شەڕی شەش ڕۆژەی حوزەیرانی ساڵی ١٩٦٧.. مەحمود چاوەش

خاڵی وەرچەرخانی شکستی عەرەبی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا (بۆچی عەقڵییەتی عەرەب شەرم لە هیچ ئەزموونێکی مێژوویی ناکات)

لە حوزەیرانی ساڵی ١٩٦٧دا سوپای ئیسڕائیل شکستێکی وێرانکەری بە میسڕ و ئەردەن و سوریا و وڵاتەکانی تری عەرەبدا هێنا، کە لە مێژوودا بە شکستی عەرەبی حوزەیرانی ساڵی ١٩٦٧ ناودەبرێت. کاریگەرییەکانی ئەم جەنگە تا ئەم ڕۆژگارەش هەستیان پێدەکرێت. مێژوونووسان باش جەمال عەبدوڵناسڕی سەرۆکی ئەو کاتەی میسڕیان وەبیردێت، کە سوپای میسڕ، هەروەها سوپای ئەردەن و سوریاشی دژی ئیسڕائیل خستە ژێر زەنگی ئاگادارییەوە. ئەو خۆی بە پاڵەوان و ڕزگارکەری “نەتەوەی عەرەبی” دەزانی و پێی وابوو، کە دەوڵەتی ئیسڕائیل لەناو دەبات و جووەکان لە وڵاتی خۆیان وەدەردێنێت و لە جێگەی ئەواندا عەرەبە فەڵەستینییەکان هاوردەی شاری پیرۆزی قودس دەکات. خەونی پیاوێك، کە لە جەنگی حوزەیرانی ساڵی ١٩٦٧دا بەهەدەر چوو، لێ ئەو دەیخواست نەتەوەی عەرەب لەژێر کاریگەری کۆڵۆنیدا دەربهێنێت و “نەتەوەیەکی عەرەبی یەکگرتوو” بەدەسبهێنێت. چ خەونێکی خۆشی ئەو بوو، جووەکان جارێکی تر ڕووبەڕوی هۆڵۆکۆسێکی تر بکاتەوە. چ تەوس و گاڵتەجاڕییەك بوو، خەونەکەی ئەو لە ماوەی شەش ڕۆژدا بە فیڕۆ چوو. هەر لە ڕۆژی یەکەمی هێرشی هێزە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیلدا بۆ سەر میسر، شکستی سوپای میسڕی زۆر بە ڕوونی دەرکەوت. لەبری ئەم خەونە سوپاکەی لە ٥ مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩٦٧دا، لە کاتژمێژی هەشتی بەیانیدا، گەورەترین شکستی لە مێژووی ئەو وڵاتەدا بەسەرهات. جەمال عەبدوڵناسڕ پاش ٣ ساڵ بە جەڵتەی دڵ دەمرێت، وەك دەڵێن لە ئەنجامی “دڵێکی شکاو”ەوە، تەمەنی تەنها ٥٢ ساڵ بوو. ئەو هێندە لە خۆی و سوپاکەی ڕازی بوو، کە بتوانێت لە ماوەیەکی زۆر کەمدا خەونەکانی بەدیبهێنێت، وەلی خەیاڵی خاو بوو، هەڵەی لە هەڵسەنگاندنی دۆخەکەدا کرد. ئەو بۆ ئەم مەبەستە دانیشتوانی گۆندەکان لە جوتیار و کرێکار وەك یەدەگێك بۆ جەنك دیاری کردبوو، کە ئامادەییان بۆ مەشقی سەربازیی نەکردبوو. دیارە جەمال عەبدوڵناسڕ بیری لە دەرئەنجامەکانی ئەم جەنگە دژی ئیسڕائیل نەکردبۆوە، کاتێك داوایان لە سەربازەکانی یوئێن (UN) کرد، سنوورەکان بەجێبهێڵن. میسڕییەکان بە کارمەندێکی باڵای یوئێنیان وتوبوو، نیگەران مەبە سبەی لە تەلئەبیب پێکەوە نانی بەیانی دەخۆین. ئەمە هەر مێژووی دۆنخیشۆت و لەخۆباییەکانی مێژوومان وەبیر ناخاتەوە، بەڵکو مێنیاڵیتی و عەقڵییەتی نەتەوەی عەرەبمان بۆ ئاشکرا دەکات، کاتێک کە خۆیان بە هێز و زلهێز دەزانن پێیان وایە مرۆڤەکانی دەوریان هێندە لاوازن، کە بە پێڵاوەکانیان سەرکوتیان بکەن، پێچەوانەکەشی زۆر ڕوونە، کە لە کاتی تەنگانەدا داوای یارمەتی و پاڕانەوە و “بۆ خاتری خوا و پێغەمبەرەکەیان” دەکەن. عەبدوڵناسڕ هێزە سەربازییەکان و دانیشتوانە هەژارەکەی میسڕی کردە قوربانی لوتبەرزی و لەخۆباییبوونی خۆی. هەر بەوەشەوە نەوەستا، بەڵکو هانی مەلیك حسەینی ئەردەن و سوپای سوریاشی دا، پشتیوانی لە پلانەکەی بکەن. هەموو وڵاتانی عەرەبی لەسەر شەقامەکان چەپڵە و هوتافیان بۆ جەمال عەبدوڵناسڕی سەرۆکی ئەو کاتەی میسڕیان لێدەدا، بە عێراقی عەرەبیشەوە. هەموو شانازیان بە جەمال عەبدوڵناسڕەوە وەك ڕێخەری یەکگرتنی نەتەوەی عەرەب دەکرد. پڕوپاگەندەی وڵاتە عەرەبییەکان دژی ئیسڕائیل و جووەکان هێندە بەهێز و کاریگەر بوو، کە جووەکانی ئەوروپا لە ڕوخانی دەوڵەتی ئیسڕائیل دەترسان. فشە و فیشاڵی وڵاتانی عەرەبی هێندە بەرز و سەیروسەمەرە بوو، کە وایان بۆ جیهان دەردەخست، کە ئیسڕائیل لەسەر نەخشەی جیهان نامێنێت و جووەکانیش لەو دەڤەرە ئاوارە دەکەن و هەڵیان دەدەنە دەریاوە. ئیسڕائیلیش هەلی مێژوویی خۆی بەهەدەر نەدا و جەنگەکەی لە بەرژەوەندییەکانی خۆیدا کردە جەنگی بەرگری دژی توانەوەی جووەکان. ئیسڕائیل کە ئاگاداری ئەم پلانەی جەمال عەبدوڵناسڕ و وڵاتانی تری عەرەبی بۆوە، کەوتە خۆئامادەکردنی سوپاکەی لە هەموو بەرەکانی جەنگدا. لیڤی ئەشکۆڵ، سەرۆک وەزیران و وەزیری بەرگری ئەو دەمەی ئیسڕائیل هەوڵی دەدا ئەم جەنگە ڕوونەدات و بە شێوەی ئاشتیخوازانە چارەسەر بکرێت، ئاخر ئەو دەیزانی ئەو جەنگە چ وێرانکەرییەك بۆ هەردوو لایەن دەخوڵقێنێت و سوپای ئیسڕائیلیش چەند بەتوانایە، بەڵام لایەنی جەمال عەبدوڵناسڕ و وڵاتانی تری عەرەب بەمە ڕازی نەبوون و نەشیان دەتوانی لە بڕیارەکەیان پاشگەز ببنەوە. ئەو کاتەی وڵاتانی عەرەبی و سوپاکانیان هەڕەشەیان بە لەناوبردنی ئیسڕائیل دەکرد، سوپای ئیسڕائیل زۆر بە تەدبیر و هزری کۆنکرێتەوە ئەم هەڕەشانەی وەردەگرت و پلانەکانیان بە نهێنی هێشتەوە و هیچ گومانێکیان لە سەرکەوتنی خۆیان نەدەکرد. دواتر کە ناکۆکییەکان پەرەیان سەند، ناچار لیڤی ئەشکۆڵ دەستبەرداری وەزیری بەرگری دەبێت، چونکە ئەو نەیدەویست ترسی گەلەکەی لە جەنگ پشتگوێ بخات. دانیشتوانی ئیسڕائیل داوایان لە لیڤی ئەشکۆڵ دەکرد جەنەڕاڵێکی سەربازی بکاتە وەزیری بەرگری ئیسڕائیل، بۆیە ئەویش بڕیاری دا، موشە دایان بکرێتە وەزیری بەرگری.
