گفتوگۆیەکی شانۆیی لەگەڵ نیهاد جامی.. بەشی هەشتەم و کۆتایی

-قسەمان لەسەر ڕەخنەگرتنە لەشانۆدا، لەساتی ئەو گفتوگۆیەدا کەوا پێ دەنێتە مانگی پێنجەمەوە، هێشتا نازانین کەی تەواو دەبین، شانۆکارێک لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی هێرشی کردە سەرت، هەڕەشەی ئەوەت لێ دەکات کە دەتباتە دادگای فەرەنسا و کوردستان، چونکە تۆ تۆمەتی بەعسی بوونت خستۆتە پاڵ ئەوان لەشانۆی ئەزموونگەریدا، ئایا تۆ ئامادەیت بچیتە دادگا و بەڵگەکانت چین؟

-رەنگە ئەوە پرسیاری زۆر کەس بێت، لەڕاستیدا ئەو برادەرەی هەڕەشە دەکات شانۆکار نیە و کتێب نووسە، سالانە گرنگ لەپێنج کتێب کەمتر چاپ نەکات و گرنگیش نیە کتێبەکانی لە چ ئاستێکدایە، هەڵبەت من لەهەڕەشەکەی ئەو باش تێدەگەم، نوسینەکەی ئەویان بۆ ناردم، کە بەرەنجامی کۆمێنتێکی من بوو لەسەر وتاری دۆستێک نووسی بووم، سەرەتا من نەموتوە شانۆکارانی تیپی شانۆی ئەزموونگەری کوردیی هەموویان بەعسی بوونە، ئەوە تۆمەتێکی نا ئەخلاقیە هەڵبەستراوە بۆم، من هەڵەی وا ناکەم و زۆربەیان دۆست و خۆشەویستن لای من، بەڵام ووتم کە دەکرێت کەسی تیا بێت، تۆ کە لەشانۆی سەربازی بەعس کارت کردبێت، تا لە فیراری خۆت ڕزگار بکەیت یاخود وتارەکانی سەددام بەناوی خوازراو وەربگێرێت بۆ پارە وەرگرتن لەرۆژنامەکانی ئەوسا، من گرفتم لەوە نیە، بەڵام لەو شوێنە گرفتم دەبێت، ئەمڕۆ ئەوەمان بە شۆڕشگێریەتی پێبفرۆشیتەوە، لە دیدارێکدا شانۆکار بەکر ڕەشید ووتی «بەهۆی ئیمزا نەکردنی بەعسی بوون لە پەیمانگای بەغدا وەرنەگیرام» ئەو قسەیە رێک مانای وایە ئەوانەی وەرگیران ئیمزایان کردو کاک بەکر نەیکرد، گرفتەکە لەو ئیمزایە و تەزکییەی بەعسی بوون نیە بۆ من، ئەوە پەیوەندی بەهەر کەسێکە لەو رۆژگارە ئەو کارەی کردبێت، گرفتەکە لەو خۆ نواندنی پاڵەوانەیە گە ر مرۆڤ وایکرد، هەڵبەت ئەو قسانە بۆ کەسێکی دیاریکراو نیە، هێندەی قسەکردنە لە دیاردەی بە پاڵەوان بوون لەکارەکتەرەکانی ڕابردوو، بۆیە ئەوە بابەتی ئێمە نیە، ئەو کتێب نووسە کە ئەو کورتە نووسینەی نوسیوەو لەژێر بابەتەکەی ئەویش کۆمەلێک دۆست و نەیار کەوتونەتە کۆمێنت نووسین، وەک ئەوەی لەدەرفەتێک گەڕابن تا قسەم لەبارەوە بکەن، بەڵام کۆمێنتەکان هێندە ئاستێکی نزم و باس لەنەزانینێکی گەورە دەکەن هیچیان شایەنی ئەوە نین لەسەریان بووەستم، ئەو کتێب نووسەش لەڕاستیدا نەیدەویست و نایەوێت شکات بکات، بەڵکو دەیویست من لەبابەتەکە دوور بخاتەوەو قسەکردن لەشانۆی ئەزموونگەری ببات بۆ بابەتی بەعسیبون، بە بەلگەی ئەوەی چەند برادەرێک بەهەمان شێوە هاتن، دەیانویست بابەتەکە بگوازنەوە بۆ سەر چەند شانۆکارێکیترو پرسی تر، من لەو گەمەیە باش تێگەیشتم، قسەی من لەسەر کتێبە خراپەکان و تیۆرەکان، لەسەر خوێندنەوەی ڕەخنەیی نیو سەدەی بزووتنەوەیەکی شانۆییە، بۆیە دەیانویست ئەو پرسە نەبێتە گفتوگۆی ئێمە، سەرباری ئەوەی تێگەیشتم ئەو نێوەندە شانۆییەی ئێمە خەریکی چ سادەبونەوەیەکی شتەکانە، لەپڕ تێدەگەیت هاورێیەتی بەندە بە بەرژەوەندیەوە، پەیوەندی مرۆڤەکان لەگەڵت دەپچڕێن، ئیتر نایانەوێت وەک مرۆڤیش بتناسن، هیوادارم دوای ئەو قسانەم لەبریارەکەیان پاشگەز نەبنەوە، چونکە بۆ من ئەوانە بەرهەمی دەرەوەی مەعریفەی شانۆیین، کتێب و ناوەکان بۆ ناوهێنانە لەکاتی بەردەمی مایکی تی ڤی و رۆژنامەکان و کتێبەکانیش نمایشکردنی بەرگەکانیەتی لە فەیسبوک ، ئەو دۆخە باشتر تێیگەیاندم، زۆرینە دەیانەوێت ڕاستی نەبینن، چونکە حەقیقەت ناچارت دەکات بووەستیت، بگەڕێیت بەدوای نەزانراوەکان، گومان لە مەعریفە بکەیت و بەدوای مەعریفەی نەزانراو بگەڕێیت، وەلام و لۆژیکەکانت بمرن، پێویستت بە پرسیاری زیندوو بێت تا بزانیت، لەسەر تەرمێک نەژیت، من هیچ گرفتێکم نیە، لەتووڕەبونی ئەوانەی لەژیاندا نزیکم بوون، هەر هێندەی قسەم لەحەقیقەتی شانۆ کرد کەوتنە بێدەنگی و کۆتایی هێنان، کێ دەڵێت من بەوە دلخۆش نیم، ژیان وات لێ بکات چیتر کات نەدەیت بەوانەی شایستە نین لەژیانت، باشتر وایە مرۆڤی ووشە و کاغەز هاورێت بن، هەر نا مرۆڤە کاغەزینەکان درۆت لەگەڵ ناکەن، چەند دەرفەتێکی باشە لێرە زانیاریەکی تر بخەمە ڕوو، هەفتەی ئایندە بەبۆنەی یادی نەوەت ساڵەی تەمەنی، یۆژینیۆ باربا یادی لەدایکبونی خۆی دەکاتەوە لە پەیمانگای شانۆی گرۆتۆڤسکی بە نمایشێکی شانۆیی، ئەو یادکردنەوەیە سەرەتا ئەوەمان پێ دەڵێت ئەو شانۆیە بۆ باربا وەک بۆنەی کۆمەڵایەتی ژیانە، بۆ لەدایکبونی خۆی ئاهەنگی پێ دەگێڕێت، پێویست ناکات تۆ پێت وابێت ئەو ئەنترۆپۆلۆگێکی شانۆییە، چونکە بۆ من نەژاد نەجم سەد هێندە لە باربا شانۆکارترە، من کارەکانی باربام بە ڤیدیۆ بینیووە، ئەو لەسەر ناوی گرۆتۆڤسکی دەژییت، عەرابی گرۆتۆڤسکیە، ئەو عەراب بوونەی کردویەتی بەناوێکی شانۆیی نەک نمایشەکانی، من ئەگەر وەک جاران لەکوردستان بومایە حەسرەتم دەخواست کە ناتوانم ئەو کارەی باربا ببینم، بەلام ئێستا پێم حەیفە بڕۆم پارە بدەم بەم نمایشەکە دەیەوێت بۆ رۆژی لەدایکبونی هەندێک داهات کۆ بکاتەوە، ئەو جۆرە بزنسە پەیوەندیی بە شانۆ نیە، هێندەی شانۆ بیانویەکی بە بازاریکردنە، کەچی ئێمەی کورد دێین دیمەنی ئاڵۆز درووست دەکەین و لە لێدوانەکانیشدا قسە لە باربا دەکەین وەک ئەنترۆپۆلۆگێکی شانۆیی.

*باست لەنەژاد نەجم کرد، ئەو پێشتر لەگەڵ تۆ کاری کردووە، دلخۆشی بە کارەکانی، بەو رادەیە پێت وایە لە باربا باشترە؟
-ئەو کورە لەگەڵ مندا کەمترین کاری کردووە، گەر هەڵە نەبم، لە دوو نمایش کە دوو کورتە شانۆنامەی بیکیت بوو کاری لەگەڵمدا کرد، بەڵام گەنجێک هەر لەسەرەتاوە دەیویست فێر بێت، ئەوەی من لە کەرکوک خەونم بوو نەمتوانی پێی بگەم، ئەو لەگەڵ ئەندامانی تیپەکەیدا کردی، سەیرکە بێدەنگیەک لەبەردەم ئەوان هەیە، بۆ پەراوێز خستنیان، بەڵام بیرت نەچێت «تیپی شانۆی هەوار» بەقەد هەموو تیپە شانۆییەکان خەڵاتی فێستڤاڵە ناوچەیی و وڵاتانی بردۆتەوە، بابەتەکە جیاوازە، تۆ دەتوانی کاری ئەوانت بە دڵ نەبێت، بەڵام بابەتی خەلاتەکان لە فێستڤاڵێک و دوو وڵات نەوەستاوە، من دڵخۆشم بەوان، لەڕابردوودا زیاتر ئارەزووی گەنجانە و هەڵچوونی خراپیان هەبوو، ئێستا دەبینم لۆژیکیتر دەردەکەون و عاقڵتر ڕەفتار دەکەن، ئەوە سوود بەخۆیان دەگەیەنێت، وایان لێ دەکات بتوانن هەناسە درێژ بن، هەڵبەت من قسەم لەسەر بیرکردنەوەی شانۆییان هەیە، هێشتا تا ئاستێک وەهمی ئەزموونکاریەت بەری نەداون، بەلام تۆ سەیری نمایشی «سەلما» بکە، ئەو کارە لەرێی تێکست و دیالۆگ و نواندنی دوو وزەی ئەکتەر چۆن دەتوانن ئازاری مرۆڤی کوردیی بەرجەستە بکەن، بۆیە بۆ من ئەوان ئومێدی گەورەن و هیوادارم بتوانن هێمنتر بیربکەنەوەو شانۆ ببێتە پرۆژەی ژیانیان.

*حەقیقەت لە کاری هونەریدا پرسێکی گرنگی فەیلەسوفەکانە، دوور لە واتای فەیلەسوفەکانەوە، ئێمە چۆن سەیری پەیوەندی نێوان حەقیقەت و شانۆ بکەین؟

