دوو ڕووی قەیران، “زێدەبەرهەمهێنان” و ” زیادەڕۆیی کەڵەکەبوون “.. کاوە کەریم
دەستپێک
لەشیکردنەوەکاندا بۆ قەیرانی ئابوری سەرمایەداری، دوو چەمکی سەرەکی بەشێوەیەکی بەردەوام لەناو باسە تیۆریک و ئابوری سیاسیەدا دووبارە دەبنەوە، ئەویش “زێدەبەرهەمهێنان” و “زێدە کەڵەکەبوون”ە. ئەم دوو چەمکە، هەرچەندە پەیوەندییەکی نزیکیان بەیەکەوە هەیە، بەڵام هەریەکەیان بوار و جۆرێکی جیاواز لەپرۆسەی قەیرانی ئابوری لێکدەداتەوە. لەیەکەم نیگادا، “زێدەبەرهەمهێنان” ئاماژەیە بۆ دۆخێک کەتێدا سەرمایەداران و کۆمپانیاکان کاڵا و خزمەتگوزاری زیاتر بەرهەمدەهێنن لەوەی کە بتوانرێت لەبازاڕدا ساغی بکەنەوە و بیفرۆشرێن، ئەمەش دەبێتە هۆی کەڵەکەبوونی کاڵا نەفرۆشراوەکان و زیادەڕۆیی و دابەزینی نرخەکان و پاشەکشە. سەرئەنجام بەرهەمەکان ناتوانرێت بەقازانج بفرۆشرێت، لێرەشەوە قەیرانی ئابوری سەرهەڵدەدات.
کاتێکیش دێنە سەر “زیادەڕۆیی لەکەڵەکەبوون” ئاماژەیە بۆ دۆخێک کەتێدا ڕێژەی قازانج بەرەو دابەزین ڕۆشتووە، سەرمایەی قازانج بەخش ناتوانێت زیاتر وەبەرهێنانی پێبکرێت و دەرهێنانی زێدەبەها لەکاری زیندوو سنووردار دەبێت، بۆیە سەرمایە بەشێوەیەکی بەردەوام پاشەکەوت دەکرێت، “زیادەڕۆیی لەکەڵەکەبوون”ی سەرمایەدا ڕوودەدات، سەرەنجام قەیرانێک بەدوای خۆیدا دێنێت. بەواتایەکی تر کێشەکە ئەوە نییە کەکاڵای زۆر بەرهەمهێنراوە، بەڵکو سەرمایە بەشێوەیەکی گەورە کەڵەکە بووە بەبەراورد بەو بوارانەی کەدەتوانن قازانجی پێویستی بۆ دابین بکەن. لەکۆتایشدا سەرمایەکە وەک “سەرمایەی بێکار” دەمێنێتەوە. لەدیدی مارکسدا، ئەمە یەکێکە لەدەرخستنەکانی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی کەڵەکەبوونی سەرمایەیە، کەتێدا سەرمایە بەردەوام هەوڵی بەرفراونبوونی خۆی دەدات، بەڵام هەمان ئەو پرۆسەیە مەرجەکانی بەردەوامبوونی کەڵەکەبوونی سەرمایە لاواز دەکات.
ڕوونکردنەوەی “زێدەبەرهەمهێنان” تیشک دەخاتە سەر ناتەبایی ڕواڵەتی نێوان دابینکردن و خواست، کە زۆرجار وەک کەم بەکاربردن لە چوارچێوەیەکدا دادەنرێت- کرێکاران توانای کڕینی ئەو کاڵایانەیان نییە کە بەرهەمیدەهێنن، بەڵام چەمکی “زێدە کەڵەکەبوون” لێکۆڵینەوەی قووڵتر لە داینامیکی خودی سەرمایە دەکات. لێرەدا قەیرانەکە تەنها ئەوە نییە کە کاڵای زۆر هەیە، بەڵکو سەرمایەی زۆر کەڵەکە بووە بە بەراورد بەدەرفەتی وەبەرهێنانی قازانج. سەرمایە، وەک کارگە، ئامێر، سەروەت و سامانی دارایی، بەدوای بەدەستهێنانی گەڕانەوەیەکی قازانجبەخشدا دەگەڕێت. کاتێک کەڕێژەی قازانج دادەبەزێنێت، چیتر ناتوانرێت سەرمایە لەئاستێکی قبوڵکراوی قازانجدا وەبەربهێنرێتەوە. ئەنجامەکەی دەبێتە هۆی زیادبوونی بێکاری، دروستبوونی ئەوەی ناودەنرێت”بڵقی گەمژانە”، یان لەناوبردنی سەرمایە. لەم ڕوانگەیەوە، کاڵای نەفرۆشراو تەنها یەک دەربڕینی کێشەیەکی فراوانترە، واتە پاشەکەوت و زیادەڕۆیی لە سەرمایەدا کە ناتوانێت دەریچەی بەرهەمدار بۆ بەکارهێنانی خۆی بدۆزێتەوە.
