە گرفتی گۆڕینی دیمۆگرافیی کوردستان لەچوارچێوەی سات وسەوداکانی سەرانی دوو زۆنەکەی هەرێمی کوردستان کەمترین بایەخی پێدراوە. بەڵام ئایا بەڕەسمی دان بەهەرێمی کوردستاندا نەنراوە وەک هەرێمێکی تایبەت لە دەستووری عێراقی فیدراڵدا؟ بۆ نمونە ووڵاتی کەنەدا نمونەیەکی بەرچاوە بۆ نەک بەتەنیا ڕێزگرتن لە کیوبێک، بەڵام بۆ چۆنێتی کارکردن لەسەر درووستکردنی هەستی ناسیۆنالیزمێک کە نە نەتەوە دەسڕێتەوە و نە بایەخی تایبەتی پێدەدا، ئازادی نیشتەجێبوون کراوەتە هۆکارێک بۆ گەشەی ئابووری ودەستگیربوونی لە هێزی کار. هەستی سەربەخۆی لەهەرێمی کوێبێکدا تاکو ئێستا لەناو نەچووە، وە زۆر هۆکار هەن بۆ ئەم خۆ پاراستنە. بۆ نمونە، هەرکەسێک ڕوو لە کوێبێک بکات پێویستە فێری زمانی فەڕەنسی ببێت. وە بەپێچەوانەوە، ئەگەر تاکێک بیەوێت فێری زمانی ئینگلیزی بێت، هەرێمی کوبێک هیچ هاوکاریەکی مادی ناکات، ئەمە لەکاتێکدا، ئەگەر هەمان تاک بیەوێت فێری زمانی فەڕەنسی ببێت هەموو کۆمەکێکی مادی و مەعنەوەی دەخرێتە خزمەتیەوە بۆ فێربوونی زمانی فەڕەنسی. هەر بۆ خۆپارستن لە هاتنی بەلێشاوی پەناهەندەی ئیگلیز زمان، لە کویبێکدا تابلۆو ڕێنمای و ناوی شەقام و شوێنە گشتیەکان هەمووی بەزمانی فەڕەنسییە. بۆ ئەوەی مۆڵەتی کارکردن یاخوود بزنسکردنەوەت پێبدرێت دەبێت زمانی فەڕەنسی بەباشی بزانیت.
بێگومان لەگەڵ باسکردنی ئەم نمونانەدا، من و کاک هۆمەریش ڕووبەرووی پرسیاری ئەوە دەبینەوە کە ئایا شتێک هەیە بە ناوی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە؟ یاخوود دوو حزبی سیاسی کە کوردستانیان دابەشکردوو بەسەرخۆیاندا و بەناوی حکومەتی هەرێمەوە سەرەوەر و حاکمن لە توانیاندا هەیە ئەو جۆرە هەنگاوانە بنێن؟
بەداخەوە لە ئێستادا هەرێمی کوردستان لەخراپترین حاڵەتی بێ ئاسۆیدایە لەبارەی حکومڕانییەوە، بۆیە ئەگەر حکوومەتێک نەتوانێت یاسای هەبێت یاخوود بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان ڕچاو بکات، چۆن دەتوانێت سیاسەتی ئاوێتەکردنی مەدەنی جێبەجێ بکات. وە ئەگەر دوای ئەو هەموو ساڵە هێزە سیاسیەکانی هەرێم نەیانتوانیوە دەستورێک بۆ هەرێم ئامادە بکەن و تێیدا پێناسەی کوردستانی بوون مافی تاک دیاریکرابێت، چۆن دەتوانرێت داوای فێربوونی زمان لە نیشتەجێبووانی تازە هاتوو بۆ هەرێمی کوردستان بکرێت؟ ئەگەر لەساتوسەودای بازاڕی خانوبەرە و زەوویدا بە تەنیا سوود و قازانج لەبەرچاوبگرێت و هێج ڕێنمایەکی سەبارەت بە پاراستنی بەرژەوەندی گشتی نەتەوەی نەبێت، چۆن دەتوانێت ڕێگە لە گۆڕینی دیمۆگرافی بە شێوەی یاسایی بگیردرێت؟ ئەم پرسیارانە هەمووی دەچنە چوارچێوەی پرسی دەوڵەتدارییەوە بەشێویەکی گشتگیر کە بەنیگەرانیەکی زۆرەوە کەمترین قسەیان لەسەر کراوە..
بۆ دەستڕاگەیشت بۆ وەڵامی درووست بۆ ئەم پرسانە، پێویستە چاوەڕوانی لە حیزب وەلا بنێن و بەتەنها بە بەرگرتن لە هاتنی کەسانی غەیرە کورد یاخوود هاوڵاتیانی عەرەبە لە تاستی تاکە کەسیدا سەیری ئەم گرفتە نەکەین. گرنگە بە باسکردنی قوڵ لەسەر سەقامگیرکدنی دادپەروەری، بنیاتنانی دامەزراوەی بەهێز، یاسای رۆشن، دادگای سەربەخۆ و بەر بە نیازێکی لەوجۆرە بگرین؟ ئەگەر پرسی دیمۆگرافی تەنیا بە شێوەی «هاتنی تاک بە هەڕەشە» ببینین، بۆچون و هەوڵەکان دەکەونە ژێر کاریگەری کاردانەوی سۆزداریەوە. بۆیە گرنگە کوردستانی بوون و سازدانی هەستی تاکی کوردستانی بریتی بێت لە (من مافی تۆی تاک بە ڕەگەز و زمان و ئایین ڕەت ناکەمەوە؛ بەڵام تۆش نابێت مافی من بە کۆمەڵگەیەکی مێژوویی و سیاسی ڕەت بکەیتەوە). سازادانی ئەم تێگەیشتنە گشتییە گرنگە چونکو هەنگاوێکی سەرەکییە بۆ پێشنیازی (ئاوێتەکردنی مەدەنی) و گۆڕینی گفتوگۆ لە پرسی (کێ بێت و کێ نەێت) بۆ پرسی چۆن مافی نیشتەجێبوون ببێتە مایەی بەهێزکردن و پاراستنی ناسنامەی کوردستانی بوون لەڕێگەی پڕۆژەیەکی نوێی دەوڵەتدارییەوە.

سەرچاوەکان:

  • Schelling, Thomas C. (1960). The Strategy of Conflict. Cambridge, MA: Harvard University Press.
  • Rawls, John. (2005). Political Liberalism: Expanded Edition. New York: Columbia University Press.
  • Walzer, Michael. (1983). Spheres of Justice: A Defense of Pluralism and Equality. New York: Basic Books.
  • Human Rights Watch. (2003). Iraq: Forcible Expulsion of Ethnic Minorities: The Arabization of Kirkuk. Human Rights Watch.
  • Human Rights Watch. (2004). Claims in Conflict: Reversing Ethnic Cleansing in Northern Iraq. Human Rights Watch.
  • Kymlicka, Will. (1995). Multicultural Citizenship: A Liberal Theory of Minority Rights. Oxford: Oxford University Press.
  • Kymlicka, Will. (2007). Multicultural Odysseys: Navigating the New International Politics of Diversity. Oxford: Oxford University Press.
  • Taylor, Charles. (1994



( ڕۆمانی فڕینی پردەکان لە نێوان چێژی دەق و ساتمەکانی گێڕانەوەدا)دا.. پ. د.نەجم ئەڵوەنی