سەرەتای مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩٦٧، لە بەرەبەیانی ٥/٦/١٩٦٧ دا، فڕۆکەکانی سوپای ئیسڕائیل هێرشێکی چاوەڕواننەکراویان کردە سەر سوپای میسڕی، لەو کاتەی میسڕییەکان سەرقاڵی نانی بەیانی بوون و تەنانەت سیاسی و ناودارەکانی میسڕیش ئاگاداری ئەم هێرشە نەبوون. مەبەستی ئەم هێرشە ئاسمانییەی ئیسڕائیل لەناوبردنی هەموو هێزەکانی بەرگری ئاسمانی میسڕ بوو، کە لە ڕاستیشدا لە ماوەیەکی کورتدا بە ئەنجامیان گەیاند. مارشاڵ ئەمیری کۆماندۆی سوپای میسڕ تازە خۆی ئامادە دەکرد بچێتە ناوچەکانی “سینا” بۆ ئامادیی جەنگێك، کە پێشتر لەلایەن ئیسڕائیلەوە دەستی پێکردبوو. هیچ کۆماندۆیەکی سوپای میسڕی لەو باوەڕەدا نەبوو، ئیسڕائیل لەو ماوە کەمەدا سوپای میسڕی بهێنێتە لەرزە. بەم شێوەیە هەموو هەلەکان بۆ ڕاگرتنی ئەم جەنگ مەحاڵ بوون. لەماوەی سێ کاتژمێردا هەموو هێزەکانی بەرگری ئاسمانی میسڕ لەلایەن هێرشەکانی ئاسمانی ئیسڕائیلەوە تێکشکێنران. دواتر وەك ئاشکرا بوو، سوپای میسڕی خۆی بۆ ئەم هێرشە ئامادە نەکردبوو. پاش یەك کاتژمێر هێزەکانی سوپای ئیسڕائیل بەرەو ناوچەکانی “سینا” دەجوڵێن. لەپاش لەناوبردنی هێزی ئاسمانی سوپای میسڕی هیچ شانسێك بۆ سوپای میسڕی نامێنێتەوە، بەرگری لە هێرشەکانی ئیسڕائیل بکات. سەرباز و ئەفسەرەکانی سوپای میسڕی خۆیان لە بەرەکانی جەنگ دەکێشنەوە، بەبێ ئەوەی کەسێك ئاگاداری دانیشتوانی ناوچەکە بکات، سوپای میسڕی چ زیانێکی مێژوویی پێ کەوتووە. دانیشتوانی میسڕیش لەم کارەساتە ئاگادار ناکرێتەوە، کە چ زیانێکی گەورە بەر وڵاتەکەیان کەوتووە. جەماوەر میسڕی گەرم و گوڕن و لەسەر شەقامەکان سەما دەکەن و هوتافی سەرکەوتن بۆ خۆیان و سەرۆکەکەیان دووبارە دەکەنەوە، ئاخر دانیشتوانی میسر ئاگادار ئەو شکستانەی وڵاتەکەیان نەکرابوون. ئەمە چ مەهزەلەیەکی مێژوویی عەقڵییەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی مێنتاڵیتی عەرەبە، کە ڕووداوەکان و ڕاستییەکانی مێژوو بە ئارەزوی خۆیان هەڵدەگێڕنەوە. سەیر لەوەدایە، کە گەورەترین شکستی مرۆڤی و ئەخلاقی و ئابووری وڵاتێك لەبەر چاوی جیهاندا بە سەرکەوتن دەفرۆشرا. ئەمە کارەساتەکەیە، ئەمە کارەساتی مێنتاڵیتی عەرەبە، کە واقعی ڕووداوەکان بە ئارەزوی خۆیان دەشێوێنن. کاتێك سەربازە بەندکراوە میسڕییەکان لە گۆڕەپانی جەنگدا گەڕانەوە، بێ ئەوەی یەك سەرباز لەلایەن سوپای ئیسڕائیلییەوە بکوژوێت، ئەوجا گەلی میسڕ بۆی ڕوون دەبێتەوە، چ کارەساتێک بەسەر ئەو گەلەدا هاتووە. جەمال عەبدوڵناسڕ ناتوانێت لەوە زیاتر ڕووداوەکان بشارێتەوە، کە سوپاکەی چ کارەساتێکی بەسەردا هاتووە، ناچار دەبێت لە میدیاکانی وڵاتەوە دانیشتوانی میسڕ لە ڕوداوەکانی حوزەیران ئاگادار بکاتەوە و شکست و دۆڕانی جەنگەکەی بە ئاشکرا دەربخات. گرفت و گرێکوێرەی ئەم مێژووە لەوەدایە، کە ئیدی بەدووی ئاگادارکردنەوەیان لەم دۆڕانە سەدان هەزار هاووڵاتی میسڕی دەچنە سەر شەقامەکان و بە هوتاف دڵخۆشی سەرۆکەکەیان دەدەنەوە، کە پێشتر دڵی تەنگ و شکاوە. هوتاف لەکاتێکدا، کە وڵاتەکەیان خەڵتانی خوێن کراوە و سوپاکەیان شکێنراوە و گەلەکەشیان هەژارتر و ماڵوێران کراوە. ئەمە مۆڕاڵی مێنتاڵیتی و عەقڵییەتی عەرەبە، کە بە داخەوە تا ئەم ڕۆژگارەش لەسەر هەمان ئەقڵیەتە و پڕۆسەی مێژوویی بەردەوامە (کاتێك بەهێز دەبن شمشێرەکەیان دەردەهێنن و ملت دەبڕن و پێڵاوەکانیان دەخەنە دەمتەوە، کاتێکیش لاواز و بێهێز دەبن دەکەونە پاڕانەوە و قورئانەکەیان دەردەهێنن و دەڵێن بۆ خاتری ئەم قورئانە، کە خۆشیان باوەڕیان پێی نییە).
شەش ڕۆژ جەنگ، هەزاران مرۆڤ لە پێناوی خۆبەزلزانی و لوتبەرزی جەمال عەبدوڵناسڕ و هاوپەیمانە عەرەبەکانیدا بوونە قوربانی ئەم جەنگە و زیانێکی گەورەی لە دارایی و گوزەرانی دانیشتوانی وڵاتێک دا، کە لەژێر هەژاری و بێدەرەتانیدا دەیناڵاند. ئێستاش پاش نزیکەی ٧٠ ساڵ تارمایی دێوەزمەی ئەم جەنگە بە سەر ناوچەکەدا دیارە. ٧٠ ساڵ تێپەڕی و هەمان مێنتاڵتی و عەقڵییەت بەسەیاندا زاڵە. بەڵی، دواتر “سەدام حسەین” یش هەمان هەڵەی مێژوویی دووبارە کردەوە و خۆی بە ڕزگارکەری “ئۆممەی عەرەبی” دەزانی و دانیشتوانی ئەو ناوچەییەی خستە نێو چەند جەنگێکی کوشندانە و گەورەترین زیانی بە گەلەکانی ناوچەکە گەیاند. ئایا ئێمە، بە کوردیشەوە، لەم ئەزموونە مێژووییانەوە فێرنەبووین؟