لەم ڕوانگەیەوە ئەوەی وەک “زێدەبەرهەمهێنان” دەردەکەوێت، کە لەڕاستیدا دەرکەوتنی زیادەڕۆیی کەڵەکەبوونە. کۆمپانیاکان بەردەوامن لەبەرهەمهێنان، نەک لەبەر ئەوەی کۆمەڵگە پێویستی بە کاڵای زیاترە، بەڵکو لەبەرئەوەی لە فشارە کێبڕکێییەکان و وەبەرهێنانە نوقمبووەکاندا قفڵ کراون. قەیرانەکە کاتێک سەرهەڵدەدات کە سیستەمەکە بە گشتی نەتوانێت لەو قازانجە بەردەوام بێت کە پێویستە بۆ چەسپاندنی وەبەرهێنانەکانی ڕابردوو. بەم شێوەیە، کۆگاکانی پڕ لە کاڵای نەفرۆشراو ڕەنگدانەوەی دژایەتییەکی قووڵترن لە نێوان هاندانی فراوانبوونی سەرمایە و سنوورەکانی بەدیهێنانی قازانج.
بۆچی ئەم جیاکردنەوەیە گرنگە؟
دەبێت ئەوە زانراو بێت کە “زێدەبەرهەمهێنان” و “زێدە کەڵەکەبوون”، دوو ڕووی هەمان قەیران نین، هەریەکەیان بەجۆرێک جیاوازی ناهاوسەنگی دەخەنەڕوو. جیاوازیی نێوان زێدەبەرهەمهێنان و زێدەکەڵەکەبوونی سەرمایە یەکێکە لە کلیلە سەرەکییەکانی شیکردنەوەی قەیران لەچوارچێوەی ئابوریی سیاسی. ئەم جیاکردنەوەیە نەک تەنیا بۆ شیکردنەوەی قەیرانەکان، بەڵکو بۆ شیکردنەوەی ئەو پرۆسەیەی کە کەسەرمایە لەبواری بەرهەمدارەوە دەگوازرێتەوە بۆ بواری نابەرهەمدار، یان لەبواری بەرهەمهێنانی ڕاستەقینەوە دەڕوات بۆ بواری دارایی، پاشان ئەوەی لێدەکەوێتەوە کەناودەنرێت قەیرانی داریی.
یان ئەم جیاکارییە ئەوەمان بۆ ڕووندەکاتەوە، بۆچی قەیرانەکان پێش بە داراییکردن و بوومەلەرزەی گەمژانە دێت. بەڵام لە ڕوانگەی مارکسیستییەوە، تێگەیشتن لە داراییکردن نابێت تەنیا بەوە سنووردار بکرێت کە کەرتی دارایی فراوانتر بووە یان کۆمپانیاکان داهاتی دارایی زیاتر بەدەستدەهێنن. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: بۆچی سەرمایە بەرەو کەرتی دارایی هەنگاو دەنێت، ئەمە چ پەیوەندییەکی هەیە بە دینامیکی کەڵەکەبوونی سەرمایەوە؟ لەدیدگای مارکسدا، سەرمایە بەشێوەیەکی سادە بڕێک پارە یان کۆمەڵێک لەشتە داراییەکان نییە، سەرمایە پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتییە کە لەپرۆسەی بەرهەمهێنان و کەڵەکەبووندا خۆی نیشاندەدات. لەکۆمەڵگەی سەرمایەداریدا، ئامانجی سەرمایەدار تەنیا بەرهەمهێنان نییە، بەڵکو کەڵەکەکردنی سەرمایەو بەدەستهێنانی قازانجی زیاترە. لەبەرئەوە، هەر کاتێک بەرهەمهێنانی قازانج لەکەرتی بەرهەمهێنەرانەدا سنووردار دەبێت، سەرمایە دەست دەکات بە گەڕان لە بوارەکانی دیکەدا کە بتوانێت قەرەبووی لەدەستدانی قازانج لەبواری بەرهەمهێناندا بکاتەوە.
کاتێک ئێمە باس لەدابەزینی رێژەی قازانج لەسەرمایەداریدا دەکەین کە مەیلی بەرەو دابەزین هەیە، ئەمە دەبێتە بنەمای سەرهەڵدانی قەیرانەکان. لەو خاڵەدا، واتە دابەزینی ڕێژەی قازانج، سەرمایەدار کەرتی دارایی وەک بوارێکی جێگرەوە بۆ سەرمایە دەبینیت. ئەمەش بەواتای گواستنەوە لەکەرتی بەرهەمهێنانەوە بۆ کەرتی نابەرهەمهێنەر. ئەگەر سەرمایە نەتوانێت لەکەرتی بەرهەمهێنانی ڕاستەوخۆدا زێدە بەهای پێویست بەدەست بهێنێت، ئەوا هەوڵدەدات بەرەو بازاڕە دارایییەکان، قەرز، پەیوەندییە دارایییەکان، پشکەکان و شێوە جۆراوجۆرەکانی گەشەپێدانی سەرمایەی دارایی بڕوات. بەم مانایە، داراییکردن دەتوانێت نەک وەک هۆکارێکی دەرەکی، بەڵکو وەک وەڵامێکی ناوخۆیی بە کێشە و سنوورەکانی کەڵەکەبوونی سەرمایە لێکبدرێتەوە.
