داڕووخانی لیبرالیزم و پۆست لیبرالیزم.. ئەکرەم سەعید

قیژەێک لە ساکسۆنی-ئانهاڵتی ئەڵمانیاوە

دوای ئەوەی دوێنێ پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا ٤٤%ـ ی دەنگەکانی لە هەڵبژاردنی ئەڵمانیا بەدەستهێنا، قیژەێک لە ویلایەتی ساکسۆنی-ئانهاڵت خەڵکی لە مەترسیەک ئاگادار کردوە( گەڕانەوەی چەپۆکە ڕەشەکان – نازییە نوێکان بۆ دەسەڵات)، ئەو نازییە نوێیانەی خۆیان وەک فریاڕەس پیشانی خەڵکی دەدەن. ئێمە ئەمڕۆکە لە ساتەکانی سەرەتای وەرچەرخانێکی سیاسی ترسناکدا دەژین، لە خولێکی ڕاگوزاری لە جیهانی یەک جەمسەرییەوە بۆ جیهانێکی فرە جەمسەری، لە کۆمەڵگەی دیموکراسی وکراوەی ڕۆژئاواوە بەرەو کۆمەڵگەی تۆتالیتاری وداخراو. مەترسییەکان بەزۆری بۆ سەر مافە ئابووری و سیاسییەکانی چینی کرێکاران و پەناهەندەکانە.
لاوازبوون و پوکانەوەی بنەماکانی حوکمی دیموکراسی و لیبرالیزم، کە لەم سەردەمەی ئێمەدا بە پۆست لیبرالیزم ناو دەبرێ، نموونەیمان لە نزیکەی ناوەڕاستی ساڵانی هەزارو هەشت سەدەکاندا، بە جۆرێکی دی و لە هەلومەرجێکی جیاواز لە ململانێی چینایەتیدا بینیووە. لە ساڵی ۱۸٤۸ دا مارکس وەسفی ئەو هەلومەرجە دەکات کە پاڵ بە چینی بۆرژوازی فەرەنسییەوە دەنێ تا لە پێناو پاراستنی سەروەت و سامانەکەیان ملکەچی دیکتاتۆریەتی پۆناپارت بن. شیکارەکەی مارکس بۆ وەرچەرخان و گۆڕانی بۆرژوازەکان لە دیموکراسییەوە بۆ دیکتاتۆری، بە شاکارێکی فیکری و قووڵ لە مێژووی فەلسەفەی سیاسیدا دادەنرێت. مارکس لە کتێبەکەیدا«هەژدەی برۆمێری لویی بۆناپارت» بە شیکاریی زانستی نیشانی دەدات کە چۆن بۆرژوازی فەرەنسی، بۆ پاراستنی مڵکداریی تایبەت و بەرژەوەندییە داراییەکانیان، کۆماری دیمۆکراتیی خۆیان لەباربردوو وخۆیان تەسلیمی سەرکوتکاریی بۆناپارت کرد. لۆژیکی بۆرژوازی:( قوربانیدان بە تاجی سیاسی لە پێناو جزدانی پارەکانی ). مارکس لە بەشی پێنجەمی کتێبەکەدا، بە زمانێکی زۆر ڕوون و بێپەردە وەسفی ئەو مامەڵە مێژووییە دەکات کە بۆرژوازی لەگەڵ دیکتاتۆرەکەدا کردی:« بۆرژوازی بە ڕوونی ڕایگەیاند کە بەرژەوەندییە چینایەتییەکانی خۆی ناچاری دەکەن دەست لە بەشداریکردنی ڕاستەوخۆ لە دەسەڵاتی سیاسیدا هەڵبگرێت؛ و بۆ ئەوەی ئارامی و سەقامگیری لە وڵاتدا بگەڕێنرێتەوە، دەبێت پێش هەموو شتێک پەرلەمانی بۆرژوازی بێدەنگ بکرێت؛ وە بۆ پاراستنی هێزی کۆمەڵایەتی و ئابوورییان (واتە کارگە و بانکەکانیان)، دەبێت هێزی سیاسییان بشکێنرێت. بۆرژوازی تێگەیشت کە بۆ ئەوەی بتوانێت جزدانی پارەکەی بپارێزێت، دەبێت تاجەکەی لەسەری دابگرێ، و ئەو شمشێرەش کە بڕیارە بیپارێزێت ( واتە سوپای دیکتاتۆر ) لە هەمان کاتدا وەک شمشێری دۆمۆکلیس بەسەر سەری خۆیەوە هەڵبواسێت.».
هەروەها مارکس ڕوونی دەکاتەوە کە بۆرژوازەکان دیمۆکراسی وەک مەترسی بۆ سەر سەرمایەداری چاو لێدەکەن، کاتێک سەرنجیاندا کرێکاران و گەل دەتوانن لە ڕێگەی دیمۆکراسییەوە داوای مافەکانیان بکەن، ئیدی بۆرژوازەکان دیمۆکراسیی وەک خاڵی لاواز یان وەک دوژمن تەماشا کرد، تەنانەت ئەگەر دیمۆکراسییەکە هی خۆشیان بوایە:« بۆرژوازی تێگەیشت کە هەموو ئەو چەکانەی کە بۆ لێدانی دەرەبەگایەتی کۆن دروستی کردبوون (وەک ئازادی ڕادەربڕین، مافی دەنگدان، کۆماریخوازی)، ئێستا گۆڕاون بۆ چەکێک کە ڕوویان لە خۆیەتی … بۆیە هەموو ئەوانەی کە پێشتر ناوی نابوون ” ئازادی پێشکەوتنخواز ”، ئێستا وەک هەڕەشەیەکی سۆسیالیستی پێناسەی کردنەوە و مەدالیای تاوانبارییان بەسەردا بڕی.» – کەواتە ” تەنها دیکتاتۆریەت دەتوانێت کۆمەڵگای بۆرژوازی ڕزگار بکات! ”.
مارکس لە بەشی شەشەمی کتێبەکەدا باسی قۆناغی کۆتایی پێش کودەتاکەی بۆناپارت دەکات، کاتێک بۆرژوازی شێتبووبوو بەدەست ناسەقامگیری بازاڕ و ترسی شۆڕشی کرێکاران، بۆیە داوای دیکتاتۆریەتی دەکرد:«بۆرژوازی هاواری دەکرد: ” کۆتاییەکی بەئازار نەک ئازارێکی بێ کۆتایی! ”. ئەم هاوارە بە تەواوی لە لایەن بۆناپارتەوە بیسترا … کاتێک پەرلەمانتار و ڕۆژنامەنووسە بۆرژواکان داوای ئازادییان دەکرد، بازرگان و سەرمایەدارە بۆرژواکان لە دەرەوەی پەرلەمان سووکایەتییان پێ دەکردن و هانی بۆناپارتیان دەدا بۆ ئەوەی دەنگی ئەوان کپ بکاتەوە، چونکە پێیان وابوو چالاکییە سیاسییەکان دەبنە هۆی شڵەژانی بازاڕ و بازرگانی.».
ئەنگلس لە چەندین شوێندا بە دەق و بە ڕوونی باسی ئەم پاشەکشە مێژووییەی بۆرژوازی و چەمکی ” بۆناپارتیزم ” دەکات. لە گرنگترین ئەو بەڵگە و دەقانەی کە وەک سەرچاوە دەتوانیت بەکاریان بهێنین، ئەمانەن: نامەی ئەنگلس بۆ مارکس (١٣ی نیسانی ١٨٦٦). ئەم کورتە نامەیە بە یەکێک لە ڕوونترین سەرچاوەکان دادەنرێت کە تێیدا ئەنگلس پێناسەی بۆناپارتیزم دەکات وەک ” ئایینی بۆرژوازی ”:
« بۆناپارتیزم ئایینی ڕاستەقینەی بۆرژوازی مۆدێرنە. بۆم دەرکەوتووە کە بۆرژوازی توانای ئەوەی نییە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ حوکمی سیاسی وڵات بکات؛ بۆیە ئەگەر ئۆلیگارشییەک (کەمینەیەکی دەسەڵاتدار) نەبێت کە لە پێناو بەرژەوەندی ئەواندا دەسەڵات بگرێتە دەست… ئەوا دیکتاتۆریەتێکی نیوە – بۆناپارتی دەبێتە شێوازی ئاسایی دەسەڵات. ئەم جۆرە دیکتاتۆریەتە بەرژەوەندییە ماددییەکانی بۆرژوازی دەپارێزێت ( تەنانەت ئەگەر لە دژی ویستی خۆشیان بێت )، بەڵام هیچ پشک و بەشێک لە دەسەڵاتی حکومەتدا بە خودی بۆرژوازی نادات.» – سەرچاوە: نامەکانی مارکس- ئەنگڵز ١٨٦٦/ نامەی فریدریش ئەنگڵس بۆ کارل مارکس لە مارگەیت، ١٣ی نیسانی ١٨٦٦.
وە لە پێشەکی بۆ چاپی سێهەمی کتێبەکەی مارکس «هەژدەی برۆمێری لویی بۆناپارت» – ١٨٨٥، ئەنگلس مێژووی فەرەنسا ولۆژیکی بۆرژوازی ڕوون دەکاتەوە:« فەرەنسا ئەو وڵاتەیە کە تێیدا ململانێ مێژووییەکانی نێوان چینەکان، زیاتر لە هەر شوێنێکی تر، هەرجارەو بە بڕیارێکی یەکلاکەرەوە کۆتایی هاتووە… بۆرژوازی فەرەنسی لە دوای ساڵی ١٨٤٨، کاتێک لەبەردەم مەترسی ڕاپەڕینی سووری (سۆسیالیستی) کرێکاراندا پشتی شکا، پەنای بردە بەر سەرکوتکاریی پۆلیسی و سەربازی؛ ئەوان ئامادەبوون ئازادییە سیاسییەکانی خۆیان بدەن بە بۆناپارت لە پێناو هێشتنەوەی کۆیلایەتی ئابووریی چینی کرێکار و پاراستنی سەقامگیریی بازاڕەکانیان.».
ئەم شیکارییەی مارکس و ئەنگلس ئەوە دەسەلمێنێت کە بۆرژوازی هیچ دڵسۆزییەکی بنەمایی بۆ دیمۆکراسی یان لیبرالیزمی سیاسی نییە یانی پراگماتیزمە؛ چونکە دیمۆکراسی لە ڕوانگەی بۆرژوازییەوە تەنها ئامرازێکە بۆ حوکمڕانی. کاتێک سەرمایەداری لە خولێکی قەیرانی قووڵدا هەست دەکات دیمۆکراسی بووەتە هەڕەشە بۆ سەر مانەوەی سەروەتەکەی، یان ڕێگا خۆش دەکات بۆ سەرکەوتنی هێزە ڕادیکاڵەکان( پۆپۆلیست یان چەپخواز )، ئەوا دەستبەجێ دەمامکە لیبراڵییەکەی فڕێ دەدات، و پەلە دەکات بۆ خۆحەشاردان لە باوەشی دکتاتۆریەت (تۆتالیتاریزم) و حوکمی ” ڕابەری بەهێز ” دا؛ ئەمەش ڕێک ئەو ترسەیە کە ڕەخنەگران لە گوتاری ئەمڕۆیاندا دەیخەنە سەر واقیعی هاوچەرخی ئەوروپا.

بەڵام بارودۆخی ئێستای ئەوروپا بە تەواوی لەگەڵ فەرەنسای ساڵی ١٨٤٨دا یەکناگرێتەوە؛ چونکە ئەمڕۆ کرێکاران و چەپەکان هەڕەشە لە دەسەڵاتی بۆرژوازی ناکەن لە ئەوروپادا؛ ئەمە یانی جیاوازی هەلومەرجی مێژووی لە داڕمانی لیبڕالیزم و پاشەکشەی بۆرژوازی لە دیموکراسییەوە بۆ دیکتاتۆری، لە سەردەمی مارکس و سەردەمی ئێمەدا، بەتایبەتی جیاوازی لە پلەی ململانێی چینایەتی نێوان کرێکاران و بۆرژوازەکان دایە. لە سەردەمی ئێمەدا، بەهۆی ناهۆشیاری چینی کرێکاران و لاوازی ململانێیان لەتەک بۆرژوازەکان، لەمەوە ئەوەی پاڵ بە بۆرژوازەکانەوە دەنێ ( تاجی سیاسی- دەسەڵاتی لیبڕالی بکاتە قوربانی لە پێناو جزدانی پارەکانی ) ترس نییە لە شۆڕشی سۆسیالیستی، بەڵکو ڕووسیا، ململانێ نێودەوڵەتییەکان و قەیرانە ئابوورییەکان مەترسییە گەورەکەن. ئەو مەترسییە وجودییەی کە ئێستا هەڕەشە لە بژاردەی بۆرژوازی باڵادەست دەکات لە ئەوروپادا، سەرهەڵدانی بزووتنەوەیەکی کرێکاریی شۆڕشگێڕ نییە وەک ئەوەی لە فەرەنسای ١٨٤٨دا هەبوو، بەڵکو مەترسییە لە قەیرانە ئابوورییەکان، ململانێ نێودەوڵەتییە توندەکان و گەشەی جیۆپۆلەتیکی ڕووسیا و چیندا کورت دەبێتەوە. ئەم جیاوازییە بنەڕەتییە، یەکێک لە گەورەترین دژبەیەک (پارادۆکس) و مەتەڵەکانی سیاسەتی نێودەوڵەتی هاوچەرخ دەخوڵقێنێت؛ چونکە چۆن دەکرێت بژاردەی بۆرژوازی ڕۆژئاوایی چاوپۆشی بکەن یان فەرشی سوور لە مەیدانی هەڵبژاردندا بۆ ڕەوتە ڕاستڕەوە توندڕەوەکان ڕاخەن (وەک: پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا و مارین لۆپان لە فەرەنسا،، هتد)، لە کاتێکدا ڕۆژ بە ڕۆژ دەسەلمێنرێت کە ئەوان پەیوەندییەکی توندوتۆڵیان لەگەڵ ڕووسیا و پۆتیندا هەیە، کە خۆی دوژمنی یەکەمی جیۆپۆلەتیکی ئەوروپایە؟ ئەم ” مەتەڵ و دەمارە شاردراوە گەورەیە ” دەکرێت لە ڕێگەی ئەم ڕەهەندانە سەرەکییەوە شیبکرێتەوە، کە نهێنیەکان ونادیارییەکانی ئەم کایە سیاسییە دەردەخەن.
بۆچی پۆتین پاڵپشتیی ڕاستڕەوی توندڕەو دەکات؟ وە بۆچی ئەوانیش کێشی لای ئەو دەبن؟.پەیوەندیی نێوان کرملین و حیزبەکانی وەک ” حیزبی بەدیل بۆ ئەڵمانیا ” یان ” کۆبوونەوەی نیشتمانی ” لە فەرەنسا چیتر نهێنی نییە، بەڵکو ستراتیژییەکی بەرژەوەندیی هاوبەشە. چەکی هەڵوەشاندنەوەی ئەوروپا لە ناوخۆوە؛ پۆتین درک بەوە دەکات کە ناتوانێت بە شێوەیەکی سەربازیی ڕاستەوخۆ سەرکەوتن بەسەر هاوپەیمانیی ناتۆ یان یەکێتیی ئەوروپادا بهێنێت. بۆیە، باشترین ئامراز بۆ لاوازکردنی ڕۆژئاوا بریتییە لە پاڵپشتیکردنی حیزبە ناسیۆنالیستەکان (ڕاستڕەوی توندڕەو) کە داوای هەڵوەشاندنەوەی یەکێتیی ئەوروپا، ڕاگرتنی هاوکارییەکانی ئۆکرانیا و سەرلەنوێ گەڕاندنەوەی پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ مۆسکۆ دەکەن. بەڵام بۆ ڕاستڕەوی توندڕەو لە کەسایەتیی پۆتیندا نموونەیەک بۆ “پیاوی بەهێز” دەبینێت، واتە ئایدیۆلۆژیا و کاریزمای پۆتین لەتەک بیروباوەڕی ڕاستڕەوی توندڕەو هاوبەشیان هەیە، چونکە پۆتین بەرەنگاری جیهانگیریی لیبراڵ دەبێتەوە، و بەها کۆنەخوازە نەریتییەکان لە دژی ئەجێندا کولتوورییە هاوچەرخەکانی ڕۆژئاوا دەپارێزێت. سەرەڕای ئەمەش، چەندین ڕاپۆرتی هەواڵگریی ڕۆژئاوایی بە بەڵگەوە ئاماژەیان بەوە کردووە کە هەندێک لەم حیزبانە کۆمەک و قەرزی داراییان لە بانکە ڕووسییەکانەوە پێگەیشتووە، یان لە ڕێگەی کەمپینەکانی چەواشەکاریی دیجیتاڵی و” سوپای ئەلیکترۆنیی ڕووس ”یەوە پاڵپشتی کراون. هەروەها پشتگیری ترەمپ و ئیلون ماسک بۆ ڕاستڕەوە توندڕەوەکانی ئەوروپا، هۆکارەکەی بوونی بەرژەوەندی سیاسی و هزری هاوبەشە.
پرسیاێک لێرەدا دەتوانین لە خۆمانی بکەین: بۆچی بژاردەی بۆرژوازی دەسەڵاتدار لە ئەوروپادا چاوپۆشی لەم مەترسییە دەکات؟. ئەگەر ڕاستڕەوی توندڕەو هاوپەیمانی پۆتین بێت، ئەی بۆچی دەسەڵاتدارانی لیبراڵ نایانشکێنن و لەناویانبەرن؟.

دەسەڵاتدارانی ئەوروپا ئەمڕۆکە پراگماتیزمانە بیردەکەنەوە و گەمەێک دەکەن؛ ئەوان دەیانەوێ ئاراستەی توڕەیی کۆمەڵانی خەڵکی بگۆڕن، چونکە قەیرانە ئابوورییەکانی ئێستا( هەڵاوسان، قەیرانی وزە، پاشەکشەی خۆشگوزەرانی ) توڕەییەکی جەماوەریی بەربڵاوی خوڵقاندوە. بۆ سیستەمی سەرمایەداریی دەسەڵاتدار، سەرکەوتنی ڕاستڕەوی توندڕەو کە توڕەیی جەماوەر بەرەو ڕووی کۆچبەران، پەنابەران و کەمینەکان ئاراستە دەکات، بژاردەیەکی ” بێوەیە وەک زمانەی دڵنیایی ” دەبینرێت؛ چونکە ئەم گوتاری نازییە نوێکان دەستکاری جەوهەری سیستەمی ئابووریی سەرمایەداری ناکەن، وهەڕەشە لە پێکهاتەی مڵکداریی تایبەتی سەرمایەداران ناکەن (بە پێچەوانەی ئەوەی چەپی ڕادیکاڵ دەیکات ئەگەر بێتە سەر دەسەڵات). بەشێک لە خاوەن کارگەکان لە ئەوروپادا بەرژەوەندییان هەیە لە پرۆگرامی نازییە نوێکان، چونکە بەڵێنی کەمکردەنەوەی باج لەسەر سەرمایە ولابردنی باجی ژینگە کە یەکیەتی ئەوروپی سەپاندوویەتی دەدەن، و تووڕەیی چینایەتی خەڵک بەرەو کۆچبەران دەگۆڕێ، بۆیە دەشێ زۆرینە سەرمایەدارانەکان دژی هاتنی هێدی بە هێدی ڕەگەزپەرستەکان نین بۆ سەر حوکم، و ئەگەر بە ئاشکرا نەیکەن ئەوا لە پشتی پەردەوە کۆمەکییان دەکەن. هەروەها مەتەڵی شەرعییەتی سندوقەکانی دەنگدان (دیموکراسییەت)؛ بژاردەی ئەوروپی لە نێو ڕێساکانی ” کۆمەڵگەی کراوە ”دا گەمارۆدراون. ئەگەر بێن و ئەو حیزبانە قەدەغە بکەن کە نوێنەرایەتی ٣٠٪ یان ٤٠٪ی دەنگی دەنگدەران دەکەن (وەک ئەوەی لە ویلایەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەڵمانیا یان لە فەرەنسا ڕوودەدات)، ئەوا شەرعییەتی دیمۆکراسیی خۆیان بە دەستی خۆیان لەناو دەبەن و بۆ رای گشتی دەسەلمێنن کە دیکتاتۆریەتێکی دەمامکدارن، ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی هەڵگیرسانی شۆڕشی ناوخۆیی زۆر مەترسیدارتر لە مەترسیی دەرەکیی ڕووسیا. دەشێ نهێنییە گەورەکە لەم کایەیەدا ئەوەبێ کە بۆرژوازیی دەسەڵاتدار گرەو لەسەر ” ماڵیکردن و ڕاهێنانی ” ڕاستڕەوی توندڕەو دەکات، هەر بەو شێوەیەی کە لە دەسەڵات نزیک دەبنەوە. مێژووی نزیک ڕاستیی ئەم گرەوە دەسەلمێنێت: ئەگەر سەرنجی نموونەی جۆرجیا میلۆنی بیدەن لە ئیتاڵیا؛ ئەو لە پاشبنەمایەکی ڕاستڕەوی توندڕەو و نیمچە فاشیستییەوە هات و ڕەخنەگرێکی سەرسەختی یەکێتیی ئەوروپا بوو، و نزیک بوو لە تێڕوانینە کۆنەخوازەکان و دۆستی پۆتین بوو، بەڵام هەر کە گەیشتە لوتکەی دەسەڵات، گۆڕا بۆ هاوپەیمانێکی گوێڕایەڵی ناتۆ، سیاسەتێکی ئابووریی نیولیبراڵیی تەواو هاوتای خواستەکانی بانکە گەورەکانی گرتەبەر، وپشتگیریی ڕەهای خۆی بۆ ئۆکرانیا دژی ڕووسیا ڕاگەیاند. بژاردەی بۆرژوازی پێیان وایە کە خاوەنی هێزێکی دارایی و دامەزراوەیی هێندە قووڵن کە دەتوانێت هەر حیزبێکی ڕاستڕەوی توندڕەو ناچار بکات “بەڵێننامەی دڵسۆزی” بۆ سیستەمی سەرمایەداری و سیاسەتی دەرەکی واژۆ بکات. لەم بڕوایەوە هەر نازیێک کە پۆستی وەزاریی وەرگرت، ئیدی دوای ئەوە دروشمەکانی هەڵبژاردنی خۆی و لایەنگری خۆی بۆ پۆتین، دەکاتە قوربانی.
ئەم دیمەنەی شانۆی سیاسی ئەمڕۆ لە ئەوروپا کۆپییەکی سادەی ساڵی ١٨٤٨ نییە، بەڵکو داڕشتنێکی ئاڵۆزە لە )بۆناپارتیزمی جیۆپۆلەتیکی هاوچەرخ (. بژاردەی سەرمایەداریی ئێستا ڕازی دەبن بە مەترسیی شۆفێنیزم (ڕاستڕەوی توندڕەو) و ئاساییکردنەوەو ماڵیکردنی، نەک لەبەر ترسیان لە کرێکاران، بەڵکو وەک ئامرازێک بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانە ئابوورییەکان و مژینی شۆکە کۆمەڵایەتییەکان؛ ئەوان بەهۆی خۆبەزلزانیی چینایەتییانەوە پێیان وایە دەتوانن کۆنترۆڵی ئەم دێوەزمەیە بکەن، و ڕێگری لێبکەن لەوەی لە کۆتاییدا ئەوروپا ڕادەستی پۆتین بکات.

