یادەوەرییە سیاسییەکان؛ لە ئاشکراکردنی ڕابردووەوە تا پرسیاری مێژوو.. جوتیار مەلا ڕۆئوف

بیرەوەرییەکانی (دکتۆر مەحمود عوسمان)یش کەوتنە ناو کتێبخانەی کوردییەوە؛ بەڵام پێم وایە زیادبوونی کتێبێکی تر بە ئەرشیفی مێژژوی یادەوەرییە سیاسییەکان، بەخۆی هیچ گۆڕانێک لە ئاسۆی داهاتووی ئەو کۆمەڵگایەدا پێک ناهێنێت، بەهای سیاسیی ئەو جۆرە بەرهەمانە بەوە ناپێورێت کە چەند نهێنی ئاشکرا دەکەن، بەڵکو بەوە دەردەکەوێت کە تا چەند دەتوانن ڕابردوو بخەنە بەردەم ڕەخنە، بەرپرسیارێتی دیاری بکەن و ببنە هۆی پێداچوونەوە بەو ئەزموونە سیاسییەی کۆمەڵگای کوردی گەیاندووەتە ئەو دۆخە.
وەک یادەوەریی زۆرێک لە سەرکردە و کادیر و نووسەر و رۆژنامەنوسوو هونەرمەندو هەڵسووڕاوانی سیاسی، ئەو یادەوەرییانەش ڕەنگە بۆ ماوەیەک ببنە ناوەندی مشتومڕ و گرژیی نێوان لایەنەکان، هەر لایەنێک ئەو بەشانەی بە سوودی خۆی و بە زیانی ڕکابەرەکەی دەبینێت و وەک بەڵگەی مێژوویی بەرز دەکاتەوە؛ بەرامبەر ئەو بەشانەی بەرپرسیارێتی دەخەنە ئەستۆی خۆی، بە ناڕاستی و لایەنگری و تەنانەت ساختەکاری ناوزەد دەکات، لەناو ئەو بازنەیەدا، ڕاستی بە پێوەری بەڵگە هەڵناسەنگێندرێت، بەڵکو بە پێی پێگەی حیزبی و بەرژەوەندیی سیاسی بەهای پێدەدرێت؛ مێژووش لە مەیدانی تێگەیشتنەوە دەگوازرێتەوە بۆ سەنگەری ململا‌نێ، ئەوەی لەو یادەوەرییانەدا ڕەنگە وەک دانپێدانان بخوێندرێنەوە، دەتوانێت هەندێک لایەنی شاراوەی مێژووی سیاسیی کورد وکۆمەڵگاکەی ڕوون بکاتەوە، بەڵام دانپێدانان، ئەگەر لە دیاریکردنی بەرپرسیارێتی و ڕەخنەی خودیی داببڕێت، ڕەنگە تەنها ببێتە شێوەیەکی نوێی بێتاوانکردنی خۆ و تاوانبارکردنی ئەوانی تر، هەر گێڕانەوەیەک، تەنانەت ئەگەر لە زاری شایەتێکی ناو ڕووداوەکانیشەوە بێت، پێویستی بە بەراوردکردن و هەڵسەنگاندن هەیە؛ چونکە یادەوەریی تاک، بە هەموو گرنگییەکەیەوە ناتوانێت جێگەی مێژووی ڕەخنەیی بگرێتەوە.
