نەریت و بەهرەی تاکەکەس.. نووسینی: ت.س. ئیللیەت.. وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: عەتا قەرەداغی
بەرد لە بەردی بێتەوە،دەنگی هەیە.. هۆمەر نۆریاوی
یەکەم، لە سەردەمێکدا مرۆ کەوتووەتە بەر شاڵاوی هەمەلایەنەی میدیا و،شۆڕشی تەکنۆلۆژیایش بەلەز هەموو لایەکی تەنیوە،میدیاکارێکی کورد لەم جەنجاڵستانەدا و لە نێو بێدەنگییەکی کوشندەدا بنئاخ دەکرێت و نووزەیەکیش تەنانەت لە خودی ئەو میدیا و ڕاگەیاندانەوە بەرگوێ ناکەوێت کە ئەم مرۆ نازەنینە،تەمەنێک خەباتی تێدا کردوون و بەشێکی فرەی ژیانی خۆی پێ بەخشیون!
دووەم، مرۆی ئەم ڕۆژگارە سەرقاڵە،ڕۆژانە ئەوەندە گیرۆدەی نێو دنیای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە کە تەنانەت ئاگای لە دەوروبەرەکەی خۆیشی نییە و ئەوە ئەم دنیا ئاڵۆسکاو و بێسەروبەرەیە کە جڵەوی ژیانی ئینسانی گرتووەتە دەست و بە مەیلی خۆی ڕاکێش و پەلکێشی ئەملاولای دەکات. خەڵک ئەوەندە نوقمی نێو ئەوپەڕ دنیایە کە تاق و تەنیا وەک شێتان قاقا پێدەکەنێت کەچی خەمسارد خەمسارد بە پەنای خەڵکە نزیکەکەی پەنادەستی خۆیدا تێدەپەڕێت و خۆی لە ئاست فرمێسکی سەر ڕوومەتی خەڵکانی جیران،لێ نەبان دەکات! چونکە ڕاستیت گەرەگە زۆرینە لە لایەن میدیاوە قورمیش دەکرێت و بیرکردنەوە و هزرین دوا پرسە ئاوڕی لێ بدرێتەوە. کاتێک خودی ڕاگەیاندنیش سەرقاڵی ئاشووفتەبازاڕەکەی خۆیەتی،ئیدی چاوەڕوانی چیت لە جەماوەر هەیە!
سێیەم، ئەم میدیاکارە ڕەزاسووکە کە مەبەستی ئەم کورتە نووسینەیە، ساڵی 1324ی هەتاوی(1945)،لە شاری”سنە”ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چاوی لە ڕووی ژیان هەڵدەهێنێت. واتە ڕاست ساڵێک پێش دامەزرانی ڕادیۆ کوردیی تاران کە ڕۆژی 4ی سهرماوهزی ساڵی 1325ی ههتاوی(25ی نۆڤهمبهری 1946)،پەخش و وەشانی ڕادیۆ بە زمانی کوردی لە ئێراندا دەست پێ دەکات.
تەمەنی لاوەتی خۆی هەر لە باژاڕەکەی خۆی(شاری سنە)دا وەپشت سەر دەنێت. لە تەمەنێکی خوار و کەمدا چارەنووس پەلکێشی دنیایەکی دی دەکات کەچی شۆق و حەزی خوێندنەوە هەرگیز دەستبەرداری نابێت و هێدی هێدی کە هەست بە بەهرە و تواناکەی خۆی دەکات،لە چلەکانی هەتاوی(شەستەکانی زایینی)بەملاوە،ئاوێتەی نێو دنیای ڕاگەیاندنی کوردی دەبێت و سەرەتا وەک بێژەر پێی بە ڕادیۆ کوردیی تاران ددەکرێتەوە.
“سەعدەین ستوودە”کە ڕۆژگارێکی درێژ دەرهێنەر و نووسەرێکی بەئەزموون و ناودیاری نێو ڕادیۆ کوردیی تاران بووە،سەبارەت بەم خانمە میدیاکارە دەڵێ،لە چلەکانی هەتاوی(شەستەکانی زایینی)بەملاوە لە سەردەمی باوکمدا[سەیید ئیبراهیم ستوودە(2000-1926)کە نووسەر و شاعیرێکی ناسراوی کوردە و ساڵی 1345 تا 1349ی هەتاوی بەڕێوەبەری ڕادیۆ کوردیی تاران دەبێت]،وەک بێژەر دەست بە خەباتی میدیایی دەکات.
