قەیرانی حکومەتی فەرەنسا و ناڕەزایەتییەکانی قوتابیان!.. نوری بەشیر

قەیرانێکی گەورە یەخەی فەرەنسای گرتووە و کاریگەرییەکانی لە هەموو بوارەکانی کۆمەڵگادا دەبینرێن. ئەم قەیرانە تەنیا تایبەت بە فەرەنسا نییە، بەڵکوو ڕەگ و ڕیشەی لە قەیرانی گشتیی سیستەمی سەرمایەداری ئەوروپادایە. ئەوەی سەرەتا بە ناڕەزایەتیی قوتابیان دەستی پێکرد، بەهۆی وەڵامنەدانەوەی حکومەت و فراوانبوونی هاوپشتیی کۆمەڵایەتی، خەریکە بەرەو ناڕەزایەتییەکی گشتیتر و سیاسیتر دەڕوات و خواستەکانی قوتابیان، کرێکاران و توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگا لە یەک نزیک دەکاتەوە.
ناڕەزایەتییەکانی قوتابیان لە ١٧ی سێپتێمبەرەوە لە قوتابخانەکانی ناوەندی و ئامادەییی گەڕەکە هەژارنشینەکانی دەوروبەری پاریس دەستیان پێکرد، لە دژی هەلومەرجی خراپی خوێندن و کەموکوڕییەکانی سیستەمی پەروەردە. کەمی مامۆستا، کۆنی و خراپی بینای قوتابخانەکان، نەبوونی سیستەمی گونجاوی ساردکردنەوە و گەرمکردنەوە، قەرەباڵغیی پۆلەکان، کە هەندێک جار ژمارەی قوتابیان تێیاندا دەگاتە ٤٠ کەس، لە کێشە سەرەکییەکانن. هەروەها قوتابیان ناڕزاین لە سیستەمی ئەلیکترۆنیی پارکۆرسۆپ (Parcoursup) کە حکومەت بۆ داواکردن و دابەشکردنی شوێنی خوێندن لە زانکۆ و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا بەکاری دەهێنێت.
بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکان و بێوەڵامی حکومەت، هاوپشتییەکی فراوانی بۆ قوتابیان دروست کردووە؛ لە دایک و باوکی قوتابیان و سەندیکا و ڕێکخراوەکانی مامۆستایانەوە، تا دەگاتە یەکێتییە کرێکارییەکان و حزبە کۆمۆنیستەکان. لە بەرامبەردا، حکومەت بە هێزەکانی پۆلیس پەنای بۆ سەرکوت بردووە و گازی فرمێسکڕێژ، ئاوپرژێن و فیشەکی لاستیکی بەکارهێناوە و بە سەدان کەسی دەستگیر کردووە. بەپێی ئەو ئامارانەی لە میدیاکاندا بڵاو بوونەتەوە، ژمارەی دەستگیرکراوان بە هەزاران کەس گەیشتووە و بەشێکی زۆریان لە تەمەنی خوار هەژدە ساڵدان. هەروەها لە ئەنجامی پێکدادانەکاندا، قوتابیان و کارمەندان و ئەندامانی پۆلیس بریندار بوون و زیان بە ژمارەیەک شوێن و بینا گەیشتووە.
بەڵام سەرکوت و چەواشەکاریی حکومەت و حزبە ڕاستڕەوەکانی دەسەڵاتدار نەیانتوانیوە ناڕەزایەتییەکان بوەستێنن. حزبە ڕاستڕەو و ڕەگەزپەرستەکان هەوڵ دەدەن بەرپرسیارێتیی قەیرانەکە بخەنە ئەستۆی حزبە چەپەکان، کۆچبەران و موسڵمانان. هەتا دۆناڵد ترەمپیش هەوڵی داوە ناڕەزایەتییەکان بە ئیسلام و هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی فەرەنساوە ببەستێتەوە. ئەم هەڵوێستانە هەموویان لە چوارچێوەی هەوڵی شێواندنی ناوەڕۆکی ڕاستەقینەی ناڕەزایەتییەکان و لاوازکردنی هاوپشتیی نێوان توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگادان، بەڵام تائێستا ئەم هەوڵەیان ناکام ماوەتەوە.
قوتابیان لە بەرامبەر ئەم بارودۆخەدا خواستەکانیان بە ڕوونی خستووەتە بەردەم حکومەت. لەوانە: زیادکردنی مامۆستا و کارمەندانی قوتابخانەکان، کەمکردنەوەی ژمارەی قوتابیان لە پۆلەکان، چاککردنەوەی بینا کۆن و خراپەکان، باشترکردنی هەلومەرجی خوێندن، گۆڕینی بنەڕەتیی سیستەمی پارکۆرسۆپ، باشترکردنی یارمەتیی داراییی قوتابیان، ڕێکخستنی کاتی وانە و پشوودان و زیادکردنی بودجەی خوێندنی گشتی. ڕێکخراوەکانی قوتابیان پێیانوایە جێبەجێکردنی ئەم خواستانە پێویستی بە نزیکەی ١٠ ملیار یۆرۆ بودجەی زیادە هەیە.
ناڕەزایەتییەکانی خوێندکاران، بەهۆی خۆدزینەوەی حکومەت لە چارەسەری قەیرانەکە، لە چوارچێوەی قوتابخانەکان تێپەڕی و سەرتاسەری فەرەنسای گرتەوە. ڕۆژی سێشەممە ٦ی ئۆکتۆبەر، بەپێی ئاماری ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکان، نزیکەی نیو ملیۆن کەس بەشداریی خۆپیشاندانیان کردووە؛ لە پاریس بە تەنیا نزیکەی سەد هەزار کەس ڕژاونەتە سەر شەقامەکان. ئەم بەشدارییە فراوانە نیشانەی ئەوەیە کە ناڕەزایەتییەکان لە خواستە تایبەتەکانی قوتابیانەوە بەرەو ناڕەزایەتییەکی گشتیتر گەشە دەکەن.
دروشمەکانی خۆپیشاندەرانیش ناوەڕۆکی کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئەم ناڕەزایەتییانە دەردەخەن: “پارە بۆ خوێندن، نەک بۆ سەرکوتکردن”، “پۆلیسی کەمتر، پارەی زیاتر بۆ خوێندن”، “دژ بە ڕەگەزپەرستی و ڕاستیی توندڕەو”، “نا بۆ توندوتیژی”، “حکومەت دەبێت وەڵامی خواستەکانمان بداتەوە” و “بژی کۆمۆن”. ئەم دروشمانە تەنیا لەلایەن ئەو قوتابیانەوە بەرز ناکرێنەوە کە سەر بە حزبێکی سیاسیی دیاریکراون؛ بەڵکوو ئەزموونی نایەکسانی و نادادپەروەریی کۆمەڵگا، بەشێک لە نەوەی نوێی لاوانی بەرەو ڕەخنەگرتن لە سیستەمی سیاسی و ئابووریی باڵادەست دەبات.
ئەم ناڕەزایەتییانە لە سیستەمێکدا سەریانهەڵداوە کە بەرژەوەندیی سەرمایەداران و مانەوەی دەسەڵاتی سیاسی لەپێش پێداویستییەکانی کۆمەڵگاوە دادەنێت. کاتێک حکومەت بودجەی خزمەتگوزارییە گشتییەکان کەم دەکاتەوە، بەڵام لە هەمانکاتدا خەرجییەکانی پۆلیس، سەرکوت و کەرتە ستراتیژییەکانی خۆی زیاد دەکات، ئیتر ناڕەزایەتیی قوتابیان بە ئاسانی لە چوارچێوەی پرسەکانی تایبەت بە خوێندن قەتیس نامێنیتەوەو بەرەو ئەوە دەچێت کە خواست و مەسەلەی سیاسی و کۆمەڵایەتی دیکە بهێنێتە گۆڕێ.
بەهۆی فراوانبوونەوەی ناڕەزایەتیەکانی خوێندنکاران بەوەی کە زیاتر لە ١٩٠٠ خوێندنگا لە کۆی ٣٧٠٠ خوێندنگا دەرگاکانیان داخران، کە دەکاتە نزیکەی نیوەی قوتابخانە ناوەندی و ئامادەییەکانی فەرەنسا، بۆیە حکومەت ناچاربوو کە بۆماوەی هەفتەیەك سەرجەم خوێندنگا ئامادەییەکان دابخات. بەڵام سەرەڕای ئەوە فشاری ناڕەزایەتییەکان حکومەتی ناچار کردووە لەبارەی چارەسەرەکانەوە گفتوگۆ بکات. بەپێی ڕاپۆرتەکان، سێباستیان لێکۆرنو، سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا، داوای لە وەزیرەکان کردووە پێشنیاری چارەسەر تا کۆتایی ئۆکتۆبەر ئامادە بکەن. هەروەها باس لە بانگهێشتکردنی لۆران نونێز، وەزیری ناوخۆ، و ئیدوارد جۆفری، وەزیری پەروەردە، بۆ لێپرسینەوە لە ئەنجومەنی نیشتمانی کراوە. حکومەت بەڵێنی داوە بودجەی پەروەردە بە نزیکەی ١.٢ ملیار یۆرۆ زیاد بکات و لە بوارەکانی دامەزراندنی مامۆستا، چاککردنەوەی بیناکان و گۆڕانکاری لە سیستەمی پارکۆرسۆپدا هەنگاو بنێت. بەڵام ئەوەی گرنگە، ئەوەیە کە تا چەند ئەم بەڵێنانە لە قسەوە دەگوازنەوە بۆ کردار و وەڵامی ڕاستەقینەی خواستەکانی قوتابیان دەدەنەوە.
سەرەڕای ئەو بەڵێنانەی حکومەت، خۆپیشاندانەکان هێشتا بەردەوامن و رۆژی ٨ی سێپتێمبەر، چەندین ناوچەی دیکەی فەرەنسای گرتەوە. هاوپشتیەکان بۆ قوتابیان روو لەزیادبوون دەکەن. ڕێکخراوە قوتابی و خوێندکارییەکان بانگەوازیان کردوە بۆ مانگرتن و خۆپیشاندان لەرۆژی ١٣ی ئۆکتۆبەردا.
بێگومان ئەم قەیرانە تەنیا فەرەنسا ناگرێتەوە. لە ئیسپانیا، ئیتاڵیا، ئەڵمانیا، بەریتانیا و چەند وڵاتێکی تری ئەوروپاشدا، ناڕەزایەتیی جۆراوجۆر لە دژی گرانی، کەمبوونەوەی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، بێکاری، نایەکسانی و خراپی هەلومەرجی ژیان هەیە. لە زۆرێک لەم وڵاتانەدا، قەیرانی ئابووری و سیاسی لەگەڵ یەکتر گرێدراون و فشارەکانیان زیاتر لەسەر کرێکاران و توێژە کەمدەرامەتەکانی کۆمەڵگایە.
زۆربەی حکومەتەکانی ئەوروپا بۆ پاراستنی قازانج و بەرژەوەندیی سەرمایەداران کە ئێستا لە دۆخێکی قەیرانی ئابوریدا گیریان خواردووە، فەزایەکی جەنگیان بەسەر کۆمەڵگادا داسەپاندووەو بۆ ئەو مەبەستەش دەستیان کردوە بە تەرخانکردنی بودجەیەکی گەورە بۆ چەک و تەقەمەنی و سیاسەتە سەربازییەکانیان، بارگرانیی قەیرانەکەو خەرجی ئەم جەنگخوازیەیان دەخەنە سەر شانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و زۆربەی خەڵک. ئەنجامەکەشی، هەژاری و گرانی و بێکاری و لاوازبوونی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و زیادبوونی سەرکوتە. بۆیە ناڕەزایەتییەکان تەنیا لەنێو قوتابیاندا نامێننەوە؛ بەڵکوو لەنێو کرێکاران، مامۆستایان، پەرستاران، کارمەندانی نەخۆشخانەکان، خانەنشینان، ژنان، لاوان و پەنابەرانیشدا سەریانهەڵداوە.
نموونەیەکی گرنگی ئەم بارودۆخە لە ئیسپانیا ڕوویدا؛ کاتێک لە ٢٣ی سێپتەمبەردا دەرکردنی ماری کارمێن، ژنێکی ٨٧ ساڵەی کرێچی لە شوقەکەی کە بۆ ماوەی ٧٠ ساڵ تێیدا ژیابوو، بووە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکی فراوان لە دژی کێشەی خانووبەرە و کرێی زۆر. هاوپشتیی خەڵکی کرێکار و کەمدەرامەت لەگەڵ ئەو ژنەدا بە خێرایی فراوان بووەوە.
لە وڵاتانی تری ئەوروپاشدا، ناڕەزایەتییەکان شێوەی جیاوازیان هەیە، بەڵام لە بنەڕەتدا زۆرێکیان پەیوەندییان بە هەمان کێشەی گشتییەوە هەیە: لە فەرەنسا ناڕەزایەتی لە دژی خراپیی سیستەمی پەروەردە و کەمبودجەیی خزمەتگوزارییەکانە؛ لە ئیسپانیا کێشەی خانووبەرە و کرێ و نایەکسانییە؛ لە بەلجیکا و ئیتاڵیاش بەشێک لە ناڕەزایەتییەکان پەیوەندییان بە پەروەردە و دۆخی خزمەتگوزارییە گشتییەکانەوە هەیە. هەر ئەمەشە وایکردوە ناڕەزایەتیەکانی ئێستای فەرەنسا و ئیسپانیا و .. بەخێرایی فراوان دەبێتەوەو لە خواستی بەشێکی کۆمەڵگاوە بەرەو خواستی سەراسەری و چین و توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگا تەشەنە بستێنێ و تەنانەت مۆرکی سیاسیش بەخۆوە بگرێت. بۆنمونە دروشمەکانی دژی خەرجییە گەورەکانی پۆلیس، دژی ڕەگەزپەرستی و لە پشتیوانیی یەکسانی و کۆمۆن، نیشانەی ئەوەیە کە بەشێک لە خەڵک تەنیا داوای چاکسازییەکی سنووردار ناکەن، بەڵکوو پرسی ئەوەش دەخەنە ڕوو کە بودجە و سامان و توانای کۆمەڵگا بۆ بەرژەوەندیی کێ و بۆ کام ئامانج بەکاردەهێنرێت.
بۆ کرێکاران و کۆمۆنیستەکان و ئەو نەوەیەی لاوان کە بەدوای دنیایەکی یەکسانتر و ئازادتر دەگەڕێن، ئەم ناڕەزایەتییانە دەرفەتێکن بۆ خستنە ژێرپرسیاری بنەماکانی سیستەمی سەرمایەداری. کاتێک لە خۆپیشاندانەکاندا سرودی “ئەنتەرناسیۆناڵ” دەگوترێت، وێنەی مارکس بەرز دەکرێتەوە یان دروشمی “بژی کۆمۆن” دەبیسترێت، ئەمە دەربڕینی ئەو ئارەزووەیە کە دنیایەکی جیاواز لە دنیای ئەمڕۆ دەخوازێت؛ دنیایەک کە تێیدا یەکسانی و خۆشگوزەرانیی مرۆڤەکان لە پێش قازانج و بەرژەوەندیی سەرمایەدارانەوە بێت، و مرۆڤایەتی لە جەنگ و کوشتار و هەژاری و سەرکوت دوور بێت.
لە کۆتاییدا، گرنگیی ناڕەزایەتییەکانی فەرەنسا لەوەدایە کە نیشانی دەدەن کێشەی پەروەردە و مافی قوتابیان لە کێشەکانی دیکەی کۆمەڵگا جیا نییە. ئەو کاتەی حکومەت نەتوانێت وەڵامی پێداویستییە سەرەتاییەکانی خەڵک بداتەوە و لە جیاتی چارەسەرکردنی کێشەکان پەنا بۆ سەرکوت ببات، ناڕەزایەتییەکان دەتوانن فراوانتر ببنەوە و بگەنە ئاستی ڕەخنەگرتن لە هەموو سیستەمی دەسەڵات. لەو ڕووەوە، هاوپشتیی نێوان قوتابیان، کرێکاران و هەموو توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگا گرنگییەکی بنەڕەتی هەیە بۆ خەبات دژی نایەکسانی و بۆ دروستکردنی دنیایەکی باشتر و دادپەروەرانەتر.