ئەم ڕۆمانە دووەم ڕۆمانی (دڵشاد کاوانی)یە کە چاپی یەکەمی لە ساڵی (٢٠٢٣) لە چاپخانەی (پاندا) دەرچووە. بە درێژایی (٣٤٥) لاپەڕە کۆمەڵێ ڕووداو دەگێڕێتەوە کە بەسەر کۆمەڵێ کارەکتەری خەیاڵیدا هاتووە، لەوانە سیراجەددین و تاجەددین و ئاپۆپ و سوبحلئەزەل و بەهادوور و کۆمەڵێ کارەکتەری لاوەکی وەک ئەوانەی لە حەقخانە دەژین و بڕوایان بە کتێبی قینات هەیە.
ڕۆماننووس لە کەشێکی خەیاڵیدا باسی ململانیی نێوان ئاینەکان دەکات و لە زاری کارەکتەرەکانەوە دەیەوێ ئەوە بە خوێنەر بڵێ کە ئەو ململانێیە لە گەوهەردا بۆ مەبەستێکی سیاسی و لە پێناو دەسەڵاتدا بەرپابووە، بەڵام لە بەرگێکی ئاینیدا خۆی نوواندووە ، و دواتریش ڕابەرانی ئاینی حەقە لە نێو خۆیاندا بەشەڕ دێن و بە دڕندەترین شێوە لەگەڵ یەک دەجەنگێن. بۆ نموونە ئاپۆپ هێرش دەکاتە سەر خانەی کەوشەن و سوبحلئەزەل دەگرێ و لە سێدارەی دەدات، بەهادوور بە کوێری و لاڵی ڕیسوا دەکرێ و لەسەر جادە فڕێ دەدرێ و دەبێتە سواڵکەر و سیلۆنی پیر پاش دادگاییەکی ئاشکرا ناچار بە خۆکوژی دەکرێ. پاشان لەلایەن زەینەفۆنی قارۆک و گوڵشەنی بەستامی کە هەردووکیان خوشکەزای سیلۆنی پیرن، کودەتا بەسەر ئاپۆپدا دەکرێ و دەکوژرێ و تەواوی کتێبەکانی قینات دەسووتێنرێن و دەسەڵاتێکی کۆماری بێ ئاین لە لایەن زەینەفۆنی قارۆک و گوڵشەنی بەستامییەوە دادەمەزرێ.

لەم ڕۆمانەدا بەهادوور و سوبحلئەزەل بەیاوەری نەدیمی نەدیو گەشتێکی خەیاڵی بۆ بیابانی (نەقەب) دەکەن و لەوێ لە یەکتر دادەبڕێن و کچێکی وردیلەی سینەساف بەهادوور دەدۆزێتەوە و لە مردنی ڕزگار دەکات و دەیباتە شارێک دەکەوێتە نێو بیابانەوە، لەوێ چاوی بە کۆمەڵێ سەرکردە دەکەوێ، لەوانە مهاتما گاندی کە خەریکی خوێندنەوەی کتێبێکە لەبارەی خۆشناو و خۆشناوەتی و ئارەزوو دەکات بەسەردان بێتە ناوچەی بالیسان. هەر لەوێ چاوی بە جیڤارا و ترامپ و هتلەر و ستالین و ئیبنی سینا و ماندێلا و سەدام دەکەوێ. ئەوەی سەیر و سەرنچڕاکێشە لە دیوانەکەی سەدامدا دەبینێ لەیلا قاسم و محەمەدی کوڕی عومەری خاوەر دەژین و لەیلا بەدەم گۆرانییەوە سی دوو ساڵە ساقۆ و جلە سەربازییەکانی سەدام دەشوا کەچی خاوێن نابنەوە و هەر خوێنیان لێ دەچۆڕێ، محەمەدیش لە ساڵی ١٩٨٨ وە بێ نان و ئاو هەر خەریکی گەمەکردنە. سەردانەکانی بەهادوور بە یاوەری کچە وردیلەی بیابان، هەمان ئەو گەشتەی نێو داستانی (کۆمیدیای خواوەندی) (دانتی)مان بیر دەخاتەوە کە بەیاوەری ڤێرجل و پیاتریس بۆ دۆزەخ و بەهەشت و دیتنی قەشە و پیاوە ئاینییەکان و کەسانی دیکەی دەکەن. دیوارەکانی شاری نێو بیابان و قەڵایەکەی لەلایەن داروینەوە دروستکراوە و نابێ ئەوانەی لەوێ دەژین لە عەتەبە و دیوانی خۆیان بێنە دەرەوە و تێکەڵی یەک ببن ئەگینا وەک کچە وردیلەی بیابان بە بەهادوور دەڵێ تەواوی ئەو شارە لەڕووی ئاسایشەوە دەشێوێ، چونکە زۆربەی دانیشتوانەکەی دژ بە یەکن، یان سەردەمێک دۆستی یەک بوونە و ئێستا دوژمنی یەکن. لەڕێی ئەو کچە وردیلە مەمک بڕاوەوە گوێی لە کارەساتی ئەنفال دەبێ و ئەو کچە یەکێک بووە لەوانەی لە مردن ڕزگاری بووە وەک خۆی باسیکردووە، بەڵام سەربازەکان بەکۆمەڵ دەستدرێژییان کردووەتە سەری. ئەم کچە لەلایەن نەدیمی نەدیوەوە کە ئەفسەرێکی سوپا بووە ڕزگار کراوە و هێناوێتی بۆ ناوچە شاخاوییەکان، بێ ئەوەی بزانێ ئەمە کچی خۆیەتی و داویەتی بە جووتیارێک، ئەو جووتیارەش وەک کچی خۆی خۆشی دەوێ@ و ژیانی دەپارێزێ، کەچی دواتر هەر لەلایەن نەدیمی نەدیوەوە دەکوژرێ کاتێ داکۆکی لەو کچە کردووە و هەوڵیداوە ڕێگری بکات بۆ ئەوەی نەدیم و سەربازەکانی دەست درێژی بۆ سەر ناموسی ئەو کچە نەکەن کە لە بنەڕەتدا کچی خودی نەدیمە و ئێستا نایناسێتەوە، چونکە بە منداڵی لە تەمەنی سێ ساڵیدا لەبەر هەژاری و نەبوونی لەسەر داوای ئەو و بە ڕەزامەندی ئاپۆپی برای لەلایەن پوورە پەتییەوە دراوە بە کەسێک و ئەویش نازانێ ئەو کەسە کێیە، ڕێبوارە یان قەرەجە و لە شوێنێکی دیکەی ڕۆمانەکە کە دواتر باسی دەکەم، بابی کچەکە دەڵێ گوایە قەرەجێک فڕاندوویەتی. ئەم کچە لە ئەنجامی ئەو دەست درێژییانە سێ منداڵی دەبێ، تەنانەت سەربازەکانیش نازانن ئەو منداڵانە لە کێیانە، بەڵام نەدیم بە منداڵی خۆی دەزانین. ئاپۆپ ڕێی دەکەوێتە ئەو شوێنەی ئەو کچەی لێیە و لە ڕۆمانەکەدا وەک (لۆقەنتە)یەک ئاماژە بەو ماڵەکراوە کە ئەو ژنە و سێ منداڵەکەی لێی دەژین. ئاپۆپیش کاری سێکسی لەگەڵ دەکات بێ ئەوەی بزانێ ئەمە خوشکی خۆیەتی، بەڵام ژنەکە دوای دوو ساڵ پێکەوە بوون پێی دەڵێ کاتێ لەگەڵم جووت دەبی هەست دەکەم ئەم کارە لەگەڵ برایەکی خۆمدا دەکەم. ئەمەش ئاماژەیەکی ناڕاستەوخۆیە بۆ ئەوەی کە دواتر ئاشکرا دەبێ کە ئەو ژنە کچی نەدیمی نەدیوه و خوشکی ئاپۆپە.

ڕابەرانی ئاینی حەقە، بەپێی ڕێساکانی کتێبی قینات بەشێک لە پیاوانی پەیڕەوکەری ئاینەکە دەخەسێنن و بەشێک لە ژنەکان مەمک دەبڕن بۆ ئەوەی هەستی سێکسییان بکوژن و وەک کۆیلە بۆ خزمەتی خۆیان بەکاریانبهێنن. هەرژنێکیش لەوانە کاری سێکس بکات دەبێ خۆی بکوژێ بۆ ئەوەی گوناهەکەی پاک ببێتەوە.
ئەم ڕۆمانە دەیان ڕووداوی سەیر و سەمەرەی لەخۆ گرتووە و واقیع و ئەفسانە و خورافەی تێدا ئاوێتەکراوە و پێویستە خوێنەر زۆر بە وردی بەدوای سەرەداوەکانیاندا بگەڕێ بۆ ئەوەی پەیوەندی نێوانیان بدۆزێتەوە. هیچ ڕووداوێک لەم ڕۆمانەدا نییە کە خوێنەر بتوانێ بەسەریدا باز بدات و بە وردی و قووڵی نەیخوێنێتەوە، ئەگینا ناتوانێ سەرەداوەکان بەیەک بگەیەنێت و سەر لەخۆی دەوەشێنێ. هەروەها لەم ڕۆمانەدا ڕووداوێک نییە بێ هۆ ڕووبدات و ڕۆماننووس بۆ مەبەستێکی دیاریکراو داینەمەزراندبێ.