پرسیارە سەرەکیەکە ئەوەیە، ئایا ئەو ئاشکراکردنانە یارمەتیمان دەدەن لە میکانیزمەکانی دەسەڵاتدارێتی، لە شێوازی بڕیاردان و تێگەیشتن لە هۆکارەکانی دووبارەبوونەوەی شکستەکان، یان تەنها ناوی بەرپرسان دەگۆڕن و هەمان کولتووری سیاسی بەجێ دەهێڵن؟ ئەگەر قوربانییەکان هەر لە پەراوێزدا بمێننەوە و مافی کۆمەڵگا بۆ زانینی ڕاستی و لێپرسینەوە پشتگوێ بخرێت، ئەوا زۆربوونی یادوەری و چیرۆکەکان بە مانای پێشکەوتنی هۆشیاریی سیاسی نایێت، لەو ڕووەوە، ترسەکە ئەوەیە ئەو یادەوەرییانەش تەنها سەرپۆشی مەنهۆڵێکی تری مێژووی بزووتنەوەی کوردایەتی هەڵبدەنەوە؛ بۆ ئەوەی بۆگەنە کۆبووەکەی بۆ ماوەیەکی تر کاس و گێژمان بکات، بێ ئەوەی ئیرادەیەکی سیاسی بۆ پاککردنەوەی سەرچاوەکەی پێک بێت، کۆمەڵگا تەنها بە بیستنەوەی چیرۆکی هەڵە و ساتوسەوداکانی ڕابردوو پێش ناکەوێت؛ پێویستی بەوە هەیە ئەو زانیارییانە بکاتە هۆشیاریی گشتی و ئەو هۆشیارییەش بگۆڕێت بۆ داواکاریی لێپرسینەوە و ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی.
بەو دیدگا ڕەخنەییەوە، حوکمی کۆتایی لەسەر کتێبێک نادەم کە هێشتا نە‌مخوێندووەتەوە؛ ئەو چەند دێڕەی لێرە نوسیومە، پرسیارە لە ڕۆڵ و سنووری یادەوەریی سیاسی لە کۆمەڵگای ئێمەدا، هیوادارم بتوانم زوو کتێبەکەی بەڕێز دکتۆر محمودم دەست بکەوێتوو بیخوێنمەوە.

جوتیار مەلا ڕۆئوف




ئاسۆکانی جوانی لە ڕێڕەوی نوێگەریدا.. ستار ئەحمەد

شێوەو بوونی شارستانێتیی و بەرینکردنەوەی جیهانبینیی ئەدەبی و هونەری، هەمیشە لە ئەفراندنی ئەو دەرفەتانەوە سەرچاوە دەگرێت کە ڕێگە بە مرۆڤ دەدەن واتا جێگیرەکان سەرلەنوێ تاقیبکەنەوە و لە ڕوانگەیەکی تازەوە لە تەماشای بوون بڕوانن. لەم نووسینەدا هەوڵ دەدرێت تیشک بخرێتە سەر ئەوەی کە چۆن ئاسۆکانی جوانی لە ڕێڕەوی نوێگەریدا گەشە دەکەن و دەبنە کەرەستەی سەرەکی بۆ زیندوبوونەوەی ئەندێشە، هزر و ڕوانگەی داهێنەرانە لە کایەی وێژە و ڕۆشنبیریدا.
جوانی لە بنەڕەتی خۆیدا تەنیا ڕازاندنەوەیەکی سەرپێیی یان وێنەیەکی جێگیری دڵڕفێن نیە، بەڵکو هێزێکی بزوینەر و زیندووە کە گیان بە بەرهەمی ئەدەبی و هونەری دەبەخشێت و واتاکانی بوون شەن وکەو دەکاتەوە. هەر لەو سۆنگەیەوە، نوێگەریش وەک جووڵەیەکی بەردەوام و سەرپێچییەکی دروستکەر لە دژی چەقبەستوویی، دەبێتە هاوڕێ و تەواوکەری بێگومانی جوانی، چونکە بەبێ نوێگەری، جوانی ڕووبەڕووی دووبارەبوونەوە و سستبوونی ژیانی دەبێتەوە و لە شێوەیەکی باودا قەتیس دەمێنێتەوە.
