فڕین لە نێوان ئازادیی و کاولکاریدا ڕۆمانی باڵندەیەک هەبوو، دڵی نەبوو.. نووسینی: داستان بەرزان.. خوێندنەوەی: باهۆز مستەفا

مرۆڤ کاتێک لە شوێنێکدا ئازار دەدرێت، چیتر ناتوانێت لەسەر ئەم خاکە بە ئارامی هەناسە بدات، پەنا دەباتە بەر ئەندێشە، کاتێکیش خاک خۆی دەبێتە دۆزەخێک لە ئاسن و جەنگ و دەنگی ناڕەوا، باڵندەکان بڕیار دەدەن بێدەنگ ببن.
چیرۆکەکە بە گەنجێک دەست پێدەکات لە ئاکامی دەمەقاڵێ و بەهۆی لێدان و قسە ڕەقەکانی باوکی، بە تووڕەییەکی زۆرەوە درگای حەوشەی ماڵەوە دادەخات و ڕوو لە شەقام دەکات، گەنجەکە باوەڕی وایە مرۆڤێکە له سەرخۆ نییە و بە دوای شوێنێکدا دەگەڕێت هیچ باوکێکی لێ نەبێت، چونکە باوکی ڕێگەی پێنادات بە دوای خەونەکانیدا بڕوات، سواری تەکسییەکی شڕ و کۆن دەبێت، شوفێری تەکسییەکە پیاوێکی بەتەمەنە و شێوازی ئاخاوتنی لە خەڵکی گەرمیان دەچێت، توانج لە قسەکانی دەگرێت، کاتێک گەنجەکە دەڵێت باوکم ڕێگە نادات شوێن خەونەکانم بکەوم و مافەکانم داگیر دەکات. شوفێرەکە زیاتر تووڕە دەبێت، سەیارەکە دەوەستێنێت و گەنجەکە بە جێنێو دەردەکات.
پاڵەوانی ڕۆمانەکە بە کامێرا و هەندێک کاغەز و پێنووسەوە ڕوو لە بازاڕی قەرەباڵغی باڵندەفڕۆشەکان دەکات، ئامانجی سەرەکی لەم سەردانە، گەڕان بوو بە دوای باڵندەی بێ دڵدا، باڵندەیەک کە بەپێی ئەفسانە و ئەندێشەی خەڵکی شارەکە دڵی نییە و تەنها کاتێک زیندوە کە لە ئاسماندا دەفڕێت، پاڵەوانی چیرۆکەکە ویستی بە کامێراکەی وێنەی بگرێت و وەک ئەرشیفێک بۆ مێژووی خورافیات لە شارەکەیاندا بپارێزێت شارێک کە ناوی سلێمانی بە ئەنگوستیلەکەی سلێمانەوە بەستراوەتەوە. له وێدا کۆترێکی شین لە ناو قەفەزێکی کۆن و زەنگاوییەوە بانگی گەنجەکە دەکات، گەنجەکە سەری سووڕدەستێنێت، بەڵام کۆترەکە پێی دەڵێت تەواوی باڵندەکان لە زمانی مرۆڤ دەگەن، بەڵام بڕیاریان داوە قسە نەکەن تا مرۆڤ زیاتر دەستیان بەسەردا نەگرێت، کۆترەکە داوای لێدەکات چیڕۆکەکەی بە بێ دەستکاری بپارێزێت و بینووسێتەوە.
کۆترەکە دەست دەکات بە گێڕانەوەی بەسەرهاتی خۆی و هاوسەرەکەی (زان) له پێش ڕوودانی دەنگە گەورەکە، کە ئاماژەیە بۆ هێرشی تۆپباران له کاتی جەنگدا. لە کۆتا ڕۆژەکانی کرکەوتنی کۆترەکە لەسەر هێلکەکانی، کاتێک لە چاوەڕوانی تروکانی هێلکەکان و لەدایکبوونی کۆرپەی خێزانەکەدا بوون، دەنگە گەورەکە دوا تۆپی جەنگی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق ناوچەکەی هەژاند. ماڵەکە وێران بوو، زان و هێلکەکان لەناوچوون، ژنەکە کۆرپەکەی لەدەستدا و تووشی نەخۆشی دەرونی بوو، کۆترەکەش پەڕ و باڵی شکا و لە ناو داروبەردەکەدا کەوت.
کاتێک کۆترەکە چیڕۆکەکەی بۆ گەنجەکە تەواو دەکات، کڕیارێک (کوڕە سوورکارەکە) دێت و کۆترەکە بە چەند فلسێک دەکڕێت و بەدەستی خۆی ملی هەڵدەکێشێت و دەیکاتە ناو کیسەی ڕەشەوە. کۆترەکە بە گوێڕایەڵی کۆتایی بە ژیانی دێت، چونکە بە وتەی خۆی لە دوای دەنگە گەورەکەوە ژیانی کۆتایی پێهاتبوو، تەنها دەیوست لە ڕێگەی گێڕانەوەی ئەم چیرۆکەوە خۆی لە لەبیرچوونەوە ڕزگار بکات.

