سیاسەتی زمان، زمانی زبر.. فەرەیدوون سامان

پرسی زمان هەر بەتەنێ پرسێکی زانستی زمانەوانی ئەبستراکت نییە، واتە ڕەهەندەکانی قسەکردن و کارکردن لەسەر پرسەکانی زمان بەدەر لەلایەنە زانستییەکە دەچێتەوە سەر ڕەهەندی فەلسەفەی زمانناسی، کۆمەڵناسی، دەروونناسی، دەلیڤەکانی دیکەی زمانناسییەوە، لەوانەش سیاسەتی زمانناسی، یان سیاسەتی زمان کە ئامانجی نووسینی ئەم وتارەی ئێمەیە، هەندێ پێیانوایە قسەکردن لەسەر زمان هەر دەبێت باسی لایەنە زانستتیەکەی زمان بکرێت وەک گراماتیک و ئیتمۆلۆژیاو فەرهەنگنووسی و سینتاکس و مۆرفۆلۆلۆژی و فۆنۆلۆژی بەس، لە ڕاستیدا بایەخی زمان لە بایەخی سروشتی “سیاسی-کەلتووری” و “کۆمەڵایەتی-کەلتووری”دایە، واتە هەرچەند زمان ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە سیاسەتەوە، سیاسەتیش لەژێر باندۆری دەربڕینە زمانەوانییەکاندایە میناک: زمانی زبر و توندوتیژ، یان زمانی نەرم و هێمن لە نووسین و دەربڕینەکاندا، کاتێک لایەنێکی سیاسی ئۆپۆزسیۆن لە دژی دەسەڵاتدا، بە پێچەوانەش زمانی دەربڕینی دەسەڵات لەگەڵ ئۆپۆزسیۆندا، لەکاتی قەیران و کێشەکاندا کاتێ ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە، ئەو شێوازە زمانە زبر و توندوتیژە بەکار دەهێنن، و پەنا دەبەنە بەر ناووناتۆرەو ناوزراندن، کە هەندی جار لەئاکامی ئەو زمانە زبرە دووچاری هەڵایسانی شەڕی ناوەخۆو جەنگێکی وێرانکەر دەبنەوە.
زمان لە وشەسازیی بەکارهێنراوەوە دەست پێدەکات و درێژ دەبێتەوە بۆ واتاکانی وشە هاوبەشەکان، تەنانەت بۆ خودی شێوازی ئاخافتن، وەک لە دەربڕینی زمانی گوندی و زمانی خێڵەکی و زمانی شارستانیدا دەبینین، جگەلەوەش زمانگەلێکی تایبەت هەیە بە نەتەوە جیاوازەکان کە هەمان زمانی دەربڕینی دایکیانە، وەک زمانەکانی تورکی، فارسی، عەرەبی…تد کە لە بنەڕەتدا کۆمەڵێک زمانن، نەک یەک زمان، هەر زمانێکیش نوێنەرایەتی ناوچەیەک و گرووپێکی جیاواز لە ئاخێوەرانیان دەکەن، لەسەر ئەم بنەمایەش کەسانی وەک ئەمیری حەسەنپوور و میهرداد ئیزەدی و محەمەد موکری و جەعفەر شیخولئیسلامی و هیتر… زمانی کوردی بە کۆمەڵە زمان یان زمانە کوردییەکان دەناسێنن.
ڕەنگە یادەوەری سیاسی و زمانەوانی شایەتحاڵی نەهێشتنی فیزیکی بێت لەسەر بنەمای زماندا، وەک لە شەڕی ناوخۆی هەندێ نەتەوەو وڵاتاندا بینران، لەوانەش شەڕەناوخۆییەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، جۆراوجۆری ئەو دەربڕینی زمانەی کە لایەنە شەڕکەرەکان قسەیان پێدەکرد، وای لێکردن ببنە ئامانج، هەر لایەنێک بە ڕوونی لایەنەکەی دیکەی بەو زمانەزبرە دەکردە ئامانج. واتە هەر لایەنێک زمان و زاراوەی تایبەتی بە خۆی هەبوو، تەنانەت لە نێو ئەندامانی حیزبەکانیش کە هەمان باوەڕ و ئایدۆلۆژیایان هەبوو، کە بەکۆمەڵ ئەو هزرە پێکدەهێنن، بە گوتاری گروپێکی دیارکراو ناسراون، بۆ نموونە: بزووتنەوە ئیسلامییە میانڕەوەکان گوتارێکی جیاوازیان هەیە لە بزووتنەوە ئیسلامییە ڕادیکاڵەکان و گوتاری پراگماتیک لە گوتاری پرەنسیپی جیاوازە، جگە لەوەش سۆفیگەری جیاوازە لە سەلەفییەت و هەردووکیشیان جیاوازن لە بزووتنەوە سیاسییەکان، بەم شێوەیە مرۆڤ بە زمان و زاراوەی خۆی دەناسرێتەوە، ئەوەی جێی سەرنجە، شێوازی ناساندنی چەپێک، مارکسیستێک بە هاوزیندانییەکانی، نیشاندەرێک بوو بۆ پەیوەستبوونیان بەو حیزبەوە پێیان دەگوتن هاوڕێ، نەتەوەییەکان بە هەڤاڵ، ئیسلامییەکانیش بە “برای تۆ لە خودا”، و هتد.. دەناسرانەوە.
هەموو ئەمانە لە گوتاری سیاسی و زمانەوانیدا ڕەنگدانەوەیان هەبووە، بۆ هەمان ڕووداو بەلایەنی کەمەوە دوو زاراوە هەن، بۆ نموونە کەسایەتییە سیاسییەکان، کەسایەتییە میدیاییەکان، نووسەران و ڕۆشنبیرانی سەر بە هەردوو پارتی دەسەڵات، دەستەواژەی “دابەشبوون” بەکاردەهێننن وەک بۆ وەسفکردنی ئەوانەی لە زۆنی زەردن، کە لە ساڵانی شەڕی ناوەخۆی نەوەتەکاندا ڕوویدا، جیاوازتر لە دەربڕینی ئەو زمانەی کە لە زۆنی سەوز بەکار دەهێنرا، کە بریتی بوو لە زمانی زبری میدیایی لایەنی شەڕکەر، لە کاتێکدا لایەنی بەرامبەر بە “سەرکەوتنی یەکلاکەرەوە” ناوی دەبرد. ئەویدی بە خیانەت.
شاراوە نییە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا لە میدیای جیهانیدا دەستکاری زمان و زاراوەکان دەکرێن، کە هەموو ئەمانە ئاماژەن و بەربڵاون بۆ ڕوانگەیەکی سیاسی، ئایدۆلۆژی، زاراوەگەلێکی وەک ئیمپریالیزم، کۆلۆنیالیزم، تیرۆر، کوردفۆبیا، ئیسلامۆفۆبیا..تد، لە ماوەی پێنجدەیەی شۆڕشەکانی کوردستاندا دوو زاراوە لە گوتاری سیاسیدا بەریەککەوتن، ئەو لایەنەی کە لەگەڵ ڕژێمدا هاوتەریب بوون و بە جاش و بەکرێگیراو دەناسران، ئەو لایەنەش کە لە دەرەوە بوون ناوزەد دەکران بە شۆرشگێر، شەڕڤان، گەریلا، پێشمەرگە، هەڵبەتە لەگەڵ ئامێرە زمانەوانییە پەیوەندیدارەکاندا، بۆیەش گوتارەکانیان لەگەڵ ئەم زاراوانەدا یەکیان دەگرتەوە، ئەم دیاردەیە لە هەموو زمانێکی جیهاندا بەدی دەکرێت، کە زاراوەکانی مەیلی ڕەنگدانەوەی دیدگای ئاخێوەرەکانیان هەیە.
جێی سەرنجە لە چوارچێوەی ئەو شەڕەی کە لە لایەن زلهێزە جیهانییەکانەوە دژ بە گەلانی ناوچەکە بۆ نموونە لە ئەفغانستان و عیراق یان ئێران و کوردستان بەڕێوەچوون، میدیاکان پشتیوانیان لەو زلهێزانە دەکرد و زاراوەی جیاوازیان بەکاردەهێنا لە چاو ئەوانەی بەرگرییان لە نیشتمان یان ئایینەکەیان دەکرد. لەو سۆنگەیە بە سەدان و وشەو زاراوەو ئیدۆیان درووست بوون و بەکار هێنرانن تا ڕادەی ئەوەی کە بەرگریکارانی ئەم نەتەوانە بە تیرۆریست و دڕندەو و وەحش دەناسران. لێرەدا زمانی وەسفکەر ئەم لایەنگرییە ئاشکرا دەکات و دەتوانێت بنەمای توێژینەوەیەکی زمانەوانی جددی و کاریگەر پێک بهێنێت، ئەم نموونەیە ئەم لایەنگرییە دەسەلمێنێ، لەم چوارچێوەیەدا ویستم خاڵێک بخەمەڕوو سەبارەت بەو زمانەی کە میدیکاران و ڕۆژنامەنووسان لە کاتی ئاماژەدان بە داگیرکەری ناوچەیەک یان وڵاتێک بەکاری دەهێنن. زۆرێک لە ڕۆشنبیران، بە ئاسانی ئەم ناوە بەکاردەهێنن، کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەرگیراوە و لەلایەن داگیرکەرانەوە وەک ڕەمزی کیانەکەیان قبوڵکراوە، ئەم ڕۆشنبیرانە بەبێ ئازاری ویژدان و ناڕەزایی ئەم ناوانە بەکاردەهێنن، بێ ئاگا لەوەی کە چەواشەکارانە و بێمانان. کە مخابن نابێت لە ئەدەبیاتی کوردیدا بوونی هەبێت، بەڵکو زمان دەبێت یەکگرتوو بێت لە وەسفکردنی ئەم ستەم و نادادپەروەری و داگیرکارییانەی کە لەڕابردووی نزیکدا دووچاری نەتەوەکەمانی کردەوە، دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان وەک چەمگەلی “ داگیرکەری عیراقی، سوری، ئیرانی، تورکی”. تەنانەت ئەگەر هەموو جیهان دان بەوەدا بنێن، کە ئەم دەوڵەتانە قەوارەیەکی دەستوورین، کۆلۆنیالیزمی نین، لەسەر بنەماکانی کوشتن و دزین و بێ یاسایی و بێڕێزیکردن بە شکۆی مرۆڤی کورد دانەمەزراون، چۆن دەتوانرێت بە دەوڵەتێکی مۆدێلرن هەژمار بکرێن؟
لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بە لایەنگری لە زمانی دەربڕین و هزرینی هەندێ ڕۆژنامەنووس بکەم لە وتووێژ و وتارەکانیاندا بکەم، لەبری ئەوە زاراوەگەلی سەیرو سەمەرە بەکاردەهێنن، کە هۆشیارییەکی زمانەوانی و سیاسی ئاڵۆز نیشان دەدەن، سەبارەت بە دەربڕینی هەندێ بۆچوونی ڕەخنەگرانە و هزری جیاواز، بەهۆی ئەوەی گوایە ستانداردەکانیان پێشێل کردووە، ئیدی لەو کەناڵانەدا بایکۆت کراون، ئەمەش ناچاری کردوون لە سەرەتای یەکێک لە بابەتەکانیدا، ئەگەر تەنیا ژینگەی کولتووری بە هەموو هەمەجۆرییە سیاسی و ئەدەبی و ئایینییەکانییەوە خۆیان لەگەڵ ئەو ڕێگایەدا بگونجێنن، کە دەسەڵاتداران گرتوویانەتە بەر، لە ترسی ئەوەی نەبادا لێپرسینەوەمان لەگەڵدا بکەن لەو زمانەی کە بەکاری دەهێنین، بۆیە دەبێت خۆیان بەدوور بگرن لە ئاماژەکردن بە هەندێ وشەو زاراوەی هەستەوەر و بەناوزراندنی ئەو کەسانەی سەر بەو قەوارەیەن. گرنگە بگەڕێینەوە، بۆ ئەو کەناڵانەی بە ئاشکرا لە ژێر پەردەی داگیرکەراندا شەڕمان لەگەڵ دەکەن، مێژووەکەمان چەواشە دەکەن، تەنانەت لەسەر بانگەشەیەیەکی ڕەوای نەتەوەییمان بەناوی ئایدۆلۆژیاو ئاساییشی نەتەوەییان دەمانکوژن و یان بە بەناوی پیرۆزی ئایینەکەیان لە خاکەکەمان دەرمان دەکەن، کەواتە ڕۆڵی سیاسەتی زمان لەو ئاقارەدا چییە، ئایا ئێمە ناچار دەبین لە ئاست زمانی توندو تیژ و زبری ئەوان، بە زمانێکی نەرم بدوێین، ئەگەر وا بکەین، نادادپەروەری و شەڕانگێزییەکمان بەرامبەر خۆمان و دژی پرەنسیپی پیرۆزی مرۆڤبوونمان ئەنجامداوە، نەک هەر ئەوە، بەڵکو دەبێت هەمووان خۆمان بە دوور بگرین لە وەسفکردنی پلان و بەرنامە ڕەگەزپەرستییە ڕێکخراوەکانیان لە چەواشەکردنی زمان و ناسنامەو مێژوومان، یان دەبێت هەر هەموومان بە یەک شێوە کە خۆیان دەیانەوێ لە ناشیرینکردنی وێنەی سیمبولە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانمان پێناسە بکرێن:
هەردەم وەک تیرۆریست و تاوانباری جەنگ و ئەنجامدەری جینۆساید بناسرێین، کە ماوەیەکە لەڕێی وتارە پڕ لە درۆ و چەواشەکارییەکانیان لە کەناڵەکانی سۆشیالمیدیا وەک کۆلۆنیالیست و داگیرکەر و هیچی تر دەیان چیرۆکی ئەفسانەیی دەئافرێنن، ئەگەر بەڕاستی چەمکەکانی پێکەوەژیان و ئاشتەوایی و چارەنووسی هاوبەش و یەکپارچەیی هزری لە گوتاری سیاسی داهاتووماندا بخوازین.
ئاخۆ دەبێت ئێمەش لە عاست ئەو زمانە زبرەیان بێدەنگ بین، ئەوەی بەڕاستی سەرسامم دەکات، خودی زمانی سیاسی ئەوان نییە، هەرچەندە سیاسەت بەشێکە لە کولتوور، بەڵکو بەکارهێنانی گوتاری قێزەون و ناڕەوایە لە دەربڕینی ئەم جۆرە زاراوانە لەلایەن نووسەرەکانیانەوە، بۆیە دوورکەوتنەوە لە زمانی زبردا لەم دەستەواژانە بایەخێکی سەرەکی هەیە، نووسەران دەبێت سەرلەنوێ بە هەرچی نووسیویانە لێی بکۆڵنەوە بۆ پاککردنەوەی هزرو هەستەکانیان لەو کەموکوڕییە زمانەوانیانەی کە هۆشیاری زمانەوانی دەشێوێنن و هۆشیاری گشتی ساختە دەکەن. درککردن بەم ڕاستییە، من لە خۆمەوە دەستم پێکرد و گەڕامەوە سەر هەموو ئەو شتانەی کە نووسیبووم و هیشتا بڵاوم نەکردبوونەوە، دووبارە دەستکاریم کرد و زمانەکەمم لەو جۆرە تەڵە زمانەوانییانە ڕزگار کرد، و ڕێگە بە خۆم دەدەم کە بیانگۆڕم، واتایەکە وەربگرم، من ئەمەم زۆر بە توندی لە دوا نووسینمدا کە بە ناوی “بیرکردنەوە لە واقیعی کولتووریمان” جێبەجێ کرد. ئیدی پێموانییە بە هیچ شێوەیەک ڕێگەم بەم ناوە داوە، بە تاک یان فرە، بچێتە ناو زمانەکەمەوە. کە لە سیاسەتی زمانەوانیدا بە زمانی هێمن ناسراوە.