-پرسیارێکی خراپە، چونکە ناچارمان دەکات، یا لەسەرەتاوە دەست پێ بکەینەوە یاخود دەبێت دڵڕەقانە درێژە بەگفتوگۆکە بدەین، بەڵام هەوڵ دەدەم وەڵامەکەم چڕ بکەمەوە، حەقیقەت وێنەیەکی ڕاستەقینەی نێو دیمەنی شانۆی عێراقیە بەر لەهاتنی بەعسیەکان بۆ سەر حوکم، بەهاتنی بەعسیەکان دەرگا لەکۆمەڵە شانۆکارێک دەکاتەوە بڕۆن لە ئەوروپای خۆرهەڵاتی ئەو کات شانۆ بخوێنن، چونکە بەعسیزم لەدروشمی خۆیدا سۆسیالیزمی بەرز کردبۆوە، کە لەبنەرەتدا سۆسیالیزم بۆ بەعس هەڵگری دیدێکی فاشیانەیە، تۆ بۆ ئەوەی لە سۆسیالیزمی بەعسیزم تێبگەیت ناکرێت ڕووکەشانە سەیری دیاردەیەکی سادە بکەیت، بەڵکو هەمیشە دەبێت بگەڕێیتەوە بۆ کتێبەکانی عەفلەق، چونکە سەددام زۆر هێمن و لەسەر خۆیانە دیدی عەفلەقی بەسەر کۆمەڵگای عێراقیدا سەپاند، ئەوەش فۆڕمێکی نێو دەزگاکانی ئایدیۆلۆژیایە، کۆمەڵگای سۆسیالیستی عێراقی هاوشێوەی کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستی کۆنترۆلکراوی یەکێتی سۆڤیەتی ئەو رۆژگارە بوو، گۆڕینی فۆڕمی شانۆیە بۆ کوژرانی ناوەرۆک، بەعسیزم بە پێچەوانەی سۆڤیەت، بۆی گرنگە ئەو فیکرانە بێنە ناو شانۆ کە دژی چینایەتیش بێت، هەڵبەت یەکتێی سۆڤیەت ئەوەی لەبەرامبەر شانۆدا پێ قەبووڵ نەبوو، لێرەوە فۆڕمە ئەوروپیە سۆسیالیستیەکەی لەڕێی چەند شانۆکارێکەوە کە ناردنی بۆ بلۆکی خۆرهەڵاتی، توانی بەتەواوی فیکر لەشانۆ بگۆڕێت، حەقیقەتی کۆمەڵایەتی مرۆڤی عێراقی گۆڕی بە فۆڕمی باڵای شانۆی عێراقی، فۆڕمێک بۆ ئەوەی حەقیقەت نەخرێتە ڕوو، باس لە تێکستە جیهانیەکان و فۆڕمی خۆرئاوایی بکات، دەشێت ئەوە تا ئاستێکی زۆر شانۆ تیایدا گەشە بکات، بەڵام لە ئامادە نەبوونی کولتور حەقیقەت دەشاردرێتەوە، شاردنەوەی حەقیقەت لێکترازانی پەیوەندیەتی لەگەڵ شانۆدا، شانۆکارانی کوردیش کە شانۆی ئاراستە کراوی مەعریفەی ئەو رۆژگارەی دەزانی، دەیویست میکانیزمە شانۆییەکە بگوازێتەوە ناو شانۆی کوردی، ئەوەش لە میکانیزمەوە گۆڕا بۆ ستراتیژ، چونکە تا ئەمرۆش پرسی تازەگەری لە پرسی حەقیقەت گرنگترە لەناو نمایشی شانۆییدا، بەڵام با بیرمان نەچێت ئەوە بەو مانایە نیە شانۆکاری کورد ئینتیمای بۆ فکری بەعس کرد، بەڵکو شاگەشکەی ڕواڵەتخوازیانەی نوێگەری بوو، نوێگەریەک کوشتنی حەقیقەت و بە باڵاکردنی فۆڕم بوو، بەلام فۆڕمێک نەیدەتوانی پرسیار لای بینەر بەجێ بێلێت، بەڵکو ئەو دیدەی خستیانەتە ڕوو تەنیا لای خودی شانۆکار بوونی هەبووە، ئیدی ئەوەش بۆ فاشیزمی بەعسی گرنگ بووە، بینەر هۆشیار نەبۆتەوە بەهۆی شانۆوە، بەڵکو وەهمی شانۆی باڵا و تەکنیکی شانۆیی بۆتە پرسی نێوەندی شانۆی ئێمە، ئەوەش هۆکارێکی گرنگە کە ئەو پێنج دەرهێنەرە ئەزموونکارەی خۆرئاوا ببن بە فریادرەس و ڕزگارکەری شانۆی ئێمە، بەداخەوە تا ئێستاش نەوەی ئەزموونگەری و بەشێک لەنەوەی نوێ لەناو ئەو ناوانە دەسوورێنەوە، وەک ئەوەی پەنجا ساڵی کۆتایی شانۆی ئەوروپی ناوێکی نوێی بنیات نەنابێت، چونکە بەکۆتایی شانۆی ئەزموونگەری و دوای سەفەری گرۆتۆڤسکی بۆ ئیتاڵیا، ئەوەی شوێنی شانۆی ئەزموونگەری گرتەوە پێرفۆڕمانس بوو، بۆیە تا ئەمڕۆش گروپەکانی پێرفۆرمانس لە ئەوروپا خەریکی کاری خۆیانن، تەنانەت لەشاری ڤرۆسواڤی پۆڵەندی ئەو شارەی ئەنستویتی گرۆتۆڤسکی لێیە بەدەیان گروپی پێرفۆرمانسی کارەکانی خۆیان نمایش دەکەن و لەسالیادەکانی گرۆتۆڤسکی و کانتور بە کاری پێرفۆرمانسی بەشداری دەکەن، بەڵام دەستەواژەی ئەزموونگەری و ئەزموونکاریەت وابەستەی رۆژگارێک بوو کە ساتێک کۆتایی هات گەیشت بە ئێمەی کورد، بەڵام لەراستیدا شانۆی ئەزموونگەری لای ئێمە وابەستەی شانۆی وێنەیی بەغدا و هەندێک کتێبی خراپی شانۆیی سەمیر سەرحان و سەعد ئەردەش بوو، کە بەتایبەت سەرحان ڕەوانبێژیەکی زمانەوانی بەکار دێنێت و ئەردەش ڕووکەشانە بە دوو لاپەرەیی باس لە ئەزموونەکانی خۆرئاوا دەکات، کە ئەوە بوو بە سەرچاوەی بنەرەتی شانۆی ئەزموونگەری کوردیی.

*لەسەرەتای کاری شانۆییت نمایشێکتان پێشکەش کرد بەناوی شانۆی ڕەشی چیکسلۆڤاکی، دەکرێت لەبارەی ئەم شانۆیە قسە بکەیت؟

-لەڕاستیدا وەک هەڵەی شانۆکارانی ئەزموونگەری هەشتاکان ئەوەش یەکێک بوو لەهەڵەکانی من، وتارێک هەبوو لە گۆڤاری ئەقلام ژمارە یەکی سالی ١٩٧٩ لەبارەی ئەو شانۆیە سەرسام بووم پێی ویستم بەم شێوازە کار بکەم، نەک هەر ئەوە، هاتم وتارێکەم ئامادەکردەوەو سەر لەنوێ بلاوم کردەوە، بە تێکەلکێشکردنی ڕوانینە شانۆییەکانی خۆم لەکاتی پرۆڤەدا، هاورێیەکی تریش هەر ئەو وتارەی کردە کوردی و بەهەمان شێوە کاری تیا کردەوە، ئەوە هەڵەی ئەو ڕۆژگارە بوو، نەبوونی سەرچاوە وا بەرەو هەڵدێری دەبردین، بەڵام لەبنەرەتدا ئەو وتارە عەرەبیە کە ببوە سەرچاوەی ئێمە بۆ ئەم شانۆیە زۆر ناتەواو بوو، بە مانایەکیتر ڕووکەشانە ئەو شانۆیەمان وەرگرتبوو، دەنا بۆ خۆی شانۆکە لەنێوان ئەفسوونی روناکی و تیشکی سەرووی ئەرخەوانیە، کە ئەو جۆرە روناکیە لەلای ئێمە هەر بوونی نەبووە، من بەم دواییە لە ماڵپەری شانۆی هیلت کە تایبەتە بە شانۆی ڕەشی چیکی خوێندمەوە، شانۆیەکە یەکێک لەڕەگەزەکانی کۆمێدیایەکی بێدەنگە، گێڕانەوەیەکی شیعریی بێ دیالۆگە، لەئێستاشدا ئەم شانۆیە وەک ناوەندێکی سەربەخۆ کاری خۆی دەکات و بەردەوامە، بەڵام گەشەی تەواوی پێدراوە بەتایبەت لەبەکارهێنانی هونەری سەما، هەروەها شانۆکە گەشتی کردووە بۆ چەندین شوێنی جیاواز وەکو هیند و گواتیمالا، وەک خۆیان ئاماژەی بۆ دەکەن شانۆکەیان بەتەنیا مەبەست لە نمایشی شانۆیی نیە، بەڵکو دیدارێکی کولتوریی نێوان فرە کولتورەکانە، بۆیە هەمیشە دەرگا دەکاتەوە بۆ شانۆکارانی کولتورەکانیتر بۆ کاری هاوبەش، بەڵام کارەکەی من بریتی بوو لەنەزانینێکی گەورە، کە فریوخواردی دەستی وتارێکی عەرەبی بووم، دەزانم ئەو بوێریەی لەمندایە هەرگیز لەوانەدا نیە کە فریووی دوو کتێبی عەرەبی و شانۆی وێنەیین، هێشتا وەک سەربازێکی سەرکەوتووی جەنگ سەیری خۆیان دەکەن، من لەوە ناترسم ناوم لەمێژوودا بسڕێتەوە، چونکە بڕوام بەوەیە حەقیقەت دەبێت نیشان بدرێت، سەیرکە گاستۆن باشلار لەکتێبێکیدا باس لەو مێشوولەیە دەکات کە دەچێت خۆی دەنووسێنێت بە شووشەی چرایەکەوە، دەڵێت مێشوولەکە دەزانێت جەستەی بەر چراکە بکەوێت دەسوتێت ونامێنێت، بەلام هەست دەکات ڕوناکی چراکە لە ژیانی ئەو گرنگترەو جۆرێک لە نەمریی پێ دەبەخشێت، ئەو گفتوگۆیە بۆ من ڕێک ئاوایە، زۆربەی ئەوانەی وامدەزانین هاوڕێمن نەک لە دەستمدان، بەڵکو کەوتنە تۆمەت و حیکایەت و سڕینەوەم وەک مرۆڤ، دەی ئاخر دڵخۆشم هەندێک لەوانە لەخۆیان ناپرسن بۆچی توڕە بوونە چونکە قسەم لەسەر ئاڕتۆ کردووە، ئێ خۆ باوکی شەرعیتان نیە، گرۆتۆڤسکیم پۆلین کردووە، دەی خۆ کفرم بەئاینەکەتان نەکردووە، ئێوە ئەوتان لەمن بۆ گرنگترە؟ نا وا نیە بەلام سێ ناوتان لەبەر کردووە بەدوای ئەو سێ ناوە نازانن باسی چی بکەن، چونکە مەعریفەی زانراوتان دەکوژرێت و دەبێت سەر لەنوێ بەدوای کتێب بگەڕێن، جا هەیە بەقەد شانۆکاری کورد دوژمنی کتێب بێت، باسی ئەوە ناکەم کە لەماڵەکاندا هەتانە، باسی کتێب دەکەم وەک خوێندنەوە، باسی ئەوەی نیو سەدەی دوایی شانۆ لەدنیادا چی بوو، لەکوێوە ئێمە وەستاوین، ئەو پەنجا سالەی ڕابردوو بۆچی وونە لەشانۆی ئێمەدا؟ شانۆ لەپەنجا سالی کۆتایی چی کردووە؟ ئەو پرسیارانە بوون منیان هێنایە گۆ، گەر نەتوانیت حەقەقەت بشاریتەوە، دەکرێت وەک دکتۆر ستۆکمانی دوژمنی گەل کەس لەگەڵت نەبێت، بەڵام خۆت بەتەنیا حەقیقەت ببینیت، بۆ من حەقیقەت لابردنی دەمامکی گوماناویە، ئاشکراکردنی درۆیە، جیاکردنەوەی دژبوونە لە شانۆ لابردنی وەهمە، دەبێت درۆ و خەیاڵ تێکەڵی یەکتر نەکرێت، کاتێک مرۆڤ دڵی دەشکێت، بریندار دەبێت، بەڵام من بریندار نەبووم، چونکە دڵم نەشکا، بەڵکو دەمامکی سەر زۆرینەم لا برد، چونکە خۆشم ویستن و نەمویست هەموو ژیانیان لەناو وەهم و درۆدا بمێننەوە، ڕەنگە ئەو گفتوگۆیە دواهەمین پڕۆژەی نووسینی من بێت بە کوردیی لەبارەی شانۆوە، بەڵام هیچ کتێبێکم هێندە ڕاستگۆیانە نەنووسیوە، هێندە پڕ لە زانیاری و دڵنیایی قسەم تیای نەکردووە، بۆیە لەهەموو کتێبەکانیترم لە لا خۆشەویسترە.




لە ئاهەنگی بیست ساڵەی زێواندا.. سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

 

