وشیاریی مرۆیی: لە ئەفسانەی ئەشکەوتی ئەفلاتۆنییەوە بۆ فەزای دیجیتاڵیی هاوچەرخ.. نووسینی: ئەکرەم سەعید


ڕوونکردنەوە:

داوای لێبوردن ئاراستەی خوێنەرانی بەڕێز دەکەم؛ لە وتاری پێشوومدا بە ناونیشانی «بەربەریزمی مۆدێرن: خوێندنەوەیەک بۆ بەڵگەنامەکانی جێفری ئێپستاین» لە ١٤ی شوباتی ٢٠٢٦ بڵاوکراوەتەوە، تێڕوانینێکی هەڵەی کارڵ مارکسم نووسی بوو، کە پێم وابوو دروستە. دوای پێداچوونەوەو پشکنینی سەرچاوە مێژووییەکان، بۆم دەرکەوت کە شوێنەوارناسی و مێژوونووسان، بوونی دیاردەی (لەشفرۆشیی خودایی دێرین و پیدۆفیلیا – سۆزانیی پەرستگاکان یان سۆزانیی پیرۆز) لە شارستانییەتەکانی وەک (میسری کۆن، مێزۆپۆتامیا، و یۆنانی کۆن) پشتڕاست ناکەنەوە. لەم ئەنجامەوە، وەک پابەندییەک بە ئەمانەتی زانستی ومتمانەی مەعریفی، داوای لێبوردن لە خوێنەران دەکەم بۆ ئەو هەڵەیەم. لە هەمان کاتدا، جەخت دەکەمەوە کە بەشەکانی تری وتارەکە سەبارەت بەم دیاردەیە لە کۆمەڵگەی هیندستانی دێریندا و باسەکان دەربارەی وڵاتی چینی دێرین تەواو دروستن، هەروەها بوونی دیاردەی لەشفرۆشی و پیدۆفیلیا لە چوارچێوەی کۆمەڵگە دێرینەکاندا ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە.
———————————
لە دوو هەفتەی ڕابردووەوە تاوەکو ئەمڕۆ، قەیرانی ئابووری بە شێوەیەکی توند پەرەی سەندووەو قووڵتر بووەتەوە، ئەمەش بەهۆی جەنگ لە (ئۆکرانیا، و ناوچەی کەنداوی عەرەبی، بەتایبەتی ڕووبەڕووبوونەوەکانی ئەم دواییەی نێوان حوسییەکان و شانشینی عەرەبستانی سعوودی). دەرەنجامی ئەمەش شەپۆلێکی گرانیی بێوێنە، هەڵاوسانی دراو، و بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری لێکەوتووەتەوە، کە بارگرانییەکی زۆری خستووەتە سەر شانی جەماوەر و بژێویی ژیانیانی شەکەت کردووە. لەم پێناوەشدا، مانگرتن و خۆپیشاندانی خەڵکی دژی گرانی وتەنگسێریی ژیان لە سووریا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وچەند وڵاتێکی دیکە، سەردێڕی هەواڵەکانیان داگیرکردووە. لە چوارچێوەیەکی پەیوەندیداردا، دوو دەوڵەتی ئەوروپی بە فەرمی داوایان لە هاووڵاتیانی خۆیان کردووە کە بە بڕی چەند ڕۆژێک ئاو وخۆراک کۆگا بکەن، ئەمەش بەهۆی ئەو مەترسییە گەورانەی کە لەئارادان بۆ هەڵگیرسانی ململانێی چەکداری لەگەڵ ڕووسیادا. لە ژێر سایەی ئەم دۆخە قەیراناوی، شێواوی وحوکمڕان بە لۆژیکی جەنگەی ئەمڕۆدا، پرسیارە جەوهەرییەکە سەر هەڵدەدات: ئایا هیچ ئەگەرێک لە ئاسۆدا بەدی دەکرێت بۆ ڕاپەڕین یان شۆڕشێک کە چینی کرێکار ڕابەرایەتی بکات (دژی گرانی و جەنگەکان و لە پێناوی نان وئاشتی)دا؟. بێگومان وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە بەستراوەتەوە بە کۆمەڵێک فاکتەرو دیاریکەر، کە ڕەنگە دیارترینیان بریتی بن لە:(ئاستی وشیاریی چینایەتی لای چینی کرێکار، وڕادەی ئامادەیی هێزە سۆشیالیستەکان بۆ پشتیوانیکردن وئاراستەکردنی ئەم چینە). بەڵام لاوازیی ئەم دوو فاکتەرە بەتایبەتی (واتە دابەزینی ئاستی وشیاریی چینی کرێکارو نەبوونی ئامادەیی ڕێکخراوەیی لای سۆشیالیستەکان)، لە سەردەمی جەنگی یەکەم ودووەمی جیهانییەوە، وەک گرێکوێرەیەکی پێکهاتەیی ومێژوویی ماوەتەوە. بە پشتبەستن بەمەش، پێم وایە کەتواری وشیاریی چینایەتی لای کرێکاران وسۆشیالیستەکان لە سەردەمی ئێستاماندا، لە دۆخێکی باشتردا نییە بە بەراورد بەو قۆناغەی نێوان ساڵانی (١٩١٤- ١٩٤٠)، بەڵکو ڕەنگە تەنانەت لاوازترو پاشەکشێی زیاتریشی بەخۆوە بینیبێت.
تەمەنی مارکس و لەگەڵیشیدا نەوەیەک لە پێشەنگانی سۆشیالیزم کۆتایی هات، لە کاتێکدا ئەوان چاوەڕوانی ساتەوەختی مێژوویی یەکلاکەرەوە بوون بۆ ڕاپەڕینی ئەو دێوە مەزنە (پرۆلیتاریا)، تاوەکو لە ڕێگەی شۆڕشی سۆشیالیستییەوە، کۆڵەکەکانی سیستمی سەرمایەداری تێکبشکێنێت و بەدیلی سۆشیالیستی دابمەزرێنێت؛ بەڵام ئەم چاوەڕوانییە بەداخەوە، نەهاتە دی. گومانی تێدا نییە کە نەتوانین و هەڵنەستان بە کردەوەی شۆڕشگێڕانە، دەگەڕێتەوە بۆ چەندین ڕێگرو لەمپەری بابەتی و خودی؛ بەڵام ڕێگرەکان بە هەر شێوازێک پۆلین بکەین، دیسانەوە نامۆبوون و نزمی ئاستی وشیاریی چینایەتی وەک هۆکاری سەرەکی لە لوتکەی ڕیزبەندی دەمێنێتەوە. بێگومان هەڵوەشاندنەوەی گرێکوێرەی وشیاری و ئەو بەربەستانەی لە بەردەمیدا ڕاوەستاون، دەمانخاتە ڕووبەڕووی پرسیارێکی ئێپیستمۆلۆژیی ڕادیکاڵ: ئایا وشیاری، وەک چالاکییەکی دەروونی و هزریی، خاوەنی ئەم پێگە گرنگە یەکلاکەرەوەیەیە وەک هێزێکی سەرەکی و بزوێنەرێکی ئامانجدار بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی مەرجەکانی مێژوو وگۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگە؟.
لەسەر ئەم بنەمایە، شیاوە ئەم پرسیارە سەرەتاییە لە خۆمان بکەین: وشیاریی چینی کرێکار بە تایبەتی، و وشیاریی مرۆیی بە گشتی، چۆن دیاری دەکرێت وشێوە دەگرێت؟ بێگومان پرسی دیاریکردنی وشیاری، چەقی مشتومڕە مێژووییەکان ویەکێکە لە مەزنترین گرێکوێرە ئێپیستمۆلۆژییەکان لە مێژووی فیکردا؛ چونکە ئەم پرسە ئەو پردەیە کە پەیوەندی لایەنی ماتڕیاڵ وئایدیاڵ بەیەکتر دەگەێنێ، جگە لەوەی یەکێکە لە قووڵترین شەڕە تیۆرییەکان لە مێژووی فەلسەفەدا. ناکۆکیی جەوهەری لێرەدا لە نێوان بیردۆزی ئایدیالیزمی( پلاتۆن و هیگڵ)و بیردۆزی ماتریالیستی مارکس لە وەڵامدانەوەی ئەم کێشەیەدا کورت دەبێتەوە: ئایا وشیاری بەرهەمی گەیشتنی مرۆکانە بە جیهانی بیرۆکە ڕووتەک وباڵاکان وڕۆحی ڕەها، یان داهێنانێکی پێویستە کە واقیعی مادی وبوونی کۆمەڵایەتی دەیسەپێنێت؟ چوونە ناو قووڵایی ئەم پرسیارە، ڕاستەوخۆ دەمانگوازێتەوە بۆ دەستدان لە یەکێک لە زیندووترین ودەوڵەمەندترین گفتوگۆکانی ناو فەلسەفەی مارکسی وناوەندە ئەکادیمییە هاوچەرخەکان: کە ئەویش جیاکاریی یەکلاکەرەوەو جومگەییی نێوان مادیگەرایی مێژوویی زانستییە ـ کە وشیاری وەک بزوێنەرێکی ئامانجدار دەبینێت کە لە ڕێگەی براکسیسەوە (پراکتیکی شۆڕشگێڕانە) لەگەڵ مەرجە بابەتییەکانی خۆیدا کارلێک دەکات ـ ونێوان ئابووریگەرایی میکانیکی یان حەتمییەتی ڕووت، کە مرۆڤی کورتکردووەتەوە بۆ تەنها بوونەوەرێکی بایۆلۆژی کە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی وەڵامی کاریگەرییە ئابوورییەکان دەداتەوە.
قوتابخانەی ئایدیالیزم (بەتایبەتی پلاتۆن و هیگڵ)، ئاڕاستەێکە پێی وایە بیرۆکە وڕۆح سەرچاوەی هەموو شتێکن، وجیهانی مادی تەنیا ڕەنگدانەوە یان بەرهەمی ئەوانە. پلاتۆن پێی وابوو جیهانی ڕاستەقینە جیهانی ئایدیاڵەکانە (بیرۆکە باڵا وڕووتەکانە). ئەو شتانەی لە جیهانی ماددیدا دەیانبینین تەنیا سێبەرێکی کاتی وناتەواوی ئەو بیرۆکە ئەزەلی وکامڵانەن کە لە دەرەوەی کات وشوێندا بوونیان هەیە. وشیاری ئێمە لە ڕێگەی یادخستنەوەی ئەو ڕاستییە باڵایانە دروست دەبێت. بەڕای پلاتۆن مرۆڤ دەبێت سەرەتا لەو باوەڕە باوانە وشتە ڕووکەشانە ڕزگاری بێت کە کۆمەڵگە یان هەستە سەرەتاییەکانی پێی دەبەخشن(کە هاوشێوەی سێبەرەکانی ناو ئەشکەوتەکەن). هەستەکانی مرۆڤ(بینین، بیستن و هتد) تەنیا وێنەیەکی شێوێندراو یان کاتیی لە ڕاستی نیشان دەدەن، کەواتە وشیاری ڕاستەقینە کاتێک دەست پێدەکات کە مرۆڤ ئەقڵ ولۆژیک بەکاردەهێنێت بۆ تێگەیشتن لە جیهان. پلاتۆن دەیگووت: ڕاستی ڕەها لە جیهانێکی باڵادایە کە پێی دەوترێت جیهانی ئایدیاڵەکان. لەم جیهانەدا چەمکەکانی وەک دادپەروەری، جوانی، وچاکە بە شێوەیەکی کامڵ و نەگۆڕ بوونیان هەیە. بەڕای پلاتۆن بۆ ئەوەی مرۆکان بە وشیاری بگەن – وشیارببەوە، پێویستیان بە تێڕامان و لێکدانەوەی قووڵ هەیە، بەم شێوەیە وشیاربوونەوە واتە تێگەیشتنی ئەقڵ لە چەمکە باڵاکان. پلاتۆن لەو باوەڕەدا بوو کە ڕۆحی مرۆڤ، پێش ئەوەی لە نێو جەستەدا نیشتەجێ بێت، لە جیهانی نموونە کامڵەکاندا ژیاوە (لەو شوێنەی کە حەقیقەتی ڕەها، چاکە و جوانی تێدایە). بەڵام کاتێک کەوتە ناو جەستە مادییە تاریکەکەوە (وەک ئەوەی لە ئەفسانەی ئەشکەوتەکەدا هاتووە)، ئەم حەقیقەتانەی لەبیرچووەوە. لای ئەو، دیاریکەری وشیاری لەوەوە دەست پێدەکات کە مرۆڤ تا چەند توانای بەکارهێنانی ئەقڵ و ڕامانی فەلسەفیی هەیە بۆ ڕزگاربوون لە ئەندێشەکانی جیهانی مادی (هەستپێکراو)و بەبیرهێنانەوەی حەقیقەتە ڕەهاکان. کەواتە وشیاری لێرەدا لە مادە جیایەو بە تەواوی لێی سەربەخۆیە.
وەلێ هیگڵ جیهان ومێژوو وەک پرۆسەیەکی گەشەسەندنی ڕۆحی گشتی یان عەقڵی ڕەها دەبینێت. بە بڕوای ئەو، مێژووی مرۆڤایەتی هیچی تر نییە جگە لە قۆناغەکانی وشیاربوونەوەی ئەم ڕۆحە بەسەر خۆیدا، وگۆڕانکارییە مادی وکۆمەڵایەتییەکان بەرهەمی ئەم گۆڕانکارییە دەروونی وهزرییەن. بەڵام بەڕای هیگڵ مرۆڤ ناتوانێت بە تەنیاو لە دەرەوەی کات بگاتە بیرۆکەی ڕەها. پێویستە تێڕامان لە مێژووی مرۆڤایەتی بکرێت. هیگڵ پێی وایە مێژوو پڕۆسەی بەئاگایی هاتنەوەو ئازادبوونی قۆناغ بە قۆناغی ئەقڵە. مرۆڤ لە ڕێگەی تێڕامان لە مێژوو، فەلسەفەو ململانێ دیالێکتیکییەکان و لێکدانەوەی دامەزراوە مرۆییەکان، دەگاتە ئەو ڕاستییەی کە ئەقڵ حوکمی جیهان دەکات ومرۆڤیش بەشێکە لەم پڕۆسە گەورەیەی بیرۆکەی ڕەها. بە دەربڕێنێکی دی هیگڵ لەو باوەڕەدا بوو کە وشیاری بەرهەمی “ڕۆحی ڕەها”و مێژووە. هیگڵ فەلسەفەی ئایدیاڵیزمی گواستەوە بۆ ناو چوارچێوەیەکی دینامیکی (بزوێنەر)و مێژوویی، و وشیاریی مرۆیی بە گەشەسەندنی ڕۆح یان عەقڵی گشتی لە درێژەی مێژوودا بەستەوە. هیگڵ پێی وایە تەواوی مێژووی مرۆڤایەتی بریتییە لە ڕەوتی گەشەکردنی ڕۆحی ڕەها بەرەو ناسینی خۆی و بەدیهێنانی ئازادییەکەی. وشیاریی تاکەکەسیی مرۆڤ دابڕاو نییە، بەڵکو بەشێکە لە وشیاریی گشتیی قۆناغێکی مێژوویی دیاریکراو. لای ئەو، دیاریکەری وشیاری بریتییە لە: گەشەسەندنی مێژوویی وکولتووریی خود. وشیاریی مرۆڤ لە ڕێگەی ساتەوەختی مێژوویی ودامەزراوە کۆمەڵایەتی وسیاسییەکانەوە (وەک دەوڵەت) دیاری دەکرێت، کە گوزارشت لە گەشەکردنی عەقڵی مرۆڤ دەکەن لە ڕەوتی بەرەو پێشچوونیدا بەرەو ئازادیی ڕەها. کەواتە لێرەدا بیرۆکە (ئایدیا) بنەڕەت و ئەسڵە، و واقیعی مادی تەنها ڕەنگدانەوەو دەرکەوتەیەکە لێی.

فەلسەفەی ماتریالیزمی مێژوویی و پراکسیسی مارکس
بەپوختی و بە زمانێکی سادە، کڕۆکی فەلسەفەی مارکس وڕخنەی ئەو لە ئیدیالیزمەکان ئەمەیە: کێشەی سەرکی مرۆکان پەیداکردنی خۆراک بووە. ئایا مرۆڤەکان لە مێژوودا چۆن فێری پاشەکەوتکردنی خۆراک بوون؟. ئایا سەرنجدانی مێروولە و سمۆرە، کە خۆراک پاشەکەوت دەکەن بۆ زستان، بۆ مرۆکان سوودی هەبووەو لەوانەوە فێربوون؟ یان چۆن گەیشتوون بەو بیرۆکەیە کە (ماسی وشک کەن بۆ زستان، یان میوەهاتەکان وشککەن و هەڵیگرن بۆ زستان)؟.
مرۆکان لە مێژوودا لە ڕێگەی تاقیکردنەوە، چاودێریکردنی سروشت، و ناچارییەوە سەرنجی سروشتی داوە، بیرییان کردۆتەوەو کارییان کردووە؛ بەمە فێری پاشەکەوتکردنی خۆراک بوون. گۆڕانی وەرزەکان، نەمانی سەرچاوەکانی خۆراک لە زستان یان وەرزی وشکەساڵیدا، و کۆچکردن بۆ شوێنە جیاوازەکان، وای لە مرۆڤی کۆن کرد کە بیر لە ڕێگایەک بکاتەوە بۆ پاراستنی خۆراک، تا بە زیندوویی بمێنێتەوە. مرۆڤەکان دەیانبینی کە سمۆرەکان گوێز و دەنکەکان دەشارنەوە، یان مێروولەکان بە درێژایی هاوین خۆراک کۆدەکەنەوە بۆ زستان. مرۆڤی کۆن کاتێک میوەی کۆدەکردەوە، دەیبینی ئەو میوانەی لەبەر هەتاو کەوتوون و وشک بوونەتەوە (وەک ترێ کە دەبێتە مێوژ، یان هەنجیر)، ڕزاو و گەنیو نەبوون و تامیان هێشتا خۆشە. ئەوان درکیان بەوە کرد کە ئاو هۆکاری سەرەکی تێکچوونی خۆراکە؛ کاتێک خۆر ئاوەکە دەمژێت، میوەکە دەتوانێت مانگانە بمێنێتەوە بەبێ ئەوەی تێکبچێت. ئەمە وەک نموونەیەکی زیندووی سروشتی یارمەتی مرۆڤی دا تا تێبگات کە “کۆکردنەوەی خۆراک لە کاتی فرەییدا، گرەنتی مانەوەیە لە کاتی کەمیدا”.
بەڵام مرۆکان لاسیکەرەوەێکی نەرێنی سروشت نین و کۆپییەی دەقاودەقی کاری سمۆرە و مێروو ناکەن، بەڵکو پێویستی فیزیکی مرۆکان بۆ خۆراک و ڕێگری لە نەخۆشکەوتن، بیرکردنەوەو کاری جیاوازو تایبەتی سەپاندووە. بۆ نموونە: مرۆکان فێیر بوون کە دەبێ ماسی و میوەکان سەرەتا لەبەر خۆردا وشک بکەن، ئەوجا هەڵیانگرن دەنا دەگەنێن، وە پەنیر دەبێ خوێی بەسەردا بکرێ ئینجا لە پێستەدا هەڵگیرێ بۆ زستان- خەڵکی کوردستان بەو شێوەیە پەنیریان هەڵگرتووە. بۆیە کاری مرۆڤ جیاکەرەوەی مرۆڤە لە ئاژەڵ؛ سمۆرەیەک یان مێروولەیەک بەپێی ئینستیتیوت (غەریزە) خۆراک پاشەکەوت دەکات؛ ئەو ملیۆنان ساڵە هەمان شت دووبارە دەکاتەوە بەبێ ئەوەی ئامرازەکەی پەرە پێبدات. بەڵام مرۆڤ کاتێک چاودێری سروشت دەکات، پڕۆسەی “بیرکردنەوەی داهێنەرانە” تێکەڵ بە کارەکەی دەکات. کەواتە پەیوەندی مرۆکان بە سروشت(سەرنجدان و بیرکردنەوە، کارکردن و گەشەدان بە شێوازی بەرهەمهێنانی خۆراک بەپێی گەشەی مێژوو)، بنەمای گەشەی ئەقڵ و کار و پەیوەندی مرۆڤەکانە. ئیدی لێرەدا(هزر – کار – مێژوو)لە پەیوەندێکی پێویستن بۆ ژیان و گەشەکردن.

لێرەوە، خاڵی جیاوازی بنەڕەتی لە نێوان دوو پارادایمی فەلسەفی دژبەیەکدا دەردەکەوێت:
له‌ لایه‌کەوە، ئایدیاڵیزمی ئەفلاتوونی پێداگری لەسەر پڕۆسەی تێڕامانی پەتی و دابڕان لە جیهانی ماددی دەکات؛ لەم ڕوانگەیەوە، هۆشیاری و ناسینی حەقیقەت تەنها لە ڕێگەی عەقڵانیەتێکی پشتبەستوو بە مۆدێلی “جیهانی نموونەیی” سەر هەڵدەدات، کە تێیدا مرۆڤ لە ڕێگەی دابڕانی مەعریفی لە دیاردە گۆڕاوەکانی فیزیا، بەرەو چەمکە باڵا و جێگیرەکان بەرز دەبێتەوە.
لەکاتێکدا لە بەری بەرانبەردا، ماتریالیزمی مێژوویی و چەمکی پراکسیس لای مارکس، ئەم هاوکێشەیە سەرەوژوور دەکەنەوە. لای مارکس، هۆشیاریی مرۆڤ دەرئەنجامی تێڕامانێکی گۆشەگیرانە نییە، بەڵکو بەرهەمی پڕۆسەیەکی دیالێکتیکی نێوان (هزر، کار، و مێژوو)ە. مرۆڤەکان لە ڕێگەی کاری بەرهەمهێنەرەوە ڕووبەڕووی سروشت دەبنەوە؛ ئەوان تەنها جیهانی ماددی ناگۆڕن، بەڵکو لە گۆڕینی دەرەوەدا، پێکهاتەی هۆشیاری، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و خودی عەقڵیەتی مێژوویی خۆشیان دە گۆڕن. لەم سۆنگەیەوە، مێژوو نابێتە گەشتێکی میتافیزیایی عەقڵی پەتی و دابڕاو لە پێویستییەکان و ناکۆکییەکانی جیهانی دەوروپشتی مرۆکان، بەڵکو دەبێتە بەشێکی گرنک کە پەیوەستی کارلێکی هەیە بە پڕۆسەیەکی مادی کە تێیدا مرۆڤ لە ڕێگەی کار و پراکتیکی کۆمەڵایەتییەوە، خۆی و جیهانەکەی دەگۆڕێ.
مارکس باسی بوونی مادیی بابەتی، پراکتیک و هزر دەکات و هێرش دەکاتە سەر دیدگا ئایدیاڵیستییەکان. ئەو نموونەی “هەرمێ یان سێو” دەهێنێتەوە(کە بە بەشی نهێنیی بیناسازیی ئایدیاڵیستی یان مەتەڵۆکی میوەکان دەناسرێت)؛ هەرمێ بە شێوەیەکی بابەتی لە سروشتدا هەیە، و خاوەن بوونێکی مادیی سەربەخۆیە لە دەرەوەی ئەقڵ و هزری مرۆڤەکان. مارکس دەڵێت:( ئایدیاڵیستەکان پێچەوانە دەبینن: ئەوان پێیان وایە چەمکی گشتیی «میوە» (کە بیرۆکەیەکی ناو مێشکی مرۆڤە) ئەسڵ و ڕاستی کایەکەیە، و سێو، هەرمێ و بادەم تەنها دەرکەوتەی دۆخی ئەو “میوە” گشتییەن.). مارکس پێی وایە کە ئەمە خڵەتاندنی ئەقڵە. لە واقیعدا تەنها هەرمێ و سێوی ڕاستەقینە و مادی لە سروشتدا بوونیان هەیە (بوونی مادیی بابەتی). چەمکی “میوە” تەنها ناو و داهێنانی ناو مێشکی مرۆڤە کە لە ڕێگەی دابڕاندن لە واقیع وەرگیراوە. بەڵام ئەوە مرۆڤەکانن کە لە ڕێگەی پەرەسەندنی ئەقڵییانەوە وشەی “هەرمێ”یان وەک چەمکێکی گشتی بۆ ناسینەوەی ئەو بەرهەمە داهێناوە. پاشان، مرۆڤەکان لە ڕێگەی ئەزموون و پراکتیکـەوە، ئەم بوونە مادییە دەگۆڕن؛ بۆ نموونە کاتێک بیرۆکەی وشککردنەوەی بۆ زستان، لە سوود وەرگرتن لە دیمەنی (سمۆرە و مێروولە کە خۆراک پاشەکەوت دەکەن بۆ زستان)، یان کاتێک لەگەڵ گەشەکردنی هێزەکانی بەرهەمهێناندا، هەرمێ دەکاتە کاڵاو لە ناو قوتوو و پاکەتدا دەیخاتە بازاڕەوە. لێرەوە دەردەکەوێت کە واقیعی مادی و ژێرخانی ئابووری بنچینەن، و هزری مرۆڤیش هێزێکی دینامیکییە کە لە ڕێگەی کارەوە واقیع دەگۆڕێت.
پێش مارکس، ماتریالیستە کۆنەکان (وەک فۆیەرباخ) تەنها دەیانوت “هەرمێ بە مادی و بابەتی لە سروشتدا هەیە”. بەڵام مارکس لێرەدا ناوەستێت؛ ئەو هێزی پراکتیکی مرۆیی بۆ زیاد دەکات، چونکە مرۆڤ تەنها تەماشاکەری سروشت نییە. کاتێک مرۆڤ بیرۆکەی بۆ دێت کە هەرمێیەکە وشک بکاتەوە بۆ زستان، یان کاتێک گەشەسەندنی هێزەکانی بەرهەمهێنان (قوتووکردن و هەناردەکردنی بۆ بازاڕ) ڕوودەدات، لێرەدا بیرۆکە و هزر کارلێک لەگەڵ مادەدا دەکەن، ئەمە پێی دەوترێت پراکتیک؛ واتە مرۆڤ لە ڕێگەی کار و تەکنەلۆجیاوە، سروشتی دەرەوە دەگۆڕێت و لە هەمان کاتدا وشیاریی خۆی لە پرۆسەی بەرهەمهێناندا پەرەپێدەدات.
مارکس دیالەکتیکی ئایدیاڵیستیی هیگڵی سەرەوژێر کردەوەو لێی تێپەڕی، تاوەکو بنەما و ڕێسای دامەزرێنەری بەناوبانگی خۆی لە مادیگەرایی مێژووییدا دابڕێژێت: “وشیاریی مرۆڤەکان نییە کە بوونیان دیاری دەکات، بەڵکو بوونی کۆمەڵایەتییانە کە وشیارییان دەستنیشان دەکات”. بەپێی ئەم تێڕوانینە ئێپیستمۆلۆژییە، وشیاریی مرۆیی بە سەرجەم دەرکەوتە و ڕەنگدانەوەکانییەوە (لە فیکر، ئایین، سیاسەت و فەلسەفە) لە ئاسمانێکی ڕووتەکەوە دانابەزێت، بەڵکو لە ڕووی پێکهاتەییەوە لەلایەن شێوازی بەرهەمهێنانی مادی و ئەو پەیوەندییە ئابوورییانەی بەرهەمهێنانەوە دیاری دەکرێت کە لە قۆناغێکی مێژوویی دیاریکراودا باون؛ بەڵام ئەم وشیارییە، هەر کە شێوەی گرت، بە بێلایەنی ناوەستێت، بەڵکو دەگەڕێتەوە تاوەکو ڕۆڵێکی دینامیکیی یەکلاکەرەوە لە ئاراستەکردنی ململانێ کۆمەڵایەتییەکاندا بگێڕێت.
ڕەخنەی سۆسیالیستی، ئەو تێگەیشتنە هەڵەیە هەڵدەوەشێنێتەوە کە مارکس لە ماتریالیسمێکی میکانیکی و لە چەمکی حەتمییەتێکی ئابووریی کورتی دەکاتەوە، و لە جیاتی ئەوە، پێوەندیی دیالەکتیکیی نێوان پێکهاتەی ماتریال و کردەوەی هزری دەخاتەڕوو. هزر لەم خوێندنەوەیەدا خاوەنی “سەربەخۆیییەکی ڕێژەیی و بیرکردنەوەیەکی ئامانجدارە” کە توانای پێشبینیکردنی واقیع و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی پێ دەبەخشێت. مرۆڤ وەک ئەوەی مارکس لە نموونەی ئەندازیارو مێشەنگویندا ڕوونی دەکاتەوە، سەرەتا لە ناو مێشکی خۆیدا بیر دەکاتەوە و دیزاین دەکات، ئەمەش فیکر دەکاتە مەرجێکی بوونی بۆ کارکردنی مرۆییی وشیارانە. بۆیە دروست نییە هێزی هزر لە مەرجە بابەتییەکانی کۆمەڵگە دابڕێنرێت، چونکە بیرۆکەکان تەنها بەهۆی بوونی ڕووتەکی خۆیانەوە لە جیهانی نموونەکاندا (وەک ئەوەی ئەفلاتۆن یان هیگڵ دەیبینن) گۆڕانکاری دروست ناکەن، بەڵکو کاتێک هێزی مادیی یەکلاکەرەوەی خۆیان بەدەست دەهێنن، کە دزە دەکەنە ناو وشیاریی جەماوەرەوەو دەگۆڕێن بۆ پراکتیکێکی شۆڕشگێڕانەی زیندوو کە توانای هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتەی سەرمایەداریی هەبێت.
بێگومان گەڕاندنەوەی هێزی هزر بۆ کارایییە مێژووییەکەی خۆی، یەکەمین ئەرکی پێکهاتەییی هێزە سۆشیالیستەکانی ئەمڕۆیە؛ کاتێک تەحەدایەکە لە تێکشکاندنی ئامرازەکانی نەزانی و ڕووکەشکردنی دیجیتاڵیدا کورت دەبێتەوە کە بۆرژوازیی باڵادەست دەیسەپێنێت، ئەمەش لە پێناوی داڕشتنی وشیارییەکی چینایەتی و مرۆییی ڕاستەقینەدا کە پێگەی مرۆڤبوون و ژیانی ئازاد بگێڕێتەوە بۆ ناو کایەکە.
لەگەڵ ئەوەشدا، وشیاریی مرۆڤەکان لە نێو کۆمەڵگەیەکی چینایەتیدا، تەنها لە ڕێگەی بیرکردنەوەو کارکردنی سادەی خۆیانەوە لە هەلومەرجێکی مێژوویدا دیاری ناکرێت؛ بەڵکو چەندین فاکتەری دیکە دێنە نێو کایەکەوە کە کار دەکەنە سەر ئاراستەکردنی. زۆربەی ئەم فاکتەرانەش لە چوارچێوەی میکانیزمەکانی کۆنترۆڵکردن و شێواندنی وشیاریدا کۆدەبنەوە، کە لە ڕێگەی تۆڕێک لە دیاریکەرە پێکهاتەیی و تێکەڵبووەکانەوە دەردەکەون:
١/ قۆرخکاریی چینایەتی بۆ ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی فیکری: مارکس پێی وایە ئەو چینەی کە باڵادەستە بەسەر ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی مادییدا (بۆ نموونە بۆرژوازی)، بە ناچاری کۆنترۆڵی خۆی بەسەر ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی فیکرییشدا دەسەپێنێت؛ بەمەش وشیارییەکی ساختە (ئایدۆلۆژیایەکی ڕێکخراو) بەسەر چینە چەوساوەکاندا (پرۆلیتاریا) دەسەپێنێت، بە مەبەستی ڕەواییدان بە مەرجەکانی کۆیلەکردنیان و هەمیشەییکردنی زێدەبایی و کەڵەکەی سامان. واتە سەڕەرای ئەوەی کرێکاران بە شێوەێکی بابەتی و خۆرسکی لە پرۆسەی بەرهەمهێناندا نامۆ دەبن، دووچاری نامۆبوونی کەلتووریش دەبن، لە ڕێگەی ئەو ڕۆڵەی کە ئامرازە ئایدۆلۆژییەکانی دەوڵەتی چینی فەرمانڕەوا (وەک دامەزراوەکانی خوێندن، ڕاگەیاندن و پارتە نیزامییەکان) دەیگێڕن؛ چونکە ئەم ئامرازە پێکهاتەییانە کار لەسەر ئەندازیاریکردن، ڕووکەشکردن و ئاراستەکردنی وشیاریی هاووڵاتیان دەکەن، و ڕێگری دەکەن لە گۆڕانی مەینەتییە مادییەکانیان و شەکەتبوونی بژێویی ژیانیان بۆ وزەیەکی سیاسی و سۆشیالیستیی ڕێکخراو.
٢/ قورسایی میراتی مێژوویی (پاشماوەکانی ڕابردوو): وشیاری تەنها لە ڕێگەی بەریەککەوتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێستادا دروست نابێت، بەڵکو دەکەوێتە ژێر قورسایی ئەو شتەی کە مارکس بە “مۆتەکەی نەوەکانی ڕابردوو” ناوی دەبات؛ بە جۆرێک وشیاری لە لایەکەوە وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ واقیعی ژیان و چۆنیەتی بەرهەمهێنانی ئامرازەکانی بژێوی لەلایەن مرۆڤەوە شێوە دەگرێت، و لە لایەکی دیکەوە مەحکومە بە گواستنەوەی مێژوویی بیرۆکەکان، دابونەریت و کەلتوورە کۆنەکان، کە دەبنە ڕێگر لە بەئاگاهاتنەوەی وشیاریی چینایەتی.

