زمانی کوردی لە دیاسپۆرا: ڕاپۆرتاژێکی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ خاتوو ئاسیا.. ئامادەکردنی:ئەیوب ئەحمەد قادر

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە کلیکی ئێرەبکەن… ئەم بابەتە بە هەردوو ئەلف و بێی لاتینی و کوردی نووسراوە..




ئاو مەکە بە ئاشی میدیا و سۆشیال میدیای فەرمی سیستەمەکەدا.. زاهیر باهیر

لە رووداوەکانی ئەم دواییەی فەرەنسادا ئەوەی زیاتر نیشان دەدرا لەلایەن کوردانی باشوورەوە ئەو کلیپ و گرتە ڤیدۆیانە بوون لە لاپەڕەکانی فەیسبوك و تیکتۆك دەربارەی تاڵانی و دزی بوغازە و شۆپە گەورەکان بوون کە زیاتر لە لایەن خەڵکانی بێیانەوە و نەوەکانیانەوە دەکرا بە تایبەت خەڵکانی موسڵمان.
بەڕاستی کارەساتە کە تۆ ئەو ڕووداوە گەورەیەی فەرەنسا و وڵاتانی دیکە تەنها لە گۆشەیەکی تەسکی زۆر کەمی بێ ئاگا لە هۆکاری ڕاپەڕینی خەڵکی ببینیت . نەك هەر ئەوە بەڵکو پەیامێکی زۆر هەڵە و خزمەتکەری دەوڵەت و سیستەمەکە بڵاوبکەیتەوە .
ئەوەی کە لەو گرتە ڤیدۆیانەدا بینرا و لە وتار و پۆستەکاندا بیسترا هەر یەکەیان خزمەت بە ئەجەندەیەکی سیاسی جیاواز دەکەن کە دەیانەوێت ئەوە نیشان بدەن کە ئەو کارانەی کە ڕویداوە تەنها خەڵکانی کۆچبەر و پەنابەر وەچەکانی ئەوان بوون . ئەمەش تەنها دووپاتکردنەوە و پشتراستکردنەوەی قسە و لێدوان و راگەیاندنی هەندێك لە سیاسییەکان بە تایبەت ترامپ سەرانی حیزبە ڕاستڕەو و ڕایسستەکانەوە بوو کە ئەوانیش بە مەبەستی تایبەتی ئەوانەیان بڵاو دەکردەوە .
گرتە ڤیدۆکان وەکو خۆی ڕوون نەکراونەتەوە کە چی ڕوودەدات و هۆکاری رووداوەکان چین و بۆچی گەنجان لە زۆرێك لە وڵاتانی ئەوروپادا هاتوونەتە سەر شەقام و ڕاپەریون . کە خودی ئەمە هاوبەشی زۆرێك لە گرفتەکانیانە نەك لاساییکردنەوە. گەنجان ئایندەیەکی ڕون لە بەردەمیاندا نییە ، گەنجانی پەنابەر و کۆچبەر و وەچەکانیان بە تایبەت موسڵمانان پەراوێز خراون و بارودۆخەکە کارایی خراپی خۆی زیاتر لەسەر ئەوان داناوە.
ئەوەی بووەتە هۆی هەڵگیرسانی خۆپیشاندانەکان، لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر هەم جیاوازە و هەم زیاتریش هاوبەشە. لە فەڕەنسا، جموجۆڵەکە لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولدا لە قوتابخانەکانەوە دەستی پێکرد، ئەوەش وەک بێئومێدییەک بەرامبەر بە فەشەلی درێژخایەن لە چارەسەرکردنی کێشەکانی وەک قەرەباڵغیی پۆلەکان، کەمیی مامۆستایان، و وێرانبوونی بینا و دامەزراوەکان . تا کاتی خۆپیشاندانە گەورەکەی ڕۆژی شەممە، کارمەندانی کەرتی گشتیش پەیوەست ببوون، و سکاڵا و داواکارییەکان فراوانتر بوون سەبارەت بە گرانی بژێویی ژیانیان.
لە ئیساپانیا چەندەها ساڵە بزوتنەوەی خانووبەرە کە بزوتنەوەیەکی زۆر بەهێزە دامەزراوە. ئەوە بوو لەم چەند هەفتەی پێشووەدا بە تەواوی ئیسپانیای شڵەقاند و حکومەتیان ناچار کرد بە بانگهێشکردنی هەڵبژاردنی گشتی لە ڕۆژی 29ی مانگی ئایندەدا .
لە بەلجیکا، لە لایەکی ترەوە، قوتابییان دژی بەرزکردنەوەی کرێ وەستاونەتەوە و داوای کاتژمێری زیاتری وانەوتنەوە دەکەن.. قوتابییانی یۆنان لەسەر گرانیی تێچووی نیشتەجێبوون و دەستڕاگەیشتن بە شوێنی نیشتەجێبوون هاتوونەتە دەنگ، لە کاتێکدا قوتابییانی ئەڵمانیا دژی ئەگەری گەڕاندنەوەی خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ خۆپیشاندانیان کردووە.
ئەگەر لە دەرەوەی ئەورووپای ڕۆژئاوا بڕوانیت، جیاوازییەکان زۆر زیاتر و ڕوونتر دەردەکەون. لە ئەلبانیا، ئاڵۆزی و ناڕەزایەتیی قوتابییان لەسەر بنەمای جموجۆڵێکی دژەحکومەتیی پێشووتر دروست بووە، کە ئێستاش بووەتە ڕاپەڕینێکی سەربەخۆی گەنجان.
لە سێربیا، قوتابییان ڕابەرایەتیی نزیکەی دوو ساڵ لە خۆپیشاندانی تا ڕادەیەک ئاشتییانەیان کردووە بەدوای کارەساتی وێستگەی شەمەندەفەری نوڤی ساد.. بزووتنەوەکەیان پەیوەست بووەوە بە داواکاری کۆتاییهێنان بە گەندەڵی، نەبوونی لێپرسینەوەی دامەزراوەیی و بێکردەوەیی سیاسی بێ بوونی ئایندەیەکی ڕوون.. لە ئێستاشدا قوتابییان بە لیستی سەربەخۆی خۆیان بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەم کۆتایی هەفتەیەدا دەکەن.
قوتابییانی ئیتالیا بەهەمان شێوە بە هەمان هۆکار و کەم یا زۆر ، هاتوونەتە سەر شەقام . بەڵام هاوکاتیش توێژاڵەکانی دیکەی کۆمەڵگەش بە هۆی ئەوەی کە گرانی پیداویستییەکانی ژیان کارایی زۆر نالەباری لەسەریان داناوە هاوپشتی قووتابییان دەکەن.
ئێستائەوە نزیکەی 10 ڕۆژە لە باشووری ئیتالیا شۆفێرانی بارهەڵگرەکان ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین و ڕێگاکانیان داخستووە و پێداویستییەکانی ژیان لە مارکێتەکاندا کەمبوونەتەوە. هاوکاتیش ٧١ کەسیان ڕادەستکراون دەدرێن بە دەسەڵاتدارانی دادوەری و ٢٤٢ کەسیش غەرامە کراون بەهۆی داخستنی ڕێگاکانەوە . ئەمەش چالاکی راستەوخۆیە بە گوێرەی یاسای ئیتالیا ئەو چالاکیانە قەدەخەن. هاوکاتیش بەرپرسێکی حکومی هۆشداری دایە شۆفێرانی بارهەڵگرەکان کە ڕێگریکردن لە ڕێگا سەرەکییە گشتیەکان دەتوانێت سزای زیندانیکردنی بەسەردا بێت.
لە لایەکی دیکەوە لە سەرانسەری ئەوروپادا کڕینی خانوو و شوێنی نیشتەجێبوون ڕۆژ بە ڕۆژ قورستر دەبێت و و بێتوانایی کڕیاران و کرێچییان نیشان دەدات. خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە ژێر فشاردان، و پرۆسەی تێپەڕبوون بەرەو دامەزراندن و کارکردنی پارێزراو نادیار و ناڕوونە.
ڕاپۆرتی ئیورۆستات (Eurostat) هەندێك ئاماری خستۆتە بەرچاو کە نرخەکانی خانووبەرە لە یەکێتیی ئەورووپا لە نێوان ساڵی ٢٠١٠ و چارەکی چوارەمی ساڵی ٢٠٢٤دا بە ڕێژەی %55.4 و کرێی خانووەکان بە ڕێژەی %26.7 بەرز بوونەتەوە. توێژینەوەی گەنجانی دامەزراوەی توی (TUI Foundation Youth Study) بۆ ساڵی ٢٠٢٦ دەرخەری ئەوە بووە کە %٥٢ لە گەنجانی تەمەن ١٦ بۆ ٢٦ ساڵ لە حەوت وڵاتی ئەورووپیدا پێشبینی دەکەن دۆخیی ژیانیان لە دایک و باوکیان خراپتر بێت، ئەمەش لە بەرامبەر بە %٢٥ کە پێشبینی دەکەن دۆخی ژیانیان لە باوکو دایکیان باشتر بێت.
بێکاریی گەنجان لە ناوچەی یۆرۆدا بە شێوازێکی بەرچاو بەرزتر دەمێنێتەوە لە بێکاریی گشتی. توێژینەوەیەک لەسەر کۆمپانیا فەڕەنسییەکان ئەوەی دەرخستووە کە دابەزینێکی خێراتر لە دامەزراندنی دائیمیدا لە نێوان کرێکارانی تەمەن ٢١ بۆ ٢٩ ساڵدا ڕوویداوە لەو پیشە و کارانەی کە بەرکەوتن و کاریگەرییان بە دەستکردی زیرەک (AI) هەیە گەر چی بانکی ناوەندیی ئەورووپی هۆشداری دەدات کە بەڵگەکان نیشانی دەدات کە هێشتا ناتوانن ئەو هۆکارە دیاری بکەن. بەڵام خودی ئەم نادیارییە دەتوانێت هەستێکی هاوبەش بە نەبوونی ئارامی لە سەرتاسەری سنووری نەتەوەیییەکاندا دروست بکات.
ئەمانەی سەرەوە بڕێکن لەو هۆکارانەی کە بوونە هۆی ڕژانە سەرشەقامی خەڵکی ، کە چی تر گەنجان هیوایان بە ئایندەیان نییە باقی خەڵکانی دیکەش دەیانەوێت ڕێگرییەك بکەن لە ئایندەی خراپبوونی بارودۆخی ئابوورییان .

