«وێنە» لە ڕوانگەی میدیۆلۆژیا و سیمیۆتیکاوە.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

پرسیاری سەرەكی ئەوەیە: ئەوە كێیە لە بری “تۆ” دەژی؟ ئایا ئەو وێنە ڕازێنراوە، وێنەی ڕاستەقینەی خۆتە، یان پاڵەوانی خەونەكان و پێشبینی خەیاڵی كراوەی منداڵییە لە گۆشەیەكی هۆشتدا پایەدارە؟! هەڵبەتە ئەمڕۆ ئێمە ژیانی خۆمان ناژین، بەڵکو ڕۆڵێک لە شانۆگەرییەکی “کاتی ئەلکتڕۆنی” دەگێڕین، کە لە ڕێی شاشەكان و ڕۆشنبیریی بەکاربەرەوە نووسراوە؛ ئەمڕۆ چێژییان ئەندازەسازی کردووە، ترسەکانیان داڕشتۆتەوە و سنووری ئاواتەکانیان دیاری کردووە تا ئەوەی وەكـ بوونەوەرێک كە بە پەتە نەبینراوەکان بەستراوەتەوە و جوولە دەکات و كەچی خۆی پێ ئازادە، تەنها لەبەر ئەوەی بەندیخانەکە نابینێت!.
ئەگەر هەموو ئەو وێنە ڕازێنراوە و كۆپییكراوانە بسوتێنین… ئایا لە بنەڕەتدا هیچ بە ناوی “ئەسڵ” وجودی هەیە؟ یان بۆت دەردەکەوێت کە هەر بۆشاییەکی ڕه‌هایت؟ ئایا تۆ لە پێکهاتەی ئەم بوونەدا بیرۆکەیەکی ڕەسەنی، یان تەنها زێدە- بەرهەمێکی و ئەركی لۆگاریتمەكان بەجێ دەهێنی؟! واتە (بچووککردنەوە و ئاسانکردنی ژمارە و پەیوەندییە توانییە ئاڵۆزەکان بۆ کردارە بنەڕەتییەکان، داڕشتنەوەیان بە شێوەی پێوەری گونجاو، دەستنیشانکردنی تێکڕای گەشە و گۆڕانکارییە سروشتی و زانستییەکان.)
هەڵبەتە بڕوابوون بەوەی ژیان و گەردوون هیچ مانایەکی ڕەها، ئامانج یان بەهایەکی بنەڕەتی نییە، وەكـ لە تێڕوانینە ناسراوەكانی “ئارتور شۆپنهاوەر” دەردەكەوێت، كە پێیوایە بنەمای گەردوون “ئیرادە”یەکی کوێرانە و بێئامانج بەڕێوەی دەبات، هەمیشە جیهان بەرەو ئازارمان دەكاتەوە… یان وەكـ ” پیتەر وەسل زاپفە”ی فەیلەسوفی بوونگەرا، یاساناس و نووسەر و شاخەوانی نەرویجی و بێڕەحمترین بیرمەندی سەدەی بیستەم لە پێشەنگەکانی دژە-نەسلگەرایی ئەخلاقی، كە هەمیشە مرۆڤ وەک “هەڵەیەکی بایۆلۆجی” دەبینێ و پێیوایە باشترین و ئەخلاقیترین بڕیارێک کە مرۆڤایەتی بتوانێت بیدات، ڕاگرتنی ڕەگەزی خۆیەتی بە ویستی خۆی، تاوەکو کۆتایی بەو زنجیرە ئازار و بێماناییە بهێنرێت.
پوختەی بیرکردنەوەکانی زاپفە كە بشێ لەگەڵ ئەو وتارەدا بگونجێ، ئەوەیە كە پێیوایە هۆشیاریی مرۆڤ گەشەیەکی بێسنوری بەخۆیەوە بینیوە، کە لەگەڵ سروشت و تواناکانی گەردووندا ناگونجێت!. بەمجۆرە بەراوردی مرۆڤ بە جۆرە ئاسکێكی ئیرلەندی دەکات، کە قۆچەكانی هێندە گەورە دەبن، لە بری ئەوەی ببنە هۆی پاراستنی، بوونەتە ڕێگر بۆ جوولەی ژیان و جوولەی ناو دارستان و دابینکردنی وزەی پێویست… پیتەر زاپفە بارگرانی بوونی ئەو قۆچانە وەكـ (زێدە-هۆشیاریی) لە بەرامبەر تێفکرینی قووڵ، درککردن و ڕامان و گەڕان بەدوای مانا و سروشتدا… دەبینێ، کە ئەمڕۆ لە جیهانی بێباک و بێمانادا بووەتە بارێکی دەروونیی هێندە قورس کە مرۆڤ پێی هەڵناگیرێت، یان كاتی بۆ هەڵگرتنی نییە؛ نەكـ هەر هێندەش بەڵكو هۆی مەرگەسات و ئازاری بەردەوامی مرۆڤایەتییە.
پیتەر زاپفە پێیوایە زێدە-هۆشیاریی: (ئایین، ئایدیۆلۆژیا، نەتەوە، خێزان…) بۆ ئەوەیە لە جیهانێکدا كە هیچی لەم شتانە بۆ هەستكردن بە ئاسایش و مانا تێدا نییە، جیهانێكـ دروست دەكات. بەڵام لەبری ئەوەی ئەو جیهانە بێتە هۆی پاراستنی ئاساییش و حەز و خولیا و خەونەكانی مرۆڤ، وەكـ قۆچەكانی ئاسكە ئیرلەندییەكە تەواوی جوولەی ژیان و ئازادی ئابڵوقە دەدات… بە هەمان شێوەش زێدە-هۆشیاریی “تەكنەلۆژیای دیجیتاڵی” گەڕانەوە بۆ فكر و واقیع، بە گەڕانەوە بۆ دواوە و كۆنەپەرستیی- دەبینێ!. بۆیە بە هەمان میكانیزم زێدە-هۆشیاری (شاشە) دووبارە زیندانێكی ڕازاوەی ڕووتی هونەری لە خێرایی و فرە-زانیاری و فرە-چێژ بۆ مانا قووڵ و خەون و خەیاڵە مرۆییەكان لە (وێنەیەكی كۆپیكراودا) دروست دەكاتەوە، زیندانێكـی كۆپییكراوی دیجیتاڵی، زیندانێكـی میتا- واقیعی، زیندانی زێدە- هۆشیاری شاشە!. ئەمڕۆ دنیای تەكنەلۆژیا، بە دنیای زێدە- دیجیتاڵییەكانەوە دەنازێت، وەكـ نوسخەی دیكەی زیندانەكانی پێشوو.

(1)
کاتی ئەلکتڕۆنی، لە زیندانی زێدە- هۆشیاری شاشەدا چییە؟ هەڵبەتە ئەو کاتەیە کە خێراییی زانیاری و زێدە-زانیاری و ڕووداوەکان لە کاتێکی یەکساندا بە هەمووان دەگەیەنێت. مەبەست لەوەیە كە (ڕابردوو/ئێستا/داهاتوو) تێکەڵ بەیەكـ دەبن… ئەو بیرۆکەیەش نزیکە لە جیهانی سیمولاکرا (simulation) کە تێیدا ڕاستی و وێنە تێکەڵ دەبن. كەواتە ئەگەر پۆست‌مۆدێرنە شکاندنی مانای یەکگرتوو بێت، ئەوە کاتی ئەلکتڕۆنی لە شکاندنی (کات و ناوەند)دا خۆی دەبینێتەوە، واتە هەڵوەشاندنەوەی بونیادی هێڵیی کاتی. هەڵبەتە لە سەردەمی دیجیتاڵی و ژیریی دەستکرددا، شکاندنی کات و ناوەند لە چەمکێکی تیۆریی شانۆیی و فەلسەفییەوە بەرەو واقیعی ڕۆژانەی دیجیتاڵی گوازراوەتەوە. چونكە تەكنەلۆژیای دیجیتاڵی سەرلەبەری ئەو سنوورانەی سڕییەوە کە پێشتر ڕەهەندەکانی ڕووبەر و کاتیان ڕێکدەخستەوە. تەكنەلۆژیای دیجیتاڵی واقیعی ژیانی کردۆتە جۆرێک لە “شانۆگەریی وێنەیی بەردەوام” کە تێیدا چەمکە کلاسیکییەکانی وەک سەرەتای ڕووداو، ئامادەییی جەستەیی و سنوری ناوچەیی هیچ ڕۆلێكی تێیدا وازی ناكەن.
ئیتر لە كۆمەڵگای دیجیتاڵیدا خێرایی، زێدە-پەستێنراو، تێکەڵ بە بوونی ڕاستی و میدیایی دەبێت؛ بەمجۆرە ڕۆژانە دەكەوینە لادانی بێسنووری شوێن و کات… چونكە نە هیچ مانایەكی جێگیر هەیە، نە مانا دەگوازرێتەوە، نە ڕاستییەكـ لە ئارادایە، جگە لە دروست كردنی «مانای فلاش»، دروست كردنی مانایەکی بەپەلە، دەستبەجێ و چرکەیی بۆ مێشکی وەرگر- بەكاربەر… بەو مانایە دەتوانین بڵێین کاتی ئەلکتڕۆنی گواستنەوەی مانایە لە جێگیربوونەوە بۆ ئاستی سفر-مانا، یان بۆشایی!. چیتر مانا وەک هۆشیاری سەیر ناکرێت، بەڵکو دەبێتە پرۆسەیەکی بەردەوامی كۆپیكراو، دەبێتە گواستنەوەی بێکۆتایی لەنێوان (نمایش/دیمەن) و (وەرگری بەكاربەر)دا.
(2)
چەمکی میدیۆلۆژیا (Médiologie) یان (ناوەندناسی) قسەكردنە لە بوارێکی فکری و ڕەخنەییی کە لەلایەن فەیلەسوف و بیرمەندی فەرەنسی (ڕێجیس دۆبرێ) لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمدا داڕێژراوە و لە كتێبی (حياة الصورة وموتها، تأليف ريجيس دوبري، ترجمة فريد الزاهي- ط ١٩٩٢، عن مؤسسة هنداوي) خراوەتەڕوو؛ لەوێدا دۆبرێ جەخت لەوە دەکاتەوە کە هیچ بیرۆکەیەک—چ ئایینی بێت یان سیاسی… بەبێ هەبوونی دامەزراوەكان- تەکنەلۆژیا و ئامرازی ماددییەوە کە پێی دەڵێن (میدیۆم) ناتوانێت لە مێژوودا بە تەواوی قسەی لێبكرێ و بێتە دی.
ئاماژەكردن بە چەمكی “وێنە” لەو كتێبەدا تەنها ڕستەسازی نییە، بەڵکو چەمکێكی سەرەکی و بابەتی لێکۆڵینەوەیە کە دەکەوێتە بەر نەشتەرگەریی فکرییەوە؛ کتێبی “حیاة الصورة وموتها” یەکێکە لە بەرهەمە گرنگەکانی بواری دیراساتی وێنە و ڕاگەیاندن، کە تێیدا مێژووی بینین و گەشەسەندنی وێنە لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا شی دەکاتەوە. لەو كتێبەدا سێ سەردەمە سەرەکییەکەی وێنە دەناسێنێت. یەكەم، سەردەمی دەست و نەخشکاری كە تێیدا وێنە وەک “هێمای پیرۆزی”ی ئایینی سەیر دەکرێت، چونكە خۆی خاوەنی ڕۆح یان هێزێکی ڕۆحییە و بۆ پەرستش یان ڕێوڕەسمە ئایینییەکان… وەک پەیکەری خوداوەندەکان یان ئایکۆنە ئایینییەکان. دووەم، سەردەمی هونەری- چاپخانە، وێنەكێشان- گواستنەوەی هێمای پیرۆزییە بۆ “هونەری” یان شێوازێک کە هەوڵ دەدات واقیع یان ڕۆحی ڕەسەنی شتەکان وەک خۆیان بە تەواوکراو دروست بکاتەوە/ بژێنێتەوە، و دواتر فۆتۆگراف؛ بەمجۆرە وێنەی لە ڕەهەندە ئایینییەکەی دەكرێتەوە و وەكـ شێوازێكی هونەری تەماشا دەكرێت؛ بەو مانایەش ڕازاندنەوە و جوانی، داهێنانی هونەرمەند و نوێنەرایەتیکردنی واقیع، دەبێتە پێوەر و وێنە دەبێتە شتێک بۆ سەیرکردن و هەڵسەنگاندنی جوانکاری. سێیەم، سەردەمی بینراو- تەلەڤزیۆن، شاشە و میدیا دیجیتاڵییەکان- كە لێرەدا بە (زێدە- هۆشیاری شاشە) ناومان بردووە.
لە سەردەمی بینراو یان لە زێدە- هۆشیاری شاشەدا وێنە لە هونەرەوە بۆ «پەیام» دەگۆڕێت یان بۆ زانیاریی زێدە-خێرا. بەو مانایەش وێنە لە ڕێگای پەیام و زانیارییەكانەوە واقیعێكی دیكە دروست دەکاتەوە نەک تەنها کۆپی بکات. سەردەمی بینراو (زێدە- هۆشیاری شاشە) هەمیشە جەخت لەسەر کاتییبوون، لەخۆوەبوون و چێژ و سەرنجڕاکێشانی بینەری بەكاربەر دەکاتەوە.
ڕێجیس دۆبرێ لە كتێبەكەیدا ئاماژە بەوە دەکات کە وێنە لە سەردەمی شاشەدا بەهای ئایینی و هونەریی خۆی لەدەست دەدات؛ چونكە وێنە زیاد لە پێویست دەبێتە کاڵایەک بۆ مەسرەفکردن، بەمەش جۆرێک لە «مردنی وێنە» ڕادەگەیەنێت، واتە سەردەمی شاشە بە قۆناغی «مەرگی وێنە» دادەنێت، چونکە کاتێک هەموو شتێک دەبێتە وێنە، وێنە مانای قووڵی خۆی لەدەست دەدات. بەڵام بیرکردنەوەی ژان بۆدریار بۆ وێنە، بەو مانایە دێت كە وێنە نەكـ هەر دەبێتە کاڵایەک بۆ مەسرەفکردن، بەڵكو چیتر نوێنەرایەتی ڕاستی ناکات، بەڵکو دەبێتە جێگرەوەیەكی ساختەی ڕاستی.
(3)
ژان بۆدریار ڕەخنەی توند لە کۆمەڵگای پۆستمۆدێرنە و ڕاگەیاندن و كۆمەڵگای بەکاربەر دەگرێت… لە کتێبی (ژان بۆدریار- وەرگێڕانی، هاوارمحەمەد، ڕەزوان حەسەن- لە بڵاوكراوەكانی دەزگای ئایدیا بۆ فكرو لیكۆڵینەوە- 2019.) و نووسینەکانی دیكەیدا زیاتر دەربارەی کۆمەڵگای بەکاربەر، سیاسەتی فریودان، لەبەرگرتنەوە، زێدە-واقیعی دەنووسێت. ئەو پێیوایە لە تێگەیشتنی کلاسیکدا، وێنە «نوێنەرایەتی» شتێکی ڕاستەقینەی دەكرد، تابلۆیەک، وێنەیەکی فۆتۆگرافی، فیلمێک…بەڵام ئەمڕۆ وێنە چیتر ڕەنگدانەوەی ڕاستی نییە!. بەڵکو «واقیعێکی جێگرەوە» دروست دەکات، ئەو واقیعە جێگرەوەیە وادەردەکەوێت کە «لە واقیعی ڕاستەقینە، واقیعیترە».
كەواتە لەمڕۆی تەكنەلۆژیای دیجیتاڵیدا وێنە بە زمانێک «دەدوێت» کە دیزاین کراوە بۆ چێژ و کاریگەری دروستکردن، نەک تەنها بۆ گەیاندنی زانیاری، بەو مانایەش وێنە ئامێرێکی بەرهەمهێنانی واتایە بۆ واقیعێکی وەهمی، کە لەنێو میدیا و بەکاربەرێتییدا، لەنێو (زێدە- هۆشیاری شاشە)دا کاردەکات و جارێكی دیكە هۆشیاری مرۆڤ بەبێ ئەوەی هەستی پێبکات، دایدەڕێژێتەوە… واتە وێنە تەنها ئامرازێکی سیاسیی درۆزن نییە، بەڵکو ئامرازێکی فەلسەفییە کە واقیعی بەتەواوی سڕیوەتەوە، بەتەواوی خۆی لە « واقیع» دابڕیوە و بووەتە جێگرەوەی واقیع، نەك هەر هێندەش بەڵكو بووەتە جێگرەوەی واقیعێکی دەستکرد، کە لە خودی واقیع سەرنجڕاکێشتر و «واقیعیتر» دەبینرێت، وەک ڕووداوە میدیایییەکان و جیهانی دیجیتاڵ. كەواتە لە سەردەمی تەكنەلۆژیای دیجیتاڵی و كۆمەڵگای بەكاربەردا واقیع کوژراوە و نەماوە؛ تەنها میتا-واقیع بوونی هەیە.
(4)
پەیامی مێژوویی و فەلسەفیی کتێبی “حیاة الصورة وموتها”ی ڕێجیس دۆبرێ، ڕەخنەکردنی ئەو وەهمەیە کە پێیوایە «وێنە» دیاردەیەکی جێگیر و بێ ‌تەمەنە. بەڵام لای دۆبرێ ئامرازی بەرهەمهێنانی وێنە (تەکنەلۆژیا) تەمەنی هەیە و دەگۆڕێت، وەكـ چۆن خودی تێگەیشتنمان بۆ “وێنە”ش تەمەنی هەیە و کۆن دەبێت. ڕێجیس دۆبرێ دەیەوێت بسەلمێنێت کە وێنە خاوەنی مێژوو، جەستە، و سووڕی ژیانە (لەدایکبوون، گەشەکردن و مردن)، كەواتە شێوازی سەیرکردنی ئێمە بۆ وێنە ڕاستەوخۆ بە ئامرازە تەکنەلۆژییەکان و ڕێژەی گواستنەوەیان لە کۆمەڵگاوە بەندە.
بەڵام ئەگەر بەراوردی تێزی ڕێجیس دۆبرێ لەسەر «مەرگی وێنە» لەگەڵ تێزی ژان بۆدریار لەسەر «مەرگی واقیع» بكەین، وەكـ بەراوردکردنی دوو ڕوانگەی ڕەخنەیی بەرامبەر پەیامی زێدە-ڕۆشنبیریی شاشەی هاوچەرخ دەردەكەون؛ واتە سەرەڕای ئەوەی هەردووکیان درکیان بە قەیرانێک لە جیهانی وێنەدا كردووە، بەڵام ئاراستەی تێڕوانینان لە میتۆدۆلۆژیا و ئەنجامگیریدا جیاواز دەكەوێتەوە.
ئەگەر لای ڕێجیس دۆبرێ پەیامی وێنە، سەنگ و مانای فکری و ئایینیی خۆی لەدەست دابێت! لای بۆدریار ئەوە واقیعە لەژێر هەڕەشەی پەیامی وێنەی سیمیولکراودا ون دەبێت و ڕەش دەچێتەوە. بەو مانایەش میتۆدی شیکردنەوە دۆبرێ میدیۆلۆژیایە، واتە مێژووی تەکنەلۆژیا و ئامرازەکانی گواستنەوەیە. بەڵام لای بۆدریار سیمیۆتیکی و پۆستمۆدێرنەیە، واتە میتۆدی نیشانەناسی و کۆمەڵناسییە.
دواجار لای ڕێجیس دۆبرێ وێنە بووەتە زانیارییەکی خێرا و کاڵایەک بۆ بەکاربردن. بەڵام لای ژان بۆدریار وێنە چووەتە سەرووی-واقیع و ڕێگا نادات دەستمان بە واقیعی ڕاستەقینە بگات. دۆبرێ دەڵێت، وێنە هێندە زۆر بووە هەیبەتی خۆی دۆڕاندووە. بەڵام بۆدریار دەڵێت، وێنە هێندە بەهێز بووە واقیعی کوشتووە. كەواتە ئەوە كێیە دەژی: مێژووی بینین و گەشەسەندنی خەونەكان، یان وێنەی پڕ لە زانیاری و ڕەشبردنەوەی ڕاستی؟!

عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا
هەولێر 22/8/2026




مێژووی وێنە.. (تێگەیشتنی تەكنیكـی و بیری هونەری).. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

هەر لە سەردەمی ئەفلاتوونەوە، تاکو ئەمڕۆ “وێنە” وەک بابەتێکی شیکاریی دەروونی و هۆشیاری مەعریفی لە مێژووی فەلسەفە و هونەردا قسەی زۆری لێكراوە. لەو فەیلەسوف و سینەماكارانەی كە بونیادی پڕۆژەی فەلسەفەی میدیا، ڕەخنەیی سینەمایی لەسەر وێنە داڕشتۆتەوە (ژان بۆدریار) و (ژان-لوک گۆدار)ە.
(1)
وێنەی “دیمەنێک لە پەنجەرەی لو گراس” لەلایەن زانا و فیزیاکاری فەرەنسی (ژۆزێف نیسفۆر نیێپس) تۆمارکراوە و بە یەکەمین فۆتۆگرافیی مێژوویی دادەنرێت؛ لە تۆماركردنی ئەو دیمەنەدا پەیامی ئامرازی (تەكنیكـی) ڕوونکردەوە؛ واتە ڕەنگدانەوەی سادەی واقیعی تۆمار نەکرد، بەڵکو خودی “میکانیزمی ئامرازەکە” (کارلێکی تەکنیکی و کیمیایی لەگەڵ ڕووناکی و کات)دا بووە ناوەڕۆکی بنەڕەتیی دیمەنەكە: سەربانی باڵاخانەكانی دەوروبەری ماڵەکەی “نیێپس” لە سێن-ئێت-مارن. لە دیمەنەكەدا ڕۆناکیی خۆر لە هەردوو لای ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای باڵەخانەكاندا و دواتر سێبەریان كردووە، چونكە ماوەی گرتنی وێنەکە (8) کاتژمێری خایاندووە، بۆیە وەكـ جۆرێک لە “کەڵەکەبوونی کات” لەناو گرتەیەکی فۆتۆگرافیدا بەرجەستە دەبێت؛ لێرەدا مێژووی وێنەگری بە خودی ئامرازەکەوە بەندە، نەک بە دراماتۆڕجیی دیمەنەکە. ئەگەر لەگەڵ “دیمەنی کۆڵانێکی کۆن، چۆڵ و بێدەنگ” بەراورد بكەین، كە (ڤالتەر بنیامین) لە وتاری “كاری هونەری لە سەردەمی دووبارە بەرهەمێنانەوەی میكانیكیدا” قسەی لێكردووە؛ ئەوە دەتوانین بڵێین “دیمەنێک لە پەنجەرەی لو گراس” واقیعێكی بێلایەن نیشان دەدات و زێتر جەخت لەسەر وردەکارییەکانی ژینگەی فیزیکی دەکاتەوە. بەڵام لە “دیمەنی کۆڵانێکی کۆن، چۆڵ و بێدەنگ” دیواری کۆن، کەرپوچی شکاو و ڕێگای بەردڕێژکراو… ئاماژە بە خولانەوەی مێژوو دەكات؛ ڕزینی دیوارەکان و كاڵبوونەوەی ڕەنگەکان، جۆرە جوانییەكـ دەخوڵقێنێ کە پێی دەگوترێت “جوانیی شوێنەوارەکانی کات”؛ بەو مانایە کات دەبێتە ماددەیەكی سەرەکیی کارە هونەرییەکە و”ڕووبەرێكی کراوە بۆ خەیاڵ”. واتە لە تۆمارکردنێکی ڕووتی تەکنیکییەوە یان “کەڵەکەبوونی کات”ەوە دەپەڕێتەوە بۆ “ڕووبەرێكی کراوەی خەیاڵ”ی قووڵی ڕەوتی هونەرییەوە.
بێگومان وێنەکەی (ژۆزێف نیسفۆر نیێپس) لەڕووی مێژووییەوە تایبەتمەندیی خۆی ھەیە، بەڵام ڕۆناکیی خۆر و پاشان سێبەركردن، تێپەڕبوونی ژینگەی فیزیکی کات و بۆشایی دەنوێنێ؛ واتە وێنەكە مامەڵە لەگەڵ “ئێستا” و ماوەی “8 سەعات” دەکات و توانای دابڕانی “لێرە”دا نییە. كەچی لە وێنەی دووەمدا چۆڵیی کۆڵانەکە و نەبوونی ڕاستەوخۆی مرۆڤ و بێدەنگییەکە ناکاتە تێپەڕبوونی کات و بۆشایی، بەڵكو کات دەبێتە ماددەیەكی سەرەکیی دیمەنەكە: کورسییەکی بەجێماو، دەرگایەکی داخراو، دیواری ڕزاو و فانۆسێک—دەبنە بەڵگەی بوونی پێشووتری مرۆڤ، ئەم دۆخە “وەرگر-بینەر” تووشی جۆرێک لە پرسیارکردن دەربارەی ئەو کەسانەی پێشتر لەوێدا ژیاون، دەکات.
وێنەی یەكەمیان چەقی پەرەسەندنی تەکنیکی فۆتۆگرافیی نیشان دەدات. وێنەی دووەمیان ڕەوتی پەرەسەندنی فۆتۆگرافیی دەنوێنێ. هەردوو دیمەنەكە ڕەھەندی مێژوویی و لایەنی فەلسەفیی تەكنیكـ و هونەر دیاری دەكەن. بەڵام پرسیار ئەوەیە: ئایا دەشێ (تەكنیكـ و هونەر) وەكـ جیاوازی نێوان تێگەیشتنی هەستیی و بیری ئەبستراک تەماشا بكەین؟!.
(2)
پرسی مەعریفە و چۆنیەتیی گەیشتنی مرۆڤ بە زانست، هەمیشە یەکێک بووە لە تەوەرە سەرەكییەكانی مێژووی فەلسەفە و دەروونناسیی مەعریفی. لە بنەڕەتدا، ئەزموونی مرۆڤ لەگەڵ “بوون” لەسەر دوو پایەی جیاواز و تێكهەڵكێشراو وەستاوە: یەكەمیان، تێگەیشتنی هەستیی کە ڕاستەوخۆ بە جیهانی ماددی و هەستەوە دەمانبەستێتەوە. دووەمیان، بیری ئەبستراک کە توانای داهێنانی چەمک، داڕشتننی مانا، و تێپەڕاندنی واقیعی هەیە. لەنێوان ئەم دوو ئاستەدا، جیاوازییەکی مەعریفیی قووڵ لە مێژووی تەکنیکی و ڕەوتی ھونەرییدا بەدی دەكرێت، بەو مانایەی كە ڕەھەندی “تەکنیک” وەكـ ئامرازی بەرهەمهێنانی ڕێکوپێک و دووبارەبووەوە دەبینرێت و ڕەھەندی “هونەری” وەكـ کایەی داهێنان، دەربڕینی ڕۆحی و ئیستاتیکی تەماشا دەكرێت.
لێرەدا مێژووی تەکنیکی “دیمەنێک لە پەنجەرەی لو گراس” یەکەمین دەروازەی چوونە ژوورەوەی مرۆڤە بۆ ناو جیهانی وێنە!. ئەگەرچی ئەو ئاستەی مەعریفە تەنها مامەڵە لەگەڵ ئەوەدا دەکات کە “ئێستا” و “لێرە”دا بۆ ماوەی هەشت سەعات ئامادەیە؛ ئەگەرچی ئەو ئاستەی مەعریفە ڕاستەوخۆ لەڕێگای هەستەکانەوە (بینین، بیستن، بەرکەوتن، تامکردن، و بۆنکردن) تێگەیشتنێک تۆمار دەکات و خەسڵەتی بنەڕەتیی ئەو تێگەیشتنە لەوەدا کورت دەبێتەوە کە دیاریکراو و تاكەکەسییە؛ بۆ نموونە، بینینی ڕۆناكی و پاشان سێبەر لە “دیمەنێک لە پەنجەرەی لو گراس”، كۆی زانیارییەکانی لە سنوورێكی دیاریکراودا دەمێنێتەوە؛ واتە کێشەكەی لەوەدایە كە مێژووی تەكنیكی “مێژووی ئامراز و ڕێگاکان” توانای مامەڵەکردنی لەگەڵ تەكنیكی مێژوویی “ئامراز و ڕێگاکانی خوێندنەوەی مێژوو”دا نییە.
بەڵام بیری ئەبستراک وەک پەڕینەوەیەک لە شتەکانەوە بۆ چەمکەکان لە “دیمەنی کۆڵانێکی کۆن، چۆڵ و بێدەنگ” دەبینرێت، واتە ڤالتەر بنیامین تەنها قسەی لە نیشاندانی دیمەنی کۆڵانێکی کۆن و بێدەنگ نەكردووە. بەڵکو دەست دەکات بە خوێندنەوە و بەراوردکردن، و پەیوەستکردنی نیشانەکان بە ئامادەیی نادیار و “نەبوونی مرۆڤ”ەوە؛ لەوێشەوە پێی وایە ئەزموونی هونەری چیتر هۆکارێک نییە بۆ گواستنەوەی نەریتی هونەری، بەڵكە پانتاییەکی ڕەخنەییە کە مرۆڤ تێیدا فێر دەبێت چۆن بەرگەی زەبر و شۆکەکانی (کات) بگرێت. ئەو ئاستە لە بیرکردنەوە مەودایەکی بێسنوور دەبەخشێتە مرۆڤ تاکو لە سەرووی شوێن و کاتەوە مامەڵە لەگەڵ چەمکەکاندا بکات. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا پەیوەندیی نێوان ئەم دوو کایە مەعریفییە پەیوەندییەکی دیالێکتیکی و تەواوکارییە، نەک دژایەتی. “تەکنیک” وەڵام دەداتەوە و کێشە چارەسەر دەکات؛ بەڵام “هونەر” پرسیار دەخوڵقێنێت و واقیع دەپشکنێت.
كەواتە تێگەیشتنی هەستیی (تەكنیكـ) بێ چەمکە ئەبستراکەکان کوێرە، چونکە توانای ڕێکخستنی زانیارییەکانی نییە؛ چەمکە ئەبستراکەکان (هونەر)یش بێ تێگەیشتنی هەستیی بەتاڵە، چونکە پەیوەندییان بە واقیعەوە دەپچڕێت. لێرەوە جیاوازیی مەعریفی نێوان تێگەیشتنی هەستیی و بیری ئەبستراک لەوەدایە کە هەست، مرۆڤ لەگەڵ کاتی ئێستا و ماددەدا دەبەستێتەوە، لەکاتێکدا بیری ئەبستراک، ئازادیی مانا دەنەخشێنێت.

(3)
واقیعی وێنەکەی (ژۆزێف نیسفۆر نیێپس) بێ ‌قووڵاییە و ماوەی (8 سەعات) درێژبۆتەوە، واقیعێكی فیزیكی پۆشیووە و بەشێوەیەكی گشتی دەكەوێتە ناوەندناسییە. بەڵام وێنەكەی (ڤالتەر بنیامین) واقیعێكی پرسئامێزی بنەڕەتیی شێوەڕێژ کردووە، واقیعێکی ئاماژەیی بەرهەمهێناوە. شوێنەواری ئۆنتۆلۆژی کورسییەکی بەجێماو، دەرگایەکی داخراو، دیواری ڕزاو و فانۆسێک— لە فكر و هۆشیاریی وەرگر-بینەردا بەجێی دەهێڵێت.
بە گشتی وێنە پێکهاتەیەکە بۆ تەماشاكردن، کاتێک شوێن دەگرێتە خۆی و لە کات دەپەڕێتەوە؛ بەوەش لەڕێگای هاوشێوەسازییەوە تەواوی بوون بە وردەکارییەکانییەوە ئاشکرا دەکات. بۆیە دیمەن بەخشراوێکی تەمومژاوی نییە، بەڵکو لە یەک کاتدا هەڵگری ڕاستگۆیی و ئەزموونە و دەربڕینەکانی لە پرسیاری جۆراوجۆردا ڕەنگ دەدەنەوە؛ بەو مانایەش دالی هونەری ئاماژەیە بۆ زیاتر لە دەلالەتێكـ.
وێنە دەتوانێت لە واقیعدا ڕەگ داكوتێ و ڕوونتر لە ڕووداو و باوەڕپێکراوتر بەرجەستە بێت. پەیامێک بێت بۆ مەجازی ڕەوانبێژی و ڕەمزییەت. بەمجۆرە ناتوانرێت جیاوازی لەنێوان میدیۆلۆژی “تەكنیكـ” و ئۆنتۆلۆژیای “هونەری”دا بکرێت، چونکە تێکئاڵاون. كەواتە لە ئەنجامدا دەکرێت هاوشێوەسازی واقیع بە ڕەمزە جێگر و شاراوەکان تێربکرێت- وەكـ لە “دیمەنێک لە پەنجەرەی لو گراس”دا هاتووە؛ چونکە سروشتی هاوشێوەسازی (ماوەی 8 سەعات) بەرهەمدەهێنێت کە پشتیوانی لە ڕۆناكی و داهاتنی سێبەردا دەکات. هاوکات خەسڵەتی گواستنەوەی نەریتی هونەری لە “دیمەنی کۆڵانێکی کۆن، چۆڵ و بێدەنگ” تەنها لە بواری (ناوەندناسی- میدیۆلۆژی) و ئۆنتۆلۆژیدا نییە، بەڵکو لە چەسپاندنی جیاوازی و تایبەندمەندیی نائامادەیی مرۆییەوە خۆی دەشارێتەوە. ڕەخنەکردنی ئەو بیرۆکەیەیە، کە وێنە وەک ئامرازێک بۆ گواستنەوەی واقیع دەبینێت، گوزارشت لە دووبارە داهێنان و خوێندنەوە و داڕشتنەوە دەکات.
(4)
وێنەی “دیمەنێک لە پەنجەرەی لو گراس” جیاوازە لە وێنەی “دیمەنی کۆڵانێکی کۆن، چۆڵ و بێدەنگ” چونکە ئەوەی دواییان هەڵگری ڕامان و بیرکردنەوە و بەدواداچوونە، تەنها لەسەر ژینگەی فیزیکی نەوەستاوە. بەمجۆرە هەر هەوڵێک بۆ خوێندنەوەی واقیعی مرۆیی، دەبێت لە خاڵێکی ئۆنتۆلۆژییەوە دەست پێبکات کە خودی (ڕامان و بیركردنەوە و ڕەخنە)یە، نەک لە خاڵی ناوەندناسی تێپەڕبوونی کات و بۆشایی (ڕۆناکیی خۆر و سێبەركردن).
ئایا ئەمڕۆ گەشەسەندنی تەکنەلۆژیا (لە بواری مامەڵەکردن لەگەڵ وێنە)دا چ ئالەنگارییەكی مۆڕاڵی دەخوڵقێنێت؟ تەکنەلۆژیای هاوچەرخی وێنە، بە تایبەتی لە سەردەمی میدیای دیجیتاڵی و ژیریی دەستکرددا، پێگەی ئۆنتۆلۆژیی وێنەی لە ئامرازێکی نیشاندانی واقیعەوە بۆ چالاکی داهێنانی هایپەر-واقیع گۆڕیوە. ئەو وەرچەرخانە تەکنەلۆژییە ئالەنگارییەکی مۆڕاڵیی قووڵی لەگەڵ خۆیدا هێناوە: کاتێک لە وێنەدا سنوری نێوان ڕاستی و درۆ، ئەسڵ و کۆپی، و بەڵگە و وەهم… نامێنێ!. بۆ بەدواداچوونی ئەم قەیرانە مۆڕاڵییە، تیۆرییەکانی ژان بۆدریار لە فەلسەفەی میدیا و پرۆژەی سینەمایی و ڕەخنەیی ژان-لوک گۆدار دوو پانتایی فکریی جەوهەریمان بۆ دەسازێنن.
(5)
(ژان بۆدریار) جەخت لەسەر چەمکی “سیمیولاکرا” و “هایپەر-واقیع” دەکاتەوە. بەڵام لەوێدا ئالەنگارییە مۆڕاڵییەکان تەنها لە “ساختەكردن”ی وێنەدا کورت نابنەوە، بەڵکو لەوەدا کورت دەبنەوە کە وێنەی تەکنەلۆژی چیتر نوێنەرایەتیی واقیع ناکات، شوێنی واقیع دەگرێتەوە. بە بڕوای بۆدریار لە پرۆسەی هاوشێوەسازی و لاساییكردنەوەدا، وێنە چوار قۆناغ تێدەپەڕێنێت: لە ڕەنگدانەوەی ڕاستییەوە دەست پێدەکات، تاکو دەگاتە قۆناغی چوارەم کە تێیدا وێنە هیچ پەیوەندییەکی بە ڕاستییەوە نامێنێت و لەخۆیدا دەبێتە سیمیولاکرا. بەمجۆرە “پاشەکشەی ڕاستی” وەكـ ئالەنگارییەكی مۆڕاڵی دەردەكەوێت؛ مرۆڤی هاوچەرخ چیتر لە واقیعدا ناژی، بەڵکو لە ناو تۆڕێکی وەهمی لە نیشانە و ئاماژە دەستکردەکاندا دەژیت کە بەردەوام تەکنەلۆژیا بەرهەمیان دێنێتەوە. بەو مانایەش بەرپرسیارێتیی مۆڕاڵی لە بەرامبەر ئەو هایپەر-واقیعە هیچ مانایەكی نامێنێ، چونکە ڕووداوەکان تەنها دەبنە دیمەنێکی میدیایی و بێدەنگکردنی جەوهەر.
(5)
دەرهێنەر (ژان-لوک گۆدار) لەڕێگای سینەما و فكرەی دژە-سیناریۆوە، ئاماژە بە دەسەڵاتی وێنەی میدیایی و پیشەسازیی هۆڵیود وەک ئامرازی “ئایدۆلۆژی و دەستبەسەرداگرتنی هۆشیاری” دەکات. لای گۆدار، دەستکاریی تەکنەلۆژیی وێنە و مۆنتاژكردنی بێ ئاگاداركردنەوەی پێشوەختە (تێکدانی کەرامەتی کەسی و ژیانی تایبەتی)، جۆرێکە لە توندوتیژیی “بینین” بەرامبەر وەرگر-بینەر. بەو مانایەش دەستکارییە تەکنەلۆژییەكان، وێنەی مۆنتاژکراو و بازرگانی بەسەر وەرگر-بینەردا دەسەپێنن تاکو ڕێگا لە بەدواداچوون و بیركردنەوە و ڕامانی ڕەخنەگرانە بگرن. كەواتە ئالەنگارییە مۆڕاڵییەکە لای گۆدار لە ونبوونی “دیالێکتیکی بینین”دا چڕ دەبێتەوە. گۆدار پرسیارێكی مۆڕاڵی دەكات و دەڵێ: “ئایا ئێمە سەیرکەری وێنەین، یان وێنە کۆنتڕۆڵکەری ئەقڵمانە؟”.
بەمجۆرە لە فیلمی “ماڵئاوا لە زمان”دا ژان-لوک گۆدار تەنها تاقیکردنەوەیەکی سینەمایی بەجێ ناهێنێ، بەڵکو هەڵوێستێكی جەوهەریی بەرامبەر ئەو توندوتیژییە هێماییە دەنوێنێ کە وێنەی هاوچەرخ بەسەر هۆشیاریی مرۆڤدا دەیسەپێنێت. گۆدار لەم فیلمەدا پەیوەندیی دەسەڵاتخوازانەی “دال” و “مەدلول” هەڵدەوەشێنێتەوە. لە فیلمەكەدا دەنگەکان، وشە ڕەخنەییەکان و مۆسیقا بە شێوازێکی پچڕپچڕ و ناڕێک دەکەونە سەر دیمەنەکان. بەسەرهاتێکی دیاریکراو لە سەرەتاوە تا کۆتایی ناگێڕێتەوە. لەبری ئەوە، فیلمەکە وەک کۆلاجێکی بینایی “بصری” و فکری، یان وتارێکی فەلسەفیی سینەمایی لەسەر زمان، وێنە، پەیوەندییەکان، و تەکنەلۆژیا دارێژتووە. واتە زمان چیتر ئامرازی بەیانکردنی وێنە نییە، وێنەش چیتر ڕوونکەرەوەی زمان نییە. بەو مانایەش بینەر-وەرگر چیتر ناتوانێت دەقەکە بە ئاسانی بخوێنێتەوە، چونکە نیشانەکان لە سەرچاوەكانی خۆیان دابڕاون. لەم خاڵەدا فیلمەکە پرۆسەی “ماڵئاواکردن لە زمان” جێ بەجێ دەكات؛ نەک تەنها زمانی ئاخاوتن، بەڵکو زمانی دەستەمۆکراوی سینەماش کە چەمکەکان بەسەر بیركردنەوەدا دەیسەپێنن. لە چارەسەری ئەو ئاپۆڕایەی نیشانە و داڕمانی زماندا، گۆدار فێنۆمێنۆلۆژیای سەگێک دەخاتە نێوان پەیوەندی ژنێکی هاوسەردار و پیاوێکی سینگڵ كە بە ڕێکەوت یەکتر دەبینن و یەكتریان خۆشدەوێ و مشتومڕی فکری دەکەن، شەڕ دەکەن، و لە کۆتاییدا لە یەکتر جودا دەبنەوە. دواتر ئەم هێڵە داڕێژراوە جارێکی تر لەگەڵ جەستە و ئەکتەری تردا هاوشێوە دووبارە دەبێتەوە… ئەو سەگە ناوی “میێڤیل” و دەبێتە کارەکتەری ناوەندی فیلمەکە. گۆدار دەیەوێ بڵێ ئەو سەگە نوێنەرایەتیی جیهانێک دەکات کە هێشتا بە حوکمی دەستەواژەکان، نیشانە ئایدۆلۆژییەکان چوارچێوەڕێژی و زمانپۆشی بۆ نەكراوە. سەگەکە لە دەرەوەی گرتە و لە دەرەوەی ئاماژە دەستکردەکاندا لە دەوروبەری ڕووبارێکدا دەگەڕێت و چاودێریی سروشت و جیهان دەکات. ئامادەییی ئەو، هێمایە بۆ ئەگەری بوونی بینینێک کە بەرپەرچی کۆنتڕۆڵی سیمیۆتیکی و تەکنەلۆژی دەداتەوە.
بەمجۆرە پرۆژەی “ماڵئاوا بۆ زمان” ڕاگەیاندنی شکست هێنانی وێنەی هاوچەرخە لە نوێنەرایەتیکردنی ڕاستی، و ڕاگەیاندنی ئاگادارییەکی مۆڕاڵییە بەرامبەر دەسەڵاتی نیشانە دەستکردەکان. گۆدار لەڕێگای داتاشینی زمانی سینەمایی تایبەت بەخۆیەوە، داوامان لێ دەکات لەجیاتی ئەوەی بینەرێکی بێ ئاگای ناو هایپەر-واقیع بين، چاودێرێكی ڕادیکاڵیانە بین و كردەی بینین لە هەڵوێستێکی فەلسەفی، مۆڕاڵی و ڕەخنەییدا تەتەڵە بكەین. گۆدار پێمان دەڵێت بۆ گەیشتنەوە بە ڕاستی و پاکیی بینین، دەبێت ماڵئاوا لە زمانە چەسپاوەکان و فۆرمە تەقلیدییەکانی سینەما بكەین.

عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا
هەولێر 29/8/2026




(کاتێک دەرگا ناکرێتەوە).. خوێندنەوەیەكی ڕەخنەیی- وەسفی بۆ قەسیدەی (با لە دەرگاکە بدەینەوە)ی (پەخشان عەبدولڕەحمان).. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

دیمەنەكانی ئەو قەسیدەیە لەسەر بنەمای دەركەوتنی (بنین، دەرگا و بێدەنگی) خۆی دەنوێنێ و شاعیر (پەخشان عەبدولڕەحمان) هەوڵدەدات چەمكی (جەنگ) وەک دیاردەیەکی (ناوەوەی مرۆڤ) ڕوون بکاتەوە و نیشانی بدات کە کردنەوەی (دەرگا) لە قەسیدەكەدا نە هیوایە و نە ڕاستیی، بەڵکە لەلایەك ڕەنگدانەوەی سەرکوتکردنی ئارەزووە و لەلایەكی دیكە گوزارشت لە بەردەوامیی كۆمەڵگایەكی داخراو دەكات؛ لە چنینی ئەو قەسیدەیەدا فەزایەکی شانۆیی دەخولقێنێ و خوێنەر و بێدەنگی بە ئاگایی و بێهیوایی دەسپێرێت.
كەواتە (با لە دەرگاکە بدەینەوە) دەنگی کێیە؟ ئەگەر بانگەوازێک نەبێ بۆ (ئازادی) ئەوە دووبارەکردنەوەی نمایشێکی بێدەنگی فرۆیدییانەیە؟! چونكە لە قەسیدەكەدا، داخستنی دەرگا ڕووداو نییە، تا بەرانبەرەکەی (کردنەوە) مانایەکی شۆڕشگێرانەی هەبێت؛ دەرگا پێشتر داخراوە، نەكـ هەر لە دەرەوە، بەڵکە لە ناوخۆی مرۆڤدا؛ بەمجۆرە جەنگ لە دەنگەوە سەرچاوەی ناگرێت، بەڵکە لە (بینین)ی چەپێنراودا خۆی مت داوە! لەو كۆمەڵگا دواكەوتووە وە هەڵقوڵاوە، کە ئازادی قبووڵ نییە.
كەواتە (با لە دەرگاکە بدەینەوە) دەتوانرێت وەک ڕەنگدانەوەی سەرکوتکردنی ئارەزوو بخوێندرێتەوە، نەكـ تێكشکاندنی سیستەم! چونكە بینینی چەپێنراو ناتوانێت لە سیستەم دەربچێت- دەرگا داخراوە؛ لە کۆتاییدا، (با)ی سەرەتایی (لە دەرگاکە بدەینەوە) لە بێدەنگییەکی شانۆییدا دەخنكێ، و ئەکتەرەکانیش لەژێر ئەو تاسەیەدا دەمێننەوە، یان لە گۆڕەپانی ئاگایی و بێهیواییدا دەجەنگن.

با لە دەرگاکە بدەینەوە
پەخشان عەبدولڕەحمان

پێش ناسین

کەشەکە سارد بوو
دەکرێ وەک چیرۆکێک بارانیشی بۆ زیاد بکەین
کەواتە کەشەکە سارد و باراناوی بوو
دەنگێک دوور لە هەمووان باسی مەیدانی جەنگی دەکرد
هۆڵەکە بێدەنگ بوو
ئەمە وەک شانۆیەک دەتوانین بیگێڕینەوە
تەنیا ئەو بوو هەر جارێک سەنگەرەکەی دەگواستەوە
ئێمەش هەموو لەدوای ئەوەوە دەبا هەست بە نزیکی دوژمن بکەین
هۆڵەکە گۆڕابوو بۆ مەیدانی جەنگ
پێی وابوو باوەڕ دەتوانێ هەموو شتێک بخولقێنێ
لەگەڵ هەر هەڵچوون و داچونێکی
کۆترەکانی ئەو دیوو پەنجەرە دوورتر هەڵدەفڕین
ئێمە دەمانتوانی گریمانەی کۆترەکان بکەین بە باڵی خوێناوییەوە
تەنانەت هەندێکمان بە پێکەنینەوە هۆڵەکە جێبهێڵین
دوایش پشت بکەینە مەیدانەکە بۆ ئەو
دوایی بینیمان
تەنیا و دوورەپەرێز لە هەریەکەمان ڕادەما
ئێستا بێدەنگ بوو، ئێمەش هەروەها
ئێمە دووژمن نەبووین
تەنانەت براوەش نەبووین

ناسین

پێدەکەنی
ئێمەش لەدوایەوە قاقا
تەنیا شتێک کە لێی دەترساین
کەس دڵنیا نەبوو لە نوکتەیەکییەوە نەکەوینەوە ناو مەیدانێکی دیکەی جەنگەکانی
بێگومان ئێستا سەیری کەسمانی نەدەکرد
ئەگەر ڕاستگۆتربم
ڕەنگە هیچ کات سەیری نەکردبێتین
ئەو ڕۆژانە ئاسان بوو لەبارەی هەرشتێکەوە دواباین
بێئەوەی کەسمان سەرنجمان لەشوێنێک جێبمێنێ
ئەگەرچی هەوڵمان دا شوێنەواری جەنگەکە لەبیرکەین
بەڵام هەرجارێک لەسەر خوانەکە کۆدەبووینەوە
ئێمە زۆر شتمان هەبوو باسیکەین
ئەویش جەنگەکان

دوای ناسین

دەرگای هۆڵەکە داخرابوو
شانۆکە گەشتبوویە کۆتایی
هیچ چەپڵەیەکیش نەبوو بۆ کۆتاییەکی چاوەڕواننەکراو
کورسییەکان وەک لە چاوەڕوانی تەرمێکدا بن وابوون
درەختەکان بەهۆی گەرمی زۆرەوە یا هەر هۆکارێکی دیکە
لە گەشە وەستابوون، تەنانەت سەوزبوونیش
ئێمە کەی بێرە گەیشتین؟
قسەکانمان گۆڕابوون بۆ هیواخواستن بۆ یەکتر
ئایا دەکرا دووبارە خۆمان بە یەکتر بناسێنینەوە؟
پاشان بەڕوویەکی بەخەندەوە لەبارەی سەرماوە قسە بکەین؟
یا لەبارەی گەمژەیی هاوڕێیەک و سودەکانی خواردنەوەی چا بەبێ شەکر
بەئەگەری زۆرەوە هیچ دەرگایەکمان بەکراوەیی جێ نەهێشتبوو
پاش ئەوەی چاوەکانت لە ئاست هەموو شتێک داخستبوون
ئێستا هەست دەکەم جەنگەکە بەشێكە لە هەریەکەمان
بەڵام ئێستا کە باشتر ئاشنای یەکین بێدەنگترین
وەک ڕێزێکیش بۆ ئەو نزیکییە خەریکە دووردەکەوینەوە.

پێش ناسین
(جەنگ وەک شانۆ)
قەسیدەكە لە فەزایەکی سارد و باراناوی وەک ڕووداوێکی ڕاستەقینە بەرەو گوتار دەبێتەوە، سەرەتا وەک چیرۆک یان شانۆ پیشان دەدرێت، بەڵام بە هێواشی بینین لە بێدەنگی هۆڵەکەدا بۆ مەیدانی جەنگ دەگۆڕێت؛ واتە جەنگ وەک (نمایش) دەستپێدەکات و بۆ (ڕاستی) دەگۆڕێت؛ چونكە جەنگ بەرهەمی گوتار و باوەڕە، نەكـ بەرهەمی ڕاستییەکی ماددی! بەمجۆرە کاتێک دەڵێت: (باوەڕ دەتوانێ هەموو شتێک بخولقێنێ) وەك ئەوە وایە بڵێ: مرۆڤ بە هۆی باوەڕەوە دەتوانێ جەنگ بنێتەوە، هەرچەندە دوژمنێکی ڕاستەقینەش نەبێت! بە دیوەكەی دیكە (باڵی خوێناویی کۆترەکان) ئەوە پیشان دەدات کە لەژێر کاریگەری جەنگدا، تەنانەت هێمای ئارامییش دەگۆڕێت… بەم شێوەیە شاعیر لە دەقەکەیدا جەنگ دەکاتە نمایشێکی شانۆیی… ئەگەرچی لە نمایشی شانۆییشدا ترسی ئەوەی هەیە ڕاستی تەواو لەناو بچێ؟!.
بێگومان ڕووداو پێویستى بە یەكگرتنە، بەڵام (با لە دەرگاكە بدەینەوە) وەك گوتار گەرِانەوەیە بۆ ناخی مرۆڤ؛ دەمەوێ بڵێم هەمیشە جەنگ پڕە لە دوودڵی، هەمیشە جەنگ ئەو پیلانانە جێبەجێ دەكات كە نەخشەی بۆ كێشراوە؛ بەڵام شانۆ- گێرِانەوەیە و بەسەرهاتەكانی خۆی دەگێڕێتەوە؛ دەكرێ (جەنگ) و (شانۆ)، (ڕوودا) و (گوتار) تەرجەمەی (شیعر) و (قەسیدەی پەخشان) بكەم و بڵێم: هەمیشە شیعر دڵ- لە دڵدانە، ئەوە دەڵێ‌ كە دانراوە؛ بەڵام قەسیدەی پەخشان- گێڕانەوەیە، هەموو چركەكانی گوتار بە هی خۆی دەزانێ- كەواتە (با لە دەرگاکە بدەینەوە) لەنێوان شیعر و قەسیدەی پەخشاندا، بەرەو قەسیدەی پەخشان دەچێت.
بۆ دڵنیابوون، دەتوانم یارمەتی لە (ئونسی ئەلحاج- پێشەكی كۆمەڵە شیعری «لن» كە ساڵی 1960دا بڵاوبۆتەوە، وەردەگرم كە دەڵێ: (قەسیدەى پەخشان) پێویستى بە ئامرازى گێرِانەوە، وەسف، ئەزموون، جیهانبینیە… بەڵام لە (شیعر)دا شاعیر پێش خوێنەر دەكەوێت، چونكە ئەو ئامرازانە دەناسێنێ كە شیعرى پێدروست دەكرێت؛ هەمیشە (شیعر) لەڕێگاى لەرەى موزیكاوە دەچێتە دڵى خوێنەرەوە، بەڵام (قەسیدەى پەخشان) وەك ئەزموونێكى قووڵ و بەهێز بەو پرِشنگانە دەناسرێتەوە كە بڵاوى دەكاتەوە. بۆ زێتر شارەزایی لەبارەی شیعر و پەخشانە شیعر و قەسیدەی پەخشان، بڕوانە: أنسی الحاج، دیوان (لن)- المقدمە.ط3. دار الجدید. بیروت 1994 ص27. بۆ زێتر تەرجەمەكردنی ئەو قسانەش دەتوانی قەسیدە پەخشانی (با لە دەرگاکە بدەینەوە)ی (پەخشان عەبدولڕەحمان) بخوێنیتەوە.
كەواتە قەسیدە پەخشانی (با لە دەرگا بدەینەوە) گوزارشت لە درەوشانەوەی ناوەوەی مرۆڤ دەكات! بەڵام ترسی ئەوەش هەیە تەنها نمایشێكی شانۆیی بێت و بە ئاراستەی ئەوەی كە گوتراوە بڕوات، بە ئاراستەی ناسینەوە، نەك نزیکبوونەوە لە مرۆڤ… ئەوەش ئاوێتەبوونی شیعر و پەخشان، شانۆ و گوتار، ڕووداو و جەنگی لێدەكەوێتەوە.
بەڵام هەرجارێک لەسەر خوانەکە کۆدەبووینەوە
ئێمە زۆر شتمان هەبوو باسیکەین
ئەویش جەنگەکان.

ناسین
(کاتێک جەنگ نییە، جەنگ هەیە)
مرۆڤ لە مەیدانی جەنگدا بوونی دەكەوێتە لەرزەوە؛ لەنێوان جەنگ و جەنگێکی دیکەدا، ترسی ئەوە هەیە کە ڕاستییەکان تەنها «نوکتە» بن؛ بەم شێوەیە، (ناسین) بە مانای نزیکبوونەوە لە ڕاستی نییە، بەڵكە بە مانای بەشداربوونە لە جەنگێکی دیکەدا؛ بە مانای ئامادەیییە بۆ جەنگێکی تر! بۆیە کاتێک جەنگ نییە، جەنگ هەیە.
لەو کاتەی جەنگ هەیە، مرۆڤەکان باشتر دەناسرێن، نەک ئەکتەرەکان! هەرچەندە تۆنی جەنگ بەرز بێتەوە، مرۆڤ بێدەنگتر دەبێت، کە مرۆڤ لە مەیدانی جەنگدا کۆنترۆڵ دەکرێت، دەسەڵات شانازی بە سەرکەوتنەکانی دەکات؛ بەمجۆرە، (ناسین) لەنێوان ڕاستی و ساختەدا هیچ جیاوازییەکی ڕوون بەجێناهێڵێت؛ و کەس دڵنیا نییە لەوەی: لە (نوکتە)یەکەوە نەکەوێتە ناو مەیدانێکی دیکەی جەنگەکان.
لەنێوان ڕاستی و ساختە، جەنگ و گێڕانەوە، ڕووداو و گوتاردا، (ڕەنگە هیچ کات سەیری نەکردبێتین) بەم مانایەش دەشێ بپرسین: بێ ئەوەی کەسمان سەرنجمان لە شوێنێک جێبمێنێ: ئایا دەکرێ لە گوتاری قەسیدەی پەخشان دەربچین؟ یان قسەکردن لە قەسیدەی پەخشان، مەسافەیەک لە موزیكای ناوەوەی شیعری نزیک دەبێتەوە؟ ئایا بنەمای شیعر پەخشانە؟!
بەڵام هەرجارێک لەسەر خوانەکە کۆدەبووینەوە
ئێمە زۆر شتمان هەبوو باسیکەین
ئەویش جەنگەکان
دەشێ جەنگ ڕەگەزێک لە ڕەگەزەکانی گێڕانەوە پەیڕەو بکات، بەوەی کە ریتمەکانی جەنگ هەموو ڕەگەزەکانی گێڕانەوە لە ئاستێکی باڵای موزیكییدا بەلای خۆیدا ڕادەکێشێت؛ بەوەی کە تۆنە بەرزەكانی جەنگ ئاستە باڵاکانی زمان دەجووڵێنێت؛ بەوەی کە لە جەنگدا سنووری نێوان بینین و بێدەنگی، موزیكای دەرەوە و ناوەوە نامێنێت؛ بەڵام بەدیوەكەی دیكە- ئەگەر ڕاستگۆتربم- قەسیدەكە لەبری ئەوەی گوزارشت لە گەڕان بەدوای واتادا بکات، بەدوای چڕییدا دەگەڕێت.

دوای ناسین
(کاتێک نزیک دەبین، دووردەکەوینەوە)
دەرگای هۆڵەکە داخرابوو، و شانۆکە گەیشتبووە کۆتایی… هیچ چەپڵەیەک نەبوو بۆ ئەم کۆتاییە چاوەڕواننەکراوە، و ئەو بێدەنگییەی پاش شانۆکە؛ ئەو بێدەنگییە وەک بەشێک لە خودی شانۆکە درێژە دەبۆوە! کورسییەکان وەک ئەوەی لە چاوەڕوانی تەرمێکدا بن، ڕێکخراو و بێجوولە مانەوە.
ئێمە کەی گەیشتینە ئێرە؟
هەڵبەتە ئەم کۆتاییە کۆتایییەک نییە بە قەبارەی ڕووداو، بەڵكە کۆتایییەکە گوتار تێیدا باڵا دەستە؛ كۆتاییەكی موزیكی نییە، گێڕانەوە تێیدا بەرجەستەیە؛ بەمجۆرە کاتێک (باشتر ئاشنای یەکین)، زیاتر بێدەنگ دەبین و دوور دەکەوینەوە؛ واتە هیچ شتێک کۆتایی نایەت، بەڵكە بۆ بەردەوامییەکی بێدەنگ دەگۆڕێت! لەو فەزایەدا، درەختەکان بەهۆی گەرمییەکی زۆر، یان هەر هۆکارێکی نادیار، لە گەشە وەستابوون؛ تەنانەت سەوزبوونیش وەک وێنەیەکی وەستاو دەردەکەوێت، وەک ئەوەی ژیانیش خۆی لەژێر کۆنترۆڵێکی نادیاردا بێت… كەواتە (ئێرە)ی پرسیارەكە زیاتر لەوەی پرسی شوێن بێ، پرسی ناسینە! لەناو ئەو فەزایەدا، کاتیش وەک نواندنی بێدەنگی دەبینرێت، نەک وەک بینینی دڵنیاکەرەوە…

قسەکانمان گۆڕابوون بۆ هیواخواستن بۆ یەکتر
ئایا دەکرا دووبارە خۆمان بە یەکتر بناسێنینەوە؟

دواجار لەو خوێندنەوەیەدا، ئەو هیواخواستنە وەک هەوڵێک دەردەکەوێت بۆ شاردنەوەی ئەوەی کە پێشتر لە بینینی (کەشە سارد و باراناوییەكە) ڕووی داوە، نەک لە نمایشی بێدەنگی جەنگ! ئایا دەکرێ دووبارە یەکتر بناسینەوە؟ یان تەنها دەتوانین شێوازێكی نوێی بێدەنگی بۆ بینین بدۆزینەوە؟! چونكە بە ئەگەری زۆرەوە، هیچ دەرگایەک بە کراوەیی جێ نەماوە، هیچ بێدەنگییەك بینین نییە، وەک ئەوەی دەرگا لێرەدا نە تەنها شتێکی فیزیکی بێت، بەڵكە هێمایەک بێت بۆ ئەو سنوورەی کە لەنێوان نزیکبوون و دوورکەوتنەوەدا دەجوڵێت؛ دەرگای چاوەکانت لە ئاست هەموو شتێک داخستوون، و ئەو داخستنە خۆی وەک فۆرمێكی نوێی بینین دەردەکەوێت، نەكـ بێدەنگی.
لە کۆتاییدا، هەست دەکەم جەنگەکە بەشێکە لە هەریەکەمان؛ جەنگی ناخی مرۆڤ نە کۆتایی پێدێت و نە سەرەتای دیارە؛ بەو مانایە ئەو (قەسیدە پەخشان)ە دەلالەت لە گۆڕینی دەرگا بۆ بینین و دەرگا بۆ بێدەنگی دەكات؛ بە مانایەكی دیكە کاتێک نزیک دەبین، بە شێوەیەکی سەیر دوور دەکەوینەوە؛ نەكـ لەبەر ئەوەی دوژمنین، بەڵكە لەبەر ئەوەی فەزای ناسین بۆ فەزای بنین- دەرگا بۆ بێدەنگی گۆڕاوە؛ بەمانایەكی دیكە ناسین و بینین دوو فەزای یەکسان نین، بەڵکو دوو ئاستی جیاوازن لە تێگەیشتن، چونكە بینین ناتوانێت ڕاستییەکانی ناوخۆ بناسێنێ؛ بۆیە لە قەسیدەکەدا فەزای ناسین فەزایەکی نائاسودەیە، کە تێیدا مرۆڤ هەمیشە لەنێوان (بینین) و (نەناسین)دا جێ دەمێنێ؛ وەكـ چۆن (دەرگا) لە قەسیدەکەدا تەنها شتێکی فیزیکی نییە، بەڵکە هێمای سنوورە، سنوور و بێدەنگی پێکەوە فەزایەکی داخراو دروست دەكەن، کە تێیدا هەوڵی کردنەوەی دەرگا دەبێتە بەشێک لە داخستن؛ كەواتە دەرگا وەك سنوور دەبێتە نیشانەی ئەو سیستەمەی کە مرۆڤ تێیدا دەژیت، و بێدەنگی دەبێتە زمانی ئەو سیستەمە، (با لە دەرگاکە بدەینەوە).

تێبینی:
پەخشان عبدولڕەحمان، ساڵی ١٩٩٣ لە شاری هەولێر لەدایک بووە. مامۆستای زانکۆ و توێژەرە لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان. چەند ساڵێکە شیعر دەنووسێت و لە چەندین ڕۆژنامە و گۆڤار شیعرەکانی بڵاو بوونەتەوە.
(با لە دەرگاکە بدەینەوە) لە ماڵپەڕی باڵندە وەرگیراوە.

عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا




وێنەی مرۆڤ لە “خودێکی مانابەخشەوە” بۆ “کاڵایەکی دیجیتاڵی”-3-.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

(3)
سوبێکتی مۆدێرن
(لە کارگەوە بۆ سەر شاشە)

کاتێک تەماشای دیمەنی کۆڵانێکی کۆن، چۆڵ و بێدەنگ دەكەین، ئێمە تەنیا لەبەردەم فۆتۆگرافێکدا نەوەستاوین، بەڵكە لەبەردەم کایەیەکی ئاڵۆزی بینراوداین؛ پرسیارەكە ئەوەیە: جیاوازیی نێوان «دەسەڵاتی دیمەن» و «دەرکەوتنی وێنە» چییە؟! چۆن دیمەن و وێنە چەمكی «جیاوازی» و «ئاڕاستەکردن» لە ناو هۆشیاریی مرۆڤی هاوچەرخدا بەڕێوە دەبەن؛ بە مانایایەكی دیكە چۆن دیمەنە گشتییەكەی تەكنەلۆژیا (ئاراستەكردن) و وێنەی نا-میكانیكی مرۆڤ (جیاوازی) لە كاتی هەستپێكردن… لێكجیا دەبێتەوە؟!
هەڵبەتە ئەو پرسیارە لە نەشتەری توێکاری (ئەندریاس ڤیسالیوس) و نەشتەری گومانەكانی (دێکارت)ییەوەوە دەست پێدەكات و لەوێوە چرکەساتی لەدایکبوونی «سوبێکتی مۆدێرن» ڕادەگەیەنن و دواتر گۆڕانكارییە ڕیشەییەكانی بۆ مرۆڤ، بۆ جەستە، ڕوخسار و لەوێشەوە بە ئاڕاستەكردن و جیاوازی دەگەین… هەڵبەتە سەرەتایی هەموو ئەوانە لە باڵادەستیی (بینین) و گومانەكانی «من بیر دەکەمەوە، کەواتە هەم» دێتە بەرهەم!
بەمجۆرە نەشتەری توێكاری، جەستە لە تەمومژی میتافیزیایی دادەماڵرێت و وەك واقیعێکی فیزیکی و جێگەی تاقیکردنەوە و کایەیەکی ئەزموونگەری (جیاواز) مامەڵەی لەگەڵدا دەكات؛ بەڵام دیسپلینی دێکارتی، جەستە و ڕوخسار لە پیرۆزی (ئاراستەكردن) دادەماڵێت و دەیانکاتە ئامێرێکی میکانیکی کە لە دەرەوەی «من»ی بیرکەرەوەدا شیاوی کۆنترۆڵکردن، بەئەندازەکردن و پشکنین بێت.
كەواتە سوبێکتی نوێ لەڕێگای نەشتەرگەریی جوانکاری، فلتەرەکان، و ئەندازیاریی جەستەوە، بە تەواوی لە ناو ڕەوتی «جەستە وەک ئامێر»ی دێکارتی و «توێکاریی» ڤیسالیوسیدا دەژی؛ لێرەوە ڕوخسار و جەستە بۆ کەرەستەیەکی پلاستیکی یان دیجیتاڵی دەگۆڕێت، کە قابیلی دەستکاری كردن بێت، چاک بکرێتەوە و لە نوێوە دابڕێژرێتەوە.

(دیمەن/ وێنە)
لە دەستپێكی کتێبی “کۆمەڵگەی نمایش” لە نووسینی (گی دیبۆر 1994–1931) تیۆریستی مارکسی، فەیلەسوف، دەرهێنەر و بیرمەندی ڕادیکاڵی فەرەنساییدا هاتووە: “لەو کۆمەڵگایانەی کە مەرجە مۆدێرنەکانی بەرهەمهێنان تیایاندا باڵادەستە، تەواوی ژیان وەک کۆبوونەوەیەکی گەورە لە نمایشەکان خۆی پیشان دەدات” لێرەدا چەمکی «نمایش- دیمەن»، تەنیا کۆمەڵێک وێنەی ڕیزکراو نییە، بەڵكە پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتییە لەنێوان مرۆڤەکاندا کە لەڕێگای وێنەکانەوە بە ئامانج دەگیرێن؛ كەواتە دیمەن یان نمایش دەبێتە دەسەڵاتێکی تۆتالیتار کە جیهان کۆنترۆڵ دەکات و لەوێشەوە وێنەكان جیاوازی بیركردنەوە دەنوێنن! بەو مانایەش “دیمەن” مرۆڤ لە واقیعی ڕاستەقینە، لە جەستەی خۆی و لە ئەزموونی ڕەسەنی ژیان جیا دەکاتەوە؛ بەڵام هەمیشە “وێنە” بیركردنەوەی جیاواز دەخاتەوە! دیمەن هەڵگری دەسەڵاتێكی تۆتالیتارییە، بۆیە کاتێک واقیع بۆ دیمەنێک یان بۆ نمایشكردنێكـ دەگۆڕێت، ئیتر مرۆڤی بەکاربەر دەبێتە تەماشاکەرێکی ناچالاک و واقیعیش دەبێتە چرکەساتێکی درۆیینە؛ بەو مانایە دیمەنی ژیان پێش خودی وێنەی ژیان دەكەوێت! بە مانایەكی ڕوونتر تۆتالیتارییەت، جیاوازییەكان دەخنكێنێت.
گی دیبۆر پێیوایە: ئەگەرچی سوبێکتی مۆدێرن لە «بوون»ـەوە بەرەو «خاوەندارێتی» و بەرەو (ئەوەی هەتە) هەنگاوە بەراییەكانی ناوە، بەڵام لەمڕۆی کۆمەڵگەی نمایشدا، خاوەندارێتیش گۆڕاوە بۆ «دەرکەوتن» ئەوەی نیشانی دەدەیت؛ بەو مانایەش لە سایەی شۆڕشی تەکنەلۆژیادا مرۆڤ چیتر لە ناو کۆڵانەکان و لە ناو دیمەن و نمایشەكاندا بە هەستپێكردنەكانییەوە، بە جیاوازییەوە ناژی، بەڵكە تەنها تەماشاكەرە، سەیری دیمەنی کۆڵانەکان، دیمەنەكان، نمایشەكان لەسەر شاشەدا دەکات؛ لێرەدا (دیمەن، نمایش) هێزێکی دابڕێنەرە، دیوارێکی ئەستورە لە نێوان “من” و “جیهان”، بە شێوەیەک کە تەنها ئەو شتە بوونی هەیە کە “پیشان دەدرێت” بەو مانایە ژیان دەبێتە ئەزموونێکی ناڕاستەوخۆ و ناچالاک.
ئەگەر دیمەن چوارچێوەیەکی گشتی و دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی بێت، هەڵبەتە «وێنە» ئەو یەکەیە یان ئەو کەرەستەیەیە کە جیاوازی دیمەنەکەی پێكهێناوە؛ دەمەوێ بڵێم دەردەکەوتنی وێنە تەنیا ڕووداوێکی بینراو نییە، بەڵكە ستراتیژیەتی ئاڕاستەکردنی جیاواز و گومانەكانی دێكارتی هەڵگرتووە! بەڵام لە سەردەمی نوێدا دەرکەوتنی دیمەن، هۆشیاریی ئێمە ئاڕاستەی مانا و دەلالەتێکی دیاریکراوی درۆیینە دەکات؛ ئەمڕۆ دیمەنەكان پێمان دەڵێن چۆن بیر بکەینەوە، حەز لە چی بکەین، و لە چی بترسین… بە مانایەكی دیكە لەمڕۆی تەكنەلۆژیادا دەرکەوتنی دیمەنی جیاوازی ساختە هەیە، كە پرۆسەی ئاڕاستەکردن و مۆنۆپۆڵی مانامان نیشان دەدات؛ بەڵام لە بەرانبەر وێنەی ساختەی تەكنەلۆژیادا وێنەی بینراو “هەستپێكراوی مرۆیی” مانایەکی سەربەخۆ و گوتارێکی شاراوەی لەخۆدا هەڵگرتووە؛ لەو هەسپێكردنەوە دەتوانین واقیع لەڕێگای ئاڕاستەکردنی وێنەوە بخوێنینەوە، چونكە دیمەن دەسەڵاتێکی سیستمییە کە مرۆڤ لە چالاکی دادەبڕێت و جیهان دەکاتە سەکۆیەکی گەورەی نمایشكردن؛ بەڵام لەبەرانبەردا وێنە هێزی جیاوازی خۆی و بەرپرسیارێتی ئەخلاقیی هەیە!
کاتێک دەسەڵاتی تەکنەلۆژی هێزی (دیمەن و وێنە) یەکدەخات، ئیتر چیدی جیهان وەكـ شوێنێکی فیزیکی نامێننەوە کە تێیدا پیاسە بکەین یان بەرپرسیارێتی ئەخلاقیی ڕوخسارەکان تاقی بکەینەوە؛ بەڵكە ئەو یەكخستنە دەبێتە (فۆرمێکی جوانکاریی چۆڵکراو) لە خود، لە مانا ڕەسەنەکەی… ئیتر دیمەن جەستەمان لە کۆڵانە چۆلەکە جیا دەکاتەوە، و دەرکەوتنی ئەو وێنەیەی دەسەڵاتی تەکنەلۆژی دەیكێشێ، زەینمان ئاڕاستەی ناو فەزایەکی وەهمی و مەجازی دەکات! دەمەوێ بڵێم مەترسییە گەورەکەی سوبێكتی مۆدێرن لە نێوان چەکوشەکانی « دیمەنی گشتی» و «ئاڕاستەکردنی وێنەی ساختە»دا، لەنێوان نەشتەری توێکاری و نەشتەری گومانەكاندا ئەوەیە کە فەزای وەهمی بەرەو فەزای مەجازی دەكاتەوە (لە ئێستادا فەزای مەجازی ” Virtual” تەنیا چەمکێکی تەکنەلۆژیی ڕووت نییە، بەڵکو گۆڕاوە بۆ ژینگەیەکی فرەڕەهەند کە کاریگەریی قووڵی لەسەر تەواوی جومگەکانی ژیانی مرۆڤ، کۆمەڵناسی، و بگرە فەلسەفەی بوونیش داناوە.)

لە فەزای وەهمییەوە بۆ فەزای مەجازی
لە سوبێكتی مۆدێرندا پرسیارکردن لە جەستە، ڕوخسار پرسیارکردن نییە لە پێکهاتەیەکی بایۆلۆژیی جێگیر، بەڵكە گەڕانە بەدوای تاقیگەیەکی مێژووییدا کە تێیدا گوتارەکانی دەسەڵات، تەکنەلۆژیا و فەلسەفە خۆیان دەنووسنەوە؛ بەو مانایە پەڕینەوە لە جەستەیەک کە بەهۆی قورسیی مادی و دیسپلینی فیزیکییەوە دەیناڵاند، بۆ جەستەیەک کە لە نێو شلۆقیی کۆد، ئاڤاتار و نیشانە دیجیتاڵییەکاندایە، جۆرێکە لە کاڵبوونەوە و نەمانی جەستە، ئەوەش لە تێڕوانینی گومانەكانەوە بۆ جەستە وەک «ئامێرێکی میکانیکی» و جەستە وەكـ “واقیعێکی فیزیکی” شەرعییەتی تەواوی وەرگرت، بەو مانایەش جەستە وەكـ درێژکراوەی مەکینە گەورەکانی واقیعی فیزیكی چیتر خاوەن کات و جووڵەی سەربەخۆی خۆی نییە، بەڵكە لەخۆی نامۆیە!
(کارڵ مارکس) لەبارەی چەمکی «نامۆبوون»ەوە دەڵێت: کرێکار لە پڕۆسەی کاردا لە خۆی نامۆ دەبێت؛ چونکە کارەکە ناچێتە ناو سروشتی مرۆڤەوە، بەڵكە بە فیڕۆدانی هێزی جەستەیە و ڕۆحی لەڕێگای دیسپلینی دەرەکی، دیوارەکانی کارگە، کاتژمێری كاری هیلاككەر و چاودێریی فیزیکیی جەستەوە بریندار دەکات… بە دیوەكەی دیكە لە فەزای مەجازییدا چیتر ڕوخسار ئەو سیمایە نییە کە ماندوێتی، چینایەتی و پێگەی کۆمەڵایەتیی مرۆڤەکەی بە ڕوونی دەربخات، بەڵكە دەکەوێتە ناو تەڵەیەکی نوێوە: تەڵەی بوون بە «داتا»؛ ئیتر سوبێكتی نوێ چیتر پێویستی بە هێزی بازوو بۆ بەرهەمهێنان نییە، بەڵكە کارەکەی بۆ لێدانی کلیکێک یان چاوتروکانێک لە پشت شاشەکانەوە کورت بووەتەوە… هەڵبەتە گی دیبۆر پێش نیو سەدە ئەم کورتە تیۆرییەی نووسی، کاتێک نە ئینتەرنێت هەبوو نە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان! هەروەها دەربارەی نامۆبوونی مرۆڤی نوێ دەڵێت: مرۆڤ لە بکەرێکی ڕاستەقینەی ژیانەوە دەبێتە تەماشاچییەکی (بێدەنگ و ناچالاک)؛ ئەمڕۆ خەڵک ژیانی ڕاستەقینەی خۆیان فەرامۆش دەکەن بۆ ئەوەی “نمایش” بکەن، بۆ ئەوەی دیمەنێكی گشتی بنوێنن — لێرەوە ئەوە دەبینین تیۆرییەکەی دیبۆر ئێستا لە هەموو کاتێک ڕاستتر و زیندووترە.
(داڤید لۆ برۆتۆن) لە كتێبی ئەنثرۆپۆلۆژیای جەستەدا ئاماژە بەوە دەکات کە لەم سەردەمەدا جەستە وەک «کۆسپێک» لەبەردەم خێرایی گواستنەوەی زانیارییەکاندا دەبینرێت؛ بۆیە مرۆڤی دیجیتاڵی دەیەوێت جەستەی ڕاستەقینەی خۆی فەرامۆش بکات و لەڕێگای ئاڤاتار و ناسنامە مەجازییەکانەوە پانتاییەکی نوێ تاقی بکاتەوە… هەڵبەتە مەترسیدارترین وەرچەرخان لەم گۆڕانکارییە مێژووییەدا لە چەمکی «ڕوخسار»دا دەردەكەوێت، ئیتر ڕوخسار لە ڕوخساری ئەخلاقییەوە بۆ ڕوخساری شل (فلتەربوو)، بۆ «وێنەیەکی سێڵفی» یان کۆمەڵێک داتا لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەگۆڕێت؛ ڕوخساری دیجیتاڵی ڕوخسارێکی «شل» و گۆڕاوە، ئیتر ڕوخساری گۆشت و خوێنی بەرانبەرەکەمان نابینین، بەڵكە تەماشای دەمامکێکی دیجیتاڵی دەکەین کە بە ویستی خود دەستکاری کراوە؛ لێرەوە (بیۆنگ- چوول هان) دەڵێت: مرۆڤ خۆی، خۆی دیسپلین دەکات… واتە ئێمە خۆبەخشانە جەستە و ڕوخسارمان بۆ کاڵایەکی میدیایی دەگۆڕین، بۆ ئەوەی لە بازاڕی “لایک” و “فۆڵۆو”دا جێگەمان ببێتەوە.

جەستە (وەك ئەزموون)، ڕوخسار (وەك ئەزموونگەری)
کاتێک لە دیدێکی فەلسەفی و دیاردەناسییەوە قسە لە پێوەندی نێوان «جەستە وەک ئەزموون» و «ڕوخسار وەک ئەزموونگەری» دەكەین، دەمانەوێ بچینە قووڵایی ئەو کایانەی کە تێیدا جەستە و دەق، یان خود و ئەویتر لە زماندا خۆیان دەبینەوە؛ ئەو تێكەڵبوونە لە كتێبی ئەنترۆپۆلۆژیای جەستە (داڤید لۆ برۆتۆن) و فەلسەفەی هاوچەرخدا قسەی زۆری لێكراوە.
بێگومان زمان تەنیا ئامرازێکی میکانیکی بۆ گواستنەوەی زانیارییەكان نییە، بەڵكە ڕووداوێکی بوونناسیی، جەستەناسی و دەقناسییە؛ بەو مانایەش کاتێک زمان دەبێتە «ئەزموون»، واتە ئێمە لەڕێگای زمانەوە جیهان تاقی دەکەینەوە، لەڕێگای زمانەوە مانا بە برین، عەشق، نامۆیی و مەرگ دەدەین؛ لێرەوە (مارتن هایدیگەر) دەڵێت: زمان ماڵی بوونە، ئێمە لە ناو زماندا نیشتەجێین؛ کاتێک شاعیرێک یان شانۆکارێک زمان بەکار دەهێنێت، ئەو تەنیا وشە ڕیز ناکات، بەڵكە ئەزموونێکی ناوەکی و فیکریی قووڵ دەخوڵقێنێت کە پێشتر بوونی نەبووە؛ بەمجۆرە لە زماندا سنوورەکانی بوونی (ئەزموون- جەستە) دەدۆزینەوە و لە داهێناندا ناسنامەی (ئەزموونگەری- ڕوخسار) بەرجەستە دەكەین.
كەواتە ڕوخسار وەكـ ناسنامە، جێگەی دەرکەوتنی گوتار و یەکەمین سەکۆی ڕووبەڕووبوونەوەیە لەگەڵ جیهاندا؛ بەڵام کاتێک دەڵێین ڕوخسار وەک “ئەزموونگەری”، مەبەستمان گۆڕانی ڕوخسارە بۆ تاقیگەیەک لە مانا، نواندن و یاخیبوون… هەر بەمجۆرەش ڕوخسار لای (ئیمانۆیل لیڤیناس) ڕەهەندێکی ئەخلاقی وەردەگرێت، كە ناتوانرێت بە تەواوی کۆنترۆڵ یان “مۆنۆپۆڵ” بکرێت؛ هەمیشە ڕوخسار وەك (داهێنان- ئەزموونگەری) لە حاڵەتی تاقیکردنەوە و خۆنوێکردنەوەدایە؛ كەواتە کاتێک زمان دەبێتە جەستە و داهێنان دەبێتە ڕوخسار، ئیتر ئەزموون دەبێتە ئەزموونگەریی و جارێكی دیكە ئەزموونگەریش دەبێتەوە ئەزموون! وەكـ چۆن جارێكی دیكە ڕوخسار خۆی دەبێتەوە زمان؛ بەو مانایەش هەر چرچولۆچێک، تێڕامانێک یان بێدەنگییەک لەسەر سیمای مرۆڤ، دێڕێکی دەقییە کە پێویستی بە خوێندنەوەیەكی بەردەوام جیاواز هەیە.
زمان بۆ ئەوەی لە تەنیا فۆرمێکی مۆدێرنیستی یان پێکهاتەخوازی وشک ڕزگاری بێت، پێویستە لە كێشەی داهێنانەوە ڕەنگبداتەوە، پێویستی بەوەیە لەسەر “ڕوخسار” و جەستەی ئەکتەر یان سوبێکتدا بەردەوام نوێ ببێتەوە؛ لێرەوە زمان کاتێک دەبێتە ئەزموونێکی ڕاستەقینە کە لە كێشەی داهێنانی بەردەوامدا خۆی تاقی دەكاتەوە، بەردەوام لەسەر سیمای مرۆڤ وەک کێشە، حەز یان ئازار ڕەنگ دەداتەوە.
دواجار (جەستە/ئەزموون) و (ڕوخسار/ئەزموونگەری) پێکەوە بەردەوام بازنەیەکی نوێی داینامیکی دروست دەکەن، بازنەیەكـ كە خودی جەستە مانا بە ئەزموونەکان دەبەخشێت، و ڕوخساریش وەک کایەیەکی ئەزموونگەری، سنووری ئەزموونەکان تاقی دەکاتەوە و بەردەوام فراوانتری دەکاتەوە.

هەولێر 3/7/2026
عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا




وێنەی مرۆڤ لە “خودێکی مانابەخشەوە” بۆ “کاڵایەکی دیجیتاڵی”- بەشی دووەم-.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

(2)
مرۆڤی دابەشبوو
(نا-میکانیکی بوون)

لە کایەی فەلسەفەی هاوچەرخدا، پرسی تێگەیشتن چیتر بابەتێکی پەراوێزی یان تەنها ئامرازێکی سەرەکیی ناسین نییە؛ تێگەیشتن، بەر لەوەی مێتۆدێکی مەعریفی بێت، شێوازێكی ئۆنتۆلۆژیانەی (بوونناسانەی) مرۆڤە لە جیهاندا؛ لە ڕوانگەی فینۆمینۆلۆژیای مارتن هایدیگەرەوە، مرۆڤ “بینەرێکی نامۆ” نییە کە بێلایەنانە لە بوون بڕوانێت، بەڵكە بوونەوەرێکە کە تێگەیشتن پێکهاتەی بنەڕەتیی بوونی پێکدەهێنێت؛ هەرگیز تێگەیشتن نابێتە خەسڵەتێکی دەرەکی مرۆڤ، چونکە لە جەوهەری خۆیدا پڕۆسەیەکی بەردەوامی تێگەیشتن و ماناڕێژی و خۆشیکردنەوەیە لە گشتێتی ئەو واقیعەی تێیدا ئامادەیە.
کەواتە مرۆڤ پێش هەموو شتێ مانا دروست دەکات؛ بەمجۆرە، جیهان تەنها کاتێک دەبێتە جیهانێکی مرۆیی کە دەبێتە تۆڕێک لە واتاکان و هێماکان؛ زمان، ئەدەب، هونەر، ئایین، سیاسەت، و تەنانەت وردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانەش، هەموویان هەوڵی بەردەوامن بۆ بەرهەمهێنان و دووبارە لێکدانەوەی مانا مرۆییەكان! هەرگیز مانا شتێکی جێگیر نییە، بەڵكە پڕۆسەیەکە لەگەڵ هەر ئەزموون و ئەزموونگەرییەکدا، مرۆڤێكی جیاواز دەخاتەوە؛ بەمجۆرە مرۆڤ تەنها بە شتەکان ناژی، بەڵكە بەو واتایانەش دەژی کە بە شتەكانی دەبەخشێت؛ لێرەوە کاتێک مرۆڤ توانای بەرهەمهێنانی مانا لەدەست دەدات، توانای تێگەیشتن لە مرۆڤ، مرۆڤایەتی و جیهانی دەوروبەریش لەدەست دەدات.
مارتن هایدیگەر نووسەری فەیلەسوف و بیرمەندی ئەڵمانی لە کتێبی ناوداری خۆیدا (بوون و کات)- د. محەمەد كەمال لە ئینگلیزییەوە كردوویەتی بە كوردی و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمی چاپ و بڵاویكردۆتەوە، ئەو تێزە دەخاتە ڕوو کە تێگەیشتن، جولەی “دەرکەوتن” یان “ئاشکرابوون”ی بوون بەرجەستە دەكات! شتەکانی نێو جیهان بەهۆی ڕۆتین و بەکارهێنانی ڕۆژانەوە داپۆشراون و لەبەرچاو ونن، تێگەیشتن دێت بۆ ئەوەی ئەم پەردەیە لابدات و ڕێگا بدات شتەکان بە ڕاستی خۆیان دەربخەن… دەكرێ ئەو دەرکەوتنە تەرجەمەی “دیمەن” و “وێنە” بكەین؛ بەو مانایەی كە دیمەن نەک وەک ئاڕاستەکردنی واقیع، بەڵكە وەک مەیدانێک دەبینرێت کە تێیدا گرژییەکی بەردەوام لە نێوان تۆڕی ماناکان و کرانەوەی جیاوازییدا هەیە؛ بە مانایەكی دیكە، لەنێوان دیمەن- ئامادە بۆ ئاڕاستەکردن، کە بەشێک لە نادیارێتی دەپارێزێت، و وێنە- ئامادە بۆ جیاوازی کە دەركەوتنی تایبەتی هەیە.
بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم تێگەیشتنە، کاتێک تەماشای دیمەنی کۆڵانێکی کۆن، چۆڵ و بێدەنگ دەكەین، لە بەردەم پاشماوەی ئاراستەكردنی مێژووییەك وەستاوین؛ بەڵام لێرەدا تێگەیشتن، کۆکردنەوەی زانیاریی ئاسەوارناسی یان مێژوویی نییە، بەڵكە تێگەیشتن ئاراستەیەكی بوونناسی وەردەگرێ! ئەو دیمەنە چۆڵە، لای ڤالتەر بنیامین، وێنەیەکی دیالەکتیکییە؛ شوێنێکە کە تێیدا «ڕابردوو» و «ئێستا» لە چرکەساتی بەریەککەوتندا دەبنە یەک کات و خەرمانە! بێدەنگیی کۆڵانەکە، جۆرێکە لە وەستانی مێژوو (مێژووی فەرمی)، کە ڕێگا بە بینەر دەدات لە مێژوویەکی هێڵی ڕزگاری بێت و بچێتە ناو کاتی ئێستا! لەو ساتەوەختەدا، دەركەوتنی وێنە، بە هەموو سه‌رسوڕمان و خەرمانەی خۆیەوە، تایبەتمەندی، جیاوازی و ڕاستیی کات و دەسەڵاتی مرۆڤ بۆ بینەر ئاشکرا دەكات؛ جیهانێکی فرەوان دەکاتەوە کە تێیدا بینەر تەنیا تەماشاکەر نییە، بەڵكە شاهیدی هەڵوەشاندنەوە و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی مانا مێژووییەکانی دیمەنە یان ئاراستەكردنە لەڕێگای وێنەی جیاواز و تایبەتەوە، ئەگەرچی هەمیشە دیمەن بەشێک لە نادیارێتییەکەی خۆی دەپارێزێت، بەڵام وێنە مانای جیاوازی و تایبەتی خۆی وەک دواین هێڵی بەرگریی دەگەیەنێت.
كەواتە ڕابردوو لەڕێگای کۆکردنەوەی داتای مێژووییەوە نادۆزرێتەوە، بەڵكە لە چرکەساتێکی چاوەڕواننەکراودا وەک “وێنەیەک” دەدرەوشێتەوە کە تێیدا جیاوازی نێوان ڕابردوو و ئێستا دەنوێنن؛ دیمەنی کۆڵانە بێدەنگەکە مێژووی هێڵی ڕادەگرێت و دەرگای پچڕانێکی کاتی دەکاتەوە کە تێیدا وێنە دەسەڵاتی خۆی بەسەر کاتدا دەبینێتەو؛ ئەگەرچی شوێنە چۆڵەکان باشترین شوێنن بۆ دەرکەوتنی ئاراستەكردنی ڕاستی… بەو مانایە کۆڵانە چۆڵەکە گرژی نێوان “نادیارێتی” و “ئاشکرابوون” دیاری دەكەن، کۆڵانە چۆڵەکە جەوهەری تێگەیشتنی بوونناسییە کە ناکرێت لە هاوکێشەیەکی جێگیردا کورت بکرێتەوە… پرسیارە جەوهەرییەکەی ئەمڕۆ ئەوەیە: چەمكی مرۆڤبوون دەكەوێتە كوێی ئەو كۆڵانە چۆلەوە؟ لەم نێوەندەدا مرۆڤ چی لێ دێت کاتێک خودی دیمەنەكان، ئامێرەکان “مرۆییانە” بیر دەکەنەوە؟!
وەک دەزانین، ڤاڵتەر بنیامین لە قسەكردن لەو بارەوە پێیوابوو کاتێک تەکنەلۆژیا وێنە و هونەر کۆپی دەکاتەوە، ئیتر مرۆڤ لە پەیوەندییە حسی و مێژووییەکەی لەگەڵ دیمەن یان واقیع دادبڕێت و لەبەردەم شاشەکان و ئامێرەکاندا دەبێتە وەرگرێکی پاسیڤ (بێدەسەڵات) کە تەنها سەیری لێشاوی دیمەنەكان دەکات؛ بە مانایەكی دیكە مرۆڤی ئەمڕۆ لە دیمەنی واقیعەكاندا ناتوانێ تایبەتمەندی خۆی بنوێنێ، تەنها تەماشاكەرێكی بێدەسەڵاتە… لێرەدا مەترسییە گەورەکە ئەوەیە کاتێک تەکنەلۆژیا وێنەی مرۆڤ لە جەوهەرەکەی دادەماڵێت، کاڵا و تەکنەلۆژیا خۆیان دەبنە خاوەن سیفەتی مرۆیی، مرۆڤبوون لە بوونەوەرێكەوە كە تێگەیشتن پێکهاتەی بنەڕەتیی بوونی پێکدەهێنێت، دەکەوێتە ژێر هەڕەشەی فاشیزمی تەکنەلۆژیا و مرۆڤی بێدەسەڵات چێژ لە لەناوچوونی خۆی لە کۆڵانە چۆڵەکان دەبینێت، تەنها لەبەر ئەوەی بە شێوازێکی تەکنەلۆژیی جوان نیشان دەدرێت… مرۆڤ وەك تێگەیشتن، وەك بكەری مەعریفی چی لێدێت؟
لێرەدا مرۆڤ لەژێر هەڕەشەی فاشیزمی تەکنەلۆژیاوە چیتر “بکەر” یان داهێنەری جیهان نییە، بەڵكە گۆڕاوە بۆ جێگرەوەیەکی ئامێری و ناوەندێكی پاسیڤ (ناچالاک) بۆ گواستنەوەی کۆدە ژمارەیی و زانیارییەکان لەناو تۆڕە گەورەکاندا؛ ئەو دۆخە گوزارشت لە مەرگی بکەری مەعریفی دەكات؛ مرۆڤ کە پێشتر لەڕێگای “تێڕامان” و “ئەزموونی زیندووەوە” جیهانی بەرهەم دەهێنا، ئەمڕۆ چیتر خاوەنی بیرکردنەوە و سۆزی سەربەخۆی خۆی نییە؛ بەڵكە تەکنەلۆژیا چووەتە ناو قووڵایی مێشک و دەروونییەوە، و گۆڕیویەتی بۆ تەنیا بۆرییەک یان تێپەڕگەیەک کە داتا و زانیارییەکانی پێدا تێپەڕ دەبێت… بەو مانایەش تەکنەلۆژیا تەنیا ئامرازێکی دەرەکی نییە لە دەستماندا بێت، بەڵكە هاتووەتە ناو قووڵایی ژیانی تایبەتی کات، بیرکردنەوە، و سۆزەوە و ناوەوەی مرۆڤی لە جیاوازی و تێگەیشتن، لەو تایبەتمەندییە ڕۆحی و سەربەخۆییەی کە هەیبوو بەتاڵ کردووەتەوە؛ ئەمڕۆ كاری مرۆڤ ئەوەیە كە داتا لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر بگوازێتەوە، بەبێ ئەوەی بیربکاتەوە! لێرەوە ئێمە ڕۆژانە تەنها كلیك دەكەین، تەنها پۆست، نامە، و زانیاری دەبینین و دەیاننێرینەوە (شێر و ڵایک دەکەین)، بەبێ ئەوەی کاتمان هەبێت قووڵ ببینەوە یان شتێکی نوێ لە تێگەیشتن دابهێنین.
ئیتر کاتێک تەكنەلۆژیا دەتوانێت خێراتر و بەرفرەوانتر بیر بکاتەوە، باشتر وێنە بکێشێت، و تەنانەت ڕوخسار و سۆزی مرۆڤیش کۆپی بکاتەوە، ئێمە دەچینە ناو قۆناغی “سیمۆلاکرا- کۆپییەک کە ئەسڵەکەی نەماوە یان هەر نەبووە”ی تەواوەتییەوە؛ دەچینە ئەو شوێنەی کە کۆپییەکە (وێنە دەستکردەکە) پێش واقیع دەکەوێت و وێنەی واقیعی هەڵدەلووشێ؛ کاتێک سۆز و ڕوخسار (کە دوا پێگەی پیرۆزی خەرمانە و ڕەسەنایەتی مرۆڤ بوون) دەبنە داتای شیاوی کۆپیکردن، ئیتر نەک هەر “مرۆڤبوون” مانا بوونناسییەکەی لەدەست دەدات، بەڵكە خودی “واقیع”یش دەگۆڕێت بۆ “هایپەر-واقیع”؛ لێرەدا نە واقیع هەیە نە مرۆڤ؛ لێرەدا واقیع و مرۆڤبوون بەیەکەوە ناچنە ناو نەبوونەوە، بەڵكە لە ناو زۆربوونی بێمانای کۆپییەکاندا، بەیەکەوە دەمرن! هەر بەو مانایەش لای (ژان بۆدریار)، مرۆڤبوون لەم سەردەمەدا، یان بە مانایەكی دیكە مەرگی مرۆڤ لە “هایپەر-واقیعدا”، وەك جۆرێک لە “شۆکی مەعریفی” دەبینرێت؛ چونكە ئەو پێیوایە مرۆڤ بووەتە زیندانیی ئەو وێنە ساختەیەی کە خۆی بۆ خۆی دروستی کردووە، و هیچ ڕاستییەكی لەپشتەوە نییە؛ لەو حاڵەتەدا مرۆڤ چیتر ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ “سروشتی ڕەسەنی خۆی”، بۆ وێنەی تایبەت و جیاوازی خۆی، چونکە تەکنەلۆژیا بە تەواوی پێناسەی سروشت و ڕەسەنایەتیشی گۆڕیوە!

بەمجۆرە مرۆڤی کۆنترۆڵکراو لە “تاک”ەوە بۆ “دابەشبوو” گۆڕدراوە.
چیتر مرۆڤ ناسنامەیەکی جێگیری نییە، بەڵكە بریتییە لە کۆمەڵێک کۆد، داتا، کارتی بانکی، و ژمارەی دیجیتاڵی لەناو سیستمدا… ئەو گۆڕانكارییانە، (ژیل دۆلۆز) بە مەرگێکی نائومێدانە وەسفی دەكات، یان بە گواستنەوە بۆ سەردەمی “پۆست-هیومانیزم” (پاش-مرۆڤگەرایی) ناوی دەبات؛ بەمجۆرە تەکنەلۆژیا مرۆڤ ناچار دەکات کە سنوورە ئەندامی و بایۆلۆژییەکانی خۆی تێپەڕێنێت! چیتر مرۆڤبوون لە جیاکردنەوەی خۆمان لە ئامێردا کورت نابێتەوە، بەڵكە لەوەدا چڕ دەبێتەوە کە چۆن دەتوانین وەک “ئامێری ئارەزوومەند” لەگەڵ تەکنەلۆژیادا تێکەڵ بین، بەبێ ئەوەی ببینە کۆیلەی دەسەڵاتی سیستمی سەرمایەداری؟! هەڵبەتە ئەمڕۆ جەوهەری جیاوازی مرۆڤبوون لەو خاڵەدا چڕبۆتەوە…
بەڵام ژیل دۆلۆز دەیەوێ بڵێ چیتر مرۆڤبوون چەمکێکی جێگیر و جەوهەری نییە، بەڵكە «پرۆسەیەکی بەردەوامی بوون و گۆڕانە»؛ چونكە لەناو فیکری تەکنەلۆژیدا، پێوەرە کۆنەکانی وەک تێگەیشتن، خەرمانە، “عەقڵی لۆژیکی” یان “توانای داهێنانی حیسابی” چیتر ناسنامەی مرۆڤ دیاری ناکەن (چونکە ئامێریش ئەوانەی لە ئاستێکی باڵاتردا هەیە)؛ لێرەدا، ئەوەی لە جەوهەردا مرۆڤبوون لای دۆلۆز دیاری دەكات، ئەوەیە كە مرۆڤبوون دەچێتە ناو کایەی «نا-میکانیکی بوون»ەوە؛ واتە کایەی «هەستپێکراوەکان»: هەڵەکردن، حەپەسان، سەرسامبوون، و ئازار چەشتن… لێرەدا دۆلۆز جیاوازی لە نێوان “سۆز” (کە دەکرێت وەک داتا کۆد بکرێتەوە) و “هەستپێکراوەکان” كە نا-میکانیکی بوونی هەڵگرتووە، دەكات؛ پێیوایە هەستپێکراوەكان بریتین لە توانای جەستە بۆ کار تێکردن و کار لێکردن (تەڕبوون بە باران، ژان و ئازاری کتوپڕ، حەپەسان لەبەردەم نەزانراودا)… نا-میکانیکی بوونن و جیاوازە لەوەی کە دەکرێت سۆز وەک داتا کۆد بکرێتەوە!! واتە ئەگەرچی ئامێر مێشکی هەیە (پرۆسێسەر)، بەڵام جەستەی نییە! هەڵبەتە ڕاستیی مەعریفیی تێکستەکە لەوەدایە کە دەڵێت: ڕاستی لە ناو مێشکی حیسابکاردا نییە، بەڵكە لە ناو پێستی تەڕبوو و جەستەی ئازارچەشتوودایە!
نا-میکانیکی بوون تەنها لادانی لۆژیکی و دەروونی نین، تەنها کەمکوڕی نین، بەڵكە هێزی بەرگریی بوونناسیی مرۆڤن لە بەرامبەر گشتگیریی ئامێردا؛ ڕاستە ئامێر دەتوانێت بە وردترین کۆد وێنەی باران بکێشێت، بەڵام توانای ئەزموونکردنی “تەڕبوونی بارانەکە”ی نییە، چونکە ئامێر خاوەنی جەستەیەکی زیندوو نییە تاوەکو بەر لێشاوی بوون بکەوێت! مرۆڤبوون گەڕانی مرۆڤە بەدوای مانادا، بەڵام لە سەردەمی تەکنەلۆژیادا، ئەم گەڕانە گۆڕاوە بۆ «دوا خاڵی بەرگریی مۆدێرن»؛ جۆرێک لە خەباتی ڕۆحی بۆ پاراستنی “هەستپێکراوەکان” ئەو بەشە بچووك، تەمومژاوی و سێبەرەی ناوەوەی مرۆڤ کە هێشتا ئەلگۆریتمەکان نەیانخستۆتە ناو کۆدی سیفر و یەک.
بەمجۆرە مرۆڤ “جەوهەرێک”ی نەگۆڕ نییە کە کانت یان دیکارت پێناسەیان کردبێت (بۆ نموونە: مرۆڤ ئاژەڵێکی عاقڵە)؛ بەڵكە مرۆڤبوون هەمیشە لە ناو پرۆسەی گۆڕان و پێکهاتندایە! بەو مانایەش کاتێک تەکنەلۆژیا دەست بەسەر عەقڵدا دەگرێت، مرۆڤ ناچار دەبێت “ببێتە شتێکی تر، ئەو گۆڕانە بەرەو کایەی “نا-میکانیکی بوون”، ڕزگارکردنی مرۆڤە لەو پێناسە دۆگمایانەی کە ئامێر بە ئاسانی دەتوانێت کۆپییان بکاتەوە، دەكات…
تەکنەلۆژیا لەسەر بنەمای پێشبینیکردن و نەزم کار دەکات؛ بەڵام هەڵەی مرۆڤ، ئازا، حەپەسانی، و… گەڕانە بێهودەکەی مرۆڤ بەدوای مانادا، تەواوی سیستەمە ئەلگۆریتمەیەکە تێکدەدات! نەك لەبەر ئەوەی مانا حەقیقەتێكی دۆزراوەیە، بەڵكە لەبەر ئەوەی مانا چیتر حەقیقەتێکی دۆزراوە نییە، بەڵكە مانا هێڵی هەڵاتن و دەربازبوونە… مانا دوا سەنگەرە کە مرۆڤ بتوانێ لە داتایەکی ڕوون و شیاوی خوێندنەوە خۆی دەرباز بكات.

هەولێر 7/7/2026
عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا




وێنەی مرۆڤ لە “خودێکی مانابەخشەوە” بۆ “کاڵایەکی دیجیتاڵی”-1-..عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

(1)
وێنەی مرۆڤ
(دیموكراتیزەكردن/ كڕین و فرۆشتن)

فیکریی تەكنەلۆژی، مێژووی داماڵینی (وێنەی مرۆڤ)ە لە مرۆڤبوون، بە مانایەكی دیكە تەكنەلۆژیا، وێنەی مرۆڤ لە “خودێکی بەرهەمهێنەری مانا”وە، بۆ “کەرەستەیەکی بەکاربردن” دەگۆڕێت؛ لە ئەزموون و ئەزموونگەرییەوە بۆ “سیمای دیجیتاڵی”… هەر بەو مانایەش (جەستەی مرۆڤ) لە واقیعێکی کلتووری بۆ مەکینە و ئامرازێکی میکانیکیی ڕووت و (ڕوخساری مرۆڤ)یش لە ژێر زەبری پیشەسازیی جوانکاری و مۆدێلە ستانداردەکانی بازاڕدا لە ناسنامەوە بۆ کاڵا دەگۆڕێت.
ئەگەر وێنەی مرۆڤ شێوازی تێگەیشتن لە ناوەوە و مانای مرۆڤ دەستنیشان بكات، ئەوا وێنەی ڕوخسار لای (ڤالتەر بنیامین) لە سەرەتای سەردەمی فۆتۆگرافیدا، وەک دواین هێڵی بەرگریی تەماشا دەکرا… بەمجۆرە فەیلەسوفی ئەڵمانی (ڤالتەر بنیامین) جیاکاریی لەنێوان دوو جۆر بەهای بنەڕەتیی وێنەدا دەکات، “بەهای پەرستش” و “بەهای نمایش”.
بەهای پەرستش، لە هونەری کلاسیک و وێنەکێشانی کۆندا، ئەوەیە كە وێنە هەڵگری ڕەهەندێکی ئایینی و ئۆنتۆلۆژیی پیرۆزە و “خەرمانە”ی هەیە: (وەک ئایکۆنە پیرۆزەکان یان تابلۆی یادەوەریی مردووان کە لە شوێنە دابڕاو و تایبەتەکاندا دەپارێزران)؛ بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانی تەکنەلۆژیای کۆپیکردن و بڵاوبوونەوەی بەکۆمەڵی وێنەکان، ئیتر بەهای نمایش پاشەکشێی بە بەهای پەرستش كرد و بەهای پەرستش جێگەی خۆی بۆ بەهای نمایش چۆڵ كرد! واتە وێنە لە کایەی پیرۆزییەوە بەرەو کایەی بەکاربردن و تەماشاکردنی جەماوەری وەرچەرخا! بنیامین پێیوایە، ڕوخساری مرۆڤ هێمای ئەو وەرچەرخانە مێژووییەیە کە تێیدا هونەر لە “پیرۆزی و تاکایەتی”یەوە بەرەو “گشتیبوون و تەکنەلۆژیا” هەنگاو دەنێت؛ بەو مانایە ڕوخسار دوا ڕایەڵی پێوەستبوونی مرۆڤی مۆدێرنەیە بە ڕابردووی خۆیەوە- هەڵبەتە پێش ئەوەی تەکنەلۆژیا بەتەواوی وێنەکە بکاتە کاڵایەکی جەماوەریی ڕووت.
بەڵام وێنەی ڕوخسار (وەكـ سیمای دیجیتاڵی) لای کۆمەڵناس و ئەنثرۆپۆلۆژیستی ناوداری فەرەنسی (دافید لۆ برتۆن)، نامۆبوونی خود و جەستە دەگەیەنێت؛ واتە کتێبی (ئەنثرۆپۆلۆژیای جەستە) لە (وەرگێڕانی عەرەبی: محمد عرب صاصیلا، چ٢، ١٩٩٧- بەیروت)، تەنها قسەكردن نییە لەسەر پیرۆزی جەستە، بەڵكە لەوێدا جەستە نوێنەرایەتیی خودی مرۆڤ و مرۆڤایەتی دەکات؛ لە بەشی (هەشتەم)ی كتێبەكەدا دەڵێت: لەگەڵ هاتنی مۆدێرنێتە و باڵادەستبوونی فەلسەفەی دێکارت و چەمکی “دووانەیی جەستە و ڕۆح” ئیتر لە جیهاندا، جەستە وەک ناسنامە لە خودی مرۆڤ جیاکرایەوە؛ جەستە نەک وەک خودی مرۆڤەکە، بەڵکە وەک “ئامرازێک” یان “خاوەندارێتییەک” دەبینرا کە مرۆڤ هەیەتی… ئەو جیاکارییە لە کلتووری هاوچەرخدا، جەستەی تووشی لەت لەتبوون و نامۆبوون کرد.
هەڵبەتە بنیامین پێیوایە پارچەپارچەبوونی مرۆڤ، تەنها گوزارشت لە کەوتنی خودی مرۆڤ ناکات، بەڵكە گوزارشت لە لێکترازانی ناسنامە کلتوورییەکەش دەكات… بنیامین لە نەریتیی هونەر (وەک تابلۆی زەیتی) بۆ سەرەتای سەردەمی تەکنەلۆژیای نوێ (وەک فۆتۆگرافی و سینەما) دەکۆڵێتەوە و پێیوایە ئەم کەنەفتبوونە تەنها گوزارشت لە کەوتنی بەهای ئەزموونی ڕەسەن ناکات، بەڵكە چییەتی ئەزموونی هونەریی نوێش ئاشكرا دەکات… (بڕوانە: كتێبی “واڵتەر بنیامین”، لەبارەی وێنەی ڕوخساری مرۆڤ لە تێکستە بەناوبانگەکەی”كاری هونەری لە سەردەمی دووبارە بەرهەمێنانەوەی میكانیكیدا” بڵاوکراوەکانی دەزگای ئایدیا، زنجیرە ٢٠٠-٢٠١٧، ل 159).
ئەگەر بەهای ئەزموونی هونەری بە (خودی مرۆڤ) دابنێین، ئەوا چییەتی ئەزموونگەری هونەری (ناسنامەی مرۆڤ)ی لێدەكەوێتەوە؛ بەم مانایەش ئەزموون و ئەزموونگەریی مرۆڤ بەردەوام لەگەڵ جێگیربوون و نەریتگەراییدا لە قەیراندایە! بۆیە ئەزموون و ئەزموونگەری هونەری لای بنیامین لە سەردەمی مۆدێرنەدا، چیتر هۆکارێک نییە بۆ گواستنەوەی نەریتیی هونەری، بەڵكە پانتاییەکی ڕەخنەیییە کە مرۆڤ تێیدا فێر دەبێت چۆن بەرگەی زەبر و شۆکەکانی (کات- زەمەن) بگرێت؟!.
بەڵام ڕوخسار وەك لوتكەی جەستە تەنها پێکهاتەیەکی بایۆلۆژی (پێست و ئێسک) نییە، بەڵكە سەکۆیەکی گەیاندنی سیمبۆلیی گەورەیە… بۆیە لۆ برتۆن شیکاری بۆ گرژییەکانی ماسولکەی ڕوخسار، چاوتروکان، زەردەخەنە و نیگاکان دەکات و پێیوایە پێش ئەوەی مرۆڤەکان زمان (وەك ئەزموون) بەکاربهێنن، ڕوخسار (وەك ئەزموونگەری) دەست دەکات بە ئاخاوتن و دەربڕینی هەستە بنەڕەتییەکانی وەک (ترس، خۆشی، تووڕەیی، خەمۆکی…)؛ لۆ برتۆن جەخت دەکاتەوە کە ئەم دەربڕینانە، ئەگەرچی ڕەهەندی فیسیۆلۆژییان هەیە، بەڵام لەڕێگای کلتوورەوە ڕێک دەخرێنەوە (بۆ نموونە: دۆخی کلتووریی زەردەخەنە، یان سووربوونەوەی ڕوخسار لە کاتی شەرمدا) ئەو تەنها قسە لە کۆمەڵناسیی پێست و گۆشت ناکات، بەڵكە مێژووی سەرهەڵدانی “تاکگەرایی پێشکەوتوو” لەڕێگای مێژووی وەرچەرخانی جەستەوە دەخوێنێتەوە! جەستەی گۆڕاو (ناسنامەی فرەڕەهەند) لە هاوسەنگیی گەردونییەوە بۆ مەکینەی توێکاری لە كتێبی “ئەنثرۆپۆلۆژیای جەستە”ەوە قسەی لێكراوە، لەوێدا (دافید لۆ برتۆن) پێناسەی جەستە وەک دەستکەوتێکی کلتووری و کۆمەڵایەتی دەکات، نەک وەک پێکهاتەیەکی بایۆلۆژیی ڕووت.
لە (بەشی دووەم)ی كتێبەكەدا گەشتێکی (مێژوویی-مەعریفی) بۆ تێگەیشتن لە سۆسیۆلۆژیای جەستە دەکات و پێیوایە لە کۆمەڵگا نەریتی و سەرەتاییەکاندا: جەستەی مرۆڤ سنوورێکی دابڕاو و سەربەخۆی نییە؛ بەڵكە بەستراوەتەوە بە تۆڕی سروشت، گەردوون و جەستەی کۆمەڵگاوە: كاتێک جەستە نەخۆش دەکەوێت، وەک تێکچوونی هاوسەنگیی گشتیی گەردوون تەماشا دەکرێت؛ لێرەدا جەستە “دوورگەیەکی دابڕاو” نییە.
لە (بەشی سێیەم: جەستە، مەکینە و ناسنامە)دا وێنەیەکی نوێ لەڕێگای توێکاریی پزیشکییەوە بۆ جەستە دەكێشێ، وەک چۆن بۆ یەکەمجار لە نەشتەرگەری (ئەندریاس ڤیسالیوس) و گومانەكانی دێکارتیدا قسەی لێكراوە؛ لەو بەشەدا جەستە وەک “ئامادەییەکی میکانیکیی سەربەخۆ” لە کۆمەڵگا و گەردوون دادەبڕێ و دەیخاتە سەر مێزی گومان و توێکارییەوە… لۆ برتۆن پێیوایە لە دوای ئەم وەرچەرخانە، جەستە بوو بە “پاشکۆ”؛ چیتر مرۆڤ خۆی جەستە نییە، بەڵكە بوو بە “خاوەنی جەستە”، و جەستەش بوو بە یەکەمین کەرەستەی خاوەندارێتیی تایبەت.
ئەگەر بەراوردێك لەنێوان (بنیامین و لۆ برتۆن)دا بكەین، دەبینین ئەم دوو بیرمەندە لە دوو گۆشەنیگای جیاوازەوە قسە لەسەر دەستکاریکردنی جەستە و ڕوخسار دەكەن؛ (ڤالتەر بنیامین) لە (سەرەتای سەردەمی پیشەسازی) و (دافید لۆ برتۆن ) لە (لوتکەی سەردەمی دیجیتاڵی)ەوە لە هەندێ تێڕوانیندا بەیەك دەگەنەوە! (ڤالتەر بنیامین) قسە لە سروشتی (جەستە/ وێنەفۆتۆگرافی) و پرۆسەی دووبارەبوونەوەی تەکنیکیی ڕوخسار دەكات و (دافید لۆ برتۆن ) قسە لە جەستە وەک پێکهاتەیەکی (تەواونەکراو) دەكات، کە بەردەوام دەستکاری دەکرێت!
لای بنیامین ئەنجامی دوورکەوتنەوە لە ڕەسەنێتی ئەو کاتە بەدەردەكەوێت كە فۆتۆگرافی لە ڕوخسار دووردەکەوێتەوە، بۆ نموونە (دیمەنی کۆڵانە چۆڵەکان- وەك دەسەڵاتی دیمەن)، لەو حاڵەتە وێنە دەبێتە کەرەستەیەکی سیاسیی ڕزگاریخواز، کاتێک ڕوخساری مرۆڤی ئاسایی (نەک دەسەڵاتداران) دەردەکەوێت، ئیتر مانا و بەهایەکی مێژوویی نوێ دەبەخشێت؟! بەو مانایەش ئەگەرچی دیمەن هەڵگری دەسەڵاتە، بەڵام لەگەڵ دەركەوتنی وێنەدا دەتوانین دەسەڵات لە دوو ڕوودا بخوێنینەوە.
بەڵام کاتێک دەسەڵات و دەسەڵاتی تەکنەلۆژیا و سەرمایەداری هێرش دەکەنە سەر ڕوخسار و دەیکەنە بابەتێکی بازرگانی و دەستکاریکراو، یان بابەتێكی ساختە، لە ڕاستیدا هێرش دەکەنە سەر دوا مۆڵگەی مرۆڤایەتی و تاکێتیی ئێمە؛ واتە هێزی ئاڕاستەکەر دەستکاریی نمایشەکان (دیمەنەكان) دەکەن بۆ هۆشیارکردنەوەی (درۆیینە) و ئاڕاستەكردنی جەماوەر، بازرگانی و بازاڕ…
بە بڕوای (ڤالتەر بنیامین) دەسەڵاتی تەكنەلۆژی لەلایەك دەلالەت لە لەناوچوونی خەرمانەی “هالە”ی ڕوخسار دەكات؛ لەلایەكی دیكە لەناوچوونی هالەی ڕوخسار دەرگا بۆ دیموکراتیزەکردنی هونەری دەکاتەوە و هونەر لە قۆرخکاریی چینە باڵاکان ڕزگار دەکات! بەگوێرەی بیركردنەوەی بنیامین لە توانای بەرهەمهێنانەوەی هونەری هاوچەرخدا هێزێکی شاراوە هەیە، ئەو هێزە شاراوەیە بەدژی نەریتگەرایی و جێگیربوون كار دەكات! بەڵام ئایا هێزێكی ساختەكارانەش نییە؟.
(دافید لۆ برتۆن ) دەسەڵاتی تەكنەلۆژی و بازرگانیکردن وەک نامۆبوونی خود دەبینێ؛ بەو مانایەش پیشەسازیی جوانکاری و فلتەرە دیجیتاڵییەکان، ڕوخسارەکان دەکەنە یەک مۆدێلی ستانداردی بازرگانی و یەك مۆدیلی ستانداردی سیاسی و بە تەواوی لە بوونی مرۆیی و جیاوازییەكان دای دەبڕن!.
لە (بەشی نۆیەم)ی کتێبەکەدا بەناوی (ئێش و ئازار)، بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ درێژە بە بیركردنەوەكانی لەبارەی بازرگانیكردن وەك نامۆبوونی خود دەدات و پێیوایە شاشە و سنوورەکانی جەستەی دیجیتاڵی دەچێتە ناو ئەنثرۆپۆلۆژیای ئازارەوە و لەوێوە دەڵێ: ئەگەرچی لە کاتی تەندروستیدا، جەستە “بێدەنگە” و ئێمە هەست بە کارکردنی ئەندامەکانمان ناکەین؛ بەڵام لە کاتی ئازاری فیزیکیی توونددا، جەستە فەرمانی خۆی بەسەر خوددا دەسەپێنێتەوە و دەبێتە زیندان؛ لەو بەشەدا دەیەوێ بڵێ مۆدێرنێتە لەڕێگای پزیشکی و تەکنەلۆژیاوە (بێهۆشکردن و سڕکردنی بەردەوام) هەوڵی لەناوبردنی تەواوەتیی ئازار دەدات، ئەوەش وایکردووە مرۆڤی هاوچەرخ توانای بەرگەگرتنی مانایی و دەروونی بۆ ڕووداوە سەختەکانی ژیان کەم ببێتەوە، چونکە ئازار چیتر بەشێک نییە لە “مەشقی ڕۆحی” یان تاقیکردنەوەی بوونیی مرۆڤ، بەڵكە تەنها وەک “کێشەیەکی تەکنیکی لە مەکینەکەدا” سەیر دەکرێت.
بە كورتی لە سەردەمی دیجیتاڵیدا، ڕوخسار لە بوونی ڕاستەقینەی خۆی دابڕاوە؛ لە کۆمەڵگای شاشەکاندا، ڕوخسار پێویستی بە ئامادەیی فیزیکی نییە؛ بەڵكە لەڕێگای وێنەی پرۆفایل و فلتەرەکانەوە، ڕوخسارێکی “ئایدیاڵ” و دەستکرد بەرهەم دەهێنێتەوە کە ماسکێکە بۆ ڕازیکردنی نیگای ئەوانی دی؛ ئەوەش دەبێتە هۆی کاڵبوونەوەی ئەو پەیوەندییە ئەخلاقییەی کە فەیلەسوف (ئیمانوێل لێڤیناس) پێی دەگوت “بەهای ئەخلاقیی ڕوخسار”، چونکە تەماشاکردنی ڕوخسارێکی فلتەرکراوی سەر شاشە، تەماشاکردنی “کاڵایەکی بازرگانییە” نەک مرۆڤێکی خاوەن ئێش و ئازار، مێژوو و یادەوەری…
کتێبی “ئەنثرۆپۆلۆژیای جەستە” هاوارێکی ڕەخنەیییە دژ “بە مەکینەکردنی مرۆڤ”… (دافید لۆ برتۆن) بانگەواز بۆ گەڕانەوە بۆ جەستەیەک دەکات، بۆ ئەوەی جەستە خۆی مانا بەرهەم بهێنێت؛ جەستەیەک کە پیر دەبێت، کاتی بەسەردا تێدەپەڕێت، هەست بە ئازاری ئەوی دی دەکات، و خاوەن ڕوخسارێکە کە ناکرێت لە ناوەندە بازرگانی و دیجیتاڵییەکاندا کۆپی بکرێتەوە؛ لای ئەو جەستە تەنها تێکەڵەیەکی ئۆرگانی نییە، بەڵكە “نووسراوێکی کلتووری و مێژووییە” کە دەبێت بە وریاییەوە بخوێنرێتەوە.
دواجار ئەو دوو بیرمەندە جیاوازییەکی قووڵی چەمکسازیمان پێدەبەخشن؛ ئەگەرچی هەردوولا هاوڕان لەسەر ئەوەی کە وێنەی مرۆڤی هاوچەرخ لە بەها و ڕەسەنێتییەکەی خۆی داماڵدراوە، بەڵام جیاوازیی ڕادیکالی نێوانیان لە تێڕوانینیاندایە، بۆ: “ئامانجی” ئەم گۆڕانکارییە و “ئەنجامە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی” کە بەسەر مرۆڤایەتیدا دەسەپێت؟!.
لەو نووسینەدا دەمەوێ لەو خاڵە ورد ببمەوە کە (ڤالتەر بنیامین) و (دافید لۆ برتۆن) تێیدا یەکدەگرنەوە، واتە کاتێک فۆتۆگرافی لە ڕوخسار دوور دەکەوێتەوە (بۆ نموونە لە دیمەنی شەقامێكی چۆڵ)، هالەی ئەویدیكەی جیاواز بەتەواوی دەشکێت؛ ئیتر مەترسییەکە ئەوەیە كە وێنەی جیاوازی (وەک دوا مۆڵگەی ناسنامە و گەرمیی مرۆیی) لە دیمەنەكەدا نامێنێت، بۆشاییەك دروست دەبێت، ئەو بۆشاییە لەلایەن سیستەمی دەسەڵاتی بازاڕ و سەرمایەدارییەوە بە خێرایی پڕ دەکرێتەوە؟! لێرەدا بۆشاییەكی هاوبەشی ترسناک لەنێوان هەردوو بیرمەنددا دەبینین: لای بنیامین فۆتۆگرافی لە ڕوخساری مرۆیی دوور دەکەوێتەوە، لەو كاتەدا ئیتر ئەو “پانتاییە مرۆیی و ئۆنتۆلۆژییە” نامێنێت کە وێنەکەی بە ڕەسەنێتییەوە دەبەستەوە! لەم چرکەساتە مێژووییەدایە جەستە و ناسنامەی مرۆڤ تووشی لەت لەتبوون و پارچەپارچەبوون دەبێت؛ لێرەوە بە بڕوای بنیامین بازاڕی سەرمایەداری (وەک هێزێکی شاراوە) ڕێک دەچێتە ناو بۆشاییەكەوە! بەڵام ئەو بۆشاییەی بۆ بنیامین هێزێکی شاراوەیە بۆ دیموكراتیزەكردن! كەچی لۆ برتۆن لە لوتکەی مۆدێرنێتەدا وەک “کارەساتێکی بازرگانی” دەیناسێنێت؛ چونكە پێیوایە سیستەمی بازاڕ لەوێوە مامەڵە لەگەڵ ئەم پارچە و لەتانەی جەستە و ڕوخساردا دەکات و دەیانکاتە کاڵای ڕووت بۆ بەکاربردن و قازانجکردن! بەو مانایەش مرۆڤ لە گشتێکی یەکگرتووەوە، دەبێتە کۆمەڵێک “سیمای دیجیتاڵی” (ماسک، فلتەر، گۆشت، پێست) کە لە بۆرسەی جوانکاری و شاشەکاندا کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکرێت!
بە كورتی (دیموكراتیزەكردن) و (شکاندنی مۆنۆپۆلی مەعریفە و دەسەڵات)ی بنیامین، لای لۆ برتۆن وەكـ (کاڵایەکی بینراو) بۆ (كڕین و فرۆشتن) دەبینرێت! لۆ برتۆن دەیەوێ بڵێ دیموکراتیزەکردنی مرۆڤ لە سیستمی تەکنەلۆژییدا پرۆسەیەکی تەواونەکراوە و پڕە لە گرژی… كەواتە ئەگەرچی تەکنۆلۆژیا مرۆڤی لە دەسەڵاتی ستونیی ڕزگار کردووە، بەڵام هاوکات خستوویەتییە ناو تۆڕێکی ئاسۆیی لە چاودێری و نامۆبوون؛ بۆیە ئەمڕۆ مرۆڤی هاوچەرخ لە نێوان “سەروەریی دیجیتاڵی” و “بەکاڵابوونی تەواوەتی”دا دەژیت.

عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا
هەولێر 25/6/2026




ئەنتی- شانۆ (پێویستیی بوونی مێژوویەك بۆ ڕەتكردنەوە).. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

شانۆ هونەرێکی زیندوو و ڕووبەڕووە، بۆیە کاریگەرییەکی خێرای لەسەر بیرکردنەوەی مرۆڤەکان هەیە؛ لێرەوە کاتێک باسی شانۆی ئەزموونگەری لەبەرانبەر شانۆی تەقلیدیدا دەکەین، لەڕاستیدا باسی شۆڕشێکی جیاواز دەکەین، دژ بەو یاسا و ڕێسایانەی کە بۆ زیاتر لە دوو هەزار ساڵ بەسەر جیهانی درامادا باڵادەست بووە.
كەواتە پێش هەموو شتێ شانۆ پێویستی بە بنەمایەكی پتەوی فیکری و مەعریفی هەیە! ئەو بنەما فیكری و مەعریفییە لە (شانۆی ئەزموونگەری كوردی)دا سەرەتاكانی دەركەوتبوو… بەڵام بۆچوونە ڕەخنەییەكەی (شانۆ دژی شانۆ- شانۆی کوردی بە نموونە) کە لە لایەن دەرهێنەر و ڕەخنەگر (حەمەسوار عەزیز) لە کۆڕی ٢١ی مەی ٢٠٢٦ بارەگای لقی یەکێتیی نووسەرانی کورد- هەولێر پێشکەش کرا؛ ئەوەندەی هاوارێک بوو: بۆ شانۆی (نەتەوەیی-نەریتگەری) و (بینەر وەك سەپۆرتەر)، قسەكردن نەبوو لە بنەما هونەرییەكانی شانۆی ئەزموونگەری كوردی… پرسیارەكە ئەوەیە: ئەگەر شانۆی (نەریتگەریی) کوردی بنەمایەکی فیکری و مەعریفی پتەوی نەبێ، چۆن قسە لە (ئەنتی شانۆ) بکەین؟!.

بۆ ئەوەی شانۆیەکی ڕاستەقینەمان هەبێت، دەبێت ئەو شانۆ باوەی ئێستا هەیە تێکبشکێنین.
(ئەنتۆنین ئارتۆ)

(1)
لە شانۆی تەقلیدیدا، ئەکتەرەکان وا ڕەفتار دەکەن کە بینەر بوونی نییە (دیوارێکی خەیاڵی هەیە لە نێوانیاندا)؛ شانۆی کلاسیکی، نەتەوەیی یان بازرگانی ئاوێنەیەکە تەنها ئەوەت پێشان دەدات کە دەتەوێت بیبینیت؛ بەڵام لە شانۆی ئەزموونگەریدا ئەم دیوارە دەڕوخێنرێت؛ ئەکتەرەکان ڕاستەوخۆ قسە لەگەڵ بینەر دەکەن، دێنە نێو هۆڵەکە، و زۆرجار بینەریش دەکەنە بەشێک لە نمایشەکە… بە مانایەكی دیكە لە شانۆی تەقلیدیدا هەستی پاڵەوانەکان لەڕێگای چیرۆک و سۆزەوە دەردەبڕێت! بەڵام (شانۆی ئەزموونگەری لە دەرەوەی ڕێسا کلاسییەکانی نووسین و نمایشكردنەوە، تاقیکردنەوەیەکی بەردەوامە بۆ دۆزینەوەی شێوازی نوێی پەیوەندیكردن لەگەڵ بینەردا)… واتە بە ڕوخاندنی (دیواری چوارەم)ی شانۆی تەقڵیدی و ڕەتکردنەوەی گێڕانەوەی سۆزداری و هێلیی چیرۆکەکان، دەیەوێت لەڕێگای شۆککردن و تەکنیکی نوێوە، ڕاستی کۆمەڵایەتی و سیاسی بە ڕووتی نیشانی بینەر بدات تا ناچاری بکات بیر بکاتەوە و پرسیار و گومانی لا دروست بێت، نەک تەنها غەرقی گریان یان پێکەنین ببێت! بەو مانایە تێڕوانینە جیاوازەکانی (سامۆیل بێکێت، یۆنێسکۆ، برێشت، ئارتۆ… ) لەسەر جەستەی شانۆیەکی خاوەن دەسەڵات و مەعریفەی چەسپاو لەدایک دەبێت.
(2)
مرۆڤایەتی پێویستی بە گواستنەوەی واقیع نییە، كە لە ناویدا دەژی؛ دووبارە بەرهەمهێنانەوە داهێنان نییە، داهێنان کاتێک ڕوودەدات کە هونەرمەند دەڵێت: من واقیع دەبینم، بەڵام ڕازی نیم بەم شێوازەی کە هەیە؛ داهێنان هەنگاونانە بەرەو نادیار؛ داهێنەر واقیعێكی نوێ و شێوازێكی نوێ بەرهەم دەهێنێ؛ ئەگەر (بێکێت) بە جیاوازییەكانییەوە شانۆی گەیاندبێتە لووتکەی بێدەنگی و چاوەڕوانیی پووچگەریی، بەتەواوی نیگای نێرینە و چێژی بینینی كوشتبێ… (ئارتۆ) شانۆی بردبێتییە سەر لووتکەی هاوار و شۆککردنی دەمارەکان، یان بە مانایەكی دیكە هەوڵیدابێ بینەر لە کورسییەکەی دابماڵێت و ڕاستەوخۆ توشی شۆکی بکات… ئەوا دەرهێنەر و شانۆکارانی ئەزموونگەری و (ئەزموونگەری کوردی) لە دوای کارەساتە گەورەکانی وەک (کیمیاباران، ئەنفال و براكوژی)، شۆڕشێکی ڕاستەقینە و ئامانجێکی جیاوازی فیکرییان لە فۆرمی درامای کوردیدا بونیاد ناوە؛ ئەوان درکیان بەوە کرد کە زمانی باو و گێڕانەوەی ڕیالیزمی تەقڵیدی، پەکەکەوتەیە لەبەردەم قەبارەی ئەو شۆکە دەروونییەی بەسەر مرۆڤی کورددا هاتووە؛ بۆیە لەڕێگای شانۆی جەستە و شانۆی فەزا… دەیانویست کاتێک بینەر لە هۆڵەکە دێتە دەرەوە، وێنەی برینەکان وەک تاتۆ لەسەر جەستەی بمێنێتەوە، ئەمەش وەک هەوڵێکی فیکری و مەعریفی نوێخوازانە، شانۆی کوردی بەرز کردەوە.
شانۆی ئەزموونگەری کوردی، تەنها گۆڕینی نمایشکردنێكی جیاواز نەبوو، بەڵکە هەوڵێکی فیکری بوو، بۆ دەربازبوون لە (شانۆی نەتەوەیی-نەریتگەرا)؛ بەو مانایە شانۆی ئەزموونگەری بریتی بوو لە تێپەڕاندنی سنوورەکانی بینین و گێڕانەوەی باو… بەڵام ڕەنگە پرسیاری سەرەكی (حەمەسوار عەزیز) ئەوەبێ: ئایا شانۆی كوردی بە گشتی چی لێماوەتەوە؟! چونكە بە بڕوای ئەو کاتێک بەرەی ئەزموونگەری فۆرمە مۆدێرن و پۆست-مۆدێرنەکانی ئەورووپایان (کە لەسەر بنەمای پووچگەرایی، دابڕانی مرۆڤی ڕۆژئاوایی و شۆککردنی بینەر دروست ببوون) بۆ ناو کۆمەڵگای کوردی گواستەوە، هێشتا کوردی لە قۆناغی ڕزگاری نەتەوەیی و خێڵەکی و شانۆی ناتەواودا بوو؛ واتە ئەوان هاتن دابڕانێکی جیاوازی مەعریفییان لەگەڵ ڕەوتی (بیركردنەوە و شانۆی ناتەواوی كوردی) دروست كرد و لەوێوە بینەری کوردییان دووچاری سەرلێشێوان كرد! ئیتر بینەری كوردی كە بە چیڕۆكی ڕیالیزمی تەقڵیدی پەروەردەكرابوو، نەیدەتوانی لەو کۆد و هێما جەستەییە ئاڵۆزانە بگات، لە ئەنجامدا شانۆ- هۆڵەکانی چۆڵکرا و دیوارێک لە نێوان شانۆ و خەڵکدا دروستبوو.
(3)
بە بڕوای من (وەك بینەرێكی شانۆ) هەموو ئەو خوێندنەوە ڕەخنانەی كە لە دنیای (شانۆ بەگشتی) قسە لە ململانێی نێوان فۆرمە نەتەوەیی/ واقیعییەکان و ئەزموونگەراكان و شانۆی وێنەیی و شانۆی پاش دراما… دەكەن؛ پەرچەكردارن، بڕوایان بە داهێنان و جیاوازی نییە.
بە كورتی (شانۆی نەتەوەیی) لەسەر هاوسۆزیی ڕاستەوخۆی گشتی و بەرگری نەتەوەیی كار دەكات؛ بەڵام ئەگەر بیەوێت لە ئاستی جیهانیدا دەنگ بداتەوە و لە ئاستی ناوخۆشدا هۆشیارکەرەوە بێت، نابێت تەنها ببێتە نمایشێکی نەتەوەیی، بەڵكە دەبێت پرۆسەیەکی نەتەوەیی بەردەوام بێ: بۆ خۆدۆزینەوە! واتە كۆی ئەو نیگایانە تێبشکێنێت کە هەموو جارێک نەتەوە وەک ئۆبژەیەکی جوان دەخاتە بەرچاوی بینەر تاوەکو هەست بە خۆبەزلزانی یان خۆپارێزی بکات… (شانۆی واقیعی) وەک کاردانەوەیەک دژی ڕۆمانسیزم و کلاسیسیزمی باو، ئامانجی ئەوە بوو ژیانی ڕاستەقینەی مرۆڤەکان و کێشە کۆمەڵایەتییەكان… بخاتەڕوو؛ هەمیشە بۆ ڕاستی ئەمەکداربووە… (شانۆی ئەزموونگەری) خۆی لە یاخیبوون و شکاندنی قاڵبە باوەکان دەبینێتەوە و دژ بە تەواوی ڕێسا و یاسا چەسپاوەکانی شانۆی کلاسیک و ڕیالیستییە…
دەمەوێ بڵێم ئەگەر قسە لە تێز و ئەنتی تێز بكەین، لە شانۆی كوردیدا هەموو ئەو كێشە و بەدحاڵیبوونانە و قسە و باسی ململانێ و دژەكان و زێتریش… وەک تێز و ئەنتی تێز دەرناكەوێت، وەك هونەری داهێنان و قبووڵكردنی جیاوازی نییە… هەڵبەتە شانۆی نەتەوەیی- نەریتگەریی كوردی لە داهێنان و جیاوازی لەدایك نەبووە، لەسەر بنەمایەكی قووڵی ڕەخنەی زانستیی و عەقڵانییەتێکی نووسراو بونیاد نەنراوە… ئایا بەبێ بنەمایەکی مەعریفی، دەتوانرێت چەمكی «دژ» بونیاد بنرێت، كە نازانێت دژی چی دەوەستێتەوە؟! كەواتە نەخۆشییەكە پەیوەندی بە چەمكی ئەنتی شانۆوە نییە، ئەنتی شانۆ لە بنەڕەتدا پڕۆسەیەکی ڕەخنەیی و دیالێکتیکی جیاوازە، بەرانبەر سیستمێکی چەسپاو و پتەو.
(4)
هەموو «دژایەتییەک» پێویستی بە «ناسینی بەرانبەر» هەیە؛ بێکێت بۆ تێکشکاندنی کات و زمانی تەقلیدی پێویستی بە مەعریفەیەكی جیاوازی هونەری و هەرسكردنی شانۆیی پێش خۆی هەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستی بە دنیابینی سەردەم هەبوو! دژە-شانۆ تەنها هەڵوەشانەوە نییە، بەڵکو دامەزراندنەوەیە؛ ئەگەر شانۆیەك لەسەر بنەمای فیکری دانەمەزرابێت، ناتوانێت «دژە-شانۆ» بەرهەم بهێنێت.
(5)
لە سەردەمی ئێستادا، پاشەكشەی هونەر و هونەری شانۆیی زیاتر لە هەر کاتێکی تر لەنێوان دوو هێزی دژبەیەکدا دەژی: هێزی داهێنان و هێزی بازاڕی (بینەر وەك سەپۆرتەر)، نەك ئەنتی شانۆ!! داهێنان لە بنەڕەتدا هەوڵێکە بۆ دۆزینەوەی شێوازێکی نوێی بینین و هەستکردن و جیاوازی و ژیاندۆستی، داهێنان هەنگاونانە بەرەو نادیار؛ بەڵام زۆرجار بازاڕ- بینەر وەك سەپۆرتەر- هەوڵدەدات ئەو تەماشاكردنە ئیبداعییە بۆ کاڵا بگۆڕێت، بۆ شتێک کە بتوانێت هەمووان كۆ بكاتەوە و قابیلی قبووڵی چێژی هەمووان بێت و بڵاوبکرێتەوە و بەخێرایی بخوێندرێتەوە؛ واتە (جەماوەر-بینەر) حەز بەو دەق و شێوازە نمایشکارییانە دەکات کە پێشتر دەیانناسێت.
ئەمڕۆ پرسیارەكە ئەوەیە: ئایا دەتوانین ناخی مرۆڤ لە (ئارامیی) و (بێزاری) دابماڵیین؟ زۆرێک لە مرۆڤەکان لەبەر ئەوەی ناتوانن لە ئارامییدا بن، پەنا دەبەنە بەر “هەراوهوریای دەرەکی” واتە ناتوانن لەبەرانبەردا بێزاری ناوەخۆیان بکەنە پرسیار، بەو مانایەی كە خودی پرسیاركردن “بێزاری” بۆ “مەعریفە” دەگۆڕێت!
بەمجۆرە کاتێک دەق، شانۆ، فیلم، یان تابلۆیەک خەریکی تێکدانی ئارامیی هونەری بینین و بیستن و ڕامان… دەبێ، ئەوا (حەزی بازاڕ)ی دەكەوێتە سەر و هەوڵی كۆپیكردن و بە بازاڕكردن و دووبارە سەپۆرتكردنی دەدات، چونكە بازاڕ زیاتر حەزی لە (شپڕزەییە) تا بتوانێت بە شێوەی جیاواز و بە خێرایی پارە بەدەست بهێنێ، بڕوای بە تێز و ئەنتی تێز نییە، نایەوێت پرسیار دروست بکات! لێرەوە (نرخی كڕین) شوێنی (پرسیاركردن) دەگرێتەوە؛ بەڵام ئایا ئاستی داهێنانی هونەریی و فیکری و ئەدەبی لە مامەڵكردنی بازاڕدا كورت دەكرێتەوە؟!
كەواتە کێشەکە ئەنتی شانۆ نییە، بەڵكە ئەوەیە كە هونەر نابێتە پردی نێوان ئارامیی و بێزاری، هەر زوو بە بازاڕ دەكرێ، واتە مامەڵەكردنی بازاڕی هونەرە جیدییەکانیش هەڵدەلوشێنێت و دەیانکات بە مۆدێلێکی دووبارەکراوە، ئەوەی سەرەتا وەک شۆک، نوێکاری یان شکاندنی باو و دابڕانێکی مەعریفی تەماشا دەكرا، دواتر لە بازاڕدا دەبێتە ستایلێک بۆ بەرهەمهێنانەوە و كۆپیكردن و و زڕەوێنە… زۆرێک لە شۆڕشە ئەدەبی و هونەرییەکان، لە سوریالیزمەوە تا پۆستمۆدێرنە، دوای ماوەیەک لەلایەن بازاڕەوە هەرسکراون و بوونەتە بەشێک لە سیستەمی فرۆشتن! واتە بازاڕ توانایەکی گەورەی هەیە، لەوەی نەك ئەرێنییەكان تەنانەت نەرێنییەکانیش بخاتە ناو ئابووریی خۆیەوە.
(6)
ئایا دەتوانین دژ بە ویستی بازاڕ و سەپۆرتكردن، بیر بكەینەوە و بەردەوامیش بین؟! یان دەبێ ملكەچی بینەر و جەماوەر بین و ئاستی زمان و شێوازی داهێنەرانە لەگەڵ داواکارییەكانی خوێنەر و بینەر و بازاڕی دامەزراوەکاندا بگونجێنین؟! هەڵبەتە ڕەزامەندیی بازاڕی هەمیشە دیالۆگی بەرهەمهێنەرانەی نێوان ئارامیی و بێزاری بە كۆپیكردنەوە دەسپێرێ، لەسەر ئەو بنەمایەی كە پرسیاركردن ئارامیی تێکدەدات.
كەواتە لەبەر ئەوەی دیالۆگی نێوان ئارامیی و بێزاری پێویستی بە بیرکردنەوە و ڕامانە، ئەوە وایکردووە زۆرێک لە بەرهەمە بازرگانییەکان بەر لەوەی هونەری ڕاستەقینە بن و هۆشیاریی بینەر بریندار بكەن، وێنەی بێهۆشکەری كۆپیكراو بن و بە شێوەیەكی كاتی گرژییەکانی ناوەوە بەتاڵ بکەنەوە؛ بەو مانایەش مەترسییە گەورەكە ئەوەیە کە ئارامیی ببێتە ئامرازێک بۆ بەرهەمهێنانی ڕەزامەندیی دەستبەجێ، نەك بێزاری و گومانكردن و بیركردنەوە.
وەك دەزانین کاری داهێنەرانە ئەو كاتە دەردەكەوێت کە بتوانێت ڕەزامەندیی كۆ و ئاشنایی تێپەڕێنێت؛ کاری داهێنەرانە پێویستی بە گواستنەوەی واقیع نییە، پێویستی بەوە نییە لەپێناو زەرورەتی كۆمەڵگا و سەپۆرتكردن، واقیع بۆ وێنەیەک بگۆڕێت کە تەنیا بۆ سەیرکردن و کڕین شیاوە؛ بەڵكە دەبێ شتێک بخاتە جیهانەوە کە پێشتر بوونی نەبووە؛ نەك بە گوێرەی یاسای فرۆشتن و بەکارهێنان کاربکات.
(7)
لە چەمکی ڕەزامەندیی بازاڕیدا زۆرجاران داهێنان پێش ئەوەی ببێتە ئەزموونێکی قووڵی هونەری، دەبێتە بابەتی ترێند و سەرنجڕاکێشان، لایک، بینین، هاوبەشیکردن و ئامار؛ هەموو ئەوانە بە هێواشی جێگای هەڵسەنگاندنی هونەری دەگرنەوە! ئەوەش وایکردووە هەندێک بەرهەم زیاتر لەوەی بۆ پرسیار و گومان و بیركردنەوە دروست بکرێن، بۆ خێراییی سەرنج دروست کرێن؛ بەڵام داهێنانی ڕاستەقینە لە دەرەوەی ویستی بازاڕ و سەپۆرتكردن سەرهەڵدەدات، چونکە داهێنان پێویستی بە بیركردنەوە و کات و ئارامیی و ئەزموونكارییە؛ لەکاتێکدا بازاڕ پێویستی بە خێرایی و بەردەوامیی بەرهەمهێنانەوە هەیە.
دواجار پەیوەندیی شانۆ و دژە شانۆ، وەك پەیوەندی داهێنانی هونەریی و بازاڕی سوودگەرایی، پەیوەندییەکی ئاڵۆز و دژبەیەکە؛ وەك چۆن بازاڕ دەتوانێت هۆکاری بڵاوکردنەوەی هونەر بێت، بەهەمان شێوە ئەنتی شانۆش دەتوانێت مامەڵەكردنی هونەریی و كۆپیكردنەوە بتەقێنێتەوە! دەشێ هونەری ڕاستەقینە لە ناو گەرمەی بازاڕیش دەستپێبکات و بینەر وەک هاوبەشی داهێنان، (هاوسەنگی نێوان ئارامیی و بێزاری) بپارێزێت.

هەولێر 22/5/2026




کلتووری بەکاربەر.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

 (كاتێك مەعریفە دەگۆڕێت)

بێگومان کاریگەرییە قووڵەکانی سیستمی تەكنۆلۆژیا و كۆمەڵگای بەکاربەر لەسەر عەقڵی تاک و نەوە هاوچەرخەکان، جگە لە فەرامۆشكردنی داهێنانی تاكە كەسی، شێوانی (ناسنامە)یشی لێدەكەوێتەوە! ئەگەر لەپشت فەرامۆشكردنی داهێنانی تاكە كەسی، ئاژاوەی زانیارییەكان وەستابێ، ئەوە بێ ناسنامەیی لەخێرایی پەیوەندیكردندا گیری خواردووە! لە سیستمی دیجیتاڵییدا ناسنامەی كلتووری، هاونیشتیمانیبوون، هاووڵاتیبوون هیچ مانایەکی بۆ نامێنتەوە و پێگەكانی خۆی لە نە گەیشتندا لە دەست دەدات.

 بەمجۆرە دەنگی مۆدێرن لەلایەك كۆی ماناكانی ژیانی کۆمەڵایەتی لەڕێگای دروستبوون و کارلێکی زانیارییە دیجیتاڵییەكاندا فەراهەم دەكات، بێ ئەوەی ئاوڕ لە خەیاڵی داهێنەرانەی تاكە كەسی بداتەوە، چونكە پێیوایە لە دەرەوەی مەعریفەی سەردەم، بوون و گۆڕان دەكەوێتە بۆشاییەوە؛ لەلایەكی دیكەوە پەیوەندییە مرۆییەكان لە شێوازی بێ هەست و سۆزی پەیوەندییە تەكنۆلۆژییەكاندا هەڵواسراوە، بێ ئەوەی ئاوڕ لە هەست و پەرۆشییە دەروونییەکانی تاك بداتەوە كە لەژێر ئەم هەلومەرجەدا دووچاری شێوانی تووند دەبنەوە.

 كەواتە نەوەی نوێ (دەنگی مۆدێرن، مەعریفەی سەردەم) جگە لە جیهانێکی گەورەی گەڕانی پڕ لە وێنەی خێرا و ناوەڕۆک بەتاڵ هیچی دیكە نابینێ؛ جیهانێكـ كە لە قووڵاییەكانی مرۆڤی سادە و پەرۆشی گەڕانەوە بۆ بیرەوەرییەكانی ناگات؛ جیهانێكـ كە دەكەوێتە دەرەوەی ماف و بەرپرسیاری یاسایی و بیركردنەوەی ڕەخنەیی و نەرێنییەوە؛ جیهانێکی سیخناخ بە ئاژاوەی زانیاری و پەیوەندییە بێ سۆزە هەنووکەییەکان…

پارەی زمان/ خەیاڵی زمان

چی لە بانک پاشەکەوت دەکەیت، کاتت بۆ دەگەڕێتەوە؟! زانیارییەكانی گەڕانەوە بۆ ڕابردوو، یان ئەو کاتە خاوانەی لە ڕابردوودا بەسەرت بردوون… یان ئەو پەیوەندییە سارد و خێرایانەی كە وەكـ پارەی زمان بەكارت دەهێنێت؛ هەڵبەتە كۆی سیستمی پاشەكەوتكردن لەلایەك پەیوەندی بە گەڕان و گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکانی گواستنەوەی خێرایی (ڕێگاكانی سوودگەرایی و چێژبردنەوە) هەیە و لە زمانی کات و شوێندا دەردەكەوێت؛ لەلایەكی دیكە پەیوەندی بە (فەزای دەروونی و ئەزموونی تاکەكەسییەوە) هەیە و لە زمانی داهێناندا چەكەرە دەكات؛ بەڵام ئایا نهێنی زمان و بەهای داهێنان لە سندوقی پاشەكەوتدا جێی دەبێتەوە؟ هەڵبەتە… ئەگەر (کلیلی گونجاو) بدۆزینەوە، بەر لەوەی نهێنیەکان بە کاڵا بكرێن؛ بەڵام لە سەردەمی ئەمڕۆدا بەهای ئەو كاتە كەڵەكەبووانەی لە سندوقی پاشەکەوتكردندایە، کراوەتە پارەی زمان؛ لە سیستمی تەكنۆلۆژییدا پارەی زمان لە ئاژاوەی زانیارییەكان و خێراییدا كورت دەكرێتەوە.

پرسیار ئەوە نییە لە سەردەمی كۆمەڵگای تۆڕی (چەمكی ناسنامە، هاونیشتیمانی، هاووڵاتیبوون) هیچ مانایەکی نییە، چونكە کۆمەڵگای تۆڕی وەک ڕێكارێك بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگای زانیاری بەكاربراوە؛ لەو لاشەوە كۆمەڵگای تۆڕی بەهۆی گۆڕانکارییەكانی بواری پەیوەندییە خێراکان و كۆكردنەوەی زانیارییەوە چەمكی (جیهانگیری) لێكەوتۆتەوە و هەر لەوێشەوە چەمكی ناسنامە، هاونیشتیمانی، هاووڵاتی تێدەپەڕێنێت؛ بە مانایەكی دیكە ئەم تۆڕبەندییە لەبری ئەوەی هەستی ناسنامە و کۆمەڵگای زانیاری و خێرایی پەیوەندییەكان بەیەكەوە بگونجێنێ، بۆ سفری یەكەمیان كار دەكات و بۆ دووەمیان بەپێی بیركردنەوەی ژیان ڕێگایە، نەك كۆتایی، دەجوولێتەوە!! لەسەر ئەو بنەمایە دۆخی (دوای نەتەوەیی و دوای بەسفركردن) بووەتە پێویستییەکی بەپەلە بۆ سوودگەرایی و چێژبردنی بوون و گۆڕان؛ بەو مانایەی كە تەكنۆلۆژیا لە قازانجی کۆمەڵایەتی زۆرتریندایە، بۆیە هەموو کەسێک لە بازاڕی تەكنۆلۆژیادا بەدوای بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆیدا دەگەڕێت.

كەواتە (جیهانگیری) كۆمەڵگای زانیارییەكان واتە تێپەڕاندنی هاونیشتیمانیبوون و هاووڵاتیبوون و ناسنامە و بەدیهێنانی دۆخی دوای نەتەوەیی؛ ئەمڕۆی تەكنۆلۆژیا هەموو ئەوانە لە هێنانەدی ژیانێکی بەختەوەرانەدا كۆدەكاتەوە؛ بەو مانایە لەباربردنی تاک بە هیچ شێوەیەک نوێ نییە، بەڵكە پڕۆژەیەكە لەدوای نەتەوەیی، لەدوای بە سفركردنی ئەزموون و مانا بەرهەمهاتووە؛ لێرەوە بۆ تێگەیشتن لە ژیانێکی بەختەوەر و دۆخی دوای نەتەوەیی و دوای بە سفركردنی ئەزموون و مانا، هەوڵدەدەم پەیوەندی نێوان (پارەی زمان) و (خەیاڵی زمان) ورد بكەمەوە.

 ئەگەر چاوێك بە پرۆسەی زمانی تاكە كەسی لە داهێنانی ئەدەبی و پارەی زمان لە ئێستای تەكنۆلۆژیادا بخشێنینەوە؛ دەبینین لە ئێستادا خۆشگوزەرانی تەنها لە پارەدا دەردەكەوێت، نەك لە داهێنانی ئەدەبی و هونەرییدا… بێگومان (پارەی زمان) لە تەكنۆلۆژیادا وەك بابەت مامەڵەی پێدەكرێ، بابەتێك كە دەتوانرێت ببینرێت یان ببیسترێت و دەستلێبدرێت؛ بەڵام زمانی تاكە كەسی بریتییە لەو جیهانەی كە (خەیاڵی زمان) دروستی دەكات؛ یەكەمیان زمان وەك سوود و چێژێكی ڕێگا خێراكان و ئامرازێكی ماددی دەبینێ و دووەم زمان وەك بەهایەكی مەعریفی و دروستكردنی مانای جیاواز هەڵدەگرێتەوە! پارەی زمان جەستەی زمانە، خەیاڵی زمان ڕۆحی زمانە… بەكورتی زمان لەهەر یەكێكیان بێ ئەویدیكە تەنها دەنگێكی بێ مانا یان خەیاڵێكی بێ چێژە!.  

كەواتە (سوود و چێژی ئەرێنی) ئامرازە تەكنۆلۆژییەكان و (مانا و چێژی نەرێنی) خەیاڵی مەعریفی وەكـ پەیوەندی نێوان کات و بەهایە؛ ئەگەرچی کاتە بابەتییەكان بە شت و کاڵا دەكرێن، بەڵام کارکردن لە کاتی خۆیدا بەها بەرهەم دەهێنێت!! لێرەوە پرسیاری چی لە بانک پاشەکەوت دەکەیت، کاتت بۆ دەگەڕێتەوە؟ دەبێتە چی لە كات پاشەكەوت دەكەیت، بەهات بۆ دەگەڕێنێتەوە؟

 مرۆڤ بۆ ئەوەی بگاتە ئەو کاتە تێکڕایەی كە ژیانێکی خۆش و بەختەوەر دەخاتەوە، پێویستە لە خودی کات بە مانا زانستی و فەلسەفییەكەی بگات؛ بەكورتی دەكرێ كات لە بانکی پاشەکەوتكردندا خاو بکرێتەوە، وەكـ چۆن دەتوانرێت بە بەکارهێنانی تەکنیکەکان خێراتر بکرێت و بگۆڕدرێت… بەڵام لەبیرت نەچێت مێشکی مرۆڤ هەر چەندە بەشێوەیەكی زانستی هۆڕمۆنی خۆشی (دۆپامین) دەردەدات، بەڵام بەشێوەیەكی فەلسەفی خۆشی لە مانا نابێتەوە؛ بەمجۆرە لەنێوان خۆشی كیمیاوی و خۆشی فەلسەفییدا مێشکی سەركەوتوو پێویستی بە گونجاندنی خاوبوونەوە و خێرابوونەوە هەیە.

 مێشک لە خاوبوونەوەدا ئامانجێك بەدەست دەهێنێ؛ لە خێرابووندا شتێكی نوێ فێر دەبێت؛ بەو مانایەش هەستكردن بە سەركەوتن تەنها لەڕووی زانستییەوە بە ئەنجام ناگات، خۆشیی بوونی (مانا)یشی پێویستە! بەدیوەكەی دیكە دەمەوێ بڵێم خۆشی كاتێك تەواو (كامل) دەبێت كە كیمیای مێشك و مانای ژیان یەك دەگرنەوە؛ لەو هەلومەرجەدا پرۆسەی خێرابوون و خاوبوونەوە پێویستی بە پێداچوونەوە و بیرکردنەوەی ڕەخنەی فەلسەفەیی و ڕێگای دروستبوونی تەكنۆلۆژیا هەیە؛ ئەگەر بیرکردنەوەی ڕەخنەی پێویستی یە گەڕانەوە (خاوبوونەوە) هەبێ، ئەوە ڕێگای دروستبوونی نوێ پێویستی بە داهاتوو (خێرایی) هەیە؛ بە مانایەكی دیكە چاوەڕوانی خۆشی پێویستی بە (خەیاڵێكی بەرفرەوان) و (لێهاتوویی تەكنۆلۆژی) هەیە، نەك زێدەڕۆیی لە بەکارهێنانی (ئەمفیتامین) بۆ ئاسانتركردنی تەکنیکەکان.  

(بیل گەیتس) لە نامەیەکدا بۆ (تۆماس زایبێرک)ی زمانناس و نیشانەناس نووسیویەتی: شۆڕشی دیجیتاڵی بە تەواوی ئامرازگەلێکە بۆ ئاسانتركردنی مانای شتەکان. بڕوانە:www.tajrishcircle.org  (زمان، شتاب و خشونت- فرانکو براردی (بیفو) ترجمه‌ی سامی آل‌مهدی). لێرەدا بیل گەیتس کێشەكانی پەیوەندی نێوان تەكنۆلۆژیا و فەلسەفە، چێژ و بەها… زەق دەكاتەوە! بەو مانایەش سیستمی دیجیتاڵی بۆیە شتەکان ئاسان دەكات، تاكو خەڵكێكی زۆر بەدواییدا بێن؛ بەو مانایەش كۆمەڵگای بەکاربەر وەک پێویستییەکی بەپەلە بۆ سوود و چێژبردن و گۆڕینی مەعریفەی سەردەم خۆی نمایش دەكات؛ كۆمەڵگای بەکاربەر لە بنەڕەتدا شانۆیەكە بۆ ئاسانکردنی شتەکان و دیكتاتۆریەتی ئەرێنیبوونی زانستی… دەمەوێ بڵێم سیستمی تەكنۆلۆژیا خۆشی مانا لەبیر دەباتەوە و خۆشی زانستی لە جوولەی بەردەوامدا دەهێلێتەوە.

نەوەی دیجیتاڵی لەبری ئەوەی گوێڕایەڵی زمانی دایک بێت، لە ئامێرێکەوە گوێڕایەڵی وەردەگرێت؛ ئەو نەوەیە لێرەدایە، لێرە لە زێدەیی دیجیتاڵیدایە؛ بەكورتی ئەو نەوەیە پەیوەندییە پڕ لە کێشەکانی نێوان زمان و جەستە، زمان و ڕۆح، پەیوەندییە پڕ لە کێشەکانی نێوان (وشە- ئامراز) و (سۆز- خەیاڵ) بەردەوام بە سوود و چێژبردنی خێرا و ئاژاوەی زانیارییەكان پڕ دەكاتەوە؛ ئەگەرچی بەرە بەرە ئەو تەكنیكە دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی هەستی خۆشیی قووڵ و درێژخایەن.

بەگشتی نەوەی دیجیتاڵی زمان لە جەستەی دایک و لە ڕۆحی دایكـ دادەبڕێت؛ بیر لەوە ناكاتەوە كە هەمیشە لە مێژووی مرۆڤایەتییدا زمان لە ترسی متمانەکردن بە جەستە و نیگەرانییەكانی جەستە لە جیهانێكی شپڕزەدا ژیاوە! پێویستە لە دۆخێکی وادا بۆ تێپەڕاندنی ئەو شپڕزەییە توانای بەستنەوەی زمان و ئارەزوو، جەستە و جەستە… لە جەستە و ڕۆح، لە زانست و فەلسەفەدا چالاک بکەینەوە؛ دەشێ لە دۆخی جەستە و جەستە بەشێوەیەكی تەكنیكی پەیوەندییەکان خێراتر بكرێن، بەڵام لە جەستە و ڕۆح هەمیشە شپڕزەیی مانا و خەیاڵی لێدەكەوێتەوە!.  

کاتی ئەلیکترۆنی/ فەزای دەروونی

نەوەی نوێی دیجیتاڵی نەوەی (ئەلفا) کە بە قسەی توێژەری کۆمەڵایەتی ئوسترالی (مارک مەکریندڵ) نەوەیەكە لە دوای ساڵی ٢٠١٠ تا ساڵی ٢٠٢٥ لەدایک دەبن؛ لە گەشەسەندنی تەکنۆلۆژییدا بەشدارن، لە هەمان کاتدا لە ژەنینی نیگەرانانەی چەمكی سفری مانادا دەژین! دوای ئەوەی تەواوی چیڕۆك و فانتازیا و یۆتۆپیاكان شکست و بێتوانایی خۆیان لە بەدیهێناندا سەلماند؛ نەوەی نوێ ملکەچی بەكاربردن و زێدەییەكان و شپڕزەیی بۆتەوە؛ ئەو نەوەیە دوور لە دنیای مانا، لەدنیای دیجیتاڵییدا دەژی؛ دنیایەك کە سنوورەکانی نێوان واقیعی و مەجازی قووت داوە.

بێگوماندیكتاتۆریەتی ئەرێنیبوونی زانستی و چەمكی بە سفركردنی مانا کۆمەڵێک نەخۆشی دەروونی و کۆمەڵایەتی لێكەوتۆتەوە؛ بەو مانایەش مرۆڤی ئێستا بە (خێرایی كات) و (سفر مانا) گەمارۆ دەدرێت؛ کاتی ئەلیکترۆنی بێ سنوور گەشە دەکات، بەڵام فەزای ماناش داخراو نییە! ئەگەرچی بێ سنووری زانیارییەكان، خێرایی پەیوەندییەكان لەگەڵ فەزای دەروونی نایەتەوە؛ ئەگەرچی لەمیانی كاتی ئەلیكترۆنییدا بوون لەگەڵ ئەویتر بێ بایەخ دەكەوێتەوە… کرێکارە مەعریفییەكان لە گۆڕەپانی زێدەییەكاندا بێ پسانەوە چەمكی سفر مانا دەژەنن و دەبنە هۆی سنوورداربوونی ئەو ژیانەی کە بۆ سەرنجدان و خۆشەویستی و چێژ و هاوسۆزی پێویستە.  

ئۆتیزم، ناڕێکی خوێندنەوە، سفر مانا، نیشانەکانی ترس و تێکچوونی سۆزداری کۆمەڵێک نەخۆشیین کە لە ئەنجامی خێرابوونی سووڕانەوەی زانیارییەکان و خێرایی پەیوەندییەكانەوە سەریان هەڵداوە؛ لە لایەکی دیکەوە چالاکییە دەروونییەکان لە ئێستادا دوای کەمبوونەوەی ئەو کاتەی کە لەبەردەستدایە بۆ بەخۆداچوونەوە و لەخۆوردبوونەوە و پشوودان؛ یان دوای کەمبوونەوەی فەزای دەروونی بە هۆی كاتی ئەلیكترۆنی و کەمبوونەوەی قووڵایی ئەزموون و یادەوەری، بە هۆی خێراییەوە… پاڵەپەستۆیەكی گەورەی بۆ مرۆڤی ئێستا دروست كردووە؛ كەواتە بنەمای نەخۆشییەكانی ئەمڕۆ شاردنەوە نییە، بەڵکە زۆر بینین و تەقینەوەی زیادەڕۆییە لە ئاژاوەی زانیارییەكان و ماندووبوونی هاندەرە دەمارییەکانی زانیاریی و خێرایی پەیوەندییە ئەلكترۆنییەكان.

فەیلەسوفی ئیتاڵی (فرانکۆ پیڤۆ بێراردی) لە كتێبی (معزوفة مقلقلة: السميورأسمالية وأمراض جيل ما بعد ألفا، ترجمة أحمد حسان- دار هن للنشر والتوزيع)دا دەڵێت: دنیای زانین و چێژ لەپێشکەوتندایە، بەڵام ئەو دنیایە لە دامرکاندنەوەی ئازار و ڕەشبینی و خەمۆکی كەم توانایە! دەیەوێت بڵێت كات لە سەردەمی ڕابردوودا هێلێكی ئاسۆیی و یەکدەنگی هەبوو، لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە سەقامگیری ژیان بەشێوەیەكی بەرفراوان دەهاتە پێشەوە؛ بەڵام لەگەڵ بەرەوپێشبردنی ئابووری بەردەوام و داڕشتنەوەی دووبارە و پشتبەستن بە خێرایی پەیوەندییەكان و بێ سنووری زانیارییەكان… ئیتر هێلی ئاسۆیی و ڕێگای دیاریکراو نەما و مرۆڤەکان لە فەزا دەروونی و پەیوەندییە قووڵە مرۆییەكان و سەقامگیریی و ئامانجە درێژخایەنەکان بێبەش بوون و مرۆڤی ئێستا لە ڕێگایە، نەك لە ئەنجام.

كەواتە ئەگەرچی مەعریفەی مرۆڤ، وەک پڕۆژە، لە خۆشیی ماناوە دەستی پێکرد؛ بەڵام لە ئێستادا ئەو مەعریفەیە، ئەو ئازادییە، لەژێر ڕۆشنایی خۆشیی و سوودی دیجیتاڵیدا هەوڵدەدا کۆتایی بە مانا بهێنێ و وەک ڕێگا، گەڕان، تاقیکردنەوە، شوێنی مانای بوونی مرۆڤ بگرێتەوە!! بۆیە چیتر مرۆڤەکان وەرناگرن و بە دیجیتاڵیبوون پێویستی بە ئامادەبوونی کەس نییە، پێویستی بە کڕینی کاتی ئەلیكترۆنییە؛ ئیتر سەردەمی کۆنترۆڵکردنی هەسارەکان بەسەرچوو، ئەمڕۆ بە تەواوی لە دەرەوەی ئەم سنوورە داین؛ کاتی ئەلیكترۆنی هیچ مانایەك بۆ ئازادی تاکەکان و فەزای دەروونی نەهێشتۆتەوە؛ ئەمڕۆ ترس و شپڕزەیی و دڵەڕاوکێی هەسارەیی فەزای دەروونی مرۆڤی داگیر كردووە.

تەكنۆلۆژیای دیجیتاڵی لەسەر بنەمای کاری ماددی و بەكاربردنی بازنەی زانیارییەكان و خێرایی پەیوەندییە ئەلیكترۆنییەكان وەستاوە، هەموو ئەوانە كۆمەڵە ڕێكارێكن کە چیتر ناتوانرێت کۆنترۆڵ بکرێن یان دژایەتی بکرێن؛ تەكنۆلۆژیای دیجیتاڵی بووەتە سیستمێکی میکانیزمی تەکنۆ-ئابووری کە مرۆڤ ناتوانێت لێی دوور بکەوێتەوە؛ بەمجۆرە ژیان ڕێگایە، نەك كۆتایی، بەڵام ناچار كراوە لە هەلومەرجی وابەستەیی ڕەهادا و لەڕێگای سەرمایە تەكنۆلۆژییەكانەوە بجوولێتەوە؛ ئەوەش بەگشتی واتە گۆڕینی یاسا بە کۆد و بەردەستکردنی خاوەندارێتی بە کۆدکردن بۆ خاوەن پشکەکان؛ دواجار ئەو خاوەن پشکانە ئەلگۆریتمی کۆدکردن بۆ پاراستنی کۆنترۆڵی سەروەت و سامانەکانیان بەکاردەهێنن.

بەمجۆرە هاونیشتیمانی و هاووڵاتی ئەوانە نیین كە دانیشتوانی یەك نیشتیمانن، بەڵكە دانیشتوانی ئەو خاڵانەن كە تێیدا خاوەن پشکن؛ واتە لەو خاڵە دیاریكراوانەدا خاوەن پشک دەسەڵاتی ڕێژەییان دەبێت، دەسەڵاتێكـ كە لەگەڵ بەهای ئەو پشکانەی خاوەنیانن و بەهۆی کلیلی کۆدکراوەوە دەستیان پێدەگات؛ كەواتە سنووری یاسای وڵات خاوەن پشکەكان ناگرێتەوە؛ سەپاندنی یاسا بە مانای دانانی سنوور نییە لەلایەن دەەسەڵاتی وڵاتانەوە، بەڵكە دانانی سنوور بەهۆی پشكەكان و کلیلی کۆدکراوەوەیە.

هەولێر 25/2/2026




(قەیرانی خود/ قەیرانی بوون).. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

(دیسانەوە بۆ هاوڕێم، محەمەد تەها حوسێن)

لە تێگەیشتنی دەروونناسییەوە بۆ دەروونناسیی بوونگەرایی، لە (سیگمۆند فرۆید)ەوە بۆ (ڕۆناڵد داڤید لانگ- 1927-1989)، لە قەیرانی خودەوە بۆ قەیرانی بوون… دەتوانین بڵێین دەروونناسی و بە تایبەتی دەروونشیکاریی (فرۆید)ی هەوڵێكی بەردەوام بوو، بۆ دامەزراندنی مانایەكی جێگیر بۆ خودی مرۆڤ و جیهان، بەو مانایەش کەسایەتیی مرۆڤ لای فرۆید لە کێشان و ملمڵانێیەکی بەردەوامی نێوان (ئید -ئیگۆ- سوپەرئیگۆ) دەخولایەوە؛ بەڵام بوونگەراكان و بە تایبەتی (ڕ. د. لانگ) ئەو پرۆژەیان ڕەتكردەوە و نیشانیان دا كە مانا و ناسنامە و كەسایەتیی مرۆڤ مەرج نییە هەر تەنها ئەو سێ بنەمایە بەڕیوەی بەرێت و بوونی مرۆڤ لەخۆیدا قەتیس بكات؛ (لانگ- وەك یەكێك لە پێشەنگە سەرەكییەكانی ڕەوتی دژە- دەروونپزیشكی لە ساڵانی شەستەكاندا) جێگیرنەبوونی مانا و ناسنامەی کەسایەتیی بە قەیرانی بوونەوە بەستەوە؛ بەو مانایە دابەشبوونی كەسایەتیی دەبێتە هۆی ئەوەی مرۆڤ هەست بە نائارامی و دابڕان لە دەوروبەر بكات؛ ئەوەش بانگەشەیەكی قووڵە بۆ ئەوەی مرۆڤ تەنها لەڕووی دوالیزمی (عەقل/ شێتی) نەخوێنرێتەوە، بەڵكە وەك بوونێكی فرە مانا، وەك بوونێكی پڕ لە ترس و نیگەرانی تەماشا بكرێت؛ وەك شێوەیەك لە شێوەكانی بوون لە جیهاندا، نەك تەنها وەك مێشكێكی بایۆلۆژی؛ واتە تێگەیشتن لە مرۆڤ دەبێت لەڕێگای ئەزموونی ژیانەوە بێت، نەك تەنها لەڕێگای توێژینەوەی زانستییەوە.
لێرەدا پرسیارە سەرەكییەكە ئەوەیە: ئایا دەتوانرێت (نەخۆشیی دەروونی- شێتی) وەك (قەیرانی بوون) سەیر بكەین؟ یان گرفتی (شێتی) لە قەیرانی بوونەوە هەڵگرینەوە؛ ئایا تێكشكاندنی گێڕانەوە گەورەكان بەرەو جێگیرنەبوونی ماناكانمان دەكەنەوە؟! ئایا شتێك بە ناوی خودی یەكگرتوو هەیە؟!.
قسەكردن لە تیۆری دەروونشیکاریی فرۆیدی بەرەو سێ ئاستی سەرەکیی کارکردنی مێشکمان دەكاتەوە: (نەست- اللاوعي، هەست- الوعي، و پێش‌هەست- قبل الوعي)یە؛ فرۆید پێیوابوو مرۆڤ زیاتر لەوەی هەست بەڕێوەی بەرێت، لەلایەن نەستەوە بەڕێوە دەبرێت؛ بەڵام (ڕ. د. لانگ- پزیشكی دەروونی سكۆتلەندیی) بە هەموو جیاوازییەكانییەوە بەرەو بەرگریكردن لە بوونی ڕاستەقینە و بوونی ساختەی (هایدگەر) هەنگاو دەنێت و دووبارە دەپرسێ: خود چییە و چۆن لەلایەن كەسانی ترەوە دەبینرێت، ئایا بوونی ڕاستەقینە ئەو بوونەیە كە لەگەڵ كۆمەڵگا دەگونجێ؟! لەو بارەشەوە دژی دیدگای فرۆیدی قسە لە نموونەی نەخۆشی (شیزۆفرینیا) دەكات و پێیوایە شیزۆفرینیا تەنها نەخۆشییەكی مێشك و شێوانی سێ ئاستە سەرەكییەكەی كاركردنی مێشك نییە؛ بەڵكە شیزۆفرینیا دەتوانێت ڕێگایەك بێت بۆ پاراستنی (خودی ڕاستەقینە) لە ژیانێكی پڕ لە دڵەڕاوكێ و ناتەواوییدا… بەو مانایەش بەرگری لە تێزەكەی خۆی دەكات و مرۆڤ وەك بوونێكی فڕێدراوی نێو جیهانێكی نالۆژیکی دەبینێ و پێیوایە نەخۆشییە دەروونییەكان تەنها كێشەیەكی پزیشكی نیین، بەڵكە زمانێكی فەلسەفیین كە مرۆڤ لەو ڕێگایانەوە قسە لەگەڵ بێمانایی، ترس و ئازادی دەكات؛ بەمجۆرە (ڕ. د. لانگ) لەڕێگای نەخۆشی شیزۆفرینیاوە (دابەشبوونی خود) ڕادەگەیەنێت.

(قەیرانی بوون/ قەیرانی مانا)
(ژان فرانسوا- لیوتار) لە كتێبی (الوضع ما بعد الحداثي، ترجمة: أحمد حسان)دا باس لە كۆتاییەكان دەكات و پێیوایە هیچ ڕاستییەكی گشتی و چەسپاو بوونی نییە، چونكە خودی مانا ناجێگیر و پەرتەوازەیە، هیچ دەقێكیش لە ناكۆكیی ناوخۆیی و فرە مانایی بەدەر نییە.
دەروونشیکاریی فرۆیدیی كەسایەتیی مرۆڤ لەژێر ململانێی هێزێكی جێگیری ناوخۆییدا دەستنیشان دەكات، نەستی مرۆڤ وەك (شوێن)ی ئارەزووە سەرکوتكراوەكان دەبینێ و گرفتە دەروونییەكان وەك دەرهاویشتەی كێشەی نێوان ئارەزوو و دەسەڵاتی چەسپاو لێكدەداتەوە؛ بەڵام (ڕۆناڵد داڤید لانگ) لە كتێبی (الذات المنقسمة: دراسة وجودية في العقل والجنون- ترجمة: عبدالمقصود عبدالكريم) لە دیدگایەكی (مرۆیی- بوونگەرایی)ەوە بەرەو ڕوانگەكەی (لیوتار) دەچێ و (دڵەڕاوكێی بوون) بۆ وەسفكردنی هەستی ناجێگیری، یان ترس لە ونبوون یان داگیركردن، دەگێڕێتەوە و شوێنی ئارەزووە سەرکوتكراوەكان بە سەرچاوەی گرفتە دەروونییەكان نابینێ، نەك هەر هێندە، بەڵكە پێیوایە هیچ (ناوەندێك/ شوێنێك) نییە (مانا- عەقڵ) بپارێزێت.
لەنێوان دەروون وەك دەرهاویشتەی سەرکوتكردن و بوون وەك ستراتیژیی پاراستن، یان بە مانایەكی دیكە لەنێوان جێگیربوونی عەقڵ و پەرتبوونی شێتییدا… یەكەمیان (خود، مانا، ئارەزوو) وەك كێشەیەكی دەروونی دەبینێت و دووەمیان (خود، مانا، ئارەزوو) وەك قەیرانی بوون تەماشا دەكات؛ بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو جیاوازییانەشەوە: ئایا نەست زمانێك نییە، بۆ دەربڕینی قەیرانەكانی بوون؟! ئەگەر ئەو پرسیارە لە (ژاك لاكان)ەوە ڕووبەڕووی فرۆید بكەینەوە، دەڵێین: ئایا ناخی مرۆڤ لە غەریزە بایۆلۆژییەکان پێکهاتووە، یان ئەلفوبێیەکی هێمایی ڕێکخراوە؟! هەڵبەتە فرۆیدییەکان گرنگییان بە ڕووداوە ڕاستەقینەکانی منداڵی دەدەن، بەڵام لاکان گرنگی بە “دال” (وشەکان) دەدات.
ئەگەر پێمانوابێ كە زمان لە نەست ڕسكاوە! كەواتە (خود، مانا، ئارەزوو) دروستكراوی گوتراوە جیاوازەكان و قەیرانەكانی زمانە… لێرەدا مرۆڤ لەنێوان پەیوەندییە ئاڵۆزەكانی نەستی زمان و قەیرانی گوتراوە جیاوازەكاندا، لەنێوان مانا بێكۆتاییەكان و گۆڕان و سەیرورەی بەردەوامیدا، دەتوانێت نەستی زمان وەك (دۆخ)ێكی داهێنەرانە ببینێت كە مرۆڤ تێیدا هەوڵی نوێ بۆ مانای بەردەوام و گۆڕانكاری بەردەوام دەدات، بەدیوەكەی دیكەش تیۆرییەکی فیکری بۆ تێگەیشتن لە مرۆڤ لە ناو جیهانی زمان و قەیرانەكانی بووندا گەڵاڵە دەكات؛ بەو مانایەش بەردەوام نەست لە شوێنەوە بەرەو دۆخێكی گۆڕاو دەچێت.

(خودی شكاو)
(خودی دابەشبوو: لێكۆڵینەوەیەكی بوونگەرایی لە عەقڵ و شێتی) ناوی كتێبەكەی (ڕ. د. لانگ)ە؛ لە لێكدانەوەی ئەو كتێبەدا خود تەنها واتایەكی دەروونناسی سادەی نییە، بەڵكە ناوەندی ئەزموونی بوونی مرۆڤ و پەیوەندییەكانی مرۆڤە بە جیهانەوە! لێرەدا (من هەم) بە شێوەیەكی (ڕاستەقینە) دەتوانێ پەیوەندیی ڕاستەقینەی (خێزانی، كۆمەڵایەتی) دروست بكاتەوە، بەبێ ماسك و دەستكردی كۆمەڵایەتی بژیت؛ بەڵام كاتێك خودی ڕاستەقینە لەژێر هەر پەردەیەك دەشاردرێتەوە، ئەوە خودی ساختە (ماسككراو) دەردەكەوێت؛ خودی ساختە: هەڵگری هەستێكی نامۆ و دابڕاو و پڕ لە ترس و نیگەرانییە، هەموو ئەو هەستانەش وەك خۆپارێزی بەرز دەكاتەوە! واتە هەموو ئەو هەستانە هەوڵدانە بۆ پاراستنی خودی ڕاستەقینە… خودی ڕاستەقینە (ژیانی ڕاستەقینە)، یەك پارچەیە؛ خودی ساختە (خودی دابەشبوو)، ئەو خودەیە كە دابڕاوە و سنوورەكانی بوونی شكاون، یان ڕۆڵێكە (ماسكێكە) كە مرۆڤ بۆ گونجان لەگەڵ كۆمەڵگادا دەیگێڕێت؛ كەواتە مرۆڤ بوونێكی هەستیار و پەیوەندیدارە، كە ئەگەر (ئاسایی بوونی) لەدەست بدات، خودی دابەش دەبێت، بەو مانایەش (شێتی) وەك هەوڵێكی مانادار بۆ پاراستنی خود دەردەكەوێت.
لێرەدا دەمەوێ چەمكی خودی ڕاستەقینە و خودی ساختە بۆ خودی جێگیر و خودی گۆڕاو تەرجەمە بكەم و لەوێشەوە هەوڵدەدەم لێكدانەوەیەكی (زمانی- بوونگەرایی) بۆ دۆخی گۆڕاوی (نەستی زمان) دابمەزرێنم، بەو مانایەش نائاسایی بوونی زمان ئەوەیە كە مرۆڤ هەست بە سەقامگیریی بوونی خۆی ناكات، بۆیە مرۆڤ هەمیشە لەنێو زماندا لە دۆخی: ونبوون، داگیركردن، شپڕزەییدا دەژیت؛ لەو كاتەشدا كە زمان ناتوانێت بە شێوەیەكی ئاسایی جێگیر بێت، لەبەرانبەردا بوونی گۆڕاو دەبێتە ئەو خودەی كە بەردەوام دەگۆڕێت و پەیوەندیی نوێ دروست دەكاتەوە و هیچ ناوەندێكی جێگیر شك نابات! لەو بیرۆكە (سارتەر)ییەدا، بوون پێش ماهیەت دەكەوێت (واتە مرۆڤ سەرەتا هەیە، پاشان دەبێتە خاوەنی خود).
لێرەوە خودی گۆڕاو (عاقڵ) هەڵگری هیچ مانایەكی پێشوو نییە، بەڵكە لە كردارەكانیدا (لە داهێنانەكانیدا) (شێتی) دروست دەكاتەوە؛ ئەو بیرۆكە (سارتەرییە- لانگییە) لە نائاسایی بووندایە، لە ونبوونی سنوور و شكاندنی یەكگرتوویی خودەوەیە! لانگ- بە شێوەیەكی سارتەرییانە لەو كتێبەدا پێیوایە مرۆڤ هیچ پلانێكی پێشووی نییە، بەڵكە سەرەتا دەچێتە نێو جیهان (بوون) و پاشان لەڕێگای كردارەكانی (داهێنانەكانی) خۆی ماهیەتی خۆی بونیاد دەنێتەوە؛ لەو بیرۆكەیەدا مرۆڤ بە ئازادی مەحكومە و بەرانبەر هەموو هەڵبژاردنەكانی خۆی بەرپرسیارە… لێرەدا پرسی ئایا ماهیەت جێگیرە، جەختكردنەوەیە لە چەسپاندنی عەقڵ؟! بۆیە لە پرسیارەکە زیاتر ناڕۆین، ئەگەر ڕەفتاری ئەو بەناو عاقڵانە لەبەرچاو بگرین، کە شەڕ و ململانێ هەڵدەگیرسێنن و برسێتی و پەتای کوشندە لە دەستی ئەواندا گەشە دەکەن، ڕەنگە سەرلێشێواویمان بەرانبەر بەو پرسیارە (سارتەری-لانگی)یە زیاتر نەبێت و پێداگری لە عەقڵ چییە؟ شێتی چییە؟ زیاتر نەكەین و كەمەكێك لەو پرسە دوور كەوینەوە، لەوێوە هەوڵدەدەم تەواوی خوێندنەوەكەم لەبارەی (دابەشبوونی خود) و (زمانی بوونگەرایی) بۆ ترسی مانا و قەیرانی مانا و چەمكی جێگیرنەبوون درێژ بكەمەوە، هەتا بتوانم بۆ جارێكی دیكە (خود، مانا، ئارەزوو) لە (بوون بە) دابڕێژمەوە.
كەواتە خودی ڕاستەقینە (خودی جێگیر) پاراستنی بوون دەگەیەنێت و خودی ساختە (خودی گۆڕاو) بەردەوامی بوون و (ناجێگیربوونی خود) نمایان دەكات؛ بەمجۆرە هەردووکیان بە دوو شێوەی جیاواز، نائاسایی (بوون)یان هەڵگرتووە، بە مانایەكی ڕوونتر مرۆڤ بە هەردوو ڕووی (عاقڵ و شێتی) گوزارشت لە بوون دەكات: ڕووی یەكەمیان بە داخستنی (بوون) و ئەویدیكەیان بە كرانەوەی (بوون)، یەكەمیان بە داخستنی (مانای چەسپاو) و ئەویدیكەیان بە كرانەوەی (خەیاڵی زمان) بەو مانایەش تێكچوونی یەكگرتوویی خودی ڕاستەقینە بۆ خودی ساختە، یان (بوونی یەكگرتوو) لە زماندا دەتوانێت دۆخی گۆڕاوی ژیان (سەیرورە- بوون بە) نیشان بداتەوە.
لە كۆتاییدا (خودی دابەشبوو) دەتوانێت وەك دەقێكی سەرەكی لە تێگەیشتن لە (عاقڵ و شێتی) بوونی یەكگرتوو لەڕێگای قەیرانەوە بخوێنێتەوە، بەو مانایەش مرۆڤ شتێكی دیاریكراو نییە، عاقڵە و شێتە، بەردەوام لەنێوان جێگیربوون و پێویستی گۆڕاندا دەژی! بەڵام كاتێك ئەم دوو شێوە (نائاساییەی بوون) بەیەكەوە وەك بوونێكی یەكگرتوو هەڵناكەن، قەیران دروست دەبێت.
كەواتە (خود، مانا، ئارەزوو) نە شتێكی سەقامگیرە و نە گۆڕاو، بەڵكە (ئەزموونی ژیان) مەیدانی شپڕزە و ئاڵۆزی نێوان ئەم دووانەی لەخۆ گرتووە؛ هەمیشە (ئەزموونی ژیان) دەیەوێت خۆی وەك شتێكی سەقامگیر پیشان بدات، بۆ ئەوەی لە (ئازادیی ترسناك) هەڵگەڕێتەوە؛ چونكە مرۆڤ خاوەنی تەواوی خۆی نییە، بەڵكە ئەنجامی گوتار و دەسەڵاتە و هەمیشە خۆی لە ناو تۆڕێكی واتای زمانیی و دەسەڵاتدا دەبینێتەوە؛ دەرئەنجامی (تۆ خۆت) دروست ناكەیت، بەڵكە زمان دروستت دەكات، ڕاستەوخۆ ڕەخنەیە لە بیرۆكەكانی سارتەر و لانگ؛ بەڵام بوونگەراكان باوەڕیان بە خود لەق نابێ، وەك چۆن لانگ باوەڕی بە خودی دابەشبوو هەیە و ئەو دابەشبوونە وەك شكستی نێو جیهانێكی نالۆژیکی دەبینێ، نەك وەك بەرهەمی گوتار و شكستی سیستەمی واتاسازی…
هەڵبەتە قەیرانەكانی خود، مانا، ئارەزوو، وەك لانگ و بوونگەراكان تێیگەیشتوون، قەیرانی بەرپرسیاری ئازادی نییە… بەڵكە قەیرانی نەبوونی بنەمایە؛ چونكە مرۆڤ نەك هەر نازانێت چییە، بەڵكە نازانێت ئایا دەتوانێت هەرگیز بزانێت یان نا… بەو مانایەش مرۆڤ بوونێكی ئازاد و خۆدروستكار نییە، بەڵكە مرۆڤ لە قەیرانێكی قووڵتردا دەژی، ئەویش قەیرانی زمان و قەیرانی مرۆڤایەتییە، چونكە ناتوانێت بە تەواوی خاوەنی مانا بێت؛ مرۆڤ بوونەوەرێكی ناتەواوە!
بەمجۆرە دابەشبوونی (خود، مانا، ئارەزوو) تەنها قەیرانی ئەزموونی ژیان نییە، تەنها قەیرانی زمان نییە، بەڵكە ئەنجامی جیهانێكە كە مرۆڤ تێیدا شكاوە و گومان لە خودی خۆی و لە ئازادیش دەكات… پرسیارەكە ئەوە نییە، مرۆڤ كێیە، زمان چییە؟ پرسیارەكە ئەوەیە: ئایا (مرۆڤ- زمان) هێشتا دەتوانێت هەبێت؟! هەرگیز ئەو پرسیارە، پرسی دۆخی زمانی داهێنەرانەی لەخۆ نەگرتووە، تەنها دۆخێكی گۆڕاو نییە، بەڵكە دۆخی سەرەكیی مرۆڤی ونبووە…
هەڵبەتە (ڕۆناڵد داڤید لانگ) وەك یەكێك لە پێشەنگەكانی ڕەوتی دژە- دەروونپزیشكی، هەوڵیداوە سنوورە باوەكانی نێوان ئاسایی و نائاسایی لە سنورەكانی قەیرانی خود و قەیرانی بوون، قەیرانی زمان و قەیرانی ئازادی، نزیك بكاتەوە؛ هەر كاتێك ئەم سنورانە ناسەقامگیر دەبن، مرۆڤ دەچێتە دۆخێكی نێوانی، كە تێیدا: هەم دەتوانێت مانای نوێ بدۆزێتەوە و هەم دەتوانێت بە تەواوی لە ناو بێماناییدا ون بێت، هەم دەتوانێت عەقڵ بێت و هەم شێت.

عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا
هەولێر 4/4/2026




مانا (وەک تەماشاکردن لە گەڕان)دا.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

بۆ ئەوەی ڕێکارەکانی تێگەیشتنی مانا (وەک ڕێگا لەبەردەم ڕۆیشتن)دا بکەمەوە، بۆ ئەوەی لە سەردەمی (ڤیرچواڵ- Virtual)دا چەمكی (لەڕێگا- دروستبوون، نەك لە ئەنجام)دا وەك ڕاستی بدوێ و تێگەیشتنی مانا (وەک تەماشاکردن لە گەڕان)دا هێزی بوونی هەبێت… شاڕستەی (ئێمە تەنها جیهانی دیجیتاڵی بەكارناهێنین، بەڵكە ئەو جیهانە شێوەی بیركردنەوە و بوونمان دروست دەكاتەوە.) تەتەڵە دەكەم؛ بەو مانایەش چێژی (تەماشا-كردن) لە ژینگەی ڤیرچواڵدا تەنیا ساتێكی خۆش نییە، بەڵكە وەك (گەڕان-Search) بنەمای هەستەکان و تێگەیشتنی بوونی مرۆڤ دروست دەکاتەوە.
كەواتە (مانا- وەک تەماشاکردن لە گەڕان)دا زانیاری و ڕاستی، دەسەڵات و كۆنترۆڵ، ناسنامەی گۆڕاوی مرۆڤ (تۆ-ی ئۆنلاین) لەخۆ دەگرێت، بەڵام تەنها سەرنج بێتە سەر چەسپاندنی (خود)ی ڕێگا، دەشێوێت؛ چونكە ڤیرچواڵ توانایە، خود نییە؛ واتە لەنێوان تەماشا و مانادا ئاستێکی نەبینراو، هەڵبژاردنەكانمان دیاری دەكەن و ئارەزووەكانمان ئاراستە دەكەن؛ بەڵام لەنێوان تەماشاكردن و مانادا خود ئامادەیە… لێرەدا مرۆڤ (وەك ماددەی خاو) لەڕێگای گەڕاندا دەبێتە (وێنە، نیشانە، لۆگۆ- داتا)، بەڵام مرۆڤ وەك هەست و خود لەڕێگای تەماشا-كردندا دەبێتە مانا!.
لە ژینگەی ڤیرچواڵدا بیرۆكەی مرۆڤ وەك داتا، هیچ ناوەندێكی سەرەكی نییە، لەگەڵ هەمووشیان لە پەیوەندیدایە، چونكە دەگەڕێ ناتوانێ بوەستێ؛ بەڵام مرۆڤ وەك مانا، ناوەندێكی یەکگرتوو و ڕوونی هەیە، لە تەماشاكردندا دەوەستێ… لە پرۆسەی گەڕاندا سنووری نێوان ڕاست و ناڕاست تێك دەچێت و ڤیرچواڵ دەبێتە بەشێك لە ڕاستی، دەبێتە (وێنەیەكی ڕاستتر لە ڕاستی)، ئەوە ناسنامەی گۆڕاوی تێكەڵبوونی مرۆڤ و تەكنەلۆژیایە: (سایبۆرگ)ە؛ بەڵام هەست و خود، ناسنامەی مانایەكی یەکگرتوو و ڕوون و سەقامگیرە.
ئێمە لە جیهانی دیجیتاڵییدا تەماشای خێرایی زانیارییەکان دەکەین، كە هەموو شتێ دەبێتە: فەوڕی؛ كات كورت دەبێتەوە و دەبێتە: كاتی هەنووكە؛ ناتوانین لە زێدەگەڕاندا بوەستین و کارێکی دیکە بکەین چونكە بە پرۆسەی گەڕان مەست دەبین، لە زانستی خێراییدا مەست دەبین، هەمیشە چێژ لە گەڕانی زێتر وەردەگرین.
لە ئامرازە دیجیتاڵییەکان (مۆبایل و تەلەفۆنە زیرەکەکان، ئۆتۆمبێل، کامێرای چاودێری، ئامێرە زیرەکەکانی ماڵ و ئینتەرنێت)ەوە زانیارییەكان لە دەوروبەر وەردەگرن و وەك داتا بە سیستەمە ئەلیکترۆنییەکانی دەبەخشن و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیشدا ئەلگۆریتمەكان وەك هێزێکی شاراوە هەنگاو بۆ شیکردنەوەی زانیارییەكان و جێبەجێكردنیان دەنێن؛ بەو مانایە سێنسەری ئامرازە دیجیتاڵییەکان (سێنسەر-Sensor: داتاكان بۆ سیگناڵێکی ئەلیکترۆنی دەگۆڕن) کاریگەری لەسەر ڕەفتار و ئارەزووەكانمان دادەنێن و لەڕێگای چێژبەخشینەوە مافی ئەوە بەخۆیان ڕەوا دەبینن حەزەكانمان تەتەڵە بکەن و گۆڕان لە بیركردنەوەماندا بكەن!
بۆچی لەوە ناپرسی زۆرێک لە پلاتفۆرمەکان و کۆمپانیاکانی وەک: گووگڵ، فەیسبووک و ئەمازۆن، داتای بەکارهێنەران (وەک گەڕان، کلیک، شوێن، کڕین، لایكـ)ەكانمان کۆدەکەنەوە و بەهۆی ئەلگۆریتمەكانەوە لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە دەكەن و لەوێوە پێشبینی هەڵسوکەوتی داهاتوومان دەكەن… لەوە ناپرسی كاتێك (تەماشا) لەسەر شتێ ڕادەگری، بۆچی هەمیشە ئەو شتە دروست دەبێتەوە؟!
هەموو ئەوانە، وەك ئەوەیە (مانا) لە شاشەی ئامرازە دیجیتاڵییەكاندا لە دروستبوونەوەدا تەماشای (هەمووان) بکات، تەنها (خود) نەبێت! لێرەدا تێگەیشتن (تەماشاكردن)ە و بە دەستبازی دروستبوونەوەوە مەستە؛ بەڵام ئامرازە دیجیتاڵییەكان (تەماشا)ی ئەوی دیکە دەکات، كە من نیم! من پێویستە تەماشای- بکات، بۆ ئەوەی مۆڵەق بێ و ئەوی دیكە نەبینێ؛ كەواتە ئامرازە دیجیتاڵییەكان تەماشا-ی هەموو شتێک دەکات تەنها منی مۆڵەق نەبێت؛ بەدیوەكەی دیكە شاشە لە ئاستێکی نەبینراودا لە (تەماشا-کردن)م ناکەوێت.
بەمجۆرە ژینگەی ڤیرچواڵی هاوشێوەی بەربوونەوەی تێگەیشتن بەشدارییەک لە هەستە مرۆییەکاندا دەوروژێنێت: تەماشا لە گەڕاندا تێگەیشتن فریوو دەدا و چێژێكـ دەبینێ کە لە گەڕانی مانادا نییە، بەڵكە لە جوولەی شاشەدایە؛ كەواتە مرۆڤ لە زانیارییە دیجیتاڵییەکاندا تێگەیشتن بەدەست ناهێنێ، بەڵکە تەماشای شاشەیەک دەکات یان چێژێ دەیبات کە بەخێرایی لە گەڕاندا لێی ڕەتدەبێت.
لێرەوە سێنسەری ئامرازە دیجیتاڵییەکان سەلماندوویانە ئەوە جوولەی زانینە تەماشای مرۆڤ دەکات، نەك تێگەیشتنی چەسپاو؛ مرۆڤ لەو زانیارییە دیجیتاڵییانەدا تێگەیشتن حاسڵ ناکات، بەقەد ئەوەی سێنسەرەکان لە گەڕان بەنێو دەروونی مرۆڤدا حاسڵی دەکەن! سێنسەرەکان لە تەماشای مرۆڤ دۆخێکی سایکۆلۆژی بەرهەم دەهێننەوە.
بۆچی مرۆڤ لە گەڕان بە دوای زانیارییە دیجیتاڵییەکاندا تێگەیشتن (وەك ئەزموون) حاسڵ ناکات؟ چونکە زانیارییەکان تەماشای مرۆڤ ناکەن، تەماشای شاشە (کامیرا) دەکەن! واتە تەماشای جوولەی چاوێکی دیکەی مەتەڵاوی دەکەن، كە كامیرا- شاشەیە، چاوێك كە لە تەماشا ناوەستێ! بەڵام هەست و خود و ئەزموون لە دۆخی وەستاندایە، بۆیە (تەماشا) فریووی دەدات… ئەو شتەی چاومان لەسەریەتی جوولەی (شاشە)یە و لەو بابەتە (گەڕان) ڕاستەقینەتر دیارە کە بەرانبەری وەستاوین، یان لەو داتایەی بەدوایدا دەگەڕێین ڕاستەقینەتر دەردەكەوێت؛ هەڵبەتە لە بابەتی گەڕان و شاشەدا (زڕەوێنە-Simulacra- وێنەیەكی ڕاستتر لە ڕاستی)ی (ژان بۆدریارد) ڕێكارەكانی فریودان ڕوونتر دەركاتەوە.

هونەری گەڕان
لە مانادا (تەماشا-كردن) لەسەر بابەت دەوەستێ، بەڵام ئەو وەستانەی تێگەیشتن، ئەو تایبەتمەندییە نییە کە هونەری گەڕان (هونەری پرسیارکردن)ی پێدەناسرێتەوە، چونكە تێگەیشتنی بابەت دەبێتە ئەزموونێكی خودی، واتە مانا (تەماشا) بۆ ئەوی دیکەی (كردن) دەچەسپێنێ و هیچ کارێکی دیکە ناکات تەنها ئەوە نەبێت كە دەوەستێت؛ چونكە مانا مافی ئەوەی هەیە و پێویستە لەسەری (تەماشا) لە شوێنێ (مۆلەق) بكات؟! بەڵام مەرج نییە گەڕان هەرگیز (تەماشا) بکاتە (كردن)؛ گەڕان وەك ڕێگا لە ڕۆیشتندا (تەماشا)ی هەموو شتێک دەکات تەنها مانای (كردن) نەبێت، تەنها ئەزموونی خود نابینێت، كەواتە (من) وەك (كردن) مانام!
بێگومان زانیارییە دیجیتاڵییەکان بەبێ خواستی خۆیان وێنەیان گیراوە، بۆیە لە مانا و تێگەیشتن تێدەپەڕن و سەیری شاشە- کامیرا دەکەن و لە گەڕاندا مانا دروست دەكەنەوە، ئەزموون دروست ناكەن؛ بەمجۆرە لەنێوان ئامرازی کامیرا و تەماشا هیچ جۆرە تێگەیشتنێ بۆ گەڕان نییە، جگە لە کاردانەوەیەک بە ئاراستەی ئابووری خێرایی گەڕان، بازاڕی خێرایی گەڕان لە کاردانەوەی نەوەستاندا بەردەوام دروست دەبێتەوە، لە كاتێكدا تێگەیشتن، مانا و ئەزموونی خود لە کاردانەوەی بازاڕی-كردن سەوز دەبێت.
من بەدوای ئەو شتەدا دەگەڕێم کە تێیدەگەم، ئەگەرچی لە تەماشادا ئەو شتە نابینمەوە؛ بەڵام لە گەڕانی خۆبەخۆ لە کایەی داخراوی تەماشادا بەردەوام مەستی چێژی لەدایكبوونەوە دەبم! بەمجۆرە گەڕان و (تەماشا)، لە بەدەستهێنانی ئامانجی مانا و تێگەیشتنەوە بۆ چێژ دەگۆڕێت؛ گەڕان و چێژ بە دوای یەکدا لە لەدایكبوونەوەدا یەكتر بەجێدەهێڵن، بەو مانایە هەمیشە گەڕان، مانا بەجێدەهێڵێ، ژینگەی ڤیرچواڵ و زڕەوێنە دەبنە هایپەر-ڕاستی و چێژ؛ بەڵام خود و (تەماشا-كردن)، ئەزموون و هەستەكان هەڵدەوەشێنێتەوە.
لە مەستیدا خود دەرناكەوێت چێژ فەرمانڕەوایە؛ وەك چۆن کتوپڕ تەماشای گەڕان دەگۆڕێت! بەڵام ئایا ئامرازە دیجیتاڵییەكان لەبری خود گرنگی بە چێژ دەدەن، لەبری چێژ گرنگی بە گەڕانی بەردەوام دەدەن، لەبری گەڕانی بەردەوام گرنگی بە فریوودان دەدەن و ناوی دەنێن ژینگەی ڤیرچواڵی كە تێیدا: دەژین، پەیوەندی دەكەین و خۆمان دەگۆڕین؟! هەڵبەتە لە ژینگەی ڤیرچواڵدا سنووری نێوان ڕاستی و خەیاڵ كەمتر دەبێتەوە؛ مرۆڤ لە (پێكهێنانی ژینگەی نوێ)ی ڤیرچواڵیدا تەنها نیشتەجێ نییە، بەڵكە دروستكاری جیهانەكەی خۆیەتی؛ (مانا- مرۆڤ) لەبەردەم گەڕاندا بەندە بە پرسی چێژەوە، چێژ لە پێكهێنانی ژینگەی نوێدا بەندە بە پرسی فریووەوە.
كەواتە کارلێکی نێوان مانا و گەڕان، چێژ و فریوو، لە ئاستە جیاوازەكاندا ئەگەری كراوەن: لەنێوان توانای داهێنانەكانی مرۆڤ و جیهانی ڤیرچواڵیدا؛ واتە ئەگەرچی مرۆڤ جیهانی ڤیرچواڵی دروست كردووە، بەڵام ئێستا ئەو جیهانە مرۆڤ دووبارە دروست دەكاتەوە! بەو مانایە جیاوازی لەنێوان دوو شێوازی بووندایە: لەیەكەمیاندا ئەگەر (تەماشا)ش نەبێ، بابەتی (كردن) هەیە؛ لە دووەمیاندا بوونی تەماشا پەیوەستە بە داتا، سیستەم، بەكارھێنەرەوە؛ لە یەكەمیاندا زانیارییەكان بەسەر ئەزموون و هەستەكاندا دێت؛ لە دووەمیاندا زانیارییەكان بە فلتەر و ئەلگۆریتمەكاندا تێدەپەڕن؛ لە یەكەمیاندا ڕاستی پەیوەستە بە جەستە و كۆمەڵگاوە؛ لە دووەمیاندا ئەوەی دەبینیت هەموو ڕاستی نییە (هایپەر-ڕاستی) لە ڕاستی زیاتر كاریگەری دەبێت؛ یەكەمیان جێگیرە و دووەمیان گۆڕاوە، یەكەمیان خودی بەهایە و سەرنج ڕاكێشە، بەو مانایەی كە سەرەتا و دەستپێكە و دەچەسپێ؛ دووەمیان بەهای بازاڕە و حەپەسان دروست دەكات، بەو مانایەی بەشێوەی كاتی بڵاو دەبێتەوە و دەگۆڕێت.

گەڕان وەك ئاماژە
بێگومان ئەگەر گەڕان تەنها پەیوەندیی بە بەهای بازاڕەوە هەبێت، لەو گەڕانەدا هیچ شتێک لەوە گرنگتر نییە كە تەماشا هەڵقووڵانێکی بێدەنگی وێنە و داتا، ئابجێكت، یا ئاماژە بێت؛ بەڵام ئایا لە فەلسەفەدا گەڕان وەك ڕێنمایی ژیان و باڵابوونی بەهای مرۆڤ و جیهان تەماشا دەكرێت؛ ئایا ژیان و جیهان، ڤیرچواڵ و حەقیقەت، هەموویان لەناو ئەو وێنە و ئاماژەیەی تەماشای بازاڕدا ڕووبەڕووی زانیاری و دەسەڵات دەبنەوە؟ بەكورتی ئایا مرۆڤ لەسەردەمی پۆست هیومانیزمدا تەنیا بوونێکی سرووشتییە، یان (سایبۆرگ)ە، نیمچە- مرۆڤ و نیمچە- تەکنەلۆژیایە؟!
هەڵبەتە پرۆسەی گەڕان تەنها فیزیكی نییە، خودی ژیان گەڕانێكە بۆ مانای هەستەكانی مرۆڤ، هەروەها سێنسەری ئامرازە دیجیتاڵییەكانیش؛ بەمجۆرە مرۆڤ لەنێوان بەهای ڕاستی و ژینگەی ڤیرچواڵیدا ناژێت، بەڵكە لە تێكەڵەی هەردووکیاندا دەژیت، لە تێكەڵەی تەماشا و تەماشاكردندا دەژیت؛ واتە هەم تەماشایە (وێنە، نووسین، لۆگۆ- نیشانەیە کە پات دەبێتەوە) و هەم تەماشاكردنە (مانای هەست و حەقیقەت و خودی ئەزموونە بەرجەستە دەبێت).
نیشانە خۆی واتا نییە، بەڵکە واتا ڕوون دەکاتەوە؛ نیشانە ئەو شتەیە کە پاتە دەبێتەوە یان ئاماژە بۆ شتێکی تر دەكات، نیشانە تەماشایە؛ لە ژینگەی ڤیرچواڵیدا نیشانەکان هەموویان دروستكراون و بۆ پەیوەندیكردن ئامادەن! بەڵام تەماشاكردن بەهای حەقیقەتی مانا بەرجەستە دەكات، ئەو هەستەیە یان ئەو زانیارییەیە کە تێگەیشتنێكی بەرزی ئەزموون دەنرخێنێ و نیشانەكان ڕوون دەكاتەوە! نیشانە دروست دەبێ، بەڵام بێ تەماشاكردن مانای جیاواز نابەخشێت! تەماشاكردن پێویستە بۆ ئەوەی هەست بە نیشانە بكات و بە بەهای مانای بگەیەنێت؛ كەواتە تەماشا- نیشانە: داتا، ئابجێكت، یا کاراكتەرە؛ كەچی خودی مانا- تەماشاكردن: ئەو هەست و ڕوونكردنەوانەیە کە مرۆڤ لەناو جیهانی دیجیتاڵیدا دەیبینێ.
لێرەدا گەڕان خۆی لە ئاستێكی تر دەچێتە سەر، چونكە تەنها تەماشا بۆ دۆزینەوەی نیشانەكان نییە، بەڵكە بۆ ڕوونكردنەوەی پرۆسەی تەماشاكردنە؛ واتە مرۆڤ تەنها لەناو تۆڕێكی نیشانەدا ناگەڕێت، بەڵكە لەناو تۆڕێكی مانا و هەستدا خۆی دووبارە بەرهەم دەهێنێتەوە؛ لەم ڕووەوە، گەڕان لەنێوان تەماشا و تەماشاكردندا دەبێتە پڕۆسەیەكی دیالێكتیكی: نیشانەكان مرۆڤ بانگ دەكات، بەڵام تەماشاكردن وەڵامی دەداتەوە و لەو نێوانەدا مرۆڤ لەدایك دەبێتەوە.
لە جیهانی ڤیرچواڵیدا، ئەو دیالێكتیكە تووندتر دەبێت؛ چونكە نیشانەكان بێ ‌وەستان بەرهەم دەهێنرێنەوە و دەگۆڕدرێن، ناسنامەی مرۆڤ بەردەوام دەگۆڕێت؛ بەڵام تەماشاكردن هێشتا پێویستی بە كات و هەستە، پێویستی بە ئەزموونكارییە؛ ئەوە وای لێدەكات بە گومانەوە لەنێوان خێرایی داتا و قووڵیی ئەزمووندا بژی، لەنێوان ئەوەی دەبینرێت و ئەوەی درك دەكرێت.
ئەگەر لە ڕوانگەیەكی قووڵترەوە سەیری كردەی گومان بكەین، ئەوە گەڕان وەك ئاماژە، وەك تەماشا دەبێتە خودی بوونی مرۆڤ: مرۆڤ بوونێكی تەواو نییە، بەڵكو پڕۆسەیەكی بەردەوامی گومان و گەڕانە؛ لەبەر ئەوە، ژیان نە كۆتاییە، نە وەڵامێكی تەواو، بەڵكە پرسیارێكی بەردەوامە كە لەنێوان تەماشا و تەماشاكردندا، لەنێوان گومان و گەڕاندا.
كەواتە لە سەردەمی دیجیتاڵ و پۆست-هیومانیزمدا، گەڕان تەنها كردەوەیەك نییە، گومان تەنها پرسیارێك نییە، بەڵكو شێوەیەكی تەماشای بەردەوامە؛ شێوەیەك كە تێیدا مرۆڤ دەدۆزێتەوە- یان هەرگیز تەواو نادۆزرێتەوە.

هەولێر 27/3/2026




شاعیرى نەفرەتلێكراو.. (ئونسی ئەلحاج و قەسیدەى پەخشان).. عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا

(1)
شیعر لە دەرەوەی وشە و دەربریندا- خۆشەویستییە، ژیاندۆستییە، مرۆڤدۆستییە… یەكەم كۆمەڵە شیعری (ئونسی لويس ئەلحاج- 27 يوليو 1937 – 18 فبراير 2014) شاعری هاوچەرخی لوبنانی، بەناونیشانی «لن» ساڵی 1960دا بڵاوبۆوە، لەبەر ئەوەی شێوە كۆنەكانی شیعری عەرەبی لەرزاند، نەفرەتییان لێكرد.
هەرگیز (ئونسی ئەلحاج) دەستەكانی بە سیاسەت پیس نەكرد، هەمیشە لەگەڵ ئازادی بوو. ئەوە قسەیەكی سادە نییە، بەڵكە ڕاستییەكی قووڵە كە لە ژیانی ئونسی ئەلحاجدا ڕەنگیداوە… ئەو شاعیرەی كە قسەی خۆی گوت و لە تەمەنی (حەفتا و حەوت) ساڵیدا، دوای ململانێیەكی درێژ لەگەڵ نەخۆشیی شێرپەنجە، بە ئارامی ڕۆیشت…
شیعرەكانی (ئونسی لويس ئەلحاج) بۆ زمانی فەڕەنسی و ئینگلیزی وەرگێڕدراون، و هەندێكـ لە موزیسیانانیش ئیلهامیان لە پەیڤەكانی وەرگرتووە و كاری هونەری و مۆسیقییان لەسەر بونیادناوە… لە یەکێک لە گرنگترین بابەتە تایبەتەکانی لەبارەی گۆرانیبێژی لوبنانی (فەیروز) بەناونیشانی “بەوپەڕی توندوتیژییەوە خۆشم دەوێت”، تیایدا دەڵێت: لە ژیانی ئێمەدا شوێنێک بۆ فەیروز نییە؛ هەموو شوێنەک تەنها بۆ فەیروزە…
هەندێكـ لە بڵاوكراوەكانی شاعیر «سەری بڕاو»، «ڕابردووی ڕۆژە داهاتووەكان»، «چی بە زێڕ كرد؟ چی بە گوڵ كرد؟»، و «پەیامبەرێ بە قژی درێژەوە، تا کانیاوەکان»…
ئونسی ئەلحاج كۆچی دوایی كرد، بەڵام وشەكانی مانەوە— ئەو هەمیشە بە ئازادی وشەكانی دەردەبڕین، تەنانەت ئەگەر ڕووحیشی لەڕێگای ئەو ئازادییەوە بریندار بوایە.
(2)
لە پێشەكى كۆمەڵە شیعرى (لن) هەر تەنها شاعیرێكى یاخى نییە، بەڵكە شاعیرێكى نەفرەتلێكراویشە… هەر تەنها هاوارێكى جیاوازى شیعرى نییە، بەڵكە هێرشێكى دۆزەخى بوو، بۆ سەر چوارچێوەى شیعریى و كلتورى سونەتگەرایى… ئونسی ئەلحاج لەنێوان هۆشیارى ڕەخنەیى و قەسیدەى شیعرى ئازاد و قەسیدەى پەخشاندا ئاگاییەكى نوێى لە قەسیدەى پەخشاندا هێنا ناوەوە، دەمەوێ‌ بڵێم ئاگایى ئونسی ئەلحاج پەیوەندى بە ڕۆشنبیریى شیعرى جیهانییەوە هەبوو، بۆیە وەك ڕووداوێكى ئەدەبى لە بەرجەستەكردنى قەسیدەى پەخشان و چۆنێتى گەیاندنى بە خوێنەران بە جوانى ڕەنگیدایەوە.
قەسیدە دنیایەكى داخراوە بەسەرخۆیدا، هیچ ئامانجێكى زەمەنى نییە. شیعر دڵ- لە دڵدانە. پەخشان- گێرِانەوەیە… قەسیدە كورتبرِى لە هەموو هۆیەكانى دەربرِین دەكات. ڕەگەزى یەكەمى شیعر- موزیكایە. شیعر ئەوە دەڵێ‌ كە گوتراوە، پەخشان ڕوو لە شتێ‌ دەكات و دەیدوێنێ‌ و هەموو چركەكانى گوتار بە هى خۆى دەزانێت، موزیكا لە پێكهاتەى پەخشاندا بوونى دەكەوێتە لەرزەوە. لە شیعردا شاعیر پێش خوێنەر دەكەوێت، چونكە ئەو ئامرازانە ناس دەكات، كە شیعرى پێدروست دەكرێت، هەمیشە شیعر لەڕێگاى لەرەى موزیكاوە دەچێتە دڵى خوێنەرەوە، ئەوەى شاعیرێكى كۆنەپەرست و خوێنەرێكى كۆنەپەرست بەیەكەوە دەبەستێتەوە چارەنووسە!
ئەگەرچى لەنێوان دارِشتنى شیعر و پەخشاندا جیاوازییەكى بەرچاو هەیە، بەڵام ئەوەى جێى گومان ئەوەیە، كە هەموو كەلەپورە زیندووەكانى دنیا، شیعرى مەزنیان لە پەخشان پێشكەش بە مرۆڤایەتى كردووە، هەر لەبەر هەندێ‌ ئەمرِۆ شیعر بە كێش و سەروا ناناسرێتەوە! ئەوەى بەردەوام ڕێگا لە شیعرى پەخشان و قەسیدەى پەخشان دەگرێ‌ كێش و سەروایە. لێرەدا شیعرى بە پەخشانكراو- پەخشان نییە، وەك چۆن قەسیدەى بە پەخشانكراو- پەخشان نییە.
شیعرى لیریكى هەیە، بەڵام پەخشانى لیریكى نییە، قەسیدەى پەخشانى نزیكە لە گێرِانەوە، قەسیدەى پەخشانى بێ‌ ریتمە وەك ئەوەى (سان جۆن پێرس) دەینوسى… قەسیدەى پەخشان خاوەنى جیهانبینییە، قەسیدەى پەخشان ئەزموونێكى قووڵ و بەهێزە، بەو پرِشنگانە دەناسرێتەوە كە بڵاوى دەكاتەوە وەك قەسیدەكانى هینرى میشۆ و ئارِتۆ…!
هەموو قەسیدەیەك وەك پێویست كورتە، بەڵام كورتبرِى زێتر لەسەر پەخشان جێبەجێ‌ دەبێت، نەك قەسیدە… قەسیدەى كێشدار زێتر پێویستى بە یەكگرتنە، نەك گەرِانەوە بۆ سەرچاوە… قەسیدەى پەخشان پێویستى بە ئامرازى گێرِانەوە، وەسف، ئەزموون، جیهانبینى… هەیە.
(سوزان بیرنار) دەڵێت: پێویستە قەسیدەى پەخشان لەپێناو درەوشانەوە- كورتبرِى بكات! هەموو قەسیدەیەكى پەخشان پاڵنەرێكى ئاژاوەیى لە پشتە، ڕووخێنەرە، وزەیەكى ئەندازەیى تێدایە، ڕاپەرِینە بە دژى كۆتوبەند… (ڕامبۆ) دەیویست بەسەر زماندا زاڵ بێت و كورتبرِى لە (بۆن، دەنگ، ڕەنگ…) بكات… قەسیدەى پەخشان لەسەر درەوشانەوە، نەفرەت، شێتایەتى… وەستاوە، هەمیشە هەرِەمەكى بوونی خۆى نیشان دەدات! قەسیدەى پەخشان كارى شاعیرى نەفرەتلێكراو و بەرهەمى نەفرەتلێكردنە… لە قەسیدەى پەخشاندا شتێك نییە پێى بڵێن كۆتایى.
(3)
ئونسی ئەلحاج نامەبەری دۆزەخى زمانە، بەردەوام بە دواى ئامانجە مرۆییەكانەوەیە، بە دواى خۆشەویستى، بە دواى مرۆڤدۆستى و ژیاندۆستییەوە… شیعر لاى ئەو خۆراكى خودە! ئافرەت لاى ئەو ئەلتەرناتیفى ژیانە! منداڵیى لاى ئەو پشتگوێخستنێكى فریشتەییانەیە لە ڕەشەبا دەمانپارێزێت‌… ئونسی ئەلحاج هەمیشە لەنێوان ناپاككردنەوەی زمان و پووچگەرایى ژیان و وێرانكردنى شتەكان، وەك بیابان تینووە.
ئونسی ئەلحاج شاعیرى ڕچەشكێن، شاعیرى هەرێمە دەست بۆ نەبراوەكانە، شاعیرى نەست و ناخ و زمانە قەدەغەكراوەكان ناوەوەی مرۆڤی لەنێو زماندا چەسپاند، دەست بۆ نەبراوەكانى، لە زمان و لە سەر ئاستى بیركردنەوە بەرجەستە كرد… بەڵام شیعر هەر تەنها بە مەسەلە قەدەغەكراو و دەست بۆ نەبراوەكانەوە پەیوەست نییە، شیعر بە حەقیقەت و ژیان و خەونەوە بەندە! شیعر هەر تەنها ڕاستگۆیى و بوێرى نییە، شیعر چۆنێتى تەعبیركردنە لە ژیاندۆستى، لە مرۆڤدۆستى، گەرِانى بەردەوام و بەجێهێنانى زێترى خۆشەویستى و چێژ و خۆشییە…
مەرج نییە قەدەغەكراوەكان هەمیشە قەیران بنێنەوە، بەڵام هەموو ڕچەشكێنییەك ئامانجى ڕچەشكاندنە، ئەوە بەو مانایە دێت، كە هەمیشە وزەى ژیان بەهێزترە لە مردن، ئەوە بەو مانایە دێت، كە یاخیبوون كۆتایى نییە.
(4)
تێگەیشتنى باو ئەوەیە كە پەخشان پەخشانە و شیعر شیعرە، كەواتە ئەو میكانیزمانە چین كە قەسیدەى پەخشان بەرەو شیعر دەبات، یان شیعر لە قەسیدەى پەخشان دروست دەكەن، بێ‌ ئەوەى وەك پرنسیبێكى بنەرِەتى بە سەرچاوەى پەخشانەوە گرێ‌ بدرێت! ئونسی ئەلحاج لە پێشەكى كۆمەڵەى (لن) بەرانبەر ئەو دیدە باوەى كە شیعر و پەخشان لێكجیا دەكاتەوە، پێیوایە لەنێوان شیعر و پەخشاندا پردى بەیەكگەیشتن هەیە! ئەگەرچى پێیوایە پەخشان و شیعر نكۆڵى لە یەكتر دەكەن، چونكە شیعر دەبێ‌ ئەوە بێت كە لە دەرەوەى پەخشاندا دەنوسرێت، بەڵام پەخشان نەرم و كراوەیە، شیعر ڕێكخراو و مەبەستدارە، پەخشان هێمن و جێگیرە، شیعر گرژە، شیعر نە زەمەنییە و نە پەیوەندى بە بارودۆخەوە هەیە، ئەوەش پێچەوانەى پەخشانە. پەخشان بەرهەمى عەقل و ئاگاییە، بەڵام شیعر بەرهەمى دەروونە، پەخشان گەیەنەر و ڕازیكەرە و شتەكانمان بۆ دەسەلمێنێ‌، بەڵام شیعر درەوشاوە و ئاماژەخوازە…
كەواتە ئایا دەكرێ‌ لە قەسیدەى پەخشان دەربچین؟ ئەو پرسیارە ئیشكالئامێزە یەكێكە لە پرسیارە ئاڵۆزەكانى پێشەكى كۆمەڵە شیعرى (لن). بە برِواى من ئەو پرسیارە تەمومژاوییە! دەمەوێ‌ بڵێم دەكرێ‌ لە برى (ئایا) بە (چۆن) پرسیارەكە راستكەینەوە: چۆن لە قەسیدەى پەخشان دەربچین؟ ئەگەرچى پرسیارى دووەمیش مەرج نییە ڕاست بێت، بەڵام لەگەڵ پەیبردن بە قەسیدەى پەخشان زێتر دەگونجێت‌… پرسیارى دووەم پرسى تایبەتمەندى و تاكگەرایى لەخۆدا هەڵگرتووە… ئونسی ئەلحاج پرسیارى یەكەم بە (نەرێ‌) وەڵام دەداتەوە: نەخێر ناتوانین لە قەسیدەى پەخشان دەربچین. لە پشت ئەو وەڵامەشدا پرنسیبێكى چەسپاو هەیە، ئەویش ئەوەیە كە بنەماى شیعر پەخشانە! پرسیارى یەكەم پێمان دەڵێت قەسیدەى پەخشان بە پەخشانەوە بەندە و دەكەوێتە ژێر كاریگەرى جۆرەكانى وەسف و ناونانەوە، بەڵام پرسیارى دووەم ئەو پرسیارەى لێرەدا هەوڵى فۆرمەلەكردنمان داوە پێمان دەڵێت قەسیدەى پەخشان بنەماكەى لەسەر پەخشان نەچەسپاوە، بەڵكە قەسیدەى پەخشان بنەماكەى شیعرە، دواجاریش دەمەوێ‌ تۆخترى بكەمەوە و بڵێم پەخشان ڕەگەزێكە لە ڕەگەزەكانى شیعر… شیعرى داهێنەرانە هەموو ڕەگەزەكانى قەسیدە و پەخشان لە ئاستێكى باڵادا خەلق دەكات، داهێنانیش لە ئاستە باڵاكانى زماندا دەدۆزێتەوە.
كەواتە لەنێوان شیعر و پەخشان مەسافەیەكى ئیستێتیكى و دەربرِینێكى بەرفرەوان هەیە، وەك چۆن مەسافەیەكى جوانى لە وەرگرى جۆراوجۆردا دروست دەكات. بەو مانایەش دەشێ‌ پرسیارى ئونسی ئەلحاج: ئایا دەكرێ‌ لە قەسیدەى پەخشان دەربچین؟ مەبەستى لە پەخشانێك بێت، كە مەسافەیەك لە شیعر نزیك دەبێتەوە…
(5)
شیعرى ئونسی ئەلحاج ڕووتە وەك ئادەم و حەوا بەر لەوەى لە بەهەشت دەربكرێن، وشە ڕووتەكانى بێ‌ ئەوەى هەست بە شەرم بكەن، ڕووبەڕووى دنیا دەبنەوە، هەموو وشە ڕووتەكانى لە قەسیدەكانیدا سەر بەرزانە دەوەستن، بێ‌ ئەوەى خۆیان بە جوانكارى خەریك بكەن، بێ‌ ئەوەى خۆیان دەمامك بدەن، هەر تەنها بە ڕووتى سەما دەكەن، بێ‌ ئەوەى كراسى خوازە و چوارشێوى ڕەوانبێژى بپۆشن! وشەكان لەو مانایانە دەردەچن، كە ئێمە دەیانزانین، ئونسی ئەلحاج لەنێوان شیعر و خۆشەویستى، یەكەمیان بە گوتنى بێدەنگ دادەنێ‌ و دووەمیان بە كردار… ئەو چەند شیعرەى ئونسی ئەلحاج بە بێدەنگى بخوێننەوە:

پلان
لەنێوان دارسنۆبەرەكاندا هاوارت دەكرد، باى دەنگت بەرەو ناخم دەهات، بێدەنگی هەڵگرتبوو
خۆت لە پەنا دارسنۆبەرەكاندا حەشاردابوو، دەگەمە هاوارت، دەگەرِێمەوە بۆ ئەوەى نەمبینیت
لەنێوان دارسنۆبەرەكاندا هاوارت دەكرد، ئازیزەكەم وەرە
من لە پەنا دارسنۆبەرەكان بووم، بۆ ئەوەى نەمبینى، لە هیكەوە بەرەو ڕووت دەبمەوە، تۆ ڕادەكەى.

سەرچاوە:

*أنسی الحاج، دیوان (لن )- المقدمە.ط3. دار الجدید. بیروت 1994 ص27..

تا بەیانی و نیوەی بەیانی
I
بۆتۆ دەرگا كراوەیە—
لە بەیانییەوە تا بەیانی،
بەیانی و نیوەی بەیانی.

II
بە جلەكانتەوە لەسەر گردەكە دانیشتوویت.
باران دەبارێ، تەڕ دەبیت.
مارەكە دەخشێ، و لەسەر گردەكە وەك شمشێر دەچەقێ.
هەناسەتان توند دەبێت.

III
ڕەنگی دەمت بۆنی سێوە.

IV
كاتژمێر شەوە—دوای شەو و نیوەی شەو.
ماڵی خۆشەویستەكەم لە بان شەوە.
ژوورێكی ماڵەكەی لە ناوەڕاستی شەوە.
لەوێوە بۆم دەڕوانێ، نامبینێ.
بۆ ئەو شوێنە دەچێ كە من بۆی دەچم، نامبینێ.
ڕووناكی دەكاتەوە، نامبینێ.
لە پاشان ئیتر دەخەوێ،
خەون بە پەنجەرەوە دەبینێ،
و دەترسێ با بیگرێتە خۆی.

V
چاو لە تاریكایی بكە؛
تێدەپەڕم، دەنگت پڕ دەكەم لە دەنگم.
دەنگت—لە گەروومەوە دێ—
شیرین، شیرین وەكو مێوژ.

سەرچاوە:
أنسي الحاج: ماذا صنعت بالذهب؟ ماذا صنعت بالورد؟ دار الجدید، طبعة ثانیة، بیروت- 1994. ص51-52.
هەولێر 8/4/2026




شارستانییەتی زانیاری.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا


(تەكنۆلۆژیا، بە داتاكردنی ژیانی مرۆڤ لەپێناو قازانجدا)

لە دوای شارستانییەتی کشتوکاڵی (هێزی خاک) و شارستانییەتی پیشەسازی (کارخانە و بەرهەمهێنان)… مرۆڤ كەوتە نێو كۆمەڵێ گۆڕانکاریی بەردەوام و گەورەی تەكنۆلۆژیا، زیرەکیی دەستکرد و تۆڕە دیجیتاڵییەکانەوە، هەموو ئەو ئامرازانە تەنها ژیانیان نەگۆڕی، بەڵکە شێوازی بیرکردنەوە و تێگەیشتنیان لە لەبارەی ناسنامەی مرۆڤ و جیهانیش گۆڕی؛ بەدیوەكەی دیكە سیستمی دیجیتاڵی بە هەڵكردنی ئاڵای کۆمەڵگای زانیاری یان (شارستانییەتی زانیاری) و لەڕێگای پۆست هیومانیزم و بیرۆکەی سایبۆرگەوە، توانی بیرۆکەی (مرۆڤ وەك ناوەندی بوون) تێكبشكێنێ و پێمان بڵێت ئێمە چووینەتە قۆناغێک کە تێیدا زیرەکیی دەستکرد، هەندێک لە (توانا فکرییەکانمان) لە ئەستۆ دەگرێت و تۆڕە دیجیتاڵییەکان بە شێوەی تۆڕێکی شل و بێ ‌سنوور ژیانمان بەڕێوە دەبات.
لە كۆمەڵگای زانیارییدا پەیوەندییەکان زۆر خێرا دەگۆڕێن، ناسنامە، زانیاری و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەكان لە گۆڕانی بەردەوامدان، بۆ نموونە: ترێندەکانی میدیای کۆمەڵایەتی زوو دروست دەبن و زوو دەفەوتێن، ناسنامەی دیجیتاڵی مرۆڤ بەردەوام دەگۆڕێت… زانیارییەكان بە خێرایی بڵاو دەبنەوە بێ ئەوەی جێگای بیرکردنەوەی قووڵ و فکریی بن، چونكە زۆرجار ئامانج كێشكردنی سەرنجەكانە، نەك بیرکردنەوەی قووڵ… تەکنۆلۆژیا دەتوانێت شێوەی دەسەڵات و کۆمەڵگا بگۆڕێت.
بیرمەندی فێمینیسمی ئەمریکی (شوشانا زوبۆف Shoshana Zuboff- لەدایكبووی 1951) پێیوایە لە سەردەمی تەكنۆلۆژیادا مرۆڤ دەبێتە ماددەی خاو بۆ سیستەمی دیجیتاڵی، چونكە سیستەمی نوێی ئابووری کۆمپانیا دیجیتاڵییەکان بەڕێوەی دەبەن، تەواوی ژیانی مرۆڤ بۆ داتا دەگۆڕن و داتاكان دەكەنە کاڵای بازاڕی… بەو مانایە کۆمپانیاکان لەلایەك دەبن بە دەسەڵاتێکی شاراوەی زانیاری و لەلایەكی دیكە زانیاری و داتاكان دەكەنە سەرچاوەیەكی سەرەکیی بنەماكانی پەیوەندیی و حەز و بازاڕ… بەكورتی سیستەمی ئابووری دیجیتاڵی لەسەر چاودێری و کۆکردنەوەی داتاكانی ژیانی مرۆڤ بۆ قازانجی بازرگانی دامەزراوە.
لە تۆڕی گەورەی ژیان، سروشت و تەكنۆلۆژیا دێتە ئاراوە و لە تۆڕی پەیوەندییە دیجیتاڵییەكان، كۆمەڵگای زانیاری دادەمەزرێت؛ لێرە لە كۆمەڵگای شارستانی جگە لەوەی مرۆڤ لەو تێگەیشتنە کۆنەی ناوەندی بوون و بوونێکی تەنیا و سەربەخۆ و جیاواز ڕزگاری دەبێت… وەک بەشێک لە تۆڕێکی گەورەی بوونەوەرەکان: ئاژەڵ، سروشت و تەكنۆلۆژیا و بە شێوەیەکی تێکەڵ، پەیوەندیدار خۆی وەك بوونەوەرە بەهێزکراوەکان دەبینێتەوە! بەمجۆرە لە كۆمەڵگای زانیارییدا مرۆڤ دەبێت بە بەشێک لە سیستەمێکی گەورەی ژیان و تەكنۆلۆژیا، نەكـ سەرکردە تایبەتمەندە بایۆلۆژیی و ئۆنتۆلۆژییەكەی جیهان!.
دواجار مرۆڤ وەک بوونێکی تێکەڵ لەگەڵ سروشت، ژینگە و تەكنۆلۆژیا، دەبێتە بەشێک لە سیستەمێکی ئەلگۆریتم (Algorithm)ی و ئەلگۆریتم وەك پلانی کارکردن دەبێت بە هێزێکی شاراوەی ڕێکخستنی ژیان، دەبێت بە ئامرازی دەسەڵات و چاودێری شارستانییەتی زانیاری دەكات و هەنگاو بە هەنگاو کێشەكان چارە دەكات و زانیارییەكان شیدەكاتەوە.
سێنسەر و ئارەزوو
تەكنۆلۆژیای دیجیتاڵی هەر تەنها ژیان بەڕێوە نابات، بەڵكە لەڕێگای ئامرازە هەستیارەكانەوە (سێنسەر-(Sensor ەوە ئارەزووەكانی مرۆڤیش بەڕێوە دەبات، چونكە ئامرازە هەستیارەكان زانیاری لەبارەی ڕەفتار و ئارەزووەكانی مرۆڤیش کۆدەکەنەوە، بۆ نموونە: مۆبایل و ساعاتی زیرەک داتای جەستەی مرۆڤ کۆدەکەنەوە، ئەپەکان شێوازی بەکارهێنان و هەڵبژاردنەکان دەناسێنن، سێنسەرەکان لە شوێنە گشتییەکاندا جوڵە و هەڵسوکەوتی خەڵک دەبینن…
بەمجۆرە سێنسەر وەک هەستەکانی مرۆڤ وایە بۆ ئامێرەکان؛ واتە وەک چۆن مرۆڤ بە چاو و گوێ هەست بە دەوروبەر دەکات، ئامرازی سێنسەریش تەواوی گۆڕانکارییە ژینگەییەکان یان شتەکانی دەوروبەر هەست پێدەکات و زانیارییانەكان بۆ سیگناڵێکی ئەلیکترۆنی یان داتا دەگۆڕێت، کە سیستەمێکی وەک کۆمپیوتەر یان ئامێرێکی تری ئەلیکترۆنی دەتوانێت تێیبگات! هەموو جۆرە جیاوازەكانی سێنسەر (سێنسەری گەرما هەست بە گەرمی دەكات، سێنسەری ڕۆناکی– ڕادەی ڕۆناکی دەپێوێت، سێنسەری جوولە- جوولەی کەس یان شت دەناسێت، سێنسەری پاڵەپەستۆی هەوا– فشاری هەوا دەپێوێت، سێنسەری دەنگ…) لەڕێگای مۆبایل و تەلەفۆنە زیرەکەکان، ئۆتۆمبێل، کامێرای چاودێری، ئامێرە زیرەکەکانی ماڵ و ئینتەرنێتەوە زانیارییەكان لە دەوروبەر وەردەگرێت و وەك داتا بە سیستەمە ئەلیکترۆنییەکانی دەبەخشێت و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیشدا ئەلگۆریتمەكان وەك هێزێکی شاراوە هەنگاو بۆ شیکردنەوەی زانیارییەكان و جێبەجێكردنیان دەنێن.
كەواتە سێنسەر ئامرازێکە بۆ هەستکردن بە دەوروبەر، بە دیوەكەی دیكە زانیاری سێنسەرەکان کاریگەری لەسەر ڕەفتار و ئارەزووی مرۆڤیش دادەنێن، ئەگەرچی ناتوانن بەتەواوی ئارەزووە ئاڵۆزەكانی مرۆڤ شیبكەنەوە! لێرەدا پرسیاری سەرەكی ئەوەیە: ئایا تەکنۆلۆژی لە خزمەت ژیان و بیرکردنەوەی مرۆڤە، یان مرۆڤ ماڵی تەكنۆلۆژیایە؟!
بێگومان لە سەردەمی ئەمڕۆدا سیستمی تەکنۆلۆژیای دیجیتاڵی بەشێکی بنەڕەتی لە ژیانی مرۆڤ پێكدەهێنێ، چونكە ئەمڕۆ ژیان لە ناو تۆڕی زانیاری و پەیوەندیی بەردەوامدا دەگوزەرێت و مرۆڤ دەتوانێت زانیاری زۆر بەدەستبهێنێت و بەخێرایی بڕیارەکانی ژیانی بدات؛ بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو خزمەتەی سیستمی دیجیتاڵی بە مرۆڤی دەبەخشێت، كەچی مرۆڤ ماندوو و هەراسانە و کەمترین کاتی بۆ بیرکردنەوەی قووڵ و ئارامی و حەسانەوە هەیە! بۆیە زۆر لە فەیلەسوفان پێیانوایە کە مرۆڤ دەبێت تواناكانی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی خۆی بپارێزێت، بۆ ئەوەی لە ناو ئەم گۆڕانکارییە دیجیتاڵانەدا خۆی نەدۆڕێنێت؛ كەواتە بەڕێوەبردنی ژیان لە سەردەمی دیجیتاڵدا پێویستی بە تێگەیشتنێکی نوێ هەیە کە تێیدا مرۆڤ بتوانێت لەنێوان سوودەکانی تەکنۆلۆژیا و پاراستنی ئازادی و هۆشیاری فکریی هاوسەنگی خۆی ڕابگرێت.

سەرمایەداریی چاودێری
چەمكی سەرمایەداری چاودێری لەلایەن (شوشانا زوبۆف)ەوە داڕێژراوە؛ بەو مانایەی كە ژیان دەکاتە کەرەستەی خاو لە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی خۆیدا، بەڵام نەك تەنها وەك مۆدێلێکی بازرگانی، بەڵکە وەك فۆرمێکی بێوێنەی دەسەڵات، کە زوبۆف ناوی دەنێت (دەسەڵاتی ئامرازی)، دەسەڵاتێكـ كە لەڕێگای کۆکردنەوەی (زیادەی ڕەفتاری) و گۆڕینی بۆ (بەرهەمی پێشبینیكراو)ه‌وه‌ کار دەکات و ئامانجی تەنها پێشبینیکردنی ڕەفتاری مرۆڤ نییە، بەڵکە دەستکاریکردن و ئاڕاستەکردنیەتی لەپێناو قازانجدا… بڕوانە سایتی ژنەفتن- سەرمایەداریی چاودێری- شیکردنه‌وه‌یه‌که‌ بۆ لۆژیکی نوێی دەسەڵات لەسەر بنەمای تێزەکانی -شوشانا زوبۆف، نووسینی د. کامەران محەمەد، 12ی ئه‌یلول، 2025.
لە سەردەمی دیجیتاڵدا زۆرێک لە پلاتفۆرمەکان و کۆمپانیاکانی وەک: گووگڵ، فەیسبووک و ئەمازۆن، داتای بەکارهێنەران (وەک گەڕان، کلیک، شوێن، کڕین، لایكـ) کۆدەکەنەوە و بەهۆی ئەلگۆریتمەكانەوە لێکۆڵینەوەی لەبارەوە دەكەن و لەوێوە پێشبینی هەڵسوکەوتی داهاتووی مرۆڤ دەكەن… لەو بارەوە (زوبۆف)ی بیرمەند پێیوایە کۆمپانیاکان تەنیا هەڵسوکەوتی مرۆڤ پێشبینی ناکەن، بەڵکە هەوڵدەدەن هەڵسوکەوتی مرۆڤ بگۆڕن بۆ ئەوەی قازانجیان زیاتر بێت.
بە هەمان شێوە یەكێك لە بیرمەندە گرنگەکانی بواری فەلسەفەی زانست و فەلسەفەی پۆست هیومانیزم، فێمینیسم (دۆنا ژان هاراوای-Donna J. Haraway- لەدایکبووی ئەمریكا 1944) دەڵێت: مرۆڤ لە سەردەمی نوێدا تەنیا بوونێکی سرووشتی نییە؛ بەڵکە تێکەڵەیەكە لەنێوان مرۆڤ، ماشین و داتاـدا، ئەوەش واتای (سایبۆرگ) دەگەیەنێت؛ لە بیرۆکەی سایبۆرگدا مرۆڤ نیمچە- مرۆڤ و نیمچە- تەکنەلۆژیایە… بەو مانایە (دۆنا هاراوای) لە تیۆرەكەیدا چەمکەکانی جەوهەرگەرایی ڕەتدەکاتەوە و لەبری ئەوە تێکەڵبوونی ئاژەڵ و ئامێر پێشنیار دەکات و پێیوایە چیدی سنوورەكانی مرۆڤ و ماشێن و تەكنۆلۆژیا جیا ناکرێتەوە؛ واتە مرۆڤ بەشێوەیەکی ڕۆژانە سایبۆرگێکی دیجیتاڵییە. بڕوانە: إبستمولوجيا السايبورج عند دۆنا هاراوای: دراسة في فلسفة العلم النسوية- وائل أحمد صبره و محمد سليم حفني- مجلة كلية الاداب بقنا العدد 60 يوليو 2023.
كەواتە ئەو خزمەتگوزارییانەی لە پلاتفۆرمەکانی گووگڵ، فەیسبووک و ئەمازۆن، كە زۆربەیان (بێ بەرانبەر) پێشکەش دەکرێن، لەڕاستیدا لەسەر بنەمای لۆژیکێکی ئابووریی شاراوە کار دەکەن، کە کاریگەریی قووڵیان لەسەر تاک و ئازادییەكان و کۆمەڵگادا هەیە، بەو مانایەش سەرمایەداریی چاودێری بەقسەی شوشانا زۆبۆف (لۆژیکێکە کە تەکنۆلۆژیا بەکار دەهێنێت و فەرمانی پێ دەکات)، نەک خودی تەکنەلۆژیا بێت! ئەمە خاڵێکی سەرەکییە، چونکە کۆمپانیاکانی چاودێری دەیانەوێت وامان لێبکەن باوەڕ بکەین، کە کارەکانیان حەتمییەتی تەکنەلۆژیاکەن؛ بەڵام نووسەر جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە (حەتمییەتی تەکنەلۆژیایی بوونی نییە) و تەکنەلۆژیا هەمیشە ئامرازێکی ئابوورییە و لە لایەن ئامانجە ئابوورییەکانەوە ئاراستە دەکرێت.
بە كورتی ئەگەر سەرمایەداریی کلاسیکی كاری لەسەر بەرهەمهێنانی کاڵا و خزمەتگوزاری كردبێ، ئەوە سەرمایەداریی چاودێری لەسەر بنەمای گۆڕینی داتای کەسی بۆ کاڵا دامەزراوە؛ بۆیە تاکەکان تەنها وەک بەکاربەر سەیر ناکات، بەڵکە وەک سەرچاوەی داتا دەیانبینێت، کە تێیدا وردترین زانیارییەکانی ژیانیان بۆ سەرچاوەیەکی قازانجبەخش بۆ کۆمپانیا زەبەلاحەکان دەگۆڕدرێت. بڕوانە: ه.س.پ.

ئەلگۆریتم و ئارەزوو
سیستمی تەكنۆلۆژیای دیجیتاڵی بەهۆی ئەلگۆریتمەوە، هەوڵدەدات بزانێت تۆ حەزت لە چییە، چی دەکڕیت، چ کاتێ… پاشان هەموو ئەم حەز و ئارەزووانە بۆ ڕیكلامەكانی زیاد دەكات و بازاڕەكان دەستنیشان دەكات… بەمجۆرە هەڵسوکەوتی مرۆڤ دەبێتە سەرچاوەی داتا بۆ قازانجی بازاڕ و بازاڕكردن، حەز و ئارەزووە کەسییەکان دەبنە سەرچاوەی دەرهێنان، لەبەرانبەردا ئازادی و سەربەخۆییی تاكەكانی مرۆڤ دەبنە زیانی لاوەکی.
پرسیاری سەرەكی ئەوەیە: ئایا ناچارین ژیانمان ڕادەست بکەین، بۆ ئەوەی بتوانین بەشداری لە کۆمەڵگای مۆدێرندا بکەین؟! هەڵبەتە، چونكە ئەمڕۆ مرۆڤ وەك که‌ره‌سته‌ی خاو (کردارەکان، هەستەکان، پەیوەندییەکان، جووڵە و چالاکییەكانی ئۆنلاین)ن! بەمجۆرە سیستمی تەكنۆلۆژیای دیجیتاڵی لەڕێگای پلانی كاركردنی ئەلگۆریتمەكانییەوە بە شێوەیەکی نیمچه‌ نەبینراو و ڕێکخراو کار بۆ گەیشتن بە ئەنجامێکی دیاریکراو دەکات، ئەمەش وا لە بەکارهێنەرانی دەکات هەست بە ئارامییەکی درۆزنانە بکەن، بێ ئەوەی ئاگاداری ئەو ئاستە بەرفراوانەی چاودێری بن، کە بە شێوەیەکی نەرم بەڕێوەیان دەبات! ئەو میکانیزمە نەرمە وا دەکات ڕەفتاری تاکەکان زۆر بە ئاسانی بەهۆی ئەلگۆریتمەوە پێشبینی بکرێت و ببێتە سەرچاوەی قازانجی گەورە بۆ کۆمپانیاکان.
ئارەزووەكانی مرۆڤ زۆر ئاڵۆزن، واتە نە تەواو ڕوونن و نە بە ئاسانی پێشبینی دەکرێن و نە بە تەواوی دەژمێردرێن… بەڵام لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا ئەلگۆریتمەکان بەردەوام هەوڵدەدەن ئەو هەموو ئاڵۆزییە بۆ داتا بگۆڕن، جگە لەوە لە سەردەمی سۆشیاڵ میدیا، ئەلگۆریتم تەنیا ئارەزوو نابینێت، بەڵکە هەندێ جار دروستی دەکاتەوە، بۆ نموونە: دوگمەی (لایک Like) لە فەیسبووکدا نموونەی ئامرازی کۆکردنەوەی داتایە، کە لە ڕواڵەتدا بێ زیان دەردەکەوێت! بەڵام ئەم دوگمەیە لە ڕاستیدا یارمەتیی فەیسبووک دەدات بۆ شیکردنەوەی ئارەزوو، هەست و کارلێکەکانی بەکارهێنەران، کە دەبێتە هۆی دروستکردنی بنکەی داتای زەبەلاح و بەکارهێنانی بۆ پێشبینیکردنی ڕیکلامی ئاڕاستەکراو و تایبەت و ئاڕاستەكردنی مرۆڤ بۆ بازاڕیكردن… بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا مرۆڤ هەمیشە لەگەڵ ئارەزووی ئاڵۆز و ناپێشبینیکراو دەمێنێتەوە.
15/3/2026 هەولێر




(ژیان كورتە) مرۆڤ دوژمنی ڕاستییە، نەك درۆكان.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

مەرگەسات لە کورتی ژیاندا نییە، بەڵکە لە پرۆسیسەنەكردنی هونەری پێكەوەژیان و هاوگونجاندایە؛ هونەری پێكەوەژیان و هاوگونجان لە جیاوازی، پێش یەكسانییدایە؛ لە دووبارەبوونەوە، بەبێ هاوشێوەیی؛ لە بەردەوامی گۆڕان و سەیرورە و لە بیركردنەوە لەنێو ژیاندا، لە هونەری دژایەتی نوێنەرایەتیكردندایە… گرنگ ئەوە نییە كە گوتەزای ژیان كورتە بۆ (سێنێكا) و ژیان كورتە هونەر درێژە بۆ(هیپۆكرات) یان ڕەگ و ڕیشەی ئەو بیرۆكەیە لە فەلسەفەی كۆندا بدۆزینەوە… گرنگ ئەوەیە كە هیچ شتێک لە دەرەوەی مرۆڤدا نییە، لە دەرەوەی پرۆسیسەكردنی هونەری پێكەوەژیان و هاوگونجاندا نییە. مرۆڤ هەمان ئەو بوونەیە کە هەموو شتێک لەناویدایە، بەڵام تێگەیشتن بەپێی پێویستییەکانە نەک شکاندنیان؛ ژیان كورتە، بەڵام جوانی مانای قووڵی هەیە!
ژیان هەموو بوونە، بەشێکە لە ئاشكرایی خۆمان، هەستی پڕ سۆزی مرۆڤانەیە لە بوون بە بوون. ناشێ بەبێ مرۆڤ ژیان هەبێت، ژیان جوولەی جوانی و پڕۆسەی خۆبوونەوەی مرۆڤە. ژیان كورتە ساتەوەختێكی هونەرییە، ڕەگەتۆڕ (ڕیزۆم)ە هەوڵ دەدات (مرۆڤی ئارەزوو) بۆ ئەزموونکردنی بەرزترین ئاستی تاسەكردن بەرێت؛ هەموو شتێك شی بکاتەوە: چێژ، کار، بەكاربردن، پەیوەندییەکان، هونەر، تەنانەت ئازار و ناخۆشی…
ئێمە کاتێک ئارەزوو دەکەین، ئارەزووی شتانێک ناکەین هەمانن، بەڵكە ئارەزووی شتێک دەکەین کە نیمانە! لێرەدا چركەساتی تاسەی ژیان كورتە، ڕەگەتۆڕێكی پەرش و بڵاوە و بەپێچەوانەی درەخت پنتێکی دیارییکراوی نییە، بەو مانایە نییە كە مرۆڤ بە بوون قایلە یان قایل نییە؛ بەڵکە هەوڵ دەدات تاسەی ئەگەری كراوەی ژیان چڕ بکاتەوە، واتە دیاری نەكردنی ئەزموونەکان و بەرزکردنەوەی چڕیی ئەگەرە جیاوازەكان، تاوەکو ژیان بۆ هەستکردن بە جوانی ژیان بێ! لێرەوە پرسیار ئەوەیە ئایا پەیوەندی ڕەگەتۆڕی (دۆلۆزی و فیلێکس گواتاری) سەرچاوەی ئازارە یان چارە؟! دۆلۆز لە گفتوگۆ لەگەڵ ئارنو ڤیللانی دەڵێت: من بێز لە هەموو گلەیی و گازاندەیەک لە ژیان دەکەمەوە، بێز لە هەموو کلتوورێکی تراژیدی، واتە بێز لە هەموو دەروونپەرێشییەک دەکەمەوە.

بەشانۆکردنی ناتەواویی
وەك چۆن مرۆڤی دیجیتاڵی چەمکی (چڕکردنەوە)ی ژیان (زێدەژیان) و (ئەرێنی) وەك پڕۆژەیەک لە کاتدا دروست دەکاتەوە؛ مرۆڤی ئارەزووش ئەگەرەكانی خۆبوون و داهێنان و كرانەوە لە جیاوازی، پێش یەكسانی دروست دەکاتەوە. ئەگەر پێ لە ڕەسەنایەتیی چەمکی ئەگەرە جیاوازەكان سەبارەت بە مرۆڤی ئارەزوو و مرۆڤی دیجیتاڵی بنێین، یاخود پێی لێ نەنێین، ناچارین ددان بەوەدا بنێین كە هەمیشە ئەگەرە جیاوازەكانی تەكنۆلۆژیای دیجیتاڵی و ئەگەرە جیاوازەكانی خۆبوون و داهێنان، كۆمەڵێ ئەگەری پەیوەست و كراوەن؛ ئەوەش یەکەمین ڕاستیی بەڵگەنەویستە، ڕاستییەک کە کاریگەریی دڵنیایی (کۆجیتۆی درەخت)ی دیکارتی بەرانبەر (ڕەگەتۆڕی دۆلۆزی و گواتاری) پووچەڵدەکاتەوە و جەوهەری مرۆڤی بوێری دیجیتاڵی و مرۆڤی سەركێشی داهێنەر، لە دابڕانە مەعریفییە جیاوازەکانی (ئامرازی کات و ترێند/ كردەی كات و داهێنان)ەوە دەدۆزێنەوە؛ بەو مانایەش هێشتنەوەی ئارەزووەكان، دەرکەوتنی ئارەزووەكان چیدیكە تەنها لەڕێگای بەشانۆکردنیان لەشێوەی خەون یاخود خەیاڵ یاخود ئەفسانە و … هتددا نییە، بەڵكە ساتەوەختێكی سەركێشانەی سەیرورەی داهێنان و بوێرانەی دووبارەکردنەوەی ترێندی تەكنۆلۆژیایە، دەتوانرێت سەیرورەی داهێنان و دووبارەکردنەوەی ترێندی دیجیتاڵی لە هونەری جوانییدا گوزارشتیان لێبکرێت!
چیدی ئارەزووە چەپێنراوەكان، لە خەونی فرۆیدی بەدی ناهێنرێت؛ بەو مانایەش هەر لە فرۆیدەوە تا لاکان (کە تیۆرییەکی تایبەتمەندی داڕشت) تا میلانی کلاین… كە تێکڕایی بەشدارییەکانیان پەیوەستە بە چەمکی ئارەزووەوە، لە تامەزرۆییەک بۆ دەستلەملانێی تاریکیی لەگەڵ جەستەی دایکدا زیاتر نین، زیاتریش نابینن… بڕوانە كتێبی: ئارەزوو و فەلسەفە- سەرەتایەک بۆ خوێندنەوەی دۆلۆز و گواتاری- نووسینی: محەمەد ئایت حەننا، وەرگێڕانی: سامان عەلی، پێداچوونەوەی: شوان ئەحمەد… لێرەوە دۆلۆز دەڵێ جێی خۆیەتی ئەوە وەبیربهێنینەوە کە دۆزینەوەی نەست لای فرۆید، پەیوەندییەکی تووندوتۆڵی بە پرسی شانۆ و پرسی بوونی سەکۆکەی ترەوە هەبووە، ئەو سەکۆیەی کە دەروونشیکاریی ئەرکی پەیبردن بە ڕاز و نهێنییەکانی و دەرخستنی ئەوەی کە لە سەری دەستنیشان دەبێت، لە ئەستۆی خۆی گرت. وەك چۆن لە تەكنۆلۆژیا و دووبارەکردنەوە ترێندی دیجیتاڵدا دەشێ بڵێین ئەرکی پەیبردن بە خێراترین و زۆرترین زانیاری ئەرێنی و جوانی و نەرمی هەستبزوێن… جگە لە زۆرترین بڵاوبوونەوە هیچیتر نیین.
داهێنان و سەیرورە، ئەو نەستەی دۆلۆز و گواتاری دایانڕشتووە، (بوون بە) و نەستێکی بەرهەمهێنە… دووبارە سەبارەت بە ئەگەرە جیاواز و كراوەكانی ژیان كورتە و هونەر درێژە، كـتێبە بەناوبانگەكەی (تريستان غارسيا -الحياة المكثفة- ترجمة: صلاح بن عياد) ڕۆناكی دەخاتە سەر بەشێك لەو چەمكانەی كە تێیدا ژیان دەبێتە پێشبڕکێیەکی خێرا بەرەو ئەزموون و هەست و سۆزی زێتر و زێتر و ئەگەری دیكەی كراوە و جیاواز، بەڵام پێش یەكسانی و دووبارەبوونەوەی هاوشێوە (كۆپیكردنەوە) و زانیاری كۆكراوە و كۆگاكراو…
لەو كتێبەدا تریستان گارسیا (چڕکردنەوە) بە ئارەزووی بەهێزتر و پڕترکردنی ئەزموون پێناسە دەکات، چونكە ئامانج تەنها ژیانکردن نییە، بەڵكە زێدەژیانە، ژیانێکی جوانتر، دووبارەبوونەوە بەبێ هاوشێوەیی… هەموو ئەو چەمكانە بیركردنەوەی مرۆڤ لە گەڕان بەدوای واتادا بۆ گەڕان بەدوای چڕییدا دەگۆڕێت! بۆیە ئەمڕۆ مرۆڤی مۆدێرن سەركێش و بوێرانەتر ئایدیاكانی خۆی لەبارەی زێدەییەكان و بەكاربردن و ئەرێنی و… لەبارەی خەمی کات و جوانی و ئەزموون و نەرێنی دەردەبڕێت.
كەواتە ژیان كورتە، پەیوەندی بە خێراتربوونی کاتی گۆڕانكارییەكانی سەردەمەوە هەیە: تەكنۆلۆژیا، ڕاگەیاندن، و شێوازەکانی بەکاربردن و زێدەییەكان… هەموو ئەوانە ژیانێکی خێرا بەسەر مرۆڤدا دەسەپێنن و پاڵی پێوە دەنێن بۆ ئەزموونکردنی زۆرترین ژمارەی ساتەکان. بەم شێوەیە ژیان دەبێتە کۆکردنەوەی ئەزموونە سەركێشەکانی هونەری جوانی داهێنان و کۆکردنەوەی خێرای بوێرییەكانی هونەری جوانی هاشتاگ و ترێند… لەوەی بونیادێکی یەکگرتوو بێت بۆ ناسنامە. بە كورتی ژیان دەبێتە کۆکردنەوەی زێدەییەكان… هەمیشە مرۆڤ دوژمنی ڕاستییە نەك درۆكان! ژیان كورتە، ناچارنیین لە درۆكاندا بمرن؛ كات كورتە، پێویستە بە هۆشیارییەوە بژیین.

شتێكـ كە نەمكوژی بەهێزترم دەكات. (نیچە)
نەست ماشێنی ئارەزووە، ماشێنێکە لەڕێگای دروستکردنی بڕێک ڕێکخستن و ڕیزبەندیی دیاریکراو لەگەڵ هەندێک ماشێنی تردا ئارەزوو بەرهەمدەهێنێت (ڕەنگە من و ئەندامەكانی جەستەی من لە پشتەوە بە نهێنی ڕێك بكەوین.) كەواتە ئەگەرەكان بەرمەبنای میتۆدێکی جیاواز دادەمەزرێن کە میتۆدی (نەخشە)یە، لەنێوان نەخشە و ڕەگەتۆڕدا، بڕێک پەیوەندیی دۆستانە هەن، چونکە نەخشە هەموو نموونە یاخود شێوەیەکی ئامادە ڕەتدەكاتەوە کە کۆپی دەکرێت و بە چەشنێکی ناکۆتا بەرهەمدەهێنێتەوە. ڕەنگە پەیوەندی دۆستانەی نەخشە و ڕەگەتۆڕ هەمان دۆستایەتیی بێت کە (کۆپی) و (درەخت) پێکەوە کۆدەکاتەوە. ئەمەش لەو ڕووەوە کە هەمیشە (کۆپی) وەك (درەخت) بۆ یەک ڕەگمان دەگەڕێنێتەوە، ئەو شیزۆشیكارییە دۆلۆزییە وشەکانی: هەماهەنگکردن، ڕێکخستن، ڕەگەتۆڕ، نەخشە، جۆگەی دەربازبوون… تەنها وەك شییان و توانای واتا و بۆشایی نیشان نادەن؛ بەڵكە وەك كۆمەڵێ ئەگەری جیاواز و كراوە نیشانیان دەدەن كە دەشێ هەر کەسە بە بونیادی تایبەتی خۆی پڕیبکاتەوە.
(شتێكـ كە نەمكوژی بەهێزترم دەكات) ئەو چڕکردنەوەیە، ئەو دژایەتی نوێنەرایەتیكردنە هەستێکی ئازادی و کرانەوە بە مرۆڤ دەبەخشێت، بەڵام وابەستەییەکی شاراوەش دروست دەکات: تاک هەمیشە داوای لێ دەکرێت کە بە شێوەیەکی (زێتر) بژی، وەک ئەوەی ئارامی و هێواشی بەهاکانیان لەدەست دابێت. لێرەدا ناکۆکییەک دەردەکەوێت: زێدەئازادی دەگۆڕێت بۆ گوشارێکی قورس، ئەو گوشارەی كە نیچە لەبارەیانەوە دەڵێ مایەی ناسینی خودن. بە مانایەكی دیكە ئەگەرچی چەمکی (شیزۆشیکاریی دۆلۆزی) بە گەرمی پێشوازیی لە ئەزموونی شیزۆفرینی دەکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گوزارشت لە خواستێکی ئانارشیستانەی هاوشێوەی ئەو خواستانە ناکات کە بانگەشە و داوای شکاندنی هەموو ڕێساکان و چوونە ئامێزی ئەزموونی دێوانەیین.
كەواتە بۆ ئەوەی مرۆڤ بە زیندوویی بمێنیتەوە زێدەییەكان و فشار گرنگە… فرۆید و برۆیەر بۆ چارەسەری نەخۆشەكانیان هەوڵی ئەوەیاندەدا كە فشاری سەر نەخۆشەكان لەڕێگای (خەوتنی موگناتیسی) یان (بەقسەهێنانی ئازاد) كەم بكەنەوە. بەڵام نیچە بۆ بەردەوامی گۆڕان و سەیرورە پێچەوانەكەی بەرجەستە كرد؛ سەیرورەی داهێنان بە زێدەییەكان ناپێورێت، بە گۆڕانی فشارەكانەوە بەندە.

چڕکردنەوەی هەستەکان
زێدەییەكان، فشارەكان فەرمانڕەوایی مرۆڤ دەكەن، یان پیری شێتی دەكات؟! لەگەڵ هەموو ئەوانەدا لە كۆتاییدا مرۆڤ عەشقی حەز و ئارەزووەكانی خۆیەتی، حەز و ئارەزووییەك کە بەدەستی نەهێناوە، بۆیە بیر لە زێدەییەكان، چڕکردنەوەی هەستەکان و فشارەكان، بیر لە زێدەخۆشەویستیی بۆ ئازار دەكاتەوە، بیر لە هاوڕێیەتی ڤیساگۆرسی دەكاتەوە، چونكە عەشقی حەز و ئارەزووە بەدینەهاتووەكانی خۆیەتی، بەدوای هارمۆنییەتی ژیانەوەیە.
بیر لە هاوڕێیەتی ڤیساگۆرسی لە یەكبوونی ڕۆح و هاوسەنگی و هاوبەشبوون دەكاتەوە، یان پەیوەندییەکی چڕ و كراوە و جیاواز، هاوسەنگی ئارەزووەكانی، هاوسەنگی بەختیاری و ئازادی، پیری و زێدەژیان، هاوسەنگی ڕابردوو- زەمەنێ كە نابێ لێی دوور بین و زەمەنێك كە لە ئازیزترین كەسەكانی خۆمان ڕادەكەین… هەموو ئەوانە دەشێ دۆزینەوەی بوارێک بێ لە لۆژیکێكی كراوە، لۆژیكی چڕکردنەوەی هەستەكان، لۆژیكی دژایەتی نوێنەرایەتیكردن، هەست و سۆزە مرۆییە سەرەکییەکان: هاوژیانی و یەكتر قبووڵكردن و جیاوازی و خۆشەویستی… چڕكردنەوەی هەستەكان چیتر تەنها پەیوەندییە سنووردارەكان نین، بەڵکە تاقیکردنەوەی ئەگەرە كراوەكانی ژیان لووتکەی جوانی ژیانە. ژیان كورتە، هەمیشە مرۆڤ لە سەركێشی و بوێرییەكی بەردەوامدا دەهێڵێتەوە، چونکە ناتوانێت لە دەرەوەی ماشێنەکانی ئارەزوو/ ماشێنە بەرهەمهێنەکان بە درەختی دیكارتی و ڕەگەتۆڕی دۆلۆزی و گواتاری و بنبەستبوونی میتافیزیكی یان ساویلكەیی قایل بین.
کەواتە ژیان داهێنانی جوانییە، چیدیكە نە مرۆڤ و نە سروشت ماوە؛ بەڵكە تەنها ڕەوتێک ماوە یەکێکیان لەناو ئەویتریاندا جوانی بەرهەمدەهێنێتەوە و ماشێنەکانیان ئاوێتە دەکات. لە ڕاستیدا ژیان تەنها وەکو ڕەوتێکی بەرهەمهێنان واتە: بەرهەمهێنان/دابەشکردن/بەکاربردن دەگوزەرێت. تریستان گارسیا لە كتێبەكەیدا (ژیانی چڕ: خەمی مرۆڤی مۆدێرن) پرسیارێکی بوونیی قووڵ دەوروژێنێت: ئایا مرۆڤ دەتوانێت لەم خەمە ڕزگاری بێت بەبێ ئەوەی هەست بە بەتاڵی و تەنیایی بکات؟!
ژیان كورتە، ڕستەیەكی چڕە لە هونەرەكەی هیپۆكراتدا زێدەییەكان دەگرێ. دیارترین تایبەتمەندییەکانی مرۆڤی مۆدێرن هونەری جوانیی و جوانی هونەرییە. بەو مانایەی كە خەمی چڕکردنەوەی بوون و ئەزموونکردنی داهێنان بەرزترین ئاستی ژیان دەنەخشێنێت؛ وەك چۆن ناکۆکییەکی سەرەکی دەوروژێنێت: زێدەییەكان، بەكاربردن، ئەرێنی و ژیانی بێ حەسانەوە… ژیان كورتە، ڕێگا بۆ پرسیارکردنی هونەری جۆراوجۆر دەخاتەڕوو، لەوانەش: ئایا مرۆڤ دەتوانێت هاوسەنگییەک لەنێوان دەوڵەمەندیی ئەزموون و ئارامیی بووندا بدۆزێتەوە؟.

هەولێر 23/1/2026
عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا




ترێند/ داهێنان (پێشكەوتن، لە سەركێشی و بوێرییدایە).. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

(ترێند) توانا و جوولەی گشتی بیركردنەوە و هەڵسوکەوت، یان سەرگەرمی و تێڕوانینی هاوبەشی نێو كۆمەڵگا، وەک فۆرمێك لە فۆرمەكانی ئازادی بەرز دەنرخێنێ. خێرایی و دووبارەبوونەوەی ترێند لەلایەك زمان و ئازادی وەک بەرپرسیارییەتی و بوێری بەرجەستە دەكات، لەلایەكی دیكە جیاوازی زمانیی داهێنانی تاکی سەركێش پەردەپۆش دەكات؟!.
بۆ بەدواداچوونی توانای ترێند كە بوێری لەخۆدا هەڵگرتووە و سەركێشی داهێنان كە چەمكی دەستپێشخەری دەنوێنێ، هەوڵدەدەم خوێندنەوەیەكی گشتی بۆ زمان لەڕێگای (ئازادی/ بەرپرسیارییەتی) و (ئازادی/ داهێنان) بكەم و خوێندنەوەیەكی تایبەت بۆ (جیاوازی زمانیی تاكی سەركێش) بكەم و لەڕێگای چەمكی جیاوازییەوە بڵێم: ئەگەرچی لەڕووییەك لەڕووەكان چیرۆكی بەرپرسیارییەتی سەردەم و خێرایی و دووبارەبوونەوەی ترێند (وەک هاوبەشی پێویستی كۆمەڵگا و توانای بوێری و هێزی میدیا و هەست و ئارەزووی مرۆڤ لە كاتە دیاریكراوەكاندا) زمانی هاوبەشی سەردەم دەپارێزێت؛ لەڕوویەكی دیكەوە (وەک یەکێک لە گرنگترین و قووڵترین پانتاییەكانی ئازادی كە هۆشیاریی ڕەخنەیی زمانی تاکی سەركێش و دەستپێشخەری هەڵگرتووە و کاریگەری قووڵی لە گۆڕانكارییەكاندا هەیە) جیاوازی داهێنان پەراوێز دەخات!.
بە كورتی (خێرایی ترێند) بە قووڵی بیر لە سەركێشی و هەنگاو هەڵگرتن و سەیرورەی گۆڕانكارییەكان ناكاتەوە، بەقەد ئەوەی بیر لە تواناى ڕووبەڕووبوونەوەی (ترسی لەدەستچوون) دەكات؛ بەقەد ئەوەی هەوڵی سەرگەرمی كاتی دەدات، ڕاكێشانی سەرنجی گشتی (چیڕۆكی بەرپرسیارێتی) وەک هێزی میدیا و تەكنۆلۆژیا لە بازاڕی ئەخلاقدا چەشنی (داهێنان) برەو پێبدات؛ بەڵام لەبەرانبەردا (هەنگاو هەڵگرتن بەرەو داهێنان) لەگەڵ گرفتە ناكۆتاییەكانی (ئازادی و جیاوازی و زمان)دا دەژی و بە قووڵی بیر لە سەیرورە و گۆڕان دەكاتەوە.
كەواتە زمانی داهێنان (وەک كردە) و بەکارهێنانی ترێند (وەک ئامراز)، یان لە خاڵی جیاوازی نێوان سەركێشی و بوێرییدا دەشێ (ئازادی زمانی جیاواز و هەنگاو هەڵگرتن بەرەو داهێنان) كۆی ئەو ڕوونکردنەوە و ڕێکخستنە نمایشخوازانەی ترێند و سەرگەرمی تێپەڕێنێ… چونكە هەمیشە داهێنان و جیاوازی شێوازێکی نوێ بۆ كردەی ئازادی زمان دەدۆزێتەوە، بەبێ ئەوەی پشت بە شێوەخوازی ڕاكێشانی سەرنجی گشتی و هاوبەشیکردن، هێزی سەرگەرمی، لایک، کۆمێنت ببەستبێت. وەک چۆن (خێرایی و توانای ترێند و ئامرازی تەكنۆلۆژی) شێوازێکی نوێ بۆ خۆنمایشكردن و چیڕۆكی بەرپرسیارێتی وەک دەرئەنجامی هاوبەشی پێویستی كۆمەڵگا، هێزی میدیا و هەست و ئارەزووی مرۆڤ لە كاتێكی دیاریكراودا دەدۆزێتەوە!.
هەڵبەتە گرفتە ناكۆتاییەكانی ئازادی زمان، لە بوێری و سەركێشی ترێند و داهێنانەوەیە؛ بەڵام یەکێک لە بنەڕە‌تترین سەركێشییەكانی ئازادی زمان جیاوازییە، نەك چیرۆكی بەرپرسیارێتی؛ جیاوازی هەمیشە تێگەیشتنێکی نوێیە بۆ دیتنی گرفتە ناكۆتاییەكانی تاك و زمان. بەو مانایە داهێنان تەنها کۆمەڵێک فۆرمی خێرا و كاتی بڵاوبوونەوەی سەردەم نییە، وەک چۆن زمان تەنها کۆمەڵێک وشە یان دەق نییە کە واتایەكی بەرپرسیارانە و ڕێكخراوی ترێندخوازی هەبێت؛ بەڵكە داهێنانی زمانیی تاکی سەركێش، گەڕانەوەیە بۆ ئازادی ئازادی… ئازادی داهێنان جیاوازییە. بوێری و سەركێشی زمانی داهێنانە و یەكێك لە ڕەگەزەكانی ئازادی بوێریی و سەركێشی زمانە، بەو مانایە پێشكەوتنی زمان هەم ناوەکییە و هەم دەرەكییە!.
بەڵام بڵاوبوونەوە و دووبارەبوونەوەی ترێند درووستكراوی تاک نییە؛ بەڵكە لە هێزی هاوبەشی كۆمەڵگا و میدیا و تەكنۆلۆژیای سەردەمدایە… هەموو ئەم تێگەیشتنە جیاوازانەش لەو بیركردنەوانەن كە توانای ترێند (خێرایی بڵاوبوونەوە) و مێژووی زمان (بەردەوامی) وەک (ئارەزووی پێشكەوتن) پرۆسیسەی دەكەن؛ بەڵام هەمیشە (جیاوازی زمانیی تاکی داهێنەر) دەیەوێت بیرۆکەی ترێندی تەكنۆلۆژی و بیرۆكەی بەردەوامی مێژوویی لە سەیرورەدا تێپەڕێنێ؛ دەیەوێت لەجیاتی ڕووبەڕووبوونەوەی ترسی لەدەستچوون و لەجیاتی چیرۆكی بەرپرسیارییەتی… هەمیشە (قووڵی مەعریفی) و (دابڕانی مێژوویی) پەرە پیبدات.
بەمجۆرە (جیاوازی زمانیی تاکی سەركێش) لەڕووی ڕەخنەییەوە توانیووییە مێژووی زمان لە چوارچێوەی مێتۆدەكانی بەردەوامی و بەرپرسیارییەتی ئاڕاستەكراو و دووبارەبوونەوە ڕزگار بکات؛ جیاوازی زمانیی تاکی داهێنەر هەمیشە بەدوای بوێری- سەركێشی و ئازادییەكانی داهێنان و سەیرورەی مەعریفەی جیاوازەوەیە؛ هەمیشە لە وێنە باوەكە و خێرایی بڵاوبوونەوەی تەكنۆلۆژی سەردەم، دوور دەكەوێتەوە… جیاوازی داهێنان بەجێی ئەوەی پێشنیاری بەرپرسیارییەتی و نمایشخوازی بکات… پێیوایە دەبێ دەق و زمان لەسەر ئازادی جیاوازییەكان و سەركێشی تاک و هەنگاو هەڵگرتن بەرەو داهێنان ڕابێتەوە، هەمیشە خۆی پێوەری ساتەوەختی جیاوازیی خۆی بێت، نەک وەک ئاوێنە ڕەنگدانەوەی بیرۆکەی چەپێنراوی زمان و چەپێنراوی ناوەوەی تاک بێت، نەك خۆی لە پێویستی كۆمەڵایەتی و هێزی میدیا و سەرگەرمی و تەكنۆلۆژیای سەردەمدا بدۆزێتەوە؟!
لێرەدا سەیرورەی جیاوازیی و تاکخوازی دەبێتە خاڵی لاوازی بەرپرسیارییەتی و بەكاربردنی زمانی هاوبەش، چیرۆكی بەرپرسیارییەتی و تەكنۆلۆژیای بەكاربردن بەوە تۆمەتبار دەكات کە فۆرمخوازی سەردەم یان ترێند (هۆشیاری گشتی) لە خۆنماییكردن زێتر شتێكی دیكە نییە… بەمجۆرەش بازاڕی خۆنماییكردن چەمكی جیاوازی زمانیی تاکی سەركێش دەخاتە چوارچێوەی ناپاكییەوە، هەمیشە عەقڵییەتی باو، هۆشیاری گشتی، چیرۆكی بەرپرسیارییەتی … چەمكی جیاوازی و تاکخوازی پەراوێز و سەركوت دەكات! دەمەوێ بڵێم هەندێک جار (دەسەڵاتی زاڵ) جیاوازی و تاکخوازی وەھا پیشان دەدات، کە پێشێلكردنی پێشكەوتن و بەرپرسیارییەتییە؛ بەو مانایەش ڕامانی قووڵ لەبەرانبەر خێرایی بڵاوبوونەوە، داهێنان لەبەرانبەر سەرگەرمی، نەرێنی لەبەرانبەر ئەرێنی… بە شێواندنی ئاسایش و ئازادی لێكدەداتەوە؛ ئەگەرچی كردەی جیاوازی زمانیی تاکی سەركێش لە هەنگاو هەڵگرتن بەرەو داهێناندا هەمیشە چەمكی بەرپرسیاریەتی و ترێند وەک ئامراز دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
خاڵێکی دیکەی نەرێنی و هۆشیاری ڕەخنەیی ئەوەیە كە زمان و شێوازی نووسینی جیاواز نامۆیی دەخاتەوە؛ بێگومان زمانی نامۆ و جیاواز هاوشێوەی ژیانی خەڵك نییە، بەڵام هەڵبژاردنی مرۆڤەكان دەگۆڕێ؛ هەندێک جاریش ناكۆكی تاکگەرایی دەخاتەوە (تۆ لە یەك كاتدا ئازادی و بەرپرسیارییەتی وەک دوو بیرۆكەی دژ بەیەك هەڵدەگریت، دەشزانی هەردووكیان وەک ئەرێنی و نەرێنی یەك ئەوی دی لاواز دەكات، لەگەڵ ئەوەشدا باوەڕ بە هەردووكیان دەكەیت و لۆژیكی دژ بە لۆژیك بەكار دەهێنیت.) ئەمە وای کردووە چەمكی جیاوازی سەر بە ئازادی بێ و چەمكی سەرگەرمی سەر بە توانای ترێند، چەمكی داهێنان سەر بە بوێری و سەركێشی بێ و چەمكی بەرپرسیارێتی سەر بە تێڕوانینی هاوبەشی نێو كۆمەڵگا، بە پێچەوانەشەوە ڕاستە…هەر بەو مانایە پێشكەوتن لە جیاوازییدایە.
لەڕووی ناوەڕۆکیشەوە، پرسیاری گرنگ ئەوەیە: ئایا (جێ پەنجەی نامۆیی- جێ پەنجەی نەرێنی) لە وێنەی خێرای ترێنددا- لە وێنەی بەربڵاوی ئەرێنییدا بەشێوەیەکی تەواو پێشکەش کراوە؟! چەمكی پێشكەوتن لە جیاوازییدایە و هەوڵدەدات ڕوونی بکاتەوە کە ئازادی سنووری دیاریکراوی نییە؛ ئەمەش هۆکاری ئەوە بوو کە جیاوازی لە قۆناغی دواتردا بەرەو بەرپرسیارێتی بگوازێتەوە و بە جۆرێكی دیكە گرنگی بە پەیوەندی نێوان قووڵایی و خێرایی بدات! بێگومان لە هەموو ئەم ڕەخنانەشدا، ناتوانرێت گرنگی و کاریگەری زمانی جیاواز لەبەرانبەر ئازادی، سەركێشی لەبەرانبەر داهێنان، نەرێنی لەبەرانبەر ئەرێنی… بچووک بکرێتەوە؛ چونكە ئەوە سەیرورەی جیاوازییە ڕێگایەکی نوێی کردۆتەوە بۆ تێگەیشتن لە ئازادی زمان و سەركێشییەكانی تاکی داهێنەر و ڕەخنەكارییەوە، ئەگەرچی زۆر جار زمانی جیاواز و سەركێشییەكان و ڕەخنەكاریی بۆ شێواندنی ڕەهەندەکانی ئاسایش و ئازادی بەکارهاتووە؟!.
قسەی کۆتایی ئەوەیە: جیاوازی زمانیی تاکی سەركێش، تێگەیشتنێكە هەم توانای ڕووبەڕووبوونەوەی هەیە و هەم دەستپێشخەری و هەنگاو هەڵگرتن بەرەو داهێنان- سەیرورە. سەیرورەی داهێنان لە دەستپێشخەری و هەنگاو هەڵگرتندا گوزارشت لە ئازادی و بیرکردنەوەی قووڵ و زمانی تاکی جیاوازدا دەكات. لەوێوە ڕەخنەی تووند لە جوولەی گشتیی بیركردنەوە، هەڵسوکەوت یان تێڕوانینی باوی نێو كۆمەڵگا و چیرۆكی بەرپرسیارییەتی و توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ترسی ناوەكی دەگرێت!. ترسی ناوەكی لەوەدایە كە لەپێناو داهێنان و چركەساتە دەرەكییەكاندا مانای ئازادی و ئاسایش و بەرپرسیارییەتی ناوەكی کەمڕەنگ دەکات؛ بەڵام لە کۆی گشتیدا (هەنگاو هەڵگرتن بەرەو داهێنان و جیاوازی) بە یەکێک لە بنەماترین تێگەیشتنەكانی ئازادی و پێشكەوتن و گۆڕانکارییەكانی سەردەم دەژمێردرێت.

عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا
هەولێر 5/1/2026




لە ستایشی (بێدەنگیی)دا (شیعری –کچێک-ی سەلام عومەر بە نموونە).. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

(كچێك)
جیرانەکەمان کچێکی جوانی هەیە
لە خوێندن دەریان هێناوە
مۆبایلی نییەو
ناشتوانێ بێتە بەر دەرگا
بەڵام
کە بابی دەچێتە مزگەوت
لە حەوشە گۆرانی دەڵێ
تا
كوڕانی گەڕەك گوێیان لێبێت.


کە لەژێر دەرگاوە
ئاو دەپڕژێنێتە کۆڵان
دەزانم کچەکەیە.


هەر گوێی لە دەنگی من بێ
بانگی دایکی دەکا
وەک بڵێ منیش هەم.


دایکی پۆشاکی بۆ دەکڕێ
بۆیە کەسواری ئۆتۆمبێلەکەیان دەبن
دەڵێی دوانەن.


کوڕێکی گچکەم هەیە
کە تۆپەکەی دەکەوێتە ماڵیان
تا تێر ماچی نەکا نایداتەوە.


کە میوانی پیاویان دێ
ئەو دەرناکەوێ
بەڵام کە ڕۆیشتن
دەچێتە ژووری میوان
چونکە بۆنیان جێهێشتووە.


ئەو کچە حەزی زۆر لەخەوە
تا تێر خەیاڵ بێ.


خوازبێنی زۆری هەیە
لە بەختی ئەو
هیچیان نوێژ ناکەن.


هەمیشە تینوویە
بە ئاوی ماڵەوە تێر نابێ
حەزی
لە قومێک ئاوی دەرەوەیە.


پێشەكی:
)بێدەنگی، بەبێ قسەکردن دەتوانێت بوونی هەبێت؛ بەڵام قسەکردن، بەبێ بێدەنگی ناتوانێت بوونی هەبێت.(
شیعری “کچەکە”ی سەلام عومەر وێنەیەکی مرۆیی زیندووی ڕەگەزی مێ، لە فەزایەكی کۆمەڵایەتی داخراودا دەخاتە ڕوو؛ كچەی شیعر، لەگەڵ ئارەزووە سەرکوتکراوەکان و پێداویستییە دەروونییە دابیننەکراوەکانیدا بە بێدەنگی دەجەنگێ، بێدەنگییەك كە هاوشانی چەپێنراوەكانی دەروونە، ژیان ڕۆناك دەكاتەوە؛ لێرەوە کچە هەر تەنیا وێنەیەکی شیعریی سەلام عومەر نییە، بەڵكە وێنەی مرۆڤێکی نەرم و بزۆزی نێو كۆمەڵگای داخراوی كوردییە، لەڕێگای نواندنی ڕەفتار و ئاماژە و هێماکانی بێدەنگی مێینەوە، دەیەوێ بوونی خۆی بسەلمێنێ؛ نەک لەڕێگای تووندوتیژی ڕاستەوخۆی دەنگییەوە!. بۆیە لەم چوارچێوەیەدا شیعری كچەکە گۆڕانکارییەكی نەرمی ناوەکییە لە ژینگەیەکی کۆمەڵایەتی پڕ ژاوەژاوی کۆنەپەرستانەدا؛ ژینگەیەك کە دەرفەتی بڵاوبوونەوەی سرووشتی بە بۆنی مێینە ڕەوا نابینێ.
(1)
هەمیشە سنووردارکردنی ژیان، مایەی ستەم و ئازارە! ئەوەش لە وێنە شیعرییەكانەوە ڕوون دەبێتەوە کە شاعیر لە فەزای ستەمەوە سنووری ئازاری دەروونی دەكێشێ، بۆ نموونە: مۆبایلی نییە و ناتوانی هەتا بەردەرگای ماڵەکەشیان بە ئازادی هەنگاو بنێ… بەڵام پێشاندانی ستەم هەر تەنیا دەلالەت لە وردەکارییەكانی ئازاری ڕۆژانە ناكات، بەڵكە لەلایەك نەبوونی دادپەروەری کۆمەڵایەتییە و لەلایەكی دیكە بەردی بناغەی تێكچوونی دەروونییە!
دواجار ئەو دنیابینییەی (ستەمی كۆمەڵایەتی) و (ئازاردانی دەروونی) لێدەكەوێتەوە، بە گومانەوە تەماشای پەیوەندی نێر و مێ دەكات؛ وەك چۆن کارلێکی كلتووری خۆماڵی لەگەڵ جیهانی دەرەوەی جیاواز دەخاتە كێشەوە.
(2)
شوێنی داخراو (ماڵ) لە شیعرەکەدا، لە شوێنی نیشتەجێبوون و حەوانەوە هەڵگەڕاوەتەوە؛ ماڵ لە شیعرەكەدا کۆت و بەندێکە ڕێگری لە دەركەوتن و پێگەیشتنی کەسایەتی دەکات؛ بۆیە كاراكتەری سەرەكی لە ماڵی داخراودا هەموو ستەم و ئازارەكان بە گۆرانی گوتن دەڕەوێنێتەوە! (گۆرانی گوتن) وەک ڕێكاری بەرگری دەروونی و جۆرێک لە بەرخۆدان بە ئەڵتەرناتیڤی (داخران) دەكەوێتەوە!
بەمجۆرە لە غیابی دەسەڵاتی (باوک) لەنێو ماڵی داخراودا، بەشێک لە خودی سەرکوتکراوی مێینە لە حەوشەی كراوەی ماڵدا (لەڕێگای گۆرانی گوتنەوە) هەناسە ساردەكانی خۆی بە گەنجانی گەڕەک دەگەیەنێت، ئەو وێنەیە تەواوی جیهانی مێینەی كپكراوی كوردی دەخاتە بەر فۆکس.
(3)
ئەگەرچی دەنگ (گۆرانی گوتن) ناتوانێت كچە دەرباز بکات؛ بەڵام دەرچەیەک بۆ فشارە دەروونییە ناوەکییەکانی دەكاتەوە؛ دەنگ، گۆرانی گوتن لەبری (كچە) هەناسە دەدات؛ واتە ئەگەرچی كچە هیچ جوولەیەکی دەرەكی نییە، بەڵام بێ جوولەیی ئەو (گۆرانی)یەکە بە شێوەیەکی دیار لەبری شیعر نووسراوەتەوە؛ بەو مانایەش دەربڕینی (ناوەكی/ بێدەنگی) لەبەرانبەر سەرکوت و بێبەشکردندا، دەبێتە ئامرازێک بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی (دەرەكی/ دەنگ).
لەڕێگای گۆرانی گوتنەوە دانپێدانان و ئامادەبوونی كپكراوی مێینەیی خۆی لە شیعرەكەدا دەسەلمێنێ؛ بە جۆرێكی دیكە گۆرانی گوتن هونەری ڕاگرتنی هاوسەنگی بێدەنگییە، وەک ئەوە وایە بڵێت: “بێدەنگی- هەناسەیە، بوونی كپكراوی منی مێینەیە” ئەگەرچی ئەو هەناسەیە، ئەو بوونە، ئەو دیمەنە، ئەو جەستەیە، پێویستی بە دانپیانانی ڕەگەزی ئەویدیكەی نێر هەیە؛ ئەگەرچی (مێینە)ی نێو شیعرەكە، لە پەیوەندی و کارلێکی کۆمەڵایەتی بێبەشە… بەڵام هەمیشە لە گەڕان بەدوای شایەتحاڵێکدایە، بۆ پشتیوانیكردنی سۆزدارییەكانی…
“کێ دەیبینێت؟” تەنانەت دایک، دراوسێ، مێوان، یان کەسێکی نامۆ… کێ دەیبینێت؟ وەڵامی ئەم پرسیارە شیعرە! شیعریش هەمیشە خۆی لە ڕەزامەندی ناوەكی و دەرەكی و دووپاتكردنەوەیەكی بەردەوام و پرسیاری بەردەوام و خوێندنەوەی بەردەوامی خوێنەردا هەڵدەگرێتەوە. دەتوانم بڵێم پرسی ئەو شیعرە لە چیرۆکێکی ئاسایی تێپەڕدا قەتیس نابێت، بەڵكە ململانێیەکی وجودییە لەنێوان ڕەگەزی مێ و جیهانێک کە قبووڵی ناكات.
(4)
لەو شیعرەدا جەستەی کچ شوورەییە و نابێ سڵاو لە میوانە نێرەکان وەرگرێتەوە! بەڵام دوای ڕۆیشتنیان دەچێتە ژوورەکانەوە بۆ ئەوەی بۆنەکەیان كە ماوەتەوە، وەك جیاوازی بنرخێنێ؛ كەواتە ئەویدیكەی جیاواز هەر تەنها پەیوەندی بە بینینەوە نییە؛ لەنێوان (هەستی بینین) و (هەستی بۆنكردن) خەیاڵكردن قووڵترین تێڕوانینی دەروونی درووست دەكات؛ بەمجۆرە بۆنی ئەویدیكەی جیاواز لەڕێگای خەیاڵەوە، بۆ بینین دەگۆڕێت، بە دیوەكەی دیكەش هەستی بینین و هەستی بۆنكردن چەشنی گۆڕانی گوتن لە ئارەزوودا ئاوێتەی یەكتر دەبن و بەشداری پەیوەندییە سۆزدارییە خەونئامێزەكان دەكەن.
لێرەوە شاعیر (هەستی بۆنكردن، هەستی بینین و ئارەزووی گۆرانی گوتن) بۆ هەناسەدانێكی ڕەمزی و ئەڵتەرناتیڤی ئازادی دەگۆڕێت، بەمەش ئەو بێدەنگییە ستەملێكراوە لەڕێگای ئەو خەونەوە ئاشکرا دەکات کە کارلێککردنی لەگەڵ بۆن و ئاواز و بینینی وەهمیدا هەیە.
كەواتە هەناسەی ئەوی مێینە تێكەڵ بە: بۆنەکەی، ئاوازەكەی، وێنەكەی…دەبێ؛ ئەوەش قەرەبووکردنەوەیەکی دەروونییە بۆ ناخێكی پڕ لە ئازار و ستەملێكراوی كچە، کە ناتوانێ لە ئاڵوگۆڕییەكی ڕاستەقینەی سرووشتی بەدەستیان بهێنێ؟! ناتوانێ دەست لە ئەویدیكەی جیاواز بدات، تەنها مامەڵە لەگەڵ زڕەوێنەکاندا دەكات.
(5)
لە شیعرەكەدا خەوتن و خەونبینین وەک ئامرازێک بۆ دەربازبوون گرنگی دەروونی وەردەگرێ، کە شاعیر دەڵێت: كچەكە ئەوەندە حەزی لە خەوتنە، كە چاو بكاتەوە خەیاڵ بێتە واقیع؛ لێرەدا خەوتن پشوودان نییە، بەڵكە دەربازبوونە لە واقیعێک کە هیچ پێشکەش خەیاڵی برسی ناکات. بۆ قسەكردن لە (خەوتن) و (خەیاڵ) دەتوانین بەو شێوەیە ڕاڤەی بكەینەوە: خەوتن کشانەوەیە لە ژیانی سەپێنراو و گواستنەوە بۆ جیهانێکی فراوانتر كە جیهانی خەیاڵە. لێرەوە خەوتن و خەیاڵ ئەڵتەرناتیڤی ئازادییە…
بەڵام ئایا خەوتن و خەیاڵ چارەسەری برسێتی ناخ دەكات، یان کێشە دەروونییەکان قووڵتر دەكاتەوە؟! ژیانی ڕاستەقینە لەناو خەون و خەیاڵدا نییە، لە واقعیدایە… خەوتن و خەیاڵ ئاوێکە تینوێتی ناشكێنێ، وەك چۆن ئاوی ماڵ تینوێتی دەروون ناشكێنێ؛ بۆنی ماڵ وەك بۆنی دەرەوە دڵ ناكاتەوە؛ گۆرانی گوتن لە حەوشەدا ئاگری جەستە ناکوژێنێتەوە…
هەمیشە حەزی نرخدانانی بۆ بۆنێكی جیاواز و ڕشتنی ئاو و گۆرانی گوتن نابڕێتەوە؛ بەڵام پێویستی بە فەراهەمكردنی بزاڤێكی كراوەی نەرم و سەربەخۆی مێینە هەیە. بەختی كچەی شیعر، چیتر ناتوانێت بەو شتە سەپێنراوانە ڕازی بێت کە دەوروبەرەکەی بڕوای پێدەكەن. ئەو پێویستی بە “جیاوازی”یە، پێویستی بە ئازادییە، پێویستی بە هەڵبژاردنێكی سەربەخۆ و سەرفرازانە هەیە؛ ئارەزووی ژیانێک دەكات، ژیانێک كە لە شوێنێكی ترە، یەکێکی ترە، نە دیواربەند کراوە و نە قەدەغە، نە بە زۆری سەپێنراوە…
(6)
ئەو شیعرە قووڵایی نەریتی كۆمەڵایەتی و وێنەیەکی دەروونی سەرنجڕاکێشی کچێک دەكێشێ، كە حەز و ئیرادەی سەرکوتکراوە، لە دانپێدانانی مێینەیی بێبەشكراوە، لە تێپەڕین بە قۆناغی سۆزداری و ئازادی هەڵبڕاوە؛ بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا بە نەرمی لە یارییە جیاوازەكانی ژیاندا بەشدارە (تا تێر ماچی نەکا) ناكشێتەوە؛ لە هەموو ئەو ماچانەشدا پێمان دەڵێت: لە کۆمەڵگای داخراودا، مێینە دەنگێکە خۆی دەخواتەوە، مرۆڤێكی شەرمنە فەزای ماڵی كوردی دان بە بوونیدا نانێت… بەڵام ئەو بە نەرمی هەدادانی نییە!
پاشەكی:
(زمان، جیهانی بێدەنگی لە پشتەوەیە و جیهانی ڕاستیشی لە دەستیدایە.)
شاعیر توانیوویەتی جیهانی ناوەوەی كۆمەڵگای كوردی بە گوتارێكی ناڕاستەوخۆ لەڕێگای وردەکاری شیعرییەوە بگوازێتەوە، جێكەوتە و پەیوەندییە نهێنییەكانی بكێشێ؛ هەموو ئەو فەزا داخراو و كۆنەخوازانە ئاشکرا بکات، كە بووەتە هێمای پیرۆزیی و هۆكاری سەرەكی تێكچوونی دەروونی و گۆشەگیری و بنبەستبوونی كلتووری…
ئەو شیعرە تەنیا وەسفێکی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵكە گۆرانی گوتنی کچێکە ژیان دەخوێنێتەوە و بۆن بە ژیانەوە دەكات، دەست لە وێنەكانی ژیان دەدات؛ ئەگەرچی كۆمەڵگا بوونی بە هەند نازانێ و کەس نایبینێت! ئەو شیعرە بانگەوازێک نییە بۆ تێپەڕاندنی واقیعی كۆمەڵگای كوردی، هێندەی پەردە هەڵدانەوەیە لەسەر نەریتێكی داخراو، ترسە لە دووبارە بەرهەمهێنانەوەی نەریتە پیرۆزەكان… نیشاندانی سەرەتایەکی نەرم و كراوەیە، لە كۆمەڵگایەكدا کە ئەرزش بۆ ئەویدیكەی جیاواز و پێكەوە ژیان دانانێت.

23/11/2025

سەرچاوەی شیعرەكە: دیوانی هێلانەیەك لە پەشمەك، سەلام عومەر.
ئەو دوو ڕستەیەی خوارەوە لە كتێبی: عالم الصمت- ماكس بیكارد، ترجمە: قحطان جاسم، دار التنویر للطباعە والنشر- لبنان بیروت ط 1 2018.

  • بێدەنگی بەبێ قسەکردن دەتوانێت بوونی هەبێت، بەڵام قسەکردن بەبێ بێدەنگی ناتوانێت بوونی هەبێت.
  • زمان جیهانی بێدەنگی لە پشتەوەیە و جیهانی ڕاستیشی لە دەستیدایە.



كلتووری دیجیتاڵی.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

(شەوێکی سپی لە هەولێری پایتەخت)

نەوەی دیجیتاڵی، نەوەی كلتووری دیجیتاڵی، مۆبایلی زیرەک، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان… ئەو نەوەیە لەنێوان ئاژاوەی زانیاری و خێرایی پەیوەندیکردندا؛ لەنێوان چڕكردنەوەی تەکنۆلۆژیا و میدیا و شێوازەکانی بەکاربردندا؛ لەنێوان گێڕانەوە شاراوەكان و وێنەی ڕووتدا… گرنگی بە پرسە جیهانییەکان و دارایی و تەندروستییەكان و گۆشەنیگانیان دەدەن؛ ئەم تۆڕبەندییەی کۆمەڵگای زانیارییەكان، لە تێگەیشتنی نێوان مرۆڤ و دەوروبەر تێدەپەڕێت و وەك پێویستییەکی بەپەلەی گەشەسەندنی كلتووری دیجیتاڵی خۆی واڵا دەكاتەوە! ئەو تەکنۆلۆژییە دیجیتاڵییە، لە نمایشەكانیدا بانگەشەی ئازادی مرۆڤ و ژیانێكی شایستەتر بۆ مرۆڤ دەكات… بە دیوەكەی دیكە لەو تەكنۆلۆژییە دیجیتاڵییەدا مرۆڤ کەوتۆتە ژێر کاریگەریی زێدە- بەكاربردن و زێدە- قازانج… مرۆڤایەتی لەژێر ترس و خەمۆكی و دڵەڕاوکێی هەسارەیی دەتلێتەوە و ناتوانێ لێی دوور بكەوێتەوە، چوونكە مەستی زێدییەكان و ئازادی و نێرگزییەت….بووە.
بوومەلەرزەی تەکنۆلۆژیا و خێرابوونی ئاڵوگۆڕی زانیارییەكان و نەبوونی مەودای ڕامان و بیركردنەوە لە تۆڕە دیجیتاڵییەكان و چاودێریكردنی ژیان و چوونە ژێر باری ڕێكارە تەکنیکی- ئابوورییەکان، كە هەوڵدەدات ژیانی مرۆڤ لە گێڕانەوەكان و ڕامان دابماڵێ و لە وێنەی ڕووتدا چڕی بکاتەوە… هەر تەنها کۆمەڵێک نەخۆشی دەروونی و دەماری و کۆمەڵایەتی نەخستۆتەوە! دەشێ وەك كەڵكەڵەكانی (ئومێد قەرەنی) شاعیر لە شیعری (قەدەغەی هاتوچۆ- لە شەوێکی سپی لە هەولێری پایتەخت) كورتی بكەینەوە و بڵێین (ئارامییان کوشتوە)؛ بەهای شتەکانیان تەنیا لە (سەرمایە)دا کورت كردۆتەوە… بەو مانایەش كلتووری دیجیتاڵی هەر تەنها پۆزەتیفییەت، ڕاگەیاندن و شێوازەکانی بەکاربردن و ژیانێکی خێرای بەسەردا نەسەپاندووین، هەر تەنها مرۆڤی بە كەڵكەڵە و وەهمی ئازادی و ژیانی شایستەتر و وێنەی ڕووت گەمارۆ نەدراوە… ئیتر لە كلتووری دیجیتاڵیدا پاڵەوانی سەرگوزشتەكان ئاوابوون، ناگەڕێنەوە، دەرگای ماڵەكانیان گاڵەداوە… لەنێوان دەرنەكەوتنی گێڕانەوەكان و دەركەوتنی وێنەدا، مرۆڤی مۆدێرن، مرۆڤی تەنیا و نائومێد و ڕاڕا… بە ویستی خۆی بەردەوام گۆشەنیگاكانی بە زێدەییەكان مۆدێرنیزە دەكات.
زەوی گۆیییە یان شێوەی دڵی؟ ئەوە پرسی گۆشەنیكای (قەدەغەی هاتوچۆ)یە؛ قەدەغەی هاتوچۆ لەنێوان شاردنەوەی گێڕانەوەكان و نمایشكردنی وێنەكاندا؛ لەنێوان زێدە- ئازادی داهاتوو و بەندكردنی ڕابردوودا؛ لەنێوان چاوی شەو و چاوی كامیرادا… پێماندەڵێ هەمیشە (گێڕانەوە، چاوی شەو، بەندەواری ڕابردوو) ساڵەکان، بەدبەختیەکان… بۆیەکتر دەژمێرن! بەڵام (نمایشكردن، چاوی كامیرا، ئازادی داهاتوو) تەنها داوا ناكات، کە بەشێوەیەکی (زیاتر) بژین، بەڵكە خودی (نەسرەوتن/ دەركەوتن) لەبەرانبەر (بەدبەختی/ دەرنەكەوتن) بەرز دەكاتەوە… مرۆڤ لەنێوان (دەرنەكەوتن) و (دەركەوتن)دا دووچاری نیشانەکانی ترس و تێکچوونی مەودا و سۆزداری بووە… لە ئەنجامی داهاتووی تەکنۆلۆژی و خێرایی زانیارییەکاندا گۆشەنیگاكانیان تەنها دەلالەت لە دەرنەكەوتنی گێڕانەوەكان ناكەن، بەڵکە دەلالەت لە دەركەوتنی وێنە و زڕەوێنە و شاردنەوەی گێڕانەوەكانیش دەكەن! پۆلیسی زێدەییەكان (زێدە- بەكاربردن، زێدە- قازانج، زێدە- ئازادی، زێدە- زانیاری…) پۆلیسی تەكنۆلۆژیا، لە هەموو شوێنێکدا چاویان جێهێشتووە؛ زێدەییەكان و زڕەوێنەكان… ئاستی پووكانەوە دەمارییەکان و خەمۆكی و نێرگزییەت… بەرز دەكەنەوە، بەڵام كۆنە فرۆشگای گێڕانەوەکان داخراون… بۆ ئەوان قەدەغەی هاتوچۆیە، دەرگای ماڵەکانیان گاڵەداوە، چاویان تەنها لە شەوە (هەواڵی كاتژمێر هەشت) دەبینێ! تەنها لە سووچێكی فەرامۆشكراو هەناسە دەدەن…
تراژیدیای گێڕانەوە، لە کورتی شەودا نییە، لە هەواڵی کاتژمێر هەشتی گێڕانەوەكاندا نییە، لە دەركەوتنی وێنە و وێنە ڕووتەكاندایە، لە نەسرەوتنی مرۆڤدایە، كە لەبەرانبەر دەرنەكەوتن و شاردنەوەی گێڕانەوەكان بە (ئازاد)ی خۆیان نمایان دەكەن! هەرگیز (زێدەیی) ئازادی نییە، هەرگیز وێنە و وێنە ڕووتەكان، جەوهەری گێڕانەوەكان نیین… جەوهەر جەوهەری ونكردووە، زڕەوێنەیە! وەك چۆن گێڕانەوەكان گێڕانەوە نیین، داخراون، زەمەنی گێڕانەوەكان ئاوابوون… كەواتە ئایا خۆشاردنەوەی گێڕانەوەكان هۆی بەدبەختی (دەرنەكەوتن) گێڕانەوەكانە، یان پشتگوێخستنی جەوهەرە؟! هەڵبەتە ئەمڕۆ كەڵكەڵە و حەزی مرۆڤی مۆدێرن بۆ ئەزموونکردنی زیندووێتی ژیان، دەكەوێتە نێوان چاودێری و زێدە- بەكاربردنەوە، ناكەوێتە نێوان دەرنەكەوتن و شاردنەوەوەی جەوهەرەوە… بۆیە بانگەشەی وسبەلێكراوەكانی (قەدەغەی هاتوچۆ)، ئەوەیە كە ژیان دەبێتە پێشبڕکێیەکی خێرایی وێنە و زڕەوێنە- سیمیۆلاكرا…ناگەڕێتەوە! بۆیە (ئومێد قەرەنی) لەنێوان دەركەوتنی وێنەی ڕووت و دەرنەكەوتنی گێڕانەوەكاندا دەڵێ: (کامێرای چاودێریی یان دەمانچە یەکێکیان دەمکوژێ… ڕێیەک هەیە، بەڵام ئازادیی نییە…) ڕێیەك هەیە، بەڵام جەوهەری نییە!
ئەوەی لە گۆشەنیگای (قەدەغەی هاتوچۆ)دا جەختی لێدەکرێتەوە، چەمکی دەرنەكەوتن و زێدە- دەركەوتنە… لەنێوان خۆشاردنەوە و زێدە- نمایشدا، مرۆڤ بە (نەسرەوتن) مەحکومە، بە هۆی نەسرەوتن و بێ شوێنییەوە (بەدبەختی) شوێنێكی بۆ نیشتنەوە نییە… شاعیر لەنێوان خۆشاردنەوەی نێو گێڕانەوەکان و خۆنمایشکردنی وێنە و زڕەوێنەدا یەکێکیان دەیكوژێ؛ لەنێوان تراژیدیای گێڕانەوەکان و وێنەی بێ جەوهەردا، لەنێوان وێنەی ڕووت و گێڕانەوەی داپۆشراودا… قەدەغەی هاتوچۆ ڕادەگەیەنێ… بەڵام بوونی گۆشەنیگا لەڕێگای ژمارەیەكی بێسنووری سیفەتەكان، تەنها (دەركەوتن) و (دەرنەكەوتن)، (نەسرەوتن) و (بەدبەختی)… نیین، كات و شوێنێكیان بۆ نەماوەتەوە…
هەرگیز تەكنۆلۆژیای دیجیتاڵی گرنگی بە جەوهەری گێڕانەوەكان نادات، بەڵكە لە بەرهەمهێنانەوەی زێدە-دەركەوتنندایە؛ زێدە- دەركەوتن ڕاستی ئاشكرا ناكات، بەڵكە دەبێتە زڕەوێنە، زڕەوێنەكان خۆیان دەبنە گۆشەنیگا و بیركردنەوە و جەوهەری بەسەرچوونی گێڕانەوەكان و دەبنە شێوازێك لە شێوازەكانی بوونی ژمارەیی، بەو مانایەش زڕەوێنە، گێڕانەوە نییە و كێشەی سۆز و تراژیدیا تێدا دەرناكەوێت، بەڵكە ئەوەی بە زەقی لە كلتووری دیجیتاڵی دەردەكەوێت نێرگزییەتە! كەواتە هەر سێ ڕەهەندی (گێڕانەوە، وێنە، زڕەوێنە) بە شێوەیەکی زیندوو لەڕێگای كلتووری دیجیتاڵییەوە بە ژمارەوە بەند دەبێ؛ ئازادی دیجیتاڵی بە ژمارەوە بەستراوەتەوە.
بۆ خوێندنەوەی تەواوی (شەوێکی سپی لە هەولێری پایتەخت) بڕوانە: هەفتەنامەی ڕێگای کوردستان- ژمارە (١٤١٥).