ئەم خانمە میدیاکارە تەمەنێک وەک بێژەر و ئەکتەرێکی کارامە لەو مەتەرێزەوە دەگەڵ چەندان میدیاکاری دی هەر وەک میدیا زەندی(2008-1940)،ناهید ڕاهدار(2025-1949)، عوسمان ئەحمەدی(1937)و…،ڕاژە و خزمەتی چاند و زمانی کوردی دەکات و تا دێت توانا و بەهرەکەی پتر دەگەشێتەوە و،لەم سەنگەرەوە سەرچاوەی خزمەت دەبێت. واتە ڕاست لەو قۆناخە زێڕینەدا کە ڕادیۆ پڕی دەبێت لە کەسایەتی وەک شوکروڵڵا بابان(2012-1923)، سوارە ئێلخانیزادە(1976-1937)،عوسمان ئهحمهدی،دوکتۆر عابید سیراجەدینی(1995-1923)،حەسەن زیرەک(1972-1921)،پەروین موشیروەزیری(2010-1941)،هومایۆن کهمانگهر(1942)،مەلا جەمیل ڕۆژبەیانی(2001-1913)میدیا زهندی،سەیید عەزیز عەلەوی(2019-1930)،ناسر ڕەوشەن(1946)،محهممهد عهبدولسهمهدی(1999-1936)،عهلائهدین بابهشههابی(2014-1939)،محەممەدساڵح ئیبراهیمی(شەپۆل)(2018-1933)، حەسەن سەلاح ناسراو بە سۆران(2009-1941)،سۆران سنهیی(کوردستانی)،محەممەدفاتیح محهممهدی (1947)،سهیید جهلال نیزامی(1951) و… .
چوارەم،ئەم میدیاکارە دواتر ڕوو لە شارەکەی خۆی(سنە)دەکاتەوە و لە پەنجاکانی هەتاویی بەملاوە و پاش کرانەوەی ڕادیۆ لە سنە،لە ڕادیۆ سنەوە درێژە بە کاری میدیایی دەدات و بەشێکی دی توانا میدیاییەکەی لەوێندەر دەردەخات.
پێویستە ئاماژە بەم خاڵە گرینگەیش بدرێت کە ساڵی 1331ی هەتاوی(1951)پەخشی ڕادیۆ بە زمانی کوردی لە شاری”سنە”دەست پێ دەکات. بە واتایەکی وردتر،ڕۆژی 3ی پووشپەڕی ساڵی 1331ی هەتاوی(1952)پەخش و وەشانی بەرنامە بە زمانی کوردی لە ڕادیۆ سنەوە بە بنزاری ئەردەڵانی دەست پێ دەبێت.
پێنجەم،وەک خودی خۆم کە تەمەنێک لە نێو میدیا و ڕاگەیاندنی کوردیدا خەباتم کردووە،سەرەتا لە هەشتاکانی هەتاویدا و لە بەشی چیرۆکی ڕادیۆوە بەم کەسایەتییە ئاشنا بووم. خانمێکی ئێسکسووک و خاوەن دەنگێکی سیخناخی میهرەبانی و سۆزێکی جوان کە دەیان دەوری لە چیرۆکی ڕادیۆدا دەبینی و هەر جارە و گۆشەیەک لە توانا هونەرییەکەی دەخستە بەرچاو.