فەرەیدوون سامان




فۆرمی فرە پێوەندی و فرە بنیاد و فرە ترپە.. سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

1
لە په‌یوه‌ندی نێوان بوون و هەقیقەت، له‌ په‌یوه‌ندی نێوان بوون و چییه‌تیدا بیری مرۆڤی بەرهەمهێنەر، باروبوار و ئاراستەی خۆبوونی دەگرێت، لە ناو دوو كەوانەی هەمیشە ئامادەی سەرسامبووندا، بەرەو ئامانجی تایبەت دەڕوا, خۆی لە ناو چڕكردنەوەی كات و شوێن و پاراو و بێگەردكردنەوەدا دەستنیشان دەكات. خودی پاراو و بێگەرد و گەشاوەی دابەشی سەر هەموو جوانییەكان دەبێت, ختووكەی ڕسكانیان دەدات. جوانی گشتێكە پارچە پارچە ناكرێت، هەموومان پێویستمان پێیەتی، ئاسوودەییی هەمیشەییمانە. بەرهەمهێنی جوانبەخش گیان و هەست و خەون لە ڕێگەی جووڵەی وێنە و وشه‌ی پڕاوپڕ له‌ واتا و دەنگی پیتەوە دەگەیەنێ و ببڕای ببڕیش ئامادە نییە خۆی لە پاڵ دەسەڵات و شانەی هەڵەشە و خۆبژیێن و دیكتاتۆردا ڕابگەیەنی, ڕستەكانی بكاتەوە، نوێبەخشان كەسایەتیی داهێنەرانەی خۆیان هەیە و دەیشزانن، چۆن و لە چ كاتێكدا بە نوێبەخشیی كۆمەڵگەوە پەیوەست دەبنەوە.
سروشتی كەسایەتی و گیانی پڕە لە بەدواداگەڕان بۆ داهێنان و بە گەرمی دادەگیرسێت. شوێنی مرۆڤ لە ژیان دەدۆزێتەوە و دەستنیشانی دەكات، بۆچوون و بیروڕای كەسی باش بیركەرەوە لە لێك حاڵیبوون و خەیاڵی جووڵێنەری دەق دەچێنێت, ده‌نگ دید و دیدگە و شێوازی، فۆرمی فرە پێوەندی و فرە بنیاد و فرە ترپە دەگرێت.
نهێنییەكان: وه‌ك هێزی شاراوه‌ی بوون بیركردنەوە دروست دەكەن، دەبنە سەرچاوەی بیركردنەوە. هیچ شتێك بۆ ئەو مرۆڤەی لە ڕێگای بەرهەمهێنانەوە بیر دەكاتەوە، خۆی بە تیشكۆی جوانبەخشییەوە خەریك و پەیوەست دەكات، مەحاڵ نییە. ئەو بەرهەمەی دەیخوڵقێنێت گەردوون و هەموو شتەكانی لێ دەكەوێتەوە. لە ناو ئەو گەردوونەدا هەمیشە شتەكان لە پێناو ئامادەكردنی بوون و هەقیقەت، له‌ ئاماده‌كردنی بوون و چییه‌تیدا بۆ مرۆڤ دەبن بە سێبەر و هەتاوی فریا، یارمەتیی یەكتری دەدەن بۆ پێكهێنانی شتەكان. هاوسەنگی پێداویستییەكانی ژیان لەوەوە ڕادەگیرێت.
گەردوون بۆ پێكهێنانی شتەكان، بۆ گشت مرۆڤ و كۆمەڵگایەك ناوەندێكی هاوبەشی هەیە. لە بە كەڵكترین شێوەدا بیری پێ دەكاتەوە، دەیڕسكێنێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و جیاكاریی خوڵقاندن و بەخششی كلتووری گشتی و كەسی. ڕۆژگار، ڕۆژگاری داهاتوو نییە، بگرە دەچێتە تێكڕای سەردەم و كات و هاودەقی پێك دەهێنێت، شتەكانیش دەكات بە ئاماژە لە هەستیاری بیری مرۆڤی بەرهەمهێندا، بەرانبەر پرسیارە گرنگ و كاریگەرەكانی بوون و هەقیقەت و بوون و چییه‌تی ئاگادارمان دەكاتەوە. دەیشبێت بەو بڕوایەمان بگەیەنێت، ئەو پرسیارانەی كارلێك لەگەڵ ئەفسانە و داستان و بەیت و مێژوو و ئەوانی دیكەدا دەكەن، لە كوێوە سەرچاوەیان گرتووە، كەموكوڕییەكان لە چیدا ئاشكرا دەبن، پەیدابوونەكانیش چین.
بوون و دۆزینەوەی سەرەتای شتەكان، پێوەری مرۆڤ و كۆمەڵگە و هەموو شتەكانن، نەك هەقیقەت. جیاكارییەكانی نێوان بوون و هەقیقەت پێویستە بەردەوام بە كاریگەرییەكی زۆر و كراوەوە گفتوگۆی لە بارەوە بكرێت، كاریگەریی خۆی بسەپێنێت. هەوڵەكانیش بێ ئومێد نەبن. هەقیقەت بینینە، بوون بیركردنەوەیە لە بینین و ئەفسوونی ڕسكان و ژیان. دۆزینەوەی سەرەتای شتەكان، بنەمای ژیانی بە بەرهەم و ئارەزوویەكی بەردەوامە بۆ بەرهەمهێنانی نوێبەخشی و جوانبەخشی. هەنگاوی یەكەم: لەم دۆزینەوەیەوەدا دەبێتە ئەزموونێكی خاوەن كاركردن لە هێڵكاریە هونەرییەكان و ماناداریان دەكات، هەروەها ختووكە و چەشەی ئەوی دیكە دەدات بۆ جیاكاریی خوڵقاندن و ئاشناكردنی جیاكاری.
ئازادكردنی نووسین، جووڵەیەكی هەمیشەیییە، بیركردنەوە و گەڕانەوە بۆ سەرچاوە و ناوەند پەیدای كردووە. زۆر وێستگە هەن جوانبەخش تێیدا هەڵوەستە دەكات، دەوەستێت و دەكەوێتە باری لێوردبوونەوە و تێڕامانی كارا و دوورودرێژ و قووڵبین، بەڵام هەر یەك وێستگەیان ورووژێنەر و دیاریكراوە، دەتوانین قسەی لە بارەوە بكەین. هیچ شتێك لەم بوونەدا نوێ نییە تا مرۆڤیش دۆنایدۆنی گیانێكی بەر لە خۆیەتی. بەردەوامبوون و دووبارەبوونەوەی ژیان منی دووبارە كردووەتەوە، دەبێت قسەی ئەم دووبارەكردنەوەیەی خۆمم هەبێت و بیكەم، بەڵام وەك خۆم و خۆم لەگەڵ خۆمدا، ئەم خۆم لەگەڵ خۆمدایە لە ناو دوو كەوانەی هەمیشە ئامادەی دۆخگۆڕین، ئازادیی تەواو دەڕەخسێنێت، كەرەستەكانی دەربڕینی خۆی دەناسێت. ئەم پێوەندییانەی هەستەكانی كەسی جوانبەخش لەگەڵ پانتاییی فۆرمی فرە پێوەندی و فرە بنیادی و فرە ترپەدا، لەرەی ئاوازی دەق و زرینگانەوەی زمان دروستی دەكات، بانگهەڵدانی نوێبەخشی و چییه‌تی نییە، بگرە بەدیهێنانی نوێبەخشی و چییه‌تییه‌.
نوێبەخشی گەشەكردنێكی سەرتاپاگیرییە، لە ئەفسوونی كراوەی بوون و ژیانی مرۆڤدا، باروبوارێك دەكاتەوە بۆ شكاندنی گەمارۆی دواكەوتوویی كۆمەڵگە. ئەو كەرەستانەیش دەناسێت، كە نوێكردنەوەی بیر و بیركردنەوەی كۆمەڵگە هەڵدەسووڕێنێت، هەستی گۆڕانكاریی كاریگەر دەهێنێتە ناو هەڵسوكەوتی ڕۆژانەی ژیانمانەوە. ژیانێكیش نوێبەخشی بەرهەم بهێنێت، سەر بە بیرێكی خوڵقێنەرە، بینینێكی تەواوە بۆ گەردوون و پێكهێنانی شتەكان. نوێبەخش هەمیشە هەوڵ دەدا: ژیان لە بینینی ئەوانەی پێش خۆیەوە ژیاوەن دەستكاری بكات، بیروڕاكانی بۆ گۆڕان بخاتە گەڕ. جوانی لە چاوی كۆمەڵگە زیاد و بە پیت بكات، ڕووداوێكیش دروست بكا، پاشخاپەرۆكەكانی داهێنانیش بسڕێتەوە، یان لانی كەم بەلاوەی بنێت، هەروەها نەریتە خراپەكانی كۆمەڵگەیش لا بدا، جوانییەكانیشی بە هۆی بەكارهێنانەوە زیندوو بكاتەوە.
شیعری پاراو وبێگه‌رد: وه‌ك ترپه‌ی لێدانی دڵ، ڕاسته‌قینه‌یه‌. زمان بە شیعر دەستی پێ كردووە و خۆی ناساندووە، بووەتە دیاردەیەكی تەندروستیی كۆمەڵایەتی و نیشانە و حیكمەتی ئادەمیزاد، ئەم نیشانە و حیكمەتە ئادەمیزادییە بەشێكی دەبێت لە بیر و بیركردنەوەی منیشدا بڕسكێت، لێكدانەوەیەكم هەبێت بۆ ڕسكان و گواستنەوە و كارپێكردنی.
شارستانیەتیبوونیش لە ڕێگەی هۆشێكەوە بۆ هۆشێكی دیكە بەردەوامیی داهێنان بە دەست دەهێنێت. گۆڕانە یەك بە دوای یەكدا هاتووەكانی نێوان كەسایەتیی داهێنەر و كۆمەڵگە دەستنیشان دەكات.
بەبێ مەیل و ئالوودەبوونی نەمری و بەرز فڕینێكی ئێجگار زۆر لە پێناویدا، مرۆڤ ناتوانێت دەربڕین و داهێنان لە جوانییەكانی ژیان بكات و بچێتە ناو بەردەوامییەوە. داهێنان خۆی وزەیەكی شاراوە و دەنگدانەوەی هەستییە، بوون دەدۆزێتەوە و ئاشكرای دەكات. دەچێتە ناو كرۆكی كارتێكارە ڕۆشنبیری و كلتوورییەكان. لە بارەی شتێكەوە قسە دەكات، كە گەردوون و مان و بنەڕەتی تەواوی سەرزەمینە، دەبێتە ناوەند. وەك بنەڕەتێك، بۆ ئەو دامەزراوە ڕۆشنبیرییانەی بوون بە ڕێوە دەبەن و لە سەری دادەمەزرێن، لە ڕێگای جوانییەوە درێژە بە بەخشش دەدەن، وەك پێویستییە هەستییەكان دەڕۆن بە ڕێوە و مەشق دەكەن، مەشقی بەردەوام بیر تیژ دەكاتەوە، لە ژیانی ڕۆژانەماندا پێویسمان پێی هەیە. ئاماژەی كارا و كارامە و گرنگە، بە دوایدا دەچین بۆ پێوانەكردنی پاشەڕۆژ، لە هەمان باروبواریشدا بوێریی چوونە ناو و قسە لەبارەوەكردنی دەكەین.
بەرهەمهێنی جوانبەخش، بینینی خەونی بۆ ژیان، هەستەكانی ڕازاندووەتەوە. ئارامییەكی تێدا بەدی دەهێنێت، كەشە دەروونی و پێشهاتەكان بە ئاستێكی هونەری و كاریگەرییەكی ئاشكرا دەگوازێتەوە بۆ واقیعی نووسین، كە برینی كاریگەریی شەڕی خۆبەخۆ لە گەڕەكەكاندا دید و دیدگا و قووڵبینیی مرۆڤی كوردیان شێواند، جوانی و توانا و بەهرەیان كوشت و پەیوەستبوون بە ژیاندۆستی و شەیدایییان تا ڕادەی لەناوبردن كز و لە پێش دڵ و چاو خست.
بەرهەمهێنی جوانبەخش ناچار بوو، بەرهەم وەك ئامراز و ئامانجی كاریگەر بۆ ژیاندنەوەی جوانی و توانا و بەهرە بە كار بهێنێت: (ئەندێشەی چاك، گوتاری چاك، كرداری چاك) بناسێت. لەگەڵ ئەمەیش ئەو ڕۆژانەی من تێیدا ژیاوم و شیعرم نووسیوە زۆر ڕوون و ئاشكرا نەبووە. بووژێنەرەوەی جوانی و توانا و بەهرە، لە خەونێكدا لە هێلكەی سەمەندەر ترووكا. خوداوەند بە هێزی بەخشندەیی بۆ ناوچەیەكی دیكەی ئاسمان بەرزی كردەوە تا فێری بلیمەتی و پەرجووی بەرزایی و گەیشتن بە شاری دەستەبژێرەكانی بكات. سەرەتاكانی هەست پێكردن بنووسێتەوە. شیعر بۆ چێژ و جوانی، چێژ و جوانیش بۆ هەموومان، چێژ و جوانی ئەو ڕووداوەن لە كاتی خوێندنەوەدا ڕوو دەدەن. هەست و گیان و خەونی سستبوو لە مرۆڤدا چالاك دەكەنەوە. لەم كردەوە و كردەیەدا شیعری پاراو و بێگەرد دەدۆزێتەوە، شیعری بووژێنەرەوەی جوانی و توانا و بەهرە. هیچ بووژێنەرەوەیەكی جوانی و توانا و بەهرەیش لێڵ و ناڕوون نانووسێت. زاڵە بەسەر ئاگاییی نووسین و ئامرازەكانی دەربڕین و كاكڵی مەبەستدا. وەرگر بانگهێشت دەكاتە سەر خوانی: فۆرمی فرە پێوەندی و فرە بنیاد و فرە ترپە، لەرەی ئاوازی دەق و زرینگانەوەی زمانی فرە دەنگیی خۆی، بۆ وەرگرتن و چێژ و تێگەیشتنی هاوبەش و دەستدان لە ڕوخساری نوێبەخشیدا.
نووسەر دەبێ له‌ دۆخ و ده‌رووندا تاسه‌دارێكی خودایی بێت، تا لە بارەی شیعرەوە بنووسێت.