کۆمەڵگەی ئەدەبی و ڕۆشنبیریی کوردی لەگەڵ بەرهەمهێنانی هەموو دەقێکی نوێدا بەردەوام لە گەڕانێکی بێوچاندایە بۆ دۆزینەوەی ئەو فۆڕم و زمانەی بتوانێت بارستەی دژوار و قورسی ئازارە مێژوویییەکان، جەنگە یەکلانەبووەکان، فەنتازیای مرۆڤی ڕاگوێزراوی کوردی هەڵبگرێت. ڕۆمانی (باڵندەیەک هەبوو، دڵی نەبوو)ی داستان بەرزان نموونەیەکی بەرچاو و بەرجەستەی ئەم هەوڵە نوێخوازییەی ئەدەبی هاوچەرخی کوردییە. ئه‌م ڕۆمانە گەشتێکە لە نێوان سنوورە نادیارەکانی ئەقڵانییەت و خورافات، ئاسمانی بەرز و زەوی داڕماو، کارەساتی جەنگ و شاعیرییەتی عەشق لە هەمووشی گرنگتر پچڕانی سنووری نێوان ڕاستی و خەیاڵ.

جۆری ڕۆمان
لە ڕووی پۆلێنکاریی ئەدەبییەوە، ڕۆمانی باڵندەیەک هەبوو دڵی نەبوو دەکەوێتە چوارچێوەی ڕیالیزمی سحری ڕەهەندەکانی ڕۆمانی مێژوویی و دەروونی ئاوێتە کراوە
ڕیالیزمی جادوویی، یان سحری، دەقەکە ڕووداوە نائاسایی و جادوویییەکان وەک ئاخاوتنی کۆترێک بە زمانی مرۆڤ، ئەفسانەی باڵندەی بێ دڵ، ئاوێتەبوونی مرۆڤ و سروشت وەک ڕووداوی تەواو سروشتی و ئاسایی لە ناو کەشوهەوای ژیانی ڕۆژانەدا بەکاردێنێت. کارەکتەری سەرەکی بێ هیچ دودڵییەک، یان سەرسوڕمانێک دەچێتە ناو دیالۆگ لەگەڵ کۆترە شینەکەدا، ئەمەش دروست بنەمای ڕیالیزمی جادوویی سنووری واقیع و خەیاڵە.
پاشخانی مێژوویی، ڕووداوەکان لە سەروبەندی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا بەرپادەبن، لە ناو ترسی شەڕی هەشت ساڵەی ئێران-عێراق، دەسەڵاتی سەرکوتکەری بەعس، دادگاییکردن و لەسێدارەدانی منداڵان، بۆمبارانی بەردەوامی شارەکان.
ڕەهەندی دەروونی، ڕۆمانەکە قووڵ دەبێتەوە لە ناو درامای خێزانی، تەنگژەی سەختی کەسیەتی کارەکتەرەکان لەگەڵ باوکدا، ئەو شێتبوونە شاعیرییەی بەرۆکی مرۆڤەکان دەگرێت کاتێک لە ژێر گوشار و زەبری دەروونی کارەساتەکاندا ئیفلیج دەبن.

تەکنیکی ئەم ڕۆمانە
ڕۆماننووس لەم ڕۆمانەدا کۆمەڵێک تەکنیکی ئاڵۆز و هاوچەرخی گێڕانەوەی بەکار هێناوە، دیارترینیان:
تەکنیکی چوارچێوەی دەقەکە لە ڕێگەی داڕشتنی چیرۆک لە ناو چیرۆکدا دروست دەبێت. دەستپێکی ڕۆمانەکە چیرۆکێکی فۆتۆگرافەرێکە، کە لە زەبر و دەسەڵاتی باوکی هەڵهاتووە و دەچێتە بازاڕی باڵندەفۆڕشان، لەوێ کۆترێک دەبینێت و ئاخاوتنی لەگەڵدا دەکات، دواتر گێڕانەوەکانی ئەم کۆترە دەبنە چوارچێوە سەرەکییەکەی ناوەوە بۆ بازدان بەرەو گێڕانەوەی ژیانی کچێک بە ناوی (نیگا) هاوسەرەکەی، لە کاتی جەنگدا هەوڵی دروستکردنی هێلانەیەک بۆ خێزانەکەیان دەدەن.
فرەدەنگی و ڕوانگەی نووسەر، دەنگەکانی ناو ڕووداوەکە لە جووڵەی بەردەوامدان. هەندێک جار نووسەر پێمان دەڵێت: کە ئەمە دەنگی کۆترەکەیە، بەڵام لە وەرچەرخانێکدا، دەنگی گێڕەرەوە دەگۆڕێت و نووسەرەکە خۆی یان گێڕەرەوەی ناوەکی سنووری خەیاڵ دەپچڕێت و دەڵێت: من لێرە بە دوا چیتر گێڕەرەوەی ڕۆمانێک نیم… ئەم بڕینەی سنووری خەیاڵ نیشانەی تێکەڵکردنی ئەنقەستی شوێنی نووسەر، گێڕەرەوە و خوێنەرە لە ئەزموونی ئازاردا.
هێما و میتافۆڕە سەرەکییەکان
باڵندەی بێ دڵ: هێمایە بۆ مرۆڤی ژێر دەسەڵاتی زۆردار، کە تەنیا کاتێک هەست بە بوونی ڕاستەقینەی خۆی دەکات، کە لە ئاسمانی ئازادییاندا بفڕێت، تەنانەت ئەگەر بێ دڵ یان بێ جەستەش بێت.
تاکسی کۆنەکەی سەردەمی مەلیک فەیسەڵ: هێمایەکە بۆ داڕمانی ژێرخانی کۆمەڵایەتی، سیاسی و مێژوویی شارێک لە ڕابردوودا چەقیوە.
هەواگۆڕکێی چێشتخانەکە (ساحیبە): هێمای ڕێگرییەکانی ناوماڵ و گوشارە جەستەیی و ڕۆژانەیییەکانە لە بەرانبەر خەونی جوانکاریی و دروستکردنی هێلانەیەکی ئارام.