من بەڕاستی زانیاریم وردم نییە، بەڵکە هەواڵەکان دەخوێنمەوەو شیکارو پێشبینی دەکەم. لە گەمەی پراگماتیسمی دەوڵەتەکانی ئەوروپا و پۆتین لەتەک نازییە نوێکانی ئەوروپا کە ترامپ و ئیلۆن ماسک پشتگیریان دەکەن تێدەگەم، بەڵام ئەم گەمەیە مافیا ئاساییە زۆر مەترسیدارە. پۆتین گەر پێی وابێ نازییە نوێکان (مۆرەێک – داشێک )ی سیاسی باش و بەسوودن لە گەمەی شەترەنجەکەی لەتەک ناتۆ، چونکە دەشێ بۆ کورت ماوە کۆمەکی کەن، بەڵام بۆ درێژماوە نازییە نوێکان کە پۆتین لە ئۆکراینان دەرەقەتیان نایەت، ئەگەر هەموو ئەوروپا بگرنە دەست، ئەوکات وەک هیتلر هێرش دەکەن بۆ ڕوسیا. بێگومان دەسەڵاتدارانی ئەوروپاش بەرامبەر چین دەیدۆڕێنن ئەگەر نازییە نوێکان دەسەڵات بگرنە دەست، چونکە ئابووری ئەوروپا بەرگەی کارەساتی ناسەقامگیر ناوخۆی و دەستوەشاندنی چەپ و ڕاستی توندڕەو لە یەکتر ناگرێ و هەرەس دەهێنێ، وە ئەوروپا بێ پەناهەندە ناتوانێ گەشە بکات و بەرامبەر چین دەیدۆڕێنێ.
خاڵە هەستیارە ستراتیژییەکانی ئەو یارییە جیۆپۆلەتیکییە ئاڵۆزن کە ئەوروپا لە ٢٠٢٦ پێیدا تێپەڕ دەبێت. لێرەدا مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە، چونکە کاتێ پۆتین دەکەوێتە تەڵەی “نازییە نوێیەکان”، ئەمەش تاڕادەێکی زۆر هەر بەو جۆرە لە مێژوودا بەڕێوە چووە؛ دیکتاتۆرەکان هەمیشە پێیان وابووە دەتوانن هێزە ڕادیکاڵ و شۆڤێنییەکان وەک “پادۆنی/ سەربازی شەترەنج ” دژی نەیارەکانیان بەکاربهێنن. پۆتین وا دەزانێت پشتگیریکردنی حیزبەکانی وەک حیزبی ئەلتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا کە لە ساڵانی ٢٠٢٥ و ٢٠٢٦دا گەشەی مێژووییان بەخۆوە بینیوە، ئەوروپا لاواز دەکات. بەڵام ئەگەر ئەم هێزە نەتەوەپەرستە توندڕەوانە (کە ئێستا لەلایەن دۆناڵد ترامپ و ئیلۆن ماسکەوە هاندانی میدیایی و سیاسی دەکرێن) دەسەڵات بگرنە دەست، ئایدیۆلۆژیای ڕەگەزپەرستی ئەوان لەسەر بنەمای ” باڵادەستی نەتەوەیی ” کار دەکات. لە کۆتاییدا، ڕووسیا بۆ ئەوان دەبێتەوە بە دوژمنی مێژوویی و هەمیشەیی، وەک چۆن هیتلەر دوای ڕێککەوتنی “مۆلۆتۆف-ڕیبێنترۆپ” هێرشی کردە سەر یەکێتی سۆڤیەت. توندڕەوی ناسیۆنالیستی کۆنترۆڵ ناکرێت و پۆتین دەبێتە قوربانی یەکەمی ئەو دێوەزمەیەی کە خۆی یارمەتی بەخەبەرھێنانەوەی داوە.
وە بە زیادبوونی هەژموونی نازییە نوێکان سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ئەوروپادا تێکدەچێ، وتێکچوونی هاوسەنگی ئابووری بەرامبەر چین، ئەمە گرنگترین لایەنی مۆدێرنی ئابووری سیاسییە؛ ململانێی توندی نێوان ڕاستی توندڕەو و چەپی ڕادیکاڵ لە ناوخۆی ئەوروپا، دەبێتە هۆی پەککەوتنی بازاڕەکان و ناسەقامگیری کۆمەڵایەتی. ئابووری ئەوروپا ئابوورییەکی پیشەسازی و خزمەتگوزاری ناسکە و بەرگەی گرژی و جەنگی ناوخۆیی سەر شەقامەکان ناگرێت. ئەگەر ئەوروپا لە ناوخۆدا سەرقاڵی جەنگی ناسنامە و ئایدیۆلۆژیا بێت، ئەوکات گۆڕەپانی کێبڕکێی جیهانی بە تەواوی بۆ چین چۆڵ دەکات، کە بە بێدەنگی و ستراتیژی خەریکی کۆنترۆڵکردنی بازاڕەکانی جیهانە.

ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە ئەوروپا بێ پەنابەران لاواز دەبێ، لوتکەی هاوچەرخی شیکاریی دیمۆگرافی و ئابوورییە. ئەوروپا کیشوەرێکی “پیرە”؛ ڕێژەی لەدایکبوون تێیدا لە دابەزینی بەردەوامدایە و هێزی کاری ناوخۆیی تێرکەری پێویستییەکانی بازاڕ نییە. لایەنی پراگماتیستی دەسەڵاتی بۆرژوازی دەزانێت کە: هێزی کار و گەشەی ئەوروپا بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی سندوقەکانی خانەنشینی و دابینکردنی هێزی کاری کارگە و کەرتی تەندروستی، پێویستییەکی حەیاتی بە کۆچبەران و پەنابەران هەیە. بەڵام دروشمی ستراتیژی نازییە نوێیەکان بۆ دەرکردنی کۆچبەران یاخود کەمکردنەوەی مافەکانیان، لە ڕووی ئابوورییەوە کەتوارێکی خۆکوژییە بۆ ئەوروپا. بەبێ هێزی کاری نوێ، پیشەسازی ئەڵمانیا و فەڕەنسا توانای کێبڕکێی بازاڕی چینیان نابێت.
باسی وڵاتی چین بکەین کە چۆن دەڕوانێتە بەهێز بوونی نازییە نوێکان لە ئەوروپادا؟. ئایا وەک مەترسی یان فرسەتی لاوازبوونی ئەوروپا چاوی لێدەکات؟. پەیوەندەییەکان چین بە ئەوروپاێکی خاوەن دەسەڵاتی تۆتالیتاری چۆن دەبێ لە پاشەڕۆژێکی نزیکدا؟. لێکۆڵینەوە و داتا سیاسییەکانی ساڵانی ٢٠٢٥ و ٢٠٢٦ دەری دەخەن کە پەکین (چین) بە دیدگایەکی زۆر پراگماتیستی(بەرژەوەندیخوازانە)و دووڕەهەندی دەڕوانێتە بەهێزبوونی نازییە نوێکان و ڕاستڕەوە توندڕەوەکانی ئەوروپا. چین لە یەک کاتدا وەک فرسەتێکی کاتی و مەترسییەکی ستراتیژیی قووڵ سەیری ئەم دۆخە دەکات:
١. یەکێتیی ئەوروپا هەمیشە وەک سەرئێشەیەک بووە، چونکە ئەوروپایەکی یەکگرتوو هاوشانی ئەمریکا دەبێتە هێزێکی گەورە دژی چین. بۆیە باڵاکردنی نازییە نوێکان ئەم فرسەتانە بۆ پەکین دەڕەخسێنێت؛ واتە تێکدانی یەکڕیزی ئەوروپا، چونکە حیزبە ڕاستڕەوە توندڕەوەکان، دژی سیاسەتە ناوەندییەکانی برۆکسلن. چین سیاسەتی (پەرتکە و زاڵبە) بەکاردێنێت؛ کاتێک یەکێتی ئەوروپا لاواز دەبێت، چین دەتوانێت بە جیا کڕین و فرۆشتن و ڕێککەوتنی ئابووری لەگەڵ تاکە وڵاتەکان بکات، بەبێ ئەوەی گوێ بە یاساکانی یەکێتییەکە بدرێت.

۲/ حیزبە ڕاستڕەوەکان گرنگی بە پرسی مافەکانی مرۆڤ لە چین (وەک كێشەی ئیگۆرەكان، تایوان و هۆنگ کۆنگ) نادەن. ئەوان تەنها باسی “سەروەری نیشتمانی” دەکەن، ئەمەش بۆ چین زۆر گونجاوە، چونکە چیتر ڕووبەڕووی کێشەی سیاسی و ڕەخنەی ئەخلاقی نابێتەوە لەلایەن ئەوروپاوە. بۆیە لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئاشکرا بووە کە مۆدێلی “پراگماتیزمی ئابووری” خاڵێکی هاوبەشە لە نێوان توندڕەوەکان و چین؛ بەشێک لە سەرکردەکانی ڕاستی توندڕەوی ئەوروپا تەنانەت سەردانی چینیان کردووە و دژی سزادانی ئابووری پەکین دەنگیان داوە، یانی پەیوەندی ژێربەژێر .
بەڵام بێگومان باڵاکردنی نازییە نوێکان بۆ وڵاتی چین لایەنی مەترسیشی هەیە، وەک “پارێزگاری ئابووری” و داڕمانی بازاڕ؛ نازییە نوێکان و ڕاستڕەوەکان لەسەر بنەمای ” ناسیۆنالیزمی ئابووری ” کار دەکەن. چونکە دروشمی ئەوان پاراستنی بەرهەمی ناوخۆییە. ئەمەش گەورەترین مەترسییە بۆ چین، بە تایبەتی داخرانی بازاڕەکانی ئەوروپا بە ڕووی کاڵاکانی چیندا. ئابووری چین بە تەواوی پشت بە هەناردەکردنی کاڵا بۆ ئەوروپا بەستوە (ئێستا چین ڕۆژانە بڕی ١ ملیار یۆرۆ کورتهێنانی بازرگانی بەسەر ئەوروپادا دەسەپێنێت). ئەگەر نازییە نوێکان دەسەڵات بگرنە دەست و باجی قورس بخەنە سەر کاڵای چینی، ئابووری چین تووشی شۆکێکی گەورە دەبێت. هەروەها ناسەقامگیری جیهانی لە ئەنجامی نازییە نوێکان، بەتایبەتی ئەگەر ئەوروپا بکەوێتە شێواوی ناوخۆیی و گۆشەگیری ئابووری، ئیدی هێزی کڕینی نامێنێت. بازاڕی تێکچووی ئەوروپا ناتوانێت کڕیاری کاڵا گرانبەها و تەکنەلۆژییەکانی چین بێت.
کەواتە بۆرژوازەکان و نوێنەرەکانیان لە دەسەڵاتدا لە زۆربەی وڵاتاندا گەمەی سیاسی ئاشکراو پشت پردە بە شێوازێکی مافیایی و کورتبینانە دەکەن؛ کە تێیدا لایەنەکان تەنها بەرژەوەندی کاتی خۆیان دەبینن. ئیدی ئەمە لۆژیکی بۆرژوازەکانە: کاتێک سەرمایەداری تووشی قەیران دەبێت، چاوپۆشی لە کێشە مەترسیدارەکان دەکەن. بەڵام گەمەیەک کە تێیدا ڕێگە بە هێزی توندڕەوی ڕەگەزپەرست بدرێت گەشە بکات بەو هیوایەی کۆنترۆڵ بکرێن، مێژوو سەلماندوویەتی کە هەمیشە بە کارەسات کۆتایی دێت؛ کارەساتێک کە تێیدا هەم ئابووری ئەوروپا بەرامبەر داهاتووی ئاسیا (چین) دەدۆڕێنێت، و هەمیش ئاسایشی جیهانی دەکەوێتە مەترسییەوە.

گۆڕهەڵکەنەکانی لیبرالیزم و جیهانی پاش لیبرالیزم
گەشەسەندنی خێرای تەکنەلۆژیا و سەرکەوتنی بزووتنەوە پۆپۆلیستییەکان، نوێنەرایەتی دوو گۆڕهەڵکەنی سەرەکی دەکەن، کە پێکەوە هەڕەشە لە بنچینەکانی دیمۆکراسیی لیبراڵ و ئازادییە کلاسیکییەکان دەکەن. مۆدێرنیتە و جیهانگیری، کە ڕۆژانێک وەک دەستکەوتی مەزنی لیبرالیزم تەماشا دەکران، ئێستا چەکێکی بەهێزیان بەخشیوە بە دوژمنەکانی. لیبرالیزم بە فەلسەفە و دەستوورەکەیەوە لەسەر [ ئازادیی تاک و پاراستنی تایبەتمەندێتی تاک ] دامەزرا بوو، بەڵام ئێستا دەوڵەتان و کۆمپانیا زەبەلاحەکان بە فەزڵی تەکنەلۆژیاوە، چاودێرییەکی توند بەسەر ژیانی تایبەتی تاکەکان و گشت خەڵکیدا دەسەپێنن و تایبەمەندیەتی تاکەکانیان پێشل کردوە:( ئەمڕۆکە: لە هەر جێگاێک ئۆتۆمبێلەکەت ڕاگری، یان زەنگی تەلەفۆنی بۆ هەر کەس لێبدەی، یان پۆستێک لە واڵەکەت دابەزێنی، گەشت بکەیت، بچیتە مۆڵەکان کەلوپەل بکڕیت،، هتد، ئەوە کاکی گەورە چاوی لێتە.). وە دەوڵەتان چیتر وەک ئامرازێکی جیهانیی گەشەپێدان تەماشای تەکنەلۆژیا ناکەن، بەڵکو وەک چەکێکی ناسیۆنالیستی بۆ سەپاندنی سەروەری و باڵادەستی دەیبینن، ئەمەش دەبێتە هۆی پەکخستنی بازرگانیی ئازاد و کرانەوەی جیهانی ( کە دوو کۆڵەکەی سەرەکین بۆ لیبرالیزم ). لە هەمان کاتدا، بزووتنەوە پۆپۆلیستییەکان زەمینەیەکی بەپیت بۆ گەشەی ڕەگەزپەرستی و لاهوتی سیاسی دەڕەخسێنن کە لیبرالیزم بە خاک دەسپێرن. پۆپۆلیزمی نوێ ” سۆزی نەتەوەی و ڕەگەزپەرستی – خاک و خوێن ” و ” پاساوە لاهوتییەکان ” سەر لەنوێ دەگەڕێنێتەوە بۆ داڵانەکانی دەسەڵات؛ بە جۆرێک پۆپۆلیستەکان لە دەوڵەتانی ڕۆژئاوادا خۆیان وەک) ڕزگارکەری نیشتمان و نەتەوە و ڕەگەز یان وەک پارێزەری شارستانییەتی مەسیحی/ ناسیۆنالیستی( پێشکەش دەکەن، ئەمەش عەقڵانییەتی سیاسیی لیبراڵ لە نێو دەبات. هاوکات، ڕەگەزپەرستی چەمکی هاوڵاتیبوون دەگۆڕێت بۆ تەنها شوناسێک؛ لە سیستەمی لیبراڵیدا، مرۆڤەکان لە ڕوواڵەتدا لەبەردەم یاسادا یەکسانن (هاوڵاتیبوون)، بەڵام بزووتنەوە پۆپۆلیستییەکان لە ڕێگەی زیندووکردنەوەی ڕەگەزپەرستی و دەمارگیریی نەتەوەییەوە کۆمەڵگە دابەش دەکەن بەسەر دوو جەمسەردا:) دانیشتوانی ڕەسەن و بێگانەکان/ پەنابەران(، ئەمەش دەبێتە هۆی پەکخستنی چەمکی مافەکانی مرۆڤی جیهانی. دەرئەنجام ئەم دوو دیاردەیە وەک دوو شەپۆلی هاوتەریب کار دەکات: تەکنەلۆژیا مرۆڤ لە ناوەوە پوچەڵ دەکاتەوەو تایبەتمەندی تاکەکەس و ئازادییەکەی پوچەڵ دەکات، لە کاتێکدا پۆپۆلیزم لە دەرەوە، بە پشت بەستن بە هێزی جەماوەری ناهۆشیار و بە دروشمە لاهوتی و ڕەگەزپەرستییەکانی، هێرش دەکاتە سەر دامەزراوە دیموکراسییەکان و یاساییەکان.

پەراوێز:

  • هەڵبەتە حکومەتەکانی ئێستای ئەوروپا لە ڕووی پێکهاتەییەوە وەک کۆماری ڤایمار – ساڵی ۱۹۱۹ و۱۹۳۳ کەنەفت و لەرزۆک نین، بەڵکو حکومەتگەلێکی قەیراناوین کە بە دوای هاوسەنگییەکدا دەگەڕێن لە نێوان پاراستنی ماف و ئازادییەکان لە لایەک، و بەرەنگاربوونەوەی ڕەوتە پۆپۆلیستە توندڕەوەکان لە لایەکی ترەوە. مەترسیی ئەمڕۆ لە داڕووخانی لەناکاوی دەوڵەتدا نییە لەسەر دەستی نازییە نوێیەکان کە جلی سەربازییان پۆشیوە، بەڵکو لەوەدایە کە زانایانی سیاسی ناوی دەنێن ” داخورانی پلە بە پلەی دیمۆکراسی ” لە ناوەوە؛ بە شێوازێک کە بەهاکانی لێبوردەیی و فرەیی بە هێواشی بەتاڵ دەکرێنەوە لە پێناو جێبەجێکردنی سیاسەتی پەڕاوێزخستن و سەپاندنی یاسای توند کە ئازادییەکان بە ناوی پاراستنی ئاسایش و قەیرانە ئابوورییەکانەوە بەرتەسک دەکەنەوە.
  • بەشێک لە نووسەران ڕایان وایە کە ( ئەوروپا بێ پەنابەران لاواز دەبێ، شیکاریی دروستی دیمۆگرافی و ئابوورییە، چونکە ئەوروپا کیشوەرێکی “پیرە”؛ ڕێژەی لەدایکبوون تێیدا لە دابەزینی بەردەوامدایە و هێزی کاری ناوخۆیی تێرکەری پێویستییەکانی بازاڕ نییە.)، بەڵام ڕخنە لەم دیدگایە ئەوەیە کە سەردەمی ئێمە ( سەردەمی ڕۆبۆت و زیرەکی دەستکرد )ە، ئیدی چەند ساڵی ئاییندەی نزیک، تەکنەلۆژیای نوێ، کێشەی کەمی کرێکاران بۆ وڵاتانی ئەوروپا پڕ دەکاتەوە.
  • چەند جار لە وتارەکانی پێشومدا خۆم داوە لە باسی(فاشیزم و مەترسیان لە سەر دیموکراسی و پەناهەندەکان). بۆ نموونە وتاری: (۱/ کۆمەڵگەی سەرمایەداری لە لیبڕالیسمەوە بەرەو تۆتالیتاریسم.. ۲/ فاشیسمی نوێ لە ئەوروپادا . ۳/ وەرزی کۆچی پەناهەندەکان بەرەو باشوور ) کە لە ” سایتی دەنگەکان و هاوپشتی کرێکاری ” بڵاوکراونەتەوە.
  • جگە لە چەندەها کتێبی زۆر بە سوود لەسەر داڕمانی لیبڕالیسم یان پاش لیبڕالیسم، هێشتا بەڕای من کتێبەکەی ئیمانیۆل ڤالەرشتاین «داڕووخانی لیبرالیزم» کە لە ساڵەکانی ۱۹۹۰ چاپکراوە، یەکێکە لە سەرچاوە بە سوودەکان.



