ئیستێک لەبەردەم ڕۆمانی (گابۆڕ)ی سەید قادر هیدایەتی!.. عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
فەزای گشتیی ڕۆمانی (گابۆڕ)
ڕۆمانی گابۆڕ؛ (١) ڕۆمانێکی واقیعیی و چێژبەخش و کەمەندکێشە و خوێنەر بەئاسانی خۆی لەنێو بەشێک لە ڕووداوەکان دەبینێتەوە. ڕۆمانەکە بەوپەڕی سادەییەوە، ژیانی چەند خانەوادەیەکی زەحمەتکێشی شاری (بۆکان)ی بۆ وێنا کردووین. فەزای دیمەنەکانی ڕۆمانەکە لە ڕووکەشدا لەنێوان خەون و خولیا و ئومێدەکانی دوو مێرمنداڵی کوردستان و کوشتارگاکانی (قەسابخانەی شار)دا دێن و دەچن، وەلێ لە قووڵایی دەقەکەدا هێڵی درامی ڕووداوەکان بەجۆرێکن کە گەڕانن بەدوای خۆدۆزینەوەیەکی تر، گەڕانن بۆ وەدەستخستنی شوناسێکی گەورەتر لەو شوناسە بەرتەسکەی کە شار و گەڕەک پێی بەخشیون. ڕووداوە پچرپچڕەکانی نێو دەقەکە سەرباری هەر لایەنێکی نێگەتیڤ، وەکو پارچە شکاوەکانی ئاوێنەیەک وان کە ئەگەر خوێنەر بەچاوێکی ڕەخنەگرانەوە بیبینێت و لێی وردبێتەوە، ئەوا دەتوانێت بە ڕایەڵەیەکی ورد لە ئەو پارچانە، ئاوێنە گەورەکەی ژیان ببینێت. شانۆی ڕووداوەکان لە ئومێد بە پێکهێنانی تیمێکی تۆپێن و کڕینی تۆپێکەوە تا دەگات بە کاری نهێنی سیاسی و دروشم نووسین و و خوێندنەوە و خۆپێگەیاندنی لەڕێگەی شیعرەکانی ( هێمن و هەژار و مەلەکشا و شەریف و تەنانەت پەشێویش دەگرێتەوە) تا چوون بۆ پێشمەرگایەتی درێژە دەکێشێت. لەگەڵ سادەیی گێڕانەوەکان، نووسەر توانییویەتی بۆن و بەرامەی ئەو سەردەم و ڕۆژگارانەمان بهێنێتەوە یاد کە ساڵانێکە ونمان کردوون یان لێمان ونبوونە. پێکەنینەکان و گریانەکان، چاوباشقاڵێی گەنجەکان، تووڕەیی باوکەکان و ستەمی سەر شانی دایکەکان، متمانەی نێوان هاوڕێ و دەر و دراوسێکان و گاڵتە و تەنانەت درۆی نێوان هاوڕێکان، تا متمانە بە کتێبفرۆش و خۆشاردنەوە لەچاوی پۆلیسی نهێنی و دەسەڵاتی سەرکوتی سیاسی و خۆدۆزینەوە لەنێو پەیوەستبوون بە هێزی چەکداری حیزبی سیاسی بەردەوام لەگەڵ کارەکتەرەکان ئامادەییان هەیە. دیاردەی هەژاریش، وەک نەگبەتییەکی نیزامی سەرمایەداری، کە مۆتەکەی سەرسنگی ژیانی کرێکاران و زەحمەتکێشانە و زۆر هونەرمەندانە بەڵام واقیعییانە لەلایەن نووسەرەوە وێناکراوە ڕێک وەک ئاگرێک خەون و خۆزگەی ئینسانەکان؛ بە منداڵەکانیشەوە دەسووتێنێت. ئەم چیرۆکە هەر تەنها چیرۆکی نێو کتێبێک نییە، بەڵکو چیرۆکی هەموو مێردمنداڵ و خانەوادە زەحمەتکێشەکانی نێو جوگرافیای سیستەم و ستەمێکە کە ڕەشترین چارەنووسی بەخشیوەتە ئینسانەکانی ئەم گۆشە تاریک و پڕ لە ژانەی دنیا.