شەشەم،ئەم میدیاکارە کوردە کە لە دوای شوێنێکی هەراوتر بۆ دەرخستنی تواناکەی خۆی دەگەڕا،دوابەدوای دامەزرانی سەحەری کوردی لە ساڵی 1376ی هەتاوی(1997)،زۆر خێرا لێرەوە درێژەی بە خەباتە میدیاییەکەی دا و وەک ئەکتەرێکی بواری دۆبلاژ پێی بەم مەیدانە کرایەوە و ئەم بەستێنەی بۆ کارکردن هەڵبژارد. ئەرچی زۆر پێشتریش هەر لەم بوارەدا توانای خۆی تاقی کردبووەوە. ئەمەیش بۆچوونی محەممەد فەرەیدوونی،دەرهێنەری ناسراوی بواری میدیا و ڕاگەیاندنی کوردییە کە ڕاستیی بۆچوونەکە سەبارەت بەم خانمە میدیاکارە دەسەلمێنێت.
دێتەوە یادم،ئەم میدیاکارە هەر جارە و لە سنەوە بە پاس ڕووی لە تاران دەنا بۆ ئەوەی لە چیرۆکێکی ڕادیۆیی یان درامایەکی تێڤێدا دەور ببینێت و هەگبە میدیاییەکەی خۆی دەوڵەمەندتر بکات. دەرهێنەرەکانی ڕادیۆ،میدیاکارانی هەر وەک سەعدەین ستوودە،کاوە کەمانگەرپوور،زێنەب مستەفایی،ئەحەد ساڵحی،شاڕەزا قەوامی و بەڕێوەبەرانی دۆبلاژ هەر وەک محەممەد فەرەیدوونی،زانیار کەمانگەر،فەرزاد مەشعووف و…،دەتوانن باشترین بەڵگە و شایەت بۆ توانا واڵا هونەرییەکەی ئەم خانمە میدیاکارە بن.
حەوتەم،ئەو میدیا و ڕاگەیاندانەی کە هەڵگری مێژوویەکی 80 و نزیک بە 60 ساڵەن و دەیان سیما و کەسایەتی ناودیاری کورد هەر وەک دوکتۆر محەممەدسدیق موفتیزادە(1984-1921)،عەبدوڕەحمان موفتیزادە،ئەحمەد موفتیزادە(1993-1933)،خالیدئاغا حیسامی(2016-1927)،هەژار موکریانی،جەمیل ڕۆژبەیانی،حەسەن زیرەک،سوارە ئێلخانیزادە،مەزهەر خالقی،هومایۆن کەمانگەر،شەپۆل،سەیید ئیبراهیم ستوودە،خوسرەو شێخکانلوو(2004-1925)،سەیید عەزیز عەلەوی،حەسەن سەلاح سۆران،حیسامەدین ئەمین،سدیق بۆرەکەیی(2023-1943)،میدیا زەندی،جەلال نیزامی،عەبباس کەمەندی،سەیید ئیسماعیل حسێنی(1954)،میرزای هەورامی(1957)،ژیلا حسێنی(1996-1964،شیلان گەیلانی(1953)،کولسووم عوسمانپوور(1968)،فەتانە مورادی(1966)، و…تا دەگاتە نەوەی دواتر و سەدان تۆرەوان و نووسەری دی،لەم سەکۆوە خزمەتی ڕووبەری کولتووری کوردییان کردووە،جێی کەسەرە کە سووک و سانا بە پەنای پرسێکی هەستیاری ئەوتۆدا تێدەپەڕن،ئیدی چلۆن دەیانهەوێت بە نەوەی ئێستا بڵێن ئێمە خاوەن چەندان میدیاین کە 80 یان نزیک 60ساڵی چالاکی و خەباتمان وەپشت سەر ناوە لەحاڵێکدا لە هەمبەر سیما و کەسایەتییە دیارەکانی خۆ،خۆ لە گێلی دەدەن و کەمتەرخەمن؟!
پار لە یادی 80ساڵەی دامەزرانی ڕادیۆ کوردیی تاراندا ئاماژەم بەم خاڵە دا کە میدیایەک ڕێز لە نەوەی دوێنێی خۆی نەنێت یان بە واتایەکی دی،ڕابردووی نەبێت،داهاتوویشی هیچ دەرناچێت. میدیات پێ شک دێت 24کاتژمێرە ژار دەرخواردی بەردەنگ دەدات و”ئاو لە دەسکەوانا ئەکوتێ” کەچی ڕاگەیاندنی ئەوتۆیشت پێ سۆراغ دێت تەنێ بە چەند کاتژمێر و ڕووپەلێک،مێژوویەک دەنووسێتەوە کە دەبێتە ویردی سەرزاران و ئەم نەوە بۆ نەوەی دادێی دەگێڕێتەوە.
