بەهای وێنەی شیعر لە چیدایە؟.. سۆران محەمەد

دەروازە
سەرەتا پێم خۆشە جارێکی تر ڕاشکاوانە بگەڕێینەوە سەر شیعرو قسە لە پێکهاتەیەکی سەرەکی ئەو هونەرە باڵایە بکەین، کە لەو باوەڕەدام تا زیاتر بە شێوەیەکی تیۆریی و پراکتیکی بەپێچ و پەناکانی شیعردا ڕۆبچین، ئەوا زیاتر بەرچاوڕوونی بۆ نەوەی نوێی شاعیران دروست دەبێت، چونکە هەست دەکەم بەشێکی باشیان دوورن لەو شارەزاییە پێویستەی کە دەبێت هەیانبێت لەو ڕووە جۆراوجۆرانەوە، پێش ئەوەی دەست بکەن بە نووسین و بڵاوکردنەوەی شیعرەکانیان، یەکێکیش لە هۆکارەکان ئەوەیە نەك خۆیان بەدواداچوون و پرسیار ناکەن، بەڵکو ئەو کەسانەی خۆیان بە سەرپەرشتیاری سەکۆ ئەدەبییەکان دادەنێن و لە هەمان کاتدا شیعریش دەنووسن چ جار نزیکی ئەم بابەتە گرنگانە نەکەوتوون، ئیدی نازانم هۆکارەکان چین؟
لەم دەرفەتەدا لە ژێر ڕۆشنایی دەقی (بەسەر شەپۆلی خەیاڵەوە) کەمێك تاوتوێی لایەنی هونەریی و پێکهاتەو وێنە شیعرییەکان دەکەین، بەحوکمی ئەوەی وێنە ڕەگەزێکی گرنگی شیعرە، بەڵام ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت ئەگەر هەر جارێك وێنەمان بە وشە دروست کرد، ئەوا شیعر لە دایک دەبێت، چونکە هەموو وێنەسازیەك بە وشە شیعر نییە. شاعیری سەرکەوتوو ئەوەیە کە بیرۆکە بکاتە وێنەی گونجاو بۆ بەرهەمهێنانی دەقێکی دەوڵەمەند کە لە شێوازی بەکارهێنانی ئاخاوتنی ڕۆژانە دووربکەوێتەوە.
لەهەمان کاتیشدا دەکرێت دەقێک پڕ بێت لە مانگ و شەپۆل و ئاو و سێبەر و ئاسمان و خەیاڵ، بەڵام ئەگەر ئەمانە لە ژێر ئایدیایەکی یەکگرتوودا پێکەوە نەبەسترێنەوە، لە پێناوی خزمەتکردن و پەرەپێدانی لایەنەکانی هەست و بیرۆکەو ڕیتم و ڕێکخستنی پەیوەندی نێوان بەشەکانی شیعردا، ئەوا دەق وەزیفەی بەشیعربوون ناگەیەنێت و نیوەناچڵ دەمێنێتەوە، دەکرێت لە باشترین دۆخدا ئەگەری هەبوونی کۆمەڵێک وێنەی جوان لە ئارادا بن، بەڵام ئەمە نابێتە هۆی هەبوونی شعرێکی بەهێز.


دەقە شیعرییەک وەك نموونە:
………………………………
بەسەر شەپۆلی خەیاڵەوە
………………………….

نیوەشەوە بە عەشقێکی تەڵخ و لێڵەوە،…
وەک پەرەسێلکەیەک بەدەم کۆچەوە،
سەرم پڕ لە خەونی تۆ کردووە.
سەرگەردان دەفڕم و ناگەمە هیچ ئاسمانێ!
ئەی خەیاڵی بێ‌سەروشوێنی من!
چەند ئاسمان لە خۆمم جیا دەکاتەوە؟
کەچی باهۆزی خەیاڵ لە توڕەییدا
هەر دەلوورێنێ…
هەندێ جار…
یادەکانت، وێنەکانت، نامەکانت،
لەناو کەروێشکەی خەیاڵمدا
ماندووبوونی خۆیان دەشکێنن.
لە ناو فرمێسکی پەنجەرەکەمدا،
مانگ وەک ماسییەکی سپی
خۆی دەشارێتەوە لێم.
من تابلۆیەکی ونبووم
کە هێشتا بۆنی دەستەکانی تۆی لێ دێت.
ئای، چەند خۆشە… با لەگەڵ دەنگی تۆدا
چاوشارکێ لەگەڵ هەستەکانمدا دەکات!
کاتێ ناوت دەهێنم،
شکۆفەی گوڵی ئینجانەکانم
گوێ لە ئاوازی خۆیان دەگرن.
ئەو ساتەی تۆ نیگام بۆ دەکەی،
سێبەرەکان کۆچ دەکەن بۆ لای ڕووناکی؛
داڤینشی فڵچەکەی دەشکێنێ،
چونکە زەردەخەنەکانت ئەو تلیسمەن
کە هیچ تابلۆیەکی هونەری نیگاری نەکێشاون.
بوومەلێڵە و من لەسەر باڵی شەپۆلێک دەڕۆم…
کە دەریای هەرگیز تیا لەدایک نەبووە.
ئەوەی لە ژێر پێمدایە ئاو نییە،
یادی سبەینێیەکە کە هێشتا نەهاتووە.
دریخا تۆ لە هەموو ئاوێنەکاندا پشت لە من دەکەی،!
بەڵام هەموو ئاوێنەکان
ڕوو لە من دەکەن!
کێ فێری ئاوی کرد وێنەی ئاگر هەڵبگرێ؟
کێ فێری شەپۆلی کرد کەنار بۆ پێگەیشتن بخوڵقێنێ؟
لە شەوێکدا، ئەستێرەیەک
لە ئاسمانی چاوەکانتدا کشا؛
بەیانی… هەموو ئاسمان کوێر بوو!
ئێستا هەرچەند تۆ وونی ،
بەڵام نەبوونت،
لە ئامادەبوونی هەموو شتەکان ڕاستترە.
من بەسەر شەپۆلی خەیاڵەوە بە تۆ ناگەم،
بەڵکو خەیاڵ…
هەر جارێک، بەسەر شەپۆلی منەوە
دەگات بە تۆ.
لە کۆتایی شەودا،
کاتێ چراکانی خۆی خامۆش دەکات،
تەنیا ئەو خەونە دەبینێ کە نەخەوتووە.
شاید خودا دونیای لە تاریکی دروست کردبێ،
بەڵام عاشقەکان…
تاریکییان لە ڕووناکیی موتەربە کردبێ.
لە ناو باخێکی بێ‌بەهاردا،
با نامەیەکی کۆنی دەخوێندەوە؛
پەڕەکان هەموو سپی بوون،
تەنیا بۆنی دەستەکانی تۆ «وشە» بوو!
ئەو کاتە تێگەیشتم:
مرۆڤ هەرگیز لە شوێنێکدا ناژی،
لە بیرکردنەوەی شوێنەکاندا دەژی.
ئەمشەو کاتژمێر سکوتی لە ئەژنۆ گرتووە،
چرکەکان وەک مۆم بە ناو تەمەنمدا دەچۆڕێنەوە.
من لەگەڵ سێبەری خۆمدا قسە دەکەم،
بەڵام سێبەرەکەم
هەر جارێک بە دەنگی تۆ وەڵامم دەداتەوە.
ڕەنگە لە ژیانی پێش لەدایکبوونماندا،
ئێمە دوو گوڵی ئاوی بووبین لە ڕووبارێک
کە ئێستا هیچ نەخشەیەک نازانێ بۆ کوێ دەڕوات…
بۆیە هەر کاتێک باران دەبارێت،
دڵم بۆ شتێک بە تەنیا دەگری،
کە هەرگیز لەبیرم نەبووە چییە.
ئەگەر مردن دەرگایەکی تر بێت،
من تەنیا یەک پرسیارم هەیە:
ئایا لەو دیوی کاتیش،
خەیاڵ هێشتا شەپۆل دروست دەکات؟
یان ئەویش… وەک تۆ لە پێشمەوە دەڕوا و
من بەدوای بۆنی ڕەنگەکانتدا ئاوارەم؟
چونکە هەندێک دیدار لە زەویدا ڕوونادەن؛
دەبێت ئاسمان، خەوی خۆی تەواو بکات،
تا دوو دڵ لە یەک خەوندا
یەکتر بدۆزنەوە.


