بنەما لیبراڵییەکانی دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی» لە فەلسەفەی ئۆجەلاندا!.. 3 .. سابیر محەمەد

بەشی سێیەم و کۆتایی

فەلسەفەی ئەنارکیزم (ئیکۆلۆژیای کۆمەڵایەتی) – مورای بۆکچین (Murray Bookchin

«ئێمە باوەڕمان وایە کە مارکسیزم بۆ سەردەمی کەمی یان نوقسانیی پێداویستییەکان لەدایک بووە و ڕەخنەیەکی یەکجار چاک و نایابی سەردەمەکەی بوو بە دیاریکراوی لە سەرمایەداریی پیشەسازی؛ بەڵام بۆ لەدایکبوونی سەردەمێکی نوێ، دادەمەزرێت و تەواو نەکراوە، و پێشبینییەکانی تەنیا یەکلاینەیی و جۆزئییانە بوون.» (٢)
«ئەگەر هێشتا بمانەوێت زیاتر لە دیدی مارکس تێبگەین، هەر ئاوهاش دەتوانین زیاتر لە هەڵە حەتمییەکانی پیاوێک فێر بڵێین کە نەدەکرا خۆی لێ بپارێزێت—کە هی سەردەمی کەمی و نوقسانیی [ماتێرییاڵ] و تەکنۆلۆژیا بوون، کە بە دەگمەن بە وزەی کارەبا کاریان دەکرد—ئەمانەش توانای مارکسیان سنووردار کردبوو. لە ئێستادا ئێمە دەتوانین فێربین لەوەی چەندێک جیاوازی لە نێوان سەردەمی ئێمە و ئەوەی کە مێژوو بەڕێی کردووە هەیە؛ هەروەها ناسین و پێزانینی ئامادەیی ئەو ئیمکانیەتەی کە لە ڕووی نەوعییەتەوە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە، کە چ جۆرێک لە پرسە دەگمەنەکان و شیکردنەوە و بەکردەوەکردنیانی لەبەردەمماندا داناوە. ئەگەر بمانەوێت شۆڕشێک بکەین، نەک لەباربردنێکی دیکەی مێژووانە، دەبێت لە هەموو ئەمانەی ناومان هێنان بەئاگا بین.» (٣)
لەم پەرەگرافە بچووکەی بۆکچیندا، ناوەڕۆکی تێڕوانین و فکری بۆکچینمان بۆ دەردەکەوێت و ئەوەمان پێ دەڵێت کە «مارکسیزم»—بەو مانایەی کە بۆکچین لێی تێگەیشتووە—ئایدیۆلۆژیایەکی کۆنی سەردەمێکی مێژوویی دیاریکراوە؛ واتە «سەردەمی کەمی و نوقسانیی ماتێرییاڵ و تەکنۆلۆژیا»، نەک میتۆدێکی زانستیی لێکۆڵینەوە، شیکردنەوە و ڕەخنەگرتن لە بنەما تیۆرییەکانی ئابووریی سیاسیی سیستەمی سەرمایەداریی بۆرژوایی.
میتۆدی فکریی مارکس و ئەنگڵس تەنیا ڕەخنەیەکی ڕووکەشانە و کاتی نەبوو لە سەرمایەداریی سەدەی هەژدە، بەڵکو بنەمای زانستیی کەڵەکەبوونی سەرمایە، کاری کرێگرتە، هێزی کار، کاڵا، بەها، و بتپەرستیی کاڵا (Commodity Fetishism) بوو، کە لەسەر بنەمای فەلسەفەی «دیالێکتیک»ی هیگڵ و میتۆدی زانستی (Induction and Deduction / ئیستقرا و ئیستنتاج) داڕێژرابوو.
فەلسەفەیەی بۆکچین لە بنەڕەتدا چاوپۆشیکردنە لە خەبات بۆ ڕوخاندنی دەسەڵاتی سەرمایەداری و پێداگریی ناڕاستەوخۆیە لەسەر هێرارکی و دەسەڵاتی دەوڵەت؛ هەروەها لەبەرچاونەگرتنی ئەوەیە کە سیستەمی سەرمایەداری بریتییە لە شێوازێکی بەرهەمهێنان و سیستەمێکی ئاڵۆز کە لەسەر بنەمای چەوساندنەوە و کەڵەکەبوونی سەرمایە دامەزراوە.
