گیرخواردن لەنێو ئیلوزیۆندا.. کاوە جەلال

1
لێکسیکۆنی زانستی نیۆرۆلۆژی (دەمارناسی) ڕاستەوخۆ واتای وشەیی ئیلوزیۆن پێشان دەدات: وەرگیراوە لە ئیلوزیۆ-ی لاتینی، بەواتای: هەڵخەڵەتان (فریوخواردن).
ئیلوزیۆن بەگوێرەی فەرهەنگی دودن-ی ئەڵمانی سێ واتای هەیە: 1) خۆفریودان پێشبینیی ڕەوشێکە کە تەواو سازاوە بە هزرینی خۆزگەیی (Wunschdenken) و هیچ پەیوەندییەکی بە کەتوارەوە نییە، بە واتایەکی دی: چەوتەهیوا؛ 2) لە پسیکۆلۆژیدا دەرککردنی هەڵە یان فریوخواردووی کەتوارە؛ 3) لە هونەردا کاریگەرییەکە لەسەر مرۆڤ لە شێوەی وەهمدا. بۆ ئێمە دوو واتای یەکەمی تێگەکە گرنگن.
هەروەها لێکسیکۆنی فەلسەفەیی مێتسلەر ئەدگارێکی سەرنجڕاکێشی ئیلوزیۆن دەردەخات: ئیلوزیۆن بەرگەگرە و ڕێنادات لەکاربخرێت تەنانەت دوای ئەوەی هەقیقەتەکەی دەناسرێتەوە.
ئیلوزیۆنی دەرکی بریتییە لە چەوتەڕاڤەی شئورە دەرکییەکانی خۆ بەڕێی مێشکەوە. گەرچی شئور زانیارییەکی (ئینفۆرماسیۆنێکی) ڕیالە و بەڕێی دەرکەوەرەکانەوە دێتەئاراوە، وەلێ مێشک پابەند بە ئەزموون و نموونەی پێشتر هەبووەوە دەیخوێنێتەوە، بەوەش لای تاکەکەس وێنەیەکی هەڵەی کەتوار سەرهەڵدەدات. نموونەیەک بۆ ئیلوزیۆنی دەرکی ئەوەیە کە کەسێک بەهەڵە ڕوخساری کەسێکی نەناسراوی لێدەگۆڕرێت و وەک ڕوخساری دۆستێک دەرکی دەکات.
ئیلوزیۆن وەک هزرینی خۆزگەیی، بە واتایەکی دی وەک چەوتەهیوا یان ئارەزووی خۆیی، دەشێت تاکەکەسی یان ئیدیۆلۆژیانە بێت. لەم ڕەوشەدا تاکەکەس کەتوار بەهەند وەرناگرێت، بەڵکو خۆفریودەرانە تێڕوانینێک یان ڕەوشێک بە ڕاست دادەنێت تەنیا لەبەرئەوەی خۆزگەیەتی کە ئەوها بێت. بۆ نموونە: کەسێک دەبێژێت دەوڵەتی کوردی بەڕێوەیە، چونکە گۆیا کوردەکان لە ڕۆژئاوا جیاواز لە گەلانی دراوسێیان دەنرخێنرێن. یان ئیدیۆلۆژیی „جڤاکی دێمۆکراتیک و برایەتیی گەلان“ ئیلوزیۆنە، چونکە لە تیۆرییەکی نامۆوە بە دەڤەرێکی کولتووری گرووپ چالاک دەکات بەبێ ئەوەی کەتواری جڤاکی و سیاسیی فرە ئاڵۆز و پڕ لە بەرژەوەندیی جیاوازی ئەو دەڤەرەی بەهەند وەربگرێت.
مۆرکی کرۆکیانەی ئیلوزیۆن ئەوەیە کە هەردەم دژبەری (نەسازی) لە خۆ دەگرێت، چونکە وەک ئیلوزیۆنی دەرکی، دەرکەوەرەکان و مێشک „هاوکاتیانە“ کار لە دوو زانیاریی پێکەوەنەگونجاودا دەکەن: چاو یان گوێ کەتوارێکی دیاریکراوی فیزیکی دەرکدەکات، وەلێ مێشک پابەند بە بەهاگەلی ئەزموونەوە بەهەڵە ڕاڤەی دەکات. ئەوجا دژبێژییەکە لە ئیلوزیۆنی ئیدیۆلۆژیانەدا لەوەدایە کە وا دادەنرێت ئەو ئیدیۆلۆژییە نوێنەری ڕاستییەکی ئۆبژێکتیڤییە، ئەوە کاتێک تەنیا سەبژێکتیڤییانە داڕێژراوە و بەرەو ڕووی کەتوار کراوەتەوە.
کەواتە دەشێت ئیلوزیۆن بێزیان یان پڕمەترسی بێت. مرۆڤ لە ئیلوزیۆنی بێزیاندا تەنیا خۆی فریو دەدات، بۆ نموونە خۆی بە ژیرتر دادەنێت لەوەی کە ئەو خۆی لە ڕاستیدا چۆنە، وەلێ گەر کەسێک لە خۆی بایی ببێت و وای دابنێت گۆیا دەرەقەتی دۆخێکی ناڕۆشنی ئاڵۆز دەدات، ئەوجا گەر بڕیاری هەڵە بدات و بەدوویدا کرداری ڕیسکمەند بنوێنێت، ئیدی دەشێت ئیلوزیۆنەکەی ژیانی بخاتە مەترسییەوە. ئەم کێشەیە لە ئیلوزیۆنی ئیدیۆلۆژیانەدا زۆر ستەمترە: دەشێت ئیلوزیۆنەکە ببێت بە پاڵهێز بۆ بڕیار و پاشان کرداری ئەوتۆ کە لە سەرئەنجامدا کێشەی دژوار، تەنانەت کارەسات، بۆ گرووپێکی ئێتنی بهێنێت.

2
تیۆرییەکی جڤاکی کاتێک ئیلوزیۆنە گەر بنەڕەتەکانی بەند نەبن بە مەئریفەی خۆیی هەڵهێنجراوەوە لە پەیوەندیی نێویەکیانەی کەس و کەتوارەوە، بەڵکو ڕاستەوخۆ و ناڕەخنەییانە لە کولتوورێکی دیکەوە وەرگیرابن، ئەوجا سوننەگەرایە کاریان تیدا کرابێت و داڕێژرابن، پاشان لەسەر زەمینەی ئەو تیۆرییە شێوازی کاری سیاسی ئەوها بنیاتبنرێت هەروەک بەسانایی لەنێو خودی جڤاک و پەیوەندییە سیاسییەکانیدا جێی بێتەوە و کارایی وەربگرێت. ئەم تێڕوانینە زۆر تایبەت کۆنسێپتی „جڤاکی دێمۆکراتیک و برایەتیی گەلان” دەگرێتەوە. ئێمە بێگومان هاوکات دەتوانین بەگشتی نموونەی دیکە بۆ چەوتەڕاڤەی کەتوار و نواندنی کردار لێوەی وەربگرین، وەک: „مرۆڤایەتی بەڕێوەیە بەرەو سۆسیالیزم، ئێمەش بە دڵ و بە گیان بۆی تێدەکۆشین و ئامادەین ژیانمان لەو پێناوەدا بەخت بکەین“، یان: „دۆخەکان تەواو لەبارن بۆ ئەوەی بە ڕێفەراندومێک دەوڵەتی سەربەخۆمان ڕابگەیەنین“. بە هەر حاڵ، لە هەریەکەی ئەو نموونانەدا تاکەکەس، یان گرووپ، دروستتر ببێژین: گرووپی داخراو یاخود مێگەلییانەی مۆدێرن، زۆر بەسادەیی لە ئیلوزیۆنی خۆییەوە کەتوار وەردەگرێت و دەیداتەوە، جا گەرچی کەتواری سیاسی هەردەم ئاڵۆزە و پڕە لە بەرژەوەندیی جیاواز کە بەرەو ڕووی یەکدی دەبنەوە. ئەوجا گەرچی دەشێت ئیلوزیۆنەکە لە ئاستی باڵای بەرپرسیاریی سیاسیدا بڕیاری (قەراری) هەڵەی کارەساتێهینی لێبکەوێتەوە (بۆ نموونە سەرئەنجامی ڕێفەراندومێک)، سەرباری ئەوە قەراردەری کارەساتهێن مێش میوانی نییە، چونکە ئیلوزیۆن بەگوێرەی ئەدگارەکەی کە بەرگەگرییە، هێشتا هەر خۆی ڕادەگرێت و مێگەلە دواکەوتووەکەشی بۆ خاتری „جەنابیان“ حیکایەت دەهۆنێتەوە (لێرەدا ناچینە نێو بەرژەوەندگەرایی درۆزنانەوە کە بابەتی خەریکبوونەکەمان نییە).
ئێمە لێرەدا هاوکات دەکەوینە بەردەم پەیوەندیی چڕی ئیلوزیۆنی ئیدیۆلۆژیانە بە ئەخلاقەوە. ئاخر ئیدیۆلۆژی هەردەم بەها ئەخلاقییەکان (دادپەروەری، یەکسانی، برایەتیی گەلان) بەکاردەهێنێت، دەهێنێتەگۆڕێ یان تەنانەت وەک پێویست دەشێوێنێت بۆئەوەی ڕەوایەتی بە بونیادگەلی دەسەڵات بدات یاخود کرداری کۆیی بشێنێت. ئەوجا ئاشکرایە ئەوەش هەر مرۆڤانن کە دەبن بە هەڵگری ئیدیۆلۆژییەک، چونکە باوەڕ دەکەن بۆ دادپەروەری یان ئامانجێکی باڵای گونجاو بە مرۆڤایەتی تێبکۆشن. کێشەیەکی کرۆکی لەم پەیوەندییەدا ئەوەیە کە کێ تێڕوانینە ئیدیۆلۆژییەکان بخاتە ژێر پرسیارەوە، ئیدی گرووپەکە لە دەرەوەی ئەخلاق دایدەنێت (خیانەت، کەسێتیی بەد، گێرەشێوێن و هتد)، بەڵێ تەنانەت دەشێت لە ڕەوشی شەڕی چەکداریدا ئەو جۆرە کەسانە لەناوبەرێت. بێگومان ئەوە ئەندامانی گرووپن کە بە ئیلوزیۆن تەنراون و چیدی ئۆبژێکتیڤییانە دەرکی کەتوار ناکەن، بەڵکو هەموو شتەکان دەخەنە ژێر ڕکێفی ئامانجی باڵای سەرینەییەوە، لێرەشدا ئاشکرایە کە ئەندام بکەرێکی سەربەخۆی کردارنوێن نییە، بەڵکو تەنیا ئامرازە بۆ بەدیهێنانی تێڕوانینەکانی ڕێبەرێتییەکی باڵا کە تەنانەت دەشێت وەک قەوارەی ڕەها (ئەبسۆلوت: سەربەخۆ لە خودی گرووپەکە) ناسێنرابێت. ئەندام یان چالاکوان لەنێو گرووپی خۆداخستوودا کە مێگەلی مۆدێرنە، هەردەم تاکلایەنە کاری تێدەکرێت بۆئەوەی تێڕوانینە ئیدیۆلۆژی-سیاسییەکانی لا بهێنرێنەگۆڕێ و ئەویش پەیڕەوییان بکات (ئیندۆکترینیزاسیۆن). بێگومان دەشێت گەلەک ئەندامی گرووپ کە وەک کەرتی مێگەل هێز وەردەگرن، یان وەک مێیینە لە پابەندیی خانەوادەیی پیاوسالاری دەربازیان دەبێت و دەربازبوونیشیان بە کاری نێو گرووپی ئامانجمەند ڕەوایەتی پێدەدەن، تێڕوانین و نرخاندنی ڕەخنەییان هەبێت، وەلێ بییانچەپێنن و خۆیان بخەنە ژێر ڕکێفی ئەخلاقی یان هزرینی گرووپەوە (Groupthink)، کەواتە خۆیان بە سەرجەمە مێگەلییەکە بگونجێنن، چونکە دەزانن گەر لەدژی هەندێک بڕیار ناڕەزایەتی دەرببڕن، ئیدی لەو مێگەلە وەدەردەنرێن. ئێکسپێریمێنتەکەی (تەجروبە زانستییەکەی) سۆلۆمۆن ئێش پێشانی دەدات کە مرۆڤان تەنانەت ئامادەن ناڕاستییەکی ناسراوە بە ڕاستی دابنێن تەنیا بۆ خاتری ئەوەی لەدژی زۆرینەی گرووپ هەڵوێست وەرنەگرن، بۆ نموونە لە بەراوردکردنی دوو هێڵدا کورتترەکەیان بە درێژتر لە ئەویدیکەیان دادەنێن.

3
تیۆریی جڤاکی دێمۆکراتیک و برایەتیی گەلان نموونەیەکی بەرجەستەیە بۆ ئیلوزیۆنی ئیدیۆلۆژیانە. لێرەدا باش دەبێت کە سەرەتا ئەناڕشیزم و ئامانجەکەی وەک دژەتەوەری ئەو جۆرە جیهانبینییە ناوبراوە وەربگرین. لە ئەناڕشیزمدا شۆڕشگێڕەکان هەر لە سەرەتاوە دەوڵەت ڕەتدەکەنەوە و هەڵوەشاندنەوەی بە ئامانجێکی سەرەکی دادەنێن تا لە سەرئەنجامدا مرۆڤان بە ئازادی بژین و کردار لە پێناوی بەرژەوەندیی گشتیدا بنوێنن. وەلێ ئیدیۆلۆژیی جڤاکی دێمۆکراتیک و برایەتیی گەلان دژبەرییەکی زەق لە خۆ دەگرێت: گەرچی ئەو دەوڵەت-نەتەوە وەک بەرهەمی مۆدێرنیتەی دێمۆکراتی ڕەتدەکاتەوە و خۆی بە ئەلتەرناتیڤی ئەو دادەنێت، سەرباری ئەوە دەوڵەت-نەتەوە دەناسێنێت و „ئاواتەخوازە“ لەنێویدا دەرفەتی کاری سیاسیی پێبدرێت!! ئێمە گەرەکە وردتر لەم ئیلوزیۆنە ئیدیۆلۆژییە بڕوانین تا دژبێژییەکانی ڕوونتر ببینین.

(1 دەبێت سەرەتا پەیوەند بە ئیدیۆلۆژیی جڤاکی دێمۆکراتیک و برایەتیی گەلانەوە گریمانەیەک دابنێین، لێرەشدا هاوکات ڕەچاوی کەتوارێکی تایبەتیی سیاسی بکەین: پارتێکی تۆتالیتێری تەواو داخراو کە هەڵگری ئیدیۆلۆژییەکەیە، خۆی ئاگامەندانە هەڵدەوەشێنێتەوە، ئەوجا دەوڵەت-نەتەوەی فرە-ئێتنی ڕێ بە ئەندامان و لایەنگرانی دەدات لە نێویدا کۆمونەی جیاواز پێکبهێنن و دەست بە چالاکیی دێمۆکراتییانەی زەمینەیی بکەن، لێرەشدا ئامانجی باڵایان بەدیهێنانی جڤاکی دێمۆکراتیک و برایەتیی گەلانە.

