خەڵاتی ” نۆبڵ” و سنووری چارەسەرەکانی سەرمایەداری.. کاوە کەریم

لە ١٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٦، ئەکادیمیای زانستەکانی سوید خەڵاتی ئابووریی بانکی ناوەندی سوید بە “ڕۆبەرت ئێ. هۆڵ و مایکل وودفۆرد” بەخشی، بەهۆی “پەرەپێدانی بنەما میکرۆئیکۆنۆمەکان و جێگیرکردنی ماکرۆئیکۆنۆمی”. ئامانجی سەرەکیی توێژینەوەکانیان پەرەپێدانی مۆدێلە ئابوورییەکانە، بەشێوەیەک کە یارمەتی دەوڵەت و بانکە ناوەندییەکان بدەن کاریگەریی ئاڵوگۆڕە ئابوورییەکان کەم بکەنەوە و بە سیاسەتی دارایی و نەقدییەوە هاوسەنگیی ئابووری بپارێزن.
ئەم خەڵاتە پرسیارێکی گرنگی سیاسی و تیۆریی دەخاتەڕوو: تا چەندە مۆدێلە نوێکانی ئابووری دەتوانن قەیرانەکانی سەرمایەداری بەڕێوەببەن؟ ئایا جێگیرکردنی ئابووری بە مانای چارەسەرکردنی هۆکارە بنەڕەتییەکانی قەیرانە، یان تەنها هەوڵێکە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی لە چوارچێوەی هەمان سیستەمدا؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، پێویستە جیاوازی لە نێوان دوو ئاستی شیکردنەوەدا بکەین: یەکەم، چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئابووری و کەمکردنەوەی توندیی قەیرانەکان، دووەم، شیکردنەوەی ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و چینایەتییانەی کە سیستەمی سەرمایەداری لەسەریان دامەزراوە. ئەم دوو ئاستە پەیوەندییان بە یەکەوە هەیە، بەڵام یەک شت نین.
بێگومان، مۆدێلێکی ئابووری دەتوانێت لە ڕووی تەکنیکییەوە یارمەتیی بەڕێوەبردنی قەیران بدات، بەڵام ئەمە بەمانای ئەوە نییە کە هۆکارە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکانی قەیرانەکەی ڕوون کردۆتەوە. هەر لێرەوە ڕەخنەی مارکسیستی دەست پێدەکات: نەک بە ڕەتکردنەوەی هەموو ئامرازێکی ئابووری، بەڵکو بە پرسیارکردن لە سنووری تیۆرییەکان، ئەو پەیوەندییانەی کە دەیانخەنە ناو شیکردنەوەکە و ئەو ڕاستییانەی کە لە دەرەوەی چوارچێوەکەیان دەمێننەوە.
لە سەدەی بیستیەمدا، سەرمایەداری چەندین قۆناغی قەیران و گۆڕانکاریی سیاسی و ئابووریی بەخۆوە بینی. قەیرانی گەورەی ئابووریی ساڵی ١٩٢٩ و دواتر، لەگەڵ بێکاریی بەربڵاو و کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان ڕووبەڕوو بووەوە. بۆیە ئابووریناسان گەشتنە ئەو بڕوایەی کە بازاڕ بە تەنیا و بەبێ دەستێوەردانی حکومەت ناتوانێت هەمیشە هاوسەنگیی ئابووری بپارێزێت و قەیرانەکانی چارەسەر بکات. لەو بارودۆخەدا، بیرۆکەکانی “جۆن ماینارد کینز” گرنگییەکی تایبەتیان پەیدا کرد. “کینز” پێی وابوو کە لە هەندێک بارودۆخدا، بە تایبەتی کاتێک خواستی گشتی کەمدەبێتەوە و وەبەرهێنان دادەبەزێت، بازاڕ بەتەنها ناتوانێت بە خێرایی ئابووری بگەڕێنێتەوە سەر ڕێڕەوی گەشەکردن. لەبەرئەوە، دەوڵەت دەتوانێت بە زیادکردنی خەرجیی گشتی، هاندانی داواکاری و بەکارهێنانی ئامرازە دارایی و نەقدییەکان کاریگەری لەسەر ئاستی بەرهەمهێنان و دامەزراندن دابنێت.
لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە، سیاسەتە “کینزییەکان” لە چەندین وڵاتی ڕۆژئاوا بوونە بەشێک لە سیاسەتی ئابووری. لەهەمان کاتدا، دەوڵەتی ئاسوودە و هەندێک بەرنامەی سۆسیال-‌دیموکراتی، بەهۆی فشاری بزووتنەوە کرێکارییەکان و کۆمۆنیستیەکان و هاوسەنگیی هێزە سیاسییەکان، ڕۆڵی گرنگیان لە دابینکردنی خزمەتگوزاریی گشتی، پاراستنی کۆمەڵایەتی و کەمکردنەوەی هەندێک نایەکسانی گێڕا. بەڵام ئەم ڕێڕەوەیە بۆ هەمیشە بەردەوام نەبوو. لەکۆتایی حەفتاکانی سەدەی بیستەم و سەرەتای هەشتاکاندا، لەئەنجامی پاشەکشێی مۆدیلی سەرمایەداری دەوڵەتی لە ئەوروپای ڕۆژهەڵات، هەروەها کاریگەریی هەڵاوسانی بەرز، کێشەکانی بەرهەمهێنان و قەیرانەکانی ئابووریی جیهانی، ئاراستەی سیاسەتە ئابوورییەکان لە چەندین وڵاتی ڕۆژئاوادا دەستی بە گۆڕانێکی بەرچاو کرد. لەم قۆناغەدا، بیرۆکەکانی “نیولیبرالیزم” زیاتر بوونە بنەمای سیاسەتەکانی حکومەتەکان، سیاسەتێک کە تایبەتیکردنی هەندێک کەرتی گشتی، کەمکردنەوەی خەرجیی کۆمەڵایەتی و بیمەکان، ئازادکردنی بازاڕ و گۆڕینی پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و سەرمایەی لەخۆ دەگرت.
لەڕووی مێژووییەوە، بەخشینی خەڵاتی نۆبڵ بە” فریدریش هایک ” لە ساڵی ١٩٧٤دا دەتوانرێت وەک بەشێک لەهەلومەرجی ئەو کاتە و ملمێلانێی نێوان ئاراستە جیاوازەکانی بیرکردنەوەی ئابووری بخوێندرێتەوە. “هایک” ڕەخنەگرێکی توندی پلاندانانی ناوەندی و دەستتێوەردانی فراوانی دەوڵەت لە ئابووریدا بوو، لە بەرامبەریشدا جەختی لەسەر ڕۆڵی بازاڕ و سنووردارکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت دەکردەوە. لەبەرئەوە، خەڵاتەکەی دەتوانێت وەک نیشانەیەک لە گرنگیی ئەو ئاراستە فکرییە لە مێژووی بیرۆکە ئابوورییەکاندا لێکبدرێتەوە. ئەو گۆڕانکارییانە دەرئەنجامی کۆمەڵێک هۆکاری ئابووری، سیاسی و مێژوویی بوون، لەوانە قەیرانەکانی ئەو سەردەمە و گۆڕانی هاوسەنگیی هێز لەنێوان دەوڵەت، سەرمایە و چینی کرێکار.
لێرەوە پرسیارێکی گرنگ دێتە پێشەوە: ئەم گۆڕانە لە سیاسەتە ئابوورییەکاندا چۆن پەیوەندیی نێوان دەوڵەت، سەرمایە و چینی کرێکاری گۆڕی؟ ئایا ئازادکردنی بازاڕ و کەمکردنەوەی دەستتێوەردانی دەوڵەت توانای سەرمایەداریی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی زیادکرد، یان لەهەندێک بارودۆخدا، تەنها شێوازی دابەشکردنەوەی تێچووی قەیران و بارگرانییە کۆمەڵایەتییەکانی گۆڕی؟ لەم ڕوانگەیەوە، کێشەکە تەنها ئەوە نییە کە کام سیاسەتی ئابووری کاراترە، بەڵکو ئەوەشە کە سوودی ئەو سیاسەتانە بۆ کام چین و گرووپی کۆمەڵایەتی دەگەڕێتەوە و تێچووەکانیان لەسەر شانی کێ دەکەوێت؟

یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی مۆدێلەکانی” ڕۆبەرت هۆڵ و مایکڵ وودفۆرد” ئەوەیە کە دیاردە گەورەکانی ئابووری، وەک هەڵاوسان، گۆڕانی بەرهەمهێنان و سووڕەکانی سەرووبەرزی و نزمبوونەوەی ئابووری، بە پشتبەستن بە بنەما “میکرۆئابوورییەکان” شیدەکەنەوە. لەم مۆدێلانەدا، بڕیارەکانی خێزان و کۆمپانیاکان، چاوەڕوانییەکانیان سەبارەت بە داهاتوو و کاریگەریی سیاسەتی دارایی و نەقدی، ڕۆڵێکی گرنگ لە ڕوونکردنەوەی گۆڕانکارییە ئابوورییەکاندا دەگێڕن. بۆ نموونە، چاوەڕوانیی خێزان و کۆمپانیاکان سەبارەت بە داهاتی داهاتوو، نرخەکان و بڕیارەکانی بانکە ناوەندییەکان، دەتوانێت کاریگەری لەسەر خەرجی، وەبەرهێنان و بڕیارەکانی ئابوورییان هەبێت. بەڵام لێرەدا قسە لەسەر دروستی یان نادروستی مۆدێلکە نییە بەوەی ئەوە نییە بەوەی ئەم شێوازەی شیکردنەوە بەکاردەهێنێت، پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە کە ئایا ئەم شێوازەی شیکردنەوە، لەگەڵ بڕیارە تاکەکەسییەکان، پەیوەندییە مێژوویی و چینایەتییەکانی بەرهەمهێنانیش لەبەرچاو دەگرێت؟ یان ئەو پەیوەندییانە وەک بارودۆخێکی دەرەکی و پێشوەختە ئامادەکراو وەردەگرێت، بێ ئەوەی چۆنیەتیی پەیدابوون و گۆڕانیان لە ڕەوتی مێژووییدا شیکاتەوە؟
لەلای مارکس، ئابووری تەنها کۆی بڕیارە سەربەخۆکانی تاکەکان نییە. سیستەمی سەرمایەداری لەسەر پەیوەندییەکی دیاریکراوی خاوەندارێتی و بەرهەمهێنان دامەزراوە. لەلایەکەوە، خاوەن سەرمایە و ئامرازەکانی بەرهەمهێنان هەن، لە لایەکی ترەوە، کرێکاران هەن کە بۆ بەدەستهێنانی مانەوەی ژیانیان ناچار دەبن هێزی کاری خۆیان بفرۆشن. ئەم دوو پێگەیە تەنها جیاوازیی نێوان ئارەزوو و هەڵبژاردەی تاکەکەسی نین. ئەوان بەرهەمی مێژوویەکی کۆمەڵایەتین کە خاوەندارێتی، دەسەڵاتی ئابووری و توانای بڕیاردان بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە و نایەکسان دابەشدەکەن. بۆ نموونە، خاوەن کۆمپانیا دەتوانێت لەسەر بنەمای چاوەڕوانیی قازانج بڕیار لەسەر وەبەرهێنان بدات، بەڵام کرێکاران لەهەمان بازاڕدا لەژێر فشاری دابینکردنی ژیانی خۆی و خێزانەکەیدایە. هەردووکیان بڕیار دەدەن، بەڵام لەهەمان پێگەی کۆمەڵایەتی و ئابووریدا نین. ئەم مۆدێلە ئەم جیاوازییە لەبەرچاو ناگرێت، هەربۆیە پەیوەندییەکی چینایەتیی مێژوویی بە کۆمەڵێک هەڵبژاردەی تاکەکەسی سادە دەکاتەوە.
بەڵام ئەمەش بەمانای ڕەتکردنەوەی هەموو شیکردنەوەیەکی “میکرۆیی ” ئابووری نییە. ڕەخنە لەم مۆدێلانە لەوێدایە کەپوەندییە چینایەتیەکان و پێگەی کۆمەڵایەتی چینەکان حسابی لەسەر ناکرێت و پشتگوێ دەخرێت، ئەوەش کاریگەرێکی گەورەی دەبێت لەسەر ئەنجامەکانی هەر تیۆرییەک، یان چۆن ئەو سنوورە کاریگەری لەسەر سیاسەتە پێشنیارکراوەکانی دادەنێت. لەبەرئەوە، پرسیاری ناوەندی ئەمە نییە کە ئایا شیکردنەوەکە لە تاکەکەسەوە دەست پێدەکات یان لە کۆمەڵگەوە، بەڵکو ئەوەیە کە ئایا پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان، کەڵەکەکردنی سەرمایە و دەسەڵاتی چینایەتی دەخاتە ناو ناوەندی شیکردنەوەکە، یان لە دەرەوەی چوارچێوەکەی دەیهێڵێتەوە.
لە سەردەمی ئێستادا، سەرمایەداریی جیهانی بەدەست قەیرانێکی جیهانییەوە دەناڵێنێت، دووچاری کۆمەڵێک کێشە و ناکۆکیی قووڵی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە بۆتەوە، کێشەگەلێک کە توانای سیستەمی سەرمایەداری بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی خۆی دەخەنە ژێر پرسیارەوە. دابەزینی ڕێژەی قازانج، قەیرانی دارایی، بارگرانیی قەرز، نائارامیی بازاڕ و نایەکسانیی داهات و سامان، هەموویان ئەو پرسیارە گرنگە دەخەنە ڕوو کە ئایا ئامرازە باوەکانی سیاسەتی ئابووری دەتوانن لە سنووری کۆنترۆڵکردنی کاریگەرییەکانی قەیران تێپەڕن و هۆکارە بنەڕەتییەکانی چارەسەر بکەن.
بەرهەمهێنانی سەرمایەداری دووچاری مەیلی دابەزینی ڕێژەی قازانجە بۆتەوە، بەهۆی قەیرانەکەوە لە قۆناغێکدا وەستاوە کە ناچارە شێوازەکانی بەڕێوەبردن و کۆنترۆڵکردنی پرۆسە ئابوورییەکانی بگۆڕێت. بەڵام، گۆڕینی ئەم شێوازانە بەمانای ڕزگاربوونی سەرمایەداری لە قەیران نییە. سیاسەتی “ماکرۆئابوورییەکان” گۆڕینی ئامرازەکانی بەڕێوەبردنی سەرمایەداری و پاراستنی پەیوەندییە ئابوورییە باوەکانە، نەک گۆڕینی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان کە دەتوانن ببنە هۆی گۆڕانێکی بنەڕەتی لە پێکهاتەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی سەرمایەداریدا. چونکە ئەگەر قەیرانەکان بەردەوامبن و شێوازە باوەکانی بەڕێوەبردنی ئابووری نەتوانن چارەسەرێکی جێگیر بۆیان بدۆزنەوە، ئەوا لەوانەیە مەرجی مێژوویی بۆ گۆڕانکارییەکی قووڵتر بێتە ئاراوە. بەڵام، ئەم گۆڕانکارییە بە شێوەیەکی خۆبەخۆ و حەتمی ڕوونادات، بەڵکو ئاراستە و ئەنجامەکەی پەیوەندی بە هاوسەنگیی هێزە چینایەتییەکان و توانای جووڵانەوە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەیە.
لێرەدا جیاوازییەکی بنەڕەتی لەنێوان گۆڕانکاری لە ناو سەرمایەداریدا و گۆڕانکاری لە پەیوەندییە بنەڕەتییەکانی خودی سەرمایەداریدا دەردەکەوێت. یەکەمیان دەتوانێت شێوازەکانی کارکردنی سیستەم بگۆڕێت، بەبێ ئەوەی بنەمای چینایەتی و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان بگۆڕێت، بەڵام دووەمیان پێویستی بە گۆڕانی بنەڕەتی لەخودی ئەو پەیوەندییانەدایە. هەر لەو چوارچێوەیەدا، پرسەکە ئەوەیە ئایا تا چ ڕادەیەک ئامرازە ماکرۆئابوورییەکان دەتوانن قەیرانەکانی سەرمایەداری کۆنترۆڵ بکەن، بێ ئەوەی سەرچاوە بنەڕەتییەکانیان بگۆڕن.
لە ڕوانگەی ئەم ڕەخنەیەوە، کێشەکانی وەبەرهێنان، دابەزینی ڕێژەی قازانج و نائارامیی بازاڕ نابێت تەنها وەک کێشەیەکی تەکنیکی لە ڕێکخستنی سیاسەتی نەقدی و دارایی سەیر بکرێن. بەڵکو دەبێت ئەو پەیوەندییە مێژوویی و چینایەتییانەش لەبەرچاو بگیرێن کە لە چوارچێوەیاندا بەرهەمهێنان، کەڵەکەی سەرمایە و دابەشکردنی قازانج ڕێکدەخرێن.
یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکانی ئابووریی سەرمایەداری لە قۆناغە قەیراناوییەکاندا، ئەوەیە کە وەبەرهێنان و بەرهەمهێنان بە تەنها بە بوونی ئامرازەکانی سیاسەتی نەقدی و دارایی بەردەوام نابن. تەنانەت ئەگەر بانکە ناوەندییەکان ڕێژەی سوود کەم بکەنەوە و مەرجەکانی قەرزگرتن ئاسانتر بکەن، ئەمە بەخۆی گەرەنتیی زیادبوونی وەبەرهێنان لە بەرهەمهێنانی ڕاستەقینەدا نییە. ئەگەر کۆمپانیاکان و وەبەرهێنان دووچاری کەمی ڕێژەی قازانج ببنەوە، یان بازاڕی فرۆشتن و خواستی بەرهەمەکان لاواز بێت، نزمکردنەوەی ڕێژەی سوود لەوانەیە بە تەنها نەبێتە هۆی زیادبوونی وەبەرهێنان. بەپێچەوانەوەشەوە، بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوود بۆ کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان دەتوانێت تێچووی قەرز زیاد بکات و فشار لەسەر وەبەرهێنان و بەرهەمهێنان دروستبکات. بەم شێوەیە، ئامرازەکانی سیاسەتی نەقدی لە نێوان دوو ئامانجی قورسدا دەجووڵێن: کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان و پاراستنی چالاکیی ئابووری.
بەڵام کێشەکەش لەمەش قووڵترە، ئەگەر کێشەی وەبەرهێنان و قازانج تەنها بە گۆڕینی ڕێژەی سوود چارەسەر نەکرێت، ئەوا دەبێت بپرسین ئایا کێشەکە تەنها لە شێوازی بەڕێوەبردنی ئابووریدایە، یان پەیوەندی بە خودی شێوازی بەرهەمهێنان و کەڵەکەی سەرمایەوە هەیە. ئەم پرسیارە جیاوازیی نێوان چارەسەرێکی تەکنیکی بۆ کێشەیەکی ئابووری و لێکۆڵینەوە لە هۆکارە مێژوویی و پێکهاتەییەکانی ئەو کێشەیە دەخاتە ڕوو. لەبەر ئەوە، ڕەخنە لە ئابووریناسانی بۆرژوازی باو نابێت تەنها لەسەر ئەوە بوەستێت کە ئایا مۆدێلێک دەتوانێت بە دروستی گۆڕانەکانی ڕێژەی سوود، چاوەڕوانییەکانی بازاڕ یان هەڵاوسان پێشبینی بکات. پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە کە ئەم مۆدێلانە تا چ ڕادەیەک دەتوانن هۆکارەکانی قەیران لە چوارچێوەی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان و کەلەکەی سەرمایەدا ڕوونبکەنەوە. لەڕوانگەیەکی ڕەخنەییەوە، ئەگەر شیکردنەوەیەک قەیران تەنها بە کێشەیەک لە ڕێکخستنی چاوەڕوانییەکان، سیاسەتی بانکە ناوەندییەکان یان هەڵەی بڕیارە تاکەکەسییەکان بزانێت، لەوانەیە ئەو پەیوەندییە بنەڕەتییانە لەبەرچاو نەگرێت کە قەیران لە چوارچێوەیاندا دروست دەبێت.