چەند تێبینییەکی خێرا:
………………………..
كاتێك دەقەکە دەخوێنیتەوە هەست دەكەیت یەك تییمەی بەهێزو ئایدیای یەكگرتوو، وێنەو کۆپلەکان لەخۆ ناگرێت، بگرە بەر دووبارەبوونەوەو زۆریی وێنەی شیعریی دەكەویت كە ڕەنگە لە هەركۆپلەیەكدا دوو تا سێ وێنەی تیا بێت، بەڕای من ٣-٥ وێنە بەس بوون لە کۆی گشتی شیعرەکەدا، چونکە شیعر هەر وێنە نییە، بەڵکو ئایدیاو تەکنیك و بابەت و پێکەوەگرێدان و گەمەو هونەری زمانەوانییە، تەنانەت هەندێك جار لەم دەقەدا وێنە و چەمكەكان زۆر دوورن لەیەكەوە، بگرە دژو پێچەوانەو ناپەیوەندیدارن، وەك (ئەمشەو كاتژمێر سكوتی لە ئەژنۆ گرتووە/ چركەكان وەك مۆم بە ناو تەمەنمدا دەچۆڕێنەوە) نازانم ئەژنۆ چ پەیوەندییەكی بە كاتژمێرەوە هەیە؟ یان ئایا مۆم دەتوێتەوە یان دەچۆڕێتەوە؟
هەروەها لەهەندێ جێدا هەر كۆپلەیەك مانای سەربەخۆی خۆی دەدات، وێڕای ئەوەی لە هەندێك جێی تردا مۆركی زمانی ئامێریی پێوەدیارەو وێنەكە حەشووە یان ڕوونكردنەوە دەدات لەبری وەسف وەك (یادەكانت، وێنەكانت، نامەكانت) هەروەها ئەم کۆپلەیە پاراویی و ڕەوانیی شیعریی تیا نابینرێتەوە (ئێستا هەرچەند تۆ وونی ،بەڵام نەبوونت، لە ئامادەبوونی هەموو شتەكان ڕاستترە.).
جگە لەمانەش دروستكردنی وێنەی ناشعریی وەك (فرمێسكی پەنجەرە) ئەگەر شاعیری بەڕێز بینووسیایە فرمێسکی سەر پەنجەرەکەش شتێکی لێ حاڵی دەبووین. هەروەها هەندێك ڕێكخستنی وێنەو کۆپلەکان ناڕوونی و تەنانەت نامەعقولیان پێوە دیارە، وەك (كێ فێری شەپۆلی كرد كەنار بۆ پێگەیشتن بخوڵقێنێ؟)، (ئەی خەیاڵی بێ‌سەروشوێنی من!/ چەند ئاسمان لە خۆمم جیا دەكاتەوە؟/ كەچی باهۆزی خەیاڵ لە توڕەییدا/ هەر دەلوورێنێ…)لە شوێنێكدا خەیاڵ بزرە، لەلاوە تووڕەیە و لەجیاتی ئەوەی بگڤێنێ دەلورێنێ! ئەنجا نازانم ئایا (چەند ئاسمان لە خۆمم جیادەكاتەوە) لای ئێوە چی دەگەیەنێت؟
یاخود كۆپلەی (لە كۆتایی شەودا،/ كاتێ چراكانی خۆی خامۆش دەكات،/ تەنیا ئەو خەونە دەبینێ كە نەخەوتووە./شاید خودا دونیای لە تاریكی دروست كردبێ) لێرەدا ئەم کۆپلەیە ئەوە دەگەیەنێت كە شەو خەونێك دەبینێت كە نەخەوتووە؟ وشەی شایدی فارسیش ڕەنگە شایەتی خۆمان بێت و شاعیر لەیادی چوو بێت بیکاتە وشەیەکی شیعریی، لەگەڵ ئەمانەشدا دووبارە كردنەوەی وێنەی شتەكان بە جۆری جیاواز دێتە پێشچاوی خوێنەر، وەك ئەوەی لە شوێنێكدا بۆن دەبێتە وشە (تەنیا بۆنی دەستەكانی تۆ «وشە» بوو!) لەشوێنێكی تردا تابلۆ بۆنی دەستی ئەوی لێ دێ، لەشوێنێكی تریشدا بۆن دەخرێتە پاڵ ڕەنگ (من بەدوای بۆنی ڕەنگەكانتدا ئاوارەم؟)، ئەمە جگە لە چەند بارەكردنەوەی زۆری وشەكان لەو دەقە كورتەدا بەم جۆرە: (خەو ٤جار، خەیاڵ٦جار، ئاوێنە٢جار، ئاسمان ٥جار، تابلۆ ٢جار، ئاو٤جار، شەو٣جار، سپی٢جار، سێبەر٣جار، شوێن ٣جار، شەپۆل٥جار، گوڵ ٢جار، بۆن٣جار) كە هەست ناكەین ئەم دەستەواژە گشتییانە خودی دنیابینی و خوازەی شاعیر بن، بەهۆی زۆریی بەكارهێنانیان لە لایەن شاعیرانی پێشینەوە..
ئەمانەو وێڕای بزربوونی شێوازو ئەزموون لەم دەقانەدا، چونکە ڕەنگە هەر جارەو ئامێر جۆرە شێوازو فۆرمێکی جیاواز بەکاربهێنێت.
بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا من هیچ لارییەکم لە توانای شاعیری بەڕێز نییە لە پێشکەشکردنی دەقی ناوازەو جواندا، بەتایبەتی کە ئەو لە مێژە لە دنیای ڕازاوەی ئەدەبی منداڵان و هونەرو ئەدەبدا بە گشتی ئەسپی خۆی تاو دەدات، بەڵام هەر ڕەنگە ئەم دەقە بە تەنیا هەوڵ و تاقیکردنەوەیەکی جودای شاعیر بێت وەك ئەزموونێك، لەگەڵ ئەمەشدا نكۆڵی ئەوە ناکەم وێنەی جوانی تێدایە وەك ئەو کۆپلەیەی (دافینشی) تێدا هاتووە.


ڕوونکردنەوەی زیاتری خاڵەکان:

ئێستا با کەمێك بە درێژتر، چەند نموونەیەكی وێنەیی لە شیعری (بەسەر شەپۆلی خەیاڵەوە) وەربگرین و وتوێژیان لەسەر بکەین:
١- «ئەمشەو کاتژمێر سکوتی لە ئەژنۆ گرتووە»
سەرەتا کە دەیخوێنینەوە ڕەنگە لە ڕووی دەنگ و ڕێكخستنی وێنەوە سەرنجڕاکێش بێت، بەڵام پرسیاری ئەوەمان لەسەرەتاوە بۆ دروست دەبێت: پەیوەندیی ناوەکی «کاتژمێر»، «سکوت» و «ئەژنۆ» چییە؟ ئەگەر ئەم وێنانە لە کۆپلەکەدا لەگەڵ یەکدا و هەروەها لەگەڵ کۆی دەقەکەدا پێکەوە پەیوەست نەبن ، ئەوا وێنەکە بەسەر خۆیدا دەشکێتەوەو هەر خۆی بە تەنیا دەمێنێتەوەو دواجار لەکاتی شیکارییدا لێك هەلدەوەشێت، چونکە ڕایەڵێکی نهێنی لە نێوان زنجیرەی وێنەیی کۆپلەکەو کۆپلەکانی تردا نابینرێتەوە و لێرەوە دەتوانین بڵێین بە لابردنیشی لە شیعرەکەدا هیچ کاریگەریی لەسەر کۆی گشتی دەقەکە نەبێت .
٢- هەمان شت لە وێنەی:«چەند ئاسمان لە خۆمم جیا دەکاتەوە؟» دەبینرێت. «ئاسمان» لێرەدا چەمکێکی فراوانە، بەڵام «چەند ئاسمان» و «لە خۆمم جیادەکاتەوە» پێویستی بە بنەمایەکی وێنەیی یان شیتەڵیی هۆشکاریی هەیە بۆ ئەوەی خوێنەر بتوانێت پەیوەندییەکەی بدۆزێتەوە. ئەگەر خوێنەر نەیگاتێ، ئەوا لە باشترین باردا دەبێتە «دەربڕین لێکراوێکی قووڵ» بەبێ ئەوەی قووڵییەکەی لە ناو دەقەکەدا هیچ ماناو وەرچەرخان و بەهایەك دروست بکات.
٣- هەروەها «خەیاڵی بێ‌سەروشوێن» دواتر «تووڕە» دواتر «دەلوورێنێ» نموونەیەکی ترن بۆ ئەوەی بڵێین هەموو خوازەیەک بە تەنیا بەهۆی سەیرو سەمەرەیی و بۆ زیادکردنی سیفاتی تر کار ناکات. خوازە پێویستی بە مەنتیقێکی شیعریی هەیە؛ ئەگەر خەیاڵ دەلوورێنێت، دەبێت دەق ئەو جۆڵەیەمان پێ بناسێنێت، کە لە بنەڕەتەوە چەمکەکان بە هەڵە لێكدراون و لە کۆتاییدا لە ڕووی شیعریبوونەوە بەرهەمهێن و داهێنەرانە نین.
٤- هەروەها لەبارەی وێنە شیعریی «فرمێسکی پەنجەرە» وەش، ئەگەر مەبەست بارانی سەر شوشەیە، دەکرێت وێنەکە بە شێوەیەکی وردتر و نائامێرییتر ڕێكبخرێت. وێنەی شیعریی نابێت تەنیا ناوی شتێک بگۆڕێت بە ناوی شتێکی تر؛ دەبێت شێوەی بینینی شتەکە بگۆڕێت. وێڕای ئەمەش ئەوەی زۆر گرنگترە: پەیوەندیی وێنەکانی کۆی دەقەکەیە پێکەوە، لە پێناو خزمەتکردنی ئیستاتیك و تییمە و دەلالەتەکاندا.
شعرێکی یەکانگیرو پوخت و پتەو؛ پێویستی بەوە نییە هەموو کۆپلەکان هەمان شت بڵێن و بەجۆرێک لە جۆرەکان یەکتری دووبارە بکەنەوە؛ بەڵکوو هەر کۆپلەیەک دەبێت کارێکی نوێ لە گەشەپێدانی هەمان جیهانی دەقدا دروست بکات. ئەگەر بتوانیت کۆپلەیەک لاببەیت و هیچ شتێک لە ئاراستەی دەقەکە نەگۆڕێت، ئەوا کۆپلەکە ڕەنگە زیاتر «وێنەی جوان»و پەراوێزێك بێت، تا ئەوەی پێکهاتەیەکی پێویستی شیعرەکە بێت.
بۆ نموونە لەم دەقەدا کەمکردنەوەی وێنەکان دەتوانێت دەقەکە بەهێزتر بکات. نەک وەکو یاسایەك بڵێین هەر دەبێت «تەنیا ٣–٥ وێنە»بن ، بەڵکوو بەو پرەنسیپەی: هەر وێنەیەک دەبێت کاری تەواوی خۆی بکات.
ئەگەر یەک وێنە هەمان کاری وێنەی پێشووتری کرد، ئەوا پێویست بە دانانی ناکات لە ناو دەقەکەدا و دەبێت لاببرێت. ئەگەر وێنەیەک دەقەکە بەرەو ئایدیای سەرەکی نەبات، پێویست ناکات لە کۆتا نووسخەی دەقدا بمێنێتەوەو هەر لە یەکەم قۆناغی پاکنووس کردندا دەبێت لاببرێت. تەنانەت ئەگەر تەنیا بۆ «جوانکردنی» کۆپلەکەش هاتبێت، ئەوا زۆرجار باشترە بسڕدرێتەوە.
٥- هەروەها سەبارەت ئەو ژمارە زۆرەی چەند بارەکردنەوەی توخم و ڕەگەزی وێنەکان، کە زۆرجار بەر وێنەیەکی نزیک لەیەکترو و دووبارەبووەوە دەبینەوە، ئەمانە هەموو بەهای دەقەکە دادەبەزێنن، وێڕای ئەوەی ئەو زاراوانە زۆر دووبارەن لەناو زۆر لە شیعری شاعیرانی پێشیندا. هەرچەندە لە ڕاستیدا دووبارەبوونەوە خۆی لە خۆیدا نەنگییی نییە، بەمەرجێك هەر جارەو بە جۆرێکی جیاواز و مانای نوێی لێ پێك بهێنرایە.
کێشەکە ئەوەیە بۆ نموونە کاتێک وشەکانی:
خەون/ خەیاڵ / شەپۆل / ئاو / ئاسمان / شەو / سێبەر…. بەکاردەهێنێت، هەر یەکەیان زۆر نزیکن لەوی تریان، ئەگەر هاومانای نەبێت و لەکۆتاییدا هەمووشیان دەچنە ناو هەمان جۆگەلە و هیچ پەرەپێدانێکی نوێ لە کۆتایی دەقەکەدا دروست ناکەن. ئەوا خوێنەر گومانی لە ساغڵەمی ئەو سیستەمی وێنەسازییە شیعریە لا گەڵاڵە دەبێت، بەتایبەتیر کە وێنەکان لەناو یەك بازنەدا دەخولێنەوەو ناگەنە هیچ دەرچەیەکی نوێ.
٦- هەروەها سێ جار بەکار‌هێنانی وشەی (بۆن) لە دێڕەکانی:
« کە هێشتا بۆنی دەستەکانی تۆی لێ دێت.»
« تەنیا بۆنی دەستەکانی تۆ «وشە» بوو!»
«بۆنی ڕەنگەکانت»
وادەکات خوێنەر بپرسێت: ئایا مەبەستێکی تەکنیکی و ئافراندنی شیعریی لە پشت ئەو بەکارهێنانەوەیە یان نا؟ ئەگەر نەبوو، ئەوا دەگاتە ئەو بەرەنجامەی بڵێت: لێرەدا «بۆن» دەبێتە وشەیەکی ئامادەکراو بۆ هەموو جۆرێک لە وێنەسازیی، کە سنوورداریی فەرهەنگیی دەردەخات، بەتایبەتی کە هیچ نوێگەریی و ئەزموونێکی تایبەت لە پشت ئەو دووبارە بەکارهێنانەوە نەبێت، وەک ئەوەی هەر جارێک (بۆن) ماناو شێوەی جیاواز و نوێی بگەیەنێت.
٧- لە لایەکی ترەوە خوێنەر بۆی هەیە بپرسێت: ئایا لە شیعرێکی کوردیدا بەکارهێنانی وشەی «شاید» وەرگیراو لە زمانی فارسییەوە شتێکی باشە یان خراپ؟
بەڵام کاتێك دەبینین شیعرەکە کوردییەو لەناکاو ئەو وشەیە لە سەرەتای دێڕێکدا سەرهەڵدەدات، ئەو پرسیارە لای خوێنەر دروست دەبێت کە ئایا ئەو بەکارهێنانە هۆکاری ئەدەبیی و جوانکاریی لە پشتەوەیە؟ ئایا دەنگ و ریتمێکی نوێ و داهێنەرانەیە؟ یاخود مانایەکی تایبەت زیاد دەکات بۆ کۆپلەکە؟ تەنانەت ئایا ئەو وشەیە شیعرییە یان زارەکی؟…. ئەگەر هیچ کام لەمانە نەبێت، ئەوا زیاتر وەك وشەیەکی ناپێویست دەردەکەوێت و زیان بە بونیاتی دەقەکە دەگەیەنێت.
کەواتە بە کورتی شیعر تەنیا کۆکردنەوەی وێنەی جوان، یان قەرەباڵغ نییە؛ بەڵکو بریتییە لە دروستکردنی سیستەمێکی هەستەکی و هزریی و هۆش، کە هەموو وێنەکان تێیدا بەیەکەوە کار دەکەن و بونیاتی دەقەکە تەواو دەکەن.
ئیدی لێردا دەگەینە ئەو بەرەنجامەی کە بەکارهێنانی وشەکانی وەك «مانگ و پەنجەرە و دڵ و باران»، ئەوە ناگەیەنێت دەق بڵند بکات بۆ ئاستی شیعرێتی، تەنیا لەبەر ئەوەی دەنگی وشەکان شیعرانەیە!
ئەمەی لێرەدا سەبارەت وێنەکان نووسیومانە ڕاگوزەرێکە کە لە «جوانە»وە تێپەڕیوین و پرسیومانە «بۆچی ئەو وێنانە لەوێ دانراون و کاریان چییە؟» – ئەمەش خۆی لە خۆیدا پرسیارو بنەمایەکی ڕەخنەی شیعرییە.
کەواتە کێشەی دەقی «بەسەر شەپۆلی خەیاڵەوە» تەنیا زۆریی وێنە شیعرییەکان نییە؛ بەڵكوو وێنەکان سیستەمێکی یەکگرتوو دروست ناکەن لەنێو خۆیاندا، بۆ نموونە وەك پێشتر باسمان کرد:
«کاتژمێر سکوتی لە ئەژنۆ گرتووە»
لێرەدا «سکوت» کراوە بە شتێک کە کاتژمێر دەتوانێت بیگرێت، و ئەو شتەش لە «ئەژنۆ»وە گیراوە. سێ پەیوەندیی خوازەیی لە یەک هێڵدا هەن، بەڵام دەق هیچ پەیوەندییەکی پێشین یان دواتر بەوێنەکانمانەوە پێ نادات کە ئەم وێنەیە بە تەنیا بتوانێت وێنەیەکی پێگەیشتوو و تێگەیشتوو بگەیەنێت، تا بزانین لە کوێوە هاتووە و بۆ کوێ دەچێت؟ واتا چی بەوێنەی پێش و پاشی خۆی دەبەستێتەوە؟….
هەروەها «چرکەکان وەک مۆم بە ناو تەمەنمدا دەچۆڕێنەوە»
ئەمە بە تەنیا دەتوانێت وێنەیەکی مانادار بێت: کات = مۆم، تەمەن = شوێنی توانەوە. بەڵام کاتێک لەگەڵ وێنەی «کاتژمێر ـ ئەژنۆ» بخوێنرێتەوە، دوو سیستەمی جیاوازی خوازەیی بەبێ ڕایەڵ و پەیوەستیی دروست دەبێت، وێڕای هەڵبژاردنی فرمانی هەڵە بۆ وشەکە کە دەبێتە هۆی دروسکردنی وێنەیەکی ناتەباو لەق، وەك بەکارهێنانی (چۆڕانەوە) کە بۆ شلەمەنی بەکاردێت نەك بۆ مۆم کە کورد دەڵێت: مۆمەکە توایەوە.
ئەمەیە کە دەبێتە هۆی ئەوەی بە ڕەکیکی و ناتەبایی ناوی بونیاتی وێنە شیعرییەکان ببەین وەك لیرەدا ڕوونمان کردنەوەو بۆمان دەرکەوت.
کەواتە جارێکی تر دەڵێم:
«شیعر بەتەنیا هەر وێنە نییە، تەنانەت ئەگەر وێنەکەش سەرکەوتوو و نوێ بێت.»
بەڵکوو شیعر دەتوانێت لەم پێکهاتانەدا خۆی ببینێتەوەو دەقی باش ببێتە مایەی سەرسامکردنی خوێنەر:
ئایدیا + دەنگ + وێنە+ ریتم + خوازە و ڕەوانبێژیی + پێکهاتە + هەست + کورتبڕی + ناڕاستەوخۆیی + پەرەپێدان+ ئەندێشە+ سۆزو جۆش…..هتد
کەواتە وێنە لەناو هەموو ئەمانەدا تەنیا هەر یەک ئامرازو پێکهاتەیە، ئەویش ئەگەر بە شیوەیەکی دروست و تەواو ڕێك بخرێت و لەدەقدا جێی بکرێتەوە.
لەکۆتاییدا خوازیارم ئەم دەمەتەقێیە سوودی بۆ هەموو لایەك هەبووبێت و هەر بەڕێزێك دەیەوێت لەم بارەوە شتێك زیاد بکات جێی دەستخۆشییەو دڵنیاشم دڵی شاعیری بەڕێزیش زۆر لەوە فراوانترە کە هیچ لێکدانەوەی هەڵە بۆ ئەم سەرنجە خیرایانە بکات، جگە لە خەمخۆریی بۆ شیعر نەبێت.