پرسی گرنگی ڕۆڵی هزر لە میراتی مارکسیدا ـ ڕەتکردنەوەی حەتمییەتی میکانیکی و گەڕاندنەوەی پراکسیس:
مارکس لە بەرگی یەکەم، بەشی دووەمی کتێبی (سەرمایە)، بە تایبەتی لە بەشی پێنجەمدا کە لە ژێر ناونیشانی “پرۆسەی کار و پرۆسەی پەرەپێدانی بەها ـ بڕگەی یەکەم: پرۆسەی کار” دا، ئاماژەی بەوە کردن کە ئێمە لێرەدا باس لە شێوازە سەرەتایی و غەریزییە ئاژەڵییەکانی کار ناکەین، بەڵکو باس لە کار دەکەین لە شێوە مرۆییە پەتییەکەیدا “وەک پرۆسەیەک کە لە نێوان مرۆڤ و سروشتدا ڕوودەدات”؛ لەوێدا دەنووسێت:{جاڵجاڵۆکە چەندین کرداری هاوشێوەی کارەکانی چنەرێک ئەنجام دەدات، و مێشەنگوینیش بە دروستکردنی شانە مۆمییەکانی، پێش زۆرێک لە ئەندازیارانی تەلارسازی دەکەوێت. بەڵام ئەوەی خراپترین ئەندازیاری تەلارسازی لە باشترین هەنگ جیا دەکاتەوە، ئەوەیە کە ئەندازیارەکە پێش ئەوەی شانەکە لە واقیعدا دروست بکات، سەرەتا لە ناو مێشکی خۆیدا دیزاینی کردووە.}ــ بەرگی یەکەم، بەشی دووەمی کتێبی سەرمایە / وەرگێڕانی د. فالح عەبدولجەبار (بڵاوکراوەی دار الفارابي) ــ لاپەڕە ٢٣٤.
بوونی ئەم پەرەگرافە لە دەستپێکی بەشی “پرۆسەی کار”دا، هۆکارێکی یەکلاکەرەوەیە بۆ سەلماندنی ئەو بیرۆکەیەی کە کارکردنی مرۆڤ لای مارکس (کارێکی ئامانجدارە). مرۆڤ بوونەوەرێکی غەریزی یان ئامێرێک نییە کە بە شێوەیەکی میکانیکی وەڵامی کاریگەرییە ئابوورییەکان بداتەوە (وەک مێشەنگوین)؛ نموونەی “ئەندازیار و مێشەنگوین” لە کتێبی سەرمایەدا، بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە لەسەر ئەوەی کە مارکس وشیاریی وەک تەنها ڕەنگدانەوەیەکی میکانیکیی ناچالاک (نەرێنی) بۆ ئابووری نەدەبینی، بەڵکو وشیاریی مرۆیی وەک هێزێکی کارا و کارلێککارێکی دیالەکتیکی لەگەڵ مادەدا تەماشا دەکرد. شیتەڵکردنی ئەم دەقە ئەوە دەسەلمێنێت کە مرۆڤ پێش ئەوەی دەست بە کردەوە مادییەکە بکات، وێنا دەکات، پلان دادەنێت، وئامانجێک (وشیارییەک) دیاری دەکات. وشیاری لێرەدا خاوەن پێشینەییەکی لۆژیکییە لە پرۆسەی کاردا. مارکس پێش ئەوەی بچێتە ناو ئاڵۆزییەکانی(سەرمایە و زێدەبایی)، ویستوویەتی پێناسەیەکی ئەنثرۆپۆلۆژی وفەلسەفی بۆ وشیاریی مرۆیی بەستراو بە کارەوە دابڕێژێت:{ئەندازیارەکە پێش ئەوەی شانەکە لە واقیعدا دروست بکات، سەرەتا لە ناو مێشکی خۆیدا دایمەزراندووە}. ئەم ڕستەیە ڕێگا بە تەواوی لە بەردەم هەر لێکدانەوەیەکی ئابووریگەرایی میکانیکی دادەخات کە مرۆڤ کورت دەکاتەوە بۆ تەنها ئامێرێکی بایۆلۆژی کە بێ ئیرادە و بیرکردنەوە وەڵامی ژینگەی دەوروبەری دەداتەوە. مارکس نکۆڵی لە بوونی ئەقڵ یان توانای دیزاینکردنی ناکات، بەڵکو جەخت دەکاتەوە کە وشیاریی مرۆڤ ڕێک ئەو شتەیە کە کارەکەی دەکاتە کارێکی مرۆیی و جیاوازی دەکات لە ئاژەڵ. ڕەوتی ئابووریگەرایی و چەقبەستوویی دۆگماتیکی مارکسیستی، کەوتنە ناو ئەو تەڵەیەی کە مادیگەرایی مێژوویی بگۆڕن بۆ یاسایەکی فیزیکیی ڕەق:(ئابووری = وشیاریی ڕاستەوخۆ). بەڵام مارکس وئەنگلس ئەم سادەکردنەوەیەیان ڕەتکردەوە. هەروەها خودی بەرهەمی مەعریفیی هاوبەشی نێوان مارکس و ئەنگلس خۆی، بە سەرجەم دەرکەوتەکانییەوە لە وتار و کتێبەکان، لە پاڵ چالاکییە سیاسییە بێوچانەکەیاندا، باشترین بەڵگە و پاڵپشتە لەسەر ئەوەی کە مارکس و هاوڕێکەی بڕوایەکی چەسپاویان هەبووە بەو ڕۆڵە گەورەو مەزنەی کە بیرۆکەو بنەما تیۆرییەکان دەیگێڕن لە خوڵقاندنی وەرچەرخانی کۆمەڵایەتی و گۆڕانی مێژووییدا.

ئەو شیکارییەی سەرەوە بە شێوازێکی ئەکادیمی لەو پێشەکییە گشتگیرەدا دەردەکەوێت کە ئێرنست ماندێل بۆ بەرگی یەکەمی کتێبی سەرمایە نووسیویەتی. ماندێل لەم پێشەکییەداو لە کاتی شیتەڵکردنی مێتۆدی مارکسی و تیۆریی بەهادا، جەختی لەسەر ئەو ڕەگ و ڕیشە ئەنثرۆپۆلۆژی و فەلسەفییانە کردووەتەوە کە مارکس بۆ کار دایڕشتوون؛ تێیدا پشتبەستن بە هەمان پەرەگراف دەهێنێتەوە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەوەی کە ”خودی بیرکەرەوەی مرۆیی” کار دەکاتە سەر مادە و دەیگۆڕێت، ئەمەش لەسەر بنەمای ئامانجگەلێکی عەقڵانی، وشیارانەو پێشوەختە داڕێژراو لە ناو مێشکدا. ئەم دەقە لە ساڵی ١٩٧٨دا نووسراوە وەک بەشدارییەک لەلایەن ماندێلەوە لە سیمینارێکی تایبەت بە ڕێزلێنان لە فەیلەسوفی مارکسیی ئەڵمانی ئێرنست بلۆخ (خاوەنی کتێبی پرەنسیپی ئومێد). ماندێل لەم لێکۆڵینەوەیەدا دەقی ”ئەندازیار و مێشەنگوین”ی هێناوەتەوە؛ بە ڕوونی باسی لەسەر ئەوە کردووە کە ئەم دەقە دەیسەلمێنێت کارکردنی مرۆڤ لای مارکس مەرجدارە بە بوونی (پڕۆژەیەکی مێشکیی پێشوەختە -المشاريع الذهنية الاستباقية) لە وشیاریی بەرهەمهێنەرەکەدا. بەمەش، مارکس لێرەدا پێشینەیی دەداتە بیرکردنەوەی وشیارانە و وێناکردن (خەیاڵکردن)، ئەمەش نێوانی ئەو لەگەڵ میراتی دیالەکتیکیی هیگڵیدا نزیک دەکاتەوە کە پێگەی ”خود-وشیاری” بەرز دەنرخێنێت، و بە تەواوی تێزەکانی مارکسیزمی سادەکراو و ئابووریگەرایی ڕەت دەکاتەوە کە ڕۆڵی ئەقڵ لادەبەن و بیرۆکەکان تەنها وەک دیاردەیەکی لاوەکیی پاشکۆی ئابووری سەیر دەکەن.
ئەنگلس چەند نامەیەکی بەناوبانگی نووسیوە (لەوانەش نامەکەی بۆ یووسف بلۆخ لە ساڵی ١٨٩٠)، کە تێیدا ئەوەی ڕوون کردەوە کە لە دواجاردا لایەنی ئابووری دیاریکەرە بەڵام تەنها بزوێنەری تاقانە نییە، بەڵکو سەرخان (بیرۆکەکان، سیاسەت، یاسا) لای خۆیەوە کاریگەری لەسەر ژێرخان دادەنێت. بوونی کۆمەڵایەتی وشیاری وەک “چوارچێوەیەکی گشتی” یان وەک ئاسۆدەیەک دیاری دەکات، کە پێشهاتە گونجاو و مەحاڵەکان دەخاتە بەردەم ئەقڵ، بەڵام بە شێوازێکی میکانیکی هەموو بیرۆکەیەک یان دیزاینێکی ئەندازیاری بەسەر مرۆڤدا ناسەپێنێت.
جیاوازیی کارکردی نێوان ئەزموونی سروشتی و ئەزموونی مێژوویی-سیاسی:
لە پڕۆسەی گەشەسەندنی مرۆڤایەتیدا، پێویستە جیاکارییەکی مەعریفیی بنەڕەتی لە نێوان دوو جۆر لە ئەزموون بکرێت: ئەزموونی مرۆڤ لە پەیوەندیی دیالێکتیکییدا لەگەڵ سروشت، و ئەزموونی مێژوویی لە چوارچێوەی ململانێی چینایەتی و سیاسیدا. لە کاتێکدا ئەزموونی یەکەم (سروشتی) دەبێتە هۆی کەڵەکەبوونی زانیاریی پراکتیکی و گەشەی هێڵیی هێزەکانی بەرهەمهێنان، ئەزموونی دووەم (سیاسی) لە ژێر سایەی سیستمی سەرمایەداریدا ناتوانێت بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ببێتە هۆی ڕزگاریی مەعریفی یان وشیاریی چینایەتی بۆ چینی چەوساوە (پرۆلیتاریا).
لێرەدا، ئەوەی مارکس بە “وشیاریی ساختە”و ئەنتۆنیۆ گرامشی بە “هەژموونی کولتووری” ناوی دەبەن، دێتە کایەوە. چینی بۆرژوازی دەتوانێت لە ڕێگەی داڕشتنەوەی هزر، بەها، و سیاسەتەکانەوە، واقیعەکە چەواشە بکات و جەماوەر بکاتە پاشکۆی ئایدیۆلۆژیی خۆی، سەرەڕای هەبوونی ئەزموونی تاڵی مێژوویی، بە چەشنێک کۆمەڵ لە بەرژەوەندیی چەوسێنەرەکانی خۆی بجوڵێتەوە. وەک ئەوەی خەڵکی دووچاری خڵەفانی گشتی یان فەرامۆشیی بەکۆمەڵ – زەهایمیر بووبێ، یان جەماوەر دووچاری جۆرێک لە نوستالژیا -“خەونبینینی بەکۆمەڵ بە ڕابردووەوە” و “حەزێکی قووڵ بۆ پاشەکێش و گەڕانەوە بۆ دواوە” دەبێت. ئەم دیاردانە لە کاتی قەیرانە گەورەکانی سیستمی سەرمایەداریدا چڕ دەبنەوە؛ کاتێک واقیعی بەرچاو (ئێستا) لێوانلێو دەبێت لە دڵەڕاوکێی ئابووری، نامۆبوونی کۆمەڵایەتی، ئیدی خڵەفانی گشتی و نوستالژیا وەک ئامرازی ئایدیۆلۆژی بۆ شێواندنی یادەوەریی مێژوویی کار دەکەن، ئەمانە دەبنە دیواری پێشگرتن لە وشیاریی چینایەتی کرێکاران.
بەو هۆیانەوە ئەزموونەکانی مێژووی سیاسی، بەبێ وشیاری سۆسیالیستی، هێندە بۆ خەڵکی سوودی نابێ. ئەم دابڕانە لەوێوە سەرچاوە دەگرێت کە ململانێ کۆمەڵایەتییەکان لە بۆشاییدا ڕوونادەن، بەڵکو چینی باڵادەست (بۆرژوازی) لە ڕێگەی دەزگا ئایدیۆلۆژییەکانی دەوڵەت وهێزی نەرمەوە، دەست بەسەر کایەی گشتی وبەرهەمهێنانی مانادا دەگرێت. ئەم نوستالژیاو زەهایمەرە کۆمەڵایەتییە، دەرئەنجامی تێکچوونی بایۆلۆژیی مێشک نییە، بەڵکو بەرهەمی پیشەسازیی هۆشیاری و میدیای پۆپۆلیستی هاوچەرخە، کە بە بەردەوامی واقیعەکە پارچەپارچە دەکات و یادەوەریی مێژوویی لە ڕەگ و ڕیشاڵە ڕاستەقینەکەی دادەبڕێت. لە ڕێگەی ئەم میکانیزمەوە، تراژیدیاکانی ڕابردوو (وەک فاشیزمی نازی یان ستەمی عوسمانی) لە زەینی گشتیدا کورتدەکرێنەوە بۆ چەمکگەلێکی جوانکراو یان بەتاڵ لە ناوەڕۆک. لە ئەنجامدا، جەماوەر نەک هەر ناتوانێت سوود لە ئەزموونە تاڵەکانی ڕابردوو وەربگرێت، بەڵکو بە هۆشیارییەکی سڕکراوەوە، دووبارە دەبێتەوە بە سووتەمەنی بۆ هەمان ئەو پڕۆژە سیاسی و ئیمپریالیستیانەی کە لە مێژوودا چەوساندویانەتەوە. بۆیە ئێمە ئەمڕۆکە نموونەی دەنگی بەشێکی خەڵکی ئەڵمانیا بە ڕاستڕەوە توندڕەوەکان- نازییە نووێکان دەبینین، یان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەمڕۆکە بەشێکی بەرچاو لە جەماوەری ناوچەکە (لە تورکیا، سووریا و شوێنانی تر)، لەژێر کاریگەریی گوتاری ئیسلامی-پۆپۆلیستیی پارتی داد و گەشەپێدان و ستراتیژی “عوسمانیزمی نوێ”ی ئەردۆغاندان.
{مرۆڤ ئەقڵی خۆی بەکاردەهێنێت، بەڵام نەک لە هەموو جارێکدا بە شێوازێکی عەقڵانی}
ئەم دەستەواژەیە پێناسەیەکی سادەو ڕاستەوخۆیە بۆ چەمکی مارکس دەربارەی وشیاریی ساختە. مرۆڤ لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریی هاوچەرخدا، ئاڵۆزترین پرۆسەی مێشک و ئەقڵییەکان بۆ پەرەپێدانی تەکنەلۆجیا، ئەژمارکردنی قازانجەکانی بۆرسە، و پرۆگرامسازیی خوارزمیتەکان (ئەلگۆریتمەکان) بەکاردەهێنێت، کە ئەمەش بەکارهێنانی ئەقڵە، بەڵام لەسەر ئاستی گشتی و کۆمەڵایەتی، دەکەوێتە ناو ناعەقڵانییەتێکی ڕەهاوە کاتێک پشتگیری لە جەنگە وێرانکەرەکان دەکات، یان بیرۆکەی ڕەگەزپەرستانە دژی پەنابەران لە لەندەن و بەرلین دەگرێتەبەر، یان پێی وایە چارەنووسی لەلایەن تیۆرییەکانی پیلانگێڕییەوە مەحکوم کراوە لەجیاتی ململانێی چینایەتی. لێرەدا یاری بە ئەقڵ دەکرێت و دەخرێتە خزمەت بەرهەمهێنانی ئایدۆلۆژیایەکەوە کە واقیع ڕەوا دەکات لەجیاتی ئەوەی ڕەخنەی لێ بگرێت؛ بەمەش ئەقڵ دەگۆڕێت بۆ ئامرازێک بۆ شەرعییەتپێدانی باڵادەستی و دڕندەیی. ڕستەی “مرۆڤ بیردەکاتەوە، بەڵام نەک هەمیشە بە شێوازێکی عەقڵانی” بە تەواوی لەگەڵ تێزەکانی قوتابخانەی فرانکفۆرتدا دەربارەی ناعەقڵانییەت یەکدەگرێتەوە. مرۆڤ خاوەنی مێشکی مرۆڤ دەزگاێکی مەعریفییە کە توانای بیرکردنەوەی عەقڵانیی هەیە، بەڵام ئەم ئەقڵە دەکەوێتە ژێر کاریگەریی کێشکردنی ئابووری و نامۆبوونی سیستمەوە. کاتێک مرۆڤ لە نێو پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتیی چینایەتی ناعەقڵانیدا دەژی (وەک سیستمێکی سەرمایەداری کە پێشەنگی و پیرۆزی دەداتە قازانج لەسەر حیسابی مرۆڤ)، ئەوا ئەقڵەکەی ڕووبەڕووی پرۆسەیەکی شێواندنی سیستماتیک دەبێتەوە. ئەو ئەقڵی خۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکییەکان بەکاردەهێنێت، وەک بەڕێوەبردنی خوارزمیتەکان یان دیزاینکردنی موشەکەکان، بەڵام زۆرینەی خەڵکی، لە دۆخێکدا کە هزری چینی دەسەڵاتدار بەسەریدا زاڵە، لەسەر ئاستی مۆڕاڵی یان مرۆیی خاوەن بیرکردنەوەیەکی ناعەقڵانین؛ چونکە لە ڕووی وشیارییەوە دەبنە کۆپییەک یان ڕەنگدانەوەیەک لە چینی بۆرژوازی، پشتیوانی جەنگەکان دەکات یان دەکەونە ناو تەڵەی ڕەگەزپەرستییەوە؛ لێرەدا ئەقڵ دەبێتە ئەقڵێکی ئامرازی ئامانجە مرۆییەکەی خۆی لەدەست دەدات.
پوختە: مارکس فەلسەفی ماتریالیزمی ڕووت نییە کە ڕۆڵی ئەقڵ ـ هزر بە کەم بنرخێت، بەڵکو ئەو خاوەنی فەلسەفی ماتریالیزمی(پراکسیسە). بەڕای مارکس وشیاری و بوونی مادی لە نێو پەیوەندییەکی دیالەکتیکیدا(کاریگەریی دوولایەنە) دەژین. مرۆڤ لە ڕێگەی گۆڕینی جیهانی مادی بە هۆکاری کارکردن، سروشت و وشیاریی خۆی دەگۆڕێت. ناعەقڵانییەتی ئێستا لە جیهانی ئەمڕۆماندا، بەڵگە نییە لەسەر نەبوونی ئەقڵی مرۆیی، بەڵکو بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە مەرجە بابەتییەکانی سەرمایەداریی دڕندە، ژینگەیەکیان داڕشتووە کە ئەقڵی مرۆڤ ناچار دەکات بە شێوازگەلێکی ناعەقڵانی دژی بەرژەوەندییە بوونی و مرۆییەکانی خۆی کار بکات. لە سەردەمی قەیرانەکان و جەنگە سەختەکاندا کە سیستمە سەرمایەدارییە هاوچەرخەکان هەڵیدەگیرسێنن، تاقیکردنەوەی مێژوویی و چارەنووسسازی خودی شۆڕشگێڕانە دەردەکەوێت؛ ئەگەر چینی کرێکار فاقدی وشیارییەکی تیژی چینایەتی و بە ئاگایییەکی ستراتیژی بێت، و تەسلیمی بێهۆشیی چەقەچەق و تێوەگلان لە مشتومڕە دیجیتاڵییە بێبەرەمەکاندا بێت، لە ڕێگەی پلاتفۆرمە مەجازییەکانی پەیوەندییەوە ـ ڕێک هاوشێوەی (تاقمی دەمڕاستەکان لە ڕۆمانی نەجیب مەحفووزدا)، کە ئەم پلاتفۆرمانە جێگەی کەشتییە لەنگەرگرتووەکانی سەر کەناراوەکانی ڕووباری نیل یان گرتووەتەوە ـ ئەوا ئەم دۆخە تەنها ڕاکردن نییە لە واقیع، بەڵکو بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە لەسەر سەرکەوتنی بۆرژوازیی فەرمانڕەوا لە تێکشکاندنی ئەقڵی مرۆڤ و بە تەواوی نامۆکردنی. لەو کاتەشدا، کۆمەڵگە ئامرازە بەرگرییەکانی خۆی لەدەست دەدات، و لە بەردەم مێژوودا هیچ شتێک نامێنێتەوە جگە لە چاوەڕوانیکردنی ڕوودانی ئەو کارەساتە حەتمییەی کە دێتە پێش.
وشیاریی مرۆیی لە ئەفسانەی ئەشکەوتەکەی پلاتۆندا:
لە کتێبی (کۆمار)ی ئەفلاتۆندا، بە تایبەتی لە پەرتووکی حەوتم و لە چوارچێوەی “ئەفسانەی ئەشکەوت”ە بەناوبانگەکەدا، بەپێی وەرگێڕانی عەرەبیی پەسندکراوی دکتۆر فوئاد زەکەریا ــ کە ئەم بەشە لە لاپەڕە ٣٨٣ بەدواوە دەست پێ دەکات ـ بابەتەکە لە قالب و شێوازی دیالۆگێکدا لە نێوان سوکرات (کە بە ناوی ئەفلاتۆنەوە دەدوێت) و گلاوکۆن (برا گەورەکەی ئەفلاتۆن)دا داڕێژراوە. لەم بەشەدا، وەرگێڕانی چەند پەرەگرافێکی جەوهەری و دەقە ڕەسەنەکانی ئەفلاتۆن (لەسەر زاری سوکرات) سەبارەت بە ئەشکەوتەکە دەخەینە ڕوو، کە بە تەواوی بەرجەستەی پرسی بەرتەسککردنەوەو داماڵینی وشیاری دەکەن:[دیاریکردنی دۆخی زیندانییەکانی ناو ئەشکەوتەکە: سوکرات سروشتی شوێنەکە و حاڵی مرۆڤەکانی ناو ڕوونکردنەوە دەدات بۆ گلاوکۆن]:” ئەشکەوتێکی ژێر زەوی وێنا بکە، کە درێژایییەکەی بە کونیەکی فراوانەوە دەڕوانێتە سەر ڕووناکی. لەم ئەشکەوتەدا مرۆڤگەلێک دەژین کە لە تەمەنی منداڵییەوە لێی نیشتەجێ بوون؛ قاچ و گەردنیان بە کۆت و زنجیر بەستراوەتەوە، بە جۆرێک کە لە جووڵە کەوتوون و هیچ بژاردەیەکیان نییە جگە لە تەماشاکردنی ئەو شتەی کە ڕاستەوخۆ دەکەوێتە بەردەم دەموچاویان (دیواری ئەشکەوتەکە)؛ چونکە زنجیر و کۆتەکان ڕێگری دەکەن لە چاوگێڕانیان و سووڕانی سەریان یان گۆڕینی ئاراستەی ڕوانینیان. لە پشت سەریشیانەوە، لە مەودایەکی دووردا، ئاگرێک داگیرساوە کە ڕووناکییەکەی دەدرۆشێتەوە” لێرەشدا سوکرات وەسفی ئەو کەسانە دەکات کە سێبەرەکان دروست دەکەن، و ڕوونی دەکاتەوە کە لە نێوان ئەم ئاگرە داگیرساوەو زیندانییە بەستراوەکاندا، ڕێگایەکی بەرز درێژ دەبێتەوە؛ وێنای بکە کە لەسەر ئەم ڕێگایە دیوارێکی کورت دروست کراوە، کە ڕێک هاوشێوەی ئەو بەربەستانەیە کە نمایشکارانی قەرەگۆز و جووڵێنەرانی بووکەڵە لە بەردەم خۆیاندا دایدەنێن، تاوەکو لە سەر ئەو دیوارەوە بووکەڵەکانیان نمایش بکەن.]. چەمکی ئەشکەوتی ئەفلاتۆنی ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە چۆن مرۆڤەکان وەک دیل و بەستراوە لە ناو بیرۆکە و وەهمە سۆزداری و دەروونییە خودییەکانی خۆیاندا دەژین، و پەککەوتەن لە بەئاگاهاتنەوە لە حەقیقەتی بابەتی، چونکە سەرچاوەی مەعریفەیان جووڵەی سێبەری بووکەڵەکانی سەر دیواری ئەشکەوتەکەیە، ئەو دیوارەی بۆیان بۆتە پەنجەرەو شاشەێک و لێیەوە لە دونیا دەڕوانن.
نامۆبوونی مرۆڤ و هەڵهاتن لە جیهانی ڕاستەقینە
ڕۆمانی “دەمەتەقێ لەسەر نیل”ی نەجیب مەحفووز، وێنەیەکی ڕوون لە نامۆبوونی بوونی دەخاتە ڕوو، و مۆدێلی کەشتیی(العوّامة) لەسەر کەناراوەکانی نیل وەک هاوتایەکی بابەتی بۆ ئەشکەوتەکەی ئەفلاتۆن پێشکەش دەکات؛ چونکە لەم ڕۆمانەدا، تاقمێک لە ڕۆشنبیران و فەرمانبەران لە ناو کەشتییەکی لەنگەرگرتووی سەر ڕووباری نیلدا کۆدەبنەوە. لە ناو یاداشتنامەی ڕۆژنامەنووس “سەمارە بەهجەت”ەوە هاتووە:{ئەنيس زەکی حاڵەتێکی چارەسەرنەکراوە لە نامۆبوونی دەروونی و بوونی. ئەو گوزارشت لە داڕووخانی تەواوی سیستمی بەهاکان دەکات؛ کەسێکە کە بە جەستە لە ئێستادا دەژی، بەڵام ئەقڵ و هزرەکەی بۆ سەردەمە دوورەکانی مێژووی فیرعەونەکان و پاشاکان هەڵهاتووە، وەک بڵێی بەدوای شکۆیەکی ونبوودا دەگەڕێت تا بێدەسەڵاتی واقیعی ڕۆژانەی پێ دابپۆشێت. ئەوەی لە ئەنیسدا ترسناکە ئەوەیە کە ئەو نەزان نییە، بەڵکو ڕۆشنبیرێکی تێکشکاوە. خاوەنی وشیارییەکی تیژە کە وای لێدەکات قەبارەی ئەو کارەساتەی دەوروبەری درک پێ بکات، بەڵام وشیارییەکی ئیفلیجە و توانای کردەوەی نییە. شیکارییەکەم بۆ ئەو، من دەگەیەنێتە تەنها یەک حەتمییەت: ئەنیس زەکی تەنها قوربانیی خودی خۆی نییە، بەڵکو قوربانیی قۆناغێکی مێژوویی تەواوە کە قیبلەنومای خۆی ون کردووە، و گەورەترین ترسم ئەوەیە کە ئەم کۆمەڵگەیە بە زللەیاکی بەئازار بەئاگا بێتەوە تا درک بەوە بکات کە بێهۆشییەکەی ئەنیس تەنها سەرەتایەک بوو بۆ کۆتایی… هەندێک جار وا بۆم دەردەکەوێت کە ئەو نیوە شێت یان نیوە مردووە؛ کەسێکە کە سەرکەوتوو بووە لەوەی بە تەواوی ئەو شتە لەبیر بکات کە لێی ڕادەکات، تەنانەت خۆی لەبیرچووەتەوە. .. کامەیان بۆ خاوەنەکەی بەبەزەییترە نیوە شێتییەک کە لە وشیارییەکەی دەیپارێزێت، یان نیوە مردنێک کە لە هەستەکانی بێبەری دەکات؟ ئەمە گوزارشت لە ڕاکردنی نەرێنی دەکات لە پەڕگیریی دەرکەوتەکانیدا، بە جۆرێک کە ڕزگاربوونی تاکەکەسی دەبێتە ئامانج، تەنانەت ئەگەر باجەکەشی دەستبەرداربوون بێت لە مرۆڤبوون و ژیانکردن وەک سێبەری مرۆڤێک.}.
لە نێو عەوامەکەی مەحفوزدا تاقمێک لە ڕۆشنبیران وفەرمانبەرانن هەن، کە شەوو ڕۆژ حەشیش دەکێشن، وتێوەگلاون لە چەنەبازی پووچ و مشتومڕی بێهوودە؛ ئەمەش بە مەبەستی ڕزگاربوون وڕاکردن لە تاڵیی واقیع، وئەو قەیرانە سیاسییانەی لە جیهانی دەرەوەدا دەوریان داون. کەشتییەکە (العوّامة) بووەتە هاوشێوەێکی وردی ئەشکەوتی ئەفلاتۆن؛ چونکە پانتایێکی جوگرافی داخراو وتاریکە کە مرۆڤەکان وەک زیندانی تێیدا نیشتەجێ بوون ونامۆبوو. دووکەڵی حەشیشەکە وئەو گفتوگۆ سەرپێیی وبێ بەرهەمانە لە ناو کەشتییەکەدا دەگوزەرێن، دەبنە هاوتای بابەتیی ئەو سێبەرە ساختانەی کە لەسەر دیواری ئەشکەوتەکەی پلاتۆن ڕەنگ دەدەنەوە. بەهۆی سڕکردن وبێهۆشکردنی سیستماتیکەوە، کارەکتەرەکان لە واقیعی ڕاستەقینەی خۆیان دابڕاون و لە ترس وهەراس وگریمانەیی وەک تەنها حەقیقەتی بوون دەبینن. ئەم دژایەتییە لە کۆتایی ڕۆمانەکەدا دەردەکەوێت؛ کاتێک بە ئۆتۆمبێلەکەیان لە ڕێبوارێک دەدەن ودەبنە هۆی گیان لەدەستدانی مرۆڤێک. یەکێک لە کارەکتەرەکان (ئەنیس) هەوڵ دەدات کۆت وزنجیرەکانی ئەشکەوتەکە بشکێنێت وبچێتە لای پۆلیس بۆ دانپێدانانی تاوانەکە، وەک هەنگاوێک بەرەو گەڕاندنەوەی وشیاری وڕووبەڕووبوونەوەی واقیعی مادیی بەرجەستە. بەڵام تاقمە چەنەبازەکەی باقی ناو کەشتییەکەدا ڕێگریی لێ دەکەن، و بە گاڵتەجاری ونکۆڵیکردن ڕووبەڕووی دەبنەوە؛ ئەمەش هاوشێوەکارییەکی تەواوە بۆ ئەوەی چۆن زیندانییەکانی ئەشکەوتەکەی ئەفلاتۆن ڕووبەڕووی ئەو هاوڕێیەیان بوونەوە کە ڕزگاری ببوو وگەڕابووەوە بۆ لایان لە کاتێکدا تیشکی حەقیقەت ومژدەی بەئاگاهاتنەوەی پێ بوو.
فەزای دیجیتاڵی لەمڕۆدا، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، شاشەی مۆبایلەکان و ئەپڵیکەیشنەکانی وەک پلاتفۆرمی تیک تۆکدا خۆی دەبینێتەوە، بووەتە ئەو فەزایە تەنگ و داخراوەی کە تێیدا خوارزمیتەکان (ئەلگۆریتمەکان) ئاراستەی زمان و بیرکردنەوەمان دەکەن، تاوەکو بە وردی وەک “ئەشکەوتی ئەفلاتۆنی” و “عەوامەکەی نەجیب مەحفووز” کار بکات؛ لە جیاتی کێشانی حەشیشی مادی لە ناو کەشتییەکەی نەجیب مەحفووزدا لەسەر کە ناراوەکانی ڕووباری نیل، زۆربەی جەماوەر لەمڕۆدا حەشیشی دیجیتاڵیی مەجازی دەكێشن. لەم جیهانە هاوچەرخەدا، دەسەڵاتی باڵادەست پەنا ناباتە بەر سەرکوتکردنی خەڵک بە هێزی چەکی ڕووت، بەڵکو دەرمانێکی دەستکردیان پێشکەش دەکات کە لەم فەزا دیجیتاڵییە گشتگیرەدا بەرجەستە دەبێت؛ ئەم دەرمانەش وەک ماددەیەکی هۆشبەر کار دەکات کە دڵخۆشییەکی ساختەیان پێ دەبەخشێت و وشیارییان بە تەواوی لێ زەوت دەکات. لێرەدا، مرۆڤەکان بە ویست و خواستی خۆیان کۆتوزنجیرەکانی کۆیلایەتیی خۆیان قبوڵ دەکەن؛ چونکە سیستمی سەرمایەداری سەرکەوتوو بووە لە هۆشبەرکردنی وشیاریی گشتیی ئەواندا، ئەمەش لە ڕێگەی میکانیزمەکانی کات بەسەربردن، بەکاربردن و پیشەسازیی چێژی بەردەوامەوە. کۆیلەکردن و نامۆکردنی مرۆڤ لەمڕۆدا، لە ڕێگەی شاردنەوەی زانیاری و ڕێگریکردن لە مەعریفە ئەنجام نادرێت (کە میکانیزمی قەدەغەکردنی تۆتالیتارییە وەک چۆن جۆرج ئۆروێل لە ڕۆمانی ۱۹۸٤دا وێنای کردووە)، بەڵکو ڕێک بە پێچەوانەوە، لە ڕێگەی نوقمکردنی وشیارییەوە دەبێت لە ناو لافاوێکی خنكێنەر لە زانیاریی پووچ، بێناوەرۆک و کات بەسەربردنی بێکۆتاییدا. لەم چوارچێوەیەدا، ڤیدیۆکانی تیک تۆک و کورتە بڕگە بینراوەکان ( شۆرتس/ ڕێڵز) وەک هۆشبەرێکی کارکردەیی ناوازە کار دەکەن؛ چونکە بە بەردەوامی دۆپامین دەڕژێننە ناو مێشکی جەماوەری چەوساوەوە، تاوەکو کات و توانای بیرکردنەوەی ڕەخنەیی قووڵ و وشیاریی ئامانجدارو ڕزگاریخوازانەیان لێ زەوت بکەن.
بە پێچەوانەی ئەشکەوتەکەی ئەفلاتۆن کە تێیدا مرۆڤەکان بە زۆرەملێ و بە کۆتوزنجیر زیندانی دەکرێن، “کەشتییەکەی نەجیب مەحفووز” گوزارشت لە ئەشکەوتێکی ئارەزوومەندانە دەکات کە ڕۆشنبیران و فەرمانبەرانی شەکەت لە بژێویی ژیانیاندا، بۆی ڕادەکەن. کەشتییەکە (العوّامة) فەزایەکی جوگرافیی دابڕاو و لەسەر ئاوەکەیە، کە لە شوێنی خۆیدا بەند کراوە و لەنگەری گرتووە؛ ئەمەش لە ڕووی فیکرییەوە هێمایە بۆ چەقەبەستوویی مێژوویی و پەککەوتن لە کردەوەو گۆڕانکاریدا. ڕێک وەک چۆن سیستمی سەرمایەداریی هاوچەرخ تەنها بە بەرهەمهێنانی کاڵاکانەوە ناوەستێت، بەڵکو میکانیزمەکانی نەزانیی دیجیتاڵی و ڕووکەشکردنی مەعریفیی سیستماتیک سەرلەنوێ بەرهەم دەهێنێتەوە ـ لە ڕێگەی فەزای مەجازی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، بەو شێوازەی کە لە عەوامەکەی نەجیب مەحفووزدا بەرجەستەمان کرد، بە هەمان شێوە و بە هەمان قەبارەش بەربەستی پێکهاتەیی دەخوڵقێنێت کە ڕێگری دەکەن لە گۆڕانی مەینەتییە مادییەکانی ڕۆژانەی جەماوەر بۆ وشیارییەکی سیاسی و سۆشیالیستیی ڕێکخراو.
ئەگەر بۆ مارکس نووسرابایە کە لە ساڵی ٢٠٢٦دا بژی، تووشی سەرسوڕمانێکی بێپایان دەبوو؛ ئەمەش بەهۆی بینینی ئەوەی کە چۆن سیستمی سەرمایەداری، لە ڕێگەی بەکارهێنانی بازدانە تەکنەلۆژییە ئێجگار پێشکەوتووەکانەوە، سەرکەوتوو بووە لە سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی شێوازێکی قووڵترو ترسناکتری باڵادەستی و زەوتکردنی وشیاریی گشتی. مارکس لە سەردەمی خۆیدا جەختی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی میکانیزمەکانی چەوساندنەوەو نامۆبوونی دەکردەوە کە کرێکار لە ناو کارگە کلاسیکییەکاندا ڕووبەڕووی دەبووەوە؛ بەڵام بۆ ئەمڕۆ، بێگومان سەرمایەداریی هاوچەرخ بووەتە سیستمێک بۆ داگیرکردنی وشیاری و دەستبەسەرداگرتنی سەرنجی مرۆڤ. خوارزمیتەکانی تیک تۆک و ئینستاگرام لە ڕوانگەی مارکسەوە تەنها ئامرازێکی بێتاوان بۆ کات بەسەربردن و کەیفسازی نەدەبوون، بەڵکو وەک کارگەی زەبەلاح دەبینران بۆ سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی پەرستنی کاڵای دیجیتاڵی. لەم ئەشکەوت و عەوامە نوێیە (شاشەی مۆبایل)، مرۆڤەکان بە کۆتوزنجیری ئاسنینی زۆرەملێ بەند نەکراون، بەڵکو لە ڕێگەی میکانیزمەکانی لایک (سەرسامبوون)و ڕژانی دەستبەجێی دۆپامینەوە، خۆبەخشانە بوونەتە ئەسیرو نامۆ بوون. بە دڵنیایییەوە، مارکس خۆی تەرخان دەکرد بۆ دۆزینەوەی ڕێگاو پراکتیک کە گەرەنتیی گۆڕینی ئەم کاڵا دیجیتاڵییە، کە لە شاشەی مۆبایلدا کورتبووەتەوە، بۆ چەکێک لە دەستی چینی کرێکاردا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سیستمی سەرمایەداریی دڕندە.