وێنەی ڕووت/ گێڕانەوەی داپۆشراو
بەگشتی ئەم نەوەیە لەدنیای دیجیتاڵیدا دەژین، کە وردە وردە سنوورەکانی نێوان دنیای واقیعی و مەجازی نامێنن؛ لەنێوان گێڕانەوەی داپۆشراو و وێنەی ڕووتدا دەسوڕێنەوە و گرنگی بە گۆشەنیگا ئازادەكانیان دەدەن، هەر لە شیکاری کولتوورییەوە تا دەگاتە سایکۆپاتۆلۆژی و کۆمەڵناسی؛ هەر لە پەیوەندی كۆمەڵایەتییەوە تا تیۆری سیاسی… بۆ ئەوەی واقیعی زانیاریی ئێستا و کاریگەرییە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان بخەنەڕوو.
قەدەغەی هاتوچۆیە
نە فلووسێک لە دڵمدایە، نە قسەیەکی خۆش لە گیرفانم
جوانییەکانم لەسەر شەقامە کۆنکرێتییەکە بڵاودەکەمەوە
بە دوو چەرخەیەکی ڕەش بەرەو تاوەرەکان دەچەرخێم
سەدەی بیست و یەکە، مشکەکان حەزدەکەن لە جەنجاڵیدا بژین!
شاعیر کۆمەڵێک ڕووداو بە پێشبینیکەری بەسەرچوونی گێڕانەوەكان دەزانێت، کە بەشداری لە ڕەگ و ڕیشەی گۆشەنیگاكانی سەبارەت بە سەدەی بیست و یەک دەكات، کە تێیدا ژیان دەبێتە پێشبڕکێیەکی خێرا بەرەو جەنجاڵی، كە ئامانج تەنها ژیانکردن نییە، بەڵکە ژیانێکی زیاترە، ژیانێکی دوو هێندە… بەمجۆرە ژیانکردن لە گەڕان بەدوای مانادا بۆ گەڕان بەدوای چڕیدا هەنگاو دەنێت، ژیان دەبێتە کۆکردنەوەی زانیاریییەكان و ئەزموونەکان زیاتر لەوەی بونیادنانەوەی جوانی بێ… بەمجۆرە چڕکردنەوەی ژیان، هەستی ئازادی و کرانەوە بە مرۆڤ دەبەخشێت، بەڵام پەیوەستبوونێكی شاراوەش دروست دەکات، ئەویش حەزی بەكاربردنە تەكنۆلۆژییەكانن، وەک ئەوەی ئارامی و هێمنی مەوداكانیان لەدەست دابێت؛ بەمجۆرەش ئازادیی زۆری تەكنۆلۆژیا بۆ گوشارێکی قورس دەگۆڕێت؛ خۆشەویستی بۆ ئازار؛ گێڕانەوە بۆ وێنەی ڕووت… ئیتر هەوڵدان بۆ ژیانێکی زیاتر ژیان لە ڕامان و جوانی تراژیدی بەتاڵ دەکاتەوە… بەڵام ئایا قەدەغەی هاتوچۆ هاوسەنگییەک لە نێوان تراژیدیا و تەكنۆلۆژیا، لەنێوان كامیرای چاودێریی و دەمانچە دەدۆزێتەوە؟!
بێگوومان زانین هەمیشە بەرەو پێشەوەیە، بەڵام لە دامرکاندنەوەی ئازار و ڕەشبینی و خەمۆکی بێ توانایە! ئومێد قەرەنی دەڵێ (ژیان تێیدا ڕایکردووە، تەنیا زبڵ و پاسەوانەکانی جێهێشتوە) (کامێرای چاودێریی یان دەمانچە یەکێکیان دەمکوژێ)…

(ڕێیەک هەیە، بەڵام ئازادیی نییە)
پێشبینیی ڕێیەك دەکرێت، پێشبینیی بێ مەودایی دەكرێ، بەڵام ئازادیی نییە! بەرەوپێشچوونی زیرەكی- ژیری دەستکرد و زیادبوونی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا دوو تەگەرەی سەرەکیی بەردەم ئەو ڕێگایەن… ڕەنگە ئەرکی وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە لە (دەچم کونێک لە ئاسمان دەکەم و تێیدا دەژیم) ڕوون بێتەوە؛ ڕەنگە پەیوەندی نێوان ئۆتۆماتیکیکردنی زمان و زێدەییەكان ئەوە بێ، كە زیرەکی- ژیری دەستکرد زمانی هۆشیاری مرۆڤ پێشدەخات و جێگای گێڕانەوەكان دەگرێتەوە؛ بەو مانایەش بەهۆی پەرەسەندنی ژیری- زیرەکی دەستکرد، ژێرخانی ئازادی لەگەڵ ئامێری جیهانی بەرەو یەكبوون هەنگاو دەنێن!
لێرەوە (ئەرێنیبوون)ی دیجیتاڵی وەک پەرەپێدانی كۆمەڵایەتی و چارەی نوێی سەرکەوتن یان دابینکردنی ئەزموونی خۆشی بۆ کەسانی تر سەیر دەکرێت، یان بە میکانیزم و سەرپەرشتی تەکنۆلۆژیای زمانەوانیی گوتارەكانی بەهێزتر ببێت و ئەمەش دەلالەت لە جەوهەری دەسەڵاتی هاوچەرخ بكات، کە پەیوەستە بە هەماهەنگی بەڵێ و زمانەوە؛ بەڵام بەدیوەكەی دیكەش (قەدەغەی هاتوچۆیە) چوونكە هەستە نەرێنییە تووندەکان و نەخێر دەتوانن ببنە هاندان بۆ بیرکردنەوەیەکی بەهێزی دژە باو و گۆشەنیگای سەرسامكەر و گۆڕانكاری گەورە… كەواتە دەشێ قەدەغەی هاتوچۆ دەرکەوتنی ڕۆحی مرۆڤێكی تاكگەرا و جیاواز و یاخی بێ (مەپرسە چدەکەم، گەر ڕۆژهەڵاتنی گشت جیهانیش بەدەست من با کەسم نەدەکوشت)
مرۆڤە داهێنەرەكان جیهانێکیان پێكهێناوە، کە خێرایی هەستی کاردانەوە و وەڵامدانەوەی بەڵێ و نەخێر تێدا داپۆشراو نییە؛ لە جیهانێکدا دەژین، كە لە پاڵ پۆزەتیفییەت، هونەری نكۆڵیكردن و نەرێنیی بەشدارە، لە جیهانێکدا دەژین، كە لە پاڵ لایك، ڕەتکردنەوە شیاوە… ژیان دەربڕینی کەموکورتی و گۆشەگیری و تەنیایی و دڵەڕاوکێی بوونە! ئەوەش بەهۆی گۆڕانکارییە پۆزەتیف و نێگەتیفەکانەوەیە، بەتایبەتی لە بواری ئاگایی و قووڵبوونەوەی کولتووری و پەیوەندییە جیاوازەکان و قبوڵكردنی ئەویدیكە، بەو مانایە (داهێنان) ئەو جیاوازی و گۆڕانكارییەیە، كە توانای درووستکردنی بیرۆکە یان شتی نوێ و ناوازەی هەڵگرتووە؛ بەو مانایە داهێنان یەکێکە لە گرنگترین بەها مرۆییەكان…
(شەوێکی سپی لە هەولێری پایتەخت) سەرەڕای ئەو چڕکردنەوەیە هەستێکی ئازادی و کرانەوە بە خوێنەر دەبەخشێت، بەڵام وابەستەییەکی شاراوەش دروست دەکات، بەو مانایەی كە ئازادی لەبەرانبەر ئاسایش بریتییە لە ئابڵوقەدانی تاك، چوونكە هیچ ئازادییەك بەبێ ئاسایش نییە، هیچ ئاسایشێكیش بەبێ لە دەستدانی بەشێك لە ئازادی مەیسەر نابێ، ئەوەش ڕیكارێكی لەڕادەبەدەری کۆکردنەوەی كۆمیدیا و تراژیدیایە، بەرلەوەی بڕوات بە قبووڵكردنی ئازادی ئەویدیكەی جیاواز و پارێزگاریكردنی ئەزموونی جیاواز هەبێت…

خەمی مرۆڤی مۆدێرن
(پۆلیسی گەڕۆک لە هەموو شوێنێکن) بۆ ئەوەی حەزی مرۆڤی مۆدێرن لە هەموو بوارەکانی چێژ، کار، پەیوەندییەکان، هونەر، تەنانەت ئازار و ناخۆشی… شی بکەنەوە؛ تاکوو ژیان بۆ هەستکردن بە ژیان بكەنە ئامانجێکی تەكنۆلۆژی؛ بۆیە (مەپرسە بۆ کوێ دەڕۆم، لەو شارەی تەنیا تەنیاییم دەجوێ) كەواتە ئامانجی تەكنۆلۆژیا تەنها ژیانکردن نییە، بەڵکە ژیانێکی زیاترە، كە (ژیان تێیدا ڕایکردووە) لەو نووسینەدا ڕستەی نێوان كەوانەكان لە لایەن شاعیرەوەیە، بۆیە دەتوانین بڵێین (ئەوانەی خۆشەویستی بە پارە دەکڕن) جینۆسایدی ڕاستەقینە پێشنیار دەكەن، چوونكە گوزارشتی (خۆشەویستی بەدەست بێنە، بێ ئەوەی چاوەڕێی ڕێكەوت بكەیت) پێشبینی تەكنۆلۆژیایە، ئەگەرچی لەڕووی دیجیتاڵی سەربەخۆیی بە ژمارە ڕادەگەیەنن، بەڵام لەڕووی تەکنیکییەوە واتە گۆڕینی یاسا بە کۆد؛ دژ بە مەودا و ڕامان و بیركردنەوە و چاوەڕوانی… کۆدکردن بۆ دەستبەسەرداگرتن؛ لە جیهانی دیجیتاڵیدا هەموو مرۆڤەکانی دانیشتووی هەسارەی زەوی خاوەنی كۆدن، لەژێر سەرپەرشتی (تەكنۆلۆژیا)دان، لە زیندانی تاکەکەسی هەمیشەییدان! لە ژیانێكی تەواو خەیاڵیدا ژیانێکی نێرگزی و دڵخۆشکەر…
ئەمڕۆ ژیانی مەجازی ئەوەندە ورووژێنەرە، کە هەمووان ژیانی ڕاستەقینەی پێدەفرۆشن، ڕۆژ بە ڕۆژیش ورووژێنەرتر دەبێ، بەردەوام شانشینی مەجازی بە هەرزانتر ژیان دەكرێ؛ (شەوێکی سپی لە هەولێری پایتەخت) تەنیا پەردە لەسەر ئەم واقیعە هەڵدەگرێت، کە ئێستا بە تەواوی دەستی کردووە بە دەرکەوتن؛ وادیارە شەوە سپییەکان هەموو شتێکیان وەشاندووە؛ لەڕاستیدا تەكنۆلۆژیا لەڕێگای زێدەییەكانەوە ڕێكەوتەكانی وێران کردووە و باڵادەستی دیجیتاڵی و زڕەوێنەكان گۆشەنیگا جیاوازەكانیش بەڕێوە دەبەن، هێزی ڕاستەقینەی گێڕانەوەكان لە پاشەكشە دایە.
زێدەییەكان کە درکیان بەوە کرد، هەموو شتێکیان لەناوبردووە، لەڕێگای زیرەكی- ژیری دەستكردەوە تەحەدای کۆتاییەكانیان دەستپێکرد: بۆ نەهێشتنی نیوەی مرۆڤایەتی و گۆڕینی بۆ ڕۆبۆت و گۆڕینی سیستەمی نێودەوڵەتی بۆ مۆزایکێکی کۆمپانیا تایبەتەکان… بۆ ئەوەش باس لە کۆدێکی کۆدکراو دەکەن، کە چەند کەسێک دەتوانێت دەسەڵات بەدەستبهێنێت، لەوێشەوە باسی ئەو خانانە دەکەن، کە کۆمەڵێک کەسی غەیرە مرۆڤ تێیدا سەركارن و لەوێشەوە ڕێگا بەو کۆمەڵە لاوەکییە تەکنەلۆژییانە دەدەن، کە دەتوانرێت لە هەر شوێنێکی جیهان درووست بکرێن…
شاعیر دەڵێ (مەپرسە کێم، سەرگوزشتەیەکم، پاڵەوانەکانی مردوون) چوونكە ئیتر كلتووری دیجیتاڵی لەسەرووی هەموویانەوە بەرنامەکانی توانای هەماهەنگی و جوانكردن و بێلایەنکردن و ئاراستەکردنی کردەوەکانی مرۆڤی مۆدێرنیان هەیە؛ بەپێی داتاکانی گەشەسەندن، چاوەڕوان دەکرێت لە سەردەمی نەوەی (بێتا) هەردوو ئاڵنگاریی زیرەكی- ژیریی دەستکرد و زیادبوونی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواش ڕوونتر ببنەوە… (مەپرسە بۆ کوێ دەڕۆم، لەو شارەی تەنیا تەنیاییم دەجوێ) دەربڕینێكی شیعرییە.

هەولێر 20/9/2025




لە ستایشی (نەمنی)دا.. عەبدولموتەڵیب عەبدوڵلآ

(ئەوی دەیبینن.. من نیم)

کاتێک کەسێک زۆر بیر لە خۆی دەکاتەوە، بیر لە خۆی ناكاتەوە بەو مانایەی كە ئیگۆیەکی گەورەی هەیە، بەڵكە دەشێ وەك (ئەویدیكە) بیر لەخۆی بكاتەوە! چوونكە مەرج نییە هەمیشە ئیگۆ وێنەیەکی خۆ بەگەورەزان و نێرگزی هەڵگرتبێ… دەشێ (نەمنی) بێ، یان بەشە چەپێنراو و خۆشەویستەكەی ئیگۆ ئەویدیكەی جیاواز بێ (من ئەویدیكەم وەك خۆم، خۆش دەوێ)…
بیرکردنەوە لە پرسی ئەویدیكە (الغیریة) دەمانباتەوە بۆ قسەکردن لەسەر خود (الذات)ی خۆنەویست؛ بەو قسانەش كۆی ئەو گفتوگۆیانە فەرامۆش دەكەم، كە لە بارەی (من) وەك: (كەس، ئیگۆیزم، سوبێكت) و (ڕۆح، عەقڵ، فیكر) و (زمان) كراون و تەنها ئەوە دەڵێم، كە جیاوازی نێوان (من) و (خود) ئەوەیە: کاتێک كە (من) بەپێی دیدگا ئازادەکانی خۆی (نەك غەریزەكانی مێگەل) شوێنی خۆی بونیاد دەنێت، ئەوە پێی دەڵێن (خود)ی هۆشیار! خودی بناس بە هاوکاریی ئەویدیكەی جیاواز، ژیان دادەهێنێ… ئەگەرچی پەیوەندی نێوان من و ئەویدیكە پەیوەندییەکی ئاڵۆز و فرەلایەنە و پێویستی بەشیکردنەوە و وردەکاری زۆر هەیە، بەڵام ئەمڕۆ لەسەردەمی تەكنۆلۆژیادا سوبێكت دووچاری شلۆكی ئازادی بووە…
لە شیعری (نەمنی)دا (مەولود ئیبراهیم حەسەن)ی شاعیر چەمکی نەمنی وەک نوێنەرێكی خۆنەویست و ئازادی تاکگەرا بەکارهێناوە؛ لەوێشەوە هەموو شتێکی بۆ (خودی هۆشیاری- دیكارتی) و دەرکەوتنی ماهیەتی- ئەویدیكە گەڕاندۆتەوە! شاعیر چەمکی نەمنی وەك ڕێبەری خۆنەویستی و بەرپرسیاری ئازادی بەكارهێناوە، کە ئامانجی یارمەتیدانی ئەویدیكەیە بۆ ڕزگاربوون لەو وەهمانەی کە ئیگۆی خۆبەگەورەزان درووستی دەکات؛ چەمكی نەمنی وەك گەیشتن بە حاڵەتێک لە ئاشتی ناوەوە و هۆشیاری ڕاستەقینە بەكارهێناوە؛ چوونكە بەرپرسیارێتی هەڵبژاردنی ئازادی ڕاستەقینە و ئاشتبوونەوە لەگەڵ ناخ کاتێک دەست پێدەکات، کە تێدەگەیت ئیگۆ تەنها تۆ نیت؛ بەڵكە ئەویدیكەیە!
كەواتە ئاشتەوایی و سەربەخۆیی ئەو سیستمەیە کە (مەولود ئیبراهیم حەسەن) داهێنانەكانی ڕووداوی بوونی نەمنی لەڕێگای زمانەوە لەسەر بونیادناوە؛ (زمان) لە ڕووداوی بوونی نەمنیدا وەک چرکەساتی سەرهەڵدانی گوتارێکی (وجودی) جێگیر و تۆکمە خۆی دەنوێنێ… بەڕای من ئەوەی ڕێگا بۆ شاعیر خۆش دەکات دەروازەیەکی نوێ لەبەردەم زانستی مۆدێرنی زماندا بکاتەوە، درككردنی هەوڵە پێشینەکانی شیكاری دەروونی (زیگمۆند فرۆید)ە، لەبارەی چارەكردنی نەخۆش لەڕێگای دەربڕینی ناخ بە ئازادییەوە … بەو مانایەش وەك شاعیرێك، پەنا بۆ یاساکانی دەروونشیكاری فرۆید دەبات و لە درككردنی ئەو ڕێگایەوە وادەكات (نەمنی) بە ئازادی قسەی خۆی بکات، بەو مانایە نەمنی شیعری، لەلایەك بە ئازادی خۆی دەردەبڕێ و لەلایەكی دیكە بەشێوەی واتای بوونی (هایدگەریی) بوونی شاراوە دەکاتە بینراو و نهێنییەكان ئاشکرا دەکات… لەوێشەوە (من و کێشەكانی منـی چەپێنراو) لە ڕووداوێكی بوونگەرییانەدا (نەمنی) وەك کردنەوەی (شوێنی خودی بناس) و (بنەماكانی زمان) وەك شیعر لە دەروونشیكاری تێدەپەڕێنێ و لە گوتارێكی تۆكمەی ئازادانەی شیعریدا خۆی بەیان دەكات، وەك ڕووداوێکی بوونگەرانە دەڵێت:-
بێ دەنگیم
دەمامکێکە
شیتێم دەشارێتەوە
شێتیم
دەمامکێکە
تاوانباریم دەشارێتەوە
تاوانباریم
کرمێکە جەرگم دەخوا
ئەوی دەیبینن.. من نیم .

منی شلۆك
شێوازی شلۆك (السیولة) چەمكێكی كۆمەڵناسی پۆڵەندی (زیگمۆنت باومەن)ە؛ شێوازی شلۆك: بارێکە لە بەرەنجامی گۆڕانکارییە خێراكانی سەردەمی گلۆبالیزم و شۆڕشی ئەلیکترۆنییەوە ڕوو دەدەن؛ ڕۆشنبیریی شلۆكیش هەموو شێوە و ماناکانی ڕۆشنبیریی تۆكمە و چەسپاو دەگۆڕێت؛ لە ڕۆشنبیرییی شلۆكدا، دەشێ لە هەموو چرکەساتێکدا بەها و باوەڕ و پێوەرە کۆمەڵایەتییەکان و ئەخلاق و ڕەفتاری تاک بگۆڕدرێن! لێرەوە لەو نووسینەدا دەمەوێ (ڕۆشنبیریی تۆكمە) و (سوبێكت) لە ڕووداوی (نەمنی)ی شاعیر و (نەمنی)ی شاعیریش لە (منی شلۆك) گەڵاڵە بكەم و لەسەر ئاستی شێوازە شلۆكەكانی (زیگمۆنت باومەن) وەك توانەوەی شێوە و ماناکانی (من) و لەڕێگای گۆڕانكاری بەردەوامەوە، کە هیچ سنوورێك ناس ناكات و هیچ ئامانجێکی دیاریكراویشی لەخۆ نەگرتووە، هەوڵی خوێندنەوەی ڕووداوی بوونی (نەمنی) شاعیر بدەم!
كەواتە ئەوەی دەتوانین وەك شیكاری دەروونی لەڕێگای دەربڕینی ئازادانە بیبینین، جیابووەتەوە یان دابڕاوە لەوەی كە دەبێت وەك ڕووداوی بوونی شیعری بیخوێنینەوە؛ لە هەموو ئەو بەدواچوونەشدا (زیگمۆنت باومەن) لە كتێبی (مۆدێرنەی شلۆك) وای دەبینێت كە: بەرخۆری لە كاڵای ماددییەوە هەنگاوی بەرەو بەرخۆری لە ھەست و سۆز و پەیوەندییە مرۆیی و تەكنۆلۆژییەكان ناوە؛ بەو مانایەش ڕۆشنبیریی تۆكمە و چەسپاو هەنگاوی بەرەو ڕۆشنبیریی شلۆك ناوە؛ قسەكردنی ئازادانەی فرۆیدی هەنگاوی بەرەو ڕووداوی بوونگەرایی هایدگەر ناوە…
هەڵبەتە لە ڕۆشنبیریی شلۆكدا (خۆشەویستی و کەوتنە داوی خۆشەویستی) بۆتە ئەزموون و توانست، ئەزموونەکانیش بوونەتە ڕاهێنان! دەمەوێ بڵێم بەو مانایە (منی شلۆك) دەتوانێت هەمان ڕستە (ئەوەی دەیبینن.. من نیم) وەك ئەزموون بە گۆڕانكاری جۆراوجۆرەوە بەکار بهێنێت، یان بێ بەرنامە لە دەرگای (تاقیکردنەوەی خۆشەویستی) ڕۆشنبیریی تۆكمە و چەسپاو بدات و بەردەوام ئەزموونێکی دیکە لە کەسێکی دیکەدا بە مەبەستی جیاوازی و لوتکەی چێژ و خۆشی بەسەربردن… تاقیبکاتەوە!
لە کۆمەڵگای بەکاربەردا کاڵاکان زوو بەرهەمدەهێنرێن و زوو تەواو دەبن؛ واتە سوبێكت هەمیشە لە خاڵی سفردایە! لە خاڵی سفری ئازادیدا، زانیاری پێش کۆکردنەوەی زانیاریی دەكەوێت؛ خێرایی پێش کاردانەوە و وەڵامدانەوە؛ ڕۆشنبیریی شلۆك پێش ڕۆشنبیریی تۆكمە و چەسپاو؛ ئازادی تەكنۆلۆژی پێش بوونی ڕەسەن… لێرەوە لە خوێندنەوەی ڕووداوی (نەمنی) شاعیردا دەمەوێ نەمنی و منی شلۆك بەهۆی شۆڕشی زانیارییەكان و گۆڕانكاری خێرای كۆمەڵگای تەكنۆلۆژی و پلەی سفری ئازادی و پەیوەندییە دیجیتاڵییەكانەوە، لەیەكنزیك بكەمەوە؛ بەو سیفەتانەی كە (نەمنی) شیعری و (منی شلۆك)ی تەكنۆلۆژی هەڵیانگرتووە.
ئیگۆ لە كۆمەڵگای تەكنۆلۆژیدا گەورەترین وەهمی ئازادییە، ئیگۆ ناسنامەی ڕاستەقینە نییە! تەنها پێکهاتەیەکی دەروونییە کە لەسەر بنەمای ترس، ئارەزوو و پابەندبوون و پلەی سفری ئازادی دامەزراوە! بەڵام ئیگۆ هەرچەندە هۆشیار بیت، کەمتر پێویستی بە بەرگریکردن دەبێت؛ ڕاستی پێویستی بە سەلماندن نییە، پێویستی بە ئازادی ڕاستەقینەیە، پێویستی بە سەلماندنی بوونە لەلایەن ئەویدیكەی جیاوازەوە… بۆیە لە شیعری (نەمنی)دا دەتوانین بڵێین هەمیشە ئازادی لە خستنەڕووی چەپێنراوەكانی ناوەوە دەرفەتێكی دیكە بۆ تێپەڕاندنی سنوورەکانی (نەمنی) تاقی دەکاتەوە: (ئەوەی دەیبینن.. من نیم.) ئەوەش وەك گوتمان هەر خۆنەویستی نییە، دەشێ قسەكردن بێ لە جیاوازی بوونی ئەویدیکە، بەڵام نەك بەو مانایەی كە ئەویدیكە ڕەنگدانەوەی من بێ، بەڵکوو بەو مانایەیەی كە ئەویدیكە نهێنییەکە و من ناتوانم خاوەندارێتی بوونی بکەم…
(ئیمانوێل لێڤیناس) لە كتێبی (کات و ئەویدیکە) پێیوایە کە ئەویدیکە بوونەوەرێک نییە، بەو شێوەیەی من دەمەوێت، بەکاری بهێنم یان لێکیبدەمەوە یان پرۆجێکتی بکەم، بەڵکوو بوونێکی ئازادە کە ڕووخساری داوایەکی ئەخلاقیی لێ دەکات؛ هەر بەو مانایەش منی ئازادی شاعیر لە ڕووداوی بوونی (نەمنی)دا گوزارشت لە ئەویدیكە دەكات؛ هەر بەو مانایەش هەڵبژاردنی ئازادی (نەمنی) بە پەیوەندی لەگەڵ بوونی ئەویدیکە دەپێورێت! پاش (ئەوەی دەیبینن..) ئیتر گەڕانەوەی منی خۆنەویست (منی شاراوە) بۆ (نەمنی)ی شیعری، وەك حاڵەتێكی دەروونی نا، بەڵكە وەك پرسیارێكی بوونگەرانەی شیعری باسی جیهانی منی شلۆك دەكات…

جیهانی شلۆك
ئایا پرسیاری بوونگەرانەی (نەمنی) ڕەنگدانەوەی جیهانی (منی شلۆكە)ە، یان نهێنییەکە ناتوانم (وەك ڕووداو) خاوەندارێتی بکەم؟! دەشێ لەنێوان كردەی (خاوەندارێتی نەكردن) و چەمكی (منی شلۆك)دا هاوتاییەك هەبێ، یان هاوتایەك لەنێوان کاری شیعری وەك بابەتێكی جوان (كە چێژ تێیدا دەردەكەوێت) و ڕووداوی شیعری (كە بوون تێیدا دەردەكەوێت) هەبێ، بەڵام حاڵەتی دەروونی نەبێ…
لەوێوە دەڵێم جیهانی (منی شلۆك) نزیكە لە تەكنۆلۆژیا و ڕۆشنبیریی شلۆك و چێژ؛ بەڵام ڕووداوی (نەمنی) شیعری شوێنێكە لە ڕۆشنبیریی تۆكمە و ئەویدیكەی جیاواز و بوونگەرایی؛ واتە نەمنی شاعیر بە پەیوەندی لەگەڵ بوونی ئەویدیکە دەپێورێت؛ نەك چێژی تەكنۆلۆژی؛ بە پەیوەندی لەگەڵ مرۆڤایەتی دیاری دەكرێت، نەك سوپەرمانی نیچەیی؛ بە پەیوەندی لەگەڵ ڕووداوی بوون شوێنێك بونیاد دەنێت، نەك لەگەڵ ڕازاندنەوەی زمانی شیعری…
کاتێک شاعیر من لە خۆی دەردەهێنێ، ئەویدیکە دەبینێ؛ بەرپرسیارێتی منی شاعیر بەرانبەر بوونی ئەویدیکە سەرچاوەكانی لە هۆشیارییەوەیە، بەرپرسیارییەتی منی شاعیر بەرانبەر ڕووداوەكانی نەمنی سەرچاوەكانی لە هەڵبژاردنی ئازادییەدایە… بەكورتی ئازادی من شوێنی بوونی ئەویدیكەی جیاوازە، كە وەك شیعر ناتوانم لە ڕووداوی (نەمنی) تێیپەڕێنم؛ بەو مانایەش ئەوەی دەیبینن.. من نیم، بەڵكە منی خۆنەویستە؛ شوێنی نەمنی ڕووداوی شیعری لە داخوازییە مرۆڤایەتییەكانەوە سەرچاوە دەگرێت؛ بەڵام ئەوەی ئەو جیهانە درووستکراوە ڕەخسێنراوەی ڕووداوی نەمنی بە منی شلۆك دەبەستێتەوە، لە داخوازییەكانی چێژ و هێزی سوپەرماندایە! چوونكە داخوازییەكانی ڕووداوی (نەمنی) خۆشەویستیی مرۆییە؛ داخوازییەكانی (منی شلۆك) خۆشەویستی تەكنۆلۆژییە؛ خۆشەویستی مرۆیی پەیوەندی بە بەخشینەوە دەكات؛ خۆشەویستی تەكنۆلۆژی پەیوەندی بە چەمكی زێدەییەكانەوە هەیە!
بە كورتی لێرەوە دەتوانم بڵێم پەیوەندی نێوان تەكنۆلۆژیا و منی شلۆك لە (پلەی سفری ئازادی، یان ئازادی وەك كەرستە) درووست دەبێت؛ نەك وەك دیاریكردنی پەیوەندی خۆشەویستی… (زیگمۆنت باومەن) لە كتێبی (خۆشەویستی شلۆك)دا پەیوەندی نێوان تەكنۆلۆژیا و منی شلۆك ناو دەنێت (خۆشەویستی کەرەستەیی)؛ بەو مانایەش لە جیهانی تەكنۆلۆژیادا پەیوەندی خۆشەویستی بۆ بوونی ئەویدیكەی جیاواز لە پەیوەندییەوە بۆتە ئەزموون و توانست، ئەزموونەکان ژمارە و زێدە ژمارەن؛ ژمارەكان بوونەتە کاڵا؛ پەیوەندییەكان بوونەتە پەیوەندی بەرژەوەندیخوازانە و کاتی؛ بەو مانایەش دیاریكردنی پەیوەندی خۆشەویستی تەكنۆلۆژی بە لۆژیکی (ئابووری و بازرگانی) دەپێورێن، لەسەر بنەمای (زیان و قازانج)؛ یان ئەو خۆشەویستییە وەك (تاقیکردنەوەی خۆشەویستی) تەماشا دەكرێت! كەواتە ئەوەی لە پلەی سفری ئازادیدا دەیبینن، من نیم، بەڵكە ئەزموونێکی دیکەی منی شلۆكە و کەسێکی دیکە تاقیدەکاتەوە؛ واتە گۆڕینی بە کەسێکی دیکە!.
جیهانی منی شلۆك، جیهانی زێدە تاقیكردنەوەیە، جیهانی زێدە قازانج… جیهانی منی شلۆك لەسەر بنەمای ئابووری تەكنۆلۆژی وەستاوە… بەڵام شوێنی نەمنی، شوێنی بەخشین و ڕێزگرتن… شوێنی ڕووداوەكانی نەمنی وێنە و بوونی ئەو بەخشینە ڕاستەقینەیە دەكێشێ كە (جۆرج باتاى) لەسەر بنه‌مای–ئابوورى هەتاوی- باسی دەكات؛ واتە: بەخشینێكى تاكلایەنانەى وزەی هەتاو بە بوونی ئەویدیكەی جیاواز؛ بەخشینى ئەو شتەى كە خۆت بە خاوەنى نازانیت، پشت بە مامەڵەكردن نابەستێت؛ هەتاو دەسووتێت و هێدی هێدی لە وزە (خۆشەویستە) بێڕادەكەیدا (مەستمان) دەكات، (ژیانمان پێدەبەخشێت)… بڕوانە: كتێبی (تیۆری ئایین) و: هاوار محەمەد، دەزگای ئایدیا، 2017، چ حەمدی- سلێمانی، ل122-123.
دەمەوێ بڵێم بوونی خۆشەویستی مرۆییانە وەك (تیشكى هەتاو) پشت بە مامەڵەكردن نابەستێ؛ پشتبەستن بە مامەڵەكردن، دەكەوێتە سەر سووكایەتیپێكردن (زیاتر قەرزبار كردن)! لەبەرانبەریشدا (تاقیكردنەوەی خۆشەویستی) تەكنۆلۆژی پەیوەندی بە زێدە قازانج و زێدە مامەڵەكردندایە…
بێگوومان ئامادەیى بوونی خۆشەویستى لەسەر بنەمای (ئابوورى هەتاوی) دەلالەت لە بەخشینى وزەی دەروونی و بەخشینى (خۆشەویستى) بێ‌ بەرانبەر دەكات… ئامادەیى خۆشەویستى لەسەر بنەمای (ئابووری تەكنۆلۆژی) كاڵایە، قازانجە… یەكەمیان، بەردەوام بیر لە نرخ و شكۆی بوونی ئەویدیكەی جیاواز دەكاتەوە؛ دووەمیان، بیر له‌ زێدە سوود و ئاڵوگۆڕ و زێدە به‌رهه‌مهێنان و هەبوونی زێدە ده‌ستكه‌وت دەكاتەوە… یەكەمیان، هەمیشە خۆشەویستی وەك خاڵی سەرەتایی دەبینێ؛ دووەمیان، خۆشەویستی وەك كاڵا سەرف دەکات و لە پلەی سفردا (زێدە- خۆشەویستی) تاقی دەكاتەوە؛ (ئالان بادیۆ) لە كتێبی (لە ستایشی خۆشەویستی)دا، دار التنوير، 2014، ترجمة: غادة الحلواني- لە بەشى (خۆشەویستى لە ژێر هەڕەشەدایە)؛ بە ناوى (خۆشەویستی ئازادانە)ى سەردەمى بەكاربردنى خۆشەویستى… دەڵێت: من پابەند نیم، من پابەند نیم، واتە: خۆشەویستی لە پلەی سفردا! بەو مانایە دووەمیان، پلەی سفری خۆشەویستییە… كەواتە (ئەوەی دەیبینن.. من نیم) واتە دوور لە پلەی سفری خۆشەویستی دەلالەت لە بونیادنانی خۆشەویستی دەكات.

مۆدێرنەی شلۆك
لە دیدی (زیگمۆنت باومەن) كۆمەڵگای تەكنۆلۆژی دەلالەت لە توانەوەی پێکهاتە کۆمەڵایەتییە چەسپاوەکان و دامەزراوە تۆکمەکان دەكات؛ بە مانایەكی دیكە كۆمەڵگای تەكنۆلۆژی مۆدێرنەی شلۆكە و لەڕێگای گوزارەی تاکگەرایی و مەسرەفگەرایی جێگای بە گوزارەی هاوڵاتیبوون و ڕووداوەكانی بوونی ئەویدیكە، چۆل كردووە؛ لەڕێگای پەیوەندی هاوبەندییەوە جێگای بە پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان تەنگ كردووە… لەوێشەوە (زیگمۆنت باومەن) ئاماژە بە لەرزۆکی و کەمخایەنی پەیوەندییە مرۆییەکان دەدات و دەڵێ پەیوەندییە مرۆییەکان، تا دێت زیاتر شلۆک و کەمخایەن و زوو تێپەڕ دەبن؛ شلۆکی پەیوەندییە مرۆییەکان، هەستی تاوانباربوونمان بۆ درووست دەکەن، هەرچۆنێک ئەو هەستە بخەینەڕوو، هەست بە تاوان دەکەین، هەرگیز ئەو پەیوەندییە هەستی بەکۆمەڵبوون درووست ناكات، بەڵکە وەك هاوبەندی ئەو کاتە کۆتایی دێت کە داواکاری و ئارەزووەکانی ئێمە جێبەجێ ناکات، ڕێک وەک کاڵایە… لە کۆمەڵگای بەکاربەردا کاڵاکان زوو بەرهەمدەهێنرێن و زوو زوو تەواو دەبن؛ لە کۆمەڵگای بەکاربەردا چێژ بۆتە بەشێک لە بەکاڵابردنی سوبێكت، چێژ بۆتە هۆکاری سەرەکی درووستکردنی پەیوەندیەکان…
تاوانباریم
کرمێکە جەرگم دەخوا
دەشێ پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەكان و هاوبەندی تەكنۆلۆژی لەنێوان منی خۆنەویست و کێشەكانی منـی چەپێنراو لەو پرسیارە (نالۆژیكی/ لۆژیكی)یانەدا هەڵگرینەوە و بڵێین: خۆزگە (تاوانباریم) وەك كرمێك بە ئازادی جەرگی خواردم، لە دەرەوەی ئامێری بێ هەستی تەكنۆلۆژیاوە؛ ئەی (بێدەنگیم) كرمی نەبینراوی جەرگم بوو… چی بوو؟! ئەی چی دەبێت بەبێ دەنگی لەلایەكی جەرگم ڕێبکەم، یان گوێم لەدەنگی تاوانە شاراوەكانم بێ… بەڵام لە هەموو ئەوانەشدا ئەی چی دەبێت ئەگەر زەنگی چەێنراوەكانم لەبری زەنگی تەكنۆلۆژیا، سڵاوی ڕووداوەكانی بوونی (نەمنی)ی بە پلەی سفری ئازادی (منی شلۆك) بگۆڕێتەوە؟!.
دەمەوێ بڵێم ئەو لێکۆڵینەوە قووڵەی (زیگمۆنت باومەن) لە بارەی مرۆڤ لە سەردەمی مۆدێرنیتە شلەکاندا پێشکەشی كردووە، ترسەکانی چیتر لە مەترسییە کۆنکرێتییەکان و کۆنتڕۆڵکراوەکاندا قەتیس نین، بەڵکە گۆڕاون بۆ دۆخێکی بەردەوامی دڵەڕاوکێ و نادڵنیایی… لەو قەسیدەیەشدا وەك ڕوونمانكردەوە (ترسی ڕووداوەكانی- نەمنی) چیتر لە هەڕەشەیەکی دیاریکراو و دوورەوە سەرچاوە ناگرێت، بەڵکە لە ناسکییەکی بێ مەودا و نزیكەوە هەڵقوڵاوە، کە خۆیان لە تایبەتمەندی دیجیتاڵی و مامەڵەی تەكنۆلۆژی و مەترسییە ئابووری و ژینگەییەکانەوە تا ناسکی چاودێریكردنی ئەمنیی و دڵەڕاوکێ و نادڵنیایی هەڵدەگرنەوە… هەموو ئەوانەش وەك كۆمەڵێ زانیاری كەڵەكەكراو و زیرەكی/ ژیری دەستكرد و ڕەفتاری بەکۆمەڵ لە قاڵب دراو شلتر دەردەكەوێت و لەوێوە هەموو سنوورەکانی مرۆڤایەتی بەزاندووە و لە هەموو شوێنێ بەشێوەی سوپەرمانی نیچەیی بڵاودەبێتەوە و بەردەوام دەگۆڕێت…
ئیتر ئەوە شوێنی كۆمەڵگای تۆكمە و چەسپاوە، كە جیهانی كۆمەڵگای ئەلكترۆنی بەرهەمهێناوە؛ ئەوە هاوبەندی تەكنۆلۆژییە، كە مۆدێرنیتە شلەکانی لێكەوتۆتەوە… کۆمەڵگایەکی بەرهەمهێناوە، کە لە ناسکی بەردەوامی ئامێرە بێ هەستەكاندا بژی… ئیتر پەیوەندی كۆمەڵایەتی ڕاستەقینە و دامەزراوەی سەقامگیر و دڵنیایی تۆکمە و دەروونشیكاری… ڕۆژیان ئاوابوو؛ ئیتر تاکەکان ڕووبەڕووی ترسی هەمیشە گۆڕاو دەبنەوە! (زیگمۆنت باومەن) لە كتێبی (الخوف السائل)، ترجمة: حجاج أبو جبر- ط1، بیروت-2017. دەڵێت: مەترسییەکان چیتر تەنیا لە کارەساتە تەقلیدییەکاندا سنووردار ناكرێن، بەڵکە بوونەتە بێکاری شلۆك و داڕمانی بازاڕ و پیسبوونی ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوا… جگە لە هەموو ئەوانەش (ترسی خەیاڵی) ترسی شەوە تاریكەكانی نادڵنیایی کە لەلایەن میدیا و سیاسەتەوە وەک ئامرازێک بۆ کۆنترۆڵکردن بەردەوام تووند و تووندتر دەکرێت؛ یان لەسەر بنەمای تاریكی نادڵنیایی كۆنتڕۆڵی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان دەكات و کۆمەڵگا دەخاتە دڵەڕاوکێی بەردەوامەوە.

عەبدولموتەڵیب عەبدوڵلآ
هەولێر 29/9/2025




لە ستایشی (گەمژەیی)دا.. عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا

گوتەیەكی (ڤیتگنشتاین لە تراكتۆس)دا هەیە، دەڵێت: (ئەگەر هەندیجار مرۆڤ كاری گەمژانە نەكات، ژیری دەرناكەوێت.) بۆ ئەوەی لەو گوتارەدا ڕێكارەكانی چەمكی (یەكسانبوون، لەنێوان “گەمژەیی و ژیری” وەك دوو پێكهاتەی بیركردنەوەی مرۆیی) تێپەڕێنم، دەڵێم: كاری (گەمژەیی) خوازەی (ژیرییە)!. واتە لە ستایشی گەمژەییدا كۆی ئەو فەزا ئازاد و كراوەیەی كە لە مێشكی مرۆڤدا وەك خوازەی گەمژەیی دەمێنێتەوە، لەلایەك زمان بە درۆ دەخاتەوە، لەلایەكی دیكە ڕاستی لە زماندا دەبینێتەوە… لەسەر ئەو بنەمایەش هیچ مرۆڤێک لە گەمژەیی بێبەری نییە! كەواتە ئایا جیهانەکەمان لە ژیری و گەمژەیی كۆپی كراوە؟!.
لێكدانەوەی (هیچ مرۆڤێک لە گەمژەیی بێبەری نییە) بۆ خوێنەر بەجێدەهێڵم، بەڵام بۆ (گەمژەیی وەك لۆژیک) پەنا بۆ كتێبی (تراكتاتۆس- بەندی 5 و 6)دا دەبەم، كە دەڵێ: پرسیارە لۆژیکییەكان تەنها بە دیار بەدەستهێنانی ڕاستییەكی دیاریکراوەوە نامێننەوە، بەڵكە دەبێ بەرانبەر بە ڕاستییەکانی جیهانی دەرەکی، بە تەواوی بێلایەن بن، چوونكە بەپێی (كات) ڕاستی سنوورە لۆژیکیەکان تێدەپەڕێنێ! بەو مانایەش ژیری مەحکوم نییە بەوەی كۆی زانیارییەكان لەبارەی جیهانەوە لەخۆ بگرێت، بەڵکە پێویستە گەمژیش فەرامۆش نەكات… ئەرکی گەمژەییش ئەوە نییە، کە ڕاستییەکان ڕەتبکاتەوە؛ بەڵكە دەبێ گەمژەیی خۆیشی بەهەند بزانێت!
كەواتە لەژێر خێوەتی مرۆڤ بوونەوەرێکی سەیرە و ڕاست دانیشتووە! هەندێجار گەمژەیی، خراپ بەکارهێنانی ڕاستی، لە دەربڕینی ژیرییدا كۆدەكاتەوە… هەندێجار ڕاستی، كۆكراوەی پارچە شكاوەكانی گەمژەیی و ژیرییە… هەندێجار جەوهەری واقیع، ڕێکخستنی گەمژەیی و ژیرییە… بەو مانایانە ڕێزبەندی گەمژەیی و ژیری لە ناڕوونترین ڕاستی و ڕوونترین ڕاستیدا دەرناكەوێت؛ بەڵكە پێویستی بە بوونی ئەزموونگەریی مرۆیی و واقیعبینییەوە هەیە… ناشێ لە یەكێك لەڕێكارەكانی چەمكی (كۆ) و (كەم)دا کورت بکرێتەوە! چوونكە مەتەڵی بەکارهێنانی ڕۆژانە (زمان و کردار)ە… بۆیە لەو گوتارەدا بۆ تێگەیشتن لە خودی ڕاستی و درۆ ڕێكاری (بەس)ە و (پێویست)ە، یان چەمكی (دەكاتە) دەنووسمەوە! بەمجۆرە دەتوانم بڵێم (گەمژەیی وەك زمان) دەكاتە (ژیری وەك كردار).
فەیلەسووفی بەناوبانگی ئەڵمانی (ئارسەر شۆپنهاوەر) لە کتێبی (حیکمەتی ژیان- وەرگێڕانی، ئارام ئەمین شوانی- چاپی دووەم، لە بڵاوکراوەکانی کتێبخانەی فێربوون، 2019)دا ڕەشبینی بە سیمایەکی باش دادەنێت… (ئیرادە، باوەڕ بەخۆبوون، ئایین، دەوڵەت) بەرز دەنرخێنێت… ئەگەرچی مرۆڤیش شایستەی هەڵەکردنە، بەڵام ئەو پێیوایە (مرۆڤ تا زیاتر بزانێت، گرفتەکانی زیاتر دەبن؛ گەمژەیی پشوویەکی ساختە بە مرۆڤ دەبەخشێت.)…
لێرە لە خوێندنەوەی دەستەواژەی (گەمژەیی، وەك پشووی ساختە)دا ناڵێم گەمژەیی مرۆڤ شتێکی ڕێژەییە و دیاردەیەکی ئاڵۆزە و ڕەگی لە هەست و سۆزدایە… بەڵكە دەمەوێ (حەسانەوەی عەقڵی مرۆڤ بەشێوەیەكی ساختە) لە (زێدە هەڵەکردن)دا هەڵگرمەوە و وەك یەکێک لە مەتەڵە باڵاكانی گەمژەیی دابنێم؛ بۆ پشتڕاستكردنەوەی مەتەڵە باڵاكەی گەمژەیی لە زێدە هەڵەكردنەوە بۆ پشوودانی ساختەی عەقڵ؛ هەوڵدەدەم قسەكەی (سوكرات) بیر بخەمەوە، كە دەڵێت: (تەنها شتێک کە دەیزانم، ئەوەیە کە هیچ نازانم.) كەواتە لە گەمژەییدا تاریکییەک هەیە؛ دەشێ پرسیاری سوكرات لەو تاریكییە ئەوەبێ، ئایا گەمژەیی، بەشە گەورەكەی زانینە یان نەزانی؟! پرسیاری ئەو خوێندنەوەیەش ئەوەیە، ئایا قسەكەی سوكرات گەمژەناسییە یان ژیریناسی؟!.

گەمژەیی شاعیرانە، نیشتەجێی ژیرییە
لە خواركردنەوەی ئەو سەبتایتلە (زمان- هایدگەری)یەدا، دەمەوێ بڵێم گەمژەیی (وەك زمان) دەتوانێ‌ گوزارشت لە خۆی و شتەكان بكات، ئەزموونەكانی خۆی و ئەزموونەكانی ئەویدیكەی ژیری وەك كردار دەربخات و جیاوازییەكانیش شاعیرانە زەق بكاتەوە… واتە گەمژەیی هەر مرۆڤ كەشف ناكات، بەڵكە واقیعبینیش دەگەیەنێت؛ لەلایەك دەبێتە ئەو (تاریكی/ ڕۆناكی)یەی كە دەوری ژیری دەدات، لەلایەكی دیكە جیاوازییە زۆر ئاڵۆز و گشتییەكانی ڕادەستی ڕاستی دەكاتەوە.
كەواتە دەتوانین بڵێین گەمژەیی پارێزەری ژیرییە؛ بۆیە لە دەركەوتنی گەمژەییدا هەرگیز (بوێری) و (ئازادی) هەست بە غەریبی ناكەن؛ چوونكە گەمژەیی لە گفتوگۆكردندا تەبایی لەبیر نییە، بەڵكە دەبێتە ڕووداوی گفتوگۆكە… بەو مانایەش تا گەمژەیی بە ئاگا نێتەوە، ماڵی ژیری بێ پاسەوانە! بەو مانایەش خۆ گۆڕینی گەمژەیی ساختە نییە، دەمامك نییە، ناسینەوەی بوێری و ئازادییە… كەواتە گەمژەیی دەبێتە شتێك- بۆ ژیری لەپێناو داهێنان! دەبێتە شتێك- بۆ دەركەوتن لەنێو جیهاندا (دازاین)…
لەو گفتوگۆیەدا، گەمژەیی شتێك لەدەرەوەی ژیری نییە، بوونی گەمژەیی بەردەوام ژیری دەخاتە سەر خۆ و خۆدەرخستن لەلایەك و جیاوازی و خەیاڵی داهێنانە لەلایەكی دیكەوە… وەك چۆن ژیری لە ئامادەیی گەمژەییدا ئامادەیە؛ بە هەمان شێوە گەمژەیی لە ئامادەیی ژیرییدا ئامادەیە! كەواتە ژیری و گەمژەیی وەك باوە (دژ بوون)ی گفتوگۆ نیین، بەڵكە (یەك بوون)ی گفتوگۆن… ئەوە مانای ئەوە نییە، هەرگیز ئەو دووانە لێكدژ ناوەستنەوە، بەڵكە كاتێك لێكدژی ڕوو دەدات، كە لە یەكتری دووردەكەونەوە، كە یەكتری دەشارنەوە، كە وەك گفتوگۆ بوونیان نامێنێت…
لێرەدا بە پێچەوانەی بیركردنەوەی باوی كۆمەڵگا، گەمژەیی (شتێك دەگەیەنێت) كە برەو بە تێگەیشتنێكی جیاواز دەدات! جیاوازی بنەما و تایبەتمەندی یەكتر قبووڵكردن و پێشمەرجی بوێری و ئازادییە؛ جیاوازی پانتاییەكە بۆ دەركەوتنی خۆشەویستی، هەموو ئەوانەش ئەگەرەكانی گەمژەیی ڕابەرایەتیان دەكات و پێش ژیری دەكەوێت… بەڵام تێگەیشتن لەو شتەی كە دەگات، زێدە گەمژەیی مەیسەری ناكات، وەك چۆن زێدە ژیریی ناخاتەوە، بەڵكە ئازادی و بوێری و خۆشەویستییە.

مرۆڤ لەنێوان ئازادی و خۆشەویستییدا
گەمژەیی، ژیری لەخۆیدا ون دەکات، تاکوو ئازادی پراکتیزە بکات! ژیری لە دەرەوەی خۆی چەمكی خۆشەویستی تەرجەمە دەكاتەوە، تاکوو مانایەكی لۆژیكی بە ئازادی ببەخشێت… كەواتە لەنێوان ئازادی و خۆشەویستی، هەمیشە گەمژەیی و ژیری وەستاون؛ لەنێوان گەمژەیی و ئازادیدا مرۆڤ هەیە؛ یان وەك “کارل گۆستاڤ یۆنگ” دەڵێت (ئەوەی سەیری دەرەوە دەکات خەو دەبینێت، و ئەوەی سەیری ناوەوەی خۆی دەکات بە ئاگا دێتەوە.) بەڵام لەنێوان ژیری و خۆشەویستیدا لۆژیك كارەكان ڕاییدەكات… مرۆڤ بەردەوام خەو دەبینێ و بە ئاگا دێتەوە… مرۆڤ هەمیشە بەدوای خەونەكانی خۆیدا دەگەڕێت…
كەواتە ژیری و گەمژەیی (پێویستی)یەکی بوونگەراییە و هەموو کەسێک دەگرێتەوە؛ ئەگەرچی (بەس) نییە! چوونكە پێکەوەبوونی گەمژەیی و ژیری هەندێکجار کاردانەوەی چاوەڕواننەکراو دەخەنەوە، واتە کە گەمژەیی شاراوەیە، ئەوە لە (دەرەوە) ژیری ئاشکرا دەبێت؛ بەڵام كە ژیری شاراوەیە، ئەوە گەمژەیی (ناوەوە) قسان دەكات.
هەمیشە دەبێ خۆشەویستی وەك (كردەی كەوتن) دووبارە بكەینەوە، لەو دووبارەكردنەوەیەش ئەنجامی جیاواز بەدەست بھێنین! لە كردەی خۆشەویستی وەك كەوتن ژیری شاراوەیە و گەمژەیی ئاشكرا… بەڵام ئەگەر ئازادی بە هەستی ناوەوە و بیركردنەوەوە پەیوەست بكەین، ئەوە گەمژەیی شاراوەیە و ژیری قسە دەكات! كەواتە مرۆڤ گەمژەیە لەو كاتەوەی دەیەوێت خۆی وەك ژیر بنوێنێ.

پێکەوەبوونی گەمژەیی و ژیری
كاری گەمژەیی خوازەی ژیرییە؛ ئەوەش بەو مانایەیە، كە خەونی ژیری خەیاڵی گەمژەییە، یان گەمژەیی پێکهاتەی زمانێکی هێماییە و قووڵی ناخی مرۆڤ، یان یارییە زمانییەكانی ناوەوەی مرۆڤ ئاشکرا دەكات! لەنێوان فریودانی زمان و كردەی عەقڵی وەك خوازەی گەمژەیی؛ لەنێوان تاک و کۆی ئەزموونی مرۆییدا؛ نموونەی وردی لێکدانەوەی ژیری و گەمژەیی بە هەردوو ڕووەكەی دەخەینەڕوو: یەكەم، بە ڕوونکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی ژیری وەك ناسنامەی ژیری! دووەم، بە ئاراستە جیاوازەکانی ئازادی وەك ئازادی؛ یان وەک هێڵی موگناتیسی کە نابینرێت، بەڵام دەشێ کاریگەرییان ئاشکرا بکرێت… هێڵە نەبینراوە موگناتیسییەكان وەك چۆن ناهۆشیاریی وەک پێکهاتەیەکی زیندوو دەردەخەن، کە کاریگەری لەسەر هۆشیاری هەیە، بەهەمان شێوە هۆشیارییە مرۆییەكانیش، ناهۆشیارییەكانی ناخ دەشارنەوە، كە وەک پێکهاتەیەکی زیندوو کاریگەرییان لەسەر داهێنان جێدەمێنێ.
كەواتە پەیوەندی نزیكی نێوان (نەخۆشی و گەمژەیی) تەنها لە ئەندامێكی تووشبوو دەرناكەوێت، بەڵكە قەوارەیەكی تەواوەتییە، كە ژیری وەك ئەزموونێكی بوونگەرایی تێیدا دەژی؛ هەر بەو مانایەش ژیری بانگی پزیشكەكان دەكات، كە بۆ گەمژەیی لایەنی ئەندامی تێپەڕێنن و لایەنی دەروونی و ڕۆحی بگرنەبەر… بەڵام گەمژەیی ڕوو لە لۆژیكی پزیشكان وەردەگێڕێ و ڕوو لە بیرمەند و ئەدیب و هونەرمەندان دەكات، كە هەڵسوكەوتی مرۆیی تەنها بە بنەماكانی ژیری و ئاگایی ڕاگەیاندراو لێك نەدەنەوە، بەڵكە پاڵنەرە شاراوەكانی گەمژەیی و نائاگایی لەبەرچاو بگرن…
لێرەوە پرسیاری ژیری بەر پرسیاری گەمژەیی دەكەوێت، پرسیاری خۆشەویستی بەر ئازادی، پرسیاری زانستی بەر ئەدەبی… و هەموو ئەوانەش لە پرسی (مرۆڤ تا چەند ئازادە؟) یەكتر تەواو دەكەن… لەوێشەوە ئەگەری ئەوە دەخەنەڕوو کە (شیکردنەوەی خۆشەویستی و قبووڵكردنی جیاوازی) ببێتە ئامرازێک بۆ ڕزگارکردنی مرۆڤ لە زاڵبوونی هۆکارە شاراوە و ناشاراوەكان… بۆ ئەوەی مەتەڵی زمان ڕابەرایەتی فەزا ئازاد و كراوەكانی كرداری عەقڵی بكات.

5/9/2025 هەولێر




كتێبی خولیای گێڕانەوە.. نووسینی: عەبدولموتەڵیب عەبدوڵلآ

بابەت: لێكۆڵینەوە ئەدەبى
نۆرەی چاپ: یەكەم
ساڵی چاپ: 2025 كوردستان- سلێمانی

ناوەرِۆك:

  • گێرِانەوە، چەند خستنەرِووییەكى سادە…….
  • رۆماننوسانى كورد……………..
  • بەشى یەكەم:
  • بونیادى گێرِانەوە………………
  • توانا/ داهێنان…………………..
  • زمانی نووسین/ زمانی حیکایەتکردن…
  • ژیاننامە …………………………
  • كۆڵان كۆڵان گێرِانەوە………….
  • ئاسۆى چاوەرِوانى خوێنەر……
  • گۆشەخەیاڵ……………………..
  • پاسەوانانى خودا، لەنێوان زەمەن…
  • شیعرییەتى دەستپێك لە (كەوتنى ئاسمانەكان)دا….
  • گێرِانەوەى “مەرگى مەیموون”………..
  • رۆمانى شەوگەرِەكان……..
  • بەشى دووەم:
  • پیاوێكى تێكشكاو…………..
  • زمانى كوردى لە نێوان دوو دۆزەخدا…
  • ژیان رۆمان نییە”….
  • دۆن کیخۆت” سوارچاکی شێتی…
  • بەشى سێیەم:
  • (تەوەرى خۆكوشتن و نوسین)….
  • سەرچاوەكان……………
  • عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا…….

لە ڕۆژی ٣ی ١٠ لە پیشانگای نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ کتێب بڵاو دەکرێتەوە…
لە دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم دەستدەكەوێت.




لە ستایشی (بێكاریی)دا.. عەبدولموتەڵیب عەبدوڵلآ

ناچالاکی مرۆڤ ئازاد دەکات، فێرمان دەکات، زێدە- بەكاربردنە تاقەت پرووكێنە خێراکان بە داهێنان نەبینین، بەڵكە تەنها وەك کاردانەوە تەماشایان بكەین… ئەو قسانە ئازادی مرۆڤ لە پەیوەست نەبوون بە مەرجەكانی زێدە- كاركردن و بەكاربردنەوە دەبینێتەوە؛ هەر لەوێشەوە بە گومانەوە سەیری سوودەكانی (زێدەیی) دەکات، کە بە خێرایی بەرەو (زێدە-چالاكی) و (زێدە-سەركەوتن) و بەدەستهێنانی (زێدە-قازانج) و پێشکەشکردنی ئەدای باشترەوەیە، تاوەکوو بە (زێدەییە) یەک لە دوای یەکە نەپچڕاوەکانەوە باشترینەكان بەدەست بهێنێت.
فەیلەسووفی ئەڵمانی، بە ڕەچەڵەک کۆریای باشوور (بیۆنگ- چوول هان) هەموو ئەو حەز و زێدە-بەكاربردنەی كۆمەڵگای تەكنۆلۆژیی ڕیسوا دەكات؛ ئازادی و ڕزگاری مرۆڤ و بیركردنەوە و ڕامانی قووڵ لە ئاراستە نەكردن و ملکەچ نەبوونی مەرجەکانی کاردا دەبینێتەوە؛ داوای پەیڕەوکردنی شێوازێکی دژ بە لایكی دیجیتاڵی لە ژیانێكی هێمندا دەبینێتەوە، کە حەوسەلەی ناچالاکی و حەسانەوە و خەواڵووبوون و بێكاریی هەبێت!.
دەشێ نكۆڵیكردنی ژیانی خێرا و كاركردنی بێوچانی مرۆڤی ئەمڕۆ، نزیك بێ لە ترسە لەبننەهاتووەكەی (ئەلبیر كامۆ) بەوەی كە لە ژیاندا هەموو ڕۆژێک هەمان نائومێدی و هەمان ئازار دەچێژین، کەچی هیچ شتێک ناگۆڕێت! (بیۆنگ- چوول هان) بە هەمان شێوە ئاوڕ لە بێكاریی دەداتەوە و بەبڕوای ئەو ئەمڕۆ بێكاریی دەبێتە شکاندنی یەکدەنگی ئەرێنی و عه‌وامگه‌رایی دیجیتاڵی، یان ئەوەی هه‌مووان ده‌یانه‌وێت خێرا ده‌ركه‌ون و دەركەوتن بە پێوەری زێدە-قازانج و بەرهەمهێنان و داهێنان بژمێرن…
پرسیار ئەوەیە، میهرەبانی لە كوێی دەركەوتنی خێرا و كاركردنی بێوچاندایە؟! بە بۆچوونی نووسەر، كاركردنی بەردەوامی تاقەت پرووكێن، تواناکانی داهێنان و ڕامان و میهرەبانی، لە مرۆڤدا دەکوژێت؛ مرۆڤ وەك ئامرازێکی میکانیکی بێ ڕۆح تەماشا دەكات؛ ئەو دۆخە دیجیتاڵییە زاڵە، کۆمەڵگایەكی دابڕاو و جیاکراوەی پەرەپێداوە؛ ئەگەرچی لەڕێگای تەكنۆلۆژیاوە پەیوەندی بەیەكەوە دەكەن؛ بەڵام لەو پەیوەندییە خێرا و كورتخایەنەدا مرۆڤ تەنیایە… ئێمه‌ی مرۆڤ خۆ-ڕه‌تێنه‌رین بۆ کاركردنی زێتر و زێتر و سوودی ماددی… ئیتر پلانه‌كانی ئیش ڕایكردن و فره‌-وه‌زیفه‌ بوونه‌ته‌ شێوازە باڵاكانی ژیانمان، هەتا ئەگەر ئەو باڵایی و زێدە-قازانجە لەڕێگای فیتنە و شكۆشكاندن و لەناوبردنیش بێت…
بەو مانایە (کات)ێك بۆ حەسانەوە نییە؛ كات لە كۆمەڵگای دیجیتاڵیدا بۆ بەکارهێنانی قازانجی زیاتری ماددی نەبێ، هیچ مانایەكی دیكەی مرۆیی نییە… كات لە كۆمەڵگای دیجیتاڵیدا هەرگیز بۆ گەیشتن بە سادەیی و بەختەوەری نییە! هەمیشە بۆ گەیشتن بە بەختەوەری ڕاستەقینە، كاری تاقەت پڕووكێن بێ کەڵک دەكەوێتەوە، چوونکە لە ناخەوە هەڕەشە لە بوونی مرۆڤ و شكۆی مرۆڤایەتی دەکات؛ بۆیە دەبێت تەرخانكردنی كات بۆ ئارامی و حەسانەوە بێت و پشت بە ناچالاکی ببەستێت.
ئەمڕۆ ژیانی مرۆڤی تەكنۆلۆژی زیاتر لە مەترسیدایە، چوونكە كاركردنی خێرا و زیاد لەپێویست خەڵکی بێ حەوسەلە کردووە؛ ئەمڕۆ سیمای دیاری کۆمەڵگا مۆدێرنەکان، پەشێوی دەروونی و تەنیایی و گۆشەگیرییە… نەك ڕامانی قووڵ و بیركردنەوە، گۆڕانكاری و میهرەبانی، بەشداریكردن لە ڕێوڕەسم و نەریتە کۆمەڵییەکان… دەتوانین بڵێین كۆمەڵگای تەكنۆلۆژی پێیوایە نەریت و ڕێوڕەسمەکان دووبارەبوونەوەن… بەڵام دووبارەبوونەوەیەکی بیرۆکراسی و ئۆتۆماتیکی نین، بەڵکە هەستی چالاکی و زیندووێتی لە ناچالاكییدا دەچێنن!.
مرۆڤی دیجیتاڵی بەردەوام بەدوای ژمارە و ژمارەی نوێدا ڕادەکات؛ بەتەواوی بێئاگایە لە هونەری دووبارەبوونەوەی چێژەکان؛ لەگەڵ ژیان فەرامۆش دەكات… لە كۆمەڵگای تەكنۆلۆژیدا چه‌نده‌ چالاكتر و سەركەوتووتر بین، هێندە خێراتر ڕاوده‌نرێین و جێیه‌كیش بۆ حەسانەوە شك نابەین- هه‌ڕه‌شه‌كه‌ش ئا له‌وێدا،(له‌ ده‌ره‌وه‌دا) نییه‌، لەناوەوە- به‌ناوه‌كیكراوه‌؛ كۆمەڵگای دیجیتاڵی كۆمه‌ڵگای دیسپلینكراوی فۆكۆییە، دیكتاتۆریه‌تی ئەرێنی بەڕێوەی دەبات…
ئەو ژیانە ئەرێنی و خێرا و ساختەیەی کە سیستمی تەكنۆلۆژی بانگەشەی بۆ دەکات؛ ئەوەیە كە هەتا زیاتر و خێراتر كاربكەین و بەکاری بهێنین، ئەوەندە به‌خته‌وه‌ر و سه‌ركه‌وتووتر دەبین، ئەوەندە زێتر حەزمان بۆ ژیانكردن و چێژبردن پتر دەبێت، ئەوەندە هەڵدەكێشین و قازانج دەكەین، پڕ بەرەكەت دەبین و باشترین بەدەست دەهێنین… بەو مانایەش ئەو ژیانە ئەبستراكتە جگە لە كار و چڕکردنەوەی بەکاربردن و بەكارهێنان هیچی دیكە نییە، ئەوەش شەكەت و نه‌خۆشمان ده‌خات.
(بیۆنگ- چوول هان) لە دیمانەیەکدا لەبارەی (تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و کۆرۆنا) كە (هاوڕێ خالید) لە 27ی كانونی دووه‌م، 2022، وەریگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی، دەڵێت: چێژی دووبارەبوونەوە چڕییەكی خوازراوی هەیە؛ بۆ نموونە، من (سێباستیان باخ)م خۆشدەوێت، بە هەزاران جار پارچە جوانەکەی (گۆڵدبێرگ)م ژەنیووە و هەر جارە خۆشییەکی جیاوازم پێدەبەخشێت… هەر لە بابەتی (دیمەنەکانی بێکاری)دا دەڵێت: (بێکاری بریقەی خۆی بە ژیان دەبەخشێت، ژیانی ڕاستەقینە لەو ساتەوەختەوە دەست پێدەکات، کە گرنگی بە ژیانێكی ئارام و ڕامان و بیركردنەوە دەدەین؛ دەبێ بەدوای ژیانێکی سادەدا بگەڕێین).

خەوتن، بێدەنگی، چاوەڕوانی
(بیۆنگ- چوول هان) بایەخی ناچالاکی لەو بارودۆخە تایبەتانەدا دەبینێتەوە، کە مرۆڤ دەخەوێت، بێزار دەبێت، چاوەڕێ دەکات، بێدەنگ دەبێت… پێیوایە مرۆڤی دیجیتاڵی گرنگی و سوودەکانی ئەو بارودۆخانە وەك پێویست نازانێت…
مرۆڤ کاتێک بێکار دەبێت، كۆمەڵێ حاڵەت، بەبێ هیچ چالاکیەکی دەرەکی دەیخاتە ڕامانەوە؛ بەو مانایەش مرۆڤ لە بێكارییدا ئازاد دەبێت، دۆخی ناچالاکی دەبێتە ئازادی ڕاستەقینە… لە (خەو)دا كاتێ خەون دەبینێت، لە نائاگاییەوە یادەوەرییەکان کارا دەبن؛ بەو مانایەش خەونبینین واتە ڕوو لەخۆ كردن و دەوروبەر كردن؛ ڕوو لەو شوێنەی کە تێیدا بوونت هەیە، ڕوو لەو کاتە تایبەتەی كە دەورەی داویت… (خەوتن) دوا ئاستی حەسانەوەی جەستەیە، لە کاتێکدا (بێزاری) دوا ئاستی حەسانەوەی دەروونییە؛ بەو مانایەش لەكاتی خەوتندا ئاگایی لە بوونی خۆی دادەبڕێت و لە هەر کۆتوبەندێکی دەرەکی ئازاد دەبێت، ئەوە جگە لە چێژ و خۆشی پێش خەولێكەوتن، وەك ڕامان و خاوی و خەواڵووبوون…
بەڵام لە (چاوەڕوانی)دا کاتێک مرۆڤ چاوەڕێ دەکات… هەوڵدەدات کاتەکانی بە ڕامان و بیرکردنەوەیەكی ئارەزوومەندانە پڕ بکاتەوە؛ چاوەڕوانی ئەو بارودۆخەیە، کە ڕامان و بیركردنەوەی ناچالاکی لەخۆگرتووە؛ ڕاستییەكی تەواو جیاواز بۆ مرۆڤ ئاشکرا دەكات، کە هیچ چالاکییەک و کردارێک ناتوانێت پێی بگات… کاتێک (بێدەنگ) دەبێت، دەتوانێت شتێك لەبیر بكات، کە پێشتر کەس نەیبیستووە، هاوشێوەی ئەوەی بەسەر کەسانی داهێنەردا دێت…
بەمجۆرە خەون و خەیاڵ و چاوەڕوانی، بێدەگی و رامان و بیركردنەوە لە ژیانی وشکی بەکاربەری ڕزگارمان دەكات؛ لەوێشەوە (كات)ێك بۆ پێداویستییە سۆزداری و پراکتیکییەکان دێتە ئاراوە؛ ئارامی… ساتەکانی حەسانەوە و پشوودان… فەراهەم دەكات… (ناچالاکی فێرمان دەکات، کردارە خێراکان داهێنان نیین، تەنها کاردانەوەن.)
كەواتە ئەوەی وادەکات لە واقیعی مرۆیی بگەین، کار نییە، هەمیشە کار بە ئاراستەکراوی و سوودمەندییەوە بەندە، ئەوەی وا دەكات لە مرۆڤ و مرۆڤایەتی بگەین، کولتوورە، کە ملکەچی مەرجەکانی کار و كاردانەوە نییە، ئاراستەكانی سوودمەندی بەهەند هەڵناگرێت.

ڕێزگرتن
ڕێزگرتن: خەمڵاندنی مەودایە، لەنێوان خود و ئەویدیكە! بەڵام ئەمڕۆ لە کۆمەڵگای دیجیتاڵی تەماشاکەردا مرۆڤ ملکەچی چاوتێبڕینە! چاوتێبڕین مەوداكان لەناودەبات، چاوتێبڕین یەكێكە لە خەسڵەتەكانی كۆمەڵگای تەماعكاری تەكنۆلۆژی، چاوتێبڕین وەسفی ئه‌وه‌ ده‌كات، كە چۆنچۆنی ئەرێنی ژیان به‌ره‌و زێده‌-چالاكی و زێدە-قازانج بەرین… هیچ كه‌سێك لەڕێگای سووڕه‌كانی زێده‌-به‌رهه‌مهێنان و زێدە-بەكاربردنەوە فریای (نەخێر) ناكەوێت! چاوتێبڕین وەك کردار، وشەی (بینین)ی لێدەكەوێتەوە، ئەوەی لە بینینی مرۆڤی دیجیتاڵی باڵایە، ژمارە و ژمارەی بێكۆتایە؛ ئەوەی تێیدا ڕەچاو ناکرێ (ڕێزگرتن)ە!
(بیۆنگ- چوول هان) لە كتێبی (من داخل السرب- افاق رقمیة) وەرگێڕانی بۆ زمانی عەرەبی (بەدرەدین مستەفا) چاپی یەکەم (٢٠٢١، ل19)دا دەڵێت: تێگەیشتن لە ئەویدیكەی جیاواز پێویستی بە دیدگا و بینینێك هەیە، کە قەدری مەودا بزانێت؛ بەڵام ئەمڕۆ پەیوەندی دیجیتاڵی لەڕێگای کیبۆردەوە فەزا و بینین و مەودای لەناو بردووە؛ دەرئەنجامی سرووشتی کەمبوونەوەی مەودای نووسراو گوزارشت لە وەرینی مەودای دەروونی دەكات؛ بەو مانایەش كۆمەڵگای تەكنۆلۆژی بینین و ڕێزگرتن لەناو دەبات… كۆمەڵگای تەماشاكەر لە ئەنجامی کاریگەریی حەز و چالاکییە بێسنوورەکانی مرۆڤ و بڵاوبوونەوەی ژیانی خێرا و زێدە-بەکاربردنەوە، لەڕێگای وەرینی مەودا دەروونییەكانی مرۆڤەوە… لە ژێر ناونیشانی (لە کردارەوە بۆ بوون) پرسی (پێرفێكتبوون) بەرز دەكاتەوە!
بەڵام به‌ر له‌وه‌ی هه‌وڵی پێرفێكتبوون بده‌ین، ده‌بێت دەرفەتی ژیانكردنمان له‌گه‌ڵ مرۆڤه‌ ئاساییه‌كه‌- كه‌ خۆمانین فەراهەم كردبێ؛ بەر لەوەی لە ئەنجامی زێدە-چالاكی و كاری بەردەوام و خێرا لەپێناو قازانجی زێتردا، هەوڵی خۆله‌ناوبردن بدەین، دەبێ بیر لە ژیان بكەینەوە؛ فەزایەكی لەبار بۆ هەناسەدانێكی ئارام هەڵبنێین…
تەكنۆلۆژیا و مرۆڤی دیجیتاڵی دوای پچڕانی پەیوەندییە مەیدانییەکانی لەگەڵ خۆی و ئەوانیدیکەدا؛ دوای ئەوەی هاوسەنگییەكانی کەشوهەوای تێكدا و سنوورە جوگرافییەكانی ڕەشكردەوە؛ دوای ئەوەی هیچ گەرەنتییەكی بۆ ژیان نەهێشتەوە… پەنا بۆ چ خاکێک دەبات؟! تەنها یەك چارە ماوە، ئەویش ئەوەیە، واز لە زێدە-کاركردن و بەكاربردنی پڕووكێنەر بهێنین و بۆ ئارامی (بوون)ی ڕاستەقینە بگەڕێینەوە، بەو مانایەش (بیۆنگ- چوول هان) ئاڵای حەسانەوە و ڕێزگرتن و ڕامان، لە بێکارییدا بەرز دەكاتەوە، ژیانێکی ئازاد و ئارام دادەڕێژێتەوە، ژیانێك کە هەرگیز بە مرۆڤ نامۆ نییە.

هەولێر 31/8/2025




خولیای زمان.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

هەمووان دەیانگوت: دوای دڵت بکەوە، وامکرد، شکا…. (ئەگاتا کریستی)

بێگومان ئەو ڕستەیەی خانمە نوسەری ئینگلیزی (ئەگاتا کریستی-Agatha Christie) لە تێگەیشتنێكی مێژووییەوە هەڵقوڵاوە و دڵی (هەمووان) ڕادەگرێت، بەڵام دڵی خودی (كریستی) دەشكێنێ… ئەگەرچی لەبتەڕەتدا ئەو شارەزاییە مێژووییە (گشتییە) بەرەو شكانی دڵ نییە، بەڵام بەهۆی گۆڕانگاری زەمەنی بەرەو شكانی مانامان دەكاتەوە! بەمجۆرە ئەو قسەیەی (ئەگاتا کریستی) وەك شكانی مانا، شكانی یەكەیەكی هاڕمۆنی مانایەكی دیاریكراوە، كە لە شارەزاییەكی زەمەنی ژیانکردنەوە بەرەو زەمەنی دەربڕینی تایبەت و جیاوازمان دەكاتەوە، بەڵام نەک بەو شێوەیەی کە شکانی مانا لە پەرچەکرداری ئاگاییەوەیە هاتبێتە ئاراوە، بەڵكە شکانی مانا بەو شێوەیەی کە کردەی ئاگایی بونیادی دەنێت!
لێرەوە زمان لە (بابەت)ەوە بۆ (کردە) دەگۆڕێت، لە هاوگونجانێكی مێژووییەوە بۆ جیاوازی و تایبەتمەندی، لە بیروڕای گشتییەوە بۆ بیروڕای كەسی، لە زەمەنێكی مێژوویی دیاریكراوەوە بۆ ساتەوەختێكی گۆڕاو و دواخراو… دەمەوێ بڵێم ئەو جۆرە لە شكانی مانا کارێکی كەسی و ئیبداعییە… واتە ئەو کاتەی کە مانا باوەکان دەشکێن، ئەو كاتەی كە یەكە هاوگونجاوەكانی تێگەیشتن لە ژیانكردنی هاوبەش كاڵدەبنەوە… ئەو كاتەیە، كە تەعبیركردن لە مانایەكی دیاریكراوی مێژوویی دەكەوێتە لێژییەوە، ئەو كاتەیە، كە مانا جیاوازەكان ساتەوەختی ژیانكردنی تایبەت دەنوێنن…
بەمجۆرە دڵ شكاندن، شكاندنی مانایە و تەعبیر لە (کردەی تایبەتی زمان) دەكات، ساتەوەختی هاتنەدی كردەی زمان، ساتەوەختێكە ڕێڕەوەکانی بیرکردنەوەی سیستمی باوی زمان بەرەو جیاوازی دەگۆڕێت. ئەو کاتەی کە تێڕوانینمان بۆ تێگەیشتنی باو دەگۆڕێ، دەکەوینە نێوان (پەرچەکردار)ی ئاگایی بابەتیانەی شارەزایی (ئیمانۆیل کانت)ەوە! بەڵام گۆڕانكاری و داهێنان و جیاوازی دەلالەت لەو ساتەوەختە دەكات، كە (کردەی) ئاگایی (ولیەم دێلتا) و (زمانەوانی نوێ) دایانڕشتووە…
لە پەرچەكرداری ئاگاییدا (بەدوای دڵ كەوتن…) وەک شارەزایی و ئەزموونكردنی ژیان خۆی دەنوێنێ. لە كردەی ئاگاییدا (دڵ شكان…) كردەیەكی ساتەوەختی تاکە کەسییە… كۆی ئەو كار و كردە مەعریفییە، لەلایەك تێگەیشتن وەک ڕێسا و یاسایەکی دامەزراو بەیان دەكات و لەلایەكی دیكە مانای گۆڕاو وەك بیركردنەوەیەكی دیكەی جیاواز و دواخراو دەنوێنێ! لێرەوە زمان وەک کردە و زمان وەک كار، دوو دامەزراوەی جیاوازی بیركردنەوە بەڕێوەیان دەبات، دوو دنیابینی جیاواز… یەكەمیان شارەزایی وەک ئەزموونی مێژوویی وەسف دەكاتەوە، دووەمیان شارەزایی بەردەوام وەک کردەی ساتەوەختی نمایانكردنی ئێستای ژیان بەرجەستە دەكات.
دواجار (شارەزایی) ئەو چركەساتەیە، كە مرۆڤ تێیدا دەژی! شارەزایی بریتییە لە كردەی ئاگایی، نەك ئاگایی كار. بەو مانایەش شارەزایی كردەیەكی ئەنتۆلۆژییە، نەك بابەتی ئەنتۆلۆژیا بێت.
كەواتە كاتێك بە (بەدوای دڵی هەمووان) دەكەوین، شارەزایی دەبێتە بابەتی ئاگایی. بەڵام (دڵ شكان…) بریتییە لە كردەی ئاگایی! یەكەمیان كاری مێژووی ژیان بیر دەخاتەوە، دووەمیان بەردەوام كردەی ئێستای ژیان دادەهێنێتەوە. دەتوانین یەكەمیان دەرك بكەین، بەڵام دووەمیان دەكەوێتە دەرەوەی دەرككردنەوە، یەكەمیان بیركردنەوەیەكی نەگۆڕ دەسەپێنێ و دووەمیان گۆڕاو…

كۆنتڕۆڵكردن/ ڕزگاری
لەنێوان بیركردنەوەی گۆڕاو نەگۆڕ، بەردەوامی و ساتەوەخت، كار و كردە… زمان بەشێوەیەكی ئاسۆیی هەناسە دەدات… وەك چۆن لە پەیوەندی نێوان سایكۆلۆژیا و ئەنتۆلۆژیا، ڕێسا و پراكتیك، فیكر و جەستە، ڕەفتار و كردار… دەنگدانەوەی هەڵوێستی نەرێنی خۆی درێژ دەكاتەوە، چوونكە زمان هەمیشە زێتر لە زانینێك و زێتر لە ئامرازێکی پەیوەندیکردن بووە، زمان هەمیشە بوارێکی جیاوازی خەباتە کە تێیدا هەم چەمکەکانی دەسەڵات داڕێژراون، هەم پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان چەسپاون، بەو مانایەش زمان لەلایەك وەک کۆنترۆڵکردن بەکاردەهێنرێت و لەلایەكی دیكە وەك هۆشیاری ڕەخنەیی دەتوانێت ڕزگاربوون بێت لەم زاڵبوونە.
هەڵبەتە ئەمڕۆ زانستی زمان جەخت لەوە دەکاتەوە، کە زمان بێلایەن نییە، بەڵكە لەنێو خۆیدا هەڵگری كۆمەڵێك بازنەی تێگەیشتنی جیاوازە، هەڵگری سیستەمێكی ئایدیۆلۆژییە، کە پەیوەندییەکانی دەسەڵات لەنێو کۆمەڵگادا دەچەسپێنێت. (نۆرمان فێرکلیف) دەڵێ دامەزراوە گەورەکان، چ سیاسی، میدیایی، یان ئابووریی، بۆ داڕشتنی تێڕوانینە گشتییەكانیان پشت بە گوتار دەبەستن و ئاراستەکردنی تاکەکان بەرەو پێگەی تایبەت دەبەن. بۆ نموونە، شێوازی گێڕانەوەی یاساکان یان هەواڵەکان تەنها هەڵبژاردنی زمانەوانی نییە، بەڵكە پرۆسەیەکە بە ئەنقەست بۆ بەرهەمهێنانی واقیعێکی دیاریکراو، کە خزمەت بە بەرژەوەندیی هەندێک هێز دەکات. نۆرمان فێرکلیف پێیوایە وشەکانی گوتار تەنیا قسەکردن یان نووسراو نییە، بەڵكە سیستەمێکی ئاڵۆزە کە پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان بەرهەم دەهێنێتەوە. لەڕێگای شیکردنەوەی دەقە جۆراوجۆرەکانەوە ئاشکرای دەکات، کە چۆن زمان بەکاردەهێنرێت بۆ سەپاندنی شەرعیەت بەسەر هەندێک پراکتیکدا، لە هەمان کاتدا هەندێکی دیکە پەراوێز دەخات… بۆ نموونە: لە گوتاری سیاسیدا، زاراوە بۆ ئاراستەکردنی ڕای گشتی بەکاردەهێنرێت، کە وشەی وەک (چاکسازی) لەبری (خۆپارێزی) و (سەقامگیری) لەبری (کۆکردنەوە)… بەکاردەهێنرێت، ئەوەش ڕێگاکە دەگۆڕێت… لەوێوە نۆرمان فێرکلیف گرنگی بە کاریگەری گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و تەکنۆلۆژییەکان لەسەر زمان دەدات، چوونكە میدیای نوێ و پەیوەندی دیجیتاڵی دەبنە گۆڕەپانێکی نوێ بۆ بەرهەمهێنانەوەی دەسەڵات… لە سەردەمی دیجیتاڵیدا گوتار لە نوخبە نەریتییەکاندا بە سنوورداری نەماوەتەوە، بەڵكە بووەتە بوارێکی گەشەسەندوو کە گێڕانەوەی جیاواز کێبڕکێی تێدا دەکات… بۆ زێتر شارەزایی بڕوانە: نۆرمان فێرکلیف- كتێبی (اللغة والسلطة) وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە بۆ زمانی عەرەبی (محەمەد عنانی- 2016- قاهیرە).
لێرەدا پرسیاری بنچینەیی ئەوەیە: ئایا دەتوانین خۆمان لە هەژموونی زمانەوانی ڕزگار بکەین، یان زمان هەمیشە بە ئاشتی لە دەستی دەسەڵاتدا دەمێنێتەوە؟! وەڵامەکە ئەوەیە، کە زمان بوونێکی تۆبەکارانەی نییە، بەڵكە فەزایەکی گۆڕاوە، کە دەتوانرێت بەپێی ئەو ئاگایی-هۆشیارییە ڕەخنەییە گۆڕاوەی کە هەڵیگرتووە، دووبارە دابڕێژرێتەوە. بەمجۆرە توانای شیکردنەوەی گوتار دەبێتە جۆرێك لە (تێگەیشتن) لەوەی نەک تەنها بۆ تێگەیشتن لە شارەزایی ئەزموونكردنی ژیان، یان جیهانی دەوروبەرمان، بەڵكە بەشداریکردنە لە ساتەوەختی ئاگایی ژیان و ئەو شارەزاییەش گرنگی خۆی لە گۆڕانكارییدا دەبینێتەوە.

بازنەی لۆژیكی/ بازنەی تێگەیشتن
(ئاسمان ساماڵە) بازنەی تێگەیشتن لەو وێنەیە، بۆ ڕاستییەكی دیارى كراو دەمانبات، چوونكە وێنەى دۆخێكى تایبەتى كەش و هەوایە… لەلایەكی دیكە ئاسۆیی و فرە ڕەهەندە… بە بۆچوونی (ڤیتگنشتاین) بازنەی تێگەیشتنی (زمانەوانی) پەیوەندی وێنەییەكی شیمانەیی زمانە، بە نیگارەكێشراوەكانی جیهانەوە… بە دیوەكەی دیكە ئەو تێگەیشتنە پەیوەندییەكی دەرەكی و ناوەكی هەیە.. بەڵام تێگەیشتنی بازنەی (لۆژیكی) زمانمان بە شێوەیەك بۆ دادەڕێژێت، كە دۆزەكان دەكەونە دەرەوەى زمان و دەرەوەى نیگارەكێشراوەكانی جیهان و دەرەوەی شیمانەییەوە…
بازنەی تێگەیشتن لە وێنەی كێشراوی (ئاسمان ساماڵە) پانتاییەكی دەرەكی و ناوەكی بەرفرەوان و شیاو و جیاوازی هەیە، لە بازنەی لۆژیكیدا كورت ناكرێتەوە، چوونكە (بازنەی تێگەیشتن) لە لۆژیكدا بەس نییە، ئەگەرچی پێویستە! بازنەی تێگەیشتنی لۆژیكی زنجیرەییە، بۆ نموونە، تێگەیشتن لە ژمارە یەكەوە بۆ پێنج، ئەگەر ژمارە سێ ون بێ، تێگەیشتن لە ژمارە پێنج لە ژمارە سێ دەوەستێ… كەواتە ئەگەرچی ژمارە سێ پێویستە بەڵام بۆ تێگەیشتن لە ژمارە پێنج بەس نییە!! كەواتە پرۆسەی تێگەیشتنی لۆژیكی زنجیرەییە، یەكەم دەمانداتە دەستی دووەم و دووەم سێیەم… بەڵام تێگەیشتن لە زماندا ئاسۆییە… لە بازنەی تێگەیشتنی زنجیرەیی لۆژیكی، ناشێ لۆژیك تێپەڕێنین، چوونكە لەو حاڵەتەدا خودی لۆژیك بێ مانا دەكەوێتەوە! بەڵام بازنەی تێگەیشتنی ئاسۆیی، بریتییە لە دەرككردنی عەقڵی ئەویدیكە… ئەو شێوەیە لە درككردن لای ڤیتكنشتاین پێشخستنی بیرۆكەی یارییە زمانەوانییەكانی لێدەكەوێتەوە، وەك ئەوەی زمان یارییەكی كراوەبێ لەگەڵ جیهانێكی فرە ڕەهەنددا…

ڤیتگنشتاین و میرلۆپۆنتی
(مۆریس مێرلۆ-پۆنتی) و (لۆدڤیك جۆزێف یۆهان ڤتێكنشتاین) لە گرنگترین فەیلەسوفانی سەدەی بیستەم دەژمێردرێن، هەرچەندە بەشێوەیەكی گشتی پێچەوانەی یەکترن، بەڵام لێکچوونێکی زۆریان لە نێوانیاندا هەیە، چوونكە هەردووکیان وێنەی کاتێریی عەقڵ و دەروون تێدەپەڕێنن! قسەكردن لەسەر وێنەی کارتێرییانەی عەقڵ و دەروون، قسەكردنە لە ڕۆحێک، کە لە جەستە و جەستەی زماندا شاراوەتەوە، دەرئەنجامەکانی ئەو كارەش یەکخستنی جەستە و دەروونە، لە فۆرمێکی هاوبەشی ژیاندا.
مێرلۆ-پۆنتی كار لەسەر چەمكی ئەزموون دەكات، لە کاتێکدا ڤیتكنشتاین سەرنجی لەسەر ڕەفتاری زمانەوانی تۆخ دەكاتەوە، کە بیرۆکە بەناوبانگەکەی لەبارەی یارییە زمانییەکانی لەسەر دامەزراندووە! بەم شێوەیە حەزکردنی ڤیتكنشتاین بۆ زمان زیاتر لە هێما و پێکهاتەیەك لەخۆدەگرێت، بەڵام چەمکی ئەزموونی میرلۆپۆنتی تەنیا لەڕێگای نیشتەجێبوونەوە بەردەستە- بۆ میرلۆپۆنتی ئەزموون واتە جەستە، جەستە واتە جیهان- ژیان، جیهان وەک چۆن ئەزموونی دەکەین و کارلێکی لەگەڵدا دەکەین… لە كتێبی (المرئي واللامرئي) جیهانناسی میرلۆ-پۆنتی لەڕێگای جەستەوە قسەی لێكراوە، ئەو كارلێكی جیهان و جەستە هەڵدەنێت، بە هەمان كاركردنی فینۆمینۆلۆژیستەكان بنەمایەك بۆ درككردن لەڕێگای جەستەوە دادەمەزرێنێ، پێیوایە ئەوە جەستەیە بیردەكاتەوە! بەو مانایەش ئەزموونی مرۆڤ بە ئەزموونی جەستەوە گرێ دەدات…
بەڵام بوون بۆ ڤیتكنشتاین واتە زمان و زمان واتە بوون- ژیان… ئەوەش بەو مانایە نییە، كە جیهان بوونی نییە، یان ئەزموون گرنگ نییە، بەڵكە بەو مانایەیە كە هەموو ئەو شتانەی ئەزموونی دەكەین و بیری لێدەكەینەوە، تێیدەگەین، بە بونیادی زماندا گوزەر دەكات، لە دەرەوەی زمان هیچ مانایەك نییە، بۆیە هەموو هەوڵێك بۆ تێگەیشتن لە مانا، لێكدانەوەی هەر دەقێك لە زنجیرە بێكۆتاییەكانی دەقدا ئاماژە بە دەقێكی دیكە دەكات…
كەواتە بوونی مرۆیی بە زمانەوە بەندە، یان وەك (ژاك دریدا) لە (في علم الكتابة)دا دەڵێت: ئێمە لە جیهانی مانا جێگیرەكاندا ناژین، بەڵكە لە جیهانی بەردەوامی مانا دواخراوەكاندا دەژین!… بەمجۆرە هەر یەك لە میرلۆپۆنتی و ڤیتكنشتاین قسە لەسەر پێویستی هەڵوەشانەوە و دواخستنی مانا و وێنە جێگیرەكانی جیهانی زمان و وێنەی شێواوەكانی ئەو شوێنە دەكەن، كە ئێمەی تێداین! واتە لێکۆڵینەوە لە دیاردەی هەڵوەشانەوە و دواخستنی ڕۆژانەیی و گۆڕانكارییەكان دەكەن…
مێرلۆ-پۆنتی نوێنەرایەتی چوارچێوەی بیرکردنەوەی بابەتی دەکات، بەو مانایەی كە چەمکی جیهان وەک بچووککراوە بۆ بنەڕەتیترین ئەتۆمەکانی تەماشا بكەین، کە لە پەیوەندییە هۆکارەکاندا لەگەڵ یەکتردا ڕیزکراون، ئەوەش دەبێتە تێگەیشتنی دوو هەڵوێست بە دوو ڕواڵەتی دژ بەیەک: یەكەمیان ئەزموونگەریی، کە پێیوایە ئاگایی-هۆشیاری تەنیا یەکێکە لە شتەکانی جیهان و بوونێکی فیزیکی هەیە و دەتوانرێت بچووک بکرێتەوە بۆ ئەتۆمە بنەڕەتییەکانی و ڕەفتارەکانی بەپێی یاسا ڕوون بکرێتەوە… دووەمیان ڕۆشنبیریی کە پێیوایە ئەوە ئاگایی-هۆشیارییە جیهان و جیاوازییەكانی پێکدەهێنێت. ئەوەش ئەو وێنەیەیە کە لەلایەن کارەکانی ڤیتگنشتاینەوە هەوڵی هەڵوەشانەوە و دواخستنی دەدرێت… چوونكە ڤیتكنشتاین قسە لە جیهانی زمان دەكات، بەو مانایەی كە زمان خودی ئاگایی-هۆشیارییە، ئەوە زمانە جیاوازییەكان و بەكارهێنانە جیاوازەكان نیشان دەداتەوە. كەواتە هەر لەڕێگای زمانەوە مرۆڤ ھەست بە بوون و هەبوونی خۆی و دنیا دەکات، بەردەوام خۆی دەناسێت و دنیا ناس دەكاتەوە.
لەو تێگەیشتنەوە مرۆڤ بە وشە بیردەكاتەوە، بۆیە لای ڤیتكنشتاین خودی زمان ئەو یارییەیە، کە ئەزموونی هەستیاری بۆ ئاگایی-هۆشیاری و ئەزموونی ئاگایی-هۆشیاری بۆ تێگەیشتنی جیاواز دەگۆڕێت… بەو مانایەش سیاقی كۆمەڵایەتی و كردەی عەقڵی لێكجیا دەكاتەوە و پێیوایە ڕاڤەكردنی مانای زمانەوانی بە سیاقە كۆمەڵایەتییەكانەوە بەندە، نەك بە كردەی دەروونی و عەقڵییەوە! چوونكە كردەی دەروونی و عەقڵی پشتگیری لە ڕاڤەكردنی مانا زمانەوانییەكانی ناكات، بەڵكە پشتگیری لە مانای دەستەواژەكان دەكات… كەواتە ئەگەر بشێ ناو لە ژیانی (نیشانە- علامات)كان بنێین، دەبێ لە بەكارهێنانە جیاوازەكانەوە (سیاقە كۆمەڵایەتییەكان) دەستپێبكەین… هەڵە و ڕاست ئەوەیە كە خەڵك دەیڵێن، خەڵك لەسەر ئەو تێگەیشتنە پێكهاتوون، كە بەكاری دەهێنن، هەڵبەتە ئەو گونجانە مەرج نییە بە بیروڕاوە بەند بێ، بەڵكە شێوەیەكی ژیانی بەیەكەوە گونجاوی زمان و خەڵكە…

ڤیتكنشتاین/ بۆردیۆ
بەشێكی گەورەی جێكەوتەی فیكری ڤیتكنشتاین لەسەر زانستە كۆمەڵایەتییەكان، بۆ تێگەیشتن لە ڕەفتار و كردار و وێناكردنیان لە پرۆسیسەكردنە كۆمەڵایەتییەكان و بۆ تێگەیشتن لە كار و مانا و تێگەیشتن لە زمان وەك تێگەیشتن لە ژیان و بەدواداچوونی ڕەخنەییانە لە چەمكی بنەما و مانا و بۆ پەیڕەوكردنی بونیادی زمانەوانی دەگەڕێتەوە. لای ڤیتكنشتاین بنەمای بوونی مرۆڤ لە زمانەوەیە، هەموو جیهانی بوون لە پانتایی بنەماكانی زماندا دەسوڕێتەوە.
لێرەوە تێگەیشتن لە دنیا، تێگەیشتنە لە كردەی ئاگایانەی زمان، تێگەیشتنە لە بنەمای زمان… ڕاڤەكردنی بنەماكانی مانای زمانەوانیش بە سیاقە كۆمەڵایەتییەكانەوە بەند دەكات، نەك بە كردەی دەروونی و عەقڵییەوە! هەڵبەتە وەك گوتمان لەگەڵ میرلۆپۆنتی لە كردەی زەینی و كردەی جەستەیی بەیەك دەگەن، چوونكە وەك میرلۆپۆنتی دەڵێ بیركردنەوە لە دەرەوەی جەستە بوونی نییە، لای ڤیتكنشتاینیش بیركردنەوە لە دەرەوەی بونیادی زمان بوونی نییە، ئەوەش جیاوازی نێوان كردەی زەینی و كردەی جەستەییە، چوونكە ڕەنگە لەبارەی شتێكەوە بیربكەیتەوە كە بوونی ماددی نەبێت، بەڵام هەتا لە خەیاڵكردنیشدا هەمیشە بابەتێك بۆ بیركردنەوە هەیە!
لە كردەی جەستەییدا هەمیشە بوونی ماددی پێویستە، چوونكە هەمیشە جەستە مامەڵە لەگەڵ جەستەدا دەكات. ئەو دیدە پێچەوانەی كۆجیتۆی (ڕینیە دیكارت) وەستاوە، چوونكە ئەو پێیوابوو عەقڵ جەوهەرێكی سەربەخۆیە و جیاوازە لە ئاگایی… بەڵام پرسیار ئەوەیە، ئایا عەقڵی ڕووتی (ئایدیالییەكان) دەتوانێ لەوەی بیری لێدەكاتەوە، جیا بكرێتەوە؟ بە دیوەكەی دیكە ئەو بیركردنەوە دژ بە (نۆمین و فینۆمین- ڕاستی وەك ئەوەی هەیە و ڕاستی وەك ئەوەی دەردەكەوێت)ی (ئیمانۆیل كانت)یش وەستاوە.
لێرەوە (پییر بۆردیۆ) بیركردنەوەی ڤیتكنشتاین لە بارەی تێگەیشتن لە بنەمای زمان، لە تیگەیشتن لە ڕەفتارە كۆمەڵایەتییەكان تیۆریزە دەكاتەوە، بەو مانایەش وەک چۆن زمان بە بڕوای ڤیتگنشتاین دۆخێکی دەروونی و عەقڵی نییە، کە واقیع وێنا بکاتەوە، بەڵكە دۆخێكی كۆمەڵایەتی هەیە. بۆردیۆیش پێیوایە پراکتیزە کۆمەڵایەتییەکان دەرئەنجامی پرۆسەی دەروونی و عەقڵی نین، بەڵكە هەمیشە ڕەفتارە كۆمەڵایەتییەكان لەڕێگای شێوازی بەکارهێنانەوە پشتڕاست دەكرێنەوە.
كەواتە ئەو وێنە دەروونی و عەقڵییەی دەتوانێت وەک پێوەرێک خزمەتی دۆخە كۆمەڵایەتییەكان بکات، شتێکی بێمانایە! وەك دەزانین پێوانەكردنی یاساکانیش لەسەر بنەمای کۆدەنگی دامەزراوە. بۆیە ڤیتكنشتاین دەڵێت: ڕاست و هەڵە ئەوەیە کە مرۆڤ دەیڵێت؛ مرۆڤەکان لەسەر ئەو زمانەی کە بەکاریدەهێنن ڕێکدەکەون. ئەوەش کۆدەنگی بۆچوونەکان نییە، بەڵکو کۆدەنگییە لە فۆرمێکی ژیاندا. (مجلة حكمة: بورديو قارئاً فتغنشتاين- د. حسن احجيج، مترجم وأكاديمي مغربي- 20/11/2016- ئینتەرنێت).
هەڵبەتە یەكێك لە داهێنراوەكانی بۆردیۆ چەمكی (هاپیتوس)ە، وەك خودێكی بەرجەستەکراو، كە لە جەستە پێکهاتووە، ئەگەرچی لە گریمانە دەروونییەکانیش پێکهاتووە، بەڵام لە كۆی ئەو شتە دەروونییانەی کە دەكەونە دەرەوەی مەبەست و نائاگایی و عەقڵی پەتییەوە! بەو مانایەش دەروونی لەبیركراو بەشێکە لە هۆشیاریی هاپیتۆس، هاپیتۆس ئاگایی-هۆشیارییەكی نائیرادییە و تەعبیر لە جۆرێک ئازادیی نائاگایی یان نیمچە هۆشیاری دەكات، لەوێشەوە (مرۆڤەكان) بەهۆی لەبیرچوونەوەیان پێیانوایە بنەمای تێڕوانینەکانیان بۆ کۆمەڵگا سرووشتی دەكەوێتەوە. لێرەوە بۆردیۆ دەڵێت: بڕیاری باوەڕکردن ناتوانێت سەرکەوتوو بێت، مەگەر بڕیاری لەبیرکردنی لەگەڵدا نەبێت… بڕوانە: (ه.س.پ).
بەڵام دواجار بۆردیۆ ئەو چەمکەی هەڵوەشاندەوە، ئەو چەمكەی كە ڕاستەوخۆ پشت بە کردارە دەروونییەکان دەبەستن، ئەو كردارانەی كە لەنێو سەری (تاکەکان)دا ڕوودەدەن و بەرەو ئامانجە عەقڵانیەکان دەكرێنەوە و لەلایەن بوونە دەروونییەکان وەک ڕێساکان، یان سوودمەندییەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێن، بەو مانایە چەمكی هاپیتۆس وەرچەرخانە لە کردەوەی مەبەستدارەوە بۆ یاسا و ستانداردە کۆمەڵایەتییە لەبیركراوەكان، داننانە بەوەی كە ڕەفتارەكان وەك وشەكان نازانن چی دەکەن، نازانن ئەوەی دەیکەن مانای زیاتری هەیە، لەوەی دەیزانن (ه.س.پ).
لێرەوە دەگەینە ئەوەی وەك چۆن بنەمایەکی زاڵ نییە، کە پراکتیکی زمانەوانی بەڕێوە ببات… لە پراکتیکە کۆمەڵایەتییەکانیشدا بنەمایەكی ڕەها بۆ: چی دەکەین یان چی دەڵێین نییە. ئیتر بۆردیۆ ڕەتیدەکاتەوە بەدوای بنەمایەكی ڕەهادا بگەڕێت، کە توانای ڕوونکردنەوەی ڕەفتارە كۆمەڵایەتییەكانی هەبێت. وەک چۆن ڤیتگنشتاین جگە لە پراکتیک هیچی دیکەی بۆ پاساوهێنانەوە بۆ مانا و حوکمڕانی زمان نەدۆزییەوە، بە هەمان شێوەش بۆردیۆ جگە لە پراکتیک هیچی دیکەی بۆ پاساوهێنانەوە وەك زەمینەیەکی تۆکمە کە لەسەر بنەمای ڕوونکردنەوەیەکی گونجاو، بشێ ژیانی کۆمەڵایەتی بونیاد بنێت، نەدۆزییەوە. بەو مانایەش ژیان پاساوی نییە.
كەواتە پراکتیک دەكەوێتە دەرەوەی پاساوهێنانەوە و مەبەستێكی دیاریكراوەوە یان عەقڵانییەتێکی تایبەتمەندەوە. بەڵكە پراکتیک سازشێکی بەردەوامە لەنێوان بواری كۆمەڵایەتی و هاپیتۆسدا… لێرەوە پراکتیک بریتییە لە تێگەیشتن لە لۆژیکی هەموو کردارە عەقڵانییەکان بەبێ ئەوەی بەرهەمی پلانێکی بیرلێکراوەی پاساودار و مەبەستدار بێت، یان وردتر حیساباتی عەقڵانی بۆ بكرێت؛ بەبێ ئەوەی لە مەبەستێكی یەکگرتوویی و لە بڕیارێکی هۆشیارەوە سەرچاوە بگرێت؛ بەڵكە ئەو کردارانەن کە لەگەڵ دواخستن و داهاتوودا دەگونجێن، بەبێ ئەوەی بەرهەمی پڕۆژەیەک، یان پلانێک بن. لێرەوە ڕەتکردنەوەی چەمکی جەوهەریی بنەمای ڕەها لای بۆردیۆ ڕەتكردنەوەی ئەنترۆپۆلۆژی و نۆرمی ئۆرتۆدۆکسییە، كە هەمیشە لە پراکتیزە کۆمەڵایەتییەکاندا شکست دەهێنێت.

هەولێر 31/7/2025
عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا




بیۆنگ- چوول هان گەماڕۆدانی دیجیتاڵی.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

تەکنۆلۆژیا گومان پەرەپێدەدات، چوونكە لە دەرەوەی دراماتیکایە.

فەیلەسوفی ئەڵمانی بە ڕەچەڵەک کۆری (بیۆنگ- چوول هان) دوای نووسینە ڕەخنەییەکانی لەبارەی سەردەمی گەماڕۆدانی دیجیتاڵی ناوبانگی خۆی بەسەر گۆڕەپانی فیکر و فەلسەفەدا سەپاند، بەردەوام هەوڵی گەڕاندنەوەی پێگەی فەلسەفی لەبەرانبەر جیهانی تەكنۆلۆژی هاوچەرخ دەدات، لەو بارەشەوە ئاوڕدانەوەیەكی تووندی لەنێو خوێنەرانی ناوچە جیاجیاکانی جیهاندا هێناوەتە ئاراوە و هەوڵدەدات بەشێوەیەکی جیاواز پەیوەندی بە تەكنۆلۆژیا و كلتووری ئەمڕۆ بکات، بۆ ئەوەی گەماڕۆی دیجیتاڵی و نمایشی پەیوەندییەکانی سەرمایەداری تەكنۆلۆژی وەك زڕەوێنە بخاتە بەر ڕەخنە و لەوێوە سۆزی دراماتیكی زیندوو بكاتەوە.
(بیۆنگ- چوول هان) بەردەوام وەک درێژکراوەی قوتابخانەی ڕەخنەگرانەی فڕانکفۆرت، هەوڵدەدات پێداگری لەسەر ئاشکراکردنی گرنگی پێگەی فەلسەفی بەرانبەر بە تەكنۆلۆژیا، نەک بە مەبەستی دابینکردنی چارە، بەڵكە وەك هەوڵێک بۆ وەسفکردنی سرووشتی جیهان بەشێوەیەکی ورد و شیکاری بخاتەڕوو… ئێستا خاوەنی (16) کتێبە: (كۆمەڵگای شەفافیەت، جەوهەری دەسەڵات، تۆپۆلۆژیای تووندوتیژی، ڕزگاركردنی جوانی، كۆمەڵگای هەڵپڕووكاو، لەناو پۆلدا، ئیرۆس… ) لە كۆی هەموواندا هەوڵی ڕەخنە و خوێندنەوە و هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتەی جیهانی ئەمڕۆی تەكنۆلۆژیا و گەماڕۆی دیجیتاڵی و نمایشكردن لەپێناو نمایشكردن… دەدات، بە بیركردنەوەیەكی ڕەخنەگرانەوە بەر ئەرێیەكانیان دەکەوێت.
لە دیدی (بیۆنگ چوول هان)ەوە ئامێرە دیجیتاڵییەکان و سەرمایەداری، هاوپەیمانییەکی میتاسرووشتییان پێکهێناوە و هەموو ئازادییەکی کردارییان لەپێناو تەكنۆلۆژیای بێ وەڵام لەناوبردووە… پێداگری لەوە دەكات و دەڵێت سەرمایەداری وەک سیستەمێکی هەمەلایەنە خەریکە بڕواهێنان بە پرسیار لەق دەكات و بۆ (سەرمایەداری چاودێری) دەگۆڕێت… چوونكە ئەو پێیوایە بەردەوام پلاتفۆرمە تەکنۆلۆژییەکان چاودێریمان دەکەن و چاودێریمان دەکەن و کارەکانمان دەخەنە ژێر گومانەكانی دەسەڵاتی خۆیانەوە بۆ ئەوەی زۆرترین قازانج بەدەست بهێنین، لەبەر ئەو هۆکارە هەر کلیکێک لەسەر کۆمپیوتەرەكەمان تۆمار دەکەین، ئەوان بە سوودی خۆیان شیکاری دەکەنەوە. ئێمە لەلایەن بەرنامە ئەلگۆریتمییەکانەوە وەک بووکەڵە دەجوولێینەوە و خەیاڵ دەکەین کە ئازادین، وەک ئەوەی ئەمڕۆ (تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان) شایەتحاڵن… بەڵام ئەو ئازادییەی ئەوان فەراهەمیان كردووە، هەرگیز ئازادی نییە، وەهمی ئازادییە و جۆرێكە لە گرتنەخۆ…

گفتوگۆی ئازاد/ شەڕانگێزی خۆبەخشانە
ئەمڕۆ مرۆڤ كۆنترۆڵكردنی خۆی بە ئارەزووی خۆی هەڵبژاردووە، چوونكە هەر کلیکێک کە مرۆڤ دەیکات، هەڵدەگیرێت! هەر هەنگاوێک کە مرۆڤ دەینێت، دەتوانرێت شوێنپێی بگیرێت… ئێمە لە هەموو شوێنێکدا شوێنپێی دیجیتاڵی بەجێدەهێڵین، و ژیانی دیجیتاڵیمان خاڵ بە خاڵ لەناو تۆڕی دیجیتاڵیدا ڕەنگدانەوەی هەیە، خاڵ بە خاڵ كۆنتڕۆڵكراوین، بەو مانایەش گفتوگۆی ئازاد لە جیهانی دیجیتاڵیدا بووەتە دیوەکەی تری ستەمکردن، بووەتە شەڕانگێزی خۆبەخشانە… چوونكە بەبێ ئاگاداری خۆمان شەڕانگیزی پرۆسیسە دەكەن، بەبێ ئاگایی خۆمان ستەم لە ئازادییەکەمان دەكەین، بە ئارەزووی خۆمان ستەم و شەڕانگیزی بەسەر خۆماندا دەسەپێنین… ئێمە ئازاد نیین! كەواتە بڕواهێنان بە ئازادی دیجیتاڵی، دەستپێکردنی کۆیلایەتییە! کۆیلایەتییەک کە هەموومان نوقمی فەنکشنێکی دیجیتاڵی دەكات… (بیۆنگ- چوول هان) پێیوایە ئەو كۆیلایەتییە جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ فیودالیزمی سەدەکانی ناوەڕاستدا نییە، بەو مانایەش ئاغاکانی فیۆدالیزمی دیجیتاڵی وەک فەیسبووک و ئەوانی دیکە، پارچە زەوییەکی بێ بەرانبەر دەدەنە بەکارهێنەران بۆ ئەوەی کەڵکیان لێوەرگرن، ئێمەش وەک گەمژە دەیانکێڵین، بۆ ئەوەی ئەو ئاغایانە بێن و بۆ خۆیان دروێنەی بكەن. ئەوە بۆیەكردنی پەیوەندییەكانی ئێمەیە بە بۆیەی ئازادی، ئێمە لە دنیای دیجیتاڵی لەڕێگای وەهمی ئازادییەوە پەیوەندی دەکەین و فیوداڵەکانیش قازانجەکانیان لەم پەیوەندییەوە دەچنن، کە دەزگا نهێنییەکان چاودێری دەکەن، ئەوە سیستەمێکی زۆر کاریگەرە و كەچی بە ئەرێنی دەیبینین و هیچ ناڕەزایەتییەكی بەرانبەر دەرنابڕین، چونکە ئێمە لە ژێر سیستەمێکدا دەژین، کە خودی ئازادی دەقۆزێتەوە. ئەو تایبەتمەندییە کەسییانەی کە هەر تاکێک لە تاکەکەی دیکە جیا دەکەنەوە و کەمکردنەوەی تایبەتمەندی جیهانی مرۆڤایەتی و توانای درووستکردن و تێپەڕاندنی و تێکدانەکە گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە هەستی مرۆڤ بە هەموو جۆرەکانییەوە: خۆشی، شادی، حەز، خەم، دڵتەنگی… بگۆڕێت بۆ سیگناڵی دیجیتاڵی.
لەسەردەمی دیجیتاڵیدا ئەوە ئایكۆنەكانن، حەز و خۆشی و چێژی ناخی مرۆڤ دەردەبڕن! واتە مرۆڤ كارلەسەركراوە، نەوەك بكەر… هەر لەوێوە ئایكۆنەكان قووڵاییەکانی ناخی مرۆڤیان بەتاڵ كردۆتەوە و وادەكەن تەواوی كار و داهێنان و توانا مرۆییەکانی لەدەست بدات. بەمشێوەیە هاووڵاتی ئەلیکترۆنی وەک بیۆنگ- چوول هان لە کتێبی لە ناو پۆلدا، ئاسۆی دیجیتاڵی (٢٠٢١)دا باسی کردووە، وەك كەس بووەتە کەسێک کە ناسنامەی کەسیی خۆی لەدەستداوە، مرۆڤ لە ئەنجامی زیادەڕۆیی لە بەشداریکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەك تاكێكی سەربەخۆ نەماوەتەوە، بەڵكوو بووەتە (هۆڵی نمایشكردن) کە بابەتی زۆرانی تێیدا نمایش دەكرێت.
بیۆنگ- چوول هان بە تووندی ڕەخنەی لە باسکردنی دانیشتووانی دیجیتاڵی لە تۆڕەکاندا دەگرێت، دانیشتووانی دیجیتاڵی ئەوەی پێکهاتنی (ئێمە)ی دامەزراندووە، ئەگەرچی پەیوەندییەكانی خێرا و كۆك كردووە، بەڵام ئەو پەیوەندییانە زیندوو نین و لە هاوژیانی بەدەرن، ڕۆحییان نییە… هیچ ڕۆحێک و ویژدان و ڕێکخراوێکیان نییە، گۆشەگیرن، پەرش و بڵاون، لەنێو خۆیاندا دەکشێن و دەچنەوەیەك…

مرۆڤی شاشە
ژیانی دیجیتاڵیدا دەبێتە هۆی گۆڕانکاری ڕیشەیی لە ژیانی ڕاستەقینەدا، نەمانی ڕێوڕەسمەکان لە ئێستادا نیشانەی نەمانی پەیوەندی گرووپە كۆمەڵایەتییەکانە، هەمیشە تەكنۆلۆژیا بێ وەڵامی دەسەپێنێ و دەکەوێتە دەرەوەی دراماتیکاوە، نەبوونی پەیوەندی کە لە ئەنجامی بوومەلەرزەی دیجیتاڵی درووست بووە، هەرچەندە وایکردووە پەیوەندییمان بە یەکترەوە زیاتر و ڕاستەوخۆتر بێت، بەڵام لە یەکترەوە نزیک نین. سۆشیال میدیای مۆدێرن ڕەهەندی کۆمەڵایەتی لە پرۆسەکانی پەیوەندی نێوان تاکەکاندا نەهێشتووە. ڕاستە کۆمەڵگا كۆمەڵگایەکی پەیوەندیدارە بەشێوەیەکی خێرا و نایاب، بەڵام یەکگرتوویییەکی دەستەجەمعی تێکەڵاو لەنێوان ئەندامەکانیدا پێکناهێنێت. ئەمڕۆ گرووپی كۆمەڵایەتی هیچ چالاكییەكی زیندوویان نییە، وەک چۆن هەمووان لە ساتەوەختە تاکە کەسییداین، لە هەمان كاتدا پەیوەندییان بەیەكەوە هەیە، هەمووان پەرت و بڵاوین، ئەگەرچی كلیك و پەیوەندی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەمووانی هەڵمژیووە.
لەسەردەمی دیجیتاڵیدا داتاكان بەیەكەوە كۆ دەكەینەوە و وەك مەعریفە دەیانبینین و درێژییان دەكەینەوە، بەڵام لە جیهانی دیجیتاڵیدا هیچ پرۆسەیەکی بیرکردنەوە و تێڕامان بە مانای درووستی وشەکە، کە لەسەر بنەمای هەڵوەشاندنەوە و بونیادنانەوەی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی دامەزرابێ، بوونی نییە. هیچ بیرکردنەوەیەکی ئاگایانە لەسەر بنەمای داتاكان بوونی نییە، چوونكە هەمیشە داتاکان لەناکاو دەبن بە ئامرازێکی دیاریكراو بۆ مرۆڤی دیجیتاڵی، بەڵام نابن بە تێڕامان و بیركردنەوەی بەرهەمهێنانەوە، نابن بە ئاگایی بۆ ژیانكردن… بەڵكوو دەبن بە ئامرازێ بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ جیهان و ژماردنی ژمارەکان و حیساباتی چەندایەتی و پرۆسەیەکی بەردەوام و بێ وەستان… لەسەردەمی دیجیتاڵیدا هاوڕێیەتی لە ئەکاونتەکانی سۆشیال میدیادا دەبێتە ژمارە، بەڵام هەرگیز هاوڕێیەتی ڕاستەقینە، هەرگیز پەیوەندی هاوڕێیەتی بە كلیك و ژمارە ناپێورێت!

گومانی دیجیتاڵی/ ئەنتی گێڕانەوە
سەردەمی دیجیتاڵی سەردەمی کۆکردنەوەی ژمارە و ژماردن و ژماردنی بەردەوام… ئەمڕۆ لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بەهاکانی سەربەخۆیی و دڵسۆزی کەوتوونەتە ژێر حیساباتی چەندایەتییەوە، بە ژماردنی نیشانەکانی سەرسامی (لایك) دەژمێردرێت… ژیانی دیجیتاڵی وێنەی ڕۆحی و نەبینراو و هاوژیانی و لایەنەکانی نەرێنی و ڕەخنەی قبووڵ نییە، ئەو ئەرێنییەی کە تەكنۆلۆژیای دیجیتاڵی درووستی دەكات، لە ئەگەری هەر ئەزموونێک کەمدەکاتەوە، یان لەناویدەبات و توانای درووستکردن و کارکردنمان لەگەڵ نەرێنی دەشێوێنێ.
(بیۆنگ- چوول هان) پێیوایە مرۆڤایەتی دەچێتە سەردەمی (گەماڕۆدانی دیجیتاڵی) بۆیە بەشێوەیەكی ڕەخنەگرانە (پاراستنی خۆمان لەخۆمان) بەرز دەكاتەوە! بەو مانایەش دەیەوێ بڵێ مرۆڤ بكەرە و كارلەسەركراو نییە… بۆیە دەبێ خۆمان لەڕێگای تێڕامان بیركردنەوە و بەرهەمهێنانەوە خۆمان ڕزگار بكەین…
لەڕابردوودا سەرمایەداری لە (دەرەوە) ئیستغلالی مرۆڤی دەكرد… ئەمڕۆ هاوکێشەی دابڕانی کرێکاران و خاوەنکاران پێچەوانە بووەتەوە، ئەمڕۆ سەرمایەداری لەسەر بەكاربردنی (ناوەوەی مرۆڤ) كار دەكات! ئەمڕۆ لەسەردەمی دیجیتاڵیدا خۆدەربڕین بۆتە ئارەزووكردنی خۆبەکارهێنان.. لە ژێر وەهمی خۆدەربڕین داواکارییەکان بۆ پاراستن لە زیادبووندایە، لەگەڵ بەرفراوانی کۆمەڵگاوە تاكەكان بەهۆی نەخۆشییە سەردەمییەكانی وەك پووكانەوەی دەمار و نیگەرانییەكانی سەردەم، دووچاری زێدەنەخۆشی، زێدەپووكانەوە، زێدە زێدە… بوونە.
هەڵبەتە بەشێكی زۆری زێدەنەخۆشی، زێدەپووكانەوە… لە ئەنجامی باری زۆری زانیارییەکانەوە درووست دەبن، كۆی ئەو نەخۆشییانە وردە وردە دەبنە هۆی تێکچوونی توانا ڕەخنەیی و شیکارییەکانی مرۆڤ، کەمی سەرنجدان، ناڕەحەتی گشتی و كەمبوونەوە و بێتوانایی لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی. ئەمڕۆ (كۆمەڵگای شلۆك) کە بەنێو تۆڕەکاندا دەڕژێت، تێڕامانی نەرێنی و بیرکردنەوەی ڕەخنەیی تاكەكان لاواز دەکات، ڕەخنە و تێڕامان و شیکاری فەرامۆش دەكات.
(بیۆنگ- چوول هان) قووڵایی بوومەلەرزەی جیهانی دیجیتاڵی ڕووندەكاتەوە و بەشێوەیەك لەشێوەكان ڕایدەگەیەنێت کە مرۆڤایەتی بەڕاستی پێویستی بە شۆڕشی تێڕامانی نەرێنی و بیركردنەوەی ڕەخنەیی و هەڵوەستە و هاوارێك هەیە، دژ بە پەیوەندییە بێ وەڵام و بێدەنگەکانی دیجیتاڵی. هەڵوەستەیەك دژ بە شایەتحاڵی تەقینەوەی زانیارییەكان، نەک زانست… چوونكە جیاوازییەکی گەورە لەنێوان ئەو دووانەدا هەیە. سەردەمی زانیاری تەنها پەیوەستە بە ئێستاوە، بەبێ ئەوەی ڕێگا بدات بە کەڵەکەبوونی زانست، زانیاری لە كلیكی كاتییەوەیە و زانست لە ئەزموونی هاوژیانییەوە، کە لە نێوان ڕابردوو و داهاتوودا درێژ دەبێتەوە.

عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا




سایبەرخۆشەویستی.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

(سێڵفی: هەموو خەونی جیهان لەنێو مندایە)

پاش تێربوونی ئارەزوو؛ مرۆڤ دیسانەوە بە دوای ئارەزوویەکی تردا دەگەڕێت: ئارەزوویەک کە خۆی نییه‌تی! ئەو ڕستەیەی (سلاڤۆ ژیژەك) بنەمایەكی فەلسەفی هەیە، لە گفتوگۆكانی (سوكرات)ەوە درێژ دەبێتەوە… ئەو ڕستەیە بەشێوەیەك ئارەزوو پێناسە دەكاتەوە، وەك ئەوەی (سوبێكت) سێبەری ئارەزوو بێت و بەبێ ئارەزوو (سوبێکت) دروست نەبێت؟! لێرەدا (سوبێكت) بوون بە چیرۆکێكە لەنێو زنجیرەیەك چیرۆکی نەپچڕاوەی ئارەزوودا.
ئارەزووی مرۆڤ ئەو شتەیە، کە نیمانە و وێڵی بەدەستهێنانین… بوون بە چیڕۆكی ئارەزوو ئەوەیە، کە ئەگەرچی (پرسی) خۆشەویستی ئارەزووە؛ بەڵام (کێشە)ی ئارەزووی بێبەشبوونە! پرسیار ئەوەیە: ئایا پرسی سێڵفی كێشەی ئەو ئارەزووەیە، كە نیمانە؟!
ئەوەی کە نیمانە و تامەزۆی بەدەستهێنانین (جیاوازییە)… جیاوازی و بێبەشبوون لە جەوهەری ئۆنتۆلۆژیدا، ئەو کەموکوڕییەیە (پرسەیە)، کە بنەمایەكی سرووشتی نییە! ئەو بێبەشبوونەی کە تێرنەکراوە، (یان ئەو كێشەیەی كە بۆ هەمیشە دووبارە دەبێتەوە) لە خۆمان ناچێت و لە ئەویدیكە دەچێت: پرسی خۆشەویستی و كێشەی سایبەرخۆشەویستییە! لێرەدا دیاردەی خۆشەویستی وەك جیاوازی واتە بێبەشکردن؛ بێبەشبوون لە خۆدروستکردن هەرگیز دەلالەت لە (ئیگۆی دەروونی تەقلیدی) ناكات، بەو مانایەی كە هەرگیز ناتوانین سەیرورەی ژیان فەرامۆش بكەین!!
(ئێلسا گۆدار، 1978) دەڵێت: ئێمە لەناو درامایەکی بەردەوامی ناپاکیماندا پەرەدەسێنین. دەتوانین ئەو ڕستەیە بەمجۆرە بنووسینەوە: ئیگۆی تەقلیدی بەردەوام لە ناو ئیگۆی- دیجیتاڵی ڕاڕادا پەرەدەسێنێت. یان دەشێ وەك تایتڵێكی لاوەكی نیشانی بدەین و بڵێین: ئیگۆ- لە بێبەشبوونی ئەویدیكەی جیاوازدا.
كەواتە هەرگیز ناتوانین جیاوازی نێوان پرسی ئیگۆ و كێشەی ئەویدیكە کەمبکەینەوە، چونکە جەوهەری ئارەزوو ئەویدیكەی جیاوازە؛ بێبەشبوون لەو جیاوازییە درزێكە دەكەوێتە ئیگۆ (بە هەموو ماناكانییەوە) یان ئارەزوو سێبەرێكی بێ ئیگۆیە؛ بۆ پڕكردنەوەی ئازارەكانی ئەو (درزە/ سێبەرە) بەردەوام بە دوای كێشەی جیاوازتردا دەگەڕێین، ئەوەی جیاوازترە پرسی ئیگۆ-ی دیجیتاڵییە؛ ئەوەی پرسی ئیگۆ-ی دیجیتاڵییە كێشەی ڕاڕاییە؟!
بەمجۆرە مەحاڵە بەبێ پەیوەندی خۆشەویستی و سایبەرخۆشەویستی بژین؛ ژیان بەدەست ئەو درزە بە ئازارەوە دەناڵێ… (پرسی خۆشەویستی و كێشەی جیاوازی و ئازار) نكۆڵیكردنە لە (جێگیربوون/ ئیگۆی دەروونی تەقلیدی)… بە دیوەكەی دیكە هەمیشە خۆشەویستی دژ بە دەسەڵات دەكەوێتەوە! بۆیە رامبۆی شاعیر لە قەسیدەی (بەشێك لە دۆزەخ) دەڵێ: وەك دەزانین خۆشەویستی دەبێ لەنوێوە دابهێنرێتەوە.

ئیگۆ
لە سێبەری ئارەزوودا

لە كتێبی (لە ستایشی خۆشەویستی)دا ئالان بادیۆ: دەڵێ خۆشەویستی بەرەو بیركردنەوەیەكمان دەبات، كە پێیوایە ناتوانین دنیا ئەزموون بكەین؛ تەنها لە دیدی جیاوازەوە نەبێت! بەڵام دیاردەی خۆشەویستی سرووشتی نییە؛ ڕامان نییە، ئەزموون نییە، كتوپڕیی و ساتەوەختییە! خۆشەویستى ئەو ساتەوەختەیە كە ڕووداو تێیدا (بوون) بە كردە دەكات!! كەواتە خۆشەویستی چالاكی و كردەیە، بینینی دنیایە بە چاوی جیاوازییەوە… مرۆڤایەتی بە كردەى خۆشەویستى نەبێت ڕزگارى نابێت؟! بەو مانایە ژیان شانۆى خۆشەویستییە؛ ژیان لە پەیوەندی جیاوازی و بێبەشبوون و ئازار هەڵقووڵاوە؛ بۆیە هەر کەسێک بە شێوازی خۆی چالاكی و كردەی خۆشەویستی دادەهێنێتەوە.
پرسی جێگیربوون و بنبەستبوونی (ئیگۆی دەروونی تەقلیدی) مانای بڕوانەبوونە بە كێشەی پەیوەندی لەگەڵ ئەویدیكەی جیاواز، بڕوانەبوونە بە (بوون بە) چیرۆکە نەپچڕاوەكانی ئارەزوو لە پەیوەندی خۆشەویستی و سایبەرخۆشەویستیدا… كەواتە ئەو كاتەى جیاوازی خۆشەویستى هەیە، ئیگۆ بوونى جێگیر نییە! یان بە مانایەكی دیكە لە پەیوەندی بە ئەویدیكەی جیاوازەوە ئیگۆی نێرگزی وزەكانی خۆی لە دەستدەدات، چونكە (ئیگۆی نێرگزی/ جێگیر) بە ڕامان و ئەزموونەوە بەندە، بەڵام خۆشەویستى كردەیەكی كتوپرِییە، ساتەوەختییە، تەنها لە قۆناغی عاشقبووندا دەبێ‌ بە ڕامان و بیركردنەوە! دەمەوێ بڵێم كردەی (خۆشەویستى) لە دەرەوەى تێگەیشتنى فیكر و ئەزموون و بیرەوەرییەوەیە، بەڵام كاری (عاشقبوون) بە ئەزموون و ڕامان و بیرەوەرییەوە دەلكێت؟!
هەندێجاران (سێڵفی) لەو ئارەزووەی كە نیمانە دەربڕین لە گۆشەگیری دەكات و ڕووبەڕووی بەهای پەیوەندی خۆشەویستىمان دەكاتەوە… هەندێجاران ئەو سێڵفییەی دەیگرین؛ وێنەی ئارەزووی ئەویدیكەی جیاوازە… هەندێجاران پێویستی جیاوازی و بێبەشبوون و ئازارە، بۆ ئەوەی سێڵفی لە نوێوە دابهێنینەوە و بەردەوام ڕامانی نوێ بە مرۆڤایەتیبوونمان ببەخشین… دەبێ بڕوامان بە گۆڕانی بەردەوام هەبێت؛ لێرەدا ئیگۆی تەكنۆلۆژی لە سێبەری ئەویدیكەی جیاوازدا لەو ڕەخنانە بێبەری نییە، کە ئاراستەی دەکرێت؛ چونكە دەشێ دنیای بەکاربەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و سێڵفییەکان زیاتر لەوەی (سایبەرخۆشەویستی) بێت، (منێكی نێرگزی) لێبكەوێتەوە، لەبری ئەوەی هایپەرپەیوەندی جیاواز بێ، جێگیربوونی پەیوەندی بەرهەمبهێنێ، لەبری ئەوەی كرانەوە بێ، داخران بێ و هەوڵبدات هەموو ئارەزووە تەکنەلۆژیا نوێیەکان لە سوودی شەیدابوون و جێگیربوون و بنبەستبوون بەكاربەرێت، نەك لە پێناو ئارەزووی ئەویدیكەی جیاواز…
پرسیار ئەوەیە، ئایا لە داهێناندا دەرفەتی ئەوە هەیە، هەموو ئەو شتانەی کە لە پرسی ئیگۆی نێرگزی و پەیوەندییە داخراوەكان تێدەپەڕن، تێپەڕێنین؟! مەبەستم هەر تەنها قبووڵنەكردنی ئەنلایك نییە؛ بەڵكوو بەگشتی بێهەڵوێستی و بێئاگایی ئیگۆی نێرگزییە لە دنیای جیاوازییدا، رەتكردنەوەی كێشەی ئاگایی و پەیوەندییە مرۆییەكان و ژیانە… ئەگەر ئەو پرسیارە پێچەوانە بكەینەوە دەڵێین: ئایا پرسی ئیگۆ-ی دیجیتاڵی ڕاڕا، دەكەوێتە دەرەوەی كێشەی پەیوەندییە كراوەكان و ئاگاییەوە؟!

سێڵفی
قەیرانی سوبێكت

پرسی سێلفی- ئیگۆی مەجازی وەك (خود/ پۆڕتریت) لەسەر زەوی هەناسە دەدات؛ كەواتە تەکنۆلۆژیا نوێیەکان لە دەرەوەی سوبێكتەوە بەرهەم نەهاتوون؛ بەو مانایەش ئەگەر توانای خراپترینمان هەبێت، توانای باشتركردنیشمان هەیە؛ دەتوانین بناغەی ڕێنیسانسێکی نوێ لەسەر زەوی دابمەزرێنین، كە سێڵفی تێیدا (بوون بە) دیدێکی نوێ بێ، (بوون بە) پەیوەندی و ئاگاییەكی نوێ و كراوە بێ، كە لە داهاتوودا نەتوانین پشتگوێی بخەین… وەك چۆن ئاماژەی لەدایکبوون و بەرهەمهێنانەوەی ئیگۆیەكی كراوە بێ، کە بەردەوام وەک مانای گۆڕاو بۆ شۆڕشێکی نوێ تەماشا بکرێت.
هەڵبەتە (بوون بە) وەك شۆڕشێكی نوێ تەنیا گۆڕانکارییەکی تەکنۆلۆژی نییە؛ بەڵكوو گۆڕانكاری بەردەوامی بوونی سوبێكتە، كە بووەتە نێوەندگیرێكی (شاراوە) و (ئاشکرا) نێوەندگیرێكی بێڕەگ و ڕیشە، بێئەزموون و ڕامان و بیرکردنەوە؛ بێیادەوەری لە نمایشدا، سەرسام بە كردەی ساتەوەختی و كتوپڕی و بوون بە زێدەپەیوەندی داهێنان…
لە سەردەمی بەکاربەری و تەکنۆلۆژیادا هێزی کڕین، بە بەهای خۆ بە خاوەندارێتی و توانای سوبێكت دەپێورێت… پرسی ڕستەی (من بەکاری دەهێنم) كێشەی بوونی من دەسەلمێنێ. یان وەک (هێربێرت مارکۆزە) دەڵێ، تەنانەت بوونیش بووەتە بڕاندێک؛ بووەتە لۆگۆی کۆمپانیایەک… هەندێک لە سێڵفیەکان تەنها وەک ڕیکلامەکان کاردەکەن؛ وەک لۆگۆی یەکجار بەکارهێنراوی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان، یان جوانکاری مۆدێلەکانی مۆدە…
لە سەردەمی بەکاربەری و تەکنۆلۆژیادا جوانی و ڕەوانی زمان دەكەوێتە دواوە! وێنە و ئیمۆجیەکان… شوێنی مانای زمان و ڕەوانبێژی دەگرنەوە؛ ئیتر پێویست ناکات سڵاو بکەم، بەیانی باش، من باشم، بیرت دەکەم، تۆم دەوێت تۆ جوانیت، ئەوە بە تام بوو، چووم بۆ مەلەکردن… ئێستا یەک ئیمۆجی دەتوانێت هەموو ئەوانە بڵێت… زێدەپەیوەندی بووەتە بینراو (ئاشكرا)؛ كاری خەیاڵی (شاراوە) و زارەکی لە كزی داوە، فەرهەنگی ئیمۆجی ڕۆژانە فراوانتر دەبێت.
ئەگەرچی ئیگۆ-ی دیجیتاڵی لەڕێگای گوتاری وێنەکانەوە قسە دەکات، یان میمەکان- پارچە بینراوەکان، کە وەک زمانێکی گشتگیر لە سۆشیال میدیادا کاردەکەن- ڕەنگە لە ماوەیەكی كەمدا ژانرێکی تەواو نوێ بە شێوەیەک قسە بکات، کە ئیگۆی دەروونی تەقلیدی نەتوانیت لێی تێبگات… ئەوە ئیگۆ-ی دیجیتاڵی كراوەیە…
ئەگەرچی لە سەردەمی بەکاربەری و تەکنۆلۆژیادا چیتر سوبێكت هەڵگری ئامانج و ناوەڕۆک نییە، بەڵكوو ئەدای کارکردنیەتی لەناو تۆڕە بێ کۆتاکانی کۆمەڵگای مەجازی جیهانیدا، چیتر سوبێكت بە مانا تەقلیدییەكەی دڵخۆشم ناکات؟! ئیتر دەتوانم سوبێكت لەخۆم بسڕمەوە، دەستکاری بکەم، بیشارمەوە؟ چاوەکانم؟ لووت؟ ڕەنگی پێستم؟ کامە پارچەی دەمەوێت دروستی بکەمەوە… ئەوە ئیگۆ-ی دیجیتاڵی كراوەیە.
ئەگەرچی لە سەردەمی بەکاربەری و تەکنۆلۆژیادا هەستدەكەم سوبێكت پەیوەندی بە ڕاستییەوە نەماوە، بەڵكوو پەیوەندی بە پێشبینیکردنی گومان و سەیرورەوە هەیە: گومان لە ڕەسەنایەتی خودی بوون، متمانەی لەدەستچوو… بوونی سوبێكت کەوتۆتە ژێر پرسیاری ئیگۆ-ی دیجیتاڵی كراوەوە… لە هەموو ئەو ئەگەرانەدا بوون بە پرسی ئیگۆ-ی دیجیتاڵی مۆدێرن وەك یاریكەرێكی جوولاو و بزر لە ساتەوەختی هایپەرپەیوەندی و سایبەرخۆشەویستی نابێتەوە…

ئیگۆ-ی دیجیتاڵی كراوە
یاریكەرێكی بزر
دنیای دیجیتاڵی، دنیای وێنە مەجازییەكان وەك سرووشتێكی گۆڕاوی بێبكەر دەردەكەوێت، كە پشت بە سایبەر تەكنۆلۆژیا دەبەستێ؛ بەو مانایە دنیای دیجیتاڵ، دنیای چالاكی وێنە مەجازییە ئاشكراكانی خۆی، لە دنیای ڕامانخوازی كلتووری جیا دەكاتەوە، كە زێتر شاراوەیە، زێتر میكانیزمی خەیاڵکردن دەیجولێنێ… بەمجۆرە حەقیقەتی ڕامانی هونەری و پرسی خۆشەویستی و جوانی و چێژ لە كێشەی ئیگۆی دەروونی تەقلیدیی و چالاكییەكانی ئیگۆ-ی دیجیتاڵی كراوەوە؛ ئەوەیە، كە ئیگۆی دەروونی تەقلیدی پەیوەندی بە شۆكی كلتوورییەوە دەكات؛ بەڵام ئیگۆ-ی دیجیتاڵی كراوە پەیوەندی بە شۆکی تەكنۆلۆژیاوە هەیە؛ یەكەم ڕامان بەڕێوەی دەبات؛ دووەم خێرایی…
ئەگەر داهێنانی ڕامانی خەیاڵكردی ئەدەبی و هونەری دەلالەت لە چەپێنراو و شاراوەكانی كلتووری بكات و لەوێشەوە شۆکی کلتوری لە ژیانی کۆمەڵایەتییدا دەلالەت لە هاتنی شەمەندەفەر و ئۆتۆمبێل و كەشتیی هەڵمی و هاتنی فرۆکە… بكات! ئەوە شۆكی تەكنۆلۆژی لە چالاكی ئیگۆ-ی دیجیتاڵی ئاشكراو و كراوەدا لە خێرایی ژیریی و زیرەكیی دەستكرددا دەردەکەوێت: وەك ئەوەی لە بەكارهێنانی ڕۆژانەدا لەبری دەستەواژەی (خۆشمدەوێیت)ی فەزای ئەدەبی، شوێن بۆ دەستەواژەی (لایك)ی فەزای تەكنۆلۆژی چۆل بكەین!! بێ ئەوەی بوون بە (داهێنانی خەیاڵكردە) و بوون بە (داهێنانی دەستكردە) هیچ کۆتاییەکی دیاریكراوی هەبێت… وەك ئەوەی شتەکان بۆ یەکجار و بۆ هەمیشە فڕێدرابنە (درامای ناپاكیكردن لە زمانی ئەدەبی) و (ناپاكیكردن لە وێنەی سێڵفییەوە)، وەك ئەوەی بكەری دیار و بكەری بزر (دنیای داهێنان) بەڕێوە بەرن… بەڵام ئەگەر لە كاری داهێنانی ئەدەبی و هونەری (شاراوە و خەیاڵكردە) بكەر بوونێكی بەرجەستەی هەبێت، ئەوە لە داهێنانی تەكنۆلۆژیای (ئاشكرا و دەستكردە) جگە لە (كردە) هۆکارێکی دیار بۆ بوونى (بكەر) لە ئارادا نییە… لە گۆڕانكارییە زێدەخێراكانی سەردەمدا دەستنیشانكردنی (كردە) و (كار) ئەو خاڵە سەرەكیەیە، كە (ناپاكی زمان) و (ناپاكی تەكنۆلۆژیا)، ناپاكی (بكەری دیاری كار) و (بكەری بزری كردە) روونتر دەكاتەوە! بەگشتی لە بكەری (دیار) ناپاكیكردنی زمانی ئەدەبی لەوەدایە، كە (ڕابردوو) دزە دەكاتە نێو كارەوە، لە بكەری (بزر) ناپاكیكردنی تەكنۆلۆژیای دیجیتاڵی لەوەدایە، كە (داهاتوو) دزە دەکاتە نێو كردەوە؟! كەواتە ئەگەر وێنە مەجازییەكانی سێڵفی گوزارشت لە (داهاتووی پێشبینیكراو) بكەن، ئەوە وێنە مەجازییەكانی ئەدەب و هونەر (یادەوەرییەكانی ڕابردوویان) لەخۆدا هەڵگرتووە!
بەڵام هەمیشە لە كردەی داهێناندا كێشەی (ئارەزوو/ جیاوازی/ ئازار) لەودیوو پرسی پەیوەندییەكانی جوانی و چێژەوە ئاماژە بە هیچ هۆکار و ئامانجێکی دیاریكراو ناکەن! بە مانایەكی دیكە داهێنان لە پەیوەندییە كراوەكانی هایپەرخۆشەویستی و سایبەرخۆشەویستیدا هیچ چێژێك لەپشت یان لەسەرووى جوانییەوە نابینێ؛ بۆیە جوانی لە داهێنانی (كار) و جوانی لە داهێنانی (كردە)دا بەردەوام ناچار بە زۆر بوون و دووجابوونەوە و کۆپیکردنەوە و لاساییكردنەوە بووە؛ وەک: دەقەكان، جەستەکان و ئایدیاکان… بەگشتی لە داهێناندا مەرج نییە مەبەست، ئامانج، باڵایی… لە بازنەی هۆكارێكی دیاریكراوی مانادا گیر بخوات، دەشێ لە بازنەیەكی بەتاڵ و بێكۆتاییدا بخولێتەوە! یاریكەری (ئاشكرا) و (شاراوە)ی پرۆسەی (كار) و (كردە)ی داهێنان هەمیشە (بوون بە جوانی و چێژ) دەسپێرێت، ئەوەش هیچ نییە، جگە لە بێئامانجی و بێكۆتایی و بێڕیشەیی و بێسنووری (ئارەزوو) و (جیاوازی) و (ئازار)؛ یان داهێنان نەبێت… (فێرناندۆ پێسوا)ی شاعیر لە شیعری (فرۆشگای تووتن) كە (سیما ئاکۆ) لە ئینگلیزییەوە كردوویە بە كوردی دەڵێت:
من هیچ نیم.
هیچیشم لێ سەوز نابێ.
خۆشم نامەوێ هیچم لێ دەرچێ.
بەڵام هەموو خەونی جیهان لەنێو مندایە.

هەولێر 4/6/2025
عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا




چێژی سێڵفی (هاوتاكردنی نیگا/ ئارەزووی کلیک).. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

سێڵفی لە ساتەوەختی (هایپەر مۆدێرن و سایبەر مۆدێرن) هەر نمایشکردنی جەستە نییە؛ بەڵكە ڕەمزی گۆڕانکارییە دەروونی و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانە، تەواوی نێوەندگیرییەکان ڕەتدەکاتەوە و ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە جیهانەوە دەکات… سێڵفی دوورکەوتنەوەیەكە؛ ڕێگا بۆ مرۆڤی مۆدێرن خۆش دەكات؛ سوبێکتی خۆی دەستكاری بكات! نەک هەر هێندەش بەڵكوو تەواوی تێگەیشتنمان بۆ کات و شوێن و لە سەرووی هەمووشیانەوە پەیوەندیمان بە زمان (لە مەجاز و وێنە)دا دەگۆڕێت؛ هەموو ئەوانەش لە تێكەڵاوكردنی ناسنامەی ڕەگەزییەوە دەستپێدەكات؛ بەو مانایەی کە بوونی مەجازی ئێمە ناسنامەی دیجیتاڵی ئێمەیە، نەك بوونی ڕەگەزی؟! ناسنامەی دیجیتاڵی ڕاڕاییە، لەوێشەوە دەتوانین ئارەزووی سێكسی ((ئەو شتەی کە نیمانە و بەردەوام وێڵی بەدەستهێنانین)) لە ئارەزووی كلیككردندا بەدەستیبهێنین و چێژی هەنووکەیی لێوەرگرین.
بەڵام ئایا سێڵفی وەك “نیگاتێبڕین- تێڕوانین” بە مانای (كۆبوونەوەی چێژ لە خاڵێك، لە ئەندامێك- ئۆڕگازم) و “بینین- پەرتبوون” بە مانای (بڵاوبوونەوەی خاڵەكانی چێژ لێرە و لەوێ) چۆن تێكەڵ بەیەك دەكات؛ بە مانایەكی دیكە ئایا سێڵفی لە فەزای مەجازییدا چۆن دووالیزمەكانی (بینین، نیگا- تێبڕین) و (دزەنیگا، گێڕانەوەی نهێنی) لەڕێگای ئارەزووی سێكسی و چێژەوە راڤە دەكاتەوە؟!
ئەوەی لە زۆر ڕووەوە ئاشکرایە؛ ئەوەیە، كە سێڵفی لەڕووی زمانی گێڕانەوەوە بەرەنگارییەکی تووندی حیكایەتە گەورەكانە و لەڕووی پەیوەندی کۆمەڵایەتیشەوە ئەو ساتەیە، كە ڕاستی ڕەها پارچە پارچە دەكات؛ لەڕووی سیاسییەوە ناسنامەكان تێکەڵ بەیەك دەکات. بەكورتی بەرەنگاربوونەوەی حیكایەتەكان لە ئاوابوونی زمانی گێڕانەوەدا لە (مەجازی وێنە)دا دەنوێنێ و پارچە پارچەكردنی ڕاستی لە (بڕوابوون) بە فرە ڕاستییەوە دەبینێتەوە، بەڵام تێكەڵاوكردنی شوناس لە (لادانی سێكسی)یەوە هەڵدەگرێتەوە! بەو مانایەش ئەوەی لە چێژی سێڵفیدا دەردەكەوێت، هیچ جیاوازییەك لەنێوان ئاوابوونی زمانی گێڕانەوە و پارچە پارچەكردنی ڕاستی و تێكەڵاوكردنی شوناسەكاندا ناكات؛ ئەو قسەیەش وەك ئەوەیە بڵێین هیچ جیاوازییەك لەنێوان تووندوتیژی كۆمەڵایەتی و سیاسی و سێكسییدا نییە! بۆ بنەمای هەموو ئەوانەش لە فرۆید نزیك دەكەوینەوە كە دەڵێ ((هیچ جیاوازیەک لەنێوان سەربڕین و خەساندندا نییە)).
کەواتە چێژی سێڵفی، هەوڵدانە بۆ لەقەڵەمدانی بوونێکی دیكە لەنێوان (سەربڕین) وەك دیاردەیەكی كۆمەڵایەتی و (خەساندن) وەك چەمكێكی دەروونشیكاری! بەڵام ئەوە کاتێک دێتە دی، کە هەردوو ڕەگەز تەسلیمی چێژی (هایپەرواقیع) بن و بتوانن خاوەندارێتی چێژ بەرەو ئارەزووی زانین تێپەڕێنن؛ كاتێك کە ئارەزووی بینین (خەساندن- درزی بینین)ی دەروونشیكاری لە ساتەوەختی چێژی هایپەر مۆدێرن و ئارەزووی نیگا-تێبڕین (نائامادەیی سەر- لەكاتی سەربڕین)ی كۆمەڵایەتی لە ساتەوەختی چێژی سایبەر مۆدێرندا دەدۆزینەوە!! وەك ئەوەی بڵێین (فرەیی-زێدەیی) لە (تۆڕی ئەلیكترۆن جۆراوجۆر)دایە، یان هاوتاكردنی بینینی مێ و نیگا-تێبڕینی نێر شتێكی دەستكردە و دەبێت فێری بین… بەو مانایەش چەمكی دەروونشیكاری و دیاردەی كۆمەڵایەتی لە سەرکوتکردنی ئارەزووی سێكسی (لەڕێگای ڕووخساری جوان و ڕۆناكی وێنە- سێڵفی)دا هەڵدەگرینەوە. بۆ نموونە: نێر و مێ لە چركاندنی سێڵفیدا بینین و نیگا-تێبڕین ئاوێتەی یەكتر دەكەن.

(سەربڕین/ خەساندن)
لە فەزای مەجازییدا

بێگومان بنەمای (سەربڕین/ خەساندن) هەر تەنها (ئاوابوونی زمانی گێڕانەوە) و (پارچە پارچەكردنی ڕاستی) و (ئاوێتەبوونی ناسنامەكان)ی لێناكەوێتەوە؛ بەڵكە زێدەبوونی (نائامادەبوون)یشی لەخۆدا حەشار داوە، كە لە بنەڕەتدا نیشانەی خەساندنە؛ وەك چۆن ڕۆڵی سەرەكی لە تێپەڕاندنی ئارەزووی سێكسییدا هەیە! بۆ نموونە: نیگەرانییە بەردەوامەكانی بینین و نیگا-تێبڕینی (هەردوو ڕەگەز) لە زێدەشارەزایی سێڵفی، وەك ئەزموونی بەرگریکردنی گرژئامێزی “ئامادەبوون- ڕەپبوون”، كە نیشانەی “نائامادەبوون- خەساندن”ە… بە هەرحاڵ، گرژبوونی ماسوولكەكان و دڵەڕاوکێی (نائامادەبوون- خەساندن) بە چەندین شێوەی مەجازی بەرگری لە (ئامادەبوون- ڕەپبوون) دەکات! لێرەوە ئەگەر پرسیارێك هەبێ ئەوەیە، كە ئایا كردەی سێڵفی و كردەی خەساندن؛ ئارەزووی سێكسی و ئارەزووی كلیك؛ ئامادەیی و نائامادەیی… هاوواتا دێنەوە؟!
وەک چۆن سێڵفی جوانییەکانی ڕووخسار و ڕۆناكی و تاریكی لەشولار و سەرنج و گۆشەنیگا و دزەنیگا و ئاگایی (بینینی ڕاڕا) لە بارەی ڕاستیی و جیاوازی جێندەرییەوە پەرت پەرت دەکات، لەبەرانبەریشدا (دەروونی نائامادەی ڕاڕا) بۆ خوڵقاندنی دەمامکێکی ڕووکەش و (دیمەنێکی قەشەنگی ئامادەیی دەرەکی) كۆدەكاتەوە؛ بە هەمان شێوە وێنەی سێڵفیش وەك چەشنە بەرگرییەک لە دژی ئەو دەرەكی و ناوەکییە جاڕزکەرە نادڵنیایەی (ڕەپبوون و خەساندن) گرژ و خاو دەبێتەوە…
بەمجۆرە (سێڵفی) دەرکەوتنی ئەو (ڕەپبوون و خەساندن)ە چێژدارەیە، كە بە تەنها تایبەت نییە، بە مێ و نێرەوە؛ بەڵكوو دەركەوتنی زانینێكی بەربڵاوە بۆ زێدەكلیك و دەستاودەستكردنی جۆراوجۆر! بەو مانایەش سێڵفی (مێ یان نێر) نییە؛ بەڵكوو زادەی ترس و دڵەڕاوكێ و فێربوونی زێدەگریمانكراوی (نائامادەیی- ئامادەیی)یە، كە لە زێدەخەیاڵی هەردوو ڕەگەزدا دێتە بەرهەم.
ئەگەر لەنێوان ئامادەیی و نائامادەیی… نەرێنییەك، (دزەنیگا)ییەك، ئەنلایكێك هەبێت، ئەوە لەڕووی سایکۆلۆژییەوە پێکهێنەر و درووستکەری ئەنگێزەی سێکسی لادەرانەیە، لای هەر یەکە لە ژن و پیاو، بەڵام لە نمایش و دەرکەوتنی فەزای مەجازی بە تایبەتی و ڕوونتریش لە هاوتاكردنی ئارەزووی سێكسی بە ئارەزووی زێدەكلیك، ئەو ئەنگێزەیە وەك یەکێک لە پاڵنەرەكانی سێڵفی دەردەكەوێت! بەڵام بە گشتی سێڵفی وەک بەهێزترین پێكداچڕژانی ئامادەیی نائامادە ملکەچی ڕێکخستنێکی تووندی فێربوون و زانیارییەكانە، نەك هەر بەتەنها لەڕووی چێژەوە، بەڵكوو وەک دەروونشیكاری و پەیوەندی كۆمەڵایەتی و سیاسیش؛ بەو مانایەش لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا سێڵفی بنەماگەلێکی تووندی فێربوون و زانیاری لە هایپەر مۆدێرن و سایبەر مۆدێرندا بە دەستهێناوە، کە وەک (بەرهەمهێنان) و (ڕێکخستن) و (بەجێهێنان) شێوەی گرتووە، لەکاتێکدا لەڕووی کولتورییەوە پتر لەژێر دووبارەبوونەوەی تاقیكردنەوەدایە، کە چەشنەکانی شێوەگرتنی جێگیر تێدەپەڕێنێت!! مەبەستم لەوەیە کە زیاتر وەک لادەری فۆرم دەگەڕێتەوە، نەك وەك جەوهەری خەیاڵ و فانتازیا.
كەواتە ئەگەر تووندوتیژی سەربڕین و تووندوتیژی خەساندن، یان بە مانایەكی دیكە پیاو وەك چەقۆ، ژن وەك برین، لە تەرجەمەكردنی ئاوابوونی زمانی گێڕانەوە و پارچە پارچەكردنی ڕاستی و ئاوێتەبوونی ناسنامەكان هەڵگرینەوە، لەوێشەوە ئارەزووی سێكسی (وەك فێربوون) لەو مانا تەقلیدییانەوە (بۆ زانین) تێپەڕێنین؛ یان چاوی تاقیكردنەوەی چێژی سێڵفی هاوتای چێژی زێدەكلیك بكەین… ئەوە لەلایەک لابردن و داماڵینی ڕەگەزی دەسەپێنین؛ لەلایەكی دیكە سەرکوتکردنی ڕەگەزی لە نیگا-تێبڕین و بینیندا هاوواتا دەبینینەوە! بەمجۆرەش دەگەینە ئەوەی كە سێڵفی وەك پرسیارێكی (هزر-ی) بە چاوی مەجازەوە جیهان (دە-بینێت).

مەجاز و وێنە
(چرکەساتی زێدەکلیکی راگوزەر)

جوانی سێڵفی دەكەوێتە بەر چركەساتی زێدەلایكی ڕاگوزەرەوە، بەڵام مەرج نییە، هەمیشە بە هەستێکی جوانکارییەوە پەیوەست بێت؛ بەو مانایەی هەمیشە ڕیشەی ئەنلایك و نەرێنی لە پێناسەی نەریتی هونەرییدا بەشێكی زۆری ڕاستی لەخۆدا هەڵگرتووە؛ كەواتە سەپاندنی جوانی هونەری مەرج نییە، بەدوای بەرهەمهێنانی هونەری جوانییەوە بێت؛ بەڵكوو هەندێجاران بەدوای ئیدانەکردنی دیدگایەکی دیاری واقیعەوەیە، یان بۆ نزیکبوونەوە لە وێنەی (ڕاڕای ناوەوە)ی خۆی دەگەڕێت؛ واتە سەپاندن هەمیشە بەدوای درزی لایك و نەرێنی و ئەنلایكەوەیە! كەواتە ئەگەرچی وێنەی سێڵفی لە ژیانی ڕۆژانەدا پێگەیەکی هونەری داگیر دەکات، بەڵام مەرج نییە هەمیشە لە یەك گۆشەنیگایەوە سەیری بكەین… چونكێ هەندێكجاران دەكەوێتە نێوان (ئارەزوو) و (پێویستی)یەوە، بەو مانایەی كە ئارەزوو دەردەبڕێت و پێویستی دەسەپێنرێت.
ئەوەی لە هاوتاكردنی نیگا و ئارەزووی زێدەكلیك جەختی لێدەكەینەوە ئەوەیە، كە سێڵفی فەزای (ئارەزوو)ی تەقلیدی لە دەستداوە و وەك (پێویستی) كەوتۆتەوە، یان بە مانایەكی دیكە هەمیشە چێژی سێڵفی هەوڵدەدات ڕاڕایی دەروونی وەك پێویست بە گرژی ماسوولكە دەرەكییەكانەوە تاقیبكاتەوە! واتە لەبری ئەوەی لەڕێگای چەسپاندن و ڕامانەوە ئامادەبێ، لەڕێگای گۆڕانكاری ڕووخسارەوە نوێنەرایەتی نائامادەیی دەكات، وەك ئەوەی رەمزی (ڕەپنەبوونی ڤالووس) لە (باڵاكردنی ڕووخسار) و ڕاڕایی سەردەمەوە بگرێت.
بەمجۆرەش هەرچەندە هونەركاری سێڵفی وەك وێنەی سەرووی مۆدێرن شیبكەینەوە، لە مانای ڕاڕایی وەك پێویستی سەردەم نزیكتر دەبینەوە، چونكە هونەركارییەكانی سێڵفی جگە لە خۆی (كە ڕەپبوونێكی ناڕەپبوونە) هیچ ئەرکێکی دیکەی نییە! كەواتە وەك (ئێلسا گۆدار، 1978) لە کتێبەكەی (من سێڵفی دەگرم، كەواتە من هەم) كە ساڵی (٢٠١٦) چاپ و بڵاوبۆتەوە، دەڵێت: ((بەبێ ئەوەی پرسیار لە مەبەستی شیاوی “هونەری” بکەین، ڕەنگە قورس بێت، قسە لە سێڵفی وەک خەیاڵی داهێنان بكەین؛ چونکە تەنها نمایشکردنی جوانی نایکاتە کارێکی هونەری))
لێرەوە دەشێ لێكنزیكردنەوەی چەمكی (ڕەپبوون) و (باڵابوونی ڕووخسار) كۆمەڵێك دیمەنی ڕاڕامان بیر بخاتەوە، كە سێڵفی وەك ڕاستەقینە بەجێیهێناوە: لە کاتێکدا وێنەی هونەری هەوڵدەدات لە ڕاستەقینەكان دوور بکەوێتەوە؛ چونكە ناتوانێت لە (ڕەپبوون/ باڵابوونی ڕووخسار) ڕزگاری بێت، مەگەر بیخەسێنێت؟!
كەواتە سێڵفی لە بەکارهێنانی (هونەری ڕاڕا) تەنها ئامانجی خەساندنە لەپێناو بازاڕ درووستكردن. (پاشان سێڵفییەکە لە ئینستاگرام، تویتەر یان فەیسبووک بڵاوبکەرەوە…) دەمەوێ بڵێم ئەوەی لە پەیوەندی نێوان هونەر و سێڵفیدا دەتوانین دەستی بۆ بەرین، هەر تەنها سوبێكت نییە، بەڵكە دەرکەوتنی فێڵکردنێكە کە سێڵفی تێیدا دەیەوێت واقیعی سوبێكت بۆ واقیعی ڕووخسار و واقیعی ڕاڕا، لە چوارچێوەی جیهانێكی مەجازی زێدەخەسێنراودا بگۆڕێت.

لە زمانەوە بۆ وێنە
(ڕووخساری زێدەپیرۆز)

وەك دەزانین قسەكردن لە ڕاڕای بۆ ڕووخساری زێدەپیرۆز، هەر تەنها قسەكردن نییە، لە هەژاری و دەوڵەمەندی، بەتایبەتی سەبارەت بە خۆبەبازاڕکردنی ئیگۆ لە سەردەمی ئەمڕۆدا… چونكە ئەگەر پیرۆزی ڕووخسار لەگەڵ پیرۆزی ئایینی بەراورد بكەین؛ دەبینین هونەری ئایینی لە هونەری سێڵفی جیایە! چونكە هونەری ئایینی لە (ناوەوە)ی خۆیدا سیمایەكی پیرۆزی هەڵگرتووە و هەوڵی دەربڕینی ئەو سیمایە دەدات؛ لە كاتێكدا هونەری سێڵفی وەك “ئایکۆنی میدیا” لە (دەرەوە) سیمایەكی پیرۆز دەنوێنێ و هەوڵی بە بازاڕكردنی دەدات! بەڵام ئەوەی لە پەرستنی ئایین دەردەكەوێت: بڕوابوونە! ئەوەی لە پەرستنی ڕووخسار وەک هێمای تاکایەتی و ڕاڕایی دەردەكەوێت: ناتووندوتیژییە! بڕوابوون، بێهودە بنەماكانی خەساندن دادەپۆشێت! ناتووندوتیژی بنەماكانی خەساندن بە شێوازی جیاواز بەرەوپێشەوە دەبات و لە ڕاڕایی بێهودە نابێت؟!
هەموو ئەو شۆڕشە تەکنۆلۆژی و مرۆیی و کولتوری و جوانیناسی و کۆمەڵایەتیانەی کە جیهان ناسیویەتی؛ گۆڕانکاری ڕیشەیی لە ئیگۆدا هێناوەتە ئاراوە، ناوی ناوە “منی دیجیتاڵی”… ئەگەرچی ئێمە گەیشتوینەتە ئەوەی، كە لەگەڵ نوقمبوونی خۆمان لە زێدەمەجازییدا؛ هەست بکەین زمانی گێڕانەوەمان لەدەست داوە و بە هۆی لەدەستدانی ئەو زمانەش حەقیقەتی واقیعی پارچە پارچە بووە و ناسنامەكان تێكەڵاوی یەكتر بوونە و هەمیشە لە ئامادەیی چرکەساتی زێدەکلیکی ڕاگوزەردا دەژین… ئەو هەموو چالاكییە بێ حەسانەوەیە، پێویستی ئازادی و وێنە و ڕووخسارە پیرۆزانە، شتێك دەیانگرێتە باوەش، ئەویش گرژبوونی ماسوولكە دەرەكییەكان و نەخۆشییە دەمارییەكانی سەردەم و ڕاڕاییە… كەواتە لە چوارچێوەی “لینک”ێکی هەمیشەیی بەستراودا دەژین و چیتر ((بوونەوەری فڕێدراوی نێو زمانی –لاكان-ی نیین)) بەڵكوو بوونەوەرێكی بەستراوین بە ڕاڕایی زێدەكلیكەوە.
لەم قۆناغەدا دانانی پێناسەیەکی نوێ بۆ مرۆڤ، واتە دانانی هاوبەشییەكی کۆمەڵایەتی نوێ لەسەر بەردەوامی پەیوەندی خۆشەویستی و قبووڵكردنی جیاوازیی، كە بەرەو لەدایکبوونێكی زێدەلەدایکبوونەوەمان دەبات… مرۆڤ چیدی ئەو کەسە نییە، کە کۆنتڕۆڵی دەوروبەر و جیهان دەکات؛ بەڵكوو ئەو کەسەیە، کە بۆ پەیوەندییە جێگیرنەبووەكان لە خۆشەویستی تێدەپەڕێ بۆ زێدەخۆشەویستی؛ مەسەلەکە هەمیشە مەسەلەی ((ئەو شتەیە کە بەردەوام وێڵی بەدەستهێنانین)) ئەویش خۆشەویستییە، تەنانەت کاتێک باس لە جیاڕەگەزبازی دەکەین، هەموو شتێک باس دەکەین بۆ ئەوەی بەردەوام هەنگاو بۆ زێدەخۆشەویستی؛ خۆشەویستی ژیان، خۆشەویستی دایک و باوک و خۆشەویستی منداڵ، خۆشەویستی بۆ خودا و خۆشەویستی پارە، خۆشەویستی بۆ شکۆمەندی و خۆشەویستی بۆ خود، خۆشەویستی بۆ ئەوانی دیكە و خۆشەویستی بۆ ناسینەوە، خۆشەویستی بۆ سیاسەت، خۆشەویستی بۆ شەڕ و خۆشەویستی بۆ ئاشتی… ئەوەی بەردەوام هەست بە نەبوونی دەكەین و وێڵی بەدەستهێنانین: زێدەخۆشەویستییە.

هەولێر30/5/2025




سێڵفی وێنە لە وێنەدا.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

دەشێ سێڵفی خۆبەئەویدیكردنێك بێ، کە بیركردنەوەمان لە ڕۆناكیدا پەرت دەكات، رەنگدانەوەی ئەو ئارەزووە بێت، كە ئیگۆی نێرگزی بە ئەویدیكەی ڕەوا نابینێت.. بەو پێناسەیە وێنە لە وێنەدا دەگرین. چونكە سێڵفی تاقانەیی خۆی لە (نێرگزییەت)دا دەنەخشێنێ.. واتە سێڵفی تاکە بڕیارێكی ڕووتە، كە ڕێگری لە تێپەڕبوونی ڕۆناكی بۆ ئەویدیكە دەکات!. سێڵفی گۆڕانکارییە وردەکانی ئیگۆ دەبینێ و دەڵێت: (هەمان/من) هێزی شاشەم لە ئەویدیكەی جیاواز خۆشتر دەوێت. ڕۆناكی گەردوونی منە!. من شاشە بەکاردەهێنم کە ڕەنگدانەوەی بوونی من دەگوازێتەوە و هەموو ئەویدیكە بە لایكەكانی دەخزێنێتەوە ناو (هەمان/من)ەوە..
لە كۆمەڵگای بەركاردا ئیگۆی سێڵفی لە ڕۆناكیدا بڵاو دەبێتەوە، ڕۆناكی لەخۆ دەگرێ و ڕۆناكی داهاتوو دەدۆزێتەوە! بەمجۆرە سێڵفی لە ئاشتکردنەوەی (مەجازی) و (ئەبستراکت)دا ئەویدیكەتەوەری لە خودتەوەریدا دەتوێنێتەوە، خودتەوەری لە ئەویدیكەتەوەریدا ڕۆناك دەكاتەوە..

لەخۆگرتنی ڕۆناكی، چركاندنی سێڵفی
ڕۆناكی کە دەبینێت، ڕیتمەکە دەردەکەوێت، یان سڕاوەتەوە.. سێڵفی بۆ خۆنمایشكردن لەبەر چاوی ئەویدیكە فەزایەكی مەجازی و ئەبستراكتی دەوێت. واتە لەخۆگرتنی ڕۆناكی کە دەیبینێت، چركاندنی سێڵفییە کە درووستی دەکات.. بەو مانایە سێڵفی وەك دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی مرۆڤەکان لە دەوری چركەساتێك کۆدەکاتەوە.. بەڵام ئایا دەكرێ خودتەوەری و ئەویدیكەتەوەری وەك یەك تەماشا بكرێن؟!
فرۆید لە كتێبی (لە دەرەوەی بنەمای چێژ)دا غەریزەی ژیان لە غەریزەی مردن جیا دەكاتەوە، هاوسەنگی دەروونی تاک بە پاراستنی ئەم دوو غەریزەیە بەدەست دەهێنێت. بەڵام سێڵفی هاوواتای دەنگدانەوەی ویستی ژیان، نێوەندگیری ئارەزووەكانی (خود/ ئەویدیكە) لە داهێنان و بەرهەمهێنانەوەدا كۆ دەكاتەوە.
كەواتە سێڵفی گوزارشت لەو یارییە تەكنۆلۆژییە داهێنەرە دەكات، کە داهێنان بەرەو ڕۆناكی تێدەپەڕێنێت. بەڵام یارییە تەكنۆلۆژییەكان ئەو یارییانەن كە ئیگۆی داهێنەر دەخەنە ژێر پرسیارەوە! چونكە سێڵفی دەربڕینی جەستەیەکی گۆڕاوە. چونكە سێڵفی لە پێناسەی خاوەنەکەیەوە بۆ لەخۆگرتنی ئارەزووەكانی ئەویدیكە ڕۆناكی دەبڕێت. چونكە سێڵفی جەستەیەکە وەك داهێنانی تەكنۆلۆژیا بەردەوام لە قەیرانی ناسنامەدایە.. جەستەیەکە فڕێدراوەتە ناو هەڵسەنگاندنی بێکۆتایی ڕۆناكییەوە.. ئەوەش بەو مانایەیە کە ئیگۆ لە وێنەکەدا نییە، بەڵکو تەنها ڕەنگدانەوەی وێنەیە لە وێنەدا، شتێکی هاوشێوەی وێنەی وێنەیە..
كەواتە ئیگۆی تەكنۆلۆژی جگە لە زڕەوێنەی ئیگۆی دەروونی هیچی تر نییە. (زڕەوێنە واتە ڕووكاری بۆش، ناوەڕۆكی خاڵی یان قووڵ، وەكوو ئاوێنەیەك كە تەنیا خۆی ڕەنگ دەداتەوە و لەپشتییەوە هیچ ڕاستییەك بوونی نییە.. بە مانا ئەفلاتوونییەكەی وێنەی لەبەرگیراوی ئایدیا، خودا، حەقیقەت..) بەو مانایەش ئیگۆی تەكنۆلۆژی هێمای ئەو پەیوەندییە كۆپیكراوە و سەختەیەیە، کە ئێمە لە فەزای مەجازیدا بە خۆیەوە دەبەستێتەوە.. بۆ نموونە: ریكلام ئەو ئارەزووەی كە وێنە لە وێنەدا دەیبینێ، ئەوەیە كە هەمیشە لە ئیگۆی تەكنۆلۆژییدا بۆشایییەک هەیە، کە پڕ ناکرێتەوە.
بۆیە سێڵفی لە (هەمان /من) وەك زڕەوێنە زانیاری و پەیامێکی لەبەرگیراوە، هیچ مانایەکی نییە، هیچ نیشتمانێكی نییە، هیچ ناسنامەیەكی هەڵنەگرتووە، جگە لەوەی كۆكراوەتەوە، جگە لەوەی دەنێردرێت و بڵاودەکرێتەوە.. جگە لەوەی خۆی ڕووت دەکاتەوە.. دواجار لەو هەموو لادانانەدا كۆپیكردنەوە جێگای بەرهەمهێنانەوە و بەرهەمهێنانەوە جێگەی داهێنان، وەهم جێگەی خەیاڵ دەگرێتەوە. كۆپیكردنەوە، بەرهەمهێنانەوە، وەهم لە هەموو حاڵەتەکاندا دەبێتە ئەو ڕۆناكییەی، كە لێکچوونێک لەگەڵ ڕاستی درووست دەكات، ئەو زێدەڕاستییەی لە ڕێگای نوێنەرایەتیكردنەوە فڕێمان دەداتە دەرەوەی داهێنان و ڕاستییەوە.

زێدەوێنە
نیگەرانییەكانی بوونی سەردەم

لە ژیانی ڕۆژانەی ئەمڕۆماندا وێنە پێگەیەک داگیر دەکات، کە پێشتر هەرگیز پێی نەدەزانی؛ بە تایبەتی ئەگەر لە گۆشەنیگای بازاڕەوە تەماشای بكەین.. ئەو قسەیەش ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە فۆرمی ڕیكلامەوە هەیە. یان بە مانایەكی دیكە ئەمڕۆ بازاڕ زمانەكانی ناساندن و مامەڵەكردن و هەڵسەنگاندنی لە ڕێگای وێنەوە قووت داوە. ئەمڕۆ ڕیكلام باشترین مۆدیلە بۆ گواستنەوەی كاڵا و نیشانەكانی بازرگانی.. وێنەش قووڵترین ناسنامەی زانیارییە كۆكراوەكانی سێڵفییە. هەر بەو مانایەش سێڵفی لە زانیارییەكانی ڕیكلام نزیك دەبێتەوە.
لە كۆمەڵگای بەركاردا باشترین مۆدیلی كاڵای بازرگانی گرەوی لەسەر نییە، قووڵترین ناسنامەی زانیارییە كۆكراوەكانی سێڵفیش هیچ مانایەكی نییە. یەكەمیان بە درووشمی (دەكڕم، بەكاردەهێنم، چێژی لێ دەبینم) دەنازێ. دووەمیان لە (من سێلفی دەگرم، كەواتە من هەم)دا بەردەوام خۆی نمایش دەكاتەوە. لەوێشەوە ڕیكلام دەبێتە خودتەوەری، كە گوزارشت لە (من هەم، من واتام هەیە) دەكات و بازاڕ دەبێتە ئەویدیكەتەوەری، كە گوزارشت لە نەخۆشی و نیگەرانییەكانی سەردەم دەكات..
هەردوو چیڕۆك: ڕیكلام گرەوی نییە و سێڵفی نوێنەرایەتی ئیگۆ ناكات، ڕەنگدانەوەی وێنەیە لە وێنەدا، زانیارییە لە زانیارییدا.. دواجار وەك چۆن بەبێ (لایك) بوونی سێڵفی لەرزۆكە، بە هەمان شێوە بەبێ (بازاڕ) كاڵا دەكەوێت.. كەواتە بەبێ (بازاڕی لایك) ناتوانرێت پێشبینی داهاتووی كۆمەڵگای بەركار بکرێت. لە بەرانبەردا كۆمەڵگای بەركار داهاتووی سوبێكت بە نەخۆشی پووكانەوەی دەمار و نیگەرانییەكانی سەردەم دەسپێرێت.
ئەوەی جێگەی پرسیاری سوبێكتی دەروونییە پووكانەوەی دەمارە، ئەوەی پرسیاری ئیگۆی تەكنۆلۆژییە داهاتووی بازاڕ و زێدەڕیكلامە. داهاتووی پووكانەوەی دەمار واقیعە، داهاتووی بازاڕ و ڕیكلام واقیعی واقیعە.. ناووكی ڕیكلامی بازاڕ گوزارشت لە ڕووتییەكانی دەکات، کە لە داهاتووی بازاڕ و زێدەڕیكلامدا بەردەوام خۆی نمایش دەكاتەوە. ناووكی پووكانەوەی دەماری گوزارشت لە نەخۆشییەكانی سوبێكت دەكات. واتە لەبەرانبەر داهاتووی بازاڕ وێنەی وێنە ئامادەیە، لەبەرانبەر نیگەرانییەكانی بوونی سوبێكت پووكانەوەی دەمار.. یەكەمیان دەركەوتن لە پێناو دەركەوتن دەنوێنێ. دووەمیان نزیكبوونەوەیە لە مردن. وەك چۆن دەركەوتنی وێنەی ڕووت هیچ كەلێنێك بۆ مانای بازاڕ ناهێلێتەوە، بە هەما شێوە مردنی سوبێكت هیچ كەلێنێك بۆ مانای ژیان ناهێلێتەوە!
كەواتە لە (نیگەرانی) و (زێدەڕیكلام)ەكانی سەردەمدا (وێنە/ مردن) پێویستی بە مانا نییە، بەڵكو پێویستی بە زێدەڕۆناكییە، بۆ ئەوەی جوانتر دەركەون.. پێویستی بە زێدەوەرزش، زێدەئەرێنی، زێدەلایك، زێدەخۆشەویستی، زێدەنەخۆشی، زێدەپووكانەوە… هتد. لە ڕێگای بەرجەستەكردنی چەمكی مردنەوە دەمەوێ بڵێم لەو هەموو ئەرێنییەی ڕیكلام، لەو هەموو زۆرەملێیانەدا، بوارێکی کەم بۆ هەڵە و نەخۆشی و هەڵبژاردنی خراپ… ماوەتەوە! چونكە دنیای سوبێكتی تەكنۆلۆژی دنیای بازاڕ و ڕیكلام و ڕۆناكییە، دنیای ئەرێنی و لایك… جیایە لە دنیای سوبێكتی دەروونی، جیایە لە دنیای نکۆڵیکردن و جیاوازی و نەرێنی، ئەنلایك، تاریكی و گومان… بەڵام ژیان بە هەردوو دنیاوە جوانە، كەواتە نكۆڵیكردنكردن لە هەر یەكێكیان نکۆڵیکردنە لە بەشێکی جەوهەری دانەبڕاوی بازاڕ/ سوبێكت! دواجار وەك چۆن ڕۆناكی ناتوانێت سوبێكت بدۆزێتەوە، تاریكیش ناتوانێ بازاڕ نوغرۆ بكات..

چیرۆکی مەحاڵی ئەویدیكە
فەزای مەجازی هەموو ئەو شتانە لە باوەش دەگرێ، کە ئێمەین.. لێرەدا ڕووبەڕووی پرسی فەزای ڕۆناكی و فەزای تاریكی دەبینەوە. كێشەی فەزای مەجازی لە چیرۆکی ئەویدیكەی جیاوازدایە، كە دەتوانێت کەسێکی نەرێنی بێت، دەتوانێت (ئەوانیدیكە)ی فرەلایەنە بێت، کە لەلایەن گروپی (هاوڕێ/ نەیار) لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نوێنەرایەتی دەکرێت.. ئایا بەمجۆرە دانیشتوانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەشێ ببنە دادوەر؟! دەشێ ببنە هێزی هاوشێوەی ئەرێ و داكۆكی لە هێزی نەرێ، یان بێزرا و پەراوێزخراو بكەن. ئایا چوونە ناو تۆڕی کۆمەڵایەتی بە واتای قبوڵکردن دێت، یان قبوڵنەكردن… چاودێر و سانسۆر و دادوەری..
لە فەزای مەجازیدا جگە لەوەی لەبەردەم کەسانی تردا ڕووت دەبینەوە و هەموو شتێك دەڵێین و هەموو شتێك دەبیسین و هەموو زانیارییە كۆكراوەكان دەزانین و بەشێکە لە چێژەکانمان و جۆرێک لە دەسەڵاتیشمان بەسەر ئەوانی تردا پێدەبەخشێت.. دەسەڵاتێک کە بە ئیختیاری ئازادەوە نوێنەرایەتی دەکرێت.
دەشێ بچینە ناو كەسانی دیكەش بەبێ ئەوەی بە ڕوونی ئەو كەسە بزانێت، واتە کاتێک سێڵفییەک لە فەیسبووکدا دەدۆزینەوە کە ئاراستەی هەمووان کراوە و ئاراستەی کەس نەکراوە، ئێمە لە دۆخێکداین کە خۆمان لە دیمەنێک دانووساندبێ، وەك ئەوەی لەپشت دەرگا و لە کونی کلیلەوە سەیر بكەین. بەڵام کەس ناتوانێت کاتێک لە فەیسبووک یان ئینستاگرام پەیوەندی دەکەم، سەیرم بکات، جگە لە ساتەوەختی چوونە ناو ئینتیما نەبێ..
كەواتە ئەوەی سێڵفی دەتوانێت سەرنجی ڕابکێشێت، چوونە ناو ئینتیمایە. ئەوەی دەتوانێت لە سێڵفیدا ئامادەیی هەبێت جگە لە زانیاری كەڵەكەكراو، چێژی نێرگزییە، چێژی جوانکارییە، یاریزانییە… وەك چۆن چێژی دەستدرێژیکردن و پەراوێزخستنە.. كەواتە فەزای مەجازی وەڵامێکە بۆ ئەو نیگەرانی و بۆشاییەی، کە ئێمەی فڕێداوەتە ناوییەوە.. ئەوە چیڕۆكی مەحاڵی ئەویدیكەیە، كە لەبەر تیشكی بەهێزی ڕۆناكی لایكەكان.. ڕاستی، دڵنیایی، چاکبوونەوە نابینێ!! لەبەر تیشكی بەهێزی ڕۆناكی زانیاری و دەربڕینەکان بە ڕەوانی دەگەن و خۆشی سێکسی لە ڕووخسارەكاندا دەدرەوشێتەوە. بەڵام بۆ ئەوەی وێنەی مردن بگرین، وەستاندنی ئەم چێژە دەكەوێتە تەنیشت سێڵفییەوە، نەک نێو ژیانەوە.
كەواتە چیڕۆكی مەحاڵی ئەویدیكەی جیاواز، ئەویدیكەی نەیار، ئەنلایك، نەرێ… دەمانخاتە سەر مەیلی ئەوەی كە ناتوانرێت فەزای مەجازی ڕەت بکرێتەوە، دەمانخاتە سەر مەیلی ئەوەی كە خۆمان لەبیر بکەین، دەمانخاتە سەر مەیلی ئەوەی كە لەبری ئەوەی ساتە ڕاستەقینەکان بژین، بە دوای چێژدا وێڵ بین..
ڕۆناكی بەبێ تاریكی وەهمە. شاشەی مۆبایلە زیرەکەکان هاوتای ئەو ئاوەیە کە تێیدا وێنەی نێرگزی ڕەنگدانەوەی هەبووە.. وێنەی وێنە. بەڵام دوای موچڕكی یەكەمین ئارەزووی سێکسی لەسەر لاپەڕەكانی ئاو وێنە دەشێوێ، دوای موچڕكی یەكەمین ئارەزووی سێکسی وێنە تێپەڕ دەبێت..

سنووری ئازادیی ڕادەربڕین
ڕەنگە وێنەی وێنە یاریزانانە بێت، ڕەنگە سەرگەرمی و دەربڕینی خۆشی، ساتێکی هاوبەش و ئاڵوگۆڕکردن بێت.. بەڵام وێنەی سێڵفی هەیە، کە لە تەنیشت کەسێکی مردوو، یان لە تەنیشت کەسێکی لات و هەژار و بێ ماڵ و حاڵەوە گیراوە.. سێڵفی دەتوانێت ببێتە دروشمی زۆرێک لە لادانەکانی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی و هەوڵدان بۆ دەربڕینی ئازار کە لە هەندێک کاتدا وەسفی ناکرێت..
ئەمڕۆ نائومێدی بە شێوەی ئۆنلاین بڵاودەبێتەوە، بەو پێیەش ئازادی نمایشکردن و سنووری ئازادیی ڕادەربڕین پەیوەندی بە ئازادییەوە نەماوە، وەك چۆن ئیگۆی تەكنۆلۆژی پەیوەندی بە سوبێكتەوە لەق بووە.. پەیوەندی بە فەزای مەجازییەوە هەیە.. دواجار لە فەزای مەجازیدا سنوورێک بۆ نمایشکردن هەیە، كە پێی دەوترێت زێدەواقیعی.. هەندێجار ئەو سنوورە دەكەوێتە دەرەوەی ئەوەی کە دەتوانرێت وەسف بکرێت، هەندێجار دەكەوێتە دوای نەبوونی توانای حوکمدانەوە.. هەموو ئەوانەش دابڕانی سنووری مەجازییە لە سنووری مەجازی.. وەك ئەوەی چاوەڕێی هاتنی کەسێک دەکەیت، دەزانیت کەس نایەت.. چوونە ناو فەیسبووک و تویتەر و ئینستاگرام و گەڕان بەدوای لایک و هیوای وشەیەک یان سەرەتای دیالۆگێک.. هەموو ئەوانە پێماندەڵێت واقیع واقیعی گۆڕیووە بۆ نمایش! بە گوتەی بۆدریار هەر شتێ نەیەتە نێو نمایش وەك نەبوو وایە..
واقیعی واقیعی سوپەر تاکگەرایی بەرز كردەوە. سوپەر-تاکگەرایی دووپاتکردنەوەی منێکی ڕەهایە، کە خووی بە بیستنی هیچ شتێکەوە گرتووە! جگە لە سەراب و ئیگۆی تاقانەیی خۆی.. شتێ ناناسێ.. سوپەر تاکگەرایی وەك لە كتێبی (من سێڵفی دەگرم، كەواتە من هەم)ی ئێلسا گوهداردا هاتووە، دیلی وەهمەکانە، گۆشەگیرە، دوور لە ئەویدیكە و کەسانی تر.. سوپەر تاكگەرایی سێڵفییە وەک ئەوەی کەس لەگەڵمان نەتوانێت بیگرێت! سێڵفی کردەوەیەکە گوزارشت لە تاقانەیی و گۆشەگیری دەکات.

عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا
هەولێر
25/4/2025




جوانی لەنێوان گۆشەنیگای سێكسی/ وزەی ئیرۆتیکیدا.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

(ئاوڕدانەوەیەك لە كتێبی ڕزگاركردنی جوانی، بیۆنگ- چول هان)

چەمكی جوانی لە شارستانیەتی یۆنانەوە پەڕیوەتەوە نێو شارستانیەت و كلتووری گەلانی دیكەوە. بەڵام هەتا ئێستا هزری مرۆڤایەتی پێوانەیەكی دیاریكراوی بۆ جوانی نییە، رەنگە هەرواش بمێنێتەوە.. لەسەردەمی مۆدێرنەدا جوانی لەگەڵ نەرمی تەواو هاوئاهەنگە، نەرمی وەك هۆکاری سەرەکی چێژ، وەک پێکهاتەیەکی جوانی بینراو ئەژمار دەکرێت، بەو مانایەش نەرمی لەوێوە بۆ چێژوەرگرتن گونجاوتر دەردەكەوێت، كە هیچ بەرگرییەک نیشان نادات.. بەڵام ئەو شتانەی زبر و تووند و تیژن، ئەندامەکان دەڕووشێنن، دەبنە هۆی ئازار و برینداركردن.. ئەوەش دەبێتە هۆی گرژبوونی تووند و تیژ، یان گرژبوونی ریشاڵی ماسولکەکان. نەرێنیبوونی ئازار هەستی جوانی تا ڕادەی تووندی لاواز دەکات، جوانی کەم دەکاتەوە.
سروودی جوانی
لەنێو چاوانتەوە هەم ئاوابوونی خۆر
هەم سەرهەڵدانی كازیوە بەدی دەكرێن
وەك رەشەبای ئێواران بۆنوبەرامە دەپڕژێنی
ماچت شەرابی عیشقە و زارت هەر چەشنی گۆزەیە
قارەمان ترسنۆك و منداڵانیش بوێر و ئازا دەكەی
پێم بڵێ تۆ لە كەندڕانەوە بەرز دەبیتەوە
یان لە هەسارەكانەوە دادەبەزی
(بۆدلێر)

بیۆنگ -چول هان
فەیلەسوفی (ئەڵمانی بە رەگەز کۆریای باشوور) بیۆنگ -چول هان (لەدایکبووی ١٩٥٩/ سیئۆل)، مامۆستای زانکۆی هونەرەکانە لە (بەرلین)، بە هۆی توێژینەوە و وتارە سەرنجڕاکێشەکانییەوە لە ماوەی (10) ساڵی ڕابردوودا بە یەکێک لە رەخنەگرە هەرە وردەکانی (سەرمایەداری دیجیتاڵ) دادەنرێت. لە كۆی رەخنەكانیدا جەخت لەسەر چەمكی بەتاڵکردنەوەی ئەزموونی مرۆڤ و زستانی شارستانیەت و ژیانی ساتەوەختی پچڕ پچڕ و لاوازكردنی پەیوەندی ڕاستەقینە و چێژی هونەری و جوانی.. دەکاتەوە. بیۆنگ -چول هان لەڕێگای کارکردنی لەسەر بیری رۆمانتیکی ئەڵمانی و فەلسەفەی رۆژهەڵاتی، ئاماژە بە دەرفەتی جێگرەوە دەکات، هەرچەندە دەستنیشانکردنەکانی هەندێجار رەها دەردەکەون! بەڵام کارەکانی تێڕوانینی بەنرخ دەربارەی کۆمەڵگای ماندوو (پڕتوكاو) پێشکەش دەکات.
پرسیاركردنی ئه‌مڕۆ بۆ ژیان زیاد له‌ ئاستی خۆی مردووین، بۆ مردنیش زیاد له‌ ئاستی خۆی زیندووین.. ناڕاستەوخۆ پرسیارێكە لەسەر چۆنیەتی بەتاڵکردنەوەی ئەزموونی مرۆڤ.. پرسیارێكە لەبارەی زستانی شارستانیەت و خۆشەویستی و جوانی و چێژی ئەدەبی و هونەری.. ئەمڕۆی (کۆمەڵگای دەستکەوت) لەسەر خودی ئەرێنی کار دەکات، لەسەر دەنگی بەردەوامی ناوەوە، کە دەڵێت (تۆ دەتوانیت) لە جیاتی (تۆ دەبێت) ئەوەش ئازادییە دژ بە ئازادی، کە مرۆڤ زیاد لە پێویست ماندوو دەکات، نەک ڕزگار بکات. چونکە دەبێ تاکەکان لەسەر ژیان بەردەوام کێبڕکێ لەگەڵ خۆیاندا بکەن.

دڵی جوانی شكاوه
ئاسمان دیار نییە، هەتا وەك (ئیمانۆیل كانت) باس لە ئه‌ستێره‌كانی بكەین.. یاسای مۆڕاڵیش له‌سه‌ر كورسی له‌ناوەوەی منی عاقڵدا دیار نییە. له‌ دەرەوە لە هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ بە (گرتەی نزیك) دیمەنەكان رۆناك دەكرێتەوە.. ئیتر رۆحی هیگڵی و عه‌قڵـی كانتی دژ به‌ كاره‌سات و به‌رانبه‌ر به‌ ده‌ره‌وه ڕۆڵیان تەواو بووە. (جوانی سرووشتی) له‌به‌رانبه‌ر گرتەی ژیانی لەناكاوی (تۆ دەتوانیت) به‌ دڵشكاوی ده‌رده‌كه‌وێت.
(تیۆدۆر ئادۆرنۆ) دووبارە ژیان بە بەر جوانی سرووشتیدا دەكاتەوە و دەڵێت: نه‌فی شكاو، بەردەوام درووستكه‌ری جوانییه‌. بێ ئه‌و نه‌فی شكانه‌، جوانی لاواز ده‌بێت. بەڵام ئه‌و فۆرمه‌‌ (ئادۆرنۆ)ییە بێ به‌ری نییه‌ له‌ نێودژی، چونكه‌ یه‌كێتی ئه‌و فۆرمه‌ له‌ لایه‌ن ئەویدیكەی جوانییەوە تێكدەشكێ. بەو مانایە بەردەوام دڵی جوانی دەشكێت.
ئەی جوانی، تۆ لە بەرزایی ئاسمانەكانەوە دێیتە خوارێ
یان لە قووڵایی خەرەندانەوە؟
سیمات هەم دۆزەخین و هەم یەزدانی
لە هەمان كاتدا، خێر و تاوان تێكدەچڕژێنی
بۆیە دەشێ بە شەرابت بچوێنین..
+++
ئەی جوانی!
گاڵتەجاڕانە بەسەر لاشەی مردواندا گوزەر دەكەی
خشڵی سامناكیەكانت بێ ئەفسوون نین
ئەی شەمی شەوان، پەپوولە بەرەو تۆ دەفڕن
باڵەكانیان هەڵدەكڕووزێن و دەڵێن:
ستاییشت لێ بێ ئەی چرا!
+++
عاشقی سووتاو شۆڕبۆتەوە بەسەر مەعشووقدا
رۆحی لە ترپەترپ دەكەوێ و نەوازش لەگەڵ گڵكۆ دەكا
+++
( چەند كۆپلەیەك لە سروودی جوانی- گوڵی خراپە، شارل بۆدلێر، ئاراس، هەولێر، 2001. وەرگێڕانی لە فڕەنسییەوە، ئەحمەدی مەلا).
لە گوڵه‌كانی خراپه‌ی بۆدلێردا له‌ سروودی (ئاوازی جوانی) جوانی كاره‌ساتێكه‌ كه‌ رێكخستنی ئه‌ستێره‌كان ده‌شێوێنێت. جوانی ئه‌و مه‌شخه‌ڵه‌یه‌ كه‌ په‌پووله‌ خۆی لێنزیك ده‌كاته‌وه‌ و باڵەكانیان گڕ ده‌گرێت. مه‌شخه‌ڵ و گۆڕ (لە زمانی فڕەنسی) له‌گه‌ڵ یه‌كدا هاوسه‌روان، جوانی به ‌هەمان شێوه‌ی مه‌شخه‌ڵ له‌سه‌ر گۆڕیش هه‌ڵكۆڵراوه‌. نه‌فیبوونی كاره‌سات، چركه‌ساتی جوانییه‌. جوانی، ئێمه‌ له‌ ترس ده‌پارێزێت. به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا ترس له‌ رێگای جوانییه‌وه‌ ده‌دره‌وشێته‌وه‌، جوانی وێنه‌ نییه‌، به‌ڵكو په‌رده‌یه‌كی نمایشه‌. (بڕوانە جوانیناسی كارەسات، بیۆنگ- چول هان. له‌ فڕه‌نسییه‌وه‌: فازڵ مه‌حموود، كردوویە بە كوردی. سایتی ژنەفتن، 19ی نیسان، 2021).
بە گشتی جوانی لە ئەرێنیدایە، هۆکاری سەرەکی چێژوەرگرتن لە ئەرێنیدایە، لە ئارەزووكردنی خواردندایە.. بەو مانایەش چەمكی ئەرێنی وەك بە بەشێکی دانەبڕاوی جوانی، مەعریفە دەگەیەنێت، وەك چۆن خەیاڵ و تێگەیشتن لە بەرهەمهێنانی مەعریفەدا بەشدارن. لەوێشەوە وەك یارییەكی ئازاد و جیاواز بەسەر جوانیدا دەكرێنەوە و رۆڵی خۆیان لە چاوەڕوانی جوانیدا وەك زانین و كردار دەگێڕن.. بە دیوەكەی دیكە رەنگە جوانی لەسەر خۆی مەعریفە بەرهەم نەهێنێت! بەڵام میکانیزمی جوولەی مەعریفی دەپارێزێت. هەر بەو مانایەش خود بەدوای جوانیدا دەگەڕێت، کاتێک خود ڕووبەڕووی جوانی دەبێتەوە، عاشقی خۆی دەبێت. كەواتە جوانی هەستێکی ئیرۆتیکییە، نەك هەستکردن بە شتەکان، هەستکردنە بە خۆی. چێژ لە جوانیدا چێژە لە خودی خۆیدا.
چەمكی خود، وەک (ئیمانۆیل کانت) بیری لێکردۆتەوە، بەردەوام خۆی هەڵدەگرێت بۆ خۆی. هەرگیز خۆی لەدەست نادات، هەمیشە خۆی لە دەستێوەردانی دەرەکی دەپارێزێ و كار بۆ خۆبوونی ئۆتۆماتیکی دەكات. لێرەوە ئادۆرنۆ لە جوانیناسییەکەیدا جەخت لەسەر توخمە ئۆتۆ-ئیرۆتیکەکە دەكاتەوە، بەو مانایەی كە هیچ شتێک نەتوانێ ببێتە هۆی ڕووشاندنی.. بەڵام ئایا چێژ لە جوانیدا، چێژی خودە لە خۆیدا؟ جوانی دەستبەجێ دڵخۆشمان دەكات، بەڵام هەستیاری دەستبەجێ نابێتە هۆی هەستکردن بە دڵخۆشی. چونكە دەكەوێتە دەرەوەی خەیاڵ و مەعریفەوە بۆ نموونە: هەستكردن بە ئازار یان ناڕەحەتی، ترس لە مردن..
سرووشت لە بێدەنگی خۆیدا بەشێكی گەورەی جوانی هەڵگرتووە، كە ئامانجی ئەوە نییە لەڕێگای دەنگدانەوەی (واو چەند جوانە) بەرجەستەی بكەیت، لەو حاڵەتەدا (واو چەند جوانە) جۆرێکە لە سووکایەتیکردن بەو بێدەنگییەی کە بەسەر دیمەنەکەدا زاڵە، كورتكردنەوەی تێگەیشتنی جوانییە بۆ تەنیا وشە-دەنگ.. سرووشت لە بێدەنگی خۆیدا جوانی دەنوێنێ و بە تەواوی خۆی لە لۆژیکی بەکاربردن دوور دەخاتەوە، هەمیشە جوانی سرووشتی بە داخراوی دەمێنێتەوە! جوانی سرووشتی خۆی لە هەر هەوڵێکی پێناسەکردن دەدزێتەوە. پەیوەندییەکی جەوهەری لەگەڵ مۆسیقادا هەیە…
ئەوەی لە سرووشتدا دەدرەوشێتەوە لەو ساتەدا نامێنێت کە هەوڵی گرتنی دەدەیت! بەو مانایەش جوانی سرووشتی بە پێچەوانەی (جوانی دیجیتاڵی) وەستاوە. جوانی دیجیتاڵی بە تەواوی نەرێنی ئەویدیكە لەناو دەبات. جوانییەکی تەواو نەرمە. جوانی دیجیتاڵی فەزایەکی نەرم بۆ رۆح پێکدەهێنێت، کە رێگا نادات هیچ شتێکی نامۆ، یان سەر بە ئەویدیكە بێتە ژوورەوە.. بەهۆی دیجیتاڵکردنی کۆی ئەو شتانەی کە هەن، مرۆڤ تەنها لەگەڵ خۆیدا کۆدەبێتەوە.
جوانی سرووشتی خۆی لە پێناسەكردن و بەکاربردن دوور دەخاتەوە، بەڵام جوانی دیجیتاڵی جیهان بۆ تۆڕێکی فرەچەشنی یەکگرتووی کۆنترۆڵكراو دەگۆڕێ و لەناو فەزای ڕووت و نەرم و ئەرێنی بینراوی سەرسوڕماودا درێژ دەبێتەوە. كەواتە جوانی سرووشتی كراوەیە و جوانی دیجیتاڵی كۆنترۆڵكراو.. پرسیار ئەوەیە، ئایا جوانی شاراوەیە، یان ڕووت؟

جوانی
لەنێوان پۆڕتۆ و ئیرۆتیكدا

قسەیەكی (ڤاڵتەر بنیامین) هەیە، كە دەڵێ جوانی لە (جەوهەر)دا مەیلی لە دەركەوتنە. بەڵام لە كتێبی (ڕزگاركردنی جوانی) ڕووتی و جوانی شانبەشانی یەکتر ناڕۆن. چونكە لەو قسەیەی بنیامیندا ئەوە جەوهەری جوانی نییە ڕووت دەبێتەوە، بەڵكووو ڕووخساری جوانییە ناڕاستەوخۆ خۆی دەردەخات، لێرەدا جوانی وەك ڕووخسار و ناوەڕۆك لێكجیا دەبێتەوە. جوانی وەك ڕووخسار مەیلی دەركەوتنی هەیە، بەڵام وەك ناوەڕۆك مەیلی لە شاراوەییە و ئەوەی دەرنەکەوتووە داپۆشراوی خودی جوانییە! بە مانایەكی دیكە نهێنی جوانی و هەڵوێستی جوانی لە خۆبەدەستەوەنەدانی هاتووە..
جوانی ڕووخسار كە ڕووتە، بە زەرورەت جۆرێکە لە دەركەوتن، بەڵام لە ناوڕۆكدا جوانی خزە و بە زەحمەت دەگیرێ.. هەر بەو مانایەش (بیۆنگ-چول هان) پشتیوانی لە داپۆشینی قەشەنگانەی دژ بە ڕووتییەکی ڕووت دەکات، چونكە پێیوایە ڕووتی ئەوەیە، کە هیچ داپۆشراوێتییەکی تێدا نییە و بەوەیش دەبێ بە پۆرنۆگرافیا. پۆڕنۆگرافیا وەك ڕووتی، هیچ نهێنییەكی تێدا نییە و پێچەوانەی جوانییە. هەمیشە پۆڕنۆگرافیا وێنەی بێهەڵوێستن، کە نیاز و تێڕوانینیان نییە، بە تەواوی بە پێشکەشکردنی تەنها یەک شت پەیوەستن ئەویش سێکسە..
بەڵام جوانی ئیرۆتیكی ئەوەیە، كە دەرنەكەوتن دەپارێزێت، ئەوەیە كە لە نێگەتیفییەت داناماڵرێت..(پانتایی ئیرۆتیكی جەستە، ئەو شوێنەیە كە پۆشاك تێیدا قڵێشی بردووە و فەتحەدارە- كەلێنێ كە بەشێكی ڕووتی و نهێنی جەستە لێیەوە دەردەكەوێت).. كەچی پۆڕنۆگرافیا ئامانجی نیشاندانی ڕووتی جەستەیە، لە دۆخە قێزەونەکانیدا. بەڵام دۆخەکانی جەستە وەک بیۆنگ- چول هان، تێیگەیشتووە تایبەت بە پۆڕنۆگرافیا نیین، تایبەتن بە ئیرۆتیكا.. جوانی پێش دەرکەوتنی دوودڵە، جوانی پڕشنگی نهێنییەکەی لە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ دەپارێزێت، بەمجۆرە نهێنی جوانی دەبێتە ئیرۆتیک.. بەڵام پۆرنۆگرافی بۆ جۆرێک لە فۆتۆگرافی وڕووژێنەری ڕاستەوخۆ دەگۆڕێت.
شاردنەوە بۆ جوانی پێویستە، بۆیە ناتوانرێت بەرگەکەی لێبکرێتەوە، یان پەردەی لەسەر لابدرێت. بە زەحمەت دەرخستنی جوانی، بەشێکە لە سرووشتی جوانی خۆی، ناشێ ڕووتی بكەینەوە و سەرپۆشەكەی لەبەر داماڵین، جوانی لە شاردنەوەی خۆیدا جوانە و لە بنەڕەتدا جوانی تەمومژاوییە. جوانبوون بە تەواوەتی واتە شاردنەوە.. لێرەوەیە (ڤاڵتەر بنیامین) رەخنەی هونەری بە تیۆری شاردنەوە ناودەبات. واتە ئەرکی رەخنەی هونەری، پەردە لادان لە بەرهەمی هونەری نییە، بەڵكە ئەوەیە، کە وردتر هونەر لە پشت پەردەكەی خۆیدا بناسێتەوە، ئەوەیە کە دوور لە هاوسۆزی درۆ و دیدگای بێهەڵوێست، جوانی ببینێ! وەک نهێنی وردتر چاودێری دەرکەوتنی دیدگای ڕاستەقینەی جوانی بكات.. چونكە بەرهەمی هونەری ڕاستەقینە جگە لەو شوێنە نەبێ، کە بە نهێنی خۆی تێدا دەنوێنێ، ئەگینا لە هیچ شوێنێكی دیكە خۆبەدەستەوە نادات. كەواتە رەخنەی هونەری لە كۆی پەیوەندییەكانی لە كار بە شوێنەوە، یان بە كلتوورەوە دەكۆڵێتەوە.
جوانی بابەتێکە هەمیشە درەنگ دێتە پێشەوە. كەواتە شاردنەوە بۆ جوانی پێویستە. چونكە جوانییەکان بە هیچ شێوەیەکی تر جیا ناکرێنەوە. وەك ئەوەی بینینی جوانی نهێنی بیت، هەمیشە ناسینی جوانی لە دۆخی شاراوەی خۆیدایە. بەو مانایەش پەردە گرنگترە لەو بابەتەی كە شاراوەتەوە. پەردە خەیاڵی دەقیش دەوڕووژێنێت. دەستەواژەی وزەی ئیرۆتیکا و چێژی ئیرۆتیکیی دەق جیاوازە، لە چێژی ڕووتی جەستەیی کە لە پەردەلادانی وردە وردە دەردەكەوێت، یان ڕاستەوخۆ دەردەكەوێت. وزەی ئیرۆتیکی جۆرێکە لە دیاردەی پەیوەست بە شاردنەوە، كە پۆڕنۆگرافی ڕاستەوخۆ لەناوی دەبات. وزەی ئیرۆتیکی لە وەسوەسەوە بۆ خۆشەویستی، پاشان بۆ ئارەزوو، دەستبازی، پاشان سێکسییەت هەنگاو دەنێت. پۆڕنۆگرافیا نوێنەرایەتی کۆتایی رەهای ڕووتی دەکات.
بە بڕوای (رۆڵان بارت) لە ئیرۆتیكادا پەردە بەشێکی سەرەکی لە وڕووژاندنی سێكسیی پێكدەهێنێ. واتە سێکسیترین بەش لە جەستەدا ئەو شوێنەیە کە لە كەلێن- شەق- كرانەوەی جل و بەرگدا دەردەكەوێت. كۆی وڕووژاندنی سێكسیی لە ئیرۆتیكدا لە خەونێکی هەرزەکارانە دەچێت، ئەو پەیوەندیی و سۆزدارییەیە کە خۆشەویستی پێشکەشی دەکات، وەسوەسەی زانین… ئارەزووییەكە بەبێ بوونی واقیعێکی ڕاستەقینە لە خەیاڵدا گەمە دەكات، وزەی ئیرۆتیكی سیحرێكە لە پشت پەردەکانەوە بۆ ئەو خەیاڵە راتدەكێشێ…
ئیمانۆیل کانت لە لێدوانێکدا لەسەر شیعری (هۆڵدەرلین) دەنووسێت: سرووشت لەڕێگای فۆرمە جوانەکانییەوە قسە دەکات و ئەو دیارییەی پێبەخشیوین، کە نووسینی نهێنی لەناو هەستی ئەخلاقیماندا شیبکەینەوە. لێرەدا كانت فۆرمی جوانی بە نهێنی و نهێنی بە هەستی ئەخلاقییەوە دەبەستێتەوە.. ئەو مەبەستە پێویستی بە هێزێکی خەیاڵی هەیە، کە توانای خەیاڵکردنی ئەو بیرۆکە ئەخلاقیانەی هەبێت، کە لە رەوتی پرۆسەی پەروەردەی پێشکەوتوودا بەدەستیان هێناوە. بەپێی ئەو کارەکتەرە ئایدیاڵەی کە جوانی لەخۆی دەگرێت، کانت باس لە جوانی وەک ئەخلاق و باس لە ئەخلاق وەک جوانیناسی دەکات. بەو مانایە جوانی پەیوەندی بە یاساکانی پەیوەست بە جۆرە هونەرییەکانەوە هەیە..
جوانی ئیرۆتیكی پەیوەستە بە هێزی خەیاڵ و سۆز و ئارەزووی سەرسوڕهێنەر و خۆشەویستیی و شۆکەوە. بەڵام جوانی پۆڕنۆگرافی سەر بە فۆڕمی راکێشان و لایكە- حەزم لێیە، هیچ شۆكێكی تێدا نییە. یەكەمیان دوور بە دوور بێ ئەندازە حەزی بینین دەوڕووژێنێ، حەزی بینین قووڵ دەكاتەوە، ڕامان و چڕبوونەوەی تێیدایە، وێنەكە دوورە تا جارێکی دی بیری لێبکەمەوە، سەرەڕای ڕوونییەکەی تا ماوەیەک خۆی ئاشکرا ناکات. یان بە مانایەكی دیكە تا نەتخاتە حاڵەتی ئارەزووكردن، تا شۆكت نەكات، خۆی ئاشكرا ناكات.
بەڵام پۆڕنۆگرافیا وێنەیەكی فۆتۆگرافی نزیك و پۆلێشراو و شەفافە، هیچ درزێک و ناڕوونییەکی تێدا نییە، هەموو شتەكان بەرەو دەرەوە دەگۆڕێت و نمایشی دەکات، هیچ بڕە تایبەتمەندی و شاردنەوە و نهێنییەك لەخۆ ناگرێت، بە تەواوی تایبەتە بە نمایشکردنی تەنها یەک شت: سێکس! هیچ بابەتێکی چاوەڕواننەکراوی دیكەی نییە، کە بێتە سەر ئەوەی شتێک دوابخات، یان سەرقاڵ بکات.. بەو مانایە پۆڕنۆگرافیا- ڕووتی ڕاستەوخۆ و قێزەونە، هیچ شتێکی مانادار و شاراوە ناپارێزێت.. بەڵكووو لەبری ئەوە ماناكان ڕادەست دەکات، بۆ ئەوەی كات بە فیڕۆ نەدات و لە نزیكەوە و لە هەموو ڕووییەكەوە نمایشی خۆی بکات.
كەواتە ئیرۆتیک جیاوازە لە پۆرنۆگرافی، چونکە یەکەمیان پەنا بۆ دەربڕینی ناڕاستەوخۆ و بازنەیی هەست و ڕامان و ئارەزوو دەبات. پۆرنۆگرافی دەستبەجێییە، هیچ چڕییەکی سیمیۆلۆژیی تێدا نییە، خاوەنی هیچ شتێک نییە، کە بتوانرێت بکرێتە ئامانج، بەڵكە بابەتێکە بۆ (لایك- من حەزم لێیە). دواخستن و خاوبوونەوە و سەرلێشێواوی ئامرازی کاتیی ئیرۆتیکن. بەکارهێنانی ڕوون و فریودەرانە، سێكس و ئاماژەکردنی ڕاستەوخۆ بە بابەتەکە، پێکهاتەی پۆرنۆگرافیایە..

ڕزگاركردنی جوانی
(بیۆنگ-چول هان) لە هەڤپەیڤینێك بە ناوی (تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کۆرۆنا) كە (هاوڕێ خالید) بۆ كوردی وەریگێڕاوە، دەڵێ: نەمانی نەریت و ڕیتواڵەکان، دەلالەت لە نەمانی کۆمەڵگا دەكەن، (شۆڕشی پەیوەندییەكان) کە تەقینەوەی دیجیتاڵی لێكەوتۆتەوە، گوایە پەیوەندییەكان بەیەکەوە تۆخ دەكاتەوە، بەڵام لەیەکتری نزیک نەکردوونەتەوە، بەڵكە نەك هەر رەهەندی کۆمەڵایەتیی فەرامۆشكردووە، بەڵكە پەیوەندیی نێوان ئەستێرەکانیشی لا بردووە و ئیگۆی کردووە بە ناوەند و سێنتەری بەرژەوەندییەکانی خۆی..
بۆیە سەرەڕای شۆڕشی پەیوەندییەكانی دنیای دیجیتاڵی، كەچی هەستکردنمان بە تەنیایی و گۆشەگیری زێتر گەشەی كردووە.. ڕاستە هەموو جارێک بانگهێشت دەکرێین بۆ دەربڕینی بۆچوون و پێداویستی و ویست و هەڵبژاردن و تەنانەت باسکردنی ژیانی تاکەکەسیمان، (بەڵام تەنها بە لایك)… (تەنها بە لایك) دووبارە ناساندنەوە و نوێنەرایەتی و نمایشی خۆمان دەکەین (من، خۆمم) راهێنان بە خۆشەویستی و پەرستن دەکەین.
(بیۆنگ-چول هان) لە ڕەخنەگرتنی تەکنۆلۆژیای دیجیتاڵ زیاتر دەڕوات و تاوتوێی ئەوە دەکات، کە چۆن بە شێوەیەکی بنەڕەتی ئەزموونی ئێمە لە کات، خۆشەویستی و هونەر… بۆ لایك دەگۆڕێت! لەوەش سەرنجڕاکێشتر دۆخی ئێستامان بە زستانی شارستانیەت ناو دەبات.. لە تەكنۆلۆژیای دیجیتاڵی شته‌كان به‌ره‌به‌ره‌ گرنگییان نامێنێ. شته‌كان خۆیان خستووه‌ته‌ ژێر ركێفی زانیارییه‌كان. هەر تەنها پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان بەرەو كۆتایی نابنەوە، هەر تەنها ژیانی پچڕ پچڕ نەكردووە، هەر تەنها لاوازكردنی پەیوەندی ڕاستەقینە و چێژی هونەری و جوانی لێنەكەتۆتەوە.. بەڵكووو به‌ واتای كۆتایی هاتنی مرۆڤی سیاسیش دێت، كاتیگۆری كاتیش له‌ سیاسه‌تدا له‌ ناو ده‌بات، هەر تەنها بانگەشەی شەفافییەتی پۆڕنۆیی ناكات، بەڵكووو بانگه‌شه‌ی شه‌فافییه‌ت له‌ نووسینشدا بە ئەركی خۆی دەزانێت.. بەو مانایەش ده‌بێته‌ هۆكاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی جیدییەتی نووسین و چۆنێتی.. ئه‌گه‌رچی نووسینه‌كه‌ی تەكنۆلۆژیای دیجیتاڵی تایبه‌تی بێت، یان پێكه‌وه‌یی، شه‌فاف بێ.. بەڵام ته‌نیا كه‌ڵه‌کەكردنی پیته ‌و هیچی تر، ئیتر تەكنۆلۆژیای دیجیتاڵی عه‌وامگه‌رییەكی بەرفرەوانی لە زۆربەی بوارەكان لەگەڵ خۆی هێناوەتە ناوەوە.
تۆڕی دیجیتاڵی لە جیهاندا کار بۆ گۆڕینی جوانی بۆ بابەتی ئەرێنی چێژ دەکات، وەك چۆن جەستەی بە هەستەوەری دیجیتاڵی تەیار كردووە و هەموو زانیارییە پەیوەندیدارەکان بە جەستە تۆمار دەکات، بە هەمان شێوە پێوانەکردنی چەندایەتی جەستەش دەکاتە شاشەی چاودێری و کۆنترۆڵكردن، هەروەها كۆی ئەو زانیارییانەش لە ئینتەرنێتدا کۆدەکرێنەوە و بۆ ئاڵوگۆڕکردن بەردەست دەخرێن! بە دیوەكەی دیكە رەوتی زانیاری جەستە بۆ کۆمەڵێک داتا دەشێوێنن، بە جۆرێک کە دەبێتە کۆمەڵێک داتای چاودێریكردن، لە هەمان کاتدا جەستە بۆ شتگەلێکی بەشەکی هەڵدەوەشێتەوە، کە لە ئەندامە سێکسییەکان دەچن. بەمجۆرە بابەتی ڕووتی چیتر وەک دیمەنی گێڕانەوەی خەیاڵ، چیتر وەك تێڕامان و هونەری ئیرۆتیكی کار ناکات، بەڵكە دەبێتە پۆڕنۆگرافیا، دەبێتە داتای زیادکراو یان كۆمەڵێ بابەتی بەشەکی..
خەیاڵ وەك بنەمای داهێنان چەندان زانیاری هەستیاری لەڕێگای – حدس- ەوە بە دەستدەهێنێ، بە دیوەكەی دیكە لەسەر ئاستی هونەردا توانا مەعریفیەکانی خەیاڵ پراكتیزەی تێگەیشتن و راڤەكردن و بەجێهێنان دەكەن، لە یارییەكی ئازادا وەک کرانەوە دێنە گۆڕەپانەوە و جوانیش وەك بەرهەمی ئەو پراكتیزەكردنە چێژدەخاتەوە.. کەواتە چێژ لە ئەنجامی هاوئاهەنگیی توانا مەعریفیەکان و بەجێهێنانەوە دێتە ئاراوە، یان لە هاوئاهەنگی رێکخستنی هێزەکانی مەعریفەدایە. بەو مانایەش جوانی هەستکردن بە شتەکان نییە، بەڵكووو هەستکردنە بە خۆی. كاتێ خود بەدوای جوانیدا دەگەڕێت، پەنا دەباتە ناوەوەی خەیاڵە زیندووەكانی خۆی، بەڕاستی مرۆڤ دەبێ مێشکی خۆی لە هەموو جۆرە بیرکردنەوەیەك ئازاد بکات. بیرۆکەی بێکۆتایی لە عەقڵی مرۆڤدایە، بەڵام خود لە ناوەوەی خۆی دوور ناکەوێتەوە، نە لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی جوانی، نە کاتێک مرۆڤ ڕووبەڕووی بابەتێكی زاڵ دەبێتەوە، لە هەردوو حاڵەتەکەدا، خود جەخت لە ناوەوەی خۆی دەكاتەوە. دواجار ئیرۆتیكا، جوانی سرووشتی، خەیاڵی داهێنان… تێڕامان و چڕبوونەوەی ناوەوەیە، هەمیشە لە لۆژیکی بەکاربردن دوور دەكەوێتەوە!. گومان، و دواخستن، شاردنەوە و هەڵەكردن هەموویان ستراتیژی فەزایی جوانی و کاتی جوانیین. جوانی پێش دەرکەوتنی دوودڵی پێوەدیارە، بۆیە بەردەوام پڕشنگی نهێنییەکانی لە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ دەپارێزێت. بەڵام پۆرنۆگرافیا هیچ بڕە گومانێکی لە دەركەوتندا نییە.. لەگەڵ دەركەوتندا مافی بەدەستهێنان لەدەست دەدات و بۆ جۆرێک لە فۆتۆگرافی وڕووژێنەر دەگۆڕێت.
بە بڕوای (تیۆدۆر ئادۆرنۆ) جەوهەری جوانی لە دەوری نەریتی سەرلێشێواوییەوە نییە، بەڵكووو بریتییە لە فۆرمێک کە خۆی لە بێ فۆرمییەوە هەڵدەگرێتەوە… وێنەی جوانی وەک شتێکی ناوازە و جیاواز لە ئازادی، لە ترس، لە کۆی باڵادەستی و هێزی سرووشتییەوە سەرچاوە دەگرێت. بەڵام دەرکەوتنی جوانی بە تەواوی سەرلێشێواوی رەتناکاتەوە، وەك چۆن شێوە رواڵەتی دەرەوەی جوانیش، ناسک و مەترسیدارە، پەیوەندی نێوان جوانی و ترسناکی مەرج نییە دژ بەیەک بن. واتە مەرج نییە جوانی بە تەواوی لە پاڕاستنی خۆی سەرکەوتوو بێت، بەڵام هەرگیز ترسناکی بە سادەیی رەتناکاتەوە.. مەبەست لە (ترسناک)ی ئەوەیە، كە دەشێ جوانی بكەوێتە نێوان کارەسات و تاریکی و ناشیرینی و نادیاری و دەستێوەردانی ئەوانیدیكە و گۆشەگیری سوبێكتەوە…
دەتوانم بڵێم، جوانی بریتییە لە گۆڕینی ڕووی بینراو (ڕووخسار) بۆ ئاسۆی بێکۆتایی نەبینراو (جەوهەر)! كەواتە هەمیشە ڕووخساری جوانی لە شۆكی گومان و دڵنیایی، ناسک و مەترسیدار، دیار و نادیار، ئەرێنی و نەرێنی.. دەردەكەوێت. بەڵام ئەوە جەوهەری ڕووخسارە کە جوانی دادەمەزرێنێت. جەوهەری جوانی لە هەموو شتێکدا دەتوێتەوە، کە نەرم و نیان بێت.. كەواتە جوانیناسیی بە فۆرمولەی دژبەیەکەوە فۆرمی جوانی باس دەکات. ئەو جۆرە لە بیركردنەوە وەك لە كتێبی (ڕزگاركردنی جوانی، وەرگێڕانی بۆ عەرەبی، بەدرەدین مستەفا، چاپی یەکەم: ٢٠٢٠) هاتووە، بەرەو نهێنییەكانی ئیرۆتیكا دەچێ و دژ بە پۆڕنۆگرافیایە!
بەمجۆرە مەودایەکی جوانکاری هەیە، کە وامان لێدەکات بتوانین قەدری جەوهەر جوانی بزانین. قەدرگرتنی جوانی لە بەکارهێنانی جەوهەرەکەیدا نییە، بەڵكووو لە تێڕامانی ڕووخساری جوانیدایە، بەڵام ئەو ستایشكردنە لەو شوێنانە نائادەیە کە مەودای تێڕامان لەنێوان سوبێكت و ئۆبێكتدا بە پێوانەی ئەندازەیی شۆڕشی پەیوەندییەكان دەپورێت، لەو شوێنانەی كە نەتوانین لە جوانی رابمێنین..

جەوهەری جوانی ئازادییە
زیادەڕەویی لە بەدیهێنانی جەوهەری جوانی، لە سنووردارکردنی خودی ژیاندایە، مردن، ژیان بۆ شتێکی مردوو دەگۆڕێت، ژیان پەرت دەبێت و دەڕژێت.. نێگەتیڤی هێزی بزوێنەری ژیان خۆی دەشارێتەوە، جەوهەری جوانی پێکدەهێنێت.. بەهۆی ئەو جەوهەرە عەقڵانییەی کە هێزی بزوێنەری ژیان لەخۆدەگرێت، ئایدیالی جوانی خۆی لە هەر جۆرە بەکاربردنێکی ڕاستەوخۆ بەدوور دەگرێت! بەڵام لاوازی و ناسکی و شکاوی هەر هەموویان سیفەتی سرووشتی جوانیین. بە پشتبەستن بەو مانایە، جوانی بە هەموو توانا و هێزی خۆی قەرزاری وەسوەسەیە. وەسوەسەی جوانی دژە ژەهرێکی چارەسەری وەهایە، ژیان دەگرێت، هەر بۆیەش هەمیشە ژیان دەیخواتەوە.. بەمجۆرە ئەگەر زەوی لە پێناو ژیاندا فەتح بکرێت، ژیان ناتەواو دەبێت.
كەواتە بابەتی جوان بابەتێکە کە لەبەردەم شتێکدا وەستاوە، کە تیایدا هەر جۆرە وابەستەیییەک، یان زۆرەملییەك… قبووڵ ناكات، جوانی بە تەواوی ئازادە لە هەر زاڵبوونێک لە دەرەوەی خۆیدا كە بۆ گەیشتن بە مەبەستی خۆی کاردەکات، جوانی هەرگیز دیلی ئەرک و ناچاری و مەبەستێك نییە، هەرگیز سوبێكت هەوڵی بەدەستهێنانی جوانی بۆ گەیشتن بە نیازەكانی نادات، بەڵكووو سەربەخۆیانە مامەڵەی لەگەڵدا دەکات.. سوبێكت وەک ئامانجی جوانی لە خۆیدا مامەڵە لەگەڵ جوانیدا دەکات. بەرژەوەندی تەواو لە ئامانج جیا دەبێتەوە و دەبێتە هەڵوێستی جیاکەرەوەی جوانی بەرانبەر بە جوانەکان..
كەواتە لە دەرەوەی بەرژەوەندییەكانەوە تەنها جوانی فێری ئازادیمان دەکات. جوانی بۆ خۆی ئامانجە. ئامانجەکانی جوانی لە جەوهەری جوانیدا پەنهانە. جوانی لە جەوهەری خۆیدا بەهای خۆی بەدەست دەهێنێت. بۆیە ناکڕدرێت و بە تەواوی لە بەرژەوەندییەكان دوورخراوەتەوە. لێرەوەیە دەڵێن هونەر لەگەڵ سەرمایەداریدا ناگونجێت! سەرمایەداری هەموو شتێک دەخاتە بەردەم بەکاربردن و دابینکردن و داواکارییەوە.
ئیتر دوای ڕووبەڕووبوونەوەی جوانی و ئازادی و سازش، ئارەزوو و پابەندبوون نامێنێت و ئەگەری پەیوەندییەکی ئازاد لەگەڵ جیهان و لەگەڵ جوانیدا دێتە ئاراوە.. لەبەرانبەر جوانیدا، سوبێكت لەبری ئەوەی لە پێشەوەی پەیوەندییەكان بوەستێت، هەنگاوێکی لاوەکی دەگرێتەبەر و دەبێتە کارەکتەرێک کە لە پەراوێزدا.. سوبێكت هەنگاو دەنێیتە دواوە بۆ بەرژەوەندی ئەویدیكەی جیاواز. بێ كۆتاییبوونی جوانی لە بوونی ئەبەدیی ئەویدیكەوەیە، بەمجۆرە ئەبەدیەتی جوانی دەست پێدەکات، ئەبەدیەتی جوانی ئەوەی وەک رۆناکییەک لە جەوهەردا دەدرەوشێتەوە، کە بەناو ئەوی دیكەدا بڵاودەبێتەوە… دواجار وەك دەردەکەوێت ئەرکی هونەر لە ئازادکردنی ئەویدیكەدایە. ڕزگارکردنی جوانی ڕزگارکردنی ئەویدیكەی جیاوازە.

عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا
هەولێر 14/3/2025




(ماڵئاوا زمان) ڤیتگنشتاین/ بیركردنەوە.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

ڤیتگنشتاین/ بیركردنەوە
عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

ئایا ڤیتگنشتاین هێشتا زمانە، یان زمان لەنێوان ڤیتگنشتاین و بیركردنەوەدا، وێنەیە؟! لەو نووسینەدا هەردوو كاراكتەری (ڤیتگنشتاین) و (بیركردنەوە) ڕۆڵی سەرەكی لە فیلمی درێژی (ماڵئاوا زمان)دا دەگێڕن. بەشێكی گەورەی سیناریۆی ماڵئاوایكردن لە زمان لە بیركردنەوەی ڤیتگنشتایندا بە کامێرای (پییر بۆردیۆ) كێشراوە. بەڵام نەك قسەكردن لە فیلمی (ماڵئاوا زمان) قسەكردن بێ لە فێستیڤاڵی (کان)ی (٢٠١٤) و خاوەنی ئەسڵی فیلمەكە (ژان لوک گۆدار).. بەڵكوو هەوڵدەدەم لەژێر ئەو ناونیشانەدا كەمێك لە ڕێبازەكانی بیركردنەوە ڤیتگنشتاین بە سیناریۆی بۆردیۆ بدوێم، یان نوێنەرایەتیکردنی ئەو وێنەیەی کە ڤیتگنشتاین لە جیهاندا بۆ ڕێبازەكانی بیركردنەوەی زمانی كێشاوە.. ئەوەش بەو مانایە نییە، كە پرۆسەی دەروونی نوێنەرایەتی واقیعی زمان بکات، بەڵكە بەو مانایەیە، كە ڕێبازەكانی تەكنۆلۆژیا، كلیك لە تووانەوەی زمان بۆ وێنە دەكات و جیهان لە وێنە هەنووكەییەكانیدا دەخەمڵێنێ. بەڵام ئایا ماڵئاواییكردن لە زمان دەتوانێ بوونی زمان تێپەڕێنێ؟ ئایا دیوەکەی دیكەی بوونی زمان وێنەیە؟!.
كاراكتەری ڤیتگنشتاین لە فیلمی (زمان)دا، سەرەتا لە یەک زمانی لۆژیکی بۆ پێوانی هەموو شتێک دەستپێدەكات و دواتر دەگاتە ئەوەی کە نەخێر، ئێمە یەک زمانمان نییە، بەڵکو کۆمەڵێ زمانمان هەیە، لە بەکارهێنان و سیاق و یاری جیادا، مانای جیا دەدەن. وەك زمانی یاسا و زمانی شیعر و زمانی ئەفسانە و زمانی زانست و زمانی ڕۆژانە.. پاشان فیلمەكە لە پرسی تووانەوەی زمان و وێنە و كلیك درێژ دەبێتەوە.

تیۆری پەتی و ڕێبازەكانی بیركردنەوە
(ڤیتگنشتاینی فرە زمان) زۆربەی بەرهەمەکانی بۆ هەڵوەشانەوەی بنەما فەلسەفییەکان تەرخان کردووە و بڕوای بەوە نییە، كە بتوانین لە ڕێگای پرۆسەی دەروونی چەمكەكان ڕوونبكەینەوە، پێیوایە بە ئاماژەكردن بە گرنگی ئەو پانتاییە کۆمەڵایەتیانەی، کە کردەی زمانەوانی تێدا ئەنجام دەدرێت، شتەكان دەگۆڕێن. بەو مانایەش دەبێ زمانەوانی لە ڕێگای بەستێنە کۆمەڵایەتییەکانەوە لێکبدرێتەوە، نەک کردارە دەروونییەکان، مانا بۆ دەربڕینەکان دیاری بکەن. زمان لە ڕێگای (كردەی بەکارهێنانی زمان) پەیوەندی بە کۆمەڵگاوە دەكات و ڕێکوپێکی خۆی بە تێپەڕبوونی کات دەپارێزێت. لەسەر بنەمای رەخنەگرتن لە تیۆری پەتی و عەقڵی سکۆلاستیکی، بە تایبەتی بۆ ڕوونکردنەوەی زمانی ئاسایی.. ڤیتگنشتاینی دووەم ئەو هەڵوێستەی ڕەتکردەوە کە زمان بە دابڕاو لە كردەی بەکارهێنان بژمێردرێت و چالاکییەکانی لێبسێنرێتەوە. چونكە زمان حاڵەتێکی دەروونی نییە، کە واقیع وێنا بکاتەوە، بۆیە ملكەچی هیچ یاسایەك نابێت، تەنها شێوازی بەکارهێنان نەبێت، شێوازی بەکارهێنانی زمان تەنها پێوەرێکە، كە وەک پێوەر بەکاری دەهێنێ. بە واتایەکی دیكە ڤیتگنشتاین لە باوەڕی کۆنکرێتی و بەكارهێنانی تایبەتی زمان دوور دەكەوێتەوە.
لێرەوە گرنگی کارەکانی ڤیتگنشتاین بۆ پڕۆژە كۆمەڵناسییەكانی بۆردیۆ لە چەمکی ڕەنگدانەوە و كردەی پەیڕەویکردندا دەبینرێت. بۆردیۆ وریایی ڤیتگنشتاینی دووەم لەبارەی ڕەخنەگرتن لە بیری پەتی و ڕێبازەكانی بیركردنەوەدا جارێكی دیكە لە بواری كۆمەڵناسیدا دادەڕێژێتەوە. كەواتە وەك چۆن لە زماندا ڕاست و هەڵە ئەوەیە، کە خەڵک دەیڵێن؛ خەڵک بەو زمانەی کە بەکاری دەهێنن هاوڕان. بە هەمان شێوەش کۆدەنگی لە زماندا نییە، بەڵکو ئەو کۆدەنگییە لە شێوەی ژیاندایە، بۆیە هیچ بنەمایەکی زاڵ نییە، کە پراکتیکی زمانەوانی کۆنتڕۆڵ بکات، وەك چۆن هیچ بنەمایەکی ڕەها نییە، بۆ ئەوەی چی دەکەین، یان چی دەڵێین.. لەسەر ئەو بنەمایە بۆردیۆ هەموو بنەما ڕەهاكانی بۆ پراکتیزە کۆمەڵایەتییەكان ڕەتكردەوە. بەو مانایەش تیۆری کۆمەڵایەتی پێویست ناکات، بناغەی یەکەم بۆ پراکتیکە کۆمەڵایەتییەکان هەڵکەنێت، جا ئەم بنەمایە خواستی بەدەستهێنانی گەورەترین سوودی مومکین بێت، یان ڕەزامەندی تاكەكان.. كەواتە بۆردیۆ هیچ پاساوێک بۆ ڕوونکردنەوەی تیۆری کردارە کۆمەڵایەتییەکان لە ڕێگای بیروباوەڕ و ئارەزووی تاکەکانەوە نابینێت..
بە دیوەكەی دیكە کاتێک فەلسەفەی کلاسیک بە شێوەیەکی پەتی بیر لە زمان دەکاتەوە، ئیتر دەكەوێتە دەرەوەی پانتایی بەكارهێنانە پراکتیکییەكانەوە.. ئەوەش هەمان ئەو هەڵەیەیە، کە تیۆری هەڵبژاردنی عەقڵانی ئەنجامی دەدات، کە پاڵنەری زۆرترین قازانج لەسەر بنەمای زانینی پێشوەختە ڕوون دەكاتەوە! كەواتە هەرگیز ناشێ عەقڵ بەپێی ڕوانگەی دیاریكراوەوە سنوودار بكرێت. وەك چۆن ناشێ پراکتیزە کۆمەڵایەتییەکان لە ڕێگای میکانیزمە دەروونییەکان ڕوونبكرێتەوە.

هاپیتۆس
لەنێوان پراكتیك و تیۆردا

هاپیتۆس لە بنەڕەتدا کۆمەڵێک خوو و هەڵوێست و بەها و مەیلە، كە تاكی نێو كۆمەڵگا لە پەروەردەی کۆمەڵایەتی و ئەزموونی ژیاندا بەدەستی دەهێنێت. ئەو چەمكە بۆردیۆییە، ڕەفتارێك نییە، کە لە ژینگەی دەرەکییەوە بەدەست هاتبێت، بەڵکوو جۆرێکە لە (بەرنامەسازی ناوخۆیی) و پاڵنەرێکە بۆ تاک بۆ ئەوەی بە شێوەیەک مامەڵە بکات، کە لەگەڵ پانتایی کۆمەڵایەتییەکانیدا بگونجێت، وەك چۆن لەگەڵ نوێبوونەوە و ئاڵۆزی ئەزموونی تاکدا دەگۆڕێت و نوێ دەبێتەوە.
هاپیتۆس تەنها لە جەستە پێکنەهاتووە، بەڵکو لە گریمانە بنەڕەتییەکانیش پێکهاتووە، واتە لە هەموو شتە دەروونییە نامەبەست و نائاگاکان پێكهاتووە.. چەمكی هۆشیاری کە یەکێکە لە پێکهاتەکانی هابیتوس، هۆشیاری نائیرادییە و تایبەتمەندییەكەی ئەوەیە، کە ڕێگا بە سەرهەڵدانی جۆرێک لە ئازادی نائاگایی یان کەم هۆشیار، ناهۆشیار دەدات، کە سەرچاوەکەی نادیارە.. بۆردیۆ دەڵێت بڕیاری ئیمانهێنان تەنها کاتێک سەرکەوتوو دەبێت، کە بڕیاری لەبیرکردنی لەگەڵدا بێت!! بەو قسەیە هەوڵدەدات هەستی هاوبەشی مەبەستداری عەقڵانییەكان تێپەڕێنێت. بەو مانایە پراكتیك بە هیچ مەبەستێک یان عەقڵێکەوە تایبەت نییە، وەك چۆن لە بەرانبەر پراكتیكدا زمان ملكەچی هیچ ڕێسا و یاسایەك نابێت. بەڵكە بریتییە لە تێگەیشتن لە لۆژیکی هەموو کردارە (مەعقولەکان) بەبێ ئەوەی بەرهەمی پلانێکی عەقڵانی داڕێژراو بێت.. کردارگەلێکە، کە بە جۆرێک لە جۆرەكان لە ئامانجێكی بابەتییدا دەردەكەوێت، بەبێ ئەوەی بەشێوەیەكی ئاگاییانە پێوەندی بە ئامانجێکی درووستکراوی ئاشکراوە بكات، بەبێ ئەوەی بە مەبەستی یەکگرتوویی، یان لە بڕیارێکی هۆشیارانەدا هەڵقوڵابێت. بە كورتی چەمکی هاپیتۆس هیچ نییە، جگە لە (كردەیەكی تیۆری) کە ئامانجی زاڵبوونە بەسەر دژایەتی ساختە و بێنرخكردنی پراكتیك و تیۆری ئۆنتۆلۆژی..
بەڵام زمان چۆن هاوسەنگی هێز دەپارێزێت؟ هۆكاری ئەو پرسیارە ئەوەیە، كە زمان زیاتر لە ئامرازێکی پەیوەندیکردنە.. (نۆرمان فێرکلیف) لە كتێبی (زمان و دەسەڵات)دا جەخت لەوە دەکاتەوە، کە زمان بێلایەن نییە، چونكە هەموو سیستم و دامەزراوەكان بۆ ڕاییكردنی كارەكانیان پشت بە گوتاری زمانەوانی دەبەستن، بۆ نموونە شێوازی گێڕانەوەی یاساکان، یان هەواڵەکان.. بەڵام هەموو ئەوانە تەنها لە سیستمی زماندا كورت نابنەوە، بەڵکوو بۆ بەرهەمهێنانی جیاوازی خزمەت بە بەرژەوەندیی (هەندێک لایەنی جیاواز) دەكەن!!. كەواتە زمان دەسەڵاتی جیاوازی لەناو کۆمەڵگادا دەچەسپێنێ.
لەنێوان سیستم و جیاوازی، یاسا و پراكتیك، مەعقول و نامەعقول… ڕەخنەی بۆردیۆ لە زمانەوانیی چۆمسکی و سوسێر و … هەموو ئەوانەی کە لە پێکهاتەی (زمانەوانی نموونەیی) دەکۆڵنەوە، ئەوەیە، كە لە بارودۆخە کۆمەڵایەتییەكان دابڕاون! بۆ نموونە: سوسێر حەزی لە زمانە، قسەکردن فەرامۆش دەكات.. چۆمسکی گرنگی بە لێهاتوویی، یان توانا دەدات نەک دەستکەوت.. بە كورتی ئەوە پراکتیکی زمانەوانییە، پراکتیکی کۆمەڵایەتی بەرهەم دەهێنێت، نەك ئەو یاسا زاڵانەی کە توێژەر لە مێشکی خۆیدا دەیانخەمڵێنێ.. چونكە هیچ یاساک بە شێوەیەکی پێشوەختە و مەجازی بوونی نییە، بەڵکو لە پراکتیکدا بوونی خۆی دەدۆزێتەوە! بە پێچەوانەی گوتاری عەقیدەی یاسایی، کە بە مەبەست پەنا دەباتە بەر زاراوەی ناڕوون و ناڕوونی حوکمڕانی و ڕێزمان، بۆ ئەوەی ئەنجامێکی دیاریكراو بەرهەم بهێنێت.
ڤیتگنشتاین لە گوتارێکی ڕوون داڕێژراوەوە بەرەو پراکتیک دەڕوات. بەڵام بۆردیۆ جەخت لەسەر پێویستی دەستپێکردن لە پراکتیکەکانەوە بەرەو یاسا دەکاتەوە، واتە پێویستی لێکدانەوەی یاساکان لە ڕێگای پراکتیکەکانەوە، کە لە هەموو کارلێکێکی کۆمەڵایەتیدا هەست بە درووستکردن و نوێکردنەوەی ئەو یاسایانە دەکەن.

سەرمایەی زمانەوانی
سەرمایەی دیجیتاڵی

سەرمایەی زمانەوانی زاراوەیەکی کۆمەڵایەتی زمانەوانییە، کە لەلایەن بۆردیۆوە داڕێژراوە. بۆردیۆ بە کەڵەکەبوونی کارامەیی زمانەوانی و وەک جۆرێک لە سەرمایەی کلتووری وەسفی دەکات. سەرمایەی کلتووریش بریتییە لە کەڵەکەبوونی زانست و لێهاتوویی و دەستکەوتە كلتوورییەکان… بەڵام سەرمایەی دیجیتاڵی، تێڕوانینی بۆردیۆیە بۆ بۆشایی دیجیتاڵی و ئەو پانتاییە دەگرێتەوە، كە توانای ڕوونكردنەوەی جیاوازییەكان و بەرفرەوانكردنی بەكارهێنانەكانی هەیە، تا بشێ بواری دیكەی كۆمەڵایەتی بگرێتەوە. لەنێوان سەرمایەی زمانەوانی و دیجیتاڵیدا، فەزایەكی كراوە پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان بەڕێوە دەبات، بەڵام لەبری گوتاری زمانی خوێندراوە و بیستراو، پشت بە گوتاری وێنەی دیجیتاڵی دەبەستێت. كلتووری وێنەیی، خولیا و چەمكێكی نوێیە و سرووشتی پەیوەندییەكانی ڕاستەوخۆتر و خێراتر و پڕ زانیاریتر و ئەرێنیتر و پڕ چێژتر كردووە.. وەرگر دەتوانێ بە خێراییەكی لە سنووربەدەر لە هەموو شوێن و كاتێ پێیبگات و بیگەیێنێت.
زاراوەی كلتووری وێنە، پەیوەندی بە ڕەهەندە فرەجۆرەكانی وێنە و دەلالەت و مانا و كاریگەرییەكانیدایە، وەك چۆن پەیوەندی بە چۆنێتی تەماشاكردنی وەك ڕەمز و ئامرازی گواستنەوەی زانیارییەكان و چێژەوە هەیە، هەموو ئەو گۆڕانكارییانەش كلتووری وێنە و وێنەی دیجیتاڵی و شۆڕشی وێنە رابەرایەتییان دەكات، فیلمی درێژی (ماڵئاوا زمان) دەگەیەنێت… بەو مانایەش كلتووری وێنە وەك سیمای ئەو سەردەمە شوێنی زمانی گرتۆتەوە.. كلتووری وێنە ناسینەوە قبوڵ دەکات، بەڵام ئینکاری قبوڵ ناکات! هەموو کۆمەڵگایەک کلتوورێکی بینراوی هەیە و هەموو کلتوورێكی بینراویش لە شۆڕشە تەکنیکییەکان دابڕاو نییە..
ئەو سەردەمەی کە ئێستا تێیدا دەژین بە خێرایی بەرەو پێکهاتنی شارستانیەتی وێنەیی دەڕوات، ئەمەش وامان لێدەکات لەبری (كەسی زمانی) باسی (کەسی وێنەیی)، لە بری بابەتی (مێژووی ناوەڕۆک) باسی شاشەی (بینراوی چركەساتی)، لەبری (ئەزموون) باسی (بەكارهێنان)، لەبری (زمان) باسی (كلیك).. بکەین، واتە لەبری گێڕانەوەكان باسی زانیارییەكان و شۆڕشی خودی و گۆڕانكارییەكانی ئیگۆ بكەین.. هێزی وێنە وەك گوتارێکی کراوە بەڕووی هەموو زمانەکاندا، وادەکات بچێتە نێو خەیاڵی جیهانەوە و پەیامەکەی خۆی بە شێوەیەكی فرەڕەهەندی ئاگایی و نائاگاییەوە بگەیەنێت، بەو مانایەش ئەرکی وێنە لە بینینەوە بۆ تێگەیشتن تێدەپەڕێت و ئیتر لە ڕەهەندی تایبەتی ئایکۆنی و پلاستیکییەکەیدا ناوەستێت، بەڵکوو لەوە زیاتر بۆ ڕەهەندی ناڕاستەوخۆ هەنگاو دەنێت.. جگە لە پەیامی بینراویش، پەیامێکی ڕێکخراوی هەیە، کە لە دەرەوەی سنووری فەرمی وێنەکان دزە دەکات و هەڵگری کۆمەڵێک واتا و سرووشی جیاوازە.
وێنەی ئەمڕۆ، بەرهەمی كلتوور و بیرکردنەوە و ئابووری و تەکنۆلۆژیایە.. بەو مانایەش هەر تەنها لە چێژوەرگرتن بە هەموو ماناكانییەوە كورت ناكرێتەوە، بەڵكە زمانێکی خێرای پڕ زانیاری و بینراوی مۆدێرنە، کە وشە و کردار تێیدا بە یەکدەنگ (یەك كلیك) نوێنەرایەتی حەقیقەت دەکەن. بۆ ئەوەی وێنەش ڕۆڵی پێویستی خۆی جێبەجێ بکات، هەر تەنها رەنگدانەوە نا، بەڵكوو دەبێ بینراوێكی درەوشاوە بێت، بۆ سەركەوتنی بەكارهێنان و گۆڕانکاری و هاندانی جددی و بوونیادنانی درووستی مرۆڤ و گەردوون.

هەولێر 5/4/2025




زمان سوبێكت نییە.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا


(مرۆڤ چەند زمان بزانێت، ئەوەندە كەسەیە؟)

ئەو نووسینە هەوڵی هەڵوەشانەوەی گوتەزای (مرۆڤ چەند زمان بزانێت، ئەوەندە كەسەیە) دەدات، لە رێگای پێكراوی “زمان سوبێكت نییە” لەلایەك و “زانستی تەكنۆلۆژی” لەلایەكی دیكەوە. زمان سوبێكت نییە.. ئەگەرچی مرۆڤ، كەس، سوبێكت لەسەر یەك هێل قسەی زۆریان لەبارەوە كراوە و قسەی زۆریش هەڵدەگرن. بەڵام زانستی تەكنۆلۆژیا وەك خێرایی زانیاری و لۆژیكی ژیری، ئارەزووەكانی خودی مرۆڤ جێدەهێلێت! واتە ئەوەی من لەو نووسینەدا تۆخی دەكەمەوە، لەلایەك ئەو فەزا ئاسۆییەیە، كە مرۆڤ و كەس و سوبێكت لە ئارەزووی جەستەدا دەیبینێ و بەیەك هەناسە دەیانخوێنێتەوە. لەلایەكی دیكە شۆڕبوونەوەیە بەرەو بابەتی ژیری و خێرایی وەك زانستی تەكنۆلۆژیا و جێهێشتنی ئارەزووەكانی سوبێكت..
لێرەدا بەرانبەر گوتەزای سوبێكت چەند زمان بزانێت، ئەوەندە كەسەیە.. ئاڵای سپی داهێنانی (زمان سوبێكت نییە) بەرز دەكەینەوە، بەڵام نەك بە مانای دژبوونەوە، بەڵكوو بەو مانایەی كە سوبێكت سەرگەورەی زمان نییە.. بەو مانایەی كە زمان بەندەواری قبول ناكات.. بە كورتی دەمەوێ بڵێم زمان، دانووسانی جیاوازیی و نائاگاییە. بە دیوەكەی دیكەش ئاماژە بە خێرایی بیركردنەوە و زیرەكی دەستكرد دەدەم، چونكە داهێنانی زانستی تەكنۆلۆژیا ئارەزووەكانی سوبێكت دەخاتە سەرسامییەوە.
لە ماڵی سوبێكتدا قبولكردنی جیاوازی دەبێتە ئامانجی زمان، نەك رەتكردنەوە، بەڵام جیاوازییەك، كە لە پێناو گۆڕانكاری و سەیرورە و داهێنانی بەردەوامدابێت، نەك لە پێناو پەڕگیری و چەسپاندن. لەبەرانبەردا نائاگایی بۆ جیاوازی هیچ نییە، جگە لە بەدیهێنانی ئامانجی ئازادی نەبێت. كەواتە ئازادی وەك دانووسانی نائاگایی و جیاوازی بۆ داهێنان زەروورییە، وەك چۆن گۆڕانكاری و سەیرورە و داهێنانی بەردەوام بوونی سوبێكت بەرهەمدەهێننەوە. بەڵام لە ماڵی زیرەكی دەستكرددا خێرایی و ژیری سەرگەورەی جیاوازین.

دیالێكتیكی نائاگایی و ئەویدیكەی غەریبە
لە عەقڵانیەتی دیكارتییدا سوبێكت بكەرە. بەڵام لەو توێژینەوەیەدا دەمەوێ سوبێكت لە دانووسانی ئازادانەی نائاگایی و زەرورەتی ئەویدیكەی غەریبەدا تۆخ بكەمەوە. لێرەدا لە پرۆسیسەكردنی سوبێكتدا نائاگایی و ئەویدیكەی غەریبە، خودی خۆیان دەخەنە دەرەوەی سوبێكت، بۆ ئەوەی وەك خودێكی نامۆ دژ بە پەڕگیری و چەسپان ئازادی خۆیان پراكتیزە بكەن. بەخۆنامۆبوونی نائاگایی و ئەویدیكەی غەریبە نزیكایەتییەك لەگەڵ بیركردنەوەی هیگڵیدا دادەمەزرێنن.. وەك وێناكردنی مانگا سوورەكە لە شەوێكی رەشدا.. یان خونچە بۆ ئەوەی خۆی بناسێ، پێویستی بەوە هەیە ببێت بە گوڵ.. واتە هەوڵدەدەم لە رێگای چەمكی (نەفی نەفی هیگڵییەوە) چەمكی (سوبێكتی داماڵراو لە بكەرێتی) شیبكەمەوە، كە پاشان لە رێگای دیالێكتیكەوە (نائاگایی و زەرورەتی خێرایی و ئەویدیكە غەریبە) بە ئامانجی ئازادی خۆیان دەگەن..
بە كورتی دەمەوێ بڵێم: سوبێكت ناتوانێ لە رێگای داگیركردنەوە، چەمكی بكەرێتی قۆرخ بكات! نەك لەبەر ئەوەی پێكهاتەی سوبێكت نائاگایی و ئەویدیكەیە، بەڵكوو لەبەر ئەوەی سوبێكت بەرجەستەكردنی دۆخێكە، كە نائاگایی و ئەویدیكەی غەریبە تێیدا بیر لە ئازادی دەكەنەوە! لێرەوە لەبەرانبەر پێكهاتەكانی (سوبێكتی داماڵراو لە بكەرێتی) كە نائاگایی و ئەویدیكەی غەریبە دەناسێنێت، قەناعەتهێنان بە تێزی (زمان لە نائاگایی رسكاوە)ی ژاك لاكان هەر قەناعەتهێنان نییە بە (مانگا سوورەكەی هیگڵ لە شەوێكی رەشدا.. یان خونچە بۆ ئەوەی خۆی بناسێ پێویستی بەوە هەیە ببێت بە گوڵ).. بەڵكوو قەناعەتهێنانە بە ئازادییەكانی زمان و ئازادییەكانی ئەویدیكەی غەریبە و خێراییەكانی سەردەم.. بۆ ئەوەی (زمان) ئازادییەكانی خۆی و خێرایی بناسێنێ، دەبێ لە نائاگاییەوە بەرەو ئاگایی و سەیرورە و گۆڕانی بەردەوام و داهێنان و نەوەستان بێتەوە. بۆ ئەوەی ئەویدیكەی غەریبە ئازادییەكانی بگەشێتێتەوە، پێویستە لە ویناکردنی فەنتازی و سەرگەورەیی ئیگۆیانەی خۆی بێتە دەرەوە و خۆی نەك وەك پەڕگیر، بەڵكوو وەك دالێكی (جیاواز) بناسێنێتەوە.
بنەمای خاڵی یەكەمی ئەو لێكدانەوەیە ئەوەیە، كە هەرگیز (زمان وەك نائاگایی) لە دۆخی داهێنان ناوەستێ و بەردەوام هەنگاوی خێرا بەرەو گۆڕان و سەیرورە دەنێت.. بنەمای خاڵی دووەم ئەوەیە، كاتێك ئەویدیكەی غەریبە (لای ژاك لاكان) لەگەڵ زمان هاوسەنگ دەبێت.. هەڵبەتە مەبەست لە ئەویدیكەیەكە، كە سەرگەورەیی فریودەرانەی، یان پەڕگیری و بنبەستبوونی تێپەڕاندووە و پردێکی خێرایە بۆ قسەكردن لەگەڵ (ئەویدیكەی جیاواز).. بەو مانایەی كە قسەكردن سەرچاوەکەی ئیگۆ نییە، تەنانەت خودیش نییە، بەڵکو ئەویدیكەی جیاوازە. بەو مانایەش چەمكی ئەویدیكەی غەریبە (جیاواز) وەك بنەمای سەرەكی پێكهاتەی سوبێكت هەڵگری گریمانەی نەبوونییە و نزیكایەتی لەگەڵ نائاگایی زمان تۆختر دەكاتەوە..
بۆ پڕكردنەوەی بۆشاییەكانی ئەو دوو خاڵە لە گریمانەی نەبوونی، پشت بە قسەیەكی (فرۆید) و ئەزموونی نەبوونییەوە دەبەستم، لە بارەی پەیوەندی دایك و باوك و منداڵ، كە دەڵێت: منداڵ ئەو كاتە دایک بەبێ هێز دەبینێت، کاتێک دەبینێت چووکی نییە! دایك لەو بینینەدا وەك ئەزموونی نەبوونی دەلالەت لە نائاگایی زمان دەكات و لەلایەكی دیكە هەنگاونانی خێرای منداڵە بەرەو گرێی ئۆدیب (واتە مەیلی گەڕانەوەی كچ بۆ باوك و كوڕ بۆ دایك) بۆیە هەمیشە منداڵ لەو ئیمکانەی كە لای (دایك/ باوك) بەدەستی ناهێنێت، دەسڵەمێتەوە! لەبەرانبەر ئەوەدا نائاگایی زمان لە ئاكینجەبوونی كاتی سوبێكت لە ماڵەكەی خۆیدا (لەو ئیمکانەی كە لە ماڵ بەدەستی ناهێنێت) سڵ دەكاتەوە.. كەواتە ئەگەرچی نائاگایی زمان و ئەویدیكەی جیاواز پێكهاتەی ماڵی كاتی سوبێكتن. بەڵام ئێمە ناتوانین سوبێكت (لە ماڵی خۆیدا) بۆ ئەویدیكە غەریبە و نائاگایی زمان هەڵوەشێنینەوە؟! چونكە ئەو پێكهاتانە وەك روونمان كردەوە بەردەوام بوونی خۆیان لە ئازادیدا پراكتیزە دەكەن و بەندایەتی رەتدەكەنەوە.
بە گشتی زمان سوبێكت نییە، یان ناتوانرێت سوبێكت بێت! چونكە زمان وەك غەریبە، یان وەك نائاگایی، كردەیە.. بەڵام سوبێكت بكەرە.. سوبێكت فڕێدراوەتە نێو نائاگایی رووتی زمان و جیاوازییەوە. بەڵام نائاگایی زمان لە كار و بكەر تێدەپەڕێنێ و كردەیە.. نەك لەبەر ئەوەی زیندوویەتی خۆی بەردەوام لە بەرهەمهێنانەوەی كەلێن و بۆشاییدا دەبینێتەوە، یان لەبەر ئەوەی بەردەوام وەك كردە لە ئەزموونی نەبوونی راست دەبێتەوە.. بەڵكوو لەبەر ئەوەی بە مانا لاكانییەكەی سوبێكت ریاڵە و زمان رەمزە.
دەشێ ریاڵ بكەوێتە نێو كار و بكەرەوە، بەو مانایەی كە ژیانی تایبەتی هەیە. بەڵام رەمز دەكەوێتە نێو خەون و خەیاڵی نەزانراوەوە و خاوەنی هیچ گریمانە و پێشنیارێكی دیاریكراو نییە. بۆیە سوبێكت دەتوانێت نزیكایەتیكردنی ئەویدیكەی غەریبە (لە ماڵی خۆیدا) بێت، یان نزیك زمان بێت، لە ناوەوەی خۆیدا. بەڵام لە بنەڕەتدا غەریبە و نائاگایی وەك زمان بۆ سوبێكت خەون و خەیاڵی نەزانراون. چونكە بەندەواری سوبێكت نیین. لای فرۆیدیش خەون بونیادێكی رەمزی هەیە. غەریبە و نائاگایی وەك خەون و خەیاڵ هەردووكیان زمانێك لەخۆ دەگرن، كە یاسا و رێسای گۆڕان و سەیرورە لە رێگای ئازادییەوە پرۆسیسە دەكەن و لەوێشەوە وەك كارفرمای رەمزی دێنەوە..
زمان غەریبەیە و سوبێكت نییە! زمان دایكە لە نائاگایی منداڵدا.. بۆیە منداڵ (لە گرێی ئۆدیبدا) بەردەوام خەون بەو ئیمکانەوە دەبینێ، كە لە واقیعدا دەستی نایگاتێ. كەواتە زمان بوونێك نییە، لە ماڵی خۆیدا، چونكە ماڵی بوون قەڵەمڕەوی سوبێكتە و سوبێكت هیچ بەشێکی لێدەرناهێنرێت. سوبێكت ریاڵە و هەمیشە ڕیاڵ لەناو شوێنی خۆیدایە. شوێنی ڕیاڵ ماڵی سوبێكتە، بەڵام زمان بوونێكی رووتی بێ ماڵ و كۆچەری (لە خەیاڵ و خەونی سوبێكت)دا فەراهەم دەكات.
زمان وەك بوونی بێ ماڵ و كۆچەری بەردەوام نیگەرانی ئیمکانەكانی لە دەستدانی ئەو خەون و خەیاڵەیە، بۆیە هەمیشە ژیانی مەرگی خۆی هەڵگرتووە. زمان و نائاگایی بوون (بە بوون)ی ئەویدیكەی غەریبە لە خەون و خەیاڵی سوبێكتدایە، نەك لە ماڵی سوبێكتدا. لەبەرانبەر ئەوەدا سوبێكت وەك ریاڵ ناتوانرێت بەشێك بێ لە زمان و ئەویدیكەی جیاواز. ئەوە زمان و ئەویدیكەی جیاوازە هەمیشە وەك رەمز دەیانەوێ شوێنی ریاڵ بگرنەوە و هەرگیز ناتوانن! چونكە چەمكی ئازادی لە چەمكی چەسپان باڵاتر دەبینن. لەو حاڵەتەشدا زمان و ئەویدیكەی جیاواز بۆ سوبێكت تەنیا خەون و خەیاڵن و هیچی تر.
كاتێك جیاوازی و زمان (غەریبە- نائاگایی) لە جێگیربوونی كاتییانەی بوونی خۆیاندا وەك (دراوسێیەكی كاتی) هەنگاو بەرەو (بوون بە) دەهاوێژن و بەردەوام لە بوونی جێگیر دەچنە دەرەوە بۆ بەخێرهێنانی ناسنامەی مەرگی ئازادانەی خۆیان لە خەون و خەیاڵدا، یان كاتێك لەسەر دواخستنی مەرگی ئازادانەی خۆیان بەردەوام دەكەونە نێو خەون و خەیاڵەوە.. ئەوە دەسەلمێنن كە سوبێكت بوونی خۆی لە پێناو خێرایی خۆیدا نییە، بەڵكوو دەمێك گێڕانەوەی تەنیاییە و دەمێك گێڕانەوەی پێکەوەبوون و ئاشنابوونە بە زمان و جیاوازی.
لێرەدا سوبێكت جارێك دەبێتە خانەخوێی داهێنانی زمان و جارێك دەبێتە بارمتەی جیاوازی. یاریكەری سەرەكی لەنێوان گێڕانەوەی تەنیایی و گێڕانەوەی پێکەوەبوون (كات و ئازادیی)ە.. بەڵام سوبێكت نازانێت کات چی دەکات و ئازادی بەرەو کوێی دەبات. لەبەرانبەریشدا بەردەوام زمان و جیاوازی لە دەریای(کات و ئازادیی)دا ون دەبن و سەرئاو دەكەونەوە..

زمان و جیاوازی
كاتی بەخێرهێنانی داهێنان

زمان و جیاوازی، كاتی بەخێرهێنانی خەون و خەیاڵی سوبێكتن. كاتێك زمان و جیاوازی لە داهێنانی بەردەوام و جیاوازی خەون و خەیاڵ دەكەون، ئیتر داهێنان دەبێتە تەنیایی زمان و سەرئاو دەكەوێت. جیاوازیش خەون و خەیاڵی داهێنان لە گێڕانەوەی پێكەوەبوون ون دەكات.. كەواتە زمان و جیاوازی لە خەون و خەیاڵی سوبێكتدا بە جیھانمان دەناسێنیت و لە هەمان كاتدا جیھانمان لە خەون و خەیاڵدا بۆ نمایش دەكاتەوە.. لەوێوە سەرئاوكەوتنی سوبێكت لە داهێنان و ونبوونی سوبێكت لە خەون و خەیاڵدا دەناسینەوە.
سوبێكت كەوتۆتە نێو نائاگایی رووتی زمان و جیاوازییەوە، هەر نائاگایی زمان و جیاوازیشە خەیاڵی داهێنان لە سوبێكتدا دەوڕوژێنێ.. كەواتە بنەمای سەرەكی خەیاڵی ئەدەبی نائاگایی زمان و جیاوازییە و هەمیشە جیاوازی و نائاگایی زمان پرۆسەی داهێنان لە پەیوەندییەكی زیندوودا بونیاد دەنێتەوە. بە دیوەكەی دیكە سوبێكت (وەك سیستەمی فەنتازی فریودەر، یان وەك سوبێكتی بچووك) دەتوانێت خۆی لە سەرئاوكەوتن و ونبوون لابدات.. دەمەوێ بڵێم ئەوەی لەو شیكردنەوەیەدا بەشدارە بە مانا لاكانییەكەی ئەو بەشەیە لە سوبێكت كە سوبێكتی بچووك نییە، بەڵكوو سوبێكتی گەورەیە!
پرسیارە بنەڕەتییەكەی ئەو لێكۆڵینەوەیە ئەوەیە: ئایا (جیاوازی) و (زمان) ماڵی بوون بونیاد دەنێن، یان داهێنان؟! ئەگەرچی (زمان و جیاوازی و داهێنان) یەك ئەویدیكە پڕ دەكاتەوە.. بەڵام هەمیشە زمان و جیاوازی لە گۆڕانی بەردەوام و سەیرورەدان و داهێنان جێگیربوون و چەسپانی كاتی دەنەخشێنێت.. گۆڕانی بەردەوام و سەیرورە ماڵییان نییە و كۆچەریین. بەڵام جێگیربوون و چەسپانی كاتی لە دۆخی بێ ماڵییدا بەدی نایەن.. بەو مانایەش زمان و جیاوازی گێڕانەوەی تەنیایی و گێڕانەوەی پێكەوەبوون بەیەكەوە دەگونجێنن. بەڵام داهێنان گێڕانەوەی پێكەوەبوون دەچەسپێنێ. كەواتە سوبێكت لەلایەك وەك خانەخوێی داهێنان و لەلایەكی دیكە وەك خانەخوێ و بارمتەی زمان و جیاوازی خۆی یەكلانەكردۆتەوە. دواجار زمان و جیاوازی لەلایەك كاتی بەخێرهێنانی پێكەوەبوون و مەرگی جێگیربوونە، لەلایەكی دیكە كاتی بەخێرهێنانی سەیرورە و تەنیاییە، یان روونتر لە یەك كاتدا بەخێرهێنانی داهێنان و بەخێرهێنانی سەیرورەیە..
سوبێكتی داهێنەر بە زمان بیردەکاتەوە، داهێنانی جیاواز بەرهەم دەهێنێ و پارێزگاری و پاسەوانی لە ماڵی پێكەوەبوون دەكات. بەڵام زمان و جیاوازی لە حاڵەتی گۆڕانی بەردەوام و سەیرورە و نائاگایی و غەریبی و كۆچدان. لەلایەك داهێنانی جیاواز جێگیربوونی كاتی و دڵنیایی دەبەخشێت. لەلایەكی دیكە زمان و جیاوازی بەرەو گومان و نەزانراو هەنگاو دەنێن.. بەو مانایەش ماڵی بوون لەنێوان زمان و جیاوازی، داهێنان و سەیرورە، كۆچ و جێگیربوون.. دەكەوێتە لەرزەوە.. بەڵام لەبیرمان نەچێت هەمیشە (ماڵ) جێگیربوون دەنەخشێنێت، ئەگەرچی كاتیش بێت. هەمیشە (كۆچكردن)ی بەردەوام لە هەنگاونان بەرەو نەزانراو زیندووە.
بێگومان تەنیایی داهێنان لە جیاوازی پێكەوەبووندا ئامادەیی هەیە. بەڵام كۆچكردن وەك گومانكردن لە نیشتەجێبوونێكی كاتییدایە، بێ ڕابردوو و بێ داهاتووە! لەو ئاكنجیبوونە كاتی و كۆچەدا وێنەی ماڵێك نمایان دەكرێت، كە بەردەوام سنوورەکانی کات و شوێنی لە گۆڕاندایە. بەو مانایەش زمان وەك داهێنان لە هەموو كات و شوێنێکدا بوونی تەنیایی خۆی لە پێكەوەیی جیاوازی بووندا دەنوێنێ. بەڵام هەر کاتێك پەیوەندیی نێوان (ڕیاڵ) و (رەمز) نەما، هەر کاتێك (جیاوازی) لەگەڵ (زمان) پەیوەندییان تێكچوو، ئەوە بۆشایی داهێنان درووست دەبێت، ئەو بۆشاییە هەر تەنها هەستکردن بە ئەزموونی نەبوونی و تەنیایی و نامۆبوون و غەریبی نییە، ئەو بۆشاییە هەر تەنها بەرهەمهێنانەوەی نەبوونی نییە، بەڵكووهەستكردنە بە مەرگ، مەرگیش تەنیا بە بوون بە جیاوازی و زمان پڕ دەبێتەوە.

زمان و جیاوازی
ئازادی و گۆڕان

زمان و جیاوازی لە ئەویدیكە و نائاگاییەوە سوبێكت دادەهێنێتەوە، بەڵام ئازادی و گۆڕان لە تەنیایی و نامۆییەوە بەرهەمی دەهێنێتەوە. پەیوەندی زمان و جیاوازی لە داهێناندایە. پەیوەندی تەنیایی و نامۆیی لە سەیرورەدا زیندووە. كەواتە بەردەوام داهێنان دەبێتە پردی پەڕینەوەی گۆڕان و سەیرورە. هەمیشە ئارەزووی داهێنان پردێكە بێ ئەوەى هیچ توانایەكى نێگەتیڤیتى لەخۆدا هەڵگرتبێت، بە دیوەكەی دیكە بێ ئەوەی بتوانێت خۆى لە بۆشاییەكان بدزێتەوە؟!
دەمەوێ بڵێم لەنێوان ئارەزووی داهێنان و سەیرورەدا بۆشاییەك (پردێك) هەیە، بۆشاییەك، پردێك كە هەم زمانە و هەم گۆڕان.. بە مانایەكی دیكە پانتایی بەرفرەوانی داهێنانەكانی ئەو (پردە/ بۆشاییە) لەپشتى پانتایی بەرتەسكی سەیرورەوەیە. خودی ئەو هێلكارییە جۆرێكیشە لە ئیستیفزاز و ئارامیى هەڵگرتن لە سوبێكت لەو پانتاییە بەرفرەوانەی داهێنان و بەرتەسكەی سەیرورەدا. ئەو هێلكارییە سوبێكت دەخاتە نیگەرانییەوە، ئەو هێلكارییە سوبێكت بۆ گۆڕانێك هاندەدات، كە هەر تەنها پاراستنی سیستمی زمانی لەخۆ نەگرتووە، یان هەر تەنها رووتكردنەوەی خەیاڵی زمان نییە، بەڵكوو ویستی شیكردنەوەی پرد و بۆشایشە. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوەشدا بۆشایی و پردی داهێنان و سەیرورە هیچ وزەیەكی بۆ خراپبوون و زیانگەیاندن بە سوبێكت نییە، راستە هەمیشە ویستی شیكردنەوەی سوبێكت و بۆشاییەكانی سوبێكت دەوڕوژێنێ. لەبەرانبەریشدا سوبێكت تواناى شیكردنەوەی پرد و بۆشاییەكانی سیستمی زمان وەك نێچێرێك بۆ ژیری و زیرەكی دەستكرد دەردەخات و هەر هێندەشى لەدەست دێت، ڕووت و قووتی زمان و خەیاڵی بێبەرگری سەیرورە نیشانی ژیری و زیرەكی دەستكرد بدات! بەڵام وەك دەردەكەوێت ژیری و زیرەكی دەستكرد بەردەوام پێشوازی لە بەرهەمهێنانەوەی خەیاڵی بۆشاییەكان و ڕووتیی و سەیرورە سامناكەكەی خەیاڵ دەكات! بەو مانایەی كە زمان و جیاوازی لە داهێنانی ئەدەبییدا لە هەموو پرد و بۆشاییەكان، لە هەموو رووتییەكان سەرنجڕاكێشتر خۆیان دەنوێنن، بەڵام ئازادی و گۆڕان و سەیرورە لە زیرەكی و ژیری مەحاڵتر پیادە دەكرێن.
بنەمای سەرەكی داهێنانی خەیاڵی ئەدەبی نائاگایی زمان و جیاوازییە، بە دیوەكەی دیكەش ئەوە خەیاڵی زمانی ئەدەبیی و داهێنانە رووتی و گۆڕان و سەیرورەی بەردەوام لە جەنگی بۆشایی و پردی خەیاڵدا كۆ دەكاتەوە. ئەوە خێرایی و جەنگی بۆشاییە پتر لە مەحاڵ بڵاو دەبێتەوە! پردی خەیاڵ و جەنگی بۆشایی خانەخوێی داهێنان و بارمتەی جیاوازیین، یان گێڕانەوەی تەنیایی و گێڕانەوەی پێکەوەبوونن.. هەمیشە لە كۆی گۆڕانكاری و پرۆسەكانی داهێناندا ئاشتەوایی دەخەنەوە، پێچەوانەوەی ڕاگەیاندنى جەنگ دژ بە پەڕگیری و چەسپان و رەتكردنەوەی ئەویدیكەی جیاواز، كە بە ناوى پاراستنی داهێنانی دادپەروەرانە، هەندێجار لە بوارەكانی زیرەكی دەستكرددا دەیانبینین..
بەڵام خانەخوێی و بارمتەیی، تەنیایی و پێکەوەیی.. بەر لەوەی بە پردی خەیاڵ و جەنگی بۆشاییەوە بەرەو گۆڕان و سەیرورە هەنگاو بنێن.. بەرلەوەى ڕوخسارى داهێنان و گۆڕان لە پرد و بۆشاییدا بچەسپێن.. بەرلەوەى جیاوازی و خەیاڵی زمان وەڵامى پرسیارەكانی پردی چەسپاوی داهێنان بداتەوە و بۆشایی بكەوێتە بۆشاییەوە.. بۆشایی بكەوێتە لێسەندنەوەی گەیاندن و دواتر بۆشایی بكەوێتە لێسەندنەوەی بۆشاییەوە.. پردی خەیاڵ بەخستنە نێو جەنگێكی دیكەی بۆشاییەوە بەرەو گۆڕانكاری و داهێنانێكی دیكەی جیاواز دەبێتەوە!
كەواتە تەنها لە گۆڕاندا داهێنانی جیاوازی مومكینە، تەنها لە سەیرورەدا رووتبوونەوەی زمان مومكینە.. بەڵام هەر چۆنێ بێت سەیرورە روخسارى چەسپاوی داهێنان ناخاتە جەنگی بۆشاییەوە.. بەرلەوەى سەیرورە جەنگی بۆشایی ببینێت، لە پردی خەیاڵدا رووتبوونەوەی زمان (دهێنان) لە ئامێز دەگرێت و لەگەڵ یەكتریدا دانووسان دەكەن و روخسارى یەكتری بەرهەم دەهێننەوە.

پردی خەیاڵ و جەنگی بۆشایی
لە رووتبوونەوەی زماندا

لە بڕگەكانى پێشوودا ڕوونمان كردەوە، كە بۆچى سوبێكت لە جەوهەردا زمان نییە، ئەگەرچی باس لە جۆرێك لە مرۆڤ بكرێت، كە پتر مەبەست لێى ئەو كەسەیە، كە نیشانەی ناسراوى ژیری و زیرەكی هەڵگرتووە! یان واپێدەچێت بۆ سوبێكتی داهێنەر پرسیارەكان جۆرێكى تر بن، ئایا ئارەزووەكانی جەستە دژ بە زیرەكی و ژیری دەستكرد، پردی خەیاڵ و جەنگی بۆشاییەكان و نائاگایی رووتی زمان بە نیشتمانى خۆیان دەزانن؟!
لە سەرەتادا با بەراوردێكى دوو مۆدێلى جیاوازى (ئارەزووی جەستە لە خەیاڵی ئەدەبیدا) و (خێرایی زانیاری لە زانستی تەكنۆلۆژیدا) بكەین: یەكەمیان، وەك داهێنانی ئەدەبی و شانازییەك بۆ خەیاڵی نائاگایی رووتی زمان، بە هۆكارى ئەوەی كە لە بواری ئەدەبیدا مەلەی سوبێكتی داهێنەر لە دەریای نائاگایی رووتی زمان تا قووڵتر بێت، نرخی ونبوونی سوبێكت لە داهێنانی ئەدەبیدا بەرزتر دەبێت. دووەمیان، تا زانیاری بە خێراییەكی كەڵەكەكراوتر لە زانستی تەكنۆلۆژیا دەركەوێت، زیرەكی دەستكرد، سوبێكتی دەستكرد باڵاتر دەبێت. بە مانایەكی دیكە ئەو هێزەى زیرەكی دەستكرد بانگی بۆ دەدا، هەمان وزە متبووەكانی ئارەزووی جەستە نییە، ئەگەرچی داهێنانە، بەڵام داهێنانی زیرەكی دەستكرد نەپۆشراوە، داهێنانی زیرەكی دەستكرد لەسەر خێرایی و لۆژیك رادەبێتەوە.
بە گشتی داهێنان نە سیستمێكی چەسپاوی هەیە و نە هەڵبژاردنێكی پێشنیازكراو. لە مێژووی سوبێكتدا داهێنان لە هەوڵێکی خودی وسبەلێکراو و داپۆشراوەوە بەرەو ئۆبێكتی دیار و دانەپۆشراوە دەچێت.. وەک چۆن خەیاڵی جوانی ناتوانێ لە مرۆڤدۆستی و جیاوازی دەرنەكەوێت. ئارەزووی جەستەش (لەگەڵ هەموو جیاوازییەكان) ناتوانێ لە زانستی تەکنۆلۆژیا دەرنەكەوێت.. خەیاڵ بەرهەمهێنەری خەیاڵ و زانیارییە.. داهێنان داپۆشین و دانەپۆشینە و دەبێتە خەسڵەتی کۆبوونەوە و بڵاوبوونەوە. لە داهێنانی ئارەزووی خودی جەستەدا كۆبوونەوە لە رووتبوونەوەدایە. لە داهێنانی زیرەكی دەستكرد و رۆبۆتەكاندا بڵاوبوونەوە لە رووتنەبوونەوەدایە. یەکەمیان وەک فرۆید دەیگوت بنەمای ژیارییە، دووەمیان بانگی بڵندگەراییە.
کەواتە ئەوە سوبێکت و ئۆبێکتە، رووتبوونەوە و رووتنەبوونەوە، ئارەزووی جەستە و زانستی تەکنۆلۆژیا.. ئاراستەی جوولە جیاوازەکانی ژیان دەنرخێنن. بەڵام ئەو دوو دیدە جیاوازەی لە خەیاڵ و خێراییدا دەبینرێت، چییە؟ بێگومان ئەوەى وا لە سوبێكتی داهێنەر دەكات، لە رێگای خەیاڵی ئەدەبییەوە خۆی لە ژانوژوارەكانی واقیع بدزێتەوە، چێژی ئەدەبییە، یان جەنگی بە سوبێكتبوونە لە بۆشاییەكانی خەیاڵی زماندا، بەو مانایەی كە سوبێكت فڕێدراوەتە نێو خەیاڵی رووتی زمانەوە. بەڵام دۆخى زیرەكی دەستكرد جیاوازە، پێگەى خێرایی دەستكرد و نەپۆشینی زانیارییەكان بەو واتایە خۆی دەنوێنێ، كە هەمیشە هاوكار و هاوپەیمانى خەیاڵی داهێنان (بەگشتی)یە، بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ یارمەتیى گەورە و درێژخایەن بە داهێنان دەبەخشێت.. كەواتە وەك ئاماژەمان بۆ كرد، زیرەكی دەستكرد لەو هێزە ناچێ، بێ سڵ كردنەوە پردی خەیاڵ و ململانێی بۆشاییەكان بە گۆڕان و داهێنان و سەیرورەوە ڕابماڵێت! دەمەوێ بڵێم زیرەكی دەستكرد هێزێكى تێكدەر نییە، بەڵكوو بەشێكی گەورەی سوودگەرایی و ئاڵوگۆڕی و چێژی لە خۆدا هەڵگرتووە. بەڵام هەمیشە سوبێكت لەبەرانبەر رۆبۆتدا نیگەرانە و لە مەرگی خۆی هەڵدێت!

بۆشاییەكانی سوبێكت
زیرەكی دەستكرد

هەرگیز بۆشاییەكانی سوبێكت لەبەرانبەر زانستی تەكنۆلۆژیادا بەو مانایە نییە، كە خەیاڵی زمان و سەیرورەی داهێنان لە پاشەكشەدان، بەڵكوو بەو مانایەیە كە چیتر سوبێكت لە زانینی چەند زانیاری و زمانێكەوە كەسایەتی خۆی ناپێوێ! چیدی سوبێكت وەك هێزێكى سەرووی مەعریفەی زانراو بە تەنیا كردەی رەمزی نانوێنێ و چێژ و خۆشی نابینێ، بەڵكوو بەردەوام لە دۆخی سەیرورەی جیاواز و خەیاڵی داهێنان و خێرایی و لۆژیك و سەرسامی بەرهەمهێنراودایە..
سوبێكت وەك داهێنان بەرهەمهێنەری زانیاری و چێژە. زانستی تەكنۆلۆژیا كۆگای زانیاری لۆژیكی و چێژە. لە سوبێكتدا داهێنان بەردەوام پەیوەندی لەگەڵ بیركردنەوە و چێژ بەرهەم دەهێنێتەوە.. لە زیرەكی دەستكرددا زانیاری لۆژیكی كۆگاكراو سوودگەرایی و چێژ بەرهەم دەهێنێتەوە. چێژی داهێنانی خودی سوبێكت هەست و خۆشی دەوڕوژێنێ.. چێژی زانستی تەكنۆلۆژیا لە خێرایی و سەرسوڕھێناندایە. یەكەمیان رووی ئاواكاری لە وێرانكاری پترە. دووەمیان رووی ئاواكاری و وێرانكاری لەیەكەوە نزیكە. یەكەمیان خەسڵەتی كۆبوونەوە و جێگیربوونی چێژ پەیڕەو دەكات. دووەمیان خەسڵەتی بڵاوبوونەوە و دابەشبوونی چێژ دەنوێنێ، بەمجۆرە ئەگەر یەكەمیان پیاوسالارانە بكەوێتەوە، ئەوە دووەمیان ژنسالارانەیە..
كەواتە چێژی كۆبۆوەی خەیاڵی داهێنان و چێژی بڵاوبۆوەی خێرایی زانیاری، بە پلەى یەكەم لە مۆراڵى ئەدەبی و مۆدێلى زانستیدایە. یان بە مانای شیكاری دەروونی لە (ڤالووس/ خەسان)دایە. لێرەدا پرسیار ئەوەیە، چەندێتیى چێژ و چۆنێتی بیركردنەوە دەكەوێتە كوێی پیاوسالاریی و ژنسالارییەوە ؟
وەك گوتمان سوبێکت لە دۆخی (پیاوسالاریی)دا وەك خانەخوێی ژن و خانەخوێ و بارمتەی جوانی و جیاوازی خۆی یەكلانەكردۆتەوە، ئەو یەكلانەكردنەوەیە وەك گۆڕانكاری بەردەوام لە دۆخی (ژنسالاریی)دا بەرەو خێرایی دابەشبوونی چێژ و بڵاوبوونەوەی بیركردنەوە دەچێت. واتە بەردەوام پیاوسالاریی و سەیرورە بەرەو ژنسالاریی و خێرایی و لۆژیكی زیرەکی هەنگاو دەنێت. كەواتە کۆی ئەو یەكلانەكردنەوەیەی لە پیاوسالارییدا كۆبۆتەوە، هەر تەنها گومان لە سوبێكت ناچێنێت، بەڵكوو وەک تیغێكى دووسەرە گومان و تووندوتیژی لێدەبێتەوە.. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوەشدا ژنسالارییش لە توانای بەرهەمهێنانی گومان و تووندوتیژی بەدەر نییە.
بە كورتی ئەوە خەیاڵ و جیاوازییە لە رووە ئاسۆییەكەیدا بنەمای چێژ و ئاستی داهێنان لە سوبێكتدا دیاری دەكات. وەك چۆن لە رووە ستوونییەكەیدا گۆڕان و سەیرورەی بەردەوامی تێدا دەوڕوژێنێ. لە هەردوو رووی ستوونی و ئاسۆییدا سوبێكت و رۆبۆت سەر بە خێرایی و لۆژیك و چێژن. ئاستی خیرایی رۆبۆت بەرفرەوانترە لە ئاستی خێرایی سوبێكت، بەڵام لە دۆخى ململانێ و هێرشبردن و پارێزگاریكردندا هەمیشە سوبێكت پشت بە نائاگایی رووتی زمان و جیاوازی دەبەستێت. كەچی رۆبۆت بە خێرایی زانیاری بیركردنەوەی لۆژیكی ناسراوە. كەواتە هەمیشە لەبەرانبەر چێژی خێراو بڵاوی رۆبۆتەكاندا، چێژی خەیاڵی داهێنانی ئەدەبی و هونەری كۆمان دەكاتەوە.
گۆڕان و سەیرورەی خەیاڵی داهێنان و زانستی تەكنۆلۆژیا لە دوو ئاستدا ئامادەی- نائامادەن. خەیاڵی داهێنان وەك چێژی داهێنان (پارێزگاری) دەكات. زیرەكی دەستكرد وەك خێرایی زانیاری و لۆژیكی بیركردنەوە (هێرش) دەكات. ئەوەی (خەیاڵی داهێنان) لە (زانستی تەكنۆلۆژیا) جیادەكاتەوە كاتیی خێرایی و مۆڕاڵی جیاوازییە! ئەوەی (خەیاڵی داهێنان) لە (زانستی تەكنۆلۆژیا) جیادەكاتەوە چەمكی جێگیربوون و دابەشبوونە.. بەڵام خەیاڵی داهێنان و درێژكراوەكەی (زیرەكی دەستكرد) نە كاتی بە دەست كەسەوە هێشتۆتەوە و نە مۆڕاڵ، نە جێگیربوون و نە دابەشبوون.. زیندەگی لە زەمەنی خەیاڵی داهێنانی خێرا و درێژكراوەكەی لە جەنگدایە و جەنگیش چێژ و خۆشی ناس ناكات. جەنگ نە (كات) دەناسێ و نە (ئەخلاق)ى هەیە. بە دیوەكەی دیكەش لە كۆی هێرشە ئامادە و نائامادەكاندا گۆڕەپانی جەنگ سوبێكتە، رۆبۆت نییە! بە گشتی سوبێكت هەم هێرشەكەرە و هەم بەرگریكار.. سوبێكت قوربانییە، كە ناچارە بەرگریى لە ئامادەیی و لە هەمان كاتدا هێرشی نائامادەیی بكات.

هەڵوەشانەوەى سوبێكت
لەنێوان هێرشبردن و پارێزگاریكردندا

لە جەنگی زانیاری و چێژدا، نە سوبێكت دیارە نە لۆژیك… وەك چۆن لە جەنگی داهێنان و چێژدا، نە رووتی زمان خۆی دەنوێنێ و نە ئاستی بەرجەستەی جیاوازی… یەكەمیان لەبەر خێرایی، كاتی ئاوڕدانەوەی نییە.. دووەمیان لەبەر چێژی خوێنەری هەموو شتزان بیر ناكاتەوە.. هێرشی زانستی تەكنۆلۆژی لەسەر گریمانەی تووندوتیژی و گومان وەستاوە. هێرش و بەرگری خەیاڵی خوێنەر لەسەر كردەی گومان و تووندوتیژی چێژ دەردەكەوێت. كەواتە دەكرێ خواستی داهێنان و ئارەزووی خێرایی لە یەككاتدا لە بەرگریكردن و هێرشكردن، لە كۆبوونەوە و بڵاوبوونەوەدا ببینین. بەو مانایەش ئەوەی بەڕێوەمان دەبات ئارەزووی خود نییە، خێرایی تەكنۆلۆژیا نییە، گومان و تووندوتیژییە!
بە مانایەكی دیكە ئۆبێكتی ئارەزووی داهێنان لە رێگای سەیرورەی بەردەوامەوە بۆ زانستی تەكنۆلۆژیای خێرایی زیرەكی و لۆژیك دەگۆڕێت. بۆیە ئەمڕۆ كۆی ئەو گۆڕانكارییانە بازاڕیان لە هەموو كاتێك گەرمترە و خەڵكى سڤیلیان خستۆتە گومان و لەرزەوە! بە گشتی ئارەزووی داهێنان و زانستی تەكنۆلۆژیا نەك هەر كاتی بۆ رامان ئاوڕدانەوە نەهێشتۆتەوە، بەڵكوو تووندوتیژی و دڵەڕاوكێشی لاى بەشێكى زۆرى خەڵكى سڤیلی كۆی گۆى زەوى بڵاوكردۆتەوە.!
داهێنان هەر تەنها وەك ئۆبێكتی ئارەزوو ناچێتە نێو خێراییەوە، زانستی تەكنۆلۆژی هەر تەنها وەك خێرایی بڵاوبوونەوە داهێنان ناكات، بەڵكوو بە پاساوى گۆڕانكاری و سەیرورەی بەردەوام لە ژیاندا هەنگاو دەنێن، بەڵام ئەو هەموو هەوڵ و كۆششەی زیرەكی، ئەو هەموو داهێنانە یەك لە دوا یەكانە.. هیچ قەناعەتێك لای ئەو كەسانە دروست دەكەن، كە ئەخلاقییانە بیر دەكەنەوە؟
بێگومان لە پشت هەرهۆكارێكەوە هۆكارێكى دیكە هەیە، بۆیە وەك چۆن وزەی خەیاڵ پاساوى بۆ داهێنانی بەردەوام هەیە، بەمجۆرەش زانستی تەكنۆلۆژیا پاساوى بۆ خستنە لەرزەی واقیعی باو هەیە.. بەڵام دواجار ئەو هەموو خیراییەی زیرەكی دەستكرد و خەیاڵی داهێنان، ئارامی لە ژیان هەڵگرتووە! چونكە مرۆڤ هیچ دەرفەتێكی بۆ رامان لە جوانی لەبەر دەستدا نەماوەتەوە. ژیان كەوتۆتە نێو گومان و تووندوتیژییەوە. بە كورتى خەیاڵی داهێنان چەشنی زانستی تەكنۆلۆژی هەر تەنها بە داهێنانە یەك لەدوا یەكەكان و خێرایی زانیارییەكانی خۆی سەرسامە..
كەواتە ئەوەی بەرگری دەكات، سوبێكت نییە ئارەزووی ئۆبێكتە، بەڵام ئۆبێكت تەنیا چەمكێكە لەنێو گوتارەكانی سوبێكتدا، تەنیا لە چوارچێوەى سوبێكتدا دەتوانێ كۆبێتەوە. ئارەزووی ئۆبێكت لە سەروەری سوبێكتدایە. چەمكی (سەروەری) جۆرێك لە سەرگەورەیی بۆ سوبێكتی رسكاوی نێو خەیاڵی زمان و نائاگایی دەگەڕێنێتەوە، بەڵام زانستی تەكنۆلۆژیا و پەلهاوێژتنى بۆ پانتاییەكانی ژیان، ئارەزووی ئۆبێكتی لە كۆكردنەوە و سەپاندندا تێپەڕاندووە و لە خێرایی بڵاوبوونەوە و دابەشبوونی چێژدا گەمەی پێدەكات.. دەمەوێ بڵێم لە نائامادەیی چێژی كۆكراوەی ڤالووسیدا تۆڕە چێژ هەژمووندارە.
زانستی تەكنۆلۆژیا هەر تەنها خێرایی لە كۆكردنەوە و دابەشكردنی زانیارییەكان پرۆسیسە ناكات، وەك چۆن خەیاڵی داهێنان هەر تەنها كۆكردنەوەی پەیوەندیى چێژی خوێنەری جیاواز و چێژی زمان نییە. بە كورتی داهێنان گوێڕایەڵیكردن بۆ نەناسراوێكی رووت نییە، كە ئارەزووی جەستە و رۆبۆتەكانن.. كەواتە ئەو گۆڕانكارییە خێرا و سەیرورانەی لە گردبوونەوە و جێگیربوونەوە بەرەو بڵاوبوونەوە و دابەشبوونمان دەبات، گۆڕانكاری رووتی تەكنیكە.. میكانیزمی گومان و تووندوتیژیش رووتی تەكنیك و ئۆبێكتی خەیاڵ بەڕێوەی دەبات..
خەیاڵ كێیە، خێراییە یان ئەویدیكەی خوێنەر، تەكنیكە یان ئۆبێكت، پێكهاتەی زیرەكی دەستكردە یان بەشداریكەری داهێنان؟ بێگومان خەیاڵ نادیارە، خەیاڵ ئەوەیە، كە تەكنیك بەجێی دەهێنێ، تەكنیك بەرجەستەی دەكات، بۆیە هەرگیز (كێیەتى)یەكەی خەیاڵ بێ تەكنیك پێناسە ناكرێت، یان لەوەدا نییە پێناسە بكرێت.. کێیەتی خەیاڵ لەنێوان خێرایی دەستكرد و چێژی ئەویدیكەدا تەكنیكە، هەرگیز تەكنیكیش بۆ ئاماژەكان یان مانا دیاریکراوەكان ناگەڕێتەوە. کێیەتی خەیاڵ، ئۆبێكتی ئارەزوو و تەكنیكی خیرایی بەرهەمدەهێنێتەوە. دەتوانین بڵێین وێنەكانی خەیاڵ دەمامكی نائاگایی زمان و جیاوازییە. بەڵام ئەوەی وێنەی ئارەزووی جەستە و زانستی تەكنۆلۆژی لێکجیا دەکاتەوە، کردەی بەرهەمهێنانەوە و كاری سەرسامكەرانەیە! كۆبوونەوە و بڵاوبوونەوەیە..
هەمیشە وزەی كۆكراوەی خەیاڵ، بوونی خۆی لە بەرهەمهێنانی ئاستە جیاوازەکانی داهێناندا هەڵگرتووە. بەڵام رووتی خێرایی بوونی خۆی لە وزە دەرپەڕیووەكاندا هەڵدەگرێتەوە، كەواتە بەكارهێنانی ماتەوزەكانی داهێنان لە رێگای زیرەكی دەستكرد لە پێناو بڵاوبوونەوەیە.. بەشێكی گەورەی بڵاوبوونەوە لەپێناو دابەشبوونی بازاڕی زانیارییەكانە، لە دەركەوتنی سوود و چێژگەرایی و دووبارە دەركەوتنە. بەڵام دەركەوتنی داهێنانی خەیاڵ لە بەردەوامی ئاستە جیاوازەكانی بەرهەمهێنانەوەدایە.
وەك دەزانین زیرەکی دەستکرد هاوکاری داهێنان دەكات. داهێنانیش بە شێوەی جۆراوجۆر وزە متكراوەكانی دەخاتە خزمەتی زیرەكی دەستكردەوە. بەو مانایەش كردەی داهێنان ماتە وزە پۆشراوەكانی پێشكەش زیرەكی دەستكرد وەك رووتبوونەوەی دەركەوتن دەكات. لەبەرانبەریشدا زیرەكی دەستكرد وزە دەرپەڕێنراوەكانی خێرایی وەك نەپۆشین نیشان دەدات. لێرەدا داهێنان هیچی لە دەستنەداوە، بەڵکو لەژێر نەپۆشین پۆشینی بەدەستهێناوە! بە مانایەكی دیكە ئەوەی داهێنان بەدەستیهێناوە ئاستە جیاوازەکانی داهێنانی خەیاڵی پۆشینە. ئەوەی زیرەكی دەستكرد دەجوولێنێ، نەپۆشراوی خێراییە..
وزە دەرپەڕێنراوەكانی زیرەكی دەستكرد خەیاڵی نیین و لە زانینی پەتی دەردەكەون، بەڵام ئاستە جیاوازەکانی داهێنان جگە لە خەیاڵی داهێنان لە ئۆبێكتدا کورت دەکرێنەوە. بەو مانایەش وێنەی زیرەكی دەستكرد بەر لە دەركەوتن لە مەحاڵی نەپۆشیندایە. تاکە ئیمکانی رووتی داهێنان لە ئاستە جیاوازەکانی بەرهەمهێنانەوەی داهێناندایە..

ماتەوزە و وزەی دەرپەڕیوو
ئارەزوو/ تەكنۆلۆژیا
چەمكی (پەیوەندى)ی لەگەڵ ئەویدیكەی جیاواز و خەیاڵی داهێنان لە چەمكی ئارەزووی جەستەدا كۆدەبێتەوە. چەمكی (روو-بە-روو) بوونەوەی زانیاری و خێرایی لە چەمكی رووتی زانستی تەكنۆلۆژیادا بڵاو دەبێتەوە! بەو مانایەش ئامادەیی (ئارەزوو/ رووتی) دەرفەتى بەیەكەوەبوون و بڵاوبوونەوە، دەرفەتى دەرپەڕاندنی وزە متبووەكان و وزە دەرپەڕیووەكان ئاسانتر نیشان دەدات. واتە لەلایەك خوێندنەوەی ئارەزوومەندانە بۆ گەیشتن ئاسانتر دەكەوێتەوە، لەلایەكی دیكە مەرج نییە لە هەموو پەیوەندى و رووبەڕووبوونەوەیەكدا، لە هەموو (ئارەزوو) و (رووتی)یەكدا دەرفەتی كۆبوونەوە هاوتای دەرفەتی بڵاوبوونەوە بێت! چونكە لە فرە زانیاری و فرە رووتیدا پانتایی بڵاوبوونەوە و دابەشبوونی چێژ لە پانتایی چێژی كۆبۆوەی ئارەزوومەندانە فرەوانترە.. چونكە بەجێهێنانی چێژی وزە دەرپەڕیووەكانی (زانیاری-نەپۆشین) لەگەڵ پرۆسەی بەجێهێنانی چێژی وزە متبووە كۆبۆوەكان جیاوازە..
چێژی زانستی تەكنۆلۆژیا كە بڵاو و دابەشكراوە، لە گۆڕانكاریی بێكۆتایی هەنگاو بەرەو بانگێك لە بەرزایی نەبینراوەوە دەنێت، بە خێرایی زانیاری و خەیاڵە پڕ چێژەكانیانەوە دەبن بە دراوسێى چێژی وزە متبووە كۆبۆوەكان، یان بوونە ئەخلاقییەكەى ئارەزووی جەستە، لەو لێكنزیكبوونەوەیەدا خێرایی زانیاری دەیەوێ خەیاڵەكانی ئارەزووی جەستەی (دراوسێ) بخاتە ژێر پرسیار و تاقیكردنەوەی زانستییەوە و دواتر ئارەزوو چەشنی ئۆبێكت جێبهێڵێت!.. جێهێشتنی ئارەزووەكانی جەستەی دراوسێ وەك ئۆبێكت لە زۆربەی رووەكاندا دەلالەت لە پێشكەوتنی خێرای زانیاری و رووتی زانستی و بڵاوبوونەوە و دابەشبوونی سوودگەرایی و چێژ دەكات.
بەمجۆرە (پەیوەندى)ی ئارەزوومەندانە دەلالەت لە بەرپرسیارێتى ڤالووسی و بەرهەمهێنانەوە دەكات. بەڵام (روو-بە-روو) زانیاری و خێرایی ئاشكراكردنى ڕووتییە، لە هەر رووتییەك رووتتر.. هەڵبەتە پەیوەندی ئارەزوومەندانە هەوڵدەدات چەمكی رووبەڕووبوونەوەی زانیاری و خێرایی بخاتە بەردەم تەحەدایەكى ئەخلاقىیەوە، بەوەی یان دەبێت میواندارى لە چێژی ئارەزووی جەستە بكات، یان مۆدیلی تەكنۆلۆژی وەك مۆدیلێكی بێ مۆراڵى بسەلمێنێت. بێگومان بنەمای ئەو تەحەدایە لە ململانێی رەسەنێتی و ناڕەسەنێتی جوانتر دەردەكەوێت.. بە دڵنیاییەوە ئەگەر چەمكی خەیاڵ لەو خوێندنەوەیەدا وەلا بنێین، ئەوە تەحەدای مۆڕالی تاكە هەوڵێكە بەرانبەر نەزمى داگیركارانەی چێژی تەكنۆلۆژیا بوەستێتەوە.
ئەگەر ئارەزووی جەستە و ئاوێزانبوون وەك سیمایەكی ژاكاوی پەیوەندی نێرسالارانە تەماشا بكەین، ئەوە هێشتا مۆدیلی تەكنۆلۆژیا شتانێكی مێسالارانەی جیاوازی لەپێشەوەیە، كە بتوانێ دووبارە بیبەخشێتەوە و بەشى بكات! واتە مۆدیلی تەكنۆلۆژیا (وەك پەیوەندی و رووبەڕووبوونەوە) هێشتا بەرپرسیارە لە پێشوازییكردنی نێرسالارانەی ئەخلاقیی.. بەڵام پرسیار ئەوەیە، ئایا بانگی بڵندگەرایی مێسالارانە، بانگی پێدانى ئەدرەسی رووتبوونەوەیە، بە ئارەزووی نێرسالارانە.. تاكو لە سێنتەرگەرایی بێتە دەرەوە و بە دابەشبوون رازی بێت؟
لەبەر ئەوەی ئەویدیكەی جیاواز چیدی لە ماڵی نێرسالارییدا نییە و لە ژێر ئاسمانێكى بێ پەچەتر و بڵاودایە. لەبەر ئەوەی چیدی ئارەزووی جەستە ئارەزووی خستنەناوەوەی كۆبۆوە بەرانبەر بڵاوبوونەوە و دابەشكردن نییە، لەبەر ئەوەی ئەوە تەكنۆلۆژیایە دەبێتە زانیاری و خێرایی، نەك ئارەزووی جەستە.. ئیتر ئەو ململانێیە دەبێتە تووندوتیژیى بەرانبەر ئەو ئارەزووەی ماوەتەوە.. بەرانبەر ئەو سوبێكتەی بە هۆی تێپەڕاندنى كاتى تێپەڕێنراو دەكێشێتەوە و دەكەوێتە نێو ڕابردووەوە و لە ئێستا وندەبێت. ئەگەرچی ئەو سوبێكتەی ماوەتەوە هەمیشە پەیڕەوى دراوسێتیەكی باش دەكات، بەدەم بانگییانەوە دەچێت، با ئەدرەسەكە هەڵەش بێت..
ئازارى ئەدرەسی هەڵە لە كوێیە؟ لەوێوەیە كاتێك ئەو سوبێكتەی ماوەتەوە، ئەو ئارەزووەی لەبەرانبەر فرە زانیاری و خێراییدا ماوەتەوە، ئەو رەسەنە، وندەبێت.. وندەبێت بەرانبەر گوتاری ناڕەسەنی دەرەوە كە لە قسەكردن بە واتا سادەكەى زیاترە، لەوێشەوە هەر كە لە خۆی دەڕوانێت شەرم لەخۆی دەكات و ئارەزووەكانی دەكشێنێتەوە لە كشانەوەشدا پێش هەموو پرسێك داواى (ببوورە) دەكات.

پرسی (ببوورە)
لە تاقیكردنەوەی زانستیدا
تەكنۆلۆژیا لە ماوەی كاركردنیدا زانیارییەكی خێرا و زۆری ئاشكرا كردووە.. لەبەرانبەردا ئارەزووی سوبێكتی رەسەن پرسی میوانداریى (دراوسێی)ی بێمەرج بەرز دەكاتەوە.. واتە بە جۆرێك لە جۆرەكان ئارەزووی سوبێكت لەبەرانبەر چەمكی بڵابوونەوەی تەكنۆلۆژیدا دەستی لە چەمكی كۆبوونەوە شلكردووە.. بەڵام لای زیرەكی دەستكرد ئەو دەست شلكردنە بەنێو تاقیكردنەوەی زانستیدا نەڕۆیشتووە.. هەر شتێ بەنێو تاقیكردنەوەی زانستیدا رەتنەبێت، زیرەكی دەستكرد نایخوێنێتەوە.. كەواتە ئەگەر بمانەوێت بە درووستى لە پرسی (ببوورە) تێبگەین، ئەوە دەبێ بە تاقیكردنەوەی تەكنۆلۆژیایی بڵاوبوونەوەدا تێپەڕین..
پرسەكە ئەوەیە ئارەزووی سوبێكتی رەسەن لە دەستى كێ داوای لێبووردن دەكات؟ ئایا تەكنۆلۆژیا داگیرى كردین.. پرسی ببوورە ڕزگارمان دەكات؟! هەڵبەتە (ببوورە) وەك نەریتێكى مرۆڤدۆستانە لە دێرزەمانەوە هەبووە و هێشتایش هەر ماوە، بەڵام هەرگیز تەكنۆلۆژیا (زیرەكی دەستكرد) فریای دووبارەكردنەوەی ئەو پرسانە ناكەوێت، تەكنۆلۆژیا داكۆكی لە خێرایی و زانیاری دەكات وئاوڕناداتەوە..
كەواتە ئەو هاودەنگییەی لەنێوان زانیاریی و خێرایی درووست بووە، لەنێوان بڵاوبوونەوە و دابەشبوون درووست بووە، بەشێك لە هۆكارەكانى هەم قەتیسكردنی مرۆڤدۆستییە لە پیاوسالاری (سەركێشییەكانی ڤالووس)، هەمیش پێشكەوتنە خێراكانی مێسالاری و رووتییە، هەم گۆڕینى دراوسێ بوو لە بەدەمداچوونیی بێ مەرجەوە بۆ چێژ و قازانج و قۆستنەوەى وەك بارمتە..
بەمجۆرە زانیاری و خێرایی چیدی دەرفەتی ئاوڕدانەوەی لە دراوسێ نییە، تەنها وەك بارمتەی پڕ چێژ و سوود نەبێ، نایخوێنێتەوە.. ئیتر تەكنۆلۆژیا روخسارى دراوسێی لە دەرەوە و بۆ دەرەوە دەوێت، دراوسێ وەك ئۆبێكت بەكار دەهێنێت.. كاتێك تەكنۆلۆژیا لە دەرەوە لە سیماى بارمتە، لە سیمای دراوسێ دەڕوانێت، بۆ یارمەتیدانی ئەدرەسی هەڵەی خۆی پێدەدات.. نەك لەبەر ئەوەی خانەخوێ كۆنترە لە بارمتە، نەك لەبەر ئەوەی تەكنۆلۆژیا بەردەوام گۆڕانكاری و سەیرورەیە و خانەخوێ لەبری بارمتە جێى جیاوازی گرتۆتەوە.. نەك لەبەر ئەوەی تەكنۆلۆژیا ئەویدیكەیەكی كۆچەرییە و ئاوڕ ناداتەوە، ئەگەرچی خێرایی و زانیارییەكانی چەوساندنەوەى جیاوازیشی لێبكەوێتەوە.. یە كورتی تەكنۆلۆژیا فریا ناكەوێت لەبرى زانستی تاقیكردنەوە لەگەڵ پرسی (ببوورە) ئەخلاقى بێتەوە! جگە لەوەش ئەخلاقیبوونى تاقیكردنەوە لە خێرایی كەم ناكاتەوە.. خێرایی زانیارییەكان بەرپرسیارێتیان نییە.. زیرەكی دەستكرد لە رووى ئەنتۆلۆژییەوە نا-ئەخلاقییە. تەكنۆلۆژیا لەو تووندوتیژییەدا، كە تووندوتیژیى تۆتاڵێتییە و تووندوتیژییەكەی لە خێرایی دەرچووە.. بەردەوام گەمەى بارمتەكان و هەڵگەڕانەوە و جێگۆڕكێ دەكات. لەبەرانبەریشدا سوبێكت كە بارمتەى زمانی نائاگایی و جیاوازیی و داهێنانە لە (ببوورە)دا هاوبەشى تەكنۆلۆژیا بكات، كە دیسان هەر تەكنۆلۆژایە.

هەولێر 12/1/2025
عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا




ئارەزووی گێڕانەوە، ئاشكراكردنی ئارەزوو.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

بە گشتی هەموو سەردەمێك ئارەزوو (یان پاڵنەر)ی گێڕانەوەی خۆی هەیە، بۆیە نابێ لێکچوونی نێوان گێڕانەوەكان بە تێنەگەیشتنی ئارەزوو سەرسام نەبێت و وامانلێبكات تەنها بڕوامان بە لێهاتوویی و شارەزایی و ئەزموون هەبێت! ئەگەرچی لێهاتوویی و شارەزایی و ئەزموون بەربەستەکان دەکاتە ئامراز و نەگونجاوەكان دەکاتە هاوپەیمان.. كەواتە ئەوەی پێویستە دەستنیشانیان بكەین، ئەو جیاوازییانەیە، كە لەنێوان خودی گێڕانەوە و ئارەزووی كاراكتەرەكاندایە، لەنێوان نێوەندگیری ئارەزوو (یان بابەتی ئارەزوو) و ركابەردایە.. لێرەوەیە، كە خودی ئارەزوو مەودای نێوان گێڕانەوە و پاڵەوان و بابەتەكە دەبڕێت. دەمەوێ بڵێم لەلایەك پێویستە جیهانی سەربەخۆی گێڕانەوە و كاراكتەرەكان لە یەكتر جیا بكەینەوە، لەلایەكی دیكە دەبێ باس لە ئەگەرەكانی نێوەندگیری دەرەکی و ناوەكی بكەین، نەبادا نێوەندگیری ناوەندی یەکێکیان و ویستی کەسی ناوەندی ئەویدیکە داگیر بکات. هەر لەسەر ئەو بنەمایەش باس لە نێوەندگیری بەیەكداچوو دەكەین.

