چاوپێکەوتن لەگەڵ خاتوو فرمێسک مستەفا خانمە شانۆکار و نووسەر.. ئا.ڕێپۆرتاژ/ ایوب احمد قادر
زمانی دایک و ناسنامەی کوردی،خێزانە کوردەکان لە ئەڵمانیا چۆن ڕووبەڕووی کێشەی فێربوونی زمان دەبنەوە؟
ڕاپۆرتاژێک لەسەر گرنگیی پاراستنی زمانی کوردی و ڕۆڵی خێزان و سیستەمی پەروەردە لە فێرکردنی منداڵانی کورد لە ئەڵمانیا.
زمانی دایک تەنها ئامرازێک بۆ قسەکردن نییە، بەڵکو بەشێکی گرنگی ناسنامە، کولتوور و ڕەگ و ڕیشەی هەر کەسێکە. بۆ خێزانە کوردەکانی نیشتەجێی ئەڵمانیا، پاراستنی زمانی کوردی و فێرکردنی بە نەوەی نوێ یەکێکە لەو ئەرک و بەرپرسیارییانەی کە پێویستی بە هەوڵی بەردەوام هەیە.
بەڵام پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە: خێزانە کوردەکان تا چەند گرنگی بە فێربوونی زمانی دایک بۆ منداڵەکانیان دەدەن؟ چۆن دەتوانن هاوسەنگی لەنێوان زمانی کوردی و زمانی ئەڵمانی دروست بکەن؟ ئایا ناوەندە کوردییەکان و سیستەمی پەروەردەی ئەڵمانیا دەرفەتی پێویست بۆ فێربوونی زمانی کوردی بۆ منداڵان دابین دەکەن؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ خاتوو فرمێسک مستەفا خانمە شانۆکار و نووسەرێکی کوردی تاراوگەنیشین
کە ئەزموونی پەروەردەکردنی سێ منداڵی هەیە و ساڵانێکە گرنگی بە پاراستنی زمانی کوردی و ناسنامەی کوردیی منداڵەکانی دەدات، باسی ئەزموون و تێڕوانینەکانی دەکەین.
دوو شێوازی جیاواز بۆ پەروەردەکردنی منداڵانی کورد لە ئەڵمانیا
پرسیار: تا چەند خێزانە کوردەکان گرنگی بە فێربوونی زمانی دایک بۆ منداڵەکانیان دەدەن؟
وەڵام:
بە گشتی، دوو جۆر خێزان دەبینین.
جۆرێکیان ئەو خێزانانەن کە دایک و باوکەکەیان هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی منداڵەکانیانەوە زمانی ئەڵمانیی خۆیان پتەوتر بکەن. واتە منداڵەکان دەبنە مامۆستای دایک و باوکیان لە فێربوونی زمانی ئەڵمانیدا.
لە هەندێک لەم خێزانانەدا، منداڵەکان بە تەواوی نازانن سەر بە چ نەتەوەیەکن و ڕەگی کوردییان هەیە. ڕەنگە دایک و باوکیان پێشتر پێیان وتبێتن کە کوردن، بەڵام زیاتر تەرکیزیان لەسەر فێربوونی زمانی ئەڵمانییە و هەوڵ دەدەن منداڵەکانیان بەو زمانە قسە بکەن ،چونکە باوەڕیان وایە منداڵەکانیان لە قوتابخانە فێری زمانی ئەڵمانی دەبن و بە باشی لەگەڵ ژینگەی ئەڵمانیا دەگونجێن،خۆم بینیمووە کە دایک و باوک بە منداڵەکەیان دەڵێن: ئەگەر لە قسەکردنمدا هەڵەم هەبوو، تکایە ڕاستم بکەرەوە.
جۆرێکی تری خێزانەکان بە پێچەوانەی ئەمەوە هەڵسوکەوت دەکەن. لە هەندێک لەم خێزانانەدا، دایک و باوک زمانی ئەڵمانی بە باشی نازانن بۆیە لە ماڵەکەیاندا کوردستانێکی بچووک دروست دەکەن،ئەوان لە ڕێگەی کەناڵەکانی تەلەفزیۆنی کوردی، قسەکردن بە زمانی کوردی، خواردن، بەڕێوەبردنی جەژن و بۆنەکان و هەروەها پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوە، کولتوور و زمانی کوردی لە ماڵەکەیاندا دەپارێزن.بەم شێوەیە منداڵەکە لە ماڵەوە لە ژینگەیەکی کوردیدا گەشە دەکات، بەڵام کاتێک دەچێتە دەرەوە، ڕووبەڕووی سیستەمێکی تری ژیان دەبێتەوە سیستەمێک کە زمانی ئەڵمانی و کولتووری ئەڵمانی تێیدا زاڵن.بەڵام ئەوەی زۆر گرنگە، بە بڕوای من کە دایکی سێ منداڵم، ئەوەیە کە دەبێت هاوسەنگییەک لەنێوان ئەم دوو ژینگەیەدا دروست بکەین.
کە زمانی دایک هەڵگری کولتوور و ناسنامەکەیە ،دایک و باوک دەتوانن لە ماڵەوە زمانی دایک بپارێزن و لە هەمان کاتدا منداڵەکانیان بە سیستەم و یاساکانی وڵاتی ئەڵمانیا ئاشنا بکەن. ئەمە پێویستی بەوە هەیە کە دایک و باوک خۆشیان لەگەڵ بارودۆخی ژیان بگونجێنن و بزانن چۆن هاوسەنگییەک لەنێوان ئەم دوو کولتوورەدا بپارێزن،لەبەرئەوە زمانی دایک بە تەنها وشە و ڕستە نییە، بەڵکو کولتوور و ڕەگ و ڕیشەش دەگەیەنێت. بۆ نموونە لە ڕێگەی خواردنەوە، دایک و باوک کولتووری خۆیان بە منداڵەکانیان دەناسێنن. لە ڕێگەی جل و بەرگی کوردییەوە کە لە بۆنەکاندا دەیپۆشن، منداڵەکانیان بە فەرهەنگ و کولتووری کوردی ئاشنا دەکەن. هەروەها لە ڕێگەی کەناڵە کوردییەکانی تەلەفزیۆنەوە بە منداڵەکانیان دەڵێن کە کوردن و بەشێکین لە کولتوورێکی دەوڵەمەندن.
بەڵام لە هەمان کاتدا، پێویستە منداڵەکە بزانێت لە وڵاتی ئەڵمانیا دەژی و ئەم وڵاتە سیستەم و یاسای تایبەتی خۆی هەیە. بۆیە، دەبێت هاوسەنگی لەنێوان هەردوو ژینگەکەدا دروست بکرێت ،من بۆ منداڵەکانم جەژنی ڕەمەزان و نەورۆزم بەڕێوە بردووە، لە هەمان کاتیشدا جەژنی کریسمس و سەرساڵ و بۆنەکانی تری ئەڵمانیمان وەک خێزانێکی ئەڵمانی بەڕێوە بردووە.ئەم کارانەم بۆ ئەوە کردووە کە منداڵەکانم بزانن هەڵگری دوو کولتوورن. پێم وایە هەڵگرتنی دوو کولتوور دەتوانێت کەسایەتیی منداڵ بەهێز بکات.بە ویستی خۆمان بێت یان نا، منداڵەکانمان لەگەڵ هاوڕێیانی خۆیان لەو وڵاتەدا پەیوەندی دروست دەکەن کە تێیدا دەژین. بۆ نموونە، هاوڕێکانیان ڕەنگە ئەڵمانی، سویدی یان سەر بە نەتەوەیەکی تریش.،دواتر منداڵەکان وردەوردە کە دەگەڕێن بەدوای ناسنامەی خۆیاندا و پەیوەندی لەگەڵ منداڵانی نەتەوەکانی تر دروست دەکەن چونکە ئەوانیش وەک خۆیان لە ژینگەیەکی جیاوازدا گەورە دەبن و لەوانەیە بەدوای ناسنامەی خۆیاندا بگەڕێن.
لەو ڕەنگەی ئەم گەڕانەدا منداڵەکە تێدەگات کە ئەڵمانیا وڵاتی ڕەسەنی ئەو نییە، بەڵام لێرە دەژی و بەشێکە لە کۆمەڵگا.ئەگەر دایک و باوک بتوانن ئەو هاوسەنگییە دروست بکەن، منداڵەکە هەست دەکات کە دوو کولتووری لە ناخیدا هەڵگرتووە، دوو جۆر پەروەردەی هەیە و دەتوانێت لە هەردوو ژینگەکەدا خۆی بدۆزێتەوە. ئەمەش یارمەتیی بەهێزبوونی کەسایەتیی منداڵ دەدات.
پرسیار: منداڵەکانی خۆت چۆن فێری زمانی کوردی کردووە؟ لە ڕێگەی ناوەندێکی کوردیی فێرکردنی زمانەوە، یان بە هەوڵی خۆت؟
وەڵام:
لە سەرەتای ساڵانی ٢٠٠٠ەوە، لەگەڵ خاتوونێکی کورد، لە چوارچێوەی چالاکییە کوردی و کولتوورییەکان لە شاری شتوتگارت، قوتابخانەی زمانی کوردیمان هەبوو. ناوی ئەو ناوەندە «ڕۆژینا» بوو و منداڵەکانمان دەبردە ئەوێ بۆ ئەوەی فێری زمانی کوردی ببن.
بەڵام دواتر تێگەیشتین کە تەنها فێرکردنی زمانی کوردی و گوتنی سروودی نیشتمانی بەس نییە بۆ ئەوەی منداڵەکان بە باشی فێری زمانەکە ببن،کاتێک منداڵ دەچێتە قوتابخانەی ئەڵمانی، دەبێت لە هەمان کاتدا دوو سیستەمی فێربوون بەڕێوە ببات. ئەمە دەتوانێت فشارێکی زیاتر بخاتە سەر منداڵەکە چونکە دەبێت لە قوتابخانە بە زمانی ئەڵمانی فێر ببێت و لە دەرەوەش ئەرکی فێربوونی زمانی کوردی لە ئەستۆ بگرێت،بۆیە ئێمە هەوڵمان دا شێوازی فێرکردن بگۆڕین. شانۆگەریمان بە زمانی کوردی ئەنجام دا و پێشکەشمان بە منداڵە کوردەکان کرد. ئەوە یەکێک لە کارە گرنگەکان بوو کە بۆ منداڵانی کورد ئەنجامم دا.
هەروەها لەگەڵ منداڵەکانم کتێبی ”ئەلف و بێی کوردی”ی ئیبراهیم ئەمین باڵدار و هۆنراوەکانی کاکەی فلاحم بەکاردەهێنا. کاتێک منداڵەکانم بچووک بوون، چیرۆک و هۆنراوەم بۆ دەخوێندنەوە. هەر دەستەواژەیەک کە منداڵەکەم تێی نەدەگەیشت، بە زمانی ئەڵمانی بۆم ڕوون دەکردەوە.دەمویست منداڵەکانم گوێیان بە دەنگ و فۆنەتیکی زمانی کوردی ڕابێت. بۆیە هەمیشە لە بۆنەکاندا جل و بەرگ و کڵاشی کوردیمان دەکردە بەر، بە تایبەتی لە جەژنی نەورۆزدا. ئەگەر لە ماڵەوە بووینایە، هەموومان بەو جل و بەرگەوە جەژنەکەمان بەڕێوە دەبرد.
هەروەها من خۆم هەموو ڕۆژی یەکشەممەیەکم بۆ فێربوونی زمانی کوردی لە ماڵەوە تەرخان کردبوو. دەفتەرێکم دەهێنا و پیتە کوردییەکانم پێ دەوتن ،بۆ نموونە بۆ فێرکردنی پیتی (ن)، منجەڵەکەم لە مەتبەخەکە دەهێنا و لەسەر غازکە دادەمنا. پاشان کفتەیەکم دەخستە ناو مەنجەلەکە کە بەو شێوازە ئاشنای پیتی (ن) دەبوو و پەیوەندیی نێوان ووشەکان بۆ منداڵەکان ڕوون دەکردەوە. بەو شێوەیە، لە ڕێگەی کەلوپەل و شتەکانی ناو ماڵەوە هەوڵم دەدا فێری زمانی کوردییان بکەم و لە هەمان کاتدا بە خواردن و کولتووری کوردی ئاشنایان بکەم جگەلەوە پیتەکانمان لەگەڵ منداڵەکانم پێکەوە دەنووسی و وێنەمان بۆ دەکێشا. هەندێک جار وێنە و پیتەکانمان لە ناو ماڵەکەدا هەڵدەواسی بۆ ئەوەی هەردەم لەبەرچاویان بایە.بئەمەش یەکێک بوو لەو میتۆدانەی کە خۆم بۆ فێرکردنی زمانی کوردی بەکارم دەهێنا.
پرسیار: تا چەند لێرە دەرفەت بۆ فێربوونی زمان بۆ خێزانە کوردەکان ساز کراوە؟ بۆ نموونە ئەو خێزانانەی کە خۆیان ناتوانن منداڵەکانیان فێری ئەلفوبێی کوردی بکەن، ئایا پێویستە ناوەندێک هەبێت کە منداڵەکانیان فێری زمانی کوردی بکات؟
وەڵام:
ئامانج لە فێرکردنی منداڵەکان تەنها فێربوونی زمان نییە، بەڵکو بابەتەکە گوتارێکی قووڵتری لە پشتەوە هەیە.کاتێک منداڵەکەت فێری زمانی کوردی دەکەیت، یارمەتیی دەدەیت تێبگات کە ڕەگ و ڕیشە و ناسنامەی کوردیی هەیە. بۆیە کاتێک منداڵ ڕەگی خۆی دەناسێت ەسایەتییەکەی بەهێزتر دەبێت.ئەو منداڵەی لە ئەڵمانیا لەدایک بووە یان لەگەڵ خێزانەکەی کۆچی کردووە بۆ ئەم وڵاتە، پێویستە بزانێت ڕەگ و ڕیشەیەکی پتەوی هەیە، ڕەگ و ڕیشەیەک کە زمان و جل و بەرگو کەلەپوور و کولتووری تایبەتی خۆی هەیە.لە هەمان کاتدا ئەو منداڵە لە ناو سیستەم و کولتووری ئەڵمانیا گەشە دەکات. ئەگەر بتوانین ئەم دوو بەشە لەگەڵ یەکتر ببەستینەوە، منداڵەکە هەست بە ونبوونی ناسنامەی خۆی ناکات.ئەگەر ڕۆژێک بگەڕێتەوە کوردستان، هەست دەکات کوردستانیش وڵاتی ئەوە. لە هەمان کاتدا، ئەڵمانیاش وڵاتێکە کە لێی ژیاوە و پەروەردەی تێدا وەرگرتووە هەر وڵاتی ئەوە.بۆ من ئەمە ئامانجی سەرەکیی فێرکردنی زمانی دایک و پاراستنی ناسنامەی کوردییە.
پرسیار: بەداخەوە، تا ئەو شوێنەی من ئاگادارم ژمارەی ناوەند و قوتابخانەکانی فێرکردنی زمانی کوردی لە ئەڵمانیا زۆر نییە. بە گشتی هەندێک کەس هەوڵ دەدەن زمانی دایک وەک وانەیەک لە ناو قوتابخانەکاندا بخوێنرێت،وەک ئەوەی لە سوید و هەندێک وڵاتی ئەسکەندەناڤی دەبینرێت. بەڵام لە ئەڵمانیا، ئەم وانەیە هێشتا وەک وانەیەکی فەرمی لە سیستەمی پەروەردەدا جێگیر نەکراوە. تۆ لەم بارەیەوە چۆن دەڕوانیت؟
وەڵام:
بەداخەوە، ئەوەی دەیبینین ئەوەیە کە زمانی کوردی هێشتا نەیتوانیوە بە شێوەیەکی فەرمی بچێتە ناو سیستەمی پەروەردەی ئەڵمانیاوە،لە ئەڵمانیا هەندێک کەس هەوڵ دەدەن زمانی دایک وەک وانەیەک لە ناو قوتابخانەکاندا بخوێنرێت، بەڵام تا ئەو شوێنەی من دەزانم، زمانی کوردی هێشتا بە شێوەیەکی فەرمی و جێگیر لە سیستەمی پەروەردەدا جێگیر نەکراوە.بە بڕوای من ئەمە کێشەیەکی گرنگە چونکە منداڵانی کورد پێویستیان بە دەرفەتی فێربوونی زمانی دایک هەیە، بە تایبەتی ئەو منداڵانەی کە لە ماڵەوە دەرفەتی فێربوونی نووسین و خوێندنەوەی زمانی کوردییان نییە.
پرسیار: ئەو وانەی زمانی دایکەی کە دەمەوێت وەک وانەیەکی قوتابخانە بخوێنرێت، ئایا حکومەتی ئەڵمانیا پەسەندی نەکردووە، یان کورد خۆی ستافی پێویستی بۆ وانەگوتنەوەی لە پۆلەکاندا نییە؟
وەڵام:
تا ئێستا ئەم دەرفەتە بە شێوەیەکی فەرمی بۆ زمانی کوردی نەڕەخساوە. بەڵکو چەند ساڵێکە باس لەوە دەکرێت کە ئەم بابەتە لە ژێر لێکۆڵینەوە و گفتوگۆدایە، بەڵام بە شێوەیەکی فەرمی نەهاتووەتە ناو سیستەمی پەروەردە و خوێندنی قوتابخانەکانی ئەڵمانیاوە.
پرسیار: ئایا فێربوونی دیالێکیتی کرمانجی یا سۆرانی کێشەی بۆ منداڵ دروست کردووە ؟
وەڵام:
بۆ ئەو خێزانانەی کە دایک و باوکیان بە دیالێکتی سۆرانی قسە دەکەن، پێویستە منداڵەکانیان بە هەمان دیالێکت فێری زمانی کوردی بکەن. ئەمە پرسیارێکی زۆر گرنگە.لەبەر ئەوەی لە ماوەیەکدا ژمارەی پەنابەرانی کوردی ڕۆژئاوا زۆر بوو، لە هەندێک شوێن کرمانجی زیاتر لە سۆرانی بەکارهاتووە.