یاری بە کات کات لە ڕۆمانەکەدا یەک هێڵی ڕاست نییە، بەڵکو لە دەوری دەڤەرێکی سەرەکی دەخولێتەوە، کە نووسەر ناوی ناوە پاش دەنگە گەورەکە و پێش دەنگە گەورەکە. ئەم دەنگە گەورەیە تەقینەوەی بۆمب یان تۆپباران) دەبێتە خاڵی دابەشبوونی مێژوویی ناو دەقەکە.

هەڵوەشاندنەوەی سنووری واقیع و ئەفسانە. شاری سلێمانی لەم دەقەدا شارێکە لە نێوان ئەفسانە و واقیعدا گیرساوەتەوە. گێڕەرەوە بە کامێراکەیەوە دەگەڕێت تا وێنەی خەیاڵ و ئەفسانەکانی شار بگرێت، بەڵام بەم کارەی تێدەگات جیاکردنەوەی ئەفسانە لە واقیعی ئەم شارە مەحاڵە، شتێک خەڵک وەک ئەفسانە یان خورافە تەماشای دەکەن لەوانە ئاخاوتنی باڵندە یان ئەفسانەی باڵندەی بێ دڵ، لە بنەڕەتدا تەنیا و کەرستەیەکی دەروونییە بۆ هەڵهاتنی ڕووح لە ژێری گوشارە جەنگ.

مۆتیڤی باوک. ڕۆمانەکە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەستدەبات بۆ شیکردنەوەی سەرکوتکاریی سیستمە دەسەڵاتدارەکان لە زۆربەی ئاستەکاندا، لە ئاستی خێزانیدا باوکی گێڕەرەوە نیشاندەر و داپڵۆساندنی خەونەکانی کوڕەکەیەتی، لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا پیاوانی گەڕەک و شۆفێرەکان کولتوورێکی ڕەق و کۆنەپەرستانە دەکەن، لە ئاستی سیاسیدا سەرۆکە لێوبەخەندەکەی وڵات ئامادەییی هەیە، ئەو سەرۆکەی منداڵان دەباتە بەر پەتەکانی لەسێدارەدان و خەڵک ناچار دەکات ئامێرەکانی تەلەڤزیۆنیان بشکێنن تا ڕاستییەکان نەبینن.
عەشق وەک تابلۆیەک لە نێوان بارووت و وێرانکاریدا. لە نێوەندی ئەو هەموو تەپۆڵکەی وێرانکاری و بۆمبارانەدا، چیرۆکی خۆشەویستیی پیاوەکە و (نیگا)ی ژنی دووگیان وەک تابلۆیەکی پڕ لە هیوا و ڕۆشنایی دەگەشێتەوە. ڕۆماننووس لە ڕێگەی ئەم پەیوەندییەوە نیشانی دەدات چۆن مرۆڤەکان لە ناو جەنگە تووندەکان هەوڵ دەدەن مێژووی لەدایکبوونی ڕاستەقینەی خۆیان بنووسنەوە، ئەوان مێژووی سەرهەڵدانی عەشقەکەیان دەکەنە بەرواری لەدایکبوونی نوێیان، بەڵام ئەم عەشقە ناسکەش ناتوانێت لە کارەساتی دەنگە گەورەکە دەربازی بێت و تووشی چارەنووسێکی تاڵ و کۆتایی‌نەهاتوو دەبێتەوە.
دەقی (باڵندەیەک هەبوو، دڵی نەبوو) دەقێکی جوانی ئەدەبییە بۆ بەدیارخستن و هەڵکۆڵینی بێدەنگی و ئازارەکانی مرۆڤ لە ڕێگەی گێڕانەوە و دەنگی مەخلووقاتێکی مات و بێدەنگ کە باڵندەیە. لەم دەقە توانیویەتی بە زمانێکی ڕەوان و سادە، بەڵام دەوڵەمەند بە وێنەی شاعیری و فەلسەفی، خوێنەر ڕاپێچی جیهانێک بکات، تێیدا سنووری نێوان مرۆڤ، باڵندە، مێژووی ڕاستەقینە و ئەفسانەی خەیاڵی بە تەواوی کاڵ دەبێتەوە.
ئامانجی باڵای ڕۆمانەکە خستنەڕووی پرسیارێکی جەوهەری و فەلسەفییە لەسەر چەمکی فڕین و هۆشمەندی، ئایا لە جیهانێکدا کە سەرتاپای بە دڵڕەقی و ستەمکاری تەندراوە، هۆشمەندبوون و هۆشیاری جۆرێکە لە تاوان یان شێتگیڕیی و شێتبوون تەنیا دەروازەی ڕزگاربوونی ڕووحی مرۆڤە لە سەردەمی کاولکاریدا؟ ڕۆمانەکە وەڵامێکی زەقمان ناداتێ، بەڵکو خوێنەر لە ناو ئاسۆیەکی کراوە دەهێلێتەوە.