2
مرۆڤ یەكەم جار، كە بەهرەی دەربڕینی تێدا ئاشكرا بوو، لە خانەی شیعردا جێی كردووەتەوە، بۆ مانەوەیشی لەم خانە پیرۆزكراوەیدا، هەمیشە قوربانیی لە ئەژمار نەهاتووی داوە, هێڵە ئەفسوونییەكان و چالاكیی درێژ كردووەتەوە. زمانیش وەك یەكەیەكی پڕ جووڵە بوونی خۆی ڕاگەیاندووە. گیانی لێوڕێژ لە شەپۆلدانی، لە ئاراستەكراوە سڕكەرەكاندا ڕاپسكاندووە و پاراستوویەتی، هێز و ئاماژەی خستووەتە وێستگە و سەكۆی داهێنانی. پێوەندیی نێوان مانا و شيعريبوون لە ناو فۆرمی فرە پێوەندی و فرە بنیاد و فرە ترپەدا بەستووە و شكۆی داوە بە گوتن و زمان.
زمان كەرەستە و بەخششێكی خودایییە, دەسەڵاتی دەربڕین و هێزی گیانی دەدات بە خۆویستی و خوڵقاندنی شیعریبوون و مانا لە ناو زمان و جوانیدا. زمان و جوانی ڕووبەرێكن. خود و خەیاڵ خۆش دەكەن و بیریان تێدا دەكرێتەوە، ئاست و جیاكارییەكان دەردەكەون.
وشه‌ هه‌رزه‌كارێكی تووڕه‌یه‌. له‌و شاعیرانه‌ی شیعری به‌رژه‌وه‌ندداری بۆنه‌ و ساڵۆن و فیستیڤاڵانی پێ ده‌نووسن.‌
هێمای درەوشاوە زۆرن، كە توانا و بوێریی نەخێریان تێدایە، سەرگەردان و دەربەدەر بوونە و بوونەتە قوربانیی شیعری پاراو و بێگەرد. هەموو پەیامێكیان لە شیعرەوە بۆ شیعریبوون هێناوە. پەیامیش جگە لە شیعری پاراو و بێگەرد شتێكی دیكە نییە. دەیانەوێ لە ڕێگەی ئەم پەیامهێنانەیاندا دەربڕین لە بارێكی دەگمەن، ئاوێتە بە جووڵەی وێنە و وشه‌ی پڕاوپڕ له‌ واتا و دەنگی پیتەوە بكەن.
تەنیا شیعری پاراو و بێگەرد، لە سەرچاوەی خود و خەیاڵەوە بنەچەی ڕاستەقینە و بەهای هونەری وەردەگرێت، بۆیشی دەگەڕێتەوە، ئاماژەی یارییە مەحاڵەكان دەدات. ڕایه‌ڵ و تانوپۆی فۆرمی فرە پێوەندی و فرە بنیاد و فرە ترپە، خۆی تۆكمە و پتەو پێك دەهێنێت. هەموو بوون دەخاتە ناو پرسیاری خود و خەیاڵەوە، تەنیا خود و خەیاڵیش هونەری پاراو و بێگەرد دەخوڵقێنن، بڕوا بە گفتوگۆی هەستیار و بێداری دەهێنن.
كێشەی نێوان شاعیر و ڕەها، هەڵبژاردنی پەڕگیرییە، شیعر دەكات بە پاراو و بێگەرد. هەموو لكەكانی دیكەی ئەدەب: پەخشان، شانۆگەری، چیڕۆك، ڕۆمان… تاد، تەواو ژیری دەیانجووڵێنێت و بزووتنەوەیەكی وریاكردنەوەی خوێنەرین. لە ڕێگای ئەم جووڵانەیشیدا جۆرێك تێكەڵی دێتە ناوەوە. هێزی دەستی، هاوسەنگی تێك دەچێت، ڕەهایی و پاراوی لە ناخ و بیركردنەوەیدا دەبێتە پاشخاپەرۆكێكی بێزراو. جومگەكانی پێوەندی لەگەڵ سەرگەردان و دەربەدەر و قوربانییەكانی شیعری پاراو و بێگەرد لە بەریەكدا هەڵدەوەشێنێتەوە، دەچێتە ناو پێزانینە بە ئاگاكان و دەربڕینی فریودەر لە پێناو دەسەڵاتێكی دیاریكراودا، بینای كلتووریی خۆی پێك دەهێنێ، گفتوگۆ لەگەڵ كلتووری ئەوی دیكەدا دەكات. لە هەموو كارێكی ڕۆشنبیریدا گفتوگۆكردن لەگەڵ ئەوی دیكەدا لە سوودگەیاندن بەدەر نییە. تەنیا لە شیعردا زەرەرمەند و هەڵەبەرە. بەهۆی ئەم گفتوگۆیەی هێزی كەسێتی ون دەبێت، ونبوونێك، كە دۆزینەوەی دەبێتە جۆرێك لە مەحاڵ.
جوانی شێوازێكە بۆ بیركردنەوە، شێوازێكی سه‌ره‌كیشه‌. گەڕانەوەیە بۆ سەرچاوەی بیركردنەوە. هەیە لە كەشوهەوا هەستییەكانیدا جوان بیر دەكاتەوە، كەچی لە هەنگاوێكی نزیكدا ئامادە دەبێت بچێتە ناو خۆهەڵبژاردنی: لیستێك، یان حزبێك، یان شانەیەك، یان ڕێكخراوێك، یان دامەزراوەیەك… تاد، بۆ بەرژەوەندی و كارپێكردنی خۆی ئامادەی كردووە، پڕوپاگەندەیەكی بێ ژمارەیشی لە پەنادا كردووە بە قەڵای هەڵخەڵەتاندن و دابەشی سەر ئەڵقەلەگوێ و گوێڕایەڵ و نانخۆر و بەرفەرمانەكانی خۆی دەكات. هەر كەسێك پێودانگێك بۆ كەسایەتیی خۆی دانەنێت، گەورەیی نەخێر، لە دەست بدا، ملكەچ و ئامادەی بەڵێ بێت، بۆ هەمیشەیی بەختیاریی گیانیی دۆڕاندووە. ملكەچكردن بۆ دەسەڵات، ژیان و شێوازی بیركردنەوەت دەكەن بە ڕۆتین و نووسینت نابن بە سەرچاوەی پاراو و بێگەرد.
شیعر بۆ چێژ و جوانی، چێژ و جوانیش بۆ هەموومان، چێژ و جوانی ئەو ڕووداوەن لە كاتی خوێندنەوەدا ڕوو دەدەن، هەست و گیان و خەونی سستبوو لە مرۆڤدا چالاك دەكەنەوە. شیعری پاراو و بێگەرد ئەی بەختیاریی بەهرەوەرانی سەر زەمین. مێژووی خۆ دروستكردن لە خاڵێكدا كورت دەكرێتەوە و دەبێتە تیشكۆ، بوێریی ئەوە بكات بڵێت نەخێر، نەخێر، پرۆژەیەكە بۆ جوان بیركردنەوە. جوان بیركەرەوە جووڵەی سروشت هاوتا دەكات بە جووڵەی ئازادیی مێشك و هۆشمەندی. بیركردنەوەیش وەك پرۆژەیەك لە پێناو خۆدۆزینەوە و خۆبوونی و ڕووبەڕووبوونەوە بەرانبەر دەسەڵات.
ئەو كەسایەتییە تێكەڵە لە بڕیاری ناوەوەیدا، پێوەندییەكانی هونەری نووسین و جوانی و ڕەهای ڕاگرتووە، كە شیعری پاراو و بێگەردە. لە دەرەوەیش لە ناو تاكتیك و زانیاریدان بە حزب، یان شانە، یان ڕێكخراو، یان دامەزراوەیەك: ئەڵقەلەگوێ و گوێڕایەڵ و نانخۆر و بەرفەرمانی دەسەڵاتدایە، كە هەموو دەسەڵاتێك بەشێك لە دیكتاتۆریەتی بە جووڵە و وێنەوە لە ناو خۆیدا پەروەردە كردووە.
شیعری پاراو و بێگەرد: ئەی پاكیزەی دووەم، لەگەڵ یەكەم هەست بە ئارامیكردنی دەروونی بەرانبەر دیمەنی جوانی دەستت پێ كردووە، بە وەشاندنی گورزێك ئاگری بێ ئامان كۆتایییەكان دەستنیشان دەكرێن، كە لە سەر زەوییەكی گڕكاناوی ڕامان گرە، هەموومان بە سووتان و توانەوە و لێك جیاكردنەوەی ئێسك و گۆشت جەزرەبە بدە. تەنیا ئەو سەمەندەرانە بەردەوامی وەردەگرنەوە، كە پەڕگیریی شیعرییان هەڵبژاردووە، پێشەنگیی تێدا بە دەست دەهێنن. لەم گۆشە زۆر هەستیار و بێدارەدا، شێواندن دادەڕێژنەوە، دەیكەن بە بوونی جوان و یادەوەریی داهاتوو، هەروەها مێژووی وشە و داهاتووی وشە، وشەیش دەكەن بە زمان، زمانیش بە جوانییەكانی بوون.
بەهرەوەر: ئەگەر تۆ خەونی داهاتووت لە دەست دابێت. بۆچی دەژیت، چۆن بوون و خۆبوونیت دیاری دەكەیت. پێویستە سەرەكیترین پرسیار دروستكردن لە بیركردنەوەماندا ئەوە بێت، من چ جۆرە بەهرەوەرێكم. ئەڵقەلەگوێ و گوێڕایەڵ و نانخۆر و بەرفەرمان، یان كەلكێش و ئازاد و ناوچەوان كراوە و دڵكەش. پێكهاتەی زەمین چۆنە، شكۆ بەرهەمی كامە قوربانییە. بۆ ئەوەی سییەكان لە ڕزین بپارێزین پێویستمان بە چ جۆرە هەوا وەرگرتنێكە. پێمان لە ناو خۆڵی نەرمونیان، یان خۆڵەمێشی فریودەر پشوو پێ بدەین.
شیعری پاراو و بێگەرد: ئەی پاكیزەی دووەم، ئەی تەنیا دایكی شاعیرە كەلكێش و ئازاد و ناوچەوان كراوە و دڵكەشەكان.
نووسەر دەبێ له‌ دۆخ و ده‌رووندا تاسه‌دارێكی خودایی بێت، تا لە بارەی شیعرەوە بنووسێت.

3
بەرهەمهێنەرانی شیعری پاراو و بێگەرد لە پێناو چێژی نادیار، گیانیان وەك دیاریكردنی ناوەندێك لە ناو كردەوە، كردەی نووسین و هونەری جوانبەخش و باڵایان پیشان داوە. هیچ كامێكیشیان شیعریان تایبەت نەكردووە بۆ ڕووبەر و ڕواڵەتی واقیع، بیركردنەوەی داخراویان وەك پێودانگێك بۆ پێوەندیی زەینی و بوونی شتەكان بە كار نەهێناوە. لە سەر بنەڕەتیی بەهرە و جوانبەخشی جووڵاون، تێگەیشتن و تاسەیان بۆ جوانبەخشی كار پێ كردووە، ئاسۆی توانای تەنیایی، كە داهێنەر هەمیشە توانایەكی تەنیایە، بە سەر دیاریكردنی ناوەندی گیانیان كردووەتەوە، لەو ڕەگە دوورودرێژەی شیعردا، لە بەردەوامی و گۆڕان بۆ خۆی ئەزموونی كردووە، لە خولیاماندا دەسووڕێتەوە، هیچ كاتێك نەبووەتە بنەما و بنچینەیەك، یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت و پرۆگرام و پلانی ساڵانەی دامودەزگایەكی لە سەر دابمەزرێنرێت، بگرە بمانەوێت نەزانراوێك بزانین، لە كلتووری ناسراوی زانستەكان بە هەموو بەشەكانیەوە نزیك دەبینەوە، سەرقاڵی سوود لێ بینین و پەیڕەوكردنی دەبین.
شیعر بۆ دۆخی دەروونی و ورووژاندنی گیانی لە نێوان مەوداكاندا دێت و دەچێت، دۆخی دەروونییش بەشێكە لە وزە زیندووەكانی زانیاری، چونكە بینین دەگۆڕێ، بەڵام جیهان ناگۆڕێت، بگرە جیهان بۆ شێوە هەڵسووڕانێكی شیاو و چەشەی جوانیویستی و جواننواندن و جوانبەخشی ئامادە دەكات. تەنیا دوو شت دەتوانن جیهان بە بارێكدا بگۆڕن، ئەویش ئایین و سیاسەتن، ئایین و سیاسەتیش كاری كۆیە، تاكی كەلكێش و ئازاد و ناوچەوان كراوە، دڵكەش لە ناو كۆدا بزر دەبێت و نامۆیی لە پێوەندییەكاندا دروست دەبێ.
لێرەدا پرسیارێك، كە كاری شاعیری نوێبەخش و جوانبەخش داهێنانی پرسیارە، دەبێتە باروبوار. بە هۆیەوە دەتوانین لە نێوان مەوداكاندا بێین و بچین و چالاكیی بیركردنەوەی ئەوڕۆییمان بە تاو و تینی جوانی دەرببڕین. نوێبەخش، كە مامەڵەی جوانبەخشی لەگەڵ ڕیزبه‌ندی هەستەكانیدا دەكات، شيعريبوونى لە ناو سروشت دەرهێنا و گواستییەوە ناو هەستەكانی مرۆڤ، لە ناوەڕۆكدا ڕسكاندی، ئەفسوونی خود و هێزی تاكی تاقی كردەوە، كە دەتوانێت هەست و گیان و خەون وەك ناوەندێك دیاری بكات. بە وردی لە سروشتی هەست و گیان و خەون ورد بوومەتەوە، هەست و گیان و خەونیش بابەتی بنەڕەتیی شیعری منن. شیعر بۆ چێژ و جوانی، چێژ و جوانییش بۆ هەموومان، چێژ و جوانی ئەو ڕووداوەن لە كاتی خوێندنەوەدا ڕوو دەدەن، هەست و گیان و خەونی سستبوو لە مرۆڤدا چالاك دەكەنەوە، ئەو پرسیارەی نوێبەخشی دروستی دەكات، وەڵامێكی یەكگرتوومان لێی دەست ناكەوێت، یان نایدۆزینەوە. من لە شیعردا بە دوای وەڵامدا ناگەڕێم، وشە كەم دەكەمەوە و وەڵام دەدۆزمەوە.
كۆمەڵێك بەهای ئێستێتیكی هەن، سروشت پشتگوێی خستوون. جوانبەخش جموجووڵی هێماكانی دەدۆزێتەوە، دەیانهێنێتە پانتاییی نووسین و دەیانكات بە هونەری پاراو و بێگەرد.
داهێنەری پرسیار، ئاراستەی فۆرم لای پاڵنەری كردارییە، لێیەوە شوێن بۆ پەیژەكانی كاركردن دەستنیشان دەكات. كردەوە و كردەی بەردەوامبوون لە بیركردنەوەیدا كەرەستەیەك نییە بۆ ناسینی جیهان، كەرەستەیەكە بۆ ناسینی خۆی، لە پاشانیشدا بۆ ناساندنی خۆی، شكۆداركردنی جیهان بە داهێنانی پاراو و بێگەرد.
نووسەر دەبێ له‌ دۆخ و ده‌رووندا تاسه‌دارێكی خودایی بێت، تا لە بارەی شیعرەوە بنووسێت.

4
شاعیرە نوێبەخش و جوانبەخشەكان: بەرپرسن لە خوڵقاندنی شیعر و ئامادەكردنی كۆمەڵگە بۆ جوانیویستی و جواننواندن و كاركردن و مانەوەی لە ناو كردەوە و كردەی ئێستێتیكیدا، قۆناغی یەكەمی نوێبەخشیی شیعری كوردی: هەندێك جووڵە و پانتایی و ماكیان لە بیر و هونەری قۆناغی شیعری كلاسیكی كوردی وەرگرت، لە برەوپێدان و چارەنووسی داهێنان و دۆخگۆڕینی ناوازەدا فۆرمی جیاكارییان تێدا خوڵقاند.
قۆناغی دووەمی نوێبەخشیی شیعری كوردی: بە هەمان شێوە هەندێك جووڵە و پانتایی و ماكیان لە بیر و هونەری قۆناغی یەكەمی نوێبەخشیی شیعری كوردی وەرگرت، كاری بەرەو پێشەوە چوونیان لە سەر كرد، ئەنجام كۆمەڵێك دۆخ و كاری جوان و پەنجەمۆریان لە زەمینەیەكی بە پیتدا دامەزراند.
قۆناغی سێیەمی نوێبەخشیی شیعری كوردی: لە ئاماژەی هەریەك لەم قۆناغانەدا، مەبەستم شاعیرە نوێبەخش و جوانبەخشەكانە، نەك پاشخاپەرۆكە بێزراوەكان، هەوڵیان بۆ خوڵقاندن و ئاشكراكردنی بیر و هونەری جیاكاری بوو، دلێرانە داكشانە ناو خود و پاراو و بێگەردیان كرد. لەم پاراو و بێگەردییەدا زەمینەی لەباریان بە پێناسەی دیاریكراو و ڕوونەوە: بۆ كێڵان ئامادە كرد، تۆوی بەهرە و ڕۆشنبیرییان لە ناودا وەشاند، فۆرمی فرە پێوەندی و فرە بنیاد و فرە ترپەیان دامەزراند.
دەستەیەكی كارا لە ناوەند، بەهرەی دیاردە بزوێنەرەكانن. شیعریان بە ژیان بۆ خۆبوونی خۆیان هەڵبژاردووە، نانی گیانیان لە دەستی ڕووبەڕووبوونەوە و نەخێردا خواردووە. هەژانێك، لە سروشتی دروستبوونەوە لە بیر و هونەری پێشوودا ڕووی دا، كە لە دەقە نایابەكاندا هەڵقوڵاوە و خۆی نواندووە، زمان تێیاندا زۆر هەستیار و بێدارە، خۆی ئاراستە دەكات، بەڵام زوو خۆی ئاشكرا ناكات و ماناكانی ڕاناگەیەنێ.
شیعری پاراو و بێگەرد: لە كرۆكی خۆیدا پرسێكی بوونی و ژیانی دەروونییە، پێویستی بە هێنانەوەی هیچ پاساو و هۆ و بەهانەیەك نییە بۆ بوونی خۆی. كاركردن لە جیاكاریی بیر و هونەر، دەركەوتن و جوانی و توانا و بەهرە، بە كەسی بیركەرەوە دەدەن، هێزی سووربوون لە سەر بنەمای جیاكارییەكان بنیاد دەنێن، كە جیاكاری سووربوون و بوونی كردەوە و كردەی نووسینە. لەم بنیادنانەدا تێگەیشتن و قبووڵكردنی وەرگر لە جیاكارییەكان ڕادێن، جیاكارییەكان خانەی دیاردە و جووڵە و مانەوە و خۆبوونی وەردەگرن.
گیانی نوێبەخش و جیاكارییەكان، هەستەكانی لە ناو شاكار و ژیانی دەروونی پەرە پێ دەدا و كارا و كارامە و زیرەكانە شێواز هاوتەریب لەگەڵ شێوازدا دەگونجێنێت، هاوتایان دەكات. شكۆ و كەرت كەرتبوونی ناخی مرۆڤ بەجێ دەهێنێ، مانا ڕانەگەیەنراوەكان ڕووبەڕووی مانا ڕاگەیانراوەكان دەكاتەوە. جیاكارییەكان بەپێی جیاكارییان لەگەڵ ئەوانی دیكەدا ئاستدار دەبن. ماك و ئاسۆی هەستیاری و ئاست و ئاستداری لە بیری زمان وەردەگرن، پرشنگیش لە تیشكە بەهێزەكان. یەك ئاستییش بیر و هونەر لە پاشخاپەرۆكی بێزراو وەردەگرێت و گەشەدار نابێت.
من لە ئەزموونی خۆمدا زۆر شەونوێژ و كەلكێشی و ناوچەوان كراوەییم بۆ شیعری پاراو و بێگەرد كردووە. ئەو كاتەیش شەونوێژ و كەلكێشی و ناوچەوان كراوەیی لە شاعیر وەردەگیرێت، كە شیعر بە ژیان بكێشێت، وەك كێشەی مردن و ژیانیش لێی بڕوانێ و كاری بۆ بكات و ڕووبەڕووبوونەوە و نەخێر فێر بووبێت.
مردن و ژیان پێكهێنەری بوونن، شیعریش، كە ڕەگەزێكی بوونییە دەبێت لەم ڕوانگەیەوە لە دڵەوە لێی بڕوانرێ، كاری بۆ بكرێت. نووسین لەوپەڕی شادی، یان ئەوپەڕی ناشادی بەرهەم نایەت. كاتی ئەفسووناویی خۆی پەیدا دەبێت، كە خورپەی شاراوەی ناخ دروستی دەكات. تەنیا ئەو خورپەیەی، كە دەچێتە ناو كردەوە و كردەی نووسینەوە ڕوونی دەكاتەوە، ئاماژەی حەسانەوەی گیانیی دەداتێ.
سەرنج ڕاكێشترین ئەزموونی جیاكاری لە ڕووبەڕووبوونەوە و هۆشمەندیی نووسیندا بەرجەستە دەكرێت، جیاكارییەكانی ئارەزوویەكی تەنك پەیدای نەكردووە، بە ڕێگەی ئەزموونەوە دەیگەیتێ، بڕوایەكی بەرزی تێدا بەدی دەكرێت، هێزە سەیر و سەمەرەكانی مرۆڤ دەخاتە گەڕ، مانایەك بۆ بوون لە هەست و گیان و خەوندا دەبووژێنێتەوە، ئەوینداری دەكات بە ژیان. چێژ بەردەوام لە مرۆڤی هەستیار و بێداردا دەگۆڕێت. بە هیچ پێودانگێكیش ژیان دامەزراو و دەوڵەمەند نابێت بەو دیاردانەی لە پێناو خۆشگوزەرانیی مرۆڤدا خۆیان پێشكێش دەكەن، بگرە بەردەوام كۆمەڵێك بۆشاییی پڕ جادووی لێ بەدەر دەكەوێت. پێویستە مرۆڤی نوێبەخش و جوانبەخش بچێتە ناویان، گەوهەرەكانیان بدۆزێتەوە و مشتوماڵیان بكات. ئەم دۆزینەوە و مشتوماڵكردنە چیەتیی جیاكاریی مرۆڤ و كۆششی گیانی و جیهانبینییەتی.
بەرچاوییەك لە ئەزموونی جیاكاریدا، لە بەشی زۆری دەقەكانم دێڕێك وەك ناوەند هاوبەش دەكەم لە نێوان دوو وێنەدا، هەم تەواوكاری وێنەی یەكەمە، هەم تەواوكاری وێنەی دووەم.
ده‌بێ ئه‌م دێڕه‌ ناوه‌ندكراوه‌ دووجار بخوێندرێته‌وه‌. جاری یه‌كه‌م: له‌گه‌ڵ وێنه‌ی یه‌كه‌م. جاری دووه‌م: له‌گه‌ڵ وێنه‌ی دووه‌م.
ئەم ڕووبەر و جووڵە و ڕووداوەیش بۆ سەرسامیی وەرگر بە كار دەهێنم، ئەگەر وەرگر بە تەواوی هێزی هۆشمەندییەوە ئەم ناوەند و هاوبەشییە لەگەڵ هەردوو وێنەدا وەرنەگرێت، جۆرە ڕێكخستنێك لە ئاگادارییەكانی ناو دەق پێك نەهێنێ، هەردوو وێنەكەی بە لێڵی و ناتەواوی دێتە بەرچاو و زەین. یەك لە گیروگرفت و لێك حاڵی نەبوونی ئەدەبی جیاكار لەگەڵ وەرگردا ئەوەیە، ئەم هونەرە وردانە هەست پێ ناكەن، یان خۆیانی لە ئاستدا نەبان دەكەن، یان توانایان نییە لە جیاكارییەكانی جوانبەخشیی جیاكار تێ بگەن. بەوەیشەوە لەوە دەترسن هەستەكانیان لەگەڵ ئەوی دیكەدا بەشداری پێ بكەن. جیاكار پێویستە لە هۆی بوونی خۆی بپرسێت، پرسیارێك وەك دۆخگۆڕین لە پنتی پێكهێنان و بنەمای كراوەدا پێناسەی دیاریكراو و ڕوون وەردەگرێت.
نووسەر دەبێ له‌ دۆخ و ده‌رووندا تاسه‌دارێكی خودایی بێت، تا لە بارەی شیعرەوە بنووسێت.