ڕێڕەوی داهێنان پەیوەندییەکی ئەندامی و دانەبڕاو لە نێوان ئەم دوو چەمکەدا دەخولقێنێت، بە جۆرێک کە ناكرێت باس لە داهێنانی ڕاستەقینە بكرێت بەبێ ئەوەی جوانی سەرچاوەکەی بێت و نوێگەریش ڕێباز و شێوازی دەربڕینی بێت. داهێنەر لە سەفەری خۆیدا بەرامبەر جیهان و ڕووداوەکان، تەنیا بینەرێکی بێدەنگ یان گێڕەرەوەیەکی مات نییە، بەڵکوو لە ڕێگەی دیدە ورد و هەستیارەکەیەوە، جوانی لە ڕووبەرە شاراوەکانی ژیاندا دەدۆزێتەوە و بە ئامرازی نوێخوازانە شێوەگیری دەکاتەوە.
نوێگەری لە کرۆکدا تێکدانی بنەما سەپێنراو و داڕێژراوە کۆنەکان نییە لە پێناو تێکداندا، بەڵکوو ئەفراندنی جیهانبینییەکی نوێیە کە بتوانێت ڕۆحی سەردەم بەرجەستە بكات و ئاسۆیەکی فراوانتر لە بەرامبەر هۆش و هەستی خوێنەر یان بینەردا بکاتەوە. کاتێک داهێنەر لە نووسین یان بەرهەمهێنانی هونەریدا لە سنووری باو تێدەپەڕێت، نەک هەر زمان یان ئامرازەکان نوێ دەکاتەوە، بەڵکو پەیوەندی خۆی لەگەڵ جیهاندا سەرلەنوێ پێناسە دەکاتەوە و بەهایەکی نوێ بە جوانی دەبەخشێت کە پێشتر هەستی پێ نەکراوە.
ئەم پرۆسەیە پێویستی بە ئەندێشەیەکی ئازاد و بوێرییەکی هزری هەیە کە نەترسێت لە چوونە نێو نەزانراوەکان و شکاندنی ئەو چوارچێوانەی کە پێوەرەکانی جوانییان لە شێوەیەکی نەگۆڕدا کورت کردۆتەوە. جوانی لە ڕێڕەوی داهێناندا شتێکی بەستوو و دیاریکراو نییە، بەڵکوو وەکوو ئاوێکی ڕەوان بەردەوام ڕەنگ و شێوەی نوێ وەردەگرێت، و بەپێی گۆڕانکارییەکانی ژیان و هەستی مرۆڤایەتی نوێ دەبێتەوە. لێرەوە نوێگەری دەبێتە دەستەبەرکردنی بەردەوامی و زیندوبوونی جوانی، چونکە ڕێگە نادات بەرهەمی داهێنەرانە ببێتە قاڵبێکی بێگیان یان شوێنکەوتەی شێوازێک کە سەردەمەکەی بەسەرچووە.
کۆڵەکەی بەرجەستەی ئاسۆکانی جوانی لەوەدا ڕەنگ دەداتەوە کە زمان چەشنی کەرەستەیەکی زیندووی بێسنوور ببینرێت، نەک وەک سندوقێکی داخراوی یاسایی. کاتێک دەقێکی وێژەیی یان هزری ڕێڕەوی نوێگەری دەگرێتە بەر، وشەکان لە مانای فەرهەنگی و ڕەق دەردێنێت و دەیانکاتە ئامڕازی شێوەکردنی هەستە قووڵەکان. ڕووبەری زمان لە نوێگەریدا تەنیا گواستنەوەی زانیاری نییە، بەڵکوو ئەفراندنی موزیک و گۆڕینی کەشوهەوای دەقەکەیە؛ ئەم جۆرە لە نوێبوونەوەی زمانەوانی وا دەکات خوێنەر هەست بە فێنکایی و زیندویی دەقەکە بکات و لە تێگەیشتنێکی ڕووکارییەوە بەرەو جیهانێکی ڕوحی پڕ لە لێکدانەوەی نوێ بپەڕێتەوە.