سەرچاوە: داستان بەرزان، ٢٠٢١، باڵندەیەک هەبوو، دڵی نەبوو. چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ




چوونە دەرەوەی هێزەکانی ئامریکا لە ئێراق و فۆبیای گەڕانەوەی داعش!.. سامان کەریم

بڕیارە بەیانی ٣٠ی سێبتەمبەر ئێراق کۆتایی بە بوونی هێزی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی بهێنێت لە وڵاتەکەدا. کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئێراقدا بە کوردستانیشەوە، شایی و شینی پێکهێناوە، لە ئێراقی کوردی شینە( سەرەڕای ڕاگەیاندنی دوو ڕۆژ پشوو) و لە ئێراقی عەرەبی شاییەو سێ رۆژ پشوو ڕاگەیەنراوە. کشانەوەی ئامریکا بە ڕێکەوتنی پێشتر بووە نەک کوتبڕ، بەڵام هێزەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی بەگشتی وتەنانەت لە کوردستانی ئێران و ئەوانی دیکەش شڵەژاون، بەتایبەت سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێراق لەوەش زیاتر دەستیان کردووە بە جموجوڵو پەرچەکردارێک کە لە ڕوانگەی خۆیانەوە ڕێگری بکەن لەم هەنگاوەی ئامریکا، یان لایەنی کەم چەکی پێشکەوتوو و سیستمی بەرگریان بۆ بەجێبهێڵن. بەڵام ئامریکا نە دۆستی هەیە و نەشەرم نە هاوپەیمانی هەیە نە دوژمن، هەمیشە مامەڵەی سەرمایەدارانە دەکەن، سەرۆکی پارتی زۆر باش ئەمە دەزانێت و لەم بارەوە ئەزموونی زۆرە. جیاوازی ئەمجارە ئەوەیە کە ئامریکا ئیتر جارێکی دیکە بە جبەخانەی گەورەی سەربازی و هێزەکانی مارێنزەوە ناگەڕێتەوە بۆ ئێراق. بێگومان بەم پێیە پارتی دیموکرات و سەرۆکەکەی سەرمایەو هێزێکی گەورەیان لەدەستداوە و مافی خۆیانە هوشیاری بدەن و بترسن.
لەم چوارچێوەیەدا مەسعود بارزانی لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ کەنالی الشرقیة نیوز دا ٢٧ی ئەیلول بڵاوبۆتەوە بە ئاشکرا دەڵی: “هیچ گەرەنتییەک نیە بۆ ڕێگرتن لە گەڕانەوەی داعش.” وە لەوەش زیاتر دەڵێ”ترسی گەڕانەوەی داعش”هەیە، لە هەمانکاتدا دەنگ گۆی ئەوە بڵاوبۆتەوە کە زیاتر لە سەد ئەندامی داعشی لە زیندانیەکانی بادینان ڕایانکردووە!!. گریمان کاک مەسعود و مەسرورو نێچیرقان ئاگادار نین وساڵی ٢٠١٤ش کە داعش هات و شەنگاڵیان ڕادەستکردن ئاگادار نەبوون کە داعش هێرش دەکات و یەزیدیەکان ئەنفال دەکرێن. مەسعود بارزانی لە هەموو کەس باشتر دەزانێت کە داعش دروستکراوی ئەمریکاو دۆستەکانیەتی لە ناوچەکەدا، کەواتە پارتی ترسی چی هەیە لە داعش؟ یان بۆ ئەوەندە دەترسێ؟!. پارتی دەزانێت ئەگەر داعش هێرش بکات، ئەوە سیاسەتی ئەمریکاو وڵاتانی ناوچەکەیەو ناونراوە داعش، ئەگەرنا ترس پێویست نیە لە هێرشکردنی 1500 یان ئەوپەڕی دەهەزار داعشی بۆسەر کوردستان یان بۆ سەر ئێراق- زۆرترین ژمارەی داعشیەکان لە ڕاپۆرتە ئەمریکیەکان باسدەکرێت لە هێرشی ساڵی ٢٠١٤ بۆسەر موسڵ و شنگال 800-1500 چەکداربوون- لە بارێکدا کە ٣٦ساڵە هێزەکانی پارتی و حکومەتی هەرێمی پارتی دەسەڵاتدارن وموچەی سەدان هەزار سەرباز و پۆلیس و ئاسایش و دژە تیرۆر دەدەن!!! ئەمە بەجیا لەو هەموو ‌ هێزو حەشدی شەعبیەی ئێراق!!. ئەگەر ترسێک هەیە لە لایەن پارتی و مەسعود بارزانی و مەسرورەوە(مەسرور بارزانی بە ئەمریکا دەڵێت شەرمەزارییە!!) ئەوە ترسە لە نەمانی پەناگیری ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، ترسە لە پێگەی خۆی لە کوردستان و ئێراق و ناوچەکەدا، لەمبارەوە مافی خۆیانە بترسن و داوای مانەوەی هێزەکان و چەک لە ئەمریکا بکەن ، بەڵام مافی ئەوەیان نیە بە داعش خەڵی کوردستان بترسێنن، ئەی پێشمەرگەکان و زێرەبانی لە کوێن؟! ئەی پۆلیس و ئاسایش دژە تیرۆرتان چکارەن؟!ئەی دەوڵەتی سەربەخۆو ڕیفراندۆم و ئابوری سەربەخۆ چیان لێهات؟!ئەو هەموو پاشەکەوتی موچەو گومرگی برایم خەلیل و باجەکانی دیکە چیان بەسەرهات؟! ئەو هەموو سەروەت و سامانەی کوردستان کە بۆ ئەم هێزانە سەرف کراوان بۆچی بووە؟ مەگەر تەنها بۆ تۆقاندن و ترساندنی خەڵکی کوردستان بوو؟!!بەکورتی ترسی پارتی و سەرۆکەکەی لە بچووکبونەوەی قەبارەو سەرمایەی ‌هێزەکەیانە. قۆناغیک کۆتایی هات کە ٢٣ ساڵی خایاند، قوناغیکی تازە دەستی پێکردوە کە سیماکانی دیارە بەڵام جێگیر نەبووە.
زۆر ڕۆشن لە ڕاگەیاندنی ئەو سەرکردانەی پارتیدا ئەوەیە، کە بۆ چەندین جار دوبارە بۆتەوە: ، ئەهڵی پاراستنی خەڵکی کوردستان کاری ئەوان نیە، ئەوان تەنها پارێزەری سەرمایەو کۆمپانیاکانی ناوچەی خۆیانن. کرێکاران و برسیەکانی کوردستان بۆ بەرگری کردن لە خۆیان تەنها هێزی خۆیان هەیە کە پێویستە یەکگرتوو وڕیکخراو بن.