بەم پێیە، کێشەکە تەنها ئەوە نییە کە ئابووریناسانی بۆرژوازی لە پێشبینیی قەیرانەکاندا هەڵە دەکەن، یان ئامرازەکانیان لە هەموو بارودۆخێکدا کاریگەر نین. کێشەی قووڵتر ئەوەیە کە چوارچێوەی تیۆریی ئەوان تا چ ڕادەیەک توانای ڕوونکردنەوەی قەیران و سنوورەکانی چارەسەرکردنی هەیە. ئەگەر قەیرانەکان تەنها وەک ئەنجامی هەڵەی سیاسەتی نەقدی، نەبوونی متمانە یان ناڕێکیی چاوەڕوانییەکانی بازاڕ لێکبدرێنەوە، ئەوا ڕەنگە ئەوەی لە بنەڕەتدا پێویستی بە لێکۆڵینەوەیە، واتە پەیوەندیی نێوان قازانج، وەبەرهێنان، بەرهەمهێنان و ملمڵانێی چینایەتی، لە چوارچێوەی شیکردنەوەکەدا جێگایەکی تەواوی نەبێت. لێرەدا ڕەخنەکە لە سنووری توانای پێشبینی تێدەپەڕێت و دەگاتە سنووری چوارچێوەی تیۆرییەکە بۆ تێگەیشتن لە خودی قەیرانەکە.
لەهەمان کاتدا، مۆدێلەکانی جێگیرکاریی “ماکرۆئابووری” هەوڵ دەدەن چوارچێوەیەکی تیۆری بۆ تێگەیشتن لە کاریگەریی سیاسەتی نەقدی و دارایی، چاوەڕوانییەکانی بازاڕ و ڕێژەی سوود دابینبکەن. ئەم مۆدێلانە دەتوانن یارمەتیی شیکردنەوەی هەندێک لە دیاردە “ماکرۆێیکۆنۆمی” یەکان بدەن، بەڵام، توانای شیکردنەوەی دیاردەکان بەتەنها بەڵگەی ئەوە نییە کە هۆکارە پێکهاتەییەکانی قەیرانیشیان ڕوون کردووەتەوە. بۆ نموونە، کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان دەتوانێت یەکێک لە ئامانجەکانی سیاسەتی ئابووری بێت، بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە کە ئەم سیاسەتانە بە چ نرخێکی کۆمەڵایەتی بەدەست دێن و بارگرانییەکانیان لەسەر کام چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکان دەکەوێت.
ئەگەر کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان بە سیاسەتێک بگاتە ئەنجام کە بێکاری زیاد بکات، کرێ بخاتە ژێر فشار یان توانای چینی کرێکار بۆ داواکردنی مافەکانی و بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی لاواز بکات، ئەوا پێویستە ئەم کاریگەرییە کۆمەڵایەتییانەش لەگەڵ ئەنجامە ماکرۆئابوورییەکانی سیاسەتەکەدا هەڵبسەنگێنرێن. لەو بارودۆخەدا، جێگیریی نرخەکان بەتەنها ناتوانێت ببێتە پێوەرێکی تەواو بۆ سەرکەوتنی سیاسەتی ئابووری، چونکە دەبێت بپرسین ئەم جێگیرییە چۆن بەدەست هاتووە، کێ تێچووی پاراستنی داوە و کام پەیوەندییەکانی دەسەڵات و بەرهەمهێنان بەهێزتر بوونەتەوە.
دەبێت ئاماژە بەوەش بکرێت، لەم نێوەدا دەوڵەت لە سیستەمی سەرمایەداریدا تەنها دامەزراوەیەکی بێلایەن نییە کە لە دەرەوەی پەیوەندییە ئابوورییەکان وەستابێت. دەوڵەت بە یاسا، سیاسەتە دارایی و نەقدییەکان، ڕێکخستنی بازاڕی کار و دامەزراوەکانییەوە بەشێکە لە چوارچێوەی کۆمەڵایەتییەک کە بەرهەمهێنان و کەڵەکەکردنی سەرمایەی تێدا ڕێک دەخرێت.
بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نییە کە دەوڵەت بتوانێت لە هەموو بارودۆخێکدا ڕاستەوخۆ لە خزمەتی هەموو بەشەکانی سەرمایەدایە بێت. پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و چینە کۆمەڵایەتییەکان پەیوەندییەکی ئاڵۆزە و کاریگەریی فشاری کرێکاران، بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و ناکۆکییەکانی ناو خودی چینە خاوەن سەرمایەکانیش لەسەر سیاسەتەکان دەبێت.
لە کۆتاییدا، خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئابووری بە خۆی ناتوانێت وەڵامی پرسیارە بنەڕەتییەکانی قەیرانی سەرمایەداری بداتەوە. ئەگەر مۆدێلێک بتوانێت هەندێک لە میکانیزمەکانی بازاڕ و سیاسەتی نەقدی ڕوونبکاتەوە، ئەمە بەمانای ئەوە نییە کە هۆکارە مێژوویی و چینایەتییەکانی قەیرانیشی چارەسەر کردووە. لەبەرئەوە، لەجیاتی ئەوەی تەنها بپرسین چۆن دەتوانرێت سەرمایەداری بە باشتر بەڕێوە ببرێت، دەبێت ئەم پرسیارەش بخەینە ڕوو: ئایا پەیوەندییە بنەڕەتییەکانی ئەم سیستەمە دەتوانن بەردەوام هەمان قەیرانەکان بەرهەمبهێنن، تەنانەت کاتێک ئامرازەکانی بەڕێوەبردنیان دەگۆڕدرێن؟
لێرەدا پێویستی بە گەڕان بەدوای ئەلتەرناتیڤێکی تر دەردەکەوێت، ئەلتەرناتیڤێک کە تەنها لە بەڕێوەبردنی باشتر و جێگیرکردنی سیستەمدا کورت نەبێتەوە، بەڵکو پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان و دابەشکردنی دەسەڵات و سامانیش بخاتە ژێر پرسیارەوە. لەم بارودۆخەدا، ئاماژەی “جۆرج ماگنۆس” ڕاوێژکاری ئابووریی پێشووی UBS، لە ساڵی ٢٠١١دا لە بلومبێرگ، کە بانگەشەی دەکرد “شانسێک بە کارل مارکس بدەن تاکو جیهان ڕزگاربکات، جێگای سەرنجە.” ئەمەش بانگەشەیەش دەتوانێت وەک نیشانەیەک لە گرنگیی گەڕانەوە بۆ ڕەخنەی مارکس لە سەرمایەداری بخوێندرێتەوە، بانگەوازێک بۆ دووبارەکردنەوەی پرسیارە بنەڕەتییەکانی لەبارەی قەیران، قازانج و داهاتووی سیستەمی سەرمایەداری.




ئینتیداب و داسەپاندنی ئینتیدابی به‌ریتانی لە عێراق و شوێنه‌واره‌كانی به‌سه‌ر باشووری كوردستاندا.. ئاكۆ عه‌بدوڵڵا

سیسته‌می ژێرفەرمانی یان ئینتیداب (Mandate System) سیستەمێکی نێودەوڵەتی بوو، ساڵی 1919 دوای جەنگی یه‌كه‌می جیھانی به‌پێی مادده‌ی 22 لەلایەن کۆمەڵەی گه‌لان داهێنرا كه‌ تێیدا هاتبوو‌ (ئه‌و زه‌وییانه‌ی له‌ وڵاته‌ ژێركه‌وتووه‌كانی جه‌نگ {عوسمانی و ئه‌ڵمانی} دابڕێنراون و دانیشتوانه‌كانیشی ناتوانن خۆیان به‌ڕێوه‌به‌رن، ده‌كه‌ونه‌ ژێر فه‌رمانییه‌تی ئه‌و وڵاته‌ پێشكه‌وتوو و به‌توانایه‌ی ده‌ستی به‌سه‌رداگرتووه‌، تا به‌هۆی لێهاتوویی و ئه‌زموونی ئه‌و بتوانن ئاماده‌بن بۆ خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری). كۆمه‌ڵه‌ی ناوبراو ئه‌وه‌ی به‌چاكترین بژارده‌ی گرتنه‌ ئه‌ستۆی به‌رپرسیاریه‌تی دانابوو. به‌ڵام به‌و كاره‌ی ره‌وایه‌تی درا به‌ داگیركه‌ر تا ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ له‌ وڵاته‌ ژێركه‌وتووه‌كانی جه‌نگ به‌رده‌ستی كه‌وتوون‌ دایانببڕێ‌ و بیانخاته‌ ژێر هه‌ژموونی خۆی، تا‌ ئه‌و كاته‌ی ئامادە ده‌بن و ده‌توانن پارێزگاری له‌سه‌ربه‌خۆییان بكه‌ن. كه‌واته‌ لێره‌دا پاساوی پاشكه‌وتوویی سیاسی و ئابووری و ئه‌زموونی كارگێڕی كرا به‌ ئامراز و هۆكار بوو بۆ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی بونیاد و تواكان و قۆرغكردنی سامان و سه‌رمایه‌ی ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ بێگومان پێشتر پلانیان بۆ داڕێژرابوو. ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت مانداتی شێوازێکی نوێی داگیرکاری و کۆڵۆنیالیزمی بوو، بە بەرگێکی یاسایی نێودەوڵەتی داپۆشرابوو. هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ش كه‌ له‌لایه‌ن وڵاته‌سه‌ركه‌وتووه‌كانی وه‌ك به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا كه‌وتنه‌ ژێر رژێمی ئینتیداب، ده‌ست به‌سه‌ر جومگه‌كانی سوپا و دارایی و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌یاندا گیرا، هه‌رچه‌نده‌ رووكه‌شیانه‌ قه‌وار و ناویان دیار بوو.

ئینتیداب كۆمه‌ڵێك ئاستی بۆ دانرابوو، به‌گوێره‌ی گەشەسەندن و ئامادەیی شوێنه‌كه‌ بۆ سەربەخۆیی و خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری. جۆری (A) تایبەت بوو بەو وڵاتانەی کە ئاماده‌ییان باش بوو و نزیکبوون لە سەربەخۆیی، وەک عێراق و سوریا و لوبنان. جۆری(B) بۆ ئه‌و ناوچانه‌ی کە پێویستیان بە کات و سەرپەرشتی زیاتر هه‌بوو، وەک زۆربەی داگیرگه‌كانی پێشووی ئەڵمانیا لە ناوەڕاست و ڕۆژئاوای ئەفریقا و دوورگەکانی میلانیسیا، له‌وانه‌ (بوروندی و پاپوای نیو گینیا و تۆگۆ). جۆری (C) تایبه‌ت بوو به‌و ناوچانه‌ی کە بەهۆی کەمی دانیشتوان یان دووری جوگرافی، به‌ بەشتێک لە خاکی وڵاتی سەرپەرشتیکار دادەنرا، وەک باشووری ڕۆژئاوای ئەفریقا و هەندێک دوورگەی زەریای هێمن کە پەیوەندییان بە ئیمپراتۆرییەتی ژاپۆنه‌وه‌ ھەبوو. دوای وه‌ستانی جه‌نگی دووه‌می جیهانی سیستەمی ئینتیداب هه‌ڵوه‌شێنرا،‌ به‌ڵام هاوشێوه‌ی ئه‌و له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان سیستەمی ڕاسپاردەی نێودەوڵەتی(Trusteeship System) له‌و شوێنانه‌ په‌یڕه‌وكرا كه‌ هێشتا سه‌ربه‌خۆییان زه‌وتكرابوو. لێره‌دا پێویسته‌ ئه‌وه‌ له‌بیر نه‌كه‌ین سیسته‌می (پاراستن protection system) یش هه‌یه‌، كه‌ ئه‌ویشیان شێوه‌یه‌كی دیكه‌ی داگیركارییه‌ و له‌ نیوه‌ی دوومی سه‌ده‌ی نۆزده‌ ده‌ركه‌وت، تایبه‌ت بوو به‌و ناوچانه‌‌ی كه‌ ڕووكه‌شانه‌ له‌ناوخۆیاندا سه‌ربه‌خۆن‌ به‌ڵام له‌ كاروباری ده‌ره‌وه‌ و ئاسایش و به‌رگریكردن، له‌لایه‌ن ئه‌و وڵاته‌ به‌ڕێوه‌ ده‌برا كه‌ له‌ژێر هه‌ژموونیدا بوو‌، وه‌ك وڵاتانی كه‌نداوی عه‌ره‌بی كه‌ ئه‌وسا له‌ژێر پاراستنی به‌ریتانیادا بوون، وڵاتی مه‌غریب كه‌ له‌ژێر په‌یمانی پاراستنی فه‌ره‌نسیدا بوو.