سێگۆشەی ئارەزوو
مرۆڤ وەک گەورەترین نهێنی دەمێنێتەوە، گێڕانەوەش وەك یەكەم گەڕانی ڕۆحی مرۆڤ، هەمیشە زانستەکانی دیكەی بە دوای خۆیدا رادەكێشێت. بەڵام لەگەڵ هەموو پێشكەوتە جیاوازەكانیش ئەگەر خەیاڵ نەبێت، مرۆڤ ناتوانێت بە تەنیا ئارەزووی شتێک بکات، بەو مانایە ئارەزووی مرۆڤ جگە لە بابەتی بەدواداگەڕان پێویستی بە لایەنی سێیەم هەیە، کە ڕێنمایی ئەو شتە بكات، کە ئارەزووی دەکات، دەشێ لایەنی سێیەم لە دەرەوەی ڕووداوی گێڕانەوەدا، خەیاڵ بێت. و لە ناوەوەی گێڕانەوەشدا ركابەر.
بەو شێوەیە لە گێڕانەوەدا پەیوەندی لەنێوان پاڵەوان و نێوەندگیردا سەرهەڵدەدات، بە مانایەكی دیكە لەگەڵ ڕەخنەگری فەرەنسی رێنێ جیرارد و (سێگۆشەی ئارەزوو- مثلث الرغبة)دا تیشک دەخەینە سەر گێڕانەوە و خواستی لاساییكردنەوە. (رێنێ جیرارد) پێمان دەڵێت، کە ئارەزووەکانمان لە ئێمەدا بوونیان نییە، تەنها لاساییكردنەوە و دەنگدانەوەی ئارەزوو و خواستەکانی ئەوانیدیكەن، هەرگیز ئارەزووەکانمان پاڵنەری تاکەکەسی نین، بەڵکو پاڵنەری بە کۆمەڵ و کۆمەڵایەتین.
كەواتە بۆ روونکردنەوەی گەورەترین و ئاڵۆزترین بابەتەکانی پەیوەست بە هۆشیاری مرۆڤ و (ئارەزوو)ەوە قسە لە پرسی ئازادی هەڵبژاردن (خەیاڵی هەڵبژاردن) دەكەین. لەو قسەكردنەشدا مەبەست ئەوەیە، کە بڵێین پەیوەندی نێوان کەسی ئارەزووخواز و بابەتی خوازراو پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ نییە، بەڵکو بە نێوەندگیر(یان ركابەر)دا تێدەپەڕێت! لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت، کە ئارەزوو فۆرمی نوێنەرایەتیکردنی ئارەزوو وەردەگرێت، کە هەر (سێ) لایەنەکەی ئارەزوو، واتە (کەسی ئارەزووخواز و نێوەندگیر و مەبەستی خوازراو) دەگرێتەوە. رێنێ جیرارد لە بنیاتنانی ئەم تیۆرییەدا پشت بە تیۆری لاساییکردنی (ئەفلاتون) دەبەستێت، کە (ئەرستۆ) فراوانتری کردووە و ڕەهەندێکی ڕەفتاری بۆ زیاد کردووە، كە بە گێڕانەوەی خەیاڵی ناسراوە. بەو مانایەش بە بۆچوونی جیرارد، ئەو بیرۆکەیەی کە هەموو ساتێک ڕۆڵی ئارەزوو-پاڵنەر لە گێڕانەوەدا دەگێڕێ و هەموو بیرۆکەکانی دیکە بۆی دەگەڕێنەوە، سێگۆشەی ئارەزووە.
ئەنترۆپۆلۆژیست و ڕەخنەگری ئەدەبی (رێنی جیرارد) لە ساڵی ١٩٢٣ لە شاری (ئەڤینۆن)ی فەرەنسا لە باوکێکی کۆماریخواز و عەلمانی و دایکێکی دینداری کاسۆلیکی لەدایکبووە. لە نێوان ساڵانی ١٩٤٣ بۆ ١٩٤٧ لە قوتابخانەیەکی ئامادەیی لە (پاریس) پسپۆڕی مێژووی سەدەی ناوەڕاست بووە، دواتر لە ساڵی ١٩٤٧ بۆ خوێندن گەشت بۆ (ئەمریکا) دەکات و لە ساڵی ١٩٥٠ بڕوانامەی دکتۆرای لە زانکۆی (ئیندیانا) بەدەستهێناوە، هەر زوو لەوێ ئەدەبیاتی خوێندووە. پاشان لە ساڵی ١٩٥٧ ڕووی لە زانکۆی (جۆنز هۆپکینز) کرد، لە ساڵی ١٩٦٦ بەشداری سیمپۆزیۆمێکی (ندوة) نێودەوڵەتی لەسەر (زمانی رەخنە و زانستە مرۆییەکان) دەكات، کە تێیدا بەشداربووان بریتی بوون لە رۆلان بارت، ژاک دێریدا و ژاک لاکان.. لە ساڵی ١٩٦٨ جیرارد لە زانکۆی (بوفالۆ) رووی لە وانەگوتنەوە کرد، تا ساڵی ١٩٧٢، دواتر بۆ زانکۆی (جۆنز هۆپکینز) گەڕایەوە. لە ساڵی ١٩٨٠ جێیهێشت و ڕووی لە زانکۆی (ستانفۆرد) کرد و تا دوای خانەنشینبوونی لە ساڵی ١٩٩٥ لەوێدا مایەوە و لە ساڵی ٢٠٠٥ پەیوەندی بە ئەکادیمیای فەرەنسییەوە کردووە و بووە ئەندامێکی دیاری ئەو ئەکادیمیایە.. (رێنی جیرارد) لە كتێبی (الكذبة الرومانسية والحقيقة الروائية، ترجمة الدكتور رضوان ظاظا، ومراجعة الدكتور سعود المولى، بیروت 2008، ص522- )دا دەڵێت: مرۆڤ بۆ ئەوەی ئارەزووی شتێک بکات، پێویستی بە لایەنی سێیەم هەیە، کە (ركابەری) لەسەر ئەو شتە بكات، کە ئارەزووی دەکات، وەك چۆن قسە لە سێگۆشەی ئارەزوو دەكات، ئارەزووی لاساییكردنەوەش بیر دەخاتەوە و ئاماژە بۆ قووڵاییە کلتورییەكەی دەكات.
سێگۆشەی ئارەزوو بۆ خوێندنەوەی ڕۆمان بەو ئەنجامە دەگات، کە پاڵەوانی ناو ڕۆمان کاتێک ئارەزووی هەر شتێک دەکات، پێویستی بە نێوەندگیرێکە كە لەسەر (بابەتی خوازراو- ئۆبێكت) ركابەری کەسی ئارەزووكەر (سوبێكت) بكات و رووناکی بکاتەوە. ئەوەی گوزارشت لەو پەیوەندییە سێ قۆڵییەش دەکات (بۆشایی خوازە)یە، دەتوانم بڵێم بۆشایی خوازە، بۆشایی خەیاڵی نێوان ئارەزووخواز و ركابەرە، کە بە شێوەیەکی سروشتی سێگۆشەکە بەیەكترەوە دەبەستێتەوە. كتێبی ناوبراودا ئارەزوو وەک گێڕانەوە ناو دەبات.
لە ڕوانگەی جیراردەوە لە رۆمانی (دۆن کیشۆت)دا ئەوە دۆن کیشۆت و ئەمانیسی راستگۆیە دەستبەرداری ئیمتیازە سەرەتاییەكانی فەردانیەت بوون، واتە چیتر دۆن كیشۆت ئارەزووی خۆی هەڵنابژێرێت، بەڵکو ئامادیس بەناوی خۆیەوە هەڵیاندەبژێرێت. لەوێشەوە بەپەلە بەرەو ئەو بابەتانە دەڕوات کە (مۆدێلی سوارچاکی)یە، (واتە رێنی جیرارد مۆدێلی سوارچاكی وەك نێوەندگیری) ئاماژە پێدەکات و بە نێوەندگیری ئارەزوو ناوی دەبات. بە بۆچوونی جیرارد، ژیانی سوارچاکی لە لاساییكردنەوەی خەونەکانەوە هاتۆتە بەرهەم..
بەڵام کێشەی مرۆڤی مۆدێرن بێهودەییە، وەك چۆن ئەو مرۆڤە خۆبەزلزانە رۆمانسییە ناتوانێت ئارەزوو لە قووڵایی خۆیەوە دەربهێنێت، بەڵکو لە کەسانی دیکەی قەرز دەکات. پاڵەوانەکانی فلۆبێر جگە لەوەی خۆیان مۆدێلێکن و دەتوانرێت وەك جووڵە، تۆنی دەنگ و جل و بەرگ لاسایی بکرێنەوە، بەپێی ئەویدیکەش كار دەكەن.. لە رۆمانەكانی فلۆبیردا ئیما بۆڤاری لە رێگای پاڵەوانانی ڕۆمانە ڕۆمانسییەکانەوە، كە خەیاڵیان سیخناخ كردووە، هەست بە ئارەزووی خۆی دەکات. واتە كاراكتەرەكانی فلۆبیر دووچاری هەمان نەزانی و هەمان لاوازی و نەبوونی و هەمان کاردانەوە و ملکەچی پێشنیاری هەمان ژینگەی دەرەکیین، هەموو ئەوانەش بەهۆی نەبوونی پێشنیارێك لەلایەن خۆیان و ناوەوەی خۆیانەوە..
دەشێ بە بۆچوونی رێنێ جیرارد هەموو بەرهەمە خەیاڵییەکان لە دوو بنەمادا كۆبكەینەوە، چونكە بەرهەمە خەیاڵییەكان خەسڵەتە لاوەكییەكانیان زۆر تێدا بڵاوە. بۆیە بۆ بنەمای یەكەم، دەتوانین باس لە نێوەندگیری دەرەکی بکەین، كە مەودایەكی تەواویان لەنێواندا هەیە، بۆ ئەوەی ئەگەرەکانی گێڕانەوە لە رۆمانەكاندا بەیەكدانەچن، یان نەبادا نێوەندگیری یەکێکیان ئەویدیكەیان داگیر بکات. بنەمای دووەم، دەشێ باس لە نێوەندگیری ناوەكی بکەین، کاتێک كاراكتەری رۆمانەكان بەیەكدادەچن، یان دوو بازنە لە گێڕانەوەدا بە قووڵی بەنێو یەکتردا تێدەپەڕن! لە بنەمای یەكەمدا لە رووی ماددییەوە تا ئەندازەیەك دەتوانین مەودای نێوان بابەت و کەسی ئارەزووخواز بپێوین، بەڵام لە بنەمای دووەمدا لە رووی مەعنەوییەوە مەودای نێوانیان ناپێورێت. دۆن کیشۆت و ساشۆ قوربانی ماددیین و ناتوانرێت نێوانیان لە مەودای کۆمەڵایەتی و فیکریی تەجاوز بكرێت. بەڵام لە رووی مەعنەوییەوە هاوخەیاڵن. بۆیە لە رووی مەعنەوییەوە لاساییكەرەوەی خەیاڵن و ئەوانەی حەز لە گەمەی خەیاڵی دەكەن، دووچاری دووبەرەكی ناوەكی دەبنەوە، چونکە بونیادی خەیاڵی بە خێرایی دەبێ بە بڕوا و ھاوشێوەکردنە ماددییەکە دەرووخێنرێت و سروشتی ئەبستراکت وەردەگرێ و لەوێشەوە پارچەپارچەبوون و نیگەرانی پیادە دەكات. بەڵام هەردووكیان لەسەر شاردنەوەی بوونی بابەتی نێوەندگیری کۆکن.
كەواتە نێوەندگیری خەیاڵی هەمیشە دەڵێ هەموو ئەم بابەتانەی تۆ هیچ نین جگە لە وەرگێڕانێکی جوانکارییانەی خەیاڵ نەبێت. بەو مانایەش نێوەندگیری ناوەكی راستەوخۆ پەیوەندی بە هەموو ئەو ئارەزووانەوە دەكات، كە هەمووان بەرگری لێدەکەن. لێرەوە دەتوانین بڵێین كێشەی پەیامی رۆمانی كلاسیكی لە دەستنیشانكردنی چەمكی ئارەزوو دەگەڕێتەوە بۆ بەرجەستەكردنی خودبوون. (بۆ زێتر بەدواداچوون بڕوانە ل37، ه.س.پ).

ئارەزوو و ركابەریكردن
لە مۆدێرنەدا چەمكی رکابەری بەهۆی هاویەكبوونی دوو ئارەزووكەر بۆ یەک بابەت سەرهەڵنادات، بەڵکو بابەت ئارەزووی خود دەکات. دۆزینەوەی مۆد ئاسانترین دیارخەری ئەو بێهودەییەیە، کە ئەمڕۆ لەگەڵ خۆی دەمانبات. ئێمە دەبینین بۆ نموونە ژنان ژیانیان بە کڕینی جل و بەرگ و ئیکسسوارات بەسەر دەبەن، نەك بۆ ئەوەی سوودی لێوەرگرن، بەڵكوو بۆ ئەوەی لاسایی بکەنەوە، لەبەر ئەوەی بابەت ئارەزوویان دەكات. هەروەک چۆن ئەو گەنجانەی کە لاسایی ئەستێرەکانی وەرزش، یان سینەماكاران دەکەنەوە و هەریەک لەمانە زیادەڕەوی لە سۆز و جیاوازی کەسی و چێژی خۆیان دەکەن، کە هەیانە، یان بە شێوەیەكی سروشتی پێیان بەخشراوە.. مرۆڤایەتی بۆ ئەوەی هەوڵبدات کەسایەتییەکی تر جگە لە کەسایەتی خۆی وەربگرێت، هەوڵدەدات لە رێگای لاساییكردنەوە خۆی بگۆڕێت بۆ کۆپییەکی رووکەش. هەڵبەتە ئەوە رێگایەكە، کە مرۆڤی مۆدێرن لە ناوەڕۆکەکەی بەتاڵ دەكاتەوە و وای لێدەكات تووشی بۆشایی و بیابانبوونی ڕۆحی و بە بابەتبوون بێت.
مرۆڤی تەكنۆلۆژی (مۆدێرنە) ئیگۆیەکی هەیە، کە لە خۆیدا توانای ئارەزووكردنی خۆی لە پێناو بەبابەتبوون لەدەستداوە… ئەگەرچی لە رووی تەكنۆلۆژییەوە هەمیشە بەرەو پێش دەچێت، بەڵام هەتا لە كۆكردنەوەی زانیارییەكان و چالاكییەكانیشدا هاوتای لاساییکردنەوەی سۆز و سۆزی تاکە جیاوازەکان نییە. ئێمە جلوبەرگێکی ئارەزوومەندانە و سۆز و شکۆمەندیی خۆمان دەپۆشین.. چالاکیی خەیاڵی ئێمە لە هەموو تەمەنەکاندا پەیوەستە بە سێگۆشەی ئارەزووەوە… بەو مانایەی كە مرۆڤ لە سیحری سێگۆشەی ئارەزوو دەرناچێت، كە دەرچوو، تووشی بەبیابانبوون دەبێتەوە.
مرۆڤ سیحری ئارەزووی لێنابێتەوە، تەنها لە لێواری مردندا نەبێت. لە وەسفەکەی رێنێ جیرارددا ڕوونە کە لاساییکردنەوەی کوێرانەی پیاوانی ئایینی یان بانگخوازێک لە وەسوەسەی سەرسامبوون بە یاریزانێکی تۆپی پێ، كەمتر نییە.. بۆیە ئەوانەی توانای بیرکردنەوەی سەربەخۆیان نییە، ئەوانەی هەستە راستەقینەکانیان لە تێکەڵەیەکدا لەدەست دەدەن، بە شێوەیەکی شەخسی ئارەزووی ئەویدیكەی دراوسێ دەكەن، لە بێهوودەییدا دەژین. بە كورتی رێنێ جیرارد ئاماژە بە کورتە قسەیەکی بیرمەند (ماکس شێلەر) دەکات، كە دەڵێت: مرۆڤ یان خودایەکی هەیە یان بتێکی هەیە. لەوێوە باسی ئەوە دەکات، چۆن مرۆڤ بزانێت کە خۆبەزلزانە؟ بۆچی (بۆ نموونە) زۆربەی چیرۆکە خۆشەویستییەکان دوای هاوسەرگیری شکست دەهێنن؟ بێگومان چونکە ئەو خۆشەویستییە پەلەی تێدا كراوە. خۆشەویستی پاڵنەرێکی راستەقینەی هەستەکان نەبووە، بەڵکو لەبەر لایەنی سێیەمە كە ئیرەیی وڕوژاندووە، خۆبەزلزانینەکەی ناوەوەی وڕوژاندووە بۆ ئەوەی کێبڕکێ بکات… بەڵام دوای ئەوەی مەترسی رکابەرەکەی تێپەڕاندووە، دوای ئەوەی كە ئەویدیكەی ركابەردەبڕێت، ئیتر دەكەوێتە بۆشاییەوە، ئیتر ئیرادەی ئازادی خۆی بەجێدەهێڵێت و دەبێتە عاشقێكی شكستخواردوو.
بە دیوەكەی دیكەش لەبیرمان نەچێ بەدەرنانی ركابەر و غیابی پەیوەندی لەگەڵ ئەویدیکەدا کەسایەتی دووچاری شێوانی دەروونی دەكات. كەواتە وەك چۆن خۆبەزلزان نابێتە هۆی رەزامەندی.. نەرگزییەتیش نابێتە هۆی ڕەزامەندی، بەڵکو لە دوو لاوە دەبێتە هۆی بریندارکردن. بەو مانایەش سڕینەوەی هێڵی نێوان خود و ئەویتر، لە ناوەوە و دەرەوەدا مرۆڤایەتی بریندار دەكات.
لە نێوان نەرگزییەت و خۆبەزلزان و سڕینەوەی ئەویدیكەدا ئەزموونی سەركەوتوو بریتییە لە پارێزگاریكردن لە مەودای پەیوەندییەكان ئەوەی (ئارسەر شوبنهاوەر) وەك (دووفاقی ژووژك- معضلة القنفذ) قسەی لێكردووە.. (هونەركاری ئەدەبیش لەوەدایە كە ئاست و مەودای رەگەزە ئەدەبییەكانی بپارێزێت) واتە بەبێ ئەوەی لە پەیوەندیدا بڕێک – کە رەنگە زۆر بێت – زیان بەیەكتر بگەیەنین و بێتە هۆی لاوازبوونی پەیوەندییە مرۆییەکان، پێویستە لە پەیوەندیگرتندا مەودایەك هەبێت، یان بە مانایەكی دیكە پێویستە سنووری ئازادی یەكتری بپارێزین.
كەواتە درووستی پەیوەندی نێوان خود و ئەویتر، نێوان رەگەزێك و رەگەزێكی دیكە، هەر ئەوە نییە، كە خود بەدوای ئازادی خۆیدا دەگەڕێت، بەڵكوو ئەوەیە، كە بە دوای ئازادی ئەویتری خۆیدا دەگەڕێت، لە ئەویتردا. لەو زنجیرە گەڕانەدا، لە ئەرزشدانان بۆ ئازادی ئیگۆ درێژ دەبێتەوە بۆ ئەوەی ئەویدیکەش بە ئازادی خۆی بگات. بەو مانایە خۆخۆشەویستن بە نەرێنی تەماشا دەكرێت، تا ئەو ئەندازەیەی کە خود ئەویدیکە لە بەرژەوەندی خۆیدا بێبەها نەکات! رێز لە سنووری ئازادییەكانی ئەویدیکە بگرێت.. كەواتە بەریەککەوتنی درووستی پەیوەندییەكان بەو مانایە دێ، کە هەمیشە دووری نێوان خۆت و ئەویدیكە لە رێگای داننان بە سنوورەكانی ئازادی بپارێزیت. لە بەرانبەردا خۆبەزالزان و نەرگسییەت بریتییە لە کاڵکردنەوەی سنوورەکانی ئازادی. پەیوەندی درووست و ئەرزشدانان بۆ ئازادی و ئازادی ئەویدیكە شادیبەخش و دڵخۆشکەرە.. واتە کاتێک دوو شوناس پێکەوە کۆدەبنەوە، یەکتری تەواودەکەن، چێژ و شادی بە یەک دەبەخشن. ئەگەرچی وەك (زیگمونت باومان) دەڵێت دەست بخەیتە سەر هەر بژاردەیەک، شتێک بەدەستدەهێنیت و شتێک لە دەستدەدەیت. هیچ رێگایەکی تر نییە. بەداخەوە ناتوانیت هەردووکیانت هەبێت. بۆیە خەڵک خۆی بۆ یەکلا نابێتەوە، ڕاڕا و دوودڵە. ئەگەرچی هەمیشە چانسی ژیانێکی تر هەیە.

ئەفسانەی ئارەزوو و ئەفسانەی گێڕانەوە
لە ڕۆمانی (غەریب)ی (ئەلبیر کامۆد)ا پاڵەوانە زیندانیکراوەکەی دەڵێ: سەرەتای بەندیم سەخت بوو، بەڵام هەوڵمدا و بەسەرییدا تێپەڕیم.. من لە زینداندا بە ئارەزووی ئازار دەچووم، ئەوەش شتێکی ئاسایی بوو. هێشتا گەنج بووم، تەنیا بیرم لە (مێری) نەدەکردەوە، بەڵکو بیرم لە هەموو ژنێک دەکردەوە… بیرم لە هەموو ژنێک دەکردەوە… لە هەموو ئەوانەی کە لە ژیانمدا ناسیبووم… لە رێگای ئەفسانەی ئەو گێڕانەوەیەدا لە ئەفسانەی ئارەزوو و ئارەزووی ئەفسانە دەگەین. تێدەگەین، كە ئارەزوو و ئەشکەنجە لێكدوور نیین، بۆیە بیرکردنەوە لە مێینە و ئارەزووکردنیان لەناو زینداندا، واتە بەدیهێنانی ئارەزووەكانم، كە خەونی ئارەزووی ئەویدیكە رەنگ دەكات. بەڵام ئایا زیندانیکردن کاریگەری نەرێنی لەسەر بینینی خەونەكانی من نییە، بۆ تێرکردنی خەونی ئەو ئارەزووانەی كە پێشتریش لە دەرەوەی ژووری رەشدا هەر خەون بوون، ئایا لە زینداندا خەونی ئارەزوو ئەفسانە نییە؟
(ئەلبیر كامۆ) لە رۆمانی (غەریب)دا هەوڵدەدات دەست بۆ خەونی ئەو پرسیارە سەرەكی و لاوەكییانە بەرێت و بڵێ کەسایەتی زیندانیكراو گوزارشت لە دیاردەیەکی نەرێنی دەکات، بەدیوەكەی دیكەش ئەوە دەخاتە روو، كە ئارەزووە بەدینەهاتووەكان بەبێ ئازادی مەیسەر نابێت، بەڵام خۆ ئارەزوو چ لە ناوەوە بێ یان لە دەرەوە هەڵگری هیچ فۆڕمێك نییە.. ئایا ئەوانەی ئازاد نیین فۆڕمییان هەیە؟ بێگومان خەونی بە فۆڕمبوونیش بۆ خۆی پرسیارە، بۆخۆی ئەفسانەیەكە و مێژووی سەرکوتکردن لەناو کەسایەتی (كاراكتەری) رۆمانی غەریبدا دەینووسێتەوە!
كەواتە ئەفسانەی ئارەزووكردن.. ئەفسانەی هەموو ئەو خەونانەیە، ئەفسانەی هەموو ئەو فۆڕم و بێ فۆڕمانەیە، كە لە ئەفسانەی گێڕانەوەی (غەریب)دا رەنگیداتەوە. بۆ نموونە (ئەمڕۆ دایكم مرد) هەر بێ فۆڕمی نییە، خەیاڵی نامێژووییشە! (غەریب) بە خەیاڵی نامێژووییەوە دەناسرێتەوە. هەر لە سەرەتاوە دەبینین لە رۆمانی (سوور و ڕەش)ی (ستاندال)دا مەودای نێوان پاڵەوان و نێوەندگیرەکەی کەمتر نییە، لە هاوتاکەی لە ڕۆمانی مادام بۆڤاریدا.. بەڵام (ئەمڕۆ دایكم مرد) وەك دەستپێكی رۆمانی غەریب ئەم مەودایە تێدەپەڕێنێ و ئیرادەی ئازادی دەچەسپێنێ، ئەوەش ئەوەیە، کە لە بنەڕەتدا جیهانی سەربەخۆ لەو جیهانانە جیا دەکاتەوە، کە لە سەرەوە باسمان کرد. لە هەردوو باردا ئەفسانەکانی گێڕانەوە، ئەو خەونە زۆر کۆن و نوێیانەن کە بەڵگە بۆ سەلماندیان لەبەر دەستدا نییە، تەنها بەڵگەیەك كە هەبێت، ئەوەیە، كە لەسەر ئەفسانەی ئارەزووە چەپێنراوەكانی مرۆڤ درێژ دەبنەوە. چونكە ئەفسانەكانی ئارەزوو، ئارەزوو ئەو خەونانەن، كە ئەگەرچی چەپێنراون، بەڵام ڕەگەز و پێكهاتەکانیان شاراوە نیین، لەبەر هەندێ هەرچۆنیان لێكبدەینەوە لە سنووری مرۆڤ و دەروونی مرۆڤ دەرناچن. لە بنەڕەتدا ئارەزووی گێڕانەوە بۆ ڕاڤەكردنی جیھان، یان وەك بەرپەرچدانەوەی مرۆڤی سەرەتایی لە بەرانبەر ھێزە سروشتییە ناسراو و نەناسراوەکاندا داڕێژراون، بۆیە بەردەوام زاراوەی ئەفسانەی ئارەزوو تێكەڵ زاراوەی ئەفسانەی گێڕانەوە و ئاوێتەی ئەمڕۆ و دوێنێ دەبێت.
بە شێوەیەكی گشتی لەو نووسینەدا دەمەوێ لە رێگای (رۆلان بارت-أسطوريات، ترجمة د. قاسم مقداد، وصدرت عام 2012 عن دار التكوين،)ەوە خەسڵەتی مێژووییبوون لە ئەفسانەی گێڕانەوە و ئارەزووی گێڕانەوە بكەمەوە! ئەگەرچی مێژووی گێڕانەوە لە ئوستوورە نزیكە..
بە مانایەكی دیكە دەمەوێ بۆ ئەفسانەی ئارەزووی گێڕانەوە هانا بۆ لێكدانەوە جیاوازەكانی بارت‌ بەرم. چونكە رۆلان بارت وەك ئەنترۆپۆلییستەكان لە ئەفسانە ناكۆڵێتەوە، بەڵكوو وەك رەخنەگرێكی مۆدێرنی ئەدەبی قسە لە جۆرێكی دیكەی ئوستوورە دەكات، ئەویش ئوستوورەی سەردەمە! ئوستوورەی سەردەم لە رێگای ئارەزووی گوتارەوە، رابردوو و ئێستا و داهاتوو بەیەكەوە دەبەستێتەوە. لە (ئوستوورەی ئەمڕۆ)دا بارت پێناسەیەک، یان وردتر کۆمەڵێک پێناسە، بۆ ئەفسانە دەخاتە روو و دەڵێ ئوستوورە سیستەمێکی پەیوەندییە، نامە و فۆڕمێکە لە مانادا، هەموو فۆرمێکیش ملکەچی بەکارهێنانی بە کۆمەڵ و ملکەچی خواستەکانی گوتارێکە کە دەگۆڕێت بۆ ئەفسانە، وەك شێوەی قسەکردن، نووسین، وێنە، پڕوپاگەندە، وەرزش، چالاکییە کولتووری یان کۆمەڵایەتییەکان… كەواتە ئەفسانە لای بارت نە چەمکە، نە بیرۆکەیە و نە شتێکە.. بەو مانایەش رۆلان بارت ئەو کەسەیە کە ئەفسانە زیندوو دەکاتەوە و ئەو کەسەیە کە ئەفسانە دەکوژێت.
ئەفسانە قسەکردنە. بەڵام هیچ قسەكردنێك نییە، لە مێشکماندا یەکسەر پێکدادان لەگەڵ سێگۆشەی ئارەزوو درووست نەكات، هیچ ئوستوورەیەك نییە، دژایەتییەك لە پرۆسە و ڕێکخستنەوەی گرامەر دروست نەکات. ئەفسانە لە پێناسەی (بارت)دا ئەو رێگایەیە (بۆ نموونە کە نامە خۆی پێدەگەیەنێت) کەواتە بەرهەمی (قسەکردن – الكلام)ە، نەوەک زمان (اللغة).. هەمیشە ئەوەی دەگوترێت شتێک دەشارێتەوە، بەڵام چۆنیەتی گوتنی ئەوەی دەگوترێت گرنگە، نەك شێوانەكەی.. لە ڕاستیدا ئەفسانە نە درۆیە، نە دانپێدانان، بەڵکو ئارەزووی گێڕانەوەیە.

هەولێر 9/2/2025




سەركەوتنی رووتی زمان دەركەوتن لە پێناو دەركەوتن.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

بە چاوێكی پڕ لە بیركردنەوە و هەست، چاوێك كە (زمان) وەك بوونەوەرێكی چالاك تەماشا دەكات، بوونەوەرێك كە پرۆسیسەی پرسیارەكانی بوون و خەیاڵەكانی داهێنان و ئاگری بەرهەمهێنانەوە و نووسین خۆش دەكات، سەركەوتنی رووتی زمان دەنووسم. كەواتە بیركردنەوە و پرسیاری ئەو نووسین و خوێندنەوە و بەرهەمهێنانەوەیە لە پێگەی دال یان مەدلولدا كورت نابێتەوە، بە مانایەكی دیكە کتێبی (سەركەوتنی ئایین)ی (ژاك لاكان- وەرگێڕانی بۆ زمانی عەرەبی: محمد الحاج سالم- چاپی 2023) كتێبێكە روو لە دەرەوەیە! واتە زمانی نووسین لای لاكان زمانێكی باو نییە، زمانێكی نامۆیە، دەرگا لە غەریبەكان، فەرهەنگەكان، گێڕانەوەكان، حیكایەتەكان واڵا دەكات.
ژاك لاكان لەو كتێبەدا هۆی سەركەوتنی ئایین بۆ سەرنەكەوتنی شیكردنەوەی دەروونی دەگەڕێنێتەوە. پێیوایە هەر لە سەرەتاوە ئایین بە دەوری مانادا دەخولێتەوە، ئایین مانا بەو شتانە دەدات، كە رۆژێ لە رۆژان شتی سرووشتی بوون. ئەوەش لە ئاییندا نیعمەتی خواییە. بەڵام شیكردنەوەی دەروونی بۆ هەمیشە (سروشت/ ناسروشت- خودا/مرۆڤ) لێكجیا دەكاتەوە و مرۆڤایەتی دابەش دەكات. رووداوی ئەو دابەشبوونە مرۆڤ بۆ هەمیشە بە مانا فرۆیدییەكە و شیكردنەوەی دەروونی بە نوقسانی دەهێلێتەوە، هەر بەو مانایەش (زیگمۆند فرۆید) پێیوایە مرۆڤ ئاژەڵێكی سەمپتۆمدارە (سەمپتۆم نەخۆشی نییە، نیشانەی نەخۆشییە) سەمپتۆم زەقبوونەوەی تێرنەبوونێكە لە ناو دەرووندا. بێگومان نەقسی فرۆیدی لای لاكان بە (درز) ناو دەبرێت، كەچی لای دۆلۆز ئەو چاڵ و درزە دەكەوێتە نێوان سەیرورە و جێگیربوون، یان گۆڕانی بەردەوام و داهێنانی بەردەوام. كەواتە شیكردنەوەی دەروونی خستنەڕووی نەخۆشییە. ئەوە بەشێكە لە نیگەرانییەكانی ژیاری، كە فرۆید لە كتێبی (نیگەرانییەكانی ژیاری) قسەی لەبارەوە دەكات.
رەنگە شیكردنەوەی دەروونی بە كاری ئایین هەڵبسێ. بەڵام بۆچی دەڵێن شیکەرەوەی دەروونی لە بارێکدایە کە ناتوانێ بەرگری لە ئایین بکات؟ لاكان بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە جیاوازی لەنێوان (فێركردن) و (حوكمكردن) دەخاتە روو، پێیوایە ئەوەی دەبێتە جێی نیگەرانی چەمکی (فێرکردن)ە، واتە لە مانای فێرکردندا مرۆڤ دووچاری نیگەرانی دەبێتەوە، كەواتە وێناکردنەکانی مرۆڤ، یان مرۆڤ کێیە و ماھیەنی مرۆڤ چییە… ھەموو ئەوانە کێشەن. بەڵام (حوكمكردن) نیگەرانی ناسناكات، حوكمكردن تەواو جیاوازە، بە ئەندازەی ئیمان! لە شیکردنەوەی دەروونیدا ئەگەرچی ھەرگیز نە حوکم دەوەستێ و نە فێرکردن… بەڵام ئایین لەسەر حوكمكردن وەستاوە! لە ئاییندا پرسیاركردن سنوری ئیمان تێناپەڕێنێ، شیكردنەوەی دەروونی سەر بە پرس و فێركردنە.
ئەو كتێبە روو لە دەرەوەیە، لەو قسەوە دەمەوێ بڵێم ئەو كتێبە کورت نابێتەوە بۆ کۆ ئاماژە یان تێگەیشنێکی ئاڕاستەكراو و دیاریکراو…. بەڵکو خۆی لە خوێندنەوەی خوێنەرە جیاوازەكانیدا بەرهەمدەهێنێتەوە. لەو كتێبەدا ژاك لاكان دەڵێت: تاکە شتێ کە دەکرێ لە دیدی شیکردنەوەی دەروونیدا، لە خۆیدا بە گوناح دابنرێ، وازھێنانە لە ئارەزووەکانی خۆت. بەو مانایەش گەڕانەوەی لاکان بۆ فرۆید گەڕانەوە نییە، بۆ گوتەکانی بەڵکو گەڕانەوەیە بۆ نیازەکانی، بۆ شۆڕشی فرۆیدی و بەرهەمهێنانەوەی جیاوازییەكان.

واقیع و رووتی
دەشێ سروشت و ناسروشت، مرۆڤ و خودا… لە رێگای دەستەواژەی ئەگەر رووتی نەبوایە مرۆڤ چۆن دەیزانی پۆشاک چییە، شیبكەینەوە. هەروەها دەتوانین بە رەنگێگی دیكە ئەو پرسیارە بنووسینەوە و بڵێین ئەگەر ئایین نەبوایە، مرۆڤ چۆن دەیزانی شیكردنەوەی دەروونی چییە؟
لەو خوێندنەوە و شیكردنەوەیەدا قسە لە چەمكی زانین و نەزانین ناكەم، هەڵبەتە ئەو كتێبە روو لە دەرەوەیە، دووبارە دەگەڕێمەوە بۆ ئەوەی بڵێم رەنگە شیكردنەوەی دەروونی بە كاری ئایین هەڵبسێ، بەڵام ناتوانێ بەرگری لە ئایین بکات. كەواتە ئەو ململانێیە دەكەوێتە نێوان ئایین و شیكردنەوەی دەروونی، واقیع و ناواقیع، رووتی و پۆشاك…
شیكردنەوەی دەروونی بوونی ئایین رەتدەكاتەوە. رووتیش لە رێگای پۆشینەوە بوونی (نیعمەتی خوایی) رەتدەکاتەوە. بەو مانایەش شێوەی نێگەتیفی رووتی (ئایین)ی لە (شیكردنەوەی دەروونی) و پۆشاکەوە مانا وەردەگرێ. کەواتە ئەگەر دەرککردن بە رووتی لە وەردەرنانی ئادەمەوە بێ لە بەهەشت، ئەوە رووتی لە گوناهەوەیە. بۆیە داپۆشینی رووتی، واتە دووركەوتنەوە لە گوناح، واتە داپۆشینی گوناح. بەمجۆرەش ناتوانین بگەینە بوونە هەرە پوخت و ریشەییەکەی مرۆڤ تەنها لەو ماوە کەمە نەبێ، کە لە فیردەوس بووە! وەك چۆن لە واقیعدا شیكردنەوەی دەروونی ناتوانێ ئەو نیشانە، نەقسە، یان چاڵ و درزە… چارە بكات، تەنها لە رێگای داهێنانی بەردەوامەوە نەبێ. کەواتە بە مانا ئایینییەكە کاتێ مرۆڤ فڕێدراوەتە نێو واقیع، ئیتر مرۆڤ بە گوناهەوە لكاوە. لە واقیعدا ئەسڵی مرۆڤ پیسە، گوناهبارە، نوقسانە، چاڵە… هەر بەو مانایەش كۆی پرسیارەكان لەوەدا كورت دەكەینەوە و دەڵێین: ئەگەر پۆشاک (نیعمەت) نەبێ مرۆڤ نازانێ نوقسانی چییە؟ بە مانایەكی دیكە دەشێ دەستەواژەی شیكردنەوەی دەروونی دەستەواژەیەکی ئایینی بێ، دژ بە ئایین.
هەڵسانەوە لە گوناح، واقیع… دووبارە بە دەستهێنانەوەی ئازادییە. بەڵام مرۆڤ لە دروستکردنییەوە ئازاد نەبووە، دەیەوێ ئازادی بەدەستبهێنێ. بەدەستهێنانی ئازادی لە ئاییندا گەڕانەوەیە بۆ ئەسڵ! وەدەستهێنانی ئازادی لە واقیعدا داهێنانی بەردەوامی داهێنانە… (ئیتر کە پەناگا نامێنێ، کە پەیوەستبوون نامێنێ ئازار، برسێتی، مردن…. دەستپێدەکات).

من فرۆیدم، من زمانم
نەقسی فرۆیدی وەك لە شیکردنەوەی دەروونی و بە تایبەتی لاکان وەسفی دەکات، چارەکردنە بە زمان، قسەكردن، ئەوەش شیکردنەوەی بونیادی گوتارە لە ناوەوەدا، گوتار ئەو هێزەیە، کە وادەکات دیاردەیەک، یان تێکستێک مانایەکی تایبەت بە دەستەوە بدات، هەستێکی تایبەتی جێبهێلێت. کەواتە گوتاری شیكردنەوەی دەروونی چارەی دەروونی لە رێگای زمانەوە دەكات، یان ئەو چارەكردنە بە زمان نەبێ، بە ھیچ شتی دی مەیسەر نابێت، زمان سەرچاوەی بوون و داهێنانی بەردەوامی مرۆڤە، بەو مانایەش زمان ناوەندیاری بەیەکگەیشتنی دنیای ناوەوەی مرۆڤ و دنیای دەرەوەیە. لە دیدی لاکاندا زمان بەیەکگەیشتنی (پێداویستی) و (ئارەزووە)ە، وەك کرداری ئاڵوگۆڕی بەرژەوەندی نێوان رەمزی و واقیعی و خەیاڵی تەماشای دەكرێ، (واتە دەستبردن بۆ پێداویستی ژیان و تێرکردنی ئارەزووەکان و بەدیھێنانی خەون و خەیاڵەکان…)
بەڵام لە رێگای واقیعەوە، ھیچ کاتێ لە ئارەزووەکانی نەخۆش تێناگەین تەنھا لە رێگای زمانی قسەکردنەوە نەبێ، یان گوتنەوە نەبێ، کە ئارەزووەکان دەگۆڕێ بۆ پێکھاتەی مانای زمانەوانی و وشەکان زیاد لە مانایەک ھەڵدەگرن و دەبنە دەنگدانەوەی حاڵەتەکانی نەست و بە تایبەتی لە خەونەکاندا بە دەردەکەون، یان لە لادان و خلیسکانی زماندا… هەڵبەتە وەک دیارە لاکان بۆ شیکردنەوەکانی لەبری چەمكی نەستی فرۆیدی، زمان بە کار دەھێنێ. لەسەر ئەو بنەمایە دەڵێ: نەست لە زمان رسكاوە.
من لێرە بۆ بەكارهێنانی دەستەواژەی من فرۆیدم، من زمانم. سوودم لە كۆی بۆچوونەكانی لاكان وەرگرتووە، ئەگەرچی دەستەواژەی من ئەفلاتوونم، من حەقیقەتم، یان وەک لویسی شانزە و دەوڵەت، کە دەیگوت من دەوڵەتم… بیر دەخاتەوە. لەوێشەوە دەمەوێ بۆ شیكردنەوەی نێوان (نێر و مێ) بڵێم لە هەموو ئەوانەدا حەقیقەت نێرینەیە. نێرینە وەک (ڤالووس) كە لای وایە مێیینە وەک (سەتح، روو-كار) دژ بە حەقیقەتە. مێینە، ڤالووسی نییە، کەواتە خەسیووە.
هەڵبەتە دوای هەنگاونان بەرەو ئایین بۆ نموونە (لە مەسیحیەتدا) حەقیقەت دوورتر دەکەوێتەوە، ئیتر (فەیلەسوف) چیتر جیهانی حەقیقەت نانوێنێتەوە، پیاوی ئایینی ئەو کارە بە بەڵێن دەکات، ئەوەش ئایدیایەکی زیاتر دڵرفێن و فریوودەرە! لێرەوەیە (فریدریك نیتشە) دەڵێ ئایدیای حەقیقەت دەبێ بە مەسیحی، دەبێ بە ئافرەت، چونكە ئافرەت، ژن بەڵێنێکە بە پیاوان دەدرێ… ئەگەر لە واقیعدا ژن و پیاو گوناح نەکەن، یان گوناح بکەن و تۆبە بکەن، ئەوە لە دواییدا ئایین بەڵێنی بەیەکگەیشتنی هەتا هەتاییان پێدەدا. هەر بەو مانایەیە نیتشە دەڵێ، کە ئایین دێ، چێژ لەناو دەچێ، شادی دوادەخرێ! کەواتە لە ئاییندا گوێڕایەڵی مرۆڤ (پیاو و ژن) بۆ (حوكم)ەكانی ئایین دواین فۆڕمی کاملی ئەخلاق و مێژووی فەزیلەتە. بەڵام نیتشە، گوێڕایەلی، گوناهباری، پاڕانەوە، زەلیلی هەموو ئەوانە بە ئەخلاقی کۆیلە دەزانێت. بەو مانایەش ئایین پەلاماری رەگی ژیان دەدا. شیكردنەوەی دەروونی زمان بە (فێركردن) و چارە دەزانێ.
بە کورتی بەکارھێنانی میکانیزمی چارەكردن بە زمان لە نەستی نەخۆشەوە سەرچاوەی گرتووە. واتە لە رێگای میکانیزمی قسەکردن كار لەسەر بونیادی گوتاری نەخۆش دەكات و مەدلولە خەفەكراوەكانی كەشف دەکات. لە دیدی لاکان زمان لە جێی چەپێنراوەکانی فرۆیدە، لێرەوە لاکان لە شیکردنەوەی بونیادی نەستی فرۆیدەوە بەرەو زمان و دال و مەدلول و پاشان کۆکردنەوەی دال و مەدلول لە تێگەیشتنی ئەویدیکەدا هەنگاو دەنێت، وەک ئەوەی گوتارێک بێ، یان دەرکەوتنی زمانی کارای پاڵنەرەکانی نەستی نەخۆش بێت. وەک ئەوەی گوتار پەیوەستێکی کۆمەڵایەتی لە نێوان کارا کۆمەلایەتییەکان دیاری بکات، جا لەبەر ئەوەی زمان دەبێتە بنەمای کەشفکردنی حاڵەتە دەروونییەکان، یان وەک لاکان دەڵێ لەبەر ئەوەی زمان لە نەست رسکاوە، کەواتە مرۆڤ جگە لەوەی کە دەتوانێ بە وەزیفەیەکی رەمزی ھەڵسێ، کە زمان بەرجەستەی دەکات، شتێکی دیکەی لە توانادا نییە، ھەر لە رێگای ئەو وەزیفەیەشەوە دەتوانین لە مرۆڤ بگەین.
بەو گوزارەیەی کە زمان وەک تەفسیرکردنی رەفتاری مرۆڤ دەبینێ، بە تەفسیرکردنی زۆربەی گوتەکانی فرۆید لە بارەی غەریزەی سێكسییەوە، دەگەینە ئەوەی کە زمان ئاوێنەی نەستە. کەواتە تیۆری شیکردنەوەی دەروونی ھەر تەنھا چەپێنراوەکان کەشف ناکات، بەڵکو راڤەی رەھەندەکانی زمان و حەقیقەتی ناوەوەی واقیعی مرۆڤ كەشف دەکات. شیکردنەوەی دەروونی ھەر چارەی مرۆڤ لە پێناو خۆش گوزەرانی و سەرکەوتنی نەخۆش بەسەر سەمپتۆم لە کۆمەڵگاو لەسەر ئاستی کەسی ناکات، بەڵکو وای لێدەکات بتوانێ رووبەرووی ئارەزووەکانی و دەوروبەری بێتەوە.

حەقیقەتی رەها، حەقیقەتی رووپۆشكراو
نەریتی بیرکردنەوەی ئەفلاتوونی بنەڕەتێکی میتافیزیکی هەیە، بیركردنەوەی نوێ و بە تایبەتی نیتشە لە نەریتێکی جیاوازەوەیە. نیتشە بنەماو فۆڕمی بیرکردنەوەکەی تەواو غەریبە و قاچی لەسەر زەمینەکەی ئەفلاتوون نییە. بۆ نموونە کە دەڵێ ژن سەتحیە، لە نەریتی ئەفلاتوونی وشەی (سەتح) نێگەتیف دەکەوێتەوە و دژە ژن دەوەستێ، بەڵام لای نیتشە هەرگیز چەمكی سەتح نێگەتیف و دژە ژن نییە، بەڵکو خاڵی گەشانەوەی ئافرەتە. لای نیتشە ناتەبایی جەوهەر و رووکەش هەڵدەوەشێتەوە و جۆرە پەیوەندییەکی نوێ لەنێوان حەقیقەتی رەها و حەقیقەتی رووپۆشدا دادەمەزرێنێ، کە خۆی لە رووکار (سەتح)دا دەبینێتەوە، چەمكی (روو-کار) کارایی رووە بۆ نەخشاندنی زڕەوێنەی حەقیقەت لەسەر خۆی. لێرەوە سەتح پەردەی حەقیقەتە، حەقیقەتیش چاڵێکی بۆشە، کە بەو پەردەیە، وەک پڕییەک داپۆشراوە. پەردەی ونبووی واقیعی قووڵ و حەقیقی نیتشە، دوورە لە رەنگدانەوەی ئاوەژووی واقیعێكی قووڵ و حەقیقی ئەفلاتوونیزم. پەردەی واقیع هیچ پەیوەندییەكی بە حەقیقەت و حەقیقەتی رەهاوە نەماوە، واتە ئەوەی نیشانیدەداتەوە ئایدیای ئەفلاتوونی نییە، لە پشت ئەوەی نیشانیدەداتەوە هیچ ئایدیا و ئایكۆن و وێنەیەك بوونی نییە، تەنها زڕەوێنەیە، زڕەوێنەی پەتی خۆیەتی، لەو بیابانە هیچ شتێ بەرهەمنایەتەوە، جگە لە بیابان نەبێت، ئەوەی دەمێنێتەوە تەنها نیشانەكانن، نە هیچ شتێ دووبارە دەكەنەوە و نە هیچ شتێ بەرهەمدەهێننەوە، كاڵا ئاماژە نییە، بۆ پێویستی، تەنانەت بۆ بەهای ئاڵوگۆڕیش، داتا هیچ حەقیقەتێ روونناكاتەوە.
بە جۆرێ لە جۆرەكان دەشێ هەموو ئەوانەی لەسەرەوە قسەی لێكرا، لە هەستكردن بە گوناحدا خۆی راڤە بكاتەوە، هەڵبەتە ئەسڵی هەستكردن بە گوناح بۆ ئایین دەگەڕێتەوە، بەڵام فرۆید وەک (كارل گۆستاف یۆنگ) ئایینی نییە! لای فرۆید ھەستکردن بە گوناح دەکەوێتە نەستەوە، ھیچ کەس بە شێوەیەکی فەردی لێی بەرپرسیار نییە. ئەو تاوانە لە ناخی مرۆڤدا چەسپاوە، کە ئارەزوو وەک پێوانەی زمانی گوتراو بێ. (گوناحی چەسپاو لە ناخی مرۆڤ و لە نەستی مرۆڤدا، گوناحێکی زمانییە). بۆیە ناتوانین نکۆڵی لە نەست بکەین، وەك چۆن ناتوانین نكۆڵی لە زمان بكەین. چونکە ئەگەر ئێمەش نکۆڵی بکەین، (ئارەزوو- ئەو) نکۆڵی ناکات. لە پێکھاتەی مرۆڤدا (ئەو) بەشدارە لە ئارەزوو. وەك چۆن زمان لە نەست رسكاوە. لای فرۆید لبیدۆ، ئارەزووی سێکسی، لێپرسراوی نەقسی مرۆڤە و لەوێوە مرۆڤ گرژی دەماری ھەڵگرتووە و ئەو نەخۆشییە عوسابییە دەست بەسەر مرۆڤی شارستانیدا دەگرێ، ئیتر لێرەوە چارەیەک پێشنیار دەکات، ئەویش چۆنێتی ھەڵکردنی خودە لەگەڵ نیگەرانییەكانی، هەموو ئەوانەش دەشێ پەیوەندییەکە شێواو بێ یان پارێزراو.
راسپاردەیەکی ئینجیلی ھەیە دەڵێ (ھاوسێیەکەت وەک خۆت خۆش بوێ) فرۆید لە کۆی ئەو راسپاردەیە جەخت لە راناوی لكاوی (ت) دەکاتەوە، پێیوایە ئەوە قەوارەی راناوی لكاوی (ت)ە، كە خۆی بۆ خۆشەویستی ئەویدیكە دیاری دەکات، بەو مانایەش خۆشەویستی خود لای ئەو جێگای گەورەی ھەیە، پێیوایە ھەموو کەسێ دوای ئەوەی ھێزی وڕێنەی خۆی دەرک دەکات و بە دوایدا دەچێ، ناوی ئەو ھێزە دەنێ ھێزی نەرگسییەت. بەڵام لاکان بە میتۆدی (رەمزی و خەیاڵی و واقیعی) ئەو دۆزە و راناوی (ت) روونتر دەكاتەوە و دەڵێ بێگومان من خۆم خۆش دەوێ، واتە من پەیوەستم بە جەستەی خۆم لە رێگای ھێزێکی جیاکاری ناوەوە، ئەویش ھێزی دەروونییە، واتە ئیرۆس (ئیرۆس- خواوەندی خۆشەویستییە لە یۆنان و لێپرسراوە بەرانبەر ھەستی خۆشەویستی لە دەروونی مرۆڤ، لە بەرانبەر ئیرۆسیش خواوەندی مردن ھەیە کە ناتانۆسە، فرۆید پێیوایە هەموو رەفتاری مرۆڤ ئاوێتەبوون و ململانێی نێوان ئەو دوو خواوەندەیە) کەوا دەکات جەستە زیندووەکان لە زۆربوون، بە هۆی (ئەویدیكە) نزیک ببنەوە، ئەوەش پێی دەگوترێت وزەی سێكسی یان لبیدۆ، بەڵام ئەوەی پەیوەستە بە ھەوەسی عەقڵی جەستە نییە، بەڵکو ئەو وێنەیەیە، کە لە رێی جەستەوە فێرمان دەكات، ئەو وێنە جوان و بە ھێزەم خۆشدەوێ وەک چۆن خۆم خۆش دەوێ، کەواتە بنەمای خۆشەویستی (بە پێتی بچووک- وەك لاكان دەڵێ لەبەر ئەوەی قوتابییەکانم زاراوەی ئەویدیکەی بچووک بەکار دەھێنن)، چەمكی ئەویدیكە- ئەویترە. کەواتە من ئەوەم خۆشدەوێ کە لە من دەچێ.

دەركەوتن لە پێناو دەركەوتن
بێگومان ھوشیاری تەواکەری ژیانە، پێشکەوتن رێچکەی دنیای ھۆشیاری دیاری دەکات. ھەموو ئەوەش کاریگەری بەسەر گەشەی تاک و تێگەیشتنی رەفتارەوە هەیە، كەواتە بە گشتی تێگەیشتنی رەفتار دەكەوێتە سەر هۆشیاری و پێشكەوتن و هەموو ئەوانەش بە شێوەیەكی تاکانە ژیانی مرۆڤ دەگۆڕێ، تا ئەوەی دەگاتە پووچیش. ئەوەی فرۆید لەبارەی نەستەوە دیاری کردووە، بە نزیکی ھەموو بوارەکانی گەشەی تاك و پێشكەوتن و رۆشنبیری دەگرێتەوە. ھەندێجار ھەموو ئەوانە دەبنە تەگەرە بۆ بەجێھێنانی ئارەزووەکانی تاک و دەبنە ھۆی ئەوەی تاک ئارەزووەکانی پشتگوێ بخات و بیشاریتەوە. ئەوەش وەک فرۆید بۆی چووە دەبێتە ھۆی نەخۆشییە عوسابییەکان. بە دیوەكەی دیكە ئەوە حەقیقەتی ئارەزووەکانە، واتە واقیعە.
کەواتە ئارەزوو ھەر تەنھا شتێکی سادە نییە، وەك چۆن یەکلاکەرەوەش نییە، بەڵكو بەرھەمی فۆرمەلەکردنێکی ئاڵۆزە و پڕە لە مانا و دەلالەت، نە درێژکراوەیە و نە گەڕانەوەیە بۆ سرووشتی خۆی و نە وێناکردنێکی ئایۆنی مەعریفەیە و نە دووبارەکردنەوەیەکی مەجازییە… ئارەزوو وەک لای فرۆید دەرکەوتووە، بابەتێکی نوێیە بۆ بیرلێکردنەوەی ئەخلاقی. لەسەر ئەو بنەمایە لاكان دەڵێ: بەڕاستی فرۆید بۆ ئەخلاق بە وەفا بوو. ئێمە دەزانین کە فرۆید کابرایەکی ماددی تەواو بوو، بۆیە چارەی دەسەڵاتی ئەخلاق و رەوشتی بە رێگای کلاسیکیانەی كردووە، ئەویش گەڕانەوەیە بۆ سوودگەرایی. بۆ ئەوەی سوودگەرا بیت، پێویستە بۆ زۆربە، كۆمەڵگا بگەڕێیتەوە. گەڕانەوە بۆ کۆمەڵگا بە مانا فرۆیدییەکە لە رێگای چێژبردن بە یاسای ھەوەس پیادە دەبێت، واتە پەیوەندی خود بە بوون بە ھۆی زۆربوونەوە. كەواتە كە باسی ئایینی حەقیقی دەكرێ (ئایینی حەقیقی لای لاكان ئایینی رۆمانییە. قسە لە یەك ئایین دەكات، ئەویش مەسیحییەتە) دەبێ وەك شیزۆفرینیای راستی وەسف بكرێ. بەو مانایە ئایا دووركەوتنەوەی مرۆڤ لە واقیع، رەتكردنەوەی شیزۆفرینیایی كۆییە؟
ئەمڕۆ چیدی كێشەی واقیع کێشەی ئایین و كێشەی نەقسی شیكردنەوەی دەروونی نییە، بەڵکو کێشەی زۆربوون و زۆرێتیی واقیع خۆیەتی، لەوە زۆرتر کە واقیع بتوانێ هەڵیگرێ؟ ئەو بیركردنەوەیە ئەمڕۆ (گی ئەرنست دیبوور)ی شانۆنووس بەرەو ئەوە دەبات بڵێ: واقیع، واقیعی گۆڕیووە بۆ نمایش. هەر شتێ نەیەتە نێو نمایش وەک نەبوو وایە. یان (ژان بۆدریار) قسە لە زێدە واقیعی دەكات، كە هیچ کەلێنێکی بۆ رەخنە نەهێشتۆتەوە. زێدە واقیعی دۆخێکی زۆرینەیە، دۆخێكی کۆمەڵگایە، کە ئاگایی بە بوونی خۆی بووە بە هەستکردنێکی نمایشكارانە، ئیگۆی واقیع و گوتاری رەخنەی شۆڕشگێرانە هاوتا لەگەڵ گوتاری دەسەڵات گەشە دەكەن. فرۆید لە بارەی واقیع سەرسام دەوەستێ، چونکە دواجار فرۆید دەبینێ رقلێبوونەوە وەک سێبەری خۆشەویستی هەنگاو دەنێت، واتە رقلێبوونەوە بە خۆشەویستی نامۆ نییە و هەتا دێ لە خۆشەویستی نزیك دەبێتەوە.
كەواتە كێشەی پەیوەندی مرۆڤایەتی دوایی نایەت، چونكە واقیع هەم دەرچەیە و هەم دوژمنكارانە و پڕە لە نیگەرانی، واقیع سیمایەكی جیاكار و جیاوازی هەیە، كە قابیلی بیرلێكردنەوە، یان لەسەرووی خەیاڵی مرۆییەوەیە. لێرەوە لاكان پێیوایە ئەوەی پێیدەڵێن واقیعی حەقیقی، ئێمە ناتوانین پێی بگەین، ئەوەی بە تەواوی واقیعی حەقیقییە نادیارە، یان بەتەواوی لێیجیابووینەتەوە، بۆ؟ چونكە بە جەوهەری نەگەیشتووین، وەك چۆن نەمانتوانیوە بیسەلمێنین، هەرگیز نەگەیشتووینەتە جەوهەری پەیوەندی نێوان بوونەوەرە قسەكەرەكانی وەك نێر و مێ! ئەمڕۆ ئێمە خۆمان لە سەرسامییەكی گەورەدا دەبینینەوە. ئەوەی پێیدەڵێن بوونی بەشەری هەرگیز دەرفەتی سەركەوتنی لەبەر دەمدا نییە. لاكان دەڵێ لێرەوە فرۆید لەسەر حەق بوو كە سێكسوالێتی هێنایە ئاراوە، بەڵام هەمیشە سێكسوالێتی بە نسبەت بوونەوەری مرۆیی نائومێدی دەنوێنێ.
بە كورتی ئەوەی لە كتێبی (سەركەوتنی ئایین) و تیۆرەكانی لاكان دەرك دەكرێ ئەوەیە، كە مرۆڤ بنەمایەكی بیۆلۆژی یا فسیۆلۆژی نییە، بەڵكو بنەمایەكی زمانەوانی هەیە. پێشتریش یۆحەننای مەحمەدانی گوتویەتی (سەرەتا وشە هەبوو) بەڵام لاكان دەڵێ، بۆ ئەو دەستەواژەیەی یۆحەننا من یەك شتم زیاد كردووە، ئەویش ئەوەیە لەپێش سەرەتا چ هەبووە؟ ئەو پرسیارە تەگەرە دەخاتە پێش تێگەیشتنی (سەرەتا وشە هەبوو)ی ئینجیلی یۆحەنناوە، چونكە لەپێش ئەویش شتێكی دیكەش هەبوو، كە پێیان دەگوت (سفر تەكوین) ئەویش بێگومان لە وشە پێكهاتبوو. خەڵك ئەو دوو شتەی كۆكردەوە و گوتی وشە كاری خوایە. خوا دنیای لە وشە دروستكردووە. ئەوەش بەڕاستی كارێكی سەیرە.
دواجار لەو كتێبەدا لاكان دەڵێ من نانووسم هەتا خەڵك تێبگەن، من دەنووسم بۆ ئەوەی خەڵك بخوێنێتەوە، ئەو دوو شتەش وەك یەك نین. راستە خەڵكانێكی زۆر هیچ لە نووسینەكانم ناگەن، بەڵام دەكەونە ژێر كاریگەری نووسینەكانم. دواجار لەبارەی شیكردنەوەی دەروونییەوە دەڵێ: شیكردنەوەی دەروونی هیچ كلیلێكی بۆ ئایندە بە دەستەوە نییە. ئەوەی هەیە چركەساتێكی جیاكارە لە بەدەستهێنانی گوتاری خودی قسەكەر! چەمكی (خودی قسەكەر) بە مانا لاكانییەكە واتای ئەو خودە دەگەیەنێت، كە دال دەخاتە بەرانبەر دال، واتە زمان بەرهەمدەهێنێ. بەو مانایەش خودی قسەكەر گوزارشت لە نەست دەكات.

هەولێر 30/10/2024




فەلسەفەی فیتگنشتاین هەڵوەشانەوە و بونیادنانەوە.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

(لۆدفیگ جۆزێف یۆهان فیتگنشتاین 1889-1951) فەیلەسوفى نەمساوى هەڵگرى رەگەزنامەى بریتانى، جولەكە ئایین، بە یەكێك لە گەورەترین فەیلەسوفانى سەدەى بیستەم دەژمێردرێت، نووسینەكانى لەنێوان هەردوو جەنگى جیهانیدا شۆڕشێكى گەورەى لە فەلسەفە و فەلسەفەى زماندا نایەوە، لە بوێریدا بە سوكرات ناس دەكرێت. سەرەڕاى شێوازە ئاڵۆزە نیتشەوییەكەى توانى بیركردنەوەى فەلسەفیانە و رێگاى مامەڵەكردن لەگەڵ مەسەلە فیكرییەكان بگۆڕێت، چونكە لاى ئەو ئەركى فەلسەفە نییە جیهان بگۆڕێت، یان راڤەى بكاتەوە، بەڵكو ئەركى فەلسەفە ئەوەیە (شت)ەكان وەك خۆى بە روونی ببینێت و رۆشنایى بخاتە سەر بیركردنەوە. ئەو بیركردنەوە (راسل)ییە، پێماندەڵێت فەلسەفە دیاریكردنى ئەوەیە كە دیارى دەكرێت و ناتوانرێ‌ بگوترێت‌. كەواتە ئەركى فەلسەفە بەرهەمهێنانى (دۆزە) فەلسەفییەكان نییە، بەڵكو روونكردنەوەیانە لە رووی زمانەوە.

(تراكتاتۆس)
پەیوەندی زمان و جیهان

لە كتێبی (تراكتاتۆس- پەیامى لۆژیكى- فەلسەفى) ئامانجی فیتگنشتاین دیاریكردنی پەیوەندی زمان و جیهانە. واتە چۆن دەكرێ بە شێوەیەكی ورد و لۆژیكی لە رێگای وێنەكێشراوەكانی جیهانەوە گوزارشت لە وێنە شیمانییەكانی زمان بكرێت. فیتگنشتاین دەیەوێ‌ شیكارى چەمكەكانى (جیهان) و (زمان) بكات، جیهان بە نسبەت فیتگنشتاین دنیاى واقیعى یان بوونى دەرەكىیە، بۆیە سەرەتا لە شیكردنەوەى جیهانەوە دەستپێدەكات، چونكە پێیوایە بە شێوەیەكى لۆژیكى جیهان پێش زمان دەكەوێت. بەڵام دواتر لە زمانەوە شتە ئاوێتەكان شیدەكاتەوە و بەرەوە رەگەز و بنەما سەرەتاییەكانیان دەباتەوە و زمان بە سەرجەمى دەستەواژەكانییەوە دیارى دەكات. پێیوایە ئەوەى لە زماندا گوزارشت لە خۆى دەكات، ناشێ‌ ئێمە لەمیانى زماندا گوزارشتى لێبكەین، بەس دەتوانین بیخەینە روو! بۆ نموونە (ئاسمان ساماڵە) (زەوى بە دەورى خۆردا دەسوڕێتەوە) هەر یەكەیان وێنەن بۆ راستییەكی دیارى كراو: یەكەمیان، وێنەى دۆخێكى تایبەتى كەش و هەوا دەكێشێ‌. دووەمیان، وێنەى راستییەكی گەردوونییە. واتە زمان پەیوەندى وێنەیە بە نیگارەوە، یان زمان پەیوەندی وێنەی زمانەوانییە بە نیگارەكێشراوەكانی جیهانەوە، یان دەرەكییەوە.. وێنەكان بیرۆكەن و لە زماندا خۆیان دەنوێنن، وێنەبۆكێشراوەكان دەرەكیین و لە جیهانەوەن. هەر لێرەشەوە دەگەینە ئەوەى كە بیرۆكە و هزر هیچ نین، جگە لە دەستەواژەى زمانی پڕ واتا نەبێت.
بەڵام (لۆژیك) بنەماى فەلسەفەیە، لۆژیك زمانمان بە شێوەیەك دادەڕێژێت، كە شیاوى گوتن بێت، بەو مانایەش ئێمە و دۆزەكان دەكەوینە دەرەوەى زمان و دەرەوەى نیگارەكێشراوەكانی جیهانەوە.. لۆژیك وەك پێویست لە دۆزەكان، یان بە گشتى لە زماندا رەنگدەداتەوە، هەموو ئەوەى لە زمانیش رەنگدەداتەوە، ناشێ‌ زمان نوێنەرایەتیان بكات.

وێنە و نیگارەكێشراوەكان
(زمان و جیهان)

زمان وەك وێنەی شیمانەیی، راستی وێنەكێشراوەكانی جیهان دەگەیەنێت، رستەكان رەنگدانەوەی راستییەكانن، رستە وەك وێنەیەك وایە، كە بەشەكانی بەشێوەیەكی رێكوپێك بەیەكەوە گرێدراو بێت، وەك چۆن لە واقیعدا شتەكان بە بەیەكەوە گرێ دراون، كەواتە زمان لە واقیع دەچێت. رستەكان دەشێ راست بن، یان درۆ، بەپێی ئەوەی كە لەگەڵ واقیع دەگونجێن. راستى پەیوەندى وێنەیە بە وێنەكێشراوەكانەوە، ئێمە بۆ خۆمان وێنەى فاكتەكان دەكێشین (ئاسمان ساماڵە) (زەوى بە دەورى خۆردا دەسوڕێتەوە) (خەڵكانێك بە جیهاندا گوزەر دەكەن) هەر یەكەیان وێنەن بۆ فاكتێكى دیارى كراو، بەڵام بونیادى وێنەكێشراوەكانی جیهان ئەو رێگایەیە كە رەگەزەكانى وێنەی كێشراو بەیەكەوە دەبەستێتەوە.
كەواتە زمان، جیهان لە دۆزی پۆزەتیف و نێگەتیف پێكهاتووە، دۆزە پۆزەتیفەكان وێنەى دنیاى كردەیى دەكێشن، بەڵام دۆزە نێگەتیفەكان وێنەى واقیعێك دەكێشن كە شیاوى بوونە، بەو مانایەش دەكەوینە نێوان بوون و نەبوون. كەواتە جیاوازى نێوان وێنە و وێنەی كێشراو ئەوەیە كە وێنەكێشراوەكان هەبوونن بە كردە، بەڵام وێنە شیانى هەبوونە بە كردە. بە مانایەكی دیكە جیهان بە كردە هەبوونە و زمان بە كردە شیانی هەبوونە.

ئەوەی جیهان دەرنەخات، دەبێ وسبەی لێبكرێت
لەو دەستەواژەیەی سەرەوەدا كورتەیەك لە هەڵوێستی فیتگنشتاین لە بارەی پرسە میتافیزیك و ئایینییەكان دەبینرێت، نواندنی ئەو كورتە هەڵوێستە دەكەوێتە دەرەوەی وێنەگرتنی راستییەكانەوە، راستى (فاكتى) دۆزەكانى زمانیش لەسەر راستى (فاكتەكانى) جیهان وەستاوە. بەو مانایەش ئەگەر فاكتێك بۆ حوكمدان لە ئارادا نەبوو، ئیتر دەكەوینە باری نە راستی و نە هەڵەیی.. (وەك میتافیزیك) نە راستی و نە هەڵەیی تەنها بوونێكى زمانەوانی هەیە و وێنەى هیچ فاكتێك نانوێنێت، واتە هیچ پردێك بە واقیعی نابەستێتەوە. ئەوەش ئەو قسەیەمان بیر دەخاتەوە كە ئەوەى خۆى دەردەخات و فاكت دەرناخات، ناتوانرێت بگوترێت، ئەوەیشى ناگوترێت پێویستە بێدەنگى لێبكرێت.
كتێبی تراكتاتۆس لەسەر بنەمای ئەو بیركردنەوەی سەرەوە، مشتومڕی میتافیزیكی رەتدەكاتەوە و جەخت لە پەیوەندی زمان و جیهان دەكات. لێرەوە تەنیا تیۆرى وێنەكێشراوەكانی جیهان بەرز دەكاتەوە و وسبە لە فاكتە گوتراوەكانى زمان دەكات. هەموو ئەوەى كە ناشێ‌ بیرى لێبكەینەوە، ئەوەى كە ناتوانرێت گوزارشتى لێبكرێت، ئەوەی كە وسبەى لێدەكەین، میتافیزیكایە، بەو مانایەش تراكتاتۆس كتێبێكە لەسەر میتافیزیكا.

(پاش تراكتاتۆس)
لە رووی فەلسەفییەوە هەر دۆزێك، ئەزموون یان لۆژیك تێپەڕێنێ، بێ مانا دەكەوێتەوە. ئەگەرچى فیتگنشتاین سەرەتا لە زمانەوە دەستپێناكات، بەڵام شیكردنەوەكانى زمانەوانییە، ئیتر لە پاش كتێبی تراكتاتۆس بیرۆكەی یارییە زمانییەكانی پێش دەخات، بەڵام نەك وەك ئەوەی زمان وێنەیەكی جێگیری جیهان بێت، بەڵكو وەك ئەوەی زمان یارییەكی كراوەبێ لەگەڵ جیهان… وەك ئەوەی یارییەكی كراوەبێ بەسەر ئایین… ئەو دنیابینییە كۆمەڵێ راڤەكردنی جۆراوجۆری بە رووی جیهان و ئایین و ئەزموونی رۆحی لێكەوتەوە.. راڤەكردنی جۆراوجۆر چونكە هەموو چالاكییە مرۆییەكان یاسای زمانەوانی جۆراوجۆری خۆیان هەیە.. كەواتە مانا لە زماندا پشت بە چۆنێتی بەكارهێنانەوە دەبەستێت و دەكەوێتە چوارچێوەی گەمەی زمانەوانییەوە، نەك چۆنێتی جێبەجێكردنی بەسەر جیهاندا، هەر لەو راستییەوە زمان لە یارى نزیك دەبێتەوە، بۆیە فیتگنشتاین هەرگیز لەگەڵ جێگیربوونی مانا نەبووە، پێیوابوو وشە هەڵگری مانای چەسپاو نییە. وشە مانا لەخۆ ناگرێ‌، بەڵكو ئەوە ئێمەین پڕ ماناى دەكەین، وەك چۆن بیرۆكەی بوونی تاكە زمانێكی لۆژیكی یان ئایدیالی بۆ نوێنەراتیكردنی راستییەكان، رەتدەكاتەوە. لەوێشەوە زمانی سادەی بۆ فەلسەفە پەسەند دەكات، بەو مانایەش رووكردنە لۆژیك واتە رووكردنە روونی زمان، هەر لەوێشەوە لە راستى تێگەیشتن لە لۆژیكى زمانەوە رێگای بۆ زۆر لە كێشە فەلسەفییەكان دەدۆزێتەوە.. كەواتە فەلسەفە تیۆر بونیاد نانێت، بەڵكو گوزارشت لە كاركردنی زمان بە شێوەیەكی روون دەكات.

فەلسەفە حاڵینەبوونە لە لۆژیكى زمان
تراكتاتۆس تا ئەو پەڕى ئەنتى ئەفلاتوون و ئەنتى فەلسەفەیە. دەستەواژەی فەلسەفە حاڵینەبوونە لە لۆژیكی زمان، خودی زمان بۆ كۆمەڵێك دۆز شیدەكاتەوە، بە دواى ئەو دۆز و نۆرم و راستیانەدا دەگەڕێت، كە پەیوەندییان بە فیكر و واقیع و لۆژیك هەیە. دوای تراكتاتۆس لاى فیتگنشتاین زمان فیكرە، هیچ زمانێك بێ‌ فیكر بوونى نییە، بەڵام لە بیرمان نەچێت فیكر بەرهەمى ئازادییە، چونكە خەیاڵ رابەرایەتى دەكات! كاتێك فیتگنشتاین پێیوایە زمان فیكرەكانمان بەرجەستە دەكات، ئەوە بەو مانایەیە، كە زمان ئازادییمان دەنوێنێ‌.
فیتگنشتاین لە قۆناغی تراكتاتۆسدا جەختی لە پەیوەندی زمان و جیهان دەكردەوە، بەڵام لە قۆناغی پاش تراكتاتۆس جەخت لە خودی زمان دەكاتەوە، وەك دیاردەیەكی كۆمەڵایەتی، كە پشت بە بەكارهێنانە جیاوازەكان دەبەستێت، هەر بەو مانایەش بیرۆكەی عەقڵ و ئاگایی سەربەخۆ دەخاتە دەرەوەی زمانەوە. لە كتێبى (لێكۆڵینەوە فەلسەفییەكان)دا دەڵێت: زمان قسان دەكات و خۆى رۆناك دەكاتەوە، یان ئازادى خۆى دەخاتە روو، ئەوە ئێمە نین ئەو ئازادییە بە زمان دەبەخشین، چونكە ئازادی ئێمە بە تێگەیشتنى زماندا دەڕوات و تێگەیشتنی زمانیش هەر دەبێ‌ بە زماندا بڕوات، هەر دەبێ‌ زمان گوزارشتى لێبكات، هەر دەبێ‌ زمان رۆناكى بكاتەوە…
لە رووى فەلسەفییەوە شیكارخوازان سێ‌ ئاراستەیان هەیە: یەكەم: ئاراستەیەك كە هەوڵدەدات پراكتیزەكردنی چەمك و فیكرەكان بە شێوەی بەش بەش شیبكاتەوە… ئەوە ئەو ئاراستە دیالكتیكەیە كە سوكرات كارى لەسەر كردووە… دووەم: ئاراستەیەك كە مەعریفەكانى مرۆڤایەتى شیدەكاتەوە و دەیانباتەوە سەر كۆمەڵەى سادە و رەگەزى سەرەتاییەوە، وەك لاى جۆن لوك (فیكر كاغەزێكى سپییە) و دیكارت (زانستەكان سروشتین- یان لەخۆیانەوە هەن)… سێیەم: ئاراستەیەك كە بە شیكردنەوەى ئەو دەستەواژانە هەڵدەسێ‌ كە خاوەنى مەعریفەى جێگیرن (فەیلەسوفانى زانكۆى كمبردج- مۆر، راسل، فیتگنشتاین، پۆزەتیفزمە لۆژیكخوازەكان و قوتابخانەى ئۆكسفۆرد)…

زمان و روونكردنەوەى زمان
پێویستە فەلسەفە و لۆژیك راستى و ناڕاستى زمان و پەیوەندی زمان بە واقیعەوە دیارى بكات، وەك چۆن پێویستە فەلسەفە گرنگى بە گرامەرى زمان بدات. فیتگنشتاین پرنسیبى هۆكارئامێزانە رەتدەكاتەوە و پێیوایە ئێمە ناتوانین هیچ شتێك لە مەعریفەى شتێكى دیكەوە بە دەست بهێنین، بۆ نموونە ناتوانین بڵێین بەیانى خۆر هەڵدێت، بە هۆى ئەوەى بەردەوام هەڵدێت. هەموو هۆكارێك دەبێ‌ پێداویستییەكى لۆژیكى لە پشتەوە هەبێت. بەمجۆرە فەلسەفەی فیتگنشتاین لە زمانەوە مشتومڕێكی هاوچەرخ و نەرم و نیان و تێگەیشتنێكی ناتەقلیدی لەبارەی زمانەوە خستەڕوو، زمانی ئازاد کرد لەو سنوورە تووندانەی کە فەلسەفەی کلاسیک و لۆژیکی فۆرماڵی بەسەریدا سەپاندبوو. زمانی وەک بوونێکی زیندوو و فرەچەشن و فرەجوڵە بە ژیانی مرۆڤەوە گرێدا.
فیتگنشتاین فەیلەسوفێکی ناوازە بوو، نەک تەنها لەبەر ئەوەی پەیوەندی نێوان زمان و جیهان پێناسە کردۆتەوە، بەڵکو لەبەر ئەوەی تەحەدای ئەو بناغە فەلسەفیانەشی کرد کە زۆر بیرۆکەی تەقلیدی لەسەر بنیات نراون. لە قۆناغی یەکەمدا دیدێکی تووند و ئایدیاڵی زمانی وەک ڕەنگدانەوەی وردی واقیع خستەڕوو، بەڵام لە قۆناغی دووەمدا سنوورداربوونی ئەم دیدەی درک پێکرد و پەرەی بە دیدێکی نەرمتر و مرۆڤدۆستانەتر كرد، کە زمان لە رێگای فرەییەکەیەوە وەك کۆنتێکست و یارییە کۆمەڵایەتییەکان دەبینێ.
فیتگنشتاین فێری کردین کە فەلسەفە تەنها بەدواداچوون نییە بۆ ڕاستی ڕەها، بەڵکو فەلسەفە دەتوانێ لە رێگای روونکردنەوەی زمانەوە یارمەتیمان بدات باشتر لە خۆمان و جیهانەکەمان بگەین. وەك چۆن فەلسەفە بنیاتنانی تیۆرە نییە، بەڵکو هەڵوەشاندنەوەی ئاڵۆزییە فیکرییەکانە کە لە ئەنجامی خراپ بەکارهێنانی زمانەوەیە.
زیاتر لە حەفتا ساڵ بەسەر کۆچی دوایی فیتگنشتاین تێپەڕیووە، كەچی هێشتا کاریگەری فەلسەفەکەی لەسەر بوارەکانی وەک زمانەوانی، دەروونناسی، ئەنترۆپۆلۆژی، زانستی کۆمپیوتەر و تەنانەت توێژینەوەی ئایینی ماوەتەوە. لە کۆتاییدا فەلسەفەی فیتگنشتاین وەک شایەتحاڵێک دەمێنێتەوە بۆ توانای هزری مرۆڤ، بۆ گۆڕانکاری و نوێبوونەوە، بۆ پرسیارکردن لەوەی کە پێمان وایە دەزانین. فیتگنشتاین ئاوێنەی سەردەمی خۆی بوو، بەڵام لە هەمان کاتدا سەردەمی خۆی تێپەڕاند و بوو بە هێمایەکی فیکری بۆ نەوەکانی داهاتوو.

هەولێر 31/1/2025




زمانی نووسین/ زمانی حیکایەتکردن.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

بۆدریار: هەر مێژوویەک خۆی دووپات بکاتەوە دەبێتە کۆمیدیا، هەر کۆمیدیایەکیش خۆی دووپات بکـاتـەوە دەبێتە مێژوو.

رابردوو ماڵی ونبوونەكان و ئەفسانەكانمانە، ماڵی بەیەكداچوونی مردن و ژیان.. رابردوو، تەواوی سەركەوتنە مەزنەكانی خۆی لە تاقیچگەی تووندوتیژی و سۆزداریدا هەڵگرتووە، هەموو ئەو حیكایەتانەش لە كتێبێكی غەمگین تۆمار كراون.. پرسیار ئەوەیە: گەڕانەوە بۆ ئەو ماڵە، ئاگایی تۆخ دەكاتەوە؟ گێڕانەوەی رابردوو، واقیع دەوڵەمەند دەكات؟

شەڕی یادەوەری و فەرامۆشی
مێژوو كۆتایی هات. ئەو رستەیە پڕ لە ئیشكالییەتە بەدوای خۆیدا تەپوتۆزی زۆری جێهێشت، بەرزی و نزمی زۆری تێكەوێت. مێژوو كۆتایی هات. لەو رستەیەوە مرۆڤ بە هیچ پێوانە ناكرێت، مرۆڤ بەو داهێنان و كارە تەكنیكییانە پێوانە دەكرێت، كە خۆی بەرهەمی هێناون، بەو مانایەش سەردەمی داهێنان و داهێنانی دیجیتاڵی دەبێتە بەشێکی گەورەی ژیانمان.. سەردەمی پاراستنی جۆری مرۆڤ و هەوڵدان بۆ لەناوبردنی ئەستێرەی زەوی.. بیركردنەوە لە داهاتووی مرۆڤایەتی كە ئاخۆ ڕادەی ژیریی مرۆڤی بۆ مانەوەی مرۆڤ دەستدەدات. یان ئیتر بۆ (مانەوە) پێویستمان بە جۆرێك لە مرۆڤی باڵایە، كە جێگا بەو مرۆڤەی ئێستا لێژ بكات؟!
لە ئێستای (ژیریی/ زیرەكیی) دەستكرد و داهێنانە زانستییەكاندا، گەڕانەوە بۆ مێژوو (مێژووخوازی) كۆنەپەرستانەیە و هەرگیز نەك ئاگایی نییە.. بەڵكو سۆزی گەڕانەوە بۆ رابردوو، لە نزیكترین مانادا گەڕانەوەیە بۆ سەرچاوەیەكی ونبوو، لەدەستچوو، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، كە سەردەمی دیجیتاڵی، ماڵی رابردووی لە وزەكانی بەتاڵ كردۆتەوە.. رستەی (دوێنێ لە سینەمادا مێژوو، سەرچاوەی ونبووەكانمان و ئەفسانەكانمان بوو) لای (بۆدریار) بەو مانایە نییە، كە مێژوو وەك هەڵچوون و سەیرورە و راپەڕین، چیتر لەسەر شاشەكانەوە دەرناكەوێتەوە. چونكە لەنێوان مێژووی واقیع و واقیعی مێژوویی، مێژوو ئامادەیی لە واقیعدا هەیە، وەك لە سینەمادا دەیبینین! بەڵام وەك پەیوەندی بە واقیعی مێژووییەوە ئامادەیی نییە.. (ژان بۆدریار) لە رێگای تێگەیشتنی نێوان مێژووی واقیع و واقیعی مێژوویی، باسی سینەمای كۆنەخواز و نوێخواز دەكات. بڕوانە: جان بودریار كتێبی المصطنع والاصطناع، ت/ د. جوزیف عبدالله، ص 99، ط 2008.
لەلایەكی دیكە رستەیەكی (میلان كۆندێرا) لە رۆمانی “پێكەنین و فەرامۆشی”دا هەیە، دەڵێ.”ژیان شەڕێكی بەردەوامە لە دژی فەرامۆشی” ئەم رستەیە دەتوانێت لە ماڵی رابردوودا دوو تەماشاكردنی تەواو جیاواز بنوێنێ: یەكەم، فەرامۆشكردن. دووەم: بەیادهێنانانەوە. چەمكی (فەرامۆشكردن) بۆ ئەوەیە، لە ژیاندا بەردەوام بین و تووشی نسكۆ نەبین. چەمكی (بەیادهێنانەوە) بۆ ئەوەیە، ماناكانی ژیان نەدۆڕێنین.. بەڵام پێكەنین و فەرامۆشی لە ماڵە پڕ نیگەرانەكەی پۆست دیجیتاڵی، هێمنی و گەرمی و سۆزداری ناپارێزێت، بەڵكو خودی نیگەرانی دەبێتە بڕبڕەی پشتی ژیان. راستە لە (ماڵ) بە مانا تەقلیدییەكەی دێینە دەرەوە و ئینتەرنێت دەبێتە ماڵێكی تازە، ئینتەرنێت دەبێتە بەشێکی جیانەبووەوەی ژیان.. ماڵەکانمان هەمووی دەبێتە ماڵی زیرەکی جولاو.. قسەكەی كۆندێرا دەشێ لەو پرسیارەدا كۆ بكەینەوە و بڵێین: ئایا مرۆڤ قەرزاری ماڵی هێمنی مانایە، یان دالی جولاو؟ مرۆڤ دەكەوێتە كوێی سیستم و جیاوازی، رابردوو و داهاتوو، رووتی و پۆشین، دڵنیایی و نیگەرانی، زمانی حیكایەتكردن و زمانی نووسین…
زمان ماڵی بوونە، یان ماڵی نیگەرانییەكانی بوون.. لە ماڵی هێمن و گەرم و پڕ لە سۆزی دوێنێ سیستمی زمان شێوەیەکی رێکوپێک و گونجاوی (سوسێر)ی فەراهەم دەكرد، بەڵام لە ماڵی جولاو و پڕ لە نیگەرانییەكانی ئەمڕۆدا زمان بەردەوام لە وێرانەیی و گۆڕاندایە. زمانی وێرانەیی وەك (واڵتەر بنیامین) دەڵێ زمانێكە تەواوی بوون و بیركردنەوەكانی لەخۆدا هەڵگرتووە. ئەگەرچی لەبەرانبەر زمانی وێرانەیی و جیاوازدا، زمانی حیکایەتکردن شێوەیەکی زیاد لەخۆوە و نالۆژیکییە، بەڵام لە ناوەوە هەڵگری پیرۆزی رابردووە، پیرۆزی رابردوو جێگیرە، بەڵام زمانی وێرانەیی و جیاوازی لە هیچ ماڵێك جێگیر نابێت..

لەو لێكۆڵینەوەیەدا گۆڕان و نیگەرانییەكانی زمانی نووسین وەک داهێنان و داهێنانی بەردەوام، زمانی حیکایەتکردن و بیرهێنانەوە وەک رابردووی دوور و لەمێژینەی نەگۆڕ دەخوێنینەوە… رەنگە پرسیار ئەوە بێ ئایا زمان لە هەردوو باردا هەر زمان نییە؟ زمانی نووسین پەیوەندی بە داهێنان و خەیاڵکردنی داهێنەرانەوە دەکات، زمانی حیکایەتکردن پەیوەندی بە بیرهێنانەوەی لەخۆوە هەیە. زمانی نووسین و داهێنان دەکەوێتە نێو گۆڕانکارییە جیاوازییەکانی خەیاڵی سەردەمەوە، حیکایەتکردن دەکەوێتە نێو بیرهێنانەوە جێگیرەکانی ماڵی مێژووەوە. یەکەمیان پەیوەندی بە گۆڕانکاری و سەیرورەوە هەیە، دووەمیان بە لەخۆوەیی و پیرۆزی. جیاوازی نێوان سەیرورە و پیرۆزی، هەر جیاوازی نێوان گۆڕانی بەردەوام و جێگیری نییە. بەڵکو جیاوازی نێوان ئێستا و رابردووە.. جیاوازی نێوان هەڵوەشانەوە و یەکپارچەییە.. زمانی داهێنان لە نووسیندا سیستمی دال و مەدلول هەڵدەوەشێنێتەوە و بەرەو خەیاڵی نادیار هەنگاو دەنێت، ئەوەی لە داهێنانی بەردەوام دەمێنێتەوە نیشانەکانن. بەڵام زمانی حیکایەتکردن بۆی نییە، لە چوارچێوەی سۆزی مەدلوولە پیرۆزەکانییەوە دەربچێت، لە بەرزترین پلەی بەرەوپێشچوونی بیرکردنەوەدا بیر لە هاوگونجانی مەدلوولەکانی دوێنێ لەمڕۆدا دەکاتەوە، بەڵام هەرگیز بۆی نییە، پیرۆزی دالە جێگیرەکان تێپەڕێنێ.
داهێنان فەزای گریمانەیی نوێنەرایەتی دەكات، بەڵام مرۆڤ لە سیستمی هەڵبژاردن دانەبڕاوە، بەو مانایەش داهێنانی ئەدەبی و هونەری لە سەردەمی پاش حەقیقەت و زیرەكیی دەستكرد لە رێگای پۆلینكردنەوە، دەتوانێ خۆی لەگەڵ واقیعی گریمانەیی ئاماژەكان بگونجێنێ‌. هونەری نووسین هونەری وێناکردن و بەرهەمهێنانەوەی دالی بەردەوام و نادیارە، وەک رووە جیاوازەکانی حەقیقەتە. هونەری حیکایەتکردن، هونەری بەبیرهێنانەوەی مەدلوولە پیرۆز و جێگیرەکانی رابردووە، وەک حەقیقەتی چەسپاوە. کەواتە نووسین بەرهەمهێنانەوەی خەیاڵی نا-نواندنەوەیە. حیکایەتکردن بەرهەمهێنانەوەی پیرۆزی جێگیرە. لەنێوان پیرۆزی و نانواندنەوەدا.. خەیاڵی نانواندنەوە فرە رەهەندترە لەوەی پیرۆزی حەقیقەتی چەسپاو بەرگەی بگرێت. ئەسڵی حەقیقەتی حیکایەتەکانی رابردوو، لەنێو بەرەو پێشچوون و فرە رەهەندی خەیاڵی داهێنەرانەی نووسیندا وندەبێ. یان بە مانایەکی دیکە مەدلوولە چەسپاوەکان، لەنێو دالە گۆڕاوەکاندا بەردەوام کاڵتر دەبنەوە.

لە حیکایەتدا هیچ رووتییەک بوونی نییە، زمان و جیهان هیچ درزێکیان لەنێواندا نییە، زمان و پیرۆزی یەکپاچەن! حیکایەتکردن گوزارشت لە تەواوی زمان وەک پیرۆزی دەکات، پیرۆزی تەواو یەکپارچە خۆی داپۆشیووە. بەڵام لە نووسیندا زمان رووتە، بەو مانایەی کە گرژییەکی گەورە لەنێوان مەدلوول و دالەکاندا هەیە. لە نووسیندا رووتی نۆرمی باڵایە، باڵابوونی رووتی لە خەیاڵی زمانی داهێناندا بەردەوام خۆی دەگۆڕێت. بەتەعبیری (واڵتەر بنیامین) دوای رووداوی بورجی بابل، مرۆڤ و زمانی مرۆڤ بۆ هەمیشە کەوتۆتە بەردەم پەرتەوازەیی و ئاڵۆزی… بۆ زێتر شارەزایی بڕوانە كتێبی یەكەم، كێشەی سوبێكت، چاپخانەی سەردەم، 2014، سلێمانی، ل33، پێشڕەو محەمەد.
حیکایەت ئەسڵی نیعمەتە، ئەسڵی نیعمەتی حیکایەت مەدلوولە پیرۆزەکانی رابردووە. نووسین ئەسڵی سرووشتە، ئەسڵی سرووشتی نووسین دەلالەتە گۆڕاوەکان و سەیرورەی خەیاڵی داهێنانە. لەنێوان زمانی نووسین و زمانی حیکایەتکردندا روونی و ئاڵۆزی وەستاوە، روونی گرەنتی پەیوەندی نێوان مرۆڤ و جیهان دەکات و هەر لێرەوە وەهمی پیرۆزی هەناسە دەدات، پیرۆزییەکان خۆیان رادەگەیەنن و خۆیان وەک بونیاد دەسەپێنن. بەشێکی گەورەی خۆسەپاندنی پیرۆزی لەوەدایە کە پیرۆزی نە بۆمان دەگیرێت و نە بۆمان پڕ دەکرێتەوە. لە دووەمیاندا زمان بەشێکی نەگوتراوی لەخۆدا هەڵگرتووە، بەردەوام بەرانبەر بە جڵەوکردن بەرهەڵستی دەکات. لێرەدا نەگوتراوی زمان نادیاری دەخاتەوە، نادیاری ئاڵۆزی لێدەكەوێتەوە.. بەشێكی گەورەی ئاڵۆزی داهێنان لەوەدایە، كە زمانی داهێنان رابەرێكی دیاریكراو پێشەوایەتی ناكات، چونکە هیچ جۆرە قسەکەرێکی نییە.. بوونی زمانی نەگوتراوەكان لەگەڵ زمانی قسەکەر یەکە! بە مانایەکی دیکە ئەوە زمانە قسە بە قسەکەر دەکات. واتە زمان ئامرازی گەیاندن نییە، زمان خۆی لە رێگای خۆیەوە دەردەبڕێت. بۆیە لەو حاڵەتەدا زمانی نووسین قەیرانێکی قووڵ رووبەڕووی زمانی حیکایەتکردن دەکاتەوە، کە تا ئەو کاتە جگە لە مانا شتێکی دیکەی بەرهەم نەهێناوە. هەمیشە زمانی حیکایەتکردن هەوڵدەدات ماناکان و دەلالەتەکان بەسەر وشە و چەمکەکاندا بسەپێنێ، دەیەوێت چەمکەکان بەردەوام لۆکاڵی بکاتەوە و بەرگی زمانی پەتی-ناوچەییان بەبەردا بکات. بۆ زێتر شارەزایی بڕوانە: خولیای شیكردنەوە، عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا، چاپی وەزارەتی رۆشنبیری هەولێر 2022، چەمكی زمان ل9.
سەرەڕای ئەوەی زمانی حیکایەتکردن، هەوڵدەدات هیچ جۆرە گرژییەک لەگەڵ سیستمی بەمیرات بۆماوە روونەدات و رەوتی رووداوەکان بۆ هەمیشە بە نرخی دۆخی باڵادەست بپارێزێ.. بەڵام زمانی نووسین وەک جیاوازی، بەردەوام لەو دەسەڵات و پیرۆزییەی حیکایەتخوان دووردەکەوێتەوە، نموونەی زیندووش دوورکەوتنەوەكانی ئەمڕۆ لە چەمکەکانی رۆشنبیر، جەماوەر، شۆڕشگێر، شێخ، ئاغا.. ناپەیوەندی بە مەدلوولە داپۆشراو و پیرۆزەکانی رابردوو.. لێرەوە بە رووتی نووسراوە لە سەردەمی پاش حەقیقەت و زیرەكیی دەستكرد، لە فەزای ئەتۆمگەرایی و گریمانەیی سیمیۆلۆژیا.. فۆرم، جێگەی جەوهەری گرتۆتەوە.

یادەوەری
گەڕان بە دوای باوكدا

ئەفلاتوون بیرچوونەوە بە نەزانی دادەنێت.. بەڵام لای (پۆل ریكۆر) لەبیرچوونەوە نەزانی نییە و دوژمنی مەعریفە و بەبیرهێنانەوەش نییە، بەڵكو گوزارشت لە حاڵەتێكی درووست دەكات، كە بە شێوەیەكی گشتی مرۆڤەكان تووشی دەبن. ریكۆر لە تێزەكەیدا و لە كتێبی (یادەوەری، مێژوو، بیرچوونەوە) پێیوایە ئەوە مێژووە یادەوەری لە فەرامۆشكردن دەپارێزێت، مێژووش ململانێی نێوان مرۆڤ و بەبیرهێنانەوەیە. لەبیرچوونەوە هێزە و یادەوەری ئەركە، هەردووكیان بەشداری لە پێكهاتنی مێژوودا دەكەن.
كەواتە ویستی بیرچوونەوە، توانایەكە بۆ بیرهێنانەوە، یان لەبیرچوونەوە لە رێگای زمانەوە نوێنەرایەتی رابردوو دەكات، زمانیش چالاكییەكی لەخۆوەی نێوان بیرهێنانەوە بیرچوونەوەیە. ئەو گوتەیەی ریكۆر بە جۆرێك لە جۆرەكان دەبێتە پشتگیری بۆ كۆدە بەناوبانگەكەی (مرۆڤ فڕێدراوەتە نێو زمانەوە)ی ژاك لاكان.. چونكە وەك چۆن ناتوانین حوكم بەسەر زماندا بدەین، بە هەمان شێوەش ناتوانین حوكم بەسەر لەبیرچوونەوەدا بدەین. مرۆڤ لای لاكان وەك بەندەی ویستی زمان و لای ریكۆ وەك بەندەی ویستی بیرهێنانەوە دەمێنێتەوە.. بۆیە مرۆڤ پێویستە رێگا بۆ ویستی زمان و بیرچوونەوە واڵا بكات.. چونكە داهاتوو ملكەچی زمان و بەبیرهێنانەوە و لەبیرچوونەوەیە.. لەسەر ئەو بنەمایە ریكۆر لە كۆجیتۆكەیدا دەڵێت: من بیرم دێتەوە كەواتە من هەم، من بیرم دەچێ كەواتە من هەم. لەو كۆجیتۆیەوە جەخت لە پەیوەندی بەبیرهێنانەوە بە بوون و لەبیرچوونەوە بە بوون دەكات.. مۆركێكی بوونگەرایی بە بیرهێنانەوە و بیرچوونەوە دەبەخشێت.
لە تێزەكەی ریكۆردا زمانی گێڕانەوە، گێڕانەوەی رووداوەكانی رابردووە، بەڵام رابردوو وەك خۆی نا، بەڵكو گێڕانەوە دووبارە بەپێی كات و شوێنی جۆراوجۆر، بە دارشینەوەیەكی دیكە هەڵدەسێتەوە.. بێ ئەوەی یادەوەری و خەیاڵ لێكجیا بكاتەوە.. دەشێ خودی خەیاڵیش رابردوو بونیاد بنێت.. كەواتە ئەوە ویستی لەبیرچوونەوەیە، یادەوەری وەك پرۆژەیەك بۆ داهاتوو تەماشا دەكات.
لێرەوە پرسیارێكی وردی (سانت ئۆگستین) هەیە، ئەویش: چۆن دەشێ قسە لە بارەی لەبیرچوونەوە بكەیت، ئەگەر لەژێر سایەی بەیادهێنانەوەی لەبیرچوونەوە نەبێ، بەو مانایەش بیرچوونەوە ملكەچی ئاگایی تاكە، ئەگینا چۆن دەزانێ لەبیری چۆتەوە؟ هەڵبەتە میكانیزمی كاری مرۆڤەكان لە بەرانبەر ترسی لەبیرچوونەوەدا هەمیشە بە دوو شێوە تەماشا كراوە، یان ترسەكە بووەتە هۆی خولقاندنی بەرهەمێكی مەزن و گەورەی ئەدەبی و هونەری یان زانستی.. یان زۆر جار بە پێچەوانەوە بووەتە هۆی وێرانكاری و شەڕ و كوشتن..
بەڵام ئەمڕۆ لە سەردەمی دیجیتاڵیدا تەواوی وێنەكان، تەواوی دال و مەدلولەكان هەڵدەوەشێتەوە، ئەوەی دەمێنێتەوە ویستی بیرهێنانەوە نییە، بەڵكو تەنها نیشانەكان، دەلالەتەكانن.. لێرەدا دەلالەتەكان دەلالەتی بیرهێنانەوە نیین، بەڵكو نیشانەی زێدە واقیعین.. (ژان بۆدریار) دەڵێ زێدە واقیعی دۆخێکی نوێی کۆمەڵگایە کە ئاگایی بە بوونی خۆی بووە بە هەستکردنێکی نمایشكارانە، واقیع، واقیعی گۆڕیووە بۆ نمایش، هیچ کەلێنێکی بۆ رەخنە نەهێشتۆتەوە، واتە نیشانەکان نە هیچ شتێ دووبارە دەکەنەوە و نە بەرهەمی دەهێننەوە، جگە لەوەش هەر شتێ نەیەتە نێو نمایش وەک نەبوو وایە.

كەواتە سەردەمی پاش حەقیقەت و زیرەكیی دەستكرد، هەر تەنها راڤەكردنێكی نوێ‌ نییە، بۆ یادەوەری و لەبیرچوونەوە.. بەڵكو زمانی یادەوەری لە سۆزی گەڕانەوە بۆ (دایوباب) شیدەكاتەوە.. لە سۆزی گەڕانەوە بۆ ئارەزووكردنی دەسەڵاتدا دەیبینێت. بەو مانایەش ئامانجی یادەوەری بەدەستهێنانی ئارەزووی دەسەڵاتی (دایوباب)ە، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە وەك بابەتی ئارەزوو لەگەڵ (دایوباب) یەکبگرێتەوە (وەک لە قۆناغە یەکەمەکانی منداڵی..). لێرەوە سەردەمی پاش حەقیقەت و زیرەكیی دەستكرد تەنها فیكری نوێی بەرهەم نەهێناوە، بەڵكو بونیادی خودی بیركردنەوەی گۆڕیووە.. لەبری سرووشتی نیشانەكان و چۆنیەتی راڤەكردن، خودی نیشانەكانی گۆڕیووە. كەواتە لەنێوان زمانی نووسین و زمانی بەبیرهێنانەوە و لەبیرچوونەوە گومانی هاوڕابوون هەیە! دەبێ زۆر لێی نەچینە پێشەوە، بەڵكو دەبێ‌ راستی ئەو مەسافەیە بپارێزین. وەك ئەوەیە بڵێین: لە سۆزە گەرمەكانت دەترسێم، زۆر لێم نزیك نەبیتەوە!. ئەوەی پەیوەندی نێوان زمانی نووسین و زمانی یادەوەری، زمانی نووسین و زمانی حیكایەتكردن، یان تەكنۆلۆژیا و زمان بەگشتی بەڕێوە دەبات، گومانی هاوڕابوونی شیعری بێ‌ شیعرییەت، یادەوەری بێ لەبیرچوونەوە، گێڕانەوەی بێ‌ خەیاڵ…
(ژیل دۆلۆز) نائاگایی بە شانۆی نمایشكردنی دراما ئۆدیبییەكان دادەنێت و بە تووندی قسان لەبارەی نووسین وەك گەڕانەوە بۆ یادەوەرییە كەسییەكان دەكات، پێیوایە نووسین ئەوە نییە، كە باسی یادەوەری و سەفەر و سەرگەرمی و نەخۆشی و خەم و خەون و خەیاڵەكان دەكات. زمانی نووسینی داهێنەرانە ئەوە نییە، كە بۆ ژێر هەژموونی دەسەڵات، دەسەڵاتی رابردوو دەگەڕێتەوە، یان بە خەیاڵداهاتنی نیازخوازانە و سەپێنەرانەی رابردوو نییە، وەك چۆن زمانی نووسینی داهێنەرانە ئەوە نییە، كە بە واقیعدا هەڵدەڵێت.. لێرە ئەوەی لە هەردوو باردا بە تۆخی ئامادەیە، دەسەڵاتی چیڕۆكی دایە و بابەیە! بەو مانایە دەشێ بڵێین بیرهێنانەوە و بیرچوونەوە بونیادێكی ئۆدیبی (واتە مەیلی گەڕانەوەی كچ بۆ باوك و كوڕ بۆ دایك) هەیە، كە بۆ نووسینی حیكایەتكردنی یادەوەری، نووسەر بە واقیعی پێیهەڵدەسێت، یان لە خەیاڵی كۆنەخوازانەدا دەیچێنیت. لە كۆتاییدا ئەو شێوەیە لە بیركردنەوە بەرەوە گەڕان بە دوای باوك و دایكدا دەتبات، وەك چۆن لە خەونە (ئۆدیبیەكانت) دەیبینیت، ئەوەش پەیوەندی بەوە هەیە، كە لە رێگای دایك و باوكەوە دەتەوێت منداڵی خۆت بدۆزیتەوە، بۆیە لە پێناو دایە و بابە دەنووسیت. بۆزێتر شارەزایی بڕوانە: المجلة -العدد 1964 دیسمبر/ كانون الاول 2024، الكتابة والنسيان، عبد السلام بنعبد العالي.

پرسیار ئەوەیە ئایا زمانی نووسینی داهێنەرانە دەتوانێت بەسەر زمانی حیكایەتكردندا زاڵ بێت و هۆشیاریی مرۆڤەكان لە گرێی ئۆدیبەوە بگۆڕێت بۆ سەردەمی پاش حەقیقەت و زیرەكیی دەستكرد؟ نووسین هۆشیاریی خەڵك دەگۆڕێت! پاشان ئەو خەڵکانەی گۆڕاون، ئەو جیهانە دەگۆڕن کە تێیدا دەژین.. چۆن گرێی ئۆدیب ژیانی تایبەتی خۆی هەبوو. ئایا ژیانی سەردەمی پاش حەقیقەت و زیرەكیی دەستكرد، بڕوای بە تێگەیشتنی ژیانی تایبەت هەیە.. زمانی نووسین رووبەرووی ژیان و كەسەكان دەبێتەوە، بۆ ئەوەی خەیاڵی داهێنەرانەی خۆی بسەلمێنێ و نكۆڵی لە هەموو شتە كەسییەكان بكات.. ئایا بۆ ئەوەی رووبەرووی ژیانی تایبەتی بێتەوە، دەچێتە خەیاڵی داهێنەرانەی خۆیەوە؟.
زمان بۆیە دەژی تا شتێ لە خەیاڵ بە ناویدا تێپەڕێت. بەڵام هەرگیز زمان، ژیان ئەرشیف ناكات، بەڵگەنامەی ژیان بۆ خۆی ژیانە، بەڵگەنامەی زمانیش خەیاڵی زمانە. ئەركی ژیان نییە لە خۆی بكۆڵێتەوە، ئەركی زمان نییە، لە بەڵگەنامەكانی خۆی بكۆڵێتەوە. نووسین بەڵگەنامەی خەیاڵی ژیانە و ژیان لە پێناو ژیاندایە، ژیان لە پێناو پێشكەوتنەكانی ژیاندایە. نووسین تەقاندنەوەی خەیاڵی زمان و رەتكردنەوەی ئەو سیستەمەیە، كە دەستی بەسەر ئازادی خەیاڵدا گرتووە. وەك چۆن پێویستە ژیان وەك دەستبەسەرداگرتن فەرامۆش بكەین! پێویستە زمانیش وەك تەقاندنەوەی خەیاڵ خۆی درێژ بكاتەوە!

ژیان و نووسین بۆ گەیاندنی پەیامەكانیان گرەو لەسەر فەرامۆشی و بیرهێنانەوە دەكەن. بەڵام بۆ ئەوەی ژیان پەیامەکەی بگەیەنێت، دەبێ یارمەتی لە زمان وەرگرێت، نەك بیرهێنانەوە و بیرچوونەوە، نەك مێژوو و رابردوو.. چونكە زمانی نووسین بەرجەستەکەرێکی سەیری خەیاڵی خۆیەتی، بەرجەستەکەری خودی ژیان نییە. بەرجەستەكردنی خەیاڵی خودی زمان وەك خەیاڵی جولاو و سەیرورەی بەردەوام رێز لێگیراوە.. ژیان لەبەردەم داهێنانی خەیاڵی زمان بەردەوام چەماوەتەوە.. زمانی داهێنان چاوەڕێی یارمەتی لە ژیان ناكات، لە سەربەخۆیی و ئازادیدا ڕەگ و ڕیشەی درێژ دەبێتەوە. ژیانیش ئەوەندەی توانای دوورکەوتنەوەی لە رابردوو هەیە، توانای ئامادەبوون و زیندووکردنەوەی رابردووی نییە، چونكە حەقیقەتی ژیان حەقیقەتی پاش سەردەمی حەقیقەتە. وەك چۆن خەیاڵی زمانی نووسینی داهێنەرانە رەنگدانەوەی بەخەیاڵداهاتنی رابردووی نییە، ئامادەیی خەیاڵی زمانی داهێنان لە تەقینەوەی بەردەوامدایە. تەقینەوەی خەیاڵی زمانی داهێنان لە دوو روودا دەردەکەوێت، وەک ئەوەی بەردەوام بۆشایی بخاتە زمانی رابردووەوە، وەک ئەوەی بەردەوام زمانێ لەنێو زماندا دابهێنێ.

هەولێر 17/12/2024
عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا




حیكایەتەكانی فرۆید/ بیركردنەوەكانی فرۆید.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

پێشكێشە بە هاوڕێم محەمەد تەها حوسێن

عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

(نائاگایی)
حیكایەتەكان چیدی پەیوەندییەكی راستەوخۆیان بە واقیعەوە نییە.

مرۆڤ لە خەون و خەیاڵ و خواست و حەزە متبوو و چەپێنراوەكانەوە.. هەوڵی سەپاندنی بوونی خۆی دەدات، هەموو ئەو ئارەزووانەی لە حاڵەتی ئاگایی پێینەگەیشتووە، لەو بەشە نەناسراوەی (سیگمۆند فرۆید 1856- 1939) ناوی ناوە (نائاگایی) هەوڵی پێگەیشتنی دەدات، ئەو بەشەی هەمیشە لە كاردایە و عەقڵ بەڕێوە دەبات. بەمجۆرە نائاگایی ئاگایی دۆزەخی رۆحی مرۆڤە. مەبەستی دەروونشیكاری فرۆیدی گۆڕینی نائاگاییە بۆ ئاگایی..
لە سیستمی نائاگاییدا نە رەتكردنەوە، نە پلەكانی یەقین، بوونیان نییە. چونكە نائاگایی هەرێمێكی تاریكە و بە كۆدی تایبەتی و نهێنی نەبێت، ناكرێتەوە! كەواتە مرۆڤ هەموو ئەوانەی دەیڵێ و دەریدەبڕێت، لە خۆڕا نییە و مانای شاراوەیان هەیە. بۆیە كاتێ فرۆید ئاوڕ لەو هەڵە و لەدەم دەرچوون، خلیسكانی زمانەوانییانە دەداتەوە، كە هەموومان رۆژانە تووشییان دەبین.. دەڵێ هەڵە نین! بەڵكو بەو شاراوانەیان دەبەستێتەوە، كە بێ چارەكردن ماونەتەوە! بەو مانایەش نوێنەرایەتیكردنی خلیسكانی زمان، زنجیرەیەك نوێنەرایەتیكردنی داخراون، بەڵام نوێنەرایەتیكردنی شتە دیارەكان زنجیرەیەك نوێنەرایەتیكردنی كراوەن. یەكەم نائاگایی بەڕێوەیان دەبات، بڵام دووەم ئاگایی.. یان بە مانایەكی دیكە بە (شێوەیەكی تایبەت) داواكانی نائاگایی پیادە دەكرێ، كە لە ئاگاییدا پیادەكردنی نەشیاو دەكەوێتەوە. نائاگایی گوزارشت لە ئارەزووە چەپێنراوەكان دەكات و هەنگاوێكی گرینگە بۆ پەردە هەڵدانەوە لەسەر پەیوەندییەكانی مرۆڤ، لە رێگای دەربڕینی زمانەوە.
نائاگایی خاوەنی یاسای تایبەتی خۆیەتی و پرۆسە بنەڕەتیەكانی دەكەوێتە سەر چڕكردنەوە و گواستنەوە و گۆڕینەوە! بەو مانایەش سەروكاری لەگەڵ كۆمەڵێك مانادا هەیە، كە بە جۆرێ چڕیان دەكاتەوە و دەیانگۆزێتەوە و دەیانگۆڕێتەوە.. وەك ئەوەی دەستێكی تەواو ساغ وەك دەستێكی گۆچ نیشان بدات.. یان كۆمەڵێك مانا لە فۆڕمێكی تایبەتیدا چڕبكاتەوە.. كۆمەڵێك فۆڕم بۆ نموونە لە نوكتەكان و خەونەكاندا بە شێوەیەكی جیاواز وەرگێڕێت.. یان چێژ و خۆشی، لە ئەدەب و هونەر، فانتازیادا بنوێنێتەوە..

(لبیدۆ)
ئازادبوون، ناسنامەی رزگاربوون نییە.

لبیدۆ یان هێزی سێكسی بەرەو ئەوانیدیكەیە، یان بەرەو خود پاڵدەنرێت. ئەگەر بە بڕی جێگیر بێت، ئەویدیكەت خۆشدەوێت، وەك چۆن خۆت خۆشدەوێت. ئەو قسەیەی فرۆید راڤەكردنی گوتەزای دراوسێیەكەت خۆش بوێت، وەك چۆن خۆت خۆشدەوێت.
هەمیشە لبیدۆ وەك پاڵنەری سەرەكی غەریزەی سێكسی دەمێنێتەوە، بەڵام تاكە هۆكاری كێشە و ئاڵۆزییەكانی ژیانی مرۆڤ نییە، بەڵكو كۆمەڵێك هۆكاری دیكە هەن، كە دەرەكیین. فرۆید بڕوای وابوو مرۆڤ لە منداڵییەوە خاوەنی سێكسوالێتییە، مەمكی دایك دەروازەی سێكس و عەشقە بۆ هەمووان.. “هەر كەس منداڵێكی تێر شیری مەمكی دایكی دیتبێت، بە كوڵمی سوور و بزەیەكی شوكرانەبژێرەوە، چاوی چۆتە خەو، ناتوانێت لەو تێڕامانە هەڵبێت، كە ئەو وێنەیە وەك پێش نموونەیەك بۆ دەربڕینی تێرێتی سێكسی لە تەمەنی گەورەییدا دەمێنێتەوە.. بڕوانە: نەست لە دەروونشیكاری فرۆید و لاكان دا-و: وەلید عومەر).
رەنگە هەر لەبەر ئەوەش بێت كە زمانی نزیكبوونەوە، یان گیانی بە گیانی سێكسی، زۆرجار شێوەی زمانی منداڵ بگرێتەخۆ.. بە دڵنیاییشەوە شتێكی سەرسوڕهێنەر نییە، كە لە كاتی جەنگدا سەربازە بریندارەكان، چ ئازا بن، یان نا، بۆ دایكیان دەگریێن. یان وەك ئەلتەرناتیڤی دایك بۆ ماڵ دەگریێن، چونكە ماڵ مرۆڤ دەباتەوە نێو باوەشی دایك.
فرۆید پییوایە زۆربەی نەخۆشی و كیشە دەروونییەكان ریشەی كلتوورییان هەیە، بەو مانایەی كە كلتوور بەشێوەیەكی نەزانانە مامەڵەی لەگەڵ لبیدۆدا كردووە، نەك بەو مانایەی كە كلتوور زمانی له‌خۆوه‌یه‌… بەڵكو بەو مانایەی كە كلتوور لبیدۆ وەك هێزی زیندەگی نابینێ، بەڵكو هەر لە بۆتەی هەڵچوون و سۆزدا دەیبینێ.. لبیدۆ وەك وزەی داهێنان، ئەو هێزە پاڵنەرەیە، كە مرۆڤ هەم پێداویستییە بایۆلۆژیەكانی لە رێگایەوە دابین دەكات، هەم تەواوی حەزەكانی بە ئاستەكانی تێربوون دەگەیەنێت.. بۆ ئەوەی دۆخی شڵەژانی خۆی تێپەڕێنێت.

(بیركردنەوە)
مرۆڤ لەو سەردەمەدا هەر چەندە زیاتر خۆی سووك و رەزیل و ریسوا بكات، ئەوەندە زیاتر جەماوەر و ناوبانگ بە دەستدێنێ. “ئالان دۆنۆ”

بیركردنەوە وەك زنجیرەیەك چالاكی دەروونی، كە مێشك ئەنجامی دەدات، لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر دەگۆڕێت. فرۆید زانایەك بوو، ویستی مرۆڤ پڕ غەریزەی ژیان بكات و چێژ بە عەقڵانی بدات. بە دیوەكەی دیكە ئەو پێیوایە كردەی بیركردنەوە ئومێد و خەون و خەیاڵەكانی لەخۆدا هەڵگرتووە، لە هەمان كاتدا كۆمەڵێ كێشەی دەروونیش دەنوێنێ. لەسەر ئەو بنەمایەش رووخانی كلتووری باو بونیادنانی كلتوورێكی دیكە، دەكاتە پرۆژەی كاركردنی، كاركردنێك كە مرۆڤ بەرەو سیستم و دیسپلینی دەروونی دەبات.. فرۆید بڕوای بەوە بوو، كە پرۆسە مەعریفییەكان نائاگایی بەڕێوەیان دەبات، وەك چۆن پرۆسە دەروونییە نائاگاییەكان پرۆسەی مەعریفین. بە شێوەیەكی سەرەكی كێشەی تێگەیشتن لە عەقڵ و جەستە، وەك پەیوەندی وردی نێوان بارە دەروونییەكان و بارە فیزیكییەكان بابەتێكی گرنگی دەمارزانی بوو، وەك چۆن جێی سەرنجی دەروونناسانیشە..
زانایانی دەمار سوودی زۆریان لە بیركردنەوەكانی فرۆید بینیووە، كە هەوڵەكانی مرۆڤ بۆ خەیاڵكردنی شتەكان پێش بەدیهێنانیان رووندەكاتەوە. فرۆید هەوڵدەدا لەنێو خەونەكاندا بە هەموو حەز و خواستە بەدینەهاتووەكان بگات.. بگاتە ئەو حەز و خواستانەی بیركردنەوە و عەقڵی گرتۆتەوە. فرۆید گرەنتییەك پێشكەش دەكات، كە هەموو “بیركردنەوەیەك بیركردنەوەیەكی دیكەیە” نە سەقامگیرە، نە وەستاوە، وەك چۆن نەزمی باڵاش نییە، بەو مانایەش نائاگایی بنەمای ژیانی بیركردنەوەیە.. بیركردنەوە دەكەوێتە نێو كاتەوە و لەوێ خۆی هەڵدەنێ، بەوەی پرۆسەیەكە، بەردەوام دەگۆڕێت و خۆی رەتدەكاتەوە، چونكە هەرگیز تەواو نابێت.

(قسەكردن)
مرۆڤ خۆی ئاژەڵێكی سەمپتۆمدارە.

چارەكردنی نەخۆشی دەروونی بە رێگای قسەكردنی ئازاد و بەخەیاڵداهاتن بە شێوەیەكی خۆكارانە، یەكێكە لە رێبازە زانستی و عەقڵانییەكەی فرۆید. قسەكردنی ئازاد و بەخەیاڵداهاتن بە شێوەیەكی خۆكارانە نەخۆشە دەروونییەكان ئارام دەكاتەوە، جا چ لەسەر رێبازی فرۆیدی بێ، یان هتد.. چونكە بوونی مرۆڤ (وەك نەقسی فرۆیدی) بۆ هەریەك لە دال و مەدلول دەگەڕێتەوە. واتە كە زمان دێتە ناوەوە، یان كە منداڵ لە بواری وێناكردن و خەیاڵەوە دەچێتە بواری رەمزییەوە، ئیتر وەك دال و مەدلوول پەیوەندی دووانەیی (دایك منداڵ) دەچێتە نێو پەیوەندی سییانە و چوارییەوە.. بۆ نموونە ونكردن و دۆزینەوە (فۆردا- for-da )ی نەوەكە فرۆید، كە بە تراژیدیای ونكردن و دۆزینەوەدا دەڕوات، ئەو ساتەی كە دایكی لەپێش چاوە (بەكرەی یارییەكە دیارە) لەگەڵ ئەو ساتەی كە دایكی دەڕوات (لە كاتی یاریپێكردندا بەكرەكە خلۆر دەبێتەوە و دەڕواو وندەبێت، تەنها داوێكی باریك بە دەست منداڵەكەوە دەمێنێتەوە، كە رایدەكێشێتەوە- دەیدۆزێتەوە).. گەمەی ونبوون و دۆزینەوەی هەر تەنها گەمەی بەدواداگەڕانی مەدلوول و بەدواداگەڕانی نەوەكەی فرۆید بۆ دایكی نییە، بەڵكو بە گشتی كودەتایەكی مرۆیی بوو، بەسەر مرۆڤدا.
بەمجۆرە زمان یارمەتی سوككردنی نیشانەكانی سۆزداری و نیگەرانی و میكانیزمی خۆبەتاڵكردن لە كۆتوبەندەكان دەدات. وەك چۆن كرانەوە و خۆشەویستی پارێزگاری لە دەروون دەكات. چەپاندن تووشی دەمارگیری دەكاتەوە.

(میكانیزمی بەرگریكردن)
قسە كردن سەیرورەیە، جێگیربوون حیكایەت.

چەمكی بەرگریكردن بەشێكی جیانەكراوەی تێگەیشتنی دەروونشیكارییە بۆ رەفتارەكانی مرۆڤ. فرۆید ئەو تیۆرەی وەك ستراتیژییەتی دەروونی دامەزراندووە، كە بە هۆیەوە عەقڵی ناوەكی لە پێناو پارێزگاریكردنی خۆی لە دڵەڕاوكێ و بەرگریكردن لە پاڵنەرە قبوڵنەكراوەكانی بەكاری دەهێنێ. واتە لەو رێگایەوە عەقڵی ناوەكی لە پێناو پارێزگاریكردن لە حەزەكانی خۆی، هەوڵدەدات گەمە بە بیركردنەوەكان بكات و راستی بشێوێنێت.
میكانیزمی نكۆڵیكردن و رەتكردنەوە، بە خێرایی رووبەڕووی راستییە بەڵگە نەویستەكان دەبنەوە.. بۆ نموونە نكۆڵیكردنی كەسی، وەك نكۆڵیكردن لە سیگاركێشان، خواردنەوەی مەی.. هەندێكجاریش شێوەی گشتی وەردەگرێت، وەك نكۆڵیكردنی دیاردەیەكی زانستی، كۆمەڵایەتی، كلتووری، گۆڕانكارییەكانی كەش، ئاو هەوا.. میكانیزمی رەتكردنەوە وەك چیرۆكی ئەو نەخۆشەی كە رووەو فرۆید دەڵێت ئەو ژنە هەر كێ بێت “هەر دایكم نییە”.. بە گشتی میكانیزمی رەتكردنەوە پەیوەندی بە دنیای ناوەوە هەیە، میكانیزمی نكۆڵیكردن پەیوەندی بە دنیای دەرەوەدایە..

(گەڕانەوە بۆ رابردوو)
لە هایپەر واقیعدا، هێلی نێوان راستەقینە و هاوشێوەكەی تا دێت كاڵ دەبێتەوە

فرۆید پێیوایە لینكێكی قووڵ لەنێوان ئێمە و مرۆڤە زۆر سەرەتاییەكاندا هەیە، ئێمە بە گشتی قوربانی رووداو و پرۆسەكانی رابردووین، واتە رابردوو ئاڕاستەی كەسایەتیمان دیاری دەكات، ئەوەش بە هۆی گەشەی گرێی ئۆدیبەوە هاتۆتە ئاراوە. لە كلینیكەی خۆیشی كاتێ هەوڵی چارەكردنی نەخۆشەكانی دەدا، ویستوویەتی لە رێگای مێژووی تایبەتی نەخۆشەوە نیشانەكانی نەخۆشییەكەی زێتر بناسێ، بۆ ئەوەی ئێستای نەخۆشییەكەی روونتر ببینێ، لای ئەو (ئێستا) بێ تیشك خستنە سەر رابردوو، دەرناكەوێت. بۆیە نائاگایی تاك و رابردووەكەی بە هەند سەیر دەكات، تاكو دەست بۆ زمانی حیكایەتەكانی بەرێت.

(تووندوتیژی)
دەسەڵات، تووندوتیژی بۆ نمایش گۆڕیوە.

فرۆید دەڵێت مرۆڤ بۆ مرۆڤ گورگە، بەو مانایەش مرۆڤەكان دوژمنی سەرسەختی یەكترین! ئەگەر مرۆڤ لە بەرانبەر یەكتریدا تووندوتیژی فیكری، رەفتاری، رەمزی.. نەگۆڕن، ئەوە ژیان، شارستانییەت دەكەوێتە ژێر هەڕەشەوە. كەواتە بەر لەوەی توندووتیژی لەدایك ببێت، دەكرێت ڕێگا لە گەشە و تەقینەوەكانی بگیرێت. بە دیوێكی دیكەدا، ئەگەر توندووتیژی ببەستینەوە بە چەپاندنەوە، ئەوا دەگەینەوە بە هەمان ئەو ئەنجامەی كە توندووتیژی بوونەوەرێكی ناسەربەخۆیە. (گازگرتنی منداڵ، مژین، هاتنی ددانەكان، جوڵاندنی دەم بە هۆی خۆشی وەرگرتنەوە لە خواردن…)
چەپاندن بە مانا هەرە سادەكەی بریتییە لە سەندنەوەی زمان لە شتێك.. كاتێك شتێك دەچەپێنرێت، ئەوە ئەو كاتە لە زمان دەخرێت و دەچێتە دۆخی قەتیسبوونەوە. یەكێك لە توندووتیژییە ترسناك و ناوەكییەكان، توندووتیژیی ساتەوەختی چەپاندنە.. بەڵام كاتێ فرۆید مرۆڤی سێكسی وەك رووییەكی دیكەی جیاوازی مرۆڤی ئابووری ماركسی نیشان دەدات، لە بەرانبەر پێداویستییەكانی ئەو مرۆڤە گۆشەگیر و تەنیایە، پەیوەندییە مرۆییەكانی بەرەو پێشەوە دەبات.. بۆ ئەوەی مرۆڤی سێكسی پێداویستییە فیزیۆلۆژی و لبیدۆییەكانی دابین بكات، بێگومان وەك ئاماژەمان بۆ كرد، دۆخێك بۆتووندوتیژی فەراهەم دەبێت، دۆخێك كە شتەكان لەگەڵ خۆیاندا دەگەنە پڕی و دەتەقنەوە! لێرەدا وەك وەلید عومەر لە وتاری تووندوتیژیدا دەڵێ توندوتیژی وەك زادەی دوو پنت و دوو جەمسەر خۆی نمایان دەكات، پنتێك كە چەپێنراوە و پنتێكی تریش كە دەیەوێت لە چەپاندن ڕزگاری ببێت.

(دەرئەنجام)
فرۆید بەرهەمهێنانەوەی گەمەی نا- نواندنەوەیە.
11/12/2024 هەولێر




زێدە بیابان.. شیعری عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

بە دەربڕینەکانی هونەرمەندی شێوەکار (قەرەنی جەمیل) پێشکێشە

(١)
ئازادی لە نەخشەی بیابان دەتکێ
باران لە هاواری سەراب دەبێ بە ریشۆڵە
ریشۆڵەكان دەنووک لە تیشکى رووناکى دەگرن
لە ئاودا تیشکی رووناکی دووبارە هەڵدێ
ئەوەتا لێرەم وەک رووکاری رەشبردنەوە.
(٢)
جوانی رەفتاری بیابان هێشوو و هێشوو دەکا
رابردوو خۆڵەمێشییە
ئەوەتا لێرە دادەنیشم لەنێو ئێوە
ئاخۆ هەست بە گومانەکان دەپێون
ئاخۆ لە شکانی سەراب دەگەن
بزەی ئاو دەناسنەوە
ئاخۆ جیاوازی، وێناکردنی ناجیاوازییە، یان هاونشینی؟
(٣)
بە قاچی هیچ ناپەڕینەوە
ئاو دووبارە سەراب هەڵدەدا
مرۆڤ هێشوو و هێشوو لە بیابان دەکەوێ
با دێتەخوارێ
بۆ ژیان شامانایەک هەبوو
بۆ سەراب پێوانیەک نییە.
(٤)
بە قاچی هیچ ناپەڕینەوە
باران پێڵاوەکانی بیابان پڕ خۆڵ دەکا
با لە پرچی سەراب دەڕژێ
بە پێ خاوسی
بەبێ زیندووکردنەوەی شامانایەک
ناپەڕینەوە
لە پەنا رەنگی خۆڵەمێشی
لێرە دووبارە وەک روواڵەت لە ئێوە دەکەوم
مردن جێنشینی بینینە.
(٥)
بە قاچی هیچ ناپەڕینەوە
مرۆڤایەتی چەشنی نەخشەی بیابان
هێشووی هەتاو
نواندنەوە، زێدە مانا،
سەراب
بە ئاوەوە دەخورێتەوە.
(٦)
چیتر دابەزین نییە
بیابان لەبەر دەرگاتانە
رەنگی خاک جگە لەخۆی هیچ ناگەیەنێ
بە پێڵاوی پڕ لە خۆڵ
دووبارە وەک رووکەش لە ئێوە دەچم.
(٧)
ژیان شاراوەیەکی زێدە دیارە
رەنگ شاراوەیەکى زێدە گەرم
بە نمایشە شێواوەکانی
روو لە ئارەزوو دێتەخوارێ
بوونی مرۆڤ زڕوێنەیە
بە ئاسمانەوە کۆتایی بە حەقیقەت دێنێ.
(٨)
من نامەوێ ئاسمان لە خاک بچێ
زەوى لە ئاسمان بێتەوە
بەربوونەوەی ئەسڵ، شتێ لە شتێ ناکا
گەر دەرگا بکەنەوە
ئایکۆنەکان دەگەڕێنەوە
گەمەی نا- نواندنەوەیە.
(٩)
دنیا سەراب بێ یان وەهم
خاڵی گەشانەوەی هونەر وێناکردنی فریودانه
وێناکردنى زڕوێنە
خڕبوونەوەی ناتەبایی چێژە لێرە و لەوێ
من دەزانم
لە زێدە حەقیقەت دەبنەوە
تۆ دەزانی
شتێ لە پشت لەبەرگرتنەوە، بوونی نییە.
(١٠)
مردووەکان زیندووەکانیان گۆڕیووە بۆ ئاوەدانی
زیندووەکان مردووەکانیان گۆڕیووە بۆ زمان
ژیان گێڕانەوەی مرۆڤە بۆ دۆخی بێ شوناسی
ئەوەتا لێرە لەنێو ئێوە هەڵدەستمەوە
گەر دەرگا بکەنەوە
جەستەی بێ ئەندام دەبێ بە گۆڕ
لە پێگەی رەشبردنەوە و دابڕان
مردوو زیندووەکان دەردەکەون.

٢٠٢٤/٩/٢٨ هەولێر




زمان و شاعیر.. خەزعەل ئەلماجدی.. و: عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

شیعرییەت شایتحاڵی تەواوی سەردەمەكان

وزەی زمانی شیعری پەرت نییە، پارێزراوە. بە پێچەوانەی وزەی زمان لە بوارەكانی دیكەدا كە بەرەو سوودگەرایی و دەستاودەستكردن و تێگەیشتن دەبێتەوە… وزەی شیعری لە چوارچێوەی فۆڕمی شیعرییدا پارێزراوە، نە دەگۆڕێ و نە لەكار دەكەوێ. ئایا بەپێی ئەو تێگەیشتنە، دەتوانین شیعر لە رووی زمانەوانییەوە پێناسە بكەین و بڵێین شیعر زمانە، كاتێ وزەی خۆی دەپارێزرێ. لە رووی زمانییەوە پێناسەی پەخشان بكەین و بڵێین پەخشان زمانە، كاتێ پەرت دەبێ، یان وزەكانی بەكار دەهێنین، یان لە پێناو شتێكی دیاریكراو سوودی لێوەردەگرین. لەو دەرئەنجامەشەوە بڵێین زمان لە شیعردا هێزێكی نەگۆڕە، لە كاتێكدا زمان لە پەخشاندا هێزێكی گۆڕاوە، بۆ جۆرێكی تر، بۆ نموونە پەخشانی دەرەكی (بابەتخوازی و زانستی) زمان بۆ كار، هەواڵ، هاندان، وەسفكردن دەگۆڕێ، پەخشانی فێركاری بۆ زانست و زانیاری دەگۆڕێ. بەڵام هێزی زمانی شیعر ناگۆڕێت، بەڵكو لە ناوەوەی خۆیدا بە درەوشاوەیی دەمێنێتەوە. پەخشان لە مێژوودا جێگیر دەبێت، شیعریش بەرەنگاری مێژوو دەبێتەوە، چونكە ناگۆڕێت و دوای مێژوو ناكەوێت، بەڵكو شتێ لە ناوەوەی گوتار و رووداوە قەدەغەكراوەكانی دەوروبەری لە خۆدا هەڵگرتووە. بۆ نموونە قەسیدەكانی (موتەنەبی) لە بەرانبەر سەدەی چوارەمی كۆچی وەستاون، لە كاتێكدا دەسەڵات و میدیا و هەواڵ و یاسا و دابونەریتەكانی سەدەی چوارەمی كۆچی كەوتوونەتە نێو مێژووەوە. لە سەدەی نۆزدەمی پڕ لە رووداو و هەواڵ، قەسیدەكانی رامبۆ وەستاون، وەك رۆناكییەكی درەوشاوە و تازە، بە هێز و چالاكییەوە لە مرۆڤ دەڕوانن. ئایا ئەوە بەو مانایەیە كە پەیام ((پەیامی شیعری)) دەبێ بابەتەكەی لە خودی خۆیدا بێ (بابەتەكەی لەو شتانە وەرنەگرێت، كە دەوری داوە و ئاماژە بە شتەكانی دەوروبەری خۆی نەكات).. ئەوە پەیامێكی شیعرییە، وەك ئەوەی لە دەقی شیعرییدا هەیە؟
هەڵبەتە نا.. چونكە كاتێ باس لە ئەركەكانی زمان دەكەین و دەبینین یەكێك لە ئەركەكانی زمان، شیعرییەتە ((لەبەر ئەوەیە كە ناوەڕۆكی پەیامەكەی یان زمانەكەی خودی زمانەكەیەتی، نەك ئەوەی ئاماژەی بۆ دەكات)) ئەو قسەیە ((واتە پەیامی شیعر)) تەواو لەگەڵ قسەكانمان لە بارەی ((هونەری شیعری)) جیاواز دەكەوێتەوە، چونكە شیعر نواندنێكی هونەرییە، ((بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نواندنی هونەری)) تەنیا ئامانجەكەی نییە. با بە وردی بڵێین ئەوە شیعرییەتە وەك ئامانجێك تەنها لە رێگای هونەرەوە دەتوانرێ بە دەست بهێنرێت، بەڵام ((ئەركی شیعر))یش دەشێ لە مەبەست ((پەیامی شیعری)) یان ئامانجی شیعریدا هەڵگرینەوە، كە رەنگە شیعر تێیدا سەركەوتوو بێت، یان لە بەدیهێنانیاندا سەركەوتوو نەبێت. ((روونكردنەوەی)) ئەو قسانەش بە گشتی ((خودێتی و زمانەوانی و تەمومژی)) شیعری كەم دەكاتەوە و بە شیاوی چارەی دەكات، چونكە سروشتی ئەو پەیامەی كە چارەی دەكات، ئەوەیە كە خودی زمانی ئاڵۆز چەمێكە دەبێ بوڕوژێندرێت، چونكە هەمیشە سەرلێشێواوییەكی گەورە لەنێوان ئەركی شیعری و ئەركەكانی دیكە (كۆمەڵایەتی و سیاسی و پەروەردەیی و سۆزداری و سوودگەرایی.. هتد) درووست دەكات، كە دەكەونە چوارچێوەی ئەركە بابەتییە لەكاركەوتووەكانی زمان. لێرەدا بە هیچ شێوەیەك مەبەستم داخستنی ئامانجی زمانی شیعری ((پەیامی شیعری)) نییە، كە هەمیشە كراوەیە، بەڵكو دەبێ بزانین كە شیعر((هونەری شیعری)) ئەگەر ملكەچی ئەو ئەركانە بێت، ئەوە ئامانجی خۆی ((وەك شیعر- زمانی شیعری)) لە دەست دەدات و دەبێتە پاشكۆ بۆ ئەركی دیكە. لێرەدا ناتوانین ئەو كارە یەكلا بكەینەوە و بڵێین ئەوەی شیعر دەنووسێ دەبێ بەو رێچكەیەدا بڕوات. بەڵكو شاعیر دەبێ لە خۆیەوە ((بە شێوەی تایبەتی خۆی)) پارێزگاری لە شكۆی شیعر و روونی و وزەی شیعری بكات، شاعیر دەبێ هۆشیارییەكەی تا ئەوسنورە بێ، كە نەكەوێتە ژێر چەكوشی ئامانجەكانی دیكەی زمان، پاشان شوێنكەوتە و ملكەچیان. شاعیر دەبێ بۆ ئامانجی شیعر هەنگاو بەرەو پێشەوە بنێت، پێویستی بە هۆشیارییەكی گەورەی شیعری یەكگرتووهەیە، دەبێ لەگەڵ كاتدا هەنگاو بنێ، خۆی لە هەموو ئەو رێگایانە بدزێتەوە، كە بەرەو گەڕانەوە و بێبایەخی و موجامەلەی دەبەن.

شوشتنەوەی وشەكان
وشە لە شیعری كۆندا ناسنامەی دیار نییە، بە ئاراستەی ئەو مانایەدا دەڕوات، كە بە شێوەیەكی هەڕەمەكی رۆژێ لە رۆژان بۆی پێشنیار كراوە، لە پێناوی دروستكراوە.. بۆیە وشە تەنها وەك ئامرازێ بۆ بەكارهێنان و گەیاندن دەمێنێتەوە، نە زۆر نە كەم.. وشە لە شیعری كۆندا هیچ كەسایەتییەكی نییە.. چونكە لە شیعری كۆندا ((مانا)) دۆخەكە بەڕێوە دەبات. بەڵام ئەگەر وای دابنێین كە زمان لە پێكهاتن و هەڕەمەكییەت و یاسا ناوەكییەكانیدا هاوتای ژیان بێت، لەبەر ئەوەی زمان لە خودی ژیان و پێشكەوتنەكانی ژیانەوە گەشەی كردووە، كەواتە ئەی بۆچی دەستەواژەكان (وشەكان) بە بوونەوەری زیندووی ئەو ژیانە نازانین، كە كەسایەتی و سەربەخۆیی خۆیان هەیە، وەكو رووەكەكان و ئاژەڵەكان و زیندەوەرە وردەكان، كە ژیانی شاراوە و تایبەتی خۆیان هەیە، زۆربەی جاران هەر نایانبینین، تەنها ئەوانە نەبێ كە دیارن و پەیوەندییان بەیەكترییەوە پەیوەندی مانەوە و ململانێ و ئەزموون و هاوژیانییە. دەشێ لە ژیانی رۆژانەدا زمان ئامرازی گەیاندن و تێگەیشتن بێ، وشەكان ((بوونەوەرە زیندووەكان)) قوربانی بە كەسایەتی و ژیانی خۆیان بدەن، بۆ ئەوەی مرۆڤ لە مرۆڤ بگات، بۆ ئەوەی ئەو لەیەكگەیشتنە بەردەوام بێ. بەڵام ئایا هیچ دەستەواژەیەك بەو قوربانیدانە خۆبەخشانەیە رازییە؟ نەخێر، بەڵكو ئەوە بەكاربردنە رازییان دەكات. بەڵام ئەدەب ئەو بەكاربردنە رەتدەكاتەوە و دادپەروەری لەگەڵ ئەو بوونەوەرانە و پەیوەندییەكانیان دادەمەزرێنێ و شكۆیان بۆ دەگەڕێنێتەوە، لەو رووەوە شیعر ژانرێكە زیاد لە ژانرەكانی دیكەی ئەدەب پارێزگاری لە پەرتبوونی وشەكان (دەستەواژەكان) و پەیوەندییەكانیان دەكات، لە هەموو ئەو بەكارهێنانانە رۆژانەییە، یان رۆتینییەی كە كەسایەتی وشەكانیان پیس كردووە و تێكشكاندووە، پاكیان دەكاتەوە و شكۆ و هێزییان بۆ دەگەڕێنێتەوە.. دەیانخاتە نێو بەكارهێنانی نوێ و ژیانی ((ژیانی زمانەوانی نوێ))یان بۆ دەڕەخسێنێ و دەیانخاتە نێو پەیوەندییەكی نائاسایی و چاوەڕواننەكراوەوە.. جێگایان بۆ دەدۆزێتەوە و وایان لێدەكات تێیدا نیشتەجێ بن، بەمجۆرە دەقی شیعری سەرسامی درووست دەكات، چونكە: واتای نوێ ((ژیانی نوێ)) بە وشە دەبەخشێت. وشە دەخاتە پەیوەندی نوێوە. بەمجۆرە زمان نوێ دەبێتەوە و ئەو نوێبوونەوەیەش دەبێتە نوێبوونەوەی ژیانی مرۆڤ و بوژانەوە و گرژی و نەشونماكردنی مرۆڤ.
پەیوەندییە زمانەوانییە كۆنەكان لە شیعر و پەخشاندا پەیوەندی دیاریكراون یان وەك رەوانبێژی پۆلینكراون، ناشێ لێیان دەرچین و نكۆڵی لە رەوانبێژییان بكەین، بەڵكو دەبێ چوارچێوەیەكیان بۆ بدۆزینەوە و لە شێوازێكی چەقبەستوودا دایانبنێین، بەوەش دەستەواژەكان و پەیوەندییەكانیان لە شیعری كۆندا بە هۆی تووندی سیستمی زمانەوانی و عەقڵی و كۆتوبەندكردنیان لە چواچێوەی رۆحی مرۆییدا تووشی پووكانەوە دەبن، بەمجۆرە رزگاركردنی شیعر و عەقڵ لەو هێزە نەرێیە پێویستی بە دیدگایەكی ریشەیی هەیە! ئەو دیدگایەش دەبێ شتێ لەخۆ بگرێ كە ژیانی ئاسایی و لەكاركەوتوو نەتوانێ بیبڕێت، شتێكی سەرووی سروشتی، شتێكی ناوازە و لەپڕ كە بشێ وەك پێویست دەستەواژە و پەیوەندییەكانیان لە داڕشتنەوەی نوێدا بنوینێ. رێبازی بونیادگەری لێكۆڵینەوە لە بارەی پەیوەندی نێوان دەستەواژەكان وەك حەقیقەتی زمانەوانی و جەوهەری زمان (فۆنۆلۆژی، مۆرفۆلۆژی، شێوازگەریی) بە كاری لەپێشینەی خۆی دادەنێ و لەوەشدا گەیشتۆتە دەرئەنجامی زۆر گرینگ، بەڵام لەبەرانبەر ئەوەشدا بوونی (وشە) و دەستەواژەكانی پشتگوێ خستووە و تەنها وەك پارچەكانی شەترەنجی داناون، كە دەشێ داربن یان ئاسن یان قوڕ و هەویر، كە هیچ جیاوازییەكی گرنگیان لە وازیكردنی شەترەنجدا نییە و دواتریش هەر بەو پێودانگە گەمەی زمانەوانی ملكەچی سیستمی ناوەوەی زمان دەكات. ئەگەرچی بونیادگەری لە هەندێ لە تیۆرە جۆراوجۆرەكانیدا گرنگنترینیان تیۆری زایندەیی ((تەولیدی)) ((چۆمسكی)) كە بە راستی لە رووی یاساكانی زمانی زایندەیی و گۆڕانكاری ((تەولیدی و تەحویلی))دا، وێناییەكی رازیكەر بە دەستەوە دەدات. دوور لەو لێكۆڵینەوە زمانەوانییە گشتیانە، ئیتر دەستەواژەكان هەروا مانەوە، تا لقێكی تایبەت بە ناوی زانستی ئاماژە (علم الدلالە) هاتە ناوەوە، بەڵام ((ئەو لقە)) لەگەڵ زانستی زمان تێكەڵ نەبوو، تاكو بەیەكەوە وێناكردنێكی رازیكەر لەبارەی زمان بەگشتی و شیعرییەت بە تایبەتی بخەنە روو. شاعیر بۆخۆی دەبێ لە هەموو ئەو زانستانە قووڵبێتەوە، نابێ هەر تەنها پێیانەوە پابەندبێ، بەڵكو لەسەری پێویستە تێیانبگات و هەرسییان بكات، پاشان لە یاسا سەختەكان بگوزەرێ. ((وەك كۆتوبەندی نووسین تەماشایان نەكات)) بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە، كە بەدوایاندا نەچێ و لێیان تێنەگات، بەڵكو بە پێچەوانەوەوە شاعیر دەبێ ئاگای لە زانستەكانی زمان بێ و بەدوای لێكۆڵینەوەی زمان و تێگەیشتنی زمانەوە بێ و هۆشیاری لێیانەوە بە دەستبهێنێ.. زۆرێك لە شاعیران حەز لە بوارەی زمان ناكەن، بەڵام بنەمای نووسینی شیعر پەیوەندی بە تێگەیشتنی تایبەتی زمانەوە هەیە، شاعیر دەبێ پارێزگاری لە زمان بكات و بچێتە نێو تایبەتمەندییەكانی زمانەوە، بە تایبەتی هەموو ئەو تایبەتمەندییانەی پەیوەندی بە شیعرەوە هەیە، بەو مانایەش ((لەخۆوەیی)) و دەرچوون لە رێچكەی ((ناوكۆیی)) باو، ئەو كاتە بە جوانی دەردەكەوێت، كە شاعیر لە قۆناغی نەخوێندەوارییەوە بەرەو قۆناعی مەعریفە هەنگاو دەنێت.. چونكە هۆشیاری دەرگای فرەوانی گفتوگۆ دەكاتەوە. ئەگەرچی شاعیری خاوەن بەهرەی گەورە و كەم رۆشنبیر، پێویستی بە بڕێكی زۆر لە ((خۆبەخۆیی)) و ((هەڕەمەكییەت)) هەیە.. بەڵام شاعیری پڕ بەهرە و پڕ لە رۆشنبیری پێویستی بە دوو ئەوەندە توانای ((خۆبەخۆی)) و (هەڕەمەكییەت) هەیە، چونكە ((نووسین)) هەمیشە ناچاری دەكات، كە ئەو رۆشنبیرییە گەورەیەی خۆی بە شێوەی ((خۆبەخۆی)) بیخاتە روو. لێرەوە دەشێ گرفتەكانی پێشوو شیبكەینەوە و بڵێین: شاعیری باش و خوێندەوار، زۆر لە شاعیرێكی نەخوێندەوار، پێویستی بە ((خۆبەخۆیی)) و ((هەڕەمەكییەت))ە، بۆ ئەوەی بە باشی پارێزگاری لەتازەبوونەوەی بەهرەكەی خۆی بكات. ئەوەش ئەوەمان بۆ دەردەخات، كە بۆچی شاعیرە نەخوێندەوارە باشەكان، لە فرە رۆشنبیری دەترسن؟! چونكە دەزانن هەتا رۆشنبیریت زۆرتر بێت، پێویستیت بە ((خۆبەخۆی)) قووڵتر و بە پیتتر دەبێت. خودی ئەو شیكردنەوەیە رۆناكی دەخاتە سەر ئەو راستییەی كە ئەو شاعیرە باشانەی دوای رۆشنبیرییەكی زۆر بەهرەی شیعرییان كز دەبێ، لەو شاعیرانەن كە هەر لە بنەماوە ((خۆبەخۆبوون)) و ((هەڕەمەكی)) بوونیان دیاریكراو بووە، بۆیە توانای ئەو رۆشنبیرییە و مەعریفە زۆرەیان نەگرتووە و بەهرەكەیان تێكشكاوە. ئەوان قەوارەی بەهرەی خۆیان نەدەزانی، بۆیە تێكشكان، بەڵام نەك لەبەرئەوەی مەعریفە و رۆشنبیرییان بە دەستهێنا، چونكە هەرگیز مەعریفە و رۆشنبیری جێی بەهرەی شیعری ناگرێتەوە! بەهرەی شیعری گەورەترین گەنجینەیە، كە مرۆڤ لە ژیاندا دەیدۆزێتەوە، بە راستی بە داخەوە كە بە شێوەیەك لە شێوەكان لە دەستی دەدات. با بۆ رەوتی نووسینەكە بگەڕێینەوە و ببینین كە شاعیری حەقیقی ئەو كەسەیە، كە بە شێوەیەكی دیكە لە زمان ((وشە و پەیوەندییەكانی)) رادەمێنێ و سازشیان لەسەر ناكات، هەمیشە وشەی سەرسوڕهێنەر، نامۆ دەڵێ كە پێشتر گوێمان لێینەبووە.

شیعر و قسەكردن
ئەگەر لە بارەی زمان وەك سیستمێكی كۆمەڵایەتی و قسەكردن بەو مانایەی كارێكی تاكە كەسییە (فردییە) لەنێو سیستمی كۆمەڵایەتیدا، بۆ لێكجیاكردنەوە بە ناوبانگەكەی (دی سوسێر) بگەڕێینەوە، ئەوە بۆمان دەردەكەوێت، كە زمان لە كتێب و فەرهەنگ و گرامەری زمانەوانی نیشتەجێیە، بەڵام قسەكردن لە شەقام و كارگە و نێو ماڵاندا بە وزە و چالاكییەوە دەجولێتەوە. شیعر كارێكی تایبەتی و تاكە كەسییە بۆیە دەكەوێتە نێو قسەكردنەوە ((لێرەدا قسەكردن بە مانای زاراوەكان نایەت))، كەچی گیروگرفتەكانی شیعر ئەوەیە، كە لەنێو قسەكردندا بەشێكی تایبەت و خودییە. شیعری كۆن ((لە رێگای بیستنەوە)) بوو. بەڵام شیعری نوێ، پاش ئەوەی چاپكردن دەركەوت، كە كتێب و نووسین لەنێو خەڵك بڵاوبۆوە، ئیتر خوێندنەوەی شیعر، جێگای بیستنی شیعری گرتەوە، واتە كە نووسین دەركەوت، شیعری نوێ سەری هەڵدا و جیاكردنەوەی ئەركی بیستنی شیعری لێكەوتەوە، ((واتە شیعر لە سیستمی بیستنەوە بۆ سیستمێكی خوێندنەوە هەنگاوی نا)). لێرەوە ئیتر كەوتینە پارادۆكسێكی نوێوە. شیعری كۆن بە قسەكردنی زارەكییەوە بەندە، یان دەبیسترێت و لەگەڵ تامی قسەكردنی زارەكی سەردەمەكەی بڵاودەبێتەوە، ئەو تامەش نامینێ كاتێ ئەو شێوە قسەكردنە بەسەر دەچێت. بەڵام شیعری نوێ بە قسەكردنی نووسراوەوە بەندە، بایەخەكەی ئەو كاتە كەم دەبێتەوە، كە سەلیقەی باوی سەردەمەكەی بەسەر چێژەكەیدا زاڵ بێت. بەمجۆرە زمان ((زمانی قسەكردن)) لە بۆتە نووسینی شیعری نوێدا دەوڕوژێ ((زمان دەنووسرێتەوە)) و شیعر پشت بە گۆڕانكارییەكانی نووسین دەبەستێ، گرنگترین گۆڕانكارییەكانیش كە پێی هەڵدەستێ سەرەولێژكردنی ئەركی تەواوی شیعر و گۆڕینی ستراتیژییەتی ئامانجی شیعرییە، بە جۆرێك كە شیعری (شەعبی) ئەوەی كە بۆ دەستاودەستكردن پەیوەندی خۆی بە قسەكردنی ((خەڵك))ەوە راگرتبوو، (لە جەوهەردا) هێندە بە نووسینەوە پەیوەست نەبوو، شیعری شەعبی بێ ئەوەی نیازێكی هەبێ دوو جۆر بوو: یەكێكیان خۆی دادەهێنا و خۆی لە رێگای نووسینەوە ((نووسینی بیستنەوە)) دەبینییەوە و لە رێگای نووسینەوە كاریگەری درووست دەكرد. ئەویدیكە دەكەوتە سەر رووكاری زمان یان ((بیستنی بیستنەوە)) قسەكردنەوە، وەك ئەوەی شێوەیەك بێ لە شێوەكانی پەیوەندیكردن بە كۆمەڵگاوە. ئەركی (بیستن) لە شیعری كۆن، یان شیعری شەعبی ((زمان دەبیسترێتەوە)) لەلایەن كۆمەڵ (وڕوژان)ی دەنایەوە و جیاواز لە ئەركی (بینین)ی تاكە كەسی ((زمان دەنووسرێتەوە)) لە شیعری نوێدا! بەمجۆرە بەرانبەر رەگەزێكی نوێ دەبینەوە، كە پێویستی بەیەكێك لەو دوو شێوازە هەیە: یەكێكیان شیعرە و ئەویدیكە شیعر نییە! لێرەوە مەترسییەكی نوێ دەست بەسەر شێوەكانی چێژ و گۆڕانكارییەكاندا دەگرێت، كە رەنگە بكەوێتە دەرەوەی تێگەیشتنی ئەدەبی و بە تەواوی سەیرورەی مرۆڤایەتییەوە بلكێ.. واتە لە ئەدەبەوە تا بە بوونی خودی مرۆیی دەگات. ئەدەبی كۆن هیچ شێوازێكی رادیكاڵ و پڕجۆشی ئەدەبی بەدەست نەهێناوە، بەڵكو هەمیشە بە پەلە شێوازەكانی خۆی گۆڕیووە، ئەوەش ئەگەرچی لە راستیدا لە ئەنجامی هۆشیارییەوە بوو، بەڵام بەدبەختی ئاگایی نووسەرانی لەوەدابوو، كە نەیاندەتوانی لە بەرانبەر ئەو سەردەمانە بە شێوەیەكی قووڵی نیگەرانئامێز بوەستنەوە.. جگە لەوە كارەكانیان بەرهەمی ئەو گۆڕانكارییە فیكرییەكانی نەبوو، كە خودی خۆیان پێیهەڵدەستان، تا بتوانن ئەدەبێكی (خودی) نوێ بونیاد بنێن، بەڵكو زمانێكی ئاسۆیی هاوبەشیان هەبوو، كە دەكەوتە نێوان خەڵك و شێوازی نووسینی ستوونی نوێنەرایەتی دەكرد، چ لە ناوەوەی نووسەر، ناخی نووسەر -چ وەك هاوبەشیكردنی خەڵك- لێرە ((لە نووسینی شیعری شەعبی)) زمان وەك مێژووی مەعریفە، ئاوارەی رابردوو بوو، بەڵام شێوازی نووسینی شیعری نوێ لەنێو مێژووی گشتیدا، بازدانێكی تاكە كەسی داهێنان و خەلقكردن بوو، هەوڵێك بوو یان كۆمەڵە هەوڵیكی تاكخوازانە بوو بۆ بوژانەوە و گۆڕینی بونیادی زمانی باو. لەسەر ئەو بنەمایە مێژووی ئەدەبی كۆن، مێژووییەكی خاو و بێزاركەر بوو، كە تێیدا گۆڕانكارییەكان هەڵبەز و دابەزییان بوو، لە شێوە و ناوەڕۆكی ژانرە ئەدەبییەكاندا ناڕێك دەردەكەوتن، بەڵام مێژووی ئەدەبی نوێ، خەریكە خێراتر دەبێت، نەك هەر وەك مێژووی نەشونماكردن، بەڵكو وەك مێژووی داهێنان و خەلقكردن، بەپێی زاوزێكردنی پشتاوپشتگەری بەڕیوەناچێ، بۆیە داهێنان لە ئەدەبی نوێ تاكخوازانەیە، باوك و كوڕ ناناسێ.. تاك درووستكەرێكە، بەڵام لۆژیكی پشتاوپشتگەرێتی كە ئەدەبی كۆن بانگەشەی بۆ دەكات، تەگەرەیەكە لە تەگەرەكانی بەردەم وزە و هەڵسانەوە و جوانی ئەدەبی نوێ.

چالاكردنی زمان لە رێگای شیعرەوە
دوای ماندووبوونێكی زۆری رەخنەگری فەرەنسی (پێریس) بۆ دۆزینەوەی پێناسەكردتێكی وردی شیعر لەژێر رۆناكی بەردەوامی دەرچوون لە ناوكۆییەكان، دوای دروستبوونی ململانێیەكی تووندی نێوان شیعر وەك مەترسییەكی بەردەوام و پەخشان وەك مەترسییەك بە دژی شیعر، دوای هەموو ئەوانە (پێریس) گەیشتە ئەوەی بڵێ ((زمان ناتوانێ گوزارشت لە شیعر بكات، بەڵكو شیعر فێڵ –لە زمان دەكا- یاخیبوونە، خەباتە بە دژی زمان) كەواتە چۆن ئەو دوو رستەی خوارەوە بەیەكەوە دەگونجێنین (شیعر گوزارشت لە زمان دەكات) (شیعر لە زمان یاخی دەبێت))؟. رەنگە چەمكی (لادانی زمانی) ئەوەی (كۆهین) پێشنیاری كردووە، جۆرە چارەیەك بێ، بەڵام ئەو چارەكردنە زمانێكی پێوانەیی (كە بوونی نییە) دەسەپێنێ، ((زمانێكی پێوانەیی دیار)) كە بۆ ئەوەی شیعر بونیاد بنێین، بتوانین لێی دەرچیین ((لێی لادەین))، بەڵام لەبەر ئەوەی قسەكردنی رۆژانە لادانی زمانی لێدەكەوێتەوە و دەرچوونە لە زمانی پێوانەیی، بۆیە دەشێ بڵێین لادانی زمانی دەكەوێتە نێو لادانی رۆژانەی بەكارهێنانی قسەكردنەوە، بەمجۆرەش وێنەكە تا ئەندازەیەك دەشێوێ، یان بەیەكگەیشنێكی بە پیت دەخاتە نێوان شیعر وەك (یاریكردنێكی بەرزی زمانەوانی) و قسەكردنی رۆژانەوە.. چارەكردنی (كۆهین) وەك پشتبەستنێكی رەها (لە پێوانە و لادان) بۆ ناوكۆییە رەوانبێژەكان دەگەڕێتەوە، جا بۆ ئەوەی بگەینە پێناسەكردنی شیعر، وەك پێشنیارێكی نوێ خۆی دەنوێنێ. چونكە ئەو كێشە كۆن و نائومێدكەرانەی كە لە دەوری پەیوەندی فۆرم و ناوەڕۆكدا دەسوڕێنەوە، تەنیا وێستگەیەكی بچووك پێكدەهێنن، كە دەشێ بۆ ئەوەی لێی دوور بكەوینەوە، لێی بوەستین، واتە لێكۆڵینەوە تەقلیدییەكانی شیعر (سەرەڕای هەوڵەكانیان) هەر لەنێوان (هەژاری و كەمخوێنی) دێن و دەڕۆن، دەڵێن فۆرم لە ناوەڕۆك جیا نابێتەوە، پاشان دەڵێن شیعر ئەوەیە كە فۆرم و ناوەڕۆك لەگەڵ یەكتر هاوسەنگ بێت ((هاوڕێك بەیەكەوە ڕێبكەن)) ئەوەش چارەیەكی ئاسان و سازشكارانەیە، پێویستی بە هەوڵ و ماندووبوون و راستی نییە. چونكە رەگەزەكانی فۆرم ناسراون و دەتوانین دەستنیشانیان بكەین و ئەركەكانیان بژمێرین و دیاریان بكەین، وەك چۆن دەتوانین رەگەزەكانی ناوەڕۆك دیاری بكەین و لێكۆڵینەوەیان لەبارەوە بكەین. كەچی لە پەخشان و بە دیاریكراوی پەخشانی ئەدەبی، هاوسەنگییەك لەنێوان فۆرم و ناوەڕۆكدا هەیە. بەڵام بەنسبەت پەخشانی زانستی ناوەڕۆك بەسەر فۆرمدا زاڵە، چونكە فۆرم لە پەخشانی زانستییدا ئامرازێكە بە وردی ئەركی گەیاندنی ناوەڕۆكە. كەواتە تەنها شیعر لە بایەخی فۆرم بەسەر ناوەڕۆكدا ناوازەیە، واتە لە بایەخی فۆرمەوە دەتوانین ئاستی پێشكەوتنی شیعرەكە و دابەزینی هونەری دیاری بكەین. فۆرم ئاراستەكانی ناوەڕۆكی قەسیدە دیاری دەكات، ئاراستەكانیش فەزای قەسیدەكە دەجولێنن و ئەو ئامانجانە دیاری دەكەن، كە قەسیدەكە هەوڵی بۆ دەدات، هەمووشیان تەگەرەن و جوولەی فۆرم بۆ خۆیان كێش دەكەن. فۆرم رووتكردنەوەی فۆرم دیاری دەكات، فۆرم بەندە بە بەشتكردنی ناوەڕۆكی دیاریكراوی فۆرمەوە، حەقیقەتی ئەو شتەش ئەوەیە، كە فۆرم نوێنەرایەتی رێڕەوێك دەكات، كە لە میانیدا دەتوانین ناوەڕۆكی (هەرچی بێت) بە كردە نوێنەرایەتی بكەین. زمان لە كۆمەڵێ رەگەز پێكهاتووە بە ناوكۆییەكی دیاریكراوەوە بەندە، كە زمان دەكاتە فۆرم، نەك جەوهەر، بۆیە شیعر بەرهەمە، یان بەرهەمێكی ئەو ناكۆییەیە، واتە بەرهەمێكە لە (فۆرم)دا نەك لە جەوهەر، بۆیە شیعر فۆرمە لە فۆرمدا، یان میتافۆرم. بەڵام شیعر فۆرمی زمانەوانی نییە، بۆیە مافی ئەوەمان هەیە بپرسین جەوهەری شیعر بۆ كوێ چووە، جەوهەری شیعر كامەیە و چۆن بەدەست دێت؟ جەوهەر لە رەگەزەكانی زماندا بوونی هەیە، نەك لە دەرەوەی زمان، نەك لە كۆمەڵە شتێكی دەرەوەی زمان ((كۆمەڵە شتێك كە دەرك دەكرێن.. هتد)) ئەو شتانەی كە دەرك دەكرێن لەگەڵ جەوهەری ناسراوی فیزیادا یەكدەگرێتەوە، كەواتە جەوهەری شیعری، نەك جەوهەری فیزیایی لە كوێیەدایە؟ من پێموایە (جەوهەری شیعری) بە شێوەی فۆرم لە وەدیهێنانی هەبووەكاندایە، لەبەرئەوەی (وەدیهێنانی هەبووەكان) ئەگەرێكی لاوازە و بە گشتی دەكەوێتە نێو مەحاڵەكانەوە، بۆیە جەوهەری شیعری لە ناوەوەماندا وەك وەهمێكی جوان، نامۆ، سەرسوڕهێنەر خۆی دەشارێتەوە. بەمجۆرە دەتوانین دوای ئەو بەدواداچوونە بڵێین جەوهەری شیعری نە لە واقیعدایە، نە لە قەسیدەدا، بەڵكو لە ناخی شاعیریدایە، جەوهەری شیعری پەندۆڵێكە ((چاڵمە- لە هاتووچۆکردنی پەندۆڵی سەعاتەوە هاتووە)) لەنێوان شاعیر و ئەوەی دەینووسێ هاتوچۆ دەكات، بەڵام كەی ئارام دەبێتەوە، ئەوە تەنها مردن دەزانێ، مەبەستم مردنی شاعیرە. نووسین بە كورتكردنەوەی زمان هەڵدەسێت، بە داپاچینی زیادە و درێژداڕییە ئاڵۆزەكانی، پاشان ئەدەب ((لە نووسیندا)) خێرا بە كەمكردنەوەی ئاڵۆزی خانەكانی نووسین هەڵدەستێ، بۆ ئەوەش شیعر بە تایبەتی دوایین رۆڵ دەگێڕێ، بەمجۆرە بابەتەكە وەك هەڕەمێكی بنكە فرەوان بە ئاراستەیەكی ورد و ناسك بەرەو لوتكە دەبێتەوە، بێگومان بنكە فرەوانەكەی ئەو هەڕەمەش زمانە. بەڵام لوتكەكەی شیعرە. لەوێدا فۆرمی شیعری وەك بارستەیەك لە رەمز و ئاماژە، رۆناكی دەبەخشێت و هەوڵدەدات دووبارە بێتەوە و بێتە (میتافۆرمێكی باڵا)ی زمان، بەو رێگایەش زمان پاكبكاتەوە، لەوێشەوە وەك ئاماژەكاریی مۆزیكا بیچنێ، ئەوەش دووبارە هەوڵێكە بۆ پاككردنەوەی عەقڵی مرۆیی و هەڵوەشانەوەی بەردەوامی بنبەستووەكانی رەوانبێژی و ناڕەوانبێژی، كە زمان پشتی پێدەبەستێت. هەموو هەوڵە دووبارەكانی شاعیرە گەورەكان بۆ گەیشتن بە ئاستە باشەكانی نووسین بە دڵنیاییەوە هەوڵی تاكەكەسین، كە كاتێ شیعر دووچاری چەقبەستن دێ، یان لە ئاستێكدا قەتیس دەبێت، ئەوە لە ئەگەری كەوتن ((رووخان))ی شیاو رزگاری دەكەن. بۆیە بازدان لە نووسیندا لە ئاستێكەوە بۆ ئاستێكی دیكەی بەرزتر، هەر تەنها بە واتای باڵایی عەقڵ و رۆح نایەت، بەڵكو چاككردن و كورتكردنەوەی زمانە. بەمجۆرە شیعر زمان دەكاتە دەقێكی كراوە، میكانیزمە شیعرییەكانی دەگۆڕێ تا كونیلەكانی زمان بكاتەوە، بۆ ئەوەی زمان بە جوانی هەناسە بدات و درێژە بە ژیان بدات. داتاشینی زمان (لە رێگای شیعرەوە) واتای كەمكردنەوەی دەستەواژە بەكارهێنراوەكانی شیعر نییە، بەڵكو بە واتای شۆردنی بەردەوامی دەستەواژە جێگیر و بەكاربردووە ماندووەكان دێت، یان بە مانای گواستنەوەی دەستەواژە دووبارەبووەكانە بۆ كۆمەڵێ شێوازی نوێی بەكارهێنان، واتە وڕوژانی دەستەواژە نوێیەكان، بۆ ئەوەی دەستەواژە نوێیەكانیش ئاوێتەی زمانی باو بن و زمان بكەنەوە، ئەگەر زمانیش بكرێتەوە ئەوە عەقڵیش دەكرێتەوە و تەواوی ژیانیش دەكرێتەوە، بەمجۆرە شیعر بواری ژیانی بەرفرەوان دەكات، وەك چۆن بواری عەقڵ و زمانی بەرفرەوان دەكات، ئەوەش وەك ئەركی یەكەم و نایابی شیعر تەماشا دەكرێ. كەواتە ئەگەر ئێمە وەك رەخنەگر، واقیع یان خودی شاعیر وەك شوێنی بەدیهێنانی جەوهەری شیعری بە دوور بگرین، ئەوە بەو مانایەیە، كە بڵێین شیعر فۆرمی بەدیهێنان و دەركەوتنی ئەو جەوهەرەیە. بەو شێوەیە زمان هەر قسەكردن نییە، لە بواری واقیعی و دەروونی، یان سۆزداری ناوەوە و دەرەوەی شاعیر، بەڵكو رۆڵێكی نائاسایی لە شیعردا دەنوێنێ. زمان لە شیعردا هەر تەنها دالی مەدلولەكان نییە، كە لەنێو فەرهەنگاندا دەیدۆزینەوە، یان لە سۆز و هەستی شاعیردا دەیدۆزینەوە.. بەڵكو ((زمان لە شیعردا)) بە تەواوی بوونێكی سەربەخۆی دیكەیە. (یاكۆبسن) دەڵێت: (بەڵام شاعیریەت چۆن دەردەكەوێت؟ لەوەدا دەردەكەوێت، كە وشە وەك وشە هەستی پێبكرێت، نەك وەك جێگرەوەیەك بۆ ئەو شتەی كە بەناوی كراوەتەوە، یان وەك دەركەوتنی هەست و سۆزی وشەكان و پێكهاتە و دەلالەت و شێوەی ناوەوە و دەرەوەیان، شاعیرییەت تەنها شانشنێكی جیا لە واقیع نییە، ئەگەرچی كێشی تایبەتی خۆی و بەهای تایبەتی خۆی هەیە). زمان لە بنەمادا دنیایەكی سەربەخۆیە لە واقیع، بەڵام زمان پەیوەندییە سوودگەرا مەزنەكەی خۆی لەگەڵ واقیع دەپارێزێ. كەچی شیعر زمانێكی سەربەخۆیە لەنێو زماندا و بەیەك هەنگاو لە زمان دوور دەكەوێتەوە و بە دوو هەنگاو لە واقیع، بۆیە شیعر پەیوەندی لەگەڵ زمان و واقیع پەیوەندییەكی دژئامێز و جوانە و لەسەر ملكەچنەبوون وەستاوە. شیعر بریتییە لە زیادەڕۆیی زمان و واقیع لە بەریەككەوتنی نوێی تەقەڵەكانی چنین و پێشنیاركردنی سیستمێكی دیكە بۆ زمان و واقیع.. ((شیعر بە ئاسایی خرایە نێو چواچێوەی پێدراوەكانی زمان، چونكە هیچ مەودایەكی لەنێوان (واقیع و زماندا) دانەناوە. شیعر خرایە نێو پێدراوەكانی زمان، چونكە دەیەوێ واقیع كۆپی بكاتەوە، كاتێ واقیع كۆپی دەكاتەوە، شیعر دەبێتە بەشێكی مردووی واقیع.)) كەواتە هەمیشە شیعر وەك شوێنی مەترسیداری ئاگایی و بڵێسە، لە زمان و واقیعدا و بە شێوەیەكی نوێ وزەی خۆی لە تێگەیشتن بەدەست دەهێنێتەوە، دوور لەو ناونانانەی كە ئێمە لە رابردوو وەك شیعرپێماندابوو، بەڵام ئەمڕۆ كات رێگا نادات هەمان ئەرك بە شیعر ببەخشین. لێرەدا ئەوەی پێشنیارمان كردووە ئەوەیە، كە شیعر لەو هەوڵانە دانابڕێ كە نوێنەرایەتی واقیعی جوانناسی یان زمانی دەكات، بەڵكو شیعر لەلایەك جەخت لە سەربەخۆیی خۆی و ئەركی شیعری دەكاتەوە و لەلایەكی دیكە هەوڵدەدات خزمەتێكی گەورە بە زمان و واقیع بگەیەنێت، پیسبوونی زمان و واقیع بە شیعر، ئەگەرێكی نایابی شیعرە، تاكو چالاكی نوێ بۆ بزاڤێكی جیاواز.. بۆ هەژاندنی خانەكانی خۆی بخاتەوە و هیچ سەرهەڵدانێكی نوی بۆ ئەوان نەهێڵێتەوە، ئەگەرچی شیعر لە ئەنجامدا هەوڵ بۆ زیندووكردنەوەی زمان و واقیع دەدات، بەڵام بەردەوام خۆی لێیان دابڕێت.

سەرچاوە:
رۆژنامەی (زەمان)
ژمارە 1933 رێكەوتی 5/10/2004
تێبینی: ((جووت كەوانەكان)) بۆ روونكردنەوەی زێتر، وەرگێڕ دایناون.




گەرِان بە دواى تاكدێرییەكانى عەباس عەبدوڵڵا یوسف.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

(بەیەكگەیاندنى وێنەى كاركاتێرى و كۆمیدیاى رەش)

پێشەكى:
شیعر لە كۆمەڵێك رەگەز پێكهاتووە، نەك بەو مانایەى كە سیستمێكى تەواو چنراو و پتەوە و هەر رەگەزێ‌ مانا و وەزیفەى دیاریكراو و تەواو بە شیعر دەبەخشێ‌ (واتە قسە لە تەواوبوونى رەگەزەكان ناكەم، جەخت لە پەیوەندى رەگەزى گێرِانەوە و شیعرییەت دەكەمەوە) لە دەقى داهێنەرانەدا رەگەزەكان تۆرِێكى بەرفرەوان، لە پەیوەندى ئیستیتیكى و رووداو پێكەوەیان دەبەستێتەوە، بەڵام كۆتا پەیوەندى نییە، بەڵكو هەر یەكەیان بە شێوەیەكى جیاواز و سەربەخۆ بە كردەى كورتبرِى و پرِشنگدانەوە و رازانەوە و جوانكردنى رووداوەكانى هەڵدەسن و لە ناوكۆییەكى شیعرییدا كۆى رەگەزەكان بە شێوەى بەردەوام گۆرِاو، جوانیەكانى یەكتر تەواو دەكەن و شیعرییەت بە جێدەهێنن. نهێنى دەق ئەوەیە، شیعرییەت هەڵدەنرێت، نانووسرێتەوە، شیعرییەت كردەیە، كار نییە. واتە شیعرییەت ئاكام نییە، بەڵكو وەك رەگەزێك لە رەگەزەكانى پرۆسەى ساتەوەختى نووسینى دەق و ساتەوەختى خوێندنەوە دەق دێتە بەرهەم. بە دیوەكەى دیكە بەردەوام وەك نهێنى خەیاڵى زمان و ناخى نووسەر و خوێنەریش دەمێنێتەوە!
بە كورتى دەمەوێ‌ بڵێم دەقى ئیبداعى لەسەر تواناى چەسپاندنى كردەى جوانى و ئاوێتەبوون و بەرجەستەبوونى بوێرى و خەیاڵى زمان وەستاوە و وەك سەیرورە پەیرِەوى لە گۆرِان و بەردەوامى دەكات. دەقى ئیبداعى جوانى و جیاوازى و چێژە… نە رەسەنایەتى بەرێوەى دەبات، نە لاسایكردنەوە، نە دەگاتە دواپلەى تەواوبوون، بەڵكو بەردەوام پرسى سەردەم و هێزى خەیاڵ و هەستى جیاوازى دەیخولقێنێ‌. داهێنان نە نەتەوەگەریى دەناسێ‌، نە دنیاگەریى… بەڵكو هەمیشە ئازادى و سەیرورە و كرانەوەى گۆرِانكارییەكانى سەردەم دەنووسێتەوە.
داهێنان فرە رەگ و فرە رەهەند و فرە ئازادییە. دەقى شیعرى نوێى كوردى گەرِانەوە نییە، بۆ بنەچەى ئایینى و كۆمەڵایەتى و سیاسى. داهێنانى شیعرى كوردى سێكوچەكەى بابان و گۆران و روانگە و كفرى و هەشتاكان و نەوەدەكان و… ناناسێ‌. داهێنان گۆرِانكارى و سەیرورەى بەردەوامە. داهێنان بەردەوام كەشفكردن و دنیابینییە، ژەهر و تریاكە، ئازادى و بوێرییە، جوانى و چێژە! بە دیوەكەى دیكەش داهێنان هەمیشە فەزاى هەر یەك لە خوێنەر و نووسەرە جیاوازەكان دەنوێنێتەوە! شیعریى هونەرى كوردى لەسەر ئیشكالییەتى بێكۆتایى جوانى و خەیاڵى زمان و گۆرِانكارى و سەیرورە، نوێ‌ دەبێتەوە.

پیرفۆرِمانس
(لە خوارەوە شوێنى زۆر هەیە)

لە هەشتاكاندا زمانى شیعریى كوردى (باشورى كوردستان) بەشێك لە شاعیرانى نوێخوازى سلێمانى و كەركووك، (بە تایبەتى) هەولێر، نەدەكەوتنە سەر رێچكەى تازەگەرى سروشتگەرایى گۆران و رەمزییەتى شۆرِشگێرى گروپى روانگە و هێماخوازى دەروونئامێزى گروپى كفرییەوە، برِوایان بە زمانى سادەى گۆران و تووندوتیژى روانگە و هێماخوازى كفرى نەبوو، بەڵكو شێوەیەكى دیكەى جیاواز بوون، لە دەرەوەى گۆران و كفرى و روانگەوە، خۆیان لە جولەى خەونبینى و خەیاڵ و جیاوازى گوزارشتكردن و زمانى ئاماژە، دەبینییەوە! دەتوانم بڵێم هەشتاییەكان وەك تێكشێنەرى دەقى ئامادەكراوى نێوان سروشت و مرۆڤ، ئایدیۆلۆژیا و مرۆڤ، كۆمەڵگا و مرۆڤ، بوون. هەرگیز لەگەڵ ئەزبەركردنى گوزارشت و دەستەواژە باوەكان و ئاستى نزمى زمانى تەعبیركردن و بیروبۆچوونى كۆنەخوازانە و رەمزى سیاسى، نەریتى كۆمەڵایەتى، نەدەهاتنەوە. بە دواى زمانێكى دیكەى نائامادە و خەیاڵێكى دیكەى شیعرى و لادانێكى هۆشیارانەى زماندا دەگەرِان و هەوڵى گۆرِینى نەریت و شێوازى دەقە زاڵەكان و ئەو دەقانەیان دەدا، كە ژیانى مرۆڤى كوردى ئاراستە دەكەن. بەو مانایە هەشتاییەكان خەیاڵى فەنتازییان بۆ شیعرى نوێى كوردى زیاد كرد.
ئەگەر روانگە زمانى سادەى (گۆران و هاورِێكان)ى لە پێناو زمانى شۆرِشگێرِانەوە دەستكارى كردبێت. ئەگەر گروپى كفرى نەرمتر لە روانگە، مامەڵەیان لەگەڵ فرەیى زمان كردبێت، ئەوە هەشتاكانى شیعرى نوێى كوردى هەر تەنها سیماى سروشتخوازانە و دەروونخوازانە و جیدانۆفخوازانەیان رەتنەكردەوە، بەڵكو بەرەو لادان لە كەلەپور و لادان لە نەریت و زمانى سیاسى و حەماسى و كۆمەڵایەتى بوونەوە و وازیان لە وەزیفەى پەروەردەیى و ئەخلاقى شیعر هێنا، لەسەر ئەو بنەمایەى كە: ئەگەر شیعر دووچارى نەخۆشى بچوككردنەوەى زمان و دەردى ئایدیۆلۆژیا و وەزیفى دیاریكراوى كۆمەڵایەتى بێ‌، ئەوە دەبێتە بڵندگۆى سیاسەت و نەریتە كۆمەڵایەتییە بۆگەنەكان و بەوەش وزەى مەعریفى و خەیاڵى هونەرى و جوانگوتن لە دەست دەدات؟!
لەنێوان روانگەخوازان و هەشتاكاندا، دوو بانگەشەكار لە بازارِى شیعرى كوردى رۆڵیان دەگێرِا: (سەلاح شوان) و (مەحمود زامدار) یەكەمیان لایەنگرى روانگە و دووەمیان سەر بە پێشرەوایەتى شیعرى نوێ‌ بوو! یەكەمیان بەرگرى لە هاوسەنگى و واقیعگەرایى و بابەتگەرایى دەكرد، دووەمیان تەقینەوەى زمان و تەمومژیى و جیهانگەرایى. یەكەمیان بانگەشەى دیدێكى ئاسۆیى و رەمزى و شۆرِشگێرانە دەكرد، دووەمیان بانگەشەى دیدێكى شاقولى و زمانێكى مەعریفى و شێوازگەریى دەكرد، یەكەمیان سەر بە كلتورى نەتەوایەتى بوو، دووەمیان بانگەشەى بۆ بەجیهانیبوون دەكرد.
ئەو دوو دیدە مەدلولگەرا و دەلالەتگەرایە، ئەو دوو دیدە راسترِەو و چەپرِەوە، ئەگەرچى هەندێ‌ جیاوازییان لەنێواندا هەبوو! بەڵام وەك پێویست ئامادەى كرانەوەى فیكر و بەدواداچوونى مەعریفەى شیعرى نەبوون، دنیابینیان زۆر برِى نەدەكرد! وەك پێویست تیۆرەكانى مەعریفەى ئەدەبى و رەخنەى تازەیان هەزم نەكردبوو. ئەو دوو دیدە مەدلولگەرا و دەلالەتگەرایە، وەك پێویست نەیانتوانى پانتاییەكى شیاو، بۆ تیۆریزەكردنى مەعریفەى شیعرى و سیستەمى فیكرى و كرانەوەى كلتورى بسازێنن… زۆریان گوت، بەڵام دواجار فەشەلیان هێنا؟!
لە سەرنەكەوتنى ئەو بازارِە جەنجاڵەى شیعردا لە سلێمانى بە تایبەتى (لە غوربەتا)ى محەمەد عومەر عوسمان جیاوازى خۆى نواند، لە كەركوك (زەردك)ى ئەحمەدى مەلا و لە هەولێر (لم نیازمە)ى عەباس عەبدوڵڵا یوسف و (گەرم نەبوونەوە)ى جەلال بەرزنجى و (دووكەڵ)ى هاشم سەراج و (سووتانى رەنگەكان)ى دلشاد عەبدوڵڵا، هەر یەك بە شێوازى جیاوازى هونەرییانە، نەك هەر لەگەڵ روانگە، لەگەڵ خودى زرِەوێنەى پێشرەوایەتى مەحمود زامداریش نەبوون و شێوازى جیاوازى خۆیان پەرەپێدا و خۆیان پێرفۆرِمانس كرد، بەڵام پرسیار ئەوەیە: ئایا بەردەوامى گۆرِان و سەیرورەى شیعرى، وەستانى هەیە؟!

خێوەتەكەى ع. ع. یوسف
(لەوەى كە دێ‌، شیعر تاتۆ دەكەم)

عەباس عەبدوڵڵا یوسف، نووسەر و شاعیر لە 1950 لە هەولێر لە دایكبووە، دەرچووی پەیمانگای پێگەیاندنی مامۆستایانی- هەولێرە. حەوت كۆمەڵە شیعر و یەك كۆ چیرۆكى چاپكراوى هەیە، بە ناوەكانی: (ئاو) لە 1974، (لم نیازمە) لە 1978، (كلكی كتكی پرسیارە) لە 2007، (ئۆدیسیۆس نێرە… یان مێیە؟) لە 2009، (گەشتی پێنج پەنجە) لە 2011، (كەری بۆریدان) لە 2011، كۆمەڵە چیرۆكی (سۆفیا لۆرین بە هەوێداری) لە 2011 و (نانۆ تاتۆ دەكەم) لە 2013.
ع.ع. یوسف هەر لە یەكەم كۆمەڵە شیعرییەوە (ئاو) بنەمایەكى بۆ هەڵدانى خێوەتێكى تایبەت بە خۆى دروست كرد، یەكێك لە ئاماژەكانى ئەو بنەمایەش، ئەوە بوو، كە لاساییكردنەوەى زۆر كەم بوو، ئینجا (دواى سێ‌ ساڵان) لە خوێندنەوەى بێوچان و هۆشیاریى رۆشنبیرى و مەعریفەى شیعرییەوە، بە چامە درێژەكەى (لم نیازمە) شاد دەبێت. لەوێشەوە (سى و سێ‌ ساڵان) كار لە ئەزموونى جیاواز و گوتارى شیعرى و ئاماژەى شیعرى و ماناى شیعرییدا دەكات. پەیوەندییەكى فرەلایەن لەنێوان بونیادى قووڵ و رووكەش دەسازێنێ‌. بەو مانایەش بایەخدانى شاعیر بە بونیادى قووڵ و رووكەش، گرنگیدانە بە رەگەزى گێرِانەوە و گوتارى شیعرى! ئیتر دواى ئەو هەموو ئەزموون و ئەزموونگەرییە چیدیكە لاى شاعیر لەوەى كە دێ‌، دوو كۆ دوو بە ناچارى ناكاتە چوار.
پریتۆن سوریالى بوو، دەڵێت: لەسەر شەقام بەر مرۆڤ دەكەوم. بەڵام ع. ع. یوسف، نەك هەر سوریالیانە، بەڵكو داداییانە پشت بە دووانەی رِەخنە و پێكەنین دەبەستێ‌ و شیعر تاتۆ دەكات، هەندێجاریش لەبرى ئەوەى بەر مرۆڤ بكەوێ‌، لەسەر شەقام بەر وڵاخێكی بنێس دەكەوێ‌، كە ئومێدێكی زلى لەسەر هەڵچنراوە!
دەتوانم بڵێم گوتارى شیعرى، شیعر تاتۆ دەكەم، هەوڵێكە بۆ بەیەكگەیاندنى هونەرى كاركاتێر و كۆمیدیاى رەش، تێكەڵكردنى سوریالییەت و دادییەتە. واتە رِەخنەگرتنە لە واقیع، بەدەم گاڵتە و پێكەنینەوە. گوتارى شیعر تاتۆ دەكەم، راڤەكردنى دنیایى كوردییە لە رێگاى بیركردنەوەى عەقڵانییەوە، لە شێوەى مافورێكى چنراو، بەو مانایەى، كە لە كۆمەڵێك نەخشى جیاواز و هێلى پێچاوپێچ پێكهاتووە. لە كۆى ئەو بەیەكگەیشتن و تێكەڵكردنەدا جەوهەرى شیعرى عەباس عەبدوڵڵا یوسف لە بنەمادا بریتییە لە دۆزینەوەى هێلى پەیوەندى نێوان گێرِانەوە و شیعرییەت، لەو پرۆسەیەشدا شاعیر كەمتر بەر دۆزینەوە دەكەوێ‌ و زێتر وزەى شیعرى لە راڤەكردنى گێرِانەوەوە هەڵدەگرێتەوە و لەوێشەوە بە جۆرێك لە جۆرەكان تێكەڵى شیعرییەتى دەكات. بەڵام شیعرییەت گێرِانەوە نییە! وەك چۆن جۆرێك نییە، لە هەڵقوڵاویى پەرشبووى پرِشنگى ماناكانى بیركردنەوەى لۆژیكى.
لەو لێكۆڵینەوەیەدا، دەمەوێ‌ بیسەلمێنم، شیعر تاتۆ دەكەم، شیعرییەت لە راڤەكردنى گێرِانەوەدا تۆخ دەكاتەوە. ئەو روونكردنەوەیە، راڤەكردنى وسبەلێكراو و مانا شاراوەكانى وشە لە گێرِانەوەدا وەك قووڵایى دەرەوە دەبینێ‌ و لەلایەكى دیكە، پێیوایە دەشێ‌ لە دۆزینەوەى ئاستەكانى پەیوەندى دەق و خوێنەر، شیعرییەتى خوێندنەوە بخاتە روو.
لە یەكەمدا، كاتێ‌ شاعیر لە روانگەى راڤەكردنى گێرِانەوە و بیركردنەوە مامەڵە لەگەڵ مانا وسبەلێكراوە و شاراوەكانى وشە دەكات، ئەو كارەى لەبرى ئەوەى بەرەو شیعرییەت بێتەوە، بۆ پرسێكى عەقڵانى دەگۆرِێت! پرسى بیركردنەوەى عەقڵانى پرسێكى لۆژیكى حیسابییە، نەك خەیاڵى شیعرى.
لە دووەمدا، كاتێ‌ بە دەستهێنانى شیعرییەت لە روانگەى ئەویدیكەى جیاواز و خوێندنەوەى جیاوازەوە تەماشا دەكەین، لەبەر ئەوەى چەمكى راڤەكردن بە خوێنەر و ئاستى خوێنەرەوە دەلكێ‌، دەشێ‌ لەو تەماشاكردنەدا شیعرییەت پرِشنگ بداتەوە.
بۆ بنەماى یەكەم، سوودم لە شیعرییەتى (ژان كۆهین) وەرگرتووە، كە پێیوایە شیعرییەت زانستى شێوازگەرى شیعرى و زانستى لادانى زمانەوانییە. بۆ بنەماى دووەم، وەك ئەركێك لە ئەركەكانى پەیوەندى نێوان دەق و خوێنەرە جیاوازەكان، سوودم لە (تۆدۆرۆف) وەرگرتووە، كە قسە لە شیعرییەتى خوێندنەوە، یان وەرگر دەكات، ئەو جۆرە قسەكردنەش شیعرییەت بە ئاستەكانى خوێندنەوە و خوێنەرەوە دەلكێنێ‌.
بەڵام جەختكردنى شاعیر لە راڤەكردنى گێرِانەوە و زێتر بایەخدان بە مانا شاراوە و وسبەلێكرەوەكان و دامەزراندنى بنەماى گوتارى شیعرى لەسەر گێرِانەوە، فەرامۆشكردنى بنەماى تەماشاكردنى دووەم دەگەیەنێت. چونكە وەك دیارە لە تاكدێرییەكانیدا هەمیشە دەیەوێ‌ بە پێكەنین بە گژ كوێرەوەرییەكاندا بچێتەوە! هەمیشە دەیەوێ‌ زەردەخەنە لە كارەسات قەرز بكات و بە قۆشمە تۆڵە لە خەونە بەدینەهاتووەكان بكاتەوە. هەمیشە دەیەوێ‌ لە دەرەوە بەرەو قووڵاییەكان بێتەوە.
شاعیر دەڵێ‌: ژنەكەم بە تیلمە سواڵەتى سۆمەرِى، پانتۆڵمى پینەكرد. (برِوانە: ع. ع. یوسف، نانۆ تاتۆ دەكەم، 2013، هەولێر، ل74) وەك دەبینین لە رێگاى دووبارە گێرِانەوەوە و قووڵاییەكانى دەرەوە، تابۆكان تێكدەشكێنێت و هەموو ئەوەى لە گێرِانەوەدایە، پەردەى لەسەر هەڵدەداتەوە.. لەژێر خێوەتەكەى خۆى دەیەوێت لە رێگاى تاكدێرییەكانى خەونێكى گەورە شیعرى بچنێ‌! هەر لەوێشەوە هەوڵى كەشفكردنى توانا بێكۆتاییەكان و چێژى مانا وسبەلێكراو و شاراوەكان دەدات. پێیوایە ئەو توانا و چێژە لە نهێنى كەلەپورى كوردى و گێرِانەوەى قسەى سادە و فۆلكلۆرەوە خۆیان حەشار داوە.
(غازى حەسەن) لە كتێبى (فەیلەسوفە، كەرە، سێ‌ پێیە، سپییەكە، ئەمریكا، 2024، چاپى ئەلكترۆنى) كە لێكۆڵینەوەیە لەسەر شیعرە تاكدێرەكانى عەباس عەبدوڵڵا یوسف، دەڵێ‌: شاعیر لە رێگاى قسەی ئاسایی، قسەی پرِ واتای سەر زاری خەڵك، دەقێكی كورت و چرِ و پوختی تەژی لەواتای بە مانا و فۆرم و گوزارشت و گێرِانەوە و دەربرِینی نوێ بەرهەمهێناوەتەوە، ئەو شارەزایە، لە كەلتوور و نەریتی ئەوانی دیكە لەنێو كۆمەڵگا.
بە جۆرێكى دیكە دەتوانم ئەو قسەی پشترِاست بكەمەوە و بڵێم شاعیر لە رێگاى مانا شاراوەكان و وسبەلێكراو و ئارەزووە بەدینەهاتووەكانەوە، گەمەى ئازادى لەسەر قووڵایى دەرەوە دادەمەزرێنێ‌! ئەگەرچى ئەو خۆى بە خزمەتكارى شیعرییەت و قوڵایى ناوەوە دەزانێ‌، بەڵام بە خاترى گرینگیدا بە وێنەى لێكچووى نێو حیكایەتەكان و قسەى سەر زارى خەڵك، بە شیعرییەتێكى هەژارەوە دەگەرِێتەوە! لەگەڵ ئەوەشدا دەشێ‌ لە رێگاى ئاستى بەرزى خوێندنەوە و خوێنەر و وەرگرەوە بە جۆرێكى دیكە شیعرییەت لە تاكدێرەكانەوە بەرهەم بهێنینەوە.
دواجار لەوەى كە دێ‌، ئەگەرچى شاعیر وەك (پاڵەوانێكى سوریالى) حیكایەتى ئازادى و كەرامەتى مرۆیى، لەسەر شەقام كۆدەكاتەوە. بەڵام لە پێناو وێنەى كاریكاتێرى و كۆمیدیاى رەش و داداییەتەوە پەیوەندییەكى تووند بە گێرِانەوەوە دەكات. واتە ئەگەرچى سوریالییانە خۆى بە خزمەتكارى (شۆرِش) دەزانێ‌، بەڵام لە ئاوێتەكردنى سوریالییەت و داداییەتدا، ئازادى خۆى لە هەڵێنجاندنى مانا وسبەلێكراو و شاراوە و جیاوازەكانى راڤەكردنى گێرِانەوەدا دەبینێتەوە. سوریالییەكان ئازادى خۆیان لە خەیاڵى شیعرییدا بەرجەستە دەكرد. بەڵام شاعیر ئازادى خۆى لە رێگاى گاڵتە و گەپەوە بە دەست دەهێنێ‌.

مینیماڵیزم
(بزوێنەرى نانۆ یان تاكدێرى)

ئایا مینیماڵیزم بۆ رزگاربوون لە زێدەكانى ژیان و ئازادى، لە نانۆ، شیعرى زیپ، پۆستەرە شیعر، هایكۆ، هانكا، ئەفۆریزم، نزیكە، یان لە بەیت و تاكدێرى؟! بە كورتى مینیماڵیزم بزوێنەرى نانۆیە، یان تاكدێرى؟
وەك دەزانین وشەى نانۆ لە وشەى گریكى “نانۆس” وەرگیراوە، كە بە ماناى كورتەباڵا دێت. نانۆ كۆى شتە بچوكەكان دەگرێتەوە، بە پێوانەى بەشێك لە ملیار دێت (یەك لەسەر ملیارى مەتر، یەك لەسەر ملیارى چركە..) نانۆ بچووكترین بەشى ماددەیە، كە پارێزى لە خەسڵەتە فیزیاوى و سرووشتیەكانى دەكات. ئەوەش وا دەكات، بێتە رەگەزێكى روون و بێ‌ خڵت و بەرز.
نانۆ شیعر، شیعرى زیپ، پۆستەرە شیعر، ئەفۆریزم.. هەموو ئەو ناونانانە بەدیوێك لە دیوەكان پەیوەندییان بە خێراییەكانى سەردەم و ماكدۆناڵد و كۆكاكۆلاو و شەفافییەت و گەرمى و ئاورِنەدانەوە و جیاوازى و هەڵكردن و چێژیردنى لەپرِ و خەونە رەنگاورِەنگەكانەوە هەیە… لە نانۆشیعردا زمان ئامرازێك نییە، ئێمە بەكارى بهێنین، بەڵكو ماددەیەكە ئێمەى لێدروستكراوین. بەڵام مەرجى سەرەكى هایكۆ، هانكا، باوەرِهێنانە بە زمانى پاك و بێگەردى ساتى یەكەم، باوەرِهێنانە بە هەژارى و بێدەسەڵاتیى زمان، كە ناتوانێ‌ شایەتحاڵى ئەسڵ و حەقیقەت بێ‌، واتە لە بنەماى شیعرى هایكۆدا رۆشنبیرییەكى گەورەى سۆفیگەرایى دەبینرێت، كە هەوڵدەدات زمان بۆ ساتەوەختى خەلیقەت بباتەوە. لێرەوە دەپرسین ئایا هایكۆ، یان تاكدێریەكانى ع. ع. یوسف دەچنە نێو مەبەستەكانى سەردەمەوە، كە نانۆشیعر پەیرِەویان دەكات؟!. رەنگە ع. ع. یوسف بە جۆرێك لە جۆرەكان لە خاڵى بە گژداچوونەوەى كوێروەرییەكاندا، لە هایكۆى ژاپۆنى زۆر دوور نەبێت! بەڵام هایكۆى ژاپۆنى و بەیتى عەرەبى و تاكدێرییەكاتى ع. ع. یوسف، ناچنە نێو مەبەستى پەیوەندییە خێراكانى نانۆ و شیعرى زیپەوە.
لە شیعرى كۆنى عەرەبیدا چەمكی (بەیت) تاكدرێرى بە مانا شیعرییەكەى بەرفرەوانە و ئەدۆنیس بە ناونیشانى (دیوانى تاكدێرى، 2010) بەشێكى زۆرى لەو تاكدێرانە كۆكردۆتەوە و پێشەكى بۆ نووسیووە. بەڵام (ئۆنفرتى) شاعیرى ئیتاڵى، كۆمەڵە شیعرێكى بە ناوى (ژیانى مرۆڤ) هەیە، كە نەك هەر شیعرەكانى تاكدێریین، بۆ نموونە: بە بێكۆتایى رووناك دەبییەوە. بەڵكو هەندێجاریش شیعرەكانى لە دوو وشە زیاتر نیین. ئایا لەو بارەوە دەتوانین ئۆنفرتى بە ئاڤانگارد ببینین، یان بەیتى عەرەبى و هایكۆى ژاپۆنى؟! سەرەرِاى هەموو ئەوانەش دەكرێ‌ بڵێین لە شیعرى نوێى كوردیدا ع. ع. یوسف لە تاكدێرییەكانیدا ئاڤانگاردە.
بێگومان بەیتە شیعرى عەرەبى پێش ئەو هەوڵەى ئەدۆنیس لاى شاعیرێكى وەك (خەلیفە محەمەد ئەلتلیسى) بە فۆرِمێكى گەشى شیعرى عەرەبى دەناسێنرێت. ئەلتلێسى لە هەوڵى كۆكردنەوەى (قەسیدەى تاكدێرى- دار الشرق، 1991)دا، پێیوایە قەسیدەى تاكدێرى (بەیتى عەرەبى) پشت بەو تێگەیشتنە دەبەستێت، كە پرِشنگێكى لەناكاوە، بروسكەیەكى تێپەرِە، پاڵنەرێكى ویژدانى و ریتمێكى هەڵبرِاوە، گۆرانییەكى كورتە، گوزارشتكردنێكى چرِ و پرِە…هتد، ه.س.پ. ل31.
دەشێ‌ بڵێین ئەو وەسف و پێناسەیە لەگەڵ كورتە شیعر و شیعرى هایكۆ زۆر جیاوازییان نییە! بەڵام لە سەدەى سێنزمەوە هایكۆ لە تەك (هانكا) وەك فۆرِمێكى سەربەخۆى شیعرى كلاسیكى ژاپۆنى دەركەوتووە، كە بە كورترین شیعرى جیهانى دەژمێردرێت و لە كەمترین وشەدا و لە سێ‌ كورتە رستەى (5/7/5) برِگەیى پێكهاتووە و ماناى چرِ و قووڵ بە دەستەوە دەدات. لە هایكۆى ژاپۆنیدا سروشت رەنگدانەوەى رۆحە و بابەتەكان بە شێوەیەكى جوان و رەمزى بەكار دەهێنرێن. واتە هایكۆ زیاتر روو لە كەسى و سۆزدارى دەكات.
بەڵام تاكدێرییەكانى ع. ع. یوسف، روو لە گێرِانەوە و هەڵكۆڵینى ماناى وسبەلێكراو و شاراوەى گێرِانەوەكانە و لەو خاڵەوە هەوڵدەدات لە شیعرییەت نزیكبێتەوە! یان بە مانایەكى دیكە بۆ درێژەدان بە نزیكبوونەوە لە شیعرییەت، پەردە لەسەر مانایەكى قووڵایى دەرەوەى هێزە داخراوەكان هەڵدەماڵێ‌، تاكو دڵخۆشى، قەناعەت، پانتاییەك بۆ ئازادى راڤەكردنى جیاواز دروست بكات، بۆ ئەوەش روو لە شێوازى كۆمیدیاى رەش دەكات. بەو مانایەش تاكدێرییەكانى بە جۆرێك لە جۆرەكان لە دۆخى راستەقینەى گێرِانەوەى مرۆڤى كوردیمان نزیك دەكاتەوە و بارودۆخى كوردیمان بۆ رووندەكاتەوە. تاكدێرییەكانى شاعیر نیشاندانى تراژیدییەكانى مرۆڤى كوردییە، كە بە قووڵى تووشى دەردى تووندوتیژى و ستەمى دەسەڵات بووە. تاكدێرییەكانى بۆ ئەوە نووسراون، كە مانا و شیعرییەت لە رێگاى پێكەنینەوە بۆ یەك بچەمێنێتەوە، چالاكى نێوانیان تا سنورى لێكخشان درێژ بكاتەوە و گاڵتە بە بریقوباقى ئەو شیعرە بكات، كە پرِاوپرِ بە واقیعە؟!
غازى حەسەن دەڵێ‌، تاكدێرى لاى عەباس رەنگە پەیوەندییەكى پتەوى بە (ترسەوە) هەبێت. ترس لە سیاسەت، حزبایەتى، كۆمەڵگا، دەوروبەر… ه.س.پ. ل 45. لە گۆڤارى (دیوان، تەمموزى 2023) عەباس عەبدوڵڵا یوسف دەڵێت: من لە دەسەڵات زۆر ترساوم، چونكە زۆر دڵرِەقانە و درِندانە مامەڵەى دەكرد، بۆیە پێموابوو چوونە دەرەوە و شاخ و بەرەى هێزى چەكدارى هى پیاوى ئازا و نەترس و پیاوى خۆرِاگرە. بە هەمان شێوە لە تاكدێرییەكیدا دەڵێ‌: هێشتا دەرەوەى سەر، لە مێشك بە مێشكترە. ل29. لە ناو ئێستاى هەتاهەتایە، ئایندەم ونكرا. ل73.
ئەگەر لە هایكۆى ژاپۆنى و تاكدێرى كلاسیكى عەرەبى چەقین لەنێو كات و ونكردنى ئایندە، سروشتى و خۆرسك بكەوێتەوە! ئەوە وەك گوتمان نانۆشیعر پەیوەندى بە خێراییەكانى سەردەم و چێژیردنى لەپرِ و خەونە رەنگاورِەنگەكانەوە دەكات. نانۆشیعر پرِشنگەكانى ئێستا لە كردەى پیشەسازیدا دەنووسێتەوە. بەڵام تاكدێرییەكانى ع. ع. یوسف وێنەیەكى كاریكاتێرى لە مانا شاراوە و وسبەلێكراوەكانى گێرِانەوەى تەنزئامێز دەگرێ‌ و بە كۆمیدیاى رەش رەنگى دەكات، كە نوغرۆى راڤەكردن و ئاماژە و مێژوو و كاریگەرى كلتووریى و پاشماوەكانى كەلەپورى كوردین. بە دیوەكەى دیكەش رەنگى رەش و سپى و راڤەكردن و لێكدانەوەى ژیانى كۆنكرێتى خەڵك، وەك زمانى نووسینى تاكدێرەكانى تەماشا دەكات.
عەباس عەبدوڵڵا یوسف دەڵێت: تاكدێرى ستایلێكى تایبەتە بە خۆم، یان لانى كەم هیچ كەس بەو ستایلەى من ناتوانێ‌ بنووسێت، كە لە كورترین هەناسەى شیعریدا زۆرترین مانا ببەخشێت، ئەمەش بوارى گفتوگۆى تێدایە و ئامادەم سەرپێى كۆمەڵێك دێر بۆ یەك زیاد بكەم و پاشان هەموو زیادەكان فرِێ‌ بدەم (گۆڤارى دیوان، ژ 28 – 2023). چاوەرِوانى خۆمم. ل24. كەواتە خۆى خۆى دەنووسێتەوە و دەیەوێ‌ لە نێو هەر وشەیەكى رەش و سپییدا شتێكى نوێ‌ بدۆزێتەوە.

سپیكردنەوەى هونەرى كاریكاتێرى
(شێوازى كۆمیدیاى رەش)
هونەرى كاریكاتێر، هونەرێكى دێرینە و ئاوێتەكردنى بە كۆمیدیاى تاریك، بنەماى ئەو لێكۆڵینەوەیەى لەسەر دامەزراوە. وەك دەزانین كۆمیدیاى رەش ساڵى 1935 (ئاندرێ‌ پریتۆن) بەكارى هێناوە. بێگومان كۆمیدیاى رەش، لە تێكەڵكردنى سوریالییەت و دادییەت و لەوێشەوە بۆ دەسنیشانكردنى رەهەندە نەبینراوەكان و لۆچ و ئەگەرى كراوەى تاكدێرییەكانى ع.ع. یوسف رۆڵى تایبەتى دەگێرِێ‌. بەڵام نەك وەك بێ‌ نرخكردنى پرسى شیعرگەرایى و گێرِانەوەگەرایى، بەڵكو وەك دۆزینەوەى مانا وسبەلێكراوەكان و بەدواداچوونى سپیكردنەوەى هونەرى كاریكاتێرى بە شێوازى پێكەنینى رەش!
هەڵبەتە شیعر حەقیقەت بە مانا سادەییە واقیعیەكەى ناگێرِێتەوە! وەك دەزانین تاكدێرییەكانى ع.ع. یوسف سپیكردنەوەى هونەرى كاریكاتێرییە بە كۆمیدیاى رەش، گاڵتەكردنێكى جەرگبرِە بە ستەمى دەسەڵات و واقیع. كەواتە شاعیر لە نواندنى شیعر و گێرِانەوەدا نایەوێ‌ وێنەى حەقیقەت بكێشێ‌، بەڵكو لە پێناو ورِوژانى بیركردنەوەى رەخنەگرانەى (خوێنەر/ وەرگر)دا هەوڵى گرتنى وێنەیەكى لێكچووى حەقیقەت، بە كامیراى كۆمیدیاى رەش، دەدات.
وەك لەسەرەوە ئاماژەم بۆ كرد، هونەرى كاریكاتێرى لە شێوازى كۆمیدیاى رەش، مەیلى بۆ گێرِانەوەى مانا شاراوەكانى ناو حەقیقەتى زۆرترە، لە مەیلى بۆ خەیاڵ و شیعرییەت!! لێرەوەیە شاعیر لە تاكدێرییەكانیدا زێتر جەخت لە مانا شاراوە و وسبەلێكراوەكانى كلتور و قسە زاڵ و باوەكان دەكاتەوە و وەك شێوازى گێرِانەوە تەرجەمەى ژانوژوارەكانى سەردەمیان دەكات، نەك وەك خەیاڵى شیعرى و شیعرییەت.
چەقۆ هەر بە رووتى بینراوە. ل51.
ئەو تاكدێرییە لە گێرِانەوەى چەقۆ هەر بە رووتى بینراوە، وەك ئەوە وایە، شاعیر لە رۆژێكى سەختدا بێ‌ و (ئەپۆكرایف)انە لە كاتى مردندا تیغى چەقۆى لەسەر تاقى بكەنەوە و لە شێوازى كۆمیدیاى رەشدا بڵێ‌ (ئەگەر بمزانیایە كە ئەوە روودەدات، بەردى گەورەم قووتدەدا بۆ ئەوەى زیان بە تیغەكە بگەیەنم). ئەوەش یەكێكە لە رۆچوونەكانى بەرەو قووڵایى دەرەوە.
ئاشكرایە چەقۆى رووت، وەك میوەى رووتى شیعرى، كە خوێنەر لە كاتى خوێندنەوەدا تامى بكات، ئەگەرێكى لاوازە. بەڵام وەك راڤەكردنى نهێنى حیكایەتى دەسەڵات و ستەم و داپڵۆسین ئەگەرێكى بەرزە و هێزى تایبەتى هەڵگرتووە. جگە لەوەش بینینى چەقۆى رووت، تووندوتیژییە، تووندوتیژى فەرامۆشكردنى خەیاڵ و فەنتازیاكانى شیعرییە و زێتر روو لە حەقیقەتە! بەڵام بە دیوەكە دیكە پەردە هەڵدانەوە لەسەر تووندوتیژیش، وەك كەشفكردنى نهێنى حیكایەتەكان، ئاگاداركردنەوەیە، بۆ دوورخستنەوەى جەستەى مرۆڤ لە ئازار و پێكان.
ئەگەرچى رووتبوونەوەى چەقۆ، وەك میوەى رووت، هەستى شیعرى كەمتر نیشان دەدات، بەڵام وەك دەرخستنى رووەكانى ستەمى دەسەڵات، راستییەكى زۆرى لەخۆدا حەشار داوە. رووتكردنەوەى چەقۆ وەك ئەگەرى میوە، كردەیە! وەك ئەگەرى حیكایەتێكى رووت، كارە! یەكەمیان هەر چەندە كول بێ‌، رووى لە تامى شیعرە، دووەمیان هەرچەندە تیژ بێ‌ رووى ئاشكراكردنى حەقیقەتى زێترە. لە یەكەمیاندا دەشێ‌ خوێنەر چێژ لە شێوازى جیاوازى كردەى رووتكردنەوە ببینێ‌ و لە دووەمیاندا خوێنەر بە دڵنیاییەوە ئاوێتەى كارى گێرِانەوەى رەخنەگرانەیە.
بە كورتى یەكەمیان وەك كردە، دەشێ‌ لە نهێنى رووتكردنەوەدا جوانییەكى لەپرِ و بریسكەئامێزمان پێببەخشێ‌. دووەمیان وەك كار، راستییەكى رامانئامێز دەگەیەنێت. كەواتە ئاوێتەكردنى سپیكردنەوەى هونەرى كاریكاتێرى بە شێوازى بەكارهێنانى كۆمیدیاى رەش، تێكەڵكردنى شیعرگەرایى و گێرِانەوەگەراییە، ئاوێتەكردنى جوانى و حەقیقەت، پێكەنین و گریانە!
چاوەرِوانى خۆمم. ل24.
هەرگیز تاكى جیاواز لەنێو زاراوەیەكى گشتیدا ناتوێتەوە. چاوەرِوانى خۆمم. چونكە تاكى ناوازە جارێك دەبێت و دووبارە نابێتەوە. لە تاكدێرییەكانى عەباس عەبدوڵڵا یوسف مرۆڤ وەك تاك زۆرتر جێگاى بایەخى حەقیقەتى گێرِانەوەیە و كەمتر جێگاى بایەخى خەیاڵى شیعرییە! چونكە شیعر بۆ حەقیقەت ناگەرِێت، بۆ ئەوە ناگەرِێت، كە دەسەڵات چۆن خۆى وەك تێزى گشتى پیادە دەكات. لە شیعردا خەیاڵ و هەستى جیاوازى خودگەرایى دەبێتە جیگاى سەرنج، نەك حەقیقەت! شیعر خەیاڵ و هەستى جیاوازى و فرەرِەهەندى مانا و بۆچوونى گۆرِاو بە جۆرێكى كتوپرِ دەبەخشێ‌! گێرِانەوە بەرجەستەكردن و چەسپاندنى نهێنى ئایدیۆلۆژى تاكرِەهەندى و لۆژیكى نەگۆرِ و گشتییە. هەڵبەتە تێگەیشتنى نێوان حەقیقەت و خەیاڵ، تێگەیشتنە لە دەرەوەى ئەفلاتوونەوە، چونكە شیعر درۆ نییە، بەڵكو تەنها حەقیقەت وەك ئەوەى هەیە ناگێرێتەوە، ئەدەب وەك حەقیقەت خۆى دەرناخات، بەڵكو وەك (ئیكۆ) دەڵێت: مۆدێلێك لە حەقیقەتمان پێدەبەخشێ، كە زۆر خەیاڵییە. بێگومان كاتێك كافكا لە دێرى یەكەمى رۆمانەكەى (مەسخ)دا گریگۆر سامساى پاڵەوان وەك قالۆنچەیەكى گەورە نیشان دەدات و لە حەقیقەتەوە دەكەوێتە دەرەوەى حەقیقەتەوە، دەكەوێتە واقیعێكى دیكەوە، كە فانتازى و خەیاڵییە، دەكەوێتە شێوەیەكى دیكە لە واقیعیەت، كە لە دنیاى خەیاڵى شیعریمان نزیك دەكاتەوە، نەك حەقیقەتى واقیعى.
بەختیار عەلى لە كتێبى (زنجیرەكانى دۆنكیشۆت) دەڵێ‌: واقیعى ئەدەبى لەسەر لێكچوون لەگەڵ دنیاى دەرەوەدا دانەمەزراوە، بەڵكو لەسەر بنەماى ئاماژەدان بە دۆخى مرۆڤ لە جیهاندا كار دەكات. ل147.
بە كورتى لە كۆمارى ئەفلاتووندا تورِەیى ئەفلاتوون لەوەدایە، كە شاعیران خەیاڵ بە قووڵی لە یادەوەریمان دەچێنن، كە دوایی زەحمەتە تەنها وەك خەیاڵێك بمێنێتەوە! بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا شاعیران هیچ كاتێك كەس لەخشتە نابەن، كە گوایە چیرِۆكێكى راست و واقیعى دەگێرِێنەوە. چونكە لە شیعردا ئەدەب ئاوێنەى واقیع نییە. لەو لێكۆڵینەوەیەدا دەمەوێ‌ ئەو خاڵە بكەمە شوێنى ئاورِدانەوە، واتە دەمەوێ‌ بە هەمان شێوە بڵێم، شیعر زرِەوێنەى كەلەپور و كلتور و فۆلكلۆر و قسەى سادەى خەڵكى نییە، بەڵكو دنیایەكى جیاوازە بە فۆرِم و ئاماژە و خەیاڵى جیاواز، مۆدێلێكى دیكەى دنیا و واقیعى ئەدەبى دەدۆزێتەوە. بەو مانایەش عەباس عەبدوڵڵا یوسف ئەفلاتوونییە! چونكە گرنگى بە وێنەى لێكچووى حەقیقەت دەدات و بە ژانوژوارەكانى مرۆڤى سەردەمى دەلكێنێ‌، بەو مانایەش تاكدێرییەكانى دەچنە خانەى بیرهێنانەوە و یادەوەرییەوە، كە لە پرۆسەى راڤەكردنى مانا شاراوە و وسبەلێكراوەكانى گێرِانەوە بە دەستیان دەهێنێ‌.
كەواتە ئەو قسەیەى غازى حەسەن، كە دەڵێ‌: شاعیر لە رێگاى قسەی ئاسایی، قسەی پرِ واتای سەر زاری خەڵك، دەقێكی كورت و چرِ و پوختی تەژی لەواتای بە مانا و فۆرم و گوزارشت و گێرِانەوە و دەربرِینی نوێ بەرهەمهێناوەتەوە. ناشێ‌ وەك خەیاڵى شیعرى مامەڵەى لەگەڵدا بكرێ‌، بەڵكو زێتر هەڵگرى وێنەى لێكچووى حەقیقەتى ئەفلاتوونى و حیكاییە!
لێرەوە بە برِواى من، عەباس عەبدوڵڵا یوسف نموونەى ئەو كەسانەیە، كە دەیەوێت لاسایى نهێنى دەقەكانى گێرِانەوە بكاتەوە. دەیەوێ‌ وەك تاكێكى رەخنەگر بچێتە لۆچى ماناى شاراوە و نهێنیەكانییەوە، دەیەوێت ژیانى خۆى وەك گێرِانەوەكان بونیاد بنێتەوە، بێ‌ ئەوەى جیاوازییەكانى دەقى حەقیقەت و نهێنییەكانى دەقى شیعرى، بە خەیاڵەوە گرێ‌ بداتەوە، بێ‌ ئەوەى زمانى شیعرى و زمانى گێرِانەوە بە هەند وەرگرێ‌. ئەو بە دواى نهێنى وسبەلێكراوەكاندا دەگەرِێ‌، ترسى گەورەى ئەو، لە دەست بۆ بردنى ئەو نهێنیانە و لە دیتنى ئەو نهێنیانەدایە، چونكە لە پرۆژەى دایە و دەیەوێ‌ لە هەڵماڵینیان دەرگا لە هونەرى سپیكردنەوە و رەشبردنەوە بكاتەوە. لە پرۆژەى دایە، رەشبردنەوەى شیعرى بە سپیكردنەوەى راڤەكردنى مانا شاراوەكان چارە بكات. هەڵبەتە ئەو قسەیەم لەوێوە دێ‌، كە من پێموایە عەباس عەبدوڵڵا یوسف وازى لە (لم نیازمە) هێنا، لە پێناو سپیكردنەوەى هونەرى كاریكاتێرى بە تامى رەشبردنەوەى كۆمیدى، تاكو لەلایەك دڵخۆشى بە (خوێنەر/ وەرگر) ببەخشێ‌ و لەلایەكى دیكە رووبەرى ژیانى وسبەلێكراوەكان فرەوانتر بكا، بۆ ئەوەى خۆى لە ترسى درِندەیى دەسەڵات بە دوور بگرێ‌. روونتر بڵێم، بۆ ئەوەى تا سنورێكى فرەوان، لە رێگاى گاڵتە و پێكەنینەوە، هەم ئاماژەیەك بە تووندوتیژى و ستەمى دەسەڵات بدات و هەم خۆى لە گرفتى ئازادى و گرفتى نەریت و بە كۆمەڵایەتیبوون، بپارێزێ‌.
كەریش ئابووریناسە و دەڵێ‌: زەرِین كانگاى زێرِە. ل20.
لەو تاكدێرییەدا، ئەگەرچى كەر بوونێكى واقیعى هەیە، بەڵام تەماشاكردنى زەرِین وەك كانگاى زێرِ، لە جەوهەردا زرِەوێنەیە، یان سپیكردنەوەیەكى كاریكاتێرییە بە تامى كۆمیدیاى رەش، كە لەسەر بوونى خەیاڵى فاشیانەى دەسەڵات دروست بووە، نەك خەیاڵى شیعرى! خەیاڵى فاشیانەى دەسەڵات فانتازى دروستكردنى دەسەڵاتێكە، بەبێ‌ بەشداریكردنى عەقڵى ئەویدیكەى جیاواز! دەسەڵاتى فاشى تەنها دەیەوێ‌ بیرنەكەرەوە و ملكەچ و پاسیف و كەمئاگاكان بەشدارى بكەن. بە دیوەكەى دیكە لاى شاعیر خەیاڵى فاشیانەى دەسەڵات، بە گشتى لە خەیاڵى فاشیانەى نەریتى كۆمەڵگاى دواكەوتوو جیانابێتەوە.
مرۆڤى بیرنەكەرەوە، كەمئاگا، ملكەچ، پاسیف… هێز بە خەیاڵى فاشیانەى دەسەڵات دەبەخشێ‌، بەو هێزەش خەیاڵى فاشیانەى دەسەڵات دوو جولە دەكات، یەكێكیان بە ئاراستەى گەوجاندنى گشت كۆمەڵگایە، یەكێكیان بە ئاراستەى گەورەكردنى خەون و فانتازیاكانى خۆى. لەسەر هەمان بنەماش دەسەڵاى فاشیانە هێزى گەوجاندن، وەك وزەیەكى درۆزنانەى ئەرێنى دەخاتە بەر مرۆڤى ملكەچ، بیرنەكەرەوە، كەمئاگا و پاسیف، بەخشینى وزەى درۆزنانە، بۆ مرۆڤى پاسیف دوو جولەى هەیە: یەكێكیان، پرِە لە وێنە و ئاواتى نادروست و ناواقیعى دەربارەى واقیع. یەكێكیان، لە رێگاى وێنە ناوبراوەكانەوە مرۆڤى ملكەچ، بیرنەكەرەوە، كەمئاگا، پاسیف، خەون و فانتازیا و ئومێدە گەورەكانى داهاتووى خۆى بونیاد دەنێت.
رەنگە ئەو خەون و تێرِوانییەى دەسەڵات و مرۆڤى پاسیف بەو مانایە بێ‌، كە خودى ژیان هەر ئەوەیە، كە هەیە! بەو مانایەى كە ژیان لە فانتازیا و خەون و تێرِوانینى دەسەڵات جیا نابێتەوە. ئەگەر سیستمى پووچگەرایى بشێ‌ بێتە جێگاى بیركردنەوە، ئەگەر بنەماى ژیان تێكەڵكردنى خەونى دەسەڵات و خەونى تاك بێ‌، ئەوە تەواوى ژیان و كەرامەتى مرۆڤایەتى و جیاوازى و هەمەرِەنگى و كرانەوە بە بنبەستبوون دەگات.

دەرئەنجام:
1- لە ئەنجامى ئەو لێكۆڵینەوەیەدا بۆمان دەردەكەوێت، كە عەباس عەبدوڵڵا یوسف شاعیرێكى جیاواز و یاخییە، بەردەوام لە دەسەڵاتى زمانى باو و لە سنورە سیاسى و نەریتە كۆمەڵایەتییەكان، رادەكات.
2- لەلایەك بەقسەهێنانى كەلەپور و فۆلكلۆر و قسەى سادەى خەڵك و راڤەكردنى مانا شاراوەكانیان، راكردنە لە ئازادى، لەلایەكى دیكە راكردنە لە بەكۆمەڵایەتیبوون. هەر بەو مانایەش لە (لم نیازمە)ەوە بەرەو كۆمیدیاى رەش هەنگاو دەنێ‌. واتە لە سپیكردنەوەى ئازادى بۆ رەشبردنەوەى بیركردنەوەى زمان هەنگاو بەرەو سنورەكانى زمانى گێرِانەوە دەنێت، لە بەكۆمەڵایەتیبوونى زمانى گێرِانەوە دەبێتەوە و هەنگاو بەرەو نهێنى مانا و وێنە رەشەكان دەنێت. لەوێ‌ لەنێو وێنە رەشەكاندا ماڵێك بۆ راڤەكردن بە بەردى گاڵتە دەسازێنێ‌ و بە شێوەیەكى نارِاستەوخۆ لەگەڵ رەشبردنەوەى گێرِانەوە و سپیكردنەوەى ئازادییەكانى لەو ماڵەدا دەمێنێتەوە، بەڵام لە هەردوو بارەكەدا تاكدێَرەكانى لەگەڵ نانۆشیعر جیاواز دەكەوێتەوە.
3- كاركردن بۆ ماڵى گاڵتەئامێز و كەشفكردنى نهێنى تاریكى ژیان، كاركردنە بۆ كۆمیدیاى رەشى گێرِانەوە و خەونى دەرچوون، لەوێشەوە ئاوێتەكردنى شیعرییەتى سوریالى و بیركردنەوەى دادایى، دەبنە هۆى سەرەكى شێوانى ئازادى و شێوانى شیعرییەت! چونكە ئازادى و شیعرییەت كردەیە، گێرِانەوەى ژیان وەك بیركردنەوە، كارە. دواجار ژیانى شاعیر لە نەبوونگەرایى، یان لە بوونگەرایى وەهمییەوە دادەخرێت. بەو مانایەش كاركردنى شاعیر بۆ بەدەستهێنانى وێنەى لێكچووى حەقیقەت، كاركردنە بۆ نەبوونگەرایى ئازادى… لە كۆتاییدا دەمەوێ‌ بڵێم لەو دوو شێوە بیركردنەوەیەى لەو لێكۆڵینەوە بەرجەستەیە: كردە وەك رووداوى شیعرى، لە كار وەك حەقیقەتى گێرِانەوە، بەردەوامتر و پرِ بەخششترە.

هەولێر 8/8/2024




دۆن کیخۆت سوارچاکی شێتی، شۆڕشگێری یاخی.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

دەشێ هەردوو چەمكی (شێتێتی) و (یاخیبوون) لە زەقنەبوونەوەی تێرنەبوونێكی بەردەوامی دەروونی و واقیعی جێگیری نەریتگەرادا كورت بكەینەوە. تاك بیر لە تەسكردنەوەی سنوورەكانی ناخ دەكاتەوە و كۆمەڵگا بیر لە كۆنترۆڵكردنی بەهاكانی رزگاری دەكاتەوە. شێتی سنووری تێرنەبوونی ناخی تاكی داهێنەرە، یاخی رێگای رزگاری نیشانی كۆمەڵگای مرۆڤایەتی دەدات. یەكەمیان ئازادكردنی تاكە لە كۆمەڵگا و دووەمیان ئامانجی بەدەستهێنانی رزگارییە لە واقیعی جێگیر. ئازادكردنی تاك هەوڵێكە بۆ ئەوەی ببی بەوەی كە خۆت دەتەوێ، بەدەستهێنانی رزگاری پەیوەندی بە دەربازبوون لە پێدراوە چەسپاوەكان هەیە. كەواتە شێتی و یاخیبوون وەك بەردەوامی گۆڕان و سەیرورە، ئازادی و داهێنان، داهێنان و رزگاری لەنێو یەكتردا لە گەشەدان.
كاراكتەری ڕۆمانی دۆن کیخۆتی نووسەری ئیسپانی (میگێل دو سێرڤانتێس) هێمای تێپەڕاندنی دابونەریتی باوی چەسپاو و سەیرورە و گۆڕانە، دژی شەپۆلە چەسپاوەكانی واقیعە، لە دەریای بێ سنووری ئازادیدا. ئەو رۆمانە باسی ژیانی نەجیبزادەیەکی ئیسپانی دەکات، کە ناوی (ئەلونسۆ کیشانو)یە و تەمەنی سەرووی پەنچا ساڵە، لەگەڵ خوشکەزایەکی و خزمەتکارێکی، لە گوندێكی هەرێمی (لامنتشا)دا دەژین. دۆن کیخۆت دوای خوێندنەوەیەكی زۆر، بە کردە (بوونی مرۆیی) خۆی بەسەر واقیعدا واڵا دەكات، لە رێگای بیروڕاكانییەوە هەوڵدەدات بە کردە، وەك (سوارچاکێك) داکۆکی لە دادپەروەری و چەوساوەکانی جیهان بكات، ئەو جیهانەی كە بەهاکانی گۆڕان و سەیرورە ناس ناكات. ئەم چیرۆکە سەرسوڕهێنەرە بۆتە ئایکۆنێکی فەلسەفی و ڕۆشنبیریی کە نووسەران و فەیلەسوفان بەردەوام وزەی لێوەردەگرن.

واقیع
لەنێوان ئازادی و رزگاری

زۆرجار شێتی بە جیابوونەوە لە واقیع، یان ڕەتکردنەوەی واقیعی چەسپاو دادەنرێت. وەك چۆن ئازادی وەك شۆڕش هەندێ لە پێدراوەكانی ناسنامەی رزگاری رەتدەكاتەوە. ئەوەش بە ڕوونی لە شۆڕشە جیاوازەكانی دنیا و تەکنیکی گێڕانەوەی سێرڤانتسی رۆماننووس دەردەكەوێت. بەو مانایەش لای سێرڤانتس دۆن كیخۆتە مەحكومە بە خەیاڵ (هەموو شۆڕشەكانی دنیاش مەحكومن بە ئازادی)، بەڵام خەیاڵ (ئازادی) بۆ كوێمان دەبەن؟ لە پشت ئەو پرسیارە داهێنان (رزگاری) وەستاوە، داهێنان هەمیشە لە گۆڕان و سەیرورەی بەردەوامدایە. ئازادیش هەمیشە فۆرمەكانی رزگاری بەرەو جۆری دەبات. بە كورتی خەیاڵی داهێنان هونەری وێناكردنی سێبەرە وەك حەقیقەت، سێبەریش بەرهەمهێنانەوەی گەمەی نا- نواندنەوەیە! خەیاڵی ئازادیش دۆزینەوەی فۆرمە جیاوازەكانی رزگارییە و رزگاریش بەرهەمهێنانەوەی گەمەی نا- نواندنەوەیە.
جیاوازی رۆمانی دۆن كیخۆتە لە تەكنیكی گێڕانەوە و وەسفکردنی پاڵەوان لە هەموو رووییەكەوە (بەتایبەتی لایەنی دەروونیی و کۆمەڵایەتی، گرێی ئەدەبی، رەگەزی کتوپڕ) بەرجەستەیە. جیاوازی شۆڕش و ئازادی، لە ساتەوەختە چەسپاوەكانی رزگاری لە نا- نواندنەكانی خۆی بەردەوامە. چونكە داهێنان و رزگاری مرۆڤایەتی لە سەیرورەی بەردەوام گۆڕانی بەردەوامدایە.
شێتی تەقینەوەی فشارەكانی دەروونە و یاخی دنیا و ژیانێك ڕەتدەکاتەوە، کە مانای بەردەوامی گۆڕانی قبوول نییە. بۆیە دەتوانین (ئازادی) بە حاڵەتی شێتبوون و یاخیبوون بە دژی واقیعی سەپاوی (رزگاری) بچوێنین، بەو مانایەش ژیان خەون و خەیاڵەكانی شێتی و رزگاری ناناسێت؟ دۆن کیخۆت پێماندەڵێت، ئەگەرچی ئیگۆی گوتاری ئازادی شۆڕشگێرانە لەگەڵ گوتاری ناسنامەی رزگاری پێكەوە لە گەشەی بەردەوامدان. كەواتە ژیان هەرگیز بەو مانایە نییە، كاتێ رزگاری خەیاڵی ئازادییمان پێشێل دەكات، قبوولی بكەین؟!
كەواتە چیرۆکی دۆن کیخۆتە وێنەی كاراكتەری سەرەكی وەك سێبەری شكاو بە دژی پاڵەوانی هەرگیز نەبەزیوو دەكێشێ. واتە ئەو گێڕانەوەیە جگە لە پاڵەوانی بەزیوو، مۆنۆلۆگ، دانانی رەگەزی فرە دەنگیی و گرێی ئەدەبی، كە بەشێکی زۆری رۆمانەکانی دنیای ئەمڕۆی تەنیووە و کاریگەری لەسەر زۆر لە کارە ئەدەبی و فەلسەفییەكان داناوە، زێدە حەقیقەتیش دەكاتە كەرەسەی گاڵتەپێكردن.
دۆستۆیڤسکی دەڵێت: سێرڤانتس قووڵترین و بەهێزترین نووسەری جیهانە. شانۆنووسی ناوداری فەرەنسی مۆلێر، فرانس کافکا، گراهام گرین، ژنە نووسەری ئینگلیزی چارلۆتە… فرانس کافکا چیرۆكێکی بەناوی (حەقیقەتی شانشۆ پانسا) نووسیووە. تۆماس مان لە ڕۆمانی (چیای جادوویی) لەژێر كاریگەری بیرۆكەكانی سێرڤانتس، پاڵەوانێك هەڵدەبژرێ، کە لە کۆمەڵگاکەی دابڕاوە و لە گەشتێکی فەلسەفی ناوخۆیی لاسایی شێتی دۆن کیشۆت دەکاتەوە. ڕۆمانی (پاسەوان لە کێڵگەی شۆفان) سالینجەر، هەر لەژێر هەمان كاریگەری (کولین)ی پاڵەوانی هەوڵدەدات پاکی منداڵانە بپارێزێت، بۆ ئەوەش کەموکوڕییەکانی جیهانی ڕاستەقینە فەرامۆش دەكات.

ئازادی
وەک ئامرازی بەدواگەڕانی رزگاری

دەتوانین لەو سەردەمەی كە تێیدا دەژین، سەردەمی مۆدێرنە، كاراكتەری دۆن کیخۆت نەک وەک شێت ببینین، بەڵکو وەک فەیلەسوفێک بیبینین، كە لە رێگای یاخیبوون بە دژی دابونەریتە سەپاوەكانی کۆمەڵگا، هەوڵی خۆ دۆزینەوە دەدات. ئازادی ناوەوە لەو چوارچێوەیەدا بۆ ئێمە وادەردەکەوێت، کە ئامرازێکە بۆ بەدەستهێنان و بەردەوامی ئازادی و رزگاری. (بۆ نموونە) فرۆید لە تیۆرە دەروونییەكانیدا پێشنیاری ئەوە دەکات، کە دابڕان لە واقیع دەتوانێ وەڵامێک بێت، بۆ پێداویستییە دەروونییە قووڵەکان و دەشێ هەوڵێک بێ، بۆ دەربازبوون لە فشارە ڕاستەقینەكانی ژیانی مرۆڤ. بەڵام دەبێ ژیان لە گۆڕانی بەردەوام و سەیرورەی بەردەوام دابێت.
جەنگە بەناوبانگەکەی دۆن کیخۆتەی سێرڤانتێس لە دژی (ئاشی با) جەنگی مرۆڤی مۆدێرنە لە دژی ئەو هێزە ستەمكارە زەبەلاحەی کە کۆنترۆڵی ژیان دەکات. ئایا ئەمانە هێمای سیستمی کۆمەڵایەتی و سیاسیین، کە تاک ناتوانێت بەرییان بگرێت؟ تێڕوانینی دۆن کیخۆتە بۆ ئەم کارگە زەبەلاحانە تەنها نیشانەی بەرفرەوانی خەیاڵ و شێتییەکەی نییە، بەڵکو نیشانەی بەرفرەوانی ئازادییەكە، كە هەمیشە دنیا وەک سیستەمێکی تەحەداكەر دەبینێ. میشێل فۆکۆ لە کتێبی مێژووی شێتی دووبارە چەمکی شێتی تاقی دەکاتەوە، کە تیایدا باسی شێتی وەک حاڵەتێکی یاخیبوون لە عەقڵانیەتی ڕەها دەکات.
دۆن کیخۆت وەک کارەکتەرێک دەمێنێتەوە، کە نوێنەرایەتی گەڕانی بەردەوام بەدوای خۆیدا دەکات، لە جیهانێکی ڕیالیزمی بێلایەندا. چیرۆکی ئەم شێتە، پرسیار لەسەر مانا و خەیاڵ، ئازادی و رزگاری، حەقیقەت و سێبەر… دەوڕوژێنێت و خوێنەر بانگهێشت دەکات، بۆ بیرکردنەوە لە ژیان، بە شێوازێکی بەردەوام گۆڕاو و جیاواز. دەشێ لەو گێڕانەوەیەدا شێتی بانگەشەی ئازادی بەردەوام بێ و (ئاشی با) دەلالەت لە جێگیربوونی هەڵبژاردەكانی رزگاری بكات، کە مرۆڤی داهێنەر لە گەڕان بەدوای ناوەوەی خۆیدا پێی رازی نییە.

هەولێر 5/11/2024
…..

سەرچاوەکان:

  • میغیل دی سیرفانتس. دون کیخوتە. ترجـمة عبدالرحمن البدوي. دار المدی للثقافة و النشر.سوریا.1998
  • عبدالهادي سعدون. 400 عام على رواية «دون كيخوته»: الفارس النبيل لا يزال يحارب طواحين الهواء!.
  • دون كيشوت: فارس الجنون وحكمة التمرد على الواقع- جمیل سلیم ، 4 تشرینی دووەمی 2024.



بینراوى هونەرى و گوتراوى شیعرى لە تابلۆ/ قەسیدەى (ئاگرەكەت لەگەڵمدا هات)ى لازۆ ئازاد.. خوێندنەوەى: عەبدولموتەلیب عەبدوڵلآ

دەق: لازۆ ئازاد

(1)
هونەرى وێنەكێشانى كلاسیكى تەكنیكى (لەیەككۆبوونەوە)ى شێوە و هێل و توخم و سێبەر و رەگەز و رەنگەكان، بە مەبەستى (دانوستاندن) و نیازى دیاریكراو پەیرِەو دەكات. هونەرى وێنە دیجیتاڵییەكان جیاواز و تایبەتن بە شێوە و هێل و وێنە بینراوەكانی هونەری كۆمپیوتەرەوە و زێتر گفتوگۆ لەیەكتریان نزیك دەكاتەوە.
لە هونەرى وێنەى دیجیتاڵى تەكنیكى دووبارەكردنەوە و شێواندنی هێل و رەگەز و توخمەكان دەبینرێت و هەموو ئەوانە هەندێكجار دەكرێت ببنە هۆی وێنەكردنی ئەبستراكت، یان تابلۆی سێ رِەهەندی و بەكارهێنانی واقیعی میتافۆرِئامێز.
هونەرى وێنە دیجیتاڵییەكان لە هونەری هاوچەرخدا گەشەی كرد و كەمتر پەیرِەوى نیازى دیاریكراو دەكات و خۆی لە ئازادى (گفتوگۆ)دا سەپاند. واتە لە هونەرى (نێت)دا چەندین شێوە و رەگەز و تایبەتمەندی جیاوازى وەك رِاستی مەجازی، رِاستی گەورەكراوە… نمایان دەكرێت.
(2)
(ئاگرەكەت لەگەڵمدا هات) وەك تابلۆى شیعرى چەندین شێوە و هێل و توخم و سێبەر و رۆناكى و رەنگى جیاوازى وەك (دۆزینەوە، ئەزموونكردن، میهرەبانى، وردبینى و هەستكردن بە شتەكانى دەوروبەر، تایبەتمەندێتى هەستى ژنانە…)ى لەخۆگرتووە و هەموو ئەوانە وەك بەشى لێكجیاواز كاریگەریى و رۆڵى خۆیان لەسەر دەروونى شاعیردا دەگێرِن و وەك وێنەنێت لە دووبارەكردنەوەى پرسى بوونگەرایى و شێواندنى شێوە و هێل و سێبەر و رۆناكى و توخمەكان و وێنەكردنی ئەبستراكت … نزیك دەبنەوە. لەوێشەوە شێوە و هێل و سێبەر و رۆناكى و توخم و رەنگى وێنەكێشانى كلاسیكى بەجێدەهێلێت و شێوە و هێل و وێنە جیاوازە بینراوەكانی هونەری كۆمپیوتەر دەپۆشێت.
ئەو قەسیدەیە وەك تابلۆ سەر بە وێنە ئاوێتەكانى هونەرنێتن! خەسڵەتەكانى ئەو هونەرە بەرجەستە دەكەن! خەسڵەتەكانى ئەو هونەرە ئەوەیە، كە (گفتوگۆ) لەنێوان شێوە و هێل و رەگەز و توخم و بەشە جیاوازەكانى وێنەكان بوونى هەیە، بەڵام بێ‌ ئەوەى هیچییان ببنە سێنتەرى مەبەست. لێرەدا هونەرى وێنەنێت و هونەرى كلاسیك لە جیاوازى نێوان چەمكى دانوستاندن و چەمكى گفتوگۆدا خۆیان دەبیننەوە.
دواجار پێكهاتەى پرسى (دانوستاندن)ى ئەو تابلۆیە لە زمانى (گفتوگۆ)ى نووسراودا، یان بە مانایەكى دیكە خۆ بەیانكردنى وێنەى (بینراوى تابلۆ) لە زمانى (گوتراوى شیعری)یدا لە رێگاى ئەویدیكەى (خوێنەر/ وەرگر)ى جیاوازەوە جوانتر دەبینرێن و هەستیان پێدەكرێت. وەك چۆن لە ناوەوەى شاعیر (زمانى گوتراو و وێنەى كێشراو) هەردووكیان لە هەمان كاتدا (رەنگى تایبەتى تابلۆ) و (زمانى بەكارهێنراوى تایبەت)ن بۆ كەمكردنەوەی ئازار و ترس و نائومێدى و تاسە و خەمى ناوەوەى شاعیر، بەڵام بێ‌ ئەوەى (چ وەك پێكهاتەى تابلۆ، چ وەك زمانى بەكارهێنراوى گوتراو) بتوانن رەنگى (كاتى لەدەستچوو) و زمانى جوانییەكان لە پرسى بێكۆتایى (بۆ كوێ‌ دەچین) بگەرِێننەوە؟!
(3)
لازۆ ئازاد لە شاری (سلێمانی) لە گەرِەكی (سابونكەران) لە دایكبووە. خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی (مەحوی) بووە و پاشان تا دووی ناوەندی لە (دواناوەندی ژینی كچان)ى خوێندووە. لە سەرەتای ساڵی (200)ەوە لەگەڵ خانەوادەكەی كوردستانی جێهێشتووە. لە وڵاتی (سوید) خوێندنی ناوەندی وپاشان دواناوەندی بەشی ئەدەبی تەواو كردووە. ئێستا نیشتەجێى وڵاتی بەریتانیایە لە ساڵى 2015 بەشی كۆمەڵناسى لە زانكۆی (نیومان) بە تەواو كردووە و بەكالۆریس و پاشان برِوانامەى ماستەرى هەر لەو زانكۆیە بە دەستهێناوە.
لازۆ ئازاد ماوەی (24) ساڵە لە بەریتانیا دەژى و لە یەكێك لە رێكخراوە خێرخوازییەكان لە بێرمینگهام‌ – بەریتانیا راوێژكاری كۆمەڵایەتییە. دەڵێ‌: هەریەك لە ژیان و مرۆڤ و جوانی سەرچاوەی ئیلهامی شیعرەكانمن. جگە لە پیشەی شاعیری كاری خێرخوازیش دەكەم، ‎بە تەنها و بە هاوبەشیش كاری خێرخوازیم كردووە و بەردەوامم، مەرج نییە شاعیر كاری خێرخواز بكات، بەڵام من بە هیچ شێوەیەك شیعرم بۆ بژێوی ژیان نە نووسیوە.
بەرهەمەكانم بریتین لە (كراس رەش بە هاوبەشییە، 2007 دەزگاى چاپ و پەخشى سەردەم، شازادەی كۆشكی رەش، 2013 دەزگاى چاپ و پەخشى سەردەم، كتێبی نووسینەوەی هەزار و یەك خەون، ساڵى 2016 ناوەندى غەزەلنووس). سەبارەت بە نوێترین بەرهەمیشم تا ئێستا برِیارم لە ناونیشانەكەی نەداوە. برِواموایە گرنگە لە كوردستان دادوەریی بوونی هەبێت.
لازۆ ئازاد لە ساڵى 2023 دا لەلایەن بەرێوبەرایەتى گشتى رۆشنبیرى و هونەرى سلێمانى خەڵاتى رێزلێنانى پێبەخشراوە.

ئاگرەكەت لەگەڵمدا هات

رِەنگی شینی ژێر ملی باڵندە، دوای مردنی، دەچێت بۆ كوێ؟
‎خەونەكانی من كە دەبنە خۆڵەمێش و نایەنە دی، دەچن بۆ كوێ؟
‎تامی گەرمی دوو زمانی لێكئاڵاو دوای دابران، دەچێت بۆ كوێ؟
‎هەڵمی هەناسەی دوو دڵدار لە ناو تۆفانی خەوتوودا، دەچێت بۆ كوێ؟
‎من كە ساڵانێكی زۆر، دووری تۆ نەخۆشی خستبووم،
‎نزیكیمان دوای ئەو هەموو بریندارییە باری كرد بۆ كوێ؟
‎ئەو هەموو هیوایە كە لە سنگدا دانە دانە دەترووكان و باڵەكانیان دەكردنەوە،
‎دوای هەوری تاریك و تەم، چوون بۆ كوێ؟

‎خەونمان هەبوو،
‎چیرۆكمان هەبوو،
‎برینمان هەبوو،
‎ئەو هەموو شتەی دەكرا بیبەخشین و نەمانبەخشی، بوون بە چی؟

‎تۆ هەرگیز خەونی خۆتت ناشتووە چونكە نەتزانیوە دەچێت بۆ كوێ؟
‎برینی خۆتت بە گوڵە ئەرخەوان پێچاوە و پێت وابووە چاك دەبێتەوە؟
‎دانت بە خۆتدا گرتووە بۆ ئەوەی نەگریت و كەس بە چاوی بەزەیی ساختە سەیرت نەكات؟
‎بۆ ئەوەی بە دەنگی بەرز نەڵێیت، ئێوە خاشاكن!
‎بەدەم دوژمنەكانتەوە بە تامی دۆست پێكەنیویت بۆ ئەوەی چەقۆیەك كەمترت لێ بدەن؟
‎لە دوای ئەڤینی شكستخواردوو، بزمارت لە تابوتی خۆت داوە بە ئومێدی مردن؟

‎من ئەو رۆژانە دەستم بە دڵی شكاومەوە گرتبوو و رِام دەكرد،
‎گوێم لێبوو دەیانگووت شێتە.
‎وەك منداڵ بۆت دەگریام، دەنگم دەرنەدەهات،
‎وەك توتكە سەگی لاكۆڵان دەنوزامەوە.
‎چونكە تۆ نەتزانی كە رۆیشتم، ئاگرەكەت لەگەڵمدا هات،
‎كە بەجێم هێشتی تۆفانەكەت بە دوامەوە بوو،
‎بێ ئاورِدانەوەش
‎تارماییت لە پێشمەوە رِێی دەكرد.

‎بەڵام دەموویست پێش مردنم،
‎رِەنگی
‎شینی
‎ژێر
‎ملی
‎باڵندە
‎ببینم….

كاتى لەدەستچوو
لەنێوان بینین و گوتندا

چەمكى بینین و گوتن دوو شێوەن لە چۆلایى رەنگى تابلۆ و زمانى بەكارهێنراوى شاعیر! بینین فیكرە، گوتنیش فیكرە، بەڵام ئەوەى بینین و گوتن لێكجیا دەكاتە بۆشاییە (یان پرسى كاتى لەدەستچوو -بۆ كوێ؟)یە، بەو مانایەش لە تابلۆ/ قەسیدەى (ئاگرەكەت لەگەڵمدا هات)دا بینین و گوتن هەردووكیان پرسیار و بیركردنەوەن لە بۆشایى كاتدا! واتە بیركردنەوە و پرسیارەكانى شاعیر دەكەونە جیاوازى/ بۆشاییەوە! بە دیوەكەى دیكە ئەوە جیاوازى/ بۆشاییە (بینین) و (گوتن) لەیەكجیا دەكاتەوە. ئەوە (شیعرییەت)ە وێنەنێت و گەردەلوولى رووتى زمانەوانى لەیەكجیا دەكاتەوە. دەمەوێ‌ بڵێم ئەو تابلۆ/ قەسیدەیە وەك (زمان) بۆشاییەكان، یان پرس و بیركردنەوەى (بۆ كوێ؟) شیعرییەت دەخەنەوە و وەك (وێنەنێت) جیاوازى راستى گەورەكراوەكان نائومێدى دەنوێنن.
پرس و بیركردنەوەى شاعیر سەر بە دەرەوەیە (دەچن بۆ كوێ؟) سەر بە شیعرییەتە، بەو مانایەش دەرەوە (گەردەلوولێكى رووت)ە و نێوانى گوتن و بینین دەشێوێنێ‌؟!. (ژیل دۆڵۆز) لە كتێبى (لە دەرەوەى فەلسەفەدا، وەرگێرِانى عەبدولسەلام بنعەبدئەلعالى و عادل حدجامى) دەڵێ‌: ” نیچە پێچەوانەى فەیلەسوفانى كلاسیك لە رێگاى ناوەوە (نەدەتوایەوە) بۆ ئەوەى دواتر بەرەو دەرەوە خۆى بەیان بكات، بەڵكو فیكر و نووسینەكانى لەسەر پەیوەندییە راستەوخۆییەكانى دەرەوەدا دەچەسپاند. ل4″ بیركردنەوەى كلاسیك بەرەو ناوەوەیە، بەڵام دەرەوە وەك گەردلوولى تەنیا دووانەى بینین و گوتن دەهەژێنێ‌… لازۆش ئەگەرچى لە رێگاى وێنەنێتەكانەوە راستى گەورەكراوى جیاواز دەكێشێ‌، بەڵام لە رێگاى پرس و بیركردنەوەى (بۆ كوێ‌) ئەو وێنەنێتانە دەكەونە دەرەوەى كات و بۆشایى و لە گەردەلوولى رووتى زمانەوانیدا شیعرییەت دەخەنەوە. بەو مانایەش بۆشاییەكانى شیعرییەت، جیاوازییەكان (خوێنەر/ وەرگر) بونیاد دەنێت و راستى گەورەكراویش جیاوازى ئازارەكانى ناوەوە بەرجەستە دەكەن.
دەمەوێ‌ بڵێم لە سەرەتاوە شێوازی پرس و بیركردنەوە و بەها و هەستەكانی شاعیر لە قەسیدە/ تابلۆى (ئاگرەكەت لەگەڵمدا هات) بەشێوەی هێل و سێبەر و رۆناكى و توخم و رەنگە جیاوازەكانى وێنەنێت ئازارەكان ئاشكرا دەكەن و دواتر وەك گەردەلوولێكى رووتى زمانەوانى لە دەربرِینى گوتنى جیاوازى شیعرییدا خۆیان دەنوێننەوە.
لە زۆرباردا ئەو قەسیدە/ تابلۆ هونەرییە (توانەوەى ناوەكى و بێهودەیى كاتى بەسەرچوو) وەك دەرخەری باری دەروونی/ زمانى (لازۆ)ى شاعیر بەیان دەكەن و بە دیوەكەى دیكەش وەك شێوازی چارەكردنى دەروونى دەكەونەوە و ئاڵۆزی (دەروونی/ زمانى) كەمدەكەنەوە.
ئەو خوێندنەوەیە لە رێگاى گەردەلوولى رووتى گوتنى شیعرى و وێنە بینراوەكانەوە بە دواى ئەو چارە (دەروونی/ زمانی)یەدا ناگەرِێت. بەڵكو هەوڵى بە جێگۆرِكێكردنى شێوەگرتنى گوتنى وێنەیى و بەرهەمهێنانی شیعرییەتنێت دەدات. بە مانایەكى دیكە لە هەوڵى ئەوەدایە كە پێمانبڵێت دەشێ‌ پێچەوانەش راست بێت.

هێزى وێنەنێت، بۆشاییەكانى شیعرییەت
پەیوەندی نێوان كارە هونەرییەكان و سایكۆلۆژیا، هەزاران ساڵ پێش ئێستا بۆ سەردەمی كاتارسیس دەگەرِێتەوە. بەڵام كارپێكردن بە سایكۆلۆژیای هونەر، لە فرۆیدەوە سەری هەڵداوە. لەو خوێندنەوەیەدا بۆ تێگەیشتنى هێزى بینینى وێنە و دەربرِینى گوتنى شیعری پێویستە وەك دۆلۆز جیاوازى لەنێوان (چۆلایى) و (دەرەوە)دا بكەین. چۆلایى هەتا ئێستا شێوەیە. بەڵام دەرەوە هێزەوە و شێوەى نییە. دەرەوە لە مەسافەكان پێكهاتووە، بەڵام چۆلایى بەیەكەوەبوون دەگەیەنێت. ئەگەر ئەو قسەیەى دۆلۆز تەرجەمەى (ئاگرەكەت لەگەڵمدا هات) بكەین، ئەوە لەبەرانبەر وێنەنێتەكاندا جیاوازى رِاستی گەورەكراوى ناوەوە دەبینین، لە بەرانبەر گەردەلوولى رووتى زمانەوانى بێ‌ شێوەیى شیعرییەت دیارە.
بەڵام دەبێ‌ ئەو راستییەش بڵێین كە وێرِاى جیاوازییەكانى نێوان رِاستی گەورەكراو و شیعرییەت، وێرِاى جیاوازییەكانى نێوان شێوەى هونەرى و هێزى هونەرى… بەشێكى گەورەى ئەو (تابلۆ/ قەسیدە)یە، جوانییەكان و نائومێدییەكانى ناوەوە بەرِێوەى دەبات. بەڵام بیركردنەوە و پرسیارى شیعرییەت و دەرەوە ئەوەیە، ئایا ئەو نائومێدى و ئاوات و جوانییانە بەرەو كوێمان دەبەن؟ یەكەمیان هێزى جیاوازى (بینین) فەراهەم دەكات و دووەمیان (بۆشایى) جیاوازى شیعرییەت! ئەوەش جێگۆرِكێكردنى گوتنى وێنەى شیعرییە بۆ بەرهەمهێنانی شیعرییەتنێت
بۆشاییەكان شێوەیان نییە، لە مەسافە زمانەوانییەكان پێكهاتوون. بەڵام چۆلایى لە بەیەكەوەبوونى هێل و رەگەز و رەنگەكان پێكهاتوون و شێوە بونیاد دەنێن. ئەو خوێندنەوەیە بۆ بەیەكەوەگونجاندنى هەر دوو بارەكە چەمكى پێكەوەسازان پێشنیار دەكات، چونكە ناشێ‌ شێوەى جوانییەكان و توانەوەى هێل و سێبەر و رەنگەكانى ناوەوەى (بینین)، وەك پەناگایەك بۆ هێزى دەرەوە و گەردەلوولى زمانەوانى و بۆشایى شیعرییەتى دەربرِینى (گوتن) فەرامۆش بكەین!
بێگومان لەنێوان شێوە و هێل و سێبەر و رۆناكى و توخم و رەنگەكانى بینین و بۆشاییەكانى شیعرییەت (خوێنەر/ وەرگر) دەپرسێ‌ مەبەستى ئەو (تابلۆ/ قەسیدە)یە چییە؟
لێرەدا دەتوانین بەبێ‌ بیركردنەوە بڵێین ئەوەى لەو (تابلۆ/ قەسیدە)یە روو دەدات، پرسى زمانەوانى نییە، بەڵكو توانەوەى ناوەوە شاعیرە لە كاتى لەدەستچوودا! جوانییەكان لەنێوان ئەو هێل و توخم و رەگەز و رەنگ و خاڵانە بەرەو كوێ‌ دەچن؟ ئایا لە تاریكى، لە شێوە و بەشە جیاوازەكانى كاتى لەدەستچووى ئەو (تابلۆ/ قەسیدە) هونەرییەدا دەتوانین هەستى دڵتەنگى و جێكەوتەى وێرانەیى و ئاماژە و رەمزەكانى شاعیر بۆ (خوێنەر/ وەرگر)ى شیعرییەت بگوازنەوە؟!
گوتمان توانەوە و هێزى وێنەى ناوەكى، لە چەمكى بینیندا شێوە ناگرن، ئەگەرچى پەیوەندى راستەوخۆى گەردەلوولى رووتى زمانەوانى گوتن دەهەژێنێت و شیعرییەت بۆ (خوێنە/ وەرگر) دەخاتەوە. بەڵام لەو (تابلۆ/ قەسیدە)یە (خوێنە/ وەرگر) لەسەر ماناى مانا وەستاوە. لەسەر ماناى (بینین)ى وێنەنێت لە دەربرِینى گەردەلوولى زمانەوانى شیعرییەتدا، واتە لەسەر ماناى تابلۆ لە پەیامى شاعیردا…
كەواتە زۆر شت هەیە (خوێنە/ وەرگر) بەرەو لێكدانەوە و شیكردنەوە بەرێت، بەڵام ئەوەى (خوێنە/ وەرگر) دەیەوێت زانیارى و لێكدانەوە لە بارەى شێوە و هێل و سێبەر و رۆناكى و توخم و رەنگى ناوەوەى شاعیر نییە، بەڵكو لە بارەى سەیرورەى زمان و شیعرییەتە. كەواتە (خوێنەر/ وەرگر) پێكهاتەى بینینى نیگارەكان (پرسى جوانییەكان بەرەو كوێ‌ و نەگەرِانەوەى كات) بەجێدەهێڵێ‌ و بەدواى دۆزینەوەى بۆشاییەكانەوەیە، بە دواى لادان و تێكشكانە زمانەوانییەكانەوەیە…
بەڵام ئایا كردەى پێكەوەسازانى وێنە و زمان، پرس و بیركردنەوە و دەرەوە و ناوەوە، كردەى بەیەكگەیشتنى بۆشایى زمانەوانى و شیعرییەتە؟ ئایا هیچ پرس و بیركردنەوەیەك لە دەرەوەى بەیەكگەیشتنەوە هەیە؟ ئایا شیعرییەت لە پێكەوەسازاندایە؟
بە برِواى ئەو خوێندنەوەیە راوكردنى جوانییەكانى كاتى لەدەستچوو برەو بە دارِشتنەوەى شیعرییەت لە گەردەلوولى رووتى زمانەوانیدا دەدەن. لەسەر ئەو بنەمایەش ئەگەر پێوانەكانى جوانى پەیوەست بێ‌ بە بوێرى و ئازادى (راستی گەورەكراوەكان) شاعیرەوە. ئەوە گواستنەوەى هێزى بینین بۆ شێوەگرتنى شیعرییەت، گواستنەوەى كۆتاییەكانى كاتە بۆ نەگەرِانەوە…
پرس و بیركردنەوەى بینین بۆ پرس و بیركردنەوەى گوتن، جەختكردنەوەیە لەسەر تاكگەرایى و ئازادى و گفتوگۆ بەو مانایەى كە تاك لە دەرەوەى ملكەچییەوەیە و سەر بۆ دانوستاندن و نائومێدى ناوەوە شۆرِ ناكات، بەو مانایەى كە تاك لە دەرەوەى كات مل بۆ گەرِانەوە كەچ ناكات! بەڵام ئایا ئەو جۆرە لە دەرچوون لە پەیوەندییەكان، ئەو جۆرە لە دەرچوون لە ناوەوە و لە جوانییەكان و ئاواتەكان بە راستى بەرەو مردنمان دەبەن؟ یان ئایا گەردەلوولى رووتى گفتوگۆى زمانەوانى (كات و سەیرورە)ى گفتوگۆ بەرامبەر عەقڵى بینین (مردن و نەگەرِانەوە)ى دانوستاندن دەبێتەوە؟!.
لە دەرەوەى بینین و گوتن، لە دەرەوەى بەسەرچوونى كات و نەگەرِانەوەدا، شیعرییەتى زمانەوانى، جۆرێك لە پەیوەندى ئابورى و هاوگونجان و پێكگەیشتنى وێنەنێتەكان بە شێوەیەكى جیاوازى دیكەوە (راستی گەورەكراوەكان) دەسازێنێ‌! واتە ئەو كوشتنەى (كات) وەك چۆن گەردەلوولى رووتى گفتوگۆى زمانەوانى بانگەشە دەكات، لە بینین و دانوستاندن رزگارى نەبووە و دوور نەكەوتۆتەوە، تەنها بۆ دووركەوتنەوە نەبێ‌! راستە شیعرییەت و چێژ بەجێدەهێنێ‌، بەڵام كاتى بێكۆتایى، گەرِانەوە بەجێناهێلێ‌. بە كورتى ئیشكردنى گەردەلوولى رووتى زمانەوانى، ئیشكردنە لەو شوێنانەى وێنەنێتەكان ناتوانن پەیوەندییەكانیان ئاشكرا بكەن.
كەواتە بیركردنەوە و پرسى بوونگەرایى وێنەنێتەكان رووبەرووى كاتى بەسەرچوو دەبنەوە. كاتى بەسەرچوو پێویستى بە بوێرى و ئازایەتى هەیە، بەڵام شیعرییەت بۆشاییە، بۆشاییش جیاوازییەكان دەخەمڵێنێ‌! جیاوازییەكان لە كاتكوشتنى شاعیردا پەیوەندى بە نەگەرِانەوەى گەردەلوولى سەیرورەى زمانەوانییەوە دەكەن.

هاوگونجان
لەیەككۆبوونەوە و شێواندنى توخمەكان

لەنێوان هونەرى وێنەكێشانى كلاسیكى و هونەرى (نێت)دا، لەنێوان شێواندنی توخمەكان و تەكنیكى لەیەككۆبوونەوەدا، لەنێوان بەرەو كوێى كۆتاییەكان و نەگەرِانەوەى بێكۆتاییدا… كاری بەرهەمهاتووى شاعیر لەرِووی (توانەوەى ناوەكى) سۆزداریەوە كاریگەرى لەسەر (وەرگر/خوێنەر)ى گشتى دروست دەكات. بەڵام كاری بەرهەمهاتوو لەرِووی (هێزى دەرەكى) باس لە توانای وەرگرتن و تێگەیشتنى (وەرگر/خوێنەر)ى تایبەت و بەخششەكانى دەكات.
لێرەوە جیاكاری وێنەنێتى هونەرى دەبێتە بنەماى گەردەلوولى رووتى زمانەوانى، بە پێچەوانەشەوە راستە! بە هەردوو باردا كاتى لەدەستچوو گۆرِانكارى و سەیرورە دەنێتەوە. دواجار دەبێ‌ بزانین كە خاڵی هاوشێوەی نێوان وێنەنێت و گەردەلوولى رووتى زمانەوانى جگە لە ژیانی شاعیر شتێكى دیكە نییە، واتە درووستكردنى هەستێكی مانادار نییە، بۆ رِووداو و فینۆمینەكان، بەڵكو هەموو ئەوانە ژیانى تایبەتى شاعیرە. دواجار ئەوە ژیانى تایبەتى شاعیرە لەسەر هاوگونجانى وێنە و زمان بەردەوامى بەخۆى دەدات.
پەیوەندى لەیەككۆبوونەوە و شێواندنى توخمەكان، پەیوەندى هونەرى كلاسیك و هونەرى وێنەنێت، لە پەیوەندى نێوان بلیمەتى و شێتى دەكات، بلیمەتى لە لەیەككۆبوونەوەى مەعریفەدا، رێكییە! شێتى شێواندنى توخمەكان و دووبارە بونیادنانەوەى نارِێكییە. رێكى بەرەو پرسى بێكۆتایى وەستاوە، نارِێكى بەرەو پرسى بۆشایى و سەیرورەى بەردەوام هەنگاو دەنێت.
كاتى بەسەرچوو لە (ئاگرەكەت لەگەڵمدا هات) هاتۆتە دەرێ‌ و لە زۆر شوێندا بەسەر بێكۆتاییدا سەركەوتووە! لاى لازۆ مردن و زیندەگى لە حاڵەتى بەردەوامى جەنگدان. كاتى بەسەرچووى ناوەوە پەیوەندى بە گەردەلوولى رووتى زمانەوانیدا نییە، كە گەردەلوولى رووتى زمانەوانى لە سەیرورەدا بێ‌، كاتى بەسەرچووى ناوەوە لێرە نییە، كە بلیمەتى لێرەیە شێتى لێرە نییە. بەمجۆرە داهێنان سەیرورەیە و لە خزمەتى گۆرِاندایە. بەڵام وەك چۆن ناتوانین سەیرورە و گۆرِان لێكجیا بكەینەوە، بە هەمان شێوە ناتوانین ناوەوە و دەرەوەى شاعیر لێكجیا بكەینەوە!؟
داهێنان دۆزینەوەى بونیادى گۆرِانكارییە و لەسەر بیركردنەوە و پرسى سەیرورە، بەردەوامى بەخۆى دەدات، هێزێكە لە دەرەوەدا شێوەى نییە و لە ناوەوە شێوە دەگرێ‌، هێزێكە لەگەڵ ئاشكرابوونى وزەیەكى دیكەى خەونەكان دەجوولێ‌، هەرگیز لەو شوێنەوە دەست پێناكاتەوە كە ئازارەكانى ناخى وێرانەى شاعیرى تێدا دوایین وێنەى گەورەكراو دەگرێت، بەڵكو لەو شوێنەوە دەست پێدەكاتەوە كە زمانى شیعرى شێوە دەگرێ‌. بیركردنەوە و پرسى وێرانەیى ناوەوەى شاعیر بەردەوام خۆى دووبارە دەكاتەوە، بەڵام بیركردنەوە و پرسى شیعرییەت لە سەیرورەدایە. شیعرییەت كاتێك دەست پێدەكات، كە كۆمەڵەى جیاواز جیاوازى وێرانەیى ناوەوەى شاعیر دەتوانن بە هۆى لە یەكجیابوونەوەى خەمەكان لە یەكتر نزیك بكەونەوە و هاوگونجان بنوێنن.

تێكەڵكردنى رەنگى شین و باڵندەى ئازاد
لە توانەوەى رەگەزەكان و دانوستانى رەنگەكانى ناوەوەدا (رەنگى شین) زاڵ دەبێت و شین كەشێكى ماتەمینى درووست دەكات، بەڵام لە گەردەلوولى رووتى زمانەوانى دەرەوەدا (باڵندەى ئازاد) باڵ دەگرێ‌ و بۆشایى شیعرییەت دەنوێنێ‌ و دەرگا لە خەونێكى رەنگاو و رەنگ و چێژئامێز و ئازاد دەكاتەوە.
رِەنگی شینی ژێر ملی باڵندە، دوای مردنی، دەچێت بۆ كوێ؟
‎خەونەكانی من كە دەبنە خۆڵەمێش و نایەنە دی، دەچن بۆ كوێ؟
(گفتوگۆ)ى نێوان رەنگى شین و باڵندەى ئازاد لەبەرجەستەكردنى پرسى دەچێت بۆ كوێ‌، بوونى دوو هەڵبژاردن دەخەنە روو، بێ‌ ئەوەى هیچییان ببنە سێنتەرى مەبەست! ئەگەر سەرچاوەى رەنگى شین بۆ حیكایەتێكى ناوەكى و دانوستان بگەرِێتەوە، ئەوە باڵندە ئازادە لەوەى كە چەند پابەندى پرسى ئەو حیكایەتە ناوەكییە دەبێت، ئەو ئازادییە، شیعریەتێك دەسازێنێ‌، كە (خوێنەر/ وەرگر) لە دەرەوە و لە رێى گفتوگۆدا پێى دەگات، لێرەدا دەمەوێ‌ جیاوازى نێوان چەمكى گێرِانەوە و چەمكى شیعرییەت، بە دانوستان و گفتوگۆ (كە پێشتر لە هونەرى وێنەنێت و هونەرى كلاسیكى بەیانم كردن) بچوێنم!
كەواتە ئەگەر شێوازى گێرِانەوەى ئازارە ناوەكییەكان، ئەگەر تەكنیكى (لەیەككۆبوونەوە)ى گێرِانەوەكان، دانوستاندن بەجێبهێلێ‌ و لەگەڵ وێنەنێت و واقیعی میتافۆرِى و گفتوگۆ بنێتەوە، ئەوە گوتراوى شیعرى زمانى كاتى لەدەستچوو بەرەو بۆشایى دەكاتەوە و گەردەلوولى رووتى زمانەوانى بونیاد دەنێت، گەردەلوولى رووتى زمانەوانى وەك رووداو بیركردنەوەى ئەویدیكەى (خوێنەر/ وەرگر) لەگەڵ خۆى دەكاتەوە! لێرەوە دەگەینە ئەو دەرئەنجامەى كە زمانى ئەو شیعرە زمانێكى هاوگونجاو و كراوەیە، زمانى كراوەش شیعرى واڵاى لێدەكەوێتەوە.
خەونمان هەبوو،
‎چیرۆكمان هەبوو،
‎برینمان هەبوو،
بینراوى خەون لەسەر بنەماى گێرِانەوەى ناوەكیدا هەوڵى ورِووژاندنى سۆزدارى و پرسى رابردووى هەڵگرتووە، لەسەر بنەماى زمانى كراوە و شیعرى واڵا، كاتى لەدەستچوو و بۆشاییەكانى زمانەوانى رەنگ دەكات. بە دیوەكەى دیكە وەك چۆن لەسەر بنەماى گێرِانەوە نیازى دانوستانى هەیە، بە هەمان شێوە دەشێ‌ لەسەر بنەماى زمانى شیعرى قابیلى گفتوگۆكردن بێت.
گوتمان بینین فیكرە، گوتنیش فیكرە، بەڵام ئەوەى بینین و گوتن لێكجیا دەكاتە (پرسى ئازادى -بۆ كوێ؟) و (كاتى لەدەستچوو-بۆ كوێ؟)یە، پرسى ئازادى ئێستاییە و كاتى بەسەرچوو دەكەوێتە رابردووەوە. ئەوەى بینین و گوتن لێكجیا دەكاتە، جیاوازى نێوان لەیەككۆبوونەوە و جیاوازییە، جیاوازى نێوان ناوەوە و دەرەوەیە… ئەو جیاوازییانە لە كاتكوشتنى شاعیردا پەیوەندى بە نەگەرِانەوەى گەردەلوولى سەیرورەى زمانەوانییەوە دەكەن.
‎من ئەو رۆژانە دەستم بە دڵی شكاومەوە گرتبوو و رِام دەكرد،
‎گوێم لێبوو دەیانگووت شێتە.
‎وەك منداڵ بۆت دەگریام، دەنگم دەرنەدەهات،
‎وەك توتكە سەگی لاكۆڵان دەنوزامەوە.
گوتمان توانەوە و هێزى وێنەى ناوەكى، لە چەمكى بینیندا شێوە ناگرن، ئەگەرچى پەیوەندى راستەوخۆى گەردەلوولى رووتى زمانەوانى گوتن دەهەژێنێت و شیعرییەت دەنێتەوە، بەڵام لە دێرەكانى پێشتر گوتمان كاتێ‌ گەردەلوولى رووتى زمانەوانى لە سەیرورەدا بێ‌، كاتى بەسەرچووى ناوەوە لێرە نییە، چونكە داهێنان لە سەیرورە و لە گۆرِانى بەردەوامدایە. داهێنانى ئەو تابلۆ/ قەسیدەیە ئیش لە هەستى دڵتەنگى و جێكەوتەى وێرانەیى ناوەوە دەكات، كە وێنەنێتەكان وەك میتافۆرِ پەیوەندییە جیاوازەكانیان ئاشكرا دەكەن، وەك ئەوەى بڵێ‌ من سەر بە نەوەیەكم كە رابردوو هیلاكى كردووە، بەڵام شیعرییەت لەسەر وێرانەیى دەروون نەوەستاوە، بەڵكو بە هۆى گەردەلوولى رووتى زمانەوانى دەجولێ‌ و ناوەوە دەخاتە هەژانەوە. شیعرییەت، وەك كەسێكی تر قسان دەكات، نەك وەك شاعیر و وێنەنێتەكان، وەك بۆشایى خۆى دەنوێنێ‌، نەك وەك جێكەوتەى خودى. بۆشایى شیعرییەت فۆرِمێكی تایبەتە و بەشەكییە لە رِێگای ئەویدیكەى نادیارەوە دەدوێت، نەك دیار.
تابلۆ/ قەسیدەى (ئاگرەكەت لەگەڵمدا هات) هەم تاكە كەس جێدەهێلێ‌ و هەم لە خود دەترازێ‌، لە كلاسیكدا تاكە كەس لەگەڵ بووندا تەریب و درێژ دەبێتەوە و لە جیهانی رِۆمانتیكدا ئەوە خود بوو قسەی دەكرد. بەڵام لەو خوێندنەوەیەدا تابلۆ/ قەسیدەى (ئاگرەكەت لەگەڵمدا هات) بەتەواوەتی لە تاكە كەس و خود جیاوازە. چونكە وەك تابلۆ لەگەڵ لەیەككۆبوونەوە و تەكنیكى دووبارەكردنەوە و شێواندنی هێل و رەگەز و توخمەكان لەگەڵ نواندنەوە درێژ بۆوە و بەپاڵ نواندنەوە لە وێنەى دیجیتاڵى خۆى نمایش دەكاتەوە. دواتریش تەماشاكردنى وەك قەسیدەیەكى زمانەوانى رووت هەموو ئەوانە تێدەپەرِێنێت. ئەمەیش هەروا سادە و بە هۆی هێزە نادیارەكانەوە نییە. بەڵكو بە هۆى گەردەلوولى رووتى زمانەوانى و سەیرورە و گۆرِانى بەردەوامییەوەیە، بە هۆى بیركردنەوەى جیاواز و هەمەرِەنگى و ئەرزش دانانە بۆ هەمووانە…
واتە دواى ئەوەى لەو خوێندنەوەیەدا (یەككۆبوونەوە)ى ئازارەكانمان نووساند بە جیاوازى وێنەنێتەكانەوە، ئینجا جیاوازى تاكە كەس و خودمان تێپەرِاند، لەوێوە لە جیاوازى راستییە گەورەكراوەكانى وێنەنێت، گەردەلوولى رووتى زمانى هەڵدەكا و نوێنەرایەتى بۆشایى شیعرییەت و سەیرورە و شیعرییەت دەكات.
بەڵام دەموویست پێش مردنم،
‎رِەنگی
‎شینی
‎ژێر
‎ملی
‎باڵندە
‎ببینم….

هەولێر 27/6/2024
خوێندنەوەى: عەبدولموتەلیب عەبدوڵلآ




مەعریفەى شیعریى.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

مەعریفەى شیعریى یان ئەزموونى واقیعى شیعریى، پەیوەندى بە پرۆسەى نووسین و خوێندنەوەوە دەكات، كاتێك كە سرووشتى و هەرِەمەكییە، دواتر لە رێگاى خەیاڵ و جوانى و شارەزایى شیعریى و رامانەوەوە تۆختر دەبێتەوە، پاشان لە گرتنى گۆشەنیگاى جیاوازى هونەرى و بە رووداوكردنیان و وێناكردنى دنیابینى سەردەم و لە خەمڵاندنى كۆى ئەو شارەزاییە مەعریفییانەوە بەشێوەیەكى راستەوخۆ یان نارِاستەوخۆ، لە شیعرییەتى دەق و شیعرییەتى خوێندنەوەدا دەردەكەوێت.
واتە دواى بەرەوپێشچوونى بەهرە بۆ شارەزایى، شارەزاییەكان بۆ ئەزموون و ئەزموونگەریى، ئیتر دەركەوتنى وزەى هونەرى و شارەزاییە مەعریفییەكان بە شێوەیەكى (راستەوخۆ) و (نارِاستەوخۆ) دوو خاڵى سەرەكى رووندەكەنەوە: یەكەمیان، پەیوەندى بە نووسەرەوە هەیە، ئەویدیكە پەیوەندى بە خوێندنەوەوە دەكات. خوێندنەوە دەبێتە دوو بەش: یەكەم خوێنەرانن، دووەم پەیوەندى بە رەخنەگرانەوە دەكات. واتە كاتێ‌ خوێنەر درك بە شیعرییەت دەكات. كاتێ‌ ئاگایى هونەریى، خوێنەر تێدەپەرِێنێ‌ و رەخنەگر دەیدۆزێتەوە. یەكەمیان دەكەوێتە بەر ئاستە جیاوازەكانى خوێنەرەوە و دووەمیان دەكەوێتە بوارى لێكدانەوەى زانستى و تیۆرییەوە.
بە كورتى بابەتى سەرەكى ئەو لێكۆڵینەوەیە، هەوڵێكە بۆ بەرجەستەكردنى بنەما مەعریفییەكانى شیعریى، كە لەنێوان پرۆسەى نووسین و پرۆسەى خوێندنەوەدایە. لێرە و لە بە دواداچووندا لە (چیگوتن و جوانگوتن و خوێندنەوە)دا خۆى دەبینێتەوە! هەموو ئەوانەش لە شارەزایى و شیعرییەت و مەعریفەوە هەڵدەگرینەوە و دواتر لە رێگاى ئەزموونگەرییەوە، لە دوو چەمكدا بە ناوى (گەشتكردن) و (مامەڵەكردن) وێناى دەكەینەوە.
میكانیزمى گەشتكردن بە (دۆزینەوە و داهێنان و سەیرورە) دەبەستینەوە و لە خەیاڵدا بە دوایدا دەگەرِێین. میكانیزمى مامەڵەكردن بە (تێگەیشتن و راڤەكردن و حەقیقەت)ەوە دەلكێنین و لە دەسەڵاتدا بە دوایدا دەچین. بەو مانایەش شیعرییەتى نووسین و شیعرییەتى خوێندنەوە وەك دوو جوولەى هاودژ و هاوگونجاو لە خەیاڵ و حەقیقەتەكاندا پێكەوە دەلكێن و لە رێگاى دەسەڵاتى زمان و داهێنانى ئەدەبى و هونەرییەوە دانوستان دەكەن.

درككردن، تێگەیشتن، دۆزینەوە
بێگومان شارەزایى و مەعریفەى شیعریى لە رێگاى فرە خوێندنەوە و خوێندنەوەى جیاوازەوە گەشە دەكات، پێوانەكانى جوانى و چێژ (دادەرِژێتەوە)! بەڵام هەندێجاران لە شیعرى نوێدا دارِشتنەوە، تەگەرە بۆ تێگەیشتن درووست دەكات! ئەو تەگەرەیەش بەشێكى پەیوەندى بە وزەى هونەرى و شارەزایى دایە، بەشێكى لە گۆرِانكارى لەپرِى سەیرورەى داهێنانەوەیە. بەشێكى پەیوەندى بە ئاسۆكانى چاوەرِوانى خوێنەر و بەشێكى بە تازەیى فۆرم و تەكنیك و نوێكردنەوەى روانینى شاعیرەوەیە. بە كورتى هەموو ئەوانە لە كێشە مرۆییەكانى سەردەم و ئاڵۆزى ژیان و پێشكەوتنە خێراكانى زانستى تەكنۆلۆژیاوە هەڵقوڵاوە.
گوتارى مەعریفەى شیعریى هەرگیز بەو مانایە نییە، كە پرسیارى مەعریفى بەردەوام وەك خەسڵەتى تاكرەهەندى دووبارە بكاتەوە؟! چونكە (داهێنان) بێ‌ سەربەخۆیى و ئازادى و پرسیارى بەردەوام هەناسە نادات. ئەوە نەك رەخنەگر، خوێنەرى ئاسایى هەستى پێدەكات! واتە (داهێنان) لە گۆرِانى بەردەوامى ئاگایى و سەیرورە ناكەوێت. داهێنان بەردەوامبوونی (نا)یە، لە (نا)یەكەوە بۆ (نا)یەكی دیكە، تا دەبێتە(نا‌)یەكی دینامیكى، ئەو نەفیبوونە لە شێوازی (هێشتا-نەبوو) خۆی مانفێست دەكات. كەواتە ئەوەى دوێنێ‌ وەك پێوانەى مەعریفى و جوانى تەماشا دەكرا، مەرج نییە هەمیشە وابمێنێتەوە!
لێرەوە دەبێ‌ بزانین بەشێكى گەورەى بە مۆدیلكردن و رابردوونمایى لە دۆگماتیزمى دەسەڵاتى سیاسییەوە سەرچاوە دەگرێت! دەسەڵاتى سیاسى هەوڵدەدات هەمیشە بە مۆدیلكردن لە فۆرمێكى دیكەى رۆشنبیرییدا پێشان بداتەوە. واتە دیماگۆجییەتى سیاسى دەست بەو فۆرِمانەوە دەگرێت و وەك ناسنامەى نەتەوەیى و رەسەنایەتى بە دژى گۆرِانكارییەكانى سەردەم و سەیرورەى داهێنانیان دەكاتەوە و لە پانتایى رۆشنبیریى باودا برەویان پێدەدات. بەڵام قسەكردن لە بارەی رەسەنایەتی و برِوابوون و ناسنامە و ستایل و ناسیونالیزم، قسەكردن لە گەرِانەوە بۆ ئەسڵێكی كۆن و رووداوی یەكەم و كەلەپوور و یادەوەری نەتەوە… قسەكردنێكی سیاسییانەی پۆپۆلیستییە بۆ مەسرەفی رۆژانە، هەرگیز پرسیاری داهێنانى لەخۆدا هەڵنەگرتووە!
داهێنان هەمیشە پەردە لەسەر نهێنییەكانى مەسرەفگەرایی رۆژانە، كەلەپوور و یادەوەری نەتەوە و رۆشنبیریى باو هەڵدەماڵێ‌ و لەوێشەوە بونیادە جیاوازەكانى خۆى نمایش دەكات.
لەنێوان مەعریفە و مەعریفەدا ترس نییە، جیاوازى هەیە! بەڵام جیاوازى كارى داهێنان لە پانتایى رۆشنبیریى باودا گەشە ناكات. پێویستە شیعرى نوێ‌ هەموو ئەركە باوەكان لەخۆى دابماڵێ‌، جوانى و چێژ دووبارە دابرِێژێتەوە و پرسیارى نوێ‌ بەسەر بوون و دنیادا بكاتەوە؟!
كەواتە گوتارى مەعریفەى شیعرى لە بنەمادا (درككردن) و (تێگەیشتن) و (دۆزینەوە)یە، لە (ت,س. ئیلیوت)ەوە ئەو ئەزموونگەرییە بە ترۆپك دەگات و بە جوانى لە (ئەدۆنیس)دا رەنگیداوەتەوە! بایەخى ئەو گوتارە هەر ئەوە نییە، بەشێك لە بنەماكانى ئاگایى شیعریمان (پێدەناسێنێ‌)، بەڵكو جیاوازى گوتارەكانمان بۆ (رووندەكاتەوە) و پێماندەڵێ‌ چەمكى داهێنان هەر تەنها داهێنەر بەرجەستە ناكات، بەڵكو لە هەمان كاتدا خوێنەرى جیاوازیش بەرجەستە دەكات!

كێشەكانى مەعریفەى شیعریى
ئاگایى مەعریفى داهێنەران لە كرانەوەى فیكر بەرهەم دێت و درككردن و تێگەیشتن و دۆزینەوە دەگەیەنێت. بەڵام پێشبینیكردنى مەعریفەى شیعریى بەتەواوی دیارینەكراوە، كێشەى ئەو دیارینەكردنەش رِووداوە نادیارەكانی ئایندەى شیعریى و داهێنانى شیعرییە، كە بە روونى تێگەیشتن بە دەستەوە نادەن. چونكە مەعریفەى شیعریى شتێك نییە یەكجار بدۆزرێتەوە؟! بۆ نموونە دۆزینەوەى جوانى شیعریى سنوورى نییە. رەنگە شیعر خاڵى بێ‌ لە حەقیقەت، بەڵام ناكەوێتە دەرەوەى خەیاڵەوە. بە دیوەكەى دیكەش ئاگایى قووڵى خوێندنەوە ئەو شوێنەیە، كە نووسەرت بیر دەچێتەوە، ئەوەش ئاستى بەرزى درككردن و تێگەیشتنى خوێنەر و دۆزینەوەى شیعرییەت نیشان دەدات.
یەكێكى دیكە لە كێشەكانى ئاگایى مەعریفەى شیعریى، ئەوەیە كە پێش زەمەنى لەدایكبوونى شیعر دەكەوێت. هەر ئەوەشە بەشێكى گەورەى خوێندنەوە دەخاتە تەگەرەى تێگەیشتنەوە! بەڵام كێشەى داهێنان لە كێشەى دیاریكردنى مەعریفەى شیعرییدا كورت ناكرێتەوە. دەشێ‌ درككردن و تێگەیشتنى مەعریفەى شیعریى خوێنەر و راڤەكار و رەخنەگر بخاتەوە، بەڵام مەرج نییە داهێنان بەرهەم بهێنێت! وەكچۆن مەرج نییە (خوێنەر و راڤەكار و رەخنەگر) لەگەڵ داهێنەر هاومانا و هاودنیابینى بن. ئەوەش یەكێكى دیكەیە لە كێشەكانى مەعریفەى شیعریى، بەڵام كێشەى داهێنان نییە! چونكە داهێنان (دۆزینەوە و گۆرِان و سەیرورە) بەرِێوەى دەبات، بەڵام خوێنەر و رەخنەگر، راڤەكردنى جیاوازى لێدەكەوێتەوە.
داهێنان، چیگوتن و جوانگوتنە! حەقیقەت و جوانى، مامەڵەكردن و گەشتكردن. ئەگەر چیگوتن (حەقیقەت – مامەڵەكردن) ئاگایى دەرەكى هێلەكانى بكێشێ‌، ئەوە جوانگوتن (جوانى- گەشتكردن) ئاگایى ناوەكى دەیجوولێنێت. یەكەمیان گواستنەوەى دنیا و نواندنى كێشە مرۆییەكانییەتى. دووەمیان كێشەكانى جوانى و خەیاڵى شیعریى هەڵگرتووە. یەكەمیان پێداویستییەكى مێژووییە، نەك مێژوو! دووەمیان پێداویستییەكى شیعرییە، نەك شیعر! یەكەمیان ململانێى بێكۆتایى (حەقیقەت) و (مامەڵەكردن)، واتە مامەڵەكردن لە دەسەڵات شیدەكاتەوە و لە سەردەمى پاش حەقیقەتدا خەرجى دەكات؟! دووەمیان ململانێى بێكۆتایى (جوانى) و (گەشتكردن)، واتە گەشتكردن لە خەیاڵدا دەخەمڵێنێ‌ و لە داهێناندا دەینوێنێتەوە؟!.
رەنگە چەمكى بێكۆتایى (چیگوتن- مامەڵەكردن- حەقیقەت) بوونگەرایى فەرامۆش بكات؟! بۆ نموونە، تەماشاى مامەڵەكردن لەگەڵ دەسەڵات لە سەردەمی پاش حەقیقەت، زیرەكى دەستكرد بكە، لە رێگای زانستى تەكنەلۆژیای نوێوە. بەڵام چەمكى بێكۆتایى (جوانگوتن- گەشتكردن- جوانى) هەمیشە گەشتكردنى خەیاڵى (هێشتا-نەبوو) مانفێست دەكاتەوە. لێرەدا دەبینین چەمكى (دەسەڵات) فاشیەتى زمان دەنوێنێ‌ و چەمكى (داهێنان) سەیرورە و خوێندنەوەى جیاواز بەرهەم دەهێنێتەوە و ئەزموونگەرى جیاوازى لێدەكەوێتەوە. رەنگە چەمكى فاشییەتى زمان خودى داهێنان بگۆرِێتە سەر جۆرێ‌ لە مامەڵەكردن، دواجار لە شێوازگیرییدا بەرجەستەى بكات، بۆ نموونە: فاشییەتی زمان لای رۆڵان بارت. بەڵام خودى داهێنان بەردەوام بەرەو ئەودیوو حەقیقەت دەبێتەوە و (هێشتا-نەبوونى) حەقیقەتى جێگیر پێشبینى دەكات. بۆ نموونە: ئەنتى دەق، بەو مانایەى كە ئەودیوو كۆتاییەكان و هێشتا نەبوون وێنا دەكات.

نە شیعرى بێ مەعریفە و نە مەعریفەى بێ شیعر
مامەڵەكردنى فاشییەتى زمان و سەردەمی پاش حەقیقەت و زیرەكى دەستكرد نەیانتوانیووە دۆزینەوە و گەشتكردنى خەیاڵى داهێنان كۆتایی پێبهێنێت، تەنانەت لەو كاتانەشدا كە هەموو دەرگاكان لەسەر چیگوتن دادەخرێت، هێشتا داهێنانى شیعریى لە رێگاى جوانگوتنەوە گەشتى خەیاڵ وێنا دەكاتەوە، لەوێشەوە رِووداوەكان بۆ چیگوتن دەجولێنێت. فاشییەتى زمان و سەردەمی پاش حەقیقەت و زیرەكى دەستكرد، رەتكردنەوەى ئاگایى شیعرى پێش رەتكردنەوەى مەعریفە دەخات. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا نە ئاگایى شیعرى بێ مەعریفەیە و نە گوتارى مەعریفى بێ شیعرییەت! دەمەوێ‌ بڵێم نە شیعر بێ‌ جوانگوتن و خەیاڵ هەڵدەكات و نە مەعریفە بێ‌ چیگوتن و حەقیقەتە پێشبینكراوەكان دەگات.
بەڵام كاتیك شیعر دەگاتە ئەوەی بزانێت دەسەڵات چییە! ئیتر بەرەو كردەى سەیرورە گەشت دەكاتەوە، كاتیكیش گەیشتە سەیرورە، ئیتر لە حاڵەتی دۆزینەوەى بەردەوامدا دەمێنێتەوە. بەردەوامبوونی دۆزینەوە و سەیرورە، بەردەوامبوونی (نا)ى شیعرییە‌ بە هەموو ماناكانییەوە، لە ئاگاییەكەوە بۆ مەعریفەیەكى دیكەى جیاواز. سەیرورە هەوڵێكە بۆ هەڵگیرساندنی شۆرِشی شیعریى جیاواز. شۆرِشى شیعرى، شۆرِشى خەیاڵ و جوانییە دژ بە دەسەڵاتى ناچارى كردن و حەقیقەتەكان دەبێتەوە، بەڵام ناكەوێتە دەرەوەى شیمانەى زمانەوە؟!
بە برِواى من لە پشت كێشەكانى (فاشییەتى زمان) و (سەردەمی پاش حەقیقەت) و (زیرەكى دەستكرد)، سیحرى گەشتى خەیاڵ پردێكە بۆ جوانى! واتە ئەگەر ژەهراویبوونى زمان بە دەسەڵات، سەرچاوەى ئاڵۆز و نادیارى مامەڵەكردن بێت! ئەگەر سەردەمى پاش حەقیقەت، لە بێ‌ مانابوونى حەقیقەتى چیگوتنەوە رەنگیدابێتەوە. ئەگەر زیرەكی دەستكرد، توانای مرۆڤی باڵا بنوێنێ‌. ئەوە دۆزینەوە و سەیرورەى داهێنان لە جوانى راگوزەر و خەیاڵى بێ‌ سنوور درێژ دەبێتەوە.
یەكەمیان، میكانیزمی دەسەڵات و ستراتیژی بەرهەمهێنانەوەی دەسەڵات بەرِێوەى دەبات. واتە: زمان، هەر كە قسەی پێدەكەین، ئەگەر پرتەپرتێكیش بێت، ئەوا رِێك دەچێتە خزمەتی دەسەڵاتەوە! لە زماندا ملكەچی و دەسەڵات، تێكەڵی یەكتری دەبن و بە حەتمی ئاوێزانن! بەو مانایەش زمان، بە سرووشتی خۆی، پەیوەندیی نامۆكردنی ناچاریكەرانە لەخۆ دەگرێت. گوتاری دەسەڵاتیش كۆی ئەو گوتارانە دەگرێتەوە كە بنەماكانیان لەسەر حەقیقەتى زمان هەڵچنراوە.
دووەمیان، سەردەمى پاش حەقیقەت پێیوایە حەقیقەت چیتر وەك كۆنسێپت و فاكت، وەك بەڵگە و داتا مانای نەماوە! بێگومان لە پشت گەرِان بە دوای حەقیقەتدا، خودی ئیرادەی حەقیقەت وەستاوە؟ بەڵام لە پشت ئیرادەی حەقیقەت، جگە لە ئیرادەی دەسەڵات شتێكی دیكە نییە؟!.
سێیەمیان، بە مەبەست بێ، یان بێ مەبەست، پێماندەڵێت: بەهۆی پێشكەوتنی ئامرازەكانی تەكنەلۆژیا و زیرەكی دەستكردەوە، لەبەردەم جیهانێكی مۆدێرنی جیاوازداین. پێدەچێت گەشەی خێرایی زیرەكی دەستكرد تارِادەیەك كاریگەری لەسەر دنیای كارامەییەكانی سەدەی بیست و یەكەم و ژیانی مرۆڤدا هەبێت. بەڵام ئایا دەتوانێت كۆتایی بە گەشتى خەیاڵ و جوانى بهێنێت؟.
وەك دەبینین هەر سێ‌ تێزەكە لەسەر گۆرِان و رەتكردنەوە و نكۆڵیكردن كار دەكەن! سپینۆزا دەڵێ‌: هەموو نكۆڵیكردنێك پێناسەیە! بەڵام هەرگیز سیحرى داهێنان لەسەر پێناسەكردنى دیاریكراو نەوەستاوە، هەمیشە پێناسەى نوێ‌ دەخاتەوە و كۆتایى بۆ نییە! دۆزینەوە و سەیرورەى داهێنان بەردەوام دژ بە پێناسەكردنى دیاریكراو دەبێتەوە.
دەسەڵاتى فاشیزم هیچ شتێك ناخولقێنێ، بەڵكو تەنها سارِێژى دەكاتەوە. پێناسە دیاریكراوەكانیش جگە لە خۆیان شتێكى دیكەى جیاواز ناخولقێنن، تەنها دایاندەرِێژنەوە. پێناسە و دەسەڵات و حەقیقەت دیارن. داهێنان و دۆزینەوە و سەیرورە ئاڵۆز و نادیارن.

خەیاڵ و جوانى، مەعریفەى شیعریى
جوولەى خەیاڵ و جوانى، چێژ بەرِێوەى دەبات، لە رێگاى ستراتیژى مەعریفەى شیعریى، (درككردن و تێگەیشتن و دۆزینەوە). چێژ و جوانى هەر تەنها لە گەشتكردندا نییە، لە حەقیقەتەكانیشدایە؟! بەڵام چێژى داهێنان بەردەوام لە جوولە و جێگیرنەبوونى جوانییەوەیە، چێژى حەقیقەتەكان لەسەر جێگیربوونى جوانى وەستاوە.
جێگیرنەبوونى داهێنان و جێگیربوونى حەقیقەت دوو وەزیفەیان هەیە: وەزیفەى یەكەم، دەكەوێتە سەر تێگەیشتن و راڤەكردن و لەوێوە (مامەڵە) لەگەڵ دەسەڵاتدا دەكات. دەسەڵاتیش هەمیشە میكرۆبێكە بە خانەكانى كۆمەڵگاوە نوساوە. وەزیفەى دووەم، لەسەر دۆزینەوە و داهێنان كار دەكات و گەشتى خەیاڵە بۆ شوێنێكی نادیار.
ئەگەرچى (دۆزینەوە و داهێنان) بۆ (تێگەیشتن و راڤەكردن) مەترسیەكی گەورەیە. چونكە دۆزینەوە و داهێنان (پرسیار) و كارامەیى درووست دەكات، بەڵام تێگەیشتن و راڤەكردن رازیكردن و (برِوابوون) دەخاتەوە. جیاوازى نێوان (پرس) و (باوەرِ) جیاوازی نێوان (مامەڵەكردن) و (گەشتكردن)ە. كەواتە چێژ جیاوازییشە!
كێشەكانى سەردەم، درككردن و تێگەیشتنى دەوێت. فەزاى داهێنان، دۆزینەوە و سەیرورە. ئەگەر بشێ‌ مامەڵەكردن كێشەكانى سەردەم لەخۆدا جێگیر بكات؟! ئەوە گەشتكردن نەك هەر (نا)یەك رووبەرِووى باسى كۆتاییەكان بەرز دەكاتەوە، بەڵكو لە رێگاى شێوازی (هێشتا-نەگەیشتن) ململانێ‌ لەگەڵ دەسەڵات و پێناسەكانیشدا دەكات. كەواتە پرۆسیسەكردنى شیعریى لە دارِشتنەوەى بەردەوامى گەشتكردنى خەیاڵ و جوانیدایە، ناكەوێتە دەرەوەى مەعریفەوە، چونكە ئەزموونگەرییە! ئەزموونگەرى جیاوازیش لە دەرەوەى درككردن و تێگەیشتن و مامەڵەكردندا ناژى، بەڵام مەرج نییە داهێنان بێت. وەكچۆن پرۆسیسەكردنى خوێندنەوە لە دەرەوەى درككردن و تێگەیشتن و مامەڵەكردن و داهێناندا ناژى، بەڵام مەرج نییە، بەرهەمهێنانەوە بێت.
دواجار پرۆسیسەكردنى شیعریى (نووسینەوە و خوێندنەوە) لە ئەزموونگەرییدا هەڵدەگرینەوە، وەكچۆن باسى كۆتاییەكان لە سەیرورەدا شیدەكەینەوە. دۆزینەوە و سەیرورەى داهێنان لە رێگاى ئازادییەوە، لە رێگاى گەشتكردنى خەیاڵ و جوانى بێ‌ سنوورەوە فاشییەتى زمان و سەردەمى پاش حەقیقەت و زیرەكى دەستكرد دەبرِێت. ئەزموونگەرى شیعریى سرووشتى جوانى لەخۆ دەگرێت، لە مەعریفەى شاعیر و شارەزایى خوێنەر جیانابێتەوە. وەكچۆن لە رێگاى خەیاڵى ئەدەبییەوە لە مەعریفەكانى دیكە جیادەبێتەوە.
دەمەوێت بڵێم داهێنانى شیعریى، درككردنى فاشییەتى دەسەڵات و تێگەیشتنى ونبوونى حەقیقەت و رەتكردنەوەى پێناسەكان و دۆزینەوەى مۆدیلێكى جیاوازى دیكەى مەعریفە و كارامەییە. بەو مانایەى كە جیهانبینى شیعریى و مەعریفەى شیعریى پابەندى جوانى راگوزەر و گەشتكردنى خەیاڵە. بەو مانایەى كە جیهان لەنێو جوانى و خەیاڵدا بە شیعركردنى دنیایە، دنیاى شیعریى هەرگیز لەو شوێنەوە دەست پێناكات، كە خەیاڵ و جوانى لێیەوە كۆتایى دێت، بەڵكو لە سەیرورەى داهێناندا خۆى دەدۆزیتەوە. مەرج نییە مەعریفەى شیعریى حەقیقەتى جیهان بهێنێتە نێو گوتارەوە، بەڵام پێویستە حەقیقەتەكانى جوانى بخاتە نێو گوتارەوە. خەیاڵ هەمیشە داهێنان بەرِێوە دەبات، هیچ كاتێ‌ خەیاڵ نامرێ‌، وەكچۆن جوانى رێگایەكى گرنگى ئازادییە، ئەوەى دەگۆرِێ‌ لە حەقیقەتدا شیعرە.
لەو لێكدانەوەیەدا چەمكى (مامەڵەكردن) و (گەشتكردن) لە هەردوو چەمكى شیعرییەتى دەق و شیعرییەتى خوێندنەوەدایە، لەوێوە جوولەى سەیرورە دەنووسینەوە! بەڵام گەشتكردن جەوهەرى داهێنانە، گرنگ نییە تۆ مامەڵە دەكەیت، یان نا. دەشێ‌ گرفتى ئەو رستەیە لەوێوە بێ‌، كە رەهەندەكانى داهێنان هەر پەیوەندى بە جوانى و خەیاڵەوە نییە، بەڵكو بەشێكى پەیوەندى بە رووەكانى حەقیقەتەوە هەیە، هێشتا پرِە لەو یادەوەرییانەی پێش خۆی، ئەو كاتەى كە یادەوەرییەكان لە جێگیربووندا دەبنە سەیرورە، داهێنان یادەوەرییەكان دەبرِێت! ئەگەرچى زمان هەرگیز بێ لایەن نییە. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوەشدا داهێنان بەبێ‌ خوێندنەوەى بەردەوام و سەیرورەى بەردەوام هیچ رەهەندێكى حەقیقى جێگیر ناس ناكات.
(بەختیار عەلى) لە كتێبى (وەك باڵندەى ناو جەنگەڵە ترسناكەكان- ناوەندى رۆشنبیریى و هونەرى ئەندێشە- سلێمانى، 2012)دا بە شێوەیەكى دیكە دەڵێ‌: ئەگەر فریوى جوانى، لە فریوى حەقیقەت گەورەتر نەبێت، مرۆڤ هەرگیز ئەفسانە و شیعر و چیرِۆكى نەدەنووسى! ئەگەر فریوى حەقیقەت فریوێكى بەهێز نەبایە، مرۆڤایەتى ئایین و زانستى بەرهەم نەدەهێنا.
ئەوەى بەختیار عەلى جەختى لێدەكاتەوە هونەر و حەقیقەتە، دەشێ‌ بەشێكى گەورەى بیرهێنانەوەى تێزى (زمان هەرگیز بێ‌ لایەن نییە)ى (بارت) بێت! بەڵام ئەوەى لەو لێكدانەوەیەى سەرەوە جەختى لێدەكرێتەوە، هەر تەنها ئەوە نییە، كە مرۆڤ دەتوانێ‌ جوانى بێ‌ بۆ حەقیقەت، مرۆڤ دەستبەردارى حەقیقەت بێ‌ بۆ جوانى! بەڵكو بە كورتى ئەوەیە، كە دەسەڵاتى زمان و سەردەمى پاش حەقیقەت و زیرەكى دەستكرد، چۆن پرسیار و گومان دەخەنە دانوستانى رووەكانى حەقیقەت و جوانییەوە. تا واقیع نەبێتە پردێك بۆ خەیاڵ.

هەولێر 12/4/2024




میكانیزمی ژیانی زمان و مرۆڤ.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

سوكرات نووسین بە نیگاركردن دەچوێنێ‌. زمان لەو وشانە پێكهاتووە، كە وێنە دەخەنەوە و لەسەر پێیەكانیان وەستاون. زمان لە نووسیندا دەجوولێتەوە وەك ئەوەی لە ژیاندا بێت. بەڵام زمان لەبەرامبەر كێ‌ قسان دەكات؟ هەڵبەتە زمان بەرامبەر هەمووان و بۆ كەس قسان ناكات، زمان لە نووسیندا تاكە چارەیە، بەڵام نووسین تەنها نیگاركردن نییە!.

زمان لە گفتوگۆكردندا زیندووە، لە نیگاركردندا مەرج نییە، زیندوو بێت. بەڵام چونكە زمان هەموو شتێ‌ ناڵێت، ئیتر زمان چارەیە، نیگارە، جەستەیە، جەستە قسان دەكات، شتەكان قسان دەكەن، مێژوو قسان دەكات، توانا فەردی و كۆمەڵایەتییەكان قسان دەكەن، مردن و ژیان بێ‌ پچڕان بە هەزاران جۆر قسان دەكەن… میكانیزمی ژیان مرۆڤ و زمانە، زمانە كە دەربارەی زمان دەدوێ‌، زمان كە دەربارەی خۆی دەدوێ‌، هیچ شتێ‌ لە مرۆڤ جوانتر نادۆزیتەوە. (مرۆڤ بەرهەمی زمانە).

كتێبەكانی ئایین و ئەو كتێبانەی كۆمەڵگای مرۆڤایەتی پێكهێناوە و بووەتە كتێبێكی پیرۆز، تابلۆكانی موسا، دە سپاردەكە، هێلكارییەكانی تەوارات، ئینیجیل، دەقە پیرۆزەكانی قورئان… هیچ شتێ‌ لە زمان جوانتر نادۆزنەوە، بۆ ئەوەی دەربارەیان بدوێ‌. بەشێكی گەورەی جوانی زمان لەوەدایە لە زەمان و سیاقێ‌ دەنووسرێ‌ و لە سیاقێكی دیكە و لە شوێنێكی دیكە و لە كاتێكی دیكە دەخوێندرێتەوە. بەردەوام زمان حەقیقەتی خۆی لە (زەمەن)ە جیاوازەكانی گفتوگۆ و دانوستاندن و گۆڕانكارییەكاندا دەبینێتەوە. مرۆڤ و زمان بۆ هەمیشە لە سەیرورەدان.

داهێنان میكانیزمی ژیانی زمانە، دەسەڵاتی حەقیقی زمان گفتوگۆ و دانوستاندن و گۆڕانكارییە! سەیرورە دەسەڵاتی حەقیقی زمانە، زمان لە رێگای گفتوگۆ و دانوستاندن و گۆڕانكارییەوە هەست بە دەلالەتەكان دەكات، بەڵام حەقیقەتی دەسەڵات روداوەكان راڤە دەكاتەوە! ئایا زمان دەكەوێتە كوێی حەقیقەتەوە؟ 

زمان دەكەوێتە راڤەكردنی بێ‌ كۆتایی حەقیقەتەوە. بەو مانایەش حەقیقەت و راڤەكردن هۆكارن بۆ مانای هەتا هەتایی زمان و سەیرورە. كەواتە نە ئایین، نە زانست، نە فەلسەفە ناتوانن نهێنی ژیانی مرۆڤ كەشف بكەن، ئەگەر زمان و راڤەكردن و سەیرورە هاوكارییان نەكات. لەبەر ئەوەی زمان بنەمای هەمووانە، ژیان بەردەوام كراوەیە.

 ئەوەی تایبەتە بە هەمووان، ئەوەی تایبەتە بە مرۆڤ و حەقیقەت موڵكی منیشە، واتە كاتێ‌ زمان قسان دەكات، من قسان دەكەم، كاتێ‌ من قسان دەكەم، واتە مامەڵە بە كردەی زمانی تایبەت بە خۆم دەكەم، لە هەمان كاتدا ئەوە منم كە قسەی لە حەقیقەت و سەیرورەی تایبەت بە خۆم دەكەم. ئەوە تیۆری نیازخوازییە كە لای (جۆن سێرل) ژیانی راستەقینەی دەگەشێنێتەوە. واتە نیازی قسەكەر بەر لە گوتار ئامادەیی هەیە. واتە كاتێ‌ دەڵێی (كات) درەنگە، واتە دەتەوێ‌ بۆ ماڵ بگەڕێیتەوە. لەسەر ئەو بنەمایە دەتوانین قسەیەك بۆ تێزی لاكان (مرۆڤ بەرهەمی زمانە) زیاد بكەین و بڵێین مێژووی مرۆڤ، مێژووی هەڵەكانی مرۆڤە، وەك چۆن مێژووی زمان مێژووی هەڵەكانی زمانە، هەروەها مێژووی حەقیقەتیش! كەواتە نە مرۆڤی رەسەن بوونی هەیە، نە زمانی رەسەن، نە تاكە حەقیقەت، لەو بیرۆكەیەدا مرۆڤ دەرئەنجامی راڤەكردن و زمان بەلبەلەی زمان و حەقیقەت رووەكانی خودی حەقیقەت دەنوێنێ‌! بە مانایەكی دیكە ژیان هەرگیز رۆژێ‌ لە رۆژان تەنیا و بێگەرد و یەك روو نەبووە، ژیان لە خوێنی حەقیقەت و زمان و مرۆڤە جۆراوجۆرەكان دێ‌ و دەچێت. كەواتە كێشەی ژیان لە راڤەكردن و گفتوگۆ و بەیەكگەیشتنی بەردەوامدایە! بەڵام كیشەی مرۆڤ و زمان كێشەی حەقیقەت نییە، كێشەی سەیرورەیە. بە دیوەكەی دیكە مرۆڤ و زمان لە رووەكانی حەقیقەت جیا نابنەوە.