هه‌موو ده‌م حه‌زم كردووه‌. خه‌ونی ئه‌و داهێنه‌رانه‌ ببینم، كه‌ خۆشمویستوون. داهێنان پێوه‌ندی نێوان داهێنه‌ر و خوێنه‌ر ده‌پارێزێت.
هه‌وڵده‌ده‌م شاعیری داهاتوو بم، له‌ مه‌ودایه‌كی دووردا. وه‌ك مرۆڤێكی ڕۆحی بیربكه‌مه‌وه‌، وه‌ك شاعیرێكی ساكار و زه‌ینییش بنووسم.
ئەگەر شاعیر ڕاستگۆ بوو، بێ هیچ گومانێك خوێنەريش زۆر بە ئاسایی هەست بەو ڕاستگۆیییەی دەكات و پێی خۆشحاڵ دەبێت. شیعری پاراو و بێگەردیش وەك مەسیح لە دایكێكی پاكیزە لە دایك دەبێت. لەو ئەزموونەی خۆمدا، كە لە تەنیشت مەرگەوە ژیاوە، كەم و زۆر گەشەی كردووە، هەوڵم داوە ئەو جۆرە شیعرە بەرهەم بهێنم، كە لە دایكێكی پاكیزە لە دایك بووبێت، ئەگەر نەشمتوانیبێت بەرهەمی بهێنم، تێ كۆشاوم لێی نزیك ببمەوە. وەك ڕۆشنبوونەوەیەكی گیانی پێوەی خەریكبم.
دوای ئەوەی بیست ساڵ بە سەر چاپكردنی یەكەمین كتێبم: زێوان-دا تێ پەڕی، بیرم بۆ ئەوە جووڵا، وەك نیمچە ئەزموونێك چەند دێڕێكی لە بارەوە تۆمار بكەم، یان ئەو هەرێمەی ئەو دەقەم تێیدا حەواندووەتەوە. جارێكی دیكە بچمەوە ناوی و مەودا و ئاكارەكانی بپێومەوە، كه‌ له‌دایكبوونی بۆچوونمن.
لەو دەقەدا هەوڵم داوە بگەڕێمەوە بۆ كرۆك و ناوكی گیانی منداڵی. بە تاسە و پەرۆشییەكی تایبەتەوە لە زەیندا سەردانی شوێنی منداڵیم بكەمەوە. ئەو شوێنەی شیعر تێیدا پاراو و بێگەردە، خولیایەكی بەهێزە بۆ پاراو و بێگەردبوون، پاراو و بێگەردبوون جگە لە واتای سەربەخۆ. واتای زەینییشی هەیە، مه‌داری ئه‌فسوونی وشه‌ و زمانه‌.
بەهرە و سرووشم لە سروشتی پاكیزە و نەژاكاوەوە وەردەگرت، وەك سەرچاوەیەكی بە پیت و یارمەتیدەر بۆ خەمڵاندنی بیركردنەوەم، لێی نزیك دەبوومەوە.
لە هەیكەلی ئەم دەقەدا، هەموو چەشنە ئەدەبییەكان كۆ كراونەتەوە، پێوەندییان ڕوون و بە ناویەكدا چووە و لە هاتووچووندان، بەڵام بە پلەی یەكەم شێواز و چەمك و ڕامانی سەرەكیی خۆی وەك: (ڕۆمانە شیعر) دەردەخات.
لە تەمەنی نۆزدە ساڵیدا یەكەم هەناسەی بە سییەكانمدا گەڕا، ڕژایە ئاسۆی هەستەكانمەوە. پێویست بوو هەڵی بگرمەوە، لە بیست و دوو ساڵیدا بەرهەم هات و تەواو گەڵاڵە بوو. وەك پرۆژەیەكی ئاراستەكراو، خۆدامەزراندن بیرم لەوە نەكردبووەوە درێژە بە نووسینی دەقێكی لەم جۆرە دوور و درێژ و تاكدەنگی و خەمئامێز بدەم، هەرچەند دەمنووسی پارچەكانم بە یەك دەگرتن هەمووی یەك كەشوهەوا بوون و دەچوونە هەمان دۆخی خەمئامێزی نووسینەوە. وەك ژوورێكی ئاوێنەیی لە هەموو لایەكەوە خۆمی ڕووبەڕوو كردمەوە. هه‌موو گه‌ردوونی نقوومی خۆی كردبوو، لە دڵەوە لەم ڕووبەڕووبوونەوەیەم پرسی و بە دوایدا گەڕام، بۆ ئەوەی لە سەرگەرمیی گەڕاندا دووبارە خۆم بە بوون بناسێنمەوە. بڕیاری دیكە بۆ چۆنیەتیی ژیان بدەم، هەموو لك و پۆپەكانیش بە ژیانەوە گرێ بدەمەوە و لای مەرگ ڕای بگرم، چونكە نوێبەخش هەمیشە بە خۆناساندنەوەی دووبارە ئاشق دەبێتەوە، پێویستییەكانی ئەشق وەك ئاگرێكی ئەفسووناوی لە ناوەوە گەرمی دادەهێنێ بۆ گەڕان و پەیبردن بە ئاڵۆزییەكان و دۆزینەوەی هێڵ و دۆخی نووسین. سەرەتا سێ ناونیشان بە خۆیانەوە خەریكیان كردبووم.
یەكەم: منداڵی بەرزەخییەكان.

دووەم: زێوان.
سێیەم: گۆڕان لە ئاكاری مەرگدا.

بە درێژاییی ماوەی نووسین نیگەرانییەكیشم لەگەڵدا بوو بۆ هەڵبژاردنی ناونیشان، دواتر لە هەڵبژاردنی زێوان-دا هەموو شتێك بە ئاستی خۆی گەیشت.
لەم دەقەدا، گشتێكی یەكگرتوو هەیە. لە دوای ئەو ئەزموونە ئەم گشتە یەكگرتووە لە ئەزموونی مندا بەرەو كزی و نەمان دەچێت. (ڕەگەزی كتوپڕی) زاڵ دەبێت، ڕایەڵ و تانوپۆی شێوازی لەمەوبەدوام دەچنێت، هەروەها ویستوومە و هەوڵم داوە بە دەنگێكی نەرم و وزە و توانای دۆخگۆڕین، لیریكییەت بكوژم هەموو شیعرێكی لیریكی جۆرێك ژیاننامەیە، یان تاڕادەیەكی زۆر یاننامەییە.
خاڵی جێگیركردنی ڕەگەزی كتوپڕی و دیاریكردنی سنوورەكانی و بەكارهێنانی بە شێوەیەكی دیار لە شیعری هاوچه‌رخی كوردیدا، تایبەتە بە ئەزموونی من. بەهرەزادە و دەستمایە و (ڕووبەری بينرا)ی منە. تێیدا وزەیەكم بە دەست هێناوە، كە وەرگر دووچاری جۆرێك ئا و نا و دڵەڕاوكێ و خۆخواردنەوە دەبێت. سەرەڕای ئەم خۆدەستنیشانكردنە لەم شێوازەدا زیاتر هەست بە پرۆژەی ناخ و ئێستێتیكای شیعری پاراو و بێگه‌رد دەكەم، دەشزانم دەبێ باجی خوێنەری یەكئاست و ڕەخنەگری بێ گوتاری ڕەخنەیی و ناخ چەپەڵ و حەربای ئەدەبی بدەم. ڕێك ئەو چوارساڵەی بەو ڕۆمانە شیعرەوە خەریك بووم، هەڵاتووی سەربازی بووم. ژیانم لەناو خانوویەكی ڕووەو هەتاوی دوو ژووری، كە بنمیچەكەی دارەڕێ و قامیشبەند بوو، بە سەر دەبرد. ئەو دارەڕێیە و قامیشبەندەم هەمیشە وەك دارستانێكی سەوزی پڕ بەروبووم و پشت و پەنا خەیاڵ دەكرد، بیرم لە قۆناغی سەوزییی دار و قامیشەكان دەكردەوە. حەوشەیەك، كە باخچەیەكی دڵگیرم تێیدا دامەزراندبوو، لاولاوە بە سەر دیواری حەوشەدا بەرز بووبووەوە، نێوانی دیوار و لاولاوەكە داڵانێكی دروست كردبوو، بە دڵفراوانییەوە جێگامی تێدا دەبووەوە، شوێنێكی هێمن و لەبار و بەهرەبەخش بوو، بۆ نووسین و خوێندنەوە. بە وریاییشەوە سوودم لە كاتی خۆم وەردەگرت.
هێڵی نووسین ورەی بەرز دەكردمەوە، هەستێكی سەیری لەگەڵ خۆیدا دەهێنا، زیاتر ئەزموونی ژیان و هاواری خود بوو، لەوەی ئەزموونی كتێب و زانیاری و فێربوون بێت، واتە: هەستی بوونمە لە ناو ژیانی واقیعدا و لە ناوی دەجەنگام، كە شكۆمەندترین جەنگە. ئەم ژیانە نیمچە داخراوە لەو ماوەیەدا گیانێكی چالاك و سەرڕێژ لە هەوڵدانی بۆ نووسین لە تەواوی هەستەكانم ڕسكاندبوو، زۆر لە مردن و تارماییی مردن دەترسام، دڵم بە تەقەی دەرگایەك دادەخورپا، كەچی بەردەوام لە باری شیعریدا ئەم ترسە پێچەوانە دەبووەوە. بیركردنەوە لە خۆكوشتن لە دەقەكەدا زاڵ دەبوو، بە وریایییەوە چاودێریی سروشت و پێوەندییەكانیم دەكرد. میوە و گوڵی وەرزەكانم پەیدا دەكرد. لێیان ورد دەبوومەوە، هەستم بە ئاسوودەیی و پشتیوانی دەكرد. دڵم نەدەهات میوەكان بخۆم، كە ڕەنگیشیان دەگۆڕا، بۆن لێی دەدان. هەست و ترسی مردن زیاتر لە لام مەترسیدار و قووڵتر دەبووەوە.
ئەو بار و دۆخ و دەوروبەرە هەناسەی توند گرتبووم، بەڵام هەوڵم دەدا بارودۆخە بوونییەكە ڕایەڵ و تانوپۆی تەواوی دەقەكە نەچنێت و داگیری نەكات، بگرە سوودی لێ وەربگرم بۆ دروستكردنی كەشێكی هەستی و هه‌ستكردن به‌ هاوشێوه‌یی سروشت و زمان. لە پێناوی ئەوەی تا شیعر بە شیعری بمێنێتەوە، كەمێك دووربكەوێتەوە لەو بينرانەی، كە دەبنە مایەی خرۆشانی كاتی.

