داڕمانی ئەفسانەی جیاوازبوونی ڕۆژئاوا ‪-‬ لە پەراوێزی خۆپێشاندانەکانی پاریسدا.. ئەکرەم سەعید

«هاوکات لەگەڵ نووسینی ئەم وتارەدا، سێ ساڵ بەسەر گیانبەختکردنی مامۆستا ‪”‬جیهان تەها‪”‬دا تێپەڕ دەبێت؛ بەم بۆنە خەمناکەوە، سەری ڕێز و نەوازش بۆ یادی نەمر و هەمیشە زیندووی ئەو جوانەمەرگە و سەرجەم گیانبەختکراوانی ڕێگای ئازادی و دادپەروەری دەچەمێنمەوە.»‪.‬

  • هەڵوەشانەوەی ئەفسانەی جیاوازبوونی ڕۆژئاوا ‪-‬ جیهانگیریی سەرکوتکاری:

لە زانستە سیاسییەکاندا مۆدێلی سیستمی حوکمڕانی لە ڕۆژئاوادا بە چمکی‪”‬جیاوازبوون یان تایبەتمەندێتیی مۆدێلی ڕۆژئاوا‪”‬ لە ڕووی دیموکراسی و گەشەکردنەوە، پێناسە دەکرێ. بەڵام لە ڕاستیدا لە ڕووی مێژووییەوە، سیستەمی سەرمایەداریی ڕۆژئاوایی جۆرە شێوازێکی پەیڕەو دەکرد کە دەکرێت ناوبنرێت بە ‪«دیموکراسی لە ناوخۆدا و وەحشیگەری لە دەرەوەدا – لە ڕۆخەکاندا»‬، وە لە ڕێگای ئاڵوگۆڕی ئابووری جیهانیدا ‪”‬بردنی بەهای زێدەکی لە جیهانی سێیەمەوە‪”‬ یان گواستنەوەی زێدەبایی و سەروەت و سامانە تاڵانکراوەکانی جیهانی سێیەمەوە، بۆ دابینکردنی بودجەی دەوڵەتی خۆشگوزەرانی و هێورکردنەوەی چینی کرێکار لە ڕۆژئاوادا بەکاردەهێنران، ئەوەش لە ڕێگەی پێشکەشکردنی ئازادییەکان و خزمەتگوزارییەکانەوە. بەڵام لە دۆخی ئێستادا بەهۆی قەیرانی ئابووری بەردەوام و جەنگەکانی نێو جیهانی سەرمایەداری دڕندەی مۆدێرن و لە سایەی داکشانی بازاڕەکان و داڕووخانی قەبارەی خواست لە بازاڕەکان و قەیرانەکانی هەڵاوسان و قەرزارییدا، وایکردووە کە چیتر ئەو سامانە بەردەست نەبێت بۆ هێورکردنەوەی بەرەی ناوخۆیی. دەرئەنجامەکەش ئەوەیە کە ئەم میکانیزمە سەرکوتکار و توندوتیژانەی پێشتر تاقیگەکانیان لە جیهانی سێیەمدا بوو (وەک گازی فرمێسکڕێژی پێشکەوتوو، چاودێریی توندی مەیدانی، توندوتیژیی لە ڕادەبەدەری پۆلیس و بەتاوانناساندنی خۆپێشاندان) ئێستا هاوردە دەکرێن و بەسەر خودی هاووڵاتیی ڕۆژئاواییدا لە فەرەنسا، ئیتاڵیا، پورتوگال، بەلجیکا،، هتد، و جێبەجێ دەکرێن. ئەو خۆپێشاندانە بەربڵاوانەی کە لەم دواییانەدا لە فەڕەنسا و وڵاتانی تری ڕۆژئاوا بەخۆیانەوە بینییان، لە پاڵ ئەو توندوتیژییە پەڕگیرەی کە دەزگا ئەمنییەکان دژی خۆپێشاندەران و قوتابییان پەیڕەوی دەکەن، بەرجەستەبوونێکی ڕاستەوخۆی ڕاستێتیی ئەو شیکارییە کە تێزی ‪”‬ لە کۆمەڵگەی کراوەوە بەرەو تۆتالیتاریزمی نوێ ‪”‬ دەیخاتەڕوو ‪*‬.

داڕووخانی وەهمی کۆمەڵگەی کراوە و بێلایەنیی دەوڵەت:

تێگەیشتنی نەریتی بۆ چەمکی کۆمەڵگەی کراوە (کە پێشتر فەیلەسوف کارل پۆپەر وەک واشەیەک بۆ دیموکراسی، ئازادیی ڕادەربڕین و مافی نەڕەزایەتی دەربڕین بانگەشەی بۆ دەکرد)، ئێستا بە ئاشکرا لەبەریەک هەڵدەوەشێت. کاتێک حکومەتە سەرمایەدارەکان دەستەوستان دەبن لە چارەسەرکردنی قەیرانە ئابوورییە خنكێنەرەکانیان، کە دەرئەنجامی هەڵاوسان، خەرجییەکانی جەنگ، قەرزەکان و بەرزیی تێچووی بژێویی ژیانن، پەنا بۆ گفتوگۆ نابەن، بەڵکو ڕاستەوخۆ دەست دەکەن بە هەڵوەشاندنەوەی دەستکەوتە دەستوورییەکان. بەکارهێنانی توندوتیژیی لەڕادەبەر دژی قوتابییان و کرێکاران لە پاریس و شارەکانی تری ڕۆژئاوادا، ئەو گریمانەیە دەسەلمێنێت کە دەوڵەتی لیبراڵی دەمامکی بێلایەنیی خۆی فڕێداوە و کەوتووەتە ناو پەیڕەوکردنی پارێزگارییەکی توندوتیژ لە بەرژەوەندییەکانی نوخبەی دەسەڵاتدار.

تۆتالیتاریزم وەک ئامرازێک بۆ پاراستنی سەرمایە:
دیموکراسییە ڕۆژئاواییەکانی ئێستا، جارێکی تر ستراتیژییەکانی ڕژێمە سەرکوتکار و تۆتالیتارەکان بەرهەم دەهێننەوە، بەڵام بە دەمامکێکی نیولیبرالییەوە. ئەم دۆخەش بە ڕوونی لەم خاڵانەی خوارەوەدا ڕەنگدەداتەوە:
‪‬ چوارچێوەدارکردن و دێوەزمەکردنی ناڕازییان: گۆڕینی هەر جووڵانەوەیەکی جەماوەری کە داوای دادپەروەریی کۆمەڵایەتی دەکات (وەک خۆپێشاندانەکانی دژی بەرزکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی یان بزووتنەوە ئەمڕۆی قوتابییان و سەندیکاکان) بۆ ناو قالبگەلی ئامادەکراو ( ناساندنیان لەژێر ناونیشانی وەک دوژمنانی سەقامگیری، ئاژاوەگێڕان، یان توخمە توندڕەوەکان). ئەم شەرعییەتپێدانە میدیاییە بۆ ڕەواییدانە بە گۆشەگیرکردنی کۆمەڵایەتی و سەرکوتی پۆلیسی بەکاردەهێنرێت.
‪‬ چاودێری و سەرکوتکردنی ئازادییە دیجیتاڵییەکان: بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیای هاوچەرخی چاودێریکردن بۆ شوێن پێهەڵگرتنی سەرکردەکانی جووڵانەوەکان، و فشارخستنە سەر پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵ میدیا بۆ سڕینەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە توندوتیژیی دەسەڵات دۆکیۆمێنت دەکەن، جەوهەری “تۆتالیتاریزمی نوێ” نیشان دەدات؛ بە شێوەیەک کە تێیدا ئامرازەکانی چاودێریی دیجیتاڵی لەگەڵ دەزگای سەرکوتکاری دەوڵەتدایەکخراون.