سامان کەریم
٢٩ سیبتمبەر ٢٠٢٦




عەشق ڕاوکەیە.. شیعر عەباس ئیسماعیل حەمەد

ئەمن لەوێم
قوتکەکانم لەبیرە
ئێستاش هەر لەوێم
قەت نەبوو سەردانی گڵکۆی پیرۆزم کەی
لە خۆتم بگرە توند توند
رێی کانیێم لێ ناکەوی ئەمن
لەوێم و دەچۆڕێمەوە
ئەمن گۆلمە ئاوێکی نێو پەنجەکانتم
سەر دانەوێنەوە و قومی لێدە
ئەمن بە حەزرەتی ناخم
ناخی زەوی
هەناسەی خانمێکی کەوی
لە خۆتم بگرە توند توند
رێی کانیێم لێ ناکەوی ئەمن
بە گولمێک ماچ . . . بڕم ناشکێ ئەمن
فەریکەگیزەکانم لە بیرە
ئەمن لە ئامێزێتدا دەچەمێمەوە

عەباس ئیسماعیل حەمەد
2026-09-29




نەوەی ونبوو: ئەوانن یان ئێمە؟.. ئەمین زەواوی.. لە عەرەبیەوە: یاسین لەتیف

‏
‏

‏”نەوەی ونبوو”، ئایا ئەمە بەڕاستی ونبوونە، یان شێوازێکی ژیانی نوێیە کە ئەم نەوە تازەیە تێیدا دەژین؛ نەوەی شاشە، دراوی دیجیتاڵی و ژیریی دەستکرد؟ وا دیارە تێگەیشتنی وشەی “ونبوون” لە خەیاڵماندا بە مانایەکی نەرێنی دێت، وەک ئەوەی ونبوون حاڵەتێکی نوێ و قبوڵنەکراو بێت و مێژوویی نەبێت، لە کاتێکدا هەموو نەوەیەک “ونبوونی مێژوویی” خۆی ژیاوە؛ چ بە کۆمەڵ و چ بە تاک، بەپێی ئەوەی لەو قۆناغەدا لە ئاستی ماددی، تەکنەلۆژی، کولتووری، ئایینی، فەلسەفی و جوانیناسیدا بەردەست بووە. بەگشتی چەمکی ونبوون لەلایەن ئەو نەوەیەوە دەردەبڕدرێت کە لە گۆڕەپانەکە دەکشێتەوە، یان خۆی بۆ وازهێنان ئامادە دەکات، بەرامبەر بە نەوەیەک کە بە بەها وخەون و کابووس و زمانێکی نوێوە لە فەزاکەدا جێگەی خۆی دەکاتەوە. نەوەی “هیپی” و لەگەڵیدا فەلسەفەی بوونگەرایی، لە چاوی ئەو نەوەیەی کە لە فەزای گشتی وسەرکردایەتی دەکشایەوە ، جێی دەربڕینی ونبوون بوو. نەوەی شۆڕشی ئایاری ١٩٦٨ لە فەڕەنسا نەوەیەکی تر بوو، بە بەهای شۆڕشگێڕانەوە هات، سەبارەت بە ژن وخێزان و هاوسەرگیری وجەستە و ئەوی دی و ئازادی.
لە چاوی نەوەی پارێزگاردا، کە مۆڵەتی کۆتاییهاتنی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەلسەفی خۆی ڕاگەیاندبوو، ئەوانەش نەوەیەکی ونبوو بوون.کاتێک لە ڕوانگەی فەلسەفییەوە سەیری ونبوون دەکەین، دەگەینە ئەو ڕاستییەی کە ونبوون دەربڕینی پچڕانێکی ئەپیستمۆلۆژییە لەگەڵ کۆمەڵێک بیرۆکە و پراکتیکدا کە مێژوو بە هەموو توندوتیژییەکەوە تێیپەڕاندوون. فکری “ونبوون” دەربڕینی ڕەفتاری کۆمەڵایەتییە بۆ داڕشتنەوەی چەمکی ئازادیی تاکەکەسی و گشتی، لە دەرەوەی ئەو ڕێڕەوانەی کە پێشتر کێشراون.