لەبۆچونی مارکسدا، ئەمە بە چەمکی «سەرمایەی خەیاڵی (Fictitious Capital) ــەوە پەیوەندییەکی نزیکی هەیە. سەرمایەی خەیاڵی ئەو شێوەی سەرمایەیە کە بە شێوەی سەند و بەڵگەی دارایی ــ وەک سەهم و بۆند ــ دەردەکەوێت و خاوەندارێتی یان مافی بەدەستهێنانی داهات لە داهاتوودا نوێنەرایەتی دەکات. لێرەدا جیاوازییەکی گرنگ هەیە لەنێوان بەهای دارایی و بەهای نوێی دروستکراو لە پرۆسەی بەرهەمهێناندا. زیادبوونی نرخی پشکەکەکان، بۆ نموونە، بە خۆی واتای ئەوە نییە کە هەمان بڕ لە بەهای نوێ لە پرۆسەی بەرهەمهێناندا دروست کراوە.
بەم شێوەیە، کاتێک سەرمایە بە شێوەیەکی زۆر بەرەو کەرتی دارایی دەڕوات، دەتوانێت بڵاوکردنەوەی داهاتی دارایی و هەڵکشانی بەهای دارایی دروستبکات، بەڵام ئەمە خۆی لەخۆیدا کێشەی بنەڕەتیی کەمبوونەوەی قازانج لە بەرهەمهێنانی ڕاستەوخۆ چارەسەر ناکات. بەڵکو دەتوانێت بۆ ماوەیەک ئەو کێشەیە بشارێتەوە، یان کێشەکە دوا بخات.
زۆرێک لەو ئابوریناسانە لێرەدا دەکەونە هەڵەیەکی تیۆریکیەوە، چونکە هەموو داهاتێکی دارایی بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی وەک سەرچاوەیەکی سەربەخۆی بەها لێک لێکدەدەنەوە، بەڵام لە ڕوانگەی مارکسەوە، پرسەکە ئەوە نییە کە «پارە چۆن پارەی زیاتر دروست دەکات؟»، بەڵکو ئەوەیە کە ئەو داهاتە دارایییە لەکۆتاییدا چۆن پەیوەندی بە بەهای زیادە و پرۆسەی کەڵەکەبوونی سەرمایەوە هەیە؟ ئەمە گرنگە، چونکە سودی بانکی، کرێی زەوی، داهاتی سەهم و شێوەکانی دیکەی داهاتی دارایی، لە کۆتاییدا پێویستیان بە بنەمایەکی کۆمەڵایەتیی بەرهەمهێنانی بەها هەیە.
لەبەر ئەمە، داراییکردن نابێت بە مانای “کۆتایی هاتنی سەرمایەداری بەرهەمهێنەر” یان “گۆڕینی قازانجی بەرهەمهێنان بە داهاتی دارایی” وەربگیرێت. بەپێچەوانەوە، لەڕوانگەی مارکسیستییەوە دەتوانرێت داراییکردن وەک شێوەیەکی گۆڕاو و ئاڵۆزی کەڵەکەبوونی سەرمایە ببینرێت، شێوەیەک کە تێیدا سەرمایە بۆ گەڕان بەدوای قازانجدا لە نێوان کەرتی بەرهەمهێنان و کەرتی داراییدا دەجوڵێت.
بەم پێیە، داراییکردن لە بنەڕەتدا کێشەیەکی سەربەخۆ لە “کەرتی دارایی” نییە، بەڵکو بەشێکە لە کێشەیەکی گشتیتر و ناوخۆیی سەرمایەداری: چۆن سەرمایە دەتوانێت کەڵەکە ببێت و قازانج بەردەوام بکات، کاتێک هەمان پرۆسەی کەڵەکەبوون سنوورەکانی خۆی دروست دەکات؟ لەم چوارچێوەیەدا، گەشەی کەرتی دارایی دەتوانێت وەک یەکێک لە شێوەکانی وەڵامدانەوەی سەرمایەداری بەو سنوورانە تێبگەینرێت، بەڵام نەک وەک چارەسەرێکی کۆتایی بۆ ئەوان.