ئەو داهێنانەی توانای مانەوەی هەیە، ئەوەیە کە بەپێی ڕۆژگار پەیوەندی خۆی لەگەڵ بنەما جوانییەکاندا بە زیندوویی دەهێڵێتەوە و بە زمانێک دەدوێت کە هەم ڕەگ و ڕیشەی لە ئەزموونی ڕەسەندا چەسپیوە و هەم بەرەو ئاسۆی داهاتوو کراوەیە. هەر بەرهەمێکی ئەدەبی یان هونەری کە بەڕاستی نوێگەری تێدا بەرجەستە بێت، توانای ئەوەی هەیە تێگەیشتنی ئێمە بۆ جوانی فراوانتر بکات و هۆشیاریمان بەرامبەر وردەکارییەکانی بوون بەرز بکاتەوە.
دیاریدەی لێکترازانی نێوان نەریت و نوێگەری لە مێژووی داهێناندا هەمیشە کێشمەکێشمێکی پڕپیت و بەسوود بووە، چونکە ڕەسەنایەتی ڕاستەقینە لە ڕەتکردنەوەی کوێرانەی ڕابردوو سەرچاوە ناگرێت، بەڵکوو لە توانای گۆڕینی ڕابردوودا بەدی دەکرێت بۆ وزەیەکی نوێ کە خزمەت بە ئێستا و داهاتوو بکات. نەریت سەرچاوەی کەلەپووری ڕوحی و ئەزموونی کەڵەکەبووی نەتەوەیە، بەڵام کاتێک بەبێ پرۆسەی پشکنین و نوێکردنەوە دەیگوازینەوە، تووشی چەقبەستوویی دەبێت. جوانی لەم هاوکێشەیەدا وەکوو پردێک کار دەکات کە ڕەسەنایەتی و نوێگەری پێکەوە دەبەستێتەوە و ڕێگە دەدات داهێنەر بە بوێرییەوە دەست ببات بۆ شێوازە نوێیەکان و لە هەمان کاتدا قوڵایی ئەزموونی مرۆڤایەتی بپارێزێت.
هەر بۆیە لە ڕێڕەوی داهێناندا، جوانی و نوێگەری دوو دیوی یەک هاوکێشەن؛ جوانی ناوەڕۆک و ڕۆحی بەرهەمەکەیە، و نوێگەریش ئەو زمان و فۆرمەیە کە ڕێگە دەدات ئەم ڕۆحە بە جوانترین و کاریگەریترین شێوە بگاتە ناخی وەرگران و خوێنەران. داهێنەرێک کە دەتوانێت ئاسۆکانی جوانی بە هەناسەی نوێگەرییەوە ئاوێتە بکات، تەنیا بەرهەمێک پێشکەش ناکات، بەڵکوو هۆشیارییەکی گشتی لەبارەی جوانییەوە لە کۆمەڵگەدا نوێ دەکاتەوە و تەمەنی ناوەڕۆکە ئەدەبییەکە درێژتر دەکاتەوە. نوێگەری بێ جوانی دەبێتە تاقیکردنەوەیەکی بەتاڵ و بێگیان، و جوانی بێ نوێگەریش دەبێتە مۆزەخانەیەکی بێدەنگ؛ بەڵام ئاوێتەبوونیان، هونەر و وێژە دەپەڕێنێتەوە بۆ ناو بەردەوامی.
داهێنانی ڕاستەقینە لە توانای بەردەوامی بەخشین بەم ڕێڕەوە دایە، کە تێیدا جوانی هەردەم وەک کانییەکی بەخوڕ دەمێنێتەوە و نوێگەریش وەک ڕێگەیەک بۆ دۆزینەوەی ئاسۆگەلی نەبینراو و دەربڕینی هەستە وردەکانی مرۆڤ بەرەو پێشەوە دەچێت. هەتاکوو ئەندێشەی مرۆڤ بە دوای ئاسۆی تازەتردا بگەڕێت و وەڵامی پرسیارە بوونییەکان بداتەوە، ڕێڕەوی نوێگەریش وەک بەشێکی دانەبڕاو لە ئەفراندنی جوانیی ئەدەبیدا هەناسە دەدات و جیهانی ئێمە دەوڵەمەندتر دەکات.