سۆران محەمەد




پێویستییەکان.. شیعری داستان بەرزان

پێویستم بە وردە شتانێکە
بۆ بەسەربردنی ژیانێک
جووتێ زار بۆ هەڵدانی بەردەوام و
بێهودەبوون لە دوو شەش.
سڵاو لە (حەسەن زیرەک)

ڕیزێک پوولی دۆمینە
بۆ دوو شەشی تۆپیوو
ناخۆشی دوو شەش ئەوەیە کە دێت
بەڵام لە کاتێکی خراپدا.
سڵاو لە (داستان بەرزان)

پێوسیتم بە ڕستێک کاغەزی یارییە بۆ بیست و یەک
ئەگەرچی دەزانم: چوارەم کاغەز
جۆ- کەر بە بارێک جۆوە خۆی دەکات بە چقڵی چاومدا
لەوێدا خوازیارم جۆکەی بڕێژم و
سواری کەرەکەی بم
بە دەم جوینی خەونەوە بڕۆم
تاکو دەتەقم لە تاو جۆی کەر
ببورن من سووتام.
سڵاو لە (دۆستیۆڤسکی)

پێویستم بە ڕێژەیەک زەنگیانەیە
بۆ هۆنینەوەیان لەبەر تاریکی شەودا
دەنک.. دەنک.. دەنک..دەنک
تاکو دوایین دەنک
بەر لە گرێدانی بەنی بێبەن
ترازانی بەندی سووخمە نا
ترازانی بەن
بمکات بە شوێنکەوتەی بەنگ.
سڵاو لە (نالی)

پێویستم بە پەڕەی سپییە
بۆ نووسینی هەندێک نامە
کە دەزانم هەرگیز ناگەن
چێژی نووسین لە دروستکردنی بۆشاییدایە
بۆشاییەکی بەرین
درزێک هیچ جێیەک نییە
کەواتە: سڵاو ئەی بۆشایی بەرینی ناو ئەم شیعرە.

پێویستم بە سەدانیکردنی دکتۆرە
بۆ سەرقاڵی
بۆ گێڕانەوەی بەسەرهات
بۆ ئەوەی
گوایە ئاگام لە حاڵی خۆمە
ئەو نەخۆشییەکانی من و
من نەخۆشییەکانی ئەو
بێزارمان دەکەن!
دەنا چارەی دەردی من لە کوێیە؟
چ شتێک نییە
جگە لە درێژکردنەوەی گەمەیەک
جگە لە تەماشاکردنی درزێک.

پێویستم بە ژیانێکە
چا بێ/ چا نەبێ
هەر دەبێ
سڵاو لە (پیرەمێرد)
جا بیبیێ
یان
نەیبیێ
هەر دەمەوێ
من بە دڵ یادی بکەم.
سڵاو لە (مەحوی)

بۆ هەرچی چوویت
لە قووڵاییەوە دەستی پێبکە
تەنکایی زێدی خۆشباوەڕەکانە
مرۆڤی قووڵایی یەکجار تەفرتوونا
یان
بۆ هەمیشە ڕزگاری دەبێت لە زنجیرەکان
دەیشکێنێ کۆتەکان
تف دەکاتە مەرزەکان
دەیبڕێت سنوورەکان.

بۆ هەر کوێ چوویت
بەرەو نەزانراو پێهەڵگرە
مەودا زانراوەکان ماڵی بچووکەکانن
مرۆڤ لە نەزانراودا یەکجار دەبڕێتەوە
یان
دەچێتە سەروو مرۆڤ
جێیدەهێڵێت بتەکان
پشت دەکاتە سەرۆکەکان
لە گۆڕیان دەنێت باوکەکان.

مرۆڤی تەنکاییەکان
دەستی بە کڵاوێکی شڕەوەیە
-با- بۆ هیچ کوێ نەیفڕێنێ!
مرۆڤ لە قووڵاییدا تووڕی دەدات
کڵاوێک نازانێت کێ ناویەتەسەری؟
کڵاوەکەت لێگەڕێ
کڵاوت بۆ چییە
بەڕەکەت با بدڕێ
بەڕەت بۆ چییە؟
سەرت با بفڕێ
با بفڕێ سەرت
بفڕێ با سەرت.