لەڕووی هونەرییەوە، ئەم ڕۆمانە بە دوو شێوازی جیاواز پێشکەشکراوە: بەشێکی لەڕێی گێڕەوەی هەمووشتزانەوە و بەشێکی دیکەی لەڕێی گێڕەوەی هەمەنشتزانەوە. ئەمەش بەگوێرەی بابەت و کارەکتەرەکان گۆڕانی بە سەردا دێ. جاری واش هەیە یەک بابەت بە هەردوو شێوازەکە پێشکەشکراوە وەک لە لاپەڕە(١٦٥ـ١٦٨) دا بەرچاو دەکەوێ کە ڕووداوەکان بە نوورە جارێ بە گێڕەوەی هەمووشتزان و جارێ بە گێڕەوەی هەمانشتزان پێشکەشکراون.. شایانی گوتنە من بابەتەکانم بە گوێرەی ڕۆمانەکە بەسەر (٥٦) شەش بابەتی سەرەکیدا دابەشکردووە کە بە بابەتی (کوشتن) لە لاپەڕە چوار دەست پێدەکات و سیلۆنی پیر باسی دادگایی و دوا ساتەکانی ژیانی خۆی دەکات، و گێڕانەوەکەی خودییە و سیلۆن دەیگێڕێتەوە، دوا بابەتیش لەژێر ناوی (کۆتایی هاتنی ئاین و کتێبی قینات) ە کە گێڕانەوەکەی بابەتییە و لە لایەن گێڕەوەی هەمووشتزانەوە باسکراوە.

لەم ڕۆمانەدا زیاتر لە (٣٣) کارەکتەر بەشداری ڕووداوەکانیان کردووە، هەندێکیان سەرەکی و هەندیکیشیان لاوەکین. گرنگترینیان بەهادوور و سوبحلئەزەل و ئاپۆپ و نەدیمی نەدیو و سیلۆنی و جیقەڕشکن و زەینەفۆن و گوڵشەنی بەستامین. ئەم کارەکتەرانە هەندێکیان بەگوێرەی ڕووداوەکان ناویان، یان نازناویان دەگۆڕێ وەک وەک (نەدیم) کە دواتر کاتێ لەڕیزی سوپا هەڵدێ ناوی خۆی دەگۆڕێ بۆ (زەنکەلۆن) یان (سیراجەددین) ی زڕ برای تاجەددین کە پاش سەرنەکەوتنی کودەتایەکەی بەسەر تاجەددینی برایدا بەرەو بیابانی نەقەب هەڵدێ و ناوی خۆی دەگۆڕێ بۆ (سیلۆنی). هەروەها جیقۆڕشکن نازناوی شاژنی بیابان لەخۆی دەنێ. بەپێی یاسا و ڕێنماییەکانی ئاینی حەقە، ڕابەرانی ئاینەکە بەڕووکەش کار بۆ نەمانی ئاینە جیاوازەکان دەکەن کە بوونەتە هۆی ئەوەی شەڕی خوێناوی لە نێوان گەلان و تایفە جیاوازەکاندا ڕووبدات، هەروەها دەیانەوێ سنووری نێوان گەلان نەمێنێ و کاردەکەن هەموو گەلان بەیەک زمان بدوێن و بۆ ئەم مەبەستەش زمانی سپرانتۆیان هەڵبژاردووە کە تەنانەت کتێبی قیناتیشیان هەر بەو زمانە نووسیوە، ئامانجی سەرەکییان گوایە دامەزراندنی ئاینی ئاشتی و مرۆڤدۆستییە.

خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە چێژێکی گەورە بە خوێنەر دەدات و من بەش بەحاڵی خۆم تووشی سەرسوڕمانی کردم. ئەم ڕۆمانە لایەنە شاراوەکانی ژیانی مرۆڤ پیشانی خوێنەر دەدات. بریتی نییە لە گێڕانەوەی هەواڵی چەند ڕووداوێک کە پێشتر خۆمان تێیدا ژیاوین یان ئەزموونمان کردووە. بە شێوازێکی زۆر نوێ نووسراوە، مژدەی لەدایکبوونی ڕۆماننووسێکمان پێ دەدات. ئەگەرچی بەداخەوە سەراپای ڕۆمانەکە تژییە لە هەڵەی ڕێنووس و پێویستە پێداچوونەوەیەکی تەواوی لەم بارەیەوە بۆ بکرێت.

سەرنجڕاکێشترین بەشی ئەم ڕۆمانە، دوا لاپەڕەیەتی کە لەزاری نووسەری ناوەکی دەقەکەوە بە شێوەیەکی هێمایی پێشکەشکراوە و خوێنەر تووشی هێدمە دەکات کاتێ بۆی دەردەکەوێ تەواوی ئەم ڕووداوانە بریتین لە کۆمەڵێ ڕووداوی خەیاڵی کە پاقلە فرۆشێک پاش ئەوەی لافاو لەژێر پردی (شۆڕش) عەربانە شەق و شڕەکەی تێکدەشکێنێ و پاقلەو هەنارەکەی دەڕژێتە ناو ئاوی لافاوەکەوە و ناچار دەبێ ماوەیەک لە ماڵەوە بێ ئیش بمێنێ و دەرفەتی هەبێ لەو ماوەیەدا ئەم ڕۆمانە بنووسێ.

ئەو نووسەرە ناوەکییە دەڵێ ڕۆژانە پەڕەی ئەو کتێبانەم دەخوێندەوە پێش ئەوەی بیانکەمە لەفەی پاقلە. کتێبی قیناتیش ئەو کتێبانەبوون کە لێیان تێ نەدەگەیشتم و ڕۆژانە قسەم لەگەڵ ئەو سەرکردانەدا دەکرد کە وێنەکانیانم بە عەربانەکەمەوە لکاندبوو. مروو، و نیقێمی سووریش کە لای ڕابەرانی ئاینی حەقە کرابوونە نیشانە و هێمای ڕابەرایەتی، ئەو دەنکە هەنارانە بوون کە ڕۆژانە به کڕیارەکانم دەفرۆشت، کچە وردیلە جوانەکەش هێمایە بۆ ئەو کچە سواڵکەرەی هێشتا بنی مەمکی دانەنابوو، ڕۆژانە دەهات بە بەلاش پاقلەم دەدایە و لەم ڕۆمانەدا کردوومە بە هێما بۆ ئەو ژنانەی لە حەقخانە مەمکیان دەبڕین بۆ نەمانی حەزی جووتبوونیان. بەهادوور و سوبحلئەزەل بوونیان نییە و سیلۆنی پیریش هێمایە بۆ ئەو چاودێرەی شارەوانی کە ڕۆژانە لەژێر پردێکەوە ڕاوی دەنام بۆ ژێر پردێکی دیکە. بە بڕوای من ئەم نووسەرە ناوەکییە کە بەتەکنیکی میتاگێڕانەوە ڕووداوەکانی ڕۆمانەکەی گێڕاوەتەوە، هەر خودی ڕۆماننووسی ڕاستەقینەی دەقەکەیە کە تەنیا پۆلی سێی ناوەندی تەواو کردووە و ئێستا خەریکی پیشەی سەرتاشینە لە شاری شەقڵاوە.

بەگشتی ئەم ڕۆمانە زۆر سەرنجڕاکێشە و شایانی ئەوەیە هەموو خوێنەرێک بەتاسەوە بیخوێنێتەوە. ئەوەی جێی داخە ڕۆمانەکە کۆمەڵێ هەڵەی تێکەوتووە و ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هێشتا نووسەر ئەزموونی کەمە و پێویستی بەوەیە وردتر بنووسێت و زیاتر بخوێنێتەوە بۆ ئەوەی باشتر توانای بەسەر دەقی ڕۆماندا بشکێ و ڕیتمی گێڕانەوەکەی کۆنتترۆڵ بکات. لەم وتارەدا هەندێ لەو ساتمانەی گێڕانەوەکە دەخەمە بەرچاو بۆ ئەوەی نووسەر و هەروەها خوێنەرانیش سوودی لێ ببینن:

١ـڕۆماننووس سەبارەت بە چارەنووسی جیقۆ ڕشکنی خوشکی ئاپۆپ و کچی نەدێم دوو بۆ چوونی پێچەوانەی خستووەتە ڕوو. یەکەمیان لە لاپەڕە (٧٨) دا باسکراوە کە گوایە مام نەدیم لەبەر گریان و هاواری کچە برسییە سێ ساڵییەکەی بێزار بووە و داوای لە ئاپوپ کردووە بە پوورە پەتییە بڵێ هەرچۆنێک بێ ئەو کچەیان لەکۆڵ بکاتەوە، ئەویش لەسەر داوای ئەوان دەیدا بە کەسێک نازانێ ڕێبوارە یان قەرەج، کەچی نووسەر لە لاپەڕە (٢٧٧)دا ئەوەی لەبیر دەچێ و لە زاری زەنکەلۆن واتە مام نەدیمەوە کە بۆ ئاپۆپ قسە دەکات، ئاماژەی بەوە کردووە کە ژنە قەرەجێک ئەو کچەی ڕفاندووە.
٢ـڕۆماننووس هەوڵیداوە ئەوەمان بۆ بسەلمێنێ کە پاش دابڕانێکی زۆر ئیتر نەدیمی نەدیو ئاپۆپی کوڕی ناناسێتەوە، لە کاتێکدا لە لاپەڕە (٩٤) دا ئاماژەی بەوە داوە پاش دابڕانی یەکەمیان لە ڕێی نێوان شاری خوزستان و عەکەدا کە ئاپۆپ لە باوکی بزر دەبێ و پاشان بەهادوور و سوبحلئەزەل لە مزگەوتی (گەورەی قوتب) ئەو دەدۆزنەوە کە وەک موستەعد لەوێ خەریکی خوێندنەوەی زانستی ئاینی بووە. کەسێکیش کە لە پلەی موستەعیددا بێ نابێ تەمەنی لە (٢٠) ساڵ کەمتر بێ. بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم بۆچوونەش سوودمان لە دوکتۆر (سالار تاوگۆزی) وەرگرتووە کە خۆی پێشتر حەوت ساڵ لە مزگەوتدا وەک فەقێ خوێندوویەتی. دابڕانی باوک و کوڕ لەپاش ئەو تەمەنە نابێتە هۆکار بۆ ئەوەی دواتر و لە تەمەنێکی باڵاتردا یەکتر نەناسنەوە.

٣ـ سەبارەت بە چۆنێتی ڕزگاربوونی جیقۆ یان کچە وردیلە لە ئەنفال کە دەکاتە کچی نەدیمی نەدیو، دیسان نووسەر ساتمەی کردووە، و لە لاپەڕە (١٨٨ـ١٩٠)دا لە زاری ئەو کچەوە کە بۆ بەهادوور باسی کردووە دەڵێ یەکێک لەوانەی لە ژێرمەوە بوون بە تووندی پاڵی پێوە نام و لە چاڵە خۆڵەکە منی کردە دەرەوە، کەچی نەدیمی نەدیو کە لە لاپەڕە (٢٧٥) دا قسە بۆ ئاپۆپ دەکات دەڵێ لەو ڕەشە کوژییەدا بە دزییەوە ئەو کچەم لەژێر دەمی شۆفەلێک دەرهێنا و لەمردنم قورتارکرد.
٤ـ هەر لە باسی ئەنفال و چۆنێتی ئەنجامدانی ئەو پرۆسە بەدناوەدا، دیسان نووسەر ساتمەی کردووە و لە زاری کچە وردیلەوە لە لاپەڕە (١٨٨ـ١٨٩)دا دەڵێ: ((وەک چۆن لە دایکبووین ئاوا ڕووتیان کردینەوە و جلەکانیان لێداکەندین و لەسەر کەندەڵانێکی بەرز خلۆریان دەکردینەوە، لەم بیابانە ژێر خۆڵیان دەکردین…)). کەچی نەدیمی نەدیو یان ئەوەی ناوی خۆی بۆ (زەنکەلۆن) گۆڕیوە لە لاپەڕە (٢٧٥)دا دەڵێ: ژن و منداڵ و پیر و پەکەوتەمان دەخستە نێو چاڵێکەوە، بە مازووت و قیر و بەنزین بە زیدوویی ئاگرمان تێ بەردەدان، ئەوانمان بە دوژمنی سوپا و شانشین دەزانی. لەبەر چالاکیم لەو پرۆسەیەدا پلەم بۆ ئەفسەری بەرزکرایەوە.
٥ـ کچە وریلە لە لاپەڕە (١٨٨) دا بە بەهادوور دەڵێ:((من کچێک بووم هەر لە منداڵییەوە کچێنم بە بیان بەخشی)). دواتر لە لاپەڕە (١٨٩) دا دەڵێ پاش ئەوەی لە خۆڵەکە هاتمە دەرێ چاوم پڕ لە خۆڵ بوو، هیچم نەدەبینی و کەوتمە دەست سەربازەکان و یەکێکیان گوتی مەیکوژن، و بەدڵی خۆتان تێی بەربن. ئەوانیش بە نۆرە سوارم دەبوون و گوتیان لێرە بەتەنیا جێی دەهێڵین یان گورگان خواردوو دەبێ یانیش بە برسێتێ و تینوێتی دەمرێ. پاشان نەدیمی نەدیو کە لە لاپەڕە (٢٧٥ـ٢٧٦) بۆ ئاپۆپ دەوێ: دەڵێ دوای ئەوەی زۆرگێمان کرد، نەم ههێڵا بمرێ و لە کاتی گەڕانەوەدا ڕادەستی جووتیارێکی ئەم بنارەم کرد. کەچی نووسەر هەموو ئەو بەسەرهاتانە لەبیر دەکا و لە لاپەڕە (٢٧٦ـ٢٣٠) دا کە ئەو کچە لە لۆقەنتەکە بۆ ئاپۆپ دەوێ باسی مناڵی و قۆناغی عازەبی خۆی لە سایەی ئەو جووتیارەدا دەکات و ئەو پیاوە بە باوکی خۆی دەزانێ و بە جۆرێ قسە دەکات کە خۆی کچی ئەو پیاوە بووە تا ئەوکاتەی قەراوڵەکان لە سەرگردێکی نزیک لەو لۆقەتەیە سەربازگەیەک دادەمەزرێنن و پاشان بە کۆمەڵ دەست درێژی دەکەنە سەری و بابیشی دەکوژن. کچە دەڵێ: ((من کچی پیاوێکی بەهێز و جووتیارێکی لێزان و ئازابووم، هەر لێرە لە دایک بووم، نایەتە بیرم دایکم کەی و چۆن لە دەستداوە […]. باوکم پیاوێکی دوغری و سەر ڕاست و ئاڵتەیی بوو، هێندەی خاک کێڵابوو بۆنی خاک و خۆڵی گرتبوو […]. شەوانە لە باغەڵی باوەم دەخەوتم، دەستە بچکۆلەکانم لە مووە ڕەش و زبرەکانی گیر دەکرد و هەستم بە ئارامییەکی زۆر دەکرد. کە عازەب بووم بە کار و باری ناو ماڵ و کابانی مژوڵ بووم…)). ئەم قسانە تەواو پێچەوانەی ئەوەن کە ئەم کچە پاش ڕزگار بوونی لە ئەنفال لەلایەن نەدیمی نەدیوەوە هێنراوە بۆ کوێستان و دراوەتە ئەو جووتیارە.

٦ـ سەبارەت بە باوکی بایڵۆجی مناڵەکانی کچە وردیلەکە، نووسەر دوو بۆچوونی دژ بەیەکی خستووەتە ڕوو. کچە وریلە لە لاپەڕە (٢٣٥)دا دەڵێ: ((نزیکەی سێ ساڵان من لەم ژیانە پیسەدا بووم، بە دزی و بە ئاشکرا، بە شەو و بە ڕۆژ، سەربازەکان وەکو گامێش بەسەرمدا دەپەڕین، ئەم سێ منداڵەم لێیان بوو. کەسیان نەیاندەزانی منداڵەکان هی کامیانن، بۆیە لەگەڵم گۆڕان و هەموویان منیان بە دایکی منداڵەکانی خۆی دەزانی، تا ئەندازەیەکی باش نەرمییان دەنواند)). کەچی لە لاپەڕە (٢٧٦) دا زەنکەلۆن یان نەدیمی نەدیو لەم بارەیەوە قسەیەکی تەواو پێچەوانە دەکات و دەڵێ: ((دوای ساڵانێک لەڕیزی سەربازیدا، بووم بە ژەنەڕاڵ، هەم دیسان سوپا لەشکریان هێنایە سەر لووتکە و چیا بەرزەکانی سەر سنوور، منیش گەڕامەوە، کچەکەم لای هەمان جووتیار دۆزییەوە، کە لۆقەنتەیەکی بچووکیان لە لێوار شەقام واڵاکردبوو. جارێکی دیکە مێژوو خۆی دووبارە کردەوە، لەناو لۆقەنتەکە بە دەستی خۆم جووتیارەکەم کوشت، هەمان هەلی مانەوەم بە کچەکە بەخشییەوە. ئەویش بە ئابڕووچوونی باجی مانەوەی دەدا. هەموو شەوێک وەک ڕەشە وەڵاخ سواری دەبووم. لە ئاکامی دەستدرێژییە بەردەوامەکانی من، سکپڕ دەبوو، بەرهەمی سێ منداڵی ئیفلیجی لێ کەوتەوە)).