هانۆڤەر ١/١٠/٢٠٢٦

مەحمود چاوەش




رەخنەی شانۆیی و ڕەخنە لەشانۆی کوردیدا/ ٧.. گفتوگۆیەکی شانۆیی لەگەڵ نیهاد جامی

-پێویست ناکات لەو بارەیە کتێبێک بنووسیت لەڕوانگەی فەیلەسووفەکانەوە؟

-ئەو پرسیارە بۆ من بیانوویەکی باشە تا هەندێک ڕاستی بدرکێنین، هەندێک دەستەواژە ئازاراوین، بەڵام ڕاستین، بەهیچ جۆرێک پێم وانیە پێویستمان بەوە بێت کتێب بنووسین لەبارەی شانۆ و فەیلەسووفەکانەوە، شانۆکاری کورد بە میرات شانۆی بۆ ماوەتەوە، زانیاریەک فێر دەبێت و بۆ هەمیشە لەسەری دەژیت، بڕوا ناکەم کەس بیەوێت بەخۆیدا بچێتەوە، یاخود گفتوگۆی بابەتێک بکات، هەر کاتێک ئەوەی دەینووسیت ناکۆک بوو لەگەڵ زانیاریە پێشووەکانی ئەو ئیدی بێدەنگی لێ دەکات، گەر ناچاریشی بکەیت ئەوە دێت وا خۆی نیشان دەدات کە تەواو لەپرسەکە شارەزایە، ئیدی لەبەردەم شانۆکارانی شارەزا و پسپۆر باوەر ناکەم کەم توانایەکی وەک من کاری ئەوە بێت کتێبێک بنووسێت لەم بارەیەوە، تەنانەت ئەو کتێبەی زیاد لە پانزە سالە خەریکیم لەبارەی شانۆی پۆلەندی، لەئێستادا پلانی کارەکەم گۆڕیووە، چونکە دڵنیام شانۆکاران پێویستیان پێی نیە، بۆیە هەوڵ دەدەم کتێبەکە بە زمانی فەرەنسی بنووسم، دەزانم ئەوە کارێکی سەختە، بەڵام گەر ئەو کتێبە هەشت ساڵیتر تەواو بێت باشترە لەوەی کتێبەکە بە زمانی کوردیی بێت و بە هەشت مانگی تر تەواو بێت، مرۆڤ بۆیە دەنووسێت تا بیرۆکەکانی بگەیەنێت، بەڵام کە زانی ناخوێنرێتەوەو کەس پێویستی پێی نیە، ئیدی نووسین پێویستیەک نیە، بڕوام وایە ئەو گفتوگۆیەش دواهەمین قسەی من دەبێت لەسەر شانۆی کوردیی، بۆیە ڕەنگە پێمباش بێت وەک دۆکۆمێنتێت لە دەرفەتێکدا وەکو کتێب چاپی بکەم، تا لەداهاتوودا بەڵگەیەک هەبێت، کە کەسێک هەبوو لەو ڕۆژگارە ڕەخنەی گرت، نەوەکو هەموومان ستایشکاری دۆخێکی خراپەکار بین، دەشێت قسەکردنی من باش نەبێت، لەگەڵ کۆی بیرۆکەکان هاوتەبا نەبیت، بەڵام ناکرێت یەک جۆر بیرکردنەوە ئامادەبوونی هەبێت.

-کەوایە چۆن سەیری ڕەخنەی شانۆیی دەکەیت؟ تا چ ئاستێک قسەی لەبارەی نمایشەکانەوە گەشەکردنی بە شانۆ بەخشیووە؟