نوری بەشیر




زارە کوردییەکان نەک زمانە کوردییەکان.. بێوار رەسوول

ڕوانگەیەکی زمانەوانیی کۆمەڵایەتیی

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە کلیکی ئێرە بکەن..




ئایا زیرەکیی دەستکرد جێگەی دیالۆگ دەگرێتەوە؟.. نووسینی: هێمن عەلی

لە سەردەمێکدا کە زیرەکیی دەستکرد بووەتە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەمان، ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە: بۆ تێگەیشتن لە یەکتر و چارەسەرکردنی کێشەکانمان، زیاتر پێویستمان بە تەکنەلۆژیایە یان بە گفتوگۆی ڕووبەڕوو؟ گۆڤاری «ڤۆیما» (Voima) لە ناونیشانی وتارێکیدا جیمی وەیلز، یەکێک لە دامەزرێنەرانی ویکیپیدیا، وەک کەسێک دەناسێنێت کە باوەڕی بە متمانە و دیالۆگی نێوان مرۆڤەکان هەیە، و لە بەرامبەردا جەخت لە باوەڕی ئیلۆن ماسک بە زیرەکیی دەستکرد دەکاتەوە (میێتینەن/Miettinen، ٢٠٢٥). ئەم بەراوردە هانمان دەدات لە ڕۆڵی تەکنەلۆژیا لە پەیوەندییە مرۆییەکانماندا ورد ببینەوە. بە بڕوای من، دیالۆگ بنەمای تێگەیشتن لە یەکترە و زیرەکیی دەستکردیش ئامرازێکە بۆ بەهێزکردنی ئەو دیالۆگە.

بۆ هەر پرسیارێک، ڕوو لە زیرەکیی دەستکرد دەکەین
ئەمڕۆ زۆرێکمان بۆ چارەسەرکردنی پرسیارەکانی خوێندن، وەرگرتنی ئامۆژگاری لە کاروبارە کەسییەکانمان، کڕینی کەلوپەل و تەنانەت وردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانە ڕوو لە زیرەکیی دەستکرد دەکەین. هەندێک جار، پێش ئەوەی ڕاوێژ بە کەسێک بکەین یان خۆمان بیر لە بژاردەکان بکەینەوە، پرسیارەکەمان لە چات‌جی‌پی‌تی (ChatGPT)، کلۆد (Claude) یان جێمینای (Gemini) دەکەین.
بەڵام لەوانەیە بۆ هەمان پرسیار، لە هەر یەکێک لەم ئامرازانە وەڵامێکی جیاواز وەربگرین. ئەمە بە واتای هەڵەبوونی هەموویان نییە، بەڵام پێویستە وەڵامەکان بپشکنین و بەڵگەکانیان هەڵبسەنگێنین. جوانیی وەڵام بە تەنها بەس نییە؛ دروستیی زانیارییەکە و گونجانی پێشنیارەکە لەگەڵ پێویستییەکانمان گرنگترن. زیرەکیی دەستکرد دەتوانێت یارمەتیمان بدات، بەڵام بەرپرسیاریی بیرکردنەوە و بڕیاردان هەر لە ئەستۆی خۆمانە.

زانیاری بەس نییە
زیرەکیی دەستکرد دەتوانێت دەق وەربگێڕێت، بابەتەکان ڕوون بکاتەوە و بیرۆکەکانمان ڕێک بخات. بەڵام ڕێکوپێکیی وەڵامێک بەڵگەی دروستییەکەی نییە؛ زانیاریی هەڵەش دەکرێت بە زمانێکی ڕەوان و دڵنیابەخش پێشکەش بکرێت.
لە پەیوەندییە مرۆییەکانیشدا، کێشەکە زۆرجار تەنها کەمیی زانیاری نییە. مرۆڤ پێویستی بەوەیە گوێی لێ بگیرێت، هەست و نیگەرانییەکانی بە جددی وەربگیرێن و بزانێت کەسێک هەوڵ دەدات لێی تێبگات. وەرگرتنی وەڵامێک و هەستکردن بەوەی کە کەسێک لێت تێدەگات، دوو ئەزموونی جیاوازن.