کاتێک تۆ دەڵێیت وانەی زمانی کوردی ڕەنگە لە هەندێک ناوەنددا بە شێوەیەکی سەرەکی کرمانجی بخوێنرێت، چونکە کتێب و سەرچاوەی چاپکراو بە دیالێکتی کرمانجی و پیتی لاتینی بەردەستە،لە هەمان کاتدا، لە هەندێک شوێن سەرچاوە و کتێبی سۆرانی بە پیتی کوردی بە هەمان ئاست بەردەست نییە. ئەمە دەتوانێت کاری فێرکردن بۆ هەندێک ناوەند قورستر بکات.بەو پێیە لە هەندێک ناوەند و ژینگەیەکدا کرمانجی زیاتر لە سۆرانی دەخوێنرێت. بەڵام پێویستە هەردوو دیالێکتەکە گرنگییان پێ بدرێت و منداڵەکان بتوانن بەو دیالێکتە فێر ببن کە لە ماڵەوە قسەی پێ دەکەن.
پرسیار: جگە لە فێربوونی زمان، ئایا ڕێکخراو یان ناوەندێک هەیە کە چالاکیی کولتووری و فێستیڤاڵ بۆ منداڵانی کورد ەکان ڕێک دەخات ؟
وەڵام:
نەخێر، بەداخەوە چالاکییەکانی ئەم جۆرە زۆر سنووردارن.لە قوتابخانەکاندا هەندێک جار باسی کولتوور و پێکەوەژیانی نەتەوە جیاوازەکان دەکرێت. بۆ نموونە، لە منداڵەکان داوا دەکرێت شتێک لە وڵاتی خۆیان بهێنن و وەک بەشێک لە پیشانگای قوتابخانە پیشانی بدەن. بەڵام چالاکییەکان زۆرجار لەوە زیاتر ناچن.
بەداخەوە، تا ئەو شوێنەی من دەزانم، چالاکییەکی بەردەوام و تایبەت بە کولتوور و هونەری کوردی بۆ منداڵان زۆر کەمە.تەنها فێستیڤاڵێکم لەبیرە بە ناوی «شانۆی دیاسپۆرا» کە من خۆم لە بۆردی ڕێکخستنی ئەو چالاکییەدا بەشدار بووم. ئەو فێستیڤاڵە تایبەت بوو بە شانۆی کوردی لە دیاسپۆرا و خێزانە کوردەکان دەتوانیان لە شاری هێسن بەشداریی تێدا بکەن.
منداڵەکانم هەرسێکیان ئێستا گەورە بوون و بچووکترینیان ٢٦ ساڵە. یەکێکیان زۆر حەزی لە گۆرانیی کوردییە، بەڵام ئەو دووەی تریان بەزمانی پاراوی کوردی قسەدەکەن و دەزانن بە کوردی و بخوێندنەوە وبنووسن.لەگەڵ ئەوەشدا زۆر حەزیان لە ملۆدی و گۆرانیی کوردییە ئەمە زۆر دڵخۆشم دەکات چونکە منداڵەکانم دەتوانن لە ڕێگەی هونەر، گۆرانی و کولتووری کوردییەوە پەیوەندییان بە زمان و ناسنامەی خۆیانەوە بپارێزن.
زۆر سوپاس بۆ ئەم دیدارە و بۆ ئەو ئەزموونە دەوڵەمەندەی کە لەگەڵمانتان هاوبەش کرد.
ئا.ڕێپۆرتاژ/ ایوب احمد قادر
پێشەنگای نێودەوڵەتی کتێب فرانکفورت
10.10.2026
a
کۆڕێک بۆ د. ئازاد حەمە لە ستۆکهۆڵم بە ناونیشانی: کورد و فەلسەفە: ئایا کورد فەیلەسووفی هەیە؟

بە بۆنەو دەیەموو(١٠) ئۆکتۆبری، ڕۆ جەهانی دژ بە سەزاو سێدارەی.. موختار کەریمی
وەڵینە:
ڕۆ جەهانی ئەوەگژیای دژ بە سەزاو سێدارەی پەی یۆهەمین جاری جە ساڵەو ٢٠٠٣ بە وەرنیاری و ڕاوەبەری ڕێکوزیاو “یۆگێرتەی جەهانی دژ بە سەزاو سێدارەی” لوا ڕاوە. چا ساڵەولای گرد ساڵێو جە ڕۆ دەیەموو مانگەو ئۆکتۆبری جە سەرانسەروو دنیاینە پی بۆنەوە مەراسمێ جۆراوجۆرێ پەی کۆتایی ئاردەی بە سەزاو سێدارەی ملا ڕاوە. یۆ جە ئامانجەکاو ئی مەراسما هۆشیار کەردەیەو ویرووڕای گردی، ڕێکوستەی کۆمەڵگای مەدەنی، چالاکواناو ویەروو مافوو ئانزانی، ڕێکوزیای سیاسیێ و دێمۆکراتیکێ و… پەی کۆتایی ئاردەی یەکجاری بە سەزاو سێدارەین جە ئاستوو جەهانیەنە. بەرزکەردەیەو ئاستوو ڕۆشەنویری گردی جە بارەو پارێزنای کەرامەتوو ئانزانی یۆ جە ئامانجەکاتەری ئی چالاکیانە.
سەزاو سێدارەی کوشتەی بە ئەنقەسی دەوڵەتین کە بە شێوازێ بێ بەزەیانێ گیان جە ئانزانی مسانۆ. سەپنای سەزاو سێدارەی هیچ پاساوێوەش پەی نیەن، چوون ئی کردەوە، کردەوێوی دژە ئانزانین، بێ شۆنەمای دادوەرین، بێ قەرەبوون، بی ئەوەگێڵاین، هیچ شۆنەمای کۆمەڵایەتیەیچش پەی کەم کەردەیەو کێشەکا نیەنە و بە ئاشکرا دژ بە مافە هەرە بنەڕەتیەکەو ئانزانین، کە مافوو ژیواین. ئی مافە جە مادەو یەرێ(٣) جاڕنامەو گەردوونی مافەکاو مرۆڤی، کریاو ساڵەو ١٩٤٨ی جە لاو ڕێکوزیاو نەتەوە یۆگێرتەکاوە پاگێریش سەرەو کریان. پەسەنڎ
دلێنە:
ئی سەزا ناڕەوای هەر جە ویەردەی دوورەوە تا ئارۆ بە شێوازێ جۆراوجۆرێ گیانوو سەدان میلۆنێ ئانزاناش بێ بەزەیانە سانان. بە پاو ڕاپۆرتوو ڕێکوزیای و دەموودەسگای مافەکاو ئانزانی و هەرپاسە بەڵگە تارێخیەکا سەزاو سێدارەی تارێخەن بە دوێ بەشێ سەرەکیێ بەشبەشێ کریا:
۱. شێوازێ تازێ و بە نامێ مودێڕنێ جە دنیاو ئارۆینە
• چەنشانای کوشەندە (Lethal Injection): بەکارئاردەی کەرەسێ شێمیایێ تایبەتێ. ئی شێوازە جە ئەمریکا وجە چینەنە پەیڕەوێ کریا.
• هۆرواستەی (Hanging): هۆرواستەی شێوازێوی ئەشناسیان جە ئاستوو جەهانیەنە. ئی شێوازە جە ئێران، ئێراق، مێسر،، سەنگاپوور و ژاپۆنەنە بەکار بریۆ.
• سەرە بڕیەی : بەکارئاردەی ئی شێوازیە فرەتەر جە عەرەبستانی سعوودی و هەرپاسە جە لاو تیرۆریستەکاو داعشیەو بەکار براین و بریۆ.
• تیرواران (گولەواران): کوشتەی ڕاسەووێ بە چەکی جەنگی. تیرواران جە بڕێ وەڵاتێ جەهانیەنە هیشتا ملۆ ڕاوە، پەی نموونەی جە ئێران،(چ زەمانوو ڕژیموو شاینە، چ جە کۆماری ئیسلامیەنە)، ئەفغانستان، سوومالی، یەمەن، چین و….
• کورسی کارەبایی (صندلی الکتریکی): وەردایەو وزەو کارەبای بە وڵتاوژێوی قورس پەی دلێ جەسەو قوربانیەکا. ئی سەزای جە بڕێو وەلایەتێ ئێمریکاینە بەکار بریۆ.
• گازو نیتروژنی: شێوازێو کە وەرگێری کەرۆ جە یاونای ئۆکسیژنی بە جەسەو ئانزانی. ئی شێوازە بە تازەگی جە وەلایەتوو ئالاباماو ئێمریکای و هەر پسە جە چینەنە بەکارش مارا.
تۆڵە (قصاص نفس)
• بە پاو مادەو ٣٠٠ یاساو سەزای ئیسلامی، سەزاو کوشتەی بە ئەنقەسی، عەینوو کوشتەۆ وەرانوەرین،(قصاص نفس). ئی شێوازە جە وەڵاتە توندڕەوە ئیسلامیەکانی، پێسەو ئێرانی و.. ملۆ ڕاوە.
۲. شێوازێ کۆنێ، کە ئیسە کەمتەر بەکار میا
جە ویەردەنە شێوازێ جۆراوجۆرێ فرە دڕندانەتەرێ بەکار ئامێنێ. بڕێو چا شێوازا پی جۆرە بیێنێ:
شێوازوو سەزای جۆغرافیا و ویەردە
چرخی کاترین (به ئینگلیسی : Breaking wheel یا Catherine wheel) جۆرە سەزایە فرە تەرسناکەنە کە جە سەدە دلێڕاسئینەکانە جە ئوروپانە بەکار ئامێنە.
گیوتین شێوازێو کە جە ویەردەنە فرەتەر جە فەرانسەنە بەکار ئامان.
چوارمێخ(صلابه / تصلیب) شێوازێوی کۆن کە جە وەرکەوتی دلێڕاسین و هەرپاسە جە ئوروپانە بەکار ئامان.
زینڎە بە چاڵ شێوازێوی تەرسناک و کۆمەڵکوش. ئی شێوازە هەم جە ویەردەی دوورەنە و هەم جە ویەردەی نزیکەنە جە فرە وەڵاتێنە بەکار ئامان. پەی نموونەی جە ساڵەو ١٩٨٨ی جە ئێراقەنە جە شاڵاوە بەدنامەکاو ئەنفالیەنە دژ بە کوردەکا بەکار ئاما. ئەنفال ژێنۆسایدێو بێ کە زیاتەر جە ١٨٢٠٠٠ ئانزانی کوردێ، جە زاڕۆی شۆتەوەرەوە گێرە تا کەسانی هەشتا ساڵێ بە کۆمەڵ زیندە بە چال کریای.
تەوەن واران(سنگسار) سەزایە کۆنە کە فرەتەر جە ویەردەی دوورەنە بەکار ئامێنە. جە ویەردەی نزیکیچەنە جە بڕێو وەڵاتاو دنیاینە، پێسەو ئەفغانستانی و.. بە تایبەت دژ بە ژەنا بەکار ئامێنە.
سەزاو سێدارەی ئیسە فرەتەر چا وەڵاتانە بەکار مەێ کە دەسەڵاتدارێ دیکتاتۆرێ و ئیدەئۆلۆژیکێ ڕاوەبەرێنێ، بە تایبەت جە وەڵاتە فرە نەتەوەیەکانە. چی وەڵاتانە سەزاو سێدارەی نە تەنیا دژ بە جیاویرە دژبەرەکا پەیرەو کریۆ، بەڵکوو دژ بە چالاکواناو سەر بە نەتەوە جیاوازەکا یان دژ بە کەمایەتیەکاتەریچ بەکار بریۆ. یۆ چا وەڵاتا، وەڵاتوو ئێرانین. چ جە زەمانوو دەسەڵاتداریەتی بنەماڵەو پالەوی و چ جە دەسەڵاتداریەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانی پەی دلێنەبەردەی دژبەرە سیاسی و باوەرمەندەکا(عقیدتی) سەزاو سێدارەی بەکار ئامێنە ئیسەیجە هەر بەکار مەی. سێدارە ئامرازێوی سەرکوتکەری دڕندانەن کە پەی بە زۆر سەپنای دەسەڵاتی پەێڕەو کریۆ.
سەزاو سێدارەی جە ماوەو ٤٧ ساڵێ دەسەڵاتداریەتی کۆماری ئیسلامی ئیرانیەنە هەوراز و نشیوێش بیێنی، بەڵام هەمیشە گەورەتەرین و وەروەڵاوتەرین سەزا بیێنە پەی دلێنەبەردەی دژبەرا و جیاویرا و بێوچان بەکار ئامێنە. پەوکەی کۆماری ئیسلامی هەمیشە جە ڕێزوو یۆهەموو ئا وەڵاتانە بیەن، کە فرەتەرین ئاماروو ئێعدامیشا بیەن.
نەتەوە بندەسەکا جە ئێرانەنە و سەزاو سێدارەی
بە پاو ئاماروو ڕێکوزیایەکاو مافوو ئانزانی و هەرپاسە ڕاپۆرتوو دەموو دەسگا پێوەندیدارە میادەوڵەتیەکا ژمارەو ئێعدام کریایاو ناوچەو نەتەوە بندەسەکا فرە زیاتەرەن جە ماباقی مەحاڵەکاو ئێرانی. بە تایبەت جە کوردستان، بەلووچستان، خووزستان و…. کە مدرامان و ئەوەگژیای سیاسی و مەدەنی دژ بە ڕژیموو ئیسلامی ئێرانی وەرچەمتەر و زەقتەر بیەن و ویەردێوی دوور و درێژتەرش هەن، ئاماروو سێدارەو نەتەوە بندەسەکا یەکجار فرەن. من چیگەنە فرەتەر پاگێری سەروو دیاردەو ئیعدامی جە کوردستانەنە کەروو.
یۆهەمین شەپۆلەو سێدارەی و هەرپاسە کۆمەڵکوشی بە بێ دادگا و پارێزەر جە کوردستانەنە دەسش پەنە کەرد. ڕژیمی تازە بە دەسەڵات یاواو ئێرانی پی ئێعداما دڕندەگی و دژمنایەتی وێش وەرانوەروو داواکاریە ڕەواکاو خەڵکوو کوردستانیەو نیشانە دا. ئی ئێعداما بە درێژایی تەمەنوو ٤٧ ساڵەو کۆماری ئیسلامی درێژەشا بیەن و نەبڕیاینێوە و تا ئیسە دەیان هەزار ژەنی و پیای و گەنجێ و زاڕۆڵێ، کە فرەتەرشا خەڵکی مەدەنی بیەنێ، کریاینێ قوربانی ئی سیاسەتە دڕندانەیە.
بە پاو ڕاپۆرتوو ڕێکوزیا مەدەنیەکا و ڕێکوزیایەکاو مافوو ئانزانی ئێعدام جە کوردستان بێ وچان بەردەوام بیەن و بە بەرئاورد چەنی ڕێژەو حەشێمەتیش بەرزتەرین ئامارش بیەن و هەن. ئی ئامارا جە لاو ئی ڕێکوزیایاوە بە بەڵگە تۆمارێ کریاینێ و پارێزیاینێ و وزیاینێ وەروو دەسوو ناوندە دەسەڵاتە جەهانیەکا و هەرپاسە وێروڕای گردی جەهانی.
دەسەڵاتی دادوەری ئێرانی پەی ئێعداموو چالاکوانە کوردەکا تاوانێ جۆراوجۆرێش تاشاێنی و کەردێنێش بە پاساو پەی سەزاو سێدارەی. بڕێو چی تاوانا پێسەو: “محاربە”ی، “بغی”، “جاسوسی برای بیگانگان”، “اقدام علیە امینت ملی” و “تجزیە طلبی” دریانێ پاڵوو چالاکوانە کوردەکا و ویسەرانە و بە بێ هیج مافوو وەرگێری یاسایی پەی قوربانیەکا بە شێوازێ جۆراوجۆرێ ئێعدامێ کریانێ.
هەر چن “تجزیە طلبی” یان هەمان سەربەوێ وازی کوردەکا و ماباقی نەتەوە بندەسکاو ئێرانی، جە وینگەی شۆوینیستی دەسەڵاتداراو کۆماری ئیسلامی و هەرپاسە ئوپۆزیسیۆنی بێ دەسەڵاتی ئێرانی بە تاوانە دریۆ قەڵەم، بەڵام ئینە مافێوی ئانزانی و یاسایی و ڕەواو ئی نەتەوانە و مشۆ ددانش پۆرە بنریۆ. ئی مافە مافێوەن کە سازشش سەرەو نمەکریۆ و هەرکەس و لایەنێو ددانش پۆرە نەنیۆ، بە کردەوە دژوو مافە سەرەتاییەکاو ئی نەتەوانە و ژیوای چەنی ئی ناوەندگەرایا نە سەقامگیرەن و نە سەربەرزانەن وهەمیشە پێسەو شارۆمەندی پلە دوێ و پلە یەرێ مامەڵە چەنی ئی نەتەوە بندەسا کریۆ.
ماوێوی فرە کورت دماو بە دەسەڵات یاوای کۆماری ئیسلامی، خومەینی جەلاد سادق خەڵخاڵێش پێسەو حاکم شەرعی دەسنیشان کەرد و کیاناش پەی کوردستانی. ئی قاتڵە دڕندە خەیرا وێش یاونا کوردستان و کۆمەڵکوشیش جە پاوەو هەورامانینە دەس پەنە کەرد. دماو پاوەی پەی درێژەو کۆمەڵکوشیەکەیش لوا پەی سنەی، مەریوانی، سەقزی، مەهابادی و…… (نا)دادگاە سارایی (صحرایی) و بەڕبەڕیەکاش وستێ کار و جە ماوێوی فرە کورتەنە جە (نا)دادگای چن خولیێنە (دەقێقێ) بە دیان کەسێ بێتاوانێش تیرواران کەردێ.
ڕژیم تەنیا پی ئێعدامە سارایا دەسبەردار نەبی، بەڵکوو تاوانێ گەورەتەرێش خولقنای کە ملا چوارچێوەو تاوانەو ژێنۆسایدی. قاڕنا(قاڕنێ) و قەڵاتان ئا دوە دەگای بێنێ کە بە شێوازێوی یەکجار دڕندانە جە ڕۆ ١٠ و ١١ مانگەو ئاوەوەرەی ساڵەو ١٣٥٨ی ژێنۆساید کریای. پاسدارە جەنایەتکارەکاو ڕژیمی تەنیا بە کۆمەڵکوشی ئی خەڵکە بێتاوانەیە تێرێ نەبیێ و وازشا جە لاشە بێگیانەکاشا نارد، بەڵکوو بە ساتوور و قەمە سەرە و دەس و پا قوربانیەکاشا بڕیێ و جە لاشەیشا جیاشا کەردیوە. ئی کردەوە تاوانبارانە لووتکەو دڕندەگی ڕژیموو ئیسلامی ئێرانی مرمانۆ.