نووسینی: ئەکرەم سەعید
—————————-

پەراوێز:
۱/ ئەم وتارە بە زمانی عەرەبی (الوعي البشري: من أسطورة الكهف الأفلاطوني إلى الفضاء الرقمي المعاصر – أكرم سعيد) لە ماڵپەڕی (الحوار المتمدن) لە بەرواری ۲۰۲٦ / ۹ / ۲۰ دا، بڵاوکراوەتەوە.
۲/ کاتێ ئەم وتارەم وەڕگێڕایە سەر زمانی کوردی، دەستکاری هەندێ بڕگەیم کردووە، و هەندێ بڕگەم لابردووە، بەتایبەتی پەرەگرافەکانی (پێری ئەندەرسۆن و ئیرەجی ئازەرین)م لابردووە. بەهۆی ئەوەی دووبارە نەبێتەوە، چونکە لە وتاری(هێزی هزر – پێری ئەندەرسۆن) کە لە بەرواری ۲۰۲٥-۱۱-۱۸ بڵاوکراوەتەوە، ئەو دوو پەرەگرافە لە دەقەکەدا.
۳/ وشیاریی چینایەتی بە شێوەیەکی خۆرسک و ئۆتۆماتیکیی بەهۆی قەیرانی ئابووری و برسییەتی گەشە ناکات، وەک چۆن ڕەوتی ئابووریگەرایی لە مشتومڕەکانیدا دژی تێزەکانی لێنین وا تێگەیشتبوو؛ بەڵکو وشیاری پێویستییەکی حەتمیی بە هێزێکی پاڵنەری ڕێکخراوەیی و پێشەنگ هەیە (کە لە پارتی پێشەنگ و سەندیکا سۆشیالیستەکاندا بەرجەستە دەبێت)، ئەم هێزە پاڵنەرە سۆسیالیستییە تاقە زامنە بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی “بیرۆکە کارا و بزوێنەرەکان” و گۆڕینی ڕیشەیییان بۆ هێزێکی مادیی کارا کە توانای ڕابەرایەتیکردنی وەرچەرخانی مێژوویی هەبێت.
٤/ مەرجی بابەتی فەراهەم و بەردەستە خۆی لە دۆخی قەیرانی ئابووری و جەنگەکاندا دەبینێتەوە. بەپێی تێڕوانینی مارکسی، سیستمی سەرمایەداری بە ناو قەیرانە خولییەکانی خۆیدا تێپەڕ دەبێت، کە ئەوانیش بە سروشتی خۆیان ژینگەیەکی گرژو تەنگسێراو (جەنگ و هەژاری) دەخوڵقێنن؛ ئەم مەرجەش لە واقیعی هاوچەرخدا بە تەواوی هەیە و بەرجەستەیە، بەڵام مەرجی خودی کە بریتییە لە وشیاریی چینایەتی لای ڕەنجدەران و ئامادەیی هێزە سۆشیالیستەکان، لاوازەو ئامادە نییە.
٥/ بۆ زیاتر خوێندنەوەی فەلسەفەی ماتریالیزمی مێژوویی و پراکسیسی مارکس، سوود لە هەردوو کتێبەکانی وەک «خێزانی پیرۆز» و «ئایدۆلۆژیای ئەڵمانی» وەرگیراوە.
٦/ دیالێکتیکی بێبڕانەوەی تیۆری و پراکسیس- ڕەخنەیەک لە دۆگماتیزمی مەعریفی: لە پڕۆسەی گەشەسەندنی فیکری و مێژووییدا، پەیوەندی نێوان کاری تیۆری و پراکسیس وەک پڕۆسەیەکی دیالێکتیکیی بەردەوام، داینەمیکی و هەمیشە نوێبووەوە وێنا دەکرێت. لەم سۆنگەیەوە، مەعریفەی ڕەخنەیی (بەتایبەت لە چوارچێوەی فیکری سۆسیالیستیدا) ناتوانێت لە خاڵێکی مێژوویی دیاریکراودا بوەستێت یان بانگەشەی “تەواوبوون” و کەنارگیربوونی مەعریفی بکات. بە گوزارشتە فەلسەفییەکە، کاتێک تیۆری لەگەڵ جێژنی بەردەوامی ژیان و کاردا یەکدەگرێت، هاوکێشە کلاسیکییەکەی گۆتە ڕەتدەکاتەوە و دەسەلمێنێت کە “درەختی ژیانی مەعریفە و کار هەمیشە سەوزە” و هەرگیز خەمڵینی کۆتایی بەخۆیەوە نابینێت.
لێرەوە، هەر گوتارێکی سیاسی یان فیکری کە پێی وابێت کاری تیۆری پڕۆژەیەکی جێگیرە و لە قۆناغێکی دیاریکراودا “تەواو بووە”، دووچاری دۆگماتیزمێکی میکانیکی بووەتەوە. ئەم جۆرە ڕەوانبێژییە تەنها لەو دیدگا کەمکوڕانەوە سەرچاوە دەگرێت کە ناتوانن لە ڕاستی پێکەوە بەسترانی ئۆرگانیکی نێوان تیۆری و پراکتیک لە مێژوودا تێبگەن. مێژوو لە گۆڕانی بەردەوامدایە، شێوازەکانی بەرهەمهێنان و ململانێی چینایەتی فۆرمی نوێ وەردەگرن، بۆیە ململانێی کۆمەڵایەتییەکان بەردەوام پرسیاری نوێ دەهێننە ئاراوە؛ ئەمەش وا دەکات کاری تیۆری نەبێتە دەقێکی پیرۆزو نەگۆڕ، بەڵکو ببێتە ئامرازێکی زیندووی هاوشانی پراکسیس بۆ تێگەیشتن و گۆڕینی واقیع. بۆیە، ڕەتکردنەوەی سنووردارکردنی کاتی بۆ کاری تیۆری، بنەمای هەر فیکرێکی ڕادیکاڵ وشۆڕشگێڕە کە دەیەوێت لەگەڵ ساتی مێژووییدا هاوچەرخ بمێنێتەوە.




چه‌مكێك له‌ژیان و تێكۆشانی ئەمین برووسك.. نووسینی/ محمد علی الصویركی الكردی.. وه‌رگێڕانی/ ئاكۆ عه‌بدوڵڵا

ئەمە کورتەیەکه‌ لە ژیانی تێکۆشەری کورد ئەمین برووسك کە له‌ سوپای عوسمانی ئەفسەر بووە و لە جەنگی یه‌كه‌می جیهانیش لە دژی وڵاته‌ هاوپەیمانه‌كان وه‌ك بەرگریكار لە وڵاتەکەی به‌شداریکردووە. له‌به‌ر ئازایەتی و رۆڵی جوامێرانه‌ی لە شەڕەکانیدا نازناوی (برووسك) ی پێبەخشراوه‌. دوای شکستی تورکیاش لە جەنگی یەکەمی جیهانی، چۆته‌ پاڵ مستەفا کەمال (ئەتاتورکی دواتر) و شانبەشانی ئەو لە جەنگی سەربەخۆییدا دژی هاوپەیمانان جه‌نگاوه‌ کە ئه‌وسا ئه‌وان باشووری تورکیایان داگیرکردبوو، تا توانییان ناوچەكه‌ ئازاد بكه‌نه‌وه‌. دوای ئه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ش سەقامگیر بوو، مستەفا کەمال بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خەلافەتی ئیسلامی و لە شوێنیشیدا دامەزراندنی کۆماری عەلمانی تورکیای ڕاگەیاند. ئه‌مه‌و نكۆڵی له‌ مافه‌كانی کوردیش كرد، بۆیه‌ ئەمین برووسك ناچار بوو بچێتە پاڵ ڕیزەکانی ئەو شۆڕشەی کە لە دیاربەکر لەلایەن شێخ سەعید پیرانه‌وه‌ لە دژی دەوڵەتی نوێ هەڵگیرسابوو. بەڵام شۆڕشەكه‌ نەیتوانی به‌ئامانجەکانی بگات و بە لەسێدارەدانی سەرکردەکانی لە گۆڕەپانەکانی دیاربەکر و هەڵهاتنی هەندێکیان بەرەو وڵاتانی دراوسێ، کۆتاییهات. یه‌كێك لەوانەش ئەمین برووسك بوو کە بە نهێنێ لەنێوان ئێران و عێراق و سوریا دەهات و ده‌چوو تابه‌یه‌كجاری له‌رۆژهه‌ڵاتی ئوردن نیشتەجێ بوو.

ژیاننامە:
ئەمین برووسك لە کۆتایی سەدەی نۆزدە لە شاری ئەرزه‌رۆم، كه‌ شارێكه‌ لە باکوری کوردستان هاته‌ دنیا. سەر بە هۆزی ناسراوی (زرگان) ی کورده‌. هه‌ر لەو شوێنه‌ خوێندی و پێگه‌یی، لە ژینگەیەکی ئایینیدا كه‌ سۆفی نەقشبەندی بوو. مەلا یوسف نەقشبەندی باپیری سه‌ر به‌و رێچكه‌یه ‌بوو و قوتابخانەیەکی ئایینی هه‌بوو كه‌ تێیدا زانستەکانی قورئانی پیرۆز و فەرموودەی دەوتەوە. ئەو ژینگە ئایینییە کاریگەری لەسەر بیرکردنەوە و ژیانی دواتری برووسك هەبوو.
دوای تەواوکردنی خوێندن، لە ئەکادیمیای سەربازی ئەستەنبوڵ، ناوی خۆی تۆمار کرد. لەوێدا له‌به‌رامبه‌ر قوتابییه‌ عەرەب و تورک و کوردەکان، بەهرەمه‌ندی ناوازەی نیشان دا و بە پلەی یەکەمیش دەرچووە. دواتر وەک ئەفسەر له‌ سوپای ئیمپراتۆریەتی عوسمانی‌، لە به‌ره‌ جۆراوجۆره‌كانی جەنگی یه‌كه‌می جیهانی ئازایه‌تی نواند و سەرکەوتنی زۆری بەدەستهێنا. بۆ ڕێزلێنان له‌ ئازایەتیه‌كانی، پلە به‌رزكردنه‌وه‌ی بێهاوتای پێبه‌خشرا و نازناوی (برووسك) یشی پێدرا، کە ئه‌و نازناوه‌ بووە به‌ بەشێک لە ناوەکەی. لەکۆتایی سەردەمی عوسمانیشدا کرا بە بەڕێوەبەری نوسینگەی هه‌واڵگری ڕۆژهەڵاتی نزیک لە تاران.

بەشداریکردن لە جه‌نگی سەربەخۆیی:

دوای شکستی تورکیا لەبه‌رامبه‌ر هاوپەیمانان لە ساڵی 1918 و داگیرکردنی بەشێکی زۆری ئه‌و وڵاته‌، مستەفا کەمالی ئه‌فسه‌ر (دامەزرێنەری تورکیای نوێ) کاریكرد بۆ یەکخستنی ریزه‌كانی تورک و کورد بۆ ئەوەی وڵاتەکەی لە داگیرکاری ڕزگار بکات. بۆیه‌ به‌دوای ئەو ئەفسەره‌ تورک و کوردانه‌ گه‌ڕا کە له‌به‌ر ئازایەتییان پایه‌ی به‌رزییان به‌ده‌ستهێنابوو و له‌ده‌وری خۆی كۆیكردنه‌وه‌. لە نێویاندا ئه‌مین برووسك هه‌بوو کە لە نووسینگه‌ی سەربازی کاری دەکرد و دواتریش بوو بە یەکێک لەپاسه‌وانه‌ سەربازییەکانی ئه‌و.
مستەفا کەمال بە به‌كارهێنانی ئەو سۆزه‌ ئایینییەی کە هه‌ردوو گەلی کورد و تورکی به‌یه‌ك ده‌بەستەوە، توانی گەل یەکبخات. بەڵێنی ئازادی و سەربەخۆیشی بە کورد دا، دوای گەیشتن بە سەرکەوتن. دەستی ڕاستی له‌سه‌ر قورئانی پیرۆز و دەستی چەپیشی له‌سه‌ر سەحیحی بوخاری دانا و سوێندی پێ خواردن. به‌وه‌ش کورد متمانەی پێکرد و به‌تەواوی قورسایی خۆی خسته‌ ته‌كی و شانبەشانی ئەویش لە دژی هێزە یۆنانی و ئینگلیزی و فەرەنسییه‌كانی هاوپەیمانان جه‌نگان. ئه‌وسا سەرکردە توركه‌كانی هاوشێوه‌ی مستەفا کەمال و عیسمەت ئینۆنۆ و فەتحی بەگ و حوسەین به‌گ عه‌ونی، ڕۆڵی بەرچاوی کوردیان لە ڕزگارکردنی تورکیادا بەرز نرخاند. ئه‌وه‌ی دوایی لە وتارێکدا له‌ ئه‌نجومه‌نی گه‌وره‌ی نیشتمانیی تورکی ڕایانگەیاند : ” لەسه‌ر ئه‌م سه‌كۆیه‌ مافی قسەکردن هی هەردوو نەتەوەی تورک و کوردە”. ئه‌مه‌و وەزیری بەرگری تورکیش، لە وتارێکدا لەسه‌ر گۆڕی سەربازی ون وتی : “ئەگەری زۆرە ئەم سەربازە کورد بێت”.
بەکورتی کورد به‌ ئه‌مین برووسكه‌وه دژی سوپای یۆنانی‌ بەشدارییان له‌ جه‌نگی سەربەخۆیی كرد کە بە هێرشی گەورە ناسراوە و لە ئەنجامدا سوپای یۆنانی دووچاری شكستی گه‌وره‌ بوو و نزیکەی 12 هەزار سەربازی کوژرا.

ڕاپەڕینی شێخ سەعید، ساڵی 1925:

دوای ئەوەی مستەفا کەمال وڵاته‌كه‌ی ڕزگار كرد و دەوڵەتی تورکیای نوێی به‌ئاراسته‌ی عەلمانی و ڕۆژئاوایی ڕاگەیاند، پەیوەندی وڵاته‌كه‌ی لەگەڵ ئیسلام و كه‌له‌پوره‌كه‌ی پچڕاند و خەلافەتی ئیسلامیشی هەڵوەشاندەوە. ئه‌مه‌و نكۆڵی له‌مافەكانی کوردیش كرد. كاردانه‌وه‌ی ئەم گۆڕانه‌ مەترسیدارەدا لای كورد زۆر تووند بوو. ئه‌وه‌ بوو لە 7 ی ئازاری 1925 شێخ سەعیدی پیران دژی مستەفا کەمال ڕاپەڕی و زۆرێک لە لایەنگره‌ کورده‌كانی لە دەوری گردبوونەوە. ئه‌مین برووسكیش مۆڵەتی لە کارەکەی وەرگرت و پەیوەندی بە ڕیزەکانی شۆڕشگێڕان‌ کرد. ئه‌وسا ئەتاتورک بێبەزەییانە ڕاپەڕینه‌كه‌ی سه‌ركوتكرد و سەرکردەکانیشی كه‌ لە نێویاندا شێخ سەعیدی سەرکردە هه‌بوو لە گۆڕەپانەکانی دیاربەکر هەڵواسی. ئه‌مه‌و ئەتاتورک زنجیرەیەک ڕێوشوێنی بۆ له‌باربردنی خواستەکانی گەلی کورد گرته‌به‌ر، له‌وانه‌ قەدەغەکردنی ئاخافتن به‌زمانی کوردی و نکۆڵی كردن لە بوونی کورد و ناوبردنیان بە (تورکی چیایی) و قەدەغەکردنی پۆشینی جلی نەتەوەیی و قسەکردن بە زمانی خۆیان و تەنانەت ناونانی منداڵەکانیشیان به‌ناوی کوردی.
بەم شێوەیە ئەتاتورک پشتی لە کورد کرد و لە بەڵێنەکانی پێشووی له‌ پێدانی ئۆتۆنۆمی بە کورد، پاشگەز بۆوه‌، وەک چۆن ساڵی 1923 لەشاری ئیزمیت بەڵێنی دابوو (ئه‌و بەڵگەنامەیە ساڵی 1988 لە گۆڤارێکی تورکیدا خراڕوو) کە تێیدا مستەفا کەمال دووپاتی کردبۆوە ئه‌نجومه‌نی گه‌وره‌ی نیشتمانی لە هەردوو گەلی تورک و کورد پێکدێت و پێویستیشە لەو ناوچانەی کە رێژه‌ی بەرچاویی دانیشتوانه‌كه‌ی كورده‌، ئۆتۆنۆمییان پێ بدرێت.
ئه‌وسا بۆ‌ ئه‌و باره‌ سه‌خته‌ی كورد جەوهیر لال نەهرۆی سەرکردەی گەورەی هیند ده‌نگی هه‌ڵبڕی و گوتی: “تورک رووی له‌ پانكردنه‌وه‌ی کورد كردووه‌ كه‌ ئه‌وان له‌لای خۆیانه‌وه‌ هەوڵی بەدەستهێنانی ئازادی دەده‌ن، سەیرە نەتەوەیەک کە بەرگری لە خۆی ده‌کات، ببێتە دەستدرێژکار و خەباتیش بۆ ئازاد بگۆڕێ بۆ خەبات بۆ هەژموون بەسەر ئەوانی دیکەدا”.

پەنابردن به‌ره‌و ئێران:
ئەمین برووسك توانی لە په‌تی سێداره‌ ڕزگاری بێت و بەرەو ئێران رابكات. لەوێدا لە رێگه‌ی هاوکاری دۆستێکی ئێرانی كه‌ کوردێكی فەیلی بوو لە ماوه‌ی کارکردنی لە تاران ناسیبووی، ناسنامەی كه‌سێكی موزیکژەنی به‌رجه‌سته‌ كرد .. دوای ساڵ و نیوێک لە ئێران، لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانی ناسنامە ڕاستەقینەكه‌ی ئاشكرا كرا. ئه‌وسا (ڕەزا پەهلەوی) شای ئێرانی بانگهێشتی کرد و لەباره‌ی ژمارەی کورد پرسیاری لێکرد. برووسكیش وەڵامی داوە و وتی : “نزیکەی یەک ملیۆن کورد لە ئێراندا دەژین له‌ناویشیاندا ئەندامانی بنەماڵەی پەهلەویه‌كه‌ی تۆش (ئەمەم بۆ پشتڕاست نەکراوه‌تەوە)”. به‌و قسه‌یه‌ شا درکی بە مه‌ترسی قسه‌كه‌ی كرد و فەرمانی پێکرد دەستبەجێ وڵاته‌كه‌ی جێبهێڵێت. برووسكیش بەرەو موسڵ لە باکووری عێراق بەڕێکەوت. له‌وێشدا نزیکەی ساڵ و نیوێک مایەوە. لەو ماوەیەش چه‌ندان پێوەندی لەگەڵ ناسیۆنالیستە کوردەکانی تورکیادا کرد و هانیدان سیخوڕ و نۆكه‌ره‌كان بكوژن.

