بۆچی كتێبە وەڕسكەرەكان دەخوێنینەوە؟.. عەبدولڕەحمان فەرهادی

“بیروڕا و باری سەرنج”

لەو ماوەیەی دوایی، كتێبی “بۆچی كتێبە وەڕسكەرەكان دەخوێنینەوە؟”ی نووسەری ناوداری عەرەب “عەلی حوسێن”م خوێندەوە، ئەم كتێبە كاك سەباح ئیسماعیل بە كوردییە جوانەكەی خۆی وەریگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی. كتێبەكە زۆر زانیاریی باشی لەبارەی خودی زانایان و فەیلەسووفان و نووسەرانی دونیا و كتێبە بەهادارەكانیان تێدایە. نووسەر لەبارەی ئەم كتێبەی خۆی نووسیویە: “لەم كتێبەدا دەكۆشم ئاماژە بەو هۆكارانە بكەم كە وایان لە هەندێك كتێب كردووە لای من وەڕسكەر بن، بێگومان هۆكارەكەی بۆ كتێب ناگەڕێتەوە، بەڵكوو بۆ خوێنەری خراپ كە منم، لەبەر ئەوە لەم لاپەڕانەدا دەكۆشم گەشتێكت پێ بكەم، هیوادارم سوودبەخش و چێژبەخش بێت”.
یەكەم بەشی كتێبەكە تەرخانە بۆ هەردوو تیۆرە ڕێژەیییەكەی ئاینشتاین، كە بە ناوی “كتێبێك لەگەڵیدا بۆم دەركەوت من گەمژەم”ە. ئەم بەشە پێشتر لە ژمارە “341”ی گۆڤاری “ڕامان”یش بڵاوكراوەتەوە، بۆیە بە پێویستم زانی ئەم نووسینەم بخەمە ڕوو، كە بریتییە لە هەندێك زانیاری و بیروڕا لەبارەی بابەتەكە، سەرباری دەربڕینی چەند باری سەرنجێكم بۆ ئەم بەشەی كتێبەكە. لێرەدا نووسەر لەبارەی هەر سێ كتێبی ناوداری، “ئەلفبێی ڕێژەیی”ی بێرتراند ڕەسڵ و “ئاینشتاین وەكوو ناسیم”ی جۆن برۆكمان و “ئاینشتاین و تیۆری ڕێژەیی”ی محەمەد عەبدولڕەحمان مەرحەبا و “ژیننامەی دڵگیری”ی واڵتەر ئیزاكسن و “گەردوونی ئاینشتاین”ی میشێڵ فۆكۆ و زۆر كتێبی دی دەدوێت. بێگومان قسە و باس و خوێندنەوەی هەریەك لەم كتێبانە، شارەزایی باشی لەبارەی تیۆری ڕێژەیی پێویستە، عەلی حوسێن وەك بیرمەندێك هەوڵ دەدات سنووری بیركردنەوەی خۆی بەو زانستانە هەراو بكات كە پێوەندییان بە ژیان و مرۆڤایەتییەوە هەیە. زۆر لە نووسەر و بیرمەندە گەورەكانی عەرەب، خۆیان لە تیۆری ڕێژەیی و زۆر بواری تریش داوە و بیروڕایان لەبارەی ئەم زانستە گرنگە و زۆر زانستی دیكەی وەك فیزیا، ماتماتیك، كیمیا، ئەستێرەناسی، بایۆلۆجیا، جیۆلۆجیا و شتی دیكە دەربڕیوە و لێیان تۆژیوەتەوە. بەداخەوە دەستەپاچەیی زۆر لە ئەدیب و نووسەرانی كورد و ئەوانەی لەناو ئێمە نایانەوێ لەو سنوورە بەرتەسكەی خۆیان بێنە دەرەوە، وای لێ كردوون تا ئێستە نەتوانن بڕێكی زۆر كەم بچنە نێو دنیای زانین و زانستی جۆراوجۆر، ئەمەیش بەهۆی دوورەپەرێزی و بەرتەسكیی ئاوەز و بوارەكانی خوێندنەوەیانە. شاعیرێكی گەورەی بەریتانیاییی وەك ت. س. ئیلیەت، پێوەندییەكی فیكریی ناڕاستەوخۆی بە بیر و و كردارو داهێنان و شاكارەكانی ئاینشتاینەوە هەبوو، چەمكی كاتی بە شێوەیەكی فەلسەفی و شیعری وەرگرتووە و چەمكی ڕێژەییشی ئاوێتەی دەقەكانی خۆی كردووە و توانیویە بە هۆی ئەم تیۆرەوە بونیادی دەقی خۆی بنێت، جگە لەوەی ئیلیەت لەوە تێگەیشتووە كە فیزیای نوێ توانیویە چەمكی كات لە ڕەگەوە بگۆڕێت، هەروەها ئیلیەت گەیشتە بڕوای تەواوی خۆی كە ئەو بۆچوونە كۆن و خەیاڵامێزانەی سەدان ساڵ لەبارەی كات هەبوو، بەسەرچووە و سەردەم سەردەمی ڕێژەیی و ئەو داهێنانە تازانەیە كە لە زانست و ئاوەزمەندیی مرۆڤ هاتوونەتە ئاراوە، بۆیە هەردەم سەرسامی پێشكەوتنە زانستییەكان بووە. كەواتە ئاینشتاین و ئیلیەت كاریان لەسەر چەمكی كات كردووە، وەلێ ئیلیەت بە كاریگەریی هەردوو تیۆرە ڕێژەیییەكەی ئاینشتاین، ئاینشتاین لە بواری فیزیا و ماتماتیك و ئیلیەت بە تێگەیشتن لەو تیۆرانە، شاكاری خۆی پێ داڕشتووە. لێرەدا دەتوانین بڵێن ئیلیەت دەقی “چوار چوارینە”ی بە كاریگەریی كات لە تیۆری ڕێژەییی ئاینشتاین نووسیوە، بۆیە دەتوانین بڵێین ئەم شاعیرە داهێنەرە بە باشی چووەتە نێو دنیای هەریەكە لە زانست فەلسەفە و ئایین و سۆفیزمیش و هەر لە تەنكاوی شیعر و ئەدەبیات نەماوەتەوە، بەڵكە هزر و ئاوەزی خۆی بە جۆرەها بوار ڕۆشن كردووەتەوە، ئاینشتاین خۆیشی سەرسامی شاكارەكانی ئیلیەت بووە.