ئی تاوانە گەورا بە درێژایی تەمەنی نەگریسوو ڕژیمی و جە ماوەو شەڕێوی دەیان ساڵە و سەپیایرە سەروو ئی خەڵکە هەقوازەیە درێژەشا بیەن و ئیسەیچە درێژەش هەن. چی شەڕە نابەرابەرەنە دەیان هەزار خەڵکی مەدەنی و پێشمەرگێ گیانشا جە دەس دان. هەزاران کەسێ وێسەرانە و بێ بەڵگە دەسبەسەر کریاینێ و وزیاێنێ زیندان و دەیان شارێ و دەگای بوومواران و کاولێ کریاینێ. بە سەدان چالاکوانێ و پەنابەرێ و ڕابەرێ سەرشناسێ هێزە کوردیەکا جە هەندەران و جە هەرێموو کوردستانیەنە تێرۆرێ کریاینێ. جە چن ساڵێ ویەردێچەنە تا ئیسە چنها ئوردووگای پەنابەرا و بنەماڵەو پێشمەرگاو هێزە کوردیەکا جە هەرێمەنە بە درۆن و بە مووشەک کاولێ کریاینێ و دەیان کەسێ بێتاوانێ کۆمەڵکوش کریاێنێ.
ئارەزوە خەیاڵییەکاو خالێد عەزیزی پەی ئەرەمەرزنای دیکتاتۆریەتی و سەزاو سێدارەی
هەر پاجۆرە کە وەڵتەر بە کورتی ئاماژەم پەنە کەرد، ڕۆڵەکاو خەڵکی زڵم وەنە کریاو کوردستانی دەیان ساڵێن ئێعدامێ و کۆمەڵکوش و ژێنۆساید کریا، بەڵام ئی خەڵکە تا ئیسە کۆڵش نەدان و بێوچان پەی یاوای بە مافە ڕەوایەکاش چەنی دەموو دەسگا سەرکوتکەرەکاو ئی ڕژیمیە گژیان و ئیسەیچە گژیۆ. کوردستانیەکا هامکات چەنی ئەوەگژیای پەی مافە ڕەواکاشا شان بە شانوو نەتەوەکاتەری و چەنی ڕێکوزیاکاو مافوو ئانزانی چ جە ئێران و ج جە ئاستوو جەهانیەنە گژیا پەی کۆتایی ئاردەی یەکجاری سەزاو سێدارەی جە کوردستان و جە ئێران و جە سەرانسەروو دنیاێنە. ڕێک بە پێجەوانەو ئی ئامانجە ڕەوایاو کوردستانیا، کە کۆتایی ئاردەی بە سەزاو سێدارەی و دیکتاتۆریەتی تەنیا بەشێو چادیشانە، خالێد عەزیزی، قسەکەروو حێزبوو دێمۆکراتوو کوردستانوو ئێرانی جە ئەرەنیشتێوەنە بە ئاشکرا ئاواتە موازۆ پەی سەپنای دیکتاتۆریەتی و سەزاو سێدارەی جە کوردستانێوی نا دێمۆکراتکەنە کە ئاد و هامویرەکاش دەسەڵاتدارێش با. سەیر ئانەنە کە ئی باسشە جە تەلەوزیۆنوو “کورد کاناڵ” یچ وەڵاو کریانەو و ئیسەیچ جە ئینتەرنێتەنە هەن و منیچ پێسەو بەڵگەی تۆمارم کەردەن. چا قسەوباسەنە خ. عەزیزی پێسە ماچۆ:
“ئارەزووم دەکرد کورد توانیبای خۆی ڕزگار بکا با حکوومەتی دیکتاتۆری کوردی هەبایە!!، با دیکتاتۆرە کوردەکانیش کوردیان ئێعدام کردبایە!!، بەڵام سنوورەکانی هی خۆی بوایە، وەکوو هەموو وەڵاتانی دنیا”
بەڵام قاسملوو ڕابەروو کاریزماتیکوو حێزوو دێمۆکراتی کە وێش بی بە قوربانی تێروری دەوڵەتی داگیرکەری فارسی واچێ: ” من خراوتەرین دێمۆکراسیم جە خاستەرین دیکتاتۆریەتی پەنە وەشتەرەن”
نەتەوە و گەلە بندەسەکا، بە تایبەت گەلوو کوردستانی ڕۆڵەکاش و پێشمەرگەکاش پەی سەپنای دیکتاتۆریەتی و سەزاو سێدارەی جە لاو کەسانێوە پێسەو خالێد عەزیزی قوربانی نەکەردێنێ و نمەکەرا. چالاکوانە کوردستانیەکا، چ پێشمەرگێ و چ چالاکوانێ مەدەنیێ وەڵ جە گردچیەنە پەی کۆتایی ئاردەی بە زڵم و زۆری نەتەوایەتی و داگیرکاری، کۆتایی یەکجاری بە سەزاو سێدارەی و دیکتاتۆریەتی، پەی چەسپنای دێمۆکراسی، دادپەروەری کۆمەڵایەتی، یەکسانی ژەن و پیای، مافوو زاڕۆی، سەروەری یاسای، دەسەبەر کەردەی مافوو تاکی و کۆمەڵی سەروو بنەماو جاڕنامەو گەردوونی مافەکاو ئانزانی، ڕێز گێرتەی و پارێزنای مافوو کەمینە زوانی و ئایینیەکا و….. دەسشا دان بە ئەوەگژیای بێ وچانی و گیانشا بەخت کەردەن. گردوو شارۆمەنداو کوردستانی بێزارێنی جە دیکتاتۆریەتی، بێزارێنی جە سەزاو سێدارەی بە گردوو شێوازەکاشەو. ئامانج و یاوگەو کوردستانیا سەپنای دیکتاتۆریەتوو خالێد عەزیزی و هامویرەکاش نیەن و ئیجازەیچ نمەدا کە ونی سوورەو ڕۆڵەکاشا بۆ بە فەرشی سوور پەی یاوای دیکتاتۆریەتی و سەزاو سێدارەی چێروو نامێ کوردی و کوردایەتیەنە. ئی گەلە زڵم وەنە کریا بە تەماموو هێزیشەو ئامانەنە مێدان پەی کۆتایی ئاردەی بە هەر چەشنە دیکتاتۆریەتی.
چی سەردەمەنە کە چەسپنای مافەکاو ئانزانی و دێمۆکراسیەت و کۆتایی ئاردەی بە سەزاو سێدارەی ئێژایی و گرینگیوی جەهانیشا هەن، چی مشۆ بە نامێ سنووری و ناسیۆنالیسمی کۆر و و نادێمۆکراتیکی بانگەشە پەی دیکتاتۆریەتی و سەزاو سێدارەی کریۆ؟ هەرێموو کوردستانی (باشوور) ٣٥ ساڵێن بە نامێ مافی نەتەوایەتی و.. نەتەوەکەو وێش چەوسنۆوە و وستەنش دلێ بارودۆخێو کە خەڵکش دوور وستەنەو جە ئەوەگژیای پەی مافە ڕەواکاش. نە دێۆکراسیەت هەن، نە مافوو مرۆڤی وەرچەم گیریۆ، نە ئازادی ویروپەیلوای هەن، نە ڕۆنامەوانی و مێدیای ئازاد هەن، نە مافوو ژەنێ و زاڕۆی پارێزیۆ، نە یاسا سەروەری کەرۆ، نە دادپەروەری کۆمەڵایەتی هەن، نە سنوورەکاو کوردستانی گیریاینێوە و پارێزیاینێ، و….. چا حکوومەتە بە نامێ کوردیەنە تەنانەت مافی زوانی خەڵکوو هەورامانی ٣٥ ساڵێن بە شۆوینیستانەتەرین شێوە پاشێل کریۆ. هەورامانێو کە ئا گردە ئەنفال و کیمیاییواران و کاولکاریشە پەی کوردایەتی ئامان سەرەرە. هەورامانێو کە چنها قارەمانێش پێسەو حەمە گٶڵپی و ئازاد هەورامی و… فیداو کوردایەتی کەردێ.
ئیتر با ورەتەی کەرکووکی مدرۆ، با تێروروو سەدان کوردێ پەنابەری وەرکەوتی جە باشوورەنە بە دەسوو داگیرکەری ئێرانی بە هامکاری هێزە کوردیەکاو باشووری مدرۆ، با شەڕی براکوشی دەیان ساڵەو هێزە کوردیەکا مدرۆ، با پەلکێش کەردەی داگیرکەرەکاو دەرووبەری و کاول کەردەی و دزیەی سەرچەمە سرووشتیەکاو کوردستانی جە لاو ترکیەی فاشیستیوە مدرۆ و سەدان نموونە خیانەتبارێتەری. ئینە نموونەو دەوڵەتی نەتەوایەتی نا دێمۆکراتیک و دیکتاتۆری بە نامێ کوردیوە بێ. خەڵکی ژیر و ئەنەیاواو کوردستانی ئی (نا)نموونەشە گەرەک نیەن و نمەبوو جە هیج بەشێوەتەروو کوردستانیەنە دووبارە بۆوە.
کۆتایی:
حێزبوو دێمۆکراتوو کوردستانی کە دماگرو (پسوند) دێمۆکراتیش بە نامەکێشەوە لکنان، مشۆ تەکلیفوو وێش پەی وێروڕاو گردی کوردستانی ڕۆشن کەرۆوە. یان ئینا چەنی واتەکەو ڕابەرە کاریزماتەکەیش، دوکتور قاسملووی کە چن جاری واتەنش، ” من خراوتەرین دێمۆکراسیم جە خاستەرین دیکتاتۆریەتی پەنە وەشتەرەن” یان ئینا چەنی بانگەشەو قسەکەرەکەو ئیسەیش، خ. عەزیزی پەی دیکتاتۆریەتی و سەزاو سێدارەی؟؟
حێزبوو دێمۆکراتی مشۆ ئینەیە بزانۆ کە جە دنیاو ئارۆینە، دنیاو ئێژایی دای بە مافوو ئانزانی و دێمۆکراسیەتی، دنیاو بێزاری جە دیکتاتۆریەتی و سەزاو سێدارەی، دنیاو شۆڕشوو زانیاری و خێرایی وەڵابیەی زانیاری و ڕۆشنویری و… سیاسەتوو بانیە و دوێ هەوای نمەلۆ وەرەو و هیچ پاساوێەیچش پەی نیەن. ئی سیاسەتە وەڵ جە گردچیەنە زەرەر ئەۆ متمانێ سیاسی ئی حێزبیە مدۆ. دەسە گوڵ بە ئاودای خالێد عەزیزی تەنیا پی قساشە کۆتاییش نمەی. نامبریا وەختوو وێش جە سێمینارێوەنە، کە ئادیچ جە “کورد کاناڵ” وەڵا کریاوە، هەڕەشێش ئەو گلێرەو کەردەی زوانی هەورامی، کەلهۆڕی و کرمانجی(شەکاکی) و هەرپاسە ئایینوو یارسانی کەرد. من و چنها کەسێتەری چی بارەوە جە سۆسیال مێدیانە جواوێوی گوونجیاما داوە. بەڵام دیسان جە فرسەتێتەرەنە جواویتەریچ هۆر گێرۆوە.
موختار کەریمی– ئاڵمان – ١٠.١٠.٢٠٢٦
ئەدەبیاتی منداڵان.. دوو هۆنراوە بۆ پشیلەکەم.. فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی
پشیلەکەم..
پشیلەسپی چاوشین
پێکەوە زۆر دڵخۆشین
گیاندارێکی وریایە
کەدەڕۆم بەدوومدایە
یاری لەگەڵدا دەکەم
هیچکات ئازاری نادەم
ئەویش وەکو خۆم وایە
لەگەڵ کەس بەشەڕ نایە
ئەو کاتەی دەڵێ میاو
بۆی دەهێنم نان وئاو
ئەو ڕۆژە چاوم لێبو
کۆترێ لەسەر پشتی بوو
پێیدەوت ، خۆشمدەوی
وریای خۆتبە،نەکەوی !
پشیلەکەم بەسۆزە
هاوڕێیەکی دڵسۆزە .
٢..
ڕۆژێکی گەرمای هاوین
پشیلەکەم بێزاربوو
نان و ئاوی نەدەخوارد
دیاربوو کە زۆرخەمباربوو.
دەفرێکی ئاوم هێنا
کەمێک ئاوم تێپرژاند
پشیلە سپی چاوشین
ئاوی دەفرەکەی ڕژاند
کردمان بەبەزم ویاری
کاتی خۆشمان بەسەربرد
برسی بوو دەیوت :میاو.
نان و شیرم پێشکەشکرد
لەگەرما ڕزگاری بوو
تێری خوارد ،ڕوی تێکردم
بەلاچاو لێیدەڕوانیم
بەدڵ سوپاسی کردم.
ئایا زیرەکیی دەستکرد جێگەی دیالۆگ دەگرێتەوە؟.. نووسینی: هێمن عەلی
لە سەردەمێکدا کە زیرەکیی دەستکرد بووەتە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەمان، ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە: بۆ تێگەیشتن لە یەکتر و چارەسەرکردنی کێشەکانمان، زیاتر پێویستمان بە تەکنەلۆژیایە یان بە گفتوگۆی ڕووبەڕوو؟ گۆڤاری «ڤۆیما» (Voima) لە ناونیشانی وتارێکیدا جیمی وەیلز، یەکێک لە دامەزرێنەرانی ویکیپیدیا، وەک کەسێک دەناسێنێت کە باوەڕی بە متمانە و دیالۆگی نێوان مرۆڤەکان هەیە، و لە بەرامبەردا جەخت لە باوەڕی ئیلۆن ماسک بە زیرەکیی دەستکرد دەکاتەوە (میێتینەن/Miettinen، ٢٠٢٥). ئەم بەراوردە هانمان دەدات لە ڕۆڵی تەکنەلۆژیا لە پەیوەندییە مرۆییەکانماندا ورد ببینەوە. بە بڕوای من، دیالۆگ بنەمای تێگەیشتن لە یەکترە و زیرەکیی دەستکردیش ئامرازێکە بۆ بەهێزکردنی ئەو دیالۆگە.
بۆ هەر پرسیارێک، ڕوو لە زیرەکیی دەستکرد دەکەین
ئەمڕۆ زۆرێکمان بۆ چارەسەرکردنی پرسیارەکانی خوێندن، وەرگرتنی ئامۆژگاری لە کاروبارە کەسییەکانمان، کڕینی کەلوپەل و تەنانەت وردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانە ڕوو لە زیرەکیی دەستکرد دەکەین. هەندێک جار، پێش ئەوەی ڕاوێژ بە کەسێک بکەین یان خۆمان بیر لە بژاردەکان بکەینەوە، پرسیارەکەمان لە چاتجیپیتی (ChatGPT)، کلۆد (Claude) یان جێمینای (Gemini) دەکەین.
بەڵام لەوانەیە بۆ هەمان پرسیار، لە هەر یەکێک لەم ئامرازانە وەڵامێکی جیاواز وەربگرین. ئەمە بە واتای هەڵەبوونی هەموویان نییە، بەڵام پێویستە وەڵامەکان بپشکنین و بەڵگەکانیان هەڵبسەنگێنین. جوانیی وەڵام بە تەنها بەس نییە؛ دروستیی زانیارییەکە و گونجانی پێشنیارەکە لەگەڵ پێویستییەکانمان گرنگترن. زیرەکیی دەستکرد دەتوانێت یارمەتیمان بدات، بەڵام بەرپرسیاریی بیرکردنەوە و بڕیاردان هەر لە ئەستۆی خۆمانە.
زانیاری بەس نییە
زیرەکیی دەستکرد دەتوانێت دەق وەربگێڕێت، بابەتەکان ڕوون بکاتەوە و بیرۆکەکانمان ڕێک بخات. بەڵام ڕێکوپێکیی وەڵامێک بەڵگەی دروستییەکەی نییە؛ زانیاریی هەڵەش دەکرێت بە زمانێکی ڕەوان و دڵنیابەخش پێشکەش بکرێت.
لە پەیوەندییە مرۆییەکانیشدا، کێشەکە زۆرجار تەنها کەمیی زانیاری نییە. مرۆڤ پێویستی بەوەیە گوێی لێ بگیرێت، هەست و نیگەرانییەکانی بە جددی وەربگیرێن و بزانێت کەسێک هەوڵ دەدات لێی تێبگات. وەرگرتنی وەڵامێک و هەستکردن بەوەی کە کەسێک لێت تێدەگات، دوو ئەزموونی جیاوازن.
دیالۆگی ڕاستەقینە
لە گفتوگۆی ڕووبەڕوودا، تەنها وشەکان مانا ناگەیەنن؛ تۆنی دەنگ، نیگا و تەنانەت بێدەنگیش بەشێکن لە پەیامەکە. بەڵام هەموو ئاخاوتنێک دیالۆگ نییە. ئەگەر لایەنێک تەنها فەرمان بدات و ئەوی دیکە لە ترسدا بێدەنگ بێت، دەرفەتی تێگەیشتن لە یەکتر سنووردار دەبێت. دیالۆگی ڕاستەقینە پێویستی بە ڕێزگرتن لە یەکتر، دەرفەتی یەکسان بۆ قسەکردن و ئامادەیی بۆ پێداچوونەوە بە بۆچوونەکانی خۆمان هەیە.
بۆ نموونە، کرێکارێکی کۆچبەر لە چێشتخانەیەکدا لەوانەیە بەهۆی بەربەستی زمانەوە بە تەواوی لە ڕێنماییەک تێنەگات. زیرەکیی دەستکرد دەتوانێت ڕێنماییەکە وەربگێڕێت، بەڵام ئەگەر کرێکارەکە لە پرسیارکردن بترسێت، وەرگێڕان بە تەنها کێشەکە چارەسەر ناکات. متمانە کاتێک دروست دەبێت کە سەرپەرشتیار بە ئارامی گوێی لێ بگرێت، هانی بدات پرسیار بکات و بە ڕەفتاری خۆی پیشانی بدات کە بەهۆی پرسیارکردنەوە سەرزەنشت ناکرێت. لێرەدا، تەکنەلۆژیا یارمەتیی گەیاندنی پەیام دەدات و ڕەفتاری مرۆیی بناغەی متمانە دادەنێت.
جێگەی مرۆڤ لە سەردەمی زیرەکیی دەستکرددا
من پشت بە دیالۆگی مرۆیی دەبەستم و لە زیرەکیی دەستکردیش سوود وەردەگرم. دەتوانین بۆ ئامادەکردنی پرسیارەکانمان، ئاشنابوون بە بۆچوونە جیاوازەکان و تێپەڕاندنی بەربەستی زمان بەکاری بهێنین.
بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی باشتر، پێویستمان بە تێگەیشتن و متمانەیە. ئەم دووانەش کاتێک بەهێز دەبن کە بە ڕێزەوە گوێ لە یەکتر بگرین و پێشوازی لە بۆچوونی جیاواز بکەین. زیرەکیی دەستکرد دەتوانێت ڕێگای گفتوگۆ ئاسانتر بکات، بەڵام ئێمەین کە دەبێت پەیوەندییەکانمان بنیات بنێین و بەرپرسیاریی بڕیارەکانمان بگرینە ئەستۆ.
سەرچاوەکان:
میێتینەن (Miettinen)، ئێمیلیا (٢٠٢٥). «دامەزرێنەری ویکیپیدیا جیمی وەیلز باوەڕی بە متمانە و دیالۆگی نێوان مرۆڤەکان هەیە، ئیلۆن ماسکیش باوەڕی بە زیرەکیی دەستکرد هەیە». گۆڤاری ڤۆیما، ١٢ی تشرینی دووەم.
https://voima.fi/2025/wikipedian-perustaja-jimmy-wales-uskoo-ihmisten-keskinaiseen-luottamukseen-ja-dialogiin-elon-musk-uskoo-tekoalyyn/
کورتەیەک دەربارەی شایەتحاڵانی یەهۆڤا
نووسینی: هێمن عەلی
زۆرێک لەوانەی لە ئەوروپا و ئەمریکا دەژین، لانیکەم جارێک لە شەقام، لە وێستگەی پاس و شەمەندەفەر یان لەبەردەم دەرگای ماڵەکەیان، تووشی شایەتحاڵانی یەهۆڤا بوون: کەسانێکی جلوبەرگ ڕێکوپێک و ڕووخۆش کە دەیانەوێت دەربارەی خوا و کتێبی پیرۆز قسەت لەگەڵ بکەن. هەندێکیان لەتەنیشت عەرەبانەیەکی بچووکی پڕ لە کتێب و گۆڤار دەوەستن، هەندێکی تریش لە دەرگای ماڵان دەدەن. بەڵام لەپشت ئەم دیمەنە ئاشنایەوە، مێژوویەکی درێژ و کۆمەڵێک باوەڕ و ڕێنمایی هەیە کە ژیانی ڕۆژانەی ئەندامەکانیان ڕێک دەخەن.
سەرەتا و ناونان
سەرهەڵدانی ئەم بزووتنەوەیە بۆ سەرەتای دەیەی ١٨٧٠ لە ویلایەتی پەنسیلڤانیای ئەمریکا دەگەڕێتەوە، کاتێک چارڵز تەیز ڕاسڵ و گرووپێک لە هاوڕێکانی دەستیان کرد بە خوێندنەوە و لێکدانەوەی کتێبی پیرۆز. لە ساڵی ١٨٧٩دا یەکەم ژمارەی گۆڤارێکیان بڵاو کردەوە کە دواتر بە «The Watchtower»، واتە «بورجی چاودێری»، ناسرا. لە ساڵی ١٩٣١دا، لە سەردەمی سەرکردایەتیی جۆزێف ڕەزەرفۆرد، ناوی «شایەتحاڵانی یەهۆڤا»یان بۆ خۆیان هەڵبژارد. وشەی «شایەتحاڵ» لێرەدا بە واتای کەسێکە کە شایەتی بۆ خوا دەدات، نەک شەهید.
ژمارە و بڵاوبوونەوە
بەپێی ڕاپۆرتی خۆیان بۆ ساڵی خزمەتی ٢٠٢٥، بەرزترین ژمارەی بانگخوازە چالاکەکانیان گەیشتووەتە نزیکەی ٩٫٢ ملیۆن کەس، و لە ٢٤١ وڵات و هەرێمدا چالاکییان تۆمار کردووە. ئەم ژمارەیە تەنها ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە بە شێوەیەکی چالاکانە بەشداری لە بانگخوازیدا دەکەن، و هەموو منداڵان و لایەنگرانیان ناگرێتەوە. هەروەها ژمارەی ٢٤١ کۆی وڵات و هەرێمەکانە، نەک تەنها دەوڵەتە سەربەخۆکان.
باوەڕیان بە خوا و عیسا
ئەوان خۆیان بە مەسیحی دەزانن، «یەهۆڤا» وەک ناوی خوا دەناسێنن، و باوەڕیان وایە عیسا کوڕی خوا و ڕزگارکەرە. بەڵام لە پەرستندا خاچ بەکارناهێنن، چونکە بە باوەڕی ئەوان عیسا لەسەر ستوونێکی دارین کوژراوە، نەک لەسەر خاچێک کە لە دوو پارچە دار پێک هاتبێت. ئەمە لێکدانەوەی ئایینیی خۆیانە و لە تێگەیشتنی زۆرێک لە مەسیحییەکانی تر جیاوازە.
ڕێکخستن و سەرکردایەتی
شایەتحاڵانی یەهۆڤا پاپایان نییە و سیستەمی قەشەیەتیی کلیسای کاتۆلیکیش پەیڕەو ناکەن، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە ڕێکخراوەکەیان بێ سەرکردایەتییە. کۆمەڵە ناوخۆییەکانیان لەلایەن دەستەیەک لە پیرانی ئایینییەوە بەڕێوە دەبرێن، و دەستەیەکی ناوەندیش بە ناوی «دەستەی بەڕێوەبەری» لە شارۆچکەی وارویک لە ویلایەتی نیویۆرک ڕێنماییە گشتییەکان دەردەکات. کەواتە نەبوونی قەشە، بەو شێوەیەی لە کلیساکاندا باوە، نیشانەی نەبوونی دەسەڵاتی ئایینی نییە.
کریسمس و لەدایکبوونی عیسا
یەکێک لە جیاوازییە ناسراوەکانیان ئەوەیە کە جەژنی کریسمس ناگێڕن. ئەوان ٢٥ی کانوونی یەکەم بە ڕۆژی لەدایکبوونی عیسا نازانن، و باوەڕیان وایە بەشێک لە نەریتەکانی ئەم جەژنە لە ئایینە کۆنەکانی پێش مەسیحییەتەوە سەرچاوەیان گرتووە. بەپێی لێکدانەوەی خۆیان، عیسا لە سەرەتای پاییز، نزیکەی ئەیلوول یان تشرینی یەکەم، لەدایک بووە. بەڵام کتێبی پیرۆز ڕۆژ و مانگی لەدایکبوونی عیسا دیاری ناکات، بۆیە ئەم بەروارەش نابێت وەک ڕاستییەکی مێژوویی سەلمێنراو بخرێتە ڕوو.
ڕووخساری عیسا
ڕووخساری عیساش، هەروەک بەرواری لەدایکبوونی، لە کتێبی پیرۆزدا باس نەکراوە. ئەو وێنەیەی کە لە بەشێک لە هونەری ئەوروپیدا عیسا بە پێستی سپی و چاوی شین پیشان دەدات، بەڵگە نییە بۆ ڕووخساری ڕاستەقینەی ئەو. لە وتارێکی ماڵپەڕی ئارتنێتدا، کە لە ساڵی ٢٠١٥ بڵاو کراوەتەوە، باس لە کارێکی ڕیچارد نیڤ دەکرێت. نیڤ بە پشتبەستن بە کەللەسەری کەسانی ئەو ناوچە و سەردەمە، نموونەیەکی گریمانەیی لە ڕووخساری پیاوێکی جەلیلیی سەردەمی عیسا دروست کردووە: پێستی ئەسمەر، چاوی تۆخ، قژی ڕەشی لوول و ڕیش. بەڵام ئەو کەللەسەرانە هی عیسا نەبوون، بۆیە ئەم وێنەیەش تەنها گریمانەیەکە دەربارەی ئەوەی عیسا چۆن دەرکەوتووە، نەک دۆزینەوەی ڕووخساری ڕاستەقینەی ئەو.
سەرچاوەی وێنە: دروستکردنەوەی ڕووخسار بە زانستی دادوەری لەلایەن ڕیچارد نیڤ، پسپۆڕی هونەری پزیشکی لە زانکۆی مانچستەر، بۆ زنجیرە بەڵگەفیلمی «عیسا پێغەمبەر»ی بیبیسی (٢٠٠١). وێنەکە لە گۆڤاری «پۆپیولەر میکانیکس»، ژمارەی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٢، لە وتاری «ڕووخساری ڕاستەقینەی عیسا» بڵاو کرایەوە.
جەژن و بۆنە ئایینییەکان
جگە لە کریسمس، یادی لەدایکبوونی کەسەکان و جەژنی ئیستەریش ناگێڕن. سەبارەت بە یادی لەدایکبوون، تەنانەت لە سەرچاوە فەرمییەکانی خۆیاندا هاتووە کە کتێبی پیرۆز بە ڕاشکاوی قەدەغەی نەکردووە، بەڵام ئەوان بە پشتبەستن بە لێکدانەوەی خۆیان بۆ دەقە ئایینییەکان و ڕەگی ئەم نەریتە، گێڕانی بە نادروست دەزانن. لە جیاتی ئیستەر، ساڵانە یادی مردنی عیسا دەکەنەوە، کە بە گرنگترین بۆنەی ئایینیی ساڵ دەیزانن.
جلوبەرگ و گۆڕانکارییەکان
جلوبەرگیش بەشێکە لە ڕواڵەتی ناسراویان. بۆ ماوەیەکی درێژ پیاوانیان بە قات و ڕیبات و ژنانیان بە کراس یان تەنورە ناسراون، بەڵام ڕێنماییەکانیان لەم بارەیەوە گۆڕاون. لە ئاداری ٢٠٢٤دا ڕێگە درا ژنان لە کاتی بانگخوازی و بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکاندا پانتۆڵی گونجاو لەبەر بکەن. پیاوانیش لە هەندێک بارودۆخدا دەتوانن بێ ڕیبات و چاکەت بەشدار بن. بۆیە نابێت ئەو شێوازە کۆنەی جلوبەرگیان وەک ڕێسایەکی هەمیشەیی و نەگۆڕ بخرێتە ڕوو.
ڕێنماییەکانی ژیانی ڕۆژانە
لە ژیانی ڕۆژانەدا جگەرەکێشان قەدەغە دەکەن و سەرخۆشبوون بە نادروست دەزانن، بەڵام خواردنەوەی ئەلکول بە تەواوی قەدەغە ناکەن. هەروەها ڕێنماییەکانیان هانی ئەندامان دەدەن کە لە تاتۆکردن خۆ بپارێزن. ئەم هەڵوێستانە لە تێگەیشتنی ئایینیی خۆیان بۆ پاکیی جەستە و شێوازی ڕەفتارەوە سەرچاوە دەگرن.
خوێن و چارەسەری پزیشکی
بابەتی خوێن یەکێکە لە ناسراوترین و هەستیارترین باوەڕەکانیان. ئەوان فەرمانی ئایینیی دوورکەوتنەوە لە خوێن بە شێوەیەک لێک دەدەنەوە کە هەم خواردنی خوێن و هەم گواستنەوەی خوێن دەگرێتەوە. بەڵام لەم بوارەشدا گۆڕانکاری ڕوویداوە. بەپێی ڕاگەیەنراوە فەرمییەکەیان لە ١٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، بڕیاری وەرگرتنی چوار پێکهاتە سەرەکییەکەی خوێن، واتە گلبوولی سوور و سپی، پلازما و پلاکێت، بە ویژدانی هەر تاکێک سپێردراوە. هەر ئەندامێکیش خۆی بڕیار دەدات کە خوێن ببەخشێت یان نا بۆ دابینکردنی ئەم پێکهاتانە بۆ کەسانی تر. لەگەڵ ئەوەشدا، هەڵوێستی ڕەتکردنەوەی گواستنەوەی خوێنی تەواو هەر بەردەوامە. ئەم گۆڕانکارییە بەو مانایە نییە کە هەموو شایەتحاڵێک ئێستا ئەم پێکهاتانە وەردەگرێت، چونکە بڕیارەکە تاکەکەسییە. ئەوان بە گشتی دژایەتیی چارەسەری پزیشکی ناکەن، بەڵکو داوای ئەو شێوازانەی چارەسەر دەکەن کە لەگەڵ باوەڕە ئایینییەکانیان بگونجێن.
هەڵوێستی سیاسی
لە بواری سیاسەتدا خۆیان بە بێلایەن دەزانن: دەنگ بە پارت و کاندیدە سیاسییەکان نادەن، خۆیان بۆ پۆستە سیاسییەکان ناپاڵێون و بەشداری لە هەوڵەکانی گۆڕینی حکومەتدا ناکەن. ئەوان بەشی ١٣ی نامەی ڕۆما وەک بنەمایەکی ئایینی بۆ ڕێزگرتن لە دەسەڵات، پابەندبوون بە یاسا و دانی باج بەکاردەهێنن، بەڵام بێلایەنییە سیاسییەکەیان لە دەقەکانی تری کتێبی پیرۆزەوە وەردەگرن، وەک قسەکەی عیسا کە دەڵێت شانشینەکەی سەر بەم جیهانە نییە (یۆحەنا ١٨:٣٦).
جەنگ و خزمەتی سەربازی
ڕەتکردنەوەی بەشداری لە جەنگ و خزمەتی سەربازی لە مێژوویاندا تێچوویەکی قورسی بۆیان هەبووە. لە سەردەمی نازییەکاندا، ئەندامانیان زیندانی کران و بۆ ئۆردوگاکانی کۆکردنەوە نێردران. لە فینلەنداش، لە ساڵی ١٩٨٧ەوە یاسایەکی تایبەت ڕێگەی دەدا لە خزمەتی سەربازی و خزمەتی مەدەنی ببەخشرێن، بەڵام ئەو یاسایە لە ١ی نیسانی ٢٠١٩دا هەڵوەشێنرایەوە، و لەو کاتەوە ئەوانیش وەک هاووڵاتیانی تر دەکەونە ژێر یاسای خزمەتی سەربازییەوە. بۆیە نابێت وا پیشان بدرێت کە هەموویان بە شێوەیەکی خۆکار خزمەتی مەدەنی دەکەن، چونکە بارودۆخ و بڕیاری هەر تاکێک جیاوازە.
هاوڕێیەتی و خێزان
لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا، هانی ئەندامانیان دەدەن هاوڕێ نزیکەکانیان لە نێو هاوباوەڕەکانی خۆیان هەڵبژێرن، بەڵام ئەمە بە مانای قەدەغەکردنی هەموو جۆرە مامەڵە و پەیوەندییەک لەگەڵ کەسانی دەرەوەی کۆمەڵەکەیان نییە. لە بابەتی هاوسەرگیریدا ڕێنماییەکەیان ڕوونترە: ئەندامان هان دەدرێن تەنها لەگەڵ شایەتحاڵێکی تەعمیدکراوی یەهۆڤا هاوسەرگیری بکەن. بەڵام ئەو بۆچوونە باوەی کە گوایە دەبێت منداڵی زۆریان هەبێت، ڕاست نییە. بەپێی ڕێنماییەکانی خۆیان، بڕیاری منداڵبوون یان نەبوون و ژمارەی منداڵەکان بە هاوسەرەکان سپێردراوە.
باج و دابینکردنی خەرجی
لە بابەتی باجدا، پێویستە جیاوازی لە نێوان باجە گشتییەکان و باجی کلیسادا بکرێت. لە فینلەندا، باجی کلیسا تەنها لە ئەندامانی کلیساکانی لۆتەری و ئۆرتۆدۆکس وەردەگیرێت، بۆیە ئەندامبوون لە کۆمەڵەی شایەتحاڵانی یەهۆڤا ئەرکی دانی ئەم باجە بەدوادا ناهێنێت. بەڵام ئەمە بە مانای بەخشین لە باجی داهات یان باجە ئاساییەکانی تر نییە، و شایەتحاڵانی یەهۆڤا خۆیان دانی باج بە ئەرکێکی ئایینی دەزانن. بەپێی ڕوونکردنەوەی خۆیان، خەرجیی چالاکییەکانی ڕێکخراوەکە بە پلەی یەکەم لە ڕێگەی بەخشینە ئارەزوومەندانەکانەوە دابین دەکرێت.
کۆچبەران و جیاوازیی هۆکارەکان
ژمارەیەک لە کورد و عەرەب و فارس و کەسانی سەر بە نەتەوەکانی تریش لەم کۆمەڵە ئایینییەدا هەن. هەندێک جار لە گفتوگۆکانی ناو کۆمەڵگەی کۆچبەراندا، پەیوەندیی ئەم کەسانە بە کۆمەڵەکەوە بە بابەتی مۆڵەتی مانەوە دەبەسترێتەوە. بەڵام بەبێ زانیاری و بەڵگەی ڕوون، باشترە حوکمێکی گشتی لەسەر هەموویان نەدەین. بارودۆخ و هۆکاری هەر کەسێک جیاوازە، و لە دەرەوە بە ئاسانی ناتوانین لە مەبەستی ناخی خەڵک تێبگەین.
تێگەیشتن و پێکەوەژیان
بۆ من، ناسینی ئەم کۆمەڵە ئایینییە دەرفەتێکە بۆ تێگەیشتن لە باوەڕ و شێوازی ژیانی کەسانێک کە لە ئێمە جیاواز بیر دەکەنەوە. مەرج نییە لەگەڵ هەموو باوەڕەکانیان هاوڕا بین، بەڵام دەتوانین بە ڕێز و دادپەروەرییەوە لێیان بڕوانین و پێش حوکمدان گوێ لە قسەکانیان بگرین. هەروەها پرسیارکردن و گفتوگۆی ئارام لەبارەی باوەڕەکان دەتوانێت یارمەتیمان بدات یەکتر باشتر بناسین. گرنگ ئەوەیە جیاوازیی ئایینی ڕێگر نەبێت لە ڕێزگرتن لە یەکتر و پێکەوەژیان بە ئاشتی.