پیلانی تیرۆرکردنی مستەفا کەمال:
ساڵی 1928 یان 1929 ئەمین برووسك موسڵی جێهێشت و بەرەو دیمەشق چوو. لەوێ پیلانی تیرۆرکردنی مستەفا کەمالی داڕێژت. بە پەنجا لیرەی زێڕ تەکسییه‌كی بەکرێ گرت تا گه‌یشته‌ ئەستەنبوڵ. لەوێدا به‌نهێنی پێوەندی لەگەڵ ئه‌و سەربازانه‌ كرد كه‌ پاسەوانی ئەتاتورک بوون و زۆربەشیان کورد بوون کە هه‌ر خۆی پێشتر، له‌و كاته‌ی یاوه‌ری سەربازی ئەتاتورک بوو بۆ پاسه‌وانیكردنی دیاریكردبوون. ئه‌وانیش بۆمبێکی دانراویان لە بارەگاكه‌ی ئەتاتورک دانا، بۆ ئه‌وه‌ی لە کاتژمێر چواری پاشنیوەڕۆ، ئەو کاتەی کە چاوەڕوان دەکرا ئاتاتورک له‌وێ ئاماده‌بێت، بته‌قێته‌وه‌. بەڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌کاتی دیاریکراو نه‌گه‌یشت بۆیه‌ لە هەوڵی تیرۆرکردنەکە ڕزگاری بوو. ئه‌وسا دەسەڵاتدارانی تورکی لێکۆڵینەوەیان لە ڕووداوەکە کرد و دەرکەوت ئەمین برووسك لە پشتیەتی و پاداشتی چوار سەد لیرەی زێڕیان دیاری کرد بۆ گرتنی، جا به‌مردوویی بێت یان به‌زیندوویی.
ئەمین برووسك توانی بە سەلامەتی لە تورکیا بگەڕێتەوە دیمەشق. تا رۆژێك لە بەرزاییەکانی جۆلان له‌لایه‌ن گروپێكی سه‌ربازی فەرەنسی ده‌گیرێ و ڕادەستی دەسەڵاتدارانی تورکیا ده‌كرێ. له‌وێدا لەبەردەم جەماوەری زۆر کە نزیکەی دوو هەزار کەس ده‌بوو، دادگایی ده‌کرێ و سزای لەسێدارەدانی بۆ ده‌رچێ و ده‌خرێته‌ زیندانی ئەنادۆڵ، بەڵام دوای نزیکەی چوار مانگ، بەڕێوەبەری زیندانەکە بەهۆی ئه‌وه‌ی پێشتر پێوەندی دۆستانەی له‌گه‌ڵیدا هه‌بوو بۆیه‌ ئاسانکاری بۆ هەڵهاتنی ده‌كات. ئه‌وه‌بوو بۆ جاری دووه‌م بەرەو ئێران ڕۆیشته‌وه‌ و دواتریش پەنای بۆ عێراق و پاشان سوریا برد، تا دواجار له‌ ئوردن ئۆقره‌ی گرت.

پەنابەری لە ئوردن:
لە دەوروبەری ساڵی 1936 ئەمین برووسك چووە ئوردن. سەرەتا لە شاری ئه‌ربد کە لە باکووری ئوردنه‌ نیشتەجێ بوو. لەوێ ناوی خۆی كرده‌ شێخ ئەحمەد ئەلتورکی و لەیەک لە مزگەوتە کۆنەکانیش وانەی ئایینی خوێند. دواتر ڕووی لە عەممان کرد و لەوێ بە ناوی ڕاستەقینەی خۆی ناسرا. ڕەنگە له‌به‌ر ئه‌وه ‌بێت چونكه‌ مستەفا کەمال ئەتاتورک مرد بوو. هه‌روه‌ها دڵنیاش بوو چیتر دەسەڵاتدارانی تورکیا بەدوایدا ناگەڕێن.
لە كاتی جەنگی دووه‌می جیهانی، زۆر لە ڕۆشنبیرانی عەرەب و موسڵمانان لەبەر ڕق و کینەیان بۆ بەریتانیا و فەرەنسا، کە لەو کات دوژمنی كۆنی جیهانی عەرەبی و ئیسلامی بوون، بۆیه‌ لایەنگری وڵاتانی ناوه‌ند (ئەڵمانیا و ئیتاڵیا) یان كرد. لە نێویانیشدا ئەمین برووسك ده‌بینرا کە له‌و بواره‌ پێوەندی سیاسی له‌گه‌ڵیاندا هه‌بوو. هیواشی ده‌خواست ئەگەر وڵاتانی ناوه‌ند سەرکەوتووبن، ئەوا خەلافەتی ئیسلامی بۆ شکۆمەندی پێشووی خۆی ده‌گه‌ڕ‌ێتەوە، ئه‌وه‌ش ئه‌و قسه‌ بوو کە ئەڵمانیا پاگه‌نده‌ی بۆ دەکرد.
دەسەڵاتدارانی بەریتانیا کە ئوردن یه‌كێك له‌داگیرگه‌كانیان بوو، ئه‌وسا هەستیان بە مەترسی بوونی چەندین ڕۆشنبیری ناسیۆنالیست کرد کە هه‌واداری وڵاتانی ناوه‌ند بوون، بۆیە راپێچی زیندانی ئەلمەحەته‌ی شاری عەممانیان کردن.
لۆرد کارنتن كه‌ ئەفسەری هەواڵگری تایبەت به‌ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو، داوای كرد چاوی به‌ ئەمین برووسك بكه‌وێت کە دۆستایەتی لەمێژینەی لەگەڵدا هەبوو. ئه‌وه‌بوو لە نێوانیاندا ئەو گفتوگۆیە ڕوویدا:
لۆرد کارنتن: “هاتووم لە دوو بابەت ئاگادارت بکەمەوە کە حکومەتی بەریتانیا خستۆیه‌ته‌ به‌رده‌مت. یەکەمیام هاوکاری كردن لەگەڵ بەریتانیا و وڵاتانی هاوپەیمان. بژاردەی دووەمیش دەستگیرکردن و زیندانیکردنت. جا هاوڕێکەم کامیانت هه‌ڵده‌بژێری؟”
ئەمین برووسك وەڵامیداوه‌: “ڕاستە ئێمە هاوڕێین، بەڵام مه‌بده‌ئمان جیاوازه‌، من لەگەڵ وڵاتانی ناوه‌ند دەوەستم بۆ گەڕاندنەوەی خەلافەتی ئیسلامی بۆ شکۆی پێشووی”.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ بوو دەسەڵاتدارانی بەریتانی فەرمانی زیندانیکردنیاندا و وەک زیندانییەکی سیاسی لە زیندانی ئەلمەحەتای عەممان هێشتییانه‌وه‌. ژووری تایبەت و چێشتخانە و ژەمی تایبەت و ئۆتۆمبێلێکیشیان بۆ دابین کرد تا به‌هۆیه‌وه‌ ناوبەناو بۆ گه‌ڕان بێتە دەرەوە. لە ماوەی زیندانیشدا لەگەڵ زۆرێک لە کەسایەتییە سیاسییەکانی ئوردن ئاشنا بوو. به‌و جۆره‌ نزیکەی پێنج ساڵ له‌ 1941 تا 1945 لەوێ ماوه‌.
دوای ئازادبوونی، له‌لای مامۆستا (حەسەن ئەلبەرقاوی) وانه‌ی زمانی عەرەبی خوێند تا لە خوێندنەوە و نووسین شارەزا بوو. (عەلی ئەلکوردی) یش كه‌ کوردێکی خەڵکی عەممان بوو، لە هۆتێلەکەیدا (هۆتێلی مەلیک غازی) ژوورێکی تایبەتی پێدا، وەک رێزگرتنیش له‌م میوانە خۆشه‌ویسته‌، بۆ ماوەی پێنج ساڵ خەرجییەکانی گرته‌ئه‌ستۆ.

دیالۆگێک کە بۆ دۆستایەتی گۆڕا:
له‌و ماوه‌یه‌ ئەمین برووسك بابەتی بۆ ڕۆژنامەکانی ئوردن ده‌نووسنی، یەکێک لەوانەی بە ناوی (گەڕانەوە به‌ره‌و ڕۆژهەڵات) بڵاوكرده‌وه‌. به‌هۆی ناوەڕۆکەکەی دەسەڵاتدارانی تورکیا لای حکومەتی ئوردن ناڕەزایەتییان ده‌ربڕی. شازادەی ئه‌وسا (عەبدوڵڵا بن حسێن) بۆ دیوانی پاشایەتی بانگی كرد. کاتێک برووسك گەیشتە ده‌ربار، دەستی درێژ کرد تا تۆقه‌ی له‌گه‌ڵدا بكات بەڵام شازادە ڕەتیکردەوە و بەتوڕەییەوە وتی: ئەمین، تۆ كه‌ لە خاکی ئێمە دانیشتوویت، پێویسته‌ ڕێز لە مافی میوانداری بگرێت، ده‌ته‌وێت بە نووسینەکانت زیان بە پێوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا بگەیەنیت، یان ئەم وڵاتە بەجێدەهێڵیت؟
برووسك لە وەڵامدا وتی: “پاش مۆڵه‌تی گه‌وره‌م، تۆ پێم دەڵێیت ئەم وڵاته‌ هی من نییە؟ ئەم خاکە هی منە، چونکە بەشێکە لە وڵاتی موسوڵمانان، کە تایبه‌تمه‌ندییه‌‌ لێبوردەییەکانی بۆ لام درێژدەبێتەوە. به‌ڵام بەپێی پەیمانی لۆزان، خاکی ئێوەیە. سەبارەت بە تورکیاش وه‌ك وڵاتێكی دۆستی ئێوه‌ کە من ڕەخنەی لێدەگرم، جیاوازی هه‌یه‌ لە نێوان ئێمە و ئێوه‌دا. ئێوە شەڕتان لەگەڵ ئەوان کرد کاتێک ئەوان موسوڵمان بوون، ئێمەش شەڕمان لەگەڵ كردن كه‌ ئه‌وان هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌”. شازادە لە وەڵامیدا وتی: “ئەم کوردە به‌ڵایه‌”. ئەمین برووسكیش وتی : “خوایە بمکە بە بەڵا بۆ کافران نەک بۆ موسڵمانان” .
دوای ئەوە شازادە داوای وتاره‌كه‌ی له‌ ئەمین برووسك کرد و خوێندییەوە، زەردەخەنەی کرد، دەموچاوی گه‌شبۆوه‌ و لەسه‌ر کورسیەکەی هەستا و به‌ره‌و ئەمین برووسك چوو و نیۆچه‌وانی ماچ کرد و وتی: “تۆ بوێر و دڵسۆزیت”. ئەمین برووسكیش لە وەڵامدا وتی: “خوایە ورە و دڵسۆزی زیاترم پێ ببەخشە”. پاشان بەگەرمی تەوقەیان کرد. لەو ساتەوە لە نێوانیاندا پێوەندیی پتەو هاته‌ئارا. هەر کاتێکیش بیویستبا ئه‌مین دەیتوانی بچێتە ناو دیوانی شازادە. به‌یه‌كەوە یاری شەترەنجیان دەکرد و هەندێک جاریش شازادە ئه‌و بابه‌ته‌ سیاسییانه‌ی بۆ باس ده‌كرد جگه‌ له‌خۆی کەسی دیکە نەیاندەزانی.

پشتیوانیكردن لە شۆڕشی موسه‌ده‌ق:
لە سەرەتای پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو موسەدق کودەتا بەناوبانگەکەی لە دژی شا لە ئێران ئەنجامدا و نەوتی ئێرانی خۆماڵی کرد. ئەمین برووسكیش تەلەگرامێکی پشتیوانیانه‌ی بۆ نارد، کەتێیدا ئەم دێڕه‌ شیعره‌ هه‌بوو:
لقفت عصاك عصيهم فتصايحوا
لا سحر بعد اليوم أنت مصدقُ
دوای جێنشینبوونی یه‌كجاره‌یشی لە عەممانی پایتەختی ئوردن هه‌وڵی پتەوکردنی پەیوەندی دۆستایەتی لەگەڵ دانیشتوانی شارەکە و بەتایبەتیش خه‌ڵكه‌ کورده‌كه‌ دا. لە کاتی (نسكۆی فەلەستینی) ساڵی 1948 پارەی به‌ پەنابەرە فەلەستینییەکان بەخشی و دوو منداڵی فەلەستینیشی کە بەهۆی کارەساتەکە ئاوارە ببوون بەخێوکرد، دواتر له‌سەرپەرشتی خوێندن و په‌روه‌رده‌كردنیان به‌رده‌وام بوو تا گەیشتنە تەمەنی گەورەیی. پاشان لەگەڵ ژنێکی فەلەستینی كه‌ لە بنەماڵەی ئەلدمیری بوو کە بەڕەچەڵەک خەڵکی شاری الخلیل بوو هاوسەرگیری کرد. دوو کوڕ و کچێکی لێ بوو، یەکێکیان دکتۆر هانی ئەمین برووسكه‌ کە سەرۆکایەتی کۆمەڵەی سەلاحەدین ئەیوبی بوو بۆ کوردانی ئوردنی له‌ئه‌ستۆبو. له‌كۆتایشدا رۆژی 28ی شوباتی 1974 لە عەممان کۆچی دوایی کرد و هه‌ر لەوێش بەخاک سپێردرا.

محمد علی الصویركی الكردی(*)
(*) ئه‌ندامی یه‌كێتی ئه‌دیبان و نووسه‌رانه‌ له‌ ئوردن
سه‌رچاوه‌: گۆڤاری الحوار ژماره‌ 18 و 19ی زستان و به‌هاری 1997- 1998

وه‌رگێڕانی/ ئاكۆ عه‌بدوڵڵا




هەڵوەشاندنەوەی سیستمە تۆتالیتارەکان (شمولییەکان) لە نێوان هیشام مەتەر و ئیسماعیل کاداری.. ‏و. لە عەرەبیەوە (یاسین لەتیف)

‏ئەدەبێک هەیە کە لەسەر دیکتاتۆریەت دەنووسێت وەک بابەتێکی سیاسی، پاشان چیرۆکەکە کۆتایی دێت. بەڵام ئەدەبێکی تر هەیە کە کارێکی دڵڕەقانەتر و کاریگەرییەکی قووڵتر دەکات؛ وادەکات خوێنەر بۆی دەربکەوێت کە دیکتاتۆریەت بە هێواشی خۆی دەخزێنێتە ناو زمان و یادەوەری، شێوازی سەیرکردنی دایکێک بۆ کوڕەکەی، شڵەژانی باوکێک لە کاتی ‏قسەکردندا، و ئەو بێدەنگییەی کە پێش ڕستەیەکی ئاسایی لە ژوورێکی داخراودا دروست دەبێت. لەو جۆرەی دووەمی ئەدەبدا، دەتوانین لە دوو پێگەی جیاوازەوە، ئەزموونی ڕۆماننووسی لیبیی-بەریتانی “هیشام مەتەر” (لەدایکبووی ١٩٧٠) و ئەزموونی ڕۆماننووسی ئەلبانی “ئیسماعیل کاداری” (١٩٣٦-٢٠٢٤) دابنێین. هەردووکیان لە وڵاتێکەوە هاتوون کە لەژێر سێبەری سیستمێکی دەسەڵاتخوازیی درێژخایەندا ژیاون، هەردووکیان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ زانیویانە چۆن سیاسەت دەتوانێت سنوورەکانی دەوڵەت ببەزێنێت و ببێت بە بەشێک لە چارەنووسی کەسیی مرۆڤەکان. بەڵام ئەم لێکچوونەی نێوانیان بەو مانایە نییە کە تەواو وەک یەک بن، چونکە هەر یەکەیان ڕێگەی تایبەتی خۆی هەیە بۆ نزیکبوونەوە لەو “دڕندەیە” (مەبەست دیکتاتۆریەتە).
مەتەر لە ڕێگەی برینە کەسییەکان، ونبوون، یادەوەری، خێزانو خۆشەویستی و ئەو مەودایە پڕ لە ئازارەوە نزیک دەکەوێتەوە کە لە نێوان مرۆڤ و ئەو ژیانەدایە کە دەکرا هەبێت ئەگەر دەسەڵات دەستی نەخستبایە ناو چارەنووسی. لە کاتێکدا کاداری لە ڕێگەی ئەفسانە و مێژوو و گاڵتەجاڕی، هێما و تەمومژاوی (مەتەڵ)ەوە نزیکی دەکەوێتەوە. ،لێرەدا و بە وردی، هێزی ئەو جیاوازییە (موفارەقە) لە نێوانیاندا دەردەکەوێت؛ نەک ‏لەبەر ئەوەی هەردووکیان هەمان شت دەڵێن، بەڵکو لەبەر ئەوەی هەریەکەیان لایەنێک لەو شتە ئاشکرا دەکات کە دەستخستنە سەری بەتەواوەتی ئەستەمە. ‏مەتەر چاودێریی سیستمە تۆتالیتارەکە دەکات کاتێک دێتە ناو ماڵ، لەسەر مێزی نانخواردن دادەنیشێت و باوکەکە لەگەڵ خۆی دەبات، پاشان کوڕەکە بۆ چەندین ساڵ بەجێدەهێڵێت لە کاتێکدا هەوڵ دەدات تێبگات چۆن مرۆڤێک دەتوانێت ون ببێت، و چۆن “ونبوون” دەبێت بە ئامادەییەکی ڕۆژانە کە لە ئامادەیی زیندووەکان چڕتر و قورسترە. لە بەرانبەردا، کاداری چاودێریی دەکات کاتێک سیستمەکە دەبێتە کەشوهەوایەکی گشتی کە تەواوی وڵات دادەپۆشێت، تا ئەو ڕادەیەی جیاکردنەوەی نێوان دیوار و سێبەر دەبێتە ‏کارێکی ئەستەم. لە ڕۆمانی ئەدەبیی ڕاستەقینەدا، دیکتاتۆریەت تەنها کەسایەتییەکی سیاسی نییە؛ بەڵکو
‏کەسایەتییەکی شاراوەیە، لەوانەیە هەر لەسەر لاپەڕەکانیشدا دەرنەکەوێت، بەڵام زۆر شت لە پشت پەردەوە دەجووڵێنێت، وادەکات خەڵک پێش ئەوەی وشەیەک دەرببڕن، هەزار جار بیری لێ بکەنەوە، وادەکات دۆستایەتی پڕ بێت لە گومان، خۆشەویستی بکەوێتە بەر لێکدانەوەی جۆراوجۆر، و یادەوەریش ببێت بە جێگەی تۆمەتبارکردن. لە سیستمە تۆتالیتارەکاندا، تەنها ئەوە بەس نییە کە تاک لە دەسەڵات بترسێت، بەڵکو داواکراوە فێری ئەوە ببێت کە چۆن لە خۆیشی بترسێت، لە یادەوەریی خۆی، و لەو ڕستەیەی ‏کە خەریک بوو لە دەمی بێتە دەرەوە و قووتی دایەوە. ئەمە بە وردی ئەو خاڵەیە کە وادەکات ئەدەب توانای هەبێت دیکتاتۆریەت هەڵبوەشێنێتەوە بە شێوازێک کە ڕاپۆرتە سیاسییەکان ناتوانن ئەو کارە بکەن.
بەرهەمەکانی مەتەر خوێنەر دەخاتە بەردەم جیهانێکی مرۆیی کە لە ناخەوە شێوێندراوە. سیستمەکە هەمیشە وەک ئامێرێکی زەبەلاح دەرناکەوێت کە بە شەقامەکاندا دەگەڕێت، هەندێک جار لە پرسیارێکی بچووکدا، یان پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، یان لە نیگای دایکێک و باوکێکی نیگەراندا دەردەکەوێت کە دەزانێت ڕستەیەک دەکرێت دەرەنجامێکی نەخوازراوی نەزانراوی هەبێت. مەتەر دەزانێت کە ستەمکاری هەمیشە پێویستی بەوە نییە دەنگی بەرز بکاتەوە، هەر ئەوەندە بەسە کە وای لێ بکات هەمووان بەو شێوەیە بجووڵێنەوە وەک ئەوەی گوێیەک هەبێت گوێیان لێ دەگرێت، و ئەو گوێیەش یەکێکە لە ڕۆحە ڕاوکراوەکانی جیهانی ڕۆمانەکەی . لەلای کاداریش، ئەم ترسە هەندێک جار ڕەهەندێکی بەرفراوانتر و سەیرتر وەردەگرێت. لە بەرهەمەکانیدا، دەوڵەت تەنها چاودێریی کردەوەکان ناکات، بەڵکو دەیەوێت دەست بۆ خەونەکانیش ببات. سەرەتا ئەم بیرۆکەیە بە خەیاڵ یان مەحاڵ دەردەکەوێت، بەڵام لە ڕاستیدا لە ڕووی هێمایییەوە زۆر واقیعییە؛ ئەگەر دەسەڵات بایەخ بەوە بدات کە لەناو مێشکی مرۆڤدا چی ڕوودەدات، پێش ئەوەی لە شەقامەکاندا ڕوو بدات، ئیدی چی بۆ مرۆڤ دەمێنێتەوە؟ لێرەدا تۆتالیتاریزم (شمولییەت) دەگاتە لووتکەی ئاواتەکانی؛ تەنها بە کۆنترۆڵکردنی جەستەی مرۆڤ ڕازی نابێت، بەڵکو دەیەوێت دەست بەسەر ئەگەرە ناوەکییەکانیشیدا بگرێت، دەیەوێت بزانێت مرۆڤ خەون بە چییەوە دەبینێت، چی لە خەیاڵدایە، لە چی دەترسێت و سبەی چی دەڵێت. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە دەسەڵات چیتر تەنها چاودێریی هاووڵاتی ناکات، بەڵکو دەیەوێت داگیری بکات. مەتەر خوێنەر بیر دەخاتەوە کە مێژووی سیاسی لەناو جەستەی کەسانی دیاریکراودا دەژێت. هیچ ڕستەیەک هێندەی ئەم ڕستەیە هێزی دەسەڵات کورت ناکاتەوە کاتێک کەسێک دەڵێت: ((باوکم ون بوو)). لە ئەزموونی “مەتەر”دا، لەدەستدانی باوک تەنها ڕووداوێکی سیاسی نییە، بەڵکو بۆشایەکە ژیانێکی تەواو دووبارە دادەڕێژێتەوە. پرسیارەکانی مەتەر تەنها سیاسی نین، بەڵکو پرسیاری بوونگەرایین، هەر بۆیە دەگەنە دەستی خوێنەر، تەنانەت ئەگەر لیبییش نەبێت و لەژێر سێبەری ڕژێمێکی تۆتالیتاریشدا نەژیا بێت؛ چونکە لەدەستدانی باوک،ترس و چاوەڕوانی و نادیاری، هەموویان ئەزموونی مرۆیین کە سنوورەکان تێدەپەڕێنن. ئەدەب لای مەتەر دەبێتە جۆرێک لە بەرگری دژ بە سڕینەوە.
دەسەڵات دەتوانێت مرۆڤێک بشارێتەوە، بەڵام بە ئاسانی ناتوانێت ڕێگری لە کوڕەکەی بکات لە گێڕانەوەی چیرۆکەکەی.‏ ‏ئەگەر مەتەر لە ناوەوەی برینە کەسییەکەیەوە لەسەر دەسەڵات بنووسێت، ئەوا کادارێ لە ناو مەتەڵۆکە (تاسە)کەیەوە دەینووسێت. لە جیهانی ڕۆمانەکانیدا، دەوڵەت دەکرێت ئاڵۆز و بێمانا و زەبەلاح و هاوکات ترسناک بێت. لەوانەیە نەزانیت بە دیاریکراوی دەسەڵات لە کوێوە دەست پێدەکات و لە کوێ کۆتایی دێت، کێ بڕیار دەدات، کێ چاودێری دەکات، کێ هەواڵەکە دەگوازێتەوە، یان کێ تۆمەتەکەی دروست کردووە؛ ئەم تەمومژاوییەش لاوازییەک نییە لە ڕۆمانەکەدا، بەڵکو بەشێکە لە سروشتی ئەو سیستەمەی باسی دەکات. ‏ڕژێمە تۆتالیتارییە دڕندەکان پێویست ناکات بەتەواوی تێگەیشتنیان لێ بکرێت بۆ ئەوەی کاریگەر بن، بەڵکو لەوانەیە غەمگینی و نادیارییان بەشێک بێت لە هێزەکەیان. ئەگەر هاووڵاتی بە وردی بزانێت چی قەدەغەیە، لەوانەیە بتوانێت سنووری قەدەغەکراوەکان بدۆزێتەوە، بەڵام ئەگەر سنوورەکان جووڵاو بن، و ئەگەر بوار هەبێت وشەیەکی بێتاوان بەپێی ساتەوەختە سیاسییەکان ببێتە تاوان، ئەوا مرۆڤ خۆی دەست دەکات بە چاودێریکردنی خۆی. لێرەدا ترس دەبێتە ئامرازێکی کاریگەرتر. کادارێ لە دروستکردنی ئەو ناوچە خۆڵەمێشییانەدا بەهرەمەندە، ئەو سۆفیزم (سەیر و سەمەرە)، ئەفسانە، دژبێژی و مێژوو بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی بێمانایی دەسەڵات لە ناوەڕۆکەوە ئاشکرا بکات. لەبری ئەوەی خوێنەر هەمیشە بخاتە بەردەم دیمەنێکی ڕاستەوخۆی سەرکوتکاری، دەیباتە ناو دامەزراوەیەکی بیرۆکراتی، یان شارێکی کۆن، یان ڕووداوێکی مێژوویی، پاشان وای لێ دەکات تێبگات ئەوەی وای دەزانی لێیەوە دوورە، لە ڕاستیدا زۆر لێی نزیکە. ئەو هاوار بە ڕووی دەسەڵاتدا ناکات، بەڵکو هەندێک جار پێدەکەنێت، ئەم زەردەخەنەیەش لەوەی دەردەکەوێت مەترسیدارترە، چونکە گاڵتەجاڕی (سەیر و سەمەرە) شکۆ و هەیبەت لە ‏دیکتاتۆر دەستێنێتەوە.
دەسەڵاتی تۆتالیتاری دەیەوێت وەک چارەنووسێکی بێ گفتوگۆ دەربکەوێت، دەیەوێت وەک زەبەلاح و نەمر دەربکەوێت کە جیهان بەبێ ئەو ناتوانێت بوونی هەبێت، بەڵام ڕۆماننووس کارێکی سادە و وێرانکەر دەکات؛ دەسەڵات دەکاتە کەرەستەیەک ‏بۆ گاڵتەجاڕی، لەناکاو زەبەلاحەکە دەبێتە کاریکاتێرێک، و ئەو زۆردارەی دەیویست بە ئەفسانەیی دەربکەوێت، دەبێتە کەسایەتییەکی مرۆیی کە دەکرێت ببینرێت، ڕەخنەی لێ بگیرێت و لێک هەڵبوەشێنرێتەوە. لەوانەیە جیاوازیی نێوان مەتەر و کادارێ لە ڕووی شێوازەوە گەورە دەربکەوێت؛ یەکەمیان زیاتر بەرەو هەستیاریی دانپێدانان، وردەکارییە تایبەتییەکان، و پەیوەندیی ‏نێوان یادەوەری و خێزان دەچێت، دووەمیان زیاتر بەرەو بونیادنانی هێمایی، دژبێژیی مێژوویی و جیهانێک دەچێت کە هەندێک جار وا دەردەکەوێت لە خەونێکی قورس یان کابووسێکی بیرۆکراتییەوە هاتبنەدەر.
‏بەڵام لە پشت ئەم جیاوازییەوە، بیرۆکەیەکی هاوبەش هەیە: دەسەڵات تەنها کاتێک سەرکەوتوو نابێت کە مرۆڤ لە قسەکردن بێبەش بکات، بەڵکو کاتێک سەرکەوتوو دەبێت کە مرۆڤ ناچار بکات نەزانێت ئایا هەر لە بنەڕەتدا مافی ئەوەی هەیە قسە بکات یان نا. ‏لە جیهانی ئەدەبیی مەتەر و کادارێدا، بێدەنگی بۆشایی نییە، بەڵکو زمانە.،لەوانەیە پیاوێک شتێک بڵێت، بەڵام ئەوەی نەیوتووە گرنگترە، لەوانەیە باوکێک باسی ‏کەشوهەوا بکات لە کاتێکدا بیری لە شتێکی تر دەکاتەوە، دایکێک لەوانەیە لەسەر مێزی نانخواردن دابنیشێت، بەڵام جەستەی گوێ لە دەنگێکی دەرەوەی ماڵە، دوو هاوڕێش لەوانەیە یەکتر ببینن، بەڵام هەردووکیان دەزانن کە هەندێک بابەت نابێت بکرێنەوە. سیستەمی تۆتالیتاری وادەکات مرۆڤ بە دوو چین قسە بکات؛ چینێکی ڕووکەش کە دەگاتە بەرگوێی ئەوانی تر، و چینێکی ناوەکی کە بۆ خۆی هەڵی دەگرێت. لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا، لەوانەیە چینە ڕووکەشەکە لە چینە ناوەکییەکە بەهێزتر ببێت. لێرەدا کارەساتەکە ڕوودەدات، چونکە مرۆڤ دەست دەکات بە لەبەرکردنی ڕۆڵی چاودێر. ئیتر پێویستی بە پۆلیسێک لە بەردەرگا نامێنێت، پۆلیسەکە دەبێتە دانیشتووی ناو مێشک. ئەم ‏بیرۆکەیە بەهێزییەوە لەو ئەدەبەدا ئامادەیی هەیە کە لەسەر ستەمکاری دەنووسرێت، و یەکێکە لە گرنگترین ئەو خاڵانەی کە وادەکات ڕۆمانەکانی مەتەر و کادارێ لە چیرۆکی سیاسیی ڕاستەوخۆ تێپەڕن. هەردووکیان، بە ڕێگەی جیاواز، ئەم پرسیارە دەکەن:
((سیستەم چی بە مرۆڤ دەکات دوای ئەوەی سەرکەوتوو دەبێت لەوەی وای لێ بکات چاودێریی خۆی بکات؟)). لەوانەیە گرنگترین چەک کە مەتەر بەدەستیەوە بێت، یادەوەری بێت. دەسەڵات لەوانەیە مێژووە فەرمییەکەی خۆی بنووسێتەوە، بەڵام ناتوانێت بە ئاسانی کۆنترۆڵی یادەوەریی تاکەکەس بکات، هەر بۆیە بیرکەوتنەوە دەبێتە کردەیەکی سیاسی، تەنانەت لەو ساتەشدا کە ‏سەرەتا وەک کردەیەکی سیاسی سەیر ناکرێت. کاتێک کوڕێک باوکی بیر دەکەوێتەوە، ئەو تەنها کەسێکی غائیب زیندوو ناکاتەوە، بەڵکو وەشانێکی مێژوو زیندوو دەکاتەوە کە دەسەڵات هەوڵی داوە بینێژێت. لێرەدا گێڕانەوە دەبێتە بەرگری و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ڕژێمانەی کە پشت بە سڕینەوە دەبەستن، چونکە سەرکوتکردن تەنها جەستەکان ناکوژێت، بەڵکو هەندێک جار هەوڵی کوشتنی شوێنەواریش دەدات و دەیەوێت قوربانییەکە بێ چیرۆک و بێ ناو و بێ وێنە بکات.کادارێ بە شێوازێکی جیاواز مامەڵە لەگەڵ یادەوەری دەکات، چونکە دەگەڕێتەوە بۆ مێژوو و ئەفسانە و ڕابردووی ئەلبانی، نەک بۆ ڕاکردن لە ئێستا، بەڵکو بۆ ئاشکراکردنی ‏ئەوەی کە چۆن سەرکوتکاری دووبارە دەبێتەوە و چۆن شێوازەکانی دەگۆڕێن. مێژوو لای ئەو مۆزەخانەیەکی داخراو نییە، بەڵکو ئاوێنەیەکی شکاوە بۆ ئێستا.
لێرەدا هەردوو نووسەرەکە یەکتر دەگرنەوە؛ ڕابردوو بە تەواوی لە پشتمانەوە نییە، بەڵکو لەو شێوازەدا دەژی کە ئێمە خۆمانمانی بیر دەکەوێتەوە، نیشتمانیش دەبێتە شوێنێک کە لە یەک کاتدا هەم خۆشەویستە و هەم ترسناک. دیکتاتۆرییەتەکان هەوڵ دەدەن خەڵک قایل بکەن بەوەی کە دەوڵەت لەگەڵ ئەواندا دەستی پێکردووە، مێژووی ڕاستەقینەش لە ساتەوەختی هاتنی ئەوانەوە دەست پێدەکات، و ئەوەی پێش ئەوانیش تەنها ئاژاوە بووە، ئەوەی دوای ئەوانیش مەحاڵە. بەڵام ئەدەب پێچەوانەکەی دەکات؛ دەڵێت: ‏وڵات لە زۆردار کۆنترە، خەڵک لە ڕژێم کۆنترە، زمان لە دروشمەکان کۆنترە، و یادەوەریش لە تەمەنی دەسەڵات درێژترە. یەکێک لە مەترسیدارترین کارەکانی ڕژێمە تۆتالیتارییەکان ئەوەیە تەنها بەڕێوەبردنی واقیع بەس نییە بۆیان، بەڵکو هەوڵی بەڕێوەبردنی ئەو زمانەش دەدەن کە واقیع وەسف دەکات. ئاوا سەرکوتکاری بە “سەقامگیری” ناودەبەن، ترس بە “هۆشیاری”، بێدەنگی بە “ڕێکپۆشی”، ونبوون بە “ڕێکار”، و گوێڕایەڵی بە “نیشتمانپەروەری”. لێرەدا ئەرکی ئەدەب زۆر مەترسیدار دەبێت، چونکە ڕۆماننووس شتەکان بۆ ناوە ڕاستەقینەکانی خۆیان دەگەڕێنێتەوە؛ ترس دەبێتەوە ترس، غیاب دەبێتەوە غیاب، زیندان دەبێتەوە زیندان، لەدەستدان دەبێتەوە لەدەستدان، و مرۆڤیش دەبێتەوە مرۆڤ. بەم واتایە، ڕۆمان دەسەڵات هەڵدەوەشێنێتەوە، نەک تەنها لە ڕێگەی بابەتەکەوە، بەڵکو لە ڕێگەی خودی زمانەکەوە. کاتێک مەتەر چاوەڕوانیی کەسێک بۆ باوکی وەسف دەکات، پێویست ناکات پێمان بڵێت کە ‏دەستبەسەرکردنی سیاسی تاوانێکە دژ بە مرۆڤ، ئێمە ئەوە لە خودی چاوەڕوانییەکەدا تێدەگەین. وە کاتێکیش کادارێ دەزگایەکی بیرۆکراتی وێنا دەکات کە خەونەکان دەخوات، پێویست ناکات دەلاپەڕە لەسەر سروشتی ڕژێمی تۆتالیتاری بنووسێت، بیرۆکەکە گەیشتووە.
‏ڕۆمان دروشم نادات، بەڵکو ژیان دەبەخشێت. ئەم ژیانەش وادەکات پێویستی بە دروشم کەمتر بێت. سیاسەت دەڵێت: ((هەزاران دەستبەسەرکراو هەن)). بەڵام ڕۆمان دەڵێت: ((ئەم پیاوە کوڕێکی هەبوو، بۆنی لە ماڵەکەدا مابوو، خووی تایبەتی خۆی هەبوو، ئافرەتێک ‏هەبوو چاوەڕێی دەکرد، و منداڵێک هەبوو تێنەدەگەیشت بۆچی نەگەڕایەوە)). لێرەدا ژمارە دەبێتە مرۆڤ، و ئەمەش یەکێکە لە مەزنترین ئەرکەکانی ئەدەب.لەوانەیە مەتەر زیاتر پابەند بێت بە واقیعی ڕاستەوخۆوە، لەکاتێکدا کادارێ زۆرجار بەرەو شتی سەیروسەمەرە، ئەفسانەیی و سوریالی دەچێت. بەڵام ئەم سەیرو سەمەرەییەی لای کادارێ، ڕاکردن نییە لە واقیع، بەڵکو هەندێک جار تەنها ڕێگەیە بۆ ئەوەی بە ڕوونی لە ‏واقیع تێبگەین.