ستار ئەحمەد




نووسەری وێـژەی منـداڵان ئانێـت لانگـن.. رەزا شـوان

خاتـوو (ئانێـت لانگـن) دووەم نووسـەری ئەڵـمانییە لە بـواری وێـژەی منـداڵان، کە بە خوێنەرانی کوردی دەناسێنین. پێشتر لە مانگی (ئابی/٢٠٢٠) دا باسمان کەڵەنووسەری ئەڵمانی لە بواری وێـژەی منداڵان، خاتوو (کۆرنیـلـیا فـونکە) کرد و لە سایتەکاندا بڵاوم کردەوە. لەم نووسینەمدا باسی ئانێـت لانگـن دەکەیـن، کە خانمە نووسەرێکی بەناوبانی ئەڵـمانییە، پـسپۆرە لە وێـژەی منداڵان و مێرمنداڵان و باڵـێۆزی خوێنـدنەوەی منـداڵانە.
ئانێت لانگـن لە رۆژی (٢٩/ نیسان/ ١٩٦٧) لە شاری لـێڤەرکوزن لە ئەڵمانیا لەدایک بـووە. کچی گـەورەی خـێزانەکەیەتی. ئەمـساڵ تەمـەنی ئانێـت، بـوو بە (٥٩) ساڵ. بە منداڵی لە شاری لایخـلـینگـن لە هەرێـمی رایـن لانـد ژیـاوە. کچـێک و کوڕێـکی هـەیە. لە ئێـستادا لە شاری (بێـرگـیـشێس لانـد) لە نـزیک شـاری کـۆڵـن، لەگـەڵ کـچ و کـوڕە پـێگەیـشتووەکانی دەژیـن.
ئانێت لانگـن، لە خێزانێکی پەرتووکفـڕۆش گەورە بووە. ئەمەش وایکرد لە منداڵییەوە بە پەرتـووک و بە چالاکیی وێـژەیی دەوربـدرێـت. گـێڕانەوەی چـیرۆک بوو بە خولیای.
ئانێت دەڵێت:”من زۆر بەختەوەر بووم، کە لە خـێزانێکی پەرتووکـفرۆشدا گەوە بـووم. بە پەرتـووک و بڵاوکـراوەی بـێشومار دەور درام” خولـیای ئانێت بـۆ وێـژەی منـداڵان، دەگەڕێتـەوە بۆ ئەو پەرتـووکە زۆرەی لەبەردەستیدابـوون. تەمەنی ئارەزووی تەواوی ژیـانی بـۆ هـونەری چـیرۆک گـێڕانەوە چەسپانـد.
ئانێـت لانگـن، لە منـداڵـییەوە لەگەڵ خـێزانەکەیـدا، گەشتێـکی زۆری وڵاتانی جیهـانیان کرد. لە گەشتەکانیدا وێنەی زۆری دەگرت و نامەی زۆری بۆ نیشتمان دەنارد. لە لاوی و لە ئێستاشـدا درێـژە بە گەشتکـردن دەدات. گەشتـێکی بێـشوماری کـردووە. بە هـۆی گەشـتەکانییەوە، دیـدگای بـۆ جیهـان فـراونـت بـووە. گەشـتەکانی بـوون بە ئیـلهـام بـۆ زۆربـەی زنجـیرە چـیرۆکەکانی بۆ منـداڵان. نامـەگـۆڕینەوە خولیایەکی تـری ئانێـتـەیە، کە تا ئەمـرۆش، لەگەڵ سـەدان کەس لـە جیهـانـدا، نامـە بـۆ یەکـتری دەنـێرن.