لێرەدا دەتوانین دوو دێڕ وەك نموونە لە چوار چوارینەكەی بێنینەوە، كە پێوەندییان بە كات و ڕێژەیییەوە هەیە. ئیلیەت لە دێڕێكدا دەڵێـت:
ڕابردوو و هەنووكە، لەوەیە هەردووكیان لە دواڕۆژ بێنە ئێرە.
كات هیچ سەرپێچی ناكات، مەگەر لەڕێی كات خۆیەوە نەبێت.
كەواتە ئیلیەت لە لایەنی چەمك و فیكرەوە، نەك لە ڕێی لایەنی كرداریی زانستەوە كەوتووەتە بن كاریگەریی تیۆری ڕێژەیی.
زۆر لە ئەدیب و نووسەرانی دنیا شارەزاییەكی باشیان لە داهێنانەكانی ئاینشتاین هەبووە و بە باشی تێیگەیشتوون، لێرەدا دەتوانین نموونەی جیمس جۆیس و مارسێل پرۆست و سامۆیڵ بیكیت و هێكسلی و زۆری تر بێنینەوە، تەنانەت جۆیس مەبەستی بووە بایەخ بە گۆڕانكاری لەو میتۆدە كلاسیكییە بدات كە لە چەمكی كات و هۆش و هەستكردن هەن، بۆیە دەبینین كارەكانی جۆیس لەبارەی كات و ئەو بۆچوونە هاوچاخەی لەبارەی كات لە ئارادان، بە هەمان چەمك و ڕێدا دەڕۆن، هەروەها زۆری سوود لە ڕێژەیی و هەندازە و جوولەی تەن و كات و شوێنكات”زمكان”یش وەرگرتووە، كارەكانی ئاینشتاین بوونەتە هۆی داهێنانی زێتر لە دەقەكانی، لە ڕۆمانی یولیسیس ڕاستەوخۆ باسی ڕێژەیی دەكات.
زۆر لە ئەدیبە گەورەكانی دنیا بە قووڵی چوونەتە نێو زانست و لێی وردبوونەتەوە و بۆ دەقەكانی خۆیان چ ڕاستەوخۆ یان بە سوود وەرگرتن لە زانست، دەقی خەیاڵمەندانەیان، لە چیڕۆك و ڕۆمان و تەنانەت شیعریش داهێناوە و داهێنانی زۆریان لە ئەدەبی زمانەكانی خۆیان كردووە، دەتوانین ئاماژە بە ناوی “بۆرخیس”یش بكەین كە سوودی لە كات وەگرتووە و بە زانیارییەكانی لەم بارەیەوە، توانیویەتی زانست ئاوێزانی چیڕۆكەكانی خۆی بكات، پۆل ڤالێری لە وتارەكانی، دەقەكانی ئیدینگتۆن و ئیتاڵۆ كالڤینۆ و زۆری تر پەلیان بۆ زانست ڕەگاژۆ چووە، تەنانەت دەتوانین لەناو عەرەب ئاماژە بە بیرمەندانی وەكوو مستەفا مەحموود بكەین كە شارەزای فیزیا و گەردوونناسی و بایۆلۆجی بووە، هەروەها سەلامە مووسا لە بایۆلۆجی و بوارەكانی زیندەزانی و تۆفیق ئەلحەكیم لە پزیشكی و عەققاد لە سایكۆلۆجیا و بایۆلۆجی و ئەحمەد زەكی لە كیمیا و فیزیا و زۆری دیكە كە شارەزایی تەواوی ئەو زانستانە بوون، بێگومان ئەمەیش لە دەقەكانیان ڕەنگی داوەتەوە.
بەداخەوە تا ئێستە لە نێو ئەدیبانی كورد، جگە لە شەهید عەبدولخالیق مەعرووف، كە شارەزای ئەلیكترۆنیك و كارەبا و بەشێكی فیزیا بووە، تاقە یەك ئەدیبی كوردمان نییە كە بەوە ناسرابێت جگە لەو بوارەی دەقەكانی خۆی پێ نووسیوە، دەقێكی زانستیی هەبێت یان كەمێك شارەزای زانست بێت، یان پاشخانێكی زانستیی هەبێت و ئەوەی لەبارەی زانست هەیەتی لە دەقەكانیدا ڕەنگیان دابێتەوە و خوێنەر بتوانێت سوودێكی باشیان لێ وەرگرێت، چما ئێمە شاعیرمان كەمە تەنێ شیعر بخوێننەوە و لە هیچ شتی تری ژیان نەزانن! یان هەست دەكەین تەنێ بابەتی ئەدەبی دەخوێننەوە، دوورەپەرێزی زانین لێی دەژین و نازانن لە دنیادا چی دەگوزەرێت! ئەمە لا باسێكی دیكەیە و جێی وتوێژ و تۆژینەوەیە.
لێرەدا دەمەوێ لەبارەی ناوی ئاینشتاین هەڵوەستەیەك بكەم، ئاینشتاین ئەو زانا و فەیلەسووفە ناودارەیە كە یەكێك بووە لەو دە كەسانەی سەدەی بیستەم، ئەو دە كەسەی كاریگەریی گەورەیان بەسەر ڕەوتی زانین و ژیانی مرۆڤایەتییەوە بووە. ناوی خۆی “ئەلبێرت”ە و ناسناوی بنەماڵەكەیان “ئاینشتاین”ە، كە لە هەردوو وشەی زمانی ئەڵمانی “ئاین + شتاین” وەرگیراوە، وشەی “ئاین” واتە یەك، لە زمانی ئەڵمانی بە ژمارە یەك دەگوترێ ئاین، وەك چۆن لە ئینگلیزی دەگوترێ “وەن”، هەروەها وشەی “شتاین” واتە بەرد، لە زمانی ئینگلیزییش هەر “ستۆن”ی پێ دەگوترێ، كەواتە وشەی ئاینشتاین واتە “یەك بەرد”، بە عەرەبییش دەنووسرێ اینشتاین. بەداخەوە زۆر لە نووسەرانی كورد و عەرەبیش ناوەكە بە هەڵە دەنووسن، زۆر نووسەری عەرەب دەنووسن انشتین یان انستین. دەمەوێ ئاماژە بەوەش بدەم، لە وەرگێڕانی ئەم كتێبەی عەلی حوسێن، كە كاك سەباح ئیسماعیل كردوویە بە كوردی، هەر بە هەڵە نووسراوە “ئەنیشتاین”، جا نازانین هەڵەكە لە كاك سەباح ئیسماعیل ە یان لە كاك عەلی حوسێن!