میدیا گەر لە دەست ئەهلەکەی نەبێت،دوێنێ و ئەمڕۆ و سبەیشی لە لا هیچ گرینگ نابێت!
وەک نەوەی پاش شۆڕشی گەلانی ئێران،ڕۆژێک و بۆنەیەکم پێ شک نایە کە یادکردنەوەیەکی شیاوی نەوەی دوێنێی ڕاگەیاندنی کوردی تێدا بەڕێوە چووبێت. ئیدی چەمەڕای چ ڕێز و سەنگێک لە نێو جەماوەرەکەی خۆدا بین! دەیان کەسایەتی درەوشاوەی میدیا و ڕاگەیاندنی کوردیم پێ شک دێت کە پاش تەمەنێک ڕاژە و خزمەت بە زمان و ئەدەبی کوردی،درێخ لە سۆراغگرتن و کورتە هەواڵپرسینێک! کەچی هەر کامە و بۆ خۆ لە سەردەمەکەی خۆدا لە پاراستن،بڵاوکردنەوە،گەشەپێدان و پێشخستنی زمان و کولتووری نەتەوەکەی خۆدا دەوری ئەستووندەکێکیان بینیوە.
پاش سەرکەوتنی شۆڕش،زۆر میدیاکار و شاعیر و ڕووناکبیری خەمخۆر دەگەڵ ژمارەیەک لە کەسایەتییەکانی دوێنێی ڕادیۆ یەک دەگرن و ڕەوتەکە بەرەوپێشەوە دەبەن. میدیا زەندی،ناهید ڕاهدار،ئەمیرئەسەلان شێخکانلوو،ناسر سینا،ئاگری هەژار،سەیید نیزام نیزامی،شایستە ئیبراهیمی،عەزیز عەبباسی،شاناز کەریمخانی،سورەییا ئەمینی،سەیید جەلال نیزامی،برایم بەریاجی،ئەییووب گازرانی،هۆمەر نۆریاوی،ئارەزوو زیرەک،ئازاد ئیبراهیمی،سورەییا مەولانی،حسێن قوربانپوور،نەشمیل نیزامی،کەریم ئەکبەرزادە،ئەنوەر هوژەبری،کەریم کڵاشیی فەڕ،ئارام مستەوفی،کاوە کەمانگەرپوور،ناسر حەسەنی،پەروانە ڕەستگارفەڕ،زانیار کەمانگەر،سەعادەت ڕەحیمی،ئەمیر ڕەزایی،قادر دادخا،نەسرین حاتەمی،فەرەح هومایۆنڕووز،دینۆ مەحموودزادە،نەشمیل نیزامی،سیما ئابخزر،ڕەسووڵ شێخکانلوو،نەعمەت مارۆنسی،شلێر ئیمرانژاد،ئارەش ئەمجەدی و …،هەر کامە و لە سووچ و گۆشەیەکی میدیاوە دەرکەوتوون و بۆ هەمیشە جێپەنجەی خزمەتیان دیارە.
هەشتەم،شارێکی مینا”سنە”کە بۆ جووڵە و بزاوتی فەرهەنگی لە هەر هەموو کوردستاندا ویردی سەرزاران و بگرە پێشەنگیشە،گەلێک سەیرە کە سادە و ساکار بە پەنای کەسایەتییەکی ئەوتۆدا تێدەپەڕێت و دواتر بە هەوڵ و خەمخۆریی چەندان دڵسۆزی ڕادیۆ هەر وەک ئارەزوو زیرەک،محەممەد فەرەیدوونی و نەشمیل نیزامی،سەنگی ڕاستینەی ئەم میدیاکارە دەگەڕێتەوە خولگەکەی خۆی و جارێکی دی ناوی دێتەوە ناو کایەی فەرهەنگی. کەچی لەڕاستیدا ئەوە ئەرکێکی هەرە سەرەتایی بەرپرس و بەڕێوەبەرانی دەزگە و ناوەندە ڕۆشنبیرییەکانی خودی سنە و تارانە کە ئاوڕ لە ڕووداوە فەرهەنگییەکان بدەنەوە و کەسایەتییەکی ناسراوی بواری میدیا و ڕاگەیاندنی کوردی بەو چەشنە غەریبانە و بێدەنگ بنئاخ نەکرێت.