(2 وەلێ هەڵگرانی ئیدیۆلۆژییەکە کە بەگشتی دەوڵەت-نەتەوە بە بەرهەمێکی مۆدێرنیتەی دێمۆکراتی دادەنێن و ڕەتی دەکەنەوە، دەوڵەت-نەتەوەیەکیان ناساندووە کە دێمۆکراتی نییە، بەڵکو “ڕژێمێکی هیبرید”ە (Hybridregime): تێکەڵێکە لە ئۆتۆکڕاتی و دیکتاتۆری و دێمۆکراتی. بێگومان دەوڵەتی ناوبراو، هاوشێوەی هەر دەوڵەتێک بەگشتی، بەگوێرەی بەرژەوەندیی نەتەوەیی و پرنسیپی خۆهێشتنەوە کردار دەنوێنێت و ناچارە بینوێنێت (ئاخر ئەوە سروشتی دەوڵەتە)، لێرەشدا ئەو خاوەنی مۆنۆپۆلی زەبرە و بەگەڕخستنی لە کاتی پێویستدا بە مافی ڕەوای خۆی دادەنێت. هەموو دەوڵەتێک مافی مۆنۆپۆلی زەبر بۆ خۆی وەک داواکاری بەرزدەکاتەوە (ماکس ڤێبەر). هاوکات دەوڵەت، بەگوێرەی ئەرکە کرۆکییەکەی، ڕێکخەر و پارێزەری ئاسایشی جڤاک، کایەی ئابووری و کولتووری سەروەرە و هتد، خودی جڤاکیش تەنراوە بە بەرژەوەندیی جیاوازی ئابووری، سیاسی-دامەزراوەیی یان ئێتنیکی، هەروەها جیهانبینیی جیاواز: ئیسلامگەرا، ناسیۆنالیستی شۆڤێنی، ناسیۆنالیستی میانەڕەو، گرووپی فاشیستۆئید (لەفاشیستچوو) بە نفوزی گەورەی سیاسی-جڤاکییەوە، هەروەها گرووپگەلی گچکەی چەپ کە زۆر کەم نفوزی سیاسییان هەیە و هتد. ئەوجا گومانی تێدا نییە کە لەم پەیوەندییانەدا تیۆریی جڤاکی دێمۆکراتیکی خۆسەری و برایەتیی گەلان لە بەگەڕخستنیدا بەتایبەتی لای گرووپی ئێتنیی سەروەر پێگەی ئابووری و جڤاکیی کاربەدەستان، فەرمانبەران، ڕێکخراوە ئابووری و جڤاکییە پابەندەکانی بەرژەوەندیی دەوڵەتی، هەروەها دامەزراوەکانی سوپا و پۆلیس، دەخاتە مەترسییەوە، چونکە تێکرا بەگوێرەی مۆدێرنیتەی دێمۆکراتی هیرارشیانە بنیاتنراون و ئیدیۆلۆژییەکەش خۆی بە ئەلتەرناتیڤی ئەو جیهانبینییە دادەنێت. ئێمە دەتوانین پێشبینی بکەین کە فەرمانبەران و کاربەدەستان، هەروەها دەسەڵاتدارانی سیاسی و ئابووری، دەچنە بەرهەڵستیی توندی ئەو تێڕوانینەی جڤاکی دێمۆکراتیکی زەمینەییەوە، چونکە ئەوان وەک دەوڵەتگەرا لایان ڕوونە کە ژیان و گوزەران و بەرژەوەندییان تەنیا لەنێو ئەو دەوڵەتەدا پارێزراوە.

3) گریمان ئامانجێکی کرۆکیانەی ئیدیۆلۆژیی دێمۆکراتیکی خۆسەری و برایەتیی گەلان ئەوەیە کە ڕێ لە توانەوەی ئێتنیکی بگرێت. وەلێ گومانی تێدا نییە کە ئەم ئیدیۆلۆژییە لە کەتواردا دەکەوێتە بەردەم کێشەیەک: دەوڵەت دامەزراوەیەکی یەک-شوناس و یەک-زمانە، لێرەشدا نەک تەنیا هێزی سیاسی و سەربازی دەیپارێزن، بەڵکو تەنانەت لە پشتەوە هێزگەلی “خەفی”ی خاوەن دەسەڵاتی گەورە ڕایدەگرن. هەروەها ئاشکرایە دەوڵەت کە خاوەنی مۆنۆپۆلی زەبرە، هەردەم لە بەرژەوەندیی ئێتنیکی و دامەزراوەیی و ئابوورییەوە هەڵوێست وەردەگرێت، بۆیە گەر لە لایەن کۆمونەکانەوە سەغڵەت بکرێت، زۆر دەشێت هەنگاو بنێت بۆ چەوسانەوەیان، تەنانەت بۆ لەکارخستنیان، بەڵێ تەنانەت دەشێت لەو کاتەدا کە ئەوان دەبن بە مەترسی لەسەر خۆی و گرووپی ئێتنیی سەروەر، ئیدی هێزی سوپا بنێرێت تا تێکیان بشکێنێت. ئەوجا ئایا دەوڵەت چۆن ڕێ دەدات ئەو خۆی هێدی هێدی بە کاری کۆمونەیی هەڵبووەشێنرێتەوە؟ ئایا نوێنەرانی دەوڵەت-نەتەوەی یەک-شوناسی هەر لە سەرەتاوە نازانن کە هەرئەوەندەی کۆمونەکان مافی کاری سیاسی-جڤاکییان پێبدرێت، ئیدی پرۆسەی هەڵوەشانەوەی دەوڵەتەکەیان دەستی پێکردووە؟ ئاخر ئەوە ئامانجی کۆمونەکانە. ئاخر ئەوان خۆیان وەک ئەڵتەرناتیڤی مۆدێرنیتەی دێمۆکراتی ڕاگەیاندووە.

لەم پەیوەندییەدا هەستی نەتەوەیی هاووڵاتیانی گرووپی ئێتنیی سەروەر گەلێک جێی بایەخە. ئەوان دابێکی مێژووییانەی درێژخایەنی دەوڵەتییان هەیە؛ لای ئەوان دەوڵەت بێڕادە پیرۆزە؛ لای ئەوان لە ڕەوتی گۆڕانی مێژووییدا نەریتێکی دەوڵەتگەرایی هاتۆتە گۆڕێ و „بە چێژەوە“، „بە فیزەوە“ سەرباری هەموو جیاوازییە چینایەتییەکان تێیدا دەژین: زمانی سەروەر، ئابووریی خۆیی، پێگەی نزم یان مامناوەند یاخود بەرزی فەرمانبەران، ئەوجا دەشێت وەک گەلی سەروەر بەشانازییەوە ببینێت، کە ناوچەکانی خۆی چەند ئاوەدانتر و مۆدێرنترن لە ناوچەکانی گەلی ژێردەستە. لەم پەیوەندییەدا سۆڵیدارێتییەکی بەهێز لەنێو گەلی سەروەردا لەدژی بەرژەوەندییەکانی دیکەی نێو دەوڵەت-نەتەوەکە چێدەبێت و زۆرینەی هەرە زۆریان هەر هەوڵێکی چاکسازی و برایەتیی گەلان بە مەترسی لەسەر دەسەڵاتی ئێتنیکییان دادەنێن. ئەوجا گومانی تێدا نییە کە خودی ئەم پەیوەندییانە هاوکات کاریگەری لەسەر کردارە سیاسییەکانی نوێنەرانی برایەتیی گەلان دەنوێنن و بە خۆیانەوە خەریکیان دەکەن، دیدیان لەسەر ئامانجی دیاریکراویان وەردەگێڕن، بەوەش ئامانجەکە لە بەردیدیان لێڵ دەبێت و تەنانەت دەشێت بپووکێتەوە. ئاخر دەخزێنە نێو ناکۆکیی درێژخایەنەوە.

وەلێ هەروەها، دوای هاتنەئارای دەرفەت بۆ کاری دێمۆکراتیی زەمینەیی لە لایەن ئەندامان و لایەنگرانی پارتی هەڵوەشاوەی تۆتالیتێرەوە، هێشتا هەر گرووپی ئێتنیی سەروەر مێژووییانە کارتێکی زۆر بەهێزی لە دەستیدا ڕاگرتووە: هۆش و بەوەش زمان، دەروون و جۆری ڕەفتاری جڤاکییانەی ئەو لەنێو هۆش و دەروونی زۆرینەی هەرە زۆری ئێتنیکی ژێردەستەیدا بەرجەستە بوون و تەنانەت شانازیی پێوە دەکەن: بە مایەی مەدەنێتیی خۆیانی دەزانن. ڕوونتر ببێژین: ئەوانی ژێردەستە جیهان وەک ئەوانی سەروەر ڕاڤە دەکەن، وەک ئەوان “خۆسەپێن” کردار دەنوێنن، بەڵێ لەوەش زۆرتر: هزریان بە ئەوپەڕی شانازییەوە بە زمانی ئەوان دەردەبڕن، زمانی ئەوان دەستوێژی نووسین و دانوستاندنی هزری و سیاسییانە، لێرەشەوە دەتوانین پێشبینی بکەین کە گەرچی پرسیاری “چاندا مە، ئاخا مە” کە لای زۆر کەسی ئەو گرووپە ئێتنییە هێشتا کرۆکیانە لەگۆڕێیە، سەرباری ئەوە ژمارەی ئەو کەسانەی هەمان گرووپی ئێتنی کەم نییە کە ئەسیمیلە بوون و ئەو پرسیارە لایان بەدەگمەن جێی بایەخە. ئایا، بە ڕەچاوکردنی ئەم ڕەوشە ناوبراوانە، داکۆکیی ئیدیۆلۆژییە ناوبراوەکە لە „ئینتێگراسیۆن“ خۆشلکردنی تەواوەتی نییە بۆ „ئەسیمیلاسیۆن“ لەنێو دەوڵەتی هیبریدی یەک-شوناسدا؟ بەر هەر حاڵ، لەگۆڕێبوونی ئەو دوو بەرە جیاوازە پێشانی دەدات کە تێکڕای گرووپە ئێتنییە ژێردەستەکە ڕازی نین بە گۆڕانێکی بەو چەشنە. کەواتە ئایا گرووپێکی بەم چەشنە، سۆسیۆلۆژیانە بڕوانین، „جەستەیەکی غەریب“ (alien element) نییە کە بونیادیانە بەو قەوارە ئێتنییە ناگونجێت؟ بێگومان „جەستەی غەریب“ هەروەها مۆرکی هەموو گرووپە شۆڕشگێڕەکانە کە بە جڤاکەکەیان ناگونجێن و بۆیە دەیانەوێت شۆڕشگێڕیانە بیگۆڕن. هەروەک ئێریش فڕۆم پەیوەند بە شۆڕشگێڕانی ڕوسیاوە دەبێژێت، ئەوان لەنێو جڤاکدا جێیان نەدەبۆوە، ئەوان وەک کەسانی جیاوازی ئەو وڵاتە گوێیان لێنەدەگیرا، بۆیە دەبوو کرداری شۆڕشگێڕی بنوێنن. وەلێ تەڤگەری برایەتیی گەلان „ئینتێگراسیۆنی“ دەوێت نەک گۆڕانی بەو چەشنە.
ئێمە دەبێت هەر لەم پەیوەندییەدا بەدرشتی ئاماژەیەک بدەین بۆ جیاوازیی نێوان ناوچە کولتوورییەکان (ڕۆژهەڵات، ڕۆژئاوا، ڕۆژهەڵاتی دووری بودیستی و هتد)، تا ڕوونتر ببینین، کە گەرچی تیڕوانینی جڤاکی دێمۆکراتیکی خۆسەری و برایەتیی گەلان بەگشتی ئیلوزیۆنی ئیدیۆلۆژیانەیە، وەلێ ئیلوزیۆنەکە بەتایبەتی لە ناوچەیەکی وەک ڕۆژهەڵاتی ئیسلامیدا تۆخترە. ئاخر هیچ ناوچەیەکی جیهان ئەوەندەی جیهانی ئیسلامی دەمەوەر و بێداد، حەشەری، درۆزن، رواڵەتگەرا و تەنراو بە چەوسانەوە نییە، تێکڕای ئەم ئەدگارانەش لە کایەی سیاسەتی نێو دەوڵەت-نەتەوەکاندا کاران.

4) ئێمە دەتوانین وای دابنێین کە ئیلوزیۆنی جڤاکی دێمۆکراتیک و برایەتیی گەلان کراوە بە پرۆژە پابەند بە چاوەڕوانیی شیمانە جیاوازەکانەوە. بێگومان، وەک بینیمان، پرۆژەی بەم شێوەیە دەیەوێت لە جڤاکدا، واتا لە جڤاکی دەوڵەتیدا، کارا ببێت، دەوڵەتیش هیبریدە. ئەوجا ئاشکرایە کە لەم ڕەوشەدا دەبێت پرۆژەکە بخرێتە (یان خراوەتە) بەردەم دەوڵەت کە ئەویش دژەپرۆژەی خۆی هەیە: نەهێشتنی هەر مەترسییەکی زەبر لەدژی خۆی کە ئەو لاساییگەرایانە ناوی دەنێت تێرۆر. کەواتە لێرەدا دوو کۆنسێپتی جیاوازی دوو تەوەری گەمەڤان هەن کە هەڵمەت و دژەهەڵمەت دەهێنن و گەمەکە بەرەو پێش دەبەن: یەکێکیان داوای خاوکردنەوەی داوەکانی دەوڵەتی هیبرید (ئۆتۆکراتی و دیکتاتۆری و دێمۆکراتی) و دەرفەتدان بە کاری دێمۆکراتیی زەمینەیی دەکات، ئەویدیکەیان داوەکان بە دژەپرۆژەی نەهێشتنی تێرۆر و هەروەها بە چاوچنۆکیی نەتەوەیی چڕتر دەکاتەوە. کەواتە دەوڵەت نەک ناچێتە، بەڵکو ناتوانێت بچێتە نێو پرۆژەکەی ئەو بەرەوە کە گەلەک هومانترە لە هەڵوێستەکەی خۆی – هومانترە، چونکە داوای پێکڤەژیانی ئاشتیانەی گەلان و ناساندنی نێویەکی دەکات، وەلێ ئەو نەتەوەگەرایە، لێرەشەوە وەک ڕاگر و پارێزەری یەک-شوناسیی نەتەوەیی تۆقیوە لە هومانێتی. ئەوجا ئێمە دەتوانین هاوکات لە کەتواردا ببینین کە لەم گەمەیەدا ڕێسای چەسپێنراو و دامەزراوە کارا نین، بەڵکو هەڵوێستی کەسەکی، هەروەها پێکبەندی (کۆنستێلاسیۆن)ی بەرژەوەندی و کرداری ستراتیژیانەی نێویەکیی ئەکتوێرەکان کاران، ئەوە بێگومان بە ناهاوسەنگییەکی بونیادیانەی نێوان ئەکتوێرەکانەوە: ئێمە دەبینین کە تەوەری یەکەمیان، وەک دوژمنی دەوڵەت-نەتەوە، تەواو بێکەرامەتانە، لەرزۆکانە، کڕنوشبردووانە بۆ دەوڵەت و تەنانەت بۆ زمان و کولتووری گەلی سەروەر، بەرەو ڕووی ئەوی دژەگەمەڤان هەنگاو دەنێت، وەلێ ئەو لە ئۆتۆرێتیی دەوڵەتییەوە، لە نەریتی مێژووییانەی سوڵتانێتیی خۆیەوە، شکۆمەند و بەوەش سەربڵند، هەروەها بڕێنەرەوە هەڵمەت دەهێنێت. ئاخر ئەو هەرگیز پشیپشی بۆ ناحەزی خۆی ناکات. ئەو هەر گرووپێکی ئێتنی بە مەترسی لەسەر هەبوونی خۆی بزانێت، ڕاستەوخۆ پێی دەبێژێت کە دوژمنێتی و لەناوبردنی ئامانجی باڵایەتی. ئەو تەنانەت لەو کاتەدا کە لەنێو گرووپی ئێتنیی ناحەزدا “بەناو هاوکارانی” خۆی هەیە، بەئاشکرا پێیان دەبێژێت کە ئەوان تەنیا قەحبەی خۆیین، ئەوانیش کە داشۆراون لە ئابڕوو و شکۆ و مەزنی، تەنانەت لەو کاتەدا کە سەروەریان دارستانەکانیان دەبڕێتەوە، پاساوی بۆ دەهێننەوە.