لە بڕگەیەكی ئەم كتێبە، نووسەر ڕەخنە لە بیرمەندی گەورەی عەرەب مستەفا مەحموود دەگرێت كە لە كتێبی “ئاینشتاین و ڕێژەیی” باسی ڕێژەیی بردووەتەوە سەر لاڕێی ئایدیایی و غەیبی و لەوێ تووشی هەڵیتوپەڵیت بووە و گومان لە تیۆری ڕێژەیی دەكات و ڕشتە لەسەر ئەوەی تیۆرەكە خۆی ڕێژەیییە، هەروەها مستەفا مەحموود لە كتێبەكەی خۆی، داهێنانەكەی ئاینشتاینی بردووەتەوە سەر باسی بوونی خودا و ڕووح و ئەودیو ماددە، كە ئاینشتاین باسوخواسێكی ئەم بابەتانەی لە تیۆری ڕێژەیی نەكردووە! بۆیە مستەفا مەحموود لە باسە زانستییەكە لایداوە و لە میتۆدی ئەكادیمی دوور كەوتووەتەوە، ئەو باسانەی مستەفا مەحموود پێوەندییان بە داهێنانەكەی ئاینشتاینەوە نییە.
هەروەها لە پەرەگرافێكی لاپەڕە 19ی كتێبەكەدا، گوایە لە ئینسایكلۆپیدیای بەریتانیدا هاتووە، نووسراوە: “ئاینشتاین لە پانزە ساڵی یەكەمی سەدەی بیستدا زنجیرەیەك تیۆری پێشكەش كرد، بۆ یەكەمین جار سەلماندی بارستە و وزە یەكسانن..”
لێرەدا دەبێ هەڵوەستەیەك لەسەر دوا دێڕی ئەم نووسینە بكەم، چونكە باوەڕ ناكەم ئەم ئینسایكلۆپیدیایە بەم شێوەیەی نووسیبێت، تەنانەت ئەگەر وایشی نووسیبێت، ئەوا هەڵەیەكی گەورەی كردووە، چونكە لێرەدا هاتووە گوایە ئاینشتاین سەلماندوویەتی بارستە و وزە یەكسانن، بێگومان ئەمە دوورە لە ڕاستییەوە، چونكە ئاینشتاین نە ئەمەی سەلماندووە، نە وایشی گوتووە و لە هەردوو تیۆرە ڕێژەیییەكەیشی شتی وا نەنووسراوە و نەسەلمێنراوە، خۆ ئەگەر وایشی نووسیبێت، ئەوا پێچەوانەی هاوكێشە ناودارەكەی خۆی لەبارەی بارستایی و وزە نووسیویەتی! ئەمەش كارێكی نەكردەیە. لێرەدا بە پێویستی دەزانم بڵێم:
بارستایی و وزە، دوو شتی یەكسان نین، بەڵام پێوەندیی نێوانیان ڕاستەوانەیییە، دەتوانین نموونەی ئەمە بەم شێوەیە بێنینەوە:
ئەگەر وزەی یەك كیلۆگرام لە ماددەیەك بڕێكی دیاریكراو لە جوول یان ئێرگ بێت، ئەوا وزەی دوو كیلۆگرام لەو ماددەیە دەكاتە دوو ئەوەندەی بڕە دیاریكراوەكە، وزەی سێ كیلۆگرام دەكاتە سێ ئەوەندە،..تاد.
كەواتە ناتوانین بڵێین بارستە و وزە یەكسانن، چونكە لە بنەڕەتەوە یەكەی پێوانیشیان جیاوازە، بەڵام دەتوانین بڵێین پێوەندیی نێوانیان پێوەندییەكی ڕاستەوانەیییە، ئاینشتاین بەپێی ئەو هاوكێشەیەی كە دایناوە، سەلماندوویەتی وزەی تەنی وەستاو ڕاستەوانە لەگەڵ بارستایی دەگۆڕێت، هاوكێشەكە ئەمەیە:
وزە دەكاتە سەرەنجامی لێكدانی بارستایی و دووجای خێرایی ڕووناكی.
وزە = بارستایی × دووجای خێرایی ڕووناكی.
كەواتە لێرەدا ئەو تەنەی كە لە جوولەدایە، وزەكەی بەپێی جوولەكەی دەگۆڕێت.
جوولەوزە دەكاتە سەرەنجامی لێكدانی نیوەی بارستایی و دووجای خێرایی ڕووناكی.
جوولەوزە = نیوەی بارستایی × دووجای خێرایی ڕووناكی.
كەواتە بڕێكی دیاریكراو لە بارستایی ماددەیەك دەكاتە بڕێكی سنوورداری وزە.