دیالۆگی ڕاستەقینە
لە گفتوگۆی ڕووبەڕوودا، تەنها وشەکان مانا ناگەیەنن؛ تۆنی دەنگ، نیگا و تەنانەت بێدەنگیش بەشێکن لە پەیامەکە. بەڵام هەموو ئاخاوتنێک دیالۆگ نییە. ئەگەر لایەنێک تەنها فەرمان بدات و ئەوی دیکە لە ترسدا بێدەنگ بێت، دەرفەتی تێگەیشتن لە یەکتر سنووردار دەبێت. دیالۆگی ڕاستەقینە پێویستی بە ڕێزگرتن لە یەکتر، دەرفەتی یەکسان بۆ قسەکردن و ئامادەیی بۆ پێداچوونەوە بە بۆچوونەکانی خۆمان هەیە.
بۆ نموونە، کرێکارێکی کۆچبەر لە چێشتخانەیەکدا لەوانەیە بەهۆی بەربەستی زمانەوە بە تەواوی لە ڕێنماییەک تێنەگات. زیرەکیی دەستکرد دەتوانێت ڕێنماییەکە وەربگێڕێت، بەڵام ئەگەر کرێکارەکە لە پرسیارکردن بترسێت، وەرگێڕان بە تەنها کێشەکە چارەسەر ناکات. متمانە کاتێک دروست دەبێت کە سەرپەرشتیار بە ئارامی گوێی لێ بگرێت، هانی بدات پرسیار بکات و بە ڕەفتاری خۆی پیشانی بدات کە بەهۆی پرسیارکردنەوە سەرزەنشت ناکرێت. لێرەدا، تەکنەلۆژیا یارمەتیی گەیاندنی پەیام دەدات و ڕەفتاری مرۆیی بناغەی متمانە دادەنێت.

جێگەی مرۆڤ لە سەردەمی زیرەکیی دەستکرددا
من پشت بە دیالۆگی مرۆیی دەبەستم و لە زیرەکیی دەستکردیش سوود وەردەگرم. دەتوانین بۆ ئامادەکردنی پرسیارەکانمان، ئاشنابوون بە بۆچوونە جیاوازەکان و تێپەڕاندنی بەربەستی زمان بەکاری بهێنین.
بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی باشتر، پێویستمان بە تێگەیشتن و متمانەیە. ئەم دووانەش کاتێک بەهێز دەبن کە بە ڕێزەوە گوێ لە یەکتر بگرین و پێشوازی لە بۆچوونی جیاواز بکەین. زیرەکیی دەستکرد دەتوانێت ڕێگای گفتوگۆ ئاسانتر بکات، بەڵام ئێمەین کە دەبێت پەیوەندییەکانمان بنیات بنێین و بەرپرسیاریی بڕیارەکانمان بگرینە ئەستۆ.

سەرچاوەکان:
میێتینەن (Miettinen)، ئێمیلیا (٢٠٢٥). «دامەزرێنەری ویکیپیدیا جیمی وەیلز باوەڕی بە متمانە و دیالۆگی نێوان مرۆڤەکان هەیە، ئیلۆن ماسکیش باوەڕی بە زیرەکیی دەستکرد هەیە». گۆڤاری ڤۆیما، ١٢ی تشرینی دووەم.
https://voima.fi/2025/wikipedian-perustaja-jimmy-wales-uskoo-ihmisten-keskinaiseen-luottamukseen-ja-dialogiin-elon-musk-uskoo-tekoalyyn/




لە گەریدەی گوندەکانەوە تا سەنگەری پێشەوەی ڕووداوەکان؛ پشکنینێک بۆ خەباتی پیشەیی دوو رۆژنامەنووس

نووسینی: کارزان عەزیز / قوتابی زانکۆ

کاتێک مرۆڤ چاو دخشێنێتە سەر ئەم وێنەیە، لە پلەی یەکەمدا دیمەنێکی ئارام و سادە لە باوەشی سروشتدا دەبینێت کە دوو کەس لە کەشێکی دۆستانەدا پێکەوە دانیشتوون. بەڵام کاتێک ئەم چرکەساتە دەبەستینەوە بە ناوەرۆک و ناسنامەی ڕاستەقینەی هەردوو کەسایەتییەکەوە، واتە کاک وریای حەمەکەریم و کاک هەڵکەوت عەزیز، وێنەکە لە سادەیی خۆی دەردەچێت و دەبێتە بەڵگەنامەیەکی مێژوویی و ئەدەبی کە قورساییەکی گەورەی مەعنەوی لەخۆ گرتووە. لە ڕوانگەیەکی لۆژیکی و ڕۆژنامەنووسییەوە، مێژووی کاری مەیدانی لە هەرێمی کوردستان بەبێ ناوی ئەم دوو کەسایەتییە ناتەواوە، چونکە هەریەکەیان ستوونێکی گرنگی ڕاگەیاندنی ڕاستەقینە بوون و شوێنپەنجەیان بە روونی لە هۆشیاریی گشتیدا دیارە.
لە لۆژیکی کاری ڕۆژنامەنووسیدا، بنکۆڵکاری یەکێکە لە سەختترین و مەترسیدارترین ژانرەکان، چونکە پێویستی بە بوێری، وردبینی و پشکنینی بەردەوام هەیە. کاک وریای حەمەکەریم لە کەناڵی ئێن ئاڕ تی دا تەنها پێشکەشکار نەبوو، بەڵکو نموونەی ڕۆژنامەنووسێکی خاوەن پرەنسیپ بوو کە ڕاستییەکانی لە قووڵایی کۆمەڵگە و دوورترین گوندەکانەوە دەردەهینا. لە ڕێگەی پرۆگرامە ناسراوەکەیەوە کە گەریدەی گوندەکان بوو، تەنها گەشتێکی گەشتیاری ئەنجام نەدا، بەڵکو بەڵگەنامەیەکی زیندووی بۆ گواستنەوەی دەنگ، ژان و پێداویستییەکانی چینی هەژار و پەراوێزخراوی کۆمەڵگە پێشکەش کرد. ناوبراو بە هێمنی، لۆژیکی قەناعەتپێکردن و خەمخۆرییەکی نیشتمانییەوە کارەکانی دەکرد، کە ئەمەش وایکرد متمانەیەکی گەورە لە نێوان خۆی و بینەراندا دروست بکات و غیابەکەی بۆشاییەکی گەورە لە ڕاگەیاندنی مەیدانیدا دروست بکات.
لە لایەکی تریشەوە، کاک هەڵکەوت عەزیز وەک ڕۆژنامەنووسێکی مەیدانیی بەتوانا لە کەناڵی ڕووداو دەناسرێت، کە هەمیشە هەوڵە گرنگەکانی دەگەیاند و نموونەی پەیامنێرێکی چالاک، بەجۆش و پێشەنگ بوو. لە دنیای ڕاگەیاندندا، پەیامنێری چالاک ئەو کەسەیە کە لە کاتی قەیران، ڕووداوی سەخت و گەرمەگەی پێشهاتەکاندا لە سەنگەری پێشەوە دەبێت و ترسی نییە لە گەیاندنی ڕاستییەکان. کاک هەڵکەوت بە تین و گڕووتینی گەنجانەی خۆیەوە هەمیشە لە ناو ڕووداوەکاندا ئامادەبوو، و توانی مۆركێکی خێرا و کارا بە گواستنەوەی هەواڵ و ڕووداوەکان ببەخشێت. ئاراستەی کاری ئەو نیشانەی ئەوە بوو کە ڕۆژنامەنووس دەبێت لە پێش هەموو کەسێکەوە لە شوێنی ڕووداوەکە بێت، کە ئەمەش ماندوونەناسی و پابەندبوونێکی باڵای بە پیشەکەیەوە پیشان دەدا.
لە ڕوانگەیەکی فەلسەفی و لۆژیکییەوە، مرۆڤ بە تەمەنی فیزیکیی خۆی هەڵسەنگاندنی بۆ ناکرێت، بەڵکو بەو کار و شوێنپەنجەیەی کە لە دوا خۆی بەجێی دەهێڵێت دەپێورێت. هەردووکیان، سەرەڕای جیاوازیی کەناڵەکانیان، لە یەک خاڵدا یەکگرتوو بوون، ئەویش خزمەتکردنی ڕاستەقینە و ماندووبوون لە پێناو گەیاندنی دەنگی ڕاستیدا بوو. ئەم وێنەیە ئەمڕۆ بۆ پەڕەی رۆژنامەکان بووەتە ئەرشیفێکی پڕ لە ئازار و شانازی؛ ئازاری لەدەستدانی دوو گەنجی کارا و سەرکەوتووی میدیا، و شانازی بەو مێژووە پاک و پڕ لە کارامەییەی کە پێشکەشیان کرد. جێگەی هەردووکیان لە ناوەندە ڕۆژنامەنووسییەکاندا دیارە و ناویان وەک دوو ستوونی ڕەسەنی ڕاگەیاندنی کوردی بۆ هەمیشە بە بەرزی و نەمری لە یادەوەریی گەلەکەماندا دەمێنێتەوە، بەڵام سەرەڕای تێپەڕبوونی کات، ئایا تا ئێستاش کەس هەیە توانیبێتی جێگەی ئەم دوو قەڵەمە مەزنە پڕ بکاتەوە؟




سوناتای شیعری ژمارە دووم.. عەباس ئیسماعیل حەمەد

(١)
شیعرێ دەنووسم
جوامێرە
خورتە
وەک خۆم وایە
خۆی بەکەس ناگۆڕیتەوە . . . شیعری من
بێ وەیە
شان بە شانی خۆی شەقاوان داوێ . . . شیعری من

(2)
ساباتیان ڕوخاد . . . سارنجیان کۆرکردەوە

(٣)
شیعری من
چیدی ناچێتە بەر سۆپای کەس
دیوەخانی لەخۆ حەرامکردیە
قیچکە جغارەی کەس هەڵناگرتەوە
باراشی لە ئاشی کەس ناکات
سەوەشیری هەڵگێرایتەوە
فەرەقەتێی کەوی بووینە
دێینەوە … نایێنەوە
ماڵ … ماڵی خۆیانە

(٤)
لەسەر باسکێ وەسەرکەتی
لە برندیت لێ دیارە
شیعری من ماڵی هەموانە

(٥)
لە ماڵی شیعری من
قاسپەی کەوێ
بۆ داوی دووژمن . . . لێیان ناکەوێ
عەشق ناکەن
سۆلۆی شیعر دەژەنن