دووڕوویی پێوەرەکان و گۆڕانی فەرمانکردنی یاسا:
سیستەمی لیبراڵی کە فرمێسکی ساختە بۆ مافەکانی مرۆڤ و سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران لە دەوڵەتە دواکەوتووەکان یان ڕکابەرە جیۆپۆلەتیکییەکانیدا دەڕێژێت، خۆی توندوتیژییەکی ڕێکخراو و سیستەماتیک لە ناو سنوورەکانی خۆیدا پەیڕەو دەکات (وەک سەرکوتکردنی هێلەکە زەردەکان و خۆپێشاندانەکانی ئێستا). دەزگاکانی پۆلیس و ئامێری سەرکوتکاری دەوڵەتانی ئەوروپا، لە بەرامبەر ئەو توندوتیژی و تاوانانەی لە پێش چاوی جیهاندا ئەنجامی دەدەن، نە هیچ باکێکیان بە ناوبانگی دیموکراسی هەیە و نە ڕووبەڕووی چاودێری و لێپرسینەوەیەکی یاسایی ڕاستەقینەش دەبنەوە. ئەمەش گۆڕانی سیستەمی یاسایی لە ئیفلیجییەکی فەرمانییەوە بۆ هاوکاری و بەشداربوونی پێکهاتەییی ئاشکرا لە پێناو خزمەتکردنی سەرمایەدا دەسەلمێنێت.
خۆپێشاندانی جەماوەریی ئێستا لە فەڕەنسا و تەواوی وڵاتانی ڕۆژئاوادا، ڕووداوگەلی کاتی نین، بەڵکو نیشانەی قەیرانێکی پێکهاتەییی قووڵن لەناو سیستەمی سەرمایەداریی دڕندەدا. توندوتیژیی دەسەڵات دژی خۆپێشاندەران بە شێوازێکی بڕاوە پەیڕەوی ئەو پێشبینییە دەکات کە دەڵێت: کاتێک سەرمایە لەگەڵ دیموکراسیدا تووشی پێکدادان دەبێت، سیستەمی لیبراڵی دەستبەجێ دیموکراسی دەکاتە قوربانی، و بە خوێنێکی ساردەوە، قۆناغ بە قۆناغ لە چەمکی کۆمەڵگەی کراوەوە دەگۆڕێت بۆ ڕژێمێکی تۆتالیتاری ستەمکار؛ واتە بەربەرییەتی هاوچەرخی خاوەن ئامرازی تەواو بۆ ژێردەستەکردنی جەماوەر و زامنکردنی بەردەوامیی هەژموونی چینی دەوڵەمەند. سەرکوتی پۆلیسیی هاوچەرخ، بەڵگەی کرداریی ڕاستێتیی ئەم تێڕوانینەیە. ئەم ڕووداوانە و دیمەنەکانی لە وڵاتانی ئەوروپادا، بەکردەوە کۆتایییان بە ئەفسانەی ‪”‬دەوڵەتی دیموکراسیی بۆرژوازیی خاوەن دامەزراوە یاساییەکان و هاووڵاتیبوون‪”‬ هێنا؛ ئەو مۆدێلەی کە چەپی پڕۆ-ڕۆژئاوایی (مۆدێرنیست) لە کوردستان و ناوچەکەدا، کردوویەتی بە ئامانج و خەونی پێوە دەبینێت.

  • ئەفسانەی ‪”‬ تیۆریی پیلانگێڕی – دەستی دەرەکی‪”‬ و بەتاوانناساندنی ناڕەزایەتییەکان:

«تیۆریی پیلانگێڕی» شێوازێکە لە لێکدانەوەی سیاسی و سۆسیۆلۆژی کە تێیدا ڕووداوە گەورەکان، قەیرانە ئابوورییەکان یان بزووتنەوە جەماوەرییەکان ناگەڕێنرێنەوە بۆ هۆکارە بنياتی و قەیرانەکانی ئابووری و سیاسی، بەڵکو وەک دەرئەنجامی نەخشەسازی و ڕێککەوتنی شاراوەی هێزگەلێکی نادیار، دەستەبژێرێکی کەمینە یان دەستی دەرەکی وێنا دەکرێن.
لە مێژووی ڕژێمە سەرکوتکار و ستەمکارەکانی وڵاتانی جیهانی سێیەمدا(وەک ئێران، میسر، پاکستان و هتد)، بۆ کپکردنەوەی ڕاپەڕینە جەماوەرییەکانی کرێکاران و هەژاران، هەمیشە تێزی ئامادەکراوی دەستی دەرەکی و تۆمەتبارکردنی خۆپێشاندەران بە بەکرێگیراو و ئاژاوەگێڕ وەک چەکێکی سەرەکی بەکارهاتووە. ئەوەی جێی سەرنجە، ئەمڕۆکە ڕێک هاوشێوەی ئەو شێوازە ستەمکارییە، لە لایەن دەسەڵاتداران و میدیا فەرمییەکانی فەڕەنسا و ڕاستڕەوە توندەڕەوەکانەوە پەیڕەو دەکرێت‪-‬(ترەمپ بە نموونە هۆکاری خۆپیشاندانەکانی فەرنسا دەگەڕێنێتەوە بۆ کۆچبەران و موسڵمانەکان)؛ بە شێوەیەک کە بە چڕی کار لەسەر شێواندنی وێنەی خۆپێشاندانی کرێکاران و قوتابییان دەکەن و لە ڕێگەی گوتاری میدیاییەوە سیمایەکی تاوانکارییان پێ دەبەخشن، تاوەکو ڕەوایەتی لە داواکارییە بنەڕەتییەکانیان بسەننەوە.
ئایا لە ڕاستیدا ‪”‬دەستی دەرەکی‪”‬ لە خۆپێشاندانەکاندا بوونی هەیە؟ ئێمە لە سەردەمی سەرمایەداریی جیهانیی بەربەریدا دەژین؛ بۆیە لە هەر جووڵانەوەیەکی سیاسیی جەماوەریدا کە بۆ دەستەبەرکردنی مافە ڕەواکان (چ خۆپێشاندان بێت یان ڕاپەڕین) لە هەر پانتایییەکی ئەم جیهانەدا بەرپا ببێت، گومانی تێدا نییە کە جەمسەرە دڕندەکانی سەرمایەداریی نێودەوڵەتی هەمیشە لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا، هەوڵی دەستوەردان و گۆڕینی ئاڕاستەکەی دەدەن، بەڵام «ئەمە دەستوەردانێکی دژە-شۆڕشگێڕانەیە»، و پێویستە لە لایەن سۆسیالیستەکانەوە لە ڕێگەی داڕشتنی ستراتیژیی ورد و پلانی دروستی سیاسییەوە پووچەڵ بکرێتەوە، تاوەکو ڕێگری بکرێت لە بەلاڕێدابردن یان قۆستنەوەی ئیرادەی ڕاستەقینەی جەماوەر.

  • کێ حوکمی فەرنسا دەکات؟‪:‬
    لە کتێبی (دیموکراسیی بێ خەڵک -La Démocratie sans le peuple) لە نووسینی زانای سیاسیی فەڕەنسی مۆریس دوڤێرجێ ‪**‬ کە لە ساڵی ١٩٦٧دا بڵاوکرایەوە. دوڤێرجێ هەوڵیدا پەردە لەسەر شێوازی کارکردنی دەسەڵاتی سیاسی لە فەڕەنسا لابدات و شیكردنەوە بۆ پێکهاتەی حوکمڕانی دەکات. موریس دوفریجیە ڕای وا بوو کە ئۆلیگارشی و تەکنۆقرات حوکمی فەرنسا دەکات. تێڕوانینی مۆریس دوڤێرجێ لە بنەڕەتدا لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە کە دیموکراسییە ڕۆژئاواییە مۆدێرنەکان (لەنێویاندا فەڕەنسا) لە پشت پەردەی دەقە دەستوورییەکان و سندوقەکانی دەنگدانەوە، لەلایەن جۆرێک لە ئۆلیگارشی پارتایەتی و تەکنۆکراتی دامەزراوەییەوە حوکم دەکرێن. دوڤێرجێ لە پەرتووکی ‪(دیموکراسیی بێ خەڵک)‬ دەربارەی پارتە سیاسییەکان و شیکارییەکانی بۆ کۆماری پێنجەمی فەڕەنسا، پێی وایە کە دەسەڵاتی ڕاستەقینە لە دەستی گرووپێکی کەمینەی ڕێکخراودایە.