کاتێک دەڵێن جیاکردنەوەی ئەم دوو چەمەکە بۆ لێکدانەوەکان گرنگە، چونکە یەکێکیان سەرنجمان دەباتە سەر بەرهەمهێنان و خواست و توانای کڕین، ئەوەی تریان سەرنجمان دەباتە سەر سەرمایە و کەڵەکبوون و بەدەستهێنانی قازانج و دەرهێنانی بەهای زیادە لەکاری زیندووی کرێکاران. ئەم جیاکاریە گرنگە، چونکە ئەگەر بڵێن زێدەبەرهەمهێنان هۆکاری قەیرانەکانە، ناتوانین وەڵامان هەبێت و ئەوە ڕوونبکەینەوە، بۆچی سەرمایە لەبواری بەرهەمدارەوە دەچێتە ناو بواری داراییکردنەوە، کە دەبێتە هۆکاری ئەوەی قەیرانی بنەڕەتی بگوازێتەوە بۆ بوارە داراییەکان، پاشان قەیرانەکە قوڵتربکاتەوە و قەیران و قەرزی و دارایی لێبکەوێتەوە، وەک نمونەی ئێستای قەیرانی سەرمایەداری جیهانی ئەم سەردەمە.
بەکورتی، “زیدەبەرهەمهێنان” باس لەچۆنیەتی دەرکەوتنی قەیرانەکان دەکات، لەکاتێکدا “زێدەڕۆیی کەڵەکەبوون” ڕوونکردنەوەیەکی پێکهاتەییتر پێشکەش دەکات بۆ ئەوەی بۆچی ڕوودەدەن. یەکەمیان گرنگی بە بازاڕ و خواست دەدات، دووەمیان لەڕێژەی و دینامیکی سەرمایە دەڕوانێتە کێشەکە.
ئابوریناسە چەپەکان و” دۆسیەی “زیادە بەرهەمهێنان”
بەشێک لەئابوریناسە چەپەکان یان “مارکسیستەکان” دۆسیەی “زیادە بەرهەمهێنان” وەک هۆکاری قەیرانەکانی ژێر سەرمایەداری دەخەنەڕوو، ڕۆڵی یاسای مارکس (دابەزینی ڕێژەی قازانج مەیلی- بەرەو دابەزین) وەک پەیوەندیدار ڕەتدەکەنەوە. لەکاتێکدا هەم مارکس و هەم زۆربەی ئابوریناسانی نزیک لەمارکس، ئەم یاسایە بە هۆکاری بنەرەتی قەیرانی سەرمایەداری دەزانن. بەڵگەی زۆربەی ئەوان ئەوەیە کاتێک مارکس باسی ڕوونکردنەوەی هەر قەیرانێک لە سەدەی نۆزدەهەمدا کردوە، هیچ کاتێک باسی ئەم یاسایەی نەکردوە و هەمیشە ئاماژەیان بە ‘زیادە بەرهەمهێنان’ کردوە. یان هیچ بەڵگەیەکیش نییە کە دابەزینی ڕێژەی قازانج پێش قەیرانی هۆکارەکانی قەیرانە خولگەییەکان بێت لەسەرمایەداریدا. ئەمەش بەمانای ئەوەی کە قەیرانەکانی ژێر سیستەمی سەرمایەداری بەهۆی “زیێدە بەرهەمهێنان”ەوە دروست دەبن و پەیوەندی بە جوڵەی قازانج و قازانج لە کەڵەکەبوونی سەرمایەداریدا نییە.
باشە ئەوە شتێکی سەرسوڕهێنەر نییە، چونکە تا ئەو کاتە مارکس یاسای قازانجی پەرە پێنەدابوو. یان ئەگەر ئەو بۆچوونانەیان ڕاست بێت، دەبێت ئێمە واز لەبەرگی سێیەمی کتێبی (سەرمایە) ی مارکس بهێنین و بیخەیەنە لاوە، چونکە ئەو یاسایە و شیکردنەوەی پانتاییەکی گەورەی لە فیکری مارکس، گرتووە لەکتێبەکەدا.
کاتێک ڕۆزا لۆکسمبورگ، شیکردنەوەی بۆ قەیراني ئابوری سەرمایەداری کرد، ئەو پێیوابوو کە قەیرانەکانی سیستەمی سەرمایەداری، لەبنەڕەتدا بەهۆی دیاردەی “زێدەبەرهەمهێنان” وەیە، چونکە نەبوونی هێزی کڕینی پێویست لەناوخۆی بازاڕی سەرمایەداریدا، سیستەمەکە بەرەو قەیران و داڕمان دەبات. لەبۆچونی ئەودا، کرێکاران تەنها بەشێکی کەم لەو بەهایە وەک کرێ وەردەگرنەوە کەخۆیان بەرهەمی دەهێنن، بۆیە هێزی کڕینیان سنوردار دەبێت، ناتوانن ئەو کاڵا بەرهەمهێنراوانە بکڕنەوە. هەروەها سەرمایەداران بەشێک لەقازانجەکانیان بۆ کڕینی کاڵای لۆکس و خۆشگوزەرانیەکان بەکاردەهێنن نەک بۆ کڕینی کاڵای بەکاربەر، بەڵام بەشە گەورەکەی پاشەکەوت دەکەنەوە سەرلەنوێ وەبەرهەمهێنانی پێدەکەنەوە بۆ بەرهەمهێانی زیاتر. ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی دیاردەی “زێدەبەرهەمهێنان”، واتە بڕی کاڵای بەرهەمهێنراو، زۆر زیاتر دەبێت کەلەتوانای کڕینی کۆمەڵگەدا نییە.