لەو سەروبەندەدا چوار كۆشیعری، چوار شاعیری ناوداری حەفتاكان:
1 _ (ڕووبار)ی شێركۆ بێكەس، 2 _ (سروودی هەژاران)ی لەتیف هەڵمەت، 3 _ (سووتان لەبەرباراندا)ی ڕەفیق سابیر، 4 _ (سه‌مفۆنیای وه‌نه‌وشه‌)ی دڵشاد مه‌ریوانیم خوێندنەوە، بە شێوەیەك شیعریان ملكەچی واقیع كردبوو، ڕۆڵی بیركردنەوەی خوێنەریان تێدا كوشتبوو. لە كاتێكدا شیعر ملكەچی ئەو پێویستییانەیە، كە كاری هونەری و شیعریبوون و زمان و ترپە و ئاواز دەیخوازن. واقیعیان لە دۆخی خۆیدا هێشتبووەوە، ڕانەكێشابووە ناو چوارچێوەی شیعریبوونەوە. شیعرێك واقیع له‌ناو خۆی به‌رجه‌سته‌ بكات. زیاتر دیكۆمێنتێكه‌، شیعر نییه‌. شیعری پاراو و بێگه‌رد بنیادێكی زمانیی و هه‌ستی و زه‌ینی له‌ناو ‌خۆی به‌رجه‌سته‌ ده‌كات.
شیعر پێش ئەوەی واقیع دروستی بكات، یان یارمەتیدەری بێت بۆ دروستبوون، كەشێكی هەستی و بنیادێكی زمانییە.
تا ڕادەیەك ئەدەبی واقیعییان لە بەردڵ و چاوم، سیما و سایە گران كرد. لەوەش دڵنیا بووم لە ئەدەبی واقیعیدا شاكاری نایاب هەیە. هەموو توخمەكانی شيعريبوونی تێدا بەجێ هێنراوە. بە شانازیی داهێنان گەیشتوون، بەڵام ئەم شاعیرانەی خۆمان نەیانتوانیبوو واقیع بە دەوری خۆیاندا بخولێننەوە. بگرە ئەوان سست و تەمبەڵانە بە دەوری واقیعدا خولابوونەوە، لە ئەنجامی ئەو خاڵەدا هەستێكی سەیری بەراوردكارانەم لا دروست بووبوو.
شیعری پاراو و بێگه‌رد ئه‌و فۆرمه‌ هه‌ڵده‌بژێرێ، كه‌ له‌ زه‌یندا بنیادێكی ده‌نگییه‌ و تێیدا به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت. ده‌نگه‌كه‌ش له‌ ڕێگای به‌رجه‌سته‌كردنه‌وه‌ وه‌ك به‌های ده‌نگیی ده‌رده‌كه‌وێت.
لەم دەقەدا نەگەیشتم بە تەواوی ئارەزووەكانم، ئەگەر بگەیشتمایە بە تەواوی ئارەزووەكانم درێژەم بە نووسین نەدەدا و لە هەوڵدان دەكەوتم. هونەرە جوانەكان دەربڕین لە تەواوی پێویستە گیانییەكانی مرۆڤی هەستپەروەر دەكات. زمان و بیر و خەون و سۆزش تێیدا فۆرم وەردەگرن. ئاستەكانی فۆرم وەرگرتنییش لە شێوازدا هاوسەنگییان دەوێت. ورووژان و نامۆیییەكی بكوژ لە ناخمدا دەستی پێ كردبوو، مەرج نییە تەنیا ئەو شاعیرانەی لە دەرەوەی سنووری وڵات دەژین تاراوگەكراوبن، نامۆبوون لەو بارەدایە، كە شاعیر تێیدا هەڵسوكەوت دەكات. پێوەندیی بەو هەلومەرجەوەیە، كە چۆن هەستەكانی دەكاتە بابەتی شیعری پاراو و بێگه‌رد و كانگای باڵا.
پێم وایە پێویستە بەو پێناسەیەدا بچینەوە، كە نامۆبوون تەنیا لە دەرەوەی سنوورەوە بێت. من لە ناو وڵات و كەسوكار و ماڵەكەی خۆمدا ئەو دەقەم بەرهەم هێناوە. كەچی نامۆبوون تەواو ڕایەڵ و تانوپۆی چنیوە، بە ئەزموونی تاراوگەكراو و نامۆبوون و نامۆیی داهێنەرانە تێ دەپەڕیم. نائارامییەكانی دنیا سەرنجیان بەرەو لای خۆیان ڕاكێشام و بەسەر خەیاڵمدا زاڵ بوون، ڕەچاوی گۆڕانی بار و دۆخەكەیشم دەكرد. ئەم دەقە دەقێكی مۆنۆدرامییە، سروشتێكی زەینی و گیانیی هەیە. بە شێوازی مەنەلۆگی ناوەوە بەرهەم هاتووە. پێش ئەوەی لە لاپەڕەی دەفتەردا نووسرابێت، لە ناخمدا نووسرابوو، بە پڕتاو و هاوارەوە دەهاتە دەرەوە. وەك منداڵێك، كە سووڕی گەشەی خۆی تەواو كردبێت. بە ئاسایی و جەستە و گیانێكی تەواوەوە لە دایك بێت. خودا چارەنووسی: (ئاو، خۆڵ، ئاگر، با، خه‌ون، شیعر)ی لا ڕوون بوون، بۆیە منی وا گیرۆدە كردوون. لە ئەزموونی مندا، شیعر وەك سەمەندەر لە خۆڵەمێشی سووتانی خۆمدا لە دایك دەبێت و گیانێكی خەمگینی دێتە بەر.
بۆ ئەوەی شاعیر بە شیعریبوون بگات، پێویستە بە نامۆییدا گوزەر بكات، یان لە نامۆییدا بژیێت. چونكە بەشێك لە بوونی شیعر لە جەستەی نامۆییدا دەمێنێتەوە، دەبێتە ئەفسوون و ڕاز و ڕاهێنانی زمان. ئەفسوون و ڕاز و ڕاهێنانی زمانیش شیعریبوون و پێكهاتەكانی تێدا گەشە دەكات و دەدۆزرێتەوە. هەست بە نامۆییكردن لە باری دەروونی و كەسایەتیی داهێنەردا بەرجەستە دەبێت، چركەی هەژان و بەرزبوونەوەی ناخ دەیدۆزێتەوە. لە هەموو سەردەمە دڕدۆنگ و نالەبارەكاندا شیعر ڕۆڵی جوانیبەخشیی خۆی وازی كردووە. كرۆك و ناوكی شيعريبوونی نەدۆڕاندووە. شیعر هەقیقەتی جوانییە و ورەمان بەرز دەكاتەوە، نابێتە سیمایەكی دیار لە سیما گشتییەكانی كۆمەڵگا و مرۆڤایەتی. ڕوونتر، شیعر دەربڕین نییە لە بوونی كۆمەڵگا و مرۆڤایەتی، دەربڕینە لە بوونی جوانییەكانی كۆمەڵگا و مرۆڤایەتی و گەردوون.
شیعرم نەكردووە بە ئامرازی مەبەستە سیاسییەكان، یان دەربڕی سۆزی سیاسی، بەڵام باوەڕ و بیری سیاسیم ڕاكێشاوەتە ناو مەبەستە شیعرییەكانم. بەهای شیعری لە ئه‌فسوونی زماندایە، نەك لە مانا و مەبەست، بەڵام چێژ لە ئاستداریی زمان و مانا و مەبەستدا دروست دەبێت.
شیعر لە بواری خۆیدا دەتوانێت هونەری شێوەكاری و فۆتۆگراف و گۆرانی و درامای شانۆیی و مۆسیقا و تەلارسازی و هونەری دیكەش وازی بكات، هەروەها هونەری دیكەش دەتوانن بەشداری لەوەدا بكەن، شیعر وەربگێڕن بۆ زمانی خۆیان. شیعر لە هەندێ باردا دەبێتە باوكی هونەرەكان، لە هەندێ باری دیكەشدا دەبێتە كوڕ و كوڕەزا.
ڕێكەوت هەیە شیعر دەربڕین لە بارێكی سایكۆلۆژی دیاریكراو دەكات. تەنیا هێزی ویژدان پەیی پێ دەبات. وەك چۆن هەندێك جاران مووچڕكێك بە گیان و لەشدا دێت، دەربڕین لە بارێك دەكات، پاش ماوەیەكی كورت بە هیچ هەوڵ و شێوە و ئاكارێك ناتوانیت بگەڕێیتەوە سەر هەمان باری مووچڕكەكە. مووچڕكیش زادەی بار و چركە جوانەكان و ویژدانی مرۆڤە لە هەست پێكردنە زۆر تایبەتییەكاندا، كە لە نووسینیشدا دادەمام و نەمدەتوانی بەردەوام بم، لە سەر كاغەزەكانی بەردەستم وێنەم دەكێشا، وێنەی ئێجگار سەرەتایی: شاخ و داخ، ئاسمانی بە هەور، مرۆڤ، چرا، چەتری هەڵدراو لە بەر باران، سەبەتەی مام زۆراب، ئه‌سپ و تاژی، جووچكە و مریشكی دانەوێڵە بۆ ڕژاوی حەوشە، ژنی بە دیارەوە وەستاو، كاتژمێری گەورەی دیوار، ته‌خته‌ڕه‌ش، پیكاب… تاد، كە دەقەكە بە شێوەیەكی گشتی لام تەواو بوو، بۆ دواجار پێیدا چوومەوە و دڵنیا بووم، دوا توانا و هەست و درەوشانەوەم ڕژاندووەتە ناویەوە. بیرم لە خۆئامادەكردن كردەوە بۆ چاپكردنی، ئەو كێشە و گیروگرفتانەی بە هۆیەوە ڕووبەڕووم دەبنەوە. پێش ئەوەی بۆ دەزگای چاودێریی بنێرم پیشانی: (نەژاد عەزیز سورمێ)م دا. تەواو بڕوام بە شاعیریەتی هه‌بوو، لە لاپەڕەی یەكەمدا ئەم بۆچوونەی یاداشت كردبوو: (زێوان ژانێكی پڕ بەهرەی تێدا بە كار هاتووە، چاپكردنی سەرەتای شاعیریەتییه‌كی باشت بۆ دەستنیشان دەكات.) بۆچوونەكەی هاندەر و پاڵپشتێكی گیانی بوو بۆ من. سووری كردم كۆڵ نەدەم، ئەو سەرەتایە دەستنیشان بكەم.
ناردم بۆ دەزگای چاودێری، دەشمزانی پەیبردن بە تازەییی ئەم شێوازە شیعرییە دوور لە بگرە و بەردە و قووڵبوونەوە، گوتوبێژی لە دڵەوەی دەوێ، ئەوجا بڕیار لەسەردان.
دەزگای چاودێرییش سێ جار ڕەتی كردەوە. بڕواشم بەوە هەیە. هێزی دەروونیش یارمەتیی ئەوەی دام، ئەگەر جاری یەكەم سەر نەكەوتم: جاری دووەم و سێیەم و چوارەم… تاد، هەیە. منیش سوور بووم و كۆڵم نەدەدا. لەبەرئەوەی دەمزانی كارم لە شێواز و زمانێك كردووە قبووڵكردنی بێ گۆنگەر و گێچەڵ نییە. ئەو ڕۆژەی نائومێدیان دەكردم و مۆری ڕەتكردنەوەیان لێ دەدا. دوای ماوەیەكی كورت دووبارە ئامادەم دەكردەوە، دەمناردەوە. بەهانەی ڕەتكردنەوەكانیشیان هیچ پێوەندی بە هونەر و ئاستی شیعریبوون و زمانەوە نەبوو. لە سەر بنیاد و بنەما دۆخگۆڕ و بنەڕەتییەكان بمانوەستێنێت و پێگە و پێكهاتەكانمان نیشان بدات. ئەوەی زۆر جێگای گومان و سەرنجیشە، دەقەكە شتێكی ڕوواوڕووی دژی ئایین و سیاسەت و شێوازی حوكمڕانی تێدا نەبوو.
بە هەرحاڵ، بۆچوونی شارەزای یەكەم جۆرێك بناغە و بنەمای تێدایە، كە تەمەنی بۆ داهێنان بە گرنگ و پێوەر زانیوە. وەك بۆچوون و جۆرێك لە بیركردنەوە ڕێزی لێ دەنێم، بەڵام بۆچوونی شارەزای دووەم و سێیەم دژایەتییەكی بێ بنەما و ڕووتن، ئەقڵی ڕاڤەكارانە نین. جۆرێك سووك تەماشاكردنی ئەدەب و سووكایەتی پێكردنیشە. هیچی تێ ناچێت بڵێی بەرد باری و كێڵگە و سروشتی سەوز و پاراو كرد، یان بەردبارین سوودمەندە بۆ مرۆڤایەتی، بەڵام كاری پرۆگرامی ڕەخنەگر ئەوەیە سەوزبوونەكە وەربگێڕێ بۆ باری واقیعی بەرد بارینەكە. ئەو كات پەی بە نهێنیی هێزی داهێنەرانەی شاعیر بردووە. بیر و هونەری شاعیری بۆ وەرگر وەرگێڕاوە. بۆ جاری چوارەم مۆڵەتی پێدرا. كە دانە مۆڵەت پێدراوەكەم پێگەیشتەوە، ئەو شەوە یەكەم شەوە لە ژیانی خۆمدا تێیدا نەنووستبم تا بەیانی. لە بارێكی شاگەشكەییدا ژیام. وام دەزانی ژیان هەمووی لە ناو ئەو دەفتەرەدایە، كە پاش ماوەیەكی دی دەبێتە كتێب. پەلەم بوو، بڵێم منیش هەم. ڕووبەڕووی خودی خۆم بووبوومەوە. شیعرم بۆ ئەوە نەبوو بە هۆیەوە جیهان بناسم. بۆ ئەوەم بوو، چیرۆكێك دروست بكەم بۆ گێڕانەوە.
ئەو سێ بۆچوونەی، كە پێی تلاومەتەوە و ئەو بۆچوونەی، كە پێیشی شاگەشكە بووم. وەك خۆیان تۆماریان دەكەم.
بۆچوونەكانم لە فەرمانبەرێكی هەمان دەزگا بە ناوی: (سەرگوڵ تەیموور محەمەد ئەمین)، دەست كەوت. لە یەكەم بینیندا ئاشنایەتییەكی جێگای بڕوا لە نێوانماندا پەیدا بوو، لەو ڕۆژە ڕەش و تاریكەدا ئەم كارە پڕ مەترسییەی بۆ كردم.

یەكەم: (ئەم شاعیرە نەناسراو و لاوە، كەچی چەكامەیەكی درێژی نووسیوە، چەكامەی لەم شێوەیە پێویستی بە ئەزموونی دوور و درێژ و دەوڵەمەندە. ئەمە تازە لە سەرەتای ڕێگادایە. چاپكردنی دوا بخرێت سوود بە بەهرە و دواڕۆژی شاعیر دەگەیەنێت.)
محەمەدی مەلا كەریم

دووەم: (ڕەشبینییەكی لە ڕادەبەدەر گەمارۆی ئەم لاوەی داوە، ئەگەر لاوی ئەم وڵاتە بەم شێوەیە دووچاری ڕەشبینی و گێژەن بووبن ئەوە كارەساتە، ئەم جۆرە دەربڕینەش یاخیبوونیانە لە دەسەڵات و واقیع. دواتریش زۆر ئاڵۆز و تەم و مژاوییە. هیچ جۆرە كێشێكی تێدا نییە. شیعری سەربەست كێشی تایبەتی هەیە. نە پەخشانی هونەرییە، نە شیعری سەربەستە. هانی ئەم جۆرە نووسینانە نەدرێت.)
مەجید نەدیم

سێیەم: (ئەمە شیعرێكی ئاڵۆزە، كۆمەڵێك وڕێنەی لاوێكە، كە هێشتا لە شیعردا خۆی نەدۆزیوەتەوە. ئەم شاعیرە یەكێكە لەو شانەیەی دەیانەوێ دوای (ڕوانگە) وەك بزووتنەوەیەكی شیعری خۆیان بناسێنن. (مەحموود زامدار) ڕابەرایەتی و پڕوپاگەندەی گەورەكردنیان بۆ دەكات، ناوی لێ ناون (پێشڕەو – تەلیعی). ڕەگی ئەم شانەیە لە ناو كۆمەڵگای كوردەواریەوە نەهاتووە. پەیڕەوی ئەدەبی ئەوروپی دەكەن. ڕەوا نییە ڕێگا بۆ ئەوانە خۆش بكرێت ئەم ئاژاوەیە بنێنەوە، بیهێننە ناو ئەدەبی كوردی.)
محەمەد بەدری
چوارەم: زێوان ئەزموونی لاوێكە، بەڵام هەڵكەوتووە، هونەر و داهێنانی تێدایە. هەوڵ و شێوازێكی ڕەسەن و خۆماڵییە بەرەو نوێخوازی، پشتیوانی لێكردنی بۆ چاپكردن پێویستە. دوای ئەوەی ئەو شوێنانەی ئاماژەم بۆ كردووە لا برێت تین و تاوێكی بە جۆش بە شیعرەكە دەبەخشێت، لە ئەگەر و گومانیش دای دەماڵێت).
مەحموود زامدار

لەو بگرە و بەردەیەی ڕەتكردنەوە و ڕێ پێدانی كتێبەكەمدا ڕۆژنامەنووس: (مەحموود زامدار) هەستی بە باری دەروونی و نیگەرانیی من كردبوو، كە لە ناخەوە زۆر كەسەربارم، چاوپێكەوتنێكی تێر و تەسەلی لەگەڵدا ساز دام، له‌ ژماره ‌(907_ 908) ی ڕۆژنامه‌ی: ( هاوكاری _ 17/9/1987_ 24/9/1987)، به‌ ناونیشانی: ( مژده‌یه‌كی تر ). بە دوو ئەڵقە بڵاوی كردەوە. بە وردی بۆچوون و دەردە دڵەكانی خۆم دەربڕیبوو، تا ڕادەیەك لە خۆڕازیبوونێكی هەرزەكارانەشی تێدا بوو، بەڵام بۆچوونەكانم لەو ئاستەدا خۆیان دەكردەوە، كە كتێبەكەم دەیویست پێشكێشی بكات، یان ئەو هیوا و بەرزویستییانە بوون، كە هەمبوون، بەڵام نەمهێنابوونە دی. سەرەتا نووسین یەك وشە بووە. دواتر ئەم وشەیە بە ناو ژیاندا درێژ بووەتەوە، بووەتە سەرچاوەی بەهرە و سرووش. ئەم دەقەی منیش سەرچاوە و بەهرە و سرووشی لە یەك وشەوە وەردەگرێت. حوزەیرانی 1988 وەك كتێبێك لە 88 لاپەڕەدا چاپم كرد، هەموو دڵخۆشییەكانم هاتنە دی.
هه‌موو ده‌م حه‌زم كردووه‌. خه‌ونی ئه‌و داهێنه‌رانه‌ ببینم، كه‌ خۆشمویستوون. داهێنان پێوه‌ندی نێوان داهێنه‌ر و خوێنه‌ر ده‌پارێزێت.

