دەمامکەکانی زانیاری: هەڵوەشاندنەوەی ئەفسانەی سەربەخۆیی ناوەندەکانی بیرکردنەوە لە جیهانی هاوچەرخدا.. ئەکرەم سەعید

سەرمایە، دێوەزمەیەکی دڕندە و تۆقێنەرە
کێیە بوێریی ئەوەی هەبێت توڕەی بکات؟
هیچ شتێک کڵپەی شێتییەکەی دانامرکێنێتەوە،
جگە لە تاڵانکردنی سامان و خوێن ڕشتن.

شمشاڵژەنەکانی حەساری سەرمایە: لێکۆڵینەوەیەک لە پاشکۆیەتیی پێکهاتەییی دامەزراوە فیکرییە بۆرژوازییەکان:

هەردوو ئابووریناسی مارکسیست پۆڵ باران و پۆڵ سویزی لە کتێبی هاوبەشیاندا بە ناوی «سەرمایەی قۆرخکار» (١٩٦٦)، دەستەواژەی خوازراوی «ئەوەی پارەی شمشاڵژەن دەدات، ئاوازەکە دیاری دەکات» بەکاردێنن؛ بە مەبەستی توێژینەوە و لەبەرشیکردنی ئەو پاشکۆیەتییە ڕەهایەی کە دەزگاکانی ڕاگەیاندن، دامەزراوە فیکری و ئەکادیمییەکان لەبەرژەوەندیی چینی بۆرژوازی و سەرمایەی قۆرخکار بەدەستیەوە دەناڵێنن. ئەم شیکارییە دەسەلمێنێت کە ناوەندەکانی توێژینەوە، ڕۆژنامەگەری، زانکۆکان و دامەزراوە فیکرییەکان لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا، مەعریفە و زانیارییەکانیان لە فەزایەکی سەربەخۆ یان بێلایەنییەکی ئەخلاقیی پاكدا بەرهەم ناهێنن؛ بەڵکو بەردەوامی و کارەکانیان بەستراوەتەوە بە بەخشینی کۆمپانیا قۆرخکارە گەورەکان و ئەو پاڵپشتییە داراییە حکومییەی کە کەوتووەتە ژێر فەرمانەکانی دەوڵەتی سەرمایەداری و سەربازییەوە.

لە واقیعی کرداریدا، زۆربەی نوخبەی ڕۆشنبیر و دامەزراوە فیکرییەکان دەکەونە ژێر ڕکێفی پارەی بۆرژوازییەوە . بە پشتبەستن بەم بنچینە ئابوورییە، ئەو دوو توێژەرە پێیان وایە کە «داخوازیی کاریگەر» لە بازاڕی سەرمایەداریدا، سەرەنجام داوای «خستنەڕوویەکی مەعریفیی هاوتا لەگەڵ خۆی» دەکات؛ چونکە دامەزراوە داراییەکان مەرج و ئاڕاستە ئایدیۆلۆژییەکانی خۆیان بەسەر توێژەر و ڕۆشنبیراندا (شمشاڵژەنەکان) دەسەپێنن، ئەمەش وای لەو ئەکادیمیانە کردووە پەنا بەرنە بەر داڕشتنی تیۆری و پاساوی وەزیفی بە جۆرێک کە پارێزگاری لە پێکهاتە کۆنەکە بکات و میکانیزمەکانی چەوساندنەوەی پێکهاتەیی بشارێتەوە، و خۆیان لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی عەقڵانیی ڕاستەقینە لەگەڵ واقیعی سیستەمەکە بەدوور بگرن. ئەم پێوەندییە پاشکۆییەی نێوان دەسەڵات، ڕۆشنبیران و دامەزراوەکانیان، دەرکەوتەکانی لە نێوان وڵاتانی جیهاندا لە ڕووی شێوازی ڕێکخستن و ئاستی شەفافیەتەوە جیاوازە، بەڵام لە ڕووی جەوهەری فیکرییەوە وەک یەک دەمێنێتەوە، ئیتر چ لە (ئەمریکا، ئەڵمانیا، ئیتالیا، عەرەبستانی سعوودی، ئیمارات، و هتد) بێت.

ئەم توێژینەوەیە هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی «ئەفسانەی کارایی عەقڵانی» دەدات لە ڕێگەی پێشکەشکردنی خوێندنەوەیەکی ڕەخنەیی پێکهاتەیی بۆ کارکردنی ناوەندەکانی بیرکردنەوە (Think Tanks) لە ژینگەی سەرمایەداریی هاوچەرخدا. کێشەی ناوەندیی توێژینەوەکە لە دەوری ڕوونکردنەوەی ئەو دژایەتییە پێکهاتەییە توندە دەسووڕێتەوە کە لە نێوان ڕووکەش و ناوەڕۆکدا هەیە؛ چونکە لە کاتێکدا وڵاتانی سەرمایەداری شایەتی هەڵاوسانێکی چەندایەتیی گەورەن لە ژمارەی سەنتەرەکانی توێژینەوە و دامەزراوە مەعریفییەکانی تایبەت بە بەرهەمهێنانی ستراتیژییەکان، بەڵام سیاسەتە گشتییەکان و ئاڕاستە سەربازییەکان و ئۆپەراسیۆنە جەنگییەکانی ئەم وڵاتانە بەرەو ئاستێکی بێپێشینە لە ناعەقڵانییەتی خۆکوژانە گلۆر دەبنەوە، کە لە چەقینی مەعریفی و گەمژەیی ستراتیژی نزیک دەبێتەوە. توێژینەوەکە بەرگری لەو تێڕوانینە دەکات کە ئەم دژایەتییە بەهۆی کەمیی لێهاتوویی تەکنیکی یان ئەکادیمی لای نوخبە فیکرییەکان نییە، بەڵکو دەرەنجامێکی حەتمیی بەستراوەتەوەیی بابەتە مەعریفییەکەیە بە یاساکانی بازاڕی سەرمایەداری و دارایی قۆرخکارییەوە. بە بەکارهێنانی چەمکەکانی ئابووریی سیاسیی مارکسیستی، دەردەکەوێت کە ئەم دامەزراوانە ڕۆڵێکی وەزیفیی پاساودەرانە دەگێڕن کە سروشتی «داخوازیی کاریگەر»ی چینی بۆرژوازی و دەوڵەتی جەنگ سەپاندوویەتی؛ بەو پێیەی «شمشاڵژەنەکان» لەم سەنتەرانەدا ناچارن نزیکبوونەوە و دیدگایەک بەرهەم بهێنن کە پارێزگاری لە دۆخی پێکهاتەیی ئێستا بکات، و شەرعیەت بدات بە «ستراتیژییەکانی دڕندەیی» بە مەبەستی بەڕێکردن و چارەسەرکردنی قەیرانە خولییەکانی سیستەمەکە. ئەم گەمارۆدانە ئایدیۆلۆژییە خودییە، لە ڕووی بابەتییەوە هەر ئەگەرێکی بەرهەمهێنانی چارەسەری عەقڵانیی ڕاستەقینە وەدەر دەنێت، و ئەو دامەزراوانە لە ئامرازی ڕۆشنگەری و پلاندانانی زانستییەوە دەگۆڕێت بۆ ئامێری بەرهەمهێنانی هۆشیاریی ساختە و سڕکردنی هۆشیاریی بەکۆمەڵ، ئەمەش تەواوی سیستەمی نێودەوڵەتی بەرەو لێواری بەربەریەت و وێرانکاریی بێمانا پاڵ پێوە دەنێت، تەنیا لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی سەرمایەدا.

لە سیستەمە سەرمایەدارییە دیموکراتیکەکاندا، بوونی ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنووسانی سەربەخۆ (لیبراڵەکان، چاکسازیخوازان، یان داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ) کە ڕەخنە لە سیاسەتەکانی دەوڵەتەکانیان دەگرن، وەک دیاردەیەکی بەردەوام و ئاسایی سەیر دەکرێت. بەگوێرەی مێتۆدی ئابووریی سیاسیی مارکسیستی، دەسەڵاتی سەرمایەداری مامەڵە لەگەڵ ئەم ڕەخنەگرانەدا ناکات لە ڕێگەی قەدەغەکردنی توند یان سڕینەوەی جەستەییی ڕاستەوخۆوە، مەگەر لە حاڵەتە ناوازە و فریاگوزارییەکاندا نەبێت. لەبری ئەوە، دەسەڵات پشت بە میکانیزمە «نەرم و پێکهاتەیییەکان» دەبەستێت بۆ هەرسکردنی ئەم ڕەخنانە و بێلایەنکردنیان؛ ئەمەش بەهۆی چەند هۆکارێکەوەیە:

١/ بەخشینی شەرعیەتی دیموکراتی: ئەم ڕۆشنبیرە سەربەخۆیانە وەک ئەو بەڵگەیە وایە کە دەوڵەتە سەرمایەدارەکان پێشکەشی دەکەن بۆ سەلماندنی ئەوەی کە ئەوان «کۆمەڵگەی ئازاد و فرەخواز»ن. بوونی ڕەخنەگران لە سیاسەتی باج، ژینگە، یان سیاسەتی دەرەوە لە ناو ڕۆژنامە گەورەکاندا، پسوڵەی لێخۆشبوونی سیاسی دەبەخشێتە سیستەمەکە و لە تۆمەتی دیکتاتۆریەت دەیپارێزێت.

٢/ زمانەوانەی دڵنیایی (هەڵمژینی تووڕەیی): ڕەخنەی نادۆژمنکارانە و نادژبەر (ناسۆسیالیست) وەک میکانیزمێک بۆ کەمکردنەوەی بارگرژی و تووڕەیی گشتی کار دەکات. چاکسازیخوازان داوای «باشترکردنی مەرجەکانی کایەکە» دەکەن (وەک زیادکردنی باج لەسەر دەوڵەمەندەکان یان توندکردنەوەی یاسا ژینگەیییەکان) بەبێ دەستکاریکردنی کرۆکی سیستەمەکە کە بریتییە لە «خاوەندارییەتی تایبەت و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری». ئەم ڕەخنەیە یارمەتی سەرمایەداری دەدات کە ڕێڕەوی خۆی ڕاست بکاتەوە و لە قەیرانە شۆڕشگێڕییە توندەکان بەدوور بێت.

جێبەجێکردنە مەیدانییەکانی ناعەقڵانییەتی سەرمایەداری: جەنگەکانی وزە و ڕێڕەوەکان وەک نموونە:
«دەمامکەکانی زانیاری» لە جیهانی هاوچەرخدا بە شێوەیەکی زەق و تۆقێنەر دەردەکەون کاتێک بڕیارە ستراتیژییەکانی هەڵگیرساندنی جەنگە هاوچەرخەکان دەخرێنە ژێر لێکۆڵینەوەی ڕەخنەیی و زانستییەوە؛ وەک ململانێی توندی نێوان ڕووسیا و هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) لەسەر گۆڕەپانی ئۆکرانیا، پەرەسەندنی سەربازی و جیۆپۆلەتیکی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران لە ناوچەی کەنداوی عەرەبی، و ئەو جەنگەی کە سعوودیە لە یەمەن دژی گرووپی حوسییەکان سەرکردایەتی دەکات. کاتێک لۆژیکی پشت ئەم ململانێیانە دەپشکنرێت، ڕوون دەبێتەوە کە دیاریکەرە ئابوورییەکان و بەرژەوەندییە جیۆپۆلەتیکییە بەرتەسکەکان، پاڵنەری پێکهاتەییی یەکەم و ڕاستەوخۆی نوخبە دارایی و دەسەڵاتخوازە باڵادەستەکانن لە هەردوو بەرەی دڕندەی جەنگەکان، لە کاتێکدا ئەم بڕیارانە ڕێک بە پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی چینی کرێکار و توێژە کۆمەڵایەتییە هەژارەکانن، و تەنانەت دژ بە کەرتە بەربڵاوەکانی بۆرژوازیی وەبەرهێنەر لە کاڵا و خزمەتگوزارییە مەدەنییەکان و بۆرژوازیی بچووک کە لەژێر قورسیی ئابووریی جەنگدا پان دەکرێنەوە.
لێرەشدا ئەو دژایەتییە پێکهاتەییە بەدیار دەکەوێت کە ساختەکاریی ئەو «عەقڵانییەتە» ڕادەماڵێت کە ناوەندەکانی بیرکردنەوەی (Think Tanks) بۆرژوازی بانگەشەی بۆ دەکەن؛ ئایا چ زانیارییەکی عەقڵانیی گریمانەکراو لە پشتی بڕیاری پەرەپێدانی ڕووبەڕووبوونەوە دژی ڕووسیا و پووچەڵکردنەوەی تواناکانی ئۆکرانیادا هەیە، لە کاتێکدا ئەم بژاردەیە لە ڕووی بابەتییەوە بووە هۆی وێرانکردنی پێکهاتەی ئابووریی ئەورووپا بەهۆی پچڕانی هێڵەکانی گواستنەوەی گاز و نەوتی کەم تێچووی ڕووسی؟ ئەم بڕیارەی کە بووە هۆی بازدانی تیژ و توند لە نرخەکانی وزەدا، لە دەرەنجامیشدا بووە هۆی لاوازکردنی توانای پێشبڕکێی بنەڕەتیی پیشەسازییە گەورەکانی ئەورووپا لە بەردەم گەشەسەندنی ئابووریی چیندا. لە هەمان چوارچێوەدا، عەقڵانییەتی ستراتیژی لە هەوڵەکانی هەڵگیرساندنی جەنگ یان چوونە ناو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی کراوە لەگەڵ ئێراندا دەسڕێتەوە، بەهۆی ئەو مەترسییە وێرانکەرانەی کە دەبنە هەڕەشە بۆ سەر ناوچەی کەنداوی عەرەبی وەک شاڕەگی سەرەکی و سەرچاوەی بنەڕەتیی وزە بۆ ئابووریی جیهان.

ئەم ناعەقڵانییەتە زیاتر چڕ دەبێتەوە کاتێک بڕیاری جەنگی سعوودیە لە یەمەن دەپشکنرێت؛ ئایا چەند دەستکەوتی ئابووریی ستراتیژی لە پشتی هەڵمەتێکی سەربازییەوە هەیە کە سەرەنجام بووە هۆی بەئامانجگرتنی دامەزراوەکانی کۆمپانیای زەبەلاحی «ئارامکۆ» و ژێرخانی پیشەسازیی گرنگی شانشینی سعوودیە؟ ئەمەش لە کاتێکدایە کە هیچ ئامانج یان دەستکەوتێکی ئابووریی خاوەن بەهای ڕاستەقینە لەو سنوورە جوگرافیایەدا نییە کە لەژێر کۆنترۆڵی حوسییەکاندایە، و قورسترین باج و تێچووش تەنیا کەوتە سەر شانی مەدەنییەکان. ئەم نموونە زیندووانە ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە (ئەو مەعریفەیەی لە پشتی بڕیاردانی دەسەڵاتدارانن بۆ ئەو جەنگەگانە، چەند پووچ و نائەقڵانییە). ئەو شتانەی ناوەندەکانی بیرکردنەوەی سەرمایەداری وەک «ستراتیژی و عەقڵانییەتی سیاسی» پڕوپاگەندەی بۆ دەکەن، تەنیا دەمامکی ئایدیۆلۆژین؛ کە ئەرکیان شاردنەوەی سروشتی خۆکوژانەی سەرمایەداریی درەنگوەختە (Late Capitalism)، کە بە شێوەیەکی غەریزی بەرەو بەربەریەت و وێرانکردنی بنەماکانی ژیانی هاوبەش پاڵ پێوە دەنێت، تەنیا بۆ دەستەبەرکردنی مانەوەی کارتێلەکانی چەک، وزە و هەژموون، تەنانەت ئەگەر باجەکەشی وێرانکاریی ئابووریی گشتگیری کۆمەڵگاکان بێت.