سەرباری هەموو شتێک ئەم ئەکتوێرە کە “لە سیاسەتکردندا” بوێر و سەربڵندە و هەرگیز هەستی دوژمنانەی بەرانبەر مەترسییە ئێتنیکییەکان ناشارێتەوە، لاوازییەکی کرۆکیی هەیە: کەڵەکێکی بەرزی لە درۆ و حیکایەت هەڵچنیوە و گەلی خۆی پێ پەروەردە کردووە. هیچ گومانی تێدا نییە، گەر ئەو دەوڵەتە کەمترین هەنگاو بۆ نێو جڤاکێکی دێمۆکراتیک و برایەتیی گەلان بنێت، ئیدی کەڵەکە درۆزنەکەی دەڕمێت، پاشان زۆر دەشێت ئاژاوە، شێواوی، و تەنانەت شەڕی نێوخۆ جێی بگرنەوە.

5) ئێمە گەرەکە سەرباری هەموو ئەو تێڕوانینانەی سەرەوە هێشتا هەر پرسێک بەهەند وەربگرین: گریمانە دەکەین کە گەمەی هەردوو لایەنی بێکەرامەت و شکۆمەندی پرۆژە و دژەپرۆژەکە تاکتیکییە. وەلێ لەبەرئەوەی نەشیاوە هەرگیز بتوانین حوکم لەبارەی هەر گۆڕانێکی ئایندەیی بدەین، ئەوا وەک تەماشاڤان دەکەوینە بەردەم ڕەوشی چاوەڕوانی تا ڕۆژێک لە ڕۆژان بۆمان ڕوون بێتەوە کە گەمەکە بەکوێ گەیشتووە.

سەرچاوەکان
Duden. Illusion. https://www.duden.de › suchen › dudenonline › illusion
Fritz Oser: Moralisches Urteil in Gruppen. Soziales Handeln, Verteilungsgerechtigkeit. Frankfurt / M 1981.
Jonathan Haidt: Die Macht der Moral: Warum Politik und Weltanschauungen unsere Gesellschaft spalten. Hamburg 2026.
Lexikon der Neurowissenschaft. https://www.spektrum.de › lexikon › illusion.
Metzler Lexikon Philosophie. https://www.spektrum.de › lexikon › illusion.




*خانەقای ميرزا * “١” پشوويەکی ئۆخەی.. بەشی دووەم .. سەردار ڕەزا جاف

ب – دەمودوو” الحوار “
دەمودوو يەکێکە لەو هۆکارانەی کە لە نێوان کارەکتەرەکانی ڕۆمان دەخوڵقێت، بە يەکێک لە کۆڵگە سەرەکييەکانی پێکهاتەی ڕۆمان دادەنرێت، هەر لە سەرەتاوە تا کۆتایی پێگەيەکی سەرەکی لە يەکلاکردنەوەی تەواوی ڕۆمانەکە هەيە، نووسەر گەرەکە بايەخێکی زۆر گرينگ بەم لايەنە بدات، چونکە پێويستە تەواوی دەمودووەکانی نێوان کەسايەتييەکانی ناو ڕۆمانەکە بە شێوەزاری ئاخاوتنی ئەو دەڤەرە يان ئەو شارە بێت، ئەمە کۆمەڵێک خاسييەتی هەيە کە لە سەروو هەموويانەوە توانای نووسەر دەردەخات لە کارامەیی و ئاشنايەتی بە شێوەزاری ئەو دەڤەرە. (( هەندێک پێکهاتە و شێوازی ئاخاوتن بەکاردەهێنرێن بۆ ئەوەی تۆنێکی ناوخۆیی بە دەقەکە بدات، بەبێ ئەوەی دەستبەرداری زمانی نووسين ببێت، ئەم خۆهەڵقورتاندنەی نێوان شێوەزار و نووسينی گشتیدا. دەبێتە مايەی پێکهێنانی زمانی سێيەم دەشێ بە ئاوێتەبوونێکی داهێنەرانە دابنرێت، بەجۆرێک کە زمانە ستاندارتەکە وەک چوارچێوەيەکی بونيادی ڕۆمانەکە بمێنێتەوە، کەچی شێوازارەکە لە پێناو ڕەنگاڵەییکردنی ديمەنەکە دزە دەکات، ڕەهەندێکی ويژدانی دەداتێ، بەم جۆرە، شێوەزارەکە بە تەنيا نابێتە فاکتەر بۆ پەيوەندی نێوان کەسايەتييەکان، وەلی بۆ ئامرازی پێکهاتەیی ناو دەقی ڕۆمانەکە دەگۆڕدرێت.))”٣”، لێرەدا پێمان دەوترێت کە جگە لە توانای خودی نووسەرەکە ڕەنگاڵەیی و ئێستاتيکا بە خودی دەقەکەيش دەبەخشێت، بەمەرجێ ئەم حاڵەتە کاريگەری بە سەر دەقەکەوە نەبێت.
هەڵوێستەيەک دەکەين و دێينەوە سەر لايەنی ڕێنووس کە بەڕێز ” ميران ” جۆرێک لە ئاوێتەبوونی دروستکردووە کە بە ديدی ئێمە نەدەبووايە وابێت، لە کردارەکاندا کۆمەڵێکی لە دەمودووەکان بە ” ئە ” دەست پێکردووە بەشێکی ديکەيان بە ” دە ” کە ئێمە هەموومان دەزانين، لە شاری سلێمانی نەمازە لەو سەردەمەی ” خانەقای ميرزا ” لێی دەدوێ، ئاخاوتن بە جۆری تايبەت بووە و ” دە ” وەک پێشگری کردارەکان بەکار نەهێنراوه، ئێستايش دەچينە سەر نموونەکانی برای بەڕێز ميرانی لە ڕۆمانەکەدا… :
لاپەڕە “٢٧” لە دەموودوويەکی نێوان مام زامن و ڕەحيمەشێت، (( * ئاوا کە ئەتۆ دەيڵێی و لە زمانی خۆتەوە دەيانبيستين. * ئەی ماڵ وێران خۆم. * کامە ماڵ؟ ماڵت کوا، نەکا بەم کولانەگورگە بلێی ماڵ؟ ئەمن ئەوەی دەزانم مام زامن، کە ئەتۆش وەک بەندە بێ ژن و ماڵ و حاڵی!. * وەک خۆی ئەفەرموويت ڕەحيم موکريانی، بە قەولی کوڕوکاڵی شار، ڕەحيمەشێتيت، تۆ سەهووت فەرموو، کە لەوەياندا من لە تۆ ناچم.))، لە دەمودووی يەکەم وشەی ” دەيلێی” و ” دەيانبيستين” لە دەمودووی سێيەم وشەی ” دەزانم”، لە دەمودووی چوارەمدا وشەی “ئەفەرموويت” ڕەنگە لەم دەموودووەدا پاساوێک هەبێت کە هەردوو کەسی دەمودوويان لە نێوان هەيە، يەکيان خەڵکی ڕۆژهەڵاتە و ئەوی دی کەسێکی جووی نيشتەنی شارە، تەماشا لە لاپەڕە”٣٥” ميرزا کەريم کە خەڵکی سلێمانييە چۆن دەدوێت، (( ئەگەر هەموومان وەک جەنابت بيری لێ بکەينەوە، ئەوا هەموو ڕێگاکان دەچنەوە کەرکووک ل٣٥)) ئێمە تەنيا مەبەستمان جارێ فۆنەتيکی ” دە ” و ” ئە ” ميرزا بە ” دەچنەوە ” دەئاخڤێ، ئەمەيش دەرچوونە لە شێوەزار، هەر لە دەمودوويەکی ناوخێزانی جەلالی ميرزا کەريم ئەم ئاخاوتنەيش دێت (( قادر گيان بێقەزابيت، تۆ ئاگات لەچييە، کاک حاميد فەرەج دەبينیت؟ل٤٥)). يەک دوو لاپەڕە دوای ئەوەجەلال دەڵێ ” دەيسووتێنم “ل٤٨. حەمەڕەشيدی فەڕاش دوای ئەوەی حەڵواکە لە گيرفانی دەردێنێ دەدوێ و دەڵێ (( هەرچی منداڵێک حەزی لە خوێندنەوە بێت، بەخشيش وەردەگرێت و ئەبێت دەمی بەم حەڵوا خۆشە شيرين بکات ڵ٥١و٥٢)). لە جێگەيەکی ديکە شێخ مەحموود دەڵێ : (( بريا سی ساڵ پێش ئێستا دوو خانەقای ئاوامان لەم شارەدا دەبوو ل٨٩)) ..نموونە زۆرن و ئەوانەمان وەک مشتێک هێناوەتەوە، لايەنێکی ديکەی شێوەزار بە تەواوی پشتگوێ خراوە.
(( ئێمە شێوەزاری کۆمەڵ بە خۆرسکيانە و ڕەسەنايەتی و تازەیی خۆی دەخوێنينەوە، لە بەرئەوە وای دەبينمەوە بەکارهێنانی شیوەزاری ئاخاوتن لە ڕۆمانی عارەبيدا ڕەسەنايەتی پێبەخشيوە، ڕۆمانی عارەبی بەرەو ڕيزی ڕۆمانە جيهانييەکان بردووە)) “٤”. ئێمە وەک خوێنەری ئاسایی پێويستيمان بەو ڕەسەنايەتی و زمانە خۆرسکيانە بوو لە دەمودووەکاندا تا زياتر چێژ لە ڕۆمانەکە وەربگرين، پێمانوايە ئەم حاڵەتە ئامادەبوونی دەتوانين بڵێين هەر نەبوو، بەندە تەنها جارێک بەرچاوم کەوت ئەويش کە قادر لە ماليک دەڕوانێت و دەڵێ : (( ئەئ وەتەن مەفتوونی تۆم و شێوەتم بير کەوتەوە. گەر پاقلاوەم بۆ نەکڕيت. وەک مار ئەيەم پێتەوە ل٨١)). هەر وەبيرهێنانەوەی خوێنەر، ( بير) و ( کەوتەوە ) وەک خۆی نووسيومە، کە زۆری لەو جۆرە تێدايە و بازمانداوە، ئاخاوتنەکەيش ئەوەيە ڕێک دەقاودەق سلێيمانيانە دواوە، ئێمە دەمانويست تەواوی دەمودووەکان وەک ئێرە بووايە، هەم ڕەنگاڵەیی پێدەبەخشی هەميش دونيايەکی ئێستاتيکا، ئەم لايەنەی باسمانکردووە بە واتای ئەوە نييە هێڵێکی راست و چەپی بە سەردا بێنين، نەخێر زۆر لێزانانە پيادەیکردووە و تا ئەندازەيەکی زۆريش تێيدا سەرکەوتوو بووە و دەستخۆشانەی لێ دەکەين، وەلێ باشتر بوو نەکەوتايەتە ئەم جۆرە حاڵانە….

هەروەک پێشتر باسمانکرد، ڕۆمان ڕەواجێکی باشی هەيە و لە ڕێگای ڕۆمانەوە کورد دەتوانێت هۆشيار لای تاک بخوڵقێنێت، بۆ جۆری ئاخاوتنيش بە هەمان شێوەيە نووسەر لە ڕێی ڕۆمانەوە دەڤەرە جياجياکانی کوردستان بە جۆر و شێوازی ئاخاوتنيان ئاشنا دەکات، هەرچەندە لە ” خانەقای ميرزا ئەوە نابينين ئێمە وای دەبينينەوە چۆن زێدەڕەوی لە شێوەزارەکان لە ناو رؤماندا دەبێتە هۆی شێواندنی ڕۆمانەکە بە هەمان شێوە نەبوونی ئاخاوتنی نێوخۆیی دەڤەرەکە دەبێتە يەکێک لە خاڵە لەبيرکراوەکان يان پشگوێخراوەکانی ڕۆمان. (( زێدەڕۆیی لە بەکارهێنانی شێوەزاری دەڤەر سەرلێشێواندن لای خوێنەری ئاسایی دروست دەکات، دەتوانێت، کەچی مانەوەی زمانی ستاندارد لە هەموو ژانرەکاندا دەبێتە مايەی ئەوەی کەسايەتييەکان هەندێک لە متمانەی خۆيان لەدەست بدەن، جا لەبەر ئەو هۆکارە، دەخوازرێت هەردوو جۆرەکە بە شێوازێکی زيرەکانەی هەستياری وردی زمانەوانی بەکار بهێنێت، لە ڕووی ئاواز و کۆنتێکستەوە توانای بە سەر کۆنترۆڵکردنیدا دەبێت، ئەم جياکارييە لێهاتوویی نووسەروا لێدەکات زمان بکاتە ئامرازێک بۆ دەربڕينی هونەرييانە نەک تەنها کاری گواستنەوە بێت.))”٥”
ڕەنگە زۆر لە خوێنەران وا بفکرن کە پێويستی بەم درێژدادڕييە ياخود هەڵوێستەکردن لە سەر زمان بەم جۆرە نەدەکرد، تەنها ئەوەی گرينگە نووسەر چی دەگەيەنێت، دەشێ ئەم بيرکردنەوە پەلبکوتێت بۆ خودی خوێنەری دڵکار و تەنانەت خودی نووسەرەکەيش، سەبارەت بە ڕێنووس ئێمەی کورد گەرەکە لە هەموو دەقێکدا ئاوێزانی ڕێنووس بين و ئەم سەرگەردانييەی ڕێنووس بەس بێت، ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ خەمخۆريمان بۆ زمانەکە، ئێمە لە هەموو شرۆڤەيەکمان يەکەم هەنگاو لە زمان و ڕێنووس ورد دەبينەوە ئەگەر وا نەکەين هەر تاکێکمان دوژمنمان زۆر و دەيانەوێت زمانەکەمان نەک تێکبشکێنن وەلێ لە ناويشی ببەن. لێرەيشەوە ئەوانەی پێيان وايە زێدەڕۆييمانکردووە، تکايە کەمێک هزر و ئاوەزتان بەرەو گوگڵ ببەن يان ژيری دەستکرد و يان ئەو هەزاران کتێبەی لە بارەی زمانەوە نووسراون و دەنووسرێن، ئەوجا لە ماهييەت و بايەخی زمان و نووسينی ئاشنابوون دەگەن و هۆشياری ورد بە ئاگا دێت و لەدەرگا دەدات.