لە جیهانی ئەمڕۆماندا، لەوانەش وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، ئایا ئێمە بەڕاستی ڕووبەڕووی نەوەیەکی ونبوو بووینەتەوە، وەک ئەوەی ڕۆژانە لە وتاری واعیزان، پەروەردکاران و سیاسەتمەداران دەیبیستین؟ یان ئێمە لەبەردەم نەوەیەکداین کە بەدوای ڕێڕەوێکی تردا دەگەڕێت جگە لە ڕێڕەوی باوک و باپیران، کە ئەمەش مافی مێژوویی ئەوانە؟ ئایا بەکارهێنانی دەستەواژەی “نەوەی ونبوو” گەڕان نییە بۆ مانەوەی هەژموونی نەوەیەک کە دەکشێتەوە بەسەر نەوەیەکی تردا کە بەرەو پێش دەچێت؟ ئایا ئەمە دەربڕینی ترس نییە لەدەستچوونی دەسەڵاتی باوکسالاری بە مانای ڕەمزی و سیاسی و کولتوورییەکەی؟ ئایا ژیان بە مانایەکی بنەڕەتی خۆی گەشتێکی بێ وێنە و نادیار نییە؟ ئایا ئەم گەشتە نوێبووەوە نییە کە تەنها حاڵەتێکە لە ونبوونی مرۆیی بەردەوام؟ئەوەی وەک ونبوون دەردەکەوێت، بە ئەندامی پەیوەستە بە فەلسەفەی گەشتکردنەوە؛ ئەو وزەیەی عەقڵی نوێیە بۆ بەدیهێنانی ئازادیی تاکەکەسی و گشتی، لە بەرامبەر ڕابردوویەک کە گوشاری خستووە، ئێستایەک کە شێواوە، و داهاتوویەک کە نادیارە. فکری “نەوەی ونبوو” دەربڕینی نامۆبوونی باپیران و باوکە لە ڕێڕەوی جیهانی ئاڵۆزی نەوەکانیان، بەهۆی خێرایی گۆڕانی بارودۆخەکان و ئەو ئامرازانەی کە جیهانی پێ دەژین و پێی شرۆڤە دەکەن. نەوەیەک کە لە گۆڕەپانەکە دەکشێتەوە، لە کاتێکدا لە زمانی نەوەی نوێ دەترسێت، نەوەی نوێ بەردەوامە لە گەشتە ناچارییەکەی خۆی، و ئەوەش حەتمییەتی مێژووە کە بەزەیی بە کەسدا نایەت.لە چاوی نەوەی کۆنەوە، وادەردەکەوێت کە سەرچاوەی ونبوونی ئەم نەوەیە ئەم تەکنەلۆژیا ورد و دڕندەیە، لەوانەش ژیریی دەستکرد ، یوتوب ، ئەنستگرام ، تیک توک. بەڵام ئەم “نەوەیە” باوەڕی وایە ناتوانێت بچێتە ناو سەردەمەکەی خۆیەوە جگە بەم ونبوونە ئەرێنییە، واتە ڕۆحی گەشتکردن لەگەڵ تەکنەلۆژیادا.نەوەی کۆن بە “نەوەی ونبوو” ناوی دەبەن کاتێک باسی ئایین دەکەن بە ڕاشکاوی و ئازادی، چونکە ئەوەی نەوەی کۆن لە چەند ساڵێک گەڕان بۆی دەگەیشت، ئەم نەوەیە بە کرتەیەک لەسەر کیبۆردی کۆمپیوتەر یان شاشەی مۆبایلەکەی دەستی دەکەوێت. ئیتر پێویستیان بە کەس نییە تەفسیری دەقە پیرۆزەکانیان بۆ بکات، چونکە هەموو جۆرە تەفسیرێک بەردەستە.
لە کۆتاییدا، دەپرسم کێ ونبووە لەم گەشتەی ژیاندا؟ وادەردەکەوێت کە “نەوەی ونبوو” نەوە نوێیەکە نییە، بەڵکو نەوە کۆنەکەیە، کە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر لە گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگا، لە تەکنەلۆژیا، لە هونەرە نوێیەکان، لە تەلارسازی نوێ و لە هەموو جوانییە نوێیەکانی سەردەم نامۆ و ون دەبێت.