ئینتیدابی بەریتانی به‌سه‌ر عێراق و خەبات بۆ سەربەخۆیی
به‌ر له‌ هه‌ڵگیرساندنی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی (1914 – 1918) به‌ریتانیا چاوی بڕیبووه‌ زۆر به‌شی ده‌وڵه‌تی عوسمانی. له‌سه‌ره‌تای جه‌نگه‌كه‌ش كه‌ دژی یه‌كتری وه‌ستابوون، به‌ریتانییه‌كان له‌ باشوور به‌ هێزێكی زۆری سه‌ربازی هێرشیان كرده‌ سه‌ر عێراق. تا ده‌هات زیاتر به‌ره‌و باكوور هه‌ڵده‌كشان. ساڵی 1917 به‌سه‌رۆكایه‌تی جه‌نه‌ڕال (ستانلی مۆد) توانیان به‌غدا بگرن. ئه‌وسا وه‌هایان راگه‌یاند ئه‌وان وه‌ك فریادڕه‌س هاتوون و گه‌ره‌كییانه‌ ناوچه‌كه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی عوسمانی پاك بكه‌نه‌وه‌ كه‌ ببووه‌ بارێكی سه‌خت به‌سه‌ر دانیشتوان.
دوای وه‌ستانی جه‌نگه‌كه‌ به‌ریتانیا هاوشێوه‌ی دەوڵەتە زلهێزەکانی ئەوروپا، بە بیانوی پاراستن و ڕێکخستن و پەرەپێدانی ئەو ناوچانە، به‌ته‌واوی ده‌ستی به‌سه‌ر لایه‌نی سیاسی و ئابووری عێراقدا گرت. ساڵی 1920 کۆمەڵەی گەلان لە کۆنفرانسی (سان ڕیمۆ) ئینتیدابی بەریتانی بۆ عێراق پەسەند کرد. ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ش ساڵانێكی درێژ عێراقی كرده‌ پاشكۆ و کاریگەری نه‌رێنیشی لەسەر سیاسەت و ئابووری و پێگه‌كه‌ی جێهێشت. هه‌رچه‌نده‌ به‌درێژایی ماوه‌كه‌ بەریتانیا بانگەشەی ئەوەی دەکرد ئامانجی یارمەتیدانی عێراقە بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی، به‌ڵام مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی به‌هێزكردنی ده‌سه‌ڵاتی خۆی بوو له‌ ناوچه‌كه‌. بێگومان له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و بڕیاره‌ ناڕه‌وایه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی گه‌لان،‌ دانیشتوانی عێراق بێده‌نگ نه‌بوون، له‌ مانگی حوزه‌یرانی ئه‌و ساڵه‌ له‌ زۆر ناوچه‌ راپه‌رین روویدا و شۆڕشێكی گه‌وره‌ی جه‌ماوه‌ری لێكه‌وته‌وه‌ و كۆمه‌ڵێك داواكارییان خسته‌ به‌رده‌م ده‌سه‌ڵاتی داگیركه‌ر، له‌وانه‌ ئازادی و پاراستنی سه‌روه‌ری نیشتمانی و ڕەتکردنەوەی دەسەڵاتی بیانی. داگیركه‌ریش بە هێزی سەربازی شۆڕشەکەی سەرکوت کرد و خەڵکێكی زۆریشی کوشت و زۆر شوێنیشی وێران كرد، به‌ڵام ناچار بوو رێڕه‌وی سیاسه‌ته‌كه‌ی بگۆڕێ. ئه‌وه‌بوو به‌سه‌رپه‌رشتی سێر (پێرسی کۆکس) ی راوێژكاری سیاسی به‌ریتانی، حکومەتی كاتی له‌ عێراق به‌سه‌رۆكایه‌تی كه‌سایه‌تییه‌كی دیار كه‌ (عەبدولڕەحمان گەیلانی) بوو پێكهێنا. لە ئاداری ساڵی دواتریش لە کۆنگره‌ی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لەلایەن ئۆفیسی کۆلۆنیالی بەریتانی و به‌ سه‌رۆكایه‌تی خودی (ونستۆن چه‌رچل) له‌ قاهیرە بەڕێوەچوو، بڕیاری دامەزراندنی دەسەڵاتێكی پادشانشینی لە عێراق درا و رۆژی 23 ی ئابی ئه‌و ساڵه‌ لە ژێر ئینتیدابی بەریتانی، (فەیسەڵ کوڕی شه‌ریف حوسێن) كرا به‌ پادشای دەوڵەتی نوێی عێراق. ئه‌وسا بەریتانیا وای نیشان دا عێراق خاوه‌نی حکومەتێکی شانشینییه‌‌، بەڵام سیاسەت و بڕیارە گرنگەکانی ئه‌و حكومه‌ته‌ له‌ژێر هه‌ژموونی به‌ریتانیادا بوو. داگیركه‌ر لە ڕێگەی پەیماننامە و ڕاوێژکارە سیاسی و سەربازییەکانی، ده‌یزانی چۆن دەسەڵاتی خۆی بپارێزێ. وه‌ك ئه‌وه‌ی رۆژی 10ی تشرینی یەکەمی ساڵی 1922 له‌ رێككه‌وتنامه‌ی شاری قاهیره‌ كه‌ له‌نێوان عەبدولڕەحمان گه‌یلانی و پێرسی كۆكس به‌سترا و به‌ پەیماننامەی (ئەنگلۆ-عێراقی) ناسراوه‌ بڕیاردرا به‌ریتانیا دان به‌ فه‌یسه‌لی یه‌كه‌م وه‌ك پادشای عێراق بهێنێ و له‌ به‌رامبه‌ریشدا عێراق له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی (مێندێت) ی به‌ریتانیدا بمێنێته‌وه‌ و کاروباری دەرەوە و بەرگری و دارایی خۆشی بخاته‌ دەست بەریتانیا.
له‌و ماوه‌یه‌ چەندین گۆڕانی سیاسی لە عێراق روویدا. راسته‌ پەرلەمان و حکومەت و دامەزراوەكان پێكهێنران كه‌ بەشێک بوون لە پەرەپێدانی سیستەمی نوێی دەوڵەت، به‌ڵام ئەو دامەزراوانە بە تەواوی سەربەخۆ نەبوون. ئه‌مه‌و راسته‌ بەریتانییه‌كان په‌ره‌یان به‌هه‌ندێك له‌ دامه‌زراوه‌كاندا، له‌وانه‌ ڕێگا و پۆسته‌ و تەلەگراف، بەڵام ئه‌و كارانه‌یان زیاتر بۆ خزمەتی بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی خۆیان بوو، نەک بۆ خۆشگوزه‌رانی خەڵکی عێراق. پاش هێنان و بردنێكی زۆر 3 ی تشرینی یەکەمی ساڵی 1932 به‌ریتانیا رازی بوو عێراق ببێته‌ ئەندامی (کۆمەڵەی گەلان)، به‌وه‌ش ئینتیدابی بەریتانی کۆتایی پێهات و شانشینی عێراق سەربەخۆیی فەرمی بەدەستهێنا. به‌ڵام هێشتا به‌گوێره‌ی په‌یمانی رۆژی 30 حوزه‌یرانی ساڵی 1930 نێوان (نوری سەعید)ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و (فرانسیس همفریز) ی مه‌ندوبی سامی ئه‌وسای بەریتانی له‌ عێڕاق، به‌ریتانیا كۆمه‌ڵێك ئیمتیازاتی له‌ عێراق پێدرابوو كه‌ ده‌بوایه‌ عێراقییه‌كان ساڵانێكی دیكه چاوه‌ڕوان بن بۆ سه‌ربه‌خۆیی ته‌واو، ئیمتیازاته‌كان گه‌وره‌ و كاریگه‌ربوون له‌وانه :‌‌ مانه‌وه‌ی هێزی‌ سه‌ربازی به‌ریتانی و جولاندنیان له‌ خاك و ئاو و ئاسمانی عێراقدا. نه‌ده‌بوایه‌ كاروبار و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی به‌ریتانیا ناكۆك ‌بێ.‌ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی كڵێگه‌كانی نه‌وت كه‌ ئه‌وه‌یان یەکێک بوو له‌ ئامانجە گرنگەکانی بەریتانیا.

شوێنه‌واره‌كانی ئینتیدابی بەریتانی لەسەر پرسی کورد لە باشووری کوردستاندا
دوابه‌دوای راگه‌یاندنی حكومه‌تی نوێی عێراق كه‌ ئه‌وسا له‌ هه‌ردوو ولایه‌تی به‌غدا و موسڵ پێكهاتبوو، چاره‌نووسی ولایه‌تی موسڵ كه‌ زۆربه‌ی زۆری دانیشتوانه‌كه‌ی كورده‌ یه‌كلا نه‌كرابۆوه‌. تورکیا داوای گەڕاندنەوەی ئه‌و ولایه‌ته‌ی دەکرد به‌ پاساوی ئه‌وه‌ی دوای وه‌ستانی جه‌نگه‌كه‌ داگیركراوه‌. بەریتانیاش له‌به‌ر گرنگی هه‌ڵكه‌وته‌ی ناوچه‌كه‌ و ده‌وڵه‌مه‌ندی له‌ یه‌ده‌گی نه‌وت و كانزاكانی دیكه‌، بە توندی داکۆکی لەوه‌ ده‌كرد ده‌بێت ئه‌و ولایه‌ته‌ لە چوارچێوەی عێراقدا بێت. كێشه‌كه‌ درا به‌ كۆمه‌ڵه‌ی گه‌لان. دوای پێكهێنانی كۆمه‌ڵێك لێژنه رۆژی 5 حوزه‌یرانی ساڵی 1926 له‌ رێككه‌وتنامه‌ی (ئه‌نقه‌را) خاوه‌ندارییه‌تی ئه‌و به‌شه‌ به‌ عێراق به‌خشرا و به‌گوێره‌ی هێلی برۆكسلیش سنووره‌كه‌ی دیاری كرا. به‌وه‌ش به‌شێك له‌ كوردستانی گه‌وره‌ كه‌ به‌ باشووری كوردستان ناسراوه،‌ جیاكراوه‌.
به‌و جۆره‌ ئه‌و به‌شه‌ی كوردستان كه‌وته‌ ژێر هه‌ژموونی سیسته‌می ئینتیداب. به‌ریتانییه‌كان له‌ سه‌ره‌تا و به‌رده‌وامیش له‌ماوه‌ی ئینتیدابه‌كه‌ بەڵێنی پاراستنی ماف و به‌دیهێنانی داواكارییەکانی کوردیان ده‌دا، بەڵام هه‌رگیز راستگۆنه‌بوون، ته‌نانه‌ت له‌به‌رامبه‌ر گرفته‌كانی نێوان كورد و حكومه‌تی عێراقیش زۆربه‌ی جار به‌ ناڕه‌وایی دادوه‌رییان ده‌كرد. هه‌رده‌میش له‌به‌رامبه‌ر سیاسه‌ته‌ توند و چه‌وته‌كانی حكومه‌ت به‌رامبه‌ر به‌ كورد و جیاكارییه‌كانی، بێده‌نگ ده‌بوون. ناكۆكی نێوان كورد و حكومه‌تی به‌غداش هۆكارێك بوو بۆ سستی گه‌شه‌كردن و به‌ره‌وپێشچوونی وڵات به‌گشتی، به‌ڵام ئه‌وه‌ به‌لای داگیركه‌ر گرنگ نه‌بوو. ئه‌وه‌ی به‌لایه‌وه‌ گرنگ بوو پاراستنی بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی خۆی بوو.