بەبڕوای ڕۆزا، ئیمپریالزم و داگیرکاری وڵاتە سەرمایەدارە گەورەکان، دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی قەیرانی “زێدەبەرهەمهێنان” ە، چونکە کاتێک بازاڕی ناوخۆیی تێر دەبێت، توانای کڕین کەمدەبێتەوە، ئەم دەوڵەتانە پەنا دەبەنە بەر داگیرکردنی ولاتانی تر لە ئەفەریقا و ئاسیا و شوێنەکانی تر بۆ دۆزینەوەی بازاڕی نوێ بۆ فرۆشتنی کاڵا زیادەکان و دۆزینەوەی دەرفەتی نوێ بۆ وەبەرهێنانی سەرمایە کەڵەکەبووەکانیان. کاتێکیش تەواوی جیهان دەبێتە سەرمایەداری و هیچ بازاڕێکی دەرەکی نامێنێت بۆ حەواندنەوەی کاڵا زیادە بەرهەمهێنراوەکان، قەیرانەکان توندوتیژ و زیاتر قوڵدەبێتەوە، پاشان شەڕی هێزە ئیمپریالیستیەکان بۆ دابەشکردنی بازارەکان شەڕو داڕمانی ئابوری لێدەکەوێتەوە، ئەمەش ڕێگا خۆش دەکات بۆ شۆڕشی سۆشیالستی.
مارکس – پرسی کەڵەکەبوون، قەیران
مارکس پێش ئەوەی بچێتە ناو باسی قەیرانەوە، بنەما تیۆرییەکەی خۆی سەبارەت بەپرۆسەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری و پرۆسەی کەڵەکەبوونی سەرمایە ڕوونکردەوە. بەبۆچوونی ئەو دەرکەوتنی ئاشکرای قەیران لەپرۆسەی سوڕانەوەی سەرمایەدا نابێت “هۆکاری” قەیرانەکە بشارێتەوە، کە لەشێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا هەیە. “گۆڕانکاری کاڵاکان” لەبازاڕدا قۆناغی جیاوازی یەک پرۆسەیە. نیشاندەری سەرەکی پرۆسەی کەڵەکەبوونی سەرمایە (کاڵا-پارە-کاڵا) نییە، بەڵکو (پارە-کاڵا- پارە) یە. بۆیە مارکس دەپرسێت: ئایا دەکرێت بەشێک لەبەهای زیادە ڕاستەوخۆ بچێتە ناو سەرمایەی نەگۆڕەوە بەبێ ئەوەی بفرۆشرێت و کەڵەکەبوونی سەرمایەو بەرهەم هێنانەوەی بەرفراوانی لێبکەوێتەوە؟
مارکسیش وەڵامەکەی ئەرێنییە، بۆ تێگەیشتن لەم پرسە، بۆیە دەڵێت: سەرەتا پێویستە بەکارهێنانی تاکی مرۆڤەکان بەتەواوی لاببرێت بۆ ئەوەی بتوانین تەنها سەرنجمان لەسەر بەکارهێنانی بەرهەمداربێت. وەک “ئاشکرایە”، زۆربەی کاڵاکان لەخودی پرۆسەی بەرهەمهێناندا بەکاردەهێنرێن. بەم پێیەش سەرمایە ڕۆڵی هەم فرۆشیار و هەم کڕیار دەگێڕێت.
لەکەڵەکەبوونی سەرمایەداریدا پرسیارێک هەیە بۆ گۆڕینی بەهای سەرمایەی سەرەتایی لەگەڵ ڕێژەی ئاسایی قازانجدا. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە کەڵەکەبوونی سەرمایە زۆر پەیوەندی بەڕێژەی قازانجەوە هەیە. لەبەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا ئەوەی گرنگە بەهای بەکارهێنانی دەستبەجێ نییە، بەڵکو بەهای ئاڵوگۆڕ و بەتایبەتی فراوانبوونی بەهای زیادەیە. ئەمە پاڵنەری بزوێنەری بەرهەمهێنانی سەرمایەدارییە. بۆیە ئەوە بەلگەنەویستە کە قازانج هێزی پاڵنەری سەرمایەدارییە، نەک بەرهەمهێنان (یان بەم شێوەیە زیادە بەرهەمهێنان). هەربۆیە کاتێک باس لە تەسفیەکردنی سەرمایە دەکرێت لەکاتی قەیرانەکاندا، مەبەست لەناوبردنی سەرمایەیە لەڕێگەی قەیرانەکانەوە، بەواتای دابەزینی بەهاکانی بەهاکانە کە ڕێگرییان لێدەکات لەپرۆسەی نوێکردنەوە و دووبارە بەرهەمهێنانەوەدا. ئەوە دابەزینی بەهایە، نەک داڕمانی خواست کە کلیلی قەیرانەکان و بوژانەوەی دواترە.