پوختەی دیدگای مۆریس دوڤێرجێ‪:‬
١. مۆریس دوڤێرجێ و چەمکی ئۆلیگارشی پارتەکان‪:‬ دوڤێرجێ ڕستەیەکی بەناوبانگی هەیە کە دەڵێت: ‪”‬ دیموکراسییە مۆدێرنەکان بە حوکمی گەل دەناسرێن، بەڵام لە ڕاستیدا حوکمی ئۆلیگارشی پارتەکانن ‪”‬. ئەو پێی وایە کاتێک پارتە سیاسییەکان دەبنە ئامێری گەورە و بیرۆکراتی، بڕیاردان لە دەستی دەنگدەران یان تەنانەت ئەندامانی ئاسایی پارتەکە نامێنێت، بەڵکو کورت دەبێتەوە بۆ نوخبەیەکی ناوەندی کە جڵەوی پارتەکە و دەوڵەت دەکەن.
٢. تەکنۆکراسی و یەکبوونی ڕاست و چەپی ناوەند‪:‬ سەبارەت بەوەی کە ئایا ئەمە بەواتای حوکمڕانی ڕاستی ناوەند و چەپی ناوەند دێت، شیکارییەکەی دوڤێرجێ لەگەڵ واقیعی فەڕەنسا یەکدەگرێتەوە:
‪‬ نەمانی جیاوازی ئایدیۆلۆژی قووڵ: دوڤێرجێ ئاماژە بەوە دەکات کە سیستەمی هەڵبژاردنی زۆرینە (بەپێی یاسای دوڤێرجێ) هانی دروستبوونی دوو جەمسەری سەرەکی دەدات (دوو پارتی گەورە). کاتێک ئەم دوو جەمسەرە (ڕاستی ناوەند و چەپی ناوەند) دەگەنە دەسەڵات، بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەت پشت بە نوخبەیەکی تەکنۆکراتی هاوبەش دەبەستن (وەک دەرچووانی قوتابخانە باڵاکانی فەڕەنسا).
‪
‬ حوکمی تەکنۆکراتەکان: ئەم نوخبە تەکنۆکراتە (شارەزایانی ئابووری، بیرۆکراتەکان، و ڕاوێژکاران) گرنگی بە ئایدیۆلۆژیای چەپ یان ڕاست نادەن، بەڵکو سیاسەتەکان بەپێی “لۆژیکی بازاڕ و بەڕێوەبردن” دادەڕێژن. لەبەر ئەوە، جیاوازی نێوان چەپی ناوەند و ڕاستی ناوەند تەنها دەبێتە کێبڕکێ لەسەر دەسەڵات، بەڵام لە جەوهەردا هەردوولا یەک جۆرە ئۆلیگارشی تەکنۆکراتی بەڕێوەیان دەبات.

جیاوازی نێوان شرۆڤەی مارکس و مۆریس دوڤێرجێ:
بۆ دۆزینەوەی جیاوازی شرۆڤەی نێوان مارکس و دوڤێرجێ بۆ (حوکمی فەڕەنسا و ململانێکان)، کورتە بەراوردێک دەکەین لە نێوان کتێبی ‪”‬دیموکراسیی بەبێ خەڵک‪”‬ ی مۆریس دوڤێرجێ، لەگەڵ کتێبی ‪”‬هەزدەیەمی برومێری لویی بۆناپارت- (١٨٥٢)‪”‬ی مارکس:

١. مۆریس دوڤێرجێ لە کتێبی ‪”‬دیموکراسیی بێ خەڵک‪”‬ لەژێر سێبەری کۆماری پێنجەمی فەڕەنسادا، تێزێکی ڕەخنەیی توند پێشکەش دەکات:
‪‬ نەهێشتنی ڕۆڵی گەل: ئەو پێی وایە دیموکراسیی فەڕەنسی بووەتە ‪”‬شێوەیەکی ڕواڵەتی‪”‬؛ خەڵک تەنها لە ڕۆژی هەڵبژاردندا دەبینرێن، بەڵام دوای ئەوە پڕۆسەی بڕیاردان بە تەواوی لە خەڵک دادەبڕێت.
‪‬ هاوپەیمانیی تەکەنۆکراسی و مەکینەی پارتەکان: دوڤێرجێ باس لەوە دەکات کە حاکمی ڕاستەقینەی فەڕەنسا، بیرۆکراسییەکی ساردی تەکنۆکراتی و ئۆلیگارشی پارتایەتییە. ڕاستی ناوەندگیر و چەپی ناوەندگیر وەک کۆمپانیا کار دەکەن کە تەنها لەسەر کورسی شەڕ دەکەن، بەڵام لە جەوهەردا، گەلیان لە هاوکێشەی حوکمڕانی و بڕیاری ئابووری وڵاتەکە دەرکردووە.
٢. مارکس لە کتێبی ‪”‬لویی بۆناپارت‪”‬ زیاتر لە سەدەیەک پێش دوڤێرجێ، سەیری گۆڕانکارییەکانی فەڕەنسا دەکات لە سەردەمی ناپۆلیۆنی سێیەمدا:
‪*‬ چەمکی بۆناپارتیزم: مارکس دەڵێت کاتێک ململانێی چینایەتی (لەنێوان بۆرجوازی و چینی کرێکار) دەگاتە بنبەست، دەوڵەت لە ڕێگەی سەرۆکێکی پۆپۆلیستەوە (لویی بۆناپارت) خۆی وەک هێزێکی سەربەخۆ نیشان دەدات کە گوایە نوێنەرایەتی هەمووان دەکات.

‪*‬ خزمەتکردنی سەرمایە: لای مارکس، گۆشەگیرکردنی خەڵک یان سەرکوتکردنیان تەنها یارییەکی سیاسی نییە، بەڵکو ئامرازێکی ئابوورییە؛ بۆناپارت دەسەڵاتی سیاسی بۆرجوازیی چەک کرد، بەڵام لە بەرامبەردا دەسەڵاتی ئابووری و سیستەمی سەرمایەدارییەکەیانی پاراست.
جیاوازییە بنەڕەتییەکانی نێوان هەردوو شیکارییەکە:

  1. ڕەگی کێشەکە (ئابووری بەرامبەر دامەزراوەیی):
    ‪‬ مارکس پێی وایە پەککەوتنی دیموکراسی و دوورخستنەوەی خەڵک، دەرئەنجامی ململانێی چینایەتی و بەرژەوەندی ئابووریی بۆرجوازییە.
    ‪
    ‬ دوڤێرجێ پێی وایە کێشەکە لە سروشتی پارتە مۆدێرنەکان و پێکهاتەی تەکنۆکراتی دەوڵەتدایە، کە بە سروشتی خۆیان مەیلیان بەرەو دروستکردنی ئۆلیگارشی هەیە و خەڵک پەراوێز دەخەن.
  2. سروشتی دەسەڵاتی حاکم:
    ‪‬ لای مارکس، حوکمڕانی فەڕەنسا (تەنانەت لەژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆری بۆناپارتیشدا) لە کۆتاییدا لە خزمەت چینی خاوەن سەرمایەدایە.
    ‪
    ‬ لای دوڤێرجێ لە ‪”‬دیموکراسیی بەبێ خەڵک‪”‬دا، حاکم پێکهاتووە لە نوخبەیەکی کارگێڕی، سیاسی و تەکنۆکراتی (ڕاست و چەپی ناوەند) کە پێگەی خۆیان لە ڕێگەی کۆنترۆڵکردنی مەکینەی پارتەکان و بیرۆکراسی دەوڵەتەوە دەپارێزن، نەک تەنها لەبەر خاوەندارێتی سەرمایە.
  3. شێوازی کۆنترۆڵکردن:
    ‪‬ مارکس باسی ‪”‬هێزی سەربازی، سەرکوت و چەواشەکاریی پۆپۆلیستی‪”‬ بۆناپارت دەکات بۆ بێدەنگکردنی چینی کرێکاران.
    ‪
    ‬ دوڤێرجێ باسی قۆرخکاریی سیستەماتیک دەکات لە ڕێگەی یاساکانی هەڵبژاردن و میدیا و بیرۆکراسییەوە، کە وایکردووە دیموکراسی بێدەنگ و بێ ڕۆحی گەل بەڕێوەبچێت.
    پوختە: مارکس لە دەسەڵاتی فەڕەنسادا ‪”‬دکتاتۆرییەتی چینایەتی سەرمایە‪”‬ دەبینێت کە لەپشتی دەمامکی بۆناپارتیزمەوە شاراوەتەوە، لە کاتێکدا دوڤێرجێ تیشک دەخاتە سەر “تەکنۆکراسی و ئۆلیگارشی پارتەکان” کە دیموکراسییان کردووەتە پڕۆسەیەکی وشک و بێ خەڵک.