2026-10-11
نهۆمی دەیەمی بەختیاری
عەباس ئیسماعیل حەمەد




کورتەیەک دەربارەی شایەتحاڵانی یەهۆڤا

نووسینی: هێمن عەلی

زۆرێک لەوانەی لە ئەوروپا و ئەمریکا دەژین، لانیکەم جارێک لە شەقام، لە وێستگەی پاس و شەمەندەفەر یان لەبەردەم دەرگای ماڵەکەیان، تووشی شایەتحاڵانی یەهۆڤا بوون: کەسانێکی جل‌وبەرگ ڕێکوپێک و ڕووخۆش کە دەیانەوێت دەربارەی خوا و کتێبی پیرۆز قسەت لەگەڵ بکەن. هەندێکیان لەتەنیشت عەرەبانەیەکی بچووکی پڕ لە کتێب و گۆڤار دەوەستن، هەندێکی تریش لە دەرگای ماڵان دەدەن. بەڵام لەپشت ئەم دیمەنە ئاشنایەوە، مێژوویەکی درێژ و کۆمەڵێک باوەڕ و ڕێنمایی هەیە کە ژیانی ڕۆژانەی ئەندامەکانیان ڕێک دەخەن.
سەرەتا و ناونان
سەرهەڵدانی ئەم بزووتنەوەیە بۆ سەرەتای دەیەی ١٨٧٠ لە ویلایەتی پەنسیلڤانیای ئەمریکا دەگەڕێتەوە، کاتێک چارڵز تەیز ڕاسڵ و گرووپێک لە هاوڕێکانی دەستیان کرد بە خوێندنەوە و لێکدانەوەی کتێبی پیرۆز. لە ساڵی ١٨٧٩دا یەکەم ژمارەی گۆڤارێکیان بڵاو کردەوە کە دواتر بە «The Watchtower»، واتە «بورجی چاودێری»، ناسرا. لە ساڵی ١٩٣١دا، لە سەردەمی سەرکردایەتیی جۆزێف ڕەزەرفۆرد، ناوی «شایەتحاڵانی یەهۆڤا»یان بۆ خۆیان هەڵبژارد. وشەی «شایەتحاڵ» لێرەدا بە واتای کەسێکە کە شایەتی بۆ خوا دەدات، نەک شەهید.
ژمارە و بڵاوبوونەوە
بەپێی ڕاپۆرتی خۆیان بۆ ساڵی خزمەتی ٢٠٢٥، بەرزترین ژمارەی بانگخوازە چالاکەکانیان گەیشتووەتە نزیکەی ٩٫٢ ملیۆن کەس، و لە ٢٤١ وڵات و هەرێمدا چالاکییان تۆمار کردووە. ئەم ژمارەیە تەنها ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە بە شێوەیەکی چالاکانە بەشداری لە بانگخوازیدا دەکەن، و هەموو منداڵان و لایەنگرانیان ناگرێتەوە. هەروەها ژمارەی ٢٤١ کۆی وڵات و هەرێمەکانە، نەک تەنها دەوڵەتە سەربەخۆکان.
باوەڕیان بە خوا و عیسا
ئەوان خۆیان بە مەسیحی دەزانن، «یەهۆڤا» وەک ناوی خوا دەناسێنن، و باوەڕیان وایە عیسا کوڕی خوا و ڕزگارکەرە. بەڵام لە پەرستندا خاچ بەکارناهێنن، چونکە بە باوەڕی ئەوان عیسا لەسەر ستوونێکی دارین کوژراوە، نەک لەسەر خاچێک کە لە دوو پارچە دار پێک هاتبێت. ئەمە لێکدانەوەی ئایینیی خۆیانە و لە تێگەیشتنی زۆرێک لە مەسیحییەکانی تر جیاوازە.
ڕێکخستن و سەرکردایەتی
شایەتحاڵانی یەهۆڤا پاپایان نییە و سیستەمی قەشەیەتیی کلیسای کاتۆلیکیش پەیڕەو ناکەن، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە ڕێکخراوەکەیان بێ سەرکردایەتییە. کۆمەڵە ناوخۆییەکانیان لەلایەن دەستەیەک لە پیرانی ئایینییەوە بەڕێوە دەبرێن، و دەستەیەکی ناوەندیش بە ناوی «دەستەی بەڕێوەبەری» لە شارۆچکەی وارویک لە ویلایەتی نیویۆرک ڕێنماییە گشتییەکان دەردەکات. کەواتە نەبوونی قەشە، بەو شێوەیەی لە کلیساکاندا باوە، نیشانەی نەبوونی دەسەڵاتی ئایینی نییە.
کریسمس و لەدایکبوونی عیسا
یەکێک لە جیاوازییە ناسراوەکانیان ئەوەیە کە جەژنی کریسمس ناگێڕن. ئەوان ٢٥ی کانوونی یەکەم بە ڕۆژی لەدایکبوونی عیسا نازانن، و باوەڕیان وایە بەشێک لە نەریتەکانی ئەم جەژنە لە ئایینە کۆنەکانی پێش مەسیحییەتەوە سەرچاوەیان گرتووە. بەپێی لێکدانەوەی خۆیان، عیسا لە سەرەتای پاییز، نزیکەی ئەیلوول یان تشرینی یەکەم، لەدایک بووە. بەڵام کتێبی پیرۆز ڕۆژ و مانگی لەدایکبوونی عیسا دیاری ناکات، بۆیە ئەم بەروارەش نابێت وەک ڕاستییەکی مێژوویی سەلمێنراو بخرێتە ڕوو.
ڕووخساری عیسا
ڕووخساری عیساش، هەروەک بەرواری لەدایکبوونی، لە کتێبی پیرۆزدا باس نەکراوە. ئەو وێنەیەی کە لە بەشێک لە هونەری ئەوروپیدا عیسا بە پێستی سپی و چاوی شین پیشان دەدات، بەڵگە نییە بۆ ڕووخساری ڕاستەقینەی ئەو. لە وتارێکی ماڵپەڕی ئارتنێتدا، کە لە ساڵی ٢٠١٥ بڵاو کراوەتەوە، باس لە کارێکی ڕیچارد نیڤ دەکرێت. نیڤ بە پشتبەستن بە کەللەسەری کەسانی ئەو ناوچە و سەردەمە، نموونەیەکی گریمانەیی لە ڕووخساری پیاوێکی جەلیلیی سەردەمی عیسا دروست کردووە: پێستی ئەسمەر، چاوی تۆخ، قژی ڕەشی لوول و ڕیش. بەڵام ئەو کەللەسەرانە هی عیسا نەبوون، بۆیە ئەم وێنەیەش تەنها گریمانەیەکە دەربارەی ئەوەی عیسا چۆن دەرکەوتووە، نەک دۆزینەوەی ڕووخساری ڕاستەقینەی ئەو.