بەڵام مارکس لەشوێنێکدا دەڵێت: “قەیرانی هەمیشەیی بوونیان نییە”
لێرەدا گرنگە ئەمە ڕوونبکەینەوە، لەلای مارکس، کەڵەکەبوونی سەرمایە پرۆسەیەکی ناوخۆیی و بنەڕەتیی شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەدارییە. سەرمایەدار لەپرۆسەی بەرهەمهێناندا لەکاری زیندووەوە زیادەبەها بەدەست دەهێنێت و پاشان بەشێک لەو زیادەبەهایە دووبارە وەک سەرمایە بەکار دەهێنێتەوە بۆ فراوانکردنی بەرهەمهێنان و زیادکردنی سەرمایە. بەم شێوەیە، کەڵەکەکردنی سەرمایە تەنها کۆکردنەوەی سامان نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی بەردەوامە کە سەرمایە خۆی تێدا دووبارە بەرهەمدەهێنێتەوە و لەهەمان کاتدا پێکهاتەی پەیوەندییەکانی نێوان سەرمایە و کار دەگۆڕێت.
فراوانبوونی کەڵەکەکردن دەتوانێت بەرهەمهێنان بەشێوەیەکی زۆر گەورە بکات، بەڵام ئەم فراوانبوونە هەمیشە بەپێی تێپەربوونی کات ڕووبەڕووی داکشانی ڕێژەی قازانجەکە دەبێتەوە، ئەمەش دەبێتە ناکۆکی. لەو خاڵەدا ناکۆکیی نێوان پێویستی سەرمایە بۆ فراوانکردنی بەرهەمهێنان و ئامانجی، دەتوانێت سەرمایە بەرەو قەیران ببات. بۆیە قەیران لە تێۆریی مارکسدا ڕووداوێکی دەرەکی و ڕێکەوتی نییە، بەڵکو ئەنجامێکی ناوخۆییە کە لە جوڵەی کەڵەکەکردنی سەرمایەوە سەر هەڵدەدات. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەمە بەو مانایە نییە کە قەیران بە شێوەیەکی هەمیشەیی و بێکۆتایی بەردەوام دەبێت، چونکە قەیران دەتوانێت لەڕێگەی لەناوچوونی بەشێک لە سەرمایە، کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان و گۆڕینی مەرجەکانی کەڵەکەکردن، ڕێگا بۆ دەستپێکردنەوەی قۆناغێکی نوێی کەڵەکەکردن بکاتەوە.
لەبەر ئەمە، لە بیرکردنەوەی مارکسدا دەبێت جیاوازی لەنێوان “قەیرانی هەمیشەیی” و “ناکۆکییە هەمیشەبووەکانی کەڵەکەکردنی سەرمایە” بکرێت: قەیرانەکان دەتوانن کاتی و دووبارەبووەوە بن، بەڵام سەرچاوەی ئەو ناکۆکییەی کە قەیران دروست دەکات، لە خودی شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەدارییەوە سەرچاوە دەگرێت.
کاتێک مارکس تێبینییەک باس دەکات و دەڵێت کە “قەیرانی هەمیشەیی بوونیان نییە”. کەواتە مارکس ڕاستەوخۆ ئاماژە بە “کاتی” زۆری سەرمایە دەکات وەک پەیوەندیدار بە قەیرانەکانەوە – زیادەڕەوی لێرەدا بەواتای ڕێژەیی بە قازانج یان قازانج دێت، نەک خواست. لەوەش ڕوونتر دەڵێت: “گواستنەوە لە دەستەواژەی زیادە بەرهەمهێنانی کاڵاکانەوە بۆ دەستەواژەی زیادەڕۆیی سەرمایە.
یاسای قازانجی مارکس و قەیران
لە ئابوریی مارکسدا، جیاوازییەکی بنەڕەتی لەنێوان “ڕێژەی زێدەبەها” و “ڕێژەی قازانج” هەیە، هەرچەندە هەردووکیان دەربڕینی هەمان سەرچاوەی بەهای زیادە، واتە زێدەبەهان. ڕێژەی زێدەبەها پەیوەندیی نێوان زێدەبەها و سەرمایەی گۆڕاو دەردەخات، لەکاتێکدا ڕێژەی قازانج پەیوەندی نێوان هەمان زێدەبەها و کۆی سەرمایەی پێشخراو، واتە کۆی سەرمایەی جێگیر و گۆڕاو، پیشان دەدات. بەم پێیە، هەردوو ڕێژەکە هەمان بڕی زێدەبەها بە دوو پێوەری جیاواز دەخەنەڕوو، و جیاوازیی نێوانیان لە جیاوازیی بنەمای پێوانەکردنەوە سەرچاوە دەگرێت.