-من لەو بارەیە کتێب و نووسینیترم هەیە، بەوردی لەسەری وەستاوم، رەخنەی شانۆیی ئێمە بەچەندین ئاست پۆلین دەکرێت، رەخنەی وەسفی ڕەخنەیەکە زۆربەی کات ئامادەبوونی هەیە، دەرهێنەرەکانیش ئەو جۆرە رەخنەییان پێخۆشە، چونکە وەک جۆرێک ستایش سەیری دەکەن، لەپاڵ ئەو نمونەیەی پەشتر هێنامانەوە کە کتێبێک دەنووسرێت و نوسەرەکەی ستایشی کاری خۆی و هاورێکانی دەکات، جا ئەوە وەک رەخنەی شانۆیی دەبینیت، پەیوەندی بە ئاستی تێگەیشتنی شانۆیی خۆتەوە هەیە، ڕەخنەیەکی ترمان هەیە زیاتر لەسەر داتا و ژمارە کار دەکات، دەتوانین وەک کاری رۆژنامەوانی سەیری بکەین، بەڵام پرسەکە ئەوەیە ئایا ڕەخنەی شانۆی ئێمە دەتوانێت وەک دەقێکی سەربەخۆ دەربکەوێت؟ ڕووبەرێکی سەربەخۆ بێت و لەناو سیستمی ڕەخنەیی و دەلالی مەعریفە بە نمایش ببەخشێت و بگەڕێینەوە بۆ ڕەخنە؟ ئایا رەخنە لەشانۆی ئێمەدا دەتوانێت دەق بێت؟ بەدرێژایی کاری شانۆیی من ئەو پرسیارەم هەبووە، ئەوە هەرگیز بێبەهاکردنی هەوڵی ڕەخنەگران نیە، دەسەت ئێمە رەخنەگرمان هەبێت شایەدی سەردەمی خۆی بێت و ویستبێتی ئەو ساتەوەختە زەمەنیە بە مێژوو بکات، رەخنەگرمان هەیە ویستویەتی لەپاڵ ئەو جۆرە نمایشانە ڕێ بکات کە لەگەڵ چێژی شانۆیی ئەودا دەگونجێت، بەڵام سەرەنجام نابێت بە دەقی ڕەخنەیی، ئێمە هەندێک هەوڵمان هەیە ڕەخنەگر تیایدا ویستویەتی گوتاری ڕەخنەیی بنیات بنێت، بەتایبەت لەنزیکبونەوە لەناو زانستە مرۆییەکان، بەڵام گرفتەکە لەکوێیە؟ ئێمە نەهاتووین لەزانستە مرۆییەکان ئەو چەمکانە وەربگرین کە شانۆیین، چەمکی بیریارێکمان هێناوە بۆ ئەدەب یا فەلسەفە بەکاری هێناوە، ئەوەمان سەپاندۆتە سەر نمایشەکان، بە نمونە هەندێک چەمک و زاراوە کە ڕۆلان بارت بەکاری دێنێت بۆ تێکستی ئەدەبی، ئێمە ئەوەمان گواستەوە بۆ شانۆ، لەکاتێکدا بارت خۆی بەو چەمکانە شانۆ ناخوێنێتەوە، ئەو دوو کتێبی لەبارەی شانۆ نووسیووە، کتێبێکیان لەژێر ناوی «لەبارەی ڕاسین» توێژینەوەیە لەبارەی شانۆنامەکانی دراماتۆرگی فەرەنسی ڕاسین، هەوڵ دەدات پرسیار لەبارەی پەیوەندی کەسێتیەکان بکات، گومان و پرسیار ڕووبەرێکی گرنگی ناو ئەو تێگەیشتنە نیشان دەدات، بەڵام هەرگیز نایەت قسە لە مەرگی نووسەر و پلەی سفری نووسین بکات، بەڵام لە رەخنەی ئێمەدا، چونکە ئاشنایەتیمان بە دوو کتێبەکەی نەبوو، بۆیە هەولمان دەدا ئەوەی بەردەستمان دەکەوت ئەوە بسەپێنینە ناو نووسینە ڕەخنەییەکانمان، تەنانەت کتێبی دووەمی کە لەژێر ناوی «نووسین لەبارەی شانۆوە» کتێبێکە گرنگی تایبەتی خۆی هەیە بەتایبەت بۆ تێگەیشتن لە ئاماژەی شانۆیی، چونکە لەوێدا بەتەنیا لەسەر دەق کار ناکات، بەڵکو لەسەر تەواوی ئەو پێکهاتانە دەوەستێت کە نمایشی شانۆیی بەرهەم دێنن، لەڕاستیدا لەو کتێبەدا وەک ڕەخنەگرێکی شانۆیی بەدوای دەق قسە لەپێکهاتە هونەریەکانی نمایشی شانۆیی دەکات، ڕەخنەی ئێمە ناتوانێت بگاتە ئەو ئاستە، بۆیە ناتوانین نووسینی ڕەخنەیی ناو بەرین بە دەقی ڕەخنەیی، دەقێک کە سەربەخۆ بیبینین وەک شانۆنامەو نمایش، کە دوو دەقی سەربەخۆن، نووسەر و دەرهێنەر بنیاتیان دەنێن.
ئەگەر نمونەیەکی تریش بێنینەوە، کتێبێکی گرنگی ڕەخنەیی ڕەخنەگری پۆلەندی یان کۆت، کتێبەکە بەناوی «ئایا ئەمەتان بە دڵە» ساڵی ١٩٥٥ چاپکراوە، باس لەنمایشەکانی سالانی ١٩٤٤-١٩٥٥ دەکات، ئەو کتێبە بەتەنیا قسە لەنمایشی شانۆیی ناکات، بەڵکو لەڕوانگەی کۆمەڵێک پرسیارەوە دەیەوێت پەیوەندی شانۆ و کۆمەڵگا دەست نیشان بکات، لەپاڵ قسەکردنی لە ئەکتەر بەتەنیا نایبەستێتەوە بەو نمایشەی قسەی لەبارەوە دەکات، بەڵکو بەکۆی ئەزموونی نواندنی ئەکتەرەوە دەیبەستێتەوە، بەهۆی ئەوەی ناونیشانی کتێبەکەی لەشانۆنامەیەکی شکسپیرەوە وەرگرتووە، هۆکارەکەشی ئەوەیە بەشێکی لەبارەی ئەو پرسیارەیە کە چۆن لەسەدەی بیستەم سەر لەنوێ شکسپیر لەسەر شانۆ بخوێنینەوە؟ بۆیە قسەکەمان لەوەدایە ڕەخنەی ئێمە نەگەیشتووە بەم ئاستە، هۆکارەکەشی پەیوەندی بە دوو ئاستەوەیە، یەکەمیان وابەستەی ئەو نمایشانەیە کە قسەی لەبارەوە دەکات، ئاستی دووەمیش سەرچاوە رەخنەییەکانی ڕەخنەگرە، هەولی نەداوە بە لایەنی کەم بە زمانی ئینگلیزیی بخوێنێتەوە، تاوەکو ئاستی ڕەخنەیی خۆی بەرەو پێش بەرێت، بۆیە زۆرجار کاتێک رەخنەگر پشت بەسەرچاوەیەک دەبەستێت کە کتێبەکە لەسەری نووسراوە شانۆی نوێ، بەڵام بیر لەوە ناکاتەوە کتێبەکە کەی نووسراوە، کاتێک پەنجا سال پێش ئێستا نووسرا بێت ئیدی نوێ بوونەکەی تەواو کۆن بووە، بۆیە هەموو ئەوانە دەبنە گرفت لەبەردەم ڕەخنەی شانۆیی ئێمەدا و نایەلێت ڕەخنەی شانۆییمان بەرەو پێش بچێت.

*سەرەتای ژیانی شانۆییت ساڵانێکی زۆر وەک ڕەخنەگرێکی شانۆیی کارت دەکرد، لەسەر زۆربەی نمایشەکان ئەتنووسی، تەنانەت کتێبێکت هەیە بەناوی «گوتاری ڕەخنەی شانۆی کوردیی» کە قسەکردنە لە شانۆنامە و نمایش، ئایا ئەو بۆچوونە دەسەپێتە سەر ئەو کتێبەی خۆشت؟
-من لەپێشەکی ئەو کتێبەدا باسم لەوە کردووە کە ڕەخنەی شانۆی ئێمە پێویستە ببێتە خاوەنی دەقی ڕەخنەیی، جگە لەوەی لەسەر چەمکی دەسەڵات لەگوتاری ڕەخنەیی وەستاوم، سەرەنجام نەمتوانی دەقی ڕەخنەیی بنووسم، نەدەکرا ڕەخنەگر بم و سەرچاوەی خوێندنەوەم تەنیا زمانی عەرەبی بێت، مەعریفەی منیش وەک شانۆکار دەست نیشانکراو بوو، جگە لەوە لە سالانی کۆتایی کە لەوێ بووم هەستم دەکرد ئێمە ڕووکەشانە مەعریفە وەردەگرین، چەند ناوێک بە سێنتەری مەعریفە دەزانین، لەدەرەوەی ئەوە ناتوانین نمایش لەدیدی ترەوە ببینین، بیرمە لە خوێندنگای دراماتۆرگی وارشۆ جارێکیان بابەتێکم پێشکەش کرد بەناوی «شانۆی سونەتی و تازەگەری کوردیی» لەوێ ئاماژەم بۆ ئەوە کرد شانۆی ئێمە پۆلینکراوەتە سەر ستانسلاڤسکی و گرۆتۆڤسکی، ستانسلاڤسکی وەک شەرمێکە کە دەبین بە سونەتگەراو گرۆتۆڤسکی دەمانکات بە تازەگەرو شانۆکەمان دەباتە ئاستی دنیا، مامۆستاکەمان کە دراماتۆرگێکی ناسراوی پۆلەندی بوو، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد ئەوەی شانۆی کوردیی دەکات بە جیهانی شکسپیرو چێخۆڤ نین، بەڵکو وەرگێرانی شانۆنامە و بابەتە کوردیەکانە بۆ سەر زمانەکانیتر، بەوەی شانۆی کوردیی لەخۆرئاوا بە زمانی ئینگلیزیی نیشان بدرێت دەیکات بە جیهانی نەوەک گەڕانەوە بۆ دراماتۆرگە ئەوروپیەکان، بەڵام با زۆر لەپرسیارەکە دوور نەکەومەوە، من لەژیانمدا خوێندنگای دراماتۆرگی پۆلەندی کاریگەری گەورەی لەسەر ژیانی شانۆییم دروست کرد، ناسینی کتێب و نمایشە پۆلەندیەکان توانیان ئاسۆیەکیتر لەبەردەم مندا بکەنەوە، شانۆ ئەوە نەبوو کە لەم کتێبانەی نیو سەدە پێش ئێستا بە عەرەبی دەمخوێندنەوە، شانۆ.. بینین و توێژینەوە نوێیەکان بوو، ئێستاش کە لەو بارەیەوە دەدوێم، شانۆکاری کورد مافی خۆیەتی وەک شۆک سەیرم بکات، بەڵام دلخۆشم ڕاستگۆم لەگەل خودی خۆم، دواتر لەگەڵ شانۆو شانۆکاران، هەر ئەوەش وایکردووە من رەخنەگری شانۆیی نەبم و ئەو کارە بۆ پسپۆرانی ڕەخنەی شانۆیی جێبێلم.