مرۆڤ و زمان، زمان و مرۆڤ

بێگومان هیچ بیركردنەوەیەك لە دەرەوەی راڤەكردن و بەیەكگەیشتن وبەردەوامیدا نییە، ئەوەی لە هەموو كلتوورێكدا جێگای بایەخ پێدانە جیاوازی بنەمای راڤەكردن و بەیەكگەیشتن وبەردەوامیییە، ململانێی پێكگەیشتنەوەی مرۆڤ و زمان، راڤەكردنی زمان و مرۆڤە،  دینامیكیەتی پێكگەیشتنی مرۆڤ و زمان، كێشەی راڤەكردنی زمان و مرۆڤە، یان بە مانایەكی دیكە رێككەوتنی مرۆڤ و زمان، زمان و مرۆڤ، لە راڤەكردن و بەیەكگەیشتن و بەردەوامیدایە. لێرەدا پرسیار ئەو سەنتێزە ئەوەیە ئایا رێزگرتنی زمان و مرۆڤ لە پێكگەیشتندا گرنگترە یان گەیشتن بە تاكە حەقیقەتێك؟

بە بڕوای من پرسی مرۆڤ و زمان، زمان و مرۆڤ لەنێوان ئەوەی بێكۆتاییە و ئەوەی كە مێژووییەدا هەروا دەمێنێتەوە. جیاوازیكردن چۆن دەبێ‌؟ دیار نییە، مرۆڤ بێكۆتاییە و لەسەرووی مێژووەوەیە، یان زمان مێژووییە و بەردەوام لە راڤەكردندا بێكۆتاییدا خۆی دەبینێتەوە؟ مرۆڤ و زمان، زمان و مرۆڤ چوونەتەوە ناوەخۆیانەوە، مرۆڤی بێ‌ زمان و زمانی بێ‌ مرۆڤ لە دەرەوەی ژیاندان. بەڵام ئایا هیچ مرۆڤێ‌ هەیە زمانی تایبەتی خۆی لەگەڵ مرۆڤێكی دیكە دابەش بكات، ئایا مرۆڤ لەگەڵ زمانی خۆی لەناوەوەی خۆیدا دەژی و زمان لە دەرەوەی خۆیدا دەژی؟

زمان پاشای هەمووانە، لە رابردوو و ئێستا و داهاتوودا، مرۆڤیش.. راستە لایەنی ماددی بوونی زمان و مرۆڤ شتێكی بەرچاوە، شێوەی كتێبی رستەسازی، كە تۆزی لەسەر نیشتووە،  بەڵام بەو مانایە زمان ئەوە نییە، كە لە جەستەی خۆی دەردەچێ‌ و دەچێتە نێو جەستەی مرۆڤەوە، بەڵكو ئەو بەرگە سرووشتیەیە، كە دەچمە ناوییەوە بۆ ئەوەی لە رێگای خزینەكانی خۆمەوە ببمە تاكێك لە تاكە ئازادەكانی كۆمەڵەی زمان.

كەواتە كەسی قسەكەر بەو مانایەی كە تاكێكە ئەوە دەڵێ‌، كە دەیەوێت. (چۆمسكی) دەڵێت: من قسە بە رستیەك دەكەم، كە بەر لە من كەس قسەی پێنەكردووە، چونكە من رێزمان بە رێگای تایبەتی خۆم بە كار دەهێنم. هەڵبەتە یاسا پارێزگاری لە خاوەندارێتی تاك دەكات و سزای قسەدزەكان دەدات. (نیچە) لە زەرادەشت وای گوت، دەڵێت: من زارێكم نییە بۆ گوێیەكانتان.

ئەوەی مرۆڤ لە زمان بە خاوەندارێتی هەڵدەستێ‌، پرۆسیسەكردنی ئازادییە؟ زمان موڵكی گشتییە، فۆرمێكی كۆمەڵایەتی هەیە. ئەو مانایەی، كە مرۆڤ بە كاری دەهێنێ‌، سەرەڕای شێوازی تایبەتی (من) و بەر لەوەی مۆركی (من) و ئازادی (من)ی پێوە بێت، موڵكی كۆیە. من ناتوانم شتێ‌ بڵێم تەنها ئەوە نەبێ‌، كە یاسا و رێسای زمان رێگام پێدەدات. من بیرۆكەكانم دەخەمە بۆتەی زمانێكی كۆمەڵایەتییەوە، ئەوەی كە ئازادیم كۆت دەكات، موڵكی كۆیە. قسەكەر ناتوانێ‌ هیچ بڵێت، تەنها ئەوە نەبێ‌، كە هەڵوێستی مێژوو، یان كە ئازادی بە مانا بەرفرەوانەكەی ئەو سەردەمە، كە تێیدا دەژیت، رێگای پێدەدات. مرۆڤ لە میانی خۆی و ئازادی و نەسەقێكی كۆمەڵایەتییەوە قسان دەكات.

كەواتە لەنێوان زمان رووت و تاكئامێزە، مرۆڤ بەر لەوەی بیر بكاتەوە لەسەریەتی بڕیار بدات كەوا بە شێوەیەكی شاعیرانە لە ماڵی زماندا نیشتەجێیە. مرۆڤ زمانی پۆشیووە، مرۆڤ بەرهەمی زمانە، زمان ئازادی مرۆڤ دەكێشێ‌ و مرۆڤ لە رێگای زمانەوە قسان دەكات، بیركردنەوەی مرۆڤ دەكەوێتە نێو خەیاڵی زمانەوە. بەڵام ئایا كەسی قسەكەر چۆن ئەوە دەڵێ‌، كە دەیەوێت، واتە چۆن بە شێوازی ئازادانەی خۆی دەدوێت؟!

ئەگەر زمان سروشتی بێت، كەواتە مرۆڤ بەرگی ئازادی و سرووشتی پۆشیووە، چونكە زمان فەزایەكە لە ئازادی، ئازادیش خودی بوونە، مرۆڤ لەو بوونەوە دەڕسكێ‌!! ئەگەر ئازادی بوونی نەبێ‌، كەواتە مرۆڤ و جیهان دەكەونە بەندەوە. داهێنان بوونی دەكەوێتە تەگەرەوە، بێ‌ ئازادی تاك ناتوانێ‌ بە داهێنان هەڵسێت، هەر لە رێگای ئازادییەوە دەتوانین بەو تەعبیرەی (هۆڵدرین) بگەین، كە زمان گوڵی دەمە.

حەقیقەتی بوونی مرۆڤ جگە لە حیكمەتی داهێنان و جەوهەری ئازادی شتێكی دیكە نییە. كۆی ئەو بیرۆكەیەش قەرزاری چەمكی خەیاڵی زمانەوانییە. خەیاڵی زمانیش بە مانا جەوهەرییەكەی شیعرە، لێرەوە زمان قسان دەكات، پارێزگاریكردنە لە سرووشتی ئەسڵی شیعر، مرۆڤیش شیعرێكی خوداییە.

كەواتە ئەگەر لە بارەی زمان گوڵی دەمە، وەك ئەوەی كە مرۆڤ شێواز بەپێی تێگەیشتنی زمان، یان لە فەشەلی تێگەیشتن دروست دەكات، هانا بۆ (ژیل دۆلۆز) بەرین، ئەوە  هەر شێوازێك بۆ خۆی زمانێكە، فرە زمانی مرۆڤ كۆ دەكاتەوە. بۆ نموونە: تۆ وەك باوك شێوازێك دەدوێیت، وەك كاسبكار شێوازێكی دیكە… بەو مانایەش مرۆڤ لە فرە زمانی و هاوئاهەنگییە مەرجی بنەڕەتی ئازادی دەسازێنێ‌. تۆ رۆژانە بەردەوام بە چەندین شێواز، (یان وەك دۆلۆز دەڵێت بە چەندین زمان) قسە دەكەیت، خودا لە شێوەی مرۆڤەوە قسان دەكات.

مرۆڤ بە زمانەوە مرۆڤە

زمان ماددییە، چونكە دەنگە. مرۆڤیش ماددییە، چونكە دەنگدانەوەی سەیرورەیە، دەنگ قابیلی ئەوەیە بێتە هەڕەشە، هەروەها دەنگدانەوەی سەیرورەش. زمان و مرۆڤ لە چوارچێوەی ئایكۆنەكانەوە خۆیان دەردەخەن. جیهان پابەندە بە مرۆڤ، زمان، كە لە رێگای سەیرورە، دایكەوە یان بە مانا (ئۆگستین)ییەكەی لە رێگای خوداوە بەرجەستە دەبێ‌ (زمان تاقە ئامرازێكە خودا بە مرۆڤەوە دەلكێنێت) ئەو تێزە لە ناونانی شتەكانەوە رێگا بە زمان، مرۆڤ دەدات، بێتە دەرەوەی بوون! زمان لە رێگای مەدلوولەكانییەوە دەكەوێتە دەرەوەی بوونی خۆیەوە، مرۆڤ لە رێگای ناونانەوە دەكەوێتە دەرەوەی بوونی خۆیەوە. كەواتە كە خودا ناوەكان فێری مرۆڤ دەكات، ئەو كاتە زمان لە مرۆڤدا دەڕسكێ‌ و ئەو كاتە زمان ملكەچی چوارچێوە وێنەییەكان دەبێ‌!

لێرەدا ئەگەر حەقیقەتی زمان لە ناوەكانەوە، یان بە مانایەكی دیكە لە زمانی (دایك)ەوە ملكەچی چوارچێوە نیگارەكان بێ‌ و دواجار چوارچێوەی نیگارەكان یاسا و رێسایەك بەڕێوەی بەرێت، ئەوە داهێنان لە سەر نێودژی نێوان پاكێتی دایك و پیس بوونی دایك وەستاوە.

بە كورتی زمان و مرۆڤ بەردەوام لە رێگای (پارێزگاریكردن) و (پیسكردن) بە كرداری گفتوگۆكردن و راڤەكردن و بەیەكگەیشتن، گۆڕانكاری و بەردەوامی دەنوێنێ‌، هەر لە رێگای ئەو كردەیەشەوە مرۆڤ لە زمانەوە گەشە دەكات و بەردەوام پێشدەكەوێت. ئەگەر پارێزگاریكردن لە رووتی زمان دیدێكی گشتی و بەڵگە نەویستی خەیاڵی وشە و وڕێنەی هەرائامێز بنوێنێ‌! ئەو دیدە هاوگونجانێكی ناجێگیر لە نێوان تاك و كۆ دروست بكات و دواجار بەكارهێنانەكان ئەوە بێ‌، كە بە شێوەیەكی گشتی دەكەونە بەر چاو. ئەوە پیسكردن دەكەوێتە دووتوێی سەیرورە و هەمیشە لەسەر خوازەی دایك خۆی نوێ‌ دەكاتەوە.

لێرەدا لەنێوان پارێزگاریكردن و پیسكردن، دەشێ‌ بڵێین زمانی مرۆڤ بە مانا جەوهەرییەكەی شیعرە! واتە لە مرۆڤ و زماندا شتێك نییە پێیبگوترێت واقیعی جێگیر، بەو مانایەش جیاوازییەكانی گفتوگۆكردن و راڤەكردن و ململانێی بەردەوامی پێكگەیشتنەوەی مرۆڤ و زمان، ناوێكی دیكەیە بۆ جێگیرنەبوون و سەیرورە.

عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

هەولێر 6/7/2024




كات و بەدواگەڕان و داهێنان.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

عەقڵی زمان چ لە زمانی ستاندارد و چ لە زمانی گشتیدا عەقڵێكی رێكخەرە، هەمیشە بە دوای ئەو دەستەواژە و فۆرمەلانەدا دەگەڕێت، كە بۆ بارودۆخەكە شیاو دەكەوێتەوە، ئەوانەی دەلالەت لە زەمەن بە مانا گشتییەكەی و بە كۆی جیاوازییەكانیانەوە دەكەن. بێگومان چەمكی (زەمەن/ كات) هەڵگری كۆمەڵێك ئیشكالییەتی فەلسەفییە، لە فەلسەفەی بوونگەراییدا بوونی مرۆڤ وەك بوونێكی زەمەنی پێناسە كراوە. هەڵبەتە ئەگەرچی لە زمانی كوردیدا جیاوازی نێوان (زەمەن) و (كات) روون نەكراوەتەوە، بەڵام لە بیركردنەوەدا، هەمیشە زەمەن كۆمەڵێك كاتی بەدوایەكداهاتووی (جیاواز) و (ناجیاواز) دەنوێنێ‌!
ئەو كورتە روونكردنەوەیە، بۆ ئەوە نییە، پشتگیری قسەكەی (ژیل دۆلۆز) بكەم، لەوەی، كە بە مانایەك لە ماناكان و بەبڕوای من (دەیەوێ‌ بڵێ‌) جیاوازی كات بەهایەكی گەورەی لە رۆمانی (گەڕان بە دوای كاتی بزربوو)دا هەیە، نەك زەمەن! بەشێكی گەورەی ئەو لێكجیاكردنەوەیەی كات و زەمەن، سەرەڕای ئەوەی دەزانین هەموو راستییەكان راستی زەمەنین و ناچارین تەنها لە نێو زەمەندا بە دوای حەقیقەتەكاندا بگەڕێین، بەڵام لە دنیای داهێنانی هونەری و ئەدەبیدا راستییەكان راستی خەیاڵیین!
پرسیار ئەوەیە، كە ئایا كاتی بزربوو لای (مارسیل پرۆست) گەڕانێكی ئۆدیبانەیە، بە دوای باوكدا؟ دۆلۆز ئەو گەڕانەی پرۆست لە پلەی یەكەمدا وەك گەڕان بە دوای حەقیقەتەكاندا دەبینێ‌، واتە لە لیكدانەوەكانیدا، قسە لەگەڕان بە دوای باوكدا ناكات. وەك چۆن بە دوای زەمەنی دەیمومەی (برگسۆنی)دا ناچێ‌! بەڵكو لە (دەرەوەی فەلسەفە) بەدوای ناسینی حەقیقەتی فەلسەفەوەیە! بێگومان چەمكی فەلسەفەش بە ئەفراندنەوە دەبەستێتەوە.
لێرەدا دەردەكەوێت من هەوڵدەدەم بە دوای حەقیقەتی خەیاڵی ئەدەبی (داهێنان)دا بڕۆم و (جوولەی عەقڵی زمان) لە گەڕان بە دوای كاتی لەدەستچوودا زیاد بكەم، بەو مانایەی كە چەمكی جوولەی عەقڵی زمان رەوتی ئاسۆیی چاوەڕوانییە باوەكان تێكدەشكێنێ‌. ئەو قسەیەم لەوێوەیە كە بنەمای داهێنان لە بەدواداگەڕانی جوولەی زماندا وێنەی چاوەڕوانی (لەوەی كە دێ‌) دەكێشێ‌، ئەو قسەیەشم دۆلۆزانە لەگەڵ بیركردنەوەی فەلسەفی (وەك ئەوەی ئەفلاتوون لە سەركەوتن و شكۆدا وێنەی دەكات) دژ دەكەوێتەوە. دەمەوێ‌ بڵێم نهێنی زمان لە داهێناندا (لەوەی كە دێ‌) هەر تەنها ناكەوێتە ناوەوەی سەركەوتن و دەرەوەی دوڕانەكانەوە؟!
تێزی (فەلسەفە ئەفراندنی چەمكە) وەك تێزێكی دۆلۆزیی، واتە چەمك هەمیشە نوێ‌ دەبێتەوە و گوزارشت لە بەردەوامی ژیان و ماتە وزە ناكۆتاییەكانی بوون دەكات، هەر لەسەر ئەو بنەمایەش دەبێتە پەنا بۆ (جوولەی عەقڵی زمان) و (سەیرورەی زمان)، بەو مانایەش مرۆڤ لەسەر چەمكی هێز لە جوولەدا لەوەی كە دێ‌، دابەشبوونێكی هەمیشە نوێیە! نیازی من لەو بەدواداچوونەدا ئەو سەنتێزەیە، كە بە مانای كۆكردنەوە و بەرهەمهێناوەی زمان و بیرێكی نوێ‌، هەوڵی شیكردنەوەی دەدەم.

(1)
فەیلەسوفی فڕەنسی (هنری لویس برگسۆن) تێزی دكتۆراكەی بە ناونیشانی (هەوڵدان لەبارەی داتا راستەوخۆكانی ویژدان)ەوەیە و لەو نامەیەدا هەوڵیداوە لە رێگای زەمەنەوە كۆمەڵێ‌ بابەت بخاتە ژێر لێكۆڵینەوە و چارەوە، وەك گیروگرفتەكانی ئازادی، پەیوەندی نێوان لەش و دەروون، كێشەی یادەوەری، كێشەی فیزیا، دیدی بیركارییانە بۆ كێشەی زەمەن.
لە فیكری برگسۆندا چەمكی بەردەوامی تەوەرەیەكی بنەڕەتییە و مانای زەمەنی دەروونی یان ناوەكی، واتە زەمەنی واقیعی هەیە. درێژبوونەوەی ساتەوەختەكانی ئەو زەمەنە، بێ‌ پچڕان نوێ‌ دەبنەوە، یەك دەچێتە نێو ئەویدیكەوە، درێژبوونەوەی زەمەن لای برگسۆن، بەشێكە لە مرۆڤ دانابڕێ‌، ئەزموونێكی دەروونییە، كە تەواوی هەبوون، لە بووندا جێگیر دەكات! بەو مانایەش لای برگسۆن جەوهەری ئێستا، درێژبوونەوەی رابردووە.
قسەكردن لە بارەی (زەمەن/ كات) لەنێوان برگسۆن و ئاینشتایندا گفتوگۆیەكی (سایكۆلۆژی/ فیزیاییە)، هەندێ‌ لە فیزیاییەكان دەیانەوێ‌ تێگەیشنێكی تاكرەهەند بە درێژبوونەوەی زەمەن ببەخشن و ئەو كەلێنە دابخەن، كە ئەپیكۆرییەكان (وەك زەمەنی ناوەكی) بە كراوەیی جێیانهێشتبوو. لای (ئەلبیر ئاینشتاین) قسەكردن لەبارەی (كات)ەوە قسەكردنە، لەسەر حەقیقەتێكی بابەتی، كە بە دەرەوەی مرۆڤەوە دەلكێ‌.
ئایا (زەمەن/ كات) وەك مەسەلەیەكی زانستی، وەك زەمەنی دەروونی، حەقیقەتێكی ریژەیی هەیە؟ لای ئاینشتاین زەمەنی رەها ساتەوەختە. بەڵام برگسۆن پێیوایە ئەوەی هەیە، بوون و پڕبوون و دیموومەیە. نەبوون، لای برگسۆن بوونی نییە، چونكە كاتێك هەوڵدەدەین خەیاڵی نەبوون یان (ناشت) بكەین، ئەوە لەسەر ئاگایی خۆمان نامێنین! بەڵام (گاستۆن باشلار) پێیوایە ئێمە لەو ساتەوەختەدا دەژین، هەر لەو حاڵەتەدا هەستدەكەین، هەین. واتە لەو ساتەوەختە و بە هۆی ئەو چركەساتەوە هەست بە بوونی خۆمان دەكەین.
كتێبی (جدلیە الزمن)ی باشلار، ل38، دیموومەی زەمەن بەو مانایەی، كە لای برگسۆن هەیە، رەتدەكاتەوە و دەڵێت (كات) بەیەكەوەلكاو نییە، بەڵكو بەیەكەوەنەلكاوە. چونكە بەهۆی فیكری بەیەكەوەنووسانەوە، ناتوانین بە شێوەیەكی جەوهەری بەرەو یەكێكی دیكە بگوازینەوە. یان بە مانایەكی دیكە لە داهێنانێكەوە، بەرەو داهێنانێكی دیكە هەنگاو بنێین. باشلار دەڵێ‌ ئەگەرچی دەیموومە پێدراوی راستەوخۆی ئاگاییە، بەڵام لێرەدا دیموومە دەستەمۆیە. بەو مانایەش لای باشلار ئاگاییمان بە كات، ئاگاییە بە ساتەوەخت: زەمەن واقیعی نییە، تەنها لە چركەساتدا نەبێت.
واقیعی زەمەن تەنها لەو چركەساتەدایە، یان بە مانایەكی دیكە زەمەن واقیعێكە بە چركەسات ئابڵوقەدراوە و دەكەوێتە نێوان دوو عەدەمەوە. كەواتە كات لە نوێوە دەژی، بەڵام بەر لەوەی بژی، دەبێ‌ بمرێ‌، چونكە ناتوانێ‌ خۆی لە ساتێك بۆ ساتێكی دیكە بگوازێتەوە، بۆ ئەوەی ببێتە دەیموومە.
(هانز جۆرج گادامێر) پێیوایە هەر كەسێك كاتی تایبەت بەخۆی هەیە، كاتێكی سەربەخۆی هەیە. (ئێمە لەپڕ بەئاگا دێین، كە كەسێك پیر بووە، یان زەمەنی منداڵی تێپەڕاندووە) بەمجۆرە گادامێر زەمەنی برگسۆنی بە زەمەنی كاتژمێر دادەنێت، زەمەنی كاتژمێریش دەكەوێتە دەرەوەی زەمەنی تایبەتیمانەوە. بڕوانە: جاستون باشلار، جمالیات الصورە، د. غادە الامام، بیروت-لبنان، گ1، 2010، ص86.

(2)
نهێنی مرۆڤ و زمان وەك نهێنییە بەردەوامەكانی داهێنان كردەیەكی چركەساتییە، جیابوونەوەیە، دابڕانە، خەڵقكردن و كردەی چوونە ژوورەوەی لەپڕە، هەموو ئەو شتە هەنووكەیانەیە… بە كورتی جیاوازی نێوان دەیموومە و ساتەوەخت جیاوازی نێوان (كار- Action) و (كردە- Acte)یە، كار بەدواداچوونێكی بەردەوامە و دەكەوێتە نێوان بڕیار و ئامانجی دەیموومەوە. كار هەر دەبێ‌ سەرەتای هەبێ‌ و هەر دەبێ‌ وەك بنچینە رووداوی هەبێ‌. بەڵام ساتەوەخت جگە لە ئەبستراك هیچ واقعێكی نییە. دەیموومە بە پشتبەستن بە حاڵەتی چەسپاو نەبێ‌، وێنا ناكرێت. بەڵام كردە بەر لە هەموو شتێك بڕیارێكی راستەوخۆی هەنووكەییە، پێشكەوتنێكی داهێنەرانەیە، رووداوەكان فەرامۆش دەكات.
لەسەر ئەو بنەما فەلسەفییە و بنەمای داهێناندا دەمەوێ‌ بڵێم مرۆڤ و زمان پەستێنراون و لە چركەساتێكدا چڕكراونەتەوە، چركەساتێكی هەنووكەیی كە دەكەوێتە نێوان گۆڕانكارییە بەردەوامەكانی راڤەكردن و سەیرورەوە، یان بە مانایەكی دیكە داهێنانی چركەساتی كردەیی سەركێشانەی لەناكاوە و لە نوێوە جیهان دادەمەزرێنێـتەوە. سیحر و نهێنی زمان بنەمای هەمووانە و ژیان بەردەوام كراوەیە.
لێرەوەیە دەشێ‌ دوو مەرجی چركەساتی كردەی داهێنان دیاری بكەین، یەكەمیان ئەوەیە كە بیرماندەخاتەوە كە چ تێپەڕبووە، دووەم پێماندەڵێت كەچی روودەدات. بنەمای ئەو قسەیە راڤەكردنی ساتەوەختە لای باشلار، وەك ماوەیەك بۆ پشوودان لە بەردەوامی… بۆ زێتر بە دواداچوون، بۆ كتێبی (جدلیە الزمن) بگەڕێوە، كە دكتۆر (خلیل احمد خلیل) تەرجەمەی كردووە و لە (بیروت-لبنان) چاپكراوە، چاپی دووەم ساڵی 1992 ل92.
كاتێك دەڵێین نهێنی داهێنان دابڕانە لەگەڵ بەردەوامی ژیانی رۆژانەی باو، كەواتە كردەی داهێنان بە مانا باشلارییەكەی رابردووی نییە! لە كردەی داهێناندا (كات) ئەو ساتەوەختەیە، كە تێیدا دەژین، رابردوو بەتاڵە وەك داهاتوو، داهاتوو مردووە وەك رابردوو! بەو مانایەش كات كردەیە، زنجیرەیەكە لە بەدواداچوونی نهێنییەكانی داهێنان، تەنها لە رێگای زنجیرەیەك داهێنانی بەدوایەكداهاتووی چركەسات و فرەییە لەبننەهاتووەكانەوە نەبێت، كەشف ناكرێت. بە دیوەكەی دیكەش كات، بەپێی سەرنجی سەرنجدەرانی جیا دەكرێتەوە و چوارچێوەی گونجاو وەردەگرێ‌. ئەوەش وەك ئەوە وایە، بڵێین هەموو سەردەمێك داهێنانی تایبەت بەخۆی هەیە! كات لە داهێناندا وێناكردنی رەهای نییە، بەڵكو بەپێی سەرنجدەرە جیاوازەكان دەگۆڕێت. لە داهێناندا (رابردوو و ئێستا و ئایندە) لە تاكە جوولەیەكی زمانەوانی هەنووكەییدا بەیەكدەگەن، جوولەیەكی لەپڕ بەرەو كردەیەكی ترسناكی داهاتوومان دەكاتەوە… ئەوەش ئەو رستەیە پشتڕاست دەكاتەوە، كە لای زۆربە دووبارە دەبێتەوە و دەڵێین: داهێنان زەمەنی تایبەت بەخۆی خەڵق دەكات.

(3)
لە تیۆری مەعریفیدا كەسی ناسكار لە رێگای عەقڵی زمان و بەكارهێنانی لە بوارە جیاوازەكاندا، مەعریفە دەخاتەوە. عەقڵی زمان كاری ڕیكخستنەوەی مەعریفە و لۆژیكی مەعریفی، بە خێراییەكی زیاد لە پێویست لە (زیرەكی دەستكرد، وەك خێرایی، یان ژیری دەستكرد، وەك لۆژیك) جێبەجێ‌ دەكرێت، ئەوەش وادەكات (زیرەكی، ژیرە دەستكرد) بواری كاركردن و ئەگەرەكانی كاركردنی لۆژیكیتر و خێراتر و فراوانتر بن! بەڵام هەمیشە لەپشت داهێنانی مرۆییەوە عەقڵێكی یاسادۆز و یاساداهێن هەیە، نهێنی خەیاڵی زمان وەستاوە، چركەساتی فرەییە لەبننەهاتووەكان… داهێنانی مرۆیی بەردەوام دابڕانە، لەگەڵ خێرایی و ژیریی دەستكرد! داهێنان بڕیارێكی راستەوخۆی هەنووكەییە، جگە لە ئەبستراك هیچ واقعێكی نییە. ئەوە جیاوازییەكی كرۆكییە لە نێوان (داهێنانی مرۆیی) و (ژیری دەستكرد- زیرەكی دەستكرد)ەوە. كەواتە ژیر و زەیرەكی دەستكرد هەرچەند پێشبكەوێت، ناتوانێت كاری خەیاڵی زمان و عەقڵی زمان بكات. چونكە ئەوە سیحری زمان و عەقڵی مرۆییە ژیری و زیرەكی دەستكرد رێكدەخات.
بێگومان وەك گوتمان داهێنانی مرۆیی، كاتی تایبەت بەخۆی خەڵق دەكات. زمانی داهێنان، كە دەربارەی خۆی دەدوێ‌، هیچ شتێ‌ لە خەیاڵی مرۆڤی داهێنەر لەبارتر نادۆزیتەوە. بە گشتی خەیاڵی مرۆڤ بەرهەمی سیحر و نهێنییەكانی عەقڵی زمانە، بەردەوام زمانی داهێنان نهێنی و حەقیقەتە جیاوازەكانی خۆی لە چركەساتە جیاوازەكانی گفتوگۆ و دانوستاندن و گۆڕانكاریدا دەبینێتەوە. داهێنان لە رێگای مرۆڤی داهێنەر و زمانەوە بۆ هەمیشە لە سەیرورەدایە. بواری چركەسات و سەیرورەوە تێكەڵ یەكتر دەبن، بواری عەقڵ و زمانیش دەچنە نێو یەكترییەوە. مەحاڵە لە رێگای ژیری و زیرەكی دەستكردەوە پەی بە خەیاڵ و داهێنانی عەقڵی مرۆیی و نهێنییەكانی زمان بەرین.
بە بڕوای من هەمیشە بیركردنەوەی عەقڵ و نهێنی زمان، بوونی مرۆڤ لە بوونی ژیری و زیرەكی دەستكرد رزگار دەكات! ئەوە هەمیشە بیركردنەوەی عەقڵ و نهێنی زمانَە، ژیری و زیرەكی دەستكرد تێدەپەڕێنێ‌!
(عەقڵی مرۆیی، نهێنی زمان) و (ژیری، زیرەكی دەستكرد) لە رووی كاتی داهێناندا بە گشتی دوو جیهانی تەواو لێكجیاوازن. ئەو دوو هێزە هیچیان لە جیهانی ئەوی دیكەیاندا ناتوانێت بە تەواوی كار بكات. مرۆڤ و زمان بۆ هەمیشە لە سەیرورە و داهێنانی بەردەوام و خەیاڵی بەردەوام ناكەوێت. مرۆڤ بە نهێنی زمانەوە مرۆڤە، زمان بە خەیاڵ و داهێنانەوە، عەقڵ لە جوولەی بەردەوامی داهێنانەكانی زمان، لەوەی كە دێ‌، بەخشش و ئازادییەكانی رەنگرێژ دەكات.
هەولێر 7/7/2024




(خوێنەرى کوشندە/ خوێنەرى نیازخواز).. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

لە بەنگ ئەم بەنگییانە چى دەبینین، خۆ لە خۆ گۆڕان
لە دنیادا مەدارى عەیش و خۆشى، خۆ نەناسینە
مەحوى

لە کۆى ئەو زنجیرە نووسینانەى لە بارەى خوێنەر و خوێندنەوە، نووسیوومە. جگە لەوەى هەوڵمداوە، قسە لە دەسەڵاتى خوێنەر و تیۆرى خوێندنەوە بکەم، بە دیوەکەى دیکەش بەشێک لە ئیشکالەکانى دەسەڵاتى خوێنەر و کردەى خوێندنەوەم، نمایان کردووە. ئیشکالێک کە هەمیشە پرسیارەکانى لەنێوان دوو جەمسەرى (دەق) و (خوێنەر)دا دەخولێتەوە: ئایا دەق لە دەرەوەى خوێنەر بوونى هەیە؟ خوێنەر بە بێ دەق دەبێ؟ ئایا دەق وەک بابەتێکى سەربەخۆ دەتوانێ پشت بە خوێندنەوە نەبەستێ، سنورەکانى خوێنەر و دەق، لە کوێ دەست پێدەکات و لە کوێ کۆتاییان دێ؟
(1)
بێگومان خوێندنەوە کردەیە. (مەسعود محەمەد) دەڵێ: خوێنەر هەر چۆنێکى مەیل دەکات ئازادە، هەر چەندە دەشزانم ئازادییەکەى دەورە دراوە بە گەلێک شریتى فیکرى شەتەکدان و بەند و بەستکردن، بە تایبەتى کە سەر بە لایەنێکى ئایدیۆلۆجیى، یان خاوەن نیاز بوو … لێرە لە دەستەواژەى (مەیلدارى)ییەوە مەسعود محەمەد: گومان دەخاتە سەر ئازادى؟! گومانکردن لە ئازادى لەوێوە سەرچاوە دەگرێ، کە دیاردەى باوى مەیلدارى (ئینتیماکردن) لە کۆمەڵگاى ئێمەدا زێتر بۆماوەییە! ئەگەر چەمکى (بۆماوەیى) لە نێوان (خۆناسین) وەک رەهەندێکى کۆمەڵایەتى و (ئاگایى) وەک رەهەندێکى مەعریفى خورد بکەینەوە، ئەوە ئەوەى لەپشت گومانەکەى مەسعود محەمەد دەبینرێت، زێتر لایەنە کۆمەڵایەتى و ئینتیما هاوبەشەکە و خۆ نەناسینى تاکگەراییە! کەواتە بۆ بەرجەستەکردنى گومانى مەسعود محەمەد، دەشێ قسە لە دوو جۆر خوێنەر بکەین: خوێنەرى یەکەم، پەیوەندى بە فەزا و تێڕوانینى کۆ و دەلالەت و مانا سواو و کەڵەکەکراوەکانەوە، هەیە و لەوێشەوە دەسەڵاتى کلتورى هاوبەش و وێنەى جێگیرى سواو و فیکرەى ئامادە بەرز دەکاتەوە! بەو مانایەش خوێنەرێکە هەرگیز لە توانایدا نییە، کردەى (دانوستان) بە ئەنجام بگەیەنێت، بەڵکو بەردەوام ئامادەیى خۆى لەنێو بونیادى (بۆماوەى کۆمەڵگا) و (جەماوەر)دا هەڵدەگرێتەوە. هەموو ئەوانەش دەلالەت لە خۆنەناسى تاکگەرایى دەکەن. بەڵام خوێنەرى دووەم، یان رووى دووەمى خوێنەرى (مەیلدار) دەشێ سەر بەو ناونانەى (بەختیار عەلى) بێ، واتە خوێنەرى کوشندە.
(2)
خوێنەرى کوشندە ئەو ناچالاکە و مەیلدار و ئاڕاستە کراوەیە، کە هێزى ئاگایى خۆى لە دەزگا رۆشنبیرییەکانەوە وەرگرتووە (ئاگایى درۆزنانە، بەس بە مانا مارکسییەکەى نا) چونکە (دەزگا) رۆشنبیرییەکانى کوردى ئەو هێزانەن، کە رۆڵى خوێنەر، وەک کەسێکى ئازاد، وەک ئەوەى، کە دەتوانێ خودى خۆى لە پرۆسەى خوێندنەوەدا، دارێژێتەوە و چڕى مانا شیاوەکان و کۆدەکانى نێو دەق کەشف بکات! وەک بەشدارکەرى تێکست، وەک ئەوەى، کە لە دووتوێى پێکهاتەى زانستى و شانەکانى دەق (دووانەى هاودژ) دەدۆزێتەوە و لە رێگاى ئەو دۆزینەوەیەش، ئەو رووداوانە کۆ دەکاتەوە، کە پێویستە شیبکرێنەوە، داگیر دەکەن. خوێنەرى کوشندە هێزى خۆى لە فەرامۆشکردنى پێکهاتەکانى دەق و سوڕانەوە بە دەورى دەق و پەراوێزى دەقدا هەڵدەگرێتەوە.
خوێنەرى کوشندە لاى بەختیار عەلى ناوێک و ئاماژەیەکە بۆ هەموو ئەو هێزانەى، کە لە دنیاى ئەدەبیاتى ئێمەدا بوونەتە هێزى (نیشانکردن) و (دەرخستن) و (بەرزکردنەوە)، بێ ئەوەى هەڵسەنگاندنەکانیان پەیوەندى بە ئیستێتیکای هونەری و تەکنیکى تێکستەکانەوە هەبێت و لەبەر رۆشنایى ئیشکردن لەگەڵ تێکست و لە ناو تێکست و تەریب بە تێکست لە دایکبووبێت. بێگومان من قسەم لەو هێزە بکوژانە نییە، کە رۆشنبیریى کوردى، لە خزمەتى وەلائى حیزبى و (ئاگایى درۆزنانە) کورت دەکەنەوە؟! بەڵکو قسەم لە کردەى خوێندنەوەیە، کە ناشێ تەنها لەو دەزگا بکوژانە و خوێنەرى باسیف (کوردى) هەڵیبگرینەوە؟! بەدیوەکەى دیکەش ئەو خوێنەرەى بەختیار عەلى، وێنەى ئەو خوێنەرەمان بیر دەخاتەوە کە “ئیروین وولف” بە خوێنەرى نیازخواز ناوى دەبات؟! خوێنەرەکەى وولف (دانەر) لە مێشکى خۆى بۆ مەبەستێک دایدەنێ. خوێنەرەکەى بەختیار (دەزگا رۆشنبیرییەکانى کوردى) بۆ وەلائى حیزبى دروستیان دەکات! ئەوەى ئەو دوو خوێنەرە لە یەکتر نزیک دەکاتەوە، ئەوەیە، کە هەر لە رێگاى ئەو خوێنەرە (مەیلدار/ کوشندە)یە دووبارە وێنەى ئەو (کۆمەڵگا/جەماوەر)ە دەبینین، کە (دانەر/دەزگا رۆشنبیرییەکانى کوردى) دەیانەوێ قسەیان لەگەڵدا بکەن، یان ئاراستەیان بکەن!! ئەگەر خوێنەرەکەى وولف، وێنەى دەقەکان بگرێ و لەگەڵ دەقە جیاوازەکان بگۆڕێ! ئەوە خوێنەرەکەى بەختیار، ئاگایى لە دەزگاکان وەردەگرێ و بە هەواى دەزگاکان دەژى و هەناسە دەدات!
دوا سەرنجم لەسەر خوێنەرى کوشندەى بەختیار عەلی ئەوەیە، کە ئەو ناونانە بۆ خوێندنەوە و خوێنەر کەمەکێک بەلاى پەڕگیرى و تووندوتیژییەوەیە: یەکەم، لەبەر ئەوەى کردەى خوێندنەوە تەنها لە زیندانى دەزگا رۆشنبیرییەکانى (کوردى)دا دەبینێ. دووەم، چونکە لە هەڵسەنگاندنى خوێندنەوە لەبرى ئەوەى (ئازادى) ببەخشێ، خوێنەر لە (تێکستخواز)ی دیاریکراودا کورتى دەکاتەوە؟!




شیعرییەتی (لەشكری غەم).. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

ئایا دەستەواژەی (لەشكری غەم) هەڵگری شیعرییەتە؟ لەو پرسیارەوە (یاكۆبسن) ی زمانناس و (نالی) شاعیر بیر دەخەینەوە، بەڵام هەرگیز بەو مانایە نا، كە پێناسەكردنی شیعرییەت (وەك یاكۆبسن دەڵێت) بەپێی چەمكی ئەدەبییەت، كە زانستی ئەدەب پێكدەهێنێ‌، تەنها كلیلی وێنەی دەستەواژەی (لەشكری غەم)ی نالی بێ‌، (وەك پەیوەندی ناڕێكی نێوان راستی لەشكر و غەم). ئایا شیعرییەت رێكییە، لەشكری غەم پەشێوییە. شیعرییەت وەك كردە، هۆكارە بۆ دەستەواژەی لەشكری غەم وەك كار؟.

رەهەندی سێیەمی (شاعیر و رەخنەگر)
لەنێوان شاعیر و رەخنەگر، وێنەی سێ‌ رەهەندی لەنێوان چەپ و راست، خۆشەویستی و مردن نییە… بەڵكو گشتێكە هەمووان تێیدا دەژین، واتە وێنەی سێ‌ رەهەندی مانای تێكشكانی دال و مەدلوول نییە، تێكشكانی میتافیزیكانەی دووالیزمەكان نییە، بەو مانایەی كە هەمووان هەڵگری دال و مەدلول و دووالیزمین، بەڵكو وێنەی سێ‌ رەهەندی لەنێوان شاعیر و رەخنەگر هەڵگری جیاوازییە (واتە رەهەندی سێیەم جیاوازییە). بەڵام چۆن لە نوێوە جێگیربوونی دووالیزمەكان راڤە دەكەینەوە، چۆن پێشتر تێدەپەڕێنین، بە دواتر دەگەین، چۆن جیاوازی دەسەلمێنین؟
هەمیشە داهێنانی ئەدەبی و هونەری جێگیربووەكان لەق دەكات و برینێ‌ دەخاتە بیركردنەوە و زمانەوە. ئایا ئەو برینە بە مانا فرۆیدییەكەی قابیلی سارێژبوون نییە؟ هەڵبەتە داهێنان پەشێوی دەنێتەوە و بە دیوەكەی دیكەش بەردەوام پێویستی بە تیۆری نوێی راڤەكردنەوە هەیە. تیۆرناسانی داهێنانی ئەدەبی نەهاتوون تەنها دیدێكی نوێ‌ بۆ پەشێوی زمانی شیعری وێنا بكەن، بەڵكو بنەمایەكی زانستییان رەچاو كردووە، یان بۆ ئەوەی بونیادی بابەتی پەشێوی زمان روونبكەنەوە، بنەمایەكی تیۆری بۆ شیعرییەت دادەمەزرێنن.
زۆرجار دۆزینەوەی راستییەكان ئاسانترە لە بەخشینی شوێنێكی شایستە بەو راستییانە. بۆیە ئەگەر وەك دوو راستی سەیری وشەی (غەم) و وشەی (لەشكر) بكەین، دەبینین بە گشتی دوو راستین، بەڵام لە پلەی سفری نووسینی ئەدەبیدان (بە مانا بارتییەكەی) كەچی دەرئەنجامی كۆكردنەوەیان لە دەستەواژەی (لەشكری غەم) زمانی ئاساییبوون دەبڕێت و لە وێنەی نائاساییدا شاعیر بەرز دەكاتەوە! غەم و لەشكر هیچ پەیوەندییەكی خودی و دەروونی لە نێوانیاندا نییە، بێ جوولەن، پەیوەندیداری لێكجیا و رووتن، لەسەر ئاستی رووكەش دوو مانای جیاواز و رووتن، بەڵام دەشێ‌ لەسەر ئاستی زمانەوانی هاوپەیوەندییەكی ئارەزوومەندانە دامەزرێنن! دەمەوێ‌ بڵێم هەمیشە بنەمای زمان ئارەزوومەندانەیە و لەسەر پەیوەندی بە ئەویدیكەی جیاوازی (خوێنەر)ەوە وەستاوە.
كەواتە دەستەواژەی لەشكری غەم دەربڕینێكی سێ‌ رەهەندی لەنێوان (غەم)، (لەشكر)، (لەشكری غەم)، درووست دەكات. دەستەواژەی لەشكری غەم جوولاوە، رووانینی تایبەتی بەسەر رووانینی گشتییەوە دەسەپێنێ‌، دواجار لەسەر ئاستی داهێناندا ئاستی قووڵی شیعرییەت نیشان دەدات، بەو مانایەی كە (شیعرییەت ئەركێكە لە ئەركەكانی پەیوەندی نێوان بونیادی قووڵ و رووكەش) رووكەش و قووڵ دوو چەمكی تیۆری چۆمسكییە، لەشكری غەم دەستەواژەی شیعری نالییە.
بەدیوەكەی دیكە رەهەندی سێیەمی دەستەواژەی (لەشكری غەم) لەنێوان شاعیر و رەخنەگردا، نە لەشكرە، نە غەم، بەڵكو شیعرییەتە! ئەوەی شیعرییەتی لەشكری غەم دەكێشێ‌، لەسەر ئاستی شیعری خودی خوێنەرە. ئەوەی وێنە روونەكەی پەشێوی زمان رووندەكاتەوە، لەسەر ئاستی رەخنەگر شیعرییەتە! رەخنەگر پەشێوی زمان رووندەكاتەوە و شاعیر شیعرییەت بەرهەم دەهێنێ‌. شیعرییەت وەك رەهەندی سێیەمی شاعیر و رەخنەگر، خوێنەر بەرزی دەكاتەوە. نهێنی یەكەم دەكەوێتە نێوان بونیادی قووڵ و رووكەش، نهێنی دووەمیان دەكەوێتە نێوان داهێنان و زمان.
هەر یەك لە بونیادی قووڵ، بونیادی رووكەش، دەشێ‌ داهێنانی زمان و زمانی داهێنان بنوێنن! وەك چۆن هەر یەك لە شاعیر و رەخنەگر، دەشێ‌ خوێنەری خۆیان هەبێت. كەواتە زەمەنی رەهەندی سێیەم زەمەنی هەنووكەی ئارەزووەكانی ئەویدیكەی جیاوازە، زەمەنی میتافیزیك نییە، كە بەپێی بەدوایەكداهاتووەكان رێكخرابن، بەڵكو زەمەنی ژینالۆژییە كە دەكەوێتە دەرەوەی ئەوانیدیكەوە، بەو مانایەش رەهەندی سێیەم دەڕوا و درێژ دەبێتەوە و دوور دەكەوێتەوە، تا داهاتوو لە ئەویدیكەی جیاوازدا بگرێت.

كلیلی وێنەكان
چۆن شیعرییەت وەك تیۆر و دەستەواژەی لەشكری غەم وەك وێنەیەكی شیعری بەرز دەكەینەوە؟ لە بۆچوونی كۆندا، شیعر ئەوە بوو، كە لە رێگای وێنەوە بیر دەكاتەوە! ئەو تێگەیشتنە بۆ شیعر وێنەی شیعریی بە یەكێك لە هۆكارە جۆراوجۆرەكانی زمانی ئەدەبی دادەنێت. بەڵام فۆڕمالیستەكانی رووس ئەو تێگەیشتنە كۆنەیان بە (شیعرییەت Poetics) لێكدایەوە. ئەگەرچی نالی شاعیر دەچێتە ریزی شاعیرانی كلاسیكەوە، بەڵام لە دێرە شیعری: (منم سەركردەتان بۆ لەشكری غەم)… لەشكری غەم هەر تەنها وێنەی غەمێكی گەورە و پڕ رەنگ ناكات، بەڵكو شیعرییەتیش دەنوێنێ‌. شیعرییەتی لەشكری غەم لەسەر پەیوەندی نێودژی و جیاوازی درووست بووە، لە یەكنزیككردنەوەی مانای جیاوازی غەم و لەشكر جگە لە تێپەڕاندنی پەیوەندییە باوەكانی زمان و هەڵمەتی ماناكانی غەم وەك لەشكر. درووستكردنی پەیوەندییەكی ناباو و چێژی جیاوازی شیعریش دەنوێنێ‌. دەمەوێ‌ بڵێم هەڵمەتی لەشكری غەم وەك وێنەیەكی واتایی و نێودژی پەیوەندی ناباوی غەم و لەشكر وەك چێژی شیعری زێتر ئاستی داهێنانی شیعری بەرز دەكاتەوە.
یەكەم كەس (ئەرستۆ) لە كتێبی (هونەری شیعر) زاراوەی شیعرییەت (Poetics) بەكار هێناوە، لای ئەرستۆ شیعرییەت نیشانەیەكی جیاكاری بەرزە… (تزیفیتان تۆدۆرۆف) یەكێكە لەوانەی كە ئەو كتێبەی ئەرستۆ بە گرنگ دەبینێ‌، بەڵام پێیوایە دنیای شیعرییەت دنیایەكی شەپۆلاوییە و ناشێ‌ بیخەینە دووتوێی یاسا و رێسایەكی دیاریكراو و ئامادەوە. شیعرییەت لای تۆدۆرۆف دنیایەكی گۆڕاو و ناجێگیرە، كۆمەڵێك گۆشە و نیگای جیاواز بەڕێوەی دەبات. تۆدۆرۆف بۆ تێپەڕاندنی یاسا و رێسای میتۆدی دیاریكراوی شیعرییەت، قسە لە شیعرییەتی خوێندنەوە، یان وەرگر دەكات، (لە خوێندنەوەی سەروەدا لەسەر بنەمای شیعرییەتی تۆدۆرۆف خوێنەرمان لە رەهەندی سێیەمی رەخنەگر و شاعیر نیشان داوە).
قسەكردن لە شیعرییەت وەك دنیاییەكی شەپۆلاوی لەگەڵ شەپۆلەكانی (لەشكری غەم)ی نالی شاعیر بە جوانی دێتەوە، هەر لەوێشەوە چێژی شیعری بە ئاستەكانی خوێندنەوە و خوێنەرەوە دەلكێ‌.(ئەوەش نهێنی ئەو خوێندنەوەی بەردەستانە). ئەگەر شیعرییەتی لەشكری غەم بە شیعرییەتی خوێندنەوەوە بەند بێت (وەك قسەمان لێكرد) ئەوە مانای راستی (غەم) و (لەشكر) لەسەر ئاستی زمانەوە بە ئەویدیكەی وەرگری زمانی كوردییەوە دەلكێ‌. كەواتە وەك چۆن راڤەكردنی (لەشكری غەم)ی نالی ناكەوێتە دەرەوەی شیعرییەتی خوێنەر و چێژی خوێنەرەوە، بە هەمان شێوەش راڤەكردنی راستی (غەم) و (لەشكر) لەسەر ئاستی واتای زمان ناكەوێتە دەرەوەی كوردی و زمانی كوردییەوە.
لێرەوە هۆكاری درووستبوونی (بۆشایی شیعری) یان دابڕان لەنێوان نالی وەك شاعیر و یاكۆبسن وەك راڤەكار پەیوەندی بە ئارەزووەكانی خوێنەر و راستییەكانی زمانی كوردییەوە نییە! هۆكاری درووستبوونی بۆشایی نێوان شیعرییەت و هیرمینۆتیكا پەیوەندی بە چێژی شیعرییەت و بونیادگەرییەوە هەیە، پەیوەندی بە رێكی و ناڕێكییەوەیە.
(رۆمان یاكۆبسن) رۆلێكی بنەڕەتی لە بەرەوپێشچوونی زاراوەی شیعرییەت بینیووە، شیعرییەت لای یاكۆبسن ئەو لقەیە لە زمانەوانی كە وەزیفەی شیعر لەگەڵ وەزیفەكانی دیكەی زمان رێكدەخات! لەبەرانبەردا لای نالی بایەخدان بە مانا بەرفرەوانەكەی راستی (غەم، لەشكر) لە وەزیفەی شیعریی (لەشكری غەم)دا بە ئەنجام دەگات، كۆی ئەو وەزیفانەش بە شێوەی جیاواز خوێنەر دەیاندۆزێتەوە… هەڵبەتە من نامەوێ‌ قسە لە پەیام و لەو شەش وەزیفەیەی زمان بكەم، كە یاكۆبسن بایەخیان پێدەدات، وەك چۆن قسە لە ئەركی ئەدەبییەت بە مانای شیعرییەتیش ناكەم، بەڵكو دەمەوێ‌ بە كورتی بڵێم شیعرییەت لای یاكۆبسن زمانی زمانە! وەك چۆن شیعر لای نالی شیعری شیعرە. كاتێك زمان بۆ خۆی دەبێتە بابەتی خۆی! كاتێك شیعر دەبێتە بابەتی شیعری! ئەو بیركردنەوەیە، (نالی) و (یاكۆبسن) بەرەو بنەمای جیاوازی زمانی دەبات، جیاوازی زمانی نالی و یاكۆبسن لەنێوان پەشێوی و رێكی دایە.
دەشێ‌ بۆ جەختكردنەوە لە لادانی مانای (غەم، لەشكر) لە ئاستی زمانەوانیدا، شیعرییەت و رێكی لە ئاستی تیۆریدا، بڕوای (كۆهین) هاوكارمان بێت، كە پێیوایە شیعر لادانێكی پێوانەییە لە زمانی ئاسایی! بێگومان تیۆری لادان لە بیركردنەوەی كۆهیندا دەلالەت لە تەجاوزكردنی رێساكان زمان دەكات، بەڵام ناشێ‌ ئەو لادانە ئاژاوەگێڕانە بكەوێتەوە، بەڵكو دەبێ‌ رێسایەك بەڕێوەی بەرێت، (ئەو خاڵە لەلایەك سەلماندنی چەمكی رێكییە لەبەرانبەر پەشێوییدا، لەلایەكی دیكە مشتومڕ لەنێوان تۆدۆرۆف و كۆهین دەنێتەوە). بەگشتی دەتوانین بڵێین بەشێكی شیعرییەت بۆ تەمومژی دەگەڕێتەوە! دواجار شیعرییەت دنیایەكە بابەتەكەی شیعرە، شیعریش خۆی لە جوانیدا هەڵدەگرێتەوە …

شیعرییەت لەنێوان رێكی و پەشێوییدا
مشتومڕی نێوان رێكی و پەشێوی، شیعر و تیۆر… هیچ نییە جگە لە پەیوەندییەكی رێكخراوی نێوان هۆكار و دەرئەنجام نەبێت. بەڵام داهێنانی ئەدەبی كەمجار رێكییە، لەبەرانبەردا تیۆر تاسەر بلیمەتانە ناكەوێتەوە. دەتوانین بڵێین جوانی داهێنان، ناڕێكی دەپارێزێ‌! وەك چۆن بلیمەتی ئەگەرەكانی تیۆر بەرەوپێش دەبات. بەو مانایەش جوانی شیعریی هاوواتای بلیمەتی تیۆرە! كەواتە بەشێكی گەورەی ئەو شیعرەی دەچێتە ژێر هەلومەرجی رێكییەوە، تەنها بەو مانایە شیعرە كە داهێنانی قبول نییە. ئەو تیۆرەی كە هەلومەجی پەشێوی قبول دەكات، تەنها بەو مانایە تیۆرە، كە دەكەوێتە دەرەوەی ئەگەرەكانی تیۆرەوە.
بە كورتی تیۆر باوەڕهێنانی تیۆریستانە بە سادەكردنەوەی مەعریفە، هەندێجار سادەكردنەوەی مەعریفە دەكەوێتە دەرەوەی پرسیار و گومانە جیاوازەكانی دیكەوە. ئەوەش بەو مانایە نییە، كە سادەیی بەگشتی هەمیشە لە مەعریفەدا كۆتایی دێت! چونكە زۆرجاران لە خورافات و ئەفسانە ترسناكەكان دواییان دێت. لەبەرانبەردا شیعرییەت هەرگیز بە راڤەكردنی سادەیی رازی نابێت، چونكە شیعرییەت لە گومانی خوێنەرە جیاوازەكانەوە بەرهەم دێت، ئەوەش بەو مانایە نییە، كە تواناكانی ئاستی خوێندنەوە هەمیشە راستی بابەتی بێت، چونكە تەماشاكردنی ئاستی جیاوازی بە مانا ئیبداعییەكەی پشت بە سەیرورە دەبەستێ‌. كەواتە داهێنان نوێنەری دیووە جوانەكەی پەشێوییە، بەڵام دۆزینەوەی جوانی رەتكردنەوەی رێكی نییە. داهێنان ئەو جوانییەیە كە پەشێوەی بە نیازی رێكی دەیخواتەوە.
لەكۆی ئەو قسانەوە دەتوانین بڵێین تیۆر گەشتێكی بەردەوامە لەنێوان رێكی و پەشێوی، دەشێ‌ رێكی بێت، دەشێ‌ فریودەر بێت. چونكە رێكی تەنها ئەوە نییە، كە هەیە بەڵكو ئەوەشە كە دەشیا هەبێ‌ و لە دەستماندابێ‌، وەك چۆن داهێنانی ئەدەبی و هونەری ئەوە ناگێڕێتەوە كە هەیە، بەڵكو ئەوەشمان بۆ دەگێڕێتەوە كە دەشیا هەبێت.
پێشمەرجەكانی گەشتی ئەدەب و هونەر سەیرورەی مەعریفی و سەرچاوەی مەعریفەیە. وەك دەزانین لەگەڵ دۆلۆز و فۆكۆ و دریدا… نووسینی فرە باڵ و فرە بابەت و فرەزمان دەردەكەوێت. لەگەڵ یاكۆبسن، كۆهین، تۆدۆرۆف، چۆمسكی… جیاوازی شیعرییەت و رەنگەكانی شیعرییەت بەرهەم دێت. واتە بە گشتی پرۆسەی داهێنان بەیەك ئاڕاستە رێ‌ ناكات، بەڵكو جوولەیە، گۆڕانی بەردەوامە، سەیرورەیە، باوەڕنەبوونە بە ئامانجی گشتی، بە دیوەكەی دیكە هەمیشە پێشمەرجی گەشتی داهێنان گەمەی شاردنەوە و دۆزینەوەی منداڵەكەی فرۆیدە. دواجار هەم رێكی و هەم پەشێوی لەبەرانبەر سادەیی بەدگومانە، ئەو بەدگومانییە بە دیوێك تیۆری بەرهەم هێناوە و بە دیوەكەی دیكە شیعری داهێناوە. بۆیە سادەكردنەوە لە تیۆری شیعرییەت (لە فۆڕمالیستەكان) و داهێنان (لە شیعرەكانی نالی) رەنگدەداتەوە.
هەموو ئەو رەنگدانەوانەی دوای هاوشوناسیكردنی شیعرییەتی یاكۆبسن و لەشكری غەمی نالی، هاوواتاییكردنی داهێنان و خوێندنەوە، چۆن تەماشای شیعرییەتی خوێندنەوە لە كۆمەڵگای نمایشدا دەكات، ئایا لە زیرەكی دەستكرددا چێژی خوێندنەوە بوونی دەمێنێ؟

عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا
هەولێر 19/5/2024

سەرچاوەكان:

  • رۆمان یاكۆبسن وەك یەكێك لە زمانناسان و پێشەنگانی بونیادگەری گرنگی بە تیۆری شیعرییەت داوە.
  • نامەوێ‌ گومان بە خاوەنبوونی ئەو شبعرە لەنێوان نالی و كوردی بڕەوێنمەوە.
  • بەستنەوەی (برین)ی فرۆیدی بە فیكر، وەك ئەو برینانەی لەسەر دەستی كۆبەرنیكۆس، داروین، ماركس، نیچە…
  • بەفری سپی، بەفری رەش لای بارت یەكەمیان پلەی سفری نووسینە، دووەمیان تێكدانی زمانی ئاسایی و باو دەردەخات. بڕوانە (شیعرییەت لە دەقەكانی فەرەیدون عەبدول بەرزنجی، پ.د. عەبدولقادر حمە ئەمین محمد) چاپی یەكەم سلێمانی 2023ز، چاپخانەی سیما. بە هەمان شێوە وشەی غەم و لەشكر لە پلەی سفری نووسینن، بەڵام دەستەواژەی لەشكری غەم تێكدانی زمانی ئاساییە.
  • بۆشایی و كەلێنێك كە خوێنەر دووچاری بیركردنەوەیەكی جیاواز و سەرسامبوون دەكات!!
  • بۆ زێتر شارەزایی الشعریە والحداپە- بین أفق النقد الادبی وأفق النڤریە الشعریە، تألیف الدكتور بشیر تاوریریپ، دار رسلان، 2010، ص35. 42.
  • فرۆید پێیوایە یەكەم یاری كە منداڵ دەیكات، گەمەی شاردنەوە و دۆزینەوەیە.



مەیلی تەكنۆلۆژیا، مەیلی زمان.. عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا

ئەمڕۆ مرۆڤ لەنێو بڕێكی زۆری سیستمی پێكگەیاندنی رۆژانەدا گیری خواردووە، كۆمەڵێ‌ رووداو و یەكەی سیمیۆلۆژی وردی رێكخراو و ناڕێكخراو، زمان و نازمانی… رۆلی خۆیان لە ژیانماندا دەگێڕن و دنیابینیمان دیاری دەكەن. لێرەوە ئیتر تێدەگەین بنەمای ژیان لە دنیای پاش حەقیقەت و زیرەكیی دەستكرد لە ریشە میتافیزیكییەكەی پچڕاوە! بەدیوە رۆشنبیرییەكەشی تێدەگەین شاشەی ژیان هەر تەنها بەرهەمی ململانێی كلتوورەكان نییە، بەڵكو سەبەتەی هۆكارە سیمیۆلۆژییەكان و مەیلی ئەتۆمگەرایی و فەزای گریمانەییە…
كەواتە لەبەرانبەر سوبێكتدا، لەبەرانبەر داهێناندا فەزای گریمانەیی ئاماژەكان نوێنەرایەتی واقیعی مەتریالی دەكەن، بەڵام سوبێكت لە سیستمی هەڵبژاردن دانەبڕاوە، بەو مانایەش داهێنانی ئەدەبی و هونەری لە سەردەمی پاش حەقیقەت و زیرەكیی دەستكرد لە رێگای پۆلینكردنەوە، دەتوانی خۆی لەگەڵ واقیعی گریمانەیی ئاماژەكان بگونجێنێ‌. كەواتە لە ئۆتۆمبێلی بێ شۆفێرەوە تا سیستمی ناسینەوەی دەنگ… دەبێ‌ بە شوێن فۆڕمێكی دیكەی نوێی ئەدەبی هونەرییدا بگەڕێ‌ و سوود لە هەموو تواناكان وەربگرێت.
شاشەی گێڕانەوەكان رووخسارێكی گرمۆچەبوو پیشان دەدەن و لێی نووسراوە پێش. لای چەپی شاشە رووخسارێكی ئایدیالی پیشان دەدات و لەسەری نووسراوە پاش. بەڵام سەردەمی پاش حەقیقەت و زیرەكیی دەستكرد فەزای ئەتۆمگەرایی و گریمانەیی سیمیۆلۆژیا، لە چاك و خراپ خاڵیكراوەتەوە و فۆرم، جێگەی جەوهەری گرتۆتەوە.
پرسیار ئەوەیە ئایا سەردەمی پاش حەقیقەت و زیرەكیی دەستكرد، دنیای فاشیزمی تەكنۆلۆژیایە، یان مەیلی فاشیزمی زمان؟ ئایا سوبێكتی لاكانی چیدیكە دەتوانێت بە ”ڕەش – سپی“ بدوێت؟ بێگومان ئیتر مرۆڤ لەو فۆڕمە خوداییەی خۆی دوور دەكەوێتەوە، ئیتر زمانی ئەدەب و هونەر، سەیرورە و نوێبوونەوە و گۆڕانكاری و خۆ گونجاندنە، بەردەوام زاڵبوونێكی ڕێژەیی بەسەر كات و تێگەیشتندا دەسازێنێ‌.

فەزای گریمانەیی وڕوژاندنی خوێندنەوە
دەشێ‌ مەیلی گێڕانەوە و شیعرییەت هەڵاتن بێ‌، لە نمایشی رۆژانە و هێزی بزوێنەری فەزای گریمانەیی (بە مانا بۆردیارەكەی). بە دیوەكەی دیكەش دەشێ‌ خەیاڵی گێڕانەوە و شیعرییەت وەك نووسینەوەی نووسین، پانتاییەك بۆ ئاوێتەبوونی وەهم و واقیع خۆش بكات!. بەڵام ئەوەی ئەو وەهمە هەڵدەمژێت، هێزی بزوێنەری ماشێنی پاش حەقیقەت و زیرەكیی دەستكرد نییە، بەڵكو بە شێوە تەقلیدییەكە مەیلی بزوێنەری وەرگر و خوێنەرە، ئەوە توانای وەرگر/خوێنەرە لە فەزای خوێندنەوە و دوای (بەخەبەر بوونەوە لە نمایشەكان) دەچێتە فەزای گریمانەیی جیاوازی واقیع، بۆ خودی واقیع.
وەك چۆن وەرگر/خوێنەر ناتوانێ‌ لە فەزای خوێندنەوە بێتە دەرەوە، سوبێكتی سەردەمیش ناتوانێ‌ لە دەرەوەی مەیلی ئەتۆمگەرایی پۆستمۆدێرنەدا بژیت! وەرگر/خوێنەر لە دەرەوەی خوێندنەوە وەرگر/خوێنەر نییە. سوبێكتی سەردەم لە دەرەوەی دنیای ئەتۆمگەرایی سوبێكتی سەردەم نییە. فەزای گریمانەكراو و فەزای خوێندنەوە بەو مانایەیە كە (سوبێكتی تەكنۆلۆژی و خوێنەری زمان) لەگەڵ نیشانەكان و گەیاندنی پراكتیكی هێماكان پێكدەگەیەنێت، لەوێشەوە تێگەیشتن و راڤەكردن و جێبەجێكردن بەجێدەهێنن. ئەوەش خوێندنەوەی ژیان و فەزای گریمانەكراوە، كە جیاوازی و دیالۆگ و تێگەیشتن، سیماكانی دەنەخشێنێ‌. كەواتە ئەگەرەكانی گۆڕانكاری هەنگاوی جیاواز و بیركردنەوەی جیاواز و هۆشیاری جیاوازی دەوێت.
فەیلەسووفی فەڕەنسی ژان بۆدریار لە یەكێك لە بەرهەمەكانیدا حیكایەتی كەسێك دەگێڕێتەوە بە ناوی ئیشی (Ishi). ئەو كەسە سەر بە دانیشتوانە ڕەسەنەكەی ئەمەریكایە و دوایین هیندییە لە خێڵەكەی لە ژیاندا مابێ‌، ڕادەگوێزرێت بۆ شاری سان فرانسیسكۆ. (ئیشی) سەری سووڕدەمێنێت لە دیمەنی ئەم خەڵكگەلەی لەوێ دەیانبیێت، وێنەی گەورەیی شارەكە و قەرەباڵغی و ڕێژەی زۆری دانیشتوان دەیگەیەننە ئەو بڕوایەی كە هەموو ئەو كەسانەیش وا پێشتر مردوون، هاتوون لەم شارە نیشتەجێ بوون، مردووەكان دەچنە نێوان زیندووەكانەوە و مەودایان لە یەكتری بۆ دەهێڵنەوە. بەو جۆرە زیندووەكان و مردووەكان بە پاڵ یەكترییەوە دەژین. دواجار لە بیركردنەوەی (ئیشی)دا ئەوە مردووەكانن پەیوەندیی نێوان زیندووەكان ڕادەگرن. دەمەوێ‌ لەو خوێندنەوەیەدا بڵێم لە دنیای پاش حەقیقەت و زیرەكیی دەستكردا، زیندووەكان ناتوانن بێ‌ ئەدەب و هونەر بژین؟!.
پرۆسەی خوێندنەوە، جیاوازی و فرەیی رەنگرێژی دەكات، شیعرییەت و گێڕانەوە ناتوانێ‌ لاسایی مردووەكان و زیندووەكان بكاتەوە! خوێندنەوە واقیع و خودی واقیع و نەهاتنەوەیە لە واقیع، یان بە مانا سیمیۆلۆژییەكەی زێدەواقیعییە! ئەوە خەیاڵی گێڕانەوە و شیعرییەتە، كە بە خێرایی دەبێتە كۆدێكی دیكە بۆ سوبێكت، ( بەمانا بۆدریارەكەی) دەبیتە كۆد و پاسۆرد و ژمارە و ئەكاونت، پەیوەندی و عەشق و سێكس و پێكەنین و گریان و…
لە دواجاردا تێزەكە ئاوای لێدێت: راستی لە خەون دەچێت. بەڵام ئەو تێزە هەڵەیە چونكە جێگوڕكێ‌ بە رۆلی خەون و راستی دەكرێت، ئەو كاتە دەتوانین لەگەڵ فرۆیددا دژ بە فرۆید بڵێین: چەپێنراو بە رێگای خەوندا نایەتەوە، بەڵكو بە رێگای راستیدا دێتەوە. (بۆ زێتر شارەزایی و بەدواداچوون بڕوانە: زێدەواقیعی: چەند یادداشتێك دەربارەی فەزای مەجازی-هاوار محەمەد). وەك ئەوەیە بڵێیت: مەیلی گێڕانەوە و شیعرییەت بە رێگای خەونی ئەدەبیدا نایەنەوە، بەڵكو بە رێگای زیرەكیی دەستكرددا دێنەوە.

لۆژیكی ناهاوسەنگی پێكگەیاندن
بە گشتی میدیا دەروازەی گەیاندنی زانیاری و جوانی و مانایە. لە دنیای پاش حەقیقەت و زیرەكیی دەستكرددا میدیا وەك بەدیلی رۆحی بە دەوری جەستەدا دەسوڕێتەوە! كلینەكانی جوانكاری، هۆڵەكانی لەشجوانی، پرۆتین و كریاتین و بۆتۆكس و فیلەر، رجیمە خۆراكییەكان… بە دیوەكەی دیكە زمانی میدیایی، یان مەیلی میدیایی وەك بەرهەمهێنانەوەی بەردەوامی جەستە و ئاماژەكان خۆی نمایش دەكاتەوە. بەڵام گوتاری میدیایی هەر تەنها بابەتی خوازراو و مانای رووكار و جوولەی سادە و راستەوخۆ ناگەیەنێت، بەڵكو مانای ناوەكی و ناڕاستەوخۆیشی لەخۆدا هەڵگرتووە و لەپشت جوولە و وێنەكان و وشەكانەوە دنیایەكی مانادار لە ئارادایە. جگە لە هەموو ئەوانەش مۆڕكێكی چێژئامێزیش لەخۆ دەگرێت. بۆیە ئەمڕۆ مەیلی (زمان، تەكنۆلۆژیا) لەبری میدیا بۆتە گەورەترین دەسەڵاتی سەر گۆی زەوی، دەتوانێت زۆرترین كاریگەری بخولقێنێت.
بێگومان كاركردنی تەكنۆلۆژیا و سیمیۆلۆژیا لە گوتاری میدیاییدا جێكەوتە و نرخی خۆی هەیە، بۆیە كاتێك بۆدریار وەك هۆكاری گواستنەوەی دەلالەت و بایەخی رووتكردنەوە لە مانا، دەڵێ‌ ئاماژە كاڵایە بۆ كاڵایەكی دیكە… ئەلتەرناتیفێكی بەتاڵە بۆ كاڵایەكی دیكە، دالێكە بۆ دالێكی دیكە و بە گشتی مەدلول لەناوچووە! دەیەوێ‌ بڵێ‌ مانا كەمتر و كەمتر ئامادەیە. سەیر نییە لەمیانی سیمیایی نوێدا ژان بۆدریار وەك خوازەی گەورە تەماشا زمان بكات؟! چونكە زمان لە سیمیۆلۆژیادا توانای ئەوەی هەیە، كە هەموو ئەو سیستمانەش لەخۆ بگرێ‌، كە بەشێوەیەكی راستەوخۆ گوزارشت لە خۆیان ناكەن و ئاماژەی ئەبستراكتین و هەر تەنها ئاماژە بە دەلالەتەكانیان دەكەن. دەكرێ‌ ئەو قسەیەی بۆدریار دووبارە ململانێی فاشیزمی تەكنۆلۆژیا و فاشیزمی زمان بیر بخاتەوە. ئەوەش كۆتایی مێژووی ئەدەب و هونەر نییە، وەك دەڵێن بەڵكو كۆتایی جوگرافیایە: هەر ئەوەشە سەردەمی ئێمە بە یەكگرتنی كات و شوێن جیادەكاتەوە، یەكگرتنی كات و شوێن، لە فەزای گریمانكراوی زیرەكیی دەستكرد تێناپەڕێ‌. میترۆستراتیژیا شوێنی جیۆستراتیژیای گرتۆتەوە. بەمجۆرە رووداوی سوبێكتی داهێنەر بە كاتدا درێژ نابێتەوە، زیاتر لە كودەتا نزیكە وەك ئەوەی تەنها رووداوی لەپڕ بێ‌، رووداوی نمایشكارانە بێت. ئەمڕۆ دنیا، دنیای ناوەندیارە، لە گۆڕەپانی رۆشنبیریی رەخنەگر ناوەندیاری دانەر و خوێنەرە، مێژوونووس ناوەندیاری رابردوو و ئێستایە… بەڵام ئایا تەكنۆلۆژیا ناوەندیاری زمانە، یان زمان ناوەندیاری تەكنۆلۆژیایە؟
ئێستا داوا لە نووسەر دەكرێ‌ پەیوەندی لەگەڵ هۆیەكانی راگەیاندن و تەكنۆلۆژیا ببەستێ‌، یەكەمجار بە دوای مەیلی میدیادا بڕوات و بەر لەوەی بە دوای مەیلی زمان و نووسیندا بكەوێت، چونكە لە رێگای تەكنۆلۆژیا و میدیاوە دەبێتە دانەر!
بەڵام بێگومان زمانەكان نووسین درووست دەكەن، تەكنۆلۆژیا وێنەكانی بڵاو دەكەنەوە. دانەرەكان لە رێگای زمان و تەكنۆلۆژیاوە ژیانی خۆیان، چالاكییەكانیان دەناسێنن. رەنگە بتوانن گۆرانی لە بارەی خوێندنەوەی خودی نووسینەوە بچڕن، ببنە خوێندراوە بەر لەوەی بخوێنرێنەوە! لیرەوە دنیای نمایش رووییەكی دیكەی دەسەڵاتی زمان و تەكنۆلۆژیا نیشان دەدات.

پەرگیری و تەنیایی
هێزی ئەدەب چییە؟ سارتەر دەڵێ‌ هێزی ئەدەب هێزێكە، ئەدەب تێدەپەڕێنێ‌. كەواتە پرسیارەكە دەچێتە نێو توانای سوبێكتەوە، ئەدەب لەو هێز و توانایانە پێكهاتووە كە لەسەرووی ئەو شتانەوەیە، كە پشتی پێدەبەستین. سوبێكتی داهێنەر دەتوانێ‌ تەنیا بێ‌، نەك پەڕگیر. تەنیایی توانایەكی بنەرەتییە لە داهێناندا، بەڵام پەرگیری تووندوتیژی دەخاتەوە, سوبێكتی داهێنەر بۆ تەواوكردنی گفتوگۆی بەرفرەوان لەگەڵ مەیلی تەنیایی دەمێنێتەوە، بەڵام لەگەڵ هێزی پەڕگیری هەڵناكات؟!
خوێندنەوە لە سەردەمی پاش حەقیقەت و زیرەكیی دەستكرد چیدی راڤەكردنێكی نوێ‌ نییە بۆ دەروونی خوێنەر، بەڵكو دیدێكی نوێیە بۆ جیهانبینی. وەك چۆن سەردەمی پاش حەقیقەت و زیرەكیی دەستكرد تەنها فیكری نوێی بەرهەم نەهێناوە، بەڵكو بونیادی خودی بیركردنەوەی گۆڕیووە. واتە لەبری سرووشتی نیشانەكان و چۆنیەتی راڤەكردن، نیشانەكانی گۆڕیووە. هەڵبەتە راڤەكردن یەكەمی نییە، چونكە تێگەیشتن راڤەكردن بەڕێوەی دەبات، هەموو بابەتێ‌ بابەتەكانی راڤەكردنی یەكەمە، بەمجۆرەش ناتوانین بەبێ‌ خوێندنەوە و تێگەیشتن، راڤەكردن دابمەزرێنین، راڤەكردن تەنها لەسەر راڤەكردنی پێشتر نەبێ‌ دانامەزرێ‌، ئەوەی ئەو دوو راڤەكردنەش بە یەكەوە دەبەستێتەوە پەیوەندی نێوان تەكنۆلۆژیاو زمانە. شیعری بێ‌ شیعرییەت، گێڕانەوەی بێ‌ خەیاڵ، وەك ماست، پەنیری، شیری، بێ‌ چەوری، قاوەی بێ‌ كافایین، جگەرەی بێ‌ نیكۆتین… لە خوێندنەوە و تێگەیشتن و راڤەكردن دوورمان دەخەنەوە. هەموو ئەوانەش لە دنیای پاش حەقیقەت و زیرەكیی دەستكرد ناوی ئەو بەرهەمهێنراوانەن كە دووبارە بەرهەم دەهێنرێتەوە و هەموو راڤەكردنێ‌، هەموو چێژێ‌ لە خۆیاندا ون دەكەن، تەنها ناوەكەیان نەبێ‌! ئەوەش فێڵێكی ناهۆشیارانە نییە بەڵكو هۆشیارانەیە، شاراوە نییە، بەڵكو كەشفكراوە، فریودانی تەكنۆلۆژیا و فریودانی زمانەكانە.

ئێستای تەكنۆلۆژیا و سروتی گەڕانەوە
نیتشە دەڵێ‌ ژیان لە خۆشیی رسكاوە، بەڵام گەمژەكان هەموو لقەكانی ژەهراوی دەكەن. ئەگەر (خۆشی) تەرجەمەی (دیالۆگ) بكەین، دەتوانین بڵێین دیالۆگ تەواو لەگەڵ هەموو ئەو ژەهراویبوونە دژ دەكەوێتەوە، دیالۆگ تەواو لەگەڵ هەموو سەپاندنێ‌ دژ دەكەوێتەوە… كەواتە پەیوەندیی نێوان سەردەمی پاش حەقیقەت و زیرەكیی دەستكرد و ئەدەب وهونەر، ئەگەر سەپاندنی تێدا نەبێت ناوازەیی تەكنۆلۆژیا و ناوازەیی داهێنانی ئەدەبی و هونەرییەكان لەكەدار ناكات.
ئەگەرچی پاڵنەری داهێنان دیاریكراو نییە، بەڵام كردەی داهێنان لەبارەی داهێنانەوە گۆڕان و سەیرورە و بەردەوامییە، بۆیە زمان دەتوانێ‌ لەگەڵ سەردەمی پاش حەقیقەت و تەكنۆلۆژیای نوێدا دیالۆگ درووست بكات. دەمەوێ‌ بڵێم پارێزگاریكردن لە داهێنان بە دڵنیاییەوە لە غەریزەی عەشقی سوبێكت و دیالۆگەوە سەرچاوە دەگرێ‌، بەڵام ئاشكراكردنی ئەو غەریزەیە و ئاراستەكردنی دیالۆگ، بۆ ئامانج و مەبەستی دیاریكراو جۆرێك لە شەڕانگێزی دەنێتەوە، ئەوەش بەشێكی گەورەی ترسی داهێنەرانە. ئەوە قسەیەكی سوسێرمان لە بارەی زمانەوە بیر دەخاتەوە كە دەڵێ‌: بابەتێك تەنیا بە لابردنی ئەویدی دەبێت بەو شتەی كە هەیە.
تەكنۆلۆژیا و زمان، بەردەوام یاری شت بزركردن و دۆزینەوە دەكەن، سوبێكت بەردەوام لە ژیاندا خەریكی ئەو گەمە منداڵانەیە… كەواتە داهێنان و فەزای گریمانەیی بریتییە لە سەرچاوەی دڵدانەوە. شتە ونبووەكان هۆكاری دڵەڕاوكێن و دۆزینەوەیان چێژ بەخشە.
هەرگیز دڵنیابوونەوە قسەكردن نییە، لەبارەی رەسەنایەتی و گەڕانەوە بۆ ئەسڵێكی كۆن و رووداوی یەكەم و كەلەپور و یادەوەری نەتەوە… هەمیشە سوبێكتی سەردەمی پاش حەقیقەت و زیرەكیی دەستكرد، دەبێ‌ بڕوای بە دیالۆگ و جیاوازی و فەزای گریمانكراو هەبێ‌، نابێ‌ چەمكی رەسەنایەتی بەرانبەر چەمكی داهێنان بكاتەوە، چونكە ئەو شێوە فریودانە هەر تەنها هەڵاتن نییە لە كۆمەڵگای نمایش، هەڵاتنە لە ژیان و داهێنانەكانی سەردەم! ئەو شێوە فریودانە لەنێو میدیایی كوردی چوارچێوەیەكی فانتازی بۆ خۆی داگیر كردووە! بەڵام لە رێگای راڤەكردن و خۆناسینەوە نا، بەڵكو وەك سروتی گەڕانەوە و ئامادەكردنەوەی رووداوە سەرەتایی و دامەزراوە ئایینییەكان، وەك ئەوەی كۆمەڵگای كوردی بە یەك رۆژ لە دایك بووبێت و یەك رەنگ و دەنگی هەبێت.
بیركردنەوە لەبارەی رەسەنایەتی گوزارشت لە شاردنەوەی هیچ نەگوتن بەرانبەر ئەمڕۆی تەكنۆلۆژیا و زمان دەكات، بە دیوەكەی دیكەش سۆزی گەڕانەوە بۆ رابردوو وەك بابەت دەگەیەنێت! بیركردنەوە لەبارەی رەسەنایەتی باوەڕهێنانێكی پۆپۆلیستانەیە بۆ مەسرەفی رۆژانە، وەك ئەوەی كایەی مێژوو كایەیەك بێ‌، خەونە سیاسییەكانی ئەمڕۆی لەسەر بونیاد بنرێتەوە.
پرسیاری زیرەكیی دەستكرد و رەسەنایەتی پرسیاری پێداویستی ئەمڕۆی داهێنان و زمان و پێشكەوتنی تەكنۆلۆژیایە. ئایا لە ئێستادا تەكنۆلۆژیا پرسی سەردەمی هەڵگرتووە یان سۆزی گەڕانەوە بۆ رابردوو؟ داهێنەران بۆ دەربڕینی جیانبینی سەردەم پشت بە زانست و تەكنەلۆژیا دەبەستن یان سروتی گەڕانەوە بۆ بنەماكانی رابردوو؟!

عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا
هەولێر 25/5/2024




پرۆسەی خۆ ئازادكردن و هەڵبژاردن لە شیعری (قوتوو)ی (نارین رۆستەم)ی شاعیردا.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

(قوتوو) وەك ناونیشانێكی شیعریی، ستراتیژییەتی مەدلوولەكان پێكدەهێنێ‌ و دەبێتە دەروازەیەك بۆ چوونە نێو جیهانێكی سوریالی سەرنج راكێش و ئاماژە بۆكراو! بێگومان شاعیرە سووریالییەكان بەردەوام هەوڵی كەشفكردنی توانا بێكۆتاییەكان و چێژە نەبڕاوەكانیان دەدەن، ئەو چێژانەی ئاڵاون بە تۆڕی وسبەلێكراوەكانی زمان و ئارەزووە كپكراوەكانیانەوە، كە بە هۆی دەسەڵاتی سیستمی كۆمەڵایەتی بنبەستووەوە بەدینەهاتوون. لەسەر ئەو بنەمایە دەشێ‌ بڵێم پرۆسەی نووسین لای (نارین رۆستەم)ی شاعیر بنچینەی راستەقینەی خۆ ئازادكردن و هەڵبژاردن، خەون و خەیاڵ، گەمە، چێژ، عەفەوییەت، دەرچوون لە یاسا… دەنوێنێ‌. بۆیە لەو خوێندنەوەیەدا هەوڵمداوە جیهانی شیعری (قوتوو)ی (نارین رۆستەم) لە سەر بنەمای خەون و خەیاڵ، ئازادی و هەڵبژاردن وەك پێكهاتن و شێوەگرتنێكی شیعریی پێشكەش بكەم، كە بە زمانێكی تایبەت و جیاواز داڕێژراوە، زمانێك كە ئارەزوو و پاڵنەرە كۆكراوەكانی شاعیر دەنووسێتەوە، بە تایبەتی ئەو ئارەزوو و خەونانەی كە لە كۆمەڵگایەكی سوننەتی و كۆنەخواز تێركردنیان قوڕسە.
بەمجۆرە شیعری قوتوو لە زمانی باو دەبێتەوە و زمانێكی تایبەت بەخودی خۆی دادەهێنێ‌، بێگومان بەشێكی گەورەی گرنكی ئەو زمانە لەوەدایە، كە ئاسۆی چاوەڕوانییەكانی خوێنەری باو تێكدەشكێنێ‌، بەڵام بەشێكی دیكەی لەوەدایە، كە تاچەند دەتوانێ‌ هێز ببەخشێ‌ بە خوێنەری بەشداربووی تازە بۆ گەیشتن بە بنەما قووڵەكانی دەق، واتە خوێنەرێك بتوانێ‌ بەدوای جوانییەكان و دژە واتاكان هەنگاو بنێت!.
بێگومان رۆڵی خوێنەری بە تواناو نوێخواز لە دۆزینەوەی جوانییەكان و دژە واتاكان و رۆنانی شیعرییەتدا لە ڕۆڵی شاعیر كەمتر نییە.
بە بڕوای من چونكە رەگەزی چێژ و جوانی لە شیعری (قوتوو) رەگەزێكی زاڵە، بۆیە خوێنەر وەك چۆن دەتوانێت چێژ لە زمانی خەون و شێوەگرتنی خەیاڵ وەربگرێت، چێژیش لە جوانی و شیعرییەت و وێناكردنی میتافیزیكی هەستی شاعیریش وەردەگرێت. بە مانایەكی دیكە شاعیر لەو شیعرەدا هونەری نواندنی خەونی زمانەوانی بە تایبەتمەندییەوە دەلكێنێت، فەزایەكی خەیاڵی بۆ خوێنەر/ وەرگر دەكاتەوە، كە رۆڵی خۆی لەو پانتاییەدا بدۆزێتەوە. بەو مانایەش لە رێگای بەشداری وەرگر/خوێنەرەوە دەقی قوتوو دەبێتە دەقێكی كراوە؟! وەك دەزانین دەقی كراوە هەڵگری چەندین رەهەند و شێوازگەری بیركردنەوەی جیاوازە، لەو بارەشەوە بۆ دەقی كراوە (یاكۆبسن) بیر بخەینەوە، كە قسە لە دوو شێوازی ئەدەبی دەكات، شێوازگەری بەرهەم و شێوازگەری وەرگر.
(1)
ئەگەر شیعر، خەون و خەیاڵی لەبیر كرد، ناتوانێ لەگەڵ شیعرییەتدا هاوشوناسی دروست بكات. بەڵام ئەگەر واقیع نەخوێنێتەوە لەگەڵ كۆمەڵگا هەڵناكات. لەبەر ئەوەی شیعری (قوتوو) لە خەیاڵەوە شێوەگرتنی داهاتوو بونیاد دەنێت، كەواتە لە زەمەنی بەردەوامیمان دادەبڕێ‌ و هەنگاو بەرەو ساتەوەختی پرۆسەی نووسینەوەی خەون دەنێ. لەو دەستپێكەوە (نارین رۆستەم) لە داهێنانێكی خەونی شیعریدا خەیاڵ وەك باگكراوەند دەنەخشێنێ‌، بەڵام بێ‌ ئەوەی بیركردنەوەكانی زەمەنی بەردەوامی بە هەند هەڵبگرێت، بەڵكو هەوڵدەدات لە رێگای زمانی خەونەوە بە جۆرێك لە جۆرەكان پشت لە واقیعی سەپێنراو بكات، لەوێشەوە بەرەو ساتەوەختی جوانی و چێژ و خۆشیمان بكاتەوە، بەمجۆرە زمانی خەون دەبێتە زمانحاڵی ئارەزووە كپكراو و وسبەلێكراوەكان، بە باكگڕاوەندی خەیاڵییەوە.
(2)
پرسی شیعری (نارین رۆستەم) پرسێكی هەڵچوونئامێز نییە، پابەند نییە بە بۆشایی نێوان خەون و خەیاڵ، من و كۆمەڵگا، واقیع و دژەواقیع… یان بە مانایەكی دیكە پرسێكی ئاڕاستەكراو و مەبەستدار نییە، بەڵكو بە گشتی بە نەستی شاعیر و شیعرییەتەوە دەلكێ‌. دەمەوێ‌ بڵێم زمانی خەون و خەیاڵی شیعری هەر تەنها لەسەر تێكدانی یاسا باوەكانی زمان و نەریتە باوەكانی كۆمەڵگا نەوەستاوە، هەر تەنها لە دەرەوەی كۆنتڕۆڵكردنی بیركردنەوە و عەقڵدا نییە، بەڵكو هەڵبژاردن و ئازادییە، سەیرورە و گۆڕانكارییە؟!
قوتوو گەمەی بیركردنەوەی خەونی زمانی شیعری دەنوێنێ‌ و خەیاڵ تێیدا شێوەگرتنی نەستی شاعیرە. لە گەمەی بیركردنەوە و نەستی شاعیردا سەری قوتووی ماڵ، بە ئازادی و هەڵبژاردنەوە لكاوە. لە پرۆسەی نووسینی شیعرییدا بە سەیرورە و گۆڕانكارییەوە بەندە.
هەڵبژاردن و ئازادی لە قوتوودا رووی یەك دراون، شاعیر بە شێوەی جیاواز دەیانپارێزێ! وەك چۆن ماڵی بێ‌ سەر لە شێوەی قوتووی بێ‌ سەر، شێوەگرتنی جۆرێك لە ئازادییە، بە هەمان شێوە درووستكردنی خودی ماڵ لە شێوەی قوتوو، هەڵبژاردن رێگاكانی دادەڕێژێ‌.
دەمەوێ‌ بڵێم ئەگەر زمان لایەكی نووسین بێت، ئەوە شێوازگەرایی لایەكەی دیكەیەتی، كەواتە زمان و شێوازگەرایی سرووشتی (نووسین) دیاری دەكەن و نووسینیش ئازادی و هەڵبژاردنە، سەیرورە و گۆڕانكارییە، لە خاڵی بەیەكگەیشتنی سەیرورە و گۆڕانكاری، ئازادی و هەڵبژاردندا زمان پەیوەندییەكی تازە لەگەڵ كۆمەڵگادا درووست دەكات!
بەڵام لەبەر ئەوەی شاعیر ناتوانێ‌ بە زمان باو بنووسێت، كەواتە زمانی خەون لە بەرانبەر درووستكردنی (قوتوو)دا هەڵبژاردنێكی تایبەتییە، واتە بە تایبەتی خەونی زمان بۆ نووسین هەڵدەبژێرێت، بەڵام هەر چەندە شێوازی درووستكردنی (قوتوو) ورد و پتەو بێت، كەچی لە رەمەكییەت و لابەلایی نابێتەوە، بەو مانایە خەونی زمانی نەستی شاعیر و شێوازی قوتوو ئاسۆی بیركردنەوەیەكی تازە و بەخششێكی بێ‌ ئامانج و شیعریی پێشكەش بە خوێنەران دەكات.
(3)
ژان كۆهین دەڵێت: شیعر تێكدانی یاساكانی زمانە و شیعرییەت شێوازی پێدەبەخشێت. (ئاسمان پارچە رایەخێكی موتفەڕكە ل23) كاتێك ئەو ماڵە بیر لە ئاسمان وەك سەرێكی پیرۆز (موتفەڕك) دەكاتەوە، ئەو كاتە شیعرییەت لە خەونەكانی (ئازادی/ سەیرورە) و لە شێوەكانی (گۆڕانكاری/ هەڵبژاردن) بێدار دەبێتەوە! بەڵام شاعیر لەو حاڵەتەدا لێزانانە پەنا بۆ باكگراوەندی خەیاڵی نێوان شەكردان و خوێدان و لە گەسك بەربوونەوە، دەبات، بێ‌ ئەوەی لە روانینێكی كۆنەخوازانە و سیحرئامێزدا بە خوێنەریان بفرۆشێتەوە! چونكە كە لە گەسكەكە بەردەبێتەوە و
بەناو (قاپی جاجیك) دەكەوێ‌.
خوێن بە دەماری تانكیدا هاتە خوارێ‌،
قوتووەكە پڕببوو لە خوێ‌ ل22.
بەسواری گەسكەكە بەسەر قوتووەكەدا دەفڕم ل23.
كەواتە لە داڕژانی ئازادی/ سەیرورە، شێوەگرتنی هەڵبژاردن/ گۆڕانكاری، شاعیر هەوڵدەدات لە رێگای بونیادنانی پرسی شیعرییەوە، لە رێگای خەون و خەیاڵەوە، نەك تەنها ماڵ وەك قوتوو، بەڵكو بونیادی رووكەشی شەكردان و خوێدان، فڕین بەسەر گەسكەوە لە مێشكی خوێنەری كوردیدا تێكبشكێنێ‌! ئیتر وەك (بانگدەر (أكبر)ـەكەی (الله) قووت بداتەوە ل22)!. لەوێوە ئاماژەی ماڵی بێ‌ سەر و گەسك و سیحر و رەنگدانەوەی بە دوایەكداهاتنی شەكردان و خوێدان و مەودا پراگماتیكەكەیان و واژۆكانیان رەتدەكاتەوە و گوتارێكی شیعری خەونئامێز لەسەر ژێی خەیاڵ و ئاسۆی چاوەڕوانییەكی نوێ‌ بۆ خوێنەر/ وەرگر بونیاد دەنێ‌ و فەزایەكی فرە رەهەند لەگەڵ شتگەلی جۆراوجۆردا درووست دەكات و ناكۆكی خۆی لە وێناكردنی تایبەت نیشان دەداتەوە، بێ‌ ئەوەی هیچ یەكێك لەوانە بە ئەسڵی خۆی بزانێت، بەو مانایەش (قوتوو) شانەیەكە لە گوتن و بەرهەمی هەزاران تیشكۆی جیاوازە، لە تیشكۆكانی كلتووری كۆمەڵگا.
(4)
هەموو كلتورێك تێگەیشتنی دیاریكراو بەخۆی هەیە، لەبەر ئەوەی (تێگەیشتن) پەیوەندی بە كلتوری دیاریكراوەوە هەیە، كەواتە بەپێی سنووری دنیابینی ئەو كلتورە كۆمەڵگا خۆی نمایان دەكات. بەڵام پرسی شاعیر سنوور ناس ناكات؟!
(گادامێر) پێیوایە تێگەیشتن لە وەرگرتنی نیازی نووسەرەوە هەڵناقوڵێ‌، نیازی دانەر ئاسۆی تێگەیشتن دیاری ناكات، بەڵكو ئەو ئاسۆیە (راڤەكار) پڕی دەكاتەوە. راستە راڤەكار شوێنی ناوەندی زمانەوانی پڕ ناكاتەوە، بەڵكو لەگەڵ شێوەكانی زمانەوانی مامەڵە دەكات. بەو مانایە ئەوە ئەركی ئەو خوێندنەوەیە بەرەو تێگەیشتنی تایبەتیمان ببات؟!
كەواتە ماڵ بێ‌ سەر بێ‌ یان سەردار، لە كلتووری كوردیدا زەردەخەنەكانی دایك شیرینی دەبەشێتەوە و بە دەگمەن بۆ تامی جاجیكی باوك خوێ‌ ئامادە دەكرێ‌. لە نێوان شەكر و خوێ‌، دایك و باوك… نارینی شاعیر وەك پاڵەوانێكی سوریالی بە گەسكی سیحری دەفڕێ‌، لەبری ئەوەی مەستی شیرینی دایك بێ‌، لە ناكاو دەڕژێتە نێو جاجیكەكەی باوكییەوە!
بێگومان بۆ دیاریكردنی سیمای لۆژیكیانەی سیستەمی (خوێندنەوە) وەك دەربرینێكی مەعریفی, دەبێ‌ گرینگترین ئەو ئاوێتەبوون ‌و تانۆپۆیانە كەشف بكەین، كە دەسەڵاتی خوێندنەوەی لێپێكهاتووە. لە تانوپۆی ئەو شیعرەدا شاعیر بە دەربڕینێكی نالۆژیكی جوولاو لە ماڵدا بەر دنیای (باوك، دایك، خوشك، برا) دەكەوێت، بەڵام ئەو بەركەوتنەی تەنها ئاماژە نییە بۆ ریزبەندكردنی خێزان، بەڵكو لێرەدا خودی ماڵ بابەتی چێژە و خێزان فۆڕمەكانی جوانین، خەونی شاعیر قردێلەی شیعر و ئیلهامە.
(5)
ئەنجامی ئەو خوێندنەوەیە پێمان دەڵێت خوێنەر لەمیانی دەلالەتەكانەوە, ئەگەرچی شوێنی ناوەندی زمانەوانی پڕ ناكاتەوە، بەڵام لە رێگای خەیاڵی شیعرییەوە جوانی و دژە واتاكان دەدۆزێتەوە و لە رێگای خەونی زمانەوە شیعرییەت رۆدەنێ‌, كەچی شاعیر لە رووی وەزیفەوە سەر بە چەمكی سیمە, یان مەدلولە و هێزی خۆی لەوەدا دەبینێتەوە، كە تاچەند دەتوانێت خوێنەری تازە بەدوای جوانی و دژە واتاو شیعرییەتدا بەرێت.
دواجار ئەگەر خوێنەر بیەوێ‌ گفتوگۆ لەگەڵ بۆچوونی بەرهەمهاتووی ئەو خوێندنەوەیە بكات, ناتوانێ‌ بونیادی دەق فەرامۆش بكات, بە دیوەكەی دیكە لە پرۆسەیە خوێندنەوەدا مەعریفەی دەق ‌و مەعریفەی خوێنەر بەریەكدەكەون و خودی ئەو بەریەككەوتنە رەنگدانەوەی بۆچوونی (بەرهەمهاتوو) و (ئاسۆی چاوەڕوانی تازە) یان (دەقی بەرهەمهاتوو) و (قوتووی بێ‌ سەر) دەخەنەوە.
(6)

قوتوو

قوتوویەكی بێسەرە ماڵەكەمان،
هەندێكجار شەكری تێ دەكرێت و
زۆرجاریش خوێ.

كاتێك خوشكم چووە ناو جلی بووكێنییەوە،
ماڵمان شەكردان بوو
(ناگەینە كۆتایی، شەكردانەكە بەشی خواردنەوەی پیاڵەچایەكیشی تێدا نامێنێت.)

ئەو ڕۆژەی بەلووعەی تانكیی ئاوەكەم لە دەست پەڕی و
خوێن بە دەماری تانكیدا هاتە خوارێ،
قوتووەكە پڕ بووبوو لە خوێ!
دەرمانخانەكان لە جیاتیی دەرمان، بلیتی یانەسیبیان دەفرۆشت
بانگدەر (أكبر)ەكەی (الله)ی قووت دایەوە.

لە ناوەڕاستی ئەم قوتووەدا،
ئاسمان پارچەڕایەخێكی موتفەڕكە، هەڵواسراوە
هەر پەڵەهەورێكی چڵكنی بكەوێتە سەر،
دایكم بە گەسك لای دەبات
(ئەوە دەشارمەوە كە دایكم بە قەرەوێلەیەكەوە نووساوە و پەڵەهەورە چڵكنەكان دەژمێرێ.)

بە سواری گەسكەكە بەسەر قوتووەكەدا دەفڕم
باوكم پێكێك عەرەق هەڵدەدا و
فوو لە فانۆسەكە دەكات
من لە گەسكەكەوە بەر دەبمەوە و
بەناو قاپی جاجیكدا دەكەوم!
تەباغەكە كوژاوەتەوە،
بەشی ساڵێكی دیكە نەگبەتی كوڵاوە.

سەرچاوە: بەرەواژ، شیعر، نارین رۆستەم، زنجیرە بڵاوكراوەكانی كتێبی نووسیار ژمارە (26) چاپخانەی كارۆ، چ 1، ساڵی 2021. ل21,




دەق بۆ حەقیقەت، دەق بۆ چێژ.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

(رووتەختی پێكەوەسازان)

چێژ كۆمەڵە حاڵەتێكی مینتالیتییە، كە مرۆڤ… هەستی پێدەكات و بەرەو خۆشی و كرانەوەی ئەرێنی دەكاتەوە. بنەمای چێژ هەوڵدانە بۆ خۆشی وەرگرتن. بنەمای چێژ لای فرۆید پێچەوانەی بنەمای حەقیقەتە، چونكە حەقیقەت ئارەزووەكان وەدوادەخات. بە مانایەك لە ماناكان بارت دەڵێ‌ چێژی دەق ئەو ساتەیە كە جەستەی (وەرگر/خوێنەر) تێیدا بە فەزا تایبەتییەكانی خۆی دەگات.
ئەگەر چێژی دەق پەیوەندی بە فەزای (وەرگر و خوێنەران)ەوە بێت، رووتەختی بێ‌ بڕانەوەی حەقیقەت چییە؟ ئایا پرسیار لەبارەی حەقیقەت و چییەتی حەقیقەت گرنگی بەوەدەدا كە حەقیقەت لە ئەزموونكردنی ژیانەوە وەدەست دێت؟ یان لە بیركردنەوە و توانای سیاسی و توێژینەوەی زانستی و داهێنانی هونەری و رامانی فیكری و بڕوای ئایینی و عەقڵی وەكیەك و واقیع و ئازادی… وەدەست دێت؟! ئایا پرسیار لە بارەی چێژی دەق تەنها گرنگی بەوە دەدات كە پێیدەڵێن فەزا تایبەتییەكانی وەرگر و خوێنەران؟
هەڵبەتە چییەتی حەقیقەت و چییەتی چێژ لە دەقی هونەرییدا هەموو ئەوانە تێدەپەڕێنن، بەو مانایەش حەقیقەت جیایە لەوەی حەقیقەتە! چێژیش جیایە لەوەی تەنها چێژ بێت. حەقیقەتی دەقی هونەری بەرجەستەكردنی جوانناسانەی چییەتی زمانە. دەقی چێژی هونەریش بەرجەستەكردنی بیركردنەوەی چییەتی زمانە! چییەتی زمانیش سیستمێكی فیكرییە و هەڵگری جوانی و رەنگدانەوەی رەهەندەكانی ژیاری مرۆڤایەتییە. بەڵام زمان هەموو شتێ‌ ناڵێت. جەستە قسان دەكات، شتەكان، مێژوو، توانا فەردی و كۆمەڵایەتی قسان دەكەن، مردن و ژیان بێ‌ دابڕان بە هەزاران شێواز قسان دەكەن، بەڵام زمان هەموو شتێ‌ ناڵێت.
كەواتە پێویستە بزانین لەنێوان ئەوەی حەقیقەت جیایە لەوەی رووتەختی بێ‌ بڕانەوەی حەقیقەتە و چێژ جیایە لەوەی رووتەختی بێ‌ بڕانەوەی چێژە، چییەتی زمانیش جیایە لەوەی زمان هەموو شتێ‌ بڵێت. بەو مانایەش پێویستە (دەقی هونەری) لەنێوان پێكهاتەكانی زمان و بیركردنەوە تایبەتییەكانی (وەرگر/خوێنەر)انەوە، لەنێوان حەقیقەت و چێژ… رووتەختی پێكەوەسازان درووست بكات.
ئایا دەقی هونەری بۆ حەقیقەتە یان پرسێكی چێژئامێزە؟ ئەگەر دەق بۆ حەقیقەت بێ‌، دەبێ‌ مرۆڤ حەقیقەت پەسەند بكات. بەڵام ئەگەر دەق پرسێكی چێژئامێز بێت، ئەوە (وەرگر/خوێنەر) گرنگترە لە بەرهەمهێن! یەكەمیان دەكەوێتە نێو باوەڕی حەقیقەتی هاوبەشەوە، دووەمیان زمانی هاوبەش بەڕێوەی دەبات، بە پێچەوانەشەوە راستە.
كەواتە بۆ ناساندنی دەقی هونەری بۆ حەقیقەت و دەقی هونەری بۆ چێژ، دەبێ‌ بۆ بنەماكانی بیركردنەوە و جوانناسی زمانەوانی بگەڕێینەوە و رووتەختی پێكەوەسازان درووست بكەین. وەك دەزانین هیچ زمانێك لە گوتندا بەبێ‌ ئاماژە نییە، دواتریش مانا… بەڵام زمان وەك مانا دەگۆڕێ‌ بۆ جەستە. دەمەوێ‌ بڵێم جوانی زمان وەك جەستە، دەق دادەهێنێ‌! بەڵام بۆچی هەندێجار بۆ تێگەیشتن لە رەهەندەكانی ئەو جەستەیە چەند جارێك دەق دەخوێنینەوە؟! ئەگەرچی لە جاری یەكەمدا ماناكەی حاڵی دەبین.
لێرەوە بۆمان دەردەكەوێت كۆمەڵێ‌ شتی دیكە لە جەستەی دەقدا هەیە، كە هەر مانا و ئاماژە نییە… لە دەقدا مەعریفەی دەربڕینی بیركردنەوە و مەعریفەی دەربڕینی جوانناسانە ئامادەیی هەیە، بۆنی دەكەین، هەستی پێدەكەین، دەستی لێدەدەین، دەیبسین، گفتوگۆی لەگەڵدا دەكەین…
كەواتە كاتێك زمان وەك مانا و ئاماژە لە جەستەی زیندووی دەقدا دەناسێنین، كاتێك دەق وەك پێكهاتەی جەستە تێكەڵ بە ژیان دەبێت… ئیتر دەبێتە بابەتی خۆشویستن و رق لێبوونەوە، عەشق و گومرایی، حەقیقەت و چێژ… چونكە جەستەكان بەیەكدادەچن و تێكەڵدەبن و كاریگەری لەسەر یەكتر دادەنێن، نەزمی چیگوتن و جوانگوتن گوزارشت لەو ئاماژە و مانایانە دەكەن، كە لە شانەكانی زمانەوانییەوە لە دایك دەبن و بە گوێرەی سەیرورەی دەق و بە گوێرەی رێگایەكی نوێی هونەری رێكدەخرێن و لەو پەڕی ئاماژە و مانادا، لەو پەڕی حەقیقەت و چێژدا… لە رووتەختی پێكەوەسازان دەردەكەونەوە.

رووتەختی پێكەوەسازان
دۆلۆز دژ بە ئارەزووی فرۆیدی، پێیوایە ئارەزوو هەرگیز بۆ لێكدانەوە نییە، بەڵكو ئەزموون دەكرێ‌… بەڵام فرۆید ئارەزوو لە چوارچێوەی خێزاندا قەتیس دەكات، لە كاتێكدا ئارەزوو هەمیشە درووستكەرانەیە و هەرگیز خۆكارانە و یاسایی نییە. دۆلۆز نە بڕوای بە غەریزە ناوەكییەكان هەیە، كە گوایە ئیلهام بە ئارەزوو دەبەخشێ‌، نە وەك دەروونشیكاری فرۆیدی بڕوای بەوە هەیە، كە ئارەزوو (نەقس) بێ‌. چونكە ئەگەر ئارەزوو نەقس بێ‌، ئەوە هیچ رووتەختێكی پێكەوەسازان مومكین نییە، كە دەرفەتی ئەوە برەخسێنێ‌ ئارەزوو بكەن. (رووتەختی پێكەوەسازان) نەقس دەگۆڕێ‌ بۆ مۆركە پۆزەتیفەكەی ئارەزوو، نەك ئارەزوو بگۆڕێ‌ بۆ مۆركە نێگەتیفەكەی نەقس. ئەو بیركردنەوە دۆلۆزییە لەبارەی ئارەزووەوە لە بەشی سێیەم كتێبی (گفتوگۆكان) وەرگێڕانی (هاوار محەمەد) قسەی زۆری لێكراوە.
من دەكەومە ژێر چەمكی (ئارەزووی دۆلۆزی) و (رووتەختی پێكەوەسازان) و دەڵێم “چێژ وەك وێنەی ئەو نەستە دەبینم، كە تێنووەّ. حەقیقەت وەك وێنەی ئەو هەستە دەبینم، كە راخراوە”! بەڵام رێگایەكیش دەبینمەوە لەو لێكدانەوەیە رابكەم، لەوێوە كە چیدی فۆرمەكان بوونیان نییە؟! مەسەلەكە پەیوەندی بە نەخشەی خێراییەكان، چڕبوونەوەكاندایە… مانای جێگیر واتای نەمانی جوولە نییە، بەڵكو ئاماژەیەكە بۆ حاڵەتی رەهایی جوولە، وەك چۆن ئاماژەیە بۆ حاڵەتی رەهای وەستان. ئەوە رووتەختە، جوولە و جێگیری، پەیوەندییەكانی خێرایی و خاوبوونەوە لەنێوان رەگەزە پێكهاتووە تەواو پێكنەهاتووەكاندا دەناسێت.
بەو مانایەش دەشێ‌ حەقیقەت و چێژ سەر بە ئارەزوو بن، وەك چۆن زمان لە نەست رسكاوە. بەڵام دەبێ‌ رووتەختی پێكەوەسازان دامەزرێنن، رووتەختی پێكەوەسازان بخەنە سەر ئاراستەی درووستكردن، ئەگەرنا لە دەرەوەی زمان، یان لە دەرەوەی نەست، نەچێژ هەیە و نەحەقیقەت!. چێژ جەستەیەكی بێ‌ ئەندامە هەرگیز لەگەڵ وەرگر و خوێنەران دژ ناكەوێتەوە، كە بیركردنەوەی تایبەتی خۆیانی تێدا دادەمەزرێنن، یان چێژ دەخەنە سەر ئاراستەی درووستكردن. حەقیقەتیش هەرگیز لەگەڵ پارچەكانی دژ نییە، كە تێیدا دەجولێن و خۆیان لە جیاوازیدا دەنوێنن.
زمان و چێژ و حەقیقەت وەك ئارەزوو ئەزموون دەكرێن. چێژ و حەقیقەت، وەك زمان بنەمایەكی مەعریفییان هەیە. دەقی هونەریش لەسەر بنەمایەكی مەعریفی دادەهێنرێت. بنەمای دەقی هونەری رەگەزەكانی زمانە، زمانیش وەك چۆن ئاماژە و مانا بەرجەستە دەكات، حەقیقەت و چێژیش درووست دەكات! بە دیوەكەی دیكە وەك چۆن چێژ دەشارێتەوە، حەقیقەتیش دەشارێتەوە! لەوێشەوە نوێنەرایەتی پەیوەندییەكی ئاڵوگۆڕئامێزی نێوان نووسەر و دەق، خوێنەر و دەق، فەزای خوێندنەوە و فەزای نووسینەوە، كۆمەڵگا و بازاڕی هونەری دەكات، بەر لەوەی مانا و ئاماژەكان لێكبدرێتەوە، بەر لەوەی مەعریفەی هونەری و هونەری چێژ كەشف بكرێت، پێویستە دەق وەك جەستەیەكی فرە رەهەند و فرە فەزا لە دانوستاندا (وەرگر/خوێنەر) بەرەو خۆی كێش بكات، چونكە هونەری نووسین بە گشتی زانستی خۆشگوتن و فەزای دانوستانی فرە رەنگ درووست دەكات.

دەق وەك جەستەیەكی ئاڵۆز بۆ چێژ
پرۆسەی لە دایكبوونی نووسین پرۆسەیەكی هونەری چڕ و پرسیارئامێزە لە كۆمەڵێك رەهەندەوە لێكدانەوەی دیار و نادیاری بۆ دەكرێ‌! من ئێستا ناچمەوە نێو پێكهاتەكانی زمان و فەزا و رەگەزە هونەرییەكانی دەقەوە. بەڵكو بە كورتی بە ستراتیژی هەندێ‌ لەو هەوڵانەدا دەچمەوە، كە بەرەو دەق و چێژی دەق دەبنەوە، لەوانەش: رۆلان بارت، جۆرج باتای، ماركیز دی ساد.
بارت پێیوایە دەق لە نەستدا لە دایك دەبێ‌ و لە هەستدا دەنووسرێتەوە. ئەو لێكدانەوەیەی بارت لە گوتەزای (نەست وەك زمان رسكاوە)ی ژاك لاكان دەناسێنین. بەڵام باتای بە پێچەوانەوە دەیبینێ‌ و پێیوایە دەق لە رەحمی شێتیدا لە دایك دەبێ‌ و دژ بە دەمارگیرییە. دەشێ‌ رەحمی شێتی باتای ئاڵۆزی زمانمان بیر بخاتەوە! دی ساد راستەوخۆ دەچێتە سەر چێژی دەق و پێیوایە چێژی دەق پەیوەندی بە دژبوونەوەی نێوان باو و ناباوەوە هەیە. دەشێ‌ ئەو قسەیەی دی ساد بە پێشكەوتنی زمان لەنێوان چەمكی پارێزگاریكردنی زمان و پیسكردنی زماندا هەڵبگرینەوە…

چێژی دەق و حەقیقەتی دەق
چێژ بیرۆكەیەكە، دەكەوێتەوە نێوان پارێزگاریكردنی زمان و پیسكردنی زمانەوە. دەكەوێتە نێوان باو و دژە باوەوە… بە گشتی چێژ لەگەڵ كولتوور هاوئاهەنگە. وەك بارت و باتای و دی ساد… قسەیان لێكردووە چیژی دەق وەك چۆن لە خۆدەرخستن و خۆشاردنەوە، جێگیربوون و جێگیرنەبوون، هەست و نەستی زمانەوە گەڵاڵە دەبێت، لە بواری خوێنەر و فەزای خوێندنەوەشدا لە شیكردنەوەی دەروونی و ئارەزووەوە نزیك دەبێتەوە.
كەواتە لەنێوان حەقیقەت و چێژدا، لەنێوان حەقیقەتی سۆسیۆلۆژی و بازاڕی هونەرییدا ئەوە ریتمی تێنووی نەستە، یان رەگەزە دیارەكانی دەقە سنوری چێژ بۆ وەرگر و خوێنەرە جیاوازەكانی دەنەخشێنێ‌! وەك چۆن ئەوە دیتنی پارچەكانی حەقیقەتە، بە رێگای جیاوازەوە وەك هەست كۆمەڵگا دەدوێنێ‌. دەقی چێژ ئەو دەقەیە كە رازی دەبێ‌ هەستی خۆشی بخاتەوە. بەو مانایەش چێژی دەق ئەو ساتەیە كە وەرگر و خوێنەرە جیاوازەكانی لە ساتی خوێندنەوەدا دەكەونە نێو فەزا تایبەتییەكانی خۆیانەوە، لێرەوە بارت دەڵێ‌ بیركردنەوەكانی جەستەم بیركردنەوەكانی من نین. ئەو قسەیەی بارت پەیوەندی بە نەستی زمانەوە هەیە و پەیوەندی بەو حاڵەتە شێتییەوە هەیە، كە باتای دەیخاتە روو، وەك چۆن بەریەككەوتنە باو و ناباوەكەی دی ساد بەشێكی زۆر لە سەرسامی بۆ خۆی دەبات.
بێگومان وەك لەسەرەوە قسەمان لێكرد حەقیقەت قابیلی لێكدانەوەی جیاوازە، حەقیقەت خوێندنەوەی جۆراوجۆری بۆ دەكرێت، وەك چۆن چێژی دەق لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر دەگۆڕێ‌. بەو مانایە جگە لە رووتەختی پێكەوەسازان یاسایەكی گشتیی بۆ خوێندنەوەی حەقیقەتی هونەری و چێژی هونەری نییە.
ئەو دەقە هونەرییەی مایەی چێژە جۆرە هەستێكی خۆشحاڵیمان لەلا درووست دەكات، ئەو دەقە هونەرییەی پارچەكانی حەقیقەتمان نیشان دەدات، هۆشیاریمان پێدەبەخشێ‌ و هۆشیاریش گۆڕانكاری جۆرا و جۆر دەنێتەوە! دەقی هونەری وەك ئامرازێك بۆ چێژ، هەستی خۆشی بە منی (وەرگر/خوێنەر) دەبەخشێ، ناسنامەی (منی وەرگر/خوێنەر)انی تیا بەهێزتر دەبێ. دەقی هونەری وەك ئامرازێك بۆ بەشە جیاوازەكانی حەقیقەت نەستمان بەهێز دەكات و روانینمان بۆ دنیا دەگۆڕێت. هەموو ئەوانەش لە رێگای درووستكردنی رووتەختی پێكەوەسازانەوەیە.

خەیاڵی زمان و زیرەكی دەستكرد
دنیا لەژێر هەژموونی كۆمەڵە و رێكخراوە گەورەكاندایە، بەڵام بنەمای دەقی هونەری و ئەدەبی جیاوازی زمان و خەیاڵ بەڕێوەی دەبات، لەوێشەوە گۆڕینی هۆشیاری، جوانناسی، خۆشی… بەردەوامی و سەیرورە دەخاتەوە. ئەگەر لە دەستدانی باوەڕی هاوبەش، مەعریفەی هاوبەش لە دەستدانی پەیامی حەقیقەتی هونەری بێت، لە دەستدانی زمانی هاوبەش، خوێندنەوەی هاوبەش لە دەستدانی چێژی هونەری لێبكەوێتەوە، پرسیار ئەوەیە ئایا دەقی هونەری وەك ئامرازێك بۆ حەقیقەت نابێتە هەڵگری جۆرە تێگەیشتنێكی ئایدیالیستانە؟ ئایا دەقی هونەری بۆ چێژ لە تێگەیشتنێكی بازاڕی بازرگانی نزیك نابێتەوە؟!
بێگومان داهێنان لە خەیاڵی زمان و جوانی هونەرییدایە، لە خەڵقكردنی دنیایەكی نوێدایە، لە درووستكردنی پەبلیكێكی نوێدایە… كاری داهێنەرانە، جیهان لەگەڵ (وەرگر/ خوێنەر)ە جیاوازەكانی دابەش دەكات. بەڵام زمانیان لەگەڵ دابەش ناكات. ستراتیژی كاری داهێنان بۆ ئەوە نەخشێنراوە تاكو لە رێگای وەرگر و خوێنەرانی داهێنەرەوە كاریگەری بخاتە سەر جیهان.
بە دیوەكەی دیكەش لەپشت ئاراستەكردن و مەبەستە ئایدیالییەكان… سەیرورەی داهێنانی مرۆڤایەتی و پێشكەوتنی تەكنۆلۆژیا و زیرەكی دەستكرد جیهانی دووچاری گۆڕانكارییەكی بەپەلە كردووە. زیرەكی دەستكرد ترادیسیۆنی كاری داهێنان (تكایە بێدەنگ بن نووسەرێك خەریكە دەنووسێت)، دەلەرزێنێ‌. شاراوەكان لە رێگای چاوی شەیتانی زیرەكی دەستكردەوە ئاشكرا دەكرێت. هاككەر دەبێتە راڤەكار! چێژ، حەقیقەت، جوانی… لە ئۆنلاینەوە بوونی خۆیان دەنەخشێنن… بەڵام خەیاڵ دەكەوێتە كوێی زیرەكی دەستكردەوە؟!
بێگومان زیرەكی دەستكرد لقێكە لە زانستەكانی كۆمپیتەر و هاوشێوەی مێشكی مرۆڤ دەتوانێت ئەركەكان جێبەجێ‌ بكات. فەلسەفەی زیرەكی دەستكرد لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، كە ئێمەی مرۆڤ دەتوانین ئامێرێك درووست بكەین وەك خۆمان بیر بكاتەوە، بەڵام خەیاڵكردنی نییە. چونكە خەیاڵی مرۆیی، بەبێ ئەوەی هیچ پێدراوێكی دەمودەست لە هەستەكانەوە بوونی هەبێت، بەبێ ئەوەی هیچ پێدراوێكی دەمودەست لە هەستەكانەوە بێتە بەرهەم یان بە لاساییكردنەوە درووست بێت، خەیاڵە. زیرەكی دەستكرد خەیاڵی نییە!. كەواتە هەرگیز زیرەكی دەستكرد چارەی نەزانینمان ناكات، بەڵكو توانایەكە بۆ گەیشتن بە پێدراوەكانی مەعریفە و چێژ و جوانی… زیرەكی دەستكرد هێز و توانایەكە وێنەی بوونەوەرە جیاوازەكان دەكێشێت، بەڵام مرۆڤ شاعیرانە كەوتۆتە نێو خەیاڵەوە.

هەولێر 12/3/2024

عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا




ئێستای (فەلسەفە/ زانست)، بادیۆ، ژیژەك، هەراری.. خوێندنەوەی عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

لە پشت ناونیشانی سەرەكی ئەو بابەتەوە هەر تەنها ئێستای فەلسەفە و زانست نەوەستاوە، بەڵكو ئێستای تەكنۆلۆژیا و ژیری دەستكرد دەشنێتەوە. بەو مانایەش كاری بیریار و داهێنەر و فەیلەسووفان تەنها تیۆریزەكردنی فیكر و فەلسەفە، زانست و تەكنۆلۆژیا نییە، بەڵكو لە پێناو بنەماكانی ئازادی و جیاوازی، داهێنان و سەیرورە، مرۆڤدۆستی و خۆشبەختی… هەوڵدەدەن دەسەڵاتە ستەمكارەكان بە گشتی تێكبشكێنن و تێڕوانین و جیهانبینی پێشكەوتوو بۆ ژیان و پەیوەندییەكان گەشە پێبدەن.
(1)
ئالان بادیۆ
كۆمۆنیستێكی ماوییە و دەستی لە گریمانەی كۆمۆنیستی گیربووە و لە شاری (ریبات)ی وڵاتی (مەغریب)ی عەرەبی لە ساڵی 1937 لە دایكبووە، چل ساڵە كار لە فەلسەفەدا دەكات و كۆمەڵێك بەرهەمی چاپكراوی بە كتێبخانەی فەڕەنسی بەخشیوە.
پێیوایە فەیلەسووف هەمیشە نامۆیە، چونكە كۆمەڵێك بیركردنەوەی نوێی هەیە، كە بەبێدەنگیی زۆرترین شەڕییان لەسەر دەكات. ئەو كەسە نامۆیە، خەڵكانێك بەرەو كۆمەڵێ‌ كێشەی نوێ‌ رادەكێشێت، بەبێ‌ بانگەشەكردن رازییان دەكات: هەموو ئەو كێشانە گەردوونین.

بیركردنەوە لە رێگای رووداوەوە
نموونەی یەكەم

قسە لە دوو جۆر لە بەختیاری دەكرێت: بەختیاری لە رێگای تووندوتیژی و فرتوفێڵ. بەختیاری لە ریگای راستگۆیی و دادپەروەرییەوە. ئەو دوو جۆرە لە بەختیاری هەژارییەكی گەورەیان لە پەیوەندی حەقیقی لە نێواندا هەیە. بەو مانایەش لە نیوان كەسی بەختیار بە مانا سوكراتییەكە (وەك ئەو كەسەی كە بیر دەكاتەوە) و كەسی بەختیار بە مانا كالیكلیسیەكە (وەك ستەمكارێك كە بە فرتوفێڵ بەسەر ئەویتردا زاڵبووە) … هیچ گفتوگۆیەك بۆ رازایكردن لە نێوانیاندا نییە و گفتوگۆی نێوانیان سەركەوتن و دۆڕان دیاری دەكات… ئالان بادیۆ هەوڵدەدات لەنێوان بەختیاری وەك راستگۆیی و بیركردنەوە و بەختیاری لە رێگای ستەمكاری و فرتوفێڵەوە، پرسیاری فەلسەفە چییە بەرز بكاتەوە؟ بۆ ئەوەش پێویستە بكەوینە (هەڵبژاردن) هەڵبژاردن لە نێوان ئەو دوو جۆرە لە بۆچوون… پرسیار ئەوەیە ئایا دەكەوینە لای سوكرات یان كالیكلیس؟. بادیۆ پێیوایە فەلسەفە بیركردنەوەی هەڵبژاردنە، بڕیاردانە… بۆیە دەبێ‌ راڤەی هەڵبژاردنی بیركردنەوە بكەین، ئایا خەیار – هەڵبژاردن وجودە- بوونە، یان خیار- هەڵبژاردنی فیكرە؟

نموونەی دووەم
كاتێك كە رۆمانییەكان بە سەركردایەتی (مارسیلۆس) وڵاتی یۆنانیان داگیر كرد، لەبەر ئەوەی مارسیلۆس شارەزایی زۆری لە ماتماتیك هەبوو، سەربازێكی وەك پەیامنێر بەدوای (ئەرخمیدس)ی یاخی و داهێنەر و ماتماتیكزانی یۆنانیدا نارد، بۆ ئەوەی بیبینێ‌… ئەرخمیدس ئەو كاتیش هەر سەرقاڵی داهێنانەكانی خۆی بوو، بەردەوام دەچووە كەناری دەریا و لەسەر لمەكەی شێوەی ئەندازەیی و هێل و گۆشە و بیركردنەوە و خەیاڵە داهێنەرەكانی خۆی دەنەخشان، بەدوای سەلماندنی بیردۆزەكانیدا وێڵ بوو… دوای ئەوەی سەربازەكە پێی گووت سەركردە مارسیلۆس داوای بینینی تۆ دەكات، ئەرخمێدس هیچ قسەیەكی نەكرد و هەر خەریكی كێشانی شێوەی ئەندازەیی و بیركردنەوە و خەیاڵی داهێنەرانەی خۆی بوو. سەربازە پەیامبەرەكە قسەكەی دووبارە كردەوە (سەركردە دەیەوێ‌ بتبینێ‌) ئەرخمێدسی یاخی چاوی هەڵێناو گووتی: لێگەڕێ‌ با بیردۆزەكەم بسەلمێنم، سەربازەكە گووتی من كارم بە سەلماندنی بیردۆزی تۆدا نییە، سەركردە داوای بینینی تۆ دەكات، بەڵام ئەرخمێدس بێ‌ ئەوەی وەڵامی بداتەوە هەر لە كاری خۆی بەردەوام بوو، سەربازەكە تووڕەیی دەگاتە ترۆپك و راستەوخۆ شیرەكەی دەردەهێنێ‌ و لە ئەرخمێدسی دەوەشێنێ‌ و خوێنی تێكەڵی شێوە ئەندازەییەكانی سەر لمەكە دەبێ‌ و رەنگی هێلەكانی سوور هەڵدەگەڕێنێ‌. لەو نموونەیە دەردەكەوێت گفتوگۆیەكی كردەیی لە نێوان راستییەكانی دەوڵەت و بیركردنەوەی داهێنەرانەدا نییە، هەمیشە مەسافەیەك لە نێوان دەسەڵات و راستییەكاندا هەیە، مەسافەیەك لەنێوان (مارسیلۆس- سەركردەی رۆمانییەكان) و (ئەخەمێدس- ماتماتكزانی یۆنانی)دا هەیە. بادیۆ لەو خاڵەوە قسە لە فەلسەفە دەكات و دەڵێ‌: ئەركی فەلسەفە پڕشنگ خستنە سەر ئەو مەسافەیە. بیركردنەوەی داهێنەرانە تەنها بە یاسایەكەوە بەندە، جەوهەری ئەو یاسایە دەكەوێتە ناوەوەی داهێنەرەوە، كاتێ‌ لە یاسای بیركردنەوەی داهێنەرانە ورد دەبینەوە، دەبینین ئەرخمێدس دەكەوێتە دەرەوەی كردەی دەسەڵاتەوە، چونكە خەسڵەتی كاتی جیا بۆ سەلماندن ناشێ‌ بكەوێتە حاڵەتە بە پەلەكانی سەركەوتنە سەربازییەكانەوە، لێرەوە تووندوتیژی كاری خۆی دەكات و دەكەوێتە دەرەوەی یاساكانی داهێنانەوە.

نموونەی سێیەم
فیلمێكی نایابی ژاپۆنی هەیە، دەرهێنەرەكەی (میزۆگۆشی)یە، فیلمەكە بە ناونیشانی (دوو عاشقی لە سێدارەدراو) یەكێكە لەو فیلمە جوانانەی كە هێلە نەمرەكانی خۆشەویستی دەنەخشێنێ‌. بە سادەیی چیرۆكەكەی بەمشێوەیەیە: رووداوی فیلمەكە لە سەردەمی كلاسیكی ژاپۆنییەوە روویداوە. كچێكی لاو مێرد بە خاوەنی كارگەیەكی بچووك دەكات، خاوەنی كارگەكە ژیانێكی باشی هەیە و پیاوێكی راستگۆیە، بەڵام كچە لاوەكە ئەوی خۆشی ناوێت و دەست لەگەڵ لاوێك لە فەرمانبەرەكانی مێردەكەی تێكەڵ دەكات. لەو زەمەنەشدا سزای ژنی خیانەتكار مردن بووە، دواجار هەردوو خۆشەویست بۆ گوندێك رادەكەن. لەو كاتەدا مێردی ژنەكە، هەوڵدەدات هەردووكیان بپارێزێت، بەوەش دەیسەلمێنێ‌ كە ژنەكەی خۆی خۆشدەوێت… بەكورتی دواجار خۆشەویستەكان دەگیرێن و دوا وێنەی بەر لە مردنیان زەردەخەنەیەكە، ئەوان بە زەردەخەنە و دوور لە بێزارییەوە بەرەو مردن دەبنەوە. لێرەدا وشەی (زەردەخەنە) تەنها میتافۆرە و دەلالەت لەوە دەكات، كە هەردووكیان بە تەواوی یەكتریان خۆش دەوێت. دوا پەیامی فیلمەكە پێماندەڵێت: خۆشەویستی بەر لە مردن دەگرێت.
(ژیل دۆلۆز قسەیەكی مالرۆ وەردەگرێ‌ كە دەڵێ‌: هونەر بەرگریكردنە لە مردن، بادیۆ دەڵێ‌ ئەو قسەیە بەرەو ئەو بیركردنەوەیەمان دەبات كە بڵێین خۆشەویستیش بەرگریكردنە لە مردن. چونكە سەر لە نوێ‌ رووبەرووبوونەوەی ئەوەیە، كە كۆتایی نایەت، خۆشەویستی پەیوەندییەكە بە بێ‌ پەیوەندی! لە نێوان رووداوی خۆشەویستی (بوون سەرەوژێر دەبێتەوە) هبچ یاسایەكی ژیان (یاسای شار، یاسای هاوسەرگیری) نابنە پێوانەی خۆشەویستی! خۆشەویستی رووداوە، ئەوەش فەلسەفەیە.
كەواتە ئەركی فەلسەفە لای بادیۆ (مامەڵكردنە لەگەڵ هەڵبژاردن) (مامەڵكردن لەگەڵ مەسافە) (مامەڵەكردن لەگەڵ جیاوازییەكان -رووداوەكان). فەلسەفە مانا بە ژیان دەبەخشێت، هەر تەنها لقێك نییە، لە مەعریفەی ئەكادیمی، بەڵكو پشكنینی پەیوەندی نێوان هەڵبژاردن و مەسافە و مامەڵەكردنە لەگەڵ رووداو.
(2)
سلاڤۆی ژیژەك
ساڵی 1949 لە لوبلیانای سڵۆڤنیا لە دایكبووە. ئەو ماركسییەكی ئاڵۆز و ڕەخنەگری كولتورییە، لە جیهاندا وەك فەیلەسوفێكی ناوازە سەیر دەكرێت، لە سۆسیالیزمی سەربەخۆی یۆگسلاڤیای پپشوودا گەورەبووە. ساڵی 1981 پلەی دكتۆرای ئایدیالیزمی ئاڵمانیی لە لوبلیانا وەرگرتووە.

فەلسەفە دیالۆگ نییە

ژیژەك دەڵێ‌ فەلسەفە گفتوگۆ نییە، یەك نموونەم لە گفتوگۆیەكی سەركەوتوو بدەیە، كە بە بەدحاڵیبوون كۆتایی نەهاتبێت. ئەرستۆ هەرگیز بە راستی لە ئەفلاتوون نەگەیشتووە، هیگل لە كانت نەگەیشتووە، هایدگەر لە بنەڕەتدا لە هیچییان نەگەیشتووە… كەواتە هیچ دیالۆگێ‌ لە ئارادا نەبووە.
كاتیگۆری سەرەكی فەلسەفەی (كلاسیك) بریتییە لە حەقیقەت… لای (دیكارت- 1596- 1650) هۆش تاكە سەرچاوەی زانینە لە گومانبەدەرەكانە و (كانت- 1724-1804) لە رێگای رەخنەگرتنەوە ئەنەتۆمی زانین دادەمەزرێنێ‌. هۆش و هەست لای كانت تەواوكەری یەكترن و بیرەكانمان بەبێ‌ ناوەڕۆك پووچەڵن. فەلسەفەی (هیگڵ- 1770-1831) لەسەر لۆجیكی دیالێكتیكەوە بەڕێوەدەچێت.
ژیژەك زۆر بە كورتی دەڵێ‌ لە كۆمەڵگای ئێمەدا رۆڵی شیانەیی فەلسەفە زنجیرەیەك هەڵوێستی تەواو ساختەیە، واقیعێكی دروستكراوی درۆینەیە، هەر لە فەلسەفەی دەوڵەتی كانتی نوێ‌، سۆفیگەرایی نوێ‌، دوای تازەگەری، هەموو ئەوانیدیكەش… خراپتر لەوانەش تەئویلی ئەخلاقی دەرەوەی فەلسەفەیە، ئەو لوژیكەی ئەفلاتوون دەڵێت: (من فەیلەسووفم، من راستیم) رێڕەوێكی میتافیزیكی گەورە دادەهێنێ‌، هەرچۆنێ‌ بێ‌، ئایا لە سەرەتادا كێ فەلسەفەی بەو پێوەرە كارەساتئامێزە خستۆتەڕوو؟ دەبێ‌ دژی ئەو كارەساتانە تێبكۆشین… من مرۆڤێكی باشم و بایەخ بە هەموو كارەساتەكانی جیهان دەدەم. دریدا لە ناوەڕاستی كتێبی (تارماییەكانی ماركس) كە هەرگیز كتێبێكی فەلسەفی نییە، بە شێوەیەكی زۆر لاواز كارەساتەكانی ئەو جیهانەی لە (دە) خاڵدا رێزكردووە. ئەوە هەژاری بیركردنەوەیە، هەموو كارەساتەكانی دنیا لە: بێكاری، هەڵاتن لە فێربوون و مانەوەی بەبێ‌ پارە، باندی تریاكی، هەژموونی دەستبەسەرداگرتن، هۆیەكانی راگەیاندن… هتد، ببینیتەوە. ئەو بۆچوونە هی كەسێك نییە فەیلەسووفێكی گەورە بێت، بەڵكو هی كەسێكی عاتیفییە. چونكە لە بنەڕەتدا حەقیقەتی فەلسەفی بریتییە لە كەلێن‌‌.

كەواتە رۆڵی فەلسەفە چییە؟

كاری فەیلەسوفان لای هیگل دۆزینەوەی نهێنی جیهانە. بەڵام فەلسەفە دەگمەنە. ژیژەك دەڵێ‌ ئەو قسەیە دووچاری نێودژییمان دەكاتەوە، چونكە نەك هەر دەگمەن نەبووە، بەڵكو لە قۆناغەكانی داهێنانیشدا زۆر لەو ئاستەی ئێستای نزمتر بووە. چونكە كە دەڵێین فەلسەفە دەگمەنە، پێویستە رۆلی فەلسەفە بە شێوە سرووشتییەكەی هەر تەنها فەلسەفە بیبینێ‌! راستی فەلسەفە بەو مەسەلەیەوە پەیوەستە…
هەتا لە سەدەی نۆزدەشەوە لە زۆر وڵاتدا وەك هەنگاریا، پۆلەندا… ئەدەب رۆڵی فەلسەفەی بینیووە، بۆ نموونە ئەو جیهابینییە فەلسەفی و ئایدیۆلۆژییەی لە بزووتنەوەی نشتیمانیدا دەردەكەوێت، تا پلەیەكی گەورە لە كۆماری ئەدەب وەرگیرابوو. جگە لەوە لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ نموونە لە 99% (نەوەد و نۆ لە سەد) شتێك بە ناوی فەلسەفەی كیشوەری- كۆنتیننتال-بوونی نەبووە ((بەڵام دواتر ئەو فەلسەفەیە لقی زۆری لێبۆتەوە وەك بونیادگەری، دوای بونیادگەری، تیۆری شیكردنەوەی دەروونی، تیۆری ئەدەبی -قوتابخانەی فرانكفۆرت-…)) لەبری فەلسەفەی كۆنتیننتالی، بواری لێكۆڵینەوەی رۆشنبیری لە بەشەكانی زمانەكانی ئینگلیزی، فڕەنسی، ئەڵمانی، ئەوە بووە، كە تۆ بۆ ئەوەی هیگل، یان بادیۆ… بخوێنیت، دەبوایە ئەدەبی بەراوردكاری هەڵبژێریت… بەڵام ئەگەر بتەوێ‌ لێكۆڵینەوە لە مێشكی جورجێكدا بكەیت و تاقیكردنەوە لەسەر ئاژەڵان بكەیت، دەبوایە روو لە كۆلیژی فەلسەفە بكەیت. ئائەوەیە نێودژییەكەیە! هەر ئەوەندەش نا هەندێجار فەلسەفە شوێنی مەعریفەی دیكەی گرتۆتەوە، بۆ نموونە كاتێك شیوعییەت هەرەسی هێنا، فەلسەفە شوێنی بەرەنگاری یەكەمی گرتبۆوە، ئەو كات فەلسەفە لە هەموو كاتێك سیاسیتر بوو. بەڵام دەبێ‌ بزانین هەرگیز ئایدیۆلۆژیا ناتوانێت ناكۆكییەكانی خۆی لە دەرەوەی خۆیدا ببینێت. كەواتە گومانكردن لە خودی فەلسەفە، فەلسەفەیە.
هەر چۆنێ‌ بێ‌، دەبێ‌ دان بەوەدا بنێین، كە فەلسەفەی ئەڵمانیای مەزن جگە لە فەلسەفە بە هیچ جۆرێك هیچی دیكە نییە! بەڵام دەشزانین فەلسەفەی ئەڵمانی بەدیلی شۆڕش بوو… ئەوە خودی گرفتەكەیە، ئەو دوو شتە بەیەكەوە نابێت، دەبێت بزانین هەرگیز مەرجی بوونی فەلسەفەی ئەڵمانی پەیوەندی بە شۆڕشەوە نەبووە. وەك چۆن هەرگیز سەرمایەداری كە مرۆڤی جیهانی سێیەم دەكاتە قوربانی بەرژەوەندی ئابورییەكانی خۆی، مەرجی بوونی ماركسیبوون نییە، لە ململانێی نێوانیاندا ماركسییەت لە دژی سەرمایەداری بەردەوام مرۆڤی جیهانی سێیەم دەكاتە قوربانی كینەی نێو مێشكی خۆی.
لە كۆتاییدا قسەی من ئەوەیە: خەون بە بوونی فەلسەفەیەكی سرووشتییەوە نەبینین. هەمیشە فەلسەفە دەرچوونە لە سرووشتی بوون بە بێ‌ ئەوەی لە ململانێ‌ دابێت. بەمجۆرە دەتوانین تیۆرەكەی بادیۆ و تێزەكەی لەبارەی هەڵومەرجی فەلسەفە بە شێوەیەكی ئاشكرا بخوێنینەوە، كە دەڵێ‌ فەلسەفە، بە پێناسە، زیادەیە، هەڵبەتە، وەك پیت، لەگەڵ مەرجێكی دەرەوە و لە رێگای تەنها پەیوەندی زیادەی خودێكی عاشق، یان سیاسی، یان زانستی، یان هونەری، دەبێت.
رەخنەیەكی دیكە هەیە، ئەگەرچی زۆر خۆشەویستانەیە، بەڵام من و بادیۆ هەڵسەنگاندمان بۆ كانت جیاوازە و رەنگە هیچ هاوگونجانێكمان لە نێواندا نەبێت. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو شتە نێگەتیفانەی لەبارەی كانتی نوێوە گوتوومە، شتێكی دیكەمان لای كانت بۆ مابێتەوە، دەزانی چییە؟ هەموو ئەوەی لە فەلسەفەكەیدا كێشم دەكات، مرۆڤدۆستی و رێزگرتنە لە مرۆڤە كە كانت ئاماژەی بۆ دەكات. ئایا رێزگرتنی مرۆڤ سەرەتای فەلسەفە نییە؟ ئەوەی دەمەوێ‌ سەرنجی ئێوەی بۆ رابكێشم ساتەوەختی رێزلێگرتنە، كە زۆرتر لە كاتی سەفەر و كۆچكردندا دەردەكەوێت، لە وڵاتانی بێگانەدا، بەمجۆرە فەلسەفە وەك ئەوەی هایدگەر دەیەوێت پێمانبڵێت هەر لە سەرەتاوە گوتاری ئەو كەسانە نییە، كە لە وڵاتەكەیاندا هەست بە دڵنیابوون دەكەن. بەڵكو تا رادەیەكی زۆر فەلسەفە لە بەهەرەسهێنانی كۆمەڵگای ئۆرگانییەوەیە. دەتوانین مرۆڤدۆستی و رێزگرتنی مرۆیی لای دیكارتیش بدۆزینەوە. دیكارت رابەری فەلسەفەی نوێ‌ سەر بە فێرگەی هۆشەكی، لە بەشی دووەمی گوتار لەبارەی میتۆدەوە، سەرنجێكی مەزن دەخاتە روو، لە بارەی ئەوەی ئێمە تەنها بە دۆزینەوەی هیومانیزم وەك دابونەریتی ئەویدیكە دڵمان بە كۆچ ئاو ناخواتەوە، بەڵكو رۆشنبیری خودی مرۆڤیش لە رێزگرتنی مرۆڤی غەریبە كەمتر نییە. ئەوە بە بڕوای من خاڵی سفری فەلسەفەیە، هەموو فەیلەسوفێك ئەو ساتەی كۆچكردن بونیاد دەنێت.
كانت لەنێوان دوو چەمكی بەكارهێنانی (گشتی عەقڵ) و بەكارهێنانی (تایبەتی عەقڵ)دا جیاوازی دەكات، ئەوەی كانت بە بەكارهێنانی تایبەتی عەقڵ ناوی دەنێت، پەیوەستە بە كاری فەرمانبەرانی مەدەنی لە دامودەزگاكانی دەوڵەتدا. بەڵام ئەوەی پێی دەگوترێت گفتوگۆی رۆشنبیری، بەكارهێنانی گشتی عەقڵە. وەك من تێگەیشتبم مەبەست لە تایبەتمەندی یەكەم ساتەوەختی چەسپاندنی كۆمەڵگایە. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەوانە فیكرەی كانت ئەوەیە، كە ئێمەی رۆشنبیران بە شێوەیەكی تاكگەرایی لە شوێنكەوتەی گەردوونیدا بەشدار بین، لە بەیەكگەیشتن لەنێو گەردووندا. ئەوە فەردانیەتە بەشداری راستەوخۆی لە گەردوونگەراییدا هەیە. بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە دەتوانێ‌ چی بكات؟ توانای چ كارتێكردنێكی هەیە؟ دەستەواژەی تاكگەرایی ئاماژەیە بۆ هزر، بیركردنەوە و تێڕوانین و كۆمەڵێ‌ هەڵوێستی رەنگاوڕەنگ كە شێوەی هاوبەشییان قبوڵكردنی رەسەنایەتی و سێنتەربوونی تاكە. بەمجۆرە فیكرەی بوون لە رێگای رێكخستنی دیاریكراوەوە گفتوگۆیەكی رۆشنبیری دەنێتەوە. لێرەدا پەیامی جەوهەری فەلسەفە دەڵێت: دەتوانیت راستەوخۆ بەبێ‌ دیاریكردن بەشداری لە جیهاندا بكەیت، دەكرێ‌ بڵێن ئەوە گرنگی گۆڕانكارییەكانی دوایین قۆناغی تێزی رۆشنبیرانەیە، بەو مانایەش فەلسەفە جۆرە جەوهەرێكی كارا و چالاكی هەیە.

گفتوگۆی نێوان بادیوۆ و ژیژەك

بادیۆ: سەرەتا رەخنەگرتن لە كانتی نوێ‌، یان كانتی ئەكادیمی، كە زێتر لە دە بۆ پانزە ساڵە بۆی دەگەڕێمەوە، لە دوو سەرنجدا كورت دەكەمەوە، یەكەم، سرووشتی مرۆییبوونی فەلسەفە، ئەی چۆن مامەڵە لەگەڵ نامرۆییبوونی دەكات؟ خوا، بێكۆتایی، رەهایی… ئەوەی لە فڕەنسا بە (نامرۆییبوونی تیۆری) ناو دەبرێت. (مرۆڤ) بونیادێكی ئایدیۆلۆژی و مێژوویی بۆ خۆی دیاریكردووە. من پێموایە فەلسەفە هەر لە ئەفلاتوونەوە رووبەڕووی نامرۆییبوون بۆتەوە. فەلسەفە خۆی دەچەپێنێت. فەلسەفە كاری خۆی لە نامرۆییبوون و چەپاندندا دەبینێتەوە.
سەرنجی دووەم، كاتێ‌ باسی تاكگەرایی گەردوونی لای كانت دەكەین. تۆ راستی، چونكە زۆر لە فەیلەسوفان باسی بەشداری راستەوخۆی تاك لە گەردووندا دەكەن، بێ‌ ئەوەی باسی تایبەتمەندی رۆشنبیرییەكان، نەتەوەییەكان، جیاوازییە رەگەزییەكان… بكەن. ئەمڕۆ بەردەوام پێماندەڵێن تایبەتمەندی گرنگە، رێزگرتنی تایبەتمەندی بنەمایە. من لەگەڵتدا هاوڕام و دەبێ‌ ئێمە دژی ئەو شێوەیە كۆنەپەرستییەی تایبەتمەندییە رۆشنبیرییەكان ببینەوە. بەڵام دەبێ‌ ئەوەش بزانین كە پەیوەندی راستەوخۆی تاك و گەردوون، شتێكی نامرۆیشی تێدایە، ئەگەر گەردوونگەرایی تەنها لە پێدراوە مرۆڤییە ئاساییەكەدا كورت بكەینەوە، ئەوە ناتوانین بەرگری لە نامرۆییبوونی بكەین.
لای كانت پەیوەندی راستەوخۆی نێوان تاك و گەردوون بە ساتەوەختێكەوە بەندە، كە مرۆڤ دەخاتە ئاستێك لەسەرووی مرۆڤەوە. ئەو تیۆرە لە بارەی سنوری مرۆڤ و عەقڵ گەورەی كانت دەنوێنێ‌. بەڵام ئەمڕۆ هیچ هێزێكی حەقیقی نییە بەرامبەر بێكۆتاییبوونی عەقڵی زانستی (واتە بەرامبەر هەڵكشان بەرەو داڕمان، بەرامبەر پێشكەوتنی ئامرازەكانی تەكنۆلۆژیا و زیرەكی دەستكرد…) تەنها ئەوەیە كانت فیكرەكانی بە رادەی عەقڵ كۆ كردۆتەوە. ئایا بێكۆتاییبوون چارەنووسی مرۆڤە؟ پرسیاری حەقیقی ئەوەیە، ئایا بێكۆتایی چ مانایەكی بە فەلسەفە دەدات؟ (بە قسەی “هەراری” ئەمڕۆ داهێنانە نوێیەكان هەموو ئەو هاوكێشانەیان بەتەواوی گۆڕیوە، ئێستا زیرەكی دەستكرد توانای باڵادەستی رەهای هەیە…)
ژیژەك: من تەواو لەگەڵت هاوڕام، چونكە مرۆییبوون بەو شێوە تەنها لەگەڵ نامرۆییبوون دەردەكەوێت، بە مانا گەردوونییەكەی و بە شێوەیەكی راستەوخۆ نامرۆییبوون تاكە هۆكارێكە بۆ مرۆییبوون. كانت لە رەخنەی عەقڵی پەتی جیاوازی لە نێوان حوكمی نێگەتیف و حوكمی بێكۆتایی دەكات. با بەشێوەیەكی سادە بڵێین حوكمی نێگەتیف ئەو حوكمەیە كە وەك پشتپێبەستن نكۆڵی لە خود دەكات، حوكمی بێكۆتایی بە شێوەیەكی نێگەتیف پشت بە خود دەبەستێت. حوكمی نێگەتیف وەك ئەوەیە بڵێین (رۆح فانی نییە). حوكمی بێكۆتاییش وەك ئەوەیە بڵێین (رۆح نەمرە). ئایا ئەوە بەرەو كوێمان دەبات؟ رەنگە رۆمانە ترسناكەكان یارمەتیمان بدەن، ئێمە لە مردوو دەگەین. دەزانین بەڕاستی مانای مردن چییە، مردن مردنە، كە دەڵێین ئەو كەسە مردووە بە سادەیی واتە زیندوو نییە. بەڵام ئەو كەسە نەمردووە، وەك ئەدەبی ترسناك دەیڵێت، ئەوە بەو مانایە نییە كە هێشتا زیندووە، ئەوە مردووە، بەڵام لە حاڵەتی ئاساییدا نییە: بەڵكو مردوویەكی زیندووە. ئەوە دنیایەكی نوێ‌ دەكاتەوە، من پێموایە ئەو نەمردووە بۆ خۆی ترانسندنتاڵی كانتییە. بێگومان بە دیاریكراوی نە بە مانای مرۆیی نە بە مانای گیانداری، ئەوە ئادەمیزادی نییە، بەڵكو زیادەی مرۆییە. بەڵام دەمەوێ‌ بڵێم زانست یاری زمانەوانی نییە.
بادیۆ: كێشەی فەلسەفە وەك زۆربە پێیانوایە بە شێوەیەكی بنەڕەتی پەیوەندی بە رەخنەوە هەیە. بەو مانایەش كە دەڵین ئەركی فەلسەفە نێگەتیف دەكەوێتەوە: ئاماژەكردنە بە گومان، رۆحی رەخنەیی و هەموو ئەوانیدیكە. بە راستی دەبێ‌ ئەوانە بسەلمێنێ‌. بەڵام سەلماندن نییە؟ چونكە ئەگەر دەستی لە نێودژییەك وەردا، یان ئەگەر چووە نێو پەیوەندییەكی ناپەیوەندییەوە، ئەوە دەبێت چوارچێوەیەكی نوێی فیكری بخاتەوە بە هەموو هۆكارەكانییەوە، بەمجۆرە دەتوانێ‌ بیركردنەوەیەكی نوێ‌ بۆ نێودژی بخاتەڕوو. كەواتە رەگەزی دیاریكراو بۆ كاری فەلسەفی، نەسەلماندنە. ئەوە خاڵێكە لەگەڵ (دۆلۆز) لەسەری هاوڕام، كاتێ‌ دەڵێت لە جەوهەردا فەلسەفە بونیادنانی چەمكە.
پێویستە (نامرۆییبوون) تێبگەین، وەك ئەوەی رەگەزێكی چەمكی سەلماندن بێت، كە مرۆڤ لە رێگای كۆچكردنی مرۆڤەوە بیری لێدەكاتەوە. هەمیشە مەسەلەی كۆچكردنی مرۆڤ پێشتر خۆی دەسەلمێنێ‌، وەك ئەوەی پەیوەندی ناوەكی پەیوەندی بێ‌ لە نێوانی مرۆییبوون و نامرۆییبوون، نەك نەمری مرۆڤ.
ژیژەك: من گومانم لە هاوڕابوون هەیە، ئێمە لە رەشبینی رەخنەی پاش تازەگەرییەوە هاوڕاین، بە تایبەتی فۆكس خستنە سەر نامرۆییبوون، لە ئایدیۆلۆژییەكانی دوای تازەگەری نامرۆییبوون زیادەیەكی ترسێنەرە و دەبێ‌ لێیدووركەوینەوە.
میتۆلۆژیایەكی ترسناك لە بارەی ئاگرەوە هەیە، كە پێویست ناكات زۆر لە ئاگر بچینە پێشەوە، بەڵكو دەبێ‌ راستی ئەو مەسافەیە بپارێزین، ئەو بیركردنەوەیە وەك ئەوەی لای (ئادگار ئالان پۆ)ش هەیە، ئەوەیە كە ئێمە لە گوێی خەرەندین و پێویستە ئەو مەسافە گونجاوە بپارێزین: نەك بۆ ئەوەی بە ئارەزووی خۆمان كارەكانمان راییكەین، وەك ئەوەی شەڕی رادیكالی لە ئارادا نەبێت، بەڵكو بۆ جەختكردن لەوەی كە بۆ شەڕ راتناكێشێت. هەڵبەتە ئەوەش تەواو پێچەوانەی نامرۆییبوونە: نامرۆییبوون بۆشاییەكە بۆ دووبارە پێناسەكردنەوە.
لەبارەی نێودژییەوە نموونەیەكت بۆ دەهێنمەوە: یەكێك وێنەیەكی تاریكی لەسەر كارەساتی كۆمەڵگا كێشابوو، لە هەمان كاتدا گوتووبووی هەموو بەدیلێك بۆ ئەو حاڵەتە، بەدیلێكی خراپتر دەبێت. ئەوەش نێودژییە لە بارەی بیركردنەوەی نێگەتیف.
بادیۆ: دەمەوێ‌ زۆر بە سادەیی بڵێم رێگای جۆراوجۆر هەیە، بۆ قسەكردن لەسەر ئەو نێودژییە. ئەوەی گرنگە ئەوەیە، فەلسەفە چۆن ئەو كێشانە بەرجەستە دەكات. وەك دەزانین ئەوە رەخنەیە لە شێوازی دیموكراتییەت. ئەوە جەوهەری كێشەكەیە، ئەوە لە دانپێدانان قوڕسترە.
ژیژەك: واپێدەچێت دراوسێی حەقیقی ئەو دراوسێیە بێت، كە مردووە، ئەوە بەكارهێنانی دراوسێیە بە شێوە سیاسییە راستەكەی، ئەوەی دەڵێ‌ دراوسێكەت خۆش بوێت، وەك چۆن خۆت خۆشدەوێت. با لە خۆمان بپرسین لێكبووردن مانای چییە، كاتێ‌ لە نێو كۆمەڵگای خۆرئاوایی هاوچەرخ پرۆسیسەی دەكەین؟ ئێمە تەواو پێچەوانەی دەبینین: لاقە نەكەیت. چونكە لاقەكردن بە شێوەیەكی بنەڕەتی كلیلی وشەكانە: لە ئارەزووەكانت دەترسێم، زۆر لێم نزیك نەبیتەوە. واتە ئەگەر زۆر تەماشای یەكێك بكەیت- ئەوە لاقەكردنی بینینە، ئەگەر قسەیەكی ناشیرین بە یەكێك بڵێیت – ئەوە لاقەكردنی زارەوەییە. بێگومان ئەوە شێوازێكی دیاریكراوی لێكنەبووردنمان بۆ دەكێشێت: لێكنەبووردن بەرامبەر ئەویدیكە.
(3)
ئێستای مرۆڤ
یۆڤاڵ نوح هەراری

بیریار و مێژوونووسی بەناوبانگی ئیسرائیلی (یۆڤاڵ نوح هەراری) ساڵی 1976 لەدایكبووە، ساڵی 2002 بڕوانامەی دكتۆرای مێژووی لە زانكۆی ئۆكسفۆرد‌ بەدەستهێناوە. باسەكانی هەراری و بادیۆ و ژیژەك یەكتر دەبڕن و بەر یەك دەكەون، بەڵام پشت بە شارستانیەت دەبەستن… هەراری وەك ژیژەك و بادیۆ باسی فەلسەفە لە ئێستادا ناكات، ئەو باسی داهێنانەكانی مرۆڤ و تەكنۆلۆژیا و هاوكێشەكانی لۆگاریتم و ماتریكس دەكات و جگە لەوە فەلسەفەش وەك یەكێك لە گێڕانەوەكان دەژمێرێت.
یەك دنیا گومان و ڕامان و پرسیار لە بارەی گێڕانەوەكان و ژیان و مرۆڤ و هەڵسوكەوتەكانی مرۆڤ بەرجەستە دەكات، سەبارەت بە هاوكێشە دژیەكییەكانی نێوان ژیری، لە بەردەوام بوون شتگەلێك دەخاتە ڕوو (جێگای سەرسامیین) لە پاراستنی جۆری مرۆڤ و هەوڵدان بۆ لەناوبردنی ئەستێرەی زەوی. بە خوێندنەوەی بیركردنەوەكانی دەكەوینە بیركردنەوە لە داهاتووی مرۆڤایەتی كە ئاخۆ ڕادەی ژیریی مرۆڤی بۆ (مانەوەی مرۆڤ) دەستدەدات. (هەراری) ئاماژەی بۆ دەكات، یان ئیتر بۆ (مانەوە) پێویستمان بە جۆرێك لە مرۆڤی باڵایە، كە جێگا بەو مرۆڤەی ئێستا لێژ بكات؟ شارستانییەت لە قۆناغی جیاوازدا پێناسەی جیاجیای بە مرۆڤ بەخشیووە … پرسیار ئەوەیە ئایا “نامرۆڤ – inhuman” یان وێنە تەكنۆلۆژییەكانی مرۆڤ لە چەشنی ڕۆبۆتەكان و زۆمبییە… واتای مانەوەی مرۆڤ دەگەیەنێت؟.
یوڤاڵ نوح هەراری دەڵێ‌: ژیان گەیشتۆتە ئاستێك، ئیتر بەبێ ویستی مرۆڤ، مرۆڤ بەرەو داڕمان هەڵدەكشێ‌. هەروەها گومان دەخاتە سەر كۆی رەنگاوڕەنگی گێڕانەوەكان (بە فەلسەفەشەوە) كە خۆیان لە چەند هەزار ساڵێك دوورتر نابیننەوە و هیچ لێكدانەوەیەكشیان بۆ ملیارەها ساڵ نییە. ئەو پێیوایە ئەو هەموو گێڕانەوانە بێ ئاگان لە پێشینە مرۆڤایەتییەكان و زەوی و هەسارەكانی دیكە. دەڵێ‌ ئێمە بەهۆی پێشكەوتنی ئامرازەكانی تەكنۆلۆژیا و زیرەكی دەستكردەوە، لەبەردەم جیهانێكی مۆدرێنی جیاوازداین. ئیتر داهێنانە نوێیەكان هەموو ئەو هاوكێشانەیان بەتەواوی گۆڕیوە و ئێستا زیرەكی دەستكرد توانای باڵادەستی رەهای هەیە… ئەوەی هەراری دەیڵێت ئێستای ئایین و فەلسەفە و سیاسەت و ئایدیۆلۆژیا و ئەدەب و… گێڕانەوە گەورەكان نییە، بەڵكو ئێستای زیرەكی دەستكرد و داهێنانە زانستییەكانە.
لە كتێبی (هۆمۆ دیوس)دا دەڵێ: مرۆڤ بە درێژایی مێژوو بە سێ كێشەی گەورەدا تێپەڕیووە؛ یەكەمیان: (برسێتی) دووەمیان: (نەخۆشی) سێیەمیان: (جەنگ). بەپێی داتاكانیش ئێستا مرۆڤ، بە سێ شێوە كۆنتڕۆڵی ئەو سێ كێشەیەی كردووە: یەكەمیان: (قەڵەوبوون)، كە ترسناكترە لە برسێتی. دووەمیان: (نەخۆشی شەكرە) كە ترسناكترە لە تیرۆر و جەنگ. سێیەمیان: (بەساڵاچوون)، كە هۆكارێكی سەرەكییە بۆ مردن.
دوای ماوەیەكی زۆر مرۆڤ بە چڕی هەوڵیداوە بەرەو (نەمری) و (خۆشبەختی) و (ژیانێكی نەرم و گەرمی خواوەندئاسا) هەنگاو بنێ. لە دوای هەموو ئەوانە ئامانجەكانی مرۆڤایەتی گەیشتنە بە (نەمری) و (خۆشبەختی) و (خوداوەندێتی). یەكەم بە هۆی داهێنان و دروستكردنی هەموو ئەندامەكانی لەشی مرۆڤ، بەشێوەیەكی باشتر لەوەی هەیبووە. دووەم: خۆشبەختییەكی گەورە، بە هۆی نەخۆشنەكەوتن و ماندوونەبوون و بێزارنەبوون و دڵتەنگنەبوون و پیرنەبوون… سێیەم: خوداوەندێتی، بە هۆی بەستنەوەی مێشكی مرۆڤ بە ئامێری زیرەكی دەستكرد و نازیرەكەكان و دەستگەیشتن بە هەموو شوێن و شتێ بە هۆی دانانی كامیراوە.

خوێندنەوەی عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا
هەولێر 5/1/2024


سەرچاوە:
1- الفلسفە فی الحاچر- الان بادیو وسلافوی جیجك
سحب وتعدیل: علا‌و بریك هنیدی، تحریر: بیتر انغلمان
ترجمە وتقدیم: یزن الحاج.
دار التنویر للگباعە والنشر- لبنان: بیروت گ1 2013.
2- الانسان الاله_ تاریخ وجیز للمستقیل_ یوفال نوح هراری.
ترجمە: حمد سنان الغیپی وصالح علی الفلاحی.
3- ٢١ وانە بۆ سەدەی 21. یۆڤاڵ نوح هەراری.
وەرگێڕانی لە فارسییەوە ئاری رەشید.
چاپی دووەم، تەمموزی 2022، دەزگای رۆشنبیری جەمال عیرفان.




دیتراو/ وسبەلێكراو لە كۆمەڵە شیعری (وەرە لە باخ پێتدەڵێم)ی حەسەن هەندرێنی.. خوێندنەوەی عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

ناونیشانی ئەو خوێندنەوەیە ناكەوێتە نێوان دووالیزمەكانی دیتراو/ نەدیتراو، گوتراو/ نەگوتراو… هتد. بەڵكو (گوتاری دیتراو) لەو خوێندنەوەیەدا هونەری رووداوی دیتراوی جوولاو دەنوێنێ‌، دەلالەت لە بە زەمەنكردنی (حیكایەتە گەورەكان) دەكات. بەڵام (گوتاری وسبەلێكراو) هونەری كێشانی تابلۆی بێدەنگیی دەنوێنێ‌، دەلالەت لە زەمەنی (گۆڕانكارییەكانی سەردەم) دەكات. گوتاری دیتراو، حیكایەتە گەورەكان دەگێڕنەوە. گوتاری وسبەلێكراو، لە دوو روودا راڤە دەكەینەوە: مێژووی رووداوەكان و خەیاڵی شیعری.
بە گشتی گوتاری دیتراو، تابلۆیەكی دیتراوی جوولاوی هەڵسەنگێندراوە و زمانی نووسەر بۆ گێڕانەوەی بازنەیی هاندەدات. گوتاری وسبەلێكراو، بە هەردوو رووەوە: زەمەنی رووداوە مێژووییەكان و خەیاڵی شیعری، خوێنەری بیركەرەوە و خوێندنەوەی جیاواز بەرهەم دەهێنێتەوە.
رووداوی دیتراو، لە رووی میكانیزمی نووسینەوەدا زمان ناچاری (گوتنی بازنەیی) دەكات. گوتاری وسبەلێكراو، لە رێگای میكانیزمی خوێندنەوەوە، زمان دابەشی (گوتنی رامانئامێز) دەكات. بەو مانایەش زمان لەیەك كاتدا ناچاركردن و دابەشكردنە! دەشێ‌ بنەمای ناچاركردن بەرەو فاشییەتی دەسەڵات بچێت! بەڵام بنەمای دابەشكردن دوو وەزیفەكەی (ئەرستۆ) لەبارەی زمانی (گەیاندن) و زمانی (هونەری) بیر دەخاتەوە. بە كورتی لە راڤەكردنی ئەو خوێندنەوەیەدا دەمەوێ‌ بڵێم بنەمای چەمكی دابەشكردن وەك میكانیزمی گەیاندن لە خزمەتی مێژوودایە، وەك میكانیزمی هونەری لە خزمەتی خەیاڵدایە.
لەنێوان (دەسەڵاتی ناچاریكردنی زمان) و (گەیاندنی رووداوی مێژوویی و هونەری خەیاڵكردن) واتە: كە زمان بە ناچاری بەرەو گێڕانەوە گەورەكانی دەرەوەی ویستی شیعرییمان دەبات، كە رووداو دەمانخاتە نێو مێژووەوە، كە هونەری خەیاڵكردن شیعرییەت دەخاتەوە! ئیتر بنەماكانی ئەو خوێندنەوەیە دادەمەزرێنین.
(1)
ناونیشانی كۆمەڵە شیعری (وەرە لە باخ پێتدەڵێم)، شیعریی و چێژ بەخش و سەرسامكەر و گومانكارانە دەكەوێتەوە! خوێنەر دەخاتە حاڵەتی رامان و بیركردنەوە و خەیاڵكردنەوە. بۆ بەدواداچوونی تێگەیشتنی (سەرسامی و چێژ و شیعرییەت) دەتوانین لە (وەرە لە باخ پێتدەڵێم) بیركردنەوە و خەیاڵی شیعری لەنێوان (باخ)، وەك شوێنێكی گشتی (دیتراو) و كردەی (پێتدەڵێم)، وەك نهێنی تاكگەرایی (وسبەلێكراو) بدۆزینەوە! دەمەوێ‌ بڵێم لەو پەیوەندییە شیعرییە و بەیەكداچووەدا راستەوخۆ (كردەی گومان و فرەمانایی و سەرسامی) لە رامان و بیركردنەوە و خەیاڵی خوێنەراندا دەخوێنینەوە. لەبەرانبەر ئەو ناونیشانە شیعرییەدا ناوەڕۆكی شیعرەكانی ئەو كۆمەڵەیە، پڕن لە گێڕانەوەی بازنەیی و گەیاندنی ئازاری گشتی و ناسۆری هەمووان و لەوێشەوە شاعیر (حەسەن هەندرێنی) لە رێگای زماندۆستییەوە هەوڵیداوە پەیوەندی نێوان گوتاری دیتراو و گوتاری وسبەلێكراو لە هونەری بیركردنەوە و خەیاڵكردن رێكبخاتەوە. ئەو كۆمەڵە شیعرە بەرهەمی (هاوڕێیانی كتێب)ە، لە چاپخانەی (شوان) ساڵی 2024 چاپ و بڵاوبۆتەوە.
ئەو كۆمەڵە شیعرە لە رووی شارەزایی شیعری و پەیوەندی نێوان مانا و دەلالەت و رەگەزە شیعرییەكان، لەسەر گەشەكردنەكانی هێلی پانی شیعریی كوردی هەڵكشاوە، وەك تاكگەرایی پەیڕەوی زماندۆستی دەكات. واتە لەلایەك لە رێگای زماندۆستییەوە چێژ بە تابلۆكانی مێژووی بێدەنگی و رووداوی دیتراو دەبەخشێ‌، لەلایەكی دیكە سادەیی و رەوانی و رەسانەیەتی وەك هێلی پانی شیعری كوردی بە خوێنەران دەفرۆشێتەوە! دەشێ‌ بۆ تێگەیشتن لە كردەی (فرۆشتنەوە) دوو رووی نیشان بدەین: لە رووی یەكەمدا شاعیر هەوڵدەدات خوێنەران بە سادەیی و رەوانی و سۆز رازی بكاتەوە! لە رووی دووەمدا دەیەوێ‌ لە رێگای مێژووی بێدەنگی و رووداوی دیتراو، هێلی پانی شیعری كوردی لە گێڕانەوەی بازنەییدا درێژە پێبدات. رەنگە سەرەكیترین هۆكار بۆ ئەو (درێژەپێدانە بازنەییە) ئەوە بێ‌، كە راستە خەریكە كۆن وەك گێڕانەوە گەورەكانی دەرەوەی ئیرادەی مرۆڤ ون دەبێت، بەڵام نوێ‌ لە توێی رووداوەكانی مێژوو و هونەری بیركردنەوە و خەیاڵكردنەوە، لە دایكبوونی دیار نییە!!
كەواتە لەو كۆمەڵە شیعرەدا، جیاكردنەوەی كۆن و نوێ‌ لەیەكتر روون نییە. نەك لەبەر ئەوەی (كۆن و نوێ‌) وەك یەك دەیانەوێ‌ دەسەڵاتدار بن، یان پارێزگاری لە دەسەڵات بكەن، بەڵكو لەبەر ئەوەی نوێ‌ نەیتوانیووە بیركردنەوە و خوێندنەوەی جیاواز و نوێ‌ درووست بكات؟!
لەپشت دەسەڵاتی باودا، گێڕانەوە گەورەكان وەك پێوەر خۆیان دەنوێنن! لەپشت گەیاندنی رووداوە مێژووییەكان و خەیاڵی هونەری، ژیانی سەردەم وەستاوە. دەسەڵاتی زمان و دەسەڵاتی ژیان بەو مانایەیە، كە چێژ وەرگرتن لە تابلۆكانی زمان (گێڕانەوە بازنەییەكان، رووداوەكانی مێژوو)، هەرگیز چێژ وەرگرتن لە ئاڵۆزییەكانی ژیانكردنی سەردەم و خەیاڵی هونەری نییە.
زمان وەزیفەی جێبەجێكردنە، بەڵام ژیان خودی جێبەجێكردنە، زمان لە نێوان گێڕانەوە گەورەكان و مێژووی رووداوەكاندا ئاڵۆزە، بەڵام ژیان بە هەموو ئاڵۆزییەكانی سەردەمیشەوە كەچی سادەیە، خەمی گەورەی زمان دەسەڵاتە، ژیان لە خەمی سەیرورەدایە.
داهێنان لە پەیوەندی نێوان ژیان و زمانەوە، لە رێگای دەسەڵات و سەیرورەوە، لە هەوڵی هاوگونجانی مەعریفەی زمان و ئەزموونگەرییدا خۆی نوێ‌ دەكاتەوە! سەیرورە و خۆنوێكردنەوە لە مەعریفەی هونەری و رووەكانی حەقیقەت و گۆڕانكارییەكان و گفتوگۆ و دانوستان و كارلێكەرییەكانیدا هەڵدەگرێتەوە. واتە لەگەڵ ئەو جیاوازییانەدا، داهێنان فیكر و دنیابینی نوێ‌ و چەمك و شێوازی دەربڕینی نوێ‌ و جیاواز و ئازادی بیركردنەوە و خەیاڵی بەرفرەوان و دیدی مەعریفی و جوانكاری جیاواز بەڕێوەی دەبات، كە لەگەڵ كۆن نایەتەوە.
(2)
رەگەزە شیعرییەكانی كۆمەڵە شیعری (وەرە لە باخ پێتدەڵێم) لە تەرجەمەكردنی بۆ سەر گێڕانەوە بازنەییەكان یەكتربڕ دەردەكەون، بەڵام زۆر جاران وەك مێژووی رووداوەكان و بیركردنەوە و خەیاڵی شیعری ناتوانن بەناوییەكدا بچین! واتە ناتوانین وەك بیركردنەوە و خەیاڵی شیعری سەردەم لە پەیوەندییەكی نوێی نێوان مێژووی رووداوەكان و خەیاڵی شیعرییدا بیانخوێنینەوە، ئەگەرچی شاعیر لە تابلۆكانیدا بەدوای باگكڕاوەندی شیعری كوردی و باگكڕاوەندی زماندۆستییەوەیە، بەڵام مەرج نییە، باگكڕاوەندی شیعری كوردی و زماندۆستی خەیاڵی شیعری سەردەم بگرێ‌!
(یاكۆبسن) دەڵێ‌ پێویستە قەسیدە بە جۆرێ‌ بخوێنینەوە، وەك ئەوەی تەماشای تابلۆیەك دەكەین. بە گشتی لەو خوێندنەوەیەدا هەوڵدەدەم بەدوای لێكدانەوەی بیركردنەوە و خەیاڵی شیعریدا بچم، بۆ ئەوەی پەیوەندی نوێی نێوان رەگەزە شیعرییەكانی ئەو كۆمەڵە شیعرە تێبگەم. چونكە ئەوە بونیادنانی پەیوەندی نوێی نێوان رەگەزە شیعرییەكانە (وەك لە تابلۆی -وەرە لە باخ پێتدەڵێم- ئاماژەم بۆ كرد) خوێنەران سەرسام و گیرۆدە دەكات!
تۆ داناتر بوویت حەوا، یان بێ‌ ئۆقرەتر؟
ئادەمت لە خەودا جێهێشت و دوای خەونی خۆت كەوتی
بیرت لە تەنیایی ئێمە نەكردەوە؟!
بیرت لە جاویدانیی رۆح و
چێژی ناكۆتا نەكردەوە؟
(وەرە لە باخ پێتدەڵێم) -حەسەن هەندرێنی، ل8.
كەواتە بونیادنانی پەیوەندی نوێی نێوان رەگەزەكان و بیركردنەوەی گشتگیر، یەكتر بەجێدەهێلن. لە شیعری نوێدا هەمیشە بیر لە درووستكردنی پەیوەندی نوێ‌ دەكرێتەوە، بەڵام كاركردن بۆ دەركەوتنی هێلی گشتی مانا و دەلالەتی گێڕانەوەی بازنەیی و ئازاری گشتگیر كەمترین بیری لێدەكرێتەوە.
دەتوانم بڵێم لەو كۆمەڵە گێڕانەوەیەی (حەسەن هەندرێنی)ی شاعیر، ئەوەندەی بیر لە باگكڕاوەندی شیعری كوردی و زماندۆستی دەكرێتەوە، ئەوەندە بەلای بونیادنانی پەیوەندی نوێی نێوان خەمە بچووكەكان و رەهەندی دنیابینی سەردەم نەچووە. بۆ نموونە، ئەگەر بەراوردی شیعرەكانی ناوەوە بە ناونیشانی (وەرە لە باخ پێتدەڵێم) بكەین، دەبینین لە زۆربەی شیعرەكانیدا كەمتر گۆشەی بەتاڵ و بۆشایی بۆ گومان و چێژ و شیعرییەتی جیاواز و خوێندنەوەی تایبەتی سەردەم دەبینرێت؟!
ئەوەی لە گێڕانەوەی بازنەیی و رووداوە مێژووییەكان و باگكڕاوەندی زماندۆستیشدا دەمێنێتەوە، دەچێتە خزمەتی هێلی پانی شیعری كوردی و مرۆڤی كوردییەوە. بەڵام تەرجەمەكردنی (هێلی گشتی شیعری كوردی بۆ سەر شیعری سەردەم) هەرگیز بەو مانایە نییە، كە (وەرە لە باخ پێتدەڵێم) شیعرییەتی سەردەمی هەڵنەگرتووە، بەڵكو بەو مانایەیە، كە تابلۆ شیعرییەكان زێتر خۆیان لە باگكڕاوەندی شیعری كوردی و زماندۆستی نیشان دەدەنەوە و كەمتر دەلالەت لە بەزەمەنكردنی (خەیاڵی شیعری و دنیابینی شیعری) دەكەن.
بەزەمەنكردنی خەیاڵی شیعری و دنیابینی شیعری هەوڵێكە بۆ نیگاكردنی (وسبەلێكراو) و خەمە وردەكانی تاكی سەردەم و پەیوەندییەكانی، تاكو لەوێوە خوێنەری نوێ‌ درووست بكاتەوە. وەك گوتمان نواندنی (حیكایەتە گەورەكان) و (رووداوەكانی مێژوو) تەعبیر لە كۆمەڵێ‌ وەزیفەی زمانەوانی دەكات، كە دەسەڵات دەنوێنێ‌! كەچی نواندنی (وسبەلێكراو) لە گۆڕانكاری و دۆزینەوە و سەیرورەدایە.
(3)
نواندنی (حیكایەتە گەورەكان) و (رووداوەكانی مێژوو) وەك ئەوە وایە، خەیاڵی شیعری و دنیابینی شیعری كۆمەڵە شیعری (وەرە لە باخ پێتدەڵێم) لە خەیاڵدانی شاعیر و سەردەمەوە كەمترین جوولەیان خرابێتەبەر و لە خەیاڵدانی (حیكایەتە گەورەكان) و (رووداوەكانی مێژوو)ەوە هەڵقوڵابن. ئەگەرچی شاعیر كۆمەڵێ‌ خەمی گەورە و ئازار و ناسۆری دوێنێی لە تابلۆ شیعرییەكانیدا رەنگكردووە، بەڵام لەو رەنگكردنەدا زێتر جەخت لە باگكڕاوەندی زماندۆستی و رەسەنایەتی و سادەیی هێلی پانی شیعری كوردی دەكاتەوە. پرسیار ئەوەیە، ئایا شیعر بەشێوەیەكی هاوچەرخانە، لە رەنگكردنی خەمەكانی دوێنێ‌ و هێلی گشتگیری شیعری كوردیدا دەژیت؟! ئایا باگكڕاوەندی زماندۆستی و خەیاڵی شیعری و خەمەكان، بەیەكەوەلكاون؟!
داهێنان لە گۆڕانكاری و دۆزینەوە و سەیرورەدایە. داهێنان لە جوولە و زەمەنی تایبەت و خێرایی پێشكەوتنە جیاوازەكاندایە. بەو مانایەش نوێگەری وەك نواندنی (وسبەلێكراو) لەسەر چەكی دوێنێ‌ كار ناكات، بەڵكو هەوڵدەدات خێرایی گۆڕانكاری و سەیرورەی داهێنان و ریتمی جیاوازی ئەمڕۆ بدۆزێتەوە.
كەواتە بیركردنەوە و خەیاڵی شیعری بایەخ بە شێوە و پەیوەندییە نوێیەكان دەدات. زمان لە شیعری نوێدا ئەو كاتە داهێنەرە، كە لە خزمەتی جوانی و دنیابینی و خەیاڵدا بێت. نەك هەوڵی نواندنەوەی گشتگیری بدات و پارچە وردەكان فەرامۆش بكات! ئەو قسەیەش بەو مانایەیە، كە پەیوەندی نێوانیان لەسەر گۆڕانكاری و جیاوازی و دنیابینی سەردەم درووست بكرێتەوە. بەمجۆرە پەیوەندی نوێی نێوان دال و مەدلوول، یان نیشانە و مانا، فۆڕمێكی نوێش بە شیعر دەبەخشێت. لەوێشەوە جوانی شیعریی و خەیاڵی شیعری پێشدەكەوێت، جوانی شیعریی و خەیاڵی شیعری هەمیشە پانتاییەكی ئازادی دەوێت.
دواجار من لە ئاوێنەی وەرزێك نوقمبووم،
ئەو وەرزە “تۆ”یت، كە رامانی سەوز كردووم.
لەسەر پردێك، خەیاڵاوی جێهێشتووم، بە دیار ئاوێتەبوونی رۆح.
بە دیار راڕاییم، بۆ چوونە بەر هەیوانی پەپوولە.
وشك و شەكەت گاز لە چاوەڕوانی دەگرم.
دەمەوێ‌ لەوێ‌،
لەنێو مێرگی نێرگزەجاڕ، شینی خۆم بەسەر پەڕە گەشەكانی بڕێژم
تا ئەوپەڕی تەهاڕەت،
تا ئەوپەڕی بەرائەت،
تا دەبمەوە بە (گفل)ێكی مەعصوم.
(وەرە لە باخ پێتدەڵێم) –حەسەن هەندرێنی، ل65-66.
زمانی شیعری بێ رۆح نییە. رەخنەگر (كارل فلیپ مۆریس) دەلێ‌ كاتێ‌ دەقی هونەری لە دەرەوەی خۆی شتێ دەستنیشان دەكات، ئیتر لە ئەكسسوارێك زێتر تێناپەڕێت. كەواتە ناشێ‌ داهێنانی هونەری بە مەبەستی بەئامرازكردن و (بەگشتیكردن) بەكار ببرێت، هەرگیز زمانی شیعری هەوڵنادات لەجیاتی هەمووان بیر بكاتەوە، پێویستە زمانی شیعری لە خزمەت جیاوازی و شیعرییەتدا بڕسكێت، چونكە بەهای جوانی شیعری لە خەیاڵی جیاوازدایە. ئەو كۆپلەیەی سەرەوە وەك درووستكردنی پەیوەندی نوێ‌ بەشێك لەو جیاوازییەی گواستۆتەوە، بەڵام وەك گێڕانەوەی بازنەیی، لە رووی دنیابینییەوە دەبێتەوە (گفل)ێكی مەعصوم؟!
(4)
لە جوولەی پەنجەكانت تێگەیشتم،
ئەفسانەش دەتوانێ‌ وەك جوانوو سمكۆڵان بكات.
لە جیاتی تۆز، هەتاو لە درزی پەنجەرە سێگۆشەییەكانی دەست،
چەپك چەپك
بۆ دەرسیم بەڕێ‌ بكات و
بۆنی دەمی خونچە بكات.
(وەرە لە باخ پێتدەڵێم) –حەسەن هەندرێنی، ل91.
(رۆلان بارت) پێیوایە نووسین پڕە لە یادەوەرییەكانی پێش خۆی، ئەوە لەلای (بارت) جەختكردنە لە تێزی (زمان هەرگیز بێ لایەن نییە). لەو رووەوە بەرێوەبردنی رەهەندی باكگڕاوەندی شیعری كوردی و زماندۆستی شاعیر لەو كۆمەڵە شیعرەدا ئەوەندە ئاسان و نەكردە نابینیم. بەڵام پرسیار ئەوەیە، شاعیر چۆن لە دەرەوەی گێڕانەوەی بازنەیی، پەیوەندییەكی نوێی پڕ چالاكی هونەری و پڕ لە بیركردنەوە و خەیاڵی شیعری و پڕ لە جوولەی رووداوی جیاواز لەنێوان تاك و كۆ دەنووسینەوە؟! دەمەوێ‌ بڵێم، ئایا شیعری سەردەمی پاش حەقیقەتەكان و زیرەكی دەستكرد، دەشێ‌ لە بازنەی یادەوەری و نەستی دەستەجەمعیدا بخولێتەوە؟!.
بێگومان لە هەموو كارێكی ئەفراندندا (كات و شوێن) گرنگی خۆی هەیە، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی، بارستاییەكانی شیعری (حەسەن هەندرێنی) لە مەوداو و جوولەدا لەبری كات و شوێنی تایبەتی، مەوداو و جوولەی گشتی وێنا دەكات. لەبری وێنە ئاڵۆزەكانی ژیانی ئەمڕۆ، وێنە رەش و سپییەكانی دوێنێ‌ بە باگكڕاوەندی زماندۆستی دەكێشێتەوە، كە بە بڕوای من نە خوێنەری تایبەت بۆخۆی درووست دەكات، نە خەمی خوێنەری ئەمڕۆشە، بەڵكو هۆكاری ماندووكردنی خوێنەرانیشی لێدەكەوێتەوە!. رەنگە خوێنەرانێكی ناسیونالی پەڕگیر بە هەڵگرتنی خەمی گەورەی ناسیونالی و هێلی پانی شیعری كوردی و باگكڕاوەندی زماندۆستی راهاتبن، بەڵام خوێنەرانی سەردەمی پاش حەقیقەتەكان و زیرەكی دەستكرد، كەمترین گرنگی بەو هێلە پانە دەدەن. بە كورتی بەهای شیعری لەوەدایە، كە بە جوانی خەمە بچووك و تایبەتەكانی بنوێنێ‌ و لە درووستكردنی پەیوەندییەكی پڕ جوولەی نێوان دنیابینی و مەودا جیاوازەكانی خۆی رەنگ بكاتەوە؟!.
بە كورتی لە هەندێ‌ لە قەسیدەكانی كۆمەڵە شیعری (وەرە لە باخ پێتدەڵێم) پەیوەندییە كۆنەكانی گێڕانەوە گەورەكان بەرەو كاڵبوونەوەن، بەڵام وەك پێویست هونەری بیركردنەوە و دنیابینی سەردەم و خەیاڵكردنەوە، لە دایكبوونی بە تەواوی دیار نییە؟!
هەولێر 21/4/2024




سیمیۆلۆژیای بارت و بوونگەرایی سارتەر.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

نووسین كلیلە بۆ ناسینی جیهان، نەك جیهان كلیل بێت بۆ ناسینی نووسین. لە رێگای ئەو قسەیەی بارتەوە لەنێوان (نووسین) و (كلیل) لەنێوان ئازادی زمان و مێژووی نووسین… هەوڵدەدەم قسە لە چەمكی (ناسینی مێژوو) لای سارتەر و چەمكی (ناسینی ئازادی) لای بارت بكەم. وەك دەزانین هەر یەك لە سارتەر و بارت لە رووی رۆشنبیرییەوە بۆ دوو نەوەی بەرهەڵستكار دەگەڕێنەوە. دەشێ‌ لەو خوێندنەوەیەدا بۆ بیروڕاكانی بارتی سیمیۆلۆژی (لەبری وشەی كلیل) وشەی ئازادی زمان و بۆ (ناسینی جیهان) و بۆ پشكنینی بیروڕاكانی سارتەری بوونخواز وشەی مێژووی نووسین (لەبری وشەی كلیل) بۆ (ناسینی نووسین) بەكار بهێنین، دواجار بە كورتی دەمانەوێت ناسینی جیهان لە سیمیۆلۆژیا و ناسینی نووسین لە پابەندبوونی نووسەر بخوێنینەوە!
(ژان پۆل سارتەر) ناسینی نووسین وەك وەسیلەیەك بۆ پابەندبوون دەخاتە روو. كەواتە زمان وەك بەها، ئایدیۆلۆژیەتێكی هەژمووندار پێكدێنێ‌ و مرۆڤ والێدەكات لەلایەك بەدوایدا بكەوێت و لەلایەكی دیكەش لە دووتوێیدا دابخرێت. بەڵام (رۆلان بارت) پێیوایە دەق لەگەڵ خوێنەر دێتە گۆ. لە خوێندنەوەدا دەق قسە ناكات، بەڵكو لەگەڵ خوێنەردا دەكرێتەوە. سارتەری بوونخواز پێیوابوو مرۆڤ مانا درووست دەكات! بەڵام بارت پێیوابوو مانا بە دەست دێ‌ و مرۆڤ لەخۆ دەگرێ‌. كەواتە ئەو خوێندنەوەیە دەكەوێتە نێوان داخران و كرانەوە، درووستكردن و هاتنەدی.
(1)
زمانی سارتەر، زمانی شۆڕشگێرییە، بەڵام هەرگیز بارت بەرگەی زمانی شۆڕشگێرانەی نەدەگرت و پێیوابوو ئەوە سیمیۆلۆژیایە كار بۆ بووژانەوەی رەخنەی كۆمەڵایەتی دەكات. رەنگە هاوگونجاندنی زمان لەنێوان مێژوو و ئازادی، زمانی شۆڕشگێری و سەیرورە بتوانێ‌ بارت و سارتەر لە یەكنزیك بكاتەوە؟! بە دیوەكەی دیكە بارت سەرسام بوو بە چەمكی پابەندبوونی سارتەر، ئەگەرچی هەرگیز زمانی شۆڕشگێرانەی قبووڵ نەبوو! بەڵام سارتەر بایەخی بە سیمیۆلۆژیای بارت نەدەدا، وەكچۆن بێگومان جەختكردنەوەی سارتەر لە پابەندبوونی نووسەر، دژ بە مەرگی نووسەر لای بارت دەكەوێتەوە.
لای وجودییەكان بوون پێش ماهیەت دەكەوێ‌. لێرەوە پابەندبوونی نووسەر دوای تێگەیشتن دێت، یان لانی كەم هاوكات لەگەڵ زمانی شۆڕشگێرانە دێتە بوون! یان بە دەربڕێنێكی دی پابەندبوونی نووسەر لە زمانی شۆڕشگێرانەوە دەست پێدەكات، بەو مانایەی كە مرۆڤ مەوجودێكە دەچێتە نێو پەیوەندی لەگەڵ خۆیدا و توانای ئەوەی هەیە، برەو بە تواناكاتی خۆی بدات. مرۆڤ بەرەو ئیمكانی بوونی خۆی دەچێت، بەو مانایە تەنها مرۆڤ هۆشیاری بە بوونی خۆی هەیە.
لەسەر ئەو بنەمایە هەوڵدەدەم لە فەلسەفەی سارتەردا چەمكی دەروونخوازی نووسەر بەو شێوەیە گەڵاڵە بكەم، كە (مرۆڤ هیچ نییە، تەنیا پابەندبوون نەبێ، كە زمانی شۆڕشگێری درووستی دەكات! ئەو قسەیەی من تەنیا بە ئەدەبەوە بەندە، واتە ریشەی ئەم خوڵقاندنە لە خودی نووسەردایە، نەك لە جیهانی دەرەوە و ناچاركردنی زمانەوە بێت!
بەڵام سیمیۆلۆژیا پێچەوانەی سارتەر دەكەوێتەوە، هەر لێرەشەوە بارت پێیوابوو ئەدەب هیچ چارەیەكی بۆ ئازادی پێ‌ نییە، هەر ئەوەندە نا، بەڵكو ناتوانێ‌ لە ناچاربوونی زمانیش دەربچێ‌ و ئازادی دابین بكات، چونكە زمان فاشییە! بەو مانایەش پابەندبوون وەك سارتەر بیری لێدەكاتەوە هەرگیز لە زماندا دەرناكەوێت، تەنها لە رێگای مێژوو و شۆڕشەوە نەبێ‌، چونكە زمان سیستمێكە رێساو یاسای خۆی هەیە و هەموو نووسەرێك ملكەچی ئەو رێسا و یاسایانەیە. دەشێ‌ هەموو نووسەرێك بكەوێتە نێو مێژووەوە بەڵام هیچ سنورێك بۆ ئازادی زمان بوونی نییە!
(2)
شێواز یان ستایل لە كاتی داڕشتندا، كۆد بۆ دەقە ئەدەبییەكان دادەنێت! بەو مانایەش شێوازەكانی ئەدەب بەرهەمی لادانەكانی زمانن، لێرەوە شێواز و زمان بە یەك دەگەن، بە مانایەكی دیكە وەكچۆن زمانی ئەدەبی لە سەیرورەدایە، هەمیشە شێوازی ئەدەبیش لادانەكانی زمان دەگرێتەخۆ، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا ستایل فۆرمی نووسینە و رەهەندی كەسی و جەستەیی هەیە. بەڵام نووسین كە بابەتی نێوان زمان و ستایلە، لە رێگای نووسەرەوە دەگات و لە رێگای نووسەرەوە پابەند دەبێت. دەتوانین بڵێین نووسین بوارێكە بۆ ئازادی و پابەندبوون. نووسین بوارێكە بۆ زمان و مێژوو، چونكە وەكچۆن مێژوو بێلایەن نییە، زمانیش بێلایەن نییە.
لەسەر بنەمای بێلایەن نەبوونەوە، دەتوانین بڵێین زمان و شێواز دوو هێزی كوێرن، بەڵام نووسین كردەیەكی تاكئامێزی مێژووییە. زمان و شێواز دوو بابەتن، بەڵام نووسین وەزیفەیە. هەمیشە نووسین لە پەیوەندی نێوان داهێنەر و كۆمەڵگاوە هەڵدەقوڵێ‌. ئەوە زمانی ئەدەبییە بەردەوام ئاراستەكردنی كۆمەڵگا دەگۆڕێ‌.
(3)
بارت لە كتێبی “نووسین لە پلەی سفر”دا وەك پەرچەكردارێك لەبەرانبەر ئەو پێناسەكردنەی “سارتەر” كە دەڵێت: شیعر لێوردبوونەوەیەكی خودییە و پرۆسیسەكردنێكی زارەكییە، لە بنەڕەتدا ئامانجی خۆی هەیە. بەڵام پەخشان هاوكاریكردنی نووسەر و خوێنەر نیشان دەدات. لە پەخشاندا بەیەكگەیشتن پردێكە دەكەوێتە نێوان دوو ئازادی و زێتریش. لەو قسەلێكردنەدا سارتەر فەزای ئەدەبی دیاری دەكات…
پەرچەكردارەكەی بارت ئەوەیە كە نووسین شوێنێك لەنێوان شێواز و زمان بەدەست دەهێنێ‌. نووسین لە پلەی سفر خاڵی یەكتر بڕینی تەوەرەی “X” و “Y”ە، لە رووداوەكانی “دیكارت”دا. زمان تەوەرەی “X” ەو ئاسۆیی و نمایشكارانە دەكەوێتەوە. بەڵام شێواز “Y”یە و گوزارشتكردنێكی ستوونییە. شێوە و بەهای نووسینیش لە یەكتربڕینی ئەو دوو تەوەرەیە دەردەكەوێت. بەو مانایە لای بارت نووسین دەبێ‌ بەردەوامی بە بێدەنگی و بێلایەنی و دالەوە بدات.
(4)
ئەوەی سارتەر لە بارەی زمانی ئەدەبی شۆڕشگێرییەوە قسەی لێدەكات، بارت لە بارەی ئازادی سیمیۆلۆژیاوە دەیڵێتەوە. بەڵام یەكەمیان ئەدەب بە پابەندبوونی سیاسییەوە دەلكێنێ‌ و دووەمیان لە سیاسەت جیای دەكاتەوە و پێیوایە هەرگیز تواناكانی ئازادی لەسەر نووسین نەوەستاوە، لەسەر پابەندبوونی سیاسی نووسەر جێگیر نابێت، بەڵكو لەسەر ئازادی زمان و گۆڕانەوە دەوەستێ‌، زمانیش لەبەر ئەوەی فاشییە، هەمیشە ئازادی زمان دەبێ‌ لە هەوڵی سەیرورەدا بێت، هەمیشە زمان دەبێ‌ لە جوولەدا بێت! بەڵام لای سارتەر هەموو ئەوانە هیچ مانایەكیان نییە، چونكە نووسەر پابەندە، نووسەر مەوجودێكە دەچێتە پشت وشەكانەوە بۆ ئەوەی لە ئامانجەكانی خۆی نزیك بێتەوە. بەڵام مەوجودی بارتی لە خوێنەر و خوێندنەوەدا دەكرێتەوە، چونكە بارت پێیوایە خوێندنەوە جۆرێكە لە (دووبارە نوسینەوەی دەق) و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی دەق، دەق خوێنەر دەخاتە گومان و هاوسەنگی رۆشنبیریی و دەروونی و زمانەوانی لەق دەكات! دەق لە رێگای سیستمە دەلالییە تایبەتییەكانی و بە هۆی تەكنیكەكانییەوە خوێنەر وەك نێچیری خۆی دەپێكێ‌، دەق لە رێگای ناسینی زمانی بارتەوە بەردەوام خوێنەر و نووسەر هەڵدەوەشێنێتەوە، بەڵام سارتەر پێیوایە نووسین جۆرێكە لە دووبارە نووسینەوەی مێژوو، نووسین لە رێگای زمانی شۆڕشگێرییەوە بەرەو ئامانجی خۆی دەچێت، بێگومان لەوێشەوە نووسین لە رێگای ناسینی نووسەر وەك پابەندبووییەكی ئایدیۆلۆژیی هەژمووندار دادەخرێت!

12/5/2024 هەولێر




وێناكردن لە بۆشایی.. هونەرمەند سەردار سنجاوی خەیاڵی بۆشاییەكان دەگرێ.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

مارسیل دۆشامپ دەڵێ هیچ شتێك خاوەندارێتی ناكرێ و رەسەن نییە، هیچ شتێكیش ناكرێ بدزرێ.
(1)
پڕ كێشەترین چەمك، چەمكی بۆشاییە! چونكە لە بۆشاییدا چییەتی دیار نییە، لە بۆشاییدا جیهان هیچ بوونێكی تایبەت بەخۆوە نابینێ، جگە لە ئاژاوە و سپێتی و شوێنی ماتەوزەی خەیاڵی و بیركردنەوەی نەدیتراو.
هونەری پڕكردنەوەی بۆشاییەكان چارەنووسی نێوانەكانە، نە ڕابردووی هەیە و نە داهاتوو، چارەنووسی بێ یادەوەرییە. بەو مانایەش خەیاڵكردنی هونەری بۆشاییەكان و بینین لەو تێگەیشتنەوە دێ، كە بۆشایی شوێنێكە بۆ هەڵبژاردنی تاقیكردنەوەكان.
لە هونەری خەیاڵكردنی بۆشایی گۆشەیەكی بەتاڵ هەیە، پاشان بە فیزیكیكردنی خەیاڵ، بینینی خەیاڵكراو! بێ ئەوەی پەیوەندییەكی دیاریكراو لەنێوانیاندا درووست بێت.
(2)
لە هونەری وێنەكردن لە بۆشایی، مرۆڤ نقومی سەیركردنی بابەت نییە. بە دوای ئەوەدا ناگەڕێ، كە جیهانی پێوەسف بكاتەوە! بەڵكو خەیاڵی خۆی لە سەیرورە و بەرهەمهێنانەوەی بینراودا تاقی دەكاتەوە. هونەرمەند سەردار سنجاوی هەوڵدەدات لە رێگای كردەی رووخێنەرانەوە لە وەسفكردنی بابەت، لە باوەڕی هاوبەش رابكات! نایەوێ قبوڵكراو بێ، شانازی بە خودێكەوە ناكات، كە سیستم تەواو بە خواستی خۆی لە قالبی داوە، هەمیشە لە هەوڵی بەرهەمهێنانەوەی بۆشاییە!
گۆرٍینی سیستم لە گۆڕینی پەیوەندی مرۆڤ بە خۆیەوە دەستپێدەكات، خوێندنەوەی خودە بە پێوەری خود، لەسەر ئەو بنەمایەوە هونەرمەند سەردار سنجاوی ماتەوزەكانی خەیاڵی بینراو بە فیزیكی دەكات، نەك نەخشەی لەبەرگیراو، جوگرافیا دەكێشێ نەك مێژوو، گەشت و كۆچ، نەك مانەوە و نیشتەجێبوون.
لە هونەری خەیاڵكردن لە بۆشایی و بەرهەمهێنانەوەی بینراو وامان لێدەكات لەنێوان شتەكاندا بیر لە شتەكان بكەینەوە. وەرگر لە هونەری خەیاڵكردن لە بۆشاییەكاندا لە هەر پنتێكەوە تەماشا بكات و بە هەر ئاڕاستەیەكدا بڕوات دەڕژێتە سنووری بیركردنەوە و پەیوەندییەكانی جوانی و تێگەیشتنەوە. بە كورتی هونەری خەیاڵكردن لە بۆشایی، مێژووی بێدەنگیی (هونەری تابلۆكێشان) دەخاتە ئەرشیفەوە و بەرەو نواندنی رووداوی دیتراوی جوولاو هەنگاو دەنێت.
پرسیار ئەوەیە، چ شتێك بۆشاییەكان لە مەودای بینراودا پێكەوە دەبەستێتەوە، كە هیچ پەیوەندییەكی دیاریكراویان لەنێواندا نییە؟
لە ڕاستیدا پێویستی جوانكاری و خەیاڵی هونەری بۆشایی و تێگەیشتن لە خەیاڵی بینراو، بیركردنەوەیە لە مەودا وردەكان، پارچە بچووك و لێكدابڕاوەكان، كە پەیوەندییەكی دیاریكراویان بە یەكترەوە نییە، كەچی بەیەكتریشەوە بەندن، ئەوە پێویستی ژیانە، مەودایەكە بۆ هەناسەدان، بۆ زیندوو مانەوە لە ژیاندا.
(3)
وەكچۆن بۆدلێری شاعیر بە زیندووكەرەوەی چەمكی خەیاڵ دادەنرێ. هونەری بۆشایی زیندووكەرەوەی بینینی خەیاڵ و تێگەیشتن و بەرهەمهێنانەوەیە. ئیتر جیهان ملكەچی دەلالەت و مانا نابێت، ملكەچی ڕێكخستن و پۆلێنكردن نابێت. هونەری خەیاڵكردن لە بۆشاییدا دەستبەرداری هەموو سیستەمێكە، كە تێیدا بە گوێرەی “یەك” و “فرە” تەماشای بوونەوەرەكان دەكات! چونكە نە فرەیە نە تاك، نە سەرەتای هەیە و نە كۆتایی، نە ئەسڵی هەیە و نە ئامانج، دژ بە دامەزراندن و ڕەگدانانە، دژ بە جوولەی گەشەسەندن و ئامانجەكەیەتی!. سنووری خۆی لە پڕكردنەوەی خەیاڵی بۆشایی، بەرهەمهێنانەوەی خەیاڵكردن لە بۆشاییدا دەكێشێ و جیهانێك دیاری دەكات، تێێدا حەقیقەتی هونەر دەخرێتە نێو پەیوەندی بۆشاییەكانەوە، حەقیقەتی هونەر دەخرێتە نێوانەكانەوە، كە سەر بە پێكهێنەرەكانی نین. لێرەوە داهێنەر بۆ چێژ و خۆشی كار لە (مەودای جووڵە) و (خەیاڵكردن لە بۆشایی) ناكات، بەڵكو بەرهەمهێنانەوەی بۆشایی پێداویستییەكی زیندەگییە.

عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا




ژیان رۆمان نییە، وەزیفەی حەوتەمی زمان یان.. “كێ‌ رۆڵان بارتی كوشت”.. خوێندنەوەی عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

زمان هەموو شتێ‌ ناڵێت، جەستە قسان دەكات، شتەكان قسان دەكەن، مێژوو قسان دەكات، توانا فەردی و كۆمەڵایەتییەكان قسان دەكەن، مردن و ژیان بێ‌ پچڕان بە هەزاران جۆر قسان دەكەن، بەڵام زمان هەموو شتێ‌ ناڵێت! لەنێوان زمان و ژیان و سیاسەتكردندا رۆمانی (وەزیفەی حەوتەمی زمان) یان كێ‌ رۆڵان بارتی كوشت، بە یەكێك لە رۆمانە جیاوازەكانی سەردەمی دوای رۆمانی نوێ‌ و گۆڤاری تیل كیل دەژمێردرێت. رۆماننووسی فڕەنسی (لۆران بینی) نووسیوویەتی و كاری وەرگێڕانی بۆ زمانی عەرەبی لەلایەن وەرگێڕ و توێژەری مەغریبی (محەمەد جرتی) بۆ كراوە و لە (دەزگای ناپولی) ساڵی 2021 لە بەغداد چاپ و بڵاو كراوەتەوە.
رۆمانی (وەزیفەی حەوتەمی زمان) وەك دیاردەیەكی مەعریفی و رۆشنبیریی پشت بە چییەتی كردە سەركێشەكانی زمان دەبەستێت، هەوڵی دۆزینەوەی توانا بێكۆتاییەكانی زمان و چێژە نەبڕاوەكانی ژیان و بەرجەستەكردنی سیاسەتكردن دەدات، لەپێنج بەشدا بە دوای چەمكی دیموكراسییەت و چەمكی خوێنەردا دەگەڕێت و بە چنینێكی دراماتیكانە جەخت لە دنیای رۆشنبیریی و فیكری سەدەی بیستەمی فڕەنسی و مردنی رەخنەگری گەورە (رۆڵان بارت) دەكاتەوە، كە دوای نانخواردنی لەگەڵ (فڕانسوا میتران) لە پەڕینەوەی بە شەقامی (مەدارس) بارهەڵگرێكی جلوبەرگشۆری لێیدەدا، كە كەسێكی (بولغاری) لێیدەخوڕێ‌.
یەكێك لەو پرسیارانەی كە حیكایەتەكانی ئەو رۆمانەی ئاخنیووە مردنی ئاسایی (ژیان) نییە، بەڵكو تیرۆری پلانی زمانە، بەو مانایەش تیۆركردنی بارت لە حیكایەتەكانی زماندا دوو خاڵ لە مەعریفەی رۆمانەكەدا زەق دەكاتەوە: یەكەم، سیخورەكانی بولغاریا. دووەم، چاوپێكەوتنی فڕانسوا میتران كە (ژاك لانگ) لە ململانێی هەڵبژاردنی نێوان راستڕەو و چەپڕەوەكان لەنێوان میتران و رۆشنبیران سازی دەكات.
بەمجۆرە رۆماننوس (ژیان، زمان، سیاسەت) دەنووسێتەوە و وەك رۆلان بارت گوتەنی دەزانێ‌ وانەگوتنەوە جگە لە پشتگوێخستنی دەسپێكی كاری ئەدەبی شتێكی دیكە نییە. یان بە مانایەكی دیكە رۆماننووسین جگە لە ململانێی زمان و ژیان شتێكی دیكە نییە. بۆ قسەكەی بارت بڕوانە: رۆمانی (وەزیفەی حەوتەمی زمان) یان كێ‌ رۆڵان بارتی كوشت، ل13.

وەزیفەی حەوتەمی زمان
لە سەدەی بیستەمدا لە پاڵەوانبازی رزگارمان بوو و زمانمان لە شوێنی دانا، زمانێ‌ كە دەربارەی زمانەوە دەدوێ‌ و دواجاریش هیچ شتێ‌ لە زمان جوانتر نادۆزیتەوە. زمان سیستمێكە لە ئاماژە لە گوزارشتكردنی بیركردنەوە و دواتر دەشێ‌ بە نووسین و بە تیپی ئەبجەدی كەڕ و لاڵان، فەزای رەمزی، فۆرمەكانی ئەدەب و نیشانە سەربازییەكان بەراوردی بكەین. (بڕوانە ل19).
زمانی رووداوەكانی ئەو رۆمانە لە فەزای ژیانی سیاسی و رۆشنبیریی فڕەنسا و وڵایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ئیتاڵیا قسان دەكات! وەك رووخسار، مردنی بارت لە 25ی شوباتی ساڵی 1980 دەكاتە بابەتی دەرەكی و پەیامی ناوەكیش لەسەر زیندووێتی زمانی بارت و سیمیۆلۆژیا و شاردنەوەی دەستنووسی وەزیفەی حەوتەمی زمان دادەڕێژێت! دەستنووسی وەزیفەی حەوتەمی زمان تیشكۆی رووداوەكانە و وەك بەڵگەی (زمانی)، بارت لە كاتی خواردنی نانی نێوەڕۆ لەگەڵ فڕانسۆ میتران (سیاسی) لەلای بووە! پرۆژەی ئەو دەستنووسە زمانەوانی رووسی (رۆمان یاكۆبسن) نووسیوویەتی.
یاكۆبسن پێشتر لە تیۆری گەیاندندا قسە لە شەش وەزیفەی زمان (1-پەیامنێر. 2-پەیاموەرگر. 3-پەیام. 4-سەرچاوەی پەیام. 5-كەناڵی گەیاندن. 6-كۆدی زمان) دەكات. لێرەدا رۆماننووسی فڕەنسی (لۆران بینی) چەمكی (دەسەڵاتی حەقیقی، زمان بەڕێوەی دەبات، بە تایبەتی لە بارودۆخێكی دیموكراسیدا) وەك رووداو و حیكایەتی ململانێی جیاوازی و هەڵبژاردنی دیموكراسیانە لە فڕەنسا و هەمان كۆد لە چنینی هێلكاری رۆمانەكەیدا بەكار دەبات. لەوێشەوە دەڵێ‌ (پێشتر) چاخە گەورەكانی رەوانبیژی هاوئاهەنگ بووە لەگەڵ چاخەكانی كۆماری ئەتنی، رۆمانی، فڕەنسی… سوكرات، شیشرون، رۆبیسبییر… بەڵام بە دڵنیاییەوە رەوانبیژی جۆراوجۆری زمان، پەیوەستە بە ململانێی جۆراوجۆری هەڵبژاردنەوە، لەوێشەوە وەزیفەی حەوتەمی زمان وەكو رایەخ بۆ هێلكارییەكانی رۆمان و هێكارییەكانی دیموكراسییەت راخراوە. بڕوانە ل163 -162.
لە دەستنووسەكەی یاكۆبسندا وەزیفەی حەوتەمی زمان وەزیفەیەكی سیحری یان جادوییە و لە رووی سیمیۆلۆژییەوە باس لە جیاوازی نیوان (كردە دەربڕن) و (كردەی كاریگەری) زمان دەكات، بەوەی كە كردەی گوتاری دەربڕین لە خودی خۆیدایە و بە كارەكانی خۆی هەڵدەسێت، لە كاتێكدا كردەی كاریگەری زمان بەرەو بەرهەمێكی دیاریكراو دەبێتەوە كە لەگەڵ گوتار یەك ناگرێتەوە. بڕوانە ل287.
بەمجۆرە سیحری زمان وەك كۆدی ناوەكی ئەو رۆمانە پۆلیسییە دەبێتە پرسیاری بەدواداچوونی هەر یەك لە لێكۆڵەر (ژاك بایارد) و توێژەر (سیمۆن هیرتزوگ) لەبارەی دەسەڵاتی سیاسی، سیمیۆلۆژیا و ژیان! هەموو ئەوانەش وەك گریمانەیەكی فڕەنسی لە: زمان هەموو شتێ‌ لەخۆ دەگرێ‌: بژی شۆڕشی پرۆلیتاریا، ماوییەكان فاشیین، ترۆتسكییەكان ستالیینین، ژاك لاكان پۆلیسە، بادیۆ نازییە، ئاڵتۆسێر بكوژە، دۆڵۆز سێكسی لەگەڵ دایكی كردووە، سیزۆ سێكسی لەگەڵ من كردووە، هۆگۆ قاحپەی خومەینییە، بارت خائینێكی سۆشیالیزمی چینییە… لە دانوستان و گفتوگۆی نێوان كاراكتەرەكاندا دەخاتە روو.
ئاخاوتن لە یاری تێنس دەچێ‌، بەڵام بە تۆپی هەویر! چونكە زمان بنەمای هەمووانە. (ژان ئادرن) لە رووبەرووی سارتەر دەڵێ‌ بوونگەرایی ژەهراوی بووە، بژی رەگەزی سێیەم. بڕوانە ل52. ئیتر دەسەڵات گرتنەدەست لەگەڵ هەر ئەكتێكی ئاخاوتن شێوەیەكی دیكەی ژیان و سیاسەت و زمان وەردەگرێ‌. بە دیوەكەی دیكە لە وەڵامی ئەو پرسیارانەی كە لێكۆلەر بایارد و توێژەر سیمۆن دەیخەنە روو، ئیمبرتۆ ئیكۆ دەڵێ‌: هەر كەسێ‌ بێتە خاوەنی مەعریفەی وەزیفەی حەوتەمی زمان دەبێتە سەر گەورەی جیهان. ئەوە كۆدی سەرەكی رۆمانەكەیە!

ژیان رۆمان نییە
پێویستە سەرچاوەكانی گێڕانەوە بخرێتە دواوە و ونبكرێ‌، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە، كە مەدلولی حیكایەتەكانی بزر بكرێ‌، هەموو شتێ‌ مەدلوولی خۆی هەڵگرتووە. كەواتە گێڕانەوەی حیكایەتەكان بەو مانایە نییە، كە ژیان وەك زمان لە راڤەی بێ‌ كۆتاییدا هەڵگرینەوە؟! چونكە ژیان زمان نییە، زەمەنی زمان زەمەنی بێكۆتایی گەشە و پێشكەوتنە بەردەوامەكانییەتی! بەڵام ژیان كورتە، ژیان هەموو ئەزموونی مرۆڤ پووچەڵ دەكاتەوە، چونكە مرۆڤ بەرەو مردن دەبات.
(مۆریس زاب) دەڵێ‌ رەخنەی ئەدەبی هەڵەیەكی گەورە دەكات، كاتێ‌ ژیان و ئەدەب تێكەڵ بەیەكتر دەكات، چونكە ژیان دیار و روونە، بەڵام ئەدەب ئاڵۆز و نادیارە، ژیان سیستمێكی كراوەیە لە شتەكان پێكهاتووە، بەڵام ئەدەب سیستمێكی داخراوە لە وشە پێكهاتووە. بە بڕوای من ئەو قسەیەی مۆریس زاب لەسەر (زمان) و (ژیان) بەو مانایەیە، كە چێژ وەرگرتن لە دەلالەتەكانی زمان، چێژ وەرگرتن لە ژیانكردن نییە! زمان وەزیفەی جێبەجێكردنە، بەڵام ژیان خودی جێبەجێكردنە، زمان كردەیە، ژیان كارە! دەتوانین لە سیستمی ژیاندا بە ئازادی هەناسە بدەین، بەڵام لە ئەدەبدا لەژێر كۆنترۆڵی دەسەڵاتی زمانداین! دەسەڵاتی زمان هەتا هەتاییە، هەمیشە دەبێ‌ مرۆڤایەتی راڤەی زمان بكاتەوە و بەردەوام مانای جیاوازی لێبەرهەم بهێنێت. بەڵام ژیان مرۆڤ بەرەو مردن دەكاتەوە.
ئەدەب، لە مردنی كامۆ بە رووداوی ئۆتۆمبێل زیانێكی گەورەی بە خواوەندی ترێ‌ بەخشی..بڕوانە ل88. مۆزارت لە تەمەنی 35 ساڵی مرد. لۆتەریامۆنت لە تەمەنی 24 ساڵی. رامبۆ لە تەمەنی 37 ساڵی. بارت 64 ساڵ… بەڵام زمان هەمیشە لە پێشكەوتن و جوولەدایە! لاكان دەڵێ‌ زمان لە نەست رسكاوە. نەست وەك جۆرێ‌ لە جۆرەكانی ئازایی دەژمێردرێت، بۆیە رۆماننووسی فڕەنسی (لۆران بینی) لە رێگای فرە زمانییەوە حیكایەتەكانی (وەزیفەی حەوتەمی زمان) دەچنێتەوە! بەو مانایەش ئەگەرچی گێڕانەوە لەو رۆمانەدا بە ئاوەڵناوی بزر مامەڵەی لە تەك كراوە، بەڵام مەعریفە بەشێكی گەورە لە حیكایەتخوانی دەشارێتەوە، كەواتە ئاوەڵناوی بزر بەو مانایە نییە، كە دەكەوێتە نێو دنیای بگێڕەوەی هەموو شتزانەوە، چونكە ئەو توانایانەی (لۆران بینی) لە مەعریفە نمایشی دەكات، پڕ و فرە رەهەند و جۆراوجۆرە، حەقیقەتی خۆی لە خستنە رووی گۆڕانكارییەكاندا دەبینێتەوە و پێیوایە دەریچەی ئەبەدی ململانێی ئەو گێڕانەوەیە لە گۆڕان و سەیرورەدایە. رۆماننووس بە شێوەیەكی شاراوە، لەسەر زمانی بارت دەڵێ‌ سیمیۆلۆژی كە بە شەقامدا دەڕوا هەست بە دەلالەتەكان دەكات، بەڵام مرۆڤ هەست بە روداوەكان دەكات.ل179. بە مانایەك لە ماناكان لە بارەی چەمكی دیموكراسییەتەوە یان خوێنەرەوە دەڵێ‌ خوێنەر زۆری لێنەكراوە مانا جێگیر بكات، بەڵكو یاری بە مانا دەكات.

ژیان كورتە، زمان فاشییە
واڵتەر بنیامین دەڵێت: مەعریفە و رۆمان پێشبڕكێی ئەوە دەكەن، ببنە جێگرەوەی حیكایەتخوانیی! (بڕوانە تۆفانێك، لە بەهەشتەوە هەڵدەكات- دەروازەیەك بۆ هزری واڵتەر بنیامین، نووسینی پێشڕەو محەمەد، ل15).
تێگەیشتنی دەستەواژەی ژیان كورتە، زمان فاشییە مەعریفەیەكە دنیا جیاوازەكانی رۆمانی كێ‌ رۆڵان بارتی كوشت بەڕێوە دەبات؟ میلان كۆندێرا دەڵێ‌ مەعریفە خەسڵەتێكە لە خەسڵەتەكانی رۆمانی نوێ‌. كاتێ‌ (خوێنەر/ وەرگر) ئەو قسانەی بیر دەكەوێتەوە، دەتوانێ‌ رەهەندەكانی فاشییەتی دەسەڵاتی زمان و دیكتاتۆریەتی دەسەڵاتی سیاسی و ژیان و پووچەڵكردنەوەی ئەزموونەكانی مرۆڤ بە جوانی لە رۆمانی (وەزیفەی حەوتەمی زمان) بگرێ‌. بە مانایەكی دیكە دەمەوێ‌ بڵێم دەسەڵاتی زمان و دەسەڵاتی ژیان بە گشتی هەر دووكیان لە چەمكی ناچاركردندا بەیەك دەگەنەوە، زمان ناچاری قسەكردنت دەكات. زیندەگی ناچاری مردنت دەكات. یەكەم راستەوخۆ دەتخاتە بازاڕی قسەكردنەوە. زیندەگی دواتر دەتخاتە گەمەی مردنەوە. زمان فاشیستە. ژیان دیكتاتۆرە.
ئەو رۆمانە هەوڵدەدات بۆ گەیشتن بە كردنەوەی كۆدەكانی ناچاركردن، بۆ گەیشتن بە چەمكی دیموكراسییەت و وەرگر و خوێنەرەوە دەركەوتەكانی رۆشنبیریی و شاراوەكانی سیاسەت، ئاڵۆزی زمان و رووبەڕووبوونەوەی تووندوتیژی ژیان لە ململانێی جیاوازییەكاندا بە شێوەیەكی ئەدەبی و هێلكاری هونەری دابڕژێتەوە. بەو مانایەش وەك لەسەر زاری لاكان دەڵێ‌ ناونان زەمەنی بابەتی ئارەزووە. یان زەمەن بابەتی ئارەزووی ناونانە. یان بابەتی ئارەزوو زەمەنی ناونانە. یان زۆر بە سادەیی ناونان بابەتی ئارەزووی زەمەنییە. ئەوە ئەگەر گۆڕانكاری و سەیرورەی زمان بێت، ئەوە دیكتاتۆریەتی سیاسەت و دیكتاتۆریەتی ژیان بە تووندوتیژی و مردنت دەسپێرێت.
دواجار ئەوە ژیانە قسان دەكات، تێگەیشتنی ژیان قسان دەكات، مامەڵەكردنە لەگەڵ كار، بەڵام ساتەكانی قسەكردن مامەڵەكردنە لەگەڵ كردە. نووسین كردەیە، ژیان كار! لێرەدا جۆن سێرل قوتابی (ئۆستین) دەیەوێت زێتر تیۆری نیازخوازی لە چەمكی كار و كردەدا راڤە بكاتەوە و چەمكی (دیموكراسییەت – خوێنەر) لە (ژیانی راستەقینە) روونتر نیشان بداتەوە.
سێرل پێیوایە هەمیشە نیازی قسەكەر بەر لە گوتار، ئامادەیی خۆی هەیە. واتە كاتێ‌ دەڵێی: كات درەنگە! واتە نیازت ئەوەیە بۆ ماڵ بگەڕێیتەوە. بیكاسۆ دژی سلفادۆر دالی بوو، ژاك دریدا بە دژی ئۆستین و سێرل و یاكۆبسن پێیوایە ئەو كردەیەی سێرل لە ئاخاوتن و دیموكراسییەتدا نایەتە دی. وەزیفەی حەوتەمی زمانە، بڕوانە ل 279. بەڵام هەموو نكۆڵیكردنێ‌ پێناسەیە- سبینۆزا. بڕوانە ل249.
كەواتە دەشێ‌ نووسین لە سیاقێ‌ بنووسرێ‌ و لە سیاقێكی دیكە و لە شوێنێكی دیكە و لە كاتێكی دیكە بخوێندرێتەوە. بارودۆخی نووسەر و بارودۆخی (خوێنەر/وەرگر) گۆڕانیان بەسەردا دێت. نووسین گۆڕانكاری و سەیرورەیە و بەردەوام یاری لەگەڵ زمان دەكات.

هەولێر 7/4/2024

سەرچاوەكان:
1- لوران بینی: الوظیفە السابعە للغة من قتل رولان بارت؟، ترجمة محمد الجرطي، دار نابو، العراق 2021. صدرت الروایە فی طبعتها الفرنسیە عام 2015 .
2- الوظیفە السابعە للغة.. من قتل رولان بارت؟.. روایة التفكیر. إدریس الخچراوی_ كاتب من المغرب.




كاتێ‌ دەریا پیر دەبێ‌.. ئەدۆنیس.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا كردوویە بە كوردی

پێشدەستی:

هەمیشە لە پشت هەموو داهێنانێ‌، فیكرو دنیابینییەكی نوێ‌ و چەمك و شێوازی دەربڕینی جیاواز و ئازادی بیركردنەوە و خەیاڵی بەرفرەوان و دیدێكی دیكەی مەعریفی و جوانكاری دەبینرێت، كە لەگەڵ كۆن جیا دەكەوێتەوە، كەواتە بۆ ئەوەی بیر بكەینەوە دەبێ‌ لە لایەك پەیوەندییەكی دینامیكیانەمان بە فیكر و مەعریفە و جیهانبینی سەردەمەوە هەبێت، لەلایەكی دیكە پەیوەندی بە كەلەپورەوە بكەین. (گادامێر) دەڵێت: وجودی مرۆیی لە یەك كاتدا میژوویی و هاوچەرخیشە، بەو مانایەش تێگەیشتنی ئێمە بۆ مێژوو لە بۆشاییەوە نایەت، بەڵكو لەو ئاسۆ هەنووكەییەوە دێت، كە مێژووی داهێنان یەكێكە لە دامەزراوە راستەقینەكانی.
كەواتە تێگەیشتنمان بۆ مێژوو لە سەر داهێنان و دیالۆگەوە دادەمەزرێت، نەك گوێگرتنێكی مردوو و سلبیانە، هەروەها كاری هونەری پرۆسەیەكی دیالیكتیكییە لە سەر ئەو پرسانە دەوەستێت كە كارەكە ئاراستەی ئێمەی دەكات، لە هەمان كاتدا بوونی كارەكەش پێكدێنێ‌. تێگەیشتنمان بۆ مێژوو بە مەعریفە و هوشیاری هەنووكەییەوە بەندە، نەك ئەو مۆرە ئایدیۆلۆژییایەی كە لە خڵتەی كەلەپورەوە ماونەتەوە، یان لە خڵتەی سنوری فیكری نەتەوایەتییەوە ماوەنەتەوە.
فیكری زیندوو بەردەوام زەمەنەكان دەبرێت و بە شێوەی جیاواز، دەركەوتەی جیاواز و فۆرم و چەمكی جیاواز لەگەڵماندا دەژیت. كەواتە هیچ دەقێك نییە سەرچاوەی زیندووی نەبێت، وەك چۆن لە پشت هەموو فیكرێكی نوێ‌، لە پشت هەموو دەقێكی داهێنەرانەوە كۆمەڵێك خەیاڵ و بیركردنەوەی مەعریفی و فەلسەفی دیكە وجودی هەیە و زیندووێتی خۆیان لە نێو ئەو داڕشتنە نوێیەدا دووبارە بە چەمك و شێوەو جوانكاری و رەهەندی فەلسەفی و فیكری دیكەی جیاوازەوە دەخەنە روو، هەموو كەلتورێكیش كۆمەڵێك رەگەزی مردوو، یان بە مانایەكی دیكە كۆمەڵێك رەگەزی تێدایە كە وزەكانیان سنووردارە و توانای هەڵسانەوە و خۆگۆڕینیان تێدا بەدی ناكرێت، ئەو بەشە نازیندووە هەمیشە چوارچێوە بە دەوری خۆیدا دەكێشێت و خۆیان لە ژیان تەریك دەكەن، یان خۆیان لە كۆمەڵێك چوارچێوەدا هەڵدەگرنەوە، كە دەشێ‌ زێتر ئایدیۆلۆژیا ئاراستەكانیان دیاری بكات، بە دیوەكەی دیكەش لە بەر ئەوەی توانا و وزەی گفتوگۆ و خۆنوێكردنەوەیان نییە، قبوڵی ئەویدیكەی جیاواز ناكەن، بە هیچ جۆرە دانوستانێك رازی نین، تەواوی بوونی خۆیان لە شانازیكردن بە رابردوو، گەڕانەوە بۆ رابردوو هەڵدەگرنەوە.
لە رۆژهەڵاتدا بەشە نازیندووەكەی كەلەپور كۆمەڵێك شوێنپەنجەی دیاریان بە سەر كۆمەڵگاوە دەبینرێت، بەشێكی زۆری ئەو مۆ رو شوێنپەنجانەش راستەوخۆ پەیوەندی بەو بیركردنەوە دواكەوتووانە و ئایدیۆلۆژیانەوە هەیە، كە رۆژهەڵاتی دواكەوتوو پرۆسیسەی دەكات، هەر لە نەخشاندنی روخساری كۆمەڵگاوە، حوكمی پۆلیسی، دواكەوتوویی پیشەسازی، پەیوەستبوون بە نۆڕمە كۆمەڵایەتییە دواكەوتووەكان، زمانی چوارچێوەدار، خەت، نەخشە، مێژوویی سیاسی، هەتا دەگاتە ئینتیمای قەومی…هتد
كەواتە بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی ئەكتیڤانە بوونی خۆمان بسەلمێنین، دەبێت هەڵگری جیهانبینیەكی مۆدێرن بین و یونیڤێرساڵانە بیر بكەینەوە، دەبێت بە جۆرێك لە جۆرەكان تەجاوزی كەلەپوری سنورداری نەتەوایەتی و فیكر و مەعریفەی چوارچێوەدار بكەین و بڕوامان بە داهێنان هەبێت، بەو مانایەش داهێنان هاوژیانییە.

كاتێ‌ دەریا پیر دەبێ‌
بەیروت بە یادەوەری هەڵدەبژێرێ‌.
گشت ساتێ‌
لم وەك باڵەخانەی دوارۆژ دادەنێ‌
سەفەر دەكات
لە هەنگاوەكانی دەردەچێ‌
دەچێتە نێو خەونەكانی.

هەر چەندە حیكمەت ئەدەبە
ئەزموون رووتی دەكاتەوە.
هێلكارییەكان دەكێشێ‌
دەیدڕێنێ‌.

دەرگا دادەخا
نەك بۆ ئەوەی خۆشییەكانی بەند بكات
بەڵكو بۆ ئەوەی خەمەكانی ئازاد بكات.

خۆڵەمێشەكەی ئاگر دەخاتە سەرسامییەوە
ئاگرەكەی كات.

نكۆڵی لەو شتانە دەكات، كە دەچنە ژێر دەستییەوە
نكۆڵی لەو شتانە دەكات، خۆیان بە دەستەوە دەدەن.

رابردوو دەریاچەیەكە بۆ تاكە مەلەوانێ‌
یادەوەری.

دەریا هیچ كاتی نییە قسە لەگەڵ لم بكات
دانانی شەپۆل بواری نادا.

نائومێدی عادەتە
هیوا دۆزینەوە.

خۆشی باڵی هەیە، نەك جەستە
خەم جەستەی هەیە، نەك باڵ.

خەون تاكە بێ‌ تاوانێكە
ناتوانێ‌ زیندوو بێ‌
بە راكردن نەبێ‌.

بیركردنەوە هەمیشە دەگەڕێتەوە
شیعر هەمیشە سەفەر دەكات.
جوانترین ماڵ، نهێنییە
بەڵام بۆ ئاكنجەبوون ناشێ‌.

زمان ژەنگ دەگرێ‌ لە زۆر بڵێی
چاو ژەنگ دەگرێ‌ لە كەم خەوی.

سەفەر دەكەم، بۆ هەر كوێ‌ بێ‌:
ناخی تۆ دوورترین شوێنە.

دوێنێ‌ بریندار بووم
دوێنێ‌ زانیم:
برینەكان دروستیان كردووم.

گوندێكی چكۆڵە منداڵیتە
لەگەڵ ئەوەشدا
چەند سەفەر بكەیت
سنور نابەزینی.

الحوار المتمدن
لو أن البحر یشیخ
أدونیس
الادب والفن




ژیل دۆلۆز.. دەقی هونەری چییە؟.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵلا كردوویە بە كوردی

هونەر مێژووییەكی درێژی هەیە، سیخناخ بە پەراوێز و زیاد لە سەرنج و ناوەڕۆكێك. مێژووی هونەر سەرەڕای بەرەوپێشچوونەكانی پرسیارێكی سادەمان روو بەڕوو دەكاتەوە، ئەویش ئەوەیە (كاری داهێنان چییە؟) بەڵام ئایا بەشێوەیەكی گشتی ئەو پرسیارە دەكەوێتە دەرەوەی ناوكۆییە مێژووییەكەیەوە؟ یان بە سیاسەت و ئەو قەیرانە فیكرییانەوە پەیوەستە، كە ئابڵوقەی (كاری داهێنان)یان داوە؟ ئایا دەبێ‌ هونەر و كاری داهێنان هەوڵێكی رادیكاڵیانە بێ‌، بۆ تێگەیشتنێكی دیكەی جیهان؟ یان هەمیشە وەك زمانی كەمە نەتەوەییەكان دەمێنێتەوە؟ بێگومان كاری داهێنان دەكەوێتە دەرەوەی رێسا و مەدلولە باوەكانەوە.
(بە وردی فەلسەفە بوارێكی مەعریفییە، لەسەر داهێنانی چەمك وەستاوە)
“ژیل دۆلۆز” (فەلسەفە چییە؟)
ژیل دۆلۆز فەیلەسوفی فڕەنسی (1925-1992) پرسیاری “كاری داهێنان چییە، فەلسەفە چییە؟” لە لێكچەرێكدا ” lecture” ساڵی 1987 بە ناونیشانی كاری داهێنان چییە خستە روو. دۆلۆز لەو لێكچەرەیدا فەرهەنگێكی بۆ ئەلف و بێی كاری داهێنان دانا. لەسەر چ بنەمایەك كەسێك دەتوانێ‌ بڵێ‌ من بیرۆكەم هەیە. سەرەتا و پێش ئەوەی پرسیاری كاری داهێنان وەڵام بدەینەوە، پێویستە لەوە تێبگەین كە كاری داهێنان لە هونەردا دەكەوێتە كوێ‌، هونەر دەكەوێتە كوێی زانستە مرۆڤایەتییەكانەوە؟

پەیوەندی نێوان هونەر و فەلسەفە
دۆلۆز چوار ساڵ دوای لێكچەرەكەی و لە كتێبەكەیدا بە ناوی “فەلسەفە چییە؟” كە لە ساڵی 1991 بڵاوی كردەوە، پەیوەندی نێوان (زانست) و (هونەر) و (فەلسەفە)مان بیر دەخاتەوە. دۆلۆز لە كتێبەكەیدا روونی دەكاتەوە، كە پێیوایە فەلسەفە و زانست و هونەر چوارچێوەیەكی گەورەی فیكرییان هەیە. فەلسەفە لەو چواچێوە گەورەیەدا كار لە داهێنانی چەمكدا دەكات. كەچی زانست دەكەوێتە خانەی لێكۆڵینەوە و شیكردنەوەی دیاردەكان و هاوكێشەكانەوە. بەڵام هونەر دەكەوێتە ژێر كاریگەری دەرككردن و هەڵچوونەوە.

(فەلسەفە رامان نییە)
دۆلۆز ئەركی فەلسەفە لە پەیوەستبوونی دیاریكراوی كۆتایی و ئەدیوو ناكۆتاییدا دەبینێتەوە، بەمجۆرە داهێنانی چەمكەكان لەسەر زانست دەوەستێ‌.
ئەركی فەلسەفە رامان نییە. رامان و بیركردنەوە پێناسەیەك نییە بۆ فەلسەفە. بۆ نموونە بۆ لە كاری ژماردندا بیركارییستەكان چ پێویستیان بە فەلسەفەی بیركردنەوە هەیە. سینەماییەكان چ پێویستیان بە فەلسەفەی بیركردنەوە و رامانی سینەمایی هەیە. لێرەدا فەلسەفە هۆكارێكە نەك زانستێك كە ناوەڕۆكی تایبەتی خۆی هەبێت. بە راستی ئەركی فەلسەفە ئەوەیە، كە دیاریكراوی كۆتایی و ناكۆتایی بەیەكەوە ببەستێتەوە. واتە رووداوەكان بە یەكەوە ببەستێتەوە، ئەو رووداوانەی كە چەمكەكان دادەهێنن و زانستی لەسەر وەستاوە و لەوێشەوە كۆمەڵێ‌ رووداو نیگار دەكێشێ‌ و دەبێتە سەرچاوەی ئەو مەرجانەی كە (رووداو/ ئەزموون) خاوەندارییان دەكات.
بەڵام هونەر دەیەوێ‌ كاریگەری جوانی (كۆتایی و ناكۆتایی/ دنیایی و ئەودیوو دنیایی) وەك بینراو لە هونەری شێوەكاریدا بەرجەستە بكات، لێرەدا ئامانجی كاریگەرییەكان بەسەر بینراودا بۆ دەرككردنی ئەو رەهەندانە دەگەڕێتەوە كە تێیدا بزرن. بەو مانایەش هونەر سەربەخۆ نییە، بەڵكو لە چوارچێوەكانی فەلسەفە و زانستدا خۆی دەبینێتەوە، كەواتە هەر سێكییان لە بۆتەیەكدا دەتوێنەوە و دەبنە پرسیارێك ئەویش ئەوەیە: حەقیقەت چییە؟ ئەو پرسیارەش بە درێژایی مێژوو هەموو چالاكییە مرۆییەكان لەخۆ دەگرێ‌.
هونەر پێچەوانەی زانست، داڕژانە، هونەر لە رێگای هەستەكان و هەڵچوونەكانەوە ماناكان ئازاد دەكات و رێگای دۆزینەوەی حەقیقەتی شتەكان دەگرێتەبەر. هەر لەو رێگایەشەوە هونەرمەند لە نەبینراوەوە، لەودیوو نەبینراوەوە هونەر دەكاتە بینراو. دۆلۆز لە كتێبەكەیدا “فەلسەفە چییە؟” دەڵێ‌ هونەر رێگا ناكۆتاییەكان دەگرێتەبەر بۆئەوەی بۆ هونەر بگەڕێتەوە.

ئایا مەرجە داهێنان هەڵگری بەهای ئەخلاقی بێت؟
لە راستیدا ئەو نووسینەی كە لە نێوان رۆلی زانست و هونەر و فەلسەفە دابڕان و بەیەكداچوون شیدەكاتەوە، ئەو دابڕانە ژینگەیەك دەنوێنێ‌، كە دەشێ‌ مرۆڤ هەڵویستی خۆی لە بارەی جیهان دیاری بكات. ئێستا ئێمەش وەك دۆلۆز دەڵێت لەسەر رۆلی هونەر و چییەتی هونەر و ئەو پانتاییانە وەستاوین، كە هونەر رۆناكییان دەكاتەوە، بەڵام ئەو بیركردنەوەیە چۆن وەك بنەمای داهێنان دەردەكەوێت؟! ئایا شێوەكارێك – بۆ نموونە- كاتێ‌ پۆرترتێك نیگار دەكا، ئەوە بە كارێكی داهێنەرانە هەڵدەسێ‌؟ ئایا داهێنان جۆرێكە لە شێتی و جیاوازی و تێپەڕاندنی باو؟!

undefined
لە راستیدا كاری داهێنان وەك خۆی لە شێتی نزیك نییە، بەڵكو لە پشت چەمكی شێتی جۆرێك لە مەبەست هەیە. نموونەی (ئەو مەبەست و نیازەش. و:ك) دۆلۆز لە لێكچەرەكەیدا (لە نموونەی جوولەكەكاندا) دەیخاتە روو، ئەو جوولەكانەی لە زەمەنی هیتلەردا لە ئەڵمانیا “هەڵاتن” یەكەمینی ئەو كەسانە بوون كە زیندانەكان و سەربازگاكان و لەناوبردنی بە كۆمەڵییان شەرمەزار كرد. (دۆڵۆز: هەمیشە لەسەر هێلی هەڵاتن داهێنان دەكەین. و:ك) جوولەكە هەڵاتووەكان زانیارییەكانیان (بە دنیا) راگەیاند، دەشێ‌ ئەو زانیارییانە دژ بە بڵاوكراوەكانی نازییەت وەسفیان بكەین.
لەو نموونەیەدا دۆلۆز سەرنجمان بۆ خاڵێكی زۆر ورد رادەكێشێ‌، ئەویش ئەوەیە هەرگیز زانیارییە دژەكان كارێكی داهێنەرانە نەبوون. هەرگیز ئەو زانیارییە دژانە هیتلەریان بێزار نەدەكرد. بەڵام گرنگی ئەوە بوو، كە بوون بە كردەیەك لە كردەكانی (یان بوون بە نیازێ‌ لە نیازەكان)ی بەرگریكردن. لێرەدا كردەی بەرگریكردن نە زانیارییە و نە زانیاری دژ، بەڵكو (مەبەست) بەكارهێنانی كۆمەڵێ‌ زانیارییە وەك ئامرازی بەرگری بۆ كەشفكردنی تاوانەكانی پاكتاوكردنی رەگەزی لەژێر حوكمی هیتلەردا.
دۆلۆز لە شیكردنەوەی كاری داهێناندا دەچێتە سەر بابەتێك ئەویش لێكنزیكردنەوەیەكی جەوهەری نێوان كاری داهێنان و كردەی بەرگرییكارییە. كاری هونەری كارێك نییە بەلای مەعریفیدا بكرێتەوە، چونكە لالێكردنەوەی مەعریفە لە لێپرسراوێتی زانستدایە. زانست بە زانیارییەكان و بەردەوامییەوە بەندە. كاری هونەری كردەیەكی بەرگریكارانەیە، بەڵام ئەی ئەو پەیوەندییە تەمومژاوییەی نێوان كاری هونەری و كردەی بەرگریكاری چییە!

هونەر بەرگری لە مردن دەكات
هونەر تاكە رێگایە، بەرگری لە مردن دەكات. ئەو گوتەیەی فەیلەسوف و چالاكوانی فڕەنسی “ئەندریە مالرۆ”(1901 ـ 1976)، دۆلۆزی زۆر سەرسام كرد. زۆر بە سادەی دەڵێ‌ “هونەر تاكە شتێكە كە بەرگری لە مردن بكات”. سەرەڕای سادەیی ئەو پێناسەیەی مالرۆ لەسەر جەوهەری كاری هونەری وەستاوە، وەك ئەوەی كردەیەكی مانادار بێ‌، بەرگریكردن لە چاكە بێ‌ بە دژی خراپە، پاكی بە دژی ناپاكی، راستی بە دژی درۆ. بەمجۆرە كاری داهێنان دۆزەرەوەی ریسواییە.
بە گەڕانەوە بۆ بیروڕای دۆلۆز، فەیلەسوف، داهێنەری چەمكەكانە. فەیلەسوف وەك داهێنەرێك دەردەكەوێت كە تابلۆی فیكری نیگار دەكا. فەیلەسوف داهێنەرە چونكە بەرگری دەكات و حوكمەكانی پێشوو كۆتایی پێدەهێنێ‌. دووبارە هونەر بەرگریكردنە، راستە ئەو تەنها شتێك نییە، كە بەرگری دەكات! بەڵام هەموو كارێكی هونەریی داهێنەرانە هەر دەبێ‌ هەڵگری فیكرەی بەرگریكردن بێ‌.
دۆلۆز دەیەوێت هەموو ئەو دەستەواژە سواوانە بەتاڵ بكاتەوە، چونكە گرنگە وەك تووتی لاساییكەرەوە نەبین، گروپی فەیلەسوفان یان هونەروەران بە چییەوە پەیوەستن. گرنگ ئەوەیە پرسیار بكەین و پشكنین بكەین و بەرگری بكەین، ئەگەر گونجا بتەكان تێبشكێنین.

كاری داهێنان، بەرگریكردن لە تاراوگە
كردەی بەرگریكردن وەك ئەوەی داهێنانە، لەنێو خۆیدا دوو رووە، لەگەڵ ئەوەی هونەرە، لە دواجار كارێكی مرۆییشە. بۆیە هەموو فۆڕمێك لە فۆڕمەكانی كاری هونەری وەك پێویست تێكۆشانێكی مرۆییە. بەڵام ئەو تێكۆشانە مەرج نییە هەمیشە لە كاری هونەریدا فۆرمەلە بكرێ‌، تەنها زۆر بە كەمی گروپی داهێنەران دەتوانن لە تاراوگەدا فۆرمەلەی بكەن، لە تاراوگەدا گروپی داهێنەران زەوییەكانیان لە كوێیە.
هیچ كارێكی داهێنەرانە لە دەرەوەی تاراوگەدا نییە. (مەبەست لە تاراوگەیی بەزاندنی سنوورەكانە، دۆلۆز دەڵێ‌ تاراوگەنشینەكان، یان كۆچەرەكان لەسەر هێلی هەڵهاتن دەجوولێن، هیچ سنوور و جەوهەرێكی جێگیر نابینن… و:ك) ئەگەرچی داهێنەرەكەی لە نیشتمانی دایكیشیدا بێت، چونكە داهێنەر هەركە دەستی بە كار كرد، بە هەموو مانایەك دەكەوێتە تاراوگە و دەرەوەی نیشتمانی دایكەوە. لە راستیدا داهێنەر بە كاری فەلسەفە هەڵدەسێ‌، واتە پرسیار بەرەو رووی جوانی و حەقیقەت و چێژ دەكاتەوە. بەمجۆرە داهێنەر كاری داهێنان وەك پرسی فەلسەفی لێكدەداتەوە، واپێدەچێ‌ ئەو بابەتانە بكەونە دەرەوەی پرسیاركردنەوە، بەڵام لە راستیدا ناكەوێتە دەرەوەی پشكنینەوە.
بەمجۆرە كاری داهێنان چ هونەری بێ‌، یان زانستی، یان فەلسەفی، یان هەتا سیاسی، وەك ئەفلاتوونییەكان، نیچەییەكان، ماركسییەكان، ئەوانیدیكە تەمومژاوی نییە.

عەبدولموتەلیب عەبدوڵلا كردوویە بە كوردی

———————————–

سەرچاوەكانی نووسەر:

  • “جیل دولوز”/”فلیكس غتاری” “ما هی الفلسفە؟” ترجمە مركز الإنما‌و القومی بیروت گبعە 1997.
    Claire Colebrook, Philosophy and Post-structuralist Theory: From Kant to Deleuze -2 Edinburgh University Press, 2005.
    3– Gilles Deleuze on Cinema: What is the Creative Act 1987 (English Subs), https://www.youtube.com/watch?v=a_hifamdISs
    4- هەمیشە لەسەر هێلی هەڵاتن داهێنان دەكەین، لەبەر ئەوەی نا كە خەیاڵ دەكەین، لەبەر ئەوە نا كە خەون دەبینین، بەڵكو لەبەر ئەوەیە كە واقیعێك لەسەر هێلی هەڵاتن دەكێشین و رووتەختی پێكەوەسازانی لەسەر پێكدەهێنین. بڕوانە (گفتوگۆكان) ژیل دۆلۆز- كلەیر پارنێت. وەرگێڕانی بۆ كوردی هاوار محەمەد، زنجیرە كتێبی ناوەخت- ناوەندی غەزەلنووس 2020. ل296.
    5 – گفتوگۆكان)، ژیل دۆلۆز- كلەیر پارنێت. وەرگێڕانی بۆ كوردی هاوار محەمەد، زنجیرە كتێبی ناوەخت- ناوەندی غەزەلنووس 2020. ل355.

لە ئینتەرنێتەوە:
الجزیرە. 28/4/2017
نووسینی: هند مسعد.




کتێب\ جوانییەكانی وەرگر “لێكۆڵینەوە” لە ئەدەبی نوێی كوردیدا.. عەبدولموتەڵیب عەبدوڵا

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




کتێب: زمان\بون\شیعر.. نووسینی عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا

(خوێندنەوەیەك بۆ ئەزموونو تایبەتمەندیی شیعری هاشم سەڕاج)

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




كتێب: شەڕی زمان، لە پێناو تەئویلكردنی دەق.. نووسەر: عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

بابەت: لێكۆڵینەوە

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




کتێب\ ئەی رەقیب لە نێوان جەستەی زمانو جەستەی نەتەوەدا.. عەبدوملوتەلیب عەبدوڵڵا

(چوار خوێندنەوەی جیاواز لە سەر بنەمای گفتوگۆو دانوستان)

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




گفتووگۆ لەگەڵ شاعیر و رۆماننووسی عیراقی (دنیا میخائیل).. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا كردوویە بە كوردی

دنیا میخائیل: دەنووسم بۆ ئەوەی شێت نەبم

شاعیر و رۆماننووسی عیراقی (دنیا میخائیل) كە ئێستا لە زانكۆی ئۆكلاندی ئەمریكی زمانی عەرەبی دەڵێتەوە. پێیوایە ئەدەب و هونەر دەتوانێ‌ دەنگی پەراوێزخراوەكان بێت. ئەو هەر لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا ساڵی 2001 لە بواری مافی مرۆڤ خەڵاتكراوە. لە ساڵی 2017 بەسەرهاتی پڕ ئازاری ئافرەتانی یەزیدی شەنگاری ژێر دەستی داعش بە ناوی (لە بازاڕی سەبییاندا) كە چۆن وەك سەبایەی جەنگ مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت، چاپ و بڵاو كردۆتەوە.

پ/ بۆچی دەنووسی؟
دنیا میخائیل/ بۆ ئەوەی شێت نەبم.

پ/ كتێبەكەت (لە بازاڕی سەبییاندا) بەڵگەنامەیەكە لە بارەی تووندوتیژی دژ بە ئافرەتانی یەزیدی، ئایا تۆ بڕوانامەیەكی فیكری بە خوێنەر دەبەخشیت، كە مێژوو و رووداوەكان و كەسایەتییە حەقیقییەكان لەخۆدەگرێت، ئایا تا چەند لەو ژانوژوارە نزیكبوویتەوە؟ ئایا لەو رێگایەوە دەتەوێت مێژووی وسبەلێكراوەكان بناسێنی؟

دنیا میخائیل/ سەبایەكان و فرۆشتنیان لە بازاڕدا مەسەلەیەكە قابیلی لێبووردن نییە، بۆیە بە هەموو ژانرە ئەدەبییەكان شیعر، پەخشان، گێڕانەوە… وەڵامی ئەو ستەمەم داوەتەوە. خۆم سەردانی شوێنی ئەو كارەساتە گەورەیە(گوندی شەنگار) كرد و لە نزیكەوە قسەم لەگەڵ ژنانی هەڵاتووی ژێر دەستی( داعش) كرد و گوێم لەو پیاوانە راگرت، كە لە مردن رزگارییان ببوو. چیڕۆكەكانیان لە خەیاڵ سەیرترە، هەموو ئەوانەم وەك بابەتێك لە (بازاڕی سەبییان)دا نووسییەوە و دواتر لە رۆمانی (تاتۆی باڵندە) كارم لەسەر كردوە، من بەبێ‌ قەڵەم چۆن دەبمە دەنگی پەراوێزخراوەكان؟ قەڵەم بەسەر چەكدا سەردەكەوێت، قەڵەم بەرەنگاری زەمەن دەكات، هەمیشە وشە وەك چەك دەنگدانەوەی هەیە.

پ/ لە دنیای هاوچەرخدا واقیعی ژنان چۆن دەبینی؟
دنیا میخائیل/ ئێستا واقیعی ئافرەتان لە ئاستی پێویستدا نییە، نەك هەر لە نیشتمانی عەرەبی و بەس، بەڵكو لە هەموو شوێنێكی دنیادا. هەتا ئێستا ئافرەت وەك رەگەزی دووەم لە پێناو رەگەزی یەكەم بەكار دەهێنرێت. هەڵبەتە هەر لە بنەڕەتدا كۆمەڵگای باوكسالاری ئەو نەخشەیەی كێشاوە، بەڵام كەمەكێك هەن باشترن.
پ/ بە لای تۆ خەسڵەتەكانی خوێنەری نموونەیی چییە؟
دنیا میخائیل/ خوێنەری نموونەیی لەسەر وەڵامی نووسەر ناوەستێ‌، بەڵكو پرسیار دەیوڕوژێنێ‌، لەسەر رازیبوون و بەرهەمهێنانی كەسییەكان دەوەستێ‌، خوێندنەوەی كارلێككەری ئیبداعی لە نووسینی ئیبداعی كەمتر نییە، گشت داهێنانەكانی ناو نووسین بۆ ئەو خوێندنەوەیە دەگەڕێتەوە.
پ/ شێوەی ئەو نیشتمانەی خەونی پێوە دەبینی چۆنە؟
دنیا میخائیل/ وەك ئاسمان، پڕە لە باڵندە، هەڵدەفڕن دەڕۆن و دەگەڕێنەوە، دەنیشنەوە، ئەگەر لەسەر درەختێ‌ نیشتنەوە هەڕەشەی پێكرانیان نییە.
پ/ بەرگی رۆمانێكی دنیا میخائیل (جەزیرەیە)، شكۆی ژیان، مافی بوون، ستەمی كۆمەڵایەتی، دیكتاتۆری هەرێمایەتی، ئافرەتانی گەندە، هەموو ئەو بابەتە مشتومڕخوازانە لە كارە شیعری و رۆمانەكانتدا لە دەرگایان دەدرێت… ئایا تا چەندی دیكە بە مرۆڤەوە سەرقاڵ دەبیت، تا چ سنورێ‌ بەهای مرۆڤایەتی لە كارەكانت دەردەكەونەوە؟ ئایا دەشێ‌ كارەكانت وەك بەڵگەنامەی كۆمەڵایەتی مێژووی عیراقی هاوچەرخ تەماشا بكرێت؟
دنیا میخائیل/ نازانم، دەشێ‌ هەموو كارێكی ئەدەبی بەڵگەنامەی مێژووەكی دیاریكراو بێت، لە كۆتاییدا هونەر كلیلی ژیانی سەردەمێكی دیاریكراوە و بیرەوەرییەكان لە ئێستاوە بۆ ئایندە دەگوازێتەوە، ئالێرەدا بایەخی هونەر دەردەكەوێت، سێبەری كاریگەری زەمەنەكان دەبڕێت، هەروەها رووییەكی دیكەی ئایدیۆلۆژیا دەگەیەنێت، رووییەك كە دەسەڵاتداران و بیری یەكتایی برەوی پێدەدەن.
پ/ لە كۆمەڵە شیعرییەكانت (شەوانی عیراقی) و (جەنگ) بە جیدی دەردەكەوێت و میمۆری جەنگە درێژەكانی مرۆڤی عیراقی نمایش دەكەیت، ئایا شیعر لە توانایدایە هەموو ئەو وێنە پڕ ئازارانەی جەنگ لەخۆبگرێت؟
دنیا میخائیل/ قەسیدەكانم بۆتە واقیعی ئیستاتیكیمان، كە لە واقیعی پڕ لە ئازار هەڵقوڵاوە.

پ/ عیراقت بەجێهێشت و دوور لە نیشتمانەكەت بە قۆناغێكی دامەزراوەی و گرنگی ژیانتدا تێپەڕیت، بەڵام عیراق بە كەلەپوری شارستانی و غەمی جەنگەكانییەوە ئامادەیە… ئایا نووسین دنیابینییەكی هاوتای ئەو واقیعەی پێشكەش كردووە؟
دنیا میخائیل/ سی ساڵی سەرەتای تەمەنم لە عیراقدا ژیام، سێبەرەكانی لە یادەوەریمدا ماونەتەوە، سێبەری جەنگ و جوانی و خاپووربوون، مێژووی وڵاتەكەم و هەموو ئەو شتانەی تێیدا ژیام و جێمهێشت، ئایا چەند پەیوەندی بە نووسینەكانمەوە هەیە، من هیچ بیریان لێناكەمەوە، لە هەموو نووسینێكدا جێكەوتەی مێژووییەكی دیاریكراو هەیە. بە بڕوای من هەموو ئەو شتە وردانەی تۆماریان دەكەم، لە كاروبارە گەورەكانی ژیاندا رەنگدەداتەوە، مێژووی نیشتمانەكەم بۆ سەرەتای مێژووی جیهان دەگەڕێتەوە، هەموو ئەو شتانەی لە جیهان روویانداوە، یەكەمجار لە نیشتمانەكەی من روویداوە، من كاتێك شتێكی نوێ‌ دەنووسم هەستدەكەم دەست لە ساتی دۆزینەوەی یەكەم دەدەم.

پ/ دەشێ‌ رۆمان كار لەسەر رووداوە مێژووییەكان بكات، بەڵام نەك بۆ ئەوەی راستیان بسەلمێنێت، بەڵكو بۆ ئەوەی كاریگەری ئەو گۆڕانكارییانەی كە بەسەر كۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا هاتووە، بیگەیەنێت، ئەو مەسەلەیە چۆن دەبینی؟
دنیا میخائیل/ بەڵێ‌، بە دڵنیاییەوە، رۆمان تەنها ئەوەمان پێناڵێت كە روویداوە، بەڵكو ئەو كاریگەرییانەش دەخاتە روو، كە بەسەر ژیانی مرۆڤایەتیدا هاتووە، رۆمان هەر تەنها جەخت لە مێژوو ناكاتەوە، بەڵكو سێبەرەكەشی دەپێكێ‌، ئەوەش جیاوازی نووسینی رۆمان و نووسینی مێژووییە، كەواتە لە بنەڕەتدا بایەخدانی رۆمان بە واقیعی مێژوویی، لە پێناو بەدواداچوون و جێكەوتەكانیەتی بەسەر ئیقاعی رۆحدا.

پ/ لە رۆمانی (تاتۆی باڵندە) رەهەندە رەمزی و مێژووییەكانی ئەفسانەی (نەهەنگ مانگ قووتدەدا)ت بەكارهێناوە، كە بەسەر ژیانی ئەو گەلەدا هاتووە… بە رای تۆ ئایا ئەو ئەفسانەیە لەگەڵ تراژیدیای یەزیدییان یەكدەگرێتەوە؟ (ئەفسانەكە دەڵێ‌: رۆژێ‌ لە رۆژان مانگ شەوی خەڵكانێكی رازاندبۆوە و لە روخساری ماندووییان رامابوو، تا ئەو پەڕی جوانی جوانبوون، وەك جوانەكانی نیشتمان. بەڵام بە بیری كەسدا نەدەهات نەهەنگی نێو دەریا بوێرێ‌ بچێتە ئاسمان و مانگی درەوشاوە قووت بدات و شەوی رۆناك تاریك بكات)
دنیا میخائیل/ بەكارهێنانی ئەفسانەی (نەهەنگ مانگ قووتدەدا) و رێورەسمەكانی بە شێوەیەكی شەعبی لە عیراق جێبەجێ‌ دەكرێت، نەك تەنها لای یەزیدییەكان.

پ/ بە بۆچوونی من مەدلولی كلتوری و مێژوویی ئەفسانەی شەعبی (نەهەنگ مانگ قووتدەدا) پەیوەندی بە دۆخێكی قەیراناویدا هەیە، كە بەلای كەمی مێژووی عیراقی هاوچەرخی پێدا تێپەڕیووە.
دنیا میخائیل/ لە رۆمانەكەی مندا ئەو پرۆسیسە شەعبییانە پەیوەندییان بە جەنگ و ئەو كارەساتانەوە هەیە، كە بە شێوەیەكی گشتی عیراقی پێدا رۆیشتووە، بۆیە دەبینین كاراكتەرەكانی رۆمانەكانم هەوڵدەدەن ترسی سەر مانگ كەمبكەنەوە، ئەوە هاودژییەكە و من تا سەر ئێسقان كارم لەسەر كردووە، لەلایەك ئەوانە تانە لە نەهەنگەكە دەدەن، نەك لەوانەی ئەو سیاسەتەیان داڕشتووە، لەلایەكی دیكە هەوڵ بۆ رزگاركردنی مانگی ترساو دەدەن، بەڵام تا دوێنێ‌ ئەوان خۆیان پێویستیان بە رزگار بوون هەبوو.

پ/ دایكایەتی چی لە تۆ گۆڕی؟
دنیا میخائیل/ وای كرد پەرتتر بم، لەبەرامبەر سەختی ژیان بەسۆزتر بم.

تێبینی: ناونیشانەكەم گۆڕیووە.
سەرچاوە: خلود الفلاح
3/4/2023 -الجزیرە.

مردنی پلاستیكی

لە منداڵیمدا
لە بەغداد
گەمەی مردنمان دەكرد
بە چەكی پلاستیكی
یەكێك ئەویدیكەی دەكوشت
لەسەر زەوی
وەك لاشەی مردوو رادەكشاین
خولەكێك
دووان
پاشان یەكێكمان پێدەكەنی و
مردنی پلاستیكیمان جێدەهێشت
دەستی یەكترمان دەگرت
وەك ئەوەی دەستی ژیانمان گرتبێ‌
هەڵدەستاینەوە
یارییەكی دیكەمان دەكرد
وەك ژمارەی لۆتۆ ساڵان تێپەڕین
بەغداش بە منداڵیمانەوە
بەسەرچوو
چووینە تاراوگە
لە دوورەوە منداڵانمان دەبینی
لە ئێمە دەچوون
یەكێك ئەویدیكەی دەكوشت
بەبێ‌ جوولە رادەكشان
بەڵام هیچیان پێنەدەكەنین
هیچیان دەستی بە ژیانەوە نەدەگرت
هەڵنەدەستانەوە.

عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا كردوویە بە كوردی




رۆمانی شەوگەڕەكان.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

نوسەر و خوێنەر دوو شتی پەیوەستن، یان تەواوكەری یەكترین. بوونی نوسین بە بوونی خوێنەرەوە بەندە، واتە بوونی نوسین بە تێگەیشتن بۆ بوونی خوێنەر جیادەكرێتەوە. پرۆسەی خوێندنەوەش فەزایە، (خوێنەر/وەرگر)یش بۆیە چاوەڕێی دەق دەكات، تاكو لە زەمەن و فەزایەكی دیكەی جیاواز گەشەی پێبدات و بیبوژێنێتەوە. كەواتە ئەوەی لە خوێندنەوە و نوسیندا پەیڕەو دەكرێت، كرانەوەی وجودە بەسەر مەوجوددا. بەو مانایەش نوسین و خوێندنەوە لە هەموو ساتێكدا راستە و قابیلی سەلماندنە، وەك چۆن لە هەموو كاتێكدا یەكەیەكی تەواو قابیلی گومانە! دواجار نوسین و خوێندنەوە ئەو فەزایە سەربەخۆیەیە، كە (نوسەر، خوێنەر) لەمیانییەوە دەتوانن بوونی خۆیان بەرەو پێدراوێكی جێگیر بەرن.
هەڵبەتە گێڕانەوە (السرد-Narration) گرنگی بە خستنەڕووی رووداوەكان دەدات و كار لەسەر بەرەوپێشچوونی (زەمەنی رووداو) و (زەمەنی گێڕانەوە) و (زەمەنی خوێندنەوە) دەكات، بە دیوەكەی دیكە گێڕانەوە فەزا و زەمەنێك رۆدەنێت، ئێستای دەق ئەو فەزا و زەمەنەیە، كە تێكەڵ بە فەزا و زەمەنی خوێندنەوە دەبێت.
لە خوێندنەوەی رۆمانی (شەوگەڕەكان)ی رۆماننوسی كورد (میران ئەبراهام)دا، منی خوێنەر، وەك خوێنەرێكی (هەواڵگەیەن/پەیامبەر) لە خوێندنەوەدا خۆی دەنوێنێ‌. لە سەرەتادا دەمەوێ‌ بڵێم لەو خوێندنەوەیەدا خاڵی سەپاو بوونی نییە، خاڵی كۆتایی سەپاویش بوونی نییە، بەو مانایەش ئەو خوێندنەوەیە دەكەوێتە دەرەوەی چوارچێوە دیاریكراوەكانەوە و خودی خوێندنەوە دەبێتە خاڵی دەستپێك.
رۆمانی شەوگەڕەكان بە پێی بەرەوپێشچوونی زەمەنی رووداو و زەمەنی گێڕانەوە لە تەكنیكێكی هونەری تا ئەندازەیەك سەركەوتوو، رێڕەوی گێڕانەوەی گرتووە، خۆبەخۆ وەك بنەڕەتێكی بیركردنەوە لە رێی دنیابینی مۆدێرنی فرە رەهەندی مرۆڤدۆستانەوە (بیر و هەست و هەڵسوكەوت)ی لە كۆمەڵێك دەركەوتەی هونەری و دەروونی رێكخستووە. ئەوەش هوشیاری و شارەزایی و توانای نوسەر، لە هونەری گێڕانەوە و گەیاندنی پەیامی سەردەم دەردەخات. لەگەڵ هەموو ئەوانە و هیدیكەش… ئەو سێ‌ (هەواڵە) دەخەمە بەر چاوی خوێنەرانەوە:
1- لە خوێندنەوەی رۆمانی شەوگەڕەكاندا خوێنەر وەك زمان بەر پانتاییەكی شیاوی هونەری و ئەدەبی زمانی (كوردی) دەكەوێ‌ و بۆ خوێندنەوە كێش دەكرێت؟! دەشێ‌ بەشێكی گەورەی ئەو كێشكردنەی (خوێنەری كوردی) پەیوەندی بە رەوانی زمان و رووداوسازی و ریتمی لەسەرەخۆی تێگەیشتنەوە هەبێ‌؟ ئەو قسەیەی دوایی رەنگە بە شێوەیەكی نێگەتیف تەماشا بكرێ‌! چونكە ریتمی خاو لە گێڕانەوەدا جۆرێكە لە دووركەوتنەوە لە هونەری سینەمایی، كە ئەمڕۆ بە یەكێك لە رەگەزە بنەڕەتییەكانی گێڕانەوەی هونەری مۆدێرن دادەنرێت. بەشێكی دیكەی ئەو كێشكردنەی خوێنەر، پەیوەندی بە جولاندنی هەستی (پەرۆشبوون) بۆ چەمكی قوربانی و هونەر و پەیامی مرۆڤدۆستانەوە هەیە.
2- لە گێڕانەوەدا كاراكتەری گێڕەڕەوە بەسەر تەواوی رووداوەكانەوە زاڵە (دەشێ‌ ئەو زاڵبوونە بە هەردوو رووی پۆزەتیف و نێگەتیف بخوێنینەوە) و گێڕەڕەوە یان نوسەر لە دەركەوتندا هەوڵدەدا شوێنی جوگرافی (خۆرهەڵات) و پەرۆشبوونی بۆ بیركردنەوەی قوربانی جێی پەیامی بنەڕەتی و جیاوازیی رۆمانەكە بگرێتەوە؟! ئەوەش تەنیا كەمەكێك ئەزموونی ناخۆشی (دنیابینی مۆدێرنی)ی نوسەری لێدەكەوێتەوە، كە تووندترین رووداوی نێو رووداوەكانی گێڕانەوە نییە، بەڵكو دەرفەتێكی دیكەی وێڵكردنی ژان و ناخۆشییە، كە بە نەزمێكی دیكەی خەسارناسی و قوربانی فەزای چنینی رۆمانەكە دادەنرێت، كە نەزمێكی كەمتری بیركرنەوەی سەرەكی رۆمانەكەیە و خوێنەری ناوەكی یان شاراوە دركی پێدەكات و لە كۆی چنینی رۆمانەكەدا دەتوانێ‌ ئەو خەسارناسی و ململانێ‌ و دابەشبوونانە بدۆزێتەوە! دەمەوێ‌ بڵێم لە ساتی درێژەدان بە چنینی گێڕانەوە، واتە كە بیركردنەوەی (مۆدێرن) لەو رووەوە لە گەشەكردندایە، گێڕەڕەوە یان نوسەر، خوێنەر بەرەو رووی رێكخستنێكی خەسارناسی تەواو هاندەرانەی چەمكی قوربانی دەكاتەوە! لای منی خوێنەر (خوێنەری هەواڵگەیەن) ئیشكالەكە ئەوەیە كە رووداوەكان بەو شێوەیە دەخاتە پێشەوە كە چەمكی قوربانی لە واقیعدا دەیەوێت، نەك خەیاڵی داهێنان؟! ئەوەش لایەنە نێگەتیفەكەی بیركردنەوەی رۆماننوس دەگەیەنێت… بۆ نموونە چەوسانەوەی ئەویدیكەی (خۆرئاوایی) و ستەمی دەسەڵاتی خۆرهەڵاتی… چونكە لە پێناو زاڵكردنی ئەو بیركردنەوەیە، هەندێ‌ رووداوی گرنگی نێو رۆمانەكە فەرامۆش دەكات، بۆ نموونە كوشتنی فەلەستینییەكە… هەندێ‌ رووداوی دیكە پێش دەخات، بۆ نموونە چەمكی بێلانەیی و بەرجەستەكردنی هونەری نیگاركێشان… رەنگە ئەو پێشخستن و پاشخستنە شارەزاییانەش بێ‌! یان دەروونشیكارانە بێ‌، وەك چۆن (فرۆید) لە گەمەی (فۆرت- دای) بەكرەكەوە قسەی لێكردووە: چاو لە پاڵنەرێك بپۆشین و گەمەیەكی دیكە دابهێنین وەك جێگرەوەی تێربوونی پاڵنەرەكە. لێرەدا رۆماننوس چاو لە شتێك دەپۆشێت، بۆ ئەوەی شتێكی دیكە بە دەست بهێنێت؟! واتە دەشێ‌ پێشخستنەكە لە پێناو كێشكردنی جولاندنی هەستی بێلانەیی و هونەری نیگاركێشان و بە كورتی پاڵنەری بیركردنەوەی مرۆڤدۆستانەی (خۆئاوایی) بێ‌. پاشخستنەكەش جۆرێك لە قەرەبووكردنەوەی كلتوری بێت و دەلالەت لە پاڵنەری دەسەڵاتی بیركردنەوەی داخراو و ستەمكاری (خۆرهەڵاتی) بكات؟! بە دیوەكەی دیكەش دەشێ‌ یاری ململانێی نێوان پێشخستن و پاشخستن، هەوڵێك بێ‌ بۆ ئەوەی خوێنەر لە بیركردنەوەی بەراوردكارانەی (كوشتن لە رۆمانی غەریب- كامۆ) دوور بخاتەوە. چونكە چ لە كوشتنی عەرەبەكە لە رۆمانی (غەریب) و فەڵەستینییەكە لە رۆمانی (شەوگەڕەكان) كاریگەری (خۆرهەڵات)، خۆر و گەرما هۆكاری سەرەكیین، ئەوەش جۆرێكی دیكەیە لە جەختكردنەوە لە جوگرافیای خۆرهەڵات. بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە: ئایا ئەو دەرچوونە لە هاوسەنگی چنین و ئاڕاستەكردنی بیركرنەوە، لەگەڵ پرەنسیبی چێژی خوێندنەوە و ئازادی خوێنەر دەگونجێ‌؟ لە وەڵامدا دەڵێین لە واقیعدا رەنگە پاشخستن وەك پێشەكییەكی پێویست بۆ پێشخستن خۆشحاڵانە بكەوێتەوە! بەڵام وەك خەیاڵی نوسین ناشێ‌ ئەو پێشخستن و پاشخستنە بە هەمان شێوە و هاوسەنگی شتە واقیعییەكان دیاری بكرێت.
3- دەتوانم بڵێم بە گشتی رۆماننوسانی كورد بەشێكی زۆری جوانی گێڕانەوە لە (هەست جولاندن)دا دەبیننەوە! من ئەو قسەیەم لەوێوە نایەت، كە هەست جولاندن لە نێو كلتورە جۆر بە جۆرەكاندا، جیاواز دەكەوێتەوە؟! بەڵكو لەوێوە دێت كە داهێنانی رۆمان وەك دەقێكی خەیاڵئامێز ناشێ‌ بە هەمان شێوە و هاوسەنگی شتە حەقیقییەكان دیاری بكرێت… لە رۆمانی شەوگەڕەكاندا هەموو ئەو رووداوسازییە پڕ ژان و ناخۆشە، كە بە راستی خوێنەر دەوڕوژێنێ‌ و تێكەڵ بە هونەری گێڕانەوەی دەكات… لە كۆتاییدا دەبایە جەریانی بیركردنەوەی خوێنەری نوێی كوردیشی دووچاری موفاجەئە كردبایە؟! بەڵام بە بڕوای من خاوی ریتمی گێڕانەوە و ئیشكالە ناوەكییەكەی بیركردنەوەی نوسەر (ئەوەی بە لایەنە پۆزەتیفەكەی چاوەڕوانی خوێنەری باو و پەڕگیر ناوی دەبەین) و گونجاندنی لەگەڵ گەیاندنی پەیامی مۆدێرن (كە لە دەركەوتەدا دنیابینی نوسەری رایی دەكات) دەبێتە هۆیەكی بنەڕەتی بۆ كێشەی خاڵی كۆتاییهێنانی رۆمانەكە، بەو مانایەی كە رۆماننوس لە دوا خاڵی چنینی رۆمانەكەیدا نەیتوانیووە سوود لە كۆتاییەكی سەرسامكەر و لێدانی بیركردنەوەی هاوسەنگی (بە مانا واقیعییەكە) و بیركردنەوەی ئاسۆیی و باوی گێڕانەوە وەربگرێ‌ (واتە ئەو شێوە چاوەڕوانییە ئاساییەی خوێنەرانی باو پێی راهاتوون، بتوانێ‌ تێیپەڕێنێ‌) و هەوڵبدا خوێنەران لە دووتوێی تەكنیكی ئەو رووداوسازییەدا دووچاری ئاسۆیەكی چاوەڕوانی جیاواز و بیركردنەوەیەكی جیاواز و سەرسامبوون بكات؟! بە گشتی لە رێگای بەرجەستەكردنی ئەزموون و ئەزموونگەریی، ئەگەر بە بیر خۆمانی بهێنینەوە كاری زۆر گەورە لەو فەزایەدا كراوە، بۆ نموونە دژە واقیعی كافكایی و پاڵەوانبازی دۆن كیشوتەی سیرڤانتس و دەروونشیكاری دیستۆفیسكی… بە نێویەكداچوونی گێڕانەوەكانی بۆرخیس و واقیعی سیحری ماركیز… دواجار دەڵێم نە نوسەر كۆگایە و نە خوێنەر بە كردەی بەتاڵكردنی ئەو كۆگایە هەڵدەسێت.

26/7/2023
هەولێر




توانا/ داهێنان لەنێوان كاری حیكایەت و دەقی رۆمان.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

پێشەكی:
ئەگەرچی لە سەردەمی تەكنۆزانست و هەڵگەڕانەوەی مرۆڤی نوێ‌… دەقی ئەدەبی و كاری ئەدەبی و جۆرەكانی حیكایەت و رۆمان ئاوێتەی یەكتریین، ناتوانین پێوەرێكی نۆرماڵ و تا ئەندازەیەك نزیك لە گۆڕانكاری بۆ جیاكردنەوەیان بدۆزینەوە… چونكە وەك دەزانین دەقی گێڕانەوەكان بە هەموو رەنگەكانیانەوە بە شێوەیەكی مێژوویی دەركەوتن و پلە بە پلە و بە شێوەی جۆراوجۆر گەشەیان كرد… دواتر هەموو لە هونەری سینەمادا توانەوە! سینەما وەك دیاردەیەكی سەر بە ئەفراندن، نەك شوێنی نواندنەوە، وەك (دۆلۆز) جەختی لێدەكاتەوە… ئەفراندنی سینەمایی شوێنی نواندنەوەی نەست و دەركەوتە نەستییەكان نییە، بەڵكو ژانرێكی جیهانی فرە رەهەند و فرە چێژی مەعریفە و بنین و دنیابینی سەردەمە…
بە كورتی ئەمڕۆ ژانرەكانی ئەدەب و حیكات و رۆمان و خەیاڵەكانی گێڕانەوە بە هەموو ناونانەكانیانەوە هیچ جیاوازییەكی فۆرمالیان لە نێواندا نەماوە؟!. جگە لە جیاوازی داهێنان و دنیابینی و مەعریفەی فرە رەهەندی و شیعرییەت و تەكنیك…
بە گشتی لەو نووسینەی بەردەستاندا هەوڵمداوە بەدواداچوونێك بۆ جیاوازی (توانا)كانی گێڕانەوە لە كاری حیكایەت و (داهێنان)ی تەكنیكی لە دەقی رۆماندا بكەم…
(1)
(توانا)ی حیكایەتخوانی لە (هونەر)ی دووبارە گێڕانەوەدا خۆی دەبینێتەوە، حیكایەت شوێنی لەدایكبوونی زاری خەڵكە! حیكایەت لە رێی جولەی خۆ بەخۆی دووبارە گێڕانەوەوە، دەوڵەمەندی و جیاوازییەكانی ژیان بەرەو وشكبوونەوە دەبات! چونكە هەڵگری گوتارێكی بازنەیی تەواو یەكڕەنگ و داخراوە.
ئەگەرچی هونەری دووبارە گێڕانەوە لای گوێگرانی لە یادەوەرییدا دەمێنێتەوە، بەڵام ئەو كاتە كاڵدەبێتەوە و ون دەبێ‌، كە چیتر ناتوانێ‌ چنینی دیكە بۆ گوێگرەكانی لەوەی هەیە زێتر پەرە پێبدات؟! بەو مانایەش ئەوەی (رۆمان) لە (حیكایەت) جیا دەكاتەوە ئەوەیە، كە (داهێنان)ی رۆمان بۆ كەلەپوری زارەكیی ناگەڕێتەوە! جولەی هونەری رۆمان بە رووی ژیاندا فرە رەهەندە و هەڵگری گوتارێكی كراوەی كەلێندارە، شوێنی لە دایكبوونی رۆمان بە تەنها تاكە كەسە، (سوبێكتە)! یەكەمیان بە توانای دووبارەكردنەوەی جولەی (خۆ بەخۆ) و زانینی موتلەقەوە بەندە، دووەمیان بە داهێنانی پرسی (نە- هەموو) و چەمكی ئەویترەوە دەلكێ‌! لە بەدواداچووندا (جیاوازییەكانی حیكایەت و رۆمان) دەكەوێتە نێوان دەعبای زانینی موتلەق و زانینی تەواو بەتاڵ.
(2)
جیاوازییەكانی نێوان (داهێنان- creation) و (توانا- ability) ئەوەیە، كە داهێنان ناكەوێتە دەرەوەی تواناوە، بەڵام دەشێ‌ بە كارهێنانی توانا، داهێنان نەبێت؟! وەك چۆن لەو خاڵانەی خوارەوە دەبینرێت:
1- لە داهێناندا، خود خۆی دەشارێتەوە، بەڵام لە بەكارهێنانی توانادا خود خۆی بەرجەستە دەكات.
2- لە داهێناندا بەرهەمهێنانی فیكر دەبێتە شوێنی تێڕامان، لە بەكارهێنانی توانادا هێزی دەربڕین دەبێتە شوێنی سەرنج.
3- لە داهێناندا مەبەست ئاشكرا نییە، لە بەكارهێنانی توانادا مەبەست ئاشكرایە.
4-داهێنان خاوەنداری ناكرێت، توانایی خاوەنداری دەكرێت…
(3)
كاری گواستنەوەی حیكایەت بۆ رۆمان، دەكەوێتە نێوان (گوتراو) و (نووسراو)ەوە، ئاخاوتن و وشەوە… ئاخاوتن وەك جێگرەوەی ساكارانەی شتەكان تەماشا دەكرێ‌، وشەكان وەك بكوژی شتەكان (وشە رەنگدانەوەی ئەزموونێكی دیاریكراو نییە)…
لە سەردەمی هەڵگەڕانەوەدا وشەكان هەوڵدەدەن تەمومژ و وەهم و پیرۆزی ئاخاوتن دابماڵن، چونكە هەتا دوێنێ‌ ئاخاوتن وەك سێنتەری چارەی دەروونشیكاری و پەروەردەی دەروونشیكاران ئەژمار دەكرا، بەڵام ئەمڕۆ دنیای وشەكان دنیای شتەكان دادەهێنێ‌!
دووبارە كردەی گۆڕینی حیكایەت بۆ گێڕانەوەی رۆمان، كردەی تێكشكاندنی دنیابینی و كاتێكی تایبەتە بۆ دنیابینی و داهێنانێكی دیكەی جیاواز! كردەی تەرجەمەكردنی منی حیكایەتخوانە، بۆ منی نووسەری رۆمان! كردەی گۆڕینی حەكمێكە، كە راوێژی بۆ گەلێك هەڵومەرج لە حیكایەتدا هەڵگرتووە، بۆ نووسەرێك كە هەڵكشان و بەرزبوونەوەی حەز و ئارەزوو بۆ زانیاری و گەیشتن و سەركەوتنی چاپەمەنی، سەرهەڵدانی جەماوەریبوونی رۆمان… وەك واڵتەر بنیامین (Walter Benjamin 1892-1940) دەڵێت: زانیاری و رۆمان پێشبڕكێی ئەوە دەكەن، ببنە جێگرەوەی حیكایەتخوانیی! (بڕوانە تۆفانێك، لە بەهەشتەوە هەڵدەكات- دەروازەیەك بۆ هزری واڵتەر بنیامین، نووسینی پێشڕەو محەمەد، ل15).
(4)
حیكایەت هەمیشە دووبارە دەكرێتەوە، ئەوەش وامان لێدەكات لەبیر نەكرێت، ئەو لەبیرنەكردنە جۆرێك لە ئەبەدییەت بە حیكایەتخوان و گێڕانەوە دەبەخشێت! بەڵام رۆمان یەكجارە و بە تەنها دەخوێنرێتەوە! ئەزموونەكانی رۆمان، ئەزموونی تەنهایی و جیاوازی و گۆشەگیریین، خوێنەری رۆمان مرۆڤێكی ناسكە، لە ژێر ئاسمانی پەڵە هەورێكی چڵكندا دەژی، كە بەرگەی ناگرێ‌! (بنیامین) لە وتارەكەی دەربارەی چەمكی مەرگ و ئەزموونی مەرگ لە نێوان حیكایەتخوان و گێڕانەوەی رۆماندا دەڵێت: حیكایەتخوان دەسەڵاتی خۆی (ئەبەدەییەتی) لە مردنەوە وەردەگرێ‌، بەڵام لە رۆماندا مرۆڤ بە تەنها دەمرێ‌!
(5)
بە بڕوای من كاری تەرجەمەكردنی حیكایەت بۆ رۆمان لە لای (نووسەری داهێنەر) هەمیشە پابەندی خەیاڵی زمان و دنیابینی سەردەم و زانیاری و چیگوتن و جوانگوتنە… بە شێوەیەكی گشتی دەشێ‌ (خەیاڵی نووسینەوەی رۆمان) پابەندی (ئازایەتی پاڵەوان و سەلیقەی حیكایەتخوان بێت)؟! ئەوەش ئەو كاتەیە، كە تێیدا پاڵەوانی حیكایەت دەبێ‌ بە منی كاراكتەری سەرەكی رۆمان. لە میكانیزمی ئەو كردەیەشدا لە بری خۆشەویستی پاڵەوانی حیكایەت، پێویستە منی نووسەر خۆشویستراوێك بۆ خۆی وێنا بكات، دەشێ‌ ئەو خۆشویستراوە بكەوێتە نێوان ئازایەتی پاڵەوانی حیكایەت (بۆ گویگرانی) و داهێنانی منی نووسەر (بۆ تەكنیك) ئەوەش ئەوەمان بۆ دەردەخات، كە لە گۆڕینی حیكایەت بۆ رۆمان، (نەشوێنی) منی كاراكتەری رۆمان بكەوێتە بەرانبەر (شوێنی) منی پاڵەوانی حیكایەتخوان.
كەواتە لە پرۆسەی گواستنەوەی كاری حیكایەت بۆ تێكستی رۆمان، نووسەری رۆمان لە رێگای زمانی خوێنەرانەوە زمانی خۆی دەكاتەوە، حەز و سەلیقە و هەستەكانی خۆی سەبارەت بە كاری حیكایەت، بۆ تەكنیكی رۆمان بەرز دەكاتەوە. وەك چۆن حیكایەت بە سەلیقە و حەزی ئاخاوتن و گێڕانەوە بەندە، نووسینەوەی رۆمانیش پابەندی حەزی نووسین و خەیاڵی زمان و جوانی وشە دەبێ‌! حیكایەتخوان جەوهەری حیكایەت و سەلیقەی گێڕانەوە لە رێگای حەزەكانی ئاخاوتن و بەدواداچووندا پەرەپێدەدات، بە هەمان شێوە رۆماننووس حەزی وشە و تەكنیكی رۆمان لە رێگای دنیابینی سەردەم و زانیاری و خەیاڵی زماندا دادەهێنێ‌! بەڵام جیاوازی نێوان حیكایەتكردنی رابردوو و داهێنانی رۆمان، گواستنەوەی گوتراو و دۆزینەوەی نەگوتراو، ئەوەی حیكایەت دەیزانێ‌ و ئەوەی رۆمان دەینووسێتەوە… ئەوەیە، كە (سەربابی حیكایەت) گشتە و (سەربابی رۆمان) تاكە، یەكەمیان سەرچاوەی حەزی (كۆمەڵایەتییە- گشتییە -سۆسیبڵ- sociable) و دووەمیان سەرچاوەی ئازاری (من – ئیگۆ- سوبێكت- subject)ە.
(6)
حیكایەت چەسپاندنی دەربڕین (ئەو شتەی لە ناوەوە دێت)ی حەزەكانی خۆ بەخۆیە! رۆمان جێگۆڕكێی دال (ئەو شتەی كە سوبێكت بۆ دالێكی دیكە دەنوێنێتەوە)ی حەزەكانی ئەویترە! واتە پەیوەندی ئاخاوتنی حیكایەت بە گوێگردایە و پەیوەندی نووسینەوەی رۆمان بە خوێنەری جیاواز، یەكەمیان نواندنی سنورێكی داخراوی زمانە، دووەمیان نواندنی سنورێكی ئازاد! لە پەیوەندی سنورداردا زمان پارێزگاری لە هەر هەوڵێك دەكات، كە ئاگایانە ئاسۆی پێشبینییەكان بگۆڕێ‌، لە پەیوەندی ئازادانەدا زمان ئازادە لە هەر هەوڵێك، كە ئاگایانە و نائاگایانە ئاسۆی پێشبینییەكان بگۆڕێ‌! لە یەكەمیاندا زمان بریكارە، بەو مانایەی كە خۆبەخۆیە! لە دووەمیاندا زمان شوێنەوارە، بەو مانایەی كە درز و پێچە! دەمەوێ‌ بڵێم حیكایەت گوێگرێكی یەكگرتوو بۆ خۆی پێكدەهێنێ‌ و رۆمان كۆمەڵێ‌ خوێنەری جیاواز لە خۆی كۆدەكاتەوە.
حیكایەت ناهێلێ‌ ئاخاوتن ببێ‌ بە ئاماژە و دالی نوێ‌، بەڵام رێگا خۆش دەكات بۆ ئەوەی ئاماژە و مەدلولی داتاشراو بەرهەم بێتەوە، ئەوەش لە رێگای ئەوەی بەردەوام هەوڵدەدا دەربڕینی رەوانبێژی لەناونەچێ‌… رەنگە بەشێكی زۆری ئەوانە، لە نووسینەوەی رۆماندا پێچەوانە بكەونەوە.

6/6/2023 هەولێر

عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا




لە مردن بەر دەمبەوە.. شیعر/ عەبدولموتەلیب عەبدوڵا

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




ناوی كتێب: ناسنامه، تواناكانی بوونی مرۆڤ.. نووسینی عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

  • ناوی كتێب: ناسنامه ، تواناكانی بوونی مرۆڤ
  • نووسەر: عه بدولموته ڵیب عه بدوڵاڵ
  • تایپ: نووسه ر
  • هه ڵه بڕ: زه هرا مه ده نی
  • دیزاینی ناوه وه : ده زگای ڕۆسا
  • بەرگ: ده زگای ڕۆسا
  • چاپ: یەكەم 2

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




ئه‌ده‌بی كلاسیك/ ئه‌ده‌بی نه‌فره‌تلێكراو … عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا

1/1
(رێباز، المنهج، میتۆد) كۆمه‌ڵێك پرنسیب و بیروڕای هارمۆنی پێكه‌وه‌ هه‌ڵكردووی بیریارێك، یان فه‌یله‌سوفێك، یان قوتابخانه‌یه‌كه‌ له‌ بواره‌ جیاوازه‌كاندا، بۆ گه‌یشتن به‌ ئه‌نجامی خوازراو.. به‌ڵام ئه‌وه‌ی رێبازی ئه‌ده‌بی له‌ ئه‌وانیدیكه‌ جیا ده‌كاته‌وه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ناشێ‌ داهێنه‌رانی ئه‌ده‌بی له‌ چوارچێوه‌یه‌كی دیاریكراودا قه‌تیس بكه‌ین، چونكه‌ ئه‌ده‌ب (وه‌ك داهێنان) هه‌میشه‌ خۆی به‌ سه‌ر رێبازه‌ ئه‌ده‌بییه‌ باوه‌كاندا ده‌سه‌پێنێت و پانتاییه‌كانیان به‌رفره‌وان ده‌كات و ده‌رگاكانیان به‌ره‌و زینده‌گی ده‌كاته‌وه‌، به‌و مانایه‌ش رێبازی ئه‌ده‌بی ئه‌و كاته‌ ده‌بێته‌ جێگای گفتوگۆ و دانووستاندنی فره‌ ره‌هه‌ند و به‌ سوود، كه‌ بشێ‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی پێكهاته‌ هونه‌رییه‌كاندا خۆی بنوێنێ‌، به‌ دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش ده‌مه‌وێ‌ بڵێم هه‌موو رێبازێكی داهێنه‌رانه‌ توانای ئیزافه‌كردن و نوێكردنه‌وه‌ی هه‌یه‌، هه‌ر ته‌نها له‌ سنوری دووباره‌كردنه‌وه‌ و لاسایكردنه‌وه‌دا گیر ناخوات.
رێبازی كلاسیك classicismeوه‌ك یه‌كه‌مین رێبازی ئه‌ده‌بی، به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی پشت به‌ كه‌له‌پوری ئه‌ده‌بی و هونه‌ری (رۆمانی و گریكی) كۆن ده‌به‌ستێت، ئه‌و رێبازه‌ بۆ سه‌ده‌ی شانزه‌هه‌م ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و دوای بزوتنه‌وه‌ی زانستی و رێنیسانسی ئه‌ده‌بی ساڵانی (1515ز-1610ز) له‌ ئه‌وروپا بره‌وی سه‌ندووه‌.* هه‌ندێ‌ له‌ ره‌خنه‌گران بنچینه‌ هونه‌رییه‌كانی ئه‌و ئه‌ده‌به‌ له‌ دراما و تراجیدیادا ده‌بیننه‌وه‌، بۆیه‌ یاسا و رێسا و خه‌سڵه‌ته‌كانی به‌ (ئه‌رستۆ 384-322) یۆنانی و قه‌سیده‌كه‌ی شاعیری رۆمانی (هۆراس) ده‌به‌ستنه‌وه‌. بێگومان كلاسیك به‌ زۆر مانا به‌ كار هاتووه‌، وه‌كو ئه‌ده‌بی كۆن، ئه‌ده‌بی خوێنده‌واری به‌رز، ئه‌ده‌بێك داهێنانی تێدا بێت، ئه‌ده‌بێك بێته‌ هۆی لاسایی كردنه‌وه‌، ئه‌ده‌بێك بێته‌ قوتابخانه‌.. به‌و مانایه‌ش زاراوه‌ی كلاسیك زاراوه‌یه‌كی كراوه‌یه‌، نووسه‌ری لاتینی (ئۆلۆس گیلیۆس)* یه‌كه‌م كه‌س بوو، كه‌ له‌ سه‌ده‌ی دووه‌می زایینی ئه‌و زاراوه‌یه‌ی به‌ دژی ئه‌ده‌بی (شه‌عبی/ ئه‌ده‌بی زاره‌كی) به‌ كار هێناوه‌.*
ره‌نگه‌ بتوانین بڵێین ئه‌ده‌بی كلاسیك سه‌ره‌ڕای بڵاوبوونه‌وه‌ی وه‌ك ئه‌ده‌بێكی به‌ (ساڵاچوو) كه‌چی ناشێ‌ له‌ كات و شوێنی دیاریكراو و كۆمه‌ڵێك تایبه‌تمه‌ندی دیاریكراو به‌ندی بكه‌ین، چونكه‌ به‌شێكی زۆری ئه‌ده‌بی كلاسیك هه‌موو ئه‌و به‌رهه‌مه‌ ئیبداعی و جوانانه‌ ده‌گرێته‌وه‌، كه‌ وێڕای ئه‌وه‌ی ساڵانێكی درێژیان به‌سه‌ردا تێپه‌ڕیووه‌، كه‌چی ئێستایشی له‌گه‌ڵدا بێت خوێنه‌رانێكی زۆریان له‌ ده‌وری خۆیان كۆ كردۆته‌وه‌. به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی كلاسیك دژ به‌ ئه‌ده‌بی شه‌عبی هاتۆته‌ ناوه‌وه‌، یان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دژ به‌ سیستم و ئاكار و نۆرم و پێوانه‌ باوه‌كان كاری كردووه‌، بۆیه‌ جوانی ئه‌و ئه‌ده‌به‌ به‌ چینی باڵا و ئه‌رستۆكراته‌وه‌ لكێنراوه‌!
ئه‌رستۆ عه‌قڵ وه‌ك بنه‌ما و پێوانه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی جوانیی ئه‌ده‌ب به‌رجه‌سته‌ ده‌كات، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ ئه‌وه‌ عه‌قڵ و رۆشنبیرییه‌، په‌یامی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌دیب و شاعیر دیاری ده‌كات و خۆشی و سوود یه‌ك ده‌خات، هه‌ر به‌و مانایه‌ش ئه‌رستۆ پێیوایه‌ ئه‌ده‌ب بۆ هه‌مووان نییه‌، به‌ڵكو بۆ ده‌سته‌یه‌كی دیاریكراوی رۆشنبیره‌، ته‌نها ئه‌و ده‌سته‌یه‌یه‌ له‌ هونه‌ر و جوانی شیعر ده‌گه‌ن، له‌و خاڵه‌وه‌ ره‌خنه‌گران ئه‌ده‌بی كلاسیك به‌ دژی ئه‌ده‌بی شه‌عبی ناو ده‌به‌ن. بایه‌خی ئه‌و خاڵه‌ش راسته‌وخۆ په‌یوه‌سته‌ به‌ گرنگیدانی ئه‌رستۆ به‌ فۆرم و شێواز له‌ لایه‌ك و روونی و جوانی و گوزارشتكردن له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌… جگه‌ له‌وه‌ش هه‌میشه‌ ئه‌رستۆ جه‌ختی له‌ سوودی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر كردۆته‌وه‌، سوودی ئه‌ده‌ب و هونه‌ریش لای ئه‌رستۆ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ چێژ و خۆشیمان پێببه‌خشێت! به‌ بڕوای ئه‌رستۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ش له‌ رێگای فێربوون و پیشه‌كارییه‌وه‌ دێته‌ دی، فێربوون و پیشه‌كاریش پشت به‌ ئیلهام و به‌هره‌ ده‌به‌ستێت.
به‌ كورتی ده‌توانین بڵێین ئه‌ده‌بی كلاسیك، له‌ دید و تێڕوانینی ئه‌ده‌بی گریكییه‌وه‌ هه‌ڵقوڵاوه‌، به‌ دژی ئه‌ده‌بی شه‌عبی و كۆی وێناكردن و دابونه‌ریت و ئاكاره‌ باوه‌كان ده‌وه‌ستێ‌ و به‌ ده‌سته‌یه‌كی دیاریكراوه‌وه‌ ده‌لكێت.. وه‌ك ده‌زانین ئه‌ده‌بی یۆنانی به‌ هه‌موو ژانره‌كانییه‌وه‌ هه‌ر له‌ ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی و ئه‌فسانه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ شیعر و شانۆوه‌ به‌ (په‌یگانیزم) بتپه‌رستییه‌وه‌ به‌نده‌، كه‌واته‌ ئه‌ده‌بی كلاسیك سه‌ر به‌ په‌یگانیزمی یونانییه‌، دواتر رۆمانییه‌كان دێن و هه‌موو ئه‌و به‌ها ئه‌ده‌بییانه‌ له‌ یۆنانییه‌كانه‌وه‌ وه‌رده‌گرن. ده‌مه‌وێ‌ له‌ كۆی ئه‌و قسانه‌وه‌ بڵێم ئه‌رستۆ وه‌ك چۆن به‌ دامه‌زرێنه‌ری بنه‌ماكانی تیۆری ژانره‌ ئه‌ده‌بیه‌كان ناسراوه‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ به‌ دامه‌زرێنه‌ری ئه‌ده‌بی كلاسیكیش ده‌ژمێردرێت، به‌ دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش ئه‌ده‌بی كلاسیك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ ئه‌ده‌بی چین و ده‌سته‌یه‌ك داده‌نرێت، كه‌ دژی كۆ و دابونه‌ریت و نۆرمه‌ باوه‌كان وه‌ستاوه‌، بۆیه‌ ده‌شێ‌ وه‌ك ئه‌ده‌بێكی نه‌فره‌تلێكراو ته‌ماشای بكه‌ین.
1/2
(پاشایه‌تی) كه‌ به‌ ده‌وڵه‌تی حوكمی ره‌ها ناوبانگی ده‌ركردبوو، جگه‌ له‌وه‌ی بۆ مانه‌وه‌ی گیانی خۆی پارێزگاری له‌ كۆنه‌خوازی ده‌كرد، به‌ دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش به‌رده‌وام هه‌وڵی ئه‌وه‌ی ده‌دا، ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی له‌ سامانی دنیایی بێ‌ به‌ش نه‌كات! به‌و مانایه‌ ده‌شێ‌ بڵێین هه‌ر له‌ سه‌ده‌ی سێزده‌وه‌ حكومی پاشایه‌تی خۆی له‌ دوو عه‌قڵی جیاوازه‌وه‌ ده‌بینێته‌وه‌، یه‌كێكیان ده‌سه‌ڵاتی ده‌ره‌به‌گایه‌تی، كه‌ خۆی به‌ ئایینه‌وه‌ هه‌ڵده‌واسی، ئه‌ویدیكه‌یان بورژوازیی، كه‌ به‌ دنیاوه‌ لكاوه‌. له‌ پشت عه‌قڵی ده‌ره‌به‌گایه‌تی په‌یوه‌ست به‌ ئایینه‌وه‌، ئه‌ده‌بی شه‌عبی وه‌ستا بوو، به‌ڵام له‌ دووتوێی عه‌قڵی بورژوازی دنیایی، ئه‌ده‌بی كلاسیكی نه‌فره‌تلێكراو.
كه‌واته‌ ئه‌ده‌بی نه‌فره‌تلێكراو له‌لایه‌ن ئایینه‌وه‌ ئه‌ده‌بێكه‌، كه‌ بانگه‌شه‌ی عه‌قڵ و ئازادی و تاكگه‌رایی ده‌كات و هه‌ژموونی ئایینی و ده‌سه‌ڵاتی نۆرمه‌ ئایینیه‌كان به‌ سه‌ر كۆمه‌ڵگادا ره‌تده‌كاته‌وه‌، هه‌ر به‌و مانایه‌ش پشت به‌ستنی ئه‌ده‌بی كلاسیك به‌ نموونه‌ باڵاكانی ئه‌ده‌بی یۆنانی و رۆمانی (داستانی ئه‌لیاده‌ و ئۆدیسه‌، هۆمیرۆس و شانۆگه‌رییه‌كانی سۆفۆكلیس و یۆربیدیس..) و لاسایی كردنه‌وه‌ و دراسه‌كردنی بنه‌ما هونه‌رییه‌كانیان و دواتر خۆ داده‌مه‌زراند له‌ سه‌ر بنه‌ما تیۆرییه‌كانی گه‌وره‌ فه‌یله‌سوفانی یۆنان و رۆمان (ئه‌فلاتوون و ئه‌رستۆ و هۆراس) و به‌ تایبه‌تی كتێبی (هونه‌ری گوتار) و (هونه‌ری شیعر)ی ئه‌رستۆ، هه‌ر ته‌نها له‌ هه‌نگاونان له‌ ئه‌ده‌ب و هونه‌ری شه‌عبییه‌وه‌ بۆ كلاسیك، كورت ناكرێته‌وه‌! به‌ڵكو له‌ پشت ئه‌و گه‌شه‌ هونه‌ری و ئه‌ده‌بییه‌، گۆڕانكارییه‌كی گه‌وره‌، له‌ بیركردنه‌وه‌ و تێڕوانینی كۆمه‌ڵگای ئه‌وروپی له‌ ئارادا بوو، ئه‌ویش ته‌جاوزكردنی ده‌ره‌به‌گایه‌تی و هه‌نگاونان بوو به‌ره‌و بورژوازیی و سه‌رمایه‌داری و سه‌رمایه‌داری بازرگانی…
وه‌ك گوتمان له‌ سه‌ده‌ی دووه‌می زایینییه‌وه‌ (ئۆلۆس گیلیۆس)* زاراوه‌ی كلاسیكی به‌ دژی ئه‌ده‌بی (زاره‌كی) به‌ كار هێنا، به‌ڵام هه‌میشه‌ مه‌سیحییه‌كان هه‌وڵی ئه‌وه‌یان ده‌دا، ئه‌ده‌بی كلاسیك ئه‌و به‌ها بتپه‌رستییه‌ له‌خۆی دابماڵێت و مۆركی (ئینجیل) و بنه‌ماكانی ئایینی كریستیانی له‌خۆ بگرێت، به‌ڵام نه‌یانتوانی له‌و باره‌وه‌ سه‌ركه‌وتنی ته‌واو به‌ ده‌ست بهێنین، چونكه‌ ئه‌ده‌بی كلاسیك خۆی له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌ده‌بی گریكی و رۆمانی كۆندا هه‌ڵده‌گرته‌وه‌، بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌كانی ئه‌و ئه‌ده‌به‌ش وزه‌كانی خۆی له‌ تێڕوانینی بتپه‌رستییه‌وه‌ وه‌رگرتبوو! هه‌ر له‌وێشه‌وه‌ ئه‌دیب و ره‌خنه‌گرانی ئیتاڵیا له‌ سه‌ده‌ی سێزده‌ی زایینییه‌وه‌ دوای په‌یبردن به‌و تێڕوانینه‌ و كاره‌كانی ئه‌رستۆ، بره‌وێكی زۆریان به‌ ئه‌ده‌بی كۆنی یۆنانی دا.
به‌ دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش نووسه‌ری ئیتاڵی (جیۆڤانی پۆكاچیۆ 1313-1375ز) كه‌ هه‌موو هه‌وڵه‌كانی له‌ (دیكامیرۆن)دا خۆی ده‌بینێته‌وه‌: دیكامیرۆن پێكهاتووه‌ له‌ سه‌د كورته‌ چیڕۆكی كورت و له‌ ماوه‌ی (10) رۆژدا و (10) كه‌س (حه‌فت كچ و سێ‌ كوڕی گه‌نج) كه‌ له‌ ترسی بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی كۆلێرا، له‌ باڵه‌خانه‌یه‌كدا خۆیان حه‌شار دابوو، ئه‌و چیڕۆكانه‌ ده‌گێڕنه‌وه‌، جیاوازی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ چیڕۆكه‌ له‌وێدایه‌، كه‌ پاڵه‌وانه‌كانیان هه‌ر ته‌نها له‌ چینی باڵا و ئه‌ریستۆكرات نین، به‌ڵكو خزمه‌تكاره‌كانیش رۆڵی پاڵه‌وانی تێدا ده‌گێڕن. وه‌ك چۆن سروشتی چیڕۆكه‌كان شێوه‌ی گاڵته‌جاڕی له‌خۆ ده‌گرن، هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ش پۆكاچیۆ كاره‌ ناشیرینه‌كانی پیاوانی ئایینی ریسوا ده‌كات. لێره‌دا پۆكاشیۆ وه‌كو (دانتی 1265-1321) بۆ پاڵه‌وانه‌كان په‌نای نه‌بردۆته‌ به‌ر (رابردوو)، به‌ڵكو پاڵه‌وانه‌كانی له‌ نموونه‌ی واقیعی (سه‌رده‌م)ه‌كه‌ی خۆی هه‌ڵێنجاوه‌.. (ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكه‌ له‌ لایه‌ن “صالح علمانی” ته‌رجه‌مه‌ی زمانی عه‌ره‌بی كراوه‌، ساڵی 2006 له‌ ده‌زگای “مه‌دا” چاپ و بڵاو كراوه‌ته‌وه‌) دواتر پۆكاشیۆ هه‌موو ته‌مه‌نی خۆی بۆ راڤه‌كردنی كۆمیدیای دانتی ته‌رخان ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی له‌و رێگایه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رده‌م بیگونجێنێت.
ئه‌گه‌رچی نووسه‌ر و ره‌خنه‌گرانی ئه‌ده‌بی، رێبازی كلاسیك به‌ كۆنترین رێبازی ئه‌ده‌بی ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن، به‌ڵام بێگومان ئه‌ده‌ب و هونه‌ر هه‌میشه‌ له‌ پێش ئه‌و ناونان و رێبازانه‌وه‌ بوونی خۆی هه‌یه‌، هه‌میشه‌ ناونان پشت به‌ بنه‌ما و سیما دیاره‌كانی ئه‌و بوونه‌ ده‌به‌ستێت، كه‌ له‌ پیش ناونانه‌وه‌ كۆمه‌ڵێك پانتایی جیاواز بۆ خۆی فه‌راهه‌م ده‌كات.
1/3
وه‌ك چۆن له‌ نێوان رێبازی ئه‌ده‌بی و رێبازی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی جیاوازی هه‌یه‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ش (شه‌پۆل- تیار) و (رێباز- منهج)یش جیاوازییان له‌ نێواندا هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر بۆ قسه‌كردن له‌ رێبازی ئه‌ده‌بی قسه‌ له‌ رێبازی كلاسیكی و رۆمانسی و واقیعی و ره‌مزی و به‌رناسی و وجودی و عه‌به‌سی… بكه‌ین، ئه‌وه‌ رێبازه‌كانی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی خۆیان له‌ رێبازی مێژوویی، كۆمه‌ڵایه‌تی، ده‌روونی، ئیستێتیكی… هه‌ڵده‌گرنه‌وه‌. به‌ دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش ده‌توانین دوو شێوه‌ له‌ رێباز دیاری بكه‌ین، رێبازی (ناوه‌كی) كه‌ خۆی له‌ وه‌سفكردن و شیكردنه‌وه‌ی خودی ده‌قدا ده‌دۆزێته‌وه‌، رێبازی (ده‌ره‌كی) كه‌ به‌ مێژووی به‌راوردكردنی ده‌قه‌كانه‌وه‌ به‌نده‌. كه‌چی (شه‌پۆلی ئه‌ده‌بی) خۆی له‌و ئاڕاسته‌یه‌، یان دیده‌، یان فیكره‌ تیۆرییه‌ رووته‌دا ده‌بینێته‌وه‌، كه‌ ره‌نگه‌ له‌ میانی كۆمه‌ڵێك نه‌خشه‌ و هێلكاریدا به‌جێ‌ بهێنرێت، دواجار ده‌شێ‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ش به‌ره‌و (رێباز)مان به‌رن.
وه‌ك ده‌زانین سه‌ره‌تاكانی ئه‌ده‌بی كلاسیك له‌ ئیتاڵیا چه‌كه‌ره‌ی كردووه‌، سه‌ده‌ی دوانزه‌ و سێزده‌ (دانتی) یه‌كێك بووه‌، له‌ رابه‌رانی رێنیسانس و به‌ ناوبانگترین شاعیری ئیتاڵیا، كه‌ داوای كرد، له‌ بری زمانی (لاتینی) زمانی (نه‌ته‌وه‌)یی بۆ نووسین به‌ كار بهێنرێت.* وه‌ك چۆن شاعیر و نووسه‌ری ئیتاڵی (پیتراك 1304-1374) به‌ یه‌كه‌م كه‌س ده‌ژمێردرێت، كه‌ هه‌وڵی داوه‌ (زانستی مرۆڤایه‌تی) رووبه‌ڕووی (لاهوت theology) بكاته‌وه‌ و یه‌كێكیش بوو، له‌وانه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ دانتی به‌ هۆی هه‌ڵوێستی سیاسییان له‌ شاره‌كه‌ی خۆیان وه‌ده‌رنراون. یه‌كێكی دیكه‌ له‌و شاعیرانه‌ی كه‌ ده‌ورێكی باڵای له‌ بڵاو كردنه‌وه‌ی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌ییدا بینی (پۆكاشیۆ) بوو..
به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا ئه‌ده‌بی كلاسیك له‌ فڕه‌نسا پێگه‌یشت. شاعیری كۆشكی مه‌لیك (هینری چواره‌م)ی فڕه‌نسا (فرانسوا دو مالێرب 1555-1628ز) به‌ رابه‌ری ئه‌و رێبازه‌ له‌ قه‌ڵه‌م ده‌درێت، وه‌ك چۆن هه‌ر یه‌ك له‌ (كۆرنی 1601-1648) شاعیر و درامانووس و (راسین 1639-1699) شاعیر و شانۆنامه‌ نووس، دوو (قۆناغی جیاواز)ی ئه‌ده‌بی كلاسیك، له‌ فڕه‌نسا پێكده‌هێنن… لێره‌دا ده‌مه‌وێ‌ له‌ نێوان شوێنی سه‌رهه‌ڵدان و شوێنی گه‌شه‌كردنی ئه‌ده‌بی كلاسیك بڵێم ئه‌گه‌ر ئیتاڵیا وه‌ك شوێنی سه‌رهه‌ڵدان، راسته‌وخۆ له‌ سه‌ر لاساییكردنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی گریكی وه‌ستا بێت، ئه‌وه‌ ده‌شێ‌ وێڕای ئه‌و پرنسیبه‌ بڕوامان به‌ جۆرێك له‌ جیاوازی و هه‌ڵبژاردن هه‌بێت، ئه‌ویش تێكه‌ڵكردنی پرنسیبی عه‌قڵه‌ به‌ پرنسیبی لاساییكردنه‌وه‌. به‌و مانایه‌ش ئه‌گه‌ر چه‌مكی لاساییكردنه‌وه‌ی ئه‌رستۆیی بنه‌ما فه‌لسه‌فییه‌كانی رێبازی كلاسیك به‌رهه‌م بهێنێت و به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی خه‌سڵه‌ته‌ هونه‌رییه‌كانی په‌یوه‌ندی به‌ (روونی ده‌ربڕین) و (تۆكمه‌یی پێكهاته‌ی رسته‌) و (ره‌وانبێژی شێواز)ه‌وه‌ هه‌بێت، ئه‌وه‌ له‌ كۆی ئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌، ده‌توانین بایه‌خی (بابه‌ت) و پشتگوێخستنی (خود) هه‌ڵبگرینه‌وه‌؟! به‌ڵام فڕه‌نسییه‌كان له‌ رێگای تێكه‌ڵكردنی پرنسیبه‌كانی عه‌قڵ، هه‌وڵیان داوه‌ سنوره‌كانی هه‌ست و سۆز و خه‌یاڵ ده‌ستنیشان بكه‌ن، هه‌ر له‌وێشه‌وه‌ (راسین) ده‌ڵێت: با به‌ (دڵ بیر بكه‌ینه‌وه‌) و (به‌ عه‌قڵ هه‌ست بكه‌ین) و (به‌ خه‌یاڵ ده‌رك بكه‌ین).
به‌ كورتی ئه‌گه‌ر ئیتاڵیه‌كان له‌ سه‌ر رێبازی یۆنانییه‌كان جه‌ختیان له‌ رێبازی كلاسیك كردبێته‌وه‌، ئه‌وه‌ فڕه‌نسییه‌كان به‌ لای ئه‌ده‌بی (لاتینی)دا شكاونه‌ته‌وه‌، هه‌ر له‌ سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش ده‌شێ‌ په‌نجه‌ بۆ خه‌سڵه‌ته‌ هونه‌رییه‌كانی ئه‌ده‌بی كلاسیك لای فڕه‌نسییه‌كان درێژ بكه‌ین، كه‌ خۆی له‌ زاڵبوونی (فۆرم) به‌سه‌ر (ناوه‌ڕۆك)دا ده‌بینێته‌وه‌، هه‌موو ئه‌وه‌ش جیاوازی نێوان تیۆری لاساییكردنه‌وه‌ی ئه‌رستۆ و پرنسیبه‌كانی عه‌قڵمان نیشان ده‌دا!! لێره‌وه‌یه‌ (راسین) هه‌وڵده‌دا شانۆی لاتینی بنووسێته‌وه‌، نه‌ك (سۆفۆكلیس)ی گریكی.. به‌ڵام ده‌بێ‌ له‌ بیرمان نه‌چێت، ئه‌و كاته‌ رێبازی كلاسیك له‌ ئه‌وروپا گه‌شه‌ی كرد، كه‌ له‌ هه‌وڵی گه‌ڵاڵه‌كردنی به‌ها مرۆییه‌كاندا بوو، به‌و مانایه‌ش به‌شێكی زۆری ناونانی ئه‌و ئه‌ده‌به‌ راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به‌ به‌ها مرۆییه‌كان و نه‌مرییه‌وه‌ هه‌یه‌، دواجار هه‌ر له‌وێوه‌ ده‌توانین بڵێین ئه‌ده‌بی كلاسیك نه‌ شوێن ده‌ناسێ‌ و نه‌ كات و چینێكی دیاریكراوی كۆمه‌ڵایه‌تی، به‌ دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش رێبازی كلاسیك سه‌ر به‌ گۆڕانكارییه‌ گه‌وره‌كانی شارستانی و دنیای بیركردنه‌وه‌ و بواره‌كانی ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌.
1/4
رێبازی كلاسیك هه‌ر له‌ سه‌ده‌ی دووه‌می زایینی له‌لایه‌ك وه‌ك رێبازی قوتابخانه‌یی، یان بنه‌ڕه‌تی و باڵایی.. و له‌ لایه‌كی دیكه‌ وه‌ك ئه‌ده‌بێكی ئاڕاسته‌كراوی ده‌سته‌ و تاقمێكی ئه‌رستۆكراتی و پایه‌ به‌رز.. خۆی له‌ ره‌وانبێژی زمان و هێزی ته‌عبیركردن و روون و ئاشكرایی ده‌دۆزێته‌وه‌، به‌ڵام له‌ سه‌رده‌می رێنیسانسی ئه‌وروپی ئه‌ده‌بی كلاسیك به‌ هه‌موو ئه‌و ئه‌ده‌به‌ ده‌گوترا، كه‌ خۆی له‌ به‌ها مرۆییه‌كان (خێر) و (راستی) و (جوانی)دا ده‌بینییه‌وه‌! هه‌میشه‌ به‌ها به‌رزه‌كانی مرۆڤایه‌تیش ده‌كه‌ونه‌ ده‌ره‌وه‌ی شوێن و كات و چینێكی دیاریكراوی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌. به‌ها مرۆییه‌كان له‌ خه‌سڵه‌ته‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌ده‌بی سه‌رده‌می رێنیسانس ده‌ژمێردرێن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌ده‌بی كلاسیك له‌ سه‌رده‌می رێنیسانسدا به‌ هه‌مان شێوه‌ی سه‌رده‌می پێشوو، پارێزگاری له‌ شێواز و ره‌وانبێژی و هێزی ته‌عبیركردن و به‌رجه‌سته‌كردنی سۆز و په‌یوه‌ستبوون به‌ پرنسیبه‌كانی ئه‌خلاق و رێزگرتن له‌ نۆرمه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ باوه‌كان و به‌كارهێنانی بۆ ئامانجی فێربوون.. ده‌كرد. ده‌مه‌وێ‌ بڵێم ئه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی كلاسیك له‌ سه‌ده‌ی دووه‌می زایینی و سه‌رده‌می رێنیسانس، جیا ده‌كاته‌وه‌، جگه‌ له‌ به‌ها مرۆییه‌كان، خۆی له‌ كه‌شفكردن و شیكردنه‌وه‌ی ده‌روونی مرۆڤ و جه‌ختكردنی شێواز و بابه‌تگه‌راییدا ده‌بینێته‌وه‌، هه‌موو ئه‌وانه‌ش پشت به‌ (رۆشنبیریی) و (پیشه‌یی بوون) ده‌به‌ستێت، ئامانجه‌كه‌شی له‌ چێژی هونه‌رییدا ده‌رده‌كه‌وێت. هه‌ڵبه‌ته‌ له‌ دووباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌وانه‌دا، پرسیاری من ئه‌وه‌ نییه‌ (ئه‌ده‌بی كلاسیزمی كوردی) ده‌كه‌وێته‌ كوێی ئه‌ده‌بی كلاسیكه‌وه‌؟ به‌ڵكو ده‌مه‌وێ‌ بڵێم ئه‌گه‌ر به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی ریشه‌ی ئه‌ده‌بی كلاسیك به‌ هه‌موو ژانره‌كانییه‌وه‌ به‌ دید و بۆچوون و تێڕوانینی بتپه‌رستی گریكییه‌وه‌ به‌ند بێت و رۆمانییه‌كان كۆی ئه‌و بیروڕا و به‌ها ئه‌ده‌بیانه‌یان له‌وانه‌وه‌ وه‌رگرتبێت، ئایا ده‌توانین دیدی بتپه‌رستی له‌ نێو (ئه‌ده‌بی كلاسیزمی كوردی) به‌دی بكه‌ین؟
كریستانییه‌كان له‌ سه‌رده‌می خۆیان دژی به‌های بتپه‌رستی بوونه‌ و هه‌وڵیانداوه‌ ئه‌ده‌بی كلاسیك مۆڕكی ئایینی مه‌سیحی وه‌ربگرێت، به‌ڵام هۆی سه‌رنه‌كه‌وتنیان راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به‌ هێزی سه‌رچاوه‌ یۆنانیه‌كه‌وه‌ هه‌بووه‌!! به‌ڵام له‌ بیرمان نه‌چێ‌ له‌ سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست (پێش رینیسانس) ده‌سه‌ڵاتی كلیسا، پیاوانی ئایینی توانیان ئه‌ده‌ب و هونه‌ر به‌ گشتی بخه‌نه‌ ژێر بیروڕایه‌ك كه‌ له‌گه‌ڵ كلیسه‌دا بگونجێ‌، ئه‌ده‌ب و هونه‌رییان ئاڕاسته‌ ده‌كرد و ده‌یانویست له‌ خزمه‌تی ئایین و پیاوانی ئایینیدا بێت، هه‌ر بۆیه‌ فه‌یله‌سوفانی ئیستێتیكا رایانوایه‌ كه‌ رێنیسانس قه‌ڵه‌مبازێكه‌ به‌ سه‌ر سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست و بیروڕای كلیسه‌. رینیسانس هه‌وڵدانێكی مه‌زن بوو بۆ رزگار بوون له‌و كۆت و پێوه‌ندانه‌ی ده‌ره‌به‌گایه‌تی به‌ سه‌ر نووسه‌ر و هونه‌رمه‌نداندا سه‌پاند بووی..*
شاعیر و ره‌خنه‌گری ئینگلیزی (جۆن میلتۆن 1608-1674) یه‌كێك بوو له‌وانه‌ی كه‌ ئایین و كتێبی پیرۆز (ئینجیل)ی به‌ سه‌رچاوه‌ی سروش داده‌نا و وه‌ك ناوه‌ڕۆكی كاره‌كانی سوودی زۆری لێوه‌رده‌گرتن. به‌ دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش میلتۆن یه‌كێك بوو له‌و ره‌خنه‌گرانه‌ی، كه‌ پێیوابوو ئه‌ده‌ب به‌ هه‌موو ژانره‌كانییه‌وه‌ ئامرازێكه‌ بۆ دنه‌دان و دنه‌دانی فیكره‌یه‌كی دیاریكراو، وه‌ك چۆن جه‌ختی له‌سه‌ر وه‌زیفه‌ی سیاسی شیعر ده‌كرده‌وه‌، گیروگرفته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیشی به‌ هه‌ند هه‌ڵده‌گرت، به‌ڵام هه‌میشه‌ مه‌سه‌له‌ی چێژی به‌ نیازێكی ئه‌خلاقی و جوانیی ده‌به‌سته‌وه‌، نه‌ك به‌ تاقم و چینێكی دیاریكراوه‌وه‌.. من ده‌پرسم ئایا ئه‌وه‌ هێزی (ئایینی ئیسلام)ه‌ وا ده‌كات ئه‌ده‌بی كلاسیزمی كوردی له‌ (حوجره‌ و مزگه‌وت)ه‌كانه‌وه‌ سه‌ر هه‌ڵبدات، یان په‌یوه‌ندی به‌ بێهێزی (ئه‌ده‌بی زاره‌كی كوردیی) و به‌ بێ‌ ئاگایی و ده‌رك نه‌كردنی (چه‌مكی لاساییكردنه‌وه‌ی ئه‌رستۆیی و عه‌قڵ وه‌ك بنه‌مایه‌ك بۆ فه‌لسه‌فه‌ی جوانی ئه‌ده‌ب)ه‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ به‌ بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌ده‌بی كلاسیك ده‌ژمێردرێن؟
بێگومان سه‌ره‌تای به‌ره‌وپێشچوونی ئه‌ده‌بی كلاسیك له‌ ئیتاڵیا، له‌ سه‌ده‌ی سێزده‌می زایینی دوای په‌یبردن به‌ ئه‌رستۆ و بنه‌ما گریكییه‌كان، به‌ تایبه‌تی له‌سه‌ر ده‌ستی شاعیرانی سه‌رده‌می رێنیسانس و دواتر له‌ فڕه‌نسا و ئه‌ڵمانیا و له‌سه‌ر ده‌ستی پێشه‌نگی قوتابخانه‌ی ئینگلیزی (شكسپیر 1564-616ز) گه‌یشته‌ ترۆپك. به‌ڵام له‌ سه‌ده‌ی شانزه‌ و حه‌ڤده‌ی زایینی ئه‌وه‌ ره‌خنه‌گران و ره‌خنه‌گرانی فڕه‌نسی بوون، توانیان له‌ رێگای كۆمه‌ڵێك تیۆر و پره‌نسیبه‌وه‌، هێزێكی نوێ‌ به‌ ئه‌ده‌بی كلاسیك ببه‌خشن! ئه‌گه‌رچی وازیان له‌ چه‌مكی (لاساییكردنه‌وه‌)ی ئه‌رستۆیی نه‌هێنا، به‌ڵام بایه‌خێكی زۆریان به‌ عه‌قڵگه‌رایی و فیكره‌ی تاكگه‌رایی ده‌دا و توانیان جۆرێك له‌ هاوگونجان له‌ نێوان بابه‌تگه‌رایی بنبه‌ستی كلاسیكی كۆن و خودگه‌رایی په‌ڕگیری رۆمانسیی دروست بكه‌ن. یه‌كێك له‌و ره‌خنه‌گرانه‌، ره‌خنه‌گری فڕه‌نسی (نیكۆلا بوالۆ 1636-1711)* بوو، كه‌ توانی جه‌خت له‌ یه‌كێتی (بابه‌ت) و (شوێن) و (كات) بكاته‌وه‌ و بنه‌غه‌كانی ئه‌ده‌بی كلاسیك نوێ‌ بكاته‌وه‌. هه‌ر له‌وێشه‌وه‌ قوتابخانه‌یه‌كی جیاواز له‌ زۆر رووه‌وه‌ به‌ ناوی نیوكلاسیك (Neo classical) هاته‌ ئاراوه‌.