سەرچاوەکان:
١. ئەیئەیبیبی (AABB)، ٢٠٢٦. «شایەتحاڵانی یەهۆڤا بڕیاری وەرگرتن و بەخشینی خوێنی کەسانی تر بە تاکەکان دەسپێرن». بڵاوکراوەتەوە لە ٢١ی ئەیلوولی ٢٠٢٦.
https://www.aabb.org/news-resources/news/article/2026/09/21/jehovah’s-witnesses-allow-individual-decisions-on-allogeneic-blood-transfusion-and-donation
٢. ئاژانسی ئاسۆشیەیتد پرێس (AP)، ٢٠٢٦. «شایەتحاڵانی یەهۆڤا بەشێک لە قەدەغەی بەکارهێنانی خوێنی بەخشراو بۆ مەبەستی پزیشکی سووک دەکەن».
https://apnews.com/article/jehovahs-witnesses-donated-blood-transfusions-plasma-13fbe733e0039109efa728f65c7e4fda
٣. ئارتنێت نیوز (Artnet News)، ٢٠١٥. «هونەرمەندێکی پزیشکی بە یارمەتیی زانستی دادوەری ڕووخساری عیسا مەسیح پیشان دەدات».
https://news.artnet.com/art-world/jesus-face-forensic-anthropology-art-392823
٤. فینلێکس (Finlex)، ٢٠١٩. «یاسای هەڵوەشاندنەوەی یاسای بەخشینی شایەتحاڵانی یەهۆڤا لە ئەنجامدانی خزمەتی سەربازی»، ژمارە ٣٣٠/٢٠١٩.
https://finlex.fi/en/legislation/2019/330
٥. شایەتحاڵانی یەهۆڤا، ٢٠٢٥. «ئامارە گشتییەکانی ساڵی ٢٠٢٥». ماڵپەڕی فەرمیی jw.org.
https://www.jw.org/en/library/books/2025-Service-Year-Report-of-Jehovahs-Witnesses-Worldwide/2025-Grand-Totals/
٦. شایەتحاڵانی یەهۆڤا، ٢٠٢٦. «ئێستا هەر شایەتحاڵێک خۆی بڕیار دەدات کە پێکهاتە سەرەکییەکانی خوێن وەربگرێت یان بیانبەخشێت». ماڵپەڕی فەرمیی jw.org.
https://www.jw.org/en/global-communications/country/global-news/Jehovahs-Witnesses-Each-Witness-Now-Decides-Whether-to-Accept-or-Donate-Main-Blood-Components/
٧. شایەتحاڵانی یەهۆڤا، بێ بەروار. «بۆچی شایەتحاڵانی یەهۆڤا جەژنی لەدایکبوون ناگێڕن؟» ماڵپەڕی فەرمیی jw.org.
https://www.jw.org/en/jehovahs-witnesses/faq/birthdays/
٨. شایەتحاڵانی یەهۆڤا، بێ بەروار. «بۆچی شایەتحاڵانی یەهۆڤا جەژنی کریسمس ناگێڕن؟» ماڵپەڕی فەرمیی jw.org.
https://www.jw.org/en/jehovahs-witnesses/faq/why-not-celebrate-christmas/
٩. گۆڤاری پۆپیولەر میکانیکس (Popular Mechanics)، ٢٠٠٢. «ڕووخساری ڕاستەقینەی عیسا». ژمارەی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٢. سەرچاوەی چاپی.
بەرواری سەردانکردنی سەرچاوە ئەلیکترۆنییەکان: ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦.
نا بۆ ئیعدام، بەڵێ بۆ مافی ژیان.. بەیاننامەی ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی دژ بە سزای ئیعدام
گەلی كوردستان لە مێژوودا یەكێك بووە لەو گەلانەی بە شێوەیەكی فراوان قوربانی ئیعدام، كوشتنی دەرەوەی دادگا، ئەشكەنجە و بێسەروشوێنكردن سەركوتی سیاسی بووە. كەم نین ئەو كوردانەی لە ڕابردوودا و تا ئێستاش، بەهۆی كوردبوونیان یان بەهۆی بۆچوون و چالاكییە سیاسییەكانیانەوە، ژیانیان لێ زەوت كراوە. لە پرۆسەكانی جینۆسایدیشدا، بە كۆمەڵ مافی ژیانیان لێ زەوت كراوە و بەبێ دادگایی كۆمەڵكوژكراون.
بۆیە، هەڵوەشاندنەوەی سزای ئیعدام تەنها داواكارییەكی یاسایی نییە؛ بەڵكوو ئەركێكی مرۆڤانەشە، هەنگاوێك بۆ پاراستنی كەرامەتی مرۆڤ و وەڵامدانەوەیەكە بۆ مێژوویەكی پڕ لە ستەم و پێشێلكردنی مافەكانی گەلانی كوردستان. ئێمە باوەڕمان وایە كە كوردستان دەبێت ببێتە هەرێمێك كە مافی ژیان، ئازادی و كەرامەتی مرۆڤ تێیدا پارێزراو بێت.
لە دووای كۆنگرەی ستۆكهۆڵمی دژ بە سزای ئیعدام، كە لە رێكەوتی ١١ و ١٢ی دێسەمبەری ١٩٧٧ بەسترا، بانگەوازی جیهانی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم سزا نا مرۆڤایەتییە بەهێزتر بوو. لەو كاتەوە تا ئێستا، هەنگاوی گرنگ لە ئاستی جیهاندا نراوە؛ بەڵام بەردەوامی جێبەجێكردنی ئیعدام لە هەندێك وڵاتدا نیشانەی ئەوەیە كە هێشتا كارێكی زۆر ماوە بۆ گەیشتن بە جیهانێكی بێ ئیعدام، كارمەت و ژیانی مرۆڤ پارێزراو بێت.
ئامارە جیهانییەكان: پێشكەوتن لە یاسادا، زیادبوونی ئیعدام لە كرداردا
بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێكخراوی (Amnesty International) بە ناونیشانی «سزا و حوكمەكانی ئیعدام لە ساڵی ٢٠٢٥»، لە ساڵی ٢٠٢٥دا لانیكەم ٢,٧٠٧ كەس لە ١٧ وڵاتدا ئیعدام كراون. ئەم ژمارەیە بە ڕێژەی ٧٨٪ لە ژمارەی ١,٥١٨ ئیعدامی تۆماركراوی ساڵی ٢٠٢٤ زیاترە و بەرزترین ئاستی تۆماركراوە لەلایەن ئەم ڕێكخراوەوە لە ساڵی ١٩٨١ەوە. ئەم ئامارە ئیعدام لە وڵاتی چین لە خۆناگرێت، چونكە ئاماری رێك لەم وڵاتە بڵاو ناكرێنەوە. هەروەها، لە ساڵی ٢٠٢٥دا لانیكەم ٢,٣٣٤ حوكمی نوێی ئیعدام لە ٤٨ وڵاتدا تۆمار كراوە.
لە هەمان كاتدا، پێشكەوتنی یاسایی لە بواری هەڵوەشاندنەوەی سزای ئیعدام بەردەوامە. لە كۆتایی ساڵی ٢٠٢٥دا، ١١٣ وڵات سزای ئیعدامیان بۆ هەموو تاوانەكان بە تەواوی لە یاسادا هەڵوەشاندبووەوە و بە گشتی ١٤٥ وڵات ئەم سزایەیان لە یاسا یان لە كرداردا هەڵوەشاندبووەوە. لە بەرامبەردا، لە ساڵی ٢٠٢٥دا ئیعدام لە ١٧ وڵاتدا ئەنجامدراوە. ئەم جیاوازییە نیشان دەدات كە هەرچەندە ڕێڕەوی جیهانی بەرەو هەڵوەشاندنەوەی ئیعدامە، بەڵام زیادبوونی ژمارەی ئیعدامەكان هۆشدارییەكی جدییە و دەری دەخات رێگاكە بۆ گەیشتن بە جیهانی بێ ئیعدام بێ كەند و كۆسپ نییە.
لە هەنگاوێكی گرنگی ساڵی ٢٠٢٦دا، پەرلەمانی لوبنان لە رێكەوتی ١١ی ئابی ٢٠٢٦ یاسای هەڵوەشاندنەوەی سزای ئیعدامی بۆ هەموو تاوانەكان پەسەند كرد. یاساكە لە ٢٠ی ئابی ٢٠٢٦ لە ژمارە ٣٦ی ڕۆژنامەی فەرمی بڵاوكرایەوە و چووە بواری جێبەجێكردنەوە. بەمەش لوبنان بووە یەكەم وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە سزای ئیعدامی بۆ هەموو تاوانەكان بە یاسا هەڵدەوەشێنێتەوە. بە پێی ئەم گۆڕانكارییە، ژمارەی وڵاتەكانی هەڵوەشێنەرەوەی سزای ئیعدام بۆ هەموو تاوانەكان دەگاتە ١١٤ وڵات، ئەمەش بۆ ئێمە گرنگ بوو.
دۆخی عێراق و هەرێمی كوردستان
بەداخەوە، عێراق هێشتا لەو وڵاتانەدایە كە سزای ئیعدام لە یاسا و كرداردا بەردەوامە. ڕاپۆرتی Amnesty International ئیعدام لە عێراقی لە ساڵی ٢٠٢٥دا تۆمار كردووە، بەڵام ژمارەی وردی ئیعدامەكانی ئەو ساڵەی عێراقی نەتوانیوە پشتڕاست بكاتەوە.
لە هەرێمی كوردستانیشدا، ڕاگرتنی جێبەجێكردنی ئیعدام هەنگاوێكی گرنگە؛ بەڵام ڕاگرتن جیاوازە لە هەڵوەشاندنەوەی یاسایی. بۆیە داواكاریی ئێمە ئەوەیە كە ئەم هەنگاوە بەرەو هەڵوەشاندنەوەی یاسایی و یەكجاری سزای ئیعدام بڕوات و مافی ژیان ببێتە بنەمایەكی پارێزراوی یاسایی و سیاسەتی گشتی لە هەرێمی كوردستاندا.
ئێمە لەم ڕۆژەدا داوا لە حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین هەنگاوی ڕاستەقینە و كرداری بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای ئیعدام بنێن، حوكمەكانی ئیعدام جێبەجێ نەكەن و بەرەو سیستەمێكی دادوەری مرۆڤانە، دادپەروەر و سەربەخۆ بڕۆن.
داواكارییەكانمان
لە ڕۆژی جیهانی دژ بە سزای ئیعدامدا، ئێمە داوا لە دامەزراوە فەرمییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین:
١. سزای ئیعدام بە یەكجاری هەڵبوەشێننەوە و هەموو هەنگاوێكی یاسایی و پێویست بۆ گۆڕینی ئەو یاسایانە بنێن.
٢. لە سەرۆكی كۆماری عێراق، بەڕێز د. نزار ئامێدی، و سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، داوا دەكەین هیچ حوكمێكی ئیعدام واژۆ و پشتڕاست نەكەنەوە و هەموو هەوڵێكیان بۆ پاراستنی مافی ژیان و پاراستنی كەرامەتی مرۆڤ بخەنە گەڕ.
٣. زیندانە نهێنییەكان كۆتاییان پێبهێنرێت. هۆكاری دەستگیركردن و ڕاگرتنی هەر كەسێك لە ماوەی یاساییدا بە شێوەیەكی ڕوون ئاشكرا بكرێت و دەستگەیشتن بە پارێزەر و دادگا مسۆگەر بكرێت بۆ هەمووان.
٤. زیندانی سیاسی و دەستگیركردنی نایاسایی قەدەغە بكرێت و هیچ كەسێك بەهۆی بۆچوون، ناسنامە، چالاكیی مەدەنی یان سیاسییەكەیەوە ڕووبەڕووی سەركوت و زیندان نەبێتەوە.
٥. ئەشكەنجە و هەموو شێوەكانی مامەڵەی نامرۆڤانە قەدەغە بكرێت و بە كردار ڕێگرییان لێ بكرێت. لێكۆڵینەوەی سەربەخۆ لە هەموو تۆمەتەكانی ئەشكەنجە و مامەڵەی نایاسایی بكرێت و بەرپرسان بەرامبەر یاسا وەڵامدەرەوە بن.
٦. سەربەخۆیی دادگا و دادوەری بپارێزرێت، دەستێوەردانی سیاسی لە پرۆسەی دادوەری ڕێگری لێ بكرێت و دامەزراوەكانی دادوەری و داواكاری گشتی بەهێز بكرێن.
٧. ماف و كەرامەتی زیندانییان بپارێزرێت. مافی پەیوەندی بە خێزان و پارێزەر، چاودێری تەندروستی و پاراستنی كەلوپەل و شتە تایبەتییەكانی زیندانی بە پێی یاسا ڕەچاو بكرێت. هەر پشكنینێكیش لە سنووری یاسا و بە چاودێری دەسەڵاتی دادوەریی پەیوەندیداردا بێت.
٨. لێپرسینەوە لە تاوانە گەورەكان بەردەوام بێت. تاوانبارانی جینۆساید، تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی دەبێت بە دادگایی سەربەخۆ و دادپەروەرانە ڕووبەڕووی لێپرسینەوە ببنەوە. ڕەتكردنەوەی سزای ئیعدام بە مانای بێسزایی نییە؛ بەڵكوو داواكارییە بۆ دادپەروەرییەكی یاسایی، مرۆڤانە و ڕێزگر لە مافە بنەڕەتییەكانی مرۆڤ.
٩. مافی قوربانیان و خێزانەكانیان بپارێزرێت، ڕاستییەكان ئاشكرا بكرێن و بۆ قوربانیانی جینۆساید و تاوانە گەورەكان دادپەروەری، ڕاستیزانی، قەرەبوو و گەرەنتی دووبارەنەبوونەوە دابین بكرێت.
پەیامەكەمان
ئێمە باوەڕمان وایە كە مافی ژیان مافێكی بنەڕەتی و جیهانییە و نابێت بە هیچ بیانوویەكەوە لە مرۆڤ زەوت بكرێت. ئەزموونی مێژوویی گەلی كورد و قوربانیانی جینۆساید پێمان دەڵێت كە پاراستنی ژیان، ڕێگری لە ئەشكەنجە و دابینكردنی دادپەروەری ئەركی هەموومانە.
بە بۆنەی ١٠ی ئۆكتۆبەری ٢٠٢٦، بانگەوازمان بۆ هەموو حكومەتەكان، پەرلەمانەكان، دامەزراوەكانی دادوەری، ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و هەموو مرۆڤدۆستان ئەوەیە كە بۆ جیهانێك هەوڵ بدەن كە تێیدا سزای ئیعدام نەبێت، ئەشكەنجە ڕەوا نەبێت و كەرامەتی مرۆڤ بپارێزرێت، لەسەر بنەمای نەتەوەیی و ئاینی پێشێلكاری ئەنجام نەدرێت.
نا بۆ ئیعدام، نا بۆ ئەشكەنجە؛ بەڵێ بۆ مافی ژیان، بەڵێ بۆ پاراستنی كەرامەتی مرۆڤ.