*تێبینی خاڵێکم کردوە لەتۆ ناوی دەرهێنەرە شانۆییەکان دێنیت، بەڵام خۆت لەناوی ڕەخنەگرەکان دەپارێزیت؟ ئایا هاورێیەتی هۆکارە؟ یان ناتەوێت بچیتە ناو شەڕێکەوە؟

-شەڕ؟ هاورێیەتی؟ من هەموو ئەوانەی رەخنەگرن تا ئێستاش پەیوەندی دۆستایەتیەکمان هەیە لەسەر بنەمای خۆشەویستی ورێز وەستاوە، هەندێکیان لەبۆنە و نووسینی تر قسەم لەبارەیان کردووە، ئەوانیش درکی ئەوە دەکەن هۆکاری پشت نووسین شانۆیە نەوەکو پەیوەندی کەسی، من کە لێرەدا خۆم پاراست لەناوهێنان شەڕ نیە وەک لەپرسیارەکەدایە، شەڕ بۆچی؟ لەدەرەوەی خۆشەویستیەوە ناتوانیت شانۆکار بیت، خۆتان دەبینن هەندێک پۆستی فەیسبوک و کۆمێنتی وا سەیر لەبارەی منەوە دەنووسن، چونکە راستگۆیانە قسە دەکەم و درۆیان لەگەڵ ناکەم، من خۆشەویستیم بۆ ئەوان هەیە، هیچ شەڕ و رقێکم بۆیان نیە، خۆیان بەر لەهەموو کەسێک ئەوە دەزانن، بۆ من قسەکردن لەبارەی شانۆ، لەدەرەوەی خۆشەویستی هیچ مانایەکی نیە، تەنانەت ئەوانەی دەیانەوێت درۆ بهۆننەوە و بریندارم بکەن، بەلام من نیگەرانی ئەوەم، کاتێک ئەم دنیایە جێدێلم، ئەوان بزانن چەند برینداریان کردم لەبەر ئەوەی ڕاستیم پێ ووتن، وەک ئەوانیتر درۆم لەگەڵ نەکردن، ئەوە گرنگ نیە، من لەخۆشەویستیەوە، لەعەشقێکی شێتانەم بۆ شانۆ قسە دەکەم، دەگەڕێمەوە سەر پرسیارەکەتان، چەند ساڵێک بەر لەئێستا لە رۆژنامەی ڕووداو وتارێکی درێژم نووسی بەناوی «ئاستەکانی نووسین لەگوتاری ڕەخنەی شانۆییدا» لەو وتارەدا ئاماژەم بۆ شێوازی کارکردنی ڕەخنەگرەکان کردبوو بەناوهێنان و ئەو میتۆدە رەخنەییانەی کە پشتی پێدەبەستن، لێرەدا ئاماژە بۆئەوە دەکەم کە باشترین کتێب لەبارەی شانۆی ئەزموونگەری کوردی نووسرابێت کتێبەکەی کاک دانا رەئوف نیە وەک خۆی باسی دەکات، بەڵکو کتێبەکەی کاک سەباح هورمزە، بیرمە کاتی خۆی هەندێک سەرنجی ڕەخنەییم لە ژمارە٩ ی گۆڤاری ڕامان لەسەر ئەو کتێبە نووسیوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەمەوێت ئەوە بڵێم سەباح هورمز باشترین رەخنەگری شانۆی ئەزموونگەری کوردیە، گەر قسە لەسەر ئاستی رەخنەکە فراوان بێتەوە، پەیوەندی بەوە هەیە مەعریفەی ئەزموونگەری شانۆیی، تەنیا گەرانەوە بۆ زمانی عەرەبی هۆکاری پشت ئەو شانۆیە و گوتارە رەخنەییەکەیەتی، لەو رۆژگارە کە شانۆی وێنەیی لوتکەی ئەزموونکاریەت بووەو مەعریفەی شانۆیی دەرهێنەر و ڕەخنەگر تا ئاستێکی زۆر لەیەکتر نزیکن، گرنگ بۆ من کە باسی شانۆی ئەزموونگەری کوردیی بکەم پێویستم بەوەیە بۆ لای سەباح هورمز بگەرێمەوە نەک دانا رەئوف، ئەویش بەپێی تێگەیشتنی ئێستام بۆ رەخنەی شانۆیی لەلایەک و لەلایەکیتری رەخنەی شانۆیی دەبێت مەعریفەی شانۆیی بەرهەم بێت، کاک دانا لەبڕی مەعریفە وەسفی پەخشانی بە نمایش دەبەخشێت.

*ئەی ڕەخنەگرەکانی وەکو محەمەد تەیمورو موحسین محەمەد و مەغدید حاجی؟

-بەداخەوە من هیچ وتارێکی ڕەخنەیی محەمەد تەیمورم نەخوێندۆتەوە، تاکە وتارێکی کە خوێندبمەوە لەبارەی شانۆی کلاسیک بوو، نووسینێکی ئاسایی بوو ، بەڵام ئەو نوسینانەیم نەخوێندۆتەوە کەلەسەر شانۆن، موحسین محەمەد سەرباری ئەوەی ڕەخنەی شانۆیی دەنووسێت، بەڵام ئاگاییەکی باشی ئەرشیفی شانۆییە، ڕوانینە ڕەخنەییەکانی بۆ تێگەیشتن لەڕاستی و سەرچاوە مێژوویەکان گرنگی خۆیان هەیە و من رێز لەماندووبونەکانی دەگرم، ئەو قسەیەم بۆ کاک مەغدید حاجی بەهەمان شێوە ڕاستە، بەتایبەت کتێبەکەی بەناونیشانی «ئافرەت لەشانۆی کوردیدا» سەرچاوەیەکی ئەرشیفی باش و گەڕانەوەیە بۆ مێژووی شانۆکەمان لەڕوانگەی خانمانی ئەکتەر.
باوەڕم وایە ناویتریش هەیە، لەڕووی شێوازی کارەکانیان لەم ناوانە نزیکن، لەوانە کاک یاسین قادر بەرزنجی هەوڵێکی زۆری بۆ ئەرشیفی شانۆیی داوە، چ لەرێگەی کتێبەکانیەوە یاخود لەوتارە شانۆییەکانی لەهەفتاکان و هەشتاکاندا، هەروەها جۆرێکیتری نووسینی ڕەخنەیی کە لای کامەران سوبحان و شۆڕش محەمەد حوسێن دەرکەوت ئەویش ڕەخنە و بەدواداچوونی ڕۆژنامەوانی بوو، کارێکی ڕۆژانەی بەدواداچوونی ناو نمایشەکان بوو لەڕوانگەی کاری ڕۆژنامەوانیدا، ئەو جۆرە نووسینانەش گرنگی خۆیان هەیە.