ئەم فەلسەفەیە برەودانە بە خەباتێکی ڕیفۆرمیستانەی بۆرژوایی و فریودانی چینە چەوساوەکان بە سۆسیالیزمێکی خەیاڵی (یۆتۆپیایی)، لە ڕێگەی دەستەواژەی وەک: «یەکینەکانی گەل»، «ئەنجومەنە خۆجێییەکان»، «یەکینەکانی بەرگری و خۆپاراستن»، «یەکینەکانی ژنان»، «یەکینە هەرەوەزییەکان»، و «کۆمۆنەکانی گەڕەک».
هەموو ئەم دەستەواژە جیاواز و فریودەرانە—کە بەگوێرەی بانگەشەکان بڕیارە بتوانن چارەنووسی ژیانی ئابووری و سیاسیی کۆمەڵگە بگرنە دەست و دەستنیشانی بکەن—جۆرێک لە گەوجاندن و بەلاڕێدابردنی خەباتی چینی کرێکار و چەوساوەکانن، و خۆڵکردنە چاوی جەماوەرە لە ئاست سەرکوت و چەوساندنەوەی سەرمایەداران و دەوڵەتەکانیان. هەروەها هەوڵێکی نەزۆکانەیە بۆ دژایەتیکردنی سۆسیالیزمی زانستی و مارکسیزم وەک ئاڵای شۆڕشگێڕانەی خەباتی چینایەتیی پرۆلیتاریا.
بەبێ ئەم خەباتە سیاسی و ئابوورییە ڕێکخراوەی چینی کرێکار و تەواوی چەوساوەکانی کۆمەڵگە، مەحاڵە جەماوەری بەرینی چەوساوەی کورد بگەن بە ڕزگاریی یەکجاری و ئازادیی مرۆڤی کارکەر و ژنانی چەوساوە.
ئەنارکیزم—چ قوتابخانەی کرۆپۆتکین، باکۆنین، پرۆدۆن، یان ماری بۆکچین بێت—هیچی تر نییە بێجگە لە فەلسەفەیەکی خەیاڵیی وردەبۆرژوایی بۆ ڕاگرتن و هێشتنەوەی بنەما و سەرچاوەکانی چەوساندنەوەی چینایەتی.
مێژووی خەباتی جیهانیی پرۆلیتاریا و ناوچەکەش ئەمەی سەلماندوە کە هەموو قوتابخانە جیاجیاکانی ئانارکیزم وەک: کرۆبۆتکین، باکۆنین، پرۆدۆن، مۆرای بۆکچین— لە قۆناغی دوێنێ و ئەمڕۆی گەشەی سەرمایەداریدا، هیچی تر نین بێجگە لە فەلسەفەیەکی خەیاڵی و وردەبۆرژوایی بۆنڕاگرتن و هێشتنەوەی بنەما و سەرچاوەکانی چەوساندنەوەی چینایەتی، وەکۆمەڵگا لە دۆخێکی ئاژاوەگێڕی و بێسەروبەردا ئەهێڵنەوە، وە کێشەی سەرەکی ئەم سۆسیالیزمە خەیاڵیە لە پڕۆسەی هەڵپێچان و بنبڕکردنی ؛ خاوەنداریەتی تایبەتی و بنەما ئابووری و یاساییەکانی سیستەمی سەرمایەداریدایە کە دەوڵەت بەڕێوەیان ئەبات.
هەروەها پەیوەندیەی نێوان ( دەوڵەت و شۆڕش) لە بۆشاییەکی چینایەتی پڕ لە ئاژاوەو و گێژاودا ئەهێڵنەوە، وە هیچ جۆرە ئاڵتەرناتڤێکی جەماوەری شۆڕشگێڕانەیان بۆ گەیشتن بە سۆسیالیزمی زانستی لە دەستووری کاردا نیە.
ئەم جۆرە لە سۆسیالیزمیە خەیاڵییەی ئەنارشیستەکان، شانبەشانی تەواوی بۆچوون و دیدگا بۆرژوازیەکانی تری جیهانی لێبڕالیزمی نوێی سەرمایەداری دژ بە میتۆدی دیالێکتیکی و شۆڕشگێڕانەی مارکس ئەوەستنەوەو، بە «ئایدیۆلۆژیایەکی کۆن» لەقەڵەمی ئەدەن؛ لە کاتێکدا میتۆدی لێکۆڵینەوەی دیالێکتیکانەی زانستی بۆ سەرهەڵدانی « خاوەنداریەتی تایبەتی» و « سەرمایە»، و « هێزی کار» وەک دایکی هەموو کاڵاکان، وە « زێدەبەها»، ناتوانرێت بە ئایدیۆلۆژیا ئەژمار بکرێن، بەڵکو بریتین لە ڕەخنەیەکی زانستی لە خودی بنەماکانی ئابوورى سەرمایەداری، و لەسەر ئەو بناغەیە بنەما سەرەکیەکانی ڕێبازی ڕزگاریی پرۆلیتاریا و توێژە چەوساوەکان ڕۆشن ئەکاتەوە.