٧ـئەگەرچی ڕۆماننووس دەیەوێ ئەوە پیشان بدات کە زەنکەلۆن یان نەدیمی نەدیو، ئاپۆپی کوڕی ناناسێتەوە، بەڵام لە هەندی شوێنی ڕۆمانەکەدا ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە ئەو کارەکتەرە زۆر بەباشی کوڕەکەی خۆی ناسیوەتەوە، بەڵام بۆی ئاشکرا ناکات. بۆ نموونە کاتێ لە گەشتێکدا بە جووتە دەچن بۆ سەردانی ئەو لۆقەنتەیەی کچە وردیلەی لێ دەژیا، لە ڕێگە دەگەنە سەر تاڤگەیەک بۆ پشوودان، گێڕەوەی هەمووشتزان لەڕێی ئاخاوتنێکی ناوەوەی زەنکەلۆن لە لاپەڕە (٢٧٠)دا ئەوە ئاشکرا دەکات کە زەنکەلۆن گومانی نەماوە ئاپۆپ کوڕەکەی خۆیەتی و ئێژێت:(( سوێند بە سازگاری ئەم تاڤگەیە، تۆ هەمان ئەو کەسەیت کە لە عەکاوە دێت و بۆ خوزستان دەچیت، لە کۆشکی دوو جمکەکانەوە دڵشکاویت و بۆ گەیشتن بە چارەنووسێکی نادیار هەنگاو دەنێیت)). لێرەدا بە ڕاشکاوی بێ ناو هێنان باسی ئاپۆپ و سوبحلئەزەل و بەهادوور دەکات، چونکە ئەم دوو برایە جمکن و لە کۆشکی تاجەددیندا هاوڕێی یەک بوونە و دڵیان لەیەک شکاوە. هەروەها نووسەر لە ساتێکی بێ ئاگاییدا لە زاری زەنکەلۆنەوە لە لاپەڕە (٢٨١) دا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم کارەکتەرە بەدەم گریانەوە لە بەردەم گۆڕەکانی کچە وردیلە و سێ مناڵەکەی و جووتیارە کوژراوەکەدا کەوتووەتە دانپێدانان و ناوی خۆی بە ئاپۆپ گوتووە و ئەوەشی پێ گوتووە کە زەنکەلۆن ناوی ڕاستەقینەی ئەم نییە. هەر لەم لاپەڕەیەدا ڕازی دڵی بۆ ئاپۆپ ئاشکرا دەکات و پێی دەڵێ: (( ئەو لە خوزستانەوە لەگەڵ دوو کوڕی جمکەی سەر گەورە و بچووک (ئەمەش ئاماژەیەکی دیکەی ناڕاستەوخۆیە بۆ سوبحلئەزەل و بەهادوور) هاتووە، ئەوانی لە بیابان بەتەنیا جێهێشتووە و ڕووی کردووەتە حەقخانە […]. گەرەکێتی ڕازی دڵی ئاشکرا وەکات و پێی دەڵێت ئەرکی ئەوەیە (واتە ئەرکی ئاپۆپ) کە خانەی کەوشەن هەڵبووەشێنێتەوە، چوون خانەی کەوشەن ڕێگر و بەربەستێکی گەورەیە لە بەردەم حەقخانە و موریدانی حەق)). بە پێی زانیارییەکانی نێو یادداشتی دووەم، زیمنهۆڤ هەوڵی زۆری داوە کە ئەم بکوژێ، بەڵام لە پیلانەکانی سەرکەوتوو نەبووە و ناچار بووە دان بە خۆیدا بگرێ. زیمنهۆڤ بە گێڕانەوەیەکی خودی لە لاپەڕە (٣٠٢) دا ئاماژەی بەوە داوە کە زەنکەلۆن حەزی لەوە بووە کەسێکی دڵبەرد و دەست ڕەش، بە تایبەتی لە ئالی خۆی بێت تا بیخاتە شوێنی خۆی و میراتی ڕابەرایەتی سەدان ساڵەی میرایەتی لە بنەماڵە و ماڵباتی تاجەددین وەرگرێتەوە. بۆ ئەمەش یاری نێوان دوو برا ساز دەکات، من دەکاتە ئامانج و بەهادوور دەکاتە قوربانی، ئاپۆپی نەگریسیش دەکاتە ئەنجام. کەواتە زەنکەلۆن بە خۆی پلانی داناوە بۆ ئەوەی ئاپۆپی کوڕی بکاتە جێگیرەوەی لە حەقخانە و هەر لەڕێی ئەویشەوە زیمنهۆڤ بکوژێ و خانەی کەوشەن وێران بکات. لە دوا ئەنجامیشدا ئاپۆپ شوێنی باوکی دەگرێتەوە و زیمنهۆڤیش واتە سوبحلئەزەل لە سێدارە دەدات.

٨ـ لە لاپەڕە (٢٨٨) دا دووجار نووسەر گێڕانەوەکەی تووشی ساتمە کردووە و لەیەکەمیاندا ناوی کارەکتەرێکی لەباتی کارەکتەرێکی دیکە داناوە و پاشان هەر لە هەمان دێڕدا ناوی کارەکتەرە خوازراوەکەی بیر کەوتووەتەوە و بە دروستی لە شوێنی خۆی داناوەتەوە. ئەمەش چەند جارێک دووبارە بووەتەوە. لە ساتمەی دووەم دا کارەکتەرێکی کوێر و زمان بڕاو دەکاتە نووسەری یادداشتنامە. گێڕەوەی هەمووشتزان لە باسی خەونی موگناتیسی دووەمدا دەڵێ بەهادوور بە حەسرەتەوە حەزی لێبووە هەواڵێکی سوبحلئەزەلی برای بزانێ، بۆ ئەمەش سیلۆنی پیر مەرجی ئەوەیە، ئەمجارە زمانی ببڕێت. سیلۆنی پیر وەک گێڕەوەی هەمووشتزان دەڵێ: ((گازێکی دوو سەرەی ئاڵچاغ دێنێت، دەیخاتە ناو دەمی ئاپۆپ و زمانی بەهادوور لەبنەوە دەردەکێشێت. بە مقەستێکی تیژ زوانی ئاپۆپ دەبڕێت، ئینجا بە شیشکە ئاسنێکی سوورکراوە برینی دەم و لغاوی ئاپۆپ داغ دەکات. پاشان تۆپە قۆزاغەیەکی لۆکەی بە سپرتۆ دەئاخنێتە ناو زاری. بەهادوور هەموو گیانی دەکەوێتە لەرز و دەبوورێتەوە. چەند ڕۆژێکی پێدەچێت بەهادوور ئاسایی دەبێتەوە، وەلێ ئێستە وەک کەسێکی بێ زمان و چاو، بە ئاماژەی دەست و یاداشت نووسین مەبەستەکانی بۆ سیلۆن دەنووسێت)). ئەوەی ئەم ڕۆمانە بخوێنێتەوە دەزانێ ئاپۆپ کوڕی زەنکەلۆنە و زەنکەلۆنیش کێشەی لەگەڵ سیلۆنی و بنەماڵەی ئەودا نییە، بەڵکو هەردوو لا دەیانەوێ دەسەڵاتی بنەماڵەی تاجەددین بڕۆخێنن و بەهادووریش کوڕێکی تاجەددینە، بۆیە سیلۆنی پیر بەم چەشنە دڕندانەیە سەودای لەگەڵدا کردووە. هەروەها من پرسیار لە نووسەری ڕۆمانەکە دەکەم و دەڵێم: دەکرێ مرۆڤێکی کوێر بتوانێ بەدەستی خۆی یادداشت بنووسێتەوە…؟.
٩ـلە لاپەڕە (٢٩١ـ٢٩٢) دا، ڕۆماننووس لەبارەی زیمنهۆڤەوە ئاماژەی بەوە داوە کە ئەم کارەکتەرە بەلۆژیک بیری کردووەتەوە و ئاوەز واتە عەقڵ لای ئەو چەقی بیر کردنەوە بووە، لە هەمان کاتدا گوتوویەتی زیمنهۆڤ بۆ ماوەی بیست ساڵ لە تونێڵێکی ژێر خانەی کەوشەندا بەردەوام خواردوویەتییەوە و هەمیشە مەست بووە و بڕوای بەوە بووە کە ئاگایی گەورەترین گرفتە لەبەردەم ڕاستیدا، چونکە مرۆڤ لە حەقیقەتی خۆی دوور دەخاتەوە. ئەم بۆچوونانەش بە بڕوای من تەواو پێچەوانەی ڕاستین، چونکە ئاگایی بناغەی بیری لۆژیکییە و عەقڵ لە نائاگییدا ڕۆڵی خۆی لەدەست دەدات و ناتوانێ ببێتە ئامرازێک بۆ دۆزینەوەی حەقیقەت. بەدمەستیش مرۆڤ وێران دەکات و ڕێی ڕاستی لەبەرچاو ون دەکات.