«وێنە» لە ڕوانگەی میدیۆلۆژیا و سیمیۆتیکاوە.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

پرسیاری سەرەكی ئەوەیە: ئەوە كێیە لە بری “تۆ” دەژی؟ ئایا ئەو وێنە ڕازێنراوە، وێنەی ڕاستەقینەی خۆتە، یان پاڵەوانی خەونەكان و پێشبینی خەیاڵی كراوەی منداڵییە لە گۆشەیەكی هۆشتدا پایەدارە؟! هەڵبەتە ئەمڕۆ ئێمە ژیانی خۆمان ناژین، بەڵکو ڕۆڵێک لە شانۆگەرییەکی “کاتی ئەلکتڕۆنی” دەگێڕین، کە لە ڕێی شاشەكان و ڕۆشنبیریی بەکاربەرەوە نووسراوە؛ ئەمڕۆ چێژییان ئەندازەسازی کردووە، ترسەکانیان داڕشتۆتەوە و سنووری ئاواتەکانیان دیاری کردووە تا ئەوەی وەكـ بوونەوەرێک كە بە پەتە نەبینراوەکان بەستراوەتەوە و جوولە دەکات و كەچی خۆی پێ ئازادە، تەنها لەبەر ئەوەی بەندیخانەکە نابینێت!.
ئەگەر هەموو ئەو وێنە ڕازێنراوە و كۆپییكراوانە بسوتێنین… ئایا لە بنەڕەتدا هیچ بە ناوی “ئەسڵ” وجودی هەیە؟ یان بۆت دەردەکەوێت کە هەر بۆشاییەکی ڕه‌هایت؟ ئایا تۆ لە پێکهاتەی ئەم بوونەدا بیرۆکەیەکی ڕەسەنی، یان تەنها زێدە- بەرهەمێکی و ئەركی لۆگاریتمەكان بەجێ دەهێنی؟! واتە (بچووککردنەوە و ئاسانکردنی ژمارە و پەیوەندییە توانییە ئاڵۆزەکان بۆ کردارە بنەڕەتییەکان، داڕشتنەوەیان بە شێوەی پێوەری گونجاو، دەستنیشانکردنی تێکڕای گەشە و گۆڕانکارییە سروشتی و زانستییەکان.)
هەڵبەتە بڕوابوون بەوەی ژیان و گەردوون هیچ مانایەکی ڕەها، ئامانج یان بەهایەکی بنەڕەتی نییە، وەكـ لە تێڕوانینە ناسراوەكانی “ئارتور شۆپنهاوەر” دەردەكەوێت، كە پێیوایە بنەمای گەردوون “ئیرادە”یەکی کوێرانە و بێئامانج بەڕێوەی دەبات، هەمیشە جیهان بەرەو ئازارمان دەكاتەوە… یان وەكـ ” پیتەر وەسل زاپفە”ی فەیلەسوفی بوونگەرا، یاساناس و نووسەر و شاخەوانی نەرویجی و بێڕەحمترین بیرمەندی سەدەی بیستەم لە پێشەنگەکانی دژە-نەسلگەرایی ئەخلاقی، كە هەمیشە مرۆڤ وەک “هەڵەیەکی بایۆلۆجی” دەبینێ و پێیوایە باشترین و ئەخلاقیترین بڕیارێک کە مرۆڤایەتی بتوانێت بیدات، ڕاگرتنی ڕەگەزی خۆیەتی بە ویستی خۆی، تاوەکو کۆتایی بەو زنجیرە ئازار و بێماناییە بهێنرێت.
پوختەی بیرکردنەوەکانی زاپفە كە بشێ لەگەڵ ئەو وتارەدا بگونجێ، ئەوەیە كە پێیوایە هۆشیاریی مرۆڤ گەشەیەکی بێسنوری بەخۆیەوە بینیوە، کە لەگەڵ سروشت و تواناکانی گەردووندا ناگونجێت!. بەمجۆرە بەراوردی مرۆڤ بە جۆرە ئاسکێكی ئیرلەندی دەکات، کە قۆچەكانی هێندە گەورە دەبن، لە بری ئەوەی ببنە هۆی پاراستنی، بوونەتە ڕێگر بۆ جوولەی ژیان و جوولەی ناو دارستان و دابینکردنی وزەی پێویست… پیتەر زاپفە بارگرانی بوونی ئەو قۆچانە وەكـ (زێدە-هۆشیاریی) لە بەرامبەر تێفکرینی قووڵ، درککردن و ڕامان و گەڕان بەدوای مانا و سروشتدا… دەبینێ، کە ئەمڕۆ لە جیهانی بێباک و بێمانادا بووەتە بارێکی دەروونیی هێندە قورس کە مرۆڤ پێی هەڵناگیرێت، یان كاتی بۆ هەڵگرتنی نییە؛ نەكـ هەر هێندەش بەڵكو هۆی مەرگەسات و ئازاری بەردەوامی مرۆڤایەتییە.
پیتەر زاپفە پێیوایە زێدە-هۆشیاریی: (ئایین، ئایدیۆلۆژیا، نەتەوە، خێزان…) بۆ ئەوەیە لە جیهانێکدا كە هیچی لەم شتانە بۆ هەستكردن بە ئاسایش و مانا تێدا نییە، جیهانێكـ دروست دەكات. بەڵام لەبری ئەوەی ئەو جیهانە بێتە هۆی پاراستنی ئاساییش و حەز و خولیا و خەونەكانی مرۆڤ، وەكـ قۆچەكانی ئاسكە ئیرلەندییەكە تەواوی جوولەی ژیان و ئازادی ئابڵوقە دەدات… بە هەمان شێوەش زێدە-هۆشیاریی “تەكنەلۆژیای دیجیتاڵی” گەڕانەوە بۆ فكر و واقیع، بە گەڕانەوە بۆ دواوە و كۆنەپەرستیی- دەبینێ!. بۆیە بە هەمان میكانیزم زێدە-هۆشیاری (شاشە) دووبارە زیندانێكی ڕازاوەی ڕووتی هونەری لە خێرایی و فرە-زانیاری و فرە-چێژ بۆ مانا قووڵ و خەون و خەیاڵە مرۆییەكان لە (وێنەیەكی كۆپیكراودا) دروست دەكاتەوە، زیندانێكـی كۆپییكراوی دیجیتاڵی، زیندانێكـی میتا- واقیعی، زیندانی زێدە- هۆشیاری شاشە!. ئەمڕۆ دنیای تەكنەلۆژیا، بە دنیای زێدە- دیجیتاڵییەكانەوە دەنازێت، وەكـ نوسخەی دیكەی زیندانەكانی پێشوو.

(1)
کاتی ئەلکتڕۆنی، لە زیندانی زێدە- هۆشیاری شاشەدا چییە؟ هەڵبەتە ئەو کاتەیە کە خێراییی زانیاری و زێدە-زانیاری و ڕووداوەکان لە کاتێکی یەکساندا بە هەمووان دەگەیەنێت. مەبەست لەوەیە كە (ڕابردوو/ئێستا/داهاتوو) تێکەڵ بەیەكـ دەبن… ئەو بیرۆکەیەش نزیکە لە جیهانی سیمولاکرا (simulation) کە تێیدا ڕاستی و وێنە تێکەڵ دەبن. كەواتە ئەگەر پۆست‌مۆدێرنە شکاندنی مانای یەکگرتوو بێت، ئەوە کاتی ئەلکتڕۆنی لە شکاندنی (کات و ناوەند)دا خۆی دەبینێتەوە، واتە هەڵوەشاندنەوەی بونیادی هێڵیی کاتی. هەڵبەتە لە سەردەمی دیجیتاڵی و ژیریی دەستکرددا، شکاندنی کات و ناوەند لە چەمکێکی تیۆریی شانۆیی و فەلسەفییەوە بەرەو واقیعی ڕۆژانەی دیجیتاڵی گوازراوەتەوە. چونكە تەكنەلۆژیای دیجیتاڵی سەرلەبەری ئەو سنوورانەی سڕییەوە کە پێشتر ڕەهەندەکانی ڕووبەر و کاتیان ڕێکدەخستەوە. تەكنەلۆژیای دیجیتاڵی واقیعی ژیانی کردۆتە جۆرێک لە “شانۆگەریی وێنەیی بەردەوام” کە تێیدا چەمکە کلاسیکییەکانی وەک سەرەتای ڕووداو، ئامادەییی جەستەیی و سنوری ناوچەیی هیچ ڕۆلێكی تێیدا وازی ناكەن.
ئیتر لە كۆمەڵگای دیجیتاڵیدا خێرایی، زێدە-پەستێنراو، تێکەڵ بە بوونی ڕاستی و میدیایی دەبێت؛ بەمجۆرە ڕۆژانە دەكەوینە لادانی بێسنووری شوێن و کات… چونكە نە هیچ مانایەكی جێگیر هەیە، نە مانا دەگوازرێتەوە، نە ڕاستییەكـ لە ئارادایە، جگە لە دروست كردنی «مانای فلاش»، دروست كردنی مانایەکی بەپەلە، دەستبەجێ و چرکەیی بۆ مێشکی وەرگر- بەكاربەر… بەو مانایە دەتوانین بڵێین کاتی ئەلکتڕۆنی گواستنەوەی مانایە لە جێگیربوونەوە بۆ ئاستی سفر-مانا، یان بۆشایی!. چیتر مانا وەک هۆشیاری سەیر ناکرێت، بەڵکو دەبێتە پرۆسەیەکی بەردەوامی كۆپیكراو، دەبێتە گواستنەوەی بێکۆتایی لەنێوان (نمایش/دیمەن) و (وەرگری بەكاربەر)دا.
(2)
چەمکی میدیۆلۆژیا (Médiologie) یان (ناوەندناسی) قسەكردنە لە بوارێکی فکری و ڕەخنەییی کە لەلایەن فەیلەسوف و بیرمەندی فەرەنسی (ڕێجیس دۆبرێ) لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمدا داڕێژراوە و لە كتێبی (حياة الصورة وموتها، تأليف ريجيس دوبري، ترجمة فريد الزاهي- ط ١٩٩٢، عن مؤسسة هنداوي) خراوەتەڕوو؛ لەوێدا دۆبرێ جەخت لەوە دەکاتەوە کە هیچ بیرۆکەیەک—چ ئایینی بێت یان سیاسی… بەبێ هەبوونی دامەزراوەكان- تەکنەلۆژیا و ئامرازی ماددییەوە کە پێی دەڵێن (میدیۆم) ناتوانێت لە مێژوودا بە تەواوی قسەی لێبكرێ و بێتە دی.
ئاماژەكردن بە چەمكی “وێنە” لەو كتێبەدا تەنها ڕستەسازی نییە، بەڵکو چەمکێكی سەرەکی و بابەتی لێکۆڵینەوەیە کە دەکەوێتە بەر نەشتەرگەریی فکرییەوە؛ کتێبی “حیاة الصورة وموتها” یەکێکە لە بەرهەمە گرنگەکانی بواری دیراساتی وێنە و ڕاگەیاندن، کە تێیدا مێژووی بینین و گەشەسەندنی وێنە لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا شی دەکاتەوە. لەو كتێبەدا سێ سەردەمە سەرەکییەکەی وێنە دەناسێنێت. یەكەم، سەردەمی دەست و نەخشکاری كە تێیدا وێنە وەک “هێمای پیرۆزی”ی ئایینی سەیر دەکرێت، چونكە خۆی خاوەنی ڕۆح یان هێزێکی ڕۆحییە و بۆ پەرستش یان ڕێوڕەسمە ئایینییەکان… وەک پەیکەری خوداوەندەکان یان ئایکۆنە ئایینییەکان. دووەم، سەردەمی هونەری- چاپخانە، وێنەكێشان- گواستنەوەی هێمای پیرۆزییە بۆ “هونەری” یان شێوازێک کە هەوڵ دەدات واقیع یان ڕۆحی ڕەسەنی شتەکان وەک خۆیان بە تەواوکراو دروست بکاتەوە/ بژێنێتەوە، و دواتر فۆتۆگراف؛ بەمجۆرە وێنەی لە ڕەهەندە ئایینییەکەی دەكرێتەوە و وەكـ شێوازێكی هونەری تەماشا دەكرێت؛ بەو مانایەش ڕازاندنەوە و جوانی، داهێنانی هونەرمەند و نوێنەرایەتیکردنی واقیع، دەبێتە پێوەر و وێنە دەبێتە شتێک بۆ سەیرکردن و هەڵسەنگاندنی جوانکاری. سێیەم، سەردەمی بینراو- تەلەڤزیۆن، شاشە و میدیا دیجیتاڵییەکان- كە لێرەدا بە (زێدە- هۆشیاری شاشە) ناومان بردووە.
لە سەردەمی بینراو یان لە زێدە- هۆشیاری شاشەدا وێنە لە هونەرەوە بۆ «پەیام» دەگۆڕێت یان بۆ زانیاریی زێدە-خێرا. بەو مانایەش وێنە لە ڕێگای پەیام و زانیارییەكانەوە واقیعێكی دیكە دروست دەکاتەوە نەک تەنها کۆپی بکات. سەردەمی بینراو (زێدە- هۆشیاری شاشە) هەمیشە جەخت لەسەر کاتییبوون، لەخۆوەبوون و چێژ و سەرنجڕاکێشانی بینەری بەكاربەر دەکاتەوە.
ڕێجیس دۆبرێ لە كتێبەكەیدا ئاماژە بەوە دەکات کە وێنە لە سەردەمی شاشەدا بەهای ئایینی و هونەریی خۆی لەدەست دەدات؛ چونكە وێنە زیاد لە پێویست دەبێتە کاڵایەک بۆ مەسرەفکردن، بەمەش جۆرێک لە «مردنی وێنە» ڕادەگەیەنێت، واتە سەردەمی شاشە بە قۆناغی «مەرگی وێنە» دادەنێت، چونکە کاتێک هەموو شتێک دەبێتە وێنە، وێنە مانای قووڵی خۆی لەدەست دەدات. بەڵام بیرکردنەوەی ژان بۆدریار بۆ وێنە، بەو مانایە دێت كە وێنە نەكـ هەر دەبێتە کاڵایەک بۆ مەسرەفکردن، بەڵكو چیتر نوێنەرایەتی ڕاستی ناکات، بەڵکو دەبێتە جێگرەوەیەكی ساختەی ڕاستی.
(3)
ژان بۆدریار ڕەخنەی توند لە کۆمەڵگای پۆستمۆدێرنە و ڕاگەیاندن و كۆمەڵگای بەکاربەر دەگرێت… لە کتێبی (ژان بۆدریار- وەرگێڕانی، هاوارمحەمەد، ڕەزوان حەسەن- لە بڵاوكراوەكانی دەزگای ئایدیا بۆ فكرو لیكۆڵینەوە- 2019.) و نووسینەکانی دیكەیدا زیاتر دەربارەی کۆمەڵگای بەکاربەر، سیاسەتی فریودان، لەبەرگرتنەوە، زێدە-واقیعی دەنووسێت. ئەو پێیوایە لە تێگەیشتنی کلاسیکدا، وێنە «نوێنەرایەتی» شتێکی ڕاستەقینەی دەكرد، تابلۆیەک، وێنەیەکی فۆتۆگرافی، فیلمێک…بەڵام ئەمڕۆ وێنە چیتر ڕەنگدانەوەی ڕاستی نییە!. بەڵکو «واقیعێکی جێگرەوە» دروست دەکات، ئەو واقیعە جێگرەوەیە وادەردەکەوێت کە «لە واقیعی ڕاستەقینە، واقیعیترە».
كەواتە لەمڕۆی تەكنەلۆژیای دیجیتاڵیدا وێنە بە زمانێک «دەدوێت» کە دیزاین کراوە بۆ چێژ و کاریگەری دروستکردن، نەک تەنها بۆ گەیاندنی زانیاری، بەو مانایەش وێنە ئامێرێکی بەرهەمهێنانی واتایە بۆ واقیعێکی وەهمی، کە لەنێو میدیا و بەکاربەرێتییدا، لەنێو (زێدە- هۆشیاری شاشە)دا کاردەکات و جارێكی دیكە هۆشیاری مرۆڤ بەبێ ئەوەی هەستی پێبکات، دایدەڕێژێتەوە… واتە وێنە تەنها ئامرازێکی سیاسیی درۆزن نییە، بەڵکو ئامرازێکی فەلسەفییە کە واقیعی بەتەواوی سڕیوەتەوە، بەتەواوی خۆی لە « واقیع» دابڕیوە و بووەتە جێگرەوەی واقیع، نەك هەر هێندەش بەڵكو بووەتە جێگرەوەی واقیعێکی دەستکرد، کە لە خودی واقیع سەرنجڕاکێشتر و «واقیعیتر» دەبینرێت، وەک ڕووداوە میدیایییەکان و جیهانی دیجیتاڵ. كەواتە لە سەردەمی تەكنەلۆژیای دیجیتاڵی و كۆمەڵگای بەكاربەردا واقیع کوژراوە و نەماوە؛ تەنها میتا-واقیع بوونی هەیە.
(4)
پەیامی مێژوویی و فەلسەفیی کتێبی “حیاة الصورة وموتها”ی ڕێجیس دۆبرێ، ڕەخنەکردنی ئەو وەهمەیە کە پێیوایە «وێنە» دیاردەیەکی جێگیر و بێ ‌تەمەنە. بەڵام لای دۆبرێ ئامرازی بەرهەمهێنانی وێنە (تەکنەلۆژیا) تەمەنی هەیە و دەگۆڕێت، وەكـ چۆن خودی تێگەیشتنمان بۆ “وێنە”ش تەمەنی هەیە و کۆن دەبێت. ڕێجیس دۆبرێ دەیەوێت بسەلمێنێت کە وێنە خاوەنی مێژوو، جەستە، و سووڕی ژیانە (لەدایکبوون، گەشەکردن و مردن)، كەواتە شێوازی سەیرکردنی ئێمە بۆ وێنە ڕاستەوخۆ بە ئامرازە تەکنەلۆژییەکان و ڕێژەی گواستنەوەیان لە کۆمەڵگاوە بەندە.
بەڵام ئەگەر بەراوردی تێزی ڕێجیس دۆبرێ لەسەر «مەرگی وێنە» لەگەڵ تێزی ژان بۆدریار لەسەر «مەرگی واقیع» بكەین، وەكـ بەراوردکردنی دوو ڕوانگەی ڕەخنەیی بەرامبەر پەیامی زێدە-ڕۆشنبیریی شاشەی هاوچەرخ دەردەكەون؛ واتە سەرەڕای ئەوەی هەردووکیان درکیان بە قەیرانێک لە جیهانی وێنەدا كردووە، بەڵام ئاراستەی تێڕوانینان لە میتۆدۆلۆژیا و ئەنجامگیریدا جیاواز دەكەوێتەوە.
ئەگەر لای ڕێجیس دۆبرێ پەیامی وێنە، سەنگ و مانای فکری و ئایینیی خۆی لەدەست دابێت! لای بۆدریار ئەوە واقیعە لەژێر هەڕەشەی پەیامی وێنەی سیمیولکراودا ون دەبێت و ڕەش دەچێتەوە. بەو مانایەش میتۆدی شیکردنەوە دۆبرێ میدیۆلۆژیایە، واتە مێژووی تەکنەلۆژیا و ئامرازەکانی گواستنەوەیە. بەڵام لای بۆدریار سیمیۆتیکی و پۆستمۆدێرنەیە، واتە میتۆدی نیشانەناسی و کۆمەڵناسییە.
دواجار لای ڕێجیس دۆبرێ وێنە بووەتە زانیارییەکی خێرا و کاڵایەک بۆ بەکاربردن. بەڵام لای ژان بۆدریار وێنە چووەتە سەرووی-واقیع و ڕێگا نادات دەستمان بە واقیعی ڕاستەقینە بگات. دۆبرێ دەڵێت، وێنە هێندە زۆر بووە هەیبەتی خۆی دۆڕاندووە. بەڵام بۆدریار دەڵێت، وێنە هێندە بەهێز بووە واقیعی کوشتووە. كەواتە ئەوە كێیە دەژی: مێژووی بینین و گەشەسەندنی خەونەكان، یان وێنەی پڕ لە زانیاری و ڕەشبردنەوەی ڕاستی؟!

عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا
هەولێر 22/8/2026




دۆزی فەلسەفە6: ڕوناکبیری تاڵ.. ئازاد حەمە

نووسینی باسێک لەسەر(ڕوناکبیری تاڵ)ئێجگار پێویستە و هەر دەبێت به‌ده‌موچاوێکی گرژ و ناحەزەوە بێتەدەستەوە؛ بۆنی چرچولۆچی ڕۆح و شەکەتیی دەروونی لێبێت. جا بۆوانەبێت!! دەبێت وابێت، ئەوەتا لە ئێستادا کردەی ڕوناکبیریی لە هەرێم خۆی ناخۆشەویست دەردەخات، بۆزۆرێکێش پەیڤی ڕوناکبیریی و ڕوناکبیربوون پڕپڕە لە شەرمنی، بێزاریی و نامورادیی لێدەبارێت؛ کەسی ڕوناکبیر بە هیچنەکردە و گەندەڵ و مشەخۆر دەزانرێت. بەواتایەکیتر، خەریکە بێمتمانەیی لە هەرێمی کوردستان بە ڕوناکبیر(ئەکادێمییان، پەروەردەکاران، نوسەران، فیلمسازان و هونەرمەندان و…)نەشونمادەکات و پرۆسەی ڕوناکبیرییش لە شار وەک شتێکی گەرددار و نائازاد دەبینرێت. له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌‌ دێینەسەر باسێک، کە دەرگا لەسەر(دژە ڕوناکبیریی) دەکاتەوە؛ بۆئەوەش قسە لە پێویستیدەکەین بۆ جۆرێکی دی لە ڕوناکبیر: ئەوەش ڕوناکبیری تاڵە.
لەمحاڵەتەدا دەپرسین: ڕوناکبیری تاڵ کێیە؟ کەسێکە مۆڕە لەو واقیعە سیاسیی و مێژووییە مڵوڕەدەکات، کە برینی کۆمەڵایەتی و دەروونیی؛ نائومێدی و ڕەشبینیی بۆهێناین. بۆ ڕوناکبیری تاڵ شکستی ئایدیاکانی ناو ئەو واقیعە لە نشوستی و بێزاریی هزریی زیاتر شتێکی ئەوتۆی نەبەخشیوە. بۆیە لە ئەمڕۆی جەنجاڵ و بێسەروبەری سیاسیی و کۆمەڵایەتیماندا پێویستمان بە دەستەبژێرێک لە ڕوناکبیری تاڵ و گۆشەگیرە، نەک ڕوناکبیری شیرین و کۆمەڵایەتیی چەنەباز و دەمبەخەندە،کە دەرکەوت چەن مشەخۆر و گاڵتەجاڕ و نمایشکارن.
ئەوەی ئێمە لێرەدا باسیدەکەین پەیوەندی بەو دیاردەیەوە نییە لەماوەی ساڵانی جەنگی جیهانی و دواتر لە ئەوروپا بەناوی””دژە ڕوناکبیریی Anti-intellectualism””سەریهەڵدا، کە یەک لە تێزەکانی ئەوەبوو،کە چینی ئەکادێمی و خوێندەواری ئاستبەرز و نووسەرە لوتبەرزەکان لە خەمەکانی خەڵک بێئاگان.
ڕوناکبیری تاڵ، کە لە کۆمەڵگەی ئێمە قاتوقڕە، کەسایەتییەکی ناوازە و دەگمەنی هەیە و بۆلەمەدواش دەبێت وەک بەشیکی پێویست لە وتاری ڕوناکبیریی و هزرییمان ببینرێت. تاڵیی ڕوناکبیری تاڵ لە بنەڕەتدا ڕوانگەیەکی تراژیدییە بۆ بوونی تاکی کورد.(ئەم)، کە لە بێدادیی، دزیی و هەژاریی تێدەگات، ئەو تێگەیشتنە لەوسەرەوە وایلێدەکات تاڵ و گۆشەگیر و تەنهابێت. ئەم جۆرە ڕوناکبیرە باشترین پەیوەندیشی لەگەڵ یاخیبوون و نامۆبووندا هەیە؛ گشت ئەوەش لە بێدەنگیی و دوورەپەرێزیی خۆیدا بەرجەستەدەکات.
ڕوناکبیری تاڵ، تاڵ وەک زەقنەبووت، ئەو جۆرە ڕوناکبیرەیە، کە لە ڕەهەندیی بنبەستی مێژووییمان تێدەگات. ڕوناکبیری وا لە سۆراخی ژیانمەندییەکی بە شکۆیە بۆ هەموان، بەو مەرجەی ئەو ژیانە پەلناهاوێت بەرەو خۆزگە و ویستە وڕێناوییەکان. بەڵام ئایدیاکان، کە دەمێکی چاک خەڵەتاندمانیان و لە شکستی زیاتر هیچیان بۆنەهێناین، بوونە هۆکاری دروستکردنی ئەو ژینگەیەی ڕوناکبیری لەجۆری تاڵی خوڵقاند. ڕوناکبیری تاڵ، کە بەئەزموونە لە مامەڵە و بەریەککەوتن لەگەڵ بێزارایی و هەستە پێچاوپێچەکان، ئاوابەئاسانی بە گەندەڵکار و مشخۆرەکانی ناو کایەی ڕوناکبیریی باو ناخەڵەتێ.
لەناو ڕوناکبیریی ڕوناکبیری تاڵدا سەرسەختیی درەختێکی پەلوپۆدارە ڕیسک و سەمەرەیی لێدەتکێ، کە ناخوازێ بەرامبەر بە ژیانێک، کە لە سۆراخی هیچییە ڕوخسار شاد و دڵفرێن بێت. لە دۆخێکی وەهادا بۆ (ئەو) تەنهایی و بێدەنگیی باشترین ئامرازن بۆ ژیانکردن. لەهەمانکاتدا، ڕوناکبیری تاڵ گەمژەئاسا ناژیت و گومانیشی لە زەردەخەنە و ئەو ڕێزە زۆرە کۆمەڵایەتیەیە دەم بەخەندە چەنەبازەکان دەیبەخشنەوە.
مرۆڤی وەک ڕوناکبیری تاڵ بۆ کۆمەڵگەی ئێمە زەرورەتە، چونکە ڕاستگۆ و قسەلەڕووە، تابڵێی کەمدوو و بێفیزە، لێ ناخ دژوار و ڕەفتار توندە. ئەم ڕوناکبیرە لە کلکەسووتەکردن و مەراییکردن بێئاگا و لێنەزانە، ڕواڵەتکردن و مەراییکردن لە بیرکردنەوەی (ئەو)دا بوونی نییە؛ ئەڵبەتە لە تەوسلێدان و تەشیڕێسی لە گوتندا زۆر لەدوایە. داخراویی و کەم گوتنەکانی ڕوناکبیری تاڵ نیعمەتن بۆ ئیستای ئێمە و هاوکاریماندەکەن خۆمان لە ڕوناکبیرە شیرینە بەدفەڕ و درێژدادڕەکان بپارێزین.
هەروەک لایسەرەوە هێمامان بۆکرد،دروستبوونی ڕوناکبیری تاڵ لە کۆمەڵگەی کوردی تازەی ئێمە بەرهەمی نامۆبوونی کۆمەڵایەتیی و بۆشاییە قووڵەکانی نێوان ئایدیاڵ و ژیانە. بۆیە ڕوناکبیری تاڵ بە سەلیقەوە دڕدۆنگ و گومانی لە شۆڕشەکان، لە خەونی نەوەکانی داهاتوو دەخاتەڕوو. لەبەرئەوەی شکست و پاشەکشە لە دیدی ڕوناکبیری تاڵ وێرانکەرە و نەدەبوو هەبایە، لێ بوونەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ نەبوونی ڕوانگەیەکی قووڵ بۆ شۆڕش و سیاسەتکردن.
دەکرێت لێرەدا ئەوەش بگوترێت، بوونی ڕوناکبیری تاڵ پێویستییەکی کۆمەڵایەتیی ئەمئێستای ئێمەیە. ئەم جۆرە ڕوناکبیرە ڕەنگدانەوەی تێڕوانینێکی ڕەشبینانەیە بۆ بارودۆخی مرۆڤ،کە تێیدا بەدەست ژینگەیەکی کۆمەڵایەتی ناساغ و بێهیواوە ئازار دەچێژێت. ئەمە بەو مانایەدێت، دەرکەوتنی ڕوناکبیرییەکی سوودگەرا و زۆربڵێیانەی گاڵتەجاڕ لە گشت کونوقوژبنێکی شار ئاماژەیە لەسەر دیمەنی خۆرئاوابوونی ڕوناکبیریی، کە دیمەنێکی نادڵگیر و خەمهێنەرە. بۆیە ڕوناکبیری تاڵ شتەکان زۆر جیا دەبینێت. (ئەو) پێیوایە کۆمەڵگەی ئیستای کوردی پڕبووە لە ڕوناکبیری دووئاکار و ساختەچی و بۆش.
ڕوناکبیری شیرینی دوو پەروەردە، کە بە ڕیاکاریی جیهانمان بۆپڕدەکات لە هیوا و باشە، چەنەباز و بێباکە، جیهانێک وێنا دەکات گوایە بنەمایەکی ڕەوشتی دەیباتەڕێوە؛ لەوێندەرێ لاوازەکان خەڵاتدەکرێن و هەژارەکانیش قەدرزانن. بەڵام تاڵیی ڕوناکبیری تاڵ گووتنی نەخێرە بە ژیانێکی سۆسیالئامێزی دژەئاکار و نەگریس، کە هەلومەرجێکی ناحەز و گەمژە دروستیکردووە.
لە کۆتایدا کۆی تێگەیشتنمان سەبارەت بە پێویستی بۆ ڕوناکبیری تاڵ لەوەدا کورتدەکەینەوە، لەگەڵکاتدا زۆرینە لەوە حالیدەبن، کە تاڵبوون شکۆمەندییە، دڵنەواییە بۆ دواترێکی بێوەی، چارەسەر بۆ ئەو دەردەی گوتاری ڕوناکبیریی دەمبەخەندەکان بڵاویدەکەنەوە، کە خودی ڕوناکبیریی بێمانادەکات.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




ئەرێ بەڕاست حوزنی موكریانی، سیخوڕی ئینگلیزەكان بوو.. یاسین برایم

زۆر جار لێرەو لەوێ، قسە دەبیستین و شت دەخوێنینەوە، مرۆڤ دەخاتە سەر هێڵی دوودڵی و گومان و باوەڕكردن؛ یان شتی وا دەبیستین، بە هیچ شێوەیەك ئەقڵ قبووڵی ئەم بیستن و گۆتنە ناكات. زۆر كەسیش، با ناویكی سادە بێت یان ڕۆشنبیر و بانگەوازخواز و سیاسی و چالاكوان و شارەزایەك یەكێك لە بوارەكان، بە ئەنقەست بێت یان بە بەرنامە، دێت قسە لە سەر بابەتێك دەكات و بە ئارەزووی خۆی ڕستە و دەستەواژەی تەواشە و درۆ و بۆختان بڵاودەكاتەوە. ئاسان و بێ خۆماندوكردن و هەستكردن بە بەرپرسیاریی ڕەوشتی و مرۆیی، مێژوو و ڕابردووی هەر كەسێكت بوێت، ڕەشی بكەیت. هەر سیاسییەك بە ئامانج بگریت، كۆمەڵێك فایلی بۆ دروست بكەیت، هەر هونەرمەندێكت بەدڵ نەبوو، تۆمەتی ڕەوشتی بۆ دروست بكەیت. زۆر بە ئاسانی ڕەش بكەیتە سپی و سپی بكەیتە ڕەش.

لەسەردەمی ئێستا، بە ئاسانی دەتوانیت دەست بۆ هەموو شتێك بەریت و قسە لەسەر هەموو شتێك بكەیت؛ كۆمەڵێك كەسیش، بۆ لایك و كومێنت و شتی دی بۆ خۆی كۆبكەیتەوە و بە دەستكەوت و سەركەوتن بۆ خۆی بداتە قەڵەم. لەم ماوەیە ڤیدیۆیەكم بینی (پێنج خولەك و دە چركە) بوو. لەسەر مێژوونووس (حوسێن حوزنی موكریانی). چەند قسە و دەستەواژە و پرسیار لەم ڤیدیۆیە دەكرێت، بەهیچ شێوەیەك ناچێتە ئەقڵی هەموو كەس، تەنها ئەقڵی ئەو كەسانەی چێژ وەردەگرن لە ئازاردان و سوكایەتیی كردن بە مرۆڤەكان، ئەوانەی لە نێو خەڵك و نیشتمان و كوردا، جێپەنجەیان دیارە. سەرەتا دەڵیت: (مێژوو درۆیە و ئەویش پیاوی ئینگلیز بوو)، (حوزنی و گیوی برای بەپێی هەموو نیشانەكان وا دەردەكەوێت، ئینگلیز بووبن). پێمخۆشبوو بمزانیبا، ئەو بەڕێزە، پێمان بڵێت بەپێی كام نیشانە پیاوی ئینگلیزن! من قسە لەسەر گیو ناكەم، زێدەتر قسەكان ئاراستەی حوزنییە. ئەو حوزنی وەك كەسێكی ماندوو بە (پیاوێكی گوماناوی ناوی دەبات). لە هەمووی خۆشتر، دەڵیت: (سەرچاوەیەكی باوەڕپێكراو نییە بسەلمێنێت كە كوردە).
ئەو خزمەتەی ئەو لە بواری مێژوو و نووسین و ڕۆژنامەگەری و ئەدەب و زمان كردووە، هەمووی بۆ كورد كردووە و بە كوردی كردووە، ئەی ئەگەر ئەوە كوردبوون نەبێت، هیندی بوونە برا! هەروەها دەڵێت: (مێژووی كورد بە قەڵەمی ئینگلیز بنووسرێتەوە، دەبێ چەند بۆمبی تێدا چێندرابێت، چەند جار پێماندا تەقابێتەوە). ئەگەر بە خراپ باسی ئینگلیز بكەیت و من هەزارجار لەگەڵتم، بەڵام ئەو مێژووەی حوزنی نووسیوە، هەمووم خوێندۆتەوە؛ وەرە سەرجەم بەرهەمەكانی مێژوو و بوارەكانی دی بخوێنەوە، ئەوانەی وەك كتێب چاپ كراون، بزانە یەك شت لە خزمەتی ئینگلیز و بێگانەیە، هەموو كوردییە و باسی مێژوو و ڕەچەڵكناسی كورد و میرنشیینەكان دەكات. ئەو پێچەوانەی هەموو مێژوونووسانی دی لە جیاتی باسی پاشا و سەرۆكەكان بكات، دێت باسی مێژووی خێزان و تاك و ژیانی ڕۆژانەی خەڵك و كۆمەڵگەی كوردی دەكات، بە كوردی مێژووی ئەو كوردە دەخاتە پێش چاوی كورد و هۆشیاریان دەكاتەوە. من دەڵێم: نەك ئینگلیز، ئەگەر عەرەب و جوولەكە و فارس و هیندیش، ئەو مێژووە جوانەی وەكوو حوزنی هەیە بۆ كورد بنووسێتەوە، دەستی خۆش بێت و من شانازی پێوە دەكەم. من هەموو مێژووی ئەو مرۆڤەم خوێندۆتەوە، نە بۆنی ئینگلیزی لێدیت و نە بۆمبێكە ئینگلیز لەنێو ئەو مێژووە داینابێتەوە. ئەو تۆمەتانە بۆ مێژوونووسێكی كورد، ڕەنگە جوان نەبێت. هیندی بوونی بدەیتە پاڵ و بڵێیت بە چ مەرامێك فێری هیندی بووە! زۆربەی زانیارییەكان لە ژیاننامەی حوزنی هەر لەنێو خودی كتێبەكانی حوزنی هاتونەتە دەر، كە ئەو بە هەرزەكاری گەڕاوە و چویتە وڵاتان و چۆن چووە و چۆنی گەیشتووە و چۆن چاپخانەی كڕیووە و ئەو كتێب و گۆڤارانەی چاپی كردوون و چۆن چووتە ڕواندز و هەولێر و بەغدا. لەو ڤیدیۆیە گومان دەخاتە سەر حوزنی ئینگلیزی لە پاڵ بووە و ئەوان یارمەتیان داوە؛ (گومان!) ناچێتە خانەی زانستی و بەڵگەی دروست. دوو جار ڕستەی (بەپێی ئەوەی لە كتێبان گوتراوە). براگیان! لە كام كتێبی خەڵك و كتێبی حوزنی و كتێبی هیندی، نووسراوە: حوزنی هیندیە و سەر بە ئینگلیزەكانە! لە كوێ نووسراوە حوزنی كورد نییە؟ لە چ كتێبێك نووسراوە ئینگلیزەكان، ئەو چاپخانەیان بۆ حوزنی كڕیووە، وەرە یەك بەڵگەی كۆن و نووسراو بێنە و پشتڕاست بكاتەوە و بڵێت، ئەوە بەڵگەنامەیەكی ئینگلیزییە، عوسمانییە، وا دەڵێت! بۆ ئەوەی منیش باوەڕ بكەم. دەستەواژەی (ئەگەری) هەیە. دیسان وەرە ئەو ئەگەرانەمان پێ بڵێ! ئەو بەڕێزە هەر خۆی لە سەرەتای ئەو ڤیدیۆیە دەڵێت: (مێژوو پڕە لە درۆ!)، فەرموو ئەگەر قسەكانی تۆ ڕاستن، وەرە ئەو مێژووە درۆیەمان بۆ ڕاستبكەوە، نەك كۆمەڵێك درۆی دی (ببورە كە وا دەڵێم) لە بەڕێزت ببیستم. دەڵێت (ئەگەری هەیە ئەو پیاوەش یەكێك بێت لەو هیندیانەی سەر بە ئینگلیز بێت). كێ دەڵێت ئەگەری تۆ دروستە، ئەو پیاوە هیندی بێ و سەر بە ئینگلیز بێت! تەنها لەبەر ئەوەی دەموچاوی ڕەشە و وێنەیەكی بە جلی هیندی گرتووە و زمانی هیندی فێربووە! زۆر كەس لە ڕواندز دەناسم، هیندی دەزانن. ئاخر ئێستا لەو كوردستانە، دەیان كورد و مەلای مزگەوت لە گەڕەكی من و گەڕەكی تو، دشداشە دەبەردەكەن و كەسیش ناڵێت ئەگەری هەیە، عەرەب بێت.
دەربارەی ئەو سەفەرانی كردوون، خۆدی حوزنی لە ژیاننامەی خۆی باس كردووە، خۆ هەمووی بە ساڵێك و دوو نەیكردووە و چەندین ساڵی خایاندووە. حوزنی بە دەردەسەری و هەژاری و ئاوارەیی و سەرگەردانی ژیاوە. لەسەر چاپخانە پرسیاری ئەوە دەكات چۆنی كڕیووە، دەتەوێت بزانی، بگەڕێەوە نووسینەكانی خودی حوزنی. منیش دەڵێم، بە ئاسانی ئەو چاپخانەیەی نەكڕیوە. ئەو پرسیارەی تۆ هەمان پرسیارە، (حەمە بۆر) لە حوزنی كردووە و ئەوها باسی دەكات و ئەگەر حەز دەكەیت بزانیت.
بە وردی چێرۆكی كڕینی چاپخانەكەی ئەڵمانیا و موسڵ، بگەڕیوە بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە و ئاگەر باوەڕت بە قسەكانی ئەو هەیە(1) ئەگەر چاپخانەكە، ئینگلیز، یان ئەڵمان یان جوولەكەش بۆیان كڕی بێت، دەستیان خۆش بێت، چونكە ئەو چاپخانەیە كاری باشی پێكراوە و چەندین كتێب و دیوانی شاعیرانی پێ چاپكردووە، بێجگە لە دەركردنی چەند بڵاوكراوە و گۆڤارێك، توخوا لەو سەردەمە ئەوەی حوزنی كردویەتی كارێكی خراپبووە!
كاتێ دێتە ڕواندزیش، ئەوكاتەی ڕێگەی ئۆتومبێل نەبووە و بە وەڵاغ هاتووە. وامەزانە ئینگلیزەكان فەرشی سووریان بۆ ڕاخستووە، خەڵكی ڕواندز جێگایان بۆ كردۆتەوە، خانووی ئەوقاف (مزگەوت)یان پێداوە. تا لە ڕواندز بووە و چەند شوێنكی كردووە و تێیدا ژیاوە.
ئەگەر سەید تەهای شەمزینی، ئەوكاتەی قائیمقامی ڕواندز بووە و لایەنگیری ئینگلیزەكان بووە، هاوكاری حوزنی كردووە و ڕێی پێداوە بێتە ڕواندز، بەڵام خۆ مووچەی بۆ حوزنی نەبڕیوەتەوە و پۆستی پێنەداوە. هەر ئەو سەید تەهایەش، لە سەر سكاڵای هەندێ كەس، سەید حوزنی لە ڕواندزی دەردەكات و 19 شەو و ڕۆژ لە ئەشكەوتی (كاكەسۆر) لە گەلیی خاڵەڕەش، كاری ڕۆژنامەگەری كردووە.(2)
خۆ سەید تەهاش، لایەنگیر و پیاوی ئینگلیزەكان بوو، بەڵام چ كارێكی خراپی بەرانبەر بە میللەتی خۆی نەكردووە، دیسان (ئیسماعیل بەگی ڕواندزی) دۆستی حوزنی و باوەڕپێكراوی ئینگلیزەكان بوو، دووجار بووە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەوەی ئەو پیاوە بۆ كورد لەسەردەمی خۆی كردی، تا ئێستاش باس دەكرێت. دوای جەنگی یەكەمی جیهانیی و هاتنی ئینگلیز، دوو ڕێگە لە بەردەم خەڵكەكە و ڕۆشنبیرانی ئەو سەردەمە هەبوو، یان لاینگری عوسمانی، یان ئینگلیزی، ڕێگەی سێیەم ئەوانەی بێلایەن بوون و دەستیان بە كڵاوی خۆیان گرتبوو، وەك سەردەمی ئێستا بۆ هەندێكیان نیعمەت و بۆ هەندێكیان زەحمەت.
خۆ ئەگەر حوزنیش لایەنگری ئینگلیزی كردبێت، مانای وانییە، سیخوڕی ئینگلیزەكان بووبێت. ئاخر برای بەڕێز! لایەنگیربوون و سیخوڕی بوون دوو چەمكی جیاوازن، ئەوكاتەی حوزنی لە ڕواندز بووە، خەڵك لە شارەكان سەردانیان كردووە و تەنانەن ئینگلیزەكانیش كە لە عێراق بوون، كە دەهاتنە رواندز، وەك موزەخانە و شوێنێكی گرنگ لە بواری ڕۆژنامەگەری و ڕۆشنبیری سەردانیان كردووە، نەوەك بێن پارەی پێبدەن. زۆربەی ڕۆشنبیران و ناودارانی ئەوسای ڕواندز ئەوە دەڵێن لە حوزنی فێری كوردایەتی بوونە.
خۆ (هاملتۆن)یش سەردانی دەكات و لەم بارەیەوە، دەڵێت: “سەید حوزنی لە ڕواندز دەژی، سەرنووسەری ڕۆژنامەیەكی كوردییە، بەتەنیا هەموو بابەتەكانی دەنووسێت، بەدەستی خۆی وێنە دەكێشێت، هەر خۆشی چاپی دەكات، دواتر بەرگی تێدەگرێت و دەیپێچێتەوە؛ لە دونیادا تاكە ڕۆژنامەیە ئاوا دەربچێت.(3)
حوزنی لە هەژاری و بێپارەی هاواری بووە، لە بڵاوكراوەكانی خۆی داوای ئابوونە لە خوێنەرانی دەكات. لە ساڵی 1926_1932 لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی گۆڤاری زاری كرمانجی، (24) ژمارەی دەركردووە، ئەگەر لە ماوەی ئەو شەش ساڵە، گیرفانی گەرم با و هاوكاری كرابا، دەبوایە بە لایەنی كەم، 60 ژمارە لەم گۆڤارە دەرچووبا؛ ئەوكاتە دەبووە چ سامانێكی گەورە بۆ مێژووی كورد. ئەگەر پیاوی ئینگلیزەكان بوایە، بۆ نەدەهاتن دەستی بگرن و مرەكەب و كاغەزی بۆ دابین بكەن و درێژە بەو كاروانە بدەن. جاری وا هەبووە چەند مانگێك لەبەر نەبوونی پیت و كاغەز و مرەكەب گۆڤارەكەی دەرنەكردووە. هەموو ئەوانەی یارمەتییان داوە، كوردپەروەر و ڕۆشنبیرانی ئەم وڵاتە بوون، لە گۆڤاری زاری كرمانجی ناویان بڵاوكراوەتەوە. جارێك لە سەردانی (جەعفەر عەسكەری) سەرۆك وەزیرانی ئەوسای عێراق بۆ ڕواندز (100) ڕوپیەی پێداوە.(4)
ئاخر هەر لە یەكەم كتێبی (غونچەی بەهارستان تاریخی كوردان) كاتێ لە حەڵەب لە ساڵی 1925 بە چاپی گەیاندوە، بە زمانی كوردی، چ كێشەیەكی گەورە بۆ ناحەزانی كورد دەردەكات و لە پەرلەمانی توركیا ڕێگری دەكرێت لەو هەوڵەی حوزنی و بە مەترسی دادەنێن.(5)
خۆ لە ڕواندزیش هەندێ لە مەلایەكان دژایەتیان كردووە و لە لای سەید تەها سكاڵا و گلەیان كردووە، كە چۆن تەفسیری قورئان و ئەو شتانە بە كوردی دەنووسرێت. لەكاتێكدا، تەفسیری قورئان بە هەموو زمانەكان هەیە و هیچ لە ئارادا نییە، وەلێ بۆ حوزنی، تاوان و خیانەت و كارێكی خراپ بووە. خۆ ئەمانە كوردبوون و كەسیان ئینگلیز نەبوون. هەموو ئەو قائیمقام و كوردانەی دژایەتی ئەویان دەكرد، لەسەر چاپخانە و گۆڤار و كاری ڕۆژنامەگەری بە بیانووی ئەوەی ئێرانییە. كاتێكیش (فایەق كاكەمین) ڕێگری لێدەكات و ناهێڵێت لە كوردستان بمێنێتەوە؛ ئاوارەی بەغدا دەبێت. بە تۆمەتی كوردبوون و ئێرانی بوون، ڕێگەیان لێدەگرت و نەیاندەهێشت كار بكات لە عێراق، چونكە ناسنامەی نەبووە؛ چەندان جار گیراوە.
ئەگەر گومانت هەیە كە حوزنی چۆن چاپخانەی لە ئەڵمانیا كڕیوە و چۆن گەیاندۆتە حەڵەب و دوای دە ساڵ هێناویتە ڕواندز. ئەو چیڕۆكە بە سادەی ناوتریت و هۆكاری شەو و ڕۆژێكی نەبووە، بەڵام هێنانی چەند سوودبەخش بووە و هەندی پیازێكی خزمەتی سیاسەتی ئینگلیزی نەكردووە. ئەگەر بە قەرزی كڕی بێت و ئەگەر بۆیان كڕی بێت. ئەو شۆڕشێكی كردووە و لەم بارەیەوە، لە دەستخۆشی زیاتر، چی پێدەڵێن! ئەگەر زانیاری لەسەر كڕینی چاپخانەكەی موسڵ بكەین، ئەوە گومان هەڵناگرێت ئینگلیز بۆی كری بێت، شێوازی كڕینی چاپخانەكەی، بە قەڵەمی خۆی بۆمانی نووسیوە و دەتوانین چیڕۆكەكەی بخوێنیەوە. بزانین بە چ دەردەسەریەك و قەرز و زەحمەتییەك ئەو چاپخانەیە دەكرێت!(6)
ئەوكاتەی ڕوودەكاتە بەغدا، یان ناچاری دەكەن ڕوو بكاتە ئەوێ، لە كەلاویەك دەژێت و دەبێتە كرێچی. كاتێ بالێوزخانەی بەریتانیا دەیانەوێت، بۆ بەرژەوەندی و پڕوپاگەندە و سیاسەتی و كارەكانی خۆیان، گۆڤارێك دەربكەن. ئەوە ئینگلیزەكان دێن دەستی حوزنی ماچ دەكەن و ئەو كارەیان لەگەڵ بكات؛ نەك لەبەر ئەوەی سەر بەوانە، بەڵكوو شارەزایەكی زۆری لە چاپخانە و ئیشپێكردن و بەڕێوەبردنی كارە هونەرییەكان و دەركردنی ڕۆژنامە و كتێب هەبووە، شارەزایەكی باشی زمانی كوردی بووە. ئەزموونی لە حەڵەب و ڕواندز و سلێمانی و هەولێر هەبووە و چەندین ساڵ كاری چاپخانەی كردووە، كەسی وەك ئەو لەوكاتە لە حوزنی باشتر دەستیان نەدەكەوت؛ واتە ئەزموونی و زیرەكی حوزنی بووە، ئینگلیزەكان دێن و كاروباری چاپخانەی دەخەنە بەردەست و ئەویش ئەو كارەی كردووە و زانیویەتی دەتوانێت لەم ڕێگەیە، خزمەتی كورد بكات. خۆ ئەگەر من و تۆش باین و بێكار و بێلانە و بێپارە و دوور لە دۆست و خزم و كوردستان ژیاباین. سەردەمێك بووە، جەنگی دووەمی جیهانی و ناخۆشی بارودۆخی سیاسی و ئابووری و ململانێی دەوڵەتان و خراپی باری دەروونی تاكەكانی كۆمەڵگە و نەبوونی كار و كەسابەتی، ئەو كارەمان بە سپاسەوە دەكرد.
تۆفیق وەهبی و ئەوانەی لە گۆڤار و دواتر ڕۆژنامەی (دەنگی گیتیی تازە) كاریان دەكرد، لایەنگری ئینگلیز بووبن، ئێ بۆ تاوان بێت بۆ حوزنی. ئەڕی بەڕاست كتێب و نووسینەكانی تۆفیق وەهبی لە خزمەتی ئینگلیز بوون یان كورد! خاڵێكی دی بڕوانە ئینگلیزەكان، كاتێ لە شەڕەكە سەركەوتن و چیدی پێویستیان بە گۆڤارەكە و پڕوپاگەندە و ئەو سیاسەتە نەما، گۆڤارەكە دادەخەن و پارە و خەرجی لەم شتە سەرف ناكەن. بەڵام ئەوە حوزنییە، بە گڕوتینی كوردانە و دڵسۆزانە دێتەوە مەیدان و ناهێڵێت ئەو گۆڤارە بوەستێت، چونكە بوونی ئەو گۆڤارە لەوساتە بە پێویست دەزانێت و بەو لایەنە خراپەی دارایی تێدایە، ئەو ئەركە دەگرێتە ئەستۆ.
“كاتێك ئینگلیز ئیشیان بە پڕوپاگەندە نەما، ئیتر گۆڤارەكەیان ڕاگرت و ئەرك و خەرجییەكانی گۆڤارەكەیان نەكێشاوە. دوابەدوای ئەمە (حوسێن حوزنی موكریانی، فایەق توفیق و محەمەد بابان) داوایان لە وەزارەتی ناوەخۆ كردووە، ماوەیان بدات درێژە بە دەنگی گیتیی تازە بدەن. وەزارەتی ناوەخۆش ڕێگەی پێداون و پاش ڕێگەپێدانیان ئاگاداری سەربەخۆبوونی گۆڤارەكە بڵاوكراوەتەوە.(7)
بەم شێوەیە دەنگی گیتیی تازە بەردەوام دەبێت و تا دوا ژمارە لە 25/8/1947، لەگەڵ مردنی حوزنی لە 20/9/1947، ئیدی دەنگی گیتیی تازە نامێنێت.
مردنی حوزنیش، ڕەنگە خراپترین مردن بێت، كە بەو شێوەیە ئەو پیاوە گەورەیە، سەردەنێتەوە. لێرە دەچمە خزمەتی (چێشتی مجێور)ی مامی هەژار، لەسەر مردنی ئەو مێژوونووسە، چیڕۆكێكی خەمناكمان بۆ دەگێڕێتەوە. “بەیانییەك برادەرێك هات، گوتی: “حوزنی كوتوپڕ مردووە؛ با بچینە سەرقەبران”. چەند دیمەنێكی دڵتەزێن بوو: جەنازەكەی لەسەر خاك درێژكرابوو تا قەبری تەواو دەبێ، جگە لە من و برادەرەكە هیچ كەسی لە لا نەبوو، بیرم لە قەدرنەزانی كوردان دەكردەوە، گریانێكی زۆر بە كۆڵ گرتمی و پێم وایە تەنیا كەسێك بۆ مەرگی گریابێ من بووم… حوزنی كە بە جاسووس و هەمەكارەی ئینگلیسیان دەزانی، زۆر بە فەقیری مرد. جگە لە كتێبخانەكەی، هەموو ناو ماڵی، یەك_دوو بەڕە و چوار نیمكەتی داربوو، منداڵی نەبوو، ژنەكەی كوردی توركیە بوو، ناوماڵ بۆ ژن ماو كارەكەری ماڵانی دەكرد”.(8)
چەند ساڵێك لە دوای مردنی حوزنی، (فاتیمەخان)ی خێزانەكەی بە پیری و هەژاری لە ماڵەكانی بەغدا، كاركەر و خزمەتكاری ماڵان بووە و بە ژیانێكی مەمرە و مەژی ژیاوە و ئەویش وەك حوزنی بە هەژاری ژیا و مرد؛ لە گۆڕستانی شێخ عەبدولقادری گەیلانی بە بێكەسوكاری نێژرا.
بەڵێ، حوزنی ئەوها ژیا و مرد. كۆمەڵێك كتێبی لە دوای خۆی بەجێهیشت، ژمارەیەك گۆڤار و ڕۆژنامەی دەركرد و خزمەتی نەتەوەی خۆی كرد. ئەگەر حوزنی جاسووس و پیاوی ئینگلیزەكان بوایە، چۆن ئەوها دەژیا، كوا مووچەكەی! خۆی كرێچی بووە. كوا ئەو خانوو و زەوی و دووكانانەی لە دوای خۆی بەجێهێشت! بۆچی لە دوای ئەو ئینگلیزەكان نەهاتن و دەستی یارمەتی بۆ خێزانەكەی درێژ بكەن! ئێستاش خەڵك هەیە، بێئەوەی یەك كتێبی ئەو پیاوەی خوێندبێتەوە و بێ سێودوو دەبێژێت: حوزنی بوختانی بە مەلای خەتێ كردووە، حوزنی جاسووسی ئینگلیزەكان بووە! ئەمە تەنها بیستویەتی، ئەگەر خۆی بێت و بەدواداچوون بكات، مرۆڤ زۆر ڕاستی بۆ دەردەكەوێت. كاتێ شاری ڕواندز بەرفراوانكردنی جادەی گشتیی ڕواندز كەوت، گۆڕی (مەلای خەتێ)*یان گواستەوە، بۆ شوێنێكی دی، من یەكەم كەس بووم، ئەمەم كردە هەواڵ. وتم: گۆڕی مەلای خەتێیان لە گۆڕ دەرهێنا؛ وتم: دەبێت بە ڕێزەوە مامەڵەی لەگەڵ بكەن، چونكە هەم مردووە و هەمیش زانایەكی گەورەی كوردە. هەبوو لەم هەواڵە دڵگرانبوون، دەیانگوت: مامۆستا لێی گەرێ، ئەوە فتوای داوە و پاشای گەورەی بە كوشتن داوە! لە زۆر كۆڕ و چالاكیی و دیدارانەی لەسەر حوزنی لە ڕواندز كراون و بەشداریم كردووە، كتێبێكیشم لە بواری ئەدەب لەسەر ئەو پیاوە نووسیوە. هەبووە، خۆشی بە ڕۆشنبیر دادەنا، یان بیرێكی ئایینی توندڕەوی هەبووە. پێی وتووم: بۆ ئەوەندە گرنگی بە حوزنی دەدەیت و ئەو بوختانی بە مەلای خەتێ كردووە و جاسووسی ئینگلیزەكان بووە! یەكەم پرسیاری من ئەوە بووە، چەند كتێبی حوزنیت خوێندۆتەوە، بێگومان بەشەرمە و (هیچ)ەكەم پێدەڵێت. یان پێیان دەڵێم، ئەگەر ڕاستدكەیت، وەرە بەڵگەم بۆ بێنە، با خۆم شیبكەمەوە و لێی تێبگەم. لای من هەردووكیان مرۆڤن، ناڵێم فریشتەن و شایەنی هەڵەن، دەكرێت هەڵەكانیان دیار بكرێن، شتە جوانەكانیشیان بە جوانی سەیر بكرێت و ناشیرین نەكرێن.
بۆ من هەم حوزنی و هەم مەلای خەتێ، دوو پیاوی گەورەی كوردن و بە هیچ شێوەیەك لای من ناشیرین نابن. ئەوەی بە ناشیرینی سەیری مرۆڤ بكات، ئەو بێگومان خۆی و بیركردنەوەكانی ناشیرینە. (سوقرات) قسەیەكی جوانی هەیە (بوختان بۆیە خراپە، هەموو كەس بەبێ لێكدانەوە قبووڵی دەكات). ئاخر چ كەسێك ئەوەندەی حوزنی، لێی دراوە، زیندانیكراوە، تۆمەت و بوختانی بۆ هەڵبەستراوە، بە جاسووسیان داناوە. (زەكی ئەحمەد هەناری) لە نووسینێك ئەو زوڵم و ستەمەی لە حوزنی كراوە، بۆمان دەخاتە ڕوو “لە عێراقدا (22) جاران گیراوە، شۆڤار (جاسووسەكان) هەمیشە بە دواوەوەی بوون و وەچانیان نەدەدا. (3) جاریشیان ژاریان داوەتێ، (2) جارانیش لێ دراوە(9) هەروەها لە سوریا سێ جار لێدراوە و چوار جاریش لە سەردەمی عوسمانی گیراوە. جارێك سەربازانی تورك لێی دەدەن و چەناگەی دەشكێن و تا مرد ڕیشی هێشتەوە، بە هۆی شكان و ئەو لێدانە بەزەبرەی بەری كەوتبوو.
بەداخەوە! لە ئێستادا، بوختان و قسەی نابەجێ و شێواندنی مێژوو و ئابڕووبردنی كەسایەتییەكان و سەركردەكان و پیاوە ئایینەكان و شاعیر و هونەرمەند و تەنانەت مرۆڤێكی ئاسایی، ئەوەندە زۆر بووە، بە ئاسانی و بە ژیریی دەستكرد و بەڵگەنامە و نامە و نووسراوی سەختەی دروست بكەیت و لە ڕێگەی سۆشیاڵ میدیاوە، بڵاوبكەیتەوە.