واقیعیبوونی ڕۆمانی گابۆڕ و ئامانجی کۆمەڵایەتی
گابۆڕ لەڕووی کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە؛ ژیانی کۆمەڵگەی (ڕۆژهەڵاتی کوردستان یان کوردستانی ئێران) لە قۆناغێکی دیاریکراو ( لەژێر چەپۆکی دەسەڵاتی سەرکوتی جمهوری ئیسلامی) لە دەیەی بیستەکانی سەدەی بیست و یەک، وێنا دەکات. ڕۆمانەکە سەرباری دراوە تەکینیکی و ئیستاتیکییەکەی، دەقێکی واقیعیی سیاسییە و زۆربەی زۆری پەسندی ڕۆمانەکەش بۆ ئەم واقیعیبووونەی دەگەڕێتەوە. ئەمەش بەمانای بوونی پەیوەندییەکی توندتۆڵی دەقەکەیە بە واقیعی سیاسی و ژیانی کۆمەڵایەتی. ڕێبازی واقیعییەت یان ڕیالیزم لە ئەدەب (بە بڕوای من بێجگە لەوەی دەبێ لەگێڕانەوەی ڕووداوەکاندا ڕاستگۆیی پەیڕەو بکرێ، دەبێ وێنەی کارەکتەرەکانی لەبارودۆخێکی نموونەییشدا بکێشێ و لەبەر ڕۆشنایی ئەو بار و زرووفەی تێیدان هەڵیان بسورێنێ.)(٢) لەم لایەنەدا دەتوانم بڵێم سەید قادر هیدایەتی سەرکەوتووانە دزاینی بونیادی ڕۆمانەکەی کردووە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا واقیعیبوونی ڕۆمانی گابۆڕ، واقیعییەتێکی سۆشیالیستیی نییە. واتە گابۆڕ بە تێگەیشتنی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستیی، دەقێکی ئەدەبیی شۆڕشگێڕانە نییە، بەڵام بەو ئومێدە نووسراوە کە پەیامی شۆڕشگێڕانە ببێت. سەید قادر هیدایەتی لەڕووی سیاسییەوە ورد ئیشی لەسەر جیهانبینی (کوردایەتی) ناسیونالیزم کردووە و ناوەڕۆکی ڕۆمانەکەش هەر لەو ژینگە سیاسییەدا دەژێت و هەناسە دەدات. لەڕووی کۆمەڵایتیشەوە هەوڵیداوە وێنایەکی گشتی ژیانی کۆمەڵایەتی نیشان بدات. ڕۆمانەکە ئاوڕ لە ستەم و سووکایەتی بە ژنان دەداتەوە، بێئەوەی بچووکترین قسە لەسەر ڕەگ و ڕیشەی ئەو ستەمە و ڕێگاچارەیە بکات. مەسەلەکانی منداڵ و پەروەدە و خوێندنیش جێی بایەخی ڕۆمانەکەن، بەڵام مەسەلەی سیاسەت لە گابۆڕ زەقتر و تۆختر دەردەکەوێت. نووسەر تێکۆشاوە هێڵی درامی لایەنی سیاسی ڕۆمانەکە لەڕێگەی ئەم کار و کردەوانەوە نیشان بدات.
یەک: ناوگۆڕین و ڕەتکردنەوەی ناوی عەرەبی و داکۆکیکردن لە ناوی کوردی.
دوو: پەنابردن بۆ کاری خۆبەخۆیی (عفوي) عەبدولموتەلیب و کەریم دژ بە پازگا و دەسەڵاتی ڕژێم.
سێ: هێڕشبردنی بێئەزموونی ئەو مێردمنداڵانە بۆ سەر شکۆی پازگا.
چوار: ئاشنابوون بە زمان و خوێندنەوە بە زمانی کوردی لەڕێگەی گۆڤاری (سروە)وە.(٣)
پێنج: هێنانەگۆڕێی شیعری شاعیرانی کورد لەوانە هێمن و هەژار و پەشێو و مەلەکشا و شەریف و ئینجا هەوڵدان بۆ نووسینی شیعر لەلایەن عەبدولموتەلیب – هەژیر – ەوە.
شەش: دروشم نووسین لەسەر دیواری ئاودەستخانەی قوتابخانە.
حەوت: پەیوەستبوون بە ڕیزەکانی حیزبی سیاسی و پێشمەرگایەتی.