شتێک بکە وەکو مرۆڤ
نەک شتێک بە باوەڕی بچووکی ئەوان بکات
ئەوان کە دەڵێن: ئەوەی بووە هەر دەبێت ببێت!
بەڵام لە ڕاستیدا ئەوەی بووە
تۆ مەهێڵە ببێت
بیگۆڕە بەوەی دەتەوێت
با ئاستەم بێت
چەند ئاستەم بێت؟
ئاخۆ چی دەبێت/ ئەگەر بێت
جێگاگۆڕکێی شەو بە ڕۆژ بێت!

مەزنەکان لە قووڵاییدان و
ناخنکێن
مەزنەکان لە تەنکاییدا
دەتووێنەوە!

هەرچی ڕوویکردە نادیار
ماوەتەوە بە بڵندی!
هەرچی خزایە تەنکایی
زیاتر چییە لە تۆپەڵێک
پەڵاشی قووڕاوویی؟

من پێویستم بە هەندێک شتی ورد
هەندێک شتی زۆر پەراوێز
زۆر کەنارگیر و
دوور..دوور
تاکو لەم پەراوێزدا بە وردی بژیم
لە کەناردا خەون
لە دوورە ڕامان.

ژیان شتێکە چەندی وردی بکەیتەوە
تێدەگەیت تاکو کوێ وردە!
وردە…وردە
(ئەمەم لەگەڵ خۆمە)

تۆ پێویستت بە هەندێک شتی گەورەیە
هەندێک شتی زۆر لەبەرچاو
تاکو لەبەرچاواندا بە گەورەیی بژیت.

ژیان شتێکە چەندی تەماشابکەیت
تێدەگەیت تاکو کوێ گەورەیە!
گەورە…گەورە
(ئەمەم لەگەڵ تۆیە)

پێویستم بە هێڵەکانی ناو لەپی دەستم هەیە
بڕوانم و
هەرجارەی بە جۆرێک
خۆم لێکبدەمەوە.

من شێوەیەکم
من ناوەڕۆکێک
دەیەوێت شیبکرێتەوە
نەک تەنیا بخوێندرێتەوە
ئەوەتا دەزانم
زۆر تێناپەڕێت
دەچمە شێوەی ترەوە
دەچمە مانای ترەوە
دەچمە ژیانی ترەوە
شادی دەخۆمەوە
من شادانە دەژییم.

خۆم پەرش
لە دنیادا وێنەیەکی بزێوم
ئاسان ڕوون ناکرێمەوە
من کانییەکم لە سەرچاوەیەکی بێگەرد
شادومانی لێهەڵدەقووڵێت
دێنە سەر ڕێگام
مرۆڤی گزگل
مرۆڤی شڕۆڵە
مرۆڤی سکراب
مرۆڤی بەکارهاتوو
مرۆڤی فرۆشراو
مرۆڤی بەسەرچوو
وشەکانیان وەکو بەرد
لیخنم دەکەن و
لە بیرەوەریی زەوییدا دەمسڕنەوە
من ناسڕدرێمەوە
ناکوژێمە
شادتر دێمەوە.

من پێویستم بە مانای نوێ هەیە
پەی پێنەبراو/ سەخت
من پێویستم بە مانا دیکە هەیە
سەرهەڵگرتوو/ دوورەدەست
من مانایەکی دیکەی ژیانم دەوێت
هێڵیکی دیکە
نیگایەکی دیکە.

من دەڕۆم بۆ ڕووبەرەکانی تری گەردوون
یەکجار دوور.. دوور لەم گەردوونەوە!
من دەڕۆم بۆ ناو کاتەکانی بزربوون
خەونێک دەبم خۆم نەتوانم بیگێڕمەوە
من دەڕۆم و دەڕۆم و ذەڕۆم
بۆ ناو گەردوونەکانی دیکە.

مێژوویەکی ناڕوون دەبم
بەسەرهاتێک لە یادگەی دەریادا
قارەمانێک خۆی کوشتبێت
هەڵۆیەک باڵی خۆی کردبێت
من دەڕۆم و دەڕۆم و دەڕۆم.

پێویستم بە تاریکایی بێسنوورە
بۆ گەشتێکی بێچارەنووس
بۆ بەرگەگرتنی درێژی تاڵیی کابووس
بۆ نەبڕانەوەی خەونی قەترانی.

من دەبێت دیارنەمێنم
هەرچی زووە واوە بڕۆم
درەنگە یەکجار درەنگە
دەبێت ببمە تۆز
دەبێت بڕۆم
ماڵئاوا
ماڵ
ما
نەما
.




هونەرمەند “وشیار رواندزی” ئەندامی تیپی موزیكی پاشای گەورە كۆچی دواییكرد.. كامەران حاجی ئەلیاس

هونەرمەندی موزسیان وشیار حاجی عوسمان ناسراو بە(وشیار رواندزی )،ساڵانێك بوو وەكو هونەرمەندێكی موزسیان لەگەڵ تیپی موزیكی پاشای گەورە كاری دەكرد،هەر لەگەڵ ئەم تیپە بەشداری چەندین فیستیڤاڵی هونەری لەسەر ئاستی كوردسان و عێراقدا كردبوو ئەو لە ژەنینی چەندین ئامێری موزیك دەستێكی باڵای هەبوو وەكو ئامێرەكانی ئۆرك، ریتم، پیانۆ، دەڤ .. بەداخەوە ئەم هونەرمەندە بەهۆی نەخۆشی گیانی لەدەست دا.
سەرەتای كاری هونەری هونەرمەند وشیار رواندزی دەگەرێتەوە بۆ شاری رواندز كاتێ لە ساڵی 1977 دەبێتە ئەندامی تیپی موزیكی پاشای گەروە لە هەمان ساڵدا لەسەر دەستی هونەرمەندی گەورە مامۆستا “زرار محەمەد مستەفا ” بەشداری لە خوولێكی فێربوونی موزیك دەكات ،لەوساتەوە تا رۆژی كۆچكردنی بەردەوام بوو لە كاری هونەری لەگەڵ چەندین تیپ و گروپی موزیكی كاری كردووە لەوانە تیپی مۆسیقای پاشای گەورە، تیپی پەیمانگەی هونەرەجوانەكانی رواندز، تیپی مۆسیقای لاجان، تیپی مۆسیقای ئاوات.. هەر لە شاری سۆران چەندین خوولی موزیكی كردۆتەوە زۆرێك لە ژەنیارەكانی دەڤەری سۆران لە ژێر دەستی ئەو پێگەیشتوون .
هونەرمەند وشیار رواندزی بەشداری زۆرێك لەفیستیڤاڵە هونەرییەكان كردوە، لەسەر ئاستی كوردستان وعێراق بۆنموونە فیستیڤاڵی چالاكی قوتابخانەكان لە لە ساڵی 1979 لە شاری سەماوە لە خواری عێراق، فیستڤاڵی دەزگای رۆشنبیری وبڵاوكردنەوەی كوردی ساڵی 1982 لە شاری هەولێر وە فیستڤاڵی هونەری شاری دهۆك لە ساڵی 1985 لە دوای راپەرنیش لەساڵی 1991 بەشداری چەندین ئاهەنگی گەورەی كردوە بەتایبەتی لەگەڵ هونەرمەندان ( شڤان پەروەر و ناسری رەزازی لە شارەكانی رواندز ،رانیە، سۆران، هەولێر..هەروەها لە شاری سۆراندا ستۆدیۆییەكی تۆماركردنی دەنگی هەبوو چەندین ئاوازی بۆ گۆرانیبێژە لاوەكان داناوە هەر لە ستۆدییەكەی خۆی چەند سرودێكی بۆ پێشمەرگە تۆماری كرد و بە دەنگی هونەرمەندە لاوەكانی دەڤەرەكە بڵاوكردوە.
مخابن ئەم هونەرمەندە لە رۆژی هەینی 18ی9ی 2026 لە تەمەنی 60 ساڵی بە هۆی نەخۆشی گیانی لە دەست دا لەو كاتەی زۆر لەپرۆژەی هونەری لە هەگبەدا بوو رۆحی شاد بێت.




جەنگی وەرزەکان.. نووسینی/ مەنار حەسەن موسا.. وەرگێڕانی لەعەرەبییەوە/ فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی

لە شوێنێکی ئەم گەردوونە پان و بەرینەدا، لە وەرزی پاییزی جواندا کە دارەکان بەرگی نوێ دەپۆشن و گەڵاکان هەڵدەوەرێن، چوار هاوڕێکە (زستان، بەهار، هاوین و پاییز) خوویەکیان هەبوو: لە کۆتایی کاتی هەر وەرزێکدا یەکتریان دەبینی پێش ئەوەی یەکێکیان بڕوات و ئەوی تریان بێتە جێی.
بەڵام ڕۆژێک هات، هاوین سەیری بوونەوەرە شاد و ئارامەکانی دەکرد کە خەریکی کارکردن و کۆکردنەوەی خواردەمەنی بوون بۆ زستانی درێژ. زانی کە هەندێک لەم بوونەوەرانە لەبەر سەرما و بەفر ناچار دەبن بچنە ناو خەوی زستانەی قوڵەوە. هاوین دەستیکرد بە بیرکردنەوە لەوەی چۆن ئەم کێشەیە چارەسەربکات.
بیریکردەوە و بیریکردەوە تا بیرۆکەیەک بە مێشکیدا هات. هەرچەندە بیرۆکەکە گەورە و مەترسیداربوو، بەڵام لەبەر دڵسۆزیی بۆ زەوی و بوونەوەرەکانی، بڕیاریدا جێبەجێیبکات، تەنانەت ئەگەر ببێتە هۆی شۆڕش و ناکۆکی لەگەڵ براکەیدا (زستان) و بگاتە ئاستی جەنگیش.
بڕیارەکە ئەمە بوو: هاوین دەمێنێتەوە و ناڕوات!
..دیالۆگی نێوان پاییز و هاوین..