نۆیەم،یەک لە پرسە جەوهەرییەکان لە لای ڕۆژنامەوان و میدیاکار،پەیجۆریی و گەڕان بەدوای ڕاستیی ڕووداوەکانەدایە کە دەمێکە لای ڕۆژنامەوانی ئێمە نامۆیە و ئەوەندە ئاوڕی لێ ناداتەوە. زۆربەی میدیاکار و ڕۆژنامەوانی ئێستا زۆر کەسایەتی لە لا دەبێتە میوان کە پەرۆشی یەکەم و کۆتایی تەنیا پڕکردنەوەی کاتی بەرنامە و لاپەڕەکەیەتی و چ خوێندنەوەی بۆ بیر و هزر و بەرهەمەکەی کەسایەتییەکە نییە. ئەمە خەسارێکی کوشندەی ڕۆژنامەگەریی ئێستامانە. تەنانەت پاژە سەرەکییەکانی هەواڵ کە بریتینە لە[کێ،لەکوێ،کەی،بۆچ و چلۆن]ی لە لا هیچ گرینگ نییە.
دەیەم و دواخاڵ،بەختەوەرانە منداڵەکانی ئەم میدیاکارە نازەنینە ئەمڕۆکە ئەوەندە لە ڕێچکەکەی دایک دوور نین و کوڕەکەی واتە”ئامانج ئازەرمی”،ژەنیار و سترانبێژە و کچەکەیشی،”ئازادە ئازەرمی”یش،لەمێژساڵە خەریکی کاری نواندنە و هەروەها لە بواری شانۆیشدا خاوەن دەست و هونەرێکی باڵایە. بەڵام بە داخ و کەسەرێکی فرەوانە مریەم زاهیریانی،لە نێو بێدەنگییەکی کوشندەدا ڕۆژی 17ی خەرمانانی 1405ی هەتاوی(8ی سێپتەمبەری 2026)هەر لە شارەکەی خۆی(سنە)کۆچی دواییی دەکات و بە بەرچاو ئەم هەموو ڕاگەیاندنە کاڵفامانەوە غەریبانە بنئاخ دەکرێت. لێرەدایە مرۆ ئەم بەیتەی”هێمن موکریانی”بیر دێتەوە کە چەندە جوان دەبێژێت:
چۆن نەناڵێ ئەو دڵە ئەنگاوتەیە؟!
بەرد لە بەردی بێتەوە،دەنگی هەیە
ژێدەر:
• ناڵەی جودایی،هێمن،چاپی پێنجەم،سەییدیان،مەهاباد،1979
• تاریخچە رادیو کردی در ایران(رادیو بە زبان کردی در ایران، از آغاز تا زمان انقلاب اسلامی)،آرش امجدی،پایان نامەی کارشناسی ارشد ایران شناسی،زمستان 1394
• فەرهەنگی کوردواتەنی،ع.ع.شەونم،دەزگای دواڕۆژ،سلێمانی،2020
• ڕادیۆ کوردیی تاران له بهردهم دهروازهی دیرۆکدا،نووسین و لێکۆڵینهوه هۆمهر نۆریاوی،گۆڤاری ڕێزان،ژمارە 3،ڕێبەندانی 2015
• روزنامەنگاری نوین،نعیم بدیعی،حسین قندی،چاپ سوم،انتشارات دانشگاە علامە طباطبایی،تهران،1382
کومەڵێک تیرۆژە چیرۆک.. نەوزاد بەندی
ــــ گەروی هورموز ــــ
مامۆستا، هەر لیستی موچە دابەزی، خۆی کرد بە کلینیکی کاک دکتۆردا.. کاک دکتۆر وەک ڕاوچییەکی کارامە، بێ چەند و چوون، بە دوو لاپەڕە پشکی تاقیگە و لاپەڕەیەک سۆنار و لاپەڕەیەک ئێم ئاڕ ئای و لاپەڕەیەک سی تی سکان، تەواوی موچەکەی لە گیرفانی ئەلفەوە ( مامۆستا ) بۆ گیرفانی باء ( کاک دکتۆر ) گواستەوە.. دواجار کە ئەنجامەکانی پشک و تیشکەکانی بۆ هێنایەوە، دوو پارچە کەبسولی بۆ نوسی بە دوو سەد دۆلار، بەرهەمی کۆمپانیایەک بوو، هەفتەی پێشوو گەشتێکی تورکیا و قوبروسی پێکردبوو..