١٠ـ لە لاپەڕە (١٥٤، ١٥٥، ١٥٧) دا ڕۆماننووس سەبارەت بە چارەنووسی سوبحلئەزەل و بەهادوور، پاش کوشتنی باوک و داکیان بۆچوونێک دەخاتە ڕوو کە تەواو پێچەوانەی ئەوەیە کە لە لاپەڕە (٣٠٧) دا سەبارەت بە چارەنووسی ئەو دوو کارەکتەرە باسکراوە. لە پێش کوشتنی باوک و دایکی ئەوان کە داکۆکییان لە نوور پەپوولە دەکرد، باوکیان داوا لە نەدیمی نەدیو دەکات ئەو دوو منداڵە وەک ئەمانەتێک بپارێزێ و لەو شوێنەیان دوور بخاتەوە ئەمەش لە لاپەڕە (١٥٤) بە تەکنیکی گێڕەوەی هەمانشتزان و بەگێڕانەوەیەکی خودی لەلایەن خودی سوبحەلئەزەلەوە باسکراوە و دەڵێت: ((باوکم من و بەهادووری ڕادەستی مام نەدیم کردو گوتی: تا زووە ئەمانە قورتارکە، ئەمانەم ئەمانەتی تۆکرد. هەرچەند ئێمە دەگریان و دەنووزاینەوە کە باوکمان جێناهێڵین و مام نەدیمیش پێداگیری دەکرد کە ناتوانێت لەم کاتە سەختەدا باوەم بەتەنیا جێبهێڵێت، بەڵام باوکم لەسەر داوەکەی مکووڕ بوو)). دوایی لە لاپەڕە (١٥٥)دا باسکراوە کە باوکی سوبحلئەزەل و بەهادوور کوژراوە و پاشان لە لاپەڕە (١٥٧) دیسان سوبحلئەزەل باسی چۆنێتی کوژرانی دایکردووە. کەچی لە بۆچوونی دووەمدا نووسەر لە لاپەڕە (٣٠٧) دا دەڵێ بە پیلانی سیراجەددینی زڕ برای تاجەددین ئەو منداڵانە لەلایەن نەدیمی نەدیوەوە بۆ شاری عەکا ڕفێراون بۆ ئەوەی وەک بارمتە بەکاریان بهێنێ تاوەکو تاجەددین ناچار بکەن دەست لە دەسەڵات هەڵگرێ. ئەگەر تاجەددین لەلایەن دەسەڵات و بە بەرچاوی خەڵکییەوە کوژرابێ ئیتر چۆن سیراجەددین منداڵەکانی بەکاردەهێنێ بۆ ئەوەی ناچار بکرێ دەست لە دەسەڵات هەڵگرێ…؟. ئەمە هەڵەیەکی زەقی گێڕانەوەیە لەم ڕۆمانەدا و نەدبوو هێندە ئاسان بەسەر ڕۆماننووسەکەدا تێپەڕێ.

١١ـ لە لاپەڕە (٣١٦) دا گێڕەوەی هەمووشتزان ئاماژە بەوە دەکات کە بەهادوور ڕێبەری خانەی کەوشەنە، کەچێ لە ڕاستیدا وەک لە لاپەڕە (٣٠٢ـ٣٠٣)دا و لە زمانی خودی زیمنهۆڤەوە بە گێڕانەوەیەکی خودی باسکراوە، بەخۆی خاوەنی ئەو پلە ئاینییە بەرزە بووە و سەرەتا زەنکەلۆن یان نەدیمی نەدیو وەک پێغەمبەرێک و دوا نێردراو لە نامەکانیدا بە حەقەکانی ناساندووە و پاشان وای لێهاتووە ئەم ببێتە چەق و ئەویش ببێتە پاشکۆ. ئەمەش وای لێکردووه پیلانی لێ بگێڕێ و هەوڵی لابردن و کوشتنی بدات. پاشان هەر لە لاپەڕە (٣١٦) دا نووسەر ئەم هەڵەیەی ڕاستکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەدا ئاپۆپ کە پاش کوشتنی بابی خۆی بووەتە یارسوڵتانی حەقخانە بە جوانی و ڕێکوپێکی وەڵامی نامە و ڕاسپاردەکانی زیمنهۆڤی ڕێبەری خانەی کەوشەنی داوەتەوە و گوێڕایەڵی خۆی بۆ نواندووە.

پ. د.نەجم ئەڵوەنی

گۆڤاری دیوان ژمارە (٦٣)ی ٢٠٢٦




(؟!!).. شیعری قوبادی جەلیزادە

1
شێوەکارەکە تابلۆی چۆلەکە دایکانەکەی دەکێشا
تەنیا دەنووکەکەی مابوو

  • تەقەیان لێکردوو کوشتیان
    2
    لە کێڵانی زەوییەکە تەواو بوبوو-جوتیارەکە
    بە توورەکەیەکی پڕ لە گەنمەوە ، چوو تا کێڵگەکە تۆو بدات
  • تەقەیان لێکرد و کوشتیان
    3
    بە خوێندکارەکانی گوت یەک یەک هەستن و لەسەر تەختەڕەشەکە بنووسن؛
    بژی نیشتمان
    هێشتا تەپەشیرەکەی نەدابووە دەستی یەکەم قوتابی
  • تەقەیان لێکرد و کوشتیان
    4
    تەمبوور سازەکە سەرقاڵی ڕایەڵ کردنی ژێیەکانی بوو، تا ئاوازێکی یارسانی بژەنێ
  • تەقەیان لێکردوو کوشتیان
    5
    لە نووسینی دوا قەسیدەم بوومەوە
    لێ بەرلەوەی ناونیشانێکی نوێ بۆ تێکستەکەم بدۆزێتەوە
  • تەقەیان لێکردم و کوشتمیان
    ە



عەلی زەیدی و نەنکم.. نەوزاد بەندی

    