پاییز دەبوو بێتە شوێنی هاوین، بەڵام هاوین ڕەتیکردەوە بڕوات.
پاییز: “هاوڕێی ئازیزم هاوین، تۆ زۆر شتت بە زەوی بەخشی، هەمووان بە چاکە و خۆشەویستییەوە یادتدەکەن، بەڵام ئێستا شوێنێکیتر چاوەڕێتە و پێویستیان پێتە.”
هاوین: “تۆ ئەمە دەڵێیت تەنها بۆ ئەوەی گەورەکەت (زستان) بێت! ئەو ستەمکارەی کە بوونەوەرەکان دەخاتە خەوێکی درێژ و لەبەر سەرما ئاوارەیان دەکات.”
پاییز: “ئەگەر پێی بڵێم، لێت توڕە دەبێت و منیش هەروەها.”
هاوین: “من لە تۆ و نە لە زستانیش ناترسم، بڕۆ و پێی بڵێ ئەی پاییزی بچووک.”
پاییز بە دڵتەنگییەوە ڕۆیشت و لە ڕێگادا بەهاری بینی. بەهار کە زەردەخەنەی لەسەر لێو بوو، بینی هاوڕێکەی (پاییز) زۆرخەمبارە.
بەهار: “چی بووە پاییز؟ وا دیارە خەمێکی گەورەت هەیە.”
پاییز:کێشەیەکی گەورە هەیە… هاوین بڕیاریداوە بۆ هەمیشە لێرە بمێنێتەوە.”
بەهار (بە شۆکەوە): “چی؟ چۆن؟”
پاییز: “دەڵێت دەیەوێت لێرە بمێنێتەوە و زستان نەیەت.”
بەهار: “ئەی ئێمە و زستان بۆ کوێ بچین؟”

پاییز: “هاوین کێشەی لەگەڵ ئێمە نییە، تەنها کێشەی لەگەڵ زستانە.”
بەهار: “بۆچی؟”
پاییز: “چونکە پێی وایە زستان ژیان تێکدەدات و بوونەوەرەکان دەچەوسێنێتەوە.”
پاییز: هاوین پێی وایە زستان وەرزێکی ترسناک و بێدەنگە، ئەو دوژمنی بونەوەرە لاوازەکانە، بەڵام هەموو بونەوەران و ژیان شایستەی وەرزێکی جوانترن.
بەهار: بەڵێ، هاوینیش پێیوایە ئەو جوانترین وەرزە.
پاییز: بەڵێ.
بەهار: بەڵام هاوین گومانی تێدا نییە و ئەم قسەیە قبوڵناکات، ئەو تەنها جێبەجێکردنی بیرۆکەکەی خۆی لەسەر زەوی دەوێت.
لەناکاو هاوین دەرکەوت: “بەڵێ پاییز، من ئاوام و تێناگەم ئێوە چیتان دەوێت، من و پاییز پێویستە لەسەر یەک ڕا بین”. هاوین بە دەنگێکی بەرز هاواریکرد: “زستان لەکوێیت؟ ئەم ناوچەیە جێبهێڵە، نە خەوتن، نە سەرما، نە باران، چیدی دەست لەم زەوییە مەوەشێنە، بڕۆ و نیشتمانە جوانەکەم بە ئاشتی جێبهێڵە”.
زستان بە هەورەبروسکە و گرمەی بەرز و بارانی بەخوڕ و باوبۆرانێکی توندەوە هات. پاییز و بەهار خۆیان شاردەوە. بەهار وتی: “شەڕ لە نێوانیاندا هەڵگیرسا و هەردووکمان لاوازین، ئەی هاوڕێم پاییز، ڕێگای دەربازبوون لەکوێیە؟”.
بەهار: مەترسە هاوڕێم، لە تەنیشتم بوەستە من دەتپارێزم.
زستان هاواریکرد: “هاوین، چیت دەوێت؟ دەتەوێت بوونی من نەهێڵیت؟”
هاوین بە هێز و توندی وەڵامیدایەوە: “بەڵێ، نامەوێت چیتر لەسەر ئەم زەوییە بیت، تووڕەیی زستان و ئەم قسانە بەسە”.
هاوین وتی: “مانەوە بۆ بەهێزترینی پیرە”.

زستان بە تووڕەییەوە هاواریکرد: “کەواتە جەنگت دەوێت؟ بگرە ئەوەت بۆ هێناون”.
وەرزەکان کەوتنە جەنگێکی سەخت (بروسکە، با، باران، گەرما، بڵێسەی ئاگر، خۆرێک کە پێست دەسوتێنێت، شێیەکی بەرز). بونەوەرەکان بە ترسەوە ڕایاندەکرد، وشکەساڵی و بەفر هەموو شتێکیان دەخنکاند.
بەهار بە بەرزترین دەنگی هاواریکرد: “بوەستن!”
هەموو شتێک لە شوێنی خۆی وەستا.
بەهاروتی: “ئایا دەبێت ململانێ لە نێوانتاندا دروست بێت بۆ ئەوەی ژیان ڕاست بێتەوە؟”
پاییز وتی: “هاوڕێکەم بەهار ڕاستدەکات، جەنگ لە نێوانماندا تەنها وێرانکاری بەجێدەهێڵێت، ئەمە خولی ئێمەیە بۆ ماوەیەکی درێژ، بۆچی جیاوازی هەبێت؟”
بەهار وتی: “بەڵێ، قسەکانت تەواو ڕاستن ئەی پاییز”.
پاشان ڕوویکردە هاوین و وتی: “ئەی هاوین، تۆ لەسەر هەڵەیەکی گەورەیت، لەوانەیە زستان سەخت و باراناوی و پڕ لە هەورەبروسکە بێت، بەڵام بەبێ ئەو ئێمە نرخی بەهار و بەخشندەیی هاوین و جوانی پاییز نازانین، و زنجیرەی چوار وەرزەکە تەواو نابێت”.
“وە تۆش ئەی زستان، پێویستە بزانیت هاوین بە خۆروگەرماکەی و پێگەیاندنی ڕزق و ڕۆزی لە ڕۆژەکانیدا، سەرچاوەی ژیانی ڕاستەقینەیە بۆ هەموو بونەوەران لە هەموو لایەکی زەویدا، بەبێ ئەو ژیان بۆ کەس نییە. ئێمە تەنها بە هەموومانەوە دەناسرێین. ئێمە بەهار و پاییزین، بەبێ ئێمە نە تۆو، نە گوڵ، نە خۆشەویستی و نە جوانی هەیە. من بەهارم، ژیان دەبەخشم و ئێمە هەر سێمان تام و بوون و جیاوازی بە ژیان دەبەخشین بەبێ هاوڕێمان پاییز کە هەمیشە لەبیریدەکەن”.
پێویستە هەموومان تەواوکەری یەکتر بین لەسەر ئەم هەسارە جوانە و نابێت کەسمان ڕۆڵی ئەوی تر بسڕێتەوە.
هاوین و زستان لە کارەکەیان شەرمەزار بوون و داوای لێبوردنیان لە یەکتر کرد. پاشان ڕوویان کردە بەهار و پاییز و وتیان: “سوپاس بۆ ئێوە، ئێوە بەڕاستی دانا و ژیر بوون”.
لەو ڕۆژەوە، چوار وەرزەکە چیتر تووشی هیچ کێشەیەکی نوێ نەبوون.