قۆناغی هەشتاكان قۆناغێكی یەكلاكەرەوە بوو، بۆ چارەنووسی شیعری كوردی و خەیاڵی كوردیی گەیاندە ئاستی پەی پێبردن بە: پاكیزەیی و بێگەردیی شیعر، هەروەها شیعری لە باری هەڵچوون و توندوتیژی خستنەوەدا، گواستەوە باری خامۆشی و تێڕامان و شۆڕبوونەوە بۆ ناخ و ڕوونبوونەوەی دیدگا. گراناییی پێكهاتەی هونەریشیان بردەوە سەر دەنگ و دیمەن و وێنە. لانی كەم كەشێكی جیاكاریی هێنایە گۆڕێ. ئەم گواستنەوەیە چ لە لایەنی دەسەڵاتەوە، چ لە لای ئەو شاعیر و نووسەرانەی هەستیان دەكرد كەشێكی جیاكارتر هاتووەتە پێشەوە، خەریكە خۆی زاڵ دەكات، دەبێتە ڕووداو و دیاردە. ئەو جیاكارییەیان پێ قبووڵ نەدەكرا، دەسەڵاتیش دوور و نزیك بە دژی ئەو بزووتنەوەیە بە كاری دەهێنان.
هه‌وڵم داوه‌ جیهانی خه‌ون و جیهانی هه‌قیقه‌ت و جیهانی فه‌نتازیا و جیهانی ئێستێتیكا… تاد، له‌ ڕێی ڕێكخستنی مانای بژاركراو و به‌كارهێنان و هه‌ڵبژاردنی زمانه‌وه‌ دروست بكه‌م.
دەقی زێوان ئەزموونێكی وێنەخوازی و زمانگەرایییە، تا ناوەرۆكخواز. پێش چاپكردنی، دەزگای چاودێری چڕنووكی لە خوێن و گۆشتی وەشاندووە، دوای چاپكردنییش كۆمەڵێكی دیكە چڕنووكەكەیان توندتر گوشی و قوڕیان بۆ شێلام. ئەو بۆچوون و دژایەتیكردنانەم هیچ بە لاوە گرنگ نەبوون، ئەوەی گرنگ بوو، چۆن پرۆژە شیعرییەكانم بگەیەنمە ناوچە بەرزەكانی شیعریبوون. وەڵامیشم بۆ بیانووپێگران و كار لێنه‌هاتووان، تەنیا بزەیەكی سامناك بوو، بۆ لەمەوبەدواش هەر هەمان بزەی سامناكم دەمێنێتەوە، چونكە دڵنیام خەڵكی بێ بەهرە و ناداهێنەر و حەربای ئەدەبی و قۆپیەچی و كلۆر و ناوەجاغ و هه‌رزه‌وه‌ڕ و گای بنه‌ و ئاگری بن كا و دارده‌ستی ئه‌م و ئه‌و و گه‌ده‌وگوده… تاد، سەرقاڵی كاری لەم جۆرە دەبن. لەم ڕووەیشەوە ڕووبەڕووی نووسەری بە بەهرە و داهێنەر نابمەوە، خه‌یاڵی شیعری خۆم به‌ كار ده‌به‌م، له‌ ناوچەوانی شیعری كوردی ده‌نووسم: نوێبه‌خشی.
دروود و سوپاس: بۆ حیكمه‌تی ده‌ق و ترپەی لێدانی دڵم، كە ئاگرێكی ئەفسانەیییە، بەردەوام هێزی گیانی و گەشەم دەداتێ. سەركۆنەشی كردم و گوتی: ئەگەر گەنجینەی گیانت بەتاڵ بوو، نەتتوانی لە خۆ بەپیتكردن و پەرەپێدان بەردەوام بیت، تەرمی خۆت زوو لە بن بارستێكی خۆڵدا بشارەوە. ئاگاداریش بە شیعری پاراو و بێگەرد بە دەستی گڵاو ناگیرێت. گەورەم ئەی شیعری پاراو و بێگەرد تا مردن سەرلەڕێ و گوێڕایەڵی تۆم، له بەردەم ئاستانه‌ و به‌رزایییه‌ پیرۆزه‌كانت ده‌وه‌ستم، پێداگری و سه‌ركێشی ده‌كه‌م.
هه‌موو ده‌م حه‌زم كردووه‌. خه‌ونی ئه‌و داهێنه‌رانه‌ ببینم، كه‌ خۆشمویستوون. داهێنان پێوه‌ندی نێوان داهێنه‌ر و خوێنه‌ر ده‌پارێزێت.

                                                        حوزەیرانی 2008 هەولێر



عێراقی دوای کشانەوەی ‌هیزەکانی ئەمریکا!.. عوسمانی حاجی مارف

پێشتر پێشبینی ئەوە دەکرا بە ڕۆیشتنی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، دەتوانێت بوارێکی زیاتر بە ئێران بدات بۆ چەسپاندنی نفوزی خۆی لە عێراقدا، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەو کاریگەریە سیاسی و ئەمنیە بەرفراوانەی کە هێزە میلیشیاکانی سەربە ئێران بەکاریان هێناوە، بەڵام ئەو پرسیارە دەکرێت لە دۆخی ئێستای ئێران، ئایا ئێران ئەو بوارەی بۆ دەڕەخسێت؟.
لایەنەکانی سەر بە ئێران، هەوڵدەدەن کەڵک لە کشانەوەکە وەربگرن، بۆ بەدەستهێنانی کاریگەری زیاتر لەوانە، بڕیاردانی ئەمنی، سیاسی، دەخالەتی ڕاستەوخۆیان لە دەسەڵاتی سیاسیدا، وە تاران خۆی ئەو کشانەوەیە بە هەنگاوێک دەبینێت، بەرەو ئامانجە فراوانترەکەی کە دوورخستنەوەی هێزەکانی ئەمریکایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەر بۆیە ئێران پێشوازی لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەکات و پشتیوانی دەکات.
هێزەکانی باڵادەست لە شیعەکانی عێراق دەیانەوێت سەروەری تەواویان هەبێت، بەڵام لە هەمانکاتدا هەندێکیان نیگەرانی خۆیان دەردەبڕن سەبارەت بە ئەگەری سەرهەڵدانی بۆشایی ئەمنی دوای ڕۆیشتنی ئەمریکا، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا هێزەکانی عێراق پشتیان بە تواناکانی هاوپەیمانی بەستووە لە بوارەکانی وەک هەواڵگری، پاڵپشتی لۆجستی، چاودێری و سیخوڕی. ئایا “داعش” لە ئێستادا دەتوانێت ئەو بۆشاییە بقۆزێتەوە؟ بەرپرسانی ئەمنی عێراقی و بەتایبەتی هێزە کوردیەکان ئەو ترسە ڕادەگەیەنن کە ئەگەری ئەوە هەیە داعش هەر لاوازیەک بقۆزێتەوە کە لەدوای کۆتاییهاتنی بوونی سەربازی هاوپەیمانان سەرهەڵدەدات، لەلایەکی تریشەوە زۆربەی لایەنە شیعەکان کشانەوەی ئەمریکا بە سەرکەوتنێکی مێژوویی بۆ کوتلە چەکدارەکانی هاوپەیمانان لەگەڵ ئێران وەسف دەکەن.
لە هەمانکاتدا لە نێو هێزە کوردیەکاندا، بارزانی زیاتر لە هەموو لایەک نیگەرانترە لەو دۆخە و بەڕەسمی مەترسی خۆی ڕاگەیاندووە؛ نەبوونی پاڵپشتی ئەمریکا لە بواری هەواڵگری و لۆجستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا دەتوانێت دەرفەتێک بە داعش بدات بۆ ئەوەی دووبارە خۆی ڕێکخاتەوە.!
لەگەڵ داڕمانی ئابووری و سیستەمێکی سیاسی پڕ لە گەندەڵی عێراق و دۆخی نالەباری ئێراندا، ئایا حکومەتی عێراق دەتوانێت بە جددی بیر لە کاریگەریەکانی کۆتایهێنان بە بوونی هێزەکانی ئەمریکا بکاتەوە؟، ئایا پەیوەندیە سیاسی و ئابوری و ئەمنیەکانی نێوان بەغدا و واشنتۆن بە شێوەی جۆراوجۆر بەردەوام دەبێت؟، لە کاتێکدا ئێران و هاوپەیمانەکانی هەوڵی چەسپاندنی پێگەی خۆیان دەدەن لەم قۆناغە نوێیەدا.
سروشتی قۆناغی داهاتوو، تاڕادەیەکی زۆر بەندە بە توانای دامودەزگاکانی عێراقەوە، بۆ پڕکردنەوەی هەر بۆشاییەکی ئەمنی و سیاسی، تا چەند بەغدا سەرکەوتوو دەبێت لە پاراستنی بڕیاردانی ناوخۆیی خۆی لە نێوان ململانێیەکی ناوچەیدا کە بەڕووی چەندین ئەگەردا کراوەیە، بەڵام ئەوەش ڕۆشنە کە حکومەتی تائیفی بۆ خۆی بەشێکی سەرەکیە لە هۆکاری نائەمنی و ناجێگیری سیاسی.
دوای ئەوەی لە کاتی خۆیدا پەرلەمانی عێراق دەنگیدا بە دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا، ئیدارەی ترەمپ هەڕەشەی لە عێراق کرد بە “گەمارۆیەکی بێوێنە”. هەروەها یاسای گەمارۆکان کۆمپانیا و دامودەزگا ئەمریکییەکان سەرمایەگوزاری لە عێراق قەدەغە دەکات و ناهێڵێت عێراق قەرزە دەرەکیەکانی کەمبکاتەوە. دەرەنجام ئەو سزایانەی ئەمریکا لە دوای دەنگدانی پەرلەمانی عێراق سەپێنراون، ناسەقامگیری گەورەتر دەکەن و هەر هەوڵێک بۆ باشترکردنی ژێرخانی ئابووری و ڕاکێشانی وەبەرهێنان دەخاتە مەترسیەوە، بەمانایەک عێراق لە هێژمونی ئەمریکا رزگاری نابێت.
کشانەوەی تەواوەتی ئەمەریکا تاڕادەیەک پێگەی شیعەکان لە عێراق بەهێز دەکات، لەلایەک زیاتر ملکەچکردنی پێکهاتەی سوننەیە بۆ حکومەتی ئێستای عێراق، لەلایەکی تریشەوە ئەگەری تێکدانی پەیوەندی حکومەتی هەرێم و بەغدای لێدەکەوێتەوە، لەڕاستیدا مەترسی بارزانیش هەر لەو چوارچێوەیەدایە، نەک بە کشانەوەی ئەمریکا مەترسی گەڕانەوەی داعش روئەدات، لە هەمان کاتدا ئەجێندای فراوانخوازی ئێران لە عێراقدا مەترسیەکی ترە بۆ دەورو پێگەی بارزانی لە عێراق و ناوچەکەدا.
هەرچۆن بونی ئەمریکا لە عێراقدا سەرچاوەی ناسەقامگیری و گێژاوی سیاسی و کارەسات بووە، لە هەماکاتدا کۆتایهێنان بە بونیشی و مانەوەی هێزی بنەماڵە و تائیفی لەدەسەڵاتدا، نەک گەرەنتی ئاسایش و سەقامگیری وڵات ناکات، بەڵکو ئەگەری شەڕ و دۆخێکی نالەبارترە، ئەمریکا بۆ خۆی پشتیوانی و دامەزرێنەری بەڵای حکومەتی بنەماڵە و تائیفی بوو، ئێستاش ئەو بەڵایە بەسەر خەڵکیدا جێدەهێڵێت.
حزبەکانی کوردایەتی پشتیوانی لە بوونی سەربازی ئەمریکا دەکەن، چونکە لە واقعد کشانەوەی ئەمریکا دەتوانێت پێگەی ئەوان لاواز بکات، بە سەرنجدان بە دابەشبونی بنەماڵە و تائیفی لە دەسەڵاتی سیاسی هەولێر و بەغداد و ململانێی بەردەوامیان، لەلایەکی ترەوە بنبەستی بزوتنەوەی کوردایەتی، لە پەیوەند بە ئاڵوگۆڕی سیاسی و هاوسەنگی هێزەکان لە ناوچەکەدا، لایەنە کوردیەکان کەوتونەتە بەر دۆخێکی وەها شێواو، کەبۆ خۆشیان نازانن چارەنوسیان چی بەسەردێت.
ئەوانەی کشانەوەی ئەمەریکا وەک کارەساتێکی گەورە بۆ دۆخی عێراق لە هەموو ڕوویەکەوە دەبینن و لێکدەدەنەوە، تەنها لە پەیوەند بە ئەمریکاوە ئایندەی خۆیان دەبینن، چونکە بەبێ ئەمریکا هیچ نین!. کشانەوەی ئەمریکا دەیانلەرزێنێت، لە نیگەرانیاندا هەر ساتە گوتارێك ئەدەن و خۆیان وندەکەن.
ئەمریکا هێزێکی سەربازی و ئابووری و تەکنەلۆژی و پیشەسازییە، کاریگەری واشنتۆن لە عێراقدا تەنها لەسەر بنەمای داگیرکاری نیە، لە پەیوەند بە ململانێێ ڕکابەرەکانیەتی لە ئاستی وڵاتانی زلهێزی دنیا، ئەگەر بیەوێت عێراق ناچار دەکات هەڵوێستێکی دیاریکراو بگرێتەبەر یان ڕێگری دەکات لە پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی دیاریکراو، خاوەنی چەندین ئامڕازە، لە پێش هەموویان ئامڕازی ئابووری بڕینی دابینکردنی دۆلار و ڕاگرتنی داهاتی نەوتە، ئەمریکا هێزەکانی دەکشێنێتەوە بەڵام هەژمونی ئابوری و سیاسی دەمێنێت، کاتێک بلۆکە شیعەکان دەیانویست دیاری بکەن کە نوری مالیکی ببێتەوە بە سەرۆک وەزیران، بەڵام ترەمپ لە تویتێکدا نوسیبوی مالکی هەڵبژاردەیەکی خراپە و یارمەتی پەیوەندیەکانی نێوان هەردوو وڵات ناکات، بەو شێوەیە مالکی وەلانرا، سەرکردایەتی عێراق درکیان بەوە کرد کە پێداگری لەسەر مالکی بە مانای دابەزینی ئابووری و نائەمنی بۆ وڵاتەکە دێت، هەربۆیە چوارچێوەی هەماهەنگی هەڵبژاردەیەکی تری دیاریکرد بۆ سەرەک وەزیران.
گەورەترین پێشبینی و مەترسی سەبارەت بە کشانەوەکە، لەلایەن هێزە کوردیەکانەوە لە هەرێم، لەسەر نیازی نەرێنی و ئامانجی کوتلە باڵادەستەکانی عێراقی دەسەڵاتدارە، بەرامبەر بە هەرێم و قەوارە ئیدارییە یاساییەکەی.
ئاسمانی کوردستان لەم ساڵانەی دواییدا لەلایەن بنکە سەربازیەکانی ئەمریکاوە پارێزراو نەبووە، لە هەموو لایەکەوە بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردومان کراوە، بەرگریە ئاسمانیەکانی ئەمریکا لە هەولێر، تەنیا بەرگریان لە ناوچەی دەوروبەری سەربازە ئەمریکیەکان دەکرد لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و کونسوڵخانەی ئەمریکا، لەکاتێکدا باقی ناوچەکە بەڕووی مووشەکدا کراوە بوو، ئەمەش بەو مانایەیە کە ئایا کشانەوەی ئەمریکا کاریگەری لەسەر پاراستنی ئاسمانی هەرێم دەبێت؟، نەبوونی هێزی ئەمریکی بۆشایی ئەمنی لە عێراقدا بەجێدەهێڵێت؟، گەر بەجێی دەهێلێت ئایا عێراق ڕێگە بە ئێران دەدات ئەم بۆشاییە پڕبکاتەوە؟، وەک هەندێک لایەن بیری لێدەکەنەوە، بەتایبەتی دۆخی سیاسی ئێران بە هۆی شەڕەوە ئاڵوگۆڕی زۆری بەسەردا هاتووە.
ئێستا دۆخەکە بە ڕوونی جیاوازە، بارودۆخی عێراق لە ڕووی هاوسەنگی هێزەوە لایەنەکان لەسەر ڕێگای داڕمان یان لاوازبووندان، ئەو هێزانەی کە ئێران پشتی پێبەستبوو بۆ سەپاندنی سیاسەتەکانی بە زەبری هێز، ئێستا ناتوانن هەمو شتێک بۆ ئێران بکەن.
عێراق لە ساتێکی هەستیار و گرنگ نزیک دەبێتەوە لە پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئەمەریکادا، کە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا عێراق جێدەهێڵن، توانای بەغدا بۆ راگرتنی هاوسەنگی ئەمنی و سیاسی و ململانێکانیان ئاڵۆز دەردەکەون، بەتایبەتی پاشماوەیەک لە هێزەکانی عێراق و کوردستان کە لە دەسەڵاتدان، لە پێکهاتەی تائیفی و بنامەڵەییە، هەر لایەنێکیان بەرژەوەندیە ئابوری و سیاسیەکانی خۆیان بە بنەما وەردەگرێت، گەر تاڕادەیەک لە سایەی ئەمریکادا کێشە و ململانێکانیان ڕاگرتبێت، بەڵام دوای کشانەوەی ئەمریکا هاوسەنگی هێزەکان زیاتر دەوری دەبێت لە هەر شێواوی و بارگرژیەک، گەرەنتی پاراستنی پەیوەندیەکان بە زەحمەت دابین دەکرێت، لە ئێستاوە بارزانی ئەوەی راگەیاندووە کە هێزی ئەوەندەی هەیە کە بتوانێ بەرەنگاری هەر هێرشێک ببێتەوە، گرنگ نیە چەندە ئەم گوتارە ڕاستە یان نا، بەڵکو مانای ئەوەیە ئاسایشی پەیوەندی بەغدا و هەولێر هیچ گەرەنتیەکی نیە.!
کێشەکە بۆ خەڵکی عێراق و کوردستان کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا نیە، کێشەکە ئەو هێزە بنەماڵە و تائیفیە میلیشیایانەیە کە ئەمریکا عێراقیان ڕادەست دەکات، بنەماڵەکان و تائیفیەکان هەر ساتێک گرفت و کێشەیان بۆ پێشدێت کارەسات دەخولقێنن، ژیان و گوزەرانی خەڵکی وێران دەکەن، قوربانی زۆری لێدەکەوێتەوە، درێژە بە نائارامی و نائاسودەیی دەدەن، بۆیە ئەرکی هەموو لایەکمانە بە دەوری هاتنە مەیدانی جەماوەری ناڕازی عێراق و کوردستان، هەوڵی جدی بخەینە گەڕ بۆ کۆتایی بە دەسەڵاتی بنەماڵە و تائیفی، لە جێگەیدا دەورو دەخالەتی ڕاستەخۆی خەڵک لەدەسەڵاتی سیاسیدا بەسەرکەوتن بگەیەنین.