سەرچاوەی وێنە: دروستکردنەوەی ڕووخسار بە زانستی دادوەری لەلایەن ڕیچارد نیڤ، پسپۆڕی هونەری پزیشکی لە زانکۆی مانچستەر، بۆ زنجیرە بەڵگەفیلمی «عیسا پێغەمبەر»ی بی‌بی‌سی (٢٠٠١). وێنەکە لە گۆڤاری «پۆپیولەر میکانیکس»، ژمارەی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٢، لە وتاری «ڕووخساری ڕاستەقینەی عیسا» بڵاو کرایەوە.
جەژن و بۆنە ئایینییەکان
جگە لە کریسمس، یادی لەدایکبوونی کەسەکان و جەژنی ئیستەریش ناگێڕن. سەبارەت بە یادی لەدایکبوون، تەنانەت لە سەرچاوە فەرمییەکانی خۆیاندا هاتووە کە کتێبی پیرۆز بە ڕاشکاوی قەدەغەی نەکردووە، بەڵام ئەوان بە پشتبەستن بە لێکدانەوەی خۆیان بۆ دەقە ئایینییەکان و ڕەگی ئەم نەریتە، گێڕانی بە نادروست دەزانن. لە جیاتی ئیستەر، ساڵانە یادی مردنی عیسا دەکەنەوە، کە بە گرنگترین بۆنەی ئایینیی ساڵ دەیزانن.
جل‌وبەرگ و گۆڕانکارییەکان
جل‌وبەرگیش بەشێکە لە ڕواڵەتی ناسراویان. بۆ ماوەیەکی درێژ پیاوانیان بە قات و ڕیبات و ژنانیان بە کراس یان تەنورە ناسراون، بەڵام ڕێنماییەکانیان لەم بارەیەوە گۆڕاون. لە ئاداری ٢٠٢٤دا ڕێگە درا ژنان لە کاتی بانگخوازی و بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکاندا پانتۆڵی گونجاو لەبەر بکەن. پیاوانیش لە هەندێک بارودۆخدا دەتوانن بێ ڕیبات و چاکەت بەشدار بن. بۆیە نابێت ئەو شێوازە کۆنەی جل‌وبەرگیان وەک ڕێسایەکی هەمیشەیی و نەگۆڕ بخرێتە ڕوو.
ڕێنماییەکانی ژیانی ڕۆژانە
لە ژیانی ڕۆژانەدا جگەرەکێشان قەدەغە دەکەن و سەرخۆشبوون بە نادروست دەزانن، بەڵام خواردنەوەی ئەلکول بە تەواوی قەدەغە ناکەن. هەروەها ڕێنماییەکانیان هانی ئەندامان دەدەن کە لە تاتۆکردن خۆ بپارێزن. ئەم هەڵوێستانە لە تێگەیشتنی ئایینیی خۆیان بۆ پاکیی جەستە و شێوازی ڕەفتارەوە سەرچاوە دەگرن.
خوێن و چارەسەری پزیشکی
بابەتی خوێن یەکێکە لە ناسراوترین و هەستیارترین باوەڕەکانیان. ئەوان فەرمانی ئایینیی دوورکەوتنەوە لە خوێن بە شێوەیەک لێک دەدەنەوە کە هەم خواردنی خوێن و هەم گواستنەوەی خوێن دەگرێتەوە. بەڵام لەم بوارەشدا گۆڕانکاری ڕوویداوە. بەپێی ڕاگەیەنراوە فەرمییەکەیان لە ١٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، بڕیاری وەرگرتنی چوار پێکهاتە سەرەکییەکەی خوێن، واتە گلبوولی سوور و سپی، پلازما و پلاکێت، بە ویژدانی هەر تاکێک سپێردراوە. هەر ئەندامێکیش خۆی بڕیار دەدات کە خوێن ببەخشێت یان نا بۆ دابینکردنی ئەم پێکهاتانە بۆ کەسانی تر. لەگەڵ ئەوەشدا، هەڵوێستی ڕەتکردنەوەی گواستنەوەی خوێنی تەواو هەر بەردەوامە. ئەم گۆڕانکارییە بەو مانایە نییە کە هەموو شایەتحاڵێک ئێستا ئەم پێکهاتانە وەردەگرێت، چونکە بڕیارەکە تاکەکەسییە. ئەوان بە گشتی دژایەتیی چارەسەری پزیشکی ناکەن، بەڵکو داوای ئەو شێوازانەی چارەسەر دەکەن کە لەگەڵ باوەڕە ئایینییەکانیان بگونجێن.
هەڵوێستی سیاسی
لە بواری سیاسەتدا خۆیان بە بێلایەن دەزانن: دەنگ بە پارت و کاندیدە سیاسییەکان نادەن، خۆیان بۆ پۆستە سیاسییەکان ناپاڵێون و بەشداری لە هەوڵەکانی گۆڕینی حکومەتدا ناکەن. ئەوان بەشی ١٣ی نامەی ڕۆما وەک بنەمایەکی ئایینی بۆ ڕێزگرتن لە دەسەڵات، پابەندبوون بە یاسا و دانی باج بەکاردەهێنن، بەڵام بێلایەنییە سیاسییەکەیان لە دەقەکانی تری کتێبی پیرۆزەوە وەردەگرن، وەک قسەکەی عیسا کە دەڵێت شانشینەکەی سەر بەم جیهانە نییە (یۆحەنا ١٨:٣٦).
جەنگ و خزمەتی سەربازی
ڕەتکردنەوەی بەشداری لە جەنگ و خزمەتی سەربازی لە مێژوویاندا تێچوویەکی قورسی بۆیان هەبووە. لە سەردەمی نازییەکاندا، ئەندامانیان زیندانی کران و بۆ ئۆردوگاکانی کۆکردنەوە نێردران. لە فینلەنداش، لە ساڵی ١٩٨٧ەوە یاسایەکی تایبەت ڕێگەی دەدا لە خزمەتی سەربازی و خزمەتی مەدەنی ببەخشرێن، بەڵام ئەو یاسایە لە ١ی نیسانی ٢٠١٩دا هەڵوەشێنرایەوە، و لەو کاتەوە ئەوانیش وەک هاووڵاتیانی تر دەکەونە ژێر یاسای خزمەتی سەربازییەوە. بۆیە نابێت وا پیشان بدرێت کە هەموویان بە شێوەیەکی خۆکار خزمەتی مەدەنی دەکەن، چونکە بارودۆخ و بڕیاری هەر تاکێک جیاوازە.
هاوڕێیەتی و خێزان
لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا، هانی ئەندامانیان دەدەن هاوڕێ نزیکەکانیان لە نێو هاوباوەڕەکانی خۆیان هەڵبژێرن، بەڵام ئەمە بە مانای قەدەغەکردنی هەموو جۆرە مامەڵە و پەیوەندییەک لەگەڵ کەسانی دەرەوەی کۆمەڵەکەیان نییە. لە بابەتی هاوسەرگیریدا ڕێنماییەکەیان ڕوونترە: ئەندامان هان دەدرێن تەنها لەگەڵ شایەتحاڵێکی تەعمیدکراوی یەهۆڤا هاوسەرگیری بکەن. بەڵام ئەو بۆچوونە باوەی کە گوایە دەبێت منداڵی زۆریان هەبێت، ڕاست نییە. بەپێی ڕێنماییەکانی خۆیان، بڕیاری منداڵبوون یان نەبوون و ژمارەی منداڵەکان بە هاوسەرەکان سپێردراوە.
باج و دابینکردنی خەرجی
لە بابەتی باجدا، پێویستە جیاوازی لە نێوان باجە گشتییەکان و باجی کلیسادا بکرێت. لە فینلەندا، باجی کلیسا تەنها لە ئەندامانی کلیساکانی لۆتەری و ئۆرتۆدۆکس وەردەگیرێت، بۆیە ئەندامبوون لە کۆمەڵەی شایەتحاڵانی یەهۆڤا ئەرکی دانی ئەم باجە بەدوادا ناهێنێت. بەڵام ئەمە بە مانای بەخشین لە باجی داهات یان باجە ئاساییەکانی تر نییە، و شایەتحاڵانی یەهۆڤا خۆیان دانی باج بە ئەرکێکی ئایینی دەزانن. بەپێی ڕوونکردنەوەی خۆیان، خەرجیی چالاکییەکانی ڕێکخراوەکە بە پلەی یەکەم لە ڕێگەی بەخشینە ئارەزوومەندانەکانەوە دابین دەکرێت.
کۆچبەران و جیاوازیی هۆکارەکان
ژمارەیەک لە کورد و عەرەب و فارس و کەسانی سەر بە نەتەوەکانی تریش لەم کۆمەڵە ئایینییەدا هەن. هەندێک جار لە گفتوگۆکانی ناو کۆمەڵگەی کۆچبەراندا، پەیوەندیی ئەم کەسانە بە کۆمەڵەکەوە بە بابەتی مۆڵەتی مانەوە دەبەسترێتەوە. بەڵام بەبێ زانیاری و بەڵگەی ڕوون، باشترە حوکمێکی گشتی لەسەر هەموویان نەدەین. بارودۆخ و هۆکاری هەر کەسێک جیاوازە، و لە دەرەوە بە ئاسانی ناتوانین لە مەبەستی ناخی خەڵک تێبگەین.
تێگەیشتن و پێکەوەژیان
بۆ من، ناسینی ئەم کۆمەڵە ئایینییە دەرفەتێکە بۆ تێگەیشتن لە باوەڕ و شێوازی ژیانی کەسانێک کە لە ئێمە جیاواز بیر دەکەنەوە. مەرج نییە لەگەڵ هەموو باوەڕەکانیان هاوڕا بین، بەڵام دەتوانین بە ڕێز و دادپەروەرییەوە لێیان بڕوانین و پێش حوکمدان گوێ لە قسەکانیان بگرین. هەروەها پرسیارکردن و گفتوگۆی ئارام لەبارەی باوەڕەکان دەتوانێت یارمەتیمان بدات یەکتر باشتر بناسین. گرنگ ئەوەیە جیاوازیی ئایینی ڕێگر نەبێت لە ڕێزگرتن لە یەکتر و پێکەوەژیان بە ئاشتی.

سەرچاوەکان:
١. ئەی‌ئەی‌بی‌بی (AABB)، ٢٠٢٦. «شایەتحاڵانی یەهۆڤا بڕیاری وەرگرتن و بەخشینی خوێنی کەسانی تر بە تاکەکان دەسپێرن». بڵاوکراوەتەوە لە ٢١ی ئەیلوولی ٢٠٢٦.
https://www.aabb.org/news-resources/news/article/2026/09/21/jehovah’s-witnesses-allow-individual-decisions-on-allogeneic-blood-transfusion-and-donation
٢. ئاژانسی ئاسۆشیەیتد پرێس (AP)، ٢٠٢٦. «شایەتحاڵانی یەهۆڤا بەشێک لە قەدەغەی بەکارهێنانی خوێنی بەخشراو بۆ مەبەستی پزیشکی سووک دەکەن».
https://apnews.com/article/jehovahs-witnesses-donated-blood-transfusions-plasma-13fbe733e0039109efa728f65c7e4fda
٣. ئارتنێت نیوز (Artnet News)، ٢٠١٥. «هونەرمەندێکی پزیشکی بە یارمەتیی زانستی دادوەری ڕووخساری عیسا مەسیح پیشان دەدات».
https://news.artnet.com/art-world/jesus-face-forensic-anthropology-art-392823
٤. فینلێکس (Finlex)، ٢٠١٩. «یاسای هەڵوەشاندنەوەی یاسای بەخشینی شایەتحاڵانی یەهۆڤا لە ئەنجامدانی خزمەتی سەربازی»، ژمارە ٣٣٠/٢٠١٩.
https://finlex.fi/en/legislation/2019/330
٥. شایەتحاڵانی یەهۆڤا، ٢٠٢٥. «ئامارە گشتییەکانی ساڵی ٢٠٢٥». ماڵپەڕی فەرمیی jw.org.
https://www.jw.org/en/library/books/2025-Service-Year-Report-of-Jehovahs-Witnesses-Worldwide/2025-Grand-Totals/
٦. شایەتحاڵانی یەهۆڤا، ٢٠٢٦. «ئێستا هەر شایەتحاڵێک خۆی بڕیار دەدات کە پێکهاتە سەرەکییەکانی خوێن وەربگرێت یان بیانبەخشێت». ماڵپەڕی فەرمیی jw.org.
https://www.jw.org/en/global-communications/country/global-news/Jehovahs-Witnesses-Each-Witness-Now-Decides-Whether-to-Accept-or-Donate-Main-Blood-Components/
٧. شایەتحاڵانی یەهۆڤا، بێ بەروار. «بۆچی شایەتحاڵانی یەهۆڤا جەژنی لەدایکبوون ناگێڕن؟» ماڵپەڕی فەرمیی jw.org.
https://www.jw.org/en/jehovahs-witnesses/faq/birthdays/
٨. شایەتحاڵانی یەهۆڤا، بێ بەروار. «بۆچی شایەتحاڵانی یەهۆڤا جەژنی کریسمس ناگێڕن؟» ماڵپەڕی فەرمیی jw.org.
https://www.jw.org/en/jehovahs-witnesses/faq/why-not-celebrate-christmas/
٩. گۆڤاری پۆپیولەر میکانیکس (Popular Mechanics)، ٢٠٠٢. «ڕووخساری ڕاستەقینەی عیسا». ژمارەی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٢. سەرچاوەی چاپی.
بەرواری سەردانکردنی سەرچاوە ئەلیکترۆنییەکان: ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦.




گرنگـییەکانی پەرتـوکی وێنـەیی بۆ منـداڵان.. رەزا شـوان

وێنە بە زمانێکی جیهانی ئاسان دادەنرێت، هەموو کەسێک لێی تێدەگات و پێویستیی بە وەرگـێڕان نییە. هەندێک لە زانایان مـێژووی سەرهەڵـدانی وێنە بۆ زیاتر لە چـل هەزار ساڵ بەر لە زایـنی دەگەڕێنـنەوە. بـۆ ئەو سەردەمەی کە مـرۆڤە سەرەتاییـەکان، هـێشتا فـێری زمـان و نووسین نەبـووبـوون، بە هـێـڵکاری و وێنـەکـێشان وبە پەیکەری سادە، گوزارشتیان لە مەبەست و نیـاز و راز و لە پەیـام و لە خەون و هـیوا و لە کـێشەکان و لە چـیرۆکەکانی ژیـانی خـۆیان کـردوون. لە زۆر شـوێنی جیهانـدا، لەسـەر دیـوارەکانی ئەشکەوتەکان و لەسەر تاشە بەرد و لەسەر تاتە قوڕی وشکەوەبووی رەقـدا، وێنەیان کـێشاون و هـەڵکـۆڵـیون. لە گـەلێ شـوێـنی جیهانـدا، لەسەر دیـواری ئەشکەوتـەکان و لەسەر تاشە بەردی تەخت دا، بە هـەزاران هـێما و وێنـەی هەڵکـۆڵـراو دۆزراونەتەوە. بە هـەزاران پەیـکەری جـوراوجـۆریـش کە لە بـەرد و لە قـوڕ دروستکـراون لە چەنـد شوێـنیکی جیهانـدا دۆزراونەتـەوە. هـەنـدێک لـەو پاشـماوانە، لە شوێنەکانی خۆیـانـدا پارێـزراون. بەشێکـیشیان خـراونەتە مـۆزەخـانەکـانەوە. ئاخـۆ دەبێـت چەنـدین هـەزار وێنەی هەڵکۆڵراو و پەیکەری دروستکـراوی تر هەبـن، کە تا ئێستا نەدوزراونەتەوە. بە هـەزاران وێنـەی کـێـشراو و هـەڵکـۆڵـراو و پەیـکەریـش، بە هـۆێ بـاران و لافـاو
و زەمـینـلەرزەوە، تەپـیـون و داڕمـاون لەنـاو چـوونـە.
کوردستانی نـیـشـتـمانـی ئێـمەی کوردیـش، یەکـێکە لە کـۆنـترینی ئـەو شـوێنـانەی کە مـرۆڤی دێـریـن سەریان لـێی هـەڵـداوە. تا ئێستا، لەسەر دیـواری ئەشکەوتەکان و لە شوێنەوارە دێـرینەکانی کوردستانـدا، بە سەدان وێنـە و هـێما و نەخـش و پەیکەریان لـێـدۆزراونـەتـەوە. بەشـێکی زۆریـان بە تـاڵان بـران، کە لە ئێستادا مـۆزەخـانـەکانی بێـانیـان رازانـدوونـەتەوە. ئەمـەش بـۆ بێ “دەوڵـەتی کوردستان” دەگـەڕێـتـەوە.