5
ئەوەی لە نێوان من و شیعردا درێژ دەبێتەوە، خەونە نەك واقیع. لە كردەوە و كردەی نووسیندا، خەون دەكەم بە واقیعی نووسین. بە ویست و داوا و هەستیارییەكی خەونی، بە یادگەی كۆمەڵگەدا چوومەتە خوارێ، خانەیەكی سستبووم لە جەستەی شیعری كوردیدا تەواو زیندوو ڕاگرتووە، خانەی دەقی خەونی. خەون یەكێكە لە هێما هەستیار و بێدارییەكانی مرۆڤ، لە سادەترین ئاستیدا خەسڵەتی كیمیاگەری پەیدا دەكات، دەتوانێت توخمێك بۆ توخمێكی دیكە بگۆڕێت. پێكهاتە و داڕشتن و ڕایەڵ و تانوپۆیەكی توند و تۆكمەی لێیەوە درێژ بكاتەوە. لە چالاكییەكی دیكەیدا بیكات بە دیمەنێكی بە شكۆ. هەوڵێكی خوداڕسكی بەهرەمەندە، پێوەندیی مرۆیی و گەردوونی نزیك دەكاتەوە، پەلە بكەین بە دوای هەستیار و بێدارییەكانی ئەم پێوەندییە لە ناو ژیانی گەشاوەدا بگەڕێین. وێنەكانی بەرپرسیاریەتی بەرانبەر چارەنووسی چێژ و جوانی بەرز دەكاتەوە، خۆی دەناسێنێت و دەبێتە هێما بۆ مانا و كاكڵەی مەبەست.
وەك گیان پشت بە خەون دەبەستم، خەون هێز و بڕوابوون بە وریاییی هەست و خەیاڵی نادیار دەبەخشێ. دڵەڕاوكێیەكانی خەیاڵی نادیار بە خەڵكی دیار دەگەیەنێ، دەرەوە و ناوەوەی گیان بە یەكەوە بە ڕێگەی تایبەتیی خۆیدا دەبات، كە ڕێگەی جادوویییە. خەون نوێبەخشیی زۆری داوە بە ئەفسانە و داستان و بەیت، زمان تێیدا گەرموگوڕە و دەستكاریی زۆری هەستی كۆمەڵگەی كوردیی كردووە. شێوە و ماكی ئەفسانە و داستان و بەیتم وەرگرتووە، بە شێوەیەكی جیا لە خۆی، نواندوومەتەوە. بە ئاشكرا ئەم وەرگرتنە درەوشانەوەی لە بیر و بیركردنەوەی مندا پەیدا كردووە و ڕسكاندوویەتی، بۆ ئەوەی بە سەر هەندێك دەربڕیندا زاڵ بم، پێویستیم بەخۆڕاهێنان بووە لە شێوە و ماكی ئەفسانە و داستان و بەیت، خواستی ئەم شێوە و ماكەیشم قبووڵ كردووە، بەڵام خواستی واقیعی ئەفسانە و داستان و بەیتەكەم وەك خۆی، یان نزیك لە خۆی قبووڵ نەكردووە.
نووسەر دەبێ له‌ دۆخ و ده‌رووندا تاسه‌دارێكی خودایی بێت، تا لە بارەی شیعرەوە بنووسێت.

6
دروستكردن و دروستبوونی یەكەم مرۆڤ، یانی هونەری بوون و جوانی، هەست و گیان و خەون لە هەموو چەشنە: شیعر و گۆرانی و مۆسیقا و تابلۆیەك… تاد، هەن و دەدۆزرێنەوە. لە دروستكردنی یەكتریدا بۆ یەك پێویستن. چالاكیی ژیان لە ناو ئەم دۆزینەوەیەدا دەردەهێنن، كاریگەری بە سەر سایكۆلۆژییەتی یەكەم مرۆڤ و دوایین مرۆڤەوە دادەنێن. ئەم ڕەگەزانە دەستنیشانكاری بەهای دروستكردنی یەكەمین مرۆڤن، دەربڕین لە چەمكی جوانی و تاسە و گوڕ و تینی دوایین مرۆڤیش دەكەن.
داهێنەرانی ئەم چەشنە دەقە بەرهەم دەهێنن، هەموویان بەهرەداری بێ پایانن و خولیا بە تین و كاریگەرەكانی خۆیان پێشكێش بە مرۆڤایەتی كردووە، بنەما هەمە جۆرەكانی جوانیویستی و جواننواندن و جوانبەخشییان كۆ كردووەتەوە. هەست و گیان و خەون، كە سەرچاوەی ئەفسوونی دەقن، بەردەوام ئەمڕۆ بە بیركردنەوەی دوێنێ ناپێون، لە دۆخگۆڕیندان. جوانی لە خۆیاندا پڕ خورپەی بەهێز دەكەن. دەقێكیش ئەم خورپە بەهێزكردنە لەگەڵ بیركردنەوەی هونەری بەڕێوە نەبات، خۆی ئەم كردەوە و كردەیەی قبووڵە لە ژێر پاڵەپەستۆ و چەپۆكی شتە ڕووكەشەكاندا بخنكێت. دەقیش پەیوەستە بە ترپە و ئاوازی دڵی ژیان و باروبوارەكانی جوانی و هونەری بوون، ئەگەر پەیوەست نەكرێت بەو ترپە و ئاوازە، دەقێكی تەكنیكاری مۆمیاكراوە، لە پێكهاتەی مێژووی گیان، دەستخەڕۆ و ڕەنجەڕۆیە. دەقی تەكنیكاری مۆمیاكراو فرەماناییی جیهان دەكوژێ، ژیان وەك جەستەیەكی داماڵراو لە هەستەكان نیشان دەدات. بەشە هەرە گرنگە گەرم و گوڕەكەی مێژووی گیان، ئەفسانە و ئایینەكان پێكیان هێناوە و بەردەوامی گەشەكردنیەتی، بە پیتی دەكەن و بگرە و بەردەی جیاكاری دەورووژێنن. تەنیا وەرگرتن و كارپێكردنی دیمەنی شڵەژاوی دەرەوە و بەهرەی تایبەت، فریای شیعر ناكەوێت، ئەگەر ڕەگی شكۆی خواست، لەناو بوون و خواستەكانی گەشەپێدانی بوون ئاوی نەخواردبێتەوە، كە ئاو هێمای سەرەتا و هێز و بەردەوامییە. تێڕامان دروست نابێت، پڕ مایەترین ئەدەب لە جیهانی نووسیندا ئەو ئەدەبەیە، كە پەیوەست بكرێت بە ئەفسانە و ئایین. ئەو ئەفسانەیەی هاتووەتە ئاراوە دەربڕین بووە لە بلیمەتییەك، كۆمەڵێك ڕووداوم وەك ئەفسانە هێناوەتە ناو نووسین. هەموویان دروستكراوی هێزی بیركردنەوە و خەیاڵمن. ئەفسانە و ئایین بۆ كڵپەپێكردنی مێژووی گیان، گەنجینەن، لە پانتاییی بیركردنەوەدا بە نەرمونیانیی بای سەرپەڵە جووڵە دەكەن. لێكدانەوەی گیانیم بۆ هێز و كاریگەریی كەسانی ناو ئەفسانە و مێژوو، وەك پشتیوانیكارێكیش لە بیركردنەوە و مانا و ئاسۆی جۆراو جۆر و ئایندە بینینییان، مرۆڤ دەخەنە سەر ئەو باوەڕەی جوانییەكانی زەمین حیكمەتێكی پەرتوبڵاوە، پێویستە بە ڕووتەختی ڕاگەیاندنەكانەوە هەڵبواسرێنەوە بۆ حیكمەت و بینینی دیكە، نوختەی سەرسامبوون.
نووسەر دەبێ له‌ دۆخ و ده‌رووندا تاسه‌دارێكی خودایی بێت، تا لەبارەی شیعرەوە بنووسێت.

7
داهێنان ڕێخۆشكار و ئاراستەكردنە بۆ یەكگرتنی كلتوورە هەمەجۆرەكان. هەرچی هونەری شێوە و شێوازە لە ڕۆشنبیرییە بە زەبرەكانی بێگانەوە فێری ببین. نەك لاسایی بكەینەوە و بیخوازین. یەكگرتنەوەی مرۆڤایەتییە لە داهێنان و جوانیی خەمڵیو و پێگەیشتوودا. هاودەقی هەر لەم باروبوارەدا دروست دەبێت. ڕەخنەگرانێكی زۆر و هەمەچەشنیش بایەخیان بە چەمكی زمان و هاودەقی داوە، بارودۆخەكەیان لە بەرچاو گرتووە، بەڵام ئاشقبوون بە ئەدەبی بێگانە، بە نیازی دەستبەرداربوون لە ڕەگی زمانی زگماك، وات لێ دەكات بەهرە و بیری زمانت ناتەواو بێت. ئەگەر بەهرە و بیری زمانیشت ناتەواو بوو، هەوڵ دەدەیت خوێنەر لە كرۆكی شیعریبوون دوور بكەیتەوە، سەرقاڵی شتێكی ناكامی بكەیت، چونكە شیعریبوون لە بەهرە و بیری زمانی زگماكدا پەروەردە دەكرێت و دەڕسكێت.
خوێنه‌ر و خوێندنه‌وه‌ شێوه‌یه‌كن له‌ داهێنان، خوێنه‌ری پاراو و بێگه‌رد ده‌بێته‌ فۆرمی شیعری بێگه‌رد.
خەیاڵ و زمان لە سەر ئاستی شیعریبوون و ئاستەكانی دیكەوە دەچنە ناو یەك، ڕێژەی شیعریبوون بەرەو بەرزبوونەوە دەبەن، شیعریبوونیش بە جوانیی خەیاڵ و زمانی خۆڕسك و خودایی پەیوەستە و لە چێژدا دەبێتە خاڵێكی بەهێزی هه‌ستیار و بێدار، شیعر بۆ چێژ و جوانی، چێژ و جوانیش بۆ هەموومان. هەیە زانیارییەكی بێشوماری لە ڕێگای خوێندنەوە و كەناڵەكانی ڕاگەیاندنەوە كەڵەكە كردووە، بەڵام نازانێت بە كاری بهێنێت و نەزۆكە، چونكە لە بنەڕەتدا هەڵقوڵاوی ڕستەی ناو ناخی خۆ بنیادنەر و خۆبوونی نەبووە. كاریگەری و پەرەسەندنی زمان لەو ئاستەدا دەردەكەوێ و دەستنیشان دەكرێت.
نووسەر دەبێ له‌ دۆخ و ده‌رووندا تاسه‌دارێكی خودایی بێت، تا لە بارەی شیعرەوە بنووسێت.

8
هەموو دیاردەكانی بوون، مرۆڤی داهێنەر بەرهەمیان هێناون، پڕ كاریشن لە بەرەو پێشبردن و كرانەوەی كۆمەڵگە بۆ قبووڵكردنی جیاكارییەكان. كۆششی شێلگیرانە دەكەم، دەقەكانم بابەتی تێڕامان بن بەرانبەر دیاردەكانی بوون، وزەی شاگەشكەییی چێژ و جوانیشیان تێدا پڕ و دووربه‌ند بێت، بەڵام لەوە دڵنیام بە نیازی هۆ و ئامانج و هیچ شتێكی نزیك لەو مانایانە نانووسم. پێوەندییەك لە جەستەی دەقەكاندا نیشتەجێیە، پێوەندیی شیعریبوون و زمان.
سەرچاوەم لە دەروونم دۆزیوەتەوە، لە دۆزینەوەیشیاندا تەنیا هەستی خۆم دەستی گرتووم، وێناكردنەكانی دەرەوەیش تێكەڵاوی خەیاڵ و هێما و ئەفسانە و داستان و بەیت دەكەم. مرۆڤێكم تێكەڵاو لە گشت گۆڕانكارییەكان، گیانم لە قووڵاییمدا دەردەهێنم، بە یارمەتیی كەشوهەوای ڕستەسازیی زمان پێشانی دەرەوەی دەدەم. ئەم خۆپیشاندانەم ختووكەیەكی كورتخایەن نییە. ڕەگەزی مەیل و حەز بەڕێوەی ببات، شێوازی ژیانە، مرۆڤی خاوەن سیمای پاك لە ناویدا نیشتەجێیە. گونجاویشە پێش ساڵانێكی زۆر وەك ئەم چركەیە گیانم هاتبێتە ژان و هەراسان و لەرزەی نووسین، دوای ئەم چركەیەیش بە شێوەیەكی دیكە لە چركەیەكی پڕ پشووی گیانی لە لانكی ژان و هەراسان و لەرزەی نووسیندا بنوومەوە. ئەم نووستنەیش دوا مانا و شێوە وەرناگرێت.
شێواز دەبێتە خاڵێكی بەهێز لە داهێناندا، لەوەیش گرنگتر، وشە دەبێتە خاڵێكی بەهێزتر لە ڕستەدا، دەنگی پیتیش مۆسیقا لە ڕستەدا بڵاو دەكاتەوە و دەیجۆشێنێت. هیچ شێوازێك تا سەر جێگەی سەرسامیی ناوەندی ڕۆشنبیری نییە. جێلەق دەبێت، بەڵام ناكرێت بە كۆتاهاتنی یەكجارەكی ناوی ببەین، وەك سڕاوەیەك دڵخۆش بین پێی. تا ئەو ئاستەی دەسەڵات و هێزی ژیریم گوتوویەتی: ئەوەندەم توانا و بەهرەیە، خۆم كۆ كردووەتەوە، شێوازی شیعریم هێڵی ڕوونی ئاشكرا بێت.
تێ كۆشاوم بە هۆی پەخشان، بە گیانی شیعریی نیشانە و هێما و حیكمەت، لە داڕشتنێكی قووڵبووەوە لە ئاخاوتنی مرۆڤ و ئێستێتیكیدا بهێنمە ناو زەینی ڕۆشنبیریی پاراو و بێگەردەوە. بە دوای ئەو هۆكارانەدا بگەڕێم، منی سەرنجكێش و پەیوەست كردووە. گرفتارییەكانی ناوەوەی كۆمەڵگە بكەم بە بابەتی جوانی. لە ناخی هەر هەموومان دەستەیەك چاودێر خۆی پەنا داوە، هەیە دەكەوێتە ژێر هەڵسوكەوت و هێزی ئەقڵییەوە. هەیشە لێیان لا دەدات. خۆم لە دەستی ئەم دەستە چاودێرە ڕاپسكاندووە. ئاستە قووڵەكانی ئاگایی و هەست پێكردن و دۆخی بوون دەورووژێنم.
دەقی خەونی، لە خەونی ڕاستەقینە نزیك دەكەمەوە، وەك چۆن ڕاشكاوانە قوربانی بۆ ژیان دەدەم. بە هەمان شێوەی ڕاشكاوانەیش شێوازێك لە هەستیارترین ئاست و ئاستداریدا كار پێ بكەم. شێوە و ڕستەیەكیش نییە شێواز لەگەڵ خۆیدا نەهێنێتە ئاراوە و نەیجووڵێنێ و ئاشنای نەكات.
نووسەر دەبێ له‌ دۆخ و ده‌رووندا تاسه‌دارێكی خودایی بێت، تا لە بارەی شیعرەوە بنووسێت.