عوسمانی حاجی مارف




بە بۆنەو دەیەموو(١٠) ئۆکتۆبری، ڕۆ جەهانی دژ بە سەزاو سێدارەی.. موختار کەریمی

وەڵینە:
ڕۆ جەهانی ئەوەگژیای دژ بە سەزاو سێدارەی پەی یۆهەمین جاری جە ساڵەو ٢٠٠٣ بە وەرنیاری و ڕاوەبەری ڕێکوزیاو “یۆگێرتەی جەهانی دژ بە سەزاو سێدارەی” لوا ڕاوە. چا ساڵەولای گرد ساڵێو جە ڕۆ دەیەموو مانگەو ئۆکتۆبری جە سەرانسەروو دنیاینە پی بۆنەوە مەراسمێ جۆراوجۆرێ پەی کۆتایی ئاردەی بە سەزاو سێدارەی ملا ڕاوە. یۆ جە ئامانجەکاو ئی مەراسما هۆشیار کەردەیەو ویرووڕای گردی، ڕێکوستەی کۆمەڵگای مەدەنی، چالاکواناو ویەروو مافوو ئانزانی، ڕێکوزیای سیاسیێ و دێمۆکراتیکێ و… پەی کۆتایی ئاردەی یەکجاری بە سەزاو سێدارەین جە ئاستوو جەهانیەنە. بەرزکەردەیەو ئاستوو ڕۆشەنویری گردی جە بارەو پارێزنای کەرامەتوو ئانزانی یۆ جە ئامانجەکاتەری ئی چالاکیانە.
سەزاو سێدارەی کوشتەی بە ئەنقەسی دەوڵەتین کە بە شێوازێ بێ بەزەیانێ گیان جە ئانزانی مسانۆ. سەپنای سەزاو سێدارەی هیچ پاساوێوەش پەی نیەن، چوون ئی کردەوە، کردەوێوی دژە ئانزانین، بێ شۆنەمای دادوەرین، بێ قەرەبوون، بی ئەوەگێڵاین، هیچ شۆنەمای کۆمەڵایەتیەیچش پەی کەم کەردەیەو کێشەکا نیەنە و بە ئاشکرا دژ بە مافە هەرە بنەڕەتیەکەو ئانزانین، کە مافوو ژیواین. ئی مافە جە مادەو یەرێ(٣) جاڕنامەو گەردوونی مافەکاو مرۆڤی، کریاو ساڵەو ١٩٤٨ی جە لاو ڕێکوزیاو نەتەوە یۆگێرتەکاوە پاگێریش سەرەو کریان. پەسەنڎ
دلێنە:
ئی سەزا ناڕەوای هەر جە ویەردەی دوورەوە تا ئارۆ بە شێوازێ جۆراوجۆرێ گیانوو سەدان میلۆنێ ئانزاناش بێ بەزەیانە سانان. بە پاو ڕاپۆرتوو ڕێکوزیای و دەموودەسگای مافەکاو ئانزانی و هەرپاسە بەڵگە تارێخیەکا سەزاو سێدارەی تارێخەن بە دوێ بەشێ سەرەکیێ بەشبەشێ کریا:
۱. شێوازێ تازێ و بە نامێ مودێڕنێ جە دنیاو ئارۆینە
• چەنشانای کوشەندە (Lethal Injection): بەکارئاردەی کەرەسێ شێمیایێ تایبەتێ. ئی شێوازە جە ئەمریکا وجە چینەنە پەیڕەوێ کریا.
• هۆرواستەی (Hanging): هۆرواستەی شێوازێوی ئەشناسیان جە ئاستوو جەهانیەنە. ئی شێوازە جە ئێران، ئێراق، مێسر،، سەنگاپوور و ژاپۆنەنە بەکار بریۆ.
• سەرە بڕیەی : بەکارئاردەی ئی شێوازیە فرەتەر جە عەرەبستانی سعوودی و هەرپاسە جە لاو تیرۆریستەکاو داعشیەو بەکار براین و بریۆ.
• تیرواران (گولەواران): کوشتەی ڕاسەووێ بە چەکی جەنگی. تیرواران جە بڕێ وەڵاتێ جەهانیەنە هیشتا ملۆ ڕاوە، پەی نموونەی جە ئێران،(چ زەمانوو ڕژیموو شاینە، چ جە کۆماری ئیسلامیەنە)، ئەفغانستان، سوومالی، یەمەن، چین و….
• کورسی کارەبایی (صندلی الکتریکی): وەردایەو وزەو کارەبای بە وڵتاوژێوی قورس پەی دلێ جەسەو قوربانیەکا. ئی سەزای جە بڕێو وەلایەتێ ئێمریکاینە بەکار بریۆ.
• گازو نیتروژنی: شێوازێو کە وەرگێری کەرۆ جە یاونای ئۆکسیژنی بە جەسەو ئانزانی. ئی شێوازە بە تازەگی جە وەلایەتوو ئالاباماو ئێمریکای و هەر پسە جە چینەنە بەکارش مارا.

تۆڵە (قصاص نفس)
• بە پاو مادەو ٣٠٠ یاساو سەزای ئیسلامی، سەزاو کوشتەی بە ئەنقەسی، عەینوو کوشتەۆ وەرانوەرین،(قصاص نفس). ئی شێوازە جە وەڵاتە توندڕەوە ئیسلامیەکانی، پێسەو ئێرانی و.. ملۆ ڕاوە.
۲. شێوازێ کۆنێ، کە ئیسە کەمتەر بەکار میا
جە ویەردەنە شێوازێ جۆراوجۆرێ فرە دڕندانەتەرێ بەکار ئامێنێ. بڕێو چا شێوازا پی جۆرە بیێنێ:
شێوازوو سەزای جۆغرافیا و ویەردە
چرخی کاترین (به ئینگلیسی : Breaking wheel یا Catherine wheel) جۆرە سەزایە فرە تەرسناکەنە کە جە سەدە دلێڕاسئینەکانە جە ئوروپانە بەکار ئامێنە.
گیوتین شێوازێو کە جە ویەردەنە فرەتەر جە فەرانسەنە بەکار ئامان.