دووەم : کات و شوێن
أ – کات :

لە ناو خودی هەر تاکێک لە ئێمە دووکات هەيە، کاتێکی ئەو کاتژمێرەيە کە لێدەدات و بێبەهايە نرخێکی ئەوتۆی فسيۆلۆژی بە تاک ناگەيەنێت، کاتەکەی ديکە ئەو ترپە و لێدانەی دڵە کە لە تەمەنی مرۆڤ کەم دەکاتەوە، لەم ڕووانگەوە ئێمە دێين کات بە سەر دوو تەوەری سەرەکی لەم ڕۆمانەدا دابەش دەکەين، کاتی ڕۆمان و کاتی دەرەوەی ڕۆمان، کاتی ڕۆمان دوو بەشە، بەشی يەکەم ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکەيە، کاتی دووەميش کاتی دەرەوەی ڕۆمانەکەيە، ئەم دوو بەشە ئێمە پێیدەڵێين کاتی ناوەوەی ڕۆمانەکە، کاتی دەرەوەی ڕۆمانەکەيش بە سەر چەند بەشێک دابەش دەبێت، کە ڕاستەوخۆ پەيوەستە بە خودی ڕۆمانەکەوە، دەشی بۆ هەر دەقێک لێکدانەوەی لەم جۆرە بێتە باسکردن، بەشەکانی دەرەوەی ڕۆمانەکە بريتين لەم ڕێچکانە، : (( تەمەنی جەلالی ميرزاکەريم هاوتەريبی تەمەنی ڕۆماننووس، جەلالی ميرزا کەريم ” ١٩٣٥ – ١٩٩٣ ” تەمەنی نووسەر” ١٩٧٠ – تائێستا و هيوای تەمەن درێژی و لەشساغی بۆ دەخوازين لە پێناو ژيانی خۆی و خزمەتکردن بە ئەدەبی کوردی” ئێمە لێرەدا تەمەنی (( ٢٣ )) ساڵ هاوژيانی لەگەڵ پاڵەوانی ڕۆمانەکەدا هەيە و ئەمەيش جێی مشتومڕ و لێکدانەوەيە، لە منداڵی و کامڵبوون و تاوەکوو گەورەبوون، کاتەکەی تر لە نێوان (( ١٩٩٣ – ٢٠٢٣ )) کاتی چاپکردنی کتێبەکە، ئەگەر پێێج ساڵێکيش بۆ کنەکردن و گەڕان بە دوای سەچاوە و ڕووداوەکان دابنرێت، ئەوا ئەم ماوە بۆ ” ١٩٩٣ – ٢٠١٨ ” کەمدەبێتەوە، ئەم پێنج ساڵەی کەممانکردەوە، دەبێتە بەشی دووەمی کاتی ناوەوەی ڕۆمانەکە، کە بە کاتی نووسين دادەنرێت، کاتێکی ديکەيش هەيە وەک باوە، کاتی خوێندنەوەی ڕۆمانەکەيە لای خوێنەر ئەوەيش کاتێکی ئازاد و کراوەيە، ئەم کاتانە دەکەونە ناو کاتە فسيۆلۆژييەکەوە، کە جگە لە کاتی خوێندنەوەکە لای خوێنەر ئەوەی دی سوودێکی لە دونيای ڕۆمانەکەدا نەبووە. (( کات دياردەيەکی وەهمييە، ژيان و بوونەوەر و شتەکان بە هۆی کاری ڕابردووی وەهمەوە دەکاتە کات، کەچی نەبينراو و هەست پێنەکراوە، کات مينا ئۆکسجين لە هەموو ساتێکی ژيانماندا لە گەڵماندا دەژی، لە هەموو شوێنێک کە جووڵەمان تێيدا هەبێت، کەچی ئێمە هەستی پێناکەين و نايبينين، هەروەها ناتوانين بە دەست بيگرين))”٦” لە هەمان کاتيشدا لە تەمەنمان تێدەپەڕێت و بە تێپەڕبوونی کات، لە لەشولارماندا کاريگەرييەکانی کات تێدەپەڕێت هەروەک گوتمان، ئەو ترپەی دڵەيە، ئەوی ديکە دەخزێتە خانەی وە‌همەوە.

دەگەڕێينەوە بۆ ئەو کاتانەی ئاماژەمان پێدا، لای ئێمە کاتێک هەيە ونە و لە خەياڵدانی خۆمانەوە دروستمانکرد، ئەويش ئەو پێنج ساڵەيە ڕۆماننووس کنە و پشکنينی بەدوای ژيانی نووسەر کردووە، چونکە پێشتر ڕوونمان کردۆتەوە کە ڕۆماننووس هاوتەمەنی جەلالی ميرزاکەريم نەبووە، کەواتە دەبێ لە سۆراغ بێت، بؤ….؟ چونکە بۆ خۆی دەڵێ کە ئەو نووسەرێکی رياليستييە، لێرەيشدا تەمەنی مرۆڤێکی ديار و بەرچاوی بواری ئەدەبی هاوچەرخی کوردی دەنووسێتەوە، لانی کەم دەبێ ئاشنايەتييەکی لە ڕەوتی ژيانی جەلال هەبێت، کەواتە ئەو پێنج ساڵە ونەی ئێمە لە مناڵدانی ئەندێشەوە هاوێرمانکرد و لە دايک بوو، ئەوە زەمەنە گرينگەکەی نووسين و سۆراغکردنە، ئەو کاتەيش لای ئێمە ونە، ونە بەو چەمکەی دکتۆر عەبدولمەليک مورتاز دبێژێت: ” کات دياردەيەکی وەهمييە”، لێرەدا ئێمە بەو پێيەی ڕياليستیترين لە خودی نووسەر، پەنا نابەينە بەر خەيالێک بۆ لێکدانەوەی چۆنييەتی بيرکردنەوە و نووسين و گەڕان بەدوای وردەکارييەکانی ژيان، چونکە ئەوە کاری خودی نووسەرەکەيە، دەتوانێت و ئەو مافەی هەيە پەنا بۆ خەياڵی خۆی ببات و لەگەڵ واقيعدا ئاوێتەيان بکات و ئێستاتيکايەک بە ڕۆمانەکە ببەخشێت کە خوێنەر چێژ و دەستخۆشانە و ئافەرينی بۆ بنێرن. لێرەدا خاڵێکی گرينگ هەيە کە پێويستە خوێنەر لە کاتی خوێندنەوە بە قووڵی درکی پێبکات ئەوەيش هەرچەندە لەم کاتانەدا خوێنەر دڵپێدەر دەڕواتە ناو تەواوی ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە وەلێ ئەوەی گرينگە جياوازيش لە نێوان زەمەنی ڕۆمانەکە و ئەو کاتەدا بکات کە تێيدا دەژی.(( خوێندنەوە کاتی ڕۆمانەکە – ناوەوە و دەرەوە – پێويستی بە ڕوانگەيەکی ‌هێرمێنۆتيکی هەيە، کە هاوبەش دەبێت لە دووبارە پێکهێنانەوەی تۆڕی پرۆسەکە و دەبێتە مايەی بەرزکردنەوەی کارە ئەدەبييەکە بۆ سەروو قووڵاییە ناڕوونەکانی ژيان و ڕەفتار و تراژيدييەکان، ئێمە پەيگيری کاتێکی وێناکراوی پێشينە دەکەين، بۆ کاتێک دەگۆڕدرێت، وێنەکەی بە هۆی نێوەندگيری کاتی وێناکراو دەگوازێتەوە))”٧”. نووسەر لێرە لە دەرەوەی پاڵەوانی ڕۆمانەکە ڕووداوەکان دەبينێت و ناڕوونييەکانی ژيان بۆ خوێنەر جوان دەکات، مەرج نييە تەواوی ڕووداوە و کاتەکان وەک خۆی بۆمان بگوازێتەوە، ئەوە نووسەرە کار لە سەر ئەوە دەکات و گێڕانەوەيەکی پۆزەتيفمان پێدەدات.

(( لە نيوەشەوێکی ڕۆژی هەينی مانگی يەکەمی زستانی ساڵی ١٩٣٥دا،ل))١٣. ئەمە ڕۆژی لە دايکبوونی جەلالی ميرزا کريمە، کات لێرە ناديارە، لە نێوان (( زستانی مانگی يەکەمی ١٩٣٥ و مانگی يەکەمی زستانی ساڵی ١٩٣٥)) ڕستەی يەکەمی ناو ئەو دووکەوانەيە پێمان دەڵێ جەلالی ميرزا کەريم لە نيوەشەوێکی ڕۆژی هەينی مانگی يەکی ١٩٣٥ لە دايکبووە، بەڵام رستەی دووەم ناڕوونييەکی دروستکردووە، کە نووسەر دووەميانی بەکارهێناوە، بەم جۆرەی نووسەر بێت گومان لە نێوان مانگی ١ / ١٩٣٥ و مانگی ١٢/١٩٣٥ دروست دەکات، خوێنەری دڵکار دەيەوێ بگەڕێت بە دوویدا و ساغی بکاتەوە ئاخۆ مانگی يەک يان مانگی دوانزە لە دايکبووە، بە سەر حاڵەتێکی ديکەی نامەئلوف دەکەوێت، تەماشا نووسەر چيمان پێدەڵێت: (( بەڵام مانگێک بوو قوتابخانە کرابووەوە، جەلال هێشتا ئەو گفتەی بە مالێکی ئامۆزای دابوونەيشکاندبوو، کە بێ ئەو بۆ قوتابخانە ناچێت. هەروەها کاريگەری مردنی لە ناکاوی جەمالی سێ ساڵان، کە دوو ساڵ لەوان منداڵتر بوو، بە سەريانەوە بوو، هەردووکيان تەواو هۆگری بووبوون و وەک هاوڕێيەک لێيان دەڕوانی. ئەو بەيانييە جەلال و ماليک لە خەودا دەبن، نيوەشەو جەمال بۆ نەخۆشخانە دەبەن و ئيتر ئەوان نايبيننەوە. بەردەوام خەونی پێوەدەبينن و بە درێژایی تەمەنيان لە پێش چاويان ون نابێت ل٤٠))، کات لێرە پێمان دەڵێ جەلال لە پێنج ساڵان چۆتە قوتابخانە، جەمالی سێ ساڵان و دوو ساڵی گەورەیی جەلال و ماليک دەکاتە پێنج ساڵ، باسيش لە تێپەڕبوونی مانگێک بە سەر کردنەوەی قوتابخانەدا دەکات، کەچی لە پڕ دەڵێ (( ئەو بەيانييە )) ڕێک پەلی خوێنەر ڕادەکێشێت بۆ ئەو ڕۆژەی مانگێک بە سەر تێپەڕبوونی کردنەوەی قوتابخانە دەچێت، ئێمە پێمانوايە هەر ئەو ڕۆژە نەبووە و دەبووايە ڕۆماننووس بە جۆرێکی ديکە باسی مردنی جەمالی بکردايە، وەک ئەوەی بيگووتبا ( ئەو شەوەی جەماليان بۆ نەخۆشخانە برد ئەو بەيانييە جەلال و ماليک لە خەودا دەبن ) يان بە هەرجۆرێک بنووسرابا کە خوێنەر کاتی لەلا روونبايە.