مامۆستا بە ڕوخسارێکی تێکەڵ لە ڕێز و پەشیمانیی و ترس و شەرمەزاریی و حورمەتەوە، ووتی : ( کاک دکتۆر، ئایا ئەکرێ مانگی داهاتوو ئەم دەرمانە بکڕم ؟؟ )
ــــ خانەنشین ـــ
کە خانەنشینیان کرد، هەموو شتێک باش بوو، تاکە زیانێک کە کرد بووی؛ تێکچوونی خەوی بوو.. چونکە هیچ ئامانجێکی نەمابوو له پێناویدا بنوێت…
ـــــ ماندوو ـــــــ
دەستی بۆ هەر شتێ ببردایە، ماندووی ئەکرد، وەک ئەوەی تەنها بۆ ماندوو بوون خوڵقێنرا بێ،
شەوی ڕابوردوو لەگەڵ چەند برادەرێکیدا، لە چێشتخانەیەکی هەرزان، کەبابیان داوا کرد، لەگەڵ یەکەم پاروودا، گیرایە قوڕگی، پەلیان گرت و فڕاندیانە ئوتومبیلەکەوە، ئوتومبیل سلفی نەگێڕا، پاترێکەی مردبوو ..
ــــــــ شتی سەیر ــــــ
ئاخر ئەم لە تەمەنی باپیریدا بوو، کەچی کە ئەگەیشتە ئاستی، ئەوەستا و دەستێکی بەناو
شەپۆلەکانی قژیدا ئەهێنا..
بڕیاری دا ئیتر ڕیشی نەتاشێ، با بزانێ ئەم باپیرەیە و زۆری نەماوە بەسەر ئەم ئەستێرەیەوە ..
بەڵام ئەو دوورتر ئەیڕوانی، کەسایەتیی شین کۆنری تێدا ئەبینی، لە فلیمی تەڵە دا ..ئەو هەستە تەلیسماوییەی نێوان پیرەمێردێک و ..کچۆڵەیەکی وەک کاترین زیتا جۆنس ..
ڕۆژ بە ڕۆژ ئەم ئەبوو بە ژێر کەڵەکەی ڕیشەوە و ئەویش ئەبوو بە ژێر کەڵەکەی عەشقەوە.
ــــــ دوو پڵتە ــــــــ
بە باوەشێک لاپەڕە ونووسراوی خانەنشین بوونەوە، خۆی کرد بە کۆشکی بەڕێوەبەری خاوەنشکۆی خانەنشینکردنەوە کە بە تەمەن هێندەی کچەکەی ئەبوو، پێی نەوت دانیشه .. هەر بە پێوە ڕاوەستابوو ..
بە هێواشی پێی ووت : زەحمەت نەبێ هەڵەیەکتان لە بەرواری ئەم نوسراوەدا کردووە ..
بەڕێوەبەری شاهەنشا، بە کەمچیکڵدانییەوە پڵتەیەکی لێوە هات : تۆ حەقت نەبێ، ئیشی خۆمانە، تۆ هیچ تەداخول مەکە.
ــ تەداخولی چی نەکەم، ئێوە لە جیاتی 1994 نوسیوتانە 1993 ؟
شاهەنشای بێ ڕکابەری خاوەنشکۆ، پڵتەیەکی تری بۆ کرد : تۆ حەقت نەبێ !!