  • شیکاریی سیاسی بۆ واقیعی ئێستای فەڕەنسا:
    تێڕوانینەکەی مۆریس دوڤێرجێ بۆ دۆخی ئێستای فەڕەنسا و جیهان زۆر ڕاست و پێشبینیکەرانە بوو، بەڵام بە گۆڕانکارییەکی نوێوە کە لەم ساڵانەی دواییدا ڕوویدا:
    ‪‬ کۆتایی دەمامکەکان ‪-‬ سەردەمی ماکرۆنیزم: بۆ ماوەی چەندین دەیە لە فەڕەنسا، ڕاستی ناوەندگیر و چەپی ناوەندگیر یارییەکی سیاسییان دەکرد کە گوایە دژی یەکن، بەڵام لەژێرەوە هەمان سیاسەتی تەکنۆکراتییان جێبەجێ دەکرد. لە ساڵی ٢٠١٧دا، بە هاتنی ئیمانوێل ماکرۆن، ئەم هاوپەیمانییە شاراوەیە ئاشکرا بوو. ماکرۆن (کە خۆی تەکنۆکراتێکی بواری بانک بوو) هەم ڕاستی ناوەند و هەم چەپی ناوەندی لەژێر یەک چەتردا کۆکردەوە، ئەمەش سەلماندی کە “ئۆلیگارشی تەکنۆکراتی” هەیە و جیاوازی نێوان چەپ و ڕاستی ناوەند تەنها ڕواڵەت بووە.
    ‪
    ‬ سەرهەڵدانی پۆپۆلیزم وەک پەرچەکردار: کاتێک گەل هەستی کرد کە سندوقەکانی دەنگدان تەنها نوخبەیەکی تەکنۆکراتی دەگۆڕێت بە نوخبەیەکی تری هاوشێوەی خۆی (کە گرنگی بە ژیانی کرێکاران و هەژاران نادات)، متمانەی بە ‪”‬ناوەندگێری سیاسی‪”‬ نامێنێ، ئەمەش بووە هۆی تەقینەوەی ناڕەزایەتییەکان لە شەقامەکاندا (وەک جووڵانەوەی هێلەکە زەردەکان و خۆپێشاندانەکانی باریس) و بەهێزبوونی جەمسەرە ڕادیکاڵەکان (چەپی توندڕەو و ڕاستی توندڕەو).
    پوختە: ڕای دوڤێرجێ تەواو ورد بوو؛ دیموکراسی نوێنەرایەتی لە ڕۆژئاوا گۆڕدراوە بۆ تەكنۆكراسییەکی سارد کە تێیدا بڕیارە ئابووری و سیاسییەکان لە دەستی چینێکی ئۆلیگارشی کەمینەدایە، ئەمەش ڕێک ئەو خاڵەیە کە دەبێتە هۆی تێکچوونی سەقامگیری کۆمەڵایەتی، وەک چۆن لە وتارەکەی پێشووترمدا ئاماژەم پێدابوو کە ‪)‬قەیرانی ئابووری دەمامکی ئەم دیموکراسییە لادەدات‪(‬.
    ئەو دەسەڵاتەی ئەمڕۆکە حوکمی فەڕەنسا دەکات، نوخبەیەکی دارایی و تەکنۆکراتییە کە وەک دەستەبژێرێکی سەرمایەداریی دڕندە ڕەفتار دەکات. لە ڕاستیدا، ئەم نوخبەیە چ لە ڕێگەی دەسەڵاتێکی خۆسەپێنی وەک “بۆناپارتیزم”ەوە بێت، یان لە ڕێگەی کاراکتەرە سیاسییەکان و کاربەدەستانی حکومەتی دەوڵەتی بۆرژوازییەوە، هەژموونی سەرمایە دەسەپێنێت و سیستەمەکەی دەپارێزێت‪.‬
  • یاسای کەڵەکەی سەرمایە و زیادبوونی هەژاری کرێکاران:

ئەمڕۆ لە نێوان خەڵکی ئاسایی و ڕۆژنامەنووساندا باسی ئابووریی K بووەتە باو. زاراوەی ئابووریی K گوزارشتە لە بوژانەوە و گەشەکردنی ئابووری لەسەر شێوازی پیتی K ئینگلیزی (K-shaped economic recovery). ئەم چەمکە ئابوورییە بەو مانایەیە کە ئابووری دوای تێپەڕبوون بە قەیرانێکی ئابووریدا، دابەش دەبێت بەسەر دوو ئاڕاستەی تەواو جیاوازدا؛ بە شێوەیەک کە بەشی سەرەوەی کۆمەڵگە گەشە دەکات و دەبوژێتەوە، لە کاتێکدا بەشی خوارەوە بەردەوام دەبێت لە پاشەکشێ و ناڕەحەتی و ژیانێکی کوڵەمەرگی.

  • گەشەکردنی هێڵی سەرەوە (هێڵی سەرکەوتووی پیتی K – جەمسەری سەرمایەداران): گوزارشت لەو چین و کەرتانە دەکات کە دوای قەیرانەکە بە خێرایی دەبوژێنەوە و دەوڵەمەندتر دەبن. ئەمەش بە شێوەیەکی گشتی کۆمپانیا گەورەکانی تەکنەلۆژیا، ئەو پیشانەی لە دوورەوە (ئۆنلاین) ئەنجام دەدرێن، و وەبەرهێنەرانی بازاڕەکانی پشک و خانووبەرە دەگرێتەوە. ئەمانە لەسەر مەودای درێژ زیانیان پێنەگەیشتووە، بەڵکو ڕەنگە بارودۆخی داراییان باشتر بووبێت.
  • لاوازیی هێڵی خوارەوە (هێڵی داکشاو لە پیتی K – جەمسەری چینی کرێکار): گوزارشت لەو چین و کەرتانە دەکات کە بە توندی زیانیان بەرکەوتووە و بەردەوامن لە داکشان. ئەمەش کرێکارانی ڕۆژانە، خاوەن مووچە نزمەکان، و کەرتە نەریتییەکانی خزمەتگوزاری (وەک فرۆشتنی وردە، گەشتوگوزار، و چێشتخانەکان) دەگرێتەوە. ئەمانە ڕووبەڕووی بێکاری، کەڵەکەبوونی قەرز، و دژواریی گەڕانەوە بۆ ئاستی بژێوی پێشوویان دەبنەوە. بە کورتی، ئەم جۆرە بوژانەوەیە ڕەنگدانەوەی فراوانبوونی کەلێن و نایەکسانیی ئابوورییە لە کۆمەڵگەدا، کە تێیدا هەمووان بە یەکسانی بەرهەمەکەی هەست پێناکەن.
    داهێنەری ئەم بیرۆکە و ناوە، شارەزای ئابووری و مامۆستای زانکۆی ئەمریکی پیتەر ئاتوۆتەر (Peter Atwater)ە. ئاتوۆتەر لە بەهاری ساڵی ٢٠٢٠دا ئەم زاراوەیەی ڕاگەیاند، بەتایبەتی لە هەفتەکانی یەکەمی سەرهەڵدانی پەتای کۆڤید-١٩دا. لەو کاتەدا تێبینی داڕووخانێکی ڕوون و دابەشبوونێکی توندی کرد لە ئاستی توانای دارایی نێوان فەرمانبەرانی کارگێڕی (خاوەن یەخە سپییەکان کە لە دوورەوە کاریان دەکرد) و کرێکارانی مەیدانی و دەستی (خاوەن یەخە شینەکان). زاراوەکە بە خێراییەکی سەرسوڕهێنەر بڵاوبووەوە و لەلایەن دامەزراوە داراییە گەورەکان و ڕۆژنامەکانی وەک The New York Times و Forbes بۆ وەسفکردنی واقیعی بژێوی پەسەندکرا. ئەم بیرۆکەیە وەک “تیۆرییەکی ئەکادیمی وشک” لە ناو کتێبێکی کۆندا دەرنەکەوت، بەڵکو وەک زاراوەیەکی شیکاری لە وتار و ڕۆژنامەگەریی ئابووریدا دەستی پێکرد، پێش ئەوەی ببێتە کۆڵەکەیەک بۆ لێکۆڵینەوە قووڵەکان دەربارەی نایەکسانی.