دەمامکەکانی زانیاری لە نێوان ئەفسانەی تەمومژاویبوونی فوکۆیی و ڕەخنەی سۆسیالیستیدا:
لە چوارچێوەی هەڵوەشاندنەوەی «ئەفسانەی کارایی عەقڵانی»ی دامەزراوە فیکرییە سەرمایەدارییەکاندا، لە ڕووی مەعریفییەوە دەبێتە پێویستییەک کە بچینە ناو ململانێ لەگەڵ ئەو تێڕوانینە فەلسەفییانەی کە هەوڵیان داوە دیدگای جێگرەوە بۆ دژایەتیی نێوان زانیاری و هێز دابڕێژن؛ لە سەرووی هەمووشیانەوە تێڕوانینی فەیلەسوفی فەڕەنسی میشێل فوکۆ سەبارەت بە «دژایەتیی نێوان دەسەڵات و زانیاری». ڕەنگە ئەو برەو و باوە گەورەیەی کە تێڕوانینە فوکۆییەکە لە ئەکادیمیا هاوچەرخەکاندا بەدەستی هێناوە، پێویستیی ئەوە بسەپێنێت کە بخرێتە ژێر چەقۆی ڕەخنەی سۆسیالیستییەوە، بۆ ڕوونکردنەوەی ئەوەی کە چۆن ئەم پێشنیارە ــ بە پێچەوانەی بانگەشە هەڵوەشێنەرەوەکانی خۆی ــ بەشدار دەبێت لە بەهێزکردنی دۆخی سڕکردنی ئایدیۆلۆژیی باو و پاساودانی دەستەوەستانیی ئەم دامەزراوە مەعریفییانە.
فوکۆ خاوەنی دیدگایەکی مایکرۆ-فیزیاییی تەمومژاوییە کە پێی وایە دەسەڵات ناوەندێکی جێگیر نییە (کورت نابێتەوە لە دەوڵەت یان چینی باڵادەستدا****)، بەڵکو تۆڕێکە لە ناو هەموو جومگەکانی کۆمەڵگەدا چوووەتە خوارەوە، و لە ڕووی پێکهاتەییەوە لە ڕێگەی گوتار و زانیارییەوە شێوە دەگرێت. بەڵام ئەم تێڕوانینە دەکەوێتە ناو لێژییەکی ئێپیستەمۆلۆژیی توندەوە کاتێک ڕووبەڕووی توندیی ماددیەتی دیالێکتیکی و ئابووریی سیاسیی مارکسیستی دەبێتەوە:

یەکەم/ پێچەوانەکردنەوەی هۆکارێتیی پێکهاتەیی (ڕەوتی نموونەیی/ ئایدیالیستیی فوکۆ): تێڕوانینەکەی فوکۆ پێوەندیی دیالێکتیکیی نێوان ژێرخان و سەرخان پێچەوانە دەکاتەوە؛ بەو پێیەی مامەڵە لەگەڵ زانیاری و گوتاردا دەکات وەک قەوارگەلێکی سەربەخۆ کە دەسەڵات لە ناخی خۆیانەوە بەرهەم دەهێنن. لە بەرامبەردا، ماددیەتی مێژوویی دەیسەلمێنێت کە دامەزراوە مەعریفییەکان و ناوەندەکانی بیرکردنەوە (Think Tanks) دەسەڵات لە بۆشایییەوە دروست ناکەن، بەڵکو ئەو چینەی کە کۆنترۆڵی ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی ماددی دەکات (بۆرژوازیی قۆرخکار)، هەر خۆشی خاوەندارییەتی و بەڕێوەبردنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی فیکری دەکات. «داخوازیی کاریگەر»ی سەرمایە، دیاریکەری جەوهەریی سروشتی «خستنەڕووی مەعریفی»یە؛ بۆیە ئەو دەمامکانەی زانیاری کە ئەم دامەزراوانە دەیپۆشن، فەزای ئازاد نین بۆ بەرهەمهێنانی گوتار، بەڵکو ئامرازی ئایدیۆلۆژین کە چەکدار کراون بە دارایی بۆرژوازی بۆ پاراستنی شێوازی بەرهەمهێنانی هه‌بوو.

دووەم/ تەمومژاویکردنی ململانێی چینایەتی و بێلایەنکردنی جەلادی پێکهاتەیی: فوکۆ لە ڕێگەی پەرشوبڵاوکردنی چەمکی دەسەڵات و نیشاندانی بەوەی کە لە هەمووانەوە سەرچاوە دەگرێت و بە یەکسانی بەسەر نەخۆشخانە دەروونییەکان، بەندیخانەکان و گوتارە ڕۆژانەکاندا دابەش بووە، پرۆسەیەکی کوێرکردنی ئایدیۆلۆژی پەیڕەو دەکات کە ناوەندی ڕاستەقینەی ڕووبەڕووبوونەوە ون دەکات. ئەم پارچەپارچەکردنە مەعریفییە، ڕاستییە تاڵەکەی سیستەمی سەرمایەداریی هاوچەرخ دەشارێتەوە، کە تێیدا دەسەڵاتی زۆردار و بڕیاری ستراتیژی بە شێوازێکی یەکلاکەرەوە و زەق لە دەستی دەوڵەتی بۆرژوازی و کارتێلەکانی چەک و نەوتی کۆمپانیا فرەنەتەوەکاندایە. ئەفسانەی تەمومژاویبوونی فوکۆیی ئەم ناوەندە چینایەتییە لە بەرپرسیارێتیی مێژوویی بێبەری دەکات، و ڕەخنە دەگۆڕێت بۆ تەنیا مانۆڕ، یان جووڵەی فێڵاویی و شەڕەچەقەڵێکی پەراوێزی کە هەرگیز هەڕەشە لە کۆڵەکەکانی سیستەمەکە ناکات.
سێیەم/ دەستەوەستانی لە ڕوونکردنەوەی بەربەریەت و جەنگەکانی وزە: تێڕوانینی پۆست-پێکهاتەخوازیی فوکۆ ناتوانێت ڕوونکردنەوەیەکی زانستی بۆ «ناعەقڵانییەتی خۆکوژانە» و ئۆپەراسیۆنە جەنگییە هاوچەرخەکان پێشکەش بکات کە شایەتی وێرانکاریی ڕێکخراوی سەرچاوەکانی وزە و ژێرخانە کۆمەڵایەتییەکانن. لە کاتێکدا فوکۆ جەنگەکان و تەکنەلۆژیاکان وەک ئامرازی ڕێکخستن و بێلایەنیی زیندەیی (Bio-neutrality) دەبینێت، ئابووریی سیاسیی مارکسیستی ئاشکرای دەکات کە ئەم دڕندەیی و هەمجیەتە سەربازییە هاوچەرخە، وەڵامدانەوەیەکی زۆرەملێ و حەتمییە بۆ قەیرانی داکشانی پێکهاتەیی و زیادبوونی بەرهەمهێنانی سەرمایە. وێرانکاری بە بڕیارێکی «گوتارێکی مەعریفیی ڕووت» ڕوونادات، بەڵکو یاسا توندەکانی جووڵەی سەرمایە پاڵی پێوە دەنێت کە بەدوای بازاڕ و ڕێڕەوی نوێی دابینکردنی وزەدا دەگەڕێت.

چوارەم/ گلۆربوونەوە بۆ ناو لێواری نەهێلیزم (پوچگەرایی) و پانکردنەوەی ڕابوونی شۆڕشگێڕانە:
لۆژیکەکەی فوکۆ بەرەو ئاسۆیەکی سیاسیی بەستراو و پوچگەرایییەکی ڕەها کۆتایی دێت؛ چونکە مادام هەر زانیارییەک دەسەڵاتێکی نوێ بەرهەم بهێنێت، و هەر بەرگرییەک تەنیا ئەڵقەیەک بێت لە ناو تۆڕی هێزدا، ئەوا هەر جووڵانەوەیەکی جەماوەری دەبێتە کارێکی بێمانا و مەحکووم دەبێت بە بەرهەمهێنانەوەی سەرەڕۆیی و ستەمکاری. ئەم تێڕوانینە لووتکەی چەسپاندنی دۆخی «خەوزڕانی سیاسی» (ڕۆیشتن و قسەکردن لە کاتی خەودا) نیشان دەدات؛ چونکە جەماوەر قەناعەت پێدەکات کە گۆڕانکاریی ڕیشەیی بێسوودە. بە پێچەوانەی ئەمەوە، ڕەخنەی مارکسیستی جەخت لەوە دەکاتەوە کە ڕابوونی شۆڕشگێڕانەی ڕێکخراو، کە چەکدار بێت بە هۆشیاریی چینایەتی و تیۆری زانستی، توانای تێکشکاندنی پێکهاتە بۆرژوازییەکانی هەیە و دەتوانێت جێگرەوەیەکی عەقڵانیی سۆسیالیستی بونیاد بنێت کە کۆتایی بە چەوساندنەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە بهێنێت، لەبری خولانەوە لە ناو بازنەیەکی بەتاڵی گوتارە گریمانەیییەکاندا.
بەهای مێتۆدیی ئەم بەشە بەراوردکارییە لەوەدا کورت دەبێتەوە کە نیشانی دەدات هەڵاوسانی چەندایەتیی دامەزراوە فیکرییە سەرمایەدارییەکان و هاوکاتبوونی ئەمە لەگەڵ «گەمژەیی ستراتیژی و ناعەقڵانییەت» لە سیاسەتەکاندا، مەتەڵێکی ئەستەم نییە بۆ تێگەیشتن؛ بەڵکو دەرەنجامێکی سروشتیی گۆڕانی زانیارییە بۆ کاڵایەکی ملکەچی قۆرخکاری. هەڵوەشاندنەوەی ئەفسانەکانی تەمومژاویبوونی فوکۆیی، بایەخ دەگەڕێنێتەوە بۆ ناوەندیێتیی ململانێی چینایەتی، و بۆ خوێنەر پشتڕاستی دەکاتەوە کە چوونەدەرەوە لە لێواری بەربەریەتی هاوچەرخ بە گۆشەگیری لە ناو گوتارە ناڕوون و بێقاڵبەکاندا جێبەجێ نابێت، بەڵکو بە بەشداریکردن لە ڕێکخستنێکی مادیی هۆشیاردا دەبێت کە لە واقیعی ژیاودا ڕووبەڕووی دەسەڵاتی سەرمایە دەبێتەوە *****.
(ویژدانی ئەو ڕۆشنبیرەی کە لە ڕەوتی مێژوو دابڕاوە، قیبلەنمایەکی شکاوە کە ناتوانرێت متمانەی پێ بکرێت. مێژوو پرسی هەڵبژاردنی کردووە بە بابەتێکی ڕادیکاڵ و سادە کە هیچ شوێنێک بۆ گومان ناهێڵێتەوە: یان پاراستنی سەرمایەداریی دڕندە، یان بەشداریکردن لە شۆڕشی سۆسیالیستیدا.) – (وەرگیراوە لە دەقی “مرۆڤایەتی بێ ڕووبازی” (١٩٥٢) / جۆزێف شالاسینسکی). ئەم دێڕە وەرگیراوانەی دەقی جۆزێف شالاسینسکی، گورزێکی کوشندە نیشان دەدەن بۆ سەر ئەفسانەی «ڕۆشنبیرانی سەربەخۆ»ی نادژبەر و ناسۆسیالیست؛ چونکە بە لۆژیکی ماددیەتی مێژوویی ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە «بێلایەنیی فیکری» لە سەردەمی قەیران و بەربەریەتدا تەنیا وەهم و خیانەتێکی بابەتییە. ئەو ڕۆشنبیرەی کە هەوڵ دەدات لە ناوەڕاستدا بوەستێت (ڕەخنە لە سیاسەتەکان دەگرێت بەبێ دەستکاریکردنی ڕەگی سیستەمەکە)، خاوەنی «قیبلەنمایەکی شکاوە»؛ چونکە مێژوو لە قۆناغی هاوچەرخی خۆیدا هه‌ڵبژاردنێکی دووانیی بڕاوە دەسەپێنێت کە هیچ سێیەمێکی نییە: یان دەبیتە ددانەیەکی تەرخانکراو بۆ پاراستنی بەربەریەتی سەرمایەداریی هاوچەرخ، یان خەباتکارێکی هۆشیار لە پێناو شۆڕشی سۆسیالیستی و جێگرەوەی مرۆیی عەقڵانیدا.