ده‌كرێت گرنگترین شوێنه‌واره‌كانی سیسته‌می ئینتیداب له‌ عێراقدا به‌سه‌ر پرسی كوردی باشوور له‌و خاڵانه‌ كورت بكه‌ینه‌وه‌:
یه‌كه‌م: ره‌واییدان به‌ دابەشکردنی کوردستان و دیاریكردنی سنووری نوێ. ئه‌وه‌ش بووە هۆی ئەوەی کوردستان زیاتر به‌ش به‌ش بێت و پەیوەندی دانیشتوانه‌كه‌شی لاواز تر بێت.
دووه‌م: لكاندانی ئه‌و به‌شه‌ی كوردستان به‌ حكومه‌تی عێراق، بەبێ ره‌چاوكردنی ویستی زۆرینه‌ی خەڵکه‌كه‌ی كه‌ كورد بوو، بۆیه‌ دانیشتوانی ئه‌و به‌شه‌ هه‌رده‌م خۆیان به‌ به‌شخوراو داده‌نا.
سێیه‌م: ئه‌و دابه‌شكردن و لێككردنه‌وه‌یه‌ پێچه‌وانه‌ی به‌نده‌كانی په‌یمانی سیڤه‌ر بوو كه‌ تێیدا جۆرێك له‌ سه‌ربه‌خۆیی به‌ به‌شێكی گه‌وره‌ له‌ كوردستان درابوو.
چواره‌م: لە ماوەی ئینتیدابدا، له‌به‌ر جیاوازیكردن و خراپی كارگێڕی و نادادی، کورد چەندان جار لێره‌ و له‌وێ داوای مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌ مه‌ده‌نییه‌كانی له‌ حكومه‌ت ده‌كرد به‌ڵام به‌ پشتیوانی سوپای داگیركه‌ر داواكانیان ره‌تده‌كرایه‌وه.‌ به‌ریتانیا هێزی خۆی بۆ یارمه‌تیدانی سوپای عێراقی به‌كارده‌هێنا و‌ ڕاپەڕینە کوردییەکانی پێ له‌بار ده‌برد‌. به‌مه‌ش هه‌م زیانی زۆر بە گوند و شارە کوردنشینەکان ده‌گەیشت، هه‌میش هەستی بێ‌متمانەیی لای كورد بەرامبەر به‌ بەریتانیا و حکومەتی عێراقی بەهێزتر کرد.
پێنجه‌م: له‌باربردنی دەسەڵاته‌ خۆجێیه‌كانی کورد. پێش دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق، زۆرێک لە ناوچە کوردییەکان بە شێوەی نیمچە سەربەخۆ لەلایەن سەرۆک عەشیرەته‌كان بەڕێوە دەچوون. به‌ڵام ئینتیدابی بەریتانی دەسەڵاتی ناوەندی بەغدای له‌ كوردستان بەهێز كرد. كه‌واته‌ ئینتیدابی بەریتانی نه‌ك بۆ مافەکانی کورد چارەسەر نه‌بوو، بەڵکو پرسی کوردی له‌و به‌شه‌ تازه‌ جیاكراوه‌، لە چوارچێوەی دەوڵەتێكی نوێ جێهێشت كه‌ هه‌رده‌م وه‌ك بێگانه‌ لێیده‌ڕوانی. له‌وه‌شه‌وه‌ بناغه‌ی ناكۆكییه‌كان (نه‌ته‌وه‌یی، نه‌ژادی) سه‌ریهه‌ڵدا كه‌ تا ئێستا گێژاوێكه‌ و هێورنه‌بۆته‌وه و هیچ ئاسۆیه‌كیش به‌دیناكرێت!