ئەم تیۆرییە تا چەند لە مارکسیستەکانەوە نزیکە؟

بیرۆکەی بوژانەوە لەسەر شێوازی پیتی ‪K‬ لەگەڵ شیکاریی مارکسیستی بۆ یاسای کەڵەکەی سەرمایە و زیادبوونی هەژاری کرێکاران یەکدەگرێتەوە، و زۆرێک لە بیرمەندانی سۆسیالیست و مارکسیست پێیان وایە کە پیتی K تەنها بەرجەستەبوونێکی بینراوی هاوچەرخی ئەو پێشبینییەیە کە مارکس کردبووی. مارکس ١٥٩ ساڵ لەمەوبەر ئەمەی نووسیبوو:
«هەموو ڕێگاکانی بەرهەمهێنانی بەهای زێدەکی/ زێدەبایی، لە هەمان کاتدا ڕێگایەکن بۆ بەدیهێنانی کەڵەکەکردن؛ هەر فراوانبوونێکیش لە کەڵەکەکردندا، لە بەرامبەردا دەبێتە ئامرازێک بۆ پەرەپێدانی ئەم ڕێگایانە. لەمەوە چاکبوونی باری کرێکار مەحاڵە و بە ناچاری بەرەو خراپتر بوون دەچێت، هەرچەند کەڵەکەکردنی سەرمایە زیاتر دەبێت، جا ئاستی مووچەکان بەرز بێت یان نزم. دواجار ئەو یاسایەی کە هەمیشە هاوسەنگی دەپارێزێت لە نێوان سەرڕێژی ڕێژەیی دانیشتووان یان سوپای یەدەگی پیشەسازی لەگەڵ ڕەهەند و توندیی کەڵەکەکردندا، ئەم یاسایە کرێکار بە سەرمایەوە دەبەستێتەوە بە توندتر لەو بەستنەوەیەی کە چەکوشی هێفایستۆس پرۆمیسیۆسی پێ بە تاشەبەردەکەوە بەستبووەوە. ئەو (یاسایە) کەڵەکەکردنی نەهامەتی دەسەپێنێت هاوتەریب لەگەڵ کەڵەکەکردنی سەرمایەدا. کەواتە کەڵەکەکردنی سامان لەم جەمسەرەدا، لە هەمان کاتدا کەڵەکەکردنی نەهامەتی، ئازاری کار، کۆیلایەتی، نەزانی، دڵڕەقی و داڕووخانی ڕەوشتییە لە جەمسەری بەرامبەردا، واتە لە جەمسەری ئەو چینەی کە بەرهەمی دەستی خۆی لە شێوەی سەرمایەدا بەرهەم دەهێنێت.»‪-‬ سەرچاوە: ‪”‬یاسای گشتیی ڕەهای کەڵەکەکردنی سەرمایەداری‪”‬ / لاپەڕە ٧٩٢ ــ سەرمایە ــ کارل مارکس ـ وەرگێڕانی فالح عەبدولجەبار.

  • فراوانبوونی کەلێنی نێوان دەوڵەمەند و هەژاران لە سەردەمی بەربەرییەتی سەرمایەداریدا:
    «لەو بەهەشتەی سەرمایەداریدا، دەبینین کە بچووکترین بەرزبوونەوە لە نرخی پێداویستییە هەرە سەرەکییەکانی بژێویی ژیاندا، لە بەرامبەردا دەبێتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی مردن و تاوانەکان.» – مارکس/ پەرتووکی سەرمایە – وەرگێڕانی فالح عەبدولجەبار/ ل ٨٢٧.
    چەمکی ‪”‬بەربەرییەتی هاوچەرخ‪”‬ تەنها پێناسەیەکی ڕەوشتی نییە، بەڵکو لێکدانەوەیەکی زانستییە بۆ چۆنیەتی گۆڕانی سەرمایەداری لە قۆناغی ئێستایدا بۆ سیستەمێک کە وێرانکاری و قەیرانەکان وەک بەشێک لە خولی ئابووریی ئاسایی خۆی بەرهەم دەهێنێت، ئەوەش لە ڕێگەی:
    ١. بەکاڵاکردنی قەیران و جەنگەکان (ئابووریی وێرانکاریی مرۆیی):
    لە سەرمایەداریی کلاسیکدا، ئامانج بریتی بوو لە بەرهەمهێنانی ئەو کاڵایانەی کە مرۆڤ بەکاریان دەهێنێت بۆ بەدیهێنانی قازانج. بەڵام لە سەردەمی ئێستای بەربەرییەتی هاوچەرخدا، خودی قەیران و جەنگەکان گۆڕدراون بۆ کاڵا و سەرچاوەی قازانجکردنی دارایی کارەساتبار. ئەمڕۆ دەبینین چۆن کۆمپانیا گەورەکانی چەک و سندووقە زەبەلاحەکانی وەبەرهێنان (وەک بلاک ڕۆک و هاوشێوەکانی)، هاوتەریب لەگەڵ ململانێ گەرمەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەورووپای ڕۆژهەڵاتدا، قازانجی پێوانەیی و مێژوویی تۆمار دەکەن. وێرانکاری سوود بە کۆمپانیاکانی بونیادنانەوە دەگەیەنێت، و برسێتیش بازاڕی بۆرسەی نرخی دانەوێڵە و وزەی نەوت و گاز دەبوژێنێتەوە؛ ئەمەش ڕاستێتی ئەو تێزە دەسەلمێنێت کە دەڵێت سیستەمەکە بە مانا سەرەکییەکەی لەسەر نەهامەتیی مرۆیی دەژی.

٢. هەڵوەشاندنەوەی “دەوڵەتی خۆشگوزەرانی” و فەقیرکردنی چینی ناوەڕاست:
بەربەرییەتی هاوچەرخ لە ناوخۆی ڕۆژئاوا و لە دەوڵەتانی جیهانی سێیەمدا بە هەمان شێوە لە ڕێگەی تێکشکاندنی ئاسایشی کۆمەڵایەتییەوە ڕەنگدەداتەوە؛ چونکە سیاسەتە نیولیبرالییە هاوچەرخەکان بە ئاشکرا دەستبەرداری کەرتی گشتی تەندروستی، پەروەردە و خانەنشینی دەبن. هەڵاوسانی بەردەوام و بەرزبوونەوەی نرخەکان بووەتە هۆی لێدان لە سامانی چینی ناوەڕاست و خزانی ملیۆنان خێزان بەرەو هەژاری، لە کاتێکدا سامانی جیهانی لە دەستی لە ١٪ی مرۆڤایەتیدا کۆبووەتەوە. سەرمایەداریی دڕندە چیتر ناتوانێت هیچ خۆشگوزەرانییەک پێشکەش بکات، بەڵکو تەنها مۆدێلێکی چەوساندنەوەی ڕەها و بەربەریانە دەخاتە ڕوو بۆ هێشتنەوەی نوخبەکان لە لووتکەی هەرەمەکەدا.

٣. بەربەرییەتی ژینگەیی (تێکدانی هەسارەکە لە پێناو قازانجدا):
بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگر لەم بوارەدا، چۆنیەتی مامەڵەکردنی سیستەمی سەرمایەداریی ئێستایە لەگەڵ قەیرانی ژینگەدا. سەرەڕای کۆنگرە و بەڵێنە درەوشاوەکان، کۆمپانیا گەورەکان و وڵاتە پیشەسازییەکان بەردەوامن لە بەتاڵکردنی سەرچاوەکانی زەوی، پیسکردنی ژینگە و تێکدانی سیستەمی زیندەیی هەسارەکە، تەنها بۆ پاراستنی ڕێژەی گەشەی قازانجەکان لەسەر مەودای کورت. سیستەمەکە لەناوچوونی هەسارەکەی پێ باشترە لە قوربانیدان بە قازانجەکان؛ ئەمەش بەرجەستەبوونی ڕاستەقینەی چەمکی “بەربەرییەتی هاوچەرخ”ە کە گوێ بە دواڕۆژی مرۆڤایەتی نادات.