وزە بە یەكەی “جوول” یان “ئێرگ” دەپیورێت، بەڵام بارستایی بە یەكەی “گرام” یان “كیلۆگرام” دەپیورێت، بۆیە وزە و بارستایی یەكسان نین، بەڵكوو پێوەندیی ڕاستەوخۆیان بە یەكترەوە هەیە. دەتوانین بڵێین بارستایی جۆرێكە لە جۆرەكانی وزە و دەتوانرێت بارستایی بگۆڕدرێت بۆ وزە و بە پێچەوانەیشەوە، بۆ نموونە یەك كیلۆگرام ڕەژوو ئەگەر بسووتێنرێت، ئەوا بەشی زۆری بارستایییەكەی بۆ وزەی گەرمی دەگۆڕێت، كەواتە وزە لە جۆرێكیشەوە دەگۆڕێت بۆ جۆرێكی تر، بۆ نموونە كاتێ وزەی كارەبا دەخرێتە سەر گڵۆپێك، ئەوا كارەباوزەكە دەگۆڕێت بۆ وزەی ڕووناكی، خۆ ئەگەر وزەی كارەبا بخرێتە سەر جەنەرەیتەرێك، ئەوا كارەباوزەكە دەگۆڕێت بۆ جوولەوزە، واتە میكانیكە وزە. نموونەی سادەی یەكجار زۆر لەبارەی جۆرەكانی دیكەی وزە هەن.
بە كورتی دەتوانین بڵێین پێوەندیی نێوان بارستایی و وزە پێوەندییەكی ئالوگۆڕییە نەك یەكسانی.
حەز دەكەم لێرە ئاماژە بە باری سەرنجی خۆم لەبارەی هەڵەیەكی تری نێو كتێبەی عەلی حوسێن بدەم، كە دڵنیام هەڵەكە لە نووسەری كتێبەكە نییە، بەڵكوو لە كاك “سەباح ئیسماعیل”ی وەرگێڕە، جگە لەوەی كاك سەباح خۆی پسپۆرێكی بواری زانستە، نەدەبوو هەڵەیەكی وای بەسەردا تێپەڕێت. بەداخەوە زۆر نووسەری دیكەش، گەلێك جار هەمان هەڵەیان كردووە و پێشتریش لەمە دوواوم، هیوادارم چیتر ئەمە بەسەر نووسەرانی كورد تێپەڕ نەبێت.
لە لاپەڕە 23ی كتێبەكە نووسراوە “خێرایی تیشك”.. خێرایی تیشك واتە “سرعة الشعاع”، یان كە دەڵێین “تیشكی خۆر” بە عەرەبی واتە “اشعة الشمس”.
نووسەری كتێبەكە باسی “خێرایی ڕووناكی” لە هاوكێشە ناودارەكەی ئاینشتاین دەكات كە پێوەندیی بە بارستایی و وزەوە هەیە. نووسەر نووسیویەتی “سرعة الضوء” كە ڕێك دەكاتە “خێرایی ڕووناكی”، لێرەدا مەبەستی خێرایی تیشك نییە، بەڵكە مەبەستی خێرایی ڕووناكییە، كە دەكاتە “سرعة الضوء”.
پێویستە نووسەران و خوێنەرانیش، جیاوازی لە نێوان هەردوو وشە یان هەردوو زاراوەی “ڕووناکی” و “تیشک” بكەن، چونکە دوو زاراوەی جیان و مانای مەبەست و ڕستە دەگۆڕن.
ڕووناکی: بە ئینگلیزی (light) و بە عەرەبی (الضوء)ی پێ دەڵێن. بریتییە لە بەشێک لە تیشکی کارۆموگناتیسی، بە دیاریکراوی بریتییە لە تەنیا ئەو بەشە لە ڕووناكی كە چاوی مرۆڤ ڕووناکییەكە دەبینێت و پێی دەڵێن ڕووناکیی بینراو. پێویستە ئەوە بزانین كە ڕووناکی تیشکە، وەلێ مەرج نییە هەموو تیشکێک ڕووناکی بێت! تیشک، هەموو جۆرە شەپۆلە کارۆموگناتیسییەکان دەگرێتەوە، كە بە چاو نابینرێن، بەڵام ڕووناکی تەنیا بەشە بینراوەکەیەتی (چاوی مرۆڤ دەیبینێت). درێژیی شەپۆلی ڕووناکیی بینراو لە نێوان ٤٠٠ بۆ ٧٠٠ نانۆمەترە.
ڕووناکیی سپیی وەک تیشکی خۆر، بریتییە لە ڕەنگەکانی شەبەنگی بینراو: سۆر، پرتەقاڵی، زەرد، کەسک، شین، نیلی و وەنەوشەیی.
تیشک: بە ئینگلیزی (Radiation) یان بۆ تیشکێکی دیاریکراو (.Rads) و بە عەرەبی “الأشعة”ی پێ دەڵێن. ئەم زاراوەیە لە زانستدا وەک باسمان كرد، هەموو جۆرە شەپۆلە کارۆموگناتیسییەکان دەگرێتەوە، ئینجا ئەم شەپۆلانە بینراو بن یان نەبینراو.
تیشک بەپێی درێژیی شەپۆلەکانیان دابەش دەبن: خوار سۆر، تا سەروو وەنەوشەیی، ڕادیۆیی، ئێکس و گاما.
ئەمەم بۆیە نووسی چونکە زۆر نووسەر و ڕۆژنامەنووسی ناودار، ئەم دوو وشەیە بە هەڵە دەجێگۆڕێنن و نایجیاوازێنن.
زمانی کوردی، لێی شارەزا بیت و عیشقی وشە و زاراوە و زار و شێوەزار و بنزاری بیت، پەکت بۆ هیچ زاراوەیەکی زانستی و فەلسەفییش ناکەوێ، زمانێكی زۆر دەوڵەمەندە و هەر هەموو شتێکی تێدایە! وەلێ بەداخەوە کەم هێزە، بۆیە پێویستە کار بکەین بۆ بەهێزکردنی.

هەولێر 10/8/2026




ژمارە ٢٣ی گۆڤاری زمان و زار بە رێنووسی لاتینی

بۆ خوێندنەوەی ژمارە ٢٣ی گۆڤاری ٢٣ی زمان زار کلیکی ئێرە بکەن..