لە زۆربەی هەرە زۆری ئەو دووبەشەی ڕۆمانەکەی ڕۆماننووس ژمارەی لە سەردەمە جياوازەکان داوە و وەک لايەنێکی ژيانی نووسەر باسی لێکردووە و ئەمەيشی خۆی لە خۆيدا مينا ئەوەيە پارچە شکاوەکانی شووشەيەک کۆبکرێتەوە و لێکی بداتەوە، ئەوە لە ڕۆماننووسيندا کارێکی لەبار و شياوە، وەلێ ئەوەی کە يەک ناگرێتەوە لەگەڵ کاتدا ئەوەيە کاتەکەی لە خوێنەر ونکردووە، گەرەکە بە زەڕەبين بگەرێت و لە سۆراغی کاتدا بێت، بۆ نموونە کاتێک لە ئامريکا لە نەخۆشخانە دەبێت دەمانگەڕێنێتەوە بۆ بەر لە خاڵی يەکەم و خودی يەکەميش لە بەشی ( ڕووانينەکانی چاوی شەقام )، تەماشا جەلال چۆن لە کات دەڕوانێت،: (( ديمەنی هەندێک کاتی ناوازە بچرکێنم. وەک بڵێی هەستم بەوە کردبێت لە داهاتوودا چی ڕوو دەداتل٢٠١)). ئەمە ئەو کاتەيە باس لە شکاندنی کامێراکەی دەکات لە لايەن مچەی بابەگەورە و سالەی قالە حەلاو، مەبەستەکەمان لێرە کاتە، دەڵێ : (( کاتی ناوازە بچرکێنم ))، ئەگەر ئەمە لە مناڵدانی خەياڵی نووسەريشەوە هاوێر بووبێت، ئەوا دەبووا پێمان بڵێت، کە کاتی بوونی لە نەخۆشخانەکە کەی بووە، يان کاتی ديداری بە سپرنيگ لە باڕەکەدا، هەموو ئەوانە پەيوەستن بە کاتێکی ناديارەوە، کە يەکێکە لە ساتە هەرە گرينگەکانی جەلالی ميرزا کەريم چونکە مرۆڤێکی لە قۆناغێکەوە بەرەو قۆناغێکی پەککەتن برد، ئەمە لای خوێنەر گرينگە، کاتێک سپرينگ باسی سەفەرکردنی بۆ ئێراق دەکات، پێی دەڵێت لەوێ شەڕە، کام شەڕ ديار نييە، کاتێک مرۆڤ پەنا دەباتە دەرەوەی ڕۆمانەکە بۆی دەردەکەوێت مەبەست شەڕی ئێران – ئێراق بووە، لە ژياننامەکەی وا باسدەکرێت کە ساڵی ١٩٨٢ لە ئامريکا ترومبێل لێیداوە، ئەم ناڕوونييە لە کاتدا خۆی لە خۆيدا لادانە لە يەکێک لە بنەما و کۆڵەکە سەرەکييەکانی خودی ڕۆمان. کاتێکيش باسی ديداری جەلال لە گەڵ ” نازک الملائکة ” دەکات، دەڵێ ئەو کات نازک تەمەنی (( ٣٧ )) ساڵان بووە، مرۆڤ کە ئەوداڵی لەدايکبوونی نازک دەبێت بۆی دەردەکەوێت ساڵی ١٩٦٠ بووە، نازک لە ١٩٢٣ لە دايک بووە لە ڕۆمانەکەيش دەڵێ ٣٧ ساڵ بووە، کەواتە دەکاتە ساڵی ١٩٦٠، لێرەدا ئاراستەيەک زەق دەبێتەوە کاتێک شاعيرێک دەقێک دەنووسی خوێنەر عەوداڵی چەمکی دەقەکە دەکات، کەچی ميران ئەمەی بۆ کات بەکارهێناوە، کە فرە خوێندنەوەی بۆ نييە و کاتەکەيش بە ڕەهایی بەدەستەوە دەردرێت. ئەوەتا لە پەڕەگرافی سێيەميش کات لە خوێنەر ئاڵۆز دەکات ئەم پەڕەگرافە لە لاپەڕە ٢٢٤ دەست پێدەکات و لە لاپەڕە ٢٢٩ پێمان دەڵێ کە مانگی پێنجی ساڵی ١٩٦٣يە، ئەوەيشی نەگوتبا ڕوداوەکەی گوندی سيارە دەریدەخات ساڵی ١٩٦٣، ئێمە پێمانوايە لە ڕۆماندا کات گرێيەک نييە خوێنەر بەدوويدا وێڵ بێت. خاڵێکی ديکەی زۆر گرينگی ئەو سەردەمە ڕۆماننووس خۆی لێدوورە پەرێز دەگرێت، نەنووسينی مێژووە لە سەر پشتی وێنەی ياريزانەکانی تيپی خەبات، ئەم بڕگە و ديمەنەيش بەوە مێژووەکەی ئاشکرا دەبێت، ئەو دەمەی ” فايەقی سەعۆڵ ” لە مامۆستا ياسين دەپرسێت مەبەست لە چوونەکەيان بۆ ماڵی ميرزا کەريم چييە؟ لە وەڵامدا دەڵێ : (( کاک فايەق، حەلاوەخانی خێزانی ميرزا کەريم لە بەغدا کۆچی دوایی کردووە ………. تاد ل٢٣٨)). بەم قسەيەی مامۆستا ياسين دەزانرێت، کە ساڵی ١٩٦٣يە، وەلێ خۆ هەر دەبوو لە گەڵ نووسينی ناوەکان ڕۆماننووس ئاماژەی بە نووسينی مێژووی وێنەکە بکردايە کە جاران وا باو بوو لە پشت وێنەکە هەر دوای ناوەکان مێژووەکە بنووسرێت، بەڵام پێويستە ئەوە بگوترێت لێرەدا خوێنەر هەست بە پەيوەستبوونی بە دوای يەکی بڕگەکان بکات، هەموو ئەو گێڕانەوانەيش لە سەردەمی هەشتاکانەوە چەکەرەی کردووە و بۆيە لە پەڕەگرافی چوارەم دەمانباتەوە بۆ ئامريکا و کاتی دەرچوونی جەلال لە نەخۆشخانە و ساڵی ١٩٨٢.
لە لاپەڕە ٢٨٢ خوێنەر بە جۆرێک سەری لە کات تێک دەچێت بيری بۆ ئەو ڕووداوی ترومبێلەی تووشی جەلال بوو لە هزريدا گينگڵ بخوات، جەلال شکستی رووداوەکەی پێوە ديار نييە، لە کاتێکدا خودی کتێبەکە لە دوای ڕووداوەکەوە کڕدراوە کە لە پەڕەگرافی ( ٥ ) وامان پێدەڵێت دەمانگەڕێنێتەوە بۆ لاپەڕە ” ٢٤١ ” لە پێناو عەوداڵ بوون بەشوێن کاتدا، کاتيش دەچێتە بێهۆشييەوە و بە ئاگامان ناهێنێتەوە ئەوەندە نەبێت کە دەڵێ : (( ئەو ڕۆژە يادی کوژرانی ڕەحيم موکريانی بوو، کە لە کاتی خوێندنەوەی بەيانی يازدەی ئازاری ساڵی ١٩٧٠ دا، لە نزيک باخی گشتی لە ئۆتۆمبێلێکی سەربازييەوە تەقەيان لێ کردبوو. ل٢٨٢)). لێرەدا زانيمان مانگی سێيە و بە دياریکراويش ڕۆژی خوێندنەوەی ڕێکەوتننامەکەی ئازار بوو، وەلێ ساڵ ناديارە ئاخۆ ١٩٨٢ يان دوای ئەوە بە چەند ساڵێکە.
نووسەر ئازادە لە دەسپێکی ڕۆمانەکەی لە کوێوە دەست پێدەکات و لە کام سەردەمەوە تێهەڵدەچێت و مەرج نييە ڕووداوەکان بە زنجيرەیی باس بکات هەندێجار ڕۆماننووس لە پارادۆکسەکانی کات لێزانانە کاری کردووە، سەرنجی خوێنەری لە تەواوی ڕۆمانەکە گۆڕيوە لە سەرنج خستنە سەر کاتەوە بۆ سەرنج خستنە سەر ئەو ڕووداوانەی لە ” خانەقای ميرزا ” هەن، بۆيە کاتێک دەبينين خوێنەر لێرەولەوێ بێگوێدانە لايەنە هونەری و وردەکارييەکانی گرێچنەی ڕۆمانەکە، هەست بە تاموچێژێکی شيرين دەکەن و دەماودەم دەچێت، ڕۆماننووس زيرەکانە بيرکردنەوەکانی لە کاتەوە گۆڕيوە بۆ ڕووداو، ئاقلانە تەمومژێکی خوڵقاندووە ئەوەيش لە ڕێگای پەيوەستبوون بە ئەو چوارچێوە کاتەی لە ڕۆمانەکە دياری کردووە و ئيدی وای لە خوێنەرکردووە نەفکرێتە سەر ئەوەی فڵانە ڕووداو لە کام ڕۆژ و مانگ وساڵ ڕوویداوە، ئەگەر ديقەتێکی سەرکەوتووترين ڕۆمان بدەين لە بارەی کاتەوە(( يۆليسيسی )) جيمس جۆيسە، کە تەواوی ڕووداوەکانی لە ٢٤ کاتژمێردايە، لە دوای هۆميرۆس بە شاکار دادەنرێت، لەم ڕۆمانەدا جيمس باس لە ساتەکان دەکات بە کاتژمێر، ئێمەيش لێرەدا عەوداڵی ساڵين. (( بە پاراستنی هێڵی کاتەوە پەيوەست نييە، کات تێکدەشکێنێت و گێڕانەوە لەو خاڵەوە دەست پێدەکات کە هەڵيبژاردووە، لە ڕووی کاتەوە دەتوانێت بگەڕێتە دواوە، پاشان گێڕانەوەکە بە ئاراستەی يەکەم تەواو بکات ))”٨” کەواتە لەم ڕوانگەوە ” ميران ” کارێکی بە سەليقەی کردووە و زيرەکانی زهنی خوێنەری تێکشکاندووە لە تێشک خستنە سەر کاتەوە بۆ تەواوی خودی رووداوەکان کە لە نێوان ساڵانی ( ١٩٣٥ – ١٩٩٣ ) ڕوويانداوە.

سەردار ڕەزا جاف
شاعير و ڕەخنەگر. ئەڵمانيا

سەرچاوەکان
١ – ڕۆمانی ” خانەقای ميرزا ” نووسينی ” ميران ئەبراهام ” لە بڵاوکراوەکانی ناوەندی بڵاوکردنەوەی کەپر، ساڵی ٢٠٢٣.
٣ – أستخدام اللهجات المحلية في الرواية العربية المعاصرة، موقع نبض العرب، الثقافة والتراث العربي/ وائل عصام صيام – ١٧/٤/٢٠٢٥
٤ – الرواية واستخدام اللهجات العامية عمر أبو الهيجاء……. جريدة الوطن ، ٢٨/٥/٢٠١٨
٥ – هەمان سەرچاوەی پێشوو.
٦ – في نظرية الرواية – بحث في تقنيات السرد – تأليف د. عبدالملک مرتاض، ديسمبر ١٩٩٨.
٧ – ماهية الزمن في الرواية… رؤية في ضوء قضايا الإنسان، مصطفی عطية جمعة، ٨ / ٥ / ٢٠٢٤
٨ – تقنيات الزمن الروائي دراسة في المفارقات الزمنية واإليقاع الزمني، د، أمين خروبي، المرکز الجامعي بأفلو- الجزائر.




ئاڵودە .. ناشیرین كردنی فیلمسازان یان كۆمەڵگایەكی بی ئاگا؟.. حەيدەر عەبدولرەحمان

ئەم ئێوارەیە كاتێ‌ فیلمی (ئاڵوودە) م بینی، لەسیناریۆو دەرهێنانی (سیروان محەمەد) و نواندنی (شوان عەتووف ) و (بەیان عوسمان) و ژمارە ئەكتەرێكی تر..
هەستم كرد دەرهێنەر ئاراستەی فیلمەكەی بە گشتی ڕوو لە كۆمەڵگا و لە هونەرمەندەكان بە تایبەتی بوو، كە پپێناسێكی ناشیرینییان بۆ دەكات لە چەندین ڕووەوە:
1.وەك كەسانی كەمتەرخەم لەڕووی پەروەردەو خێزان و فەرامۆشكردنی ژن و منداڵ نیشانیان دەدات ، كە گوایە كار كردنیان دەبێتە هۆكار بۆ لێك جیابوونەوەو تەڵاقدان .
2.ناوەندی ئەو هونەرمەندانە وەك ناوەندێكی داڕماو لە ڕەوشت و خیانەتكار لەگەڵ یەكترو پیس و بێ‌ نمەك نیشان دەدت، بە شێوەیەك وا لە بینە ربكات ، تێڕوانینی بەرامبەریان بگۆڕێت و وای بۆ بچی كە ئەوان شایەستەی ڕێز گرتن نین .
3. كۆمەڵگا چاو ترسێن دەكات كە هەرگیز بیر لە تێكەڵ بوونی ئەو چینە نەكەنەوە كە لە جیاتی هونەر كارییان سەرخۆشی و ڕابواردن و بێ‌ نمەكییە..
ڕەنگە ئەمە پێناسێكی نادروست و نالۆژیكیی بێت بۆ ئەو چینە، كە تا ئێستا بە دەیەها شاكاری جوانییان ئەنجام داوە، كە شایەستەی رێزگرتن بن .
بەڵام دەرهێنەر دووچاری هەڵەیەكی زەق بۆتەوە، كە تەركیزی كردۆتە سەر هونەرمەندانی بواری فیلمسازی، لە كاتێكا دەیتوانی بێ‌ ئەوەی پێداگری لە سەر ئەو فیلمسازانە بكات، كاراكتەرێكی كۆمەڵایەتی ئاسایی دروست بكات و هەمان ئەو ڕووداوانەش بەرجەستە بكات كە ئامانجی فیلمەكەیە.
بەدەر لە كێشەی فیلمسازەكان، فیلمەكە فیلمێكی كۆمەڵایەتی و تاوانكاری تێكەڵ بوو، كە ئێستا ئاراستەی فیلم و درامای ئێرانی لە سەر بونیات دەندرێ‌، بە تایبەت دوای درامای (پێستی شێر ) كە كێشە كۆمەڵایەتیەكان لە گەڵ پرسی تاوانكاری پێكەوە تێكەڵ دەكرێن .
فیلمی ئاڵوودەش بە هەمان فۆرم باس لە كێشەی ئاڵوودە بوون و كاریگەرییە نەگەتیفەكانی لەسەر خێزان و شپرزە بوونی دەكا، تا ڕاددەیەكیش كاریگەری هەمان ئەو فۆرمانەی بە سەرەوەیە لە زۆر دیمەندا .
پاشان تێوەگڵانی پاڵەوانی فیلمەكە (بەمۆ) لە كۆمەڵێ كێشەو تاوانی گەورەوە كە بەهۆیەوە دەخزێتە زیندان و لەوێش دادگا لەخێزان و كچەكەی جیایان دەكاتەوە.
ئیدی زیندان بۆ ئەو دەبێتە قوتابخانەیەك بۆ فێر بوونی تاوانی گەورەترو تۆڵەسەندنەوە لەدوژمنەكانی لەسەر دەستی مافیاكان.
هەر تاوان نا، خیانەتكاری برادەرە نزیكەكانی و مارەكردنەوەی ژنەكەی لەهەلومەرجێكا كە ئەو لە زینداندا بوو.
هەموو ئەمانە هێندەی دیكە هانی دەدەن بۆ ئەوەی دوای دەرچوونی لەزیندان، تۆڵە لەیەكە یەكەی دوژمنەكانی خۆی بكاتەوە.
هەردوو تەوەری ئاڵوودەیی و دروست بوونی تاوانبار لە كۆمەڵگایەكی وەك كۆمەڵگای كوردی، دوو دیاردەی دیارو بەرچاوی ئەم سەردەمەی ئەمڕۆن و دەكرێ ویژدان بهەژێنێ و چارەنووسێكی تاریك نیشانی ئەوانە بدات لەسینەمادا كە گیرودەی ئەو پەتایە بوونە.
بۆیە دەكرێ بڵێین فیلمەكە فەلسەفەیەكی كۆمەڵایەتی و مرۆیی بەپێز هەڵدەگرێ و بە ئاراستەیەكی فیكری شایەستە بەرجەستە كراوە.
بەڵام ئەگەر فیلمەكە بكەین بەدوو بە‌ش، بەشی (كۆمەڵایەتیەكەی) و بەشی (تاوانكاری) بینەر هەست بەوە دەكات كە ڕیتمی فیلمەكە لەبەشی یەكەمدا بۆ بەشی دووەم زۆر خێرایە.
بەو ئامانجەی زۆربەی دیمەنەكان لە ناو خێزان و كێشەكانی، ببن بەدیمەنی تاوانكاری، كەچی لەو نێوانەدا دەرهێنەر نا هاوسەنگیەكیەكی دروست كردووە.
ئەگەر لەقەوارەی پرسە كۆمەڵایەتیەكانی زیتر كردایەو جەختی لە پرسە كوشندەكانی ئاڵوودە بوون بكردایەتەوە، ئەوە فەلسەفەو كاریگەری فیلمەكە گەورەتر دەبوو لەتاوانكاری.
واش پێویستترە كە ئێمە لەسینەمادا بایەخێكی زۆرتر بەپرسە كۆمەڵایەتیەكانی كۆمەڵگای كوردی بدەین و هەوڵی گۆڕینی ئامانجەكان بەو ئاراستەیە بەرین، نەك پرسی تۆڵەسەندنەوەو تاوان بەرامبەر بەتاوان.
وێڕای ئەوەی دەرهێنەرانی ئێمە كە لەكۆمەڵگایەكی توندو تیژدا دەژین، ناكرێ سینەماش بكەین بەهونەرێكی توندو تیژو سینەمایەكی خوێناوی.
ئەوەتا كچی تاوانبارەكە لەدوا نامەی بۆ باوكی ئاواتی ئەوەی دەخواست، باوكی ئەو بەڵێنەی جێ بەجێ كردایە بۆ گەڕانەوەی بۆ باوەشی كچەكەی و دەسپێكردنەوەی ژیانێكی ئارام، بەڵام دەرهێنەریش لەدەسەڵاتیدا نەما دوای ئەوەی پاڵەوانەكەی هەموو شتێكی لەدەست چوو، ئەو ژیانە ئارامەی جاران بگێڕێتەوە دواوە، بەو شێوەیەی كچەكەی و دایكی كچەكەی و باوكی و ئێمە هەموومان ئاواتمان بۆی دەخواست.
بۆیە دوای دوا بەجێ هێشتنی ژنەكەی بەئاراستەیەكی تر هەنگاوی دەنا، كە ڕەنگە خۆشی نەزانێ ئەو چارەنووسە ڕەشە بۆ كوێ ی دەبا.
بۆ من (سیروان محەمەد) ناوێكی ناسراو نیە لەسینەمای كوردیدا، ڕەنگە بەرهەمی گۆرانی و كلیپم بەو ناوە دیبێ، بەڵام بۆ دەرهێنان و دروست كردنی فیلمی درێژ، ئەو ناوە لای من نامۆ بوو.
ڕەنگە هەندێ جار ئەزموون بۆ سینەماكارێك لەبەرچاو بگیرێ، بۆ بەراورد پئ كردن و هەڵسەنگاندنی ئاستی كۆن و نوێ، بەڵام بۆ نرخاندنی بەرهەم ئەوە بەرهەم خۆی سەرچاوەی بڕیارە .
ئەوەی ئێمەش لە فیلمی (ئاڵوودە) بینیمان زێترە لەتوانستی دەرهێنەرێك كە بۆ یەكەمجار كار لەسەر فیلمی درێژدا .بكات.
دەرهێنەر كۆمەڵێ دیمەنی وروژێنەری خستبووە نێو ڕوداوەكان، وەك دیمەنی هەڵپەڕكێ ی بە كۆمەڵی زیندانیەكان لەگەرماو و لەژێر دوش و سوڕانەوەیان بەدەوری پاڵەوانەكە، پاشان بەستنەوەی ئەو هەڵپەڕكێ و گۆرانیە بەساتی مارەكردنی ژنەكەی لە نزیكترین و ئازیزترین هاوڕێ ی.
هەروا دیمەنی هاوارو خۆ پچڕینەوەی بەمۆ لەدەستی پۆلیسەكان لەزیندان و دیمەنی تەعزیب دان و بەجێ هێشتنی مریەمی ژنی لە بەندیخانەو، چەند دیمەنێكی تری وروژێنەر بوون.
بەڵام ئەو چەند دیمەنەی ئاماژەمان پێكردن، بەس نین بۆ فیلمێكی دوورو درێژی دوو سەعاتی و لەنێوان دوو تەوەری بەرفرەوانی پڕ لەكارەسات.
هەروا لەهەندێ قۆناغدا دەرهێنەر زۆر بەخێرایی بەسەر هەندێ لەڕوداوەكان تێدەپەڕێ و ناتوانێت مافی خۆیان بداتێ، وەك قۆناغی شوكردنەوەی مریەم و لەناو چوونی مێردەكەی .
دەرهێنەر هەندێ ڕوداوی چاوەڕوان نەكراوی بۆبینەر دروست كردووە، بوونەتە سوپرایز لەهەندێ دیمەندا، لەوانە سوپرایزی ئاشكرا بوونی خیانەتی هێمنی هاوڕێ ی و پرسی دزینی پارەكەو خیانەتی ژێر بە ژێری هاوڕێكەیتری و پەیوەندی لەگەل َ مریەمی ژنی.
دەرهێنەر پێمان دەڵی گەورەترین دەسەڵات لە زیدانەكاندا دەسەڵاتی مافیاكانن، دەستیان بەسەر هەموو شتێ داگرتووەو مرۆڤ دەكڕن و دەفرۆشن.
ئەو مافیایانە لە ژوورەوە حوكمی دەرەوەش دەكەن، بۆ سودی خۆشیان یارمەتی (بەمۆ) دەدەن دوای ئازاد كردنی، تۆڵە لە دوژمانی خۆی بكاتەوەو دەست بەسەر پارە دزراوەكەدا بگرن.