٤. سەرکوتکردنی ناسنامەی مرۆیی و گۆڕینی مرۆڤەکان بۆ ”ددانەی کارگێڕی”:
لەم سەردەمەدا، مرۆڤ لە بەها مەعنەوی و فیکرییەکانی دادەماڵرێت بۆ ئەوەی تەنها ببێتە بەکاربەر یان ئامرازێکی بەرهەمهێنان. میدیای دیجیتاڵیی ئاڕاستەکراو و خوارزمەییەکان بەکاردەهێنرێن بۆ ڕووکەشیکردنی هۆشیاریی گشتی، و سەرقاڵکردنی گەلان بە ململانێی لاوەکی، نەتەوەیی و کولتووریی دەستکردەوە، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە تێگەیشتنیان لە ڕەگی قەیرانە ئابوورییە هاوبەشەکەیان.
بەم شێوەیە دەسەڵات لە لایەکەوە هەوڵ دەدات هەژموونی خۆی بەسەر سامان و سەرچاوەکانی کۆمەڵگەدا بپارێزێت لە بەرژەوەندیی خۆی و نوخبەی سەرمایەدارە گەندەڵەکەیدا، تەنانەت لە قورسترین قەیرانە ئابوورییەکانیشدا، ڕێگا بۆ چینی بۆرجوازی خۆش دەکات بۆ بەدەستهێنانی بەرزترین قازانج و سەرقاڵبوون بە کەڵەکەکردنی سەرمایە و خۆشگوزەرانیی کەسییەوە. ئەمەش بە مانای سەپاندنی سیستەمی ڕەوشتیی ئەو چینەیە کە بە پارە و دەسەڵاتەوە بەستراوەتەوە (کە ئەویش ڕەوشتی بازاڕە) بەسەر تەواوی کۆمەڵگەدا؛ ئەو ڕەوشتەی کە لەسەر بنەمای ڕاکردن بەدوای قازانج و کێبڕکێی دڕندانە لە جەنگەڵستانی بازاڕی دۆلار و بۆرسەی دارایی بێبەزەییدا دامەزراوە. لە لایەکی ترەوە، بۆ بەربەستکردنی خۆپێشاندانی هەژاران و زیانپێکەوتووان، دەسەڵات پەنا بۆ بەکارهێنانی توندوتیژی دژی کرێکاران و هەژاران دەبات، و ئاین، ڕەوشت، دابونەریت و بەها نیشتمانییەکان دەکاتە بیانوو؛ وەک ئەوەی نیشتمانپەروەری، ئاین و ڕەوشت لە دیدی دەسەڵات و بازرگانانی ئایندا تەنها پاساوێک بن بۆ ڕەواییدان بە هەژاری و بانگەشەکردن بۆ ئارامگرتن لەسەری، لە کاتێکدا هەژاری و گەندەڵی خۆیان سەرچاوەی سەرەکین بۆ هەموو لادان و دیاردە ناڕەوشتییەکانی کۆمەڵگە.
بناغە لەسەر ئەمە، هەرچەندە دەسەڵات زیاتر سامان لە دەستی کەمینەیەکی خاوەن دەسەڵاتدا کۆبکاتەوە لە لایەک، و توندوتیژی دژی کرێکاران و هەژاران پەیڕەو بکات بە بەکارهێنانی گوتاری ئاینی، ڕەوشتی و بەها نیشتمانییەکان لە لایەکی ترەوە، کۆمەڵگە زیاتر تووشی جیاوازیی ئابووری دەبێت و داڕووخان لە پێوەرەکانی ڕەفتاری دروستدا بەخۆیەوە دەبینێت. ئەمەش ئەو دژایەتییە بنەڕەتییەیە کە زوو یان درەنگ، دەبێتە هۆی ئەوەی دەسەڵات تەواوی کارتەکانی کایەی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەدەست بدات.


پەراوێزەکان:
‪*‬ بێگومان، زۆرینەی ڕژێمە حاکمەکانی وڵاتانی جیهانی سێیەم، دەوڵەتگەلێکی سەرکوتکارن و بەربەرییەتێکی ڕووت و بێ دەمامک پەیڕەو دەکەن.
‪‬ ئەم دوو کتێبە، بە دوو پایەی سەرەکیی فیکری سیاسیی مۆریس دوڤێرجێ دادەنرێن بۆ تێگەیشتن لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی دەسەڵات لە فەڕەنسا و جیهانی مۆدێرن:
١. کتێبی ‪”‬پارتە سیاسییەکان‪”‬ (١٩٥١): تێیدا باسی ئۆلیگارشی ناو پارتەکان و کۆنتڕۆڵکردنی کایەی سیاسی دەکات.
٢. کتێبی ‪”‬پاشایەتیی کۆماری‪”‬(١٩٧٤): تێیدا ڕوونی دەکاتەوە چۆن دیموکراسییە مۆدێرنەکان (بەتایبەت کۆماری پێنجەمی فەڕەنسا) لە ڕێگەی دەستوورەوە دەسەڵاتی پاشایانە دەدەنە سەرۆک کۆمار.