پەراوێزەکان:

  • دەستەواژەی خوازراوی «ئەوەی پارەی شمشاڵژەن دەدات، ئاوازەکە دیاری دەکات» (Who pays the piper calls the tune)، لە لاپەڕە ٣ی دەقە ڕەسەنەکەی کتێبی «سەرمایەی قۆرخکار»دا هاتووە.
    ** میکانیزمەکانی مامەڵەکردنی سیستەمە بۆرژوازییەکان ــ کە لەسەر بنەمای دیموکراسیی نوێنەرایەتی (هەڵبژاردن) دامەزراون ــ لەگەڵ ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنووسانی سەربەخۆدا، لە ستراتیژییەکی کارکردنی دووانی پێکهاتووە، کە لە نێوان هەرسکردنی ئایدیۆلۆژی و وەدەرنانی پێکهاتەییی نەرمدا هاوسەنگی ڕادەگرێت. سیستەمی سەرمایەداری لە هەنگاوی یەکەمدا بەدوای سەرکوتکردنی مادیی ڕاستەوخۆ یان لەناوبردنی جەستەییی ئۆپۆزسیۆنی فیکریدا ناگەڕێت، بەڵکو ئەو فەزا ڕەخنەییانەی کە هەن بەکاردێنێت بۆ بەرهەمهێنانەوەی شەرعیەتە سیاسییەکەی خۆی؛ بە شێوەیەک کە بوونی نوخبە سەربەخۆکان وەک بەڵگەیەکی ڕێکاری بۆ پڕوپاگەندەکردنی چەمکەکانی «فرەخوازی و کۆمەڵگەی کراوە» بەکاردەهێنرێت، و تێڕوانینە چاکسازیخوازییەکانیان دەگۆڕێت بۆ پسوڵەیەکی دڵنیایی (زمانەوانەیەک)ی پێکهاتەیی کە تووڕەیی کۆمەڵایەتی هەڵدەمژێت و سەقفی داواکارییەکانیش لە چوارچێوەی «هەموارکردنی یاساکانی کایەکە»دا کورت دەکاتەوە، بەبێ دەستکاریکردنی کرۆکی سیستەمە ئابوورییەکە کە لەسەر خاوەندارییەتیی تایبەت دامەزراوە.
    بەڵام لەو چرکەیەی کە ئەم ڕەخنەیە لە سنوورە ڕێگەپێدراوەکان دەپەڕێتەوە و لە لەبەرشیکردنی ڕەگە پێکهاتەیییەکانی قەیرانەکانی سەرمایە یان کارتێلەکانی چەک و وزە نزیک دەبێتەوە، دەسەڵات جبەخانەی پارێزگاریی ناڕاستەوخۆی خۆی کارا دەکات. ئەم میکانیزمانەش خۆیان لە پەراوێزخستنی ئابووریی زۆرەملێدا دەبیننەوە لە ڕێگەی وشککردنی سەرچاوەکانی دارایی، و پەیڕەکردنی چاودێریی خودیی نەرم، سەرەڕای گەمارۆدانی بیرۆکە ڕادیکاڵەکان لە ڕێگەی ئەوەی کە بە «پیشەسازیی کۆدەنگی» ناسراوە؛ بە جۆرێک کە تێڕوانینە ڕەخنەییە قووڵەکان وەک بیرۆکەی «پەراوێزی یان نادروست و نادیدەیی» پۆلێن دەکرێن بۆ لاوازکردنی متمانەی کۆمەڵایەتییان. لەو کاتانەشدا کە قەیرانە جیۆپۆلەتیکییەکان توند دەبن، ڕەنگە ئەم دیموکراسییە ڕێکارییانە پاشەکشە بکەن بۆ ئامرازی تۆتالیتیاریی دەمامکدار بە یاسا، بۆ ماندووکردنی دەنگە سەربەخۆکان بە شەڕی دادوەری یان گوشاری کارگێڕی، ئەمەش ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە پەراوێزی ئازادیی فیکری لە ژینگەی بۆرژوازیدا لە ڕووی بابەتییەوە بەندە بەوەی کە نەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ڕێڕەوەکانی کەڵەکەکردنی سەرمایە و سەقامگیریی سەرخانی سیستەمی فەرمانڕەوا.
    *** ئەم بەشەی گوتارەکە (ڕەخنە لە تێڕوانینی فوکۆ بۆ دەسەڵات)، وەرگێڕانی بەشێکە لە گوتارەکەم بە ناوی (ڕوانگەی مارکس بۆ دەسەڵات ــ وەڵامێک بۆ گوتارە ڕەخنەیییەکانی گۆڤاری ڕەهەند) کە لە گۆڤاری (بیری نوێ / ١٩٨٨) دا بڵاوکراوەتەوە، لەگەڵ ئەنجامدانی هەموارکردن و زیادکاری تێیدا.

    **** دەوڵەت لە نێوان مەعریفە و بەرژەوەندیی ئابووریدا: هەندێک لە نووسەران تێڕوانینەکەی فوکۆ دووبارە دەکەنەوە کە دەڵێت (دەسەڵات لەسەر بنەمای مەعریفە بونیاد نراوە). ئەم تێڕوانینە خۆی لە خۆیدا شتێکی نوێ نییە، بەڵکو نووسەرانی سەردەمی ڕۆشنگەری و لە دوای ئەوانیش هیگڵ، بەم شێوازە دایانڕشتووە: (پێویستە دەوڵەت لەسەر بنەمای عەقڵ دابمەزرێت). هەموارکردنی داڕشتنی ئەم تێڕوانینە نایکاتە شتێکی نوێ. ئەم تێڕوانینە خۆی لە خۆیدا ناتەواوە، و نوێنەرایەتیی دیدگایەکی لیبراڵانە دەکات بۆ دەوڵەت. لە واقیعدا، دەوڵەتی سەرمایەداران لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندیی ئابووریی چینی بۆرژوازی بونیاد نراوە. دەوڵەتی سەرمایەداران خاوەنی دوو فەرمان و ئەرکە:
    دەوڵەت خاوەنی چەندین دەزگای بیرۆکراتییە کە تێیدا چەندین دەستە لە پسپۆڕان و شارەزایان کار دەکەن بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگە بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانی چینی بۆرژوازی؛ واتا دەوڵەت لە یەکێک لە ڕووەکانیدا دەستەیەکی کارگێڕییە لە خزمەت چینی خاوەن سەرمایەکاندا. هەروەها دەوڵەت لە ڕووەکەی تریدا هێزێکی زۆردار و زبرە: چونکە خاوەنی دەزگای توندوتیژییە [وەک پۆلیس و سوپا] کە کۆمەڵگە بە زەبری هێز ملکەچی ئەو یاسا ئابووری و سیاسییانە دەکات کە لە خزمەت چینی سەرمایەدارانداندایە.

    هیگڵ پێی وابوو کە “وێستگەی کۆتاییی مێژوو بریتییە لە ئازادی، و بەرجەستەبوونی ڕاستەقینەی ئەم ئازادییەش دەوڵەتە”، هەر لەبەر ئەمەش بوو کە هیگڵ بەرگریی لە دامەزراندنی “دەوڵەتی حەق” دەکرد کە تێیدا عەقڵی ڕەها بەرجەستە دەبێت. بەڵام مارکس پێی وابوو کە “مرۆڤایەتی ئازادیی ڕاستەقینە بە خۆیەوە نابینێت مادام دەوڵەت بوونی هەبێت، چونکە دەوڵەت ئامرازێکە بۆ دەسەڵات، و دەسەڵاتی سیاسی تەنیا هێزێکی ڕێکخراوی چینێکە بۆ چەوساندنەوەی چینێکی تر، و دەسەڵاتی جێبەجێکردنی دەوڵەتی مۆدێرن تەنیا لێژنەیەکی کارگێڕیی هاوبەشە بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری گشتیی تەواوی چینی بۆرژوازی” – مارکس / ئایدیۆلۆژیای ئەڵمانی.

    ***** ڕەخنەکانی سۆسیالیستەکان لە فۆکۆ بە کورتی: دیدگای مارکسیستیی پێیوایە چەمکی “دەسەڵات و زانیاری” لای میشێل فوکۆ، لەبری ئەوەی ڕاستییەکان ڕوون بکاتەوە، دەبێتە هۆی شاردنەوەی سەرچاوەی ڕاستەقینەی دەسەڵات. تەوەرە سەرەکییەکانی ڕەخنەکان لە فوکۆ بەم شێوەیەن:
    ۱/ ڕەتکردنەوەی چەمکی “دەسەڵاتی شل و ناوندۆز”:
    میشێل فوکۆ پێیوایە کە دەسەڵات لە دەستی قەوارەیەکی دیاریکراو یان چینێکی کۆمەڵایەتیدا چڕ نەبووەتەوە، بەڵکو وەک تۆڕێکی شل و بڵاو لە ناو تەواوی زمان، دامەزراوەکان و پەیوەندییە ڕۆژانەکاندا بوونی هەیە.
    ڕوانگەی سۆسیالیستی بۆ دەسەڵات ئەم تێڕوانینە فەلسەفییە ڕەت دەکاتەوەو پێیوایە کە فوکۆ بەم کارە چاوی مرۆڤ لە ئاست ناوەندی سەرەکی و دڕندەی دەسەڵات کوێر دەکات. لای سۆسیالیستەکان، دەسەڵات بێ خاوەن نییە، بەڵکو ناوەندێکی مادی ڕوونی هەیە کە ئەویش “سەرمایەی قۆرخکار و چینی بۆرژوازی”ـە کە هەموو شتێک بۆ بەرژەوەندی خۆی ئاڕاستە دەکات.

    ٢. باڵادەستیی دارایی مادی بەسەر دەسەڵاتی گوتاردا:
    کاتێک فوکۆ جەخت لەوە دەکاتەوە کە زانیاری و گوتار خۆیان دەسەڵات دروست دەکەنەوە، سۆسیالیستەکان هاوکێشەکە پێچەوانە دەکەنەوەو دەیبەنەوە سەر بنەما ماددی و ئابوورییەکە:
    “ئەوەی پارەی شمشاڵژەن دەدات، ئاوازەکە دیاری دەکات”- سۆسیالیستەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ناوەندەکانی بیرکردنەوەو توێژینەوە (Think Tanks) خاوەن دەسەڵاتێکی مەعریفی سەربەخۆ نین، بەڵکو ئەوان لە ڕووی پێکهاتەیی و مادییەوە بە تەواوی بەستراونەتەوە بە خاوەنانی سەرمایەوە. پۆشینی داتاکان بە بەرگی “زانستی و بێلایەن”، تەنیا دەمامکێکی ئایدیۆلۆژییە بۆ شەرعیەتدان بەو سیاسەتانەی خزمەت بە کەڵەکەکردنی سەرمایە دەکەن.
    ٣. ئامرازی شاردنەوەی ململانێی چینی:

  • فوکۆ پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی کورتکردووەتەوە لە تەنیا “پەیوەندییەکانی هێز”ی بچووک (Micro-politics). لە بەرامبەردا، سۆسیالیستەکان نیشانی دەدەن کە زمانی ئەکادیمی و تەکنۆکراتی ئاڵۆزی ئەم ناوەندانە، تەنیا ئامرازێکن بۆ شاردنەوەی “چەوساندنەوەی ئابووری و ململانێی ڕاستەقینەی چینایەتی”.



چاوپێکەوتن لەگەڵ خاتوو فرمێسک مستەفا خانمە شانۆکار و نووسەر.. ئا.ڕێپۆرتاژ/ ایوب احمد قادر

زمانی دایک و ناسنامەی کوردی،خێزانە کوردەکان لە ئەڵمانیا چۆن ڕووبەڕووی کێشەی فێربوونی زمان دەبنەوە؟
ڕاپۆرتاژێک لەسەر گرنگیی پاراستنی زمانی کوردی و ڕۆڵی خێزان و سیستەمی پەروەردە لە فێرکردنی منداڵانی کورد لە ئەڵمانیا.