(شوان عەتوف) لەهەر بەرهەمێكدا بەشداری بكات، پشكی شێر بۆ خۆی دەبات، لەم بەرهەمەشدا بۆتە پاڵەوانی فیلمەكەو دەرفەتێكی فرە فرەوانی بۆ ڕەخساوە بۆ بەرجەستە كردنی ئەو ڕۆڵە كە ڕەنگە جۆرە جیاوازیەكی هەبی لەگەڵ تەواوی ڕۆڵەكانی تری.
شوان لە نواندندا لەژێر هەر كاریگەریەك بێت ناوەستێت و هەمیشە دەرفەت بۆ خۆی دەدۆزێتەوە ،ڕێگە بەخۆی نادات وەستان وشكی كاتەوە.
چەند ئەوەندەش ئەكتەر یا دەرهێنەر مومارەسەی زۆرتری هەبێت و ئەزموونی دەوڵەمەند تر بێت، ئەوەندە زێتر لە بواری فانتازیاو جەستەو ئەتمۆسفیرەوە گەشەدەكات.
لەو فیلمەدا زۆر لە سنوورەكانی رابووردووی لە بواری نواندندا تێپەڕاندووە، ڕەنگە لەو سنوورە ئیقلیمیەی خۆی تێپەڕێنێ.
(بەیان عوسمان) یش لەم بەرهەمەدا خۆی نوێ كردەوە لەڕووی نواندن و زۆر لێهاتووانە بەرجەستەی ڕۆڵی خۆی كرد، بەڵام لە دیمەنەكانی سەرەتای فیلمەكە توانایەكی زۆرتری لە كۆتاییەكاندا نیشاندا.
بيَسارانى: له هه ر كاراكته ريكدا داهينانيكى نوى ى بييه به لام له رؤلى هيمن له هه ره سه ره كييه كان بوو.
(ڤانیا سالار)یش بە گڕوتین و حەماسێكی باش ڕۆڵی خۆی بینی و توانی شان لە شانی بەیان و لە هەندێ دیمەنا توانایەكی باشتر نیشان بدات.
(ڕۆژ فایەق) لە ئەكتەرە دیارەكان بوو، پێرفۆرمانسێكی جیاوازی نیشاندا، لە فیلمەكەدا شوێنێ دیار بوو.
(پێشڕەو حوسێن ) بۆ یەكەمجارە لە فیلمی درێژدا دەردەكەوێ، تا ئێستا لە شانۆو درامادا ئەزموونی باشی هەیە، پێویستی بە دەرفەتی زێتر هەیە لەسینەمادا.
وێڕای ئەوەی لەم فیلمەدا توانایەكی باشی نیشانداین بۆ بەرجەستە كردنی ڕۆڵەكەی بە گشتی ئەكتەرەكان هەر یەكەو بەشی خۆی بەركەوتبوو، لە هاوسەنگ ڕاگرتنی فیلمەكە.
هونەركارەكانی دیكەی ژێر كەوالیس بەتایبەت وێنەگرەكان ، موزیك و موئەسیراتی دەنگ و رووناكی و دەنگ وڕەنگ و لوكێشن هەر یەك لەوان ئەو بوارەیان نەڕەخساند بۆشایی لەفیلمەكەدا دەركەوێ.




كێ كتێبی ساڵ هەڵدەبژێرێت؟.. سەدیق سەعید ڕواندزی

بێگومان كردەی خوێندنەوە، كردەیەكی ڕێژەییەو لە خوێنەرێكەو بۆ خوێنەرێكی تر، بەپێی چێژ و سەلیقەو پاشخانی ڕۆشنبیریی و هزری دەگۆڕێت، بەو مانایەی دەشێ ڕۆمانێك لای خوێنەرانێك، سەركەوتوو داهێنەرانەو جوان بێت، بەڵام لای خوێنەرانێكی دیكە نا! لەو سۆنگەیەوە هەرگیز بۆچوونی چەند نووسەرێك، یان نێوەندو دەزگایەكی ئەدەبی، نابێتە پێوەربەند و پێوانە بۆ دیاریكردنی كتێبێك وەك بژاردەی كتێبی ساڵ، لە نێو سەدان كتێبی چاپكراودا. كاتێ كتێبێك، شوناسی كتێبی ساڵ وەردەگرێت و هەڵدەبژێردرێت، ئەوا دەبێ پێوەرە مەعریفی و زمانەوانی و بابەتییەكان بكرێنە بنەما بۆ دیاریكردنی ناوەڕۆكی كتێبەكە یان ڕۆمانەكە، ئەمەش كاری نێوەنێكی كولتووریی نییە، بەڵكو دەبێ لیژنەیەكی پسپۆڕیی فرە لایەن لە هەموو ڕووێكەوە، كە لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیرییەوە سەرپەرشتی بكرێت، بە كارەكە هەڵسێت. ئەمە ئەگەر بڕیار وابێت كتیبێك یان چەند كتێبێك بە ناوی كتێبی ساڵ دیاری بكرێن. لەو سۆنگەیەوە، ئەنستیتوی داكۆ، چەند كتێبێكی كەمی وەك كتێبی ساڵ دیاریكردووە، كە لە ژمارە یەكی گۆڤارەكەیان بڵاویكردوونەتەوە. بێگومان بەشێك لەو كتێبانە شایەنی ئەوەن بكرێنە كتێبی ساڵ، بە نموونە وەك كتێبی فەنتازیا و ئەدەبی فەنتازیا و، ئاوێتە بوونی ژانڕە ئەدەبییەكان لە شیعری شێركۆ بێكەسدا و مرۆڤە خۆڵەمێشییەكان و وێنەی كورد لە ڕۆمانی كوردی، كە سەرچاوەیەكی هەرە دەوڵەمەندی توێژینەوەی ئەدەبیین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، كتێبی وەهای تێدایە، شایەنی ئەوە نییە بە كتێبی ساڵ ناوبنرێت. بۆ نموونە رٍِۆمانی (هەڵاتنی كچەكان) لە ڕووی زمانەوانییەوە چەندین هەڵە و كەموكورتی تێدایە، كەواتا چۆن لە نێوان دەیان ڕۆمانی چاپكراودا، ئەو ڕۆمانە وەك ڕۆمان و كتێبی ساڵ هەڵدەبژێردرێت؟ یاخود گەر بەراوردی ڕۆمانی (وێڵی) دلاوەر ڕەحیمی، بە ڕۆمانی (لەوێ مەمرەی) ڕەزا عەلی پوور بكەین، ڕۆمانی وێڵێ هونەریترە و بگرە پێنگاڤێكە بە ئاراستەی تێپەڕاندنی شوناسی كۆمەڵایەتییانەی ڕۆمانی كوردی خۆڕهەڵات، بۆ دەرچوون لە جوگرافیایەكی دیاریكراودا و بە جیهانیبوون. بۆیە باشتر وابوو، داكۆ كتێبەكان بە ناوی كتێبی دەزگاكە واتا خۆی نەك كتێبی ساڵ هەڵبژێرێت، چونكە ئەم ناونیشانە گونجاوترە، هاوكات مایەی ڕەخنەو تێبینیش نییە. ئایا دەكرێ لە نێو دەیان كتێبی چاپكراوی ڕۆماننووسان و شاعیران و و نووسەراندا، ئەنستیوتی داكۆ تەنها چەند كتێبێك وەك كتێبی ساڵ دیاریی بكات كە ڕەنگە كتێبی باشتر هەبێت ؟! ئەركی دەزگایەكی ئەدەبی و كولتووریی نییە بە تەنها دیوانی شاعیرێك، ڕۆمانێكی سادەی ڕۆماننووسێك، توێژینەوەی توێژەرێك، وەك كتێبی بژاردەی ساڵ دیاری بكات، چونكە ئەمە نادادپەروەرییە، هاوكات جۆرێكیشە لە جیاكاری لە نێوان نووسەران، بە داخەوە بەهۆی هاوڕێیەتی و شارچییەتی، واتا لێرەدا ناوەڕۆكی كتێبەكان ناكرێنە پێوانە، بەڵكو هاوڕێیەتی دەكرێتە پێوەر. بۆیە باشتر وایە كتێبی ساڵ، وەزارەتی ڕۆشنبیریی لە ڕێگەی لیژنەیەكی پسپۆڕەوە دیاری بكات.

سەدیق سەعید ڕواندزی

*ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی كوردستانی نوێ ژمارە( 9771) لە 26/10/2026 بڵاوكراوەتەوە.