سۆمەرییەکان ـ راستییەکی هاشا هەڵنەگرە کە بەڕەچەڵەک کوردن و شوێنی رەسەنیان چیا سەرکەشەکانی زاگـرۆس بـوو ـ پێش ئەوەی نووسینی بزماری “مـێخی” دابهـێنن، نـووسینی وێنەییـان داهـێنا. لەسەر تاتـە قـۆردا وێنـەیان کـێشاون و بە ئاگـر سوریـان کردوونەتەوە. بۆ نموونە: وێنەی ” شاخ” یان کـێشاوە، بۆ گوزارشتکردن لە بەرزی.
هـەمـوو ئەمـانە بەڵـگەی راستی و گـەواهی سـەلـمانـدن، کـە کوردسـتان یەکـەمـین و کۆنـتریـن و رەسەنتریـن لانکەی ئاوەدانی و داهـێنان و شارستانی و ژیان و گوزەران بـووە، لە هـەمـوو جیهـانـدا. ئەمـەش راسـتـیـیە و زیـادەڕۆیی نـیـیە.
لەم دواییەدا، دۆزینەوەی كۆتەڵی ئیسک و پروسکی “داپیرە کوردە” لەناو ئەشکەوتی “شانـەدەر” لە باشووری کوردستان، گەواهـێکی تـری سەلـمانـدنی ئەو راستییانەیە.
پەرتـوکی وێنـەیی چـییـە؟
پەرتـوکی وێنەیی بۆ منداڵان، ئەو پەرتوکانەن کە وێنـەکانیان وەک وشەکانیان گرنگـن. تەنانەت ڕەنگە هەندێکیان بە تەواوی لە وێنە پێکبێن و هیچ و وشەیەکیان تێدا نەبێت. کە بە (کۆمیکس) ناودەبرێن. هەنـدێکیش لە پەرتوکە وێنەییەکان، لە وشە و لە کورتە رسـتە و لە وێنـە پـێکـدێـن. ئـەم جـۆرە چـیرۆکە وێنـەییـانە، ئەزمـوونێکی بیـنـراو بـۆ منـداڵان دەڕەخـسێـنن و یارمـەتیـان دەدەن، کە ڕووداوەکان بـبـیـنن و لـێـیان تـێـبگەن.
پەرتوکی وێنەیی بۆ منداڵانی ساوا (فێرخوازانی سەرەتایی) لەوانەیە چیرۆکی بێ وشە لەخۆ بگرێـت، لە کاتێکـدا پەرتـوکی وێنـەیی بۆ هەرزەکاران ڕەنـگە شێـوەی ڕۆمـانی گرافیکی بگرێتـەبەر، بەبێ گوێدانە تەمەن و ژانر. پەرتوکی وێنـەیی وەک ڕێگەیەکی نایـاب دەمـێـنـێـتەوە بـۆ سەرقـاڵکـردنی خـوێنـەرانی بچـووک.
بۆچی پەرتوکە وێنەییەکان گرنگـن بۆ گەشەکردنی منداڵان؟
پەرتوکە وێنەییەکانی منداڵان فۆرمێکی هـونەرییە، کە جیهانەکانی منداڵان دەوڵەمەنـد دەکـەن و پەرەیـان پـێـدەدەن. نـەک هـەر یـارمـەتـیـیان دەدەن بـۆ چـانـدنی داهـێـنان و بۆ فـراوانکردنی خەیاڵەکانیان، بەڵکو ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە پەرەپێدانی تواناکانی زمـان و تـێگەیـشتنیان لە جیهـانی دەوروبـەریـان. لەگـەڵ پـێـشکەوتنی تەکـنەلـۆژیا و سەرهـەڵـدانی شێوازە نـوێیـەکانی وێنـەکـێـشان، داهـاتـووی ئـەم فـۆرمـە هـونـەرییـە، هـێـندەی تـر گـەشـاوەتـر دەردەکـەوێـت. ئێـوەی وێـنـەکـێـشان و دایـکان و بـاوکـان و مامۆستایان، بە تێگەیشتن لە گـرنگی ئەم فـۆرمە هـونەرییە، دەتـوانـن بەشداربـن لە ئەزمـوونی خـوێنــدنەوەی دەوڵەمـەنـدتـر و چـێژبەخــشـتر بـۆ منـداڵـەکانتـان.
پەرتـوکە وێـنەییـەکان زۆر لەوە زیاتـرن کە چـەنـد وێنـەیەکی رەنگاڕەنگـبن لە چەنـد لاپـەڕەیـەکـدا. بەڵکـو پـڕن لە کـارەکـتەری جـۆراوجـۆر و لە چـیرۆکی ئەفـسوونـاوی سەرنجـڕاکـێش. تەنهـاش بۆ چـێژ لـێوەرگـرتـن و کات بەسەربـردن و سەرقـالکـردنی منـداڵان نیـن و سـوودیـان زۆرە. بە کورتی باسی چـەنـد گـرنگـییەکـیان دەکـەیـن:
پەرەپێدانی تواناکانی زمان: منداڵان بەرکەوتەی وشەسازیی نوێ و پێکهاتەی ڕستەی جۆراوجۆر دەبـن و فەرهـەنگی زمانیان دەوڵەمەندتر دەکەن. توانای دەربـڕینیان بەرز دەکەنەوە. هەروەها وێنـەکان یارمەتیـدەرن بـۆ تـێگەیـشتن لە مانـای وشـە نـوێیەکان.
خـەیـاڵ و بەرزکـردنەوەی داهـێـنان: پەرتـوکە وێـنـەیـیەکان دەرگـا بـە ڕووی جیهـانە خەیاڵـییەکانـدا دەکـەنەوە. هـانی منـداڵان دەدەن بـۆ خەیـاڵکـردن لە کارەکـتەرکان و لە ڕووداوەکان. ئەمەش بیرکردنەوە و داهـێنانی داهـێنەرانەیان بەرزدەکەنەوە دەکەنەوە.
گەشەپێـدانی بـیرکـردنەوەی ڕەخـنەیـی: چـیرۆکە وێنەییان، منـداڵان هـان دەدەن بـۆ ئـەوەی پاڵـنەرەکانی کارەکتەرەکان لەبەرچـاو بگـرن و کـێشەکان چارەسەر بکەن و پـێشبینی ڕووداوەکان بکەن. بەمەش تـوانای بیـرکردنەوەی ڕەخـنەیی و شیکارییان بەهـێـزتـر دەبـێـت.
گەشەسەندنی سۆزداری و کۆمەڵایەتی: پەرتوکە وێنەییەکان، بەشدارن لە گەشەپێدانی توانا کۆمەڵایەتی و سۆزدارییەکانی منـداڵان. بـینینی هەستی کارەکتەرەکان و چۆنیەتی کاردانەوەیان بەرامبەر بە ڕووداو و هـەستەکان، لە ڕێگەی وێنەکانەوە گەشەسەنـدنی سـۆزداری تەنـدروست پەروەردە دەکات. بەرزکـردنەوەی زیـرەکی سـۆزداری ڕێـگا بۆ بۆ سەرکەوتنی داهاتـووی منـداڵان خۆش دەکات. زۆرێکـیش لە پەرتـوکە وێـنەیـیەکان باس لە بابەتەکانی وەک، هـاوڕێیەتی، هـاوسۆزی و لە بەڕێوەبردنی چارەسەرکردنی ناکـۆکـییەکان دەکـەن. ئەمـەش یارمـەتی منـداڵان دەدات لە خۆیـان و لە کەسانی دیکە تـێـبگەن و پـەرە بە تـوانا کـۆمەڵایـەتیـیەکانیان بـدەن.
هـانـدانی بـیـنراو: وێنـە جـوانە ڕەنگاوڕەنگە سـەرنجـڕاکـێـشەکان، سـەرنجی منـداڵان ڕادەکـێشن و چـێژێکی زیاتـریـش بە خوێنـدنەوەی چـیرۆکەکان دەبەخـشن، بەتایبـەتی بـۆ منـداڵانی بچـووک کە فـێرخـوازی بـیـنراون.
پەرتـوکە وێنەییەکان دەروازەیەکی ئەفـسوناویین: کە مێشکی منداڵان بە ڕووی جیهـانە نوێیەکانـدا دەکەنەوە و زاخاوی خەیاڵـیان دەدەن و یارمەتیان دەدەن کە باشتر لە خۆیان و لە جیهـانی دەوروبەریان تـێـبگەن.
هـێزی وێنـەکان: وێنـە جـوان و رەنگاوڕەنگەکانی پەرتـوکە وێنـەیـیەکان، سـەرنـجی منـداڵان ڕادەکـێـشن. تێکەڵکـردنی دەقەکان و وێناکان، یارمەتیـدەرەن بۆ دروستکردنی ئەزمـوونێکی دەوڵەمەنـدتـر، ئەمـەش وا دەکات کە ئاسانـتر لە چـیرۆکەکان تـێـبگەن و لە بیـریـان نەچـنەوە.
پەرەپێـدانی هـاوسۆزی: خوێندنەوەی چیرۆکەکان دەربارەی کارەکتەرە جۆراوجۆرەکان و ئەزموونەکانیان، پەرە بە هـاوسۆزیی منـداڵان دەدەن. کاتێک کە منداڵان لە ڕوانگەی کەسانی ترەوە جیهـان دەبینن، فـێردەبـن کە رێـز لە ڕوانگە و لە کولتوورە جیاوازەکان بگـرن.
چارەسەرکـردنی ناکۆکـییەکان: زۆرێک لە چـیرۆکە وێنەییەکان. ناکـۆکـییان تێـدایە، کە دەبـێـت کـارەکـتەرەکـان چـارەسـەریـان بـکەن. ئـەم چـیرۆکـانە منـداڵان فـێردەکـەن کە تـونانی چـارەسەرکـردنی ناکـۆکـیـیەکان و کـێـشەکانیان بـبـێـت.
تـێگەیـشـتن لە پەیـوەنـدیـیەکان: زۆرجـار چـیرۆکە وێنەییان، هـاوڕێیەتی و دایـنامیکی خـێزان و کارلـێکەکانی کۆمـەڵـگا نیـشان دەدەن. منـداڵان لە ڕێـگەی ئـەم چـیرۆکانەوە فـێری هـاوکـاری و هـەروەزی و هـاوبەشیکـردن و گـرنگی پەیـوەنـدییـەکان دەبـن.
چاندنی خۆشەویستی خوێندنەوە: یەکێک لە گرنگترین سوودەکانی پەرتوکە وێنەییەکان، تـوانای چانـدنی خـۆشـەویستی خـوێنـدنەوەیە لە منـداڵانی بچـووکدا. تـێکەڵکـردنی وێنە سەرنجـڕاکـێشەکان و چیرۆکە سەرنجڕاکێشەکان، چـێژێکی زیـاتر بە خوێنـدنەوە دەدەن. کاتـێک کە منـداڵان خـوێنـدنەوە بە خـۆشـییەوە دەبـستـنەوە، ئەگـەری ئـەوە زیـاتـرە کە بە دێـژیی ژیـانیان، خۆشەویـستییەکی تەواویان، بـۆ پەرتـوک هـەبێـت. ببن بە هـاوڕێی پەرتـوک و خوێنـدنەوەش ببێـت بە خـوویـەکی باشـیان لە ژیانیانـدا.
پەرەپێـدانی کارامەیی بنـەڕەتی لە منـداڵانـدا: پەرتـوکە وێنـەییـەکان ڕێـگەیەکی نایاب و نـاوازەن بـۆ ئاشناکـردنی منـداڵانی پـێـش قـوتـابخـانە و باخچـەی منـداڵان، بـە جیهـانی خوێندنەوە. کاتێک منداڵان لە تەمەنێکی بچـووکەوە دەست بە خوێندنەوە دەکەن، پەرە بە چەندین کارامەیی گەشەسەندنی سەرەکی دەدەن، لەوانە بنیاتنانی زمان، تێگەیشتن و تـوانای پەیـوەنـدیکردن. بـۆ نمـوونە، وێنەکان یارمەتیـدەرن بـۆ بەستـنەوەی بیـرۆکە و وشەکان و ماناکانیـان. هـانـدەری گەشەکـردنی وشەسازی و بەرزکردنەوەی تێگەیشتن لە خوێنـدنەوە.
پەیوەنـدی دایکان و باوکان و منـداڵان: بەهـێزکردنی پەیوەندیی نێوان دایکان و باوکان و منـداڵان، یەکـێکە لە دەرئەنجامە ئەرێـنیـیەکانی پەرتـوکە وێنـەییەکان. خوێنـدنـەوەی پـێکەوەیـان، کاتێکی گـرنگ دەڕەخـسێـنـێـت کە پەیـوەنـدی دایکان و باوکان و منـداڵان بەهێز دەکەن و خۆشەویستی پەرتوکیش لەلای منداڵان شیرینتر دەکەن. لەناو بەشێکی زۆری خێزانەکانی ئەوروپادا، پێش نووستن، کاتێک هەیە بە ناوی “کاتی خوێنـدنەوە” دایکان یان باوکان، کورتە چیرۆکێک یا کورتە هـونراوەیەک، یان چیرۆکە وێنەیەکانیان بـۆ منـداڵەکانیان دەخـوێـننەوە.
ئایا وێنە دیجیتاڵییەکان جـێگەی شێوازە کۆنەکانیان گرتوونەتەوە؟
لە ئەمـڕۆدا وێـنـە دیجـیـتاڵـیـیەکان تادێـن باوتـر دەبـن، بەڵام شـێـوازە کـۆنـەکانـیـش بایەخی خۆیان لەدەست نەداون. زۆرێک لە وێنەکـێشە مـۆدێـرنەکان، تێکەڵەیەک لە تەکـنـیکە کـۆنـەکـان و دیجـیـتاڵـییەکـان بەکـاردەهـێـنن.