سه‌رچاوه‌ و په‌راوێز:
*- مێژوونووسان مێژووی گه‌لانی ئه‌وروپا به‌سه‌ر سێ‌ چاخ دابه‌ش ده‌كه‌ن، یه‌كه‌م، چاخی كلاسیكی دێرین (سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی گریك و رۆمان، كه‌ پێش له‌ دایكبوونی مه‌سیح ده‌گرێته‌وه‌). هه‌ندێ‌ وای ده‌بینین كه‌ ئه‌ده‌بیاتی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ (سه‌رده‌می یۆنان و رۆمانی دێرین) كلاسیزمی كۆنه‌، ئه‌و كلاسیكه‌ی دواتری ئه‌وروپا به‌ كلاسیزمی نوێ‌ داده‌نێن. دووه‌م، چاخه‌كانی ناوه‌ڕاست، كه‌ به‌ سه‌رده‌مێكی زۆر تاریك ده‌ژمێردرێت له‌ ئه‌وروپادا، له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی مه‌سیحییه‌ت به‌ ئه‌وروپادا ده‌ست پێده‌كات تا كۆتایی سه‌ده‌ی 16م. به‌ سه‌ر دوو قۆناغ دابه‌ش ده‌كرێت: یه‌كه‌م چاخه‌كانی ناوه‌ڕاستی به‌رایی، واته‌ پێش رێنیسانس، كه‌ ده‌سه‌ڵات و بۆچوونی كه‌نیسه‌ تێیدا باڵا ده‌ست بوو، له‌گه‌ڵ هه‌رچی بینینێكی میتافیزیكیانه‌ و ئاخیره‌تپه‌رستانه‌ و فه‌رامۆشكردنی دنیا. دووه‌م، چاخه‌كانی ناوه‌ڕاستی دواتر (سه‌رده‌می رێنیسانس، واته‌ ماوه‌ی سه‌ده‌ی 15 و 16ز) كه‌ بیركردنه‌وه‌ی زانستی و میتۆدباوه‌ڕی و دنیاباوه‌ڕی سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌ن. سێیه‌م، چاخی نوێ‌، به‌ بۆچوونی ئارنۆڵد هاوزه‌ر، خاڵی گۆڕانی راسته‌قینه‌یه‌، واته‌ “چاخی نوێ‌” ته‌نیا له‌گه‌ڵ هاتنی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌مه‌وه‌ (له‌گه‌ڵ هاتنی سه‌رده‌می رۆشنگه‌رییه‌وه‌) ده‌ست پێده‌كات. سه‌رده‌می رێبازی كلاسیزم (چاخه‌كانی ناوه‌ڕاست تا رێنیسانس، له‌ دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی مه‌سیحییه‌ته‌وه‌ تا كۆتایی سه‌ده‌ی 16ز) له‌ بواری سیستمی سیاسییه‌وه‌ به‌ قۆناغی هیراشی (بتپه‌رستی) ده‌ناسرێته‌وه‌، له‌ بواری فه‌رمانره‌وایه‌تیدا به‌ پاشایه‌تی له‌ باوكه‌وه‌ بۆ كوڕ داده‌نرێت… حكومه‌ت زۆر تونده‌ڕه‌وانه‌ فه‌رمانڕه‌وا بوو. پاشا، كه‌ خودا مافی ده‌سه‌ڵاتی پێدابوو فه‌رمانڕه‌وای موتڵه‌ق بوو. خۆشه‌ویستی وڵات ده‌بووایه‌ تێكه‌ڵ بێت به‌ خۆشه‌ویستی بۆ پاشا، دروشمی هه‌موو كه‌سێك ئه‌وه‌ بوو یه‌ك قانوون، یه‌ك ئایین، یه‌ك پاشا… كلاسیزم ئه‌و ده‌ستورانه‌ی به‌ موتڵه‌ق داده‌نا و نه‌ده‌بووایه‌ لێی لابدرێت.
*- بزوتنه‌وه‌ی رێنیسانس له‌ ماوه‌ی سه‌ده‌ی 15 و 16 رۆڵێكی مه‌زنی بینی له‌ به‌ره‌وپێشبردنی رێبازی كلاسیزم، وه‌ك چۆن بزوتنه‌وه‌ی هیومانیسته‌كان له‌ سه‌ده‌ی 15 رووییه‌كی گه‌شی بزوتنه‌وه‌ی رێنیسانس بوو.

  • – له‌ ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی شانزه‌ كۆمه‌ڵێك ئه‌دیب و نووسه‌ری رۆشنبیر له‌ فڕه‌نسا ده‌ركه‌وتن و داوای لاساییكردنه‌وه‌ و فێربوونی بنه‌ماكانی ئه‌ده‌بی كۆنییان ده‌كرد و پێیان ده‌گوتن (پلێیاد- له‌پله‌ێیاد: ناوی حه‌وت كچی ئه‌تڵه‌س بوو، ئه‌و حه‌وت كچه‌ له‌ نائومێدی خۆیان ده‌كوژن و ده‌بنه‌ ئه‌ستێره‌).
    *- نووسه‌ری رۆمانی له‌ كتێبی (شه‌وانی ئه‌تیكا) ئه‌و زاراوه‌یه‌ی به‌ كار هێناوه‌. بروانه‌ رێبازه‌ ئه‌ده‌بییه‌كان، ئاماده‌كردن و وه‌رگێرانی له‌ فڕه‌نسییه‌وه‌ د. فه‌رهاد پیرباڵ، له‌ بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای ئاراس، هه‌ولێر 2004، ل15-16.
    *- المژاهب اڵادبیه‌ من الكلاسیكیه‌ إلی العبپیه‌، د. نبیل راغب – مكتبه‌ مصر – القاهره‌.
    *- گیلیۆس ئه‌و توێژه‌ره‌ رۆمییه‌ نووسه‌رانی به‌سه‌ر دوو گروپ دابه‌ش كردووه‌، نووسه‌رانی كلاسیك و نووسه‌رانی عه‌وام، به‌و نووسه‌رانه‌ی ده‌گوت كلاسیك كه‌ به‌رهه‌مه‌كانیان شایسته‌ی خوێندنه‌وه‌ی چینه‌ باڵاكانی كۆمه‌ڵ بوایه‌، به‌ره‌ به‌ره‌ ئه‌و سیفه‌ته‌ مانایه‌كی فره‌وانتری په‌یدا كرد و به‌ به‌رهه‌مێك ده‌گوترا كه‌ شایسته‌ی وتنه‌وه‌ بوایه‌ له‌ پۆله‌كاندا و بۆ په‌روه‌رده‌ی جه‌وانان بشیابایه‌. قوتابخانه‌ ئه‌ده‌بییه‌كان، نووسینی (ره‌زا سه‌ید حسه‌ینی) وه‌رگێرانی له‌ فارسییه‌وه‌: حه‌مه‌ كه‌ریم عارف، ده‌زگای توێژینه‌وه‌ و بڵاوكردنه‌وه‌ی موكریانی، چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌، 2006، ل18.
    *- یه‌كێك له‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی سه‌رده‌می رینیسانس دروستبوونی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌ بوو، واته‌ دروستبوونی ده‌وڵه‌ت له‌ سه‌ر بنچینه‌ی نه‌ته‌وه‌. ئه‌وه‌ وای كرد زمانی لاتینی كه‌ زمانی نووسینی زۆربه‌ی نه‌ته‌وه‌كانی ئه‌وروپا بوو، ورده‌ ورده‌ بداته‌ پاش و زمانی نه‌ته‌وه‌كان بره‌و بسێنێت و هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك زمان و رۆشنبیریی نه‌ته‌وه‌یی خۆی ببوژێنێته‌وه‌.
    *- بروانه‌ رێبازه‌ ئه‌ده‌بییه‌كان، ئاماده‌كردن و وه‌رگێرانی له‌ فه‌ره‌نسییه‌وه‌ د. فه‌رهاد پیرباڵ.. ل21-22.
    *- خاوه‌نی كتێبی (هونه‌ری شیعر)ه‌ له‌و كتێبه‌دا قسه‌ له‌ كه‌له‌پوری كلاسیك و به‌ تایبه‌تی بیروڕاكانی ئه‌رستۆ، وه‌ك چۆن مه‌سه‌له‌ی (حسی سه‌لیم Common Sense) ده‌وڕوژێنێ‌ و ئه‌و زاراوه‌یه‌ یه‌كێك بووه‌ له‌ نموونه‌ باڵاكانی داهێنه‌رانی ئه‌و كات، له‌لایه‌كی دیكه‌ بوالۆ پێیوابوو ده‌بێ‌ شاعیر فێری ئه‌وه‌ بێت، كه‌ به‌ پێی رێساكانی عه‌قڵ بنووسێت، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ‌ ده‌رك به‌ حسی سه‌لیم بكات، ئه‌وه‌ش ده‌بێ‌ له‌ رێگای دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ درێژدادری و دووباره‌كردنه‌وه‌ مه‌یسه‌ر بكات، وه‌ك چۆن ده‌یگوت پێویسته‌ له‌ سه‌ر شاعیر عه‌قڵی خۆی له‌ باره‌ی سروشته‌وه‌ به‌كار بهێنێت، ئه‌وه‌ش یه‌كێك بوو له‌و پرنسیبانه‌ی كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی كلاسیزمی نوێ‌ بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرد، به‌ دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش جه‌خت له‌ سروشتی ناوه‌كی و هه‌سته‌ ناوه‌كییه‌كانی مرۆڤ بكاته‌وه‌، هه‌موو ئه‌وانه‌ش له‌ رێگای حسی سه‌لیمه‌وه‌ به‌جێ‌ ده‌هێنرێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی بوالۆ قسه‌ی لێ‌ كردبوو. بۆ زێتر شاره‌زایی بروانه‌ ئینته‌رنێت: أ.د أحمد صقر – كلیه‌ اڵاداب – جامعه‌ الإسكندریه‌.



رۆمانی پاسه‌وانانی خودا له‌نێوان زه‌مه‌نی داخراو و زه‌مه‌نی كراوه‌دا….عه‌بدولموته‌لیب عه‌بدوڵڵا

گفتوگۆی برگسۆن* و ئاینشتاین* له‌ باره‌ی زه‌مه‌نه‌وه‌ گفتوگۆیه‌كی سایكۆلۆجی/ فیزیاییه‌، به‌ڵام هه‌ندێ‌ له‌ فیزیاییه‌كان ده‌یانه‌وێ‌ تێگه‌یشنێكی تاكڕه‌هه‌ند به‌ زه‌مه‌ن ببه‌خشن و ئه‌و كه‌لێنه‌ دابخه‌ن، كه‌ ئه‌پیكۆرییه‌كان به‌ كراوه‌یی جێیانهێشتووه‌! لێره‌دا گرفتی قسه‌كردن له‌ سه‌ر زه‌مه‌ن له‌ لای برگسۆن قسه‌كردنه‌ له‌ زه‌مه‌ن وه‌ك مه‌سه‌له‌یه‌كی خودی، وه‌ك مه‌سه‌له‌یه‌ك كه‌ به‌ مرۆڤه‌وه‌ به‌نده‌، به‌ڵام لای ئاینشتاین و قسه‌كردنه‌ له‌ سه‌ر حه‌قیقه‌تێكی بابه‌تی كه‌ به‌ ده‌ره‌وه‌ی مرۆڤه‌وه‌ ده‌لكێ‌.
زه‌مه‌ن چییه‌؟ ئه‌و پرسیاره‌ دێرینه‌ی، كه‌ (ئۆگستین)* ی مه‌زن به‌رزی كرده‌وه‌، وه‌ك ده‌بینین لای برگسۆن له‌ ده‌یموومه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه‌… برگسۆن ره‌هایی له‌ به‌رده‌وامییدا ده‌بینێته‌وه‌، پێیوایه‌ به‌رده‌وامی زه‌مه‌نی حه‌قیقییه‌.. ئه‌و زه‌مه‌نه‌یه‌ كه‌ مرۆڤ تێیدا ده‌ژی، بۆیه‌ ده‌بێ‌ مرۆڤ له‌ جیهانی ده‌ره‌وه‌ دوور بكه‌وێته‌وه‌، به‌ره‌و ناوه‌وه‌، چونكه‌ هه‌ر له‌ ناوه‌وه‌ هه‌ست به‌ هه‌ڵقووڵینی زه‌مه‌نی حه‌قیقی ده‌كات، زه‌مه‌نێك كه‌ رابردوو و ئێستا له‌یه‌ك باردا كۆده‌كاته‌وه‌ و سه‌ر له‌ نوێ‌ به‌ره‌و داهاتوو پاڵی ده‌نێت. برگسۆن ده‌یه‌وێ‌ (بوون) له‌ سه‌ر ده‌یموومه‌ وێنا بكات. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی (ده‌یموومه‌-به‌رده‌وامی) دێ‌ و ده‌ڕوا، بۆیه‌ قبولی دابه‌شبوون و به‌ش به‌شبوون ناكات.. به‌رده‌وامی پێشكه‌وتنی رابردووه‌، كه‌ داهاتوو به‌رهه‌م ده‌هێنێ‌، هه‌رچه‌نده‌ پێشبكه‌وێت گه‌وره‌ ده‌بێت. هه‌ر له‌ سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش (من/الانا) لای ئه‌و یه‌كێتییه‌كه‌ دابه‌ش نابێت. ئازادیش به‌ ده‌یموومه‌وه‌ به‌ند ده‌كات، ده‌یموومه‌یه‌ك كه‌ جیابوونه‌وه‌ ناس ناكات، یه‌كێتییه‌ك پێكده‌هێنێ‌ كه‌ ناشێ‌ به‌ سه‌ر ساته‌وه‌ختدا دابه‌ش بكرێت. به‌مجۆره‌ ئازادی ته‌عبیر له‌ كه‌سێتی ده‌كات. هه‌ڵبه‌ته‌ برگسۆن بۆ جه‌ختكردن له‌ تێزه‌كه‌ی مۆزیكا و شێوازی ئاگایی وه‌ك نموونه‌ ده‌هێنێته‌وه‌..* كه‌واته‌ لای برگسۆن جه‌وهه‌ری ئێستا، رابردووه‌.

زه‌مه‌ن له‌ چه‌ندین وێنه‌دا

كتێبی (جدلیه‌ الزمن)ی باشلار* دیموومه‌ی زه‌مه‌ن به‌و مانایه‌ی كه‌ لای برگسۆن هه‌یه‌، ره‌تده‌كاته‌وه‌ و ده‌ڵێت زه‌مه‌ن به‌یه‌كه‌وه‌لكاو نییه‌، به‌ڵكو به‌یه‌كه‌وه‌نه‌لكاوه‌ (متصل نییه‌، منفصله‌).. هه‌روه‌ها ده‌ڵێ‌ به‌ هۆی فیكری به‌یه‌كه‌وه‌نووساوه‌وه‌ (متصل) ناتوانین به‌ شێوه‌یه‌كی جه‌وهه‌ری به‌ره‌و یه‌كێكی دیكه‌ بگوازینه‌وه‌.. ئه‌گه‌رچی ده‌یموومه‌ پێدراوی راسته‌وخۆی ئاگاییه‌، به‌ڵام ئه‌و دیموومه‌یه‌ ده‌سته‌مۆیه‌، كه‌واته‌ ئاگایی له‌ شاره‌زایی ده‌ره‌كی وه‌رگیراوه‌، چ به‌ هۆی (دابڕان یان به‌رده‌وامی) بێت. به‌و مانایه‌ش لای باشلار ئاگاییمان به‌ زه‌مه‌ن، ئاگاییه‌ به‌ ساته‌وه‌خت: زه‌مه‌ن واقیعی نییه‌ ته‌نها له‌ چركه‌ساتدا نه‌بێت. كه‌واته‌ باشلار له‌گه‌ڵ تێزی فه‌لسه‌فی (ساته‌وه‌خت/چركه‌سات- اللحڤه‌-Instant) و كتێبی (Siloce)ی (گاستۆن رۆبناڵ- Gaston Roupnel) یه‌كده‌گرێته‌وه‌ و له‌ ته‌واوی كتێبی (حدس اللحڤه‌) پشتگیری له‌ تێزه‌كه‌ی ئه‌و ده‌كات. (رۆبناڵ-Roupnel) پێیوایه‌ واقیعی زه‌مه‌ن ته‌نها له‌و چركه‌ساته‌دایه‌، یان به‌ مانایه‌كی دیكه‌ زه‌مه‌ن واقیعێكه‌ به‌ چركه‌سات ئابڵوقه‌دراوه‌ و ده‌كه‌وێته‌ نێوان دوو عه‌ده‌مه‌وه‌. كه‌واته‌ زه‌مه‌ن له‌ نوێوه‌ ده‌ژی، به‌ڵام به‌ر له‌وه‌ بژی، ده‌بێ‌ بمرێ‌، چونكه‌ ناتوانێ‌ خۆی له‌ ساتێك بۆ ساتێكی دیكه‌ بگوازێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ ده‌یموومه‌.*

له‌ رسته‌یه‌كی فه‌لسه‌فیدا باشلار ده‌ڵێت: من هه‌موو شتێكم ونكردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو شتێ‌ به‌ده‌ستبهێنم. به‌مجۆره‌ لای باشلار هونه‌ر، دابڕان له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی ژیانی رۆژانه‌ی باو دروست ده‌كات. چونكه‌ به‌رده‌وامی ژیان نابه‌رده‌وامی له‌دایكبوونه‌.* ئێمه‌ له‌و ساته‌وه‌خته‌دا ده‌ژین، هه‌ر له‌و حاڵه‌ته‌دا هه‌ستده‌كه‌ین هه‌ین، واته‌ له‌و ساته‌وه‌خته‌ و به‌ هۆی ئه‌و چركه‌ساته‌وه‌ هه‌ست به‌ بوونی خۆمان ده‌كه‌ین. له‌ نێوان هه‌ستكردن به‌ ئێستا و هه‌ستكردن به‌ ژیان هاویه‌كییه‌كی (وه‌كیه‌كی) ره‌ها هه‌یه‌. لێره‌ له‌ دیدی ژیانه‌وه‌ ده‌توانین هه‌وڵده‌ین به‌ هۆی ئێستاوه‌ له‌ رابردوو بگه‌ین، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام هه‌وڵده‌ین به‌ هۆی رابردوو راڤه‌ی ئێستا بكه‌ین.

زه‌مه‌ن چییه‌؟ ده‌توانم بڵێم له‌ كۆی گێڕانه‌وه‌كانی (عه‌تا محه‌مه‌د)دا مرۆڤ له‌ چه‌ندین وێنه‌دا به‌ زه‌مه‌نی ساته‌وه‌خته‌وه‌ ده‌لكێ‌، به‌رده‌وام زه‌مه‌ن به‌ كراوه‌یی به‌جێده‌هێڵێ‌، به‌و مانایه‌ش وێنه‌كانی عه‌تا محه‌مه‌د ناڕاسته‌وخۆ ده‌كه‌ونه‌ ساته‌وه‌خته‌وه‌، له‌ رۆمانی پاسه‌وانانی خودا- مێژووییه‌كی تر بۆ بینینی خۆمان (له‌ ناوه‌ندی رۆشنبیری و هونه‌ری ئه‌ندێشه‌ چ 2 ساڵی 2016 پێدراوه‌) وێنه‌كان به‌ دوای خه‌لق كردن و عه‌شق و عه‌ده‌مه‌وه‌ن، كۆی رووداوه‌كانی ئه‌و رۆمانه‌ له‌ ساته‌وه‌ختێ‌ له‌ دایك ده‌بن، كه‌ ده‌یموومه‌ی نییه‌، وه‌ك چۆن هێل له‌ خاڵ پێكهاتووه‌، ئه‌و رۆمانه‌ش له‌ كۆمه‌ڵێ‌ رووداو پێكهاتووه‌. (هیچ ئه‌سڵێك بوونی نییه‌، ژیان بریتییه‌ له‌ ژیانی وێنه‌كان… ئه‌وه‌ی پێشیده‌وترێت رۆح یان جه‌وهه‌ری مرۆڤ، هیچ نییه‌ جگه‌ له‌ هه‌وڵێك بۆ ده‌ربازكردنی مرۆڤ له‌و وێنه‌ سێڕه‌هه‌ندییه‌ی درێژی و پانی و به‌رزی، بۆ ئه‌وه‌ی ره‌هه‌ندێكی تری بداتێ‌، كه‌ قوڵاییه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ گیانداره‌كانی تری جیا بكاته‌وه‌. پاسه‌وانانی خودا ل153).

زه‌مه‌ن چییه‌؟ ده‌توانم بڵێم كاراكته‌ره‌كانی پاسه‌وانانی خودا به‌رده‌وام بایه‌خی كرده‌ی ئاگایی له‌ ئه‌زموونی ساته‌وه‌ختیدا تۆمار ده‌كه‌ن، چونكه‌ هیچ حه‌قیقه‌تێكی به‌ڵگه‌نه‌ویست به‌بێ‌ ویست (ئیراده‌) و بێ‌ هه‌ستكردن بوونی نییه‌، هه‌ر ئه‌وه‌ درێژ ده‌بێته‌وه‌ تا بڕیار له‌ سه‌ر كرده‌ بدات. به‌مجۆره‌ خودی گێڕه‌ڕه‌وه‌كانی عه‌تا محه‌مه‌د ته‌نها وه‌ك بكه‌رێكی زه‌مه‌نی نه‌بێ‌، ناتوانن بڵێن هه‌ین. زه‌مه‌نیش بوونه‌وه‌ره‌، چركه‌ساته‌، جیابوونه‌وه‌یه‌، دابڕانه‌، داهێنان و خه‌لقكردن و عه‌شق و كرده‌ی چوونه‌ ژووره‌وه‌ی له‌پڕه‌…

كه‌واته‌ زه‌مه‌نی گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و رۆمانه‌ ده‌لاله‌ت له‌ جه‌وهه‌ری گۆڕاو، مرۆڤی خاوه‌ن قاچ… ده‌كات، كاراكته‌ره‌كان هه‌موو شتێكیان ونكردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو شتێ‌ به‌ده‌ستبهێنن، بۆیه‌ قبولی دابه‌شبوون و به‌ش به‌شبوون ده‌كه‌ن، چونكه‌ زه‌مه‌ن به‌یه‌كه‌وه‌لكاو نییه‌، به‌ڵكو به‌یه‌كه‌وه‌نه‌لكاوه‌، به‌و مانایه‌ش وێنه‌ی كاراكته‌ره‌كانی ئه‌و رۆمانه‌ به‌ گێڕانه‌وه‌ی زه‌مه‌ن و جه‌وهه‌ر و سه‌ر… ناناسرێنه‌وه‌؟! پرسیار ئه‌وه‌ نییه‌ مرۆڤ وه‌ك كۆپیكه‌ری شته‌كان، ئه‌و چیڕۆكه‌ خه‌یاڵیانه‌ وه‌ك سروشتێكی خولقێنه‌ر یان دروستكه‌ر به‌رجه‌سته‌ ده‌كات… قسه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زه‌مه‌نی سروشتی خولقێنه‌ر كراوه‌یه‌ و زه‌مه‌نی سروشتی دروستكه‌ر داخراوه‌! به‌و مانایه‌ش زه‌مه‌نی داخراو وێنه‌ی گێڕانه‌وه‌ی زه‌مه‌ن ده‌كێشێ‌، زه‌مه‌نی كراوه‌ وێنه‌ی زه‌مه‌نی گێڕانه‌وه‌ ده‌نه‌خشێنێ‌…

مرۆڤی دروستكه‌ر هه‌ر ته‌نها به‌ خاكه‌وه‌ په‌یوه‌سته‌، به‌و شوێنه‌وه‌ كه‌ لێی له‌ دایكبووه‌، هه‌ر ته‌نها به‌ نشتیمان، ره‌گه‌ز، نه‌ته‌وه‌، ئایین، كلتور… په‌یوه‌سته‌، سه‌رچاوه‌ی جه‌وهه‌ر نه‌گۆڕ مرۆڤی دروستكه‌ره‌… به‌ڵام كاراكته‌ره‌كانی رۆمانی پاسه‌وانانی خودا وه‌ك مرۆڤی خولقێنه‌ر پێیه‌كانیان ئامرازی بڕینی ریگا دووره‌كانه‌ و هه‌نگاو ده‌نێن و سه‌ری خۆیان هه‌ڵده‌گرن و له‌ ره‌گ و ریشه‌ و ره‌چه‌له‌كی خۆیان هه‌ڵدێن! مرۆڤی خولقێنه‌ر ده‌ستكاری بوونی خۆی ده‌كات، ناسنامه‌ی خۆی ده‌گۆڕێت، سه‌رچڵانه‌ش له‌ جه‌وهه‌ری نه‌گۆڕ ده‌بێته‌وه‌… ئه‌و ده‌ڵێ‌ من كێم؟ وێنه‌یه‌كێت، وه‌ك من كه‌ ته‌نها وێنه‌یه‌كم… پاسه‌وانانی خودا، ل206.

مێژووی فیكری پاسه‌وانانی خودا

رۆمانی پاسه‌وانانی خودا- مێژووییه‌كی تر بۆ بینینی خۆمان، له‌ رێگای زه‌مه‌نه‌وه‌ كۆمه‌ڵێ‌ بابه‌ت ده‌خاته‌ ژێر لێكۆڵینه‌وه‌ و چاره‌سه‌رییه‌وه‌، وه‌ك گیروگرفته‌كانی ئازادی، په‌یوه‌ندی نێر و مێ‌، كێشه‌ی یاده‌وه‌ری، كێشه‌ی مردن و بوون، كێشه‌ی زمان… عه‌تا محه‌مه‌د پێیوایه‌ مێژووی مرۆڤ وه‌ك مێژووی ململانێی نێوان نێر و مێ‌ خۆی ده‌نه‌خشێنێ‌! ئه‌و پێیوایه‌ ته‌نانه‌ت داگیركردن و ئیمپریالییه‌ت، ململانێی نێوان رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوا، ده‌ستگرتن به‌ سه‌ر سامان و سواربوونی ئۆتۆمبیل و جنێودان و سیستمی زمان… له‌ مێژووی ململانێی نێوان نێر و مێدایه‌! ئه‌و دیده‌ی عه‌تا محه‌مه‌د بۆ كێشه‌ی ئافره‌ت و كێشه‌ی بوون و مردن و كێشه‌ی خۆرهه‌ڵات و خۆرئاوا، دروستكردن و خه‌لقكردن، عه‌شق و خۆشه‌ویستی… و هه‌موو ئه‌و كێشه‌ مرۆییانه‌ی له‌ رێگای ئه‌فسانه‌ و گێڕانه‌كانه‌وه‌ به‌ ئێمه‌ گه‌یشتوون… هه‌موو ئه‌و كێشه‌ مرۆییانه‌ی له‌ چیرۆك و رۆمانه‌كانیدا ره‌نگی داوه‌ته‌وه‌، هه‌موو ئه‌و كێشه‌ مرۆییانه‌ بۆ ململانێی نێوان نێر و مێ‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، بڕوانه‌ ل107.

ئه‌و بۆچوونه‌ی عه‌تا محه‌مه‌د بۆ مێژووی ململانێی مرۆڤایه‌تی له‌و قسه‌یه‌ی (جان بیار بریسه‌ 1837-1923 زانای زمانه‌وانی فه‌ره‌نسی) نزیك ده‌بێته‌وه‌، كه‌ پێیوایه‌ مێژووی مرۆڤایه‌تی له‌ ناوه‌ڕۆكی زماندایه‌… به‌ڵام هه‌ر ته‌نها له‌ وشه‌وه‌ -word-ه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو له‌ جیهان -world- ه‌وه‌یه‌! وشه‌ مێژووه‌، ئه‌و مێژووه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ی مێژووی به‌دواداگه‌ڕانه‌، وشه‌ وه‌ك زانستی رێزمان له‌ ناو هه‌ڵێنجراوه‌، هیچ شتێكی نوێ‌ و سه‌یری تێدا نییه‌… به‌ كورتی ره‌نگدانه‌وه‌ی مێژووی مرۆڤایه‌تی ره‌نگدانه‌وه‌ی زمانه‌ له‌ جیهاندا… بڕوانه‌: عنف اللغه‌، جان جاك لوسیركل، ترجمه‌ وتقدیم/ د. محمد بدوی، المنڤمه‌ العربیه‌ للترجمه‌، بیروت، گ2، 2006، ص133. 137. ده‌شێ‌ ئه‌و تێڕوانینه‌ی بریسه‌ به‌ جۆرێ‌ له‌ جۆره‌كان په‌یوه‌ندی به‌ كتێبی (دی مایسترۆ) ئۆگستینه‌وه‌ هه‌بێت، كه‌ به‌ڵگه‌ی بوونی خودا به‌ زمانه‌وه‌ په‌یوه‌ست ده‌كات و ده‌ڵێت خودا له‌ ده‌روونی مرۆڤ دایه‌ و له‌ رێگای زمانه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت.
جوانی له‌ ناكامڵیدایه‌

ئێمه‌ له‌ ناوه‌وه‌ی خۆمانه‌وه‌ جیهانێكمان ((world)) هه‌ڵگرتووه‌، وه‌ك چۆن له‌ جیهانێكدا (word) نیشته‌جێین كه‌ زمانه‌.* گێڕانه‌وه‌ هه‌وڵێكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ نێوان جیهان و زمان جۆرێك له‌ ئاوێته‌ بوون و هاوگونجان دروست بكات! هه‌ر له‌وێشه‌وه‌ (خودی مرۆڤایه‌تی) پێگه‌یه‌كی سێنترالیانه‌ له‌ كرده‌ی گێڕانه‌وه‌دا وازی ده‌كات، وه‌ك ریكۆر* ده‌ڵێت:- ژیانی مرۆڤ چیرۆكێكه‌ له‌ حاڵه‌تی له‌ دایكبووندا.*
ته‌كنیكی گێڕانه‌وه‌ له‌ رۆمانی پاسه‌وانانی خودا په‌یوه‌ندی به‌ زه‌مه‌نی گێڕانه‌وه‌وه‌ هه‌یه‌، نه‌ك گێڕانه‌وه‌ی زه‌مه‌ن! ده‌مه‌وێ‌ بڵێم زه‌مه‌نی گێڕانه‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی راسته‌وخۆی به‌ خه‌لق كردنه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام گێڕانه‌وه‌ی زه‌مه‌ن به‌ دوای دروستكردندا ده‌ڕوات، یه‌كه‌میان ده‌كه‌وێته‌ نێو زمان و دووه‌میان جیهان! زه‌مه‌نی گێڕانه‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێو زمان و گێڕانه‌وه‌ی زه‌مه‌ن ده‌كه‌وێته‌ نێو جیهانه‌وه‌. خه‌لقكردن ده‌كه‌وێته‌ نێو زمان و دروستكردن ده‌كه‌وێته‌ نێو جیهان، عه‌شق ده‌كه‌وێته‌ نێو زمان و خۆشه‌ویستی ده‌كه‌وێته‌ نێو جیهان، مێ‌ ده‌كه‌وێته‌ نێو زمان و نێر ده‌كه‌وێته‌ نێو جیهان… جوانی زمانیش له‌ ناكامڵیدایه‌، مرۆڤیش هه‌وڵده‌دات هه‌میشه‌ جیهان جوانتر بكات، چیرۆك و كاراكته‌ره‌كانی عه‌تا محه‌مه‌دیش له‌و هاوگونجانه‌ ناكه‌ون ؟!

لێره‌وه‌ پرۆسیسه‌كردنی گێڕانه‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ دووتوێی ئه‌و ماوه‌ شاراوه‌یه‌ی، یان ئه‌و بۆشایی و خه‌یاڵه‌ی، كه‌ له‌ نێوان زمان و جیهاندا هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش واته‌ ئاشنابوونی خود (كه‌ له‌و رۆمانه‌دا له‌ كاراكته‌ری سه‌ره‌كی رێبواردا ده‌یبینینه‌وه‌) له‌گه‌ڵ جیهانی شته‌كان و دیارده‌كان له‌ رێگای پرۆسه‌ی خه‌ڵقكردنی مانا و ده‌لاله‌ته‌كانی ئه‌و دیاردانه‌ و بردنیان بۆ بواری ئاگایی فه‌ردی و پاشان ئاگایی ده‌سته‌جه‌معییه‌وه‌! به‌و مانایه‌ش خودی گێڕه‌ڕه‌وه‌ له‌ میانی زه‌مه‌نی گێڕانه‌وه‌دا بوونی هه‌نووكه‌یی خۆی به‌ مانا هایدیگه‌رییه‌كه‌ی له‌ رێگای زمانه‌وه‌ واڵا ده‌كاته‌وه‌.*

زه‌مه‌نی زمانه‌وانی

ئه‌وانه‌ی به‌ ئاڕاسته‌ی (رۆمانی نوێ‌) كاریان ده‌كرد, واته‌ (رۆب گرێیه‌ ‌و میشیل بۆتۆر ‌و ناتالی سارۆت ‌و كلۆد سیمۆن ‌و جان ریكاردۆ) پێشبینی ‌و تیۆره‌كانیان له‌ باره‌ی ته‌وزیفكردنی زه‌مه‌ن, له‌ ئاماژه‌ی زمانه‌وانی به‌ زه‌مه‌نه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌, وه‌ك چۆن (لاینس) روونی ده‌كاته‌وه‌ ‌و ده‌ڵێ‌: خه‌سڵه‌تی بنه‌ڕه‌تی گوته‌زای زه‌مه‌ن خۆی له‌ پشت ساته‌وه‌ختی رووداو له‌ رسته‌دا ده‌بینێته‌وه‌, واته‌ له‌ (هه‌نوكه‌ی) به‌زارداهاتندا خۆی هه‌ڵده‌گرێته‌وه‌.

رۆمانی پاسه‌وانانی خودا له‌ زه‌مه‌ندا وازی ده‌كات، بۆیه‌ رووداوه‌كانی قسه‌ له‌ كێشه‌كانی سه‌رده‌م ده‌كات، هه‌موو شتێكیان، هه‌موو كێشه‌كانیان له‌ ئێستاوه‌ نزیكه‌, رابردوو, داهاتوو هه‌ر ته‌نها ده‌بنه‌ كۆمه‌ڵه‌ لقێكی به‌رهه‌مهاتووی ئه‌و زه‌مه‌نه‌ی كه‌ ساته‌وه‌خت به‌رهه‌می هێناوه‌. له‌ رۆمانی پاسه‌وانانی خودا (زه‌مه‌نی زمانه‌وانی) زه‌مه‌نێكه‌ خۆی به‌ گوتنه‌وه‌ په‌یوه‌ست ده‌كات, به‌و مانایه‌ش سێنته‌ری ئه‌و زه‌مه‌نه‌ له‌ به‌رهه‌مهێنانی گوتندایه‌. زه‌مه‌نی زمانه‌وانی كرده‌/ چالاكییه‌ (فعل/فعالیه‌: Acte). نه‌ك كار) عمل: (Actio ئه‌وه‌ی دووه‌میان به‌رده‌وامه‌ و ده‌كه‌وێته‌ نێوان بڕیار و ئامانجی ده‌یموومه‌وه‌، چونكه‌ كار هه‌ر ده‌بێ‌ سه‌ره‌تای هه‌بێ‌ و هه‌ر ده‌بێ‌ وه‌ك بنچینه‌ رووداوی هه‌بێ‌. به‌ڵام كرده‌/ چالاكی ساته‌وه‌ختییه‌، جگه‌ له‌ ئه‌بستراك هیچ واقعێكی نییه‌. كار به‌ پشتبه‌ستن به‌ حاڵه‌تی چه‌سپاو نه‌بێ‌ وێنا ناكرێت.* به‌ڵام كرده‌ به‌ر له‌ هه‌موو شتێك بڕیارێكی راسته‌وخۆی هه‌نووكه‌ییه‌، پێشكه‌وتنێكی داهێنه‌رانه‌یه‌ رووداوه‌كان فه‌رامۆش ده‌كات.

كه‌واته‌ سه‌رچاوه‌ی زه‌مه‌ن ئێستایه‌ و هه‌نووكه‌ی زمانه‌وانیش بنه‌مای هه‌موو رووبه‌روو بوونه‌وه‌یه‌كی زه‌مه‌نی زمان له‌خۆ ده‌گرێ‌. زه‌مه‌نی زمانه‌وانی هه‌ر یه‌ك له‌ (رێبوار، نیان، سنور…) له‌ سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ به‌رده‌وام له‌ باره‌ی ئێستا ده‌نووسن. به‌و مانایه‌ش ئیشكالیه‌تی گێڕانه‌وه‌ لای عه‌تا محه‌مه‌د له‌ جه‌وهه‌ردا ئیشكالیه‌تێكی زه‌مه‌نییه‌, ئیشكالیه‌تی زه‌مه‌نی وه‌ك روونمان كرده‌وه‌ گێڕانه‌وه‌ له‌ فره‌ زه‌مه‌نیدا هه‌ڵده‌گرێته‌وه‌.

مێژووی زه‌مه‌ن/ مێژووی هه‌ڵه‌

به‌ گه‌ڕانه‌وه‌مان بۆ چیڕۆكی ئاده‌م و حه‌وا، ده‌توانین ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌ی مرۆڤ بدۆزینه‌وه‌، كه‌ بوونه‌وه‌رێكی هه‌ڵه‌كه‌ره‌، ل115. ئه‌و رسته‌یه‌ مێژووی ململانێی هه‌ڵه‌ و راستی وێنا ناكات، به‌ڵكو هاوگونجانی زه‌مه‌ن و زمان ده‌كێشێ‌، ده‌مه‌وێ‌ بڵێم هه‌ڵه‌ پێیه‌كانی زمانه‌ و سه‌ری زمان ده‌كه‌وێته‌ نێو زه‌مه‌نه‌وه‌، به‌ڵام زمان و زه‌مه‌ن به‌یه‌كه‌وه‌ نالكێن، زه‌مه‌ن و زمان رووبه‌رووی یه‌ك نابنه‌وه‌، به‌ڵكو زمان زه‌مه‌نی خۆی رۆده‌نێت، زه‌مه‌نیش زمانی خۆی هه‌یه‌! به‌و مانایه‌ش به‌رده‌وام (رێبوار) كاراكته‌ری سه‌ره‌كی رۆمانی پاسه‌وانانی خودا وه‌كو زمان له‌ چاوه‌ڕوانی خوێنه‌ردایه‌، نه‌ك وه‌ك زه‌مه‌ن! خوێنه‌ریش ده‌سه‌ڵاتی زمان له‌ شێوه‌ی گێڕانه‌وه‌ ده‌گرێ‌، ده‌سه‌ڵاتی زه‌مه‌نیش له‌ شێوه‌ی ساته‌وه‌خت! كه‌واته‌ وه‌ك چۆن ناتوانین هه‌ڵه‌ بخه‌ینه‌ ده‌ره‌وه‌ی زمانه‌وه‌، ناشتوانین كاراكته‌ره‌كانی عه‌تا محه‌مه‌د بخه‌ینه‌ ده‌ره‌وه‌ی زمه‌نه‌وه‌.

كاراكته‌ره‌كانی عه‌تا محه‌مه‌د (به‌ مانا لاكانییه‌كه‌ی) دالی زمانن، زه‌مه‌نی گێرانه‌وه‌ش له‌ كاره‌كانی سه‌رگه‌وره‌ی هه‌ڵه‌ن، زه‌مه‌نی گێرانه‌وه‌ له‌ رۆمانی پاسه‌وانانی خودا هه‌ڵه‌ رێكده‌خات، به‌و مانایه‌ش كاراكته‌ره‌كانی عه‌تا محه‌مه‌د له‌ هه‌ڵه‌ دروست كراون، كه‌واته‌ كاری كاراكته‌ره‌كان ئاگایانه‌ نییه‌، وه‌ك زه‌مه‌نی گێرانه‌وه‌ ده‌یكێشێ‌، به‌ڵكو له‌ خۆوه‌یه‌ و ده‌كه‌وێته‌ ژێر زمانه‌وه‌ یان ملكه‌چی زمان ده‌بێ‌! هه‌موو ئه‌و قسانه‌ش ته‌رجه‌مه‌كردنی جیاوازبینی نێوان (فرۆید)* و (لاكان)* له‌ باره‌ی سوبێكت و نه‌ست له‌ لایه‌ك و ئیگۆ و نه‌ست له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌. هه‌موو ئه‌و جیاوازییانه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ لای فرۆید ئیگۆ سه‌رگه‌وره‌ی نه‌سته‌ و نه‌ست رێكده‌خات، نه‌ستیش عه‌قڵ به‌ڕێوه‌ ده‌بات، كه‌چی لای لاكان زمان نه‌ست به‌ڕێوه‌ ده‌بات و ئه‌وه‌ زمانه‌ قسان به‌ نه‌ست ده‌كات.
به‌ كورتی عه‌تا محه‌مه‌د له‌ كۆی كاراكانیدا به‌ دوای زماندا ده‌ڕوا، بۆ ئه‌وه‌ی زه‌مه‌ن بێ‌ به‌ڵگه‌ نه‌كه‌وێته‌وه‌… گێڕانه‌وه‌ زمان به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، بۆ ئه‌وه‌ی كاراكته‌ره‌كان رێكبخات! كه‌واته‌ مێژووی له‌ دایكبوونی كاراكته‌ره‌كانی عه‌تا محه‌مه‌د مێژووی هه‌ڵه‌كانی زمان ده‌گه‌یه‌نێت و ده‌كه‌وێته‌ نێو چركه‌ساته‌وه‌.

زه‌مه‌نی نێر یان مێ‌

ئه‌گه‌ر زه‌مه‌ن به‌ ره‌گه‌زی مێ‌ دابنێین، ئه‌و مانا ئایینییه‌ زاڵ ده‌بێ‌، كه‌ به‌ ره‌گه‌زی مێی ده‌فرۆشنه‌وه‌؟ ئایا سه‌ركه‌وتن نێر ه‌ و دۆڕاندن مێ‌، ره‌شبینی نێره‌ و گه‌شبینی مێ‌، دۆزه‌خ/ ژیان، تاریكی/ رۆناكی… ئایا له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ ده‌بێ‌ تێڕوانینمان بۆ هه‌ڵه‌ به‌ نه‌گۆڕی بمێنێته‌وه‌؟ ئه‌و هه‌موو تێگه‌یشتنانه‌ له‌ بۆچوونی نێر و نێرسالاری هاتۆته‌ ئاراوه‌، كه‌ پێیوایه‌ ئافره‌تان له‌پاش پیاوانه‌وه‌ دێن، چونكه‌ وشه‌ی (Female- مۆنپ) له‌ وشه‌ی (Male- مژكر) وه‌رگیراوه‌.. یان له‌ وشه‌ی لاتینی (Femina) هه‌ڵهێنجراوه‌، مانای وشه‌ی (Femina)ه‌ش به‌ (أدنی ایماناً) دێت!*
ئه‌و دوالیزمه‌ هه‌ر ته‌نها له‌ زماندا به‌رجه‌سته‌ نییه‌، خودا له‌ سه‌ره‌تادا ئاده‌می دروست كردوه‌، كاتێك ئاده‌م له‌ ته‌نیایی خۆی وه‌ڕس ده‌بێت، خودا له‌ په‌راسووی چه‌پی ئاده‌م حه‌وا دروست ده‌كات… ئه‌وه‌ش دواتر له‌ ده‌قه‌ ئایینییه‌كان زۆر جوان ره‌نگی داوه‌ته‌وه‌. له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه‌، فیكری مۆدێرنه‌یه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی پشتگیری بزاڤی ئافره‌تانی كردووه‌، بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر سه‌یری وشه‌ی (woman – اِمرأه‌) بكه‌ین، ده‌بینین له‌ ده‌سته‌واژه‌ی (Woe to man- الویل للرجل) هه‌ڵێنجراوه‌.*
ده‌مه‌وێ‌ بڵێم ئه‌گه‌ر دوێنێ‌ گوتاری فیكری، بۆ ته‌ماشاكردنی (جه‌سته‌) كه‌وتبێته‌ نێو سیستمی ئه‌خلاقییه‌وه‌، ئه‌وه‌ ئه‌مڕۆ قسه‌ له‌وه‌ ده‌كرێت، كه‌ جه‌سته‌ وه‌ك شتێكی ماددی له‌ بنه‌ڕه‌تدا له‌ هه‌موو به‌ها ئه‌خلاقییه‌كانه‌وه‌ دووره‌، نه‌ پیرۆزه‌ و نه‌ پیس، به‌ڵكو ئه‌وه‌ به‌های ئه‌خلاقییه‌ خۆی به‌ جه‌سته‌وه‌ هه‌ڵواسیووه‌، بێگومان ئه‌وه‌ش بۆ سرووشتی كۆمه‌ڵگا و رۆشنبیریی نێرایه‌تی باو ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

كه‌واته‌ ده‌بێ‌ واز له‌و حوكمانه‌ بهێنین كه‌ جه‌سته‌ ده‌خه‌نه‌ نێو جیهان و بینین ده‌خه‌نه‌ نێو جه‌سته‌وه‌، یان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، چونكه‌ هه‌ر یه‌ك له‌ جیهان و جه‌سته‌ به‌نێویه‌كداچوونه‌، یه‌ك له‌ نێو ئه‌ویدیكه‌دا ده‌بینرێت.* به‌و مانایه‌ش وه‌ك رۆمانی پاسه‌وانانی خودا جه‌ختی لێده‌كاته‌وه‌، ئه‌سته‌مه‌ وێنای زه‌مه‌ن بكرێ‌، به‌وه‌ی زه‌مه‌ن نێره‌ یان مێیه‌… وه‌ك چۆن ئه‌سته‌مه‌ كه‌ ته‌نها بڕوامان به‌ یه‌ك رووی مرۆڤ هه‌بێت… زه‌مه‌ن له‌ هاوگونجانی هه‌ردوو ره‌گه‌زه‌وه‌یه‌، مرۆڤ چه‌ندان رووی جیاوازی هه‌یه‌، ئه‌و رۆمانه‌ پێمان ده‌ڵێ‌ زه‌مه‌ن هه‌ردوو ره‌گه‌زه‌كه‌ی له‌ خۆیدا هه‌ڵگرتووه‌، به‌ڵام سه‌رده‌مێ‌ رووه‌ نێره‌كه‌ی زاڵ ده‌بێ‌ و سه‌رده‌مێكی دیكه‌ به‌شه‌ مێیه‌كه‌ی…

زه‌مه‌نی خوێندنه‌وه‌

بێگومان زه‌مه‌نی گێڕانه‌وه‌, زه‌مه‌نی رووداوه‌كانی گێڕانه‌وه‌یه‌، كه‌ له‌ په‌یوه‌ندی به‌ كه‌سێتیه‌كانه‌وه‌ خۆی ده‌نوێنێ‌، به‌ڵام زه‌مه‌نی وه‌رگر (خوێندنه‌وه‌) واته‌ زه‌مه‌نی ته‌له‌قیكردنی ده‌ق له‌ خوێنه‌ره‌وه‌یه‌, زه‌مه‌نی وه‌رگر زه‌مه‌نی خوێندنه‌وه‌یه‌, ساته‌وه‌ختێكه‌ له‌ هه‌موو زه‌مه‌نه‌كانی دیكه‌ جیاواز ده‌كه‌وێته‌وه‌, ئه‌وه‌ جیاوازییه‌ زه‌مه‌نی خوێندنه‌وه‌ ته‌واو ده‌كات! بێگومان به‌ لكاندنی (زه‌مه‌نی خوێندنه‌وه‌ ‌و زه‌مه‌نی خوێنه‌ر) زه‌مه‌نی ده‌ق- واته‌ زه‌مه‌نی ده‌لالی دێته‌ به‌رهه‌م.
(تزیڤیتان تۆدۆرۆف) زه‌مه‌نی نوسین (گوتن به‌ زار) ‌و زه‌مه‌نی خوێندنه‌وه‌ (درككردن)، لێكجیا ده‌كاته‌وه‌، زه‌مه‌نی نوسین هه‌ر له‌و ساته‌ی كه‌ زه‌مه‌ن ده‌خرێته‌ دووتوێی گێڕانه‌وه‌وه‌، ئیتر زه‌مه‌نی نوسین ده‌بێته‌ ره‌گه‌زێكی ئه‌ده‌بی, واته‌ له‌و كاته‌ی كه‌ گێڕه‌ڕه‌وه‌ قسه‌مان له‌ باره‌ی گێڕانه‌وه‌وه‌ بۆ ده‌كات! به‌ڵام زه‌مه‌نی خوێندنه‌وه‌, زه‌مه‌نێكی بێ‌ ره‌نگدانه‌وه‌یه‌, زه‌مه‌نی خوێندنه‌وه‌ درككردنمان به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵێك ده‌ق دیاری ده‌كات, بۆ ئه‌وه‌ی زه‌مه‌ن وه‌ك ره‌گه‌زێكی ئه‌ده‌بی له‌ ناو ده‌قدا ده‌ربكه‌وێت، ده‌بێ‌ دانه‌ر له‌ناو گێڕانه‌وه‌دا حیسابی بۆ بكات، له‌ به‌رهه‌مه‌كه‌یدا به‌رجه‌سته‌ی بكات.
رۆمانی پاسه‌وانانی خودا ده‌نگی ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ ده‌نگیان نییه‌، رۆمانی پاسه‌وانانی خودا ته‌عبیر له‌ جیهانێكی دابه‌شبوو ده‌كات, به‌و مانایه‌ی كه‌ دابه‌شبوون مه‌رجی جێبه‌جێكردنی دنیابینییه‌كی جیاوازی له‌خۆدا هه‌ڵگرتووه‌, به‌و مانایه‌ی كه‌ دابه‌شبوون ئازار به‌ دنیاوه‌ ده‌چێژێ‌, هه‌رگیز رۆماننوس به‌ یه‌ك بۆچونی دیاریكراوه‌وه‌ مه‌حكوم نییه‌, به‌و مانایه‌ش رۆمانی پاسه‌وانانی خودا ته‌عبیركردنێكی نادیار ‌و فره‌ ‌و كراوه‌ ‌و نیگه‌ڕانئامێزه‌… هه‌موو ئه‌و دابه‌شبوونانه‌ش رۆڵی زه‌مه‌نی گوتار ده‌نوێنن…
زه‌مه‌نی گوتار زه‌مه‌نێكی خه‌تییه‌ و رێكخستنی به‌نده‌ به‌ رێكخستنێكی به‌ دوایه‌كدا هاتوو، كه‌ یه‌كێك له‌ دوای ئه‌ویدیكه‌وه‌ دێت, به‌ڵام خوێنه‌ر له‌ پێناو ئیستێتیكا و چێژ وه‌رگرتندا، پشت به‌ گۆڕینی زه‌مه‌نه‌كان ده‌به‌ستێ‌، وه‌ك چۆن له‌ پێناو گوتاردا پشت به‌ زه‌مه‌نی به‌ دوایه‌كداهاتوودا ده‌به‌ستێ‌، كه‌واته‌ له‌و ئه‌و رۆمانه‌دا خوێنه‌ر له‌ پێناو دنیای جوانی و چێژ، له‌ پێناو فره‌ زه‌مه‌نیدا، دنیای پێناسه‌ ‌و حه‌قیقه‌ت جێ‌ ده‌هێڵێ‌… وه‌ك چۆن له‌ پێناو دنیابینی سه‌رده‌م و پاش ‌و پێش خستنی زنجیره‌ی رووداوه‌كاندا زه‌مه‌نی گوتاره‌ جیاوازه‌كان به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌لكێنێ‌…

—————————————————-

سه‌رچاوه‌ و په‌راوێزه‌كان:

*- هنری برگسۆن لویس له‌ 18 ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 1859 له‌(1859/10/18) پاریس- فه‌ڕه‌نسا له‌دایكبووه‌ ، له‌ 4 ینایری 1941 واته‌ له‌(1941/01/04) (81 ساڵی) له‌ Paris, Franc پاریس- فه‌ڕه‌نسا كۆچی دوایی كردووه‌. له‌ ساڵی 1927 خه‌ڵاتی نۆبلی ئه‌ده‌بی وه‌رگرتووه‌.
*- ئاینشتاین، ئه‌لبیر (1879-1955) فیزیایی ئه‌مریكی، له‌دایكبووی ئه‌ڵمانیا. به‌ یه‌كێك له‌ به‌ناوبانگترین زانایانی بواری زانستی ته‌واوی سه‌رده‌مه‌كان دێته‌ ژماردن. له‌ ساڵی 1933 بڕیاری دا حوكمی نازییه‌كان جێبهێڵێ‌ و له‌ وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا نیشته‌جێ‌ بێت. تیۆری رێژه‌یی داناوه‌. له‌ ساڵی 1921 خه‌ڵاتی نۆبلی له‌ زانستی فیزیا به‌ ده‌ست هێناوه‌.
*- (سانت ئۆگستین saint Augstine) له‌ جیهانی فره‌ كلتوری ئیمپراتۆری رۆمانی له‌ دایكێكی باوه‌ڕ مه‌سیحی و باوكێكی بێ‌ باوه‌ڕ له‌ ئه‌فریقیای سه‌روو، شاری تاگاسته‌ (Thagate) واته‌ (ئه‌هراس)ی جه‌زائیری ئێستا چاوی به‌ دنیا هه‌ڵێناوه‌. زمانی فینیقی زانیووه‌ و ئاشنایی بیروڕای سامییه‌كان بووه‌، له‌ (9) ساڵان په‌یڕه‌وی ئایینی (مانه‌وی) كردووه‌ و هه‌ر له‌و رێگایه‌شه‌وه‌ كلتور و شارستانیه‌تی ئێرانی كۆنی ناس كردووه‌، ئه‌ده‌بیاتی یۆنانی و رۆمانی خوێندۆته‌وه‌ و شاره‌زایی له‌ به‌رهه‌مه‌ شیعرییه‌كانی (فێرجیل) هه‌بووه‌، له‌ ته‌مه‌نی (30) ساڵیدا هه‌ر له‌ شاری (تاگاسته‌) ده‌بێته‌ مامۆستای ره‌وانبێژی، به‌ڵام دواتر ئه‌و پیشه‌یه‌ واز لێده‌هێنێ‌ و له‌ سه‌ر ده‌ستی (ئه‌میرۆزا) له‌ ته‌مه‌نی (32) ساڵی واته‌ 387ز باوه‌ڕ به‌ ئایینی مه‌سیحی ده‌هێنێ‌، چونكه‌ پێیوایه‌ هونه‌ری ره‌وانبێژی به‌ ماناكانی راستی ناگه‌یه‌نێت، ئه‌ویش له‌وێوه‌ كه‌ ئه‌فلاتوون ده‌ڵێت هونه‌ری ره‌وانبێژی راستی پێچه‌وانه‌ ده‌كاته‌وه‌ و ده‌یشێوێنێ‌ و ناتوانێ‌ به‌ یه‌قینمان بگه‌به‌نێت. هه‌ڵبه‌ته‌ كۆی ئه‌و قسانه‌ی ئه‌فلاتوون به‌ دژی سۆفیسته‌كان ده‌كه‌وێته‌وه‌. ئۆگستین له‌ ساڵی 395ز به‌ پله‌ی (ئه‌سقه‌ف) ده‌گات. له‌ ته‌مه‌نی (76) ساڵیدا واته‌ ساڵی 430ز كۆچی دوایی ده‌كات.
*- گاستۆن باشلار، حدس اللحڤه‌، ترجمه‌، رچا عزوز و عبدالعزیز زمزم، بغداد، گ 1، 1989، ص 81. – گاستۆن باشلار له‌ 27/6/1884 له‌ (بار سیر ئاوب) ی هه‌رێمی (شیمبانی) فه‌ره‌نسا له‌ دایكبووه‌، بڕوانامه‌ی دكتۆرای له‌ فه‌لسه‌فه‌دا به‌ ده‌ستهێناوه‌، له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 1962 له‌ پاریس كۆچی دوایی كردووه‌. كتێبی (جدلیه‌ الزمن) دكتۆر (خلیل احمد خلیل) ته‌رجه‌مه‌ی كردووه‌ له‌ بیروت-لبنان چاپكراوه‌، بڕوانه‌ چاپی دووه‌م ساڵی 1992 ل38. (باشلار له‌ كتێبی “حدس اللحڤه‌” ده‌مه‌ته‌قێ‌ له‌گه‌ڵ برگسۆن و لایه‌نگرانی تیۆری زه‌مه‌نی به‌دوایه‌كداهاتوو ده‌كات و پشتگیری له‌ كتێبی Siloce ی گاستۆن رۆبناڵ و تێزی ساته‌وه‌ختخوازه‌كان ده‌كات، به‌وه‌ی كه‌ حه‌قیقه‌تی زه‌مه‌ن جگه‌ له‌و چركه‌ساته‌ی تێیدا ده‌ژین شتێكی دیكه‌ نییه‌، بۆ زێتر شاره‌زایی بڕوانه‌: نڤریه‌ الزمان عند غاستون باشلار: أو ابداعیه‌ اللحڤه‌، د. سعید بوخلیگ، saidboukhlet@hotmail.com –جاستون باشلار، حدس اللحڤه‌، ترجمه‌، رچا عزوز و عبدالعزیز زمزم، بغداد، گ 1، 1989، ص 22.
-* ه.س.پ. ل114.
*- پۆل ریكۆر له‌ 27ی شوباتی ساڵی 1913 له‌ شاری “فالنس”ی فه‌ره‌نسی له‌دایك بووه‌، له‌ دوای شه‌ش مانگ دایكی كۆچی دوایی كردووه‌، به‌ڵام باوكی كه‌ مامۆستای زمانی ئینگلیزی بوو له‌ ساڵی 1915 له‌ به‌ره‌كانی جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م كوژراوه‌، بۆیه‌ ئه‌ركی به‌خێوكردنی خۆی خوشكه‌كه‌ی ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی مامییه‌وه‌. خوێندنی دواناوه‌ندی له‌ “رین” ته‌واو كردووه‌، پاشان چۆته‌ زانكۆو بڕوانامه‌ی ماجستێری له‌ فه‌لسه‌فه‌ به‌ده‌ست هێناوه‌، ئینجا چووه‌ بۆ زانكۆی “سۆربۆن” له‌ پاریس و له‌وێ‌ نیشته‌جێ‌ بووه‌. بۆ زێتر شاره‌زایی بڕِِِوانه‌: بول ریكور، فلسه‌فه‌ الاراده‌، الانسان الخگّا‌و، ترجمه‌: عدنان نجیب الدین، دار البیچا‌و- المغرب،گ1 2003، مقدمه‌.
*- جاستون باشلار، حدس اللحڤه‌، ص29.
– فروید سیغموند Freud Sigmund (1856_1939) پزیشكی ده‌روونی نه‌مساوی، به‌ به‌ناوبانگترین زانای ده‌روونی له‌ فیكری نوێ‌ دێته‌ ژماردن. دامه‌زرێنه‌ری رێبازی ده‌روونشیكارییه‌ (Psychoanalysis). –– ژاك لاكان له‌ 13ی ئه‌پریلی 1901 له‌ فڕه‌نسا شاری پاریس له‌ دایكبووه‌ و له‌ 9ی سپته‌مبه‌ری 1981 له‌ ته‌مه‌نی 80 ساڵی هه‌ر له‌ پاریس به‌ نه‌خۆشی سه‌ره‌تانی قۆلۆن كۆچی دوایی كردووه‌.
*- بۆ زێتر شاره‌زایی بڕوانه‌ (جان جاك لوسیركل، عنف اللغه‌، ترجمه‌ و تقدیم: د. محمد بدوی، النڤمه‌ العربیه‌ للترجمه‌، بیروت-لبنان، گ2 2006، ص100-101.
*- ه.س.پ. ل101.
*- بونتی، موریس میرلو ، المرئی واللامرئی ، ت. د. سعاد محمد خچر، دار الشۆون الپقافیه‌ العامه‌ ، بغداد ، 1987 ، ص126.




شاعیری زه‌مه‌نه‌كان شیعر به‌ وێناكردنی فیگه‌ر … عه‌بدولموته‌لیب عه‌بدوڵڵا

(نه‌زه‌ند به‌گیخانی وه‌ك نموونه‌)

زه‌مه‌ن له‌و تایتله‌دا واته‌ شیعر به‌ تێگه‌یشتنی كلتور وێنای فیگه‌ره‌ برینداره‌كانی ده‌وروبه‌ری ده‌كات. واته‌ كه‌شفكردنی واقیع به‌ خه‌یاڵ. زه‌مه‌ن لای نه‌زه‌ند به‌گیخانی واته‌ به‌ بیرهێنانه‌وه‌ی مۆدیلی دوێنێ‌ كه‌ به‌ قووڵی له‌ ناوماندا روواوه‌ و بۆته‌ به‌شێك له‌ دنیابینیمان! هه‌موو ئه‌و رستانه‌م بۆ ئه‌وه‌ نوسی رسته‌كه‌ی (باكۆن)تان بیر بخه‌مه‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێ‌: واقیع كچی زه‌مه‌نه‌! ئه‌و رسته‌یه‌ی باكۆن زه‌مه‌ن وه‌ك شیعر ده‌بینێ‌! پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئایا زه‌مه‌نی شیعر به‌رده‌وامییه‌ یان ساته‌وه‌ختییه‌؟
ئه‌گه‌ر وه‌ك نه‌زه‌ند به‌گیخانی پێمانوابێ‌ ئه‌ده‌ب به‌رده‌وامی زه‌مه‌ن ده‌گه‌یه‌نێت، نه‌ك وه‌ك ئۆگستین قسه‌ له‌ زه‌مه‌ن بكات… ئه‌گه‌ر وه‌ك نه‌زه‌ند به‌گیخانی خه‌یاڵی شیعری ئاوێزانی به‌رده‌وامیییه‌تی زه‌مه‌ن بكه‌ین و زه‌مه‌نی فیكری ئیبداعی له‌ به‌رده‌وامیدا به‌رجه‌سته‌ بكه‌ین… ئه‌گه‌ر ئه‌ده‌ب ره‌نگدانه‌وه‌ی یاده‌وه‌ری و كلتور و كۆدی دیاریكراوی زه‌مه‌نێكی دیاریكراو نه‌بێت، ئه‌گه‌ر زه‌مه‌نی ئه‌ده‌ب زه‌مه‌نی به‌رده‌وامی بێت… له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌دا ناتوانین به‌و شێوه‌یه‌ ته‌ماشای پرۆسه‌ی خوێندنه‌وه‌ بكه‌ین، چونكه‌ پرۆسه‌ی خوێندنه‌وه‌ له‌ رێگای جه‌ره‌یانی زه‌مه‌ن به‌رده‌وام رابردوو و داهاتوو له‌ ساته‌وه‌ختی ئێستادا به‌یه‌ك ده‌گه‌یه‌نێ‌. به‌و مانایه‌ پرسیاری ئه‌وه‌ی زه‌مه‌ن له‌ ئه‌ده‌بدا چییه‌، ئه‌گه‌رچی هه‌رگیز له‌ كێشه‌ی ئیبداع و فیكری ئیبداعی نابێته‌وه‌، به‌ڵام مه‌رج نییه‌ به‌رده‌وامی بێت، كه‌واته‌ پرسی زه‌مه‌ن چییه‌ پرسیارێكی پڕ كێشه‌یه‌ و لای شاعیر به‌ به‌رده‌وامی ئابڵوقه‌ ده‌درێت!
(1)
(هنری برگسۆن لویس) زه‌مه‌ن (پێشبینیكردن، حَدْس)ی ده‌یموومه‌یه‌، برگسۆن ره‌هایی له‌ به‌رده‌وامییدا ده‌بینێته‌وه‌، پێیوایه‌ به‌رده‌وامی، زه‌مه‌نی حه‌قیقییه‌.. برگسۆن ده‌یه‌وێ‌ بوون له‌سه‌ر ده‌یموومه‌ وێنا بكات. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی (ده‌یموومه‌-به‌رده‌وامی) دێ‌ و ده‌ڕوا، بۆیه‌ قبولی دابه‌شبوون و به‌ش به‌شبوون ناكات.. به‌رده‌وامی پێشكه‌وتنی رابردووه‌ كه‌ داهاتوو به‌رهه‌م دێنێ‌، هه‌رچه‌نده‌ پێشبكه‌وێت گه‌وره‌ ده‌بێت. كه‌واته‌ لای برگسۆن جه‌وهه‌ری ئێستا، رابردووه‌. ئه‌و شێوه‌ بیركردنه‌وه‌یه‌ لای نه‌زه‌ند به‌گیخانی له‌ كۆمه‌ڵه‌ شیعری (سبه‌ینێی دوێنێ‌) به‌ روونی دیاره‌.
(2)
(گاستۆن باشلار) دیموومه‌ی زه‌مه‌ن به‌و مانایه‌ی كه‌ لای برگسۆن هه‌یه‌، ره‌تده‌كاته‌وه‌ و ده‌ڵێت زه‌مه‌ن به‌یه‌كه‌وه‌لكاو نییه‌، به‌ڵكو به‌یه‌كه‌وه‌نه‌لكاوه‌ (متصل نییه‌، منفصله‌).. هه‌روه‌ها ده‌ڵێ‌ به‌هۆی فیكری به‌یه‌كه‌وه‌نوساوه‌وه‌ (متصل) ناتوانین به‌شێوه‌یه‌كی جه‌وهه‌ری به‌ره‌و یه‌كێكی دیكه‌ بگوازینه‌وه‌.. ئه‌گه‌رچی ده‌یموومه‌ پێدراوی راسته‌وخۆی ئاگاییه‌، به‌ڵام ئه‌و دیموومه‌یه‌ ده‌سته‌مۆیه‌، كه‌واته‌ ئاگایی له‌ شاره‌زایی ده‌ره‌كی وه‌رگیراوه‌، چ به‌هۆی (دابڕان یان به‌رده‌وامی) بێت. به‌و مانایه‌ش لای باشلار ئاگاییمان به‌ زه‌مه‌ن، ئاگاییه‌ به‌ ساته‌وه‌خت: زه‌مه‌ن واقیعی نییه‌ ته‌نها له‌ چركه‌ساتدا نه‌بێت. كه‌واته‌ باشلار له‌گه‌ڵ تێزی فه‌لسه‌فی (ساته‌وه‌خت/چركه‌سات- اللحڤه‌-Instant) و كتێبی (Siloce)ی (گاستۆن رۆبناڵ- Gaston Roupnel) یه‌كده‌گرێته‌وه‌ و له‌ ته‌واوی كتێبی (حدس اللحڤه‌) پشتگیری له‌ تێزه‌كه‌ی ئه‌و ده‌كات.
(3)
زه‌مه‌ن گوزارشت له‌ به‌رده‌وامی بكات، یان ساته‌وه‌ختی… نه‌زه‌ند به‌گیخانی دیدی خۆی له‌ جوانی و چێژ و هونه‌ر و به‌های جوانیدا ده‌بینێته‌وه‌! زه‌مه‌ن به‌رده‌وامی بێت، یان ساته‌وه‌ختی… نه‌زه‌ند به‌گیخانی هه‌موو ئه‌ركی شاعیرانه‌ی خۆی له‌ ئاشتی و به‌ها مرۆییه‌كاندا كۆ ده‌كاته‌وه‌! زه‌مه‌ن به‌رده‌وامی بێت، یان گوزارشت له‌ ساته‌وه‌ختی بكات… نه‌زه‌ند به‌گیخانی به‌رده‌وام له‌ گفتوگۆی مافه‌كانی مرۆڤ و ئازادی و دادپه‌روه‌ری نابێته‌وه‌ و وه‌ك فیمنستێك جه‌خت له‌ مافی ژنان ده‌كاته‌وه‌… ئه‌گه‌رچی هیچ كتێبێكی له‌و باره‌وه‌ بڵاو نه‌كردۆته‌وه‌، به‌ڵام كۆی ئه‌و ره‌گه‌زانه‌ له‌ گفتوگۆكان و شیعره‌كانیدا ره‌نگدانه‌وه‌یان هه‌یه‌.
هه‌موو ئه‌و قسانه‌م بۆ ئه‌وه‌ كرد، ئاماژه‌ به‌ كرانه‌وه‌یه‌كی فیكری و جوانی له‌ شیعره‌كانی نه‌زه‌ند به‌گیخانی بكه‌م، به‌و مانایه‌ش ده‌توانم بڵێم ده‌ستبردنی شاعیر بۆ پرۆسه‌ی نوسینی شیعر ساته‌وه‌ختێكی ئیستێتكی و ده‌ستبردنی شاعیر بۆ پرۆسه‌ی بیركردنه‌وه‌، كرانه‌وه‌یه‌كی دیاریكراوی فیكری له‌ پشته‌، هه‌ردوو ساته‌وه‌ختی شیعری و ساته‌وه‌ختی بیركردنه‌وه‌ له‌ ئه‌زموونی نه‌زه‌ند به‌گیخانیدا وه‌ك بنه‌مایه‌كی ئه‌زموونی مرۆیی به‌رجه‌سته‌یه‌.
(4)
ئه‌وه‌ی له‌ ساته‌وه‌ختی پرۆسه‌ی نوسینی شیعر جێگای تێڕامانی به‌رده‌وامه‌ بیركردنه‌وه‌یه‌، ئه‌وه‌ بیركردنه‌وه‌یه‌ هێلێكی تۆخ به‌ ژێر شیعرییه‌تدا ده‌هێنێ‌، ئه‌وه‌ بیركردنه‌وه‌یه‌ فه‌زایه‌كی هێمن بۆ به‌دواداچوون ده‌خه‌مڵێنێ‌، ئه‌وه‌ بیركردنه‌وه‌یه‌ مه‌یل و خه‌یاڵی خوێندنه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌…
نه‌زه‌ند به‌گیخانی هه‌ر له‌ كۆمه‌ڵه‌ شیعری (ستایش)ه‌وه‌ وێڕای كۆمه‌ڵێ‌ بابه‌تی واقیعی بایه‌خی به‌ شیعرییه‌ت داوه‌، وێڕای ئه‌وه‌ی بۆ ده‌نگی سروشتی وه‌فادار بووه‌، كه‌چی وێناكردنی خه‌یاڵی و سیحری بینین و بونیادنانی زمانێكی فره‌ ره‌هه‌ندی پشتگوێ‌ نه‌خستووه‌، هه‌موو ئه‌وانه‌شی له‌ رێگای مه‌عریفه‌ی شیعرییه‌وه‌ هێدی هێدی تۆختر كردۆته‌وه‌. گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ كۆمه‌ڵێ‌ بابه‌تی واقیعی له‌ رێگای خه‌یاڵه‌وه‌ خه‌مڵیووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی گوزارشت له‌ ئازاره‌كان و خه‌مه‌ مرۆییه‌كان بكات، له‌ رێگای زمانێكی مرۆیی نه‌رم و هێمنه‌وه‌ فره‌ مانایی و مرۆڤدۆستی وێناكردووه‌، له‌ ریگای خه‌یاڵی زمانه‌وه‌ فه‌زایه‌كی سروشتی و فیكری بۆ شیعرییه‌ت ده‌خاته‌وه‌! به‌ كورتی شاعیر بابه‌تگه‌رایی و شیعر به‌یه‌كه‌وه‌ له‌ رێگای چییه‌تی زمان و ئیشكالیه‌تی مه‌عریفی به‌رجه‌سته‌ ده‌كات، به‌مجۆره‌ ویستی بابه‌تگه‌رایی به‌ مه‌عریفه‌ی شیعری ده‌سپێرێ‌، ویستی مه‌عریفه‌ی شیعری بۆ بابه‌تگه‌رایی دێنێته‌ به‌رهه‌م. له‌ نێوان ویستی بابه‌تگه‌رایی و ویستی مه‌عریفی قه‌سیده‌ی (پاسیۆن) به‌ جوانی خۆی نمایان ده‌كات، له‌و قه‌سیده‌دا ده‌یه‌وێ‌ بڵێ‌ ئه‌وه‌ تێكه‌ڵبوونه‌ به‌ مه‌عریفه‌، (فه‌زیله‌ت) ده‌خاته‌وه‌، ئه‌وه‌ تێكه‌ڵبوونه‌ به‌ شیعر، (رۆشنایی) به‌رهه‌م ده‌هێنێ‌، له‌ نێوان فه‌زیله‌ت و رۆشناییدا شیعرییه‌ت فه‌زایه‌كه‌ و خوێنه‌ر ده‌خاته‌ سه‌ر بیركردنه‌وه‌ و تێڕامانی جیاواز… رۆشنایی شیعری ده‌بێته‌ شوێنی به‌رده‌وامی بیركردنه‌وه‌ و له‌ فه‌زیله‌تدا سه‌ر ده‌كات، فه‌زیله‌تی بیركردنه‌وه‌ ده‌بێته‌ شوێنی ساته‌وه‌ختی شیعری و به‌ رۆشناییدا بڵاو ده‌بێته‌وه‌… واته‌ له‌و ده‌قه‌دا بیركردنه‌وه‌ به‌ پاڵپشتی دوێنێ‌ خۆی نمایان ده‌كات، به‌ڵام رۆشنایی له‌ خه‌یاڵی زمان سه‌ر ده‌كات، به‌و مانایه‌ش بیركردنه‌وه‌ زه‌مه‌نی به‌رده‌وامی ده‌گه‌یه‌نێت و شیعرییه‌ت زه‌مه‌نی ساته‌وه‌ختی:
دوێنێ‌ شه‌و
شیعر
مینا كوڕێكی زراڤ
له‌ كه‌ناری لم
به‌ رووتی راكشابوو
منیش سپیتر له‌ مه‌وجی رۆشنایی
له‌سه‌ر روویا خۆم هه‌ڵخست
دواتر مه‌لائیكه‌تێ‌ به‌لامدا تێپه‌ڕی و فه‌رمووی
سه‌ڵاواتت لێ‌ بێ‌
ئه‌ی ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ پڕیت له‌ فه‌زیله‌ت.
(ستایش، ل19)

عه‌بدولموته‌لیب عه‌بدوڵڵا




شاعیری لیریكی شیعر چه‌شنی میلۆدراما … عه‌بدولموته‌لیب عه‌بدوڵڵا

(ژیلا حوسێنی وه‌ك نموونه‌)

شیعری لیریكی ته‌عبیر له‌ بیركردنه‌وه‌ی كه‌سی و سۆزه‌كانی ده‌كات، له‌ زمانی ستانداردی خه‌ڵكییه‌وه‌ نزیكه‌… ده‌توانم بڵێم شیعری (ژیلا حوسێنی 1964-1996) ده‌كه‌وێته‌ نێوان سۆزگه‌رایی و ئاوازگه‌راییه‌وه‌ و هه‌موو ئه‌وانه‌ش كاریگه‌ری ده‌روونی شاعیر به‌ڕێوه‌یان ده‌بات! به‌ دیوه‌كه‌ی دیكه‌ جیاكاری شیعری ژیلا حوسێنی له‌ پله‌ به‌رزه‌كانی (دراماییبوون) و به‌رجه‌سته‌كردنی (ده‌نگی كه‌سی)یدا ده‌بینرێت! ئه‌گه‌رچی ئه‌وه‌ی دووه‌میان خه‌سڵه‌تێكه‌ له‌ خه‌سڵه‌ته‌كانی شیعری لیریكی، به‌ڵام هه‌ندێكجار له‌ شیعری ژیلا حوسێنی ئه‌و (ده‌نگه‌) پێناسه‌ی (منی شیعری) ده‌كات و له‌ (منی دانه‌ر) جیا ده‌بێته‌وه‌، وه‌ك چۆن ده‌شێ‌ (دراماییبوون) بكه‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی (جه‌سته‌ی شیعر)ه‌وه‌ و شێوه‌ی جیاواز بنوێنێ‌…
(1)
به‌ گشتی شاعیرانی لیریكی له‌سه‌ر ئه‌و هێله‌ رێچكه‌یان گرتووه‌، كه‌ مێژووی وشه‌ به‌ پته‌وی ماناوه‌ بلكێنن، وه‌ك چۆن گوتن و ریتم موتوربه‌ی رووداوی مێژوویی، ده‌روونی، كۆمه‌ڵایه‌تی، نه‌ته‌وه‌یی، سیاسی… ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها شاعیرانی لیریكی بیر له‌ به‌دوایه‌كداهاتنی وشه‌ و كۆتایی داله‌ گشتییه‌كان ده‌كه‌نه‌وه‌… به‌ كورتی قه‌سیده‌ی لیریكی وه‌ك ئامرازی گوزارشتكردن ده‌لاله‌ت له‌ پاڵنه‌ری هه‌ستی ده‌روونی شاعیر و ره‌نگدانه‌وه‌ی ژیانی مرۆڤ ده‌كات و ده‌كه‌وێته‌ نێوان په‌رچه‌كرداری ده‌روونی هێمنی ئومێدبه‌خش و حاڵه‌تی خه‌ونبینی وه‌ك له‌ شیعره‌كانی لانگستۆن هیوز… ده‌بینرێت، یان ده‌لاله‌ت له‌ ستایلێكی وڕوژێنه‌ر ده‌كات، وه‌ك له‌ شیعره‌كانی والت ویتمان… دیاره‌…
(2)
ده‌نگی ژیلا حوسێنی ده‌نگی مێژووی وشه‌ و ده‌نگی (منی شیعری)یه‌ و له‌ زۆربه‌ی باردا به‌ پته‌وی ماناوه‌ ده‌لكێت و ستایلێكی وڕوژێنه‌ری هه‌یه‌، وێڕای ئه‌وه‌ش درامابوونی گوتن و ریتم به‌ یه‌كه‌وه‌ كۆ ده‌كاته‌وه‌ و به‌ رووداوه‌كانی ده‌به‌ستێته‌وه‌… بۆ نموونه‌:
ئه‌مشه‌و یاد و تاسه‌ی دووریت
له‌ خه‌وێكی ئه‌فسووناوی رایچه‌نیوم
لێوه‌كانم به‌ وشه‌ی خه‌م پشكوتووه‌ و
هه‌تا دێ‌ هه‌ر په‌ره‌ ئه‌گرێت
چه‌ن به‌ قوفڵی ساردی دڵمه‌وه‌ی ئه‌نێم
چاری ناكات.
(سه‌مایه‌ك له‌ نێوان ئاو و ئاگر، ل4)
له‌و كۆپله‌ شیعره‌دا ئه‌گه‌رچی ده‌نگی (منی شیعری) ده‌كه‌وێته‌ ژێر ده‌نگی (منی دانه‌ر)ه‌وه‌، وه‌ك ده‌سته‌واژه‌ی (راچه‌نین) ده‌یسه‌پێنێ‌، واته‌ ده‌نگی راچه‌نینی دیار (وه‌ك ده‌نگی منی دانه‌ر) به‌ خه‌مگینییه‌وه‌ تێكه‌ڵ به‌ هێمنی و ئومێدی ده‌نگی پشكوتنی نادیار (وه‌ك ده‌نگی منی شیعری) ده‌بێت، یان به‌ مانایه‌كی دیكه‌ له‌ دووتوێی گوتراوی ده‌نگی (راچه‌نین)ی منی دانه‌ر، منی شیعری كۆمه‌ڵێك نه‌گوتراوی پێكه‌وه‌نراو له‌ رێگای ده‌نگی (پشكوتن)ه‌وه‌ به‌ گوێی خوێنه‌ردا ده‌چرپێنێ‌، ئه‌و چرپانده‌ هونه‌رییه‌ و چێژه‌ هونه‌رییه‌ نادیاره‌ و نوێیه‌ی (منی شیعری) په‌یوه‌ندی به‌ ئاگایی جیاواز و چێژی جیاواز و دیدی جیاوازی (منی دانه‌ر)ه‌وه‌ نییه‌: له‌وێوه‌ كه‌ منی دانه‌ر منی مه‌عریفه‌ی شیعری ده‌گه‌یه‌نێت، له‌وێوه‌ كه‌ (منی دانه‌ر) جیاوازی دید ناس ده‌كات، له‌وێوه‌ كه‌ منی دانه‌ر چێژی ئاسۆیی ده‌نوێنێ‌… به‌ڵام (منی شیعر) رۆڵی نه‌گوتراوی مه‌عریفی و نهێنی زمان و چێژی ستوونی ده‌گێڕێ‌…
ده‌مه‌وێ‌ بڵێم جیاوازییه‌ك له‌ نێوان (منی دانه‌ر)ی دیار و (منی شیعری) نادیار هه‌یه‌، ئه‌و جیاوازییه‌ش په‌یوه‌ندی به‌ هه‌ستی تێگه‌یشتنی گوتراو و نهێنی نه‌گوتراوه‌ جیاوازه‌كانه‌وه‌ ده‌كات! به‌ مانایه‌كی دیكه‌ هه‌ستی دانه‌ر په‌یوه‌ندی به‌ ده‌نگی راچه‌نینی دیاره‌وه‌ ده‌كات، هه‌ستی نادیاری شیعری په‌یوه‌ندی به‌ ده‌نگی پشكوتنی نادیاره‌وه‌ هه‌یه‌!
دواجار (منی شیعری) ئه‌فراندنی دنیایه‌كی نوێ‌ و دیتنی شته‌ نادیار و ئومێدبه‌خش و دۆزینه‌وه‌ی خه‌مه‌كانی منی شیعرییه‌، له‌ به‌رانبه‌ر مێژووی رووداوی چه‌مكی راچه‌نینی دیار، كه‌ ده‌لاله‌ت له‌ نائومێدی (منی دانه‌ر) ده‌كات… به‌مجۆره‌ گوتن و ریتمی ده‌نگی پشكوتن له‌ ناوه‌وه‌دا به‌سه‌ر مێژوویی گوتنی ده‌نگی راچه‌نیندا زاڵ ده‌بێت.
(3)
قسه‌كردنی من له‌ باره‌ی زمان وه‌ك قه‌راره‌یه‌كی مه‌تریال ده‌ستلێدراو و زمان وه‌ك شتێكی رووت (ئه‌بستراك) هه‌ر ئه‌وه‌مان پێناڵێن كه‌ ده‌نگه‌كان رۆڵێكی باڵا ده‌گێڕن، وه‌ك ئه‌وه‌ی بابه‌تی یه‌كه‌م بن له‌ بیركردنه‌وه‌ی دانه‌ر و فۆڕمه‌كانی موزیكای نوسیندا، هه‌موو ده‌نگێكیش تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ش ده‌ڵێن كه‌ له‌ حاڵه‌تی نوسیندا زمان قسان ده‌كات نه‌ك من، زمان له‌میانی مندا قسان ده‌كات! وشه‌كان ده‌بنه‌ خاوه‌نم، ده‌مكه‌ن به‌هی خۆیان: راسته‌ من خاوه‌نی ده‌نگه‌كانم (ده‌نگه‌كان له‌ ده‌می من ده‌رده‌چن) به‌ڵام یه‌كێكی دیكه‌ له‌ نوسیندا قسان ده‌كات، ئه‌ویش منی نوسه‌ر، منی شیعرییه‌! بۆیه‌ ده‌شێ‌ كاریگه‌ری ده‌نگی وشه‌ وه‌ك له‌ سه‌ره‌وه‌ قسه‌م لێكردووه‌ به‌ هه‌ند هه‌ڵبگرم؟! به‌و مانایه‌ش هه‌وڵده‌ده‌م هه‌ژموونی ریتم له‌ كاریگه‌ری زمان كورت بكه‌مه‌وه‌، نه‌ك هه‌ر هێنده‌ش به‌ڵكو ده‌توانم كاریگه‌ری هونه‌ریشی بخه‌مه‌ پاڵ! كه‌واته‌ زمان بوونێكی ماددی هه‌یه‌، وشه‌كان له‌ جه‌سته‌ی (دانه‌ری شیعری) هه‌ڵقوڵاون، به‌ڵام زمان رێگا به‌ گوزارشتكردنی تاكخوازانه‌ ده‌دات، لێره‌وه‌یه‌ هه‌ستی (منی شیعری) ده‌یانبڕێ‌ و ناشێ‌ خوێنه‌رانی جیدی درك به‌و نهێنییه‌ نه‌كه‌ن! زمان قه‌واره‌یه‌كی ماددی هه‌یه‌، نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یاسا و رێسایه‌كی مه‌تریالی بۆ قسان هه‌یه‌، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وشه‌كان هه‌میشه‌ هه‌ڵگری هه‌ڕه‌شه‌ن به‌وه‌ی كه‌ ده‌گۆڕێن بۆ ده‌نگ… بڕوانه‌ ده‌نگی: (راچه‌نین) و (پشكوتن) له‌و كۆپله‌ شیعره‌ی سه‌ره‌وه‌دا!
وشه‌كان له‌ كۆمه‌ڵێك گروپی ده‌نگی پێكهاتوون و بنه‌مایه‌كی دووانه‌یی و هه‌ندێجار دژ به‌ یه‌ك پێكده‌هێنن، واته‌ ره‌مزی مانان و له‌ هه‌مانكاتدا فۆڕمی خۆیان هه‌یه‌، به‌مجۆره‌ش ده‌نگی وشه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی زیندوو تێكه‌ڵ به‌ یه‌كتر ده‌بن و هه‌ر ده‌نگێكیش له‌ خودی خۆیدا بۆ ئاكامی تایبه‌تی خۆی ده‌گه‌ڕێ‌ و ده‌یه‌وێت خۆی بسه‌لمێنێ‌! به‌مجۆره‌ ئه‌گه‌رچی منی دانه‌ر هه‌وڵی به‌ ئاكام گه‌یشتنی خۆی ده‌دات، به‌ڵام به‌و مانایه‌ نییه‌، كه‌ منی زمان هه‌وڵی به‌ ئاكام گه‌یشتنی خۆی له‌ بیر كرد بێت، به‌و مانایه‌ش ئه‌و ده‌نگانه‌ی كه‌ له‌ وشه‌كانه‌وه‌ دێن، چ وه‌ك ده‌نگی دانه‌ر و چ وه‌ك ده‌نگی زمان، له‌ جوله‌ی خۆیان ناكه‌ون و هه‌موو دیارده‌یه‌كی ده‌نگیش ده‌لاله‌تی خۆی به‌سه‌ر چنینی ده‌نگی و كارای ده‌نگیدا هه‌یه‌.
(4)
له‌ به‌شێك له‌ كاره‌كانی ژیلا حوسێنی گوزارشتكردنێكی ئه‌ده‌بی درامی و هونه‌ری نواندن و هه‌ست جولاندن ده‌بینرێت، ئه‌و ته‌عبیركردنه‌ش تێكه‌ڵ به‌ وێناكردنی خه‌مه‌ مرۆییه‌كان و كه‌سایه‌تی و گێڕانه‌وه‌ ده‌بێت و له‌وێشه‌وه‌ هه‌وڵده‌دات رووداو و سێنتیمنتاڵییه‌ت له‌ ریتمێكی موزیكی تایبه‌ت ره‌نگڕێژ بكات! به‌ گشتی كاره‌كانی ژیلا حوسێنی میلۆدرامییه‌ و (Melodrama) پڕه‌ له‌ هه‌ست و نه‌ستی مرۆڤایه‌تی و به‌ ئاسانی خوێنه‌ر بۆ خۆی كێش ده‌كات.
ده‌توانم بڵێم هه‌میشه‌ سروشتی جوانی له‌ شیعره‌كانیدا له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی دیاریكردنی وه‌سفدایه‌، چونكه‌ باری وه‌سف لای ژیلا حوسێنی جارێك جوانه‌ و جارێك وه‌سفه‌، جارێك دووچاری سه‌رسامیمان ده‌كات و جارێكی دیكه‌ وه‌سفه‌… ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندی به‌ خه‌یاڵكردنی منی شاعیره‌وه‌ هه‌یه‌، چونكه‌ هه‌رگیز ناشێ‌ مانای (منی دانه‌ر) هه‌تا هه‌تایه‌ كاریگه‌ری جوانی هه‌بێ‌، وه‌ك چۆن هیچ مانایه‌كیش نییه‌ ته‌نها له‌سه‌ر (منی شیعری) بژی…
ده‌مه‌وێ‌ بڵێم ده‌قی داهێنه‌رانه‌ له‌وێدا خۆی ده‌بینێته‌وه‌، كه‌ پێوه‌ره‌ هونه‌رییه‌ باوه‌كان تێده‌په‌ڕێنێ‌ و ئاسۆی چاوه‌ڕوانی خوێنه‌ر و پانتایی رۆشنبیری باو ده‌گۆڕێت! هه‌موو ئه‌وانه‌ش جیاوازی چێژ و خۆشی رابه‌رایه‌تیان ده‌كات… جگه‌ له‌وه‌ش هه‌موو ئه‌وانه‌ی قسه‌مان لێكردن له‌ داهێناندا قابیلی ره‌تكردنه‌وه‌ی بێ‌ سنووره‌، ئه‌گه‌ر ره‌تكردنه‌وه‌ توانای نوێكردنه‌وه‌ی هه‌بێت و نه‌كه‌وێته‌ شێوازگیرییه‌وه‌، نه‌كه‌وێته‌ چوارچێوه‌ی ئاماده‌وه‌، چونكه‌ هه‌رگیز ناتوانین سه‌رچاوه‌كانی داهێنان ده‌ستنیشان بكه‌ین…
دواجار نوێ‌ نایه‌وێت وه‌ك كۆن بێت، نایه‌وێت به‌ هێلێكی ئاسۆیی هاوگونجاو و ئامانجداردا هه‌نگاو بنێت، به‌ڵكو په‌سنی ئه‌و رۆشنبیرییه‌ ده‌كات، كه‌ ئه‌مڕۆی كۆمه‌ڵگای پێدا تێده‌په‌ڕێت، وێنه‌ی ئه‌و ماوه‌یه‌ ده‌گرێت، كه‌ له‌ نێوان (خود) و (دنیای ده‌ره‌وه‌) دایه‌، وێنه‌ی سه‌رده‌مێكی دووله‌تبوو، سه‌رده‌مێك كه‌ جه‌سته‌ و رۆح ده‌كه‌وێته‌ ژێر رۆشنایی بیستراو و بینراوه‌وه‌.
(5)
به‌سیه‌ ئیتر بزه‌و كه‌نین… تیله‌ی نیگا
سه‌د ئه‌وه‌نده‌ نازداریت و
رێكوپێكی به‌ژن و باڵا
دڵم ده‌با
(قه‌ڵای راز، ل9)

عه‌بدولموته‌لیب عه‌بدوڵڵا




شاعیری نۆستالجیا …. عه‌بدولموته‌لیب عه‌بدوڵڵا

شیعر به‌ راڤه‌كردنی سێنتیمنت ‏
(ئیسماعیل به‌رزنجی وه‌ك نموونه‌)

گه‌ڕانه‌وه‌ی (ئیسماعیل به‌رزنجی) بۆ هه‌ستی غه‌ریبی، هه‌ر ته‌نها شیعری نییه‌، ئه‌و جه‌ختكردنه‌ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ رابردوو، ده‌كرێ‌ وه‌ك بارێكی ده‌روونی ته‌ماشای بكه‌ین… كه‌واته‌ پرسیار ئه‌وه‌یه‌، ئایا خۆنه‌گونجان و دڵته‌نگی ده‌روونی وا ده‌كات له‌ نێو نشتیمانی خۆتدا هه‌ست به‌ غه‌واره‌یی بكه‌یت، یان غه‌ریبوونی نشتیمان، وا ده‌كات بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ باری ده‌روونی و رابردوو… ئایا ئاواره‌یی و هه‌ته‌ره‌بوون له‌ ماڵ وا ده‌كات، هه‌ست به‌ له‌ ده‌ستدانی ئازیزان بكه‌یت، یان له‌ ده‌ستچوونی ئازیزان وا ده‌كات گۆرانی خه‌مبارانه‌ له‌ ماڵی خۆتدا بڵێیت… ئه‌وه‌ی غه‌ریبه‌ نیشتمانه‌، یان شاعیر باری ده‌روونی باش نییه‌ و ناگونجێ‌؟؟
(بابلۆ نیرۆدا) ده‌ڵێت: له‌وه‌ته‌ی هه‌م هه‌رگیز هه‌ستم نه‌كردووه‌، كه‌ “شیلی” نشتیمانی منه‌، من هێنده‌ نامۆم به‌ وڵاته‌كه‌ی خۆم و دنیا، ئه‌سڵه‌ن من ناچمه‌ سه‌ر وه‌چه‌ی ئاده‌میزاد، من منداڵی مانگم…
ده‌شێ‌ جیاوازی نێوان ئیسماعیل به‌رزنجی و بابلۆ نیرۆدا ئه‌وه‌ بێت، یه‌كه‌میان نشتیمانێكی غه‌ریبی له‌ نێو خۆیدا هه‌ڵگرتبێ‌، دووه‌میان هه‌ستێكی دیكه‌ی به‌رانبه‌ر نشتیمان هه‌بێت، یه‌كه‌میان خۆی به‌ كوڕی رابردوو دابنێت، دووه‌میان خۆی به‌ منداڵی سه‌رده‌م بزانێت، یه‌كه‌میان خه‌می خۆرهه‌ڵاتنی هه‌بێت، دووه‌میان خه‌می خۆرئاوابوون…
(1)
ئیسماعیل به‌رزنجی خه‌می مانا پێش ده‌خات و له‌ پشت هه‌موو شیعرێكی بونیادێكی حیكایی و خه‌می له‌ ده‌ستچوون و له‌ ده‌ستچوونی ئازیزان هه‌یه‌! شاعیری سێنتیمنتاڵ هه‌ستی لیریكی به‌ ویستی گوتن و خه‌می ده‌روونه‌وه‌ گرێ‌ ده‌دات، ویستی گوتن به‌ خۆشه‌ویستی مانا و چێژه‌وه‌ ده‌لكێنێت، پێمانده‌ڵێت جه‌وهه‌ری ئاگامه‌ندی به‌ گوتنی جوان و ماناكانی سێنتیمنتاڵه‌وه‌ به‌نده‌، تایبه‌تمه‌ندی جوانی مرۆڤ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ رابردوو سه‌رچاوه‌ ده‌گرێ‌، مرۆڤ ده‌ژی بۆ ئه‌وه‌ی هه‌نگاو به‌ره‌و گوتن و مانا بنێت… جوانی گوتن و جوانی مانا به‌ هه‌ستی سێنتمینتاڵه‌وه‌ گرێ‌ ده‌دات، بایه‌خ به‌ فه‌زای شیعری و مانای شیعری و ریتمی شیعری ده‌دات، به‌های هونه‌ری شیعر له‌ ئاوێته‌بوونی هه‌ستی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ رابردوو و ویستی مانا و ریتمی تێگه‌یشتندا هه‌ڵده‌گرێته‌وه‌، دالی حه‌قیقی لای شاعیری سێنتیمنتاڵ له‌ سۆز و جوانی و گه‌ڕانه‌وه‌ و ته‌ماشاكردنی خه‌مه‌ كه‌سییه‌كاندایه‌، له‌ نێو رابردوودا هه‌ست به‌ خۆشی ده‌كات و شانازی به‌ ژیانی رابردوو ده‌كات، هه‌میشه‌ بیر له‌ پیری و مردن ده‌كاته‌وه‌.
(2)
گوێ‌ له‌ ئاستی گوتن بگرن، سه‌یری ئاڵای خه‌م بكه‌ن، كه‌ به‌رده‌وام له‌ شیعری سێنتیمنتاڵ له‌ هه‌ڵكشاندایه‌، ئاستی گوتن و خه‌می هه‌ڵكشاو پێمانده‌ڵێن ئیسماعیل به‌رزنجی به‌ ته‌نیا خه‌ون ده‌بینێت، ده‌سووتێت بێ‌ ئه‌وه‌ی له‌ به‌رانبه‌ر جوانی، جوانی ئافره‌ت ده‌م بكاته‌وه‌، ده‌سووتێت بێ‌ ئه‌وه‌ی له‌ به‌رانبه‌ر رابردوو، له‌ به‌رانبه‌ر له‌ ده‌ستچوونی ئازیزان (كه‌ له‌ جوانی گوتن و جوانی مانادا نه‌فی كراون)… جگه‌ له‌ بێده‌نگی هیچ بڵێت! ئه‌و كه‌سه‌ی له‌گه‌ڵ كتێب و خۆرهه‌ڵات و رابردوو شه‌ونخوونی ده‌كات، هه‌میشه‌ هه‌وڵده‌دات دووره‌ په‌رێزی و ته‌نیایی به‌ هه‌رای بێده‌نگی پڕ بكاته‌وه‌! ئه‌وه‌ ته‌نیاییه‌ خه‌ونبین و بێده‌نگی به‌ یه‌كه‌وه‌ ده‌لكێنێت، ئه‌وه‌ سروه‌ی ده‌نگه‌ هه‌ستی ته‌نیایی كه‌م ده‌كاته‌وه‌، ئه‌وه‌ سۆزی شیعره‌ وا ده‌كات ته‌نیایی خه‌ونبین زێتر وه‌ك بێده‌نگی هه‌ستی پێبكرێت، سۆزی شیعر و خه‌ونبین وه‌ك ته‌نیایی بێده‌نگی ده‌ڕازێنێته‌وه‌، ته‌وێڵی خوێنه‌رانیش رۆشن ده‌كاته‌وه‌… به‌مجۆره‌ شاعیری نۆستالجیا پێیوایه‌ سۆزی شیعر بۆ زۆرێك له‌ خه‌ونبینان وێنه‌ی دیاری ته‌نیاییه‌.
(3)
گوڵه‌كان ده‌به‌مه‌وه‌ شێخی چۆلی
له‌ ژوور سه‌ری گۆڕغه‌ریبه‌كه‌
په‌رداخه‌كه‌ پڕ ده‌كه‌م له‌ ره‌شه‌ڕێحانه‌
پێش زه‌رده‌په‌ڕ
ته‌قسێك بۆ گریان
ته‌قسێك بۆ ره‌شه‌ڕێحانه‌ سازده‌ده‌م
فریشته‌یه‌كی باریكه‌له‌
كه‌ له‌ ره‌نگاڵه‌یه‌كی باڵشكاو ده‌كات
دێته‌ سه‌ر شانی ته‌پوتۆز لێنشتووم
سه‌ربوورده‌ی مردنێكی رانه‌گه‌نراوم
بۆ ده‌گێڕێته‌وه‌ و پێم ده‌ڵێ‌
هه‌ی غه‌ریب خۆت… له‌ مردن خۆشتر مردنه‌
ل53-54 په‌ست، ئیسماعیل به‌رزنجی.
(4)
ئێمه‌ مرۆڤین و به‌ یه‌كه‌وه‌ په‌یوه‌ستین، دنیای هه‌ستپێكراوی مرۆیانه‌، مێژووبوونێكی ده‌ره‌كی نییه‌، به‌ڵكو خودی و ناوه‌كییه‌، ده‌بێ‌ بزانین ئه‌و خودی و ناوه‌كییه‌ چ مانایه‌كی له‌خۆدا هه‌ڵگرتووه‌؟ هه‌موو ئه‌وانه‌ له‌ ئه‌ده‌بدا به‌و مانایه‌ دێت كه‌ ئێمه‌ی مرۆڤ ده‌كه‌وینه‌ نێو زمان، به‌و مانایه‌ی كه‌ زمان ماڵی بوونه‌، كه‌واته‌ جیهان له‌ ئێمه‌ دابڕاو نییه‌، جیهان ئێمه‌ پێكده‌هێنێ‌ و ئێمه‌ش له‌ رێگای ماناوه‌ جیهان پێكده‌هێنین، بوونی ئێمه‌ به‌شێكه‌ له‌و، كه‌واته‌ هاوسۆزی كۆمه‌ڵایه‌تی و هاوژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌یوه‌ندییه‌ گه‌رم و گوڕه‌كان به‌شێكن له‌ هه‌ستی مرۆییانه‌، به‌ دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش ره‌گه‌زێكه‌ له‌ ره‌گه‌زه‌كانی شیعر…
ده‌مه‌وێ‌ بڵێم دنیای ئه‌ده‌ب و فیكر نه‌ دنیای شته‌ باوه‌كانه‌، نه‌ دنیای داهاتوو، نه‌ دنیای هه‌نووكه‌ی له‌ ده‌ستچوو… دنیای ئه‌ده‌ب و فیكر نه‌ سه‌ر به‌ رابردووه‌ و نه‌ ئێستا… دنیای ئه‌ده‌ب و فیكر هیچ كاتێك ناكه‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی مرۆڤه‌كانه‌وه‌، مرۆڤیش هه‌میشه‌ له‌ نێو ئێستا و رابردوو به‌ شێوه‌ جیاواز و پرسی جیاواز و تێگه‌یشتنی جیاواز، هاوژیانی جیاواز… ده‌كات.
قسه‌كردن له‌ شیعری خۆرهه‌ڵاتی، به‌وه‌ی توانیویه‌تی ره‌گه‌زی سێنتیمنتاڵ له‌ هه‌موو ره‌گه‌زه‌كانی دیكه‌ زێتر به‌رجه‌سته‌ بكات، وه‌ك ده‌زانین ئه‌و به‌رجه‌سته‌كردنه‌ له‌ شیعری خۆرئاوایی پێچه‌وانه‌ ده‌كه‌وێته‌وه‌… به‌ڵام هه‌ردووكیان كیشه‌ی خۆیان هه‌یه‌!!
مه‌عریفه‌ی شیعری په‌یوه‌ندی به‌ به‌رز راگرتن و هاوگونجانی ئاستی جوانی و مانا و چێژدایه‌! ئیبداع هه‌رگیز ره‌گه‌زێك ناخاته‌ پێش یه‌كێكی دیكه‌وه‌، به‌ڵكو له‌ به‌رز راگرتنی ئاستی جوانی كۆی ره‌گه‌زه‌كان دێته‌ به‌رهه‌م.. كه‌واته‌ نه‌ سێنتیمنت به‌ ته‌نها شیعر به‌ڕێوه‌ ده‌بات، نه‌ فیكر… هاڕمونیه‌تی ره‌گه‌زه‌ شیعرییه‌كان نه‌بێت، باڵا ده‌ستی هیچ ره‌گه‌زێك قابیلی قبوڵ نییه‌.
(5)
وه‌ته‌ن
به‌ هه‌موو غوربه‌ت و بێزاریی خۆیه‌وه‌
وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی تێكشكاو
له‌به‌ر ده‌رگای (گیانی وێران)مان ده‌وه‌ستێ‌
گه‌رده‌لوولی بێزاری
به‌ چوار ده‌وری (گۆڕی غه‌ریب)ماندا هه‌ڵده‌كات و
چرایه‌كی كز
له‌ (ژووری لاته‌ریك)مان ده‌كوژێته‌وه‌
ئێمه‌ هه‌میشه‌
به‌ (گیانی وێران، گۆڕی غه‌ریب، ژووری لاته‌ریك)
ده‌چینه‌ ناو عه‌ده‌مه‌وه‌.
ل57-58 په‌ست، ئیسماعیل به‌رزنجی.
(6)
له‌ دنیای ئه‌ده‌ب و نوسیندا شتێك به‌ ناوی ره‌سه‌نایه‌تی بوونی نییه‌، چونكه‌ هه‌میشه‌ ئه‌ده‌ب و بیركردنه‌وه‌ بڕوای به‌ سنورداركردن و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سه‌رچاوه‌ و چوارچێوه‌دانان و جوگرافیای دیاریكراو نییه‌، جوانی ئه‌ده‌ب له‌ تێپه‌ڕاندنی سه‌رچاوه‌كان و سنوره‌كاندایه‌، له‌ ته‌جاوزكردنی ره‌نگ و ناسنامه‌ و خوده‌كاندا دنیای خۆی به‌ شێوه‌یه‌كی هاڕمۆنی هه‌ڵده‌نێ‌… بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ق ببێته‌ موڵكی هه‌مووان و ئه‌ویدیكه‌ به‌شداری له‌ داهێناندا بكات، ئیتر لێره‌وه‌ منی (دیكارت)ی هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌ و له‌شوێنی ئه‌و چه‌ندان (من) هاتنه‌ قسه‌كردن… ده‌قی ئیبداعی هه‌رگیز خاوه‌ندارێتی قبوڵ نییه‌، چونكه‌ خاوه‌ندارێتی له‌ رێگای ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌یه‌تی كه‌ڵه‌گایی ده‌سه‌پێنێ‌، ئه‌گه‌رچی سه‌ره‌تای خاوه‌نداریه‌تی به‌پێی پێداویستییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بووه‌ و له‌ زه‌روره‌تێكی ئاسمانی سه‌ری هه‌ڵداوه‌، به‌ڵام له‌ جه‌وهه‌ردا زۆرداری بووه‌ و پاشان به‌ پیرۆز كراوه‌.
له‌ دنیای ئه‌ده‌ب ئه‌وه‌ی كه‌سایه‌تی خودی و ناسنامه‌ بونیاد ده‌نێ‌، خوێندنه‌وه‌یه‌… خوێندنه‌وه‌ به‌ره‌و ئاگامه‌ندییه‌كی خودی قوڵترمان ده‌كاته‌وه‌ و یارمه‌تیمان ده‌دات، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین بگه‌ینه‌ دنیابینییه‌كی قوڵتر له‌ باره‌ی ناسنامه‌ی تایبه‌تیمانه‌وه‌… دواجار ئه‌وه‌ی خودی مرۆڤایه‌تی هه‌ڵده‌نێ‌ ئازادی و خۆشه‌ویستی و په‌یوه‌ندییه‌…

عه‌بدولموته‌لیب عه‌بدوڵڵا




شاعیری ژیاندۆست شیعر به‌ تێگه‌یشتنی سیحر (هاشم سه‌ڕاج وه‌ك نموونه‌(


عه‌بدولموته‌لیب عه‌بدوڵڵا

(شیعر به‌ تێگه‌یشتنی سیحر) سه‌بتایتلی دووه‌م له‌وێوه‌ قسه‌ له‌ سیحر ده‌كات، كه‌ هێزی خه‌یاڵ سنوره‌كانی واڵا ده‌كات، وه‌ك چۆن له‌وێوه‌ خه‌یاڵ ده‌خاته‌ ناوه‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی وزه‌ی مه‌عریفه‌، بێ‌ وزه‌ی خه‌یاڵ نه‌توانێ‌ رێگاكانی داهێنان بگرێته‌به‌ر، له‌وێوه‌ش قسه‌ له‌ داهێنان ده‌كات، كه‌ ئاسته‌ به‌رزه‌كانی زمان مه‌عریفه‌یه‌كی فره‌ڕه‌هه‌ند و كراوه‌ بنوێنێ‌… به‌ڵام چه‌مكی تێگه‌یشتن وه‌ك جوڵێنه‌ری ئه‌و گوته‌زایه‌ خۆی له‌ فیكری (گادامێر) جیا ناكاته‌وه‌! به‌و مانایه‌ له‌ تێگه‌یشتنه‌وه‌ ده‌شێ‌ راڤه‌كردنی سیحر و جێبه‌جێكردن وه‌ك ئاكامێكی مه‌عریفی شیعری (هاشم سه‌ڕاج) ته‌ماشا بكه‌ین…
ئه‌گه‌رچی ده‌متوانی له‌و سه‌بتایتله‌دا له‌ بری وشه‌ی (سیحر) وشه‌ی (مه‌عریفه‌) به‌ كار بهێنم، به‌ڵام ویستم له‌ رێگای ئه‌و روونكردنه‌وه‌یه‌ هه‌م قسه‌ی خۆم له‌ باره‌ی زاڵبوونی مه‌عریفه‌ له‌ شیعردا بكه‌م، هه‌م ئه‌و هێله‌ (هایدگه‌ری گادامێرییه‌) بۆ خوێنه‌ران له‌ چه‌مكی (تێگه‌یشتن)ه‌وه‌ زێتر روون بكه‌مه‌وه‌.
(1)
شیعر هه‌ر چه‌نده‌ له‌ خه‌یاڵ نزیك بێته‌وه‌، ساده‌تر و شیعریتر خۆی وازی ده‌كات، شیعر هه‌ر چه‌ند زێتر له‌ خه‌یاڵ نزیك بێته‌وه‌، زێتر تێكه‌ڵی سیحر ده‌بێت و كه‌متر به‌ لای بنبه‌ستبوون و مانایه‌كی دیاریكراودایه‌! بنه‌مای شیعر زمانه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی (فیكر و سۆز و خه‌یاڵ و شێواز…) به‌نێو یه‌كدا شۆڕبنه‌وه‌! به‌ڵام ناتوانین خه‌یاڵ وه‌ك سیحر نه‌بینین، له‌ به‌رانبه‌ریشدا شێواز وه‌ك ته‌ماشا كردنی دنیای مه‌عریفه‌ و ئاگایی شیعری… به‌ دیوه‌كه‌ی دیكه‌ شیعر نه‌ له‌ فیكر و سۆزدا ده‌مێنێته‌وه‌، نه‌ سه‌ر به‌ فیكر و سۆزیشه‌، به‌ڵكو هه‌ر یه‌ك له‌ فیكر و سۆز به‌ رێژه‌یه‌ك له‌ شیعربوون و بونیادی شیعریدا به‌شدارن، چونكه‌ ئه‌گه‌ر بوونی شیعر به‌ بوونی زمانه‌وه‌ گرێ‌ بده‌ین، به‌و مانایه‌ دێت، كه‌ له‌ به‌ هه‌ڵمبوونی مانا ده‌یبینینه‌وه‌، نه‌ك له‌ فیكر و سۆزدا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بوونی به‌ بوونی فیكر و سۆزه‌وه‌ گرێ‌ بده‌ین، ئه‌وه‌ زێتر له‌ چوارچێوه‌گیری و سه‌رده‌مێكی دیاریكراو و سۆزی گوزه‌ركه‌ردا نزیك ده‌بینه‌وه‌، نه‌ك له‌ سیحری دنیاییه‌كی دره‌وشاوه‌ و هاڕمۆنی…

شیعر له‌ دنیای بڵندی زماندا مه‌له‌ ده‌كات، زمانیش هه‌رگیز ناگیرێ‌! هه‌ر شتێك نیشانه‌ بێت، بۆ فیكری سه‌رده‌مێكی دیاریكرا و مانای دیاریكراو، ئه‌وه‌ له‌ شیعرییه‌ت به‌ده‌ره‌، چونكه‌ شیعرییه‌ت سه‌ر به‌ جیهانی ماددی نییه‌، به‌ڵكو سه‌ر به‌ سیحری زمانه‌، سیحری زمانیش هه‌میشه‌ به‌ باڵی خه‌یاڵ ده‌فڕێ‌ و ده‌كه‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی ماددی بوونی زمانه‌وه‌، دنیای سیحر، دنیاییه‌كی دره‌وشاوه‌ و هاڕمۆنییه‌، ناتوانین له‌و دنیایه‌دا ره‌گه‌زه‌كان به‌ره‌و شوێنی خۆیان به‌رینه‌وه‌، وه‌ك چۆن ناتوانین زمان له‌ گه‌شه‌كردن رابگرین… شیعر به‌ تێگه‌یشتنی سیحر ته‌نها له‌ سنوری گه‌شه‌كردن و هاڕمۆنیكیدا وازی ده‌كات، زمان تێیدا سنوری نییه‌! ئه‌وه‌ له‌ كاتێكدا بۆ ژانره‌كانی دیكه‌ی ئه‌ده‌بی فیكر مانایه‌كی به‌رزی دیكه‌ی و شیعرییه‌ت وه‌ك ره‌گه‌زێك له‌ ره‌گه‌زه‌كان ده‌بینرێت.
(2)
شیعره‌ كورتبڕه‌كانی شاعیری ژیاندۆست (هاشم سه‌ڕاج) ده‌لاله‌ته‌ زمانه‌وانییه‌كان تا ئه‌و سنوره‌ به‌رز ده‌كاته‌وه‌، كه‌ بشێ‌ زمان خۆی له‌ قسان رووت بكاته‌وه‌، رووتبوونه‌وه‌یه‌ك به‌ره‌و چێژ و ئازادكردنی وسبه‌لێكراوه‌كان… كه‌واته‌ له‌ شیعره‌ كورتبڕه‌كانی شاعیری ژیاندۆست (هاشم سه‌ڕاج)دا ئه‌وه‌ زمانه‌ قسان ده‌كات، بیركردنه‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێو خه‌یاڵی زمانه‌وه‌! هه‌ر له‌میانی رووتبوونه‌وه‌ی زمان و قسه‌كردنی ساته‌وه‌خته‌ وسبه‌لێكراوه‌كانی زمان، چێژ له‌ جوانی ژیان و هونه‌ری ژیان وه‌رده‌گرین! له‌و ته‌عبیره‌ كورتبڕانه‌ له‌ یه‌ككاتدا هه‌م قسه‌كردنی زمان ده‌بینین (زمان گوڵی ده‌مه‌) و هه‌م ئه‌و قه‌واره‌یه‌ ده‌بینین، كه‌ ئێمه‌ی خوێنه‌ران ده‌چینه‌ ناوییه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ رێگای راڤه‌كردن و خزینه‌كانی خۆمانه‌وه‌ ببینه‌ تاكێك له‌ تاكه‌ جیاوازه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی زمان… به‌و مانایه‌ش په‌یوه‌ندی نێوان ده‌ق و دنیا، له‌ سه‌ر سڕینه‌وه‌ی یه‌كتر نه‌هاتۆته‌ ئاراوه‌، جاچ دنیا ده‌ق بێ‌، یان ده‌ق دنیا بێ‌، به‌ڵكو زمان فه‌زایه‌كه‌ له‌ ئازادی، ئازادیش خودی بوونه‌!!
دنیا ده‌ق بێ‌، یان ده‌ق دنیا بێ‌… زمان سه‌ر به‌ هه‌بووییه‌كی هاڕمۆنی و فره‌چه‌شنه‌، وه‌ك چۆن فره‌چه‌شنی دنیاش پێكده‌هێنێ‌. (چێژ و خه‌یاڵ و وشه‌) به‌و وه‌سفه‌ی كه‌ نه‌سه‌قێكی كورتبڕی هاڕمۆنییه‌، ده‌لاله‌ت له‌ فۆڕمگه‌لێك له‌ بینراو و بیستراو و هه‌ستپێكراو ده‌كات. ئاوێته‌یه‌ك له‌ شته‌ وه‌همی و واقعییه‌ رووته‌كان، نه‌ك هه‌ر په‌یوه‌ندییه‌ نێودژئامێزه‌كان.
(3)
ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌یبینین له‌ (هونه‌ری ژیان)، ده‌شێ‌ وه‌ك پرنسیب بمانخاته‌وه‌ سه‌ر رێگای زمانێكی نوێ‌، كه‌ بواری جوله‌ و گۆڕین و وه‌رگێڕانی فره‌ ده‌كاته‌وه‌. ئه‌و بواره‌ فره‌ و جیاوازه‌، شوێنێ‌ له‌ زمان وه‌به‌رهه‌مدێنێ‌، شوێنێ‌ كه‌ نه‌خشی (ئێستا و رابردوو و داهاتوو) له‌ پڕشنگێ‌ به‌رجه‌سته‌ ده‌كاته‌وه‌. هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌و پڕشنگه‌ ته‌وه‌ره‌ی سه‌ره‌كی ئه‌و نێودژیه‌یه‌ كه‌ تێیدا زمان قسان ده‌كات!! به‌و مانایه‌ش زمان له‌ كه‌ناری مێژووی خۆیدا په‌رتبوونی خۆی ده‌نوسێته‌وه‌، په‌رتبوونێك كه‌ ئه‌وه‌نده‌ له‌ دایك دووره‌ مه‌گه‌ر خوازه‌ فریای هه‌ندێ‌ له‌ نیشانه‌كانی بكه‌وێت.
(4)
زمان قسان ده‌كات (زمان رووته‌ و تاكئامێزه‌)… من قسان به‌ زمان ده‌كه‌م (زمان ماددییه‌ و جه‌ماعییه‌) هه‌ردووكیان وه‌ك دوو شێوه‌ له‌ كاركردنی چوون ده‌ق به‌رهه‌م بهێنن، به‌رهه‌مهێنانی ده‌ق له‌ پێناو (بوون)…
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی (من) به‌ مانای زمان وه‌ك ماددی و جه‌ماعی بیری له‌ گرامه‌ر و موڵكی گشتی یان هه‌ڵوێستی مێژوویی ده‌كرده‌وه‌، چه‌ندان چه‌وسانه‌وه‌ و ژانوژوار و چه‌رمه‌سه‌ری و شه‌ڕ و وێرانه‌یی…. هێنا به‌رچاوی خۆی، بۆ ئه‌وه‌ی جوانترین گۆشه‌نیگا بۆ (بوون) بدۆزێته‌وه‌ و ده‌قی تێدا بكێشێ‌!
كه‌چی (قسه‌) به‌ مانای زمان به‌و شێوه‌ی كه‌ ئه‌بستراك و تاكئامێزه‌ بیری له‌ هیچ له‌وانه‌ نه‌كرده‌وه‌، خه‌می هه‌ڵبژاردنی نه‌بوو، چونكه‌ زمان چۆن قسان بكات، گۆشه‌نیگایه‌ك داده‌مه‌زرێنێ‌ و دیمه‌نه‌كه‌ی بوون ده‌كێشێ‌!!
لێره‌دا ئه‌گه‌ر دۆزینه‌وه‌ی یه‌كه‌م ته‌عبیر له‌ژانوژواری تاك و ئازاری گشتی بكات، ئه‌وه‌ دۆزینه‌وه‌ی له‌پڕی دووه‌م ته‌عبیر له‌ رووتی و ساده‌یی ده‌كات.

ژیان
دارستانێكی شینه‌ له‌ ئاماژه‌
بیابانێكی سپی له‌ مانای به‌تاڵ !
+++
ژیان
ده‌ریچه‌یه‌كی شینی ژماره‌ییه‌
بوونه‌وه‌ره‌كان
به‌ژماره‌ دێن و به‌ژماره‌ پێده‌كه‌نن
گۆرانی ده‌ڵێن سێكس ده‌كه‌ن
بێ ژماره‌ش لێی ده‌رده‌چن !
+++
ژیان
جیوه‌ی جه‌لاتینی جوانی گیانتی نۆشیووه‌
بۆیه‌ شكاری فڕنده‌ی شینی مه‌رگ ده‌كا!
+++
ژیان
نوسینگه‌یه‌كی شینی بێكۆتایه‌
مرۆڤ وشه‌یه‌تی و
به‌ره‌نجامی لێكخشانی پیتگه‌لێكی پرته‌قاڵییه‌!
+++
ژیان
هه‌ڵمژینی گوڵاوی ئاڵی
فوستانی شین و جه‌سته‌ی سپی و برۆنزیه‌تی ڕۆحته‌
له‌ شه‌وێكی كه‌سكی ئه‌رخه‌وانیدا!
+++
ژیان
رستێ‌ ژماره‌ی بێگیانی ماتماتیكییه‌
له‌ رێگای جووڵه‌ سپییه‌كانییه‌وه‌
درێژه‌ به‌ گه‌مه‌ی خاڵه‌ شینه‌كانی
نێو خشته‌ی مه‌رگ ده‌دا!
+++
سه‌رچاوه‌ی شیعره‌كان:
هاشم سه‌ڕاج
(شه‌به‌نگی شینی ژماره‌كان)




شاعیری نه‌فره‌تلێكراو (ئه‌نسی ئه‌لحاج و قه‌سیده‌ی په‌خشان) …. عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا

(1)

شاعیر ئه‌نسی ئه‌لحاج له‌ پێشه‌كی كۆمه‌ڵه‌ شیعری (لن) هه‌ر ته‌نها شاعیرێكی یاخی نییه‌، به‌ڵكو شاعیرێكی نه‌فره‌تلێكراویشه‌… هه‌ر ته‌نها هاوارێكی جیاوازی شیعری نه‌بوو، به‌ڵكو هێرشێكی دۆزه‌خی بوو، بۆ سه‌ر چوارچێوه‌ی شیعری و كلتوری سونه‌تگه‌رایی… ئه‌نسی ئه‌لحاج له‌ نێوان هۆشیاری ره‌خنه‌یی و قه‌سیده‌ی شیعری ئازاد و قه‌سیده‌ی په‌خشاندا ئاگاییه‌كی نوێی له‌ قه‌سیده‌ی په‌خشاندا هێنا ناوه‌وه‌، ده‌مه‌وێ‌ بڵێم ئاگایی ئه‌نسی ئه‌لحاج په‌یوه‌ندی به‌ رۆشنبیریی شیعری جیهانییه‌وه‌ هه‌بوو، بۆیه‌ وه‌ك رووداوێكی ئه‌ده‌بی له‌ به‌رجه‌سته‌كردنی قه‌سیده‌ی په‌خشان و چۆنێتی گه‌یاندنی به‌ خوێنه‌ران زۆر به‌ جوانی ره‌نگی دایه‌وه‌.
قه‌سیده‌ دنیایه‌كی داخراوه‌ به‌سه‌رخۆیدا، هیچ ئامانجێكی زه‌مه‌نی نییه‌. شیعر دڵ له‌ دڵدانه‌. په‌خشان گێڕانه‌وه‌یه‌… قه‌سیده‌ كورتبڕی له‌ هه‌موو هۆیه‌كانی ده‌ربڕین ده‌كات. ره‌گه‌زی یه‌كه‌می شیعر موزیكایه‌. شیعر ئه‌وه‌ ده‌ڵێ‌ كه‌ گوتراوه‌ و په‌خشان روو له‌ شتێ‌ ده‌كات و ده‌یدوێنێ‌، هه‌موو چركه‌كانی گوتار به‌ هی خۆی ده‌زانێت، موزیكا له‌ پێكهاته‌ی په‌خشاندا بوونی ده‌كه‌وێته‌ له‌رزه‌وه‌. له‌ شیعردا شاعیر پێش خوێنه‌ر ده‌كه‌وێت، چونكه‌ ئه‌و ئامرازانه‌ ناس ده‌كات، كه‌ شیعری پێدروست ده‌كرێت، هه‌میشه‌ شیعر له‌ رێگای له‌ره‌ی موزیكاوه‌ ده‌چێته‌ دڵی خوێنه‌ره‌وه‌، ئه‌وه‌ی شاعیرێكی كۆنه‌په‌رست و خوێنه‌رێكی كۆنه‌په‌رست به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ چاره‌نووسه‌!
ئه‌گه‌رچی له‌ نێوان داڕشتنی شیعر و په‌خشاندا جیاوازییه‌كی به‌رچاو هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی گومان نییه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ هه‌موو كه‌له‌پوره‌ زیندووه‌كانی دنیا شیعری مه‌زنیان له‌ په‌خشان پێشكه‌ش به‌ مرۆڤایه‌تی كردووه‌، هه‌ر له‌به‌ر هه‌ندێ‌ ئه‌مڕۆ شیعر به‌ كێش و سه‌روا ناناسرێته‌وه‌. ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام رێگا له‌ شیعری په‌خشان و قه‌سیده‌ی په‌خشان ده‌گرێ‌ كێش و سه‌روایه‌. لێره‌دا شیعری به‌ په‌خشانكراو، په‌خشان نییه‌، وه‌ك چۆن قه‌سیده‌ی به‌ په‌خشانكراو، په‌خشان نییه‌.

شیعری لیریكی هه‌یه‌، به‌ڵام په‌خشانی لیریكی نییه‌، قه‌سیده‌ی په‌خشانی نزیكه‌ له‌ گێڕانه‌وه‌، قه‌سیده‌ی په‌خشانی بێ‌ ریتمه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی (سان جۆن پێرس) ده‌ینوسی… قه‌سیده‌ی په‌خشان خاوه‌نی جیهانبینییه‌، ئه‌زموونێكی قووڵ و به‌هێزه‌، به‌و پڕشنگانه‌ ده‌ناسرێته‌وه‌ كه‌ بڵاوی ده‌كاته‌وه‌ وه‌ك قه‌سیده‌كانی هینری میشۆ و ئاڕتۆ…!
هه‌موو قه‌سیده‌یه‌ك وه‌ك پێویست كورته‌، به‌ڵام كورتبڕی زێتر له‌سه‌ر په‌خشان جێبه‌جێ‌ ده‌بێت، نه‌ك قه‌سیده‌… قه‌سیده‌ی كێشدار زێتر پێویستی به‌ یه‌كگرتنه‌، نه‌ك گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سه‌رچاوه‌… قه‌سیده‌ی په‌خشان پێویستی به‌ ئامرازی گێڕانه‌وه‌، وه‌سف، ئه‌زموون، جیهانبینی… هه‌یه‌.
سوزان بیرنار ده‌ڵێت پێویسته‌ قه‌سیده‌ی په‌خشان له‌ پێناو دره‌وشانه‌وه‌، كورتبڕی بكات! هه‌موو قه‌سیده‌یه‌كی په‌خشان پاڵنه‌رێكی ئاژاوه‌یی له‌ پشته‌، رووخێنه‌ره‌، وزه‌یه‌كی ئه‌ندازه‌یی تێدایه‌، راپه‌ڕینه‌ به‌ دژی كۆتوبه‌ند… رامبۆ ده‌یویست به‌سه‌ر زماندا زاڵ بێت و كورتبڕی له‌ (بۆن، ده‌نگ، ره‌نگ…) بكات… قه‌سیده‌ی په‌خشان له‌سه‌ر دره‌وشانه‌وه‌، نه‌فره‌ت، شێتایه‌تی… وه‌ستاوه‌، هه‌میشه‌ هه‌ڕه‌مه‌كی خۆی نیشان ده‌دات! قه‌سیده‌ی په‌خشان كاری شاعیری نه‌فره‌تلێكراو و به‌رهه‌می نه‌فره‌تلێكردنه‌… له‌ قه‌سیده‌ی په‌خشاندا شتێك نییه‌ پێی بڵێن كۆتایی.

(2)

ئه‌نسی ئه‌لحاج په‌یامبه‌ری دۆزه‌خی زمان، به‌رده‌وام به‌ دوای ئامانجه‌ مرۆییه‌كانه‌وه‌یه‌، به‌ دوای خۆشه‌ویستی، به‌ دوای مرۆڤدۆستی… شیعر لای ئه‌و خۆراكی خوده‌، ئافره‌ت لای ئه‌و ئه‌لته‌رناتیفی ژیانه‌، منداڵی لای ئه‌و پشتگوێخستنێكی فریشته‌ییانه‌یه‌ له‌ ره‌شه‌با ده‌مانپارێزێ‌، له‌ نێوان ناپاكیكردن له‌ زمان و پووچگه‌رایی ژیان و وێرانكردنی شته‌كان هه‌میشه‌ وه‌ك بیابان تینووه‌.
ئه‌نسی ئه‌لحاج شاعیری رچه‌شكێن و هه‌رێمه‌ ده‌ست بۆ نه‌براوه‌كان، شاعیری نه‌ست و ناخ و زمان… قه‌ده‌غه‌كراوه‌كانی له‌ نێو زماندا چه‌سپاند، ده‌ست بۆ نه‌براوه‌كانی له‌ زمان و له‌ سه‌ر ئاستی بیركردنه‌وه‌ به‌رجه‌سته‌ كرد…
به‌ڵام شیعر هه‌ر ته‌نها به‌ مه‌سه‌له‌ قه‌ده‌غه‌كراو و ده‌ست بۆ نه‌براوه‌كانه‌وه‌ په‌یوه‌ست نییه‌، شیعر به‌ حه‌قیقه‌ت و ژیان و خه‌ونه‌وه‌ به‌نده‌، شیعر هه‌ر ته‌نها راستگۆیی و بوێری نییه‌، شیعر چۆنێتی ته‌عبیركردنه‌ له‌ ژیاندۆستی، له‌ مرۆڤدۆستی، گه‌ڕانی به‌رده‌وام و به‌جێهێنانی زێتری خۆشه‌ویستی و چێژ و خۆشییه‌…
مه‌رج نییه‌ قه‌ده‌غه‌كراوه‌كان هه‌میشه‌ قه‌یران بنێنه‌وه‌، به‌ڵام هه‌موو رچه‌شكێنییه‌ك ئامانجی رچه‌شكاندنه‌، ئه‌وه‌ به‌و مانایه‌ دێت، كه‌ هه‌میشه‌ وزه‌ی ژیان به‌ هێزتره‌ له‌ مردن، ئه‌وه‌ به‌و مانایه‌ دێت، كه‌ یاخیبوون كۆتایی نییه‌.

(3)

تێگه‌یشتنی باو ئه‌وه‌یه‌ كه‌ په‌خشان په‌خشانه‌ و شیعر شیعره‌، كه‌واته‌ ئه‌و میكانیزمانه‌ چین كه‌ قه‌سیده‌ی په‌خشان به‌ره‌و شیعر ده‌بات، یان شیعر له‌ قه‌سیده‌ی په‌خشان خه‌لق ده‌كات، بێ‌ ئه‌وه‌ی وه‌ك پرنسیبێكی بنه‌ڕه‌تی به‌ سه‌رچاوه‌ی په‌خشانه‌وه‌ گرێ‌ بدرێت! ئه‌نسی ئه‌لحاج له‌ پێشه‌كی كۆمه‌ڵه‌ی (لن) به‌رانبه‌ر ئه‌و دیده‌ باوه‌ی كه‌ شیعر و په‌خشان لێكجیا ده‌كاته‌وه‌ پێیوایه‌ له‌ نێوان شیعر و په‌خشاندا پردی به‌یه‌كگه‌یشتن هه‌یه‌! ئه‌گه‌رچی پێیوایه‌ په‌خشان و شیعر نكۆڵی له‌ یه‌كتر ده‌كه‌ن، چونكه‌ شیعر ده‌بێ‌ ئه‌وه‌ بێت، كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی په‌خشاندا ده‌نوسرێت، به‌ڵام په‌خشان نه‌رم و كراوه‌یه‌، شیعر رێكخراو و مه‌به‌ستداره‌، په‌خشان هێمن و جێگیره‌، شیعر گرژه‌، شیعر نه‌ زه‌مه‌نییه‌ و نه‌ په‌یوه‌ندی به‌ بارودۆخه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش پێچه‌وانه‌ی په‌خشانه‌. په‌خشان به‌رهه‌می عه‌قل و ئاگاییه‌، به‌ڵام شیعر به‌رهه‌می ده‌روونه‌، په‌خشان گه‌یه‌نه‌ر و رازیكه‌ره‌ و شته‌كانمان بۆ ده‌سه‌لمێنێ‌، به‌ڵام شیعر دره‌وشاوه‌ و ئاماژه‌خوازه‌…

كه‌واته‌ ئایا ده‌كرێ‌ له‌ قه‌سیده‌ی په‌خشان ده‌ربچین؟ ئه‌و پرسیاره‌ ئیشكالئامێزه‌ یه‌كێكه‌ له‌ پرسیاره‌ ئاڵۆزه‌كانی پێشه‌كی كۆمه‌ڵه‌ شیعری (لن). به‌ بڕوای من ئه‌و پرسیاره‌ ته‌مومژاوییه‌! ده‌مه‌وێ‌ بڵێم ده‌كرێ‌ له‌ بری (ئایا) به‌ (چۆن) پرسیاره‌كه‌ راست كه‌ینه‌وه‌: چۆن له‌ قه‌سیده‌ی په‌خشان ده‌ربچین؟ ئه‌گه‌رچی پرسیاری دووه‌میش مه‌رج نییه‌ راست بێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ په‌یبردن به‌ قه‌سیده‌ی په‌خشان زێتر ده‌گونجێ‌… پرسیاری دووه‌م پرسی تایبه‌تمه‌ندی و تاكگه‌رایی له‌خۆدا هه‌ڵگرتووه‌… ئه‌نسی ئه‌لحاج پرسیاری یه‌كه‌م به‌ (نه‌رێ‌) وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌: نه‌خێر ناتوانین له‌ قه‌سیده‌ی په‌خشان ده‌ربچین. له‌ پشت ئه‌و وه‌ڵامه‌شدا پرنسیبێكی چه‌سپاو هه‌یه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بنه‌مای شیعر په‌خشانه‌! پرسیاری یه‌كه‌م پێمان ده‌ڵێت قه‌سیده‌ی په‌خشان به‌ په‌خشانه‌وه‌ به‌نده‌ و ده‌كه‌وێته‌ ژێر كاریگه‌ری جۆره‌كانی وه‌سف و ناونانه‌وه‌، به‌ڵام پرسیاری دووه‌م ئه‌و پرسیاره‌ی هه‌وڵی فۆرمه‌له‌كردنمان داوه‌ پێمان ده‌ڵێت قه‌سیده‌ی په‌خشان بنه‌ماكه‌ی له‌ سه‌ر په‌خشان نه‌چه‌سپاوه‌، به‌ڵكو قه‌سیده‌ی په‌خشان بنه‌ماكه‌ی شیعره‌، دواجاریش ده‌مه‌وێ‌ تۆختری بكه‌مه‌وه‌ و بڵێم په‌خشان ره‌گه‌زێكه‌ له‌ ره‌گه‌زه‌كانی شیعر… شیعری داهێنه‌رانه‌ هه‌موو ره‌گه‌زه‌كانی قه‌سیده‌ و په‌خشان له‌ ئاستێكی باڵادا خه‌لق ده‌كات، داهێنانیش له‌ ئاسته‌ باڵاكانی زماندا ده‌دۆزێته‌وه‌.
كه‌واته‌ له‌ نێوان شیعر و په‌خشان مه‌سافه‌یه‌كی ئیستێتیكی و ده‌ربڕینێكی به‌رفره‌وان هه‌یه‌، وه‌ك چۆن مه‌سافه‌یه‌كی جوانی له‌ وه‌رگری جۆراوجۆردا دروست ده‌كات. به‌و مانایه‌ش ده‌شێ‌ پرسیاری ئه‌نسی ئه‌لحاج: ئایا ده‌كرێ‌ له‌ قه‌سیده‌ی په‌خشان ده‌ربچین؟ مه‌به‌ستی له‌ په‌خشانێك بێت، كه‌ مه‌سافه‌یه‌ك له‌ شیعر نزیك ده‌بێته‌وه‌…

(4)

شیعری ئه‌نسی ئه‌لحاج رووته‌ وه‌ك ئاده‌م و حه‌وا به‌ر له‌وه‌ی له‌ به‌هه‌شت ده‌ربكرێن، وشه‌ رووته‌كانی بێ‌ ئه‌وه‌ی هه‌ست به‌ شه‌رم بكه‌ن، روو به‌ رووی دنیا ده‌بنه‌وه‌، هه‌موو وشه‌ رووته‌كانی له‌ قه‌سیده‌كانیدا سه‌ر به‌رزانه‌ ده‌وه‌ستن، بێ‌ ئه‌وه‌ی خۆیان به‌ جوانكاری خه‌ریك بكه‌ن، بێ‌ ئه‌وه‌ی خۆیان ده‌مامك بده‌ن، هه‌ر ته‌نها به‌ رووتی سه‌ما ده‌كه‌ن، بێ‌ ئه‌وه‌ی كراسی خوازه‌ و چوارشێوی ره‌وانبێژی بپۆشن! وشه‌كان له‌و مانایانه‌ ده‌رده‌چن، كه‌ ئێمه‌ ده‌یانزانین، ئه‌نسی ئه‌لحاج له‌ نێوان شیعر و خۆشه‌ویستی، یه‌كه‌میان به‌ گوتنی بێده‌نگ داده‌نێ‌ و دووه‌میان به‌ كردار… ئه‌و چه‌ند شیعره‌ی ئه‌نسی ئه‌لحاج به‌ بێده‌نگی بخوێننه‌وه‌:

پلان
له‌ نێوان سنۆبه‌ره‌كاندا هاوارت ده‌كرد، بای ده‌نگت به‌ره‌و ناوه‌وه‌م ده‌هات، بێده‌نگیت هه‌ڵگرتبوو
خۆت له‌ په‌نا سنۆبه‌ره‌كاندا حه‌شاردابوو، ده‌گه‌مه‌ هاوارت، ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی نه‌مبینیت
له‌ نێوان سنۆبه‌ره‌كاندا هاوارت ده‌كرد، ئازیزه‌كه‌م وه‌ره‌
من له‌ په‌نا سنۆبه‌ره‌كانم، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌مبینی، له‌ هیكه‌وه‌ به‌ره‌و رووت ده‌بمه‌وه‌، تۆ راده‌كه‌ی

سه‌رچاوه‌:
*أنسی الحاج دیوان (لن )- المقدمه‌.گ3. دار الجدید. بیروت 1994 ص27..
——

به‌یانی و نیو
(1)
هه‌ر له‌ به‌یانییه‌وه‌ ده‌رگا له‌ به‌ر ده‌مت كراوه‌یه‌ تا به‌یانی و نیو
(2)
به‌ كراسه‌كه‌ته‌وه‌ وه‌كو گردۆڵه‌ دانیشتوویت. باران هه‌ڵده‌كا و ده‌پاڕێیته‌وه‌، مارێ‌ ده‌خزێ‌ وه‌ك شیر له‌ گردۆڵه‌كه‌ قیت ده‌بێته‌وه‌، به‌ تووندی هه‌ناسه‌ ده‌ده‌ی.
(3)
ره‌نگی ده‌مت، بۆنی ده‌ڵێی سێوه‌.
(4)
كاتژمێر شه‌وه‌ دوای شه‌و و نیو، خۆشه‌ویسته‌كه‌م له‌ بان ئه‌و شه‌وه‌ ماڵێكی هه‌یه‌، له‌و ماڵه‌كه‌دا ژوورێكی له‌ نیوه‌ شه‌و دروست كردووه‌، له‌وێ‌ سه‌یرم ده‌كا و نامبینێ‌، كاتێ‌ ده‌ڕۆم ده‌ڕوا و نامبینێ‌، چرا هه‌ڵده‌كا و نامبینێ‌.
له‌ كاتی خۆی ده‌خه‌وێ‌، خه‌ون به‌ په‌نجه‌ره‌وه‌ ده‌بینێ‌، ده‌ترسێ‌ له‌وه‌ی شه‌ماڵ داگیریكا.
(5)
له‌ تاریكی چاوم لێبكه‌، ده‌نگت كزكه‌ و بڕۆ
ده‌نگت له‌ گه‌رووم وه‌ك مێووژ دیاره‌.
سه‌رچاوه‌:
*- أنسی الحاج دیوان (ماژا صنعت بالژهب ماژا فعلت بالورده‌) گ2 دار الجدید. بیروت 1994ص51.




کتێبی پرسیاركردن له‌ تاریكی …. نوسینی: عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا


پرسیاركردن له‌ تاریكی
” له‌ هیچ دنیایه‌كه‌وه‌ ره‌وانه‌ نه‌كراوم”

هه‌ولێر 2018

له‌ بڵاوكراوه‌كانی گۆڤاری نما زنجیره‌ ( )

ناوی كتێب: پرسیاركردن له‌ تاریكی ” له‌ هیچ دنیایه‌ك ره‌وانه‌ نه‌كراوم”
بابه‌ت: ناسنامه‌ی ئه‌ده‌بی
نوسینی: عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا
تایپ: نوسه‌ر
چاپی یه‌كه‌م: 2018
تابلۆی به‌رگ: ئه‌نتۆنیۆ تاپێش
دیزاینی به‌رگ: سه‌ركه‌وت وه‌لی
تیراژ: 500 دانه‌
چاپخانه‌ی: شه‌هاب
نرخ: 4000 دینار

———————–

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن ……https://dengekan.info/wp-content/uploads/2018/12/barg_mutalib_sm.jpg




ناسنامەی ئەدەبی …. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

ناتوانین هەرگیز لە زمانێك زێتر بە كار بهێنین.
“دریدا”
ناتوانین هەر تەنها زمانێك بە كار بهێنین.
“عەبد ئەلكەبیر ئەلخەتیبی”

لە ژێر تایتڵی پرسیاركردن لە تاریكی و سەبتایتڵی ” لە هیچ دنیایەكەوە رەوانە نەكراوم” كتێبی ناسنامەی ئەدەبی (عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا) لە بڵاوكراوەكانی گۆڤاری “نما” هەولێر 2018 كەوتە كتێبخانەی كوردییەوە، ناوەڕۆكی ئەو كتێبە پێكهاتووە لەو بەشانە: نیگای هونەر، چاوی شۆڕش، نەخشی منداڵی، خەیاڵی كتێب، شۆڕشی نوێ، ئەدەبی بەرگری، پرسیاركردن لە رۆمان و رۆمانی كوردی، نیگای من و هەشتاكانی ئەدەبی كوردی، لە خوێندنەوەوە بۆ خوێندنەوە، من و یەكێتی نوسەران، من و ئازاد سوبحی وەك شاعیر، گۆڤاری سەراب سەراب…
لە پێشەكییەكی كورتدا پێناسەی ئەو كتێبە بەو جۆرە كراوە:
خوێنەری خۆشەویست ئەو دەقەی بەردەستتان یادەوەری نییە، چونكە گێڕانەوەی ژیانی كەسی نییە، وەك چەمكی یادەوەری داوای دەكات. ژیاننامە نییە، وەك ئەوەی لەسەر راستبێژی وەستا بێت، بەڵكو زمانێكی دیكەیە بەرانبەر زمان و لەگەڵ زماندا! نەك بەو مانایەی كە كاری چارەسەركردنی یەكیەتی زمان بكات، بەڵكو بەو مانایەی كە زمان دەیەوێت.
بە هەر زمانێك كە (من) دەخەینە نێو رستەوە، یان یادی (من) دەكەینەوە، یان زمانی (من) ئاشكرا دەكەین.. راستەوخۆ “من بیر دەكەمەوە”ی دیكارت ئامادەیی هەیەو (من) دەبێتەوە سێنتەری بیركردنەوە. ئەو دەقە بە نیازە (من)ی دیكارتی و (من)ی گرامەرو (من)ی ئەدەبی بخاتە سەر خودی خۆی، یان سەر ئێمە.. بیركردنەوەیەك هەیە پێیوایە كۆی ئەو (من)انە لە رووە (سۆسیۆ- رۆشنبیری)یەكەی با جیاوازیش بن، هەر هاوشێوەن، چونكە كۆی ئەو (من)انە بە هەمان واقیع و دەروون و دیاردەوە بەندن، ئەگەرچی رێگای زمانیان هەمان رێگاش نەبێت.. بە دیوەكەی دیكەش دریدا لە (ل 44) كتێبی (احادیە الاخر اللغویە) دەڵێت: هەر چۆنێ بێ گەڕان بە دوای چییەتیمان لە نێو زماندا، وەك مەسەلەی گەڕانەوەی بێكۆتایی سەیر دەكرێت.
بە كورتی دەمەوێ بڵێم (من) لەو دەقەدا بابەت نییە، بەڵكو دەكەوێتە نێو ئەزموونی زمان و ئەزموونی (سۆسیۆ- رۆشنبیری)یەوە، لەوێوە پەیوەندی بە جەوهەری (من) لە لەگەڵ زمان و زمانی ئەدەبییەوە دەبەستێت.
(1)
یەكێك گوتبووی ئەوەی زۆربەی وەرزەكان پانتۆڵێكی كاوبۆی شین و كراسێكی سپی و كڵاشێكی سپی لە پێ دەكا، هەمیشە كتێبێكی بە دەستەوەیەو خەیاڵی لێرە نییە، ئەوە موتەڵیبە؟! دەزانم سەرم لە نێو كتێبان دەجولێتەوە، بەڵام وەك (ئەرستۆ)ی گەورە خوێنەری دنیا نا، خەیاڵم بەدوای گرتنی گەردەلوولەوەیە، بەڵام (ریلكە) نیم! ئەوە فیگۆری ژیانی رووتی منە بە كەمەكێك دەستكارییەوە، مرۆڤێك كە نەیتوانی خۆی بكوژێ، نەیتوانی وڵات جێبهێڵێت، مرۆڤێك لە ناخەوە دژی دامەزراوی سیاسی و پیرۆزی ئیمانی داخراوو لەگەڵ شتە پەراوێزو بچوكەكاندا دێتەوە…
(2)
نابێ بیر لە تێكدانی دنیاو شۆڕش و یاخیبوون بكەینەوە، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ بۆ شۆڕشمان دەگەڕێنێتەوە، شتە بچوكەكانە نەك حیكایەتە گەورەكان، جیاوازییە نەك پەیوەستبوون…مرۆڤبوونە، مرۆڤبوون زێتر بە شۆڕشمان دەبەستێتەوە، زێتر لە پرسی چەوسانەوەو ئازادی…مرۆڤی شۆڕشگێر بەرگری لە دادپەرەوەری دەكات، شۆڕش پێویستی بە بەرگری نییە؟! نادادپەروەری دیارە، بەڵام دادپەرەوەری تەمومژاوییە، وەك چۆن تاریكی ئەو كاتە ئامادەیە، كە رۆناكی نائامادەیە! دادپەروەریش جگە لە ونبوونی نادادپەروەری شتێكی دیكە نییە! شۆڕش دیارە وەك ئەوەی هەیە، شۆڕشیش ئەو كاتە بوونی هەیە كە مرۆڤبوون و دواتر ئازادی و خودی دادپەروەری.. لە لێوی مەرگ نزیكترن، نەك لە دەمی ژیان…
(3)
شتەكان وەك چۆن هەن، ئەوە نین، یان مەرج نییە وابن.. ژمارەی دانیشتوانی ئەمریكا لە شەش پۆینت سێی دنیا تێپەڕ ناكات، بەڵام ئەو بانگەشەیەی كە بۆ مافی مرۆڤ دەیكات هەموو دنیای لەخۆگرتووە، بیر لەوە ناكاتەوە كە لە سەدە پەنجای سامانی هەموو دنیا لە ئەمریكایە، بیر لەو جیاوازییە گەورەیە ناكاتەوە لە نێوان ژمارەی دانیشتوانی دنیا و خۆی… ئەو قسەیەم لەوێوە دێت، كە ناكۆكی سیاسی هەموو شتێكی بەخۆوە گرێ داوەو هەموو شتێكی بە رەمزكردوە. دەزانم هەموو ناكۆكییەك بەرئەنجامی ناهاوسەنگی هێزە، ئەی خۆگونجانی خەڵكی مانای چییە؟ خۆگونجانی خەڵكی پەیوەستبوونێكی درۆزنانەیە! ئەو قسەیەم گشتگیر و هەندێ رەقە، بەڵام خەڵكی بە بێ ئاگایی بوون باوەڕ بە ئایدیۆلۆژیا دەهێنن، بەر لەوەی بیر لە راستییەكان بكەنەوە.. خەڵكی هەمیشە بە كارێك هەڵدەستن كە حەزی لێناكەن، چونكە دەیانەوێت لە واقیع دوور بكەونەوە، ئەوە ئایدیۆلۆژیایە! ئایدیۆلۆژیا مانا بە هەموو شتێك دەبەخشێت بە تیرۆر و كۆنەپەرستیش.. ئەوەی خەڵكی بێ ئاگا رێست دەكاتەوە ئایدیۆلۆژیایە، ئەوەی ماندوویان دەكات ئایدیۆلۆژیایە، ئەگەرچی ئایدیۆلۆژیا وەك ئەوەی هەیە، درۆزنانەش بێت.
(4)
كتێب ئازادی تاك دەچەسپێنێ و دەسەڵات رەتدەكاتەوە. یەكەمیان هەر تەنها پەیوەندی بەوەوە نییە كتێب تەنیامان دەكات، بەڵكو پەیوەندی بەوەوە هەیە كە دەرگاو پەنجەرەكانی مێشكمان بەسەر ئەویدیكەدا دەكاتەوە. دووەمیان مەبەست دەسەڵاتی رەهایە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا كتێب بەشێوە كراوەكەی وزەیەكمان پێدەبەخشێت كە بە مەعریفەی جیاوازەوە بەندە، هەمیشە لە نێوان وزەی مەعریفی و تەنیاییدا دیكتاتۆرییەت هەرەس دێنێ! لە پانتایی مەعریفەدا ژیان بە رەنگە جیاوازەكانی دەجولێتەوە، لە تەنیاییدا دەسەڵات بێ كەس دەمێنێتەوە…دنیای كتێب و خەیاڵی خوێندنەوە، دنیای رامان و هەڵوێست و بیركردنەوەیە. هەمیشە ژیان بابەتێكە مرۆڤ بەر لەوەی مامەڵەی لە تەكدا بكات و هاوژیانی بكات، دەبێ بیخوێنێتەوە، دەبێ تێیبگات.
(5)
من دەڵێم ئەوەم كە هەم، لە هیچ دنیایەكەوە رەوانە نەكراوم . قسەی پۆلیسی ئایدیۆلۆژیی هەرچی بێت، ئەوان سەربەستن چۆن بیر دەكەنەوە، من هەمیشە رێزم بۆ بیروڕای جیاوازی ئەویدیكە هەیە، نەیاری كەس نیم، من ئەوەم كە هەم و چێژی لێدەبینم، بێ ئەوەی كەس پێمبڵێت چێژ وەربگرە؟! ئێمە مرۆڤین كاڵا نین، وەك مامۆستای یەكەم ئەرستۆ دەڵێت بوونەوەرێكی كۆمەڵایەتین، بە تەنیا ناژین، پەیوەندی كۆمەڵایەتی بە یەكمان دەبەستێتەوە نەك بازاڕ، بەڵام گرفتی ئەویدیكەی سیاسیی لێرەوە دەستپێدەكات لە بەیەك بەستنەوەی بازاڕی ئایدیۆلۆژیا.. گرفتی ئەویدیكەی سیاسیی ئەوەیە دەیەوێت وەك ئەوان بیر بكەینەوەو وەك ئەوان خەیاڵ بكەین و وەك ئەوان هەڵبژێرین.. ئایدیۆلۆژیستەكان دەیانەوێ كتومت ئەوان بیت، سارتەر لە ئاماژەیەكی بەناوبانگی فەلسەفییدا بە ئەویدیكە دەڵێت “ئەو منەی كە من نییە” بەڵكو ئەویدیكەیە، ئەویدیكەیەك كە هەموو خەسڵەتە جەوهەرییەكانی خودی هەیە، لە بیركردنەوەو ئازادی و ویست…
(6)
(پێشمەرگە 1961)ی (رەحیمی قازی) یەكەمین رۆمانی كوردییە، یان (مەسەلەی ویژدان 1970)ی ئەحمەد موختار جاف، یان (لە خەوما 1975)ی جەمیل سائیب؟!.. رۆمان وەك كردەیەكی هونەری پەخشانئامێز لەسەر بنەمای گێڕانەوەو رووداوو كاراكتەر، لە نێوان خەیاڵ و حەقیقەتدا خۆی دەبینێتەوە و بە شێوەیەكی تا ئەندازەیەك ئاڵۆز دەچنرێت.. رەنگە ئەو بە ناو پێناسەیە (ئاڵۆزی رۆمان) و (ئازادیی رۆمان) لەوێدا هەڵگرێتەوە، كە تاكو ئێستا نەتوانراوە سنورەكانی رۆمان وەك پێویست دیاری بكرێت!! كەواتە پێشمەرگەی (رەحیمی قازی) ئاڵۆزترین رۆمانی چنراوی كوردییە، یان (لە خەوما)ی جەمیل سائیب چەمكی ئازادی لە رۆمانی كوردی دەخاتە روو؟! لەسەرەتادا هەموو ئەوانەش زۆر گرنگ نیین، گرنگ ئەوەیە لە كوێ وەستاوین، من دەڵێم هەتا ئەوەی دەگوترا كورد رۆمانی نییە، با رۆمان بنوسین.. لە نوكتەیەك وەستابووین، دەڵێت: كەسێك لە كافەیەكدا داوای قاوەیەكی بێ سەرتوو دەكات، دوای نیو سەعات لە چاوەڕوانی، گارسۆنەكە دێتەوە دەڵێت: سەرتوومان نییە، بەس شیریشمان نییە، بۆ قاوەیەكی بێ شیرت بۆ دروست نەكەم.
(7)
بزاڤی روانگە بەشێكی زۆری ئەدەبی حەفتاكانی كوردی (باشوری كوردستان)ی داگیر كردبوو و بانگەشەی بۆ كۆمەڵێ دروشم دەكرد لەوانەش: وتەی نوێ، بیری نوێ، كرداری نوێ، لە رووی بیركردنەوە هەنگاوێكی نوێ بوو بەرەو یاخیبوون لە دابونەریت، لە زمانی سروشئامێزی گۆران و هاوڕێكانی.. روانگە هەرگیز شۆڕش نەبوو، روانگە یاخیبوون لە رووی رەمزگەرایی و زمانی ئەدەبی و هونەرییەوە، بانگەشەی تیۆری هونەر بۆ هونەرییان دەكرد، هەموو ئەوانەش رووییەكی نوێی بە ئەدەبی كوردی بەخشی..
بە بڕوای من هەشتاكانی ئەدەبی كوردی ئەوەندە تاریك نەبوو، ئەدەبی هەشتاكان جگە لە پەرەپێدانی چێژی هونەری و زمان و جوانكاری، مەعریفەی ئەدەبی قوڵتر كردەوەو دنیابینییەكی بوونگەرانەی بەرهەم هێنا! دەشێ جوانكاری و زمانی مەعریفی و خودگەرایی وەك سیمایەكی جیاوازی شیعرییەتی هەشتاكان هەڵگرینەوە، دەمەوێ بڵێم بە شێوەیەكی گشتی ئاكامی شیعرییەتی هەشتاكان، دەكەوێتە نێوان چێژو خودگەراییەوە.
(8)
خوێندنەوە فەزایە، بۆیە دەخوێنینەوە تاكو فەزایەكی دیكەی جیاواز بە خۆمان دروست بكەین.. لە تیۆری (وەرگرتن) لە یەك نەچوونی دەق و خوێنەر وەك یەكێك لە مەرجە بنەڕەتیەكانی (ئاوێتەبوون) قسەی لێدەكرێت! بۆ ئەو مەسەلەیەش رەخنەگری ئەدەبی (وولفگانگ ئایزەر) سوودی لە توێژینەوە كۆمەڵایەتی و دەروونییەكانەوە وەرگرتووە بۆ نموونە: لە بواری كۆمەڵایەتیدا تێكەڵبوونی دوو كەس ئەو كاتە بەشێوەیەكی بەهێز روودەدات، كە هەر یەك لەوانە بتوانن ناسنامەی كۆنی یەكتر لەبیر بكەن، لە نوێوە یەكتر بناسن، چونكە لە كاتی لەبیركردنی ناسنامە كۆنەكانیان هەر یەك لەسەر ئەویدیكە لە ڕێگای خوێندنەوەی حەقیقی خۆی یان “ناشت” وێنەیەك دروست دەكات، یان تەئویلی تایبەت بەخۆی دەبێت و هەر لەسەر بنەمای ئەو وێنەیەی كە لە یەكەم ناسیینەوە دروست دەبێت، پەیوەندی نوێ دادەمەزرێنێ، دامەزراندنی پەیوەندی نوێ لەنێوان ئەو دوو كەسە، لەسەر بۆش و پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە، جگە لە پشتبەستن بە خوێندنەوەی حەقیقی و تەئویل شتێكی دیكە نییە، هەموو خوێندنەوەو تەئویلێكی نوێی دەقیش رەهەندێكی جولاو و نوێ بە تێڕوانین و بیركردنەوەی خوێنەر دەبەخشێت! وەك دەزانین هەمیشە تێڕوانین و بیركردنەوە لەسەر تەئویلی كۆن و پێشینە، حاڵەتە جێگیرو پەڕگیرەكە یان كۆنەكە زێتر دەچەسپێنێت، بەو مانایەش هیچ خوێندنەوەو تەئویلكردنێكی نوێ لەسەر ناسنامەی كۆن لە دایك نابێت، چونكە خوێندنەوەو تەئویلكردن لە دەرەوەی ئیبداع نییە، بە مانایەكی دیكە خوێندنەوە و تەئویلكردن لەسەر ناسنامەی كۆن، زۆرجار بۆ وەهم دەگۆڕێت، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوەشدا خوێندنەوەو تەئویلكردنیش وەك كردەیەكی بەردەوام لە تێگەیشتن، هەرگیز خاوەندارێتی ناكرێت، بەڵكو فۆرمێكە لە فۆرمەكانی بوون لە جیهاندا، بەو مانایەش دەشێ “وەهم”و ” تەئویلكردن” دوو فۆڕمی هاوپەیوەست بن..
(9)
سوكرات لە دووری شاری زاڵمان پیاسە دەكات و لە نێو قساندا خەون بە شارێكی دیكەوە دەبینێ! سوكرات لە دەرەوەی شاری زۆرداران، لەگەڵ قسان هەنگاو دەنێ و خەون بە شارێكی دیكەوە دەبینێ! شاری زاڵمان و شاری زۆرداران لەو دوو نەخشەیەدا یەك واتایان هەیە، بەڵام دەشێ زاڵم شار بەڕێوە ببات و زۆردار ئەوە بێ كە واز لە دەسەڵات ناهێنێت؟! لەگەڵ هەموو ئەوانەدا دەزانم لە شەڕی نێوان كەسەكان و هۆزو گروپ و دیدە جیاوازەكان.. خەونبینین یۆتۆپیایە، خەونبینین ئەو كاتە واقیعییە كە دادپەروەری بوونی هەیە، راستە دادپەروەری چەمكێكی ئیشكالییە! من چیڕۆكنوس نیم، بەڵام هەوڵمدا زاڵم لە نادادپەروەری وێنا بكەم و زۆردار لە شەڕدا بنەخشێنم، چونكە لە مێژووی دەسەڵاتی كوردیدا خەونبینین هەمیشە كورتی دێنێ، نهێنی دەسەڵاتی كوردی لە ژمار نایەت، بە داخەوە مێژووی دەسەڵاتی كوردی، مێژووی شەڕو نادادپەروەرییە، نهێنی دەسەڵاتی كوردی ئەو نهێنیانەشن كە شەهیدان بردیانە ژێر گڵ.
(10)
چۆن (لم نیازمە)ی عەباس عەبدوڵڵا یوسف و (دوكەڵ)ی هاشم سەراج و (گەرم نەبوونەوە)ی جەلال بەرزنجی و قەسیدەی (سوتانی رەنگەكان)ی دلشاد عەبدوڵڵا و (لە غوربەتا)ی حەمە عومەر عوسمان و (تەمە سپیەكانی رۆح)ی كەریم دەشتی و (زەردك)ی ئەحمەدی مەلا.. وەك شیعر بۆ من جیاوازی خۆیان هەبوو، ناسینی (ئازاد سوبحی)یش وەك مرۆڤ و وەك شاعیر، نەك هەر تەنها جیاوازی، بەڵكو دڵكرانەوە بوو.
(11)
ئێمە كۆمەڵێك هاوڕێی نوسەر، لە دوای ئەوەی لە رووی بڵاوكردنەوەی بەرهەمەكانمان دووچاری جۆرێك لە نائومێدی بووین، دوای ئەوەی پانتایی میدیای كوردی جگە لە هیچ نەگوتن و بێنرخكردن، فریای گوتن و جیاوازی نەدەكەوت، جگە لە رووكارخوازی و دروشمبازاڕی ئازادی و ئەویدیكە شكاندن و پیاهەڵدانی بێ بنەما، كاری بە بیركردنەوەی جیدی و راڤەكردن و رەخنەوە نەبوو.. ئیتر من و دانا سەعید سۆفی و ئازاد سوبحی بیرمان لە دەركردنی گۆڤارێكی ئەدەبی كردەوە، لە چەند بەیەكگەیشتنێكی سێ قۆڵیدا بیرۆكەی گۆڤاری (سەراب)مان هێنایە ئاراوە، دواتریش بە پێشنیاركردنی نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد لە لایەن ئازادەوە، سەراب بووە جێگای بیركردنەوەو پرۆژەی ئەدەبیمان.




رۆمانی (بازنەی باركەوتووان) … عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

ناكرێ هەموو نووسینێك لەبارەی چەوسانەوە و برسێتی و زۆرلێكردنی سێكسی و سێكس و تاوانی گەندەڵی و باوكایەتی . بە ئەدەب دابنێین، واقیعیەت هەرگیز ئەوە نییە، كە بە وردی وێنەی واقیع بگریت، بەڵكو شێوازی تەعبیركردنێكی ئەدەبییانەیە لە ناشیرینی ژیان و ناشیرینی مەرجە كۆمەڵایەتییەكان. بە مانایەكی دیكە ئەدەب تەعبیركردنێكی ناشیرینانەیە لە خودی ناشیرینی، بەرانبەر ئەوەش رووكارئامێزی و راستەوخۆی لە دەربڕیندا یەكێكە لە خەسڵەتەكانی ئەدەبی ناشیرین!

(1)

قسە لە بارەی دەسپێكی پڕ لە ئیشكالی رۆمانی (بازنەی بار كەوتووان)ی (محەمەد كەریم نانەوا) ناكەم، بەڵكو قسە لە گێڕانەوە و بنەمای گێڕانە و رووداو و زەمەن دەكەم. گێڕانەوە گرنگی بە خستنەڕووی رووداوەكان دەدات و كار لە سەر بەرەوپێشچوونی (زەمەنی رووداو) و (زەمەنی گێڕانەوە) و (زەمەنی خوێندنەوە) دەكات، بە دیوەكەی دیكە گێڕانەوە زەمەنێك رۆدەنێت، كە ئێستای دەق ئەو زەمەنەیە. هەتا ئێرە ئەو نەخشەیە و هێلی نیازخوازی نوسەر زۆر بە جوانی لە رۆمانی ناوبراودا دەبینرێت!

لەو رۆمانەدا دەشێ گێڕانەوە و گرنگی گێڕانەوە تەرجەمەی دەستەواژەی كوردانەی لە (پڕێكا بووە كوڕێك) و وەك لە دەقەكەشدا بەو شێوەیە هاتووە (بڕوخێ ئیستعمار. لە هۆرا كێشاندا بام لە هەمووان بڕی بوو، بازاڕم گەرم و بە هەڕمێن بوو، لە نەعرەتەم دەدا، دەمنەڕاند، لە دڵی خۆمدا دەمگووت: وەڵلاهی ئەو ئیستعمارە ملحیزە لە هەر كوێیەك بێ گوێی لە نەعرەتەی بەندە بێ، بێگومان بە خۆیدا دەمیزێ. ل11-12) و بەرەوپێشچوونی زەمەنی گێڕانەوەش لە (هەتا من گەنج بووم)، وەك لە دەقەكەشدا هاتووە (ئیدی ئەوەی لە شەوانی شەوكاریی بە زەبری تەڕك پەیدام كردبوو لە تاترۆخانەدا. ل89-90) هەڵبگرینەوە! بەڵام زەمەنی خوێندنەوە، زەمەنی ئەو زمانە ساتیرئامێزەیە، كە لە دەستەواژەی (پیری و هەزار عەیبە)دا خوێنەران بۆ خۆی رادەكێشێ.

بە شێوەیەكی دیكە ئەوەی لەو چەند وشەیەدا مەبەستمە، هەر تەنها دیاری كردنی چەمكی سێكسیانەی (هەڵسان/ گەیشتن/ كپ بوون) نییە. بەڵكو تەماشاكردنێكی رەشبینانە و وەبیرهێنانەوەی مێژووی شكستە گەورەكانی دەسەڵاتی كوردییە، كە نوسەر لە رووی هونەرییەوە لە رێگای گێڕانەوەی چەمكی (رابردوو) بە راناوی بزر هەوڵی بەرجەستەكردنی دەدات، واتە تەرجەمەكردنی رەشبردنەوەی مێژووی كوردی، رەشچوونەوەی واقیعی بینراویش دەگەیەنێت، بەو مانایەش تەعبیر لە خودی ناشیرینی دەكات!! بەڵام تەواوی ئەو زەمەنە كەشف نەكراوە و خەیاڵە كەشف نەكراوەش فەرامۆش دەكات و دەیخاتە دواوە، كە خەڵكانێكی جیاواز خەونی پێوە دەبینین، دەشێ لە رووی هونەرییەوە لە رێگای راناوی قسەكەر و دید و خەیاڵی جیاواز و گەشبینەوە بەرجەستەی بكەین. كەواتە نوسەر هەوڵی داوە كۆی بینراو و پانتایی ئەو رۆمانە لە سەر وەبیرهێنانەوەی مێژوویی شكستەكانی كوردی بخولێنێتەوە.

بە كورتی ئامانجی نوسەر وەبیرهێنانەوە و هەڵنانی شكستە گەورەكانی كوردییە؟! وەك دەزانین بە درێژایی مێژووی دەسەڵاتی سیاسی كوردی، زەمەنی شكستە گەورەكان پانتاییەكی گەورەی لە خەیاڵدانی تاكی كوردی داگیر كردووە و وەك چۆن پانتاییەكی گەورەی لەو رۆمانەدا بۆ خۆی بردووە، بەو مانایەش (زەمەنی شكستە گەورەكانی نێو رۆمانی ناوبراو) هەر تەنها دەلالەت لە زەمەنی دەسەڵاتی بینراوی سیاسی كوردی ناكات، بەڵكو تێكەڵ بە مێژووی شكستە گەورەكانی دەسەڵاتی سیاسی كوردی دەبێتەوە! ئەوەش وەك بنەمای خوێندنەوەی ئەو رۆمانە لە رەنگدانەوەی فیكرەی (قەرداری رابردوو) و (چەمكی هەنووكەیی) دەنەخشێنین و وەك هونەری نواندن دەتوانین لە سەر ئاوێتەبوونی (مێژوو) و (ساتی نوسین) هەڵیگرینەوە. بەڵام ئەگەر فیكرەی (ئێمە قەرداری رابردووین) بكەوێتە بەر رەخنەی سەردەمەوە، بەوەی كە خەڵك سۆزی بۆ گێڕانەوە گەورەكان نەماوە، وەك لای (لیوتار) دەبینرێت، ئەوە فیكرەی هەنووكەیی كە لای (هایدگەر) لە سەر تێگەیشتنی خود و خودە جیاوازەكان دامەزراوە و بەرەو گشتگیری دەبێتەوە!!

لەو خوێندنەوەیەدا دەشێ رەنگدانەوەی گوتاری فیكرەی قەرداری رابردوو وەك بنەمای گێڕانەوە بنەخشێنین و زەمەنی رووداوەكانی گێڕانەوەش لە چەمكی هەنووكەییدا بەرجەستە بكەین! دەمەوێ بڵێم نوسەر مێژووی نەتەوەیەك بیر دەخاتەوە و ئاوێتەی زەمەنی بە دوایەكداهاتووی (هەڵسان/ گەیشتن/ كپ بوون)ی رووداوە واقیعییەكانی نێو رۆمانەكەی دەكات، لەلایەكی دیكەش لە رووی هونەرییەوە بنەمای گێڕانەوە بە راناوی بزر تێكەڵ بە واقیعی بینراو دەبێتەوە. بەوەش ئاوێتەبوونی بنەمای گوتاری گێڕانەوە و زەمەنی رووداوە واقیعییەكانی گێڕانەوە وەك بڕبرەی پشتی رۆمانەكە خۆیان دەنوێنێ.
بێگومان هیچ رۆمانێك بێ كاراكتەر نییە، كاراكتەری سەرەكی محەمەد كەریم نانەوا لە پڕێكا دەبێتە كوڕێك، دەچێتە نێو خۆپێشاندانێكی دژ بە ئیستعمار هەڵدەسێ و وەك پاڵەوانێكی لەخۆ بردوو دووچاری بەندینخانە دەبێت، ئەو هەڵسان و رووداوە ئەگەرچی لە رووییەك لە رووەكان ئەكتەری بە توانا (شارلی شاپلن)مان بیر دەخاتەوە ئەو كاتەی لە هەڵاتنێكدا دەكەوێتە پێش خۆپێشاندان و دەبێتە پێشەوای ئەو خۆپێشاندانە، لەلایەكی دیكی دەمانباتەوە بۆ كاراكتەری سەرەكی رۆمانی (ژانی گەل)ی (ئیبراهیم ئەحمەد)…

(2)

بە قسەی بەشێكی زۆر لە رەخنەگرانی ئەدەبی (زەمەن) لە رۆماندا ناوەندە و بەبێ زەمەن رۆمان رۆنانرێ! واتە رۆمان ناتوانێ خۆی لە بۆشایی و چواچێوەی زەمەنی دەرباز بكات، چونكە زەمەن ئەو پەیكەرەیە كە رۆمانی لە سەر دادەمەزرێ، لە رۆمانی بازنەی بار كەوتوواندا دوو جۆر لە زەمەن دەبینرێت: زەمەنێك كە لە زنجیرە رووداوەكانی (هەڵسان/ گەیشتن/ كپ بوون) بەرجەستە دەبێت! ئەو زەمەنە هەمیشە پرسیاری ئەوەمان لا دروست دەكات، كە دواتر چی روودەدات؟ كاراكتەرەكان بە هەڵگری رووداوەكانی ئەو زەمەنە دێنە ژماردن! بەرانبەر ئەوەش زەمەنێك هەیە، كە تەواو پێگەییوو و كۆتاییدارە، زەمەنێك كە ئێمە قەرداری ئەوین! نوسەر ئاماژەكردنی زەمەنی دووەم بە مێژووی شكستەكانی كوردییەوە پەیوەست دەكات، چونكە پێیوایە زەمەنی شكستەكان رێگای دروستی نوسین بۆ نوسەر و گەیشتن بە پلەی (ناشیرینی)ی نیشانی خوێنەر دەدات، بۆیە لە داڕشتنی هەموو رەگەزەكانی گێڕانەوەدا هەمیشە خۆی بە قەرداری ئەو رابردووە دەزانێت و بە شێوەیەكی دیار (وەك گوتار) هەوڵی بەرجەستەكردنی دەدات.

بە گشتی لە زەمەنی رۆماندا پێویستە رەگەزە گرنگەكانی گێڕانەوە بەرجەستە بكرێت، دەمەوێ بڵێم دەبێ زەمەنی (گێڕانەوە) و زەمەنی (گوتار) لە یەك جیا بكرێتەوە، واتە پێویستە زەمەنی رووداوەكانی گێڕانەوە بە رێگای كردەیی و بە پێی سیستمی سروشتی دەرەكی دابڕژرێت. لە بیریشمان نەچێ زەمەنی گوتار، زەمەنی خودی رووداوەكان دەگەیەنێت. زەمەنی گوتار زەمەنێكی خەتییە، گوتار رێكخستنی بەندە بە رێكخستنێكی بە دوایەكدا هاتوو، كە یەكێك لە پاش ئەویدیكەوە دێت! بەڵام زەمەنی گێڕانەوە زەمەنێكی فرە رەهەندە.

نوسەر لە رۆمانی بازنەی بار كەوتوواندا فیكرەی قەرداری رابردوو و چەمكی هەنووكەیی ئاوێتەی یەكتر دەكات، واتە زەمەنی گێڕانەوە و زەمەنی گوتار تێكەڵ بە یەك دەبێت و ناشیرینی رابردوو و ناشیرینی هەنووكە بە یەك دەگەنەوە!
دواجار زەمەنی گێڕانەوە بە بێ رەگەزی شوێن بوونی نییە و رەنگدانەوەی نابینرێت، كەچی هەمیشە زەمەنی گوتار دەكەوێتە دەرەوەی زەمەنەوە! كەواتە زەمەنی گێڕانەوە، زەمەنی رووداوەكانی گێڕانەوەیە و لە پەیوەندی بە كەسێتیەكانەوە خۆی هەڵدەگرێتەوە، بەو مانایەش مادەی گێڕانەوە لە شێوەدا پێش گوتار دەكەوێت، بەڵام زەمەنی گوتار زەمەنی گێڕانەوەیە، كە دەكەوێتە پاش گەڕانەوەی دانەر و لەگەڵ بۆچوونی گوتاری جیاواز و لە رێگای موفارەقەی زەمەنییەوە بە پێی پاش و پێش خستنی زنجیرەی رووداوەكان رێك دەخرێت، واتە زەمەنی گوتار زەمەنی گێڕانەوەیە، دوای ئەوەی لە دووتوێی گوتاردا مەرونە دەكرێت، یان دەچەسپێنرێ. دواجاریش زەمەن و شوێن بە هەردووكیان فەزای رۆمان پێكدەهێنن.

(3)
هەڵبەتە نوسین بە پلەی یەكەم زمانییە، دەقی رۆمان خۆی لە نێوان گێڕانەوە و وەسف و دیالۆگدا دەبینێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ناشێ تەنها بەو شێوە سادەیە سەیری زمان بكەین، كە هەر فیكرەیە و لە رێگای وشەوە بە ئەویدیكە دەگات، چونكە دەشێ بەبێ وشەش بڕوا بە هەندێ شت بهێنین بۆ نموونە برسێتی یان هەستكردن…
لێرەدا وەڵامی پرسیاری زمان چۆن بە واقیعەوە پەیوەست دەبێت، ئەوە نییە كە لە رێگای نواندنەوە بە ئەنجام دەگات، بەڵكو ئەوەیە كە زمان بە هۆی داهێنانەوە بە واقیعەوە دەلكێ، ئەو پەیوەستبوونەش عەقڵی داهێنەرانە بەسەر دەنگ و ئاماژەدا دەیسەپێنێ! هەر لە سەر ئەو بنەمایەش كۆدی تێگەیشتنی مانای داهێنەرانە، ئەوەیە كە فیكری داهێنەرانەی گێڕەڕەوە بۆ وشە و ئاماژە و رەمزی داهێنەرانەدا بگۆڕێت.

لە رۆمانی بازنەی بار كەوتووان سەرەڕای هەڵەی زمانەوانی و دەستەواژەی دووبارە و مانای دووبارەكراوە و هەڵەی رێنوس و خاڵبەندی. كاراكتەری سەرەكی نیازی خۆی لە زمانێكی (سوار)دا دەسەپێنێ، لەپاڵ ئەوەشدا ئەو نیازە تەقلیدییەش دەخاتە روو، كە لە وشەكان و رستەكانی نێو زمانی بەجێماو ” رابردوو”دا هەیە. بەمجۆرەش كردەیەكی نیازئامێز لە رێگای وشەی دووبارەكراو و دەستەواژەی نەریتگەرا و پەراوێزئامێزدا بە ریتمێكی سوار دادەڕژێ و كۆی ئەو تێگەیشتنە سوارەش بە پڕبوونی مێژوو بەند دەكات، سەرەڕای هەموو ئەوانەش ئەوەی خوێنەر بەو رۆمانەوە دەبەستێتەوە، تەنها ریتمی سوار نییە، بەڵكو لەلایەك جۆرێكە لە زمانی تەنزئامێز، كە سەركەوتووانە كاری پێكراوە، لەلایەكی دیكەش تەعبیركردنێكی ناشیرینانەیە لە خودی ناشیرینی.

دواجار ئەو رۆمانە مەرجی تێربوونی (قەردی رابردوو) وەك گوتارێكی نیازخوازانە بە واقیعی هەنووكەیی دەفرۆشێتەوە! لێرەدا دەكەوینە نێوان دوو مەرجی تێربوونی زمان. یەكەم مەرجی تێربوونی قەردی رابردوو، دووەم مەرجی تێربوونی چەمكی هەنووكەیی. بەڵام دەقی داهێنەرانە ئەوەیە كە مەرجی تێربوونی داهێنان بەسەر مەرجەكانی تێربووندا بسەپێنێت.




بونیادی ده‌لالی و شیمانه‌یی دال له‌ (شیعری نوێی كوردی) دا … عه‌بدولموته‌لیب عه‌بدوڵڵا

پێشه‌كی:

به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌سته‌واژه‌ی بونیادی ده‌لالی (به‌ كۆی بیروڕا جیاوازه‌كانه‌وه‌) به‌رهه‌مهێنانی ده‌لاله‌تی -حه‌قیقی و شیمانه‌یی- ده‌گرێته‌وه‌، جا چ په‌یوه‌ندی به‌ سروشتی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌، یان به‌ سروشتی تاكی رۆشنبیر و كه‌سه‌كانه‌وه‌ هه‌بێت… هه‌ڵبه‌ته‌ لێره‌دا له‌ رووی ئه‌ده‌بییه‌وه‌ قسه‌ له‌ به‌رهه‌مێنانه‌وه‌ی ده‌لاله‌ت ده‌كه‌م، به‌ڵام له‌ بیرمان نه‌چێ‌ فیكری مرۆیی لێكدانه‌بڕاوه‌، بۆیه‌ ده‌شێ‌ به‌شێك له‌و قسه‌كردنه‌، قسه‌كردنیش بێت له‌ رووی بیركارییه‌وه‌، ده‌مه‌وێ‌ بڵێم شیكردنه‌وه‌ی (حه‌قیقه‌ت) وه‌ك زاراوه‌ له‌ رووی بیركارییه‌وه‌ به‌ ته‌واوی ئه‌و راستییه‌ ده‌گوترێت، كه‌ وردبینیكراوه‌ و حه‌قیقه‌ته‌ مه‌عریفییه‌كان ده‌گه‌یه‌نێت. له‌ بیركارییدا دالی حه‌قیقی هه‌موو رێگایه‌ك بۆ كۆمه‌ڵه‌ی به‌شه‌كان و كۆمه‌ڵه‌ی ژماره‌ راستییه‌كان خۆش ده‌كات… به‌ڵام (شیمانه‌یی) له‌ رووی بیركارییه‌وه‌ هه‌موو ئه‌و ژمارانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ ده‌كه‌ونه‌ نێوان (سفر و یه‌ك)ه‌وه‌، تیۆری شیمانه‌یی ئه‌وه‌ نییه‌، كه‌ خۆی بسه‌پێنێ‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌یه‌، كه‌ هه‌ڵبژاردن ده‌خاته‌ پێشه‌وه‌… یه‌كه‌میان جه‌خت له‌ یه‌قین و دیار (Certain) ده‌كات… دووه‌میان پشت به‌ رێكه‌وت و نادیار (Chance) ده‌به‌ستێت.

له‌ فه‌لسه‌فه‌دا چه‌مكی (راڤه‌كردن) و (حه‌قیقه‌ت) ده‌چنه‌ نێو یه‌كتره‌وه‌، له‌ زمانی گریكیدا حه‌قیقه‌ت “ئه‌لیسیا- alethia” وشه‌یه‌كه‌ به‌ مانا حه‌رفییه‌كه‌ی واتای “په‌رده‌ لادان” دێت، به‌ڵام راڤه‌كردن واته‌ رێگادان به‌ حه‌قیقه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی بدوێت، یان له‌ رێگای په‌رده‌پۆشین و په‌رده‌نه‌پۆشین به‌ كرده‌ی كه‌شفكردن رابێته‌وه‌.
هه‌موو ئه‌وانه‌ی قسه‌یان له‌ ده‌سته‌واژه‌ی بونیادی ده‌لالی كردووه‌، رێكخستنی مانا و كه‌شفكردنی مانایان خستۆته‌ پێشه‌وه‌، وه‌ك چۆن رووه‌ جیاوازه‌كانی ماناشیان به‌ هه‌ند هه‌ڵگرتووه‌! به‌ڵام نابێ‌ له‌ بیرمان بچێت، هه‌موو قسه‌كردنێك له‌ ده‌سته‌واژه‌ی بونیادی ده‌لالی، ده‌چێته‌ سه‌ر قسه‌كردن له‌ ته‌ئویلی ده‌لالی ((ته‌ئویلی ده‌لالی كرده‌یه‌كه‌ رێگا به‌ خوێنه‌ر ده‌دا هێلی ده‌لالی ده‌ق بخاته‌ روو)) به‌ڵام مانا چییه‌؟ مانا ئه‌و (په‌یوه‌ندییه‌) دوو سه‌ره‌یه‌، كه‌ له‌ نێوان وێنه‌ی هۆشه‌كی و وشه‌دا دروست ده‌بێت. به‌ڵام ره‌نگه‌ پرسیار ئه‌وه‌ بێ‌ ئایا سنور و جۆری ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ چه‌نده‌ و چییه‌ و چۆنه‌، ئایا له‌ هه‌موو رووه‌كانی دڵنیاین، ده‌لاله‌تی زانستی و راستی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ چه‌نده‌، ئایا ده‌شێ‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ گشتگیر بكرێت، ئایا ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ له‌ هه‌موو زمانه‌كان وه‌ك یه‌كه‌، ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ به‌ درێژایی مێژوو قسه‌ی لێده‌كرێت، یان به‌پێی گه‌شه‌كردنی زمان ده‌گۆڕێ‌….؟

به‌ دیوه‌كه‌ی دیكه‌ به‌رهه‌مهێنانی بونیادی ده‌لالی جۆرێكه‌ له‌ (دانان) و (به‌یادهێنانه‌وه‌) و (رێكخستن)! كه‌واته‌ بۆ تێگه‌یشتن له‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ پێویسته‌ بۆ دیدی (سوسێر) و ئاستی گوزارشتكردن و ئاستی ناوه‌ڕۆك و مانای به‌رهه‌مهاتوو بگه‌ڕێینه‌وه‌، ئه‌و دیده‌ سوسێرییه‌ش په‌یوه‌ندی به‌ هاوسه‌نگی نێوان گوزارشتكردن و ناوه‌ڕۆك و به‌رهه‌مهێنانی ده‌لاله‌ت و جمگه‌كانی به‌ یه‌كه‌وه‌به‌ستنه‌وه‌ی ده‌لاله‌ته‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌، وه‌ك چۆن له‌ لایه‌كی دیكه‌ش په‌یوه‌ندی به‌ جیاوازییه‌كانی ئاستی گوزارشتكردن و مانای وشه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ستراوه‌كان و چۆنێتی به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ستنه‌وه‌وه‌ ده‌كات. هه‌موو ئه‌وانه‌ش له‌ رووی سیمیاییه‌وه‌ ئه‌وه‌ ئاشكرا ده‌كه‌ن، كه‌ دانان و به‌یادهێنانه‌وه‌ و رێكخستن په‌یوه‌ندی به‌ ئاستی (گوزارشتكردن) و (ناوه‌ڕۆك) و (كه‌شفكردنی مانا)وه‌ ده‌كات.

مه‌رج نییه‌ بیركردنه‌وه‌ی نوێ‌ وه‌ك پێویست پرسیاری نوێ‌ دابهێنێ‌، به‌ڵام ده‌شێ‌ به‌ رێبازی نوێ‌، پرسیاره‌ كۆنه‌كان لێكبده‌ینه‌وه‌، لێره‌دا پرسی مانا وه‌ك پرسێكی كۆن هه‌ر ته‌نها به‌ وشه‌وه‌ گرێ‌ نه‌دراوه‌، هه‌ر ته‌نها به‌ قسه‌كه‌ره‌وه‌ به‌ند نییه‌، هه‌ر ته‌نها به‌ مانای ئاماده‌وه‌ به‌ند نییه‌، هه‌ر ته‌نها به‌ گوێگره‌وه‌ نالكێ‌، دروست بوونی په‌یوه‌ندی مانای ئاماده‌ هه‌ر ته‌نها به‌ ئاستی گوزارشتكردن و ئاستی زمانی گوزارشتكردنه‌وه‌ نالكێ‌… به‌ دیوێكی دیكه‌دا پرسی مانا پرسی هاوژیانی و كه‌شفكردنی ده‌لاله‌ته‌؟!

له‌ نێوان وشه‌ و ده‌لاله‌ته‌كانی وشه‌دا په‌یوه‌ندییه‌كی سروشتی بوونی نییه‌، وشه‌ و رسته‌ ره‌مزن! چ مانای ئاماده‌، چ مانای خه‌یاڵكراو و شیمانه‌یی شتێك له‌ ده‌ره‌وه‌ی خۆیان دیاری ده‌كه‌ن، ده‌لاله‌ت له‌ شتێك ده‌كه‌ن: بۆ نموونه‌ (دوكه‌ڵ) ده‌لاله‌ت له‌ ئاگر ده‌كات… (دڵی پێكراو به‌ تیر) ده‌لاله‌ت له‌ ئه‌ڤین ده‌كات و زێتریش… وه‌ك ده‌بینین ده‌لاله‌ت كارێكه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێوان دال و مه‌دلول، ده‌لاله‌ت بایه‌خ به‌ دراسه‌كردنی نیشانه‌كان و شته‌كان و هه‌بوونه‌كان ده‌دات، بایه‌خ به‌ كۆی ئه‌و شتانه‌ ده‌دات، كه‌ له‌گه‌ڵیاندا ژیاوه‌، بایه‌خ به‌ كۆی ئه‌و شتانه‌ ده‌دات، كه‌ له‌گه‌ڵیاندا ده‌ژی، بایه‌خ به‌ كۆی ئه‌و شتانه‌ ده‌دات، كه‌ ئه‌ویدیكه‌ی جیاواز ده‌یبینێ‌؟! ره‌نگه‌ وشه‌ شتێك بگه‌یه‌نێت، له‌ ژێر سێبه‌ری په‌یوه‌ندییه‌كانی ئێمه‌، كه‌ ئێمه‌ بیری لێده‌كه‌ینه‌وه‌، ره‌نگه‌ وشه‌ شتێك بڵێ‌، نه‌كه‌وێته‌ ژێر سێبه‌ری په‌یوه‌ندییه‌كانی وه‌رگره‌وه‌، ئه‌وه‌ی دوای ئێمه‌ بیری لێده‌كه‌نه‌وه‌، یان بیری لێناكه‌ینه‌وه‌، ده‌مه‌وێ‌ بڵێم مانای ئاماده‌ ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌یه‌ كه‌ له‌ نێوان من و ئه‌و و له‌ نێوان شته‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌و مانایه‌ش بونیادی ده‌لالی (دنیای حه‌قیقی مانا) دنیای چه‌سپاو… نیشان ده‌دات، له‌ پشت هه‌موو ئه‌وانه‌ش رۆشنبیرییه‌ك ئاماده‌یه‌، كه‌ به‌ره‌و پرنسیب و یاسا و رێساكان هه‌نگاو ده‌نێت! به‌ڵام شیمانه‌یی دال (هاوژیانی مانا) وێنا ده‌كات، دنیای جولاو… له‌ پشت هه‌موو ئه‌وانه‌ش رۆشنبیرییه‌ك ئاماده‌یه‌، كه‌ به‌ره‌و ده‌ق و ده‌قی كراوه‌ ده‌بێته‌وه‌، كه‌ به‌ره‌و ئه‌ویدیكه‌ی جیاواز ده‌بێته‌وه‌! دنیای حه‌قیقی مانا له‌ سه‌ر رێكخستنی مانای ئاماده‌ وه‌ستاوه‌، شیمانه‌یی دال و ده‌قی كراوه‌ له‌ سه‌ر خه‌یاڵی كه‌شفكردن، به‌ڵام رووه‌ جیاوازه‌كانی مانای ئاماده‌ وه‌ستاو و مانای كه‌شفكراو په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆی به‌ ئه‌ویدیكه‌ی خوێنه‌ره‌وه‌ هه‌یه‌….
ئیشكالیه‌تی مانا
له‌ نێوان رێكخستنی مانای ئاماده‌ و خه‌یاڵی كه‌شفكردندا

(سوكرات) پێناسه‌ی بیركردنه‌وه‌ ده‌كات، به‌ڵام (ئه‌فلاتوون) بیركردنه‌وه‌ له‌ واقیعی هه‌ستپێكراو جیا ده‌كاته‌وه‌. ئه‌و قسه‌یه‌ پێمانده‌ڵێت فیكری مرۆیی له‌ ئه‌فلاتوونه‌وه‌ ئیشكالیه‌تی مانای بۆ به‌جێماوه‌… ئه‌فلاتوون، سوكرات، سۆفستاییه‌كان پێیانوابوو په‌یوه‌ندی نێوان گوتن و ماناكانی گوتن په‌یوه‌ندییه‌كی خودی و سروشتییه‌! واته‌ گوتن راسته‌وخۆ له‌ مێشكدا تێگه‌یشتنی تایبه‌تی خۆی ده‌خاته‌وه‌… به‌ڵام ئه‌رستۆ بیركردنه‌وه‌ی ئه‌فلاتوون ره‌تده‌كاته‌وه‌ و پێیوایه‌ په‌یوه‌ندی نێوان گوتن و ماناكانی گوتن پیشه‌یی و تێرمئامێزه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا له‌سه‌ر ماناكانی رێككه‌وتوون، وه‌ك چۆن سوكرات ده‌ڵێ‌ راسته‌ هه‌ندێ‌ گوتن په‌یوه‌ندیه‌كی سروشتی به‌ ماناوه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام هه‌ندێكیان وا نیین، به‌ڵكو خه‌ڵكانێك مانای تایبه‌تی پێده‌به‌خشن و ئه‌و مانا تایبه‌تییانه‌ ده‌چه‌سپێن و دووباره‌ ده‌بنه‌وه‌… له‌ كۆی ئه‌و قسه‌كردنانه‌وه‌ ده‌توانم بڵێم مانا فیكره‌یه‌كه‌ یان چییه‌تییه‌كه‌ یان پرنسیبی تێگه‌یشتنێكه‌، كه‌ وه‌ك یه‌ك له‌ واقیع یان فیكرێكه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت. بیریاری ئه‌ڵمانی (شلیرماخه‌ر) هه‌ڵوێستێكی كلاسیكیانه‌ی به‌رانبه‌ر هیرمینۆتیكا هه‌یه‌، پێیوایه‌ ده‌ق له‌ ناوه‌ندێكی زمانه‌وانی پێكهاتووه‌ و فیكری دانه‌ر بۆ خوێنه‌ر ده‌گوازێته‌وه‌، له‌ رووی زمانه‌وه‌ ده‌لاله‌ت له‌ ته‌واوی زمان ده‌كات، له‌ رووی سایكۆلۆجییه‌وه‌ ده‌لاله‌ت له‌ فیكری خودی داهێنه‌ر ده‌كات! په‌یوه‌ندی ئه‌و دووانه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی جه‌ده‌لییه‌. وه‌ك دیاره‌ هه‌وڵده‌دات قسه‌ له‌ دوو روو بكات، یه‌كه‌میان بابه‌تی، كه‌ سه‌ر به‌ زمانه‌ و تێگه‌یشتنی هاوبه‌ش ده‌سازێنێ‌، دووه‌میان خودی، كه‌ تایبه‌تمه‌ندی دانه‌ر ده‌خاته‌ روو. به‌ڵام تێڕوانینی نوێ‌ بۆ ده‌ق ئه‌و شێوه‌ بیركردنه‌وه‌ كلاسیكییه‌ تێده‌په‌ڕێنێ‌ و بونیادگه‌راكانیش ده‌خاته‌ لاوه‌ و پێیوایه‌ ماناكانی ده‌ق نه‌ په‌یوه‌ندی به‌ دانه‌ره‌وه‌ هه‌یه‌ و نه‌ به‌ خوێنه‌ره‌وه‌، به‌ڵكو له‌ نێوان دانه‌ر و خوێنه‌ردا ده‌جولێته‌وه‌، له‌ نێوان دانه‌ر و خوێنه‌ردا زمان په‌یوه‌ندییه‌كان رێكده‌خات، وه‌ك ئه‌وه‌ی پرۆژه‌یه‌ك بێ‌ بۆ ژیان له‌ خوێندنه‌وه‌دا بێته‌ به‌رهه‌م و له‌ خوێنه‌ردا خۆی واڵا بكات.

(فریگه‌ و هۆسرل و راسل ) له‌ سه‌ر هه‌مان بیركردنه‌وه‌ی ئه‌فلاتوون، یان به‌لای كه‌می له‌ وێناكردنی بوونی بابه‌تخوازیانه‌ نزیك بوونه‌وه‌ و پێیانوابوو مانا بابه‌تخوازی و ئایدیالییه‌، مانا هه‌یه‌ و په‌یوه‌ندی به‌ ناوه‌ڕۆكی عه‌قڵییه‌وه‌ نییه‌! واته‌ په‌یوه‌ندی به‌ لێكدانه‌وه‌ و راڤه‌كردن و به‌جێهێنانه‌وه‌ نییه‌، وه‌ك چۆن په‌یوه‌ندی به‌ نیشانه‌ زمانه‌وانییه‌كانه‌وه‌ نییه‌. بۆ نموونه‌ (نیازخوازی) هۆسرل په‌یوه‌ندی به‌ بابه‌تگه‌رایی ماناوه‌ هه‌یه‌ نه‌ك عه‌قڵ، هۆسرل هه‌رگیز قبوڵی فیكره‌ی (فره‌ مانایی) نه‌كردووه‌… به‌ كورتی هه‌موو ئه‌وانه‌ پێمانده‌ڵێن مانا هه‌یه‌ و ئاماده‌یه‌ و په‌یوه‌ندی به‌ رێكخستنه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌ رێگای ئه‌و تێگه‌یشتنه‌وه‌ هۆسرل ده‌ڵێ‌: هه‌موو ئاگامه‌ندییه‌ك ده‌رككردنی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه‌…
سیستمی زمانه‌وانی سیستمێكی داخراوه‌! زمان هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌كه‌وێته‌ ناوه‌وه‌ی خۆیه‌وه‌، وه‌ك بونیادگه‌راكان نازیان به‌و تێزه‌وه‌ ده‌كرد، بێگومان هه‌موو ئه‌وانه‌ مانای ئاماده‌ و رێكخستنی مانای ئاماده‌ ئاسان نیشان ده‌ده‌ن، من له‌ به‌ر حه‌قیقه‌تی ئه‌و داخرانه‌ نییه‌، دنیای رێكخستن وه‌ك دنیایه‌كی داخراو ده‌بینم، راسته‌ هه‌موو رێكخستنێك گرنگیه‌كی زۆری به‌ نسبه‌ت ریتم و ناوكۆیی و تێگه‌یشتنه‌وه‌ هه‌یه‌. من له‌ به‌ر ئه‌وه‌ نییه‌، دنیای رێكخستن وه‌ك دنیایه‌كی داخراو ده‌بینم، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زمان ده‌ژی و گه‌شه‌ ده‌كات و به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ده‌چێت و به‌رده‌وام له‌ ناوكۆیی و خه‌یاڵی رێكخستنی نوێ‌ خۆی ده‌بینێته‌وه‌…

بڕوایه‌ك هه‌یه‌، پێیوایه‌ (تێگه‌یشتن) و (مانا) هه‌ردووكیان عه‌قڵ به‌رهه‌میان ده‌هێنێ‌. هه‌ردووكیان وێنه‌ی عه‌قڵیین، به‌ڵام له‌ نێوانیاندا ده‌لاله‌ت ده‌گۆڕێ‌، یان ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر لایه‌نی به‌رپرس… قسه‌یه‌ك هه‌یه‌، مانا به‌ گوتراوه‌وه‌ ده‌لكێنێ‌ و تێگه‌یشتن له‌ عه‌قڵه‌وه‌ به‌رهه‌م ده‌هێنێ‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ به‌و مانایه‌ نییه‌، كه‌ تێگه‌یشتن له‌ مانا دابڕاوه‌، ئه‌وه‌ به‌و مانایه‌ نییه‌، كه‌ بڕوامان به‌ یه‌ك جۆر له‌ تێگه‌یشتن هه‌بێت، به‌ هیچ جۆرێك به‌و مانایه‌ نییه‌، كه‌ مانا له‌ عه‌قڵ دووره‌. ئه‌گه‌ر قسه‌ له‌ مانای وشه‌یه‌ك یان رسته‌یه‌ك یان ده‌قێك بكه‌ین، ئه‌وه‌ هه‌ر ده‌بێ‌ له‌ چوارچێوه‌ی مه‌دلولی په‌یوه‌ست به‌ داله‌وه‌ بخولێینه‌وه‌، كه‌واته‌ وه‌ك (پۆل ریكۆر) ده‌ڵێ‌، مانا په‌یوه‌ندییه‌كی ناوه‌كی له‌ نێو ده‌قدا دروست ده‌كات. به‌ڵام (نیشانه‌) و (مانا) دوو به‌شی به‌یه‌كه‌وه‌ په‌یوه‌ست نین، وه‌ك دال و مه‌دلول، به‌ڵكو سه‌ر به‌ دوو كایه‌ی تیۆری جیاوازن، به‌ پرنسیبی جیاواز هه‌ڵده‌سن و وه‌سفی جیاوازییان هه‌یه‌، دیاره‌ تێگه‌یشتنی وه‌ستاو زمان زێتر وه‌ك رێسا و یاسا ته‌ماشا ده‌كات، نه‌ك وه‌ك بوونێكی زیندوو، وه‌ك جوله‌ و كرده‌… به‌ گشتی كۆی قسه‌كان له‌ باره‌ی رێسا و یاسای زمان و مانای چه‌سپاوه‌وه‌ پێمانده‌ڵێت مانا (به‌ مێژوو) ئابڵوقه‌ دراوه‌، به‌ڵام ده‌بێ‌ بزانین مانا به‌رده‌وام نوێ‌ ده‌بێته‌وه‌، داهێنان ئابڵوقه‌ نادرێت، داهێنان زه‌مه‌نه‌كان تێكده‌شكێنێ‌!

به‌های وشه‌ له‌ رێگای په‌یوه‌ندی وشه‌كه‌ به‌ كۆمه‌ڵێ‌ وشه‌ی دیكه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت … مانا ناكه‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی شته‌كانه‌وه‌، داهێنان ناكه‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی شته‌كانه‌وه‌! ته‌ئویلگه‌ره‌كان ده‌ڵێن هیچ مانایه‌ك له‌ ده‌ره‌وه‌ی ته‌ئویله‌وه‌ بوونی نییه‌، چ له‌ رێگای ناوكۆییه‌كی زانستییه‌وه‌ بێ‌، یان كه‌سییه‌وه‌، واته‌ مانا یان له‌ رێی ته‌ئویلی ناوكۆییه‌وه‌یه‌، یان بیروڕای فه‌ردی و خودییه‌وه‌ هه‌یه‌. به‌ڵام داهێنان گه‌ڕانه‌وه‌ نییه‌ بۆ مه‌به‌ستی شاراوه‌ی دانه‌ر، گه‌ڕانه‌وه‌ نییه‌ بۆ بونیادی ده‌لالی و دنیای مانای حه‌قیقی میسالی، به‌ڵكو به‌ دواداچوونی بزاڤه‌ له‌بننه‌هاتووه‌كانی مانایه‌ و گه‌ڕانه‌ به‌ دوای ژیان و خوێنه‌ر و مانای جیاواز… ته‌ئویلكردن واته‌ به‌خشكردنی ئامرازی نوێ‌ له‌ نێوان مرۆڤ و دنیا، خوێنه‌ر و ده‌ق، ئه‌و ئامرازه‌ نوێیه‌ی كه‌ گوتار ده‌یخاته‌ روو…. مانا خۆی له‌ نێوان كۆمه‌ڵێك سیفه‌تدا ده‌بینێته‌وه‌، وه‌ك مانای شاراوه‌، ناوه‌كی، دیار، نادیار، حه‌رفی، ده‌روونی… بۆیه‌ مه‌سه‌له‌ی پێناسه‌كردن زۆرتر و زۆرتر ده‌بێت.

لێره‌دا پرسیار من ئه‌وه‌یه‌، ده‌شێ‌ له‌ كۆی ئه‌و ئیشكالیه‌تانه‌وه‌ مانا له‌ پێناسه‌یه‌كی جێگیردا ئابڵوقه‌ بده‌ین؟ ئایا ئه‌وه‌نده‌ به‌سه‌ مامه‌ڵه‌یه‌كی كلتوری، مێژوویی، حدسی، زمانه‌وانی، سایكۆلۆجی… له‌گه‌ڵ مانادا بكه‌ین، یان بیر له‌وه‌ بكه‌ینه‌وه‌، كه‌ زمان ده‌ژی و نوێ‌ ده‌بێته‌وه‌… راسته‌ هه‌تا ئێستا زانستی زمانه‌وانی له‌ رووی سیمیۆلۆجیا و ته‌ئویله‌وه‌ ئه‌ركی زۆری كێشاوه‌، به‌ڵام هیچ قسه‌یه‌كی بۆ راسته‌كردنه‌وه‌ی ئیشكالییه‌ته‌كانی مانا و به‌رجه‌سته‌كردنی داهێنان نه‌كردووه‌؟

ستراتیژی دانه‌ر/ شاعیر
له‌ نێوان رێكخستن و كه‌شفكردندا

لێره‌دا دوو تێگه‌یشتن بۆ مانا لای (دانه‌ر/ شاعیر) ده‌خه‌مه‌ به‌ر چاو: تێگه‌یشتنی یه‌كه‌م، په‌یوه‌ندی به‌ ئاستی زمانی- فه‌رهه‌نگی (مُعجمی‏- lexicon) -واته‌ مانای چه‌سپاو (ئاماده‌) و رێكخستنه‌وه‌ هه‌یه‌ و مێژووی مانامان پێده‌ناسێنێ‌، هه‌ڵبه‌ته‌ به‌ گشتی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئاستی زمانی فه‌رهه‌نگی له‌وێوه‌ به‌ره‌و گوتار ده‌بێته‌وه‌، كه‌ پێیوایه‌ مانای ئاماده‌ جگه‌ له‌ یارییه‌كی پاشكۆئامێزی ناوه‌كی شتێكی دیكه‌ نییه‌، یه‌كه‌ی فه‌رهه‌نگی به‌ درێژایی مێژوو مانای جۆراوجۆر له‌خۆ كۆ ده‌كاته‌وه‌، هه‌ر زه‌مه‌نه‌ی ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر حه‌قیقه‌تی مانایه‌ك، وه‌ك چۆن به‌ درێژایی مێژوو ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر جیاوازی ماناكانیشه‌وه‌. لێره‌وه‌ جیاوازی رێكخستنی مانا و رێكخستنی جیاوازی زۆرترین مانای ئاماده‌ ده‌سته‌به‌ر ده‌كات، جیاوازی رێكخستن و رێكخستنی جیاوازی مانای ئاماده‌ (دانه‌ر/ شاعیر)ی جیاواز ده‌دۆزێته‌وه‌، وه‌ك چۆن (خوێنه‌ر/وه‌رگر)ی جیاواز به‌دوای جیاوازی رێكخستن و رێكخستنی جیاوازی مانای ئاماده‌دا ده‌گه‌ڕێت، واته‌ وه‌ك چۆن له‌ هه‌ر قۆناغێكدا (دانه‌ر/ شاعیر)ی جیاواز به‌دوای رێكخستن و رێكخستنی جیاوازی بوونیاندا ده‌گه‌ڕێن، تا به‌هایه‌ك بۆ (بوونی رێكخراو)ی خۆیان به‌جێ‌ بهێنن. یان ئاماده‌یی رێكخراو به‌جێ‌ بهێنن، به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌ هه‌ر قۆناغێكدا (خوێنه‌ر/وه‌رگر)ی جیاوازیش… به‌و مانایه‌ مانای ئاماده‌ی رێكخراو، (خوێنه‌ر/وه‌رگر- دانه‌ر/ شاعیر)ی رێكخراومان بۆ كه‌شف ده‌كات، (خوێنه‌ر/وه‌رگر- دانه‌ر/ شاعیر)ی رێكخراو رێگا به‌ مانای ئاماده‌ی رێكخراو ده‌دات، بۆ ئه‌وه‌ی بدوێت.

به‌ڵام تێگه‌یشتنی دووه‌م، بۆ مانا به‌ گشتی له‌ شیكردنه‌وه‌ی كه‌شفكردن و ده‌لاله‌تی مانای خه‌یاڵكراوه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی نزیكترین و نوێترین یه‌كه‌ی گوتار پێكبهێنێت، كه‌شفكردن و مانای خه‌یاڵكراو بۆ قۆناغ و سه‌رچاوه‌ی یاسا و رێسای رێكخستنی مانا ناگه‌ڕێته‌وه‌، به‌ڵكو هه‌میشه‌ رووه‌ جیاوازه‌كانی مانا واڵا ده‌كات، رووی جیاوازی مانا زۆرترین سه‌ربه‌خۆیی هه‌یه‌، ئه‌وه‌ سه‌ربه‌خۆیی مانای خه‌یاڵكراوه‌ (دانه‌ر/ شاعیر)ی سه‌ربه‌خۆ ده‌دۆزێته‌وه‌، به‌ دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش (خوێنه‌ر/وه‌رگر)ی سه‌ربه‌خۆ هه‌میشه‌ به‌دوای رووه‌ جیاوازه‌كانی مانای كه‌شفكراودا ده‌گه‌ڕێت، رووه‌ جیاوازه‌كانی مانا، كه‌شفكردنی مانایه‌، كه‌واته‌ دانه‌ر/ شاعیری سه‌ربه‌خۆ به‌دوای مانای كه‌شفكراوی بوونیدا ده‌گه‌ڕێت، تا به‌هایه‌ك بۆ (بوونی گریمانه‌كراو)ی به‌جێ‌ بهێنێت. یان ئاماده‌یی گریمانه‌كراو به‌جێ‌ بهێنێت، به‌ هه‌مان شێوه‌ (خوێنه‌ر/وه‌رگر)ی جیاوازیش… ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی كه‌شفكردنی مانا ره‌فتاری ته‌ئویلی له‌ نێو ده‌قدا رێكده‌خات. به‌و مانایه‌ش ده‌ق كۆمه‌ڵێك (دال)ه‌ و ده‌بێ‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی قۆناغ و سه‌رچاوه‌ی یاسا و رێسای رێكخستنی ماناوه‌ له‌لایه‌ن خوێنه‌ر/وه‌رگر كه‌شف بكرێت، (دانه‌ر/ شاعیر)ی سه‌ربه‌خۆ له‌ حاڵه‌تی نوسیندا به‌ هه‌مان پرۆسه‌دا تێده‌په‌ڕێت… ئه‌و كاته‌ش ده‌ق بوونی هه‌یه‌، كه‌ ده‌خوێنرێته‌وه‌ و خوێنه‌ر به‌ شه‌هوه‌تی خوێندنه‌وه‌ و نوسه‌ر به‌ شه‌هوه‌تی نوسین ده‌گات! هیچ ده‌قێك بێ‌ بوونی خوێنه‌ر بوونی نییه‌، به‌و مانایه‌ش ده‌لاله‌ت له‌سه‌ر زنجیره‌یه‌كی بێ‌ كۆتایی له‌ رێكخستنی دال و له‌ خه‌یاڵكردنی شه‌هوه‌تدا ده‌ژیت. له‌ كۆی ئه‌و قسانه‌دا هه‌وڵده‌ده‌م ئه‌و دوو تێگه‌یشتنه‌ له‌ سێ‌ جۆر خوێندنه‌وه‌ بۆ (مانا) كورت بكه‌مه‌وه‌: خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م په‌یوه‌ندی به‌ زمانی فه‌رهه‌نگی و مانای چه‌سپاو و ئاماده‌وه‌ هه‌یه‌. خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م په‌یوه‌ندی به‌ شیمانه‌یی مانای نوسه‌ره‌وه‌ هه‌یه‌. خوێندنه‌وه‌ی سێیه‌م ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر خوێنه‌ری جیاوازه‌وه‌.

ئه‌گه‌ر ده‌ق فه‌زایه‌ك بێ‌ بۆ ئاوێته‌بوون، ئه‌گه‌ر ده‌ق تانۆپۆی نێوان تێگه‌یشتنی فه‌رهه‌نگی و تێگه‌یشتنی شیمانیی و خوێنه‌ر بێت، ئه‌وه‌ له‌ ئاسۆی خوێندنه‌وه‌ی (ریكۆر)دا خوێندنه‌وه‌ و ته‌ئویله‌كان له‌ دنیای مانای داخراوی ئایدیالیدا گیر ناخۆن، به‌ڵكو به‌ سه‌ر ژیانێكی واڵا و نوێدا ده‌كرێنه‌وه‌! ئه‌و قسه‌یه‌ی كه‌ من له‌ رێگای ریكۆره‌وه‌ رێكمخستووه‌ له‌وێوه‌ دێت، كه‌ ریكۆر پێیوایه‌ زمان ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌وانه‌شه‌ كه‌ پێش ده‌ق و دوای ده‌ق ده‌كه‌ون! كه‌واته‌ زمان هه‌ر ته‌نها ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بوون نییه‌، به‌ڵكو په‌یوه‌ندییه‌كی گشتگیره‌ و په‌یوه‌ندی خه‌یاڵكردنی من و ئه‌ویدیكه‌یه‌ به‌ هه‌موو دنیا، زمان یارییه‌كه‌ هه‌مووان تێیدا هاوبه‌شین، جگه‌ له‌ زمان شتێكی دیكه‌ بۆ گوزارشتكردن له‌ خۆماندا نادۆزینه‌وه‌، جگه‌ له‌ زمان شتێكی دیكه‌ بۆ هه‌ناسه‌دان نادۆزینه‌وه‌، جگه‌ له‌ زمان شتێكی دیكه‌ بۆ په‌یوه‌ندی و هاوژیانی نادۆزینه‌وه‌، بۆیه‌ كرده‌ی ته‌ئویلكردن له‌ رێگای زمانه‌وه‌ دووباره‌ ئه‌فراندن ده‌گه‌یه‌نێت. هه‌ر له‌ رێگای دووباره‌ ئه‌فراندنه‌وه‌ درك به‌ ئه‌زموونه‌كانی ژیان و خوێنه‌ره‌ جیاوازه‌كان ده‌كه‌ین.

شیعری كوردی

ماناكانی (رێكخستن) و ده‌لاله‌ته‌كانی (كه‌شفكردن) و (خوێنه‌ری جیاواز)
له‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌دا هه‌وڵده‌ده‌م قسه‌ له‌ شێوه‌ی رێكخستنی (مانای ئاماده‌ و چه‌سپاو) و شێوه‌ی كه‌شفكردنی (مانای نائاماده‌ و خه‌یاڵی نوسه‌ر) و (مانای ئاماده‌ و نائاماده‌ و خوێنه‌ری جیاواز) له‌ شیعری نوێی كوردی و دوای راپه‌ڕینی 1991ی كوردستانی باشور و به‌شێك له‌و شیعره‌ی كوردستانی رۆژهه‌ڵات، كه‌ ده‌كه‌ونه‌ به‌ر (شه‌پۆلی حجم) و (شه‌پۆلی زمان) بكه‌م…
پرسیاری سه‌ره‌كی ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ ئه‌وه‌یه‌، ئایا شیعر ته‌نها رێكخستنی مانای چه‌سپاو و ئاماده‌یه‌ له‌ دووتوێی یاسا و رێساكانی زماندا، به‌ دیوه‌كه‌ی دیكه‌ ئایا شیعر ره‌تكردنه‌وه‌ی یاسا و رێساكانی زمان و شێواندنی مانای ئاماده‌یه‌، مانای ئاماده‌ و نائاماده‌ و خوێنه‌ری جیاواز ده‌كه‌وێته‌ كوێی شیعری كوردییه‌وه‌، به‌ دیوه‌كه‌ی دیكه‌ ئایا شاعیری كوردی به‌شێك له‌ كێشه‌كانی ژیانی كوردی له‌ شیعره‌كانیدا هه‌ڵگرتووه‌، ئایا شیعری كوردی له‌ پێشبینی و خه‌یاڵی تاكی كوردی و خه‌یاڵی ئه‌ویدیكه‌ی جیاواز ده‌دوێ‌؟
قسه‌كردن له‌ چه‌مكی (رێكخستن) له‌ رووی زمانه‌وه‌ چه‌سپان و دڵنیایی ده‌گه‌یه‌نێت، به‌ دیوێكی دیكه‌ ده‌شێ‌ چه‌مكی رێكخستن به‌و مانایه‌ بێت، كه‌ هه‌ر یه‌ك له‌ ئێمه‌ به‌ عه‌قڵ و ئاگامه‌ندییه‌وه‌ به‌ دوای رێسا و یاساكانی زمانه‌وه‌ بین، هه‌ر یه‌ك له‌ ئێمه‌ له‌ سه‌ر مێژوو و شێوه‌ی تایبه‌تی (خۆی) قسان ده‌كات…

ئه‌گه‌ر چه‌مكی رێكخستن قسه‌كردن بێ‌ له‌ سه‌ر شتی تایبه‌تی و شێوه‌ی تایبه‌تی ئه‌و شیعره‌ی كه‌ دوایی هاتووه‌! ئه‌وه‌ چه‌مكی خه‌یاڵ و كه‌شفكردن له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و پرۆسانه‌ دژ ده‌كه‌وێته‌وه‌، كه‌ تێیدا مانای چه‌سپاو ئاماده‌ خۆی به‌سه‌ر شیمانه‌یی ئێستا و ئێستای زیندوودا ده‌سه‌پێنێت، وه‌ك چۆن دژ به‌ هه‌موو ئه‌و قسه‌كردنانه‌شه‌، كه‌ پێشتر سه‌ره‌تا و كۆتاییان زانراوه‌، كه‌واته‌ به‌شێك له‌ خه‌یاڵ و كه‌شفكردن له‌ سه‌ره‌تا و كۆتایی نه‌زانراوه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت! وه‌ك چۆن به‌شێكی دیكه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ رووه‌ جیاوازه‌كانی مانا و رووه‌ جیاوازه‌كانی رێكخستن و خوێنه‌ری جیاوازه‌وه‌ هه‌یه‌… هه‌ر چۆنێ‌ بێت هه‌میشه‌ كار و (ده‌قی ئه‌ده‌بی) ته‌جاوزی ده‌ست بۆ بردنه‌ تیۆرییه‌كان ده‌كات، به‌ڵام ئایا تیۆره‌ ئه‌ده‌بییه‌كان ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ ده‌رك ده‌كه‌ن؟ هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌و پرسیاره‌ وه‌رامی ناوه‌كی خۆی هه‌یه‌، كه‌ په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆی به‌ داهێنانه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا رێبازه‌ ئه‌ده‌بییه‌كان به‌رهه‌مهێنه‌رن و پانتاییه‌كی مه‌عریفی به‌رفره‌وانیان هه‌یه‌ و مامه‌ڵه‌ی تایبه‌تی له‌گه‌ڵ كار و ده‌قی ئه‌ده‌بی و خوێنه‌ری جیاوازدا ده‌كه‌ن…
به‌ گشتی زمان وه‌ك بابه‌تی حه‌قیقی و كرده‌یی هه‌مووان به‌یه‌كه‌وه‌ كۆ ده‌كاته‌وه‌، له‌ كۆی ئه‌و هاوگونجانه‌دا ده‌توانم ئاماژه‌ به‌ (سێ‌ هێل) له‌ شاعیرانی شیعری نوێی كوردی باشور و دوای راپه‌ڕین و به‌شێك له‌ شیعری كوردستانی رۆژهه‌ڵات بده‌م، به‌ڵام به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی ئه‌و پۆلینكردنه‌ جگه‌ له‌ گریمانه‌كردن شتێكی دیكه‌ بێت، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی پشت به‌ تیۆرێكی دیاریكراوی ئه‌ده‌بی ببه‌ستێت، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی چه‌مكی (داهێنان) وه‌ك بنه‌مای قسه‌كانم بۆ به‌راوردكردنی ئه‌و پۆلینكردن و به‌دواداچوونه‌ به‌ كار بهێنم؟!

هێلی یه‌كه‌م

به‌ گشتی (هێلی یه‌كه‌م) كۆی ئه‌و شاعیرانه‌ ده‌گرێته‌وه‌، كه‌ بڕوایان به‌ ده‌ست بۆ بردنی مانای ئاماده‌ هه‌یه‌، له‌ میانی مانا نوێیه‌كان و له‌ ده‌ره‌وه‌ی مانای رووت و ره‌هادا! وه‌ك چۆن هه‌وڵده‌ده‌ن له‌ رێكخستنی ماناوه‌ هاوسه‌نگی نێوان (ئاستی گوزارشتكردن و ریتمی رسته‌) له‌ لایه‌ك و (ریتمی وشه‌ و مانای چه‌سپاو) له‌ لایه‌كی دیكه‌ بپارێزن، یان زمان شێوه‌ی ئاسۆیی بپارێزن، واته‌ هاوسه‌نگی نێوان خود و گوتراو له‌ توێی زمان و مێژووی مانادا بپارێزن، بۆ ئه‌وه‌ی جوانی شیعر و جوانی ئاماده‌ به‌ یه‌كه‌وه‌ بگونجێنن! هه‌موو ئه‌وانه‌ پارێزگاری له‌ ره‌سه‌نایه‌تی و یاسا و رێساكانی زمان و جوانی ئاماده‌ ده‌كه‌ن، هه‌موو ئه‌وانه‌ پێیانوایه‌ به‌ پله‌ی یه‌كه‌م شیعری جوان په‌یوه‌ندی به‌ ئاكاری جوان و وشه‌ی جوان و گوتراوی جوان و خه‌یاڵی جوان و مانای ره‌وان و ریتمی ره‌وانه‌وه‌ هه‌یه‌… هه‌موو ئه‌وانه‌ ده‌كه‌ونه‌ نێوان مشتومڕی گوتن و ماناوه‌! بۆ ئه‌وه‌ی له‌ رێگای خوده‌وه‌ به‌ گوتراو بگه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ رێگای عه‌قڵه‌وه‌ به‌ مانا بگه‌ن، واته‌ له‌ رێگای مێژووی گوتراوه‌وه‌ به‌ مانای ئاماده‌ بگه‌ن، له‌ رێگای كۆی مانا و گوتراوه‌وه‌ به‌ جوانی و خه‌یاڵی شیعری بگه‌ن، له‌ رێگای تێگه‌یشتنه‌وه‌ به‌ ده‌لاله‌ته‌ نوێیه‌كانی مانا بگه‌ن، به‌ دیوه‌كه‌ی دیكه‌ لای هه‌موو ئه‌وانه‌ حه‌قیقه‌تی مانا هه‌میشه‌ له‌ ئاماده‌یی ئێستای مانادایه‌، به‌و مانایه‌ش رۆشنایی مانا له‌ رۆشنایی ئێستای مانا دانه‌بڕاوه‌، له‌وێشه‌وه‌ رێگا بۆ حه‌قیقه‌تی ئاماده‌ خۆش ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی بدوێ‌…
وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت هێزی خۆیان له‌ مانای ئاماده‌ و رێكخستنی خوددا ده‌بیننه‌وه‌، پرسیار له‌وه‌ ناكه‌ن عه‌قڵ، گوتراو بونیاد ده‌نێت، یان گوتراو، عه‌قڵ دروست ده‌كات؟! پرسیار له‌ تێگه‌یشتن و مانا ناكه‌ن، پرسیار له‌ جیاوازی و دنیابینی جیاواز ناكه‌ن، پرسیار ناكه‌ن وشه‌ی شیعریی چۆن دروست ده‌بێت، جیاوازی له‌ نێوان ره‌وانی و راهاتن و شیمانه‌یی چییه‌؟!

هێلی دووه‌م

(هێلی دووه‌م) زۆربه‌یان له‌سه‌ر بڕوابوون به‌ نائاگامه‌ندی (نه‌ست) و پێشخستنی ناوكۆیی و فه‌رامۆشكردنی خود له‌ یه‌كه‌وه‌ نزیكن، به‌ڵام نه‌ك به‌و مانایه‌ كه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ نائاگامه‌ندی و نه‌ست گه‌ڕانه‌وه‌ بێ‌ بۆ (فرۆید) به‌ڵكو به‌و مانایه‌ كه‌ نائاگامه‌ندی و نه‌ست پێش زمان ده‌كه‌وێت، وه‌ك چۆن لای (لاكان) جێگای گفتوگۆیه‌… له‌وێوه‌ شاعیرانی هێلی دووه‌م هه‌وڵی كه‌شفكردنی مانا و هه‌وڵی (دامه‌زراندنی په‌یوه‌ندییه‌كی نوێ‌ له‌ نێوان وشه‌ و وشه‌، وشه‌ و مرۆڤ، وشه‌ و دنیا) ده‌ده‌ن، ئاسۆیه‌كی دیكه‌ی چاوه‌ڕوانی بۆ خوێنه‌ران واڵا ده‌كه‌ن، شێوه‌ی ستوونی به‌ زمان ده‌به‌خشن، ئه‌وه‌ش جێكه‌وته‌ی وشه‌ و په‌یوه‌ندییه‌كانی و ئاسۆیه‌كی دیكه‌ی چاوه‌ڕوانی ده‌خاته‌ نێو گه‌شه‌كردنی وشه‌ و گه‌شه‌كردنی ناوكۆییه‌وه‌، وه‌ك چۆن به‌شێكی زۆر له‌ شاعیرانی هێلی دووه‌م خۆیان به‌ (كۆتایی نه‌زانراو) ده‌سپێرن، خۆیان به‌ (دنیابینی جیاوازی مرۆیی)ه‌وه‌ ده‌سپێرن، به‌ پله‌ی یه‌كه‌م میكانیزمی خه‌یاڵ به‌ بزوێنه‌ری شیعری داده‌نێن، له‌ رێگای یاخی بوونی مه‌عریفییه‌وه‌ هه‌وڵی به‌رجه‌سته‌كردنی شیمانه‌یی شیعری و كه‌شفكردنی جوانی و په‌یوه‌ندییه‌ كراوه‌كانی ژیان ده‌ده‌ن، هیچ سنورێك بۆ مانا و جوانی و چێژ قبوڵ ناكه‌ن، هه‌موو سنوردانانێك بۆ توانای له‌ بننه‌هاتووی مرۆڤ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌، هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان بۆ جیاوازی مانا ده‌ڕه‌خسێنن، هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان بۆ ته‌ماشاكردنی دنیا به‌ كراوه‌یی جێده‌هێڵن، به‌ دیوه‌كه‌ی دیكه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ رێگا بۆ شیمانه‌یی خۆش ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی خۆی دابمه‌زرێنێ‌…
وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت هێزی خۆیان له‌ نائاگامه‌ندی و پێشخستنی ناوكۆیی و فه‌رامۆشكردنی خوددا هه‌ڵده‌گرنه‌وه‌، به‌ڵام پرسیار له‌ باره‌ی بنه‌ما جیاوازه‌كانی مه‌عریفه‌ و ئاستی كلتور و پێشكه‌وتنه‌كانی ئه‌ویدیكه‌ی مرۆڤایه‌تی… وه‌ڵام ناده‌نه‌وه‌، قسه‌كردنی جیاوازی ئه‌ویدیكه‌ له‌ باره‌ی عه‌قڵ و تێگه‌یشتن و درككردن فه‌رامۆش ده‌كه‌ن!

هێلی سێیه‌م

(هێلی سێیه‌م) ته‌واو پێچه‌وانه‌ی هێلی یه‌كه‌م بیر ده‌كه‌نه‌وه‌، (هه‌موو ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ك بۆ مێژووی مانا و رێكخستنی خود ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌)، (هه‌موو یاسا و رێساكانی زمان و ره‌سه‌نایه‌تی ره‌شده‌كه‌نه‌وه‌) به‌و مانایه‌ش ته‌واوی رابردووی مرۆڤایه‌تی به‌ ئاوڕدانه‌وه‌ بۆ میتافیزیكا داده‌نێن! هه‌موو بایه‌خی نائاگامه‌ندی و نه‌ست له‌ لایه‌ك و پێشخستنی ناوكۆیی له‌ لایه‌كی دیكه‌ به‌ خه‌می خۆیان نازانن، (هه‌موو سه‌رچاوه‌كانی فیكر و مه‌عریفه‌ وه‌لا ده‌نێن) بۆ ئه‌وه‌ی له‌ رێگای نیشانه‌ی هه‌ڕه‌مه‌كییه‌وه‌، تێكدانی په‌یوه‌ندی نێوان وشه‌كان مانای باو تێكبشكێنن و بگه‌نه‌ كورتبڕی، شیمانه‌یی سه‌ربه‌خۆ فه‌راهه‌م بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ رێگای په‌یوه‌ندی رێكنه‌خراوه‌وه‌ گوزارشتكردنێكی یاخی و ئاسۆیه‌كی دیكه‌ی چاوه‌ڕوانی گه‌شه‌ پێبده‌ن، وه‌ك ریزۆم له‌ نێو زماندا بیر له‌ زمان ده‌كه‌نه‌وه‌، له‌ رێگای خه‌یاڵ و وڕێنه‌وه‌ به‌ جوانی له‌ناكاو و له‌ رێگای شیمانه‌یی نكۆڵكه‌ره‌وه‌ به‌ مانای نائاماده‌ و ئه‌ویدیكه‌ی خوێنه‌ر ده‌گه‌ن، به‌ گشتی هه‌مووان به‌ پله‌ی یه‌كه‌م رێگا بۆ شیمانه‌یی خۆش ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك شیمانه‌یی بدوێت…
واته‌ هێزی خۆیان له‌ تێكشكاندنی مانا و كورتبڕی و به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی نیشانه‌ و شیمانه‌یی سه‌ربه‌خۆدا ده‌بیننه‌وه‌، لای ئه‌وان شیعر ده‌نگه‌، به‌ڵام ئه‌سڵ و ده‌ق له‌ ناوچووه‌! بیر له‌وه‌ ناكه‌نه‌وه‌ نه‌گونجان و بێ‌ مانایی هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی مرۆیی ناخولقێنێ‌، ئه‌گه‌رچی هه‌ڵگری جۆرێك له‌ یاخی بوونیش بێت، مه‌رج نییه‌ هه‌میشه‌ یاخی بوون جوانی كه‌شف بكات، ئه‌گه‌رچی یاخی بوون بێت به‌ رووی باودا، بیر له‌وه‌ ناكه‌نه‌وه‌ كۆی فیكری مرۆڤایه‌تی راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به‌یه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌، بیر له‌ به‌های په‌یوه‌ندی و خۆشه‌ویستی و هاڕمۆنی و سۆزی مرۆییانه‌ ناكه‌نه‌وه‌، چاره‌نووسی بێ‌ یاده‌وه‌ریین.

هێلی یه‌كه‌م
له‌ نێوان (گوتن / مانا)دا

وشه‌ یان هه‌ر یه‌كه‌یه‌كی زمانه‌وانی له‌ دوو بنه‌ما پێكهاتووه‌ و له‌ یه‌ك جیا نابنه‌وه‌، ئه‌ویش گوتن و مانایه‌! مانا و گوتراویش له‌ مشتومڕی جیاوازی خۆیان ناكه‌ون. گوتن رووه‌ مه‌تریاله‌كه‌ی مانایه‌، ماناش رووه‌ هه‌ستییه‌كه‌ی گوتن پێكده‌هێنێ‌.
مشتومڕی نێوان گوتن و مانا، مانا و گوتن په‌یوه‌ندی به‌ هه‌ڵنانی به‌های هونه‌ری ده‌ربڕینه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌شێكی گه‌وره‌ی به‌های هونه‌ری ده‌ربڕینیش تێگه‌یشتن ده‌ینه‌خشێنێ‌؟! چه‌مكی تێگه‌یشتن هه‌میشه‌ پشت به‌ فاكته‌ حه‌قیقییه‌ مرۆییه‌كان ده‌به‌ستێت. به‌های تێگه‌یشتن له‌ شێوازی ده‌ربڕینی ده‌لاله‌تخوازانه‌وه‌ نزیكمان ده‌كاته‌وه‌!
له‌ باره‌ی ئه‌و مشتومڕه‌وه‌ هه‌ندێك پێیانوایه‌ پێشخستنی گوتن به‌سه‌ر مانادا جوانی و پوختی و پته‌وی لێده‌كه‌وێته‌وه‌، به‌های ئه‌ده‌بی به‌رزتر نیشان ده‌دات، شێوازی هونه‌ری جوانتر ده‌سته‌به‌ر ده‌كات، هه‌میشه‌ داڕشتنی ئه‌ده‌بی و حه‌قیقه‌تی ده‌ربڕین به‌ پوختی و پته‌وی و گوتنی جوانه‌وه‌ په‌یوه‌ست ده‌كه‌ن، هه‌ر له‌وێشه‌وه‌ به‌ مانا ده‌گه‌ن، هه‌ر له‌وێشه‌وه‌ به‌ مانای جوان و پته‌و و روون و حه‌قیقی ده‌گه‌ن، هه‌ر له‌وێشه‌وه‌ به‌ ریتمی جوانی ده‌ربڕین ده‌گه‌ن، هه‌موو ئه‌وانه‌ش پشت به‌ كۆمه‌ڵێك پاڵنه‌ر ده‌به‌ستن، پاڵنه‌ری ده‌روونی، سیاسی، نه‌ته‌وه‌یی…
هه‌ندێكی دیكه‌ له‌ ره‌خنه‌گران له‌ مشتومڕی نێوان گوتن و مانا، پێیانوایه‌ جوانی گوتن و جوانی مانا له‌ به‌یه‌كه‌وه‌ بوونیاندایه‌، پێكه‌وه‌ ئاسته‌ به‌رزه‌كانی ره‌وانبێژی ده‌نوسنه‌وه‌ و ته‌رازووییه‌ك بۆ به‌های هونه‌ری ده‌سازێنن، پێیانوایه‌ شیعر له‌ رێگای ئه‌و به‌یه‌كه‌وه‌بوونه‌یان باڵا ده‌كات و له‌ لێكترازانیشیان نزمی ده‌نوێنێ‌، گوتنی جوان، جوانی مانای لێده‌كه‌وێته‌وه‌، وه‌ك چۆن گوتنی ناشیرین مانای دزێو به‌رهه‌م ده‌هێنێ‌! ره‌وانی مانا ریتمی ره‌وانی لێده‌كه‌وێته‌وه‌ و ناڕه‌وانی ته‌مومژ…

ئه‌و پێكه‌وه‌ بوونه‌ ئه‌گه‌رچی له‌ یه‌كێتی و ئاوێته‌بوونی گوتن و مانا نزیكه‌، به‌ڵام جیاوازی خۆیان هه‌یه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ یه‌كێتی گوتن و مانادا، گوتن جه‌سته‌یه‌ و مانا رۆح، جه‌سته‌ و رۆح لێكجیابوونه‌وه‌یان مه‌حاڵه‌… لایه‌نگرانی یه‌كێتی و ئاوێته‌بوونی گوتن و مانا، پێیانوایه‌ هه‌موو گوتنێكی جوان، مانای جوانی له‌خۆدا هه‌ڵگرتووه‌، گوتنی پته‌و، راستی مانا ده‌نوێنێ‌… هه‌ڵبه‌ته‌ پێچه‌وانه‌ش راسته‌! ده‌توانم بڵێم هه‌موو ئه‌و قسانه‌ی له‌ باره‌ی یه‌كێتی گوتن و ماناوه‌ ده‌كرێت، به‌های یه‌كبوونی شێوه‌ و ناوه‌ڕۆكمان بیر ده‌خاته‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی گوتن فۆڕم بێ‌ و مانا فیكر…
به‌شێكی دیكه‌ له‌ ره‌خنه‌گران له‌ مشتومڕی نێوان گوتن و مانا، به‌رگری له‌ چه‌سپاندنی په‌یوه‌ندی نێوان گوتن و مانا ده‌كه‌ن و پێیانوایه‌ نهێنی په‌یوه‌ندییه‌كانیان بۆ رابردوو ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، هه‌رگیز په‌یوه‌ندی به‌ وڕووژانی یه‌كێك به‌ سه‌ر ئه‌ویدیكه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو رێسا و یاسای زمانه‌وانی به‌ڕێوه‌ی ده‌بات و ده‌كه‌وێته‌ نێوان پرنسیب و رێبازی تایبه‌ت به‌ زانستی زمان و دانان و رێكخستنه‌وه‌وه‌… دواجار هه‌میشه‌ پرۆسه‌ی رێكخستن په‌یوه‌ندی نێوان گوتن و مانا ده‌گه‌یه‌نێت…

به‌مجۆره‌ ده‌توانم بڵێم هه‌ندێك له‌و شاعیرانه‌ی شیعری نوێی كوردی (كه‌ من ناویان به‌ هێلی یه‌كه‌م ده‌به‌م) هه‌وڵده‌ده‌ن له‌ رێكخستندا په‌یوه‌ندی نوێ‌ و به‌رفره‌وان له‌ نێوان مانا و مانا، جوانی و مانا، ریتم و ناوكۆیی دروست بكه‌ن، زۆربه‌یان دوای وشه‌ی شیعریی و رسته‌ی شیعریی و ریتمی ناوكۆیی ده‌كه‌ون! هه‌ندێكیان لادانی مانا به‌ وڕوژانی هه‌ستییه‌وه‌ ده‌به‌ستنه‌وه‌، به‌ڵام به‌ گشتی له‌ پێناو مانه‌وه‌ له‌ سه‌ر رێكخستنی (مانا/ جوانی)ی چه‌سپاو و ئاماده‌، له‌ سه‌ر (شیعری دنیایی) كار ده‌كه‌ن. بۆ نموونه‌ ده‌توانم وێڕای كۆمه‌ڵێك جیاوازی و وێڕای مشتومڕی نێوان گوتن و مانا، ده‌شێ‌ بۆ دیاریكردنی (هێلی یه‌كه‌م) چوار نموونه‌تان پێبناسێنم:

نموونه‌ی یه‌كه‌م

نموونه‌ی یه‌كه‌م له‌ شاعیران، ئه‌وانه‌ن كه‌ (جوانی گوتن و ریتمی ناوكۆیی به‌یه‌كه‌وه‌ كۆ ده‌كه‌نه‌وه‌) جوانی گوتن و ریتمی ناوكۆیی به‌ هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی و ده‌روونی و سیاسی موتوربه‌ ده‌كه‌ن، په‌رده‌ له‌سه‌ر گوتنی حه‌قیقه‌تێكی دیاریكراو هه‌ڵده‌ده‌نه‌وه‌، له‌وانه‌: شێركۆ بێكه‌س، له‌تیف هه‌ڵمه‌ت، ره‌فیق سابیر، جه‌لال مه‌له‌كشا، ژیله‌ حوسێنی…

نموونه‌ی دووه‌م

به‌ڵام نموونه‌ی دووه‌م، له‌ (هێلی یه‌كه‌م)دا له‌ نێوان تێگه‌یشتن و مانادا، شیعرگه‌رایی له‌ خودگه‌رایی و ناوه‌ڕۆكگه‌راییدا ده‌بیننه‌وه‌، بۆ چه‌سپاندنی بیرۆكه‌ی تێگه‌یشتن له‌سه‌ر خودی تێگه‌یشتن، بۆ (چه‌سپاندنی په‌یوه‌ندی نێوان گوتن و مانا) بۆ گواستنه‌وه‌ له‌ حیكایه‌تێكه‌وه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ریتمی حیكایه‌تێكی دیكه‌، به‌ مانایه‌كی دیكه‌ رێگاكانی گوتراو تاقی ده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ده‌روونی خۆیان بگه‌ن، یان هه‌موو ئه‌و تێگه‌یشتنانه‌ له‌ فه‌زایه‌كی شیعری دووباره‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، فه‌زایه‌ك كه‌ له‌گه‌ڵ هۆشیاری شیعری و ریتمی شیعری دێته‌وه‌، فه‌زایه‌ك كه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێوان پرنسیب و زمانی شیعری و دانان و رێكخستنه‌وه‌وه‌… نموونه‌ی دووه‌م له‌ چه‌سپاندنی په‌یوه‌ندی نێوان گوتن و مانا، وێڕای جیاوازییان: كه‌ریم ده‌شتی، جه‌مال غه‌مبار، نه‌زه‌ند به‌گیخانی، چۆمان هه‌ردی، رۆژ هه‌ڵه‌بجه‌یی، فه‌ره‌یدوونی ئه‌رشه‌دی…

نموونه‌ی سێیه‌م

نموونه‌ی سێیه‌می (هێلی یه‌كه‌م)ی شاعیران، ئه‌وانه‌ن كه‌ هێزی گوزارشتكردن و هه‌ستی لیریكی و وڕووژانی سۆز به‌ كه‌ره‌سه‌ی باڵایی جوانی و ره‌وانی و ناسكی داده‌نێن، هه‌وڵده‌ده‌ن ریتمێكی ده‌روونی و مرۆڤدۆستی له‌ بیركردنه‌وه‌ و بیركردنه‌وه‌ی خوێنه‌ردا بچێنن، هه‌وڵده‌ده‌ن فه‌زای چێژ و ژیاندۆستی فره‌وانتر نیشان بده‌ن، هه‌وڵده‌ده‌ن ده‌رگای خه‌یاڵێكی نزیك له‌ سیحر بۆ مرۆڤایه‌تی واڵا بكه‌ن، شاعیرانی (یه‌كێتی گوتن و مانای گوتن) شاعیرانی نموونه‌ی سێیه‌م، جوانی گوتن و جوانی مانا ئاوێته‌ی ریتمی بیركردنه‌وه‌ ده‌كه‌ن، حه‌قیقه‌تی گوتن تێكه‌ڵ حه‌قیقه‌تی نه‌گوتن ده‌كه‌ن… له‌ نموونه‌ی ئه‌و شاعیرانه‌: دلشاد عه‌بدوڵڵا، جه‌لال به‌رزنجی، به‌ختیار عه‌لی، دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی، ئیسماعیل به‌رزنجی، هیوا قادر…

نموونه‌ی چواره‌م

نموونه‌ی چواره‌م، له‌ (هێلی یه‌كه‌م)، شاعیرانی چێژی (گوتن به‌سه‌ر مانادا)، جه‌سته‌ به‌ سه‌ر ناوه‌ڕۆكدا زاڵ ده‌كه‌ن، له‌ رێگای چێژی گوتنه‌وه‌ خۆیان له‌ مانا ده‌خشێنن، ئه‌و شاعیرانه‌ی جه‌سته‌گه‌رایی و چێژی ئیرۆتیكی و ئاگامه‌ندی سۆزداری پێشده‌خه‌ن، به‌ڵام مه‌به‌ستم ئه‌وانه‌ نییه‌، كه‌ ئیرۆتیكا و وڕووژانی سێكسی تێكه‌ڵ به‌ یه‌ك ده‌كه‌ن؟! به‌ڵكو مه‌به‌ستم ئه‌وانه‌یه‌، كه‌ دنیا له‌ دوو دیدی جیاوازی نێر و مێدا ته‌ماشا ده‌كه‌ن، به‌ڵام خۆیان له‌ به‌ بازاڕكردنی هه‌ست و بێنرخكردنی جه‌سته‌ و حه‌زی رووت ده‌پارێزن، هه‌میشه‌ حه‌قیقه‌تی چه‌پێنراو پێش حه‌قیقه‌تی گوتراو ده‌خه‌ن، هه‌میشه‌ چێژی گوتنی نه‌گوتراو پێش ده‌خه‌ن و پێیانوایه‌ ئه‌وه‌ چێژی گوتنی نه‌گوتراوه‌ چێژی مانای لێده‌كه‌وێته‌وه‌، هه‌میشه‌ جوانی جه‌سته‌ و ریتمی جه‌سته‌ له‌ مانای كرچ و كاڵ ده‌پارێن، هه‌میشه‌ پێیانوایه‌ ئه‌وه‌ گوتنی جوانه‌، شێوازی هونه‌ری جوانتر ده‌سته‌به‌ر ده‌كات، ئه‌وه‌ گوتنی جوانه‌، ریتمی جوان و چێژ ده‌نه‌خشێنێ‌… نموونه‌ی شاعیرانی گوتن به‌سه‌ر مانادا، قوبادی جه‌لی زاده‌، كه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د، دڵسۆز حه‌مه‌، ژوان ئاواره‌…

شاعیرانی جوانی گوتن و ریتمی ناوكۆیی

ده‌توانم بڵێم نموونه‌ی یه‌كه‌م، ئه‌و شاعیرانه‌ی (جوانی گوتن و ریتمی ناوكۆیی به‌یه‌كه‌وه‌ كۆ ده‌كه‌نه‌وه‌)، ئه‌و شاعیرانه‌ی جوانی گوتن و هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی و سیاسی كۆیان ده‌كاته‌وه‌ و گوتن و ریتمی تێگه‌یشتن به‌یه‌كه‌وه‌ كۆ ده‌كه‌نه‌وه‌! هه‌میشه‌ هێزی شیعری له‌ گوتن و په‌یامی شیعریدا هه‌ڵده‌گرنه‌وه‌، له‌ رێگای جوانگوتنه‌وه‌ له‌ مێژووی مانا نزیك ده‌بنه‌وه‌، پارێزگاری له‌ جوانی گوتن و مانای ئاماده‌ ده‌كه‌ن، به‌های ئه‌ده‌بی له‌ گوتنی جوان و ریتمی مانادا ده‌بیننه‌وه‌…
ده‌توانم بڵێم دالی حه‌قیقی لای (له‌تیف هه‌ڵمه‌ت) تێكه‌ڵكردنی هه‌ستی تاكگه‌رایی و هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تییه‌! به‌ڵام هێزی شیعری لای (عه‌بدوڵڵا په‌شێو) له‌ ره‌وانی ریتمی گوتن و به‌رزكردنه‌وه‌ی دروشمی شیعری ره‌خنه‌كاریدا خۆی ده‌بینێته‌وه‌! جیاوازی نێوان (شێركۆ بێكه‌س) و (ره‌فیق سابیر) له‌ ته‌ماشاكردنی ژیان و ته‌ماشاكردنی نه‌ته‌وه‌ وه‌ك بابه‌تی سه‌ره‌كی شیعریدا خۆی ده‌بینێته‌وه‌، شێركۆ بێكه‌س كۆی مێژووی نه‌ته‌وه‌ و حیكایه‌ته‌كانی نه‌ته‌وه‌ و ژانوژواری نه‌ته‌وه‌ وه‌ك بنه‌مای شیعری به‌كار ده‌هێنێت… به‌ڵام ره‌فیق سابیر گۆشه‌یه‌ك له‌ زامه‌ قووڵه‌كانی نه‌ته‌وه‌ و خه‌مه‌ بچوكه‌كانی نه‌ته‌وه‌ وه‌ك بنه‌مای شیعر چاو لێده‌كات، له‌ گۆشه‌نیگایه‌كه‌وه‌ حیكایه‌ته‌كانی تاكی كوردی ده‌گێڕێته‌وه‌… جیاوازی نێوان (مه‌له‌كشا) و (ژیلا حوسێنی) جیاوازی په‌یامگه‌رایی و سۆزگه‌راییه‌، جیاوازی نێوان ماناگه‌ری و ئاوازگه‌راییه‌، جیاوازی نێوان شۆڕشگه‌رایی و ده‌روونگه‌راییه‌… به‌ گشتی هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و هێله‌ رێچكه‌یان گرتووه‌، كه‌ (مێژووی وشه‌ به‌ پته‌وی مانا)وه‌ ده‌لكێنن، گوتن و ریتم موتوربه‌ی رووداوی مێژوویی، ده‌روونی، كۆمه‌ڵایه‌تی، نه‌ته‌وه‌یی، سیاسی ده‌كه‌ن، بیر له‌ به‌دوایه‌كداهاتن و كۆتاییه‌كانی داله‌ گشتییه‌كان ده‌كه‌نه‌وه‌… به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌تیف هه‌ڵمه‌ت له‌و هێله‌ جیا ده‌كاته‌وه‌ هێزی تاكگه‌راییه‌… ئه‌وه‌ی عه‌بدوڵڵا په‌شێو له‌و هێله‌ جیا ده‌كاته‌وه‌ شیعرییه‌تی دروشمگه‌راییه‌….
(ره‌فیق سابیر) له‌ لاوكی هه‌ڵه‌بجه‌دا ده‌ڵێت:
با كه‌ژاوه‌ی له‌ گوڵ بێت
یان له‌ په‌لكه‌ زێڕینه‌
زه‌ماوه‌ندی خوێن ده‌گرێت
ئه‌مشه‌و پاشای ئه‌ڤینه‌.

شاعیرانی جێگیركردنی په‌یوه‌ندی نێوان گوتن و مانا

نموونه‌ی دووه‌م، ئه‌و شاعیرانه‌ هه‌میشه‌ بیر له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ وشه‌یه‌ك به‌رجه‌سته‌ بكه‌ن، گوتنێك بخه‌نه‌وه‌، كه‌ ته‌واو ته‌عبیر له‌ ناخی ئه‌وان بكات، شاعیرانی (چه‌سپاندنی په‌یوه‌ندی نێوان گوتن و مانا) گوزارشتكردنی وشه‌ و خود، ریتم و تێگه‌یشتن… پێیانوایه‌ هه‌موو گوتنێكی خودگه‌رایی جگه‌ له‌وه‌ی هه‌ڵگری حه‌قیقه‌ته‌، هه‌ڵگری به‌های چه‌سپاندنی په‌یوه‌ندی نێوان گوتن و مانا، ریتم و تێگه‌یشتنه‌، ئه‌وه‌ هێزی سه‌پاوی خودگه‌راییه‌، هۆشیاری و پته‌وی مانا و ساغڵه‌می مانای له‌خۆدا هه‌ڵگرتووه‌، جوانی بیركردنه‌وه‌ ته‌عبیر له‌گوتنی جوان ده‌كات… به‌ڵام جیاوازی (حه‌مه‌ عومه‌ر عوسمان) جگه‌ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ناخ، له‌ هێزی لیریكییه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت! هه‌وێنی شیعری حه‌مه‌ عومه‌ر عوسمان خه‌مه‌ تایبه‌تییه‌كانه‌، بێ‌ ئه‌وه‌ی تێكه‌ڵی خه‌مه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانیان بكات!
به‌و مانایه‌ش نموونه‌ی دووه‌م، ئه‌و شاعیرانه‌ن، كه‌ گوتن و مانا به‌ جێگیربوونی شیعرگه‌رایی و خودگه‌رایی و ناوه‌ڕۆكگه‌راییه‌وه‌ ده‌لكێنن، فۆڕم و ناوه‌ڕۆك به‌ یه‌ك چاو ته‌ماشا ده‌كه‌ن، دالی حه‌قیقی لای ئه‌وان به‌ هه‌موو جیاوازییه‌كانیانه‌وه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ستنه‌وه‌ی خه‌مه‌ تایبه‌ت و گشتییه‌كانه‌… بڕوانه‌: رۆژ هه‌ڵه‌بجه‌یی له‌ شیعری، تا كۆتایی هه‌ڵبێ… كوژانه‌وه‌ی ژنێك به‌ ته‌نهایی..!! ده‌ڵێت:
من خه‌ونه‌كانم شلوێ بووه‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ تا كۆتایی…
وا چاكه‌ په‌پووله‌، كه‌ ده‌روێشی نووره‌، چرا بكوژێ،
چونكه‌ ته‌ریقه‌تی چرا،
مه‌رگی په‌پووله‌یه‌ له‌ كۆتایی…
وا چاكه‌ شه‌مشه‌مه‌كوێره‌ له‌ تونێلی نوته‌كا،
تاریكی ڕاو بنێ…
چونكه‌ له‌نوونی نوته‌كا ده‌زووله‌یه‌ك مۆمی نووستوو،
مه‌رگی شه‌مشه‌مه‌یه‌ له‌ كۆتایی…!!
سلێمانی 29/9/2009
شاعیرانی یه‌كێتی گوتن و یه‌كێتی مانا
نموونه‌ی سێیه‌م، ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ شاعیره‌ی له‌ ئاگامه‌ندی ده‌روونییه‌وه‌ هه‌ستی لیریكی و سۆزی شیعری به‌ ویستی یه‌كێتی گوتن و ده‌روونه‌وه‌ گرێ‌ ده‌ده‌ن و ویستی گوتن به‌ خۆشه‌ویستی مانا و چێژه‌وه‌ ده‌لكێنن، شاعیرانی (یه‌كێتی گوتن و یه‌كێتی مانا) پێمانده‌ڵێن جه‌وهه‌ری ئاگامه‌ندی به‌ گوتنی جوان و ماناكانی خۆشه‌ویستییه‌وه‌ به‌نده‌، تایبه‌تمه‌ندی جوانی مرۆڤ له‌ ژیاندۆستییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێ‌، مرۆڤ ده‌ژی بۆ ئه‌وه‌ی هه‌نگاو به‌ره‌و یه‌كێتی گوتن و ماناوه‌ بنێت… شاعیرانی جوانی گوتن و جوانی مانا، پێیانوایه‌ ئه‌وه‌ وشه‌ی شیعرییه‌ هه‌ستی شیعری ده‌به‌خشێت، بایه‌خ به‌ وشه‌ی شیعری و مانای شیعری و ریتمی شیعری ده‌ده‌ن، به‌های هونه‌ری شیعر له‌ ئاوێته‌بوونی هه‌ستی وشه‌ و ویستی مانا و ریتمی تێگه‌شتندا هه‌ڵده‌گرنه‌وه‌، هه‌ڵبژاردنی دالی حه‌قیقی لای ئه‌وان له‌ سۆز و جوانی و ته‌ماشاكردنی خه‌مه‌ كه‌سییه‌كانی ژیاندایه‌… بونیادی شیعری (به‌ختیار عه‌لی) و (دلشاد عه‌بدوڵڵا) له‌ هێزی گوزارشتكردن و قووڵی دنیابینیدا ده‌رده‌كه‌وێت… به‌ڵام ده‌توانم بڵێم (جه‌لال به‌رزنجی) و (هیوا قادر) هه‌ر یه‌ك به‌ ره‌نگ و دنیابینی و هه‌ستی شیعری و مه‌عریفه‌ی شیعری تایبه‌تی خۆیه‌وه‌، هه‌وڵی گرتنی حیكایه‌ته‌ بچوكه‌كانی ژیان ده‌ده‌ن! هێزی جه‌لال به‌رزنجی له‌ هه‌ستی شیعریدایه‌، هێزی هیوا قادر له‌ هه‌ڵبژاردنی گۆشه‌نیگای شیعریدا ده‌رده‌كه‌وێت… كه‌چی جیاوازی نێوان (ئیسماعیل به‌رزنجی) و (دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی) له‌ چه‌سپاندنی په‌یوه‌ندی نێوان ریتم و مانادا خۆی ده‌بینێته‌وه‌، ئیسماعیل به‌رزنجی خه‌می مانا پێش ده‌خات و له‌ پشت هه‌موو شیعرێكی بونیادێكی حیكایی ده‌نه‌خشێنێ‌! دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی له‌ خه‌می ریتمدایه‌ و شیعر له‌ سه‌ما نزیك ده‌كاته‌وه‌…

بڕوانه‌ ئیسماعیل به‌رزنجی ده‌ڵێت:

ژن و پیاوێكی چاخی به‌ردین بووین
به‌ گژ و گیا عه‌وره‌تی خۆمان داده‌پۆشی
له‌ بنیاده‌می ئه‌شكه‌وته‌كه‌ی ته‌نیشتمان ده‌ترساین
له‌ شه‌ڕێك سه‌رده‌كه‌وتین و
له‌ چواران ده‌ماندۆڕاند
حه‌سره‌تمان ده‌كرۆشت و
بێزاریمان هه‌ڵده‌مژی
له‌ ناكاو به‌كۆڵێ‌ یه‌ئسی وجودییانه‌وه‌
تێكده‌ئاڵاین
(په‌ست، وه‌ك ئێواره‌ نارنجییه‌كانی نیشتمان- كۆمه‌ڵه‌ شیعر، ئیسماعیل به‌رزنجی، ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس، 2007، ل30-31)
شاعیرانی چێژی گوتن به‌سه‌ر چێژی مانادا
هه‌ندێك له‌ شاعیرانی چێژی گوتن (زاڵكردنی گوتن به‌سه‌ر مانادا)، نموونه‌ی چواره‌م، شاعیرانی جه‌سته‌ناسی و جوتبوونی رۆحی و جه‌سته‌یی، هه‌ندێك له‌ شاعیرانی چۆنێتی ئه‌زموونكردنی ژیان و ئازادی و چێژی ژیان، شاعیرانی هه‌ڵگیرسانی گوتن و ئیرۆتیكا و گوتن و خۆشبه‌ختی، ئه‌و شاعیرانه‌ی كه‌ جوانگوتن و ئیرۆتیكا و ژیاندۆستی پێش ده‌خه‌ن… پێیانوایه‌ ئه‌وه‌ پێشخستنی جوانی گوتن و ریتمی گوتنه‌ ره‌هه‌ندێكی جوان به‌ مانا و ره‌هه‌ندێكی مه‌عریفی قووڵتر و جوانتر به‌ ژیان و ده‌لاله‌تی جیاواز ده‌دات، ئه‌وه‌ پێشخستنی باڵایی گوتنه‌ ماناكانی نێوان نێر و مێ‌، جه‌سته‌ و رۆح جوانتر نیشان ده‌دات… پێیانوایه‌ به‌های شیعرگه‌رایی به‌ پێشخستنی ئاسته‌ به‌رزه‌كانی جوانی گوتن و ئاگامه‌ندی تێگه‌یشتن و چێژی ژیانه‌وه‌ ده‌لكێ‌، به‌های مرۆڤ، به‌های ژیان له‌ به‌یه‌كگه‌یشتنی جوانی نێر و مێدا ده‌بوژێته‌وه‌، جوانی مرۆڤایه‌تی له‌ به‌هاكانی مرۆڤدا خۆی ده‌بینێته‌وه‌، چێژی ژیان له‌ هاوگونجانی جیاوازییه‌كاندایه‌، هه‌میشه‌ هه‌وڵی ته‌واو یه‌كبوونی تێگه‌یشتن و ئاگامه‌ندی، جوانی و چێژ، جه‌سته‌ و رۆح… ده‌ده‌ن! دڵسۆز حه‌مه‌ له‌ به‌شێك له‌ قه‌سیده‌ (وێنه‌كانی ژنێتی)دا ده‌ڵێت:
له‌ ماڵێكدا
ستیان له‌به‌ر ناكه‌م
به‌پێی په‌تی ده‌سوڕێمه‌وه‌
بۆیه‌ هه‌ر ده‌رگای ماڵم ترازا
دوو كه‌روێشكی سپی بچووك
له‌ پێڵاوه‌كانمه‌وه‌ راده‌كه‌ن
دوو كۆتری سپیش له‌ ملی بلوزه‌كه‌م
ده‌ده‌ن له‌ شه‌قه‌ی باڵ و
له‌ ماڵه‌كه‌مدا دێن ده‌چن.
سایتی ده‌نگه‌كان، دڵسۆز حه‌مه‌، فێبریوه‌ری ٢٠١٢.

هێلی دووه‌م
كه‌شفكردن/ دامه‌زراندن

شاعیرانی (هێلی دووه‌م) له‌ شیعری نوێی كوردی و دوای راپه‌ڕینی 1991ی كوردستانی باشور و به‌شێك له‌و شیعره‌ی كوردستانی رۆژهه‌ڵات، كه‌ ده‌كه‌ونه‌ به‌ر (شه‌پۆلی حجم) و (شه‌پۆلی زمان)… به‌ گشتی ئه‌و شاعیرانه‌ نایانه‌وێ‌ خۆیان بسه‌پێنن، هه‌وڵده‌ده‌ن شیمانه‌یی شیعری بنوێنن، له‌ نێوان كه‌شفكردن و دامه‌زراندن، هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی چێژی شیعری ده‌ده‌ن، له‌ نێوان راڤه‌كردن و به‌جێهێنان، جوانی به‌رز ده‌كه‌نه‌وه‌، له‌ نێوان رێكه‌وت و یه‌قین، هه‌وڵی بونیادنانی شیعرییه‌ت ده‌ده‌ن و رێگا بۆ بیروڕای جیاواز و خوێندنه‌وه‌ی جیاواز و مه‌عریفه‌ی جیاواز خۆش ده‌كه‌ن!
شاعیرانی هێلی دووه‌م هه‌وڵی كه‌شفكردنی مانا و هه‌وڵی دامه‌زراندنی په‌یوه‌ندییه‌كی نوێ‌ له‌ نێوان وشه‌ و وشه‌، وشه‌ و مرۆڤ، وشه‌ و دنیا، هه‌وڵی به‌ ده‌ستهێنانی ئاسۆیه‌كی دیكه‌ی چاوه‌ڕوانی ده‌ده‌ن، به‌و مانایه‌ش په‌یوه‌ندییه‌كی ناوكۆیی ده‌خه‌نه‌ نێو گه‌شه‌كردنی زمان و ئاستی شیعرییه‌تی زمان و په‌یوه‌ندییه‌ ده‌لالییه‌كانه‌وه‌، وه‌ك چۆن پرۆسه‌ی نوسینی شیعری به‌ داڕژان وكۆتایی نه‌زانراوه‌وه‌ ده‌سپێرن، بونیادی شیعری به‌ دنیابینی جیاواز و چێژی جیاواز و ریتمی جیاوازی ژیانه‌وه‌ ده‌به‌ستنه‌وه‌، هێزی خه‌یاڵ به‌ بزوێنه‌ری شیعری داده‌نێن…

هه‌ندێكیان له‌ رێگای لادانی مانای وشه‌ و گۆڕینی ئاسۆی چاوه‌ڕوانی باوی شیعری هه‌وڵی به‌رجه‌سته‌كردنی مانا و رووه‌ جیاوازه‌كانی جوانی و ئه‌گه‌ره‌كانی ده‌ق ده‌ده‌ن، نموونه‌: به‌رۆژ ئاكره‌یی، ئیبراهیم ئه‌حمه‌د نیا، هێرۆ كورده‌… هه‌ندێكیان له‌ رێگای راڤه‌كردن و روانینی مه‌عریفییه‌وه‌ چێژ به‌رهه‌م ده‌هێنن، نموونه‌: هاشم سه‌راج، ره‌زا عه‌لی پوور… به‌ڵام هه‌ندێكیان له‌ رێگای لادانی چێژه‌وه‌ هه‌وڵی وڕوژانی هه‌ست و خرۆشانی چه‌پێنراوه‌كان ده‌ده‌ن، به‌ مانایه‌كی دیكه‌ تێگه‌یشتنی چێژ وه‌ك بنه‌مای راڤه‌كردنی هه‌ست و خرۆشانی چه‌پێنراوه‌كان ده‌نوسنه‌وه‌، بۆ نموونه‌: زانا خه‌لیل، لازۆ… هه‌ندێكیان له‌ رێگای گۆڕینی ئاسۆی چاوه‌ڕوانی حیكایه‌ته‌وه‌ هه‌وڵی وڕوژانی تێگه‌یشتن و راڤه‌كردنێكی دیكه‌ بۆ تێگه‌یشتن ده‌سازێنن، بۆ نموونه‌: ئه‌حمه‌دی مه‌لا، كامبیزی كه‌ریمی… (هه‌ڵبه‌ته‌ هه‌ر هه‌موویان به‌ كۆمه‌ڵێ‌ جیاوازییه‌وه‌).

شاعیرانی (هێلی دووه‌م) كۆمه‌ڵێ‌ ئه‌گه‌ر بۆ تێگه‌یشتن و راڤه‌كردن ده‌ڕه‌خسێنن، كۆمه‌ڵێ‌ ئه‌گه‌ر بۆ چێژ به‌ كراوه‌یی ده‌هێڵنه‌وه‌، كۆمه‌ڵێ‌ ئه‌گه‌ر بۆ گۆڕینی ئاسۆی چاوه‌ڕوانی ده‌خه‌نه‌ روو… كه‌مێكیان قسه‌كردنی جیاواز له‌ باره‌ی مانا و تێگه‌یشتن، راڤه‌كردن و چێژ فه‌رامۆش ده‌كه‌ن! وه‌ك چۆن هه‌ندێكیان ئاستی گوزارشتكردن له‌ ئاڕاسته‌كردنی ئیرۆتیكادا كورت ده‌كه‌نه‌وه‌… نموونه‌ی شاعیرانی هێلی دووه‌م به‌ كۆمه‌ڵێ‌ جیاوازییه‌وه‌ پێكهاتووه‌ له‌: هاشم سه‌راج، ئه‌حمه‌دی مه‌لا، كامبیزی كه‌ریمی، ئیبراهیم ئه‌حمه‌د نیا، به‌رۆژ ئاكره‌یی، ره‌زا عه‌لی پوور، زانا خه‌لیل، لازۆ، هێرۆ كورده‌…
وه‌ك گوتمان خه‌یاڵ و كه‌شفكردن سه‌ره‌تا و كۆتایی زانراوی نییه‌، به‌ دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش خه‌یاڵ و كه‌شفكردن رووه‌ جیاوازه‌كانی مانا و رووه‌ جیاوازه‌كانی ئاسۆی چاوه‌ڕوانی ده‌كاته‌وه‌… وه‌ك چۆن په‌یوه‌ندی نێوان وشه‌ و وشه‌، وشه‌ و مرۆڤ، وشه‌ و دنیا له‌ به‌دواداچوون و گه‌ڕان و خوێندنه‌وه‌ی به‌رده‌وامی سه‌رده‌مه‌وه‌ به‌ ده‌ست دێت، مه‌عریفه‌ و خه‌یاڵ و چێژ له‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی زمان و تێگه‌یشتنی ژیانه‌وه‌ هه‌ڵده‌قوڵێ‌، به‌ڵام شیمانه‌یی شیعری، شیمانه‌ییه‌كی مه‌رجداره‌ به‌ شیعرییه‌ته‌وه‌، شیمانه‌یی شیعری نه‌ نكۆڵیكردنه‌، نه‌ جه‌ختكردن، وه‌ك چۆن خۆی له‌ شیمانه‌یی سه‌ربه‌خۆی هێلی سێیه‌میش جیا ده‌كاته‌وه‌، چونكه‌ شیمانه‌یی سه‌ربه‌خۆ مه‌رج نییه‌ به‌ره‌و شیعرییه‌ت بچێت، ده‌شێ‌ به‌ره‌و هیچ شتێ‌ نه‌بێ‌ و نه‌هلیستییه‌ت به‌رهه‌م بهێنێ‌، وه‌ك به‌ دیوه‌كه‌ی دیكه‌ ده‌شێ‌ به‌ره‌و جه‌ختكردنی شیعرییه‌ت بێته‌وه‌! هه‌ڵبه‌ته‌ ده‌ستنیشانكردنی نێوان شیمانه‌یی مه‌رجدار و شیمانه‌یی سه‌ربه‌خۆ خاڵی جیابوونه‌وه‌ی هێلی دووه‌مه‌ له‌ سێیه‌م.

زانا خه‌لیل له‌ به‌شێك له‌ شیعری (ژیان له‌ ناو كۆتاییه‌كاندا) ده‌ڵێت:

كۆتایی به‌ خۆت بهێنه‌
وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ مێژه‌ كۆتاییت پێهاتبێ‌
له‌ ناو كۆتاییه‌كان ژیانێ‌ بژی
وه‌ك ئه‌وه‌ی كۆتاییت پێ‌ نایه‌
براده‌ره‌ ئه‌سمه‌ره‌كانم ده‌ڵێن
ئاوا كۆتاییت به‌ خۆت هێناوه‌
وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ مێژه‌ دنیا كۆتایی پێهاتبێ‌
براده‌ره‌ كۆتایی پێهاتووه‌كانم ده‌ڵێن
بۆ هێنده‌ له‌ ناو كۆتاییه‌كاندا ده‌ژی
وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌رگیز كۆتاییت پێنێ‌
له‌ كۆمه‌ڵه‌ شیعری “چوونه‌ ده‌ره‌وه‌یه‌ك نه‌ماوه‌، بۆ هاتنه‌ ژووره‌وه‌” له‌ بڵاوكراوه‌كانی گروپی كلتوری و هونه‌ری هاڤی، 2012، هه‌ولێر، ل10.

هێلی سێیه‌م
یاخیبوون و جیاوازی

(هێلی سێیه‌م) له‌ رێگای شیمانه‌یی نكۆڵكه‌ر و تێكشكاندنی په‌یوه‌ندییه‌ باوه‌كان و له‌ سه‌ر بنه‌مای هاوشێوه‌یی ده‌نگی و دووباره‌كردنه‌وه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ به‌ نیشانه‌ (sign- یان ئاماژه‌‏) سه‌ربه‌خۆكانی شیعریی ده‌گه‌ن، به‌ڵام نه‌ك به‌و مانایه‌ی كه‌ شتێك بگه‌یه‌نێت، به‌ڵكو به‌و مانایه‌ی به‌ هیچ شتێك نه‌گات، نه‌ك به‌ مانای سڕبوونی فیكر و ده‌لاله‌ت، به‌ڵكو ده‌شێ‌ هه‌ر سڕبوونی ده‌لاله‌تیش نه‌بێ‌، به‌ڵكو ده‌لاله‌ت تێیدا گاڵته‌جارانه‌ و درۆزنانه‌ بكه‌وێته‌وه‌…
له‌ نێو (فۆرمالیسته‌كانی رووس- شكلۆفسكی) پێیوایه‌ زمانی شیعری زمانێكه‌ مانا ره‌تده‌كاته‌وه‌. شاعیرانی هێلی سێیه‌م له‌ رێگای وڕێنه‌وه‌، شیمانه‌یی سه‌ربه‌خۆ، بۆ ئه‌ویدیكه‌ی خوێنه‌ر فه‌راهه‌م ده‌كه‌ن، له‌ رێگای شیمانه‌ییه‌وه‌ شیمانه‌یی به‌رهه‌م ده‌هێننه‌وه‌… ئاوڕ له‌وه‌ش ده‌ده‌نه‌وه‌ كه‌ له‌ به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی شیمانه‌ییدا لۆجیكی مانای ته‌قلیدی بۆ ده‌رككردن دادمان نادات، چونكه‌ جیهان به‌و جۆره‌ی (ئه‌مڕۆ) هه‌یه‌، ملكه‌چی رێكخستن و پۆلینكردن نابێت، شیعر به‌و جۆره‌ی ئه‌وان وێنای ده‌كه‌ن بۆ (گوتن و مانا، دۆزینه‌وه‌ و دامه‌زراندن) سه‌ر شۆڕ ناكات، هیچ رێگایه‌كی دیكه‌مان نییه‌، جگه‌ له‌وه‌ی ده‌ستبه‌رداری هه‌موو ئه‌وانه‌ بین، كه‌ به‌ گوێره‌ی “گوتن” و “مانا”، “دۆزینه‌وه‌” و “دامه‌زراندن” له‌ شیعر ده‌ڕوانێت، مه‌سه‌له‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كه‌ش لای (هێلی سێیه‌م) رزگاركردنی شیعر نییه‌، به‌ڵكو ئاڕاسته‌كردنی فیكره‌ به‌ره‌و چه‌مكێكی تازه‌، كه‌ به‌ گوێره‌ی ده‌ربڕینی خۆی نه‌ “شیعره‌” و نه‌ “په‌خشان”… به‌ڵكو نیشانه‌یه‌، به‌ڵكو ریزۆمه‌، به‌ڵكو ده‌نگێكی فره‌ ره‌هه‌نده‌، كه‌ هه‌زاران ده‌نگی له‌خۆ گرتووه‌…

لای به‌شێكی زۆر له‌ شاعیرانی هێلی سێیه‌م ده‌قی شیعری به‌ پله‌ی یه‌كه‌م بونیادێكی ده‌نگی هه‌یه‌! ئه‌وه‌ش گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ (جاكۆبسون) و فۆرمالیسته‌كانی رووس، كه‌ پێیانوابوو شیعر له‌ سه‌ر بنه‌مای هاوشێوه‌یی و دووباره‌كردنه‌وه‌ كار ده‌كات… شیعر بونیادێكی ده‌نگی هه‌یه‌، بۆ نموونه‌ لای به‌شێك له‌ شاعیرانی كوردستانی رۆژهه‌ڵات، كه‌ ده‌كه‌ونه‌ به‌ر (شه‌پۆلی حجم) و (شه‌پۆلی زمان) و زۆر جوانیش له‌ ده‌قه‌كانی (شوعه‌یب میرزایی)دا ده‌بینرێت… به‌ڵام لای هه‌ندێ‌ له‌ شاعیرانی هێلی سێیه‌م، به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رفره‌وانتر شیعر به‌ ده‌نگێكی فره‌ ره‌هه‌ند داده‌نێن، نه‌ رابردووی هه‌یه‌، نه‌ بڕوای به‌ داهاتوو هه‌یه‌، چاره‌نووسی بێ‌ یاده‌وه‌رییه‌…

شیعر ده‌نگێكی فره‌ ره‌هه‌نده‌ له‌ هێلكاری ده‌چێت، نه‌ك نه‌خشه‌ی له‌به‌ر گیراو، جوگرافیایه‌، نه‌ك مێژوو، گه‌شت و كۆچه‌، نه‌ك مانه‌وه‌ و نیشته‌جێبوون… هه‌موو ئه‌و قسانه‌ بۆ (دۆلۆز) و مانا دۆلۆزییه‌كه‌ی ده‌مانگه‌ڕێنێته‌وه‌، كه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ به‌ ریزۆم داده‌نێت، ریزۆم ئه‌وه‌یه‌ له‌ نێو شته‌كاندا بیر له‌ شته‌كان بكاته‌وه‌، شیعریش لای هه‌ندێ‌ له‌ شاعیرانی هێلی سێیه‌م ئه‌وه‌یه‌ له‌ نێو زماندا بیر له‌ زمان بكاته‌وه‌… به‌شێك له‌ شاعیرانی هێلی سێیه‌م بڕوایان به‌ ره‌گ نییه‌، به‌ڵكو بڕوایان به‌ ره‌گه‌ تۆڕه‌، بڕوایان به‌ پنت نییه‌، به‌ڵكو بڕوایان به‌ هێله‌… له‌و شاعیرانه‌ش نموونه‌ی (ساڵح سوزه‌نی) و به‌شێك له‌ شاعیرانی كوردستانی رۆژهه‌ڵات و به‌شێك له‌ ئه‌زموونی (یوونسی ره‌زایی)… هه‌ندێكیان هه‌وڵده‌ده‌ن له‌ رێگای خه‌یاڵ و وڕێنه‌وه‌ به‌ جوانی و له‌ رێگای شیمانه‌یی نكۆڵكه‌ره‌وه‌ به‌ مانای نائاماده‌ بگه‌ن… بۆ نموونه‌ سه‌باح ره‌نجده‌ر، سه‌ڵاح جه‌لال… هه‌ندێكیان هه‌وڵده‌ده‌ن وێناكردنی باو بۆ مانا سه‌ره‌وژێر بكه‌ن و بگه‌نه‌ كورتبڕی و له‌وێوه‌ شیمانه‌یی سه‌ربه‌خۆ بۆ شیعر فه‌راهه‌م بكه‌ن… بۆ نموونه‌: عه‌باس عه‌بدوڵڵا یوسف و …

من وه‌ك خوێنه‌رێك له‌و خوێندنه‌وه‌یه‌دا هه‌وڵده‌ده‌م له‌ راڤه‌كردنی نیشانه‌ و سه‌رچاوه‌كانی نیشانه‌وه‌ به‌ بابه‌تی نیشانه‌ و ئاماژه‌كانی نیشانه‌ و جیاوازییه‌كانی بگه‌م… چونكه‌ نیشانه‌كان رێگایان بۆ بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤ خۆش كردووه‌ و مرۆڤ به‌ ئه‌ویدیكه‌ی جیاواز ده‌گه‌یه‌نن، ئه‌وه‌ نیشانه‌كانن له‌ ژیانی رۆژانه‌ماندا كۆی ئه‌و مانایانه‌مان پێده‌به‌خشن، وه‌ك ئه‌وه‌ی گه‌ردوون پێشنیاری كردوون، وه‌ك ئه‌وه‌ی سیستم ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات، ئێمه‌ش به‌ جیاوازییه‌كانی خۆمانه‌وه‌ ده‌نازین و خۆمان به‌ خاوه‌نی نیشانه‌ شیمانییه‌كان داده‌نێین، ئه‌گه‌رچی له‌و باره‌وه‌ نیشانه‌ زمانییه‌كان ته‌نیا نیین، به‌ڵام بایه‌خی خۆیان هه‌یه‌، بۆ نموونه‌ لای محه‌مه‌د باوه‌كر…

كه‌واته‌ زمان به‌ پله‌ی یه‌كه‌م به‌ سیستمی سیمیاییه‌وه‌ (semiotics) به‌نده‌، كه‌ توانای له‌خۆگرتنی هه‌موو سیستمه‌ جۆراوجۆره‌كانی نیشانه‌ی هه‌یه‌، لێره‌دا گوزارشتكردن له‌ زمان، گوزارشتكردنه‌ له‌ به‌یه‌كه‌وه‌گه‌یاندن… (پێرس) پێیوایه‌ بونیادنانی تیۆری سیمیۆلۆجی به‌ گشتی كار بۆ نیشانه‌كان ده‌كات، نیشانه‌ شوێنی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ بۆ نیشانه‌ زمانه‌وانییه‌كان یه‌كه‌م شوێن نییه‌.
شیعر هیچ له‌وانه‌ به‌ هه‌ند هه‌ڵناگرێ‌، به‌ڵكو مه‌سه‌له‌یه‌كی ئیبداعییه‌ و ئیبداعیش سه‌ربه‌خۆیی ده‌گه‌یه‌نێت و شتگه‌رایی قبوڵ نییه‌! ده‌مه‌وێ‌ بڵێم زمان له‌ سیمیاییدا توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ كه‌ هه‌موو ئه‌و سیستمانه‌ش له‌خۆ بگرێ‌ كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ گوزارشت له‌ خۆیان ناكه‌ن و نیشانه‌ی ئه‌بستراكتین و هه‌ر ته‌نها ئاماژه‌ به‌ ده‌لاله‌ته‌كانیان ده‌كه‌ن و له‌ زمانێكدا ده‌توێنه‌وه‌ كه‌ گوزارشت له‌وان ده‌كات و ئه‌وان له‌خۆ ده‌گرێت! به‌ مانایه‌كی دیكه‌ زمان لای هه‌ندێكیان ریشه‌یان ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر بێمانایی، ریشه‌یان ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی دال، به‌و مانایه‌ش ئه‌وه‌ی شیعره‌كه‌ پێشكه‌شی ده‌كات، په‌سه‌ندكردنی ئه‌و په‌یامه‌یه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن خوێنه‌ر/ وه‌رگره‌وه‌ دروست ده‌بێ‌، ئه‌و په‌یامه‌ له‌ نێوان وه‌رگر و شاعیره‌وه‌ رووبه‌ری بڕێك له‌و گومان و گریمانه‌یه‌ كه‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و واقیعه‌ دروست ده‌بێت، كه‌ شیعره‌كه‌ ده‌چێته‌ ناوییه‌وه‌، كه‌ وه‌رگر و شاعیر ده‌چنه‌ ناوییه‌وه‌، هه‌موو ئه‌وه‌ش روو له‌خۆبوونێكه‌ كه‌ كورت ناكرێته‌وه‌ بۆ هیچ شتێك، ئه‌و رازه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌ نوستوه‌ هه‌میشه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی رووله‌خۆ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ بنچینه‌ییه‌ی نێوان كه‌سه‌كانی نێو واقیعێكی دیاریكراو راده‌گه‌یه‌نێت… (ئه‌نوه‌ر مه‌سیفی 1952- 2005) له‌ به‌شێك له‌ قه‌سیده‌ی (جلوبه‌رگ و جمكه‌كان) ده‌ڵێت:

سه‌‌ قه‌بری لێده‌دا
ئه‌فسانه‌ش غار ده‌داته‌ دره‌ختی
په‌لك به‌ كرێ‌
بزنی ناو ژووره‌كه‌م له‌ سه‌رمایه‌
باڵنده‌ گۆشتی به‌ردا
ئه‌فسانه‌ غار ده‌دا
زه‌وی لای راستی شكا
لكه‌ هه‌نجیری پاش كۆران
تای ردێنی من
سه‌ به‌له‌می هێسكی برد
ئاو شكا
به‌له‌م رۆیی
ردێن له‌ ناو كاولان
لا سییه‌كم كه‌ونه‌ دیوار
خۆڵی پشتان به‌رد
قڕێژی نه‌خۆشان گیا
ژنی زگ پڕ باران
له‌شكر
له‌
مووی
بن
كه‌وشان
له‌ كۆمه‌ڵه‌ شیعری (جلوبه‌رگ و جمكه‌كان) ساڵی 1990.

دۆخی شاعیرانی شه‌پۆلی سێیه‌م په‌یوه‌ندییه‌كی راسته‌وخۆی به‌ دۆخێك هه‌یه‌، كه‌ وه‌ك (بۆدریار) ده‌ڵێ‌ له‌ جیاتی كاڵا نیشانه‌ به‌رهه‌م ده‌هێنێ‌! دۆخێك كه‌ چیتر كاڵا بۆ پڕكردنه‌وه‌ی پێویستییه‌كان نییه‌، به‌ڵكو زنجیره‌یه‌كی ناكۆتایی بێ‌ ئامانجه‌! هه‌ر كالایه‌ك نیشانه‌یه‌ بۆ كالایه‌كی دیكه‌، به‌دیلێكی به‌تاڵه‌ بۆ كاڵایه‌كی دیكه‌، دالێكه‌ بۆ دالێكی دیكه‌ و مه‌دلول له‌ناوچووه‌… ئه‌سڵ و ده‌ق له‌ ناوچووه‌، نیشانه‌ شوێنی گرتۆته‌وه‌، ئێمه‌ له‌ جیهانی نیشانه‌دا ده‌ژین، له‌ جیهانێكدا ده‌ژین زانیاری زۆره‌، به‌ڵام مانا كه‌مترین ئاماده‌یی هه‌یه‌، ئێمه‌ له‌ جیهانێكدا ده‌ژین وه‌ك بۆدریار ده‌ڵێت ئیتر نیشانه‌كان بۆ سه‌رچاوه‌یه‌كی دیاریكراو، بۆ سه‌رچاوه‌ی مانا ناگه‌ڕێنه‌وه‌، پۆشاك و ریكلام و چیتر سه‌رچاوه‌ی ماناییان نییه‌… به‌شێك له‌ نموونه‌ی شاعیرانی هێلی سێیه‌م، وێڕای جیاوازییان: عه‌باس عه‌بدوڵڵا یوسف، ئه‌نوه‌ر مه‌سیفی، محه‌مه‌د باوه‌كر، سه‌باح ره‌نجده‌ر، سه‌ڵاح جه‌لال، ساڵح سوزه‌نی، شوعه‌یب میرزایی…

به‌ كورتی:

له‌ شیعری نوێی كوردی و دوای راپه‌ڕینی 1991ی كوردستانی باشور و به‌شێك له‌و شیعره‌ی كوردستانی رۆژهه‌ڵات، كه‌ ده‌كه‌ونه‌ به‌ر شه‌پۆلی حجم و شه‌پۆلی زمان… بونیادی ده‌لالی ده‌لاله‌ت له‌ به‌رهه‌مهێنانی ده‌لاله‌تی -حه‌قیقی و شیمانه‌یی- ده‌كات، حه‌قیقه‌ت ته‌واوی ئه‌و راستییه‌یه‌، كه‌ وردبینیكراوه‌. به‌ڵام شیمانه‌یی ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ خۆی ده‌سه‌پێنێ‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌یه‌، كه‌ هه‌ڵبژاردن ده‌خاته‌ پێشه‌وه‌، شیمانه‌یش به‌ دوو جۆر قسه‌ی لێكراوه‌، یه‌كه‌میان شیمانه‌یی نوسه‌ر، دووه‌میان شیمانه‌یی ئه‌ویدیكه‌ی خوێنه‌ر… هه‌موو ئه‌وه‌ش رێكخستنی مانای چه‌سپاو و كه‌شفكردنی مانای نائاماده‌ و خه‌یاڵی نوسه‌ر و مانای نائاماده‌ و خه‌یاڵی ئه‌ویدیكه‌ی جیاواز دێنێته‌ به‌رهه‌م…

رێكخستنی مانای چه‌سپاو و ئاماده‌ په‌یوه‌ندی به‌ زمانی فه‌رهه‌نگیدایه‌ و له‌وێوه‌ به‌ره‌و گوتار ده‌بێته‌وه‌، كه‌ پێیوایه‌ مانای ئاماده‌ و چه‌سپاو جگه‌ له‌ یارییه‌كی پاشكۆئامێزی ناوه‌كی شتێكی دیكه‌ نییه‌. به‌ڵام مانای نائاماده‌ له‌ ده‌لاله‌تی مانای خه‌یاڵكراوه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی نزیكترین و نوێترین یه‌كه‌ی گوتار پێكبهێنێت. بۆ به‌ ده‌ستهێنانی مانای ئاماده‌ و كه‌شفكردنی مانای نائاماده‌ و خه‌یاڵی پێویستمان به‌ پرۆسه‌ی دانان و به‌یادهێنانه‌وه‌ و رێكخستن هه‌یه‌.

چه‌مكی رێكخستن له‌ رووی زمانه‌وه‌ چه‌سپان و دڵنیایی ده‌گه‌یه‌نێت. چه‌مكی خه‌یاڵ و كه‌شفكردن له‌گه‌ڵ پرۆسه‌ی رێكخستن و به‌یادهێنانه‌وه‌ دژ ده‌كه‌وێته‌وه‌، چونكه‌ له‌ چه‌مكی رێكخستندا مانای چه‌سپاو و ئاماده‌ خۆی به‌سه‌ر شیمانه‌یی ئێستا و ئێستای زیندوودا ده‌سه‌پێت. به‌ڵام خه‌یاڵ و كه‌شفكردن له‌ سه‌ره‌تا و كۆتایی نه‌زانراوه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت. به‌شێكی دیكه‌ی خه‌یاڵ و كه‌شفكردن په‌یوه‌ندی به‌ رووه‌ جیاوازه‌كانی مانا و ئه‌ویدیكه‌ی جیاوازه‌وه‌ هه‌یه‌… له‌ سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ سێ‌ هێل له‌ شاعیرانی دوای راپه‌ڕین و شیعری نوێی كوردی باشور و به‌شێك له‌ شیعری كوردستانی رۆژهه‌ڵات ده‌ستنیشان ده‌كه‌م: هێلی یه‌كه‌م ئه‌و شاعیرانه‌ ده‌گرێته‌وه‌، كه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن له‌ رێكخستنی ماناوه‌ هاوسه‌نگی نێوان ئاستی گوزارشتكردن و ریتمی رسته‌ له‌ لایه‌ك و ریتمی وشه‌ و مانای ئاماده‌ له‌ لایه‌كی دیكه‌ بپارێزن، هه‌وڵده‌ده‌ن شێوه‌ی ئاسۆیی زمان بپارێزن، بۆ ئه‌وه‌ی جوانی شیعر و جوانی ئاماده‌ به‌ یه‌كه‌وه‌ بگونجێنن! هه‌موو ئه‌وانه‌ رێگا بۆ حه‌قیقه‌ت خۆش ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی بدوێ‌… به‌ كورتی هه‌موو هێزی خۆیان له‌ مانای ئاماده‌ و رێكخستنی خوددا ده‌بیننه‌وه‌.

چوار نموونه‌تان له‌ هێلی یه‌كه‌م پێده‌ناسێنم: نموونه‌ی یه‌كه‌م ئه‌و شاعیرانه‌ن كه‌ جوانی گوتن و ریتمی ناوكۆیی به‌ هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی و ده‌روونی و سیاسی موتوربه‌ ده‌كه‌ن، په‌رده‌ له‌سه‌ر گوتنی حه‌قیقه‌تێكی دیاریكراو هه‌ڵده‌ده‌نه‌وه‌، له‌وانه‌: شێركۆ بێكه‌س، له‌تیف هه‌ڵمه‌ت، ره‌فیق سابیر، جه‌لال مه‌له‌كشا، ژیله‌ حوسێنی…
نموونه‌ی دووه‌م، له‌ نێوان تێگه‌یشتن و مانادا، شیعرگه‌رایی له‌ خودگه‌رایی و ناوه‌ڕۆكگه‌راییدا ده‌بیننه‌وه‌، بیر له‌ چه‌سپاندنی په‌یوه‌ندی نێوان گوتن و مانا ده‌كه‌نه‌وه‌، بۆ گواستنه‌وه‌ له‌ حیكایه‌تێكه‌وه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ریتمی حیكایه‌تێكی دیكه‌ … نموونه‌كان وێڕای جیاوازییان: كه‌ریم ده‌شتی، جه‌مال غه‌مبار، نه‌زه‌ند به‌گیخانی، چۆمان هه‌ردی، رۆژ هه‌ڵه‌بجه‌یی، فه‌ره‌یدوونی ئه‌رشه‌دی…
نموونه‌ی سێیه‌می شاعیران، ئه‌وانه‌ن كه‌ هێزی گوزارشتكردن و هه‌ستی لیریكی و وڕووژانی سۆز به‌ كه‌ره‌سه‌ی به‌رزی جوانی و ره‌وانی و ناسكی داده‌نێن. شاعیرانی یه‌كێتی گوتن و مانای گوتن جوانی گوتن و جوانی مانا ئاوێته‌ی ریتمی بیركردنه‌وه‌ ده‌كه‌ن، حه‌قیقه‌تی گوتن تێكه‌ڵ حه‌قیقه‌تی نه‌گوتن ده‌كه‌ن… له‌ نموونه‌ی ئه‌و شاعیرانه‌: دلشاد عه‌بدوڵڵا، جه‌لال به‌رزنجی، به‌ختیار عه‌لی، دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی، ئیسماعیل به‌رزنجی، هیوا قادر…
نموونه‌ی چواره‌م، نموونه‌ی گوتن به‌سه‌ر مانادا، ئه‌و شاعیرانه‌ی جه‌سته‌گه‌رایی و چێژی ئیرۆتیكی و ئاگامه‌ندی سۆزداری پێشده‌خه‌ن. نموونه‌: قوبادی جه‌لی زاده‌، كه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د، دڵسۆز حه‌مه‌، ژوان ئاواره‌…

هێلی دووه‌م هه‌وڵی كه‌شفكردنی مانا و هه‌وڵی دامه‌زراندنی په‌یوه‌ندییه‌كی نوێ‌ له‌ نێوان وشه‌ و وشه‌، وشه‌ و مرۆڤ، وشه‌ و دنیا ده‌ده‌ن، ئاسۆیه‌كی دیكه‌ی چاوه‌ڕوانی بۆ خوێنه‌ران واڵا ده‌كه‌ن، شێوه‌ی ستوونی به‌ زمان ده‌به‌خشن، خۆیان به‌ كۆتایی نه‌زانراو ده‌سپێرن، خۆیان به‌ دنیابینی جیاوازی نوسینه‌وه‌ ده‌سپێرن، میكانیزمی خه‌یاڵ به‌ بزوێنه‌ری شیعری داده‌نێن. هه‌موو ئه‌وانه‌ رێگا بۆ شیمانه‌یی خۆش ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی گه‌شه‌ بكات… به‌ كورتی هه‌موو هێزی خۆیان له‌ نائاگامه‌ندی و پێشخستنی ناوكۆیی و فه‌رامۆشكردنی خوددا هه‌ڵده‌گرنه‌وه‌: نموونه‌ی شاعیرانی هێلی دووه‌م به‌ كۆمه‌ڵێ‌ جیاوازییه‌وه‌ پێكهاتووه‌ له‌: هاشم سه‌راج، ئه‌حمه‌دی مه‌لا، كامبیزی كه‌ریمی، ئیبراهیم ئه‌حمه‌د نیا، به‌رۆژ ئاكره‌یی، ره‌زا عه‌لی پوور، زانا خه‌لیل، لازۆ، هێرۆ كورده‌…

هێلی سێیه‌م ته‌واو پێچه‌وانه‌ی هێلی یه‌كه‌م بیر ده‌كه‌نه‌وه‌، هه‌موو ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ك بۆ مێژووی مانا و رێكخستن ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌، هه‌موو یاسا و رێساكانی زمان و ره‌سه‌نایه‌تی ره‌شده‌كه‌نه‌وه‌! هه‌موو سه‌رچاوه‌كانی فیكر و مه‌عریفه‌ وه‌لا ده‌نێن، وه‌ك ریزۆم له‌ نێوان زماندا بیر له‌ زمان ده‌كه‌نه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ رێگای نیشانه‌ی هه‌ڕه‌مه‌كییه‌وه‌، تێكدانی په‌یوه‌ندی نێوان وشه‌كان مانای باو تێكبشكێنن و شیمانه‌یی سه‌ربه‌خۆ فه‌راهه‌م بكه‌ن، گوزارشتكردنێكی یاخی و ئاسۆیه‌كی دیكه‌ی چاوه‌ڕوانی بۆ ئه‌ویدیكه‌ی خوێنه‌ر و ئه‌ویدیكه‌ی جیاواز دابمه‌زرێنن، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ رێگای خه‌یاڵ و وڕێنه‌وه‌ به‌ جوانی له‌ناكاو و له‌ رێگای شیمانه‌یی نكۆڵكه‌ره‌وه‌ به‌ مانای نائاماده‌ و ئه‌ویدیكه‌ی جیاواز بگه‌ن، رێگا بۆ شیمانه‌یی خۆش ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك شیمانه‌یی بدوێت، چاره‌نووسی بێ‌ یاده‌وه‌ریین… لای شاعیرانی هێلی سێیه‌م ئه‌سڵ و ده‌ق له‌ ناوچووه‌، نیشانه‌ شوێنی گرتۆته‌وه‌، به‌ شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ گوزارشت له‌ خۆیان ناكه‌ن و نیشانه‌ی ئه‌بستراكتین… به‌ كورتی هه‌موو هێزی خۆیان له‌ تێكشكاندنی مانا و شیمانه‌یی سه‌ربه‌خۆ و بێ‌ سه‌رچاوه‌یی و به‌رهه‌مهێنانی نیشانه‌ و كورتبڕیدا ده‌بیننه‌وه‌… نموونه‌ی شاعیران: عه‌باس عه‌بدوڵڵا یوسف، ئه‌نوه‌ر مه‌سیفی، محه‌مه‌د باوه‌كر، سه‌باح ره‌نجده‌ر، سه‌ڵاح جه‌لال، ساڵح سوزه‌نی، شوعه‌یب میرزایی…




شیعرییه‌ت، گه‌ڕان به‌ دوای رێساكانی داهێناندا …. عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا

(1)
به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی شیعرییه‌ت له‌ سه‌ر خوازه‌ی زمانه‌وانی وه‌ستاوه‌ و كه‌شفی رێساكانی داهێنانی ده‌قه‌ ئه‌ده‌بییه‌كان ده‌كات، به‌ڵام هیچ چاره‌سه‌رێكی بۆ رووه‌كانی دیكه‌ی ده‌ق پێنییه‌، یه‌كێك له‌ رووه‌كانی ده‌قیش ئاستی مه‌عریفه‌ و به‌شداریكردنی خوێنه‌ره‌ جیاوازه‌كانه‌.