ئاكۆ عه‌بدوڵڵا




کوردستان لە لێواری بنبەستی ناسیۆنالستدا.. عوسمانی حاجی مارف

هاوکاتی قەیرانی ئابوری، ئەو گرژیە ئەمنی و سەربازیانەی لە ناوچەکەدا بەدی دەکرێن، پێشبینی دەکرێت، کە سەرەتای قۆناغێکی نوێ و مەترسیدارە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە هەمان کاتدا پێدەچێت گەورەترین مەترسی لەسەر دۆخی ئابووری و سیاسی کوردستان و عێراق دابنێت، بە لەبەرچاوگرتنی پشتبەستنیان بە نەوت و هەناردەکردنی، هاوکات کاردانەوەکانی داخستنی گەرووی هورمز و بەردەوامی پەککەوتنی ڕۆیشتنی نەوتی عێراق بۆ بازاڕە جیهانیەکان، هەروەها مامەڵەی دەسەڵاتی سیاسی لە گەندەڵی و تاڵانچێتیدا، کە ئاکامی پێکهاتەی دەسەڵاتی میلیشیایی بنەماڵە و تائیفیە، بەمەش فشارێکی زیاتر دەخەنە سەر ئاستی دابەزینی ژیان و گوزەرانی کرێکاران و خەڵکی هەژار و زەحمەتکێش.
ئەمە بەردەوامی دۆخێکی تایبەتە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەهۆی کاریگەری ڕۆڵی داگیرکاری و شەڕەنگێزی ئەمریکا و ستراتیژی نەخشەکانی لە ناوچەکەدا پێشهاتووە، کە بابەتێکی تێپەڕو کاتی و سادە نیە، کاتێ کە ناوچەکە لەم ناجێگیریە سیاسی و گێژاوەدا، بەرەوڕوی هەڕەشە و مەترسی زیاتر دەبیتەوە، دۆخەکە بەجۆرێکە کە خودی وڵاتان و لایەنە سیاسیەکانی دەخیل لە خولقاندنی ئەم دۆخەدا، ناتوانن و نازانن چۆن کۆتایی بەم قەیران و گێژاو و بارگرژیە بهێنن، دۆخەکە بە بێ ئاسۆیی و ئاڵۆزی ڕادەگرێت، لە کاتێکدا دەسەڵاتی بنەماڵە و تائیفی وئەحزابی ناسیۆنالستی دوای دەورانێکی زۆر بە گرێدانی دەور و ئایندەی سیاسیان بەم دۆخەوە، ئێستا خۆیان و ئایندەی عێراق و کوردستانیان، لە چاوەڕوانی دۆخێکی پر گرفت و ئاڵۆز و نادیاردا ڕاگرتووە، لە لایەکی ترەوە بێشەرمانە منەتی بێبەهای گاڵتەجاری پاڵەوانبازی خۆیان بۆ پاراستنی عێراق و کوردستان بە خەڵک دەفرۆشنەوە.!
لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، بۆسەر ئێران و بەردەوامی ئەو دۆخە پڕ گێژاوە بە حاڵەتی نەشەڕ نە ئاشتی، هەرەوەها بە داخستنی گەرووی هورمز، عێراق ڕێگای هەناردەکردنی نەوتی زیاتر ە ٪٩٠ ی لەدەستداوە، ئەگەر ئەم کێشەیە یەکلایی نەبێتەوە، عێراق و کوردستان بەرەو ڕوی قەیرانێکی چڕتر و مەترسیدارتر دەبنەوە.
بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی، پاش تاڵانکردنی بەشی زۆری سەروەت و سامانی کوردستان و پڕکردنی گەنجینەکان و بانکەکان بە ملیارەها دۆلار، بەردەوامیان بە تاڵانچێتی، هەر لایەنێکیان وەک هێزێکی جیا و خاوەن بەرژەوەندی جیا و دژ بەیەک، بۆ پاراستنی هێزەکانیان، خەریکن گەمەی بەرژەوەندی سیاسیان لەگەڵ ئەو دۆخەدا بە زیاتر فشار خستنە سەر ژیانی خەڵک بەڕێوە دەبەن، بەجیا لەوەش کە جۆری گاڵتەجاری گەمەکانیان مەترسی بووە بۆ سەر ئاسایشی خەڵکی، نەیانتوانی و نەیان ویست بە هەڵوێست و سیاسەتێکی ڕۆشن مامەڵەی ئینسانی نیشانبدەن، هەمیشە لەگەڵ هەڵبەزودابەزی دۆخەکەدا لەنگەر دەگرن، دەمێک بە پابەندبونیان بە سیاسەتی ئەمریکی و ئیسرائیل، دەمێک موریدی کۆماری ئیسلامین، هەر بۆیە ئێستا لە بەرامبەر بنبەست و چارەنوسێکی نادیاردا بەرەوڕون ولە نێو گێژاوێکی سیاسیدا سەمایەکی زۆر ناشرین و قێزەون نمایش دەکەن.
لەلایەکی ترەوە هەلومەرج و بارودۆخی نالەباری سیاسی بەشەکانی تری کوردستانیش، لەژێر کاریگەری ئەم شەڕە و ئاکامەکانیدایە، کە ڕۆڵی جدی بووە لەسەر زیاتر بێ ئاسۆیی و بنبەستی حزبەکانی کوردایەتی لە تورکیا و سوریا و ئێراندا، لە دۆخێکی زۆر هەستیاردا دەخولێنەوە و بەجۆرێک بە ئاشکرا بنبەستی خۆیان ڕاگەیاندووە، کە لە مێژووی هەڵسورانی سیاسی بزوتنەوەی ناسیۆنالستی کورددا دەردی وایان نەچەشتووە.
حزبەکانی کوردایەتی، بەگشتی لە ئێستادا فرسەتی ئەوەیان نیە، یان ناتوانن و ناکرێ، هاوکاری و هاریکاری لە گەڵ یەکتردا پێکبهێنن، یان لەسەر مەسەلەیەکی دیارکراو بەڕێکەوتنێک بگەن، هەر لایەنێکەیان لە سوچێکی ئەم گێژاوەدا دەردەدڵی خۆی دەکات و چاوەڕوانی هەوڵ و فرسەتێکی ترن، هەرچیەکیش بەسەر خەڵکدا دێت بێ منەتن!.
هەر لە “دیداری میری”دا قسەکانی نێچیر بارزانی و پۆزەکانی نەک ناتوانێ وەڵام بە هیچ گرفتێک بداتەوە، بەڵکو کێشەکانی نیوانیان زیاتر دەشڵەقێنێت، چونکە بزوتنەوەی کوردایەتی لە ئێستادا دەورانێکی پاشەکشە و بێسەروبەر و بێهودە بەسەر دەبات، ئاسۆ و مەیدانێکی کراوە لە سەر ڕێگایان نیە.
هەر لەم بێسەروبەریەدا، پەنا بۆ هەر فریادڕەسێک دەبەن لەم گێژاوە دەریان بهێنێ ، تێکەڵ بونی بارزانی لەگەڵ ئەحمەد شەرعی سوریادا و ناونانی بەوەی ‘دوژمانیەتی کورد” ناکات، ئومێد بەستن بە دۆستایەتی ئەحمەد شەرع، پاشەکشەی هەڵوێستیان بەرامبەر ئێران، ترسیان لە داعش، ئەو سەرگەردانیەیە لە سیاسەتی هێزەکانی بنەماڵەدا کە هەوڵ ئەدەن بە هەر بەهایەک بێت خۆیان لەگەڵ ئەو دۆخەدا بگونجێین.
بە وردبوونەوەی زیاتر لە سروشتی ڕوبەڕوبونەوەکانی ئێستا، ململانێی جەمسەرەکان و وڵاتانی ناوچەکە، ناوچەکەیان لە دۆخێکی بنبەست و تاریک و ناسەقامگیر و قەیراناویدا ڕاگرتووە، کەبواری ڕۆڵی حزبەکانی کوردایەتی بەبنبەست گەیاندووە.
زلهێزە گەورە و ناوچەییەکان تا ئەو کاتەی دۆخەکە کۆنترۆڵ دەکەن و ئاسایشی سەرمایەگوزاری دابین دەکەن، یان تا ئەو ساتەی دەگەن بەو ئاکامەی دەتوانن بەرژەوەندیەکان دابەش بکەن، هەوڵئەدەن ململانێکان لە لێواری ئەم ئاژاوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەدا بەڕێوەبەرن، لە ڕێگەی گەمارۆ ئابووریە پەککەوتووەکان و یاریکردن بە وڵاتان و هێزە سیاسیە ناوخۆییەکان، تاکاتێکی نادیار بەردەوامی بەم دۆخە ئەدەن، بەبێ ئەوەی بخزێنە ناو شەڕێکی هەمەلایەنە و تێچووی زۆرەوە کە بەرژەوەندیەکانی هەمووان لەناو ببات.!
ئامانجی ستراتیژی ئەکتەرە نێودەوڵەتیەکان، “گۆڕینی ڕژێم” یان “بنیاتنانەوەی دەوڵەت” نییە، بە مانای گۆڕانی ڕیشەیی و ئاڵوگۆڕێک بەقازانجی کرێکاران و خەڵکی هەژارو زەحمەتکێش، بەڵکو زیاتر ئەوەیە قەیرانەکان لە دۆخێکی گرژی هەمیشەیی گەرمدا بمێننەوە، فرسەت بۆ دەورو دەخالەتی ڕاستەوخۆی خەڵک لە دەسەڵاتی سیاسیدا لەقاڵب بدەن و بەم شێوەیە جەماوەری ناڕازی زیاتر بێ ئیرادەکەن، بەم شێوەیە ڕەوایی بە ئامادەبوونی ستراتیژیان دەدەن و بەرژەوەندیە دژە ئینسانیەکانی زلهێزەکان دەپارێزێن.
پەرتبوونی هێواشی خەڵکی ناوچەکە (بە عێراق و کوردستان و تورکیا و ئێران و خەلیج و هەروڵاتێکی تری ناوچەکە) فۆرمێکی ململانێی زۆر وێرانکەرترە لە شەڕی ئاسایی، ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە هیچ ئەنجامێکی یەکلایکەرەوە بەدەست ناهێنێت، کۆمەڵگاکان پاڵ دەنێت بۆ دۆخێکی چەقبەستووی سیاسی و کۆمەڵایەتی درێژخایەن.
سیستەمی سەرمایەداری جیهانی کە قەیراناویە، لەم دۆخەی ئێستادا کاریان لەسەر میکانیزمی ئابووریەکی وێرانکەرە، کە لە ئاستی جیهان بە گشتی و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە تایبەتی لەحاڵەتێکی گرژی هەمیشەیدایە، نە شەڕێکی وێرانکەر کە بازرگانی بە تەواوی ڕابگرێت و نە ئاشتیەکی بەردەوام کە پێویستی چەک و پاراستن کەم بکاتەوە، تا بەردەوامی گرێبەستە بەرفراوانەکانی چەک و کۆنترۆڵکردنی نرخی وزە و پاراستنی دارایی و وەبەرهێنان مسۆگەر بکەن.
ئەم واقعە کاریگەری کارەساتبار، لەسەر دەوڵەت و قەوارە کرێنشینەکانی هەرێمەکەمان بەتایبەتی هەرێمی کوردستان هەیە و دەیانخاتە ناو کەمبوونەوەی دارایی و ئیفلیجی سیاسی بەردەوام، لەبەر ڕۆشنایی هەموو ئەمانە و لە ئەنجامی نەبوونی تەواوەتی هیچ ڕۆشناییەک، ڕێگەی دەرچوون زۆر دوور دەمێنێتەوە، خەریکە ناوچەکە و دانیشتوانەکەی بە دیلکراوی دەهێڵێتەوە بۆ دۆخێکی سەرلێشێواوی بەردەوام.
لایەنەکانی ناسیۆنالستی کورد بەگشتی لەم قەیران و گێژاوەدا ترس و دڵەڕاوکێیان پێوە دیارە، هەروەها ناڕۆشنن بەرامبەر بەوەی دەتوانن چی بکەن و چیان دەستدەکەوێت، خەریکن بە بارمتەی تەسک و ملکەچی زیاترەوە تەسلیم بە پاراستنی دەسەڵاتی بنەماڵەیی و مانەوەی هێزە میلیشیاکانیان دەبن، بێشەرمانە خۆیان ڕادەستی ئەم دۆخە دەکەن، ئەوەی گرنگە بۆیان مانەوەیە گەر بەرەو ڕوی هەر ڕسواییەکیش ببنەوە.
بە مانایەکی تر، بنبەستی تەواوی بزوتنەوەی ناسیۆنالستی کوردە لە خۆبەستنەوەیان بە چارەسەری مەسەلەی کوردەوە، تەواوی ئایدیۆلۆژی داڕێژراویان لە پەیوەند بە مەسەلەی کوردەوە بەشکستێکی گەورە سپاردووە، پاراستنی هێزەکانیان و سەروەت سامانیان گرنگترین مەسەلەیانە.
لە ئاکامدا ئەم دۆخە بە هاتنە مەیدانی ناڕەزایەتی رێکخراو و بەرفراوانی جەماوەری، لە ئاستی ناوچەکەدا، دەتوانێت کۆتایی بەدەوری زلهیزەکان و هێزە میلیشیاکان و دەسەڵاتی تائیفی و بنەماڵەیی و ئیسلامی سیاسی و هەرهێزێکی کۆنەپەرست بهێنێت، لە هەمانکاتدا دەتوانێت ئاڵوگۆڕێکی جدی لە پەیوەند بە بەرژەودندی خەڵکەوە تیا بەدەست بێت، ئارامی و ئاسایش و خؤشگوزەارنی بەدەوری ئیرادە و هێز و دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی خەڵک لەدەسەڵاتی سیاسیدا مەیسەر دەبێت.