*ئایا نوسینەکانی حەیدەر عەبدولرەحمان دەکەوێتە کوێی کاری ئەوانەی پێشوو؟

-حەیدەر عەبدولرەحمان جیاوازترە، بە فۆڕمێکیتر هاوشێوەی سەباح هورمزە، بەلام خاڵی جیاوازی کارکردنیان بەروونی دەبینرێت، ئەگەرچی هەردووکیان زیاتر قسە لەشانۆی ئەزموونگەری و تازەگەری شانۆیی دەکەن، لەناو وتارە ڕەخنەییەکانیدا، بەلام بۆ من کاک حەیدەر خاڵی جیاوازی ئەوەیە زۆرجار لەڕوانگەی ناونیشانی شانۆگەریەوە دەرواتە ناو نمایشەوە، با خۆم بپرسم: ئایا ئەوە تێگەیشتنێکی خراپ نیە بۆ نمایش؟ نەخێر، ئێمە پێویستمان بە دیدی جیاوازی خوێندنەوەیە، کێشەی من لەگەڵ ئەودا لەو جۆرە کارە نیە کە لەناونیشانەوە زیاتر جەخت دەکاتەوە، بەقەد ئەوەی رەخنەی وەسفی باڵی کێشاوە بەناو نووسینە ڕەخنەییەکانیدا، لەپاڵ ئەو چەمک و زاراوە ڕەخنەییانەی بەکاری دێنێت، خێرا دەیگوازێتەوە ناو نمایش، ساتی وا هەیە ئێمە نازانین سیاقی چەمکەکە لە چ مانایەکەوە سەرچاوە دەگرێت، چونکە ئەویش دەبێت بزانێت، ئەو تەنیا بۆ شانۆکاران نانووسێت، بەڵکو بینەرانیش کە دەبنە خوێنەری وتارەکانی، چاوەروانی ئەوەن لەڕێی ئەو نووسینانەوە باشتر لە نمایشەکان بگەن، بۆیە لەپاڵ هەموو ئەوانەدا دیارە سیمای ڕەخنەیی ئەو و ناسینەوەی ئەو سیمایە، ڕوونتر لەنووسینی ئەودا دەیبینمەوە، هەڵبەت ڕەخنەی وەسفی پێشتر بەهەمان شێوە باڵی کێشا بوو بەسەر ڕەخنەکانی حەمە سوار عەزیز، بەڵام لەم ساڵانەی دوایی ئەو هەوڵ دەدات زیاتر لەڕوانگەی زانستە مرۆییەکانەوە لەنمایش نزیک ببێتەوە، ئەوەشیان بەگرنگ دەبینم وەک ئاراستەیەکی سەربەخۆی کارکردن لەکاری ئەودا، ئەگەرچی ئەوەی جێگای سەرسووڕمانی منە، ئەوەیە بۆ حەمە سوار پیشەگەربوون لەکاری ڕەخنەیی، ئەوە نیە تۆ قسە لەهەموو نمایشێک بکەیت، کە هەندێکیان لەدیدی ڕەخنەیی تۆوە دوورن، چونکە ئەوە زیان بەنووسینی ئەو دەگەیەنێت، ئەو دەبێت ئەوەش بزانێت بۆ ئەوەی ئەو ڕەخنەیە بەرەو پێش بەرێت، پێویستی بە تێگەیشتنی جیاوازو دیدو خوێندنەوەی تر هەیە، تا لەشوێنێکدا ئاستە ڕەخنەییەکەی لەشوێنی خۆی نەوەستێت، چونکە ئەوە مەترسیەکە و دەبێت لەئێستاوە هەستی پێ بکات، بڕوام وایە تا رادەیەک هەوڵمداوە لەڕوانگەی تایبەتیەوە قسە لەکاری کۆی ئەو دۆستە ڕەخنەگرانەمان بکەین، دەشێت بۆ ئەوان ڕوانینی من هاوڕا نەبن لەگەڵیداو ئەوان قسەی خۆیان هەبێت لەکاری ڕەخنەییان، بەڵام سەرەنجام من کارەکانیان لەو وێنە پانۆراماییەدا دەبینم.