ئامانجی ڕۆمانەکە لەڕووی سیاسییەوە پەرەدانە بە هۆشیاری نەتەوایەتی. ئەم هۆشیارییە ناتوانێت بەهیچ جۆرێک لە سنوورەکانی ڕزگاری و خۆشگوزەرانی خەڵکی ستەمدیدەی کورد نزیک ببێتەوە. چونکە بەتێگەیشتنی من بێهوودەیە ڕزگاری ئینسانی کورد لە ئاسۆ و ئامانجی ناسیونالیزمدا بۆی بگەڕێین، بەڵکو لە ئاسۆی ڕزگاریبەخشی چینایەتی سۆشیالیزمدا ئەو ڕزگارییە دەبێت بە واقیع. بۆیە گەڕان بەدوای شۆڕشگێڕبوون لەم ڕۆمانەدا وەک گەڕانە بەدوای سەراب لە بیاباندا. لەگەڵ ئەوەشدا واقیعییەتی کۆمەڵگەی کردستان وای کردووە کە ئەم ڕۆمانە چەندیجار چاپ بکرێتەوە و لە سی و یەکەمین پێشانگای کتێب لە تاران، ببێتە پڕفرۆشترین ڕۆمان.(٤)
تەکنیکی ڕۆمانی گابۆڕ
زمانی ڕۆمانەکە، زمانێکی لۆکاڵیی زۆر سادەیە. واتە زمانی هەو ئەو زەحمەتکێشانەیە کەلەپانتایی ڕووداوەکانی نێو ڕۆمانەکە دێن و دەچن. ئەمە خاڵێکی گەش و جوانی ڕۆمانەکەیە. واتە زمانی دەق لەگەڵ دۆخی کۆمەڵایەتی کارەکتەرەکان گونجاو و تەریبە.
کارەکتەرەکانی نێو ڕۆمانەکە بەسەر چەند جۆرێک دابەش دەبن، وەک: کارەکتەری سەرەکی (عەبدولموتەلیب – هەژیر و کەریم – خەبات)، هەروەها کارکتەری لاوەکی یان نا سەرەکی وەکو (ئازاد و میرزا هادی و نەنەعەجەم و ئاغای محەمەدی و سلێمان و سەیدەسوور سەللاخ و ئاغای عەلیزادە و ئاغای سەرچەشمە و ئەسمەر و بایزی باوکی کەریم) و جگە لەمانەش هەندێ کارەکتەری تری تێدایە کە زۆر بچووک و ناچالاکن بەڵام لە خزمەت ڕووداو و کارەکتەرەکانی تر نین وەک( کابرای خۆمەڵاسدراو لەنێو کۆگای دائیرەی بەرق، دایکی کەریم، سەربازەکان، ڕێبوار، تایەر، بایز، رەسوڵ، میکایڵ). سەرباری ئەمەش نووسەر بەڵانسێکی لەنێوان ئەو جۆرە کارەکتەرانە ڕاگرتووە کە وەک زنجیرە یەک لە خزمەت ئەویتردایە.
شێوازی گفتوگۆ و دیالۆگی ڕۆمانەکە تێکەڵ و ناڕۆشنە و کەسی یەکەمی تاک ئامادەییەکی بەردەوامی هەیە و زۆرجار حیکایەتخوان دوور لە پێویستی تەکنیکی ڕۆمانەکە، لەخۆڕا لە کەسی یەکەمی تاکەوە بۆ کەسی دووەم و سێیەمی تاک دەگۆڕێ بێئەوەی هیج خزمەتێک بە ڕووداوەکان و ناوەڕۆکی دەقەکە بکات.
ئەتمۆسفیری ڕۆمانەکە هەندێک بەشی نەبێت بەتایبەتی سەرگەرمی مێرمنداڵەکان و یارییە میللیەکان، دەنا سەرتاپای ترس و تاریکی و گومان و سەرکێشییە. بۆیە هێڵی درامی ڕووداوەکان کە خوڵقێنەری ئەو ئەتمۆسفیرەن کار دەکەنە سەر مۆد. مۆدی ڕۆمانەکەش لە ئاستێکدایە بەجۆرێک کە لێوڕێژە لە ترس و تووڕەیی و هاوار و تەنانەت بارگاوییە بە جنێو و بێڕێزیش.
گۆڕینی بابەت، تێکەڵییەکی دروست کردووە. نووسەر لەسەر بابەتێک دەدوێ و دێڕی دواتر دەچێتە سەر بابەتێکی تر کە هیچ پەیوەندییەکی بە بابەتی پێشترەوە نییە.
پەنابردن بۆ یارییە میللییەکان و تێکهەڵکیشکردنیان لەگەڵ ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە بەجۆرێکە تاموچێژێکی خۆشی بە ڕۆمانەکە بەخشیوە.