سەرچاوە

  1. ئازاد عەبدولواحید، حوسێن حوزنی موكریانی لە یادەوەری حەمەبۆردا. گۆڤاری ڕامان، ژمارە (177)، 5/2/2012، ل 36.
  2. دڵشاد خەتات_یاسین برایم، لانەی شەوان. چاپخانەی شوان، سۆران، چاپی یەكەم، 2026، ل46_48.
  3. سەرچاوەی پێشوو، ل5.
  4. گۆڤاری زاری كرمانجی، ژمارە (10)، 30ی تەمووزی 1927، ل23.
  5. د. محەمەد خدر مەولوود، غونچەی بەهارستان. چاپی یەكەم، هەولێر، 2025.
  6. د. كوردستان موكریانی، گۆڤاری ڕووناكی، یەكەمین گۆڤاری كوردی شاری هەولێر1935_1936. چاپی یەكەم، دەزگای ئاراس، ل31-41.
  7. نیگار عبدوللە كریم قارەمان، پێگەی كولتووری (دەنگی گێتی تازە) لە ڕۆژنامەگەریی كوردیدا، 2022، نامەی ماستەر، زانكۆی چەرمۆ، كوڵیژی زمان.
  8. هەژار موكریانی، چێشتی مجێور. ناوەندی چاپ و بڵاوكردنەوەی كتێبی میهرەگانی، چاپی دووەم، 2007، ل 112-113.
  9. گۆڤاری هەتاو، ژمارە (179)، 15/7/ 1960.

  • مەلای خەتێ: مەلا محەمەد ئەفەندی كوڕی مەلا ئەحمەد، بە مەلای خەتێ ناسراوە و زانا و موفتی میرنشینی سۆران بووە لەسەردەمی پاشای گەورە. گۆڕەكەی لە پێش قوتابخانەی ئامادەیی ڕواندزی كوڕان بوو، لە تەنیشت مستەفا بەگی باوكی پاشای گەورە نێژرابوو. ڕۆژی 11/7/2007 لەبەر ئەوەی گۆڕەكەی دەكەوتە بەرجادەی گشتیی ڕواندز_بێخاڵ. بۆیە لەو ڕۆژە، شارەوانی ڕواندز، ڕووفاتی ئەو پیاوەی گواستەوە بۆ گۆڕستانی گەردەگەرد و ئێستا گۆڕەكەی دیارە و نوژەنكرایتەوە.



ئەقڵ لەنێوان دین و نەتەوە؛ تێڕامانێک لە هاوسەنگییە فیکرییەکانی کۆمەڵگەی هاوچەرخ.. نووسینی: کارزان عەزیز

لە مێژووی بیری مرۆڤایەتیدا، هیچ دوو چەمک هێندەی «دین» و «نەتەوە» نەبوونە مایەی داگیرساندنی کڵپەی گەورەترین بەخشندەیی، ئەخلاق و ئازایەتی، و لە هەمان کاتیشدا، سەرچاوەی کاولکاری، دابەشبوون و قەیرانی قوڵ. هەردووکیان لە قووڵترین پێویستییە دەروونی و بوونگەراییەکانی مرۆڤەوە سەرچاوە دەگرن؛ دین بە وەڵامدانەوەی پرسیارە گەورەکانی مانا، سەرەتا و کۆتایی ژیان و دابینکردنی پشتێنەیەکی قووڵی ئەخلاقی بۆ مرۆڤ، و نەتەوەش بە بەخشینی ناسنامە، زمان، یادەوەریی هاوبەش و جوگرافیایەکی پارێزراو کە مرۆڤ تێیدا لە هەستی نامۆبوون دەرباز دەکات. بەڵام کاتێک بە دیدێکی ڕەخنەگرانە، زانستی و فەلسەفی سەیری ئەم هاوکێشە ئاڵۆزە دەکەین، پرسیارە بنەڕەتییەکە ئەوەیە: ئایا پێگەی «ئەقڵ» لەم ناوەندە هەستیارەدا لە کوێدایە؟ ئایا ئەقڵ حاکمێکی باڵایە بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی و ڕێگریکردن لە کارەسات، یان تەنها ئامرازێکی ملکەچە لەبەردەم سۆزە پڕ لە هیجانەکانی ئەم دوو هێزە مەزنەدا؟ بۆ وەڵامدانەوەیەکی ئەکادیمیانە و هێندە قووڵ، پێویستە لە سەرەتاوە بە وردی سەیری ئەو گرێکوێرە مێژووییە بکەین کە لە نێوان ئەقڵ و دیندا بوونی هەیە.

یەکەم: ئەقڵ و دین؛ لە نێوان تێگەیشتنی ڕەخنەگرانە و دۆگماکانی ڕابردوودا

لە ڕوانگەیەکی مێژوویی و مەعریفیدا، دین پەیامێکی ڕۆحی و ئەخلاقییە بۆ بەرزکردنەوەی بەهای مرۆڤ و بەخشینی پیرۆزی بە بوونی. بەڵام کاتێک ئەم پەیامە دەکەوێتە ناو بازنەی زمان، تێگەیشتن، مێژووەوە و دەبێتە بەشێک لە فەرهەنگی کۆمەڵایەتی، خێرا پێویستی بە تێڕامان، لێکدانەوە و شیکردنەوە دەبێت و لێرەوە ئەرکی مەزنی ئەقڵ دەست پێدەکات. کێشەکە هەمیشە لەو خاڵەدا دەست پێدەکات کە ئەقڵ دەکرێتە قوربانیی تێگەیشتنێکی داخراو، نەگۆڕ و دۆگما، کە تێیدا دەق لە چوارچێوە ڕەهەندە مرۆیی، شارستانی و سەردەمییەکەیدا دادەبڕێنرێت. کاتێک دین لە چوارچێوەی خوێندنەوەیەکی توندوتیژ و دابڕاو لە ڕیاڵیستی سەردەمدا قەتیس دەکرێت، مرۆڤ توانای داهێنان، تێگەیشتن لە جیاوازی و پێشوازیکردن لە «ئەوی تر» لەدەست دەدات و ژیان دەبێتە پرۆسەیەکی سەخت بۆ سڕینەوەی ئازادیی تاکەکەسی. لە بەرامبەردا، ئەقڵی ڕەخنەگر، کراوە و گەشەسەندوو ئەو کلیلە زێڕینەیە کە دەتوانێت دەقەکان لە قووڵایی مەبەستە مرۆڤدۆست و ئەخلاقییەکانیاندا بخوێنێتەوە، و بیانگونجێنێت لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سەردەمدا بە بێ ئەوەی هیچ لە ناوڕۆکە ڕۆحی و ڕەسەنەکەیان کەمببێتەوە.

دووەم: ئەقڵ و نەتەوە؛ لە هۆشیاریی نیشتمانییەوە تا شۆڤێنیزمی کوێر

لە لایەکی ترەوە، کاتێک تیشک دەخەینە سەر پەیوەندیی نێوان ئەقڵ و نەتەوە، دەبینین نەتەوە تەنها کۆمەڵە خاک و سنوورێکی جوگرافیی بێگیان یان کۆمەڵە مرۆڤێکی هەڕەمەکی نییە، بەڵکو بەرهەمی هۆشیاری، زمان، یادەوەری، مێژووی هاوبەش و مەعریفەیە. ئەقڵی نەتەوەیی، کاتێک لەسەر بنەمای بەها باڵاکانی وەک مافی مرۆڤ، هاوڵاتیبوونی یەکسان، دادپەروەری و فرەچەشنی بنياد بنرێت، دەبێتە لانکەیەکی مەزن بۆ پێشکەوتن و پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ، بە جۆرێک کە تاک تێیدا هەست بە ئارامی، پارێزراوی و بەشداریی ڕاستەقینە دەکات. بەڵام مەترسییە گەورە و کوشندەکە لەو کاتەدا سەر هەڵدەدات کە ئەقڵ لە کارکردنی زانستی و ڕەخنەیی خۆی دەوەستێت و دەکەوێتە خزمەت «نەتەوەپەرستیی کوێر» و شۆڤێنیزمی تەسکەوە. لەم دۆخە نەخۆش و سۆزدارییەدا، نەتەوە دەبێتە بتێکی پیرۆز و ڕەها، کە دەبێت هەموو بەها مرۆییەکان و ئازادییە تاکەکەسییەکانی لە پێناویدا قوربان بکرێن. ئەقڵی شۆڤێنی، جیاوازییەکانی وەک هەڕەشەیەکی بوونگەرایی دەبینێت و بۆ مانەوەی خۆی پێویستی بە دروستکردنی دوژمنی ناوەکی و دەرەکی هەیە، کە ئەمەش کۆمەڵگە دەخاتە ناو بازنەیەکی داخراو و نوقم لە ڕق، جەنگ و قەیرانی بەردەوامەوە.

سێیەم: تێکەڵکردنی دین و نەتەوە؛ قەیرانی سیستمی فیکری لە کۆمەڵگەدا

کاتێکیش ئەم دوو هێزە مەزنە واتە دین و نەتەوە بەیەک دەگەن و لە یەک خاڵدا لە جەستەی کۆمەڵگەدا تێکەڵ دەبن، یەکێک لە ئاڵۆزترین و کارەساتبارترین دیمەنەکان دروست دەبێت، کە بریتییە لە بەسیاسەتکردن و بەنەتەوەکردنی دین و هاوکات بەپیرۆزکردنی ناسنامەی نەتەوەیی بە بەهای ڕەهای ئایینی. لە کاتێکدا دین دەکرێت فاکتەرێکی بەهێز بێت بۆ بەهێزکردنی ئەخلاق و یەکڕیزیی کۆمەڵایەتی، بەڵام کاتێک دەکرێتە ئامرازێکی سیاسی و ئایدیۆلۆژی لە دەست دەسەڵاتداران و گرووپەکاندا، زیانێکی کوشندە بە هەردووکیان دەگەیەنێت؛ دین بەها گشتگیر و ئاسمانییەکەی لەدەست دەدات و دەبێتە کەرەستەیەکی هەرزان بۆ پاساوھێنانەوە بۆ ستەم و هەڵاواردن، و نەتەوەش لەبری ئەوەی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی نیشتمانی و زانست بنیاد بنرێت، دەبێتە سەرچاوەی ناکۆکیی توند و سڕینەوەی جیاوازییەکان.