‏انفاس نت – ١٩ ئەیلول/ ٢٠٢٦
‏




بۆ کەس لەپاڵتۆکەی حسێن عارف نەهاتەدەرەوە؟.. جەماڵ کۆشش

ڕۆژی ١٢ ی ئابی ٢٠٢٦؛ چیرۆکنووس و ڕۆمانووسی داهێنەر حسێن عارف ژیانئاوایی کرد. حسێن عارف تایبەتمەندییە ئەدەبییەکانی بەتایبەت لە ژانری گێڕانەوەدا، شوناسی ڕەوتێکی هونەری بەرجەستە دەکرد. بەداخەوە ئەم ڕێبازە پتر لەدەیەیەک بەر لە مەرگی بێ ڕێبوار ببوو. هێندەی من ئاگادار بم(کەس لەپاڵتۆکەی حوسێن نەهاتە دەرەوە !). لەنێو هەژموونگەری کلتووری نەوەدەکان بەدواوە، دابڕانی نووسین لە هێز و هیواکانی شار و زمانە زبرەکانی نووسەران( حیکاتخوانانی تردا)، فورسەتی نەوە خستنەوەی لێسەندرایەوە. ئەمەش ئاکامی ئەو ئاڵۆگۆڕە سیاسی و ئابووری و ڕۆشنبیرییانەن کە لە کوردستاندا پێشهاتن ( حەمە ئەحمەد جاف ، مامۆستا حسێن عارفی بە باوکی ڕۆمانی کوردی لەقەڵەم داوە، بەڵام خوێندنەوەی شێرزاد حەسەن بۆ مامۆستا دەشێ گونجاوتر بێت، (کوڕەکانی حەسارەکەیان بۆی بەجێهێشت).
لەساڵی ١٩٨٧ دا ، نووسینێکم بەسەر دێری ” ئەناتۆمیزمی ڕۆمانی شار لەدیدگای مەنتق و تەئریخ دا” لەسەر ڕۆمانی ” شار” ی حسێن عارف، لە گۆڤاری ” ڕابەر” بە دوو بەش بڵاوکردەوە. () ئەو دەم ئێمە” حەڵقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست” بەچڕی سەرقاڵی ڕەخنە و هەڵسەنگاندن و گەشەپێدانی ئەدەب و هونەری ئینسانیی وسۆشیالیستیی بووین. بە زۆری خەریکی خوێندنەوەی (ئایدیۆلۆژی ئەڵمانی) مارکس و ئەنگلس و لێکۆڵینەوە ئەدەبی وفەلسەفییەکانی جۆرج لۆکاشمان بەتایبەت کتێبی( الروایة کملحمة برجوازیة) و کتێبی(الروایة التاریخیة) دەخوێندەوە.
ڕۆمانی شار” یەکێک لەو ڕۆمانە دەگمەنانەی ئەدەبی کوردییە کە ڕیالیزم بە مەزنی ( دیدی مادییانە) و ڕیالیزمی کۆمەڵایەتی بەقوڵی پێچنراوە. لەپرۆسەیەکی مێژوویدا پەیدابوویەکی نوێ لە ئینسانی ” تاک و کۆ ” بۆ دەربڕینی چالاکییەکانی شانە سیاسییەکان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی شار و ڕەوتە فکرییە پێشکەوتنخوازەکان بەزمانێکی بەرز و پێگەیشتوو دەرببڕێت. ڕۆمانی شار؛ دەکەوێتە ناکۆکی لەگەڵ فۆرمی خێزانیی و ئایدیاکان و نەریتە بەسەرچووەکان. لە مەسەلەی جێگا و ڕێگای ژنان و بەتایبەت لە هاوسەرگیرییدا، لە یەکێک لە دایەلۆگەکاندا دەڵێت: “وەک بۆمب تەقییەوە کە دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە ژنی دووەم دەهێنێت”. ڕۆمانی ” شار” زۆر نزیکی هەست و سۆز و خولیاکان و هۆشیاری خەڵکیش بوو. ئاوێنەی ژیانی کۆمەڵایەتی ئەودەمە و بەدڵنییایش تێڕوانینی نووسەرەکەشی بوو.
پرسیارێکی گرنگە، بپرسین بۆ ئەم پاڵتۆیە کەسی لێ نەهاتەدەرەوە؟
زۆر بەکەمی دەتوانین، ڕۆمان لە دەرەوەی گێڕانەوەی مێژوویی پەیدا بکەین، بەشێکی یەکجار زۆری ڕۆمانی کوردی، مێژوو سەرچاوەی گێرانەوەکانیانە، نەک تەنها کارەساتەکان، ئەنفال و خەبات و شکستەکانیان، بەڵکە نەهامەتی و دەردارییەکانی نێوچوارچێوەی دەسەڵاتدارێتی کوردییش، بوونەتە بابەت و فیکشن و خەیاڵی ڕۆمانووسان. هەرچەند بەکەمی دەتوانین لە کەتەگۆری ڕۆمانی مێژووییدا پۆلینیان بکەین. لەبەینبردن و دژایەتی ڕەوتی هونەری ڕیالیستی، بەتایبەت ڕیالیستی کۆمەڵایەتی ڕەخنەگرانە، جێگرتنەوەی بە ڕۆمانی مۆدێرنە و پۆستمۆدێرنە و واقعییەتی سیحری کە هەندێک نێویان ناوە واقعییەتی جادوویی و..هتد. ئەمە هۆکارێکی جددییە بۆ ئەوەی ڕەوتی هونەریی گێڕانەوەی حسێن عارف بە خاک بسپێرن و سوود لە نێوبانگی ڕەمزیی بێ میراتی و پۆرترێتەکەی وەک نەخشێک بۆ ڕازاندنەوەی کۆڕ وپێشبڕکێکان وەربگرن. جۆرج لۆکاش، ڕۆمان بە داستانی بۆرژوازی دەزانێت. (هێگل وا تێگەیشتووە کە دابەشبوونی کار لەسیستەمی سەرمایەداریدا، ئەوە بنچینەی پەخشانی ژیانی هاوچەرخە. الروایە کملحمة البرجوازیە لاپەڕە ١١). لەوتارێکیدا بەسەردێری (هەمووشت دەربارەی ڕیالیزم)، وتەیەکی جۆرج دیمترۆڤ لە کۆنگرەی دژە فاشیستیی یەکێتیی نووسەران دەهێنێتەوە: (لەکاتێکدا کە بۆرژوازی شۆڕشگێڕ بوو، ڕۆمانی دۆن کیشۆتی، مێگل دی سێرفانتس کاریگەرترین چەک بوو بەدەستی بۆرژوازییەوە لەجەنگی دژی فیئودالیزم و ئەرستۆکراتییەت. ئەستیتکا، مارکسیزم، ئەنتۆلۆژی بەزمانی ئەڵمانی لاپەڕە ٣٤٩. لۆکاش ڕۆمانەکانی تۆلستۆیی و دەیستۆڤسکیش زۆر بەرز دەنرخینێ: (ئازارەکانی ئینسانییەت بە دڵسۆزترین نەفرەت لەتەواوی سیستەمەکەیە).
ڕۆمان گونجاوترین ژانری ڕیالیستییە لەهونەری گێڕانەوەدا و پەیدابوونی بەتوندی بە بۆرژوازی شۆڕشگێرەوە بەرامبەر بەسیستەمی دەرەبەگایەتی دا دەرکەوت و گەشەی سەند. بەڵام لۆکاش بۆ خاڵێکی یەکجار گرنگی تریش سەرنجمان ڕادەکێشێت، سەبارەت بە ڕۆمانەکانی دواتر،(سڕینەوەی ڕیالیزم لەهونەردا، بە بنبەستی بۆرژوازی لە پێشکەوتن لە بێ پەیامی گەورە و بێ خەون بە ئازادییەوە لێکدەداتەوە ). ڕەنگە هەربۆیەکا بەختیار عەلی، هێندە پەست و نیگەران بێت لە لۆکاش. بەختیار عەلی، وەک ڕۆمانووسێک پەیڕەو لە ڕێبازی واقعییەتی سیحری دەکات لە زۆربەی ڕۆمانەکانیدا و لە وتارە فکری و سیاسییەکانیدا دژ بە مارکسییەتە، و لەسیاسەت و فەرهەنگ وئایدیۆلۆژییدا، لەنێو بۆچوونەکانی لەسەر سیستەمی سەرمایەی خۆرهەڵاتیدا، چینی کرێکار لەنێو ئامڕازەکانی بەرهەمهێناندا توێنراوەتەوە. پێویستە ئەوەش بنووسم، مەبەستم ئەوە نییە، شێوازی ڕۆمانی واقعیەتی سیحری بەگشتی بە مڵۆزم بکەم، نەخێر، بەهیچ جۆرێک، لێرەدا تەنها لە نێو سیاقێکی مێژوویی و پێداویستی مەنهەج و جێگای لە خەباتی فکری کۆمەڵگەدا هاتووە.
خاڵێکی تر کەڕەنگە جێگای بایەخ بێت بۆ شیکاریی ڕۆمان لەلایەن ڕەخنەگرەکانی ئەمڕۆمانەوە. وەک سابیر ڕەشید و دەریا جەماڵ حەوێزی و سڵێوە و گۆران سەباح ، بزربوونی لێکدانەوەی ” ناڕەتیفی مێژووە” لە ڕۆمانی مێژووییدا.بەرجەستەترین ڕەخنەگر کە بەردێکی هەڵدایە نێو گۆمی مەنگی ڕەخنەی ئاکادیمیانە لەڕۆمانی کوردی، ئەو دیدە ڕووکشەگەرایی و کورتکردنەوە بەرژەوەندخوازییەی ناوی کرێکارە لای گۆران سەباح بەناوی (تێۆری ڕەخنەی مارکسی) لەکتێبی ” چۆن ڕەخنە لە ڕۆمان بگرین لاپەڕە ٥٥”. گۆران سەباح بەچاوی بازاڕی ئازادەوە، هەڵساوە بە داڕشتنی تێۆری ڕەخنەی مارکسیستی، یەکەم ڕستەی ئەم بەشەی بەحساب (لویس تایسۆن(ەوە وەرگرتووە دەنووسێت” بەپێی تیۆرەکە، بەدەستهێنانی دەسەڵاتی ئابووری هەوێنی هەموو چالاکییەکی کۆمەڵایەتی وسیاسییە…هتد”. کە تەواو ئاوەژووە. لەڕاستییەکەیدا ئازادبوون لە دەسەڵاتی ئابووری سەرمایەداری هەوێنی هەموو چالاکییەکی کۆمەڵایەتی وسیاسییە.( ئازادی لەوشوێنەوە دەستپێدەکات کە کار لە ناچار بوون و نامۆیی ڕزگار دەبێت. مارکس. گۆڤاری بەرگری لەمارکسیزم ). گۆران سەباح، مارکسییەتێکی ناماتریالیستی و نامێژوویی خوازراو و هەڵبژاردەی بەش بەش پێمان دەناسێنێ و پراکتیک دەکات بەسەر ڕۆمانێکی خۆیدا” مرۆڤی هەرزان”. مارکسییەت میتۆدێکی زانستی ماددییە لەبواری کۆمەڵایەتی و لەبواری سروشتدا هەروەک لە ڕۆمانی (دان چەرموو – جاک لەندەن)دا دەیخوێنینەوە.
ڕۆمانی (شار) ی حسێن عارف بێخەوش و کەمکورتی نییە، زادە و دیلی سەردەم و هۆشیاری نووسەرەکەیەتی. ڕۆمانەکە شاکارێکی هونەری ڕیالیستییە، درێژەی مێژووی هونەری حسێن عارف بە تێپەڕاندن و پتەوکردنی ئەم دونیا بینییە و قووڵکردنەوە و بەرجەستەکردنی ناکۆکییە بەردەوامەکانی نێو مێژوو، بەرهەمدار دەبێت.
(
)گۆڤاری ڕابەر، ئۆرگانی حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست یەکەم ژمارەی لە ساڵی ١٩٨٧ بڵاوبووەوە و بەسەریەکەوە یانزە ژمارە و چەند پاشکۆیەکی لێ بڵاوکرایەوە.

جەماڵ کۆشش / ئابی ٢٠٢٦

ئەم وتارە لەژمارە ٤٢ ڕۆژنامەی ” ڕەوت” بڵاوبۆتەوە




کێشەکانی سنووردارکردنی چەک.. عوسمانی حاجی مارف

نوری مالکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، هەوڵەکانی سنووردارکردنی چەک لە دەرەوەی دەوڵەت دووپات دەکاتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا هۆشداری دەدات لە ئەگەری گۆڕینی ئەم هەوڵە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ئاشکرا لەنێوان حکومەت و فراکسیۆنەکان و هێزە میلیشیاکان و ئەگەری شەڕی ناوخۆ، ئەم هاوکێشەیە سەختی ئەو ئەرکەی بەردەم هێزە سیاسیەکانی عێراق ئاشکرا دەکات، چونکە مامەڵەکردن لەگەڵ چەک لە دەرەوەی دامەزراوە فەرمیەکان، بوەتە فەرمانێکی سیاسی و ئەمنی و پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆی بە هاوسەنگی دەسەڵاتە سیاسیەکانەوە هەیە. بۆیە سەپاندنی ئەم سنووردارکردنە بەزۆر لەئێستادا، دەتوانێت دەرگای کاردانەوەکان بکاتەوە، کاردانەوەیەک کە دواتر دەرئەنجامەکانی بە ئاسانی کۆنترۆڵ ناکرێن.
بانگەوازی مالکی بۆ پشتیوانی لە زەیدی و چارەسەرکردنی پرسی سنووردارکردنی چەک، هەوڵێکە بۆ دیاریکردنی سنووری مامەڵەکردن لەگەڵ پرسێک کە ئەگەر بە شێوەیەکی ڕوبەڕوبونەوە بەڕێوەبچێت، دەتوانێت ببێتە قەیرانێک کە لایەنە ڕاستەوخۆکانی تێپەڕێنێت و گێژاوێکی سامناک لە عێراق بەڕێ بخات، لە هەمان کاتدا، ئەم قەیرانە دەتوانێت چارەنووسی ژیانی سیاسی چوارچێوەی هەماهەنگی و خۆی مالکیش بخاتە مەترسیەوە.
دەخالەت و مامەڵەی مالکی لە پرسی سنووردارکردنی چەک لەکاتێکدایە کە ململانێی ئەمریکا و ئێران و گوشارەکان لەسەر بەغدا زیاتر دەبن، بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە لەسەر دەوڵەت، ئەمەش بابەتێکی زۆر هەستیارە، بەتایبەتی لەبەر پەیوەندی ئەم پرۆسەیە بە ئایندەی کوتلە چەکدارەکانەوە، سروشتی پەیوەندی نێوان دامەزراوە فەرمیەکان و هێزەکان لەگەڵ باڵە سەربازیەکانیان، و هاوسەنگی دەوری ئەمریکا و ئێران لە عێراق.
ڕەهەندێکی دیکەی لێدوانەکانی مالکی، کە پەیوەندی بە هەڵوێستی عێراقەوە هەیە لە نێوان ڕکابەریە ناوچەیی و نێودەوڵەتیەکاندا، بانگەشەی پێویستی دابینکردنی دیدگایەکی «نیشتمانی و ناوچەیی» دەکات، دیدگایەک کە ڕێگری بکات لەوەی عێراق ببێتە گۆڕەپانێک بۆ یەکلاکردنەوەی بەرژەوەندیە دەرەکیە کێبڕکێکارەکان، ئەمە دەربڕینی ترسێکە کە پرسی چەک لە بابەتی ناوخۆییەوە بگۆڕێت بۆ خاڵی پەیوەندی نێوان حیساباتی عێراقی و ئەجێندای ناوچەیی و نێودەوڵەتی، لە کاتێکدا چارەنووسی ململانێی ئەمریکا و ئێران هێشتا ئاڵۆز و نادیارە. لە هەمان کاتدا، ئەوەش ڕوونە کە مالکی لە عێراق لایەنگری بەرژەوەندی و دەخالەتی ئێران دەکات.
چوارچێوەی هەماهەنگی لەم دۆخەدا ئامانجیان ڕووخان یان گۆڕینی حکومەتی زەیدی نییە، بەڵام نیگەرانییەکانیان لە ئەدای کارەکانی حکومەت، بەتایبەتی فشارخستنە سەر حەشدی شەعبی و کەمپینی دژی گەندەڵی هەیە. پێیان باشە زەیدی لە ناوەوە چارەسەری کەموکوڕیەکانی حکومەتەکەی بکات، بانگەوازەکەی بۆ تەواوکردنی کابینەی حکومەت و پڕکردنەوەی پۆستە وەزارییە بەتاڵەکان تەواو بکات. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەولەویەت بۆ هێزەکانی پشتیوانی حکومەت، چەسپاندنی هەیکەلەکەی و باشترکردنی ئەدای کارەکانییەتی، نەک دەستپێکردنی شەڕێکی سیاسیی نوێ بۆ مانەوەی حکومەتەکەی لە سایەی داواکارییەکانی ئەمریکادا.
لەهەمانکاتدا، پێداگریی هەندێک لە لایەنەکانی حەشدی شەعبی لەسەر مانەوە و بەستنەوەی داهاتووی چەکەکانیان بە پرسی هێزە بیانیەکان و هێزەکانی پێشمەرگەی بارزانی و تاڵەبانی، پرسی چەک دەخاتە ناو کێشەیەکی فراوانترەوە. بەم شێوەیە، جێبەجێکردنی بنەمای کۆنترۆڵکردنی چەک تەنها بە پرسی کوتلە چەکدارەکانەوە پەیوەست نابێت، بەڵکو وابەستەی کێشەیەکی فراوانتر دەبێت، سەبارەت بە نادیاری سروشتی قۆناغی ئەمنی داهاتوو لە عێراق و کوردستان.
لە کاتێکدا مالکی و زەیدی چارەسەرێکی ورد و تەواوی پرسی سنووردارکردنی چەک ناتوانن پێشکەش بکەن، تەنها لەسەر یەک خاڵ کۆکن، کە ناکۆکیەکان نابێت بەرەو شەڕی ناوخۆ پەرە بسێنێت و فشار لەسەر کوتلە چەکدارەکان نەبێتە هۆی ناسەقامگیری یان داڕمانی حکومەت.
بەربەستی ئەو دورییەی زەیدی لە پەیوەند بە تەرحی ئەمریکاوە دەیەوێت سنووردارکردنی چەکداری، لە دەرەوەی هێزی دەوڵەتیدا جێبەجێ بکات، هێشتا توانای پراتیکی ڕوونی بۆ جێبەجێکردنی نییە، چونکە زەیدی لە نێوان داواکاری ئەمریکا و حکومەتی عێراق بۆ قۆرخکاری دەوڵەت لەسەر چەک و خواستی هێزە سیاسیەکان بۆ دوورکەوتنەوە لە ڕوبەڕوبونەوە، گیری خواردووە.
پرسی بەرتەسکردنەوەی چەک لە دەرەوەی ئیدارەی دەوڵەت دەتوانێت بەرەو پێشەوەی دیمەنی سیاسی و ئەمنی عێراق بڕوات، بەڵام ئەمە تەنها کاتێک دەکرێت کە حکومەت هەوڵ بدات ڕێگایەکی یاسایی و پراتیکی بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە دڕکاویە بدۆزێتەوە، بەدور لە پێکهاتەی دەسەڵاتی تائیفی و بنەماڵەیەی کە خۆی بووەتە بەربەستی سەپاندنی سەروەری یاسا و دەوڵەت.
ئەم پرسە بە پلەی یەکەم پەیوەستە بە کاریگەری لایەنە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران، ئینجا داهاتووی پەیوەندی ئەمنی لەگەڵ ئەمریکا، توانای دامودەزگاکانی دەوڵەت بۆ سەپاندنی سەروەری یاسا بەسەر هەموو لایەنەکاندا، ئەم پێشهاتانەش لەکاتێکدا بەڕێوەدەچن کە ئەرکی سەربازی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی نزیک دەبێتەوە لە کۆتایی، لەهەمانکاتدا، بەربەست بۆ دەخالەتی کۆماری ئیسلامی لە عێراقدا پێکهاتبێت.
گروپە شیعەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، بە پێشنیازی ڕادەستکردنی چەک بە هێزەکانی حەشدی شەعبی، پرسی سنووردارکردنی چەک دەورە دەدەن، تەنها دابەشکردنەوەی چەک لەناو پێکهاتەی هێزەکانی حەشدی شەعبی، ڕەنگە ڕواڵەتێکی دامەزراوەیی بە پرۆسەکە بدات، بەبێ ئەوەی لە ڕاستیدا کێشەی ئەو چەکانە چارەسەر بکات کە هاوتەریب لە پاڵ دەوڵەتدا کار دەکەن.
پرسی چەک لە دەرەوەی دامودەزگاکانی دەوڵەت لە عێراق خەریکە دەچێتە قۆناغێکی نوێی ئاڵۆزیەوە، لەگەڵ سەرهەڵدانی باس لەسەر ئەم پرسە لەناو بلۆکی سیاسی شیعەدا، بەڵام باسەکە تەنها لەسەر چەکداماڵینی کوتلە چەکدارەکان و ڕادەستکردنی چەکەکانیان بە دامەزراوەکانی دەوڵەت نییە، بەڵکو فۆرموڵێک بۆ «بەڕێوەبردنی چەک» و گواستنەوەی چەکەکان بۆ کۆگاکانی هێزەکانی حەشدی شەعبی پێشنیار کراوە.
لەکاتێکدا هەنگاو بەرەو ڕێکخستنی چەک و ملکەچکردنی بەکارهێنانی بە فەرمانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان دەخرێتە ڕوو، بەڵام پرسیارە بنەڕەتیەکان هەر بەردەوامن: ئاخۆ تا چەند ئامانجی ڕاگەیەندراوی قەتیسکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا بەڕاستی جێبەجێ دەکرێت؟ بەتایبەتی کە حەشدی شەعبی، سەرەڕای تێکەڵبوونی فەرمی بە ئامێری سەربازی و ئەمنی عێراق، هێشتا پێکهاتە و فراکسیۆنەکانی لەگەڵ پەیوەندیە سیاسی و ئەمنیەکانیان بە ئێرانەوە بەستراون.
ڕێکەوتنێک لەنێوان بەشێک لە سەرکردەکانی بلۆکی سیاسی شیعە لە ئارادایە بۆ پەلەکردن لە پەسەندکردنی یاسای خزمەت و خانەنشینی بۆ ئەندامانی حەشدی شەعبی پێش کۆتایی مانگی ئەیلول، هاوکات لەگەڵ ڕێکخستنەکانی بەڕێوەبردنی چەکی کوتلە چەکدارەکان، بڕیارە ڕەشنووسی یاساکە ئاراستەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری و لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەران بکرێت بۆ پێداچوونەوەی زیاتر، پێش ئەوەی دووبارە بخرێتەوە بەر خوێندنەوەی دووەم و دەنگدان.
بەڵام ئەو چەکانەی کە لەلایەن فراکسیۆنەکانەوە ڕادەست دەکرێن، ناگوازرێنەوە بۆ وەزارەتی بەرگری، وەزارەتی ناوخۆ، یان دەزگای بەڕەنگاربوونەوەی تیرۆر، لەبری ئەوەی چەکی فراکسیۆنەکان بگوازرێتەوە بۆ کۆنترۆڵی ڕاستەوخۆی دەوڵەت، گواستنەوەی پێشنیارکراو، بە شێوەیەکی کاریگەر «بەڕێوەبردنی چەک» دەکاتە بەدیلێکی پراکتیکی بۆ “داماڵینی چەک”.
لە ڕووکەشدا، ئەم فۆرموڵەیە ڕەنگە وەک هەوڵێک دەربکەوێت بۆ خستنەژێر کۆنترۆڵی دامەزراوەی چەکەکان، بەڵام لە چارەسەرکردنی چارەنووسسازترین پرسیاردا شکستی هەیە: لە ڕاستیدا کێ دەسەڵاتی بڕیاردان لەسەر بەکارهێنانیان بەدەستەوەیە؟ کێ گەرەنتی ئەوە دەکات کە چەکەکان لە دامەزراوەی عەمبارکردنەکان دوورناخرێنەوە و لە دەرەوەی کۆنترۆڵی حکومەت بەکارناهێنرێن؟ بۆیە گواستنەوەی چەکی کۆگاکانی حەشدی شەعبی، بە سادەیی دەتوانێت کێشەکە لە چەندین ناوەندی هەڵگرتنی چەکەوە بگوازێتەوە بۆ یەک ناوەندی دامەزراوەیی، بەبێ ئەوەی پرسی سەربەخۆیی بڕیاردانی ئەمنی لە کاریگەریی کوتلەیی و ئێران چارەسەر بکات.
ئەم ڕێکخستنە لە کاتێکی زۆر هەستیاردایە، چونکە حکومەتی عێراق ڕۆژی ٣٠ی ئەیلول وەک دواوادەی چەسپاندنی چەک لە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدا دیاری کردووە، هاوکات لەگەڵ وادەی کۆتاییهێنان بە ئامادەبوونی سەربازی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، جگە لەوەش، بەشێک لە فراکسیۆنەکان، ئایندەی چەکەکانیان بە کشانەوەی هێزە بیانیەکانەوە دەبەستنەوە و ئەو پرسە دەکەنە بەشێک لە موزایەدەیەکی سیاسی و ئەمنی فراوانتر.
بەم شێوەیە، کۆتایی مانگی ئەیلول دەتوانێت ببێتە تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینە بۆ ئەوەی بزانرێت حکومەتی عێراق تا چەند دەتوانێت دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر چەکدا جێگیر بکات و کۆنترۆڵی چەک بەڕاستی تەنها لە دەستی دەوڵەتدا بێت.
بەڵام سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە تەنها بە ژمارەی ئەو چەکانە پێوانە ناکرێت کە دەخرێنە کۆگاکانەوە، یان بەو لایەنەی کە بەرپرسیارێتی پاراستنیان دەگرێتە ئەستۆ. پێوانەی ڕاستەقینە ئەوەیە کە دامەزراوە فەرمیەکان تا چەند دەسەڵاتی تایبەتیان هەیە بۆ دەرخستنی چەکەکان لە کۆگاکان و بڕیاردان لەسەر کەی و چۆن بەکارهێنانیان.
تەنها کۆکردنەوە یان ڕێکخستنەوەی چەکەکان بەس نییە، گرنگ ئەوەیە تەنها دامەزراوەکانی دەوڵەت بڕیار بدەن کە کەی و چۆن ئەو چەکانە بەکاربهێنرێن، ئەگەر ئەم دەسەڵاتە هەر لە دەرەوەی دامەزراوە فەرمیەکاندا بمێنێتەوە، ئەوا هیچ گۆڕانکاریەکی بنەڕەتی لە پرسی چەکدا ڕوونەدات، تەنانەت ئەگەر هەموو چەکەکانیش لە کۆگا فەرمیەکاندا کۆبکرێنەوە.
لە ڕاستیدا، لە پێکهاتەی حکومەتی ئێستای عێراق و کوردستاندا، ئەم پرۆسەی سنووردارکردنی چەکە بە ئاسانی قەبوڵ ناکرێت و جێبەجێکردنەکەی بە شێوەیەکی ڕاستەقینە لەگەڵ ئەم شێوازی حوکمرانیەدا دژبەیەک دەبنەوە. بۆیە، زەیدی و مالکی و هەر کەسێکی تر لە چوارچێوەی ئەم حوکمرانیەی ئێستادا ناتوانن پرۆسەیەکی لەم جۆرە بەتەواوی جێبەجێ بکەن، نەک تەنها لەبەر ئەوەی هێزی سیاسیان کەمە، بەڵکو لەبەر ئەوەی خودی ئەو پێکهاتەیەی حوکمرانی، بەشێکە لە بەربەستی سەرەکی پرۆسەکە.
ئەگەر ئەم دەسەڵاتە هەر بە شێوەی ئێستا دابەش و پەیوەست بە کوتلە سیاسیەکان و هێزە دەرەکیەکان بمێنێتەوە، سنووردارکردنی چەک تەنها ناونیشانێک دەبێت بۆ ڕێکخستنەوەی کێشەکە، نەک چارەسەرکردنی. بۆیە چارەسەری ڕاستەقینەی پرسی چەک، پێویستی بە گۆڕینی بنەمای ئەو حوکمرانیە هەیە کە چەک و دەسەڵات و بڕیاری ئەمنی لە دەرەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەتدا دابەش کردووە. ئەگەر دەوڵەت نەتوانێت تەنها خاوەنی بڕیاری چەک بێت، ئەوا کۆکردنەوەی چەکەکان بە تەنیا هیچ مانایەکی ستراتیژی نییە.
لەبەر ئەوە، لە چوارچێوەی ئەم حوکمرانیەدا، نە زەیدی و نە مالکی و نە هەر کەسێکی دیکە ناتوانێت ئەو گۆڕانکاریە بنەڕەتیە جێبەجێ بکات کە پرسی سنوردارکردنی چەک پێویستی پێیەتی، ئەوەی پێویستە کۆتایی پێبهێنرێت تەنها دەسەڵاتی چەکدارەکان نییە، بەڵکو ئەو شێوازی حوکمرانی تائفی و بنەماڵەییە کە بەردەوامی ئەو دەسەڵاتەی دەرەوەی دەوڵەت بەرهەم دەهێنێت. بۆیە کۆتاییهێنان بە ئەم شێوازی حوکمرانیە، پێش‌مەرجی سەرەکی کۆتاییهێانی هێزە چەکدار و میلیشیاکانە.