ڕامانێک لە ژیانئاوایی نووسەری ناودار حسێن عارف و سەرنجێک!.. عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

حسێنی وەستا عارفی مەلا عەبدولڕەحمان ناسراو بە حسێن عارف (١٩٣٦ – ٢٠٢٦) یەکێک لە دامەزرێنەرانی گرووپی ئەدەبیی ڕوانگە(١٩٧٠)، دوای زیاتر لە شەست ساڵ لە نووسین، شەوی ٢١ لەسەر ١٣ ی ی ئابی ٢٠٢٦ لەتەمەنی نەوەد ساڵیدا ژیانئاوایی لە نووسین و خەمەکانی ژیان کرد. مەرگی ئەم نووسەرە(*) لەلایەکەوە تەپوتۆزی لەسەر یادەوەری ژمارەیەک لە نووسەران و ئەدیبانی کورد لابرد و کەوتنە گێڕانەوەی یەکەم دیدار و یەکترناسین و باسکردنی بیرەوەرییەکانیان، لەلایەکی تریشەوە بووە مایەی خەم هەڵڕشتن بۆ ئاوابوونی ئەو پێشەنگ و ئەستێرەیەی ئاسمانی ئەدەبی کوردی، کە چیرۆک و ڕۆمان و لێکۆڵینەوەکانی بوونەتە بەشێک لە نەست و ئەزموونی ئاشنابوون و کاریگەری چەند نەوە لە نووسەران. ئەم تەپوتۆز لابردن و خەم هەڵڕشتنەی ناوەندی ڕۆشنبیری و ئەدەبی کوردی بۆ کەسایەتییەکی وەک حسێن عارف، هیچ پەیوەندییەکی بە بەهای ئیستاتیکیی و زمانی نووسین و ڕایەڵەی پەیوەندی کۆمەڵایەتی دەقەکانی بە کۆمەڵگەوە نییە، بەڵکو زیاتر خەم دەربڕین لەلایەک و لەلایەکی تریشەوە بێبەهاکردنی ژیانئاوایی نووسەر داگرتنی بۆ ئاستی بێکەسبوون و کەم قەرەباڵغی مەراسیمی ناشتنەکەی، تا دەگات بە هێرشی بۆ سەر خودی نێوەندی ڕۆشنبیری کوردی کە بێوەفا بوون بەرانبەر بە مەرگی نووسەر، بێئەوەی هەنگاوێک لە جیهانی ئەدەبیی و ئیستاتیکیی حسێن عارف نزیک ببنەوە. لێرەدا تاوتوێکردنی ئەم نووسین و ڕەخنە و خەم دەربڕینەی سەر سۆشیالمیدیای کوردی جێی باسی ئەم کورتە نووسینەی من نین، بەڵام ورووژاندنی پرسیارگەلێک، ئەو پرسیارگەلەی کە کلیلی کردنەوەی دەرگای پەیوەندی هەر نووسەرێکن بە هەڵویست و چۆنیەتی بینینی واقیعی ژیان و لایەنگیری خەڵکی ستەملێکراو و چەوساوە و بەدەستەوە گرتن و پەیڕەوکردنی ئەرکە کۆمەڵایەتییە چینایەتییەکانی ئەدەب لە بەرانبەر ئەو بینینەدا، بۆ من جێی بایەخن و هەوڵدەدەم پرسیارەکان بەڕوونیی لە چەند خاڵێک بیانخەمە ڕوو:
یەک: ئایا نووسینەکانی حسێن عارف لەبواری ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی و گەوهەریی لە کۆمەڵگەی کوردستاندا چ ڕۆڵێکیان گێڕاوە و لەکوێی ڕووداوەکانی سەردەمەکەیدا بوونە؟
دوو: زمانی نووسینەکانی حسێن عارف چ نزیکایەتییەکیان لەتەک گرفتە کۆمەڵایەتی و چینایەتییەکانی کۆمەڵگەی کوردییەوە هەیە و چەند ئەو زمانە تا چەند توانیویەتی گوزارشی بێت لەو گرفتە سەردەمییانەی خەڵکی ستەملێکراوی کوردستان؟
سێ: ئەوە ڕاستە کە داوایەکی نابەجێیە داوا لە نووسەر و ئەدیب بکرێت مانیفێستی سیاسی بنووسێت، دروشمبازی بکات، زمان و فۆرمی دەق بکوژێت، بەڵام ناشکرێت بەبیانووی ئیستاتیکا و جواننووسی و بەسیاسەتنەکردنی ئەدەب، پاساو بۆ بێهەڵویستی یان پاسیفیستبوونی هیچ نووسەرێک بهێنرێتەوە. حسێن عارف نووسەرێکی بە ئاگا و سیاسی بوو. ئەو جگە لەوەی پارێزەر بوو، ئەندامی خوولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستانیش بوو لە ١٩٩٢. بۆ ماوەی سیانزە ساڵ ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمان بووە و لە گەرمەی شەڕی نێوان باڵەکانی ناسیونالیزمی کورد(١٩٩٤ – ١٩٩٨) لەناو پەرلەمانی کوردستان بۆ ماوەی مانگێک مانی گرتووە. واتا ئەم ئەدیبە هۆشیاری سیاسیش لە ئاستێکی بەرزدا بووە و پاسیفیست نەبووە. ئەدی بۆچی مافی خوێنەر نەبێت بزانێت کە ئایا دەقە ئەدەبییەکانی حوسێن عارف هەڵگری چ ناوەڕۆکێکی کۆمەڵایەتین؟ لایەنگری چ جۆرە ئاڵوگۆڕێکی سیاسی چینایەتین؟ گوزارشت لە خەون و ئاوات و خەم و ئازاری کام چینی کۆمەڵایەتی دەکەن؟
چوار: حسێن عارف لە کۆتایی دەیەی پەنجاکان و دەیەی سەستەکان و حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو شانبەشانی چەندین چیرۆکنووسی تر( حەسەنی قزڵچی، محەمەد مەولوود مەم، ئەمینی میرزا کەریم، دواتریش مستەفا ساڵح کەریم، شێرزاد حەسەن، حەمەفەریق حەسەن، ڕەئووف حەسەن)، بە گێڕانەوەی هونەرییانە و ئیستیتیکییانەی بەرز، ئەو ژانرە ئەدەبییەی بردۆتە ئاستێکی باڵاتر. ئەو سەردەمە عێراق بە کوردستانیشەوە لە ململانێیەکی چینایەتی گەورەدا دەژیا. دەیان و سەدان مانگرتنی کرێکاریی گۆڕەپانی سیاسی عێراقیان تەنیبوو. حیزبە سیاسییەکان بەتایبەتی حیزبی شیوعی عێراق لە ئەوجی توانا و ڕەونەقی مێژوویی خۆیدا دەژیا و ئەزموون لەسەر ئەزموون؛ خەباتی چینایەتی لە عێراق ڕەنگڕێژ دەکرد، دوواتر لە سەرەتای دەیەی شەستەکان قەتلوعامی کۆمۆنیستەکان و ئازادیخوازان و هێرش بۆ سەر کوردستان و کوشتن و بڕین و زیندان و ماڵوێرانی خەڵکی عێراق و کوردستان لەسەردەستی هێزەکانی حەرەس قەومی و شۆڤینیزمی عەرەبیی، هەموو ئەمانە پێکەوە دیمەنی تراژیدی تابلۆیەکی گشتیگیر نیشان دەدەن. بۆیە بۆ هەر نووسەرێک کە واقیعبین بێت و شایەدحاڵی هەموو ئەم کارەسات و ڕووداوانە بێت، ناتوانێت لەئاست ئەو بڕگە مێژووییە بەتایبەتی (١٩٦١ – ١٩٧٠) بێدەنگی هەڵبژێرێت و هەڵوێستی سیاسی نەنوێنێت.
پێنج: حسین عارف هەوڵیداوە لە بەرهەمەکانیدا خەم و ئازاری ئینسانی کورد وێنا بکات و ئاوڕ لەو دەردە کۆمەڵایەتییانە بداتەوە کە بەرۆکی ژیانی خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستانی گرتبووە و لەگەڵ ئەو کارەکتەر و پاڵەوانانە دەست و پەنجە نەرم بکات کە کۆمەڵگەی چینایەتی بێبەهای کردبوون، ئەمەش جێگەی دەستخۆشی و پشتیوانییە. کوردیش بەشێکە لە مرۆڤایەتی و خەمی ئینسانی چەوساوەی کورد، خەمی مرۆڤایەتیشە. بەڵام گوزارشتکردن لەو خەمە ئینسانییە بە تەنها بەس نییە و بەبێ دەست خستنە سەر چارەسەری ڕیشەیی دەردەکان هیچ خێرێکی بۆ بەشمەینەتانی کوردستان تێدا نابێت، چونکە ئەمجۆرە بەشداریکردنە زیاتر وێناکردنی دۆخی کۆمەڵایەتی سیاسییە و نووسەر لەخانەی ڕیاڵیزمێکی کۆمەڵایەتییانە دەگیرسێنێتەوە و لە ئایدێندتی شۆڕشگێرانە بەهرەمەند بێت.
شەش: ئەوە تێگەیشتنێکی زۆر سادە و ڕووکەشانەیە کە پێمانوابێت نووسەر و ئەدیب لەم کۆمەڵگە چینایەتییەی عێراق و کوردستان ئازادن. زۆر ڕووکەشانەیە بێین و بڵێین با نووسەران لەم کۆمەڵگە بێبەزەییەی سەرمایەداری ئازاد بن و چێژ لەو ئازادییەی خۆیان ببینن. نووسەران و ئەدیبان چ بابەتێک و ناوەڕۆکێکی کۆمەڵایەتی هەڵدەبژێرن و چۆن هونەرییانە گوزارشت لە خەم و شادییەکان، مەرگ و ژیان، جەللاد و قوربانی دەکەن، لەڕواڵەتدا ئازاد دەردەکەون، بەڵام لەدنیای واقیعدا هیچ نووسەر و ئەدیبێکی ئازاد لە کۆمەڵگەی چینایەتی سەرمایەداری بوونی نییە. هیچ ئەدیبێک نییە لەو کۆمەڵگە چینایەتییە بکەوێتە ئەودیو بەرژەوەندی چینایەتییەوە. هیچ نووسەرێک نییە بەدەیان ڕایەڵەی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە بەم سیستەمە نەبەسترابێتەوە. دیارە ئەم هاوکێشەیە هەموو ئەدیب و نووسەرێک دەگرێتەوە.
حەوت: ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی لە ناوەڕاستی دەیەی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو بەتایبەت لە سەرەتای ساڵی ١٩٨٧ بە نووسینێکی ڕەخنەیی بەناوی (ئەناتۆمیزمی ڕۆمانی شار لە دیدگای مەنتق و تاریخدا) کە لەلایەن شۆرش هیومانیست کە دواتر ناوەکەی گۆڕا و بوو بە جەماڵ کۆشش، نووسرا و لە گۆڤاری (ڕابەر) ئۆرگانی (حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست)بە دوو بەش بڵاوبۆوە، حسێن عارف بەسەر دەکاتەوە. ئەم نووسینە ڕەخنەییە لای لە ڕۆمانی (شار) کردبووەوە و لە ڕوانگەیەکی چینایەتییەوە؛ خوێندنەوەیەکی مارکسیستانەی بۆ دەق و هەڵوێستی چینایەتی حوسێن عارف و ڕۆمانەکە خستبووە بەرچاو. (**)
دوواجار حسین عارف ژیانئاوایی کرد. ئەو ئێستا لە جێگایەکە ناتوانێت بە هیچ شێوەیەک داکۆکی لەخۆی بکات، بەڵام ئەوەی لە بری حوسێن عارف قسە دەکات و داکۆکی لێ دەکات، خودی بەرهەم و نووسینەکانی ئەون، خودی زمانی هونەری و ئاستی تەکنیکی دەقەکان و هەڵوێستە چینایەتییەکانن، خودی ڕەخنەی ئەدەبی جیدییە کە دەتوانێت و لەتوانایدایە هاوکێشەی پەیوەندی نێوان نووسەر و واقیعی چینایەتی شیکار بکات و وەڵام بداتەوە. دوا قسەم ئەوەیە پرسە و سەرەخۆشی خۆم بۆ کەسوکاری حسێن عارفی نووسەر. ئێوەش هەردەم سەرفراز بن.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
١٣ ی ئابی ٢٠٢٦

پەراوێزەکان:
(*)حسین عارف چیرۆکنووس و ڕۆماننووس و وەرگێڕ و لێکۆڵەر و ڕۆژنامەنووس و سیاسی و ئاوتۆبایۆگرافیست و شانۆنامەنووس بوو. لێرەدا بەپێویستم نەزانی ژیاننامەی و ناوی بەرهەمەکانی دابنێم، خوێنەر بە کلیکێک لە گووگڵ دەتوانێت زانیاری پێویست لەوبارەوە بەدەست بخات.
(**)بەداخەوە ئەو نووسینەی هاوڕێ جەماڵ کۆشش لەبەردەستدا نییە ئەگینا جێی خۆی بوو جارێکی تر، بڵاوبکرێتەوە.