پایەی زمان لە پێکهاتەی ژیاردا.. ستار ئەحمەد

زمان پێکهاتەیەکی زیندوو و بنەڕەتییە کە وەک شانەی هزری و دەرخەری چەقی ڕۆحی مرۆڤایەتی کار دەکات، هەروەها هەڵگری کلیلە هەرە گرنگەکانە بۆ بنیاتنان، گەشەپێدان و پاراستنی فەرهەنگ و ناسنامەی کۆمەڵگە جیاوازەکان. لە مێژووی کۆنەوە تا سەردەمی مۆدێرن، زمان تەنها ئامڕازێکی سادە نەبووە بۆ گواستنەوەی زانیاری یان پەیوەندیکردنی ڕووکەش، بەڵکو هێزێکی ڕووخێنەر و ئاوەدانکەرەوە بووە کە بنچینەی شارستانییەتەکانی دامەزراندووە، کۆمەڵگەکانی پێکەوە بەستووەتەوە و ڕێڕەوی مێژووی مرۆڤایەتیی ئاراستە کردووە. لە جیهانی ئاڵۆزیدا، زمان دەبێتە پێکهاتەیەکی سەرەکی کە بیر، هەست، و هۆشیاریی بەکۆمەڵ تێیدا شێوە دەگرن و تێڕوانینی مرۆڤ دەبەنە قۆناخێکی باڵاتری تێگەیشتن و زانینەوە.
لە ڕوانگەی دەروونی و هزرییەوە، گەشەی زمان و مرۆڤ پێکەوە گرێدراون و لە یەک کاتدا ڕووبەری هۆشیاریی مرۆڤ فراوانتر دەکەن. کاتێک مرۆڤ لە قۆناخەکانی سەرەتایی تەمەنیدا دەست دەکات بە فێربوونی وشە و دەربڕینەکان، لە هەمانکاتدا دەست دەکات بە ڕێکخستنی جیهانی ناوەکی خۆی؛ زمان مێشک ڕادەهێنێت لەسەر بیرکردنەوەی ڕێکوپێک، ژیریی ڕاستەقینە، شیکارکردنی ئاڵۆزییەکان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکان. مرۆڤ بەبێ زمان ناتوانێت چەمکە ئاڵۆزەکان، هەستە بەتینەکان، یان خەیاڵە فراوانەکانی بگەیەنێتە ئاستی تێگەیشتن و دەربڕین. زمان وەک پردێک وایە لە نێوان جیهانی ناوەوەی مرۆڤ و جیهانی دەرەوەدا، و دەبێتە هۆی ئەوەی کە تاک بتوانێت واتا بۆ بوونی خۆی لە گەردووندا بدۆزێتەوە و بیانخاتە چێوەیەکی ڕوونەوە. لە ڕێگەی زمانەوەیە کە مرۆڤ دەتوانێت بۆچوونەکانی خۆی دەرببڕێت، لێکۆڵینەوە لە دیاردەکان بکات، بگاتە داهێنان ، و بەردەوام لە ئاستێکی بەرزی زانین و تێگەیشتندا بمێنێتەوە.
لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە، زمان ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە دەبینێت لە بەستنەوەی تاکی کۆمەڵگە بەیەکەوە و دروستکردنی هاوسەنگی و یەکڕیزی لەنێوان ئەندامەکانیدا. زمان ناسنامەی بەکۆمەڵی کۆمەڵگە پێکدەهێنێت و دەبێتە ئەو بەستەرە پتەوەی کە مێژوو، کلتور، نەریت، و بەها بەرزەکان لە نێوان نەوەکاندا دەگوازێتەوە. کاتێک گروپێکی مرۆیی بە هەمان زمان قسە دەکەن و دەدوێن، ئەوا هەستێکی هاوبەش بە بەئاگابوون، هاوسۆزی، و پێکەوەبوون لەنێوانیاندا دروست دەبێت کە دەبێتە قەڵغانێکی بەهێز لە بەرامبەر دابەشبوون و لێک هەڵوەشانەوەدا. زمان پڕە لە نیشانە و هێمای کۆمەڵایەتی کە لە ڕێگەیانەوە تاکەکان فێر دەبن چۆن لەگەڵ یەکتردا هەڵسووکەوت بکەن، ڕێز لە بەهاکانی یەکتر بگرن، و پێکەوە سیستمێکی ئاکاریی و یاسایی دابمەزرێنن کە ڕێگری لە پێکدادان بکات و ئارامی بپارێزێت.
پەیوەندی نێوان زمان و کلتور پەیوەندییەکی زیندەگی و دانەبڕاوە؛ زمان دایک و پارێزەری کلتورە و کلتوریش ژینگە و ناوەڕۆکی زمان دەوڵەمەند دەکات. هەر زمانێک خاوەنی تایبەتمەندییەکی کلتوریی تایبەت بە خۆیەتی کە تێیدا ئەزموونی دەیان ساڵ یان سەدان ساڵی نەتەوەیەک یان کۆمەڵگەیەک تۆمار کراوە. کاتێک زمانێک گەشە دەکات و دەوڵەمەند دەبێت، کلتوری ئەو کۆمەڵگەیەش دەچێتە ئاستێکی باڵاتری پێشکەوتنەوە، چونکە زمان کەرەستەی سەرەکییە بۆ دروستکردنی وێژە، هونەر، فەلسەفە، و زانست. شاعیران، نووسەران، و هزرمەندان لە ڕێگەی بەکارهێنانی زرنگی و جوانی زمانەوە دەتوانن گەورەترین پەیامەکان بگەیەنن و گیانی کۆمەڵگە لە خەو ڕابپەڕێنن. بە پێچەوانەشەوە، کاتێک زمانێک لاواز دەبێت یان بەرەو پووکانەوە دەچێت، کلتوری پشت ئەو زمانەش ڕوو لە شێواندن و لەدەستچوون دەکات، چونکە ئەو کۆمەڵگەیە دەستبەرداری ئەو ڕەگ و ڕیشە هزرییانە دەبێت کە بوونی ئەوی لەسەر بەندە.
لە بواری ئابووری و زانستیشدا، زمان پێگەیەکی زۆر مەزنی هەیە لە گەشەپێدانی شارستانییەتدا. پێشکەوتنی زانستی، تەکنەلۆژی، و پیشەسازی پێویستی بە زمانێکی ڕوون، ورد، و دەوڵەمەند هەیە کە بتوانێت هاوشانی پێشکەوتنە خێراکانی سەردەم گەشە بکات. زمانی زیندوو و دەوڵەمەند توانای ئەوەی هەیە کە چەمکە نوێیەکان وەربگرێت، دایانڕێژێتەوە، و بیانگوازێتەوە بۆ نێو کۆمەڵگە بۆ ئەوەی لە هەموو بوارەکاندا سوودیان لێ وەربگیرێت. لە ڕێگەی زمانێکی پێشکەوتووەوە، پەیوەندییە ئابوورییەکان ڕێکدەخرێن، پرۆسەکانی بەرهەمهێنانی زانست ئاسانتر دەبن، و داهێنانەکان دەبنە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی ژیانی تاکەکانی کۆمەڵگە. کاتێک زمانێک توانای پێشکەشکردنی زانست و زانیاریی بە زمانێکی پەتی و ڕوون هەبێت، دەرگای نوێ بەڕووی گەنجان و توێژەکانی تری کۆمەڵگەدا دەكاتەوە بۆ ئەوەی بەشدارییەکی کارا لە پێشکەوتنی جیهانیدا بێتە ئاراوە بێئەوەی هەست بە نامۆیی بکەن.
پەروەردە و فێرکردنیش بوارێکی تری هەستیارن کە زمان تێیدا ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت لە گەشەسەندنی هزری و زانستی نەوەکانی داهاتوودا. زمان خاڵی دەستپێک و کۆتایی پرۆسەی فێرکردنە؛ چۆنیەتی فێربوونی منداڵان لە قوتابخانەکاندا بەستراوەتەوە بەو زمانەی کە وانەکانی پێ دەوترێتەوە. زمانی دایک بەتایبەتی دەوری یەکلاکەرەوەی هەیە لە گەشەپێدانی زمانی منداڵ و بەرزکردنەوەی توانای لێکدانەوە و تێگەیشتنی دروست لە سروشت و کۆمەڵگەدا. فێربوون بە زمانی دایک یارمەتی مێشک دەدات کە زانیارییەکان بە خێرایی و بە شێوازێکی سروشتی وەرگرێت، شیکاری بکات، و داهێنەرانە بەکاری بهێنێت. کاتێک پرۆسەی پەروەردە لەسەر بنەمای زمانی زگماکی بێت، ئەوا منداڵ لە قۆناخەکانی سەرەتایی ژیانیدا هەستی متمانە بەخۆبوون و ناسنامەی کەسایەتی بەهێزتر دەبێت، و توانای فێربوونی زمانەکانی تریش لە داهاتوودا ئاسانتر و فراوانتر دەبێت.
لە لایەکی ترەوە، گەشەی زمان هێمایەکی ڕوونی پێشکەوتنی هۆشیاریی ڕامیاری و دیموکراسییە لە کۆمەڵگەکاندا. لە کۆمەڵگەیەکدا کە زمان تێیدا ئازاد، دەوڵەمەند و بەپێز بێت، بۆچوونەکان دەتوانرێت بە ڕوونی و بێ لایەنی دەرببڕدرێن، گفتوگۆی مەدەنی و بنیاتنەر لە نێوان چین و توێژەکاندا دروست دەبێت، و ماف و ئازادییەکان بە شێوازێکی باشتر دەپارێزرێن. زمان لێرەدا دەبێتە زەمینەیەک بۆ لە یەک تێگەیشتن، گفتوگۆکردن لەسەر کێشە چارەنووس سازەکان، و گەیشتن بە چارەسەری ئاشتیانە بۆ ناکۆکییە کۆمەڵایەتی و ڕامیارییەکان. زمانی پاراو و دەوڵەمەند ڕێگری لە توندوتیژیی هزری و زمانی دەكات و دەبێتە هۆی ئەوەی کە هزری ئازاد و ڕەخنەگر گەشە بکات، کە ئەمانەش بنەمای سەرەکی بۆ هەر کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو و دیموکرات پێکدەهێنن.
سەرەڕای ئەم هەموو بایەخە مەزنە، زمان لە سەردەمی ئێستادا ڕووبەڕووی تەحەدای گەورە و مەترسیداریش دەبێتەوە. گۆڕانکارییە خێراکانی تەکنەلۆژیا، جیهانگیری، و تێکەڵاوبوونی کلتورەکان هەندێک جار دەبنە هۆی پەراوێزخستنی زمانە ناوخۆییەکان و لاوازکردنی توانای هزری و کلتورییان. هەروەها، بەکارهێنانی زمان بە شێوازێکی ڕووکەش و دوور لە بنەما وێژەیی و زمانەوانییەکان دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی گوزارشتکردن و بیرکردنەوە لەنێو نەوە نوێیەکاندا. بۆیە پاراستن، گەشەپێدان، و دەوڵەمەندکردنی زمان تەنها کارێکی ڕووکەش نییە، بەڵکوو ئەرکێکی نیشتمانی، ئاکاری و هزرییە کە پێویستی بە هەوڵی بەردەوام هەیە لە ڕێگەی بەهێزکردنی پەروەردە، گرنگیدان بە وێژە و نووسین، و دابینکردنی پێویستییە زانستی و هونەرییەکان بۆ ئەوەی زمان بتوانێت بەردەوام بێت لە پێشەنگایەتیکردنی گەشەی کۆمەڵگەدا.
پەرەپێدانی زمانی کوردی لە سەردەمی تەکنەلۆژیای مۆدێرندا ئەرکێکی هەستیار و نیشتمانییە کە پێویستی بە هەوڵێکی هەمەلایەنە هەیە بۆ ئەوەی ئەم زمانە کۆن و دەوڵەمەندە بتوانێت هاوشانی خێرایی پێشکەوتنە سەردەمییەکان هەنگاو بنێت و لە فۆرمە دیجیتاڵییەکاندا شوێنپێی خۆی بکاتەوە. لە جیهانی ئێستادا که سەکۆکانی زیرەکیی دەستکرد، گەڕانی ئەلیکترۆنی، و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوارەکانی ژیانیان داگیر کردووە، بوونی ناوەڕۆکێکی زانستی، ئەدەبی و تەکنەلۆجی بە زمانی کوردی دەبێتە مەرجێکی بنەڕەتی بۆ مانەوە و گەشەکردنی بەردەوامی زمانەکە لە مەودای درێژخایەندا. بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە، دەبێت ناوەندە رۆشنبیرییەکان، نووسەران، و شارەزایانی زمان پێکەوە کار بکەن بۆ دروستکردنی بنکەی زانستی زمانی، فەرهەنگی ئەلیکترۆنی، و داهێنانی نەرمەواڵەی تایبەت کە یارمەتیدەر بن لە بەدیجیتاڵکردنی دەقە کوردییەکان و ئاسانکردنی پرۆسەی بەکارهێنانی لە سیستمە کۆمپیوتەرییەکاندا. هاوکات، فراوانکردنی بەکارهێنانی زمانی کوردی لە بوارەکانی زانست، پزیشکی، زانیاریناسی و بەڕێوەبردن داوا دەکات کە فەرهەنگێکی دەوڵەمەند لە وشە پەتییەکان و زاراوە هاوچەرخەکان بێپەنا نەهێڵرێنەوە، بەڵکو بە شێوازێکی زانستی داڕێژرێن و بڵاو ببنەوە بۆ ئەوەی نەوەی نوێ بتوانێت بێ هیچ کێشەیەک زانیارییە جیهانییەکان بە زمانی زگماکی خۆی وەربگرێت و پەرەی پێ بدات. لە لایەکی ترەوە، پێویستە پرۆگرامەکانی خوێندن و ناوەندەکانی فێرکردن بایەخێکی زیاتر بە بەهێزکردنی بنەماکانی ڕێزمان و شێوازی نووسینی دروست بدەن، چونکە پاراستنی پەتیبوونی زمان لە نێو کەرەستە دیجیتالییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دا دەبێتە قەڵغانێک لە بەرامبەر داڕمان و تێکەڵبوونی ناپێویست بە زمانەکانی تردا. بەم شێوازە، بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا نەک تەنها مەترسی نابێت بۆ سەر زمان، بەڵکوو دەبێتە گەورەترین دەرفەت بۆ ئەوەی زمانی کوردی سنورە جوگرافییەکان ببڕێت و ببێتە خاوەنی پێگەیەکی شایستە لە جیهانی زانیاری و ئاراستەکانی داهاتووی مرۆڤایەتیدا.
ڕۆڵی وێژە، هۆنراوەو پەخشان لە گەشەپێدان و پاراستنی زمانی کوردیدا پایەیەکی زۆر بنەڕەتی و یەکلاکەرەوەیە، چونکە لە درێژایی مێژوودا ئەدەب تەنها کەرەستەیەکی سادە یان هۆکارێکی دەربڕینی هەستەکان نەبووە، بەڵکوو وەک قەڵایەکی مەزن کاریکردووە بۆ ڕاگرتنی ڕەسەنایەتی، دەوڵەمەندکردنی فەرهەنگ، و گەیاندنی لایەنە هزرییەکانی نەتەوەیەک. لەو سەردەمانەی کە کلتور و زمان ڕووبەڕووی گوشار و کەنارگیرکردن دەبوونەوە، نووسەران و شاعیران توانیویانە بە هۆنراوە پڕ لەواتا و پەخشانی بەپێزیان دەوڵەمەندیی فەرهەنگ و هێزی داڕشتنی زمانەکە بپارێزن. وشە لە ڕێگەی دەقی ئەدەبییەوە تەنها ئامرازێکی گەیاندنی ڕووکەش نییە، بەڵکوو بارگاوی دەبێت بە وێنەی هزری، جوانیی سیمبولی، و ڕیتمی ڕۆحی کە وا لە زمان دەکات زیندوو بمێنێتەوە و بەرەو باڵابوونی زیاتر هەنگاو بنێت. گەشەسەندنی کەرەستە ئەدەبییەکان و داڕشتنی پەخشانی هاوچەرخ یارمەتیدەرێکی گەورەیە بۆ فراوانکردنی ڕووبەری وشەسازی و ڕەوانبێژی لە فەرهەنگی بەکۆمەڵدا. کاتێک نووسەران بە تێگەیشتنێکی دروستەوە دەست بۆ کێشکردنی زاراوە پەتییەکان و نوێکردنەوەی شێوازی گوزارشتکردن دەبەن، ئاستی تێگەیشتنی هزریی خوێنەر بەرز دەکەنەوە و مێشکی بەکارهێنەران ڕادەهێنن لەسەر دۆزینەوەی مانای دەوڵەمەند بەبێ پەنابردن بۆ کەرەستەی بیانی. هۆنراوە بە ڕیتم و شێوازی تایبەتی خۆی یادگەی بەکۆمەڵی کۆمەڵگە پاراو دەکات و وشە دەگمەنەکان لە بیرچوونەوە دەپارێزێت، لە کاتێکدا پەخشان و لێکۆڵینەوە هزرییەکان توانای زمانەکە لە شیکارکردنی ئاڵۆزییە زانستی و کۆمەڵایەتییەکاندا دەخەنە ڕوو. لە لایەکی ترەوە، ئاڵنگارییەکانی جیهانگیری و گۆڕانکارییە خێراکان لە دنیای ئەمڕۆدا وا دەکەن کە ڕۆڵی وێژە.لە بەهێزکردنی ناسنامەی نەتەوەییدا زیاتر لە هەموو کاتێک دەرکەوێت. جیهانگیری لەگەڵ خۆیدا شەپۆلێکی گەورەی فەرهەنگی و زمانی هێناوە کە دەتوانێت ببێتە هۆی شێواندن یان لاوازکردنی زمانە ناوخۆییەکان؛ لێرەدا دەقی ئەدەبی ڕەسەن دەبێتە بەربەستێک لە بەرامبەر لەدەستچوونی پێکهاتە و تایبەتمەندییە کلتورییەکانی زمانەکەدا. بەکارهێنانی زمانی ڕەوان لە وێژەدا، هانی نەوە نوێیەکان دەدات کە نەک تەنها وەک ئامرازێکی ڕۆژانە سەیری زمانەکەی خۆیان بکەن، بەڵکوو وەک سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی بیر، جوانی، و شانازیی کلتوری تێی بگەن. ئەزموونی ئەدەبی خاوەن پێگە دەتوانێت پردێک لە نێوان ڕابردووی دەوڵەمەند و ئاییندەی سەردەمیانەدا دروست بکات، بە شێوازێک کە زمانەکە لەسەر بنەما ڕەسەنەکانی خۆی بمێنێتەوە و لە هەمان کاتدا توانای وەڵامدانەوەی پێداویستییە نوێیەکانی هزری سەردەمی هەبێت. پاراستنی ڕەسەنایەتیی زمان لە ڕێگەی وێژەوە، لە ڕاستیدا پاراستنی ئەو ڕۆحە زیندووەیە کە ژیانی هزری و کۆمەڵایەتیی پێ بەردەوام دەبێت، و زەمینە خۆش دەکات بۆ ئەوەی کۆمەڵگە بە شێوەیەکی سەربەخۆ، ئازادانە و بەئاگایانە لە گەشەکردنی بەردەوامدا بێت.
لەگەڵ فراوانبوونی ڕووبەری پەیوەندییەکان و تێکەڵاوبوونی خێرا لە جیهانی هاوچەرخدا، زمان دەبێتە ئەو قەڵغانە پتەوەی کە هۆشیاریی نەتەوەیی و فیکریی تاکەکان لە داڕمان و توانەوە دەپارێزێت. هەر کۆمەڵگەیەک ئەگەر بیەوێت پێگەی خۆی لە نێو گەردوونی زانیاریدا بسەلمێنێت، دەبێت گرنگییەکی بێوێنە بە زمانەکەی بدات و وەک کەرەستەیەکی سەرەکی بۆ بەرهەمهێنانی زانست و داهێنان سەیری بکات. کاتێک زمان توانای هەبوو وەڵامدانەوەی بۆ سەرجەم پێداویستییە نوێیەکانی زانست، تەکنەلۆژیا، و فەلسەفە هەبێت، ئەوا تاکەکانی کۆمەڵگە هەستی متمانە بەخۆبوونیان زیاتر دەبێت و بە شێوازێکی کاراتر و چالاکتر بەشداری لە پەرەپێدانی شارستانییەتی مرۆڤایەتیدا دەکەن، چونکە زمان تەنها ئامرازێکی گەیاندن نییە، بەڵکو خودی بوون، ڕۆح، مێژوو و ئاییندەی گەشاوی کۆمەڵگەیە.
زمان بەرزترین و کاریگەرترین داهێنانی مرۆڤایەتی دەمێنێتەوە کە تێیدا ڕابردوو، ئێستا، و داهاتووی کۆمەڵگە پێکەوە گرێدراون. زمان تەنها کەرەستەیەک نییە بۆ گەیاندنی پەیام، بەڵکوو خودی ئەو ژینگەیەیە کە تێیدا بیر، کلتور، شارستانییەت، و مرۆڤایەتی گەشە دەکەن و باڵا دەبن. هەموو پێشکەوتنێکی گەورەی کۆمەڵایەتی و زانستی پێویستی بە زمانێکی زیندوو، دەوڵەمەند و پێشکەوتوو هەبووە و دەبێت، چونکە نەتەوەیەکی خاوەن زمانی بەهێز، هەمیشە خاوەنی ناسنامەیەکی زیندوو و ئاییندەیەکی گەش و پڕ لە داهێنان دەبێت. پاراستن و پێشکەوتنی زمان، لە بنەڕەتدا پاراستن و پێشخستنی خودی مرۆڤ و کۆمەڵگەیە بەرەو لوتکەی بەرزیی هۆشیاری و شارستانییەت.