کۆمۆنیزم دەبێ ئاڵتەرناتیڤێکی سیاسی سۆشیالیستی و پڕۆلیتاری بە عەمەلی بخاتە بەردەم کۆمەڵگە.. نادر عەبدولحەمید

  1. هەرێم لە پڕۆسەیەکی مێژوویی جیهانیدا
    لە سەرەتای نەوەتەکانی سەدەی بیستەوە (١٩٩١) کۆمەڵگەی کوردستان وەک بەشێک لە عێڕاق و لە ڕێگەی کێشمەکێشێکی جیۆ-سیاسی و جیۆ-سەربازی زلهێزە ئیمپریالیستەکانی جیهانەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئاڵوگۆڕێکی هەمە لایەنەی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەخۆیەوە بینیووە، و وەک باقی وڵاتان و کۆمەڵگەکانی تری جیهان، لەو کاتەوە چووەتە ناو جیهانێکی تازەی یەک جەمسەری ئیمپریالیستی و تێکەڵبوون بە بازاڕی سەرمایەداری جیهانی و باڵادەستی نیولیبرالیزم لە هەموو بوارێکی ئابووری، سیاسی، فکری و کلتووری و مۆڕاڵیی و ….هتد.
    ئەم ڕەوەندە، ڕەوەندێکی جیهانییە و لە هەر وڵاتە و هەر کۆمەڵگەیەکدا پڕۆسەیەکی تایبەت و دیاریکراوی بەڕێکردووە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا کرۆکی ئالوگۆڕە مێژووییە جیهانییەیەکەی ئەو سەردەمەی لە خۆیدا ڕەنگ پێ داوەتەوە.
    ئەڵبەتە ئەم پڕۆسە مێژووییە جیهانییە لە باڵادەستی نیولیبرالیزم لە بنبەستدایە، و جەمسەری تری ئابووری و سیاسی و سەربازی ئیمپریالیستی دەرکەوتوون لە جیهانی ئەمڕۆدا، بەڵام هێشتا نیولیبرالیزم و بلۆکی ئیمپریالیستی ڕۆژاوا، بەتایبەت هەژموونی ئیمپریالیزمی ئەمریکی لەگەڵ پاشەکشەی بەردەوامیدا باڵادەستی خۆی لەدەست نەداوە، سەردەمی ئێستا قۆناغێکی ڕاگوزەرە وەک قۆناغی نێوان جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم (١٩٢٠-١٩٤٠).
    هەرێمی کوردستانی عێڕاق، لەو ڕەوەندە مێژووییە جیهانییە باڵادەستییەی نیولیبرالیزمدا، پڕۆسەیەکی تایبەت و دیاریکراوی خۆی هەبووە و بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕیووە کە هەر قۆناغە تایبەتمەندی خۆی هەبووە و دابەش بووە بەسەر چەند قۆناغی بچووکتردا. لەوانە قۆناغی (١٩٩١-٢٠٠٣) لە ڕاپەڕینەوە تا ڕووخانی ڕژێمی (بەعس)ی فاشیست و لە وێشەوە تا ڕاگەیاندنی (سیاسەتی سەربەخۆیی ئابووری کوردستان) واتا ساڵانی (٢٠٠٣-٢٠١٤) و لەو کاتەشەوە تا ئێستا (٢٠١٥-٢٠٢٦).
    وتارەکە چوونە ناو باسی ئەو قۆناغبەندییانە نییە، بەڵکو ئاماژەدانە پێیان بۆ خستنەبەرچاوی تابلۆ گشتییەکە، کە چۆنچۆنی بورژوا ناسیونالیستی دەسەڵاتداری هەرێمەکە، بە فشار و گوڕ و تینێکی بەهێزەوە پاڵی ناوە بە کۆمەڵگەی کوردستانەوە بۆ ناو جەرگەی ئەو پڕۆسە جیهانیـیە و چارەنوسی ملیۆنەها ئینسانی زەحمەتکێشی هەرێمەکەی گرێداوە، بە بەرژەوەندیـیە سیاسی و ئابووریـیەکانی خۆی و برابەشەکانی لە بورژوازی دەوڵەتانی ناوچەکە و وڵاتانی ئیمپریالیستی. ئەم بارودۆخەی کە ئێستا لە ئارادایە بەرهەمی ئەو پڕۆسە مێژوویـیەیە.
  2. خەباتی جەماوەری زەحمەتکێش و مێژووی هەرێمەکە
    لەم پڕۆسەیەدا، سەرمایەداری لە کوردستان گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، کۆمەڵگەی کوردستانی دابەش کردووە (وەک هەموو کۆمەڵگەکانی جیهانی ئەمڕۆ لە ئاسیا، ئەفریکا، ئەوروپا و ئەمریکا)، بەسەر چین و توێژی کۆمەڵایەتی جیاجیادا و لە بنچینەشدا بەسەر دوو چینی زۆرایەتی جەماوەرێکی زەحمەتکێش و کەمایەتییەکی مشەخۆری سەرمایەدار.
    تەواوی کێشە کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسیـیەکانی هەرێمی کوردستان و ناڕەزایەتیـیە جەماوەریـیەکانی کۆمەڵگەکەی، وەک هەر کۆمەڵگەیەکی تری جیهان، تەنها لە شکڵ و فۆڕم و شێوازی دەرکەوتن و پەرەسەندنیاندا تایبەتمەندی خۆیان هەیە و لە ناوەڕۆکدا کێشەی کۆمەڵگایەکی سەرمایەداری و دەسەڵاتی چینە باڵادەستەکەی بورژوا-ناسیونالیستیـیە.
    بەدرێژایی ماوەی سی و پێنج ساڵی ڕابردوو، جەماوەری زەحمەتکێشی کوردستانی عێڕاق بە توێژە جیاجیاکانی مووچەخۆران، فەرمانبەران و مامۆستایان و توێژە جۆراوجۆرەکانی کرێکاران، کوڕان و کچانی خوێندکار و بێکار، ژنان و ئازادیخوازان بەردەوام لە دەربڕینی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندان و ڕاپەڕیندا بوون دژ بە دەسەڵاتدارانی هەرێمەکە.
    ئەم ناڕەزایەتیـیانە چەندین جار لە پەرەسەندنی خۆیاندا بوونەتە بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتی جەماوەری نەک هەر بە خواستە پیشەیی و ئابووریـیەکانیاننەوە، بەڵکو بەرزیش بوونەتەوە بۆ ئاست شەپۆلێکی سیاسیش بە دژی حکومەتی هەرێم و حزبە دەسەڵاتدارەکانی و نەک هەر بە زەبروزەنگ سەرکوت کراون، بەڵکو زۆرجاریش شەڵاڵی خوێن کراون، ئەمە جگە لە تیرۆر و گرتن و شکەنجەدان و ڕاوەدوونانی چالاکوانان.
    بەم شێوەیە مێژووی ئەم هەرێمە مێژووی کێشمەکێش و خەباتێکی جەماوەری زەحمەتکێشە بەرامبەر ئۆڕگانێکی ڕێکخراوی دەسەڵات کە خاوەن میلیشیای حزبی و ئاسایش و پاراستن و دادگا و زیندان و میدیایەکی زەبەلاحە و بە پیادەکردنی سیاسەتی ئابووری نیولیبرالیزمیش تەواوی سەروەت و سامان و دارایـیەکانی کۆمەڵگەی قۆرخکردووە بۆ کەمایەتیـیەک کە خۆیان لە سەنتەری ئەو کەمایەتیـیەدان، و بێکاری و هەژاری و بێ خزمەتگوزاریشیان سەپاندووە بەسەر زۆرینەی هەرەزۆری جەماوەری هەرێمەکەدا.
  3. بارودۆخی تازە
    ئەوەی شایەنی باسە ئەم کێشمەکێشە چینایەتیـیە لە ئێستادا لە بارودۆخێکی تەواو جیاواز لە ئارادایە لەچاو بارودۆخی دە – پانزە ساڵ لێرەو پێش. بەشێکی پێکهێنەری ئەم بارودۆخە تازەیە جێگەوڕێگەی ناسیونالیزمی دەسەڵاتدارە لە هاوکێشە ناوخۆییەکانی عێڕاق و هاوکێشە هەرێمییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە تا دێت بەرەو لاوازی دەچێت، ئەمە جگە لە ناکۆکی ڕیزەکانی ناوخۆی و نەتوانینی لە پێکهێنانی کابینەی دەیەم لە حکومەتی هاوبەش. ئەمە و پڕۆسەی سازانی ڕەوتی ئۆجەلانیش لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا و حکومەتی شەرع لە سوریا، ئەو چاوەڕوانییەی کە ناسیونالیزمی چەپی کورد هەیبوو لەم ڕەوتە توشی نیگەرانی و جۆرێک لە نائومێدی سیاسی کردووە.
    لێرەدا نامانەوێت؛ نە بچینە ناو باسی جێگەوڕێگەی ڕوو لە لاوازی ناسیونالیزمی دەسەڵاتدار، وە نە بچینە ناو باسی ڕەوتی ئۆجەلانی و نائومێدی سیاسی ناسیونالیزمی چەپ لە کوردستاندا، بەڵکو ئەوەی مەبەستی ئێمەیە ئەوەیە کە هاوڕای ئەم دوو ئاڵوگۆڕە و لەم کەشە فکری و سیاسییەدا کە ناسیونالیزمی کوردی تێکەوتووە، دوو تایبەتمەندی کۆنەپەرستانەی ناسیونالیستی لەناو کۆمەڵگەدا پەرەیان سەندووە، کە ئەویش لایەک پشتیوانی کردنە لە دەوڵەتی ڕەگەزپەرست و فاشیستی ئیسڕائیل، و لاکەی تریشی پەرەسەندنی ڕاسیزمێکی ئاشکرا و بێ پەردەیە.
    دیارە ئەمەش دیاردەیەکی تەنها کوردستانی نییە، بەڵکو دیاردەیەکی جیهانییە و بەشێکە لە قەیرانی سەرمایەداری جیهانی و دەسەڵاتە بورژوازییەکانی. ئەوەتا لە جەرگەی وڵاتانی ئیمپریالیستی ڕۆژاوا لە ئەوروپا و ئەمریکادا ڕەوتە فاشیست و ڕاسیستەکان ڕۆژبەڕۆژ لە پەرەسەندندان وەک ئاڵتەرناتیڤێکی بورژوازی.
    هێشتا ئەم تایبەتمەندییە فاشیستی و ڕەگەزپەرستییە لە کوردستاندا دوورە لەوەی وەک بزووتنەوەیەکی سیاسی و بەرجەستە خۆی بنوێنێ، بەڵام هاوکاتی بنبەستی دەستەڵاتی هەرێمەکە و نائومێدی ناسیونالیزمی چەپ، کاریگەری خۆی بەجۆرێک دادەنێت لەسەر کێشمەکێشی چینایەتی ناو کۆمەڵگە و بزووتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری، بۆیە خوێندنەوەی ئەم دیاردانە و لەبەرچاوگرتنیان پێویستن لەلایەن هەڵسوڕاوانی بزووتنەوە جەماوەرییەکان و کرێکارانی ڕابەڕ و سۆشیالیستەکانەوە.
  4. ئاڵوگۆڕەکانی ناو بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی
    خاڵێکی تر لەم کەش و هەوا تازەیە ئەو گۆڕانکاریـیانەن کە لەناو بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی کوردستانی عێڕاقدا هاتوونەتە ئاراوە لە سێ چوار ساڵی ڕابردوودا.
    بینیمان ڕێکخراوی (یەکێتی کۆمۆنیستەکان لە عێڕاق) پاش پڕۆسەیەکی خۆ یەکلا کردنەوەی چەندین ساڵە لە (٢٧-٩-٢٠٢٥) لە ڕێگەی بەیاننامەیەک خۆیان هەڵوەشاندەوە کە تێیدا خوازیاری هەمان ئەو ئەلگۆیە بوون بۆ عێڕاق و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە پێشتر لە کوردستانی سوریا لە ئارادا بوو، کە ئێستا تێکەڵ بۆتەوە لەگەڵ دامودەزگای حکومەتی ئەحمەد شەرع.
    لە لایەکی تریشەوە مەیلی ڕیفۆڕمیستی لەناو بزووتنەوەی چەپدا لە چەند ساڵی ڕابردوودا پێ بە پێ ڕووخساری خۆی کامڵتر و بەرجەستەتر کردۆتەوە لە ڕێگەی خزانە ناو پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی و هاوئاهەنگی کردن لەگەڵ حزبی شیوعی (کوردستان و عێڕاق) و ئومێد بەستن بە هەڵمەتی “دژە گەندەڵی” سەرەک وەزیرانی عێڕاق.
    بەم شێوەیە لەناو بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستیشدا جەمسەرگیرییەکان ڕۆشنتر بوونەتەوە، بەشێک پەیوەست بوون بە ئەلگۆی ناسیونالیزمی چەپ و بەشێک بەڕێوەن بۆ هاوئاهەنگی لەگەڵ سیاسەتەکانی حزبی شیوعی کوردستان و لەو نێوەشدا (بەدیلی کۆمۆنیستی) لەسەر خەتی مارکسیزمی ڕادیکاڵ و ئینەتەرناسیوناڵی خۆی بەردەوامە.
  5. دەربازبوونی مارکسیزم لە بازنەی ڕۆشنگەری
    جیا لەوەی ئاماژەی پێکرا، چەندین مەحفەل و گرووپ و ڕێکخراوی تریش لەناو بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی کوردستانی عێڕاقدا هەن لەوانە (ئاڵتەناتیڤی سۆشیالیستی) و (سۆشیالیستە شۆڕشگێڕەکان) کە چالاکی ئەو مەحفەل و گرووپ و ڕێکخراوانە لایەک برەودانە بە باسە تیۆرییەکانی مارکسیسزم بەشێوەیەکی گشتی و لایەک پڕوپاگەندەیە دژی سەرمایەداری و ئیمپریالیزم و قەیرانە لەچارنەهاتووەکانی و دەسەڵاتی بەڕبەڕی بورژوازی، لەگەڵ پڕوپاگەندەکردن بۆ سۆشیالیزم و یەکسانی و ئازادی. ئەوەش جێی دەستخۆشانەیە و کارێکی پایەیی کۆمۆنیستیـیە و بەردەوام دەبێ ئەنجام بدرێت، بەڵام چالاکی کۆمۆنیستی نابێت تەنها لەم بازنەیەدا بمێنێتەوە، چوونکە ئامانجی چالاکی کۆمۆنیستی گۆڕینی جیهانە بە عەمەلی، ئەمەش بە پڕاتیکێکی شۆڕشگێڕانەی ڕێکخراو کە تیۆری شۆڕشگێڕانە زاڵە بەسەریدا دێتە دی، نەک تەنها بە پڕوپاگەندە و ڕۆشنگەری فکری و سیاسی.
    ڕاستە قەیرانی سەرمایەداری لە ئارادایە، ناتوانایی دەسەڵاتی بورژوازیش هەیە کە چارەسەری پێ ناکرێت جگە لە سەرکوتی ناوخۆیی و شەڕ و پێکدادانی دەرەکی، هەروەها ناڕەزایەتییش هەیە، بەڵام بۆ ئەوەی کۆتایی بەسەرمایەداری و دەسەڵاتی بورژوازی بهێندرێت و کرێکار و زەحمەتکێش بتوانن دەسەڵاتێک دابمەزرێنن کە ئیرادەی خۆیان بێت و پایەکانی کۆمەڵگەیەکی سۆشیالیستی دابمەزرێت، پێویستە ئەو ناڕەزایەتیـیە کۆمەڵایەتی و جەماوەریـیانە بەرزبکرێنەوە بۆ ئاستی بزووتنەوەیەکی چینایەتی سیاسی ڕێکخراو و یەکگرتوو بە ئاسۆیەکی سۆشیالیستی ئینتەرناسیوناڵیـیەوە. مێژووی هەموو کۆمەڵگە سەرمایەدارییەکان لەوانەش لە عێڕاق و هەرێمی کوردستانەکەیدا لێرەدا گیری کردووە و ئەمە گرێوگۆڵە سەرەکییەکەی خەباتی چینایەتییە لەمڕۆدا.
    هەرچەندە، کاری ڕۆشنگەری دژی سەرمایەداری و دەسەڵاتی بوورژوازی کارێکی پایـیە و بەردەوام دەبێت ئەنجام بدرێت، بەڵام ئەوەی ئەسڵە لێرەدا، ئەوەیە کە دەبێ یەک خەتی سیاسی مارکسیستی و کۆمۆنیستی شۆڕشگێری ئینتەرناسیوناڵ و سەراسەری لە عێڕاقدا بخرێتەڕوو بۆ کار و چالاکی کۆمۆنیستی کە هەرێمی کوردستان بەشێکی لێکهەڵپێکراوی بێت، وەک ئەوەی کە (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی) پێی هەڵدەستێت. لە ئێستادا ئەرکی کۆمۆنیستەکان ئەوەیە بە موشەخخەسی.
    هەر ئەم خەباتە سیاسییە کۆمۆنیستییەشە کە سەربەخۆیی چینایەتی و ڕیزی سەربەخۆی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان دەپارێزێت لە ئەجیندای ڕەوتە فکری و سیاسیـیەکانی بورژوا ئۆپۆزسیۆنی قەومی-ئیسلامی، و ڕێگریش دەکات لە تەشەنەکردنی ڕاسیزم و فاشیزم بۆ ناو ژینگەی جەماوەری زەحمەتکێش و ئاڕاستەکردنی توڕەیی و بێزاریـیان لە سیستەمەکە و لە دەسەڵاتی بورژوازی بۆ دژایەتی کردنی بەشێکی تری کرێکار و زەحمەتکێش بەناوی نەتەوە و ئایین و … هتد.
    کۆمۆنیزم دەبێ ئاڵتەرناتیڤێکی سیاسی سۆشیالیستی و پڕۆلیتاری بە عەمەلی بخاتە بەردەم کۆمەڵگە لەبەرامبەر گشت ئاڵتەرناتیڤە ڕەنگاوڕەنگەکانی بورژوا ناسیونالیست و لیبڕاڵ – ڕیفۆڕمیست و ئیسلامی سیاسی و ڕەوتە فاشیستەکاندا، ئەمەش کارێکە واوەترە لە ڕۆشنگەری سۆشیالیستی و پڕوپاگەندەی دژە سەرمایەداری و دەسەڵاتی بورژوازی.

    ١٨ ئەیلولی ٢٠٢٦




لێکەوتەکانی جەنگی ئەمریکا-ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، هاوپەیمانی سەربازیی سعودی-تورکی-پاکستانی وەک نموونەیەک!.. عەبدوڵڵا ساڵح