زاهیر باهیر
23/10/2026




بنەما لیبراڵیەکانی دروشمی « ژن، ژیان، ئازادی» لە فەلسەفەی ئۆچەلاندا!.. سابیر محەمەد

سەرەتا:
هەلومەرجی جیهانی، پرۆسەی دەستگیرکردن و وەرچەرخانی فکریی عەبدوڵا ئۆجەلان

پڕاگماتیزمی سیاسیی بۆرژواییانەی حیزب و بزووتنەوە چەکدارییەکانی کوردایەتی—چ لە تورکیا، سوریا، عێراق و ئێران—هەمیشە لەنێوان هاوکێشەی «شەڕ، گفتوگۆ و موفاوەزات»دا لەگەڵ ڕژێمەکانی ئەم وڵاتانەدا خولاونەتەوە و قەتیس ماون، وە بوونەتە داردەستی بردنەپێشەوەی ستراتیژییە سیاسییەکانی وڵاتانی دەرەوە و ناوچەکە.
پڕاگماتیزمی بۆرژواییانەی عەبدوڵا ئۆجەلان و پەکەکە توانییان هێزەکانی خۆیان لەژێر سایەی حوکومەتی حافز ئەسەد لە سوریا لە ساڵی ١٩٨٠ تا کۆتایی ساڵی ١٩٩٨ داڵدە بدەن و بحەوێننەوە، هەروەها جێگەی تایبەت بۆ پەروەردە و پارێزگاریکردن لێیان تەرخان بکەن لە ناوچەکانی دیمەشق و دۆڵی بیقاع لە لوبنان. هەموو ئەم دەستگیرۆییە لەپێناو سوود لێوەرگرتنیان بوو بۆ فشاردانان و بردنەپێشەوەی سیاسەتەکانی ڕژێمی سوریا دژ بە دەوڵەتی تورکیا، لە پەیوەند بە کێشەی دابەشکردنی ئاوی دجلە و فورات و پارێزگای ئەسکەندەرۆنە.
پاش کۆتاییهاتنی جەنگی سارد و ڕووخانی یەکێتیی سۆڤییەت لە ساڵی ١٩٩١دا، هەلومەرجێکی نوێ لە سوریاش هاتە پێشەوە؛ چونکە پێش ئەو گۆڕانکارییە مەزنە، سوریا سەر بە بلۆکی دەوڵەتانی سەر بە شورەوی بوو. دەوڵەتی تورکیاش، وێڕای ئەوەی ئەندامی ناتۆ بوو، تا ئەو کاتە بە ووریاییەوە بەرخورد و پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ دەوڵەتی حافز ئەسەد لە سوریا دەبردە پێشەوە، چونکە مەترسیی ئەوەی هەبوو ئەگەر دەستوەردانێک بکات لە سیاسەتی ناوەوە و دەرەوەی سوریا، ڕەنگە ببێتە مایەی سەرهەڵدانی کێشەیەکی گەورەی نێودەوڵەتی لەنێوان ئەو دوو بلۆکە زلهێزەدا.
بێگومان تا ڕۆژی دەستبەسەرکردنی عەبدوڵا ئۆجەلان، دامودەزگا هەواڵگرییەکانی دەوڵەتی تورکیا چەندین هەوڵی کوشتنی ئۆجەلانیان دابوو؛ لەوانە ئەو هەوڵەی کە لە ئایاری ساڵی ١٩٩٦ لەڕێگەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراوەوە کردیان—کە نزیکەی یەک تۆن تەقەمەنییان لێبەستبوو—لەنزیک قوتابخانەیەکی دیمەشق کە ئۆجەلانی تێدا بوو، بەڵام وا ڕێکەوت ئۆجەلان بەر لە چەند خولەکێک ئەو شوێنەی جێهێشتبوو و بەر ئەم تەقینەوەیە نەکەوت.
ئەوە بوو لە ئەیلولی ساڵی ١٩٩٨دا، فەرماندەی هێزی سەربازیی تورکیا چووە سەر سنوورەکانی سوریا و ڕایگەیاند: ئەگەر ڕژێمی ئەسەد ئۆجەلان لە وڵاتەکەی نەکاتە دەرەوە، ئەوا ئەوان ئامادەیی ئەوەیان تێدایە کە هێرشی سەربازی بکەنە سەر دیمەشقی پایتەختی سوریا.
بە هەرحاڵ، لەسەروبەندی لاوازیی یەکێتیی سۆڤییەت و بەر لە کۆتاییهاتنی، توانای ئەوەی نەمابوو کە پشتگیری لە حکومەتەکەی حافز ئەسەد بکات، بە ناچاری لە ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٩٨دا حکومەتی سوریا بڕیاری دا کە عەبدوڵا ئۆجەلان خاکی ئەو وڵاتە جێبهێڵێت.
دوای دەرچوونی ئۆجەلان لە سوریا، تەواوی دامودەزگا هەواڵگرییەکانی جیهان، لەوانە میت (MIT)ی تورکیا و سی ئای ئەی (CIA)ی ئەمریکی، کەوتنە شوێنپێهەڵگرتنی بەوەی بەرەو کوێ دەڕوات. هەروەها بڕیاری وەرگرتنی ئەویان وەک پەنابەر قەدەغە کرد تا هیچ وڵاتێک مافی پەنابەریی نەداتێ، تا سەرەنجام لە ڕۆژی ١٥ی شوباتی ساڵی ١٩٩٩ لە شاری نایرۆبیی پایتەختی کینیا، دەستبەسەر و دواتر دەستگیر کرا.

بۆچی سزای لەسێدارەدانی ئۆجەلان گۆڕدرا بۆ زیندانی هەتاهەتایی؟
دەوڵەتە ئیمپریالیستییەکانی ئەمریکا، ئەوروپا، ناتۆ و دەوڵەتی تورکیا گەیشتنە ئەو باوەڕەی کە بە زیندویی هێشتنەوەی ئۆجەلان زۆر سوودمەندترە بۆیان، وەک لەوەی بیکوژن و لەسێدارەی بدەن و بیکەن بە ڕەمزێکی خەباتکارانەی نەمر.
ئەو فاکتەر و ستراتیژییە سەرەکییانەی کە ئەمریکا و ئەوروپا هەر لە دوای شەڕی جیهانیی دووەمەوە لە سیاسەتەکانی خۆیاندا لەبەرچاویان دەگرت—بەتایبەت سەبارەت بە مەسەلەی لەسێدارەنەدانی ئۆجەلان—بریتی بوون لەم فاکتەرانەی خوارەوە:

فاکتەری یەکەم:

دەرکردنی بڕیاری «دژایەتیکردنی کۆمۆنیزم» کە سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکا (هاری ترۆمان) لە ١٢ی مارسی ساڵی ١٩٤٧دا دەریکرد و چەند خاڵێکی سەرەکی لەخۆ دەگرت:
A. ئیحتواکردن و ڕێگەگرتن لە تەشەنەکردنی کۆمۆنیزم، و قەتیس هێشتنەوەی (Containment) لە چوارچێوەی یەکێتیی سۆڤییەتدا.
B. سەرۆکی ئەمریکا، هاری ترۆمان، داوای لە کۆنگرێسی ئەمریکی کرد کە کۆمەکی دارایی بە بڕی ٤٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ یارمەتیدانی حکومەتی یۆنان و تورکیا تەرخان بکات، کە شەڕی ناوخۆیی لەگەڵ شیوعییەکانی سەردەمی یەکێتیی سۆڤییەتدا تەنگەتاوی کردبوون.
C. بڕیاری پڕۆژەیاسای (مارشاڵ) لە ساڵی ١٩٤٨ دەرکرا، کە پێویستی دەکرد ژیانی ئابووری و ئاوەدانکردنەوەی وڵاتانی ئەوروپا سەرلەنوێ ڕێک بخرێتەوە و دەوڵەتی خۆشگوزەرانی سۆسیال دیمۆکراسی دروست بکەن؛ ئەویش لەپێناو زیادکردنی توانای بژێویی جەماوەری خەڵک، و بەم پێیە توانییان بەرگریکردنی هەمەلایەنەی ئەوان لە بەرامبەر کۆمۆنیزمدا زیاد بکەن.
D. دروستکردنی هاوپەیمانیی سەربازیی ڕۆژئاوایی (ناتۆ) لە ساڵی ١٩٤٩دا، بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر دەستدرێژی و هاتنەپێشەوەیەکی یەکێتیی سۆڤییەت.
E. کۆمەکی سەربازیی ڕاستەوخۆ بۆ پشتیوانیکردنی کۆریای باشوور لە بەرامبەر هەر داگیرکارییەکی سەربازیی کۆریای باکوور لە ساڵی ١٩٥٠دا.
ئەوە بوو لە ئاکامی ئەم گۆڕانکارییە جیهانییەی دوای دروستبوونی یەکێتیی سۆڤییەت، کۆمەڵێک گۆڕانکاریی گەورەی تر لە جیهاندا ڕوویان دا دژ بە هەر بزووتنەوەیەکی کۆمۆنیستی و ڕێگەنەدان بە تەشەنەکردنی کۆمۆنیزمێک کە لە دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧دا بڵاو بووەوە، کە پێش هەر شوێن و جێگەیەک، مەترسیی گەورەیان لەسەر ئەوروپا دانابوو.

فاکتەری دووەم:
ترسی گەورەی وڵاتانی ئەوروپا بۆ پاراستنی سەقامگیریی ناوخۆیان—وەک ئەڵمانیا، فەڕەنسا و بەلجیکا—کە پەکەکە تێیاندا بەهێزە و پەیوەندییان لەگەڵ ڕێکخراوە پۆپۆلیستی، چریکی و کرێکارییە (بۆرژوا-چەپ)ە جۆربەجۆرە ستالینییەکان و ڕێکخراوە بەناو ترۆتسکییەکانیشدا هەیە؛ بەو پێیەی فریوی ئەوەیان خواردووە و لەو باوەڕەدان کە پەکەکە پارتێکی دژە ئیمپریالیستە، و ڕەنگە دواتر ببنە مایەی هەڵگیرسانی ناڕەزایەتی و بەیەکدادانێکی گەورە لەناو ئەم وڵاتانەدا.

فاکتەری سێیەم:
ترس و نیگەرانیی خودی دەوڵەتی تورکیاش لە تێکچوونی سەقامگیری و ئارامیی ناوخۆی وڵات و هەڵگیرسانی شەڕێکی ناوخۆیی میللی بەهۆی لەسێدارەدانی عەبدوڵا ئۆجەلانەوە.

فاکتەری چوارەم:
خواستی سەرەکیی تورکیا بۆ بوون بە ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپادا، و کاریگەریی فشاری دەوڵەتانی ئەوروپا لەسەر تورکیا بۆ لابردنی سزای لەسێدارەدان؛ کە خۆی لە خۆیدا پێشمەرجێک بوو بۆ ڕازیبوونی یەکێتیی ئەوروپا لە وەرگرتنی تورکیا وەک وڵاتێکی ئەندام.

فاکتەری پێنجەم:
هۆکارێکی گرنگ و سەرەکیی تری هێشتنەوەی ئۆجەلان بە شێوەی زیندانی ئەوە بوو کە لەپێناو ئامانجی گەورەتری وەک گۆڕینی تەواوی ڕێچکە و ڕێبازی فکریی پەکەکە (PKK) لە پارتێکی (مارکسیست-لێنینیست)ی ستالینیی «بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی چەکدارانە»وە بۆ ڕەوتێکی سۆسیال دیمۆکراسیانەی میانڕەوی ئاشتیخوازانە بەکاری بهێنن؛ کە بتوانێت باشتر سازان و هاوئاهەنگی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا و دەوڵەتانی ناوچەکەدا بکات؛ دواتریش بەکارهێنانی کاریگەریی ئۆجەلان بەسەر تەواوی بزووتنەوە چەکدارییە جۆربەجۆرەکانی کوردایەتی و ڕێکخراوە ناسیۆناڵ-چەپەکان (بۆرژوا-چەپەکان) لە ناوچەکەدا.