ئانێـت لە دوای تەواکـردنی خوێنـدنی ئامـادەیی، کە (دیپـلـۆمی ئامادەیی) بەدەستهـێـنا. بۆ ماوەیەک لە فـرۆشگای پەرتـووکفـرۆشتنی خێزانەکەیان، دەستی بەکارکـردن کـرد.
دواتر ئانێت گەشتی ئەمریکای کرد، بۆ بەشداریکردن لە خولێکی خوێندندا، دەربارەی بڵاوکردنەوەی پەرتـووک. ئەزمـوونی پـراکـتیکی پیـشەسازی پەرتووکی بەدەستهـێـنا.
دوای گەڕانەوەی لە ئەمـریکاوە بـۆ ئەڵمانیا، ساڵانێکی زۆر سەرنووسـەری دەزگایەکی چـاپ و بڵاوکـردنـەوەی تایبـەت بە پەرتـووکی منـداڵان، کاری کـردووە. لەهـەمان کاتـدا شانبەشانی کارەکەی وەک سەرنووسەر. لە ساڵی (٢٠٠٠) ەوە، بە تـەواوی چـووە ناو جـیهـانی وێـژەی منـداڵان و مـێرمنـداڵان. بـە تـەواوی خـۆێ بـە نـووسـیـنی پەرتـووکی منـداڵان لەم بـوارەدا سەرقـاڵکـرد. لە پـێـشا وەک نووسەرێکی باخچـەی منـداڵان کاری کـرد. هەروەهـا کۆمەڵێک چـیرۆکی ئاسانی بـۆ کـچ و کوڕەکـەی، (ئیـزابێـل) ـ مـاری و بنیـامـین نـووسی.
یەکەم پەرتـووکی ئانێـت بـۆ منـداڵان لە ساڵی (١٩٨٩) دا نـووسی و چاپـیکـرد و بلاوی کـردەوە. لە ساڵی (٢٠٠٠) ەوە تا ئێستا، وەک نووسەرێکی ئازاد، چـیرۆک بۆ منـداڵان دەنووسێـت. چـیرۆکەکانی بە وێنـەوە و بە چاپـێکی نـاوازەوە بڵاویانی کردەوە. تا ئێستا زیـاتر لە (١٥٠) پەرتـووکی چـیرۆکی ئاسـانی، بـۆ منـداڵان و مێـرمنـداڵان نـووسـیوە و چاپیانی کردوون و بڵاویانی کـردوونەتەوە. کە زۆربەیـان سەرنجـیان لەسـەر بەهـاکانی هـاوسـۆزی و خـێزان و گەشەکـردنی کەسین. ئیـلهـامی چـیرۆکەکانی لە ئەزمـوونەکانی ژیـانی خۆیەوە وەرگرتـوون. بەشێک لە پەرتووکەکانی ئانێـت، وەریانگـێڕاوان بۆ زیاتر لـە (٣٠) زمـان جیهـانی. ناوبـانگـێکی نێـودەوڵـەتی و پـڕفـرۆشـتـنان بەدەسـتهـێـناون.
ئانێـت لە ساڵی (٢٠٠١) ەوە، وەک راهـێنەری خوێنـدنەوە لە قوتابخـانە بنەڕەتییەکاندا کاری کـردووە. ئانێـت بە سەرسەخـترین پاڵـپـشتی شـیرینکـردنی خوێنـدنەوە و نووسین لەنێوان منداڵان دادەنرێت. سەرۆکی پشتگیریی خوێندنەوە بـوو. لە ساڵی (٢٠١١) ەوە بـووە بـە (باڵـێۆزی خـوێنـدنەوە) لـە ئەڵـمانیـادا. لە ساڵی (٢٠١٢) دا، سـەرکـردایـەتی پـرۆگـرامێکی راهـێـنەرایەتی دامەزراوەی شـیر مێـر شافـت، لە شاری کـۆسفـێڵـد کـرد.
لە ساڵی (٢٠١٤) ەوە بووە ئەندامی چالاکی رێکخراوی (سۆرۆپتیمیست ئینتەرناشناڵ) کە رێکخـراوێـکی خـێرخـوازی ژنـانە لە ئەڵـمانیا.