9
نوێبەخشی لە داهێناندا دیمەن و هێما و هێزی بوونە، هەڵگیرسانی ڕووناكییەكی نهێنییە لە ئەندێشەی ئەویدیكەدا، بڕواهێنانە بە دەسەڵاتی شیعری پاراو و بێگەرد، دید و دیدگە و هەڵوێست بەهێز دەكات. لەمڕۆی بە چەقەڵ و چەورە و حەربای ئەدەبی و داڵی دووكەلاك و مینچێن و قۆپیەچی و بەرماڵ پێستی ڕێوی… تاد، بەردەوامبوون لە نوێبەخشی و داهێنان، چاوقایمی و گیانی ژیری دەوێت. تەنیا لەگەڵ ئەو نووسینانەدا ئاسوودەم، كە شیری گیانمن و مایەی سەرسامین، مێژووی وشە و داهاتووی وشەن، وشەیش دەكەن بە زمان، زمانیش بە جوانییەكانی بوون. دەمگەیەنن بەو ڕووناكییە خودایییەی لە هەستیاری و زەینی چالاكدا پەیدا بووە. هەموو وزەیەكی گۆڕان و پێشكەوتن لە گیانی مرۆڤی بە بڕوا و دامەزرێنەر و كەلكێشدا گەشە پێ دەدات، باروبوار بۆ دەربڕین و كرانەوەی بەردەوام دەدۆزێتەوە، تێگەیشتن لە گەشەی هەست و گیان و خەون پەرە پێ دەدا، لێ دەكۆڵێتەوە و دەیكات بە لەرزەی نووسین و واقیعی نووسین. هزری دەوڵەمەندیش بەرهەم دەهێنێ، خۆشی و ئارامی ویژدانی پەناگەی خەیاڵی پاراو و بێگەردە. سەرچاوەی جوانبەخشی هێڵێكی هاوشێوەی هەست و گیان و خەون بۆ نوێبەخش دروست دەكات. ئەم هێڵە بە جووڵەخستنی نوێبەخشیی خۆیەتی، كۆمەڵگە بانگ دەكات بۆ ناو ژیانی ئاسوودەییی ئەدەب. بەهەشتی شادمانی ژیانی ناو داهێنانە. مرۆڤی جوانبەخش دەخوازێ تەمەنێكی پڕ دانایی و كارا و كارامە لەناو ژیانی ئەدەبدا بژیت، نەك لە ئارامیی ساختە و خۆشدووییی دەسەڵات، كە هەموو دەسەڵاتێك بەشێك لە دیكتاتۆریەتی بە جووڵە و وێنەوە لە ناو خۆیدا پەروەردە كردووە.
نووسەر دەبێ له‌ دۆخ و ده‌رووندا تاسه‌دارێكی خودایی بێت، تا لە بارەی شیعرەوە بنووسێت.

10
قۆناغی یەكەمی نوێبەخشیی شیعری كوردی: شاعیرێكی كارامە و گۆڕانكاری وەك: (گۆران)، لە ڕەگ و قووڵایی كلاسیكییەوە هات. جیهانی شیعری كوردیی گۆڕی و په‌ره‌ی پێدا. تێگەیشتنی خوێنەریشی گۆڕی و په‌ره‌ی پێدا، زانی بواری داهێنانی ئەو چییە، تواناشى لە چی تاقی دەكاتەوە، كە هات وەك نموونەیەكی پێشەنگ و به‌دیهێنه‌ر هات، نەك وەك مەیدانخوازێك بیەوێت كلتووری شیعری كلاسیكی لە ناو ببات، سەرەتا فۆرمێكی جیاوازی لە ناو كلتوور و كەلەپووری كوردیدا دۆزییەوە، پڕ بوو لە وزەی ئاخاوتن، لە فۆرمی كلاسیكیشی داماڵی. ئینجا تێگەیشتنی خوێنەری گۆڕی و په‌ره‌ی پێدا، ئامادەی كرد بۆ تێگەیشتنێكی جیاوازتر، ئاشنای كردەوە بە كێشی خۆماڵی، شیعری ڕاستەقینەیشی بەم كێشە خوماڵییە نووسی و پێشكێشی كرد. كاكڵەی مەبەستی نوێبەخشییەكەی، كە پرۆژەیەك بوو، دامەزراند: لێرەدا گەشە پێ دا و دەركەوت. هیچ فۆرمێكیش، فۆرمێكی تر لە ناو نابات، بگرە لێی جیا دەبێتەوە.
بەشێكی زۆری قۆناغی دووەمی نوێبەخشی شیعری كوردی: زیاتر وشەیان لە ناو مانادا تواندەوە، لەوەی وشە بارگاوی بكەن بە بزێویی زمان. وشە هەست و هەستیاریی دروست نەكردووە، بگرە مانای گەیاندووە. جۆرە پێوەندییەكی هێمائارا، لە نێوان توانەوەی وشە لە ناو مانا و وشە بارگاویكردندا بە شیعریبوون خۆی ڕوون كردووەتەوە. شیعریبوونیش دەمانكات بە ئەندێشەی خۆی، ڕازی بەهێزی ئەندێشەكردنمان لە بیركردنەوە و دۆخی دەروونیدا دەخوڵقێنێت. ئەمەش تەنیا لە هاڵاوی مەستی دەقدا، مووچڕكە نەرمەكانی خەیاڵ و چێژ، پەی پێ دەبەن. تواناكانی خۆگۆڕین و دۆزینەوەی خود ئاشكرا دەبێت. بە هۆشێكی ڕووناك و شكۆدارەوە ئەم خەسڵەتەیان دەستنیشان دەكەین. لە دید و دیدگە و قووڵبینی دووری خستوونەتەوە، لە دەربڕین نزیك. هەموو هەڵچوونە نەستییەكانی خۆیان تێدا هەڵڕشتووە، هەڵڕشتن لە دۆخێكی دەروونیی كورتخایەندا سرووش وەردەگرێ و زوو دادەمركێتەوە. ئاگری نادیار و نهێنیی نووسین تەواو گەرمیان ناكاتەوە، ناوە ناوە تەزووی بەتینیان لە لەشدا پەیدا دەكاتەوە. لە بێ ئومێدی دەریان دەهێنێت، لە شەقامێكدا بەرەو پیاسە و ونگە دەیانبات. خەیاڵ تێیدا لە قووڵاییی ئەو وردەكارییانە دەكۆڵێتەوە، كە دەبێتە لەرزەی نووسین و واقیعی نووسین.
نەست كاریگەرییەكانی خۆی كۆ دەكاتەوە، لە لەرزەی نووسین و واقیعی نووسیندا دێنە ناو ئاگەداری. دەبنەوە بوونێكی وشیاری، بەڵام لە ئاستی هونەری و ئاستەكانی دیكە وتووێژیان لەگەڵ شیعر و ژیاندا نەكردووە، بگرە جەختیان لە مەودا دەرەكییەكان كردووەتەوە، دانەكشاونەتە ناوەوە، كە ناوەوە تایبەتكاریی كەسایەتی بەرهەمی دەهێنێ و زەینی چالاك توانای بەگەڕخستنیەتی.
مانای مەجازییان ڕاو نەكردووە، بە ئەسپایی و دامەزرێنەرانە سەیری هەستیاریی زمانیان نەكردووە، كە لە هەستیاریی زماندا مرۆڤ بە پڕی ژیانی خۆی دەدۆزێتەوە و دەیبینێ، سەرلەنوێ چاوی پێدا دەگێڕێتەوە، پاشان بژاری دەكاتەوە. زیاتر وەك یارییەكی ئایدۆلۆژی كاریان بە شیعر كردووە. لە بنجیشدا ئایدۆلۆژیا ڕەگی جوانیویستی و جوان نواندن و جوانبەخشی دەبەستێ، هەموو هۆیەكانی گەشەسەندنیان لێ دەستێنێتەوە، هه‌روه‌ها شیعری ئایدۆلۆژی بنیادی كۆمه‌ڵایه‌تی ڕوكاری هه‌یه‌.
سەرەتای پرۆژە و دامەزراندن و كرانەوەی شیعری كوردی ڕۆڵی خۆیان بەرز كردەوە، هەموو ئێمەیان بە خوێندنەوەی خۆیانەوە خەریك و سەرقاڵ كرد، كۆمەڵگەشیان خستە مشتومڕێكی ناتەبا و سەختەوە. كردنەوەی دەرگە و پەنجەرە و پیشاندانی خۆر و مانگێكی بە پیت و ڕۆشن بوون بۆ قۆناغی سێیەمی نوێبەخشیی شیعری كوردی، خاڵێكیش بوون بۆ جۆشدان و مامەڵەكردن لەگەڵ سروشت و بیركردنەوەی په‌یوه‌ستدا.
قۆناغی سێیەمی نوێبەخشیی شیعری كوردی: بە فۆرمی فرە پێوەندی و فرە بنیاد و فرە ترپە و جیاكارییەوە، ئاستی هاوچەرخی و داخوازییەكانی خۆیان پیشان دەدەن. بەوەی ئەو وەڵامانەی ئەوان بۆ واقیعی نووسین و واقیعی كۆمەڵگە و ژیانیان دایەوە، ئێمە دەیكەینەوە پرسیار، لە ناو گیانی بووناندنماندا دەیكەین بە بنیاد و پێكهاتەی خۆبوونی و وێناكردنی جیهان و چالاكییە هونەرییەكانی كەشی خۆدەربڕین و خۆدەستنیشانكردن و كردەی بوونی زمان، زمان وه‌ك خود، وه‌ك هێزی بوونی شاراوه‌. ده‌توانێت ده‌ربڕین له‌ هه‌موو شتێك بكات، به‌ڵام له‌ دیارده‌كان ناكۆڵێته‌وه‌.
پرسیار هاوسه‌نگی ده‌دا به‌ پرسیاركار و پرسیار لێكراو. پرسیار نه‌كردن هاوسه‌نگبوون له‌ده‌ست ده‌دا.
ترپە و ئاوازی قۆناغی دووەمی نوێبەخشیی شیعری كوردی زیاتر لە ترپە و ئاوازی مۆسیقای جەنگ دەچوو، كە جەنگاوەریان بۆ جەنگ و ڕووبەڕووبوونەوە لە سەر ڕادەهێنا.
قۆناغی سێیەمی نوێبەخشیی شیعری كوردی: لەو ترپە و ئاوازە دەریان هێنا، شكاندیانەوە بەرەو ناوەوەی ڕستەی سەربەخۆ و جووڵەی وێنە و دەنگی پیتەوە. شاعیری نوێبەخش بڕوای بە بوونی ئەو هەقیقەتە هێناوە، كە ترپە و ئاواز و جووڵەی وێنە و وشه‌ی پڕاوپڕ له‌ واتا و دەنگی پیت، پێوەندیی بە جوانبەخشیی مرۆڤەوە هەیە. وزەیەكی خۆشگوزەرانیی ژیانی كۆمەڵگایە. هەموو كۆمەڵگەیەكیش بنەمای ئازادیخوازی بە ڕسته‌ی سه‌ربه‌خۆ و جووڵەی وێنە و وشه‌ی پڕاوپڕ له‌ واتا و دەنگی پیتەوە. لە ناو خۆیدا پەروەردە كردووە، بۆ ئەوەی فۆرمێكی نوێی ژیانمان بداتێ.
نووسەر دەبێ له‌ دۆخ و ده‌رووندا تاسه‌دارێكی خودایی بێت، تا لە بارەی شیعرەوە بنووسێت.