تەنگەژەی ئابوری عێراق!.. عوسمانی حاجی مارف

ئەمریکا بەدوای کشانەوەی هێزەکانی لە عێراق، گوایە ئەرکێکی سەربازی ١٢ ساڵەی کۆتایی پێدەهێنێت، نەک ‘داگیرکاری”، بەڵام پەیوەندی و بەرژەوەندیەکانی دەپارێزێت کە لە بوونی هێزە سەربازیەکانی زیاتر پەلدەکێشێت، کە پەیوەندیە ئابوری و دارایی و هاوکاریە ئەمنیەکان و بەرژەوەندی کۆمپانیاکانە، واتە قۆناغێکی نوێ لە هەژمونی و پەیوەندیەکانی واشنتۆن لەگەڵ بەغدا دەست پێدەکات، قۆناغێک کە تیایدایە، پرسیارەکە لەسەر ئەوەیە کە ئەمریکا چ ئامڕازێکی کاریگەری دەهێڵێتەوە بۆ سنوورەکانی ڕۆڵی دوای کشانەوەکە.
تەنانەت دوای کشانەوەی هێزەکانی لە عێراق، واشنتۆن کەرەستەیەکی دارایی کاریگەری لە دەستدایە، کە پەیوەندی بە داهاتی نەوتی عێراقەوە هەیە، تا ئێستاش لە بانکی یەدەگی فیدراڵی نیویۆرک دانراوە، ئەم پەیوەندیە گرنگە، چونکە بەغدا پشت بە نەوت دەبەستێت کە نزیکەی ٪٩٠ ی بودجەی دەوڵەت دابین دەکات، هەروەها پێویستی بە دۆلارە بۆ دابینکردنی دارایی بازرگانی و هاوردەکردن.
بەڵام داسەپاندنی سزاکانی ئەمریکا بەسەر ئێراندا، بەغدا ڕوبەڕوی دووفاقیەک دەکاتەوە، بەغدا پێویستی بەوەدەبێت کە خۆی لەو سزایانە بپارێزێت، کە دامەزراوە داراییەکان و کۆمپانیاکانی مامەڵەکردن لەبەرامبەر تاراندا دەکاتە ئامانج، بەڵام لە هەمانکاتدا حکومەتی عێراق ناتوانێت پەیوەندیە بازرگانی و داراییەکانی لەگەڵ تاران بپچڕێنێت. کەمبونەوەی هەناردەکردنی نەوتی عێراق بەهۆی داخستنی گەرووی هورمزەوە، دەبێتە هۆی ئەوەی حکومەتی عێراق بوارێکی کەمی بۆ مامەڵەکردن هەبێت. ئەم دوو فاقیەی بەغدا، لەلایەک دەیخاتە نێوان فشارەکانی ئەمریکا بە ئامانجی سنووردارکردنی ئەو کەناڵانەی کە تاران بۆ دەربازبون لە سزاکان بەکاری دەهێنێت، لەلایەکی ترەوە پێویستیەکی عێراق بۆ پاراستنی پەیوەندیە بازرگانی و داراییەکانی لە گەڵ ئێران کە نوێنەرایەتی بەشێکی گرنگی چالاکی هاوردە و ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەکەن.
لەگەڵ فراوانبوونی گەمارۆ لاوەکیەکان، ناکۆکی ئەمریکا و ئێران لە تاراندا قەتیس نەماوە، ئێستا ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر عێراقە و کاریگەری لەسەر بانک و کۆمپانیا و بازاڕەکانی هەیە. دوایین هەڵمەتی ئابووری ئەمریکا جیاوازە لە چاو سزاکانی پێشوودا، بەو پێیەی سزاکان چیتر دوولایەنە نین، تەنیا تارانیان کردۆتە ئامانج، بەڵکو درێژبوونەتەوە بۆ ئەوەی هاوپەیمانە دەرەکیەکانیشی بگرێتەوە، لە ڕێگەی چڕکردنەوەی سزا لاوەکیەکانەوە.
بە ئامانجگرتنی بانکەکان، بەندەرەکان، کۆمپانیاکانی بیمە و کۆمپانیاکانی گواستنەوە کە مامەڵە لەگەڵ ئێران دەکەن لە وڵاتانی وەک عێراق، تورکیا، ئیمارات، چین.
حکومەتی بەغدا لە نێوان چەقۆی پابەندبون بە فشارەکانی ئەمریکا و سەنگەری ئەو پەیوەندیە جیۆ-ئابووریانەی کە عێراق بە ئێرانەوە دەبەستێتەوە، خۆی لە دڵی زریانەکەدا دەبینێتەوە، مەسەلەکە تەنها پەیوەندی بە پابەندبون بە ڕێوشوێنەکانی ئەمریکاوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە کاردانەوەی ئەگەری لەسەر بانکەکان و بازاڕی ئاڵوگۆڕ و ڕۆیشتنی کاڵاکانەوە هەیە، لە کاتێکدا کە ئابووری عێراق لە ئێستاوە ڕووبەڕووی فشاری زیاتر بۆتەوە. زۆربەی بانک و دامەزراوە دارییەکان و کۆمپانیاکانی گواستنەوەی پارەی عێراق مامەڵە لەگەڵ ئێران دەکەن، چ بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی نێوەندگیرانەوە، هەموویان دوای پاکێجی نوێی سزاکان، کەوتوونەتە ژێر چاودێری ئەمریکاوە. کاریگەری نەرێنی گەورە لەسەر سەقامگیری دراوی ناوخۆی و ناجێگیری بازاڕەکانی نرخی ئاڵوگۆڕ هەیە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئیدارەی ترەمپ ئامانجی بڕینی هەموو ئەو ڕێگایانەیە کە تاران بۆ دەربازبوون لە سزاکان بەکاری دەهێنێت، عێراق دەبێتە قوربانی یەکەم.
هەستیاری ئەم مەسەلەیە تەنیا کەرتی دارایی نەگرتۆتە خۆی، بەو پێیەی قەبارەی بازرگانی نێوان بەغدا و تاران زیاتر حساباتی حکومەتی عێراق ئاڵۆزتر دەکات، بەپێی ئامارە فەرمیەکانی وەزارەتی بازرگانی عێراق، ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات لە ساڵی ٢٠٢٥دا گەیشتووەتە نزیکەی ١٠ ملیار دۆلار، کە کۆمەڵێک کاڵا لەخۆدەگرێت لەوانە خۆراک و بەرهەمە بەکارهێنراوەکان. توندکردنەوەی سزاکان و سنووردارکردنی مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران، بەغدا ناچار دەکات بەدوای دەروازە و بازاڕە بەدیلەکانی هاوردەکردندا بگەڕێت، ئەمەش ڕەنگە تێچووی بودجەی دەوڵەت زیاد بکات، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی دابەزینی هەناردەکردنی نەوت بەهۆی داخستنی گەرووی هورمزەوە.
ئەوەی شایانی باسە مەرج نییە سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران ببێتە هۆی وەستانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات بەتەواوی، تەنانەت ئەگەر عێراقیش پابەند بێت بەو ڕێوشوێنانەی ئەمریکا بەسەر ئێراندا سەپاندویەتی، چونکە سزاکان هەرچەندە بەرفراوان بن، نابێتە هۆی پچڕانی تەواوەتی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و ئێران، ڕۆژانە ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات بە کەڵک وەرگرتن لە دراوە ناوخۆییەکانیان، دیناری عێراقی و تمەنی ئێرانی بەڕێوەدەچێت، دوور لە باڵادەستی دۆلاری ئەمریکیەوە.
عەلی زەیدی، پەیامی لە ئیدارەی ترەمپەوە پێگەیشتووە سەبارەت بە پێویستی پچڕاندنی پەیوەندیە ئابووری و بازرگانیەکان لەگەڵ ئێران و کارکردن بۆ بڕینی ڕۆیشتنی دۆلاری ئەمریکی لە عێراقەوە بۆ ئێران، لە پێناو ئەوەی بەغدا نەکەوێتە ژێر سزاکانی ئەمریکاوە. حکومەتی زەیدی، لە هەوڵی پتەوکردنی پەیوەندی و هاریکاری ئابووریە لەگەڵ ئەمەریکا، نەک تەنها یارمەتیدانی عێراق بۆ دەرچوون لە قەیرانی ئابوری ئێستای، بەڵکو دڵنیابون لەوەی هیچ سزایەک بەسەر عێراقدا نەسەپێندرێت و پەیوەندی نێوان واشنتۆن و بەغدا بگۆڕێت بۆ پەیوەندیەکی هاوبەشی و هاوکاری ئابووری، هەروەها ترسی ئەوە هەیە کە سزاکانی ئەمریکا بۆ دامودەزگاکانی عێراق درێژببێتەوە، ئەگەر هاوکاریە ئابووری و داراییەکان لەگەڵ ئێران بەردەوام بێت، ئەگەر واشنتۆن بڕیاری توندکردنەوەی ڕێوشوێنە سزاییەکانی بدات، ئەوا دامەزراوە داراییەکانی عێراق دەتوانن خۆیان لەبەردەم سزاکاندا ببیننەوە کە ئابوری عێراق بە زەحمەت بەرگەی کاردانەوەکانی دەگرێت، بەتایبەتی لە ئێستادا.
لەلایەکی دیکەوە حکومەتەکەی زەیدی ڕووبەڕووی فشارەکانی تاران دەبێتەوە بۆ ئەوەی گەمارۆکانی ئەمریکا پشتگوێ بخات و کەناڵە ئابووری و بازرگانیەکانی نێوان هەردوو وڵات بپارێزێت. کۆماری ئیسلامی ئێران دوای ڕاگەیاندنی هەڵمەتی سزاکانی ئەمریکا بە خێرایی پەیوەندیان بە بەرپرسانی عێراقەوە کردووە بۆ ئەوەی جەخت لەسەر پێویستی پابەندنەبوون بەو سزایانە بکەنەوە. بەرپرسانی ئابووری و سیاسی ئێران لەم دواییانەدا سەردانی بەغدایان کردووە بۆ داڕشتنی پلانێک بۆ بەڕەنگاربوونەوەی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و دڵنیابوون لە بەردەوامی پەیوەندیە بازرگانی و داراییەکانی نێوان هەردوو وڵات، تاران دەیەوێت دڵنیابێت لەوەی بازاڕی عێراق وەک شوێنی سەرەکی بۆ بەرهەمەکانی بمێنێتەوە، هاوکات عێراقیش وەک دەرگای پشتەوە بەدەستهێنانی دۆلاری ئەمریکی بپارێزێت. هەروەها ئێران پێشنیاریان بۆ زەیدی کردووە بۆ ئەوەی بەشێک لە کەشتیە نەوتهەڵگرەکانی عێراق بە گەرووی هورمزدا تێپەڕن، لەبەرامبەر پابەندنەبوونی عێراق بە سزاکانی ئەمریکا، ئەمەش زەیدی دەخاتە نێوان دوو بژاردەی قورسەوە، لەوانەش هەوڵدان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت بۆ کەمکردنەوەی تەنگەژەی ئابووری، هاوکات دوورکەوتنەوە لە مەترسی توڕەکردنی واشنتۆن و بەرکەوتنی عێراق بۆ سزاکانی ئەمریکا.
ئێران قسەکانی خۆی لە دژی ئەو وڵاتانە پەرەپێدا کە ڕەنگە پابەندی سزاکانی ئەمریکا بن، هەروەها هەڕەشە لە بەرژەوەندی ئەو وڵاتانە دەکەن کە هاوکاری ئەمریکان لە جێبەجێکردنی گەمارۆ سەپێنراوەکانی سەر ئێران. بەڵام پێدەچێت لەباری عەمەلیەوە ئەگەری ئەوە کەم بێت کە ئێران عێراق بکاتە ئامانج، ئەگەر پابەندیش بێت بە سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران، چونکە چەندین کەناڵی پشتەوە هەن بۆ هاریکاری ئابووری نێوان ئێران و عێراق.
گەورەترین کاردانەوەی نیگەرانی لایەنەکانی حەشدی شەعبی نزیک بە ئێران، ڕەنگە کۆمپانیا نەوتیە ئەمریکیەکان بکەنە ئامانج کە لە عێراق کاردەکەن، تا فشار بخەنە سەر واشنتۆن بۆ ئەوەی سزا ئابووریەکانی لەسەر تاران سووک بکات، سیناریۆیەکی لەو شێوەیە کاردانەوەی نوێ دەخاتە بەردەم حکومەتی عێراق، ئەمەش بە دڵنیاییەوە عێراق بەرەوڕووی سزاکانی ئەمریکا دەبێتەوە و عێراق لە قەیرانێکی ڕاستەقینە ڕادەگرێت.
توانای واشنتۆن بۆ سزادانی ئەو قەوارانەی کە لەڕووی ئابووریەوە لەگەڵ ئێراندا هاوکاری دەکەن، گوشاریشە بۆ سەر بەغدا، بەڵام مەرج نییە بە مانایکۆتایی هاتنی پەیوەندیە بازرگانیەکانی نێوان هەردوو وڵات بێت. سزاکان بازاڕە ناوخۆییەکانی عێراق پەکدەخەن و فشارە داراییەکان لەسەر حکومەت زیاتر دەبن، بەڵام، مەرج نییە ئەمە ببێتە هۆی داخستنی سەرجەم کەناڵە بازرگانیەکانی نێوان بەغدا و تاران، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕێگایانەی کە بوار بە بەشێک لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی و دارایی نێوان هەردوو وڵات دەدەن بەردەوام بێت.
گرنگی ئەو کەناڵانە زیاتر دەبێت، چونکە هەندێک ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و ئێران پشت بە دراوە ناوخۆییەکان دەبەستێت، ئەمەش پێویستی بەکارهێنانی دۆلار لە هەندێک مامەڵەدا کەمدەکاتەوە و توانای ئەوە دەدات بە بازرگانان بۆ درێژەدان بە هەندێک لە چالاکیەکانیان لە دەرەوەی ئەو سیستمە داراییەی کە واشنتۆن چاودێری دەکات. سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، هەرچەندە کاریگەر بن، ناتوانن کەناڵە بازرگانیە فەرمی و نافەرمیەکانی نێوان دوو وڵات لەناوببەن، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونی دوور و درێژی تاران لە مامەڵەکردن لەگەڵ سزاکان و دۆزینەوەی ڕێگەی بەدیل.
بەم پێیە، بۆ بەغدا، قەیرانەکە تەنیا پەیوەست نیە بە پابەندبوون یان ڕەتکردنەوەی سزاکانی ئەمریکا، بەڵکو زیاتر پەیوەندی بە توانای حکومەتەوە هەیە بۆ بەڕێوەبردنی تۆڕێک لە بەرژەوەندیە تێکەڵاوەکان: پاراستنی پەیوەندیە ئابووریەکانی لەگەڵ ئێران، پاراستنی دامەزراوە داراییەکانی لە سزا لاوەکیەکان و دڵنیابوون لە بەردەوامی ڕۆیشتنی نەوت و بازرگانی، هەروها ڕێکخستن و پاراستنی ئارامی پەیوەندی ئابوری لەگەڵ هەرێم، لە کاتێکدا کە ژورە مانۆڕیەکانی ئابووری عێراق بەرەو بچووکبوونەوە دەچێت و ئاڵوگۆڕی خێرای دۆخەکە و ململانێکان هەر ڕۆژە دیاردەیەک نیشان ئەدات.