درێژەی هەیە…




وەرگێڕان پەیوەندی بە كولتوری لۆكاڵ و گڵۆباڵەوە نییە.. سەدیق سەعید ڕواندزی

زمان هەر تەنها ئامرازێكی دەربڕین نییە، بەڵكو گوزارشتكردنیشە و گوزارشتیش تەنێ زارەكی ناگرێتەوە، بەڵكو كردەییشە. هەندێك وشە و دەربڕین لە زماندا هەن، بە گۆكردنیان بە تەنها مانا نابەخشن، بەڵكو دەبێ ئەزموون بكرێن. كاتێ بە یەكێ دەڵێین خۆشم دەوێی، دڵسۆزی تۆم، بیرت دەكەم، بە هاناتەوە دێم) ئەم وشانە كردەیین و دەبێ ئەزموون بكرێن، دەنا بە تەنها دەربڕینی دڵسۆزبوون بەهایەكی نییە، گەر بە كرداریی و لە زەمینەی واقیعدا نەیسەلمێنین. لەبەرانبەر ئەمەشدا، چەندین دەربڕین هەن، كە ناكردەیین، بۆ نموونە: دەگوترێت لە چاوی شێری ناگەڕێتەوە! بەڵام كەس هەیە لە شێر نەترسێت؟ دەگوترێت لە سەر سەرمت دادەنێم، مرۆڤ چۆن لە سەر سەر دادەنرێت؟ كەواتا ئەم جۆرە دەربڕینانە، خوازەن بۆ بابەتێكی دیكە و هەمان مانای خۆیان ناگەیەنن. لەو ڕوانگەیەوە كاتێ ئێمە دەڵێین وەرگێڕان پردی بەستنەوەی كولتووری گەلانە بە یەكتری، ئەوا مانای وانییە كۆی كولتووری ئەڵمان، یان فەڕەنسا، یان عەرەب، بێنینە نێو كولتووری كوردی، كە ئەمەش ناكرێت، مانای وایە نابێ بگوترێت وەرگێڕان پردی بەستنەوەی گەلانە بە یەكتری! ئەم تێگەیشتنە بۆ وەرگێڕان هەڵەیە، چونكە هەرگیز كۆی كولتوور ناگوزرێتەوە. كولتوور، لە بنەڕەتدا لە كەلچەری فەرنسی وەرگیراوە، وشەیەكە لەنێو ئێمەدا لە بەرنبەر فەرهەنگ، ڕۆشنبیریبوون، ئەدەب و هونەر بەكاردێت، بەڵام كولتوور، كۆی سەرخانی كۆمەڵایەتی و خاسیەتە كۆمەڵایەتی و نەریتی و میللییەكانی كۆمەڵگەیەك دەگرێتەوە. لە وەرگێڕاندا، وەرگێڕ كار لە سەر بەشێكی كولتوور دەكات نەك هەموو كولتوور، بەو مانایەی هەر بوارێكی كولتوور، دەشێ لە ڕێگەیەوە وەربگیرێت، كەواتا دەربڕینی وەرگێڕان پردی بەستنەوەی كولتووری گەلانە بەیەكتری، هەڵە نییەو هەڵگڕی هیچ گیرو گازێكی زمانەوانی و فەرهەنگی نییە، چونكە ئەوەی وەردەگێڕدرێت، بەشێكە لە كۆی هەبووەكانی نێو كولتوور، نەك هەموو كولتوورەكە، بەمەش ناڕاستەوخۆ كولتوورەكە، لە سەرێكەوە دێتە نێو نێو ڕۆشنبیریی نەتەوەیەكی دیكە و بە پێچەوانەوەش. كولتووری هەر وڵاتێك، چەند پێشكەوتووش بێت، پەیوەندی بە دواكەوتووی كولتووری نەتەوەیەكی دیكە لە بواری وەرگێڕانەوە نییە! بەدەربڕینێكی تر،كاتێ پرۆسەی وەرگێڕان لە كولتووری وڵاتێكی پێشكەوتووی خۆرئاواوە، بۆ كولتووری میللی و دواكەوتووی ئێمە دەكرێت، ئەوا ئەوەی دەكرێتە پێوەر، پێشكەوتنە ژیاریی و زانستییەكان نین، وەرگێڕان كاری بەوە نییە، بەڵكو پەیام و ئامانجە مرۆیی و ڕۆشنبیرییەكە گرنگە. ئەزموونی وەرگێران لە كۆمەڵگەی ئێمەدا، كە كولتوورێكی دواكەوتووی هەیە و بگرە وڵاتانی جیهانیش، زۆر بە ڕوونی ئەوەیان سەلماندووە، كە دەشێ وەرگێڕانی تێكست و دەقی نێو كولتوورێكی وڵاتێكی دواكەوتوو، زۆر لە وڵاتێكی پێشكەوتوو بە هەڕمێنترو پڕ خوێنەرتر و پڕ ماناییتر بێت. وەرگێڕان، گواستنەوەی كولتووری گەلێك، بە كۆی پێكهاتە فەرهەنگی و هونەریی و ژیاریی و زانستییەكان، بۆ نێو كولتووری گەلێكی دیكە نییە، تا نەشێ ئێمە تێكست و بەرهەمی ئەڵمانی یان فەڕەنسی، وەربگێرینە سەر زمانی كوردی، بلوجی وتیگریی، بە بیانووی ئەوەی ئەو زمانانە جیهانی نین و لۆكاڵینە، بە پێچەوانەوە ئەزموونەكانی وەرگێڕان ئەوەیان دەرخستووە كە تێكست لە وەرگێڕاندا دەكرێتە پێوەر، نەك كۆی كولتوور. گەر سەرنج بدەین دەبینین نانی ڕووتی محمەد شوكری، ڕۆمانی قەپێلكی مستەفا خەلیفە، شیعری نەتەوەی ئەفغان و ڕۆمانەكانی خالید حوسێنی و ئەدەبی ئەفغانی وكۆڵۆمبی و میسری و كینی، بە هەزاران جار لە ئەدەبیاتی ئەمەریكا و كۆریای باشوور و ژاپۆن، پڕ خوێنەرتر و سەرنج ڕاكێشتر و پڕ ماناترە و پێدانی خەڵاتەكانی نۆبلیش لە بوارە جیاوەزوكاندا بە نووسەر و زاناو داهێنەرانی ئەم وڵاتە دواكەوتووانە، دەرخەری ئەوەن، كە وەرگێڕان پەیوەندی بە لۆكاڵی و گلۆبالیزمەوە نییە، ئەمە بۆ بوارەكانی دیكەی دەرەوەی ئەدەبیش ڕاستە، مەگەر ئەریتریەكی دواكەوتوو، لەگەڵ ژاپۆنییەكی پێشكەوتوو، وەك یەك پەنا نابەنە بەر ژیری دەستكرد و بە كارهێنانی دوایین مۆدیلی كەرستە و ئامرازی تەكنەلۆژیی پێشكەوتوو؟ كەواتا نابێ كردەی وەرگێڕان، ببەستینەوە بە كولتوری لۆكاڵی و گڵۆباڵی. لە وەرگێڕاندا خوێنەر بە دوای مانا، چێژ و جوانی، پەیام و ئامانجی دەقەكەوەیە، نەك ئەوەی دەقەكە ژاپۆنییەك نووسیویەتی، یان ئێرانییەك. ئەمە بۆ كەرستە و بابەتەكانی دیكەش دروستە، وەك چۆن ژاپۆنییەك لە تۆكیۆی سمبولی پێشكەوتنە زانستییەكان ئایپاد و مۆبایل بە كاردێنێت، بەم شێوەیەش شوانی مێگەلێكی بناری چیای هەڵگۆرد، هەمان كەرستە بەكاردێنێت، بە جیاوازی دوو جیهانبینی جیاواز. بۆ وەرگێڕانیش، كولتوور و زاست و ژیار پێوەر نین، بەڵكو پەیوەندی خوێنەر بە دەق، چێژ و جوانی، پەیام و مانای دەق گرنگە، نەك ئەوەی دەقەكە لە كولتووری ژاپۆنەوە هاتووە، یان مەغریبێكی دواكەوتوو، كەوەك وتمان هەموو نووسەرانی ژاپۆن، ڕەنگە ئەوەندەی نانی ڕووتی محمەد شوكری، كە زادەی كولتوورێكی دواكەوتووە، كاریگەریەتیان لە سەر خوێنەر و تێڕوانینی دانە نابێت.

*ئەم بابەتە لە هەفتەنامەی ڕێگای كوردستان ژمارە( 1499) لە 18/8/2026 بڵاوكراوەتەوە.