سه‌باح ڕه‌نجده‌ر




گوڵشەن بە دەردەی گوڵخەنی دۆزەخ چوو.. نووسەر: لەتیف بێوار

هەنووكە لە زەمەنی سادەگەرایی هزر و ڕووکەشپۆشیدا دەژین، نەك تەنیا لە جل و بەرگ و شێوازی ژیان و بیروبۆچوون و کەمی شارەزایی و مەعریفەت و ڕۆشنبیرێتی تاکەکاندا، بەڵکو لە بوارە باڵاکانی وێژەو فەلسەفەو هونەر و ئاستی زانکۆکان و بگرە زۆر سەکۆو جومگەی ئەدەبی و هونەری و ڕۆشنبیری و مەعریفی وا هەن، کە لەبەر دەستی سەرە نەزانەکاندان و هیچ شارەزاییەکی ئەوتۆیان نییە لەو بوارانەی کە خۆیان کردووەتە دەم ڕاست تێیدا، ئەوانە زۆرجار تەنیا لەوێدا لەگەڵ جەماوەردا بەرکەوتنیان دەبێت (بۆ ئەوەی ڕای خەڵك سەبارەت خۆیان بزانن) لە شوینە سەرپێیەکانی وەك تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و فەیسبوکدا، لەوێشدا نووسینی کۆمێنتیان بۆ بێجگە لە هاوڕێکانی خۆیان بلۆك کردووە، واتا هێندە لە ڕەخنە دەسڵەمنەوە، چونکە لە ناواخندا دەزانن لە ناو قەوارەیەکی بۆشدا بانگەوازی کاری گەورە کردن شتێکی ئاسان نییە تا بەسەر هەموو کەسێکدا تێپەڕێت. ئەوان نەك شارەزایی ئەکادیمی و زانستییان لە بوارەکانی خۆیاندا نییە، نەك هیچ زمانێك جگە لە زمانی کوردی نازانن و لەسەر بناغەی فەرهەنگێکی کۆڵەواری پر جنێو و وشەی بازاڕیی کۆشکی داهێنانی خۆیان بنیات ناوە، بەڵکو ناتوانن وتارێکی ڕەوان و پوخت بە کوردی بنووسن، کاتێك بشینووسن پڕ لە هەڵەو ناتەواوی دەبێت و تەنانەت پەڕتووکەکانیش گەر چاپی بکەن دەیدەن بە هەڵەبڕی زمانەوانی تا پێداچوونەوەی بۆ بکەن.
کێشەی ئەوانە ئەوەیە کاتێك دەسەڵات و بازنەیەکی خەیاڵی لە دەوروبەری خۆیان بكێشن، وا دەزانن بەو بەڵێ بۆ کردنەی کەسانی کەم ئاستی دەوروبەری خۆیان، ئەوا دەبنە شاکارنووس و بیردۆز داڕێژ، بەڵام تەنیا بە دوور کەوتنەوەیان لە گرتنە دەستی ئەو بنکەو سەکۆو دەزگاو چاپەمەنییانە، قەوارەیان دەگەڕیتەوە ئاستی سروشتی خۆی و کەس حسابی نووسەرێکی ئاساییان بۆ ناکات و وردە وردە ناوی قەبەو ڕەونەقداریان بەرەو پوکانەوە دەچێت، کە لە وێنە بڵاوکراوەکانیان لە فەیسبوك و سۆشیال میدیاو و سەکۆو بڵاوکراوەکانیاندا بۆ خۆیان کێشاوە، لەو بارەوە زۆرمان بینی…. بۆ وێنە، کاتێك ئەدیبێك سکرتێری ڕۆژنامەیەکی وێژەیی بوو یەك بە دوای یەکدا لێکۆڵینەوە لەسەر بەرهەمەکانی دەنووسران، بەڵام دوای ئەوەی لەو شوێنگەیەدا نەما ئیدی کەس باسی نەکرد و لە کولەکەی تەڕیشدا ناوی نەما.
ئەوانە نەك خۆیان هیچ داهێنان و بەرهەمێکی نوێی شایستەی خوێندنەوەیان لە هەگبەدا نییە، بەڵکو کاتێك دەنگێكی ڕەسەن لە دەرەوەی بازنەی خۆیان ببیستن، خێرا هەوڵ دەدەن بە جۆرەها شێوە پلاری تێ بگرن و سوکی بکەن و گومانی بۆ بدۆزنەوە، هەرچەندە ڕەنگە ئاستی تێگەشتنیان نەگاتە ئەو ڕادەیەی لەگەڵ ئەو بەرهەمانەدا سەرودەر بکەن، بەڵام چونکە لەوێدایە کە هەست بە بەتاڵیی دەکەن؛ کاتێك بەرهەم و تێگەشتنی خۆیان لە ئاست ئەو بەرهەمانەدا دادەنێن و بۆیان دەردەکەوێت کە تا چەند کۆڵەوارن و حەقیقەتی خۆیان جارێکی تر بۆ ئاشکرا دەبێت، کاتێك پەردە هەڵخەڵەتێنەکانی سەر بەشە تاریکەکەی دەروونیان لا دەدرێت و ڕووبەڕوو دەبنەوە لەگەڵ ئەو پرسیارە گرنگەی: کە ئایا بە ڕاستی من چیم پێشکەش کردووەو چیم لە ئارادایە؟ جگە لە لاف و گەزاف و کۆکردنەوەی جەماعەتی ئەشهەدوو…. لە دەوری خۆم، لە هەمان کاتیشدا ئەو بابەت و بەرهەمانەی کەسانی دی، کە لەبەر ناوی خاوەنەکانیان سوکایەتیان پێ دەکەن و ڕەفزی دەکەن، ئەگەر ناوی خانمێکی بخرێتە سەر ئەوا نەك بڵاوی دەکەنەوە، بەڵکو دەکەونە پیاهەڵدان و ستایش کردنی.
ئەوە قسەمان لەوانە نییە کە لە ژێر پەردەی ڕۆشنبیریدا بە دوای پلەو پایەو پیس خۆری خۆیاندا دەگەڕێن و پەنا بۆ دەرگاو جومگەو کەسایەتییە حیزبییەکان دەبەن و بە دوای شوێن پێ خۆشکردندا دەگەڕێن تا لەو شوێنگەیەوە خۆیان بکەنە چەق و ئەوانەی لە دەرەوەی بازنە تایبەتەکانی خۆیاندان بیانهاڕن و ئەوانەش کە ڕووپاماییان بۆ دەکەن سوپاسنامەو خەڵاتیان بکەن.
مرۆڤ تا زیاتر ورد بێتەوە لەو سێکتەرە هەستەوەرە فیکری و ئەدەبییانەی لەو واقیعە خواروێچەدا هەن و پەیدابوون، هەر ئەوەی پێ دەکرێ گۆشەگیریی هەڵبژێرێت و دوور بکەوێتەوە لەو هەموو بۆگەناوە، لەهەمان کاتیشدا دانایی ئەو ئەدیب و هونەرمەندە ڕەسەنانەی بۆ دەردەکەوێ کە ئەو ڕێگەیان هەڵبژاردووەو تەنانەت بەرهەمەکانیان بڵاوناکەنەوەو نایخەنە بەر چاوی ئەو ناخ بەتاڵانەی کە گوڵشەن بە دەردەی گوڵخەنی دۆزەخ دەبەن و هەڕ لە بڕ ناکەنەوە. ئیدی جار جار وەك چاودێرێك لە خۆم دەپرسم: دەبێت ئەو دۆخە بە کوێ بگات، لەکاتێکدا یەك یەك نووسەرە ڕەسەنەکان کۆچ دەکەن و هیچ جێگرەوەیەکی هاوشێوەی ئەوان ئەو بۆشاییانە پڕ ناکاتەوە؟ کە بە کۆچکردنیان لە دوای خۆیان جێی دەهێڵن، ئەوە لەو لا بووەستێت و لێرەدا هەر وتوێژی ناکەم کە داهێنان و بەرهەمی ڕاستەقینەی ئەدیب و هونەرمەندی داهێنەر چەند سەریەشە بۆ خاوەنەکەی دروست دەکات؟ هەر لە ڕق و کینەی هاو ڕشتەکەیانەوە بیگرە تا نەیاران و تەنانەت ئەو سیستەمە تەسك و تروسکانەی داهێنانەکان جێیان نابێتەوە لە چوارچێوەکانیاندا و توشی دەردەسەریی دەبن بە هۆیەوە.
بەڵێ ئەمە سەردەمی نامۆ بوونی ڕەسەنایەتی و دەنگی ڕەسەنەو هەر ئەو ڕۆژەیە کە پێشینان گوتویانە، تێیدا شێر لە برساندا دەمرێ و ڕێوی لە کەلاکەکەی دەخوات و دەبێتە پاشای دارستان.
دواجار دەبێت ئەو ڕاستییە باس بکەم کە چۆن لە جیهانیشدا زۆر بلیمەت و بەهرەو دەنگی ڕەسەن هەبوون تا لە ژیاندا بوون فەرامۆشکرابوون و دوای مردنیان جارێکی تر سەریان هەڵدایەوەو تا ئێستاش باس دەکرێن، ئەم سیناریۆیەش تا زۆرانبازی ژیان بەردەوام بێت هەر دەمێنێت.
بۆ نموونە ئێمیلی دیکنسن١٨٣٠–١٨٨٦شاعیر، جان کیتس١٧٩٥–١٨٢١ شاعیر، فرانتس کافکا١٨٨٣–١٩٢٤نووسەر و ڕۆماننووس، ئارتور رامبۆ١٨٥٤–١٨٩١ شاعیر، سۆرین کیرکێگۆر١٨١٣–١٨٥٥ فەیلەسوف و بیرمەند، ڤینسێنت ڤان گۆخ ١٨٥٣–١٨٩٠ هونەرمەند و وێنەکێش، ویلیام بلیک ١٧٥٧–١٨٢٧ شاعیر و هونەرمەند، هێلما ئەف کلینت ١٨٦٢–١٩٤٤ هونەرمەند و وێنەکێش، ژێرار دو نێرڤال ١٨٠٨–١٨٥٥ شاعیر و نووسەر، نیکۆڵای گۆگۆڵ١٨٠٩–١٨٥٢نووسەر و ڕۆماننووس، نیکۆس کازانتزاکیس١٨٨٣–١٩٥٧ نووسەر و فەیلەسوف، ئۆسکار وایڵد١٨٥٤–١٩٠٠ نووسەر و شاعیر، والتەر بنیامین١٨٩٢–١٩٤٠ فەیلەسوف و ڕەخنەگر….تاد.
لەبەر ئەوەی ئەم وتارە کورتە، بواری ئەوەم پێ نادات چیرۆکی هەر یەکەیان لێرەدا باس بکەم، بەڵام خوێنەری بەڕێز گەر ویستی لێ بێت، ئەوا دەتوانێت بە وردی بەدواداچوون بۆ ژیان و بەرهەمی هەر یەکێك لەمانەو سەدان نموونەی تر بکات و ئەو ڕاستییە تاڵانەی باسكران زیاتر بۆی ڕوون بێتەوە.

لەتیف بێوار




گەشەی فاشیزم لە قەیرانی نیولیبراڵیزمدا.. ئاسۆ کەمال

ئاشکرایە کە سەرکەوتنی فاشیزم لە هەڵبژاردنی ناوچەیەکی ئەڵمانیا جێگای پێشوازی بەشێک لە ئۆلیگاریشی مالی جیهانی ،وەک ئیلن ماسک بوو. بەڵام ماسک تەنیا نیە لەم پشتیوانیەی گەشەی فاشیزم لە ئەوروپادا، چونکە خودی گەشەی ئەم ڕەوتە فاشیەی بورژوازی ئەمڕۆ یەکێک لە ئاکامەکانی نیولیبرالیزم لە چوار دەیەی دوایی دنیای ئەمڕۆدا. ئەم پەیوەندیەی نێوان فاشیزم و نیولیبرالیزم نەک هەر لە پشتیوانی مالی و ڕاگەیاندن و لە کەمپینی هەڵبژاردنەکاندا ئاشکرایە، بەڵکو نیولیبرالیزم وەک بابەتێکی ئایدیۆلۆژی و سیاسی لە پێناو وەڵامدانەوە بە ناکۆکی و کێشەکانی باڵادەستی خۆی لە پێشبڕکێی جیهانی و لە دژی چینی کرێکاری ناوخۆی وڵاتەکانی ئەوروپا و ڕۆژئاوا بەکاری دەهێنێ.
فاشیزمی ئەمڕۆ بەرهەمی سیاسەتی حکومەتە نیولیبراڵەکانی ئەمریکا و ئەوروپایە، کەچەند دەیەیە شەڕی عیراق و ئێران و فەلەستین و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وە شەڕی ئۆکرانیا و نائارامی جیهانی دروستکردوە. هاوکات ئەم نیولیبرالیزمە کە لە ڕیگای سەرمایەی دارایی و دۆلارەوە دەستەبژێرێکی ئۆلیگارشی تریلیۆنێر و ملیاردێری دروستکردوە و دابەشکردنی جیهانی بە چەند دەوڵەتێکی کەمی گەشەکردوو و وڵاتانێکی زۆریش کە بێکاری و هەژاری و ژیان و ئارامی تێدا نەماوە دابەشکردوە، وەک وڵاتانی باکوری ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەمریکای لاتین و مەکسیک و ئەوانی تر. ئەم دۆخە کۆچبەری و پەنابەری کردۆتە ڕێگا چارەیەک بۆ ملیۆنەها مرۆڤ بۆ پەیداکردنی ژیان و گوزەران.
بەڵام کێشەی سەرەکی نیولیبرالیزم تەنیا لە سیاسەتی جیهانی و دەرەکیدا نیە، بەڵکو چەق بەستویی و دابەزینی ئاستی کەڵەکەی سەرمایەیە لە بازاڕی جیهانی و لە ئابوری ئەمریکا و ئەوروپادا بە بەراورد بە وڵاتی چین و هاوپەیمانی ئابوری بریکس و ئەوانی تری.. سەرمایەی مالی لە ئەمریکا وئەوروپا ئەمڕۆ کێشەی گەشەی کەڵەکەی سەرمایەیان هەیە لەبەر ئەوەی تێچوی بەرزی هێزی کاری کرێکاران وکرێ و خزمەتگوزاریە گشتیەکان لە بەشی زێدەبایی و قازانجی سەرمایە کەم دەکاتەوە. لەبەر ئەوەی سەرمایەی گۆڕاو و کاتی کارکردنی پێویست، کە سەرچاوەی زێدەبایی و قازانجی سەرمایەیە پێویستە ڕێژەیەکی زۆری لە کرێ و موچە و خزمەتگوزاریدا سەرف بکرێ و بەمەش ڕێژەی کاری زیادە و زێدەبایی و گەشە و کەڵەکەی سەرمایە کەم دەکات. لێرەدا ئەگەر هێشتا ئیمپراتۆریەتی دۆلار بتوانێ هەندێ لە گرفتەکانی قەرزی دەوڵەتی ئەمریکا ساڕێژ بکا و مۆنۆپۆلی بازاڕی جیهانی لەڕێگەی سەربازیەوە درێژەپێبدات، بەڵام ئەوروپا ئەم ئامڕازانەی نیە و هەربۆیە بورژوازی ئەوروپی پێویستی بە ئامڕازی تری سیاسی و ئابوریە بۆ شکست نەهێنان و دانەکەوتنی لەم پیشبڕکێ جیهانی و ئابوریەی ئەمڕۆ. ئەمە گرفت و ئەزمەی نیولیبرالیزمە لە ئەوروپا و هەربۆیە ئێستا هاوپەیمانیەکی پیرۆزی لەگەڵ فاشیزمدا دەبینین.
ئەم فاشیزمە دەتوانێ بورژوازی نیولیبراڵ و ئۆلیگارشی مالی ئەمڕۆی ڕۆژئاوا لە دەست ناڕەزایەتی کرێکاران و چینی ناوەڕاست و خوارەوەی بورژوازیش لە کۆمەڵگەدا ڕزگار بکا و دۆخی ناڕەزایەتیەکانی ئەم چینانە بە سیاسەتی فاشستی دژی پەنابەری ژەهراوی بکا. بەم پێیەش ئەو هێرشەی نیولیبرالیزم لەم نزیک بەنیوسەدەیەدا کردویەتیە سەر ئاستی کرێ و گوزەرانی ئەم چینانەی خوارەوەی کۆمەڵگە زەمینەی بۆ بڕەخسێ زیاتر و زیاتر بکرێ. نیولیبرالیزم سود لەم دۆخەی فاشیزمی بورژوازی لەمڕۆدا بۆ ئەوە وەردەگرێ کە ئاستی کرێ و تێچونی هێزی کار کەم بکاتەوە تا بتوانێ لە گرفت و ئەزمەی گەشەی ئابوری و کەڵەکەی سەرمایەدا لە پێشبڕکێی لە بازاڕی جیهانیدا بەتایبەت بەرامبەر بە گەشەی سەرمایەداری لە چین بەکاری بێنێ.
لێرەدایە کە فاشیزم دەتوانێ ئەم دۆخە بخوڵقێنێ بۆ سەرمایەی ئەوروپا و ڕۆژئاوا کە بەناوی پاراستنی سنورەکان لە کۆچی بێکارانی پەنابەر، کە چینی کرێکار و ئەو توێژانەی کۆمەڵگەی ئەوروپی و ئەمریکی، کە لەژێر فشاری ئابوریدان، بەوە خۆشخەیاڵ بکەن کە بە نەبونی پەنابەران بەشی ئەوان لە کرێ و کار و خزمەتگوزاری زیاد دەکا. ئەم فکر و سیاسەتەی فاشیزم و نیولیبرالیزم ڕێگە لە خەباتی چینایەتی سەربەخۆی کرێکاران دەگرێ دژی ئۆلیگارشی مالی و ترلیۆنێر و ملیاردێرەکان ، وە هەروەها چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگە دەکاتە لەشکری خۆبەخش و بێ کرێی بۆ خزمەت بەو حکومەتانەی نیولیبرال- نیو فاشیانەی خەریکی قوڵترکردنەوەی سیاسەتی سک هەڵگوشین و بڕینی خزمەتگوزاریەکانن. ئەمە ئەو خزمەتەیە کە فاشیزم ئەمڕۆ بە نیولیبراڵیزمی دەکا و لەبەرامبەریشدا ئۆلیگارشی نیولبیرالیزم بەشێک لە سەرمایەی کەڵەکردوی خۆی دەخاتە خزمەتیگەشە و سەرکەوتنی ئەم فاشیزمە لە پەرلەمان و مەیدانی سیاسی و ڕاگەیاندندا.
ڕاوەستانەوە بەرامبەر بە فاشیزم پیویستە وەک بەشێک لە سیاسەتی ڕاوەستانەوە بەرامبەر بە نیولیبرالیزم سەیر بکرێ . کرێکاران و خەڵکی ناڕازی ئەو ڕاستیە ڕاگەیەنن کە دیاردەی کۆچبەری ئاکامی نائارامی ژیانی ملیۆنەها مرۆڤە لە وڵاتانێکدا کە گیرۆدەی شەڕ و هەژاری بون، وە ئەمەش خۆی بەرهەمی سیستمی سەرمایەداری و نیولیبراڵیزمی ئێستایە. هەربۆیە پەنابەرانیش وەک کرێکارانی بەریتانیا و ئەوروپا و ئەمریکا ئەمڕۆ گیرۆدەی دوژمنی هاوبەشی چینایەتین کە ژیانی سەرجەم کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی خستۆتە بەر بەرداشی ململانێ و پیشبڕکێی سەربازی و ئابوری خۆیەوە.