كورداندنی فەلسەفە بەرهەمەكانی كەمال میراودەلی بە نموونە.. سەدیق سەعید ڕواندزی






لە سەرەتای نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوو، گرووپێكی ڕۆشنبیریی ئەكتیڤ و كارا، بە ماوەیەكی كەم لە دنیای ڕۆشنبیریی ئێمەدا دەركەوتن و توانیان شوناسێك بۆ خۆیان دروست بكەن و ببنە جێی تێڕٍامان و خوێندنەوە لای هەموومان. ئەم گرووپە، كە لە چەند نووسەرێكی دیار و بەتوانا و هەڵگڕی پاشخانیچكی گەورەی ڕۆشنبیریی و هزری و فەلسەفی پێكهاتبوون، توانیان بۆ ماوەی پانزە ساڵ، پێشەنگی دنیای ڕۆشنبیریی ئێمە بن، كە ئەوانیش ڕەهەندییەكان بوون. ڕەهەندییەكان، بە پاشخانێكی گەورە و بە زمانێكی قووڵ و بە تێگەیشتنێكی مەعریفییانەوە، هەوڵی شڕۆڤەكردن و خوێندنەوەی كۆمەڵگەی كوردییان داو توانیان نەوەیەك لە خوێنەران، بۆ ماوەی چەند ساڵێك دروست بكەن، بەڵام ئەم گرووپە، وەك چۆن بە خێرایی و دراماتیكیانە دەركەوت، بەو شێوەیەش كۆتایان هات. ڕەهەندییەكان، هەتا بڵێی كەسانی بە تواناو بە ئاگابوون، لە میتۆدی فەلسەفی و هزری خۆرئاوا، بەڵام گەورەترین خەوشی گرووپەكە ئەوە بوو، كە نەینتوانی زمانی كوردی، وەك پردی پەیوەندی و بەستنەوەی خۆیان بە كۆمەڵگەكەیانەوە بخەنە گەر. بۆیە تێڕوانینە شیكاریی و ڕەخنەیەكانیان و دیدە فەلسەفی و هزریەكانیان، لە نێو جیهانبینی خۆرئاوا دەخولایەوە، هەر بۆیەشە نەیانتوانی تا سەر لەو كاریگەری دانانە لەسەر خوێنەر و مرۆڤی كورد بمێننەوە. ئەوە گرنگ نییە نووسەرێك چەند باسی فۆكۆ دەكات و چەندە ڕۆشنبیرریی لە بارەی ئەو فەیلەسوفەوە هەیە، ئەوە گرنگە، تا چەند سەركەوتوو دەبێت لە گەیاندنی ئەو ڕۆشنبیرییە، بە جیهانبینی و زمانی كوردانە و نەتەوەییانەی خۆیەوە. ڕەهەندییەكان لەوەدا شكستیان هێنا، گەرچی كەرستەی بەرفراوان و هزری قووڵی خۆرئاوایانە و جیهانبینییەكی فراوانی نووسین و تێڕامانیان هەبوو، بەڵام زمانێكی گەیێنەر و پەیوەندی بەستنیان نەبوو، بۆیە گەر ئێستا سەرنج لە كارەكانیان بدەین، دەبینین پتر ئەدەبی و ڕۆژانەیین لەوەی هزری بن، بە تایبەتیش بۆ خوێنەری كورد. گەلێك جار، پاساوی ڕەهەندییەكان بۆ ئەم گیرو گازە هزرییە ئەوە بوو، كە زمانی كوردی، زمانی هزر و فەلسەفە و زانست نییە، زمانێك نییە بتوانرێت ڕەهەندی هزریی پێ دەرببڕدرێت و هەموو ئەو چەمك و زاراوە فەلسەفی و هزرییانەی لە كولتووری خۆرئاوا هەن، تەرجەمەی سەر زمانی كوردی بكرێن، بەڵام لە ڕاستیدا، ئەم پاساوە جگە لە خۆدزینەوە، ئاشنا نەبوون بە سرووشت و بونیادی هزریی و كۆمەڵایەتی تاكی كوردی و كۆمەڵگەی كوردی هیچی تر نییە. زمانی كوردی، لەو زمانانەیە كە فرە ڕەهەندە، دەتوانرێت لە هەموو كایەكی هزریی و ڕۆشنبیریی بخرێتە گەڕ زمانی ئاماژە و مانایە، بەڵام ئەوەی لەو نێوەندەدا گرنگە، چۆنیەتی ئەو گەیاندنەیە! كاتێ خوێنەرێكی سادەی كورد، بابەتێكی فەلسەفی بە زمانی كوردی دەخوێنێتەوە، جیایە لەوەی بە زمانێكی وشك و برینگی فەلسەفییانەی خۆرئاوا بیخوێنێتەوە! ڕەهەندییەكان ئەو زمانەیان نەبوو، گەرچی بە سرووشت بە كوردیش دەیاننووسی، بەڵام نەیانتوانی پردی پەیوەندی لەگەڵ ئەویتر بونیاد بنێن. ئەوان جیهانبینییەكی قووڵ و فراوانیان هەبوو، بەڵام كوردانە نەبوو، كە ئەمەش گرفتی هەرە دیاری ئەو گرووپە بوو بە ئێستاشەوە، گەرچی دوای ئەوەی زانیان ناتوانن كار لە سەر هزری كۆمەڵگەی كوردی، بە میتۆدێكی كوردانە بكەن، ئیدی بایان دایەوە لای ڕۆمان، وەك بەختیار عەلی. بێگومان فەلسەفە بە سرووشت، كایەیەكی هزری قووڵە و زۆرجار لە نێوەندە میللی و كۆمەڵایەتییەكەدا، گەر كەسێك بە جۆرە زمانێكی قورس، یان ئاڵۆز قسە بكات، بۆ شۆخی و بە توانجەوە بەرانبەرەكەی پێی دەڵێت فەلسەفیانە مەدوێ! بەو مانایەی ئەم دەربڕینە، لە ئاستی تێگەیشتنی باو، هوشیاری كۆمەڵی دایە و بژاردەیی و تایبەتە، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا دەكرێت دەستبەرداری فەلسەفە بین، بە بیانووی ئەوەی كایەی زاست و لۆژیك و هزر و مەعریفەی قووڵی زانینە؟ دەكرێ باس لە فەلسەفە نەكەین، چونكە پاشخانی ڕۆشنبیریی كۆمەڵگای ئێمە لەو ئاستەدا نییە، فەلسەفە وەربگرێ؟ لەو جۆرە كۆمەڵگایانەدا، فەلسەفە شۆڕ كەینەوە بۆ نێو كۆمەڵگە، یان كۆمەڵگە ببەینە ئاستی فەلسەفە؟ بێگومان دەتوانرێت هەرچی فەلسەفەی خۆرئاوا هەیە، لە كۆمەڵگەدا، بەر باس بدرێت، بەو مەرجەی زمانی ئەو باسكردنە، ڕەنگدانەوەی كولتوور و جیهانبینی كوردانە بێت. لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، زۆربەی هەرە زۆری بەرهەمە ئەدەبی و فەلسەفییەكانی شاعیر و نووسەر و ئەكادیمی (دكتۆر كەمال میرودەلی)م خوێندنەوە. ئەزموونی نووسینی ئەم نووسەرە، لە بواری فەلسەفەدا، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە كە نەك دەتوانرێن باسی فەلسەفە بە زمانی كوردی بكرێت، وەك ئەوەی ڕەهەندییەكان و ئێمەش تێی گەیشتووین كە گوایا زمانی كوردی تەنێ زمانی ئەدەب و هونەرە، بەڵكو هەمان ئەو زمانە، دەتوانرێت وەسفی قووڵی فەلسەفەشی پێ بكرێت و بگرە فەلسەفە بكوردیندرێش. بەرهەمەكانی میراودەلی، نموونەی بەرجەستە و دیاریی كورداندنی فەلسەفە و هزری هیگل و فۆكۆ و نیتشە و فەیلەسوفەكانی دیكەی دنیان! ئەمە بەو مانایە نییە كە نووسەر لە میانەی ئەو باسانەدا، كرۆكی كاری فەلسەفیانەی ئەوان، لە كولتووری خۆر ئاوا داببڕێت، بەڵكو بەو مانایەی، ئەو باسی فەلسەفەی خۆرئاوامان بە كوردی بۆ دەكات، نەك بە تێگەیشتنێكی خۆرئاوایانە. جیاوازی لە باسكردنی فەلسەفە لە نێوان مەریوان و بەختیار و ئاراس لەلایەكەوە، لەگەڵ كارەكانی میراودەلی لەوەدایە، كە میراودەلی بە زمانێكی كوردییانە، بەتێگەیشتنێكی كوردییانە، بە جیهانبینی و لە نێو كولتوورێكی كوردییانەدا، باسی فەلسەفەمان بۆ دەكات، پێچەوانەی ڕەهەندییەكان كە باسی فەلسەفە دەكەن، بەڵام هیچ كام لەو خەسڵەتانە لە نووسینەكانیان نییە. من هاوڕێیەكی خوێنەرم، كە سەدان كتێبی خوێندۆتەوە، لە وەسفی كتێبێكی ئازاد حەمە، لە بارەی پۆست مۆدێرنیزم، پێی گوتم كە زمانی نووسینی یەكجار وشك و بریشك و ڕەقە و بۆ من زۆر ئەستەم بوو تا كەمێكی لێ تێگەیشتم، كەواتا بە نموونە زمانێكی لەو شێوەیە، دەتوانێت ئەڵقەی پەیوەندی لەگەڵ خوێنەری هەمووەكی ببەستێت؟ ڕەنگە بپرسن فەلسەفە لە هیچ كۆمەڵگایەكدا، كایەیەكی گشتی نییە، بەڵام كاتێ سوكرات و ئەرستۆ و ئەفلاتوون، فەلسەفەیان داهێنا، پۆلینی كۆمەڵگەیان نەكرد، بەڵكو دیاردە سرووشتی و مرۆیی و هزرییەكانیان، كردە چەقی كاركردنیان، بۆیە دەكرێ باسی فەلسەفە بكەین، لێشی تێ بگەین بێ ئەوەی، پەنا وەبەر سەدان بیرو بۆچوونی فەلسەفی بەرین، كە ڕەنگە لە زمان و كولتووری ئێمە دوور بێت. دكتۆر میراودەلی، لە باسكردنی فەلسەفی خۆرئاوادا بە زمانی كوردی، نەك هەر سەركەوتوو بووە، بەڵكو نموونەی بێ هاوتاو دیاری كورداندنی فەلسەفەشە، كارەكانی ئەو لە بواری فەلسەفەدا، دەروازەیەكی گەورە و گرنگ بە ڕووی هزری خوێنەری سادەی كورد، كە جگە لەزمانی كوردی زمانی تر نازانێت دەكاتەوە، كە بە زمانی نەتەوەیی خۆی لە فەلسەفە بگات. ئەم كورداندنە، سەرەتا لە زمانەوە دەست پێ دەكات، پاشان چەمك و زاراوە فەلسەفییەكان. میراودەلی، زۆرباش ئەوە دەزانێت و دركی بەوە كردووە، كە ڕێزكردنی ناوی فە یلەسوف و تێز و بۆچوونەكانیان، گەر بە كوردی نەبێت، وەك گوێز ژماردن بۆ خوێنەر وایە! كوردی لێرەدا، واتای ئەوە نییە بە زمانی كوردی بنووسێت، چونكە ڕەهەندییەكانیش بە كوردی دەیاننووسی، بەڵكو بەو مانایەی بەجیهانبیەكی كوردانە بنووسێت. رەفیق سابیر، لە میانەی نووسینی شیعردا، كاتێ پرسیاری ئەوەیان لێكردبوو، كە بۆچی بە زمانی سویدی شیعر نانووسێت؟ لەوەڵامدا گوتی من ناتوانم بە زمانی سویدی هەستەكانم دەربڕم، چونكە شیعر هەستە، بەر لەوەی هزر بێت، لەو سۆنگەیشەوە قووڵبوونەوە لە كولتوور و پاشخانی ڕۆشنبیریی مرۆڤی كورد، فاكتێكە بۆ ئەوەی نووسەر باشتر و سەركەوتووتر بۆچوونەكانی بگەیەنێت. یەكێك لە دیارترین خەسڵەتەكانی تێزی كورداندنی فەلسەفە لای میروادەَلی ئەوەیە، كە سەرجەم ئەو چەمك و زاراوە هزریی و فەلسەفیانەی لە نێو زمان دان دەكوردێنێت. بۆ نموونە: لە بەرانبەر فەزا، بۆشاگە بەكار دێنێت، لە بەرانبەر كۆنسێپت، بنەڕەوت بەكار دێنێت، ئەمانە و دەیان نموونەی دیكە. بە كوردیكردنی زاراوەكان، یارمەتی دەرە بۆ ئەوەی خوێنەر نەك تەنها بە زمانی خۆی، بەڵكو بە كولتوور و فەرهەنگی خۆشی لە فەلسەفە بگات! بۆیە