چوارەم: ئەرکی ئەقڵ لە قۆناغی داهاتوودا
بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە فیکری و کۆمەڵایەتییە، پێویستە لەسەر ئاستی هزری و ڕۆشنبیری هەنگاوی جددی بنرێت. چارەسەر لە بنەڕەتدا نە سڕینەوەی دینە و نە پشتگوێخستنی هەستی نەتەوەییە، بەڵکو گەڕانەوەیە بۆ «خوێندنەوەیەکی کراوەی زانستی». ئەقڵی رەخنەگر دەبێت ئەو فلتەرە مەزنە بێت کە ڕێگە نادات ئایین و نەتەوە ببنە کەرەستەی پاکتاوکردنی مرۆڤدۆستی، بەڵکو دەبێت زەمینە خۆش بکەن بۆ پێکەوەژیانێکی ئاشتیانە.

دەرەنجام
لە کۆتاییدا، لۆژیکی فیکری و زانستی پێمان دەڵێت کە ئەقڵ تاکە دەزگا و پێوەری مەعریفییە کە دەتوانێت سنووری ڕاستەقینە لە نێوان ئەم دوو چەمکەدا ڕاگرێت. ئەقڵی ساغ و هۆشیار ئەوەیە کە ڕێز لە قوڵایی ڕۆحی و ئەخلاقیی دین بگرێت بەبێ ئەوەی بکەوێتە داوی دۆگما، و هاوکات پشتگیری لە ماف، زمان و شانازیی نەتەوەیی بکات بەبێ ئەوەی بکەوێتە تەڵەی شۆڤێنیزمەوە. بێ بوونی ئەقڵێکی کراوە، ڕەخنەگر و لۆژیکی، نە نەتەوە دەتوانێت بەرەو پێشکەوتن گەشە بکات و نە دینیش وەک پێویست وەک ڕێنوێنێکی مرۆڤدۆست دەمێنێتەوە؛ بەڵکو هەمیشە زەمینەخۆشکەر دەبێت بۆ قەیرانی فیکری و داڕمانی کۆمەڵایەتی.
پاشکۆی کۆتایی: کەواتە، چارەنووسی داهاتووی کۆمەڵگەکانی ئێمە لە گروو و هەڵوێستی ڕووناکی و تاریکیی نێوان سۆز و ئەقڵدا یەکلا دەبێتەوە. ئەگەر فیکر و زانست نەتوانن جڵەوی ئاراستەکان بگرنە دەست، مەترسیی ئەوە هەیە کە شوناسەکانمان لە قەڵای ئازادییەوە ببنە گۆڕستانی فرەچەشنی. بۆیە، گەڕانەوە بۆ سەدەی لۆژیک، ڕێزگرتن لە فرەیی و سەروەرکردنی ئەقڵی ڕەخنەگر، تەنها بژاردەیەک نییە بۆ باشترکردنی دۆخەکە، بەڵکو تاکە مەرجی زیندوومانەوەی هۆشیاریی نیشتمانی و مرۆیی ئێمەیە لە جیهانێکی پڕ لە گۆڕاندا.




مێژووی وێنە.. (تێگەیشتنی تەكنیكـی و بیری هونەری).. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

هەر لە سەردەمی ئەفلاتوونەوە، تاکو ئەمڕۆ “وێنە” وەک بابەتێکی شیکاریی دەروونی و هۆشیاری مەعریفی لە مێژووی فەلسەفە و هونەردا قسەی زۆری لێكراوە. لەو فەیلەسوف و سینەماكارانەی كە بونیادی پڕۆژەی فەلسەفەی میدیا، ڕەخنەیی سینەمایی لەسەر وێنە داڕشتۆتەوە (ژان بۆدریار) و (ژان-لوک گۆدار)ە.
(1)
وێنەی “دیمەنێک لە پەنجەرەی لو گراس” لەلایەن زانا و فیزیاکاری فەرەنسی (ژۆزێف نیسفۆر نیێپس) تۆمارکراوە و بە یەکەمین فۆتۆگرافیی مێژوویی دادەنرێت؛ لە تۆماركردنی ئەو دیمەنەدا پەیامی ئامرازی (تەكنیكـی) ڕوونکردەوە؛ واتە ڕەنگدانەوەی سادەی واقیعی تۆمار نەکرد، بەڵکو خودی “میکانیزمی ئامرازەکە” (کارلێکی تەکنیکی و کیمیایی لەگەڵ ڕووناکی و کات)دا بووە ناوەڕۆکی بنەڕەتیی دیمەنەكە: سەربانی باڵاخانەكانی دەوروبەری ماڵەکەی “نیێپس” لە سێن-ئێت-مارن. لە دیمەنەكەدا ڕۆناکیی خۆر لە هەردوو لای ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای باڵەخانەكاندا و دواتر سێبەریان كردووە، چونكە ماوەی گرتنی وێنەکە (8) کاتژمێری خایاندووە، بۆیە وەكـ جۆرێک لە “کەڵەکەبوونی کات” لەناو گرتەیەکی فۆتۆگرافیدا بەرجەستە دەبێت؛ لێرەدا مێژووی وێنەگری بە خودی ئامرازەکەوە بەندە، نەک بە دراماتۆڕجیی دیمەنەکە. ئەگەر لەگەڵ “دیمەنی کۆڵانێکی کۆن، چۆڵ و بێدەنگ” بەراورد بكەین، كە (ڤالتەر بنیامین) لە وتاری “كاری هونەری لە سەردەمی دووبارە بەرهەمێنانەوەی میكانیكیدا” قسەی لێكردووە؛ ئەوە دەتوانین بڵێین “دیمەنێک لە پەنجەرەی لو گراس” واقیعێكی بێلایەن نیشان دەدات و زێتر جەخت لەسەر وردەکارییەکانی ژینگەی فیزیکی دەکاتەوە. بەڵام لە “دیمەنی کۆڵانێکی کۆن، چۆڵ و بێدەنگ” دیواری کۆن، کەرپوچی شکاو و ڕێگای بەردڕێژکراو… ئاماژە بە خولانەوەی مێژوو دەكات؛ ڕزینی دیوارەکان و كاڵبوونەوەی ڕەنگەکان، جۆرە جوانییەكـ دەخوڵقێنێ کە پێی دەگوترێت “جوانیی شوێنەوارەکانی کات”؛ بەو مانایە کات دەبێتە ماددەیەكی سەرەکیی کارە هونەرییەکە و”ڕووبەرێكی کراوە بۆ خەیاڵ”. واتە لە تۆمارکردنێکی ڕووتی تەکنیکییەوە یان “کەڵەکەبوونی کات”ەوە دەپەڕێتەوە بۆ “ڕووبەرێكی کراوەی خەیاڵ”ی قووڵی ڕەوتی هونەرییەوە.
بێگومان وێنەکەی (ژۆزێف نیسفۆر نیێپس) لەڕووی مێژووییەوە تایبەتمەندیی خۆی ھەیە، بەڵام ڕۆناکیی خۆر و پاشان سێبەركردن، تێپەڕبوونی ژینگەی فیزیکی کات و بۆشایی دەنوێنێ؛ واتە وێنەكە مامەڵە لەگەڵ “ئێستا” و ماوەی “8 سەعات” دەکات و توانای دابڕانی “لێرە”دا نییە. كەچی لە وێنەی دووەمدا چۆڵیی کۆڵانەکە و نەبوونی ڕاستەوخۆی مرۆڤ و بێدەنگییەکە ناکاتە تێپەڕبوونی کات و بۆشایی، بەڵكو کات دەبێتە ماددەیەكی سەرەکیی دیمەنەكە: کورسییەکی بەجێماو، دەرگایەکی داخراو، دیواری ڕزاو و فانۆسێک—دەبنە بەڵگەی بوونی پێشووتری مرۆڤ، ئەم دۆخە “وەرگر-بینەر” تووشی جۆرێک لە پرسیارکردن دەربارەی ئەو کەسانەی پێشتر لەوێدا ژیاون، دەکات.
وێنەی یەكەمیان چەقی پەرەسەندنی تەکنیکی فۆتۆگرافیی نیشان دەدات. وێنەی دووەمیان ڕەوتی پەرەسەندنی فۆتۆگرافیی دەنوێنێ. هەردوو دیمەنەكە ڕەھەندی مێژوویی و لایەنی فەلسەفیی تەكنیكـ و هونەر دیاری دەكەن. بەڵام پرسیار ئەوەیە: ئایا دەشێ (تەكنیكـ و هونەر) وەكـ جیاوازی نێوان تێگەیشتنی هەستیی و بیری ئەبستراک تەماشا بكەین؟!.
(2)
پرسی مەعریفە و چۆنیەتیی گەیشتنی مرۆڤ بە زانست، هەمیشە یەکێک بووە لە تەوەرە سەرەكییەكانی مێژووی فەلسەفە و دەروونناسیی مەعریفی. لە بنەڕەتدا، ئەزموونی مرۆڤ لەگەڵ “بوون” لەسەر دوو پایەی جیاواز و تێكهەڵكێشراو وەستاوە: یەكەمیان، تێگەیشتنی هەستیی کە ڕاستەوخۆ بە جیهانی ماددی و هەستەوە دەمانبەستێتەوە. دووەمیان، بیری ئەبستراک کە توانای داهێنانی چەمک، داڕشتننی مانا، و تێپەڕاندنی واقیعی هەیە. لەنێوان ئەم دوو ئاستەدا، جیاوازییەکی مەعریفیی قووڵ لە مێژووی تەکنیکی و ڕەوتی ھونەرییدا بەدی دەكرێت، بەو مانایەی كە ڕەھەندی “تەکنیک” وەكـ ئامرازی بەرهەمهێنانی ڕێکوپێک و دووبارەبووەوە دەبینرێت و ڕەھەندی “هونەری” وەكـ کایەی داهێنان، دەربڕینی ڕۆحی و ئیستاتیکی تەماشا دەكرێت.
لێرەدا مێژووی تەکنیکی “دیمەنێک لە پەنجەرەی لو گراس” یەکەمین دەروازەی چوونە ژوورەوەی مرۆڤە بۆ ناو جیهانی وێنە!. ئەگەرچی ئەو ئاستەی مەعریفە تەنها مامەڵە لەگەڵ ئەوەدا دەکات کە “ئێستا” و “لێرە”دا بۆ ماوەی هەشت سەعات ئامادەیە؛ ئەگەرچی ئەو ئاستەی مەعریفە ڕاستەوخۆ لەڕێگای هەستەکانەوە (بینین، بیستن، بەرکەوتن، تامکردن، و بۆنکردن) تێگەیشتنێک تۆمار دەکات و خەسڵەتی بنەڕەتیی ئەو تێگەیشتنە لەوەدا کورت دەبێتەوە کە دیاریکراو و تاكەکەسییە؛ بۆ نموونە، بینینی ڕۆناكی و پاشان سێبەر لە “دیمەنێک لە پەنجەرەی لو گراس”، كۆی زانیارییەکانی لە سنوورێكی دیاریکراودا دەمێنێتەوە؛ واتە کێشەكەی لەوەدایە كە مێژووی تەكنیكی “مێژووی ئامراز و ڕێگاکان” توانای مامەڵەکردنی لەگەڵ تەكنیكی مێژوویی “ئامراز و ڕێگاکانی خوێندنەوەی مێژوو”دا نییە.
بەڵام بیری ئەبستراک وەک پەڕینەوەیەک لە شتەکانەوە بۆ چەمکەکان لە “دیمەنی کۆڵانێکی کۆن، چۆڵ و بێدەنگ” دەبینرێت، واتە ڤالتەر بنیامین تەنها قسەی لە نیشاندانی دیمەنی کۆڵانێکی کۆن و بێدەنگ نەكردووە. بەڵکو دەست دەکات بە خوێندنەوە و بەراوردکردن، و پەیوەستکردنی نیشانەکان بە ئامادەیی نادیار و “نەبوونی مرۆڤ”ەوە؛ لەوێشەوە پێی وایە ئەزموونی هونەری چیتر هۆکارێک نییە بۆ گواستنەوەی نەریتی هونەری، بەڵكە پانتاییەکی ڕەخنەییە کە مرۆڤ تێیدا فێر دەبێت چۆن بەرگەی زەبر و شۆکەکانی (کات) بگرێت. ئەو ئاستە لە بیرکردنەوە مەودایەکی بێسنوور دەبەخشێتە مرۆڤ تاکو لە سەرووی شوێن و کاتەوە مامەڵە لەگەڵ چەمکەکاندا بکات. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا پەیوەندیی نێوان ئەم دوو کایە مەعریفییە پەیوەندییەکی دیالێکتیکی و تەواوکارییە، نەک دژایەتی. “تەکنیک” وەڵام دەداتەوە و کێشە چارەسەر دەکات؛ بەڵام “هونەر” پرسیار دەخوڵقێنێت و واقیع دەپشکنێت.
كەواتە تێگەیشتنی هەستیی (تەكنیكـ) بێ چەمکە ئەبستراکەکان کوێرە، چونکە توانای ڕێکخستنی زانیارییەکانی نییە؛ چەمکە ئەبستراکەکان (هونەر)یش بێ تێگەیشتنی هەستیی بەتاڵە، چونکە پەیوەندییان بە واقیعەوە دەپچڕێت. لێرەوە جیاوازیی مەعریفی نێوان تێگەیشتنی هەستیی و بیری ئەبستراک لەوەدایە کە هەست، مرۆڤ لەگەڵ کاتی ئێستا و ماددەدا دەبەستێتەوە، لەکاتێکدا بیری ئەبستراک، ئازادیی مانا دەنەخشێنێت.

(3)
واقیعی وێنەکەی (ژۆزێف نیسفۆر نیێپس) بێ ‌قووڵاییە و ماوەی (8 سەعات) درێژبۆتەوە، واقیعێكی فیزیكی پۆشیووە و بەشێوەیەكی گشتی دەكەوێتە ناوەندناسییە. بەڵام وێنەكەی (ڤالتەر بنیامین) واقیعێكی پرسئامێزی بنەڕەتیی شێوەڕێژ کردووە، واقیعێکی ئاماژەیی بەرهەمهێناوە. شوێنەواری ئۆنتۆلۆژی کورسییەکی بەجێماو، دەرگایەکی داخراو، دیواری ڕزاو و فانۆسێک— لە فكر و هۆشیاریی وەرگر-بینەردا بەجێی دەهێڵێت.
بە گشتی وێنە پێکهاتەیەکە بۆ تەماشاكردن، کاتێک شوێن دەگرێتە خۆی و لە کات دەپەڕێتەوە؛ بەوەش لەڕێگای هاوشێوەسازییەوە تەواوی بوون بە وردەکارییەکانییەوە ئاشکرا دەکات. بۆیە دیمەن بەخشراوێکی تەمومژاوی نییە، بەڵکو لە یەک کاتدا هەڵگری ڕاستگۆیی و ئەزموونە و دەربڕینەکانی لە پرسیاری جۆراوجۆردا ڕەنگ دەدەنەوە؛ بەو مانایەش دالی هونەری ئاماژەیە بۆ زیاتر لە دەلالەتێكـ.
وێنە دەتوانێت لە واقیعدا ڕەگ داكوتێ و ڕوونتر لە ڕووداو و باوەڕپێکراوتر بەرجەستە بێت. پەیامێک بێت بۆ مەجازی ڕەوانبێژی و ڕەمزییەت. بەمجۆرە ناتوانرێت جیاوازی لەنێوان میدیۆلۆژی “تەكنیكـ” و ئۆنتۆلۆژیای “هونەری”دا بکرێت، چونکە تێکئاڵاون. كەواتە لە ئەنجامدا دەکرێت هاوشێوەسازی واقیع بە ڕەمزە جێگر و شاراوەکان تێربکرێت- وەكـ لە “دیمەنێک لە پەنجەرەی لو گراس”دا هاتووە؛ چونکە سروشتی هاوشێوەسازی (ماوەی 8 سەعات) بەرهەمدەهێنێت کە پشتیوانی لە ڕۆناكی و داهاتنی سێبەردا دەکات. هاوکات خەسڵەتی گواستنەوەی نەریتی هونەری لە “دیمەنی کۆڵانێکی کۆن، چۆڵ و بێدەنگ” تەنها لە بواری (ناوەندناسی- میدیۆلۆژی) و ئۆنتۆلۆژیدا نییە، بەڵکو لە چەسپاندنی جیاوازی و تایبەندمەندیی نائامادەیی مرۆییەوە خۆی دەشارێتەوە. ڕەخنەکردنی ئەو بیرۆکەیەیە، کە وێنە وەک ئامرازێک بۆ گواستنەوەی واقیع دەبینێت، گوزارشت لە دووبارە داهێنان و خوێندنەوە و داڕشتنەوە دەکات.
(4)
وێنەی “دیمەنێک لە پەنجەرەی لو گراس” جیاوازە لە وێنەی “دیمەنی کۆڵانێکی کۆن، چۆڵ و بێدەنگ” چونکە ئەوەی دواییان هەڵگری ڕامان و بیرکردنەوە و بەدواداچوونە، تەنها لەسەر ژینگەی فیزیکی نەوەستاوە. بەمجۆرە هەر هەوڵێک بۆ خوێندنەوەی واقیعی مرۆیی، دەبێت لە خاڵێکی ئۆنتۆلۆژییەوە دەست پێبکات کە خودی (ڕامان و بیركردنەوە و ڕەخنە)یە، نەک لە خاڵی ناوەندناسی تێپەڕبوونی کات و بۆشایی (ڕۆناکیی خۆر و سێبەركردن).
ئایا ئەمڕۆ گەشەسەندنی تەکنەلۆژیا (لە بواری مامەڵەکردن لەگەڵ وێنە)دا چ ئالەنگارییەكی مۆڕاڵی دەخوڵقێنێت؟ تەکنەلۆژیای هاوچەرخی وێنە، بە تایبەتی لە سەردەمی میدیای دیجیتاڵی و ژیریی دەستکرددا، پێگەی ئۆنتۆلۆژیی وێنەی لە ئامرازێکی نیشاندانی واقیعەوە بۆ چالاکی داهێنانی هایپەر-واقیع گۆڕیوە. ئەو وەرچەرخانە تەکنەلۆژییە ئالەنگارییەکی مۆڕاڵیی قووڵی لەگەڵ خۆیدا هێناوە: کاتێک لە وێنەدا سنوری نێوان ڕاستی و درۆ، ئەسڵ و کۆپی، و بەڵگە و وەهم… نامێنێ!. بۆ بەدواداچوونی ئەم قەیرانە مۆڕاڵییە، تیۆرییەکانی ژان بۆدریار لە فەلسەفەی میدیا و پرۆژەی سینەمایی و ڕەخنەیی ژان-لوک گۆدار دوو پانتایی فکریی جەوهەریمان بۆ دەسازێنن.
(5)
(ژان بۆدریار) جەخت لەسەر چەمکی “سیمیولاکرا” و “هایپەر-واقیع” دەکاتەوە. بەڵام لەوێدا ئالەنگارییە مۆڕاڵییەکان تەنها لە “ساختەكردن”ی وێنەدا کورت نابنەوە، بەڵکو لەوەدا کورت دەبنەوە کە وێنەی تەکنەلۆژی چیتر نوێنەرایەتیی واقیع ناکات، شوێنی واقیع دەگرێتەوە. بە بڕوای بۆدریار لە پرۆسەی هاوشێوەسازی و لاساییكردنەوەدا، وێنە چوار قۆناغ تێدەپەڕێنێت: لە ڕەنگدانەوەی ڕاستییەوە دەست پێدەکات، تاکو دەگاتە قۆناغی چوارەم کە تێیدا وێنە هیچ پەیوەندییەکی بە ڕاستییەوە نامێنێت و لەخۆیدا دەبێتە سیمیولاکرا. بەمجۆرە “پاشەکشەی ڕاستی” وەكـ ئالەنگارییەكی مۆڕاڵی دەردەكەوێت؛ مرۆڤی هاوچەرخ چیتر لە واقیعدا ناژی، بەڵکو لە ناو تۆڕێکی وەهمی لە نیشانە و ئاماژە دەستکردەکاندا دەژیت کە بەردەوام تەکنەلۆژیا بەرهەمیان دێنێتەوە. بەو مانایەش بەرپرسیارێتیی مۆڕاڵی لە بەرامبەر ئەو هایپەر-واقیعە هیچ مانایەكی نامێنێ، چونکە ڕووداوەکان تەنها دەبنە دیمەنێکی میدیایی و بێدەنگکردنی جەوهەر.
(5)
دەرهێنەر (ژان-لوک گۆدار) لەڕێگای سینەما و فكرەی دژە-سیناریۆوە، ئاماژە بە دەسەڵاتی وێنەی میدیایی و پیشەسازیی هۆڵیود وەک ئامرازی “ئایدۆلۆژی و دەستبەسەرداگرتنی هۆشیاری” دەکات. لای گۆدار، دەستکاریی تەکنەلۆژیی وێنە و مۆنتاژكردنی بێ ئاگاداركردنەوەی پێشوەختە (تێکدانی کەرامەتی کەسی و ژیانی تایبەتی)، جۆرێکە لە توندوتیژیی “بینین” بەرامبەر وەرگر-بینەر. بەو مانایەش دەستکارییە تەکنەلۆژییەكان، وێنەی مۆنتاژکراو و بازرگانی بەسەر وەرگر-بینەردا دەسەپێنن تاکو ڕێگا لە بەدواداچوون و بیركردنەوە و ڕامانی ڕەخنەگرانە بگرن. كەواتە ئالەنگارییە مۆڕاڵییەکە لای گۆدار لە ونبوونی “دیالێکتیکی بینین”دا چڕ دەبێتەوە. گۆدار پرسیارێكی مۆڕاڵی دەكات و دەڵێ: “ئایا ئێمە سەیرکەری وێنەین، یان وێنە کۆنتڕۆڵکەری ئەقڵمانە؟”.
بەمجۆرە لە فیلمی “ماڵئاوا لە زمان”دا ژان-لوک گۆدار تەنها تاقیکردنەوەیەکی سینەمایی بەجێ ناهێنێ، بەڵکو هەڵوێستێكی جەوهەریی بەرامبەر ئەو توندوتیژییە هێماییە دەنوێنێ کە وێنەی هاوچەرخ بەسەر هۆشیاریی مرۆڤدا دەیسەپێنێت. گۆدار لەم فیلمەدا پەیوەندیی دەسەڵاتخوازانەی “دال” و “مەدلول” هەڵدەوەشێنێتەوە. لە فیلمەكەدا دەنگەکان، وشە ڕەخنەییەکان و مۆسیقا بە شێوازێکی پچڕپچڕ و ناڕێک دەکەونە سەر دیمەنەکان. بەسەرهاتێکی دیاریکراو لە سەرەتاوە تا کۆتایی ناگێڕێتەوە. لەبری ئەوە، فیلمەکە وەک کۆلاجێکی بینایی “بصری” و فکری، یان وتارێکی فەلسەفیی سینەمایی لەسەر زمان، وێنە، پەیوەندییەکان، و تەکنەلۆژیا دارێژتووە. واتە زمان چیتر ئامرازی بەیانکردنی وێنە نییە، وێنەش چیتر ڕوونکەرەوەی زمان نییە. بەو مانایەش بینەر-وەرگر چیتر ناتوانێت دەقەکە بە ئاسانی بخوێنێتەوە، چونکە نیشانەکان لە سەرچاوەكانی خۆیان دابڕاون. لەم خاڵەدا فیلمەکە پرۆسەی “ماڵئاواکردن لە زمان” جێ بەجێ دەكات؛ نەک تەنها زمانی ئاخاوتن، بەڵکو زمانی دەستەمۆکراوی سینەماش کە چەمکەکان بەسەر بیركردنەوەدا دەیسەپێنن. لە چارەسەری ئەو ئاپۆڕایەی نیشانە و داڕمانی زماندا، گۆدار فێنۆمێنۆلۆژیای سەگێک دەخاتە نێوان پەیوەندی ژنێکی هاوسەردار و پیاوێکی سینگڵ كە بە ڕێکەوت یەکتر دەبینن و یەكتریان خۆشدەوێ و مشتومڕی فکری دەکەن، شەڕ دەکەن، و لە کۆتاییدا لە یەکتر جودا دەبنەوە. دواتر ئەم هێڵە داڕێژراوە جارێکی تر لەگەڵ جەستە و ئەکتەری تردا هاوشێوە دووبارە دەبێتەوە… ئەو سەگە ناوی “میێڤیل” و دەبێتە کارەکتەری ناوەندی فیلمەکە. گۆدار دەیەوێ بڵێ ئەو سەگە نوێنەرایەتیی جیهانێک دەکات کە هێشتا بە حوکمی دەستەواژەکان، نیشانە ئایدۆلۆژییەکان چوارچێوەڕێژی و زمانپۆشی بۆ نەكراوە. سەگەکە لە دەرەوەی گرتە و لە دەرەوەی ئاماژە دەستکردەکاندا لە دەوروبەری ڕووبارێکدا دەگەڕێت و چاودێریی سروشت و جیهان دەکات. ئامادەییی ئەو، هێمایە بۆ ئەگەری بوونی بینینێک کە بەرپەرچی کۆنتڕۆڵی سیمیۆتیکی و تەکنەلۆژی دەداتەوە.
بەمجۆرە پرۆژەی “ماڵئاوا بۆ زمان” ڕاگەیاندنی شکست هێنانی وێنەی هاوچەرخە لە نوێنەرایەتیکردنی ڕاستی، و ڕاگەیاندنی ئاگادارییەکی مۆڕاڵییە بەرامبەر دەسەڵاتی نیشانە دەستکردەکان. گۆدار لەڕێگای داتاشینی زمانی سینەمایی تایبەت بەخۆیەوە، داوامان لێ دەکات لەجیاتی ئەوەی بینەرێکی بێ ئاگای ناو هایپەر-واقیع بين، چاودێرێكی ڕادیکاڵیانە بین و كردەی بینین لە هەڵوێستێکی فەلسەفی، مۆڕاڵی و ڕەخنەییدا تەتەڵە بكەین. گۆدار پێمان دەڵێت بۆ گەیشتنەوە بە ڕاستی و پاکیی بینین، دەبێت ماڵئاوا لە زمانە چەسپاوەکان و فۆرمە تەقلیدییەکانی سینەما بكەین.

عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا
هەولێر 29/8/2026




دێوه‌زمه‌ی حه‌ره‌س قه‌ومی له‌ مێژووی هاوچه‌رخی كوردستان و عێراقدا.. ئاكۆ عه‌بدوڵڵا

له‌وه‌ته‌ی وڵاتی عێراق له‌ ده‌ره‌نجامی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی دروستكراوه‌ و باشووری كوردستانیشی پێوه‌ لكێنراوه‌، به‌رده‌وام كاربه‌ده‌سته‌ باڵاكانی حكومه‌ته‌كانی ئه‌و وڵاته،‌ جیاوازییان له‌نێوان دانیشتوانه‌كه‌ی كردووه‌ و زۆر جاریش به‌ پاڵنه‌ری ره‌گه‌زپه‌رستی، ده‌سه‌ڵاتییان پیاده‌كردووه‌ و له‌به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی كورد سته‌میان كردووه‌. بێگومان كوردیش وه‌ك چۆن پێش دامه‌زراندنی ئه‌و وڵات و حكومه‌ته‌ له‌ چاوه‌ڕوانی پێكهێنانی وڵاتێكی یه‌كگرتووی كوردستانیدا بوون، به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ له‌ به‌نده‌كانی (ولسن) ی ناو كۆنگره‌ی ئاشتی ساڵی 1919ی پاریس ره‌وایی پێدرابوو، هه‌رگیز به‌و دابه‌شكاری و لكاندنه‌ی به‌شه‌كانی كوردستان به‌ حكومه‌ته‌كان رازینه‌بوون، له‌به‌رامبه‌ر زه‌بر و سته‌می ئه‌وانیش به‌رده‌وام به‌خۆڕاگرییه‌وه‌ به‌رپه‌رچی داوه‌ته‌وه‌.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ دوای دروستكردنی حكومه‌تی عێراق له‌ ساڵی 1921 چه‌ندان جار له‌ناو ئاستی باڵای ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازیدا كووده‌تا‌ به‌سه‌ر حكومه‌تدا كراوه‌ و رژێمی نوێی پێكهێنراوه‌‌. یه‌كێك له‌وانه‌ كووده‌تاكه‌ی رۆژی 8 ی شوباتی 1963 بوو كه‌ حزبی بەعس بە سەرۆکایەتی عەبدولسەلام عارف و ئەحمەد حەسەن بەکر دژی عەبدولکەریم قاسم ئەنجامیاندا. جا له‌ شوێن ره‌خسانی زه‌مینه‌سازی تێگه‌یشتن و كۆتاییهێنان به‌ كێشه‌كان و رزگاركردنی وڵات له‌ قه‌یرانه‌كان، كه‌ ئه‌وسا رووبه‌ڕووی كاریگه‌رترین شۆڕشی كورد ببۆوه‌، كه‌چی به‌عسییه‌كان دوای ده‌سه‌ڵات گرتنه‌ ده‌ست یەکێک لە کارە به‌راییه‌کانیان، دامەزراندنی (الحرس القومی) بوو، کە لە دەرەوەی سوپای فەرمی، میلیشیایەکی چه‌كداری حزبی بێسه‌روبه‌ر‌ی‌ په‌لامارده‌ر و شه‌ڕفرۆش بوو. ئامانجیش له‌و كاره‌ چەسپاندنی دەسەڵات و سەرکوتکردنی هه‌موو نەیارانه‌كانیان بوو، به‌تایبه‌تیش شیوعییه‌كان، به‌ڵام هه‌ر زوو كرا به‌ ئامرازێك دژ به‌ كورد، به‌ شۆڕشگێڕ و سڤیلییه‌وه‌. ئه‌و میلیشیایه‌ بەپێی بەیانی ژمارە (3) ئه‌و ساڵه‌ دامەزرا. ئه‌ندامه‌كانیشی كه‌ زیاتر گەنج و هەرزەکارانی به‌عسی بوون، به‌شێكیشیان پێشتر لە لیژنەکانی ئاگادارکردنەوە (لجان الإنذار) بوون کە ساڵی 1959 دامەزرابوو، بە یاسای ژمارە (35) ی ئه‌و ساڵه‌ دەسەڵاتی فراوانی پێدرا، بەبێ هیچ چاودێرییەک. ئه‌وانه‌ی سەرکردایەتی ئەو هێزەشیان ده‌كرد له‌ کەسایەتییە دیارەکانی بەعس بوون، لەوانە (عەبدولكەریم نوسرەت) و (مونزیر توفیق خورشید ئەلوەنداوی) کە ئه‌وه‌ی دوایی له‌ سوپادا پلەی عەمیدی هەبوو و وەک فەرماندەی گشتی دەستنیشانکرا بوو.
به‌و جۆره‌ حه‌ره‌س قه‌ومی وه‌ك هێزێكی‌ خۆبه‌خشی‌ نیشتمانی‌ ناسێنرا و زۆر به‌خێراییش وه‌ك هێزێكی‌ میللی‌ رێكخراوی‌ مه‌شق پێكراوه‌، ته‌نیه‌وه‌ ناو باره‌گاكانی سوپا و سەرانسەری وڵات. ژمارەی ئەندامه‌كانیشی تا ده‌هات زیاد ده‌بوو تا گەیشتە ئاستێک کە لەگەڵ ژمارەی ئەندامانی هێزە چەکدارەکانی عێراق نزیك بێت. ئه‌مه‌و بۆ خۆ جیاكردنه‌وه‌ش له ‌خه‌ڵكی، پارچه‌ په‌ڕۆیه‌كی‌ سه‌وزیان له‌ قۆڵیان ده‌به‌ست. جان پڕادیێری نووسه‌ری فه‌ره‌نسی له‌ كتێبه‌كه‌ی (كورد.. شۆرشی بێده‌نگ) سه‌باره‌ت به‌و قۆڵبه‌سته‌ سه‌وزانه‌ نووسیویه‌تی (له‌ ڕووی ڕۆڵ و ئایدیا‌ له‌گه‌ڵ كراس ڕه‌شه‌كانی نازییه‌كان به‌راورد ده‌كرێن). ئه‌وان بۆ به‌دیهێنانی سیاسەتی حزبی بەعس، ئامرازی سەرەکی بوو ‌زۆربه‌ی كاره‌كانیشیان بەبێ چاودێریی یاسایی ئەنجام دەدا. هه‌ر له‌ رۆژه‌كانی یه‌كه‌می دوای‌ كووده‌تاكه‌‌ به‌ربونه‌ ناو شاری به‌غدا و زۆر كرده‌ی نه‌شیاو و نه‌بینراویان له‌ په‌لامار و كوشتن و سوكایه‌تی كردن به‌ خه‌ڵك ئه‌نجامدا‌.

تاوانەکانی حه‌ره‌س قه‌ومی دژی گەلی کورد
وه‌ك پێشتر ئاماژه‌مان پێدا ئه‌و كاته‌ی به‌عسییه‌كان به ‌هاوكاری عه‌بدولسه‌لام عارفی جێگری سه‌رك كۆمار، كووده‌تایان به‌سه‌ر عه‌بدولكه‌ریم قاسمدا كرد و بۆ جاری یه‌كه‌م ده‌سه‌ڵاتییان گرته‌ ده‌ست، ئه‌وسا قاسم له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ گه‌وره‌ترین جه‌نگی دا بوو. دوو ساڵ بوو شۆڕشی ئه‌یلول ته‌نگی پێهه‌ڵچنیبوو. كاتێكیش گۆڕان له‌ رژێمی حكومه‌ت روویدا، سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكرات چاوه‌ڕوانی گۆڕانی ریشه‌ییان ده‌كرد. ئه‌وه‌ بوو دوو رۆژ دوای كووده‌تایه‌كه‌ شاندی نارده‌ به‌غداد، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی نوێ به‌ توندی دژی داوا ره‌واكانی كورد وه‌ستا و بە بیانووی لەناوبردنی بزووتنەوەی سه‌ربه‌خۆخوازی کوردیش، دوو مانگ دوای ئه‌و رووداوه‌ به ‌هه‌موو جۆرێك هێرشی كرده‌ سه‌ر كوردستان. یه‌كێك له‌ ئامرازه‌كانی په‌لاماره‌كه‌ش حه‌ره‌س قه‌ومی بوو كه‌ له‌ته‌ك سوپای وڵات بە بەکارهێنانی تانک و تۆپ به‌كاریهێنا. به‌شێك له‌وانه‌ پێیان ده‌وترا (فورسان وه‌لید) و له‌ناو كورده‌كانیش هێزێكییان دروستكرابوو به‌ناوی (فورسان سه‌لاحه‌دین) كه‌ حكومه‌ت به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك پشتگیری‌ ده‌كردن. ئه‌و چه‌كداره‌ نانیزامییانه‌ به‌وپه‌ڕی دڕنده‌ به‌ربوونه‌ وێزه‌ی‌ خه‌ڵكی كورد. به‌ هه‌ر لایه‌ك گه‌یشتبان هه‌وڵی كوشتنی خه‌ڵك و وێران و تاڵانكردنی شوێنه‌كه‌یان ده‌دا. له‌ زۆر شوێنیش عه‌ره‌بی‌ ره‌ش و روت بۆ تاڵانكاری و داگیركاری خاكی كورد، پێش هێزه‌كانی حه‌ره‌س قه‌ومی ده‌كه‌وتن. ته‌نانه‌ت هی وه‌ها‌یان هه‌بوو ده‌ستی به‌سه‌ر ماڵ و موڵكی كورده‌ درواسێیه‌كه‌ی خۆشی داده‌گرت. پرۆسه‌كه‌ به‌و جۆره‌ بوو خه‌ڵكی‌ كورد‌ به‌ زۆر له‌و خاكه‌ ده‌ربكه‌ن كه‌ هه‌زاره‌ها ساڵ بوو تێیدا ره‌گی داكوتا بوو. ‌بێگومان ئه‌وه‌ی ئه‌نجامییان ده‌دا بەشێک بوو لە پرۆسەی (تەعریب و ته‌بعید). له‌كاتی په‌لاماره‌كانیش دروشمه‌كانی وه‌ك (أحن البدو – وین العدو) و (أحن العرب أهل الغیره‌ – نطرد الاكراد من ها الدیره) یان ده‌وته‌وه‌.

به‌و شێوه‌یه‌ زۆر گوندی کوردییان وێران كرد و ئه‌مه‌و له‌ زۆر شاریش هاوڵاتی سڤیلیان كه‌وتبا به‌ر ده‌ست، به‌وپه‌ڕی دڕنده‌یی ئەشکەنجەیان ده‌دا، هه‌ندێك له‌و به‌ركه‌وتانه‌‌ لەژێر ئەشکەنجە گیانیان لەدەستدا. به‌ مه‌به‌ستی چاوترساندنیش، به‌ ده‌ستڕێژی كولله‌ خه‌ڵكێكی زۆریان شه‌هید كرد. زۆریشیان ده‌ربه‌ده‌ر كرد. به‌ سه‌دان گوندیان كرده‌ سۆتماك. بۆ نموونه‌ رۆژی 8 ی حوزه‌یران كه‌ به‌سه‌ر گونده‌ كوردییه‌كانی شاری كه‌ركووكیاندا خه‌ڵكه‌كه‌یان ئاواره‌ كرد. هه‌ر له‌و ‌شاره‌ بازاڕی‌ (ئاخور حوسێن) كه‌ بازاڕی‌ كورده‌كان بوو‌ تاڵانكرد و دوكانه‌كانیشیان به‌ بلدۆزه‌ر روخاند. له‌ گه‌ڕه‌كه‌ كوردنشینه‌كانی وه‌ك شۆریجه‌ و ره‌حیماوه‌ ره‌شبگیری خه‌ڵكی سڤیلییان كرد و به‌بێ دادگایی هه‌ندێكیان گولله‌باران كرد. زۆر ماڵیشیان تاڵان كرد. رۆژی دواتر (مەنعەتە جەولی) یان راگه‌یاند كه‌ له‌و رۆژه‌ زۆر شاری كوردستان ڕووبەڕووی دڕندانەترین شاڵاوی سەربازی بۆنه‌وه‌. ئه‌وان هەڵمەتی ڕەشەکوژی خەڵکی بێتاوانیان به‌ جۆرێك گرته‌به‌ر کە تا ئەو کاتە مێژووی گەلی کورد بە خۆیەوە نەدیبوو.
رۆژی 10 ی حوزه‌یرانیش حكومه‌ت به‌ ره‌سمی‌ داوای‌ له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان كرد به‌بێ هیچ مه‌رجێك له‌ ماوه‌ی چه‌ند كاتژمێرێكدا ته‌سلیم بێ.‌ ئه‌وسا جگه‌ له‌ مەنعەتە جەولی هەموو كوردستان، سیاسەتی (أرض المحروقة) شیان پەیڕەو كرد. عەقید سدیق مستەفا ئەلنعێمی ناسراو به‌ ‌(زەعیم سدیق) كه‌ یه‌كێك له‌ سه‌ركرده‌كانی حه‌ره‌س قه‌ومی بوو، له‌ شاری سلێمانی و دەوروبەری، سەرپەرشتیاری راستەوخۆی كۆمەڵكوژییه‌كه‌ی حامییەی كرد. ئه‌مه‌و له‌ شاری كۆیه‌ش وه‌ك من له‌ چه‌ندان شایه‌د حاڵ گوێم لێبووه‌ رۆژی 4 ی ته‌مموز كۆمه‌ڵێك كه‌سی سڤیلیان له‌ شه‌قام به ده‌ستڕێژی‌ گولله‌ ‌كوشت. رۆژی 31 ی مانگیش چوار كه‌سی بێتاوانیان به‌ دینگه‌كانی پێش دووكانه‌كانی شار ‌به‌سته‌وه‌ و گولله‌بارانیان كردن، بۆ چاوترسانی خه‌ڵكیش كه‌ ئه‌وسا زۆربه‌یان شاریان جێهێشتوو، لاشه‌كانیان به‌ هه‌ڵواسراوی هێشتبۆوه، تا دواتر مه‌لا و قه‌شه‌ی شار، كه‌ قورئان و ئینجیلیان هه‌ڵگرتبوو چوونه‌ لای (تاهر شه‌كرچی)‌ سه‌ركرده‌ی هێزه‌كه‌ و تكا‌یان لێكرد بۆ ئه‌وه‌ی‌ لاشه‌كان دابگیرێ و بیان نێژن.

کۆتاییهاتنی حه‌ره‌س قه‌ومی
حه‌ره‌س قه‌ومی وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌ر له‌ كووده‌تاكه‌ به‌و ئامانجه‌ی دروستكرابوو كه‌ ببێته‌ هۆكاری‌ ئاشتی‌ و ئارامی،‌ كه‌چی هه‌موو وڵاتی پڕ كرد له ‌كێشه‌ و ململانێ‌ و سته‌مكاری. له‌ هه‌موو لایه‌ك خەڵکی ناڕه‌زاییان له‌ ئاستی نیشاندا. تەنانەت لەناو دامودەزگاکانی دەوڵەتیشدا، دژی تاوانه‌ سه‌ركێشیه‌كانی ئه‌وان، ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕدرا‌، چونكه‌ هه‌ر زووی ئه‌ندامه‌ هەرزەکاره‌كانی ئه‌و هێزه‌‌ چه‌ندان گروپی‌ مردنیان دروستكردبوو و دەستدرێژیشیان ‌كردبووه‌‌ سه‌ر هاوڵاتیان كه‌ به‌بێ هۆ دەستگیریان ده‌كردن، ته‌نانه‌ت دەستدرێژیشیان ده‌كرده‌ سه‌ر ئافره‌تان كه‌ به‌ هۆیه‌وه‌ له‌ به‌غدا و شاره‌كانی دیكه‌ به‌ ئاشكرا هه‌ست به‌ تێكچوونی ئاسایشی کۆمەڵایەتی ده‌كرا. له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ ئەفسەرانی سوپا و کاربەدەستانی دیکە، به‌تایبه‌تی دادوه‌ران لە ڕەفتارەکانیان ته‌واو بێزار بوون. بۆیه‌ دوای هه‌شت مانگ له‌ دروستبوونیان عەبدولسەلام عارفی سه‌رۆك كۆمار بڕیاریدا کۆتایی بە دەسەڵاتی حزبی بەعس و میلیشیای حه‌ره‌س قه‌ومی بهێنێت. ئه‌وه ‌بوو رۆژی 18ی تشرینی دووه‌می هه‌مان ساڵ‌ بە هاوکاری بەشێک لە سوپا، کودێتایەکی دیکەی ئەنجامدا كه‌ ئه‌و جاره‌ له‌ دژی حزبی بەعسی هاوپه‌یمانی بوو، ئه‌وانی له‌ ده‌سه‌ڵات ده‌ركرد و بارەگای گشتی حه‌ره‌س قه‌ومیشی لە بەغدا گەمارۆدا. دوای شەڕێکی قورس ئه‌و هێزه‌ هەڵوەشێنرایەوە و زۆربەی سەرکردەکانی حزبی بەعسیش دەستگیر کران. ئه‌وسا عارف لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کۆتایی به‌ حه‌ره‌س قه‌ومی هاتووە. ئاماژەی به‌وه‌ش دا ئەو هێزە نیشتمانی نەبووە و تەنیا بۆ بەرژەوەندی حزبی بەعس کاری کردووە. شاره‌زایانیش ئه‌و ساڵه‌یان‌ (لەنێوان مانگەکانی حوزەیران و تشرینی یەکەم دا) لە مێژووی عێراق و بەتایبەتیش له‌ مێژووی کوردستان، به‌ ساڵێکی پڕ لە خوێن و کارەسات داناوه‌.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نی ئه‌و میلیشیایە كورت بوو به‌ڵام چونكه‌ له‌ ناخی دڕنده‌یی و ره‌گه‌زپه‌رستی‌ هه‌ڵقوڵابوو بۆیه‌ یه‌ك له‌ تاریكترین رۆژه‌كانی نه‌ك ته‌نیا له ‌مێژووی كوردستان به‌لكو له‌ مێژووی عێراق جێهێشتووه‌. دوای ئه‌و ماوه‌ درێژه‌ كه‌چی هێشتاش تاوانەکانی حه‌ره‌س قه‌ومی کاریگەرییان لەسەر گەلی کورد ماوه‌‌. لەناوبردنی سڤیل و ئاوارەبوون و لەدەستدانی خاك و موڵك و ماڵ… هه‌موو ئه‌وانه‌ بوونە هۆی قوڵتربوونی برینەکانی نێوان کورد و حکومەتی ناوەندی عێراق. به‌داخه‌وه‌ تا ئێستاش ئه‌وانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی وڵاتیان له‌ ده‌سته‌ نه‌ك كاریان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و ئاسووده‌كردنی دانیشتوانی سه‌رتاسه‌ری وڵات و یه‌كسانبوون نه‌كردووه،‌ به‌ڵكو له‌ دزێوكردنی ئاڵۆزییه‌كان و جیاكاری و سته‌مكاری و ره‌وایی دان به‌ سته‌م، به‌رده‌وامن، كه‌چی داوای پاراستنی سه‌روه‌ری وڵات له‌ هه‌مووان ده‌كه‌ن!