سابیر. م
٢١ / ١٠ / ٢٠٢٦
ماویەتی




چیڕۆكنووسانی دوای ڕاپەڕین لە كتێبی كاروانی چیڕۆكی كوردیدا.. سەدیق سەعید ڕواندزی

چیڕۆك وەك ژانڕێكی هونەری نوێ و هاوچەرخ، مێژووێكی درێژی نییە و سەرەتاكانی دەركەوتنی لە ئەدەبی جیهانی، بۆ سەرەتاكانی سەدەی نۆزدەیەم دەگەرێتەوە و لە ئەدەبی كوردیشدا، هێشتا تەمەنی دەركەوتنی ئەو ژانڕە، لە هەشتا ساڵێك تێپەڕی نەكردووە، ئەمەش پەیوەست بە چیڕۆكی لە (خەوما)ی (1) جەمیل سائب، بەڵام چیڕۆكی فۆلكلۆری و میللی كە دەچنە خانەی ئەدەبی سەرزارەكییەوە، مێژووەكەی بۆ هەزاران ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە و ئەم ژانڕە، تایبەتمەندییەكی نەتەوەیی جیاوازی هەیە و چیڕۆكی میللی و حیكایەتی كۆن، ڕەنگدانەوەی واقیعی كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی نەتەوە جیاوازەكانە. لەو ڕوانگەیەوە لە ئەدەبی كوردیش، چەندین داستانی كۆن و چیڕۆكی كۆنی كوردەواری هەن، كە تێماكانیان لە ئەفسانە و پاڵەوانسازیی و ڕووداوی خەیاڵی پێكهاتووە و تاكو ئێستاش ماونەتەوە و لایەنێكی گرنگی ئەدەبی سەرە زارەكی و نەنووسراو پێكدەهێنن، كە هاوتەریب لەگەڵ ڕەوتی مێژوویی نەتەوەیی ئێمە، لە ڕێگەی گێڕانەوە نەوەی دوا نەوە ماونەتەوە. لێرەوەش ئێمە لە بەردەم دوو جۆر ژانڕی جیاواز داین، كە ئەوانیش چیڕۆكی میللی و كۆن لەگەڵ چیڕۆك بە مانا هونەرییەكەیەتی واتا چیڕۆكی نوێ و هاوچەرخ. لە نێوەندی ئەدەبی كوردیدا، بە تایبەتیش لە میانەی ئەو باس و توێژینەوانەی لە بارەی چیڕۆكی هاوچەرخی كوردی دەنووسرێن، زۆرجار مێژووی سەرهەڵدانی هەردوو ژانڕەكە تێكەڵ دەكرێت و كاتێ لە بارەی چیڕۆكی نوێوە دەدوێن،باس لەوە دەكەن كە هەزاران ساڵە ژانڕی چیڕۆك لە ئەدەبی كوردیدا هەیە(2)، كە لە لە ڕاستیدا ئەم بۆچوونە، تا ڕادەیەك جۆرێك لە گیروگازی تێدایە، چونكە ناكرێ ئەم دوو ژانڕە تێكەڵ بكرێن. مامۆستا فەرهاد شاكەلی، لە كتێبەكەی خۆیدا بە ناوی (گێڕانەوەی مۆدێرنی كوردی)(3) چیڕۆكی نوێی كوردی، بە گێڕانەوەی مۆدێرن ناساندووە، بەمەش جۆرە دابڕانێكی مێژوویی و فەرهەنگی و زمانی لە نێوان ئەم دوو ژانڕەدا كردووە. بێگومان چیڕۆكی كوردی لە ڕووی ڕووخسار و ناوەڕۆك و تێماوە، ڕەنگدانەوەی واقیعی كۆمەڵایەتی و ژیاریی و سیاسی كۆمەڵگەی كوردی بووە لە ڕابردوودا، بەو مانایەی لە هەر قۆناغێكدا، كێشە و بابەتە كۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و سیاسییەكان، ناوەڕۆكی چیڕۆكەكانیان پێكهێناوە، وەك ململانێی جووتیار و دەرەبەگەكان لە چیڕۆكی ساڵانی چل و پەنجاكان، یان بە سیاسیكردن و بە سومبلكردنی چیڕۆك لە قۆناغەكانی تێكۆشانی سیاسی و چەكداری كورد، لە نیوەی دووەمی هەفتاكان تا ڕاپەڕین.
لە دوای ڕاپەرینەوە، نەوەیەكی نوێ لە سەر ئاستی ژانڕە ئەدەبییەكان، لە نێویشیاندا چیڕۆكنووسین دەردەكەوێت، بەڵام ئەم نەوەیە، لە ڕووی شوناسی ئەدەبییەوە، وەك پێویست ناسنامەیەكی دیاریكراوی نییە، بەڵكو دەقەكان لە سەر ئاستی نووسینی كەسین، ئەمەش پەیوەندی بە دوو هۆكارەوە هەیە، یەكەمیان: كرانەوە و ئازادی دوای ڕاپەڕین و سەربەستی لە نووسین و دەربڕیندا، پێچەوانەی ساڵانی بەر لە ڕاپەڕین، دووەمیان: بوونی سۆسیال میدیا، وەك سەكۆیەكی پەرت و ئازادی نووسین، كە ئەمانە هۆكارن بۆ ئەوەی ئەم نەوەیە، وەك نەوەكانی پێشووی چیڕۆكی كوردی وەك نەوەیەكی دیاریكراو خاوەن شوناسێكی كۆمەڵی نەناسرێن. زەمەنی ڕاپەڕین، نزیك دەبێتەوە لە چوار دەیە، هەریەك لەو دەیانە، لە ڕووی تێما و بابەتی ژانڕە ئەدەبییەكانی دوای ڕاپەڕین، هەڵگری ئەدگاری ئەدەبی و هونەری جیان. لە دەیەی یەكەمدا، بە هۆكاری شەڕی ناوخۆ و جێ هێشتنی نیشتمان، كۆچ و نامۆبوون و دووركەوتنەو ەو دابڕان و نەهامەتییەكانی ڕێگەی كۆچ دەبنە بابەت، لە دەیەی دووەمدا كە هاوتای ڕووخانی دەسەڵاتی بەعسە، تێمای چیڕۆكی ئەم نەوەیە، زۆرتر بەرەو خودگەرایی و خەیاڵسازیی دەڕوات، لە دوو دەیەی كۆتاییدا، بەو پێیەی كۆمەڵێك ڕووداوی سیاسی و نەتەوەیی ڕوودەدەن، ئیدی جۆرێك لە بەركەوتن و دابڕانی ڕوحی لە نێوان مرۆڤی كورد و نیشتمان و ژینگەی ژیان دروست دەبێت. بۆیە بە گشتی سیمای چیڕۆكی ئەم نەوەیە، پتر بەر ئاراستەی نامۆبوون لە نیشتمان و بێهوودەیی و پرسیار لە بارەی ماهییەتی شۆڕش و ڕاپەڕین و ئازادی و مافی تاك دەچێت. هەڵبەتە تاكو ئێستاش لە ڕووی زەمەنی و پۆلێنبەندی مێژووییەوە، قۆناغێك بۆ نەوەی دوای ڕاپەڕینی چیڕۆكی كوردی دیاری نەكراوە، وەك ئەوەی پێشتر بۆ چیڕۆكی كوردی لە نێوان ساڵانی 1925 تاكو 1950 و 1950 تاكو 1960 و 1960 تا 1970 ولە 1970 تا پێش ڕاپەڕین دیاریكراوە. لە بەرگی دووەمی كتێبی كاروانی چیڕۆكی كوردی(4)، كە بە هەردوو بەرگەكەیەوە لێكۆڵینەوەیەكی وردی مێژوویی و بابەتی قۆناغەكانی چیڕۆكی كوردی هەر لە سەرەتاوە تاكو ڕاپەڕینە، تەنها بە چەند لاپەڕەیەكی كەم و سنوردار، تیشك خراوەتە سەر ئەو قۆناغەی چیڕۆكی كوردی، واتا دوای ڕاپەڕین كە نزیك بە چوار دەیەیە. هەڵبەتە ڕەوتی گەشەكردنی چیڕۆكی كوردی دوای ڕاپەڕین، بەراورد بە ژانڕی شیعر لە هەمان قۆناغدا، ڕەوتێكی هونەریی