جاڕنامەی گەردوونیی مەرگی مرۆڤ.. شیعری نەوزاد بەندی

ئەو هەموو ئامێرەیان دۆزییەوە و
مرۆڤیان وون کرد ..
شەقامەکان پڕ بوون لە ئوتومبیل..
ئاسمان پڕ بوو لە تاوەر،
گۆڕستان و
شێتخانە و
زیندان و
خەستەخانەکانیشیان پڕ کرد لە مرۆڤ ..
ماڵەکانیان پڕ کرد لە ڕوناکیی،
دڵەکانیان پڕ کرد لە تاریکیی ..

ڕۆژێک دێت،
ئەوانەی کە ئەمرن،
ئاهەنگیان بۆ ئەگێڕن و
ئەوانەی لە دایک ئەبن، پرسە .

بە قەڵەمێکی سوور ،
هێڵێکی پێچاوپێچیان کێشا و
ناویان لێ نا سنوور ..
نەیانهێشت کەس بچێتە دەر
نەیانهێشت کەسیش بێتە ژوور ..
نان و
ئاو و
دەرمان و
شیری مناڵ
لەو دیو سنوور ڕاوەستێنران ..
ئیتر ڕۆژانە ژمارەی
ئەو مناڵ و
پیرەمێردانە باس ئەکران
کە بە برسێتیی و نەخۆشیی،
لە دار ئەدران …

ژمارەیەکی حیسابیی
نۆ سفر و ..دوانزە سفریان،
کرد بە موڵکی پیاوکوژێکی
زۆمبی دڵ ڕەق ..
نانی نەهێشت، هەمووی دزی ..
ئاوی نەهێشت، هەمووی فرۆشت ..
نەوتی نەهێشت ..
دایبی نەهێشت ..
هەمووی فرۆشت ،،
خەوی نەهێشت ..
پێکەنینی پابەند کرد
بە کەوچکێ چێشت ..
گسکی دا لە داب و نەریت ..
میزی کرد بە خووڕەوشتا ..
جەڵتە و شەکرەی بەرزکردەوە و ..
مرۆڤی لەو نشێوانەدا
بەجێهێشت ..

ئێستا ئیتر …
مردن بووە بە دیارییەکی نهێنی ..
زۆری نەماوە، ببێتە
بۆنەیەک و ..
دەست ماچ کردن و خوازبێنی ..
زۆری نەماوە ،
وەک سەرەی غاز و بەنزین،
لە پارشێوەوە بۆی ڕیز بن ..
وەکو خەڵات و مزگێنی ..

هەرچی ڕۆژتان ماوە ،
بیپێچنەوە و
بیدەن بە تڕەمپ و
سەرۆکە بۆینباخ لە ملەکان ..
دنیا موڵکی بێ چەند و چوونی ئەوانە ..
ڕۆژ و شەوتان زۆر خەسار کرد،
بە دیار خەم و
چاوەڕوانی موچە و دامەزراندن و غاز ..
قیستی شوقە و ..
هی قەنەفە و ..
هی کۆمپانیای مناڵۆچکەی سیاسەتباز ..
ئەوەی ماوتانە لە تەمەن،
پێشکەشی کەن بە تەمەنی
سەرۆکی فەرماندە و دەگمەن ..
هەمووتان بە قوربانی بن ..
بە تۆزی پێ و میوانی بن ..
ئەو لە سکی دایکتانەوە،
داگیر و پاوانی کردوون ..
ئەم مەمرە و مەژیەتان لە چی ؟
وەڵا وە بیلاهی مردوون ..