‏ئەمین زەواوی
‏—————————————–
‏”اندبندنت عربية” – 3 أيلول 2026




«مەیلەنگێنە»؛ لە نێوان هونەر و ڕەخنەدا.. نووسینی: هێمن عەلی

گۆرانیی «مەیلەنگێنە» بە دەنگی سەنا بەرزنجی و باوکی، ژیار بەرزنجی، بووەتە بابەتی مشتومڕێک لەسەر ئازادیی هونەر و هەستیارییە کۆمەڵایەتییەکان. بەپێی تۆڕی میدیایی خەڵک، ڕێکخراوی «دیدار» سکاڵای لەسەریان تۆمار کردووە، و بەمەش مشتومڕەکە ڕەهەندێکی یاساییشی وەرگرتووە. بەڵام تۆمارکردنی سکاڵا بە مانای سەلماندنی تاوان نییە؛ بۆیە نابێت پێش بڕیاری دادگا، سەنا و باوکی بە تاوانبار بناسرێن.
لە مێژووی گۆرانیی کوردیدا، پێکەوە گۆرانیگوتنی باوک و کچ شتێکی نوێ نییە. ناسر ڕەزازی و کچەکەی، دڵنیا، پێشتر پێکەوە ئاهەنگ و کۆنسێرتیان ساز کردووە. هۆمەر دزەیی و کچەکەشی، لارا، گۆرانیی «کوردستان»یان بە هاوبەشی پێشکەش کردووە. کەواتە، خودی هاوبەشیی باوک و کچ نابێت ببێتە بنەمای گومان و تۆمەت.
بەشێکی سەرەکیی ڕەخنەکان لە «مەیلەنگێنە» لەسەر وشە و دەستەواژەکانی گۆرانییەکەن. ڕەخنەگران پێیان وایە ئەو کۆپلانەی وەسفی جەستە دەکەن، ناگونجێت باوک و کچ پێکەوە بیانڵێنەوە. بەڵام گۆرانیبێژ، وەک ئەکتەر، هەمیشە دەربڕی هەستی کەسیی خۆی نییە. بۆیە دەکرێت ڕەخنە لە هەڵبژاردنی گۆرانییەکە بگیرێت، بەبێ ئەوەی گومانی بێ‌بەڵگە بخرێتە سەر پەیوەندیی باوک و کچەکە.
هەموو کەسێک مافی ڕەخنەگرتنی هەیە، بەڵام ناڕەزایی لە بەرهەمێکی هونەری نابێت ببێتە بیانوو بۆ وانەی ئەخلاق‌دان بە سەنا و باوکی یان سووکایەتیپێکردنیان. ئەوەی بە ناوی ڕەوشتەوە ڕەخنە دەگرێت، پێویستە خۆیشی ڕێز و دادپەروەری بپارێزێت.
بەرهەمی سەنا و باوکی دەبێت بە پێوەری هونەری هەڵبسەنگێنرێت، نەک پەیوەندیی خێزانییان بکرێتە بابەتی گاڵتە و گومان. دەکرێت ناوەڕۆک یان شێوازی پێشکەشکردنەکەمان بە دڵ نەبێت و هاوکات دژی سووکایەتی و تۆمەتبارکردنیان بوەستینەوە. ڕەخنە دەبێت ڕێگە بۆ گفتوگۆ بکاتەوە، نەک هونەرمەند بێدەنگ بکات.

سەرچاوەکان
١. تۆڕی میدیایی خەڵک. (٢٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٦). «سکاڵا لە دژی سانا بەرزنجی و باوکی تۆمارکرا». https://xelk.org/2026/09/26/51282/
٢. سپی میدیا. (١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٦). «ناسری ڕەزازی نوێترین بەرهەمی بە ناوی (نامەکانت) بڵاوکردەوە». https://www.speemedia.com/dreja.aspx?=hewal&Jor=25&jmare=156776
٣. گۆتینگە. (بێ بەروار). «کوردستان» — هۆمەر دزەیی و لارا دزەیی. دەقی گۆرانی. https://gotingeh.com/berhem/homer-dizeyi-lara-dizeyi-kurdistan




دوو هۆنراوە بۆ منداڵان.. فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی

گوندەکەم
فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی
ئای چەند جوانە گوندەکەم؟!
دیمەنی باخ و شاخی
کەشوهەوای بەهاری‌
بەرهەمی ڕەزو باخی ..

باڵندە ی سەر درەخت و
گیانداریی ماڵی و کێوی
ماسی و سۆنە و مراوی
سامانی زەویی و ئاوی..