چوارمێخ(صلابه / تصلیب) شێوازێوی کۆن کە جە وەرکەوتی دلێڕاسین و هەرپاسە جە ئوروپانە بەکار ئامان.
زینڎە بە چاڵ شێوازێوی تەرسناک و کۆمەڵکوش. ئی شێوازە هەم جە ویەردەی دوورەنە و هەم جە ویەردەی نزیکەنە جە فرە وەڵاتێنە بەکار ئامان. پەی نموونەی جە ساڵەو ١٩٨٨ی جە ئێراقەنە جە شاڵاوە بەدنامەکاو ئەنفالیەنە دژ بە کوردەکا بەکار ئاما. ئەنفال ژێنۆسایدێو بێ کە زیاتەر جە ١٨٢٠٠٠ ئانزانی کوردێ، جە زاڕۆی شۆتەوەرەوە گێرە تا کەسانی هەشتا ساڵێ بە کۆمەڵ زیندە بە چال کریای.
تەوەن واران(سنگسار) سەزایە کۆنە کە فرەتەر جە ویەردەی دوورەنە بەکار ئامێنە. جە ویەردەی نزیکیچەنە جە بڕێو وەڵاتاو دنیاینە، پێسەو ئەفغانستانی و.. بە تایبەت دژ بە ژەنا بەکار ئامێنە.
سەزاو سێدارەی ئیسە فرەتەر چا وەڵاتانە بەکار مەێ کە دەسەڵاتدارێ دیکتاتۆرێ و ئیدەئۆلۆژیکێ ڕاوەبەرێنێ، بە تایبەت جە وەڵاتە فرە نەتەوەیەکانە. چی وەڵاتانە سەزاو سێدارەی نە تەنیا دژ بە جیاویرە دژبەرەکا پەیرەو کریۆ، بەڵکوو دژ بە چالاکواناو سەر بە نەتەوە جیاوازەکا یان دژ بە کەمایەتیەکاتەریچ بەکار بریۆ. یۆ چا وەڵاتا، وەڵاتوو ئێرانین. چ جە زەمانوو دەسەڵاتداریەتی بنەماڵەو پالەوی و چ جە دەسەڵاتداریەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانی پەی دلێنەبەردەی دژبەرە سیاسی و باوەرمەندەکا(عقیدتی) سەزاو سێدارەی بەکار ئامێنە ئیسەیجە هەر بەکار مەی. سێدارە ئامرازێوی سەرکوتکەری دڕندانەن کە پەی بە زۆر سەپنای دەسەڵاتی پەێڕەو کریۆ.
سەزاو سێدارەی جە ماوەو ٤٧ ساڵێ دەسەڵاتداریەتی کۆماری ئیسلامی ئیرانیەنە هەوراز و نشیوێش بیێنی، بەڵام هەمیشە گەورەتەرین و وەروەڵاوتەرین سەزا بیێنە پەی دلێنەبەردەی دژبەرا و جیاویرا و بێوچان بەکار ئامێنە. پەوکەی کۆماری ئیسلامی هەمیشە جە ڕێزوو یۆهەموو ئا وەڵاتانە بیەن، کە فرەتەرین ئاماروو ئێعدامیشا بیەن.
نەتەوە بندەسەکا جە ئێرانەنە و سەزاو سێدارەی
بە پاو ئاماروو ڕێکوزیایەکاو مافوو ئانزانی و هەرپاسە ڕاپۆرتوو دەموو دەسگا پێوەندیدارە میادەوڵەتیەکا ژمارەو ئێعدام کریایاو ناوچەو نەتەوە بندەسەکا فرە زیاتەرەن جە ماباقی مەحاڵەکاو ئێرانی. بە تایبەت جە کوردستان، بەلووچستان، خووزستان و…. کە مدرامان و ئەوەگژیای سیاسی و مەدەنی دژ بە ڕژیموو ئیسلامی ئێرانی وەرچەمتەر و زەقتەر بیەن و ویەردێوی دوور و درێژتەرش هەن، ئاماروو سێدارەو نەتەوە بندەسەکا یەکجار فرەن. من چیگەنە فرەتەر پاگێری سەروو دیاردەو ئیعدامی جە کوردستانەنە کەروو.
یۆهەمین شەپۆلەو سێدارەی و هەرپاسە کۆمەڵکوشی بە بێ دادگا و پارێزەر جە کوردستانەنە دەسش پەنە کەرد. ڕژیمی تازە بە دەسەڵات یاواو ئێرانی پی ئێعداما دڕندەگی و دژمنایەتی وێش وەرانوەروو داواکاریە ڕەواکاو خەڵکوو کوردستانیەو نیشانە دا. ئی ئێعداما بە درێژایی تەمەنوو ٤٧ ساڵەو کۆماری ئیسلامی درێژەشا بیەن و نەبڕیاینێوە و تا ئیسە دەیان هەزار ژەنی و پیای و گەنجێ و زاڕۆڵێ، کە فرەتەرشا خەڵکی مەدەنی بیەنێ، کریاینێ قوربانی ئی سیاسەتە دڕندانەیە.
بە پاو ڕاپۆرتوو ڕێکوزیا مەدەنیەکا و ڕێکوزیایەکاو مافوو ئانزانی ئێعدام جە کوردستان بێ وچان بەردەوام بیەن و بە بەرئاورد چەنی ڕێژەو حەشێمەتیش بەرزتەرین ئامارش بیەن و هەن. ئی ئامارا جە لاو ئی ڕێکوزیایاوە بە بەڵگە تۆمارێ کریاینێ و پارێزیاینێ و وزیاینێ وەروو دەسوو ناوندە دەسەڵاتە جەهانیەکا و هەرپاسە وێروڕای گردی جەهانی.
دەسەڵاتی دادوەری ئێرانی پەی ئێعداموو چالاکوانە کوردەکا تاوانێ جۆراوجۆرێش تاشاێنی و کەردێنێش بە پاساو پەی سەزاو سێدارەی. بڕێو چی تاوانا پێسەو: “محاربە”ی، “بغی”، “جاسوسی برای بیگانگان”، “اقدام علیە امینت ملی” و “تجزیە طلبی” دریانێ پاڵوو چالاکوانە کوردەکا و ویسەرانە و بە بێ هیج مافوو وەرگێری یاسایی پەی قوربانیەکا بە شێوازێ جۆراوجۆرێ ئێعدامێ کریانێ.
هەر چن “تجزیە طلبی” یان هەمان سەربەوێ وازی کوردەکا و ماباقی نەتەوە بندەسکاو ئێرانی، جە وینگەی شۆوینیستی دەسەڵاتداراو کۆماری ئیسلامی و هەرپاسە ئوپۆزیسیۆنی بێ دەسەڵاتی ئێرانی بە تاوانە دریۆ قەڵەم، بەڵام ئینە مافێوی ئانزانی و یاسایی و ڕەواو ئی نەتەوانە و مشۆ ددانش پۆرە بنریۆ. ئی مافە مافێوەن کە سازشش سەرەو نمەکریۆ و هەرکەس و لایەنێو ددانش پۆرە نەنیۆ، بە کردەوە دژوو مافە سەرەتاییەکاو ئی نەتەوانە و ژیوای چەنی ئی ناوەندگەرایا نە سەقامگیرەن و نە سەربەرزانەن وهەمیشە پێسەو شارۆمەندی پلە دوێ و پلە یەرێ مامەڵە چەنی ئی نەتەوە بندەسا کریۆ.
ماوێوی فرە کورت دماو بە دەسەڵات یاوای کۆماری ئیسلامی، خومەینی جەلاد سادق خەڵخاڵێش پێسەو حاکم شەرعی دەسنیشان کەرد و کیاناش پەی کوردستانی. ئی قاتڵە دڕندە خەیرا وێش یاونا کوردستان و کۆمەڵکوشیش جە پاوەو هەورامانینە دەس پەنە کەرد. دماو پاوەی پەی درێژەو کۆمەڵکوشیەکەیش لوا پەی سنەی، مەریوانی، سەقزی، مەهابادی و…… (نا)دادگاە سارایی (صحرایی) و بەڕبەڕیەکاش وستێ کار و جە ماوێوی فرە کورتەنە جە (نا)دادگای چن خولیێنە (دەقێقێ) بە دیان کەسێ بێتاوانێش تیرواران کەردێ.
ڕژیم تەنیا پی ئێعدامە سارایا دەسبەردار نەبی، بەڵکوو تاوانێ گەورەتەرێش خولقنای کە ملا چوارچێوەو تاوانەو ژێنۆسایدی. قاڕنا(قاڕنێ) و قەڵاتان ئا دوە دەگای بێنێ کە بە شێوازێوی یەکجار دڕندانە جە ڕۆ ١٠ و ١١ مانگەو ئاوەوەرەی ساڵەو ١٣٥٨ی ژێنۆساید کریای. پاسدارە جەنایەتکارەکاو ڕژیمی تەنیا بە کۆمەڵکوشی ئی خەڵکە بێتاوانەیە تێرێ نەبیێ و وازشا جە لاشە بێگیانەکاشا نارد، بەڵکوو بە ساتوور و قەمە سەرە و دەس و پا قوربانیەکاشا بڕیێ و جە لاشەیشا جیاشا کەردیوە. ئی کردەوە تاوانبارانە لووتکەو دڕندەگی ڕژیموو ئیسلامی ئێرانی مرمانۆ.
ئی تاوانە گەورا بە درێژایی تەمەنی نەگریسوو ڕژیمی و جە ماوەو شەڕێوی دەیان ساڵە و سەپیایرە سەروو ئی خەڵکە هەقوازەیە درێژەشا بیەن و ئیسەیچە درێژەش هەن. چی شەڕە نابەرابەرەنە دەیان هەزار خەڵکی مەدەنی و پێشمەرگێ گیانشا جە دەس دان. هەزاران کەسێ وێسەرانە و بێ بەڵگە دەسبەسەر کریاینێ و وزیاێنێ زیندان و دەیان شارێ و دەگای بوومواران و کاولێ کریاینێ. بە سەدان چالاکوانێ و پەنابەرێ و ڕابەرێ سەرشناسێ هێزە کوردیەکا جە هەندەران و جە هەرێموو کوردستانیەنە تێرۆرێ کریاینێ. جە چن ساڵێ ویەردێچەنە تا ئیسە چنها ئوردووگای پەنابەرا و بنەماڵەو پێشمەرگاو هێزە کوردیەکا جە هەرێمەنە بە درۆن و بە مووشەک کاولێ کریاینێ و دەیان کەسێ بێتاوانێ کۆمەڵکوش کریاێنێ.
ئارەزوە خەیاڵییەکاو خالێد عەزیزی پەی ئەرەمەرزنای دیکتاتۆریەتی و سەزاو سێدارەی
هەر پاجۆرە کە وەڵتەر بە کورتی ئاماژەم پەنە کەرد، ڕۆڵەکاو خەڵکی زڵم وەنە کریاو کوردستانی دەیان ساڵێن ئێعدامێ و کۆمەڵکوش و ژێنۆساید کریا، بەڵام ئی خەڵکە تا ئیسە کۆڵش نەدان و بێوچان پەی یاوای بە مافە ڕەوایەکاش چەنی دەموو دەسگا سەرکوتکەرەکاو ئی ڕژیمیە گژیان و ئیسەیچە گژیۆ. کوردستانیەکا هامکات چەنی ئەوەگژیای پەی مافە ڕەواکاشا شان بە شانوو نەتەوەکاتەری و چەنی ڕێکوزیاکاو مافوو ئانزانی چ جە ئێران و ج جە ئاستوو جەهانیەنە گژیا پەی کۆتایی ئاردەی یەکجاری سەزاو سێدارەی جە کوردستان و جە ئێران و جە سەرانسەروو دنیاێنە. ڕێک بە پێجەوانەو ئی ئامانجە ڕەوایاو کوردستانیا، کە کۆتایی ئاردەی بە سەزاو سێدارەی و دیکتاتۆریەتی تەنیا بەشێو چادیشانە، خالێد عەزیزی، قسەکەروو حێزبوو دێمۆکراتوو کوردستانوو ئێرانی جە ئەرەنیشتێوەنە بە ئاشکرا ئاواتە موازۆ پەی سەپنای دیکتاتۆریەتی و سەزاو سێدارەی جە کوردستانێوی نا دێمۆکراتکەنە کە ئاد و هامویرەکاش دەسەڵاتدارێش با. سەیر ئانەنە کە ئی باسشە جە تەلەوزیۆنوو “کورد کاناڵ” یچ وەڵاو کریانەو و ئیسەیچ جە ئینتەرنێتەنە هەن و منیچ پێسەو بەڵگەی تۆمارم کەردەن. چا قسەوباسەنە خ. عەزیزی پێسە ماچۆ:
“ئارەزووم دەکرد کورد توانیبای خۆی ڕزگار بکا با حکوومەتی دیکتاتۆری کوردی هەبایە!!، با دیکتاتۆرە کوردەکانیش کوردیان ئێعدام کردبایە!!، بەڵام سنوورەکانی هی خۆی بوایە، وەکوو هەموو وەڵاتانی دنیا”
بەڵام قاسملوو ڕابەروو کاریزماتیکوو حێزوو دێمۆکراتی کە وێش بی بە قوربانی تێروری دەوڵەتی داگیرکەری فارسی واچێ: ” من خراوتەرین دێمۆکراسیم جە خاستەرین دیکتاتۆریەتی پەنە وەشتەرەن”
نەتەوە و گەلە بندەسەکا، بە تایبەت گەلوو کوردستانی ڕۆڵەکاش و پێشمەرگەکاش پەی سەپنای دیکتاتۆریەتی و سەزاو سێدارەی جە لاو کەسانێوە پێسەو خالێد عەزیزی قوربانی نەکەردێنێ و نمەکەرا. چالاکوانە کوردستانیەکا، چ پێشمەرگێ و چ چالاکوانێ مەدەنیێ وەڵ جە گردچیەنە پەی کۆتایی ئاردەی بە زڵم و زۆری نەتەوایەتی و داگیرکاری، کۆتایی یەکجاری بە سەزاو سێدارەی و دیکتاتۆریەتی، پەی چەسپنای دێمۆکراسی، دادپەروەری کۆمەڵایەتی، یەکسانی ژەن و پیای، مافوو زاڕۆی، سەروەری یاسای، دەسەبەر کەردەی مافوو تاکی و کۆمەڵی سەروو بنەماو جاڕنامەو گەردوونی مافەکاو ئانزانی، ڕێز گێرتەی و پارێزنای مافوو کەمینە زوانی و ئایینیەکا و….. دەسشا دان بە ئەوەگژیای بێ وچانی و گیانشا بەخت کەردەن. گردوو شارۆمەنداو کوردستانی بێزارێنی جە دیکتاتۆریەتی، بێزارێنی جە سەزاو سێدارەی بە گردوو شێوازەکاشەو. ئامانج و یاوگەو کوردستانیا سەپنای دیکتاتۆریەتوو خالێد عەزیزی و هامویرەکاش نیەن و ئیجازەیچ نمەدا کە ونی سوورەو ڕۆڵەکاشا بۆ بە فەرشی سوور پەی یاوای دیکتاتۆریەتی و سەزاو سێدارەی چێروو نامێ کوردی و کوردایەتیەنە. ئی گەلە زڵم وەنە کریا بە تەماموو هێزیشەو ئامانەنە مێدان پەی کۆتایی ئاردەی بە هەر چەشنە دیکتاتۆریەتی.
چی سەردەمەنە کە چەسپنای مافەکاو ئانزانی و دێمۆکراسیەت و کۆتایی ئاردەی بە سەزاو سێدارەی ئێژایی و گرینگیوی جەهانیشا هەن، چی مشۆ بە نامێ سنووری و ناسیۆنالیسمی کۆر و و نادێمۆکراتیکی بانگەشە پەی دیکتاتۆریەتی و سەزاو سێدارەی کریۆ؟ هەرێموو کوردستانی (باشوور) ٣٥ ساڵێن بە نامێ مافی نەتەوایەتی و.. نەتەوەکەو وێش چەوسنۆوە و وستەنش دلێ بارودۆخێو کە خەڵکش دوور وستەنەو جە ئەوەگژیای پەی مافە ڕەواکاش. نە دێۆکراسیەت هەن، نە مافوو مرۆڤی وەرچەم گیریۆ، نە ئازادی ویروپەیلوای هەن، نە ڕۆنامەوانی و مێدیای ئازاد هەن، نە مافوو ژەنێ و زاڕۆی پارێزیۆ، نە یاسا سەروەری کەرۆ، نە دادپەروەری کۆمەڵایەتی هەن، نە سنوورەکاو کوردستانی گیریاینێوە و پارێزیاینێ، و….. چا حکوومەتە بە نامێ کوردیەنە تەنانەت مافی زوانی خەڵکوو هەورامانی ٣٥ ساڵێن بە شۆوینیستانەتەرین شێوە پاشێل کریۆ. ‌هەورامانێو کە ئا گردە ئەنفال و کیمیاییواران و کاولکاریشە پەی کوردایەتی ئامان سەرەرە. ‌هەورامانێو کە چنها قارەمانێش پێسەو حەمە گٶڵپی و ئازاد هەورامی و… فیداو کوردایەتی کەردێ.
ئیتر با ورەتەی کەرکووکی مدرۆ، با تێروروو سەدان کوردێ پەنابەری وەرکەوتی جە باشوورەنە بە دەسوو داگیرکەری ئێرانی بە هامکاری هێزە کوردیەکاو باشووری مدرۆ، با شەڕی براکوشی دەیان ساڵەو هێزە کوردیەکا مدرۆ، با پەلکێش کەردەی داگیرکەرەکاو دەرووبەری و کاول کەردەی و دزیەی سەرچەمە سرووشتیەکاو کوردستانی جە لاو ترکیەی فاشیستیوە مدرۆ و سەدان نموونە خیانەتبارێتەری. ئینە نموونەو دەوڵەتی نەتەوایەتی نا دێمۆکراتیک و دیکتاتۆری بە نامێ کوردیوە بێ. خەڵکی ژیر و ئەنەیاواو کوردستانی ئی (نا)نموونەشە گەرەک نیەن و نمەبوو جە هیج بەشێوەتەروو کوردستانیەنە دووبارە بۆوە.
کۆتایی:
حێزبوو دێمۆکراتوو کوردستانی کە دماگرو (پسوند) دێمۆکراتیش بە نامەکێشەوە لکنان، مشۆ تەکلیفوو وێش پەی وێروڕاو گردی کوردستانی ڕۆشن کەرۆوە. یان ئینا چەنی واتەکەو ڕابەرە کاریزماتەکەیش، دوکتور قاسملووی کە چن جاری واتەنش، ” من خراوتەرین دێمۆکراسیم جە خاستەرین دیکتاتۆریەتی پەنە وەشتەرەن” یان ئینا چەنی بانگەشەو قسەکەرەکەو ئیسەیش، خ. عەزیزی پەی دیکتاتۆریەتی و سەزاو سێدارەی؟؟
حێزبوو دێمۆکراتی مشۆ ئینەیە بزانۆ کە جە دنیاو ئارۆینە، دنیاو ئێژایی دای بە مافوو ئانزانی و دێمۆکراسیەتی، دنیاو بێزاری جە دیکتاتۆریەتی و سەزاو سێدارەی، دنیاو شۆڕشوو زانیاری و خێرایی وەڵابیەی زانیاری و ڕۆشنویری و… سیاسەتوو بانیە و دوێ هەوای نمەلۆ وەرەو و هیچ پاساوێەیچش پەی نیەن. ئی سیاسەتە وەڵ جە گردچیەنە زەرەر ئەۆ متمانێ سیاسی ئی حێزبیە مدۆ. دەسە گوڵ بە ئاودای خالێد عەزیزی تەنیا پی قساشە کۆتاییش نمەی. نامبریا وەختوو وێش جە سێمینارێوەنە، کە ئادیچ جە “کورد کاناڵ” وەڵا کریاوە، هەڕەشێش ئەو گلێرەو کەردەی زوانی هەورامی، کەلهۆڕی و کرمانجی(شەکاکی) و هەرپاسە ئایینوو یارسانی کەرد. من و چنها کەسێتەری چی بارەوە جە سۆسیال مێدیانە جواوێوی گوونجیاما داوە. بەڵام دیسان جە فرسەتێتەرەنە جواویتەریچ هۆر گێرۆوە.