ئاسۆ کەمال




دژایەتیکردنی قۆرخکاریی ژیریی دەستکرد، دەستپێشخەری نوێی سەرۆکی چین.. و/هەڵۆ حەسەن

سەرۆکی چین شی جینگپینگ لە وتارى دانیشتنی یەکەمی ١٨یەمین لووتکەی بریکس لە نیودەلی، وتى: ئەمساڵ یادکردنەوەی ٢٠ ساڵەی هاوکاریی بریکسە، لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا، میانیزمی هاوکاریی بریکس بەردەوام گەشەی کردووە و فراوانتر بووە، و گوڕوتین و توانایەکی بەرچاوی نیشان داوە،شی وتی: ئەمە ٢٠ ساڵ لە پشتبەستن بە خۆ و بەهێزکردنی خۆ بووە، وڵاتانی بریکس بە شێوەیەکی سەربەخۆ و چالاکانە گەڕاون بەدوای ڕێگاکانی گەشەپێدان کە گونجاون لەگەڵ بارودۆخی نیشتمانیی خۆیاندا، و بوونەتە نموونەی بەهێزکردنی خۆ لە ڕێگەی یەکێتیی نێوان بازاڕە تازەدەرکەوتووەکان و وڵاتانی لە حاڵی گەشەسەندندا،شی ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمە هەروەها ٢٠ ساڵ وەستان بووە لەگەڵ یەکتردا لە خۆشی و ناخۆشیدا.
وتیشی وڵاتانی بریکس پێکەوە کاریان کردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەدییەکان، لە قەیرانی دارایی جیهانی و پەتاکەی کۆڤید-١٩وە تا دەگاتە گۆڕانی کەشوهەوا،وتیشی گرووپەکە بە نەگۆڕی ماوەتەوە لە پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی باشووری جیهانیدا ، لەکاتێکدا سەقامگیری و گوڕوتینی ئەرێنی بۆ جیهان دابین دەکات،شی وتی: وڵاتانی بریکس تووشی فراوانبوونێکی مێژوویی بوون، چوارچێوەیەکی گشتگیر و فرە ئاستیان بۆ هاوکاری دامەزراندووە، و قۆناغێکی نوێیان لە گەشەپێدانی کوالێتی بەرز بۆ هاوکاریی فراوانتری بریکس دەستپێکردووە،شی جەختی لەوە کردەوە کە جیهان تێپەڕ دەبێت بە گۆڕانکاریی خێرا کە لە سەدەیەکدا نەبینراوە، باشووری جیهانی بە خێرایی بەهێزتر دەبێت، و ئاراستەی بەرەو جیهانێکی فرەجەمسەر ڕانەگیراوە،لە هەمان کاتدا، شەپۆلی دژە-ئاراستەی تاکلایەنەگەری و سیاسەتی هێز لە هەڵکشاندا بەدی دەکرێت، فرەلایەنەگەری و نەزمی نێودەوڵەتی کەوتوونەتە ژێر گوشارەوە، و کورتهێنانی ئاشتی، گەشەپێدان، ئاسایش و حوکمڕانی بەردەوام بەرفراوانتر دەبێتەوە، وتیشی:
وڵاتانی بریکس دەبێت بە توندی لە لای دروستی مێژوودا بوەستن، هەوڵبدەن ببنە پێشەنگی سەردەم، نەزمی نێودەوڵەتی بەرەو دادپەروەری و یەکسانی زیاتر ئاراستە بکەن، و پێکەوە کاربکەن بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەک بە ئایندەیەکی هاوبەش بۆ مرۆڤایەتی،شی داوای لە بریکس کرد کە بێتە پێشەنگ لە بەرەوپێشبردنی گەشەپێدانی لەسەر بنەمای داهێنان. وتیشی:، وڵاتانی بریکس دەبێت بە توندی دەستپێشخەرییەکە بگرنە دەست، هاوکاری لە ژیریی دەستکرددا بەهێزتر بکەن، هانی گەشەپێدانی سەرچاوەکراوە ، کراوەیی، هاوکاری و بەشداریکردن بدەن، و هاوکاریی کرداری بەرەو بوار و ئاستی نوێ بەرن،وتیشی بەخێرهاتنی وڵاتانی بریکس دەکرێت بۆ بەشداریکردنی چالاکانە لە ڕێکخراوی جیهانیی هاوکاریی ژیریی دەستکرددا،ئاماژەی بەوەش کرد کە چین پێشنیازی دەستپێشخەرییەکی کردووە بۆ بەرەوپێشبردنی پیشەسازیی نوێ لە ڕێگەی ژیریی دەستکردەوە لەنێوان وڵاتانی بریکسدا، و ئامادەیە لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا کاربکات بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی زیاتر لە توێژینەوە، گەشەپێدان و جێبەجێکردندا، و قووڵکردنەوەی هاوکاری لە زنجیرەی پیشەسازی و دابینکردندا،شی داوای لە بریکس کرد ببێتە پێشەنگ لە پاراستنی ئاشتی و سەقامگیریدا.
وتیشی، وڵاتانی بریکس دەبێت دیدگایەکی هاوبەش، گشتگیر، هاوبەشکارانە و بەردەوام بۆ ئاسایش بپارێزن، دژایەتی بیرکردنەوەی جەنگی سارد و ڕووبەڕووبوونەوەی بلۆکەکان بکەن، پێشێلکاریی سەروەریی وڵاتانی دیکە و دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆییان ڕەتبکەنەوە، و ڕۆڵێکی دروستکەر بگێڕن لە چارەسەرکردنی کێشە گەرمەکاندا، بەمەش بەشدارییەکی بەرچاوی بریکس دابین بکەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک کە چارەسەری هۆکارە ڕووکار و بنەڕەتییەکان بکات،بە ئاماژەدان بەوەی کە بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئاڵۆزی و لە گۆڕانکاریدا دەمێنێتەوە، شی وتی ئەم جەنگە زیانی گەورەی بە گەلانی هەموو وڵاتانی ناوچەکە گەیاندووە، و بە پێچەوانەی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوەیە،شی وتی چوار پێشنیازی بۆ پاراستن و بەرزکردنەوەی ئاشتی و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خستووەتەڕوو، کە ئامانجیان هێورکردنەوەی بارودۆخەکە، کۆتاییهێنان بە دوژمنکارییەکان و بەرزکردنەوەی ئاشتییە،شی داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کە پابەند بن بە ئاراستەی چارەسەری سیاسی، و کاربکەن بۆ ئاگربەستێکی هەمیشەیی و گشتگیر،وتیشی چین لەگەڵ ئەندامانی دیکەی بریکسدا کاردەکات بۆ گێڕانی ڕۆڵی شایستەی خۆی لە ئاوریکردنەوە و هێنانی ئاشتی و ئارامی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست،شی داوای لە بریکس کرد ببێتە پێشەنگ لە ئاسانکاری بۆ فێربوونی بەرهەمداری یەکتر لە نێوان شارستانیەتەکاندا.
وتیشی، وڵاتان دەبێت داكۆكی لە بەها هاوبەشەکانی مرۆڤایەتی بکەن و داوای ئاڵوگۆڕ و فێربوونی یەکتر لە نێوان شارستانیەتەکان و پێکەوەژیانی ئاشتییانە بکەن. دەبێت سەرکەوتنی فورمای بریکس بۆ ئاڵوگۆڕی کلتوری و جەماوەری دڵنیا بکەنەوە، ئەزموونی حوکمڕانی دەوڵەت بەش بکەن، و گوڕوتینی ئەرێنی بۆ گەشەپێدانی بەردەوامی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتان دروست بکەن،شی داوای هەوڵدانی کرد بۆ قووڵکردنەوەی هاوکاری لە کلتور، گەشتوگوزار و پەروەردەدا، بەهێزکردنی ئاڵوگۆڕی گەنجان، و بەرزکردنەوەی کارلێکی زیاتر و پەیوەندی نزیکتر لە نێوان گەلاندا،شی داوای لە بریکس کرد ببێتە پێشەنگ لە چاکسازی و باشترکردنی حوکمڕانی جیهانیدا،داوای لە گرووپەکە کرد کە هاوڕەوت بێت لەگەڵ ئاراستەی دیموکراتیی زیاتر لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، سیستەمێکی حوکمڕانی جیهانیی دادپەروەرانەتر و یەکسانتر بەرز بکاتەوە، و دەسەڵاتی نەتەوە یەکگرتووەکان بپارێزێت.
شی وتی: بریکس دەبێت پشتیوانی لە سیستەمی بازرگانی فرەلایەنە بکات بە ناوەندێتی ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی ،و هەموو جۆرە ڕێکارێکی پارێزگاریخوازی ڕەتبکاتەوە،زیادی کرد کە گرووپەکە دەبێت حوکمڕانی جیهانی لە بوارە تازەدەرکەوتووەکانی وەکو بۆشایی ئەلیکترۆنی ، بۆشایی ئاسمان و دەریای قووڵدا سەرکردایەتی بکات، و دەنگی وڵاتانی باشووری جیهانی بەرزتر بکاتەوە،شی جەختی لەوە کردەوە کە لە ماوەی گەشتێکی ناوازەی دوو دەیەییدا، پشدبەستن بە یەکتر و هاوکاری هەمیشە هێزی بزوێنەری پشتی دۆزی بریکس بوون.
شی داوای لە ئەندامانی بریکس کرد کە بەرامبەر یەکتر دڵسۆز و ڕاستگۆ بن، بەدوای زەمینەی هاوبەشدا بگەڕێن لەکاتێکدا ڕێز لە جیاوازییەکان دەگرن، و ڕێز لە نیگەرانییە سەرەکییەکانی یەکتر بگرن،هەروەها داوای لە گرووپەکە کرد کە لە ڕێگەی پەیوەندی و دیالۆگەوە لێکتێگەیشتنی دوو لایەنە قووڵتر بکەنەوە، بە شێوەیەکی گونجاو مامەڵە لەگەڵ جیاوازییەکاندا بکەن، دڵنیا ببنەوە لەوەی هاوکاریی بریکس بە بەردەوامی بەرەو پێشەوە دەچێت،شی وتی: چین سەرۆکایەتی خولیی بریکس دەگرێتە دەست و ساڵی داهاتوو میوانداری ١٩یەمین لووتکە دەکات،شی زیادی کرد کە لایەنی چینی ئامادەیە کار لەگەڵ هەموو لایەنەکان بکات بۆ دروستکردنی سازان، دروستکردنی ئایندەیەکی باشتر، و دەستپێکردنی سێیەم “دەیەی زێڕین”ی بریکس، تا بە هاوبەشی ئایندەیەکی گەش لە خۆشگوزەرانی و پێشکەوتن بکەنەوە.

و/هەڵۆ حەسەن
سەرچاوە:
Xi says BRICS world’s most influential platform for emerging markets cooperation
https://english.www.gov.cn/news/202609/12/content_WS6aa54b8ac6d00ca5f9a0d292.html




لۆبیکردن چییە و بۆچی کوردستان پێویستی پێیە؟.. هێمن عەلی

وشەی «Lobbaus» کە لە زمانی فینلەندیدا بەکاردێت، هەمان چەمکی «Lobbying»ی ئینگلیزی دەگەیەنێت. بە واتایەکی سادە، لۆبیکردن هەوڵێکی ڕێکخراوکراوە بۆ کاریگەرکردن لەسەر بڕیاردەران، سیاسەتمەداران و یاسادانەران.
کۆمپانیاکان، سەندیکاکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و گرووپە جیاوازەکانی دیکە دەتوانن لۆبی بکەن. ئامانجیان ئەوەیە بەرژەوەندی و داواکارییەکانی خۆیان بگەیەننە بڕیاردەران و کاریگەری لەسەر یاسا، سیاسەت و بڕیارە حکومییەکان دابنێن.
لۆبیکردن بەخۆی بەرتیلدان نییە. جیاوازییە سەرەکییەکە لەوەدایە کە لۆبیکردنی یاسایی دەبێت لە چوارچێوەی یاسا و شەفافیەتدا بێت، لەکاتێکدا بەرتیلدان بە پارە یان بەرژەوەندی تایبەت هەوڵی کڕینی بڕیار دەدات، نەک قەناعەتپێکردن.

لۆبیکردن لە کاتی پێکهێنانی حکومەتدا
لۆبیکردن لە کاتی دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەتدا گرنگیێکی تایبەتی هەیە، بەتایبەتی لەو وڵاتانەی کە حکومەتی هاوپەیمانی پێکدەهێنن.
لەم قۆناغەدا، پارتە سیاسییەکان خەریکی دانوستان و نووسینی بەرنامەی حکومەتی نوێن. لە هەمان کاتدا، سەندیکاکان، کۆمپانیاکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی هەوڵ دەدەن داواکاری و بەرژەوەندییەکانی خۆیان بگەیەننە ئەو کەسانەی کە بەشداری لە دانوستانەکاندا دەکەن.
بۆ نموونە، ڕێکخراوێکی ژینگەپارێزی دەتوانێت داوا بکات حکومەتی نوێ سیاسەتێکی توندتر بۆ پاراستنی ژینگە دابنێت. لە بەرامبەردا، کۆمپانیایەکی وزە دەتوانێت هەوڵ بدات سیاسەتێک پەسەند بکرێت کە کاریگەری دارایی کەمتری لەسەر کاروبارەکەی هەبێت.
واتە، گرووپە جیاوازەکان هەوڵ دەدەن دەنگ و بۆچوونی خۆیان بگەیەننە شوێنی بڕیاردان، بۆ ئەوەی بەرنامەی حکومەتی نوێ بەرژەوەندییەکانیان لەبەرچاو بگرێت.
لۆبیکردن لە جیهاندا
لە زۆر وڵاتی دیموکراسیدا لۆبیکردن بەشێکی ئاسایی لە ژیانی سیاسی و ئابووریدایە. لە ناوەندە سیاسییە گەورەکان، وەک واشنتن و برۆکسل، کۆمپانیا، ڕێکخراو و پسپۆڕانی تایبەت بە لۆبیکردنەوە کاردەکەن.
بەڵام مەترسییەکە لەوەدایە کە ئەگەر ئەم کاریگەرکردنە بە نهێنی و بەبێ چاودێری ئەنجام بدرێت، سنووری نێوان لۆبیکردن و گەندەڵی لاواز دەبێت.
بۆیە لە ژمارەیەک وڵات و دامەزراوەی دیموکراسیدا یاسا و ڕێسای تایبەت بۆ زیادکردنی شەفافیەت هەیە. مەبەست لەوەیە هاووڵاتیان بتوانن بزانن کێ هەوڵی کاریگەرکردن لەسەر بڕیاردەران دەدات و نوێنەرایەتی چ بەرژەوەندییەک دەکات.

فینلەندا؛ نموونەیەک بۆ شەفافیەت
لە فینلەندا لۆبیکردن، یان «Lobbaus»، بەشێکی ناسراوی پرۆسەی بڕیاردانە. سەندیکاکان، ڕێکخراوەکانی خاوەنکاران، کۆمپانیاکان، ڕێکخراوە مەدەنییەکان و پسپۆڕان هەوڵ دەدەن بۆچوون و پێشنیارەکانی خۆیان بگەیەننە بڕیاردەران.
لە کاتی دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەتدا، کە بە فینلەندی پێی دەوترێت «Hallitusneuvottelut»، نوێنەرانی گرووپ و ڕێکخراوە جیاوازەکان دەتوانن زانیاری و بۆچوونی پسپۆڕانەی خۆیان بگەیەننە ئەو لایەنانەی بەرنامەی حکومەت دادەڕێژن.
فینلەندا بۆ زیادکردنی شەفافیەت، لە ساڵی ٢٠٢٤ەوە سیستەمی «Avoimuusrekisteri»، واتە تۆماری شەفافیەت، جێبەجێ کرد. ئامانجی ئەم سیستەمە ئەوەیە کاریگەرکردن لەسەر پەرلەمان و وەزارەتەکان زیاتر بخرێتە بەرچاوی گشتی، تاکو خەڵک بتوانن زانیاری زیاتر لەسەر چالاکییەکانی لۆبیکردن بەدەستبهێنن.
ئایا کوردستان پێویستی بە لۆبیکردنی یاسایی هەیە؟
لە هەرێمی کوردستاندا کاریگەرکردن لەسەر بڕیارە سیاسی و ئیدارییەکان بابەتێکی نوێ نییە. بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە بەشێک لەم کاریگەرکردنە لە ڕێگەی پەیوەندیی کەسی، حزبی، خێڵەکی، «واستە» و مەحسوبیەتەوە ئەنجام دەدرێت، نەک لە ڕێگەی پرۆسەیەکی ڕوون و ئاشکرا.
ئەگەر کاریگەرکردن لەسەر بڕیارەکان لە پشت دەرگای داخراوەوە بێت، ئەوا هاووڵاتی نازانێت کێ لەسەر بڕیارێک کاریگەری داناوە و بۆ بەرژەوەندیی کێ.
لێرەدا پرسیارێکی گرنگ دروست دەبێت: بۆچی ئەم کاریگەرکردنە نەخرێتە چوارچێوەیەکی یاسایی و شەفافەوە؟

ئەگەر لۆبیکردن بە یاسا ڕێکبخرێت، ئەوا:
• هاووڵاتیان دەتوانن بزانن کێ لەگەڵ بڕیاردەران دانیشتووە و چ داواکارییەکی هەیە،
• کۆمپانیا و ڕێکخراوەکان ڕێگەیەکی ڕوونیان دەبێت بۆ گەیاندنی بۆچوونیان، بەبێ پێویستی بە پەیوەندی کەسی یان حزبی،
• سنووری نێوان کاریگەرکردنی یاسایی و گەندەڵی ڕوونتر دەبێتەوە.
بەم شێوەیە، خستنەڕووی چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ لۆبیکردن دەتوانێت هەنگاوێک بێت بەرەو زیادکردنی متمانەی گشتی بە پرۆسەی بڕیاردان لە هەرێمی کوردستاندا.