زمانی دایک تەنها ئامرازێک بۆ قسەکردن نییە، بەڵکو بەشێکی گرنگی ناسنامە، کولتوور و ڕەگ و ڕیشەی هەر کەسێکە. بۆ خێزانە کوردەکانی نیشتەجێی ئەڵمانیا، پاراستنی زمانی کوردی و فێرکردنی بە نەوەی نوێ یەکێکە لەو ئەرک و بەرپرسیارییانەی کە پێویستی بە هەوڵی بەردەوام هەیە.
بەڵام پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە: خێزانە کوردەکان تا چەند گرنگی بە فێربوونی زمانی دایک بۆ منداڵەکانیان دەدەن؟ چۆن دەتوانن هاوسەنگی لەنێوان زمانی کوردی و زمانی ئەڵمانی دروست بکەن؟ ئایا ناوەندە کوردییەکان و سیستەمی پەروەردەی ئەڵمانیا دەرفەتی پێویست بۆ فێربوونی زمانی کوردی بۆ منداڵان دابین دەکەن؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ خاتوو فرمێسک مستەفا خانمە شانۆکار و نووسەرێکی کوردی تاراوگەنیشین
کە ئەزموونی پەروەردەکردنی سێ منداڵی هەیە و ساڵانێکە گرنگی بە پاراستنی زمانی کوردی و ناسنامەی کوردیی منداڵەکانی دەدات، باسی ئەزموون و تێڕوانینەکانی دەکەین.
دوو شێوازی جیاواز بۆ پەروەردەکردنی منداڵانی کورد لە ئەڵمانیا
پرسیار: تا چەند خێزانە کوردەکان گرنگی بە فێربوونی زمانی دایک بۆ منداڵەکانیان دەدەن؟
وەڵام:
بە گشتی، دوو جۆر خێزان دەبینین.
جۆرێکیان ئەو خێزانانەن کە دایک و باوکەکەیان هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی منداڵەکانیانەوە زمانی ئەڵمانیی خۆیان پتەوتر بکەن. واتە منداڵەکان دەبنە مامۆستای دایک و باوکیان لە فێربوونی زمانی ئەڵمانیدا.
لە هەندێک لەم خێزانانەدا، منداڵەکان بە تەواوی نازانن سەر بە چ نەتەوەیەکن و ڕەگی کوردییان هەیە. ڕەنگە دایک و باوکیان پێشتر پێیان وتبێتن کە کوردن، بەڵام زیاتر تەرکیزیان لەسەر فێربوونی زمانی ئەڵمانییە و هەوڵ دەدەن منداڵەکانیان بەو زمانە قسە بکەن ،چونکە باوەڕیان وایە منداڵەکانیان لە قوتابخانە فێری زمانی ئەڵمانی دەبن و بە باشی لەگەڵ ژینگەی ئەڵمانیا دەگونجێن،خۆم بینیمووە کە دایک و باوک بە منداڵەکەیان دەڵێن: ئەگەر لە قسەکردنمدا هەڵەم هەبوو، تکایە ڕاستم بکەرەوە.
جۆرێکی تری خێزانەکان بە پێچەوانەی ئەمەوە هەڵسوکەوت دەکەن. لە هەندێک لەم خێزانانەدا، دایک و باوک زمانی ئەڵمانی بە باشی نازانن بۆیە لە ماڵەکەیاندا کوردستانێکی بچووک دروست دەکەن،ئەوان لە ڕێگەی کەناڵەکانی تەلەفزیۆنی کوردی، قسەکردن بە زمانی کوردی، خواردن، بەڕێوەبردنی جەژن و بۆنەکان و هەروەها پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوە، کولتوور و زمانی کوردی لە ماڵەکەیاندا دەپارێزن.بەم شێوەیە منداڵەکە لە ماڵەوە لە ژینگەیەکی کوردیدا گەشە دەکات، بەڵام کاتێک دەچێتە دەرەوە، ڕووبەڕووی سیستەمێکی تری ژیان دەبێتەوە سیستەمێک کە زمانی ئەڵمانی و کولتووری ئەڵمانی تێیدا زاڵن.بەڵام ئەوەی زۆر گرنگە، بە بڕوای من کە دایکی سێ منداڵم، ئەوەیە کە دەبێت هاوسەنگییەک لەنێوان ئەم دوو ژینگەیەدا دروست بکەین.
کە زمانی دایک هەڵگری کولتوور و ناسنامەکەیە ،دایک و باوک دەتوانن لە ماڵەوە زمانی دایک بپارێزن و لە هەمان کاتدا منداڵەکانیان بە سیستەم و یاساکانی وڵاتی ئەڵمانیا ئاشنا بکەن. ئەمە پێویستی بەوە هەیە کە دایک و باوک خۆشیان لەگەڵ بارودۆخی ژیان بگونجێنن و بزانن چۆن هاوسەنگییەک لەنێوان ئەم دوو کولتوورەدا بپارێزن،لەبەرئەوە زمانی دایک بە تەنها وشە و ڕستە نییە، بەڵکو کولتوور و ڕەگ و ڕیشەش دەگەیەنێت. بۆ نموونە لە ڕێگەی خواردنەوە، دایک و باوک کولتووری خۆیان بە منداڵەکانیان دەناسێنن. لە ڕێگەی جل و بەرگی کوردییەوە کە لە بۆنەکاندا دەیپۆشن، منداڵەکانیان بە فەرهەنگ و کولتووری کوردی ئاشنا دەکەن. هەروەها لە ڕێگەی کەناڵە کوردییەکانی تەلەفزیۆنەوە بە منداڵەکانیان دەڵێن کە کوردن و بەشێکین لە کولتوورێکی دەوڵەمەندن.
بەڵام لە هەمان کاتدا، پێویستە منداڵەکە بزانێت لە وڵاتی ئەڵمانیا دەژی و ئەم وڵاتە سیستەم و یاسای تایبەتی خۆی هەیە. بۆیە، دەبێت هاوسەنگی لەنێوان هەردوو ژینگەکەدا دروست بکرێت ،من بۆ منداڵەکانم جەژنی ڕەمەزان و نەورۆزم بەڕێوە بردووە، لە هەمان کاتیشدا جەژنی کریسمس و سەرساڵ و بۆنەکانی تری ئەڵمانیمان وەک خێزانێکی ئەڵمانی بەڕێوە بردووە.ئەم کارانەم بۆ ئەوە کردووە کە منداڵەکانم بزانن هەڵگری دوو کولتوورن. پێم وایە هەڵگرتنی دوو کولتوور دەتوانێت کەسایەتیی منداڵ بەهێز بکات.بە ویستی خۆمان بێت یان نا، منداڵەکانمان لەگەڵ هاوڕێیانی خۆیان لەو وڵاتەدا پەیوەندی دروست دەکەن کە تێیدا دەژین. بۆ نموونە، هاوڕێکانیان ڕەنگە ئەڵمانی، سویدی یان سەر بە نەتەوەیەکی تریش.،دواتر منداڵەکان وردەوردە کە دەگەڕێن بەدوای ناسنامەی خۆیاندا و پەیوەندی لەگەڵ منداڵانی نەتەوەکانی تر دروست دەکەن چونکە ئەوانیش وەک خۆیان لە ژینگەیەکی جیاوازدا گەورە دەبن و لەوانەیە بەدوای ناسنامەی خۆیاندا بگەڕێن.
لەو ڕەنگەی ئەم گەڕانەدا منداڵەکە تێدەگات کە ئەڵمانیا وڵاتی ڕەسەنی ئەو نییە، بەڵام لێرە دەژی و بەشێکە لە کۆمەڵگا.ئەگەر دایک و باوک بتوانن ئەو هاوسەنگییە دروست بکەن، منداڵەکە هەست دەکات کە دوو کولتووری لە ناخیدا هەڵگرتووە، دوو جۆر پەروەردەی هەیە و دەتوانێت لە هەردوو ژینگەکەدا خۆی بدۆزێتەوە. ئەمەش یارمەتیی بەهێزبوونی کەسایەتیی منداڵ دەدات.
پرسیار: منداڵەکانی خۆت چۆن فێری زمانی کوردی کردووە؟ لە ڕێگەی ناوەندێکی کوردیی فێرکردنی زمانەوە، یان بە هەوڵی خۆت؟
وەڵام:
لە سەرەتای ساڵانی ٢٠٠٠ەوە، لەگەڵ خاتوونێکی کورد، لە چوارچێوەی چالاکییە کوردی و کولتوورییەکان لە شاری شتوتگارت، قوتابخانەی زمانی کوردیمان هەبوو. ناوی ئەو ناوەندە «ڕۆژینا» بوو و منداڵەکانمان دەبردە ئەوێ بۆ ئەوەی فێری زمانی کوردی ببن.
بەڵام دواتر تێگەیشتین کە تەنها فێرکردنی زمانی کوردی و گوتنی سروودی نیشتمانی بەس نییە بۆ ئەوەی منداڵەکان بە باشی فێری زمانەکە ببن،کاتێک منداڵ دەچێتە قوتابخانەی ئەڵمانی، دەبێت لە هەمان کاتدا دوو سیستەمی فێربوون بەڕێوە ببات. ئەمە دەتوانێت فشارێکی زیاتر بخاتە سەر منداڵەکە چونکە دەبێت لە قوتابخانە بە زمانی ئەڵمانی فێر ببێت و لە دەرەوەش ئەرکی فێربوونی زمانی کوردی لە ئەستۆ بگرێت،بۆیە ئێمە هەوڵمان دا شێوازی فێرکردن بگۆڕین. شانۆگەریمان بە زمانی کوردی ئەنجام دا و پێشکەشمان بە منداڵە کوردەکان کرد. ئەوە یەکێک لە کارە گرنگەکان بوو کە بۆ منداڵانی کورد ئەنجامم دا.
هەروەها لەگەڵ منداڵەکانم کتێبی ‌”ئەلف و بێی کوردی”ی ئیبراهیم ئەمین باڵدار و هۆنراوەکانی کاکەی فلاحم بەکاردەهێنا. کاتێک منداڵەکانم بچووک بوون، چیرۆک و هۆنراوەم بۆ دەخوێندنەوە. هەر دەستەواژەیەک کە منداڵەکەم تێی نەدەگەیشت، بە زمانی ئەڵمانی بۆم ڕوون دەکردەوە.دەمویست منداڵەکانم گوێیان بە دەنگ و فۆنەتیکی زمانی کوردی ڕابێت. بۆیە هەمیشە لە بۆنەکاندا جل و بەرگ و کڵاشی کوردیمان دەکردە بەر، بە تایبەتی لە جەژنی نەورۆزدا. ئەگەر لە ماڵەوە بووینایە، هەموومان بەو جل و بەرگەوە جەژنەکەمان بەڕێوە دەبرد.
هەروەها من خۆم هەموو ڕۆژی یەکشەممەیەکم بۆ فێربوونی زمانی کوردی لە ماڵەوە تەرخان کردبوو. دەفتەرێکم دەهێنا و پیتە کوردییەکانم پێ دەوتن ،بۆ نموونە بۆ فێرکردنی پیتی ‌(ن)، منجەڵەکەم لە مەتبەخەکە دەهێنا و لەسەر غازکە دادەمنا. پاشان کفتەیەکم دەخستە ناو مەنجەلەکە کە بەو شێوازە ئاشنای پیتی (ن) دەبوو و پەیوەندیی نێوان ووشەکان بۆ منداڵەکان ڕوون دەکردەوە. بەو شێوەیە، لە ڕێگەی کەلوپەل و شتەکانی ناو ماڵەوە هەوڵم دەدا فێری زمانی کوردییان بکەم و لە هەمان کاتدا بە خواردن و کولتووری کوردی ئاشنایان بکەم جگەلەوە پیتەکانمان لەگەڵ منداڵەکانم پێکەوە دەنووسی و وێنەمان بۆ دەکێشا. هەندێک جار وێنە و پیتەکانمان لە ناو ماڵەکەدا هەڵدەواسی بۆ ئەوەی هەردەم لەبەرچاویان بایە.بئەمەش یەکێک بوو لەو میتۆدانەی کە خۆم بۆ فێرکردنی زمانی کوردی بەکارم دەهێنا.
پرسیار: تا چەند لێرە دەرفەت بۆ فێربوونی زمان بۆ خێزانە کوردەکان ساز کراوە؟ بۆ نموونە ئەو خێزانانەی کە خۆیان ناتوانن منداڵەکانیان فێری ئەلفوبێی کوردی بکەن، ئایا پێویستە ناوەندێک هەبێت کە منداڵەکانیان فێری زمانی کوردی بکات؟
وەڵام:
ئامانج لە فێرکردنی منداڵەکان تەنها فێربوونی زمان نییە، بەڵکو بابەتەکە گوتارێکی قووڵتری لە پشتەوە هەیە.کاتێک منداڵەکەت فێری زمانی کوردی دەکەیت، یارمەتیی دەدەیت تێبگات کە ڕەگ و ڕیشە و ناسنامەی کوردیی هەیە. بۆیە کاتێک منداڵ ڕەگی خۆی دەناسێت ەسایەتییەکەی بەهێزتر دەبێت.ئەو منداڵەی لە ئەڵمانیا لەدایک بووە یان لەگەڵ خێزانەکەی کۆچی کردووە بۆ ئەم وڵاتە، پێویستە بزانێت ڕەگ و ڕیشەیەکی پتەوی هەیە، ڕەگ و ڕیشەیەک کە زمان و جل و بەرگو کەلەپوور و کولتووری تایبەتی خۆی هەیە.لە هەمان کاتدا ئەو منداڵە لە ناو سیستەم و کولتووری ئەڵمانیا گەشە دەکات. ئەگەر بتوانین ئەم دوو بەشە لەگەڵ یەکتر ببەستینەوە، منداڵەکە هەست بە ونبوونی ناسنامەی خۆی ناکات.ئەگەر ڕۆژێک بگەڕێتەوە کوردستان، هەست دەکات کوردستانیش وڵاتی ئەوە. لە هەمان کاتدا، ئەڵمانیاش وڵاتێکە کە لێی ژیاوە و پەروەردەی تێدا وەرگرتووە هەر وڵاتی ئەوە.بۆ من ئەمە ئامانجی سەرەکیی فێرکردنی زمانی دایک و پاراستنی ناسنامەی کوردییە.
پرسیار: بەداخەوە، تا ئەو شوێنەی من ئاگادارم ژمارەی ناوەند و قوتابخانەکانی فێرکردنی زمانی کوردی لە ئەڵمانیا زۆر نییە. بە گشتی هەندێک کەس هەوڵ دەدەن زمانی دایک وەک وانەیەک لە ناو قوتابخانەکاندا بخوێنرێت،وەک ئەوەی لە سوید و هەندێک وڵاتی ئەسکەندەناڤی دەبینرێت. بەڵام لە ئەڵمانیا، ئەم وانەیە هێشتا وەک وانەیەکی فەرمی لە سیستەمی پەروەردەدا جێگیر نەکراوە. تۆ لەم بارەیەوە چۆن دەڕوانیت؟
وەڵام:
بەداخەوە، ئەوەی دەیبینین ئەوەیە کە زمانی کوردی هێشتا نەیتوانیوە بە شێوەیەکی فەرمی بچێتە ناو سیستەمی پەروەردەی ئەڵمانیاوە،لە ئەڵمانیا هەندێک کەس هەوڵ دەدەن زمانی دایک وەک وانەیەک لە ناو قوتابخانەکاندا بخوێنرێت، بەڵام تا ئەو شوێنەی من دەزانم، زمانی کوردی هێشتا بە شێوەیەکی فەرمی و جێگیر لە سیستەمی پەروەردەدا جێگیر نەکراوە.بە بڕوای من ئەمە کێشەیەکی گرنگە چونکە منداڵانی کورد پێویستیان بە دەرفەتی فێربوونی زمانی دایک هەیە، بە تایبەتی ئەو منداڵانەی کە لە ماڵەوە دەرفەتی فێربوونی نووسین و خوێندنەوەی زمانی کوردییان نییە.
پرسیار: ئەو وانەی زمانی دایکەی کە دەمەوێت وەک وانەیەکی قوتابخانە بخوێنرێت، ئایا حکومەتی ئەڵمانیا پەسەندی نەکردووە، یان کورد خۆی ستافی پێویستی بۆ وانەگوتنەوەی لە پۆلەکاندا نییە؟
وەڵام:
تا ئێستا ئەم دەرفەتە بە شێوەیەکی فەرمی بۆ زمانی کوردی نەڕەخساوە. بەڵکو چەند ساڵێکە باس لەوە دەکرێت کە ئەم بابەتە لە ژێر لێکۆڵینەوە و گفتوگۆدایە، بەڵام بە شێوەیەکی فەرمی نەهاتووەتە ناو سیستەمی پەروەردە و خوێندنی قوتابخانەکانی ئەڵمانیاوە.
پرسیار: ئایا فێربوونی دیالێکیتی کرمانجی یا سۆرانی کێشەی بۆ منداڵ دروست کردووە ؟
وەڵام:
بۆ ئەو خێزانانەی کە دایک و باوکیان بە دیالێکتی سۆرانی قسە دەکەن، پێویستە منداڵەکانیان بە هەمان دیالێکت فێری زمانی کوردی بکەن. ئەمە پرسیارێکی زۆر گرنگە.لەبەر ئەوەی لە ماوەیەکدا ژمارەی پەنابەرانی کوردی ڕۆژئاوا زۆر بوو، لە هەندێک شوێن کرمانجی زیاتر لە سۆرانی بەکارهاتووە.
کاتێک تۆ دەڵێیت وانەی زمانی کوردی ڕەنگە لە هەندێک ناوەنددا بە شێوەیەکی سەرەکی کرمانجی بخوێنرێت، چونکە کتێب و سەرچاوەی چاپکراو بە دیالێکتی کرمانجی و پیتی لاتینی بەردەستە،لە هەمان کاتدا، لە هەندێک شوێن سەرچاوە و کتێبی سۆرانی بە پیتی کوردی بە هەمان ئاست بەردەست نییە. ئەمە دەتوانێت کاری فێرکردن بۆ هەندێک ناوەند قورس‌تر بکات.بەو پێیە لە هەندێک ناوەند و ژینگەیەکدا کرمانجی زیاتر لە سۆرانی دەخوێنرێت. بەڵام پێویستە هەردوو دیالێکتەکە گرنگییان پێ بدرێت و منداڵەکان بتوانن بەو دیالێکتە فێر ببن کە لە ماڵەوە قسەی پێ دەکەن.
پرسیار: جگە لە فێربوونی زمان، ئایا ڕێکخراو یان ناوەندێک هەیە کە چالاکیی کولتووری و فێستیڤاڵ بۆ منداڵانی کورد ەکان ڕێک دەخات ؟
وەڵام:
نەخێر، بەداخەوە چالاکییەکانی ئەم جۆرە زۆر سنووردارن.لە قوتابخانەکاندا هەندێک جار باسی کولتوور و پێکەوەژیانی نەتەوە جیاوازەکان دەکرێت. بۆ نموونە، لە منداڵەکان داوا دەکرێت شتێک لە وڵاتی خۆیان بهێنن و وەک بەشێک لە پیشانگای قوتابخانە پیشانی بدەن. بەڵام چالاکییەکان زۆرجار لەوە زیاتر ناچن.
بەداخەوە، تا ئەو شوێنەی من دەزانم، چالاکییەکی بەردەوام و تایبەت بە کولتوور و هونەری کوردی بۆ منداڵان زۆر کەمە.تەنها فێستیڤاڵێکم لەبیرە بە ناوی «شانۆی دیاسپۆرا» کە من خۆم لە بۆردی ڕێکخستنی ئەو چالاکییەدا بەشدار بووم. ئەو فێستیڤاڵە تایبەت بوو بە شانۆی کوردی لە دیاسپۆرا و خێزانە کوردەکان دەتوانیان لە شاری هێسن بەشداریی تێدا بکەن.
منداڵەکانم هەرسێکیان ئێستا گەورە بوون و بچووکترینیان ٢٦ ساڵە. یەکێکیان زۆر حەزی لە گۆرانیی کوردییە، بەڵام ئەو دووەی تریان بەزمانی پاراوی کوردی قسەدەکەن و دەزانن بە کوردی و بخوێندنەوە وبنووسن.لەگەڵ ئەوەشدا زۆر حەزیان لە ملۆدی و گۆرانیی کوردییە ئەمە زۆر دڵخۆشم دەکات چونکە منداڵەکانم دەتوانن لە ڕێگەی هونەر، گۆرانی و کولتووری کوردییەوە پەیوەندییان بە زمان و ناسنامەی خۆیانەوە بپارێزن.
زۆر سوپاس بۆ ئەم دیدارە و بۆ ئەو ئەزموونە دەوڵەمەندەی کە لەگەڵمانتان هاوبەش کرد.