ئێمە مناڵ بووین، جار و بار نەنکم سەردانی ماڵی دەکردین و شەوێک ئەمایەوە ..برا بچوکەکەم زۆر هار بوو، نەنکمی تووڕە ئەکرد و ڕای ئەکرد بۆ هەورەبان، نەنکیشم بەهۆی ئازاری پشت و ئەژنۆکانییەوە نەیدەتوانی بچێ بۆ هەورەبان بە دوایدا، منی ئەگرت، تێر و پڕی لێدەدام، پێم ئەووت : ئێ نەنە بۆچی ؟ خۆ من وەک مەڕ وام ؟
ئەیوت : چی بکەم ؟ ئەو سەگسارەم بۆ ناگیرێ، ناچار داخی ئەو بە تۆ ئەڕێژم ..!
لە قورئاندا ئاماژە بەو داخ پێ ڕشتنەی نەنکم بە من، کراوە و .. خوا قەدەغەی کردووە ، ئەفەرموێ : ( و لا تزروا وازرة وزر اخری ) واتا هیچ کەسێک تاوانی کەسێکی تر هەڵناگرێت و نابێ هیچ کەسێک به تاوانی کەسێکی تر سزا بدرێت .. ( کل نفس بما کسبت رهینة ) هەموو کەسێک بە پێی کار و کردەوەکانی خۆی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، واتا هەر کەسێک ڕەهنی کارەکانی دەستی خۆیەتی.
بەلام سەرۆک وەزیرانی عێراق لەوە ئەچێ ئاگای لە یاساکانی ناو قورئان نەبێ، چونکە پێشتر سەرقاڵی بازرگانیی و بانکداریی و هاوردە و هەناردەی شت بووە، بەڵام وەک ئەوەی خۆی بە کوڕی ڕەوتێکی ئاینیی ئەزانێ، حەق وابوو لانی کەم ئاگای لە یاساکانی سزا و پاداشتی ناو کتێبی خودا بووایە، نەک وەک سەدام خوا وەکیلیی ببێتە سەرۆکی چل پەنجا ملیۆن، بە بێ ئەوەی لە هیچ جۆرە لۆژیکێکی ئیدارە و بەڕێوەبردن بزانێ..
بۆ نمونە لەم ڕۆژانەدا پڕی داوەتە یاسایەکی ئابووریی کە لە گیرفانی خۆی دەری هێنابوو، یاسایەک کە نەنکم پیادەی دەکرد و برا هارەکەم لە هەورەبانەکە تۆزی دەکرد و منیش لە هەیوانەکەدا کەوتبوومە ژێر ڕەحمەتی دارعەساکەیەوە..
عەلی زەیدی بە پەرلەمانەکەی ئەڵێ، خێرا یاسایەکم بۆ هەڵکوڵێنن تاکو پارەی خاڵە سنوورییەکانی هەرێم کە بۆمانی نانێرن له موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ببڕین!!
تۆ سەیری ئەو بێ ئیمانیی و بێ ویژدانیی و بەربەریەتەی ئەم پیاوەی کە ئەیانوت گەنج و حەقبێژ و تێکنۆکراتە!! ..بەلام من کە زانیم کێ مامۆستاغایەتی، هەر زوو لێی نائومێد بووم ..
باشە حەمە عەلی، کەمئەندامێکی هەرێمی کوردستان کە مانگانە سەد و پەنجا هەزار دیناری هەیه، بە چ یاسایەک پارەی خاڵە سنوورییەکانی یەکێتی و پارتیت بۆ بژمێرێت؟ بە یەکێتی و پارتی ناوێریت و .. ئەچیت پەلاماری موچەی مامۆستایەک ئەدەیت کە بەو حاڵە موچەکەی ئەیگەیەنێتە چل و پێنجی مانگ؟ ئاخر توخوا شەرمەزار نابیت کە مانگ لە شیمالی حەبیب چل و پێنج و پەنجا ڕۆژە، هێشتاکە دوای لێبڕیی 120 ملیارەکەی مانگانە لە موچە خۆران کە یەکێتی و پارتی هەر بە گوندەیی بۆتی نانێرن، ئێستا بێ بیر کردنەوە لە داب و نەریت و بنەماکانی ڕەوشت و ئیتیک، داوا لە پەرلەمانۆتکەکەت ئەکەیت یاسایەکت بۆ هەڵکوڵێنن تا بتوانیت پارەی گومرکی یاسایی و نایاسایی خاڵە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، لە فەرمانبەرانی هەرێم ببڕیت ؟ بە ڕاستی جێگای شەرمە و .. حەق وایە دڵۆپ دڵۆپ عەرەقی شەرمەزاریی بڕێژیت کە بەو خەمساردییە گاڵتە بە ژیان و گوزەرانی زیاتر لە یەک ملیۆن خێزانی کورد ئەکەیت، زۆربەیان لایان وابوو تۆ مەرد و جوامێریت و .. ڕاوە دز و مافیا ئەکەیت و .. دادوەریی و یاسا بۆ عێراق ئەگەڕێنیتەوە .. بەڵام من ، نا .. من هەر لەسەرەتاوە کە سەیری سەرچاوەکەتم کرد، بۆم دەرکەوت لێڵە و لەو سەرە نە دەنگی ساز دێ و نە دەنگی خۆش ئاواز..
ئەو یاسایەی نەنکم هەزار ڕەحمەت لە گۆڕی، کە تیایدا منی ئەکردە بەردەبازی برا هار و هاجەکەم، لە ژێر کاریگەریی هەزار و یەک نەخۆشی پشت و ئەژنۆ و خوێندا، لە ژێر کاریگەریی کۆمەڵگا و پەروەردەیەکی نەخوێندەواری ساڵەهای ساڵدا بوو، لەگەڵ ئەوەیشدا، لێدانێکی بێ ئازار و هێواشی لێدەدام و دوایی هەر زوو پەشیمان دەبۆوە و داوای لێبوردنی لێدەکردم، واتا نەنکم گوناهبار ناکەم و هەزار جار گەردنی ئازاد بێ و گۆڕی پڕ نوور بێ، بەڵام تۆی سەرۆک وەزیرانی گەنج و خوێندەوار و خاوەنی ملیارەها دۆلار لەو تەمەنەدا، هەتا سەر ئێسقان گەردنت ئازا نەبێ و خوای گەورە ڕۆژێکت نیشان بدات، نە ڕۆژبێ خۆری تێدا بێ و .. نە شەویش بێ، مانگ ..کاڵەک به ئەژنۆ بشکێنیت و .. بتلێیتەوە بە دەردێکەوە سەد حەکیم سەری لێ دەرنەکەن.. چونکە چاوت لە ئاستی تاوانباران و هۆکارەکان دادەخەیت و .. چاو دەبڕیتە قوربانییەکان .. لە جیاتی قوربانییەکان ڕزگار بکەیت، ملی تاوانبار و سەبەبکاران ئەستووتر ئەکەیت و .. ژیانی قوربانییەکان قورستر و تاقەتپڕوکێنەرتر ..

ئەوە کاتی خۆی کە ئەتاتورک بەناوی ڕۆحی ئایین و چاکسازیی لە ئاینی شێوێنراوی عوسمانێکان، شۆڕشەکەی ڕاگەیاند و موسوڵمانانی تورک و کورد و عەرەب و فارسی ناوخۆ و درەوەی تورکیای دوای خۆی خست و فریویدان، تەنانەت شای شاعیران ئەحمەد شەوقی پێی هەڵخەڵەتا و دەستی دایە قەڵەم و شیعرێکی درێژی بۆ ئەتاتورک نوسی تیایدا بە ئەمیر و ڕزگارکەری گەلانی تورک و ناوچەکە ناوی دەبات .. بەڵام کاتێ تەپ و تۆزی درۆکانی نیشتنەوە و .. سیستمێکی بەتاڵ لە بەهاکانی ئایین و دادپەروەریی دروست کرد، کاتێ ووڵاتەکە بوو بە لانکەی بەدڕەوشتیی و بێکاریی و .. توێکڵێکی درۆزنانەی ئەوروپای کرد بە بەریاندا و .. مزگەوتەکانی کرد بە مۆزەخانە و تەویلەی گیانداران و ..هەموو بەهاکانی باوباپیرانی یاساغ کرد، ئەوانەی کە دکتۆر عەلی شەریعەتیی دەربارەیان ئەڵێ کەل و پەل و هەل و مەرجەکانی ڕێنیسانسی ووڵاتانی ڕۆژهەڵات ..
ئێ ئەحمەد شەوقی دوای بڵاو بوونەوەی شیعرەکەی کە پشتگیریی ئەتاتورکی کردبوو، چی بکات باشە ؟ تازه شیعرەکە بە جیهاندا بڵاو بۆتەوە، جارێکی تر ناتوانێ کۆیان بکاتەوە و ووشە بە ووشە و دێڕ بە دێڕی زیندەچاڵ بکا، ناچار شیعرێکی تری نوسی تیایدا نائومێدیی خۆی بەرامبەر ئەو کابرا ناچیز و بێ ویژدانە دەربڕی..
لینکی هەردوو شیعرەکەی شای شاعیران ئەحمەد شەوقی لە خوارەوە دادەنێم بۆ ئەوانەی کە خولیای خوێندنەوەی ئەو دوو دەقەی ئەمیری شوعەرائی عەرەبن، کە لە ڕاستیدا کوردیشە و لە خۆمانە.
بەڵام من نا .. من هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونی سەرۆک وەزیرانی تازە، کە عەلی و غالب و ئەوان زۆر پێی سەرسام بوون، من لێی نائومێد بووم، چونکە سەرچاوەکەی لێڵ و لێخن بوو، سەرچاوەی لێڵیش نە قەدری هەژار و سنعەتکاری تێدایه و ..نە عەکسی قەمەری تیا دەردەکەوێ و .. نە دادپەروەریی ..
کاک عەلیش بەرە بەرە تەم و مژەکەی چواردەوری ئەڕەوێتەوە و .. ڕوخسارە ڕاستەقینەکەی دەردەکەوێت، ئامادەیی تەواویی تێدایە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی هەرێمدا بچێتە ناو یارییەکەوە، بۆ فڕاندانی نانە وشکەی دەستی کەمئەندامان و .. فڕاندن و دادۆشینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ..
( و ما تشاؤن الا ان یشاء الله )
هەر نەخشە و ویستێکتان هەبێ، دواجار نەخشە و ویستی خوا دێتە دی.
https://alhadyalzahry.yoo7.com/t156-%D8%A3%D8%AA%D8%A7%D8%AA%D9%88%D8%B1%D9%83-%D8%A8%D9%8A%D9%86-%D8%A7%D9%84%D9%85%D8%AF%D8%AD-%D9%88%D8%A7%D9%84%D8%B0%D9%85-%D9%81%D9%89-%D8%B4%D8%B9%D8%B1-%D8%B4%D9%88%D9%82%D9%89