لە «تەڵاقی عێراق»ەوە بۆ «یوم السیادە».. نووسینی: هێمن عەلی

لە یەکی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦دا، نێچیرڤان بارزانی لە بەغدا بەشداریی ڕێوڕەسمی «ڕۆژی سەروەری»ی کرد، کە بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق ساز کرابوو. بارزانی لە کاتێکدا ئاڵاکانی عێراق لە پشتییەوە دیار بوون و نیشانی ئاڵای عێراقی لەسەر یەخەی چاکەتەکەی دانابوو، وتارێکی بە عەرەبی پێشکەش کرد. لە وتارەکەیدا داوای عێراقێکی فیدراڵی و سەقامگیری کرد و جەختی کردەوە کە بڕیاری جەنگ و ئاشتی دەبێت تەنها لە دەستی دەوڵەتدا بێت. [١]
قوباد تاڵەبانیش، بەپێی پوختەی چاوپێکەوتنێک کە ئاژانسی KNA بڵاوی کردووەتەوە، بە ڕاشکاوی دانی بەوەدا نا کە لە فێربوونی زمانی عەرەبیدا سەرکەوتوو نەبووە. [٢] یەکێکیان بە خوێندنەوەی وتارەکە توانای خۆی خستە ڕوو و ئەوی دیکە باسی هەوڵەکانی بۆ فێربوونی کرد. نابێت هەوڵی یەکەمیان یان ڕاشکاویی دووەمیان بە کەم سەیر بکرێت؛ فێربوونی هەر زمانێک دەستکەوتێکە. هەڵبەت، خوێندنەوەی دەقێکی ئامادەکراو بە تەنها بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی زمانزانی بەس نییە. بەڵام پرسیاری سەرەکی لێرە ناوەڕۆکی قسەکانە: چی دەگوترێت و چەندە لەگەڵ هەڵوێستەکانی ڕابردوودا دەگونجێت؟
لە ساڵی ٢٠١٧دا، سەرکردایەتیی هەرێم ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی بەڕێوە برد. پێش ئەوەش، لە شوباتی ٢٠١٥دا، بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی KDP.info، نێچیرڤان بارزانی کاتێک باسی کاریگەرییەکانی دابەزینی نرخی نەوتی دەکرد، گوتبووی: «بەغدا موفلیسە». [٣] هەروەها، بەپێی ڕاپۆرتێکی پۆڵەتیک پرێس، هێڤیدار ئەحمەد پێش ئەوەی ببێتە پەرلەمانتار، پێشبینیی «تەڵاقدانی عێراق»ی کردبوو. [٤]
ئەنجام چی بوو؟ نە جیابوونەوە هاتە دی، نە چاوەڕوانیی مووچە کۆتایی پێهات. پۆڵەتیک پرێس لە هەمان ڕاپۆرتدا ئاماژە بەوە دەکات کە هێڤیدار ئەحمەد، کە پێشبینیی «تەڵاق»ی کردبوو، لە نیسانی ٢٠٢٢دا «بە ئیزنی خودا» موژدەی دابەشکردنی مووچەی مانگی پێشووی دەدا. [٤] لە پێشبینیی سەربەخۆییەوە بۆ موژدەی مووچەیەکی دواکەوتوو؛ ئەمە مەودای نێوان گوتاری سیاسی و ژیانی ڕاستەقینەی خەڵک نیشان دەدات. مووچە دیاریی سیاسەتمەدار نییە، بەڵکو مافی فەرمانبەرە بەرامبەر بە کارەکەی. بۆیە سەرکردایەتی پێش ئەوەی بەڵێنێکی نوێ بدات، دەبێت وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە: بۆچی بەڵێنەکانی پێشوو جێبەجێ نەکران و کێ بەرپرسیارێتیی جێبەجێ‌نەکردنیان هەڵدەگرێت؟
گۆڕانی سیاسەت بەخۆی دووڕوویی نییە، بەڵام پێویستی بە ڕوونکردنەوە و وەرگرتنی بەرپرسیارێتی هەیە. ئەگەر ئەمڕۆ بەهێزکردنی عێراقێکی فیدراڵی ڕێگای گونجاوە، دەبێت بۆ خەڵک ڕوون بکرێتەوە چی گۆڕاوە و چ وانەیەک لە ئەزموونی پێشوو وەرگیراوە.
هاووڵاتیی کورد مافی هەیە بزانێت ئەمە گۆڕانی بیرکردنەوەیە، یان تەنها گۆڕینی گوتارە بەپێی گوێگر. ئەوەی ئەمڕۆ بە عەرەبی لە بەغدا دەگوترێت، دەبێت هەمان شت بێت کە سبەی بە کوردی لە هەولێر دەگوترێتەوە.

سەرچاوەکان:
١. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان. ١.١٠.٢٠٢٦. «رئيس إقليم كوردستان من بغداد: قوة العراق تكمن في منطق الدولة والدستور». https://presidency.gov.krd/president-nechirvan-barzani/110887/
٢. ئاژانسی KNA. ١٣.٩.٢٠٢٦. پوختەی چاوپێکەوتنی قوباد تاڵەبانی سەبارەت بە فێربوونی زمانی عەرەبی. پۆستی فەیسبووک. https://www.facebook.com/story.php?story_fbid=1697387969063215&id=KNAKurdish
٣. KDP.info. ١٦.٢.٢٠١٥. «نێچیرڤان بارزانی: بەغدا موفلیسە.. بە ڕێککەوتنەکەوە پابەند نەبێ، هەوڵی تر دەدەین». https://www.kdp.info/a/d.aspx?l=13&a=75679
٤. پۆڵەتیک پرێس. ٤.٤.٢٠٢٢. «هێڤیدار ئەحمەد لە تەڵاقدانی عێراقەوە بۆ دابەشکردنی مووچە بە ئیزنی خودا». https://politicpress.com/85789/




دکتۆرە ( پاوان سیروان دزەیی ).. نووسینی: ئاری دزەیی

دکتۆرە پاوان سیروان دزەیی ، خەڵکی هەر وڵات و شوێنێکیتر بێت شایانی باسکردنە !

دکتۆرە پاوان دزەیی ، سەلماندی خوێندن و بڕوانامە و زانست بە پارەوموڵک و سامان ناکڕدرێ ، بڕوانامە و خوێندن و زانست لە پارە و موڵک و سامان قەدر گرانتر و سەنگینتر و ڕێزدارترە ! دەسخۆشی و ڕێز بۆ خانەوادەکەی کە هاوکارو پاڵپشتی بووینە کە ڕێگایی ڕاستەڤینە بۆ دیاریکردووە کە خوێندن و بڕوانامە و زانست بۆ خزمەتی مرۆڤایەتیە نەک شتی تایبەت ، خوێندن و بڕوانامە و زانست ماندووبوون و هیلاکەت و عەقڵی پێویستە ، زانست و بڕوانامە بۆ مرۆڤایەتیە نەک بۆ کاری شەحسی و نەک بۆ خۆهەڵکێشان و پۆز لێدان !
، جێگایی ڕێزو دەستخۆشیە و ڕێزودەستخۆشی بۆ خانەوادەکەشی کە پاڵپشت و هاوکاری بوونە باوەڕیان بە خوێندن و زانستی حەقیقی هەیە نەوەک خوێندنێک لەڕێی پارە و بڕوانامەیەک بێ بەرهەمی زانستی ،ئەوەی جێی سەرنج و تێ بینی یە دکتۆرە پاوان خۆی وخێزانەکەی باوەڕیان بە خوێندن و زانستە و خوێندن و زانست سەری مرۆڤ بەرزدەکاتەوە نەک پارە و موڵک وسامان ئەوە وانەیە بۆ هەمووان، ئێمە دەبینین بەهەزاران کەسی پارەدار وساماندار بە نۆێژی نیوەڕۆ خوێندن و زانست و بڕوانامە دەکڕن وبەدەستدەهێنن لەناوەخۆ و دەرەوەی کوردستان پاڵپشتی دەکرێن پۆزو خۆهەڵدەکێشن بەسەرخەڵکی بێ ئەوەی بڕوانامەکەیان تۆزێک سوودی هەبێت ،خۆ کەس وکاری دکتۆرە پاوان زۆر بە ئاسانی دەیانتوانی ئەو کارە بکەن بەڵام نەیانکرد لەبەر ئەوەی خوێندن و زانست و بڕوانامە بۆ خزمەتی مرۆڤایەتیە نەک کارێکی شەخسی و تایبەتی ، دکتۆرە پاوان کچە هەژارێکیش نەبووە لەڕێی بەدەسهنانی بڕوانامە بژێوی دابینبکات نەخێر ئەو و خانەوادەکەی مەبەستیان پەروەردە زانستە نەک غەش و خیانەت کردن لە خوێندن و مرۆڤایەتی ، دبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێزو گرنگی بە کەسانی وەک دکتۆرە پاوان بدات هەمو کارئاسانی بۆ بکات گەر پێویست بکات دڵنیام دەیکات ، دەبێ دەستخۆشی لە وڵاتانی ئەوروپی بکەین هەردەم گرنگی بە خوێندن و زانست دەدەن ڕێگە خۆشدەکەن بۆ هەر کەسێک و هاوکاری دەکەن خەمی زانستی بێت و شتی نوێ بۆ مرۆڤایەتی بدۆزێتەوە دکتۆرە پاوان سەلماندی و وانەیەک بۆ هەموان کە خوێندن و زانست و بڕوانامەی حەڵال ڕێزی زیاترە سەنگینترە لە موڵک و سامان و پارە ! روون و ئاشکرایە ئەو خوێندن و زانست و بڕوانامەی دکتۆرە پاوان بە پارەوموڵک و سامانی هەموو دونیا ناکڕدرێ و بەدەست ناهێنرێت !