ووتراوە: “جەنگ سیاسەتە کاتێک وشەکان شکست دێنن، ئابووریـیە کاتێک بەرژەوەندیـیەکان بەریەک دەکەون، و کارەساتە کاتێک بێتاوانەکان باجەکەی دەدەن”.
جەنگی ئەمریکا-ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، وەک درێژەپێدەری ئەو هێرشە تێرۆریستییە دێت کە بزووتنەوەی حەماس لە ٧ی تشرینی یەکەم (ئۆکتۆبەر)ی ساڵی ٢٠٢٣ بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامی دا، بە پاڵپشتی و پشتگیری و هاندانی کۆماری ئیسلامی لە ئێران و دەستوپێوەندەکانی لە ناوچەکەدا، ئەوەشی بە دوایدا هات لە تاوانەکانی پاکتاوکردنی دانیشتوانی کەرتی غەزە لەلایەن حکومەتی فاشیستی ڕاستڕەو لە ئیسرائیل و هێنانی هەموو ئەم تراژیدیایە بۆ سەر فەلەستینییەکان، پاشان جەنگی ئەم دواییەی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، کە بە نۆرەی خۆی بارودۆخێکی سیاسی و سەربازیی نوێی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هێنایە کایەوە بە شێوەیەک دەکرێت بخرێتە چوارچێوەی ئەوەی کە هەندێک پێی دەڵێن “ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ”.
دیارە لێکەوتەکانی ئەم شەڕە چەند ڕەهەندێکی گرنگ لە خۆی دەگرێ لەپێشیانەوە ڕەهەندە ئابووریـیەکان، کۆمەڵایەتیـیەکان و ئەمجا سیاسیـیەکان. ئەگەر بەکورتی بەلایەنە ئابوورییەکەیدا بچین دەبینین کە کاریگەری ئەم شەڕە نەک تەنیا کەوتۆتە سەر وڵاتانی ناوچەکە، بگرە سەر تەواوی ئابووری لە جیهاندا و نرخی کاڵاو شمەکی تا ڕادەیەکی بەرچاو بەرز کردۆتەوە، ئەویش بەهۆی بەستنی گەروی هۆرمزەوە لەلایەن ئێران و کەمکردنەوەی هەناردەی وزە لەسەر ئاستی جیهان. لەباری کۆمەڵایەتیشەوە، جگە لە بارگرانیـیەکی بێ وێنە بۆسەر خەڵکی ئێران بەتایبەتی، هەڕەشەی لە گرێژەنە چونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، ئەوە جیا لە سەرکوت و زیندان و سێدارە. ئەم شەڕە کاریگەری، تا ئەندازەیەک، بەرچاوی لەسەر دانیشتوانی ناوچەکەش دروست کردوە بەجۆرێک کە خەڵکی لە دڵەڕاوکێیەکی بەردەوامدا ڕاگرتووە.
ڕەهەنەدە سیاسیـیەکانیش کە کرۆکی ئەم باسەن، ڕوون و ئاشکرا دیارن، یەکێک لەوانە سەرەتای پرۆسەی بەرەو ئاوابوونی ڕۆڵی میلیشیاکان لە دەستوەردان لە سیاستەکانی دەسەڵاتی فەرمانڕەوا، واتە ئەوەی بە زمانی سیاسی پێی دەوترێت “دەوڵەتی قووڵ”؛ وەک حەماس لە غەززە، حزبوڵڵا لە لبنان، میلیشیا شیعییەکان لە عێراق، هەروەها ڕەوەندی بەرەوئاوا بوونی ڕۆڵی، بزوتنەوە چەکدارەکان، ئەوەی پێی دەوترێ “خەباتی چەکداری” وەک (پەکەکە لە تورکیا، هەسەدە لە سوریا..).
ئەوەی زۆر زەق و ئاشکرایە لەم ڕەهەندە سیاسییە فەشەلی ڕۆڵی ئەمریکایە لە پاراستنی ئەمنیەتی هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە، واتە چەتری پارێزگاری ئەمریکا، بەتایبەت بۆ وڵاتانی کەنداو نەیتوانی چەترێکی جێگای متمانەی تەواو بێ. ئامانجی ئێمە لەم نوسینە، تیشکخستنە سەر دەرئەنجام و ئاسۆی ڕەهەندە سیاسییەکانی ئەو شەڕەیە، کە یەکێک لە دیارترینیان دامەزراندنی هاوپەیمانی سەربازیی سێقۆڵیی ئاماژەپێکراوە.
لە ٧ی ئابی ٢٠٢٦، سعودیە، تورکیا و پاکستان هاوپەمانەتییەکی سەربازیان واژۆ کرد بە ناوی “ڕێککەوتنامەی مەککە بۆ بەرگریی هاوبەش” کە چوارچێوەیەکی بەرگریی سێقۆڵیـیە و جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەر هێرشێکی چەکداری بۆ سەر یەکێک لەم سێ دەوڵەتە بە هێرش بۆ سەر دەوڵەتەکانی تر ئەژمار دەکرێت، ئەمەش سیفەتێک دەبەخشێتە ئەم هاوپەیمانیـیە کە لە ماددەی پێنجەمی پەیماننامەی “ناتۆ” دەچێت.
ئەوەی سەرەتا بە مێشکدا دێت ئەم پرسیارەی خوارەوەیە: هۆکارەکانی دامەزراندنی ئەم هاوپەیمانیـیە چیین؟ و چیـیە ئەوەی هەر یەکێک لەم سێ دەوڵەتە هەوڵی بۆ دەدات لە پشتی چوونە ناو ئەم هاوپەیمانییە و ڕۆڵی هر یەکێکیان چیـیە؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، دەبێت سەرەتا بگەڕێینەوە بۆ ڕاستییەک کە جەنگی ئێستا سەلماندویەتی، ئەویش شکستی سەربازی و سیاسی ئەمریکا لە دەست گەیشتن بەو ئامانجەی شانبەشانی ئیسرائیل و حکومەتە ڕاستڕەوەکەی نەخشەیان بۆ کێشابوو، نیشانەکانی ئەم شکستە لە سەرەتای جەنگەکەوە دەرکەوتن کاتێک ئامانجی سەرەکی بریتی بوو لە تێکشکان و خاپوور کردنی بەرنامە ئۆتۆمیـیەکەی ئێران، گۆڕا بۆ ئامانجێک، کە ڕەنگە ئەوەندە لە بەرچاو نەگیرابێت، ئەویش داخستنی گەرووی هورمزە لە لایەن ئێرانەوە کە بووەتە گرێ کوێرەیەک بۆ تڕامپ و هاوپەیمانەکانی، هەروەها کردنەوەی گەروەکەش بووەتە یەکێک لە پێشینەی ئامانجەکانی ئەم جەنگە و هەر ئەوەشە کە بۆ ئێران بۆتە کلیلی سەپاندنی مەرجەکانی بەسەر ئەمریکادا بۆ ڕاگرتنی جەنگەکە. ئەم جۆرە لە شکست، بێگومان بۆ ئەمریکا، دەشکێتەوە بەسەر تەرازوی ململانێی لەگەڵ ڕکەبەرە نێودەوڵەتییەکانیشی لە ناوچەکە وەک چین و روسیا.
بێگومان، زەرەرمەندی سەرەکی لەم تەنگژەیەدا، جگە لە جەماوەری ماندو وە برسیکراو سەركوتکراوی ئێران بە تایبەتی و جەماوەری ناوچەکە بە گشتی، وڵاتانی کەنداون، ئەوان سەرچاوەی سەرەکی ئەو دەرامەدە زەبەلاحەی هەیانە لە ڕێی هەناردەی ئەو نەوت و گازەیە کە سەرچاوەی سەرەکیی ئابوورییانە، ئەویش کەوتووەتە ژێر پەلاماری ئێران و تێپەڕبوونی بە گەروی هۆرمز بەستراوەتەوە بە ڕەزامەندیی و ئۆکەی ئەو، سەرەڕای ئەوەش ئەم وڵاتانە بوونەتە ئامانجێکی سەربازیی “نەرم” بۆ ئێران کە هەرکاتێک بیەوێ هێرشیان دەکاتە سەر، بە بیانوی بوونی بنکەی سەربازیی گەورەی ئەمریکی لەسەر خاکەکەیان.
دەربارەی ئیسرائیلیش، هاوپەیمانی جێکەوتوی ئەمریکا، کە دەستی واڵا بۆتەوە، لە ڕووی سەربازییەوە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و هەر کاتێک بیەوێت پەلامار دەدا و هێرش دەکاتە سەر بەشێک لە دراوسێکانی (غەزە، لوبنان، سوریا) و خاکەکانیان داگیر دەکا بەبێ هیچ ڕێگرێەک، بەمەش ڕاستەوخۆ هەڕەشە لە بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتانی ناوچەکە دەکات بە گشتی.
لە دوای ئەم گۆڕانکارییانە، کە بە گۆڕانکاریی ستراتیجی هەژمار دەکرێن، پێویستیی دروستبوونی ئەم هاوپەیمانییە دەرکەوت، ئەگەرچی وەک دەزگا ئیعلامییەکانی ئەو سێ دەوڵەتە باسی دەکەن گوایە ئەم هاوپەیمانییە ئەنجامی نزیکەی دوو ساڵ لە دانوستان بووە و ئامانجی، بەپێی ئیدعای لایەنەکانی، بریتییە لە “بونیادنانی سیستەمێکی ئاسایشی هەرێمیی سەربەخۆ کە هاوسەنگی لە نێوان پێداویستییەکانی هەرسێ دەوڵەتەکەدا بپارێزێت”. هەروەها وەک پاشەکشەی متمانە بە ئەمریکا لە پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە لە چنگ ئێران و دواتر ئیسرائیل ئەمەش وای لەو سێ دەوڵەتە کردووە کە بە دوای ڕێکارە بەرگرییە سەربەخۆکاندا بگەڕێن.
“ڕێککەوتنامەی مەککە بۆ بەرگریی هاوبەش” وەک سێ دەوڵەتەکە ئاماژەی پێدەدەن، سەرلەنوێ دارشتنەوەی هاوسەنگیی هێزە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەویش بە تێکەڵکردنی تەکنەلۆجیا و پێشەسازیی سەربازیی پێشکەوتووی تورکی لەگەڵ پاڵپشتیی دارایی سعودیە و توانای سەربازیی و ئۆتۆمی پاکستانی، ئەمەش هاوکێشەیەکی هێزی نوێ دەسەپێنێت کە ئامانجی شکاندنی قۆرخکاریی سەربازیی ئیسرائیلە لەلایەک و سنوردانانێکە بۆ ئەجیندا و خەونەکانی جمهوری ئیسلامی لە ناوچەکەدا لە لایەکی ترەوە، ئەم ڕێککەوتنە هەڵبژاردنێکی ئاسایشی سەربەخۆ بە سعودیە دەبەخشێت کە پێویستی بە هاوپەیمانی لەگەڵ ئیسرائیل و چوونە ناو ڕێککەوتنەکانی ئابراهام کەم دەکاتەوە بەو شێوەیەی کە تڕەمپ هەوڵی بۆ دەدا.
هێزی ئەتۆمیی پاکستان دەبێتە بەربەستێک بۆ هەر لایەنێک کە بەنیازی بەزاندنی “هێڵە سوورەکان” بێت لە هێرشکردنە سەر وڵاتانی هاوپەیمانی، ڕەنگە ئەم چەکە، لەلایەکی ترەوە، بشبێتە هۆی سەقامگیری سیاسی و سەربازی! لە بەرامبەردا، پاکستان سوودمەند دەبێت لەو سەرمایە زۆرەی سعودیە بۆ ڕێگری لە داڕمانی ئابوورییە بێتواناکەی، سەرەڕای هەوڵەکانی بۆ پاراستنی هاوسەنگیی ستراتیجی لە ململانێ مێژووییەکەیدا لەگەڵ هیندستان.
سەبارەت بە تورکیا، کە وڵاتێکە لە پەیمانی ناتۆ و بەهێزترین سوپای ناوچەکەی هەیە، بەردەوام بەرژەوەندییەکانی بە هەڕەشە لێکراو دەبینێت لەلایەن ئیسرائیلی هاوپەیمانی ئەمریکاوە، ئەویش بەهۆی سیاستەکانی حکومەتی ئیسرائیل بەرامبەر سوریا کە بە گرنگترین هاوپەیمانی تورکیا لە ناوچەکەدا دادەنرێت (دوایین هێرشی سەربازییان بۆ سەر فڕۆکەخانەی “أبو الضهور” لە ئیدلیبی ڕۆژهەڵاتی سوریا لەسەر سنووری تورکیا بوو). لەبەر ئەوە، تورکیا پێویستی بە هێزی ئەم هاوپەیمانییە هەیە بۆ پاراستنی هاوسەنگیی ستراتیجی، سیاسی و سەربازی لەگەڵ ئیسرائیل. لە لایەکی ترەوە، دوو هاوبەشەکەی تر، بە تایبەتی سعودیە، دەبێتە بازاڕێکی بەرچاو بۆ کڕینی پێشەسازییە سەربازییە پێشکەوتووەکانی تورکیا.
سەبارەت بە سعودیەش، کە متمانەی بە ئەمریکا وەک هاوپەیمانێکی ستراتیجی، بەتایبەتی لەبەرامبەر ئێراندا، بە جۆرێک لە جۆرەکان، لەق بووە، دەیەوێت ئاسایشی نەتەوەیی خۆی بپارێزێت بەدوور لە گۆڕانکارییەکانی هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەکان. لەبەر ئەوە، لە ڕێگەی ئەم هاوپەیمانییەوە هەوڵ دەدات پەیامێک ئاڕاستەی هەر لایەنێک بکات کە مەبەستی بێت زیانی پێ بگەەیەنێت و بڵێت: “ئێمە خاوەنی چەتری ئەتۆمی و هێزێکی سەربازیی گەورە و ئایدۆلۆجیایەکی ئایینین کە لەگەڵ دوو هاوپەیمانەکەی تردا کۆمان دەکاتەوە، و بەمەش هەوڵ دەدەین تەنیا پشت نەبەستین بە چەتری ئەمریکی”.
بێشک پەلاماری ئەم دواییەی حوسیەکانی یەمەن بۆ سەر سعودیە ، تا ئەمڕۆش، بەو پەلامارە هەژمار ناکرێ کە پێویستی دەخالەتی ڕاستەوخۆی تورکیا و پاکستان بکا بۆ بەرگری لە سعودیە، بەتایبەت کە ئەمریکا خۆپارێزی نیشاندا لەبەرامبەر هێرش بۆ سەر حوسیەکان، جگە لەوەش حوسیەکان ناتوانن مەترسی وجودی بن بۆ سەر سعودیە.
پرسیارێکی تر کە لێرەدا خۆی دەسەپێنێت ئەوەیە: ئەی عێراق و هەرێمی کوردستان لە ناوەڕاستی ئەم کێشمەکێشەدا چیان بەسەر دێت و چی چاوەڕێیان دەکات لە ئەنجامی ئەم گۆڕانکارییانەدا؟
ئاشکرایە عێراق وە هەرێمی کوردستانیشی لەگەڵ بێ، لە دوای داگیرکاریی ئەمریکا و ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە، بڕیاری سیاسیی سەربەخۆیان لەدەستداوە و لە کەشتییەک دەچن کە شەپۆلەکان یارییان پێ دەکەن؛ چونکە هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان دەستی واڵایان هەیە لە داڕشتن و پیادەکردنی سیاسەتەکانیان. ئەم جەنگەش بارودۆخەکەی ئاڵۆزتر کردوە، بە شێوەیەک کە سیاسەتی “بەدەستەوە گرتنی دارەکە لە ناوەڕاستەوە” بووە بە یەکێک لە ناکارامەترین و فاشیلترین سیاسەت.
لەو کاتەی عەلی زەیدی، ئەو ملیۆنێرە تازەپێگەیشتووەی لە ناو ژینگەیەکی سیاسی تائیفی و قەومی و ژینگەیەکی ئابووری گەندەڵی، مەحسوبییەت و بەرتیلخۆریدا هەڵتۆقیوە و بە پاڵپشتیی ئەمریکا و ڕۆژئاوا هاتۆتە سەر دەسەڵات، وەک کۆپییەکی تەواوی حکومەتەکانی پێشوو لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە، هەژمار دەکرێ، ئەویش بە پابەندبوونی بە “پەڕەی سپی”ی نیولیبرالییەوە، واتە سەپاندنی ژیانێکی کولەمەرگی و خنکێنەر بە سەر کرێکاران و زەحمەتکێشانی کۆمەڵگەدا و واڵا کردنی دەستی کەرتی تایبەت بۆ چنینەوەی سود و قازانچی بەربڵاو.
لە دەستپێکی کارەکانی ئەم دەسەڵاتەدا چووە ناو جۆرێک لە ململانێی نوێوە؛ لادان بەرەو ئەمریکا و هەوڵدان بۆ دوورکەوتنەوە لە هەژموونی ئێران، ئەویش لە سیاسەتی (کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت)دا ڕەنگی دایەوە، ئەمەش کەشوهەوایەکی ئاڵۆزی لە نێوان بڕیار بەدەستەکان لە وڵاتدا دروست کرد (چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعی) کە زۆربەی لایەنەکانی خاوەنی میلیشیای چەکدارن و ئەم سیاسەتەش دەچێتە خانەی چەککردن و تێکەڵبوونیان لەگەڵ هێزە سەربازییە فەرمییەکانی دەوڵەتدا. پرۆسەی ئەم چەکداماڵینە ناکرێ وەک کارێکی ئاسایی سەیر بکرێ بەڵکۆ قۆرت و پێچی زۆری لەبەر دەمە، هەر ئێستا دەنگۆی (شاردنەوەی چەکەکانیان نەک ڕادەستکردن) وەک بژاردەیەک هاتۆتە ئاراوە، ئەمەش دەبێتە ئۆلگۆیەک بۆ دەرکەوتنەوەیان لە فۆرم و شکڵێکیتردا. دەکرێ ئەم حاڵەتە لە هاوکێشەیەکی کورتدا کۆبکەینەوە ئەویش وەک ئەوەی(حەیدەر عەبادی) بەئاشکرا دانی پێدا نا: عێڕاقی ئەمڕۆ بەمانای دەوڵەتی میلیشیا، نەمانی میلیشیا واتە نەمانی ئەم دەوڵەتە!!
ئەم بارودۆخە کاریگەریی نەرێنی لەسەر سیاسەتێکی تری دەوڵەت دروست کرد کە بریتی بوو لە “ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی”؛ سیاسەتێک بە ڕاوی ماسیـیە بچکۆلەکانی گەندەڵیی دەستی پێ کرد دوور لە حوتە زەبەلاحەکان. لە بارودۆخێکی وەهادا، ئەم حکومەتە ئەو دارعەسایە سیحرییەی پێ نییە کە وڵات بەرەو سەربەخۆیی لە بڕیارداندا ببات، ئێستا عێڕاق لە نێوان هەردووک بەرداشی ئێران – ئەمریکا تلاوتلیەتی، سەرەڕای ئەوەش لە گەڵ ئەو قەیرانە داراییە خنکێنەرەدا دەست و پەنجە نەرم دەکا کە بەهۆی شەڕی ئەمریکا و ئێرانەوە دروست بوە سەرباری گەندەڵیی بێوێنە کە دەمێکە بەرۆکی عێراقی گرتووە.
سیاسەتی عێراق، بەپێی ئیدعای بەرپرسان، لە: “بێلایەنی، هاوسەنگی و دیپلۆماسی، لەگەڵ پێدانی ئەولەویەت بۆ بەرژەوەندیی نیشتمانی، سەروەری و سەقامگیری”دا خۆی دەبینێتەوە، ئەمەش بۆخۆی هیچ نییە جگە لە دروشمێک کە حکومەتەکانی پێشوو بەرزیان کردبۆوە و ئەنجامەکەشی دەرکەوت؛ لەبەر ئەوە، ئومێد بەستن و هەڵچنینی هیوایەک بەم سیاسەتانە بازێکە لە بۆشاییدا.
کوردستانیش، وەک بەشێکی دانەبڕاوی عێڕاق کە هەمان ئەو بارودۆخە دەیگرێتەوە، لەباری سیاسیـیەوە، لەلایەک دەست و پەنجە لەگەڵ ململانێ هەردوو حزبی دەسەڵاتدار نەرم دەکا و پاشاگەردانیـیەکی ئابووریش کە باجەکەی بۆتە بارگرانیـیەکی قورس بەسەر شانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و کەمدەرامەدی کۆمەڵگا، ئەمە و سەرباری سەرکوتی سیاسی و خەفەکردنی دەنگی ئازاد. لەلایەکی ترەوە ئۆپۆزۆسیونی پرۆ دەسەڵاتیش لە کوردستان جگە لە هاشوهوش و بۆڵە بۆڵ بەمەبستی بەدەستەوە گرتنی چەمکێکی دەسەڵات ناکرێ و ناتوانێ شتێکی تری لێ چاوەڕوان بکرێ.
حزب و ڕێکخراوە چەپەکانیش بەتایبەت، باڵە پرۆ ناسیۆنالیستەکەی چەپ، کە ئۆلگۆی کوردستانی سوریای وەک ئامانجێک بەدەستەوە گرتبوو بانگەشەی بۆ دەکرد، ئێستا و دوای جوڵە لۆژیکییەکەی (هەسەدە) لە چوونە ژێر عەبای ئیسلامییەکان، بۆیە دەڵێین لۆژیکی چونکە ئەو، واتە (هەسەدە)، وەک حزبێکی چینی بۆرژوازی، قازانجی چینەکەی لەم ڕێڕەوەدا بەدیکرد بۆیە ملی لێنا، ئەمەش ناکرێ وەک شکست هەژمار بکرێ، تاکە شکستێک کە لەمنێوەدا هەبێ ئەوە وەهم و خۆشخەیاڵی چەپی پرۆ (هەسەدە)یە.
ئەم گێژاوەی ئەمڕۆ عێراق و کوردستانی پێدا تێپەڕ دەبێ، هیچ ڕێگەیەک بۆ تێپەڕاندنی نییە جگە لە ڕێکخستنی ڕیزەکانی کرێکاران، زەحمەتکێشان، بێکاران لە گەنجانی کوڕ و کچ، و سەرجەم توێژە چەوساوەکان، ژنان و پیاوان، لە ڕیزێکی خەباتکارانەی سەربەخۆی یەکگرتوودا و جیاکردنەوەیان لە ڕیزەکانی پێکهاتەی چینی دەسەڵاتداری باڵادەست (واتە بۆرژوازی)، بەرەو هەڵچونێکی شۆڕشگێڕانە کە دەسەڵات و مافەکان بۆ خاوەنە ڕاستەقینەکانی بگەڕێنێتەوە و ئازادی و ژیانێکی شایستە بۆ سەرجەم کۆمەڵگا دابین بکات لە ژێر ئاڵا و ئاسۆی سۆشیالیزمدا بەدوور لە هەر ئاسۆیەکی نەتەوەیی، ئایینی، مەزهەبی، ڕەگەزپەرستانە و جێندەری.
٢٠ی ئەیلولی ٢٠٢٦




من و ئاو دڵۆپێکمان بەینە.. شیعری عەباس ئیسماعیل حەمەد

ئاو لە منە!
ڕێڕەو دەگۆڕین
سڵ ناکەینەوە
بەسەر زەمەندا دەنووشتێینەوە
سوخەتمانە
دڵنیاین
پەردەی بەرد هەڵدەتلۆقێنین
ئەگەر لێمگەڕێن
دەبم بە هەڵم
ئەگەر لێمگەڕێن
موژدەی بەفرم پێیە.
دەبم بە دڵۆپ
هێدی هێدی
لە ترپەی دڵ دەچم
ئۆخژنی بەرد لە جەرگم بەردەبی
ئاو لە مندا دەتوێتەوە
سەربردەی ئەشکەفتم پێیە
تارمایی سەر دیوارەکانم لەبەرە
پشتم لە ڕووناکی نەکردیە
تیشکێک لەوێ هەڵدێ
هەڵبەستم پێیە
لە ساوسێوەکانم
ژووانم هەیە
ئاو لە من فێری عەشق بوو
عەشق لە مندا قەتماخەی گرت
قەتماخەی من ماکی عیشقە
کەس پەی پێ نەبردیە
خۆزگەی من ڕامانە
چۆڕینەوەیە
دەبارم، من تاڤگەی بەفرم
من هاژەی تەواوبوونم
هاژەم
لە ورشەی با دەچێ
لە گمەی کۆتر
لە پسکەی گوڵ
لە خەرمانەی پێشوەختە
جۆخینەی نەکردیە
ئەزەل

لە هەورازیدا دێم دەنیشمەوە
من بەرزەفڕەم
فڕین لە مندا درۆپەی دەکات
پەپولە
بەفر
کنێر
تارا
نرکەی هەناوم
ڕەشماڵێ هەڵدەدەن
قەف قەف
پەپکەی سەر درزەکان ماچ دەکەن
ماچم دەکەن
فڕین لە منە
هەڵدەنیشمەوە
ڕێڕەو
بارین
شەو و شەونم
بەرزەزێ . . . خوناو
ماچ دەکەم!

ئەوێ شەوێ
خودام هاتە خەوێ
سرووشی نوێ دەنووسمەوە
خەونێ بەخۆم دەبینم،
خودا نیم
خودا لە منە
حریتەمان دەڕوات
خۆزگەم بەوەی ئاگای لێیە
شیعرم نێرکی کردیە ئەوڕۆ
لە ئەشکەفتێ ڕووم وەرگێڕایە
عیشق ئەوهایە
دانامرکێمەوە

عەباس ئیسماعیل حەمەد
هەولێر
22-09-2026




ئایا کاتی گەڕانەوەی چەپەکان هاتووە؟.. نووسینی هێمن عەلی

لە ئەوروپادا، گرانیی ژیان و کرێی خانوو ژیانی خەڵکیان قورس کردووە. پەنابەرانیش لە پاڵ ئەم کێشانەدا ڕووبەڕووی جیاکاری دەبنەوە. ڕاستڕەوە توندڕەوەکان پەنابەران تاوانبار دەکەن، لە بەرامبەردا هەڵبژاردن و ڕاپرسییە تازەکان نیشان دەدەن کە چەپەکان لە چەند وڵاتێکی ئەوروپا بەرەو پێش دەچن.
بەرلین نموونەیەکی بەرچاوە. بەپێی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، پارتی «دی لینکە» لە هەڵبژاردنی ئەیلوولی ٢٠٢٦دا بە ٢٥٫٣٪ی دەنگەکان بووە یەکەم هێزی سیاسیی شار. ئەلیف ئێراڵپ، کاندیدی پارتەکە، دەیەوێت ببێتە سەرۆکی حکومەتی بەرلین، بەڵام بۆ گەیشتن بەو پۆستە پارتەکەی پێویستی بە هاوپەیمانی هەیە. کێشەی خانوو و بەرزیی کرێ لە پرسە سەرەکییەکانی هەڵبژاردنەکە بوون.
لە سوید، بەپێی ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەیتد پرێس (ئەی پی)، بەرەی ئۆپۆزسیۆنی چەپ و ناوەڕاستی چەپ لە هەڵبژاردنی ٢٠٢٦دا ١٧٦ کورسی لە کۆی ٣٤٩ کورسی بەدەستهێنا و بە جیاوازییەکی کەم سەرکەوت. پارتی چەپ بەشێکە لەو بەرەیە، بەڵام هێشتا پێکهێنانی حکومەت دیار نییە.
لە فینلەندا، بەپێی ڕاپرسیی دەزگای ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی گشتیی فینلەندا (ئولێ)، پشتیوانیی «هاوپەیمانیی چەپ» گەیشتووەتە ١١٫٧٪؛ بەرزترین ئاستی ئەو پارتە لە ڕاپرسییەکانی یلەدا. ئەمە نیشانەی زیادبوونی پشتیوانییە، بەڵام ئەمە ئەنجامی هەڵبژاردن نییە.
لە دانیمارک، بەپێی ئەنجامە فەرمییەکانی دەزگای ئاماری دانیمارک، پارتی «چەپی سەوز» لە هەڵبژاردنی ئاداری ٢٠٢٦دا پێنج کورسی زیاتری بەدەستهێنا و بە ٢٠ کورسی بووە دووەم گەورەترین پارتی پەرلەمان. پارتەکە باشترکردنی ژیانی خەڵک و پاراستنی ژینگە پێکەوە دەخاتە ناو بەرنامەکەیەوە.
ئەم نموونانە ئەوە ناگەیەنن کە هەموو پارتە چەپەکان وەک یەک بیر دەکەنەوە، یان لە سەرتاسەری ئەوروپادا سەرکەوتوون. بەڵام لە ناو ئەم دۆخە نائومێدکەرەدا پرسیارێک دەمێنێتەوە: کێ دەبێتە دەنگی ئەوانەی مووچەکەیان بەشی کرێی خانوو ناکات، کەمدەرامەتن، یان وەک پەنابەر لە پەراوێزی کۆمەڵگادا ماونەتەوە؟
ئەگەر چەپەکان بە هەنگاوی کرداری و ڕێزگرتن لە هەمووان وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە، سەرکەوتنەکانیان تەنها بە ژمارەی دەنگەکان ناپێورێن، بەڵکو دەبنە تیشکێکی هیوا بۆ ئەوانەی ماوەیەکە چاوەڕێی گۆڕانن. کەواتە ڕەنگە هێشتا زوو بێت بڵێین کاتی گەڕانەوەی چەپ هاتووە، بەڵام دەرگاکە کراوەتەوە.
ئەم پرسیارە تەنها هی ئەوروپا نییە؛ لە کوردستانیشدا کێ دەبێتە دەنگی ئەوانەی لە نادادپەروەری دەناڵێنن؟ کوردستان پێویستی بە دەنگێکە کە بەرگری لە مافی کرێکاران، کەمدەرامەتان و ئەوانەی لە پەراوێزدا ماونەتەوە بکات. ئەگەر چەپەکانی کوردستان بتوانن ئەم داواکارییانە بکەنە کاری ڕاستەقینە، دەتوانن هیوای گۆڕان لە دڵی خەڵکدا زیندوو بکەنەوە.




پـرسی کـورد لە لـوبنـان.. رەزا شـوان

کـۆمـاری لـوبـنان، دەکـەوێتـە رۆژئـاوای کـێـشوەری ئاسـیاوە. لەسـەر دەریـای سپیی ناوەڕاسـتە. رووبـەری لـوبـنـان (٤٥٠،١٠) هـەزار کـیلـۆمەتـری دووجـایە. ژمـارەی دانیشتوانی لوبنان لە (٧) ملیۆن کەس زیاترە. وڵاتێکی فـرە نەتەوەیە، لە دە نەتەوەی جیاواز پێکهاتـووە. کورد یەکـێکە لە نەتەوەکانی لـوبنان. شاری (بەیـروت) پایتەخـتی لوبنـانە و گەورەتـرین شارێـتی. بەنـدەرێکی گرنـگە لەسەر دەریـای سپیی ناوەڕاست.
مـێژووی بوونی کورد لە لـوبنان:
کورد لە لوبنانـدا مێـژوویەکی دێرینیان هـەیە. جێی دەستیان دیارە لە مێژووی لـوبنادا. زۆربەی سەرچاوەکان، بـوونی رەگ و ریشەی کورد لە لـوبنان بۆ سەدەی (١٢) یەم، دەگەڕێننەوە، بـۆ سەردەمی دەوڵـەتی ئەیـوبی کە لەلایـەن سەرکـردەی کورد، سوڵتـان سەلاحـەدینی ئەیـوبییەوە دامەزرا، کە میـسر و سـوریا و لـوبنان و فەلەستین بەشێک بـوون لە دەوڵەتەکەی. لـوبنـان لەلایـەن دەسەڵاتـدارانی کوردانی ئەیـوبییـەوە بەڕێـوە دەبـرا. ئەو کوردانەی وەک جەنگاوەر و فەرمانـڕەوا لەوێـدا مانەوە و نیشتەجـێـبوون، گوند و شارۆچکەی تایبەت بە خۆیان دروست کرد. بەڵام من پێـمـوایە کە بوونی کورد لـە لـوبنانـدا، بـۆ سـەردەمی میـتانـیـیەکان دەگـەڕێتـەوە. مـیـتانـیـیەکان کـورد نـەژادن.
لە (١٥٠٠ ـ ١٣٧٥) پـێـش زایـنی، ئیـمپراتـۆرییـەتی مـیتانییان دروسـت کرد. شـام و نێـوان دوو رووبار. واتە سوریا و لوبنان و باشووری کوردستان و چەند ناوچەیەکی فـراوانی تر، بەشـێک بوون لە ئیـمپراتۆرییەتی مـیتانی. شاری کەرکوکیـیش، یەکـێک بـوو لە شارەکانی ئیمـپراتـۆرییەتی میـتانی. پاتتەخـتی ئیمـپراتـۆریەتی میـتانی، شاری (واشۆکانی) بوو، لە نـزیک شاری (سەریکانی) ی رۆژئاوای کوردستان. واتە بەر لە بـوونی عـەرەب لە سـوریا و لـوبـنان، ئـەم دوو وڵاتـە بەشێک بـوونـە لە نیـشــتمانی کوردان و لەژێر دەسەڵاتی کوردا بـوون. بۆیە کورد لە سوریا و لە لوبنان نامۆ نین و رەگ و ریـشەیان لەم ناوچـانەدا بـۆ پـێش زاییـن دەگەڕێتـەوە. دواتـر عـەرەب لەژێـر پەردەی بڵاوکردنەوەی ئاینی ئیسلامی “فـتوحات” دا، ئەم ناوچانەیان داگیکـردوون و کۆمەڵکـوژیی خەڵکیان کردوون. تا ئەمـڕۆش ماڵـیان لە خاوەن ماڵ حەرام کـردوون.
لە سەردەمی عـوسـمانییەکانیـش، دوو کـۆمـەڵەی کورد لە لـوبنانـدا نـیـشـتەجـێبـوون. کۆمەڵەیەکی کورد کە هاوبەستەبوونیان بۆ دەوڵەتی عوسمانی هەبوو. عوسمانییەکان متمانەیان بە ئاغاکان و بە میـرە کوردەکان هـەبوو. عوسمانییەکان بە دەیان بنەماڵەی کوردیان لە لوبناندا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان، و پۆست و دەسەڵاتی پێیان دا و نـیشـتەجـێیانیان کـردن. کورد دەسەڵاتی بەسەر لـوبنانـدا هـەبـوو.
کـۆمەڵـەی دوەمی کورد لە لـوبنـان. دەوڵەتی عـوسـمانـیی ت، لە دوای کـۆمەڵکـوژیی ئەرمـەنـیـیەکان، دەسـتـیان بە کـۆمـەڵکـوژیی کورد. بەشـێکی زۆری کـورد لە تـرسی کـوشـتن. بە ناچـاری باکـووری کوردستانـیان بەجـێهـێـشـت و چـوون بـۆ لـوبنـان. بە تایبـەتیـش لە دوای جەنگی جیهـانی یەکـەم، کە کوردستانیان بەسـەر چـوار دەوڵەتـدا دابەشکـرد. بە هەزاران خـێزانی کورد لە زێـدی خۆیان دەربەدەرکـردن. تا ئەمـڕۆش بەشـێک لـەو کوردە دەربـەدەرانە نیـشـتەجـێی لـوبنـان بـوون.
شایـەنی باسە هـەر عـوسـمانییەکان، وەک سـزادانـێـک بەشـێک لە هـەمـەوەنـدەکانی باشووری کوردستانیان دوورخستـنەوە بـۆ لـیبیا و بۆ لوبنان، ئەوانەی لـوبنانیان، لە باشووری لوبناندا نیشتەجـێیان کـردن. خوالـێخـۆشبوو (کەریـم ئاغـای هەمەوەنـد) لە کۆتایی نەوەدەکانی سەدەی رابـردوودا، سەردانی هەمەوەنـدەکانی باشووری لـوبنانی کرد. زۆر بە گەرمی پێشوازییان لـێکرد. شانازییان بە کوردبـوونی خۆیانەوە دەکـرد.
شەپۆلێکی گەورەی کوردیش دوای شکـستهـێنانی شۆڕشی دیاربەکر (شـێخ سەعـیدی پیران) و شۆڕشی دەرسیم (سەید رەزای دەرسیم) شۆڕشی ئاگری ـ ئارارات (ئیحسان نوری پاشا) لە تـرسی کوشـتن و گـرتـن. بەشـێکی کـورد چـوون بۆ لـوبنان و لەوێـدا نیشتەجـێبوون. زۆر بە کـوێـرەوەری و هـەژاری و سـەخـتی ژیـان و دەژیـن.
ناودارتـریـن، ئەو بنەماڵە کوردانەی، کە ماوەیەکی زۆرە لە لوبنانـدا نیشتەجـێـبـوونە:
بنەماڵەی ئەیـوبی، بنەماڵەی جـونبڵات، کە نیشتەجـێی چـیای لوبنانـن، بە تایبەتیش لە شارۆچکەی (شوف) نیشتەجـێن بـوونە. ناوەکەیان لە (جـان بـوڵات) ەوە هـاتـووە، بە واتا (دڵی پـۆڵایین) کە یەکێک بـوو لە سەرکردە ئازا و ناودارەکانی کورد لە سەردەمی عـوسمانی دا. بنەماڵەی شازادەکانی سەیـفا لە تەرابلوس، بنەماڵەی مورابی نیشتەجێی (ئەکار)ن، بنەماڵەی حەمیە لە بەعلەبەگ. بنەماڵەی شەمدین، نیشتەجێی (تەرابلوس)ن. لە ناوچەی شەمـدینان و هـەکارییەوە کـۆچـیان بۆ لـوبنان کرد، شاری (ئەکـا: عـەکا) ی لـوبنانی لە ناوی شاری هـەکـارییـەوە نـراوە. بنـەماڵـەی ڕەشـوانی نـیـشـتەجـێی ئەکان.