پێشكەوتووە، چونكە گەر دوای ڕاپەڕین شیعر بە جۆرێك لە جۆرەكان، لە سەر دەستی نەوەی شاعیرانی دوای ڕاپەڕین كاڵببێتەوە و ئەو پێگە و بایەخەی جارانی نەمابێت، ئەوا بە پێچەوانەوە چیڕۆك و ڕۆمانی نەوەی دوای ڕاپەڕین، هونەریترن. لە دوای ڕاپەڕینەوە، ئێمە دەبیچ دوو شوناس لە یەكتری جیا بكەینەوە ئەوانیش (چیڕۆكی دوای ڕاپەڕین) و (نەوەی دوای ڕاپەڕینە) كە ئێمە مەبەستمان ئەمەی دووەمیانە. لە بەرگی دووەمی كتێبی كاروانی چیڕۆكی كوردیدا، نووسەر كۆی چیڕۆكەكانی چیڕۆكنووسانی بەر لە ڕاپەڕینیشی خستۆتە نێو ئەم قۆناغە، كە ئەمەش بە بڕوای ئێمە جۆرە گیروگازێكی زەمەنی و مێژوویی و نەوەیی دروست دەكات، چونكە نەوەی دوای ڕاپەڕین، ئەو نەوەیەیە كە لە دوای ڕاپەڕین چیڕۆكیان نووسیوە، نەك چیڕۆكنووسێك كە لە ڕووی قۆناغی هونەرییە سەر بە نەوەی شەستەكان و هەفتاكانە و لە دوای ڕاپەڕین بەردەوام بووە لە چیڕۆكنووسین. ئەم تێكەڵكارییە لە ڕووی پۆلێنبەندی، هەروەها دیاریكردنی شوناسی نەوە لە ڕووی بایۆگرافییەوە، نەك شوناسی دەق لە كتێبی كاروانی چیڕۆكی كوردیدا، گرفت بۆ ڕێزبەندكردنی قۆناغەكانی چیڕۆكی كوردی دروست دەكات، چونكە ناشێ بەرهەماكانی نەوەی دوای ڕاپەڕین، بخەینە تای تەرازووی نەوەی شەستەكان و بە یەكەوە بە قۆناغی دوای ڕاپەڕین هەژماریان بكەین. بۆیە لەم ڕووەوە نووسەری كتێبی كاروانی چیڕۆكی كوردی، كە بێگومان زۆر لە ئێمە شارەزاتر، وردتر و بەتواناترە، دەبوو ئەم دوو شوناسەی لە یەكتری جیاكردباوە، بەو مانایەی ناكرێت شێرزاد حەسەن و مامۆستا حوسێن عارف، لەگەڵ كارزان عەلی و هێمن محمود بە نموونە كە دوو چیڕۆكنووسی زەمەنی دوای ڕاپەڕینن، هەموویان بە یەكەوە وەك قۆناغی دوای ڕاپەڕین بناسێنرێن. لە ڕاستیدا بۆ پۆلێنكردنی نەوەكان لە ئاستی نووسیندا، ئەوا دەبێ نەوە وەربگرین نەك تێكست، بۆیە ئەو چیڕۆكانەی نووسەرانی بەر لە ڕاپەڕین نووسیویانە، ناچنە نێو ئەو قۆناغبەندییەی ئێمەوە، بەڵكو تەنها ئەو چیڕۆكنووسانەی دوای ڕاپەڕین دەگرێتەوە.
سابیر ڕەشید لە كتێبەكەی خۆیدا، لایەكی كەمی بە خێرایی لەو نەوەیە كردۆتەوە، كە هەڵگڕی تایبەتمەندی و ئەدگاریی هونەری خۆیانن و دەتوانین وەك قۆناغێكی سەربەخۆی چیڕۆكی كوردی ناوزەدی بكەین، بەڵام هەر چوار دەیەكەی دوای ڕاپەڕین، ناچنە نێو یەك خانەی مێژووییەوە، چونكە چیڕۆكی هەر یەك لەو دەیانە جیاوازن لە یەكتری وەك ئەوەی لە دوای پێشكەتنە ژیاریی و تەكنەلۆژییەكان و دەركەوتنی ژیری دەستكرد و پێشكەوتنە زانستاییەكان لەم ساڵانەی دواییدا، تێمای چیڕۆكی ئەم نەوەیە، بەرەو جۆرێك لە خەیاڵی زانستی، كاریگەریەتی دنیای تەكنەلۆژیا و شاشە بە سەر مرۆڤ و بەڕۆبۆت بوونی دەردەكەون، پێچەوانەی سەرەتای ڕاپەڕین، كە بابەتەكانی كۆچ و جێهێشتنی نیشتمان و دابڕان و ئەو ڕووداوە سیاسییانەی لەكوردستاندا ڕوویاندا، لەنێوشیاندا شەڕی ناوخۆ، دەبنە تێمای چیڕۆكەكان. هەروەها دیارترین جیاوازیی و دابڕان لە ڕووی گوتارو ناوەڕۆكەوە، كە نەوەی دوای ڕاپەڕینی چیڕۆكی كوردی لە نەوەی پێش ڕاپەڕین جیا دەكاتەوە ئەوەیە، كە لە چیڕۆكی ئەم نەوەیەدا، چیتر وێنەی كورد لە ئاستی تاك و كۆدا، واتا وەك تاك و وەك نەتەوەش، وێنەیەكی سیاسی و شۆڕشگێڕیی و نەتەوەیی نییە و شاكاس و قارەمانی چیڕۆكەكانیش، چیتر كەسانی ئەفسانەیی و سوپەرمانی و بە شوناس شۆڕشگێر نین، بەڵكو وێنەكە لە چیڕۆكی ئەم نەوەیەدا، زۆر كەسی و تایبەتی و دەروونی دەبێتەوە و لە هەندێ چیڕۆكدا، نیشتمان بەر ڕەخنە و توانج و بەكاریكاتۆركردنیش دەكەوێت، ئەمەش پەیوەندی بەو دۆخە نائومێدییەوە هەیە، كە بەداخەوە لە دوای ڕاپەڕینەوە دێتە ئاراوە. هاوكات بە گەشەكردنی زیاتری لایەنی ژیاریی و زانستی كۆمەڵگەش، ئیدی خەیاڵی زانستی و تێمای نامۆ و وێنەی سوریالی و ڕیالیزمی سیحری، دەبنە بەشێك لە تێما و وێنەی چیڕۆكەكان، چونكە وەك وتمان چیتر ڕووداو لەو قۆناغەدا، ڕووداوێكی سیاسی و نەتەوەیی نییە. بە گشتی چیڕۆكنووسانی دوای ڕاپەڕین، لە هەر چوار دەیەكەوە، بە هەموو شێوەیەك لە ڕووی دەقەوە، جیاواز دەكەونەوە لە قۆناعی پێش ڕاپەڕین، بۆیە قۆناغی دوای ڕاپەڕین، دەبێ وەك قۆناغێكی دابڕاو، جیاواز، كە هەڵگڕی ئەدگاری هونەریی و ئەدەبی و سیاسی خۆیەتی، ببینرێت و پۆلێن بكرێت و لە ڕووی كڕنۆلۆژییەوە، وەك تەواوكەری قۆناغی هەشتاكان و پێشووتری ئەدەبی كوردی و چیڕۆكی كوردی لە ڕووی ناوەڕۆكەوە نەبینرێت. بۆیە دەكرا لە بەرگی دووەمی كاروانی چیڕۆكی كوردیدا، دەیان لاپەڕە بۆ ئەو قۆناغە و چیڕۆكنووسە گەنجەكانی دوای ڕاپەڕین تەرخان كرابا، كە وەك وتمان بەراورد بە نەوەی شیعری هەمان قۆناغ چیڕۆك لە شیعر هونەریتر و داهێنەرانەترن. دواجار دەمەوێ ئاماژە بەوە بدەم، هەردوو بەرگی كاروانی چیڕۆكی كوردی، شایەنی خوێندنە و نرخاندنە، ئەم كارەی نووسەری ئەم كاروانە، لە توانای تاكە لێكۆڵەرێك نییە، بەڵكو كاری دەزگا و ئەكادیمیا و نێوەندێكی ئەدەبییە، چونكە ئەوەندە ورد و مێژوویی نووسراوە، بۆیە كارەكەی جێگەی نرخاندن و خوێندنەوە و بایەخ پێدانە و سەرچاوەیەكی هەرە بەرفراوانی ژانڕی چیڕۆكە لە ئەدەبی كوردیدا.