واژۆكەرانی بەیاننامەكە:
ڕێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید (Kurdistan Without Genocide)
تۆڕی KONCICC
هەڵمەتی دادپەروەری
هەڵمەتی ژیان: نا بۆ ئیعدام لە كوردستان
١٠ی ئۆكتۆبەری ٢٠٢٦
كورداندنی فەلسەفە بەرهەمەكانی كەمال میراودەلی بە نموونە.. سەدیق سەعید ڕواندزی
لە سەرەتای نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوو، گرووپێكی ڕۆشنبیریی ئەكتیڤ و كارا، بە ماوەیەكی كەم لە دنیای ڕۆشنبیریی ئێمەدا دەركەوتن و توانیان شوناسێك بۆ خۆیان دروست بكەن و ببنە جێی تێڕٍامان و خوێندنەوە لای هەموومان. ئەم گرووپە، كە لە چەند نووسەرێكی دیار و بەتوانا و هەڵگڕی پاشخانیچكی گەورەی ڕۆشنبیریی و هزری و فەلسەفی پێكهاتبوون، توانیان بۆ ماوەی پانزە ساڵ، پێشەنگی دنیای ڕۆشنبیریی ئێمە بن، كە ئەوانیش ڕەهەندییەكان بوون. ڕەهەندییەكان، بە پاشخانێكی گەورە و بە زمانێكی قووڵ و بە تێگەیشتنێكی مەعریفییانەوە، هەوڵی شڕۆڤەكردن و خوێندنەوەی كۆمەڵگەی كوردییان داو توانیان نەوەیەك لە خوێنەران، بۆ ماوەی چەند ساڵێك دروست بكەن، بەڵام ئەم گرووپە، وەك چۆن بە خێرایی و دراماتیكیانە دەركەوت، بەو شێوەیەش كۆتایان هات. ڕەهەندییەكان، هەتا بڵێی كەسانی بە تواناو بە ئاگابوون، لە میتۆدی فەلسەفی و هزری خۆرئاوا، بەڵام گەورەترین خەوشی گرووپەكە ئەوە بوو، كە نەینتوانی زمانی كوردی، وەك پردی پەیوەندی و بەستنەوەی خۆیان بە كۆمەڵگەكەیانەوە بخەنە گەر. بۆیە تێڕوانینە شیكاریی و ڕەخنەیەكانیان و دیدە فەلسەفی و هزریەكانیان، لە نێو جیهانبینی خۆرئاوا دەخولایەوە، هەر بۆیەشە نەیانتوانی تا سەر لەو كاریگەری دانانە لەسەر خوێنەر و مرۆڤی كورد بمێننەوە. ئەوە گرنگ نییە نووسەرێك چەند باسی فۆكۆ دەكات و چەندە ڕۆشنبیرریی لە بارەی ئەو فەیلەسوفەوە هەیە، ئەوە گرنگە، تا چەند سەركەوتوو دەبێت لە گەیاندنی ئەو ڕۆشنبیرییە، بە جیهانبینی و زمانی كوردانە و نەتەوەییانەی خۆیەوە. ڕەهەندییەكان لەوەدا شكستیان هێنا، گەرچی كەرستەی بەرفراوان و هزری قووڵی خۆرئاوایانە و جیهانبینییەكی فراوانی نووسین و تێڕامانیان هەبوو، بەڵام زمانێكی گەیێنەر و پەیوەندی بەستنیان نەبوو، بۆیە گەر ئێستا سەرنج لە كارەكانیان بدەین، دەبینین پتر ئەدەبی و ڕۆژانەیین لەوەی هزری بن، بە تایبەتیش بۆ خوێنەری كورد. گەلێك جار، پاساوی ڕەهەندییەكان بۆ ئەم گیرو گازە هزرییە ئەوە بوو، كە زمانی كوردی، زمانی هزر و فەلسەفە و زانست نییە، زمانێك نییە بتوانرێت ڕەهەندی هزریی پێ دەرببڕدرێت و هەموو ئەو چەمك و زاراوە فەلسەفی و هزرییانەی لە كولتووری خۆرئاوا هەن، تەرجەمەی سەر زمانی كوردی بكرێن، بەڵام لە ڕاستیدا، ئەم پاساوە جگە لە خۆدزینەوە، ئاشنا نەبوون بە سرووشت و بونیادی هزریی و كۆمەڵایەتی تاكی كوردی و كۆمەڵگەی كوردی هیچی تر نییە. زمانی كوردی، لەو زمانانەیە كە فرە ڕەهەندە، دەتوانرێت لە هەموو كایەكی هزریی و ڕۆشنبیریی بخرێتە گەڕ زمانی ئاماژە و مانایە، بەڵام ئەوەی لەو نێوەندەدا گرنگە، چۆنیەتی ئەو گەیاندنەیە! كاتێ خوێنەرێكی سادەی كورد، بابەتێكی فەلسەفی بە زمانی كوردی دەخوێنێتەوە، جیایە لەوەی بە زمانێكی وشك و برینگی فەلسەفییانەی خۆرئاوا بیخوێنێتەوە! ڕەهەندییەكان ئەو زمانەیان نەبوو، گەرچی بە سرووشت بە كوردیش دەیاننووسی، بەڵام نەیانتوانی پردی پەیوەندی لەگەڵ ئەویتر بونیاد بنێن. ئەوان جیهانبینییەكی قووڵ و فراوانیان هەبوو، بەڵام كوردانە نەبوو، كە ئەمەش گرفتی هەرە دیاری ئەو گرووپە بوو بە ئێستاشەوە، گەرچی دوای ئەوەی زانیان ناتوانن كار لە سەر هزری كۆمەڵگەی كوردی، بە میتۆدێكی كوردانە بكەن، ئیدی بایان دایەوە لای ڕۆمان، وەك بەختیار عەلی. بێگومان فەلسەفە بە سرووشت، كایەیەكی هزری قووڵە و زۆرجار لە نێوەندە میللی و كۆمەڵایەتییەكەدا، گەر كەسێك بە جۆرە زمانێكی قورس، یان ئاڵۆز قسە بكات، بۆ شۆخی و بە توانجەوە بەرانبەرەكەی پێی دەڵێت فەلسەفیانە مەدوێ! بەو مانایەی ئەم دەربڕینە، لە ئاستی تێگەیشتنی باو، هوشیاری كۆمەڵی دایە و بژاردەیی و تایبەتە، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا دەكرێت دەستبەرداری فەلسەفە بین، بە بیانووی ئەوەی كایەی زاست و لۆژیك و هزر و مەعریفەی قووڵی زانینە؟ دەكرێ باس لە فەلسەفە نەكەین، چونكە پاشخانی ڕۆشنبیریی كۆمەڵگای ئێمە لەو ئاستەدا نییە، فەلسەفە وەربگرێ؟ لەو جۆرە كۆمەڵگایانەدا، فەلسەفە شۆڕ كەینەوە بۆ نێو كۆمەڵگە، یان كۆمەڵگە ببەینە ئاستی فەلسەفە؟ بێگومان دەتوانرێت هەرچی فەلسەفەی خۆرئاوا هەیە، لە كۆمەڵگەدا، بەر باس بدرێت، بەو مەرجەی زمانی ئەو باسكردنە، ڕەنگدانەوەی كولتوور و جیهانبینی كوردانە بێت. لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، زۆربەی هەرە زۆری بەرهەمە ئەدەبی و فەلسەفییەكانی شاعیر و نووسەر و ئەكادیمی (دكتۆر كەمال میرودەلی)م خوێندنەوە. ئەزموونی نووسینی ئەم نووسەرە، لە بواری فەلسەفەدا، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە كە نەك دەتوانرێن باسی فەلسەفە بە زمانی كوردی بكرێت، وەك ئەوەی ڕەهەندییەكان و ئێمەش تێی گەیشتووین كە گوایا زمانی كوردی تەنێ زمانی ئەدەب و هونەرە، بەڵكو هەمان ئەو زمانە، دەتوانرێت وەسفی قووڵی فەلسەفەشی پێ بكرێت و بگرە فەلسەفە بكوردیندرێش. بەرهەمەكانی میراودەلی، نموونەی بەرجەستە و دیاریی كورداندنی فەلسەفە و هزری هیگل و فۆكۆ و نیتشە و فەیلەسوفەكانی دیكەی دنیان! ئەمە بەو مانایە نییە كە نووسەر لە میانەی ئەو باسانەدا، كرۆكی كاری فەلسەفیانەی ئەوان، لە كولتووری خۆر ئاوا داببڕێت، بەڵكو بەو مانایەی، ئەو باسی فەلسەفەی خۆرئاوامان بە كوردی بۆ دەكات، نەك بە تێگەیشتنێكی خۆرئاوایانە. جیاوازی لە باسكردنی فەلسەفە لە نێوان مەریوان و بەختیار و ئاراس لەلایەكەوە، لەگەڵ كارەكانی میراودەلی لەوەدایە، كە میراودەلی بە زمانێكی كوردییانە، بەتێگەیشتنێكی كوردییانە، بە جیهانبینی و لە نێو كولتوورێكی كوردییانەدا، باسی فەلسەفەمان بۆ دەكات، پێچەوانەی ڕەهەندییەكان كە باسی فەلسەفە دەكەن، بەڵام هیچ كام لەو خەسڵەتانە لە نووسینەكانیان نییە. من هاوڕێیەكی خوێنەرم، كە سەدان كتێبی خوێندۆتەوە، لە وەسفی كتێبێكی ئازاد حەمە، لە بارەی پۆست مۆدێرنیزم، پێی گوتم كە زمانی نووسینی یەكجار وشك و بریشك و ڕەقە و بۆ من زۆر ئەستەم بوو تا كەمێكی لێ تێگەیشتم، كەواتا بە نموونە زمانێكی لەو شێوەیە، دەتوانێت ئەڵقەی پەیوەندی لەگەڵ خوێنەری هەمووەكی ببەستێت؟ ڕەنگە بپرسن فەلسەفە لە هیچ كۆمەڵگایەكدا، كایەیەكی گشتی نییە، بەڵام كاتێ سوكرات و ئەرستۆ و ئەفلاتوون، فەلسەفەیان داهێنا، پۆلینی كۆمەڵگەیان نەكرد، بەڵكو دیاردە سرووشتی و مرۆیی و هزرییەكانیان، كردە چەقی كاركردنیان، بۆیە دەكرێ باسی فەلسەفە بكەین، لێشی تێ بگەین بێ ئەوەی، پەنا وەبەر سەدان بیرو بۆچوونی فەلسەفی بەرین، كە ڕەنگە لە زمان و كولتووری ئێمە دوور بێت. دكتۆر میراودەلی، لە باسكردنی فەلسەفی خۆرئاوادا بە زمانی كوردی، نەك هەر سەركەوتوو بووە، بەڵكو نموونەی بێ هاوتاو دیاری كورداندنی فەلسەفەشە، كارەكانی ئەو لە بواری فەلسەفەدا، دەروازەیەكی گەورە و گرنگ بە ڕووی هزری خوێنەری سادەی كورد، كە جگە لەزمانی كوردی زمانی تر نازانێت دەكاتەوە، كە بە زمانی نەتەوەیی خۆی لە فەلسەفە بگات. ئەم كورداندنە، سەرەتا لە زمانەوە دەست پێ دەكات، پاشان چەمك و زاراوە فەلسەفییەكان. میراودەلی، زۆرباش ئەوە دەزانێت و دركی بەوە كردووە، كە ڕێزكردنی ناوی فە یلەسوف و تێز و بۆچوونەكانیان، گەر بە كوردی نەبێت، وەك گوێز ژماردن بۆ خوێنەر وایە! كوردی لێرەدا، واتای ئەوە نییە بە زمانی كوردی بنووسێت، چونكە ڕەهەندییەكانیش بە كوردی دەیاننووسی، بەڵكو بەو مانایەی بەجیهانبیەكی كوردانە بنووسێت. رەفیق سابیر، لە میانەی نووسینی شیعردا، كاتێ پرسیاری ئەوەیان لێكردبوو، كە بۆچی بە زمانی سویدی شیعر نانووسێت؟ لەوەڵامدا گوتی من ناتوانم بە زمانی سویدی هەستەكانم دەربڕم، چونكە شیعر هەستە، بەر لەوەی هزر بێت، لەو سۆنگەیشەوە قووڵبوونەوە لە كولتوور و پاشخانی ڕۆشنبیریی مرۆڤی كورد، فاكتێكە بۆ ئەوەی نووسەر باشتر و سەركەوتووتر بۆچوونەكانی بگەیەنێت. یەكێك لە دیارترین خەسڵەتەكانی تێزی كورداندنی فەلسەفە لای میروادەَلی ئەوەیە، كە سەرجەم ئەو چەمك و زاراوە هزریی و فەلسەفیانەی لە نێو زمان دان دەكوردێنێت. بۆ نموونە: لە بەرانبەر فەزا، بۆشاگە بەكار دێنێت، لە بەرانبەر كۆنسێپت، بنەڕەوت بەكار دێنێت، ئەمانە و دەیان نموونەی دیكە. بە كوردیكردنی زاراوەكان، یارمەتی دەرە بۆ ئەوەی خوێنەر نەك تەنها بە زمانی خۆی، بەڵكو بە كولتوور و فەرهەنگی خۆشی لە فەلسەفە بگات! بۆیە میراودەلی لە نووسینەكانیدا هەرچی چەمك زاراوەی فەلسەفییە دەكوردێنێت، بەر لەوەی ڕاڤەی چەمكەكان بكات! ئەم نموونەیە لەكاركردن، بە دیاریكراوی لە هەردوو كتێبی ( ئەریكۆلۆژی فۆكۆ و قورئاانناسی بە قورئان و شیعرناسی بە شیعرو قانونناسی) زۆر بە قووڵی و كوردانە دەردەكەوێت، بۆیە كاتێ كتێبەكەی فۆكۆ دەخوێنینەوە، بە دیاریكراوی ئەو تێگەیشتنەمان لادروست دەبێت، كە ئێمە باس و بابەتێكی دیكەی جیاواز لە ڕەهەندییەكان لە بارەی فۆكۆ دەخوێنینەوە. یان كاتێ كتێبی قورئانناسی، یان فەلسەفەی ئەز و قانونناسی و گەلێكی دیكەش دەخوێنینەوە، هەست دەكەین شتێكی جیاوازترمان لەوانەی پێشوو خوێندۆتەوە و دەخوێنینەوە. لێرەدا دەمەوێ دوو شێواز و زمانی نووسین ئاماژە پێ بدەم. هەڵبەتە ئێمە لە كار و نووسینە فەلسەفییەكانی دیكەی نووسەرانی دیش، فەلسەفە بە زمانی كوردی دەخوێنینەوە، بەڵام ئەوەی لە نووسینەكانی میراودەلی هەیە جیاوازترە! لە نووسینەكانی ئەو، ئێمە هەر تەنها بە زمانی كوردی فەلسەفە ناخوێنیینەوە، بەڵكو بە كوردیش تێی دەگەین، ڕەنگە هەر ئەمەش بێت هۆكاری ئەوەی هاوڕێیەكی خوێنەرم دوای خوێنەوەی سەدان كتێب، لە وتارە فەلسەفیەكانی ڕەهەندییەكان یان كاك ئازاد حەمە نەگات، بەڵام چێژ لە نووسینە فەلسەفییەكانی میراودەلی وەربگرێت. لێرەدا ئێمە لە بەردەم كورداندنی فەلسەفە داین، بەو مانایەی فەلسەفە هەر تەنها بە زمانی كوردی ناخوێنینەوە، بەڵكو بە تێگەیشتنێكی كوردانەشەوە تێی دەگەیەن، بێگومان ئێمە دەزانین تێز و تیۆرە فەلسەفییەكان، بە درێژایی مێژوو، ڕەنگە زۆربەیان وەكو خۆیان مابنەوە، وەك دیدگای ئەفلاتوون بۆ شیعر، كە جیایە لەهی ئەرستۆ، یان سۆفیستەكان، جیایە لە فەلسەفەی ئایدیالی، فەلسەفەش تەنها پەیوەست نییە بە گریكەكانەوە، كە ڕەهەندێكی مرۆیی و جیهانی هەیە، بەڵكو لێرەدا مەبەست ئەوەیە، كە ئێمە چۆن تێزو تێڕوانینی فەیلەسوفان بۆ هەر بابەتێكی مەعریفی و هزری بێت، بە كوردی دەكەین و لە چوارچێوەی ئەو زمان و كولتوورەی پێی نووسراوە دەریدەهێنین و ئاوێتەی كولتوور و ڕۆشنبیریی كوردی دەكەین. گەر نووسەرێك سەدان وتاریش لە بارەی فۆكۆ، یان هایدگەر، یان سوكرات بنووسێت و باسی فەلسەفەكەیان بكات، بە كوردیش نووسیبێتی، ئەوا بایەخێكی نییە، گەر ناوەڕۆك و كرۆكی بابەتەكە بە كوردی نەكرێت و خوێنەری كورد لێی تێ نەگات، هەر ئەمەشە گرفتی تێگەیشتن لە فەلسەفە لە كۆمەڵگەی ئێمەدا، كە تا ئەو ئاستەی زۆرجار بە چەندین نوكتەی سەیر و سەمەرەو توانجی كۆمەڵایەتی گەمە بە فەلسەفە بكرێت، وەك ئەوەی دەڵێن :(جارێكیان هاوڕێیەك لە هاوڕێیەكی پرسی فەلسەفە چییە)ئەویش گوتی:( مریشك دان دەخوات، تۆش هێڵكەی مریشكەكە دەخۆی، كەواتا تۆ دانەكەت خواردووە) ! یان دەگوترێت، (باوكێك لە كوڕەكەی پرسی فەلسەفە چییە؟ كوڕەكەش پێی گوت تۆ لە سەر قەرەوەێلەی، قەروەێلەكەش لە سەر زەوییە، كەواتا تۆ لە سەر زەوی)! باوكەكەشی لە وەڵامدا دەڵێت عەمری خۆت و فەلسەفەكەشت نەمێنێت، كەس هەیە ئەمە نەزانێت ! ئەم هەمو توانج و بە كۆمیدیكردنەی فەلسەفە لە كولتووری كۆمەڵایەتی ئێمەدا، كە من خۆم بە منداڵی سەدان جار گوێبیبستی نوكتەی لەو شێوەیە بوومە، مانای ئەوە نییە كە ئێمە نەتەوەیەكین، گاڵتەمان بە فەلسەفە دێت، نەخێر، مانای ئەوەیە، پرسەكە هێندە ئاڵۆز و ناڕوون و هزری و سەخت كراوە، كە كەس نازانێت ئەوانەی باسی فەلسەفە دەكەن، باسی چی دەكەن؟ بۆیە زۆر گرنگە ئەوانەی لە بواری كایەی فەلسەفەدا دەنووسن و كار دەكەن، درك بەو دوو جیاوازییە بكەن. ئێمە بەهەڵە لە فەلسەفە گەیشتووین، بە نموونە هەزاران كەس پێیان وایە فەرهاد پیرباڵ فەیلەسوفە، كە نە كارەكانی، نە بەشێكی زۆری نووسینەكانی فڕیان بە دنیای فەلسەفەوە نییە، جگە لە شۆخیكردنێكی لەیبۆكی و بێ مانای كۆمەڵایەتی، كە مایەی هێنانە پێكەنینتی خەڵكە، لە بەرانبەردا، باز بە سەر دەیان كتێبی هزری و ئەدەبی و هونەری و فەلسەفی كەمال میراودەلی دەدەین و نایانخوێنینەوە، كە بنەما ڕاستەقینەكانی هزر و فەلسەفە لەوێدان. لە كۆتاییدا، سەرنجی خوێنەران بۆ ئەوە ڕادەكێشم، كە درێخی نەكەن لە خوێنەوەی بەرهەمەكانی میراودەلی، چونكە كۆمەكێكی گەورەی پاشخانی هزریی و ڕۆشنبیریان دەكات.
*ئەم بابەتە لە هەفتەنامەی ڕێگای كوردستان ژمارە(1506) لە 22/9/2026 بڵاوكراوەتەوە.
کتێبی سەد ساڵ شێتی.. وەرگێڕانی: دکتۆر ئەحمەد فاتیح
لەم کتێبەدا؛ فازیل عەزاوی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئازادی تەنیا بەها نییە، بەڵکوو سەرچاوەی سەرەکیی هەموو داهێنانێکە، بۆیە ئەم کتێبە بە جۆرێک لە جۆرەکان: بانگەوازە بۆ تێپەڕاندنی “جەنگەڵستان”ی گەندەڵی و نەزانینی کۆمەڵگا. نووسەر بە زمانێکی ئەدەبی و بە ئەزموونێکی دەوڵەمەندەوە، خوێنەر دەباتە نێو دڵەڕاوکێ مێژووییەکان و داوای نوێبوونەوەی هزریی دەکات، تاوەکوو ڕێگا بۆ مرۆڤی ئازاد خۆش بکرێت.
ئەم کتێبە بەڵگەنامەیەکی هزرییە، بۆ تێگەیشتن لەو ئاستەنگە مێژوویی و کولتوورییانەی بوونەتە لەمپەر لەبەردەم ئەقڵی ڕەخنەییدا.
ئهم كتێبه خوێندنەوەیەکی بوێرانەیە بۆ ئەوەی؛ چۆن بتوانین لەو چوارچێوە داخراوانە قوتار بین و “ئازادی” وەک بنەمایەکی ژیان و داهێنان بگەڕێنینەوە.