————–

نُشرت قصة ” حرب الفصول” في مجلة شمس الصباح للاطفال




حوسیەکان و سعودیە و بابولمەندەب!.. عوسمانی حاجی مارف

لەماوەی چەند ڕۆژێکدا حوسیەکان کۆنترۆڵی خۆیان بەسەر کەناراوەکانی ڕۆژئاوای یەمەندا فراوانترکرد، گەیشتنە شوێنە ستراتیژیەکان و دوورگەکانی ناو گەروەکە و باشووری دەریای سوور، کە نزیکترینیان لە ڕێڕەوی کەشتیوانی کەنداوی عەدەن بە دەریای سوور و کەناڵی سویسەوە دەبەستێتەوە. ئەم گۆڕانکاریە لەکاتێکدایە، کە گەرووی بابولمەندەب گرنگیەکی زیاتری بەدەستهێناوە لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە ٢٨ی شوباتی ئەمساڵدا، هەروەها دواتر پەککەوتنی توندی هاتوچۆی نەوت لەڕێگەی گەرووی هورمزەوە. لەگەڵ کەمبوونەوەی هاتوچۆی نەوت لەڕێگەی گەرووی هورمزەوە، ڕێڕەوی دەریای سوور گرنگتر بووە، بەتایبەتی بۆ سعودیە، کە دەتوانێت نەوتی خاو لە بەشی ڕۆژهەڵاتی سعودیەوە بگوازێتەوە بۆ “بەندەری یانبو” لەڕێگەی بۆری ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاواوە، لەوێشەوە بۆ بازاڕەکان لە ڕێگەی دەریای سوورەوە.
هاوکاتی پێشڕەوی حوسیەکان، نیگەرانیەکان سەبارەت بە دابینکردنی نەوت چڕتر بۆتەوە، تیشک دەخرێتە سەر پەرەسەندنی گرنگی گەرووی بابولمەندەب لەبەر ڕۆشنایی پچڕانی ڕێگاکانی هەناردەکردنی وزە لە ناوچەکەدا. بەڵام فراوانبونی کۆنترۆڵی حوسیەکان بەسەر دیوی یەمەن لە گەرووەکەدا، بەو مانایە نیە کە ئێستا بەتەواوی بابولمەندەبیان کۆنترۆڵ کردووە یان دەتوانن بە ئارەزووی خۆیان دایبخەن، گەرووەکە لەنێوان یەمەن و کەنارەکانی ئەفریقادا درێژ دەبێتەوە و کەشتیەکانیش بەردەوامن لە هاتوچۆ، هاوکات هێزەکانی دەریایی نێودەوڵەتی تا ئێستا لەو ناوچەیەدا چالاکی دەکەن.
بەدەستەوەگرتنی ئەم گەرووە لەلایەن حوسیەکانەوە، کاریگەری لەسەر پێگەی حوسیەکان و دەوری ململانێ و شەڕی ئێران لە بەرامبەر ئەمریکاو ئیسرائیل دا دەبێت، هەروەها حوسیەکان کاتێک کۆنتڕۆڵی تەواوی گەروەکە دەکەن، دەتوانن چاودێری کەشتیە هاتووەکان بکەن و لەهەمانکاتدا وەک بنکەیەک بۆ هەڵمەتی فراوانتری هێرش بۆ سەر کەشتیوانی لە دەریای سووردا بەکاری بهێنن. کاردانەوەکانی پێشڕەوی حوسیەکان لە دەوروبەری بابولمەندەب زۆر لە سنوورەکانی یەمەن زیاتر درێژدەبێتەوە، گەرووەکە لە دڵی ڕێگایەکدایە کە دەوڵەتانی کەنداو بۆ هەناردەکردنی وزە پشتی پێدەبەستن، لەهەمانکاتدا نوێنەرایەتی دەروازەی باشووری دەریای سوور و کەناڵی سوێس دەکات.
بەردەوامی ناسەقامگیری لە هورمز و بابولمەندەب دەتوانێت تێچووی کەشتیوانی و بیمە بەرز بکاتەوە و فشار لەسەر بازرگانی کەنداو زیاد بکات لەسەر هەناردەکردنی وزە و هاوردەکردنی. بەردەوامی فشارە ئابوری و ئەمنیەکان دەتوانێت پاڵ بە دەوڵەتانی کەنداوەوە بنێت بۆ کردنەوەی کەناڵی ڕاستەوخۆی دانوستان لەگەڵ تاران بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان، هاوشانی پەیوەندیە ئەمنیەکانیان لەگەڵ واشنتۆن، بەتایبەتی ئەگەر نەتوانرێت بەخێرایی بگاتە چارەسەرێک کە گەرەنتی سەقامگیری ڕێگاکانی هەناردەکردنی وزە بکات.
بەگوێرەی میدیاکانی ئیسرائیل، پێشهاتە خێراکانی یەمەن و پێشڕەوی گروپی حوسیەکان ئێستا نیگەرانیەکی گەورەی دامەزراوەی ئەمنیی ئیسرائیلە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ترس لە کاردانەوەکانی کۆنترۆڵکردنی حوسیەکانە بەسەر تەواوی گەرووی بابولمەندەبدا. بۆیە دامەزراوەی ئەمنی ئیسرائیل بە نیگەرانیەوە بەدواداچون بۆ پێشهاتەکانی ئەم دواییەی ناوچەی دەریای سوور دەکات، دوای ئەوەی حوسیەکان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەردەوام بوون لە دەستبەسەرداگرتنی شارۆچکە و شوێنەکانی کەنارەکانی باشووری دەریای سوور، لە کۆتایدا کۆنترۆڵی خۆیان بەسەر بابولمەندەبدا چەسپاند.
لە ڕاستیدا ئەوەی لە کەناراوەکانی ڕۆژئاوای یەمەن ڕوویدا دوای سەرکەوتنی حوسیەکان لە دەستبەسەرداگرتنی گەرووی بابولمەندەب، کاردانەوەی بەرچاوی دەبێت لەسەر ئاسایشی ڕێگا دەریاییەکان. ئەم هەنگاوە قەیرانەکانی لەئاستی جیهاندا گەورەتر کردووە دوای ئەوەی ئەمریکا نەیتوانی ڕێگەیەک بدۆزێتەوە بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز بەڕووی کەشتیوانی جیهانیدا. ئەمەش بەو مانایەیە کە ئێران بە هاوکاری حوسیەکان، کۆنترۆڵی دوو لە گەرووە هەرە گرنگەکانی ناوچەکەی بەدەستهێناوە کە بەشێکی بەرچاوی بازرگانی جیهنیان کۆنترۆڵکردووە.
تائێستا هیچ ئاماژەیەک نییە کە وڵاتانی زلهێزی دنیا بتوانن لەم حاڵەتەدا بەکۆمەڵ مامەڵەی دۆخەکە بکەن، یان حوسیەکان واز لە هەڕەشەکردن لە کەشتیوانی نێودەوڵەتی بهێنن، یان هێزەکانی حکومەتی یەمەن بتوانن خۆیان کۆکەنەوە و دۆخەکە لەبەرامبەر حوسیەکان بگۆڕن، ڕووداوەکانی ئەم دواییە ئاماژە بە گۆڕانکاریەکی بەرچاو لە دیمەنی ناوچەکەدا دەکات، پێچەوانەکردنەوەی ئەم گۆڕانکاریە یان گەڕاندنەوەی بۆ دۆخی پێشووی، پێویستی بە کاتێکی بەرچاو دەبێت، هێزەکانی حکومەتی یەمەن پارچە پارچە بوون، حوسیەکان ئامانجێکی ستراتیژیان بەدەستهێناوە کە ئەستەمە بە ئاسانی دەستبەرداری بن، هیچ لایەنێکیش تا ئێستا ناتوانێت میکانیزمێکی کاریگەر بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە بێوێنەیە لە مێژووی کەشتیوانی نێودەوڵەتیدا دابڕێژێت.
جگە لەوەش سعودیە هەڵوێستێکی تاڕادەیەک دووفاقی دەپارێزێت، هەڵوێستی لە نێوان تێوەگلانی زیاتر لە شەڕ، یان وەستاندنی شەڕ تیا ماوە!. هەموو ئەو پشتیوانیەی ڕیاز پێشکەشی هێزەکانی حکومەتی یەمەنی کردووە و بەردەوامی هەیە، بەڵام نەیتوانیوە بەرگەی هێزی حوسیەکان بگرن، سعودیە دووچاری هێرشی سەربازی بووەتەوە کە بووەتە هۆی پەکخستنی ئەو بۆریانەی کە ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای وڵاتەکەی بەیەکەوە دەبەستێتەوە، کە ڕۆژانە نزیکەی حەوت ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕێگەی دەریای سوورەوە هەناردە دەکات، ئەمە پەیامێکی بەهێزی هۆشداری حوسیەکانە و ئاماژەیە بۆئەوەی کە ئەو گرووپە دەتوانێت زیانێکی زۆر بە ڕیاز بگەیەنێت ئەگەر بڕیاری درێژەدان بە شەڕەکە بدات. لەلایەکی تریشەوە، سعودیە شەڕێکی کراوەی ناوێت، سەرەڕای هێزی ئابووری و سیاسی و سەربازی، خاوەنی پڕۆژەیەکی ئابووری و وەبەرهێنانی گەورەیە کە لەگەڵ جیهاندا یەکتر دەبڕێت، نایەوێت بچێتە ناو شەڕێکی دیکەی پەرتبوونەوە، ئەوەی بۆی گرنگە ڕاگرتنی هەڕەشە و گەڕاندنەوەی سەقامگیرییە.
مەسەلەکە ئیتر تەنیا پەیوەندی بە لایەنە شەڕکەرەکانی ناو یەمەنەوە نیە، هەروەها تەنیا پەیوەندی بە یەکلاکردنەوەی نمرەی مێژوویی نێوان سعودیە لە لایەک و گرووپی حوسیەکان و ئێران لە لایەکی دیکەوە نییە، کاتێک یەکێک لە خوێنبەرە گرنگەکانی (گەرووی هورمز) تێکچوو، هەموو جیهان کاریگەری بەرزبوونەوەی نرخی وزەی لەسەر بوو. ئەگەر لە داهاتوودا خوێنبەرێکی تر (بابولمەندەب) پەیوەندی پێوە بکات چی ڕوودەدات؟ بێگومان وێنەکە زۆر تاریکتر دەبێت بۆ جیهان، ئەمەش پێویستی بە ڕەچاوکردنی پلانێک هەیە بۆ دوورکەوتنەوە لە سیناریۆیەکی هاوشێوەی ئەوەی لە هورمز ڕوویدا.
بوونی ژمارەیەکی زۆر لە کەشتیە جەنگیەکان و ئۆپەراسیۆنی جۆراوجۆری دەریایی لە دەریای سووردا بەو مانایە نیە کە گروپی حوسیەکان بە خێرایی پاشگەز دەبنەوە، هەروەها جیاوازی بیروڕا لە نێوان ئەمریکا و هەندێک وڵاتی ئەوروپیدا بەو مانایە نییە کە دۆخەکە بەبێ دەستێوەردان دەمێنێتەوە، گەیشتن بە لێکتێگەیشتن لەسەر پلانێکی دیاریکراو پێویستی بەو تێگەیشتنە هەیە کە کۆنترۆڵی حوسیەکان بەسەر بابولمەندەبدا، ئێران بەهێز دەکات، ئەمەش وای لێدەکات کە بتوانێت کاریگەری خۆی لە گەرووی هورمزدا بچەسپێنێت و ناوەندی قەیرانەکە لەوێوە بگوازێتەوە بۆ بابولمەندەب، پلانەکانی تاران پشت بە سەرقاڵکردنی جیهان بە قەیرانی دەریایی و دروستکردنی ناتەبایی لە نێوان زلهێزەکاندا دەبەستێت.
پچڕانی کەشتیوانی نێودەوڵەتی زیانێکی زۆر بە بەرژەوەندیەکانی زۆربەی وڵاتان گەیاندووە و دەگەیەنێت، پێشهاتە خێراکان زەربەیەکی کوشندەیان لە ئاسایشی وزە داوە، ئەم کاریگەریە تەنها بۆ ئەو هاوڵاتیانە سنووردار نەبووە کە لە ئەوروپا و ئەمریکا و ئاسیا دەژین، دەوڵەتانی کەنداو وەک بەرهەمهێنەرانی سەرەکی وزە، کاریگەریەکی بەرچاویان لەسەر بووە، ئەوان پێویستیان بە ڕێکخستن هەیە بۆ گەڕانەوە بۆ ئاستی پێشووی بەرهەمهێنان و دەستڕاگەیشتن بە بازاڕە جیهانیەکان و چاکردنەوەی ئەو ژێرخانانەی کە بەهۆی ئەو لێدانە سەربازیانەی لەسەر دەستی ئێران تووشی بوون زیانیان بەرکەوتووە.
ئێستا دوای ئەو لێدانە وێرانکەرانەی، کە حزبوڵڵا لە لوبنان و حەماس لە کەرتی غەززە و ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا تووشی بوون، حوسیەکان گرنگترین و بەهێزترین بریکاری ئێرانن لە ناوچەکەدا. هەماهەنگی حوسیەکان لەگەڵ تاران، بەکارهێنانی کەشتیوانی دەریایی وەک هێڵی ئامرازێکی ستراتیژی بەنرخ بە ئێران دەبەخشێت، بەرەیەکی گوشاری بازرگانی، لە دوو گەرووی گرنگدا لە یەک کاتدا دەکاتەوە، ئامانجی سەپاندنی واقیعێکی نوێ بەسەر زلهێزە نێودەوڵەتیەکاندا، باشترکردنی پێگەی دانوستانی خۆیەتی لەگەڵ واشنتۆن و وڵاتانی ڕۆژئاوا، سەبارەت بە پرسە ناوچەیەکانی و بەرنامە ئەتۆمیەکەی، ئەمەش بە نیشاندانی ئەوەی کە نفوزی ئێران توانای ئەوەی هەیە کە سەقامگیری ئابووری جیهانی بخاتە مەترسیەوە.
ئەگەر حوسیەکان بتوانن کۆنترۆڵی خۆیان بەسەر “بەندەری مۆچا”دا بچەسپێنن، ئەوا دەتوانن ببنە ناوەندێکی ستراتیژی پۆتانسێل بۆ وەرگرتن و گواستنەوەی چەک و کەرەستە و پێکهاتەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئێرانەوە، بەمەش توانا لۆجستی و سەربازیەکانیان لە کەناراوەکانی ڕۆژئاوا بەهێزتر دەکات. بەپێچەوانەشەوە بۆ ڕیاز، ڕوخانی بەندەری مۆچا نوێنەرایەتی هێڵی سووری ڕوون و هەڕەشەی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی و بەرژەوەندیە ئابووریەکانی سعودیە لە دەریای سووردا.
پێشهاتەکانی ئەم دواییە تەنها پێشڕەویەکی زەمینی نییە لەلایەن حوسیەکانەوە، بەڵکو نزیکبوونەوەیان لە بابولمەندەب و کۆنترۆڵکردنی ناوچە کەناریەکان و دوورگەی مایون، هاوکاتە لەگەڵ پەرەسەندنی هێرشەکان بۆ سەر دامەزراوە نەوتیەکانی سعودیە، ئەم پێشهاتە گۆڕانکاری لە هاوکێشەکەدا کردووە، کە پێشتر لە چوارچێوەی شەڕی ناوخۆی یەمەن و ڕکابەریە ناوچەییەکاندا قەتیس بووبوو، بە زیادکردنی فاکتەرێکی نوێ، ئەویش کۆنترۆڵکردنی ئەو کەنارانەیە کە دەڕوانێتە گەرووی بابولمەندەب، ئەم گەرووە تەنیا پارچەیەک لە خاکی یەمەن نییە، بەڵکو ڕێڕەوێکی ئاوی گرنگە بۆ بازرگانی و وزەی جیهانی، گرنگیەکەی لە ژێر ڕۆشنایی ململانێی گەرووی هورمزدا زیاتر دەبێت، بەم شێوەیە ململانێی یەمەن لە ململانێی دەسەڵاتەوە بۆ قەیرانی ئەمنی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دەگۆڕێت. لە هەمانکاتدا ململانێی ئەمریکا و ئێران و وڵاتانی زلهێزی دنیا دەچێتە ئاستێکی ئاڵوزتر و نالەبارترەوە.