ئا.ڕێپۆرتاژ/ ایوب احمد قادر
پێشەنگای نێودەوڵەتی کتێب فرانکفورت
10.10.2026
a




کەمتیارە نێوخۆیی و گورگە دەرەکییەکان!.. ئەحمەد ڕەسوڵ

ئەوەی ئەم دەسەڵاتدارێتییەی بزووتنەوەی کوردایەتیی لەماوەی ٣٥ ساڵی تەمەنییدا لە هەرێمی کوردستان بە گەل و نیشتمانی کوردستانی کردووە، بەدرێژایی مێژوو هیچ داگیرکەر و دوژمنێک نەیتوانیوە بیکات.
کورتکردنەوە و چڕکردنەوەی بەرئەنجامەکانی چەوساندنەوەیەکی گەورە و ستەمێکی بێ وێنە لە مێژوودا، لەم چوار خاڵەی خوارەوەدا:

یەکەم: نابوودکردنی سایکۆلۆژیای تاک و ڕۆحی کۆیی ئینسانی کورد

ئەو زەلیلکردنەی تاکی کورد و سووک و بێبەهاکردنی هێزی یەکگرتوویی و وزەی کۆیی کۆمەڵگای کوردستان، بە درێژایی مێژوو هیچ دوژمن و داگیرکەرێک پێی نەکراوە، بەڵام دووحزبخێڵەکە کردیان. لێرەوە، خودنەفرەتیی تاک و ئینسانی کورد بەرهەمی دەسەڵاتدارێتییەکەی بزووتنەوەی کوردایەتیی و بەرئەنجامی گوتاری سیاسیی و مێدیایی و کار و کردەوەکانییەتی، نەوەکو دەزگا هەواڵگریی و سیخوڕییەکانی داگیرکەران و کاریگەریی ئەجێنداکانی دوژمنان و سۆفت پاوەری میللەتانی سەردەست بەسەر تاک و گروپەکانی کۆمەڵگای ئێمەوە.

دووەم: دابەشکارییەکی چینایەتیی قووڵ بەشێوەیەکی خێرا لە کۆمەڵگای کوردستاندا

ئەو دابەشکارییە قووڵە چینایەتییەی کۆمەڵگای کوردستان و ئەو تاڵانچێتییە بێسنوورەی سامان و داهاتی گشتیی کۆمەڵگای کورستان، جگە لە دەسەڵاتدارێتییەکەی بزووتنەوەی کوردایەتیی، هیچ دوژمن و داگیرکەرێک نەیتوانی بیکات. ئەوانەی کە دەیبەستنەوە بە سەرمایەدارییەوە، لە ئاگاییەوە بێت یان لە بێئاگاییەوە، جگەلەوەی کە ئەستۆپاکیی بۆ دەسەڵاتدارێتییەکەی بزووتنەوەی کوردایەتیی ئەنجامدەدەن و شانی ئەم دەسەڵاتدارێتییە ئۆلیگارشییە خێڵەکییە خاڵیدەکەنەوە لە بەرپرسێارێتیی هیچیدیکە ناکەن، ئەمەش لەبەر هۆکارێکی سادە و ڕوون، کە ئەویش ئەوەیە کۆمەڵگای ئێمە لە بەرئەنجامی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتیی خۆیەوە بەشیوەیەکی سروشتیی و وەکو بەرئەنجامی گەشەکردنی پشەسازیی و هۆکارەکانی بەرهەمهێنان نەگەیشتووە بە کۆمەڵگایەکی پیشەسازیی پێشکەوتوو و پەرەسەندوو کە ئەم دابەشکارییە قووڵە چینایەتییەی لێبکەوێتەوە، بەڵکو ئەم دابەشکارییە چینایەتییە بەرهەمی فەوقانییەت و ئەرستۆکراتییەتی سیاسیی و جیاکارییەکی توندی ئابووریی و تاڵانکردنێکی بێپەردە و بێشەرمانەی سامان و داهاتی گشتی کۆمەڵگایە و سەپاندنی فەقر و فەلاکەت بەسەر زۆرینەی کۆمەڵگادا.
ئاشکرایە ئەوانەی لە گیتۆ و سیتییە بە شورا دەوردراوەکاندا دەژین لە گوندەکانی ئیتاڵیی و ئینگلیزیی و … هتد نە سەرمایەدار و خاوەن کارخانە و فابریکەی گەورە بوون و نە مێژوویەکی خانەوادەییان هەبووە لە دەوڵەمەندیی و پارەداریی، بەڵکو وەزیر و پەرلەمانتار و ئەندامانی مەکتەب سیاسییەکان و ڕاوێژکارەکان و … هتد ئەمە جگە لە بنەماڵە داگیرکارەکانی لوتکە و گرد و بەرزاییەکانی ناوشار و دەرەوەی شار و شارۆچکەکان کە هەر کەسێکیان و تەنانەت منداڵێکی نێو خێزانە سیاسییە دەسەڵاتدارەکان بوونەتە کۆمپرادۆر و خاوەن سەرمایەی خەیاڵیی.

سێیەم: شێواندنی پێکهاتەی شارەکان و تێکدانی پڕۆسەی گەشەکردنی سروشتیی کۆمەڵگا

ئەم شێواندن و تێکدانەی دیزاین و عیمرانیی مەدەنیی شارەکان و نەهێشتنی زەوییە گشتییەکان و تێکدانی هەموو ئادگارە کولتوریی و مێژووییەکانی ناو شارەکان و پارچەپارچەکردنی زەوییەکانی قەراغ شارەکان و کردنیان بە پڕۆژەی بێکەڵک و بێمانای ناپێویست کە لە پشتیانەوە پڕۆسەیەکی زەبەلاحی پارەسپیکردنەوە وەستاوە، تەنانەت سوتاندنی دارستانەکانی دەرەوەی شارەکان “بۆ نموونە ئەو دارانەی سەر ڕێگای سلێمانی تاسڵوجە لە پێناوی پڕۆژە نایاساییە بازرگانییەکانیان” یان داڕوخاندنی شاخ و تێکدانی تۆپۆگرافیای شارەکان “بۆ نموونە زنجیرە شاخی گۆیژە”، ئەمە کە جگە لە وێرانکردنی سروشتی شار و پێکهاتەی شار و شارۆچکەکانی کوردستان نەبێت چیدیکەیە؟! ئەم وێرانکارییە هەمەجییە، جگە لە دەسەڵاتدارێتییە خێڵەکییە چەتەگەرییەکەی دوو حزبخێڵە دەسەڵاتدارەکە، کام دوژمن و کام داگیرکەر توانیویەتی ئەنجامی بدات؟

چوارەم: وێرانکردنی ژێرخانی کشتوکاڵیی و تێکدانی نەسیجی کۆمەڵایەتیی شارەکان و بە گوندیی کردنیان

وێرانکردنی ژێرخانی کشتوکاڵیی کۆمەڵگا و تێکدانی نەسیجی کۆمەڵایەتیی شارەکان لە ڕێگەی بەتۆپەڵ چەکدارکردنی گەنجانی گوند و دێهاتەکانی کوردستانەوە و بە پاسەوانکردنیان بۆ خۆیان و ژن و منداڵەکانیان و بەباخەوانکردن و بە خزمەتکارکردنیان بۆ باخ و ڤێللاکانیان و لێرەوە چۆڵبوونی گوندەکان و چڕبوونەوەیەکی خێرا و لەپڕی دانیشتوان لە نێو شارە گەورەکاندا و بە گوندییبوونی شارەکان. ئایا ئەمە بە درێژایی یادەوەریی چەندین نەوە و تەنانەت لە مێژوودا، هیچ دوژمن و داگیرکەرێک توانیویەتی بیکات جگە لە دەسەڵاتدارێتییەکەی بزووتنەوەی کوردایەتیی.

ئەرک و هەڵوێستی ئینسانی بەرپرسیار

ئەرکی هەر ئینسانێک کە بەڕاستی لە خەمی ئینسانی کورد و کۆمەڵگاکەیدایەتی، ئایا وەستانەوەیە بەڕووی دەسەڵاتدارێتییە ئۆلیگارشییە خێڵەکییەکەی بزووتنەوەی کوردایەتییدا یان پارێزگاریی لێکردن و پاساوبۆهێنانەوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە ژێر ناونیشانی کوردایەتیی و نەتەوەگەرایی و لەژێر ناونیشانی دژایەتییکردنی دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندیی؟!
ئەوەی لێرە لە هەرێمی کوردستان بە کردەیی و بەبێ پسانەوە لە ٣٥ ساڵی ڕابردووەوە، ستەمی گەورە و چەوساندنەوەی هەمەلایەنەی بەسەر کۆمەڵگای کوردستاندا سەپاندووە و مرۆڤی کوردی بەشێوەیەکی هەمەلایەنە زەلیل و نابوود کردووە، بەڕاست و ڕاشکاو کێیە؟ عەرەب و دەسەڵاتی ناوەندیی بەغدایە یان دووحزبخێڵە دەسەڵاتدارەکەی کوردایەتیی؟
بۆ ئەو بەڕێزانەی لە خەمی شوناسی کولتوریی و فەرهەنگیی کۆمەڵگای کوردستانن، بەڕاست جگە لە دەسەڵاتدارێتییەکەی کوردایەتیی، کێ هەڕەشەیە بەسەر شوناسی کولتوریی و فەرهەنگیی کۆمەڵگای ئێمەوە؟
بۆ ئەو بەڕێزانەی خەمی زمانی کوردییانە وەکو بنەمایەکی سەرەکیی بۆ شوناس و بوونی ئینسانی کورد، بەڕاست جگە لە ئەم دەسەڵاتدارێتییە، کە شار و شارۆچکەکانی پڕ کردووە لە خوێندنگەی فەڕەنسیی و ئینگلیزیی، و … هتد تا پەیمانگا و زانکۆکان کە پێکڕا ئەهلیین و بە پارەی زۆر منداڵانی چینە ئەرستۆکراتییە سیاسییەکەی هەرێمی کوردستان تێیاندا دەخوێنن، ئەمەش لە گرنگیی و بەهای زمانەکەی کەم کردووەتەوە هەڵبەت لەلای خودی ئەو چینە دەسەڵاتدارە ئەرستۆکراتییە سیاسییە و منداڵەکانیان، کێی تر بەرپرسیارە؟
بەڕێزان، ئەو وێرانکارییە فرە ڕەهەندەی ئەم دەسەڵاتدارێتییە بەسەر خەڵکی کوردستان و نیشتمانەکەیدا هێناوە لە ماوەی تەمەنی خۆیدا، نەوەکو دوژمن و داگیرکەر پێی نەکراوە و نەیتوانیوە، بەڵکو لە مێژووی کۆمەڵگاکانی سەر ئەم گۆی زەمینە لە وێنەی نادۆزینەوە.
ئەو بەڕێزانەی باز بەسەر ئەم چەوساندنەوە و ستەمە گەورەیەدا دەدەن و بەبۆنە و بێ بۆنە، حکومەتی ناوەندیی یان بەغدا تاوانبار دەکەن و نەشتەری ڕەخنەیان هەردەم تیژ و لەسەر پێیە دژ بە عەرەب، بەڵام ڕستەیەک و وتارێکیان نییە لەسەر ئەو هەرەسە گەورە ناوەکییەی کۆمەڵگای کوردستان هەڵبەت لەسەر دەستی ڕابەرانی! کوردایەتیی و شۆڕشگێڕەکانی! نەتەوەگەرایی. وتار و شرۆڤەی درێژ پێشکەشدەکەن لەبارەی خەتەری ئەوانی دیکە لەسەر خودی ئینسانی کورد، بەڵام قسەیەکیان نییە لەسەر هەڕەشە ڕاستەقینە ناوخۆییەکەی بوونی کوردیی، کە جگە لە دەسەڵاتدارێتییەکەی بزووتنەوەی کوردایەتیی کەسی دیکە نییە.
بەڕێزان، ئێوە کەی واز لەو تۆمەتە ئامادە و حوکمە ئایدیۆلۆژییانە دەهێنن کە هەمان تۆمەتە ئامادە و حوکمە ئایدیۆلۆژییەکانی، ئایدیۆلۆژیای کوردایەتیین، کاتێک بە ڕەخنەگرانی ئەم دەسەڵاتدارێتییە دەڵێن: (جاش و بەکرێگیراوی بێگانە و دوژمن، خودنەفرەتیی لە سایکۆلۆژیای ئینسانی کورددا بەرئەنجامی کاریگەریی ئەجێندا هەوڵگرییەکانی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستانە، وەلائی خەڵکی هەرێمی کوردستان بۆ عێراق خیانەتە و کۆیلەبوون … هتد)
بەڕاست، ئێوە بەو ئاستە بێئاگان لە دۆخی ئابووریی کۆمەڵگای کوردستان؟! بەڕاست، ئێوە بەو ئاستە بێئاگان لەوەی لە نێو بیرکردنەوەی تاکی کورد و لە ئاگایی گشتی کۆمەڵگای کوردستاندا دەگوزەرێ؟

بەڕێزان، ناپرسن؟!