ئەنجام
وەکچۆن ((ئەدەبی ڕاستەقینە دەبێت هەمیشە لە جیهانی ناوەوەی ئینسان، لە فیکر و هەست و ئازارەکانی ئینسان هەڵبقوڵێت و ڕەنگدانەوەی خۆزگە و بیرکردنەوە و ژیانی ئینسانەکان بێت.)(٥) ئاواش ڕۆمانی (گابۆڕ)ی سەید قادر هیدایەتی وەک ڕۆمانێکی واقیعی باس لە خەون و خولیا و ئومێدی دوو گەنج یان مێرمنداڵ دەکات کە سەرەتا دەیانەوێت تیمێکی تۆپێن دروست بکەن و ببنە خاوەن تۆپێکی بەتەقەڵ. دواتر لەدرێژایی ڕووداوەکان ڕوحی دژایەتیکردنی دەسەڵاتیان لەناخدا چەکەرە و ئینجا لەڕێگەی دۆزینەوەی پەڕەیەکی دڕاوی گۆڤاری (سروە)وە شەیدای زمانی کوردی و خوێندنەوە دەبن و دەکەونە کتێب خوێندنەوە ئاشنابوون بە شیعری شاعیرانی کورد و تەنانەت نووسینی شیعر تا دەگات بە چوون بۆ پێشمەرگایەتی و ئامادەبوون بۆ قوربانیدان لەپێناو ئازادیدا. ئەو دنیابینییەی ڕۆماننووس ڕۆمانەکەی پێدەنەخشێنێت، هەرهەمان ئەو ئایدیۆلۆژییە کوردایەتییەیە کە شوناسی خۆی لە کوردبوون و مەسەلەی خاک و نیشتمان دەبینیتەوە. تەکنیکی ڕۆمانەکە تەکنیکێکی گونجاوە جگە لە دیالۆگ و گۆڕینی بابەتەکان کە تێکەڵییەک لای خوێنەر دروست دەکەن. خوێنەر لەگەڵ دەستپێکردنی خوێندنەوەدا هەست دەکات ڕۆماننووس باس لە ژیانی ئەو یان خانەوادەی ئەو دەکات. ئەمەش کلیلی واقیعبوونی ڕۆمانی (گابۆڕ)ە وەک دەقێکی گێڕانەوە کە دەست و پەنجە لەگەڵ ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئینسانەکانی کۆمەڵگەی کوردستان نەرم دەکات.
عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
کۆتایی نیسانی ٢٠٢٦
سەرچاوە و پەراوێزەکان:
(١)سەید قادر هیدایەتی، گابۆڕ، ڕۆمان، دەزگای چاپی خانی، چاپی پێنجەم، ٢٠٢١.
(٢)جان فریفیل، تێزەکانی مارکس – ئەنگڵس لەبارەی ئەدەب و هونەرەوە. وەرگێرانی لە عەرەبییەوە فوئاد مەجید میسری، ناوەندی توێژینەوەی هزری شەهید ئارام، چاپخانەی تاران، چاپی یەکەم، ٢٠١٩، لاپەڕە ١٧٨.
(٣)گۆڤاری سروە: گۆڤارێکی فەرھەنگی، ئەدەبی و کۆمەڵایەتییە کە بە دوو زمانی کوردی و فارسی بە شێوەی مانگانە دەردەچێت. ئێستا لە لایەن ناوەندی بڵاوکردنەوەی فەرھەنگ و ئەدەبی کوردی لە شاری سنەوە چاپ دەکرێ. گۆڤاری سروە لە تەواوی پارێزگاکانی کوردستانی ئێران بڵاو دەکرێتەوە. ئەم گۆڤارە بەدەستپێشخەریی ھێمن شاعیر و نووسەری کورد، ژمارە یەکی لە بەھاری ١٩٨٥ لە شاری ورمێ دەرچووە. یەکەم سەرنووسەری تا ژمارەی پێنج ھێمنی شاعیر بووە، پاشان ئەحمەدی قازی. گۆڤاری سروە ڕۆڵێکی بەرچاوی بووە لە خزمەت بە فەرھەنگ و کلتووری کورد و ھەروەھا فێرکردنی زمانی کوردی بە گەنج و لاوەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان. https://www.kurdipedia.org/Default.aspx?q=200903081455291601
(٤)بڕوانە سایتی ئاڤا تودەی ٣٠ ی ئازاری ٢٠١٩ https://www.avatoday.net/index.php/ar/node/3295
(٥)ف. کیللي / م. کوفالزون، آسس الآشتراکیة العملیة المادیة التاریخیة، نقلە من الروسیة احمد داود، دار الجماهیر، دمشق، ١٩٦٧. ص ٥٢٤.