عوسمانی حاجی مارف




ڤێگانیزم؛ هەڵوێستێک لە پێناو ئاژەڵان و زەوی.. نووسینی: هێمن عەلی

ژینگە بۆ من لەپێش هەموو شتێکەوەیە؛ چونکە بەبێ هەوای پاک، ئاوی پاک و خاکێکی ساغ، ژیانێکی باش نابێت. پاراستنی ژینگەش هەر بە دروشم ناکرێت. پەیوەندیی بەوەوە هەیە کە چی دەخۆین، چۆن هاتوچۆ دەکەین و چۆن لەگەڵ زیندەوەرانی دەوروبەرمان هەڵسوکەوت دەکەین. لێرەدایە کە ڕووەکخۆریی تەواو بۆ من واتایەکی گرنگ وەردەگرێت.
من خۆم چەندین ساڵە ڤێگانم و بەو هەڵبژاردنە ویژدانم ئاسوودەیە؛ چونکە هەوڵ دەدەم شێوازی ژیانم لەگەڵ باوەڕەکانم یەک بگرێتەوە.
ڕووەکخۆریی تەواو، یان «ڤێگان»، شێوازێکی خۆراکە کە گۆشت، ماسی، مریشک، هێلکە، شیر، بەرهەمەکانی شیر و هەنگوین ناگرێتەوە. بە واتا فراوانەکەی، هەوڵێکە بۆ دوورکەوتنەوە لە چەوساندنەوە و ئازاردانی ئاژەڵان، تا ئەو ڕادەیەی گونجاو و کردەیی بێت. کەواتە تەنها هەڵبژاردنی خۆراک نییە، بەڵکو هەڵوێستێکی ئەخلاقییشە. [١]
بۆ من پرسیارەکە ڕوونە: ئەگەر بتوانین پێداویستییە خۆراکییەکانمان بەبێ کوشتنی ئاژەڵان دابین بکەین، بۆچی ئەو ڕێگایە هەڵنەبژێرین؟ ئاژەڵ تەنها کاڵایەک نییە بۆ کڕین و فرۆشتن؛ زیندەوەرێکە کە هەست دەکات و ئازار دەچێژێت. بەزەیی ئێمە نابێت لە مرۆڤەکاندا سنووردار بێت؛ بەرپرسیاریی ئەخلاقیمان بەرامبەر بە ئاژەڵانیش هەیە.
زۆر کەس دەپرسن: «ئەگەر گۆشت نەخۆین، پرۆتین لە کوێوە وەربگرین؟» وەڵامەکە لە زۆرێک لە خۆراکە ئاشناکانی خۆماندایە: نیسک، نۆک، لوبیا، پاقلە، سۆیا و تۆفو، هەروەها گوێز و تۆوی کدو و گوڵەبەڕۆژە. بە خواردنی بڕێکی گونجاو لەم سەرچاوە جۆراوجۆرانە، پێداویستیی لەش بە پرۆتین دابین دەکرێت. ڕووەکخۆریی تەواو ئەوە ناگەیەنێت کە هەر زەڵاتە بخۆیت؛ پێویستی بە ژەمی هاوسەنگ و جۆراوجۆر هەیە.
مرۆڤ دەتوانێت بە خۆراکی ڕووەکی بە تەندروستی بژی، بە مەرجێک خواردنەکانی جۆراوجۆر و هاوسەنگ بن و پێداویستییە خۆراکییەکانی دابین بکرێن. بە تایبەتی، ڤیتامینی B12 دەبێت لە حەبی ڤیتامین یان خۆراکێک وەربگیرێت کە ئەم ڤیتامینەی بۆ زیاد کراوە. هەروەها، ڕووەکیبوونی خۆراک بە تەنها واتای تەندروستبوونی نییە؛ بڕی خوێ، شەکر و جۆری چەورییەکەشی گرنگن. [٢]
خواردنی ڕووەکی بە گشتی زیانی کەمتری بۆ ژینگە هەیە، بە تایبەتی بە بەراورد لەگەڵ گۆشتی مانگا و مەڕ. بۆ بەخێوکردنی ئەم ئاژەڵانە، زەویی زۆر بۆ لەوەڕگا و چاندنی ئالیکیان تەرخان دەکرێت. بەڵام ئەگەر نیسک، نۆک و لوبیا ڕاستەوخۆ بخۆین، بۆ دابینکردنی خۆراکمان بە گشتی زەویی کەمتر پێویست دەبێت. مانگا و مەڕ لە کاتی هەرسکردنی خۆراکدا گازی میتانیش دەردەدەن؛ گازێک کە گەرمی لە کەشدا ڕادەگرێت و زەوی گەرمتر دەکات. لەبەر ئەوە، خواردنی گۆشتی کەمتر و خۆراکی ڕووەکیی زیاتر دەتوانێت یارمەتیی کەمکردنەوەی دەرچوونی ئەم گازە بدات و پێویستی بە فراوانکردنی لەوەڕگا و کێڵگەکان کەم بکاتەوە. [٣]
هەر لەبەر ئەمەیە کە بیرۆکە و هەڵوێستەکانی پارتە سەوزەکانی ئەوروپا بە دڵمن. من خوازیاری سیاسەتێکم کە پاراستنی ژینگە و مافی ئاژەڵان لە ڕیزی پێشەوەی کارەکانیدا بن. بۆ من گرنگە ئەم ئامانجانە ببنە بەرنامە و هەنگاوی کردەیی: هاندانی خۆراکی ڕووەکی، کەمکردنەوەی پشتبەستن بە ئۆتۆمبێلی تایبەت و گەشتی ناپێویست بە فڕۆکە، پەرەپێدانی گواستنەوەی گشتی و ئاسانکردنی پیاسە و پاسکیلسواری.
مەبەستم ئەوە نییە کە هەموو ئەندامان و لایەنگرانی ئەم پارتانە ڤێگانن یان ئۆتۆمبێل و فڕۆکە بەکار ناهێنن. ئەوەی دەمەوێت، هەوڵدانە بۆ شێوازێکی ژیان کە کەمترین زیان بە سروشت و زیندەوەران بگەیەنێت. [٤]
ئەو کەسەی خۆی بە ڕۆشنبیر دەزانێت، پێویستە ئامادە بێت خووەکانی خۆیشی بخاتە ژێر پرسیار، تا وتە و کرداری یەک بگرنەوە. سەبارەت بە خواردنیش، دەبێ لە خۆمان بپرسین: ئەوەی دەیخۆین چ کاریگەرییەکی لەسەر ئاژەڵان و ژینگە هەیە؟
بۆ هاندانی خەڵک بەرەو خۆراکی ڕووەکی، پێویستە بە ڕێزەوە گفتوگۆ بکەین و سوودەکانی ڕوون بکەینەوە. چێژی خواردن نابێت پاساوی پشتگوێخستنی ئازاری ئاژەڵان بێت. بۆ من جێی داخە کە لە ئاژەڵێک تەنها کەباب و تکە ببینین، نەک زیندەوەرێکی هەستدار. تامەزرۆییمان بۆ خواردن نابێت سۆز و بەرپرسیاریی ئەخلاقیمان لەبیر بباتەوە. بە خۆراکی ڕووەکییش دەتوانین خوانێکی ڕەنگاوڕەنگ ساز بکەین و چێژی لێ وەربگرین.
لە کوردستان، بۆ پەرەپێدانی ڕووەکخۆریی تەواو پێویست ناکات لە هیچەوە دەست پێ بکەین. نیسک، نۆک، لوبیا، پاقلە، ساوار و جۆرەها سەوزە لە خوانەکانماندا جێگەیان هەیە. شۆربای نیسک، خۆرشتی لوبیا و دۆڵمەی سەوزە دەتوانرێن بەبێ گۆشت و بەبێ هیچ بەرهەمێکی ئاژەڵی لێ بنرێن. ڕەنگە ناوی «ڤێگان» بۆ هەندێک کەس نوێ بێت، بەڵام زۆربەی پێکهاتەکانی ئەم خۆراکە نامۆ نین.
پێم خۆشە لە کوردستان چێشتخانەی تایبەت بە ڕووەکخۆریی تەواو زیاتر ببینم و چێشتخانەکانی دیکەش ژەمە ڕووەکییە خۆشتامەکان بخەنە ناو مینیۆی خواردنەکانیان. پێویستە ئەم ژەمانە بە ڕوونی نیشانە بکرێن، تا خەڵک بزانن هیچ بەرهەمێکی ئاژەڵییان تێدا نییە. پێشکەشکردنی ئەم خواردنانە بە نرخێکی گونجاو دەتوانێت لە سەدان دروشم کاریگەرتر بێت.
ڤێگانیزم بۆ من هەوڵێکە بۆ ئەوەی بە ئاگایی و بەرپرسیارییەوە بژین و چێژی خواردنمان بە ئازاری زیندەوەرانی دیکە نەبەستینەوە. ئەوەی دەیخەینە سەر خوانمان، پەیوەندی بە ژیانی ئاژەڵان و داهاتووی زەوییەوە هەیە. بۆیە گۆڕان لە هەڵبژاردنەکانی خۆمانەوە دەست پێ دەکات؛ تەنانەت لە ژەمێکی ڕۆژانەمانەوە.