ئانێت لانگـن، کار لەسەر هەموو ئەوشتانە دەکات، کە پەیوەندییان بە جوانییەوە هـەیە. لەوانەش نووسینی یەکەم پەرتووکی لە ساڵی (١٩٨٩) دا بە ناوی “نامەکانی فێلیکس” کـە زنـجـیـرە پەرتـووکـێکی چـیرۆکـە بـۆ منـداڵان، لـە سـاڵی (١٩٩٤) دا، چـاپـکـرا و بـڵاوکـرایەوە. ئانێـت لە رێی ئـەم زنجـیرە چـیرۆکەوە ناوبـانـگی دەرکـرد و لە جیهـانـدا ناسرا. ئەم چـیرۆکانە وەریانگـێڕاون بـۆ چەنـدیـن زمـان لە جیهانـدا. کـراون بە فـیلـمی کارتـۆنی ئەنیـمەیـشن و بە کاری سیـنەمـایی و بە زنجـیرەی کارتـۆنی تەلـەڤـزیـۆنی.
ئانێت لە چیرۆکەکانیدا، سەركێشی و نوکـتە و تێڕوانینە کولـتوورییەکان تێکەڵ دەکات.
پاڵەونی (نامەکانی فـێلـیکس) کەروێشکـێکی بچـووکی پـەڕۆییـنە و بە لـۆکە پـڕکراوە. گەشتی سەرانسەری جیهـان دەکات و زۆر حەزی لە نووسینی نامەیە و بۆ نیشـتـمانی دەیانـێرێتەوە. بیـرۆکەی زنجـیرە چـیرۆکی نامەکانی فـێـلیکـس، لە ئەزمـوونەکان و لە گەشـتەکانی ئانێـت خۆیـەوە، لەگەڵ خـێزانـەکەیـدا سەرچـاوەیـان گـرتـووە. کە گەشتی زۆر لە وڵاتانیان کرد. هەمـیشەش نامـەنـووسین بەشێکی گرنگی ژیانی ئانێـت بووە.
تا ئەمـڕۆش ئانیـت نامـە بۆ هـاوڕێکانی دەنووسـێـت، کە لە سەرانسەری جیهان دان.
بە کورتی بیرۆکەی نامەکانی فـێلـیکس، گوزارشت لە بیرەوەرییەکانی منـداڵیی ئانێـت دەکـەن. لە گەشـتە خـێزانییەکانیان و لە نامـەنـووسـیـنیـیەکانی.
ناوی هەنـدێک لە کارەکانی ئانێـت:
١ـ زنجیرە پەرتووکی چيرۆکەکانی “نامەکانی فـێلیکس” کە ناوبانگێکی جیهانیان هەیە. باس لە گەشتە سەرکێشییەکان و نامەنووسینییەکانی، فـێلیکسی کەروێشکە بچکـۆلەکە دەکات لە سەرانـسەری جیهـانـدا. ئەم زنجیرە چـیرۆکە ئانێتـیان گەیانـدە ئاستێکی بەرز لە وێـژەی منداڵانی هاوچەرخ لە جیهـاندا. ئەم زنجیرە پەرتووکە لە ساڵی (٢٠٠٠) دا، لە لـیستی باشتریـن و پـڕفـرۆشتریـن پەرتـووکەکانی منـداڵان بـوو.
نانێت دەڵێت:”زۆربەی خەڵکی بە دایکی فـێـلیکس ناوم دەبەن. هەرچەندە گوێچکەکانم بەقـەد گـوێـچـکەکانی ئـەو کەروێـشکە خـۆشـەویـسـت و گـەشـتـدۆسـتە درێـژ نیـن”.
٢ـ زنجـیرە پەرتـووکی چـیرۆکەکانی “مـانـگا بچکـۆلـەی زۆر گـلەیـیکەر “
٣ـ فـێـلـیکـس لەگەڵ منـداڵانی جیهـانـدا.