لۆبیکردنی یاسایی: هەنگاوێک بۆ ڕاستکردنەوەی سیستەمی حوکمڕانی
لۆبیکردن خۆی نە باشە و نە خراپ؛ چۆنیەتی ڕێکخستن و بەکارهێنانی دیاری دەکات کە ببێتە ئامرازێک بۆ دیموکراسی یان دەرگایەک بۆ گەندەڵی.
ئەگەر لۆبیکردن بە نهێنی، بەبێ یاسا و بەبێ چاودێری ئەنجام بدرێت، مەترسی هەیە ببێتە بەشێک لە گەندەڵی و نادادپەروەری. بەڵام ئەگەر بە یاسا ڕێکبخرێت و شەفاف بێت، دەتوانێت ببێتە ڕێگایەک بۆ بەشداریی زیاتر، بڕیاردانی باشتر و حوکمڕانیی دیموکراتیکتر.
بۆ کوردستان، هەنگاوی گرنگ ئەوەیە کە لە کەلتووری «کێ دەناسیت؟» بگوازرێتەوە بۆ سیستەمێک کە پرسیار بکات: «نوێنەرایەتی کێ دەکەیت، چی داوا دەکەیت و بۆچی؟»
ئەم گۆڕانە تەنها گۆڕینی وشەی «واستە» بە «لۆبیکردن» نییە؛ بەڵکو گۆڕانێکە لە شێوازی حوکمڕانی.




جەلاد.. شوان عەباس بەدری

ئەی جەلاد
ئیتر کێردەکەت فڕێ بدە
کەنارییە دڵ ڕەنگینەکان
بە یەکجاری لە نیشتمان کۆچیان کرد و
داڵەکەر خۆرەکان ئازادانە
بە ئاسمانی وڵاتدا دەسورێنەوە
ئیتر تاهەتایە
قاسپەی کەو و دەنگی هاژەی ئاو
لەو چیا و دەشتانە
زیندەبەچاڵ کراون و
تا حەز بکەیت
بۆ تاهەتایە ئیتر
بەس گوێت لە فیشە و خشەی مار دەبێت
چەند سامناکە
گوێچکەی بووکی خاک
بە دەنگی قەلەڕەش و بایەقووش و
چەقە چەقی چەقەڵ کاس بێت و
زەماوەندی خوێن لەگەڵ گورگە بریندارەکەی
دەستی خاک فرۆشان بگێرێت !
دڵخۆش بە ئەی جەلاد
دڵخۆش بە
ئەوەتا کەلەسەری زەرنەقووتە بێ درەتانەکەی ئومێد
بە سەر سەری ڕمە ژەنگاوییەکەی نائومێدییەوەیە
ئەوەتا مێژوو
ناوی دەستە بێ بەزەیی و کێردە خوێناوییەکەتی
وەک بە بەزەیی ترین دەست و
دادپەروەرترین کێردی پاک لەناو خۆیدا
نووسیوەتەوە !
دڵخۆش بە ئەی جەلاد
دڵخۆش بە
ئەوەتا سوپای هەزار بە هەزاری
نەزانی و بێهۆشی و نادادی
لەبەر دەم کۆشکە بە کەلەسەر ڕازێنراوەکەت
کڕنووشی سوپاسگوزاری بۆ بردوویت و
هەروەک خودا
عەرشەکەتیان لەسەر شانیان بەرزکردۆتەوە و
ناوەکەتیان لە سەر هەورەکان نووسیوە !
دڵخۆش بە ئەی جەلاد
دڵخۆش بە
زمانی وڵات بە دەستی پیاوەکانت بڕاوە و
کۆیلەکانت نیشتمانیان پڕکردووە لە چیرۆکی
پاڵەوانییە خەیاڵییەکانت
دڵخۆش بە ئەی جەلاد
دڵخۆش بە ئەی فس فس پاڵەوان
دڵخۆش بە
ئەی نابینی خەوی ئارام بنەوبارەگای
لە چاوەکان پێچاوەتەوە و
مرۆڤ لە ترسی مۆتەکە
باوەشی بە خۆیدا کردووە و
دەنگی پۆستاڵی سەربازەکان
لەرزەی خستۆتە گیانی مێروولەکان
دڵخۆش بە ئەی جەلاد
دڵخۆش بە
دواجار لە نیشتمانەکەم
تاریکی بەسەر تیشکدا سەرکەوت و
هەموان لەناو کۆشکە وێرانەکەی
ئازادی و دادپەروەری و سبەی
کۆت و بەندکران و
کۆتاییان هات !
دڵخۆش بە ئەی جەلاد
دڵخۆش بە
ئەوەتا دەستە گوولەکانی کەنار خوێناوەکەی
رۆڵەکانی خاک
خەتێکی ڕەشیان بە سەر
گشت خیانەتە بێ شەرمەکانی تۆ هێناوە و
بە ئاوی ئاڵتوون لەسەر لەوحی مەحفوزی
زاکیرەی جیلی تازە
وەک لە خۆبووردوویی و گیانفیدایی و چاونەترسیت
تۆماریان کردوون
دەستە خوێناوییەکانت بشۆ ئەی جەلاد
ئیتر نە کەناری و
نە ئاسکێک و
نە نێرە تاووسێک و
نە ویژدانێک
لەم نیشتمانە ماوە تا تۆ سەڕی ببرێت
ئارام بنوو ئەی جەلاد
ئارام بنوو
گژ و گیا و درەخت و ئاو و
چیا و دەشت و
مێروو و ئاژەڵ و باڵندە و
مرۆڤەکانی ئەم نیشتمانە
لە مەڵاسدان بۆ یەکتری و
چاوەڕێی دەرفەتێکن بۆ هەڵدڕینی یەکتر
ئارام بنوو ئەی جەلاد
ئارام بنوو
دەسەڵاتی سەد و پەنجا ساڵەی خۆت و کوڕ و نەوەکانت
پیرۆز بێت ئەی جەلاد !

بەلجیکا / 2026




برایەتی گەلان یان ئاشتی لەگەڵ کێ بکەم ؟ چۆن دەکرێت ؟.. ئەحمەد کامەران

سەرەتا دەستەواژەی برایەتی یان ئاشتی ، مانای پەیامێکی جوان و بەنرخی مڕۆڤایەتییە، کە تێیدا ئامانجی ئەوە نیشان دەدا گەلێک ئارەزووی ئاشتی و دۆستایەتی دەکات لەگەڵ گەلانی دیکە لەسەر بنەمای یەکسانی و دیموکراسی نەتەوەیی. زۆرجاران ئەم دەستەواژەیە بە هەڵە لێکدانەوەی بۆ دەکرێت گوایە بە مانای خۆبەدەستەوەدان دێت لەبەرامبەر گەلێکی دیکەی خاوەن هێز و دەسەڵات . بەڵام بە پێچەوانەوە پەیامی ئەوە دەگەیەنێت کەچیتر ئەو گەلە ناخوازێت لەڕێگای جەنگێکی بێ ئامانج ڕۆلەکانی خۆی و گەلانی دیکەش بە کوشتن بدات.

لە ئەمڕۆدا سەرنج لەسەر ئەوەیە کە ئایا کورد لەگەڵ کێ برایەتی و ئاشتی بکات ؟ یاخود گەلانی دیکە ئامادەن بۆ ئاشتییەکی هەمیشەیی لەبەرامبەری کوردان ؟

مێژوو شاهێدی ئەوەمان بۆ دەدات ، کورد هەمیشە بەوە ناسراوە ئارەزووی ئاشتی دەکات و هیچ کاتێک ناخوازێت مافەکانی لەڕێگای خوێنی ڕۆلەکانی خۆی بەدەست بێنێت، بەڵکو دەخوازێت لەسەر مێزێکی ئاشتیانە پرسەکانی خۆی بۆ هەمیشە چارەسەر بکات.
جوگرافیای کورد لەنێوان گەلانی وەکو تورک و فارس و عەرەب چەندین سەدەیە گیرۆدە دراوە، بەڵام بەداخەوە ئەم سێ گەلە بەردەوام تینوی کوشتنی ڕۆلەکانی کورد بوونە، لەبری ئەوەی ڕۆژێک بۆمان دەستی برایەتی و ئاشتیەکی ڕاستەقینەیی درێژ بکەن.
منێکی کورد برایەتی لەگەڵ عەرەبێک بکەم ، کەچی ئەو بەناوی ئاین و کۆمەڵێک پرسی دیکەوە دێت ئەنفالم دەکات، یاخود چەقۆ بخاتە سەر ملی ڕۆلەکانی نیشتیمانەکەم و سەریان لەلاشەیان جیادەکاتەوە. منیش چاوەکانم داخەم پێی بڵێم تۆ برای منی…
یان برایەتی لەگەڵ فارسێک کە هەموو ڕۆژێک دەستی سورە بە کوشتن و لەسێدارەدانی ڕۆلەکانی ڕۆژهەڵاتی نیشتیمانم. یان برایەتی لەگەڵ تورکێکی ڕەگەزپەرست، کە جگە لە بوونی ناسنامەی خۆی دان بە منێکی کورد دانانێت و بە تیرۆرستێک لەقەڵەمم دەدات .
بۆیە پێویستە سەرەتا ئێمە بانگەشەی ئەوە بکەین ئاخۆ تێڕوانینی گەلانی وەکو تورک و فارس و عەرەب ئامادەیی ئەوەیان تێدایە دەستی برایەتی بۆ ئێمە درێژ بکەن یان بونی ئێمە وەکو نەتەوەیەکی خاوەن زمان و کلتور قبول دەکەن ؟ نەک بەتەنیا ئێمەی کورد لەگۆڕەپانەکە دەستی برایەتی و ئاشتی درێژ بکەین و ئەوانیش بە ئارەزووی خۆیان کۆمەڵکوژی مان بکەن.

کار لەسەر پڕۆسەی ئاشتی و برایەتی گەلان پێویستە سەرەتا وەک چەمکێکی هزری کاری لەسەر بکرێت، نەک وەکو پرسێکی سیاسی و نەتەوەیی تەماشا بکرێت بۆ کورد لەبەرامبەری گەلانی دیکە. واتە سەرەتا ئەم پرسە پێویستە لەنێو تاکی کۆمەڵگای تورک و فارس و عەرەب کارێکی گشتگیری لەسەر بکرێت، بە دیاری کراویش لەنێو کۆمەڵگایەکی وەکو تورکیادا، کە خاوەنی مێژوویەکی قێزەونن لە کۆمەڵکوژی و قەبولنەکردنی کوردان. دان بەوەدا بنێن ئیتر بەبێ هێنانەوەی هیچ پاساوێک ئەو ڕاستیە مێژووییە قەبول بکەن کە گەلی کورد وەکو ئەوان گەلێکی سەربەخۆن و خاوەنی مافێکی دەستوری خۆیانن بتوانن بە ئازادییەکی ڕەها شکۆمەندانە ژیان بکەن. تەنانەت گرنگە لەناوەندەکانی خوێندنیش کار لەسەر ئەم پڕۆسەیە بکرێت ، لەلایەن مامۆستاکانەوە وانەی ئاشتی پێشکەش بە قوتابیەکان بکرێت لەبەرامبەر بە بوونی گەلی کورد، نەک بە پێچەوانەوە وانەی ڕق و کینە بدرێت بەو قوتابیانە لەبەرامبەر ناسنامەی کورد و کوردستان. جێگای داخە ساڵانێکی درێژە بەتایبەتی لە باکوری کوردستان و تەواوی تورکیا بەردەوام لەناوەندەکانی خوێندن کار لەسەر ناشرین کردنی کورد کراوە، تەنانەت تاوەکو ئێستا زمانی کوردی لە تەواوی تورکیا و باکوری کوردستان بەزمانێکی فەرمی نەهاتۆتە ناساندن،لەگەڵ ئەوەشدا بایەخێکی ئەوتۆی پێی نەدراوە لەچاو زمانە بیانیەکانی دیکە، ئەگەرچی چەندین جار داوای بەفەرمی ناساندنی زمانی کوردی وەکو دووەم زمانی لە دەوڵەت کراوە، کەچی تاوەکو ئێستا ئەم پرسە بە نادیاری ماوەتەوە.

لە مانگی ئاداری ساڵی ۲۰۲٥ ، لەدیمانەیەکی تایبەتی ئەحمەد داود ئۆغڵۆ تێیدا تیشک دەخاتە سەر ڕاستی مێژووی سەرهەڵدانەکانی کورد لە تورکیادا ، دەڵێت: لە تورکیا تورک بوون بەڕادەیەک تۆخ کراوەتەوە وای کرد کوردەکان هەستنەوە بڵێن ئێمەش هەین و کوردین.
بۆیە زۆر گرنگە لەم قۆناغە هەستیارەدا کار لەسەر شکاندنی بەستەڵەکی ڕەگەزپەرستی و شۆڤێنزم بکرێت. ئەگەرنا بەم شێوازە درێژەدان بە پڕۆسەی ئاشتی و برایەتی گەلان ئەستەمە هیچ کاتێک بچێتە قۆناغی پێشکەوتن، بەڵکو بە پێچەوانەوە ڕەنگە لەداهاتوودا ببێتە هۆکارێک بۆ زیاتر کۆمەڵکوژی و چەوساندنەوەی گەلی کورد.

ئەحمەد کامەران / نووسەر و چاودێری سیاسی




دەوڵەتی ئەلیکترۆنی کوردی.. سەڵاح جەلال

قسەو باسێک سەبارەت بە رێگاچارەیەک بۆ کورد لە لایەن مامۆستا سەڵاح جەلال ەوە..

بەشی یەکەم لە قسەوباسی دەوڵەتی ئەلیکترۆنی کوردی..

بەشی دووەم .. بۆ بینینی ڤیدیۆکە کلیکی ئێرەبکەن..




چەند زانیاریەک دەربارەی ئەم گیانلەبەرانە.. ئامادەکردنی/ فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی

١. فیلی ئەفریقی
لووتە درێژەکەی (خەرتووم): ئەو خەرتوومە درێژەی فیل هەیەتی تەنها لووت نییە، بەڵکو کەڕەنایەکە بۆ دەرکردنی دەنگی بەرز، مژەرێکە بۆ خواردنەوەی ئاو، بۆرییەکە بۆ پڕکردنی ئاو، و دەستێکی زیادەشە بۆ فیل…
بەخێوکردنی بەچکەکان: دایکەکان و مێینەکانی تری ناو ڕانەکە بەچکە فیلەکان بەخێو دەکەن. کاتێک فیلە گەورەکان لەسەر یەکێک لە بەچکەکان بترسن، بازنەیەک لە دەوری دروست دەکەن بۆ پاراستنی.
زمانی نهێنی: فیلەکان زۆر دەنگی جیاواز بۆ قسەکردن لەگەڵ یەکتر بەکاردەهێنن. تەنانەت زمانێکی نهێنییان هەیە کە بریتییە لە بۆڵەبۆڵێکی زۆر نزم، بە جۆرێک مرۆڤ ناتوانێت بیبیستێت، بەڵام فیلەکانی تر دەتوانن لە دووری چەندین میڵەوە بیبیستن.

٢. زەرافە
تایبەتمەندی باڵا: زەرافە بەوە جیادەکرێتەوە کە درێژترین ئاژەڵی شیردەرە لە جیهاندا. ئەم سیفاتەش چەندین سوودی هەیە، لەوانە توانای گەیشتن بە گەڵای دارە بەرزەکان کە هیچ ئاژەڵێکی تر ناتوانێت پێیان بگات.
مەترسییەکانی تینوێتی: هەندێک جار ئەم درێژییە کێشەی بۆ دروست دەکات؛ بۆ نموونە کاتێک زەرافە تینووی دەبێت و دەیەوێت ئاو بخواتەوە، قاچەکان و ملە درێژەکەی وادەکەن گەیشتنی بە ئاو ببێتە پرۆسەیەکی پڕ لە مەترسی. بەڵام خۆشبەختانە، زەرافە زۆربەی پێویستی ئاوی خۆی لەو گەڵای دارانەوە دەستدەکەوێت کە دەیانخوات.
بەچکەی زەرافە: بەچکەی زەرافە تەنها نیو کاتژمێر دوای لەدایکبوونی دەتوانێت لەسەر قاچەکانی بوەستێت، و لە ماوەی ڕۆژێکدا دەتوانێت لەگەڵ دایکیدا ڕابکات.

٣. کەنگەری ئوسترالی
ئاژەڵە کیسدارەکان: کەنگەر بە ئاژەڵێکی کیسدار دەناسرێت. بەچکەکانیان بە قەبارەیەکی زۆر بچووک لەدایکدەبن، بۆیە ناچارن باز بدەنە ناو کیسەیەکی تایبەت کە لە جەستەی دایکیاندا هەیە بۆ ئەوەی خۆیانی تێدا بپارێزن.
گەشەکردن لەناو کیسەدا: لەناو ئەم کیسەیەدا، بەچکەکان بە مژینی شیری دایکیان گەشە دەکەن. ئەوان نزیکەی ٢٨٠ ڕۆژ لەناو کیسەکەدا دەژین، و تا تەمەنیان لە ساڵێک تێنەپەڕێت بە تەواوی ئامادە نین بۆ ژیانی دەرەوە و وازهێنان لە کیسەکە.
کێشەکان: هەرچەندە کەنگەرەکان ئاژەڵی هێمن و لەسەرخۆ دیارن، بەڵام زۆرجار کێشە دروستدەکەن؛ چونکە زیان بە بەرهەمی جووتیاران دەگەیەنن و ئەو لەوەڕگایانە تێکدەدەن کە جووتیاران ئاژەڵەکانیانی تێدا دەلەوەڕێنن.

تێبینی /سەرچاوە شمس الصباح ی پاشکۆی ڕۆژنامەی الصباح جدیدە