(2)
سه‌رچاوه‌كانی شیعرییه‌ت گوتاری ئه‌ده‌بییه‌، به‌ڵام (میكائیل ریفاتێر) مه‌یلی به‌ره‌و شێوازگه‌ری ده‌چێ و شێوازگه‌ری پێشده‌خات و شیعرییه‌ت ره‌تده‌كاته‌وه‌.

(3)
رۆلان بارت جیاوازی له‌ نێوان به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی و ده‌قدا ده‌كات، پێیوایه‌ به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی دانه‌ری حه‌قیقی به‌رهه‌می ده‌هێنێ، به‌ڵام ده‌ق به‌رهه‌می ئه‌و خوێنه‌ره‌یه‌، كه‌ له‌ رێگای خوێندنه‌وه‌وه‌ ره‌هه‌نده‌كانی ده‌كاته‌وه‌، لێره‌وه‌ ئه‌و قسه‌یه‌ی بارت تێزی ده‌قی دانه‌ر و ده‌قی خوێنه‌ر ده‌خاته‌وه‌… به‌ڵام تزیڤیتان تۆدۆرۆڤ بابه‌تی شیعری له‌ به‌رهه‌می ئه‌ده‌بیدا نابینێته‌وه‌، چونكه‌ پێیوایه‌ به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی كارێكی ئاماده‌یه‌، به‌ڵام بابه‌تی شیعرییه‌ت كارێكی شیمانه‌ییه‌، به‌و مانایه‌ش كار كۆمه‌ڵێ ده‌قی بێ كۆتایی به‌رهه‌م ده‌هێنێ! خاڵی جیاوازی نێوان ژیرار ژینێت و بارت و تۆدۆرۆڤ ئه‌وه‌یه‌ ژینێت بڕوای به‌وه‌ نییه‌ ده‌قئاوێزانی بابه‌تی شیعرییه‌ت بێت، واته‌ بابه‌تی جێبه‌جێكردن بێت، وه‌ك بارت و تۆدۆرۆڤ ده‌یبینن… كه‌واته‌ شیعرییه‌ت زانستێ نییه‌، تاكو پشت به‌ بابه‌ت ببه‌ستێ، به‌ڵكو پێوانه‌ و پێناسه‌یه‌كی نه‌گونجاو و هه‌ندێجار نایه‌قینییه‌.

(4)
شیعرییه‌ت و به‌خششه‌كانی شیعرییه‌ت هه‌ر ته‌نها له‌ نێو خۆیدا نه‌ماوه‌ته‌وه‌ و به‌شێوه‌یه‌كی به‌رفره‌وان به‌ نێو ژانره‌كاندا بڵاو بۆته‌وه‌… شیعرییه‌ت سنووره‌كانی خۆی تێپه‌ڕاندووه‌ و هه‌نگاوی به‌ره‌و وێناكردنه‌ ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی و فۆڕمه‌كانی دیكه‌ی ژیان هاوێشتووه‌؟! به‌ڵام ئامانجی شیعرییه‌ت هیچ له‌وانه‌ نییه‌، به‌ڵكو دروستكردن و رێكخستنی په‌یوه‌ندی نێوان بواره‌كانه‌، واته‌ شیعرییه‌ت گه‌یشتنه‌ به‌ په‌یوه‌ندییه‌ جیاوازه‌كانی شیعریی.
جیاوازی نێوان شیعرییه‌ت و ئه‌ده‌بییه‌ت ئه‌وه‌یه‌: ئه‌ده‌بییه‌ت هاوتای شیعرییه‌ته‌ و زۆر لێیه‌وه‌ نزیكه‌، ئه‌ده‌بییه‌ت له‌ دنیای تیۆری ره‌خنه‌ی نوێدا له‌ شیعرییه‌ت له‌ پێشتره‌… ئه‌ده‌بییه‌ت واته‌ په‌تیبوونی ئه‌ده‌ب یان ئه‌وه‌ی پێی ده‌ڵێن شاعیری بوون.
لای (رۆمان یاكۆبسن) بابه‌تی زانستی ئه‌ده‌ب قسه‌ی زۆر لێكراوه‌، به‌ڵام ئه‌ده‌ب نییه‌، به‌ڵكو بابه‌تی زانستی ئه‌ده‌ب، ئه‌ده‌بییه‌ته‌… زاراوه‌ی ئه‌ده‌بییه‌ت پێوانه‌یه‌كی سیمیایی هه‌یه‌ و تایبه‌ته‌ به‌ ده‌قی ئه‌ده‌بییه‌وه‌… پێناسه‌ی ئه‌ده‌بییه‌ت له‌ تیۆری سیمیایی ئه‌ده‌بیدا به‌ تایبه‌تی له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كانی فۆرمالیسته‌كانی رووسدا جیاكردنه‌وه‌ی ده‌قی ئه‌ده‌بییه‌ له‌ نا ئه‌ده‌بی!
زانستی ئه‌ده‌ب له‌گه‌ڵ شیعرییه‌ت هاوواتا دێته‌وه‌، به‌ مانایه‌كی دیكه‌ زانستی ئه‌ده‌ب دیاریكردنی پێوانه‌یه‌كی رووته‌ بۆ جیاكردنه‌وه‌ی ئه‌ده‌ب له‌ نائه‌ده‌ب… به‌ڵام ژان كۆهین زاراوه‌ی شیعرییه‌ت له‌ نێوان ده‌لاله‌ت و ته‌عبیركردندا هه‌ڵده‌گرێته‌وه‌، كۆهین شیعرییه‌ت به‌ زانستی شیعر ناو ده‌بات، نه‌ك زانستی ئه‌ده‌ب! به‌ گشتی رێژه‌ی ئه‌ده‌بی بۆ ئه‌ده‌ب، وه‌ك رێژه‌ی زمانه‌ بۆ گوتن وه‌ك چۆن فردینارد دی سوسێر قسه‌ی لێده‌كات، دواجار هه‌موو ئه‌وانه‌ پێمان ده‌ڵێن ئه‌ده‌بییه‌ت و شیعرییه‌ت پێكه‌وه‌ هاوبه‌شن و یه‌ك ئامانجیان هه‌یه‌.

(5)
ژان كۆهین ده‌ڵێ شیعرییه‌ت زانسته‌، ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندی به‌ هه‌مان ئه‌و پرنسیبه‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ زمان به‌ زانست داده‌نێت، واته‌ پرنسیبی ته‌فسیركردنی زمانه‌ له‌ رێگای زمانه‌وه‌! به‌و مانایه‌ش جیاوازی نێوان شیعرییه‌ت و زمانه‌وانی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ شیعرییه‌ت شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كانی چاره‌سه‌ركردنی زمان و زمانه‌وانی كۆی مه‌سه‌له‌ زمانییه‌كان ده‌گرێته‌وه‌.
ژان كۆهین ده‌یه‌وێ شیعرییه‌ت وه‌ك زانست ته‌ماشا بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ش هه‌ر ده‌بێ بڕوامان به‌وه‌ هه‌بێ زمانه‌وانی زانسته‌، واته‌ ئه‌وه‌ی بۆچوونه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی شیعرییه‌ت ده‌گۆڕێ، پشت به‌ پرنسیبه‌كانی زمانه‌وانی ده‌به‌ستێت و به‌رده‌وام به‌ پێی ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ش چه‌مكی شیعرییه‌ت بونیاد ده‌نرێته‌وه‌… به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئایا زانست و ئه‌ده‌ب چۆن به‌ نێو یه‌كداده‌چن؟ چونكه‌ زانست له‌ هه‌ر بابه‌تێكدا بوونی هه‌بێت، سروشتی ئه‌و بابه‌ته‌ له‌ خۆرسكییه‌وه‌ بۆ هۆكارخوازی، له‌ هه‌ڕه‌مه‌كی و پێشبینیكردنه‌وه‌ بۆ رێكوپێكی ده‌گۆڕێت، جگه‌ له‌وه‌ش زانست هه‌میشه‌ بابه‌ت له‌ ده‌ستێوردانی ده‌ره‌كی ده‌پارێزێ.
ژان كۆهین پێیوایه‌ ته‌ماشاكردنی ئه‌مڕۆ بۆ هونه‌ره‌ جوانه‌كان هه‌ر ته‌نها له‌ سه‌ر جوانی نه‌وه‌ستاوه‌، ته‌ماشاكردنی نوێخوازانه‌ی ئه‌مڕۆ بۆ جوانی خۆی له‌ كه‌شفكردنی حه‌قیقه‌تی زانستیدا ده‌بینێته‌وه‌… شیعرییه‌ت سیمایه‌كی زانستی له‌خۆ ده‌گرێت، به‌ڵام ئایا ده‌بێته‌ زانستی ئه‌ده‌ب؟ هه‌ر كاتێ له‌ ئه‌ده‌ب دوور كه‌وتینه‌وه‌ به‌و وه‌سفه‌ی واقیعێكه‌ بۆ له‌یه‌كنزیكبوونه‌وه‌، ده‌بێ ئه‌وه‌شمان له‌ بیر بێ، ئه‌ده‌ب به‌رده‌وام له‌ سه‌ر نزیكبوونه‌وه‌ و تازه‌كردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك یاسا و رێساش كار ده‌كات، له‌ نێوان واقیعی ئه‌ده‌بی و یاسای زانستی زمانه‌وانیدا ئامانجی شیعرییه‌ت یان ئه‌وه‌ی یاكۆبسن به‌ زانستی ئه‌ده‌ب ناو ده‌برێت، ده‌لاله‌ت له‌ كه‌شفكردنی لێكنزیكبوونه‌وه‌ی تێڕوانینه‌كان و یاسا و رێسا تازه‌كان ده‌كات، نه‌ك كۆتاییهێنان به‌ تێڕوانین و یاساكان! یاسا و رێساكانی زمان به‌رده‌وام له‌ نوێبوونه‌وه‌دان و شیعرییه‌ت به‌رده‌وام له‌ تێپه‌ڕاندنی ئه‌و یاسا و رێسایانه‌ خۆی نوێ ده‌كاته‌وه‌، كه‌واته‌ ئامانجی شیعرییه‌ت كه‌شفكردنی ئه‌و یاسا و رێسایانه‌ نییه‌، به‌ڵكو كه‌شفكردن و وه‌به‌رهێنانی به‌رده‌وامه‌.

(6)
له‌ نێوان زانستی شیعریی و زانستی ئه‌ده‌بی، له‌ نێوان ژان كۆهین و یاكۆبسن، له‌ نێوان شیعر و په‌خشان… پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئایا شیعرییه‌ت زانستی شیعره‌، یان زانستی ئه‌ده‌ب؟ ره‌نگه‌ چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌ بێت، كه‌ شیعرییه‌ت به‌ زانستی ئه‌ده‌ب دابنێین، چونكه‌ شیعرییه‌ت له‌ شیعر و په‌خشاندا به‌ دوای رێساكانی گوتاری ئه‌ده‌بیدا ده‌گه‌ڕێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شیعر و په‌خشان له‌ خه‌سڵه‌تی ئه‌ده‌بیدا هاوبه‌شن… به‌ڵام ئه‌و چاره‌سه‌ره‌ حه‌تمی نییه‌، به‌ڵكو زه‌رووره‌ت ده‌یسه‌پێنێ، چونكه‌ شیعر و په‌خشان كۆمه‌ڵێك جیاوازییان له‌ نێوان هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش ده‌مانخاته‌ سه‌ر ئه‌و بیروڕایه‌ی كه‌ شیعرییه‌ت زانستی ئه‌ده‌ب نییه‌! به‌ڵكو چاره‌سه‌ری گوتاری شیعری ده‌كات، بێ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری گوتاری په‌خشان بكات؟! جیاوازی نێوان زانستی شیعریی و زانستی ئه‌ده‌بی ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت.
فۆرمالیسته‌كانی رووس له‌ نێوان شیعر و په‌خشان جیاوازی ده‌كه‌ن، به‌وه‌ی په‌خشان له‌ گه‌یاندن و فیكر و ئامانج دا ده‌بینن و شیعر هیچ له‌وانه‌ به‌ هه‌ند هه‌ڵناگرێ، شیعر له‌ گه‌یاندندا سه‌ربه‌خۆیه‌، به‌ڵام ئامانجی یه‌كه‌می په‌خشان گه‌یاندنه‌… ده‌بێ له‌ په‌خشاندا شتێ بگوترێ و وشه‌كان گوزارشت له‌ ده‌لاله‌ته‌ فیكرییه‌كان بكه‌ن، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌شێ فیكر و ده‌لاله‌ت له‌ شیعردا له‌ حاڵه‌تی سڕبووندا بێ و ناوكۆیی شیعری له‌ رێگای ده‌لاله‌تی وێنه‌ی جیاواز بته‌قێته‌وه‌، به‌ دیوه‌كه‌ی دیكه‌ ده‌شێ شیعر له‌ ده‌ره‌وه‌ی سڕبوونی ده‌لاله‌ت، ده‌لاله‌ت تێیدا گاڵته‌جارانه‌ و درۆزنانه‌ بكه‌وێته‌وه‌! له‌ شیعردا وشه‌ ئه‌لته‌رناتیفی هیچ شتێ نییه‌، به‌های سه‌ربه‌خۆی هه‌یه‌ و له‌ شتگه‌رایی دووره‌. په‌خشان له‌ جه‌ماوه‌ره‌وه‌ نزیك ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام شیعر چڕبوونه‌وه‌یه‌ و جێكه‌وته‌ی ئیستاتیكی هه‌یه‌، كه‌واته‌ جیاوازی نێوان شیعر و په‌خشان، ئه‌ده‌ب و نائه‌ده‌ب، جیاوازییه‌كی هونه‌رییه‌ و ده‌كه‌وێته‌ بازنه‌ی سیمیاییه‌وه‌ (semiotics) له‌ دیدی (ژان مۆكارۆڤسكی Mukarovsky) هونه‌ر ئاماژه‌ به‌ هیچ شتێكی دیاریكراو ناكات، ئه‌وه‌ش هونه‌ر له‌ ناهونه‌ر جیا ده‌كاته‌وه‌.
(7)
سه‌ره‌رای چه‌مكی سه‌ربه‌خۆیی، چه‌مكی گه‌یاندن وه‌زیفه‌یه‌كه‌ له‌ وه‌زیفه‌كانی كاری هونه‌ری، به‌مجۆره‌ له‌لایه‌ك هونه‌ره‌ و له‌ هه‌مان كاتدا گوتنه‌ و گوزارشت له‌ هه‌ڵوێستێكی عه‌قڵی، یان فیكره‌یه‌ك، یان هه‌ستێك ده‌كات. له‌ راستیدا هه‌تا كاره‌ فۆرمئاساكانیش خاوه‌نی به‌های گه‌یاندنی تایبه‌تن، به‌ڵام له‌ بابه‌تدا سه‌ربه‌خۆن، بۆ نموونه‌ هێلكاری و ره‌نگ له‌ شێوه‌كاریدا ده‌شێ مانای شتێ بدات، بێ ئه‌وه‌ی بابه‌ته‌كه‌ی دیار بێ.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ كاری هونه‌رییدا خه‌یاڵ رۆڵی خۆی هه‌یه‌، بۆیه‌ نابێ كاری ئه‌ده‌بی به‌های وجودی هه‌بێ، به‌و مانایه‌ش كاری هونه‌ری وه‌ك وجودێكی واقیعی سه‌یری هیچ شتێ ناكات ، به‌ڵكو له‌ كاری هونه‌رییدا ئاماژه‌ پێدراو هه‌ر وه‌ك خه‌یاڵ ده‌مێنێته‌وه‌.

(8)
شیعرییه‌ت هێزی شیعریی و دره‌وشانه‌وه‌ له‌ ده‌قدا ده‌خاته‌ روو، به‌ڵام شێوازگه‌ری هێزی گوتن له‌ نوسیندا ده‌خاته‌ روو، یان شێوازگه‌ری خه‌سڵه‌ته‌كانی گوتن له‌ ده‌قدا ده‌نوێنێ، په‌یوه‌ندی نێوان خه‌سڵه‌ته‌كانی گوتن و هیزی شیعریی و دره‌وشانه‌وه‌ بۆ نموونه‌ لای یاكۆبسن ده‌كه‌وێته‌ نێوان شێوازگه‌رییه‌كی رێگاپێدراوی دیاریكراو و شیعرییه‌تێكی رێگا پێدراو و دیاریكراوه‌وه‌… ئه‌گه‌ر به‌های شێواز له‌شێوازگه‌رییه‌كی رێگاپێدراوی دیاریكراودا په‌یوه‌ندی به‌ چنینی گوزارشتكردنی گوتار له‌لایه‌ك و هێزی هه‌واڵ و هێزی ناوه‌ڕۆك له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ هه‌بێت! ئه‌وه‌ شیعرییه‌تی رێگا پێدراو و دیاریكراو په‌یوه‌ندی به‌ چنینی شیعرییه‌ت له‌لایه‌ك و هێزی دره‌وشانه‌وه‌ له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ هه‌یه‌، دواجار ده‌توانین بڵێین نزیكردنه‌وه‌ی شیعرییه‌ت و شێوازگه‌ری لای یاكۆبسن له‌ پێكچوواندنی وشه‌ی شێوازگه‌ری و وشه‌ی كارفرمای شیعریدایه‌، به‌و مانایه‌ش وه‌ك چۆن شیعر وه‌زیفه‌یه‌كی دیاریكراوی نییه‌، به‌دواداچوونی شێوازیش به‌ره‌و ده‌رئه‌نجامێكی بنبه‌ستمان ده‌بات، به‌ مانایه‌كی دیكه‌ هه‌ر ده‌قێك له‌ پێكهاته‌ی تایبه‌ت و ده‌گمه‌نی خۆی هه‌ناسه‌ ده‌دات، كاریگه‌رییه‌كانی خۆی له‌ رێگای ئه‌و پێكهاته‌ تایبه‌ته‌وه‌ به‌ ده‌ست ده‌هێنێ، هه‌ر ئه‌و خاڵه‌یه‌ شێوازگه‌ری به‌ره‌و چه‌ندان جۆری جیاواز ده‌كاته‌وه‌.

(9)
به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی چه‌مكی شیعرییه‌ت واته‌ گه‌ڕان به‌ دوای رێساكانی داهێناندا، هه‌ڵبه‌ته‌ رێساكانی داهێنانیش بڕوای به‌ یه‌ك شێوه‌ له‌ شیعرییه‌ت نییه‌، به‌ڵكو خۆی له‌ شیعرییه‌تی جیاواز و به‌شداریكردنی خوێنه‌ری جیاوازدا ده‌بینێته‌وه‌.
دنیای شیعرییه‌ت لای تزفیتان تۆدۆرۆڤ دنیایه‌كی شه‌پۆلاوییه‌ و ناشێ بیخه‌ینه‌ دووتوێی یاسا و رێسایه‌كی دیاریكراو و ئاماده‌وه‌! وه‌ك چۆن تۆدۆرۆڤ قسه‌ له‌ شیعرییه‌تی خوێندنه‌وه‌ یان وه‌رگر ده‌كات، به‌و مانایه‌ش خودی شیعرییه‌ت واته‌ جیاوازی له‌ وێناكردنی نهێنیئامێزی داهێنان و رێساكانی داهێنان، وه‌ك لای رۆمان یاكۆبسن له‌ تیۆری نوێنه‌راتیكردن و لای ژان كۆهین له‌ تیۆری لادان و لای كه‌مال ئه‌بودیب له‌ تیۆری بۆشایی: مه‌سافه‌ی گرژبوونه‌وه‌دا ده‌یبینین.

(10)
سه‌ره‌رای به‌رفره‌وانبوونی بازنه‌ی زمانه‌وانی، به‌ڵام توێژینه‌وه‌ له‌ باره‌ی شیعرییه‌ته‌وه‌ سنوره‌كانی زمانه‌وانی و گیروگرفته‌كانی ده‌سته‌واژه‌ و چنینی رسته‌ تێده‌په‌ڕێنێ و به‌ره‌و توێژینه‌وه‌ی گوته‌ و رسته‌ی فره‌ ره‌هه‌ند و راڤه‌كردنی گوتار ده‌بێته‌وه‌، به‌مجۆره‌ش ده‌چێته‌ بازنه‌ی تایبه‌تی سیمۆتیكاوه‌، كه‌ لقێكه‌ له‌ لقه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی زمان. لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه‌، ئایا په‌یوه‌ندی نێوان شیعرییه‌ت و زمانه‌وانی، ملكه‌چكردنی شیعرییه‌ته‌ بۆ زمانه‌وانی، ئایا شیعرییه‌ت له‌ سه‌ر زمانه‌وانی ده‌ژی؟
رۆلان بارت كه‌شفی توانا به‌رفره‌وانه‌كانی زمانه‌وانی ده‌كات و دابڕانێ ده‌خاته‌ نێوان زمانه‌وانی و سیمۆتیكاوه‌، چونكه‌ سیمۆتیكا وشه‌ و ده‌سته‌واژه‌ و رسته‌ بۆ ئاستی گوتار ده‌گوازێته‌وه‌، خودی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ش گواستنه‌وه‌یه‌ له‌ توێژینه‌وه‌ی زمانه‌وانییه‌وه‌ بۆ توێژینه‌وه‌ی سیمۆتیكای گوتار. رۆمان یاكۆبسن له‌ سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ جه‌خت له‌و تێپه‌ڕاندنه‌ ده‌كاته‌وه‌ و ده‌ڵێ ئه‌و ئامرازانه‌ی كه‌ توێژینه‌وه‌ له‌ باره‌ی شیعرییه‌ته‌وه‌ ده‌كه‌ن، هه‌ر ته‌نها له‌ سه‌ر هونه‌ری زمان ناژمێردرێن، چونكه‌ تیۆری ده‌لاله‌تخوازی له‌ شیعرییه‌تدا له‌ سه‌ر به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی به‌رده‌وامی دال ده‌ژی، بۆ ئه‌وه‌ش ناشێ ته‌نها پشت به‌ زمان ببه‌ستێت.

(11)
بێگومان زمانه‌وانی له‌ دوالیزمی سوسێرییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێ، بۆ نموونه‌: دوالیزمی گوتن و زمان. وه‌ك ده‌زانین بوونی زمان له‌ نێو عه‌قڵی كۆدا ئاماده‌یی هه‌یه‌، به‌ڵام گوتن كه‌سیی و هه‌ستی ده‌كه‌وێته‌وه‌. هه‌ر ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ بنه‌مای دوالیزمی شیعریی، كه‌ ئه‌ده‌ب و گوتنی ئه‌ده‌بییه‌… ئه‌ده‌ب، له‌ دوالیزمی شیعرییدا جێگای زمان ده‌گرێته‌وه‌ له‌ دوالیزمی زمانه‌وانیدا، به‌ڵام گوتنی ئه‌ده‌بی جێگای گوتن ده‌گرێته‌وه‌ له‌ دوالیزمی زمانه‌وانیدا.
له‌ توێژینه‌وه‌ی زمانه‌وانیدا دوالیزمی زمان و گوتن وه‌ك پێویستی و قه‌ڵمبازێك ته‌ماشا ده‌كرێت، به‌ڵام جێبه‌جێكردنی ئه‌و دوالیزمه‌ وه‌ك رۆمان یاكۆبسن و یۆری تینیانۆف بۆی ده‌چن، مه‌سه‌له‌یه‌كی ئاڵۆزه‌! لێره‌دا به‌ هیچ جۆرێك دابڕینی رسته‌ی ئه‌ده‌بی به‌ره‌و چاره‌سه‌رێكی دروستمان ناكاته‌وه‌، وه‌ك دابڕینی زمان له‌ زمانه‌وانیدا! چونكه‌ رسته‌ی ئه‌ده‌بی له‌ رووی هونه‌رییه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ رسته‌ی ئه‌ده‌بی دیكه‌وه‌ هه‌یه‌، بۆیه‌ هه‌موو دابڕانێ سیستمی به‌های هونه‌ری ده‌شێوێنێ و جگه‌ له‌وه‌ش توانای بوونی یاسا و رێسا پێویسته‌كان ده‌سڕێته‌وه‌.
ئه‌گه‌رچی تۆدۆرۆف پێیوایه‌ بابه‌تی زمانه‌وانی خودی زمانه‌ و بابه‌تی شیعرییه‌ت گوتاره‌، به‌ڵام زمانه‌وانی رێگا بۆ شیعرییه‌ت خۆش ده‌كات، بابه‌تی خۆی دیاری بكات… چونكه‌ هه‌ردووكیان پشت به‌ یه‌ك تێگه‌یشتن ده‌به‌ستن، هه‌ردووكیان ده‌كه‌ونه‌ نێو چوارچێوه‌ی سیمۆتیكا و سیستمی داله‌وه‌! به‌ بۆچوونی تۆدۆرۆف زمانه‌وانی هه‌ر ته‌نها زانستی زمان نییه‌، به‌ڵكو شێوازێك له‌ بونیادی زمانه‌وانی بۆ نموونه‌: ده‌نگ و رێزمان و ده‌لاله‌ت… بابه‌تی ئه‌ون، جگه‌ له‌وه‌ش ئه‌نترۆپۆلۆجیا و شیكردنه‌وه‌ی ده‌روونی و فه‌لسه‌فه‌ی زمانی له‌ سه‌ر بابه‌تی ئه‌و بونیاد نراون، هه‌موو ئه‌وانه‌ش له‌گه‌ڵ بواره‌ مه‌عریفییه‌كانی دیكه‌ هاوسه‌نگه‌، كه‌ ئه‌ده‌ب وه‌ك بابه‌تی خۆیان ده‌بینن، له‌ سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ شیعرییه‌ت به‌ ته‌نها ئه‌ده‌ب وه‌ك بابه‌تی خۆی ته‌ماشا ناكات، شیعرییه‌ت هه‌ر ته‌نها به‌ زمانه‌وانییه‌وه‌ په‌یوه‌ست نییه‌، شیعرییه‌ت هه‌مان رۆڵی زمانه‌وانی ده‌گێڕێ و به‌ هه‌موو زانسته‌كانه‌وه‌ په‌یوه‌سته‌، تا ده‌گاته‌ زانستی ره‌وانبێژی و زانستی گوتار به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی، هه‌موو ئه‌وانه‌ش له‌ هه‌وڵی تۆدۆرۆفه‌وه‌ هاتۆته‌ به‌رهه‌م.

(12)
كاتێك شیعرییه‌ت به‌ زانست داده‌نێین، به‌ هه‌مان پرنسیبی زانستی زمان قسان ده‌كه‌ین، ئه‌وه‌ش پرنسیبی راڤه‌كردنی زمانه‌ به‌ زمان، به‌و مانایه‌ش شیعرییه‌ت به‌ فۆڕمی شیعرییه‌وه‌ په‌یوه‌ست ده‌بێت، به‌ڵام زمانه‌وانی یه‌ك فۆڕم له‌ زمان ناگرێته‌وه‌، به‌ڵكو هه‌موو فۆڕمه‌كانی زمان ده‌گرێته‌وه‌! پرنسیبی راڤه‌كردنی زمان به‌ زمان، شیعر به‌ شیعر، شوێنی زانستگه‌رایی و وه‌سفگه‌رایی ده‌گرێته‌وه‌، ئه‌و پرنسیبه‌ زمانی شیعر به‌ میتا زمان (metalinguistic) ده‌چوێنێ… ده‌شێ شیعر له‌ میتا زمان له‌ دایك ببێ، به‌ڵام میتا زمان به‌های جوانی پشتگوێ ده‌خات، ئه‌و شیعرییه‌ته‌ی به‌های جوانی پشتگوێ بخات، وك تۆدۆرۆڤ ده‌ڵێ ده‌كه‌وێته‌ بێهوده‌ییه‌وه‌.
كۆهین جیاكاری له‌ نێوان به‌كاربردنی شیعر و كرده‌ی لێخوردبوونه‌وه‌ ده‌كات، ئه‌و دوو لایه‌ به‌ دوو لای دیكه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌، ئه‌ویش جوانی و زانسته‌! به‌كاربردن چیژه‌ و لێخوردبوونه‌وه‌ مه‌عریفه‌یه‌، ئه‌و دوو پرۆسه‌یه‌ش پێویسته‌ به‌ سه‌ربه‌خۆییه‌كی ره‌ها پرۆسیسه‌ بكرێن.
كۆهین به‌كاربردن به‌ جوانی و چێژی جوانی ده‌به‌ستێته‌وه‌ و لێخوردبوونه‌وه‌ به‌ زانست بۆ ئه‌وه‌ی مه‌عریفه‌ی زانستی به‌ ده‌ست بهێنێ، به‌ڵام ئه‌و به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ستنه‌وه‌یه‌ گرنگ نییه‌، گرنگ به‌نێویه‌كداچوونی به‌كاربردن و لێخوردبوونه‌وه‌یه‌، به‌یه‌كداچوونی به‌كاربردنی جوانی و لێخوردبوونه‌وه‌ی زانستی ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێ كه‌ یه‌كه‌میان له‌ دووه‌میان هه‌ڵێنجراوه‌! ئه‌وه‌ش پێچه‌وانه‌ی ئه‌و دیده‌ كۆنه‌ ده‌وه‌ستێ، كه‌ ته‌نها به‌های جوانی به‌ پێوانه‌ی بنه‌ڕه‌تی كرده‌ی راستییه‌كان و یاساكان داده‌نێ.

(13)
فۆرمالیسته‌كان شیعر وه‌ك بونیادنانێكی تایبه‌ت دیاری ده‌كه‌ن، كه‌ شێوه‌ی ناوه‌كی له‌ تۆڕێك په‌یوه‌ندی چڕ و پڕ هه‌ڵچنراوه‌، ئه‌وان له‌ سه‌ره‌تادا جه‌ختیان له‌ كێشی شیعری ده‌كرده‌وه‌ و دواتر رۆلی سه‌ره‌كی بونیادی تیۆری شیعرییه‌ت له‌ رێگای ریتمه‌وه‌ ده‌ستنیشان كرا… جگه‌ له‌وه‌ بۆ قسه‌كردن له‌ سه‌ر زمانی رۆژانه‌ و زمانی شیعری شكلۆفسكی زمانی شیعری به‌ زمانێكی ئامانجخواز داده‌نێ و زمانی رۆژانه‌ ده‌خاته‌ ده‌ره‌وه‌ی ئامانجخوازییه‌وه‌، پێیوایه‌ زمانی ئامانجخواز له‌ ئاستی زمانی شیعرییه‌وه‌ بۆ ئاستی زمانی خوێندنه‌وه‌ ئاسانتر ده‌گوازرێته‌وه‌! به‌ڵام تۆدۆرۆف ئه‌و وه‌سفكردنه‌ی شكلۆفسكی به‌ ناڕه‌وا و نێودژ ته‌ماشا ده‌كات، ئه‌و پێیوایه‌ مامه‌ڵه‌كردنی قوتابخانه‌ی فۆرمالیسته‌كان له‌گه‌ڵ ده‌قه‌، نه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌قه‌كان چ له‌ خوێنه‌ردا به‌رهه‌م ده‌هێنن.
یاكۆبسن ئاماژه‌ به‌ جیاوازی زمانی شیعری و زمانی هه‌ڵچوونئامێز ده‌كات و ده‌ڵێ شیعر ده‌شێ زمانی هه‌ڵچوونئامێز به‌ كار بهێنێ، به‌ڵام بۆ كاری پێویست! به‌و مانایه‌ش وه‌ك یه‌ك ته‌ماشاكردنی زمانی هه‌ڵچوونئامێز و زمانی شیعریی هه‌ڵه‌یه‌، چونكه‌ زمانی هه‌ڵچوونئامێز ئه‌ركی تایبه‌ت به‌ خۆی هه‌یه‌، به‌ڵام زمانی شیعری ئه‌رك به‌ هه‌ند هه‌ڵناگرێ.


عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا




شیعر ئاژاوەی رەسەنە …. داڕشتنەوەی: عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

(چارلیز سیمیك) لە مێژووی شیعری هاوچەرخی ئەمریكادا بە گرنگترین ناوی شیعری دەژمێردرێت، ساڵی 1938 لە (بەلگراد)ی پایتەختی (جیكۆسلۆفاكیا)ی پێشوو لە دایكبووە، ئەو كاتەی تەمەنی پانزە ساڵان دەبێت، لەگەڵ دایكی بەرەو (پاریس) كۆچ دەكەن، پاشان دەچنە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و لەوێ وەك هاوڵاتییەكی ئەمریكی نیشتەجێ دەبن.
چارلیز سیمیك لە زانكۆی (نیویۆرك) خوێندن تەواو دەكات. كاری وەرگێڕان بۆ زۆرێك لە شاعیرانی جیكۆسلۆفاكیا بە ئەنجام دەگەیەنێت، دوای وەرگرتنی بڕوانامەی لیسانس لە زانكۆی نیویۆرك بە پلەی باڵا، یەكەم كۆمەڵە شیعری ساڵی 1967 بە ناوی (ئەوەی گەل دەیڵێت) بە چاپ دەگەیەنێت، هەر لە ساڵی 1973 و دواتریش بە وانە گوتنەوە لە بەشی زمانی ئینگلیزی زانكۆی (نیوهامبشر) ژیان بەسەر دەبات.

لە بارەی كاریگەری شاعیران بەسەر بەرهەمەكانییەوە دەڵێ، من هەمیشە شاعیرە كلاسیكە چینییەكان و رۆمییەكان و رەمزییەكانی فڕەنسی و تازەگەرانی ئەمریكیی دەخوێنمەوە. لە شیعردا خۆی بە تا سەر ئێسقان واقیعی دەزانێت، دەڵێ سوریالییەت لە ئەمریكا هیچ مانایەك نابەخشێت، چونكە ئەمریكا هەمیشە پڕە لە سەركێش و لات و دێوانە و ئەوانەی بەردەوام لە شەقامەكان و بۆ خەڵكانێ قسان لە بارەی خۆیانەوە دەكەن…
چارلیز سیمیك لە شیعرەكانیدا بایەخی زۆر بەو سەركێش و لات و پەراوێزخراوانە دەدات، لەو دیدەوە خۆی بە واقیعی دادەنێت، واقیعی لە جۆرێكی تایبەت كە لەگەڵ ژیانی ئەمریكییەكان دەگونجێ! بەڵام رەخنەگرانی ئەدەبی هەمیشە شیعری ئەو بە سوریالی دادەنێن…

چارلیز شیعر وەك چەقۆیەكی جوان بە رووی ئاژاوەدا دەبینێ، وشەی شیعری سەرەڕای ئەوەی دەلالەت لە چەقۆیەكی جوان دەكات، دەلالەت لە هێمنی و ماڵئاوایی و دڵنیایی دەكات! چەقۆ رووكاری دەرەوەی بارودۆخی وڵات دەنەخشێنێت، چەقۆ بیركردنەوەیەكی روون و شێوازێكی روون دەنوێنێ! دەیەوێ بڵێ هەمیشە هونەر دەتوانێ بە ئاسانی قەیڕانەكان تێپەڕێنێ، بێ ئەوەی پشتگوێیان بخات، دەتوانێ بەسەر قەیرانەكاندا زاڵ بێت، بەو مانایەش شیعر وەستاندنی ئاژاوەیە، ئەو وەستاندنەش پەیوەندی بە ساتەوەختی روونی و ئەو هەڵوێستە روونەوە هەیە، كە پەردە لە سەر ئاژاوە هەڵدەداتەوە و لە پشت ئاژاوەوە ئەو سەرگەردانییە روون دەكاتەوە كە ئاژاوە نوێنەرایەتی دەكات.

چارلیز لایەنێكی دیكەی ئاژاوەش دەبینێ، ئەویش لایەنی هونەری ئاژاوەی رەسەنە، كەواتە لە ئاژاوەدا وێنەیەكی جوان و كۆمەڵێ وێنەی تێكچڕژاو هەیە، كە هەرگیز لێكجودا ناكرێنەوە و لێكدانابڕێن، پێویستە هونەرمەند نیشانە لە ئاژاوە بگرێ و لە داهێنانەكانیدا سودی لێوەرگرێت، ئەو جۆرە لە ئاژاوە یان یادەوەرییە نە دەشێ راڤەی بكەین و نە ملكەچی بین، بەڵكو دەبێت بچێتە ناو تەمومژییەكانییەوە، ئەوەش پەیوەندی شاعیر بە زمانەوە دەخاتە روو، لێرەوە زمان گوزارشت لە ئاژاوە و تێكچڕژان دەكات، هەمیشە زمان شاعیر رووت دەكاتەوە، یان دەیهێنێ و دەیبات.. چارلیز لە نوسیندا هیچ زمانێك بە پاك و روون نابینێ و دەڵێ هەموو شیعرە كورت و سادە و ساكارەكانم زیاد لە جارێ هەوڵی نوسینەوەیانم داوە و بە چەندین ساڵ نوسراون، هەموو ئەوانەش دەلالەت لە مەتەڵی زمان دەكات، هەمیشە هەوڵی داوە لایەنێك لە ئەزموونی هونەری بەرجەستە بكات.. چەندین خەڵاتی بە دەست هێناوە، لەوانە لە ساڵی 1989خەڵاتی بەرزی شیعری (پۆلیتزر)ی لە سەر كۆمەڵە شیعری (جیهان كۆتایی نایەت) وەرگرتووە.

ئاسان نییە، سادە بیت.
هەمووان شاردنەوەیان پێخۆشە.
منیش هەروا.

گوێم لە درەختان گرت
نهێنیەكیان هەبوو
پێم زانی
بەڵام هیچم نەكرد.

هاوین هات.
هەموو درەختانی شەقام
شەهرزادی خۆیان هەیە.
شەوان بەشێكن لە حیكایەتە سەركێشەكانی.

هەموومان هێدی هێدی بەرەوە ماڵە تاریكەكان دەبینەوە
ماڵەكان تاریكن.
ماڵەكان هێمنن، ماڵەكان پشتگوێخراون.

لێرە كەسێك هەیە چاوانی خۆی داخستووە
لە تەبەقەكانی سەرەوە
ترس فەرمان دەكات، هەروەها سەرسوڕمانیش
منیان بە بێداری هێشتەوە.

ژنێ گوتی
حەقیقەت رووت و ساردە
ئەو ژنە سپی سپییە
هەمیشە لە ماڵەوەیە.

خۆر هەمیشە لە شەوانی درێژ
ئاماژەی بە یەك، دووانێ دەكات
ئەوانەی خۆیان بە جوانی دەهێڵنەوە.

شتەكان زیاد لە پێویست سادەن
هێندە سادەن قوڕس قوڕس دەكەونەوە
دەنگیان نایەت.

ئەوە ئەو رۆژانەن كە خەڵك بە نموونە ناویان دێنن
(…..) نكۆڵییان لێدەكەن
وەكو دەرزیلەی قژی رەش،
ئاوێنەن لە رۆناكی دەدرەوشێنەوە
درەختەكان چاوەڕوانی ئاسمان دەكەن.

———————————-
ژێدەر:
– فندق الارق، شعر:تشارلز سیمیك، ترجمە: احمد شافعی، مراجعە وتصدیر: جمال الجزیری، المشروع القومی للترجمە، اشراف: جابر عصفور، ط1 2004، القاهرە.
– شعر: تشارلیز سیمیك، ترجمە : عبدالوهاب أبوزید، جریدە الیوم الاردنی، تاریخ النشر: 19 أبریل 2004




شاعیری ئیسرائیلی هاوچه‌رخ (یۆنا فولاخ) …. داڕشتنه‌وه‌ی: عه‌بدولموته‌لیب عه‌بدوڵڵا

شیعر ده‌سبازی جه‌سته‌یه‌

یۆنا فولاخ به‌ دیاریكراوی به‌ هۆی جه‌ربه‌زه‌یی و به‌ ئاشكرا به‌ كارهێنانی ئیرۆتیكایه‌ك كه‌ ئه‌و كات باو نه‌بوو، به‌ یه‌كێك له‌ گرنگترین نوێخوازانی شیعری ئیسرائیلی هاوچه‌رخ داده‌نرێت. له‌ ساڵی 1944 له‌ دایكبووه‌و له‌ ساڵی 1985 كۆچی دوایی كردووه‌. باوكی میخائیل فولاخ له‌ جه‌نگی (48) به‌ گولله‌ی هاوڕێكه‌ی كوژراوه‌، ئه‌و كات ته‌مه‌نی چوار ساڵان بوو. هه‌ر له‌ شه‌قام له‌ دایكبووه‌ و له‌ شه‌قام ژیاوه‌ و له‌ شه‌قام كۆچی دوایی كردووه‌، ناوی خۆی خستۆته‌ سه‌ر باوكی.

شاعیر (ماكسیم جیلان) هێزی شیعری ئه‌وی كه‌شف كردووه‌ و به‌ (جفرائیل موكیدی) نووسه‌ری ناساندووه‌، ئه‌ویش یه‌كه‌م كه‌س بووه‌ كه‌ له‌ گۆڤاری (عخشاف) ساڵی 1964 یه‌كه‌م شیعری بۆ بڵاو كردۆته‌وه‌. هه‌ر له‌ ساڵی 1972 بووه‌ به‌ یه‌كێَك له‌ كه‌سه‌ نزیكه‌كانی ده‌سته‌ی نووسه‌رانی وه‌رزنامه‌ی (سیمان كریئاه) و (مناحیم بیری) نووسه‌ر، كه‌ دوو كتێبی بۆ چاپ كرد. یه‌كێك بووه‌ له‌ دامه‌رێنه‌ره‌كانی گۆڤاری (بشیتا) كه‌ له‌ شیعردا گرنگیان به‌ به‌كارهێنانی زمانی رۆژانه‌ ده‌دا.

له‌ ته‌مه‌نی (21) ساڵیدا به‌ ئاره‌زووی خۆی چۆته‌ نه‌خۆشخانه‌ی ده‌روونییه‌وه‌، ئه‌و كاته‌ی كه‌ كۆمه‌ڵێك حه‌بی تریاكی (LSD) قووت ده‌دا، ئه‌و ئه‌زموونه‌ی له‌ كۆمه‌ڵێك له‌ شیعره‌كانی وه‌سف كردووه‌، له‌وانه‌ش قه‌سیده‌ی: ئه‌گه‌ر بۆ سه‌فه‌ری LSD چوویت. له‌ ساڵی 1981 نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ی لێ‌ به‌ ده‌ر كه‌وتووه‌، له‌ دوای سێ‌ ساڵان هه‌ر به‌و نه‌خۆشیه‌ كۆچی دوایی كردووه‌.

له‌ساڵی 1982 له‌ گۆڤاری (عیتون 77) شیعرێكی بڵاو كرده‌وه‌، ئه‌و شیعره‌ به‌ هۆی بابه‌ته‌كه‌یه‌وه‌ گه‌رده‌لوولێكی به‌ڕوودا وڕوژاند. شیعره‌كه‌ له‌باره‌ی (تفیلین) بووه‌، تفیلین ئه‌و ئامرازه‌ یه‌هودییه‌ پیرۆزه‌یه‌ كه‌ بۆ خواپه‌رستی به‌كاری ده‌هێنن و له‌ ده‌وری سه‌ر یان مه‌چه‌كیان ده‌ئاڵێنرێت، شاعیر (تفیلین)ی له‌ سیاقێكی ته‌واو سێكسیدا به‌كار هێناوه‌، له‌ قه‌سیده‌كه‌دا ده‌ڵێت: تفیلین له‌ پێناو من به‌كار بێنه‌/ له‌ ده‌ستمی بئاڵێنه‌/پێمی دابێَََََََنه‌/ به‌سه‌ر جه‌سته‌مدا به‌ نه‌رمی بێهێنه‌ و بیبه‌/به‌ باشی پێمی بوخرێنه‌/هه‌موو شوێنێكم بوڕوژێنه‌/ له‌و په‌ڕی هه‌سته‌وه‌ له‌ هۆش خۆم به‌ره‌/به‌ سه‌ر ….. دابێنه‌/له‌ كه‌مه‌رم ببه‌سته‌/ هه‌تا زوو ره‌حه‌ت بم. به‌هۆی ئه‌و قه‌سیده‌ (مریام جلزار) جێگری وه‌زیری په‌ره‌وه‌رده‌ و رۆشنبیریی به‌ (چوارپێی شێتگیر) وه‌سفی كردووه‌، هه‌روه‌ها هاوڕێی شاعیری (زلدا فوز)ی ئایندار به‌ هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و قه‌سیده‌یه‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ بڕیووه‌.
ئه‌زموونه‌ سۆزدارییه‌كان بنه‌مای نووسینه‌كانی ئه‌و بوون: گرنگیدانی ئاشكرای به‌ سێكس، گرنگیدان به‌ هه‌ستی مرۆییانه‌ بێ‌ ئه‌وه‌ی ئینتمای خۆی بۆ ره‌گه‌زێك دیاری بكات… ئه‌زموونی ژنانه‌، ترسان له‌ مه‌رگ، گرنگیدان به‌ شێتی… هه‌ندێك له‌ شیعره‌كانی بۆ زمانی ئینگلیزی و ئیتاڵی و بیدشی ته‌رجه‌مه‌ كراون. له‌ كۆمه‌ڵه‌ شیعره‌كانی: شته‌كان 1966، دوو باخچه‌ 1969، پڕشنگی دڕنده‌ 1983، فۆرمه‌كان 1985، دیمه‌ن 1985، زێترم ده‌وێت كۆمه‌ڵه‌ شیعرێك بوو له‌ دوای مردنی بڵاو كرایه‌وه‌.

گرفتی ناسنامه‌
چ گۆرانیه‌ك ده‌ڵێیت چۆله‌كه‌
كه‌سێكی دی
له‌ گه‌رووت گۆرانی ده‌ڵێ‌
كه‌سێكی دی
گۆرانیه‌كه‌تی نووسیووه‌
له‌ ماڵه‌وه‌ ده‌یڵیته‌وه‌
به‌ گه‌رووی تۆ
ئه‌ی چۆله‌كه‌ ئه‌ی چۆله‌كه‌
ئه‌وه‌ چ گۆرانیه‌ك ده‌ڵێت
كه‌سێكی دی ئه‌و گۆرانییه‌
به‌ گه‌رووی تۆ ده‌ڵێته‌وه‌.

خۆشه‌ویسته‌كه‌م مردووه‌

جاران
پێویستم به‌ هه‌رچی هه‌با
ئه‌و ده‌یدامێ‌
هیچ نه‌ماوه‌
هه‌موو شته‌كانی پێدام
به‌ڵام ئێستاكه‌ مردووه‌
ئه‌و تاوانه‌ ئێستا روویدا
من ده‌توانم
به‌س گوێم لێبگرن ده‌زانم
ئه‌و زیندووه‌

ئه‌و مردووه‌
خوێنێكی گه‌ش، خوێنێكی ره‌ق
خوێنێكی به‌ جۆش و خرۆش، خوێنێكی ره‌ش
گوتم ده‌ژی، هه‌تا هه‌تایه‌ تۆ ده‌ژی
هه‌میشه‌ لێره‌ی
بۆ منی
به‌ڵام من هه‌ر بۆ تۆ ده‌گه‌ڕێم، هه‌ر ده‌گه‌ڕێم
هه‌تا هه‌تایه‌ ده‌گه‌ڕێم
بۆ تۆ

یاسا هه‌میشه‌ یاسایه‌
چیمان هه‌یه‌ تا بدوێین له‌ باره‌یه‌وه‌
ئه‌و مردووه‌
گه‌ر ئاماده‌ین فریای كه‌وین
بیر بكه‌وه‌، بیر بكه‌وه‌
ئاماده‌ین وه‌ك ئوتومبێلی فریاكه‌وتن
فریای كه‌وین
له‌ولا پۆلیس و دادوه‌ری دێن
دێن و غه‌رامه‌مان ده‌كه‌ن
چونكه‌ یاسا هه‌ر یاسایه‌

یاسا
زیندووه‌
به‌ڵام هاوڕێكه‌م مردووه‌
خوێنێكی گه‌ش
خوێنێكی ره‌ق
خوێنێكی به‌ جۆش و خرۆش، خوێنێكی ره‌ش
ئه‌گه‌ر گوتیان هه‌تا هه‌تایه‌ تۆ ده‌ژی
هه‌میشه‌ لێرانه‌ ده‌بیت
من هه‌ر ده‌گه‌ڕێم ده‌گه‌ڕێم
تا هه‌تایه‌
بۆ تۆ
بۆ تۆ

داڕشتنه‌وه‌ی: عه‌بدولموته‌لیب عه‌بدوڵڵا
————————————
ژێده‌ر:
نقلا عن انترنیت “هكژا تحدپ كوهین” ترجمه‌: نائل الگوخی GMT 17:15:00 2009 الپلائا‌و 18 أغسگس
http://hkzathdthcohen.blogspot.com/2009/08/blog-post_14.html




مه‌ریوان وریا قانع ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی …عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا


زنجیره‌یه‌ك گوتار له‌ باره‌ی ناسنامه‌ (10-10)

—————————–

كۆمپیته‌ر و ئینته‌رنێت ره‌مزی له‌ دایكبوونی (جیهانگیری)ین، به‌بێ‌ له‌ دایكبوونی ئه‌و توانا گه‌وره‌یه‌ی په‌یوه‌ندیكردنی ئه‌لكترۆنی چوارچێوه‌یه‌ك به‌ ناوی جیهانگیری دروست نه‌ده‌بوو. دروست بوونی ئه‌و چوارچێوه‌یه‌ش هۆكاری هاتنه‌كایه‌ی كۆمه‌ڵێك گۆڕانكاری گه‌وره‌ گه‌وره‌ن، كه‌ رۆژانه‌ رووبه‌ڕوویان ده‌بینه‌وه‌، له‌ پاش ئه‌و هه‌موو گۆڕانكارییانه‌، ئه‌و هه‌موو ده‌ستكه‌وته‌ گرنگانه‌ی دنیا، له‌ دیموكراسییه‌ت و مافه‌كانی مرۆڤ و پاراستنی جیاوازی و رێزگرتنی ئازادی و پێشنیاركردنی یه‌كسانییه‌كی ره‌ها له‌ سه‌ر بنه‌مای هاوڵاتیبوون و په‌یمانی كۆمه‌ڵایه‌تی و فیكره‌ی دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كان و پاراستنی مافی مرۆڤ… گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ییمان بۆ بنه‌مای (زه‌رده‌شتییه‌ت) جگه‌ له‌وه‌ی له‌ رووی سیاسییه‌وه‌ خۆكوژییه‌كی گه‌وره‌یه‌، جیاكردنه‌وه‌ی خه‌ڵكی كوردستانیشه‌ له‌ بزاڤی كوردایه‌تی، به‌ دیوه‌كه‌ی دیكه‌ له‌ رووی كۆمه‌ڵایه‌تی و فیكری و مه‌عریفیشه‌وه‌ باركردنی واقیعی كوردییه‌ به‌ دنیای غه‌یبانی، دنیایه‌ك كه‌ پایه‌ به‌ هێزه‌كانی خۆی له‌ خورافه‌تدا ده‌بینێته‌وه‌! ئه‌و وێناكردنه‌ مێژووییه‌ (ئایینییه‌) بۆ ناسنامه‌ و چه‌مكی نه‌ته‌وه‌، تێڕوانینێكی نه‌خۆش و ترسناكه‌، ئه‌و دیده‌ نه‌خۆش و ترسناكه‌ پێیوایه‌ ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی شتێكه‌ له‌ دوامانه‌وه‌یه‌ و پێویسته‌ ره‌سه‌نیبوونی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی قوڵایی مێژوویی هه‌بێت، ده‌بێ‌ بۆ به‌ ده‌ستهێنان و پاراستنی به‌رده‌وام بۆ ناو كۆڵان و تونێڵ و تاریكایی ئه‌و مێژووه‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌، له‌و دیده‌وه‌ ناسنامه‌ له‌ كراسێك ده‌چێت، كه‌ داگیركار و هه‌لومه‌رجی تایبه‌ت و هێزێكی ناحه‌ز… به‌ زۆری له‌ به‌ری داكه‌ندبین و ده‌بێ‌ ئه‌ركی ئێمه‌ له‌مڕۆدا گه‌ڕانه‌وه‌ بێت بۆ رابردوو، بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و كراسه‌…

(مه‌ریوان وریا قانع) ساڵی (1961) له‌ گه‌ره‌كی (سابونكه‌ران)ی شاری سلێمانی له‌ دایكبووه‌، قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی له‌ (شێخ سه‌لام) ته‌واو كردووه‌، پاشان به‌ ماڵه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ شاری هه‌ولێر و گه‌ڕه‌كی (سێتاقان) و دواتر له‌ گه‌ڕه‌كی (ده‌واجن) نیشته‌جێبوونه‌ و ناوه‌ندی (برایی) و ئاماده‌یی (كوردستان)ی له‌ شاری هه‌ولێر ته‌واو كردووه‌. دوای ساڵانی هه‌شتا له‌ زانكۆی (موسته‌نسرییه‌)ی شاری (به‌غداد) له‌ به‌شی (ئابوری و كارگێڕی) وه‌رگیراوه‌، هه‌ر له‌ هه‌شاكاندا ده‌ستی به‌ نوسین كردووه‌ و له‌ كۆتایی هه‌شتاكاندا فیكری بونیادگه‌ری له‌ ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردیدا بره‌و پێداوه‌… دوای راپه‌ڕینی ساڵی (1991) ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌ی كوردستان و له‌ ساڵی (1995) له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێیه‌كی رۆشنبیر گۆڤاری (ره‌هه‌ند) داده‌مه‌زرێنن و له‌و گۆڤاره‌دا كاره‌كانی خۆی درێژه‌ پێده‌دات. هه‌ر له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات و له‌ وڵاتی (هۆڵه‌ند)ه‌ سه‌ره‌تا له‌ (زانسته‌ سیاسییه‌كان) ماسته‌ر ده‌خوێنێت و دواتر بڕوانامه‌ی دكتۆرا له‌ ژێر ناونیشانی (خوێندنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان ئایین و ناسیونالیزم و ئه‌ده‌بیات) له‌ بواری زانسته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌ ده‌ست ده‌هێنێ‌. یه‌كه‌مین كتێبی له‌ ساڵی (2000) به‌ ناوی (ده‌سه‌ڵات و جیاوازیی) به‌ چاپ ده‌گه‌یه‌نێت، پاشان كۆمه‌ڵێ‌ كتێب به‌ ناونیشانه‌كانی (ناسونالیزم و سه‌فه‌ر)، (شوناس و ئاڵۆزی)، (به‌خته‌وه‌ری و بێده‌نگی) ئینجا زنجیره‌یه‌ك كتێب به‌ ناوی (كتێب و دنیا)، (دین و دنیا)، (سیاسه‌ت و دنیا)، (فیكر و دنیا) … هتد، به‌ چاپ ده‌گه‌یه‌نێت.

بواری كاركردنی دكتۆر مه‌ریوان وریا قانع، تێكه‌ڵه‌یه‌كه‌ له‌ كۆمه‌ڵناسیی سیاسیی و رۆشنبیریی، مێژووی فیكری و پێگه‌ی ئه‌ده‌بیات له‌ نێو ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان دین و سیاسه‌ت… به‌ زمانی ئینگلیزی و هۆڵه‌ندی ده‌نوسێ‌ و نوسینه‌كانی بۆ چه‌ندین زمان وه‌رگێڕدراون. ئێستا له‌ زانكۆی (ئه‌مستردام) مامۆستای به‌شی خۆرهه‌ڵاتناسییه‌.

ناسنامه‌ و زه‌رده‌شتییه‌ت

به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی چه‌مكی ناسنامه‌ بۆ فه‌لسه‌فه‌ی پێش (سوكرات) ده‌گه‌ڕێته‌وه‌! (بارمێندس) و (هیراكلیتس) له‌ باره‌ی په‌یوه‌ندی (خود و ئه‌ویدیكه‌) و له‌ باره‌ی هاوگونجانی نێوان ناسنامه‌ و گۆڕانكارییه‌كانی قسه‌یان كردووه‌… ناسنامه‌ هه‌میشه‌ له‌ په‌یوه‌ندیكردن به‌ ئه‌ویدیكه‌وه‌ دێته‌ ئاراوه‌، له‌ په‌یوه‌ندیكردن به‌ ئه‌وانیدیكه‌وه‌ گۆڕانی به‌ سه‌ردا دێت، كه‌واته‌ ئه‌وانیدیكه‌ هه‌ر ته‌نها ناسنامه‌ی تۆ دیاری ناكه‌ن، به‌ڵكو ده‌شیگۆڕن، به‌ كورتی مه‌رجی بونیادنانی ره‌گه‌زه‌كانی ناسنامه‌ و خود له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وانیدیكه‌دا دێته‌ به‌رهه‌م، ده‌مه‌وێ‌ بڵێم چه‌مكی ناسنامه‌ چه‌مكێكی بێ‌ مێژووه‌.

لێره‌دا هه‌وڵده‌ده‌م له‌ نێوان (په‌یوه‌ندی و خودگه‌رایی و ئه‌ویدیكه‌)دا قسه‌ له‌ ناسنامه‌ بكه‌م، به‌ڵام نه‌ك وه‌ك پرۆسه‌یه‌ك بۆ خۆناسین، به‌ڵكو وه‌ك ماناسازی و جیاوازی، ئه‌گه‌ر ماناسازی ته‌رجه‌مه‌ی ئینتیمای رۆحی نه‌وه‌كان بكه‌ین، ئه‌وه‌ جیاوازی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك له‌ خه‌سڵه‌ت و سیمای ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌دا كورت ده‌بێته‌وه‌! هه‌میشه‌ هێز (جیاوازی) به‌ڕێوه‌ ده‌بات، به‌رده‌وام ده‌سه‌ڵاته‌ هه‌ژموونداره‌كان خه‌ریكی ناسنامه‌سازین، پاراستنی ناسنامه‌ به‌ ئه‌ركی خۆیان ده‌زانن…مه‌ریوان وریا قانع له‌ كتێبی (به‌خته‌وه‌ری و بێده‌نگی) ل169- 170- 171، له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكدا مێژووی ناسنامه‌ی كوردی ده‌خاته‌ روو و ده‌ڵێت، دوای كه‌وتنی ئیمپراتۆری عوسمانی، ئه‌گه‌ر راسته‌وخۆ ته‌ماشای كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی نۆزده‌ و ساڵه‌ سه‌خته‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م بكه‌ین، ده‌بینین مێژووی كوردی هه‌لومه‌رجێك ژیاوه‌، كه‌ تێیدا مژده‌ و خه‌یاڵ و ئه‌گه‌ر و تواناكانی مۆدێرنه‌ له‌ ئاراسته‌كردنی رووداوه‌كانیدا ده‌ستی هه‌بووه‌، واته‌ پرۆژه‌ی خه‌ونبینی ده‌سته‌جه‌معیانه‌ی ئێمه‌، پرۆژه‌ی تازه‌كردنه‌وه‌ و گه‌شه‌پێدان و به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردنی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئینسانی و فه‌رهه‌نگیمان بووه‌، له‌و پرۆژانه‌دا هێزی سه‌ره‌كی گۆڕان و خه‌ون و تازه‌بوونه‌وه‌ نه‌ زه‌رده‌شتییه‌ت بووه‌ و نه‌ هیچ دیدێكی مێژووگه‌رانه‌ی دیكه‌، به‌ڵكو تواناكانی مۆدێرنه‌ بووه‌. بۆیه‌ من هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی شایانی باس له‌ نێوان كوردبوون و زه‌رده‌شتییه‌تدا نابینم…

له‌ رووی سیاسییه‌وه‌ مێژووی هاوچه‌رخی ئێمه‌ مێژووی ناسیونالیزمی كوردییه‌، ئه‌و ناسیونالیزمه‌ به‌ درێژایی سه‌ده‌ی بیسته‌م له‌ سه‌ر به‌رهه‌مهێنانی مانا و ره‌مز و خه‌یاڵ و عه‌قڵانیه‌تی سیاسی كاری كردووه‌، ئه‌و ناسیونالیزمه‌ ئه‌گه‌رچی سودێكی گه‌وره‌ی له‌ سه‌رمایه‌ی ره‌مزی سه‌ركرده‌ ئاینییه‌كان وه‌رگرتووه‌، ئه‌گه‌رچی سودێكی گه‌وره‌ی له‌ توانای رێكخستننی ده‌زگا دینییه‌كانی وه‌ك مزگه‌وت و ته‌كیه‌ و ته‌ریقه‌ته‌كان وه‌رگرتووه‌، به‌ڵام به‌ خۆی به‌ هیچ مانایه‌ك پرۆژه‌یه‌كی ئایینی نه‌بووه‌، به‌ هیچ مانایه‌ك شه‌رعیه‌تی خۆی له‌ سه‌ر پرنسیبه‌ ئایینییه‌كان بونیاد نه‌ناوه‌، به‌ڵكو له‌ سه‌ر بنه‌مای پرنسیبه‌ سیاسییه‌كانی مۆدێرنه‌ دروست بووه‌. له‌ سه‌ره‌تای دروستبوونی ناسیونالیزمی كوردی، هه‌رگیز بۆ دروستكردنی (مه‌رجه‌ع و مێژوو و زاكیره‌ی نه‌ته‌وه‌یی تایبه‌ت) بۆ حیكایه‌ته‌ ئاینییه‌كان نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، راسته‌ ئایین له‌ رێگای نفوزی هه‌ندێ‌ سه‌ركرده‌ی دینی و به‌ گه‌ڕخستنی هه‌ندێ‌ ده‌زگای دینییه‌وه‌ ئاماده‌یی هه‌بوو، به‌ڵام ئایین به‌ هیچ مانایه‌ك یه‌كێك له‌ حیكایه‌ته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی ناسیونالیزمی كوردی نه‌بووه‌.

ناسیونالیزمی كوردی هه‌رگیز باسی له‌ به‌ گه‌ڕخستنی ره‌مزه‌ زه‌رده‌شتییه‌ كۆنه‌كان و پیاده‌كردنی شه‌ریعه‌ت نه‌كردووه‌، حیكایه‌ته‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ناسیونالیزمی كوردی ئه‌گه‌ر حیكایه‌تی (كاوه‌ی ئاسنگه‌ر) و (جه‌ژنی نه‌ورۆز) بێت، حیكایه‌تی گه‌ڕانه‌وه‌ نییه‌، بۆ ئایینێكی جیاواز و گریان و له‌خۆدان بۆ پاڵه‌وانێكی ئایینی ناو رابردووی ئێمه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ حیكایه‌تی كاوه‌ی ئاسنگه‌ر حیكایه‌تی داواكردنێكی سه‌رسه‌ختی عه‌داله‌تخوازییه‌، تا راده‌ی گه‌یشتن به‌ راپه‌ڕین و یاخیبوون و قوربانیدان… كه‌واته‌ زه‌رده‌شتییه‌ت نابێته‌ به‌ردی بناغه‌ی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ئێمه‌!

ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی، بوونی كۆمه‌ڵێك مژده‌ی هاوبه‌ش و خه‌ونی هاوبه‌ش و پلانی هاوبه‌شه‌ بۆ ئاینده‌یه‌كی پێكه‌وه‌یی و سه‌رفراز! بۆ دروستكردنی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌وه‌ به‌س نییه‌، ته‌نها ته‌ماشای دواوه‌ و رابردووی خۆمان بكه‌ین، ئه‌وه‌ به‌س نییه‌، بڵێین ئێمه‌ نه‌وه‌ی كاوه‌ی ئاسنگه‌رین و ده‌وڵه‌تی میدیا ده‌وڵه‌تی باپیرانی ئێمه‌ بووه‌، زه‌رده‌شت پێغه‌مبه‌ری كورد بووه‌، به‌ڵكو پێویستمان به‌ دیدێكی هاوبه‌ش و خه‌ونێكی هاوبه‌ش و پرۆژه‌یه‌كی هاوبه‌شه‌ بۆ ئاینده‌! به‌ كورتی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی نادۆزرێته‌وه‌، به‌ڵكو داده‌هێنرێت و دروستده‌كرێت و به‌رده‌وام تازه‌ ده‌كرێته‌وه‌، پێدراوێكی پێشوه‌خت نییه‌، به‌ڵكو داهێنراوێكی ئێستاییه‌ و له‌ میانه‌ی پێكدادان و ئاڵوگۆڕی و گفتوگۆی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌رده‌وامدا دروست ده‌بێت.

له‌ كۆی ئه‌و قسانه‌ی مه‌ریوان وریا قانعدا ده‌توانین چه‌مكی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی له‌ خه‌سڵه‌ت و سیما جیاكه‌ره‌وه‌كاندا بدۆزینه‌وه‌، له‌ ته‌رجه‌مه‌كردنی ئینتیمای رۆحی نه‌وه‌كان و پلانی هاوبه‌ش بۆ ئاینده‌یه‌كی پێكه‌وه‌یی و سه‌رفراز… له‌ كۆی ئه‌و بیروباوه‌ڕ و وێنه‌ و ره‌مزانه‌ی كه‌ گروپێكی كلتوری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی دیاریكراو له‌ هه‌لومه‌رجێكی دیاریكراودا له‌ سه‌ری رێك ده‌كه‌ون و به‌ دنیای ده‌ره‌وه‌ی نیشان ده‌ده‌ن. هه‌موو ئه‌وانه‌ش بایه‌خی له‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی پایه‌ی نه‌ته‌وه‌ و پێشكه‌وتن و گه‌شه‌كردنی نه‌ته‌وه‌دا هه‌یه‌، به‌ڵام سه‌رچاوه‌ی قه‌یرانی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردی بۆ بنه‌ما مێژووییه‌كانی ناگه‌ڕێته‌وه‌، به‌ڵكه‌ بۆ ئیراده‌ی سیاسی و رۆشنبیریی و ره‌مزیی و مه‌عریفی یه‌كگرتوو ده‌گه‌ڕێته‌وه‌! نه‌بوونی چوارچێوه‌یه‌كی دیموكراسییه‌، بۆ رێكخستنی جیاوازییه‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئایینی و فه‌رهه‌نگییه‌كانی كۆمه‌ڵگای ئێمه‌، نه‌ك لادان له‌ زه‌رده‌شتییه‌ت و بوون به‌ ئیسلام…

ناسنامه‌ی كوردی و ئاڵۆزییه‌كانی

(زیگمۆن باومان) پرۆفیسۆری سۆسیۆلۆژیا، ساڵی (2016) به‌ر له‌ كۆچكردنی له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌ باره‌ی ئه‌مڕۆی ناسنامه‌وه‌ ده‌ڵێ‌، ناسنامه‌ له‌ بوونی ئه‌و شته‌ی كه‌ تۆ له‌گه‌ڵی له‌ دایكبووی، بۆ بوونی ئه‌رك، كۆمه‌ڵێك گۆڕانكاری به‌ سه‌ردا هاتووه‌… ئه‌گه‌رچی كۆمه‌ڵگاكان به‌ ئاسانی دروست نابن، به‌ڵام ئه‌مڕۆ تۆ ده‌بێت كۆمه‌ڵگای خۆت دروست بكه‌یت! ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان دروستی ده‌كات، شتێكی لاوه‌كییه‌، جیاوازی نێوان كۆمه‌ڵگای تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و كۆمه‌ڵگای واقیعی ئه‌وه‌یه‌، كه‌ تۆ ده‌توانی به‌ ئازادی بۆ كۆمه‌ڵگای واقیعی بگه‌ڕێیته‌وه‌، به‌ڵام تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بۆ تۆ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ و كۆنترۆڵت ده‌كه‌ن… كۆمه‌ڵگای واقیعی فێری گفتوگۆمان ده‌كات، تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فێری گفتوگۆمان ناكات، كۆمه‌ڵگای واقیعی ئاسۆی بیركردنه‌وه‌مان فره‌وان ده‌كات، به‌ڵام تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ئاسۆی بیركردنه‌وه‌مان فره‌وان ناكات، تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌ سود و چێژن، به‌ڵام ته‌ڵه‌ن.
له‌ بیرمان نه‌چێت، ئه‌و یاسایه‌ی هه‌ر نه‌وه‌یه‌ك له‌ نه‌وه‌كانی به‌ر له‌ خۆی و دوای خۆی به‌ یه‌كه‌وه‌ گرێ‌ ده‌دات، یاسای به‌رده‌وامی و دابڕان، پێكه‌وه‌ بوون و جیابوونه‌وه‌یه‌… مه‌ریوان وریا قانع له‌ كتێبی (شوناس و ئاڵۆزی) ل140 ده‌ڵێت، هه‌ر نه‌وه‌یه‌ك سه‌ر له‌ نوێ‌ پێناسه‌ی تایبه‌ت به‌و چه‌مك و مانا و پرنسیبه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و فه‌رهه‌نگییانه‌ ده‌دات، كه‌ له‌ هه‌ناویدا گه‌وره‌ ده‌بێت و به‌ هۆیانه‌وه‌ جیهان ده‌ناسێت و دیارده‌كان راڤه‌ ده‌كات و دواجاریش له‌ هه‌ناویاندا ده‌مرێت. له‌ رێگای پێناسه‌كردنه‌وه‌ی شته‌كانه‌وه‌ ئه‌و نه‌وه‌یه‌ شوناسێك به‌ خۆی ده‌به‌خشێت و به‌ خۆی و به‌ ده‌ره‌وه‌ی خۆی ده‌ڵێت ئه‌وه‌ منم و ئه‌وه‌ش هه‌ڵوێستی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و كلتوری و مه‌عریفی منه‌، ئه‌وه‌ش ماناكان و هه‌ڵوێسته‌كانی منه‌ بۆ دنیا و دیارده‌كانی ده‌وروبه‌رم. هه‌ر نه‌وه‌یه‌ك نه‌توانێ‌ ئه‌و كاره‌ بكات، نه‌وه‌یه‌كی بێ‌ شوناس ده‌بێت و ئه‌و بێ‌ شوناسییه‌ ده‌یكاته‌ بوونه‌وه‌رێك، كه‌ شته‌كان له‌ ده‌ره‌وه‌ی خواستی ئه‌و به‌ڕێوه‌ی ده‌چن.

پرسیاری ئه‌وه‌ی ئێمه‌ كێین؟ هه‌ر ته‌نها ماڵئاوایی كردن نه‌بووه‌ له‌ شوناسی كۆسمۆپۆلی كه‌ هه‌مووان به‌یه‌كه‌وه‌ كۆ ده‌كاته‌وه‌ و دروستكردنی ماڵی نه‌ته‌وه‌یی، هه‌ر ته‌نها له‌به‌ر یه‌كهه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی فانتازیای سیاسی و كلتوری، له‌به‌ر یه‌كهه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سه‌ر زه‌مینی هاوبه‌شی برای ئایینی و په‌یمانی ئایینی نه‌بووه‌، هه‌ر ته‌نها به‌ دروستبوونی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و په‌یمانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌زگا و بۆچوون و پرنسیب و فانتازیا تایبه‌ته‌كانی مۆدێرنه‌ و بزاوتی نه‌ته‌وه‌یی په‌یوه‌ست نییه‌. به‌ڵكو به‌ هێزێكی ره‌مزییه‌وه‌ په‌یوه‌سته‌، كه‌ بتوانێ‌ خه‌ون و خه‌یاڵ و ویسته‌كانی نه‌وه‌ی نوێ‌ له‌ واقیعدا بنه‌خشێنێ‌ و كۆمه‌ڵگایه‌كی جیاواز بهێنێته‌ ئاراوه‌.

مه‌ریوان وریا قانع پێیوایه‌ ناسیونالیزمی كوردی له‌ رووی سیاسییه‌وه‌ پشت ئه‌ستور بوو به‌ نوخبه‌ی رۆشنبیرییه‌وه‌، دروستكردنی حیزبی سیاسی و دامه‌زراندنی یانه‌ و ده‌زگا و كۆڕ و كۆمه‌ڵه‌ی نوێ‌… له‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كانی ئه‌و نوخبه‌ رۆشنبیرییه‌وه‌ بووه‌، به‌ڵام كێشه‌ی سه‌ره‌كی ئه‌و نوخبه‌یه‌ له‌وه‌دابووه‌، كه‌ نه‌یتوانی په‌یوه‌ندییه‌كی ئۆڕگانی له‌گه‌ڵ واقیعی كۆمه‌ڵایه‌تی و كلتوریی و زمان و ره‌مزه‌ ته‌قلیدی و باوه‌كانی كۆمه‌ڵگادا دروست بكات، ئه‌وه‌ش بۆ نه‌بوونی سه‌رمایه‌یه‌كی به‌ هێزی ره‌مزی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، هێزێكی ره‌مزی كه‌ پشتی ئه‌و نوخبه‌یه‌ بگرێ‌ و بتوانێ‌ خه‌ون و خه‌یاڵ و ویسته‌كانی له‌ واقیعدا بنه‌خشێنێ‌، بتوانێ‌ هێزه‌كانی دیكه‌ له‌ ده‌وروبه‌ری كۆ بكاته‌وه‌، تا ئه‌و نوخبه‌یه‌ بتوانێ‌ كاریگه‌ری راسته‌وخۆ له‌ سه‌ر واقیعی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی دروست بكات… به‌و مانایه‌ش كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ خه‌ونی بونیادنانی قه‌واره‌ی سیاسی كوردی یه‌كانگیر نه‌بووه‌ له‌گه‌ڵ خه‌ونی تازه‌كردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگای كوردیدا؟!

ناسنامه‌ و دنیا

جیاوازی نێوان كۆمه‌ڵگای تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و كۆمه‌ڵگای واقیعی، له‌ ئازادی و ئاسایشدایه‌، زیگۆمان باومان ده‌ڵێ‌ ئه‌گه‌ر ئاسایشی زیاترت بووێ‌، ده‌بێ‌ واز له‌ بڕێك ئازادی خۆت بهێنیت، (چونكه‌ دواجار ئه‌وه‌ی ئێمه‌ له‌ سه‌ركه‌وتنی ئازادی پێشبینیمان ده‌كرد، كۆمپانیاكان ده‌ستیان به‌ سه‌ردا گرت)… به‌ڵام جیاوازی نێوان هێز و سیاسه‌ت، له‌ به‌ جیهانیبوون و به‌ ناوخۆیبووندایه‌! تێكه‌ڵكردنی ماڵی سیاسه‌ت به‌ ماڵی هێز له‌ سه‌ر ده‌ستی ده‌وڵه‌ت- نه‌ته‌وه‌ كۆتایی هاتووه‌، چونكه‌ سیاسه‌ت ناتوانێ‌ به‌ڵێنه‌كانی به‌رێته‌ سه‌ر، به‌ڵام هێز به‌ جیهانی بووه‌… كه‌واته‌ هه‌ڵه‌یه‌ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ی كورد پێمانوابێت ده‌توانین ته‌نها له‌ رووی ناوخۆییه‌وه‌ كێشه‌كانی خۆمان چاره‌سه‌ر بكه‌ین.

ئه‌مڕۆ دنیا په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ناسنامه‌دا شكاوه‌، مه‌رج نییه‌ په‌یوه‌ندی ناسنامه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌و شوێنه‌ هه‌بێت، كه‌ لێی ده‌ژی؟! دنیا روو به‌ڕووی گۆڕانكاری زۆر بۆته‌وه‌، تێگه‌یشتن له‌و گۆڕانكارییانه‌ له‌ سه‌ر پرسه‌ ناسنامه‌یی و كلتورییه‌كان بۆ ئێمه‌ی كورد بایه‌خی تایبه‌تی هه‌یه‌! ناسنامه‌ ئامرازێكی دروستكراوه‌، به‌ڵام ده‌بێ‌ بزانین ناتوانین وازی لێبهێنین، ده‌بێ‌ به‌ شێوه‌یه‌كی دیكه‌ به‌ دوایدا بگه‌ڕێین، چونكه‌ ناسنامه‌ هاوسه‌نگی نێوان خود و ناخود راده‌گرێت.

ره‌نگه‌ چیدی نه‌توانین پێناسه‌ی كۆمه‌ڵگای كوردی به‌ دانیشتوانی ئه‌و سه‌ر زه‌مینه‌ جوگرافییه‌ بكه‌ین، كه‌ نه‌وه‌كانی به‌ر له‌ ئێمه‌ی تێیدا ژیاون، وه‌ك مه‌ریوان وریا قانع له‌ شوناس ئاڵۆزی ل87-88 دا ده‌ڵێ‌، ناتوانین دیارده‌كانی ناو ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ ته‌نها له‌ سیاقه‌ لۆكاڵیه‌كانی ناوخۆدا بخوێنینه‌وه‌ و چاو له‌و هه‌موو رایه‌ڵه‌ ئه‌لكترۆنیانه‌ بنوقێنین، كه‌ ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ به‌ ده‌ره‌وه‌ی خۆیه‌وه‌ گرێ‌ ده‌دات.

ئه‌مڕۆ دنیا په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگادا شكاوه‌، بۆیه‌ گره‌وی سه‌ره‌كی سۆسیۆلۆژیای هاوچه‌رخ له‌وه‌دایه‌، چۆن بتوانێ‌ قسه‌ له‌ سه‌ر دیارده‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی دنیای هاوچه‌رخ بكات، به‌ بێ‌ ئه‌وه‌ی چه‌مكی كۆمه‌ڵگا به‌ كار بهێنێت؟! چونكه‌ كۆمه‌ڵگا سه‌ر به‌ سۆسیۆلۆژیای سه‌ده‌ی نۆزده‌ و قۆناغی بونیادنانی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یه‌، واته‌ له‌ رۆژگاری جیهانگیریدا ئه‌و چه‌مكه‌ ناتوانێ‌ وه‌ك چوارچێوه‌ی روودانی رووداوه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ته‌ماشا بكرێت!

ئه‌مڕۆ دنیا په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ نیشتماندا شكاوه‌، واته‌ چه‌مكی نیشتمانیش گۆڕانی گه‌وره‌ی به‌ سه‌ر داهاتووه‌، نیشتمان چیدی به‌ ته‌نها جوگرافیایه‌كی واقیعی نییه‌، واته‌ شوێنێك نییه‌، تۆ ده‌بێت تێیدا ژیابیت و پێی ئاشنا بیت، به‌ڵكو جوگرافیایه‌كی خه‌یاڵیشه‌، شوێنێكه‌ ده‌شێ‌ نه‌یناسیت و نه‌دیبێت و تێیدا نه‌ژیابیت. نه‌خشه‌ی نیشتمان چیدی به‌ ته‌نها له‌ ناو واقیعێكی جوگرافی لۆكاڵیدا نییه‌، به‌ڵكو له‌ نێو ئامرازه‌ ته‌كنیكییه‌كانی (شاشه‌ی كۆمپیوته‌ر، فاكس، نامه‌كانی ئینته‌رنێت، به‌رنامه‌ی ته‌له‌فیزۆن، سه‌تالایت…) دایه‌، له‌ نێو په‌یوه‌ندی نوێ‌ دایه‌. دواجار چیدی ناسنامه‌ به‌ ته‌نها له‌ پاڵ پێدراوه‌ لۆكاڵی و ناوچه‌ییه‌كانی ناو نیشتمان و كلتوری ناو نیشتماندا به‌رهه‌م ناهێندرێت، به‌ ته‌نها راسته‌وخۆ ژینگه‌، ژینگه‌ی هه‌ڵهێنجانی ماناكان و پێناسه‌كان و په‌یوه‌ندییه‌كان نییه‌، چونكه‌ له‌گه‌ڵ ئینته‌رنێتدا توانایه‌ك هاتۆته‌ كایه‌وه‌، كه‌ هه‌موو جیهان بێته‌ سه‌ر زه‌مینی په‌یوه‌ندی رۆژانه‌ و ببێته‌ سه‌ر زه‌مینی به‌رهه‌مهێنانی مانا و شوناس. له‌ دۆخێكی وادا ناسنامه‌ ساده‌ و تاكره‌هه‌نده‌كان دووچاری قه‌یران ده‌بنه‌وه‌ و قۆناغی ناسنامه‌ ئاڵۆزه‌كان دێته‌ كایه‌وه‌، بیرۆكه‌ی فره‌ده‌نگی، جیاوازی، به‌ناویه‌كداچوون و تێكه‌ڵبوونی گڵۆباڵ به‌ لۆكاڵ وا ده‌كات ئینسان هه‌میشه‌ له‌ به‌ر ده‌م رستێك ئه‌گه‌ر و توانای هه‌ڵبژاردن و داڕشتنی ناسنامه‌ی تازه‌دا بێت، هه‌ر ئه‌وه‌ش واده‌كات نوێنه‌رانی ناسنامه‌ی تاكره‌هه‌ند و ته‌قلیدی ترسیان لێبنیشێت.

هه‌ولێر ٍٍ23/7/2018




زنجیره‌یه‌ك گوتار له‌ باره‌ی ناسنامه‌ (9-10) …. پرسی ناسنامه‌ …. عه‌بدولموته‌لیب عه‌بدوڵڵا

وشه‌ی ناسنامه‌ وشه‌یه‌كی ئاوێته‌یه‌، له‌ مانای زمانه‌وانیدا به‌ نامه‌ی ناسینه‌وه‌ دێت، كه‌سی ناسراو جیاوازی خۆی له‌ رێگای ئه‌و نامه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ویدیكه‌ ده‌نوێنێ‌، نامه‌ی ناسین ده‌كه‌وێته‌ ژێر به‌های نه‌ته‌وه‌یی و بیر و ئایین و ره‌گه‌ز و دابونه‌ریت و كلتور و ویست و فۆرمی ره‌فتاركردنی تاك و …
چه‌مكی ناسنامه‌ گوزارشت له‌و حه‌قیقه‌ته‌ هاوبه‌ش و هاوگونجاو و به‌یه‌كچووه‌ ده‌كات، كه‌ كه‌سێك، كۆمه‌ڵێك، نه‌ته‌وه‌یه‌ك، هه‌رێمێك، كیشوه‌رێك… له‌ ئه‌ویدیكه‌ جیا ده‌كاته‌وه‌، ئه‌وه‌ش مه‌رج نییه‌ په‌یوه‌ندی به‌ به‌های چه‌سپاو یان پیرۆزه‌وه‌ هه‌بێت، ئه‌گه‌رچی ناتوانین ئه‌و به‌ها جێگیر و پیرۆزانه‌ ره‌تبكه‌ینه‌وه‌، به‌ڵام مه‌رج نییه‌ وه‌ك كرۆك و رۆحی ناسنامه‌ چاو لێبكرێن! مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ناسنامه‌ له‌ هاوژیانی له‌گه‌ڵ ئه‌وانیدیكه‌دا به‌رده‌وام له‌ حاڵه‌تی تازه‌كردنه‌وه‌ و گۆڕانكاری و كارلێكردندایه‌… ده‌مێكه‌ (جۆن لوك) هه‌موو تێگه‌یشتنێكی تیۆكراتی له‌ سه‌ر ناسنامه‌ خستۆته‌ لاوه‌! له‌ كۆی ئه‌و قسانه‌دا ده‌مه‌وێ‌ بڵێم مرۆڤ بوونه‌وه‌رێكی عه‌قڵانییه‌ و كۆمه‌ڵێك توانای له‌ بننه‌هاتووی تێدایه‌، توانای ده‌ستنیشانكردنی ناسنامه‌ی تایبه‌تی و خودی هه‌یه‌، كه‌ ده‌توانێت ته‌واو له‌ ویست و ده‌سه‌ڵاتی مێژوویی و سته‌می دابونه‌ریته‌كان ئازاد بێت، وه‌ك چۆن توانای ده‌ستنیشانكردنی ناسنامه‌ی بابه‌تی و كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه‌. لێره‌دا مرۆڤ ته‌وه‌ره‌ی سه‌ره‌كی هه‌موو شته‌كانه‌، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی مرۆڤ ته‌وه‌ره‌ی سه‌ره‌كییه‌، بۆیه‌ هه‌رگیز ناتوانین به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ره‌هه‌نده‌ جیاوازه‌كان له‌ ناسنامه‌ بكه‌ینه‌وه‌، كه‌واته‌ ناسنامه‌ چه‌سپاو نییه‌!

(عه‌دنان مه‌جید محه‌مه‌د) ماسته‌ر له‌ زانسته‌ سیاسییه‌كان و پسپۆره‌ له‌ سیستمی سیاسی په‌روه‌رده‌ی مه‌ده‌نی، له‌ گوتاری (ئه‌رگیۆمێنتی ناسنامه‌ له‌ نێوان گۆڕاو و نه‌گۆڕاو)دا قسه‌ له‌ دوو فۆڕم له‌ ناسنامه‌ ده‌كات، یه‌كه‌م: ناسنامه‌ی خودی، كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ هزر و كلتور و ئینتمای تاك بۆ بازنه‌یه‌كی دیاریكراوی كلتوری و مێژوویی. دووه‌م: ناسنامه‌ی تاك وه‌ك هاووڵاتی، یان وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی سیاسی، كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تێكی دیاریكراودا ده‌ژیت و له‌ چوارچێوه‌ی دامه‌زراو و یاسا جێگیره‌كانی كۆمه‌ڵگادا پراكتیزه‌ی كاره‌كانی خۆی ده‌كات و ماف و ئه‌رك و به‌رپرسیاری تاك دیاری كراوه‌ و چاره‌نووسی ژیانی تاك تێیدا به‌ شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت پارێزراوه‌.

ئه‌و دوو ناسنامه‌یه‌ی تاك، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ یه‌ك دژ ناكه‌ونه‌وه‌، به‌ڵكو ته‌واوكه‌ری یه‌كترین و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی وه‌ك ئامانج ده‌بینن، به‌ تایبه‌ت له‌ سیستمی دیموكراسیدا، كه‌ بازنه‌ی ئازادی و تاكگه‌رایی فره‌وانه‌ و به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ تێیدا بانگه‌شه‌ی پێكه‌وه‌ ژیان و فره‌ كلتوری و ئایینی و مێژوویی ده‌كرێت، به‌ دیوه‌كه‌ی دیكه‌ تاك گوزارشت له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كان و بیر و بۆچوون و ناسنامه‌ و كلتوری دیاریكراوی خۆی ده‌كات،
به‌ڵام له‌ سیستمی تۆتالیتاریدا هه‌میشه‌ جه‌خت له‌ سه‌ر لایه‌نه‌ چه‌سپاوه‌كانی ناسنامه‌ ده‌كرێته‌وه‌ و توانای گۆڕانكاری له‌ ناسنامه‌دا ئه‌سته‌مه‌، له‌ سیستمی دیموكراسیدا هه‌میشه‌ جه‌خت له‌ سه‌ر توانای خۆگونجان و ره‌هه‌نده‌ جیاوازه‌كانی ناسنامه‌ ده‌كرێته‌وه‌، سیستمی دیموكراسی به‌ زیندووێتی كۆمه‌ڵگا و تازه‌كردنه‌وه‌ و گه‌شه‌كردنی رۆحی هاووڵاتیبوون له‌ قه‌ڵه‌م ده‌درێت، به‌ڵام سیستمی تۆتالیتاری ئازادی و رۆحی هاووڵاتیبوون ده‌كوژێ‌.

هه‌ندێك پێیانوایه‌ پچڕانی په‌یوه‌ندی یاسایی و سیاسی نێوان كه‌س و ده‌وڵه‌ت وێنه‌یه‌ك له‌ وێنه‌كانی مردنی كۆمه‌ڵایه‌تی نیشان ده‌دات، به‌ دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش ده‌وڵه‌ت ئه‌گه‌ر نه‌توانێ‌ پێناسه‌یه‌كی مۆدێرن به‌ هاووڵاتیانی ببه‌خشێ‌، هه‌رگیز وه‌ك سیستمێكی دیموكراسی دانی پێدانانرێت. جگه‌ له‌ مافی مرۆڤ، حه‌زی تاك، ئه‌وه‌ سته‌می ده‌وڵه‌ته‌ تۆتالیتاریه‌كانه‌ كۆچ و كۆچكردنیان تا ئه‌و ئاسته‌ به‌رزكردۆته‌وه‌، ئه‌وه‌ له‌ ده‌وڵه‌ته‌ تۆتالیتاریه‌كانه‌ فۆرمی ره‌فتاركردنی تاك و ئازادی تاك و رۆحی هاووڵاتیبوون بێ‌ بایه‌خ ده‌كرێ‌!
ئه‌وه‌ی له‌ مه‌سه‌له‌ی ناسنامه‌دا پێویسته‌ له‌ به‌ر چاوی بگرین، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌موو مرۆڤێك كۆمه‌ڵێك ناسنامه‌ی هه‌یه‌، هه‌ر له‌ ناوه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات هه‌تا به‌ بیركردنه‌وه‌ ده‌گات، به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت و هه‌سته‌كان و په‌یوه‌ندی جۆراوجۆر و كار و ره‌گه‌ز و… هه‌موو ئه‌و ناسنامانه‌ش به‌ پێی گۆڕانی بارودۆخ و به‌ره‌وپێشچوون … گۆڕانكارییان به‌سه‌ردا دێت! به‌ڵام (ئه‌مین مه‌علوف) له‌ كتێبی (ناسنامه‌ بكوژه‌كان)دا پێیوایه‌ ده‌شێ‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ سه‌ره‌وه‌ ناویان هاتووه‌، به‌ ره‌گه‌زه‌كانی ناسنامه‌یان دابنێین و له‌ تاكه‌ ناسنامه‌یه‌كدا كۆیان بكه‌ینه‌وه‌.

هه‌میشه‌ ناسنامه‌ پێویسته‌ شانازی به‌ خۆگونجان و جیاوازی و رۆحی هاووڵاتیبوون و تازه‌كردنه‌وه‌ و به‌ها مرۆییه‌كانی بكات! به‌ڵام (سامۆییل هنتگتۆن) له‌ باره‌ی خۆرهه‌ڵات و خۆرئاواوه‌ پێیوایه‌ خۆرئاوا هه‌ر له‌ دێر زه‌مانه‌وه‌ و هه‌تا ئێستاش تاكه‌ نوێنه‌ری به‌هاكانی لێكبوردن بووه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی خاوه‌نی بیرۆكه‌ی دیموكراسییه‌ته‌… من ئه‌و نموونه‌یه‌م بۆ به‌رچاو روونی هێناوه‌ته‌وه‌، ئه‌گینا ئه‌و بیروڕایانه‌ی هنتگتۆن كۆمه‌ڵێك ره‌خنه‌ و به‌ دواداچوونی جیاوازی به‌دوای خۆیدا هێناوه‌، له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ كه‌ پشتكردنه‌ له‌ كه‌له‌پوری جیهانی و تاكی داهێنه‌ر… هه‌موو ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌ سوسیۆلۆجیایانه‌ ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنن، كه‌ هه‌ر گه‌ل و كۆمه‌ڵه‌ یان نه‌ته‌وه‌یه‌ك ره‌هه‌ندی جیاوازی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونی و مێژوویی و ژیان و داهێنانی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌، پێشكه‌وتنی دنیا به‌رهه‌می كۆی داهێنانه‌ مرۆییه‌كانه‌ و كۆی كۆمه‌ڵگا جیاوازه‌كانی سه‌ر گۆی زه‌وی تێیدا به‌شدارن، ناتوانین هه‌موو پێشكه‌وتنه‌كان به‌ شارستانی خۆرئاوایی په‌یوه‌ست بكه‌ین، هه‌موو دواكه‌وتنه‌كان به‌ كۆمه‌ڵگای خۆرهه‌ڵاتییه‌وه‌ ببه‌ستینه‌وه‌…

ناسنامه‌ به‌رده‌وام له‌ گۆڕاندایه‌، به‌ دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش پێویسته‌ له‌ هه‌وڵی پێكهێنانی به‌رده‌وامی ناسنامه‌ دابین، چونكه‌ گوزارشتكردنی مرۆڤه‌ له‌ بوون و هه‌ڵوێست و پێشكه‌وتنه‌ یه‌ك به‌دوا یه‌كه‌كانی و به‌پێی فاكته‌ ناوه‌كی و ده‌ره‌كیه‌كانی ده‌گۆڕێت، به‌رده‌وام تاك و كۆ ده‌رك به‌ بایه‌خی ناسنامه‌ ده‌كه‌ن و توانای دیاری كردنیان هه‌یه‌ و ده‌توانن له‌گه‌ڵ پێدراوه‌ ژیاری و به‌خششه‌كانی تازه‌ی سه‌رده‌م بیگونجێنن، به‌ڵام پشتگوێخستنی ناسنامه‌، یان توانه‌وه‌ له‌ ناسنامه‌ی ئه‌ویدیكه‌ به‌ قه‌د جێگیربوونی ناسنامه‌ ترسناكه‌، ئه‌گه‌ر یه‌كه‌میان دنیا به‌ شێوه‌ حه‌قیقییه‌كه‌ی ره‌تبكاته‌وه‌، گۆڕانكاری و جیاوازییه‌كان پشتگوێ‌ بخات، ئه‌وه‌ دووه‌میان هه‌موو پێشكه‌وتنێك له‌ سه‌ر ئاستی ماددی و كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر خۆی ده‌زانێت، به‌ كورتی ناسنامه‌ی جێگیر هه‌ر ته‌نها ملكه‌چكردن نییه‌ بۆ بارودۆخی جۆراوجۆری ئه‌ویدیكه‌، به‌ڵكو پشتگوێخستنیش ده‌گه‌یه‌نێت.

لێره‌وه‌ ئه‌گه‌ر قسه‌ له‌ ناسنامه‌ی كوردی بكه‌ین، هیچ پرۆژه‌یه‌ك بۆ گه‌شه‌كردن و په‌ره‌پێدانی نابینین، ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندی نێوان تاك و ده‌وڵه‌ت له‌ لێواری مردن نزیك ده‌كاته‌وه‌، له‌ لایه‌كی دیكه‌ ناسنامه‌ی كوردی چ وه‌ك چه‌سپاو چ وه‌ك گۆڕاو، چ وه‌ك ناسنامه‌ی خودی، چ وه‌ك تاكی هاووڵاتی، روون و دیار نییه‌، به‌ڵكو له‌ نێوان پارچه‌كانی باكور و باشور و رۆژهه‌ڵات و رۆژئاواودا كۆمه‌ڵێك گیروگرفتی تایبه‌ت به‌ خۆی هه‌یه‌ و هیچ رێكه‌وتنێكی جه‌وهه‌ری له‌ نێوان پارچه‌كانی كوردستاندا بوونی نییه‌، وه‌ك چۆن هیچ یه‌كێتییه‌كی نیشتمانی پیرۆز و چه‌سپاو بوونی نییه‌، كه‌واته‌ ناسنامه‌ی كوردی گوزارشت له‌ واقیعی هه‌نووكه‌یی پارچه‌ پارچه‌ بوونی كوردی ده‌كات، له‌گه‌ڵ پێدراوه‌ كلتوری و سیاسی و یاساییه‌كانی هه‌ر پارچه‌یه‌ك دێته‌وه‌، به‌و مانایه‌ش ناسنامه‌ی كوردی پارچه‌ پارچه‌یه‌ و ره‌نگدانه‌وه‌ی بارودۆخی سیاسی پارچه‌ جیاوازه‌كانه‌! ناسنامه‌ی تاكی كوردی له‌ پارچه‌ی رۆژهه‌ڵات زۆر جیاوازه‌ له‌ ناسنامه‌ی تاكی كوردی له‌ باكور یان رۆژئاوا، ناسنامه‌ی تاكی كوردی له‌ باشور له‌ چه‌ند رووییه‌كه‌وه‌ جیاوازه‌ له‌ ناسنامه‌ی تاكی كوردی له‌ پارچه‌كانی دیكه‌…

پرسیار ئه‌وه‌ نییه‌ ئێمه‌ له‌ كوێین؟ له‌ كوێ‌ هاتووین؟ بۆ كوێ‌ ده‌چین؟ چونكه‌ ده‌توانین له‌ رێگای خۆناسین و مه‌عریفه‌وه‌، له‌ رێگای تێگه‌یشتن و راڤه‌كردنه‌وه‌، له‌ رێگای بیركردنه‌وه‌ی جیاوازه‌وه‌ كار بكه‌ین و ئه‌ویدیكه‌ بدوێنین! پرسیاری سه‌ره‌كی له‌ نامه‌ی ناسینی كوردی ئه‌وه‌یه‌، ئایا كورد خاوه‌نی چ ناسنامه‌یه‌كه‌؟ ناسنامه‌ی تاكی كوردی دیاره‌؟ ئایا كورد چ شتێك به‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر ناسنامه‌ ده‌زانێت؟ ئایا چ به‌هایه‌ك ناسنامه‌ی تاكی كوردی به‌ تاكێكی دیكه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌؟

هه‌ولێر/ 19/7/2018




له‌ ده‌ره‌وه‌ی ناسنامه‌ ده‌قی “خۆپیشاندان” بۆ خوێندنه‌وه‌ … عه‌بدولموته‌لیب عه‌بدوڵڵا

ئه‌گه‌رچی پرسیاری سه‌ره‌كی ئه‌و خوێندنه‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌ نییه‌، ئایا (حكومه‌ت/ده‌سه‌ڵات) هه‌وڵیداوه‌ نوێنه‌ری ته‌واوی خه‌ڵكی بێت، یان ته‌نها به‌رژه‌وه‌ندی لێپرسراوان و ده‌سه‌ڵاتداران ره‌چاو ده‌كات؟ به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئا یان نا، ده‌قی خۆپیشاندان به‌ مه‌رگی ئایدیۆلۆژیا و میتا ناسنامه‌ و منی ئازاد و شۆڕشی سپییه‌وه‌ ناس ده‌كرێت، بۆیه‌ ناتوانین له‌ خوێندنه‌وه‌ی ده‌قی خۆپیشانداندا نكۆڵی له‌ سلبیاتی (حكومه‌ت/ ده‌سه‌ڵات) بكه‌ین، وه‌ك چۆن ناتوانین ئاماده‌گی هه‌مه‌ڕه‌نگی شه‌قام و به‌تایبه‌تی نه‌وه‌ی زانست و ته‌كنۆلۆجیا و ئینته‌رنێت به‌ هه‌ند نه‌گرین!

كه‌واته‌ رووییه‌كی به‌رفره‌وانی كرده‌ی خۆپیشاندان ته‌عبیر له‌ كێشه‌ (كۆمه‌ڵایه‌تی/سیاسی)ییه‌كان ده‌كات! به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌شێكی زۆر له‌ كێشه‌ سیاسییه‌كان له‌ رێگای چاكسازی و دادپه‌روه‌ری و ئازادی و مماره‌سه‌كردنی دیموكراسییه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت، ئه‌وه‌ به‌شێكی گه‌وره‌ی كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان (خۆی له‌ به‌ كه‌م ته‌ماشاكردنی تاك و به‌ها مرۆییه‌كان و په‌راوێزخستنی گه‌نجان و هه‌ژاری و بێكاری، گه‌نده‌ڵی، ته‌سككردنه‌وه‌ی مه‌وداكانی ئازادی، نواندنی تووندوتیژی به‌رانبه‌ر‌ ژنان، و زۆر شتی دیكه‌)، ده‌بێ‌ به‌ په‌له‌ و له‌ ساته‌وه‌ختی ئێستادا قسه‌ی له‌باره‌وه‌ بكرێ‌! نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ یه‌كێك له‌ مافه‌ ره‌واكانی هه‌ر تاكێك ده‌ژمێردرێت، به‌ڵكو له‌به‌ر دوو هۆی سه‌ره‌كی، یه‌كه‌میان: چونكه‌ فاكته‌رێكه‌ له‌ فاكته‌ره‌كانی درێژه‌دان به‌ كرده‌ی خۆپیشاندان. دووه‌م: بۆ ئه‌وه‌ی له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ سیاسییه‌كانی وڵات خه‌ڵك و شه‌قام دووچاری گومان نه‌بنه‌وه‌! به‌یه‌كبه‌ستنه‌وه‌ی ئه‌و دوو كێشه‌یه‌ش له‌وێوه‌ دێ‌، كه‌ دیارده‌ی خۆپیشاندان دیارده‌یه‌كی (حقووقی/سیاسی)یه‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌شێكی زۆری كێشه‌ی یه‌كه‌م به‌ خه‌ڵك و شه‌قامه‌وه‌ به‌ند بێت، ئه‌وه‌ به‌شێكی زۆر له‌ كێشه‌كانی دووه‌م ده‌بێته‌ بنه‌مای كاری ئۆپۆزسیۆن.

به‌مجۆره‌ یه‌كێك له‌ خوێندنه‌وه‌كانی ده‌قی خۆپیشاندان وه‌ك دیارده‌یه‌كی هه‌نووكه‌یی، به‌ چه‌مكی (حقووقی/سیاسی)یه‌وه‌ ده‌لكێ‌. له‌وێوه‌ ده‌توانین بڵێین كۆی میكانیزمی ئه‌و خوێندنه‌وه‌یه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێوان بڵاوبوونه‌وه‌ی ورده‌ زانیاری سه‌ر شه‌قام و كلاسیكیه‌تی رووبه‌وِرووبوونه‌وه‌، تووندوتیژی و ناتووندوتیژی، فه‌زای داخراوی ژووره‌كانی كۆبوونه‌وه‌ و فه‌زای كراوه‌ی شه‌قام، هه‌ڵنانی خه‌ون و خه‌یاڵ و كوشتنی ئه‌گه‌ره‌كان… هتد، ده‌مه‌وێ‌ بڵێم ئه‌و جۆره‌ له‌ خوێندنه‌وه‌ له‌لایه‌ك ده‌بێته‌ پێگه‌یه‌كی نوێ‌ بۆ به‌یه‌كگه‌یشتنی خوێنه‌ری جیاواز، خه‌می جیاواز، بیروڕای جیاواز، خه‌ونی جیاواز، له‌لایه‌كی دی خوێنه‌ر جۆرێكی دی له‌ په‌یوه‌ندیگرتن له‌گه‌ڵ خۆ و شه‌قام و ئه‌ویدیكه‌ داده‌مه‌زرێنێ‌.
كه‌واته‌ ئه‌مڕۆی پێكهاته‌ی ده‌قی خۆپیشاندان، ئه‌مڕۆی خۆپیشاندانی شه‌قام له‌ (ئه‌ویدیكه‌ی دۆزه‌خ) بۆ منی ئازاد، له‌ خه‌باتی ژێر زه‌وی بۆ خه‌باتی سه‌ر زه‌وی، له‌ مێژووی گشتی بۆ ورده‌ مێژوو، له‌ پاراستنی خود بۆ گۆڕینی خود… هتد به‌ره‌و پرۆسیسه‌كردنێكی به‌رده‌وامی چاودێری و گۆڕان و خوێندنه‌وه‌ی جیاوازمان ده‌كاته‌وه‌! به‌ مانایه‌كی دیكه‌ به‌رجه‌سته‌كردنی پێكهاته‌كانی ده‌قی خۆپیشاندان ده‌لاله‌ت له‌ كرانه‌وه‌ و جیاوازی و شه‌فافییه‌ت ده‌كات. ده‌قی كراوه‌ش ئه‌و ده‌قه‌یه‌، كه‌ پێكهاته‌كانی بتوانن به‌پێی جێكه‌وته‌یان ده‌ربكه‌ون و نه‌خش و جێده‌ستی خۆیان بۆ هه‌مووان جێبهێڵن.

به‌مجۆره‌ ده‌قی خۆپیشاندان وه‌ك ده‌قێكی كراوه‌ هه‌ر ته‌نها به‌سه‌ر رۆشنبیران و ره‌خنه‌گران و نه‌یارانی ده‌سه‌ڵات دابه‌ش نابێ‌، به‌ڵكو هه‌موو چین و پێكهاته‌ جیاوازه‌كان رۆڵی خۆیان تێدا وازی ده‌كه‌ن. به‌و مانایه‌ش ده‌قی خۆپیشاندان ده‌قێكه‌ بۆ خوێندنه‌وه‌، ده‌قێك نییه‌ بۆ نوسینه‌وه‌! ده‌ق بۆ خوێندنه‌وه‌ لای (بارت) ده‌قێكه‌ رۆشنبیریی له‌ سرووشتی خۆی ده‌كاته‌وه‌ و سه‌ره‌وژێری ده‌كات.

ده‌قی خۆپیشاندان وه‌ك ده‌قێكی سپی

ده‌شێ‌ ده‌سته‌واژه‌ی ده‌قی (خۆپیشاندان) به‌ شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ ته‌عبیر له‌ جورئه‌تی (خۆ) بۆ (ده‌ركه‌وتن) بكات. به‌ڵام هه‌میشه‌ جه‌سته‌ی ده‌ركه‌وتوو له‌ خۆپیشانداندا وه‌ك ده‌قێكی سپی به‌ قه‌د ئه‌وه‌ی وه‌ك به‌رجه‌سته‌كردنێكی ره‌مزی و بێ‌ لایه‌ن خۆی ده‌نوێنێ‌، ئه‌وه‌نده‌ ناوه‌ڕۆكخواز و لایه‌ندار نییه‌. ئه‌وه‌نده‌ی مانا خه‌فه‌كراوه‌كان ده‌یبزوێنێ‌، ئه‌وه‌نده‌ مانا دیاره‌كان نایجولێنێ‌. به‌ قه‌د ئه‌وه‌ی هه‌وڵی گه‌ڵاڵه‌كردنی ده‌نگه‌ په‌نماوه‌كان ده‌دات، ئه‌وه‌نده‌ له‌ خه‌می دووباره‌كردنه‌وه‌ی ئه‌زموونی خۆپیشانداندا نییه‌. به‌ كورتی جه‌سته‌ی ده‌ركه‌وتووی (خۆپیشانده‌ر) پتر وه‌ك بریسكانه‌وه‌یه‌كی ره‌مزی ده‌رده‌كه‌وێت… لێره‌ هه‌وڵده‌ده‌م خۆپیشانده‌ر له‌ سێ‌ خه‌سڵه‌تدا جیا بكه‌مه‌وه‌: خاكه‌ڕایی، نه‌گونجان، بوێری. هه‌ر له‌ رێگای ئه‌و سێ‌ خه‌سڵه‌ته‌وه‌ش بێ‌ لایه‌نی ده‌قی خۆپیشاندان له‌ ده‌قی سپی نزیك ده‌كه‌مه‌وه‌. ده‌قی سپی ته‌عبیركردنێكی بێلایه‌ن و سه‌ربه‌خۆ و نادیاره‌، له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌وڵه‌ نا زه‌مه‌نییه‌ دێته‌وه‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی دیاریكراو و ده‌ره‌وه‌ی دیدی دیاریكراوی ئایدیۆلۆژیاكانه‌وه‌.. له‌و بنه‌مایه‌وه‌ ده‌مه‌وێ‌ بڵێم ناشێ‌ هه‌وڵی كرده‌ی خۆپیشاندان له‌ چوارچیوه‌ی پێناسه‌یه‌كی ته‌سكدا گیر بكه‌ین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌قی خۆپیشاندان ته‌قینه‌وه‌ی بێده‌نگییه‌ و كرده‌ی خۆپیشاندان پڕشنگه‌كانی بێده‌نگی ده‌نوێنێ‌!

ئه‌گه‌ر له‌ ناوكۆیی خۆپیشانداندا خه‌سڵه‌تی خاكه‌ڕایی، ده‌لاله‌تی بابه‌تگه‌رایی بگوازێته‌وه‌. ئه‌وه‌ بوێری ده‌لاله‌تی زاتكردن به‌رجه‌سته‌ ده‌كات. به‌ڵام له‌ نێوان بابه‌تگه‌رایی و زاتكردن، پاڵنه‌ری خۆپیشانده‌ر نه‌ به‌رگریكردنه‌ له‌ خود، نه‌ گه‌ڕانه‌ به‌دوای ناسنامه‌دا.. له‌ نێوان خاكه‌ڕایی و بوێری، ئه‌وه‌ فه‌ردانییه‌ت نییه‌ پاڵ به‌ خۆپیشانده‌ر وه‌ده‌نێت، ئه‌وه‌ هه‌وڵدان بۆ ژیانێكی خۆشتر نییه‌، به‌ڵكو نه‌گونجانه‌.. ئه‌وه‌ی خۆپیشانده‌ر هانده‌دا هه‌وڵی خودگۆڕانه‌، تاكو له‌گه‌ڵ ماناكانی ئازادی ماناكانی دادپه‌روه‌ری، ماناكانی جیاوازی بێته‌وه‌!
ده‌مه‌وێ‌ بڵێم له‌ ده‌سته‌واژه‌ی (خۆ+پیشاندان)دا ئه‌گه‌ر وشه‌ی (خۆ) ته‌عبیر له‌ خاكه‌ڕایی و بابه‌تگه‌رایی خۆنیشانده‌رانه‌ی نه‌وه‌ی زانست و ته‌كنۆلۆجیا و ئینته‌رنێت (نه‌وه‌ی نه‌گونجاو) بكات، ئه‌وه‌ وشه‌ی (نیشاندان) كۆی ئه‌و جورئه‌ته‌ی له‌ خۆدا هه‌ڵگرتووه‌ كه‌ بینراوه‌كان و بیستراوه‌كان به‌رجه‌سته‌ی ده‌كه‌ن.

كۆی ئه‌و بوێرییه‌ ده‌گه‌یه‌نێت، كه‌ له‌ به‌رانبه‌ر كۆبوونه‌وه‌ی ژووره‌ داخراوه‌كان، قسه‌ داخراوه‌كان، بیركردنه‌وه‌ داخراوه‌كان، شه‌قامی ته‌نیووه‌… له‌ نێوان (خاكه‌ڕایی خود) و (بوێری ده‌ركه‌وتن) ئه‌گه‌ر دیارده‌یه‌كی ئه‌خلاقی و مرۆیی هه‌بێ‌، به‌شداریكردنه‌ له‌ داهێنانێكی هاوبه‌ش و ئازاد و كراوه‌! داهێنانێك بێ‌ ئه‌وه‌ی واژۆی كه‌سێكی دیاریكراو و كۆمه‌ڵێكی دیاریكراو و دیدێكی دیاریكراوی به‌سه‌ره‌وه‌ بێت! كرده‌ی خۆپیشاندان به‌شداریكردنه‌ له‌ درووستكردنی فه‌زایه‌ك، كه‌ (نه‌گونجان) ئاڕاسته‌كانی دیاری ده‌كات، نه‌ك سه‌ركرده‌ و سیاسه‌ت! به‌و مانایه‌ خۆپیشاندان له‌بری ئه‌وه‌ی پێشڕه‌و و سه‌ركرده‌یه‌كی دیاریكراوی هه‌بێت، رستێك كاراكته‌ری نه‌گونجاو و ئیشكالی رۆڵی تێدا ده‌بینن.

به‌مجۆره‌ بۆشایی نێوان هه‌ردوو وشه‌ی خۆ+پیشاندان، فره‌ خوێندنه‌وه‌ ده‌خاته‌وه‌ و له‌ رێگای چه‌مكی نه‌گونجانه‌وه‌ ده‌لاله‌ته‌كانی په‌رت ده‌كات. كه‌واته‌ خۆپیشانده‌ر ئه‌و كاراكته‌ره‌ نه‌گونجاوه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێ‌: ناتوانم تێكه‌ڵ واقیعێك بم، كه‌ تێیدا به‌شدار نیم!! لێره‌دا خۆنیشانده‌ر ئه‌گه‌رچی هه‌ڵگری بیروڕایه‌كی مرۆییانه‌یه‌، به‌ڵام مه‌رج نییه‌ بیه‌وێت بیروڕاكانی ببێته‌ بابه‌تێك بۆ جێبه‌جێكردن، ئه‌گه‌رچی حه‌ز به‌ تازه‌كردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا ده‌كات، به‌ڵام له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ته‌قلیدییه‌وه‌ وه‌ك دوژمن چاو لێده‌كرێـت!
له‌ نێوان ماناكانی (خاكه‌ڕایی، نه‌گونجان، بوێری) خۆپیشانده‌ر ئاڵای نه‌گونجان له‌بری ناسنامه‌، ئایدیۆلۆژیا، نه‌ته‌وه‌، ئایینزا… به‌رز ده‌كاته‌وه‌. به‌مجۆره‌ خوێندنه‌وه‌ی ده‌قی خۆپیشاندان ئازادییه‌كانی له‌ به‌شداریكردنی نادیاردا هه‌ڵده‌گرێته‌وه‌، وه‌ك چۆن مه‌رجی پڕكردنه‌وه‌ی بۆشاییه‌كان له‌ واژۆی تایبه‌تدا نادۆزێته‌وه‌، به‌ڵكو له‌ بریسكانه‌وه‌ی ره‌مزییانه‌ و فره‌یی خوێندنه‌وه‌دا ده‌بینێ‌.

ده‌قی خۆپیشاندان وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی ده‌لالی

بێگومان ده‌قی خۆپیشاندان وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی ده‌لالی، خۆی له‌ نێوان دادپه‌روه‌ری/نادادپه‌روه‌ری، ئازادادی/نائازادی، گه‌نده‌ڵی/ناگه‌نده‌ڵی……….. ده‌بینێته‌وه‌. لێره‌ له‌و به‌رانبه‌رییه‌دا، یه‌كه‌ ده‌لالیه‌كانی مانا، ده‌بێته‌ جێگه‌ی سه‌رنجدان. بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر دادپه‌ره‌وه‌ری/نادادپه‌روه‌ری…. له‌ چه‌ندین مانادا یه‌كبگرنه‌وه‌، ئه‌وه‌ له‌ مانایه‌كدا دژ ده‌كه‌ونه‌وه‌، ئه‌و دژكه‌وتنه‌وه‌یه‌ له‌ (نا)دا خۆی راده‌گه‌یه‌نێت، یان به‌ مانایه‌كی دیكه‌ ئه‌و كاته‌ی وشه‌ی (نا) له‌ به‌رانبه‌ر وشه‌ی (ئا)دا خۆی ده‌خاته‌ سه‌ر شه‌قام، دژ كه‌وتنه‌وه‌كه‌ روونتر خۆی نیشان ده‌دات. به‌ هه‌مان شێوه‌ خۆپێشاندانیش وشه‌ی (نا)یه‌ له‌ به‌رانبه‌ر وشه‌ی (ئا)دا…

به‌ڵام وه‌ك ده‌زانین له‌ ده‌ره‌وه‌ی وشه‌ی (ئا یان نا) یه‌كه‌مین پرنسیپی دادپه‌روه‌ری ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌سه‌ر توانا و خه‌سڵه‌ته‌كان له‌ خه‌ڵك نه‌پێچینه‌وه‌، جیاوازی له‌ نێوان ده‌وڵه‌مه‌ند و هه‌ژار… دانه‌نێین، یاسا بۆ هه‌مووان وه‌ك یه‌ك بێت، ئازادی بێ‌ شوناس و جوگرافیایه‌، با ئازادی بۆ هه‌مووان بێت…
ئه‌و كاته‌ دادپه‌ره‌وه‌ری، به‌ نایه‌كسانی دادپه‌ره‌وه‌ری رازییه‌، ئه‌و كاته‌ ره‌وایه‌ جیاوازی له‌ نێوان دوو كه‌سدا بكرێت، كه‌ یه‌كێك له‌ویدیكه‌ شاره‌زایی زێتر و پسپۆرتر و به‌ تواناتر بێت و له‌ كاره‌كانیدا ده‌ستپاكتر و خزمه‌تی زێتر به‌ كۆمه‌ڵگا بگه‌یه‌نێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نابێت سه‌رمایه‌ی ده‌ ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌ویتر و زێتر بێت. به‌و مانایه‌ش ده‌بێ‌ نایه‌كسانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری له‌ سه‌ر دوو مه‌رج جێبه‌جێ‌ بكرێت: یه‌كه‌م، پێویسته‌ ئه‌و پێگه‌ و وه‌زیفانه‌ بۆ هه‌مووان كراوه‌ بێت. ئه‌و پێگه‌ و وه‌زیفانه‌ نابێ‌ به‌ڕووی هیچ كه‌سدا داخراو بێت، له‌گه‌ڵ ره‌چاوكردنی توانا و شاره‌زایی و پسپۆری… دووه‌م، ده‌بێ‌ ئه‌و نایه‌كسانییه‌ ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ له‌ تاكه‌ زۆر هه‌ژاره‌كاندا ره‌نگبداته‌وه‌، واته‌ پێویسته‌ حكومه‌ت پارێزگاری له‌ تاكه‌ زۆر لاوازه‌كانیش بكات، بۆ ئه‌وه‌ی له‌به‌رانبه‌ر به‌ تواناكاندا هه‌ست به‌ بێ‌ به‌هایی نه‌كه‌ن.

به‌ كورتی ده‌مه‌وێ‌ بڵێم (نا) له‌و خوێندنه‌وه‌ ناجێگیره‌دا، ده‌شێ‌ به‌و فاكسینه‌ (لقاح) بژمێردرێت، كه‌ كۆمه‌ڵگا له‌ نه‌خۆشییه‌كان ده‌پارێزێت. به‌و مانایه‌ش (نا) وه‌ك خوێندنه‌وه‌، ده‌شێ‌ جوانیه‌كانی خۆی له‌ ئاینده‌ی نادیاردا هه‌ڵگرێته‌وه‌! به‌ڵام خوێندنه‌وه‌ی جێگیری (ئا) له‌ رێگای ئه‌و هێزه‌ی كه‌ ده‌سه‌ڵات وه‌ك موڵكێكی جێگیری خۆی ده‌ناسێنێ‌! ئه‌و هێز و ده‌سه‌ڵاته‌ی كه‌ ئه‌ویدیكه‌ی جیاواز ره‌تده‌كاته‌وه‌، پێیوایه‌ قابیلی به‌شداریكردن و تێگه‌یشتنی ئه‌و نییه‌، له‌وێوه‌ كه‌ ئه‌و زۆرینه‌یه‌ و ده‌شێ‌ نكۆڵی له‌ كه‌مینه‌ بكات… ده‌مه‌وێ‌ بڵێم خوێندنه‌وه‌ی جێگیری (ئا) هه‌میشه‌ له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه‌، كه‌ ئه‌ویدیكه‌ بۆ دیمه‌نێكی گاڵته‌جاڕانه‌ و كه‌مبایه‌خ بچووك بكاته‌وه‌. به‌ڵام ئه‌و خوێندنه‌وه‌یه‌ له‌و سنووره‌ ده‌كه‌وێته‌ ژێر پرسیار، كه‌ (نا) دێته‌ سه‌ر شه‌قام.

ده‌قی خۆپیشاندان و میكرۆفیزیای هێز

ده‌سه‌ڵات له‌ په‌یوه‌ندی هێزه‌كانه‌وه‌ هه‌ڵده‌قوڵێ‌ و سیسته‌مێك و زنجیرێك پێكدێنێ‌، ئه‌و سیسته‌م و زنجیره‌یه‌ یان به‌نده‌ به‌یه‌كه‌وه‌ یان له‌یه‌كپچڕاوه‌. كه‌واته‌ كه‌ ده‌ڵێین ده‌سه‌ڵات په‌یوه‌ندییه‌، ده‌بێ‌ ئه‌وه‌ بزانین كه‌ په‌یوه‌ندیش به‌رده‌وام له‌ گۆڕاندایه‌، بۆیه‌ ناتوانین ئه‌مڕۆ قسه‌ له‌ سێنته‌ری ده‌سه‌ڵات یان ده‌سه‌ڵاتی سێنته‌ر بكه‌ین! چونكه‌ هێز له‌ هه‌موو شوێنێ‌ په‌رت و بڵاوه‌، به‌و مانایه‌ش ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌وێته‌ نێو جه‌سته‌ی كۆمه‌ڵاَیه‌تییه‌وه‌، له‌ هه‌موو پنتێكی جه‌سته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیشدا په‌یوه‌ندی هێز هه‌یه‌: له‌ نێوان ژن و پیاو، له‌ نێوان تاكه‌كانی خێزان، له‌ نێوان هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌یانناسی و ئه‌وانه‌ی نایانناسی… ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ بۆ ده‌سه‌ڵات (فۆكۆ) به‌ میكرۆفیزیای “هێز/ده‌سه‌ڵات” (Micro-physique du pouvoir) ناوی ده‌بات.
فۆكۆ ره‌فزی ئه‌و دیده‌ (ئاڵتۆسێر)ییه‌ بۆ ده‌سه‌ڵات ده‌كاته‌وه‌، كه‌ ده‌سه‌ڵات له‌ دامه‌زراوه‌ ئایدیۆلۆژییه‌كان و دامه‌زراوه‌ سته‌مكاره‌كانی ده‌وڵه‌تدا كورتده‌كاته‌وه‌. چه‌مكی ده‌سه‌ڵات لای فۆكۆ ته‌جاوزی بواری سیاسی ده‌كات و له‌ هه‌موو لایه‌كی كۆمه‌ڵگا و له‌ هه‌موو شوێنێك به‌دی ده‌كرێت. ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌موو شوێنێك و له‌ هیچ شوێنێك نییه‌ (وه‌ك چۆن خوێنه‌ری ده‌قی خۆپێشاندانیش له‌ هه‌موو شوێنێكه‌ و هیچ شوێنیشی نییه‌)!

به‌مجۆره‌ میكرۆفیزیا مۆڕكێكی جۆراو جۆر و فره‌ به‌ ده‌سه‌ڵات ده‌به‌خشێ‌، واته‌ بوونی ژماره‌یه‌كی بێ‌ كۆتا له‌ پنتی رووبوڕووبوونه‌وه‌ و تیشكۆی ناجێگیر. هه‌ر پنتێكیش ترسی ململانێی له‌خۆدا هه‌ڵگرتووه‌ و ده‌كه‌وێته‌ دووتوێی كاتێكی دیاریكراوی هێزه‌وه‌. كه‌واته‌ هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێك له‌به‌رانبه‌ر تیشكۆی هێزه‌كانی دیكه‌دا له‌ تاقیكردنه‌وه‌ی به‌رده‌وام و پێوانه‌كردنی به‌رده‌وامدایه‌. په‌یوه‌ندی هێزه‌كان جێگیربوون ناناسن. په‌یوه‌ندی هێزه‌كان به‌هۆی به‌ دامه‌زراوكراوه‌كانه‌وه‌ ناسنامه‌ی ده‌سه‌ڵات به‌رجه‌سته‌ ده‌كه‌ن.
فۆكۆ پێیوایه‌ په‌یوه‌ندی، یان ململانێی هێزه‌كانی نێوان دوو لایه‌ن، له‌ رێگای هاوگونجان، یه‌كلاناكرێته‌وه‌! یان به‌هۆی گفتوگۆ و ئه‌وه‌ی (هابرماس) پێیده‌ڵێ‌ به‌یه‌كگه‌یشتن (continuity) یه‌كلاناكرێته‌وه‌، به‌ڵكه‌ له‌ رێگای سه‌ركه‌وتنی ئامانجی یه‌كێكیان به‌سه‌ر ئه‌ویدیكه‌دا یه‌كلا ده‌كرێته‌وه‌، به‌ مانایه‌كی دیكه‌ كامیان بتوانێ‌ زۆرینه‌ی پێداویستییه‌كان جێبه‌جێ‌ بكات، هێز به‌لای ئه‌ودایه‌. به‌ ده‌سته‌واژه‌یه‌كی دیكه‌ فۆكۆ پێیوایه‌ هیچ دانپیانانێكی پێوانه‌یی بۆ ره‌وایه‌تی هێز بوونی نییه‌.
كه‌واته‌ لای فۆكۆ ئه‌وه‌ هێزه‌، یان په‌یوه‌ندی هێزه‌كان و ده‌سبه‌سه‌راگرتن و زاڵبوون و دواتر حوكمكردن و چاودێری و سزایه‌، ململانێكان یه‌كلا ده‌كاته‌وه‌. له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و جۆره‌ له‌ یه‌كلاكردنه‌وه‌ (دۆڵۆز) فۆكۆ به‌ (نیچه‌)ییی له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دات… به‌ڕای دۆڵۆز، فۆكۆ له‌ وێناكردنی ده‌سه‌ڵاتدا رێبازی نیچه‌ په‌یڕه‌و ده‌كات، واته‌ وه‌ك نیچه‌ له‌ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ململانێی هێزه‌كاندا دوو رێگا ده‌بینێ‌، یه‌كه‌میان: وه‌هم، یان ئایدیۆلۆژیا و خه‌ڵه‌تاندن. دووه‌م: به‌كارهێنانی تووندوتیژی. واته‌ بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ جارێك هانا بۆ هێزی فیزیكی ده‌بات و جارێكی دیكه‌ بۆ خه‌ڵه‌تاندن.

له‌ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ململانێی هێزه‌كاندا، ده‌شێ‌ بۆ خوێندنه‌وه‌ی ده‌قی خۆپیشاندان هێزی “فیزیكی” و “خه‌ڵه‌تاندن” ته‌رجه‌مه‌ی مه‌دلولی “ئاشكرا” و مه‌دلولی “شاراوه‌” بكه‌ین. ده‌مه‌وێ‌ بڵێم له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌قی خۆپیشاندان سه‌ر به‌ لایه‌نێكی دیار نییه‌، بۆیه‌ ده‌سه‌ڵات (ده‌سه‌ڵاتی ئۆپۆزیسیۆنیش ده‌گرێته‌وه‌) بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌كانی زێتر پشت به‌ فیكره‌ی درووستكردنی سیناریۆ (خه‌ڵه‌تاندن) ده‌به‌ستێت. واته‌ ده‌سه‌ڵات هه‌تا هێزی سیناریۆ درووستكردنی پێمابێت ده‌ست بۆ ئاشكراكردنی تووندوتیژی نابات.. ده‌سه‌ڵات له‌ خوێندنه‌وه‌ شاراوه‌كانیدا هه‌میشه‌ له‌ به‌رانبه‌ر خه‌سڵه‌تی “خاكه‌ڕایی” و “نه‌گونجان” و “بوێری” بنه‌ماگه‌لی “ناپاك” و “نه‌یار” و ” ئاژاوه‌گێڕ” له‌ سیناریۆكانی ره‌نگده‌داته‌وه‌! به‌و مانایه‌ش ئه‌وه‌ی له‌ كرده‌ی خۆپیشاندان بوێری ده‌نوێنێ‌ له‌ خوێندنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا ئاژاوه‌گێڕه‌.. ئه‌وه‌ی كه‌ به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ سلبیاته‌كان ناتوانێ‌ بگونجێ‌، ده‌سه‌ڵات به‌ دوژمن و نه‌یار وه‌سفی ده‌كات.. ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ ناخه‌وه‌ هه‌ست به‌ لێپرسراوێتی ده‌كات و خاكه‌ڕایانه‌ بێ‌ ئه‌وه‌ی جگه‌ له‌ دڵسۆزی بۆ نیشتمان نیازێكی له‌ پشته‌وه‌ بێت، ده‌سه‌ڵات به‌ ناپاك و دوو ڕوو له‌ قه‌ڵه‌می ده‌دات..

وه‌ك گوتمان چونكه‌ ده‌قی خۆپیشاندان ناكه‌وێته‌ نێو لۆژیكی تێگه‌یشتن و نیاز و لایه‌نێكی دیاریكراوه‌وه‌. چونكه‌ ده‌قی خۆپیشاندان وه‌ك ده‌قێكی سپی نایه‌وێت هێله‌ دیاره‌كانی تێگه‌یشتن بكێشێ‌ و زێتر هێله‌ نادیاره‌كانی خه‌یاڵ به‌رفره‌وانتر و سنووری ئه‌گه‌ره‌كان تۆختر ده‌كاته‌وه‌ و هه‌موو ئه‌و توانایه‌ش به‌هۆی ده‌ركه‌وتن و ئاشكرابوونه‌وه‌ به‌ده‌ست ناهێنێ‌، به‌ڵكو له‌ پێچه‌ نادیاره‌كانیدا هه‌ڵیگرتووه‌، یان به‌هۆی فره‌یی مانا و فره‌یی خوێندنه‌وه‌ی نێو ده‌نگه‌ په‌نماوه‌كانه‌وه‌ به‌دی ده‌هێنێ‌، نه‌ك وێنه‌ دیاره‌كانی سه‌ر سه‌حنه‌. بۆیه‌ ده‌سه‌ڵات له‌به‌رانبه‌ردا له‌ رێگای به‌كارهێنانی ده‌مامكه‌وه‌ به‌ نواندنی سیناریۆكانی خۆی هه‌ڵده‌سێت!

به‌ڵام كاتێك خۆپیشاندان له‌سه‌ر مانای وێكچوو هاته‌ مه‌یدان، كاتێك خۆپیشاندان كۆمه‌ڵێك پاڵه‌وان و فه‌ردی موقه‌ده‌سی به‌رهه‌مهێنا، كاتێك خۆپیشاندان ئاڕاسته‌ی دیاریكراوی گرته‌به‌ر… ئه‌و كاته‌ ده‌قی خۆپیشاندان له‌ ده‌قێكی سپی بۆ خوێندنه‌وه‌، به‌ره‌و ده‌قێكی دیار بۆ نوسینه‌وه‌ ده‌چێ‌!! ئه‌و له‌كه‌داركردن و گواستنه‌وه‌یه‌ له‌ده‌قی خوێندنه‌وه‌ بۆ ده‌قی نوسینه‌وه‌ هه‌ر ته‌نها له‌ حه‌زی ئۆپۆزسیۆندا كورت ناكرێته‌وه‌، به‌ڵكو وه‌ك حه‌زی ده‌سه‌ڵاتیش ده‌كرێ‌ سه‌یری بكه‌ین!! ئه‌گه‌ر بۆ یه‌كه‌میان ده‌لاله‌تی هێزی له‌خۆدا هه‌ڵگرتبێ‌!! ئه‌وه‌ بۆ دووه‌میان ده‌بێته‌ وێنه‌یه‌كی دیار بۆ نیشانه‌گرتن!!

كاركردنی خۆپیشاندان له‌سه‌ر مانای وێكچوو، نیاز و مه‌به‌ست و ئاڕاسته‌ی دیاریكراو، یان ده‌ركه‌وتنی ناوه‌ڕۆكی خۆپیشاندان وه‌ك ده‌ق بۆ نوسینه‌وه‌… ده‌شێ‌ بۆ ئۆپۆزسیۆن ماناكانی هێزی ته‌عبیركردن له‌خۆ بگرێ‌. به‌ڵام بۆ ده‌سه‌ڵات ده‌ركه‌وتنی وێنه‌ی دوژمن ده‌گه‌یه‌نێت. بۆ ئۆپۆزسیۆن جێگه‌ی دڵخۆشی و شانازییه‌، بۆ ده‌سه‌ڵات جێگه‌ی نیگه‌رانییه‌ و له‌ هه‌مان كاتتدا دیاریكردنی خاڵی ده‌ستبردنه‌ بۆ هێز و تووندوتیژی.

نیسانی2011
——————————
سه‌رچاوه‌و په‌راوێزه‌كان:

– رولان بارت، مغامره‌ فی مواجهه‌ النص، تالیف، فرانك ایفرار و اریك تینه، ترجمه‌، د. وائل بركات، دار الینابیع، دیمشق، گ1 2000، ص119.
– بۆ زێتر شاره‌زایی بڕوانه‌، ه.س.پ. ل77.
– لێره‌دا هه‌وڵمداوه‌ چه‌مكی نه‌گونجان له‌ چه‌مكی كاراكته‌ری ئیشكالی نزیك بكه‌مه‌وه‌، تێگه‌یشتن له‌ پاڵه‌وانی ئیشكالئامێز، به‌وه‌ی ئیشكاله‌كان ده‌خاته‌ روو، نه‌ك به‌وه‌ی كه‌ هه‌وڵی گۆڕینیان ده‌دات.
– كۆی ئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌ی خۆپیشانده‌ر، ده‌شێ‌ له‌ خه‌سڵه‌تگه‌لی رۆشنبیریشدا به‌دییان بكه‌ین. به‌و مانایه‌ كه‌ رۆشنبیر ئه‌و كه‌سه‌یه‌، بوونی خۆی له‌ هه‌ستكردن به‌ ره‌خنه‌ی به‌رده‌وامدا هه‌ڵده‌گرێته‌وه‌. به‌ كورتی رۆشنبیر و خۆپیشانده‌ر له‌وێوه‌ رووبه‌رووی ده‌سه‌ڵات ده‌بنه‌وه‌، كه‌ سته‌مكاری جێگه‌ی دادپه‌روه‌ری، دیكاتاتۆرییه‌ت جێگه‌ی دیموكراسییه‌ت ده‌گرێته‌وه‌، له‌وێوه‌ كه‌ مه‌رج نییه‌ بیروڕاكانیان ببنه‌ بابه‌تێك بۆ جێبه‌جێكردن…
– له‌ڕیگه‌ی وه‌رگرتنی باجی زێتر له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ت و دابه‌شكردنی به‌سه‌ر هه‌ژاراندا بۆ ئه‌وه‌ی باری ژیانیان به‌ره‌و باشی به‌رن. بۆ زێتر شاره‌زایی بڕوانه‌: الفیلسوف الامیركی فی كتاب جدید عن العداله‌ و الحریه‌، هاشم صالح،22/3/2011، الشرق الاوسگ.
– فوكو و میكروفیزیا‌و السلگه‌، معزوز عبدالعالی، جمعیه‌ الفلسفیه‌ المغربیه‌،5/2/2011، مدارات فلسفیه‌.
– له‌ ته‌وای ئه‌و وتاره‌دا هه‌وڵمداوه‌ ده‌قی خوێندنه‌وه‌ به‌ ده‌قی بێ‌ لایه‌ن و ده‌قی نووسینه‌وه‌ وه‌ك لایه‌ندار بناسێنم، به‌و مانایه‌ش مه‌رجی تێگه‌یشتن بۆ ئه‌و دوو جۆره‌ له‌ ناسین پشت به‌ ده‌ق بۆ خوێندنه‌وه‌ و ده‌ق بۆ نووسینه‌وه‌ی (بارت) نابه‌ستێت.

تێبینی:
ئه‌و زنجیره‌ بابه‌ته‌ی لێره‌ بڵاوبوونه‌ته‌وه‌، وه‌ك كتێب له‌ ژێر ناونیشانی (ناسنامه‌، تواناكانی بوونی مرۆڤ) ئاماده‌یه‌ بۆ چاپ.




هۆشیاری خود/ خودی هۆشیار …. عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا

(هۆشیاری) ده‌لاله‌ت له‌ شت له‌خۆگرتن ده‌كات، هیچ هۆشیارییه‌ك به‌بێ مه‌عریفه‌ نییه‌، هه‌ر چه‌ند مرۆڤ زانیاری خۆی زێتر په‌ره‌ پێبدات، ئه‌وه‌نده‌ زێتر هۆشیاری هه‌ڵده‌كشێ. كه‌واته‌ هۆشیاری وشه‌یه‌كه‌ ته‌عبیر له‌ حاڵه‌تێكی عه‌قڵی ده‌كات، عه‌قڵێك كه‌ له‌ حاڵه‌تی كرانه‌وه‌ و ده‌رككردن و سنوربه‌زاندا بێت، عه‌قڵێك كه‌ په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆی به‌ ئه‌ویدیكه‌ و زمان و ژینگه‌ی ده‌ره‌كییه‌وه‌ ده‌كات، ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ش له‌ رێگای هه‌ر پێنج هه‌سته‌كانی مرۆڤه‌وه‌ به‌ ده‌ست دێت.

به‌ كورتی هۆشیاری مرۆڤ له‌ كۆی كرانه‌وه‌ی فیكر و ئه‌زموون و رامان و تێگه‌یشتن و راڤه‌كردنه‌وه‌ دێته‌ به‌رهه‌م، كه‌ له‌ باره‌ی من و ئه‌ویدیكه‌ و بیره‌وه‌ری و زمانه‌وه‌یه‌، یان ژینگه‌ و ده‌وروبه‌ره‌وه‌یه‌. به‌ڵام مه‌دلوله‌كانی هۆشیاری به‌پێی بواره‌كان ده‌گۆڕێت، ده‌شێ تێگه‌یشتنمان بۆ هۆشیاری پۆلینی چوار جۆر بكه‌ین: هۆشیاری هه‌ڕه‌مه‌كی، یان له‌خۆوه‌، ئه‌و هۆشیارییه‌ بنه‌مایه‌ بۆ هه‌ڵسانمان به‌ چالاكییه‌كی دیاریكراوه‌وه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی‌ هیچ ئه‌ركێكی گه‌وره‌ی فیكری گه‌ره‌ك بێ، جگه‌ له‌وه‌ش رێگامان لێ ناگرێ له‌وه‌ی به‌ كارێكی دیكه‌ی فیكری هه‌ڵبسین. هۆشیاری رامانئامێز (التأملی): ئه‌و هۆشیارییه‌ پێچه‌وانه‌ی هۆشیاری یه‌كه‌مه‌ و پێویستی به‌ ئاماده‌یه‌كی فیكری و ده‌رككردن و یاده‌وه‌ریی هه‌یه‌، رێگاشمان پێ نادات ده‌ست بۆ هیچ چالاكیه‌كی دیكه‌ی فیكری به‌رین.

هۆشیاری پێشبینیكردن (الحدسی): ئه‌و هۆشیارییه‌ وامان لێده‌كات‌ كتوپڕ و راسته‌خۆ‌ ده‌رك به‌ شته‌كان بكه‌ین، یان په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ دروست بكه‌ین، یان بیانناسین، بێ ئه‌وه‌ی توانای به‌ڵگه‌ هێنانه‌وه‌مان به‌ ده‌سته‌وه‌ بێ. هۆشیاری ستانداری ئه‌خلاقی: ئه‌و هۆشیاره‌ییه‌ كه‌ وامان لێده‌كات فه‌رمانی پشتڕاست له‌ باره‌ی شته‌كان و ره‌فتاره‌كان بده‌ین، جا چ قبوڵیان بكه‌ین یان ره‌تیان بكه‌ینه‌وه‌، به‌ڵام راستی و ناڕاستی ئه‌و فه‌رمانانه‌ پشت به‌ یه‌قینه‌ ئه‌خلاقیه‌كان ده‌به‌ستێت. پرسیاری بنه‌ره‌تی ئه‌وه‌یه‌: هۆشیاری خودی چۆن به‌ ده‌ست دێت؟ هۆشیاری چۆن به‌سه‌ر دنیا و ئه‌ویدیكه‌ و زماندا ده‌كرێته‌وه‌؟ سنوره‌كانی مه‌عریفه‌ و سنوره‌كانی خودی كراوه‌ كامه‌یه‌؟

هۆشیاری وه‌ك بیركردنه‌وه‌ له‌ خود

هیگل پێیوایه‌ مرۆڤ تاكه‌ بوونه‌وه‌رێكه‌ (خود)ی خۆی ئاگادار ده‌كاته‌وه‌، به‌و مانایه‌ی كه‌ بوونی له‌ بوونی شته‌ سروشتیه‌كان ده‌كات و به‌و مانایه‌ی كه‌ بوونی خۆی بۆ خودی خۆیه‌تی. به‌ڵام شته‌كانی دیكه‌ یه‌ك شێوه‌ له‌ بوونیان هه‌یه‌. له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ له‌سه‌ر مرۆڤ پێویسته‌ به‌و شێوه‌یه‌ بژی كه‌ بۆ خۆی هه‌یه‌، چونكه‌ هه‌میشه‌ مرۆڤ به‌ ئاراسته‌ی دۆزێنه‌وه‌ و ناسێنه‌وه‌ی خودی خۆیه‌تی كاتێك راسته‌وخۆ ده‌یگاتێ و له‌ ده‌ره‌وه‌ بۆی ده‌رده‌كه‌وێ! مرۆڤ له‌ رێگای لێكچوونی به‌ شته‌كانی ده‌ره‌وه‌، خۆی ده‌ناسێته‌وه‌، بۆیه‌ هه‌میشه‌ كار بۆ گۆڕینی شته‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خۆی ده‌كات، چونكه‌ ده‌یه‌وێت خودی خۆی ئه‌و كاته‌ ببینێ، كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی بابه‌تیانه‌ پراكتیزه‌ ده‌بێ. به‌ڵام چۆن خود ده‌توانێ نوێنه‌رایه‌تی خۆی بكات؟

دیكارت پێیوایه‌ (گومان) تاكه‌ رێگایه‌ بۆ به‌ یه‌قین گه‌یشتن! ئه‌وه‌ گومانه‌ وامان لێده‌كات ده‌وری خۆمان بده‌ین. دیكارت گومان له‌ هه‌موو شتێك ده‌كات، له‌وانه‌ش بوونی خۆی! بۆیه‌ ناتوانێ بڵێ جه‌سته‌ و ده‌روون هه‌مان خه‌سڵه‌تیان هه‌یه‌، به‌ڵام به‌ ئاشكرا جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ناتوانێ گومان له‌وه‌ بكات كه‌ بیر ده‌كاته‌وه‌، وه‌ك چۆن بیركردنه‌وه‌ تاكه‌ خه‌سڵه‌تێكه‌ كه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌ گومان دوور ناكه‌وێته‌وه‌. كه‌واته‌ ده‌شێ له‌ بیركردنه‌وه‌وه‌ ده‌رك به‌ سیفه‌تی پێشبینیكردنی بوونی (خود) بكه‌ین، به‌مجۆره‌ دیكارت توانی بڵێت: من بیر ده‌كه‌مه‌وه‌، كه‌واته‌ هه‌م. لێره‌دا خود و بیركردنه‌وه‌ لێكدوور ناكه‌ونه‌وه‌، ئه‌و كاته‌ی خود له‌ بیركردنه‌وه‌ ده‌وه‌ستێ له‌ بوون داده‌بڕێ.

به‌ڵام (هنری برگسۆن-Henri Bergson) رێژه‌ییه‌كانی هۆشیاری ره‌تده‌كاته‌وه‌! له‌ دیدی ئه‌ودا هۆشیاری ساته‌وه‌ختێكی هه‌ستی نییه‌، كه‌‌ به‌ شتێكه‌وه‌ به‌ند بێ، به‌ڵكو هۆشیاری درككردنی خود و شته‌كانه‌ له‌ به‌رده‌وامی خۆیدا. هۆشیاری كرانه‌وه‌یه‌ به‌سه‌ر ئێستا و رابردوو و داهاتوودا. به‌مجۆره‌ هۆشیاری پارچه‌ پارچه‌ ناكرێ بۆ ساته‌وه‌ختی دیاریكراو، چونكه‌ هه‌ڵقوڵین و به‌رده‌وامییه‌ و جیاكردنه‌وه‌ی نێوان ساته‌وه‌خته‌كانی قوڕس ده‌كه‌وێته‌وه‌. له‌و خاڵه‌وه‌ ده‌پرسین ئایا هۆشیاری ده‌كه‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی دنیا و ئه‌ویدیكه‌وه‌؟

هۆشیاری كرانه‌وه‌یه‌ به‌سه‌ر دنیا و ئه‌ویدیكه‌دا

(ئیمانۆیل كانت Immanuel Kant 1724-1804) هۆشیاری بۆ خود و مه‌عریفه‌ له‌ یه‌كتر جیا ده‌كاته‌وه‌. ئه‌و پێیوایه‌ (هۆشیاری خود‌) بۆ خۆیه‌تی وه‌ك بوونێكی ئه‌خلاقی، ئه‌وه‌ش به‌ مانای هۆشیاری ره‌ها بۆ شته‌كان ناگه‌یه‌نێت (واته‌ ئێمه‌ هۆشیارییه‌كی ره‌هامان بۆ شته‌كان نییه‌) ئه‌و قسه‌ له‌ هۆشیارییه‌ك ده‌كات، كه‌ ده‌كه‌وێته‌ پێش ئه‌زموونه‌وه‌، قسه‌ی له‌ هۆشیارییه‌كی ترانسدنتالیستی كرد، چونكه‌ ئێمه‌ شته‌كان له‌ خودی خۆیان (نۆمینه‌كان) پشتگوێ ده‌خه‌ین، به‌مجۆره‌ش هۆشیارییمان بۆ شته‌كان وه‌ك هۆشیارییه‌كی رێژه‌یی ده‌مێنێته‌وه‌. به‌ڵام (هۆسره‌ل، ئه‌دمۆند Edmund Husserl 1859-1938) پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ قسه‌ ده‌كات، پێیوایه‌ هۆشیاری هه‌میشه‌ نیازئامێزه‌ (هۆشیارییه‌ به‌ شتێك). چه‌مكی هوشیاری لای هۆسره‌ل ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ هه‌بوون و واتا پێكه‌وه‌ گرێ‌ دراون، چونكه‌ نه‌ شت به‌بێ‌ كه‌س بوونی هه‌یه‌ و نه‌ كه‌س به‌بێ‌ شت بوونی هه‌یه‌، شت و كه‌س له‌ راستیدا دوو رووی یه‌ك دراون. ره‌نگه‌ هۆشیاری خه‌یاڵكردن بێ، یان یادكردنه‌وه‌، یان بیركردنه‌وه‌یه‌كی لۆژیكی.. به‌ڵام هه‌میشه‌ روو له‌ شتێكه‌، كه‌ بیری لێده‌كه‌ینه‌وه‌. به‌مجۆره‌ هۆشیاری خودی كرانه‌وه‌یه‌ به‌سه‌ر خود له‌ رێگای نیازێكی دیاریكراوه‌وه‌، هۆشیاری دنیایی هۆشیارییه‌كی نیازخوازانه‌یه‌ بۆ دنیا.

میرلۆپۆنتی هه‌وڵده‌دات هۆشیاری له‌و مه‌یله‌ فینۆمینۆلۆژیا ده‌ربكات، ده‌ڵێ هۆشیاری رێگا بۆ دنیا ده‌كاته‌وه‌، تا چاره‌سه‌ری ئه‌وانه‌ بكات، كه‌ له‌ رێگای ئه‌وه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌ون: دنیا وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ خودی خۆیدایه‌ هه‌موو ئاراسته‌ و بزاوته‌كانی رێژه‌ییه‌، شتێكه‌ كه‌ پێیوایه‌ بوونی له‌ودا نییه‌. به‌ڵام خودی هۆشیار ناتوانێ-به‌مجۆره‌ بێ- ئه‌و كاته‌ نوێنه‌رایه‌تی ئاگایی خۆی ده‌كات كه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێو دنیاوه‌، لێره‌ په‌یوه‌ندییه‌كی دیالیكتیكی له‌نێوان خود و دنیادا هه‌یه‌: چونكه‌ به‌بێ خود دنیا ده‌بێته‌ دنیایه‌كی بێ لا و بێ ره‌هه‌ند، به‌بێ دنیاش خود ناتوانێ خۆی به‌رجه‌سته‌ بكات. به‌ڵام ئایا رۆڵی ئه‌وانیدیكه‌ له‌ هۆشیاری خود چییه‌؟ سارته‌ر ده‌ڵێ ئه‌وانیدیكه‌ وام لێده‌كه‌ن هۆشیاری خودی به‌ ده‌ست بهێنم: من كاتێك ته‌نیا ده‌بم خودم ده‌خه‌مه‌ لاوه‌ و هیچ بیری لێناكه‌مه‌وه‌، به‌ڵام كاتێ به‌ چاو هه‌ڵبڕینێك ئه‌وانیدیكه‌ ده‌بینم ته‌ماشام ده‌كه‌ن، شه‌رم له‌خۆم ده‌كه‌م، چونكه‌ بۆم ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ له‌ چاوی ئه‌ویدیكه‌وه‌ ته‌ماشای خۆم ده‌كه‌م. كه‌واته‌ ته‌ماشاكردنی ئه‌وانیدیكه‌ وام لێده‌كات هۆشیاری خودی وه‌ك شتێ له‌ ده‌ره‌وه‌ی خۆم به‌ ده‌ست بهێنم. هه‌ر ئه‌ویدیكه‌ ده‌بێته‌ ناوه‌ندێك بۆ به‌ بابه‌تكردنی خودی خۆم. به‌مجۆره‌ ئه‌ویدیكه‌ ئه‌و بوونه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌یه‌ كه‌ وام لێده‌كات خودی خۆم بكه‌مه‌ بابه‌تێك بۆ هۆشیاری.

سنوره‌كانی هۆشیاری

نابێ له‌ بیرمان بچێ كه‌ كۆی ئه‌و چاره‌سه‌رییانه‌ی بیریاران و فه‌یله‌سوفان بۆ ئیشكالیه‌تی هۆشیاری به‌ ئه‌نجامی ده‌گه‌یه‌نن، هۆشیاری به‌ ساته‌وه‌ختی مێژووییه‌وه‌ به‌ند ده‌كه‌ن، هۆشیاری به‌ ئه‌زموونه‌وه‌ ده‌لكێنن، هۆشیاری ره‌نگدانه‌وه‌ی ئاستی مه‌عریفی و نیگه‌رانی مرۆكانه‌، له‌و لۆژیكه‌وه‌ قسه‌كردنیان له‌سه‌ر سنوره‌كانی هۆشیاری جۆراوجۆر ده‌كه‌وێته‌وه‌.

بۆ نموونه‌ كارڵ ماركس هۆشیاری به‌و سه‌رخانه‌ (البنا‌و الفوقی) داده‌نێ كه‌ كۆی چالاكییه‌ مرۆییه‌كان ده‌یخه‌نه‌وه‌، وای بۆ ده‌چێ كه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ناتوانین له‌ ده‌ره‌وه‌ی بارودۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی و دواتر په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ نوێنه‌رایه‌تی هۆشیاری بكه‌ین. خه‌ڵك له‌ ده‌ره‌وه‌ی ویستی خۆیان ده‌كه‌ونه‌ نێو په‌یوه‌ندییه‌ دیاریكراوه‌كانی به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌، ئیتر له‌وێوه‌ پله‌ی هۆشیاری جیاواز دێته‌ ئاراوه‌. هه‌ر له‌و لۆژیكه‌وه‌ ماركس ده‌ڵێ: هۆشیاری (بوون)ی خه‌ڵكی دیاری ناكات، به‌ڵكو ئه‌وه‌ (بوونی كۆمه‌ڵایه‌تی)یه‌ هۆشیارییان دیاری ده‌كات. لای ماركس هۆشیاری ره‌نگدانه‌وه‌ی سلبیانه‌ی واقیع نییه‌، چونكه‌ بڕوای به‌و په‌یوه‌ندییه‌ دیالیكتیكیه‌ هه‌یه‌، كه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێوانیانه‌وه‌: ده‌شێ هۆشیاری (هۆشیاری دروست) كار له‌ واقیع بكات، یان به‌شداری له‌ گۆڕینی واقیعدا ده‌كات، یان به‌شداری له‌ چه‌سپاندن و پیرۆزیدا بكات (نه‌ك هۆشیاری ساخته‌). كه‌چی (نیچه‌، فریدرچ ڤیلهیلم Friedrich Wilhelm Nietzsche 1844-1900) پێیوایه‌ ده‌شێ مرۆڤ ژیان به‌ سه‌ربه‌خۆیی و به‌بێ هۆشیارییه‌كی ته‌واو به‌سه‌ر به‌رێت. ئه‌گه‌ر ژیانی مرۆڤ قابیلی له‌ناوچوون بێت، به‌و مانایه‌ی ململانێ له‌ پێناو مانه‌وه‌ سنوره‌كانی دیاری ده‌كات، كه‌واته‌ مرۆڤ ناچاره‌ به‌ وشه‌ ته‌عبیر له‌ خۆی بكات، له‌وێشه‌وه‌ گه‌شه‌كردنی زمان و گه‌شه‌كردنی هۆشیاری به‌یه‌كه‌وه‌ په‌یوه‌ست ده‌بن.

به‌مجۆره‌ مرۆڤ كۆمه‌ڵێك وه‌هم بۆ خۆی هه‌ڵده‌به‌ستێ به‌ بۆیه‌ی حه‌قیقه‌ت ده‌ینه‌خشێنێ (وه‌ك ئه‌رك، لێپرسراویه‌تی، ئازادی….هتد) هه‌موو ئه‌و حه‌قیقه‌تانه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا جگه‌ له‌ كۆمه‌ڵێك وه‌همی له‌بیركراو شتێكی دیكه‌ نیین. به‌ڵام فرۆید به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر جیاواز ته‌ماشای ژیانمان ده‌كات. ژیانی مرۆیی لای ئه‌و له‌ چیایی سه‌هۆڵی (iceberg) ده‌چێ (ئه‌وه‌ی كه‌ دیاره‌ زۆر له‌وه‌ كه‌متره‌ كه‌ شاردراوه‌یه‌- پانتاییه‌كانی نه‌ست زۆر له‌ پانتاییه‌كانی هه‌ست به‌رفره‌وانتره‌‌) بۆیه‌ ئێمه‌ زۆر هه‌ڵه‌ین، ئه‌گه‌ر ته‌واوی ره‌فتاره‌كانمان به‌ هۆشیارییه‌وه‌ گرێ بده‌ین، چونكه‌ هه‌موو ئه‌و كردانه‌ی كه‌ ده‌كه‌ونه‌ نێو هۆشیارییه‌وه‌، نه‌ به‌ ‌یه‌كه‌وه‌ به‌ندن و نه‌ قابیلی تێگه‌یشتنن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ناچار بین و بڵێین هه‌ر ده‌بێ له‌ رێگای هۆشیارییه‌وه‌ حاڵی بین، ئه‌وه‌ له‌ به‌شێكی زۆری ره‌فتاره‌كانمان ناگه‌ین، ته‌نها ئه‌و كاته‌ نه‌بێت كه‌ بۆ لایه‌نێكی بنه‌ڕه‌تی ده‌روونیمان ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌، ئه‌ویش نه‌سته‌، ناهۆشیاریه‌.

به‌مجۆره‌ ده‌توانین بڵێین مرۆڤ ژیانێكی ئاوێته‌ ده‌ژی، چونكه‌ هه‌ر یه‌ك له‌ هۆشیاری و ناهۆشیاری رۆڵێكی سێنترالیزمی تێدا ده‌گێڕن. ئه‌گه‌ر ناهۆشیاری بۆ زۆرێك له‌ ره‌فتاره‌ به‌ تایبه‌تی لاده‌ره‌كان، نه‌خۆشه‌ ده‌گمه‌نه‌كان زه‌روری بێ، ئه‌گه‌ر نه‌ست به‌شێكی گه‌وره‌ی پانتاییه‌كانی ژیانی مرۆڤی له‌خۆ گرتبێ‌، ئه‌وه‌ به‌ دیوه‌كه‌ی دیكه‌ ناشێ له‌بیرمان بچێ كه‌ ژیانی مرۆیی ئازادی و ویست و لێپرسراویه‌تییه‌، به‌و مانایه‌ش ده‌شێ‌ مرۆڤ له‌ رێگای به‌شێك له‌ هۆشیارییه‌وه‌ ره‌فتاره‌كانی خۆی هه‌ڵبژێرێت.




زنجیره‌یه‌ك گوتار له‌ باره‌ی ناسنامه‌ (8-8) ناسنامه‌ … عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا


پاڵه‌وانی ئازادی/ پاڵه‌وانی مه‌عریفی

سه‌رده‌می مۆدێرنه‌، سه‌رده‌می زانستی كه‌ به‌ كلیلی شۆڕشی پیشه‌سازی داده‌نرێ‌، سه‌رده‌می زانیارییه‌كان و كۆمینیكه‌یشن و سه‌رده‌می پۆست مۆدێرنه‌، سه‌رده‌می پۆست پیشه‌سازی و پۆست ئایدیۆلۆجیا، پۆست بونیادگه‌ری و پۆست هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌گه‌ری… سه‌رده‌می دژه‌كان و مه‌رگی حیكایه‌ته‌ گه‌وره‌كان…
له‌ سه‌رده‌می مۆدێرنه‌ و پۆست مۆدێرنه‌دا، له‌ سه‌رده‌می كۆتایی و بێكۆتاییدا، به‌ گشتی دوو جۆر مرۆڤ و دوو جۆر دنیابینی ده‌بینین، دنیابینی مه‌عریفه‌ی حیكایی و دنیابینی مه‌عریفه‌ی زانستی، مرۆڤی رۆبۆتی ئایدیۆلۆجیا و مرۆڤی پۆست ئایدیۆلۆجیا! رۆبۆتی ئایدیۆلۆجیا دروستكه‌ری به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌، به‌ڵام مرۆڤی پۆست ئایدیۆلۆجیا كه‌وتۆته‌ سه‌ر بڕوایه‌ك ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌موو شتێك بێ‌ هوده‌ و بێ‌ واتا و پوچه‌، له‌ هه‌ندێ‌ وڵاتانی پێشكه‌وتوودا ئه‌و بڕوایه‌ هه‌نگاو به‌ره‌و یه‌قینی ره‌ها ده‌نێت، ئه‌و یه‌قینه‌ رووته‌ش هه‌ر ته‌نها په‌یوه‌ندی به‌ مرۆڤی پۆست ئایدیۆلۆجیاوه‌ نییه‌، وه‌ك كامۆ ده‌ڵێ‌ په‌یوه‌ندی به‌ جیهانیشه‌وه‌ هه‌یه‌، یان راستر بڵێین په‌یوه‌ندی به‌ دنیابینی نه‌هلیزمه‌وه‌ هه‌یه‌! واته‌ پوچی بۆته‌ نێوانكاری مرۆڤ و جیهان! مۆدێرنه‌ و پۆست مۆدێرنه‌! دنیابینی حیكایی و زانستی! عه‌قڵ و زانست…
عه‌قڵا له‌گه‌ڵا زانست هاوگونجاو نایه‌ته‌وه‌, عه‌قڵا له‌ توانایدا نییه‌، به‌شداری له‌ گه‌شه‌كردنیدا بكات, بۆیه‌ ئه‌وانه‌ی كه‌ به‌ زانست سه‌رسامن، پێویسته‌ له‌ نێوان عه‌قڵا ‌و زانست، له‌ نێوان دنیابینی حیكایی و زانستی… پارێزگاری له‌ یه‌كێكیان بكه‌ن, به‌ گشتی رۆبۆتی ئایدیۆلۆجیا به‌ لای عه‌قڵدا ده‌شكێته‌وه‌، غه‌رقی حیكایه‌ته‌كان و پیرۆزییه‌كانه‌، به‌ڵام مرۆڤی پۆست ئایدیۆلۆجیا روو له‌ زانسته‌ و هه‌نگاو به‌ره‌و چه‌ندان مه‌یلی جیاواز و چه‌ندان فۆڕمی جیاوازی ژیان و كه‌شفكردن ده‌نێت، له‌وانه‌ مه‌یلی سه‌ركێشی و یاخیبوونی رێبازه‌ فیكرییه‌كان له‌ شێوه‌ی دژبوونه‌وه‌دا دژی سایكۆلۆژیا، هیومانیزم، ئۆدیب، شیعر، رۆمان…، مه‌یلی تێپه‌ڕاندن له‌ فۆڕمی مه‌رگی حیكایه‌ته‌ گه‌وره‌كان…

به‌شێك له‌ مرۆڤی پۆست ئایدیۆلۆجیا له‌ پێناو ئازادی، خۆی له‌ سێنته‌ری عه‌قڵ و هه‌موو به‌ها پیرۆزه‌كان و پاڵه‌وانێتییه‌كان داده‌ماڵێ‌، په‌نا بۆ ئه‌لكحول و مادده‌ی هۆشبه‌ر و گه‌شتكردن و… ده‌بات، ئه‌و هه‌ڵاتنه‌ به‌ رێبازی رزگاری (تیمۆتی لیری-Timothy Leary) ناسراوه‌! به‌شێك په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌ر سێكس وه‌ك (ولیام رایش) له‌ تێزه‌كه‌ی خۆیدا ستایشی كردووه‌، واته‌ تێكه‌ڵكردنی سێكس و سیاسه‌ت، ته‌ماشاكردنی شۆڕش وه‌ك ره‌هابوونی سێكسی، واته‌ وه‌ك چۆن گه‌یشتن به‌ ئۆرگازم مرۆڤ له‌ زیندانی جه‌سته‌ ئازاد ده‌كات، به‌ هه‌مان شێوه‌ش شۆڕش به‌ حوكمی ره‌حه‌تبوونی به‌ كۆمه‌ڵی ده‌بێته‌ سه‌رهه‌ڵدانی كه‌سایه‌تییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ سه‌رووی مه‌به‌سته‌ تاكه‌كه‌سییه‌كانه‌وه‌، به‌و مانایه‌ش رایش ئازادی سێكسی به‌ سه‌ره‌تای رووخاندنی جیهانی سه‌رمایه‌داری ده‌زانێت…

مرۆڤی پۆست ئایدیۆلۆجیا ده‌ست بۆ هه‌موو بۆشاییه‌كان و هه‌موو فۆڕمه‌كانی ژیان و كه‌شف نه‌كراوه‌كان ده‌بات، خه‌ریكی ده‌ستپه‌ڕی نێرگزیانه‌یه‌، گه‌مه‌ به‌و زبڵانه‌ ده‌كات، كه‌ خستوویه‌ته‌ لاوه‌، ده‌ست ده‌داته‌ تاوان بۆ ئه‌وه‌ی له‌و زیندانه‌ رابكات، كه‌ خۆی دروستی كردووه‌، رزگاری خۆی له‌ ته‌قاندنه‌وه‌ی هه‌وه‌سه‌كانیدا ده‌دۆزێته‌وه‌… به‌ گشتی لای مرۆڤی پۆست ئایدیۆلۆجیا به‌رهه‌می ناسنامه‌ و ره‌هه‌نده‌ جیاوازه‌كانی ناسنامه‌ هیچ به‌ها و بایه‌خێكی نییه‌، گه‌شه‌سه‌ندن و پێكه‌وه‌ ژیان و كرانه‌وه‌ ده‌بنه‌ كۆمه‌ڵێ‌ چه‌مكی به‌ سه‌رچوو، پێیوایه‌ هه‌موو ناسكردنێكی خود، خود ده‌خاته‌ چوارچێوه‌یه‌كی دیاریكراوه‌وه‌ و ره‌تكردنه‌وه‌ی خود و ونبوونی خود و ئابڵوقه‌دانی خودی لێده‌كه‌وێته‌وه‌! مرۆڤی پۆست ئایدیۆلۆجیا وه‌ك چۆن ئابڵوقه‌دان ره‌تده‌كاته‌وه‌، له‌ هه‌مان كاتدا بۆ به‌ها پیرۆزه‌كان ناگه‌ڕێته‌وه‌، مرۆڤی پۆست ئایدیۆلۆجیا هه‌ر ته‌نها پرۆسیسه‌ی جۆرێك له‌ تێپه‌ڕاندن و ئازادی و دژبوونه‌وه‌ و پوچگه‌رایی ناكات، هه‌ر ته‌نها ستایشی مه‌رگی حیكایه‌ته‌ گه‌وره‌كان و مه‌رگی به‌هاكانی ناسنامه‌ ناكات، هه‌ر ته‌نها كلتور به‌ زبڵ دانانێت، به‌ڵكو وه‌ك هایدگه‌ر پێیوایه‌ ئه‌و ستایشی مێژووی شاردنه‌وه‌ی حه‌قیقه‌تی بوونیش ده‌كات، یان به‌ ده‌ربڕینێكی دیكه‌ فه‌رامۆشكردنی بوون و به‌رجه‌سته‌كردنی نه‌هلیزمه‌.

بێگومان جیاوازییه‌كی ئاشكرا له‌ نێوان رۆبۆتی ئایدیۆلۆجیا و مرۆڤی پۆست ئایدیۆلۆجیا هه‌یه‌، وه‌ك چۆن جیاوازییه‌كی روون له‌ نێوان مه‌عریفه‌ی زانستی و مه‌عریفه‌ حیكایی هه‌یه‌، جیاوازییه‌كی دیار له‌ نێوان (پاڵه‌وانی ئازادی) وه‌ك دروستكه‌ری به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، له‌ حیكایه‌تی شۆڕشی فڕه‌نسی و (پاڵه‌وانی مه‌عریفه‌) وه‌ك رێكخه‌ری مه‌عریفه‌ له‌ ناوكۆییه‌ك كه‌ خۆی له‌ به‌هاكانی كۆمه‌ڵگا و ده‌وڵه‌ت به‌رزتر ده‌زانێت، له‌ شۆڕشی ئه‌ڵمانیدا هه‌یه‌! لێره‌دا پرسیاركردن له‌ ناسنامه‌ ده‌كه‌وێته‌ كوێ‌؟ به‌ دیوه‌كه‌ی دیكه‌ ئایا پرسیاركردن له‌ ناسنامه‌ پرسیاركردن نییه‌ له‌ مرۆڤ، له‌ مه‌عریفه‌، له‌ دنیابینی؟
قسه‌كردن له‌ مه‌عریفه‌ی گێڕانه‌وه‌ قسه‌كردنه‌ له‌ ژیان و بیستن و به‌كارهێنانی شته‌كان و پێوانه‌ی چالاكییه‌كان و دادپه‌روه‌ری و خۆشبه‌ختی و ده‌نگ و ره‌نگ و … مه‌عریفه‌ی گێڕانه‌وه‌ چه‌مكێكی به‌رفره‌وانه‌ و مۆڕگێكی نه‌ته‌وه‌یی و لۆكاڵی هه‌یه‌! به‌ڵام مه‌عریفه‌ی زانستی له‌ سه‌ر سه‌لماندن راست ده‌بێته‌وه‌، دیالۆگ له‌ سه‌ر سه‌لماندن به‌ ره‌وا ده‌زانێت، هه‌رگیز مه‌عریفه‌ی زانستی ناكه‌وێته‌ سه‌لماندنی دژ به‌ یه‌كه‌وه‌، وشه‌ی (گریمانه‌) له‌ زانستدا كه‌ ده‌لاله‌ت له‌ هێزی وشه‌كه‌ ده‌كات، به‌و مانایه‌ دێت، كه‌ زانست ده‌توانێ‌ به‌پێی ئه‌و گریمانه‌یه‌ ده‌رئه‌نجامه‌كان جێگیر بكات، زمانی زانست وه‌ك (ژان فرانسۆ لیوتار) له‌ كتێبی (بار و دۆخی دوای تازه‌گه‌ری)دا ده‌ڵێت زمانی ئاماژه‌یه‌ (ئاماژه‌ به‌ شته‌كان ده‌كات) له‌ زمانی ئاڵۆزه‌وه‌ دووره‌ (كه‌ ئاماژه‌ به‌ رێسا و پێوانه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندن ده‌كات)… كه‌واته‌ پاڵه‌وانی ئازادی به‌ پێچه‌وانه‌ی پاڵه‌وانی مه‌عریفه‌وه‌ له‌ سه‌ر لۆجیكی گێڕانه‌وه‌ وه‌ستاوه‌، لۆجیكی گێڕانه‌وه‌ له‌سه‌ر كۆكردنه‌وه‌ی ده‌سته‌واژه‌كان و ئاماژه‌كان و ده‌سته‌واژه‌ ئاڵۆزه‌كان و … كار ده‌كات، مه‌عریفه‌ی زانستی پێویستی به‌ ئازادی و بوێری هه‌یه‌، پێویستی به‌ پاڵه‌وانی ئازادی نییه‌، مه‌عریفه‌ی زانستی مۆڕگی نه‌ته‌وه‌یی له‌خۆدا هه‌ڵنه‌گرتووه‌، زانست سه‌لماندنی ده‌وێت.

مه‌عریفه‌ی حیكایی رابردوو له‌ پێناو دووباره‌ شیكردنه‌وه‌ ناخاته‌ روو، به‌ڵكو پیرۆزی پێده‌به‌خشێ‌ و ده‌یخاته‌ سه‌رووی زه‌مه‌نه‌وه‌، بۆ نموونه‌ ئه‌فسانه‌كان… پاڵه‌وانی ئازادی ته‌نها خۆی به‌ ره‌وا ده‌زانێت، هه‌رگیز نابێته‌ سه‌رچاوه‌ی ره‌وایه‌تی… (لیوتار) هه‌ر له‌و كتێبه‌دا ده‌ڵێ‌ هه‌ر به‌و هۆیه‌وه‌ گێڕانه‌وه‌كان لێبورده‌یی ده‌نوێنن و تاكه‌كان به‌ یه‌كه‌وه‌ كۆ ده‌كه‌نه‌وه‌. به‌ڵام مه‌عریفه‌ی زانستی به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، چێژ له‌ ئاستێكی دیاریكراوی مه‌عریفه‌ وه‌رده‌گرێت، پاڵه‌وانی مه‌عریفی قبوڵكردن و ره‌تكردنه‌وه‌ به‌ ره‌وا ده‌بینێت، جگه‌ له‌وه‌ مه‌عریفه‌ی زانستی خاوه‌ن مێژووه‌ و ده‌كه‌وێته‌ نێو زه‌مه‌نه‌وه‌، بۆیه‌ تیۆری نوێی زانستی له‌ سه‌ر به‌تاڵكردنه‌وه‌ی كۆن راست ده‌بێته‌وه‌… پاڵه‌وانی مه‌عریفی پێچه‌وانه‌ی پاڵه‌وانی ئازادی ده‌كه‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا و ناسنامه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌فسانه‌ دروست ناكات، به‌ڵكو له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی عه‌قڵی زانستی ئه‌بستراكتدا ده‌مێنێته‌وه‌.

له‌ سه‌ر بنه‌مای ئه‌و هه‌موو جیاوازییانه‌ی كه‌ له‌ نێوان لۆجیكی حیكایه‌ت و لۆجیكی زانستدا هه‌یه‌، زانست ره‌خنه‌ له‌ گێڕانه‌وه‌ ده‌گرێت و خه‌سڵه‌تی ره‌وایه‌تی له‌ گێڕانه‌وه‌دا به‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ سه‌رچاوه‌كانی له‌ دایكبوونی ئیمپراتۆرییه‌ت له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دات. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو ره‌خنانه‌شدا كه‌چی له‌ زه‌مه‌نێك له‌ زه‌مه‌نه‌كاندا پشتی زۆری پێده‌به‌ست! لیوتار ئه‌و پشتپێبه‌ستنه‌ له‌ دوو زه‌مه‌نی گێڕانه‌وه‌دا ساده‌ ده‌كاته‌وه‌: زه‌مه‌نی حیكایه‌تی شۆڕشی فڕه‌نسی كه‌ له‌ باره‌ی گه‌له‌وه‌ ده‌دوێ‌ و پاڵه‌وانی ئازادی به‌رجه‌سته‌ كرد و له‌ پێناو پێشكه‌وتن و له‌ پێناو هێنانه‌ دی ئامانجه‌كانی كۆمه‌ڵێك پێوانه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و كۆمه‌ڵێ‌ یاسا و رێسای دیاریكراوی له‌ رێگای ده‌ستاوده‌ستكردن و گفتوگۆوه‌ به‌ ده‌ست هێنا، له‌ به‌رانبه‌ریشیدا مه‌عریفه‌ی زانستی ده‌سته‌ وه‌ستان نه‌بوو، ره‌خنه‌كانی وه‌لاناو زانستی پێشكه‌ش به‌و گه‌له‌ كرد و گه‌لیش له‌ پێناو مافه‌كانی خۆی پشتی به‌ زانست به‌ست، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ رووی مه‌عریفه‌ی زانستییه‌وه‌ مافه‌كانی خۆی به‌ ده‌ست بهێنێ‌… زه‌مه‌نی حیكایه‌تی دووه‌م حیكایه‌تی ئه‌ڵمانیایه‌، حیكایه‌تی پاڵه‌وانی مه‌عریفه‌یه‌، ئه‌و پاڵه‌وانه‌ زانستی له‌ ناوكۆییه‌كدا رێكخست، زانستی له‌ نموونه‌یه‌كی ئاكاریدا رێكخست، نموونه‌یه‌ك كه‌ ده‌كه‌وته‌ سه‌رووی ده‌وڵه‌ت و نه‌ته‌وه‌وه‌! لێره‌دا مه‌عریفه‌ی زانستی وه‌ك مه‌عریفه‌ی لێوردبوونه‌وه‌ خۆی ده‌نوێنێ‌ و ده‌كه‌وێته‌ سه‌رووی گه‌ل و سه‌رووی زاناكانه‌وه‌! لیوتار پێیوایه‌ ئه‌و شێوه‌یه‌ له‌ رێكخستی مه‌عریفه‌ی زانستی مۆرگێكی هیگلیانه‌ی له‌خۆدا هه‌ڵگرتووه‌. به‌ڵام به‌ گشتی له‌ هه‌ردوو حیكایه‌تدا زانست پشت به‌ ده‌وڵه‌ت ده‌به‌ستێت، چ ده‌وڵه‌تێك كه‌ نوێنه‌رایه‌تی گه‌ل ده‌كات، وه‌ك له‌ حیكایه‌تی فڕه‌نسی به‌ر چاو ده‌كه‌وێت، یان ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی كه‌ نوێنه‌رایه‌تی رۆح ده‌كات وه‌ك له‌ حیكایه‌تی ئه‌ڵمانیدا ده‌بینرێت.

زانست له‌گه‌ڵ به‌ره‌و پێشچوونه‌ یه‌ك له‌ دوا یه‌كه‌كانیدا چه‌ندان رێسای زانستی به‌سه‌ر خۆیدا چه‌سپاند و خۆی له‌و زه‌مه‌ن و فه‌لسه‌فانه‌ جیا كرده‌وه‌، كه‌ ره‌وایه‌تییان پێده‌به‌خشی، ئینجا دوای دیاریكردنی سنوره‌كانی و له‌ دوای وه‌رگرتنی تایبه‌تمه‌ندێتی و چوونه‌ ناو دامه‌زراوه‌كانی زانكۆ و په‌یمانگاكانه‌وه‌، خۆی له‌ گشتگیریی هیگلی جیا كرده‌وه‌، به‌ڵام وه‌ك په‌یوه‌ندی به‌ حیكایه‌ته‌كانی رۆشنگه‌ری… ده‌بینین هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی ئاشكرا له‌ نێوان راستی زانستی و توێكاری دروستیدا نییه‌، به‌ڵام ده‌شێ‌ له‌سه‌ر حه‌قیقه‌تی زانستی چه‌ندان هه‌ڵبژارده‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی جۆراوجۆر و هه‌تا ناكۆكیش بونیاد بنرێت، بێ‌ ئه‌وه‌ی زانست بتوانێ‌ ئه‌و ناكۆكییانه‌ یه‌كلا بكاته‌وه‌. به‌مجۆره‌ زاناكان بوونه‌ به‌نده‌ی تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی خۆیان و خودی خۆیان بونیاد نا و زانست په‌لوپۆی زۆری لێبۆوه‌ و زمانی زانستیان به‌ شێوه‌یه‌كی تایبه‌تی به‌ كار هێنا.
زانست له‌ كۆمه‌ڵگا دابڕاو نییه‌، به‌ڵكو پێویستی به‌ ره‌وایه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه‌. زانست پێویستی به‌ میدیا هه‌یه‌، پێویستی به‌ شانۆی ژیان هه‌یه‌، پێویستی به‌ ده‌نگ و ده‌نگدانه‌وه‌ هه‌یه‌… به‌ڵام زانست به‌پێی به‌ره‌و پێشچوونه‌كانی به‌ره‌ به‌ره‌ بنه‌ما حیكاییه‌ كۆنه‌كانی فه‌رامۆش كرد، ئه‌و بنه‌مایانه‌ی له‌ زه‌مه‌نێك له‌ زه‌مه‌نكاندا ره‌وایه‌تیان پێده‌به‌خشی… دواجار پرسیاری ره‌وایه‌تی بووه‌ پرسیارێكی ناوه‌كی خودی زانست و بووه‌ به‌شێكی جیانه‌كراوه‌ی خودی زانست.

پرسیاری من ئه‌وه‌یه‌ ئایا له‌گه‌ڵ كاڵبوونه‌وه‌ی بنه‌ما حیكاییه‌كان په‌یوه‌ندی نێوان مرۆڤ ناسنامه‌، كلتور و ناسنامه‌، سیاسه‌ت و ناسنامه‌… خۆی نوێ‌ ده‌كاته‌وه‌، یان ئه‌و پرسیاره‌ جه‌وهه‌رییه‌ ده‌كه‌وێته‌ كوێی په‌یوه‌ندییه‌كانی ته‌كنۆلۆجیا و زانست، یان كرده‌یی و ناكرده‌یی… بێگومان ته‌كنۆلۆجیا وێڕای به‌ره‌وپێشچوونه‌ زانستییه‌كان په‌یوه‌ندی خۆی له‌گه‌ڵ به‌رهه‌مه‌ زانستییه‌كان پته‌وتر ده‌كات، هێزی زانستی وه‌ك بنه‌مای ده‌سه‌ڵات و سه‌رمایه‌ و پێویستییه‌كانی ئازادی هه‌نگاو به‌ره‌و داهاتوو ده‌هاوێژێت، سه‌ربه‌خۆیی زانستی حكایه‌تی ئازادی سه‌ره‌وژێر كرد، ئه‌گه‌رچی تا دوێنێ‌ بۆ ئازادی خۆی ره‌وایه‌تی له‌و حكایه‌تانه‌وه‌ وه‌رده‌گرت… به‌ڵام ئه‌مڕۆ ئازادییه‌ك به‌ ناوی پێویستییه‌كانی زانستی هاتۆته‌ دنیاوه‌.

به‌مجۆره‌ كه‌وتنی حیكایه‌ته‌ گه‌وره‌كان و هاتنه‌ ناوه‌وه‌ی زانست و به‌ره‌وپێشچوونی له‌ بواره‌ جیاوازه‌كاندا و هه‌ژموونی ته‌كنۆلۆجیا…. هه‌موو ئه‌وانه‌ به‌شێكی زۆر له‌ پرسیاری ناسنامه‌ كاڵده‌كه‌نه‌وه‌، ئێستا پرسیاری ره‌وایه‌تی شان به‌ شانی ته‌كنۆلۆجیا و پێشكه‌وتنه‌ زانستییه‌كان هه‌نگاو ده‌نێت، ئازادی وه‌ك داواكاری زانست و له‌ پێناو زانست و ته‌كنۆلۆجیادا خۆی نمایان ده‌كات، كردنه‌وه‌ی ده‌رگاكانی ته‌كنۆلۆجیا و كۆگای زانیارییه‌كان بۆ هه‌مووانه‌، بێ‌ ئه‌وه‌ی بیر له‌ ناسنامه‌ بكاته‌وه‌، ئه‌مرۆ دنیا به‌ره‌و پشتكردن له‌ ناسنامه‌ هه‌نگاو ده‌نێ‌ و له‌ پێناو (ئازادی/ زانست/ ته‌كنۆلۆجیا) تێده‌كۆشێ‌..

هه‌ولێر 15/6/2018




زنجیره‌یه‌ك گوتار له‌ باره‌ی ناسنامه‌ (7-8) به‌ختیار عه‌لی


ناسنامه‌ له‌ نێوان یه‌كێتی سیاسی و یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌ییدا
عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا

—————————-
قسه‌یه‌كی جوانی (نه‌سر حامد ئه‌بوزێد) له‌ باره‌ی ناسنامه‌وه‌ هه‌یه‌، ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر ناسنامه‌ وه‌ك پێدراوێكی كۆنكریت و نه‌گۆڕ دابنێین، ئه‌وه‌ ژه‌هرێكی كوشنده‌یه‌.. ئه‌و قسه‌یه‌ی ئه‌بوزێد به‌ تایبه‌تی له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا ئایدیۆلۆجیای ناسیونالیزممان بیر ده‌خاته‌وه‌، به‌ مانایه‌كی دیكه‌ ئه‌و قسه‌یه‌ له‌ لایه‌ك ناسنامه‌ وه‌ك ئایدیۆلۆجیا وه‌رده‌گرێت، له‌لایه‌كی دیكه‌ ناسنامه‌ و ناسیونالیزم له‌ پیرۆزیی و ناوازه‌یدا ده‌بینێته‌وه‌، هه‌موو له‌یه‌كنزیكردنه‌وه‌یه‌كی ناسنامه‌ و ناسیونالیزمیش دیدێكی دۆگمایانه‌ به‌ ناسنامه‌ ده‌به‌خشێت، چونكه‌ خودی ناسیونالیزم له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا جگه‌ له‌ داكۆكیكردنێكی ناوازه‌، جگه‌ له‌ پرنسیبێكی سیاسی پیرۆز شتێكی دیكه‌ نییه‌! ده‌مه‌وێ‌ بڵێم ئه‌وه‌ داكۆكیكردنی ناوازه‌یی ناسیونالیزمه‌ پێیوایه‌ ده‌بێ‌ یه‌كێتییه‌كی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی به‌یه‌كه‌وه‌ بگونجێنین، واته‌ ده‌بێ‌ یه‌كێتی سیاسی له‌ سه‌ر یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دامه‌زرا بێت، ئه‌وانه‌ی له‌ نێو یه‌ك چوارچێوه‌ی سیاسیدا ده‌ژین، ده‌بێ‌ بوونی نه‌ته‌وه‌یه‌ك كۆیان بكاته‌وه‌، ده‌بێ‌ پیرۆزیی نه‌ته‌وه‌یی یه‌كیان بخات، به‌و مانایه‌ش ده‌بێ‌ ناسنامه‌یه‌كی پته‌و و نه‌گۆڕیان هه‌بێت، ئه‌وه‌ش جاڕدانی مه‌رگی ناسنامه‌ و دابڕانی ناسنامه‌یه‌ له‌ گه‌شه‌كردن و پێكه‌وه‌ ژیان و كرانه‌وه‌ و به‌ره‌وپێشچوون، دروستكردنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌ویدیكه‌دا.

(به‌ختیار عه‌لی محه‌مه‌د) ساڵی 1960 له‌ شاری سلێمانی گه‌ڕه‌كی (ئیبراهیم پاشا) له‌ دایكبووه‌، قۆناغی سه‌ره‌تایی له‌ قوتابخانه‌ی (شێخ سه‌لام) خوێندووه‌، دواتر ناوه‌ندی ئه‌زمڕ و دواناوه‌ندی هه‌ڵكه‌وتی هه‌ر له‌ سلێمانی ته‌واو كردووه‌، له‌ زانكۆی سلێمانی چۆته‌ به‌شی (جیۆلۆجی- زه‌وی ناسی) و كاتێك زانكۆی سلێمانی گوازراوه‌ته‌وه‌ بۆ شاری هه‌ولێر ئه‌ویش له‌ هه‌ولێر درێژه‌ به‌ خوێندن ده‌دات، له‌ سه‌ره‌تای هه‌شتاكاندا له‌ خۆپێشاندانی قوتابیاندا به‌شدار ده‌بێت و بریندار ده‌بێت و بۆ ماوه‌یه‌ك ده‌كه‌وێته‌ زیندانی به‌عسییانه‌وه‌، پاش ده‌رچوونی له‌ زیندان به‌ یه‌كجاری واز له‌ زانكۆ ده‌هێنێ‌ و هه‌ر له‌و كاته‌دا چامه‌ی (نیشتمان) بڵاو ده‌كاته‌وه‌، له‌ ساڵی 1985 روو له‌ چیاكانی سه‌ر سنور و كوردستانی ئێران ده‌كات، له‌ گه‌رمه‌ی شه‌ڕی خوێناوی عیراق و ئیران ده‌ستنوسی یه‌كه‌مین رۆمانی به‌ ناوی (مه‌رگی تاقانه‌ی دووه‌م) ئاماده‌ ده‌كات و وه‌ك ده‌ستنوس ده‌مێنێته‌وه‌ و پاشان له‌ دوای راپه‌ڕینی ساڵی 1991 به‌ چاپی ده‌گه‌یه‌نێت… له‌ ساڵی 1994 روو له‌ دیمه‌شق- سوریا ده‌كات و دوای نۆ مانگ له‌ مانه‌وه‌ی له‌وێ‌ ده‌چێته‌ ئه‌ڵمانیا تا ساڵی 1999 له‌ شاری فرانكفۆرت ده‌مێنێته‌وه‌، پاشان بۆ شاری كۆڵن ده‌گوازێته‌وه‌… نوسه‌ر وه‌ك بیروڕا دژ به‌ ئایدیۆلۆجیای تۆتۆلیتار و بیر ته‌سكی ئه‌ده‌بی و سیاسی و فه‌لسه‌فی وه‌ستاوه‌، بره‌و به‌ بیری عه‌لمانی ئازاد و چه‌مكی جیاوازی و دیموكراسی ده‌دا. نزیكه‌ی (30) كتێبی له‌ شیعر و رۆمان و لێكۆڵینه‌وه‌ چاپ و بڵاو كردۆته‌وه‌، به‌رهه‌مه‌كانی بۆ سه‌ر زمانی فارسی، عه‌ره‌بی، توركی، ئینگلیزی، سویدی، ئه‌ڵمانی ته‌رجه‌مه‌كراون، له‌ سایه‌ی وه‌رگێڕانی رۆمانی (دواهه‌مین هه‌ناری دونیا) بۆ زمانی ئه‌ڵمانی له‌ 10/12/2017 خه‌ڵاتی (نیلی زاكس)ی له‌ شاری (دۆرتمۆند) پێبه‌خشراوه‌.

(به‌ختیار عه‌لی) یه‌كێكه‌ له‌و نوسه‌ر و ره‌خنه‌گرانه‌ی دنیا، كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی مۆدێرن دژ به‌ بیر ته‌سكی ئایدیۆلۆجی و فه‌لسه‌فی قسان ده‌كات، بۆیه‌ له‌ پێناسه‌ی ناسنامه‌ی كوردیدا ئه‌و یه‌كیه‌تییه‌ سیاسییه‌ی باسمان كرد و ئه‌و بنبه‌ستبوونه‌ ده‌خاته‌ به‌ر به‌دواداچوون و ره‌خنه‌ی فیكرییه‌وه‌… بێگومان له‌ قسه‌كردن له‌ باره‌ی ناسنامه‌ و چه‌مكی ناسنامه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا نابێ‌ ئه‌و یه‌كێتییه‌ سیاسییه‌ی نێوان ئایدیۆلۆجیای ناسیونالیزم و ناسنامه‌ له‌ بیر بكه‌ین، چونكه‌ گرنگترین شت بۆ سیستمی سیاسی رۆژهه‌ڵاتی ئه‌وه‌یه‌، كه‌ كۆمه‌ڵگا خانه‌ خانه‌ بكات، پرۆسه‌ی خانه‌ خانه‌كردنی كۆمه‌ڵگا جگه‌ له‌ تێكه‌ڵكردنی ناسنامه‌ و ناسیونالیزم، شتێكی دیكه‌ نییه‌، به‌ دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش هه‌میشه‌ ئایدیۆلۆجیای سیاسی و ناسیونالیزم تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا ده‌خاته‌ نێو ئه‌و خانانه‌ی بۆی ئاماده‌ كردووه‌، هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ش له‌ كایه‌ی ئایدیۆلۆجیای سیاسی و ناسیونالیزمی كوردیدا هه‌وڵی ناساندنی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا ده‌درێت و ناسنامه‌یه‌كی دیاریكراویان پێده‌به‌خشرێت! به‌ڵام مرۆڤ نابێ‌ له‌ كایه‌ی سیاسییدا بۆ ناسنامه‌ی خۆی بگه‌ڕێت، به‌ڵكو وه‌ك به‌ختیار عه‌لی له‌ كتێبی (جوانییه‌كانی ناڕێكی، ل126، 147،212)دا ده‌ڵێت: مرۆڤ ده‌بێ‌ له‌ مێژوو و ئایین و سیاسه‌تدا بۆ ماناكانی بوونی خۆی بگه‌ڕێت. چونكه‌ كێشه‌ی مرۆڤ له‌ دیدی به‌ختیار عه‌لیدا به‌ پله‌ی یه‌كه‌م وه‌ك چۆن (عه‌لی حه‌رب) ده‌ڵێت، له‌گه‌ڵ خۆیدایه‌، كه‌سێك نه‌توانێ‌ خۆی دروست بكات، كه‌سێك نه‌توانێ‌ خۆی ئازاد بكات، ناتوانێ‌ له‌ ئازادكردنی كه‌سانی دیكه‌دا یان له‌ گۆڕینی واقیع و بونیادنانی كۆمه‌ڵگادا به‌شداری هه‌بێت… له‌ كتێبی جوانییه‌كانی ناڕێكیدا پێیوایه‌ مێژووی ئێمه‌ی كورد مێژووی توانه‌وه‌ی خوده‌ له‌ ئه‌ویدیدا، مێژووی تێڕامانی خوده‌ له‌ ئه‌وانیدیدا، گه‌ر چاوێك هه‌بێت ئێمه‌ له‌ رێگایه‌وه‌ سه‌یری خۆمان بكه‌ین، ئه‌و چاوه‌یه‌، كه‌ له‌ ئه‌وانیدیكه‌ قه‌رزكراوه‌…

خۆرهه‌ڵات له‌ مێژوو به‌ده‌ره‌، ئه‌و قسه‌یه‌ به‌و مانایه‌یه‌، كه‌ سیاسه‌ت له‌ خۆرهه‌ڵاتدا ئه‌و كه‌ره‌سه‌ و رێگره‌یه‌ كه‌ ناهێلێ‌ مێژوو ده‌ست پێبكات. سیاسه‌ت هه‌رگیز له‌ خۆرهه‌ڵات ئه‌وه‌ نه‌بووه‌، كه‌ بانگده‌رانی جاڕی بۆ ده‌ده‌ن، سیاسه‌ت به‌وه‌ شكاوه‌ته‌وه‌ كه‌ مرۆڤه‌كان له‌ جوغزی ناسنامه‌یه‌كی ته‌سكدا، له‌ جوغزی شه‌ڕێكی دوورودرێژی مان و نه‌ماندا قه‌تیس بكات…
له‌ كتێبی (له‌ دیاره‌وه‌ بۆ نادیار)دا ده‌ڵێت: كاتێك كلتوری كوردی، پرسیاره‌ جه‌وهه‌رییه‌كانی له‌ فیكردا ده‌كوژێت، ناتوانێ‌ له‌ سیاسه‌تدا به‌ ده‌ستی بهێنێته‌وه‌. وه‌ك ده‌بینین پرسیاری جه‌وهه‌ری بزوتنه‌وه‌ی ناسیونالیزمی كوردی له‌ فیكردا ونه‌، وه‌ك چۆن پرسیاری تاكی كوردی له‌ ناسنامه‌دا نادیاره‌! ناسیونالیزمی كوردی هه‌رگیز بیری له‌ پرسیاری جه‌وهه‌ری نه‌كردۆته‌وه‌، وه‌ك چۆن تاكی كوردی بیری له‌ جیاوازی و مرۆڤایه‌تیبوونی ناسنامه‌ نه‌كردۆته‌وه‌، هه‌رگیز ناسیونالیزمی كوردی پرسیاری خۆی له‌ خه‌ونی گه‌وره‌دا نابینێته‌وه‌، وه‌ك چۆن تاكی كوردی تایبه‌تمه‌ندی ناسنامه‌ به‌ هه‌ند نازانێت… ناسیونالیزمی كوردی به‌ درێژایی مێژوو دراسه‌كردنی خه‌ونی گه‌وره‌ی به‌ ئه‌ركی خۆی نه‌زانیووه‌، به‌ درێژایی ده‌یان ساڵی مێژوو مرۆڤی كوردی بۆ خه‌ونی گه‌وره‌ ئاماده‌ نه‌كردووه‌… به‌ڵكو پشتی به‌ فاكته‌ره‌ غه‌یبی و خورافییه‌كانه‌وه‌ به‌ستووه‌، هێزی ناسیونالیزمی كوردی له‌ بری ئه‌وه‌ی ئومێدی خۆی له‌ سه‌ر ئه‌رزی واقیع بونیاد بنێت، له‌ بری ئه‌وه‌ی ئومێدی راسته‌قینه‌ به‌ تاكی كوردی ببه‌خشێت، خورافه‌تبازی كردۆته‌ پیشه‌، له‌ بری ئه‌وه‌ی ترسی له‌ واقیع هه‌بێت، ترسی له‌ سه‌ر خورافه‌ت بونیاد ناوه‌… ناسیونالیزمی كوردی به‌ هه‌موو ته‌مه‌نی خۆی دروستكردنی ده‌وڵه‌تی كوردی فه‌رامۆش كردووه‌، به‌ هه‌موو مێژووی خۆی به‌ هیچ جۆرێك نه‌ له‌ رووی ده‌روونی و نه‌ له‌ رووی فیكری و سیاسی و عه‌قڵییه‌وه‌ تاكی كوردی بۆ دروستكردنی ده‌وڵه‌ت ئاماده‌ نه‌كردووه‌، وه‌ك چۆن نه‌ جیهان، نه‌ ده‌وروبه‌ری خۆی بۆ رووداوێكی له‌و جۆره‌ ئاماده‌ نه‌كردووه‌.

كۆی ئه‌و قسانه‌ بۆ ئه‌وه‌ نییه‌، وێنه‌ی ناسیونالیزمی كوردی به‌ قه‌ڵه‌مێكی ره‌ش بكێشم، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌یه‌ ره‌نگه‌كانی ناسنامه‌ وه‌ك چه‌مكێكی نزیك له‌ چه‌مكی ناسیونالیزم له‌ دیدی به‌ختیار عه‌لی دیاری بكه‌م… به‌ڵام هه‌رگیز من له‌گه‌ڵ ئه‌و خه‌ڵكانه‌ دژ نایه‌مه‌وه‌، كه‌ له‌ یه‌ك شوێن و زێددا له‌ دایكبوون، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه‌ ناگونجێم كه‌ ناسنامه‌ له‌ ناسیونالیزمی كوردی ده‌گرێ‌، ناسیونالیزم وه‌ك كۆنكریت و نه‌گۆڕ سه‌یر ده‌كات، نه‌ك وه‌ك راپرسییه‌كی رۆژانه‌!

به‌ڵام ناسنامه‌ له‌ دیدی به‌ختیار عه‌لی نزیكه‌ له‌ ته‌ماشاكردنی نه‌ته‌وه‌ وه‌ك راپرسییه‌كی رۆژانه‌، نزیكه‌ له‌ بوونی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا له‌ داكۆكیكردنی هه‌تا هه‌تایی له‌ ژیان، به‌و مانایه‌ش ئه‌وه‌ تاكه‌ كه‌سه‌ رۆژانه‌ هه‌ڵوێستی خۆی به‌رانبه‌ر نه‌ته‌وه‌ دیاری ده‌كات، ئه‌وه‌ تاكه‌ كه‌سه‌ رۆژانه‌ دیدی خۆی بۆ ناسیونالیزم، ناسنامه‌… نوێ‌ ده‌كاته‌وه‌. وه‌ك ده‌ركه‌وتووه‌ چه‌مكی ناسنامه‌ چ وه‌ك چه‌مكێكی سێنترال و چ وه‌ك چه‌مكێكی ئایدیال، ترسناكترین چه‌مكه‌ كه‌ بشێ‌ هه‌ردوو رۆڵی پۆزه‌تیف و نێگه‌تیف پراكتیزه‌ بكات. دوێنێ‌ رۆڵی كاریگه‌ری له‌ هوشیاركردنه‌وه‌ی گه‌لان و پراكتیزه‌كردنی خود ده‌گێڕا! ئه‌مڕۆ به‌رده‌وام له‌ كێشه‌ و ململانێ‌ و وێرانكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ هاوبه‌شه‌كاندا تۆخ ده‌كرێته‌وه‌…

به‌ختیار عه‌لی له‌ كتێبی (چێژی مه‌رگدۆستی، ناوه‌ندی رۆشنبیریی و هونه‌ری ئه‌ندێشه‌- سلێمانی، ل 80) ئه‌وه‌مان بیر ده‌خاته‌وه‌، كه‌ هه‌میشه‌ گه‌لانی ده‌ستڕۆیشتوو، هه‌میشه‌ ده‌سه‌ڵاتی داگیركار وێنه‌یٍه‌ك بۆ خۆی ده‌كێشێ‌ (یان به‌ مانایه‌كی دیكه‌ رووییه‌كی ناسنامه‌ی خۆی پێشان ده‌دا) كه‌ دواتر كه‌سانی بنده‌ست ده‌بنه‌ كۆیله‌ی ئه‌و وێنه‌یه‌ و كۆیله‌ی ئه‌و رووه‌ له‌ ناسنامه‌، كۆی په‌رچه‌كرداره‌كانیشیان ده‌بێته‌ وه‌ڵامێك بۆ ئه‌و وێنه‌یه‌، خه‌ڵكانی بنده‌ست له‌ به‌ر رۆشنایی ئه‌و وێنه‌یه‌ چاوه‌ڕوانیه‌كی تایبه‌ت په‌روه‌رده‌ ده‌كه‌ن! هه‌ر له‌و كتێبه‌دا نموونه‌یه‌كی زۆر جوان ده‌هێنێته‌وه‌، نموونه‌ی داگیركاری ده‌سه‌ڵاتی به‌عس، نموونه‌یه‌ك كه‌ به‌مڕۆش راده‌گات، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێ‌ له‌ سایه‌ی حیزبی به‌عس هه‌موو شێوه‌كانی ده‌سه‌ڵات هه‌یبه‌تی خۆیان و ئاڕاسته‌ و مانای خۆیان له‌ ده‌ستده‌ده‌ن و ده‌بنه‌ پاشكۆی ده‌سه‌ڵاتی به‌عس. له‌و نموونه‌یه‌دا باشترین پرۆفیسۆر ئه‌وه‌ نییه‌، كه‌ باش بیر ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌یه‌ باشتر بۆته‌ به‌عسی… ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت ئه‌مڕۆی پێپێوانه‌ بكه‌ین، هیچ بیركردنه‌وه‌یه‌كی قووڵی ناوێت، زۆر روونه‌ ده‌یه‌وێت بڵێت، ئه‌وه‌ ناسنامه‌ی به‌عسییانه‌یه‌ به‌ پێی فاكته‌ ناوه‌كی و بیركردنه‌وه‌ و هه‌ست و ئاره‌زوو و دنیابینیه‌كانی گوزارشت له‌ خۆی ده‌كات، ئه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتی ره‌های به‌عسییه‌ته‌ به‌ پێی كاریگه‌ره‌ ده‌ره‌كی و گۆڕانكاره‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی خۆی ده‌نوێنێ‌.

خۆبه‌ستنه‌وه‌ی كوردی به‌ وێنه‌ی به‌عسه‌وه‌، ته‌ماهیبوون به‌ ناسنامه‌ی به‌عس و ده‌سه‌ڵاتی ره‌های به‌عسییه‌ته‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ی گوزارشت له‌ كۆمه‌ڵێ‌ كاره‌ساتی مرۆیی ده‌كات، جگه‌ له‌وه‌ی بێنرخكردنی مرۆڤی لێده‌بێته‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ی ده‌لاله‌ت له‌ شۆفێنییه‌ت ده‌كات، جگه‌ له‌وه‌ی سته‌م و زۆرداری و ملهوڕی ده‌نوێنێ‌… هه‌ڵگری باوه‌ڕێكیشه‌ كه‌ پێیوایه‌ حه‌قیقه‌تی ره‌ها ته‌نها لای ئه‌وه‌،‌ ئه‌و نوێنه‌ری راستی و باشترینه‌… به‌ڵام ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه‌ جگه‌ له‌ تووندوتیژی و دواكه‌وتن و هه‌ژاری، جگه‌ له‌ تاك ناسنامه‌یی و ره‌سه‌نایه‌تی بێ‌ بنه‌ما هیچی دیكه‌ نییه‌! ئه‌مڕۆ دنیا، دنیای بیروڕای جیاواز و فره‌ كلتووری و فره‌ ناسنامه‌ و كرانه‌وه‌ و ره‌نگاوڕه‌نگییه‌، دنیای داهێنان و ئازادی و تێپه‌ڕاندن و بونیادنانه‌وه‌یه‌، نه‌ك بنبه‌ستبوون و تووندوتیژی و ته‌نگژه‌سازی و نه‌گونجان! كه‌واته‌ ئێمه‌ی كورد له‌ به‌رده‌م دروستكردن و پێكهێنان و هاوگونجانین، له‌ به‌رده‌م قبوڵكردنی جیاوازیداین…




زنجیره‌یه‌ك گوتار له‌ باره‌ی ناسنامه‌ (6-7) ئیدوارد سه‌عید


ئیشكالیه‌تی ناسنامه‌
عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا

——————————————————-

یه‌كه‌مین كتێبی ئیدوارد سه‌عید له‌ ساڵی 1966 له‌ سه‌ر رۆماننوسی (پۆڵۆنی) (جۆزێف كۆنراد 1857-1924) بوو، كۆنراد له‌ بری زمانی پۆڵۆنی و فڕه‌نسی به‌ زمانی سێیه‌می، ئینگلیزی نوسیویه‌تی و له‌ ئه‌ده‌بی جیهانیدا تاكه‌ رۆماننوسێكه‌ ناوه‌ڕۆك و شێوازی به‌ یه‌كه‌وه‌ رێبكه‌ن، هیچ كه‌سێك وه‌ك ئه‌و نه‌یتوانیوه‌ له‌ باره‌ی نامۆیی و په‌ڕگیرییه‌وه‌ بنوسێ‌، هیچ كه‌سێك وه‌ك ئه‌و له‌ نیگه‌رانی و مۆته‌كه‌ قاڵنه‌بۆته‌وه‌، هیچ كه‌سێك وه‌ك ئه‌و سترێسی (stress) ناخی خۆی ده‌رنه‌بڕیوه‌، هه‌موو ئه‌وانه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌، كه‌ له‌ نێو زمانێكدا ژیاوه‌ و به‌ زمانێكی دیكه‌ نوسیویه‌تی! وه‌ك چۆن ئیدوارد سه‌عید له‌ نێو زمانی عه‌ره‌بیدا ژیاوه‌ و به‌ زمانی ئینگلیزی نوسیویه‌تی… له‌ كتێبی یاده‌وه‌رییه‌كانی به‌ ناونیشانی (له‌ ده‌ره‌وه‌ی شوێن)دا ده‌ڵێت: ناسنامه‌ی من له‌ كۆمه‌ڵێ‌ شه‌پۆل و بزاڤی جۆراوجۆر پێكهاتووه‌، نه‌ك كۆمه‌ڵێ‌ ره‌گه‌زی جێگیر و بنبه‌ستوو.

ناوبانگی ئیدوارد سه‌عید له‌ كتێبی (رۆژهه‌ڵاتناسی) ساڵی 1978 ده‌ركه‌وت، له‌و كتێبه‌دا رۆژهه‌ڵاتناسی به‌ ئیمپریالیزمه‌وه‌ به‌ستۆته‌وه‌، ئه‌و تێزه‌ له‌ سه‌ر ئه‌ده‌بی كۆلۆنیاڵی و رۆمانه‌كانی (جۆزێف كۆنراد) و میتۆدی بونیادگه‌ری و كاره‌كانی (میشیل فوكۆ 1926-1984) و (ژاك دریدا 1930-2004) و هیتد، بونیاد نراوه‌. كتێبی رۆژهه‌ڵاتناسی دیارده‌ی مێژوویی له‌ چوارچێوه‌ی مێژووی په‌یوه‌ندییه‌ مرۆییه‌كاندا شیده‌كاته‌وه‌، ئه‌و كتێبه‌ كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر تیۆری ئه‌ده‌بی و ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی و زانسته‌ مرۆییه‌كان دروست كرد.

ئیدوارد وه‌دیع سه‌عید له‌ 1ی نۆڤه‌مبه‌ری 1935 له‌ شاری (قودس) له‌ دایكبووه‌ و له‌ 25ی سێپته‌مبه‌ری 2003 به‌ نه‌خۆشی (لۆكیمیا- سرگان الدم) كۆچی دوایی كردووه‌، زێتر وه‌ك تیۆریستێكی ئه‌ده‌بی و ئه‌كادیمییه‌كی جیاواز ناسراوه‌، به‌ڵام پیانۆژه‌نێكی زۆر لێهاتووش بووه‌، هه‌ڵگری ره‌گه‌زنامه‌ی ئه‌مریكییه‌ و بۆ ماوه‌ی سی و هه‌شت ساڵ له‌ زانكۆی كۆلۆمبیای وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا وانه‌ی ئینگلیزی و ئه‌ده‌بی به‌راوردكاری گوتوته‌وه‌، یه‌كێك بووه‌ له‌ دامه‌زرێنه‌رانی پۆست كۆڵۆنیالیزم، وه‌ك چۆن یه‌كێك بووه‌ له‌ سه‌رسه‌خترین به‌رگریكارانی مافه‌كانی مرۆڤ و دۆزی گه‌لی فه‌ڵه‌ستینی… ئیدوارد سه‌عیدی چه‌پ و سیكوله‌ر و مرۆڤدۆست و تازه‌گه‌ر، زۆر رادیكاڵانه‌ هاوسه‌نگی مرۆییانه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ سه‌رده‌م و دنیا و دنیای ئیسرائیل و ئیسرائیلییه‌كان راگرتبوو و هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌ سته‌مكاره‌كانی سه‌ركۆنه‌ كردووه‌ و خاوه‌نی پێشنیاری پرۆژه‌ی پێكه‌وه‌ ژیان له‌گه‌ڵ یه‌هودییه‌كان بوو… له‌ كتێبی (سیاسه‌تی چه‌كداماڵین-1994) ده‌ڵێ‌ تاكه‌ی (هۆلۆكۆست) و (دژایه‌تیكردنی سامییه‌ت) وه‌ك به‌رگریكردن له‌ ئیسرائیل به‌ كار ده‌هێنن؟ تاكه‌ی چاوپۆشی له‌ هاواری منداڵانی (غه‌ززه‌) ده‌كه‌ن، كه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ قوربانییه‌كانی هۆلۆكۆسته‌وه‌ نییه‌…
ئیدوارد سه‌عید ساڵی 1999 به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ (دانێڵ باربنیۆم) تیپی ئۆركسترای (دیوانی شه‌رقی و غه‌ربی) دامه‌زراندووه‌، یه‌كێك بووه‌ له‌ پیانۆژه‌نه‌ زۆر به‌ ناوبانگه‌كان، هه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌و هاوڕێیه‌ی ساڵی 2001 گفتوگۆییه‌كیان له‌ باره‌ی موزیكاوه‌ له‌ شێوه‌ی كتێب به‌ چاپ گه‌یاندووه‌…

ناسنامه‌ی فره‌ ره‌هه‌ند و رۆشنبیری فره‌ ره‌هه‌ند

ئیدوارد سه‌عید بڕوای به‌ ناسنامه‌ی په‌تی نییه‌، هه‌موو ناسنامه‌كان به‌ ئاوێته‌ و جۆراوجۆر و جیاواز ده‌بینێ‌، پێیوایه‌ چه‌مكی ناسنامه‌ نه‌ جێگیره‌ و نه‌ كۆتایی بۆ هه‌یه‌، به‌ڵكو به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ ره‌گه‌زه‌كانی رۆشنبیریی داهێنه‌رانه‌ له‌ نوێبوونه‌وه‌ دایه‌ و هه‌میشه‌ دینامیكی ده‌كه‌وێته‌وه‌.
ئیدوارد سه‌عید رۆشنبیرێكی ره‌خنه‌گره‌ و خۆی له‌ ئه‌ویدیكه‌دا ده‌بینێته‌وه‌ و ئه‌ویدیكه‌ له‌ خۆیدا ده‌بینێته‌وه‌، بێ‌ ئه‌وه‌ی بكه‌وێته‌ ساده‌گۆیی و گێڕانه‌وه‌ی بۆش، به‌ڵام نه‌ تاكخوازییه‌كه‌ی به‌ تاك ناسنامه‌ییه‌وه‌ ده‌لكێنێ‌ و نه‌ گرتنه‌باوه‌شی ئه‌ویدیكه‌ له‌ خودی خۆی جیای ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵكو به‌گرتنه‌ باوه‌شی ئه‌وانیدیكه‌ ناسنامه‌یه‌كی فره‌ ره‌هه‌ند بۆ رۆشنبیری فره‌ ره‌هه‌ند به‌ ده‌ست ده‌هێنێ‌، پێیوایه‌ ناسنامه‌ هه‌ڵگری بنه‌مایه‌كی رۆشنبیرییه‌، وه‌ك هه‌ر بنه‌مایه‌كی دیكه‌ی رۆشنبیریی گوزارشت له‌ ویستی هێز ده‌كات، به‌و مانایه‌ش رۆشنبیر پێویسته‌ خاوه‌نی ویست و ئاگایی بێت و رۆڵی ره‌خنه‌گر بگێڕێت.

كه‌واته‌ من كێم؟ من خۆم ناس ناكه‌م بۆ ئه‌وه‌ی ون نه‌بم، من نیم/ من كێم…؟ هه‌موو ناسكردنێكی خود، ونبوونی خود و له‌ هه‌مان كاتدا ره‌تكردنه‌وه‌ی خود ده‌گه‌یه‌نێت، له‌ ناسكردندا خود ده‌كه‌وێته‌ ئابڵوقه‌دانه‌وه‌ و ده‌خرێته‌ چوار دیواری زیندانه‌وه‌، ئه‌گه‌ر گوتمان (ئه‌و كه‌سه‌ ئیدوارد سه‌عیده‌) كه‌واته‌ ناساندمان و ناسنامه‌كه‌مان دیاری كرد، به‌و مانایه‌ش به‌ به‌ندكردنی هه‌ڵساین… ئیدوارد سه‌عید هه‌میشه‌ ئه‌و ناساندنانه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌ و مرۆڤ ناخاته‌ چوارچێوه‌یه‌كی دیاریكراو و كۆتاییئامێزه‌وه‌… له‌ (قاهیره‌- میسر) خوێندوویه‌تی و زۆربه‌ی قۆناغه‌كانی منداڵی خۆی له‌ (به‌یروت- لوبنان) به‌سه‌ر بردووه‌، هه‌ڵگری ره‌گه‌زنامه‌ی ئه‌مریكییه‌، هه‌موو ئه‌و كۆچ و نامۆبوون و نائاشناییه‌ چاره‌سه‌ری نییه‌، وه‌ك چۆن هه‌موو ئه‌و زانیارییانه‌ ناسنامه‌ی ئه‌و دیاری ناكه‌ن، چونكه‌ وه‌ك له‌ یاده‌وه‌رییه‌كانیدا 1999 نوسیویه‌تی ئه‌و له‌ “ده‌ره‌وه‌ی شوێن” ژیاوه‌… له‌و قسانه‌وه‌ ده‌مه‌وێ‌ بڵێم پرسیاری من كێم، پرسیاری ناسنامه‌، پرسیاری ئینتیما ئه‌وه‌یه‌ مرۆڤ هه‌میشه‌ بۆ ماناكانی بوونی خۆی بگه‌ڕێت، مرۆڤ هه‌وڵی خۆ دۆزینه‌وه‌ی به‌رده‌وام بدات…

بیروڕاكانی ئیدوارد سه‌عید له‌ باره‌ی بیركردنه‌وه‌ و ناسنامه‌وه‌ به‌ فیكره‌ی پۆست مۆدێرنه‌وه‌ به‌نده‌، به‌و مانایه‌ش راسته‌ ناسنامه‌ به‌ شوێنی له‌دایكبوونه‌وه‌ ده‌لكێ‌، به‌ڵام له‌ كۆتاییدا به‌ داهێنانی خاوه‌نه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌ناسرێته‌وه‌، نه‌ك بۆ ماوه‌یی، ناسنامه‌ په‌یوه‌ندی به‌ به‌ها مرۆییه‌كان و داهێنانه‌وه‌ هه‌یه‌، نه‌ك شوێنی له‌ دایكبوون و بۆماوه‌یی، ناسنامه‌ ئینتیما نییه‌ بۆ مێگه‌ل، به‌ڵكو ئینتیمایه‌ بۆ به‌هاكانی جوانی و مرۆڤدۆستی و رۆشنبیری… په‌ڕگیری و مێگه‌ل و گاران ناتوانێ‌ سه‌رچاوه‌ی شتی نوێ‌ و داهێنان بێت.

مرۆڤی مۆدێرن، رۆشنبیری كۆزمۆپۆلیتی

نموونه‌ی رۆشنبیری سه‌ربه‌خۆ (ژان پۆڵ سارته‌ر 1905-1980)ه‌، كه‌ وه‌همه‌كانی ناسنامه‌ توانای ئابڵوقه‌دانیان نه‌بووه‌، ئه‌و كه‌سه‌ی له‌ ساڵی 1964 خه‌ڵاتی نۆبلی ره‌تكرده‌وه‌، رۆشنبیری ره‌خنه‌گر ویستی گاڕان و په‌ڕگیری و ئاپۆڕه‌ تێده‌په‌رٍێنێ‌… ئیدوارد سه‌عید وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی مه‌عریفی و ره‌مزی ئازادی و هیومانیزم ته‌ماشای سارته‌ر ده‌كات!
زاراوه‌ی رۆشنبیر له‌لایه‌ك له‌ زاراوه‌ی رۆشنبیرییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێ‌، له‌لایه‌كی دیكه‌ له‌ فیكره‌وه‌ دێت، به‌و مانایه‌ی بیركردنه‌وه‌ به‌ ئه‌ركی خۆیان ده‌زانن! ئه‌گه‌ر ئه‌و دوو پێناسه‌یه‌ رووییه‌كی رۆشنبیر دیاری بكات، ئه‌وه‌ رووییه‌كی دیكه‌ی رۆشنبیر وه‌ك ئیدارد سه‌عید بڕوای پێیه‌تی له‌ ره‌خنه‌گرتن و گوتنی راستی و چاودێریكردنی ده‌سه‌ڵات خۆی ده‌بینێته‌وه‌، رووی دیاری رۆشنبیر به‌رجه‌سته‌كردنی ده‌نگه‌ جیاوازه‌كان و به‌رگریكردنه‌ له‌ بیروڕای جیاواز و ململانێكردنی ده‌سه‌ڵات… ئیداورد سه‌عید كه‌شفكردنی حه‌قیقه‌ت وه‌ك ئه‌ركه‌ هه‌ره‌ پڕ بایه‌خه‌كه‌ی رۆشنبیر سه‌یر ده‌كات، به‌ڵام ئه‌مڕۆ كه‌شفكردنی حه‌قیقه‌ته‌كان ئه‌ركێكه‌ به‌ باشترین شێوه‌ رۆژنامه‌ ‌و هۆیه‌كانی راگه‌یاندن ده‌سته‌به‌ری ده‌كه‌ن، ئه‌مڕۆ میدیا و هۆیه‌كانی راگه‌یاند، كۆمه‌ڵگا له‌ رووداو‌و هه‌واڵه‌ وسبه‌لێكراوه‌كان ئاگادار ده‌كه‌نه‌وه‌ ‌و تیشك ده‌خه‌نه‌ سه‌ر شته‌ په‌نهانه‌كان ‌و ریسوا ئامێزه‌كانه‌وه‌, به‌و مانایه‌ش رۆشنبیر به‌ مانا ته‌قلیدییه‌كه‌ی له‌ خه‌ڵكێكی ئاسایی به‌ولاتر شتێكی دیكه‌ نییه‌، یان ره‌نگه‌ خه‌ڵكی ئاسایی له‌م باره‌وه‌ له‌ رۆشنبیر كه‌متر نه‌زانن.

ئه‌مڕۆ ئه‌ركی رۆشنبیر داهێنانی فیكره‌، یان دانانی تیۆره‌ بۆ كاركردن، خۆشكردنی رێگایه‌ بۆ گۆڕانكارییه‌كان، له‌ هه‌مان كاتدا هه‌نگاونانه‌ به‌ره‌و نادیار… هه‌موو ئه‌وانه‌ی داهێنان و به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی فیكر و فه‌لسه‌فه‌ و خوێندنه‌وه‌ی ره‌خنه‌گرانه‌ به‌ كاری خۆیان ده‌زانن، هه‌موو ئه‌وانه‌ی ناكه‌ونه‌ نێو شوێنكاتێكی دیاریكراو و سیستمێكی دیاریكراو و سنوره‌كان و شوێنكاته‌كان ده‌بڕن و رێگایه‌ك بۆ پرۆسیسه‌كردنی كرده‌ ‌و كاریگه‌رییه‌كانیان ده‌سازێنن… مرۆڤی مۆدێرنن! مرۆڤی مۆدێرن وه‌ك ئه‌وه‌ی خۆی ده‌ناسێ‌ و ئه‌ویدیكه‌ی جیاواز ناس ده‌كات، وه‌ك ئه‌وه‌ی بڕوای به‌ تازه‌گه‌ری و هاوچه‌رخی خۆی هه‌یه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌ویدیكه‌ ته‌نها له‌ سه‌ر بنه‌مای مرۆڤایه‌تی ناس ده‌كات، ده‌شێ‌ به‌ مرۆڤی كۆزمۆپۆلیتی ناوی به‌رین… مرۆڤی كۆزمۆپۆلیتی مرۆڤێكه‌ توانای دروستكردنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌ویدیكه‌ی جیاواز هه‌یه‌، مرۆڤی كۆزمۆپۆلیتی مرۆڤێكی كاریزمییه‌، كاریزمای مرۆڤی كۆزمۆپۆلیتی جۆرێكی دیكه‌یه‌ له‌ كاریزما، كه‌ له‌ بڕوابوونێكی قووڵ به‌ خودی خۆی و ئازادی و بڕوابوون به‌ ئه‌ویدیكه‌ جیاواز هه‌ڵقوڵاوه‌، مرۆڤی كۆزمۆپۆلیتی، مرۆڤێكه‌ هه‌موو رۆژێ‌ نوێ‌ ده‌بێته‌وه‌، نه‌ دابونه‌ریت و نه‌ یاده‌وه‌ری و نه‌ كه‌له‌پور بۆ دواوه‌ی راناكێشێ‌، مرۆڤی كۆزمۆپۆلیتی پێناسه‌یه‌كی دیكه‌ به‌ رۆشنبیر ده‌به‌خشێت، مرۆڤی كۆزمۆپۆلیتی، به‌ مانایه‌كی دیكه‌ رۆشنبیره‌، رۆشنبیره‌ به‌و مانایه‌ی بۆ خۆی رێگایه‌كی مرۆیانه‌ی هه‌ڵبژاردووه‌، مرۆڤێكه‌ نه‌ بڕوای به‌ ره‌گه‌زپه‌رستی هه‌یه‌، نه‌ به‌ جێنده‌ر، بڕوای به‌ جیاكاری سێكسی نییه‌، مرۆڤێكی كراوه‌یه‌، له‌گه‌ڵ هه‌مووان هه‌ڵده‌كات، ژیانێكی یه‌كسان بۆ هه‌مووان ده‌خوازێ‌، ئه‌وه‌ش ده‌شێ‌ پێناسه‌یه‌ك بێت بۆ رۆشنبیری كۆزمۆپۆلیتی…

ره‌خنه‌ی ئیداورد سه‌عید له‌ هه‌موو ئه‌و ده‌سته‌واژانه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ فه‌رهه‌نگی جیهانگه‌ریی پێشكه‌ش ده‌كرێن، له‌وانه‌ش ناسنامه‌ ره‌خنه‌گرتنه‌ له‌ مه‌یلی شه‌ڕی قووڵ و فه‌نده‌مینتاڵ (fundamental) و وه‌ستان به‌ دژی جیاوازی… بۆ نموونه‌ ئه‌مڕۆ ناسنامه‌ زێتر مه‌سه‌له‌یه‌كه‌ دژبوونه‌وه‌ ده‌خاته‌وه‌، فیكره‌ی تاك ناسنامه‌یی دوژمنكارانه‌ ده‌كه‌وێته‌، بۆیه‌ ئیداورد سه‌عید ده‌ڵێ‌ من له‌گه‌ڵ فره‌ ناسنامه‌ییدام، فره‌ میلۆدی، كۆمه‌ڵێ‌ ده‌نگی جیاوازی هاڕمۆنی، نه‌ك به‌رژه‌وه‌ندی تاك لایه‌نانه‌، من پێویستم به‌ هه‌مووانه‌، زیاد له‌ رۆشنبیرییه‌ك، زیاد له‌ مه‌عریفه‌یه‌ك، زیاد له‌ ئاگاییه‌ك، به‌ هه‌ردوو مانای پۆزه‌تیف و نێگه‌تیفه‌كه‌یه‌وه‌… ئه‌مڕۆ هه‌موو ئه‌و ئامرازانه‌ی به‌ دژی دیموكراسییه‌ت و هه‌موو ئه‌و مانگرتنه‌ درۆئامێزانه‌ و به‌ په‌راوێزكردنانه‌ جگه‌ له‌ فه‌رامۆشكردنی گه‌نده‌ڵكاری و قه‌یرانی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی شتێكی دیكه‌ نیین.

ناسنامه‌ی كۆزمۆپۆلیتی، رۆشنبیر دژه‌كار

ئه‌ركی رۆشنبیر له‌ به‌رانبه‌ر ره‌سه‌نایه‌تی و كۆنه‌په‌رستی و باوه‌ڕی جێگیر و دووباره‌ چه‌سپاندنی دابونه‌ریت و فۆرمه‌له‌كردنی مێژوو به‌ شێوه‌یه‌كی ساده‌… خستنه‌ڕووی ئه‌لته‌رناتیڤێكی دیكه‌ی گێڕانه‌وه‌یه‌، قبوڵكردنی فره‌یی و خۆشه‌ویستی و ته‌ماشاكردنێكی دیكه‌ی مێژووه‌ به‌ دیدێكی جیاواز… جیاواز له‌ یاده‌وه‌ری فه‌رمی و باوه‌ڕی جێگیر و ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی…

ته‌ماشاكردنی مێژوو، یاده‌وه‌ری، دابونه‌ریت، باوه‌ڕی جێگیر… وه‌ك ئاڕاسته‌كردنی ستراتیجییه‌تی ده‌سه‌ڵات و وه‌ك كۆڵه‌كه‌یه‌ك له‌ كۆڵه‌كه‌كانی ده‌سه‌ڵات… له‌گه‌ڵ هاتنی (نیتشه‌ 1844-1900) گۆڕانی به‌سه‌ردا هات، بۆ نموونه‌ به‌ كاربردنی رابردوو (هۆلۆكۆست) و ته‌وزیفكردنی به‌ سوودی ده‌سه‌ڵات، پێمان ده‌ڵێت هۆلۆكۆست ته‌نها كاتێك ده‌سه‌ڵات پێویستی بێت، ده‌یخاته‌ روو! به‌ كارهێنانی ناسنامه‌ و بۆیه‌كردنی به‌ سیاسه‌ت، له‌بری پێدانی مۆڕكێكی رۆشنبیریی، پێمان ده‌ڵێت ناسنامه‌ له‌ دوژمنایه‌تی ئه‌ویدیكه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێ‌، له‌ ململانێ‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ویدیكه‌دا دێته‌ ئاراوه‌، به‌بێ‌ دژبوونه‌وه‌ی ئه‌ویدیكه‌، ده‌سه‌ڵات بیر له‌ ناسنامه‌ ناكاته‌وه‌!

له‌لایه‌كی دیكه‌ به‌شێكی زۆری ئه‌و قسه‌وباسه‌ جیاوازانه‌ی له‌ باره‌ی دادپه‌روه‌ری و مافی مرۆڤ گفتوگۆی ده‌كه‌ن و ده‌مه‌ته‌قێی له‌ باره‌وه‌ ده‌سازێنن، جگه‌ له‌ دووباره‌ دابه‌شكردنه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان و به‌رگریكردن له‌ پابه‌ندبوون بۆ ده‌سه‌ڵات شتێكی دیكه‌ نییه‌… به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌میشه‌ ده‌بێ‌ دووباره‌ بكرێته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ هیچ ئاشتییه‌ك بێ‌ یه‌كسانبوون بوونی نییه‌، هیچ قبوڵكردنێكی جیاوازی بێ‌ خۆشه‌ویستی بوونی نییه‌، ئه‌و به‌ها فیكرییه‌ ده‌بێ‌ رۆشنبیر هێزی پێببه‌خشێت و بیخاته‌ روو، به‌ مانایه‌كی دیكه‌ ئه‌ركی رۆشنبیر بونیادنانی بوارێكه‌ بۆ خۆشه‌ویستی و پێكه‌وه‌ژیان، له‌بری شه‌ڕ فرۆشتن به‌ یه‌كتری… كه‌واته‌ ناسنامه‌ی تایبه‌ت گێڕانه‌وه‌یه‌كی تایبه‌ت و رازیكه‌ری له‌ پشته‌وه‌یه‌، ئه‌و گێڕانه‌وه‌یه‌ی كه‌ تۆ ده‌توانی په‌روه‌رده‌ی بكه‌یت، ده‌بێ‌ به‌ ناسنامه‌ی تایبه‌تی تۆ، به‌ڵام هه‌رگیز نابێ‌ گێڕانه‌وه‌ی ئه‌ویدیكه‌ فه‌رامۆش بكه‌یت، بۆ ئه‌وه‌ی جه‌خت له‌ گێڕانه‌وه‌ی خۆت بكه‌یته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی گێڕانه‌وه‌ی خۆت خۆش بوێت، پێویستت به‌ یارمه‌تی گێڕانه‌وه‌ی ئه‌وانیدیكه‌ هه‌یه‌، پێویستت به‌ خۆشه‌ویستی ئه‌وانیدیكه‌ هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش رووییه‌كی دیكه‌ی ناسنامه‌یه‌، ناسنامه‌ی كۆزمۆپۆلیتی كه‌ هه‌موو رۆشنبیرییه‌كی مرۆیی و جیاوازییه‌كانی له‌خۆ ده‌گرێت…

هه‌میشه‌ مه‌عریفه‌ كرانه‌وه‌ دروست ده‌كات و نه‌زانین داخران، هه‌میشه‌ خۆشه‌ویستی قبوڵكردنی جیاوازییه‌، هه‌میشه‌ هه‌وڵدان بۆ مه‌عریفه‌ی جیاواز گۆڕان دروست ده‌كات و په‌ڕگیری وه‌ستان… توانای مرۆڤ بێ‌ سنوره‌، مرۆڤ بوونه‌وه‌رێكی نه‌گۆڕ نییه‌ و به‌رده‌وام له‌ گۆڕاندایه‌، مادام ئێمه‌ به‌ دوای مرۆڤایه‌تی و خۆشه‌ویستی و ئازادییه‌وه‌ین، بۆ ده‌بێ‌ ناسنامه‌ بكه‌ینه‌ هۆكاری دژ به‌ یه‌كبوونمان، رق له‌ یه‌كبوونمان، بۆ ده‌بێ‌ ناسنامه‌ بكه‌ینه‌ په‌رده‌ی لێكجیابوونه‌وه‌مان، بۆ ده‌بێ‌ له‌سه‌ر باوه‌ڕ به‌ گژ یه‌كدا بچینه‌وه‌، بۆ خۆمان به‌ باوه‌ڕێكه‌وه‌ ده‌به‌ستینه‌وه‌، بۆ خۆمان له‌ كونجی ناسنامه‌یه‌كه‌وه‌ گۆشه‌گیر ده‌كه‌ین، بۆ ئازادی و خۆشه‌ویستی و په‌یوه‌ندی خۆمان بۆ دنیا به‌یان ناكه‌ین…
هه‌ولێر 20/8/2017




زنجیره‌یه‌ك گوتار له‌ باره‌ی ناسنامه‌ (5-7) ئه‌مین مه‌علوف

به‌ جیهانیبوون ‌و ناسنامه‌
عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا

————————————

((ئه‌مین مه‌علوف)) نوسه‌ر و رۆشنبیری هاوچه‌رخی عه‌ره‌بی، له‌ نوسینی رۆماندا ئه‌زمونێكی تایبه‌ت به‌خۆی بونیادناوه‌ ‌و له‌ میانی ئه‌و ئه‌زموونه‌شدا مێژوو وه‌ك پێكهاته‌یه‌كی سه‌ره‌كی و وه‌ك بنه‌مایه‌ك بۆ تێڕامان له‌ ئێستا ده‌خاته‌ روو، هه‌ر له‌وێشه‌وه‌ سه‌فه‌ر به‌ ناو شوێن ‌و كاتدا ده‌كات ‌و ده‌یه‌وێت له‌و سه‌فه‌رانه‌وه‌ ژیارییه‌كان بدۆزێته‌وه‌، له‌وێشه‌وه‌ به‌ره‌و ناخی مرۆڤ شۆڕبێته‌وه‌.

كتێبی ((ناسنامه‌ بكوژه‌كان)) شێوازێكه‌ دوور له‌ شێوازی رۆماننوسین، به‌ڵام وه‌ك چۆن له‌ رۆماندا به‌ره‌و ناخی شته‌كان شۆڕده‌بێته‌وه‌ له‌م كتێبه‌شدا قسه‌ له‌ ئاڵۆزی و ململانێ‌ ئه‌نتیكه‌ییه‌كان ده‌كات ‌و ره‌گه‌زه‌ زاڵ ‌و ره‌گه‌زه‌ چه‌پێنراوه‌كانی ناسنامه‌ ده‌خاته‌ به‌ر باس ‌و لێكۆڵینه‌وه‌، به‌ زمانی چه‌مك ‌و گۆڕانكارییه‌ چه‌مكیه‌كانه‌وه‌ قسه‌ له‌ لێبوردن ‌و یه‌كسانی و ئازادی ‌و ماف ده‌كات، هه‌ر به‌و مانایه‌ش هه‌وڵی لێكنزیكبوونه‌وه‌ی رۆشنبیریی ئه‌مڕۆ و دوێنێ‌ ده‌دات، باس له‌ پێكهاته‌یه‌كی رۆشنبیریی فره‌ڕه‌هه‌ند ‌و جۆراوجۆر ده‌كات.
((ئه‌مین مه‌علوف)) ده‌ڵێ‌: نوسین نیشتمانی منه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر زمان به‌ نیشتمان دابنێین، ده‌ڵێم من به‌ سێ‌ نیشتمانه‌وه‌ په‌یوه‌ستم، یه‌كه‌میان زمانی دایكمه‌ زمانی عه‌ره‌بی، دووه‌میان زمانی ته‌عبیركردنمه‌ زمانی فڕه‌نسی، پاشان به‌ پله‌ی سێیه‌م په‌یوه‌ست بوونێكی هاوڕێیانه‌ ‌و تایبه‌تیم به‌ هۆی خێزان ‌و مێژووه‌وه‌ به‌ زمانی ئینگلیزییه‌وه‌ هه‌یه‌… وه‌ك له‌ كتێبی ((ناسنامه‌ بكوژه‌كان))یش ده‌رده‌كه‌وێت به‌رده‌وام پارێزگاری له‌و فره‌ییه‌ی زمان ده‌كات ٍ‌و به‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ندی رۆشنبیری ده‌یداته‌ قه‌ڵه‌م.

ئه‌مین مه‌علوف خاوه‌نی رۆمانی ((لیون ئه‌فریفی))یه‌، بۆ حه‌ڤده‌ زمانی زیندووی دنیا ته‌رجه‌مه‌كراوه‌، ساڵی 1986 له‌ پاریس ده‌رچوو (300) هه‌زار دانه‌ی له‌ فڕه‌نسا لێفرۆشرا، جگه‌ له‌و چاپكراوانه‌ی به‌ شێوه‌ی كتێبی گیرفان بڵاوكرانه‌وه‌، ئه‌و رۆمانه‌ له‌ (40) وڵاتدا دابه‌شكراوه‌، ئه‌و پیاوه‌ خاوه‌نی رۆشنبیرییه‌كی فره‌یه‌، بۆیه‌ به‌ یه‌كێك له‌ رۆشنبیره‌ یونیڤێرساله‌كان ناوی ده‌ركردووه‌ ((بۆ زانیاری زێتر بڕوانه‌ گۆڤاری ((الوسگ)) ژ 446- 14/8/2000))
ناسنامه‌ بكوژه‌كان
به‌ جیهانیبوون رستێك پرۆسه‌ی یه‌كانگیر ‌و تێكچرژاوه‌، خۆی له‌ بزاڤ ‌و بیر و سه‌رمایه‌ و زانیارییه‌كان به‌رجه‌سته‌ ده‌كات ‌و هه‌ر له‌وێشه‌وه‌ ده‌لاله‌ت له‌ ئابووری ئه‌لكترۆنی ‌و راگه‌یاندن ‌و بواره‌كانی ته‌له‌فزیۆن ‌و ئه‌و واقیعه‌ ده‌كات، كه‌ له‌ ده‌رئه‌نجامی شۆڕشی زانیارییه‌كان سه‌رچاوه‌ ده‌گرێ‌.
له‌ سه‌رده‌می به‌ جیهانیبووندا ملیۆنان ده‌بینین له‌ نێوان جه‌ختكردنی ناسنامه‌ و ونبوونی ناسنامه‌دا ده‌ژین، له‌ نێوان ئوسولییه‌ت ‌و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئیختیاره‌كان، ته‌واو خۆیان ونكردوه‌، به‌ڵام ده‌بێ‌ بزانین به‌ جیهانیبوون وه‌ك گۆڕانكارییه‌كی مێژوویی، یان به‌خششی ته‌كنه‌لۆجیا، مه‌ترسی بایه‌خه‌كه‌ی له‌ سه‌ر چۆنییه‌تی مامه‌ڵه‌كردن وه‌ستاوه‌! كه‌واته‌ پێویسته‌ ده‌رگا له‌ ناسنامه‌كان بكه‌ینه‌وه‌ پێویسته‌ جیاوازییه‌كان وه‌ك جیاوازی ته‌ماشا بكه‌ین، ده‌رگا له‌ ره‌گه‌زه‌كانی پێناسه‌ بكه‌ینه‌وه‌، ده‌بێ‌ بزانین ویژدانی زیندوو له‌ فره‌ڕه‌نگی دایه‌، یان به‌رجه‌سته‌كردنی ره‌نگێك به‌ سه‌ر ته‌واوی ره‌نگه‌كانی دیكه‌، یان به‌رجه‌سته‌كردنی ته‌نیا ره‌گه‌زێك له‌ ره‌گه‌زه‌كانی ناسنامه‌، چونكه‌ ره‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌ویدی دنیاییه‌ك وێنه‌ ده‌كات، كه‌ سته‌م تێیدا باڵا ده‌سته‌، دنیایه‌كی تۆتالیتێر، دنیایه‌ك كه‌ پێویستی به‌ به‌ره‌یه‌ك له‌ سته‌مكار و خوێنڕێژ هه‌یه‌، ئه‌مڕۆ ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه‌، بیركردنه‌وه‌یه‌كی میتۆلۆژیانه‌یه‌، بیركردنه‌وه‌یه‌كه‌ پشتبه‌ست به‌ حیكایه‌ته‌ گه‌وره‌كان، ئه‌و جۆره‌ له‌ بیركردنه‌وه‌ راسته‌وخۆ ده‌لاله‌ت له‌ فه‌رامۆشكردنی جیاوازییه‌كان ده‌كات، ئیراده‌ و هێزی مرۆڤ ده‌خاته‌ په‌راوێزه‌وه‌، راسته‌وخۆ فه‌رامۆشكردنی ئیراده‌ و ئیبداعه‌.

((ئه‌مین مه‌علوف)) ده‌ڵێت: تاوانێك كه‌ به‌ناوی بیروڕا ده‌كرێت، خودی بیروڕاكه‌ تاوانبار نییه‌، چونكه‌ ((ده‌ق)) كار له‌ حه‌قیقه‌تی دنیا ناكات، ته‌نها له‌ دووتوێی بۆچوونی ئێمه‌وه‌ نه‌بێت، له‌ هه‌ر سه‌رده‌مێكدا چه‌ند رسته‌یه‌ك ده‌ڕوا، چه‌ند رسته‌یه‌ك كه‌ نایبینین، ئه‌و لایه‌نه‌ی ده‌مانه‌وێت به‌رجه‌سته‌ی بكه‌ین، ئه‌گه‌ر به‌شێكی په‌یوه‌ندی به‌ زمانی چه‌مك ‌و رۆشنبیرییه‌وه‌ هه‌بێت، به‌شێكی راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به‌ یاده‌وه‌رییه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام چۆن ده‌توانین له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاده‌وه‌رییه‌وه‌یه‌ له‌ رێگای دووباره‌ فۆرمه‌له‌كردنی پێكهاته‌كانی فیكره‌وه‌ خوێندنه‌وه‌ی جۆراوجۆر ئه‌نجام بده‌ین، ده‌شێ‌ ئه‌و پرسیاره‌ ده‌رهاویشته‌ی ئه‌و بۆچوونه‌ی ((ئه‌مین مه‌علوف)) بێ، كاتێك ده‌ڵێ‌: چۆن ده‌توانین بڵێین ((پۆل پۆت)) په‌یوه‌ندی به‌ ماركسییه‌وه‌ نییه‌؟ رژێمی ((بینۆشیه‌)) په‌یوه‌ندی به‌مه‌سیحییه‌ته‌وه‌ نییه‌؟ پاشان ده‌پرسێ‌ ئایا به‌ راستی له‌ مه‌سیحییه‌ت لێكبووردن هه‌بووه‌، مه‌سیحییه‌ت رێزی ئازادی گرتووه‌، دیموكراسی بووه‌؟ با بۆ ئه‌مه‌ كتێبه‌ مێژووییه‌كان هه‌ڵده‌ینه‌وه‌! چه‌مكی ((لێبوردن)) په‌یوه‌ندی نێوان لێبورده‌ و لێبورا و ده‌سه‌پێنێ‌، ئه‌وه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ش رێكده‌خاته‌وه‌ جگه‌ له‌ ((هاوسه‌نگی)) هێز شتێكی دیكه‌ نییه‌، واته‌ چه‌مكی لێبوردن هیچ كاتێك رێزگرتنی ئه‌و بیروڕایانه‌ ناگرێته‌وه‌، كه‌ ناكۆكن له‌گه‌ڵیاندا، به‌ڵكو ئێمه‌ له‌ یه‌كێك ده‌بوورین كه‌ ناتوانین رێگای لێبگرین، ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌شبورێ‌ لاوازه‌، ده‌شێ‌ كاتێك به‌ هێز بێت به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ نه‌بوورێ‌، دووباره‌ با كتێبه‌ مێژووییه‌كان هه‌ڵده‌ینه‌وه‌، چه‌ندین چه‌وساندنه‌وه‌ و ئازاردان ‌و كوشتن ‌و بڕین ‌و حورمه‌ت شكاندنی مرۆڤانه‌مان به‌رچاو ده‌كه‌وێت، به‌ ناوی ئایینه‌وه‌ كراوه‌، زۆرجاریش په‌یوه‌ندی به‌ ره‌گه‌زی ئایینه‌وه‌ نییه‌، بۆ نموونه‌ حاڵه‌تی ((ستالینی)) كه‌دژ به‌ ئایینه‌ –یان نازییه‌ت كه‌ ره‌گه‌زپه‌رستییه‌ و ئایین فه‌رامۆش ده‌كات…

كتێبی ((ناسنامه‌ بكوژه‌كان- چه‌ند خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ ئینتما و به‌جیهانیبوون- وه‌رگێڕانی بۆ عه‌ره‌بی- دكتۆر نه‌بیل موحسین/ 1999-سوریا)) ده‌ڵێ‌ ئه‌گه‌ر پێكه‌وه‌ ژیانی مه‌سیحی ‌و موسوڵمانان لێكبووردن بگه‌یه‌نێت، كه‌واته‌ ده‌بێ‌ له‌ بیرمان چوو بێت، كه‌ وشه‌ی كاسۆلیك له‌ مانا زمانه‌وانییه‌ یۆنانییه‌كه‌یدا واتای (( سه‌رتاپا و گشتی ‌و جیهانی)) ده‌گه‌یه‌نێت، پاشان ئه‌و كاته‌ی مه‌یلی ناسیۆنالی له‌ ئه‌وروپا له‌ هه‌ڕه‌تدابوو ((لێكبووردن)) ملكه‌چی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ((ناسیونال)) كرابوو.هه‌موو ئه‌وانه‌ پێمان ده‌ڵێن لێكبووردن له‌گه‌ڵ لێكنه‌بووردن ناكۆك ناكه‌وێته‌وه‌، به‌ڵكو سه‌ره‌وژێركردنیه‌تی، هه‌ردووكیان جۆرێكن له‌ زۆرداری و كه‌ڵه‌گایی، یه‌كه‌میان مافی ئازادی و ویژدان به‌خۆ ده‌به‌خشیێ‌ ‌و دووه‌م رێگا به‌خۆده‌دا په‌رده‌پۆشی بكات.

كه‌واته‌ قسه‌كردن له‌ لێكبوردن بۆخۆی ده‌لاله‌ت له‌ كه‌ڵه‌گایی ده‌كات، ئه‌وه‌ی جیگای قسه‌كردنه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ((لێكبوردن ‌و لێكنه‌بوردن)) وه‌ك هاوڵاتی به‌ یه‌كسانی سه‌یری مرۆڤ بكه‌ین، مامه‌ڵه‌یه‌كی مرۆییانه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كتردا به‌ ئه‌نجام بگه‌یه‌نین، پێویسته‌ هاوڵاتی ته‌واوی مافه‌كانی پارێزراو بێ‌، جا موسوڵمان بێ‌ یان مه‌سیحی یان كافر، پرسیار ئه‌وه‌ نییه‌ كامه‌ ره‌گه‌ز له‌ ره‌گه‌زه‌كانی ناسنامه‌ بۆچوونه‌ ناو ژیان ‌و به‌جیهانیبوون به‌رجه‌سته‌ بكه‌ین، به‌ڵكو پرسیاره‌كان له‌ ئیراده‌ی تاك ‌و ئیراده‌ی ده‌سته‌جه‌معییه‌وه‌ به‌رز ده‌بێته‌وه‌، ئه‌و پرسیارانه‌ی پێشكه‌وتنی خۆرئاوا و دواكه‌وتنی خۆرهه‌ڵات ده‌خاته‌ روو.

خۆرئاوا و تاكی خۆرئاوایی ئه‌و كاته‌ی ئیراده‌ و خواسته‌كانی خۆی پراكتیزه‌ ده‌كرد ‌و به‌ فۆرمه‌له‌كردنی فیكر و مه‌عریفه‌وه‌ خه‌ریك بوو، ئه‌و كات خۆرهه‌ڵات به‌ ئاراسته‌یه‌كی پێچه‌وانه‌ ده‌ڕۆیشت… جیهانی ئه‌مڕۆ، ئه‌گه‌ر و رووداوه‌كانی بۆ ساته‌وه‌ختی دامه‌زراندن ده‌گه‌ڕانده‌وه‌، كاتێك قسه‌ له‌وه‌ ده‌كه‌ین خۆرئاوا پێشكه‌وتووه‌، به‌ڵام خۆرهه‌ڵات ((سه‌له‌فیه‌ت)) بێهیوایه‌، لێره‌وه‌یه‌ خۆرئاوا به‌و هه‌موو مێژووه‌ خوێناوییه‌ی به‌و هه‌موو ره‌گه‌زپه‌رستییه‌ی به‌و هه‌موو تۆتێلیتێرو به‌و هه‌موو وێنه‌ نابووت ‌و ناشرینانه‌یه‌وه‌ رێزی مرۆڤ ‌و مافه‌كانی مرۆڤ ‌و ئازادی به‌رزده‌كاته‌وه‌… ئیسلام خۆی به‌ كانگای ژیان ‌و ژیاری ده‌زانێ‌ كه‌چی له‌وپه‌ڕی په‌ڕگیریدایه‌، هه‌ر له‌ سه‌یركردنی ئه‌و مه‌سه‌لانه‌شه‌وه‌ ئه‌و پرسیاره‌مان بیرده‌كه‌وێته‌وه‌، ئایا ئایین ده‌شێ‌ له‌گه‌ڵ مرۆڤ رێبكات؟ گه‌ل چۆن كه‌وته‌ ژێر كاریگه‌ری ئایین، شیوعییه‌ت چی له‌ روسیا كرد، روسیا چی به‌ سه‌ر شیوعییه‌ت هێنا؟؟ ئه‌و رستانه‌ له‌ كتێبه‌كه‌ی ((ئه‌مین مه‌علوف)) ئه‌وه‌مان پێڕاده‌گه‌یه‌نێ‌ كه‌ ده‌شێ‌ هه‌موو ئیشكالییه‌ته‌كان، هه‌موو جیاوازییه‌كان به‌شداری له‌ پێشكه‌وتنی فیكردا بكه‌ن، ده‌شێ ئه‌ركی خۆمان له‌ زه‌مه‌نی خۆیدا رابگه‌یه‌نین، به‌ڵام كاتێ‌ ده‌بێ‌ بۆ ئایین بگه‌ڕێنه‌وه‌، ساته‌وه‌ختی دامه‌زراندن، كاتێ‌ سنورێكی سوور بۆ شیوعییه‌ت داده‌ڕێژرێ‌، كاتێ‌ فیكر ده‌خرێته‌ چوارچێوه‌یه‌كه‌وه‌، مه‌عریفه‌ به‌ ره‌ها ته‌ماشا ده‌كرێ‌، ئیتر تراژیدیاكه‌ ده‌ستپێده‌كات، ئیتر بزاڤه‌كان له‌ گۆ ده‌كه‌ون، گۆڕانكارییه‌كان به‌ بنبه‌ستبوون ده‌گه‌ن، ئیتر شتێ‌ نییه‌ پێی بگوترێ‌ جیاوازی و فره‌ڕه‌نگی، پێی بگوترێ‌ داهێنان ‌و بیروڕای جیاواز، ئیتر لێره‌دا هه‌ژاری خوێندنه‌وه‌ و كه‌مخوێنی مه‌عریفه‌ به‌ دیارده‌كه‌وێت، ئیفلیجبوونی فیكر به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت.

راسته‌ رووداوه‌كانی دنیا دیار نین، به‌ڵام كۆمه‌ڵگایه‌كی دۆگماخواز، كۆمه‌ڵگایه‌كی هه‌ژار به‌رامبه‌ر كه‌مترین ‌و بچووكترین ئه‌گه‌ر و رووداو چی له‌ده‌ستدێ‌… هه‌رگیز به‌ره‌وپێشچوون په‌یوه‌ندی به‌ ئایینه‌وه‌ نییه‌، تۆ ناتوانی بڵێیت خۆرهه‌ڵات ((جیهانی ئیسلامی)) بۆیه‌ پێشناكه‌وێ‌ چونكه‌ موسوڵمانن ‌و خۆرئاوا بۆیه‌ پێشده‌كه‌وێت چونكه‌ مه‌سیحیین، به‌ڵكو پێشه‌كه‌وتن په‌یوه‌ندی به‌ ئیراده‌ی تاك ‌و داهێنان ‌و ئیراده‌ی ده‌سته‌ جه‌معییه‌وه‌یه‌ هه‌یه‌! ئایا مه‌سیحیی خۆرئاوای نوێكردۆته‌وه‌، ئایا نوێكردنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئایین دژ ناكه‌وێته‌وه‌، ئایا نوێكردنه‌وه‌ ته‌واو ده‌رچوون نییه‌ له‌ ساته‌وه‌ختی دامه‌زراندن ‌و سنووره‌ داڕێژراوه‌كان؟.

ناسنامه‌ به‌رده‌وام به‌هۆی ره‌نگه‌كانه‌وه‌ ته‌عبیر له‌خۆ ده‌كات، به‌هۆی فره‌ ره‌نگییه‌وه‌ روناكی خۆی ده‌به‌خشێ‌، له‌ رێگای فره‌ ره‌نگی و هاوگونجانی ره‌نگه‌كان هارمۆنییه‌ت دروستده‌كات، ئه‌مڕۆ ناسنامه‌ به‌قه‌د ئه‌وه‌ی ده‌رئه‌نجامی په‌یوه‌ندییه‌كی كراوه‌ و پڕ به‌خشش ‌و پڕكرده‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ویدیكه‌، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی ته‌عبیر له‌ مانا به‌رفراوانه‌كه‌ی ژیان ‌و رێكخستنی ژیان ده‌كات، ئه‌وه‌نده‌ به‌ تاك مانایی ‌و تاك ره‌نگی و ده‌لاله‌ته‌وه‌ په‌یوه‌ست نییه‌، ئه‌وه‌ی كه‌ تاكی خۆرئاوایی له‌ خۆرهه‌ڵاتی جیاده‌كاته‌وه‌ قبوڵكردنی جیاوازییه‌كانه‌، كه‌واته‌ به‌ جیهانیبوون تێكشكاندنی نێرگزییه‌تی رۆشنبیرییه‌ و كرانه‌وه‌ی ئاسۆ نوێیه‌كانی به‌یه‌كگه‌یشتنی مرۆیه‌، به‌ دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش قسه‌كردن له‌ سه‌ر به‌ جیهانیبوون قسه‌كردنیشه‌ له‌ سه‌ر كۆی ئه‌و چه‌مكانه‌ی سه‌ره‌وژێركراون، یان گۆڕانێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ و به‌رفراوانی به‌ سه‌رداهاتووه‌! به‌و مانایه‌ش به‌جیهانیبوون ئیراده‌ و ئیبداعه‌ ‌و ته‌عبیر له‌ رۆحی سه‌رده‌م‌و ویژدانی زیندووی مرۆڤانه‌مان ده‌كات.

ئه‌وه‌ش مانای ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ به‌ره‌وپێشچوون بێ ئیشكالییه‌ته‌، به‌ڵكو به‌و مانایه‌یه‌ كه‌ به‌ره‌وپێشچوون هه‌موو ره‌نگه‌كانی قبوڵه‌. كه‌واته‌ به‌ جیهانیبوون ئه‌و بزاڤ ‌و كرانه‌وه‌ و هاوگونجانه‌ له‌ بننه‌هاتووه‌یه‌، كه‌ به‌رده‌وام به‌ره‌و گۆڕانمان ده‌بات. پاشان به‌جیهانیبوون هه‌ر ته‌نها ئه‌وه‌ نییه‌، چۆن خۆمان بگونجێنین، خۆی ئه‌وه‌ گرفته‌، به‌ڵام له‌پاڵ ئه‌وه‌ش گرنگ ئه‌وه‌یه‌ چۆن ده‌توانین ره‌گه‌زه‌ زیندوو مردووه‌كانی كه‌له‌پور لێكجیابكه‌ینه‌وه‌، چۆن ده‌توانین ره‌گه‌زه‌ زیندووه‌كان له‌گه‌ڵ رۆحی سه‌رده‌م بگونجێنین، ئایا هیچ تازه‌گه‌رییه‌ك ده‌توانێ‌ له‌ بۆشایی هه‌ڵقوڵێ؟ كه‌واته‌ تۆ بۆ ئه‌وه‌ی بڵێیت (هه‌م) پێویستت به‌ پانتاییه‌ك هه‌یه‌ له‌ سه‌ری بوه‌ستی، به‌و مانایه‌ش گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ناسنامه‌ گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ خود، به‌ڵام خودێكی دۆگما، خودێك كه‌ هه‌موو جوڵه‌كانی، هه‌موو حه‌زه‌كانی كۆنتڕۆڵكرابێ‌، خودێك كه‌ سنوورێكی دیاریكراوی بۆ داڕێژرابێت، به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵێك پیرۆزی كرابێته‌وه‌ ده‌بێت له‌و هه‌موو فره‌ ره‌نگییه‌ چاوه‌ڕوانی چی لێبكه‌یت، به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌موو پێشكه‌وتنه‌ خێراییانه‌ چۆن ده‌وه‌ستێ‌، به‌و هه‌موو هه‌ژارییه‌ چۆن ده‌توانێ‌ بیركاته‌وه‌، له‌ بیرمان نه‌چێ‌ هه‌موو سنوردانانێك بۆ جوڵه‌كانی مرۆڤ دواجار سنوردانانێكیشه‌ بۆ بیركردنه‌وه‌، ده‌ست بۆ نه‌بردنی هه‌موو حه‌رام ‌و قه‌ده‌غه‌ و پیرۆزییه‌كان دواجار ده‌ستبۆنه‌بردنی فیكرو عه‌قڵه‌، هه‌رخودێك نه‌توانێ‌ ته‌جاوزی سنوره‌كانی حه‌رام ‌و پیرۆزی بكات، نه‌توانێ‌ بجوڵێته‌وه‌، چۆن ده‌توانێ‌ به‌شداری پێشكه‌وتنه‌كانی دنیا بكات، ئازادی ‌و بیركردنه‌وه‌ی ئازاد له‌وه‌ دایه‌ بتوانێ‌ هاوگونجانێ‌ له‌گه‌ڵ به‌رامبه‌ر بسازێنێ‌، نه‌ك به‌ دابڕاو په‌ڕگیری بمێنیته‌وه‌، كاتێ‌ دووره‌ په‌رێز و په‌ڕگیر و دابڕاو ده‌بیت هه‌میشه‌ هه‌ست به‌ بێهێزی و بێهیوایی ‌و كپبوون ده‌كه‌یت، وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنوره‌كانی تۆ ده‌كرێت هیچ په‌یوه‌ندی به‌ تۆوه‌ نه‌بێ‌، ئالێره‌وه‌ هه‌ریه‌ك له‌ ڕه‌گه‌زه‌كانی ناسنامه‌ به‌ره‌و لایه‌ك په‌لكێشمان ده‌كا‌و دنیایه‌ك ناكۆكی له‌ ناوه‌وه‌ماندا دروست ده‌كات ‌و كه‌سێتیمان پارچه‌پارچه‌ ده‌كات، به‌رده‌وام واهه‌ست ده‌كه‌یت ناسنامه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی تووندی له‌ سه‌ره‌، به‌رده‌وام واهه‌ست ده‌كه‌یت له‌ وڵاتێك ده‌ژی ئه‌ویدی داگیری كردووه‌، به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه‌ چۆن ئێمه‌ بتوانین وێڕای كه‌لتوری خۆمان، بێ‌ ئه‌وه‌ی بۆ ره‌گه‌زه‌ مردووه‌كانی ناو كه‌لتوری خۆمان بگه‌ڕێینه‌وه‌، ئینتمانی كه‌لتوری ئه‌ویدیش بكه‌ین.

تۆ هه‌رگیز ناتوانی ته‌واوی كه‌له‌پوری خۆت به‌ مردوو دابنێیت، چونكه‌ به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك ره‌گه‌زی زیندووی كه‌له‌پوردا ده‌ژی، ئه‌وه‌ ره‌گه‌زه‌ زیندووه‌كانن به‌شێك له‌ تاریكی داهاتووت بۆ روناك ده‌كاته‌وه‌، ئه‌وه‌ ره‌گه‌زه‌ زیندووه‌كانن له‌گه‌ڵت رێده‌كه‌ن، كه‌واته‌ نابێ‌ هه‌رگیز سڵ له‌وه‌ بكه‌یته‌وه‌ كه‌ به‌شێك له‌ پێشكه‌وتن ده‌ستێكی تۆیشی تێدایه‌، هه‌رگیز نابێ‌ به‌ پێشكه‌وتن نامۆ بین، وه‌ك ئه‌وه‌ی ته‌نها ئه‌ویدی به‌رهه‌می هێنابێ‌، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ تۆ سنوره‌كانت بشكێنی و ته‌جاوزی قه‌ده‌غه‌كراوه‌كان بكه‌یت، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ تۆ به‌ ئازادی بیركه‌یته‌وه‌، نه‌ك له‌ دووتوێی سنورێكی دیاریكراو، چونكه‌ ئه‌گه‌ر به‌ ئازادی ده‌ست بۆ شته‌كان نه‌به‌یت، چۆن ده‌توانی تێبگه‌یت، كاتێ‌ نه‌توانی له‌ هه‌موو شته‌كان بگه‌یت چۆن ده‌توانی راڤه‌یان بكه‌یت، راسته‌ ئه‌م رسته‌یه‌ جۆرێكه‌ له‌ به‌كارهێنانی عه‌قڵانییه‌ت، به‌ڵام هه‌رگیز به‌ مانای ئه‌وه‌ نییه‌، كه‌ ده‌لاله‌ت له‌ ته‌واوی عه‌قڵمان بكات وه‌ك (كڵۆد لیڤی شتراوس 1908-2009) له‌ ((الاسگوره‌ المعنی))دا ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات، چونكه‌ هه‌ریه‌كێك له‌ خۆرهه‌ڵات ‌و خۆرئاوا، هه‌ریه‌كێك له‌ ئێمه‌ به‌ هه‌موو جیاوازییه‌كانییه‌وه‌ به‌ پێی پێداویستییه‌كانمان بڕێكی دیاریكراو له‌ عه‌قڵ به‌كارده‌هێنین، یان ده‌بێته‌ شوێن بایه‌خمان، ( (شتراوس) هه‌ر له‌ خودی ئه‌و تێزه‌وه‌ پێیوایه‌ هیچ جیاوازییه‌ك له‌ نێوان بیركردنه‌وه‌ی به‌رایی‌و عه‌قڵی هاوچه‌رخدا نییه‌، كه‌واته‌ گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ئاستی پێداویستییه‌كان له‌ رێگای ئیبداعه‌وه‌ به‌رزبكه‌ینه‌وه‌، كاتێ‌ ناسنامه‌ ده‌توانێ‌ بوونی خۆی نیشان بدات كه‌ هه‌ڵگرانی دان به‌ ئیبداعه‌كانیان دابنێن، چونكه‌ ته‌نها له‌ ژێر هه‌لومه‌رجی په‌یوه‌ندیدا ده‌توانێ‌ شتێك به‌رهه‌مبهێنێ‌، نه‌ك وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی به‌رهه‌مخۆر، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ به‌جیهانیبوون به‌شدار بیت، ده‌بێت كۆمه‌ڵێك په‌یوه‌ندی جۆراوجۆر له‌گه‌ڵ ئه‌ویدی بسازێنی، ده‌بێ‌ له‌گه‌ڵ رۆحی سه‌رده‌مدا بژیت، ئه‌وه‌ی سڵ له‌ تواناكانی خۆی ده‌كاته‌وه‌، دابڕاو په‌ڕگیره‌، سنورێكی دیاریكراوی بۆ بیركردنه‌وه‌ هه‌یه‌، ئاڕاسته‌كانی بیركردنه‌وه‌ی دیاریكراو و كۆنتڕۆڵكراوه‌، ناتوانێ‌ به‌ته‌واوی بیربكاته‌وه‌، به‌ ئازادی بژی، بوێرانه‌ هه‌نگاو بنێت!




زنجیره‌یه‌ك گوتار له‌ باره‌ی ناسنامه‌ …(4-7) … ئیدگار مۆڕان


ناسنامه‌ی ئاوێته‌
عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا

——————————–

ئیدگار مۆڕان (Edgar Morin) فه‌یله‌سوف و كۆمه‌ڵناسی فڕه‌نسی هاوچه‌رخ له‌ 8ی یۆلیۆ 1921 له‌ شاری (پاریس) له‌ دایكبووه‌. له‌ ساڵی 1940 كاتێك ئه‌ڵمانیا وڵاتی فڕه‌نسای داگیر كرد، مۆڕان هاوكاری په‌نابه‌رانی كرد و چووه‌ ریزی هێزی به‌رگری فڕه‌نسییه‌وه‌ و ناوی (مۆڕان) وه‌ك نازناوێك بۆ به‌ ئه‌ندامبوونی هێزی به‌رگری فڕه‌نسی به‌ كار هێنا و دواتر له‌ ساڵی 1941چووه‌ ریزی حزبی شیوعی فڕه‌نسییه‌وه‌… ئێستا له‌ رێكخراوی یونسكۆ وه‌ك سه‌رۆكی وه‌كاله‌تی ئه‌وروپی بۆ كلتور كار ده‌كات.

عاقڵی شێت

دۆستۆفسكی له‌ هه‌مووان زێتر له‌ مرۆڤ گه‌یشتووه‌، ده‌سته‌واژه‌ی “عاقڵی شێت” جوانترین تێگه‌یشتنه‌ له‌ باره‌ی تراژیدیای مرۆڤایه‌تییه‌وه‌، جوانترین تێگه‌یشتنه‌ له‌ باره‌ی نێودژییه‌ مرۆییه‌كان، هه‌مان شت به‌رانبه‌ر لێكدووركه‌وتنه‌وه‌ی ناوه‌وه‌ی مرۆڤ… دنیای دۆستۆفسكی دنیای ململانێی گومان و ئیمان، ئومێد و نائومێدی…
له‌ رۆمانی (گه‌مژه‌)دا ده‌نوسێت وه‌ك من بزانم به‌زه‌یی یاسایه‌كی جه‌وهه‌رییه‌، تاكه‌ یاسایه‌كه‌ بۆ بوونی هه‌مووان. دۆستۆفسكی هۆكاری سه‌ره‌كی بێداربوونه‌وه‌ی فیكری فه‌لسه‌فی ئیدگار مۆڕان بووه‌! چونكه‌ ئیدگار مۆران عاشقی نێودژییه‌كانی فه‌لسه‌فه‌یه‌ و فه‌لسه‌فه‌ له‌لای ئه‌و خۆشه‌ویستی نییه‌ بۆ دانایی، به‌ڵكو بڕوابوونه‌ به‌ شیعرییه‌تی ژیان، مۆڕان بڕوای به‌ مانای برایه‌تی و لێكنزیكبوونه‌وه‌ هه‌یه‌ و ده‌ڵێت من بڕوادارم ئه‌و كاتانه‌ی گوێ‌ له‌ موزیكا ده‌گرم، ئه‌و كاتانه‌ی له‌ دیمه‌نێكی سرووشتی راده‌مێنم.

سرووشتی ئاوێته‌

یه‌كێك له‌ كتێبه‌ گه‌وره‌كانی ئیدگار مۆڕان كتێبی (میتۆد-La Méthode) له‌ به‌شی شه‌شه‌مدا ده‌ڵێت هیچ كاتێك پرسیار كردن له‌ باره‌ی مرۆڤه‌وه‌، وه‌ك ئه‌مڕۆ ئاماده‌یی و چڕیی وا زۆری به‌خۆوه‌ نه‌دیووه‌، پرسیاركردن له‌ باره‌ی ناسنامه‌ی مرۆڤ، به‌ هه‌موو جیاوازییه‌كانه‌وه‌ پرسیاری ئه‌مرۆیی رۆشنبیرییه‌! ئه‌وه‌ش بۆ ئاماده‌یی ئه‌و تووندوتیژی و دڕنده‌ییه‌ ناگه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ به‌رۆكی ژیاری ئێمه‌ی گرتووه‌، چونكه‌ هه‌رگیز مێژوویی مرۆڤایه‌تی بێ‌ تووندوتیژی نه‌بووه‌، به‌ڵكو په‌یوه‌ندی به‌ ئاماده‌یی و چڕی خودی وێنه‌كانی تووندوتیژییه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌و وێنانه‌ی میدیاكان بۆ زێتر خۆره‌پێشخستن به‌رزی ده‌كه‌نه‌وه‌.
پرسیاركردن له‌ مرۆڤ، پرسیاركردنه‌ له‌ نێودژییه‌كان، پرسیاركردنه‌ له‌و نێودژییانه‌ی بوونی مرۆڤ ده‌بڕن… له‌ نێوان بونیادنان و وێرانكردن، تواناكانی مرۆڤ له‌ داهێنان سنووریان نییه‌، وه‌ك چۆن شه‌یدای مرۆڤ له‌ تێكدان و وێرانكردن و هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌ ژیان سنووری نییه‌،… ئیدگار مۆڕان له‌ هه‌موو ئه‌و نێودژییانه‌ی بوونی مرۆڤ ده‌بڕن، پرسیاری ناسنامه‌ به‌رز ده‌كاته‌وه‌ و پێیوایه‌ ناسنامه‌ی مرۆڤایه‌تی له‌ سه‌ر فره‌یی وه‌ستاوه‌، فره‌یی ره‌قی له‌ بوونی خودی مرۆڤ، فره‌یی ده‌ركه‌وتنی مرۆڤ وه‌ك بوونێكی خالق و ئابووری و مه‌عریفی و هه‌ڵچوونئامێز و ئاره‌زووخواز، مرۆڤ بوونێكی خێرخوازه‌ وه‌ك چۆن شه‌ڕخوازه‌… بۆیه‌ ناشێ‌ ته‌نها له‌ روویه‌كه‌وه‌ له‌ مرۆڤ نزیك بكه‌وینه‌وه‌، به‌و مانایه‌ش ناشێ‌ به‌ ساده‌یی له‌ ناسنامه‌ی مرۆڤ بڕوانین.

ناسنامه‌ی مرۆڤ ئاوێته‌یه‌، چ په‌یوه‌ندی به‌ تاكه‌وه‌ هه‌بێت، یان رۆشنبیرییه‌وه‌، ئێمه‌ له‌ به‌رانبه‌ر راستییه‌ك وه‌ستاوین، راستییه‌ك كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ چه‌مكی ناسنامه‌ی ئاوێته‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌و ناسنامه‌ ئاوێته‌یه‌ جیاوازییه‌كانی مرۆڤی له‌ خۆ گرتووه‌، نێودژییه‌كانی ده‌نوێنێ‌، ناتوانین لێینزیك بكه‌وینه‌وه‌، ته‌نها له‌ رێگای فیكرێكه‌وه‌ نه‌بێت، كه‌ ئه‌ویش ئاوێته‌یه‌ و به‌ سه‌ر ماناكانی قه‌یران و ئاژاوه‌ و كتوپڕی و دڵنیایی و …. كراوه‌ته‌وه‌، هه‌موو ئه‌وانه‌ش جیاكارییه‌كانی بوونی ئێمه‌ی پێكهێناوه‌! ئه‌و فیكره‌ ئاوێته‌یه‌ هه‌موو ئه‌و ئاژاوه‌ و ئه‌و هه‌ڵوه‌رینه‌ به‌ یه‌كه‌وه‌ ده‌لكێنێ‌، كه‌ قابیلی به‌یه‌كه‌وه‌ لكان نیین، كه‌واته‌ ئه‌وه‌ ئه‌ركی فیكری ئاوێته‌یه‌، ناسنامه‌ی ئاوێته‌ كه‌شف بكات.

ئیدگار مۆڕان حه‌قیقه‌تی بوونی مرۆیی له‌ سێ‌ ره‌هه‌ندی به‌یه‌كه‌وه‌ لكاودا ده‌بینێ‌: ره‌هه‌ندی بایۆلۆجی، ره‌هه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی، ره‌هه‌ندی رۆشنبیریی. ئه‌و سێ‌ ره‌هه‌نده‌ش سێ‌ سنوور بۆ مرۆڤ ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن: تاكگه‌رایی و كۆمه‌ڵگا و جۆر، ئه‌گه‌رچی بشتوانین لێكیان جیا بكه‌ینه‌وه‌، به‌ڵام ناتوانین لێكیان بكه‌ین، به‌و مانایه‌ش تاك هه‌ر له‌ نێو تایبه‌تمه‌ندییه‌ تاكگه‌رایی و بایۆلۆجییه‌كه‌ی خۆیدا ده‌مێنێته‌وه‌ و ره‌هه‌ندی رۆشنبیریی هه‌موو جۆره‌كانی مرۆڤ جیاوازی خۆیان هه‌یه‌ و تایبه‌تمه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی كۆمه‌ڵگایه‌ك له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگایه‌كی دیكه‌ جیاوازی خۆی هه‌یه‌.

بنه‌ماكانی ناسنامه‌ی ئاوێته‌ له‌ “سرووشتی ئاوێته‌”ی بوونی مرۆڤ دایه‌، بایۆلۆجیا و ده‌روون تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی تاك ده‌نوێنێ‌ و تاكگه‌رایی لێده‌كه‌وێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌ جێگیر و هه‌تا هه‌تایی نییه‌، به‌ڵكو قابیلی گۆڕانه‌ و به‌پێی پرۆسیسه‌كردنی پێداویستییه‌كانی بوونی كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیریی كاریگه‌ری له‌ سه‌ر تاك دروست ده‌كات و تاك به‌ رووی ئه‌ویدیكه‌دا ده‌كاته‌وه‌. ئه‌و كرانه‌وه‌یه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیرییه‌ بوونی مرۆییمان دیاری ده‌كات، به‌ هۆی ئه‌و پیداویستییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیریه‌یه‌ ناتوانین قسه‌ له‌ تاكگه‌رایی ناسنامه‌ بكه‌ین و ئه‌ویدیكه‌ له‌ خۆمان جیا بكه‌ینه‌وه‌، وه‌ك چۆن ناشێ‌ بوونی تاك له‌ بوونی كۆمه‌ڵگا و بوونی جۆرێكی دیاریكراو بتوێنینه‌وه‌, كه‌واته‌ مه‌سه‌له‌كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ سرووشتی ئاوێته‌یی بوونی مرۆڤه‌وه‌ هه‌یه‌، په‌یوه‌ندی به‌ نێودژییه‌كانی ناخی مرۆڤه‌وه‌ هه‌یه‌، په‌یوه‌ندی به‌ ئاگایی ئه‌خلاقی و گه‌شه‌ی نێوان تاك و كۆمه‌ڵگاوه‌ هه‌یه‌، ئاگایی ئه‌خلاقی په‌یوه‌ندی به‌ هه‌ر سێ‌ ره‌هه‌ندی تاك و كۆمه‌ڵگا و رۆشنبیرییه‌وه‌ هه‌یه‌. به‌و مانایه‌ش كرده‌ی ئه‌خلاقی، كرده‌یه‌كی ئیستاتیكییه‌، ئه‌و ئیستاتیكایه‌ی كرده‌ی ئه‌خلاقی به‌رهه‌م ده‌هێنێ‌، تاك به‌ ئه‌ویدیكه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ئیستاتیكایه‌كی ئاوێته‌ بونیاد بنێ‌، ئیستاتیكای ئاوێته‌ سه‌ره‌تا خود ئاوێته‌ی خود ده‌كات، كه‌ بشێ‌ چاو به‌ خۆیدا بخشێنێته‌وه‌ و ره‌خنه‌ له‌ خۆی بگرێت، به‌ڵام به‌ستێته‌وه‌ی تاك به‌ ئه‌ویدیكه‌وه‌، چه‌مكی ئیستاتیكای ئاوێته‌ و كراوه‌ به‌ سه‌ر ئه‌ویدیكه‌ به‌رهه‌م ده‌هێنێ‌، ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ش په‌یوه‌ندی به‌ ئاڵوگۆڕی نێوان خود و ئه‌ویدیكه‌وه‌ هه‌یه‌ و چه‌مكی په‌یوه‌ندی هاوبه‌شی (continuity) لێده‌كه‌وێته‌وه‌.

فیكر و ئاینده‌

مۆڕان له‌ كتێبی (فیكر و ئاینده‌، قسه‌كردن له‌ باره‌ی فیكری ئاوێته‌) به‌و شێوه‌یه‌ قسه‌ له‌ ساده‌یی ده‌كات و ده‌ڵێت ساده‌یی یان یه‌كێك یان زۆران ده‌بینێ‌، به‌ڵام نابینێ‌، كه‌ یه‌ك له‌ هه‌مان كاتدا زۆر پێكده‌هێنێ‌! با مرۆڤ وه‌ك نموونه‌یه‌ك وه‌ربگرین، مرۆڤ بوونه‌وه‌رێكی بایۆلۆجییه‌، له‌ هه‌مان كاتدا خودێكی رۆشنبیرییه‌ و له‌ ناو فیكر و زمان و ئاگاییدا ده‌ژی. ئه‌ركی مه‌عریفه‌ی زانستی پشتبه‌ستنه‌ به‌ ویستی ساده‌یی و ویستی ساده‌یی له‌ كه‌شفكردنی ساده‌یی شاراوه‌دایه‌، ساده‌یی ده‌لاله‌ت له‌ شاراوه‌ی پشت فره‌یی دیار و تێكچوونی دیاری نادیار ده‌كات.

زانایان پێیانوایه‌ به‌ش (الجزی‌و‏ molecule-) یه‌كه‌ی سه‌ره‌تایه‌، له‌ نه‌سه‌قێكی یان له‌ سیسته‌مێكی زۆر ئاڵۆز پێكهاتووه‌ و ناتوانین له‌ ده‌وروبه‌ری جیای بكه‌ینه‌وه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش تێكچوونی فیزیایی له‌ ناوه‌وه‌ی گه‌ردووندا گه‌شه‌ ده‌كات، ئه‌وه‌ی به‌ گه‌رمی ناوی ده‌بردرێت، له‌ راستیدا ده‌لاله‌ت له‌ ئاژاوه‌ی به‌شه‌كان یان گه‌ردیله‌كان ده‌كات.

گه‌شه‌كردن به‌ره‌و ژیانه‌وه‌ی جۆره‌كانی سرووشت و مردنمان ده‌كاته‌وه‌… به‌مجۆره‌ له‌ناوچوون و تێكچوون به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان به‌ دوای یه‌كدادێن، وه‌ك ئه‌وه‌ی یه‌كێكیان دوژمنی ئه‌ویدیكه‌یان بێت. هیراكلیتس ده‌ڵێت ئێمه‌ به‌ هۆی مردنه‌وه‌ ده‌ژین، به‌ هۆی ژیانه‌وه‌ ده‌مرین. واته‌ ئێمه‌ به‌ هۆی مردنی خانه‌كانمان زیندوو ده‌بینه‌وه‌، وه‌ك چۆن كۆمه‌ڵگا به‌ هۆی مردنی تاكه‌كانی زیندوو ده‌بێته‌وه‌.

فیكری ئاوێته‌ هه‌رگیز روونی و جێگیربوون و حه‌تمییه‌ت ره‌تناكاته‌وه‌، به‌ڵام ده‌زانی تێڕای ناكه‌ن و هه‌میشه‌ بیرمان ده‌خاته‌وه‌ (له‌ بیرتان نه‌چێ‌ واقیع له‌ گۆڕاندایه‌، نوێ‌ ده‌توانێ‌ ببوژێته‌وه‌، ئێمه‌ پێویسته‌ جۆره‌كانی وێرانبوون بیر خۆمان بخه‌ینه‌وه‌ كه‌ دیدی ساده‌یی داهێناوه‌). پێویسته‌ تێبگه‌ین هه‌ر له‌ رۆژی له‌ دایكبوونه‌وه‌ نابڕوایی و شیانه‌یی به‌شی راستی ژیانی هه‌ر یه‌كێكمانی له‌ سه‌ر بونیاد نراوه‌، هیچ كه‌س له‌ ئێمه‌ نازانێ‌ دواتر دووچاری چ نه‌خۆشییه‌ك ده‌بێت، یان له‌ ژیاندا چاره‌نووسی به‌ چی ده‌گات، به‌ڵام ده‌زانێ‌ ده‌مرێت، ئه‌گه‌رچی رۆژی مردنی خۆی نازانێت، چونكه‌ مێژوو له‌ سه‌ر كتوپڕی و له‌ ناكاویی و نادڵنیایی وه‌ستاوه‌…

به‌مجۆره‌ ساده‌یی و كورتبوونه‌وه‌ بۆ یه‌كه‌ی سه‌ره‌تایی جۆراوجۆری مه‌عریفی، وه‌ك گه‌ردیله‌ له‌ فیزیا و خانه‌ له‌ زانستی ژیان و ئاوێته‌بوون له‌ گرامه‌ری زمان… وه‌ك یه‌كه‌ی نه‌شیاوی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ و یه‌كه‌ی شیاو بۆ ده‌ستبه‌ سه‌رداگرتن و پێوانه‌خوازی هه‌ژموونی خۆیان هه‌یه‌، سیستمی ساده‌یی، به‌ رێكخستنی گه‌ردوون هه‌ڵده‌ستێ‌ له‌ رێگای كورتبڕی و جه‌وهه‌ری داخراو و جێگیر و پاك و بێگه‌ردی و نه‌مری، كه‌ نه‌ له‌ناوچوون ناس ده‌كا و نه‌ تێكچوون ده‌ناسێ‌.

فیكری ئاوێته‌ په‌یبردنه‌ به‌ فره‌یی مه‌عریفه‌، فیكری ئاوێته‌ په‌یبردنه‌ به‌ ره‌هه‌نده‌كانی مه‌عریفه‌، به‌ڵام یه‌كێك له‌ به‌ڵگه‌نه‌ویسته‌كانی ئاڵۆزی فیكری ئاوێته‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چۆن ته‌واوی مه‌عریفه‌كان ده‌گوازێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش له‌ بڕوابوون به‌ ناته‌واوی مه‌عریفه‌وه‌ دێته‌ به‌رهه‌م، له‌ نابڕواییه‌وه‌ به‌دی دێت.
كه‌واته‌ ئاڵۆزی چییه‌؟ مۆڕان ده‌ڵێت ئاڵۆزی له‌ پێكهاته‌ لێكدووره‌كان چنراوه‌، ئه‌و پێكهاته‌ چنراوانه‌ی كه‌ ناتوانرێت لێكیان بكه‌ینه‌وه‌، ئاڵۆزی له‌ رووداو و كرده‌ و كارلێككردن و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ و رووبه‌رووبوونه‌وه‌ و كتوپڕی دنیای دیاری ئێمه‌ چنراوه‌، به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌كی پڕ له‌ نیگه‌رانی، تێكه‌ڵ به‌یه‌كتر بوونه‌، ئه‌و ئاوێته‌بوونه‌ شیاوی لێكجیا بوونه‌وه‌ و تێكچوون و نابڕوایی نیین، به‌و مانایه‌ش زیندووبوونه‌وه‌ی فیكری ئاوێته‌ هه‌میشه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ نیگه‌رانی و گرژی نێوان په‌یبردن به‌ به‌شه‌كان و په‌یبردن به‌ ناپارچه‌یی و كورت نه‌كراوه‌یی مه‌عریفه‌، هه‌روه‌ها داننان به‌ كه‌موكوڕی و ناته‌واوی مه‌عریفه‌كان.

مۆڕان ده‌ڵێت خودی ئه‌و نیگه‌رانی و گرژییه‌ ژیانم ده‌جولێنێ‌، بۆیه‌ هیچ كاتێك ناتوانم خۆم راده‌ستی مه‌عریفه‌ به‌شكراوه‌كان بكه‌م، وه‌ك چۆن ناتوانم هیچ بابه‌تێك له‌ ناوكۆییی و پێشه‌كی و رێچكه‌كه‌ی خۆی داببڕم و دراسه‌ی بكه‌م، هه‌میشه‌ بیر له‌ فره‌یی ره‌هه‌نده‌كانیان ده‌كه‌مه‌وه‌، هه‌میشه‌ پێموایه‌ حه‌قیقه‌ته‌ قووڵه‌كان ململانێی یه‌كتر ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ی بۆ من ته‌واوه‌، بۆ ئه‌ویدیكه‌ ده‌شێ‌ پڕ بێت له‌ كه‌موكوڕی. كه‌واته‌ هیچ ناوكۆییه‌ك له‌ یه‌ك ره‌گه‌ز پێكنه‌هاتووه‌، ناتوانین له‌ هیچ ناوكۆییه‌ك بگه‌ین، ئه‌گه‌ر ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی نه‌كه‌ینه‌ قوربانی، كه‌واته‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی مۆڕان بۆی ده‌چێت واقیع په‌یوه‌سته‌ و له‌ هه‌مان كاتدا لێكجیاشه‌، واقیع ده‌كه‌وێته‌ نێوان ناوكۆیی كراوه‌ و ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی، ناسنامه‌ش هه‌میشه‌ به‌ ئاوێته‌یی ده‌مێنێته‌وه‌.

هه‌ولێر 17/7/2017




زنجیره‌یه‌ك گوتار له‌ باره‌ی ناسنامه‌ (3-7) … دایوشی شایگان

رووه‌كانی ناسنامه‌
عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا

“تاكه‌ كلیلێكی ئه‌فسانه‌یی بۆ كردنه‌وه‌ی هه‌موو دنیاكان بوونی نییه‌”

———————–

داریوشی شایگان نوسه‌ر و بیریاری ئیرانی له‌ 24ی كانوونی دووه‌می ساڵی 1935 له‌ شاری (تاران) له‌ باوكێكی ئازه‌ری (توركی- ئیرانی) شیعه‌ و دایكێكی سوونه‌ مه‌زهه‌ب له‌ دایكبووه‌، خانه‌واده‌كه‌یان به‌ زمانی جۆرجی و رووسی و توركی و فارسی قسه‌یان كردووه‌، ئه‌و جۆراوجۆرییه‌ی زمان كاریگه‌ری زۆری له‌ سه‌ر شایگان دروستكردووه‌! شایگان له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ده‌چێته‌ قوتابخانه‌یه‌كی فڕه‌نسی له‌ تاران و هه‌ر له‌ زووه‌وه‌ فێری زمانی فڕه‌نسی ده‌بێت، له‌ ته‌مه‌نی پانزه‌ ساڵیدا ده‌چێته‌ وڵاتی بریتانیا له‌ شاری (له‌نده‌ن) درێژه‌ به‌ خوێندن ده‌دات، بۆ رازیكردنی خواستی خانه‌واده‌كه‌ی له‌ شاری (ژنێف) خوێندنی پزیشكی هه‌ڵده‌بژێرێت، به‌ڵام حه‌ز له‌و رشته‌یه‌ ناكات و ناتوانێ‌ درێژه‌ی پێبدات، زێتر مه‌یلی له‌ ئه‌ده‌ب و هونه‌ر و فه‌لسه‌فه‌ ده‌بێت، به‌ڵام بوێری ئه‌وه‌ی نییه‌، دژی خواسته‌كانی باوكی بێته‌وه‌، هه‌رچۆنێ‌ بێت خۆی له‌ كۆلیژی زانسته‌ سیاسییه‌كان ده‌بینێته‌وه‌، وه‌ك خۆی ده‌ڵێت له‌ شاری ژنێفه‌وه‌ چالاكییه‌ زانستییه‌كانی درێژه‌ پێده‌دات، له‌ هه‌مان كاتیشدا هه‌ر له‌وێ‌ له‌ ماف و فه‌لسه‌فه‌ و زانستی زمان ده‌خوێنێ‌، په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌و له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان دروست ده‌كات و له‌ كۆڕه‌كانی (ژان پیاجێ‌) و (كارل گۆستاف یۆنگ) ئاماده‌ ده‌بێت، پێش ده‌رچوونی له‌ كۆلێژی ژنێف به‌ دوو ساڵ هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ هاوڕێی كۆلیژ له‌ به‌شی زانسته‌كانی جوانی خاتوو (فه‌ریده‌ زه‌ندیه‌) ده‌كات… هه‌موو تواناكانی خۆی له‌ زانسته‌كانی ئایین به‌كار ده‌هێنێ‌ و له‌ ساڵی 1967 كتێبێك به‌ زمانی فارسی به‌ ناوی (ئایین و قوتابخانه‌ی فه‌لسه‌فی هیندی) له‌ دوو به‌رگدا به‌ چاپ ده‌گه‌یه‌نێت.

داریوشی شایگان له‌ (سۆربۆن) پله‌ی ماجستێر و دواتر دكتۆرا له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی ئایینه‌كانی هیندی و فه‌لسه‌فه‌ی به‌راوردكاری به‌ ده‌ست ده‌هێنێ‌، تێزه‌كه‌ی له‌ ژێر ناونیشانی (په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئایینه‌ هیندییه‌كان و سۆفیگه‌ری…)دا ده‌نوسێت، پێیوایه‌ جه‌وهه‌ری ئایینه‌كان له‌ به‌یه‌كگه‌یشتنی هه‌موو لقه‌كان و ده‌سته‌واژه‌ مه‌عنه‌وییه‌كاندا خۆی ده‌بینێته‌وه‌!
بۆ جاری دووه‌م له‌ ساڵی 1962 په‌یوه‌ندی به‌ زانكۆی تاران ده‌كات و تا ساڵی 1980 هه‌موو چالاكییه‌كانی خۆی له‌و زانكۆیه‌دا له‌ زمانی سانسكریتی و بیروڕا و فیكره‌ هیندییه‌كان و فه‌لسه‌فه‌ی فیدائی و بوزی و یۆگا و دانایی عیرفانی سه‌رف ده‌كات، دوای سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی ئیمام خومه‌ینی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ فڕه‌نسا…

شایگان بیریارێكی فره‌ مه‌عریفه‌یه‌ و هه‌میشه‌ به‌ شێوه‌ ئاسۆیی و ستوونی بیری خۆی به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ده‌بات و له‌ سه‌ر نوێكردنه‌وه‌ی بیركردنه‌وه‌كانی كار ده‌كات، به‌ ئاشكرا ده‌ڵێت من به‌رده‌وام له‌ گۆڕان و پێگه‌یشتندام، وه‌ك چۆن ده‌ڵێت ئه‌گه‌رچی هاوڵاتی ئیرانی بیركردنه‌وه‌كانی خۆی به‌ ده‌گمه‌ن ده‌گۆڕێ‌، به‌ڵام من بیركردنه‌وه‌كانم له‌ گۆڕانی به‌رده‌وامدان و وه‌ستانیان نییه‌! شایگان ده‌ڵێت سه‌یره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ هه‌تا ئێستاش گه‌وره‌ترین بیریارمان شاعیره‌كانمانن و نوێترینیان حافزی شیرازییه‌، كه‌ حه‌فسه‌د ساڵ پێش ئێستا ژیاوه‌، نامه‌وێ‌ خراپ له‌ قسه‌كانم بگه‌ن، من نامه‌وێ‌ له‌ نرخی ئه‌وان كه‌م بكه‌مه‌وه‌، جه‌لاله‌دینی رۆمی، حافزی شیرازی… دنیای ئه‌وان له‌گه‌ڵ دنیای ئێمه‌ ته‌واو جیاوازه‌، پێویسته‌ بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی ئه‌و دنیایه‌ خۆمان به‌ مه‌عریفه‌ی نوێ‌ پڕ چه‌ك بكه‌ین، چونكه‌ تاكه‌ كلیلێكی ئه‌فسانه‌یی بۆ كردنه‌وه‌ی هه‌موو دنیاكان بوونی نییه‌! بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و دنیایه‌ بخوێنیته‌وه‌ پێویستت به‌ پله‌به‌ندكردنی هه‌یه‌، ناشێ‌ شته‌كان تێكه‌ڵ به‌یه‌ك بكه‌ین.

ناسنامه‌ و ئاژاوه‌

ناسنامه‌ قسه‌ی زۆری لێكراوه‌ و یه‌كێكه‌ له‌ بابه‌ته‌ پڕ ئیشكاله‌كانی دنیای هاوچه‌رخ، وه‌ك چۆن بیروڕای زۆر لێكنزیك له‌و باره‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ راڤه‌كردنی زۆر جیاواز و جۆراوجۆریشی هه‌ڵگرتووه‌… داریوشی شایگان له‌ كتێبی (ناسنامه‌ به‌ چل روو)ه‌وه‌ قسه‌ له‌ ناسنامه‌ وه‌ك رووه‌كی ریزۆمییه‌ یان جه‌زموور ده‌كات، ئه‌و وشه‌یه‌ بنه‌ڕه‌تێكی لاتینی هه‌یه‌، مانای به‌ن، داو ده‌دات، ئاماژه‌یه‌ بۆ داوه‌كان و چنین، تۆڕ و تێكئاڵان و تانوپۆی داوه‌كان، ئه‌و قسه‌كردنه‌ بۆ ناوی جۆرێك له‌ رووه‌ك ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ “ریزۆمییه‌-Rhizomatique” قاچه‌كانی له‌ ژێر گڵ به‌ شێوه‌یه‌كی ئاسۆیی درێژ ده‌بێته‌وه‌، لێپرسراوه‌ به‌رانبه‌ر گه‌شه‌ی ئه‌و رووه‌كه‌، هه‌موو ساڵێ‌ خۆی نوێ‌ ده‌كاته‌وه‌، له‌ سه‌ره‌وه‌ش به‌ شێوه‌یه‌كی دیار و به‌رده‌وام هه‌موو شتێك ده‌خاته‌ نێوه‌خۆیه‌وه‌، رزگاربوون لێی مه‌حاڵه‌، هه‌تا ئه‌گه‌ر بیبڕیته‌وه‌ش، چونكه‌ نه‌ سه‌ره‌تای هه‌یه‌ و نه‌ كۆتایی، نه‌ ئه‌سڵی هه‌یه‌ و نه‌ ئامانج، هیچ نییه‌ جگه‌ له‌ ریشاڵ، به‌شێكی بچووك له‌و رووه‌كه‌ ده‌شێ‌ گه‌شه‌ بكات و نوێ‌ بێته‌وه‌ و به‌رده‌وام بێت. ئه‌و وشه‌یه‌ له‌ سه‌رده‌می ئه‌فلاتووندا بۆ سه‌یركردنی جه‌سته‌ و مێشك به‌ كار هێنراوه‌… (ژیل دۆلۆز Gilles Deleuze 1926-1995)ی فه‌یله‌سوف وه‌ك شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كانی بوونی جۆراوجۆر ته‌ماشای ده‌كات و ئه‌و وشه‌یه‌ی دژ به‌ فه‌لسه‌فه‌ی دیكارت كه‌ خه‌ریكی دامه‌زراندن و ره‌گداكوتان بووه‌، هه‌روه‌ها دژ به‌ فه‌لسه‌فه‌ی هیگل كه‌ درێژه‌ به‌ جوله‌ و نه‌شونما ده‌دات و ئامانجدار خۆی ده‌نوێنێ‌ به‌ كاری هێناوه‌، تاكو له‌ ئۆڕگانییه‌ت و رێكخستن و ئامانجگه‌رایی رزگاری ببێت.

له‌ قسه‌كردن له‌ باره‌ی ئاڵۆزی ناسنامه‌ وه‌ك ئاڵۆزی رووه‌كی ریزۆمییه‌وه‌، قسه‌كردنه‌ به‌ پێی خێرایی زه‌مه‌ن و رۆشنبیریی و دنیای تازه‌گه‌رییه‌وه‌. له‌ به‌دواداگه‌ڕانی ناسنامه‌دا ده‌كه‌وینه‌ ئاژاوه‌یه‌كی گه‌وره‌وه‌، وه‌ك چۆن رووه‌كی ریزۆمی وێڵمان ده‌كات! ئه‌مڕۆ ناسنامه‌ كۆمه‌ڵێك رووه‌ له‌ یه‌ك كاتدا، ئه‌مڕۆ هه‌موو شته‌كان له‌ یه‌ك زه‌مه‌ندا ده‌رده‌كه‌ون، به‌مجۆره‌ش ژیاری له‌ دنیادا هیچ هاوگونجانێ‌ به‌ خۆوه‌ نابینێ‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو جیاوازییه‌ رۆشنبیرییه‌ جۆراوجۆره‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ژیارییه‌كی جیهانی گه‌وره‌ ده‌ركه‌وتووه‌، ئه‌و ژیارییه‌ جیهانییه‌ به‌رجه‌سته‌كردنی ته‌كنه‌لۆجیایه‌، ته‌كنه‌لۆجیا هه‌موو ماناكان له‌ خۆیدا ون ده‌كات و به‌ره‌و وێرانه‌یی ده‌بێته‌وه‌، به‌و مانایه‌ش دنیای هاوچه‌رخ هیچ ئامانجێكی له‌ پێشدا نه‌ماوه‌، جگه‌ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ دوێنێ‌ و چاوپێداخشانه‌وه‌ی دوێنێ‌ نه‌بێت…

له‌ دنیادا ئه‌وه‌ فره‌یی رۆشنبیرییه‌ وای كردووه‌ له‌ دوو رووه‌وه‌ قسه‌ له‌ ناسنامه‌ بكه‌ین، یه‌كه‌میان تاك ناسنامه‌یی و تاك رۆشنبیریی، دووه‌میان فره‌ ناسنامه‌یی و فره‌ رۆشنبیریی، ئه‌مڕۆ ئه‌و قسه‌كردنه‌، قسه‌ی كۆمه‌ڵگای یه‌كگرتووه‌ وله‌ هه‌مان كاتدا قسه‌ی كۆمه‌ڵگای جۆراوجۆر و فره‌یه‌! هه‌موو ئه‌و شێوه‌ قسه‌كردنانه‌ش په‌یوه‌ندییه‌كی راسته‌وخۆی به‌ په‌روه‌رده‌ و فێركردنه‌وه‌ هه‌یه‌. دایوشی شایگان له‌و كتێبه‌دا بایه‌خێكی زۆری به‌ دیالۆگ و مه‌یله‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و وڕێنه‌كانیان ده‌دات و پێیوایه‌ هه‌ندێجار قسه‌كردن له‌ ناسنامه‌ به‌ره‌و بنبه‌ستبوون و به‌ به‌ردبوون ده‌به‌ن، چونكه‌ مرۆڤی ناسیونالی له‌گه‌ڵ زمان و مه‌سه‌له‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و مه‌سه‌له‌ تازه‌گه‌رییه‌كان به‌یه‌كداده‌چێت. به‌و مانایه‌ش شایگان بڕوای به‌ ناسنامه‌ هه‌جین هه‌یه‌.

ناسنامه‌ به‌ چل رووه‌وه‌

ناونیشانی كتێبه‌كه‌ی داریوشی شایگان له‌ بنه‌ڕه‌تدا ناونیشانی شانۆگه‌رییه‌كی (فۆلكلۆر)ی ئیتاڵییه‌، له‌و شانۆگه‌رییه‌ پاڵه‌وانه‌كه‌ جلێ‌ له‌ چل پارچه‌ی جیاواز ده‌پۆشێ‌ و هه‌ر پارچه‌ی به‌ ره‌نگێكه‌. له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌و ناونیشانه‌وه‌ پێمان ده‌ڵێت مرۆڤی ئه‌مڕۆ ئه‌گه‌رچی ناچاره‌ وه‌ك تاك و به‌ یه‌ك روو ده‌ربكه‌وێت، به‌ڵام له‌ ناوه‌وه‌ جۆراوجۆره‌ و پڕه‌ له‌ وه‌هم و تارمایی و پڕه‌ له‌ نه‌گوتن و بێده‌نگی، پڕه‌ له‌ چێژ و ژانوژوار… كه‌واته‌ ئه‌گه‌رچی ناچاره‌ تاكه‌ ناسنامه‌یه‌ك بخاته‌ گیرفانییه‌وه‌، به‌ڵام حه‌ز ده‌كات هه‌ڵگری چه‌ندین رووی جۆراوجۆری ناسنامه‌ بێت! مرۆڤی ئه‌مڕۆ له‌ فه‌زایه‌كی جۆراوجۆر پێده‌گات، فه‌زایه‌ك كه‌ هیچ شتێكی تێدا روون و ئاشكرا نییه‌، هیچ كاتێك ناتوانین بۆ یه‌ك ره‌گ بگه‌ڕێنینه‌وه‌، ئێمه‌ ئه‌مڕۆ ناتوانین به‌ ته‌نیا له‌ زه‌وییه‌كی داخراودا بژین، له‌ ناوه‌وه‌ی مرۆڤی ئه‌مڕۆدا مێژووی مرۆڤایه‌تی كۆ بۆته‌وه‌.

ناسنامه‌ له‌ فه‌زای ئیسلامی (عه‌ره‌بی، ئیرانی، توركی…) شوێنێكی پڕ بایه‌خی داگیر كردووه‌، ئه‌گه‌رچی ئایین پاڵپشتێكی رووتی ناسنامه‌ نییه‌! ناسنامه‌ له‌ دنیای ئه‌مڕۆدا كراوه‌یه‌ به‌ سه‌ر هه‌موو ناشیرینی و جوانییه‌كان و پێتاندن و تێكه‌ڵابوونه‌كان و لێكجیابوونه‌وه‌ و پارچه‌ پارچه‌بوونه‌كان و گۆڕانكارییه‌كان… هه‌موو ئه‌وانه‌ش ده‌لاله‌ت له‌ به‌ وه‌همبوونی دنیا و به‌ تارمایی بوونی دنیا ده‌كه‌ن، وه‌همه‌كانی دنیا و تارماییه‌كانی له‌ ناوه‌وه‌ی مرۆڤ ره‌نگی داوه‌ته‌وه‌، مرۆڤی هاوچه‌رخ تا پله‌ی ته‌قینه‌وه‌ چالاكه‌.
ئه‌مڕۆ دنیا له‌ به‌رانبه‌ر كرانه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ و قه‌یرانێكی ئاوێته‌ و كراوه‌ دایه‌، كه‌ ناتوانین بیری لێبكه‌ینه‌وه‌ و ده‌ستی به‌زه‌یی بۆ درێژ بكه‌ین، ئه‌مڕۆ دنیا له‌ كۆنترۆڵ ده‌رچووه‌، مرۆڤ له‌ كۆنترۆڵ ده‌رچووه‌، چۆن ده‌شێ‌ چاره‌سه‌ریان بۆ بدۆزینه‌وه‌! مرۆڤ كۆنترۆڵی خۆی ونكردووه‌، عه‌قڵ تراژیدیای لێ‌ ون بووه‌، مرۆڤ له‌ دنیا ون بووه‌، عه‌قڵ له‌ ته‌كنه‌لۆجیادا ون بووه‌، هاوشانی به‌ره‌وپێشچوونه‌كانی ته‌كنه‌لۆجیا مه‌یلێكی رۆحی له‌ جوله‌ دایه‌، بۆ نموونه‌ فاڵگرتنه‌وه‌، به‌و مانایه‌ش بڕوامان به‌ عه‌قڵ له‌ق بووه‌، هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی له‌ ناوه‌وه‌مان روو ده‌ده‌ن، هه‌ر ته‌نها مه‌یلی رۆحی نییه‌، به‌ڵكو سووربوونه‌ له‌ سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌فسانه‌كان.

مرۆڤ بیری له‌وه‌ نه‌ده‌كرده‌وه‌، كه‌ دنیا به‌و شێوه‌یه‌ رووبه‌ڕووی ته‌قینه‌وه‌ی زۆربوونی كۆمه‌ڵه‌ و ئایینه‌كان و نیمچه‌ ئایینه‌كانی كۆمه‌ڵگای خۆرئاوایی بێته‌وه‌! هه‌ر له‌ ساڵی (1992)ه‌وه‌ نزیكه‌ی چوار ملیۆن نوسخه‌ له‌ كتێبی فیكری (بنه‌چه‌ ئایینزاكانی كه‌نیسه‌ی كاسۆلیكی) فرۆشراوه‌، كه‌چی رۆمانی ئه‌فسانه‌ئامێزی (كیمیاگه‌ر)ی پاولۆ كۆیلۆ ده‌ ملیۆنی لێفرۆشراوه‌… ئه‌وه‌ پێمانده‌ڵێت دنیای ئه‌مڕۆ بۆ مه‌یلی رۆحانیی و ئه‌فسانه‌ و جۆرێك له‌ سه‌رسامبوون به‌ خورافات ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، بۆ عه‌قڵ و فیكر و به‌دواداچوونی فیكری ناگه‌ڕێته‌وه‌، بۆ مه‌سه‌له‌ ناعه‌قڵانییه‌كان و خورافات ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، بۆ به‌ پیرۆزراگرتن و كڕنووشبردن بۆ شته‌ نادیاره‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، بۆ مه‌یڵی منداڵانه‌ی سه‌یر سه‌یر…
یه‌كێك له‌ دیارده‌كانی شۆڕشی ته‌كنه‌لۆجیا دروستكردنی گۆڕانكارییه‌ له‌ ناوه‌وه‌ی مرۆڤ، ئه‌مڕۆ ته‌كنه‌لۆجیا له‌ حه‌قیقه‌ته‌وه‌ ده‌مانگوازێته‌وه‌ بۆ مه‌جاز، به‌ره‌و واقیعێكمان ده‌بات، كه‌ تێیدا كات و شوێن ده‌توێته‌وه‌، زه‌مان و مه‌كان به‌نێویه‌كدا چڕ ده‌بنه‌وه‌ و ده‌مانخه‌نه‌ واقیعێك له‌ حه‌قیقه‌تی هه‌نووكه‌یی راسته‌وخۆ، جۆرێك له‌ ده‌رككردن و وێنه‌ و ناسنامه‌ی هه‌ڵواسراومان بۆ به‌رجه‌سته‌ ده‌كات، مرۆڤی ئه‌مڕۆ ده‌كه‌وێته‌ به‌رانبه‌ر ره‌نگدانه‌وه‌ی ناسنامه‌ و ناسنامه‌ی مه‌جازی و ناسنامه‌ی دیجیتالی…

دنیای ئه‌مڕۆ دنیای كه‌وتنی بیركردنه‌وه‌ و ده‌ركه‌وتنی بینینه‌، دنیای گواستنه‌وه‌یه‌ له‌ ناوه‌وه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌، لێره‌ بۆ ئه‌وێ‌… ئه‌مڕۆ مرۆڤ له‌ بوونه‌وه‌رێكی پشتبه‌ستوو به‌ گشت، گوازراوه‌ته‌وه‌ بۆ بوونه‌وه‌رێكی پشتبه‌ستوو به‌ ته‌كنه‌لۆجیا، ترسی ته‌كنه‌لۆجیا كۆتایی بۆ نییه‌. داریوشی شایگان پێیوایه‌ ئه‌مڕۆ دنیا هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ و پێچه‌وانه‌ بۆته‌وه‌ و پڕبووه‌ له‌ نێودژی، هه‌موو ئه‌و نێودژییانه‌ دنیایان شێواندووه‌ و هاوسه‌نگیان بۆ هیچ شتێك نه‌هێشتۆته‌وه‌، ئه‌مڕۆ له‌ دنیادا هیچ شتێك دیار و زانراو نییه‌، هیچ بابه‌تێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ له‌و دنیایه‌دا بوونی نه‌ماوه‌. دنیای ئه‌مڕۆ ئه‌گه‌چی له‌ لایه‌ك دنیای داهێنان و به‌رهه‌مهێنانه‌ و خۆی ئاوێنه‌یی ده‌نوێنێ‌، به‌ڵام به‌ دیوه‌كه‌ی دیكه‌ دنیای پارچه‌ پارچه‌بوون و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ و وێرانبوونی ده‌رككردن و دنیابینی و به‌ها و بیروڕا و ئایدیۆلۆژیایه‌… شایگان ده‌ڵێت خۆرئاوا هه‌م ده‌رده‌ و هه‌م ده‌رمانه‌، ناسنامه‌ش هه‌زاران روو و یه‌ك رووی هه‌یه‌، به‌ هه‌زاران رێگا و رێگایه‌ك خۆی ده‌شارێته‌وه‌، به‌ مانایه‌كی دیكه‌ بوونی ناسنامه‌ بێ‌ ژماره‌ و پڕه‌ له‌ شیانه‌یی و ئاوێته‌بوون و نواندنكاری…

هه‌ولێر 19/7/2017




زنجیره‌یه‌ك گوتار له‌ باره‌ی ناسنامه‌ (2-7) … جۆدیس بتله‌ر


جۆدیس بتله‌ر
ناسنامه‌ و خود
عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا

————————–

ژنه‌ فه‌یله‌سوفی ئه‌مریكی (جۆدیس بتله‌ر-Judith Butler) له‌ 24ی شوباتی 1956 له‌ كلیفلاندی هه‌رێمی ئۆهایۆ له‌ دایكبووه‌، دكتۆرای له‌ زانكۆی (ییل) له‌ وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا به‌ ده‌ستهێناوه‌، ناونیشانی تێزه‌كه‌ی (بابه‌ته‌كانی ئاره‌زوو: رامانی هیگلیانه‌ له‌ فڕه‌نسای سه‌ده‌ی بیسته‌م) له‌ ساڵی (1987) وه‌ك كتێب چاپكراوه‌… بتله‌ر سه‌ر به‌ قوتابخانه‌ی دوای بونیادگه‌رییه‌ و له‌ نه‌وه‌ی سێیه‌م ده‌ژمێردرێت، وه‌ك یه‌كێك له‌ گرنگترین فه‌یله‌سوفه‌ ره‌خنه‌گره‌كانی ئه‌و (30) سی ساڵه‌ی دوایی ناوبانگی ده‌ركردووه‌، له‌ باره‌ی چه‌مكه‌كانی خود و ره‌گه‌ز و زمان و ده‌روون و سێكسگه‌رایی نوێ‌… كار ده‌كات، كێشه‌ فیمنستییه‌كان به‌ ئاسۆی فه‌لسه‌فییه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌، میتۆدی جۆراوجۆری وه‌ك شیكاری ده‌روونی و میتا فه‌لسه‌فه‌ و میتا نوێگه‌ری له‌ كاره‌كانیدا ئیش پێده‌كات… ساڵی (2012) خه‌ڵاتی (تیۆدۆر ئه‌دۆرنۆ 1903– 1969)ی له‌ بواری فه‌لسه‌فه‌ی باڵا به‌ به‌های (50000) په‌نجا هه‌زار یۆرۆ وه‌رگرتووه‌، ئه‌و خه‌ڵاته‌ هه‌ر له‌ ساڵی (1977)ه‌وه‌ له‌ شاری (فڕانكفۆڕت)ی ئه‌ڵمانی سێ‌ ساڵ جارێك ده‌درێته‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ بواره‌كانی فه‌لسه‌فه‌ و موزیكا و شانۆ و فیلم، به‌خششی جیاواز و دیاریان هه‌یه‌، ئێستا مامۆستای ره‌وانبێژی و ئه‌ده‌بی به‌راوردكارییه‌ له‌ زانكۆی كالیفۆرنیای وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا.
فه‌یله‌سوفی ئه‌مریكی جۆدیس بتله‌ر له‌و كتێبانه‌ی له‌ باره‌ی خود و ناسنامه‌، زمان و كۆمه‌ڵگا… نوسیویه‌تی، ده‌ڵێت:
ده‌شێ‌ زۆر شت له‌ زمانی رۆژانه‌مان فێر بین، چونكه‌ ئه‌وه‌ پێكهاته‌كانی زمانی رۆژانه‌یه‌، رێگاكانی بیركردنه‌وه‌مان دیاری ده‌كات… له‌ باره‌ی پرسیاره‌كانی خود چییه‌؟ جێنده‌ر چییه‌؟ چۆن به‌ شێوه‌یه‌كی ره‌خنه‌گرانه‌ لێیان نزیك بینه‌وه‌، میكانیزمه‌ سیاسییه‌كان چیین؟ ده‌ڵێ‌ هه‌موو ئه‌و پرسیاره‌ ئالۆزانه‌ ته‌نها له‌ رێگای گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ پرسی زمان ده‌توانین لێیان نزیك بینه‌وه‌! زمان هه‌ر به‌رهه‌مهێنه‌ری ده‌لاله‌ت و به‌رهه‌مهێنه‌ری مانا نییه‌، به‌ڵكو هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌ زماندا ده‌ڕوا وه‌ك “ئامرازی ره‌تاندن” رێگا له‌ خود ده‌گرێ‌ قسه‌ی خۆی بكات، به‌مجۆره‌ دنیا به‌ره‌و ئاژاوه‌یه‌كی زمانه‌وانی و ده‌قگه‌رایی ده‌بێته‌وه‌، خودی ئێمه‌ش به‌ره‌و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌، ئه‌و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌یه‌ش ده‌كه‌وێته‌ نێوان ئێمه‌ و ئه‌وان، نێوان ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگا.

بۆ ئه‌وه‌ی مه‌عریفه‌ له‌ باره‌ی كۆمه‌ڵگاوه‌ به‌ ده‌ست بهێنین، پێویسته‌ له‌لایه‌ك پارێزگاری له‌ كۆمه‌ڵگا بكه‌ین و بۆشاییه‌كانی نێوان كۆمه‌ڵگا و ده‌وڵه‌ت پڕ بكه‌ینه‌وه‌، له‌ لایه‌كی دیكه‌ پێویسته‌ به‌رگری له‌ ده‌وڵه‌تێكی مۆدێرن بكه‌ین، به‌و مانایه‌ی كه‌ ئازادی و دادپه‌روه‌ری و یه‌كسانی پراكتیزه‌ ده‌كات! كۆمه‌ڵگا تاقیگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ناسنامه‌یه‌، ئه‌و قسه‌یه‌ به‌و مانایه‌ دێ‌، كه‌ كۆمه‌ڵگا تاقیگه‌ی ناسنامه‌ی خوده‌كانی بێت، تاقیگه‌ی ئاره‌زووی تاكه‌كانی بێت، چۆن كۆمه‌ڵگا دان به‌ ئاره‌زووه‌كانی من داده‌نێت، كێ‌ پێوانه‌ بۆ ئاره‌زووه‌كانی من دیاری ده‌كات، چۆن كۆمه‌ڵگا وه‌ك ئاره‌زووكه‌ری شتێك، كه‌ بۆم نه‌شیاوه‌، مامه‌ڵه‌م له‌گه‌ڵدا ده‌كات؟! هه‌موو ئه‌و گیروگرفتانه‌ی دووچاری په‌یوه‌ندی نێوان خود و كۆمه‌ڵگا دێت، تووندوتیژییه‌كی ره‌ها ده‌خاته‌وه‌، هه‌موو ئه‌وانه‌ش په‌یوه‌ندییان به‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ هه‌یه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاته‌ په‌یوه‌ندی من و ئه‌ویدیكه‌ رێكده‌خات! ئێمه‌ ده‌كه‌وینه‌ دووتوێی كۆمه‌ڵێك پێوانه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌، پێویسته‌ ئه‌ویدیكه‌ وه‌ك خۆی ته‌ماشا بكه‌ین، نه‌ك وه‌ك چۆن ئێمه‌ ده‌یبینین، نه‌ك به‌پێی ئه‌و چوارچێوه‌یه‌ی بۆی رێكده‌خرێت… به‌و مانایه‌ش رێساكان كار له‌ سه‌ر ئاڕاسته‌كردنی ره‌فتاری من ناكه‌ن، به‌ڵكو ئه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاته‌ شیانه‌یی نێوان من و ئه‌ویدیكه‌ ده‌سه‌پێنێ‌! یه‌كێك له‌ ره‌خنه‌كانی جۆدیس بتله‌ر له‌ ئه‌دۆرنۆ ئه‌وه‌یه‌، ئه‌دۆرنۆ بایه‌خی ده‌سه‌ڵات له‌ چاره‌نووسی خود و سنووره‌كانی خود پشتگوێ‌ ده‌خات.

ناسنامه‌ و خود له‌ پێدراوه‌ پێشییه‌كان نیین، به‌ڵكو تێكئاڵاون و ده‌كه‌ونه‌ هه‌بوونگه‌راییه‌كی بێ‌ كۆتاییه‌وه‌! واته‌ بتله‌ر خود وه‌ك تاك سه‌یر ناكات، به‌ڵكو وه‌ك بونیادی زمانه‌وانی له‌ حاڵه‌تی پێكهاتن ده‌بینێ‌، به‌و مانایه‌ش هه‌میشه‌ ده‌توانین خودی خۆمان به‌ رێگای جۆراوجۆر له‌ نوێوه‌ به‌رهه‌م بهێنینه‌وه‌، وه‌ك چۆن ده‌توانین ناسنامه‌ی فره‌ چه‌شنی خۆمان به‌ هه‌مان رێگا به‌رهه‌م بهێنینه‌وه‌، كه‌واته‌ هه‌میشه‌ گیرگرفتی ناسنامه‌ په‌یوه‌ندی به‌ گیروگرفتی خوده‌وه‌ هه‌یه‌، گیرگرفتی خودیش په‌یوه‌ندی به‌ كۆمه‌ڵگا و كۆمه‌ڵگاش به‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ به‌نده‌.
بتله‌ر پرسی جیاوازی پێكهاته‌ی ناسنامه‌ و خودگه‌رایی به‌رز ده‌كاته‌وه‌ و ناسنامه‌ی یه‌ك ره‌نگ، به‌ رۆشنبیریی نێرسالاری و بنه‌مای بایۆلۆجی پێشینه‌ و جێگیربوون ده‌به‌ستێته‌وه‌، به‌ دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش پۆلینكردنی ناسنامه‌ له‌ سه‌ر بنه‌مای لادانی سێكسی نێر و مێ‌ ده‌خاته‌ به‌ر ره‌خنه‌ی فه‌لسه‌فییه‌وه‌… ئه‌و ته‌ماشاكردنه‌ جۆراوجۆر خۆی ده‌نوێنێ‌ و پشت به‌ بیروبۆچوونی هه‌ر یه‌ك له‌ لاكان و فۆكۆ و ئاڵتۆسێر و دریدا و هتد ده‌به‌ستێت… له‌ زۆر جێگادا (ژاك لاكان 1901-1981) ده‌ڵێت ناسنامه‌ به‌رهه‌می قۆناغی ره‌مزی و پێشینه‌ی خودی مرۆڤه‌، ئه‌و كاته‌ی كه‌ بونیادی زمان به‌شێكه‌ له‌و خوده‌، به‌ڵام (سیمۆن دوبۆڤوار 1908- 1986) له‌ كتێبه‌كه‌ی (ره‌گه‌زی دووه‌م)دا ده‌ڵێت ژن ژنانه‌ له‌ دایك نابێت، به‌ڵكو به‌ ژن ده‌كرێت!

لێره‌دا (لوی ئاڵتۆسێر 1918-1990) به‌رگری له‌و تێزه‌ی خۆی ده‌كات، كه‌ ده‌ڵێت ناسنامه‌ ئه‌نجام و به‌رجه‌سته‌كردنی تۆڕێكه‌ له‌ ده‌زگا ئایدیۆلۆجییه‌كانی ده‌وڵه‌ت، جا چ سه‌ركوتكه‌ر بێت، یان دامه‌زراوه‌ ئاره‌زوومه‌ندخوازه‌كان بێت… هه‌ر چۆنێ‌ بێت ناسنامه‌ به‌ رۆشنبیریی و زمان و به‌های كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌زگا ئایدیۆلۆجییه‌كانی ده‌وڵه‌ته‌وه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌، به‌ قسه‌ی ئاڵتۆسێر بێت، ناسنامه‌ هه‌میشه‌ ده‌كه‌وێته‌ ته‌ڵه‌ی پاشكۆییه‌تی و ناچارییه‌وه‌! پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر ناسنامه‌ هه‌میشه‌ به‌رهه‌م و ده‌رئه‌نجام بێت، چۆن هه‌ڵگرانی سه‌ربه‌خۆی خۆیان ده‌پارێزن؟ چۆن له‌ سته‌م و ناچاری و زۆرلێكردن دوور ده‌كه‌ونه‌وه‌؟ جۆدیس بتله‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ ره‌خنه‌ له‌ ئاڵتۆسێر و حه‌تمیه‌تی ئایدیۆلۆجی ده‌گرێ‌ و پێوایه‌ ده‌شێ‌ رێگایه‌ك بۆ ده‌ربازبوون له‌ سته‌م و ناچاری ناسنامه‌ بدۆزینه‌وه‌، به‌ هۆی ره‌خنه‌گرتن له‌ شێوه‌كانی هه‌ژموونگه‌رایی ده‌وڵه‌تی مۆدێرن و ناچاركردنی كۆمه‌ڵگا و تاك به‌ حه‌قیقه‌تی ته‌مومژاوی، به‌ یاسا و رێسای سته‌مگه‌رانه‌، یان قبوڵنه‌كردنی حه‌قیقه‌تی سیاسی و یاسا سته‌مكاره‌كانی ده‌وڵه‌ت… هه‌ر له‌و باره‌شه‌وه‌ ده‌نوسێت رێسا و ده‌زگاكانی ده‌وڵه‌تی مۆدێرن كار له‌ سه‌ر ره‌فتاری تاك ناكه‌ن، به‌ڵكو بڕیاری جۆرێك له‌ شیانه‌یی له‌ نێوان تاك و ئه‌ویدیكه‌ و ده‌وڵه‌تدا ده‌ده‌ن! وه‌ك ده‌بینین ره‌خنه‌كانی ده‌كه‌ونه‌ چوارچێوه‌ی مافی هاوڵاتیبوون و ئازادی و یه‌كسانی و رێزگرتنی ئه‌ویدیكه‌ و نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌، چونكه‌ ناچاركردن و بێرێزی نواندن ده‌بێته‌ سه‌ره‌تای تووندوتیژی و كۆتاییهێنان به‌ مافه‌كانی مرۆڤ.

به‌ڵام چۆن له‌ ناو ئه‌و هه‌موو ساخته‌ییه‌، ژیانێكی حه‌قیقی ده‌ژین؟ ئه‌دۆرنۆ پێیوایه‌ له‌ ناو ژیانی ساخته‌دا هیچ جۆره‌ ژیانێكی حه‌قیقی بوونی نییه‌، ژیانی حه‌قیقی له‌ ناو دنیایه‌كی پڕ له‌ نایه‌كسانی و ده‌ستبه‌سه‌راگرتن و ره‌تاندن دروست نابێت! لێره‌وه‌ بتله‌ر پرسیاری په‌یوه‌ندی ئه‌خلاق و تیۆری كۆمه‌ڵایه‌تی به‌رز ده‌كاته‌وه‌، كه‌واته‌ چۆن ده‌شێ‌ ژیانێك هه‌ڵبژێرین بێ‌ ئه‌وه‌ی وێنه‌كانی خۆی به‌سه‌رماندا بسه‌پێنێ‌؟

(هانا ئارنێت) به‌ پێی (مه‌رجی مرۆڤی مۆدێرن) ژیانی جه‌سته‌ و ژیانی عه‌قڵ لێكجیا ده‌كاته‌وه‌، وه‌ك چۆن جیاوازی ده‌خاته‌ نێوان فه‌زای گشتی و فه‌زای تایبه‌ت، فه‌زای تایبه‌ت به‌ دنیای پێداویستییه‌كان و به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی ژیانی ماددی و سێكس و مردن… له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دا و پێیوایه‌ فه‌زای تایبه‌ت له‌ رووی فیكر و چالاكییه‌وه‌ هاوكاری فه‌زای گشتی ده‌كات. له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ جۆدیس بتله‌ر ده‌ڵێ‌ بزاڤی سیاسی له‌ فه‌زای گشتیدا هه‌ر ته‌نها له‌ رێگای جه‌سته‌وه‌ به‌ ئه‌نجام ناگات، به‌ڵكو له‌ رێگای گۆرانی گوتن و دروشمبازی و رووكارخوازی به‌ ئه‌نجام ده‌گات، هه‌تا بێده‌نگی شه‌قامیش به‌شێك له‌ نواندنی سیاسییه‌، راسته‌ گوتار وه‌ك كرده‌یه‌كی جه‌سته‌یی له‌ دووتوێی چالاكی جه‌سته‌یه‌كی دیكه‌وه‌ دیاری ده‌كرێت، جه‌سته‌كان له‌ رێگای قسه‌كردنه‌وه‌ خۆیان ده‌نوێنن، به‌ڵام قسه‌كردن هه‌موو شتێك نییه‌، به‌ دڵنیایشه‌وه‌ بۆ جوله‌ی سیاسیش تاكه‌ شت نییه‌.

جۆدیس بتله‌ر له‌و كتێبه‌ی كه‌ به‌ زمانی فڕه‌نسی به‌ ناوی (به‌جه‌ماوه‌ربوون) چاپكراوه‌، پێیوایه‌ ئه‌و فه‌زا گشتییه‌ی به‌شێك له‌ سیاسه‌ت پێكده‌هێنێ‌ (دۆناڵد تڕه‌مپ)ی هێنا ناوه‌وه‌، پێیوایه‌ تڕه‌مپ شێوازێكی نوێیه‌ له‌ فاشییه‌ت، پێیوایه‌ ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی به‌ بینیی تڕه‌مپ دڵخۆشن، بۆ ئه‌و به‌جه‌ماوه‌ربوونه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌… ده‌یه‌وێ‌ بڵێت جه‌ماوه‌ر هه‌میشه‌ حه‌زی له‌ رووكارخوازی و دروشمبازی و گشتگه‌رایی و بێنرخكردنه‌، جه‌ماوه‌ر له‌گه‌ڵ كه‌شفكردن و بیركردنه‌وه‌ و به‌دواداچوون و تایبه‌تمه‌ندیدا نییه‌! دۆناڵد تڕه‌مپ له‌ رێگای میدیاوه‌ زیاد له‌ پێویست خۆی له‌ “سیاسه‌تی دوای حه‌قیقه‌ت” نزیك كردۆته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی راستی بخاته‌ ته‌مومژییه‌وه‌، واقیع و خه‌یاڵ تێكه‌ڵ به‌یه‌ك بكات… هه‌موو ئه‌وانه‌ش به‌ بڕوای هانا ئه‌رنێت خه‌سڵه‌تێكه‌ له‌ خه‌سڵه‌ته‌كانی گشتگه‌رایی.

جۆدیس بتله‌ر چه‌مكی داننان به‌ ئه‌ویدیكه‌ی هیگلی له‌ ژیانی سیاسی و فه‌لسه‌فی خۆیدا په‌ره‌ پێده‌دات، به‌ دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش كاریگه‌ری و شوێنی تایبه‌تی ئه‌و چه‌مكه‌ له‌ به‌رهه‌مه‌كانی دیاره‌! هه‌ر له‌ سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش پرسی ژیاندۆستی به‌رز ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌و ژیاندۆستییه‌ی (باروخ سپینۆزا Baruch Spinoza 1632-1677)ی فه‌یله‌سوفی هۆڵه‌ندی قسه‌ی لێكردووه‌، دژ ده‌كه‌وێته‌وه‌! چونكه‌ پێیوایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ئاره‌زووی خۆت بژی، پێویسته‌ دان به‌ ئه‌ویدیكه‌ی جیاوازدا بنێیت، به‌و مانایه‌ش مه‌سه‌له‌كه‌ هه‌ر ژیاندۆستی نییه‌، به‌ڵكو هه‌ڵبژاردنی ژیانێكی سه‌ربه‌خۆ و ئازادانه‌یه‌، ئه‌وه‌ش به‌ دیاریكراوی ده‌لاله‌ت له‌ به‌رجه‌سته‌كردنی پرسی ناسنامه‌ ده‌كات، به‌ڵام نه‌ك وه‌ك شتێكی جێگر و چه‌سپاو، به‌ڵكو ناسنامه‌ پێویسته‌ به‌ پێی بارودۆخی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا هه‌میشه‌ له‌ نه‌شونما دابێت!

ئه‌گه‌رچی هه‌موو ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌ هاوچه‌رخانه‌ی كار له‌ سه‌ر ناسنامه‌ ده‌كه‌ن، خود وه‌ك وێنه‌ی خود ته‌ماشا ده‌كه‌ن، چونكه‌ ئه‌وه‌ بونیادنانی خود و ئۆتۆكراتیه‌تی خوده‌… جه‌وهه‌ری ناسنامه‌ی تاك له‌خۆ ده‌گرێت، به‌و مانایه‌ش خود وێڕای تایبه‌تمه‌ندییه‌ جه‌سته‌ییه‌كان، ئاماژه‌ به‌ كۆی تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی (چێژ، مه‌یل،.. هتد) ده‌كات، لێره‌وه‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌ بنه‌ڕِه‌تییه‌كانی ناسنامه‌ ته‌ماشاكردنی خوده‌ به‌ شێوه‌یه‌كی پۆزه‌تیف، هه‌موو تاكێك له‌ ئێمه‌ به‌رانبه‌ر به‌ ده‌روونی خۆی و به‌رانبه‌ر به‌ ئه‌ویدیكه‌ هه‌ست به‌ گه‌شه‌كردنی پۆزه‌تیفانه‌ ده‌كات، ئه‌و هه‌ستكردنه‌ فاكته‌رێكی گرنگی ژیانی ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ سه‌ر بونیاد ده‌نرێت، به‌ڵام مه‌رج نییه‌ له‌ رێگای ئه‌ویدیكه‌وه‌ مه‌عریفه‌ی خود كامڵ بێت، مه‌عریفه‌ی خود مه‌رج نییه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ئه‌ویدیكه‌وه‌ هه‌بێت، مه‌عریفه‌ی خود به‌رده‌وامی به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، ناسنامه‌ به‌رده‌وام له‌ گه‌شه‌كردن و گۆڕاندایه‌…

كه‌واته‌ ده‌شێ‌ ناسنامه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی نه‌بێت، یان نه‌كه‌وێته‌ دووتوێی پێوانه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌، به‌ڵام ده‌بێ‌ ژیاندۆستی به‌رده‌وامی هه‌بێت… هه‌موو ئه‌و قسانه‌ به‌و مانایه‌ نییه‌، كه‌ داننان شتێكی دابڕاو بێت له‌ ئه‌ویدیكه‌، هه‌میشه‌ مه‌عریفه‌ی خود دابڕاو بێت له‌ مه‌عریفه‌ی كۆمه‌ڵگا، وه‌ك چۆن ناشێ‌ پرسی ناسنامه‌ په‌یوه‌ندی به‌ خوده‌وه‌ نه‌بێت، چونكه‌ ناسنامه‌ ناكه‌وێته‌ پێش بوونی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ بوونی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ بنه‌مای ناسنامه‌ پێكده‌هێنێ‌.

هه‌ولێر 21/7/2017




زنجیره‌یه‌ك گوتار له‌ باره‌ی ناسنامه‌ (1-7) … عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا

ناسنامه‌….

تواناكانی بوونی مرۆڤ

مرۆڤی سه‌ره‌تایی، مرۆڤی پێش داهێنانی نوسین (3200 پ. ز)، مرۆڤێكی عاقلً (هۆمۆ سبتبین-Homo sapiens) بوو. ئه‌و پێناسه‌یه‌ به‌ به‌راورد به‌ مرۆڤی نوێ‌ (هۆمۆ سابینز سابینز- Homo sapiens sapiens) له‌ رووی عه‌قڵه‌وه‌ جیاوازییان نییه‌، مێشكی مرۆڤی پێگه‌ییوو نزیكه‌ی (1400) گرامه‌ و نزیكه‌ی تریلیۆنێك خانه‌ ده‌ماری تێدایه‌، وه‌ك تۆڕه‌كانی راگه‌یاندن به‌نێویه‌كداچوونه‌ و كاری پێویستی خۆیان به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن… من نامه‌وێ‌ پرسیاری عه‌قڵ زه‌مانییه‌، یان مه‌كانییه‌، مێشك ناوه‌ندیاری عه‌قڵ و هه‌سته‌ و ئه‌وانیدیكه‌… دووباره‌ بكه‌مه‌وه‌، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ مرۆڤ بوونه‌وه‌رێكی ئاڵۆزه‌ له‌ رێگای بیركردنه‌وه‌ و عه‌قڵ و ئه‌زموونه‌وه‌، له‌ دنیای ده‌ره‌وه‌ و ئه‌ویدیكه‌ نزیك ده‌بێته‌وه‌…

(1)

به‌شێك له‌ ئاڵۆزییه‌كانی مرۆڤ به‌ مه‌رجی خودگه‌رایی (كه‌سایه‌تی، سوبێكت، تاكگه‌رایی، ئیگۆ) دیاری ده‌كرێت و ده‌كه‌وێته‌ نێو مێژوو (زه‌مان)ه‌وه‌! ئه‌و دیاریكردنه‌ی مرۆڤ، به‌و مانایه‌ دێت، كه‌ بوونی مرۆڤ ملكه‌چی كۆمه‌ڵێك مه‌رجی پێویست ده‌بێت، وه‌ك چۆن تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه‌… به‌و مانایه‌ش مرۆڤ نوێنه‌رایه‌تی تواناكانی ده‌ستپێشخه‌ری كردن و دووركه‌وتنه‌وه‌ و ئاگایی ده‌كات، واته‌ به‌پێی تێكه‌ڵاوبوونی ئازادانه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌ویدیكه‌ و ده‌وروبه‌ر خۆی ده‌نوێنێ‌، كه‌واته‌ بوونی مرۆیی له‌ دوو گۆشه‌نیگاوه‌ دیاری ده‌كرێت: یه‌كه‌م، بابه‌تگه‌رایی، واته‌ كۆمه‌ڵێك سنور، كه‌ بارودۆخی بنه‌ڕه‌تی مرۆڤ (مرۆڤی گه‌ردوونی) دیاری ده‌كه‌ن و ده‌یخه‌نه‌ دووتوێی پێداویستییه‌كانی دنیا و حه‌تمییه‌تی دنیاوه‌. دووه‌م، خودگه‌رایی به‌و مانایه‌ی مرۆڤ تاكێكه‌، به‌و مانایه‌ی خاوه‌نی شیانی تایبه‌ت به‌ خۆیه‌تی و له‌وێوه‌ بڕیاری قبوڵكردن و ره‌تكردنه‌وه‌ ده‌دات، به‌و مانایه‌ی ئاماده‌یه‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌ویدیكه‌ و ده‌وروبه‌ری بوونی خۆی دروست بكات.

هه‌موو ئه‌وانه‌ به‌ ته‌نیا بوونی مرۆڤ دیاری ناكه‌ن، به‌ڵكو بوونی مرۆڤ ده‌كه‌وێته‌ نێو مێژوو (زه‌مان)ه‌وه‌، كه‌واته‌ هه‌موو ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی له‌ هه‌بوونی دنیاوه‌ روو ده‌ده‌ن، كاریگه‌رییان به‌ سه‌ر بوونی مرۆڤه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش نوێنه‌رایه‌تی سێ‌ ره‌هه‌ندی چه‌مكی (كه‌سایه‌تی و ئه‌ویدیكه‌ و مێژوو) ده‌كات… ره‌هه‌ندی كه‌سایه‌تی، ده‌لاله‌ت له‌ سنوره‌كانی توانا و ئاگایی و خودگه‌رایی مرۆڤ ده‌كات، ره‌هه‌ندی تێكه‌ڵاوبوون به‌ ئه‌ویدیكه‌ و په‌یوه‌ندی دروستكردن له‌گه‌ڵ ئه‌ویدیكه‌ و ده‌وروبه‌ر، مۆڕكی مرۆڤایه‌تی دیاری ده‌كات، ره‌هه‌ندی مێژوو، به‌و مانایه‌ دێت، كه‌ مرۆڤ درێژكراوه‌ی مێژووه‌ و سه‌ر به‌ هه‌بوونگه‌رایی و ئه‌زموون و زه‌مه‌نی خۆیه‌تی… مێژوو به‌ درێژایی بوونی، كۆمه‌ڵێك پرسیار رووبه‌ڕووی مرۆڤ ده‌كاته‌وه‌، ئایا مرۆڤ ستاتیكه‌ یان دینامیك، ده‌كه‌وێته‌ ژێر پێداویستییه‌كان یان ئازاده‌، ده‌توانێ‌ دوور له‌ په‌یوه‌ندیكردن به‌ ئه‌ویدیكه‌وه‌ بژی… ئایا له‌ نێوان دوێنێ‌ و ئه‌مڕۆ هیچ په‌یوه‌ندییه‌ك هه‌یه‌؟!

(2)

هه‌موو ئه‌و گۆڕانكارییه‌ مرۆییانه‌ی له‌ دوێنێدا هاتنه‌ ئاراوه‌، له‌لایه‌ك سنوره‌كانی توانا و ئاگایی مرۆڤیان پێدیاری ده‌كرێت و ده‌لاله‌ت له‌ دروستكردنی په‌یوه‌ندی مرۆڤ له‌گه‌ڵ ئه‌ویدیكه‌ و ده‌وروبه‌ر ده‌كات، له‌لایه‌كی دیكه‌ په‌یوه‌ندی به‌ هه‌بوون و توانا و بڕیاری مرۆڤه‌وه‌ هه‌یه‌… بۆ نموونه‌ (مه‌سیح) هات ته‌واوی یه‌قینی یه‌هودی خسته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌، چونكه‌ بانگه‌شه‌كه‌ی هه‌موو مرۆڤایه‌تی گرته‌وه‌، به‌ڵام دواتر ئه‌و بانگه‌شه‌یه‌ روویه‌كی دیكه‌ی ئایدۆلۆژی ئایینی له‌خۆ گرت، بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی جیهانی! به‌مجۆره‌ ئه‌گه‌ر پێشتر قسه‌ ئه‌وه‌ بێت، مرۆڤایه‌تی له‌ پێناو كه‌نیسه‌وه‌ هاتبێته‌ دنیاوه‌، ئه‌وه‌ دوای ئه‌وه‌ی ئه‌وروپا وه‌ك خودێكی بكه‌ر و زاڵ ‌و داهێنه‌ر خۆی سه‌پاند، ئه‌و قسه‌یه‌ گۆڕا و مانایه‌كی دیكه‌ی له‌خۆ گرت، ئه‌و مانایه‌ی سێنترالیزمی ئه‌وروپی به‌رزی كرده‌وه‌: مرۆڤایه‌تی له‌ پێناو ئه‌وروپاوه‌ هاتۆته‌ دنیاوه‌! ئه‌وروپا ته‌واوی ئه‌ویدیكه‌ی داگیر كرد و ویستی داهاتووی رابردووی خۆی له‌ رۆحی ئیمپراتۆرییه‌تی رۆمانی كۆن پراكتیزه‌ بكات، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ رێگای ((داهاتووی رابردوو)) ده‌ست به‌سه‌ر ته‌واوی دنیادا بگرێت.

دوای رێنیسانسی ئه‌وروپی ئه‌و فیكره‌یه‌ گۆڕا بۆ فیكره‌ی ده‌وڵه‌تی ناسیۆنالی، ئه‌و گۆڕانه‌ش رێگای له‌ به‌رده‌م جیاكردنه‌وه‌ی كه‌نیسه‌ و ده‌وڵه‌ت خۆشكرد، له‌لایه‌كی دیكه‌ فه‌لسه‌فه‌ و مێژوو، شوێنی ئایدیۆلۆجیی پاپایان گرته‌وه‌… خودی گوتاری فه‌لسه‌فی، گوتاری ئایینی به‌تاڵكرد و دنیابینی هاته‌ ئاراوه‌، دنیای ئایینه‌كانی خسته‌ دواوه‌.

(3)

به‌ره‌وپێشچوونی دنیابینی واتای به‌ره‌وپێشچوونی مرۆڤ له‌ بواره‌ جۆراوجۆره‌كانی وه‌ك مرۆڤناسی، زمانناسی، زانستی كرمۆسۆمه‌كان و …، هه‌موو ئه‌وانه‌ش كۆمه‌ڵێك پرسیاری تێكئاڵاو به‌رانبه‌ر سرووشتی مرۆڤ دروست ده‌كه‌ن، سرووشتی مرۆڤ و جه‌وهه‌ری مرۆڤ… كۆمه‌ڵێك زاراوه‌ن به‌رانبه‌ر (بوون)ی مرۆڤ! به‌و مانایه‌ش من له‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی مرۆڤ وه‌ك هه‌بوو، وه‌ك شتێكی واقیعی، وه‌ك شتێكی ئاماده‌… ته‌ماشا ده‌كات، دوور ده‌كه‌ومه‌وه‌، چونكه‌ (توانای بوون) ده‌كه‌وێته‌ سه‌رووی واقیع و جه‌وهه‌ر و ئاماده‌ییه‌وه‌، توانای بوون به‌س تواناكانی بوونی مرۆڤ ده‌گرێته‌وه‌…

تواناكانی بوونی مرۆڤ له‌ رێگای داهێنانه‌وه‌ پێوانه‌ ده‌كرێت، نه‌ك له‌ رێگای چه‌مكی ناسنامه‌وه‌، به‌ڵام وه‌ك چۆن داهێنان به‌شێك له‌ ئاڵۆزییه‌كانی مرۆڤ ده‌نوێنێ‌، ناسنامه‌ش به‌شێك له‌و ئاڵۆزییانه‌ی بوونی مرۆڤی له‌خۆ گرتووه‌… كه‌واته‌ تواناكانی بوونی مرۆڤ كۆی ئه‌و گۆڕانكاری و گواستنه‌وانه‌ به‌ رێژه‌یه‌كی جیاواز ده‌نوێنێ‌! به‌ دیوه‌كه‌ی دیكه‌ ئاڵۆزییه‌كانی چه‌مكی ناسنامه‌ و چه‌مكی خودگه‌رایی نزیكن له‌یه‌ك… چه‌مكی خودگه‌رایی و چه‌مكی ناسنامه‌ی تاكگه‌را و ناسنامه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ناسنامه‌ رۆشنبیریی… له‌گه‌ڵ توێژه‌ری ئه‌ڵمانی (ئه‌ریك ئه‌ریكسۆن Eric-Erikson) شێوه‌یه‌كی رێكوپێك و میتۆدگه‌رایی وه‌رگرت، به‌ تایبه‌تی چه‌مكی ناسنامه‌ی تاكگه‌را و كۆمه‌ڵایه‌تی…

چه‌مكی ناسنامه‌ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك چه‌مك ده‌رده‌كه‌وێت، وه‌ك رۆشنبیریی و سیاسه‌ت و زانستی ده‌روونی و لۆجیك و كۆمه‌ڵناسی و هتد، هه‌ندێجاریش هه‌موو ئه‌وانه‌ وشه‌كه‌ ئاڵۆز ده‌كه‌ن! وشه‌ی ناسنامه‌ وه‌ك وشه‌ی خود ده‌خوێنرێته‌وه‌، به‌ مانای حه‌قیقه‌تی خود و جیاوازییه‌كانی، یان جه‌وهه‌ر و چییه‌تی، یان راستی ره‌ها… به‌ڵام وشه‌ی ناسنامه‌ له‌گه‌ڵ وشه‌ی تایبه‌تمه‌ندی به‌یه‌كداده‌چێ‌! چه‌مكی تایبه‌تمه‌ندی راسته‌وخۆ بوونی ره‌فتاری جۆراوجۆر و په‌رچه‌كردار و به‌رگری و ره‌گه‌ز و ره‌نگ و… له‌خۆ ده‌گرێت.
ناسنامه‌ وه‌ك وشه‌یه‌كی رووت بۆ بنه‌چه‌ی فیكری سه‌ره‌تا و فه‌یله‌سوفانی پێش سوكرات و بارمیندس، هیراكلیتس ده‌گه‌ڕێته‌وه‌… بارمیندس قسه‌ی تایبه‌تی خۆی له‌ باره‌ی بوون كردووه‌ و هیراكلیتس قسه‌ی زۆری له‌ باره‌ی نێودژی كردووه‌، هه‌ردووكیان له‌ باره‌ی خود و ئه‌ویدیكه‌ جیاوازن! لای بارمیندس بیركردنه‌وه‌ له‌ گۆڕانی شتێك بۆ شتێكی دیكه‌ قوڕسه‌، پرسیاری ئه‌وه‌ ده‌كات: ئه‌گه‌ر (ئه‌لف) له‌ سه‌ر خۆی نه‌وه‌ستێ‌، ئایا ده‌شێ‌ هه‌ر به‌ (ئه‌لف) بمێنێته‌وه‌؟ ئه‌و قسه‌یه‌ ته‌واو له‌گه‌ڵ هیراكڵیتس جیاوازه‌، چونكه‌ لای هیراكڵیتس هه‌موو شتێك له‌ جوله‌ی به‌رده‌وامدایه‌: ئێمه‌ ناتوانین دووجار مه‌له‌ له‌ هه‌مان ئاوی رووباردا بكه‌ین، كه‌واته‌ شته‌كان له‌ گۆڕانی به‌رده‌وامدان.

گۆڕان و ئیشكاله‌ته‌كانی ئه‌مڕۆی چه‌مكی ناسنامه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ زانسته‌ مرۆییه‌كان و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان قسه‌یان له‌ باره‌وه‌ ده‌كرێ‌، له‌ بنه‌ڕه‌تدا بۆ كه‌له‌پوری میتافیزیكی ناگه‌ڕێته‌وه‌، به‌ڵكو بۆ كۆی گۆڕانكارییه‌كانی دنیای ئه‌مڕۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌! چۆن ده‌شێ‌ له‌ نێو زه‌ماندا بیر له‌ (من) بكه‌یته‌وه‌؟ ئایا (من) هه‌مان ئه‌و كه‌سه‌م پێش (20) ساڵ هه‌بووم؟ (من) هه‌موو ئه‌و گۆڕانكاری و قۆناغانه‌م دێته‌وه‌ یاد، كه‌ ئاگایی و هه‌ستی منی پێداتێپه‌ڕیووه‌… ئه‌گه‌ر له‌ رێگای جه‌ختكردن له‌ تاكگه‌راییه‌وه‌ قسه‌ له‌ ناسنامه‌ی تاك بكه‌ین، ده‌كه‌وینه‌ كۆمه‌ڵێك ورده‌كاری تایبه‌ت به‌ فه‌لسه‌فه‌وه‌، به‌ڵام به‌ نسبه‌ت بیروڕای گشتی، به‌ڵی (من) هه‌مان كه‌سی پێش بیست ساڵه‌م! پرسیارێكی دیكه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئایا مرۆڤ له‌ كاتی له‌ ده‌ستدانی یاده‌وه‌ری، شیزۆفرینیا و له‌ كاتی نووستندا خاوه‌نی (من)ه‌، یان هه‌ڵگری (من)ی خه‌یاڵكراوه‌؟

(4)

له‌ فیكری مۆدێرندا چه‌مكی كه‌سایه‌تی له‌گه‌ڵ (دیكارت 1596-1650) بوو به‌ چه‌مكێكی سێنتڕاڵ، كه‌سایه‌تی مرۆڤ به‌ كرده‌ی بیركردنه‌وه‌ و لێوردبوونه‌وه‌ی جیاوازی (گومان، دڵنیایی، ره‌تكردنه‌وه‌، خه‌یاڵكردن…) دیاری ده‌كرا! چه‌مكی كه‌سایه‌تی له‌گه‌ڵ (كانت 1724-1804) وه‌ك جه‌وهه‌ری ئه‌خلاق ته‌ماشا ده‌كرا، به‌و مانایه‌ش مرۆڤ هه‌ر ته‌نها بوونه‌وه‌رێكی عاقڵ نییه‌، به‌ڵكو كه‌سێكی ئه‌خلاقییه‌! جیاوازی كانت له‌گه‌ڵ دیكارت ئه‌وه‌یه‌، كانت مرۆڤ وه‌ك ئامانجی خۆی ده‌بینێ‌، نه‌ك وه‌ك ئامرازی بیركردنه‌وه‌ یان بابه‌تی لێوردبوونه‌وه‌…

به‌ دیوه‌كه‌ی دیكه‌ ئه‌وه‌ی ناسنامه‌ی كه‌سایه‌تی دیاری ده‌كات، سرووشت و یاده‌وه‌رییه‌: سرووشت، جیاوازی ره‌فتار و په‌یوه‌ندی به‌ ئه‌ویدیكه‌ و دنیا و جیاوازی كه‌سایه‌تی دیاری ده‌كات… یاده‌وه‌ری، حاڵه‌ته‌ ده‌روونییه‌ گۆڕاو و تازه‌كان… هه‌موو ئه‌و حاڵه‌ته‌ ده‌روونییانه‌ش زنجیره‌یه‌ك یاده‌وه‌ری كه‌ڵه‌كه‌كراو به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌لكێنن! سرووشت و یاده‌وه‌ری به‌یه‌كه‌وه‌ پارێزگاری له‌ میكانیزمی كه‌سایه‌تی و ناسنامه‌ی كه‌سایه‌تی ده‌كه‌ن… عه‌قڵ و ئاگایی و یاده‌وه‌ری وه‌ك بنه‌مای ناسنامه‌، لای (شوبنهاوه‌ر) ته‌واو جیاوازه‌، چونكه‌ شوبنهاوه‌ر پێیوایه‌ عه‌قڵی ئه‌بستراكت شوێنكه‌وتووی ویسته‌، ویستیش به‌ ویستی ژیان وه‌سف ده‌كات و وه‌ك هێزێكی هه‌ژموونگه‌را به‌ بنه‌مای ناسنامه‌ی ده‌چوێنێ‌.

هێزی هه‌ژموونگه‌رای ناسنامه‌ی نیشتمانی و ناسیونالی كۆمه‌ڵێك خه‌سڵه‌ت و سیمای رۆشنبیریی گشتی و هاوبه‌شی گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیاریكراو ده‌نوێنێ‌، به‌ڵام ناسنامه‌ی تاكگه‌را كۆمه‌ڵێك خه‌سڵه‌تی جه‌سته‌یی ئه‌بستراكتی هه‌یه‌… به‌و مانایه‌ش رۆشنبیریی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی ده‌كه‌وێته‌ به‌رانبه‌ر په‌نجه‌ مۆری تاك، وه‌ك چۆن ده‌شێ‌ له‌گه‌ڵ یه‌كتر هاڕمۆنی بكه‌ونه‌وه‌، جیاوازیشن! كه‌واته‌ ناسنامه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی بونیادی رۆشنبیریی و كۆمه‌ڵایه‌تی جیاواز دیاری ده‌كات، هه‌ڵگری واقیعێكی بابه‌تگه‌رایه‌، به‌ڵام خودی خه‌یاڵكه‌ریش رۆڵی تێدا ده‌بینێ‌؟ ناسنامه‌ی نیشتمانی و ناسیونالی جێگره‌ (تایبه‌تمه‌ندی زمان، ئایین، مێژوو، نیشتمان…) ناسنامه‌ی تاكگه‌را گۆڕاوه‌، كۆی ئه‌و هه‌ست و خه‌سڵه‌ته‌ گۆڕاو و ئه‌بستراكتانه‌ ده‌گرێته‌وه‌، كه‌ ده‌كه‌ونه‌ چوارچێوه‌ی تاكگه‌راییه‌وه‌، ئه‌وه‌ی ناسنامه‌ رۆشنبیریی جیا ده‌كاته‌وه‌ ئازادییه‌، ئه‌وه‌ی ناسنامه‌ی تاكگه‌را جیا ده‌كاته‌وه‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌.

هه‌ولێر 25/7/2017




ده‌زگای ئایدیا و كتێبی جوانییه‌كانی وه‌رگر … عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

كتێبی جوانییه‌كانی وه‌رگر “لێكۆڵینه‌وه‌” له‌ چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ده‌زگای ئایدیایه‌ له‌ نوسینی (عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا)ه‌یه‌، قسه‌ له‌ ئه‌ده‌بی نوێی كوردی ده‌كات و له‌ سێ‌ به‌شی سه‌ره‌كی پێكهاتووه‌… له‌ گۆمه‌ڵێك بابه‌تی گرنگ ده‌َكۆڵێته‌وه‌.

(1)

جوانییه‌كانی وه‌رگر

نوسین ژه‌هر و تریاكه‌، ئه‌و قسه‌یه‌ی دریدا پێمان ده‌ڵێت نوسین نه‌ كۆمه‌ڵێك داله‌، ده‌بێ‌ ته‌ئویل بكرێت! نه‌ كاره‌، كه‌ شیاوی به‌شداریكردن و گۆڕین و گواستنه‌وه‌ بێت! به‌ڵكو فه‌زای هه‌ر یه‌ك له‌ خوێنه‌ر و نوسه‌ره‌، چونكه‌ هیچ ده‌قێك بێ‌ بوونی (نوسه‌ر) و به‌شداریكردنی (خوێنه‌ر) بوونی نییه‌، هه‌موو ئه‌وانه‌ش په‌یوه‌ندییان به‌ چه‌مكی (جیاوازی)یه‌وه‌ هه‌یه‌، چونكه‌ نوسه‌ر پێش ئه‌وه‌ی خودی خۆی بدۆزێته‌وه‌، ده‌كه‌وێته‌ نێو بوونی زمانه‌وه‌، به‌و مانایه‌ش نیازی دانه‌ر ئاسۆی تێگه‌یشتن دیاری ناكات، به‌ڵكو به‌شێكی زۆری تێگه‌یشتن ده‌كه‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی زمانی ده‌قه‌وه‌ و په‌یوه‌ندی به‌ كلتور و راڤه‌كردنی قۆناغه‌ جیاوازه‌كانی كلتوره‌وه‌ هه‌یه‌، واته‌ خوێنه‌ر شوێنی ناوه‌ندی زمانه‌وانی پڕ ناكاته‌وه‌، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ فۆڕمه‌كانی زمانه‌وانی و خه‌یاڵكراوی كۆمه‌ڵایه‌تی و جیهانبینی مامه‌ڵه‌ ده‌كات، ئه‌وه‌ش به‌ره‌و تێگه‌یشتن و راڤه‌كردن و به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی تایبه‌تمان ده‌كاته‌وه‌! ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ خاڵی به‌شداریكردنی خوێنه‌ر بێت، ئه‌وه‌ نوسین له‌سه‌ر زنجیره‌یه‌كی بێ‌ كۆتایی له‌ به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی دال ده‌ژیت، به‌ دیوه‌كه‌ی دیكه‌ خاڵی گۆڕین و گواستنه‌وه‌ی گۆشه‌نیگای ده‌ق له‌ سه‌ر توانای وڕوژاندنی پرسیار و وه‌ڵامی پرسیاره‌ جیاوازه‌كان راست ده‌بێته‌وه‌… كه‌واته‌ ئه‌وه‌ جیاوازییه‌ فیكره‌ی یه‌كگرتووی كۆتائامێزی نێوان ده‌ق و دانه‌ر، بابه‌ت و خود.. ره‌تده‌كاته‌وه‌، وه‌ك چۆن به‌ تووندی یه‌كگرتنی نێوان ده‌ق و خوێنه‌ر به‌جێده‌هێلێت، هه‌موو ئه‌وانه‌ش له‌سه‌ر ئیشكالیی بێكۆتایی زمان درێژ ده‌بنه‌وه‌!

(2)

تێگه‌یشتن و راڤه‌كردن

ژیان وه‌ستانی نییه‌، دنیای ئه‌ده‌ب و هونه‌ریش دنیایه‌كی وه‌ستا و راگوزه‌ر نییه‌، خۆشی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر ته‌نها خۆشییه‌كی ساته‌وه‌ختی له‌ كار كه‌وتوو نییه‌، ده‌قی ئه‌ده‌بی سه‌ركه‌وتوو هه‌ر به‌وه‌نده‌ نابێ‌ به‌سه‌ بكات، هیچ كارێكی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری سه‌ركه‌وتوو له‌ دنیادا نییه‌، كۆمه‌ڵێك چه‌مك و فیكر و فه‌لسه‌فه‌ی زیندوومان بۆ نه‌خاته‌ نێو ژیانه‌وه‌‌، هیچ كارێكی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری سه‌ركه‌وتوو له‌ دنیادا نییه‌، هه‌ڵگری دنیابینی و خه‌ون و پرسی سه‌رده‌م نه‌بێت، هیچ كارێكی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری، سه‌ركه‌وتوو نییه‌، هه‌ڵگری ئه‌زموونێكی به‌رفره‌وانی مه‌عریفه‌ و ئاگایی نه‌بێت… ژیان به‌رده‌وامی ده‌نه‌خشێنێت، ‌نووسه‌ری داهێنه‌ر له‌ سه‌ر سێ‌ پێگه‌ی بنه‌ڕه‌تی وه‌ستاوه‌: مه‌عریفه‌ی به‌رده‌وام، خه‌یاڵی كراوه‌، جورئه‌تی ته‌جاوزكردن.
كه‌واته‌ دنیای داهێنان و به‌های ده‌قی داهێنه‌رانه‌، مه‌رج نییه‌، له‌گه‌ڵ پێوه‌ره‌كانی خوێنه‌ر و رۆشنبیریی باو یه‌كبگرێته‌وه‌، به‌ڵكو بایه‌خی خۆی له‌وه‌دا ده‌بینێته‌وه‌، كه‌ ئاسۆی چاوه‌ڕوانی خوێنه‌ر و پانتایی رۆشنبیری باو دووچاری شۆك و ئاوه‌ژوو بوونه‌وه‌ ده‌كات! بایه‌خی خۆی له‌وه‌دا هه‌ڵده‌گرێته‌وه‌، كه‌ پێوه‌ره‌ هونه‌رییه‌ باوه‌كان ته‌جاوز ده‌كات و بۆچوون و پێوه‌ری نوێ‌ داده‌هێنێ‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ رێگای پرسی نوێوه‌ به‌رده‌وامی به‌ دانوستان و گفتوگۆ زیندووه‌كانی بدات، نووسه‌ر و خوێنه‌ری داهێنه‌رانه‌ چه‌ند له‌ نووسین و خوێندنه‌وه‌ به‌ره‌و پێش بچێت، ئه‌وه‌نده‌ واز له‌ گریمانه‌كان ده‌هێنێ‌ و به‌ كۆمه‌ڵێك بۆچووندا ده‌چێته‌وه‌ و كۆمه‌ڵێ‌ پرسیاری نوێ‌ ئاڕاسته‌ ده‌كات و كۆمه‌ڵێ‌ چاوه‌ڕوانی دیكه‌ بۆ ژیان ده‌خاته‌وه‌.

(3)

په‌راوێزی خوێندنه‌وه‌

(ئێمه‌ له‌ زه‌مه‌نێكدا ده‌ژین كه‌ به‌ مانا “پرۆست”ییه‌كه‌ی ونبووه‌. ئێمه‌ له‌ چاوه‌ڕوانی زه‌مه‌نێكداین كه‌ به‌ مانا “بیكت”یه‌كه‌ی قابیلی چاوه‌ڕوانی نییه‌) هه‌ڵبه‌ته‌ به‌شێكی به‌رفره‌وان له‌ هێزی ئه‌و دوو رسته‌یه‌، ده‌شێ‌ له‌وێوه‌ له‌ خه‌یاڵ و شیعره‌وه‌ نزیك بێته‌وه‌، كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی عه‌قڵ و واقیعی باو، ده‌كه‌وێته‌ بێده‌نگی و بۆشاییه‌وه‌، بێگومان له‌و دیوو عه‌قڵ و واقیع، گوتارێك بۆ حه‌قیقه‌ت بوونی نییه‌، جگه‌ له‌ زمانی خه‌یاڵ و زمانی جوانی نه‌بێت، له‌ هه‌ر كوێ‌، ئه‌و دیوو واقیع ئاماده‌ بێت، خه‌یاڵیش ئاماده‌یه‌، له‌ هه‌ر كوێ‌ بێده‌نگی و بۆشایی ئاماده‌ بێت شیعر و جوانی ئاماده‌یه‌. كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر خه‌یاڵ له‌ واقیع جیاواز بێت و شیعریش له‌ رێگای ئه‌و جیاوازییه‌وه‌، له‌ رێگای بێده‌نگی و بۆشاییه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ خه‌یاڵه‌وه‌ بكات، ئه‌وه‌ ده‌توانین بڵێین هه‌رچه‌نده‌ ماوه‌ی نێوان نوسه‌ری ئه‌ده‌بی و خه‌یاڵ كه‌متر بێته‌وه‌، ئه‌وه‌نده‌ رووبه‌ری ئیبداع به‌رفره‌وانتر ده‌بێت. وه‌ك دیاره‌ ئه‌و هه‌ڵگرتنه‌وه‌یه‌ راسته‌وخۆ له‌ ده‌سته‌واژه‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ی (نیفه‌ری)یه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌ كه‌ ده‌ڵێت: تا مه‌ودای رووانین به‌رفره‌وانتر بێت، رووبه‌ری گوزارشتكردن به‌رته‌سك ده‌بێته‌وه‌.




خەڵاتی پێشانگەی نێودەوڵەتی فرانكفۆرت بەخشرایە عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

کانونی دووەم 02, 2018

چوارشەممە رێكەوتی 27/12/2017 وەزارەتی رۆشنبیری لە هۆڵی (مەشق و راهێنان)، مەراسیمی خەڵاتی پێشانگەی نێودەوڵەتی فرانكفۆرت بۆ ساڵی 2017 لە لایەن وەزیری رۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە مەراسیمێكی شایستەدا بە (عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا)ی نووسەر بەخشی.

عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا کە دەڵێت “دەنووسم بەڵام بۆ ئەوە نا، خوێنەر لە خۆم رازی بكەم، بەڵكو بۆ ئەوەی پاداشتی جوانی و خەیاڵ و خوێندنەوە بدەمەوە”، لە نێو ئەو قسەیەدا هەوڵ دەدات لە رێگای میتۆدی هیرمینۆتیكاوە هێل بە ژێر نووسەر و خوێنەردابهێنێت و بڵێت نووسین فەزایە، فەزایەكی فرە رەهەندە و لەگەڵ نووسینگەلێكی جۆراوجۆری دیكەیەكدەگرێتەوە و لە هەمان كاتیشدا

ناكۆكی خۆی نیشان دەدات، بێ‌ ئەوەی هیچیەكێك لەوانە وەك ئەسڵی خۆی دابنێ‌.
ئەوەی وای کردووە کە خەڵاتێکی لەم چەشنە بدرێتە نووسە، ئەوەیە کە لای موتەلیب “نووسەر و خوێنەر دوو شتی هاوپەیوەستنیانیەكگرتوون. بوونی نووسین بە بوونی خوێنەرەوە بەندە، بوونی نووسین بە تێگەیشتن بۆ خودی بوونی خوێنەر جیادەكرێتەوە، بەو مانایەش چەمكی نووسین لە هیرمینۆتیكادا دەكەوێتە نێو (مەعریفەی مرۆیی) و چارەسەری مانا ناوەكییەكان دەكات، كە

حەقیقەت لە رێگایەوە دەبێتە رووداو. ئامادەیی نووسین دەركەوتنێكی تایبەتی حەقیقەتە كە لە كاتی (خوێندنەوە)دا روودەدات”.
وەک موتەلیب گوتی “كەواتە ئەوەی لە خوێندنەوە و نوسیندا پەیڕەو دەكرێت، كرانەوەی وجودە بەسەر مەوجوددا. بۆیە لە هەموو كاتێكدا راستەو قابیلی سەلماندنە، وەك چۆن لە هەموو كاتێكدایەكەیەكی تەواو قابیلی گومانە! لەسەر ئەو بنەمایە نوسین و خوێندنەوە ئەو فەزایە سەربەخۆیەیە كە (نوسەر، خوێنەر) لەمیانییەوە دەتوانن بوونی خۆیان بەرەو پێدراوێكی جێگیر بەرن”.




دنیاى بەتاڵى شیعر، دنیاى بەتاڵى زمان …. عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا

لە دەقى (لە گۆڕى کەسێکدا)

لە گۆڕستاندا بەفر ببارێ،
مردووەکان،
سەرمایان دەبێ.

لە گۆڕەکەم دێمە دەر،
چاکەتم لە سەر گۆڕێکى دى
دادەنێم،
هەوا پڕ دەبێ لە ئاسن…

ئانیشکم لەسەر کێلى خۆم دادەنێم،
رۆژانى دوور
دەبدەبەن
هەڵیان بدەم
دەتەقن.

کەسێ لە دوورەوە دێ،
بڵێى من بم، لە هزرى ئەوانیدیکەدا؟!
جولەى تەرمێک، لە گەردووندا بەردەوامە،
بڵێى من بم، لە بەردەم ئەوانیدیکەدا؟!
ل39-42
کۆمەڵە شیعرى (بێ ئەو پەیڤانە، رابەر فاریق، هەولێر 2012)

پێشەکى:

پەیوەندى دیالێکتیکى نێوان زمان و فیکر وەک (مۆریس میرلۆپۆنتى 1908-1961) جەختى لێدەکاتەوە، بیرکردنەوەى بێدەنگیش وەک ژیانى ناوەوە یان مۆنۆلۆگى نێوان خود و دەروون دەبینێ، بەو مانایەش زمان و فیکر بوونێکى پەیوەندار و هاوپەیوەست و بەنێویەکداچوو پێکدەهێنن… لێرەوە وەک تێزە زمانەوانییە هاوچەرخەکان دانیپێدادەنێن هیچ زمانێک بێ فیکر نییە و هیچ فیکرێک بێ زمان بەڕێوە ناچێت، لە سەر ئەو بنەمایە لە خوێندنەوەى قەسیدەى (لە گۆڕى کەسێکدا)ى (رابەر فاریق)دا دەتوانم بڵێم کۆپلەى یەکەم وەک (دەسپێک) پێمان دەڵێت لێرە مردن و ژیان وەکو یەکن؟! بەفرى زیندوو بە سەر گۆڕستانى مردوواندا دەبارێت، بەڵام مردووەکان سەرمایان بێت، یان گەرما، خەمبار بن بە بەفر بارین، یان دلشاد…. هیچ بە ئێمە ناڵێن؟! مردووەکان بجولێنەوە یان نەجولێنەوە نە هیچ لە کۆپلەى دووەم، نە هیچ لە شێوەى ئەبسترکتى ئاسن، نە هیچ لە کۆپلەى سێیەم و شێوەى ئەبسترکتى میزڵدان دەگۆڕن…

ئاسن ژەنگ دەگرێ و دەبدەبە با دەگرێ، یەکەمیان دەنگدانەوەى ئاسایى خۆى هەیە و دووەمیان کە زۆر پڕ بێت، دەتەقێ… دەنگدانەوە و تەقین، ئاسایى و نائاسایى، لە کۆپلەى چوارەم لە ئاسن و میزڵدان دەبێتەوە و دەکەوێتە نێوان (من) و (ئەوانیدیکە)، ئەوەى دەبدەبەیە منم، ئەوەى ئاسنە ئەوانیدیکەیە! منى نائاسایى و ئەوانیدیکەى ئاسایى… ئەوەى دەتەقێ منى نائاسایى و ئەوەى دەنگدانەوەى هەیە ئەوانیدیکەى ئاساییە؟! بەڵام ئاسایى و نائاسایى شێوەى رووتى زمانە، لەو شێوە رووتەى زماندا نە (ئەوان) دەبنە ئاسن نە (من) دەبێتە دەبدەبە…
پەیامى ئەو دەقە ئەوەیە من دەمرم، ئەوانیدیکە دەژین؟ پرسیارى زمان ئەوەیە بڵێى کەس بیر لە منى (شیعر)، منى (بەتاڵ) بکاتەوە؟ ئەوەى پرسیار قبول ناکات، دەشێ منى (شیعر) منى (مردوو) لە هزرى ئەوانیدیکەدا تواناى ژیانم هەبێت؟ ئەوەى پرسیار قبول ناکات، ئەوەیە شیعر بە مردوو دانانرێت، ئەوەى پرسیار قبول دەکات پەیوەندى منى مردوو و ئەوانیدیکەى زیندووە…

دەقى (لە گۆڕى کەسێکدا)ى رابەر فاریق لە رووى جولە و ریتم و داڕشتنەوە تەعبیرییە و گوزارشت لە گۆڕینى شێوەى پەیوەندى مردووان و زیندووان، شیعر و زمان دەکات، بەڵام لە رووى ماناى وشەوە شێوەى ئاسن، شێوەى میزڵدان ئەبستراکتە و پشت بە خەیاڵى خوێنەر دەبەستێ، واتە جولەیەکى تەعبیرى لە رێگاى مردووە/ زیندووەکانەوە دەکێشى و ماناکانیان لێ دادەماڵێ و رووتیان دەکاتەوە، بۆ ئاسن و میزڵدان، هەر لەو رێگایەشەوە جولە بە گومان و خەیاڵەکانى خوێنەر دەدات…

کەواتە قەسیدەى لە گۆڕى کەسێکدا دەچێتە خانەى شێوازى تەعبیرى ئەبستراکتەوە… شاعیر هەوڵدەدات بە دوورترین خاڵى هەستکردن بە واقیع و بە وشەى رووت و بەرکەوتنى خەیاڵى خوێنەر بگات، بەڵام ون نابێت و پشت بە کەلەپورى درەوشاوەى دنیایى دەبەستێت، پشت بە بەردەوامى جولەى گەردوون لە لایەک و جولەى شیعر لە لایەکى دیکە دەبەستێت… دەمەوێ بڵێم ئەو قەسیدەیە ئەبستراکتى تەعبیرى درەوشاوەیە، واتە لە رووى گوزارشتەوە رۆناک خۆى نیشان دەدات و لە رووى رووتى ماناوە شێوەکانى بوون دیارى دەکات، ئەگەر ئەو قسەیە تەرجەمەى قەسیدەکە بکەم دەڵێم گوزارشت لە مردن لە چاوى زیندووان دەکات… بە مانایەکى دیکە ئەوە بونیادى جولەى ئەبستراکتە، پێکهاتەى رستە لە بوونى (گۆڕستان، مردن، ئاسن، دەبدەبە، چاکێت) دیارى دەکات، دووبارە دەڵێم لە دنیاى بەتاڵى شیعرییٍدا نەخشکردنى کارى ئەدەبى لە جولەوە سەرچاوە دەگرێ (جولەى جێگیر بوون لە چاو جێگیر نەبوون)دا، بەڵام لە گێڕانەوەى واقیعى دەرەوە (وەک خۆى) دوور دەکەوێتەوە.

من شیعرم، ئەوانیدیکە زمان

داڕشتنى چیرۆکى من شیعرم و ئەوانیدیکە زمان لە میانى ئەو دەقەدا بەشێکى زۆرى پەیوەندى بە دوو رووى شیعر و زمان وەک دوو رووى دراودا هەیە، پەیوەندى بە سنورەکانى مەعریفەى شیعرى و سنورەکانى خەیاڵى زمانەوە دەکات، مرۆڤ دەکەوێتە نێو زمانەوە، شیعر دەکەوێتە نێو جوانى… دەمەوێ بڵێم هەتا ئەوانیدیکە وەک زمان نەبینین، هیچ ئەرکێکمان بەرانبەر (شیعر) لەسەر شان نییە، بە دیوەکەى دیکە (زمان/ ئەوانیدیکە) بە خۆڕایى خۆیان دەخەنە بەر دەستمان، هەتا بە کاریان بهێنین، هەر ئەوەندە قبوڵمان کردن ئیتر داگیرمان دەکەن، کەواتە وەک چۆن دەکەوینە نێو زمان، لە هەمان کاتدا دەکەوینە نێو ئەوانیدیکە… وەک دەبینین لە مامەڵەى نێوان من و ئەوانیدیکە، شیعر و زمان خاڵى ناکۆک ناچاربوونە، مرۆڤ بە ناچارى دەکەوێتە نێو زمان، مرۆڤ بە ناچارى دەکەوێتە نێو ئەوانیدیکە، مرۆڤ بوونەوەرێکى زمانییە، وەک چۆن بوونەوەرێکى کۆمەڵایەتییە، کەواتە کاتێک ناچار دەبین ئەو شتەى بەسەرماندا سەپێنراوە قبوڵى بکەین، ئیتر کۆنترۆڵکراوین، زمان کۆنترۆڵمان دەکات، ئەوانیدیکە کۆنترۆڵمان دەکەن، شیعر جوانى لێدەڕژێ… ئەو هاوکێشەیە پەیوەندى بە نەستەمانەوە هەیە، پەیوەندى بە ئارەزووە تێرنەکراوەکانمان هەیە، یان پەیوەندى بەوەوە هەیە کە ئێمە ئارەزووە تێرنەکراوەکانمان یان چەپێنراوەکانمان دەخەینە (نەست – ناهۆشمەندى)یەوە، هەتا ناهۆشمەندى پاڵمان پێوەنەنێت، هەتا ئارەزووەکانمان پاڵمان پێوەنەنێت، بە هیچ شتێکەوە پابەند نیین!

وەک دەزانین ئارەزوو ئاڕاستە و رووییەکى دیاریکراوى نییە، بەڵام کە ئارەزوو پاڵى پێوەناین، ئیتر کۆنترۆڵمان دەکات، دەزانین زمان ئاراستە و رووییەکى دیاریکراوى نییە، بەڵام کە کەوتینە ناوییەوە، ئیتر کۆنترۆڵمان دەکات … هەموو ئەو قسانە لاى (ژاک لاکان 1901-1981) لە رستەى (نەست لە زمان رسکاوە) کورت دەکرێتەوە، بەو مانایەش زمان وەک ئارەزوو ئاڕاستە و روویەکى دیاریکراوى نییە، وەک چۆن شیعرى داهێنەرانە ئاڕاستە و روویەکى دیاریکراوى نییە، مرۆڤ نە ئارەزووەکانى تەواو دەبن و نە ئارەزووەکانى پڕ دەبنەوە! زمان نە تەواو دەبێت، نە پڕ دەبێتەوە…
کەواتە ئەوەى من و ئەوانیدیکە بەیەکەوە کۆ دەکاتەوە، ئەوەى شیعر و زمان بەیەکەوە کۆ دەکاتەوە، ئارەزووەکانمانن! ئارەزووەکانمان بۆ شیعر لە جوانییەوە هەڵدەقوڵێ، ئارەزووەکانمان بۆ ئەوانیدیکە لە فیکرەوە هەڵدەقوڵێ، بەڵام ئەوەى شیعر و زمان، من و ئەوانیدیکە لێکجیا دەکاتەوە، ناکۆکییە شاراوەکانى زمان و ناکۆکییە شاراوەکانى ئەوانیدیکەیە، زمان کۆمەڵێک شاراوەى خۆى هەیە، مرۆڤ کۆمەڵێک شاراوەى خۆى هەیە، شیعرى زیندوو ناکۆکییەکانى لە ناوەوەى خۆیدا هەڵگرتووە، مرۆڤ لە ژیاندا هەڵگرى ناکۆکییە، ئەو ناکۆکییانە لە ناوەوەماندایە و هەمیشە داگیرمان دەکات، ئەوەى هەمیشە داگیرمان دەکات، فیکر و جوانییە…
چاکەتم لە سەر گۆڕێکى دى
دادەنێم
ئانیشکم لەسەر کێلى خۆم دادەنێم
شەڕى نێوان وشە و واقیع
کەسێ لە دوورەوە دێ،
بڵێى من بم، لە هزرى ئەوانیدیکەدا؟!
کەسى نێو ئەو قەسیدەیە، کەسى نێو گۆڕستانە و لە رێگاى خەیاڵى وشەوە هەستى پێدەکەین، بەڵام ئەوانیدیکە لە واقیعەوە هەستیان پێدەکەین، شەڕى نێوان وشە و واقیع، شەڕى نێوان زمان و شیعرە… کەسى نێو واقیع و کەسى نێو خەیاڵى وشە دوو هەستى جیاوازمان دەداتێ، یەکەمیان دەستى لێدەدەین، دووەمیان بیرى لێدەکەینەوە… بەڵام نەک بەو مانایەى کە زمان خەیاڵییە و شیعر واقیعییە، بەڵکو بەو مانایەى کە مەوداى زمان هەمیشە لە خەیاڵى بەرەوپێشچووندایە و مەودا شیعر لە جێگیربوونى جوانیدایە!
زمان لە خەیاڵى دوور مەودا دایە، بەو مانایەى کە شیعر دەکەوێتە سنورى مەعریفەیەکى دیاریکراو و جوانییەکى بەرجەستەکراوەوە، زمان دەکەوێتە بێ سنورییەوە، شیعر لە راڤەکردنى جیاوازیدایە، زمان قسە بە جیاوازییەکان دەکات، جیاوازییەکان قسە بە شیعر دەکەن، زمان هەمیشە ماناکان بە جێدەهێڵێ، شیعر هەمیشە ماناکان کۆ دەکاتەوە، زمان هەمیشە لە خۆ بەتاڵ کردنەوەدایە، شیعر هەمیشە جیاوازییەکان کۆ دەکاتەوە، ئەگەر بشێ تێگەیشتنێکى (لاکان) لە بارەى گوتەزاکەى (رێنێ دیکارت 1596-1650، من بیر دەکەمەوە، کەواتە هەم) تەرجەمەى سەر شیعر و زمان بکەین، ئەوە دەشێ بڵێین شیعر بیر دەکاتەوە، لە شوێنێ کە هەیە! بەڵام زمان لەو شوێنە نییە کە بیر دەکاتەوە، زمان بیر دەکاتەوە لە شوێنێ کە ئەوى لێنییە! کێ بیر دەکاتەوە شیعر یان زمان، زمان لە شیعردا بیر دەکاتەوە؟ یان شیعر لە زماندا بیر دەکاتەوە؟
ئەو کاتەى شیعر بیر دەکاتەوە ئەوە لە بیرکردنەوەدا جگە لە (کۆپیکردن) شتێکى دیکە نییە، کاتێک زمان بیر دەکاتەوە ئەوە لە بیرکردنەوەدا جگە لە (داهێنان) شتێکى دیکە نییە، هەرگیز شیعر رێگایەکى نوێى بۆ بیرکردنەوە نییە، بەڵکو هەمیشە زمانێکى دیکە رێگاى بیرکردنەوەى پێنیشان دەدات، شیعر دەبێ ملکەچى زمان بێت… شیعر و زمان هەردووکیان لە یەک سەرچاوەوە ئاو دەخۆنەوە، بەڵام بە دوو شێوەى جیاواز، دەشێ زمان سیفەتى هەڵم وەرگرێ، شیعر سیفەتى هەور، هەڵم دەچێتە ئاسمان دەبێت بە هەور، هەور دەبارێ و جوانى دەبوژێنێتەوە…
کەسێ لە دوورەوە دێ،
بڵێى من بم، لە هزرى ئەوانیدیکەدا؟!
شیعرى پڕ، زمانى بەتاڵ
منى شاعیر بەر لەوەى منى شیعر لە پێناو شتێ ئاڕاستە بکات، بەر لەوەى شیعر پڕ بکات لە شت، بەر لەوەى شیعر بار بکات، لەسەریەتى بڕیار بدات کەوا بە شێوەیەکى شاعیرانە لە ماڵى زماندا نیشتەجێیە، دەبێ بڕواى بەوە بێ ئەوە زمانە قسان دەکات، دەبێ بڕواى بەوە بێ ئەوە زمانە هەمیشە لە پێشکەوتندایە، دەبێ بڕواى بەوە بێ ئەوە زمانە هەمیشە کار لەسەر دواخستنى ماناى کۆن و دۆزینەوەى ماناى نوێ دەکات، هەمیشە بیرکردنەوەى مرۆڤ دەکەوێتە نێو خەیاڵى زمانەوە، بەڵام زمان تەواوى دنیاى خەیاڵ دابەش و پارچە پارچە دەکات، شیعر پڕشنگى جوانى پارچەکانى خەیاڵە! دەتوانم بڵێم دابەشبوونى ئەو دەقە لەو تێگەیشتنەوە سەرچاوە دەگرێ و لە سەر ئەو بنەمایە خۆى دەنەخشێنێ!

لە کۆپلەى یەکەم بەفر خەیاڵى خوێنەر بەرەو ژیان و مردن کێش دەکات، بەفر زیندووە مردووەکان تووشى سەرما دەکات، لە کۆپلەى دووەم مردووییەک وەک زیندوو دەرگاى ماڵى مردن دەکاتەوە و چاکێتەکەى لە سەر دیوارى ماڵە دراوسێیەکەیان دادەنێ و هەوا پڕ دەکات لە ئاسن… شاعیر هەموو ئەو پارچانەى دنیا لە یەکنزیک دەکاتەوە بۆ ئەوەى ئێمە خوێنەر ئاوڕ لە جوانییەکانى ژیان بدەینەوە؟! لە کۆپلەى سێیەم کەسێ لە بەر دەرگاى ماڵەکەى ئانیشکى خستۆتە سەر ژیان و بیر لە رابردوو دەکاتەوە و لە پڕ مردن وەک دەبدەبە روو بە رووى دەتەقێتەوە! لە کۆپلەى چوارەم ژیان و مردن بەردەوامە، مردن لە ژیان و ژیان لە مردن نابێتەوە ، ئەو بیرکردنەوەیە ژیان لە خەیاڵ و مردن لە واقیع دەنەخشێنێ، ئەو خەیاڵ و بیرکردنەوەیە رەشدەچێتەوە.
کەواتە بەردەوام هەمووان وەک ئەکتەر لە نێوان بەفر و گۆڕستان و بیرکردنەوە رۆڵەکانى مردن و ژیان دەگێڕین، ئەو دیدە مەیلێکى رۆحى تێدایە، لەوێوە کە هەوڵدەدات خوێنەر درەوشانەوەى بینراو لە پێناو نەبینراو بەرجەستە بکات، بەو مانایەش رۆناکى خستنە سەر بینراو لە پێناو بینینى نەبینراو گوزارشت لە دنیابینییەک دەکات، کە بایەخى مردن لە ژیان وەک وێنەیەکى بێ پەردەدا ئاشکرا دەکات، بە مانایەکى دیکەش دنیاى خەیاڵ دابەش و پارچە پارچە دەکات و لە رێگاى لادانى زمان و درەوشانەوەى وشە و خرۆشانى خەیاڵ هەوڵى خۆ دۆزینەوە دەدات، بۆ ئەو خۆ دۆزینەوەیەش پشت بە کەلەپورى درەوشاوەى دنیایى دەبەستێت، پەیوەندییەکى بوونگەرایى لە نێوان ژیان و مردن، من و ئەوانیدیکە، شیعر و زمان… دروست دەکات!

بە کورتى:

دەقى (لە گۆڕى کەسێکدا)ى (رابەر فاریق) دەکەوێتە نێو دنیاى بەتاڵى شیعر و شێوازى نوسینى تەعبیرى ئەبستراکتى (درەوشاوە)ەوە و لە جولەوە سەرچاوە دەگرێ و لە گێڕانەوەى واقیعیانە خۆى بە دوور دەگرێ، واتە لە رێگاى گوزارشتکردنەوە دنیابینى و لە رێگاى جولە و پڕشنگى وشەوە جوانى شیعرى بەرجەستە دەکات.
ئەو قەسیدەیە، لە رووى تەعبیرییەوە خۆى رۆناک نیشان دەدات، لە رووى ئەبستراکتەوە تەمومژى لەخۆدا هەڵگرتووە! شاعیر هەوڵدەدات بە دوورترین خاڵى هەستکردن بە واقیع و هەستکردن بە وشەى رووت و بەرکەوتنى خەیاڵى خوێنەر بگات، بێ ئەوەى ون بێت، پشت بە بەردەوامى جولەى گەردوون لە لایەک و جولەى شیعر لە لایەکى دیکە دەبەستێت… پێماندەڵێت مردن و ژیان وەکو یەکن؟!

هەولێر 12/9/2017




مەرگى سەگ … عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا


کۆمەڵە چیڕۆکێک نزیک لە واقیع بە شێوازى هونەرى ….

سەرەتا:

کورتە چیڕۆکى کوردى لە باشورى کوردستان دواى حوسێن عارف و حەمە فەریق حەسەن و رەووف بێگەرد و ئەحلام مەنسور و دکتۆر کاوس قەفتان و محەمەد موکرى و شێرزاد حەسەن و حەمە کەریم عارف و جەلیل کاکەوەیس و شیرین ک و سەلاح عومەر و رەووف حەسەن و رەزا سەید گوڵ و سابیر رەشید… ئەگەرچى بەرەو جۆرێک لە بێ نازى بۆوە، بەڵام لە سەر دەستى چیڕۆکنوسانى وەک جەبار جەمال غەریب و عەتا محەمەد، ئارام کاکەى فەلاح، سیامەند هادى، کاروان کاکەسور، دانا فایق، فاروق هۆمەر، ئاکۆ کەریم مەعروف، یوسف عیزەدین… بە شێوازێکى جیاوازى هونەرییەوە درێژەى هەبوو… دواى ئەو نەوەیە لە چیڕۆکنوسان چیڕۆکى کوردى تا ئەندازەیەک پشتگوێ خرا، زۆربەى چیڕۆکنوسان بیریان لەوە کردەوە لەبەر ئەوەى رۆمانى کوردى لە حاڵى نەبووندایە بڕیاریاندا رۆمان بنوسن، ئێمە رۆمانمان نییە، با رۆمان بنوسین… پرسیار لەوە ناکەم بڕیاردان و حوکمدان و ئاڕاستەکردن و… هەموو ئەو تێگەیشتنانە بەهاى هونەرى نوسین دەشێوێنێ، بەڵکو پرسیارى من ئەوەیە، بۆ چیڕۆکە هونەرییەکانى (حوسێن عارف) و دواتر (عەتا محەمەد)… نەیانتوانى لە بوارى چیڕۆکنوسیدا هێزى دیکە و نەوەى دیکەى جیاواز لە چیڕۆکنوسان پەروەردە بکەن؟! ئایا لە هەموو دنیا ژانرى کورتە چیڕۆک کەوتۆتە قەیرانەوە؟!

ئەو پرسیارە و هیدیکەش هەڵدەگرم، نەک لەبەر ئەوەى بە دواداچوونى جیدى و بەرفرەوان هەڵدەگرێ، بەڵکو چونکە قابیلى قسەى جیاواز و توێژینەوە و تێڕامانە… نەک لەبەر ئەوەى قسە لە (مەولود ئیبراهیم حەسەن) وەک چیڕۆکنوسێکى سەردەمى حوسێن عارف و شێرزاد حەسەن… دەکەم، بەڵکو چونکە مەعریفە و توانا و شارەزایى و خۆتەرخانکردنى زۆرى پێویستە و کاتى دەوێت.

(1)

(مەرگى سەگ، کورتە چیڕۆک، دکتۆر مەولود ئیبراهیم حەسەن، هەولێر چ 1، 2017) ئەگەرچى لە کاتى خۆى چاپ نەکراوە، بەڵام لەبەر ئەوەى لە شێوە ناشیرینەکانى دەسەڵاتى بەعس و بونیادى دڕندەیى بەعس دەدوێ، لەبەر ئەوەى دڕندەیى بەعس هەرگیز نابێتە رابردوو، بابەتى نێو ئەو کۆمەڵە چیڕۆکەش هەرگیز نابێتە رابردوو… ئەو کۆمەڵە چیڕۆکە فێرمان دەکات بەرەنگارى ستەم ببینەوە، لە پێناو حەقیقەتدا بمرین، بەڵام بەو تێگەیشتنە نا کە مرۆڤ وەک قوربانى تەماشا بکرێت، ئەو بیرکردنەوە (مارکسییە) ئەگەرچى ماوەیەکى زۆر بە سەر کلتورى مرۆڤایەتیدا زاڵ بوو، بەڵام ئەمڕۆ لەگەڵ بیرکردنەوەى سەردەم ناگونجێ، ئەمڕۆ هەموو رووەکانى حەقیقەت پابەندى ژیاندۆستییە، نەک مەرگدۆستى، بەهاى مرۆڤایەتى لە ژیاندۆستیدایە، نەک پابەندبوونى سیاسى…

ئەو کۆمەڵە چیڕۆکە پێماندەڵێت مەرگ پێویستى بە ئازایەتى هەیە، بەڵام هاملێت پێماندەڵێ بیرکردنەوە وامان لێدەکات ترسنۆک بین… لە نێوان ئازایەتى و بیرکردنەوەدا ژیان فێرمان دەکات بڕوامان بە جیاوازى هەبێت، لە نێوان ئازایەتى و ترسنۆکى ژیان هەڵدەبژێرین…

بنەماى گێڕانەوە لەو کۆمەڵە چیڕۆکەدا لە رێگاى راناوى قسەکەر یان بەکارهێنانى شێوەکانى دیکەى راناو وەک خۆدواندن و خۆپێشخستن و خۆدواخستن بەرجەستە دەبێت، لە رێگاى رووداو و بابەت و تەکنیکەوە ئەوەندە تێکەڵ ئازارەکانى مرۆڤ و یاخیبوون و چەوسانەوەى نەتەوەیى و بەسەرهاتەکانى ژیانى رۆژانە و ژیانى کولەمەرگى کوردى دەبێت، خوێنەر وا دەزانێت کارێکى واقیعى لە پێناو (بەرەنگاربوونەوە)دا دەخوێنێتەوە! بەڵام دەتوانم بڵێم کۆى ئەو چیڕۆکانە لە وەشاندنى سیحرى هونەرى و لە بەجێهێشتنى جێکەوتەى بابەت گەشە دەکات، لە کۆى ئەو چیڕۆکانەدا تواناى گێڕانەوە و چنین و رووداو… بەرجەستەیە! ئەو توانا و سیحر و جێکەوتە هونەرییە لە چیڕۆکى (بخوێنە خەمت نەبێت) نەک هەر راستەوخۆ لە ناونیشانى چیڕۆکەکەوە دیارە، بەڵکو راستەوخۆ سیحرى خۆى لە کارى داخوازى (بخوێنە)دا دەوەشێنێ…

بە دیوەکەى دیکە شاردنەوەى ئاکامى چیڕۆکەکان و ئاڕاستە نەکردنى خوێنەر، سیحرى هونەرى خوێندنەوە بە تامتر دەکات، نهێنى چنین و تەکنیکى چنینى بابەت لەو کۆمەڵە چیڕۆکەدا مەتەڵێکە هەتا کاراکتەرى سەرەکیش دەرئەنجامەکانى بە تەواوى بۆ یەکلا نابێتەوە، بۆ نموونە پرسى (بخوێنە) لە ساڵانى حەفتاکان و لە کوردستان و بە تایبەت لە شارى هەولێر قسەى سەر زارى گەوران بوو، بەڵام بە گشتى زارى گەوران لە بارەى خراپى سیستمى پەروەردە داخراو بوو، زارى گەوران لە بارەى سیستمى دەسەڵات و دڕندەیى بەعس نەدەکرایەوە، زارى گەوران ئەگەر باسى کەموکوڕییەکانى دەسەڵاتى کردبا، چاپخانەى بە چاوى خۆى نەدەدیت؟!

جێکەوتەى رووداو، وەک بڕبرەى پشتى چیڕِۆکەکانى (سەرهەڵدانەوە، ئایشە گوڵ، خاچ، بژاردن، مەرگى سەگ) دەبینرێت، کۆى جێکەوتەى رووداوەکان پەیوەندى بە واقیعى کوردى و نهێنى چنینى بابەتەوە هەیە، هەرگیز چیڕۆکنوس هونەرى ئەو نهێنیانە ئاشکرا ناکات، نهێنى یاخیبوون، رەسەنایەتى، بەرەنگاربوونەوەى زوڵم و زۆردارى… پرسیارى جۆراوجۆرى لە خۆدا هەڵگرتووە! دەشێ سەردەمى نوسینى ئەو کۆمەڵە چیڕۆکە، سەردەمى یاخیبوون لە دەسەڵات و بەرەنگاربوونەوەى چەوسانەوە و گەڕانەوە بۆ رەسەنایەتى وەک جیاوازى بنوێنێ، دەشێ هەموو ئەوانە مرۆڤێکى بە جەرگ و جەربەزە و یاخى پەروەردە بکات، دەشێ بەرجەستەکردنى بەهاى مرۆڤایەتى و هەستى نەتەوایەتى و ئاسودەیى ویژدان و بەرەنگاربوونەوەى چەوسانەوەى مرۆڤ بێت…

(2)

زەمەنى کۆمەڵە چیڕۆکى مەرگى سەگ، رەگەزە گرنگەکانى گێڕانەوە تێکەڵ بە رەگەزى شوێن دەکات و فەزایەکى غەمگین بۆ ئەو کۆمەڵە چیڕۆکە دەنەخشێنێ، کۆى کات و شوێنى ئەو کۆمەڵە چیڕۆکە لە رووى هەستەکییەوە ناکەوێتە نێو کۆى ئەزموونەکانەوە، واتە خوینەر ناتوانێ لە ناو ئەزموونە هەستەکییەکانى ئەو چیڕۆکانەوە کۆى کات و شوێن بناسێ، ئەوەش دەمانخاتە بەرامبەر چەمکى داهێنانەوە، بەو مانایەى داهێنان کات و شوێن ناس ناکات! بە دیوەکەى دیکە دەتوانم بڵێم زەمەنى گێڕانەوە لەو چیڕۆکانەدا ئەوەندە بایەخ بە زەمەنى گوتار دەدات، ئەوەندە بایەخ بە زەمەنى رووداوەکانى گێڕانەوە نادات، ئێمە دەزانین زەمەنى گوتار زەمەنى خودى رووداوەکانیشە، بەڵام چیڕۆکنوس بە شێوەیەکى هونەرى و لە رێگاى تەکنیکە ئیستێتیکییەکانى خۆدواخستن و خۆپێشخستن و فلاش باک و پەلەکردن و خاوبوونەوە، ئەو فەزایە لە گوتارى یاخیبوون، بەرەنگاربوونەوە، رەسەنایەتى رەکاژۆ دەکات…

ئەگەر پاراستنى نهێنى لە کۆمەڵە چیڕۆکى مەرگى سەگ پرسى تەکنیکى لە خۆدا هەڵگرتبێ، بەو مانایەى رووداوە واقیعییەکانى هەڵبژاردووە، ئەوە لە رووى هونەرییەوە کاراکتەرەکان، جیاواز لەوەى لە دنیاى واقیعدا هەیە، دەبینرێن! بۆ نموونە کاراکتەرى چیڕۆکەکانى (سەرهەڵدانەوە، خاچ، خۆنەدانە دەست) ئەگەرچى کاراکتەرى یاخیین، بەڵام یاخیبوونى ئەوان زۆر بە جوانى پەیوەستە بە سروشتى چیرۆکەکانەوە!

مرۆڤى یاخى زێتر هەڵگرى مانایەکى سایکۆلۆجییە، مرۆڤى یاخى کەسێکە دژ بە دەسەڵات، بەڵام دەست بەردارى دەسەڵات نابێت، دەیەوێ خۆى دەسەڵات بگرێتە دەست! جیاوازى نێوان مرۆڤى یاخى و مرۆڤى شۆڕشگێر ئەوەیە، کە مرۆڤى شۆڕشگێر ئازادى دەوێت، هەنگاو بەرەو تەجاوزکردنى دەسەڵات دەنێ و پابەندى دەسەڵات نییە. مرۆڤى یاخى دژى دەسەڵاتێکە کە پێى رازى نییە، کەچى بەرانبەر دەسەڵاتێک کە پێى رازییە ئیجابییە. بەڵام شۆڕشگێر دەیەوێ سەربەخۆیى حەقیقى بە دەست بهێنێ و تێنووى دەستبەسەراگرتنى دەسەڵات نییە… لە رووى سیاسییەوە یاخى بە چاککارى رازییە و شۆڕشگێر گۆڕانى ریشەیى مەبەستە… لە کۆى ئەو قسەکردنانە دەمەوێ بڵێم کۆمەڵە چیڕۆکى مەرگى سەگ سیحرى خۆى لە چاککاریدا دەبینێتەوە.
بە دیوەکەى دیکە دەشێ لە کۆى ئەو چیڕۆکانەدا چەمکى یاخیبوون، وەک چەمکێکى کامۆیى تەماشا بکەین، کامۆ (لە لاپەڕە 49ى- مرۆڤى یاخى- وەرگێرانى ئازاد بەرزنجى، کتێبخانەى ئەندێشە- سلێمانى 2012)دا دەڵێت: مرۆڤ بۆ ئەوەى هەبێ دەبێ یاخى بێ، بەڵام لەو یاخى بوونە دەبێ رێز لەو سنورانە بگرێ، کە لە خۆیدا دەیاندۆزێتەوە، ئەو سنورانەى کە تیایدا مرۆڤەکان بەیەک دەگەن و بەم بە یەکگەیشتنەش بوونیان دێتە ئاراوە… دەمەوێ بڵێم دەشێ کاراکتەرەکانى مەرگى سەگ هەوڵبدات لە رێگاى یاخیبوونەوە سنورى ئەویدیکە دیارى بکات، هەوڵبدات لە رێگاى یاخیبوونەوە بوونى خۆى بسەلمێنێت، هەوڵبدات لە رێگاى یاخیبوونەوە بە دژى چەوسانەوە و زۆردارى و ستەمکارى بێتەوە…

(3)

سیحرى رەسەنایەتى لە سەر گەڕانەوە بۆ ئەسڵێکى بنچینەیى دادەمەزرێ، رەسەنایەتى لە کلتورى رۆژهەڵاتدا زێتر ماهییەتێکى ئایینى هەیە، بەو مانایەش هەموو سروتێکى گەڕانەوە و ئامادەکردنەوەى رووداوە سەرەتاییەکان، هەموو گەڕانەوەیەک بۆ دامەزراوەکان، هەموو سروتێکى گەڕانەوە بۆ یادەوەرى نەتەوە… هەمان دنیابینى ئایینى دەنوێنێ؟! دەمەوێ بڵێم وشەى رەسەن وشەیەکى ئەدەبى نییە، چونکە ئەدەب داهێنانە، نەک گەڕانەوە…

دەشێ چیڕۆکەکانى مەرگى سەگ بانگەشەى جۆرێک لە رەسەنایەتى بکەن، لە پێناو خۆ جیاکردنەوە لە گەمژەیى سیستمى دەسەڵات، دەسەڵاتێک کە کەسانى بندەست وەک کۆیلە تەماشا دەکات… بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە، کە لە بیرمان بچێت، رەسەنایەتى گەڕانەوەیە بۆ ئەسڵێکى کۆن، بۆ رووداوى یەکەم!! لە پشت رەسەنایەتییەوە دنیابینییەک هەیە، ئەو دنیابینییە هێزى نادیارى ئەو کۆمەڵە چیڕۆکەیە، دەبێ ئەو هێزە خوێنەر ئاشکراى بکات! دنیابینى کۆمەڵە چیڕۆکى مەرگى سەگ پابەندى وێنەى خۆیەتى، وێنەى مرۆڤى چەوساوەى رۆژهەڵاتى (یاخیبوون و بەرەنگاربوونەوە و خۆنەدانەدەستە)، پابەندى زمانە شاراوەکە و ئەزموونى زمانە رەوانەکەى دکتۆر مەولود ئیبراهیم حەسەنە! دەمەوێ بڵێم پابەندى شێوازى گێڕانەوە و کەشفکردنى ئەو دنیایەیە کە تێیدا ژیاوە.

بە بۆچوونى من هێزى نادیارى چەمکى رەسەنایەتى لەو کۆمەڵە چیڕۆکەدا بە مانا هایدگەرییەکەى چەمکى ناڕەسەنمان یاد دەخاتەوە! هایدگەر دوو جۆر بوون دیارى دەکات، کە بریتین لە بوونى رۆژانە و بوونى تایبەتى، مەبەست لە بوونى رۆژانە بوونى ناڕەسەن یان ساختەیە، بوونى تایبەتیش بوونى رەسەنى کەسەکە دەگرێتەوە. بوونى ناڕەسەن ئەو بوونەیە کە کۆمەڵێک کارتێکەرى دەرەکى پێکى دەهێنێ، ئەو کەسە ژیانى رەسەنى خۆى ناژى و واز لە هەڵبژاردنى خۆى دەهێنێ و بوار بەوانیدى دەدات ئیمکانەکانى بوونى بۆ دیارى بکەن، بەڵام بوونى رەسەن، ئەو بوونەیە کە تیایدا خود هەست بە تاکێتى خۆى دەکات.

بە کورتى:

لە کۆمەڵە چیڕۆکى (مەرگى سەگ)ى چیڕۆکنوس (مەولود ئیبراهیم حەسەن) بنەماى گێڕانەوە، رووداو، کات و شوێن، کاراکتەر، خۆى لە نێوان وەسف و مەنۆلۆگ و دیالۆگدا دەبینێتەوە و چیڕۆکنوس توانیویەتى لە نێوان خەیاڵ و واقیعدا چەمکى یاخیبوون، خۆنەدانە دەست، رەسەنایەتى، بەرەنگاربوونەوەى زوڵم و زۆردارى لە سروشتى چیڕۆکەکانیدا بنەخشێنێ! کەواتە ئەگەرچى ئەو کۆمەڵە چیڕۆکە لە کاتى خۆى چاپ نەکراوە، بەڵام لەبەر ئەوەى بە شێوەیەکى هونەرى وەسفى زەمەن و شوێنێکى دیاریکراو دەکات، لەبەر ئەوەى بەهاى مرۆڤایەتى و هەستى نەتەوایەتى و ئاسودەیى ویژدان و بەرەنگاربوونەوەى چەوسانەوەى مرۆڤ بەرجەستە دەکات، لەبەر ئەوەى شێوە ناشیرینەکانى دەسەڵاتى بەعس و بونیادى دڕٍندەیى ستەم بیر دەخاتەوە… ئەو کۆمەڵە چیڕۆکە هەرگیز کۆن نابێت و قابیلى خوێندنەوەى جۆراوجۆرە.

هەولێر 14/10/2017




پرسیارکردن لە تاریکى … عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا


” لە هیچ دنیایەکەوە رەوانە نەکراوم”

رامبۆ: وەک دەزانین خۆشەویستى دەبێ لە نوێوە دابهێنرێتەوە. قەسیدەى بەشێک لە دۆزەخ
خوێنەرى خۆشەویست ئەو دەقەى بەردەستتان یادەوەرى نییە، چونکە گێڕانەوەى ژیانى کەسى نییە، وەک چەمکى یادەوەرى داواى دەکات. ژیاننامە نییە، وەک ئەوەى لەسەر راستبێژى وەستا بێت، بەڵکو زمانێکى دیکەیە بەرانبەر زمان و لەگەڵ زماندا! نەک بەو مانایەى کە کارى چارەسەرکردنى یەکیەتى زمان بکات، بەڵکو بەو مانایەى کە زمان دەیەوێت.

نەخشى منداڵى

دەڵێن بیرى منداڵى تیژە، (زانین)ى قۆناغى منداڵى وەکو نەخشى سەر بەردە، بەشێک لەو بەهرەیە بەر منیش دەکەوێت، چونکە زۆر شتان دەگێڕمەوە دایکم سەرى سوڕ دەمێنێ! هەموو ئەوانەى پەیوەندى بە قۆناغى منداڵى و چالاکى میمیۆرى و گەشەکردنییەوە هەیە… جگە لە بیرخستنەوەى زانیارییەکان، هەندێک لە منداڵان تواناى یادکردنەوەى دەنگیان لەلا بە هێزە و هەندێکى دیکە وێنە و بینین! بەبیرهاتنەوە لە دوو ساڵى یەکەمى تەمەنى منداڵدا کۆپیکردنى شتەکانە و تێگەیشتنى لەگەڵدا نییە، دواتر درککردن دێتە ئاراوە، بۆیە فێرکردنى منداڵ لە رێگاى شتە بەرجەستەکانەوە باشتر دەچێتە مێشکەوە! گەشەپێدانى بیرهێنانەوە هەر تەنها شارەزایى زیاد ناکات، بەڵکو لە رووى عەقڵییەوە تواناى وەرگرتنیش بە هێز دەکات.

دەزانم لە قسەکردندا پێش هەموو شتێک تاکێتى خۆم لە دەست دەدەم، چونکە (من) دەبێتە راناوێکى رێزمانى و دەچێتە رستەوە. ماوەیەکى زۆر لەگەڵ خۆم بووم، ئەو هەموو ماوەیە بۆم دەرکەوت لەگەڵ خۆبوون لە بیابانێکى وشکوبرینگ، کە ئێمە پێى دەڵێن وڵات، شتێکى ئەستەمە، لە رێگاى لەگەڵ خۆبوون ناتوانین خۆمان بدۆزینەوە، لێرە لەو وڵاتە وێرانەیەدا دەبێ پارچە پارچە بیت… یەکێک پێمدەڵێت چاى دەخۆیتەوە؟ بۆشاییەکانم لە رێگاى ئەویدیکەى وشەوە پڕ کردەوە، وشە دەکەمە کێلى قەبرى ئەو منەى کە نەکرا بیپارێزم! ئەو قسەیە بەرەو یەکێک لە رستە بە ناوبانگەکانى (لاکان) دەبێتەوە، کە دەڵێت (ئارەزووى مرۆڤ ئارەزووى ئەوانیدیکەیە) ئەو رستەیە جەخت لەوە دەکاتەوە کە کاتێک من دەبێتە راناوى رێزمانى هەر تاکێتى من ناکوژرێ، بەڵکو ئارەزووەکانیشى لە دەست دەدات. نازانم دەڵێم چاى دەخۆمەوە یان نا! بەڵام دەزانم لەو وێرانەییەدا حەقیقەتى من لە دەرەوەى منەوەیە… نازانم دەڵێم چاى دەخۆمەوە یان نا! بەڵام دەزانم دەسەڵاتى کوردى لە ناوەوە کلۆرە… نازانم دەڵێم چاى دەخۆمەوە یان نا! بەڵام لە نێو خەیاڵم بە رستەیەک بە دایکم دەڵێم: کاتێک لەسەر دیوار بەربوومەوە و ناوەڕاستى لووتم لە بەردێک چەقى و شکا، ئازارى لە خوێن لەبەر رۆیشتنەکەى زۆرتر بوو… ئەو دەڵێ هەر بە جلى خوێناوییەوە تۆم بۆ لاى (ئەحمەد تەبیب) برد، هەر بە یەکجار تەداوى کردن، بۆ خۆت چاک بوویتەوە! ماڵى ئەحمەد تەبیب لە نزیک ئەو ماڵانە بوو، کە لە وێستگەى شەمەندەفەر بە دار و درەخت داپۆشرابوون، پاشان دایکم دەڵێ ئەوە تۆ چۆن هەموو ئەو شتانەت لە بیر ماوە، خۆ ئەو کات هێشتا پێنج ساڵانت تەواو نەکردبوو؟ من دەڵێم ئەوە دووەمجارم بوو ماڵى ئەحمەد تەبیب ببینم، جارى یەکەمم بە هۆى دومەڵى بن گوێچکەى چەپمەوە لەگەڵ باوکم منتان بردە لاى و ئەویش هەر بە یەکجار تەداوى چاک بوومەوە. دایکم لەسەرەخۆ دەڵێ ئەوەیان من بۆم گێڕایتەوە، نیشانەکەشى بە بن گوێچکەى چەپتەوە ماوە.

بۆ هەموو دەردێ دەستى ئەحمەد تەبیب بە شیفاى عاجل دادەنرا، دەڵێن ناوبانگى تەبیبى ئەو لە شەستەکان و سەرەتاى حەفتاکاندا تەواوى هەولێرى گرتبۆوە، هەمیشە ماڵى ئەوان نەخۆش و زامدارى جۆراوجۆر رووى تێدەکردن، لەبەر ئەوەى ئێمە زۆر لەوان دوور نەبووین، بۆیە وەک دراوسێ مامەڵەیان لەگەڵدا دەکردین… دواى ئەوەى باوکم لە رێگاى ماڵى (مونعیم محەمەد ئەفەندى) کە یەکێک بوو لە خواپێداوەکانى شارى هەولێر و تێکەڵاوییان لەگەڵ ماڵى (مستەفا حوزێرى) هەبوو، لە کارگەى شیرى هەولێر وەک کرێکار بە شێوەیەکى فەرمى دامەزرا، ماڵمان بۆ گەڕەکى کوران، بۆ ئەو خانووە گوازرایەوە کە میرى بۆ کرێکارانى کارگە دروستى کردبوو، دواى چەند ساڵێک لە پشت ئەو چوار خانووەى کارگەى شیر، واتە لە شوێنى باخچەى وێنجەى مانگاکانى کارگەى شیرى پێشان و شوێنى دەزگاى ئاسایشى گشتى ئێستا، میرى ریزێک خانووى بۆ کاربەدەستانى هێزى ئەمنى و کارمەندانى خۆى دروست کرد، دووەم خانوو بەلاى شەست مەترى و غاباتى کوران و روو لە کۆگاى تووتن بەر گۆرانبێژى بە توانا (فواد ئەحمەد تەبیب) کەوت، راستە ئەوجارە دراوسێیەتیمان نزیکتر کەوتبۆوە، بەڵام ئەحمەد تەبیب و شەستەکان ئاواببوو، حەفتاکان بوو، بۆیە چیتر ئەو ماڵە تەبیبى ماڵى ئێمە نەبوون.

کاتێک ماڵمان لە نزیک حەسارى عیزەدین ئاغا بوو، خۆشترین رۆژەکانى منداڵى من ئەو کاتانە بوو، کە لەگەڵ نەنکم دەچووینە ئەوبەرى ماڵەوە و لە خوار قەبرستان و ئاشى ئەحمەد جەڵەبى باپیرم بیستانى گوندۆرە و ئاروو و تەماتە و بامیە … چێکردبوو، زۆرجاران من بەشى خۆم لە نێو جەمەدانییەک دەکرد و دەمهێنایە ماڵەوە، بەڵام هەمیشە بیرم لاى هەڵاتن بوو، بەر لەوەى لە (جۆگەى میرى) بپەڕمەوە و (هەیاس) رێگام پێبگرێت… هەیاس ئەگەرچى شێتێکى بە هێز و ترسێنەر و بە ناوبانگى شارى هەولێر بوو، بەڵام پیاوێکى کەم وێنە بوو، بۆ ماڵى ئێمە وەک پەرژین وابوو، هەیاس حیکایەتى زۆرە، من ئەگەر لە دوورى ماڵەوە هەیاسم دیتبایە، هەمیشە بیرم لە مەسافەیەک بۆ راکردن دەکردەوە، بەڵام لە نزیک ماڵەوە وەک ناسیاوێک نان و ئاوم بۆ دەبرد. شوێنى زۆربەى کاتەکانى ئەوساى هەیاس بن دیوارە بەرزەکانى ئاشى ئەحمەد جەڵەبى بوو، کە ئێستا ماڵى چەند لێپرسراوێکى باڵاى پارتى و یەکێتى شوێنیان گرتۆتەوە… ئەوسا و ئێستاى هەولێر بە شیشى هەیاس و شیش و کۆنکریتى پارتى و یەکێتى کۆنترۆڵکراوە! شیشى یەکەمیان بۆ بەرگریکردن لە خۆ بوو، دووەمیان بۆ ئارایشکردنى خۆ… هەیاس رۆیشت و حیکایەتى هێزى لەگەڵ خۆى بۆ گۆڕستان برد، بەڵام پارتى و یەکێتى رۆژ بە رۆژ لاواز دەبن و بڵاچەى هێزى جەماوەر لە دەستت دەدەن… هێزى سیاسى کوردى بەردەوام بۆ بەرگریکردن لە مردن، (کۆنەپەرستى و پەڕگیرى) برەو پێدەدەن!

شتەکان وەک چۆن هەن، ئەوە نین، یان مەرج نییە وابن… ژمارەى دانیشتوانى ئەمریکا لە شەش پۆینت سێى دنیا تێپەڕ ناکات، بەڵام ئەو بانگەشەیەى کە بۆ مافى مرۆڤ دەیکات هەموو دنیاى لەخۆگرتووە، بیر لەوە ناکاتەوە کە لە سەدە پەنجاى سامانى هەموو دنیا لە ئەمریکایە، بیر لەو جیاوازییە گەورەیە ناکاتەوە لە نێوان ژمارەى دانیشتوانى دنیا و خۆى…. ئەو قسەیەم لەوێوە دێت، کە ناکۆکى سیاسى هەموو شتێکى بەخۆوە گرێ داوە و هەموو شتێکى بە رەمزکردوە. دەزانم هەموو ناکۆکییەک بەرئەنجامى ناهاوسەنگى هێزە، ئەى خۆگونجانى خەڵکى ماناى چییە؟ خۆگونجانى خەڵکى پەیوەستبوونێکى درۆزنانەیە! ئەو قسەیەم گشتگیر و هەندێ رەقە، بەڵام خەڵکى بە بێ ئاگایى بوون باوەڕ بە ئایدیۆلۆژیا دەهێنن، بەر لەوەى بیر لە راستییەکان بکەنەوە… خەڵکى هەمیشە بە کارێک هەڵدەستن کە حەزى لێناکەن، چونکە دەیانەوێت لە واقیع دوور بکەونەوە، ئەوە ئایدیۆلۆژیایە! ئایدیۆلۆژیا مانا بە هەموو شتێک دەبەخشێت بە تیرۆر و کۆنەپەرستیش… ئەوەى خەڵکى بێ ئاگا رێست دەکاتەوە ئایدیۆلۆژیایە، ئەوەى ماندوویان دەکات ئایدیۆلۆژیایە، ئەگەرچى ئایدیۆلۆژیا وەک ئەوەى هەیە، درۆزنانەش بێت.

وەک دەزانین ئاگایى درۆزنانە لاى (مارکس) و (ئەنگڵس)ى هاوڕێى فۆرمى زاڵى ئایدیۆلۆژیایە، چونکە (ئەوان نازانن چى دەکەن، بەڵام هەر دەشیکەن) ئەوەى نایزانن و دەیکەن، ئایدیۆلۆژیایە. ئەو پێناسە مارکسییە لاى (پیتەر سلۆتەردایک) تەواو ئاوەژوو دەبێتەوە، چونکە ئەو بە پێچەوانەى مارکس دەڵێ (ئەوان دەزانن چ دەکەن، بەڵام هەر دەشیکەن)… ئەو قسەیەى سلۆتەردایک جەخت لەوە دەکاتەوە کە فۆرمى زاڵى ئایدیۆلۆژیا ئاگایى درۆزنانە نییە، بەڵکو گومانبردنە، بە مانایەکى دیکە نیودژى بوونى ئاگایى درۆزنانەیە لە رووى مەعریفى و رۆحییەوە. ئایدیۆلۆژیا هەمیشە کار لە پێناو ئاراستەکردنى غەریزە و ئاراستە دەروونیەکانى تاک دەکات! ئایدیۆلۆژیا ئەو راستییەیە کە تێگەیشتنمان بەرانبەر واقیع بە لارێدا دەبات، کەواتە راستە خەڵک دەزانن ئایدیۆلۆژیا هەمیشە فێڵییان لێدەکات و بە کاریان دەهێنێت، بەڵام وێڕاى ئەوەش وازى لێناهێنن. سلۆتەردایک ئەوە بە زمانحاڵى مرۆڤى گومانبەر دادەنێت، بوونەوەرى گومانبەر بەرهەمى بیرکردنەوەى دیکارتى نییە، بەڵکو بەرهەمى ناکۆکیەکانى ئایدیۆلۆژیاى سیاسییە! ئەوەى دووەمیان لەسەر بڕوابوون دەوەستێ، نەوەک بیرکردنەوە و راستییەکان. بوونەوەرى گومانبەر هەمیشە پێیوایە لە بەر ئەوەى دەوڵەمەند و دزەکان پارێزگارى لە یاسا دەکەن، ئیتر رووبەرووبوونەوەى دەسەڵات هیچ سوودێکى نییە؟!

من بە درێژایى ژیانم هەوڵمداوە وەک مرۆڤێکى بێ زیان دەربکەوم… موتەلیب بە منداڵى زۆر جوان و لەبەر دڵان بوو، پێنج ساڵانى تەواو نەکردبوو، کوڕێکى خرپن و رۆح سووک بوو، ژنانى حەسارى عیزەدین ئاغاى دراوسێ بۆ ئەوەى نیگەرانمان بکەن زۆرجاران لێیان دەشاردینەوە، دڵمان دەکەوتە لەرزە، ئەوەندە لە خۆمان دەردەچووین وەک شێتانمان لێدەهات، کە دەیانزانى ئیتر کارمان تەواوە، یەکێک خۆى وا نیشان دەدا زۆر ماندووە، دەستى تۆى دەگرت و دەیگوت دۆزیمەوە! ئەوە قسەى نەنکم بوو و جاروباریش دایکم بۆى دەگرتەوە و دەیگوت هەموو دەرو دراوسێ لە رۆحى خۆیان خۆشتریان دەویست، هەمیشە لە باوەشیان بووى و دەیانشاردییەوە. بە دایکم دەڵێم ژنێک هەبوو ناوى (زارێ) بوو، زێتر لە باوەشى ئەو بووم نەک هى تۆ، دایکم دەڵێ زارێ نەبوو، ئەوە کچەکەى بوو (سێوێ)ى خوشکى (محەمەد)… کە ماڵى (مونعیم محەمەد ئەفەندى) لە قەسرەکەى خۆیان ژوورێکیان پێدا بوون و لە بەر هەژارى و بێکەسى لەخۆیان گرتبوون… دایکم دەڵێ تۆ لەگەڵ زارێى خێزانى (حەسەن پۆلیس) لێتتێکچووە، کە نەخۆش کەوتى تۆم بردە ماڵى ئەوان و یەکەمجار لە ژیانتدا ئەو دەرزى لێدایت، ئەوە ئەو کاتە بوو، کە هاتینە گەڕەکى کوران، زارێ دایکى شێرزاد حەسەنى چیڕۆکنوس ماڵییان لە بەرانبەر ماڵى مەلا هەمزەى شیوعى بوو. لە خوار کارگەى شیر و لە بەرانبەر ماڵى ئێمە و لە شوێنى کوورەکانى کوران (فازیل)ى برا گەورەى هەیاسیش خانووى دروست کرد.

دڵدارى شاعیر لە یادەوەرییەکانیدا باسى (گوندى تیمار)ى نزیک هەولێر -سەر رێگاى مەخمور- و دەمودووى ئەو مەلا هەمزەیە دەکات و دەڵێ لە نێو جوتیارانى گوندى تیمار کە باس دەهاتە سەر ئاغا و ستەمکارى پیاوێک زۆر خوێندەوارانە قسەى رێک و بەجێى دەکرد، ناوى مەلا هەمزە بوو، من هەمیشە هانى ئەوانەم دەدا، بۆ ئەوەى دژى ستەم و زوڵمى ئاغاکان بوەستن، هەمیشە لە دەورم کۆ دەبوونەوە و گوێیان لە قسەکانم دەگرت و پەسەندییان دەکرد، ئەگەرچى من جاروبار دەچوومە گوندى تیمار بەڵام ببوومە خۆشەویستى جوتیار و رەنجدەرانى ئەو ناوە. خۆشەویستى پاڵە و رەنجدەران… بۆ دڵدارى شاعیر و خۆشەویستى دەرودراوسێ بۆ منى منداڵ کاریگەرى تایبەتى خۆیان هەبوو، دڵداریان بەرەو شیعرى جوان و بەرز برد، منیش بەرەو دڵناسکى و سۆز… دڵدار و سروودى ئەى رەقیب دوو دیوى یەک دراون، من و دڵناسکیش… ئەى رەقیب بۆ بەرگریکردن لە نەتەوە قەڵغان بوو بەڕووى دوژمنان، دڵناسکى منیش بوو بە نەخۆشى و رووبەرووى پزیشکانى کردمەوە، ئەوانە کەمن، کە بۆ ئەى رەقیب هەڵناستنە سەر پێ، ئەو پزیشکانەش نەزانن کە دەیانەوێ دڵى من بە داو و دەرمان چاک بکەنەوە! دڵدار کەوتە سەردەمێ کە ئەى رەقیب لەبرى ئەوەى وەک جوانکارى شیعریى سەیر بکرێت، وەک دژ بوونەوە پێناسەى دەکرێ، منیش کەوتمە دنیایەک کە دڵ بەرگەى ئازارەکانى ناگرێ، نە دڵدار لە شیعر دەبێتەوە، نە منیش بەرگەى نەخۆشى دڵ دەگرم!
بەشێک لە ناسنامەى ئەدەبیم




پرسیارکردن لە تاریکى … عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا

” لە هیچ دنیایەک رەوانە نەکراوم”….

رامبۆ: وەک دەزانین خۆشەویستى دەبێ لە نوێوە دابهێنرێتەوە. قەسیدەى بەشێک لە دۆزەخ
خوێنەرى خۆشەویست ئەو دەقەى بەردەستتان یادەوەرى نییە، چونکە گێڕانەوەى ژیانى کەسى نییە، وەک چەمکى یادەوەرى داواى دەکات. ژیاننامە نییە، وەک ئەوەى لەسەر راستبێژى وەستا بێت، بەڵکو زمانێکى دیکەیە بەرانبەر زمان و لەگەڵ زماندا! نەک بەو مانایەى کە کارى چارەسەرکردنى یەکیەتى زمان بکات، بەڵکو بەو مانایەى کە زمان دەیەوێت.

نیگاى هونەر

یەکێک گوتبووى ئەوەى زۆربەى وەرزەکان پانتۆڵێکى کاوبۆى شین و کراسێکى سپى و کڵاشێکى سپى لە پێ دەکا، هەمیشە کتێبێکى بە دەستەوەیە و خەیاڵى لێرە نییە، ئەوە موتەڵیبە؟! دەزانم سەرم لە نێو کتێبان دەجولێتەوە، بەڵام وەک (ئەرستۆ)ى گەورە خوێنەرى دنیا نا، خەیاڵم بەدواى گرتنى گەردەلوولەوەیە، بەڵام (ریلکە) نیم! ئەوە فیگۆرى ژیانى رووتى منە بە کەمەکێک دەستکارییەوە، مرۆڤێک کە نەیتوانى خۆى بکوژێ، نەیتوانى وڵات جێبهێڵێت، مرۆڤێک لە ناخەوە دژى دامەزراوى سیاسى و پیرۆزى ئیمانى داخراو و لەگەڵ شتە پەراوێز و بچوکەکاندا دێتەوە… هەموو ئەوانە بە تێپەڕینى رۆژگار بە هەندێ دەستکارییەوە بوون بە شیعر، شیعر پرسیار لە تاریکى دەکات، لە ماڵى باران لەگەڵ با دەخەوێ… ئەوە منم دەنگەکان بە بڕێک لە دەستکارییەوە هاوسەنگ دەکەم، ئەوە منم زەمەنێکە لە تەماشاکردنى ئاو دێمەوە و کتێبى دەریا لە (سان جۆن پێرس) دەخوازم.
لەسەرەتاى حەفتاکان ماڵمان لە هەولێر گەڕەکى (کوران) سەرەتاى جادەى ئەلبان لە قەسران جێگیربوو، چوار ماڵى بە تەنیشت یەک و بە یەک شێوە دیزاین کراو، خانووى کرێکارانى کارگەى ئەلبان…

دیسان ئەوە سەرەتا نییە، بەڵکو سەرەتایى شۆڕشى ئەیلول بوو، بەهۆى بۆمببارانى تەییارە سیخۆییەکانى رژێمى بەعسى ئەوساى عیراق بۆ سەر پێشمەرگە و دێیە سنورییەکانى حاجى ئۆمەران و ئازادى و خەللان… دایکم و منى تازە لە دایکبوو لەگەڵ خەڵک و خواى ئەو ناوچەیە دوور لە باوکم کە ساڵى 1962 پێشمەرگە بوو، دەربەدەرى وڵاتى ئێران دەبین. من لە ئێران بە (محەمەد) ناونوس کراوم، دیسان ئەوە یەکەم و دوا تامچێشتنى غەریبى نییە، بەڵام دایکم خووى بە گێڕِانەوەى ئەو بەسەرهاتە و ئەو ناونوسکردنە گرتبوو. بەر لە شۆڕش ماڵە باوانى دایکم کەوتبوونە گوندى خەللانى شێخ عەللائەدین… دەزانم تامى غەریبى و تامى کەبابى هەولێر بە ئاسانى هەستى چێژ وەرگرتنى مرۆڤ بەرنادات، بەڵام هەر یەکە و وەک خۆى! من و دایکم دواى ئەوەى لە ئاوارەیى گەڕاینەوە، دواى ئەوەى باوکم چەکى دانا و لە هۆتێلى (شیرین) -کە دەکەوێتە سەر قاوەخانەى (مەچکۆ)ى ئێستا- دەست بە کار دەبێت، ئیتر لە هەولێر لە گەرەکى (تەعجیل) نیشتەجێ دەبین… لە گەڕەکى تەعجیل بۆ تەیراوە بۆ جمهورى و بۆ حەسارى عیزەدین ئاغا و بۆ خانووییەکى یەک ژوورى کە سەر بە ماڵى (مونعیم محەمەد ئەفەندى) بوو، لە تەنیشت حەسارى عیزەدین ئاغا و بەرانبەر ئاشى ئەحمەد جەڵەبى و دواتریش بۆ گەرەکى کوران… ئێمە لە سەرەتاى شەستەکان لە هەولێر نیشتەجێ بووین. داڕشتنى ئەو هەواڵەم لە باوکمەوە بۆ ماوەتەوە.

هێشتا سۆفییەکان گەڕەکى زانیارى و هەولێرییان جێنەهێشتبوو، من لە پۆلى یەکەمى سەرەتایى وەرگیرام، بەر لەوەى ساڵ بە نیوە بێ، لەبەر دەرزلێدان بێ ئەوەى کەس هەستم پێبکات خۆم و خەیاڵى منداڵانەى سەرم بە تەنیا لە پۆل هاتینە دەرەوە، خۆم و ئەو جانتایەى دایکم بۆى دروست کردبووم بەرەو ماڵ بووینەوە، دایکم لێى پرسیم کە بۆ وا زوو گەڕامەوە؟ حیکایەتێکى دوور و درێژم لە مێشکمدا ئامادە کردبوو، کەچى بە یەک رستە گوتم: لەبەر دەرزى لێدان.
دواى ئەنفال تازە بە بریارى لێبوردنى دوو سایدى (367) و (737) 8/9/1988 پەیوەست بە لێخۆشبوون لە پێشمەرگە و سەربازانى هەڵاتوو و پاشکەوتوو… وەک پاشکەوتووى سەربازى دواى دڵ لە دڵدان و ململانێى دەروونى و نیگەرانییەکى زۆر لەگەڵ (سەردار سنجاوى) خۆمان رادەستکردەوە، کە رەوانەى سەربازگاى کەرکوک کرام، لەوێ لە نێو ئەو هەموو سەربازانەى کە نۆرەیان بۆ خوێنبەخشینى شەڕى عیراق و ئیران گرتبوو، رامکرد، کەس پرسیارى ئەو خۆدزینەوەیەى لێنەکردم، زۆرانى وەکو من لەوانەش (رێدار ئەنوەر) و (دلشاد خدر) و (حاکم شێرزاد)… خۆیان لەو خوێنبەخشینە دزیبۆوە و ئیتر لە دوورى خوێنبەخشەکان بەرە بەرە تێکەڵى قسان بووین و خوێنبەخشینمان لە بیر چۆوە و کەوتینە نێو باسى ئەدەب و هونەرەوە.

ئەدەب و هونەر وەک یادەوەرى سەرەتا و کۆتایى نییە، فینۆس خواوەندى هونەر و جوانى و ئەپۆلۆ خواوەندى شیعر دەکەوێتە ناخى مرۆڤایەتییەوە، ناخى تەمومژاوى، رۆناک و تاریکیى سەدەکان و ئومێد و نائومێدى و سەرکەوتن و دۆڕانە لە بننەهاتووەکان…
لە باسى وێنەکێشان و گوناهەکانى وێنەکێشان هەمیشە لە ماڵەوە داپیرەم- دایکى باوکم- کە خەڵکى مهابادى رۆژهەڵات بوو، دەیگوت رۆڵە لە رۆژى دوایى دەبێ رۆح بە بەر ئەو وێنانە بهێنى، بڕوایەکى رەهاى بەو قسەیە هەبوو، خودا لەسەر ئەو روخسارە دەستکردانە سزاى خۆى دەبێت! ئەو بیرکردنەوە و دنیابینییە لەوێوە هاتووە کە تەنها خودا خالقە و هەموو کارەکان تەنها ئەو دەتوانێ خاوەنییان بێت!! بیر لەوە بکەرەوە رەنگە خودا دەست و پەنجەى رەنگینى (ئەزمیل فیدیاس) پەیکەرتاشى گریکى، یان (جەواد سلیم) و (شاکر ئالسەعید) و (محمەد عارف) و… خۆش بێت، بەڵام منى دەست و پێ سپى چۆن دەبەخشێ؟! منى منداڵ بێ پەروا کاغەزى سپیم بە رەنگ و نیگارەکانم پڕ دەکردەوە و لە برى یارى منداڵانە لە قوڕى دەستکرد و خودا کرد پەیکەرم دەنەخشاند، ساڵى 1974 لە پۆلى چوارەمى سەرەتایى پێش ئەوەى ناوى قوتابخانەکەمان لە بابەتاهیرى هەمەدانییەوە ببێتە بابەتاهیرى سەرەتایى کوڕان، بەهرەى وێنەکێشانم لە پێشانگاى قوتابخانەکان لە قوتابخانەى (ئیبن مستەوفى) نیشاندا! مامۆستا (ێدیق رەواندوزى) یەکەم کەس بوو، کە ئەو بەهرەیەى لە مندا دۆزییەوە، ئەگەرچى ئەو مامۆستاى وێنەکێشان نەبوو، بەڵام بەو باڵا درێژ و بەو سیسەیەوە مەیلێکى زۆرى بۆ ئەو هونەرە هەبوو، لە رێگاى وێنەوە وانەکانى دەخستە مێشکى قوتابیانییەوە. ماڵى مامۆستا ێدیق رەواندوزى دەکەوتە گەڕەکى زانیارى و ئەوبەرى قوتابخانەکەمان و ئەوبەرى شەست مەترى، کەچى ماڵى مامۆستا (قەرەنى ئەسوەد) راستەوخۆ لە پشت قوتابخانەکەمانەوە بوو، مامۆستا ێدیق رەواندوزى کوڕێکى بە ناوى دلێر هەبوو ساڵێک لە پێش ئێمەوە بوو… من هەر لە پۆلى سێیەمى سەرەتاییەوە هەفتانە ئەو وێنانەى دەمکێشان لە رێگاى مامۆستا ێدیقەوە بە تابلۆى ئاگادارییەوە هەڵدەواسران و وێراى ئەو وێنانەى من دەمکێشان وێنەکانى (دلێر ێدیق) و (فەیسەڵ عوسمان)… هەڵدەواسران.

ئەوەى فێرى ئەلف و بێى کوردى کردم هەر خەتخۆشى مامۆستا جەبار یاسین نەبوو، بەڵکو سەلیقەى بەدواداچوون و دڵسۆزى ئەو بوو بۆ جواننوسى و رازاندنەوەى پیتەکان، هەر پیتەى بە رەنگێ دەنەخشاند، پیتەکان بە منداڵان پێدەکەنین، سنورى نێوان خەیاڵى منداڵانەى ئێمە و چیرۆکى پیتەکانى مامۆستا جەبار یاسین رۆژ بە رۆژ لە گەشە دابوو، هەموو پیتێکى بە ژیان دەچوواند، هەر کە ئەو شتە زیندووانەمان لە دەرەوەى قوتابخانە دەبینى پیتەکانمان بیر دەهاتەوە، بیرى منداڵى ئێمە لە نێوان پیتەکانى مامۆستا جەبار و پیتەکانى ژیان دەدرەوشایەوە، لە نێوان پیتە سپییەکانى مامۆستا جەبار و کۆترە سپییەکانى (ئەحمەد)ى هاوڕێم لە شەقەى باڵمان دەدا، هەرگیز (ی)اى مراوى و (ن)وونى مەنجەڵى چێشتم بیر ناچێتەوە، هەرگیز ماڵە قوڕینەکەى ئەحمەدى هاوڕێ و کۆترە خەمگینەکانیم لە بیر ناچنەوە، مامۆستا جەبار تەمەنێکى بەسەر برد، ئەحمەدى هاوڕێم هەر تەنها ساڵێک لە پۆلى یەکەم و لە هاوینى ساڵى دووەم بە نەخۆشى کۆچى دوایى کرد، ئەو کۆترە سپییەم هەرگیز بیر ناچێتەوە، وەک چۆن هەتا ئێستاش خشتەى لێکدانم بیر نەچۆتەوە، ئەو وانەیە مامۆستایەکى خنجیلانە و وریا و چاپووک پێیدەگوتین ناوى مامۆستا (عەبدولقادر) بوو، ماڵى مامۆستا عەبدولقادر هەر بە رێزى قوتابخانەکەمان و لە تەنیشت ماڵى مامۆستا جەبار بوو، مامۆستا عەبدولقادر ئەوەندە سوور بوو لەسەر دەرخکردنى خشتەى لێکدان، بڕوا ناکەم منداڵێک هەبێ و لاى ئەو مامۆستایە خوێندبێتى خشتەى لێکدانى بیر چووبێتەوە، مامۆستا عەبدولقادر بە خۆى و دارە قووتیلەکەى ئەوەندە بە پەلە جارانى لێدەپرسینەوە نەماندەزانى چۆن لە نێوان پرسیارێک و پرسیارێکى دیکە دەمى دەگاتەوە یەک، وەک چۆن بە پەلە دەیپرسى بە پەلەش دارەکەى دەستى لێدەوەشاندین، گرنگ نەبوو بەر کوێمان دەکەوێت! ئەو لێدانە ئەگەرچى بۆ ئێمە بە تایبەتى زستانان بە ئازار بوو، بەڵام دەرچوونیش لەو دارانە چێژێکى زۆرى پێدەبەخشین.

لە سنور بەدەر چێژم لە وانەى هونەرى وێنەکێشان دەبینى، ئەگەر کۆترە سەرکێشەکانى مامۆستا قەرەنى لە حەوشەى قوتابخانە هەڵبنیشتبان و وانەى نیگارمان هەبایە، ئەوە مامۆستاى وانە بیرى بۆ وێنەکێشانى کۆتر دەچوو، یان وێنەى ئەو پشیلانەى خۆیان لە کۆترەکان دادەنوساند، زۆرجاریش وێنەى ئەو دار و گوڵ و مەرکانانەمان دەکێشا، کە لە حەوشەکە دەکەوتە بەر سێبەرى چاومان. بەڵام نە وێنەى کۆترەکانى ئێمەى منداڵ لە کۆترى (زاجل)ى نێو حیکایەتى جوگرافیا و مێژووى مامۆستا قەرەنى دەچوو، نە پشیلەکانمان لە پشیلەى (شیرازى) دەکرد… وێنەکێشان لە ماڵ و لە قوتابخانە بەشێکى زۆرى خەیاڵ و ژیانى من بوو، مامۆستاى وانەى نیگارکێشانمان (نەشئەت سەفار) پیاوێکى هێمن و بێدەنگ بوو… زۆر لە مامۆستایانى دیکەش بایەخیان بە وێنەکێشان و چالاکى قوتابخانەکان دەدا، لەوانەش مامۆستاى ئینگلیزى (عەزیز بەرخول) زۆرجار منى بۆ ژوورى مامۆستایان بانگ دەکرد تا وێنە بە رەنگى زەیتى بکێشم، مامۆستا عەزیز هەموو جارێک کە لە وانەى ئینگلیزى لە (جەبارى کوڕى مەلا هەمزە) تووڕبایە پێى دەگوت خەڵک گووى لە نێو مانگ کرد، تۆ تازە دەڵێى ئەى مانگ من و تۆ هەردوو هاودەردین… جەبار دەیگوت من شاعیرم… بەدران حەبیب میران و جەبار هەمزە و محێدین… بێ ئەوەى شەرم بکەن، لە کاتى ریزبوونى قوتابیانى قوتابخانە دەچوونە ناوەڕاستى گۆڕەپان و دواى هەڵکردنى ئاڵاى نیشتمانى رۆژى پێنجشەممان لەبەر دەمى مامۆستا و بەڕێوەبەر وەک (تاهیر تۆفیق) دەستیان بادەدا و شیعرى دارى ئازادى بە خوێن ئاو نەدرێ قەت بەر ناگرێ و ئەى وەتەن مەفتوونى تۆم و … دەخوێندەوە. مامۆستا عەزیز بەرخول پیاوێکى تێکسمڕاوى سوور و سپى بوو، یەکێک بوو لە نەیارانى رژێمى ئەوساى بەعس و کاتێک کودەتایەکەى (محەمەد عایش) ئاشکرا بوو، ئەو وڵاتى جێهێشت و بۆ ئەمریکا هەڵات.

ئادارى 1974 ساڵى بەرخودان و هەڵچوون و هەڵایسانى تووڕەیى و خەباتى کوردایەتى بوو، ساڵى بوێریى و چاونەترسى و جەسوورى، ساڵى یاخیبوون و بەرەو چیابوونەوە و کۆڵنەدان… من لە پۆلى چوارەمى سەرەتایى بووم، کە شۆڕش گڕى گرت، لە زۆربەى ماڵان بڕینى زیندانى حەرەس قەومى و چوونە چیاى پۆلیسان و یاخیبوونى گەنجان… چرپە و باسى زۆرى بەدواى خۆیدا دەهێنا. لەو مامۆستایانەى کە شۆڕشیان بە گەرمى وەرگرتبوو مامۆستا قەرەنى و مامۆستا (ئەحمەد) و مامۆستا (زرار)ى کوردى بوون… بزر بوون و هەندێ لە قوتابیان دەیانگوت چووینە سەرێ، بەڵام ماوەیەک ونبوون و گەڕانەوە… ئەوسا بەڕێوەبەرى قوتابخانەمان (ناێح داود ئەیوب)، هەتا بڵێى لەسەرەخۆ و هێمن بوو، مامۆستا عەبدولقادرى بیرکارى جێگرى بوو. فەراشى قوتابخانەکەمان ناوى (عەباس ئەبو شوارب) بوو، بەخۆیى بە قەڵافەتى تووند تۆڵ و بە پایسکیلە حەدبا شینەکەى یەکەم کەس بوو دەرگاى قوتابخانە بکاتەوە و دوا کەسیش بوو لە داخستنى. مام عەباس پیاوێکى قسە خۆش و لەبەر دڵان بوو. بەشێکى زۆرمان کە زوو بۆ قوتابخانە دەهاتین لە خۆشەویستیمان بۆ وانەکان نەبوو، بەڵکو دەمانویست لەگەڵ یارمەتیدانى مام عەباس گوێمان لە قسە خۆشەکانیشى بێت. مام عەباس بە (خەلیل یابە) و جەبارى مەلا هەمزەى دەگوت بۆ ئەوەى پرچتان وەک قژى (کامەران حەمە ساڵح) و (ئارام ئیسحاق)… نەرم بێ و بتوانن بە ئاسانى دایبهێنن، پێویستە شەوانە دۆشاوى لێبدەن و بەیانى کە هەڵسان بە ئاو بیشۆن و ئینجا تەماشاکەن لە قژى عەبدولحەلیم حافز جوانتر دادێت… ئەوسا زەمەن زەمەنى فەرید ئەترەش و عەبدولحەلیم حافز و ئوم کلسوم و فاتن حەمامە و سەمیرە تۆفیق بوو، زەمەنى محەمەد گۆران و نەسرین شێروانى و عائشە شان و محەمەد عارف و عیسا بەروارى و تاهیر تۆفیق… بوو، زەمەنى عەدنان قەیسى و جۆنلیز و شێرۆ خەلیل و نەجات تۆڕیى… زەمەنى فیلمى هیندى و میسرى و کاوبۆیى… زەمەن زەمەنى فرسان و پێشمەرگە و مەلا مستەفاى بارزانى بوو.

هەمیشە شتێک هەبوو دڵانى خۆش دەکرد و هەندێ لە باوک و دایکانى تا رادەیەکى زۆر شاد دەکرد ئەویش دەنگى کوردستانى عیراق و تۆپە تەییارە شکێنەکانى شۆڕش و پێشمەرگە و چیرۆکەکانى ئێزگەى تاران و دەنگى زوڵاڵى کاوێس ئاغا… بەڵام ئەوەى کە زۆرێک لە دڵانى پەست دەکرد، گیران و راوەدوونانى کورد و فرمێسکى دایکان و هەناسە حەسرەتیەکانى داریوش بوو، پێشمەرگە و داریوش ئەگەر بە ریشیش نەگەیشتبانەوە یەک، ئەوە بە خەم و حەسرەتەکانیان بە یەک دەچوون، حەسرەت روخسارى زۆربەى منداڵانیشى لێڵ کردبوو.
شۆڕش ماڵى زۆرانى کاول کرد، زۆرانى دووچارى گرتن و چەرمەسەرى و ئازار و راوەدوونان کرد، زۆرێک لە منداڵانى بێ باوک و خوشکانى بێ برا کرد، شۆڕش قوربانى زۆرى لەدواى خۆى جێهێشت، بڕوا ناکەم هیچ ماڵە کوردێک هەبێ و قوربانى پێشکەش شۆڕش نەکردبێ، شۆڕش زۆر رەمزى دروست کرد، زۆر رەمزى تێکشکاند، زۆر بێ تاوانى کردە تاوانبار، زۆر تاوانبارى کردە شۆڕشگێر، چیرۆکى زۆرى هێنا ئاراوە، خەیاڵى زۆرى هەڵفڕاند… شۆڕش هەرەسى هێنا!

شۆڕش هەر تەنها بە شوێن گۆڕینى دەسەڵاتەوە نییە، بەڵکو پرۆژەى جۆراوجۆرى مرۆیى لە خۆدا هەڵگرتووە، شۆڕش لەسەر پاشکۆیەتى رۆنانرێ، بەڵکو دەبێت لە دۆخێکى شۆڕشگێڕانەدا بژى، شۆڕش و هەڵچوون لێرەدا لێکجیا دەبنەوە، بەڵام هەتا ئێستاش کەس بیرى لەو هەموو شکستە مێژووییانە نەکردۆتەوە، کەس نەهات شۆڕش و پاشکۆیەتى بخاتە بەر باس و لێکۆڵینەوە، کەس نەهات راپەرین و هەڵچوون لێکجیا بکاتەوە، هیچ شۆڕشێک لە دنیادا نابینى هێزى کۆنەپەرست و هێزى بێگانە رابەرایەتى بکات و سەرکەوتن بۆ گەل بە دەست بهێنێت… شۆڕش هەرەسى هێنا!

بەشێک لە ناسنامەى ئەدەبیم




كتێبی جه‌وهه‌ری زمان و فه‌لسه‌فه‌ی ته‌ئویل … د.سه‌عید تۆفیق


چاپكراوی نوێ‌

كتێبی جه‌وهه‌ری زمان و فه‌لسه‌فه‌ی ته‌ئویل
د.سه‌عید تۆفیق
عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا
له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌ كردوویه‌ به‌ كوردی و په‌راوێزی بۆ داناوه‌
چاپخانه‌ی ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م- سلێمانی 2017

ئه‌و كتێبه‌ له‌و بابه‌تانه‌ی خواره‌وه‌ پێكهاتووه‌:
– پێشه‌كی نوسه‌ر:
(1) زمان و بیركردنه‌وه‌ی شیعریی لای هایدگه‌ر.
له‌ زمانی هایدگه‌ره‌وه‌ بۆ فیكری هایدگه‌ر، له‌ باره‌ی زمان و بیركردنه‌وه‌
(چه‌ند سه‌رنجێكی سه‌ره‌تاییانه‌)
– شاره‌زایی زمان.
– زمان و شیعر (شاره‌زایی زمان له‌ شیعردا)
-زمان/شیعر/بیركردنه‌وه‌ (زمان وه‌ك بنه‌مای فیكر و بیركردنه‌وه‌ی شیعریی).
(2) بنه‌ماكان و ئاسۆی هیرمینۆتیكای فه‌لسه‌فی لای گادامێر.
– سه‌ره‌تایه‌ك له‌ سه‌رچاوه‌كانی فیكری گادامێر و به‌ره‌وپێشچوونه‌كانی.
-بنه‌ماكانی هیرمینۆتیكای فه‌لسه‌فی:
1- هیرمینۆتیكا وه‌ك ئاراسته‌یه‌ك له‌ راڤه‌كردن:
2- تێگه‌یشتن و راڤه‌كردن:
3- هونه‌ری دیالۆگكردن:

-سه‌رچاوه‌كانی توێژینه‌وه‌.

3- هیرمینۆتیكای ده‌قی ئه‌ده‌بی له‌ نێوان هایدگه‌ر و گادامێردا.
– قه‌یرانی تازه‌گه‌ری: قه‌یرانی فۆرم و میتۆد.
– هیرمینۆتیكای هاوچه‌رخ ئه‌وه‌ی ده‌كه‌وێته‌ پشت فۆرم و میتۆده‌وه‌.
– یه‌كه‌م: هیرمینۆتیكای ده‌ق ئه‌وه‌ی ده‌كه‌وێته‌ پشت فۆرمه‌وه‌.
– دووه‌م- هیرمینۆتیكای ده‌ق ئه‌وه‌ی ده‌كه‌وێته‌ پشت میتۆده‌وه‌.
1- وه‌همی بابه‌تگه‌رایی… وه‌همی میتۆد.
2-رۆڵی خود له‌ كرده‌ی راڤه‌كردندا.
راڤه‌كردن وه‌ك دیلۆگكردن له‌گه‌ڵ ده‌قدا.
ا-دیالۆگ به‌و وه‌سفه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندی نێوان من و ئه‌ویدیكه‌یه‌.
ب-دیالۆگكردن له‌گه‌ڵ ئه‌ویدیكه‌ به‌و وه‌سفه‌ی كه‌ دیالۆگه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ق.

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن ….Mutalib




چاپكراوه‌كانی ساڵی 2017 … عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا

كتێبی (جه‌وهه‌ری زمان و فه‌لسه‌فه‌ی ته‌ئویل) له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌ كردوویه‌ به‌ كوردی و په‌راوێزی بۆ داناوه‌ و چاپخانه‌ی ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م- سلێمانی چاپی كردووه‌

ئه‌و كتێبه‌ (دكتۆر سه‌عید تۆفیق) نووسیویه‌تی، نووسه‌ر له‌ پێشه‌كیدا ده‌ڵێت ئه‌و كتێبه‌ له‌ سێ‌ توێژینه‌وه‌ی به‌ یه‌كه‌وه‌ گونجاو پێكهاتووه‌، كه‌ پانتاییه‌كی به‌ پیتی فیكری فه‌ره‌نسی هاوچه‌رخ تێیدا ره‌نگ ده‌داته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و پانتاییه‌ له‌ رۆشنبیریی فه‌لسه‌فی ئێستای ئێمه‌دا فه‌رامۆش كراوه‌.
له‌و كتێبه‌دا توێژینه‌وه‌ی یه‌كه‌م ناونیشانی “زمان و بیركردنه‌وه‌ی شیعریی لای هایدگه‌ر”ی له‌خۆگرتووه‌، ئه‌و بواره‌ له‌ فیكر و فه‌لسه‌فه‌ نه‌ك هه‌ر پشتگوێ‌ خراوه‌، به‌ڵكو دووچاری به‌دحاڵی بوون و به‌د نیازیش بۆته‌وه‌. له‌ بیركردنه‌وه‌ی توێژه‌رانی فه‌لسه‌فی زانكۆكانماندا (فه‌لسه‌فه‌ی زمان) ته‌نها له‌و لێكۆڵینه‌وه‌ فه‌لسه‌فییه‌ هاوچه‌رخه‌ باوانه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه‌، كه‌ نوێنه‌رایه‌تی زمان له‌ دنیای ئه‌نگلۆساكسۆنی و به‌ تایبه‌تی له‌ فه‌لسه‌فه‌ی شیكارخوازیدا ده‌كات. ئه‌و شێوه‌ بیركردنه‌وه‌ باوه‌ش بۆ مامۆستا پێشه‌نگه‌كانی زانكۆكانمان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌وانه‌ی گرنگی به‌ فه‌لسه‌فه‌ی زمان ده‌ده‌ن، هه‌ر ئه‌وانیشن كه‌ بیركردنه‌وه‌یان به‌و ئاراسته‌یه‌دا بردووه‌، پاشان قوتابیه‌كانیشیان به‌ره‌و ئه‌و ئاراسته‌ پاڵ ناوه‌.

به‌ڵام له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ئاراسته‌ و ئه‌و بایه‌خه‌، پانتاییه‌كی به‌ پیت و به‌رفره‌وان له‌ فه‌لسه‌فه‌ی زمانه‌وانی به‌جێ‌ ماوه‌، وه‌ك: لێكۆڵینه‌وه‌ی زمانه‌وانی له‌ فه‌لسه‌فه‌ی دیارده‌گه‌راییدا، فه‌لسه‌فه‌ی ته‌ئویل، فه‌لسه‌فه‌ی مارتن هایدگه‌ر به‌ شێوه‌یه‌كی تایبه‌تی. بۆیه‌ كاتێك مامۆستایه‌ك له‌ مامۆستا به‌رێزه‌كانمان-ئه‌ویش خوالێخۆش بوو دكتۆر عوسمان ئه‌مین- بوو، هه‌وڵیدا له‌ رێگای ته‌رجه‌مه‌كردن و نووسینی پێشه‌كیه‌ك بۆ لێچه‌رێكی هایدگه‌ر له‌ باره‌ی (هیلدرین و جه‌وهه‌ری شیعر، یان ماهیه‌تی شیعر) له‌و پانتاییه‌ نزیك بێته‌وه‌، هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌و هه‌وڵه‌ یه‌كه‌مین هه‌وڵێكه‌ كه‌ خۆی له‌ دووتوێی كتێبێك به‌ ناونیشانی “له‌ باره‌ی فه‌لسه‌فه‌ و شیعر” به‌رجه‌سته‌ كردووه‌، ئه‌و هه‌وڵه‌ی دكتۆر عوسمان ئه‌مین سه‌ركه‌وتوو بوو، سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی په‌یڕه‌وی له‌ رێبازێكی جیاواز له‌ رێبازی ئه‌نگلۆساكسۆنی ده‌كرد، كه‌چی سه‌ركه‌وتنی ته‌واوی به‌ ده‌ست هێنا، به‌ڵام هۆكاری سه‌ره‌كی په‌رده‌پۆشكردنی ئه‌و هه‌وڵه‌ سه‌ره‌تاییه‌، ئه‌وه‌ بوو كه‌ باسمان كرد، ئه‌وه‌ بوو كه‌ پانتاییه‌كه‌ ته‌واو خاڵی بوو، له‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی به‌ پیت و جیدی، یان پانتاییه‌كی نوێ‌ بۆ فه‌لسه‌فه‌ی زمان بوونی نه‌بوو، تاكو زه‌وییه‌كی پته‌و بۆ ئه‌و بواره‌ پێكبهێنی و بشێ‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی دیكه‌ی له‌سه‌ر دابمه‌زرێنرێت. بۆ گه‌واهیدانی په‌رده‌پۆشكردنی ئه‌و هه‌وڵه‌، ئه‌وه‌ به‌سه‌ كه‌ دكتۆر عوسمان ئه‌مین فیكری هایدگه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ وه‌سف ده‌كات و ده‌ڵێ‌ “چیا ده‌هه‌ژێنی و وه‌ك مشك ده‌زێ‌” به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌وه‌ وه‌سفێكه‌ هێزی ده‌رككردن ده‌رده‌خات و دكتۆر عوسمان ئه‌مین خۆی دانی پێداده‌نێت.

له‌و رووه‌وه‌ وتاری “زمان و بیركردنه‌وه‌ی شیعریی لای هایدگه‌ر” هه‌وڵێكه‌ بۆ نزیكبوونه‌وه‌ له‌ فیكری هایدگه‌ری دواكه‌وتوو –واته‌ كه‌ ئێمه‌ دره‌نگ پێی ئاشنای بووین- له‌ باره‌ی زمان و ئه‌ركی فیكر و بوون. ئه‌وه‌ی بۆ ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ ئاراسته‌ی كردم و پاڵی پێوه‌نام، هه‌ر ته‌نها راستكردنه‌وه‌ی تێگه‌یشتنی هه‌ڵه‌ئامێز و پێنه‌گه‌یشتوو و به‌شداریكردن نه‌بوو له‌ فیكری هایدگه‌ر، به‌ڵكو پاڵنه‌ری به‌هێز و گرنگ، به‌ راستی خۆشه‌ویستی من بوو بۆ ئه‌و فیكره‌، كه‌ بشێ‌ له‌ میانی لێكۆڵینه‌وه‌كانی پێشوو رێگای بۆ خۆش بكرێ‌ و گومانی له‌ سه‌ر كه‌م بكرێته‌وه‌ و له‌سه‌ره‌خۆ دروست ببێ‌، بۆیه‌ من له‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ هیچ ناخوازم، ته‌نها ئه‌وه‌ نه‌بێ‌، كه‌ بمانخاته‌ سه‌ر رێگایه‌ك بشێ‌ له‌ فیكری هایدگه‌ر (كه‌ له‌و دواییه‌ به‌ ئێمه‌ گه‌یشتووه‌) نزیكمان بكاته‌وه‌ و له‌ رێگای جۆرێك له‌ تێگه‌یشتنی نزیك و سۆزئامێزانه‌، كه‌ ئێمه‌ بۆ هایدگه‌ر به‌دوایدا ده‌گه‌ڕێین، به‌ره‌و ئه‌و فیكره‌مان به‌رێت و له‌و فیكره‌ ئاگادارمان بكاته‌وه‌.

بێگومان هه‌وڵی هایدگه‌ر بۆ تێگه‌یشتن له‌ ماهیه‌تی زمان ده‌كه‌وێته‌ بواری هیرمینۆتیكای فینۆمینۆلۆجییه‌وه‌، هه‌وڵێكه‌ بۆ تێگه‌یشتن له‌ ماهیه‌تی زمان وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ دیارده‌یه‌كی هاوژیانییه‌، دوور له‌ میتۆدی توێژینه‌وه‌ی باو، كه‌ وه‌ك بابه‌تێك له‌ زمان ده‌كۆڵێته‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی بكه‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی ژیانی ئێمه‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی بابه‌تێك بێت، هه‌ر ته‌نها له‌ نێوان بابه‌ته‌كاندا بشێ‌ كرده‌ی توێكاری و شیكاری و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی بۆ به‌ ئه‌نجام بگه‌یه‌نین –نه‌ك له‌ نێو ژیان-. ئه‌و هه‌وڵه‌ی هایدگه‌ر كاریگه‌رییه‌كی زۆری له‌ ناوه‌وه‌ی فیكری فه‌لسه‌فی هاوچه‌رخ و ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و فیكره‌ هه‌بوو: له‌لایه‌ك ده‌كرێ‌ بڵێن هه‌وڵی هایدگه‌ر ناشێ‌ هه‌ر ته‌نها وه‌ك تیۆره‌یه‌ك له‌ تیۆره‌كان چاوی لێبكه‌ین، كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی زماندا ده‌خولێته‌وه‌، به‌ڵكو بۆخۆی فه‌لسه‌فه‌یه‌، یان رێبازێكی فه‌لسه‌فییه‌ و هه‌وڵده‌دات ماهیه‌تی زمان له‌سه‌ر بنه‌مای (فیكر و بوون) دابمه‌زرێنێ‌، بۆیه‌ كار بۆ تێكشاندنی دیدی ته‌قلیدییانه‌مان بۆ زمان و ئه‌ركی بیركردنه‌وه‌ و سروشتی گوتاری فه‌لسه‌فی ده‌كات. ئیتر لێره‌دا كاریگه‌ری هایدگه‌ر بۆ رێبازه‌ سه‌ره‌كیه‌كان له‌ فیكری فه‌لسه‌فی هه‌نووكه‌دا درێژ ده‌بێته‌وه‌ و كۆمه‌ڵێك فه‌یله‌سوفی به‌ناوبانگی وه‌ك: هانز جۆرج گادامێر، پۆل ریكۆر، جاك دریدا.. ئه‌وانیدیكه‌ نوێنه‌رایه‌تی ئه‌و رێبازه‌ ده‌كه‌ن. به‌ڵام له‌ ده‌ره‌وه‌ی فه‌لسه‌فه‌دا كاریگه‌ری هایدگه‌ر ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر كۆمه‌ڵێك رێبازی په‌یوه‌ست به‌ تیۆری ئه‌ده‌بی و ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بییه‌وه‌.

ره‌نگه‌ رێبازی هیرمینۆتیكای فه‌لسه‌فی (یان ته‌ئویلی فه‌لسه‌فی) كه‌ گادامێر نوێنه‌رایه‌تی ده‌كات، یه‌كێك له‌ رێبازه‌ فه‌لسه‌فییه‌ هه‌ره‌ هاوچه‌رخه‌كان بێت، كه‌ به‌ فه‌لسه‌فه‌ی هایدگه‌ر كاریگه‌ره‌. لێره‌وه‌ بایه‌خی وتاری دووه‌می ئه‌و كتێبه‌ ده‌رده‌كه‌وێت، كه‌ ناونیشانی “بنه‌ماكان و ئاسۆی هیرمینۆتیكای فه‌لسه‌فی لای گادامێر” له‌خۆ ده‌گرێ‌، ئه‌و وتاره‌ وێنه‌یه‌كی ساده‌كراوه‌ و كورته‌یه‌ك له‌ پرۆسه‌ی ته‌ئویلی فه‌لسه‌فی لای ئه‌و فه‌یله‌سوفه‌ پێشكه‌ش ده‌كات، كه‌ ئه‌مڕۆ به‌ پیری فه‌یله‌سوفانی هاوچه‌رخ ده‌ژمێردرێت، چونكه‌ یه‌ك سه‌ده‌ی له‌ زه‌مه‌ن دیووه‌ و به‌شداری له‌ پێكهێنانی رووخساری نیوه‌ی دووه‌می زه‌مه‌نی ناوبراو كردووه‌. ئه‌مڕۆ فه‌لسه‌فه‌ی ته‌ئویل نوێنه‌رایه‌تی رێبازێكی بنه‌ڕه‌تی و به‌رفره‌وان له‌ فه‌لسه‌فه‌ی هاوچه‌رخ ده‌كات، كه‌ هه‌ر ته‌نها له‌ گادامێر كورت ناكرێته‌وه‌، به‌ڵكو كۆمه‌ڵێك فه‌یله‌سوفی به‌ ناوبانگی دیكه‌ش به‌شداری تێدا ده‌كه‌ن. له‌ راستیدا ئه‌و رێبازه‌ به‌ پله‌ی یه‌كه‌م به‌ ته‌ئویلكردنی ده‌قه‌وه‌ به‌نده‌: ده‌قی فه‌لسه‌فی و ئایینی و ئه‌ده‌بی… هتد، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش درێژ ده‌بێته‌وه‌ بۆ ته‌ئویلكردنی هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كه‌ قابیلی تێگه‌یشتن و بیرلێكردنه‌وه‌ن: وه‌ك ره‌مز و ئه‌فسانه‌ و دیارده‌ هونه‌رییه‌كان. له‌به‌ر هه‌ندێ‌ ته‌ئویل له‌ فه‌لسه‌فه‌ی هاوچه‌رخدا بۆته‌ “مۆده‌” وه‌ك گادامێر ده‌ڵێت هه‌موو رێبازه‌كان ده‌یانه‌وێ‌ چه‌شنی (هیرمینۆتیكا) خۆیان وه‌سف بكه‌ن.

بێگومان هیرمینۆتیكا بۆته‌ داواكارییه‌كی پێویست له‌ ژیانی فیكری و مه‌عریفیمان، كه‌ به‌ هۆی په‌یوه‌ستبوون و پارچه‌ پارچه‌بوونی مه‌عریفه‌ تێیدا و دوور كه‌وتنه‌وه‌ی نێوان رۆشنبیریی ئه‌مڕۆ و دوێنێ‌، ململانێی نێوان رۆشنبیرییه‌كان و بیروباوه‌ڕه‌ شه‌عبییه‌كان، ئه‌وه‌ و سه‌ره‌ڕای ئه‌و شتانه‌ی له‌ باره‌ی سووده‌كانی جیهانگیری و هۆكاره‌ ته‌كنۆلۆژییه‌كانه‌وه‌ ده‌یڵێن كه‌ كار بۆ له‌یه‌كنزیككردنه‌وه‌ی كلتوره‌كان ده‌كات، وێڕای كۆمه‌ڵێك په‌یمانی ساخته‌ یان داپۆشراوی ژێر په‌رده‌ی ئایدیۆلۆجی یان سیاسی، كه‌چی هیرمینۆتیكا بۆته‌ خێوه‌تێك له‌یه‌ك دووره‌كان به‌یه‌كه‌وه‌ كۆ ده‌كاته‌وه‌. هه‌روه‌ها ئامرازه‌كانی هیرمینۆتیكا له‌ ناو رۆشنبیریی ئیسلامی سه‌ده‌ی ناوه‌ڕاستدا نه‌ناسراو نه‌بووه‌ و هه‌تا ئه‌مڕۆش كه‌سانێك به‌كاریان ده‌هێنن، ئه‌و ئامرازانه‌ش ئامرازی دیاریكراون كه‌م فروفێڵ له‌خۆ ده‌گرن، ئه‌وانه‌ن كه‌ به‌ لێكدانه‌وه‌ی دیارده‌كانی ژیانی هاوچه‌رخمانه‌وه‌ به‌ندن. بۆیه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ ئێستا به‌ ئه‌ركی لێكدانه‌وه‌ راده‌بێته‌وه‌ پێویسته‌ سه‌ره‌ڕای فه‌لسه‌فه‌، خۆی به‌ مه‌عریفه‌یه‌كی به‌رفره‌وانی بواری زانسته‌ مرۆییه‌ هاوچه‌رخه‌كانی وه‌ك: زانسته‌كانی زمان و مێژوو و ئه‌نترۆپۆلۆجیا و سۆسیۆلۆجیا و سایكۆلۆجیا، پڕ چه‌ك بكات.

له‌به‌ر بایه‌خی ئه‌و رێبازه‌ له‌ فیكری فه‌لسه‌فی هاوچه‌رخدا، ده‌بینین بۆ ئه‌و كتێبه‌ وتاری سێیه‌مم ئیزافه‌ كردووه‌، كه‌ پارادیمێك له‌ چه‌مكی هیرمینۆتیكا له‌ بوارێك له‌ بواره‌كان، كه‌ ئه‌ویش بواری ده‌قی ئه‌ده‌بییه‌ پێشكه‌ش ده‌كات. ئه‌و وتاره‌ كه‌ ناونیشانی “هیرمینۆتیكای ده‌قی ئه‌ده‌بی له‌ نێوان هایدیگه‌ر و گادامێر”ی له‌ خۆداهه‌ڵگرتووه‌، ته‌رجه‌مه‌كردنه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ندێك له‌ ده‌ستكاری بۆ وتاری بڵاوكراوه‌ی ساڵی 1998 “هۆسره‌لیانه‌” (كتێبی ساڵانه‌ی هۆسره‌لی له‌ باره‌ی فینۆمینۆلۆجیاوه‌) له‌ ژێر ناونیشانی (The Phenomenological Motives of Heideggers and Gadamers Hermeneutics of the Literary Text Husserliana, vol, L11)
وه‌ك ده‌بینن وه‌رگرتنی ئه‌و پارادیمه‌ بۆ تێگه‌یشتن له‌ ته‌ئویل له‌و شێوه‌یه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه‌، كه‌ هایدگه‌ر و گادامێر نوێنه‌رایه‌تی ده‌كه‌ن، چونكه‌ ئه‌وه‌ به‌ره‌و ته‌واو كردنی هه‌ر دوو وتاری به‌یه‌كه‌وه‌ گونجاوی پێشوومان ده‌كه‌نه‌وه‌، له‌ هه‌مان كاتتدا به‌ره‌و ئه‌وه‌مان ده‌به‌ن، كه‌ هاوپه‌یوه‌ستبوونێكی پته‌و له‌ نێوان فه‌لسه‌فه‌ی زمان و فه‌لسه‌فه‌ی ته‌ئویل بوونی هه‌یه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و دوو فه‌یله‌سوفه‌ نوێنه‌رایه‌تی ده‌كه‌ن.

* دكتۆر سه‌عید تۆفیق

دكتۆر سه‌عید تۆفیق ساڵی 1954 له‌ قاهیره‌ له‌ دایكبووه‌، له‌ زۆربه‌ی نووسینه‌كانیدا له‌ ژێر ئاراسته‌ی فینۆمینۆلۆجیاوه‌ و درێژه‌ به‌ فه‌لسه‌فه‌ی ته‌ئویل ده‌دا، به‌ تایبه‌تی له‌ بواری ئه‌ده‌ب و ره‌خنه‌ی هونه‌ریدا. له‌ ساڵی 1982 تێزی ماجیستێره‌كه‌ی له‌ باره‌ی (میتافیزیكای هونه‌ر لای شوبنهاوه‌ر) پێشكه‌ش به‌ زانكۆی قاهیره‌ كردووه‌، به‌ڵام تێزی دكتۆراكه‌ی له‌ باره‌ی (ئاڕاسته‌ی فینۆمینۆلۆجی له‌ راڤه‌كردنی شاره‌زایی ئیستێتیكیدا) له‌ ساڵی 1987 پله‌ی یه‌كه‌می باڵای له‌ كۆلیژی ئاداب- زانكۆی قاهیره‌ له‌ فه‌لسه‌فه‌ به‌ ده‌ست هێناوه‌.
بۆ زێتر پێشخستنی فینۆمینۆلۆجیا له‌ بواری فه‌لسه‌فه‌دا بایه‌خی خۆی بۆ فه‌یله‌سوفی به‌ ناوبانگ گادامێر و دواتر پۆل ریكۆر گواستۆته‌وه‌ و له‌وێشه‌وه‌ به‌ره‌و فه‌لسه‌فه‌ی ته‌ئویل و ره‌نگدانه‌وه‌ی له‌ بواری لێكۆلێنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی لای هایدگه‌ر و به‌ تایبه‌تی گادامێر… هه‌موو ساڵێك لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك له‌ باره‌ی فینۆمینۆلۆجیاوه‌ پێشكه‌ش به‌ (كتێبی ساڵانه‌ی هۆسره‌ل، له‌ باره‌ی فینۆمینۆلۆجیاوه‌) ده‌كات. دواتر ئه‌و كتێبه‌ زۆر به‌ نرخه‌كه‌ی (هانز جۆرج گادامێر) به‌ ناوی (ته‌جه‌لی ئه‌لجه‌میل) ته‌رجه‌مه‌ی زمانی عه‌ره‌بی كردووه‌ و راڤه‌ و لێكدانه‌وه‌ی بۆ كردووه‌، له‌ ساڵی 1997 چاپ و بڵاو بۆته‌وه‌، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای حه‌فتاكانه‌وه‌ سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری (الفكر المعاصر) بووه‌، جگه‌ له‌وه‌ ده‌یان كتێب و لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌و بواره‌دا پێشكه‌ش كردووه‌.




شیعری كوردی دوای راپه‌ڕین گۆڕینی ئاسۆكانی چاوه‌ڕوانی … عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا

پێشه‌كی…..

له‌ رۆمانی (ژه‌نیاری هه‌وره‌كان- عه‌لی به‌ده‌ر) ده‌ڵێ‌ تاكه‌ ده‌نگێ‌ تێگه‌یشتن له‌ موزیكا به‌رهه‌م ناهێنێ‌، هه‌میشه‌ چه‌مكی موزیكا له‌ كۆمه‌ڵێ‌ ده‌نگی جیاواز پێكدێت، به‌ڵام ئه‌و جیاوازییانه‌ پێویستیان به‌ هاوگونجان هه‌یه‌، پێویستیان به‌ هارمۆنیایه‌، ئه‌گینا جیاوازییه‌كان ناڕێك ده‌كه‌ونه‌وه‌! هاڕمۆنیا وه‌ك فیكره‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی تێگه‌ی موزیكای له‌ سه‌ر بونیاد نراوه‌. ده‌شێ‌ هاڕمۆنیای ره‌گه‌زه‌ ئه‌ده‌بییه‌كان له‌ پانتایی كاری ئه‌ده‌بی و ده‌قی ئه‌ده‌بیدا چه‌مكی ئه‌ده‌بییه‌ت یان شیعرییه‌ت به‌رهه‌م بهێنن، هه‌ر له‌ سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش ده‌گوترێ‌ (ده‌قی ئه‌ده‌بی) یان (كاری ئه‌ده‌بی) چوارچێوه‌یه‌ك یان شانۆیه‌كی كراوه‌یه‌ بۆ ئاوێته‌بوون و تانۆپۆی نێوان سێ‌ بوون و سێ‌ ستراتیژ و سێ‌ ده‌ق… بوونی نوسه‌ر و بوونی ده‌ق و بوونی خوێنه‌ر، ده‌ق و ده‌قی نوسه‌ر و ده‌قی خوێنه‌ر، ستراتیژی ده‌ق و ستراتیژی دانه‌ر و ستراتیژی خوێنه‌ر.

بوونی ده‌ق و ده‌قی نوسه‌ر و ستراتیژی دانه‌ر خۆی له‌ جه‌مسه‌ری هونه‌ری به‌ واتای (وولفگانگ ئایزه‌ر 1926-2007) و ره‌گه‌زه‌ ئه‌ده‌بییه‌كان و جوله‌ی ته‌مومژاوی و بۆشایی و سپێتی و دابڕانه‌كان هه‌ڵده‌گرێته‌وه‌. به‌ڵام بوونی خوێنه‌ر، ستراتیژی خوێنه‌ر، ده‌قی خوێنه‌ر له‌ جه‌مسه‌ری ئیستێتیكی و ته‌ئویلكردن و كردنه‌وه‌ی كۆده‌كان و پڕكردنه‌وه‌ی بۆشاییه‌كان و گه‌یشتندا هه‌ڵده‌گرێته‌وه‌.. جه‌مسه‌ری هونه‌ری ده‌قی دانه‌ره‌ و جه‌مسه‌ری ئیستێتیكی ئه‌و جێبه‌جێكردنه‌یه‌، كه‌ له‌لایه‌ن خوێنه‌ره‌وه‌ به‌ ئه‌نجام ده‌گات. له‌ ئاوێته‌بوونی ئه‌و دوو ته‌وه‌ره‌یه‌ بۆمان ئاشكرا ده‌بێ‌ كه‌ (ده‌قی ئه‌ده‌بی) یان (كاری ئه‌ده‌بی) نه‌ ته‌نها ده‌قی دانه‌ره‌ و نه‌ ته‌نها له‌گه‌ڵ جێبه‌جێكار یه‌كده‌گرێته‌وه‌! به‌ڵكو واقعی سێیه‌مه‌ له‌ نێوان نوسه‌ر و خوێنه‌ردا.

ستراتیژی دانه‌ر
له‌ نێوان (ده‌ق) و (كار)دا

جیاوازی نێوان كاری ئه‌ده‌بی و ده‌قی ئه‌ده‌بی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ (كار)، كاری ئه‌ده‌بی و هونه‌ری وه‌ك كرده‌یه‌كی به‌رده‌وامی تێگه‌یشتن، شتێك نییه‌ به‌ ده‌ستی بهێنین و خاوه‌ندارێتی بكه‌ین، به‌ڵكو فۆرمێكه‌ له‌ فۆرمه‌كانی (بوون) له‌ نێو جیهاندا! كار خودی خۆی له‌ بوونێكی تایبه‌تدا پێشكه‌ش ده‌كات، بوونێك كه‌ به‌ كاری ئه‌ده‌بی و هونه‌رییه‌وه‌ په‌یوه‌ست بێت و ئاماده‌ییه‌كی هه‌نووكه‌یی هه‌بێت، ئاماده‌ییه‌ك كه‌ (حه‌قیقه‌ت) له‌ رێگایه‌وه‌ ده‌بێته‌ رووداو! به‌مجۆره‌ كاری ئه‌ده‌بی له‌ حه‌قیقه‌تی بووندایه‌، به‌مجۆره‌ كاری ئه‌ده‌بی خۆی له‌ ماددییه‌تی گوتن ده‌رباز ده‌كات، به‌مجۆره‌ بوونی خۆی له‌ ده‌نگدانه‌وه‌ی پرسی جیاوازی خوێنه‌راندا هه‌ڵده‌گرێته‌وه‌!

به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی رابردوو شیاوی سه‌رده‌م بێ‌ (هانز رۆبه‌رت یاوس 1921-1997) رێكخستنی رابردوو و ئێستا له‌ چه‌مكی (ئاوێته‌بوونی ئاسۆكان) ده‌خه‌مڵێنێ‌. ئه‌و خه‌مڵاندنه‌ جگه‌ له‌وه‌ی هونه‌ركاری و جوانكاری ئیبداعی، له‌ رێگای جۆره‌كانی وه‌رگر و خوێنه‌ر و ئاسته‌كانی خوێندنه‌وه‌ ده‌ستنیشان ده‌كات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پرس و دنیابینی سه‌رده‌می ناوبراویش ده‌خاته‌ به‌ر رۆشنایی و به‌دواداچوونی جیاوازه‌وه‌.. هه‌ڵبه‌ته‌ ده‌مه‌وێ‌ بڵێم ئامانجی ئه‌و تێزه‌ی (یاوس)ی ره‌خنه‌گری ئه‌ڵمانی، خه‌ڵقكردنی پڕشنگێكی نوێیه‌ له‌ مێژووی ئه‌ده‌بی، كه‌ جه‌خت له‌ ته‌ئویلكردنی ئه‌ده‌بی له‌ ساته‌وه‌ختی (پێشوازیكردن)ی مێژووییانه‌ ده‌كاته‌وه‌. به‌های جوانی كاری ئه‌ده‌بی وه‌ك (یاوس) ناوی ده‌بات، به‌رفره‌وان ده‌بێ‌، چه‌نده‌ ئه‌و كاره‌ بتوانێ‌ ئاسۆ چه‌سپاو و باوه‌كان بگۆڕێ‌. چونكه‌ هه‌ر چه‌نده‌ ماوه‌ی جوانی (مه‌سافه‌ی ئیستێتیكی) ته‌سك بێته‌وه‌ و كاری ئه‌ده‌بی نه‌توانێ‌ (گۆڕان له‌ ئاسۆی چاوه‌ڕوانی) باودا دروست بكات، ئه‌وه‌نده‌ له‌ هونه‌ری كۆنسیومه‌ر و كاڵ نزیك ده‌بێته‌وه‌! (یاوس) جه‌خت له‌ پرۆسه‌ی وه‌رگر ده‌كاته‌وه‌، كه‌ له‌ ساته‌وه‌ختی نوسینه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات و له‌ پرۆسه‌ی تێگه‌یشتن (كه‌ له‌ رێگا خوێنه‌رێك یان كۆمه‌ڵێك خوێنه‌ر له‌ هه‌نووكه‌دا ئه‌نجام ده‌درێت) به‌ ئامانج ده‌گات..

(رۆلان بارت 1915-1980) پێیوایه‌ ده‌ق به‌پێی ئاره‌زوو و شاره‌زاییه‌كانی خوێنه‌ر دێته‌گۆ، به‌مجۆره‌ ده‌ق (ده‌قی كراوه‌) له‌ رێگای خوێندنه‌وه‌ و خوێندنه‌وه‌ی جیاوازه‌وه‌، به‌ره‌و بوونێكی زێتر و چێژ ده‌بێته‌وه‌! هه‌موو خوێندنه‌وه‌یه‌كی جیاوازیش داهێنانی ده‌قێكی دیكه‌ی جیاوازه‌، ده‌قێك كه‌ فیكره‌ی یه‌كگرتووی كۆتائامێزی نێوان ده‌ق و خوێنه‌ر، بابه‌ت و خود… ره‌تده‌كاته‌وه‌، وه‌ك چۆن به‌ تووندی یه‌كگرتنه‌كانی نێوان ده‌ق و دانه‌ر ره‌تده‌كاته‌وه‌. ده‌مه‌وێ‌ بڵێم له‌ ده‌قگه‌رایدا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌ق دیلی زمانه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌ق ده‌كه‌وێـته‌ نێو زمان و زمانیش بۆخۆی كۆمه‌ڵێك یاسایی ناوه‌كی به‌ڕیوه‌ی ده‌بات، ئه‌و یاسا و رێسایانه‌ش ده‌كه‌ونه‌ ده‌ره‌وه‌ی ویستی داهێنه‌ره‌وه‌، بۆیه‌ خوێنه‌ری ده‌قگه‌را هه‌میشه‌ ده‌بێ‌ له‌ رێگای چێژه‌وه‌ قسه‌ له‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ و دووباره‌ بونیادنانه‌وه‌ بكات. ئه‌و قسه‌یه‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ به‌رانبه‌ر نه‌بوون وه‌ك مه‌یلێك پێشان ده‌دات، مه‌یلێكی چێژگه‌را، مه‌یلێك كه‌ له‌سه‌ر نه‌فیكردن‌و ره‌تكردنه‌وه‌ راده‌بێته‌وه‌ ‌و نكۆڵی له‌ هه‌موو حه‌قیقه‌تێكی جێگیر ده‌كات!

ستراتیژی خوێنه‌ر
له‌ نێوان (سیمۆلۆژیا) و (هیرمینۆتیكا)دا

له‌ هیرمینۆتیكادا (خوێنه‌ر/وه‌رگر) هۆكاری بوونی خۆی له‌ به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی ماناكانی كاری ئه‌ده‌بی و هونه‌ریدا ده‌دۆزێته‌وه‌، به‌دوای ماناكانی بوونیدا ده‌گه‌ڕێت، تا به‌هایه‌ك بۆ (بوونی هه‌نووكه‌یی) به‌جێ‌ بهێنێت. یان ئاماده‌یی هه‌نووكه‌یی به‌جێ‌ بهێنێت، ئاماده‌ییه‌ك كه‌ حه‌قیقه‌ت له‌ رێگایه‌وه‌ ده‌بێته‌ رووداو، كه‌واته‌ كار ئه‌و ده‌ربڕینه‌یه‌ له‌ نێو خۆیدا حه‌قیقه‌تی بوونمان بۆ كه‌شف ده‌كات، هیرمینۆتیكا واته‌ رێگادان به‌ حه‌قیقه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی بدوێت.
به‌ڵام له‌ سیمیۆلۆژیادا ده‌ق كۆمه‌ڵێك داله‌ و ده‌بێ‌ ته‌ئویل بكرێت، ئه‌و كاته‌ش ده‌ق بوونی هه‌یه‌، كه‌ ده‌خوێنرێته‌وه‌ و خوێنه‌ر به‌ شه‌هوه‌تی خوێندنه‌وه‌ ده‌گات، هیچ ده‌قێك بێ‌ بوونی خوێنه‌ر بوونی نییه‌، به‌و مانایه‌ش سیمیۆلۆژیا له‌سه‌ر زنجیره‌یه‌كی بێ‌ كۆتایی له‌ به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی دال و له‌ به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی شه‌هوه‌تدا ده‌ژیت.

ئه‌گه‌ر ده‌ق فه‌زایه‌ك بێ‌ بۆ ئاوێته‌بوون، تانۆپۆی نێوان سێ‌ ستراتیژ… ئه‌وه‌ له‌ ئاسۆی خوێندنه‌وه‌ی (بارت)یدا خوێندنه‌وه‌كان و ته‌ئویله‌كان جگه‌ له‌ شه‌هوه‌تی خوێندنه‌وه‌ سنوری دیاریكراو ناس ناكه‌ن، ده‌ق هه‌میشه‌ به‌ كراوه‌یی ده‌مێنێته‌وه‌، چونكه‌ خوێندنه‌وه‌كان به‌ فره‌یی و جوله‌ی جۆراوجۆر و كرانه‌وه‌ی دال و مه‌دلوله‌وه‌ به‌ندن، هه‌موو ئه‌وانه‌ش به‌ ئاستی جیاوازه‌وه‌ ده‌كه‌ونه‌ دووتوێی گه‌مه‌كانی خوێندنه‌وه‌وه‌. دواجار بارت ده‌یه‌وێ‌ بڵێ‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ ئیرۆسیه‌ی نێوان ده‌ق و خوێنه‌ر، په‌یوه‌ندییه‌كه‌ له‌سه‌ر كێشكردن و خۆدانه‌ده‌ستی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ ده‌وه‌ستێ‌، نه‌ك كارلێكردن و به‌رهه‌مهێنان.
به‌ڵام (یاوس) له‌ په‌یوه‌ندی نێوان كاری ئه‌ده‌بی و وه‌رگر پێ‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ داده‌گرێت، كه‌ مانا نایه‌ته‌جێ‌، ته‌نها له‌ رێگای په‌یوه‌ندی هاوسێیانه‌، یان له‌ رێگای رێكه‌وته‌وه‌ نه‌بێت، ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندی هاوسێیانه‌ ته‌عبیر له‌ مێژووی ئاوێته‌بوونی خوێنه‌ره‌كان بكات، یان ته‌ئویله‌ جۆراوجۆره‌كانی خوێنه‌رانی له‌خۆدا هه‌ڵگرتبێت و له‌ تێگه‌یشتنه‌وه‌ رابێته‌وه‌، ئه‌وه‌ مانای رێكه‌وتئامێز له‌ ساته‌وه‌ختی ته‌ئویلكردنه‌وه‌ بۆ كرده‌ی جێبه‌جێكردن هه‌نگاو ده‌نێت. هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌گه‌ر ئاوێته‌ بوونی مێژوویی، چه‌مكی (ئیستێتیكای وه‌رگر) به‌رجه‌سته‌ بكات، ئه‌وه‌ (تێگه‌یشتن) و (ته‌فسیركردن) و (جێبه‌جێكردن) كرده‌ی په‌ره‌سه‌ندنی (درككردن)ی (هانز گۆرگ گادامێر 1900-2002) یمان بیر ده‌هێنێته‌وه‌.

شیعری كوردی
(دنیای شیعر) و (شیعری دنیایی)

شیعری كوردی دوای راپه‌ڕینی 1991ی كوردستانی باشور، كۆی ئه‌و شه‌پۆله‌ شیعرییه‌ ده‌گرێته‌وه‌، كه‌ له‌ فه‌زایه‌كی تا ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر ئازاد و زمانێكی تا سنوری په‌رده‌نه‌پۆشین خۆی ده‌نوسێته‌وه‌، وه‌ك چۆن به‌شێك له‌و شیعره‌ی كوردستانی رۆژهه‌ڵاتیش ده‌گرێته‌وه‌، كه‌ ده‌كه‌ونه‌ به‌ر (شه‌پۆلی حجم) و (شه‌پۆلی زمان) و ئه‌وانیش له‌ فه‌زایه‌كی تا ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر ئازاد و زمانێكی تا سنوری په‌رده‌نه‌پۆشین، له‌گه‌ڵ ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ دێنه‌وه‌… (بۆ ئه‌وه‌ی روونتر قسه‌ بكه‌م ده‌بێ‌ بڵێم شیعری حجم له‌ شه‌ش پاڵوییه‌كی شوشه‌یی ده‌كات، كه‌ تیشك بیبڕێت و تیشكه‌كان دابه‌ش بن، بۆ كۆمه‌ڵێ‌ تیشكی ره‌نگین. شاعیری حجمی له‌ رێگای دواخستن و پێشخستنی وشه‌ له‌ رسته‌وه‌ ته‌ركیز له‌سه‌ر یاریكردن به‌ زمان ده‌كات. نموونه‌ی یه‌دوڵڵایی روئیایی. به‌ڵام شیعری شه‌پۆلی زمان، ده‌ست له‌ بونیاد و په‌یوه‌ندی نێوان كار/ بكه‌ر/ به‌ركار ده‌دات، كه‌لێن و بۆشایی شیعری دروست ده‌كات و رووبه‌رێك له‌ نێوان وشه‌كان و كرداره‌كان جێده‌هێلێت، تا خوێنه‌ر به‌پێی خوێندنه‌وه‌ی خۆی واتاكه‌ ته‌واو بكات. نموونه‌ی ره‌زا به‌راهه‌نی.)
به‌ كورتی له‌ شیعری نوێی كوردی و شیعری دوای راپه‌ڕین، چه‌مكی ئازادی به‌ مانای شیعرێك دێت، كه‌ بیر له‌ واتای كات و بنه‌ما ئاینییه‌كان و فه‌زای ئایدیۆلۆژی ناكاته‌وه‌، به‌ڵام په‌رده‌نه‌پۆشینی زمان، زمان وه‌ك له‌ دایكبووی چركه‌سات و پێكهاته‌ی شیعریی ده‌بینێت… له‌ شه‌پۆلی حجم و شه‌پۆلی زماندا ده‌شێ‌ په‌رده‌نه‌پۆشینی زمان، نه‌فیكردنی زمانیش بێت…
لێره‌ پرسیارێك به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ ئایا شیعری كلاسیزمی كوردی توانیویه‌تی له‌ ئاوێنه‌ی كلتوری كوردیدا پرسیاری خۆی بكات، ئه‌و شیعره‌ی شاعیری كوردی ده‌ینوسێ‌ به‌شێك له‌ كێشه‌كانی تاكی كوردی هه‌ڵگرتوه‌، ده‌توانین دال و مه‌دلولی شیعری كلاسیزمی كوردی وه‌ك نیشانه‌ی سوسێری له‌ یه‌كه‌یه‌كی هاوئاهه‌نگ به‌رانبه‌ر یه‌ك رابگرین، ده‌توانین كێشه‌ وجودییه‌كانی مرۆڤی كوردی له‌ شیعری كلاسیزمی كوردیدا بدۆزینه‌وه‌، ده‌توانین دنیای كوردی له‌ نێو شیعری كلاسیزمی كوردی به‌ ده‌ست بهێنین؟ من ئه‌و پرسیارانه‌ بێ‌ وه‌ڵام جێده‌هێڵم، نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نائومێدم، به‌ڵكو چونكه‌ ده‌مه‌وێ‌ له‌ رێگای ئه‌و پرسیارانه‌وه‌ به‌ دوای شیعری نوێی كوردی و شیعری دوای راپه‌ڕین بكه‌وم! كه‌واته‌ ئه‌و پرسیارانه‌م بۆ ئه‌وه‌ خسته‌ روو، تاكو بتوانم په‌یوه‌ندی چه‌مكی (به‌دوایه‌كدانه‌گه‌ڕان)ی شیعری كلاسیزمی كوردی و (دیالۆگكردن)ی شیعری نوێ‌ و دوای راپه‌رین جوانتر به‌رجه‌سته‌ بكه‌م…
چه‌مكی به‌دوایه‌كداگه‌ڕان له‌ رووی زمانییه‌وه‌ هه‌ڵكۆڵین و به‌دواداگه‌ڕانی شتێكه‌، وه‌ك زاراوه‌ چاره‌سه‌ری فیكره‌یه‌كی ئه‌ده‌بی یان بابه‌تێكی ئه‌ده‌بی دیاریكراو له‌ رووی مه‌عریفه‌ و حه‌قیقه‌ت و دنیابینییه‌وه‌ ده‌كات. به‌ دیوێكی دیكه‌ ئه‌گه‌ر چه‌مكی به‌دوایه‌كداگه‌ڕان به‌و مانایه‌ بێت، كه‌ هه‌ر یه‌ك له‌ ئێمه‌ به‌عه‌قڵ و ئاگامه‌ندییه‌وه‌ به‌ دوای شتێكدا بگه‌ڕێین و هه‌ر یه‌ك له‌ ئێمه‌ ده‌مه‌ته‌قێ‌ له‌ سه‌ر پاڵنه‌ر و شتی تایبه‌تی (خۆی) بكات، به‌ بێ‌ ئه‌وه‌ی ئه‌و پاڵنه‌ره‌ لای ئه‌ویدیكه‌ ئاشكرا بێت. یان ئه‌گه‌ر چه‌مكی به‌دوایه‌كداگه‌ڕان قسه‌كردن بێ‌ له‌ سه‌ر شتی تایبه‌تی ئه‌و شیعره‌ تایبه‌ته‌ی كه‌ دوایی هاتووه‌، ئه‌وه‌ چه‌مكی به‌دوایه‌كدانه‌گه‌ڕانی شیعری كلاسیزمی كوردی هه‌موو ئه‌وانه‌ پێچه‌وانه‌ ده‌كاته‌وه‌!

دیالۆگكردن ته‌واو له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و پرۆسانه‌ دژ ده‌كه‌وێته‌وه‌، كه‌ تێیدا گوتنی رابردوو خۆی به‌سه‌ر تێگه‌یشتنی ئێستای مرۆییدا ده‌سه‌پێنێت، یان كه‌ له‌ میانی پرۆسه‌ی خودی ئێستای تێگه‌یشتنه‌وه‌ هه‌ڵنه‌قوڵاوه‌، وه‌ك چۆن دژ به‌ هه‌موو ئه‌و قسه‌كردنانه‌شه‌، كه‌ پێشتر سه‌ره‌تا و كۆتاییان زانراوه‌، كه‌واته‌ دیالۆگكردن وه‌ك زاراوه‌ ده‌مه‌ته‌قێیه‌ له‌ نێوان دوو كه‌س و زێتر له‌ باره‌ی بابه‌تێكی دیاریكراو بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجێكی دیاریكراو، هه‌ر له‌وێشه‌وه‌ ده‌مه‌وێ‌ به‌ ناوهێنانی شیعری كلاسیزمی كوردی بچمه‌ نێو تێگه‌یشتنی ئێستای شیعری نوێ‌ و دوای راپه‌ڕینه‌وه‌، به‌و مانایه‌ش ئه‌وه‌ یه‌كتر نه‌خوێندنه‌وه‌ و دابه‌شبوونی شیعری كلاسیزمی كوردیی و هاونه‌گونجانی ده‌نگه‌ جیاوازه‌كانه‌، شیعری نوێ‌ و دوای راپه‌ڕین گروپ گروپ ده‌كات! وه‌ك چۆن مه‌عریفه‌ی ئایینی و فه‌زا و خه‌ون و خه‌یاڵی ئایینی شیعری كلاسیزمی كوردی (ئاڤێستا، بابا تاهیری هه‌مه‌دانی، كتێبی پیرۆزی یارسان) ده‌بێته‌ پاڵنه‌ری نه‌زانراوی مه‌عریفه‌ی شیعری و فه‌زا و خه‌ون و خه‌یاڵی شیعری نوێ‌ و دوای راپه‌ڕین (بێ‌ ئه‌وه‌ی ئه‌و پاڵنه‌ره‌ ئایینییه‌ له‌ شیعردا ئاشكرا بێت)، وه‌ك تایبه‌تمه‌ندی ئه‌و شیعره‌ تایبه‌ته‌ی كه‌ دوایی هاتووه‌! هه‌ر به‌و مانایه‌ ده‌توانین به‌ به‌بیرهێنانه‌وه‌ی شیعری كلاسیزمی كوردی و پاڵنه‌ری نه‌زانراوه‌وه‌، تایبه‌تمه‌ندی شیعری نوێ‌ و دوای راپه‌ڕین بخه‌ینه‌ گومانه‌وه‌! من وێنه‌ی ئه‌و گومان و دڵه‌ڕاوكێیه‌ وه‌ك جیاوازی نێوان (دنیای شیعر) و (شیعری دنیایی)، (مه‌عریفه‌ی ئایینی) و (مه‌عریفه‌ی شیعریی) دیاری ده‌كه‌م… شیعری كلاسیزمی كوردی به‌ شیعركردنی دنیا نییه‌، به‌ شیعركردنی مه‌عریفه‌ی ئایینیه‌، شاعیر ئه‌و كه‌سه‌ نه‌بووه‌، كه‌ جوان له‌ دنیا ده‌ڕوانێ‌، ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ جوان زمانی ئایینی به‌كار ده‌هێنێ‌، شاعیر كێشه‌كانی خۆی فه‌رامۆش ده‌كات و شیعری دنیایی و زمانبازی وه‌ك كێشه‌كانی خۆی ده‌بینێ‌! له‌ شیعری دوای راپه‌ڕیندا شاعیر جوان له‌ دنیا و مه‌عریفه‌ و خه‌ون و خه‌یاڵی شیعری ده‌ڕوانێ‌، به‌ڵام له‌ واقیعی خۆی هه‌ڵدێت و خۆی راده‌ستی به‌ شیعركردنی دنیا ده‌كات! به‌ شیعركردنی واقیعی ژیان…

قسه‌یه‌كی جوانی (به‌ختیار عه‌لی) له‌ كتێبی (له‌ دیاره‌وه‌ بۆ نادیار، ناوه‌ندی رۆشنبیریی و هونه‌ری ئه‌ندێشه‌- سلێمانی) ده‌ڵێت: شیعر هه‌رگیز له‌و شوێنه‌وه‌ ده‌ست پێناكات، كه‌ شیعرێكی دیكه‌ دوایی دێت. ئه‌و قسه‌یه‌ له‌ ناوكۆییه‌كه‌ی خۆی ده‌كه‌مه‌وه‌ و له‌ په‌یوه‌ندی نێوان شیعری كلاسیزم و شیعری نوێی كوردی به‌ كاری ده‌هێنم… كه‌واته‌ شاعیری دوای راپه‌ڕین له‌و زمانبازییه‌ و شیعری دنیاییه‌ و فه‌زا و دنیابینییه‌ ئایینییه‌ ده‌ست پێناكاته‌وه‌، به‌ڵكو هه‌وڵده‌دات روو له‌ دنیای به‌تاڵی شیعریی بكات. (من نامه‌وێ‌ وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌و چه‌مكه‌ به‌ واقیعی ژیان ببه‌ستمه‌وه‌، به‌ڵكو هه‌وڵده‌ده‌م به‌ شێوه‌یه‌كی نادیار چه‌مكی به‌تاڵی شیعریی به‌ پێناسه‌نه‌كردنی شیعرییه‌وه‌ بگه‌یه‌نم)

لێره‌دا به‌ڵگه‌ی به‌دوایه‌كدانه‌گه‌ڕانی شیعری كلاسیزمی كوردی وه‌ك ئه‌وه‌ی (دكتۆر مارف خه‌زنه‌دار) قسه‌ی لێكردووه‌ و به‌ پێی دیالێكته‌كان پارچه‌ پارچه‌ نیشانی ده‌دات، هه‌ر ته‌نها خۆی له‌ هاونه‌گونجان و به‌دوایه‌كدانه‌گه‌ڕان نابینێته‌وه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ش روون ده‌كاته‌وه‌ كه‌ شاعیری كلاسیزمی كوردی شیعری دنیایی و زمانبازی وه‌ك كێشه‌كانی خۆی ده‌بینێ‌، به‌ بێ‌ ئه‌وه‌ی ئه‌و پاڵنه‌ره‌ له‌ دیالێكتێكه‌وه‌ بۆ دیالێكتێكی دیكه‌ ئاشكرا بێت… یان له‌ پێش هاتنی ئیسلامه‌وه‌ بۆ دوای هاتنی ئیسلام ئاشكرا بێت! ده‌مه‌وێ‌ بڵێم پارچه‌ پارچه‌ كردن به‌ پێی دیالێكته‌كان له‌ لایه‌ن دكتۆر مارف خه‌زنه‌دار و دابه‌شكردنی شیعری كلاسیزمی كوردی بۆ پێش هاتنی ئیسلام و دوای هاتنی ئیسلام له‌ لایه‌ن دكتۆر (عزه‌دین مسته‌فا ره‌سول)ه‌وه‌، هه‌رگیز هاونه‌گونجان و به‌دوایه‌كدانه‌گه‌ڕان و دیالۆگنه‌كردن ره‌تناكاته‌وه‌.
كه‌واته‌ كێشه‌ له‌وه‌دا نییه‌ (بۆرابۆژ 330 پ.ز) یان (زه‌رده‌شت 660-583 پ.ز) به‌ یه‌كه‌مین شاعیری كوردی دیاری بكه‌ین، یان په‌ڕتووكی (ئاڤێستا) و (بابا تاهیری هه‌مه‌دانی 937-1010ز) و كتێبی پیرۆزی “یارسان 901-1600ز”… كێشه‌كه‌ له‌ په‌یوه‌ندی نێوانیاندایه‌، له‌ هاونه‌گونجان و به‌دوایه‌كنه‌گه‌ڕان و دیالۆگنه‌كردن و یه‌كتر نه‌خوێندنه‌وه‌ دایه‌… به‌ڵام وه‌ك بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت شیعری نوێی كوردی و شیعری دوای راپه‌ڕین له‌وێوه‌ ده‌ست پێناكاته‌وه‌، نه‌ك هه‌ر هێنده‌ به‌ڵكو له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و بنه‌مایه‌ ئاینییانه‌ش دژ ده‌كه‌وێته‌وه‌، كه‌ شیعری كلاسیزمی كوردی خۆی له‌سه‌ر بونیاد ناوه‌!
شیعری دوای راپه‌ڕین له‌ هه‌ڵاتن له‌ ژیانه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات، نه‌ك له‌ سه‌ره‌تا و كۆتایی دیاره‌وه‌، ئه‌وه‌ش چه‌مكی دیالۆگكردنی شیعری و ژانوژواری مرۆیی تۆختر ده‌كاته‌وه‌. به‌ڵام ئایا دیالۆگكردنی شیعری دوای راپه‌رین له‌گه‌ڵ یه‌كتر و ئه‌ویدیكه‌ ئامانجی دیاریكراوی خۆی پێكاوه‌، له‌و پرسیاره‌وه‌ هه‌وڵده‌ده‌م به‌شێك له‌ شیعری دوای راپه‌ڕین له‌ رووی شێوازی نوسین و تێكشكاندنی ئاسۆی چاوه‌ڕوانی خوێنه‌ر دابه‌شی سێ‌ پارچه‌ بكه‌م و له‌ سێ‌ شێوازی دیالۆگئامێزدا به‌رجه‌سته‌یان بكه‌م…

شێوازی ته‌عبیری ده‌لاله‌تخوازانه‌
(گروپی یه‌كه‌م/ شیعری دنیایی)

شاعیری تازه‌گه‌ری كوردی له‌ (دنیای شیعریی)ه‌وه‌ بۆ (شیعری دنیایی)، له‌ كاری شیعرییه‌وه‌ بۆ ده‌قگه‌رایی هه‌نگاوی هه‌ڵێنا… به‌ڵام ئه‌گه‌ر نیازی زمان له‌ شیعری كلاسیزمی كوردیدا خۆ سه‌پاندن بنوێنێ‌، هه‌میشه‌ له‌ سه‌ر وه‌ڵام وه‌ستا بێت، نه‌ك پرسیاركردن، ئه‌وه‌ قسه‌ی من ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سه‌پاندنی زمان و نیازی دوور مه‌ودای زمان یه‌كتر ته‌واو ناكه‌ن، من له‌و به‌یه‌كنه‌گه‌یشتنه‌وه‌، له‌ وه‌ڵامه‌وه‌ بۆ پرسیاركردن، له‌ كاره‌وه‌ بۆ ده‌قگه‌رایی قسه‌ له‌ شیعری دوای راپه‌ڕین ده‌كه‌م!
بێگومان هه‌رگیز ناتوانین زمان له‌ شیعر بكه‌ینه‌وه‌، به‌ڵام ده‌شێ‌ شیعر له‌ ئایین بكه‌ینه‌وه‌، ده‌شێ‌ شیعر پرسیار بێ‌، نه‌ك كار له‌سه‌ر وه‌ڵامی ئاماده‌ بكات… زمان شیعر به‌ڕێوه‌ ده‌بات، به‌ڵام بیركردنه‌وه‌ی ئاڕاسته‌كراو و وه‌ڵامی ئاماده‌ شیعر ده‌خاته‌ ئابڵوقه‌وه‌، خه‌ون و خه‌یاڵی شیعریی شیعرییه‌ت هه‌ڵده‌نێت، به‌ڵام وێنه‌ی دنیای واقیعی، خۆی له‌ بابه‌تی حه‌قیقه‌تدا ده‌بینێته‌وه‌…

زمان وه‌ك ماڵی شیعر جیایه‌ له‌ زمانبازی، زمان وه‌ك پرسیار جیایه‌ له‌ زمان وه‌ك وه‌ڵامی ئاماده‌، زمان تاقی بكه‌یته‌وه‌ جیایه‌ له‌وه‌ی ژیان له‌ رێگای زمانه‌وه‌ تاقی بكه‌یته‌وه‌… به‌ بڕوای من چه‌مكی (شیعری دنیایی) شیعری نوێی كوردی و شیعری دوای راپه‌ڕین به‌ گشتی به‌ره‌و (ده‌ربڕینی ده‌لاله‌تخوازانه‌ی زمان) و نیازی دوور مه‌ودای زمان و به‌تاڵی زمانمان ده‌كاته‌وه‌، به‌ره‌و (ته‌عبیری) و (ته‌عبیری ئه‌بستراكت) و (ئه‌بستراكت)مان ده‌بات، یان له‌ كاره‌وه‌ به‌ره‌و ده‌قگه‌رایی ده‌بێته‌وه‌.
ده‌شێ‌ به‌شێكی گه‌وره‌ی شاعیرانی دوای راپه‌ڕین، هه‌وڵبده‌ن گوزارشت له‌ هه‌ست و نه‌ست و ئه‌و پڕشنگ و حاڵه‌ته‌ عه‌قڵییانه‌ بكه‌ن، كه‌ كاریگه‌ری رووداوه‌كان و شته‌كان له‌ ده‌روونی شاعیر دروستی ده‌كه‌ن، به‌شێكی گه‌وره‌ی شاعیرانی دوای راپه‌ڕین لاسایكردنه‌وه‌ی ئه‌رستۆیانه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌ و وێنه‌ی دنیای حه‌قیقی فه‌رامۆش ده‌كه‌ن، خۆیان له‌گه‌ڵ خه‌ون و خه‌یاڵه‌كانیان ده‌گونجێنن.

بێگومان رێبازی ته‌عبیری وه‌ك هه‌ڵگری خودگه‌راییه‌كی زیاد له‌ پێویسته‌ ده‌بینرێ‌… قسه‌كردنی من له‌ شێوازی ته‌عبیركردنی ده‌لاله‌تخوازانه‌ ناكه‌وێته‌ نێو قسه‌كردنی زمانه‌وانی فڕه‌نسی (بوفۆن-Buffon 1707-1788)ه‌وه‌، كه‌ پێیوایه‌ خودی مرۆڤ بۆ خۆی شێوازه‌، نه‌ونده‌بێ‌، نه‌ده‌گوازرێته‌وه‌، نه‌ده‌گۆڕێ‌. به‌ڵكو به‌ گشتی ئه‌و شێوازگه‌رییه‌ ته‌عبیرییه‌ی من باسی ده‌كه‌م، به‌شێكی زۆری ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ له‌ زمانه‌وانی سویسری (شارل بالی 1865- 1947) قسه‌كردنی ئه‌و ته‌نها به‌ به‌های جوانی جیا ناكرێته‌وه‌، به‌ڵكو قسه‌كردنه‌ له‌ میكانیزم و دیارده‌ یان جێكه‌وته‌ی ته‌عبیری له‌ زماندا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بالی شێوازگه‌ری ته‌عبیری له‌ دوالیزمی شێوازگه‌ری ده‌ره‌كی و ناوه‌كی، بیركردنه‌وه‌ و ده‌ربڕین، لۆجیكی زمان و ویژدانی زمان، به‌ها و گه‌یاندن، قسه‌كردن و نوسین… هه‌ڵگرێته‌وه‌، ئه‌وه‌ من قسه‌ له‌ ده‌لاله‌تی زمان و راڤه‌كردن ده‌كه‌م! لێره‌ ده‌مه‌وێ‌ بڵێم به‌شی زۆری شیعری نوێ‌ و دوای راپه‌ڕین خۆی له‌ نێوان گوزارشتكردن و ته‌ئویلكردندا هه‌ڵده‌نێت، پرسیاری ده‌ق و پرسیاری وه‌رگر… هه‌ر وه‌ك زمانی شیعری نوێ‌ و دوای راپه‌ڕین دووره‌ له‌ راسته‌وخۆیی، هه‌ڵگری روویه‌كه‌ له‌ رووه‌كانی حه‌قیقه‌تی ده‌روون! به‌شێكی زۆری شیعرییه‌تی ئه‌و شێوازه‌ له‌ سه‌ر لادانی زمانی و خوازه‌ و ره‌مز به‌ره‌و كه‌شفكردن هه‌نگاو ده‌نێت، هه‌ڵبه‌ته‌ شێواز بۆخۆی ئامانج نییه‌، به‌ڵكو هۆكارێكه‌ هونه‌رمه‌ند یان ئه‌دیب له‌ میانی هه‌وڵی كاره‌كانیدا بۆ كه‌شفكردنی ئه‌و دنیایه‌ی كه‌ تێیدا ده‌ژی به‌كاری ده‌هێنێت.

له‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌دا پۆلینكردنی به‌شێكی تایبه‌ت له‌ شیعری دوای راپه‌ڕین و شێوازی نوسینی شیعری دوای راپه‌ڕین، خۆی به‌ ته‌مه‌نه‌وه‌ هه‌ڵناواسێت، به‌ڵكو خۆی له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی نوسین و شێوازی گوزارشتكردندا ده‌دۆزێته‌وه‌… لێره‌دا هه‌وڵده‌ده‌م گروپی یه‌كه‌می شیعری دوای راپه‌ڕین و شێوازی نوسینیان به‌ مه‌عریفه‌ی شیعری و خه‌یاڵی شیعری و به‌رفره‌وانكردنی سنوره‌كانی گوتن و ئه‌زموونی ناوه‌وه‌ ببه‌ستمه‌وه‌، بێگومان به‌شێكی زۆری ئه‌و به‌رفره‌وانكردنه‌ش ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر فه‌زایه‌كی تا ئه‌ندازه‌یه‌ك ئازاد و زمانێك تا سنوری په‌رده‌نه‌پۆشین… ده‌شێ‌ ئه‌و گروپه‌ (وه‌ك من ده‌یبینم) له‌و ناوانه‌ (ئازاد سوبحی، هه‌ندرێن، رۆژ هه‌ڵه‌بجه‌یی، ته‌لعه‌ت تاهیر، دلاوه‌ر ره‌حیمی، داستان بارزان…) و زێتریش له‌گه‌ڵ جیاوازییه‌كانیان كۆبكه‌مه‌وه‌.

به‌ گشتی شیعری نوێ‌ و دوای راپه‌ڕین بنه‌ما ئاینییه‌كان و فه‌زای ئایدیۆلۆژی پشتگوێ‌ ده‌خات، له‌سه‌ر مه‌یلی خودگه‌رایی و ره‌تكردنه‌وه‌ راده‌بێته‌وه‌! شێوازی ده‌ربڕینی ده‌لاله‌تخوازانه‌ی (كاری گروپی یه‌كه‌م)ی شیعری دوای راپه‌ڕین، خۆی له‌ رێگای ژیانه‌وه‌ نیشان ده‌دا و پشت به‌ ریتمی ناوه‌كی ده‌به‌ستێ‌… زۆربه‌ی شاعیرانی ئه‌و گروپه‌ بۆ ره‌نگاوڕه‌نگكردنی مانا، گرامه‌ر تێكده‌شكێنن، هه‌وڵده‌ده‌ن جوانگوتن و چیگوتن بپارێزن، جه‌خت له‌ شێوازی گواستنه‌وه‌ی زمان له‌ شێوه‌یه‌ك بۆ شێوه‌یه‌كی دیكه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ (بابه‌تێك ته‌نها به‌ لابردنی ئه‌ویدی ده‌بێت به‌و شته‌ی كه‌ هه‌یه‌)! بۆ نموونه‌ لادانی زمانی لای (رۆژ هه‌ڵه‌بجه‌یی) به‌ لابردنی تۆخكردنی گێڕانه‌وه‌ كۆتایی دێت و شیعرییه‌ت ده‌خاته‌وه‌، به‌ڵام لادانی زمانی لای (هه‌ندرێن) به‌ تۆخكردنی گێڕانه‌وه‌وه‌ به‌نده‌، شیعرییه‌ت له‌ چیگوتن و جوانگوتن هه‌ڵده‌گرێته‌وه‌… وه‌ك چۆن هه‌ندێكیان جه‌خت له‌ دامه‌زراندنی په‌یوه‌ندی نوێی نێوان وشه‌ و وشه‌، وشه‌ و مانا ده‌كه‌ن، بۆ نموونه‌ (ته‌لعه‌ت تاهیر) … هه‌ندێكیان دوای رسته‌ی شیعریی و دووباره‌ كردنه‌وه‌ی ناوكۆیی ده‌كه‌ون، وه‌ك (دلاوه‌ر ره‌حیمی)… ئه‌و گروپیه‌ لادانی ده‌لالی له‌ وه‌سفه‌ باوه‌كان به‌ كاری خۆیان ده‌زانن، هه‌ندێكیان لادانی ده‌لالی به‌ وڕوژانی ماناوه‌ ناس ده‌كه‌ن، به‌ڵام به‌ گشتی له‌ سه‌ر وێنه‌ی شیعری و واقیعی ژیان كار ده‌كه‌ن و ریتمی نوسینیان خاوه‌!

(دلاوه‌ر ره‌حیمی) و كۆمه‌ڵه‌ شیعری (حكایه‌تی قوڕ، به‌ قه‌ڵه‌می خه‌ون نوس، چ 2013):

په‌ڕ و باڵی ته‌یرێ‌
پاش هاتنه‌وه‌یان له‌ كێڵگه‌ی ئه‌و جوتیارانه‌ی خۆیان ده‌كوشت
فڕینیان لا په‌شیمانییه‌
زمانی خاوی منداڵێ‌
له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ی سرووده‌كانی سه‌ركه‌وتن
ده‌نگی پێ‌ كوفره‌.

دلاوه‌ر ره‌حیمی هه‌میشه‌ هه‌وڵده‌دات لادانی ده‌لاله‌تخوازانه‌ به‌ وڕوژانی ماناوه‌ بلكێنێ‌، له‌و نموونه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌دا هه‌موو رۆناكییه‌كه‌ له‌ سه‌ر ده‌لاله‌تی (خۆكوشتن) و ده‌لاله‌تی (كوفر) ده‌وه‌ستێ‌، په‌یوه‌ندی (ته‌یر و كێڵگه‌ و جوتیار) به‌ وڕوژاندنی خۆكوشتن رێچكه‌یه‌كی دیكه‌ی بیركردنه‌وه‌ به‌ خوێنه‌ر ده‌به‌خشێت و خوێنه‌ر له‌ چاوه‌ڕوانییه‌كه‌وه‌ به‌ره‌و چاوه‌ڕوانییه‌كی دیكه‌ ده‌بات، وه‌ك چۆن له‌و كۆپله‌یه‌دا شێوازی گواستنه‌وه‌ی ناوكۆیی له‌ شێوه‌یه‌كه‌وه‌ بۆ شێوه‌یه‌كی دیكه‌ ده‌بینین… به‌ مانایه‌كی دیكه‌ په‌یوه‌ندی (زمان و منداڵ و سه‌ركه‌وتن) هه‌مان وڕوژانی په‌یوه‌ندی نێوان (ته‌یر و كێڵگه‌ و جوتیار) ده‌نوێنێ‌…
شاعیر په‌یوه‌ندی (ته‌یر- كێڵگه‌- جوتیار) به‌ پرسی خۆكوشتن ده‌وڕوژێنرێ‌، ئه‌و پرسه‌ له‌ ئاسۆی چاوه‌ڕوانی خوێنه‌ردا به‌رانبه‌ر كۆمه‌ڵێ‌ (مه‌دلولی مرۆیی) ده‌بێته‌وه‌، به‌ مانایه‌كی دیكه‌ خۆكوشتن له‌ نێوان (ته‌یر- كێڵگه‌- جوتیار) ساتمه‌ به‌ خه‌یاڵی خوێنه‌ر ده‌كات، ئه‌و ساتمه‌یه‌ هه‌ر ته‌نها خوێنه‌ر ناوڕوژێنێ‌، به‌ڵكو خوێندنه‌وه‌یه‌كی دیكه‌شه‌ بۆ ته‌یر و كێڵگه‌! دواجار ئه‌وه‌ی كه‌ له‌و په‌یوه‌ندییانه‌وه‌ رۆناكی زۆری له‌ سه‌ره‌ ده‌لاله‌تی خۆكوشتنه‌، وه‌ك گوتم رۆناكی خستنه‌ سه‌ر ده‌لاله‌تی كوفر له‌ رسته‌ی دووه‌مدا شێوازی گواستنه‌وه‌ی زمانه‌ له‌ خۆكوشتن (مه‌دلولی مرۆیی) بۆ كوفر (مه‌دلولی كلتوری)… رسته‌ی شیعریی یه‌كه‌م له‌ په‌یوه‌ندی (ته‌یر- كێڵگه‌- جوتیار)دا چه‌مكی (خۆكوشتن) وه‌ك كۆدێكی مرۆییانه‌ی گوماناویی به‌رجه‌سته‌ ده‌كات، رسته‌ی شیعریی دووه‌م، له‌ په‌یوه‌ندی (زمان- منداڵ- سه‌ركه‌وتن)دا، چه‌مكی (كوفر) وه‌ك كۆدێكی كلتوری گوماناویی ده‌خاته‌ روو! ده‌مه‌وێ‌ بڵێم كۆدی یه‌كه‌م مرۆڤ وه‌ك كرده‌یه‌كی به‌رده‌وام خۆی به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، به‌ڵام دووه‌م كلتور وه‌ك كارێكی بۆماوه‌ پێی هه‌ڵده‌سێت، كۆدی یه‌كه‌م زێتر خودگه‌رایی رۆڵی تێدا ده‌بینێ‌، كۆدی دووه‌م زێتر گشتگه‌راییه‌، به‌ رووه‌كه‌ی دیكه‌ چه‌مكی خۆكوژی مرۆڤ په‌یوه‌ندییه‌كی گلۆباڵ دروست ده‌كات، به‌ڵام له‌ پشت به‌ كوفر دانانی ده‌نگدانه‌وه‌ی ده‌نگی منداڵ كلتورێكی لۆكاڵی ده‌بینرێت… له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا په‌یوه‌ندی نێوان (ته‌یر، كێڵگه‌، جوتیار و زمان، منداڵ، سه‌ركه‌وتن) له‌ زۆربه‌ی باره‌كاندا ئاسایی ده‌كه‌وێته‌، به‌ڵام چه‌مكی خۆكوشتن و چه‌مكی كوفر، ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ ئاساییه‌ تێكده‌شكێنێ‌ و خوێنه‌ر دووچاری گومان و ساتمه‌كردن ده‌كات…
كۆمه‌ڵه‌ شیعری (له‌به‌ر ئاوازێك نایه‌وێ‌ ببێته‌ گۆرانی، ته‌ڵعه‌ت تاهیر، ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس، چ 2011) شێوازی ته‌عبیری ده‌لاله‌تخوازانه‌ی (ته‌ڵعه‌ت تاهیر) له‌ سه‌ر كۆكردنه‌وه‌ی نێوان لێكدووره‌كان (هاونه‌گونجاوه‌كان) وه‌ستاوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌لاله‌ت و مانایه‌ك به‌ رسته‌ شیعرییه‌كان ببه‌خشێت… بۆ نموونه‌ پشت به‌ ره‌نگێك یان په‌سنێكی نائاسایی ده‌به‌ستێ‌، یان وشه‌یه‌ك و وشه‌یه‌كی دیكه‌… بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر دووچاری ئاوڕدانه‌وه‌ بكات، بۆ ئه‌وه‌ش لێكدووركه‌وتنه‌وه‌یه‌كی خه‌یاڵی له‌ نێوان په‌یوه‌ندییه‌ ئاساییه‌كان، له‌ نێوان وشه‌ و وشه‌ داده‌هێنێ‌، بۆ نموونه‌:
تۆ هه‌بیت ئاژاوه‌ی دنیا نامێنێ‌
به‌ندیخانه‌كان ده‌بنه‌ دایه‌نگه‌
تاوانباره‌كان به‌ ده‌نكه‌ شقارته‌
پیكابی بچووك بۆ منداڵه‌ هه‌ژاره‌كان دروست ده‌كه‌ن.
په‌یوه‌ندی نێوان (منداڵی دایه‌نگه‌) و (تاوانباری به‌ندیخانه‌) لێكدووره‌، به‌ڵام شاعیر ره‌هه‌ندێكی نوێ‌ له‌ پێناو مانایه‌كی نوێ‌ و تێكشكاندنی ئاسۆی چاوه‌ڕانی خوێنه‌ران و ئاوڕدانه‌وه‌ دروست ده‌كات… بێگومان ئه‌گه‌رچی وشه‌ی (به‌ندیخانه‌) و (دایه‌نگه‌) دوو ناوی گشتگیرن، به‌ڵام وشه‌ی (به‌ندیخانه‌) وه‌ك تێگه‌یشتن له‌ بری وشه‌ی (دایه‌نگه‌) دژ به‌ یه‌كن و پرسیار له‌و نێوه‌دا ده‌چێنن، كه‌چی وه‌ك شوێن ده‌شێ‌ له‌گه‌ڵ یه‌ك ئاشتمان بكه‌نه‌وه‌… به‌ مانایه‌كی دیكه‌ ئه‌گه‌ر دایه‌نگه‌ له‌و وڵاته‌دا بۆ خۆی به‌ندیخانه‌ بێت و تاوانباریش هه‌میشه‌ منداڵی هه‌ژاران بن، ئه‌وه‌ زمانی شاعیر زمانی ئاوڕدانه‌وه‌ و به‌دواداچوون و ره‌خنه‌یه‌، یان به‌ مانا (باختین)ه‌كه‌ی ئه‌نجامی پێكچواندنی (دایه‌نگه‌) و (به‌ندیخانه‌) پێكه‌نین و ئازادییه‌! به‌ڵام شاعیر به‌ راكردن له‌ واقیع، ناڕاسته‌وخۆ و له‌ رێگای به‌رجه‌سته‌كردنی هاونه‌گونجانی ئاسایی به‌ هاوگونجانی نائاسایی تیروتوانجی خۆی ده‌وه‌شێنێ‌ …
وه‌ك گوتمان شێوازی ده‌ربڕین له‌ كاری ئه‌و گروپه‌دا به‌شێكی گه‌وره‌ی له‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی ژیانه‌وه‌ هه‌ڵقوڵاوه‌، به‌ڵام له‌ رسته‌ شیعرییه‌كانی ته‌ڵعه‌ت تاهیر جگه‌ له‌ ته‌عبیركردن له‌ رێگای ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ ژیان و ده‌روون، جگه‌ له‌ لادانی زمانی له‌ رێگای هاونه‌گونجانی دوور، لادانی زمانی زیاد له‌ پێویستیش ده‌بینرێ‌، یان به‌ مانایه‌كی دیكه‌ لادان ده‌خاته‌ سه‌ر لادانه‌وه‌، ئه‌وه‌ش كتوپڕی و هه‌دانه‌دان ده‌خاته‌ نێو خه‌یاڵ و بیركردنه‌وه‌ و خوێندنه‌وه‌وه‌، وه‌ك چۆن ته‌ختی ئاسۆی چاوه‌ڕوانی خوێنه‌ر ده‌خاته‌ له‌رزه‌وه‌ و چاوه‌ڕوانییه‌كی بێ‌ چاوه‌ڕوانی دروست ده‌كات… ده‌مه‌وێ‌ بڵێم له‌ نێوان لادان و لادان خستنه‌سه‌ر، هه‌دانه‌دان و بۆشاییدا سپێتی دروست ده‌بێت، ئه‌و هه‌دانه‌دان و بۆشاییانه‌ جوله‌یه‌كی نائاسایی له‌ ئاوڕدانه‌وه‌ی خه‌یاڵ و بیركردنه‌وه‌ی خوێنه‌ر ده‌سازێنن:

ئیره‌یی به‌ چاوی منداڵه‌كه‌م ده‌به‌م
ده‌توانێ‌ ركه‌ بگرێت
تا رۆناكی بكاته‌ پلیكانه‌ و خۆر تام بكات
باده‌م ماچ بكات و
چیڕۆك بخاته‌ پاروه‌ نانێكه‌وه‌. ل39
شێوازی ته‌عبیری ئه‌بستراكت
(گروپی دووه‌م/ دنیای به‌تاڵی شیعری)
ده‌شێ‌ به‌ پێی ئاگایی من و ده‌رككردنی من كاری گروپی دووه‌م، له‌و ناوانه‌ هه‌ڵگرینه‌وه‌ (ته‌یب جه‌بار، شاڵاو حه‌بیبه‌، په‌روێز زه‌بیح غوڵامی، جه‌میل مورادی، رابه‌ر فاریق، به‌شدار سامی، به‌یان عه‌زیزی…) له‌گه‌ڵ جیاوازییه‌كانیان… شێوازی نوسین له‌ دنیای به‌تاڵی شیعریدا، شێوازی (ته‌عبیری ئه‌بستراكت)ه‌، واته‌ له‌ رووی جوله‌ و ریتم و داڕشتنه‌وه‌ ته‌عبیرییه‌ و له‌ رووی ماناوه‌ رووت ده‌كه‌وێته‌وه‌! به‌ گشتی گروپی دنیای به‌تاڵی شیعری به‌شێك له‌ هێزی خۆی له‌ لادان و ئاماژه‌ خه‌رج ده‌كات، بۆ پڕكردنه‌وه‌ی رووتی مانا و بۆشاییه‌كانی هه‌وڵده‌دات تا سنورێ‌، پشت به‌ خه‌یاڵی خوێنه‌ر ببه‌ستێ‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له‌ رێگای جوله‌ی شیعریی و ده‌ربڕینی واقیعی كارئاسانی بۆ راڤه‌كردن و خه‌یاڵی خوێنه‌ر ده‌كات! واته‌ له‌ زۆربه‌ی باره‌كاندا جوله‌یه‌كی ته‌عبیری ده‌كێشی و ماناكانی لێ‌ داده‌ماڵێ‌ و رووتی ده‌كاته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی جوله‌ به‌ گومان و خه‌یاڵ بدات، به‌ گشتی له‌ سه‌ر جوله‌ و جوانی كار ده‌كه‌ن و ریتمی نوسینیان نیمچه‌ خاوه‌…

به‌ڵام (ته‌یب جه‌بار) له‌ داڕشتندا ئاسۆییه‌ و له‌ جوله‌دا ستوونی ده‌كه‌وێته‌وه‌، واته‌ وشه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی ئاسۆیی له‌ رووی بیر و مه‌به‌ست و ئاگایی و دروستی ماناوه‌ رسته‌كان ته‌واو ده‌كه‌ن و دیار و ره‌وانن، شاعیر په‌یڕه‌وی له‌ یاسا و رێسای زمانه‌وانی و په‌یوه‌ندی رێزمانی ده‌كات، به‌ڵام ده‌لاله‌ته‌كانی له‌ (ئاستی ستوونی)دان و له‌گه‌ڵ (ئاستی ئاسۆیی) داڕشتندا هاوگونجاو نایه‌نه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ هه‌ستپێكراوه‌ گشتییه‌كان و بینراو و هه‌سته‌ مرۆییه‌ باوه‌كان و واقیع دژ ده‌كه‌ونه‌وه‌، ئاستی ستوونی یان ده‌لاله‌ته‌كان جوله‌ی ره‌مزی و فره‌ ره‌هه‌ندی ده‌نوێنن، ده‌لاله‌ته‌كان بۆ قوڵایی ماناو جوانی شۆڕ ده‌بنه‌وه‌… ئه‌و جیاوازییه‌ی ته‌یب جه‌بار خۆی تێكه‌ڵ به‌ سرووشتگه‌رایی و پێكچوواندنه‌ هاونه‌گونجاوه‌كان و به‌رفره‌وانكردنی خه‌یاڵی فانتازی و لادان له‌ واقیع و لادانی ده‌لالی زیاد له‌ پێویست و دروستكردنی فه‌زایه‌كی ناباوی شیعری ده‌كات! هه‌موو ئه‌وانه‌ له‌ لای (په‌روێز زه‌بیح غوڵامی) پێچه‌وانه‌ ده‌بێته‌وه‌، ده‌مه‌وێ‌ بڵێم په‌روێز زه‌بیح غوڵامی له‌ داڕشتندا ستوونییه‌ و له‌ جوله‌دا ئاسۆییه‌؟!

به‌ گشتی كاری گروپی ته‌عبیری ئه‌بستراكت له‌ یه‌كه‌م (ئاماژه‌)دا چاو له‌ پێش خۆیان ده‌كه‌ن، ئه‌و ئاماژه‌كردنه‌ چ حه‌قیقی بێت یان خه‌یاڵی، چ وه‌ك جوله‌ی شیعری بێ‌، چ وه‌ك ده‌ربڕینی واقیعی رۆژانه‌… دواتر هه‌موو ئه‌و گوتارانه‌ له‌ نێو بۆشایی و سپێتی ون ده‌كه‌ن و شێوه‌یه‌كی ئه‌بستراكتی پێده‌به‌خشن، (به‌ڵام ئاماژه‌ ناوبراوه‌كان لای ته‌یب جه‌بار له‌و قوڵاییه‌دا ون نابن و دووباره‌ خۆیان ده‌نوسنه‌وه‌؟!…)
به‌ گشتی ئه‌و شێوه‌ ته‌ماشاكردنه‌، سه‌یركردنی واقیعه‌ وه‌ك واقیعێكی گوماناوی، له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ساتمه‌كردنه‌ به‌ خوێنه‌ر وه‌ك جوله‌ی شیعریی… به‌ مانایه‌كی دیكه‌ سه‌یركردنی دنیایه‌ به‌ چاوی شیعر و گومانه‌وه‌، واته‌ له‌ چاوی شیعر و گومانه‌وه‌ دێنه‌ ناوه‌وه‌ و ساتمه‌ به‌ ئاسۆی چاوه‌ڕوانی خوێنه‌ر ده‌كه‌ن! تێگه‌یشتنمان بۆ ئه‌و دوو شێوه‌ له‌ ته‌ماشاكردن له‌و ده‌رككردنه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێ‌، كه‌ ئه‌گه‌ر چه‌مكی گومان په‌یوه‌ندی نێوان شوێن و كات له‌ واقیعدا تۆخ بكاته‌وه‌، ئه‌وه‌ جوله‌ی شیعری ده‌لاله‌ت و لێڵی ماناكان چڕ ده‌كاته‌وه‌.

دنیای به‌تاڵی شیعریی و خه‌سڵه‌ته‌كانی شێوازی ته‌عبیری ئه‌بستراكت، گه‌یشتنه‌ به‌ دوورترین خاڵی هه‌ستكردن به‌ واقیع و هه‌ستكردن به‌ وشه‌ی رووت و به‌ركه‌وتنی خه‌یاڵی خوێنه‌ر، دواجار له‌و شێوازه‌دا خه‌ون جوانترین وێنه‌ی به‌رجه‌سته‌ و ده‌رككراوه‌، وه‌ك چۆن ده‌توانین ساتمه‌كردن له‌ بۆشایی، به‌ بۆشاییه‌كانی نێو بوونی مرۆڤ بچوێنین… ده‌توانین ئه‌و شێوازه‌ ته‌عبیری ئه‌بستراكته‌ دابه‌شی دوو شێوازی به‌نێویه‌كداچوودا بكه‌ین.

یه‌كه‌م، ئه‌بستراكتی ته‌عبیری (گه‌ردوونی): ئه‌و شێوازه‌ دوو رووی هه‌یه‌:

رووی یه‌كه‌می له‌ سه‌ر كزی ریتم و بایه‌خنه‌دان به‌ گرامه‌ر و بایه‌خدان به‌ شێوازی ده‌ربڕینی ستوونی وه‌ستاوه‌، چڕی و پڕی و ونبوون له‌خۆ ده‌گرێت، نموونه‌ی ئه‌و شێوازه‌ له‌ شیعره‌كانی (په‌روێز زه‌بیح غوڵامی) و نموونه‌ی دیاری له‌ فه‌وزای شارییانه‌ی (كراكه‌)ی (ره‌زای عه‌لی پوور)دایه‌…
رووی دووه‌می له‌ جوله‌ی سرووشتی (ئه‌و شیعرانه‌ی ئاوڕ بۆ پێشه‌وه‌ ده‌ده‌نه‌وه‌)ی (ته‌یب جه‌بار) به‌ مانای خاوی ریتم و بایه‌خدان به‌ گرامه‌ر و بایه‌خدان به‌ شێوازی ئاسۆیی ده‌ربڕینی رسته‌ و یه‌كتر ته‌واوكردنی وشه‌ و به‌ دوایه‌كداهاتنی مانا به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت، یه‌كه‌میان گۆڕینی ئاگایی و نیگا ده‌نوێنی، دووه‌میان گۆڕینی كرده‌ی دیتن و بۆشایی درێژ ده‌كاته‌وه‌…
له‌ شێوازی ئه‌بستراكتی ته‌عبیری گه‌ردوونی، بونیادی جوله‌ (ئاوڕدانه‌وه‌ بۆ واقیع) پێكهاته‌ی رسته‌ دیاری ده‌كات، ئه‌و ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ هه‌وڵده‌دات له‌ رێگای هونه‌ری سوریالی و سۆفیگه‌ری و دنیاییه‌وه‌ ئه‌زموونی بوونگه‌رایی گه‌ردوونی خۆی بنوێنێ‌، یان ده‌ربڕین له‌ ناخی سوبێكت و دنیابینی كه‌سی بكات… به‌و مانایه‌ش له‌ رووی ته‌عبیرییه‌وه‌ (شێوه‌كان) دیاری ده‌كه‌ن، له‌ رووی ئه‌بستركته‌وه‌ (گه‌ردوونی) خۆی ده‌نوێنێ‌!

بێزاری بۆ باخێكی بردم
منداڵێك
به‌ بۆیه‌ كێشابووی

“كۆمه‌ڵه‌ شیعری كه‌سێك لێره‌وه‌ تێپه‌ڕی، شاڵاو حه‌بیبه‌، 2008،ل21”

له‌و كۆپله‌یه‌ی شاڵاو حه‌بیبه‌دا دوو جوله‌ دیاره‌، جوله‌یه‌كی واقیعی كه‌ بێزاری ده‌ینه‌خشێنێ‌، جوله‌یه‌كی رووتی وشه‌ كه‌ له‌سه‌ر كاغه‌ز به‌ ده‌ستی منداڵێك كێشراوه‌، یه‌كه‌میان هه‌ست و هوشیاری رابه‌رایه‌تی ده‌كات، دووه‌میان نه‌ست و ناهوشیاری… ئه‌و كۆپله‌یه‌ له‌ رووی جوله‌ی شیعری و داڕشتنه‌وه‌ ته‌عبیرییه‌، به‌و مانایه‌ی كه‌ هه‌ستكردن به‌ بێزاری په‌یوه‌ندییه‌كی راسته‌وخۆی به‌ نه‌ست و ده‌روونه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ رووی ماناوه‌ رووته‌ بێزاری باخێكه‌ كه‌ عه‌قڵی سپی منداڵ وێنه‌ی كێشا بێت، ئه‌وه‌ش هه‌مان ره‌هه‌ند و مانای باخی سرووشتی به‌ ده‌سته‌وه‌ نادات، به‌ڵكو ده‌بێ‌ بۆ پڕكردنه‌وه‌ی رووتی و بۆشاییه‌كانی هه‌میشه‌ پشت به‌ خه‌یاڵ و لێكدانه‌وه‌ی ناوه‌وه‌ی خوێنه‌ران ببه‌ستین، ئه‌و پشت پێبه‌ستنه‌ش سه‌یركردنی دنیایه‌ به‌ چاوی شیعر و گومانه‌وه‌ و ونبوون له‌خۆ ده‌گرێت! دواجار ئه‌و دوو دنیایه‌ی شیعری ته‌عبیری ئه‌بستراكت، له‌ رووی ته‌عبیرییه‌وه‌ مه‌عریفه‌ی شیعریی و دنیابینی كه‌سی ده‌كێشێ‌، له‌ رووی ئه‌بستراكته‌وه‌ به‌ره‌و ئه‌زموونی بوونگه‌رایی گه‌ردوونیمان ده‌كاته‌وه‌.
هه‌موو ئه‌و قسانه‌ ده‌مانبه‌نه‌وه‌ بۆ نوسینێكی پێشتر له‌سه‌ر شاڵاو حه‌بیبه‌ و له‌وێدا گوتم (ئایزه‌ر)ی ره‌خنه‌گر پێیوایه‌ مه‌رجی كارلێكردنی (ده‌ق) و (خوێنه‌ر) له‌یه‌كنه‌چوونه‌! ئه‌و له‌یه‌كنه‌چوونه‌، نه‌چوونه‌وه‌ سه‌ر ناوكۆیی باو و روانینی باوی نوسه‌ر و خوێنه‌ره‌، ئه‌وه‌ ئه‌و كاته‌یه‌، كه‌ نوسه‌ر و خوێنه‌ر ناسنامه‌ی یه‌كتر له‌بیر ده‌كه‌ن. یان خۆیان له‌ ناسنامه‌ كۆنه‌كه‌یان ده‌كه‌نه‌وه‌، له‌و كاته‌دا هه‌ر یه‌ك له‌ دانوستان له‌گه‌ڵ یه‌كتردا حه‌قیقه‌تی خۆیان له‌ سه‌ر نا”شت” یان ناڕێككه‌وتن و نه‌گونجان وێنا ده‌كه‌نه‌وه‌: بێزاری بۆ باخێكمان ده‌بات، منداڵێك به‌ بۆیه‌ كێشاوویه‌تی… له‌ باخی واقیعه‌وه‌ بۆ باخی سه‌ر كاغه‌ز، له‌ باخی ته‌عبیرییه‌وه‌ بۆ باخی ئه‌بستراكت… ئه‌و بۆشاییه‌ی له‌ نێوان زینده‌گی و شتدایه‌، ئه‌و نه‌گونجان و ناڕێككه‌وتنه‌ ده‌بێته‌ هانده‌رێك بۆ خوێنه‌ر تاكو هه‌وڵی پڕكردنه‌وه‌ی بدات، له‌ سه‌ر بنه‌مای ئه‌و نه‌گونجان و ناڕێككه‌وتن و بۆشاییه‌ و ناشته‌ په‌یوه‌ندی نوێ‌ داده‌مه‌زرێ‌! بێگومان دامه‌زراندنی په‌یوه‌ندی نوێ‌ له‌ نێوان نوسه‌ر و خوێنه‌ر، له‌ سه‌ر هه‌وڵی پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییانه‌وه‌ دێت كه‌ خوێنه‌ر ساتمه‌ی لێكردووه‌.

كۆمه‌ڵه‌ شیعری (ته‌یب جه‌بار، ئه‌و شیعرانه‌ی ئاوڕ بۆ پێشه‌وه‌ ده‌ده‌نه‌وه‌، سلێمانی 2011)

باشتر وایه‌،
ده‌ست بكه‌ین…
به‌ هاڕینی تاریكی
ئارده‌كه‌ی بكه‌ین به‌ په‌ین…
بۆ چیمه‌نی ئه‌ستێره‌.
ده‌ست بكه‌ین…
به‌ رنینی قژی مانگ.
هه‌گبه‌یه‌كی لێ‌ بچنین،
بۆ سه‌فه‌ی رێی كاكێشان،
پڕی بكه‌ین له‌ كولێره‌. ل106
قسه‌م له‌وه‌ نییه‌ نیازی هاڕین، به‌رهه‌مه‌كه‌ی ئارد ده‌بێ‌، یان په‌ین، بۆ چیمه‌نی سه‌وزی باخچه‌ ده‌بێ‌، یان بۆ چیمه‌نی زه‌ردی ئه‌ستێره‌… هه‌وڵده‌ده‌م قسه‌ له‌وه‌ بكه‌م، چۆن وشه‌كان یه‌كتر ته‌واو ده‌كه‌ن و له‌ سه‌ر هێلێكی ئاسۆیی به‌دوایه‌كدا دێن و گۆڕینی كرده‌ی دیتن ده‌سازێنن و جوله‌ی بۆشایی ده‌نێنه‌وه‌! ئه‌وه‌ی له‌ هاڕینی تاریكی ساتمه‌ ده‌خاته‌وه‌، یه‌كتر ته‌واو كردنی وشه‌كان نییه‌، ئاماژه‌ و ده‌لاله‌ته‌، خوێنه‌ران له‌ نێوان ئاماژه‌كردنی وشه‌ی (هاڕین) و ده‌لاله‌ته‌كانی وشه‌ی (تاریكی) خۆیان له‌ ناسنامه‌ كۆنه‌كه‌یان ده‌كه‌نه‌وه‌، یان به‌ شێوه‌یه‌كی ستوونی له‌ گۆڕینی كرده‌ی دیتنه‌وه‌ ده‌كه‌ونه‌ بۆشایی به‌ دواداچوونی ئاماژه‌ و ده‌لاله‌ته‌وه‌، له‌ سه‌ر ئه‌و بۆشایی و نه‌گونجانه‌ بیر له‌ جوله‌یه‌كی نوێ‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌وه‌ش مه‌رجی كارلێكردنی ده‌ق و خوێنه‌ره‌… وه‌ك چۆن بۆ رنینی قژی مانگ و هه‌گبه‌ دروستكردن هه‌ر وایه‌…

ئه‌وه‌ی له‌و كۆپله‌یه‌دا سرووشت به‌ واقیعه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ (به‌ بیرهێنانه‌وه‌ی چیمه‌نی سه‌وزایی زه‌وی) و خودی (كولێره‌)یه‌، سرووشت له‌ رێگای به‌ بیرهێنانه‌وه‌ی چیمه‌نی سه‌وزایی و كولێره‌وه‌ به‌ واقیعی رۆژانه‌ ده‌گاته‌وه‌، یه‌كه‌میان لێوردبوونه‌وه‌ و خه‌یاڵ به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، دووه‌میان هه‌ستی برسێتی و ژیان… به‌ بیرهێنانه‌وه‌ی چیمه‌نی سه‌وزایی و به‌ بیرهێنانه‌وه‌ی كولێره‌، داڕشتنی رسته‌ له‌ مانای سرووشته‌وه‌ بۆ واقیع ده‌بات، ئه‌وه‌ش به‌ ئاسۆیی بوونی وشه‌ی ژیان و به‌ ستوونی بوونی مانای ژیانمان لا روونتر ده‌كات… به‌ڵام ره‌نگه‌ پرسیاری خوێنه‌ری ره‌خنه‌گر به‌ خودگه‌راییه‌وه‌ به‌ند بێت؟
من پێموایه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی (ته‌یب جه‌بار)ی شاعیر بۆ چه‌مكی سرووشت، پێكهاته‌ی رسته‌ و گه‌ردوونی بوون، دیاری ده‌كات، نه‌ك ئاوڕدانه‌وه‌ی بۆ واقیعی رۆژانه‌… هه‌موو ته‌ماشاكردنێكی دیكه‌ بۆ نه‌رمی و زبری سرووشت و رامان له‌ پرسه‌ گه‌ردوونییه‌كانی بوون… ئاماژه‌ و پێكهاته‌ی ده‌لالی رسته‌ دیاری ده‌كات! ده‌مه‌وێت بڵێم ته‌یب جه‌بار وه‌ك مرۆڤی ژاپۆنی سه‌رقاڵی بابه‌تی تایبه‌ت و روخساری كۆنكریتی پرسه‌ گه‌ردوونییه‌كانی بوون بووه‌… سه‌رمه‌ستی ته‌ماشاكردنێكی بێ‌ سنوری سرووشت بووه‌، ئه‌و ته‌ماشاكردنه‌ جوانی و چێژێكی پێده‌به‌خشێت، جوانی و چێژێك كه‌ تێكه‌ڵ به‌ دیدی ده‌لاله‌تخوازانه‌ ده‌بێ‌… بۆیه‌ به‌رانبه‌ر چیمه‌نی ئه‌ستێره‌، قژی مانگ، رێی كاكێشان و نهێنیه‌ سه‌رسوڕهێنه‌ره‌كانی سرووشت، گوتاری دوو لایه‌نه‌ی خۆی هه‌یه‌! به‌و مانایه‌ی كه‌ سه‌رێكی به‌ واقیعی ژیانه‌وه‌ (كولێره‌) به‌ستراوه‌ته‌وه‌ و سه‌ره‌كه‌ی دیكه‌ به‌ نادیار (چیمه‌نی ئه‌ستێره‌) و بۆشاییه‌وه‌، من قسه‌ له‌ كولێره‌ ناكه‌م، به‌ دوای چیمه‌نی ئه‌ستێره‌دا ده‌ڕۆم…

سرووشت له‌ تێڕوانینی ژاپۆنییه‌كان تیشكۆی ژیانێكی هه‌تا هه‌تایه‌ و كرانه‌وه‌یه‌كی بێ‌ سنوره‌ به‌رانبه‌ر بۆشایی و نادیار. به‌ڵام مه‌رج نییه‌ ته‌یب جه‌باری شاعیر لایه‌نگیری ئه‌و تێڕوانینه‌ بێت، ئه‌و له‌ رێگای گوتاری تایبه‌تی خۆیه‌وه‌ به‌ ماناكانی چیمه‌نی ئه‌ستێره‌، پرۆژه‌ی تایبه‌تی داده‌مه‌زرێنێ‌: پرۆژه‌ی شه‌قامی ئاوڕدانه‌وه‌ بۆ پێشه‌وه‌، پرۆژه‌ی باڵه‌خانه‌ی شاخی قووڵ، پرۆژه‌ی پردی په‌ڕینه‌وه‌ی راوه‌ستان، به‌ بیرهێنانه‌وه‌ی ئه‌و پرۆژانه‌ له‌ واقیعدا مشتومڕێكی نادیار و شاراوه‌ ده‌نێته‌وه‌… ئه‌و گوتاره‌ دوو لایه‌نه‌، له‌ وه‌ڵامی ئه‌ویدیكه‌ ره‌نگی گرتووه‌. به‌ڵام له‌ كۆی پرۆژه‌كانیدا جگه‌ له‌ پاكژی سرووشت، پاكژی دڵیش گرنگه‌، جگه‌ له‌ سرووشت وه‌ك كه‌رسته‌، ژیان وه‌ك جوله‌ بایه‌خی خۆی هه‌یه‌، جگه‌ له‌ گوتاری تایبه‌ت، گۆڕینی كرده‌ی دیتنیش رۆڵ ده‌گێڕێ‌… به‌ڵام هه‌مووان به‌ ماناكانی چیمه‌نی ئه‌ستێره‌ به‌ره‌و بۆشایی شیعری و ساتمه‌كردن به‌ خوێنه‌ران ده‌كرێنه‌وه‌!

شێوازی ئه‌بستراكتی ته‌عبیری گه‌ردوونی، لای ته‌یب جه‌بار له‌ په‌یوه‌ندیكردن به‌ جوله‌وه‌، ئاماژه‌ و ده‌لاله‌تی خۆی ده‌نوێنێ‌، جا سوریالییانه‌ بێ‌، یان وه‌ك پرۆژه‌ی شیعری دنیایی، سرووشتگه‌راییانه‌ بێ‌، یان وه‌ك پرۆژه‌ی خودێكی نادیار… هه‌موو ئه‌وانه‌ش په‌یوه‌ندییه‌كی بوونگه‌رایی له‌ نێو ژیان وه‌ك جوله‌، گوتاری تایبه‌ت، كرده‌ی دیتن ده‌سازێنن، هه‌موو ئه‌وانه‌ش په‌یوه‌ندییه‌كی بوونگه‌رایی له‌ نێوان سرووشت و واقیع، شیعر و جیهانبینی… دروست ده‌كه‌ن! چێژی شیعری له‌ شۆڕبوونه‌وه‌ بۆ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ گه‌ردوونییه‌ دایه‌، ده‌رككردنی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ گه‌ردوونیه‌ش به‌ لێوردبوونه‌وه‌ی سرووشته‌وه‌ به‌نده‌ و لێوردبوونه‌وه‌ی سرووشتیش له‌ رێگای جوله‌ی ژیان و جوله‌ی ژیانیش جوانی دیتن ده‌نه‌خشێنێ‌، وه‌ك چۆن جوانی دیتن به‌ بێ‌ جوله‌ بوونی ده‌كه‌وێته‌ گومانه‌وه‌، بۆشاییه‌كانی ده‌قیش به‌ بێ‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سرووشت بۆ مرۆڤ و بۆشاییه‌كانی نێو بوونی مرۆڤ، ده‌كه‌وێته‌ نه‌بوونه‌وه‌!

نموونه‌یه‌كی دیكه‌ی به‌رچاو له‌ شیعره‌كانی (په‌روێز زه‌بیح غوڵامی) دایه‌:

“مامیلاریا”
كورسییه‌كی خه‌یاڵیم و
سیگارێكی داگیرساو له‌ هه‌وادا
كه‌س نامبینێ‌!
بێجگه‌ له‌و باڵندانه‌ی
كه‌ وێنه‌ی مردووانیان به‌ ده‌نووك گرتووه‌ و
تێده‌په‌ڕن!
هه‌مووان ته‌نیان!
ژنێ‌ له‌ مندا كاتژمێر ئاوڕووت ده‌كات و ده‌گریت.
كه‌س نایبینێ‌!
كراسێكی ئاویم و
پێكه‌نینێكی هه‌ڵواسراو له‌ بادا.
هه‌مووان ته‌نیان!
باران زێبڕایه‌كه‌
بێوچان په‌نجه‌ره‌كه‌م ده‌لێسێته‌وه‌!
له‌ ئاوڕدانه‌وه‌مان بۆ واقیع نه‌ كورسی خه‌یاڵی هه‌یه‌ و نه‌ سیگاری داگیرساو له‌ هه‌وادا، نه‌ باڵنده‌ وێنه‌ی مردووان به‌ ده‌نووك ده‌گرن و نه‌ پێكه‌نینی هه‌ڵواسراو له‌ بادا، نه‌ كراسی ئاویی هه‌یه‌ و نه‌ باران له‌ زێبڕا ده‌چێ‌… به‌ڵام له‌ ئاوڕدانه‌وه‌مان بۆ ئه‌فسانه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ قسه‌یان لێكراوه‌، به‌ گشتی له‌ واقیعدا هه‌موو ئه‌وانه‌ وه‌ك جوله‌ی (ئاسۆیی) رووت ده‌كه‌ونه‌وه‌، وه‌ك خه‌یاڵ فه‌نتازین! واته‌ له‌لایه‌ك وه‌ك واقیعی لۆكاڵی له‌گه‌ڵ یاسا و رێسای زمانه‌وانی و په‌یوه‌ندی رێزمانی هه‌ڵناكه‌ن، له‌ لایه‌كی دیكه‌ خه‌یاڵی خوێنه‌ران ده‌كه‌نه‌وه‌! ده‌مه‌وێ‌ بڵێم ئه‌و شێوه‌ ئاسۆییه‌ وه‌ك بیر و مه‌به‌ست و ئاگایی، ده‌توانن له‌ رێگای ده‌لاله‌تی (هه‌مووان ته‌نیان) رسته‌ دووره‌كان لێكنزیك بكه‌نه‌وه‌ و كۆیان بكه‌نه‌وه‌! وه‌ك چۆن ده‌شێ‌ ده‌لاله‌تی (هه‌مووان ته‌نیان) لێكدووركه‌وتنه‌وه‌ی زێتری رسته‌ دووره‌كان بنوسێته‌وه‌ و دژ به‌ واقیعی بینراو بێته‌وه‌؟!
له‌ رووی داڕشتندا (ستوونی)ن و له‌گه‌ڵ هه‌ستپێكراوه‌ گشتییه‌كان و خه‌یاڵی نه‌بینراو و هه‌سته‌ مرۆییه‌ شاراوه‌كانی كلتوری رۆژهه‌ڵاتی هاوگونجاو دێنه‌وه‌، به‌و مانایه‌ش شاعیر (وه‌ك سندباد) له‌سه‌ر كورسییه‌كی خه‌یاڵی له‌ هه‌وادا دانیشتووه‌ و سیگاری داگیرساندووه‌ و كه‌سیش نایبینێ‌؟! ژنێك زه‌مه‌نی له‌ پێناو ده‌ژمێرێ‌ و كه‌سیش نایبینێ‌… (ئه‌وه‌ش پڕكردنه‌وه‌ی بۆشاییه‌كانه‌ به‌ خه‌یاڵی خوێنه‌ر) به‌ دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش ستوونی بوونی ئه‌و وشانه‌ له‌ فره‌ ره‌هه‌ندی خه‌یاڵی تاكی داهێنه‌ر و ره‌مز و فانتازیا و جوانی شاراوه‌دان، به‌و مانایه‌ش شاعیر هه‌وڵده‌دات مانا چه‌سپاوه‌كان به‌ جوانی شاراوه‌ بله‌رزێنێ‌ و شێوه‌ی به‌تاڵی شیعری به‌ ره‌مز و ده‌لاله‌تی تازه‌ پڕ بكاته‌وه‌ و چڕی و پڕی و ونبوونی شیعری بنوسێته‌وه‌!
دووه‌م: دنیای به‌تاڵی شیعری، شێوازی ئه‌بستراكتی ته‌عبیری (دره‌وشاوه‌): ئه‌گه‌رچی ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر هه‌مان هێلی پێشوو، له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو ته‌مومژییه‌ی كه‌ هه‌ڵیگرتووه‌، به‌ڵام له‌ شێوازی ئه‌بستراكتی ته‌عبیری گه‌ردوونی روونتر خۆی ده‌نوێنێ‌، هه‌مه‌ڕه‌نگی و فره‌ ره‌هه‌ندی له‌ خۆ ده‌گرێت، مه‌یلێكی رۆحی زۆری تێدا به‌دی ده‌كرێت و له‌ بری پشتبه‌ستن به‌ ونبوون، پشت به‌ كه‌له‌پوری دره‌وشاوه‌ی دنیایی ده‌به‌ستێت، ده‌مه‌وێ‌ بڵێم ئه‌بستراكتی ته‌عبیری دره‌وشاوه‌، له‌ رووی ته‌عبیرییه‌وه‌ خۆی رۆناك نیشان ده‌دات. له‌ رووی ئه‌بستركته‌وه‌ شێوه‌كان دیاری ده‌كات، بونیادی جوله‌ی ئه‌بستراكت پێكهاته‌ی رسته‌ دیاری ده‌كات.
له‌ دنیای به‌تاڵی شیعرییٍدا نه‌خشكردنی كاری ئه‌ده‌بی له‌ جوله‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێ‌ و له‌ گێڕانه‌وه‌ی واقیعی ده‌ره‌وه‌ (وه‌ك خۆی) دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بشێ‌ خۆی بنوێنێ‌، یان دنیابینی كه‌سی خۆی وه‌ك جه‌وهه‌ری دنیا به‌رجه‌سته‌ بكات. بۆ نموونه‌: له‌ (كۆمه‌ڵه‌ شیعری رۆیشتن به‌ ئاراسته‌ی مردووه‌ به‌ڕێزه‌كان، به‌شدار سامی، وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوان، چ 2012)…
هه‌بوونی تۆ گرنگتره‌
له‌ هه‌بوونی پشیله‌یه‌كی سپی
گرنگتره‌ له‌ سه‌گێكی ره‌ش
گرنگتره‌ له‌ بۆقێك ل22

ئه‌و كۆپله‌یه‌ پشت به‌ هه‌بوونی دره‌وشاوه‌ی دنیایی ده‌به‌ستێت، له‌به‌ر رۆشنایی كه‌له‌پورێك كه‌ رێز بۆ هه‌بووه‌كان ده‌گه‌ڕێنته‌وه‌ و خۆی به‌ هه‌بووه‌كان رۆناك ده‌كاته‌وه‌ و هه‌وڵده‌دات له‌ رێگای ئه‌و كه‌له‌پوره‌وه‌ رێز له‌ ناوه‌وه‌ی خۆی بگرێت… دنیای (مرۆڤ، پشیله‌، سه‌گ، بۆق…) و هه‌موو بوونی تۆ ده‌خاته‌ دووتوێی وێنه‌یه‌كی ئه‌بستركته‌وه‌ به‌ ئه‌ویان ده‌چوێنێ‌، لێكچوواندن مرۆڤ به‌ ئاژه‌ڵ، ته‌نها دنیای به‌تاڵی شیعری به‌رجه‌سته‌ ناكات، به‌ڵكو دنیایه‌كی دیكه‌ و بیركردنه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ به‌ سه‌ر چاوه‌ڕوانی خوێنه‌ردا ده‌كاته‌وه‌… ره‌نگه‌ پرسیار ئه‌وه‌ بێ‌ بۆ هه‌بوونی (مرۆڤ) ده‌بێ‌ له‌ هه‌بوونی پشیله‌یه‌كی سپی و سه‌گێكی ره‌ش… گرنگتر بێت، بۆ پێكهاته‌ی رسته‌ و ناوكۆیی ده‌بێ‌ له‌سه‌ر بایه‌خی دنیای نه‌بینراو ته‌ماشا بكه‌ین؟ ره‌نگه‌ به‌شێكی وه‌ڵامی خوێنه‌ر بكه‌وێته‌ سه‌ر دره‌وشانه‌وه‌ی بینراو بۆ ئه‌وه‌ی نه‌بینراوی ناوه‌وه‌ به‌رجه‌سته‌ بكه‌ین، رۆناكی خستنه‌ سه‌ر بینراو له‌ پێناو بینینی نه‌بینراو، هه‌ر ته‌نها شۆڕبوونه‌وه‌ نییه‌ به‌ره‌و قوڵایی و تاریكی، به‌ڵكو شۆڕبوونه‌وه‌شه‌ به‌ره‌و بونیادنانی په‌یوه‌ندییه‌كی تازه‌ له‌ نێوان ده‌ق و خوێنه‌ر، په‌یوه‌ندییه‌ك كه‌ له‌سه‌ر بینراو و نه‌بینراو هه‌ڵنرابێت، په‌یوه‌ندییه‌ك كه‌ له‌سه‌ر دوو بوونی جیاواز بونیاد نرابێ‌… دژ به‌ بێبایه‌خكردنی په‌یوه‌ندی نێوان دوو بوونی جیاواز وه‌ستا بێت… هه‌ڵبه‌ته‌ نرخدانان بۆ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ نوێیه‌، هه‌ر ته‌نها به‌ ئاشتبوونه‌وه‌ سه‌رساممان ناكات، به‌ڵكو وامان لێده‌كات به‌سه‌ر تێڕوانینی پێشووی خۆماندا بچینه‌وه‌…
دواجار ئه‌و دوو دره‌وشانه‌وه‌یه‌، یان بایه‌خی مرۆڤ و چواندنی به‌ ئاژه‌ڵ له‌ وێنه‌یه‌كی بێ‌ په‌رده‌دا روونتر ده‌رده‌كه‌وێت، به‌و مانایه‌ش ئه‌و خۆ رووتكردنه‌وه‌یه‌، ترسانه‌ له‌ مرۆڤ! له‌و وێنه‌ ئه‌بستراكته‌دا ئاژه‌ڵان كه‌متر ئازار به‌ شاعیر ده‌گه‌یه‌نن، ئه‌وه‌ی زۆرترین ئازار به‌ شاعیر ده‌گه‌یه‌نێت خودی مرۆڤه‌، ئه‌وه‌ش وێنه‌ نه‌بینراوه‌كه‌ی ناوه‌وه‌ی شاعیره‌ و له‌ گێڕانه‌وه‌ی واقیعی ده‌ره‌وه‌ (وه‌ك خۆی) دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ناوه‌وه‌ی خۆی بنوێنێ‌، یان وه‌ك تاكه‌ كه‌س بوونی خۆی له‌ داكۆكیكردنی هه‌تا هه‌تایی دره‌وشانه‌وه‌ هه‌ڵگرێته‌وه‌ و بڵێ‌ له‌ هه‌بوونی تۆ ترساو و بریندار و ماندووم!

پشیله‌یه‌ك له‌ كۆڵان په‌ڕییه‌وه‌ و
منداڵێك له‌ سه‌ر بان كۆتری هه‌ڵده‌فڕاند و
ژنێكیش سه‌ری له‌ ده‌رگای حه‌وشه‌ ده‌رهێنا و
منی بینی و
هیچی نه‌گوت، به‌ڵام ترسا
من په‌یڤم له‌وێدا.
پشیله‌یه‌ك له‌ كۆڵان ده‌په‌ڕییه‌وه‌ و
منداڵێك له‌ سه‌ر بان كۆتر هه‌ڵده‌فڕێنێ‌ و
ژنێكیش سه‌ری له‌ ده‌رگای حه‌وشه‌ ده‌رده‌هێنێ‌ و
تۆ ده‌بینێت و ده‌ترسێت، به‌ڵام
هیچ ناڵێت

په‌یڤم به‌، له‌وێدا. ل49-50

لێره‌ هه‌وڵناده‌م جارێكی دی خه‌یاڵكراوی كلتوری به‌ دره‌وشانه‌وه‌ی ده‌روونییه‌وه‌ بلكێنم، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌رزش بۆ ناوه‌وه‌ و نه‌بینراوه‌كان بگێڕمه‌وه‌، وه‌ك چۆن قسه‌ له‌ ئاوێنه‌بوونی دیمه‌نی یه‌كه‌م بۆ دووه‌م و كورتكردنه‌وه‌یان له‌ دوو ده‌رئه‌نجامی ئه‌بستراكتدا ناكه‌م، به‌ڵكو هه‌وڵده‌ده‌م ئه‌و گوتاره‌ كلتورییه‌ بخه‌مه‌ به‌ر چاوان، كه‌ له‌ نێوان (من په‌یڤم له‌وێدا) و (په‌یڤم به‌، له‌وێدا) رووتكراوه‌ته‌وه‌… بۆ ئه‌وه‌ش پشت به‌ پرسیاری خوێنه‌ر و پێشوازی كردنی خوێنه‌ر ده‌به‌ستم! ئایا من په‌یڤم له‌وێدا دواجار په‌یڤم به‌، له‌وێدای لێده‌كه‌وێته‌وه‌، یان ده‌شێ‌ تێگه‌یشتنی په‌یڤم به‌،له‌وێدا، بۆ تێگه‌یشتنی من په‌یڤم له‌وێدا، بۆ چه‌مكی ترسان بگه‌ڕێنینه‌وه‌؟
لێره‌دا شیعرییه‌تی ده‌سته‌واژه‌ی (من په‌یڤم- په‌یڤم به‌) گه‌شه‌كردن و گواستنه‌وه‌ی دوو جۆر له‌ (ترس) ده‌گه‌یه‌نێت، یان به‌ مانایه‌كی دیكه‌ هاوگونجانی نێوان ( ئامانج/ بابه‌ت) له‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌دا پێوانه‌یه‌ بۆ شیعرییه‌ت، ئه‌و شیعرییه‌ته‌ی ده‌كه‌وێته‌ نێوان گه‌شه‌كردن و گواستنه‌وه‌ی جوله‌وه‌… كه‌واته‌ من په‌یڤم له‌وێدا بۆ په‌یڤم به‌ له‌وێدا ئاستی وازهێنان له‌ هه‌بوونایه‌تی له‌ یه‌كه‌م و گه‌شه‌كردنی جوله‌ له‌ دووه‌م ده‌نوێنێ‌! به‌و مانایه‌ش وازهێنان له‌ هه‌بوونایه‌تی مانای فه‌رهه‌نگی و گه‌یشتن به‌ گه‌شه‌كردنی ئاستی ده‌لالی به‌ یه‌كێك له‌ داهێنانه‌كانی ناوكۆیی شیعری و هێزی لادانی مانا ده‌ژمێردرێت، ئه‌و شێوازه‌ یان ئه‌و ده‌سته‌واژه‌ دروستكراوه‌ له‌ نێوان مانای فه‌رهه‌نگی ساده‌ و ئاسۆی ده‌لالی، سێ‌ خه‌سڵه‌تی جیاواز به‌ وشه‌ی (ترس) ده‌به‌خشێت.
یه‌كه‌م: ترس، شیعرییه‌تی نێوان مانای فه‌رهه‌نگی و مانای ده‌لالی ده‌گه‌یه‌نێت. دووه‌م: ترس، بۆشایی هه‌ردوو گوزاره‌ی (من په‌یڤم له‌وێدا/ په‌یڤم به‌ له‌وێدا) بۆ ئاستی وه‌ك یه‌كبوون به‌رز ده‌كاته‌وه‌. سێیه‌م: ترس، هاویه‌كبوونی نێوان دوو گوزاره‌ی (من په‌یڤم له‌وێدا/ په‌یڤم به‌ له‌وێدا) له‌ خه‌سڵه‌تێكی شیعرییه‌وه‌ بۆ خه‌سڵه‌تێكی زانستی ده‌گۆڕێ‌ و له‌ شیعر و شاعیر دووری ده‌خاته‌وه‌.
به‌ كورتی ده‌توانم بڵێم لادانی زمانی له‌ پێوانه‌كان، یان به‌ شێوه‌یه‌كی له‌بارتر وه‌رگێڕانی مانای فه‌رهه‌نگی بۆ ئاستی ده‌لالی به‌ یه‌كێك له‌ دیارده‌كانی شیعری به‌شدار سامی ده‌ژمێردرێت، هه‌ر ئه‌و لادان و وه‌رگێڕانه‌یه‌ له‌ به‌رهه‌مه‌كانیدا شیعرییه‌ت له‌ زمانی گێڕانه‌وه‌ جیا ده‌كاته‌وه‌! كه‌واته‌ وه‌ك روونمان كرده‌وه‌ هێزی شیعری شێوازی ئه‌بستراكتی ته‌عبیری دره‌وشاوه‌، به‌ هه‌ندێ‌ خه‌سڵه‌تی وه‌ك لادان و دره‌وشانه‌وه‌ و خرۆشان و جیدییه‌ته‌وه‌ به‌نده‌.

شێوازی ئه‌بستراكت
(گروپی سێیه‌م/ دنیای به‌تاڵی زمان)

ده‌قگه‌رایی گروپی سێیه‌م له‌گه‌ڵ جیاوازییه‌كانیان له‌ روانینی مندا پێكهاتووه‌ له‌ (ئه‌نوه‌ر مه‌سیفی، یوونس ره‌زایی، په‌رویز زه‌بیح غوڵامی، كه‌مال ئه‌مینی، ته‌یب قادر…) و زێتریش… شێوازی ده‌قی ئه‌و گروپه‌ ئه‌بستراكته‌، هێزی خۆیان له‌ (دواخستن و پێشخستن) و (ره‌مز) و (هه‌ست) خه‌رج ده‌كه‌ن، بۆ پركردنه‌وه‌ی بۆشاییه‌كان هه‌میشه‌ پشت به‌ بیركردنه‌وه‌ و خه‌یاڵی خوێنه‌ران ده‌به‌ستن! له‌ شێوازی ئه‌بستراكتی شیعری دوای راپه‌ڕین مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ شێوازی داڕشتن ستوونی ده‌كه‌وێته‌وه‌، مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ده‌نگ و تیشكی وشه‌ ستوونییه‌، به‌شێكیان له‌ سه‌ر نێودژی مانا شۆڕده‌بنه‌وه‌، به‌ڵام دووباره‌ له‌و شۆڕبوونه‌وه‌یه‌ فره‌ ره‌هه‌نده‌دا له‌ بری وێنه‌ی شیعری، ده‌نگ و ره‌نگی وشه‌ شێوه‌یان پێده‌به‌خشرێت! هه‌روه‌ها ناوكۆیی باو و لێكچوواندنی باو و به‌شێك له‌ ئاوه‌ڵناو و ئامرازی په‌یوه‌ندی ده‌سڕنه‌وه‌ و جوله‌ی ژیان و بێهوده‌یی ژیان ده‌نوسنه‌وه‌، له‌ سڕینه‌وه‌دا هه‌ندێجار ته‌واو له‌ بێ‌ مانایی و بێ‌ وێنه‌یی ون ده‌بن، یان به‌ دیوه‌كه‌ی دیكه‌ نایانه‌وێت جه‌خت له‌ چوونه‌ قوڵایی ژیان و شته‌كان و بێهوده‌یی بكه‌ن!

ده‌قگه‌رایی گروپی سێیه‌م، له‌ رێگای دواخستن و پێشخستنی وشه‌، ره‌هه‌ندێكی ناباوی ده‌نگ و تیشك به‌ ناوكۆیی ده‌به‌خشن و پشت به‌ ئاگاییه‌كی قوڕس و دیالۆگ و ره‌مز و هه‌ستی خرۆشاو و تیشكی وشه‌كان ده‌به‌ستن، پێیانوایه‌ وشه‌ی رووت و ره‌مزئامێز بایه‌خێكی گه‌وره‌تری هه‌یه‌، نه‌ك وێنه‌… له‌ رێگای جوله‌ و دیالۆگه‌وه‌ كاریگه‌ری له‌ سه‌ر ده‌روونی خوێنه‌ران دروست ده‌كه‌ن، بێ‌ ئه‌وه‌ی هیچ گوتارێك به‌رجه‌سته‌ بكه‌ن… ئامانجیان ئازادكردنی خوێنه‌ره‌ له‌ هه‌ژموونی ئایدیۆلۆژیا!
ئه‌و ره‌هه‌نده‌ ئه‌بستراكته‌ی شیعری دوای راپه‌ڕین كه‌مێكیان نه‌بێ‌، له‌ سه‌ر ره‌مزی داخراو و بێ‌ هه‌ست و بێ‌ جوله‌ كار ناكه‌ن! به‌ڵكو به‌ جوانگوتن و لێكچوواندنه‌ نائاساییه‌كان و هه‌ستی نه‌یاری وشه‌كان و نیگاركێشانی تیشكی ده‌لاله‌ته‌كان به‌ندن، هه‌ندێكیان جگه‌ له‌ دواخستن و پێشخستن، له‌ سه‌ر جوله‌ی مانای نائاشنا و وێنه‌ی شێواوی شیعری كار ده‌كه‌ن… به‌ڵام به‌ گشتی ریتمی نوسینیان توونده‌ و له‌سه‌ر تیشك و ده‌نگدانه‌وه‌ وه‌ستاوه‌.
ده‌توانین له‌ رووی هونه‌رییه‌وه‌ له‌ پشت دنیای به‌تاڵی زمان و زمانی ئه‌بستراكت، وزه‌ و جوله‌ی ده‌نگ و مانای نائاشنا و تیشكی ده‌لاله‌ته‌كان و هه‌ست و ئاگایی و ئه‌زموون بدۆزینه‌وه‌، دوور له‌ قوڕسایی مه‌عریفه‌ و گوتارخوازی! به‌و مانایه‌ش ئه‌بستراكت به‌رزترین پله‌ی ته‌عبیركردنی هونه‌ری جوله‌ی ئاگایی و هه‌ستی جوانییه‌! ئه‌گه‌ر ته‌عبیرییه‌ت خۆی له‌ ته‌وه‌ره‌ی وێنه‌ و مانادا ببینێته‌وه‌، ئه‌وه‌ ئه‌بستراكت سڕینه‌وه‌ی وێنه‌یه‌ له‌ پێناو جوله‌ی جوانییدا… له‌ شێوازی ئه‌بستراكتدا چیگوتنی زمان له‌ جوله‌ و هه‌ست و دیالۆگدا ون ده‌بێت، به‌ڵام جوانگوتنی زمان له‌ چه‌مكی دواخستن و پێشخستنی وشه‌ی رووته‌وه‌ به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت، كه‌واته‌ له‌ شێوازی ئه‌بستراكتدا به‌شێكی زۆر له‌ چیگوتنی زمان نامۆیی لێده‌كه‌وێته‌وه‌، به‌ڵام به‌ گشتی جوانگوتنی زمان ئیستێتیكا و ئاگامه‌ندی ده‌وڕوژێنێ‌.

هه‌زار كون له‌ پرچم بووه‌ و
هه‌ر سه‌ر ئاو نه‌كه‌وتم
من ده‌مه‌وێت له‌ ناوه‌ڕاستی ته‌مه‌نمدا
سه‌ر ئاو بكه‌وم و
ته‌واوی دونیا به‌ رووتوقوتی ببینم

“كۆمه‌ڵه‌ شیعری مرۆڤێك له‌ نزیكمانه‌، ته‌یب قادر ، چ 1، 2017،ل17”

له‌ نێوان مردن و ژیان، (سه‌رئاو كه‌وتن) و (سه‌رئاو نه‌كه‌وتن) رسته‌ی هه‌زار كون له‌ پرچم بووه‌ ده‌ستلێدراوێكی نامۆ و نادیاره‌، ئیستێتیكا و ئاگامه‌ندی ده‌وڕوژێنێ‌… ئه‌و (له‌یه‌كنه‌چوونه‌)ی مردن و ژیان ته‌ئویلی جیاواز و ئاسۆیه‌كی دیكه‌ی چاوه‌ڕوانی بۆ خوێنه‌ران واڵا ده‌كات و تێڕوانینی باو تێكده‌شكێنێ‌، ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ نوێیه‌ی نێوان كون له‌ پرچ بوون و سه‌ر ئاو نه‌كه‌وتن خوێندنه‌وه‌یه‌ك ده‌وڕوژێنێ‌ كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ واقیعێكی نادیاری گوماناوی و ساتمه‌كردنی ئاسۆی چاوه‌ڕوانی باوی خوێنه‌ره‌وه‌ هه‌یه‌.
دوای ته‌واوبوونی رسته‌ی (هه‌زار كون له‌ پرچم بووه‌) ئه‌وه‌ خوێنه‌رانی باو ئاماده‌ نیین بیر (له‌ سه‌ر ئاو كه‌وتن و سه‌ر ئاو نه‌كه‌وتن) بكه‌نه‌وه‌، چونكه‌ له‌ چاوی خوێنه‌رانی باو رسته‌ی دووه‌م به‌رده‌وامبوون ناگه‌یه‌نێت، به‌ڵكو بۆ به‌رده‌وام بوون، رسته‌ی دووه‌م ده‌بێ‌ به‌ دیاریكراوی رسته‌ی یه‌كه‌م ته‌واو بكات، ده‌بێ‌ له‌ رووی ماناوه‌ رسته‌ی دووه‌م بۆ نموونه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ئاڵۆزبوونی قژ و هه‌ڵوه‌رینی قژه‌وه‌ بكات، نه‌ك سه‌رئاو كه‌وتن؟! به‌ ئاڵۆزبوونی قژ و به‌ هه‌ڵوه‌رینی قژ به‌بێ‌ ماندووبوون خوێندنه‌وه‌ی رسته‌ی یه‌كه‌م به‌ره‌وپێشه‌وه‌ ده‌چێت… كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر رسته‌ی دووه‌م و (دواتر) به‌ هیچ شتێكه‌وه‌ (به‌ رسته‌ی پێشتره‌وه‌) به‌ند نه‌بوو، ئه‌وه‌ جه‌ریانی بیركردنه‌وه‌ی خوێنه‌ری باو ده‌پچڕێ‌، یان تێڕوانینی باوی خوێنه‌ر دووچاری حه‌په‌سان ده‌بێت:

ناترسیت من بڕژێم و
هه‌موو كۆشت پیس بكه‌م
ناترسیت له‌ دانه‌گیرسانی گلۆپێكی شه‌وت
چاوم بكوژێنمه‌وه‌ و
هه‌موو ته‌مه‌نت
خه‌ریكی ده‌ست راكێشانی من بیت

به‌ دیار نینۆك كردنی من به‌سه‌ر ببه‌یت؟ ل19

له‌ گۆڤاری “رامان” ژماره‌ (227)ی نیسانی (2016) نوسه‌ر و توێژه‌ر (ره‌هبه‌ر مه‌حمود زاده‌) له‌ باره‌ی تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی شیعری (یوونسی ره‌زایی) نوسیویه‌تی: ره‌زایی دوای جوله‌ی مانای نائاشنا ده‌كه‌وێت، نه‌ك سڕینه‌وه‌ی وێنه‌ی شیعری… ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌ بڕێك له‌ شاعیرانی شێوازی ئه‌بستراكت به‌و مانایه‌ی من لێره‌دا قسه‌م لێكردووه‌، هه‌ڵبه‌ته‌ به‌ شێوه‌ی جیاواز، ده‌گرێته‌وه‌… ده‌مه‌وێ‌ بڵێم ئه‌گه‌ر شیعری یوونسی ره‌زایی له‌ رێگای جوانگوتن و لێكچوواندنه‌ نائاساییه‌كان و هه‌ستی نه‌یاری وشه‌كانه‌وه‌ به‌ شیعری نوێ‌ و دوای راپه‌ڕینی باشوری كوردستانه‌وه‌ بلكێ‌، ئه‌گه‌ر چیگوتنی شیعری ئه‌و نامۆیی لێبكه‌وێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر وزه‌ی ده‌نگ و ئاگایی و ئه‌زموون له‌ شیعری ئه‌ودا به‌رجه‌سته‌ بێت، ئه‌وه‌ جیاوازی ئه‌و له‌گه‌ڵ شیعری ئه‌بستراكتی دوای راپه‌ڕین، له‌ به‌رجه‌سته‌كردنی وێنه‌ی شێواودایه‌، ئه‌وه‌ش له‌ فه‌زای شیعریدا ره‌نگكردنی وشه‌یه‌ له‌ نه‌خشكاری به‌رجه‌سته‌دا، كه‌ مانای جیاواز و گوتاری جیاوازی لێده‌كه‌وێته‌وه‌ و له‌وێشه‌وه‌ ساتمه‌ به‌ خوێنه‌ری باو ده‌كات و ده‌یخاته‌ بۆشاییه‌وه‌.
گورگێك فه‌رز كه‌ن له‌ پێستی شاردا
ده‌وه‌ڕێ‌ به‌و گوڵه‌به‌ڕۆژانه‌ی
له‌ په‌نجه‌كانی نه‌قاشێكدا ئاوابوون
پۆلیسیش له‌ رێگا فیتوو لێده‌دا و
روو به‌ رووی كلوه‌ به‌فره‌كان

پێكێك هه‌ڵده‌دا له‌ ئاور. رۆژنامه‌ی “هیچ” ژ 7، 1/1/2017

هونه‌رمه‌ندێك له‌ رێگادا پێش ئه‌وه‌ی بچێته‌ سه‌ر كار و ده‌ست به‌ كاره‌ هونه‌رییه‌كه‌ی بكات، دڵخۆش ده‌بینرێ‌ و فیتوو لێده‌دا، پێش ئه‌وه‌ی كار له‌ سه‌ر كێشانی وێنه‌ی گورگ و پۆلیس بكات و ژیانیان بخاته‌ تابلۆیه‌كه‌وه‌، بۆ خۆ گه‌رمكردنه‌وه‌ له‌ كاره‌كه‌ی پێكێك له‌ ئاور هه‌ڵده‌دا و ئینجا په‌یتا په‌یتا به‌ سه‌لیقه‌ی هونه‌ری خۆی جیاوازییه‌كانی ژیان ده‌نه‌خشێنێ‌… لێره‌ پرسیار ئه‌وه‌ نییه‌ بۆ نه‌قاشه‌كه‌ی یوونسی ره‌زایی بۆ خۆ مه‌ستكردن به‌ وێنه‌كێشان، ده‌خواته‌وه‌ و دڵی به‌ جیاوازییه‌كان خۆشه‌ و فیتوو لێده‌دا، به‌ڵكو پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئایا وه‌ك ئه‌وه‌ی باوه‌ قه‌ده‌غه‌ نییه‌، پۆلیس له‌ سه‌ر كار بۆ خۆگه‌رمكردنه‌وه‌ بخواته‌وه‌؟!
په‌یوه‌ندی گورگ و پۆلیس، گوڵه‌به‌رۆژه‌ و به‌فر له‌ ره‌نگكردنی وشه‌دا جگه‌ له‌ نائاشنابوون و ساتمه‌كردن به‌ خوێنه‌ر و دروستكردنی بۆشایی چییه‌؟ ئایا جیاوازی تێڕوانینمان بۆ (پۆلیس، هونه‌رمه‌ند) و (گوڵه‌به‌ڕۆژ، كلوه‌به‌فر) په‌یوه‌ندی به‌ جیاوازی شار و لادێوه‌ هه‌یه‌؟ وه‌ك دیاره‌ جیاوازی (گورگ) و (پۆلیس) زۆر به‌ روونی له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌نده‌وه‌ وێنه‌كراوه‌… ئایا ئه‌و چیگوتنه‌ له‌ رووی هه‌ستی مرۆڤدۆستی و ئاژه‌ڵدۆستی به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان نامۆیی لێناكه‌وێته‌وه‌؟ ئه‌گه‌ر ئه‌و چیگوتنه‌ نامۆیی یان نائاشنابوون به‌رجه‌سته‌ بكات، ئه‌وه‌ نیگاركردنی (گوڵه‌به‌ڕۆژه‌) و (كڵوه‌به‌فر) جوانگوتنی لێده‌ڕژێ‌. له‌و ئاماژه‌كردنه‌دا ده‌مه‌وێ‌ په‌یوه‌ندی شیعری له‌گه‌ڵ شێوازی ئه‌بستراكتی شیعری دوای راپه‌رین بخه‌مه‌ به‌ر چاوی خوێنه‌رانه‌وه‌…
هه‌ر دوو كاری (وه‌ڕین) و (پێكهه‌ڵدان) جیاوازی نێوان مرۆڤ و ئاژه‌ڵ دیاری ده‌كات، گورگه‌كه‌ی ره‌زایی ده‌وه‌ڕێ‌، به‌ڵام پۆلیسه‌كه‌ی پێكهه‌ڵده‌دا… ئه‌گه‌ر وه‌ڕین نیشانه‌ی ده‌مگه‌رمكردنه‌وه‌ی ئاژه‌ڵی لێبكه‌وێته‌وه‌، ئه‌وه‌ پێكهه‌ڵدان مێشكگه‌رمكردنه‌وه‌ی مرۆڤی لێده‌كه‌وێته‌وه‌، له‌ ناوكۆییدا ده‌مگه‌رمكردنه‌وه‌ و مێشكگه‌رمكردنه‌وه‌دا هیچ جیاوازییه‌كیان نییه‌، وه‌ك یه‌ك هاتنه‌وه‌ی ئه‌و سیاقه‌ بۆ تایبه‌تمه‌ندی هه‌ر یه‌ك له‌ گورگ و پۆلیس ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، هه‌ردوو كاره‌كه‌ باری ئاسایی ژیان ده‌گه‌یه‌نن، كه‌چی شاعیر راگه‌یاندنی ئه‌و دوو باره‌ له‌ رێگای (شار) و (فیتوو لێدان) لێكدوور ده‌خاته‌وه‌، به‌و مانایه‌ی نه‌ گورگ شارییه‌ و نه‌ پۆلیس روو به‌ رووی سروشت فیتوو لێده‌دات… راسته‌ ئه‌و لێكدوور خستنه‌وه‌یه‌ هیچ مه‌عریفه‌ و گوتارخوازییه‌كی له‌ پشته‌وه‌ نییه‌، به‌ڵام ده‌شێ‌ بڵێین شاعیر توانیویه‌تی له‌ رووی زمانی چیگوتنه‌وه‌ ده‌نگی نائاشنابوون بكێشێ‌ و له‌ رووی جوانگوتنی زمانه‌وه‌ تیشكی ئاگامه‌ندی بنه‌خشێنێ‌، كه‌واته‌ له‌و كۆپله‌یه‌دا چیگوتن ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر ده‌نگی مانا و جوانگوتن به‌ تیشكی ده‌لاله‌ته‌كانه‌وه‌ په‌یوه‌ست ده‌بێت.

به‌ به‌فر سوێند
كه‌ سپێتی داوه‌ریوه‌ له‌ خه‌ونی ئه‌و حه‌شیمه‌ته‌
كه‌ سه‌رمایه‌ك سه‌روبه‌ندی ئه‌و شیعرانه‌یه‌ و
كه‌سیره‌تر
شاعیرێكی وه‌ریو له‌ خه‌ونی سپیایی. ل 47
كۆمه‌ڵه‌ شیعری (منم شاعیری ژنانی چاوه‌ڕوان، یوونس ره‌زایی، ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس، چ 1، هه‌ولێر- 2007)

ده‌رئه‌نجام:

ئه‌ده‌ب، ده‌كه‌وێته‌ نێوان سێ‌ بوون و سێ‌ ستراتیژ و سێ‌ ده‌ق، جیاوازی ئه‌و سێیانه‌ش پێویستیان به‌ هاوگونجان هه‌یه‌، ئه‌گینا جیاوازییه‌كان ناڕێك ده‌كه‌ونه‌وه‌. ئه‌ده‌ب، هونه‌ر و ئیستێتیكایه‌، جه‌مسه‌ری هونه‌ری واته‌ بوونی ده‌ق و ده‌قی نوسه‌ر و ستراتیژی دانه‌ر. به‌ڵام جه‌مسه‌ری ئیستێتیكی واته‌ بوونی خوێنه‌ر، ستراتیژی خوێنه‌ر، ده‌قی خوێنه‌ر. ئه‌ده‌ب، ده‌كه‌وێته‌ نێوان كاری ئه‌ده‌بی و ده‌قی ئه‌ده‌بی: كاری ئه‌ده‌بی له‌ حه‌قیقه‌تی بووندایه‌، به‌ڵام ده‌قی ئه‌ده‌بی فیكره‌ی یه‌كگرتووی كۆتائامێزی نێوان ده‌ق و خوێنه‌ر، بابه‌ت و خود، ده‌ق و دانه‌ر… ره‌تده‌كاته‌وه‌. كار سه‌ر به‌ هیرمینۆتیكایه‌ و ده‌ق سه‌ر به‌ سیمیۆلۆژیایه‌.

شیعری نوێی كوردی دوای راپه‌ڕینی 1991ی كوردستانی باشور، وه‌ك كاری ئه‌ده‌بی و ده‌قی ئه‌ده‌بی كۆی ئه‌و شه‌پۆله‌ شیعرییه‌ ده‌گرێته‌وه‌، كه‌ له‌ فه‌زایه‌كی تا ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر ئازاد و زمانێكی تا سنوری په‌رده‌نه‌پۆشیندایه‌ و بیر له‌ واتای كات و بنه‌ما ئاینییه‌كان و فه‌زای ئایدیۆلۆژی ناكاته‌وه‌. به‌ڵام شیعری كلاسیزمی كوردی باركراوه‌ و نه‌یتوانیویه‌ پرسیاری خۆی بكات، ناتوانین دنیای كوردی له‌ نێو شیعری كلاسیزمی كوردی به‌ ده‌ست بهێنین… هه‌میشه‌ شیعری كلاسیزمی كوردی چه‌مكی به‌دوایه‌كدانه‌گه‌ڕان و دیالۆگ نه‌كردن به‌رجه‌سته‌ ده‌كات، شیعری كلاسیزمی كوردی به‌ شیعركردنی مه‌عریفه‌ی ئایینیه‌. له‌ شیعری دوای راپه‌ڕیندا شاعیر جوان له‌ دنیا و مه‌عریفه‌ و خه‌یاڵی شیعری ده‌ڕوانێ‌، به‌ڵام له‌ واقیعی خۆی هه‌ڵدێت و خۆی راده‌ستی به‌ شیعركردنی دنیا ده‌كات، ئه‌وه‌ش چه‌مكی دیالۆگكردنی شیعری و ژانوژواری مرۆیی تۆختر ده‌كاته‌وه‌. شیعری دوای راپه‌ڕین له‌ رووی شێوازی نوسین و تێكشكاندنی ئاسۆی چاوه‌ڕوانی خوێنه‌ر دابه‌شی سێ‌ پارچه‌ كراوه‌ و له‌ سێ‌ شێوازی دیالۆگئامێزدا به‌رجه‌سته‌ كراون…

یه‌كه‌م: شێوازی ده‌ربڕینی ده‌لاله‌تخوازانه‌، كه‌ له‌ رێگای ژیانه‌وه‌ خۆیان نیشان ده‌ده‌ن و پشت به‌ ریتمی ناوه‌كی ده‌به‌ستن… زۆربه‌ی شاعیرانی ئه‌و گروپه‌ بۆ ره‌نگاوڕه‌نگكردنی مانا گرامه‌ر تێكده‌شكێنن، هه‌وڵده‌ده‌ن جوانگوتن و چیگوتن بپارێزن، هه‌ندێكیان جه‌خت له‌ دامه‌زراندنی په‌یوه‌ندی نوێی نێوان وشه‌ و وشه‌، وشه‌ و مانا ده‌كه‌ن، هه‌ندێكیان دوای رسته‌ی شیعریی و دووباره‌ كردنه‌وه‌ی ناوكۆیی ده‌كه‌ون، هه‌ندێكیان لادانی ده‌لالی به‌ وڕوژانی ماناوه‌ ده‌به‌ستنه‌وه‌، به‌ڵام به‌ گشتی له‌ سه‌ر وێنه‌ی شیعری و واقیعی ژیان كار ده‌كه‌ن و ریتمی نوسینیان خاوه‌. بۆ نموونه‌ شاعیران ئازاد سوبحی، هه‌ندرێن، رۆژ هه‌ڵه‌بجه‌یی، ته‌لعه‌ت تاهیر، دلاوه‌ر ره‌حیمی، داستان بارزان…

دووه‌م: شێوازی ته‌عبیری ئه‌بستراكت، كه‌ له‌ رووی جوله‌ و ریتم و داڕشتنه‌وه‌ ته‌عبیرییه‌ و له‌ رووی ماناوه‌ رووت، هێزی خۆیان له‌ لادان و ئاماژه‌ خه‌رج ده‌كه‌ن، بۆ پڕكردنه‌وه‌ی رووتی مانا و بۆشاییه‌كانی پشت به‌ خوێنه‌ران ده‌به‌ستن، به‌ گشتی له‌ سه‌ر جوله‌ و جوانی كار ده‌كه‌ن و ریتمی نوسینیان نیمچه‌ خاوه‌. ئه‌و شێوازه‌ دوو به‌شه‌، یه‌كه‌م، شێوازی ئه‌بستراكتی ته‌عبیری گه‌ردوونی و دووه‌م شێوازی ئه‌بستراكتی ته‌عبیری دره‌وشاوه‌. بۆ نموونه‌ شاعیران ته‌یب جه‌بار، شاڵاو حه‌بیبه‌، په‌روێز زه‌بیح غوڵامی، جه‌میل مورادی، رابه‌ر فاریق، به‌شدار سامی، به‌یان عه‌زیزی…
سێیه‌م: شێوازی ئه‌بستراكت، خۆیان له‌ دواخستن و پێشخستن و ره‌مز و هه‌ست ده‌بیننه‌وه‌، ره‌هه‌ندێكی ناباوی ده‌نگ و تیشك به‌ ناوكۆیی ده‌به‌خشن، چیگوتنیان نامۆیی لێده‌كه‌وێته‌وه‌، به‌ڵام جوانگوتنیان ئیستێتیكا و ئاگامه‌ندی، هه‌میشه‌ پشت به‌ خوێنه‌ران ده‌به‌ستن، مامه‌ڵه‌كردنیان له‌گه‌ڵ شێوازی داڕشتن ستوونی ده‌كه‌وێته‌وه‌، مامه‌ڵه‌كردنیان له‌گه‌ڵ ده‌نگ و تیشكی وشه‌ ستوونییه‌، به‌ گشتی ریتمی نوسینیان توونده‌. بۆ نموونه‌ شاعیران ئه‌نوه‌ر مه‌سیفی، یونس ره‌زایی، كه‌مال ئه‌مینی، ته‌یب قادر…

هه‌ولێر 12/6/2017




كتێبی جه‌وهه‌ری زمان و فه‌لسه‌فه‌ی ته‌ئویل … د.سه‌عید تۆفیق

چاپكراوی نوێ‌ ….

عەبول موتەڵیب عەبدوڵڵا
له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌ كردوویه‌ به‌ كوردی و په‌راوێزی بۆ داناوه‌
چاپخانه‌ی ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م- سلێمانی 2017

ئه‌و كتێبه‌ له‌و بابه‌تانه‌ی خواره‌وه‌ پێكهاتووه‌:
– پێشه‌كی نوسه‌ر:
(1) زمان و بیركردنه‌وه‌ی شیعریی لای هایدگه‌ر.
له‌ زمانی هایدگه‌ره‌وه‌ بۆ فیكری هایدگه‌ر، له‌ باره‌ی زمان و بیركردنه‌وه‌
(چه‌ند سه‌رنجێكی سه‌ره‌تاییانه‌)
– شاره‌زایی زمان.
– زمان و شیعر (شاره‌زایی زمان له‌ شیعردا)
-زمان/شیعر/بیركردنه‌وه‌ (زمان وه‌ك بنه‌مای فیكر و بیركردنه‌وه‌ی شیعریی).
(2) بنه‌ماكان و ئاسۆی هیرمینۆتیكای فه‌لسه‌فی لای گادامێر.
– سه‌ره‌تایه‌ك له‌ سه‌رچاوه‌كانی فیكری گادامێر و به‌ره‌وپێشچوونه‌كانی.
-بنه‌ماكانی هیرمینۆتیكای فه‌لسه‌فی:
1- هیرمینۆتیكا وه‌ك ئاراسته‌یه‌ك له‌ راڤه‌كردن:
2- تێگه‌یشتن و راڤه‌كردن:
3- هونه‌ری دیالۆگكردن:
-سه‌رچاوه‌كانی توێژینه‌وه‌.
3- هیرمینۆتیكای ده‌قی ئه‌ده‌بی له‌ نێوان هایدگه‌ر و گادامێردا.
– قه‌یرانی تازه‌گه‌ری: قه‌یرانی فۆرم و میتۆد.
– هیرمینۆتیكای هاوچه‌رخ ئه‌وه‌ی ده‌كه‌وێته‌ پشت فۆرم و میتۆده‌وه‌.
– یه‌كه‌م: هیرمینۆتیكای ده‌ق ئه‌وه‌ی ده‌كه‌وێته‌ پشت فۆرمه‌وه‌.
– دووه‌م- هیرمینۆتیكای ده‌ق ئه‌وه‌ی ده‌كه‌وێته‌ پشت میتۆده‌وه‌.
1- وه‌همی بابه‌تگه‌رایی… وه‌همی میتۆد.
2-رۆڵی خود له‌ كرده‌ی راڤه‌كردندا.
راڤه‌كردن وه‌ك دیلۆگكردن له‌گه‌ڵ ده‌قدا.
ا-دیالۆگ به‌و وه‌سفه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندی نێوان من و ئه‌ویدیكه‌یه‌.
ب-دیالۆگكردن له‌گه‌ڵ ئه‌ویدیكه‌ به‌و وه‌سفه‌ی كه‌ دیالۆگه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ق.




پەیوەندى ئاسۆیى و پەیوەندى ستوونى … عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا


لە قەسیدەى (کێشى ئەو شیعرەت بۆ نادۆزرێتەوە، بلوورێنە تکایە)* ى یوونسى رەزایى* ….

گورگێک فەرز کەن لە پێستى شاردا
دەوەڕێ بەو گوڵەبەڕۆژانەى
لە پەنجەکانى نەقاشێکدا ئاوابوون
پۆلیسیش لە رێگا فیتوو لێدەدا و
رووبەڕووى کڵوەبەفرەکان
پێکێک هەڵدەدا لە ئاور.

گورگێکتان بەو زستانە رێ داوەتە شیعرەوە
لە زەینیشتان سەگێکى بەرەڵڵا
ناڕەسەن نا
لە رەگەزێکى دیکەتر
کە دەلورێنن لە سەرکێشى شەو
پشت لەو دەربەندانەى زایەڵەى مەرگن

کیژێک لە چاوتان بکێشنەوە بەیانى
تینوویە رەنگە جیهان بە جوانیى

بە چاویشیدا کە بەستێنێکە لە وەرزى شیعر
بەرەو باران پێنوسەکانتان لەنگەریان- سەوز

کیژێک فەرزکەن لە نزاکانتاندا
دڕندەیى نا…
بە جادەکانى کەویرەوە… پەڵەى دابێ نیگاى…
لە پێستى بادا

فەرزکەن شەوێک لە قەتاردا
فیلمى منداڵانى –با-
لە مەزراکانى لۆکەدا

بە کەژاوەیەکەوە لە شەقامەکانى شار
پڕەنسیس دایانا و
داوێنى بەرزى بایەوانى دەریاى سوور
کە لەنگەرى بە ئاورەوەیە دەمێکە.

گورگێک لە ژێر داوێنى دا و
سەگێکیش لە سەر ئەو گالیسکانەى روو لە ئافریقا دەبارن
سیگارێکیش روو لە وڵات کە بەهمەنە.

بەو گوڵەبەڕۆژانەى بە تاریکى دەوەڕن
بەو پۆلیسانەى رووبەڕووى هەتاو
دەخولێنەوە بەسەر مەنزوومە تاڵەکان دا
متمانە ناکەم… خاتوون
متمانە بە تەنیایى دار
بە تابووتى جیهان کە لەسەر شانى ئێمەیە
دڵنیام کەوە لە تاڵى بسکەکانت… کە نەریتى منن
وە لە فاڵى چاوت کە رەگەزێکى برێزیلیان لە ناخ دا
دڵنیام کەوە لە لەشت ئەى نیشتمانى تەنیاییم
دڕندەیى ئەو مەنزوومەیە با تاڵانى –با-

“لە پەنجەتدا مێژووى جوانیم
لە چاوتدا جوگرافیاى دەریاکانم
لە زاراوەتدا.. رەوانە زمانم.. بەیانان
کە ئاسۆیەکى بە شەقاممەوە.

نە زستان بیانووە بۆ نەپشکوتن
نە پۆلیس هاتووچۆ لە بەفروباراندا
گوللەکانى بەرەو شیعرەکانى ئێوە، کە بێ چەترن

لە وێستگەى هێلى ئاسن: کە بە قەڵەم مووى ڤان گۆک و
بە ریتمى سەمفۆنیاى –باخ- کە هاوواتاى باغە
فەرزى دەکەم.
گوێچکەیەکى بڕاو دەبینم لە بادا
ماندوو لە دەنگەکان نا.. کە رەنگیان بە تامترین بەرامەیە
دەنگ دەدەم بە بادا .. کە بێ سنور دەژى.

داوێنێکى بەرز لە قەڵەم مووەکەمەوە بە سەر بوومدا دەکشێ
کە لە ژێرییەوە نیو کورەى ئاسک و
نیسف وێنە هارى گورگ
داوێنێک کە سونامییە بە بەستێنى دڵمەوە

مەلەک دایاناش لە خوێنى ئەفریقا گەوزیوە
لە شەقامەکانى هاوسەرواى منچسٍتێر ستى
ئەمن و ئێوەش شاعیرانى ئاوابوون لە ژان
جگەرەیەک لە شەقامەکانى ناشوێن
شیعرێکیش داگیرساو بە ئاسۆکانى ژیانەوە

بەهمەن سەرەتاى گورگە و
فەرز دەکەین پۆلیسەکان
بە کێشى ئەو شیعرە گەیشتوون لە رێگاى بارانەوە.
یوونسى رەزایى
زستانى 1390 بۆکان
پێشەکى
لە خوێندنەوەى قەسیدەى (کێشى ئەو شیعرەت بۆ نادۆزرێتەوە، بلوورێنە تکایە)ى (یوونسى رەزایى)دا لە سەر ئاستى کۆمەڵایەتى و پەیوەندى زمانەوانیەوە قسە لە پەیوەندییە ئاسۆییەکان دەکەم، لە سەر ئاستى شیعریى و دەلالەت و ناوکۆیى و داڕشتنى تایبەت، پەیوەندییە ستوونیەکان دەخەمە روو، کەواتە (پەیوەندى ئاسۆیى) بە ئەزموونەوە دەلکێ و (پەیوەندى ستوونى) بە سەرسامبوونەوە بەندە، یەکەمیان ئاستەکانى ماناى لەخۆدا هەڵگرتووە و دووەمیان ئاستەکانى چێژ دەنوێنێ، یەکەمیان بە مێژوو و بەردەوامییەوە بەندە و دووەمیان لەسەر حەپەسان و چرکەسات وەستاوە… لەو دوو پەیوەندییەوە حیکایەتى ئاشنابوون و نائاشنابوون* بە بیرکردنەوە و خەیاڵى خۆم دادەڕێژمەوە! دەشێ ئەو دوو پەیوەندییە بە پێى رێبازە ئەدەبییەکان دیارى بکرێن، بەڵام راڤەکردن و خوێندنەوە جیاوازەکان هەمیشە سنورەکانى دیار تێکدەشکێنن و هەرگیز ئابڵوقە نادرێن.

داڕشتنەوەى حیکایەتى پۆلیس و هونەرمەند

لە قەسیدەکەدا پۆلیسێک بە دواى کێشى شیعرێکدا دەگەڕێت، هونەرمەندێک بە دواى جوانى بێ سنوردا وێڵە، ئەوەى ئەو پۆلیس و هونەرمەندە بەیەکەوە کۆ دەکاتەوە مرۆڤبوون و راستى ژیانە، ئەوەى لێکیان جیا دەکاتەوە ترس و جوانییە…رەنگە پۆلیس چاودێریکردن و گرتنى قەسیدەکەى مەبەست بێت، هونەرمەند هەوڵى جوانکردنى پەیوەندییەکان بدات؟! بە مانایەکى دیکە ئەگەر پۆلیس سیفەتى (گورگ)ى هەبێ، ئەوە راوى قەسیدە دەنێت، ئەگەر هونەرمەند (ڤان کوخ) بێت، ئەوە جوانى بە ئامانج دەزانێت… خودى ئەو خەیاڵەم وەک رووداوێکى واقیعى وەرگرتووە و حیکایەتەکەم لە سەر دروست کردووە!
وەک زەمەن، زەمەنى گێڕانەوە لە پەیوەندى ئاسۆییدا بە رێگاى کردەیى و بە پێى سیستمى سروشتى دەرەکى (وەرزى زستان) دەنوێنێ، بەڵام زەمەنى گوتار زەمەنى رووداوەکانى نێوان پۆلیس و هونەرمەندە و بە شێوەیەکى هونەریى لە تەکنیکە ئیستێتیکییەکانى خۆدواخستن و خۆپێشخستن و پەلەکردن و خاوبوونەوە و رەمز و هەست دەردەکەوێت! هەمووان دەزانین هیچ رەگەزێکى زەمەنى بە بێ رەگەزى شوێن بوون و رەنگدانەوەى نابینرێت، شوێن لەو حیکایەتەدا دەکەوێتە نێوان شار وەک بینراو و لادێ وەک نەبینراو، شوێن و زەمەن فەزاى حیکایەتەکە دادەڕێژن.
لێرە لە نێوان لێکنزیکبوونەوە و لێکدوورکەوتنەوەى هەر دوو کاراکتەرى (پۆلیس و هونەرمەند) چەمکى ئاشنابوون و نائاشنابوون، بۆ پەیوەندى ئاسۆیى و پەیوەندى ستوونى خوێندنەوەکەم دەکەمە رابەر و هەوڵدەدەم نائاشنابوونى (پۆلیس و شیعر) و ئاشنابوونى (هونەرمەند و جوانى) لە حیکایەتى قەسیدەکەدا زێتر روون بکەمەوە.

هەڵبەتە لێکنزیکبوونەوەى گورگ و پۆلیس و تاریکى و لادێ…لە ( پەیوەندى ئاسۆیى)دا ترس دەخاتەوە! وەک چۆن لێکنزیکبوونەوەى هونەرمەند و رۆناکى و شار… لە (پەیوەندى ستوونى)دا جوانى بەرجەستە دەکات! لە پەیوەندى ئاسۆییدا (گورگ و پۆلیس و تاریکى و لادێ…) رووبەڕووى گوڵەبەڕۆژە دەوەڕێ، لە پەیوەندى ستوونیدا (هونەرمەند و رۆناکى و شار…) وێنەى گوڵەبەڕۆژە دەکێشێ… هونەرمەند لە بەرانبەر جوانى ئاوا دەبێت، پۆلیس لە بەرانبەر جوانى ئاور دەکاتەوە؟!

راستى حیکایەتەکە ئەوەیە: (ترس رووبەڕووى جوانى فیتوو لێدەدات… ترس رووبەڕووى کڵوەبەفر پێک هەڵدەدا)، یەکەمیان ترسە لە خۆ، دووەمیان ترسە لە سرووشت، یەکەمیان ناوەکییە و دووەمیان دەرەکییە! مەبەستم ئەوەیە کاتێک مرۆڤ بەرانبەر جوانى دەوەستێ سڵ لە ناشیرینییەکانى ناوەوەى خۆى دەکاتەوە، کاتێک رووبەڕووى سرووشت دەوەستێ بیر لە بچووکى خۆى دەکاتەوە… ترسى یەکەم سڵبوونەوەیە لە تووندوتیژى ناوەوە، ترسى دووەم ترسە لە نهێنى سرووشت… دەمەوێ بڵێم راستى حیکایەتەکە راستى ژیانە، راستى ژیان لەو قەسیدەیەدا لە خۆدواخستن و خۆپێشخستن و پەلەکردن و خاوبوونەوە و رەمز و هەستى ناوکۆیى شیعرى ئاماژەى بۆ دەکرێت، بەو مانایەش نە زستان بیانووە بۆ نەپشکوتن، نە پۆلیس هاتووچۆ لە بەفروباران دەگرێ! نە هونەر بیانووە بۆ ئاوابوون، نە پۆلیس بیانووە بۆ ئاگرنانەوە… چونکە ژیان ئازادییە لە نێوان ئاوابوون و ئاگرکردنەوە، لە نێوان شەو و رۆژ، لە نێوان زایەڵەى مەرگ و وێنەکێشانى بەیانى… ئەوە مرۆڤە لە شەقامى ژیاندا هەنگاو دەنێ، ئەوە گورگە لە ژێر داوێنى (مرۆڤ) و لەگەڵ مرۆڤ بەرەو دنیا دەبێتەوە… (مەلەک دایانا) لە خوێنى ئەفریقا گەوزیوە! مرۆڤ گورگى مرۆڤە*/ مرۆڤ لە نهێنى سرووشت سەرى سووڕماوە، ئەوەى مرۆڤ و گورگ بەیەکەوە کۆ دەکاتەوە، راستى مرۆڤە، ئەوەى مرۆڤ و سرووشت بەیەکەوە کۆ دەکاتەوە راستى ژیانە، راستى ژیان راستى مەعریفەیە، ژیان بێ تووندوتیژى مەحاڵە! ژیان بێ نهێنى مەحاڵە! ئەوەى لە ژیان دەمێنێتەوە پەیوەندییە، ئەوەى لە مەعریفە دەمێنێتەوە نهێنییە، پەیوەندى بێ جوانى بوونى دەکەوێتە قەیرانەوە، مەعریفە بێ نهێنى بوونى نییە… جوانى تووندوتیژى خۆى هەیە، مەعریفە خەونى مرۆڤە، تووندوتیژى جوانى خۆى هەیە، مرۆڤ بێ مەعریفە دەکەوێ!

خوێندنەوەى حیکایەتى قەسیدەکە پێماندەڵێت ئەوەى (نائاشنابوون و ئاشنابوون) رێکدەخاتەوە، ئەوەى (گورگ و مرۆڤ/ تاریکى و رۆناکى/ شار و لادێ…) بەیەکەوە کۆ دەکاتەوە، ئەوەى (گوڵەبەڕۆژە و کڵوەبەفر/ شیعر و کچ/ باران و سەوزایى…) بەیەکەوە کۆ دەکاتەوە: (مەعریفە و جوانییە…)

دواجار جوانى پۆلیس لە ژیانى حیکایەتى قەسیدەکەدا لەوەدایە کێشى شیعرەکە دەدۆزێتەوە، وەک چۆن سەرکێشى هونەرمەند لەوەدایە بۆ جوانکردنى پەیوەندییە مرۆییەکان گوێچکەى خۆى بە با دەدات؟! یەکەمیان لە پەیوەندییەکى بەرتەسکى قەسیدەکەدا دەخولێتەوە، دووەمیان لە پانتایى بەرفرەوانى پەیوەندى مرۆڤایەتیدا…
دەتوانم بڵێم ئەو خوێندنەوەیە لە رووى کۆمەڵابەتییەوە چەمکى ئاشنابوونى پۆلیس و نائاشنابوونى هونەرمەند بە خەیاڵ و بیرکردنەوەى حیکایەتەکەوە بەند دەکات؟! نەک هەر هێندە بەڵکو لە لایەک چەمکى مەعریفە بە هونەرى داڕشتن و جیاوازى داڕشتن دەبەستێتەوە، لەلایەکى دیکە گۆڕینى چەمکى جوانى لە گۆڕینى ئاسۆى چاوەڕوانى باوى خوێنەر بەرهەم دەهێنێتەوە، بەو مانایە ئەو خوێندنەوەیە پێیوایە شاعیر لە رێگاى مەعریفەى شیعرییەوە دارشتنى باو هەڵدەوەشێنێتەوە و دووبارە دایدەڕژێتەوە… شاعیر لە رێگاى جوانیی دنیابینییەوە ئاسۆى چاوەڕوانى باو و هۆگرى دووچارى ئاوڕدانەوەیەکى جیاواز و حەپەسان دەکات!

چەمکى ئاشنابوون

چەمکى (ئاشنابوون) خاوەن رابردووییەکى مێژووییە، بە ئاسۆیى هەنگاو دەنێت، دابونەریت و یاسا و رێسا باوەکان دەچەسپێنێ و پارێزگارى لە ئاسۆیى چاوەڕوانى و هۆگرى خوێنەران و زمانى نوسینى باو دەکات… بەو مانایەش هەر یەک لە نوسەر و خوێنەر ئاشناى یەکترن و ناسنامەى یەکتر تەواو دەکەن. یان خۆیان لە ئاوێنەى یەکتردا دەبیننەوە، هەر یەک لە نوسەر و خوێنەر حەقیقەتى خۆیان لە سەر ئاستى ئاشنابوونى یەکترى وێنا دەکەنەوە… دواجار چەمکى ئاشنابوون وەک لە قەسیدەکە دەردەکەوێت، لە باشترین حاڵەتدا بە دواى گەشەکردنى ماناى ئاسۆییەوەیە!
لە راستیدا لە رووى کۆمەڵایەتییەوە پۆلیس نوێنەرى چەمکى ئاشنابوونە و فیتوو لێدان یەکێکە لە ئەرکەکانى سەر شانى، بەڵام ناشێ لە کاتى دەوامى فەرمى مەى بخواتەوە. پۆلیس وەک گورگ بە دواى (تاوانبار/ نێچیر)ەوەیە، پۆلیس (لە شاردا) بە دواى شیعر و گورگ (لە لادێ) بە دواى وەرزى شیعرەوەیە، پۆلیس جوانى زیندانى دەکات و گورگ هێمنى دەشێوێنێ!

قسەکردن لە لێکنزیکبوونەوەى پۆلیس و گورگ، قسەکردنە لە ئاشنایى مرۆڤ و گورگ، لەوێوە مرۆڤ لە ناوەوەى خۆیدا تووندوتیژى هەڵگرتووە، پڕەنسیس دایانا بە کەژاوەیەکەوە لە شەقامەکانى شاردا دەبینرێ و گورکێک لە داوێنیدایە، دایاناى شاژن لە خوێنى ئەفریقا گەوزیوە… شاعیر وەک وێنەگرێ لە بەرانبەر ئەو هەموو ئاشناییە سیگارى (بەهمەن) لە ناشوێندا دادەگیرسێنێ، وەک شیعر لە نائاشناییدا… مەرج نییە شوێنى شیعر دیار بێت، مەرج نییە شاعیر سیگار بکێشێ، بەڵام یەکێک لە مەرجەکانى شاعیر بوون شیعر نوسینە، شیعر و شاعیر و سیگار ئاشناى یەکترن.
(یوونسى رەزایى) نایەوێ ئەو هەموو ئاشناییە لە داڕشتندا بخاتە روو، متمانەى بە شتە باوەکان نییە، شاعیر لە فێڵى زمان دەگات، دەیەوێت بۆ هەڵنانى جوانى وەک ڤان کوخ سەرکێشى بکات، دژى باو بوەستێ، وەک پڕشنگى (گوڵەبەڕۆژەکان) رووبەڕووى (تاریکى)، نەک وەک دەنگى (پۆلیس) رووبەڕووى (هەتاو)… بخولێتەوە.

شاعیر متمانەى نییە، لە گومانەوە دێتەوە، هەتا تابووتى ئاشنابوون بە شانى خۆى بۆ گۆڕستان نەگوازێتەوە، دڵنیا نابێتەوە! هەتا رەهەندێکى جیاواز بە تیشک و دەنگ نەدات، لە سەرکێشى بەردەوام دەبێت… ئەدەب جگە لە جوانى هیچ چەکێکى دیکەى نییە، هونەر لە بێوێرییدا، شیعر لە داڕشتندا، سەرکێشى ڤان کوخى دەوێ؟! کەواتە دووبارە داڕشتنەوەى پڕشنگى گوڵەبەڕۆژە و تاریکى و دەنگى پۆلیس و هەتاو، سەگ و باران، شیعر و ناشوێن… وەک دوو نائاشنا سنورە باوەکان تێکدەشکێنن و خوێنەر دووچارى ئاوڕدانەوەیەکى جیاواز و حەپەسان دەکەن.
چەمکى نائاشنابوون
چەمکى نائاشنابوون لە شیعردا فۆرمالیستەکان و یەکەمجار (شکلۆفسکى)* بە کارى هێناوە، بە ماناى رێگاى دەربڕینى هونەرى، یان نواندن بە شێوەیەکى هونەرییانە، بەڵام ئایا ئەو قسەیەى شکلۆفسکى چ هونەرێکى مەبەستە، هەڵبەتە وێنەى شیعرى مەبەست نییە، بەڵکو گۆشەنیگا و دۆزینەوە بە هەند هەڵدەگرێت، ئەو مانا نائاشنایەى مەبەستە، کە نکۆڵى لەوە دەکات خۆى بە دەست دنیاى ئێمەوە بدات! هونەرى شیعرى لە (دنیاى بەتاڵى زمان) کە لە شێوازى ئەبستراکتدا قسەم لێکردووە، پەیوەندى بەو مانا نائاشنا و هێزەوە هەیە، کە دەکەوێتە سەر (دواخستن و پێشخستن) و (رەمز) و (هەست)ى رستەى شیعرییەوە… دەمەوێ بڵێم یوونسى رەزایى دواى جولەى ماناى نائاشنا دەکەوێت، دواى دۆزینەوەى گۆشەنیگاى شیعرى دەکەوێت… بۆ نموونە (پۆلیس لە رێگا فیتوو لێدەدا- ئەو گوڵەبەڕۆژانەى بە تاریکى دەوەڕن- گوێچکەیەکى بڕاو دەبینم لە بادا…) من لێرەدا هەوڵمداوە قسە لەو جۆرە نائاشناییە بکەم!