لەڕوانگەی شیکاریی مارکسەوە، بۆ تێگەیشتن لە گۆڕینی زێدەبەها بۆ قازانج، دەبێت لە ڕێژەی زێدەبەهاوە بۆ ڕێژەی قازانج بڕۆین، نەک بەپێچەوانەوە. ئەمەش گرنگە، چونکە زێدەبەها لەپڕۆسەی بەرهەمهێنانی سەرمایەدارییەوە سەرچاوە دەگرێت و لە پەیوەندیی نێوان کار و سەرمایەدا دروست دەبێت، بەڵام قازانج شێوەیەکی دەرەکی و دیاربووی هەمان بەهای زیادەیە کە لەسەرمایەدارییەکەدا وەک بەرهەمی هەموو سەرمایەکە دەردەکەوێت. لەو چوارچێوەیەدا، تێکڕای قازانج دەتوانێت وەک خاڵێکی دەستپێکی مێژوویی لەپەیوەندییە ئابورییە سەرمایەدارییەکاندا تێبگەین. بەڵام لەڕووی شیکارییەوە، زێدەبەها و ڕێژەی زێدەبەها بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەسەر ڕووی دیاردەکانی بازاڕدا دەرناکەون، بەڵکوو ناوەڕۆکێکی شاراوە و پەیوەندیدار بەپڕۆسەی بەرهەمهێنانی بەهای زیادەن و دەبێت لە ڕێگەی شیکردنەوەی زانستیی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانەوە دەستنیشان بکرێن. لەبەرامبەردا، قازانج و ڕێژەی قازانج لەئاستی دیاردەیی و ڕووکاریی سیستەمی سەرمایەداریدا شێوەیەکی ڕاستەوخۆتر دەردەکەون. بەم مانایە، قازانج شێوەیەکی گۆڕاو و دەرەکیی زێدەبەهایە، لەکاتێکدا زێدەبەها ناوەڕۆکی ئەو پەیوەندییەیە کە لە پشت ئەو شێوە دەرەکییەوە هەیە.
لەهەمان چوارچێوەدا، ڕێژەی قازانج لەگەڵ کاتی سوڕانەوەی سەرمایەدا پەیوەندییەکی پێچەوانەی هەیە. واتە، بەمەرجێک کە گۆڕاوەکانی تری کاریگەری لەسەر ڕێژەی قازانج- وەک پێکهاتەی سەرمایە، ڕێژەی زێدەبەها و کاتی کار- لە نێوان سەرمایەداران یەکسان بن، درێژبوونەوەی کاتی سوڕانەوەی سەرمایە دەتوانێت ببێتە هۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی قازانج. لەبەر ئەوەی سەرمایەی بەکارهاتوو بۆ ماوەیەکی درێژتر لە پڕۆسەی سوڕانەوەدا گیراوە و توانای گەڕانەوەی خێرا و دووبارە بەکارهێنانەوەی کەمتر دەبێت. بەڵام ئەگەر ئەم گۆڕاوە بنەڕەتییانە لەنێوان سەرمایەداراندا جیاواز بن، وەک جیاوازی لە کاتی کار، ڕێژەی زێدەبەها یان ئاستی کرێی کار، ئەوا ڕێژەی قازانجیان دەتوانێت جیاواز بێت، تەنانەت ئەگەر لەهەمان دۆخی گشتیی ئابوریدا کار بکەن. بەم پێیە، هەموو جیاوازییەکانی ڕێژەی قازانج ناتوانرێت بەکاتی سوڕانەوەی سەرمایەوە ڕوونبکرێنەوە، چونکە هۆکارەکانی تر دەتوانن بە سەربەخۆیی کاریگەرییان لەسەر ئەم ڕێژەیە هەبێت.
لەئەنجامدا، بۆ شیکردنەوەی جیاوازیی ڕێژەکانی قازانج، پێویستە لەنێوان ئەو هۆکارانەی کە بە شێوەی ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بەسوڕانەوەی سەرمایەوە هەیە و ئەو هۆکارانەی کە لە پێکهاتەی سەرمایە، ڕێژەی زێدەبەها، کاتی کار و کرێی کارەوە سەرچاوە دەگرن، جیاوازی بکرێت. ئەم جیاکردنەوەیە ڕێگە دەدات پەیوەندیی نێوان زێدەبەها و قازانجمان بۆ ڕوون بێتەوە، هەروەها گواستنەوەی ڕێژەی زێدەبەها بۆ ڕێژەی قازانج، بەشێوەیەکی تیۆری و شیکاریی وردتر تێبگەین.
مارکس سەرچاوەی هۆکاری قەیرانەکان بۆ مەسەلەی دەرهێنانی زێدەبەها و کەمبوونەوەی ئاستی رێژەی قازانج دەباتەوە، لەم نێوەشدا مارکس “یاسای ڕێژەی قازانج مەیلی- بەرەو دابەزین” پەرەپێدا. ئەم یاسایە ئاماژەیە بەوەی کە لەپەرەپێدانی سیستەمی سەرمایەداری، سەرمایەداران بەردەوام هەوڵدەدەن بە بەکارهێنانی ئامێرەکان، تەکنەلۆجیا و شێوازە نوێکانی بەرهەمهێنان، بەرهەم زیاتربکەن. بەهۆی ئەمەوە ڕێژەی سەرمایەی بەکارهاتوو لەو بوارانەدا زیاد دەبێت، لەکاتێکدا ڕۆڵی کاری مرۆیی لە بەرهەمهێناندا بەراورد بە سەرمایە کەمتر دەبێت. بەڵام کار سەرچاوەی بەهای زیادە و قازانجە، ئەم گۆڕانکارییە دەتوانێت لە درێژمەودادا مەیلێک بۆ دابەزینی ڕێژەی قازانج دروست بکات.