میراودەلی لە نووسینەكانیدا هەرچی چەمك زاراوەی فەلسەفییە دەكوردێنێت، بەر لەوەی ڕاڤەی چەمكەكان بكات! ئەم نموونەیە لەكاركردن، بە دیاریكراوی لە هەردوو كتێبی ( ئەریكۆلۆژی فۆكۆ و قورئاانناسی بە قورئان و شیعرناسی بە شیعرو قانونناسی) زۆر بە قووڵی و كوردانە دەردەكەوێت، بۆیە كاتێ كتێبەكەی فۆكۆ دەخوێنینەوە، بە دیاریكراوی ئەو تێگەیشتنەمان لادروست دەبێت، كە ئێمە باس و بابەتێكی دیكەی جیاواز لە ڕەهەندییەكان لە بارەی فۆكۆ دەخوێنینەوە. یان كاتێ كتێبی قورئانناسی، یان فەلسەفەی ئەز و قانونناسی و گەلێكی دیكەش دەخوێنینەوە، هەست دەكەین شتێكی جیاوازترمان لەوانەی پێشوو خوێندۆتەوە و دەخوێنینەوە. لێرەدا دەمەوێ دوو شێواز و زمانی نووسین ئاماژە پێ بدەم. هەڵبەتە ئێمە لە كار و نووسینە فەلسەفییەكانی دیكەی نووسەرانی دیش، فەلسەفە بە زمانی كوردی دەخوێنینەوە، بەڵام ئەوەی لە نووسینەكانی میراودەلی هەیە جیاوازترە! لە نووسینەكانی ئەو، ئێمە هەر تەنها بە زمانی كوردی فەلسەفە ناخوێنیینەوە، بەڵكو بە كوردیش تێی دەگەین، ڕەنگە هەر ئەمەش بێت هۆكاری ئەوەی هاوڕێیەكی خوێنەرم دوای خوێنەوەی سەدان كتێب، لە وتارە فەلسەفیەكانی ڕەهەندییەكان یان كاك ئازاد حەمە نەگات، بەڵام چێژ لە نووسینە فەلسەفییەكانی میراودەلی وەربگرێت. لێرەدا ئێمە لە بەردەم كورداندنی فەلسەفە داین، بەو مانایەی فەلسەفە هەر تەنها بە زمانی كوردی ناخوێنینەوە، بەڵكو بە تێگەیشتنێكی كوردانەشەوە تێی دەگەیەن، بێگومان ئێمە دەزانین تێز و تیۆرە فەلسەفییەكان، بە درێژایی مێژوو، ڕەنگە زۆربەیان وەكو خۆیان مابنەوە، وەك دیدگای ئەفلاتوون بۆ شیعر، كە جیایە لەهی ئەرستۆ، یان سۆفیستەكان، جیایە لە فەلسەفەی ئایدیالی، فەلسەفەش تەنها پەیوەست نییە بە گریكەكانەوە، كە ڕەهەندێكی مرۆیی و جیهانی هەیە، بەڵكو لێرەدا مەبەست ئەوەیە، كە ئێمە چۆن تێزو تێڕوانینی فەیلەسوفان بۆ هەر بابەتێكی مەعریفی و هزری بێت، بە كوردی دەكەین و لە چوارچێوەی ئەو زمان و كولتوورەی پێی نووسراوە دەریدەهێنین و ئاوێتەی كولتوور و ڕۆشنبیریی كوردی دەكەین. گەر نووسەرێك سەدان وتاریش لە بارەی فۆكۆ، یان هایدگەر، یان سوكرات بنووسێت و باسی فەلسەفەكەیان بكات، بە كوردیش نووسیبێتی، ئەوا بایەخێكی نییە، گەر ناوەڕۆك و كرۆكی بابەتەكە بە كوردی نەكرێت و خوێنەری كورد لێی تێ نەگات، هەر ئەمەشە گرفتی تێگەیشتن لە فەلسەفە لە كۆمەڵگەی ئێمەدا، كە تا ئەو ئاستەی زۆرجار بە چەندین نوكتەی سەیر و سەمەرەو توانجی كۆمەڵایەتی گەمە بە فەلسەفە بكرێت، وەك ئەوەی دەڵێن :(جارێكیان هاوڕێیەك لە هاوڕێیەكی پرسی فەلسەفە چییە)ئەویش گوتی:( مریشك دان دەخوات، تۆش هێڵكەی مریشكەكە دەخۆی، كەواتا تۆ دانەكەت خواردووە) ! یان دەگوترێت، (باوكێك لە كوڕەكەی پرسی فەلسەفە چییە؟ كوڕەكەش پێی گوت تۆ لە سەر قەرەوەێلەی، قەروەێلەكەش لە سەر زەوییە، كەواتا تۆ لە سەر زەوی)! باوكەكەشی لە وەڵامدا دەڵێت عەمری خۆت و فەلسەفەكەشت نەمێنێت، كەس هەیە ئەمە نەزانێت ! ئەم هەمو توانج و بە كۆمیدیكردنەی فەلسەفە لە كولتووری كۆمەڵایەتی ئێمەدا، كە من خۆم بە منداڵی سەدان جار گوێبیبستی نوكتەی لەو شێوەیە بوومە، مانای ئەوە نییە كە ئێمە نەتەوەیەكین، گاڵتەمان بە فەلسەفە دێت، نەخێر، مانای ئەوەیە، پرسەكە هێندە ئاڵۆز و ناڕوون و هزری و سەخت كراوە، كە كەس نازانێت ئەوانەی باسی فەلسەفە دەكەن، باسی چی دەكەن؟ بۆیە زۆر گرنگە ئەوانەی لە بواری كایەی فەلسەفەدا دەنووسن و كار دەكەن، درك بەو دوو جیاوازییە بكەن. ئێمە بەهەڵە لە فەلسەفە گەیشتووین، بە نموونە هەزاران كەس پێیان وایە فەرهاد پیرباڵ فەیلەسوفە، كە نە كارەكانی، نە بەشێكی زۆری نووسینەكانی فڕیان بە دنیای فەلسەفەوە نییە، جگە لە شۆخیكردنێكی لەیبۆكی و بێ مانای كۆمەڵایەتی، كە مایەی هێنانە پێكەنینتی خەڵكە، لە بەرانبەردا، باز بە سەر دەیان كتێبی هزری و ئەدەبی و هونەری و فەلسەفی كەمال میراودەلی دەدەین و نایانخوێنینەوە، كە بنەما ڕاستەقینەكانی هزر و فەلسەفە لەوێدان. لە كۆتاییدا، سەرنجی خوێنەران بۆ ئەوە ڕادەكێشم، كە درێخی نەكەن لە خوێنەوەی بەرهەمەكانی میراودەلی، چونكە كۆمەكێكی گەورەی پاشخانی هزریی و ڕۆشنبیریان دەكات.