پەراوێزەكان:
1_ زنجیرەی شاكارنووسانی كورد، جەمیل سائب، ئازاد حەمە شەریف، دەزگای موركریانی، 2012 .
2_ چیڕۆكی كوردی و ڕاستكردنەوەی هەڵەیەك، سەدیق سەعید ڕواندزی، ماڵپەڕی ئەدەبی دەنگەكان.
3_گێڕانەوەی مۆدێرنەی كوردی، فەرهاد شاكەلی، وەرگێڕانی، محمەد خزری ئەقدەمی، ساڵی چاپ، 2021_
4_ كاروانی چیڕۆكی كوردی، بەرگی یەكەم و دووەم، نووسینی، سابیر ڕەشید، ساڵی چاپ_ 2026.




تاوانبارە تاریکەکان لە ناو ئێمەدا و ئامرازەکانی پڕوپاگەندە.. کارزان عزیز

پێش ئەوەی کەسێک پیلانی کردارێکی خراب دابنێت، لەوانەیە بۆ ماوەیەکی درێژ بیری لە هەموو شتێک کردبێتەوە، بۆ نموونە لە بارەی تەقەکردنی هەڕەمەکی لە خەڵکی . هۆکاری سەرەکی تاوانبار، کە لەوانەیە نەزانراو بێت، بەڵام لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەوە ڕوون دەبێتەوە، کە ئەم کەسانە بەزۆری ڕەفتارێکی نەرێنییان هەبووە و تاوتوێی ئەم بابەتەیان کردووە و لەپێشدا ناسینەوەی تاوانباری تەقەکردنی گشتیی لە پێش ڕووداوەکەدا بە قورس لە قەڵەم دەدەن بەتایبەت ئەگەر تەمەنی کەم بێت. بەڵام ئاشکرایە،هەندێک ڕێگەی بیرکردنەوە و ڕەفتار هەیە، بە درێژایی کات دەرکەوتوون و پەروەردکارانیش ڕووبەڕووی ئەم ڕەفتارانە دەبنەوە، چونکە کاتێکی زۆر لەگەڵ خوێندکاران بەسەر دەبەن. دایک و باوکیش ئاشنای هەر یەکێک لەم ڕەفتارانەن. هیوای سەرەکی ئەوەیە، کە ئەو منداڵانەی ئەم سیفەتانە نیشان دەدەن، لە کۆتاییدا لەگەڵ گەشەیان ئەم ڕەفتارانەیان نەهێڵن.
هەندێک لە منداڵان ئەم ڕەفتارانەیان نامێنێت، بەڵام هەندێکیان ناگۆڕێن و دەتوانن زیان به دەوروبەریان بگەیەنن. کاتێک ئەم ڕەفتارانە توند دەبن، گرنگە بەدوای یارمه‌تیدا بگەڕێین، ئێمە ناتوانین چاوەڕێ ببین تاوەکوو کردارێکی زۆر خراب ڕوو بدات. کاتێک کەسێک لە تەمەنێکی بچووکدا تاوان دەکات، ئه‌وە نیشانەیە بۆ ئەوەی کە کێشەیەک هەیە، مەرج نییە کردارێکی تەقەکردنی ڕەشۆکی، بەڵکوو دەشێ ڕەفتاری ئەم کەسانە زیانی دارایی و سۆزی و جەستەیی بە کەسانی دیکە بگەیەنێت. ئەو کەسانەی سیفەتی سیانەی تاریکییان هەیە، لەوانەیە درۆ بکەن. هەروەها کەسانی دیکە تۆمەتبار بکەن لەبەرانبەر نەگبەتییەکانیاندا. لەوانەیە دایک و باوک و مامۆستایان نەتوانن هەندێک لەو بڕیارانه کۆنتڕۆڵ بکەن، کە منداڵەکان دەیدەن، لەگەڵ ئەوەشدا لەوانەیە هەندێک نیشانەی ئاگادارکردنەوەیان تیبینی کردبێت.
هەرچەندە سیفەتەکانی سیانەی تاریک بە درێژایی کات دەردەکەون، بەڵام ناتوانین ئەو منداڵانەی هەندێک لەم سیفەتانه نیشان دەدەن بە “تاوانبار” ناوزەد بکەین، چونکە هێشتا هیچ تاوانێکیان نەکردووە و منداڵەکان بچووکن، لەوانەیە هێشتا لە پڕۆسەی ناسینی جیهاندا بن و دەشێ لەگەڵ گەورەبوونیان تێگەیشتن و هاوخەمی زیاتریان لە لا پەیدا ببێت. گەشە دەکەن و دەتوانن بن به کەسێکی باش، بۆیە گرنگە پشتیوانیان ببین و کاریان لەگەڵ بکەین، بەبێ ناوزەدکردنی منداڵان بە شێوەیەکی نەڕێنی. منداڵان بوونەوەرى ناسکن و دەبێت بەو پێیە پەروەردەیان پێ بدرێت. کاتێک منداڵێک لەدایک دەبێت، خەڵک هەوڵ دەدەن بزانن، کە ئایا منداڵەکە کێشەی فێربوون و ناتەواوی جەستەیی، یان کێشەی سۆزی هەیە یان نا.
هەروەها پێویسته هەوڵ بدەین و دڵنیا ببینەوە لەوەی کە کێشەکەیمان دەستنیشان کردووە ناسیوەتەوە،کە منداڵەکە بە دەستیەوە دەناڵێنێت، تاوەکوو نەتوانن زیان بە خۆیان و هاوپۆلەکانیان بگەیەنن، چونکە لە تەمەنێکی بچووکدا هیچ هەستی بەرپرسیاریتییان نییە و ئەم هەسته لەگەڵ فێربوون و گەورەبووندا دێت. سیستەمی تەندروستی دەروونی پێویستە باشتر بکڕێت. پێویسته پشکنینی توندوتۆڵ لەبارەی باکگراوندی کەسەکەوە بکڕێت و یاساکانی چەک چاویان پێدا بخشێنرێتەوە. هەروەها پێویسته زیاتر سەرنج بدەینه سەر ناسینەوەی هەندێک لە “هەڵە”کانی پڕۆسەی بیرکردنەوە. ئێمه هەموومان پێویستمان بە زانیاری هەیە لەسەر چۆن یارمه‌تیدانی ئەو منداڵانەی کە سیفەتێکی زیانبەخش نیشان دەدەن. دەتوانین ڕێنمایی منداڵەکان بکەین و بەو هیوایەی لە داهاتوودا ژمارەی زۆرتری سیفەتە باشەکانیان پەره‌ بستێنێت. هەمیشە بە هەستیاری و میهره‌بانییەوە ئەم ئەرکه لە ئەستۆ بگره.
لەم تەوەردە بەراوردی شێوازی بیرکردنەوە و ڕەفتاری ر. دەروونناسی تاوانبار، کە بە دەروونناسی تاوانکاریش ناسراوە، بریتییە لە لێکۆڵینەوە لە بیرکردنەوە و دیدگا و کردار و ئامانجەکانی ئەو کەسانەی کە بەشدارن لە ڕەفتاری جۆراوجۆری تاوانکاری. ئەم لێکۆڵینەوەیە پەیوەندی بە مڕۆڤناسی تاوانکارییەوە هەیە و قووڵ دەچێتەوە ناو ئەو هۆکارانەی وا لە کەسێک دەکات ببێت بە تاوانبار. هەروەها لێکۆڵینەوەکە تەرکیز دەکاتە سەر کاردانەوەکانی کەسێک دوای ئەوەی تاوانێکی کردووە. دەروونناسانی تاوانبار بەزۆری بانگ دەکرێن بۆ شایەتەحاڵی لە دادگا، چونکە تێگەیشتنێکی قووڵیان لە بیرکردنەوەی تاوانبار و جۆری جیاوازی دەروونپزیشکی هەن، ئه‌مانەش ڕەفتاری تاوانکاری لەخۆ دەگرن. دەشێ ڕەفتاری تاوانکاری هەر جۆرە ڕەفتارێکی دژه کۆمەڵایەتی بیت، کە سزای یاسایی و کۆمەڵایەتی دەیگرێتەوە، بەڵام ناسینەوەی بیرکردنەوەی تاوانبار تاوەکوو ڕادەیەک سەخته.
لە سەردەمی تەکنەلۆجیا و زانیارییە خێراکاندا، تێگەیشتن لە چۆنیەتی جڵەوکردنی ڕای گشتیی و ناسینی لایەنە نائاگاکانی دەروونی مرۆڤ بووەتە یەکێک لە بابەتە هەرە گرنگەکانی بواری دەروونناسی و ڕاگەیاندن. پڕوپاگەندە و ڕەفتارە کاریگەرەکان تەنیا گواستنەوەی زانیاری نیین، بەڵکوو هونەری ئاراستەکردنی بیرکردنەوە و ڕەفتاری کۆمەڵگەن، لە ڕێگەی کارکردن لەسەر لایەنە تاریک و شاردراوەکانی زەینی مرۆڤەوە. پڕوپاگەندە وەکوو دیارترین و کاریگەرترین دیاردەی پەیوەندی و ڕاگەیاندنی جەماوەری لە سەردەمی نوێدا، لە ڕێگەی زنجیرەیەک ئامرازی دەروونی و زمانەوانی و ستراتیجیی وردەوە هەوڵی کاریگەری خستنەسەر هۆشی گشتیی و جڵەوکردنی ڕەفتار و بیرکردنەوەی کۆمەڵگە دەدات. پڕوپاگەندەچی هەمیشە هەوڵ دەدات چەندین مێکانزمی تایبەت بەکار بهێنێت بۆ ئەوەی زۆرترین شوێنکەوتوو بەلای ڕوانگە و ئامانجەکانی خۆیدا ڕابکێشێت. لەنێو هەموو ئەم ئامرازانەشدا، پێشنیار و هاندانی دەروونی بە گرنگترین و بنەڕەتیترین پایە دادەنرێن، کە لە هێز و کاریگەرییە کارگەرەکەیاندا هاوتای یەکترن. پڕوپاگەندەچییەکان هاندەری سەرەکیی خەڵکن بۆ ئەوەی هەموو ئەو بیرۆکە، ئاراستە و گوتارانەی پێیان دەگوترێت، بە بێدەنگی و بەبێ خستنەژێر پرسیارەوە قەبووڵی بکەن. ئەم پڕۆسەی هاندانە بە شێوازێک دادەڕێژرێت، کە وا لە تاک دەکات بەبێ پەنابردن بۆ بیرکردنەوەی لۆجیکی و بەراوردکاری عەقڵانی، یان شیکارکردنی سەربەخۆ، سەرجەم پێشنیارەکان وەربگرێت و بە تەواوی بڕوایان پێ بهێنێت.