سەد ساڵ شێتی
نووسینی: فازڵ عەززاوی
لە عەرەبییەوە: دکتۆر ئەحمەد فاتح محەمەد
تاقیکردنەوەیەکی چێژبەخش.. نوسینی: عماد یونس.. وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی
ئلیانا بەیانیباشی لەباپیرەی کردو پێیوت:باپیرە حەزدەکەم موگناتیسێک دروستبکەم۰هاوکاریم دەکەیت؟ باپیرە وتی :بێگومان!ئەمە کارێکی زۆر گران نییە؛چونکە پێ ویستی بەهەندێ کەلوپەل هەیە کەلەهەموماڵێکدا دەستدەکەون۰بزماری درێژ؛پارچەیەک وایەری مس و پیلێک۰ باپیرە بەدەم گفتوگۆوە کەلوپەلەکانی ئامادەکرد۰
باپیرەو ئلیانا دەستیانکردبەتاقیکردنەوەکە۰ سەرەتا بەشی ناوەڕاستی وایەرەکەیان نزیک لەیەکەوە ئاڵاند لەبزمارەکەوە؛پاشان هەردو سەرە بەرەڵاکەی وایەرەکەیان هێنا؛سەرێکیان لەجەمسەری نێگەتیڤ و سەرەکەی تریان لەجەمسەری پۆزەتیڤی پیلەکە توندکرد۰
بینیان کاتێک تەزوی کارەبای پیلەکە بەناو وایەرەکەدا تێدەپەڕێت؛بزمارەکە دەبێت بە موگناتیس و هەرپارچە ئاسنێکی لێ نزیک بکرایەتەوە؛ڕایدەکێشاو دەیگرت۰ کاتێکیش یەکێک لەسەری وایەرەکان لەجەمسەری پیلەکە دەکردەوە؛هەموئەو پارچە ئاسنانەی کەبەبزمارەکەوە نوسابون دەکەوتنە خوارەوە۰ باپیرە کەبینی ئلیانا بەو تاقیکردنەوەیە زۆر دڵخۆشە؛موگناتیسێکی بەدیاری دا بەئلیانا۰
ڕۆژی دواتر ئلیانا هاورێکانی کۆکردەوەوپێیوتن:سەیرکەن ئێستا چ جادویەک دەکەم!ئلیانا کۆمەڵێک دەرزی و بزماری لەسەر مێزێک داناو بەشێوەیەکی نهێنیش پارچە موگناتیسەکەی لەژێر مێزەکەوە دەجوڵاند۰ کاتێک هاورێکانی دەیانبینی دەرزی و بزمارەکان دەجوڵێنەوە؛سەرسام دەبون و دەیانوت:سەیرە؛ئەمەچۆن رودەدات؟ ئلیانابەسەهاتەکەی بۆگێڕانەوەو پێیوتن کەباپیرەی چۆن هاوکاریی کردووە لەو تاقیکردنەوە چێژبەخشەدا۰
لە «تەڵاقی عێراق»ەوە بۆ «یوم السیادە».. نووسینی: هێمن عەلی
لە یەکی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦دا، نێچیرڤان بارزانی لە بەغدا بەشداریی ڕێوڕەسمی «ڕۆژی سەروەری»ی کرد، کە بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق ساز کرابوو. بارزانی لە کاتێکدا ئاڵاکانی عێراق لە پشتییەوە دیار بوون و نیشانی ئاڵای عێراقی لەسەر یەخەی چاکەتەکەی دانابوو، وتارێکی بە عەرەبی پێشکەش کرد. لە وتارەکەیدا داوای عێراقێکی فیدراڵی و سەقامگیری کرد و جەختی کردەوە کە بڕیاری جەنگ و ئاشتی دەبێت تەنها لە دەستی دەوڵەتدا بێت. [١]
قوباد تاڵەبانیش، بەپێی پوختەی چاوپێکەوتنێک کە ئاژانسی KNA بڵاوی کردووەتەوە، بە ڕاشکاوی دانی بەوەدا نا کە لە فێربوونی زمانی عەرەبیدا سەرکەوتوو نەبووە. [٢] یەکێکیان بە خوێندنەوەی وتارەکە توانای خۆی خستە ڕوو و ئەوی دیکە باسی هەوڵەکانی بۆ فێربوونی کرد. نابێت هەوڵی یەکەمیان یان ڕاشکاویی دووەمیان بە کەم سەیر بکرێت؛ فێربوونی هەر زمانێک دەستکەوتێکە. هەڵبەت، خوێندنەوەی دەقێکی ئامادەکراو بە تەنها بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی زمانزانی بەس نییە. بەڵام پرسیاری سەرەکی لێرە ناوەڕۆکی قسەکانە: چی دەگوترێت و چەندە لەگەڵ هەڵوێستەکانی ڕابردوودا دەگونجێت؟
لە ساڵی ٢٠١٧دا، سەرکردایەتیی هەرێم ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی بەڕێوە برد. پێش ئەوەش، لە شوباتی ٢٠١٥دا، بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی KDP.info، نێچیرڤان بارزانی کاتێک باسی کاریگەرییەکانی دابەزینی نرخی نەوتی دەکرد، گوتبووی: «بەغدا موفلیسە». [٣] هەروەها، بەپێی ڕاپۆرتێکی پۆڵەتیک پرێس، هێڤیدار ئەحمەد پێش ئەوەی ببێتە پەرلەمانتار، پێشبینیی «تەڵاقدانی عێراق»ی کردبوو. [٤]
ئەنجام چی بوو؟ نە جیابوونەوە هاتە دی، نە چاوەڕوانیی مووچە کۆتایی پێهات. پۆڵەتیک پرێس لە هەمان ڕاپۆرتدا ئاماژە بەوە دەکات کە هێڤیدار ئەحمەد، کە پێشبینیی «تەڵاق»ی کردبوو، لە نیسانی ٢٠٢٢دا «بە ئیزنی خودا» موژدەی دابەشکردنی مووچەی مانگی پێشووی دەدا. [٤] لە پێشبینیی سەربەخۆییەوە بۆ موژدەی مووچەیەکی دواکەوتوو؛ ئەمە مەودای نێوان گوتاری سیاسی و ژیانی ڕاستەقینەی خەڵک نیشان دەدات. مووچە دیاریی سیاسەتمەدار نییە، بەڵکو مافی فەرمانبەرە بەرامبەر بە کارەکەی. بۆیە سەرکردایەتی پێش ئەوەی بەڵێنێکی نوێ بدات، دەبێت وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە: بۆچی بەڵێنەکانی پێشوو جێبەجێ نەکران و کێ بەرپرسیارێتیی جێبەجێنەکردنیان هەڵدەگرێت؟
گۆڕانی سیاسەت بەخۆی دووڕوویی نییە، بەڵام پێویستی بە ڕوونکردنەوە و وەرگرتنی بەرپرسیارێتی هەیە. ئەگەر ئەمڕۆ بەهێزکردنی عێراقێکی فیدراڵی ڕێگای گونجاوە، دەبێت بۆ خەڵک ڕوون بکرێتەوە چی گۆڕاوە و چ وانەیەک لە ئەزموونی پێشوو وەرگیراوە.
هاووڵاتیی کورد مافی هەیە بزانێت ئەمە گۆڕانی بیرکردنەوەیە، یان تەنها گۆڕینی گوتارە بەپێی گوێگر. ئەوەی ئەمڕۆ بە عەرەبی لە بەغدا دەگوترێت، دەبێت هەمان شت بێت کە سبەی بە کوردی لە هەولێر دەگوترێتەوە.
سەرچاوەکان:
١. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان. ١.١٠.٢٠٢٦. «رئيس إقليم كوردستان من بغداد: قوة العراق تكمن في منطق الدولة والدستور». https://presidency.gov.krd/president-nechirvan-barzani/110887/
٢. ئاژانسی KNA. ١٣.٩.٢٠٢٦. پوختەی چاوپێکەوتنی قوباد تاڵەبانی سەبارەت بە فێربوونی زمانی عەرەبی. پۆستی فەیسبووک. https://www.facebook.com/story.php?story_fbid=1697387969063215&id=KNAKurdish
٣. KDP.info. ١٦.٢.٢٠١٥. «نێچیرڤان بارزانی: بەغدا موفلیسە.. بە ڕێککەوتنەکەوە پابەند نەبێ، هەوڵی تر دەدەین». https://www.kdp.info/a/d.aspx?l=13&a=75679
٤. پۆڵەتیک پرێس. ٤.٤.٢٠٢٢. «هێڤیدار ئەحمەد لە تەڵاقدانی عێراقەوە بۆ دابەشکردنی مووچە بە ئیزنی خودا». https://politicpress.com/85789/
دکتۆرە ( پاوان سیروان دزەیی ).. نووسینی: ئاری دزەیی
دکتۆرە پاوان سیروان دزەیی ، خەڵکی هەر وڵات و شوێنێکیتر بێت شایانی باسکردنە !
دکتۆرە پاوان دزەیی ، سەلماندی خوێندن و بڕوانامە و زانست بە پارەوموڵک و سامان ناکڕدرێ ، بڕوانامە و خوێندن و زانست لە پارە و موڵک و سامان قەدر گرانتر و سەنگینتر و ڕێزدارترە ! دەسخۆشی و ڕێز بۆ خانەوادەکەی کە هاوکارو پاڵپشتی بووینە کە ڕێگایی ڕاستەڤینە بۆ دیاریکردووە کە خوێندن و بڕوانامە و زانست بۆ خزمەتی مرۆڤایەتیە نەک شتی تایبەت ، خوێندن و بڕوانامە و زانست ماندووبوون و هیلاکەت و عەقڵی پێویستە ، زانست و بڕوانامە بۆ مرۆڤایەتیە نەک بۆ کاری شەحسی و نەک بۆ خۆهەڵکێشان و پۆز لێدان !
، جێگایی ڕێزو دەستخۆشیە و ڕێزودەستخۆشی بۆ خانەوادەکەشی کە پاڵپشت و هاوکاری بوونە باوەڕیان بە خوێندن و زانستی حەقیقی هەیە نەوەک خوێندنێک لەڕێی پارە و بڕوانامەیەک بێ بەرهەمی زانستی ،ئەوەی جێی سەرنج و تێ بینی یە دکتۆرە پاوان خۆی وخێزانەکەی باوەڕیان بە خوێندن و زانستە و خوێندن و زانست سەری مرۆڤ بەرزدەکاتەوە نەک پارە و موڵک وسامان ئەوە وانەیە بۆ هەمووان، ئێمە دەبینین بەهەزاران کەسی پارەدار وساماندار بە نۆێژی نیوەڕۆ خوێندن و زانست و بڕوانامە دەکڕن وبەدەستدەهێنن لەناوەخۆ و دەرەوەی کوردستان پاڵپشتی دەکرێن پۆزو خۆهەڵدەکێشن بەسەرخەڵکی بێ ئەوەی بڕوانامەکەیان تۆزێک سوودی هەبێت ،خۆ کەس وکاری دکتۆرە پاوان زۆر بە ئاسانی دەیانتوانی ئەو کارە بکەن بەڵام نەیانکرد لەبەر ئەوەی خوێندن و زانست و بڕوانامە بۆ خزمەتی مرۆڤایەتیە نەک کارێکی شەخسی و تایبەتی ، دکتۆرە پاوان کچە هەژارێکیش نەبووە لەڕێی بەدەسهنانی بڕوانامە بژێوی دابینبکات نەخێر ئەو و خانەوادەکەی مەبەستیان پەروەردە زانستە نەک غەش و خیانەت کردن لە خوێندن و مرۆڤایەتی ، دبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێزو گرنگی بە کەسانی وەک دکتۆرە پاوان بدات هەمو کارئاسانی بۆ بکات گەر پێویست بکات دڵنیام دەیکات ، دەبێ دەستخۆشی لە وڵاتانی ئەوروپی بکەین هەردەم گرنگی بە خوێندن و زانست دەدەن ڕێگە خۆشدەکەن بۆ هەر کەسێک و هاوکاری دەکەن خەمی زانستی بێت و شتی نوێ بۆ مرۆڤایەتی بدۆزێتەوە دکتۆرە پاوان سەلماندی و وانەیەک بۆ هەموان کە خوێندن و زانست و بڕوانامەی حەڵال ڕێزی زیاترە سەنگینترە لە موڵک و سامان و پارە ! روون و ئاشکرایە ئەو خوێندن و زانست و بڕوانامەی دکتۆرە پاوان بە پارەوموڵک و سامانی هەموو دونیا ناکڕدرێ و بەدەست ناهێنرێت !
بەرەیەکی یەکگرتووی چەپ؛ هەنگاوێک بەرەو جێگرەوەیەکی سیاسی.. نووسینی: هێمن عەلی
کوردستان پێویستی بە جێگرەوەیەکی سیاسی هەیە کە دادپەروەری، ئازادی و شکۆی هاووڵاتی بخاتە ناوەندی کارەکانی. بۆ تێپەڕاندنی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی، دەبێت ڕێگایەکی ڕوون بۆ فەرمانڕەواییەکی دادپەروەرانە پیشان بدرێت؛ فەرمانڕەواییەک کە دامەزراوەکانی بۆ خەڵک کار بکەن و سامانی گشتی بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵات و باشترکردنی ژیانی هەموو هاووڵاتیان بەکار بهێنرێت، نەک بۆ دەوڵەمەندکردنی بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان.
یەکگرتنی هێزە چەپ و پێشکەوتنخوازەکان لە دەوری بەرنامەیەکی هاوبەش، هەنگاوێکی گرنگە بەرەو ئەم ئامانجە. دابینکردنی مووچە لە کاتی خۆیدا، ڕەخساندنی هەلی کار و باشترکردنی پەروەردە و خزمەتگوزاریی تەندروستی بۆ هەمووان، دەبێت لە ئەولەویەتەکانی ئەم بەرنامەیەدا بن. یەکسانیی ژنان و پیاوان و پاراستنی ئازادییە گشتی و تاکەکەسییەکانیش بناغەی ئەم کارە هاوبەشە پێک دەهێنن. خزمەتگوزاری مافی هەموو هاووڵاتییەکە و دابینکردنیشی ئەرکی حکومەتە.
لەو پێناوەدا، حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ لە یەکخستنی هێزە چەپ و پێشکەوتنخوازەکاندا بگێڕێت. ئەم حزبە لە بەیاننامەی ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦دا، بانگەوازی کرێکاران و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە دەکات بۆ خەباتێکی یەکگرتوو و ڕێکخراو (حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، ٢٠٢٦). بە بۆچوونی من، ئەم بانگەوازە دەتوانێت دەستپێکێک بێت بۆ گفتوگۆ و هاوکاری لە نێوان هێزە چەپەکان، سەندیکاکان و چالاکوانانی مەدەنی، بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی هاوبەش کە خواستەکانی خەڵک بخاتە ناو بەرنامەیەکی ڕوون و هەوڵ بۆ بەدیهێنانیان بدات.
هێزی ئەم بەرەیە لە پەیوەندیی نزیک و بەردەوامی لەگەڵ خەڵکەوە سەرچاوە دەگرێت. گوێگرتن لە دەنگ و داخوازییەکانی کرێکاران، مامۆستایان، مووچەخۆران، ژنان و گەنجان و بەشدارکردنیان لە بڕیارداندا، متمانە پتەو دەکات و خەڵک لە دەوری ئامانجە هاوبەشەکان کۆ دەکاتەوە. خەباتی مەدەنی و ئاشتیانەش ڕێگای یەکخستنی ئەم هەوڵانە و بەدیهێنانی گۆڕانکارییە لە ژیانی خەڵکدا.
بەرەیەکی یەکگرتووی چەپ دەتوانێت هەڵگری ئاسۆی کوردستانێک بێت کە تێیدا یاسا لە سەرووی دەسەڵاتەوە بێت، داهاتی گشتی بە شەفافییەت بەڕێوە ببرێت و هەموو هاووڵاتییەک دەرفەتی ژیانێکی شایستەی هەبێت. یەکخستنی هەوڵەکان لە پێناو ئەم ئامانجانەدا، دەتوانێت هیوای گۆڕان زیندوو بکاتەوە و ڕێگا بۆ جێگرەوەیەکی دادپەروەر و جێی متمانە خۆش بکات.
سەرچاوە:
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان (٢٠٢٦) «بەیاننامەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری سەبارەت بە: پێویستی خەبات بۆ کۆتایهێنان بە دەسەڵاتی بنەماڵە!»، دەنگەکان، ٣ی تشرینی یەکەم. بەردەستە لە: https://dengekan.info/archives/53920 (بەرواری خوێندنەوە: ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦).
بەدخۆراکیی منداڵان لە جیهاندا، دەردێکی بەربڵاو و ئازارێکی بەردەوام.. ئامادەکردنی / فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی
لە وکاتەوەی وڵاتانی جیهانی سێیەم بەدەست کەمیی خۆراک و قەیرانی برسیێتییەوە دەناڵێنن، دانیشتووانی کیشوەری ئەفریقا نموونەیەکی زەقن بۆ بەدخۆراکی، لە ۲٤ وڵاتی ئەفریقیدا نزیکەی (۱٥۰) ملیۆن کەس بەهۆی کەمیی سەرچاوە خۆراکییەکانەوە لەژێر هەرەشەدان، سەدان هەزار منداڵی ئەفریقیاش ساڵی ۱۹٨٤ بەهۆی برسیێتییەوە گیانیان لەدەستداوە، پێنج ملیۆنی دیکەش بەهۆی نەخۆشییە کانی بەدخۆراکییەوە دووچاری کێشەی تەندروستی بوون.
جیهان لە دۆخی ئاستادا
سەلمێنراوە کارەساتی برسیێتی بەهۆی کەمیی سەرچاوەکانی سەر زەوی نییە، بەڵکو کێشەی خراپی دابەشکردنە کە مرۆڤەکان خۆیان هۆکارن، جیهان لە دۆخی ئێستادا بە ڕێژەی ۱٥% زیاتر لە پێویستی هەموو دانیشتووانی زەوی خۆراک بەرهەم دەهێنێت.
هەندێک لە پارادۆکسە (دژبەرییە) سەرسوڕهێنەرەکان:
وڵاتانی بازاڕی ئەوروپی ساڵانە هەزاران تۆن میوە و ماددەی خۆراکی فڕێدەدەن و تێکیدەدەن بۆ پاراستنی ئاستی ئەو نرخانەی کە دەیانەوێت.
بە نرخی تەنیا یەک موشەکی کیشوەر بڕ، دەتوانرێت ٥۰ ملیۆن منداڵی برسی لە ئەفریقا و ئاسیا و ئەمریکای لاتین ڕزگار بکات و خۆراکیان بۆ دابین بکات.
بە نرخی یەک ژێردەریایی ئەتۆمی، دەتوانرێت (٤۰۰) هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی میللی دروست بکرێت.
ئەمە لە کاتێکدا ڕوودەدات کە ڕۆژانە نزیکەی ۲۰ هەزار کەس لەو وڵاتە دواکەوتووانەدا گیان لەدەستدەدەن کە زۆربەیان منداڵن و لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین و لە هەر ساتێکدا بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا، وشکەساڵی، یان لافاوێکی وێرانکەرەوە ژیانیان دەکەوێتە مەترسییەوە.