زۆربەی کوردەکانی لوبنان لە شاری، بەیـروت و شارەکانی دەشـتی بیـقـاع و باشووری لـوبنانـدا چـڕبوونەتەوە. ئەم بنەمـاڵە کوردانە چەنـدیـن ساڵە لە زێـدی خۆیان دابـڕاون، گەرچی فـشارێکی زۆریان خـستوونەتە سەریان، بـۆ تـوانەوەیـان لە بـۆتـەی نەتـەوەی عەرەبـدا، بۆ سڕینـەوەی ناسنامەی نەتەوەیی کوردییان، بەڵام کوردانی لوبنـان رەتیان کـردەوە، کە ببـن بە عـەرەب. شانازی بە کوردبـوونی خـۆیـانەوە دەکـەن و کوردستان پەروەرێکی سەرسەخـتن. بەشێکی کەمیان زمانی کوردییان لەبیرچووەتەوە. بەشێکی کەمیشیان لە ترسی دیپـۆرتکردنەوەیان، ناسنامەی کوردبوونی خۆیان شاردوونەتەوە. کوردانی لوبنـان بە دیالـێکـتی کرمانجی دەدوێـن. لەبەر ئەوەی تا ئەمـڕۆش دانیـان بە دەستـوریی زمـانی کـوردیـدا نەنـاوە و رێـیـان پـێـنـەدراوە، کـە قـوتـابخـانەی کـوردی بکـەنـەوە، بە ناچاری منـداڵەکانیان بە عـەرەبی یان بە زمانی ئینگـلیزی و فەرەنسی دەخوێنن. کەچی ژمـارەی ئەرمەنییەکان لە لـوبنان لە کورد کەمـترن، ئەوان زیاتر لە پەنجا قوتابخانەیان هەیە و بە زمانی ئەرمەنی دەخوێنن. ئەم جیاوازکردنانە، هەستی کوردانی لـوبنان زۆر ئازاردەدەن. ئەمەش رەنگـدانەوەی رەگـەزپەرستی بەشـێکە لە دەسەڵاتـدارانی عـەرەب لە لـوبنـان.
ژمارەی کورد لە لوبنـان:
تا ئێستا ئامارێکی فەرمیی، دەربارەی ژمـارەی کورد لە لـوبنان نییە، نەیارانی کوردیش ژمارەی کوردیان زۆر بە کەم خەمـڵانـدوون. بەڵام بەپێی ئامـاری کـۆمـەڵەی کوردی لە لـوبنـان (٣٥٠) هـەزار کـورد نـیشـتەجـێی لـوبنـانـن. لـەم ژمـارەیـە نـزیکەی لـە سـەدا پەنجـایان، رەگـەزنـامـەی لـوبنانـیان پێـدراوە. مـافی دەنگـدان و خـۆکانـدیـدکردنیـان بـۆ پەرلەمانی لوبنان هـەیە. لە سەدا پەنجاشـیان تەنیا کارتی نیشتەجـێبوونی هەمیـشەییان هەیە. مافی دەنگـدان و خۆکانـدیـدکردنیان بۆ پەرلەمان نییە. لە زانکـۆکانیـشدا وەریان ناگرن. هـیچ کارێکی حکومیشیان پێنادەن. لە زۆربەی مافەکانی هـاوڵاتی بێبەشکراون. بەشێکی زۆری ئـەم کـوردە بێ رەگـەزنامـانەی لـوبنـان، لەبـەر جیـاوازی و بـێکاری و هەژاری، لە پێناوی ئازادی و کار و داهـاتـووی منـداڵەکانیان، کۆچـیان کرد بۆ وڵاتـانی ئەوروپـا، بە تایبەتیـش بـۆ ئەڵـمانیـا.
کەسایەتییە کوردییە بە ناوبانگەکانی لـوبنان:
١ـ تەیـمـوور جـونبـڵات: سـیاسەتـمەدارێکی کوردی نـاوداربـوو لـە لـوبنـان.

٢ـ کەمال جونبـڵات: باوباپـیرانی لە سەردەمی دەوڵەتی ئەیـوبییەوە نیشتەجێی لوبنان بوون. باوکی کەمال ناوی فـوئـاد بەگە، قـایمـقام بـوو، تیرۆریان کرد. کەمال جونبڵات سیاسـەتـمەدار و بیـرمەنـد و نـووسـەر و پارێـزەر و وەزیـر بـوو. چـوار بـڕوانـامـەی بەکالـۆریـۆسی لە لوبنـان و فەرەنـسا بەدەستهـێنا. جـونبـڵات کەسایەتییەکی ناسراوی جـیهـانی بـوو. کـرایە (وەزیـری ئابـووری نیـشـتـمانی، وەزیـری کـشتـوکـاڵ، وەزیـری کاروبـاری کـۆمـەڵایەتی، وەزیـری پـەروەردە). لە ساڵی (١٩٦١) دا کـرا بە وەزیـری ناوخـۆی لـوبنـان. لەسـەر داوای ئـەم (١٢) هـەزار کـورد لە لـوبـنان، رەگـەزنـامـەی لوبنانیان وەرگـرت. جونبـڵات پـشتگـیریی لە شۆڕشەکانی کورد دەکـرد. دامەزرێنەری (پـارتی سوسیالـیستی پێـشکەوتـنخواز) بوو. بەداخـەوە کە کەمـال جونبـڵات لە ساڵی (١٩٧٧) دا، لەلایەن دەزگای هەواڵگریی رژێمی بەعسی سوریاوە تیرۆرکرا. رەفعەت ئەسەدی بـرای حافـز ئەسـەد، دەستی لـەم تاوانـەدا هـەبـوو. سێ چـەکـدار کە تابـلۆی ئـۆتـۆمبـێلەکەیان عـێراق بـوو، کەمال جـونبـڵاتیان لەنـاو ئـۆتـۆمـبێـلەکەیـدا کوشـت.

٣ـ وەلیـد جونبـڵات: کوڕی کەمال جونبڵاتە، لە ژیان دایە. سیاسەتمەدارێکی میانڕەوە. سەرۆکی (پارتی سوسیالیستی پێشکەوتنخوازە) لە شارۆچکەی شوف لە چیای لوبنان دادەنیشێت. دورزییەکان خۆشیان دەوێت، بە نوێنەر و سەرۆکی رۆحی خۆیان دەیزانن.

٤ـ شیریـن پەروەر: شـیریـن جەمـیل. کە بە شیریـن پـەروەر ناسراوە هـونەرمەنـدێکی ناسـراوی کوردە. یەکەم ژنـە سـروودبـێـژی کـوردە. لە ژیـان دایـە و لە لـوبنان دەژی.

٥ـ حەنـان عـوسمان: ژنـە چالاکـوانێکی ناسراوی کوردە لە لوبنان. لە لوبنان لە دایک
بـووە. لـە زانکـۆی بەیـروت، بەشی ویـژەی ئینگـلـیزیی تەواوکـردووە. چـەنـد ساڵـێک وەک مامۆستا وانەی ئـینگـلـیزیی و وەک وەرگێڕێک لە ئینگـلـیزییەوە، کاری کردووە. نووسەرە و پەرتووکی چاپکـراوی هـەیە. سەرۆکی (کۆمەڵەی نەورۆزی کۆمەڵایەتی و کولتووری کوردی) یە، کە لە ساڵی (٢٠١٤) لە لوبنان دامەزرا. ئەندامی ئەنجوومەنی ژنانی لوبنانە، ئەنـدامێکی داکۆکـیکارە لە مافـەکانی ژنان لە لوبنان. رۆڵـێکی بەرچاوی لە داکـۆکـیکـردن و ناسانـدنی دۆزی کـورد و لە مـافـەکـانی کـورد لـە لـوبنـانـدا هـەیە.
لە نووسینێکی پێشترماندا، بە دێژی باسی ئەم خاتوونە چالاکوانەی کوردمان کردووە.

٦ـ (جـوان عـومەری، حەسەن عـومەری، یوسف محەمەد) سێ کوردی وەرزشـوانی ناسراوی یاریی تـۆپی پێـن. کە لە تـێپی هـەڵـبژاردەی تـۆپی پـێی لـوبنان یاری دەکەن.

٧ـ فەخرەدیـن مەعـینی: کەسایەتییەکی ناسراوە و بە پاشای چیای لـوبنان دەناسرێت.
پارت و رێکخـراوە کوردییەکان لە لـوبنان:
١ـ پارتی دیـموکـراتی کوردی لە لـوبنان: لە ساڵی (١٩٦٠) دا دامەزرا. بارەگاکەی لە دەشتی بیقاع بـوو. لە ساڵی (١٩٩١) دا هـەڵـوەشـایەوە.
٢ـ پـارتی وەڵاتی نـیـشـتـمـان.
٣ـ پـارتی رزگـاری کـوردی
٤ـ کۆمەڵـەی خـێرخـوازی کوردەکانی لـوبنـان.
٥ـ کۆمەڵـەی سەلاحەدینی خـێرخـوازی کـوردی.
٦ـ کـۆمەڵـەی نـەورۆزی کـۆمەڵایـەتی و کـولتـووری کـوردی لە لـوبنـان.
٧ـ یەکـێـتی قـوتـابیـانی کـورد.
٨ـ پـارتی دڵـسـۆزی کـورد.
دۆخی کورد لە لـوبنـان:

گەرچی کورد سێیەم نەتەوەن لە لوبناندا، سەرەڕای ئەوەش کە بوونی کورد بۆ ماوەی هـەزار سـاڵ زیاتـرە لە لـوبنان. بـەڵام تا ئەمـڕۆش حکـومـەتەکـانی لـوبنـان ـ جـگە لە حکومەتەکەی رەفیق حەریری ـ کوردیان پەراوێـزکردوون. بە چاوێکی کەمتر لە کورد دەڕوانـن، بە هـاوڵاتـیی پـلە دوویان دەزانـن. هـیچ نـوێـنەرێکـیان نە لە پەرلەمان و نە لە دامـەزراوە فـەرمـییەکـانـدا نیـیە. بـە دەم جـیاوازیکـردن و هـەژاری و بـێکارییـەوە دەناڵـێنن. گەر ئیشیشـیان بـدەنی، بە پارەیەکی کەم و قـورسترین کاریان دەدەنێ. کورد لە هەموو بوارەکاندا خزمەتێکی زۆری لوبنانیان کردووە. بەڵام تا ئەمڕۆش حکومەتی لـوبنان دانی بە ناسنامەی بەشێکی زۆری کوردا نەنـاوە، کە چەنـدیـن ساڵە لە لوبناندا دەژیـن. ئامانجی حکـومەتی لـوبنان تـوانەوەی کـوردە لە بـۆتـەی نەتـەوەی عـەرەبـدا.
رەفـیق حـەریـری، کە لە سـاڵی (١٩٩٢- ٢٠٠٤) سـەرۆک وەزیـرانی لـوبنـان بـوو. رەگەزنـامـەی لـوبنـانی بە (١٢) هـەزار کـورد دا. بە داخـەوە کە تیـرۆرار کـرا. شـەرفـکەنـدییـان لـە ئەڵـمانیـا تـیـرۆر کـرد.

کورد بە هـیچ شـێوەیەک دەستـێوەردانیان لە لـوبنانـدا نەکـردووە. تەنـانەت لە شـەڕی ناوخـۆی لـوبنان، لە (١٩٧٥ـ ١٩٩١) کـورد لـەم شـەڕەدا بێ لایـەن بـوون، گـەرچی زیانێکی زۆریشیان لێکەوت. لە ساڵی (٢٠٠٤) بە هاندان و پاڵپشتی سوپای سوریا لە لوبنان، حیزب اللـە و بزوتنەوەی ئەمەل، هـێڕشیان کردە سەر کوردەکانی دانیشتوانی بەیـروت. بۆ ئەزێت دان و دەرکردنیان لە بەیروت. لە ساڵی (٢٠١٠) شدا، شارەوانی بەیروت داوای لە (٧٠٠٠) هەزا کوردی دانیشتووی گەڕەکی (برج حمود) لە بەیروت کرد. کە شارەکە چـوڵ بکەن. هـەر کوردێکـیش سەرپـێچی بکات، بە بـڕی(٣) ملیـۆن لیـرە سزا دەدرێـت. بەڵام کوردەکانی ئەو گەڕەکە رەتـیان کردەوە و جـێیان نەهـێـشت. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە حیزب الڵـە و بزوتنەوەی ئەمەل هێڕش بکەنە سەریان، لە ئەنجامی ئەو هـێڕشانەدا (٦) کورد شەهـیدبوون و (٢٣) کوردیش بـرینداربـوون و (٥٤) کوردیـشیان رفـانـد و شـوێـنبـزر کـران، کە تا ئەمـڕۆش چارەنـووسیان نادیارە.
بەڵام کـوردانی لـوبنـان، سـەرەڕای ئـەو هـەمـوو ســتەمانەی کە لـێـیان کـراوە و ئەو نەهـامەتییانەی بەسەریان هاتوون، سەڕای پەراوێـز خـستـنیان و سەیرکردنیان وەک هاوڵاتی پلە دوو. خۆڕاگرن و سەرسەختانە پارێزگاری لە ناسنامەی کوردییان دەکەن. ئەوەی کورد لە لوبنان دەیانەوێت ئەوەیە، وەک کەمـینە نەتەوەییەکانی تر، ئەرمەن و ئاشووری و شەرکەسەکان دانیان پێـدابنێن و وەک هاوڵاتی پلە دوو مامەڵەیان لەگەڵدا نەکەن. مافی خـوێنـدنیان بە زمـانی کوردی هـەبێـت و نـوێنەریان لە پـەرلـەمـان و لە حکومەت هـەبێـت. میدیا و دەزگای راگەیـانـدنیان هـەبێـت. بە فـەرمی جەژنی نەورۆز بکەن بە جەژنی نەتەوەیی کورد. مافی ئازادی دەربڕیـن و ژیانیان هەبێت. جیاوازیان لەگـەڵ نەکـەن. هـەمـوو ئەمـانـەش مـافی سـەرەتـایی و رەوای هـەر نەتـەوەیـەکـن.

کورد هـێـندە بێ بەخـتە، گـەر بـەردێـک لە ئاسـمـان بـەرەبـێـتەوە، بـەر سـەری کـورد دەکەوێت. لە شەڕی ئێستای نێـوان ئیسرائیل و حـیزب الـلەدا، زیاتر لە (٢٠) کورد لە باشووری لوبنان كوژران. چونکە بەشێکی کوردانی لوبنان و بەشێکیش لە ئاوارەکانی کۆبانی و عەفـریـن و سەریکانی، نیشتەجێی باشووری لوبنانن. دووبارە ئاورە بوون و لە دۆخـێکی سەخـت و هـەژاریـدا دەژیـن.. ئەمەیە چـارەنـووسی نەخـوازراوی کورد.
کوردەکانی لـوبنـان بە هـۆی پشتگـوێخـستنیان، ئاسـوودە نیـن، ژیـانـێکی تـاڵی پـڕ لە ناخـوشـییان هـەیە، دڵیـان پـڕە لە راز و گـازنـدە و لە گـلەیی و لە هـەنـاسـە سـاردی.
حەسەن، سەرۆکی کۆمەڵەی خـێرخوازی کوردی لە لوبنـان، دەڵـێت:”رەگەزنـامەمان وەرگرت، بەڵام هـچی تـرمان بەدەست نەهـێنا”. دەشڵـێت:”کەس ئێـمە ناپارێـزێـت و بەرگـریـمان لـێناکات، کەس گـوێ لە دەنـگی ئـێـمە ناگـرێـت”.
ئـیسماعـیل کوردێکی تری لوبنان، دەڵـت:”هـەست بە لـوبنانی بـوونـم ناکەم.. کولتوور و زمـانـم کـوردییـە.. دەزانـم کە کـوردم، ئـەوەش باوەڕێـکی نەگـۆڕمـە”.
دەربارەی کورد لە لوبنان پەرتووکێک چاپکراوە، بە ناوی “الاکراد في لبنان وسوریا” لەنووسینی ” دکـتۆر: أدیـب معـوض” لە ساڵی (١٩٤٥) دا، چاپی یەکـەمی کـراوە. لە ساڵی (٢٠١٠) دا، لەلایـەن دەزگای چـاپ و بڵاوکـدنەوەوەی ئاراس لە هـەولـێر چاپی دووەمی بۆ کـراوە. خوالـێخـۆشبوو فـەلـەکەدیـن کاکـەیی پـێـشەکـییەکی بۆ نـووسـیوە.
پەرتووکێکـیش لەژێـر ناوی (نەژادی کورد لە لوبنـان) نووسینی (خەلیـل شەڵـماشی). لەلایەن (دەزگـای چاپ و پەخـشی سەردەم) لە سلـێـمانی، چاپکـراوە و بڵاوکراوتەوە.
تا ئێستا ئـەم دوو پەرتـووکەم بەردەست نەکەوتـوون.
(*) بۆ ئەم نووسینەم، سـوودم لە چەنـدیـن سایتی ئینگـلیزی و عـەرەبی وەرگرتووە. بـۆ ئاسانی، ناوی سەرچـاوە ئینگـلیزییەکانیـشم ورگـێڕاون بـۆ سەر زمـانی کوردی:

١ـ کورد لە سـوریا و لـوبنـان.. عـیـسمـەت شـەریـف وانـلی: ١٩٩٢
٢ــ کـورد لە لـوبنـان.. نووسینی: بـروک ئەنـدەرسـۆن.. رۆژنـامەی دەیـلی: ٢٠١٢
٣ـ کورد لە لوبنـان.. تێـڕوانینێکی گـشتی کۆمەڵایەتی و مـێژوویی: لـوقـمان میهـۆ.
٤ـ کوردانی لـوبنـان.. ناسـنامە، چـالاکی و ئایـدۆلـۆژیـا.. کـلـێر مـاکـسوێـڵ: ٢٠١٧
٥ـ کـوردەکـانی لـوبنـان. قـوتـەیـبـە فـازڵ.

نەرویـج: ٢٠٢٦




شێلان.. شیعری نەوزاد بەندی

لەبەردەم دوو بارەگای حیزبیی
دوورە دەست ..
کە بە جۆرەها دیوار و تەیمان و دڕکەزی ..
جۆرەها چەک و تەقەمەنیی..
هەموو جۆرەکانی دووریی ،
دەوره درا بوون ..
سەوزەفرۆشێ،
کە هەموو جۆرەکانی هەژاریی،
لە ڕوخساریدا نەخشا بوون،
هێشتا سفتاحی نەکردبوو،
ئوتومبیلێکی بێ ڕەقەم شێلای ..
لە پزیشکی داد،
ڕووتیان کردەوە ..
گیرفانی پێناسەیەکی
جەنگاوەرانی دێرین و
بڕیارێکی کۆنی
لیژنەی شەرحەبیلی تیا بوو ..
هەر هەمان ڕۆژ،
کۆمەڵێ لات و لوت:
شیعرێ بە چاویلکەوە
چیرۆکێ بە دارشەقەوە،
ڕۆمانێ لەسەر عەرەبانە،
ووتارێ بە کانیۆلاوە،
ویستیان بپەڕنەوە،
ئەمبوڵانسێکی بێ ڕەقەم شێلاینی..
لە توبی عەدلی،
فەڕاشێک ڕووتی کردنەوە،
هەموو جۆرەکانی ئیفلاسبوونیان تێدا بوو ..
شیعرەکە لەفەیەک قاورمەی پێ بوو ..
چیرۆکەکە ڕەسمێکی ڕەش وسپی ..
ڕۆمانەکە پارچەیەک حەبی سکچوون ..
ووتارەکە هیچی پێ نەبوو ..
دوو گەنجی لاوازی قژ نیگرۆ،
بە دوو کراسی خۆڵاوییەوە،
ڕۆسڕایسێکی بێ تابلۆ، شێلاینی..
پزیشکی داد باوێشکێکی دا و
ووتی : چی ڕووت کەینەوە ؟
ڕەنگە جلەکانیان لابەین
هیچیان نەمێنێتەوە ..!
هەموو جۆرە تابلۆکانی دابڕانیان تیا کێشرا بوو ..
گیرفانی یەکێکیان
ناونیشانی قاچاخچییەکی
دەریای مەڕمەڕەی تیا بوو ..
لەگەڵ نیوەی پارەیەکی کانزایی ..
ئەوەی تریان،
شیعرێکی بەکر عەلی و
هەزار و دووسەد و پەنجا دینار ..
لەگەڵ پارچەیەک ڕەسمی یار ..
چوار مناڵی پۆلی یەکی سەرەتایی،
بە چاوی فرمێسکاویی و
جانتای بە تاڵەوە،
تراکتۆرێکی بێ ڕەقەم شێلاینی..
هەموویان خەڵکی یەک کۆڵان بوون ..
کۆڵانێکی نشێوی خۆڵاویی ..
کە تیایدا هەموو جۆرەکانی گرانیی دەست ئەکەوتن ..
هەموو جۆرەکانی نەخۆشیی داشکاندنیان بۆ کرابوو ..
هەموو جۆرەکانی ئازار ،
بە شەلع ئەفرۆشران ..
خەو و حەوانەوە له مێژه چووبوون بۆ هەندەران ..
لەو کوڵانەدا ژیان بە فەحم ساغ کرابۆوە ..
ڕۆژانە،
خێرخوازێکی خواناسی دەستڕۆیشتوو،
هەموو جۆرەکانی نائومێدیی،
بە بێ بەرامبەر دابەش ئەکرد بە سەریانا ..
سیاسییەکی دڵسۆز،
خولێکی خۆڕایی بۆ کردبوونەوە،
بۆ فێربوونی ئیشی عەرەبانە و
سواڵکردن و دەنگدان ..
ئەم کۆڵانە لە دوورەوە،
لە گۆگڵ ماپدا،
وەک برینی پەنجە توتەی
کرێکارێ دەرئەکەوت ..
برینێ،
بوون و نەبوونی وەک یەک بوون ..
هەمان ڕۆژ،
هەمان شەقام،
ئوتومبیلێکی جامڕەش،
جامڕەشێکی بێ ڕەقەم،
بێ ڕەقەمێکی زۆر خێرا،
ژنێکی دوو گیانی شێلا ..
لە جانتاکەیدا،
هەموو جۆرەکانی پەشیمانیی هەڵکۆڵرا بوو ..
نامەیەکی دوور و درێژ
بە قەڵەمی حیبری چینیی
نووسرابوو ..
تیایدا هاتبوو :
ئاخ! ڤریجینیا ..
لەم سەفەرەما بڕیارمدا،
هەرگیز نەگەڕێمەوە نیشتمان ..
لێرە تەنانەت چێژیش ئازارت ئەدا ..
تەنانەت سروودی نیشتمانییش
دڵت تەنگ ئەکا ..
باران برسێتیی بڵاوئەکاتەوە ..
نەوت ئەتهێنێتە سواڵ ..
کۆرپەی ناو لانک، قۆڵت ئەبڕن ..
لێرە ناوێریت لای شیعرێ دانیشیت،
تەکلیفی ستیانەکەت لێ ئەکا .،
وای! ڤریجینیا ..
ئەترسم نیلۆڤەری هەناوم،
توشی خەمۆکیی بووبێ ..
ئەبێ لەم مانگەدا
چەند جار یەخەی خۆی دڕیبێ ؟
ئەبێ چەند جار
پەتی سێدارەی هەڵواسیبێ؟
چەند جار گڕ و گاڵ و
یارێکانیان لێ تێک دابێ ؟
ئای! ڤریجینیا،
لە کەناڵێکی ناوخۆدا،
سەد ڕەخنەم له بۆینباخ لەملەکان گرت،
کە کۆمەڵگایان کردووە بە کێڵگەی پەلەوەر ..
لە جیاتی وەڵام،
دوێنێ شەو ئێس ئێم ئێسێکی
پڕ لە جنێوم بە دەست گەیشت ..
نوسیبوویان : خوێنی خۆت کردە کاسەوە ..
نوسیبوویان : چون هیلی سوور ئەبەزینی ؟
ئای! ڤریجینیا !
هەفتەیەکم ماوە ..
تۆ بڵێی دەستیان بچێتە ژنی دوو گیان ؟ ..
ئاخر بۆ پێم ناڵێی ناشیرین!
تۆ موسافیرێکی نامۆ بە نیشتمان،
چیت داوە لە ووتاری حەماسیی ؟
چیت داوە لە ڕەخنەی سیاسیی ؟
تۆ ڕاکردوویەکی دوورتر لە دووریی ..
ڕەحم بە خۆت ناکەی،
ڕەحمێ به نیلۆڤەر……
ئای نیلۆڤەر!
بڕوا ناکەم بمبووری ..
… هتد ..




سۆزێک بۆ مەرگی باوکم.. فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی

باوکە گیان ..
دەزانم کە کاروانی تەمەن تێپەڕی ،جارێکیتر ناگەڕێتەوە ،بەڵام هێشتا من زۆر پێویستیم پێتبوو.
تۆ داری پڕبەرو سێبەری پڕلە ئارامیم بویت، ئەو کێوە بەهێزەبوی کە هەمیشە لەپشتم ڕاوەستاوو چەسپیوبویت،
حەزمدەکرد هەمیشە گوێم لەدەنگ و وشەی پڕ سۆزی جوانی وپڕلە میهرەبانی و خۆشەویستیت بێت.
حەزمدەکرد بۆ هەمیشە باوەش و دەستلەملانی ئاسودەیمان بمێنێت.
تامەزرۆی چەندین کۆڕو کۆبونەوە ونەرمە پیاسەی ئێوارانی لای مزگەوتی گەورەو شەقامی پیرەمێردو مەولەوی بوم لەگەڵ تۆدا .. مخابن لەناکاو بێدەنگ بویت. دەنگی پڕلەسۆزی ئاشنا بەگوێکانم کە ژیانی پڕلەشادی بە ماڵی دڵ و دەرونم دەبەخشی ،کپ بوو.
چاوە پڕ لە ڕوناکی و ئەزموونەکانت کە ڕێگای ژیانیان پێ نیشان دەدام داخران.
ئیتر ناجوڵێنەوە دەستە بریندارەکانی بە ئەرکی ڕۆژگارت بۆ باوەش پێداکردنم.
پێیەکانت کەڕۆژگارێکبوو ،دورترین ڕێگات بۆ بیبنی هاوڕێیەکت پێدەبڕین ، ئێستا ساردن و لەجوڵە کەوتون ..گەرچی تۆ ئەو مەشخەڵەبویت کە ڕێگای تاریکیت بۆ ڕووناک دەکردینەوە، کەچی لەپڕ خامۆشبوی..
ئای باوکەگیان ! تۆ دەزانی ؟؟لەوڕۆژەوەی بەجێتهێشتوین گوڵەکانی باخچەکەشت مات و زیزن وەکو جاران نە تێرئاو دەخۆنەوە ، نەڕوی خۆشیش دەدەن بە پەپولە و هەنگەکان .. ڕەنگ پەڕیوو لاوازبون، بەشێوەی ساتی نەخۆشکەوتنت ،چاک دەزانم کەئەوانیش وەک من بۆت بەخەمن..
بابەگیان .. من دڵنیام کە ڕەوتی ژیان دەبێت وابێت من لەتۆو تۆلەگوڵەکانی باخچەکەت بکات .
بەڵام تیشکی یادەوەرییەکانت ،هەتاهەتایە لە چاوانمدا دەدرەوشێتەوەو لەناودڵمدا بەجۆشترو لەدەمارەکانمدا وەکو خوێن بونەتە پێویستی بۆ ژیانم..
تۆش بەئارامی بنوو ..هەتا ماندویی وئازارەکانی ئەو ڕۆژگارەت لەبیربچێتەوە کەلەگەڵ تەمەنی پیری ڕێگەی ژیانێکی پڕلە سۆزو میهرەبانی لێگرتیت…ماڵئاوا .. خوات لەگەڵ باوکەگیان…