عوسمانی حاجی مارف




کورتە چیرۆک\ هێلکە ڕەنگکراوەکان.. وریا مەعروف گەردی

لە گوندێکدا، کەڵەشێرێکی پیر و لێزان دەژیا. جیاواز لە کەڵەشێرەکانی دیکە، هەموو ڕۆژێک لەسەر بەرزایییەکە بە دەنگێکی بەرز بانگی دەدا و باڵندەکانی دیکەی هۆشیار دەکردەوە، هەمیشە دەیگووت:
​«ئێمە بۆ ئەوە نەهاتووین تەنیا دانەوێڵە بەدەستبهێنین و سەردابنەوێنین؛ ئێمە هاتووین تا کێڵگەکە پاک بکەینەوە و سەربەستی بۆ هێلکە و بێچووەکانمان بەدەست بێنین.»

​ساڵانێکی درێژ باڵندە بێئومێد و وەڕسەکان دەوری ئەم کەڵەشێرەیان دا. کۆمەڵێک جووجەڵە و مریشکی دیکەش لە دەوری کۆبووبوونەوە، هەمیشە لای ڕاست و چەپیبوون، پەڕەکانیان هەڵدەماڵی و وەکو ڕابەرێکی نەمر سەیریان دەکرد. لە سایەی ئەم کەڵەشێرە بەتەمەنەدا، بزووتنەوەیەکی گەورە لە کێڵگەدا دروستبوو کە خەونی بە گۆڕانکارییەوە دەبینی.
​بەتێپەڕبوونی کات، کەڵەشێرە گەورەکەیان بێهێز بوو و رۆژێک چاوەکانی بۆ هەمیشە لێکنا.

​شۆکێکی گەورە باڵی بەسەر کێڵگەکەدا کێشا. بەڵام پێش ئەوەی تەپوتۆزی ماتەمینی بڕەوێتەوە، بڕیار کەوتە دەست ئەو شوێنکەوتووانەی کە بەردەوام لە دەوری بوون و بانگەشەی هەمان ڕێگایان دەکرد.
​روژانی یەکەم، شوێنکەوتووەکان لەسەر سەکۆکە دەوەستان و بانگیان دەدا، بەڵام دەنگیان وەک دەنگی مامۆستا پیرەکەیان زوڵاڵ نه‌بوو.
​لەو لاشەوە، دوو کەلەشێری گەورەی دەسەڵاتدار لە گۆڕەپانە دەوڵەمەندەکەدا هەبوون کە بەسەر کێڵگەکەدا زاڵبوون و خاوەنی خەرمانی زێڕینی دانەوێڵە بوون. ئەوان بە پێکەنینەوە سەیری ئەم دۆخەیان دەکرد و دەیانزانی بەشێک لە شوێنکەوتووانی بریتیین لە گەدە و گەروو!
​ڕۆژێک، دەسەڵاتدارانی خەرمانەکە تەنیا چەند پەنگێک (مشتێک) دانەوێڵەی زێڕینیان فرێدایە ناوەڕاستی گۆڕەپانەکە.
بەشێک لە ​شوێنکەوتووە دیارەکانی کەڵەشێرەکە، کە ڕۆژێک دەیانگووت «ئێمە نانی حەرام ناخۆین»، لەپڕ چاوەکانیان درەوشایەوە. یەک بە دوای یەکدا، ڕێڕەوی خۆیان گۆڕی. هەندێکیان قونیان بادا و بەرەو خەرمانی لاپەڕی ڕاست ڕایانکرد، هەندێکی دیکەشیان بەرەو خەرمانی لای چەپ چوون.

​کاتی کۆبوونەوەی سەر سەکۆکە چۆڵ بوو. ئەو کەسانەی دوێنێ دەیانگووت “ڕێبازەکەی دەپارێزین”، ئێستا لەسەر خوان و دانەوێڵەی دەسەڵاتدارە کۆنەکان دانیشتبوون و سنگیان دەرپەڕاندبوو، تەنانەت فێربووبوون وەک ئەوانیش دەنگ دەربکەن.

​باڵندە بچووکەکان بە مەلوولی و داماوییەوە سەیری ئەم دیمەنەیان دەکرد. مریشکێکی بەتەمەن و ژیر لەبەر دەرگای کەپرەکە دانیشتبوو، سەیری ئەم هاتوچۆ و خۆفروشتنەی جووجەڵە دەسەڵاتخوازەکانی کرد، ئاهێکی ساردی هەڵکێشا و ڕووی کردە جووجەڵە خەمبارەکان و گووتی:
(بچکۆڵەکانم، دڵگران مەبن و لەمە زیاتر سەرتان سووڕنەمێنێ… درۆیە، باوەڕ بەم ڕەنگ و بۆیانە مەکەن. ئەمانە هەرگیز جیاواز نەبوون؛ هەموویان هەر هەمان هێلکەن، تەنیا کاتێک لە هێلانە دەرچوون، ڕەنگیان گۆڕی تا ئێمە بێخەڵەتێنن. کاتێک ڕۆژ هەڵات، ڕەنگە دەستکردەکان تیشکیان لێبڕا و هەموویان گەڕانەوە بۆ سەر هەمان زەوی و ژێر هەمان باڵ!)