مارکس لەیاسای قازانجدا ئەوە ڕووندەکاتەوە، کە ئەگەر سەرمایەی نەگۆڕ زیاتر لەبەرانبەر سەرمایەی گۆڕاودا بەرزبێتەوە، ئەوا ڕێژەی قازانج دادەبەزێت. “رێژەی قازانج دادەبەزێت، چونکە بەهای سەرمایەی نەگۆڕ لەبەرامبەر سەرمایەی گۆڕاو بەرزبووەتەوە و سەرمایەی گۆڕاو کەمتر بەکاردەهێنرێت”… لێرەوە قەیران “قەیرانی کار و قەیرانی سەرمایە”یە. لەگەڵ ڕێژەی قازانج “کەمبوونەوەی… ئەوە حاڵەتێکی زیادە بەرهەمهێنانی سەرمایەی نەگۆڕە.”… “قەیرانەکان بەهۆی زیادە بەرهەمهێنانی سەرمایەی نەگۆڕەوەیە”.
بەڵام مارکس ئەمەی بەمانای دابەزینی بەردەوام و بێ وەستانی قازانج ناگرێت، بەڵکو “مەیل”ێکە کە دەتوانێت بەهۆی هەندێک هۆکاری دژەوە کەم بکرێتەوە یان دوا بخرێت. بۆ نموونە، زیادکردنی چەوساندنەوەی کرێکاران، کەمکردنەوەی تێچووی بەرهەمهێنان و فراوانکردنی بازاڕ دەتوانن بۆ ماوەیەک ڕێژەی قازانج بەرزتر بکەن، بەڵام لەدرێژخایەندا بەرەو قەیرانێک هەنگاو دەنێت. بۆیە لە تیۆری مارکسدا ئەم یاسایە بەشێکە لە شیکردنەوەی ناوخۆیی و ناکۆکییەکانی سیستەمی سەرمایەداری.
پۆڵ ماتیک بیرمەندی مارکسیستی سەدەی رابردوو، دەڵێت:
“یاسای مارکس دوو لێواری هەیە، تەنانەت ئەگەر ڕێژەی قازانجیش دابەزێت، ئەگەری ئەوە هەیە کەبارستەی قازانجەکان بەرزبێتەوە، ئەمەش دەتوانێت پارێزگاری لەبەرزبوونەوەی بەرهەمهێنان بکات. سەرەڕای ئەمەش، دابەزینی تێکرای ڕێژەی قازانج بەشێوەی بەردەوام، لەکۆتاییدا دەبێتە پێچەوانبوونەوە و خاوبوونەوەی بەرزبوونەوەی باراستەی قازانج، کاتێکیش تێکرای ڕێژەی قازانج دادەبەزێت بۆ خاڵێک کەتێدا بارستەی قازانج دادەبەزێت، لەم خاڵە وەچەرخانەدا بوار بۆ قەیرانەکان دەکاتەوە. سەرەتا قازانج دادەبەزێت، پاشان وەبەرهێنان دادەبەزێت”.
“زێدەبەرهەمهێنان” یان “کەڵەکەبوون” لەقەیرانەکاندا
مارکس “زێدەبەرهەمهێنان” وەک یەکێک لە ڕەگ وڕیشەکانی قەیرانی سەرمایەداری لێکدەداتەوە. لە دیدی ئەوەوە، نابێت زیادەبەرهەمهێنان بەسادەیی وەک ئەوە تێبگەین کە لەکایە تاکەکانی بەرهەمهێناندا کاڵا زیاتر لە پێویستی بەرهەمهێنراوە, چونکە ئەمە دەتوانێت تەنها بەشێک لەکێشەکە بێت و ببێتە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانی بەشەکی بەهۆی ناڕێژەیی لە نێوان بەشەکانی بەرهەمهێنان.
مارکس ئەگەری سەرهەڵدانی قەیران لەئەنجامی بەرهەمهێنانی ناڕێژەیی لە نێوان کایە جیاوازەکانی بەرهەمهێناندا بە تەواوی ڕەتناکاتەوە. ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە “بێئەوەی بڵێین، ئینکاری ئەوە ناکرێت کە ڕەنگە زۆر لە کایە تاکەکەسییەکان بەرهەمبهێنرێت و بەم شێوەیە قەیرانی بەشەکی لەبەر بەرهەمهێنانی ناڕێژەیی سەرهەڵبدات”. ب