کتێبێکی نوێی شیعری شۆڕش عەزیز سورمێ لەژێر ناوونیشانی ناسنامە بڵاوکرایەوە

دێپاچەی : بزێنی تاریق/ تۆرینۆ – ئیتاڵیا ئۆکتۆبەری 2026

ئەم شیعرانە بە زمانی ئیتاڵی لە بۆتەی هەشتاو نۆ لاپەڕە بە چاپگەیەندراوە ، لەگەڵ پێشەکیەکی تایبەت بە سەڕگورشتەی شاعیرو شیکردنەوەی هەندێ لە بیرۆکە شیعریەکانی و ئەو شێوە زمانە سادەو پاراوەی کە پێی داڕشتووەو دەڵێ : وەکوو ڕووبارێکی بێگەردە و بە ئاسانی بە خوێنەران ئەگات ، ئەو نووسەرە ئیتاڵیە ناوی لۆرێنسۆ گوێللە یە و نزیکەی دوانزە لاپەڕەی تەرخانکردوە بۆ داڕشتنی دێپاچەکەی . شۆڕش عەزیز سورمێ لەگەڵ شۆڕشی ئەیلولی ساڵی 1961 هاتۆتە ژیانەوەو هەر لەبەر ئەوەش بووەتە هەڵگری ناوی شۆڕش . دوای تەواوکردنی هەر سێ قۆناغەکەی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە هەولێر ، جانتای گەشتێکی دوورو درێژ دەگرێتە بەرو ماڵئاوایی لە زێدو نیشتمان و کەس و کاری دەکات و بە ئازارێکی پیرۆزەوە دوا باوەشی بەو دایکە خۆشەویستەیدا ئەکات کە هەرگیز لێی جیانابێتەوە . لە ساڵی هەشتای سەدەی ڕابووردو پێ ئەنێتە ناو خاکی ئیتاڵیاو لە شاری پادۆڤا کە دەکەوێتە نێوانی شاری میلانۆو ڤێنێسیا دەگیرسێتەوە . شۆڕش وەکوو هەر کوردێکی تاراوگە و دوورە وڵات تێکەڵاوی ئازاری نیشتمانە زوڵملێکراوەی دەبێتەوەو لەپاڵ سەختی ژیانی جیایی و دابڕان ، خەمی گەل و هەواڵە دڵتەزێنەکانی ناچاری بەرەنگاربوونەوەی ئەکەن لەگەڵ ڕاستیەکی نوێ . بۆیە شۆڕش لە پادۆڤا جێ پێگەی خۆی دیاری دەکاو ئەکەوێتە چالاکی بەردەوام لەسەر بڵاوکردنەوەی زانیاری دەربارەی مێژووی دێرین و کولتوورو شاعیرانی کورد ، هەتا گەلی ئیتاڵی زیاتر ئاشنایەتی لەسەر نەتەوەی دێرینی کورد پەیدا بکەن . شۆڕش سورمێ دوای هاوسەر گیری لەگەڵ ئافرەتێکی کورد ئیستە خاوەنی سێ کوڕەو لە بوواری ڕۆژنامەوانی و دیدەنی بەرنامەو کەناڵە تەلەفزیۆنەکان و کۆڕو سیمینار لەگەڵ خوێندکارانی قوتابخانەکان کاری خۆی ئەکات و بە کەسێکی هەرە چالاک ناسراوە چی لەناو کوردەکانی ئیتاڵیا و چی لەلایەنی ئیتاڵیەکانیشەوە . ئەم کتێبە شیعرە بە دڵنیایەوە شوێنێکی تایبەتی لە دەروونی خوێنەرە ئیتاڵیەکان ئەکاتەوە ، چی لەبەر ئەوەی پڕە لە پەیامی خۆشەویستی ، لە هیواو گەشبینی و خۆ ڕاگری کە بە باشترین چەکی داناوە بۆ بەرەنگار بوونەوەی ساتە سەختەکانی ژیان . ئەمەوێ لێرەوە بە خوێنەرانی کورد بەتایبەتی ئەوانەی ناوەوەی وڵات کە ئیتاڵی نازانن زڵێم : ئەم شاعیرە کوردە توانیویەتی زۆر بە کاریگەریەوە بیرۆکەی شیعری کوردی و نەریت و خۆشەویستی پڕ تین و تاو بەرامبەر بە دایک و نیشتمان و هەموو شتە ئاساییەکانی ژیانی ڕۆژانە بەو چەپکە شیعرانە بە خوێنەرانی ئیتاڵی بگەیەنێ . خۆزگە تواناو دەرفەتی ئەوە دەڕەخسا لە داهاتوویەکی نزیکدا ، سەرتاسەری ئەو شیعرانە بکرایەن بە زمانی کوردی . هەروەکوو ئاشکرایە شۆڕش هەنگاوێکی گرنگی ناوە بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی خۆی و کتێبەکەشی لە ژێر ئەو ناوەدا بڵاوکردۆتەوە . بۆیە وەکوو کەسێکی شەنسپێدراو کە ئەرکی ئەم دێپاچە کوردیەم گرتۆتە ئەستۆ پێم ڕەوایە بەلایەنی کەمەوە خوێنەرانی کورد هەر هیچ نەبێ چێژێکی کەم لە دوو شیعری کاکە شۆڕش وەرگرن و هەوڵی وەرگێڕانم بۆ داون و چەند کۆپڵەیەکم کردوە بە کوردی . هەڵبەتە ئەم کتێبە ڕەنگدانەوەی ژیانی تایبەتی شاعیرەو بابەتەکانی هەمەڕەنگە ، بۆیە تەنیا بۆ ئاگادارکردنەوە لە ناوەڕۆکی کتێبەکە تەنیا سەرناوی هەندێ لە شیعرەکانتان بۆ وەردەگێڕم بۆ زیاتر ئاشنا بوون بە کتێبی ناسنامە. ناوەڕۆکی کیتابەکە لەم شیعرانە پێکهاتووە : دایە – ناسنامە- دڵێکی بریندار- شاخی ئەرارات – بێ بەختی – خاکی خۆم – سیمای خۆشەویستەکەم – هەڵەبجە ئەو شارەی هەناسە ئەدات – لە نێو بێدەنگیدا – هیوا – خەزان – شەهید – ئەنفال – سێبەر – باو – گریان و خەون و هتد کتێبەکەی شاعیر کاک شۆڕش سورمێ سەرەتا بە شیعرێکی ناختەزێن دەستپێدەکات کە هەوڵی ئەوەم داوە ئەو هەستەی بە خوێنەرە کوردەکان بگەیەنم . دایە دایە گیان – ژیان وایلێکردی زۆر ئازار بچێژی ، منیش هێزم نەبوو نە بەختێکی باش – هەتا لە دوا ساتەکانتدا لە تەنیشتتەوە بم ، دەستت بگرم ، یان بۆ دووا جار پێت بڵێم : ” خۆشم دەوێی ” . من ئەم ئازارە لە دڵمدا هەڵدەگرم ، بەڵام تۆش هەڵدەگرم ، دەنگەکەت کە ڕێنمایی کردم ، قوربانیە بێدەنگەکانت و میهرەبانیت کە له بەرامبەردا هەرگیز داوای هیچی نە ئەکرد . من نەمتووانی بۆ دووا جار بتبینم دایە ، بەڵام هەموو ڕۆژێ دەتبینم ، لەو چاکەیەی کە هەوڵی بۆ ئەدەم ، لەو بوێریەی کە هەوڵی بانگێشتکردنی دەدەم ، لەو یادەوەریانەی کە هەرگیز جێم ناهێڵن . تۆ ڕەگ و ڕیشەو برین و هێزی منی . هەتا من دەژیم ،تۆش لەگەڵمدا دەژیت . لە شێعری ناسنامە کاکە شۆڕش هەنگاوەکانی خۆی ڕوونتر دەکاتەوەو ناسنامەی خۆی وەکوو ڕەگێکی ڕۆچوو بە ناخی خاکدا دائەنێ . گوێدێری ئەم کۆپڵانە بن چەند بە سۆزەوە پێمان دەڵێ:
ناسنامە ناسنامە ناو نییە ، ئەوە گەشتێکە و ئەو شوێنەوارەیە جێی دێڵی کاتێ کەس تەمەشات ناکات ئەو هەنگاوەیە کە دەینێیت تەنانەت کاتێ جیهان ئەیەوێ ڕاتبگرێ ، ئەو دەنگەیە کە بانگت ئەکاو لە ناوەوە – لە ئازار کۆنترە ، بەهێز ترە لە ترس . ناسنامە ڕەگێکە : بە قووڵایی زەوی دا ڕۆچووە بینیوویە کە لە دایک بوویت، بەڵام بەرەو ئاسمان هەڵدەکشێ و تۆ نیشتەجێبوونت هەڵبژاردوە . لە هەندێ کاتدا برینێکە ، لە هەندێکی تردا ئاڵایەک و رۆرجاریش بێدەنگیە کە کەس تێیناگات ، بەڵام کە هەڵیدەگریت ، وەک ڕاستیەکی نەدۆڕاوە . خوێنەرانی ئەم چەپکە شیعرانە گەرچی بە زمانی ئیتاڵی داڕێژراون بەڵام بۆو بەرامی کوردەواری و سۆزی نیشتمان پەروەری و خۆشەویستی دایکان و ئەو شەوانی تەنیایی و جیایی و نامۆییەیان پێوەیەو بۆن و بەرامیان وەکوو عەترێکی سرووشتی بڵاو ئەبێتەوە و هیوادارم کاک شۆڕش سورمێ بەردەوام بێت لە نووسین و شیعرو چالاکیە ڕۆژنامەوانیەکانی ، ئێمەی کورد پێویستمان بە پێنووسی نەبەردی وەکوو شۆڕش سورمێ هەیە لە دەرەوەی وڵات ، بە هیوای ئەوەی بە هەردوو زمانی کوردی و ئیتاڵی بەردەوام بێت و خوێنەرانیش سوود وەرگرن لەو ئەزموونە دوورو دێژەی کە پەیدای کردوە لە نێوانی دوو کولتووری جیاوازدا .




پێشانگەی نێودەوڵەتی کتێب یان بازاڕی کتێب ، دوو شڕۆڤەی پیشەییانە.. نووسینی: ئاری دزەیی

شڕۆڤەی یەکەم :

پێشانگەی نێودەوڵەتی کتێب لە هەولێر یان لەهەر شارێکی کوردستان یان لەهەر شوێنێکی جیهان تەنها شوێنێک نییە بۆ کڕین و فرۆشتنی کتێب، بەڵکو گەورەترین بۆنەی کولتوورییە کە نەتەوە، زمان و بیرکردنەوە جیاوازەکان لە یەک شوێندا کۆدەکاتەوە. لە فرانکفۆرتەوە تا هەولێر لە قاهیرەوە تا سلێمانی، لە سوریاوە تا دهۆک ، هەموو پێشانگەیەک هەمان ئامانجی هەیە: پاراستنی وشە و بڵاوکردنەوەی زانست. و ڕۆشنبیری و هونەر .

تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی پێشانگەی کتێب:

  1. فرە-نەتەوەیی بوون: گرنگترین تایبەتمەندیی ئەوەیە کە نێودەوڵەتییە. دەیان وڵات، سەدان دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە، بە زمانە جیاوازەکان بەشداری دەکەن. خوێنەر لە یەک هۆڵدا دەتوانێت کتێبی کوردی، عەرەبی، ئینگلیزی و فەرەنسی لە تەنیشت یەک ببینێت.
  2. فرە-ڕەهەندی بوون: پێشانگە تەنها نمایشکردنی کتێب نییە. بریتییە لە:

  • واژووکردنی کتێبی نووسەران
  • پانێڵ و دیبەیت لەسەر ئەدەب و مێژوو و سیاسەت
  • وۆرکشۆپی نووسینی داهێنەرانە بۆ منداڵان و گەنجان
  • نمایشکردنی کتێبی دەنگی و ئەلیکترۆنی

  1. دەرفەتی پیشەسازی چاپ: شوێنێکە بۆ دروستکردنی پەیوەندی نێوان نووسەر، وەرگێڕ، بڵاوکەرەوە و بریکاری ئەدەبی. زۆر گرێبەستی وەرگێڕان و کڕینی مافی چاپ لەناو پێشانگەدا واژوو دەکرێت.
  2. کاتی وەرزی: ساڵانە لە کاتێکی دیاریکراودا دەکرێتەوە و دەبێتە نەریتێکی کولتووری. بۆ نموونە پێشانگە کتێب لە هەرێمی کوردستان بۆتە جێژنێکی ساڵانەی خوێنەرانی کوردستان.

خاسیەت و سوودەکانی

1 بۆ خوێنەر: گەورەترین کتێبخانەی کاتی دەڕەخسێنێت. هەموو بڵاوکراوە نوێیەکان بە داشکاندان، لەگەڵ دەرفەتی چاوپێکەوتنی ڕاستەوخۆی نووسەری دڵخوازت.

  1. بۆ نووسەر و بڵاوکەرەوە: باشترین بازاڕە بۆ ناساندنی بەرهەمەکانیان بە جیهانی دەرەوە. نووسەرێکی کورد دەتوانێت لەڕێگەی پێشانگەیەکی نێودەوڵەتییەوە کارەکەی بگاتە وەرگێڕێکی بیانی.
  2. بۆ کۆمەڵگا: ئاستی هۆشیاری کۆمەڵگا بەرز دەکاتەوە. کاتێک هەزاران خێزان بە منداڵەکانیانەوە سەردانی پێشانگە دەکەن، کولتووری خوێندنەوە دەبێتە کولتوورێکی گشتی نەک تاکەکەسی.

4 بۆ ئابووری و گەشتیاری: پێشانگە سەدان هەلی کاری کاتی دروست دەکات و جووڵەیەکی گەورە بە هۆتێل، خواردنگە و گواستنەوەی شارەکە دەدات.

ه. پاراستنی ناسنامە: بۆ ئێمەی کورد، پێشانگەی نێودەوڵەتی کتێب گرنگترین سەکۆیە بۆ سەلماندنی ئەوەی کە زمانی کوردی زمانێکی زیندووی نووسین و خوێندنەوەیە و دەتوانێت لە پاڵ زمانە گەورەکاندا بوەستێت.

پێشانگەی کتێب ئەو شوێنەیە کە تێیدا دەزانین مرۆڤایەتی هێشتا باوەڕی بە وشە هەیە. لە سەردەمی خێرایی سۆشیال میدیادا، هێشتا هەزاران کەس بۆ بەرگێکی کاغەزی ڕیز دەبەستن، ئەمە خۆی گەورەترین بەها خاسیەتی کتێبە!

شڕۆڤەی دووەم :

لە سەردەمێکدا کە جیهان بەرەو دیجیتاڵبوون دەچێت، پێشانگەی کتێب سەلماندوویەتی کە کتێبی چاپکراو هێشتا گیانی ماوە. یەکەم پێشانگەی نێودەوڵەتی کتێب لە فرانکفۆرتی ئەڵمانیا لە ساڵی 1949 دامەزرا و ئێستا گەورەترین پێشانگەی جیهانە بە بەشداری زیاتر لە 100 وڵات. ئەم توێژینەوەیە پرسیارێکی سەرەکی دەکاتە بنەما: بۆچی وڵاتان ساڵانە ملیۆنان دۆلار بۆ پێشانگەی کتێب خەرج دەکەن؟
مەبەست لە پێشانگە ی کتێب :

  1. تایبەتمەندییەکانی پێشانگەی نێودەوڵەتی چین و چی جیای دەکاتەوە لە کتێبفرۆشێکی ئاسایی؟
  2. خاسیەتە کولتووری و ئابوورییەکانی بۆ هەرێمی کوردستان چین؟

ئامانج لە پێشانکە :

  • ناساندنی تایبەتمەندییە جیاکەرەوەکانی پێشانگەی نێودەوڵەتی
  • شیکردنەوەی کاریگەرییەکانی لەسەر بەرەوپێشچوونی کولتووری خوێندنەوە
  • پێشکەشکردنی ڕاسپاردە بۆ باشترکردنی پێشانگە

تایبەتمەندییەکان :

1 تایبەتمەندی پێکهاتەیی:
پێشانگەی نێودەوڵەتی بە سێ مەرج نێودەوڵەتی پێدەوترێت: 1) بەشداری زیاتر لە 10 وڵات 2) بوونی بەرنامەی وەرگێڕان 3) بوونی ستانداردی نێودەوڵەتی.

2 تایبەتمەندی ڕێکخراوەیی:
دابەشکردنی هۆڵەکان بەپێی بابەت: هۆڵی منداڵان، هۆڵی ئەکادیمی، هۆڵی ئەدەب، هۆڵی دیجیتاڵ. ئەمە وا دەکات خوێنەر بە ئاسانی بگات بە ئامانجەکەی.

3 تایبەتمەندی میدیایی:
پێشانگە خۆی دەبێتە ناوەندی هەواڵ. زیاتر لە سەدان ڕۆژنامەنووس ڕووماڵی دەکەن و دەبێتە باسوخواسی سۆشیال میدیا.

دوو خاسیەتی گرنگ و بەرجاو :

  1. خاسیەتی کولتووری – دیپلۆماسیەتی نەرم:
    وڵاتێک وەک ئیماراتی عەرەبی لە ڕێگەی پێشانگەی شارجەوە توانیویەتی وێنەی خۆی وەک وڵاتێکی کراوە و ڕۆشنبیر نیشان بدات. بۆ کوردیش دەرفەتێکە بۆ ناساندنی ئەدەبی کوردی بە جیهان.

2 خاسیەتی کۆمەڵایەتی:
پێشانگە شوێنێکی گشتی دروست دەکات کە تێیدا مامۆستا، قوتابی، کەساب و بەرپرس پێکەوە بەبێ جیاوازی کۆدەبنەوە. ئەمە پەیوەندی کۆمەڵایەتی بەهێز دەکات.

پێشانگەی نێودەوڵەتی کتێب تەنها بازاڕێکی کاتی نییە، بەڵکو دامەزراوەیەکی کولتووری هەمیشەییە. تایبەتمەندییەکەی لە فرەچەشن بوونەکەیدایە و خاسیەتەکەشی لەوەدایە کە کتێب لە کاڵایەکەوە دەگۆڕێت بۆ کردارێکی کۆمەڵایەتی.

نووسینی / ئاری دزەیی