سەرچاوەکان:
١. کۆمەڵەی ڤێگان؛ پێناسەی ڤێگانیزم
https://www.vegansociety.com/go-vegan/definition-veganism
٢. دەزگای تەندروستیی نیشتمانیی بەریتانیا (NHS)؛ خۆراکی ڤێگانی
https://www.nhs.uk/live-well/eat-well/how-to-eat-a-balanced-diet/the-vegan-diet/
٣. نەتەوە یەکگرتووەکان؛ خۆراک و گۆڕانی کەشوهەوا
https://www.un.org/en/climatechange/science/climate-issues/food
٤. پارتی سەوزی ئەوروپا؛ بەرنامەی هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٤ (Courage to Change)
https://europeangreens.eu/2024-manifesto/




کاریگەریەکانی شەڕی حوسیەکان و سعودیە!.. نوری بەشیر

توندبوونەوەی شەڕی حوسیەکان و سعودیە لە جوڵای ٢٠٢٦دا، بووتە هۆی کاولکاری و کوشتارو ئاوارەیی زۆر لە سعودیەو یەمەن. لەیەمەن زیاتر لە ١٣٠,٠٠٠ کەس ناچار بوون ماڵەکانیان جێبهێڵن. هەروەهاUNHCR هوشداریداوە کە لە سێ مانگی داهاتوودا ڕەنگە ١٠٠,٠٠٠هەزار کەسی تر ئاوارە ببن. ئەمە سەرباری خراپبوونی دۆخی ژیان و گوزەرانی ملیۆنەها هاوڵاتی یەمەنی کە بە نزیکەی ٢٢ ملیۆن کەس مەزەندە دەکرێن. ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی مەدەنی کوژراون و ژێرخانی ئابووری یەمەن و نەخۆشخانەکان، قوتابخانەکان و ماڵ و حاڵی خەڵك و شوێنە مەدەنیەکان زیانی گەورەیان بەرکەوتووە. هەروەها دامەزراوەی نەوتی سعودیە زیانی بەرچاوی بەرکەوتوە بەهۆی هێرشە درۆنیەکانی حوسیەکانەوە بۆسەر پاڵاوتگەکانی نەوت.
بەجیا لەوە، شەڕەکە و کۆنترۆڵی باب ئەلمەندەب لەلایەن حوسیەکانەوە تەنگەژەی بۆ بازرگانی بەو گەروەدا دروستکردوە. حکومەتی سعودیە هەناردەکردنی نەوتی لەڕیگای بەندەری یەنبوع لەسەر دەریای سوورەوە ڕاگرت کە لەڕێگەی هێڵی بۆری “ڕۆژهەڵات ـ ڕۆژئاوا”وە ڕەوانەی دەکرد، وەکو بەدیلێك بۆ گواستنەوەی نەوتی سعودیە لەرێگای تەنگەی هورمزەوە! هەروەها بەهۆی ئەوەی حوسییەکان پێشڕەویان کردوەو ناوچەیەکی فراوانی تریان دەست بەسەردا گرتووە، بەتایبەت لە کەناری دەریای سوور وکۆنترۆڵی ناوچەی گەروی باب ئەلمەندەب و شارو بەندەری موخایان گرتووە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە سەنعا و زۆربەی باکوور و ڕۆژئاوای یەمەنیان لە دەستدایە، بەوجۆرە کاریگەری ناوچەیی و جیهانیان بۆ بازرگانی و چونە سەرەوەی نرخی نەوت و کەلوپەلی تر کە لەو رێڕەوەدا رەوانەدەکرا، دروستکردوە.
ئەو پێشڕەوی و باڵادەستیەی حوسیەکان بەرەو کەناراوەکانی دەریای سورو بەتایبەت کۆنترۆڵی زیاتری باب ئەلمەندەب و شارو بەندەری موخا، کاریگەری لەسەر نا ئارامی ناوچەکە دروستکردووە، بەتایبەت لەسەر کێشەی نێوان ئەمریکا و ئێران. بێجگە لەوەی کە پێگەی حوسیەکانی قایمترکردوە لە ململانێکانی ناوچەکەدا، هاوکات توانای مانۆرکردنی ئێرانی بەرامبەر بە ئەمریکا لە بارگرژیەکانی نیوانیاندا بەرەوسەرتر بردوەو بگرە بەرامبەر بە ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی ئەمریکاش پێگەیەکی باشتری بە ئێران بەخشیوە. بەمجۆرە ئەم پێشڕەویانەی حوسیەکان، دامێنی شەڕو نا ئەمنی ناوچەکەی فراوانکردۆتەوە، کە ئێران ئەمەی دەوێت و لەبەرژەوەندیەتی و لە دانوسان و گفتوگۆی لەگەڵ ئەمریکا پێداگری زیاتر لەسەر مەرجەکانی دەکات.
ئەمریکا لەگەڵ سعودیە راستەوخۆ نەچووە ناو شەڕەکەوە بەدژی حوسیەکان، هەرچەندە سعودیە داوای هاوکاری لە ئەمریکا کرد. ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەمریکا نیگەرانە لە رێکەوتنی مەکە، کە لەنێوان سعودیەو تورکیاو پاکستاندا ئەنجام درا! چونکە لەلایەکەوە وەکو بلۆکیك بەرامبەر بە ئیسرائیل دەردەکەوێ و لەلایەکی دیکەوە بێبایەخکردنی نەخشی ئەمریکایە لە پاراستنی دەوڵەتانی کەنداو کە سعودیە یەکێکە لەوان! لەلایەکی دیکەشەوە ئەمریکا نایەوێ بەرەی شەڕی دیکە دژی خۆی بکاتەوە، بۆیە هەربەوەندی کە حوسیەکان ڕایانگەیاند رێگا لە کەشتیەکانی ئەمریکا ناگرن بۆ تێپەڕبوون لە باب ئەلمەندەب، ئەمریکاش ئامادە نەبوو هاوکاری سعودیە بکات بەوجۆرەی داوای لێکردابوو!
بەڵام کاتێك ئەمریکا وەڵامی داواکەی سعودیە ناداتەوەو هاوپەیمانی مەککەش هیچی پێناکرێ بەرامبەر بە حوسیەکان، ئەوا تواناکانی سعودیە بەرامبەر بە حوسیەکان لاواز دەکات و جێگاوڕێگای حوسیەکان دەباتە سەرەوە لە ململانێ و دانوساندن لەگەڵ سعودیەدا کە پشتیوانی حکومەتی رەسمیی یەمەنە کە حوسیەکان لەدژی دەجەنگن! هاوکات ئەم دۆخە تازەیەی دوای پێشڕەویەکانی حوسیەکان، وایکرد کە قەتەرو پاکستان وەک نێوەندگیری نێوان ئێران و ئەمریکا هەوڵەکانیان چڕتربکەنەوە بۆ کۆتایی بە جەنگی نێوان ئەمریکاو ئێران.
هەر لەوبارەوە موحسن ڕەزایی، لە ئەنجومەنى ئاسایشى نیشتمانیى ئێران، لە دیمانەیەکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی جەزیرە، دوایین پێشهاتە سەربازی و دیپلۆماسییەکانی وڵاتەکەی خستەڕوو و ئاشکرای کرد کە ئێران لەڕێگەی نێوەندگیری دەوڵەتی قەتەرەوە لە پەیوەندیی بەردەوامدایە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و مەرجەکانی تارانی بۆ ڕاگرتنی جەنگ و هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکان ئاڕاستەی واشنتۆن کردووە. هەروەها رۆژی ٢١ی سێپتێمبەر وەزیری ناوخۆی پاکستان سەردانی تارانی کردوە بە مەبەستی نێوەندگیری نێوان ئەمریکاو ئێران.
راستی دۆخی خراپی ئەمریکا لە جەنگی لەگەڵ ئێراندا، لە قسەکانی ترەمپ دا لەبەردەم ٨١ یەکەمین کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا رۆژی ٢٢ی سێپتێمبەری ٢٠٢٦ دەردەکەوێت. ترەمپ بەجیا لەوەی وەک پیشەی هەمیشەیی کەوتە پیاهەڵدان بەسەر ئەمریکاو توانای سەربازی و ئابوریەکەیدا، کۆمەڵێك هەڕەشەی ئاراستەی ئێران کردو چەند مەرجێکی بۆ ڕێکەوتن لەگەڵیدا خستەڕوو. هەڕەشەی ئەوەی کرد کە ئەگەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران نەکرێت، ئەمریکا دەتوانێت هێرشی زۆر گەورەتر بکات و تاکیدی کردەوە کە دەتوانێت؛ “ئێران لەناوببات”، بەڵام هاوکات داوای لە هەموو وڵاتان کرد لە چەسپاندنی گەمارۆی ئابووری بۆ سەر ئێران لەگەڵ ئەمریکادا هاوکاری بکەن! هەروەها وتی هێشتا دەرگای گفتوگۆ و ڕێککەوتن کراوەیە. دوای ئەم قسانەی ترامپ، کۆبونەوەیەک لەنێوان ستێڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وەزیری دەرەوەی ئێران عەباس عێراقچی و دەستەی دیپلۆماسیی ئێران بەڕێوەچووە.
لێرەدا دەکرێت ئەوە بڵێین کە چۆن جەنگی ئەمریکاو ئیسرائیل بۆسەر ئێران و داخستنی گەروی هورمز بەجیا لە کاریگەریەکانی بۆسەر رژێمی ئێران و توانا سەربازی و ئابوریەکانی و توندکردنەوەی باری گرانی سەرشانی خەڵك و کاولکاری و وێرانکردنی زۆریك لە ناوەندە خزمەتگوزاریەکان، هاوکات کاریگەری لەسەر جێگاو پێگەی ئەمریکاو تواناییەکانی بۆ سەپاندنی هەژمونی خۆی و باڵادەستیی سەربازی ئیسرائیل و نائارامکردنی ژیانی خەڵکی ئیسرائیل خەڵكەکەی دانا، سەرباری کاریگەریە ناوچەیی و جیهانیەکانی لە پەیوەند بە گرانی نرخی وزەو کاڵاکان و زیادکردنی بارگرانی بۆسەر شانی خەڵکی دنیا، ئەوا لە ئاستێکی دیکەدا، شەڕی حوسیەکان و سعودیە کاریگەری لەسەر دۆخی ئابوری و سەقامیگری ئەمنی ناوچەکە دەکات.
توندبوونەوەی شەڕی حوسیەکان و سعودیە، هەروەک چۆن جەنگی ئەمریکاو ئیسرائیل بۆسەر ئێران؛ ترس، کوشتار، کاولکاری و نائەمنی بۆ ناوچەکە هێنا، بەهەمانشێوە کاریگەری دەبێت و هەلومەرجی ناوچەکە بەرەو خراپتر دەبات و فەزای هێزی میلیشیایی و کۆنەپەرستی لەناوچەکەدا بەهێز دەکات، بۆیە هێزە ئازادیخواز و کرێکاری و کۆمۆنیستەکان زەرورە هەروەک بەدژی سیاسەت و جەنگی ئەمریکاو ئیسرائیل وەستانەوە، بەهەمانشێوەش بەدژی سیاسەتی کۆنەپەرستانەو شەڕخوازانەی حوسیەکان و سعودیە بوەستنەوە، کە هیچ بەرژەوەندیەکی خەڵکی ناوچەکەو ئەو وڵاتانەشی تێدا نیە.

نوری بەشیر




نامەیەک لە زیندانەوە.. ئەحمەد کامەران

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




گریانی شەونم.. شیعری شەهلا نوری

کاتێک شەو،
سەرمای پاییز لە باوەش دەگرێت
دڵۆپە نەرمەکانی شەونم،
لەسەر ڕووی ساردی بەردەکان و گەڵای نوقمی خەون،
دەبنە بلووری فێنک بۆ ملوانکەی گەردنی شەو…

ئەم فرمێسکانە،
نە لە ناخی ماتی ڕووەکەوە دەڕژێن،
نە بارانن،
نە هەنسکی کپی چەم…

ئەم دڵۆپانە،
دیارییەکی پاکی ئاسمانن
بۆ سەر سینەی گەڵا ژاکاوەکان،
بۆ ئاونگی شیلەی لێوی یار.

شەهلا نوری