خەڵات و پاداشتەکانی ئانێـت لانگـن:
ئانێت گەلێک خەڵات و پاداشـت و رێـزلـێنانی ئەڵـمانی و نێودەوڵەتی لە پەرتووکەکانی بـۆ منـداڵان بەدەستهـێـنا، بە تایبـەتیـش لە زنجـیرە پەرتـووکی “نامەکانی فـێـلیکس”.
١ـ ساڵی (٢٠١٠) لە پێشانگای پەرتووکی لایبـزیک خەڵاتی لـوولەیی زێـڕینی وەرگرت.
٢ـ خەڵاتی هەڵبژاردەی خەڵکی لەلایەن کۆمەڵەی بڵاوکراوەی نەمساوییەوە بەدەستهێنا.
٣ـ مەدالـیای زیـویـنی ئەکادیـمـیای هـونـەری چـێـشـتـلـێـنانی ئەڵـمانی.
٤ـ خـەڵاتی پەرتـووکی خـوادنی سـویـسری.
٥ـ خـەڵاتی (پەڕەکانی مانگانە) لە هـۆڵەنـدا، بـۆ پەرتـووکی نامـەکانی فـێـلـیکس.
٦ـ خەڵاتی هـونـەرمەنـدان و لاوانی هەرێـمی باکـووری رایـن ـ پـێـشکەشیان کرد.
٧ـ چەنـدیـن خـەڵات و رێـزلـێـنانی تـری.
چەند چیرۆکێک لە چیرۆکەکانی ” نامەکانی فـێلیکس” دەربارە فـێرکردنی چـێشتلێنانن.

(*) بۆ ئـەم نووسینە، سـوودم لە چەنـدیـن سایـتی ئینگـلیزی وەرگـرتـووە،




قژی بەفر.. شیعری عارف کوردە

حەپەساوم..،
ڕەنگی قژت سپی بووە
لۆچی ئەوین،
شەکرە بەفر،
بەسەر ڕوخسارتا باریوە
هەر من نایڵێم..
نەینۆک گەواهی ئەدا
دە ئەوەندە جوانتر بووە
خونچەی لێوت
تابلۆیەکی نیشانداوە
سرووشتی بەچۆکداداوە
بزەو پێکەنینەکانت
هاژەی چەمی کپ کردووە
دیمەنێکی دڵ ڕفێنە
خەیاڵ لێرە دەستەوسانە،
سەرسام بووە
وشە ڵاڵە،
خامە سەری داخستووە
ئەزانی بۆ؟
لەئاست جوانی بێگەردی تۆ
تریفە لەهەیڤ ڕائەکا..،
زار سڕ بووە
شۆڕەبی ناشەکێتەوە
چەم لێڵ بووە
زەوی ئەکوڵێ..!
تاریکستان..،
باڵەکانی بەسەر شارا ڕاخستوە
چرا کوێر بووە
خۆڵەمێش ڕەش..ڕەش بووە
ڕوومەتی پەنگر سوور بووە
ئای چەن جوانە
قژی بەفر..
بەسەر درەختا باریوە
پەنجەی گەڵاکان ڕچیوە
تارای سپی پەخش بووە
جەستەمی داگیرکردوە
چونکە خەرمانەی تۆی دیوە
سنگی عەشقی،
لەسەر سنگم داکوتیوە
ئیتر عاشق بوون ئاوایە
ئۆقیانووسەو بێ کۆتایە
بەهەموو تەمەنی ژیانم
جەنگاوەرم لەم ڕێگایە
شەپۆلێکم، جیانابمەوە
لەم لەدەریایە.
هەر ئەڕۆم و
سەوڵی ئەم ژیانە لێ ئەدەم
تادەگەمە ئەو کەنارەی
لەگزنگی ئاسۆم دایە.

‌ عارف کوردە