چـیرۆک بـۆ منـداڵان.. ئایـپـاد و پەرتـووک.. رەزا شـوان

ئایپـاد: چـۆنی پـیـرە.. ئـەوە نەمـردووی و هـێـشـتا هـەر مـاویـت؟
پەرتـووک: هـاوڕێ گـیان، زۆر باشــم.. مـاوم و هـەر دەمـێــنـم
.

ئایپـاد (بە پـێکەنـین و تەڵـفـیسییەوە): هـاوڕێ!.. پـیرێکی وەک تـۆ، کە لە هەولـێر کـۆنـتریـت.. خـۆت بـە هـاوڕێی مـن دەزانـێـت؟.. نامـەوێـت ئـەم قـسەیـەت دووبـارە بکەیتـەوە. مـن هـاوڕێی تـۆ نـیـم.. مـن نـاوازە و بـێ هـاوتـام.
پەرتـووک: لە خـۆت بـایی مـەبە.. خـۆم لە تـۆ بە کەمـتر نـازانـم. قـسەی ناخـۆشیش مـەکە.. پێـویـستە ئـێـمە هـاوکـاربـین و پـێکەوە خـزمـەتـێکی زیـاتـر بـکەیـن.
ئایبـاد: مـن هـاوکـاریی تـۆ ناکـەم.. تـۆ چـیـتر بـاوت نەمـاوە. کەس خـۆشـتی ناوێـت.
پەرتـووک: وا نییە.. تا دێت باوم زیـاتر دەبێـت.. ساڵانە لە سەرانـسەری جیهانـدا، بە هـەزاران پـێـشانـگای پەرتـووک دەکـرێنـەوە.. بـە هـەزاران پەرتـووکی نـوێ نـمایـش دەکرێن. من گەلـێک لە پێش تـۆوە لەدایکبوومە. لە ڕێی منەوە خوێندنەوە و نووسین بڵاوبـوونەوە. تا ئەمـڕۆش کەرەستەی سەرەکـیی نووسین و خوێنـدنەوە و فـێرکردنـم.
ئایپـاد: ئەو سەردەمە بەسەرچوو.. باوی منە و خۆشەویستی منداڵان و گەورەساڵانـم.
پەرتـووک: ئـەی نەتبیـستووە کە.. پەرتـووک باشترین و دڵسۆزتـریـن هـاوڕێ یە. ئەو چـێژەی خوێنـەران لە خـوێنـدنەوەی مـن وەریـدەگـرن، بـەو رادەیە لە تـۆ وەریـناگـرن. لە ئەمـڕۆدا، ئایـفـۆنی زیـرەک، لـە تـۆش مـۆدێـرنـتـرە و جیهـانی لەخـۆگـرتـووە.
ئایپـاد: تـۆ قـەبـارەیـەکی گـەورەت هـەیە.. بـۆ هـەمـوو شـوێـنـێک ناتـبەن. بـەڵام مـن قەبارەیەکی جوان و بچووکم هەیە. دەمخەنە گیرفانەوە و بۆ هەموو شـوێنێک دەمبەن.
پەرتـووک: قەبـارە زۆر گـرنگ نـییە.. گـرنـگ سـوودبەخـشیـنە. ئێـمەش دەبـرێین بۆ هـەمـوو شـوێـنـێک. لە بـازاڕ و پەرتـووکخانەکان و قـوتابخـانەکان و مـاڵانـدا هـەیـن.
ئایپـاد: هـەرگـیز سـوودەکـانی تـۆ نـاگـەن بـە گـرنـگی و بە سـوودەکـانی مـن.
پەرتـووک: مـن ناڵـێـم تـۆ بێ سـوودی.. بەڵام تـۆ بێ ئەمـەکی.. بـزانیـت یا نـەزانیـت، سـوودێکی زۆرت لە مـن وەرگـرتـووە. ئەوەش بـزانە مـن و تـۆ و ئامێرەکانی تـریش، داهـێنراوی زانـایی و ژیـریی مـرۆڤـێن. مـرۆڤ شایەنی ئـەوەیە، کە شانازیـمان پێـوە بکـات. هـەر مـرۆڤـیـش ئـێـمەی نـووسـیـوە و ئێـوەشی بەرنـامـەڕێـژ کـردووە.
تکات لێدەکەم لەوە زیاتر لەخۆت بایی مەبە.. سووکایەتی و بێرێـزیش بە کەس مەکە.
ئایپـاد: زۆر ئاسـانە.. تا زووە تەڵـێک شـقـارتە داگـیرسـێـنە و گـڕ لە خـۆت بـەردە و خـۆت بـسـووتـێـنە.
پەرتـووک: هەرچەنـدە قـسەکانت ناخۆشن.. بەڵام داوات لێـدەکەم بە خۆتـدا بچـیتەوە.
ئایپـادەکە دوای بیـرکـردنەوە بۆ ماوەیەک.. هـەسـتیکـرد کە هـەڵەیە و سنووری خۆی بەزاندووە. قـسەکانی پەرتـووکەکە راستن، بە هـاوکاری دەبـن بە تەواوکەری یەکتری.
ئایپـاد: پەرتـووکی هـاوڕێـم.. دوای لـێبووردنـت لـێـدەکەم.. ئامـادەم هـاوکاری بکەیـن.
پەرتـووک: ئـێـمە دەروونـمان گـەورەیە.. بـووراوی. دڵخـۆشـم کە راسـتیـت زانـی.
ئایـپـادەکە و پەرتـووکەکە، باوەشی خـۆشـەویـستی و هـاوکارییان لە یەکـتری دا. لەو رۆژەوە بـوون بە دوو هـاوڕێی دڵـسۆز و هـاوکـار و تەواکـەری یەکـتری.

دوبـەی: ٢٠٢٦
رەزا شـوان




ساغەرم شکا، ئەی ساقی!.. شاعیر:رحیم معینی کرمانشاهی.. وەرگێڕانی لە فارسییەوە: شەهلا نوری

یادەکانی عومری ڕابردوو
لەبەر چاوم نیشتووە،
لە ئاسمانی لاجوەردیدا
ئاگری ئاهم بڵێسەی گرتووە.

ئەی خوای بێبەشان،
تاقەتم بدە، تاقەتم بدە!
قیبلەگای ئێمەی غەریبان،
تاقەتم بدە، تاقەتم بدە!

ساغەرم شکا، ئەی ساقی،
لە دەست چووم، ئەی ساقی!

لەناو تۆفاندا،
لەسەر شەپۆلی خەم، ئەوە منم
لە کەشتییەکی شکاودا منم،
ئەی کەشتیوانی جیهان!

تا ناوی من تۆمار کرا،
مۆری خەم لەسەر چارەنووسی ئادەم درا.

تۆ بە تینوێتی منت کوشت
لەنێو سەرابی ناکامیدا،
ئەی بەڵای بێ‌سەرئەنجام!

لێوم بە جامی نەگەیشتووە،
دەکێشم بە کۆڵ لە حەسرەت، باری مەستی و بەدناوی.

باسی چی بکەم؟
سکاڵا لە کێ بکەم؟
کە خۆم بە دەستی خۆم،
ئاگرم لە دڵی نیگەرانم بەرداوە…

ساغەرم شکا، ئەی ساقی،
لە دەست چووم، ئەی ساقی!