شایـەنی باسیشە ساڵانە، سێ خەڵاتی بەرز دەبەخشرێـن، بە هـونەرمەندانی باشترین پەرتـوکی وێنـەیی روونکـراوە بۆ منـداڵان لە جیهـانـدا، بە مەرجـێک پەرتـوکەکانیان ساڵـێک پـێشـتـر چـاپکـرابـن و بـڵاوکـرابـێـتەوە، خەڵاتەکانیـش ئەمـانەن:

مەدالیای زێـڕی کاڵدیکـۆت. تایبەتە بە وێنەکـێشەکانی پەرتوکی وێنەیی لە ئەمـریکا.

مەدالیای زێـڕی هـانـز کریستیان ئەنـدرسۆن (دوو ساڵ جارێک دەدرێت). جیهـانییە.
خەڵاتی (کـلاوس فـلـۆگ) بـۆ پەرتـوکی وێنەیی بـۆ منـداڵان، خەڵاتـێکی ساڵانەیە کە تایبەتە بە وێنەکێـشانی تازەپـێگەیشتووی پەرتوکی وێنەیی بۆ منداڵان. لە ئەمـریکا.
لە دوو نووسینی پێشـترمـدا، بە درێـژی باسمان لە مەدالـیای زێـری هـانـز کریـستیان ئەنـدەرسـون و لە مەدالـیای زێـڕی کـاڵـدیکـۆت کـردووە و بـڵاومـانکـردوونـەتـەوە.
بێگومان هەڵـبژاردنی پەرتوکی وێنەی دروست و گونجاو، بەپێی تەمەنەکانی منداڵان زۆر گـرنـگە، بـۆ ئـەوەی زۆرتـریـن سـوودیـان لێ وەربگـرن.
لە پەرتوکخانەکانی وڵاتە پێشکەوتـووەکاندا، بە هەزاران پەرتووکی وێنەیی بۆ منداڵان چاپکراون، کە وێنەکانیان جوان و رەگەشن و لەلایەن وێنەکـێشانی پیشەیی ناسراوەوە کـێـشراون، کە بەرگەکانیان رەقـن و پەڕەکانیان ئەستوور و بـریسکەدارن. تەنانەت بە سەدان پەرتـوکـیان تێـدایە، کە بە تایبەتی بۆ منـداڵانی یەک ساڵان و دوو ساڵان لەسەر کوتـاڵی قـەدیـفە و شتی سەرنجـڕاکـێشی تر کـێـشراون، لە رێی ئەو وێنانەوە، منداڵانی سـاوا، فـێری نـاوی وێنـەکان دەبـن و پـێـیان ئاشـنا دەبـن. لـە ژووری هـەر منـداڵـێکی بچـووکـیشدا، پەرتـوکخـانەیەکی قـنج هـەیە، کە کۆمەڵـێک پەرتـوکی وێنـەیی ساکاریان لەسـەر رەفـتـەکانی ریـزکـردوون، تادێـش ژمارەی پەرتـوکەکان زیـاتـر دەبـن. هـەر لە منـداڵـییەوە دەیـانکەن بە هـاوڕێی پەرتـوک و خـوویی خوێـنـدنەوەیان لێـدەچـێــنن.
پەرتـوکی وێـنـەیی بـۆ منـداڵانی کورد لە کوردستانـدا، زۆر بە کەمی بەرچـاو دەکەون. ئەمـەش بـۆ ئـەوە دەگـەڕێتـەوە، کـە بـە دەگـمەن هـونـەرمەنـدانی وێنـەکـێـشـمان، بە تایبـەتی خـۆیـان بـۆ بـواری پەرتـوکی وێنـەیی بـۆ منـداڵانی کـورد تەرخـان کـردوون، زۆر کەمـن لـە پەنجـەکانی دەسـتـێکـمان تـێـناپـەڕن. جـگە لـەوەش پاڵـپـشـتی دارایی ناکرێن. لەم باردۆخەشدا، ناتوانـن تێچـووی چاپکـردن و بڵاوکردنەوە بگـرنە خۆیان.
دەزگایەکی چاپەمەنی و کۆپانیایەکیش نین، کە شان بدەنە بەر ئەم خزمەتە پیرۆزە و کۆمەڵـێک پەرتـوکی وێنـەیی بۆ منـداڵانی کوردمـان چـاپ بکەن و بـڵاوی بکەنـەوە.




نا بۆ ئیعدام، بەڵێ بۆ مافی ژیان.. بەیاننامەی ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی دژ بە سزای ئیعدام

گەلی كوردستان لە مێژوودا یەكێك بووە لەو گەلانەی بە شێوەیەكی فراوان قوربانی ئیعدام، كوشتنی دەرەوەی دادگا، ئەشكەنجە و بێسەروشوێنكردن سەركوتی سیاسی بووە. كەم نین ئەو كوردانەی لە ڕابردوودا و تا ئێستاش، بەهۆی كوردبوونیان یان بەهۆی بۆچوون و چالاكییە سیاسییەكانیانەوە، ژیانیان لێ زەوت كراوە. لە پرۆسەكانی جینۆسایدیشدا، بە كۆمەڵ مافی ژیانیان لێ زەوت كراوە و بەبێ دادگایی كۆمەڵكوژكراون.

بۆیە، هەڵوەشاندنەوەی سزای ئیعدام تەنها داواكارییەكی یاسایی نییە؛ بەڵكوو ئەركێكی مرۆڤانەشە، هەنگاوێك بۆ پاراستنی كەرامەتی مرۆڤ و وەڵامدانەوەیەكە بۆ مێژوویەكی پڕ لە ستەم و پێشێلكردنی مافەكانی گەلانی كوردستان. ئێمە باوەڕمان وایە كە كوردستان دەبێت ببێتە هەرێمێك كە مافی ژیان، ئازادی و كەرامەتی مرۆڤ تێیدا پارێزراو بێت.