ئاكۆ عه‌بدوڵڵا




سایکۆلۆژیای نەزانین و ئەخلاق: کاتێک سۆکرات تاوان لە قەفەسی بێئاگاییدا دادەنێت.. کارزان عزیز

پوختەی وتار

لە مێژووی بیری مرۆڤایەتیدا، که‌م فەیلەسووف هەیە وەک سۆکرات توانیبێتی پایەکانی بیرکردنەوە لەق بکات. ئەم وتارە بە قووڵایی تیشک دەخاتە سەر یەکێک لە مەزنترین بۆچوونەکانی سۆکرات کە دەڵێت: «خراپە تەنها بەرهەمی نەزانینە، نەک خراپەکاریی ڕاستەقینە.» لە ڕێگەی پشکنینی ڕەهەندە دەروونی، کۆمەڵایەتی و ژینگەیییەکانی نەزانین لە جیهانی هاوچەرخدا، وتارەکە هەوڵ دەدات نیشانی بدات کە چۆن گەڕانەوە بۆ هۆشیاری و ناسینی خود، تاکە رێگەیە بۆ ڕزگارکردنی کۆمەڵگە لە قەیرانەکان و هێنانەکایەی ڕەوشتێکی ڕەسەن.
لە مێژووی بیری مرۆڤایەتیدا، کەَم فەیلەسووف هەیە وەک سۆکرات توانیبێتی پایەکانی بیرکردنەوە لەق بکات و مرۆڤ ناچار بکات لە پەناگە ئارامەکانی بێئاگایی و خەوی قووڵی هزری هۆشیار ببێتەوە. لەو سەردەمەی کە سۆکرات لە شەقامەکانی ئەسینادا دەگەڕا و پرسیاری لە خەڵک دەکرد، ئامانجەکەی تەنها تاقیکردنەوەی زانیاریی ڕۆژانە نەبوو، بەڵکو دروستکردنی جۆرێک بوو لە تەقینەوەی هۆشیاری لە مێشکی کۆمەڵگەدا، تاوەکو تاک ناچار بکات لە دەوروبەری خۆی وردبێتەوە و لە بازنەی سادەیی ژیانی ڕۆژانە و تەقلیدی باو تێپەڕێت.
یەکێک لە قووڵترین، ڕیشەییترین و مشتومڕاوییترین بۆچوونەکانی ئەم فەیلەسووفە مەزنە ئەوەیە کە دەڵێت: «خراپە تەنها بەرهەمی نەزانینە، نەک خراپەکاریی ڕاستەقینە.» ئەم ڕستەیە، لە یەکەم نیگادا، ڕەنگە بۆ هزری باو سەرسووڕهێنەر، شۆکهێنەر یان تەنانەت نامۆ بێت لە بەرامبەر ئەو واقیعە تاڵ و پڕ لە نادادپەروەرییەی کە ڕۆژانە لە کۆمەڵگەدا دەیبینین؛ بەڵام کاتێک بە وردی لە قووڵایی ماناکەی ورد دەبینەوە، دەبینین دەروازەیەکی زانستی، دەروونی و کۆمەڵایەتییە بۆ تێگەیشتن لە ڕەفتاری مرۆڤ و قەیرانە قوڵەکانی ژیانی هاوچەرخ.

تێڕوانینی باوی کۆمەڵگە بەرامبەر تاوان و پێچەوانەکەی لەلای سۆکرات
لە تێڕوانینی باوی کۆمەڵگە و یاسای سزادا، کاتێک کەسێک هەڵەیەک دەکات، ستەمێک دەکات، یان کارێکی ناتەندروست ئەنجام دەدات، یەکسەر پەنجەی تۆمەتی بۆ درێژ دەکرێت و وەک کەسێکی خراپی سروشتی سەیر دەکرێت کە گوایە بە حەزی خۆی و بە ئەنقەست لادانی کردووە و بە ڕوانگەیەکی جنونئامێز بەرەو خراپە هەنگاوی ناوە.
بەڵام سۆکرات دیدێکی تەواو پێچەوانەی هەبوو؛ ئەو پێی وابوو کە هیچ مرۆڤێک بە حەزی خۆی و بە ئەنقەست ناچێتە ڕێگەی خراپە و وێرانکاری، ئەگەر لە دەرەنجامی کارەکە و لە ڕاستی و باڵایی چاکە تێبگەیشتبا. بە باوەڕی سۆکرات، چاکە هاوتایە لەگەڵ زانین، تێگەیشتن و دانایی، و خراپەش ڕوویەکی تری نەزانین و کوێربوونی هزرییە. کەسێک کە گەندەڵی دەکات، ستەم لە لاوازێک دەکات، سامان و سامانی گشتی بە هەدەر دەدات، یان بنەما ئەخلاقییەکان پێشێل دەکات، لە ڕاستیدا لە دۆخێکی نەزانین و غەفلەتێکی قووڵدایە؛ ئەو نازانێت یان ناتوانێت ببینێت کە ئەو کارە پێش هەموو کەسێک زیان بە مرۆڤبوونی خۆی دەگەیەنێت. ئەگەر تیشکی ڕووناکی و هۆشیاری بڕژێتە ناو هزری، بە دڵنیاییەوە پەشیمان دەبێتەوە و دەستبەرداری ئەو ڕەفتارە نالەبارە دەبێت.

نەخۆشییە مەعریفییەکان و بۆشاییە دەروونییەکانی مرۆڤ
لە ڕوانگە دەروونییەکانەوە، مرۆڤ کاتێک دەکەوێتە داوی هەڵە، لە بنەڕەتدا بەدوای پڕکردنەوەی بۆشاییە ناوخۆییەکانی دەگەڕێت، بەڵام چونکە لە دۆخی نەزانیندایە، ڕێگەی هەڵە هەڵدەبژێرێت. سۆکرات باوەڕی وا بوو کە ڕۆحی مرۆڤ لە بنەڕەتدا بەدوای چاکە و جوانی و ڕاستیدا دەگەڕێت، بەڵام تەمومژ و نەبوونی ڕووناکی لە هۆشیدا، دەبێتە هۆی ئەوەی ڕێگەی نادروست بگرێتە بەر.
کاتێک کەسێک ناتوانێت خودی خۆی بناسێت، ناتوانێت بەهای مرۆڤبوونی دەوروبەریش بپارێزێت؛ بۆیە فەلسەفەی «خۆت بناسە» لێرەدا دەبێتە تەوەری سەرەکی، چونکە تەنها ئەو کەسەی سنوور و ئازارەکانی خۆی دەناسێت، دەتوانێت لە جیهانی دەرەوەشدا دادپەروەر و لێبوردە بێت. کەواتە، خراپەکاری لە دیدگای سۆکراتیدا نەخۆشییەکی مەعریفییە نەک تاوانێکی بێوێنەی بنەڕەتی کە بە تەنها بە سزادانی توند کۆتایی بێت.

ڕەهەندی ژینگەیی و کۆمەڵایەتیی نەزانین لە جیهانی هاوچەرخدا
کاتێک ئەم بنەمایە دەگوازینەوە بۆ ناو واقیعی کۆمەڵایەتی و ژینگەیی، دەبینین زۆرێک لەو قەیرانانەی کە ڕۆژانە لە میدیاکاندا باسیان دەکەین — لە کاوڵکردنی سروشت و شاخەکان، تا دەستکاریکردنی سیمای خاک و ژینگە — لە بنەڕەتدا لە نەبوونی هۆشیاریی قووڵ و تێفکرینی گشتییەوە سەرچاوە دەگرن.
ئەو کەسەی دەست بۆ تێکدانی هاوسەنگیی سروشت و زێدەکاری لەسەر ژینگە دەبات، تەنها تاوانبارێکی ڕووت نییە، بەڵکو تووشبووی جۆرێک لە کوێربوونی هۆشیارییە بەرامبەر داهاتووی نەوەکان. لە لایەکی تریشەوە، زۆرێک لە توندوتیژی و نادادپەروەرییە کۆمەڵایەتییەکان بەرهەمی نەبوونی پەروەردەیەکی ڕەخنەگر و سیستمێکی بێئاگای هۆشیارکردنەوەن. کەواتە، تەنها سزادان کێشەکە لە ڕیشەوە چارەسەر ناکات، بەڵکو چارەسەری ڕاستەقینە لە بڵاوکردنەوەی زانیاری، گەشەپێدانی پەروەردە، و هۆشیارکردنەوەی گشتیدا خۆی دەبینێتەوە.

کاریگەریی تەنیایی و نەزانین لەسەر تێکچوونی ڕەوشتی گشتی
جگە لەوەی نەزانین دەبێتە هۆی سەرئەنجامی یاسایی نالەبار، لە هەمان کاتدا کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر تێکچوونی پەیوەندییە مرۆییەکان و دروستبوونی تەنیایی دەروونی هەیە. مرۆڤی بێئاگاو نەزان، لە ناو بازنەی تەسکی بەرژەوەندییە کەسییەکانیدا دەخولێتەوە و ناتوانێت لە ژان و ئازاری ئەویتر تێبگات.
ئەم نەبوونی هاوسۆزییە، کۆمەڵگە بەرەو لێواری تاکگەراییەکی توند و بێبەهای ئەخلاقی دەبات. سۆکرات پێی وابوو کە پەیوەندی نێوان ڕەوشتی باش و زانین پەیوەندییەکی پچڕاندنەنییە؛ هەر کاتێک مرۆڤ زانیاریی دەستکەوت، ئیتر هاوسۆزی لەگەڵ دەوروبەریدا گەشە دەکات و دەبێتە بەشێک لە چارەسەر نەک بەشێک لە کێشە.
ئەرکی پیرۆزی میدیا و ڕۆشنبیران لە بەرەنگاربوونەوەی نەزانیندا
لەم سۆنگەیەوە، ڕۆڵی میدیای تایبەتمەند، ڕۆشنبیران و ناوەندە ئەکادیمییەکان دەبێتە ئەرکێکی پیرۆز و نیشتمانی. کاری میدیا تەنها گێڕانەوەی ڕووداوە ڕوتەکان نییە، بەڵکو گڵۆپخستنە سەر ئەو تاریکییانەیە کە نەزانین تێیدا گەشە دەکات و دەبێتە لانکەی قەیرانەکان.
کاتێک وتارێک دەنووسین، ئامانجمان ئەوەیە بەشی نەزانین لە کۆمەڵگەدا کەم بکەینەوە و هۆشیاری بکەینە پردێک لە نێوان زانیاری و ڕەفتاری ڕەوشتیی تاکدا. میدیای هۆشیار ئەو میدیایەیە کە مێشکی خوێنەر لە چەقبەستوویی ڕزگار دەکات و هانی دەدات هەمیشە پرسیار بپرسێت و باوەڕە هەڵەکان بخاتە ژێر پرسیارەوە.

ئاڕاستەی نوێ بۆ فەلسەفەی پەروەردە و بنیادنانی داهاتوو
بۆ ئەوەی بتوانین لەم قەیرانە مەعریفییە دەرباز ببین، پێویستە سەرلەنوێ پێداچوونەوە بە سیستمەکانی پەروەردە و فێرکردندا بکەین. پەروەردەی ڕاستەقینە تەنها بریتی نییە لە گواستنەوەی زانیاریی وشک لە پەڕتووکەکانەوە بۆ مێشکی قوتابی، بەڵکو فێربوونی هونەری پرسیارکردن، ڕەخنەگرتن و وردبوونەوەیە لە مانای ژیان.
کۆمەڵگەیەک کە فێری پرسیارکردن نەکرێت، بە ئاسانی دەکەوێتە ژێر کاریگەریی بێئاگاییەوە. بۆیە، گەڕانەوە بۆ ڕۆحی فەلسەفەی سۆکرات، دەرمانێکی بنەڕەتییە بۆ زیندووکردنەوەی ڕۆحی مرۆڤایەتی لە جیهانی هاوچەرخدا.

ئەنجامگیری
لە کۆتاییدا، کاتێک پەنجەرەی تێفکرین لەسەر دیدگاکەی سۆکرات دەکەینەوە، بۆمان دەردەکەوێت کە کێشەی گەورەی مرۆڤایەتی بوونی کەسانی شەڕانگێزی سروشتی نییە، بەڵکو بڵاوبوونەوەی تاریکیی نەزانینە لە ناو مێشکدا. سۆکرات بانگهێشتێکی هەمیشەیی بۆ مرۆڤ دەنێرێت تاوەکو لە جێگەی کینە و تۆڵە، ڕووناکی مەعریفە و هۆشیاری لە دەوروبەرماندا بڵاو بکەینەوە.
کاتێک زانیاری جێگەی نەزانین دەگرێتەوە، خراپە خۆبەخۆ دەکشێتەوە، چونکە هیچ تاریکییەک ناتوانێت بەرامبەر تیشکی هۆشیاری خۆی ڕاگرێت. لێرەدا، بەرپرسیارێتییەکی گەورە دەکەوێتە سەر شانی هەموو تاکێکی هۆشیار کە بەشدار بێت لە بنیادنانەوەی کۆمەڵگەیەک کە تیایدا ژیان شایستەی ژیانکردن بێت.




لەنێوان من و تۆ و.. شیعری ئیلهام موڕادی

ئەدوێم لە جوانیت
باڵاتر ئەبێ لە سەر زمانم
هەندێ جوانی
بێدەنگە تابلۆیەک.

کاتێک ئەڕوانی
لە ئاوێنەی داهاتوو
من لە پشت پەردەی چاوەکانتدا
ئەبینم خۆم
خەیاڵمە ئەو مرۆڤە
ئەیکەیتەوە کۆ.

کاتێ ئەبینی ژیان
وەک هەنارێ تژ لە خوێن،
یادەوەرییەکە هەر دانەیەکی
دڵتەنگییە
پرسیارێکی بێ وەڵامە هەر دانەیەکی.

دانەیەکین هەموومان لە ناو هەناری ژیاندا
دەژین
دەشکێین
دەکەوین لە یەکدی
دەمێنینەوە وەک سێبەرێ لە ناو دڵێکدا.

کاتێ ئەکا ئاڵۆز ڕووخساری ئەڤین
ئەوا پەرێشانە زوڵف
ئەسیرە خەیاڵ
ڕێگایەکی ڕاست نییە
عەشق
کۆڵانێکی ونبوونە مرۆڤ تێیدا.

بینیو ئازار لە ناو چاوەکانت
کاتێ کردم پرسیارێ
بۆچی دەخۆشێت، مرۆڤ؟

عەشق
ئەوە نییە، نزیک بێ کەسێ،
دووری بکاتە نزیکی عەشق.

کاتێ ئەکەی گاڵتە خۆشییەکانی ڕۆژ
شاراوەیییەک لەنێو پێکەنینتدا مەڵاسداوە خۆی.

حەشار بدە نیگاکانت به قاچاغی
تا یار
هەست بە بێ‌هیوايیەت نەکا؛

لە نێوان تۆ و من و یاردا
وجوودێ هەس
ئەفسانەیەک هەس
خۆش خوانییەک هەس
کاتێ ئێژم من
لە تۆشدا هەیە بەشێک
تۆ کە دەڵێیت “تۆ”،
لە منیشدا هەیە شوێنێ
کاتێ ئێژین یار
واتا نۆشینی سۆز.

سنە
ئیلهام موڕادی




جیاوازی ڕۆژنامەنووس و مایک بەدەست.. هۆشیار جەمال

ڕۆژنامەنووس، خەمی گشتییەتی، مایک بەدەست خەمی خۆیەتی.

ڕۆژنامەنووس ڕاپۆرتی بنکۆڵکاری ئامانجێتی، مایک بەدەست پێشبڕکێی ئوتومبێلی چینی و ئەمریکی ئامانجێتی.

ڕۆژنامەنووس وێڵی دوای جوتیاران وخاوەنکارەکانی وڵاتەکەیەتی که بۆ بەرهەمەکانیان ساغنابێتەوە و کێشە له کوێدایە و چارەسەر چیە؟ مایک بەدەست وێڵی دوای فیستیڤاڵی یاپراخ و کفتەیە.

ڕۆژنامەنووس لەدژی گەندەڵی و نەبوونی ئازادی وەکو سۆرانی مامە حەمە ، سەردەشت عوسمان ، کاوە گەرمیانی خوێنی خۆی دەبەخشێت، مایک بەدەست هەر ڕۆژەی ماستاوچی بەردەرگای بەرپرسێکە.

ڕۆژنامەنووس بەماندووبوونی زۆر و بە ژیانی سەخت خوێندن تەواو دەکات، مایک بەدەست بە گەندەڵی ودرۆ و کەوتن لەبەردەم ژوری سەرۆک بەشەکەی لەزانکۆ و پەیمانگاکان خوێندن تەواو دەکات.

ڕۆژنامەنووس خەمی وێران بوونی ژینگه و داگیرکردنی نیشتمان ونادادپەوەری سەرچاوەی کارەکانیەتی، مایک بەدەست فیستڤاڵی شاجوانی پشیلە پێشینەی کارەکانیەتی.

ڕۆژنامەنووس ئاماده نیە وەکو کۆیلەی دەزگاکەی هەرچیان وت بڵی باش مایک بەدەست بۆ دوو دیناری زیادە خۆشی و ئەو کەسەی دیداری لەگەڵ کردووە دەکات بەگاڵتە جاڕی سۆشیال میدیا.

ڕۆژنامەنووس ئەهلی کتێب و ڕۆشنبیری گشتیە و حەزئەکات پێشکەشکاری بەرنامەک بێت لەتیف هەڵمەت و بەختیار علی و فەرید ئەسەسەرد و ڕەفیق ساڵح میوانی بن، مایک بەدەست بەدوای کۆتربازەکانی شاردا دەگەڕێت تا قسەی بۆ بکات.

ڕۆژنامەنووس کێشەکانی خەڵک کە ئاو، کارەبا، موچە، بەنزین، نەوت، زۆری باج، هتد بناغەی کارەکانیەتی ودەیەوێت ڕای گشتی دروستبکات، مایک بەدەست لەبارەگای حیزبەوە ڕوماڵی سەردانی سکرتێری شەشەمی جێگری دووەمی سەرۆکی حیزب دەکات.

دواجار ڕۆژنامەنووس ئەگەری دەستکەوتنی کاری لە میدیای ئەمڕۆی کوردیدا زۆرکەمە، بەڵام مایک بەدەست هەر ڕۆژەی لەگەڵ میدیایەک گرێبەست ئەنجام دەدات.

هۆشیار جەمال




دوو هۆنراوە بۆ باخچەی منداڵان.. فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی

باخچەی ئەستێرە

ئای لەبریسکەی ئەستێرە!
پرشنگی وەکو زێڕە
بەڕوناکی شەوانی
بۆسەرشاری سلێمانی
دیمەنی شارمان جوانە
بەوێنەی چراخانە
ناوی تۆئەستێرەیە
ڕوناکیت بۆئێمەیە
وەکوناوی باخچەکەم
ھیچ جیاوازیەک ناکەم
تۆبە پرشنگی زێڕین
باخچە ڕەوشت وزانین
چرای دەستمان ھەڵدەکەن
دنیامان ڕۆشن دەکەن.

باخچەی لانک

منداڵین زیت وزرنگ
هاتوینە باخچەی لانک
جێی پەروەردەوفێربونە
ئایندەمان پێی ڕوونە
ژینگەی ڕازاوەو جوانە
لانکمان ئاوەدانە
بەیاری و جوڵەوبازدان
دەیکەین وەرزش بەیانیان
دەنگی مۆسیقاو سرود
چیرۆکی جوان و بەسود
دیاری دەستی مامۆستان
بۆئێمەی وردیلەی جوان
لەژوری وێنەکێشان
بەپێنوسی ڕەنگەکان
تابلۆی ڕەنگین دەکێشین
بۆیە ئاوا دڵخۆشین
لانک باخچەی ئێمەیە
دڵمان پێی ئاسودەیە.




دایە.. سامان خدر

دایەگیان دایەی شیرینم
دایەی هێزو ئەوینم
دایە ی دڵ خۆشی ژینم
جوان تری لە گشت جوانی
دایە ی پڕ میهرەبانی
دایە واتای ژیانی ئەی دایەی پڕ لەجوانی
دایە هێزو هەناوم
دایە بێتۆ ناتوانم
لەباوەشی گەرمی تۆ لە دەنگی هەناسەی تۆ
هەمووکات حەسامەوە دڵ خۆش بوم گیرسامەوە
هەتا ئەوکاتەی ماوم دایە هەرتۆی ژیانم
دایە تۆ زۆر مەزنی هەرتۆ خەم خۆری منی
فێری ژیانت کردم هەرتۆی دڵ سۆزت کردم
تۆ عەشقێکی مەزنی هەرتۆ ڕێبەری منی
لای من بەرزو پێرۆزی دڵ سۆز تر لەدڵ سۆزی
هەرتۆ نوێنەری وەفای
ئازیزترینی دونیای

ناوت بەرزو پیرۆزە دنیاش بەتۆ بەجۆشە
تۆ ڕوناکی ژیانی پڕی لەئاوەدانی
ئەی بەرزتر لەبەرزی جوان تر لەگشت جوانی دی
تاوەکو بونت هەبێ خەم لەکوێ باوی دەبێ
بۆیە هەر دەڵێم دایە ناوت لەناو خوێنمایە