گوندم پڕ فەڕو جوانی
جێگای وەرزش و یاری
تینوو بوم ،دەیخۆمەوە
ئاوی کانیی سازگاری .

زەوی گوندم پڕبەرهەم
لەسەوزەو لە میوەی جوان
بەرهەمی بەخشیوە بە
خەڵکی گوندوهەم میوان..

گوندەکەم ئاوەدانە
ماڵی ئاشتی و خەندەیە
خاوەن خەڵکی دڵسۆزو
هەمیشە بەخشندەیە .
————————————-

وەرزشی جەستە

جەستەم بەجوڵەو وەرزش
ڕاهێناوە بەیانیان
تا بەهێزبم ، بەیاری و
ڕاکردنی گۆڕەپان

ڕۆژانە وەرزش دەکەم
زووش دەخەوم شەوانە
هەمیشە گورجوگۆڵم
دڵخۆشم بەم ژیانە.

دەچمەناو باخ و گوڵزار
هەڵدەمژم بەرامەی گوڵ
چاوانم پێی گەشدەبن
ئارامیی دەدات بەدڵ

لەناو دەشت و سەوزایی و
هەوای سروشتێکی پاک
دەبینە دۆست و هاوڕێی
نیشتمان وژینگە و خاک

دەی زو وەرن بۆ وەرزش
با لەسستی بەدوربین
وەرزش بکەین ڕۆژانە
بۆئەوەی تەندروستبین..




شوێن پێکان به بێ من.. شیعری نەوزاد بەندی

ڕۆژانێک دێن و من لەوێ نیم
ئەو قۆناغەیشمان تێپەڕاند، ئازیز..
لەو تەنیاییەدا کێ ئەزانێ،
گەڵا غەریبیی دار ئەکا
یان دار غەریبیی گەڵا ..؟
لەو شارەدا ..بەرەبەرە
ئەبین بە تارمایی ..
کەس نازانێ ئێمە له تەمەن ئەڕۆین
یان تەمەن لە ئێمە ئەڕوا ..
هەرچۆنێ بێ ، یەکێکی تر بدۆزنەوە ..
لە منیش نەچێ ، قەیناکا ..
یان تۆ بڵێ، ئێمە لە یەکچوونمان کوا ؟؟
دوای چوار پێنج ساڵ کەسێ ئەڵێ،
جاران ئێرە پڕ بوو لە بەندەی خوا ..

شەوێک ئامێرەکان غەریبیم ئەکەن،
ژووری ئێشکگرتن،
زەنگێکم بۆ ئەکا ..
وەڵامی نادەمەوە ..
ئەترسم دڵی پڕ بێ و ..
فرمێسک شارەکە ببا ..
لەو ڕێڕەوانەی کە وامئەزانی
قەت تەواو نابن ..
سەدریەکی سپی،
وەک له سێدارە درابێ،
بە شڵەژاویی تەماشام ئەکا ..
ئەو کارگوزارانەی
هەموو ڕۆژێ ئەمبینین،
ئێستا کێ سڵاویان لێ بکا ؟
وامئەزانی ئەو گۆڕەپانە،
هەتا هەتایە بێ فەرشی سوور
پێشوازیم ئەکا ..
لەبەردەم چاخانەیەکی سەفەریدا،
یەخەی خۆم ئەگرم،
پێی ئەڵێم ئەرێ کوا ؟
تۆ چل ساڵە،
بە دوای قاچاخچییەکا وێڵیت،
بە تولەڕێیەکا
بتگەڕێنێتەوە بۆ زانکۆ ..
ئەوا فەرمانگەیشت لە دەست دا ..
لە مەوقیفی پاسێکا،
یەخەی خۆم ئەگرم،
پێی ئەڵێم کابرا !
تۆ بەرنامەسازیت کردبوو
بۆ گەڕانەوەی مناڵیی،
ئەمڕۆ کۆڕی
هاوڕێ پیرەکانیشت لە دەست دا ..
ئاوڕدانەوە گرانترە یان ڕاکردن ؟
کەوتن بە زیندوێتیی باشترە یان مردن ؟
ئەو هەموو پێنوس و عەتر و کراسەت بۆچی بوو ؟
ئەو هەموو خەونەت لە چ چاوێ کڕیبوو ؟
ئەو ڕۆژەیە کە ئیتر پەلەپەل کردن تەواو ..
ئەو ڕۆژەیە کە ئیتر کاتژمێر تەواو ..
ئیمزا تەواو ..
عەتر و قۆڵۆنیا، تەواو ..
لە خاڵی ئەلفەوە بەرەو خاڵی با، تەواو ..
ئەو هەموو شیعرەت بۆ کێ نوسی بوو ؟
لاپەڕەکان ئازاد کە، با بفڕن .. بڕۆن ..
واز لە ووشە بێنە، کەوڵەکۆن ..!
دانیشە بە دیار دیژلەمە و
فرۆشگا دەسگێڕەکانی ناو کۆڵان ..
هەر تۆ نیت، ئازیز ..
ئەو دنیا فێڵبازە
هەمووانی هەڵخەڵەتان ..