*ئەم بابەتە لە هەفتەنامەی ڕێگای كوردستان ژمارە(1506) لە 22/9/2026 بڵاوكراوەتەوە.




کتێبی سەد ساڵ شێتی.. وەرگێڕانی: دکتۆر ئەحمەد فاتیح

لەم کتێبەدا؛ فازیل عەزاوی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئازادی تەنیا بەها نییە، بەڵکوو سەرچاوەی سەرەکیی هەموو داهێنانێکە، بۆیە ئەم کتێبە بە جۆرێک لە جۆرەکان: بانگەوازە بۆ تێپەڕاندنی “جەنگەڵستان”ی گەندەڵی و نەزانینی کۆمەڵگا. نووسەر بە زمانێکی ئەدەبی و بە ئەزموونێکی دەوڵەمەندەوە، خوێنەر دەباتە نێو دڵەڕاوکێ مێژووییەکان و داوای نوێبوونەوەی هزریی دەکات، تاوەکوو ڕێگا بۆ مرۆڤی ئازاد خۆش بکرێت.
ئەم کتێبە بەڵگەنامەیەکی هزرییە، بۆ تێگەیشتن لەو ئاستەنگە مێژوویی و کولتوورییانەی بوونەتە لەمپەر لەبەردەم ئەقڵی ڕەخنەییدا.
ئه‌م كتێبه‌ خوێندنەوەیەکی بوێرانەیە بۆ ئەوەی؛ چۆن بتوانین لەو چوارچێوە داخراوانە قوتار بین و “ئازادی” وەک بنەمایەکی ژیان و داهێنان بگەڕێنینەوە.

سەد ساڵ شێتی
نووسینی: فازڵ عەززاوی
لە عەرەبییەوە: دکتۆر ئەحمەد فاتح محەمەد




تاقیکردنەوەیەکی چێژبەخش.. نوسینی: عماد یونس.. وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی

ئلیانا بەیانیباشی لەباپیرەی کردو پێیوت:باپیرە حەزدەکەم موگناتیسێک دروستبکەم۰هاوکاریم دەکەیت؟ باپیرە وتی :بێگومان!ئەمە کارێکی زۆر گران نییە؛چونکە پێ ویستی بەهەندێ کەلوپەل هەیە کەلەهەموماڵێکدا دەستدەکەون۰بزماری درێژ؛پارچەیەک وایەری مس و پیلێک۰ باپیرە بەدەم گفتوگۆوە کەلوپەلەکانی ئامادەکرد۰
باپیرەو ئلیانا دەستیانکردبەتاقیکردنەوەکە۰ سەرەتا بەشی ناوەڕاستی وایەرەکەیان نزیک لەیەکەوە ئاڵاند لەبزمارەکەوە؛پاشان هەردو سەرە بەرەڵاکەی وایەرەکەیان هێنا؛سەرێکیان لەجەمسەری نێگەتیڤ و سەرەکەی تریان لەجەمسەری پۆزەتیڤی پیلەکە توندکرد۰
بینیان کاتێک تەزوی کارەبای پیلەکە بەناو وایەرەکەدا تێدەپەڕێت؛بزمارەکە دەبێت بە موگناتیس و هەرپارچە ئاسنێکی لێ نزیک بکرایەتەوە؛ڕایدەکێشاو دەیگرت۰ کاتێکیش یەکێک لەسەری وایەرەکان لەجەمسەری پیلەکە دەکردەوە؛هەموئەو پارچە ئاسنانەی کەبەبزمارەکەوە نوسابون دەکەوتنە خوارەوە۰ باپیرە کەبینی ئلیانا بەو تاقیکردنەوەیە زۆر دڵخۆشە؛موگناتیسێکی بەدیاری دا بەئلیانا۰
ڕۆژی دواتر ئلیانا هاورێکانی کۆکردەوەوپێیوتن:سەیرکەن ئێستا چ جادویەک دەکەم!ئلیانا کۆمەڵێک دەرزی و بزماری لەسەر مێزێک داناو بەشێوەیەکی نهێنیش پارچە موگناتیسەکەی لەژێر مێزەکەوە دەجوڵاند۰ کاتێک هاورێکانی دەیانبینی دەرزی و بزمارەکان دەجوڵێنەوە؛سەرسام دەبون و دەیانوت:سەیرە؛ئەمەچۆن رودەدات؟ ئلیانابەسەهاتەکەی بۆگێڕانەوەو پێیوتن کەباپیرەی چۆن هاوکاریی کردووە لەو تاقیکردنەوە چێژبەخشەدا۰