لە دووای كۆنگرەی ستۆكهۆڵمی دژ بە سزای ئیعدام، كە لە رێكەوتی ١١ و ١٢ی دێسەمبەری ١٩٧٧ بەسترا، بانگەوازی جیهانی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم سزا نا مرۆڤایەتییە بەهێزتر بوو. لەو كاتەوە تا ئێستا، هەنگاوی گرنگ لە ئاستی جیهاندا نراوە؛ بەڵام بەردەوامی جێبەجێكردنی ئیعدام لە هەندێك وڵاتدا نیشانەی ئەوەیە كە هێشتا كارێكی زۆر ماوە بۆ گەیشتن بە جیهانێكی بێ ئیعدام، كارمەت و ژیانی مرۆڤ پارێزراو بێت.

ئامارە جیهانییەكان: پێشكەوتن لە یاسادا، زیادبوونی ئیعدام لە كرداردا

بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێكخراوی (Amnesty International) بە ناونیشانی «سزا و حوكمەكانی ئیعدام لە ساڵی ٢٠٢٥»، لە ساڵی ٢٠٢٥دا لانیكەم ٢,٧٠٧ كەس لە ١٧ وڵاتدا ئیعدام كراون. ئەم ژمارەیە بە ڕێژەی ٧٨٪ لە ژمارەی ١,٥١٨ ئیعدامی تۆماركراوی ساڵی ٢٠٢٤ زیاترە و بەرزترین ئاستی تۆماركراوە لەلایەن ئەم ڕێكخراوەوە لە ساڵی ١٩٨١ەوە. ئەم ئامارە ئیعدام لە وڵاتی چین لە خۆناگرێت، چونكە ئاماری رێك لەم وڵاتە بڵاو ناكرێنەوە. هەروەها، لە ساڵی ٢٠٢٥دا لانیكەم ٢,٣٣٤ حوكمی نوێی ئیعدام لە ٤٨ وڵاتدا تۆمار كراوە.
لە هەمان كاتدا، پێشكەوتنی یاسایی لە بواری هەڵوەشاندنەوەی سزای ئیعدام بەردەوامە. لە كۆتایی ساڵی ٢٠٢٥دا، ١١٣ وڵات سزای ئیعدامیان بۆ هەموو تاوانەكان بە تەواوی لە یاسادا هەڵوەشاندبووەوە و بە گشتی ١٤٥ وڵات ئەم سزایەیان لە یاسا یان لە كرداردا هەڵوەشاندبووەوە. لە بەرامبەردا، لە ساڵی ٢٠٢٥دا ئیعدام لە ١٧ وڵاتدا ئەنجامدراوە. ئەم جیاوازییە نیشان دەدات كە هەرچەندە ڕێڕەوی جیهانی بەرەو هەڵوەشاندنەوەی ئیعدامە، بەڵام زیادبوونی ژمارەی ئیعدامەكان هۆشدارییەكی جدییە و دەری دەخات رێگاكە بۆ گەیشتن بە جیهانی بێ ئیعدام بێ كەند و كۆسپ نییە.
لە هەنگاوێكی گرنگی ساڵی ٢٠٢٦دا، پەرلەمانی لوبنان لە رێكەوتی ١١ی ئابی ٢٠٢٦ یاسای هەڵوەشاندنەوەی سزای ئیعدامی بۆ هەموو تاوانەكان پەسەند كرد. یاساكە لە ٢٠ی ئابی ٢٠٢٦ لە ژمارە ٣٦ی ڕۆژنامەی فەرمی بڵاوكرایەوە و چووە بواری جێبەجێكردنەوە. بەمەش لوبنان بووە یەكەم وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە سزای ئیعدامی بۆ هەموو تاوانەكان بە یاسا هەڵدەوەشێنێتەوە. بە پێی ئەم گۆڕانكارییە، ژمارەی وڵاتەكانی هەڵوەشێنەرەوەی سزای ئیعدام بۆ هەموو تاوانەكان دەگاتە ١١٤ وڵات، ئەمەش بۆ ئێمە گرنگ بوو.

دۆخی عێراق و هەرێمی كوردستان

بەداخەوە، عێراق هێشتا لەو وڵاتانەدایە كە سزای ئیعدام لە یاسا و كرداردا بەردەوامە. ڕاپۆرتی Amnesty International ئیعدام لە عێراقی لە ساڵی ٢٠٢٥دا تۆمار كردووە، بەڵام ژمارەی وردی ئیعدامەكانی ئەو ساڵەی عێراقی نەتوانیوە پشتڕاست بكاتەوە.
لە هەرێمی كوردستانیشدا، ڕاگرتنی جێبەجێكردنی ئیعدام هەنگاوێكی گرنگە؛ بەڵام ڕاگرتن جیاوازە لە هەڵوەشاندنەوەی یاسایی. بۆیە داواكاریی ئێمە ئەوەیە كە ئەم هەنگاوە بەرەو هەڵوەشاندنەوەی یاسایی و یەكجاری سزای ئیعدام بڕوات و مافی ژیان ببێتە بنەمایەكی پارێزراوی یاسایی و سیاسەتی گشتی لە هەرێمی كوردستاندا.

ئێمە لەم ڕۆژەدا داوا لە حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین هەنگاوی ڕاستەقینە و كرداری بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای ئیعدام بنێن، حوكمەكانی ئیعدام جێبەجێ نەكەن و بەرەو سیستەمێكی دادوەری مرۆڤانە، دادپەروەر و سەربەخۆ بڕۆن.

داواكارییەكانمان

لە ڕۆژی جیهانی دژ بە سزای ئیعدامدا، ئێمە داوا لە دامەزراوە فەرمییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین:

١. سزای ئیعدام بە یەكجاری هەڵبوەشێننەوە و هەموو هەنگاوێكی یاسایی و پێویست بۆ گۆڕینی ئەو یاسایانە بنێن.

٢. لە سەرۆكی كۆماری عێراق، بەڕێز د. نزار ئامێدی، و سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، داوا دەكەین هیچ حوكمێكی ئیعدام واژۆ و پشتڕاست نەكەنەوە و هەموو هەوڵێكیان بۆ پاراستنی مافی ژیان و پاراستنی كەرامەتی مرۆڤ بخەنە گەڕ.

٣. زیندانە نهێنییەكان كۆتاییان پێبهێنرێت. هۆكاری دەستگیركردن و ڕاگرتنی هەر كەسێك لە ماوەی یاساییدا بە شێوەیەكی ڕوون ئاشكرا بكرێت و دەستگەیشتن بە پارێزەر و دادگا مسۆگەر بكرێت بۆ هەمووان.

٤. زیندانی سیاسی و دەستگیركردنی نایاسایی قەدەغە بكرێت و هیچ كەسێك بەهۆی بۆچوون، ناسنامە، چالاكیی مەدەنی یان سیاسییەكەیەوە ڕووبەڕووی سەركوت و زیندان نەبێتەوە.

٥. ئەشكەنجە و هەموو شێوەكانی مامەڵەی نامرۆڤانە قەدەغە بكرێت و بە كردار ڕێگرییان لێ بكرێت. لێكۆڵینەوەی سەربەخۆ لە هەموو تۆمەتەكانی ئەشكەنجە و مامەڵەی نایاسایی بكرێت و بەرپرسان بەرامبەر یاسا وەڵامدەرەوە بن.

٦. سەربەخۆیی دادگا و دادوەری بپارێزرێت، دەستێوەردانی سیاسی لە پرۆسەی دادوەری ڕێگری لێ بكرێت و دامەزراوەكانی دادوەری و داواكاری گشتی بەهێز بكرێن.

٧. ماف و كەرامەتی زیندانییان بپارێزرێت. مافی پەیوەندی بە خێزان و پارێزەر، چاودێری تەندروستی و پاراستنی كەلوپەل و شتە تایبەتییەكانی زیندانی بە پێی یاسا ڕەچاو بكرێت. هەر پشكنینێكیش لە سنووری یاسا و بە چاودێری دەسەڵاتی دادوەریی پەیوەندیداردا بێت.

٨. لێپرسینەوە لە تاوانە گەورەكان بەردەوام بێت. تاوانبارانی جینۆساید، تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی دەبێت بە دادگایی سەربەخۆ و دادپەروەرانە ڕووبەڕووی لێپرسینەوە ببنەوە. ڕەتكردنەوەی سزای ئیعدام بە مانای بێسزایی نییە؛ بەڵكوو داواكارییە بۆ دادپەروەرییەكی یاسایی، مرۆڤانە و ڕێزگر لە مافە بنەڕەتییەكانی مرۆڤ.

٩. مافی قوربانیان و خێزانەكانیان بپارێزرێت، ڕاستییەكان ئاشكرا بكرێن و بۆ قوربانیانی جینۆساید و تاوانە گەورەكان دادپەروەری، ڕاستی‌زانی، قەرەبوو و گەرەنتی دووبارەنەبوونەوە دابین بكرێت.

پەیامەكەمان

ئێمە باوەڕمان وایە كە مافی ژیان مافێكی بنەڕەتی و جیهانییە و نابێت بە هیچ بیانوویەكەوە لە مرۆڤ زەوت بكرێت. ئەزموونی مێژوویی گەلی كورد و قوربانیانی جینۆساید پێمان دەڵێت كە پاراستنی ژیان، ڕێگری لە ئەشكەنجە و دابینكردنی دادپەروەری ئەركی هەموومانە.

بە بۆنەی ١٠ی ئۆكتۆبەری ٢٠٢٦، بانگەوازمان بۆ هەموو حكومەتەكان، پەرلەمانەكان، دامەزراوەكانی دادوەری، ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و هەموو مرۆڤدۆستان ئەوەیە كە بۆ جیهانێك هەوڵ بدەن كە تێیدا سزای ئیعدام نەبێت، ئەشكەنجە ڕەوا نەبێت و كەرامەتی مرۆڤ بپارێزرێت، لەسەر بنەمای نەتەوەیی و ئاینی پێشێلكاری ئەنجام نەدرێت.

نا بۆ ئیعدام، نا بۆ ئەشكەنجە؛ بەڵێ بۆ مافی ژیان، بەڵێ بۆ پاراستنی كەرامەتی مرۆڤ.

واژۆكەرانی بەیاننامەكە:
ڕێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید (Kurdistan Without Genocide)
تۆڕی KONCICC
هەڵمەتی دادپەروەری
هەڵمەتی ژیان: نا بۆ ئیعدام لە كوردستان

١٠ی ئۆكتۆبەری ٢٠٢٦