ئەگەر ئاشنابوون هۆگرى مرۆڤ بۆ شتەکان و دنیا بەرجەستە بکات، ئەوە نائاشنابوون نامۆیى مرۆڤ بۆ شتەکان و دنیا دەخاتە روو، یەکەمیان دەلالەت لە رێکەوتنى مرۆڤ و شتەکان و دنیا دەکات، دووەمیان دەلالەت لە یاخیبوونى مرۆڤ و شتەکان و دنیا دەکات، یەکەمیان بەشێک لە مێژووى (ئاسۆیى) مرۆڤى لەسەر بونیاد نراوە، دووەمیان بەشێک لە چێژى هونەرى (ستوونى) مرۆڤى لە سەر دادەمەزرێ، یەکەمیان جێگیربوون دەچەسپێنێ، دووەمیان جیاوازى دەسەلمێنێ… ئاشنابوون، رەها کردنى ئاسۆى چاوەڕوانى باو و هەستى گشتى باو بارە دەکاتەوە، ئاشنابوون هۆگریبوونى باوە، نائاشنابوون دژى ئاسۆى چاوەڕوانى باو و هەستى گشتى باو دەبێتەوە، نائاشنابوون یاخیبوونە لە باو!

چەمکى نائاشنابوون بە مەعریفەى جیاواز و دنیابینى جیاوازەوە بەندە، لە سەرسامبوون و حەپەسانەوە پەیوەندى بە داهێنان و چێژى داهێنانەوە دەکات! نائاشنابوون ئەو رێگا هونەرییە نوێیە دیارى دەکات، کە ناکەوێتە سەر رێگا باو و کۆنەکانەوە، بەکارهێنانى ئەو رێگا هونەرییە و چێژە هونەرییە نەناسراو و نوێیە پەیوەندى بە ئاگایى جیاواز و دیدى جیاوازەوە هەیە، پەیوەندى بە هەستى تێگەیشتنى جیاواز و نەگوتراوەکانەوە هەیە، ئەفراندنى دنیایەکى نوێ و دیتنى شتە نادیارەکان و دۆزینەوە دەگەیەنێت…
ئەو قەسیدەیە هەر نایەوێت پێمانبڵێت مرۆڤ گورگى مرۆڤە و شار نامۆیى لێدەکەوێتەوە و هونەر جوانییە و هونەرمەند لە کۆمەڵگا نامۆیە و مرۆڤ لە ژیاندا هەست بە نیگەرانى و ترس و نائاشنابوون دەکات… ئەو قەسیدەیە هەر تەنها پۆلیس ناکاتە هاونشینى کڵوەبەفر و پێکهەڵدان و کیژ ناکاتە هاوسێى بەیانى و دەسەڵات ناکاتە گورگ و گورگ ناکاتە شیعر… ڤان کوخ و گوێچکە، باخ و باغ و هونەرمەند هاونشینى جوانى… بەڵکو هەموو ئەوانە بە شێوەیەکى دیکە وەک خودى حەقیقەت و هونەرى نواندنى زمان و کورتبڕى و دیتنى نوێ و پەیرەونەکردنى گرامەر و دواخستن و پێشخستن و رەمز و هەستى شیعرییەوە دەردەکەون… بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا یوونسى رەزایى دەکەوێتە وڕێنەکردن بە ئامرازى پەیوەندییەوە بۆ نموونە (کە دەلورێنن لە سەرکێشى شەو. کە رەنگیان بە تامترین… کە بێ سنور دەژى. وە لە فاڵى چاوت…)، هەندێجار جولەى ماناى نائاشنا گۆشەنیگاى شاعیرانە بەجێدەهێڵن و شێوانى مانایان لێدەکەوێتەوە، بۆ نموونە (تینوویە رەنگە جیهان بە جوانیى… دڕندەیى ئەو مەنزوومەیە با تاڵانى –با- ئەمن و ئێوەش شاعیرانى ئاوابوون لە ژان…)، هەندێجار تێکەڵاوبوونى شتە جیاوازەکان، دەنگ و تیشکى جیاواز و واتاى نوێ بەرهەم ناهێنێ، بەڵکو لە شوێنى خۆى پێ دەکوتێ، بۆ نموونە (ئەمن و ئێوەش شاعیرانى ئاوابوون لە ژان) دەمەوێ بڵێم جیاوازى واتاى “ئاوابوون” ناتوانێ جولە بە دەنگ و جولە بە جوانى بکات، بە دیوەکەى دیکەش شێوانى ماناى لێدەکەوێتەوە…

دەرئەنجام:

1- دەقگەرایى دەقى (کێشى ئەو شیعرەت بۆ نادۆزرێتەوە، بلوورێنە تکایە)ى (یوونسى رەزایى) بە گشتى نامۆیى لێدەکەوێتەوە… لە پەیوەندى ستوونى پڕشنگى ئاگامەندى ئەو نامۆیى و نائاشنابوونە چێژ و تیشکى دەلالەتى شیعرى بەرهەم دەهێنێ، بەڵام لە پەیوەندى ئاسۆیى داڕشتنى جولەى ماناى نائاشنا، وێنەى شێواو دەخاتەوە. بەڵام وەک دیارە مامەڵەکردن شاعیر لەگەڵ شێوازى داڕشتن ئەگەرچى لە رووکاردا ئاسۆیى دەنوێنێ، بەڵام بە هۆى بەرهەمهێنانى وێنە شێواوەکانەوە لە ناوەوە ستوونى دەکەوێتەوە، وەک چۆن مەڵەکردن لەگەڵ چێژ و تیشکى دەلالەتى شیعرى ستوونییە، ستوونى بوونى جولەى ماناى نائاشنا و ستوونى بوونى تیشکى دەلالەتى شیعرى شێوازى نوسینى شاعیر لە شێوازى ئەبستراکت نزیک دەکاتەوە.
2- یوونسى رەزایى وێنەى شیعرى بە قوربانى جولەى جوانى دەکات، بەڵام دوور لە قوڕسایى مەعریفە و گوتارخوازى، هەمیشە بۆ پرکردنەوەى بۆشاییەکان پشت بە بیرکردنەوە و خەیاڵى خوێنەران دەبەستێت، نائاشنابوونى چێژ و تیشکى دەلالەتەکان و نائاشنابوونى دەنگى مانا و وێنەى شێواو ئاسۆیەکى تازەى چاوەڕوانى بۆ خوێنەران واڵا دەکات.
3- خوێندنەوە و داڕشتنەوەى ئەو قەسیدەیە بە خەیاڵ و بیرکردنەوەى خوێنەران، هەر تەنها دەلالەت لە پڕکردنەوەى بۆشاییەکان ناکات، بەڵکو لە لایەک دەلالەت لە فرە مانایى دەق و لەلایەکى دیکە دەلالەت لە بەرهەمهێنانەوەى داهێنانى خوێنەر لە ناو داهێنانى دەقدا دەکات.

——————————–
سەرچاوە و پەراوێزەکان:

1- رۆژنامەى “هیچ” ژ 7، 1/1/2017
2- یوونسى رەزایى شاعیر و نوسەرى بۆکانییە. لیسانسى لە تەکنۆلۆژیاى پەروەردە و ماستەرى لە زانستە سیاسییەکان وەرگرتووە.
3- نائاشنابوون/نامۆبوون… لە وشەى (تغریب- اغتراب‏ expatriation)ى عەرەبیەوە نزیکە.
4- ئاماژەیە بە گوتەکەى بیریار و فەیلەسوف تۆماس هۆبز (1588-1679) کە دەڵێت: (هەموو مرۆڤێک لە پێناو خۆیدا شەِر دەکات، بنچینەى کارەکانیشى خۆویستییە، بناغەى هەڵسوکەوتەکانى ئارەزوویەتى لە سوود گەیاندن بە خۆى، ئەو خۆشەویستسەى بۆ هاوسێیەکەشى هەیەتى تەنها فێڵکردنە لە فێڵەکانى خۆشەویستى خۆى).
5- نوسەر و رەخنەگرى رووسى فیکتۆر بۆریسۆفیچ شکلۆفسکى (1893 – 1984) پێیوایە شاعیر پێویستە ناوکۆیى باو تێکبشکێنێ و جیاوازى بونیاد بنێت، داڕشتنە باوەکان هەڵوەشێنێتەوە ودەست بەسەر وەڵامە ئامادەکاندا بگرێت. شاعیر پێویستە پرسى جیاوازى بسازێنێ و خوێنەران بە دەرککردنى بەرزى شتەکان بگەیەنێت. شکلۆفسکى پرۆسە داهێنانى گواستنەوە لە باوەوە بۆ ناباو، بە هونەر ناو دەبات.

هەولێر 10/7/2017




ئه‌ده‌بی كلاسیزمی كوردی و دنیابینی …. عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا

حه‌قیقه‌تی* شیعری كلاسیزمی كوردی راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به‌ ئایینه‌وه‌ ده‌كات، نه‌ك چینی ئه‌رستۆكرات و زمانی به‌رزی ئه‌و چینه‌، ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ حه‌قیقه‌تێكه‌ نزیك له‌ هه‌ستی ده‌سته‌جه‌معی و واقیع، له‌ پشت ئه‌و دید و بۆچوونه‌ش بیروباوه‌ڕی ئایینی میترایی و زه‌رده‌شتی و مانی و یه‌زیدی، دواتر (یارسانی/ ئیسلامی)، (یه‌زیدی/ ئیسلامی) و زمانی زاره‌كی كوردی دواتر زمانی شیعری رۆژهه‌ڵاتی و شیعری ئیسلامی وه‌ستاوه‌، له‌و تێگه‌یشتنه‌وه‌، ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی كه‌ بنه‌مای فه‌رهه‌نگی ئایینی و ئه‌ده‌بی كلاسیزمی كوردی ئه‌و وشه‌ و رسته‌ ساكارانه‌ن، كه‌ له‌ ناو خه‌ڵكی له‌ ژیانی رۆژانه‌دا به‌ كار ده‌هێنرێن، و دوو هێزی (خێر) و (شه‌ڕ) و (جوانی) كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی له‌ ئایینی كوردان ره‌نگدانه‌وه‌ی ده‌بینرێت، له‌ شیعری كلاسیزمی كوردیشدا به‌و شێوه‌یه‌ ده‌رده‌كه‌وێت: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كردگار هه‌ر گیانه‌، بۆیه‌ تۆ نازانیت خێر له‌ كوێوه‌ رووت تێده‌كات، به‌ڵام گیانی كردگار گیانێكی به‌رزه‌، یان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هێزی دروستكه‌ری گیان له‌ ئاسمان ده‌بێت، بۆیه‌ هه‌میشه‌ وا بیر ده‌كه‌یته‌وه‌ كه‌ خێر له‌ ئاسمانه‌وه‌ بێته‌ خواره‌وه‌! كردگار له‌ بنه‌ڕه‌تدا هه‌ر گیانێكه‌، به‌ڵام چونكه‌ ده‌چێته‌ ناو له‌شی جۆراوجۆره‌وه‌ خۆی له‌ قالبی جیاوازدا پیشان ده‌دات، ئیتر به‌ ناویش وه‌كو له‌ش زۆر ده‌بێت، له‌ش له‌سه‌ر زه‌وی ده‌بێت، بۆیه‌ شه‌ڕیش له‌سه‌ر زه‌وی ده‌بێت!

زه‌مه‌نی بوونی مرۆیی له‌ ئایینی (كوردان)دا پێكهاته‌یه‌كی تایبه‌ته‌، له‌ سێ‌ فاكته‌ری رابردوو و هه‌نووكه‌ و داهاتوو پێكهاتووه‌، ئه‌و فاكته‌رانه‌ش هێزی خۆیان له‌ دۆنادۆن و (یه‌كیه‌تی بوون) هه‌ڵده‌گرنه‌وه‌. له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌وه‌یش یه‌كیه‌تی بوون له‌ شیعری كلاسیزمی كوردیدا له‌ رێگای (شه‌وق) و (وه‌جد) و (قه‌له‌ق) و (عه‌ده‌م) ده‌رده‌كه‌وێت… جوانی له‌ شیعری كلاسیزمی كوردیدا ره‌نگدانه‌وه‌ی سروشت و دڵی جوانپه‌رستانه‌، شاعیری كوردی كلاسیك هیچ جیاوازییه‌ك له‌ نێوان گوڵێكی جوان و كچێكدا ناكات، گرنگ ئه‌وه‌ نییه‌، تۆ كامه‌یانت خۆش ده‌وێت، به‌ڵكو گرنگ خۆشویستنی جوانییه‌، به‌ دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش یار، یان دڵبه‌ر له‌ هه‌موو جێیه‌كه‌، واته‌ (بوون) له‌وه‌، یان له‌وه‌وه‌یه‌، ئیتر (بوونی من) شاعیر به‌شێكه‌ له‌ (بوونی تۆ) دڵبه‌ر، (بوونی من) عه‌قڵ به‌شێكه‌ له‌ (بوونی تۆ) سروشت… هه‌موو ئه‌وانه‌ له‌ یه‌كتری جیا نابنه‌وه‌، ئه‌گه‌رچی وه‌كو دوو جه‌وهه‌ر خۆیان ده‌نوێنن، به‌ڵام له‌ راستیدا یه‌ك جه‌وهه‌رن، ئه‌و یه‌كیه‌تییه‌ هه‌موو شتێك كۆده‌كاته‌وه‌، هیچ (بوون)ێك نییه‌، له‌ جه‌وهه‌ره‌ گه‌وره‌كه‌، كردگاره‌ بچێته‌ ده‌ره‌وه‌، هه‌موو شتێك له‌ ده‌ست كردگاره‌، ئه‌وه‌ی ئه‌ویش دروستی كردووه‌ وێنه‌ی خۆی ده‌نوێنێ‌ و به‌شێكه‌ له‌ خۆی، واته‌ هه‌موو شتێك وێنه‌ی ئه‌و جه‌وهه‌ره‌ی تێدایه‌ و ئه‌و جه‌وهه‌ره‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خۆی جوانه‌، بۆیه‌ له‌ هه‌موو جوانه‌كاندا ده‌رده‌كه‌وێته‌وه‌ به‌وه‌ش (یه‌كیه‌تی بوون) دروست ده‌كه‌ن.

ئه‌گه‌ر سه‌ره‌تای ئه‌ده‌بی كوردی وه‌ك مێژوو په‌یوه‌ندی به‌ ئایینی كوردییه‌وه‌ هه‌بێت و زمانی ره‌سمی ئایین و ئایینزا و عه‌قیده‌ شاراوه‌كانی كوردانیش به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی دیالێكتی گۆران بووبێت؟!* كه‌واته‌ وه‌ك چۆن به‌ درێژایی مێژوو ئایینی كوردان ئه‌رزشێكی زۆری به‌ شیعر داوه‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ش له‌ پشت به‌شێكی زۆری شیعری ره‌سه‌نی كوردیش وه‌ك فیكر، دنیابینییه‌كی ئایینی ده‌بینرێت! ده‌مه‌وێت بڵێم ئه‌گه‌ر له‌ پشت (ئایینی كوردان) كێشی خۆماڵی و زمانی ره‌مه‌كی وه‌ستا بێت و له‌ پشت فیكری (شیعری ره‌سه‌نی كوردی) ئایینی كوردی هه‌ڵگرینه‌وه‌، ئه‌وه‌ ده‌شێ‌ دنیابینی شیعری كلاسیزمی كوردی وه‌ك مێژوو ده‌لاله‌ت له‌ توانای ئایینی بكات، وه‌ك چۆن دنیابینی ئایینی كوردی خۆی له‌ توانای ده‌سته‌جه‌معیدا ده‌دۆزێته‌وه‌! به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئایین وه‌ك ئه‌رك حه‌قیقه‌ته‌ گه‌وره‌كان له‌ ئاسمانه‌وه‌ به‌ره‌و زه‌وی دابه‌زێنێ‌! ئایا كاری شیعر، كاری ئه‌ده‌ب ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ گه‌ورانه‌ دووباره‌ پێشكه‌ش بكاته‌وه‌، ئایا شاعیر په‌یامبه‌ری نێوان ئاسمان و زه‌وییه‌؟!* لێره‌دا ده‌پرسم ئه‌گه‌ر شیعری ره‌سه‌نی كوردی، بیه‌وێت گوتارێك بۆ حه‌قیقه‌ت به‌رهه‌م بهێنێ‌، یان به‌مانایه‌كی دیكه‌ رووییه‌ك له‌ رووه‌كانی حه‌قیقه‌ت بخاته‌ روو، ئه‌ی بۆ هه‌وڵیش نادات چێژی هونه‌ری له‌ ماڵی زماندا بدۆزێته‌وه‌، ئایا چێژی هونه‌ری و حه‌قیقه‌ت دوو شتی دژ به‌ یه‌كن؟!

هه‌ڵبه‌ته‌ من مه‌به‌ستم نییه‌، ئه‌و دنیابینییه‌ی كه‌ له‌ شیعری كلاسیزمی كوردیدا ده‌بینرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دنیابینییه‌كی ئایینییه‌، به‌ دنیابینی میتافیزییكییه‌وه‌ به‌ندی بكه‌م، به‌ڵكو ده‌مه‌وێ‌ دنیابینی شیعری ره‌سه‌نی كلاسیزمی كوردی و دنیابینی ئایینی كوردان، وه‌ك توانای ده‌سته‌جه‌معی و ئاگایی ده‌سته‌جه‌معی ته‌ماشا بكه‌م، ئه‌ویش به‌ پشت به‌ستن به‌ تێزه‌كه‌ی (لۆسیان گۆڵدمان 1913-1970)* كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و بیریارانه‌ی هه‌وڵی زۆری بۆ ناساندنی چه‌مكی دنیابینی یان جیهانبینی داوه‌، هه‌ڵبه‌ته‌ (گۆڵدمان) سه‌ر به‌ قوتابخانه‌ی ماركسییه‌ و یه‌كێكه‌ له‌ قوتابی و په‌یڕه‌وانی (جۆرج لۆكاش 1885-1971) و كاره‌كانی ده‌كه‌وێته‌ نێوان سۆسیۆلۆژیای كۆمه‌ڵایه‌تی و سۆسیۆلۆژیای ئه‌ده‌بییه‌وه‌… چه‌مكی دنیابینی لای ئه‌و ته‌عبیر له‌ كۆی ئه‌و فیكر و بیروڕاو ئاگایی و هه‌ستانه‌ ده‌كات، كه‌ هه‌ر ئه‌ندامێك له‌ ئه‌ندامه‌كانی ده‌سته‌ و كۆمه‌ڵ و چین به‌ یه‌كه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ و هه‌ر له‌وێشه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ و تاقم و كۆمه‌ڵ و چینێكی دیكه‌ ناكۆك دێته‌وه‌، به‌و مانایه‌ دنیابینی: كۆی ئه‌و خه‌ون و سه‌رنج و ئاگایی شیاوی ئاینده‌یی و فیكره‌ میسالیانه‌ ده‌گرێته‌وه‌، كه‌ كۆمه‌ڵێك یان ده‌سته‌یه‌ك یان چینێكی دیاریكراو خه‌ون به‌ جێ‌ به‌ جێكردنییه‌وه‌ ده‌بینێت، لێره‌دا جیهانبینی مه‌رج نییه‌، هه‌ڵگری حه‌قیقه‌تێكی میتافیزیكیانه‌ بێت، وه‌ك چۆن ده‌شێ‌ ته‌عبیر له‌ لێوردبوونه‌وه‌یه‌كی په‌تی نه‌كات، به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ خستنه‌ رووی واقیعێكی سه‌ره‌كی و دیاره‌، ئه‌و واقیعه‌ی كه‌ زانایانی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ هه‌ستی ده‌سته‌جه‌معی وه‌سفی ده‌كه‌ن، هه‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و وه‌سفه‌وه‌ شیعری كلاسیزمی ره‌سه‌نی كوردی به‌ زمان و دنیابینی ده‌سته‌جه‌معییه‌وه‌ ده‌به‌ستینه‌وه‌، ئه‌و پێناسه‌یه‌ش راسته‌وخۆ به‌ چه‌مكی په‌یوه‌ستبوونمان گرێ‌ ده‌داته‌وه‌.* ده‌مه‌وێ‌ بڵێم دنیابیینی شیعری كلاسیزمی كوردی وه‌ك تێگه‌یشتن ساته‌وه‌ختێكی دیاریكراوی ژیانی خودی كلتوری كوردی ده‌گه‌یه‌نێت، كلتورێك كه‌ به‌شێكی زۆری وزه‌ فیكرییه‌كانی له‌ ئایین وه‌رگرتووه‌! چونكه‌ وه‌ك (هانز جۆرج گادامێر) ده‌ڵێت: هه‌موو كلتورێك تێگه‌یشتنێكی دیاریكراوی له‌ خۆدا هه‌ڵگرتووه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تێگه‌یشتن په‌یوه‌ندی به‌ كلتوری دیاریكراوه‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌واته‌ به‌پێی جیهانبینی خۆی ده‌یسازێنێ‌.* به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه‌، ئایا ئه‌و دنیابینییه‌ ئایینییه‌ی له‌ شیعری كلاسیزمی كوردیدا ده‌بینرێت، ده‌توانین له‌ پرسی وجودی نزیكی بكه‌ینه‌وه‌؟ هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌و پرسیاره‌ رووییه‌كی دیكه‌ی هه‌مان پرسیاری پێشوومانه‌ كه‌ گوتمان: ئایا ئایینی كوردی، ئه‌ده‌بی نووسراوی كوردی توانیویه‌تی به‌م به‌ یه‌كگه‌یشتنه‌ (بوونی كوردی) بسه‌لمێنێ‌؟!

به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌توانم بڵێم دنیابینی شیعری كوردی جیهانبینییه‌كی میسالیانه‌یه‌، وه‌ك چۆن دنیابینی ئایینی كوردان دنیابینییه‌كی میسالیانه‌یه‌، چونكه‌ هه‌میشه‌ دنیابینی ئایینی پێویستی به‌زه‌مانه‌تی خوایی ده‌بێ‌، تاكو دڵنیا بێ‌ له‌و راستیه‌ی كه‌ ده‌یبینێ‌، به‌و مانایه‌ش دنیابینی شیعری كلاسیزمی كوردی نه‌یتوانیوه‌ بوونی تاكی كوردی كه‌شف بكات؟!چونكه‌ ته‌عبیر له‌و ئاسته‌ مه‌عریفییه‌ جیاوازانه‌ ناكات، كه‌ له‌ هه‌ڵنانی زماندا دێته‌ ناوه‌وه‌… له‌به‌ر ئه‌وه‌ی جیهانبینی شیعری كلاسیزمی ره‌سه‌نی كوردی له‌ تێگه‌یشتنێكه‌وه‌ هه‌ڵقوڵاوه‌ كه‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی بۆ ئایینی كوردان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، نه‌ك بۆ واقیعی كوردی، كه‌واته‌ توانای خوێندنه‌وه‌ی واقیعی نییه‌، هه‌ر تێگه‌یشتنێك توانای خوێندنه‌وه‌ی واقیعی نه‌بێت، ده‌كه‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی ئاماده‌گی كارایانه‌وه‌ له‌وێوه‌ سنوره‌كانی خۆی داده‌مه‌زرێنێ‌ و پرسیاره‌كان په‌راوێز ده‌خات، بێگومان كوشتنی پرسیاری تاكی كوردی هه‌ر ته‌نها واقیعێكی بنبه‌ستوومان بۆ ناكێشێ‌، به‌ڵكو كۆی ئه‌و كێشه‌ و قه‌یرانانه‌ش ده‌شارێته‌وه‌ كه‌ ئه‌و واقیعه‌ له‌ دووتوێی خۆیدا هه‌ڵیگرتووه‌، ده‌مه‌وێ‌ بڵێم حه‌قیقه‌تی نێوان ئه‌وه‌ی شیعری كلاسیزمی ره‌سه‌نی كوردی ده‌یڵێت و ئه‌وه‌ی ئایینی كوردی به‌ قسه‌ی ده‌هێنێ‌، خۆی له‌ نێوان (پرسیار) و (ئه‌وه‌ی پرسیاری لێده‌كات) ده‌بینێته‌وه‌، له‌ نێوان پرسیار و ئه‌وه‌ی پرسیاری لێده‌كات، ئه‌وه‌ی ناشێ‌ فه‌رامۆشی بكه‌ین، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌وڵبده‌ین زمانی بێگانه‌ سوار زمانی كوردی نه‌بێت، وه‌ك (عه‌لائه‌ددین سه‌ججادی له‌ كتێبی مێژووی ئه‌ده‌بی كوریدا له‌ ژێر ناونیشانی -بۆچ هۆنراوه‌ به‌ شێوه‌ی هه‌ورامی وتراوه‌؟- ده‌ریده‌خات)، نه‌ك گه‌ڕان به‌ دوای بوون و پرسیاركردن له‌ بوونی تاكی كوردی! بۆیه‌ كاتێك لۆژیكی توانای دنیابینی شیعری كلاسیزمی ره‌سه‌نی كوردی و لۆژیكی ته‌واوكردنی ئایینی كوردی لێك نزیك ده‌كه‌ینه‌وه‌، ده‌بینین وه‌ك چۆن توانای دنیابینی شیعری كلاسیزمی ره‌سه‌نی كوردی جۆرێكه‌ له‌ تێگه‌یشتن و ته‌واوكردنی دیارده‌گه‌ری ئایینی، به‌ هه‌مان شێوه‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی لۆژیكی ته‌واوكردنی ئایینی كوردی جۆرێكه‌ له‌ توانای دنیابینی و واقیعی سه‌ره‌كی ده‌ق! واته‌ وه‌ك چۆن به‌ بێ‌ تێگه‌یشتنێكی دیارده‌گه‌رانه‌ له‌ دنیابینی شیعری كلاسیزمی ره‌سه‌نی كوردی ناگه‌ین، به‌ هه‌مان شێوه‌ش به‌ بێ‌ تێگه‌یشتن له‌ واقیعی ده‌ق ناگه‌ینه‌ دنیابینی ئایینی؟! لێره‌دا به‌شێكی گه‌وره‌ی هه‌ر دوو چه‌مكی (دیارده‌گه‌رایی) و (واقیع) له‌ رێگای ئاگایی ده‌سته‌جه‌معییه‌وه‌ خۆیان ئاشكرا ده‌كه‌ن، به‌مجۆره‌ توانای زمانی كوردی و توانای ئایینی كوردان یه‌ك ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌ویدیكه‌یه‌، به‌ مانایه‌كی دیكه‌ (تێگه‌یشتن) و (ده‌ق) ده‌بنه‌ ته‌واوكه‌ری یه‌كتری، بۆیه‌ توانای دنیابینی شیعری ره‌سه‌نی كوردی له‌و ساته‌وه‌ ده‌كه‌وێت، كه‌ ئایینی كوردی به‌ره‌و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ هه‌نگاو ده‌نێت! هه‌ر له‌و خاڵه‌وه‌ شیعری كلاسیزمی ره‌سه‌نی كوردی ده‌لاله‌ت له‌ توانای دنیابینی ئایینی كوردی ده‌كات، وه‌ك چۆن ئایینی كوردی ده‌لاله‌ت له‌ توانای دنیابینی شیعری كوردی ده‌كات، هه‌ر له‌و خاڵه‌شه‌وه‌ شیعری كلاسیزمی ره‌سه‌نی كوردیمان به‌ ره‌وانی زمانی كوردی و دنیابینی ده‌سته‌جه‌معییه‌وه‌ په‌یوه‌ست كرد.

به‌ كورتی ده‌مه‌وێ‌ بڵێم وه‌ك مێژوونووسان ئاشكرای ده‌كه‌ن، بنه‌ما و ناوه‌ڕۆكی ئایینی كوردان به‌رده‌وام له‌ خۆ گۆڕین و خۆ به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌دایه‌: میترایی و زه‌رده‌شتی و مانی و یه‌زیدی، دواتر (یارسانی/ ئیسلامی)، (یه‌زیدی/ ئیسلامی)! به‌ دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش زمان و شیعری كوردی له‌سه‌ر ئه‌و شێوه‌یه‌ خۆی به‌رهه‌م ده‌هێنێته‌وه‌ و ناكرێ ئه‌و دووباره‌ خۆ به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ ئاینییه‌، یان ئه‌و خۆ گونجانه‌ ئاینییه‌، ژیانێكی دیكه‌ و واقیعێكی دیكه‌ به‌ زمانی كوردی و شیعری كوردی نه‌به‌خشێت، بۆیه‌ به‌ بڕوای من ناشێ‌ به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ دكتۆر مارف خه‌زنه‌دار به‌ پێی دیالێكته‌كان مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ كردووه‌، قسه‌ له‌ مێژووی ئه‌ده‌بی كلاسیزمی كوردی بكه‌ن، چونكه‌ ناتوانین ئایینی كوردان وه‌ك سه‌ره‌تاییه‌كی به‌ڵگه‌ نه‌ویست له‌ شیعری كلاسیزمی كوردی بكه‌ینه‌وه‌، پێچه‌وانه‌كه‌شی راسته‌؟! به‌ دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش كاتێ‌ دنیابینی ئایینی كوردان له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌ویدیكه‌ی ئیسلامی و شارستانیه‌تی ئیسلامی خۆی پێناگیرێت و به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌، زمانی كوردیش ده‌كه‌وێته‌ ژێر كاریگه‌ری ئه‌ویدیكه‌ و ره‌حمه‌تی زمانی شیعری میلله‌تانی موسڵمان، له‌وێوه‌ زمانی كوردی به‌ جۆرێكی دیكه‌ و له‌گه‌ڵ ژیانێكی دیكه‌ی ره‌وانبێژی عه‌ره‌بی تێكه‌ڵ ده‌بێته‌وه‌، وه‌ك چۆن ئایینی (یارسان)، (یه‌زیدی) خه‌باتی خۆیان له‌ ژێر سێبه‌ری ئایینی ئیسلامی و شارستانی ئیسلامی به‌و هه‌موو لاوازییه‌وه‌ درێژ ده‌كه‌نه‌وه‌.

كه‌واته‌ ده‌توانین بڵێین دنیابینی پێگه‌ی یه‌كه‌م (بابا تاهیری هه‌مه‌دانی 937-1010) و پێگه‌ی دووه‌م (گۆران- هه‌ورامی) كه‌ ره‌سه‌نایه‌تی شیعری خۆیان له‌سه‌ر دنیابینی ئایینی كوردان دامه‌زراند، به‌ر له‌ هاتنی شارستانی ئیسلام و ئایینی ئیسلام به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان مردنی خۆیان راگه‌یاند، به‌ڵام دنیابینی پێگه‌ی سێیه‌م (دوای رووداوی شه‌ڕی چاڵدێران) و پێگه‌ی چواره‌م (پاش دروستكردنی سلێمانی) له‌گه‌ڵ هاتنی ئایینی ئیسلام به‌ شێوه‌یه‌كی دیكه‌ی جیاواز و ره‌وتێكی دیكه‌ی جیاواز شیعری خۆیان نوێ‌ كرده‌وه‌.

——————————–
تێبینی:
ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ به‌شێكه‌ له‌ كتێبی (بنه‌ما فیكرییه‌كانی شیعری كلاسیزمی كوردی) كه‌ بۆ چاپكردن ئاماده‌یه‌.

——————————–
سه‌رچاوه‌ و په‌راوێزه‌كان:

*(هایدگه‌ر) وشه‌ی حه‌قیقه‌تی یۆنانی به‌ وشه‌ی كه‌شفكردن یان دانه‌پۆشین و نه‌شاردنه‌وه‌ ته‌رجه‌مه‌ ده‌كات.
* ناوچه‌ی جوگرافی كوردانی گۆران وه‌ك ئه‌وه‌ی دكتۆر مارف خه‌نه‌دار ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات، ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر ئه‌و هێلانه‌: هێلی سنه‌… ناوچه‌ی پاوه‌… ناوچه‌ی كه‌ندووڵه‌… له‌سه‌ر رووباری خازر… باجه‌لانه‌كان له‌ ناوچه‌ی زه‌هاو… له‌ كوردستانی توركیا گۆرانه‌كان به‌ (زازا) ناو ده‌برێن. بۆ زێتر روونكردنه‌وه‌ بڕوانه‌: دكتۆر مارف خه‌زنه‌دار، مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی، به‌رگی دووه‌م، ل10-11.

* بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ بگه‌ڕێوه‌ بۆ په‌راوێزی ژماره‌ (4) كه‌ نووسراوه‌: (رۆنسار 1524-1585) پێیوابوو شاعیر په‌یامبه‌ری نێوان خوا و خه‌ڵكه‌.. شیعر لای رۆنسار له‌ زه‌وییه‌وه‌ بۆ ئاسمان به‌رز ده‌بۆوه‌، پێیوابوو شیعر ده‌بێ‌ سوودی هه‌بێت و راستییه‌ گه‌وره‌كان پێشكه‌ش بكات.

* لۆسیان گۆڵدمان له‌ ساڵی (1913) له‌ شاری (بوخارست) هاتۆته‌ دنیاوه‌و ته‌مه‌نی منداڵی له‌ شاری (بۆكۆزالن)ی (رۆمانیا) به‌سه‌ربردووه‌، دوای وه‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی (بكالۆریا) له‌ (بوخارست) چۆته‌ (كۆلیژی ماف) هه‌ر له‌وێشه‌وه‌ بۆ یه‌كه‌مینجار ئاشنای كاره‌كانی (ماركس) بووه‌. له‌ ساڵی (1933) له‌ بواری ئابووری سیاسییه‌وه‌ تێزی دكتۆرای ئاماده‌ كردووه‌، هه‌ر له‌ هه‌مان ساڵیش ئیجازه‌ی له‌ زمانی (ئه‌ڵمانی) وه‌رگرتووه‌. ساڵی (1940) له‌ ترسی ئه‌ڵمانیای داگیركه‌ر به‌ره‌و (فڕه‌نسا) رایكردووه‌، پاشان به‌ شێوه‌یه‌كی نافه‌رمی به‌ره‌و (سویسرا) ده‌چێت و له‌وێ‌ له‌ یه‌كێك له‌سه‌ربازگه‌ په‌ناهه‌نده‌ییه‌كان تا ساڵی (1943) ده‌مێنێته‌وه‌، ئینجا به‌ هۆی (جان پیاجێ‌)وه‌ رێگه‌ی خوێندنی بۆ خۆش ده‌كرێت له‌ زانكۆی (زوریخ) رێگه‌ی پێده‌درێ‌ خۆی بۆ تێزی دكتۆرا له‌ فه‌لسه‌فه‌ ئاماده‌ بكات و پاشان تێزی دكتۆرای له‌سه‌ر (كانت) پێشكه‌ش ده‌كات و دواتر له‌ زانكۆی (جنیڤ) وه‌ك یاریده‌ده‌ری (جان بیاجێ‌) ده‌ست به‌كار ده‌كات.

* عه‌بدولموته‌لیب عه‌بدوڵڵا، شه‌ڕی زمان، له‌ پێناو ته‌ئویلكردنی ده‌ق، ل53-54.

* هانز جۆرج گادامێر فه‌یله‌سوفی ئه‌ڵمانی له‌ 11 فێبرابه‌ری ساڵی 1900 دوای كۆچكردنی (دیكارت) به‌ 350 ساڵ له‌دایكبووه‌، له‌دایكبوونی ئه‌و رێكه‌وتی هه‌مان ساڵی كۆچی دوایی فه‌یله‌سوفی به‌ناوبانگ نیچه‌ ده‌كات… هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی دكتۆرا بووه‌، دواتر هه‌ر له‌ ساڵی 1953 وه‌ك سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری فه‌لسه‌فه‌ كاری كردووه‌، له‌ساڵی 2002 كۆچی دوایی كردووه‌. تێگه‌یشتن لای گادامێر له‌ وه‌رگرتنی نیازی نووسه‌ره‌وه‌ هه‌ڵناقووڵێت، نیازی دانه‌ر ئاسۆی تێگه‌یشتن دیاری ناكات، به‌ڵكو ئه‌و ئاسۆیه‌ راڤه‌كار پڕی ده‌كاته‌وه‌، راسته‌ راڤه‌كار شوێنی ناوه‌ندی زمانه‌وانی پڕ ناكاته‌وه‌، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ شێوه‌كانی زمانه‌وانی مامه‌ڵه‌ ده‌كات، ئه‌و فۆرمانه‌ش به‌ره‌و تێگه‌یشتنی تایبه‌تمان ده‌به‌ن، ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ش ده‌كه‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی زمانی ده‌قه‌وه‌. بۆ زێتر شاره‌زایی بڕوانه‌: عه‌بدولموته‌لیب عه‌بدوڵڵا، شه‌ڕی زمان، له‌ پێناو ته‌ئویلكردنی ده‌ق، خانه‌ی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌-سلێمانی- 2010، ل107.




فرۆید/ لاكان فانتازیای وێناكردنی دوو باوك …. عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا

“مرۆڤ ده‌بێ‌ له‌ ژیاندا بۆ مانای بوونی خۆی بگه‌ڕێت” …

ره‌نگه‌ ئه‌و ناونیشانه‌ی سه‌ره‌وه‌ له‌ رووه‌ ئاشكراكه‌یدا فرۆید و لاكان وه‌ك دوو باوكی ده‌روونشیكاری وێنه‌ بكات، به‌ڵام چاوتێبڕینی ئه‌و نوسینه‌ له‌وێدا نییه‌، له‌ دوولایه‌نی باوك به‌ واته‌ فرۆیدییه‌كه‌ و له‌ فانتازیای وێناكردنی (باوك، منی باڵا، ڤالوس) وه‌ك (دال) به‌ واته‌ لاكانییه‌كه‌ی خۆی هه‌ڵده‌گرێته‌وه‌… به‌و مانایه‌ش چه‌مكی فانتازیا وه‌ك تێكه‌ڵه‌یه‌ك له‌ ره‌گه‌زه‌كانی ئاگامه‌ندی و نائاگامه‌ندی ده‌بینین، كه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێوان دوو جه‌مسه‌ری واقیع و خه‌یاڵ! (له‌ سه‌ده‌ نۆزده‌ نائاگامه‌ندی – Unconscious – به‌ شێته‌وه‌ په‌یوه‌ست ده‌كرا، واته‌ ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ ناتوانێ‌ له‌ رێگای عه‌قڵه‌وه‌ بیر بكاته‌وه‌. فرۆید ده‌ڵێت له‌ سیستمی نائاگامه‌ندی نه‌ ره‌تكردنه‌وه‌ بوونی هه‌یه‌، نه‌ پله‌كانی یه‌قین بوونی هه‌یه‌. به‌و مانایه‌ش نائاگامه‌ندی منداڵییه‌ و هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵماندایه‌، به‌ڵام به‌ بڕوای لاكان نائاگامه‌ندی شوێنه‌وارێكی ئاڵۆز و پڕ له‌ ژاوه‌ژاو نییه‌، به‌ڵكو یه‌كێكه‌ له‌ هۆكاره‌كانی په‌یوه‌ندیمان به‌ یه‌كتره‌وه‌، به‌ پێی ئه‌و بۆچوونه‌ نائاگامه‌ندی له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئێمه‌دایه‌، نه‌ك ده‌روونمان) له‌گه‌ڵ فانتازیا فێری ئه‌وه‌ ده‌بین كه‌ چۆن ئاره‌زوو ئه‌زموون بكه‌ین، به‌ڵام ده‌بێ‌ بزانین ئاره‌زوو یان (حه‌ز) به‌ وردی بابه‌تی نییه‌، به‌ڵكو حه‌زكردن له‌ شتێكه‌، شتێك كه‌ ونبووه‌ یان (له‌ده‌ستچووه‌- منداڵ به‌ ئه‌زموونێكی تراژیدی ونكردن دۆزینه‌وه‌دا ده‌ڕوات، ئه‌و ساته‌ی كه‌ دایكی له‌ پێش چاوی ونده‌بێت و ده‌ڕوات، له‌گه‌ڵ ئه‌و ساته‌ی كه‌ ده‌رده‌كه‌وێت و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌- كورتترین چیڕۆك كه‌ بكرێ‌ بیری لێبكرێته‌وه‌: شتێك ون ده‌بێ‌ و دواتر ده‌دۆزرێته‌وه‌- چیرۆك: بریتییه‌ له‌ سه‌رچاوه‌ی دڵدانه‌وه‌… شته‌ ونبووه‌كان هۆكاری دڵه‌ڕاوكێی ئێمه‌ن و ره‌مزن بۆ هه‌ندێ‌ شتی له‌ ده‌ستچووی نائاگامه‌ندی و به‌ پێی تیۆری لاكان ئه‌و ونبووه‌ جه‌سته‌ی دایكه‌، كه‌ چیرۆكی ژیانی ئێمه‌ به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ده‌بات و ناچارمان ده‌كات به‌ شێوه‌یه‌كی مه‌جازی و بێكۆتایی به‌دوای جێنشینێك بۆ ئه‌و به‌هه‌شته‌ ونبووه‌ بگه‌ڕێین. دۆزینه‌وه‌ شتێكه‌ چێژ به‌خش. رۆیشتن ته‌نها له‌گه‌ڵ هاتندا مانای ده‌بێت….)

(1)
چه‌مكی (ئاره‌زوو-الرغبه‌) لای ده‌روونشیكاران مه‌یلی هه‌ڕه‌مه‌كییانه‌ی منداڵانه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگا قه‌ده‌غه‌ی ده‌كات، به‌مجۆره‌ش ئاره‌زوو ده‌چه‌پێنرێ‌… ئاره‌زووه‌ تێرنه‌كراوه‌كانمان یان چه‌پێنراوه‌كانمان ده‌خه‌ینه‌ ناهۆشمه‌ندییه‌وه‌ بۆیه‌ ئاگامان له‌و واقیعه‌ نییه‌، كه‌ تێیدا ده‌ژین. لاكان له‌ دووباره‌ دابه‌شكردنی فرۆیدی بۆ ده‌روونی مرۆڤ و كه‌سایه‌تی مرۆڤ ، له‌ (ره‌مزی و خه‌یاڵی و ریاڵ) ده‌دوێت، واته‌ ئه‌وه‌ی فرۆید له‌ رووی ده‌روونییه‌وه‌ به‌ (پێش ئاگامه‌ندی) یان له‌ رووی كه‌سێتییه‌وه‌ به‌ (سوپه‌ر ئیگۆ) ناوی ده‌بات، لای لاكان ره‌مزییه‌ و سیستم و یاسای ره‌مزی هه‌یه‌، به‌ ره‌مزكردن پێش خه‌یاڵی ده‌كه‌وێت، له‌ میانی ئه‌نترۆپۆلۆژیادا سیستمی رۆشنبیریی ده‌گه‌یه‌نێت… (ئاگامه‌ندی) یان (ئیگۆ)ی فرۆیدی، به‌ خه‌یاڵی ناو ده‌برێت (یه‌كه‌مجار كه‌ منداڵ خۆی له‌ ئاوێنه‌دا ده‌بینێ‌، وا خه‌یاڵ ده‌كات كه‌ ئه‌وه‌ جه‌سته‌ی باوكی نییه‌، كه‌واته‌ ئایا ده‌بێ‌ خودی خۆی بێت) شوێنی خه‌یاڵكردن و گۆڕان و گۆڕین… ده‌گرێته‌وه‌. (نائاگامه‌ندی)ی فرۆیدی یان (ئید)، لای لاكان هیچ شوێنێكی نییه‌، ته‌نها له‌ قوڵایی مانادا نه‌بێت، ده‌رناكه‌وێت، واته‌ شوێنی بێ‌ شوێنانه‌، یان هۆیه‌كه‌ بۆ بونیادی بزر، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ لاكان ناوی (ریاڵ)ی لێناوه‌ و پێش ره‌مزی ده‌كه‌وێت…

(2)
ژاك لاكان ناوی (باوك) وه‌ك تاكێكی واقیعی نابینێ‌، ناوی باوك دالێكه‌ كه‌ دووانه‌ی (دایك/ منداڵ) لێكجیا ده‌كاته‌وه‌، منداڵ ئاشنای (له‌ده‌ستدان) ده‌كات… به‌ مانا فرۆیدییه‌كه‌یشی منداڵ تووشی گرێی ئۆدیب ده‌كات (گرێی ئۆدیب- لای فرۆید په‌یوه‌ندی سیانه‌ی خێزانی –باوك و دایك و منداڵ-ه‌، واته‌ رێكوپێككردنی پاڵنه‌ره‌ سێكسییه‌كان و چاودێریكردنی منداڵ له‌لایه‌ن باوكه‌وه‌)… به‌و مانایه‌ش كاری باوك ده‌بێته‌ هۆی دروستبوونی منی باڵا، یان ڤالوسی له‌ ده‌ستچوو (ڤالوس دالێكی به‌تاڵه‌، دالی له‌ ده‌ستدانه‌)، كه‌واته‌ له‌ ده‌رئه‌نجامی به‌ ده‌روونیكردنی باوك، منی باڵا دروست ده‌بێت، به‌ بۆچوونی فرۆید ناوی باوك به‌ قه‌ده‌غه‌كردنی سێكس له‌گه‌ڵ مه‌حره‌مه‌كانه‌وه‌ ده‌لكێ‌! به‌ڵام به‌ بۆچوونی لاكان گرێی ئۆدیب هه‌ر ته‌نها له‌ سێ‌ ره‌هه‌ندی بنه‌ڕه‌تی (فرۆیدی) پێكنه‌هاتووه‌، به‌ڵكو ره‌هه‌ندی چواره‌می هه‌یه‌، ئه‌ویش ره‌هه‌ندی ره‌مزییه‌ كه‌ رێگا بۆ هه‌موو تاكێك خۆش ده‌كات، بارودۆخێكی ئاڵوگۆڕئامێز و سنوردار له‌سه‌ر ئاستی قسه‌كردن بۆ خۆی بسازێنێ‌… لای لاكان باوك سیستمی ره‌مزی و پرسه‌ی ده‌لاله‌ت “ڤالوس”ییه‌ و له‌ ژێر كاریگه‌ری میتافۆری باوك و سه‌پاندنی یاساكانی باوكدایه‌. منداڵ كه‌سێكی دوو پارچه‌یه‌ له‌ نێوان دوو ژیاندا ئاگامه‌ندی و نائاگامه‌ندی، خود و حه‌زه‌ چه‌پێنراوه‌كان.. منداڵ له‌به‌ر باوكی (له‌به‌ر سیستمی ره‌مزی) نابێته‌ خاوه‌ن، بۆیه‌ له‌ دالێكه‌وه‌ بۆ دالێكی دیكه‌ هه‌نگاو ده‌نێ‌، هه‌ر دالێك گه‌یه‌نه‌ری دالێكی دیكه‌یه‌، ئه‌و داله‌ش درێژبوونه‌وه‌ی دالێكی دیكه‌یه‌.

(3)
تیری ئیلگلتۆن ده‌پرسێ‌ ئایا به‌ خوێندنه‌وه‌ی مالارمێ‌ ده‌كرێ‌ ده‌وڵه‌تی بورژوازی له‌ناو ببرێت؟ بۆ روونكردنه‌وه‌ی ئه‌و رسته‌یه‌ گوته‌یه‌كی جۆلیا كریستیڤا ده‌هێنمه‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت: نائاگامه‌ندی شوێنی ئه‌و پاڵنه‌رانه‌یه‌ كه‌ رووبه‌ڕووی شێوه‌ (ره‌مزییه‌كانی باوكایه‌تی، یان ده‌سه‌ڵاتی باوكایه‌تی) ده‌بنه‌وه‌. به‌ڵام نابێ‌ ئه‌وه‌شمان له‌ بیر بچێت، كه‌ نائاگامه‌ندی هه‌میشه‌ وه‌ك رووبه‌رێكی بۆش، هه‌موو ره‌مزه‌كان تێیدا سه‌ربه‌خۆیی خۆیان به‌ ده‌ست ده‌هێنن، ئه‌و گوته‌یه‌ ده‌مانخاته‌ سه‌ر بۆچوونه‌كه‌ی لاكان: چۆن هۆكاره‌كانی په‌یوه‌ندیمان به‌ یه‌كتره‌وه‌، به‌ نائاگامه‌ندیه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌… له‌ بیرمان نه‌چێ‌ به‌شێكی گه‌وره‌ی ئیبداعی ئه‌ده‌بی نائاگایی ده‌ینوسێته‌وه‌.

هه‌ڵبه‌ته‌ ده‌روونشیكاری ده‌یسه‌لمێنێ‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتی باوكایه‌تی ئایدیۆلۆژیایه‌كی دژه‌ كاره‌… وه‌ك ده‌زانین روانینی دژه‌كار ئه‌وه‌ی حه‌زی لێنه‌كات نایبینێ‌ و به‌ دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش خۆی له‌ باره‌ی ئه‌و شته‌ی حه‌شاری داوه‌ فریو ده‌دات! هێز له‌ ده‌ست ئه‌ودایه‌، بۆیه‌ پێیوایه‌ ده‌توانێ‌ خۆی به‌و گومانه‌وه‌ فریو بدات، كه‌ ئه‌و شته‌ نابینێ‌! ده‌شێ‌ ئه‌و پرۆسه‌یه‌ به‌ گه‌وجێتی واقیعخواز ناو به‌رین، بێگومان ده‌سه‌ڵاتی باوكایه‌تی ئه‌و دژه‌كاره‌ی خۆی له‌ پانتایی نائاگامه‌ندی پرۆسیسه‌ ده‌كات، به‌و مانایه‌ش نائاگامه‌ندی بۆ ده‌سه‌ڵاتی باوكایه‌تی شوێنی فریودان و شاردنه‌وه‌یه‌! هه‌ر له‌ باره‌ی ئایدیۆلۆژیاوه‌ ئاڵتۆسێر ده‌ڵێت پێشتر ماركسییه‌كان ئایدیۆلۆژیایان به‌ “ئاگایی درۆیین” “په‌یوه‌ندی چینایه‌تی” ده‌زانی، به‌ڵام ئایدیۆلۆژیا هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ كێشه‌كانی ئاگاییه‌وه‌ نییه‌، دواجار به‌ بڕوای ئاڵتۆسێر ئایدیۆلۆژیا نائاگاییه‌، ئه‌و بۆچوونه‌ی ئاڵتۆسێر به‌لای لاكاندا ده‌چێ‌، به‌و مانایه‌ش ئایدیۆلۆژیا ده‌رخه‌ره‌وه‌ی په‌یوه‌ندی خه‌یاڵی سوبێكته‌كانه‌.

كه‌واته‌ چیرۆكی سیستمێكی ده‌سه‌ڵاتخواز و تۆتالیستی وابه‌سته‌ی په‌یوه‌ندی نائاگامه‌ندی و پشتگیری نائاگامه‌ندی گشتی ده‌كات… ده‌مه‌وێ‌ بڵێم ده‌سه‌ڵات شتێك له‌ عه‌وام ده‌شارێته‌وه‌، عه‌وامیش شتێك به‌ ده‌سه‌ڵاتی جێگیره‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌، ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌یشارێته‌وه‌ حه‌قیقه‌ته‌، ئه‌وه‌ی عه‌وام له‌ پێناو مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی جێگیر په‌نای ده‌دا خه‌ونی خۆشبه‌ختییه‌، ده‌سه‌ڵات به‌ بیركردنه‌وه‌ له‌ فریودان و عه‌وام به‌ بیركردنه‌وه‌ له‌ خۆشبه‌ختی ده‌گه‌نه‌ گه‌وجێتی واقیعخواز، كه‌ نه‌ ره‌تكردنه‌وه‌ی سته‌مكاری بوونی هه‌بێت، نه‌ پله‌كانی بڕوا به‌ خۆبوون بوونی هه‌بێت… ئه‌گه‌ر نا ئه‌و سیستمانه‌ زۆر به‌ خێرایی له‌ناوده‌چن.

وه‌ك گوتمان په‌یوه‌ندی ده‌سه‌ڵاتی تۆتالیستی به‌ عه‌وامه‌وه‌ له‌ رێگای وڕوژاندنی نائاگامه‌ندییه‌وه‌یه‌! به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه‌ بۆچی خه‌ڵكی به‌ ئاگامه‌ندییه‌وه‌ پشتگیری ئه‌و جۆره‌ سیستمانه‌ ده‌كه‌ن؟ لێره‌دا (دوو باوك) دوو لایه‌نی باوك، دێته‌ ناو بابه‌ته‌كه‌وه‌. باوكی یه‌كه‌م، باوكی گرێی ئۆدیب كه‌ خۆی له‌ په‌یوه‌ندی دوولایه‌نه‌ی زارۆك/ دایك هه‌ڵده‌قورتێنێ‌ و ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ لێكهه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌، ئه‌و باوكه‌ی كه‌ یاساكان ده‌گوازێته‌وه‌- دیماگۆجیه‌ت به‌ خۆشبه‌ختی ناوزه‌د ده‌كات- (یاسای قه‌ده‌غه‌كردنی سێكس له‌گه‌ڵ مه‌حره‌م) ئاره‌زووی زارۆك بۆ دایك به‌سه‌رپێچیكردن له‌ یاسا ده‌زانێت. باوكی دووه‌م، باوكێكه‌ خۆی ناخاته‌ سنوری هیچ یاسایه‌كه‌وه‌، نموونه‌ی هێزی ره‌هایه‌، باوكێكه‌ كه‌ به‌ ده‌ركردنی كوڕه‌كان و نه‌یاره‌كانی ده‌ست به‌سه‌ر هه‌موو ژنان و میراتی خێڵه‌كه‌یدا ده‌گرێت، باوكێكه‌ هیچ كات پابه‌ندی یاسا نییه‌. هه‌ردوو جۆری باوكه‌كان له‌ روانگه‌ی ده‌روونشیكاری له‌ چوارچێوه‌ی منی باڵادا كار ده‌كه‌ن.

هێز له‌ ده‌ست ئه‌ودایه‌، بێگومان فریودانیش هێزی ده‌وێ‌، كه‌واته‌ ده‌سه‌ڵاتخوازی هێزی خۆی له‌ شتێك به‌ ده‌ست ده‌هێنێ‌، كه‌ بۆ خۆیشی هه‌وڵی له‌ناوبردنی ده‌دات، ده‌سه‌ڵاتی باوكایه‌تی وه‌ك چۆن هێزی له‌ ده‌ستدایه‌، به‌ رووه‌كه‌ی دیكه‌ش هێزی له‌ ده‌ست ده‌رده‌چێ‌! ده‌سه‌ڵاتی باوكایه‌تی چه‌نده‌ ده‌سه‌ڵاتخواز بێت، مه‌ترسی هه‌ڕه‌شه‌ی دژ به‌ ئه‌و زێتر ده‌بێت، كه‌واته‌ ده‌سه‌ڵاتخوازی بریتییه‌ له‌ پێكهاته‌ی فانتازیی تایبه‌ت، كه‌ رێگا بۆ بابه‌تی دژ به‌یه‌كبوونه‌وه‌ی خۆش ده‌كات!

(4)
هاملێت تراژیدیای ئاره‌زووه‌، تراژیدیای پیاوێكه‌ كه‌ رێگای ئاره‌زووی ونكردووه‌… به‌ بۆچوونی لاكان، هاملێت توانای پرسه‌گێڕانی نییه‌، چونكه‌ دایكی له‌ ناكاو هه‌ڤژینی له‌گه‌ڵ مامیدا پێكده‌هێنێت. به‌و مانایه‌ش دایك (- objectئه‌و شته‌ی كه‌ منداڵ ئاره‌زووی ده‌كات) یان بابه‌ته‌ له‌ ده‌ستچووه‌كه‌ی به‌ بابه‌تێكی دیكه‌ گۆڕیوه‌ته‌وه‌، پێش ئه‌وه‌ی هاملێت بتوانێت ئاره‌زووی خۆی رابگرێت و سه‌رنجی كه‌سی دیكه‌ بدات.
هاملێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ ناتوانێ‌ پرسه‌ دابنێت، چونكه‌ ده‌بێته‌ هۆكاری جولاندنی ئاره‌زووی دایك. فرۆید ده‌ڵێت له‌و حاڵه‌ته‌دا پرسه‌گێڕان ده‌گۆڕێت بۆ مالینكۆلیا (melancholia) یان ره‌شبینی… فرۆید جیاوازی گرنگ له‌ نێوان پرسه‌گێڕان و ره‌شبینی داده‌نێت، پرسه‌گێڕان شتێكی هیچ و به‌تاڵه‌، به‌ڵام له‌ مالینكۆلیادا (من- Ego) ئه‌و دۆخه‌ به‌تاڵه‌ی هه‌یه‌.

(5)
به‌ هاتنه‌ناوه‌وه‌ی ناوی باوك زارۆك له‌ جیهانه‌ زارۆكییه‌ به‌رفره‌وانه‌كه‌ی فڕێده‌درێته‌ ناو جیهانی سیمبولی، گرێی ئۆدیبیش یه‌كێكه‌ له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌ دیاره‌كانی ئه‌و تێپه‌ڕینه‌ی زارۆك كه‌ له‌ ئاستی خه‌یاڵییه‌وه‌ ده‌چێته‌ ناو ئاستی سیمبولی-ل76. ئه‌و رستانه‌ی وه‌رگێڕی كوردی (غه‌ریبه‌ حوسێن) له‌ كتێبی (ژاك لاكان، نوسینی شۆن هۆمه‌ر، ده‌زگای رۆسا، له‌ 2017 چاپی كردووه‌) به‌شێك له‌ هه‌ستی متمانه‌یی به‌ خوێنه‌ر ده‌به‌خشێت و به‌ڵگه‌ی حاڵیبوون ده‌جولێنێ‌، به‌ڵام ده‌شێ‌ ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ له‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی جیا بكه‌ینه‌وه‌، یان كۆی كتێبه‌ به‌ نرخه‌كه‌ی لاكانناس (شۆن هۆمه‌ر) به‌و به‌ڵگه‌ ساكارانه‌وه‌ په‌یوه‌ست نه‌كه‌ین، چونكه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی حاڵیبوون خوێنه‌ر پێویستی به‌ خوێندنه‌وه‌ی كۆی كتێبه‌كه‌یه‌، دواجار ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ بۆ خوێنه‌ر و ئاستی خوێندنه‌وه‌ و ئاسۆی چاوه‌ڕوانی خوێنه‌ر و پانتایی كه‌مخوێنی رۆشنبیریی كوردی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، (وه‌ك هه‌ندرێن له‌ پێشه‌كی ئه‌و كتێبه‌ قسه‌ی له‌و هه‌ژارییه‌ كردووه‌) به‌ڵام ئه‌وه‌ی منی خوێنه‌ر له‌و چه‌ند دێره‌ ئاماژه‌ی بۆ ده‌كه‌م، هه‌ر ته‌نها ده‌ستخۆشیكردن له‌ وه‌رگێڕی كوردی نییه‌، به‌ڵكو له‌لایه‌كی دیكه‌ش فره‌ به‌كارهێنانی چه‌مكی (سۆبژه‌ و ئۆبژه‌- به‌كارهێنانی وشه‌ی حه‌ز له‌ بری رغبه‌ی عه‌ره‌بی كه‌ له‌ زمانی كوردی به‌ زۆری وشه‌ی ئاره‌زووی بۆ به‌كار ده‌هێنرێت، به‌كارهێنانی زاراوه‌ی –كمون- وه‌ك چۆن له‌ زمانی عه‌ره‌بییه‌وه‌ هاتووه‌، به‌كارهێنانی ده‌سته‌واژه‌ی هێدمه‌ی ده‌روونی، كه‌ له‌ كوردی زه‌بری ده‌روونی بۆ به‌كار هاتووه‌، په‌رتووك له‌ بری كتێب…هتد) هه‌موو ئه‌و زاراوه‌ و چه‌مكانه‌ ئه‌گه‌رچی به‌دحاڵیبوون ناسه‌پێنێ‌، به‌ڵام هێنانه‌وه‌ی هۆكارێكی شیاوی ده‌وێت، وه‌ك چۆن ئاگایی و چاوپێداخشانه‌وه‌یشی پێویسته‌.




تێگه‌یشتنی بازنه‌یی … عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا

له‌ كۆمه‌ڵه‌ شیعری (تاریك، به‌قه‌د دره‌وشانه‌وه‌، تاریك)ی كه‌ریم ده‌شتی- 2016 هه‌ولێر- ناوه‌ندی ئاوێر بۆ چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌

ته‌نیا ماینه‌وه‌
من و باقه‌یێ‌ خه‌یاڵ
كه‌ به‌شی پێكێكی قه‌یتانی نه‌ده‌كرد
من به‌و خه‌یاڵه‌
سه‌راپا تراژیدیای ژیانم نوسییه‌وه‌. ل3

(كه‌ریم ده‌شتی) شاعیرێكی به‌ ئه‌زموونی پڕ به‌رهه‌مه‌، به‌ یه‌كێك له‌ شاعیرانی (نه‌وه‌)ی هه‌شتاكانی شیعری كوردی ده‌ژمێردرێت، هه‌ڵگری جۆرێك له‌ تایبه‌تمه‌ندی شیعرییه‌ و پشت به‌ “بیركردنه‌وه‌” و “خه‌یاڵ ” ده‌به‌ستێت و بایه‌خ به‌ (چنینی ریتم)ی شیعری، ده‌نگ و سه‌روا ده‌دات، ئه‌وه‌ی دوایی وای كردووه‌ شیعره‌كانی له‌ روونی و ساده‌یی نزیك ببنه‌وه‌! له‌و ئه‌زموونه‌ نوێیه‌دا به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی بره‌وی به‌ (تێگه‌یشتنی بازنه‌یی) و به‌ تایبه‌تی (تێگه‌یشتنی وشه‌) داوه‌.

له‌ كتێبی (ره‌وانبێژی خه‌یاڵ) كه‌ به‌شه‌ پراكتیكه‌كه‌ی به‌ ناونیشانی وێنه‌ی “كتێب” له‌ ئه‌زموون و ئه‌زموونگه‌ری “كه‌ریم ده‌شتی”شاعیردا. قسه‌م له‌ باره‌ی میكانیزمی كاركردنی شاعیر كردووه‌ و پێموایه‌ شاعیر وه‌ك میكانیزمی كاركردن زێتر به‌لای هه‌ڵبژاردنی زمانی شیعرییدایه‌، هه‌میشه‌ هه‌وڵه‌كانی خۆی له‌وه‌دا كۆ ده‌كاته‌وه‌، كه‌ (رێگای گوتن) بۆ زمان خۆش بكات. له‌و رێگا خۆش كردنه‌شدا هه‌ندێجار شاعیر ئیشكالی گه‌یاندن و نه‌گه‌یاندنی بیرۆكه‌ی شیعریی له‌ رێگای ئه‌زموونه‌وه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كات. وه‌ك چۆن ئیشكالیه‌تی وێنه‌ و ته‌عبیركردنی شیعریی له‌ رێگای تێگه‌یشتنی ناوه‌كی زمانه‌وه‌، یان به‌ مانایه‌كی دیكه‌ له‌ رێگای ئه‌زموونگه‌رییه‌وه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كات. له‌ سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ ده‌شێ‌ بڵێم ئه‌زموونی شاعیر له‌گه‌ڵ زمان و شێوازگه‌ریی ته‌عبیركردن، له‌ سه‌ر دوالیزمی ئه‌زموون و ئه‌زموونگه‌ری – به‌رده‌وامی زمان و چركه‌ساتی ئازادی ده‌ربڕین – وه‌ستاوه‌. ئه‌و بیروڕایه‌ی من كۆی به‌رهه‌مه‌ شیعرییه‌كانی تا ساڵی (2011) ده‌گرێته‌وه‌.

له‌ خوێندنه‌وه‌ی كتێبی ناوبراودا پێموایه‌ شاعیر له‌ (پرۆسه‌ی نوسینی شیعری) زۆر جاران (بابه‌تێك) یان (فیكره‌یه‌ك) به‌ره‌و نوسینی ده‌بات؟! فیكر و مانا له‌ دروستكردنی وێنه‌دا به‌شداری تایبه‌تی خۆیان هه‌یه‌، به‌ڵام دیاره‌ لێره‌ مه‌به‌ست له‌ فیكر و مانا وه‌ك ره‌گه‌زێكی شیعری بینراوه‌، نه‌ك وه‌ك لۆژیك و تێگه‌یشتن!! به‌ڵام له‌و ئه‌زموونه‌ نوێیه‌دا من وه‌ك خوێنه‌رێكی كۆی به‌رهه‌مه‌كانی شاعیر هه‌ندێك گۆڕانكاری ده‌بینم، یان هه‌ندێ‌ ئه‌زموونكاری ده‌خوێنمه‌وه‌، ئه‌وه‌ی زۆر به‌رجه‌سته‌شه‌ گۆڕانكارییه‌ له‌ شێوازیی ته‌عبیركردن و هێنانه‌ ناوه‌وه‌ی تێگه‌یشتنی بازنه‌ییه‌ له‌ خولانه‌وه‌ی وشه‌دا.

له‌ كۆمه‌ڵه‌ شیعری (تاریك، به‌قه‌د دره‌وشانه‌وه‌ تاریك – 2016) شاعیر وه‌ك ئه‌زموونگه‌رایه‌ك له‌ رووی مه‌عریفه‌ی شیعریی و ته‌عبیركردن، كاری له‌ سه‌ر (تێگه‌یشتنی بازنه‌یی) كردووه‌… به‌و مانایه‌ش ده‌شێ‌ خوێنه‌ران جیاوازییه‌كانی ئه‌و ئه‌زموونه‌ شیعرییه‌، نه‌ك هه‌ر ته‌نها له‌ رێگا گۆڕانكاری له‌ شێوازیی ته‌عبیركردن، به‌ڵكو له‌ رێگای به‌رجه‌سته‌كردنی تێگه‌یشتنی بازنه‌یشه‌وه‌ زێتر هه‌ست پێبكه‌ن!

شاعیر له‌ هه‌موو ئه‌زموونه‌كانی خۆیدا له‌ (رێگا خۆشكردن بۆ زمان) دوور نه‌كه‌وتۆته‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌ بڕوای من په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆی به‌ سه‌رچاوه‌ی مه‌عریفی شیعریی –یه‌كه‌مه‌وه‌- هه‌یه‌، واته‌ باوكی وه‌ك شاعیرێكی كلاسیزمی كوردی له‌ پرۆسه‌ی نوسیندا وه‌ك بنه‌مایه‌كی سه‌ره‌كی زمانی شیعریی فه‌رامۆش نه‌كردووه‌!

لێره‌ قسه‌كردنم له‌ سه‌ر ته‌عبیركردنی شیعریی ده‌كه‌وێته‌ نێوان سنوری (ده‌ق -ته‌عبیركردن) و سنوری (وه‌رگر -ته‌ئویل) كردن! ده‌مه‌وێ‌ بڵێم چه‌مكی ته‌عبیركردن، خۆی له‌ به‌رفره‌وانكردنی سنوره‌كانی توانا و ئه‌زموون و ناخی شاعیردا ده‌بینێته‌وه‌، وه‌ك چۆن نابێ‌ سنوره‌كانی توانا و ئه‌زموون و ناخی وه‌رگریش فه‌رامۆش بكه‌ین! بێگومان نابێ‌ له‌ بیرمان بچێ‌، به‌شێكی زۆری ئه‌و ئه‌زموونگه‌رییه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر ئازادی بیركردنه‌وه‌ و ئاسته‌كانی خوێندنه‌وه‌ی خوێنه‌ره‌وه‌؟!

به‌ دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش هه‌میشه‌ شێوازی ته‌عبیركردن به‌ شێوه‌ جۆراوجۆره‌كانی زمانی ئه‌ده‌بییه‌وه‌ به‌نده‌! زمانی ئه‌ده‌بی دووره‌ له‌ راسته‌وخۆیی، هه‌ڵگری روویه‌كه‌ له‌ رووه‌كانی حه‌قیقه‌ت، زمانی ئه‌ده‌بی له‌ سه‌ر لادان و خوازه‌ و ره‌مز به‌ره‌و كه‌شفكردن هه‌نگاو ده‌نێت… هه‌ڵبه‌ته‌ له‌ به‌رانبه‌ر شێوازی زمانی ته‌عبیركردن، شێوازی زمانی ئه‌بستراك هه‌یه‌… شێوازی زمانی ئه‌بستراك هه‌موو هێزی خۆی له‌ لادان و ئاماژه‌ و ره‌مز خه‌رج ده‌كات، هه‌میشه‌ بۆ پركردنه‌وه‌ی بۆشاییه‌كانی پشت به‌ خوێنه‌ران ده‌به‌ستی… ئه‌وه‌ش یه‌كێكه‌ له‌ خاڵه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی جیاوازی نێوان زمانی ته‌عبیری و زمانی ئه‌بستراك.

به‌ڵام دواجار زمانی ئه‌ده‌بی به‌ هه‌موو ئاسته‌ جیاوازه‌كانییه‌وه‌ پشت به‌ ئازادی بیركردنه‌وه‌ و ئاسته‌كانی خوێندنه‌وه‌ ده‌به‌ستێ‌… هه‌موو ئه‌و قسانه‌م بۆ ئه‌وه‌یه‌ بڵێم بزاڤی زمانی ته‌عبیركردنی كه‌ریم ده‌شتی له‌ كۆی ئه‌زموونه‌كانی پێشووی تا ساڵی 2011 له‌ زمانی ته‌عبیركردنی (زینده‌گی)یه‌وه‌ به‌ده‌ر نییه‌، یان به‌ شێوازی زمانی ته‌عبیركردن له‌ رێگای زینده‌گییه‌وه‌ به‌نده‌… به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی شێوازی زمانی ته‌عبیركردن له‌ رێگای زینده‌گییه‌وه‌، پشت به‌ ریتمی ناوه‌كی ژیان ده‌به‌ستێ‌ و هه‌ندێجار كار له‌ تێكشكانی گرامه‌ر و ره‌نگاوڕه‌نگی ده‌كات، بێ‌ ئه‌وه‌ی په‌رتوبڵاو بێت… (جه‌لال به‌رزنجی، دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی، به‌رۆژ ئاكره‌یی، هیوا قادر…) له‌گه‌ڵ جیاوازییه‌كانیان نموونه‌ی دیاری ئه‌و شێوازه‌ن…

به‌ بڕوای من شێوازی زمانی ته‌عبیركردن له‌ رێگای زینده‌گییه‌وه‌، بۆ كه‌ریم ده‌شتی تا (ساڵی 2011) درێژ ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام دواتر شێوازی زمانی ته‌عبیركردنی شاعیر خۆی له‌ ته‌عبیركردن له‌ رێگای دنیابینییه‌وه‌ ده‌دۆزێته‌وه‌، له‌ (تاریك، به‌قه‌د دره‌وشانه‌وه‌ تاریك – 2016) ئه‌و شێوازه‌ به‌ ترۆپك ده‌گات، له‌ كۆمه‌ڵه‌ شیعری (تاریك، به‌قه‌د دره‌وشانه‌وه‌، تاریك) دنیایه‌كی دیكه‌ی نوێ‌ له‌ په‌یوه‌ندی نێوان وشه‌كان و شته‌كان دروست ده‌كات.

به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی شێوازی ته‌عبیركردن له‌ رێگای دنیابینی، شێوه‌یه‌كه‌ له‌ شێوه‌كانی زمانی ته‌عبیركردنی شیعریی، كه‌ ئه‌زموونی هه‌ستی كه‌متر تێدا ده‌رده‌كه‌وێت، زۆرتر پشت به‌ درێژكردنه‌وه‌ی تێگه‌یشتنه‌كان و خولانه‌وه‌ ده‌به‌ستێ‌، كار له‌ ریتمی ده‌ره‌كی ده‌كات، كه‌مترین ده‌نگی دژكاری تێدایه‌، چڕه‌، هه‌ندێجار له‌گه‌ڵ پله‌كانی گرامه‌ر دژ ده‌كه‌وێته‌وه‌. ئه‌وه‌ش گۆشه‌نیگای شاعیرانه‌ بۆ خوێنه‌ر ده‌نه‌خشێنێ‌!

گۆشه‌ نیگای شاعیرانه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی راسته‌وخۆی به‌ دیتن یان دنیابینی و خه‌ونبینییه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌وه‌ ده‌شێ‌ تێگه‌یشتنی من بێت، بۆ روانینی شاعیرانه‌ و دیتنی دنیا و شته‌كان به‌ چاوێكی نوێوه‌… (شێركۆ بێكه‌س، ره‌فیق سابیر، هاشم سه‌راج، دلشاد عه‌بدوڵڵا، ئه‌حمه‌دی مه‌لا، جه‌مال غه‌مبار…) به‌ جیاوازییه‌كانیانه‌وه‌ له‌ باره‌ی زمان و تێڕوانین و هه‌ستی شیعرییه‌وه‌… نموونه‌ی دیاری ئه‌و شێوازه‌ن: بۆ نموونه‌ زمان و تێڕوانینی هاشم سه‌راج په‌یوه‌سته‌ به‌ هه‌بوونی شیعریی له‌ هاوكێشه‌ی (بوون — نیگه‌رانی — مردن) و له‌گه‌ڵ تێڕوانینی (تاریك، به‌قه‌د دره‌وشانه‌وه‌، تاریك) وه‌ك له‌ خواره‌وه‌ ئاماژه‌ی بۆ ده‌كه‌م، جیاواز ده‌كه‌وێته‌وه‌… دلشاد عه‌بدوڵڵا، هه‌وڵده‌دات له‌ رێگای هاوكێشه‌ی بابه‌تییه‌وه‌ شیعرییانه‌ به‌سه‌ر گێڕانه‌وه‌كاندا بچێته‌وه‌. ده‌یه‌وێت هاوكێشه‌ی بابه‌تی له‌ نێوان شیعر و گێڕانه‌وه‌ دروست بكات! ئه‌و شێوه‌یه‌ له‌ تێڕوانین هه‌مان زمانی گێڕانه‌وه‌ی شیعریی و ره‌گه‌زی زاڵی گێڕانه‌وه‌ی جه‌مال غه‌مبار نییه‌، ئه‌حمه‌دی مه‌لا هه‌ندێجار له‌گه‌ڵ پله‌كانی گرامه‌ر دژه‌ و زێتر له‌گه‌ڵ گۆشه‌نیگای شاعیرانه‌ دێته‌وه‌… (بۆ ئه‌وه‌ی له‌ بابه‌تی نوسینه‌كه‌ دوور نه‌كه‌ومه‌ ئه‌و پۆلینكردنه‌ی زمانی ته‌عبیركردن و جیاوازییه‌كانی بۆ كاتێكی دیكه‌ هه‌ڵده‌گرم)
له‌ سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ ده‌توانم بڵێم تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی شێوازی زمانی ته‌عبیركردنی شیعری (تاریك، به‌قه‌د دره‌وشانه‌وه‌، تاریك) خۆی له‌ بزاڤی جوانی و توانای شێوه‌گرتن و گه‌شه‌كردنی تێگه‌یشتنی بازنه‌ییدا ده‌بینێته‌وه‌، شاعیر به‌ ئاگاییه‌وه‌ له‌ رێگای هاوگونجانێكی هونه‌ری به‌رزه‌وه‌ تێڕوانین و دنیابینی خۆی ده‌خاته‌ روو. ده‌شێ‌ خوێندنه‌وه‌م بۆ تێگه‌یشتنی بازنه‌یی، له‌و ئه‌زموونه‌ نوێیه‌ی شاعیردا له‌وێوه‌ خۆی هه‌ڵبگرێته‌وه‌، كه‌ (تێگه‌یشتنی بازنه‌یی) به‌لای منه‌وه‌، ناونانی میكانیزمی كاركردنێكه‌ بۆ چه‌سپاندنی تێگه‌یشتن له‌ سه‌ر خودی تێگه‌یشتن! پێموایه‌ ده‌شێ‌ دوو بنه‌مای بنه‌ڕه‌تی بۆ ئه‌و میكانیزمه‌ ده‌ستنیشان بكه‌م: یه‌كه‌م، بنه‌مای فیكره‌ی دابڕان: فیكره‌ی دابڕان له‌ مانایه‌كه‌وه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ مانایه‌كی دیكه‌، یان له‌ تێگه‌یشتنێكه‌وه‌ بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی یه‌كێكی دیكه‌… دیاره‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئه‌و بنه‌مایه‌ به‌ بڕوای من له‌ سه‌رسامبوونی خوێنه‌ردایه‌، چونكه‌ خودی فیكره‌ی دابڕان له‌ شیعردا وا له‌ خوێنه‌ر ده‌كات، جارێكی دیكه‌ بۆ خوێندنه‌وه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌، تاكو بتوانێ‌ باشتر له‌ هه‌ردوو ئاڕاسته‌كه‌ بگات و چێژی زێتر به‌ ده‌ست بهێنێ‌. بڕوانه‌ هه‌بوونی شیعریی له‌ هاوكێشه‌ی (بوون — دابڕان— هه‌تاهه‌تایی)
باش وه‌كو دڵم تاقه‌ خۆشه‌ویستێكی هه‌بوو
هه‌تا ماوه‌ بۆی ئه‌گه‌ڕێ‌
ته‌نیا من و تۆ ماینه‌وه‌ ئه‌ی با. ل30

بنه‌مای دووه‌م، فیكره‌ی دووباره‌بوونه‌وه‌، یان خولانه‌وه‌ی وشه‌: واته‌ شاعیر هه‌وڵده‌دات هه‌مان ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ دووباره‌ بكاته‌وه‌ كه‌ هه‌موو حه‌زی لێده‌كه‌ین، ئه‌ویش له‌ پێناو جێگیركردن! راسته‌ دروستكردنی حاڵه‌تێكی ده‌روونی له‌ پشته‌وه‌یه‌… بۆیه‌ مه‌رج نییه‌ بتوانێ‌ هه‌مووان رازی بكات، به‌ڵام هێزی ده‌ربڕینی شاعیر پۆشاكێكی دیكه‌ی نوێی پێده‌به‌خشێ‌، كه‌ له‌به‌ر دڵان بێت. بڕوانه‌ هه‌بوونی شیعریی له‌ هاوكێشه‌ی (بوون— دووباره‌بوونه‌وه‌—هه‌تا هه‌تایی)

زۆرم بیر كرده‌وه‌ شیعر شه‌ڕه‌ له‌گه‌ڵ زمان
زمان شه‌ڕه‌ له‌گه‌ڵ زمان
زمان شه‌ڕه‌ له‌گه‌ڵ بازنه‌
زۆرم بیر كرده‌وه‌ بازنه‌ ئه‌به‌دییه‌ و كۆتایی نایه‌ت. ل62

هه‌میشه‌ كه‌ریم ده‌شتی له‌ ئه‌زموونه‌كانی خۆیدا بۆ ئه‌و هێزه‌ی زمانی ته‌عبیركردن، په‌نای زۆری بۆ موزیكای وشه‌ و هاوگونجان ((چنینی ریتم)) و دواتریش به‌رجه‌سته‌كردنی چییه‌تی زمان بردووه‌، به‌ڵام له‌و ئه‌زموونه‌ نوێیه‌ پێگه‌ییوه‌دا به‌رجه‌سته‌كردنی تێگه‌یشتنی زمان، پێش ماهیه‌تی زمان ده‌كه‌وێت؟! ده‌شێ‌ بۆ (چییه‌تی زمان) به‌ دوای ده‌نگ و مانادا بگه‌ڕێین، به‌ڵام ده‌بێ‌ بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی (تێگه‌یشتنی بازنه‌یی) په‌نا بۆ ئاشكراكردن و به‌ دواداگه‌ڕانی تێگه‌یشتنی تایبه‌تی وشه‌ و خولانه‌وه‌ی وشه‌ به‌رین…

هه‌وڵێكی زۆرم دا به‌ چه‌ند وشه‌یێ‌ خۆم بكوژم
كه‌چی وشه‌یه‌كی زۆرم كوشت و هه‌ر نه‌كوژرام
زۆر هه‌وڵم دا دوژمنێ‌ بۆ خۆم دروست كه‌م
به‌ڵام له‌ خۆم زێتر كه‌سم نه‌دۆزییه‌وه‌. ل102

شاعیر چۆن له‌ ناو و ناونانه‌وه‌ گه‌یشتووه‌ و چۆن ئه‌و ناو و ناونانه‌ به‌ هه‌بوونی شیعرییه‌وه‌ ده‌لكێنێ‌؟! به‌ مانایه‌كی دیكه‌ (ده‌رخستن) و (ئاشكراكردن) و (نواندن)ی تێگه‌یشتن، له‌و ئه‌زموونه‌ نوێیه‌ی شاعیردا ده‌رخستن و ئاشكراكردن و نواندنی تێڕوانینه‌ بۆ (بوون) له‌ شیعردا، به‌ دیوه‌كه‌ی دیكه‌ له‌ كۆمه‌ڵه‌ شیعری (تاریك، به‌قه‌د دره‌وشانه‌وه‌ تاریك – 2016) تێگه‌یشتنی شاعیر یان (هه‌بوونی شیعریی) لای ئه‌و مه‌عریفه‌ی شیعریی شاعیر ده‌خاته‌وه‌، به‌ڵام مه‌عریفه‌یه‌كی جیاواز له‌وه‌ی له‌ سه‌رچاوه‌كانی یه‌كه‌مه‌وه‌ پێیگه‌یشتبوو! هه‌میشه‌ مه‌عریفه‌ی شیعریش دنیابینی شیعری ره‌نگ ده‌كات… كه‌واته‌ شاعیر ئه‌و كاته‌ ناو له‌ شته‌كان ده‌نێت، كه‌ تێگه‌یشتنی تایبه‌تی خۆی ده‌نوێنێ‌، به‌ مانایه‌كی دیكه‌ ته‌نها ئه‌و وشانه‌ ده‌توانن تێگه‌یشتنی شاعیر به‌رجه‌سته‌ بكه‌ن، كه‌ ده‌توانن ئه‌وه‌ بڵێن كه‌ شاعیر به‌ پێی دنیابینی خۆی ده‌یه‌وێت، هه‌ر ئه‌وه‌ش تایبه‌تمه‌ندی هه‌بوونی شیعری لای كه‌ریم ده‌شتی ئاشكرا ده‌كات.

به‌ كورتی شاعیر وێنه‌ی تێگه‌یشتنی خۆی یان (تێگه‌یشتنی بازنه‌یی) له‌ چوارچێوه‌ی شیعردا به‌ خولانه‌وه‌ی وشه‌ و خولانه‌وه‌ی فیكر له‌ لایه‌ك و فیكره‌ی دابڕان له‌ لایه‌كی دیكه‌ سپاردووه‌.

1/5/2017 هه‌ولێر




پرسیارەکانى بەشدار سامى وەرامەکانى عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا


-بۆچى دەنووسى؟

بۆچى دەنووسى پرسیارێکى کۆنە بەردەوام دووبارە دەکرێتەوە، هێزى ئەو پرسیارە خۆى لە کەشفکردندا مەڵاس نەداوە، لە دووبارەبوونەوەدا وزەکانى خۆى نوێ دەکاتەوە… ئەوە تەواو پێچەوانەى زەمەنى لەدەستچووى ژیانى مرۆڤە، مرۆڤ ناتوانێ لە رێگاى دووبارە گەڕانەوە بۆ قۆناغى بۆ نموونە منداڵى هەمان چێژ و خۆشى قۆناغى منداڵى بە دەست بهێنێتەوە، یان لە دووبارەکردنەوە بگاتەوە هەمان چێژى لەدەستچوو، زەمەنى لەدەستچوو، چێژى لەدەستچووە…

بۆچى دەنووسى هەندێ لە وەرامى ئەو پرسیارە، نوسین بە ژیان دەچوێنن: دەنوسم بۆ ئەوەى بژیم، بۆ ئەوەى بگێڕمەوە، بۆ ئەوەى لەخۆم بگەم، بۆ ئەوەى بڕواى خۆم رابگەیەنم… بەو مانایەش پرسیارەکە نزیکە لەوەى بۆ دەژى، بۆچى هەناسە دەدەى! هەندێ بە سەرچاوە نادیارەکان و هەستەکانى ناوەوەى دەبەستنەوە: نوسین تەعبیر لە هەڵچوونەکان و کپکراوەکان و وسبەلێکراوەکانى ناوەوە دەکات، نوسین بڕوابوونە بە زمانى دەربڕین، بڕوابوونە بە جوانى، هەندێ دەڵێن نوسین سەلوایە، هەندێکى دیکە دەڵێن وەک عەشق شەیدابوونە، هەندێ بوونى خۆیان وەک رووداو لە نوسیندا هەڵدەگرنەوە…

دریدا دەڵێ نوسین ژەهر و تریاکە، بەو مانایەى کە نوسین نمایانکردنى جیاوازییەکانى ناخى مرۆڤە، نواندنى خۆشەویستییە بۆ ئەویدیکەى جیاواز… نوسین بونیادنانى پەیوەندییە لەگەڵ ئەویدیکەى بەرانبەر! نوسین ئیلتیزامى مرۆڤى هوشیارە بەرانبەر زمان و پەیوەندى و خۆشەویستى… دەمەوێ بڵێم هەمیشە دەبێ زمان لە نوێوە دابهێنینەوە، ئەو رستەیە بە رستە شیعرییەکەى رامبۆى شاعیرەوە دەبەستمەوە کە دەڵێ”دەبێ خۆشەویستى لە نوێوە دابهێنینەوە” مرۆڤ و مرۆڤبوون واتە پەیوەندیگرتن لەگەڵ ئەویدیکەى جیاواز، نوسین لە پەیوەندیگرتن بەدەر نییە، دواجار دەڵێم نوسین جۆرێکە لە منایەتى جوانى و چێژ.. نوسین بۆ من کەوتنە نێو دنیاى مەجاز نییە، نوسین دووبارە داهێنانەوەى ژیانێکى جوانترە، داهێنانەوەى پەیوەندییەکى مرۆڤانەترە، داهێنانەوەى خۆشەویستییە لە نوێوە، جوانى رێگایەکى گرنگى ئازادییە، من ئازادى خۆم لە نوسیندا دەبینمەوە، دەمەوێ لە رێگاى نوسینەوە جوانتر لە دنیا بڕوانم، من شەیداى دنیایەکى جوانترم، شەیداى چێژى ژیانم، بۆیە دەنوسم…

– ئەگەر نەنووسى هیچ کێشەیەک لە تۆدا روودەدات؟

کێشەى نوسین، کێشەى زمان و مەعریفەیە، من بنوسم یان نا، دنیا لە ئاو خواردنەوە ناکەوێ. باران دەبارێ، مرۆڤ خەون دەبینێ، رۆژ جارێکى دیکە دەردەکەوێتەوە… من بنوسم یان نا، وشەیەک نییە بڵى موتەلیب نامبینى چۆن بۆت دەسوتێم؟ کێشەى نوسین هەرگیز لەو شوێنەوە دەست پێناکات کە نوسەرێک واز لە تەختى نوسین دێنێ، بەڵکو کێشەى نوسین تایبەتمەندى خۆى هەیە، مەرجى تایبەتى خۆى هەیە، کێشەى نوسین لە نوسیندایە. کێشەى زەروورەتى نوسین بۆ نوسەر کەوتنە نێو دنیاى مەجازە… دووبارە دەڵێم نوسین بۆ من منایەتى جوانى و چێژە، نەک مەجاز و دەسەڵات! لە نێوان مەعریفە و زماندا کێشە نییە، بەڵکو جیاوازى هەیە، کێشە لە کورسى دەسەڵاتدایە… نوسینى ئەدەبى بە خەتى گەورە وەرامى هیچ کێشەیەک ناداتەوە، زمان نەبێ، چونکە زمان سەرەتا و کۆتایى کێشەیە، بەڵام کێشەیەک نییە بە یەکجار دیارى بکرێت! کێشەى گەورەى نوسینى ئەدەبیش ئەوەیە کە خۆى بە ئاسان بە دەستەوە نادات، کێشەى گەورەى نوسینى ئەدەبى لە فرە رەهەندیدایە، لە فرە مانایى دایە، لە ئاستە بەرزەکانى جوانى دایە… بە دیوەکەى دیکە نوسینى ئەدەبى هەمیشە لە نوسەر دەوڵەمەندترە… نوسەر بەپێى دوور و نزیکى لە مەعریفە بایەخ بە نوسین دەدا. نوسین بە پێى دوور و نزیکى لە زمان و مەعریفە پەیوەندییەکانى دادەمەزرێنێ…

-زەروورەتى نوسین بۆ تۆ چییە؟

ئەزموونى نوسین لە جەوهەردا تەجاوزکردنى کۆتوبەندى کۆمەڵگایە، هەوڵێکە بۆ تەجاوزکردنى سنورە باوەکانى مەعریفە، هەوڵێکە بۆ تەجاوزکردنى سنوورە باو و ئاساییەکانى زمان، ئەو سنوورانەى کە بە رواڵەتە ئاسایى و باوەکانى گرامەر و هەبوو رازییە، ئایا زمان و مەعریفە لە داوا باوەکان و یاساکانى گرامەر کورت دەکرێتەوە؟ نوسین ئەمەکدارى نییە بۆ سنورە باوەکانى مەعریفەى کۆمەڵگا و یاسا و رێساکانى گرامەر و وەستان لە سنوورى مانا لە کار کەوتووەکاندا، بەڵکو هەمیشە نوسەر ئاواتى تەجاوزکردنى سنورەکانە، سنوورەکانى زمان، دابونەریت، مەعریفە، تاکو لەو رێگایەوە هەمیشە بە سنوورى هەستەکانى ئەویدیکەى جیاواز و مەعریفەى جیاواز بگات، بێگومان ئەوەش بۆ خۆى لە هەردوو ئاستى (تێگەیشتن) و (راڤەکردن) خۆى دەنوێنێ، لە ئەزموونى نوسیندا ئەزموونى زمان و مەعریفەیەکى دیکەى جیاواز دێتە ئاراوە.

بۆ من نوسین نزیکە لە پێکەنین، بەو مانایەى کە پرۆسیسەکردنى کرانەوە ء ئازادییە، دەشێ نوسین پێکەنینى ناوەوەى مرۆڤ بێت بە رووى دەرەوەدا، مرۆڤ دەتوانێ لە رێگاى پێکەنینەوە تەعبیر لە ئازادى ء کرانەوە بکات. نوسین پێکەنینینە بەو مانایەى کە بکرێ رەسەنایەتى و یاسا باوەکان و مانا لەکارکەتووەکان لە ئاوڕدانەوەى خۆیان بخات ء لە پیرۆزى رووتیان بکاتەوە، کاتێک کە دەڵێین نوسین پێکەنینینە بەو مانایەیە کە ئەویدیکەى جیاوازء کپکراو ء وسبەلێکراو لە ترس ئازاد دەکات، کاتێک ئەویدیکە لە ترس ئازاد دەبآ، ئیتر پێویستى بە هیچ پیرۆزى ء خواوەندێک نامێنآ، بەو مانایە نوسین پرۆسیسەکردنى کرانەوە و ئازادییە.

هیچ دەق ء گوتارآ لە دنیادا نییە، نێودژى ء جیاوازى لە خۆدا هەڵنەگرتبآ، بەرجەستەکردنى ئەو نێودژى ء جیاوازییانەیە، خودى ئەو نێودژى ء جیاوازییانە لە رێگاى تێگەیشتن و خوێندنەوە ء راڤەکردنەوە دەردەکەوآ، نوسین دامەزراندنى بونیادێکى نوێیە بۆ نێودژییەکانى مەعریفە و ژیان… زمان لە هەردوو ئاستى دال ء مەدلولدا لە تۆڕێکى پڕ جیاوازى خۆى دەدۆزێتەوە، جارێکى دیکە نوسەر دەکەوێتە ئەو تۆڕەوە. نەک هەر لە زمان بەڵکو لە ناخى هەموو شتێکى بەرواڵەت سەربەخۆء ئامادەدا ئەو جیاوازییە وجودى هەیە!

دریدا نوسین بە کردارێک دادەنى کە دژى دەربڕن دەکەوێتەوە، نائامادەیى دەنگ دەنوێنآ، ئەو جیاوازییەى کە دریدا تەئکیدى لێدەکاتەوە بریتییە لە جیاوازى نێوان ئامادە ء نائامادە… بەڵام جارێکى دیکە وەزیفەى وشەى دەربڕاو بە ئاماژەى زمانەوانییەوە دەلکێنآ، وشەى دەربڕاو لە ناوکۆیى جۆراوجۆردا خۆى دووبارە دەکاتەوە، بەو مانایەش وشەى دەربڕاو دەکەوێتە دەرەوەى قسەکەرەوە، دریدا پێیوایە ماناى زمانەوانى بە هۆى یارییە جیاوازییەکانى نێوان وشەکانەوە نەخشەى بۆ دەکێشرآ، ئەو یارییانەش سنورێکى دیاریکراو ء کۆتایداریان نییە، بەو مانایەش جیاوازى یارییەکان بە هۆى فیکرى ئەسڵى ء نیازى پێشوو، یان نیازێک لە دەرەوەى زمان دیاری ناکرآ، بەڵکو لە ناوەوەء بە هۆى نێودژى ء جیاوازییەکانەوە بەرجەستە دەکرآ.

کەواتە نوسین نە دەرچوونە لە سیستەمى باوکایەتى (ئەفلاتوون)ء نە دەرچوونە لە سیستەمى دایکایەتى(رۆسۆ) … نوسین گەمەى دالەکانە، تەعبیرکردنە لە گەمەى دالەکان لە ئاسۆیەکى ئازادء کراوەدا… هەرگیز نوسین بۆ وێنەى جەستە ناگەڕێتەوە ، بەڵکو بۆخۆى جەستەیە ء چێژ لە خۆپیتێنى خۆى وەردەگرێت، لە ناوکۆیى خۆى، خۆى بەرهەم دەهێنآ، هێزى خۆى بەرهەم دەهێنێتەوە، نوسین گەمەیە، لە رێگاى ئەو گەمەیەوە جیاوازییەکان دەردەکەون، ئەوەش لەلایەک خۆشەویستى دەگەیەنێت بەو مانایەى کە ئارەزووى ئەویدیکە دەکات، لەلایەکى دیکەش دووبارەکردنەوە، یان رێگادانە بە نێودژییەکان تاکو خۆیان لە پەیوەندییەکى دیکە دووبارە بکەنەوە. بۆ من نوسین ئارەزووکردنى جوانى و چێژە، نەک دەسەڵات.

نوسین بۆ من مەجاز و دەسەڵات ، رەنگکردنى جیاوازییە، ئیمان نییە… جگە لەوەش نوسین سەرمایەیەکى مەعنەوییە، ئەو سەرمایەیەش لە نێو کۆمەڵگایەکى هوشیاردا بەرجەستە دەبێت، کۆمەڵگایەک کە بشێ رێز لە مرۆڤ بگرێ، رێز لە ئاستەکانى هوشیارى و داهێنان بگرێ، کۆمەڵگایەک کە هێزى داهێنان ناس بکات، ئێمە دیلى کۆمەڵگاین، لە تەواوى رۆژهەڵاتدا مرۆڤى ئازاد بوونى نییە، چونکە کۆمەڵگاى ئازاد بوونى نییە، قسەکردن لە تاک و تاکگەرایى، لە ئازادى تاک لە نێو کۆمەڵگاى رەگەز پەرستى و کۆمەڵگاى خێڵەکى و تیرەپەرست و هۆزخواز… بێ مانا دەکەوێتەوە، قسەکردن لە مرۆڤى ئازاد لە کۆمەڵگاى خێڵەکى قسەکردنێکى بێ مانایە، کۆمەڵگاى خێڵەکى تاکى یاخى لێدەکەوێتەوە، نەک ئازاد… لەبەر ئەوەى نوسینى ئەدەبى پێویستى بە ئازادى و فەردانییەتەوەیە، لەبەر ئەوەى نوسین لەنێو کۆمەڵگاى هوشیار و پێشکەوتوو نەبێ هیچ رێزێکى بۆ دانانرێ، کەواتە زەروورەتى نوسین لە چیدایە؟ زەروورەتى نوسین لە نێو کۆمەڵگاى دواکەوتوو هەندێجار گاڵتەجاڕانە و هەندێجار مەرگەساتئامێزە…

-هیچ کاتێک تەنها بۆ ئەوە نووسیوتە کە ناوت وەک نووسەرێک بمێنێ؟

من هەر لە پۆلى دووەمى سەرەتایى قوتابخانەى باباتاهیرى هەمەدانییەوە بەهرەى وێنەکێشانم تێدا دەرکەوت، زۆربەى منداڵانى دەرو دراوسێ کاتێ لە قوتابخانە مامۆستاى رەسم داواى رەسمکردنى لێدەکردن، داهاتنە لاى من و من وێنەکانم بۆ دەکێشان… لە وێنەکێشاندا دەستم رەنگین بوو، بەو منداڵییەى خۆم وێنەم بۆ ئەو کچانەش دەکێشا کە لەسەر بەرگى بالیف گوڵدۆزییان دەکرد… کە چوومە پۆلى سێیەمى سەرەتایى لە رێگاى مامۆستاى وێنەکێشانەوە هەموو هەفتەیەک وێنەکم بۆ هەڵواسراوەى قوتابخانە دەکێشا و لە نێو قوتابخانە هەڵیاندەواسى و لە نمایشى ساڵانەى پێشانگاى قوتابخانەکاندا بەشداریم هەبوو… دواى ئەوە خەتخۆشیش بووە بەهرەیەکى دیکەى من و لە پۆلى چوارەمەوە هەموو مامۆستایەکان منیان بۆ نوسینى سەر تەختەرەش هەڵدەبژارد و بەشێک لە کارەکانى نوسینى تەختەرەشیان بە من دەسپارد، لە پۆلى پێنجەمەوە کەڵکەڵەى خوێندنەوە کەوتە سەرم و لەلایان باوکمەوە ئەو کەڵکەڵەیەم پەرەى پێدرا و یەکەم کتێب کە باوکم بۆى کڕیم حیکایەتى دز و قازى بوو و ئێواران بۆ ماڵەوەم دەخوێندەوە، دواتر رۆستەمى زاڵ و … کە قوتابخانەى سەرەتاییم تەواو کرد، لە قوتابخانەى زانیارى هەر لە پۆلى یەکەمەوە ژوورى وێنەکێشان کە لە هەمان کاتدا مەکتەبەش بوو، بووە شوێنى کارى وێنەکێشان و چالاکییەکانم، مامۆستا محەمەد خەتاب لە وێنەکێشاندا زۆر هاوکارى دەکردم و هانى دەدام، بەڵام من هەمیشە چاوێکم لە خوێندنەوەش بوو، کتێبەکانى ئەو مەکتەبەیە بچووکەم یەکە یەکە دەخوێندەوە لەو بارەشەوە مامۆستاى کوردى شێخ بابە عەلى بەرزنجى هەمیشە بۆ خوێندنەوە هانى دەدام و هەمیشە لە داڕشتنى وانەى کوردى پلەى باشى بۆ دادەنام… ئەوەى لە هەموو ئەو گێڕانەوەى لە بارەى بەهرەى وێنەکێشان و حەزى خوێندنەوەوە دەمەوێ بیڵێم ئەوەیە، کە نوسین بۆ من ئارەزوو بووە، نەک مەجاز و دەسەڵات!!
مرۆڤ پنتێکى بچووکى گەردوونە، لەگەڵ مردن دەڕوا و هەرگیز ئاوڕ ناداتەوە، مانەوەى ناو بە نەمرى تەنها قسەى زیندووەکانە، هەرگیز مردووەکان بیر ناکەنەوە، بوارى ئەو قسانەیان نە لە ئاسمان نە لە زەوى بە دەستەوە نییە…

-تاکەى دەنووسى؟

نازانم، چونکە تا لە مردن نزیک بیتەوە چێژى ژیان باڵاتر خۆى دەنوێنێ، ئەوە هەم گرفتى دەسەڵاتە و هەم گرفتى منایەتى جوانى و چێژە، هەموو مرۆڤێکیش لە ناوەوەى خۆى جیاوازە، ئەوە گرفتەکەیە، گرفتەکە لە منى نوسەرەوە نییە، من بنوسم یان نەنوسم هیچ لە مردن کەم ناکاتەوە، هیچ لە زیندووە مردووەکانیش زیاد ناکات، ئەوەى من بە نوسینەوە گرێ دەدات زمانە، ئەوەى لە نوسینشم دەکاتەوە زمانە… من نانوسم بەڵکو زمان لە مندا قسان دەکات؟!

-چۆن دەتوانین نوسینى تۆ لە نووسینى نووسەرانى دیکە جیا بکەینەوە؟

ئەوە خوێنەران دەتوانن قسەى لێبکەن، ئەگەر من لەو رووەوە قسەیەکم هەبێت، تەنها ئەوەیە کە بڵێم من شەیداى فیکرى مۆدێرن و جوانکارى زمان و خەیاڵى شیعرییم، یان بە مانایەکى دیکە خوێندنەوەکانم دەکەونە ئەو بوارەوە، دەمەوێ بڵێم بەشێک لە جیاکردنەوەى خوێندنەوە جیاکردنەوەى نوسینیشى لێدەکەوێتەوە… خوێنەریش بە هەموو ئاستە جیاوازەکانییەوە قسەى خۆى لەو بارەوە دەبێت، دواجار ئەوە ئیستاتیکاى وەرگر و خوێنەرە ئاسۆى شێوازگەرى دیارى دەکات… شێوازگەرى ئەو دەرکەوتنەیە کە لەهەندێ چرکەساتى بەدواداچوونى وشە لە رستەدا بە ئەنجام دەگات.

-نووسەرانى کورد بە گشتى وەک یەکترى و لە چوارچێوەیەکدا نانووسن؟

بێگومان هەموو کلتورێک دەرکەوتنى خۆى هەیە، هەمیشە ئەویدیکەى جیاواز پەیوەندى بە کلتورى جیاوازەوە هەیە، هەموو نوسەرێکیش کوڕى کلتورى خۆیەتى… ئەوەى ماوەیەک لە چەرخى بیستەم بە ناوى نوسەرى گەردوونى بەرجەستەکرا، ماوەیەک بوو پاشان کاڵبۆوە، تێگەیشتن لە نوسەر لە دەروەى ئەو کلتورەى کە تێیدا پەروەردە بووە، تێگەیشتنێکى کەم خوێنە، بۆیە چەمکى نوسەرى گەردوونى بێنمود مایەوە… ئەگەر ئەو پرسیارەى تۆ لە چوارچێوەى کلتورێکى دیاریکراو بێ، دەتوانم بڵێم رەنگە بەشێکى پەیوەندى بە ئاستى مەعریفە و ئاستى هوشیارى نوسەرەکانەوە هەبێت، وەک چۆن بەشێکى پەیوەندى بە دنیابینى و خوێندنەوەى جیاوازەوە هەیە! دەتوانم بە شێوەیەکى گشتى بڵێم ئاستى نوسینى کوردى لە رووى دنیابینى و مەعریفەوە نزمە، زمانى کوردى هەتا ئێستا لە رووى ماناوە هەژارە، لە رووى مەعریفەوە کورتبینە، هیچ پێناسەیەکى بۆ دنیا نییە، جارێکى دیکە دەپرسم ئایا دەتوانین (مانا/بونیاد/باوک…)ى زمانى کوردى دیارى بکەین؟ یان زمان وەک تێگەیشتن لە ئازادى، وەک شێواز، وەک دەلالەت لە نێو ئەدەبى کوردى دیارى بکەین؟ ئەوەش جەختکردنەوەیە لەو پرسیارە: ئایا دەتوانین بۆ نموونە چەمکى (جوانى) لە نێو زمانى واقیعى کوردى و چەمکى (جوانى) لە نێو شیعرى کلاسیزمى کوردى کەمەکێک لێکنزیک بکەینەوە؟ جوانى سروشت لاى (گۆران) و جوانى سروشت لە واقیعدا کەمەکێک بەیەکبچوێنین؟ زمان پرۆسەیەکە لەسەرەخۆ بەرەو پێشەوە دەڕوات… ئایا بەخشینى مانا، بەخشینى دەلالەت لە زمانى کوردیدا پەیوەندى بە کەشفکردن و جیهانبینى تاکى کوردییەوە هەیە؟ ئایا زمانى کوردى توانیویەتى دنیا بکاتە بابەتێک بۆ تاقیکردنەوەى توانستە خەفەکراوەکانى خۆى، بۆ ئاشتەوایى… ئایا زمانى کوردى توانیویەتى مانا و پڕبوونى مانا بکاتە هێزێک بۆ ئاشکراکردنى جەوهەرى بەتاڵى خۆى… پێموایە ئەدەبى کوردى دیوارێکى پۆڵایینى لە نێوان خۆى و دوورنیازى زمان دروست کردووە…

عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا
20/2/2017 هەولێر




تێگەیشتنى بازنەیى لە کۆمەڵە شیعرى (تاریک، بەقەد درەوشانەوە، تاریک)ى کەریم دەشتى

تێگەیشتنى بازنەیى
لە کۆمەڵە شیعرى (تاریک، بەقەد درەوشانەوە، تاریک)ى کەریم دەشتى- 2016 هەولێر- ناوەندى ئاوێر بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە

عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا…………….

تەنیا ماینەوە
من و باقەیێ خەیاڵ
کە بەشى پێکێکى قەیتانى نەدەکرد
من بەو خەیاڵە
سەراپا تراژیدیاى ژیانم نوسییەوە. ل3
(کەریم دەشتى) شاعیرێکى بە ئەزموونى پڕ بەرهەمە، بە یەکێک لە شاعیرانى (نەوە)ى هەشتاکانى شیعرى کوردى دەژمێردرێت، هەڵگرى جۆرێک لە تایبەتمەندى شیعرییە و پشت بە “بیرکردنەوە” و “خەیاڵ ” دەبەستێت و بایەخ بە (چنینى ریتم)ى شیعرى، دەنگ و سەروا دەدات، ئەوەى دوایى واى کردووە شیعرەکانى لە روونى و سادەیى نزیک ببنەوە! لەو ئەزموونە نوێیەدا بە شێوەیەکى گشتى برەوى بە (تێگەیشتنى بازنەیى) و بە تایبەتى (تێگەیشتنى وشە) داوە.
لە کتێبى (رەوانبێژى خەیاڵ) کە بەشە پراکتیکەکەى بە ناونیشانى وێنەى “کتێب” لە ئەزموون و ئەزموونگەرى “کەریم دەشتى”شاعیردا. قسەم لە بارەى میکانیزمى کارکردنى شاعیر کردووە و پێموایە شاعیر وەک میکانیزمى کارکردن زێتر بەلاى هەڵبژاردنى زمانى شیعرییدایە، هەمیشە هەوڵەکانى خۆى لەوەدا کۆ دەکاتەوە، کە (رێگاى گوتن) بۆ زمان خۆش بکات. لەو رێگا خۆش کردنەشدا هەندێجار شاعیر ئیشکالى گەیاندن و نەگەیاندنى بیرۆکەى شیعریى لە رێگاى ئەزموونەوە چارەسەر دەکات. وەک چۆن ئیشکالیەتى وێنە و تەعبیرکردنى شیعریى لە رێگاى تێگەیشتنى ناوەکى زمانەوە، یان بە مانایەکى دیکە لە رێگاى ئەزموونگەرییەوە چارەسەر دەکات. لە سەر ئەو بنەمایە دەشێ بڵێم ئەزموونى شاعیر لەگەڵ زمان و شێوازگەریى تەعبیرکردن، لە سەر دوالیزمى ئەزموون و ئەزموونگەرى – بەردەوامى زمان و چرکەساتى ئازادى دەربڕین – وەستاوە. ئەو بیروڕایەى من کۆى بەرهەمە شیعرییەکانى تا ساڵى (2011) دەگرێتەوە.

لە خوێندنەوەى کتێبى ناوبراودا پێموایە شاعیر لە (پرۆسەى نوسینى شیعرى) زۆر جاران (بابەتێک) یان (فیکرەیەک) بەرەو نوسینى دەبات؟! فیکر و مانا لە دروستکردنى وێنەدا بەشدارى تایبەتى خۆیان هەیە، بەڵام دیارە لێرە مەبەست لە فیکر و مانا وەک رەگەزێکى شیعرى بینراوە، نەک وەک لۆژیک و تێگەیشتن!! بەڵام لەو ئەزموونە نوێیەدا من وەک خوێنەرێکى کۆى بەرهەمەکانى شاعیر هەندێک گۆڕانکارى دەبینم، یان هەندێ ئەزموونکارى دەخوێنمەوە، ئەوەى زۆر بەرجەستەشە گۆڕانکارییە لە شێوازیى تەعبیرکردن و هێنانە ناوەوەى تێگەیشتنى بازنەییە لە خولانەوەى وشەدا.
لە کۆمەڵە شیعرى (تاریک، بەقەد درەوشانەوە تاریک – 2016) شاعیر وەک ئەزموونگەرایەک لە رووى مەعریفەى شیعریى و تەعبیرکردن، کارى لە سەر (تێگەیشتنى بازنەیى) کردووە… بەو مانایەش دەشێ خوێنەران جیاوازییەکانى ئەو ئەزموونە شیعرییە، نەک هەر تەنها لە رێگا گۆڕانکارى لە شێوازیى تەعبیرکردن، بەڵکو لە رێگاى بەرجەستەکردنى تێگەیشتنى بازنەیشەوە زێتر هەست پێبکەن!

شاعیر لە هەموو ئەزموونەکانى خۆیدا لە (رێگا خۆشکردن بۆ زمان) دوور نەکەوتۆتەوە، ئەوەش بە بڕواى من پەیوەندى راستەوخۆى بە سەرچاوەى مەعریفى شیعریى –یەکەمەوە- هەیە، واتە باوکى وەک شاعیرێکى کلاسیزمى کوردى لە پرۆسەى نوسیندا وەک بنەمایەکى سەرەکى زمانى شیعریى فەرامۆش نەکردووە!
لێرە قسەکردنم لە سەر تەعبیرکردنى شیعریى دەکەوێتە نێوان سنورى (دەق -تەعبیرکردن) و سنورى (وەرگر -تەئویل) کردن! دەمەوێ بڵێم چەمکى تەعبیرکردن، خۆى لە بەرفرەوانکردنى سنورەکانى توانا و ئەزموون و ناخى شاعیردا دەبینێتەوە، وەک چۆن نابێ سنورەکانى توانا و ئەزموون و ناخى وەرگریش فەرامۆش بکەین! بێگومان نابێ لە بیرمان بچێ، بەشێکى زۆرى ئەو ئەزموونگەرییە دەکەوێتە سەر ئازادى بیرکردنەوە و ئاستەکانى خوێندنەوەى خوێنەرەوە؟!
بە دیوەکەى دیکەش هەمیشە شێوازى تەعبیرکردن بە شێوە جۆراوجۆرەکانى زمانى ئەدەبییەوە بەندە! زمانى ئەدەبى دوورە لە راستەوخۆیى، هەڵگرى روویەکە لە رووەکانى حەقیقەت، زمانى ئەدەبى لە سەر لادان و خوازە و رەمز بەرەو کەشفکردن هەنگاو دەنێت… هەڵبەتە لە بەرانبەر شێوازى زمانى تەعبیرکردن، شێوازى زمانى ئەبستراک هەیە… شێوازى زمانى ئەبستراک هەموو هێزى خۆى لە لادان و ئاماژە و رەمز خەرج دەکات، هەمیشە بۆ پرکردنەوەى بۆشاییەکانى پشت بە خوێنەران دەبەستى… ئەوەش یەکێکە لە خاڵە بنەڕەتییەکانى جیاوازى نێوان زمانى تەعبیرى و زمانى ئەبستراک.

بەڵام دواجار زمانى ئەدەبى بە هەموو ئاستە جیاوازەکانییەوە پشت بە ئازادى بیرکردنەوە و ئاستەکانى خوێندنەوە دەبەستێ… هەموو ئەو قسانەم بۆ ئەوەیە بڵێم بزاڤى زمانى تەعبیرکردنى کەریم دەشتى لە کۆى ئەزموونەکانى پێشووى تا ساڵى 2011 لە زمانى تەعبیرکردنى (زیندەگی)یەوە بەدەر نییە، یان بە شێوازى زمانى تەعبیرکردن لە رێگاى زیندەگییەوە بەندە… بە شێوەیەکى گشتى شێوازى زمانى تەعبیرکردن لە رێگاى زیندەگییەوە، پشت بە ریتمى ناوەکى ژیان دەبەستێ و هەندێجار کار لە تێکشکانى گرایمەر و رەنگاوڕەنگى دەکات، بێ ئەوەى پەرتەبڵاو بێت… (جەلال بەرزنجى، دلاوەر قەرەداغى، بەرۆژ ئاکرەیى، هیوا قادر…) لەگەڵ جیاوازییەکانیان نموونەى دیارى ئەو شێوازەن…
بە بڕواى من شێوازى زمانى تەعبیرکردن لە رێگاى زیندەگییەوە، بۆ کەریم دەشتى تا (ساڵى 2011) درێژ دەبێتەوە، بەڵام دواتر شێوازى زمانى تەعبیرکردنى شاعیر خۆى لە تەعبیرکردن لە رێگاى دنیابینییەوە دەدۆزێتەوە، لە (تاریک، بەقەد درەوشانەوە تاریک – 2016) ئەو شێوازە بە ترۆپک دەگات، لە کۆمەڵە شیعرى (تاریک، بەقەد درەوشانەوە، تاریک) دنیایەکى دیکەى نوێ لە پەیوەندى نێوان وشەکان و شتەکان دروست دەکات.
بە شێوەیەکى گشتى شێوازى تەعبیرکردن لە رێگاى دنیابینى، شێوەیەکە لە شێوەکانى زمانى تەعبیرکردنى شیعریى، کە ئەزموونى هەستى کەمتر تێدا دەردەکەوێت، زۆرتر پشت بە درێژکردنەوەى تێگەیشتنەکان و خولانەوە دەبەستێ، کار لە ریتمى دەرەکى دەکات، کەمترین دەنگى دژکارى تێدایە، چڕە، هەندێجار لەگەڵ پلەکانى گرایمەر دژ دەکەوێتەوە. ئەوەش گۆشەنیگاى شاعیرانە بۆ خوێنەر دەنەخشێنێ!

گۆشە نیگاى شاعیرانە پەیوەندییەکى راستەوخۆى بە دیتن یان دنیابینى و خەونبینییەوە هەیە، ئەوە دەشێ تێگەیشتنى من بێت، بۆ روانینى شاعیرانە و دیتنى دنیا و شتەکان بە چاوێکى نوێوە… (شێرکۆ بێکەس، رەفیق سابیر، هاشم سەراج، دلشاد عەبدوڵڵا، ئەحمەدى مەلا، جەمال غەمبار…) بە جیاوازییەکانیانەوە لە بارەى زمان و تێڕوانین و هەستى شیعرییەوە… نموونەى دیارى ئەو شێوازەن: بۆ نموونە زمان و تێڕوانینى هاشم سەراج پەیوەستە بە هەبوونى شیعریى لە هاوکێشەى (بوون — نیگەرانى — مردن) و لەگەڵ تێڕوانینى (تاریک، بەقەد درەوشانەوە، تاریک) وەک لە خوارەوە ئاماژەى بۆ دەکەم، جیاواز دەکەوێتەوە… دلشاد عەبدوڵڵا، هەوڵدەدات لە رێگاى هاوکێشەى بابەتییەوە شیعرییانە بەسەر گێڕانەوەکاندا بچێتەوە. دەیەوێت هاوکێشەى بابەتى لە نێوان شیعر و گێڕانەوە دروست بکات! ئەو شێوەیە لە تێڕوانین هەمان زمانى گێڕانەوەى شیعریى و رەگەزى زاڵى گێڕانەوەى جەمال غەمبار نییە، ئەحمەدى مەلا هەندێجار لەگەڵ پلەکانى گرایمەر دژە و زێتر لەگەڵ گۆشەنیگاى شاعیرانە دێتەوە… (بۆ ئەوەى لە بابەتى نوسینەکە دوور نەکەومە ئەو پۆلینکردنەى زمانى تەعبیرکردن و جیاوازییەکانى بۆ کاتێکى دیکە هەڵدەگرم)

لە سەر ئەو بنەمایە دەتوانم بڵێم تایبەتمەندییەکانى شێوازى زمانى تەعبیرکردنى شیعرى (تاریک، بەقەد درەوشانەوە، تاریک) خۆى لە بزاڤى جوانى و تواناى شێوەگرتن و گەشەکردنى تێگەیشتنى بازنەییدا دەبینێتەوە، شاعیر بە ئاگاییەوە لە رێگاى هاوگونجانێکى هونەرى بەرزەوە تێڕوانین و دنیابینى خۆى دەخاتە روو. دەشێ خوێندنەوەم بۆ تێگەیشتنى بازنەیى، لەو ئەزموونە نوێیەى شاعیردا لەوێوە خۆى هەڵبگرێتەوە، کە (تێگەیشتنى بازنەیى) بەلاى منەوە، ناونانى میکانیزمى کارکردنێکە بۆ چەسپاندنى تێگەیشتن لە سەر خودى تێگەیشتن! پێموایە دەشێ دوو بنەماى بنەڕەتى بۆ ئەو میکانیزمە دەستنیشان بکەم: یەکەم، بنەماى فیکرەى دابڕان: فیکرەى دابڕان لە مانایەکەوە بۆ گەیشتن بە مانایەکى دیکە، یان لە تێگەیشتنێکەوە بۆ بەرجەستەکردنى یەکێکى دیکە… دیارە تایبەتمەندییەکانى ئەو بنەمایە بە بڕواى من لە سەرسامبوونى خوێنەردایە، چونکە خودى فیکرەى دابڕان لە شیعردا وا لە خوێنەر دەکات، جارێکى دیکە بۆ خوێندنەوە بگەڕێتەوە، تاکو بتوانێ باشتر لە هەردوو ئاڕاستەکە بگات و چێژى زێتر بە دەست بهێنێ. بڕوانە هەبوونى شیعریى لە هاوکێشەى (بوون — دابڕان— هەتاهەتایى)
باش وەکو دڵم تاقە خۆشەویستێکى هەبوو
هەتا ماوە بۆى ئەگەڕێ
تەنیا من و تۆ ماینەوە ئەى با. ل30
بنەماى دووەم، فیکرەى دووبارەبوونەوە، یان خولانەوەى وشە: واتە شاعیر هەوڵدەدات هەمان ئەو تێگەیشتنە دووبارە بکاتەوە کە هەموو حەزى لێدەکەین، ئەویش لە پێناو جێگیرکردن! راستە دروستکردنى حاڵەتێکى دەروونى لە پشتەوەیە… بۆیە مەرج نییە بتوانێ هەمووان رازى بکات، بەڵام هێزى دەربڕینى شاعیر پۆشاکێکى دیکەى نوێى پێدەبەخشێ، کە لەبەر دڵان بێت. بڕوانە هەبوونى شیعریى لە هاوکێشەى (بوون— دووبارەبوونەوە—هەتا هەتایى)
زۆرم بیر کردەوە شیعر شەڕە لەگەڵ زمان
زمان شەڕە لەگەڵ زمان
زمان شەڕە لەگەڵ بازنە

زۆرم بیر کردەوە بازنە ئەبەدییە و کۆتایى نایەت. ل62
هەمیشە کەریم دەشتى لە ئەزموونەکانى خۆیدا بۆ ئەو هێزەى زمانى تەعبیرکردن، پەناى زۆرى بۆ موزیکاى وشە و هاوگونجان ((چنینى ریتم)) و دواتریش بەرجەستەکردنى چییەتى زمان بردووە، بەڵام لەو ئەزموونە نوێیە پێگەییوەدا بەرجەستەکردنى تێگەیشتنى زمان، پێش ماهیەتى زمان دەکەوێت؟! دەشێ بۆ (چییەتى زمان) بە دواى دەنگ و مانادا بگەڕێین، بەڵام دەبێ بۆ بەرجەستەکردنى (تێگەیشتنى بازنەیى) پەنا بۆ ئاشکراکردن و بە دواداگەڕانى تێگەیشتنى تایبەتى وشە و خولانەوەى وشە بەرین…
هەوڵێکى زۆرم دا بە چەند وشەیێ خۆم بکوژم
کەچى وشەیەکى زۆرم کوشت و هەر نەکوژرام
زۆر هەوڵم دا دوژمنێ بۆ خۆم دروست کەم
بەڵام لە خۆم زێتر کەسم نەدۆزییەوە. ل102

شاعیر چۆن لە ناو و ناونانەوە گەیشتووە و چۆن ئەو ناو و ناونانە بە هەبوونى شیعرییەوە دەلکێنێ؟! بە مانایەکى دیکە (دەرخستن) و (ئاشکراکردن) و (نواندن)ى تێگەیشتن، لەو ئەزموونە نوێیەى شاعیردا دەرخستن و ئاشکراکردن و نواندنى تێڕوانینە بۆ (بوون) لە شیعردا، بە دیوەکەى دیکە لە کۆمەڵە شیعرى (تاریک، بەقەد درەوشانەوە تاریک – 2016) تێگەیشتنى شاعیر یان (هەبوونى شیعریى) لاى ئەو مەعریفەى شیعریى شاعیر دەخاتەوە، بەڵام مەعریفەیەکى جیاواز لەوەى لە سەرچاوەکانى یەکەمەوە پێیگەیشتبوو! هەمیشە مەعریفەى شیعریش دنیابینى شیعرى رەنگ دەکات… کەواتە شاعیر ئەو کاتە ناو لە شتەکان دەنێت، کە تێگەیشتنى تایبەتى خۆى دەنوێنێ، بە مانایەکى دیکە تەنها ئەو وشانە دەتوانن تێگەیشتنى شاعیر بەرجەستە بکەن، کە دەتوانن ئەوە بڵێن کە شاعیر بە پێى دنیابینى خۆى دەیەوێت، هەر ئەوەش تایبەتمەندى هەبوونى شیعرى لاى کەریم دەشتى ئاشکرا دەکات.
بە کورتى شاعیر وێنەى تێگەیشتنى خۆى یان (تێگەیشتنى بازنەیى) لە چوارچێوەى شیعردا بە خولانەوەى وشە و خولانەوەى فیکر لە لایەک و فیکرەى دابڕان لە لایەکى دیکە سپاردووە.

1/5/2017 هەولێر
نوسینێکى بڵاو کراوە لە رۆژنامەى چاودیر 5/6/2017




فه‌لسه‌فه‌ی شیكردنه‌وه‌ … عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا

جیاوازی نێوان فه‌لسه‌فه‌ و زانست و ئایین ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ئایین كۆمه‌ڵێك وه‌ڵامی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ت پێده‌به‌خشێت و زانست وه‌ڵامی چۆنیه‌تی ده‌داته‌وه‌، به‌ڵام فه‌لسه‌فه‌ هه‌ر له‌ سوكراته‌وه‌ فێرمان ده‌كات كه‌ ئێمه‌ هیچ نازانین! من نامه‌وێت قسه‌ له‌ ئیشكالی زانین و نه‌زانین بكه‌م، قسه‌ له‌ په‌یوه‌ندی سوكرات به‌ ده‌وروبه‌ر و ته‌ماشاكردنی سوكرات بۆ جیهان بكه‌م، به‌ڵكو به‌ رێگایه‌كی زۆر كۆندا ده‌ڕۆم ئه‌ویش خۆشه‌ویستییه‌ بۆ دانایی، ئه‌ویش فه‌لسه‌فه‌یه‌ وه‌ك خۆشه‌ویستی… هه‌ر له‌وێشه‌وه‌ قسه‌ له‌ یه‌كێك له‌ فه‌لسه‌فه‌ هاوچه‌رخه‌كان، فه‌لسه‌فه‌ی شیكردنه‌وه‌ (analytic philosophy) ده‌كه‌م، كه‌ زمان وه‌ك ناوه‌ندی خۆی ده‌ناسێنێ‌، یان وه‌ك له‌ ناوه‌كه‌ی هاتووه‌ پشت به‌ كردنه‌وه‌ و شیته‌ڵكردنی ئاوێته‌كانی زمان بۆ به‌شه‌كانی ده‌به‌ستێت. فه‌لسه‌فه‌ی شیكردنه‌وه‌ پرۆسه‌یه‌كه‌ ده‌یه‌وێت بابه‌تێكی دیاریكراو له‌ پێناو مه‌به‌ستێكی دیاریكراو كه‌شف بكات، به‌ دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش یه‌كێك له‌ پێناسه‌كانی شیكردنه‌وه‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی پله‌ی ته‌مومژی ئاوێته‌كانه‌ به‌ ئاراسته‌ی به‌شه‌ جۆراوجۆره‌كانییه‌وه‌…

فه‌لسه‌فه‌ی شیكردنه‌وه‌ گوزارشت له‌ رۆحی زانستی و بیركاری ده‌كات و هه‌میشه‌ به‌ چاوی رێزه‌وه‌ له‌ به‌رهه‌مه‌ زانستییه‌كان و حه‌قیقه‌ته‌كانی (هه‌ستی هاوبه‌ش) و (فاكت) و (دۆزه‌كان) ده‌ڕوانێت. زانكۆی (كامبردج-ی بریتانی و به‌ تایبه‌تی راسل و مۆر ) به‌ دامه‌زرێنه‌ری داده‌نرێن و هه‌مووشیان ده‌كه‌ونه‌ ژێر كاریگه‌ری بیركردنه‌وه‌ی (فریگه‌ ) و (فه‌لسه‌فه‌ی ئایدیالی) ئه‌ڵمانییه‌وه‌. ئه‌وه‌ی گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ لۆجیك و فه‌لسه‌فه‌ی زمان بنه‌مای فه‌لسه‌فه‌ی شیكردنه‌وه‌ پێكده‌هێنن. فریگه‌ دامه‌زرێنه‌ری لۆجیكی بیركاری نوێ‌، ئامانجی فه‌لسه‌فه‌ له‌ شیكردنه‌وه‌ی بونیادی فیكردا ده‌بینێ‌ و پێیوایه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی فیكری پێویسته‌ له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی كرده‌ییانه‌ی بیركردنه‌وه‌ی ده‌روونی جیا بكرێته‌وه‌، چونكه‌ رێبازی شیكردنه‌وه‌ی فیكری پشت به‌ شیكردنه‌وه‌ی زمان ده‌به‌ستێت. به‌ڵام نابێ‌ له‌و باره‌وه‌ رۆڵی فیتگنشتاین و كتێبی تراكتاتۆس له‌بیر بكه‌ین، كه‌ جه‌وهه‌ری كاری فه‌لسه‌فه‌ به‌ (روونكاری) له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دات و ده‌ڵێت بابه‌تی فه‌لسه‌فه‌ روونكردنه‌وه‌ی لۆجیكی بیركردنه‌وه‌یه‌، فه‌لسه‌فه‌ تیۆر نییه‌، به‌ڵكو كاری كرده‌ییه‌. به‌و مانایه‌ش پێویسته‌ فه‌لسه‌فه‌ به‌ وردی بیركردنه‌وه‌كان دیاری بكات و روونیان بكاته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌كه‌وێته‌ ته‌مومژییه‌وه‌. چونكه‌ گیروگرفتی فه‌لسه‌فه‌ له‌ تێنه‌گه‌یشتنی زمانی ئاساییه‌وه‌ هه‌ڵقوڵاوه‌. چاره‌سه‌ری ئه‌و گیروگرفتانه‌ش گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ به‌كارهێنانی وردی زمانی ئاسایی و به‌كارهێنانی باوی وشه‌كان.

یه‌كێك له‌و گرفتانه‌ی كه‌ هه‌میشه‌ فه‌لسه‌فه‌ی زمان تێیده‌كه‌وێت (كرده‌ی گه‌یشتنی زمان- linguistic communication)ه‌، یان ئه‌وه‌ی جۆن ئۆستن (J. L. Austin) به‌ (تیۆری راستی گوتن-Theory of speech acts) كه‌ له‌ وانه‌كانی زانكۆی (هارفرد- 1955) ناوی بردووه‌… ئۆستن باسی ئه‌وه‌ ده‌كات چۆن شته‌كان به‌ وشه‌كان ده‌گوترێن… پاشان جۆن سیرل (John R. Searle) و كه‌سانی دیكه‌ له‌ ساڵانی حه‌فتا و هه‌شتاكاندا گه‌شه‌یان به‌و گوتنه‌ داوه‌… تیۆری راستی گوتنی زمان، یان كرده‌ی مه‌به‌ستگه‌رایی به‌ ساده‌یی سه‌یری زمان ناكات، به‌ڵكو زمان وه‌ك كارێكی فره‌ لایه‌ن و فره‌ ره‌هه‌ند و فره‌ مه‌به‌ست ده‌بینێ‌: كاتێك قسه‌كه‌رێك ده‌دوێت شتێك ده‌گه‌یه‌نێت ئه‌گه‌رچی به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی وه‌ك ره‌مز و وشه‌ و رسته‌ش ته‌ماشای نه‌كه‌ین، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كرده‌ی گه‌یشتنی زمان له‌سه‌ر پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانی گوتن كار ده‌كات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زمان قسان ده‌كات و ناتوانین له‌ زمان جیا بینه‌وه‌… ده‌شێ‌ بیركردنه‌وه‌ی رووتی هه‌ڵگرتبێ‌، یان تاكگه‌را و مه‌به‌ستگه‌را بێت، یان گشتی و به‌دحاڵیبوون بخاته‌وه‌… بۆیه‌ هه‌میشه‌ زمان پێویستی به‌ روونكردنه‌وه‌ و یه‌كلاكردنه‌وه‌ و دیاریكردن هه‌یه‌.

له‌ مێژووی فه‌لسه‌فه‌دا، فه‌لسه‌فه‌ی شیكردنه‌وه‌ وه‌ك رێبازێكی زانستی شۆڕشێك بوو، كه‌ توانی له‌ بواری بابه‌ته‌كان و شته‌كانه‌وه‌ بۆ بواری گوته‌كان و ده‌سته‌واژه‌كان بگوازێته‌وه‌، لێكۆڵینه‌وه‌ی تایبه‌ت له‌ باره‌ی لۆجیكی بیركاری و فیكره‌ی مانا و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاوێته‌كان بۆ گه‌ردیله‌كان بكات، ئه‌وه‌ش پێمانده‌ڵێت كه‌ دۆزه‌ فه‌لسه‌فییه‌كان دۆزی واقیعی نیین… به‌ڵكو كۆمه‌ڵێك دۆزی زمانه‌وانین، هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌و رێبازه‌شدا كاریان كردووه‌ چوارچێوه‌یه‌كی هاوبه‌شیان هه‌یه‌، ئه‌ویش به‌ كارهێنانی شیكردنه‌وه‌یه‌ وه‌ك میتۆدێكی فه‌لسه‌فی، جگه‌ له‌وه‌ش هه‌موویان وێرای جیاوازه‌كانیان بانگه‌شه‌ی وردبینی و روونیان ده‌كرد و زۆر بایه‌خیان به‌ زمان داوه‌ و بۆ زمانی په‌تی و سروشتی ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌، پێیانوابووه‌ كه‌ زۆربه‌ی گیروگرفته‌ فه‌لسه‌فییه‌كان له‌ تێنه‌گه‌یشتنی زمانی ئاساییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت. راسل ئه‌گه‌رچی هه‌ڵگری مۆركێكی لۆجیكییه‌ و هه‌ر ئه‌وه‌شه‌ له‌ فیتگنشتاین نزیكی ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام له‌وێشه‌وه‌ له‌ یه‌كتر دوور ده‌كه‌ونه‌وه‌ كه‌ پێیوایه‌ زمانی سروشتی ته‌مومژی زۆری تێدایه‌، بۆیه‌ توێژه‌ر ده‌بێ‌ یه‌كه‌مجار ماناكان دیاری بكات و به‌ وردی له‌و مانایانه‌ بگات، كه‌ به‌ كاریان ده‌هێنێت، به‌مجۆره‌ راسل بانگه‌شه‌ی زمانی باڵا ده‌كات و كه‌مه‌كێك له‌ جۆن سیرل و تێركردنی مانا نزیك ده‌كه‌وێته‌وه‌. راسل زمان وه‌ك كۆمه‌ڵێك ده‌سته‌واژه‌ له‌ ئاوێته‌كانیان و بونیاده‌كانیان جیا ده‌كاته‌وه‌، پێیوایه‌ رسته‌ و دۆزه‌كان ده‌سته‌واژه‌ی ساده‌ن و ناشێ‌ به‌ش به‌ش بكرێن بۆ دۆز و رسته‌ی بچوكتر له‌ خۆیان، وه‌ك چۆن گه‌ردیله‌كان له‌ ئاستی وشه‌كاندان و ئه‌وانیش یه‌كه‌ی ساده‌ن و ناشێ‌ بۆ وشه‌ی بچوكتر له‌ خۆیان به‌ش به‌ش بكرێن! هه‌ر له‌ به‌دواداچوونی بچوكترین پێكهاته‌- گه‌ردیله‌كانه‌وه‌- كه‌ مه‌عریفه‌ی لێدێته‌ به‌رهه‌م، هه‌وڵده‌دات زمان و مه‌عریفه‌ بونیاد بنێت..

راسل له‌ باره‌ی په‌روه‌رده‌وه‌ وه‌ك ئامانج سه‌یری قوتابی ده‌كات، نه‌ك وه‌ك وه‌سیله‌! لێره‌دا ئامانجی باڵای شیكارخوازان خۆی له‌ په‌روه‌رده‌كردنی تاكه‌كاندا ده‌بینێته‌وه‌. برتراند راسل تاك وه‌ك جه‌وهه‌رێك له‌ خودی خۆیدا ده‌بینێت، نه‌ك وه‌ك پێداویستیی كۆمه‌ڵگا. گوتمان راسل بایه‌خی زۆری به‌ لۆجیك داوه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی جۆرج ئیدوارد مۆر كه‌ بایه‌خی زۆری به‌ ره‌مز داوه‌، هه‌ر له‌وێشه‌وه‌ هه‌وڵیداوه‌ چاره‌سه‌ری بۆ گیروگرفته‌ فه‌لسه‌فییه‌كان بدۆزێته‌وه‌! مۆر بانگه‌شه‌ی نوێكردنه‌وه‌ی زاراوه‌ فه‌لسه‌فییه‌كان ده‌كات و ده‌سته‌واژه‌كان شیده‌كاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی روونتر له‌ باره‌ی دۆزه‌ فه‌لسه‌فییه‌كانه‌وه‌ بدوێت، هه‌وڵی گه‌یشتن به‌ زمانی ئاسایی ده‌دات، ئه‌و به‌ پێچه‌وانه‌ی راسل پێیوایه‌ زمانی ئاسایی بۆ كاری فه‌لسه‌فی گونجاوه‌، به‌ڵام پێویستی به‌ روونكردنه‌وه‌ هه‌یه‌، شیكردنه‌وه‌ی زمانه‌وانیش له‌ خودی خۆیدا ئامانجی فه‌لسه‌فه‌ نییه‌، به‌ڵكو وه‌سیله‌ی روونكردنه‌وه‌ی وێناكردن و دۆزه‌كانمانه‌! جۆرج مۆر هه‌میشه‌ به‌رگری له‌ زمانی ئاسایی ده‌كات و هاوگونجانی فه‌لسه‌فه‌ و بیروڕای مرۆڤی ئاسایی به‌ پێوانه‌ی به‌های تیۆری فه‌لسه‌فی ده‌زانێت، هه‌ر چه‌نده‌ له‌و نۆرمه‌ و له‌ روونكردنه‌وه‌ی وردی زمان دوور بكه‌وینه‌ ئه‌وه‌نده‌ به‌ره‌و هه‌ڵدێر ده‌بینه‌وه‌.

كه‌واته‌ پرسی شیكردنه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌، چۆن بیركردنه‌وه‌كانمان له‌ باره‌ی زمانی ئاسایی و مانا و ئاماژه‌وه‌ رێكده‌خه‌ین، به‌ شێوه‌یه‌كی گونجاو كه‌ بشێ‌ هه‌م كورتبڕی بكه‌ین و هه‌م بیركردنه‌وه‌كانمان به‌ ساده‌یی و روونی بگات؟ بێگومان ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندی به‌ چه‌مكه‌كانی (حه‌قیقه‌ت) و (مانا) و (زه‌روره‌ت) و (ناو)ه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌و گیروگرفتانه‌ بابه‌تی فه‌لسه‌فه‌ی زمانی په‌تییه‌ و سیستمێكه‌ خاوه‌نی فۆرمی مه‌عریفی نییه‌، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ش به‌ڵكو په‌یوه‌ندی به‌ كۆی بایه‌خه‌ ته‌قلیدییه‌كانی فه‌لسه‌فه‌ی نوێوه‌ نییه‌. به‌ڵام پرسی چۆن بیركردنه‌وه‌مان له‌ باره‌ی سه‌رچاوه‌ مه‌عریفییه‌كانه‌وه‌ رێكده‌خه‌ینه‌وه‌، چۆن له‌ سیستمی مه‌عریفی كانت جیا ده‌بینه‌وه‌؟ لێره‌دا ئه‌وه‌ی شیكردنه‌وه‌ی زمانه‌وانی پێشكه‌شی ده‌كات هه‌وڵێكه‌ مه‌یلی ئه‌زموونگه‌ری ده‌كات، به‌ڵام ئه‌زموونگه‌رییه‌ك كه‌ بكه‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌زموونه‌ ده‌روونییه‌كانه‌وه‌، ئه‌زموونگه‌رییه‌ك كه‌ به‌رهه‌می شیكردنه‌وه‌ی لۆجیكی زمانه‌وانی بێت. ئه‌و ئه‌زموونگه‌رییه‌ش پێمانده‌ڵێت هه‌موو ئه‌و مه‌عریفه‌ مرۆییانه‌ی كانت له‌ باره‌ی (خواوه‌ند و ئازادی و ئاكار) پێشكه‌شی كرد، پێویسته‌ له‌ نوێوه‌ به‌ شێوه‌ی كۆمه‌ڵێك سه‌رنج یان به‌دواداچوون له‌ باره‌ی زمانه‌وه‌ پێشكه‌شی بكه‌ینه‌وه‌.




فه‌لسه‌فه‌ی زمان … عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا


ئێمه‌ ناتوانین بیر بكه‌ینه‌وه‌ ته‌نها له‌ نێو وشه‌كاندا نه‌بێت.. “هیگل”

زمان كۆمه‌ڵێك ده‌رگا بۆ چوونه‌ ژووره‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ و كۆمه‌ڵێك ده‌رگا بۆ هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ دروست ده‌كات، له‌ سالۆنی ئیمپراتۆره‌كان و له‌ كۆمیتی دبلۆماسییه‌كان و له‌ كۆڵانی هه‌ژاراندا زێتر له‌ زمانێك به‌كار ده‌هێنرێت، زمانی زیاده‌… زمان ده‌بێته‌ ڤیزه‌ و كارتی پێناسه‌كردنی فره‌ جۆر! ئه‌وه‌ زمانه‌ دابه‌شمان ده‌كات، هونه‌ری قسه‌كردن، هونه‌ری نواندنی زمانه‌ به‌ ئاست و شێوه‌ی جیاواز و له‌ شوێنی جۆراوجۆردا… ده‌شێ‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ بكه‌ونه‌ نێو فه‌لسه‌فه‌ی زمانه‌وه‌، به‌ڵام زمان چه‌مكێك نییه‌ له‌ چه‌مكه‌كانی فه‌لسه‌فه‌، بوارێك نییه‌ له‌ بواره‌كانی زانست… فه‌لسه‌فه‌ی زمان به‌ دوای سروشتی زمان و په‌یوه‌ندی زمان به‌ جیهاندا ده‌گه‌ڕێت، له‌ وێناكردنی زمان بۆ جیهان ده‌كۆڵێته‌وه‌، به‌ وێناكردنی فه‌لسه‌فه‌كاران بۆ زمان ده‌ڕوانێ‌، فه‌لسه‌فه‌ی زمان پرسیار له‌وه‌ ده‌كات زمان چۆن نوێنه‌رایه‌تی دنیا ده‌كات، په‌یوه‌ندی ناونان به‌ ناوه‌وه‌ چییه‌، چۆن له‌ لۆجیكی تێگه‌یشتنی بیركردنه‌وه‌ نزیك ده‌بینه‌وه‌، ئایا زمانێك هه‌یه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی بیركردنه‌وه‌، تێگه‌یشتن چییه‌، قسه‌ چۆن ده‌گاته‌ ئه‌ویدیكه‌، په‌یوه‌ندی نێوان قسه‌كه‌ر به‌ ئه‌ویدیكه‌وه‌ چییه‌، مانا چییه‌، ئایا مانا له‌ سه‌ری قسه‌كه‌ران دایه‌ یان له‌ زماندا، زمانی بێ‌ مانا، بێ‌ بنه‌ما بوونی هه‌یه‌؟
به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی زمان خۆی له‌ نێوان دوو مه‌سه‌له‌دا هه‌ڵده‌گرێته‌وه‌، یه‌كه‌میان سیستمه‌ و دووه‌میان جیاوازییه‌، یه‌كه‌میان سروشتی ده‌لاله‌ت و دووه‌میان هه‌مه‌كیی زمانه‌، یه‌كه‌میان په‌یوه‌ندی به‌و قه‌واره‌یه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ وشه‌، یان رسته‌ ده‌لاله‌تی لێده‌كات، دووه‌میان چۆنیه‌تی تێگه‌یشتن و سروشتی بیركردنه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت، یه‌كه‌میان ده‌ره‌كییه‌ و دووه‌میان ناوه‌كییه‌… له‌ لایه‌ك ده‌توانین زمان له‌ ناونانی شته‌كانه‌وه‌ (things) هه‌ڵگرینه‌وه‌، له‌لایه‌كی دیكه‌ بوونی شته‌كان له‌ چوونه‌ نێو زماندا ناس بكه‌ین!! یه‌كه‌میان سیستمێكی دیاریكراو به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، دووه‌میان له‌سه‌ر جیاوازی وه‌ستاوه‌! كه‌واته‌ وه‌ك چۆن (بێكۆتاییبوون) كلیلی بیركارییه‌، (هه‌مه‌كییبوون) كلیلی زانسته‌كانی زمانه‌، هه‌ڵبه‌ته‌ به‌ جیاوازی نێوانیانه‌وه‌! ئه‌وه‌ هه‌ر جیاوازیشه‌ (كارڵ كراوس 1874-1936)ی زمانناس وا لێده‌كات وه‌ك ئه‌وه‌ی قسان له‌ له‌شفرۆشێك بكات، قسان له‌باره‌ی زمانی دایكه‌وه‌ ده‌كات و پێیوایه‌ زمان له‌ رێگای به‌كارهێنانێكی دیكه‌ بۆ ئه‌و مانایه‌ی، كه‌ دایك دایهێناوه‌ پێشده‌كه‌وێت، نوسه‌ر له‌سه‌ر دایكی ده‌نوسێ‌ و به‌دژی ئه‌و هه‌ڵده‌سێ‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ نیگه‌رانی كاریگه‌رییانه‌ی دایك رزگاری بێت. زمان له‌ نێوان دوو ژیاندا هه‌ست و نه‌ست، خود و حه‌زه‌ چه‌پێنراوه‌كان..

پارچه‌ پارچه‌ كراوه‌، له‌ بوونی (پڕ) دوورخراوه‌ته‌وه‌ بۆ دنیای (به‌تاڵ)، له‌ سكی پڕی دایك بۆ دنیای به‌تاڵی كۆرپه‌له‌، زمان به‌تاڵه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زمان بریتییه‌ له‌ پرۆسه‌یه‌كی بێكۆتایی جیاوازی و نه‌بوونی… ده‌ق له‌به‌ر زمان نابێته‌ خاوه‌ن، بۆیه‌ له‌ دالێكه‌وه‌ بۆ دالێكی دیكه‌ هه‌نگاو ده‌نێ‌، له‌ ده‌قی داهێنه‌رانه‌دا هه‌ر دالێك گه‌یه‌نه‌ری دالێكی دیكه‌یه‌، ئه‌و داله‌ش درێژبوونه‌وه‌ی دالێكی دیكه‌یه‌.. (ژاك لاكان 1901-1981) ده‌ڵێ‌ زمان ئه‌و شته‌یه‌ كه‌ بوون له‌ حه‌ز و ئاره‌زوو به‌تاڵ ده‌كاته‌وه‌. زمان ته‌واوی دنیای خه‌یاڵ دابه‌ش و پارچه‌ پارچه‌ ده‌كات. به‌ بڕوای لاكان نه‌ست به‌رهه‌می تایبه‌تی زمانه‌، هه‌روه‌ها ئه‌و له‌سه‌ر هه‌مان بیركردنه‌وه‌ی كراوس و منداڵی به‌ر ئاوێنه‌، ده‌ڵێ‌ من ناتوانم له‌ یه‌ك كاتدا هه‌م “مانا ببه‌خشم” و هه‌م “مانا”ش بم، (هه‌م منداڵی به‌ر ئاوێنه‌ بم – واته‌ مانای خۆم بم- هه‌م له‌ ئاوێنه‌دا -باوك بم – واته‌ وێنه‌ی مانابه‌خشی باوك بم) لاكان بۆ روونكردنه‌وه‌ی ئه‌و بابه‌ته‌ چاونه‌ترسانه‌ رسته‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ی دیكارت (من بیر ده‌كه‌مه‌وه‌، كه‌واته‌ هه‌م) دووباره‌ ده‌نوسێته‌وه‌ “من له‌و شوێنه‌ نیم كه‌ بیر ده‌كه‌مه‌وه‌، من بیر ده‌كه‌مه‌وه‌ له‌ شوێنێ‌ كه‌ نیم”.

كێ‌ بیر ده‌كاته‌وه‌ زمان یان من، زمان له‌ مندا بیر ده‌كاته‌وه‌ یان من له‌ زماندا بیر ده‌كه‌مه‌وه‌؟ ئه‌و كاته‌ی بیر ده‌كه‌مه‌وه‌ ئه‌وه‌ له‌ بیركردنه‌وه‌مدا جگه‌ له‌ كۆپیكه‌رێك شتێكی دیكه‌ نیم، هه‌رگیز رێگایه‌كی نوێم بۆ بیركردنه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو یه‌كێكی دیكه‌ رێگای بیركردنه‌وه‌ی پێبه‌خشیووم، من ده‌بێ‌ ملكه‌چی ئه‌و بم. ئه‌و یه‌كه‌ی له‌ بری (فیتگنشتاین 1889-1951) بیر ده‌كاته‌وه‌، ئه‌و یه‌كه‌ی ئه‌و ملكه‌چی ده‌بێ‌ جگه‌ له‌ زمان هیچی دیكه‌ نییه‌، ئێمه‌ هه‌موومان میراتگری (وارسی) فۆرمه‌له‌كه‌رێكی نادیاریین، به‌ڵام (كه‌س) قسان ناكات، قسه‌كه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی سیستمێكدایه‌ چ له‌ ده‌ره‌وه‌ بێ‌، چ له‌ ناوه‌وه‌. منی قسه‌كه‌ر ته‌نها چاره‌سه‌ری ئه‌و مانایه‌ ده‌كات، كه‌ ده‌یه‌وێت گوزارشتی لێبكات، ئه‌ویش له‌ رێگای شیانه‌ی گوزارشتكردنێك، كه‌ زمان ملكه‌چی ده‌بێت! به‌ڵام ناتوانین بڵێین زمان په‌یوه‌ندی به‌ دایك و بنه‌ما و ماناوه‌ نییه‌… ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندی به‌ دوو پرۆسه‌ له‌ پرۆسه‌كانی به‌كارهێنانی زمانه‌وه‌ ده‌كات، یه‌كه‌میان ده‌ره‌كییه‌ و خۆی له‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئاماژه‌كاندا ده‌بینێته‌وه‌، دووه‌میان ناوه‌كییه‌، له‌ تێگه‌یشتنی ئاماژه‌ ناوبراوه‌كانه‌وه‌ دێته‌ به‌رهه‌م، (دایك، بنه‌ما، مانا) هه‌میشه‌ لای كراوس خیانه‌تی لێده‌كرێت، لای لاكان ده‌كه‌وێته‌ نێو دڵه‌ڕاوكێی منداڵی به‌ر ئاوێنه‌ و له‌لایه‌ن فیتگنشتاین ده‌كه‌وێته‌ نێو فه‌لسه‌فه‌ی زمانه‌وه‌ به‌و مانایه‌ی كه‌ فه‌لسه‌فه‌ رزگاركردنی زمانه‌ له‌ خراپ به‌كارهێنان و گێڕانه‌وه‌یه‌تی بۆ پێوره‌ دروسته‌كه‌ی له‌ ژیانی رۆژانه‌دا، به‌و مانایه‌ی كه‌ روونكردنه‌وه‌ی لۆجیكییانه‌ی بیرۆكه‌كانه‌، به‌و مانایه‌ی كه‌ چالاكی ته‌ئویلكردنی گه‌مه‌ زمانییه‌كانه‌، به‌و مانایه‌ی كه‌ هیرمینۆتیكایه‌ نه‌ك گه‌یاندنی حه‌قیقه‌ت.

له‌ كتێبی (تراكتاتوس- tractatus- په‌یامی لۆجیكی فه‌لسه‌فی، كه‌ ساڵی 1921 بڵاوبۆته‌وه‌) فیتگنشتاین ئه‌وه‌ روون ده‌كاته‌وه‌ كه‌ فه‌لسه‌فه‌ چاره‌سه‌ری بیركردنه‌وه‌ ده‌كات و كۆی فه‌لسه‌فه‌ش ره‌خنه‌گرتنه‌ له‌ زمان، زمانیش وێنه‌گرتنی جیهانی گه‌ردیله‌كانه‌، جیهانیش هه‌مووی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ ده‌ست دێت، یان كۆمه‌ڵێك فاكته‌ نه‌ك كۆمه‌ڵێك شت، پێوانه‌ی فاكتیش مانایه‌، پێوانه‌ی راستی و دروستی ماناش ده‌كه‌وێته‌ به‌رانبه‌ر رسته‌ی زمانه‌وانی ماناداره‌وه‌، رسته‌یه‌ك كه‌ هه‌میشه‌ فاكت ده‌گه‌یه‌نێت و وه‌سفی فاكت ده‌كات. كه‌واته‌ لێره‌دا هه‌رگیز مه‌سه‌له‌، یان دۆزێكی فه‌لسه‌فی نییه‌ هه‌ڵه‌ بێت، به‌ڵكو هه‌ندێ‌ مه‌سه‌له‌ و دۆز هه‌ن مانایان نییه‌، له‌وێوه‌ بێ‌ مانان كه‌ له‌ لۆجیكی زمان تێنه‌گه‌یشتوون.

بێگومان په‌یوه‌ندی فه‌لسه‌فه‌ و لۆجیك به‌ واقیعه‌وه‌ له‌سه‌ر راستی و درۆ ناوه‌ستێ‌، به‌ڵكو بایه‌خ به‌ یاسا و رێساكانی زمان و دووری و نزیكییان له‌ زانستی ده‌لاله‌ته‌كان ده‌دات، بایه‌خ به‌ مه‌سه‌له‌ی مانا و بێ‌ مانایی ده‌دات. مادام جیهان ئه‌وه‌ بێت، كه‌ زمانی ئێمه‌ توانای ده‌ربڕینی هه‌یه‌، ئه‌وه‌ پێوه‌ری بوونی جیهانیش زمانه‌، سنوری زمانم سنوری جیهانه‌كه‌مه‌. فه‌لسه‌فه‌ی زمان پێش هه‌موو شتێك به‌رگری له‌و سیحره‌ ده‌كات، كه‌ شێوه‌كانی ته‌عبیركردن یان گوزاره‌كردن ده‌یخه‌نه‌وه‌، ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندی به‌ تاكه‌ میتۆدێكی دیاریكراوی فه‌لسه‌فه‌وه‌ نییه‌، چونكه‌ فه‌لسه‌فه‌ یه‌ك میتۆد به‌ڕێوه‌ی نابات، به‌ڵكو فه‌لسه‌فه‌ له‌ كۆمه‌ڵێك میتۆد پێكهاتووه‌، فه‌لسه‌فه‌ رێگای جۆراوجۆری هه‌یه‌، فه‌لسه‌فه‌ی زمان جگه‌ له‌ رێگای به‌دواداگه‌ڕان شتێكی دیكه‌ نییه‌، بڕوابوون به‌ یه‌ك تیۆریی، جگه‌ له‌ داخستنی ئاسۆكان شتێكمان پێناڵێت، مه‌رجی بیركردنه‌وه‌ی ئازاد به‌ كرانه‌وه‌ی ئاسۆكانه‌وه‌ به‌نده‌، كرانه‌وه‌ش رۆحی فه‌لسه‌فه‌یه‌، هه‌میشه‌ له‌ نێوان میتۆد و بابه‌ت كۆمه‌ڵێ‌ جیاوازی هه‌یه‌، به‌ڵام رێگای به‌ دواداگه‌ڕانی ئه‌و جیاوازییانه‌ له‌ پرسه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت، وه‌ڵامی فه‌لسه‌فه‌ هه‌میشه‌ له‌ رێگای خستنه‌ رووی پرسیارێكی دیكه‌وه‌یه‌.

زمان لای فیتگنشتاین رێگایه‌ به‌ره‌و مه‌عریفه‌، هۆیه‌كه‌ بۆ تێگه‌یشتن له‌ دروستبوونی مانا له‌ نێو گوتاردا، به‌پێی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ ناوه‌كییه‌ یان به‌ هۆی ئه‌و هاوسه‌نگییه‌ی نێوان زمان و بیركردنه‌وه‌، هیچ بیركردنه‌وه‌ و مه‌عریفه‌یه‌ك ناكه‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی زمانه‌وه‌، هیچ زمانێك نییه‌ بكه‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی بیركردنه‌وه‌ و مه‌عریفه‌وه‌، كه‌واته‌ هه‌موو شتێك له‌ ناو زماندا روو ده‌دات! به‌ڵام (جۆن سیرل) بیركردنه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ی هه‌یه‌ و پێیوایه‌ تێگه‌یشتنی زمان هه‌ر ده‌بێ‌ یه‌كه‌مجار به‌ تێگه‌یشتنی عه‌قڵدا بڕوات، ئه‌و بڕوایه‌ به‌ره‌و ئه‌وه‌مان ده‌بات، كه‌ عه‌قڵ بخه‌ینه‌ پێش زمانه‌وه‌! ئه‌وه‌ش ته‌واو پێچه‌وانه‌ی لاكان و كراوس و فیتگنشتاینه‌، چونكه‌ جۆن سیرل پێیوایه‌ ناشێ‌ ته‌نها به‌و شێوه‌ ساده‌یه‌ سه‌یری زمان بكه‌ین، كه‌ فیكره‌یه‌ و له‌ رێگای وشه‌وه‌ به‌ ئه‌ویدیكه‌ ده‌گات، چونكه‌ ده‌شێ‌ به‌بێ‌ وشه‌ش بڕوا به‌ هه‌ندێ‌ شت بهێنین، بۆ نموونه‌ برسێتی یان هه‌ستكردن… لێره‌دا وه‌ڵامی پرسیاری زمان چۆن به‌ واقیعه‌وه‌ په‌یوه‌ست ده‌بێت، ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ له‌ رێگای نواندنه‌وه‌ به‌ ئه‌نجام ده‌گات، به‌ڵكو ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زمان به‌ هۆی ماناوه‌ به‌ واقیعه‌وه‌ ده‌لكێ‌، ئه‌و په‌یوه‌ستبوونه‌ش عه‌قڵی نیازخواز به‌سه‌ر ده‌نگ و ئاماژه‌ ده‌یسه‌پێنێ‌. هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش مانا شێوه‌یه‌كی نیازئامێزی هه‌ڵێنجراوه‌، واته‌ كۆدی تێگه‌یشتنی مانا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نیازخوازی ئه‌سڵی یان ناوه‌كی له‌ فیكری قسه‌كه‌ردا بۆ وشه‌ و ئاماژه‌ و ره‌مز ده‌گۆڕێت.
نیازخوازی واته‌ ئه‌وه‌ منم قسان به‌ زمان ده‌كه‌م، زمان نیازی من ده‌گه‌یه‌نێت، من زمان ئاراسته‌ ده‌كه‌م… كه‌واته‌ وه‌ك چۆن ده‌شێ‌ قسه‌كه‌ر نیازی خۆی له‌ قسه‌كردندا هه‌بێت، له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا ده‌شێ‌ ئه‌و نیازه‌ ته‌قلیدییه‌ش به‌كار بهێنێ‌ كه‌ له‌ وشه‌كان و رسته‌كانی نێو زمانێكی (دیاریكراو)دا هه‌یه‌. به‌مجۆره‌ش كرده‌یه‌كی نیازئامێز(من قسان به‌ زمان ده‌كه‌م) به‌جێده‌هێنێ‌ و كۆی ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ش به‌ پڕبوونی ماناوه‌ به‌نده‌. به‌ مانایه‌كی دیكه‌ به‌رهه‌می ده‌نگه‌كان له‌ زماندا به‌شێكه‌ له‌ مه‌رجی تێربوونی ئه‌و نیازه‌ی كه‌ له‌ دروستكردنی گوتراودایه‌، واته‌ كاتێك قسه‌كه‌ر گوتراوێكی واتادار دروست ده‌كات، ئه‌و كاته‌یه‌ كه‌ مه‌رجی پڕبوون ده‌خاته‌ سه‌ر ده‌نگ و ئاماژه‌كان.
لێره‌دا به‌ قسه‌ی (جۆن سیرل) ده‌كه‌وینه‌ نێوان دوو مه‌رجی تێربوون.. یه‌كه‌م مه‌رجی تێربوونی گوتراوه‌، دووه‌م مه‌رجی تێربوونی ده‌نگ و ئاماژه‌یه‌. به‌و مانایه‌ش گوتراوی واتادار ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مه‌رجی تێربوون به‌سه‌ر مه‌رجی تێربووندا ده‌سه‌پێنێت، بۆ نموونه‌ رسته‌ی: باران ده‌بارێت. هه‌ڵگری مه‌رجی تێربوونی جۆراوجۆره‌، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نیازی قسه‌كه‌ر به‌جێده‌هێنێت و ئه‌و گوتنه‌ش مه‌رجی به‌شێك له‌ رسته‌كه‌ تێر ده‌كات، دووه‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر ته‌نها مه‌به‌ست قسه‌كردن نییه‌، واته‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كرده‌ی (بارین) له‌خۆ ده‌گرێت، كه‌واته‌ ئه‌و گوتنه‌ مه‌رجی تایبه‌ت به‌خۆیشی هه‌یه‌ و ئه‌و تێربوونه‌ش ته‌واو نابێت هه‌تا باران نه‌بارێت، ئه‌گه‌ر باران باری كه‌واته‌ مه‌رجی تێربوونی گوتراو حه‌قیقییه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر نه‌بارێت درۆ ده‌رده‌چێت.

هه‌ولێر 21/3/2016
سه‌رچاوه‌ و په‌راوێزه‌كان:




خه‌می ژیان … عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا

به‌رده‌وام ده‌بم
دڵ بۆ ساده‌یی ده‌كه‌مه‌وه‌
تا ده‌ستم شل ده‌بێ‌ له‌ مردن راده‌كه‌م
تا ده‌ستم شل ده‌بێ‌ له‌ خۆم ده‌بمه‌وه‌
نزیك له‌ سروشت
وه‌ك با له‌ باوه‌شی دووری
ده‌چمه‌وه‌ شار
به‌رده‌وام ده‌بم
ناتوانم به‌رده‌وام بم
نامبینی كه‌ چۆن ده‌كه‌وم
نامبینی ده‌نگم نوزه‌ی دێ‌
ئه‌وه‌ هیچ نییه‌
به‌رده‌وام ده‌بم
گوێ‌ له‌ دڵی مردووان ده‌گرم
ئه‌وه‌ی گوێی بۆ ده‌گرم خۆم نیم
ئه‌وه‌ی گوێی بۆ ده‌گرم كێ‌ بێ‌
په‌یوه‌ندی به‌ دڵه‌وه‌ هه‌یه‌
تا ده‌ستم شل ده‌بێ‌
مردووه‌ نه‌مره‌كان ده‌دوێنم
باوه‌ش بۆ خۆم ده‌كه‌مه‌وه‌
ئه‌وه‌ هیچ نییه‌
له‌ شاردا هه‌م زیندووه‌كان و هه‌م مردووه‌كان
گاڵته‌ به‌ یه‌كتری ده‌كه‌ن
وه‌ك ململانێ‌ له‌سه‌ر هێز
دادپه‌روه‌ری
له‌ دوكانی نادادپه‌روه‌ری ده‌فرۆشن
ئازادی له‌ ئازادی ده‌گرنه‌وه‌
ئه‌وه‌ هیچ نییه‌
ناتوانم به‌رده‌وام بم
دوور له‌و كاته‌ی كه‌ هێز ده‌بێته‌ گه‌مژه‌یی
له‌و كاته‌ی كه‌ مردووان ده‌بنه‌ نه‌مر
كه‌ ده‌نگم دێ‌ له‌ گۆڕستان
باوه‌ش بۆ خۆم ده‌كه‌مه‌وه‌
به‌ڵام نه‌مزانیوه‌ مردووم.

25/11/2016




مردن ده‌یه‌وێ‌ عه‌بدولموته‌ڵیب … عه‌بدوڵڵا

له‌ شه‌ڕی مردن نامه‌وێ‌ ده‌ركه‌وم
له‌به‌ر ئاوێنه‌ قژم بۆ سه‌ره‌وه‌ ده‌به‌م و به‌ خۆم ده‌ڵێم
چیت ده‌وێ‌
له‌ شه‌ڕی ئه‌و چێژه‌ی كه‌ كۆنترۆڵ ناكرێ‌
ئه‌و خه‌یاڵه‌ی كه‌ ژیان ده‌یه‌وێ‌
ئه‌و ئاره‌زووه‌ نامۆیه‌ی كه‌ مردنه‌ و
مرۆڤ له‌ چاوه‌ڕوانی پیر ده‌بێ‌
چیت ده‌وێ‌
من له‌ ئاوێنه‌ داوا ده‌كه‌م
له‌ شه‌ڕ داوا ناكه‌م
ئه‌وه‌ ئاره‌زووی راسته‌قینه‌یه‌
ژیان ده‌یه‌وێ‌
من نامه‌وێ‌
له‌ شه‌ڕی مردن خۆم به‌ دوور ده‌گرم
رزگاربوون له‌و بازنه‌ داخراوه‌ی ئاره‌زوو
كه‌ له‌ نیگای یه‌كه‌مه‌وه‌ وا ده‌رده‌كه‌وێ‌ ژیان ده‌یه‌وێ‌
من نامه‌وێ‌
داوا له‌ زمان ده‌كه‌م له‌ شه‌ڕی مردن بمپارێزێ‌
داوا له‌ مردن ده‌كه‌م له‌ شه‌ڕی زمان بمپارێزێ‌
داوا له‌ شه‌ڕ ده‌كه‌م له‌ مردنی زمان بمپارێزێ‌
هه‌موو ئه‌و خۆوێرانكردنه‌
ئه‌و ئاره‌زووكردنانه‌
بۆشاییه‌كی به‌تاڵه‌
خه‌یاڵ ده‌یه‌وێ‌
مرۆڤ چاوه‌ڕوانی ده‌كات
له‌به‌ر ئاوێنه‌ قژم بۆ سه‌ره‌وه‌ ده‌به‌م و به‌ خۆم ده‌ڵێم
چیت ده‌وێ‌
له‌به‌ر ئاوێنه‌ چاوم ده‌نوقێنم و ده‌ڵێم
من كێم كه‌ مردن ده‌یه‌وێ‌.

27/10/2016




دڵ بۆته‌ پشیله‌ …. عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا

له‌ راستیدا باوه‌ڕم به‌ هیچ نییه‌
تازه‌ دنیا خۆش ناكاته‌وه‌
به‌ڵام وا خۆم نیشان ده‌ده‌م
وازم له‌ خه‌مان هێناوه‌
ئه‌وه‌ منم
رێك پێچه‌وانه‌ی مردن دڵم چاوه‌ڕوانی ده‌یبا
به‌ڵام باوه‌ڕم به‌ هیچ نییه‌
ده‌زانم دڵ نائارامه‌
وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌سێ‌ له‌ ده‌رگا بدا و بڵێ‌
له‌ خه‌و هه‌ڵسه‌ دنیا ده‌ڕوا
قاچه‌كانم له‌ هیچ ده‌ئاڵێن
ده‌رگا ده‌كه‌مه‌وه‌ پشیله‌یه‌ك ده‌میاوێنێ‌
گوێ‌ له‌ پشیله‌ ده‌گرم
وه‌ك ئه‌وه‌ی گوێ‌ له‌ دڵ بگرم
ده‌ڵێم هیچ نییه‌
تازه‌ دڵ خۆش ناكاته‌وه‌
ده‌زانم ناتوانم واز له‌ خه‌مان بێنم
ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ وا خۆم ده‌رده‌خه‌م هیچ نه‌بووه‌
دڵ له‌بن خه‌مان ده‌ناڵێ‌
چاوی پشیله‌ له‌بن تاریكی ده‌تروسكێ‌
تازه‌ خه‌یاڵ خۆش ناكاته‌وه‌
وه‌ك ئه‌وه‌ی بڵێم بڕوام به‌ هیچ نییه‌
خه‌و ده‌مباته‌وه‌
له‌ خه‌ونمدا دنیا ده‌ڕوا
رووم له‌ تاریكی وه‌رگێڕاوه‌
نازی پشیله‌ ده‌كێشم
ده‌رگا ده‌كه‌مه‌وه‌
رێك پێچه‌وانه‌ی تاریكی دڵ ده‌میاوێنێ‌
ده‌ڵێم هیچ نییه‌
دڵم بۆته‌ پشیله‌

16/10/2016




ژیاننامه‌ بیۆگرافیا (Biography) … عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا

(وریا بن، تف به‌ڕووی بادا مه‌كه‌ن)
“نیتشه‌”

ژیاننامه‌ گێڕانه‌وه‌ی تاكه‌، یان به‌شێك له‌ ژیانی تاكه‌ به‌ قه‌ڵه‌می خۆی. بیۆگرافیا خود ده‌بڕێت بۆ ئه‌وه‌ی كه‌شفی جوله‌ دیار و نادیاره‌كانی ژیان و ده‌روون بكات و ئاستی مه‌عریفه‌ و ئاگامه‌ندی تاك بگه‌یه‌نێت. هه‌موو ئه‌وانه‌ش ده‌چنه‌ توێی ئه‌ده‌بی خودگه‌راییه‌وه‌، له‌ پشت ئه‌ده‌بی خودگه‌راییدا بڕوایه‌ك هه‌یه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خود سه‌ربه‌خۆیه‌ و له‌ به‌رانبه‌ر خۆی تیوار و شه‌فافه‌… نووسینه‌وه‌ی خود كۆمه‌ڵێك ده‌رئه‌نجام ده‌خاته‌ روو، له‌وانه‌ش كۆتوبه‌ندی دابونه‌ریتی كۆمه‌ڵگا و كپكراوه‌كانی نه‌ست و هه‌ڵوێست و ئازادی و چالاكی و بوێری تاك… ژیاننامه‌ شێوه‌ی جۆراوجۆری هه‌یه‌ و به‌و شێوه‌یه‌ دابه‌ش ده‌بێت: سه‌ربرده‌، یاده‌وه‌ری، یاداشتی كه‌سی، یاداشتنامه‌ی رۆژانه‌، یاداشتی رۆژانه‌ی سۆزداری، نامه‌ی ئه‌ده‌بی، سه‌فه‌رنامه‌ی ئه‌ده‌بی… هه‌موو ئه‌و جۆرانه‌ش له‌ نێو خۆیاندا جیاوازییان هه‌یه‌.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌مه‌وێ‌ جه‌ختی لێبكه‌مه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ بیۆگرافیا له‌ زمانی كوردیدا به‌ (ژیاننامه‌) ناو به‌رین، كه‌ له‌ زمانی عه‌ره‌بی به‌ (السیره‌) ناو ده‌برێت… چه‌مكی ژیاننامه‌ ده‌چێته‌ خانه‌ی ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌… وه‌ك چۆن ده‌شێ‌ له‌ زمانی كوردیدا یاده‌وه‌ری، بیره‌وه‌ری، میمۆری (memoirs) بكه‌وێته‌ به‌رانبه‌ر (مژكرات)ی زمانی عه‌ره‌بی. چه‌مكی یاده‌وه‌ری له‌به‌ر ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ یادگه‌وه‌ هه‌یه‌، وه‌ك جۆرێك له‌ گێڕانه‌وه‌ی تایبه‌تی ژیاننامه‌ له‌ قه‌ڵه‌م ده‌درێت، به‌ڵام پێش هه‌موو شتێك په‌سنی ئه‌و رووداوانه‌ ده‌كات و ئه‌و هه‌ڵوێست و سه‌رهاتانه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ و شی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ راسته‌وخۆ (منی نووسه‌ر)ی تێیدا ژیاوه‌ و بینوویه‌تی و رۆڵی تێدا گێڕاوه‌… هه‌موو ئه‌وانه‌ش له‌گه‌ڵ سه‌فه‌رنامه‌ و نووسینه‌وه‌ی سه‌فه‌ر به‌ شێوه‌یه‌كی ئه‌ده‌بی و یاداشتی رۆژانه‌، نووسینی مه‌به‌ست بۆ له‌ بیر نه‌چوون، واته‌ (یومیات) كه‌مه‌كێك جیاواز ده‌كه‌ونه‌وه‌.
له‌ نێو كورداندا ده‌ڵێن: ئێمه‌ ئاگامان له‌ سه‌ربورده‌ی تۆ نییه‌… به‌و مانایه‌ش ره‌نگه‌ بتوانین بۆ (السیره‌ الژاتیه‌ –autobiography) ده‌سته‌واژه‌ی سه‌ربرده‌، سه‌رگوزشته‌ به‌ كار بهێنین… له‌ ژیاننامه‌دا گێڕه‌ڕه‌وه‌ دیاره‌، به‌ڵام بكه‌ر ونه‌، وه‌ك زه‌مه‌ن ئاسۆیی خۆی ده‌نوێنێ‌ و له‌ سه‌ره‌تاوه‌ به‌ره‌و كۆتایی ده‌بێته‌وه‌، ده‌مه‌وێ‌ بڵێم شوێن و زه‌مه‌ن له‌ (ژیاننامه‌- Biography) و (سه‌ربرده‌- autobiography)دا دیاریكراو و سنورداره‌! به‌ڵام نووسینی مه‌به‌ست بۆ له‌ بیر نه‌چوون به‌ دانانی مێژووی رۆژه‌كان ئه‌وه‌ ده‌چێته‌ خانه‌ی جۆرێك له‌ یاداشتی كه‌سی و به‌ یاداشتی رۆژانه‌ (الیومیات) ناو ده‌برێت. كه‌واته‌ سه‌ربرده‌ هه‌موو ئه‌وه‌یه‌، یان به‌شێكه‌ له‌وه‌ی كه‌ مرۆڤ له‌ باره‌ی خۆیه‌وه‌ ده‌یگێڕێته‌وه‌، یان له‌ باره‌ی ئه‌ویدیكه‌وه‌… بێ‌ ئه‌وه‌ی چییه‌تییه‌كه‌ی دیاری بكات! یاده‌وه‌ری، یان بیره‌وه‌ری به‌ گشتی له‌ سێ‌ ته‌وه‌ره‌دا ده‌خولێته‌وه‌ (كرده‌)، (بیركردنه‌وه‌)، (سۆز) تا سنورێكی زۆر چییه‌تییه‌كه‌ی دیاری كراوه‌ بۆ نموونه‌: یاده‌وه‌ری سیاسی، مێژوویی، دیكۆمینتاری، رۆشنبیریی… وه‌ك چۆن له‌ خانه‌ی یاده‌وه‌ریدا یاداشتی كه‌سی (مژكرات الشخصیه‌) هه‌یه‌، ته‌واو ده‌كه‌وێته‌ نێوان بابه‌تگه‌رایی و مێژووی خودگه‌رایی سه‌ربرده‌وه‌. ده‌شێ‌ ئه‌و جۆره‌ له‌ یاده‌وه‌ری به‌ شێوه‌ی یاداشتی رۆژانه‌ش بنووسرێته‌وه‌، یان ساڵه‌ و ساڵ بنووسرێت…

له‌ زمانی كوردیدا یاداشتی كه‌سی (مژكرات الشخصیه‌) له‌ سه‌ربرده‌وه‌ (السیره‌ الژاتیه‌) نزیكه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێكیان دوور ده‌خاته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ یاده‌وه‌ری و به‌ تایبه‌تی یاداشتی كه‌سییدا گێڕه‌ڕه‌وه‌ فیكر و ده‌روونی خۆی به‌یان ده‌كات، هه‌ڵوێستی خۆی له‌ باره‌ی رووداوه‌كانی ژیانی خۆی ده‌رده‌بڕێت و بیریش له‌ شیكردنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌وانه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌شێ‌ له‌ داهاتوودا روو بده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی دواتر بۆی بگه‌ڕێته‌وه‌ و له‌ هه‌ڵه‌كانی سوود وه‌ربگرێ‌. به‌ڵام له‌ سه‌ربرده‌دا سه‌رهات و هه‌سته‌كان و هیواكانی تێدا ده‌گێڕێته‌وه‌.*
یه‌كێك له‌ جیاوازییه‌كانی جۆره‌كانی ژیاننامه‌ به‌ گشتی به‌ بینراو و رووداو و كه‌سه‌كانه‌وه‌ به‌نده‌، چۆن بیركردنه‌وه‌كان و هه‌سته‌كانیان ده‌گه‌یه‌نن! دووه‌م، فره‌ ره‌نگكردنی پانتاییه‌كانی گێڕانه‌وه‌ی سه‌رهات و ئاستی مه‌عریفی گێڕه‌ڕه‌وه‌ و بایه‌خی گێڕانه‌وه‌ و ئه‌زموون… هه‌موو ئه‌وانه‌ جیاوازی تایبه‌تی دروست ده‌كه‌ن. سێیه‌مین جیاوازی ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر هێزی بیرهاتنه‌وه‌ و راستگۆیی و پاراستنی هاوسه‌نگی و راشكاوی له‌ كه‌شفكردن و چه‌پێنراوه‌ ده‌روونی و فیكرییه‌كاندا. چواره‌م جیاوازی به‌ ئاستی هونه‌رییه‌وه‌ به‌نده‌، په‌یوه‌ندی به‌ توانای گوزارشتكردن و شاره‌زایی (منی نووسه‌ر)ه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌ هه‌ڵبژاردنی گۆشه‌نیگا و ده‌سته‌واژه‌ و گونجاندن و دروستكردنی په‌یوه‌ندی له‌ نێوان هۆكار و ده‌رئه‌نجامدا… واته‌ بونیادنانی ده‌قێكی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری.

به‌ گشتی له‌ ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌ی ژیاننامه‌دا هه‌میشه‌ درۆكردن و زیاده‌ڕۆی و له‌ ده‌ستدانی هاوسه‌نگی وه‌ك سه‌رنه‌كه‌وتنی (منی نووسه‌ر) ته‌ماشا ده‌كرێت، به‌و مانایه‌ش زۆربه‌ی جیاوازییه‌كان جه‌خت له‌ مه‌سه‌له‌یه‌ك ده‌كه‌نه‌وه‌ ئه‌ویش راستگۆییه‌ به‌ تایبه‌تی له‌ گێڕانه‌وه‌ی یاده‌وه‌ری و یاداشتی كه‌سی. ئایا گێڕه‌ڕه‌وه‌ وێنه‌یه‌كی چه‌ند راستگۆییانه‌مان له‌ باره‌ی خۆیه‌وه‌ بۆ ده‌كێشێ‌؟ كاتێ‌ چه‌پێنراوه‌كانی ناوه‌وه‌ی خۆی و هه‌ڵوێست و بیركردنه‌وه‌كانی خۆی كه‌شف ده‌كات، ده‌یه‌وێ‌ چیمان پێبڵێت؟ بۆ وه‌ڵامی ئه‌و دوو پرسیاره‌، ده‌بێ‌ بۆ هه‌موو ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌ كه‌ له‌ قۆناغه‌كانی كلاسیك و رۆمانتیك و مۆدێرنه‌ و پۆستمۆدێرنه‌دا به‌سه‌ر خود و (منی نووسه‌ر)دا هاتووه‌… له‌ قۆناغی كلاسیكدا منی نووسه‌ر منێكی سێنترالی پیرۆز بوو، یان وه‌ك (باسكال) ده‌ڵێت منێكی به‌دبه‌خت بوو! به‌ڵام له‌ رۆمانتیكدا منێكی تاك و ته‌نیایه‌ (رۆسۆ له‌و باره‌وه‌ ده‌ڵێت ده‌توانم بڵێم من به‌ هیچ كه‌س ناچم) تا ده‌گاته‌ سه‌رده‌می نوێ‌ و لێكهه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی من و خود، ئیتر گومانكردن له‌ خودی سێنترال (منی نووسه‌ر) هاته‌ ئاراوه‌… ئه‌ده‌بی ژیاننامه‌ له‌ گێڕانه‌وه‌یه‌كی خودگه‌را و منی نووسه‌ر له‌ مێژووی گێڕانه‌وه‌ هاته‌ ده‌ره‌وه‌… ده‌مه‌وێ‌ بڵێم ئه‌و شێوه‌ بیركردنه‌وه‌یه‌ی له‌ باره‌ی خودی سێنتراڵ و منی نووسه‌ر، كه‌ له‌ كلاسیك و رۆمانتیك له‌ ئارادا بوو، له‌ سه‌رده‌می نوێ‌ و له‌ دوای هه‌ستكردن به‌ هیچگه‌رایی و پووچگه‌رایی له‌ فه‌لسه‌فه‌ی مۆدێرنیزمه‌وه‌ (وه‌ك هابرماس بڕوای پێیه‌تی)* گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هات و سێنته‌راگه‌رایی به‌ره‌و په‌راوێزگه‌رایی و ده‌قگه‌رایی هه‌نگاوی نا… ده‌سته‌واژه‌ به‌ ناوبانگه‌كه‌ی سارته‌ر “من ئه‌وه‌م كه‌ من نیم، به‌ڵكو ئه‌ویدیكه‌م” كاریگه‌ری زۆری نواند*. (فوكۆ) منی ره‌تكرده‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ رێگای ئه‌ویدیكه‌وه‌ ده‌قگه‌رایی به‌رهه‌م بهێنێ‌ ‌و له‌ رێگای ئه‌ویدیكه‌وه‌ بیخوێنێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ بری به‌ پیرۆزكردنی منی نووسه‌ر ده‌ق ببێته‌ موڵكی ئه‌ویدیكه‌، ئه‌ویدیكه‌ ده‌ق دابنێته‌وه‌، ئیتر لێره‌وه‌ من هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌ ‌و له‌ شوێنی ئه‌و منه‌ سێنتراڵه‌ چه‌ندان (من) هاتنه‌ قسه‌كردن… (لاكان) له‌ ره‌تكردنه‌وه‌ی كۆجیتۆی (دیكارت)یدا ده‌ڵێت “من له‌و شوێنه‌ نیم كه‌ بیر ده‌كه‌مه‌وه‌، من بیر ده‌كه‌مه‌وه‌ له‌ شوێنێ‌ كه‌ نیم”… لێره‌وه‌ ره‌تكردنه‌وه‌ی خود، ره‌تكردنه‌وه‌ی خودگه‌رایی، ره‌تكردنه‌وه‌ی منی نووسه‌ریش ده‌نوێنێ‌، به‌و مانایه‌ش منی گێڕه‌ڕه‌وه‌ی نێو ژیاننامه‌ له‌ پاڵ ره‌گه‌زه‌كانی دیكه‌ی گێڕانه‌وه‌ (خه‌ون و شیكردنه‌وه‌ی رووداو و خه‌یاڵ و مه‌نه‌لۆگ و ئاماژه‌كردن بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئاینده‌) خۆی ورد كرده‌وه‌… ده‌مه‌وێ‌ بڵێم ئیتر له‌ مۆدێرنیزمه‌وه‌ ده‌قگه‌رایی، خودگه‌رایی فه‌رامۆش ده‌كات!
ده‌قگه‌رایی هه‌رگیز خاوه‌ندارێتی قبوڵ نییه‌، چونكه‌ فیكری مۆدێرنه‌ و پۆستمۆدێرنه‌ پێیوایه‌ خاوه‌ندارێتی له‌ رێگای ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌یه‌تی كه‌ڵه‌گایی ده‌سه‌پێنێ‌، ئه‌گه‌رچی سه‌ره‌تای خاوه‌نداریه‌تی به‌ پێی پێداویستی كۆمه‌ڵایه‌تی بوو، زه‌روره‌تێكی ئاسمانی بوو، به‌ڵام له‌ جه‌وهه‌ردا خۆی زۆرداری بوو، پاشان به‌ پیرۆزكرا، وه‌ك چۆن نووسه‌ر له‌ رێگای بوون به‌ خاوه‌نی ده‌ق ته‌قدیس ده‌كرا، دواجار چه‌مكی خاوه‌نداریه‌تی بووه‌ ئایدۆلۆژیا ‌و یاری به‌ چاره‌نووسی خه‌ڵك ده‌كرد.

بیۆگرافیا
خاڵی یه‌كتربڕینی خه‌یاڵ و حه‌قیقه‌ت

“ئه‌وه‌یه‌ مرۆڤ”ی نیتشه‌* وه‌ك نموونه‌ی ده‌قگه‌رایی
“گۆته‌”ی فه‌یله‌سوف به‌ڕاستی به‌شێكی زۆر له‌ حیكمه‌تی نواند كاتێك بیۆگرافیای (Biography) خۆی به‌ ناونیشانی (شیعر و حه‌قیقه‌ت) ناونا، حیكمه‌ته‌كه‌ هه‌ر ته‌نها په‌یوه‌ندی به‌ به‌های ژیانی كه‌سێتییه‌وه‌ نییه‌. به‌ڵكو په‌یوه‌ندی به‌ پرۆسه‌ی نووسینه‌وه‌ی بیۆگرافیا و جۆره‌كانییه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌و مانایه‌ی كه‌ ده‌شێ‌ به‌شێكی بكه‌وێته‌ نێو خه‌یاڵ و به‌شێكی به‌ڕاشكاوییه‌وه‌ به‌ندبێ‌.* لێره‌ له‌و نێوانه‌دا ناونیشانه‌كه‌ی “گۆته‌” حیكمه‌ته‌كه‌ی خۆی ده‌وه‌شێنێ‌. دكتۆر جۆنسن ده‌ڵێ‌: ئه‌وه‌ی كه‌ پێویسته‌ بیۆگرافیا بنووسێته‌وه‌ خودی كه‌سه‌كه‌ خۆیه‌تی، چونكه‌ هه‌موو مرۆڤێك بۆخۆی راستییه‌كانی ژیانی خۆی باشتر ده‌زانێ‌، ئیتر وێڕای نائاگایی و پشتگوێ‌ خستن و له‌بیركردنه‌ بێ‌ مه‌به‌سته‌كانیش… به‌ڵام ئه‌گه‌ر هاتوو كه‌سێك ویستی به‌ راشكاوی رووی ناوه‌وه‌ی خۆی بنووسێته‌وه‌، له‌ هه‌موو كه‌س زێتر پاڵنه‌ره‌كان و وڕوژێنه‌ره‌كان و شاراوه‌كان باشتر یاد ده‌كاته‌وه‌.*

خودگه‌رایی/ده‌قگه‌رایی
بیۆگرافیا گێڕانه‌وه‌ی ژیانێكی دیاریكراوه‌، مه‌عریفه‌یه‌ك له‌باره‌ی ماهیه‌ت و مانا و ئه‌و ئه‌رزشانه‌ پێشكێش ده‌كات، كه‌ ده‌قی پێ‌ دیاری ده‌كرێ‌. به‌و مانایه‌ش ده‌قی بیۆگرافیا پێكهاته‌یه‌كی مه‌عریفییه‌ له‌ به‌رجه‌سته‌كردنی لێوردبوونه‌وه‌ی ژیانی كه‌سییه‌وه‌ له‌دایك ده‌بێ‌.
كه‌واته‌ بیۆگرافیا خۆ نووسینه‌وه‌یه‌، به‌و وه‌سفه‌ی كه‌ ده‌قه‌، یان نووسینه‌وه‌ی كۆی چالاكییه‌كانی خودی كه‌سێكه‌ به‌و وه‌سفه‌ی كه‌ ده‌قه‌. بێگومان په‌سنی له‌و جۆره‌ش له‌ ئه‌ده‌ب نزیك ده‌بێته‌وه‌، ئه‌گه‌رچی خود به‌ ته‌واوی خۆی په‌سن ناكات، یان ناگێڕێته‌وه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌و چالاكییه‌ و نه‌خشه‌ و نووسین و پانتاییه‌ی كه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێوان وه‌سف و گێڕانه‌وه‌ ده‌شێ‌ به‌ ده‌قگه‌رایی ناو ببرێت. له‌كۆی ئه‌و قسانه‌دا ده‌مه‌وێت خۆم به‌و تێزه‌ بسپێرم كه‌ پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانی بیۆگرافیا پرۆسه‌یه‌كی ده‌قگه‌راییه‌.
ده‌شێ‌ پرسیاری سه‌ره‌كی بیۆگرافیا له‌نێو ئه‌ده‌ب ئه‌وه‌بێ‌ كه‌ ئه‌گه‌ر بیۆگرافیا به‌ ماڵێك بۆ حه‌سانه‌وه‌ دابنێین، به‌و مانایه‌ی كه‌ ماڵ دڵنیایی له‌خۆدا هه‌ڵگرتووه‌، ئه‌وه‌ بیۆگرافیا وه‌ك دركاندن و گێڕانه‌وه‌ی نێو ئه‌و ماڵه‌، تێگه‌یشتنمان رووبه‌ڕووی ماڵ دووچاری له‌ق بوون ده‌كات. كه‌واته‌ ته‌رجه‌مه‌كردنی بیۆگرافیا وه‌ك ده‌ق و به‌رجه‌سته‌كردنی وه‌ك فه‌زایه‌كی جیاواز، تێگه‌یشتنێكی ساخته‌كارانه‌مان له‌باره‌ی دڵنیاییه‌وه‌ بۆ ده‌نووسێته‌وه‌. له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ ده‌توانیین بڵێین (بیۆگرافیا) بێ‌ فه‌زایه‌، به‌ڵام (ده‌قگه‌رایی) بیۆگرافی تۆبۆسه‌.*
بیۆگرافیا نه‌ شوێنه‌ نه‌ بابه‌تێكه‌ بۆ توێژینه‌وه‌، به‌ڵكو له‌ خاڵی یه‌كتربڕینی هه‌ردووكیاندا دێته‌وه‌ یه‌ك. تۆبۆس فه‌زای گوتاره‌ به‌و خه‌سڵه‌تانه‌ ده‌ناسرێته‌وه‌ كه‌ له‌ جوگرافیاوه‌ وه‌ری ده‌گرێت و له‌ ره‌وانبێژی به‌ده‌ستی ده‌هێنێ‌، به‌ڵام وێڕای ئه‌وه‌ش پانتاییه‌كی تایبه‌ت به‌خۆی ده‌كاته‌ شوێنی كاركردن، چونكه‌ فه‌زای گوتار له‌ هه‌مان كاتتدا فه‌زای دیاركردنی ده‌ق و كرانه‌وه‌یه‌ به‌سه‌ر ده‌قه‌كانی دیكه‌دا.*
كه‌واته‌ له‌لایه‌ك دوور كه‌وتنه‌وه‌ی بیۆگرافیا له‌ شوێن و ته‌ماشاكردنی فه‌زا وه‌ك جیاوازی، راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به‌ ژیانی كه‌سه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌. چونكه‌ سنووری بیۆگرافی ئه‌و شوێنه‌ گونجاوه‌یه‌ كه‌ دانه‌ر وه‌ك تاك تێیدا ده‌مێنێته‌وه‌ و ده‌سه‌ڵاتی خۆی له‌ رێگای به‌كارهێنانی راناوی “من”ه‌وه‌ پراكتیزه‌ ده‌كات. گێڕانه‌وه‌ش له‌ رێگای قسه‌كه‌ر و دابڕانی “من”ی ده‌ق، له‌ “من”ی دانه‌ر ته‌عبیر له‌ راشكاوی ده‌كات. له‌لایه‌كی دیكه‌ بیۆگرافیا وه‌ك شێوازی چالاكیه‌كی زه‌مه‌نی ده‌قێكه‌ به‌وه‌ په‌سن ده‌كرێ‌، كه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێو شه‌پۆلی ژیانه‌وه‌. بێگومان گێڕه‌ڕه‌وه‌ ده‌توانێ‌ رووداوێك به‌ زانیاری پێشتر پڕ بكاته‌وه‌، به‌ مه‌رجێك نه‌كه‌وێته‌ ژێر چاودێریكردن، یان نهێنییه‌ك، یان بابه‌تێكی سه‌ره‌كی كه‌ چاوه‌ڕێی ده‌ركه‌وتن و ناسینی ده‌كرێ‌. نووسه‌ری بیۆگرافیا وه‌ك “مۆنتانی” و “رۆسۆ” ده‌ڵێن: هه‌موو شتێك ده‌ڵێ‌، له‌پێناو ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێ‌، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ هۆی رابردوو، داهاتوو بچنێ‌.* كه‌واته‌ بیۆگرافیا به‌ شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت زه‌مانییه‌.
به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كات له‌ بیۆگرافیادا هه‌موو شتێ‌ نییه‌، وه‌ك چۆن شوێنگه‌راییه‌كی جیاواز داده‌مه‌زرێنێ‌. به‌ مانایه‌كی دیكه‌ وه‌ك (ج.هیو. سلفرمان) ده‌ڵێ‌: بیۆگرافیا له‌خاڵی لێكدابڕانی زه‌مانی رووت و مه‌كانی رووتدایه‌. زه‌مانی رووت ژیانی تایبه‌تی نووسه‌ری بیۆگرافیایه‌، به‌ڵام مه‌كانی رووت وه‌سفكردنی كۆمه‌ڵێك فه‌زایه‌ كه‌ ژیان تیایاندا شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان وه‌رده‌گرێ‌. كه‌واته‌ ئه‌وه‌ی بیۆگرافیا جیا ده‌كاته‌وه‌ تێكه‌ڵكردنی زه‌مان و مه‌كانه‌.*

حه‌قیقه‌ت/خه‌یاڵ

راسته‌ گێڕانه‌وه‌ ئامرازێكه‌ پێچه‌وانه‌ی ره‌گه‌زی وه‌سفكردن، گوتارێكه‌ پشت به‌ چیڕۆك و گێڕانه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی ده‌به‌ستێ‌، به‌ڵام سنووری گێڕانه‌وه‌ وه‌ك چۆن به‌سه‌ر په‌خشاندا كراوه‌یه‌، به‌سه‌ر شیعریشدا كراوه‌یه‌، كه‌واته‌ پرۆسه‌ی گێڕانه‌وه‌ له‌ نێوان هه‌موو كاره‌ ئه‌ده‌بی و هونه‌رییه‌كاندا هاوبه‌شه‌. بۆ نموونه‌ شیعر هه‌مووی وه‌سف نییه‌، هه‌تا له‌گه‌ڵ گێڕانه‌وه‌ پێچه‌وانه‌ بكه‌وێته‌وه‌، به‌ڵكو به‌شێك له‌ گێڕانه‌وه‌ی تێدایه‌ كه‌ نابێ‌ پشتگوێی بخه‌ین و نكۆڵی لێبكه‌ین، په‌خشانیش هه‌مووی گێڕانه‌وه‌ نییه‌، هه‌تا پێچه‌وانه‌ی په‌سن بكه‌وێته‌وه‌. لێره‌وه‌ حه‌قیقه‌ت و خه‌یاڵ، یان پرسی گه‌یاندن/جیبه‌جێكردن، بڕیاردان/ئاماژه‌كردن، شیكردنه‌وه‌/وێناكردن… هتد و كۆی پرسه‌كانی زانست و ئه‌ده‌ب به‌رجه‌سته‌ ده‌بن، به‌ڵام ده‌مه‌وێت بڵێم ئه‌گه‌ر زانست بیه‌وێ‌ خه‌یاڵنه‌كردن بێ‌، هه‌وڵ بۆ به‌ده‌ستهێنانی پێوانه‌ بدات، پاراستنی شوێن بێ‌ له‌ پانتایی كه‌شفكردندا، ئه‌وه‌ ئه‌ده‌ب وه‌ك (ج.هیو. سلفرمان) ده‌ڵێ‌: خۆی وه‌ك گوتارێك له‌ درۆ پێشكێش ده‌كات. یه‌كه‌میان مه‌عریفه‌یه‌كی پێوانه‌یی بۆخۆی ده‌خاته‌وه‌، به‌ڵام دووه‌میان مه‌عریفه‌یه‌ك به‌رهه‌م ده‌هێنێ‌ كه‌ زمانی قسه‌كردنی تایبه‌ت به‌ خۆی هه‌یه‌. له‌ نێوان شیعر و گێڕانه‌وه‌، خه‌یاڵكردن و خه‌یاڵنه‌كردن بیۆگرافیا ده‌كه‌وێته‌ دوورترین هه‌وار… به‌و مانایه‌ی كه‌ له‌ سنووری خه‌یاڵنه‌كردندا خه‌یاڵ ده‌نێته‌وه‌، له‌ سنووری خه‌یاڵكردنیشدا بانگه‌شه‌ی ده‌قگه‌رایی بیۆگرافیای خه‌یاڵنه‌كراو ده‌كات. به‌مانایه‌كی دیكه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌قی بیۆگرافی به‌ راناوی كه‌سی یه‌كه‌می تاكه‌وه‌ به‌نده‌ و ئه‌و راناوه‌ش ده‌چێته‌ نێو بیركردنه‌وه‌ و بیركردنه‌وه‌ش توانای خه‌یاڵكردن ده‌كاته‌وه‌ بۆیه‌ ده‌شێ‌ بڵێین بیۆگرافیا گێڕانه‌وه‌یه‌كه‌ ناتوانرێت به‌دواداچوونی زانستی بۆ به‌ئه‌نجام بگه‌یه‌نین، بۆ نموونه‌ له‌ بیۆگرافیادا قسه‌كردن له‌باره‌ی سرووشت، جوگرافیا یان كشتوكاڵ…. ناتوانێ‌ توێژه‌رێكی كشتوكاڵی رازی بكات. به‌ڵام ده‌شێ‌ یارمه‌تی خوێنه‌ر بدا، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ خه‌سڵه‌ته‌كانی دیكه‌ی نووسه‌ر تێبگات له‌ شاره‌زاییه‌كان و قه‌ناعه‌ته‌كان و مه‌عریفه‌كانی…
گێڕانه‌وه‌ به‌ راناوی “من” راشكاوییه‌، له‌وێوه‌ كه‌ ده‌یه‌وێ‌ وه‌ڵامی هه‌ندێ‌ پرس بداته‌وه‌، وه‌ك چۆن له‌زۆر كاتتدا گه‌یاندنی حه‌قیقه‌ت و بڕیاردان له‌خۆ ده‌گرێ‌، له‌ڕووی زانستییه‌وه‌ ئه‌و جۆره‌ گێڕانه‌وه‌یه‌ به‌ره‌و گوتارێكی تایبه‌تمان ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام له‌ڕووی ئه‌ده‌بی و فه‌لسه‌فییه‌وه‌ زاڵبوونی “من” ده‌گه‌یه‌نێت. بۆیه‌ كاتێك ده‌قی بیۆگرافی ده‌خه‌ینه‌ چوارچێوه‌یه‌كی دیاریكراو ده‌بینین نه‌ ده‌كه‌وێته‌ دووتوێی خه‌یاڵكردن نه‌ به‌خه‌یاڵنه‌كردنه‌وه‌ ده‌لكێ‌، ئه‌وه‌ش وامان لێده‌كات بڵێین ده‌قی بیۆگرافی ده‌كه‌وێته‌ نێوان ئه‌ده‌ب و فه‌لسه‌فه‌وه‌… به‌و مانایه‌ش ده‌قی بیۆگرافی هه‌ر ته‌نها په‌سنی رابردوو و داهاتووی دوور ناكات، به‌ڵكو داهاتووی نزیكیش ده‌گرێته‌وه‌. كه‌واته‌ بیۆگرافیا بۆ خۆی خوازه‌یه‌، واته‌ ده‌قێكه‌ به‌گشتی خوازه‌ پێكده‌هێنێ‌، ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت بیۆگرافیا نموونه‌ی ژیانێكی دیاریكراو نییه‌، چونكه‌ كاتێك ده‌بێته‌ خوازه‌ بۆ ژیانێكی دیاریكراو ئه‌وه‌ ئه‌و ژیانه‌ ناگه‌یه‌نێت، به‌ڵكو كۆپێیه‌كی دیكه‌ی ژیانی ناوبراو پێشكێش ده‌كات.

“ئه‌وه‌یه‌ مرۆڤ “

له‌ نێوان توانا و تێگه‌یشتن
له‌ “سفری ته‌كوین 3: 22” ده‌گوترێ‌: ئه‌وه‌یه‌ مرۆڤ هه‌ر وه‌ك یه‌كێك له‌ ئێمه‌ شه‌ڕ و خێر ناس ده‌كات. ده‌سته‌واژه‌ی “ئه‌وه‌یه‌ مرۆڤ” ئاماژه‌یه‌ بۆ مه‌سیح و مه‌سیحییه‌كان ده‌ڵێن خوا له‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌دا مه‌لائیكه‌ته‌كان ده‌دوێنێ‌ و ده‌ڵێ‌ ئه‌و مرۆڤه‌ له‌ كتێبی خێر و شه‌ڕدا به‌شداری له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا هه‌یه‌. به‌ڵام فه‌یله‌سوفی پۆست مۆدێرنه‌ “فریدریك نیتشه‌” ده‌یه‌وێ‌ له‌ رێگای دووباره‌كردنه‌وه‌ی ده‌سته‌واژه‌ی “ئه‌وه‌یه‌ مرۆڤ” تواناكانی خۆی نیشان بدات.
له‌ كۆی ئه‌و نووسینه‌دا هه‌وڵمدا بڵێم بیۆگرافیا ژیانی كه‌سێكه‌، نووسراوه‌ته‌وه‌. یان پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانی بیۆگرافیا ئه‌و نووسراوه‌ ده‌گرێته‌وه‌، كه‌ كه‌سێك ژیانی تایبه‌تی خۆی ده‌نووسێته‌وه‌. به‌ڵام كتێبی “ئه‌وه‌یه‌ مرۆڤ”ی نیتشه‌، ئه‌گه‌رچی له‌ چوارده‌ به‌ش پێكهاتووه‌ و له‌ رێگای به‌كارهێنانی راناوی “من” له‌كۆی ئه‌و كتێبه‌ به‌تایبه‌تی له‌ به‌شه‌كانی: بۆچی من ئه‌وه‌نده‌ دانام، بۆچی هێنده‌ من زیره‌كم چ شتێك وام لێده‌كات كتێبی باش بنووسم… ته‌نها ده‌یه‌وێت ماهیه‌تی خۆی نیشان بدات، كه‌متر ئاماژه‌ به‌ ژیانی تایبه‌تی خۆی ده‌كات. بۆ نموونه‌ له‌ به‌شی دووه‌م بۆچی من ئه‌وه‌نده‌ زیره‌كم ده‌ڵێ‌: له‌ ته‌مه‌نێكی زۆر زوودا كه‌ هێشتا حه‌وت ساڵان بووم تێگه‌یشتم كه‌ هیچ قسه‌یه‌كی مرۆڤانه‌ نییه‌ بتوانێت بێته‌ ناوه‌وه‌م، باشه‌ كه‌سێك بینی من به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌ میزاجم خراپ بێت؟ تا ئێستا به‌رانبه‌ر به‌ خه‌ڵك لوتفم هه‌یه‌، بگره‌ رێزی خه‌ڵكی زۆر ساده‌و ساكاریش ده‌گرم، ئه‌وه‌ش به‌هیچ جۆرێك پێشاندانی گه‌وره‌یی و فیز نییه‌، كاتێك رقم له‌ كه‌سێك ده‌بێته‌وه‌ هه‌ر یه‌كسه‌ر هه‌ست ده‌كات كه‌ رقم لێیه‌تی، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ به‌سه‌ من بێمه‌ شوێنێك بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی خوێنیان بۆگه‌ن و گه‌نده‌ڵه‌ بێزار و تووڕه‌ بن.* ئه‌گه‌رچی هه‌موو ئه‌و به‌خۆداهه‌ڵدانه‌ ده‌چێته‌ میانی په‌سن و گێڕانه‌وه‌، به‌ڵام گێڕانه‌وه‌یه‌كی زنجیره‌ئامێزی زه‌مه‌نی نییه‌، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی بڕوای خودی نیتشه‌یه‌ له‌باره‌ی خۆیه‌وه‌، به‌شێكی زۆری ئه‌و بڕوایه‌ش به‌تایبه‌تی له‌ به‌رانبه‌ر “فاكنه‌ر”ی مۆسیقی زۆر كه‌سییه‌ و راسته‌وخۆ به‌ په‌یوه‌ندی نێوانیانه‌وه‌ به‌نده‌. نیتشه‌ له‌و كتێبه‌دا له‌ بری ژیانی تایبه‌تی جگه‌ له‌و به‌شانه‌ی له‌ سه‌ره‌وه‌ ناوم بردن له‌ هه‌موو به‌شه‌كانی دیكه‌دا ته‌نها ده‌یه‌وێت ناسنامه‌ی فه‌لسه‌فی و رۆشنبیریی خۆی به‌ هۆی ناوهێنانی كتێبه‌كانییه‌وه‌ به‌ ئه‌ویدیكه‌ی خوێنه‌ر بگه‌یه‌نێت.
كه‌واته‌ نیتشه‌ له‌ رێگای راناوی “من” ده‌ق ده‌خاته‌ روو، بۆیه‌ له‌و بیۆگرافیایه‌دا جگه‌ له‌ ده‌قی ژیانی نیتشه‌: باوكم له‌ ته‌مه‌نی (36) ساڵی كۆچی دوایی كرد…ل19. من ئه‌ڵمانییه‌كی دژ به‌ سیاسه‌تم……ل20. دایكم بێگومان یه‌كێكه‌ له‌وانه‌ی زۆر ئه‌ڵمانییه‌..ل21. من له‌ رێكه‌وتی (15)ی ئۆكتۆبه‌ری 1844 له‌ دایكبوومه‌… هیچ په‌سنێكی دیكه‌مان به‌رچاو ناكه‌وێت. كه‌چی (سارته‌ر) له‌ كتێبی (وشه‌كان) ورده‌كاری ژیانی دوانزه‌ ساڵه‌ی خۆی له‌ زنجیره‌یه‌كی زه‌مه‌نیدا تۆمار ده‌كات. به‌ڵام نیتشه‌ زێتر ئاماژه‌ به‌ به‌رهه‌مه‌ فه‌لسه‌فییه‌كانی دیكه‌ی خۆی ده‌كات و له‌و رێگایه‌وه‌ خۆشی له‌ شوێنگه‌ی خۆی به‌ده‌ست ده‌هێنێ‌. به‌ مانایه‌كی دیكه‌ نیتشه‌ له‌ بری ئه‌وه‌ی خۆی وه‌ك شوێنی پرسیار به‌رز بكاته‌وه‌، به‌رهه‌مه‌كانی وا نیشان ده‌دات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ناتوانین بڵێین ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ نووسراوه‌یه‌ شوێنی ده‌قی بیۆگرافیا نییه‌.
به‌كورتی نیتشه‌ له‌و كتێبه‌دا روو له‌ رابردوو ده‌كات، وه‌ك چۆن په‌ی به‌ داهاتووش ده‌بات، له‌ هه‌ردوو باریشدا ژیانی ده‌قی پێشوو له‌لایه‌ك و ده‌قی سه‌ره‌كی له‌لایه‌كی دیكه‌ به‌رجه‌سته‌ ده‌كاته‌وه‌، به‌و مانایه‌ ده‌شێ‌ ئه‌و بیۆگرافیایه‌ وه‌ك ساته‌وه‌ختێك له‌ ئێستا ته‌ماشا بكه‌ین، كه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێوان رابردوو و داهاتوو. دواجار ده‌توانم بڵێم ئه‌و كتێبه‌ ده‌شێ‌ وه‌ك داڕژانی شیعریی و كۆمه‌ڵێك پڕشنگی ئیستێتیكی سه‌یری بكه‌ین، واته‌ به‌شێكی زۆری جوانی ئه‌و كتێبه‌ راسته‌وخۆ به‌ پڕشنگ و داڕژانه‌ نه‌ستییه‌كانی نیتشه‌وه‌ به‌نده‌، وه‌ك چۆن به‌شێكی دیكه‌ی به‌ كۆی ئه‌و دید و زانیاری و سه‌رنجانه‌وه‌ ده‌لكێ‌، كه‌ له‌باره‌ی به‌رهه‌مه‌ فه‌لسه‌فیه‌كانییه‌وه‌ ده‌یخاته‌ روو. نابێ‌ له‌بیریشمان بچێ‌ كه‌ وه‌رگێڕی كوردی (رێبین ره‌سوڵ ئیسماعیل) به‌ زمانێكی نزیك له‌ ده‌قی نیتشه‌یی توانیویه‌تی ئه‌و داڕژان و پڕشنگانه‌ بۆ زمانی كوردی بگوازێته‌وه‌.

——————————————
سه‌رچاوه‌ و په‌راوێزه‌كان:

1- هێلكاری گێڕانه‌وه‌ی خودگه‌رایی، یان به‌شێك له‌ ژیانی تاك به‌ قه‌ڵه‌می خۆی، به‌ (ژیاننامه‌- السیره‌) ناو به‌رین و (سه‌ربرده‌- السیره‌ الژاتیه‌) به‌ ژیاننامه‌ گرێ‌ بده‌ین و (یاده‌وه‌ری- مژكرات) له‌ سه‌ربرده‌ نزیك بكه‌ینه‌وه‌ و (یاداشتی كه‌سی- مژكرات الشخصیه‌) بخه‌ینه‌ خانه‌كانی یاده‌وه‌ری و (یاداشتی رۆژانه‌- الیومیات) له‌ یاداشتی كه‌سی هه‌ڵگرینه‌وه‌.
2- وشه‌ی سه‌رهات مانای رووداو ده‌دات، وه‌ك له‌ لاپه‌ڕه‌ی 444 هه‌نبانه‌ بۆرینه‌ی مامۆستا هه‌ژار هاتووه‌.
3- د. لگیف زیتونی، معجم مصگلحات نقد الروایه‌، دار النهار للنشر، بیروت- لبنان، گ1 2002، ص 13-14.
4- هابرماس پێیوایه‌ پۆستمۆدێرنه‌ درێژكراوه‌ی مۆدێرنه‌یه‌.
5- فریدریك نیچه‌، ئه‌وه‌یه‌ مرۆڤ، وه‌رگێڕانی: رێبین ره‌سوڵ ئیسماعیل، وه‌زاره‌تی رۆشنبیریی، به‌رێوه‌به‌رایه‌تی خانه‌ی وه‌رگێڕان، چاپخانه‌ی كارۆ، چ1، 2009.
6 – به‌شێك له‌ ره‌خنه‌گران فیۆگرافیا و شیعر به‌شیاو نازانن، به‌ڵام هه‌ندێك ده‌ڵێن ئه‌ده‌بی فیۆگرافی له‌ گواستنه‌وه‌ی ئه‌زموونی ژیانی تاك پشت به‌ حه‌قیقه‌ت و راستگۆیی ده‌به‌ستێ‌، به‌ڵام شیعر به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر گواستنه‌وه‌ی درۆ نه‌بێ‌، ئه‌وه‌ پشت به‌ وێناكردن و خه‌یاڵ و زیاده‌رۆیی و راستگۆیی هونه‌ریی ده‌به‌ستێ‌. كه‌سانێكی دیكه‌ی سێیه‌م تێكه‌ڵكردنی ره‌گ و ریشه‌یی فیۆگرافیا و شیعر به‌ لایانه‌وه‌ ئاساییه‌.
7 – أوجه السیره‌، اندریه‌ موروا، ترجمه‌: ناجی الحدیپی، وزاره‌ الپقافه‌ و الاعلام_بغداد، گ1 1987، ص109.
8- تۆبۆس- Tobos: وشه‌یه‌كی گریكییه‌ به‌ مانای شوێن دێت، به‌ڵام له‌ ئه‌ده‌ب به‌ بابه‌ت، یان فیكره‌ی بنه‌ڕه‌تی سه‌یر ده‌كرێت.
9- بڕوانه‌: ج.هیو. سلفرمان، نصیات، ترجمه‌، حسن ناڤم، علی حاكم صالح، المركز الپقافی العربی، دار البیچا‌و-المغرب، گ1 2002، ص141.
10- ه. س. پ. ل146_147.
11 – ه. س. پ. ل147.
12 – ئه‌وه‌یه‌ مرۆ، ه.س.پ. ل88.




گێڕانەوەی “مەرگی مەیموون”ی ماردین ئیبراهیم … عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

————
ئێستا لەوێ لەنێو تابووتی نارنجی خۆرنشینی شارەكەما
چل مناڵم، چل جگەرم، هەشتا چاوم، هەشتا گوێچكەم…
هەشتسەت پەنجەی هەردوو دەست و هەردوو قاچم
بەیەكەوە هەڵئەوەرێن.
قەسیدەی سوتماك “شێركۆ بێكەس”

————-

گێڕانەوە (السرد-Narration) گرنگی بە خستنەڕووی رووداوەكان دەدات و كار لەسەر بەرەوپێشچوونی (زەمەنی رووداو) و (زەمەنی گێڕانەوە) و (زەمەنی خوێندنەوە) دەكات، بە دیوەكەی دیكە گێڕانەوە زەمەنێك رۆدەنێت، ئێستای دەق (بە هەموو ژانرەكانییەوە) ئەو زەمەنەیە، كە هێشتا نەهاتووە و رووی نەداوە. هەڵبەتە ئێستای دەقی “مەرگی مەیموون” ئێستای خوێنەری جیاوازە، بەڵام لە بیرمان نەچێ هیچ خوێنەرێكی نموونەیی دڵنیایی لە دەقەوە بە دەست ناهێنێ و هیچ دەقێكی ئیبداعیش لە دڵنیایی بەخشین بە خوێنەر كورت ناكرێتەوە، چونكە زمان لەسەر ئامادەیی (مانا) ناوەستێ، بەڵكو پرۆسەیەكە لەسەرەخۆ بەرەو پێشەوە دەڕوات، (مانا) بۆ ئەوەی لە نێو (ئامادەیی بونیادی دەق) جێگایەك بۆ خۆی داگیر بكات، دەبێ بچێتە نێو سیستمی دەلالەتەوە! بەو مانایەش دەقی ئەدەبی هەمیشە لە چاوەڕوانی خوێنەری جۆراوجۆر دایە، وەك چۆن خوێنەریش هەمیشە لە چاوەڕوانی دەقێكی دیكەی ئیبداعی دایە، چونكە لە دنیادا دەقێك نییە هەڵگری بۆشایی نەبێت، دەقی تەواو بوونی نییە.. لێرەدا دەكرێ بڵێم ئێستای دەقی گێڕانەوەی چل منداڵی گوللەبارانكراوی كوردی ساڵانی هەشتای سەدەی بیستەم لە رووداوی شیعریی شێركۆ بێكەس و زەمەنی گێڕانەوەی ماردین ئیبراهیم و زەمەنی گوتنی بەهجەت یەحیا بە چێژی جۆراوجۆر نەخشەی بۆ كێشراوە.

بێگومان هەموو دەقێك هەوڵدەدات ئەوەندە چێژ و هونەر بنوێنێ، تا بگاتە خوێنەری نموونەیی خۆی، چونكە هیچ دەقێك بێ خوێندنەوە بوونی نییە، دەق هەمیشە لە چاوەڕوانی خوێنەردا دەژی، بە مانایەكی دیكە هەندێجار بۆ ئەوەی بە خوێنەری نموونەیی خۆی بگات، پێویستی بە چاوەڕوانی زۆر هەیە، بۆ نموونە “بلیك” نزیكەی (150) ساڵ چاوەڕوانی كرد، هەتا بە (فرای) نۆرسرۆب فرای -رەخنەگر و تیۆریستی كەنەدی- گەیشت.. (ئەلبرتۆ مانگۆیل) لە كتێبی (هونەری خوێندنەوە)دا سێ جۆر لە خوێنەری نموونەیی لێكجیا دەكاتەوە: یەكەمیان ئەو خوێنەرە نموونەییەیە كە چێژ وەردەگرێ، بێ ئەوەی دەق هەڵسەنگێنێ. سێیەم ئەو خوێنەرەیە كە دەق هەڵدەسەنگێنێ بێ ئەوەی چێژی لێوەربگرێت. جۆری ناوەند ئەو خوێنەرە نموونەییەیە كە لە كاتی هەڵسەنگاندن چێژ وەردەگرێ و لە كاتی چێژ وەرگرتن دەق هەڵدەسەنگێنێ.. ل 233.

زەمەنی گێڕانەوەی ماردین ئیبراهیم، زەمەنی بە بیرهێنانەوەی چل منداڵی گوللە بارانكراوە، واتە زەمەنی بە بیرهێنانەوە بە شێوەیەكی هونەری لە زەمەنی مەرگی منداڵێك بە ناوی مەیموون دەنەخشێنێ: چل منداڵ بوون لەو ئێوارە كەڕ و بێدەنگەی شارەدا تیرباران كران، بە تۆمەتی خیانەتكردن لە نیشتیمان، بەڵام ئەوان هەندێكیان هێشتا بەیانیان كە لە خەو هەڵدەستان خۆیان تەڕ دەكردـ هەندێكیان هێشتا ئەگەر كۆلارەكانیان لە ستوونی كارەبا یان درەختی بەرز بگیریایە، دەگریان، هەندێكیان گەورەترین دڵخۆشییان ئەوە بوو لە كاتی پایسكل لێخوڕیندا دەستەكانیان بەربدەن….

كەواتە سوتماكی (شێركۆ بێكەس) و رۆمانی مەرگی مەیموونی (ماردین ئیبراهیم) و فەزای دەنگی پڕ سۆزی (بەهجەت یەحیا) مەرگی ئەو چل مناڵەمان بیر دەخەنەوە، كە لە ساڵانی بەعس، خیانەتكارێكی كوردی پێش راپەڕین و لێپرسراوی گەورەی دوای راپەڕین.. ئەو چل مناڵە بە تۆمەتی خیانەتكردن لە نیشتیمان رادەستی بەعس دەكات و بەعسیش بێ بەزەییانە گوللەبارانیان دەكات.. شێركۆ بێكەس بە قەسیدە جوانەكەی (سوتماك) لاواندنەوەیەكی جوانی هونەری و پڕ لە هەست و مرۆییانەی بۆ ئەو چل مناڵە كرد، بەشێكی زۆرمان ئەو دنیا بە سۆزەمان لە فەزای دەنگە غەمگینەكەی بەهجەت یەحیا وێناكردووە.. دەتوانم بڵێم قەسیدەی سوتماكی شێركۆ بێكەس و فەزای دەنگە غەمگینەكەی بەهجەت یەحیا لە رووی هەستی مرۆییەوە دنیای ئازار و سادەیی رەنگ دەكەن..

ناوەڕۆكی رۆمانی مەرگی مەیموون باسی منداڵێك دەكات كە لەبەر خۆشەویستی پێی دەڵێن مەیموون (ماردین ئیبراهیم) لە توێی هونەری گێڕانەوەیەكی مۆدێرن ئەو كارەساتەی كردووە بە بابەتی رۆمان و لەوێوە باسی ئەو پەیوەندییە كۆمەڵایەتیانە دەكات، كە ئەندامانی خێزان و كەسانی دەوروبەری تێیدا دەژین، واتە لە رێگای مەرگی مەیموونەوە باسی مێژووی سیاسی هەشتاكان و بارودۆخی ژیانی سیاسی ستەمدیدەی كوردی و ئازارە مرۆییەكانی رۆژهەڵات بە گشتی دەكات، ئازارەكانی ژیانی سەردەمی بەعس ئەو قسەیەی “نیتشە” تۆخ دەكاتەوە كە دەڵێ ژیان هەڵقوڵاوی خۆشییە، بەڵام گەمژەكان هەموو لقەكانی ژەهراوی دەكەن. بەعس هەموو كەناڵەكانی ژیانی ژەهراوی كردبوو.. لەو رۆمانەدا كاراكتەرێكی قوربانیی بە ناوی (ئەردەلانی)یەوە مەرگی مەیموون لە ناخەوە زامداری دەكات، بەڵام دوای ئەوەی دەزانێ پاشاگەردانی دەسەڵاتی كوردی، دوای ئەوەی دەزانێ هێشتا كەناڵەكانی ژیان هەر ژەهراوییە، هێشتا گەڕان بە دوای دادپەروەری شكست دەهێنێ، بۆیە ئەردەلانی پاڵەوان بە دەستی خۆی تۆڵەی ئەو چل منداڵە بە كوشتنی خیانەتكاری كارەساتەكە دەكاتەوە و خۆی دەخاتە زیندانی هەتا هەتاییەوە، ماردین ئیبراهیم لە رێگای بەدواداچوونی حەقیقەتەوە پێمان دەڵێت: لێرە ژیان زیندانێكی هەتا هەتاییە!

ئەردەلانی بەهای حەقیقەت لە بەهای ئازادی بە گرنگتر دەزانێ، ئەوە ئەگەرچی وێناكردنێكی ئازاراوییە، بەڵام وێناكردنێكە راستەوخۆ بە مەرگی منداڵە سادە و پاكەكانەوە بەندە، راستەوخۆ بە ونبوونی هەستی مرۆڤایەتی و ونبوونی حەقیقەتەوە بەندە! ئەردەلانی پاڵەوانی ماردین ئیبراهیم (ئەنتیگۆنا ئاسا) پێیوایە رۆحی دەمێكە لە ونبوونی حەقیقەتەوە ونبووە، دەمێكە لە نێو ئەو هەموو ژەهرەدا مردووە، دەمێكە لە نێو ئەو زیندانەدا بەندە.. چونكە ئەگەر بمانەوێ حەقیقەت بدوێت، دەبێ بە كردەی كەشفكردن هەڵبسین، راڤەكردنی حەقیقەت بە مانا حەرفییەكەی لای ئەردەلانی واتای “پەردە لادان” دەگەیەنێت.. پەردە لادان لەسەر ئەو هەموو تاوانە، پەردە لادان لەسەر ئەو هەموو ژەهرە، پەردە لادان لەسەر ئەو هەموو زیندانە.. ئایدیای تەماشاكردنی مرۆڤ وەك قوربانی حەقیقەت، بیركردنەوەیەكی شۆڕشگێرانەیە و لە ماركسییەتدا بە ترۆپك دەگات.. قەسیدەكەی شێركۆ بێكەس و فەزای دەنگی غەمگینی بەهجەت یەحیا رۆحی منداڵەكان (مەسیح ئاسا) بەرجەستە دەكەنەوە، ژیان دەكەنەوە پاشكۆی ئازادی. بەڵام زمانی گێڕانەوەی ماردین ئیبراهیم حەقیقەتی لەسەر بونیاد دەنرێت ودەیەوێ لە رێگای دووبارە گێڕانەوە كەشفی حەقیقەت بكات.

ئەو رۆمانە بە تەكنیكێكی سادە و شەفاف و خۆشپێكهاتە نووسراوە و سوودی لە گەڕانەوەی ئازاد و تێكەڵكردنی زەمەنەكان و پارچە پارچەكردنی گێڕانەوەكان وەرگرتووە، دواجار وەك بابەتێكی (كۆمەڵایەتی- سیاسی) بە بیر خوێنەرانی دەخاتەوە، كە نیشانەكانی قوربانیی لەو كوردەدا زۆر لە نیشانەكانی تاعون ئاشكراترە، ماردین ئیبراهیم پێماندەڵێ ئەوەی قوربانییەكان لە بیر بكات، حەقیقەتیش پشتگوێ دەخات، ئەوەی قوربانییەكان لە بیر بكات، سورێژەیشی لێ بێت هەستی پێناكات. دواجار لە نێوان (بەهای ئازادی) و (بەهای حەقیقەت)دا رووداوی شیعریی شێركۆ بێكەس و زەمەنی گێڕانەوەی ماردین ئیبراهیم و فەزای دەنگی بەهجەت یەحیا دەچنینەوە.




ئاژه‌ڵانی خوێنه‌ر … عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا

له‌ سێبه‌ری ئه‌و دارستانه‌ له‌به‌ر كتێبان ده‌مێنم
بیرم له‌ گه‌ڵا ئاڵاوه‌
دڵم تووند تووند وه‌ك چۆله‌كه‌یه‌كی جێماو ده‌جریوێنێ‌
له‌به‌ر رۆناكی خه‌ریكم
ده‌گه‌مه‌ كۆتایی باران
وه‌ك ئه‌وه‌ی خۆم ونكردبێ‌ كتێبێكم له‌ ده‌ستدایه‌.

ئه‌و دارستانه‌ وه‌ك كتێبان ده‌خوێنمه‌وه‌
عاشقه‌كان له‌ ژێر سێبه‌ری خه‌یاڵم ده‌چنه‌ ماچان
له‌ پشته‌وه‌ هاوڕێكه‌م به‌ دوو ده‌ستان چاوم ده‌گرێ‌
له‌ پشته‌وه‌ زه‌وی به‌ بزه‌ پێمده‌ڵێ‌ دڵ ئارامه‌
هه‌میشه‌ دنیا ده‌جولێ‌ بۆ پێشه‌وه‌
كتێبێكم له‌ ده‌ستدایه‌ رێگا رۆناك ده‌كاته‌وه‌.

ئه‌و دارستانه‌ وه‌ك كتێبان مه‌ستم ده‌كات
ئاسمانی وشه‌م خه‌یاڵه‌، له‌ چێژی زه‌وی ناسره‌وێ‌
وڵات هیچی به‌سه‌ر هیچه‌وه‌ نه‌ماوه‌
به‌لادا دێ‌
وشه‌یه‌ك ده‌مگرێته‌وه‌، هاوڕێیه‌كی گه‌ڵا ئاسا
باوه‌ش بۆ كتێبی ده‌ستم ده‌كاته‌وه‌.

ئه‌و دارستانه‌ به‌سه‌ر هیچه‌وه‌ ده‌ڕوانێ‌
ئاژه‌ڵانی خوێنه‌ر ده‌ڵێن له‌به‌ر كتێبان ده‌مێنین
خوێنه‌رانی ئاژه‌ڵ ده‌ڵێن له‌به‌ر دارستان ده‌مێنین
من خه‌ریكه‌ له‌ هیچه‌وه‌ به‌رده‌بمه‌وه‌
با وه‌كو گه‌ڵا ده‌مانبا
مردنیش چه‌شنی كتێبان.

1/10/2016




دەق و خوێندنەوە مرۆڤ لە نێوان بیرکردنەوە و بیرنەکردنەوەدا

دەق: محەمەد حوسێن رەسوڵ- موهەندیس
خوێندنەوە: عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا

———————————-

(ئیدەکان)
کە بیر دەکەمەوە لەوەى بیرکەمەوە
مێشکم هەمووى بەیەکدادێ
نیگەرانى تووند دامدەگرێ
حەز دەکەم گۆرانى بڵێم
حەز دەکەم دەنگم هەڵبڕم
بڵێم ئاى چەندم خۆش دەوێیت
دەکەومە نێو بۆشاییەوە.

کە بیر دەکەمەوە لەوەى سەما بکەم
دەست و پێم لەیەکدەئاڵێن
زەوى لەژێر پێم نامێنێ
وەک گوللەى سارد بەلا دادێم
بەردەبمەوە.

کە بیر دەکەمەوە لەوەى
دەستى یارمەتى درێژکەم
بۆ منداڵێک کە چاوى دنیا نابینێ
هەر وەکو خۆم ژیان بێ مانا دەبینم
لە بەرانبەر کوشتن و بێ نرخکردن
لەبەر هەندێ
لە شیعرێکدا بزر دەبم.

بیر لە خودا دەکەمەوە
وەک دارستانێک هەڵدەقرچێم
سوکە خەوێک دەمباتەوە
ئاى داهاتوو
هیچ هەست بە داهاتوو ناکەم
نازانم داهاتوو چییە
چۆن هەست بە داهاتوو بکەم
قێزم لە سیاسەت دێَتەوە
دەڕشێمەوە.

کە بیر دەکەمەوە لەوەى
چیدى هەر بیر نەکەمەوە
چێژێک هەستم دادەگرێ
چێژى سڕبوون.
پرسیارەکە ئەوە نییە کە مرۆڤ بوونەوەرێکى بیرکەرەوەیە، بەڵکو ئەوەیە بۆ بیردەکاتەوە؟ ئایا (من)ى دیکارتى تەنها منێکى بیرکەرەوەیە و هەوڵدەدات خۆى هاوشێوە و یەکسانى بیرکردنەوە بکات، بیرکردنەوە لە خۆى بە گەورەتر دەزانێت؟ کاتێک من خۆى یەکسانى شتێک لە خۆى گەورەتر دەکات، ئارەزووى بۆ دەسەڵات دەخاتە روو، یان ئەویدیکە دەخاتە پەراوێزەوە؟ بیرکردنەوەکانى دیکارت ئاشتى بۆ دنیا فەراهەم نەکرد.
بیرکردنەوە لە نێوان پانتاییەکانى زانین و نەزانیندا جولەى عەقڵ نیشان دەدات، ئەو پێناسەیە پێماندەڵێت (دەرککردن، هوشیارى، هەست، فیکر، خەیاڵ) کۆمەڵێک رەگەزن لە جولەى عەقڵدا بەشدارن، هەموو ئەو رەگەزانەش لە پرۆسەى بیرکردنەوەدا پەیوەندییەکى دینامیکییان بەیەکەوە هەیە… بیرکردنەوە زۆر شێوازى هەیە، دەتوانین بڵێین ئەو شێوازانەى دەقى (ئیدەکان)ى (محەمەد حوسێن رەسوڵ)ى لەسەر بونیاد نراوە، لە شێوازى سۆزئامێز و شێوازى رەخنەئامێزەوە نزیکە، سۆز (خۆشەویستى) بەرهەم دەهێنێ و رەخنەش (خود) بەرجەستە دەکات، لە نێوان خود و خۆشەویستى دەتوانین ئاراستەى بیرکردنەوەى ئەو دەقە بە (بیرکردنەوەیەکى رووت) لە قەڵەم بدەین! بە کورتى دەرئەنجامى کۆى خۆشەویستى هانا بردنە بۆ خەونى بێدارى و خەونى بێداریش رووییەکى دەق پێکدەهێنێ، بە دیوەکەى دیکەش دەرئەنجامى کۆى هەوڵەکانى خود لە رێگاى بەبیرهێنانەوەى رابردوو و رەخنەگرتن و رێکخستنەوە جێکەوتەى خۆى بەسەر بەشێکى واقیعدا دیارى دەکات و رووى دووەمى دەقى لەخۆ گرتووە!
بەشێک لە بیرکردنەوەکان لەو دەقەدا لە پێگەى رەخنەگرتن و رێکخستنەوە هەوڵى کۆنترۆڵکردنى واقیع دەدەن و لە واقیع ورد دەبنەوە و زانیارییەکان بەراورد دەکەن و کەموکوڕییەکان بەرجەستە دەکەنەوە! بەڵام ئایا بیرکردنەوە وەک ئەوەى بە بەبیرهێنانەوەى رابردووە بەندە، هیچ لە گرفتەکانى ئەمڕۆ چارەسەر دەکات؟ چارەسەر نابێت. ئایا عەقڵ وەک بەرهەمى رابردوو گرفتەکانى ئەمڕۆ دەبینێ؟ گرفت لە کارى عەقڵدا نییە، لە خودى بیرکەرەوەدایە. ئایا دەتوانین رەوتى بیرکردنەوە لە یادەوەرى و دەمارگیرى بەتاڵ بکەینەوە، ئایا حەقیقەت لە رێگاى خودەوە دەناسرێت؟!… کەواتە (ئیدەکان) جگە لە پێکهێنەرى هونەر و جوانى، ناتوانن چارەسە بن، شیعر ناکەوێتە چوارچێوەى چارەسەرییەوە، چارەسەرى جوانى بەرتەسک دەکاتەوە! کاتێک خود ئیدەیەک جێبەجێ دەکات، هەرگیز جوانى رزگار ناکات، بەڵکو ئەوە ئەدەب و هونەرە مرۆڤ بەرەو پەیوەندى و خۆشەویستى هان دەدات. بەو مانایەش کۆى گرفتەکان لێرەن لە (خود، من)ێک کە وەک دیکارت ئارەزووى دەسەڵات و هێشتنەوەى وەک خۆى دەکات، خود گرفتەکەیە و شیعر جوانى و چێژە، شیعر چارەسەر نییە.
وەک دەردەکەوێت ئەو بەشەى دەکەوێتە نێو خەونى بێدارییەوە بەرەو رەشبینى و گومان و بۆشایى دەبێتەوە، وەک چۆن بەشە رەخنەئامێزەکەى بەرەو تێگەیشتن و راڤەکردن و جێبەجێکردنمان دەکاتەوە. دەمەوێ بڵێم گرفتەکە لە بیرکردنەوە و بیرنەکردنەوەدا نییە، وەک شاعیر بۆى دەچێ، بەڵکو لە سەپاندنى (خود) دایە… لێرەدا هەوڵدەدەم شیعرەکە لە پێنج دیمەنى جیاوازى (سۆزئامێز) و (خودئامێز)دا بخوێنمەوە.
بیرکردنەوە/ خود
(دیمەنى یەکەم)
کە بیر دەکەمەوە لەوەى بیرکەمەوە
مێشکم هەمووى بەیەکدادێ
نیگەرانى تووند دامدەگرێ
حەز دەکەم گۆرانى بڵێم
حەز دەکەم دەنگم هەڵبڕم
بڵێم ئاى چەندم خۆش دەوێیت
دەکەومە نێو بۆشاییەوە.
زۆر بە سادەیى مێژووى مرۆڤایەتى لە هەموو ئاستەکاندا مێژووى ململانێى دەسەڵاتە… ئەوەى لەو هەموو خوێنەدا جوانییەک بە مرۆڤ دەبەخشێ ئەدەب و هونەرە، مرۆڤ لەو هەموو خوێنە بێزارە و مێشکى ئازار دەچێژێ، ئەوەى ئارامى دەکاتەوە، سەمایە، ئەوەى دڵ دەکاتەوە گۆرانى گوتنە، ئەوەى پەیوەندییەکان ئاسایى دەکاتەوە خۆشەویستییە! لەو دیمەنە رەخنەئامێزەدا شاعیر دەیەوێ بیر بکاتەوە و بوێر بێ، بەڵام هەست بە بۆشایى دەکات؟!
لەو دیمەنەدا پرسیارى (من کێم) پرسیارێکە هەر تەنها بە بیرکردنەوەکانەوە نەبەستراوەتەوە، بەڵکو بە سۆز و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەویدیکەوە بەندە، لەسەر پەیوەندى وەستاوە، بە ئازادى و خۆشەویستییەوە دەلکێ (حەز دەکەم دەنگم هەڵبڕم، بڵێم ئاى چەندم خۆش دەوێیت) بەڵام گرفتەکە ئەوەیە فەزاى بیرکردنەوە ئازاد نییە، دنیایەک بۆ پەیوەندى خۆشەویستى بوونى نییە… بیرکردنەوە پرۆسەیەکى عەقڵییە دەوروبەر رۆڵى گرنگى تێدا دەگێڕێ، وەک چۆن دەرککردن و هوشیارى و هەست و خەیاڵ بەشدارى تێدا دەکات. پرۆسەى بیرکردنەوە چارەسەرى زانیارییەکان دەکات، بەڵام کارى شیعر چارەسەرکردن نییە، بەڵکو دۆزینەوەى گۆشەیەکى دیکەى جیاوازە، بۆ بینین و کردنەوەى پەنجەرەیەکى دیکەى جیاوازە، بۆ تەماشاکردن. لەو دیمەنەدا گۆشە و پەنجەرەکانى خودى (رەخنەئامێزى شاعیر) بەسەر بۆشاییدا دەڕوانن.
ئەگەر هەستکردن بە بۆشایى دەرئەنجامێکى لۆجیکانەى ئاراستە رەخنەئامێزەکە بێت و پەیوەندى بە تێگەیشتن و راڤەکردن و جێبەجێکردنى خودەوە هەبێت، ئەوە پرۆسەى بیرکردنەوە توانیویەتى لە رێگاى پێدراوەکانەوە (خودى خۆى) لەنێو واقیعێکى دیاریکراو بونیاد بنێ، بەڵام ئەگەر هەستکردن بە بۆشایى هەنگاونان بێ بەرەو نادیارى و پەیوەندى بە سەما و سۆزى گۆرانى و خۆشەویستییەوە بکات، ئەوە (شیعرییەت) دەخاتەوە. هەڵبەتە هەوڵى شاعیر وەک لە دیمەنى دووەم درێژ دەبێتەوە بەرەو شیعرییەتە، بەو مانایەش کەوتنە نێو بۆشایى شاعیر، ئەو فەزا خۆکردەیە کە لە ساتەوەختى نوسینى شیعر دروست دەبێت، ئیدەکان ئاراستەیان دیارى نەکردووە! بەڵام شیعرییەت هەڵاتن نییە لە مانا، شیعرییەت سنورەکانى دیار نییە و پارێزگارى لە چێژى هونەرى دەکات. هێزى خەون و خەیاڵ تەرجەمەى نیگەرانییەکانى شاعیر دەکات. ئیدەکان پارێزگارى لە بوێرى خود دەکەن و تواناى خود دەسەپێنن. لە پشت ئیدەکان کۆمەڵێک پێدراوى واقیعى ئامادەن، لە پشت شیعرییەت فەزایەکى نەبینراو هەیە، خودى شاعیر لەو دیمەنە رەخنەئامێزەدا هەست بە بۆشایى دەکات…
بیرکردنەوە/ ئازادى
(دیمەنى دووەم)
کە بیر دەکەمەوە لەوەى سەما بکەم
دەست و پێم لەیەکدەئاڵێن
زەوى لە ژێر پێم نامێنێ
وەک گوللەى سارد بەلا دادێم
بەردەبمەوە.
ئەو دیمەنە رەخنەئامێزە بەلاى شیعردا دەکەوێتەوە، چونکە بیرکردنەوە بە ئازادى یەکسانکراوە، خەیاڵ یەکسانە بە شیعر، مرۆڤى ئازاد مرۆڤێکە لە خەیاڵ بەردەبێتەوە، بەڵام ناکەوێتە هیچ لایەکەوە، ئەوە شیعرە سەما دەکات و جوانى دەنەخشێنێ، شیعر رەنگکردنى دنیایە بە فرە رەنگى و فرە رەهەندى و فرە دەنگى… بەڵام بیرکردنەوەى ئاراستەکراو بە لایەکدا دەکەوێت، دەرگاکان دادەخات، رەنگێک دەسەپێنێ، رەهەندێک زاڵ دەکات، لە واقیعى نەخوازراو رادەکات (دەست و پێ لەیەکدەئاڵێنێ، لە زەوى رادەکات)… لە جاڕى گەردوونى مافى مرۆڤ بەندى (18)دا دەڵێ: هەموو کەسێک مافى ئازادیى بیرکردنەوە و ویژدان و ئایینى هەیە، ئەو مافە ئازادى گۆڕینى ئایین و بڕوا دەگرێتەوە و مرۆڤ لە دەربڕینى ئەو ئازادییەشدا، بە فێربوون و خەریکبوون و ئەنجامدان و پەیڕەوکردنى داب و دەستورى ئەو ئایین و بڕوایە بە پەنهانى یان بە ئاشکرا، بە تەنێ یان بە کۆمەڵ، ئازادە.
مرۆڤ بە ئازادى لە دایک دەبێت، شیعر لە خەون و خەیاڵ دێتەوە! ئازادى نابەخشرێت، شیعر داهێنانە، لە نێوان جوانى و ئازادیدا (محەمەد حوسێن رەسوڵ) رەخنەئامێزانە بیر دەکاتەوە و بەردەبێتەوە، شاعیرانە سەما دەکات و شیعر دەڵێ، لە نێوان بیرکردنەوە و شیعردا پەیوەندییەکى هارمۆنى هەیە، بەڵام نە وەزیفەى شیعر هوشیارکردنەوەیە و نە وەزیفەى فیکر لە جوانیدا کورت دەبێتەوە، تێگەیشتن بەبێ جوانى لاوازە، بە هەمان شێوەش شیعر بەبێ تێگەیشتن کەمخوێن دێتە بەرچاو! لە نێوان مرۆڤ و واقیعدا خۆگونجان لەگەڵ ئەویدیکە و هەڵاتن لە ئەویدیکە هەیە، راستە تێگەیشتن بەبێ ئەویدیکە لەنگە، بەڵام واقیعیش بەبێ مرۆڤى هوشیار، بیابانە، مرۆڤ لە بیابان رادەکات!
لە کۆى ئەو دیمەنە رەخنەئامێزەدا واقیع وەک تەگەرە وێنا دەکرێت، هەڵبەتە کاتێک قسە لە قەیرانى بیروڕا و مافى تەعبیرکردن دەکرێت، ناتوانین قسە لە قەیرانى سیاسى و گرفتەکانى واقیع نەکەین، هەر چەندە بەشێکى گەورەى ئەو قەیرانە بە خۆناسى و پەیوەندى و راستییەوە بەندە، وەک چۆن بەشێکى بە ئاستى هوشیارى واقیعى کۆمەڵایەتى و سیاسى و ئابورییەوە دەلکێت… هەموو ئەوانەش تا ئەندازەیەک کاریگەرییان بەسەر فەزاى شیعر و بیرکردنەوەدا هەیە، بەڵام لە نێوان شیعر و بیرکردنەوەدا راستى (لەوەى هەیە) دەردەکەوێت، جوانیش لەوەدایە! بە دیوەکەى دیکە مرۆڤ کە هەوڵى بە دەستهێنانى بیرۆکەکانى دەدات، مرۆڤ کە لە پێناو شتێ بیر دەکاتەوە و دەسەڵاتى خۆى دەسەپێنێ، تواناى خۆى لە دەرکەوتنى خود تاقى دەکاتەوە، دەکەوێتە نێو ئایدیۆلۆجیاوە، کاتێک ئایدیۆلۆجیا سنورەکانى مرۆڤ دیارى دەکات، مرۆڤ ناتوانێ بە جوانى تێبگات، مرۆڤ بۆ ئەوەى بە جوانى تێبگات، دەبێ سەرفراز بێت، دەبێ هوشیار بێ، خۆى بناسێ و ئەویدیکە بناسێ و سنورەکان تێکبشکێنێ، مرۆڤ دەبێ داهێنەر بێ…
شیعر خەون و خەیاڵە، شیعر خۆشەویستییە، شیعر داهێنانە، شاعیر ناتوانێ لە خەیاڵ، خۆشەویستى، داهێنان بگات، بۆیە دەست و پێى تێکدەئاڵێ، شیعر بە بڕیاردان بە دەست نایەت، شیعر ئازادییە… راستى کاتێک دەدۆزرێتەوە کە ئەویدیکە بناسین، راستى کاتێک دەدۆزرێتەوە کە بتوانین لە خۆمان و واقیع بگەین! شاعیر لە دیمەنى یەکەم هەست بە بۆشایى دەکات و لە دیمەنى دووەم دەکەوێتە نێو بۆشاییەوە، دەسەڵاتى خود تێکدەشکێ و هەنگاو بەرەو دیمەنى سێیەم دەهاوێژێ.
بیرکردنەوە/ هەست
(دیمەنى سێیەم)
کە بیر دەکەمەوە لەوەى
دەستى یارمەتى درێژکەم
بۆ منداڵێک کە چاوى دنیا نابینێ
هەر وەکو خۆم ژیان بێ مانا دەبینم
لە بەرانبەر کوشتن و بێ نرخکردن
لەبەر هەندێ
لە شیعرێکدا بزر دەبم.
شیعر داهێنانە، لە ناکاو دێت! شیعر دەردەکەوێت، دەدۆزرێتەوە… بەشێکى گەورەى پرۆسەى ئازادى نوسینى شیعر پەیوەندى بە خەیاڵ و نەستەوە هەیە، بەشێکى بە بیرکردنەوە و تێگەیشتن و بوێرى، لە داهێنانى شیعرییدا خود دیار نییە، ئەوەى خود بەرجەستە دەکات بەکارهێنانى توانایە، ئەوەى لە داهێناندا شوێنى حەپەسانە دۆزینەوەى فیکرە، ئەوەى لە بەکارهێنانى توانادا شوێنى سەرنجە هێزى دەربڕینە، داهێنان خاوەندارى ناکرێت، توانایى خاوەندارى دەکرێت، نیازێکى دیاریکراو لە داهێناندا بوونى نییە، لە بەکارهێنانى توانادا نیاز دیاریکراوە.
دیمەنى سێیەم، دیمەنێکى رەخنەئامێزى سۆزئامێزە لەسەر بەراوردکردنى واقیع و بەهاى مرۆیى خۆى راست دەکاتەوە، خۆناسین بە واقیع دەسپێرێ، خۆناسین بە دیار دەنەخشێنێ، خۆناسین بە زانراو پشتڕاست دەکاتەوە! جوانى ئەو دیمەنە لەوەدایە کە خۆى رادەستى شیعر دەکات، دەکەوێتە نەزانراوەوە، لە تاریکى بزر دەبێت، نادیارى دەیبات… ئەوەش جیاوازى نێوان هەست و نەستە، جیاوازى نێوان دیار و نادیارە… بێگومان پانتاییەکانى زانراو سنوردارن، پانتاییەکانى نەزانراو بێ سنور و رەهان! ئەوە جیاوازى نێوان بیرکردنەوە و شیعرە، جیاوازى نێوان داهێنان و بەکارهێنانى توانا، شیعرییەت و هێزى دەربڕین…
مرۆڤ دەشێ ناز بە هوشیارى خۆى بکات، لەسەر ئەوەى کە لە واقیع بە دەستى دەهێنێ، لە وردى بیرکردنەوەکانى، لە داڕشتنى بەرنامە بۆ ناوەوەى خۆى، لەسەر لۆجیک و شیکردنەوەکانى، هێزى بیرکردنەوە و لۆجیکەکانى… بەڵام لە بیرمان نەچێ نەست و ناهوشیارى و عەقڵى ناوەکى لە (90%)ى مرۆڤە! کەواتە هەمیشە جیاوازییەکان بەلاى نەست و نەزانراو و ناوەوە و لە بەرژەوەندى عەقڵى ناوەکیدایە، عەقڵى ناوەکى بنکەى زانیارییەکانە… مرۆڤ بوونەوەرێکە بە پێى عەقڵى ناوەکى دەگۆڕێت، بە پێى هەنگاونان بەرەو نادیار و نەزانراوەکان… مرۆڤ بوونەوەرێکە بەپێى دۆزینەوە و داهێنانەکان هەمیشە لە گۆڕاندایە، ونبوونى شاعیر لەو دیمەنە شیعرییەدا هەنگاونانە بەرەو گۆڕان و کرانەوە و فرەڕەنگى، هەنگاونانە لە خودى رەخنەئامێزەوە بەرەو سۆز و خۆشەویستى… هەموو هەنگاونانێک بەرەو شیعر بەشێکى بە پرۆسەى نوسین و یادەوەرییەوە بەندە، بەشێکى دەکەوێتە نێو سۆز و نەستەوە…
لەگەڵ هەموو بەرەوپێشچوونێکدا، لەگەڵ هەموو گۆڕانێکدا مرۆڤ دووبارە خۆى رێکدەخاتەوە، یادەوەرییەکانى بەپێى پێدراوە نوێیەکان رێکدەخاتەوە، مرۆڤ لەگەڵ هەموو گۆڕانێکدا وەک جەستە دەجولێ و پارێزگارى لە خۆى دەکات، پارێزگارى لە بەها مرۆیى و بیرکردنەوە و زانیارى و هەستەکانى دەکات…
هەمیشە هەست و واقیع فۆرمى باو بەرجەستە دەکەن، هەمیشە هەست و واقیع لە زانراوەکانى دەوروبەر و ناوەوەى مرۆڤ خۆیان بونیاد دەنێنەوە، زانیارییەکان لە یادەوەرى دەچێنن، مرۆڤ بەپێى بەرژەوەندییەکانى خۆى پەیوەندییەکان هەڵدەسەنگێنێ، بەپێى کار و کردەوەکانى خۆى بڕیار دەدات… هەستى مرۆڤ، هوشیارى مرۆڤ بەپێى نەخشەکانى (دەرککردن) و (پەیوەندى) و (هەڵسەنگاندن) و (بڕیاردان) دەجولێتەوە، مرۆڤى هەستیار، مرۆڤى هوشیار بە پشتبەستن بە زانیارییە پێدراوەکان دەجولێتەوە. لێرەوە دووبارە بە بیر خوێنەرى دەهێنمەوە کە جوانى ئەو دیمەنە لە بزربوونى شاعیردا بەرجەستە دەبێت، ونبوونى شاعیر لە خودەوە بەرەو سۆز و خۆشەویستى، ونبوونى شاعیر لەو دیمەنەدا بەرەو دیمەنى چوارەممان دەکاتەوە.
بیرکردنەوە/ نەست
(دیمەنى چوارەم)
بیر لە خودا دەکەمەوە
وەک دارستانێک هەڵدەقرچێم
سوکە خەوێک دەمباتەوە
ئاى داهاتوو
هیچ هەست بە داهاتوو ناکەم
نازانم داهاتوو چییە
چۆن هەست بە داهاتوو بکەم
قێزم لە سیاسەت دێَتەوە
دەڕشێمەوە.
نەستى مرۆڤ کۆگاى ئەزموونە سەرکوتکراوەکانە، کۆگاى ئەزموونە دەروونییەکانە، نەستى مرۆڤ بە یادەوەرییەکان ناگات! نەستى مرۆڤ وەک ئەوەى فرۆید پێماندەڵێت بنکەى هێزى غەریزەى سێکسى و دەروونییە، وەک چۆن بنکەى شارەزاییە چەپێنراوەکانە، زانیارییە نەزانراوەکانە، هێزە شاراوەکان… ئەگەر لە رێگاى هەستەکانى (بیستن و دیتن و بۆنکردن و تامکردن و چێژتن و دەستلێدان)ەوە بە مرۆڤ بگەیین، ئەوە لە رێگاى (زمانى گوتن و نەگوتن و جولە و رەفتار و نیگاکان)ەوە دەشێ ناوەوەى مرۆڤ بخوێنینەوە.
خەون و خەیاڵ و دووبارەکردنەوە لە رەگەزەکانى نەست دێنە ژماردن و شیعریش لە دەرەوەى نەست هەژارە، لە شیعردا دەتوانین پشت بە خەون ببەستین، شیعر بە تیشکى خەیاڵ دەدرەوشێتەوە، شیعر هەمیشە هەنگاونانە بەرەو وزە شاراوەکانى نەست… دیمەنى چوارەم، دیمەنێکى سۆزئامێزە، خود لە نێو دنیا تاریکەکانى نەستدا سووک سووک خەو دەیباتەوە… بیرکردنەوە لە خودا بیرکردنەوەیە لە میتافیزیکا، بیرکردنەوەیە لە دەسەڵاتى پانتاییە شاراوەکان و نەگوتراوەکان و نەزانراوەکان… لەو بیرکردنەوەیەدا دەکەوینە پێش ناسینى دنیا و کێشەى مرۆڤ، کێشەى داننان بەو بۆشاییانەى کە لە زانیارییەکان و گوتراوەکاندا هەیە! پرسیارى شاراوەى ئەو دەقە ئەوەیە (مرۆڤ ئەوەیە کە هەیە) نەک مرۆڤ دەتوانێ زێتر بێت؟ لە پشت (مرۆڤ ئەوەیە کە هەیە) فۆرم و کلتورێک هەیە و نادیارەکان رەنگ دەکات، لە پشت (مرۆڤ دەتوانێ زێتر بێت) هێز و سەرکێشییەک، خەونەکان دەنەخشێنێت، یەکەمیان پێماندەڵێت لە نێو بیرکردنەوەیەکى سنوردار و کلتورێکى دیاریکراو و واقعێکى تاڵدا دەژین، دووەمیان پێماندەڵێت ژیان لە پێشمانە، ژیان هەنگاونانە بەرەو نەزانراوەکان…
مرۆڤ هەر تەنها ئەوە نییە، چونکە دەتوانێت زێتر بێت، ئەوەیە کێشەى نێوان مرۆڤى ئاراستەکراو و مرۆڤى یاخى، مرۆڤى دڵنیا و مرۆڤى گومانکار، شیعرییەت و بیرکردنەوە، زانراو و نەزانراو، هەست و نەست… دەمەوێت بپرسم پەیوەندى (چێژ) و (بە ئامرازکردنى دنیا) چ توانایەک بەرێوەى دەبات؟! دەمەوێت بڵێم مرۆڤ هەر تەنها ئەوە نییە، چونکە دەتوانێت زێتر بێت… هەر ئەوەشە وادەکات بڕوامان بە دوا حەقیقەت و دوا تەفسیر و دوا فۆرمى عەقڵانى هەمیشە کەمى بهێنێت، هەر ئەوەشە پێماندەڵێت مرۆڤ لە گەشتێکى بەردەوامى دۆزینەوەى مەعریفە و حەقیقەتدایە، مرۆڤ لە هەر قۆناغێکدا بە شێوەیەکى جیاواز خۆى نوێ دەکاتەوە، مرۆڤ لە شوێنێکى بێ متمانەوە بەرەو دەرەوە هەنگاو دەنێ، بێ ئەوەى بزانێ بەرەو کام و کوێ و چ …
مرۆڤ خەون و خەیاڵە، واقیع شوێنى قێزلێبوونەوەیە، سیاسەت ئەولاتر، هەموو ئەو سەبتایتڵانە دەکەونە ژێر یەک تایتڵى شیعرى: مرۆڤ بوونەوەرێکە بۆ بەرهەمهێنانى شیعر، جوانى مرۆڤ لە خۆناسى و خۆشەویستى و پەیوەندیدایە.. هەموو ئەو هەوڵە لە بننەهاتووانەى مرۆڤ بۆ ژیان و نوێبوونەوەیە، هەموو راڤەکردنەکانى نێوان مرۆڤ و مرۆڤ، مرۆڤ و زمان، مرۆڤ و زەوى، بە قەد ئەوەى راستەوخۆ پەیوەندى بە خەیاڵى ئیبداعى و چێژەوە هەیە، بە قەد ئەوەى پەیوەندى بە گومان و نیگەرانیەکانەوە هەیە، بە قەد ئەوەى پەیوەندى بە تێگەیشتن و راڤەکردنەوە هەیە… ئەوەندەش زانراوەکان و ئەوەندەش بیرکردنەوەى ئاراستەکراو جێدەهێڵێت! کەواتە پێویستە هەمیشە هەنگاو بەرەو داهێنان بنێین، بیرکردنەوەى دیاریکراو و واقیعى سیاسى چوارچێوە بۆ داڕێژراو بەجێ بهێڵین، گرنگ ئەوەیە مرۆڤ چۆن بوونى خۆى پرۆسیسە دەکات، مرۆڤ چۆن خۆى بۆ دنیا و زمان دەکاتەوە؟! بێگومان هەمیشە مرۆڤ لە خواستى دۆزینەوەى مانایەکى دیکە و بەکارهێنانێکى دیکە و تێڕوانێنیکى دیکەدا دەژى، بەڵام ژیان هەرگیز چارەسەرى نەزانینمان ناکات… هەر ئەوەشە بەرەو دیمەنى پێنجەمان دەکاتەوە.
بیرکردنەوە/بیرنەکردنەوە
(دیمەنى پێنجەم)
کە بیر دەکەمەوە لەوەى
چیدى هەر بیر نەکەمەوە
چێژێک هەستم دادەگرێ
چێژى سڕبوون.
مرۆڤى سیزیفى، مرۆڤى ئاراستەکراو، مرۆڤى کۆڵنەدەر، مرۆڤى گومانکار، مرۆڤى دڵنیا… هەموو ئەو جۆرانەى مرۆڤ و زێتریش هەمیشە وەک شێوازێکى دیکەى ئەزموونە جیاوازەکانى ژیان خۆیان دەنوێنن، لە بەرانبەر ئەو هەموو جیاوازییانەش دەڵێم هەرگیز ژیان چارەسەرى نەزانینمان ناکات! بەڵکو توانایەکە بۆ گەیشتن بە مەعریفە و چێژ و جوانى، راستە مرۆڤ بوونەوەرێکى بیرکەرەوەیە، وەک چۆن مرۆڤ بوونەوەرێکى چێژخوازە، تەنها بە مردن نەبێ نە لە بیرکردنەوە دەبێتەوە، نە تێر چێژى ژیان دەبێت.
کۆى ئەو دیمەنە، وەک دوا دیمەنى دەقى ئیدەکان خۆى لە خاڵى سڕبوون و چێژى سڕبوون کورت دەکاتەوە، نەک مرۆڤى کۆڵنەدەر و گومانکار، دیمەنى پێنجەم وێنەى مرۆڤى تێکشکاو و وەستان (وێنەى چێژى مردن) دەکێشێ، نەک جولە و هەڵسانەوە (چێژى داهێنان)! ئەو دیمەنە خودێکى ماندوو لە ژیان وێنا دەکات و لە رێگاى ئەو وێناکردنەوە بێزاربوونى خۆى لە بیرکردنەوە و واقیع نیشان دەدات، ئەو دیمەنە دەچێتە پاڵ دیمەنە رەخنەئامێزەکانى دیکەوە و پێماندەڵێت هەموو فەزایەک، فەزاى بیرکردنەوە نییە، بە راشکاوى پێماندەڵێت مرۆڤ بیرکردنەوە دەیکوژێ و چێژى ژیان لە بیرنەکردنەوەدایە… بەڵام من دەڵێم مرۆڤ دەتوانێ زێتر بێت، مرۆڤ هەنگاونانە بەرەو جولە و هێزى سەرکێشى، مرۆڤ خەون و خەیاڵە، ژیان لە پێشمانە، ژیان هەنگاونانە بەرەو نەزانراوەکان، چێژى ژیان لە بەرهەمهێنانە و کەشفکردندایە…
دەرئەنجام:
دەقى (ئیدەکان)ى شاعیر (محەمەد حوسێن رەسوڵ- موهەندیس) پێنج دیمەن دەنوێنێ و ئەو پێنج دیمەنەش دوو ئاراستە لە شێوازى بیرکردنەوە بەرێوەى دەبات، ئاراستەى خودئامێز و ئاراستەى سۆزئامێز، ئاراستەى یەکەمم بە بوێرى و رەخنەگرتن لە واقیع و سیاسەت و مەسەلە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەستۆتەوە، پێموایە(خود) بەرجەستە دەکات. ئاراستەى دووەمم بە سۆز و خۆشەویستى و پەیوەندییە مرۆییەکانەوە پەیوەست کردووە، پێموایە (خۆشەویستى) بەرهەم دەهێنێ.
لە پرۆسەى نوسینى ئەو دەقەدا کاتێک خودى رەخنەئامێز بیرکردنەوەکانى ناتوانێ ژیان بگۆڕێت، کاتێک بە دەسەڵات ناگات، خۆى بە شیعر دەسپێرێ، راستە شیعر لەسەر پەیوەندى نێوان خود و خۆشەویستى دەژى، بەڵام لە دەقى (ئیدەکان)دا ئەو پەیوەندییە بەلاى خود و رەخنەگرتن لە واقیعدا دەشکێتەوە و دەقێکى رەخنەئامێز و خودێکى تێکشکاو دەخاتەوە!
لە کۆى ئەو نوسینەدا دەمەوێت بە شێوەیەکى ناڕاستەوخۆ بڵێم خودى رەخنەئامێز، بیرکەرەوە (کە زۆرترین پانتایى لە دەقى ناوبراودا داگیر کردووە) لەسەر پێدراوەکانى واقیع و زانراوەکان دەژى، بەڵام خودى سۆزئامێز و چێژ (کە بەشێکى کەمى پانتاییەکانى بەردەکەوێت) هەنگاونانە بەرەو ئەودیو واقیع و نەزانراوەکان، هەر لەسەر ئەو لێکدانەوەیەش پرسیارى (مرۆڤ ئەوەیە کە هەیە) یان (مرۆڤ دەتوانێ زێتر بێت لەوەى هەیە) بەرزکردۆتەوە و بڕواى خۆم بە پێچەوانەى دەقى ناوبراو بە لاى دووەمدا خستووە.

—————————-
پەراوێز و سەرچاوەکان:
– (ideas) بيركردنةوةكان، بيرؤكةكان، عةبدولموتةلَيب عةبدولَلآ، لة عةرةبييةوة بة دةستكارييةوة كردووية بة كوردى. لة ئةكاونتى فيَسبوكى شاعير (محةمةد حوسيَن رةسولَ) وةرطيراوة.
– بيركردنةوةى رووت (ئةبستراك) شيَوةيةكة لة شيَوةكانى بيركردنةوة، كة لة ريَطاى ثيَدراوةكانى واقيعةوة هةولَى بيركردنةوةيةكى طونجاو دةدات، بيركردنةوةى طونجاو لةسةر داواكارى و ثيَوانة و ثةيوةندى وةستاوة، بؤ ئةوةى بتوانىَ لة ريَطاى ضةمكى رووتةوة (بؤ نموونة ئازادى، شيعر) خؤى لة قةيرانةكان دةرباز بكات.




فانتازیای كۆنه‌په‌رستی … عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا

له‌ كۆمه‌ڵگای ته‌ندروستدا فیكر و كلتور له‌سه‌ر بنه‌مای گه‌شه‌كردنی ناوه‌ڕۆكی مه‌عریفی ‌و ناوه‌ڕۆكی ئایدیۆلۆژی پێشده‌كه‌وێت، مه‌عریفه‌ به‌ هۆی پێشكه‌وتنی زانست، ئایدیۆلۆژیا به‌هۆی گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌… كه‌چی له‌ كۆمه‌ڵگای دواكه‌وتوودا مه‌عریفه‌ی فیكری هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌یه‌، ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌گۆڕێت ئایدیۆلۆژیایه‌، به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی و بۆشاییه‌كانه‌وه‌ ده‌ست به‌سه‌ر كلتور و مه‌عریفه‌دا ده‌گرێت. كه‌واته‌ ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ فیكری كۆمه‌ڵگای بنبه‌ستوودا گرنگه‌ مه‌عریفه‌ و داهێنان و تازه‌گه‌ری نییه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌وڵ بدرێت (رابردوو و كه‌له‌پور) زیندوو بكرێته‌وه‌، هه‌وڵ بدرێت وێناكردنی (كۆن و ته‌قلیدی) له‌لایه‌ن عه‌قڵه‌وه‌ به‌ په‌سه‌ند بزانرێت، هه‌وڵ بدرێت ته‌سه‌وری عه‌قڵی ره‌وایه‌تی خۆی له‌ بۆچوونی (رابردوو و كه‌له‌پور و سوننه‌تگه‌راییه‌وه‌) وه‌ربگرێت. ئه‌گه‌ر ئه‌و شێوه‌یه‌ له‌ عه‌قڵانیه‌ت زاڵبوونی شێوه‌یه‌كی ئایدیۆلۆجیا بێ‌ به‌سه‌ر ژیاندا، هه‌ژموونی دابونه‌ریتی بنبه‌ستووی كۆمه‌ڵایه‌تی بێ‌ به‌سه‌ر زانستدا، ئه‌وه‌ پێویسته‌ كۆمه‌ڵگای كوردی به‌ كۆی ده‌زگا مه‌عریفی و كلتوری و ئایدیۆلۆژییه‌كانییه‌وه‌ وه‌ك دروستكه‌ری فانتازیای كۆنه‌په‌رستی بخوێنینه‌وه‌.
ره‌سه‌نایه‌تی/ داهێنان
به‌ كورتی ئه‌مڕۆ قسه‌كردن له‌ باره‌ی ره‌سه‌نایه‌تی و بڕوابوون و ناسنامه‌ و ستایل و ناسیونالیزم، قسه‌كردن له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌سڵێكی كۆن و رووداوی یه‌كه‌م و كه‌له‌پور و یاده‌وه‌ری نه‌ته‌وه‌… قسه‌كردنێكی سیاسییانه‌ی پۆپۆلیستییه‌ بۆ مه‌سره‌فی رۆژانه‌، هه‌رگیز پرسیارێكی گرنگی هه‌ڵنه‌گرتووه‌، ئه‌و شێوه‌یه‌ له‌ قسه‌كردن چوارچێوه‌یه‌كی فانتازیی له‌ نێو كلتور و پانتاییه‌ ئه‌ده‌بی و هونه‌ری و میدیاكانی كوردی بۆ خۆی بردووه‌، له‌ رێگای تێگه‌یشتن و خۆناسینه‌وه‌ نا، به‌ڵكو وه‌ك سروتی گه‌ڕانه‌وه‌ و ئاماده‌كردنه‌وه‌ی رووداوه‌ سه‌ره‌تایی و دامه‌زرێنه‌ره‌كان، وه‌ك ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگای كوردی به‌ یه‌ك رۆژ له‌ دایك بووبێت و یه‌ك ره‌نگ و ده‌نگی هه‌بێت… له‌ رێگای په‌یوه‌ندیكردن به‌ مه‌عریفه‌ی ئه‌ویدیكه‌وه‌ نا، به‌ڵكو وه‌ك ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگای كوردی خاوه‌نی خودێكی پڕ داهێنان و تۆكمه‌ و جێگیر بێت؟! به‌ڵام به‌شێكی گه‌وره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ رابردوو له‌ نزیكترین پێناسه‌یدا په‌یوه‌ندی به‌ فه‌رامۆشكردنی فیكر و نه‌بوونی جیهانبینی سه‌رده‌مه‌وه‌ هه‌یه‌، وه‌ك چۆن په‌یوه‌ندی به‌ نه‌بوونی بابه‌تبووندایه‌.
له‌ پانتایی كلتوری كوردیدا سۆزی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ رابردوو، زار قه‌ره‌باڵغییه‌كی گه‌وره‌ی نه‌وه‌یه‌كی بنبه‌ستووی (رۆشنبیریی/سیاسی) كوردی به‌دوای خۆیدا كێش كردووه‌، نه‌وه‌یه‌ك كه‌ هیچ ئاماده‌ییه‌كی فیكری و مه‌عریفی له‌مڕۆی پڕ له‌ جیاوازیدا نیشان نه‌داوه‌، بۆیه‌ له‌بری ئه‌وه‌ی وه‌ك بكه‌ر ده‌ربكه‌وێت، ده‌یه‌وێ‌ وه‌ك ره‌مز (ره‌مزی ده‌سه‌ڵاتی رابردوو) ئاماده‌ی زه‌مه‌نه‌كان بێت، هه‌موو ئاماده‌ییه‌كی ره‌مزیانه‌ش خۆی له‌ سه‌رووی واقیع داده‌نێت و هێز ‌و توندوتیژی نه‌بێت، مه‌عریفه‌ و گفتوگۆ و بیروڕای جیاواز و دنیابینی جیاواز ناناسێت… ده‌مه‌وێ‌ بڵێم ده‌شێ‌ كۆی ئه‌و په‌ڕگیری و توندوتیژی و (قسه‌كردن له‌بری هه‌مووان) شێوازێكی نادروستانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی شكستخواردووی كوردی بێت و به‌ره‌و پانتاییه‌كانی دیكه‌ی كلتوری دزه‌ی پێكرا بێت! لێره‌دا هه‌وڵده‌ده‌م له‌ رێگای راڤه‌كردنی دووری و نزیكی له‌ (مه‌رجه‌ع- سه‌رچاوه‌-coming back) بڵێم كۆمه‌ڵگای په‌رێزخواز و داهێنان پێچه‌وانه‌ی یه‌كتر بیر ده‌كه‌نه‌وه‌، خودێك كه‌ سیستم به‌ خواستی خۆی له‌ قالبی ده‌دا و خۆناسی (خوێندنه‌وه‌ی خوده‌ به‌ پێوه‌ری خود) پێچه‌وانه‌ی یه‌كتر ده‌كه‌ونه‌وه‌، یه‌كه‌میان داخران به‌رهه‌مده‌هێنێ‌ و دووه‌میان روو له‌ كرانه‌وه‌یه‌.
داهێنان له‌ دۆزینه‌وه‌ و نوێكاری و به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی بێ‌ سنور به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت، هه‌میشه‌ دنیایه‌كی نوێ‌ و روانینێكی جیاواز و مه‌عریفه‌یه‌كی دیكه‌ ده‌خاته‌وه‌، به‌شێكی گه‌وره‌ی داهێنان په‌یوه‌ندی به‌ خۆناسین و خه‌یاڵێكه‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ له‌ حاڵه‌تی كرانه‌وه‌ و جیاوازی و ده‌رككردندایه‌، عه‌قڵێك كه‌ په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆی به‌ ئه‌ویدیكه‌ و زمان و ژینگه‌ی ده‌ره‌كییه‌وه‌ ده‌كات، به‌و مانایه‌ش په‌یوه‌ندی داهێنان به‌ جیهانه‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی دینامكییه‌ و له‌سه‌ر گۆڕانكاری و قبوڵكردنی ئه‌ویدیكه‌ی جیاواز و بێ‌ سنوری وه‌ستاوه‌. داهێنان هه‌میشه‌ ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ودیوو سنوره‌كان و چوارچێوه‌كان و به‌ شێوه‌یه‌كی ستوونی داده‌به‌زێ‌ و له‌ قوڵایی فیكر و ئه‌زموون و دنیابینیدا خۆی واز ده‌كات، دنیای داهێنان دنیای به‌یه‌كه‌وه‌ هه‌ڵكردن و هاوژیانی و شیعرییه‌ت و چێژه‌، دنیای ره‌نگه‌ جیاوازه‌كان و هه‌ست و نه‌سته‌ جیاوازه‌كان و مرۆڤه‌ جیاوازه‌كانه‌، داهێنان به‌رده‌وام دنیا به‌ شێوه‌یه‌كی كتوپڕ به‌رهه‌م ده‌هێنێته‌وه‌… چه‌مكی داهێنان به‌ چه‌مكی (ئازادی)یه‌وه‌ به‌نده‌، به‌و مانایه‌ی كه‌ سنوره‌كان ناناسین. چه‌مكی داهێنان به‌ چه‌مكی (خۆشه‌ویستی)یه‌وه‌ به‌نده‌، به‌و مانایه‌ی كه‌ ئه‌و كاته‌ی خۆشه‌ویستی داده‌هێنرێت، خود بوونی نییه‌، خود به‌ توانای ده‌ربڕن و ئه‌زموونه‌وه‌ ده‌لكێ‌، داهێنان به‌ زه‌ین و كاری كرده‌ی له‌ ناكاو، ساتی داهێنان ده‌كه‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی تێگه‌یشتنی فیكر و ئه‌زموون و بیره‌وه‌رییه‌وه‌. داهێنان به‌رده‌وام كار له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ و دووباره‌ بونیادنانه‌وه‌ ده‌كات، كار له‌سه‌ر پرسیار و ئیقاعه‌ نوێیه‌كانی سه‌رده‌م ده‌كات، هه‌ر له‌وێشه‌وه‌ دژی په‌ڕگیری و جێگیر بوون و بیركردنه‌وه‌ی بنبه‌ستوو راده‌وه‌ستێت، وه‌ك چۆن نه‌ بڕوای به‌ سێنته‌ر هه‌یه‌ نه‌ به‌ په‌راوێز، نه‌ له‌ رێگای شته‌ مه‌زنه‌كانه‌وه‌ راست ده‌بێته‌وه‌، نه‌ به‌ هۆی شته‌ بچووكه‌كانه‌وه‌ سۆزی ئه‌ویدیكه‌ بۆخۆی راده‌كێشێت. له‌ داهێناندا (رابردوو و ئێستا و ئاینده‌) له‌ تاكه‌ جوله‌یه‌كی هه‌نووكه‌ییدا به‌یه‌كده‌گه‌ن، جوله‌یه‌كی له‌پڕی ئیبداعی، به‌ره‌و كرده‌یه‌كی ترسناكی داهاتوومان ده‌كاته‌وه‌… بۆیه‌ ئه‌و رسته‌یه‌ لای زۆربه‌ دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێین: داهێنان زه‌مه‌نی تایبه‌ت به‌خۆی كه‌شف ده‌كات. به‌ڵام ره‌سه‌نایه‌تی له‌ تێربوونی خۆیدا ده‌ژی، (تێربوونی خود) و (كه‌شفكردنی ژیان) ئه‌گه‌رچی دووانه‌یی دژ به‌یه‌كیش نه‌سازێنن، هه‌ڵگری دوو راڤه‌كردنی جیاوازن، چونكه‌ له‌لایه‌ك ناتوانین ره‌گه‌زه‌ زیندووه‌كانی ره‌سه‌نایه‌تی، ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵماندا هه‌ناسه‌ ده‌دات، له‌ كه‌شفكردنی ژیان و كرانه‌وه‌ و ئازادی و فره‌ ره‌نگی دوور بخه‌ینه‌وه‌، واته‌ ناتوانین كۆی كه‌له‌پور به‌ هاوشانی كۆن و ره‌سه‌نایه‌تی له‌ قه‌ڵه‌م بده‌ین و تازه‌گه‌ری به‌ هاوچه‌رخ و داهێنان بناسێنین. نه‌ یه‌كه‌میان ره‌مزی دواكه‌وتنه‌ و نه‌ دووه‌میان پێشكه‌وتن، ره‌سه‌نایه‌تی له‌ ره‌گه‌زی دواكه‌وتوو و مردوو به‌تاڵ نییه‌… تازه‌گه‌ریش مه‌رج نییه‌ هه‌میشه‌ ساته‌وه‌ختێكی مه‌عریفی دامه‌زرێنێت، تازه‌گه‌ری ده‌شێ‌ له‌ ده‌مارگیری به‌تاڵ نه‌بێت! داهێنان مه‌رجی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ رابردوو ناسه‌پێنێت، وه‌ك چۆن هه‌موو تازه‌گه‌رییه‌كیش داهێنان نییه‌.
ئه‌مڕۆ (زیندووكردنه‌وه‌ی كه‌له‌پور) وه‌ك مۆدیلی فیكری خۆرهه‌ڵاتی، به‌شێكی زۆری كلتوری كوردی و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی كوردی له‌گه‌ڵ خۆی ده‌بات، ئه‌و جۆره‌ بیركردنه‌وه‌یه‌ (سه‌له‌فی و ته‌قلیدییه‌كان) نوێنه‌رایه‌تی ده‌كه‌ن، جگه‌ له‌ فۆرم گۆڕین، له‌ رووی مه‌عریفییه‌وه‌ له‌سه‌ر هیچ نه‌گوتن وه‌ستاوه‌! له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌وه‌ (سروش وه‌رگرتن له‌ كه‌له‌پور) بژارده‌یه‌كی دروستكراوه‌ و ده‌كه‌وێته‌ نێوان (كه‌له‌پورخوازان و هاوچه‌رخخوازانه‌وه‌)، ئه‌و جۆره‌ بیركردنه‌وه‌یه‌ ته‌نها دووڕوویی سیاسی و به‌تاڵی رۆشنبیریی نیشان نادات، به‌ڵكو ده‌كه‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی بوێری و بڕوابوون به‌خۆوه‌، مه‌به‌ستم له‌ بڕوابوون ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كار ئاكامی كرده‌وه‌یه‌, كرده‌وه‌ش مه‌عریفه‌ به‌رهه‌م ده‌هێنێ‌، به‌ دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش بوێری به‌ روونی به‌ تاكه‌وه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ و تاك به‌ مه‌عریفه‌وه‌، مه‌عریفه‌ش به‌ ئازادییه‌وه‌! عه‌قڵ له‌سه‌ر به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی به‌رده‌وامی مه‌عریفه‌ كار ده‌كات و بیركردنه‌وه‌ له‌سه‌ر به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی به‌رده‌وامی ئازادییه‌وه‌ وه‌ستاوه‌… ئاراسته‌ی سێیه‌م له‌سه‌ر (دووباره‌ خوێندنه‌وه‌ی كه‌له‌پور) خۆی بونیاد ده‌نێت و (ئازادیخوازه‌كان) نوێنه‌رایه‌تی ده‌كه‌ن.
به‌ڵام كۆمه‌ڵگای كوردی نه‌ خاوه‌نی دابڕانێكی مه‌عریفییه‌ تاكو پارێزگاری له‌و سه‌ربه‌خۆییه‌ی بكات و نه‌هێڵێ‌ خودی پڕ له‌ داهێنانی شێلو ببێت، نه‌ توانیوویه‌تی له‌خۆی بێته‌وه‌ و بونیادێكی هه‌نووكه‌یی له‌به‌ر رۆشنایی مه‌عریفه‌ی ئه‌ویدیكه‌ فه‌راهه‌م بكات؟!
باوه‌ڕ/ ترس له‌ بۆشایی
باوه‌ڕ له‌ باره‌ی راستییه‌وه‌ ده‌كرێ‌ حاشای لێبكرێت، به‌ڵام حاشا له‌ راستی ناكرێت. به‌و مانایه‌ش وه‌ك (كریشنا مۆرتی) له‌ كتێبی “یه‌كه‌مین و دوایین رزگاری”دا ده‌ڵێت ده‌توانین بێ‌ پشت به‌ستن به‌ باوه‌ڕ كار بكه‌ین، به‌ دیوه‌كه‌ی دیكه‌ له‌ كۆی به‌رهه‌مه‌كانیدا هه‌میشه‌ هانمانده‌دا به‌ دوای خۆناسین و مه‌عریفه‌وه‌ بین! ئه‌وه‌ به‌و مانایه‌ نایه‌ت، كه‌ باوه‌ڕ خاوه‌نی مه‌عریفه‌ی خۆی نییه‌؟! باوه‌ڕی سیاسی، ئایدیالۆژی، باوه‌ڕ به‌ خوا، به‌ ئایین، به‌ ئایینزا، به‌ مه‌زهه‌ب، به‌ دابونه‌ریت، به‌ كه‌س… به‌ڵكو به‌و مانایه‌ دێت، كه‌ راستی ده‌بێ‌ له‌ رێگای تێگه‌یشتن و راڤه‌كردنه‌وه‌، له‌ رێگای دید و مه‌عریفه‌ی جیاوازه‌وه‌ كه‌شف بكرێت، راستی شتێك نییه‌ كه‌ له‌ رێگای فیكره‌وه‌ بناسرێت، له‌ رێگای عه‌قڵه‌وه‌ دیاری بكرێت، چونكه‌ عه‌قڵ به‌رهه‌می ناسراوه‌كانه‌، به‌رهه‌می یاده‌وه‌رییه‌، عه‌قڵ به‌رهه‌می پێداچوونه‌وه‌ و ته‌ته‌ڵه‌كردن و رێكخستنه‌وه‌ی رابردووه‌، عه‌قڵ به‌ زه‌روره‌ت مانای ئه‌و شتانه‌ نییه‌ كه‌ فیكره‌، به‌ڵكو ئاماژه‌ به‌ (كار) ده‌كات، عه‌قڵ ته‌نها رووییه‌كی راستی ناس ده‌كات، عه‌قڵ و بیركردنه‌وه‌ راستی كه‌شف ناكه‌ن، بیركردنه‌وه‌ به‌رهه‌می ئازادییه‌…
پرۆسه‌ی كه‌شفكردن، هه‌نگاونانه‌ به‌ره‌و نادیاری، به‌ره‌و نه‌ناسراوی، به‌ره‌و تاریكی… تێگه‌یشتن و راڤه‌كردن واته‌ رێگادان به‌ راستی بۆ ئه‌وه‌ی بدوێت، یان بۆ ئه‌وه‌ی له‌ رێگای په‌رده‌پۆشین و په‌رده‌نه‌پۆشین به‌ كرده‌ی كه‌شفكردن رابێته‌وه‌، به‌ڵام راستی لای كه‌س نییه‌، راستی ده‌بێ‌ هه‌وڵی كه‌شفكردنی بدرێت، راستی به‌ بیركردنه‌وه‌ و یاده‌وه‌ری كه‌شف ناكرێ‌، عه‌قڵ و بیركردنه‌وه‌ و یاده‌وه‌ری به‌رهه‌می رابردوون، عه‌قڵ و بیركردنه‌وه‌ ده‌شێ‌ رووییه‌كی راستی بناسێنن، به‌ڵام راستی ره‌ها بوونی نییه‌! به‌شێكی گه‌وره‌ی راستی ده‌كه‌وێته‌ نادیاره‌وه‌، عه‌قڵ و بیركردنه‌وه‌ رێگا بۆ راستی خۆش ده‌كه‌ن به‌ ئازادی كار بكات، عه‌قڵ و بیركردنه‌وه‌ پۆشین و نه‌پۆشین وه‌ك مه‌عریفه‌ لێكجیا ده‌كه‌نه‌وه‌… لێره‌وه‌ دكتۆر (محه‌مه‌د كه‌مال) له‌ كتێبی ((فه‌لسه‌فه‌ی بوون- لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك له‌ هزری پاش میتافیزیك، ل9-10)دا ده‌ڵێت: بڕوا له‌سه‌ر جۆرێك له‌ مه‌عریفه‌ دروست ده‌بێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ جێگیربوونی ده‌بێت به‌ دۆگما و له‌ ئاستی ئه‌گه‌ری جیاوازدا ده‌بێ‌ به‌ رێگر، چونكه‌ بڕوا بانگه‌شه‌ی دوا راستی و دوا قۆناغی بیركردنه‌وه‌ ده‌كات… كۆی ئه‌و قسانه‌ش ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێ‌ كه‌ “نفێری” ده‌ڵێت زانینی نه‌گۆڕ و جه‌هلی نه‌گۆڕ یه‌ك شتن.
به‌ڵام مرۆڤ چۆن (باوه‌ڕ) قبوڵ ده‌كات، چۆن به‌ ده‌ستی ده‌هێنێ‌، چۆن ده‌كه‌وێته‌ ناو سنوره‌ دیاریكراوه‌كانی باوه‌ڕه‌وه‌؟ ئایا ته‌ماشاكردنی مرۆڤ وه‌ك (بوونه‌وه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تی) سه‌ره‌تای بڕواهێنان نییه‌… یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانی ئاره‌زوو بۆ قبوڵكردنی باوه‌ڕێك، ترسه‌. چوونه‌ نێو كۆمه‌ڵ جگه‌ له‌ خۆشاردنه‌وه‌ له‌ هه‌رێمه‌ تاریكه‌كانی ئه‌ویدیكه‌، شتێكی دیكه‌ نییه‌، سنوره‌ نادیاره‌كان زۆر له‌ سنوره‌ دیاره‌كان گه‌وره‌ترن، رووبه‌ره‌ نهێنییه‌كان زۆر له‌ پانتاییه‌ كه‌شفكراوه‌كان به‌رفره‌وانترن…. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر مرۆڤ باوه‌ڕ نه‌هێنێ‌ چی به‌سه‌ر دێت، ئه‌گه‌ر مرۆڤ خۆی نه‌داته‌ پاڵ كۆمه‌ڵ، چۆن ده‌توانێ‌ به‌و هه‌موو لاوازییه‌وه‌ خۆی بپارێزێت، ئایا نابێت له‌و شته‌ی كه‌ له‌وانه‌یه‌ رووبدات به‌ تووندی بترسێت؟ مرۆڤ هه‌ر له‌ ته‌ماشاكردنی وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تی عاده‌تی به‌ باوه‌ڕه‌وه‌ گرتووه‌، ئه‌گینا خۆمان به‌ گومبوو ده‌زانین! كه‌واته‌ قبوڵكردنی باوه‌ڕ جگه‌ له‌ راكردن له‌ ترس، جگه‌ له‌ خۆشاردنه‌وه‌، جگه‌ له‌ بڕوابوونێكی سه‌ره‌تاییانه‌، جگه‌ له‌ خۆخستنه‌ پاڵ دیار… شتێكی دیكه‌ نییه‌، مرۆڤی باوه‌ڕدار مرۆڤی عوسابییه‌، مرۆڤی نیرۆسی، هه‌ست به‌ هێز ناكات، ده‌ترسێ‌ و ده‌سه‌وه‌سانه‌، مرۆڤی نیرۆسی هوشیار نییه‌ و خۆی ناناسێ‌… مرۆڤی عوسابی پێویستی به‌ بوونی خۆناسی نییه‌، ته‌نها باوه‌ڕهێنان بۆ ئه‌و به‌سه‌.
له‌ بیرمان نه‌چێت عه‌قڵ به‌رهه‌می رابردووه‌، عه‌قڵێك كه‌ به‌ باوه‌ڕه‌وه‌ سیخناخه‌، عه‌قڵێكه‌ له‌سه‌ر دووباره‌بوونه‌وه‌ كار ده‌كات، عه‌قڵێكه‌ سنوردار، مرۆڤی بنبه‌ستبوو بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ترس رابكات، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ خاڵیبوون رابكات، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ نهێنی ئه‌ویدیكه‌ رابكات، هه‌وڵی تێپه‌ڕاندن نادات، به‌ڵكو خۆی به‌ باوه‌ڕێكه‌وه‌ كۆت و به‌ند ده‌كات، هه‌وڵی ئازادی نادات، خۆی ده‌خاته‌ نێو بڕوابوونێكی سنورداره‌وه‌… ترسی مرۆڤ له‌ ته‌نیایی، گۆشه‌گیری، ترسی مرۆڤ له‌ مه‌ندبوون، له‌ نه‌كران، له‌ نه‌گه‌یشتن به‌ شتێك یان شوێنێك، ترسی مرۆڤ له‌ سه‌رنه‌كه‌وتن، ئه‌وه‌ پرسیاره‌كه‌ نییه‌، پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئایا له‌ رێگای باوه‌ڕه‌وه‌ به‌ خۆناسین ده‌گه‌یین، ئایا له‌ رێگای باوه‌ڕه‌وه‌ به‌ ئازادی ده‌گه‌یین؟
به‌های مرۆڤ نه‌به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ سه‌ركه‌وتنه‌كانی، به‌ چه‌ندێتی شتومه‌ك كڕینی له‌ بازاردا، به‌وه‌نده‌ سه‌رمایه‌ی هه‌یه‌تی، به‌ موڵك و ماڵی، ئاده‌میزاد له‌ گۆشه‌نیگای هێزی تایبه‌تی خۆی و توانای خۆشه‌ویستییه‌وه‌ هه‌ڵده‌سه‌نگێنرێت … هه‌میشه‌ مه‌عریفه‌ كرانه‌وه‌یه‌ و نه‌زانین داخران، هه‌میشه‌ خۆشه‌ویستی قبوڵكردنی جیاوازییه‌ و هه‌میشه‌ هه‌وڵدان بۆ مه‌عریفه‌ی جیاواز گۆڕان دروست ده‌كات و باوه‌ڕ وه‌ستان، بۆیه‌ هه‌ر چه‌نده‌ سنوره‌كانی هوشیاریمان به‌رفره‌وان بێت، باوه‌ڕبوون كه‌متر ده‌بێته‌وه‌، چونكه‌ باوه‌ڕ سنوری مه‌عریفه‌ی دیاره‌، به‌ڵام توانای مرۆڤ بێ‌ سنوره‌، مرۆڤ بوونه‌وه‌رێكی نه‌گۆڕ نییه‌ و هه‌میشه‌ له‌ گۆڕاندایه‌، مادام ئێمه‌ به‌ دوای مرۆڤایه‌تی و خۆشه‌ویستی و ئازادییه‌وه‌ین، بۆ ده‌بێ‌ باوه‌ڕ بكه‌ینه‌ هۆكاری دژ به‌ یه‌كبوونمان، رق له‌ یه‌كبوونمان، بۆ ده‌بێ‌ باوه‌ڕ بكه‌ینه‌ په‌رده‌ی لێكجیابوونه‌وه‌مان، بۆ ده‌بێ‌ له‌سه‌ر باوه‌ڕ به‌ گژ یه‌كدا بچینه‌وه‌، بۆ خۆمان به‌ باوه‌ڕێكه‌وه‌ ده‌به‌ستینه‌وه‌، بۆ خۆمان له‌ كونجی باوه‌ڕێكه‌وه‌ گۆشه‌گیر ده‌كه‌ین، بۆ ئازادی و خۆشه‌ویستی خۆمان بۆ دنیا به‌یان ناكه‌ین، بۆ خۆمان به‌ باوه‌ڕێكه‌وه‌ كۆتوبه‌ند ده‌كه‌ین… فیلمی (كۆنفۆ پاندا) ئیزدیواجیه‌تی خۆناسین و بیڕوابوونمان بۆ روون ده‌كاته‌وه‌، فیلمی (كۆنفۆ پاندا) گوزارشت له‌ دیسپلینی سه‌ربازی رۆژهه‌ڵاتی ده‌كات و مه‌به‌ستی گه‌یاندنی جه‌وهه‌ری عیرفانی رۆژهه‌ڵاتییه‌، له‌ هه‌مان كاتدا به‌ پێی قسه‌ی (سلاڤۆ ژیژه‌ك) ئایرۆنییه‌ و گاڵته‌ به‌ باوه‌ڕه‌كه‌ی خۆی ده‌كات، ئه‌وه‌ی زۆری سه‌رنجی ژیژه‌ك راده‌كێشێ‌ له‌و فیلمه‌دا گاڵته‌كردنه‌ به‌ ئایدیۆلۆژیا، به‌ڵام ئایدیۆلۆژیا هه‌ر ده‌مێنێ‌! ژیژه‌ك له‌ ته‌ماشاكردنی بۆ ئه‌و فیلمه‌ ره‌نگه‌ مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ بێت كه‌: “ئایدیۆلۆژیا له‌مڕۆدا بڕوایه‌كه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ی ئیمانی رۆژهه‌ڵاتی كار ده‌كات.” ئه‌و خوێندنه‌وه‌یه‌ (وه‌ك ئه‌وه‌ی من بیری لێده‌كه‌مه‌وه‌) هه‌م ئایدیۆلۆژیا هه‌ڵده‌سه‌نگێنێ‌، هه‌م دیدی رۆژهه‌ڵاتی بۆ ئیمان ده‌خاته‌ روو. دواجار ئه‌و خوێندنه‌وه‌یه‌ پێمان ده‌ڵێت: هه‌رگیز كه‌سی باوه‌ڕدار (وه‌ك بانگه‌شه‌كه‌ری دوا راستی) كه‌سی ئاشتیخواز نییه‌، هه‌رگیز كه‌سی باوه‌ڕدار كه‌سی ئازاد نییه‌، هه‌رگیز كه‌سی باوه‌ڕدار كه‌سی خۆشه‌ویست نییه‌، له‌ پرۆسه‌ی خۆشه‌ویستیدا دووچاری رێگری ده‌بینه‌وه‌، له‌ پرۆسه‌ی خۆشه‌ویستیدا جیاوازی جوانییه‌كانی خۆی ده‌نه‌خشێنێت، به‌ڵام له‌ نێو باوه‌ڕداران و ئایدیۆلۆژكاراندا رق بوونه‌وه‌ له‌ یه‌كتر، نكۆڵیكردنی یه‌كتر، قبوڵنه‌كردنی یه‌كتر… هه‌ڵگری یه‌ك ئایدیۆلۆژیا و بیروباوه‌ڕن و یه‌كتری قبوڵ ناكه‌ن، دژ به‌ یه‌كتر كار ده‌كه‌ن، چونكه‌ هه‌ریه‌ك ده‌یه‌وێ‌ سنوری نه‌زانینی خۆی بپارێزێ‌ و به‌رگری له‌ نه‌گۆڕی و كۆتوبه‌ندی خۆی بكات، هه‌ر كه‌س ده‌یه‌وێ‌ خۆی زێتر له‌ به‌ندایه‌تی ئایدیۆلۆژیا و بیروباوه‌ڕه‌كه‌ی نزیك بكاته‌وه‌، خۆشتر خۆی راده‌ستی په‌ڕگیری بكات… ئه‌ی ئازادی و خۆشه‌ویستی و جیاوازی ده‌كه‌وێته‌ كوێی مرۆڤایه‌تییه‌وه‌؟
له‌ شه‌ڕی حه‌وته‌می سه‌لیبیدا كه‌(سانت لویس) سه‌ركردایه‌تی ده‌كرد، (ئیڤۆ لوبرۆتۆن) ده‌گێڕێته‌وه‌: رۆژێك له‌ سه‌ره‌ڕێیه‌كدا تووشی پیرێژنێك بووم، كه‌ ده‌فرێكی ئاگر به‌ ده‌ستی راستییه‌وه‌ و كاسه‌یه‌ك ئاویش به‌ ده‌ستی چه‌پییه‌وه‌ بوو. له‌ وه‌ڵامی ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌و دووانه‌ی بۆچی هه‌ڵگرتووه‌ پیرێژنه‌كه‌ گوتی: ده‌مه‌وێ‌ به‌ ئاگره‌كه‌ وه‌ها به‌هه‌شت بسوتێنم هیچی لێ‌ نه‌مێنێته‌وه‌ و به‌ ئاوه‌كه‌ش وا ئاگری جه‌خه‌نه‌م خامۆش بكه‌م گڕێكی لێ‌ جێنه‌مێنێ‌: چونكه‌ ده‌مه‌وێت كه‌س نه‌ بۆ پاداشتی به‌هه‌شت چاكه‌ بكا و نه‌ له‌ ترسی ئاگری دۆزه‌خ. به‌ڵكو ته‌نها بۆ خۆشه‌ویستی خودا بیكات.
ناسنامه‌/ په‌ڕگیری
ره‌نگه‌ وشه‌ی (ناسنامه‌) وشه‌یه‌ك نه‌بێ‌ هاوشانی (یه‌كگرتنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ خود) هه‌نگاو بهاوێژێت، به‌ڵام ده‌شێ‌ پێكهاته‌ی ئه‌و وشه‌یه‌ له‌ زۆر رووه‌وه‌ تێگه‌یشتنێك له‌ باره‌ی ناسینه‌وه‌ وێنا بكات! ناسنامه‌ وشه‌یه‌كی ئاوێته‌یه‌ و له‌ (ناسین) و (نامه‌) پێكهاتووه‌، نامه‌ی ناسین ئه‌گه‌رچی حه‌قیقه‌تێكی ره‌های بۆ نموونه‌ وه‌ك زمان و خه‌سڵه‌ته‌ جه‌وهه‌ری و هاوشێوه‌كانی ناسین و ئاراسته‌ی ناسین دیاری ناكات، به‌ڵام به‌ گشتی شتێكمان له‌ باره‌ی ناسینه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی بێلایه‌نانه‌ پێڕاده‌گه‌یه‌نێت، كه‌واته‌ ناسنامه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌لاله‌تی ناسینی له‌خۆدا هه‌ڵگرتووه‌، شیاوی فره‌ جۆری تێگه‌یشتنی تێدا ده‌بێته‌وه‌، ناسنامه‌ نامه‌یه‌كی كراوه‌یه‌ له‌ باره‌ی ناسینه‌وه‌، به‌و مانایه‌ش زمانی كوردی به‌شدارییه‌كی بێلایه‌نانه‌ی له‌ باره‌ی ناسینه‌وه‌ هه‌یه‌.
ناسنامه‌ وه‌ك زاراوه‌ په‌یوه‌ندی تاك به‌ كۆمه‌ڵگاوه‌ دیاری ده‌كات و خه‌سڵه‌ته‌ جه‌وهه‌ری و جیاواز و هاوشێوه‌كانی تاك و كۆمه‌ڵگا ده‌كێشێت، هیچ كۆمه‌ڵگایه‌ك بێ‌ ناسنامه‌ وێنا ناكرێت، به‌ڵام به‌و مانایه‌ی كه‌ پێكهاته‌كانی ناسنامه‌ جێگیر نییه‌ و به‌پێی بارودۆخ گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت: ناسنامه‌ی كه‌سی، ناسنامه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی. رۆشنبیریی، نه‌ته‌وه‌یی… له‌ كۆمه‌ڵگای سێیه‌مدا هه‌ژموونی كۆ به‌سه‌ر تاكدا هه‌ژموومێكی گه‌وره‌یه‌ و له‌ ره‌فتاردا ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌وه‌ش ته‌واو پێچه‌وانه‌ی كۆمه‌ڵگا تاكخوازه‌كانی خۆرئاواییه‌، كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی تاكێتی زاڵه‌ به‌سه‌ر ره‌فتاری رۆژانه‌ و جۆری هاوبه‌شیكردن له‌ نه‌خشه‌ و پرۆژه‌كانی كۆمه‌ڵدا… له‌ كۆمه‌ڵگای سێیه‌مدا ناسنامه‌ی كۆمه‌ڵ ناسنامه‌ی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی و رۆشنبیریی به‌ شێوه‌ی سیاسی و ده‌روونی هه‌ژموونی هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ كۆمه‌ڵگا ته‌كنۆلۆژی و سیاسییه‌ پێشكه‌وتووه‌كاندا چه‌مكی ناسنامه‌ به‌ تاك و دامه‌زراوه‌ جۆراوجۆره‌كانه‌وه‌ ده‌لكێت، یه‌كه‌میان ده‌شێ‌ به‌ قه‌یرانی ناسنامه‌ ناوی به‌رین، كه‌(داریوشی شایگان) له‌ كتێبی (وه‌همه‌كانی ناسنامه‌) وه‌ك (وێنه‌ی سه‌پێنراو به‌سه‌ر خود) قسه‌ی لێده‌كات. قه‌یرانی ناسنامه‌ش به‌ تێگه‌یشتن و هۆشیاریی كۆمه‌ڵگاوه‌ به‌نده‌. چونكه‌ ناسنامه‌ گوزارشت له‌ ماهیه‌تی تێگه‌یشتن و هوشیاری ده‌كات، گوزارشت له‌ ماهیه‌تی فیكر و رۆشنبیریی و ژیاری مرۆڤ ده‌كات.
پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگا له‌ رووی تێگه‌یشتن و زانیاری و ته‌كنۆلۆژیا و میدیاوه‌ ناسنامه‌یه‌كی گه‌ردوونی له‌خۆدا هه‌ڵگرتووه‌، ئه‌و ناسنامه‌یه‌ به‌رگری له‌ تاكێتی و رێژه‌گه‌رایی و ونبوونی سه‌رچاوه‌ ئایدیۆلۆجی و ته‌قلیدییه‌كان ده‌كات و بۆ پرۆژه‌ گۆڕانكارییه‌ گه‌وره‌كانی نێو كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. ئه‌و جۆره‌ له‌ ناسنامه‌ له‌سه‌ر كرانه‌وه‌ و پله‌ی سفری ئایدیۆلۆجیا و لێكبورده‌یی بێ‌ سنور و قبوڵكردنی جیاواز وه‌ستاوه‌ و ماف به‌ تاك ده‌دات هه‌ڵبژاردنی تایبه‌تی خۆی هه‌بێت. داریوشی شایگان پسپۆر له‌ مێژووی ژیارییه‌كاندا پێیوایه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ دنیا به‌ڕێوه‌ ده‌بات ژیارییه‌كی گه‌ردوونی تازه‌یه‌، ئه‌وه‌ی ناسنامه‌ی تاكیش به‌ڕێوه‌ ده‌بات توانای عه‌قڵییه‌، كه‌ هه‌موو پابه‌ندبوونه‌ رۆشنبیریی و ئیتنی و ئایینییه‌كان وه‌ك پابه‌ندبوونێكی رووت ده‌بینێت.
به‌ڵام چه‌مكی (په‌ڕگیری) په‌یوه‌ندیه‌كی راسته‌وخۆی به‌ ره‌گه‌زپه‌رستی و دۆگماتیزمیه‌وه‌ (Dogmatism) هه‌یه‌، په‌ڕگیری واته‌ په‌یوه‌ستبوون به‌ فیكرێك یان چه‌ند بیركردنه‌وه‌یه‌كی دیاریكراو و قبوڵنه‌كردنی دیباته‌ و چاوپێداخشانه‌وه‌ و په‌رستنی ئه‌و فیكر و بیركردنه‌وه‌یه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی چه‌سپاو و ره‌ها بێت، له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌وه‌شدا ره‌تكردنه‌وه‌ی هه‌موو بیركردنه‌وه‌ و بیروڕایه‌كی دیكه‌ی جیاواز… به‌و مانایه‌ش ده‌شێ‌ كوردبوون وه‌ك ناسنامه‌ بنبه‌ستبوون و په‌ڕگیری و داخران بنوێنێ‌… ده‌شێ‌ ته‌واوی فه‌زا جیاوازه‌كانی ژیانی كوردی له‌ خۆیدا كورت بكاته‌وه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا تاكی كوردی له‌ ده‌ره‌وه‌ی بیركردنه‌وه‌ چه‌سپاو و ره‌هاكان و دامه‌زراوه‌ سنورداره‌كانی ئایدۆلۆژیاوه‌ له‌ هه‌وڵی خۆی به‌رده‌وامه‌، داهێنان هه‌میشه‌ له‌ ئازادییه‌وه‌یه‌، له‌ خۆناسییه‌وه‌یه‌! (سارته‌ر) ده‌ڵێت: دوژمنی سه‌رسه‌ختی رۆشنبیری راسته‌قینه‌ خودی رۆشنبیری ساخته‌ یان خۆفرۆشه‌، كه‌ هه‌میشه‌ به‌رگری له‌ ئایدۆلۆژیا ده‌كات.
كه‌واته‌ ناسنامه‌ چه‌شنی په‌ڕگیری به‌ ته‌نگژه‌ی كرانه‌وه‌ به‌ رووی دنیا و ئه‌ویدیكه‌ی جیاوازه‌وه‌ ناو ده‌برێت، چونكه‌ مرۆڤ له‌ په‌ڕگیری و ئاراسته‌كردنه‌وه‌، په‌یوه‌ندی به‌ دنیا و ئه‌ویدیكه‌وه‌ ده‌پچڕێت… مرۆڤ له‌ رێگای ناسنامه‌ی داخراوه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ئه‌ویدیكه‌ی جیاوازه‌وه‌ سنوردار ده‌كات، به‌ڵام له‌ رێگای خۆناسی و هوشیاری و په‌یوه‌ندییه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی جیاواز به‌شداری له‌ تێگه‌یشتنی دنیا و مه‌عریفه‌ی دنیادا ده‌كات، مه‌رج نییه‌ له‌ رێگای حه‌قیقه‌ته‌وه‌ بێت، ده‌شێ‌ له‌ رێگا بیركردنه‌وه‌ی جیاواز و تێڕوانین و چێژ و جوانییه‌وه‌ بێت! هه‌میشه‌ په‌یوه‌ندی مرۆڤ به‌ مرۆڤ و په‌یوه‌ندی مرۆڤ به‌ دنیاوه‌ چاره‌سه‌ری به‌شێكی گه‌وره‌ی هوشیاری و خۆناسیمان ده‌كات، به‌ دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش ناسنامه‌ی داخراو و سنوردار وه‌ك شێوازێكی دیكه‌ی بنبه‌ستبوون و په‌ڕگیری و توندوتیژی ته‌ماشا ده‌كرێت، په‌یوه‌ندیكردن به‌ ئه‌ویدیكه‌ی جیاواز، توانایه‌كه‌ بۆ گه‌یشتن و راڤه‌كردن و داهێنان، توانایه‌كه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ مه‌عریفه‌ و جوانی حه‌قیقه‌تێكی دیكه‌ی جیاواز… مه‌رج نییه‌ ئاسۆكانی په‌یوه‌ندی و كرانه‌وه‌ به‌ره‌و حه‌قیقه‌تمان ببات، به‌ڵام بێگومان به‌ره‌و خۆناسی و خۆشه‌ویستی و داهێنان و ئازادیمان ده‌بات، جوانترین شێوه‌ی په‌یوه‌ندیكردنی مرۆیانه‌ كار و داهێنانه‌، به‌و مانایه‌ی كه‌ عه‌قڵ كار به‌ڕێوه‌ ده‌بات و داهێنان له‌ ئازادیدایه‌، به‌و مانایه‌ی كه‌ عه‌قڵ له‌ تێگه‌یشتن و راڤه‌كردنی به‌رده‌وامه‌وه‌ دێته‌ به‌رهه‌م و داهێنان له‌ رێگای خۆناسی و ئازادییه‌وه‌! به‌ڵام ناسنامه‌ی داخراو و سنوردار و گۆشه‌گیری ده‌كه‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی په‌یوه‌ندیكردن و داهێنانه‌وه‌، ده‌كه‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی تێگه‌یشتن و راڤه‌كردنه‌وه‌، ده‌كه‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی خۆناسی و ئازادییه‌وه‌، ناسنامه‌ی داخراو هوشیارییمان سڕ ده‌كات، هه‌میشه‌ ئاراسته‌مان ده‌كات… تێگه‌یشتن له‌ مرۆڤبوون، تێگه‌یشتن له‌ مرۆڤایه‌تی تێگه‌یشتنه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌ك كه‌ به‌ره‌و هوشیاری و مه‌عریفه‌ و ئازادی و چێژ و جوانیمان ده‌كاته‌وه‌، نه‌ك ناسنامه‌ی داخراو…