ئامانجی سەرەکیی ڕەوتی نوێی میانڕەوانەی ئەنارکیستانەی عەبدوڵا ئۆجەلان ئەوەیە کە تەواوی ناوچە کوردنشینەکان—چ لە ئێران، عێراق، سوریا، یان تورکیا—بەرەو خەباتێکی ڕیفۆرمیستانەی NGO بەرێت، لە ڕێگەی دڵسۆزییەکی درۆزنانە و بۆرژوا لێبڕاڵیانە بۆ ژنان.
لەم نێوەدا تەواوی دامودەزگاکانی هەواڵگریی جیهانی و دەزگا ئەمنییەکان—لە پێش هەموویانەوە ئەمریکا، ئەوروپا، تورکیا، و ئیسرائیل—لە درێژەی پرۆسەیەکی درێژخایەندا بۆ دژایەتیکردنی کۆمۆنیزمی ڕادیکاڵی مارکس، کار لەسەر شێواندنی هزر و هۆشی چینە چەوساوەکانی جیهان و بەتایبەت ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن.
شێواندنی ئەم هزر و هۆشە لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی بیروبۆچوونی ڕەگەزپەرستانەی ناسیۆنالیستی، تایفی، ئایینی، خرافات، و تێکدانی ڕیزی هاوپشتی و یەکگرتوویی چینی کرێکار و چەوساوەکانی ناوچەکەیە.
دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی»—کە لە بنەڕەتدا هیچ بنەمایەکی چینایەتیی پرۆلیتاری یان کۆمۆنیستانەی نییە—بووەتە مەشخەڵێکی لێبڕاڵانە بۆ بەهێزکردنی ڕەوتی ناسیۆنالیزمی کورد.
ئەرکی بەرزکردنەوەی ئەم مەشخەڵە چەواشەکارانەیە و ڕێکخستنی کۆڕ وکۆمەڵەکان و هێنانە سەرشەقامی جەماوەر (دواتریش دروشمی وەک «٢+٢=١»)! لە ڕێگەی مانگرتنی گشتی و هەڵخڕاندنی هەستی جەماوەر سەبارەت بە ژنان و بەسوودوەرگرتن لەم دروشمە لیبراڵی و ڕیفۆرمیستییە، سپێردراوەتە دەست سەرانی حیزبە قەومییە کۆنەپەرستەکانی کوردایەتی، بەتایبەت لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا.
ئەو پێناسەیەی بۆکچین و عەبدوڵا ئۆجەلان بۆ «ئازادی» دەیەکەن، ڕێک هەمان ئەو ئازادییە بۆرژواییەیە کە کاتی خۆی لێنین خستیە ژێر ڕەخنەی بێبەزەییانەی خۆیەوە؛ هەروەک لە کتێبی «چی بکەین؟»دا دەڵێت:
«ئازادی وشەیەکی مەزنە، بەڵام لەژێر ئاڵای ئازادیی پیشەسازیدا سامناکترین جەنگەکانی تاڵانکردن و دەستبەسەرداگرتن بەرپا کران، و لەژێر ئاڵای ئازادیی کاردا، کرێکاران تاڵان کران. وشەی (ئازادیی ڕەخنەگرتن)یش لە بەکارهێنانی ئێستایدا بە هەمان شێوە ئەم ساختەکارییە لەخۆ دەگرێت.»

——————————————-

(٢) گوێ ڕادێرە ئەی مارکسیست . ل. ١٨ / وەرگێڕانی زاهیر باهیر
(٣) ل.١٩ « هەمان سەرچاوەی پێشوو.
(٤) لێنین « چی بکەین» ( دۆگماتیزم و « ئازادی ڕەخنە» )

سابیر. م
٣٠ /١٠ /٢٠٢٦




کتێب\ جینۆساید و ئەدەب.. تەها سلێمان

گفتوگۆیەکی ئەکادیمی لەگەڵ د. هەژار فەقێ سلێمان
ئامادەکردنی: تەها سلێمان

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرە بکەن…