لەگەڵیشیدا هەڵەکەی چاک کردەوە و مۆرێکی بە دەستی چەپی پڕ موستیلە و ئۆیە و ئایفۆنی حەڤدەوە، لێدا.
ـــــ شەڕە جنێو ـــــــ
لە پەیجێکی دینیی زانستیی فەلسەفییدا، کۆمەڵێ کوردی زانا و دانا و فەیلەسوف، خەریکی شەڕە جنێو بوون .. لەوە ئەچوون لە چێشتخانەیەکی پێنج ئەستێرەدا خەریکی ڕیقنە و پشقل خواردن بن.
ـــــــ ئەو ڕۆژە ـــــ
ئەو ڕۆژە پێویستی زۆری بە هاوڕێیەکی بوو، لەگەڵ نۆبەرەی بارانی ساڵدا، پیاسەیەکی ناوبازاڕ بکەن..
هەر هەر یەکە و به بەهانەیەک خۆی لێ دزییەوە..
بەهانەی یەکێکیان زۆر سەیر بوو، ووتی نازانم چەترەکەم له کوێ داناوە، ڕەنگە لە ژێر خانەکە بێ ..
پێی ووت : چەتری چی ؟ ڕەحمەتت لێ بێ، دوو پروشە بارانە، من چەترم پێیە، حەز ئەکەی ڕەشماڵێکیشت بۆ دێنم ..
کەچی هەر نەهات .. ووتی ئیلتیزاماتم هەیە ..
هەر کەسێ ووتی ئیلتیزاماتم هەیە، واتا بەسه بیبڕەرەوە، نایەم و بڕایەوە ..
بۆی نووسین : ( تێ بگەن، کاتێ هاوڕێیەک داوای پیاسەیەکتان لێ دەکا، بزانن لە حاڵێکدایە خەریکە دڵی بتەقێ، بۆیە پەنای بۆ بردوون ..)
ئیتر ژمارەی هەموویانی خستە بلاک لیستەوە.
ــــــــ تەنازول ــــــــــ
تەنها ئەم بوو کۆبوونەوە و گەشتی برادەرانی ڕێک ئەخست ..ئەمیش وازی هێنا ..
بەو جۆرە هیچ کۆبوونەوە و گەشتێکی برادەران نەما .. هەموویان تەنگەتاو بوون.. لێرە و لەوێ تەلەفۆنیان بۆ ئەکرد و ..بە ناڕاستەوخۆ ئاگاداریان ئەکردەوە کە تامەزرۆی کۆبوونەوە و گەشتەکانن .
پێی ووتن : ئێوە هەر یەکەتان خوایەکن و .. یەکتری ناخوێننەوە.. ناتانەوێ وای نیشان بدەن کە پێویستتان بە یەکترە . .بە سوکایەتیی و تەنازولی دەزانن بە هاوڕێکانتان بڵێن پێویستمان بە کۆبوونەوە و گەشتە لەگەڵتاندا..
منیش ئیتر لە جیاتی ئێوە، تەنازول ناکەم و کۆتان ناکەمەوە .. بڕۆن بە لای خواییەکەتانەوە و بەردەوام بن لە لەپێکردنی یەکتریدا، گەلی فیرعەونان ..
بەڵام ئەوان هیچ لەو پەیامە تێنەگەیشتن.
بەندیخانە.. شیعری سەلام عومەر
باڵندەیەک لە قەفەسی نیشتماندا
دەنووک لە پەنجەرەی ئازادی دەدات،
هەموو درەختەکانی شار دەزانن
میلۆدیەکەیان لەزیندانە
هەموو درەختەکانی شار
تێگەیشتن
کە پاییز تەنها گەڵا هەڵوەرین نییە،
بەڵکو کۆچی ماتەمینیی چەند گۆرانییەکی کۆنە
وەک کۆچی ئازیزەکان
لە ناخی باڵندەیەکدا…
وەک کۆچی باڵندەکان لە ناخی پایزدا
من لەو بەشەی زەمین دەژیم
کە تاریکییەکەی
دەچێتەوە سەر سپێدەیەکی لەدایکنەبوو
ئەوبەشەی
هێشتا لەبەندیخانەیەکی گەورە دەچێ.