موختار کەریمی– ئاڵمان – ١٠.١٠.٢٠٢٦




تۆپ به‌ زه‌وی ناكه‌وێـته‌وه‌.. شیعری نه‌ژاد عزیز سورمێ

منداڵێـك
به‌ دوای (تۆپ)ێـكه‌وه‌یه‌
به‌ ئاسته‌م
له‌ (دڵ)ی گه‌وره‌تره‌..
ئه‌و نازانێ
تۆب سنووری بۆ داندراوه‌
نازانێ
ئاسمانیش پۆلیسی لێـیه‌
زه‌رده‌خه‌نه‌ و شادیش
پاسپۆرت و ڤـیزه‌ی ده‌وێ
هات
به‌وپه‌ڕی دڵخۆشییه‌وه‌
شووتێـكی لێ دا
تۆپ،
به‌سه‌ر یاریگادا فڕی
فـڕی .. فـڕی
هه‌موو شووره‌كانی بـڕی
شاری بـڕی
وڵاتی بـڕی
كه‌ سترانه‌ غه‌مگینه‌كانی
له‌ داڵانه‌كانی شه‌ودا حه‌شار داون..

تۆپ به‌ زه‌وی ناكه‌وێـته‌وه‌
به‌ دوای پێـیه‌كی بچكۆلانه‌دا ده‌گه‌ڕێ..

بسوورێـوه‌ ئه‌ی تۆپ!
به‌و ئاسمانانه‌ی
به‌سه‌ر ئه‌و زه‌مینانه‌دا ده‌ڕوانن
نه‌خشه‌یان لێ سڕاوه‌ته‌وه‌..

له‌ كوێدا په‌نجه‌ره‌ شڵه‌ژان؟
كامیراكانی چاودێری
چاوبز
له‌و منداڵه‌ ده‌ڕوانن
دڵخۆشه‌ به‌ ئاسمانی ئازاد؟

ده‌ركه‌وت
(تۆپ)یش
‌ سنووری هه‌یه‌
ده‌ركه‌وت ئه‌و منداڵه‌ یازده‌ سالیة
تیشێرتپۆشه‌
خه‌می
هه‌موو (ئاسیا)ی له‌ كۆڵه‌ و
پێ نازانێ..
ئه‌و به‌ كاڵه‌ی پێی دڵخۆشه‌
ئه‌و منداڵه‌ یانزه‌ ساڵیه‌
تیشێرتپۆشه‌ كاڵه‌ له‌ پێیه‌ دڵخۆشه‌،
گۆرانیی ده‌چڕێ
ده‌یه‌وێ گۆڵێك بكا
نه‌یزانی
ده‌بێته‌
پرسیارێـكی كورت
له‌ ده‌فته‌رێـكی گه‌وره‌دا
(تۆپ)یش
به‌ مانگێـكی ڕه‌ش
له‌ یاریگایاندا ده‌خوولێـنرێـته‌وه‌ و
له‌ گۆڵ تێده‌په‌ڕێ
وێنه‌ی (خۆر)ێـكی گچكه‌
كه‌ ئیتر
له‌ ئاسمان ناترسێ
ده‌كه‌وێـته‌وه‌ دڵی شار
به‌ زه‌وی ناكه‌وێته‌وه‌.

2-10-2026 هه‌ولێر




سەمفۆنیای نا مردنێ.. عەباس ئیسماعیل حەمەد

بەرد جێگەی لەق بوو . . . ئاوارە دەبێ
کوێستان و گەرمیانی حەزلێیە
رۆحی من

شوشە کە درزێ دەدا . . . ساف نابێتەوە
تەمەن هەڵدەکشێ . . . جغز دەبن بە درز
دەرەقەت نایەن
کون ناکەن . . . هێشتا . . . ناخی من

شیعر دەنووسم
ئەگەرنا
ئۆخخەی ناکەم . . . ئۆقرەی لێ هەڵدەگیڕێ
دەروونی من

عەباس ئیسماعیل حەمەد
2026-10-13




چاپکراوی نوێی سەردەم: “سێڵفی”.. عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا


‘لەنێوان ئیگۆی دەروونی و ئیگۆی دیجیتاڵی’

لە پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب بەردەست دەبێت…




مەستانە.. شاعیر:بیژن ترقی.. وەرگێڕانی لە فارسییەوە:شەهلا نوری

ئەمشەو وەها مەست بووم، کە مەستانە بگریم
لێمگەڕێ، با شەوێ لە گۆشەی مەیخانە بگریم

بۆیە مەستانە هاتووم بۆ مەیخانە ئەمشەو
تا بۆ قەهقەهەی جام و پەیمانە بگریم

ئەفسانەی دڵ پڕ لە چیرۆکی ڕەنج و ژانە
لێمگەڕێ، بۆ ئەم چیرۆکە، بۆ ئەفسانە بگریم

ئەی ئەقڵ، تۆ بە ئاشقی دێوانە پێبکەنی
منیش بۆ هەر ئاقڵ و فەرزانە بگریم

کۆرپەی دڵم، دیسانەوە هەر تۆی دەوێ
لێمگەڕێ، بۆ ئەم کۆرپەیە با هەتیوانە بگریم

ئەمشەو بۆچی وا لە نیشتمانی خۆم غەریبم
دەمەوێ، ئەمشەو لەم شارەدا غەریبانە بگریم

ئەو باڵندە جوانەی من، باڵیان بەست، لێمگەڕێ
با شەوانە بۆ پەڕئەفشانی پەروانە بگریم!

وەرگێڕانی لە فارسییەوە:شەهلا نوری




ئەدەبیاتی منداڵان.. دوو هۆنراوە بۆ پشیلەکەم.. فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی

پشیلەکەم..

پشیلەسپی چاوشین
پێکەوە زۆر دڵخۆشین
گیاندارێکی وریایە
کەدەڕۆم بەدوومدایە
یاری لەگەڵدا دەکەم
هیچکات ئازاری نادەم
ئەویش وەکو خۆم وایە
لەگەڵ کەس بەشەڕ نایە
ئەو کاتەی دەڵێ میاو
بۆی دەهێنم نان وئاو
ئەو ڕۆژە چاوم لێبو
کۆترێ لەسەر پشتی بوو
پێیدەوت ، خۆشمدەوی
وریای خۆتبە،نەکەوی !
پشیلەکەم بەسۆزە
هاوڕێیەکی دڵسۆزە .


٢..

ڕۆژێکی گەرمای هاوین
پشیلەکەم بێزاربوو
نان و ئاوی نەدەخوارد
دیاربوو کە زۆرخەمباربوو.

دەفرێکی ئاوم هێنا
کەمێک ئاوم تێپرژاند
پشیلە سپی چاوشین
ئاوی دەفرەکەی ڕژاند

کردمان بەبەزم ویاری
کاتی خۆشمان بەسەربرد
برسی بوو دەیوت :میاو.
نان و شیرم پێشکەشکرد

لەگەرما ڕزگاری بوو
تێری خوارد ،ڕوی تێکردم
بەلاچاو لێیدەڕوانیم
بەدڵ سوپاسی کردم.