لە درێژەی ئەم پڕۆسەیەدا، هاندان تەنیا دەستکاریکردنی بیرۆکەکان نییە، بەڵکوو کارکردنە لەسەر دروستکردنی هاوسۆزییەکی کوێرانە لەنێوان پڕوپاگەندەچی و شوێنکەوتووانیدا. کاتێک تاکەکان ڕادەهێنرێن، کە قسە و داواکارییەکان بەبێ خستنەژێر پرسیار قەبووڵ بکەن، توانای ڕەخنەگری لەنێو کۆمەڵگەدا بەرەو سڕبوون دەچێت. ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە تاکی کۆمەڵگە ڕاستییەکان بەو شێوەیە ببینێت، کە پەیامدارەکە دەیەوێت، نەوەکوو بەو شێوەیەی کە لە واقیعدا هەن. ئامرازی پێشنیار لێرەدا،دەبێتە پردێک بۆ پەڕینەوە لە ئاستی عەقڵانییەوە بۆ ئاستی سۆزداری، کە تێیدا ڕاستییەکان بەهاکەیان لەدەست دەدەن و تەنیا بەهای سۆزداریی پەیامەکە دەمێنێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، زمانی گوتار و جۆری وشەسازکردن و شێوازی دەربڕین بەشێکی بنەڕەتی و یەکلاکەرەوەیە لە دروستکردنی کاریگەریی بەردەوام لەسەر زەینی وەرگر. پڕوپاگەندەچی هەمیشە ئەم ئامرازە بەکار دەهێنێت بە کردنی چەند قسەیەکی ئەرێنی و سەرنجڕاکێش، کە مەبەست لەوان ڕاکێشان و دڵنیاکردنەوەی کۆمەڵێک خەڵکە لە دروستیی پەیامەکە. بۆ بەدیهێنانی ئەمەش، هەمیشە زمانێکی ڕەوان و ئاشنا و سادە لە ئاخاوتن و داڕشتنەکانیدا بەکار دەهێنێت، تاوەکوو دەست ڕاگەیشتن و تێگەیشتن بۆ هۆشی هەموو چین و توێژەکان ئاسان و بەبێ ‌ئاڵۆزی بێت. هەروەها بە دروستکردنی کەشێکی دەروونی، کە وادەکات وەرگر نەتوانێت واقیعی ڕاستەقینە پەسەند بکات، بیبینێت یان ڕەخنەی لێ بگرێت، پڕوپاگەندەچی لەتوانایدا دەبێت جەماوەرێکی فراوان و ژمارەیەکی زۆری شوێنکەوتوو لە دەوری گوتارەکەی خۆی کۆ بکاتەوە.
کاتێک قسەکردن لەسەر کاریگەریی دەروونی و شێوازەکانی ڕەفتاری مرۆڤ دەبێت، پێویستە ئاماژە بەو پێکهاتە دەروونییانەش بدرێت، کە لە زانستی دەروونناسیدا بە خەسڵەتە سیانە تاریکەکان، یان چەمکە فراوانەکانی سیاسەتی زەینی دەناسرێن. وەکوو لە توێژینەوەکانی تایبەت بە دەروونناسیی تاریکدا هاتووە، لەوانەیە کەسێک خەسڵەتێکی دیاریکراوی هەبێت وەکوو نارسیسیزم، بەڵام خەسڵەتەکانی دیکەشی تێدا بەدی بکرێت. توێژینەوە هاوچەرخەکان، کە لە لایەن مۆشتاگن و ئینگۆ زیتلەر و بینجامین ئەی. هیڵبیگ ئەنجام دراون، دەسەلمێنن کە ئەم خەسڵەتە تاریکانە خاوەنی ڕەگێکی هاوبەشی سەرەکین، ئەگەر کەسێک یەکێک لەم خەسڵەتانەی هەبێت، ئەوا ئەگەری زۆرە خەسڵەتی دیکەی تاریکیشی تێدا بەهێز بێت. لەناو ئەم خەسڵەتانەدا، خۆپەرستی و قالببوون بە دەستکەوتە کەسییەکان و نارسیسیزم و خۆویستیی زۆر و سایکۆپاتی و بێباکی لە ئازاری کەسانی دیکە، لەگەڵ سادیزم و ئارەزووی ئازاردانی جەستەیی، یان دەروونیی ئەوانی دیکە دەبنە مێکانزمی سەرەکی بۆ دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییە کەسییەکان.
لەم سۆنگەیەوە، فاکتەری D ، یان پێوانەکردنی خەسڵەتی تاریکی کەسێتی، دەهێڵێتەوە تێبگەین ئایا کەسێک تاوەکوو چ ئاستێک دەتوانێت بە ئاسانی بەشدار بێت لە کردەوە خەڵەتێنەرەکان، یان شکاندنی ڕێساکاندا. هەروەها بەراوردکارییەکانی نێوان ئەم خەسڵەتانە و زیرەکیی گشتیی دەری دەخەن، کە کەسانی خاوەن نمرەی بەرز لە خەسڵەتە تاریکەکاندا، ستراتیجیی گونجاو بەکار دەهێنن بۆ دەستەخستنی پاداشتی خێرا و پاراستنی مانەوەی خۆیان لە کۆمەڵگەدا. زمانی سادە و ئاشنا وەکووپەردەیەک کار دەکات بۆ داپۆشینی ئامانجە شاراوەکان و دوورخستنەوەی وەرگر لە گومانکردن. کاتێک گوتارەکە بە وشەی ئەرێنی و باو ڕادەگەیەنرێت، هۆشی وەرگر هیچ هەست بە مەترسی یان ئاڵۆزی ناکات، بەمەش بەرگرییە فکرییەکانی دابەزین بەخۆیەوە دەبینێت. لەگەڵ سڕبوونی ئەم بەرگرییانەدا، پڕوپاگەندەچی دەتوانێت سوودمەند بێت لە ناڕەزایەتی، یان نەتوانینی خەڵک لە ڕووبەڕووبوونەوە و پەسەندکردنی واقیع و چارەسەری ئاسان و وەهمییان پێشکەش بکات. بەم شێوەیە، کۆکردنەوەی جەماوەرێکی گەورە ئاسانتر دەبێت، چونکە پەیامەکە دەست دەگرێت بەسەر هیوای سادەی خەڵکدا و لە ڕێگەی گوتاری ئەرێنییەوە وازیان لێدەهێنێت، کە بەدواشیاندا بڕۆن بەبێ ئاگاداربوون لە ئامانجە ڕاستەقینەکان.
ئەم شێوازانەی پێشنیارکردن و دروستکردنی کاریگەری تەنیا لە بواری سیاسیی پەڕگیردا قەتیس نامێننەوە، بەڵکوو بە فراوانی لە بواری ڕیکلام و بازاڕگەڕییشدا بەکار دەهێنرێن. لەم ڕووەوە، ئاماژەدان و قسەی ناڕاستەوخۆ دەبنە دوو ئامرازی زۆر بەهێز بۆ جێگیرکردنی پەیامەکان لەنێو نەست و هۆشی وەرگردا بەبێ ئەوەی هەستی پێ بکات. بۆ نموونە، لە ڕیکلامی سیاسییدا، کە باشترین و ڕوونترین وێنەی ئەم دیاردەیەیە، زۆرجار تێکەڵەیەک لە پڕوپاگەندەی بێگەرد لەگەڵ دەستکاریکردنی ڕاستییەکان، یان فێڵکردن و فریودانی ئاشکرا و ڕاستەوخۆ بەکار دەهێنێت، تاوەکوو تێگەیشتنی گشتیی بەو ئاراستەیەی خوازراوە ببرێت. دەستکاریکردنی ڕاستییەکان لە ڕیکلامی سیاسی و بازرگانیدا لەسەر بنەمای پێشکەشکردنی نیوەڕاستی، یان زانیاریی لێنەدراو دادەمەزرێت. بە بەکارهێنانی ئاماژەی ناڕاستەوخۆ، پڕوپاگەندەچی وا لە وەرگر دەکات، کە خۆی داپڕکردنەوە بۆ ماناکان بکات و بە ئەنجامێک بگات، کە مەبەستی داڕێژەرەکە بووە. ئەم جۆرە فریودانە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیانە دەبنە هۆی دروستکردنی تێگەیشتنێکی ساختە لەسەر ڕووداوەکان، یان کالا و کەسایەتییەکان. لە ئەنجامدا، بڕیاردانی ڕاستەقینەی سەربەخۆ لە کۆمەڵگەدا لاواز دەبێت و شوێنی خۆی دەداتە بڕیاردانێک، کە لەژێر کاریگەریی هەڵخەڵەتاندنی ڕیکلامی سیاسی و میدیاییدا گەڵاڵە بووە.
لە کۆتاییدا، سەرکەوتن و دەستکەوتی سەرەکیی پڕوپاگەندەچی لەوەدا کۆدەبێتەوە، کە تەرکیز و سەرنجی زیاتر دەخاتە سەر ناسینی فێربوونی وردتر لەبارەی زانیاری و ڕەفتار و دەروونناسیی خەڵکەوە. ئەم تێگەیشتنە قووڵە ئامرازێکی کاریگەری دەداتێ بۆ ئەوەی بە تەواوی بزانیت چۆن سەرنجی خەڵکەکە بەرەو ئاراستەی مەبەست بکێشێت و کاریگەرییان لەسەر دروست بکات و بۆ وەدیهێنانی ئامانجە دیاریکراوەکانی خۆی بەکاریان بهێنێت. ئەم ئامرازەی فێربوون و دیراسەکردنی جەماوەر بەردەوام نوێ دەکرێتەوە، تاوەکوو وەڵامدەرەوەی گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگە بێت. کاتێک پڕوپاگەندەچی تێدەگات لە خاڵە لاوازەکان و خواستی نەستەکییەکان و ترسەکانی خەڵک، دەتوانێت پەیامەکانی بە وردییەک دابڕێژێت، کە زۆرترین کاریگەری هەبێت. ڕاکێشانی خەڵک و بەکارهێنانیان بەم شێوەیە دەبێتە پڕۆسەیەکی درێژخایەن، کە تێیدا جەماوەر بە بێئاگاهی دەبنە ئامرازی جێبەجێکردنی پلانەکانی پڕوپاگەندەچی. بەم جۆرە، زانینی نادیارەکانی دەروونناسیی جەماوەر دەبێتە بەهێزترین چەک لە دەستی پڕوپاگەندەچیدا بۆ بەردەوامیدان بە باڵادەستی و کاریگەرییە گشتییەکەی لە کۆمەڵگەدا.
دەرئەنجام تێگەیشتن لە ئامرازەکانی پڕوپاگەندە و پەیوەندییان بە دەروونناسیی تاریک و خەسڵەتە شاردراوەکانی مرۆڤەوە، تەنیا مەعریفەیەکی تیۆری نییە، بەڵکوو پێویستییەکی زەروورە بۆ پاراستنی هۆشیاریی سەربەخۆی تاک لەنێو کۆمەڵگەدا. تاوەکوو تاکەکان زیاتر شارەزای مێکانزمەکانی فێڵە دەروونییەکان ببن، کەمتر دەکەونە ژێر کاریگەریی گوتارە هەڵخەڵەتێنەرەکان، زیاتر دەتوانن بە شێوازێکی ڕەخنەیی و لۆجیکی لە واقیع بڕوانن.