ئەرێ لە خۆتان نەپرسیوە، بۆ کۆمەڵگای کوردستان گەیشتە ئەو قەناعەتەی بەغدا بە فریادڕەس بزانێت؟
ئەرێ ئێوە لە خۆتان نەپرسی، کاتێک دادگای فیدراڵیی بڕیاریدا بە ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، بۆچی خەڵک هێندە دڵخۆش بوو؟! هەمان قسەی بیرلێنەکراوە و تۆمەتی حازربەدەستی نووسەر و میدیاکارە حزبییە ماکیاژکارەکان دووبارە مەکەنەوە کە گوایا: (تەنها خەڵکی سلێمانی دڵخۆش بوون ئەویش بە هۆکاری ئەوەی ئۆپۆزیسیۆنێکی نامەسئول و پۆپۆلیست لەگەڵ ئەجێنداکانی سیاسەتی ئێران و شیعەگەرایی دژایەتیکردنی هەرێمی کوردستان هەژموونی بەسەر خەڵکەکەیەوە هەیە و خەڵکی هەولێر نەوەکو دڵخۆش نەبوون بەڵکو بە توندیی نیگەران بوون.)
نا بەڕێزان، خەڵکی هەولێر و دهۆک لە خەڵکی سلێمانی دڵخۆشتر بوون بەو بڕیارە لە کاتی خۆیدا، بەڵام نەیانتوانی بە ئاشکرا و ڕاشکاوانە گوزارشی لێبکەن، هەروەکو چۆن بۆ زۆرینەی پرس و ڕووداوەکانی دیکەش ناتوانن بە ئازادیی گوزراش لە بیروڕای خۆیان بکەن، ئەوەش ئاشکرایە کە لە ژێر جەبرێکی هێندە توندیی ئەمنیی و سیاسیی و هەواڵگرییدان لەلایەن دسەڵاتدارێتیی ئەو زۆنەوە کە ئیدی ئەو هێندەش کە هەنسەی ڕەخنەی تێدایە زۆر باشە و لە ئازایەتیی و ئازادیی خەڵکەکەوەیە.
بەڕێزان، ئەوەی سەرەوە، بابەتی بڕیارەکەی چەند ساڵی پێشتری دادگای فیدراڵیی بۆ ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، تەنها نموونەیەک بوو لە دژیەکیی نێوان بەرژەوەندیی و هەست و بیرکردنەوەی خەڵک لایەک و دەسەڵاتداران لەلایەکی تر. نوێترین نموونەی ئەو خۆشحاڵییەی خەڵکی هەرێمی کوردستان دژ بە دەسەڵاتدارانی هەرێم، ڕووداوی جێهێشتنی عێراق لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە بوو، کاتێک بە نیگەرانییەکی زۆرەوە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان دەکەوتن و لێدوانیان دا.
بەڕێزان، هەمان ئەو خەڵکەی هەرێمی کوردستان بوو کە ڕاپەڕینیان کرد لە دژی بەعس، ئێستا بەغدا و حکومەتی عێراقیی بە ڕزگارکەر دەزانێت و دەسەڵاتدارێتییەکەی کوردایەتیی بە بەڵا و مۆتەکەیەکی گەورە بەسەر ژیانی خۆیەوە.
بەڕێزان، بازدان بەسەر هەموو ئەو قەیرانە خنکێنەرانەی کە بەرۆکی خەڵکی هەرێمیان گرتووە و هەموو ڕۆژ بە ئامانجگرتنی حکومەتی عێراقیی و عەرەب و دەوڵەتانی چواردەور و داگیرکەر، نە خۆشویستنی نەتەوەی کورد و خەڵکی کوردستانە، نە بەرپرسیارێتیی بەرانبەر نیشتمان، نە ئازادیخوازیی، نە چاکەخوازیی و فەزیلەت، بەڵکو تەنها و تەنها لابردنی فۆکەسی خۆت و خوێنەران و گوێگرانتە لەسەر تاوانباری سەرەکیی ئەم دۆخە کە دەسەڵاتدارێتییەکەی هەرێمی کوردستانە.
بەڕێزان، ئەم دەسەڵاتدارێتییە لە تەمەنی خۆیدا، بە دەیان تریلیۆن دۆلاری لە سامان و داهاتی گشتیی ئەم کۆمەڵگایە تاڵان کرد و لە ژێر دەستی منداڵ و نەوەکانیاندا کەڵەکە بووە کە بە دەیان پڕۆژەی بازرگانیی و بزنسی زەبەلاحەوە ڕوخساریان لەلای خەڵکی هەرێمی کوردستان دەناسرێتەوە و هەمووی بووە بە کابووس بەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵکەوە.
بەڕێزان، ئەو دەسەڵاتدارانەی کە ئێوە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆی جێبەجێکردنی سیاسەتەکانیانەوە بە دژایەتییکردنی بەغدا و بە شەیتان کردنی حکومەتی عێراقییەوە بۆ سەرنجڕاکێشانی خەڵک بۆ شوێنێک کە لە هاوکێشەی ژیانی خەڵکدا تاوانبارە سەرەکییەکە نیین، کار لەسەر ئارایشتکردنیان دەکەن و تەنانەت پارێزگارییان لێدەکەن بەو مانایەی پارێزگارییکردن لە هەرێمتان گرێداوەتەوە بە پارێزگارییکردن لەو دەسەڵاتدارانە، هەر ئەو دەسەڵاتدارانەن کە دەستیان لە قوت و ژیانی خەڵک گیرکردووە، ژیانی ڕووتی بەشێکی زۆری خەڵکیان تا ئاستی خوار هێڵی هەژاریی داگەڕاندووە.
نازانم ئێوە ئەوانە نازانن و نابینن و نابیستن؟! ئەگەر بەڵێ، ئەی بۆ قسەیەک و ڕستەیەکی جددیی و ڕاشکاوانەتان نییە لەو بارەیەوە. ئەگەریش نەخێر، بەڕاست ئێوە پەیوەندییتان بە کۆمەڵگای کوردستانەوە چۆن و بە چ شێوەیەکە؟! چۆن دەکرێت ئینسان لە واقعیی ژیانی کۆمەڵگاکەی هێندە دابڕاو بێت؟! خۆ لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانە بیت، لە ڕێگەی پلاتفۆڕمە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەکرێت بڕێکی باش لە تێگەیشتنمان بۆ ژیان و دۆخی ئینسانەکانی کۆمەڵگاکەمان لەلا گەڵاڵە ببێت.

دوو زانیاریی و دوو ڕستەی سادە وەکو کۆتایی

لەم وەرزەدا کە بەرەو سەرما دەڕۆین خەڵکی سادە و ئاسایی “دەڵێم خەڵکی سادە و ئاسایی” لە هەرێمی کوردستان، لە سەدا ٩٥ ی نەوتی نەکڕیوە بۆ زستان کە نرخی بەرمیلێک بە نزیکیی ٣٠٠ هەزار دینارە و سەری دنیای لێ هاتووەتەوە یەک. ئەوە گرانییە بێماناکەی بەنزین لەلایەک و هەر ڕۆژ بەرزتربوونەوەی نرخی خۆراک و پێداویستییە سەرەکیی و ڕۆژانەییەکان لەلایەکیتر، لەولاوە بوەستێ.
نرخ بەرزیی تا ئەوپەڕیی، کارەبای هەرێمی کوردستان خەڵکی بە گیر هێناوە، نەوەکو خەڵکی سادە و ئاسایی بەڵکو بەرپرسە سیاسیی و حزبییەکانیش، کە داهاتی هەر یەک لەو بەرپرسە سیاسیی و حزبییانە بەرنبەرە لانیکەم بە داهاتی ٢٠ بۆ ٣٠ هاونیشتمانی سادە و ئاسایی، هاواریان لێبەرز بووەتەوە کە نرخی کارەبا و ئەو بڕە پارەیەی بۆیان هاتووەتەوە لە توانای ئەوان سەرووترە.
ئەگەر ئێوەی بەڕێز نایزانن، کە هەموو خەڵکی کوردستان دەیزانن، با پێتان بڵێم کە ئەم دوو قەیرانە گەورەی پێشتر هێمام بۆ کردن، واتا نرخی زۆر بەرزیی نەوت و بەنزین لەگەڵ نرخی بێئەندازە بەرزیی کارەبا، گوایا کارەبای نیشتمانیی!، تەنها لە هەرێمی کوردستانی ژێر دەستی دەسەڵاتدارێتییەکەی دوو خێڵەکەی کوردایەتیی بەو شێوەیەیە. واتا لەو ناوچانەی دیکەی ژێر دەسەڵاتی حکومەتیی عێراقیی بە ئامانجگیراو و بە شەیتان کراوی نێو نووسین و شرۆڤەکانی ئێوە، بە کەرکوک و خانەقینیشەوە، شتێک لە نرخ بەرزیی نەوت و بەنزین یان کارەبا لە گۆڕێ نییە.
ئەمە دوو نموونەی زۆر سادە و کورت، مشتێکی زۆر بچووک لە خەرواری گەورەی قەیرانەکان و دەست و دیارییەکانی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانن بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان.




نۆبڵی ئه‌م ساڵ به‌ ئان کارسۆن به‌خشرا.. ئاكۆ عه‌بدوڵڵا

رۆژی 8 ی ئه‌م مانگه‌ خه‌ڵاتی نۆبڵی ئادابی ئه‌م ساڵ لەلایەن ئەکادیمیای سویدی به‌ خاتوو ئان كارسۆنی نووسەر و شاعیر و وەرگێڕ و ڕەخنەگری ئەدەبی و زانای ئەدەبیاتی کۆن و زمانزان، به‌خشرا. ئەکادیمیای ناوبراو هۆکاری به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی ئه‌و نووسه‌ره‌ كه‌نه‌دییه‌ی بۆ ئه‌وه‌ گه‌ڕانده‌وه‌ (به‌ کۆمەڵە بەرهەمێکی جۆراوجۆری بوێرانە و نوێخوازانە و داهێنەرانه‌ بە دیالۆگی چێژبەخش لەگەڵ نەریتی کلاسیکی، شێوە نوێکانی ئەدەبیاتی هاوچەرخی بوژاندۆته‌وه). ئەو نووسەرێک نییە تەنیا لە سنووری جۆرێکی دیاریکراوی ئەدەبیدا ره‌نگیدابێته‌وه‌، بەرهەمەکانیشی بە شێوەی سادە پۆلێن ناکرێن؛ شاره‌زایان ده‌ڵێن ئەو شاعیرێکە وەک ڕەخنەگر بیر دەکاتەوە، وەرگێڕێکە وەک شاعیر دەنووسێت، نووسەرێکیشە جیاوازیی نێوان مێژوو و ئێستا ناهێلێت. هاوكات پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ ئەدەبی کلاسیکی یۆنانیدا هەیە؛ بەتایبەتی لەگەڵ ساڤۆی و نووسەرانی تراژیدیا. چه‌ندان دەقی كۆنی کلاسیکی دووبارە داڕێژتۆته‌وه‌ تا بۆ کێشەکانی سەردەم بەکاری دەهێنێت. ئه‌و تێكه‌ڵكردنه‌ی كۆن و نوێ‌ یەکێک لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی. گومان له‌وه‌شدانییه‌ هێنانی ئەفسانە و دەقی یۆنانی کۆن بۆ ناو ژیانی مرۆڤی هاوچەرخ هونه‌رێكی زۆری ده‌وێت. بۆ ئه‌وه‌ی كاریگه‌ری دەقە کۆنەکانیش به‌سه‌ر خوێنەری ئێستا زۆر بێت، زمانێکی زیندوو و هاوچەرخ و توندی بەکارهێناوه‌، كه‌ له‌گه‌ڵیدا به‌رده‌وام پارێزگاری لە قووڵی و ڕەسەنایەتی دەقە یۆنانییەکان كردووه‌.

ئان پاتریسیا كارسۆنAnne Patricia Carson ناسراو به‌ ئان كارسۆن Anne Carson رۆژی 21 ی حوزه‌یرانی ساڵی 1950 له‌ تۆرۆنتۆی وڵاتی کەنەدا هاته ‌دنیا. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باوکی بانکدار بوو بۆیه‌ لە ژمارەیەک شارۆچکەی بچووکی ئه‌و وڵاته‌ گەورە بووە. لە قۆناغی خوێندنی ئامادەیی، مامۆستای‌ لاتینی بە جیهان و زمانی یۆنانی کۆنی ناساند. به‌هۆیه‌وه‌ حه‌زی له‌ بابه‌ته‌ ئه‌ده‌بییه‌ گریگییه‌كان كرد. دواتر لە کۆلێژی سانت مایکلی زانکۆی تۆرۆنتۆ ناوی تۆمار کرد، به‌ڵام دوو جار لە کۆتاییه‌كانی ساڵی یەکەم و دووەمیدا، جێیهێشت. دواتر گەڕاوه‌ زانکۆ تا له‌ ساڵی 1974 بەکالۆریۆس و ساڵی دواتریش ماستەری به‌ده‌ستهێنا. ساڵی 1979 لە زۆر زانکۆی ئەمه‌ریکا و کەنەدا وانەی کلاسیک و ئەدەبی بەراوردکاری و نووسینی داهێنەرانەی وته‌وه‌. ساڵی 1981 دکتۆرای بەدەستهێنا. دواتر وه‌ك پرۆفیسۆر له‌ زانكۆكانی كه‌نه‌دا و ئه‌مه‌ریكا به‌رده‌وام بوو له‌ وتنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی كلاسیكی.

ساڵی 1986 كتێبی (ئێرۆس؛ شیرینیی تاڵ Eros the Bittersweet) ی بڵاوكرده‌وه‌. كه‌ کتێبێكی شێوه‌ ڕەخنەییه‌ له‌نێوان شعر و توێژینەوەی زانستی و فەلسەفی، پەیوەندیی بە ئەدەبی یۆنانی کۆنە و تێڕامانێکی قووڵ و فەلسەفییە لەسەر سروشتی دژبەیەکی عەشق و ئارەزووی ڕۆمانسی لە ئەدەب و فەلسەفەی یۆنانی کۆندا. تێیدا ویستویه‌تی نیشان بدات خۆشەویستی تەنیا هەستێکی ناوخۆیی نییە؛ بەڵکو شێوازێکە بۆ بینینی جیهان و خۆمان. هه‌روه‌ها بەدواداچوونی بۆ چێژ و خۆشەویستی كردووه،‌ كه‌ هەم شیرینە و هەم تاڵ و به‌خوێنه‌ری وتووه‌ عەشق هێزێکی سەرکێش و تێکدەره‌.