کارزان عزیز




ئەگەر شانۆ تەنیا تێكست بێت، ڕۆمانێك لە ماڵەوە بخوێنەوە باشترە..حەيدەر عەبدولڕەحمان

نمایشی شانۆیی تەنیا چیرۆك و دیالۆگ و پەخشان نیە بۆ گەیاندنی فەلسفەو گوتارێكی دیاری كراوی كۆمەڵایەتی، سیاسی، نەتەوەیی..
خۆ ئەگەر ئەركی شانۆ بەوەندە بوەستێ، ئەوە دەتوانی بێ ئەوەی زەحمەتی چوونە هۆڵی شانۆیی بكێشی، دەتوانی لەسەر پێخەفەكەت پاڵكەویت و گوێ لە پارچە موزیكێكی هێمن بگریت و ڕۆمانێك بخوێنیتەوە، تێرت دەكات لە فانتازیای جوان و بەسەرهات و ڕووداوی دڵتەزێن…
بۆیە ناكرێت لە شانۆدا هەموو پشتبەستنێكت بە دەق بێت و ڕەگەزە بنەڕەتیەكانی دیكەی شانۆییت هاوسەنگ نەبێت لەگەڵ یەكتری، بە تایبەت ڕەگەزی دەرهێنان، ئەكتەرو نواندن، سینۆگرافیاو ستاتیكای شانۆیی.
پرۆسەی دەرهێنان كرۆكی نمایشە، چونكە دەرهێنەر جگە لەوەی وشە لەسەر شانۆدا دەگۆڕێ بۆ كردار، بزوێنەرو بەكارخەری هەر هەموو پێكهاتەكانی شانۆ و بە زیندوو ڕاگرتنی توخمەكانیەتی بە تێكڕایی، ئەو هارمۆنیای ڕاگرتنی ڕیتمی نمایشە، لە هەر گۆشەیەكی فەزای شانۆ، خاو بوونەوەیەك هەبێت لە ڕیتمی نمایش دەرهێنەر لێی بەر پرسە وەك سەركردەی نمایش.
من لەهەر وێنەیەكی جوانی درامی، لەهەر ئەدایەكی جوانی ئەكتەر، لەهەر گرتەیەكی سینۆگرافی، دەرهێنەر لە پشت هەر هەموویاندا دەبینم،.
هەر ئەكتەرێكیش بە مردوویی لەسەر شانۆ ببینم، هەر بۆشاییەك لە ڕیتم هەست پئ بكەم، دەزانم ئەوە گوناهی ئەكتەر نیە، ئەوە گوناهی دەرهێنەرێكە كە توانای بەگەڕ خستنی وزەو دەسەڵاتی ئەكتەری نیە، فانتازیای دروستكردنی وێنەی درامی نیە، دەسەڵاتی وروژاندنی بینەری نیە، ناتوانێ لە ئەدایەكی جوانی ئەكتەرێك بینەر سەرسام بكات، ناتوانێ بە وێنەیەكی سینۆگرافی چاوی بینەر پڕ كات لە جوانی.
دەرهێنەر دەسەڵاتێكی ڕەهای هەیە بۆ وروژاندن و تێركردنی چاوی بینەر، بە تایبەت لەجەستەو ئەدای ئەكتەر، لە جووڵەی فەزای نمایش، بە ڕەنگ، بە موزیك، بە گۆرانی، بە ئێكسسواراتی شانۆیی، بە ڕووناكی، بە دیكۆر، دەتوانێ بینەر ناچار بكات تێكەڵ بە ڕیتمی نمایش بێت و ڕێگە نەدا بۆ تەنیا لەحزەیەكیش لە شانۆو ڕووداوەكانی دابڕێ، نەك مەقامی ئەڵا وەیسی بۆ بخەیتە سەر و ڕیتمی شانۆ بمرێنی.
دەرهێنەر مەرج نیە تەنیا بە دیالۆگ گوتارێكی شانۆیی بگەینێ، ئەگەر دەرهێنەر دەسەڵاتی دەربڕینی بەهێز بێت، خۆی لە دیالۆگ و درێژەدادڕی وشە دەپارێزێ، وێنەی درامی و ڕەمزی دروست دەكات كە دەبنە ئەلتەرناتیفی دیالۆگ، چونكە لە وێنەدا بەرجەستەی زمانی ڕاستەقینەی شانۆ دەكات، كە گەیاندنی فەلسفەو ستاتیكایە لە یەك كاتدا، لەو كاتەدا بینەر بوارێكی زۆر فرەوانتری بۆ دەڕەخسێ، بۆ تێكەڵ بوون بەنمایش و گەڕان بە دوای كۆدە هێمادارو سیحراویەكانی.
لەو حاڵەتەدا تۆ وەك دەرهێنەر یاریدەی بینەر دەدەیت بۆ رزگار بوون لە ستایلێكی تەقلیدی كە تەنیا فاكتەرێكی بۆ تێگەیشتن تەنیا پشت بەستن بێت بە دەق و دیالۆگ، لە هەمان كاتدا یاریدەی بینەر دەدەیت فێری خوێندنەوەیەكی لۆژیكی بێت بۆ شانۆ، بۆ ئەوەی نەبێتە پارچەیەكی لێك دابڕاو لە نمایش.

ماويه تى..

حه يده ر عه بدولرِه حمان




سوناتای عەشقی پەروانە.. عەباس ئیسماعیل حەمەد

ئەگەر هاتی هەر خۆت وەرە
ئەگەر هاتی پاش سوتانی پەروانە مەیێ
ئەگەر هاتی جلەکانت دامەکەنە
مەڕازێوە وەرە

وەک خۆت
پڕ نەبی
لە عەشقی هاتن . . . مەیێ
لە عەشقی گەڕان . . . مەیێ
لە عەشقی پاژنەبەرز
بێ گومان . . . مەیێ
سوراویش بکە وەرە.

دەرگاکان بەسەر دەکەمەوە
ڕەشماڵی خەیاڵان هەڵدەدەمەوە
تۆ دیار نیت
من خۆم هاتووم
مەگیرانی بە یادی جارنت
بە مەکری پیڵوت دەکەم
دەگەڕێم
ڕوومەتی نازت وەرمەگێڕە
چەپ بۆ ماچە
ڕاستیش
لەگەڵ رووبارێ سەفەر دەکات . . . خەونێ دەبینی
سەر و خواری نیە
ڕاست بێت یا چەپ
لێوەکانت
چاڵی چەناگەت
بۆ ماچە
بینی پێوە دەنێم
قومی لێدەدەم
سروشم گێ لێیە
چەند رکعاتان بکەم
تا خودا لە گوناحانم خۆشدەبی
دوعایانم لۆ دەکەی
یا تۆ دەڵێی ئۆخخەی

عەباس ئیسماعیل حەمەد
2026-10-22




كتێبی «خولیاى لێكدانەوە».. عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا

خولیاى لێكدانەوە
(لە ناوەندی ڕۆشنبیریی مەم و زین دەست دەكەوێت)
كتێبی «خولیاى لێكدانەوە» عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا، ئەو كتێبە قسە لە کایەی لێکۆڵینەوەی ئەدەبی و هزری دەكات. لە دوو بەشی سەرەکی پێک هاتووە، پڕۆژەیەکی قووڵی تێکەڵکردنی ڕەهەندە فەلسەفی و سیمیۆلۆژییەکانە؛ بە شێوازێکی زانستی و فەلسەفی (حەقیقەت و چێژ)، (زمان و مێژوو) بەیەكەوە دەلكێنێ، هەروەها کێشەکانی سەردەمی نوێ وەک زیرەکیی دەستکرد و کلتووری دیجیتاڵی دەخاتە بەر باس.
ئەو كتێبە پشت بە تیۆرەکانی ڕۆلان بارت، ژان پۆل سارتەر، ژیل دۆلۆز و ئەنتۆنین ئارتۆ، دەبەستێ و ڕووتەختی پێكەوەسازان لە نێوان دەق، نەست و خەیاڵدا بنیات دەنێت. ئەم بەرهەمە نەک تەنها خوێندنەوەیەکی ڕەخنەیییە بۆ پێکهاتەی زمان و شیعرییەت، بەڵکو بانگەوازێکە بۆ گەڕان بەدوای داهێنانی بەردەوام و ناسینەوەی فاشییەتی زمان لە کایەی گوتاری ڕۆشنبیریدا.
ناوەندی ڕۆشنبیریی مەم و زین چاپ و بڵاوی كردۆتەوە و ئێستا لە پێشانگای نێودەوڵەتی كتێب- هەولێر، بەردەستە
ناوەڕۆكەكەی پێكهاتووە لە:

  • ئارەزووی ڕوونكردنەوە/ بەرهەمهێنانەوەی داهێنان……..
  • پێشەكى…………..
  • بەشى یەكەم:
  • دەق بۆ حەقیقەت، دەق بۆ چێژ…………………..
  • مەعریفەى شیعریى………………………………..
  • هەتاو وەك بەخشەر، كەوتن وەك عەدەم……………
  • شیعرییەتى (لەشكرى غەم)……………………………………
  • بەربوونەوە بۆ نێو (چێژى شیعرى)، (هاشم سەڕاج)ى شاعیر.
  • فۆڕمی گران- ئەنوەر مەسیفی.
  • گەڕان بە دواى تاكدێرییەكانی عەباس عەبدوڵڵا یوسف.
  • بینراوى هونەرى و گوتراوى شیعرى- لە تابلۆ/ قەسیدەى (ئاگرەكەت لەگەڵمدا هات)ى لازۆ ئازاد.
  • پڕۆسەی خۆ ئازادكردن و هەڵبژاردن.. لە شیعری (قوتوو)ی (نارین رۆستەم)ی شاعیردا.
  • لەبەردەم ئەویدیكەدا… خوێندنەوەیەك بۆ قەسیدەی تۆ لەوێ نەبووی)ی بڵند باجەلان.
  • كلتووری دیجیتاڵی… (شەوێکی سپی لە هەولێری پایتەخت)، ئومێد قەرەنی.
  • دیتراو/ وسبەلێكراو…. لە كۆمەڵە شیعری (وەرە لە باخ پێتدەڵێم)ی حەسەن هەندرێنی.
  • (ئارەزوو) ڕكابەر، قوربانی، تووندوتیژی.. خوێندنەوەیەك بۆ دەستەواژەی (پاڵەوانی میللەت).
  • بەشى دووەم:
  • تیۆری لاساییكردنەوە………………………………
  • ئارەزووی گێڕانەوە، ئاشكراكردنی ئارەزوو……………
  • ئێدگار ئالان پۆ- داهێنان…..
  • فرانتز كافكا- گرفتاری چەمكی پۆشین و نەپۆشین…
  • ئێستای (فەلسەفە/ زانست)……………………
  • حیكایەتەكانی فرۆید/ بیركردنەوەكانی فرۆید…………….
  • سەركەوتنی ڕووتی زمان…………………………