ساڵی 1992 كتێبی (کورتە قسەکانShort Talks ) و ساڵی 1995 دیوانی (شووشە، ئیرۆنی و خودا Glass, Irony, and God ) ی بڵاوكرده‌وه‌ و به‌هۆی ئه‌وه‌ی دوایی‌ خه‌ڵاته‌كانی (QSPELL) و(A. M. Klein) ی پێبه‌خشرا. (ئاوی سازگار Plainwater) ی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ بەرهەمێکی ناوازەیە و تێکەڵەیەکە لە شیعر و پەخشان و وتاری ئەدەبی و یادەوەری و سنوورەکانی نێوان چەشنە ئەدەبییەکان بڕیوه‌ و جیهانی کلاسیکی کۆن و مۆدێرن پێكەوە گرێداوه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ وه‌ك شاعیرێكی دیار ده‌ركه‌وت. ساڵی 1998 ڕۆمانه‌ شعریی (ئۆتۆبیۆگرافیای سوور Autobiography of Red) ی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ یەکێکه‌ لە ناسراوترین کارەکانی. ئیلهامه‌كه‌ی لە ئەفسانەیەکی یۆنانی وەرگیراوە كه‌ به‌گوێره‌ی ئه‌فسانه‌كه گێریۆن ‌ دێوەزمە یان یان زەبەلاحێکی سێ سەره‌ به‌ڵام لێره‌دا دێوەزمە نییە، بەڵکو کوڕێکی گەنجی هەستیار و گۆشەگیر و هونەرمەندە ، باڵه‌ سووره‌كه‌ی نیشانەی جیاوازی و نامۆبوونیەتی لە کۆمەڵگەدا. لە منداڵییەوە هەست به‌ جیاوازی دەکات. ناوەڕۆکی کتێبەکە ئه‌و ته‌وه‌رانه‌ی به‌رجه‌سته‌ كردووه‌: (خۆشەویستیی گەنجان؛ ناسینی خۆ و جەستە؛ جیاوازی و هەستی نامۆبوون؛ برین و شکستی دڵ؛ پەیوەندیی نێوان ئەفسانە و ژیانی ئێستا؛ و هەوڵی مرۆڤ بۆ پاراستنی یادەوەرییەکانی). هاوكات به‌هۆیه‌وه‌ ئه‌و پرسیاره‌ی كردووه‌، ئایا مرۆڤ دەتوانێت خۆی بە تەواوی بۆ کەسێکی تر بکات، بەبێ ئەوەی خۆی لەدەست بدات؟

ساڵی دواتر كتێبی (ئابووری لەدەستنەدراوەکان Economy of the Unlost ) و ساڵی 2000 كتێبی (پیاوان لە کاتی پشوودا Men in the Off Hours) ی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ پێكهاته‌یه‌كه‌ له‌ شعری جۆراوجۆر و پەخشان و وتاری شعری و نووسین لەباره‌ی هونەر و یادەوەری. كۆن و نوێی ئاوێته‌ی یه‌كتری كردووه‌ و گه‌ره‌كییه‌تی پیشان بدات ژیان تەنیا لە ساتە گەورە و دراماتیکەکان پێک نایەت؛ بەڵکو لەو کاتە بچووک و بەتاڵانەش کە تێیاندا مرۆڤ بیردەکاتەوە. به‌هۆی ئه‌و به‌رهه‌مه‌ خه‌ڵاتی خەڵاتی شیعری گریفینی پێبه‌خشرا. ساڵی دواتر كتێبی (جوانی مێرد The Beauty of the Husband) ی بڵاوكرده‌وه‌. ئەم بەرهەمە بە شێوەیەکی تایبەت نووسراوە و لە 29 تانگۆ پێكهاتووه‌. تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر شکستی پەیوەندیی هاوسەرگیری. كه‌ پەیوەندییەکی ئاڵۆزە لە نێوان نزیکبوونەوە و دوورکەوتنەوە، ڕاکێشان و پاڵنان، دەستگرتن و جیاوازی. تێیدا خۆشەویستییەکی خستۆته‌ڕوو لە سەرەتا جوان و پڕه‌ لە ئارەزوو، بەڵام دواتر بە خیانەت، دووری و بێ‌ مه‌یلی تێکدەچێت. مێرد لە چاوی ژنەکەدا هەم جوانە و هەم زیانبەخش؛ هەم کەسێکی خۆشەویستە و هەم سەرچاوەی برین. نووسه‌ر له‌وه‌شدا كارامه‌ییانه‌ی تاوتۆی وه‌ڵامی پرسیاری له‌و جۆره‌ی كردووه‌: چۆن خۆشەویستی دەگۆڕێت بۆ پەیوەندییەکی زیانبەخش؛ بۆچی مرۆڤ ده‌ستبه‌رداری ئه‌و کەسه‌ نابێت كه‌ پێشتر زامداری کردووە؛ ئایا دەتوانرێت لە دوای شکستی خۆشەویستی، ناسنامەی خود دووبارە دروست بکرێته‌وه‌. به‌هۆی ئه‌و به‌رهه‌مه‌ش‌ خه‌ڵاته‌كانی (تی ئێس ئێلیوت) و (كتێبی لۆس ئه‌نجلۆس تایمز) ی پێبه‌خشرا.

ساڵی دواتر شانۆگه‌رییه‌ تراژیدیایه‌كه‌ی (ئێلیکترا Electra) ی سۆفۆکلێسی له‌ یۆنانی وه‌رگێڕاو و بڵاویكرده‌وه‌. ساڵی 2002 دیوانه‌ شیعری (ئەگەر نا، زستان If Not, Winter) ی شاڤۆی شاعیری وه‌رگێراو و بڵاویكرده‌وه‌. ساڵی 2005 كتێبی (خۆ‌هەڵوەشاندنەوە Decreation) ی بڵاوكرده‌وه‌ کە تێکەڵەیەکە لەشعر و وتار و بۆچوونی فەلسەفی و ڕەخنەی ئەدەبی. وشەی Decreation لە بیرۆکەکانی فەیلەسوف و عارفی فەرەنسی سیمۆن ویل وەرگیراوە. مەبەستی سەرەکیشی ئەوەیە کە مرۆڤ هەندێک جار دەبێت‌ ئەو خۆیەی زۆر بەخۆیەوە پەیوەستە، کەم بکاتەوە یان هەڵیبوەشێنێتەوە، بۆ ئەوەی جیهان و کەسانی دەوروبەری بە ڕوونتر ببینێت. كه‌واته‌ لێره‌دا خۆهەڵوەشاندنەوە مانای ونبوون یان نەمانی مرۆڤ ناگه‌یه‌نێ بەڵکو کەمکردنەوەی خۆپەرستی و گوێگرتنه و نووسه‌ریش ده‌یه‌وێت بڵێت: ئایا مرۆڤ دەتوانێت لە ناو خۆیدەرچێت و بە جیهانێکی گەورەتر پەیوەست بێت؟

ساڵی دواتر كتێبی (وانەکانی خەمGrief Lessons ) ی بڵاوكرده‌وه كه‌ چوار شانۆی تراژیدیای كۆنی یۆنانی وه‌رگێڕدراوه‌ كه‌ یۆریپیدیس دایڕێشتوون و بابەتەکانی وەک: خۆشەویستیی کوێرانە؛ توندوتیژی؛ بڕیاری سیاسی؛ جەنگ؛ خودپەرستی؛ و زیانی ئایدیۆلۆژیا دەبینرێن و به‌گشتیش تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە چۆن مرۆڤ لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی خەم، توڕەیی و لەدەستداندا و چۆن تراژیدیا دەبێتە ئامرازێک بۆ پاڵفتەکردنی دەروونی مرۆڤ. ساڵی 2009 كتێبی (ئەن ئۆرێستیا An Oresteia ) ی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ کۆکردنەوەیەکی شاره‌زایانه‌ و مۆدێرنی سێ شانۆگەری تراژیدی یۆنانی کۆنه‌ ئه‌وانیش ئەگامێمنۆنی ئیسخیلوس و ئێلێکترای سۆفۆکلیس و ئۆرێستیسی یوریپیدیس و تایبه‌تن به‌ جه‌نگی ته‌رواده‌. ساڵی دواتر كتێبی (شەو Nox) ی بڵاوكرده‌وه كه‌ بەرهەمێکی تایبەتە لە شێوە و پێکهاتەدا و شیوه‌ننامه‌یه‌ و پەیوەندی بە مردنی براکەی نووسه‌ره‌وه‌ هەیە كه‌ ساڵی 2000 له‌ دووری ئه‌و كۆچی دوایی كردبوو. خەم و هەوڵی تێگەیشتنە لە کەسێک کە لە ژیاندا بە تەواوی نەماوە. لە ڕێگەی زمان و یادەوەری دەیەوێت دووبارە پەیوەندیی لەگەڵ دروست بکاته‌وه‌، بەڵام لە کۆتاییدا دەزانێت کە هیچ دەقێک ناتوانێت کەسێکی مردوو بگەڕێنێتەوە.

ساڵی 2012 ده‌قی شانۆیی (ئەنتیگۆنیک Antigonick) ی بڵاوكرده‌وه‌. كه‌ پێداچوونه‌وه‌ و وه‌رگێرانێكی نوێ و جیاوازی شانۆگه‌رییه‌ تراژیدیاكه‌ی ئەنتیگۆنیکی سۆفۆکلیسه‌. ساڵی دواتر كتێبه‌كانی (نەخێر بەڵکوNay Rather ) و (دۆكیۆمێنتی سوور Red Doc) ی بڵاوكرده‌وه‌. ئەو بەرهەمەی دوایی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ به‌ ئۆتۆبیۆگرافیای سوور پەیوەندیدارە، بەڵام هەمان چیرۆکی ێشوو نییه. ئەفسانە و ژیانی هاوچەرخی ئاوێته‌ كردووه‌. لێره‌دا جێریۆن گەورەتر بووە و جیهانی دەوروبەریشی ئاڵۆزتر. جێریۆن تەنها گەنجێکی بریندار نییە؛ بەڵکو مرۆڤێکە کە دەبێت لەگەڵ گۆڕان و نادیارییەکانی ژیان بژی. ئه‌وه‌شیان كۆمه‌ڵێك ره‌هه‌ندی هه‌یه‌ له‌وانه‌ (گۆڕانی ناسنامە؛ پەیوەندییە کۆنەکان؛ هەستی لەدەستدان؛ ئاوارەیی و گەڕان؛ و هەوڵی مرۆڤ بۆ دۆزینەوەی مانای ژیانه‌). به‌هۆی ئه‌و كتێبه‌ بۆ جاری دووه‌م خه‌ڵاتی خەڵاتی شیعری گریفینی پێبه‌خشرا.

ساڵی 2014 كتێبه‌كانی (وەرزشی ئەلبێرتین The Albertine Workout ) و (ئیفیجینیا لەناو تاورییەکانIphigenia Among the Taurians ) ی بڵاوكرده‌وه‌. ئه‌وه‌ی دوایی شانۆگه‌رییه‌كی یۆریپیدسە تێیدا قوربانیدان و ئازایه‌تی و هه‌وڵه‌كانی رزگاربوون ده‌بینرێت. ساڵی 2015 شانۆگه‌ری (ئەنتیگۆن Antigone) ی سۆفۆکلیس و شانۆگه‌ری (باخایی Bakkhai) ی وه‌رگێڕاو و بڵاویكرده‌وه‌. ساڵی دواتر كتێبی (سه‌رئاوكه‌وتن Float) ی بڵاوكرده‌وه‌ کە لە چەند ته‌وه‌ره‌ی جیاواز پێکهاتووە (شعر؛ نامە؛ گفتوگۆ؛ تێبینی؛ دەقی شانۆیی؛ بیرکردنەوەی کورت) و خوێنەر دەتوانێت بە ئارەزووی خۆی تێکەڵیان بکات و بیخوێنێتەوە، وەک بڵێی لەناو دەریایەک شیعردا سەر ئاو کەوتبێت و لە دەقێکەوە بۆ دەقێکی دیكه ده‌چێت‌، بێ ئەوەی هەمیشە لە ناوەڕاستدا ڕێگایەکی دیاریکراو ببینێت.
ساڵی 2019 كتێبی (نۆڕما جین باکەر لە ترۆی Norma Jeane Baker of Troy) ی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ ئۆپێرایەکی شیعری و شانۆییە و تێیدا نۆرما جینی باکەر ناوی ڕاستەقینەی مارلین مۆنڕۆیە و تڕۆیش ئاماژەیە بۆ هێلینی تڕۆی. بەرهەمەکە بەراوردێکه‌ لە نێوان تراژیدیا و پێگەی مارلین مۆنڕۆ و هێلینی تڕۆیی، وەک دوو هێمای جوانی کە بوونە قوربانی کۆمەڵگا و مێژوو. ساڵی 2021 كتێبی (ژنانی ترۆجان: کۆمیکێک The Trojan Women: A Comic ) ی بڵاوكرده‌وه‌. كه‌ به‌رهه‌مێكی هونەری هاوبەشه‌ لەنێوان نووسه‌ر و ڕۆزانا برونۆی نیگاركێش کە تێیدا شانۆگەرییە تراژیدییە کۆنەکەی (ژنانی تروادە) یۆریپیدس گۆڕدراوە بۆ شێوازی چیرۆکی وێنەیی.

ساڵی 2021 كتێبی (ڕێبەری هێراکلیسH of H Playbook ) ی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ وەرگێڕان و سەرلەنوێ داڕشتنەوەیەکی مۆدێرن و تاقیکارییە بۆ شانۆگەری هێراکلیسی یۆریپیدس. ئان کارسۆن بە شێوازێکی جیاواز ئامادەی کردووە؛ تێکەڵەیەکە لە شیعر و وێنە و دەقی دەستنووس کە لەسەر کاغەزی جیاواز کێشراون و چاپکراون. چیرۆکی هێراکلیسی پاڵەوانە کاتێک لە شەڕ دەگەڕێتەوە و تووشی بارودۆخێکی سه‌ختی دەروونی دەبێت و ناتوانێت خی له‌گه‌ڵ بارودۆخی ئاسایی بگونجێنێت، کە نووسەر وەک هێمایەک بۆ نەخۆشیی دەروونی و کاریگەرییەکانی جەنگ لەسەر مرۆڤی هاوچەرخ نیشانی داوه‌. ساڵی 2024 كتێبی (پێوه‌ری هەڵە Wrong Norma) ی بڵاوكرده‌وه كه‌ کۆمەڵە شیعر و پەخشانه‌‌. کارسۆن خۆی ئاماژەی بەوە کردووە کە بەهۆی ئەوەی بابەتەکانی ناو ئه‌و کتێبە (کە لە 25 پارچەی جیاواز پێكهاتووه‌) پەیوەندی ڕاستەوخۆ و یەکگرتوویان بە یەکەوە نییە و ناچنە چوارچێوەی یەک پێوەر. بۆیه‌ ناوی ناوە هەڵە، یان نادروست. تێیدا باسی چەندین کەسایەتی مێژوویی و ئەدەبی له‌وانه‌ سوقرات و فلۆبێر و جۆزێف کۆنرادی كردووه.‌ هاوشان لەگەڵ بابەتەکانی وەک بەفر و هەژاری و بیرەوەریه‌كانی باوکی. ئەم بەرهەمە لە ساڵی بڵاوبوونەوەیدا دەنگدانەوەی گه‌وره‌ی هەبوو و گەیشتە لیستی کۆتایی خەڵاتی کتێبی نیشتمانی بۆ شیعر لە ئەمه‌ریکا.

كارسۆن لە جیهانێکی پڕ لە زانیاری و مێژوو و زماندا دەگەڕێت، بەڵام بابەتە سەرەکییەکانی نووسینه‌كانی هەمیشە تایبه‌تن به‌ مرۆڤ له‌وانه‌: چۆن خۆشەویستی دەکەین؟ چۆن خەم دەخۆین؟ چۆن لەگەڵ جیاوازیی خۆمان دەژین؛ چۆن لەگەڵ مردن ڕووبەڕوو دەبینەوە؛ چی لە خۆمان دەمێنێتەوە کاتێک کەسێک یان شتێک لەدەست دەدەین؟ چۆن لەگەڵ یادەوەرییەکانمان بژین؟ چۆن بە زمان هەوڵ دەدەین شتێک بڵێین کە لەوانەیە هیچ وشەیەک بۆی بەس نەبێت؟. گرنگی ستایله‌كه‌شی لەوەدایە کە سنووری نێوان جۆرە ئەدەبییەکانی شکاندووه‌. کارەکانی بۆ خوێنەر ئاسان نین، چونکە بە شێوەی ڕۆمانە کلاسیکییەکان، چیرۆکی ڕێک و پێک بە دەستەوە ناده‌ن. بەڵام هەر ئەم ئاڵۆزییەش وا له‌ خوێنەر دەکات لەگەڵ دەقەکاندا بەشداری بکات و ماناکان دروست بکات.

جگه‌ له‌و خه‌ڵاتانه‌ی ناومان هێنان به‌ر له‌ گه‌یشتن به‌ باڵای نۆبل، ئان كارسۆن پێشتر كۆمه‌ڵێك خه‌ڵاتی سه‌نگینی دیكه‌ی پێبه‌خشراوه‌، له‌وانه: (لانان بۆ شیعر) له‌ ساڵی 1996، (خەڵاتی گەورەی ئەدەبی نێودەوڵەتی بلو میترۆپۆلیس بۆ دەستکەوتی تەمەنی) له‌ ساڵی 2016، (خه‌ڵاتی شازادەی ئەستوریاس بۆ ئەدەب) له‌ ساڵی2020 ، (خەڵاتی پێن/ نابۆکۆڤ) له‌ ساڵی2021 ، (خەڵاتی ئەدەبی نێودەوڵەتی زبیگنیو هێربێرت) له‌ ساڵی 2025 ئه‌مه‌و جگه‌ له‌و به‌رهه‌مانه‌ی ناومان هێنان كۆمه‌ڵێك چاپكراوی دیكه‌ی هه‌یه‌.




تیشکەکانی دوای خۆر ئاوا بوون.. شیعری نەوزاد بەندی

ــ وەڵامی نامەیەکی هاوشانە ــ

من جیاوازترم لەوەی تۆ ئەیزانی ..
ئەو دنیایە بچوکتر بوو لەوەی ئەمزانی ..
تاکە دەستێ هەستی پێ بکەم لە دەستما،
دەستی مردنە..
جارێ وەک باوکێکی دڵڕەق ڕامئەکێشێ و..
جارێ وەک منداڵێکی باخچە،
زۆر بچوکە لە دەستما..
جارێ وەک دەستی یار ئەتوێتەوە لە نێوان پەنجەکانما و
جارێ وەک دڕک ئەچێ به لەپی دەستما ..
هەموو دنیا لای من
وەک پرتەقاڵێکی ڕزیوە ..هاوشان ..
لە هەمووی ڕائەکەم ، وەک بڵێی
نە هەنگاوم پێ ماوەتەوە بۆ گەڕان ..
نە هەناسەم پێ ماوەتەوە بۆ هەڵکێشان .
نە خەونم پێ ماوەتەوە بۆ بینین ..
نە ووشەم پێ ماوەتەوە بۆ نوسین ..
وەک ئەو میوەفرۆشەی
دەمەو مەغریب،
میوەکانی هەڕاجـ ئەکا ..
ئێوارەیە و . ماندووە و ..
لە کار بێزار بووە و
ئەیەوێ بڕواتەوە تاکو سبەینێ بمرێ ..
ئاوا ڕۆژەکانم هەڕاج ئەکەم،
یان بە خۆڕایی دابەشیان ئەکەم
لە نێوان دانیشتن و ڕاکردن و خەمخواردنا ..
لە نێوان یادگاریی و چاوەڕوانی و مردنا ..
لە هەموو ئەو شتانەی کە هێشتا نەهاتوون، بێزار بووم ..
لە هەموو ئەو وڵاتانەی نەمدیون،
بێزار بووم ..
لە هەموو ئەو شیعرانەی نەمنوسیون،
بێزار بووم ..
لە هەموو ئەو دیدارانەی هێشتا بۆیان نەچووم،
بێزار بووم ..
لە هەموو ئەو تێرمیناڵ و فڕۆکەخانانەی هێشتا بۆیان نەچووم، بێزار بووم
جاران هەور دەستی ئەگرتم و
ئەیووت با تەلەفۆنێ بکەین بۆ یار ..
ئێستا ئەویش وەک دوکەڵی ئەو جگەرانە تەماشا ئەکەم،
کە دێن و ئەڕۆن، بێ سلاو و خواحافیزیی ..
چرکە نییە لەگەڵیدا بە شەڕ نەهاتبم
خولەک نییە زۆرانم لەگەڵدا نەگرتبێ
سەعات نییە دەم و قەپۆزی یەکمان نەشکاندبێ ..
ڕۆژ نییە یەخەی یەکترمان نەدڕیبێ
هەفتە نییە یەکترمان بەر دەسڕێژ نەدابێ ..
مانگ نییە داواکاری گشتیمان لە یەکتر تیژ نەکردبێ..
ساڵ نییە یەکترمان بۆردومان نەکردبێ ..
ئیتر بۆ کام شوێن و
بۆ کام کات و ..
بۆ کام ڕووداو، شەپول بەین ؟
لە هەموو شوێنێ، ڕۆژ و شەو ،
چەکوشه سپی و چەکوشە ڕەشەکە،
ئەمانکوتێتەوە ..
لە هەر پایتەختێ، خەم و ئازار،
دوو چەکوشە ژەنگاوییەکە،
ئەمانچەوسێنێتەوە ..
لەم شەیتاناوایە، لە هەر بەشێکی،
زوڵم و خیانەت،
دوو چەکوشە ژەهراوییەکە،
ئەمانفەوتێنێتەوە ..
لە هەر شوێنێ ئەو دوو پێیە لەعنەتییەی لێ بێ،
هەرچیمان دروست کردبێ، ئەیڕوخێنێتەوە ..
هیچ نەماوەتەوە چاوەڕوانی بم،
چاوەڕوانیشم بێ، هەر گومان و دوو دڵیی،
دوو چەکوشە دڕکاوییەکە،
ئەمانگەڕێنێتەوە ..

کەسایەتیی نییە لە دەریای ڕەخنەکانما نەخنکا بێ ..
ئیتر بۆ کام کەس و
بۆ کام کۆمەڵگا و
بۆ کام ئوممەت، ئەتەوێ بڕۆین ؟ .هاوشان ..
لەگەڵ دەفتەر و
قەڵەم و
چاپخانەدا بەشەڕ هاتووم ..
لەگەڵ ڕۆژنامە و
سەرنوسەر و
بەڕێوەبەری نوسینا، قسەم نییە ..
لەگەڵ بڵندگۆ و
مایک و
ستەیج و
هۆڵ و
گەلەرییدا، دانولەم ناکوڵێ ..
ئیتر بۆ کام پایتەخت و
کام باخچە و
باڵکۆنەی کام تاوەر بڕۆین ؟ ..هاوشان ..
لەگەڵ هەموو گوڵەکانا
پەیوەندییم نەماوە ..
لەگەڵ هەموو باڵندەکانا،
دەنگم بڕیوە..
لەگەڵ هەرچی ڕووبار و
دەریا و
زەریا هەیە،
زۆر خراپ‌ تێکچووم ..
لەگەڵ هەموو قاچاخچێکانا ..
هەموو فڕۆکەخانەکانا ..
لەگەڵ هەموو قونسوڵخانە و
ڤیزە فرۆش و
ئیقامە فرۆشا، تێکچووم..
ئیتر بە کام ڕێدا،
لەکام زەمەندا
لەگەڵ کام ڕووداوا
شانۆگەرییەکی تر بنوسینەوە ؟
بەو هەموو کەمئەندامییەوە،
چۆن جانتاکان هەڵگرین ..؟
چۆن ئاوڕدانەوە بلۆک کەین ؟
چۆن یادگاری بشارینەوە ..؟
چۆن ئەو هەموو زنجیرە بپچڕین ..؟
بەو هەموو کەمئەندامییەوە،
چ کەمپێکی پەنابەرانمان پێ هەڵئەخڵەتێ،
من کە لەگەڵ دادوەر و
داواکاری گشتی و
پارێزەر و
دادگادا، زور خراپ تێکچووم …؟!
……




چـیرۆک بـۆ منـداڵان/ یەکـەم دیـداری خـۆر و زەوی و مانـگ.. رەزا شـوان

مـینا لە پـۆلی شەشی قـوتابخـانەی بنـەڕەتی دایـە. کچـۆڵەیەکی زیـرەک و رووخـۆش و خەیاڵخـۆشە. کـنجکاوی و زۆرپـرسە. دەیەوێـت زۆرتریـن شت و نهـێـنییەکان بـزانێـت. بە باشی ئامـێرە دیجـیتاڵـییەکان بەکـاردەهـێنێـت و سوودێـکی زۆری لـێيان وەرگـرتووە. هەرگـیز لە بیـرکـردنەوە و خەیاڵکـردنیـش بـێـزار نابـێـت.
رۆژێـک مـیـنا خەیـاڵ بـردییـەوە.. لەبـەر خـۆیـەوە، وتـی:”حـەزدەکـەم بـۆ یەکـەم جـار بانگی خـۆر و زەوی و مانگ بکەم و ببـن بە میـوانـم” بـۆ ئەم مەبەستەش، نامەیەکی بانگهـێشتی میوانداریی بۆ هەرسێکیان نارد. کە نامەکەیان پێگەیـشت، خۆر و زەوی و مانـگ، هـێـندە بە کـوڵ پـێکەنـین، خەریـک بـوو ببـوورێـنەوە.
خـۆر و زەوی و مانـگ: مـیـنـا خـان، تـەنـدروسـتـیـت باشـە؟ یان وڕێـنـە دەکـەیـت؟!
مـیـنـا: تەنـدروستـیـم زۆر باشـە و وڕێـنـەش ناکـەم .
خـۆر و زەوی و مانگ: ئەی ئەوە بەڕاسـتە، کە دوو هـەسارەی گەورەی وەک خـۆر و زەوی و تەنێکی وەک مانگ، ببن بە میوانت؟! دەبێت ژووری میوانتان چەند فـراوان و گەورە بێـت؟ کە بانگهـێـشتی هەرسێکـمانت کـردووە، کە پـێکەوە میوانداریـت بکەیـن؟
مـیـنـا: بەڵی بەڕاستـمە. میـوانخـانەکەشـمان ژوورێـکی ئاساییـە.
خـۆر: ئەی ئەوە نازانیـت، کە مـن لە ئاگـرم؟ ئەگەر زۆر لـێتان نـزیک ببـمەوە، بە تینی گـڕی نـاوازەم، هەمـووتـان دەسـووتـێـن، ئـاوی هـەمـوو زەریـا و دەریـا و رووبـارەکان وشک دەبـن. تەنـانەت زەوی و مـانگـیـش، بـە گـڕی زۆر گـەرمی بێـوێـنەم دەتـوێـنەوە. نە ژیـان دەمـێـنێـت و نە هـیچ شـتـێک دەمـێـنـێـت؟
مـیـنا: بەڕێـزم، مـن نـەزان نیـم و ئـەم راسـتـیـیانـە دەزانـم.
زەوی: وا دیـارە نیـازت خـراپـە و دەتەوێـت مـن و مانـگ، لە گەڵ خۆتـدا لەناوبچـیـن؟
مانـگ: واز لەم خەیاڵە پووچانەت بهـێـنە و بـڕۆ ئەرکەکانی قوتابخانەت جـێبەجێ بکە.
میـنا (بە زەردەخەنەیەکی ناسکەوە): نەخـێر نیازم خـراپی نییە. ئەرکەکانیشم جـێبەجێ کـردوون. بە هـەڵـەش لـێـم تـێـمەگـەن، مەتـرس هـیچـیـشـتان لەنـاونـاچـن.
خـۆر و زەوی و مانگ: مینا خان کە ئەم راستییانە دەزانیت، بۆ بانگێشتی میوانداریمان دەکەیـت؟ کـوا لە گەردوونـدا ـ جگە لە ئاسـمان ـ شـوێـنـێکی هـێنـدە فـراوان هـەیە، کە جـێی هـەرسـێکـمانی لێ بـبـێـتەوە؟ ئـەم قـسە هـەلـەق و بەلـەقــانە چـین دەیـانکەیـت؟! یان گاڵـتەمـان پـێـدەکەیـت؟
مـیـنا: قسەکانم هەلەق و بەلەق نیـن و گاڵتەشتان پـێـناکەم.. ئێـوە زۆر خوشەویـستن و ژیـانتان پــێبەخـشیـویـن. بـەڵی ئـەو شـوێنـە لـەلای مـن هـەیە. قـەوارەی شـوێـنەکەش بـە قـەی پەرتـوکـێکە، جـێی ئێـوە و لە ئێـوەش زەبـەلاحـتری لـێـدەبـێـتەوە.
خـۆر و زەوی و مانگ، هـێندەی تر سەریـان سـووڕما. شوێنێک رووبەرەکەی بەقـەی بەرگی پەرتوکـێک بێـت.. چـۆن شوێنی ئێـمە و لە ئێـمەش زەبەلاحـتری لێـدەبێـتەوە؟!
مـیـنـا: بەڕێـزانـم، ئـەو شـوێـنـە ئـۆنـلایـنە.. ئـۆنـلایـن (ئـیـنـتەرنێـت).
خۆر و زەوی و مانگ: ئۆنلاین؟ شوێنێکی هێندە فراونە جێی هەرسێکمانی لێدەبێتەوە؟
مـيـنـا: بـەڵێ، مـن دەتـوانـم لە ئـۆنـلایـنـدا، هـەرسـێکـتان بەیـەک بگەیـەنـم. ئـۆنـلایـن ئامێـرێکی سـوودبەخـشە و زانـایانی داهـێـنەر دایانهـێنـاوە. گـوێـم لـێبگـرن بـە کورتی باسی ئـۆنـلایـنـتان بـۆ دەکـەم.
کە خـۆر و زەوی و مـانـگ، بـۆ یـەکـەم جـار لە ئـۆنـلایـنـدا، پـێـکەوە دەرکـەوتـن، زۆر دڵخـۆشبـوون. دەستخـۆشـییەکی زۆریـان لە زانـا داهـێـنەرەکان کـرد. چەپـڵەیـەکـیـشیان بـۆ مـیـنا خـان لـێـدا.
نەرویـج: ٢٠٢٦




کۆڕێک بۆ د. ئازاد حەمە لە ستۆکهۆڵم بە ناونیشانی: کورد و فەلسەفە: ئایا کورد فەیلەسووفی هەیە؟