تێكشكانی دوالیزمه له شیعری «شێوهكان»ی مەوجود سامان.. لێکۆڵینەوە عەلی شێخ عومەر
گوتاری شیعری بابهتێكه له ئاست ئیستێتیكا و هونهردا، پێكهاتهی دهق دهرخهی ڕووداوهكان دیاریدهكات، وهرگر له چۆنییهتی بهریوهبردنی ململانییدا، نزیك دهخاتهوه، بیرۆكهو ڕووخساری ئاوێنهیهكه، زۆربهی خهڵك خۆی تێدا دهبینێ، جوڵهیهكی ئۆرگانییه لهنێو زمانێكی باڵادا، به جێناوی ئهوی دیكه منی خود بهدهم شیعربوونهوه خۆی دهنوێنێ، وشه، دیمهن، گرتهو وێنهی زمانهوانی، به پرینسیپی دژهوابوون گهشه به دهق دهكات، به چهندان شێوه ههڵگۆزینی ماتهئهگهر، وێناكردنی دیدگهی جیاواز به كێشدهكات، كه زمانی شیعریی له زمانی گشتی جیادهكاتهوه، “مهوجود سامان” له هۆنراوهیهكی نیمچه درێژدا، بهنێوی “شێوهكان”1، بێ ناوبهین له ههر بهراییهكهو حهڤدهجار به وشهی شێوه لادان ئهنجامدهدات، پێداگری له دووباره كردنهوهی وشهی شێوهیهك، پێداویستییهكی شیعرییه، لهنێو پرۆسهی كرانهوهو داپۆشیندا، شوێن پهنجهیهكی ئاسۆیی دهبهخشێته جوانناسی، جیا له دنیایی باو، گریمانهی جیهانێكی نۆی فهراههمدهكات، چهمكی هاوڕێكی نێوان خود وبابهت، ئاوهزو فاكت، تێكدهشكێنێ، ملكهچی حهقیقهتێ جیگیر نابێت “حهقیقهت دهتوانێت هاوڕێكی نێوان دوو شت دهربخات كه له ڕووی شێوه وسروشت وخهسڵهتهوه هاوڕێكن”2، پێكهاتهی وێنه شیعرییهكان پارچهپارچهن، ههرجارهو به كردهی لادان، پاژێك له بازنهی حهقیقهت دادهبڕێ، له ڕیچكهی بازنهی فۆرمهوه، بازنهی ماناكان دهگۆڕێت، ئهوهی كۆی پهیوهندی شیعرهكه بهیهكهوه دهبهستێ، ڤیزای سنووره جیاوازهكانی ڕیاڵ له وێنهیهكهوه بۆ وێنهیهكی تر تێدهپهڕێنێ، گهشتێكه، ههر جارهو به ههناسهدانی شێوهیهك، گوزارشت له ڕاپهراندنی دنیایهك له ماناو وشه دهكات، به دیوێكی دیكه ڕیزبهندی وشهی شێوه له پاژهكانی شیعرهكه، دالێكی دهستپێكه، به لێكچواندن وجیاوازی، بهكرانهوهو داپۆشین، فشار دهخاته سهر زمان، شاعیر ناچار دهكات شیعرهكهی بهنێو بكات شێوه سهنتهره، وهك سیمیۆلۆجیا له زماندا به دیوێك نیشانكاره، بهدیوێكی دیكه، لهگهڵ مرۆڤدا پهیوهندی ئاماژهكان دهستهبهردهكهن، به پرینسیپی ئهم دهستهواژهیه، دهكرێ داگهڕان له كرانهوهی ئاماژهی ههندێ شێوه بكهین، به چ مانایهك دادهپۆشرێن، له سهرهتاوه شاعیر بهم شێوهیه نیشتهجێی دهقی شیعرهكهیمان دهكات.
شێوهیهك نیازمه بتوانێ شكۆی نسكۆ
بكاته پهیكهری ئاوهدانی
ئهم بوونه له ههناسهبڕكێ هیورتركات
ئهم گهردوونه سادهتركا
جوانی وێرانكراو له كهناره فهرامۆشكراوهكان
لهنگهر بگرێ
دهنگ بگۆڕێ به ڕهنگ
ڕهنگیش مانایهكی نوێ وهرگرێ
“مهوجود سامان” سهرهتای دهق وشهی نیاز به شێوهیهكهوه دهبهستێ، كرانهوهی نیاز ئاواتێكه، خهونێكه ئهركێ دهروونی دهبینێ، دهرخستنی حهزێكه شاردنهوهی ژانێكه، ئێستا به پاشخانی ئهزموونێكی ڕابردووهوه گرێدهدات، دهیهوێت هاوكێشه باوهكانی نسكۆو كهناركهوتن تێكبشكێنێ، له پهیوهندییهكی دژهوابووندا، خهسڵهتی واتایی شكۆی نهبینراوو ههستپێكراو، نسكۆ بگۆڕێت بۆ شتێكی بهرجهستهو بینراو، له دالی نسكۆدا، ڕهچاوی مهدلولی ههڵسانهوهیهكی بههێزتر له مانهوهی پهیكهردا دهدۆزێتهوه، له گهرووی كهناركهوتن دهرچهی ڕادهستنهبوون، ئهگهری مانهوه دهخوڵقێنێ، گهر له بنهوڕا فشارهكانی خوێندنهوهو پێداچوونهوهی ژانهكانی ههست له دڵهڕاوكێدا دهرخهی ماندووبوون وههناسهبڕكێ بێت، به لادان، جێگۆركێ به دهقی شاراوه دهكات، كه گوزارشت له ئاڵۆزی دیارده وشێوهكانی ریاڵ دهكات، به كرانهوهی دهقی دیار له پهیكهردا ئهم گهردوون وداكهوتانه سادهتركات، بابهتی پهیكهر لهچاو ههڵقوڵانی ههستی گهرمی شاعیرانه، گوزارشتـێكی ساردوسڕه، ئهوهی یهكهمیان خهسڵهتێكی ناوهكییه، بهشداربوونێكی ڕهوانیی سۆزدارییه، ههڵچوون و ههناسهبڕكێیه، تهنگژهیهكی ئهنتۆلۆجیی ناجێگری ههستی شاعیرانهیه، ئهوهی دووهم واتا پهیكهر مامڵهیهكی دهركییه، وینهێهكی دۆگمایه، شاعیر هیواداره لهنێو پهیكهردا ئهو ئاوهدانییه ببینرێت كه له دهرچهی خهمهوه پۆلیانگرتووه، گهر وهرگر جێنشینی دهق نهبێت، كلێنهكانی پڕنهكاتهوه، ههست به جوانی ژانوژۆی شاعیر نهكات، ئهوا ئهو جوانییه ههر له كهنار دهمێنیتهوه، وێران دهبێ پهیكهر ئاسا ڕهنگه یهك خوێندنهوه ههڵگرێت، دهقی یهكدهنگ وهك پهیكهری یهك ڕهنگی لێدێت، ناتوانێ بگاته ئاستی نوێبوونهوهی ماناو فرهخوێندنهوه، له خانهی فهرامۆشی وهستاندا لهنگهردهگرێ، گۆڕینی دهنگ به ڕهنگ، لهگهڵ داواكاری گوتاری هۆنراوهكهدایه، بهوهی دهنگ له خنكاندنی مانادا ناتوانێت مانایهكی نوێ وهرگرێت، بهسهر ڕهنگهكانی نووسیندا زاڵ بێت ” دهنگ ئهو شتهیه كه له پهنتایی دال دا به ڕووی مانادا دهوستێتهوه، گوزارشته لهو سرهوته مات و لیقینهی كه ناتوانێت له ڕێگای ماناوه بهدهستیبێنێتهوه ئهوه تهنیا پانتایی نووسینه دهبێته هۆی سهقامگیری مانا” 3.
شێوەیەك دەدەمە سێو
دوو گوناهی رووت
لەزەتە تیشك ئەستێرە كوژاوەكان دابپۆشن
سێو شێوهی ئهو سێوه زانراوه نییه، پێشوهخته ماهییهتی دیاریكرابێت، ئهم به شێوهیهكی ناڕاستهوخۆ له ڕیچكهی فینۆمینۆلۆجیاوه پێناسهیهكی نوێی وهردهگرێت، به پڕۆسهی بهلاڕێبردن مانایهكی دیكه دروستدهكات، ئاسۆی چاوهڕوانی وهرگر دهگۆڕێت، درهووشاندنهوهی خهیاڵ له مانادا ڕووبهرێكه تێڕوانینی شاعیر ڕهنگێكی جیاوازی دهخاتهسهر، كرانهوهی مانای تازه، داپۆشینی مانای كۆنه، داهێنانه، جوانی سێو ئهو بێگهردییه دهدۆڕێنێ كاتێ ههست دابهش به دوو گوناهی ڕووتدهكات، یهكهم گوناهی چێژه، ڕۆنانی لهزهته، دووهم بهرجهستهكردنی تام وبۆنه، كهشفكردنی نهزانراو، هاندهرێكی ئهكتیڤه له كوشتن ودامركاندنهوهی زانراودا، ڕۆڵی خۆی لهیهكهم تاوانی كوشتن وخاڵیكردنی چێژو تامدا دهبینێت، لاقهی سێكسی باوكه ئادهم به دایكه حهواوه، به هۆكارو كهمهندكێشی سێوهیهكهوه ڕوویداوه، دهركهوتن وكرانهوهی ههستی سێكسی داپۆشینی لهزهتێكه، دهم نادهمێك له داخرانی مردن وكرانهوهی لهدایكبوونێكی نوێدا، ئهستێره ئاسا له كوژانهوهو تیشكدانهوه دا، بهردهوام دهبێت، ئهم كردهیه كاتێ له له ئاسمانی پهیوهندیدا، دهردهكهوێت، میكانیزمی كوژانهوه له گوناه خاڵیدهكات، خهمی چاوهڕوانی و پاشگهزبوونهوه كازیوهی ژوان ناپێكێ، پێكاندن واتا ڕێكی، گونجاندن وتهواوكارییه، ئهمهش لهتهك چهمكی ئهویندا یهكنایهتهوه، كه له ناڕیكی وكهموكوڕییدا خۆی بهرجهستهدهكات، ههروابێتهوه ههردوو گوناهی باسكراو، له ڕووتبوون پهتیبووندا، له چهمكی تهواوبووندا ڕێكن، لهتك چهمكی ئهویندا یهكنایهتهوه، لهتهواونهبوون و ناڕیكیدا ههمیشه نوێدهبنهوه، وهك كردهی سێكس ههرگیز دانامركێن.
. شێوەیەك دەبەخشمە سەفەر
بەو كۆلارەیەی كە لە منداڵیم
ئێوارەیەكیان لێم ون بوو
دوایی چەندان ئێوارە چاوەڕوانی
ئێستاش هەر نەمدۆزییەوە
لهنێوان وێنهو نیگا، كردهی سهفهر یان له دووی سهقامگیرییه یان ناچارییه، له دهرووندا ڕهنگدانهوهی داگهڕانه، گۆڕینه له شوێنێكهوه بۆ شوێنێكی تر، به دهر له چوارچێوهی شوێن، به جوڵهی زهمهن وجێگیركردنی شوێن، سهفهری واتایی و خهیاڵی گهوههرێكه، پرۆژهیهكه، سوبێكت دهیهوێت بگات به منێكی كراوه، لهنێو چینه چپكراوهكانی ههستدا، وهك دهقی شیعری فرهدهنگه، تینووی شكاندنی محاڵه، دهیهوێت به تهلیسمی هونهر فاكتهكانی دیدار پهرتبكات، نۆستۆلۆجیایه، ههرگیز ناگات به مهبهست وكۆتایی، له دهرهوهی ویستگهی ڕههایه، ژانێكه بنكۆڵی ڕهههندێكی سادهی مرۆییه، لێكچواندنێكه لهنێوان خهیاڵی شاعیر وقۆناغی منداڵی، له تاكدهنگی ئێستای نووسیندا، ونبوونی جڵهوی دهقی شیعرییه، له منداڵیدا كۆلارهیه، لهنێوان سهفهری منداڵی و گهورهبووندا، ههمه ڕهنگ وفرهوێنهیه، دهتوانێ ههرجارهو به شێوهیهك خۆی له چاوهروانێدا ببینێ، گهر له قۆناغی منداڵیدا زهمهنی ئێواره ئاماژه به تاقه خهمێكی ونبوون بدات، ئهوا لهتهك ڕهوتی گهورهبوونی تهمهندا، پێداگری فاكتهرهكانی ههستی نووسین و دهربڕین، خودی شاعیر له دهرچهیهكی ڕاستهوخۆوه ناتوانێت بگات به خۆی، گوزارشت لهوێنهی خۆی بكات، له نامۆبوونێكی ئهنتۆلۆجییدا، خهمی چاوهڕوانییه، خۆی به چهندان ئێوارهوه گرێدهدات، ئێوارهیهك به خهیاڵی منداڵیهوه، وێنهی ئێستای خۆی تێدا نمایش دهكات، ئێوارهیهكی تر له خهمی نامۆبوون و ونبووندا بۆ وێنهیهكی جوودا دهگهڕێت، نایگاتێ، یهكێكی تر له چاوهڕوانی و بێهوودهیی ئێوارهیهكی دیكه نهگهیشتنه بهكرانهوه، نهدۆزینهوهی داپۆشینه، له پهیوهندییهكی دیالێكتیدا به ئێوارهیهك، ئێوارهی پێشتر ڕهتدهكاتهوه، نایهوێت لهزهتی داگهڕان كۆتایی پێبێنێ، ئهمهش لهتهك دنیایی مانای سهفهری شیعردا یهكدێتهوه كه دهتوانێت چهمكی نوێ و بێكۆتا به مانای سهفهر ببخشێت.
شێوەیەك دەبەخشمە رۆژەكان
كە ئیدی لەگەڵ شەوگار
دوژمنایەتییان زیندەبەچاڵ كەن
شێوەیەك دەبەخشمە تەماشا
كە هەر دیدارێ ئاشنا بوون نییە
مهوجود سامان لهنێوان ڕۆژو شهودا، درك به درزێك دهكات، له داخرانی ئهو درزه شێوهیهكی دیكه دهكاتهوه، بهرجهستهی مانای دهكات، ڕۆژهكان و شهوگار دهرخهی شتێكن، زهمهنێكن، سیمبۆڵی شاردنهوه له بۆشاییهك ههڵدهگرن، لهتهك ههر پڕكردنهوهیهك بۆشاییهكی نۆی دروست دهكهن، پاژهكانی نێوان ڕێكخستن وجیابوونهوه، خۆشهویستی ودوژمنایهتی له شێوهیهكی جوودا، به كردهی لادان چهمكی دوالیزمه دهشكێنێ، ئهو چهمكه باوهی ئهدهبی كلاسیك زیندهبهچاڵ دهكات، مهرج نییه یهكهی شهو وڕۆژ لهتاقه كڵێشهیهكدا پابهندی دوژمنایهتی و دۆستایهتی بێ، یان نهمانی پهیوهندی خۆشهویستی، ئهوهندی به پهراوێزهوه بهنده، به ڕقهوه پهیوهست نییه، ههمیشه درزێك، جێگایهكی خاڵی بۆ پڕكردنهوهی مانا، كرانهوهی ڕهمزی جیاواز ههیه، بهگوێرهی داكهوتهكان گۆڕانكاریان بهسهردا دێت، پڕكردنهوهی تهواوی ماناو سیمبۆڵ لهنیو بردنی بۆشاییهكانه، زیندهبهچاڵكردنی جوڵهیه، ئهمهش لهتهك تێگهی شیعری زیندوودا پارادۆكسه. لهتهك تێڕوانینی شاعیردا یهكنایهتهوه.
چ كاتێ خهسڵهتهكانی فاكت تهماشا بهتاڵ دهكات، شێوهو ڕووخساری وهڵام لهخۆناگرێت، نهخوێندنهوهی تهماشا له بهرایی پێش ئهزمووندا، دڵهڕاوكێ شاعیر دهخاته چوارچێوهی شێوهیهك، كهموكوڕی له ئهزموونی نۆرماڵ بهدهی دهكات، ناچاریدهكات به كردهی لادان ئهوهی له داكهوتهكانی ئهزموونی دیدار ئاشنای بووه، بیخاته دهرهوه، جێكهوتی ههر وهدهرنانێك وهرگرتنێكی دیكهو تهماشایهكی تر لهخۆدهگرێت، له بنیادی دیداردا دهرهاویشتهكهی یهقدانهوهی ههسته، ههڵوهشاندنهوهی ئاشنابوون مهیسهردهكات، مامڵهی شاعیر لهنێو تێگهی سروشت به كهناركهوتنی هۆگری، مهحاڵ دهكاته شیاو، بینراوی دركپێكراو، پێناسهی تهماشا له زمانی ڕۆحدا دهبێ شووناس بێت، شیعر ئاسا نیشانكهری ئامرازێكی ئۆرگانی گهیاندن بێت، درهووشاندنهوهی ئهزموونێك بێت، وهرگر جێنیشینی دهق بكات، نهگهیشتن له دهق، نهگهیشتنه لهدیدار، رهتكردنهوهی چهمكی فرهنیگای تهماشایه، نهخوێندنهوهی دهقه.
شێوەیەك دەبەخشمە یەئس
كە چۆن لە نێو هێڵە قەترانییەكانی هزر
شادی لێ بڕژێ
شیعر كە چۆن لە هەموو رێگایەك رێبین بێ
لەگەڵ مۆسیقای نغرۆ بوون
ئاهەنگ بۆ رووخسارەكانی خۆڵەمێش بگێڕێ
مانگ كە بە هەر تریفەیەكی مەستانەی
دڵان كوێر بكان
بیابان چۆن بەدەریا تێپەڕێ و تەڕ نەبێ
ههڵگرانهوه له چهمك جۆرێكه له یاخیبوون، تێپهراندنی ترسه له ونبوون، لاوازی ململانیی نادیاره، ههڵاتنه له قهدهر، گۆڕینه به قهدهرێكی هاودژ، كه له ئهنجامی بێئومێدی وگومانهوه سهرچاوهی گرتووه، دهتوانێت دهرهاویشتهكانی یهئس له دهرووی پووچگهراییهوه تێپهڕێنێ، بوون به هیچ نازانێت، له ههموو ههستێكی خۆشی بهتاڵی بكات، بوارێك بۆ ڕزگاربوون ناهێڵیتهوه، شاعیر به كاریگهری ئهدهبی مۆدرنه، دهتوانێ هێزی خهیاڵ لهنێو جیاكاری هێڵهكانی سنوور، شێوهكانی لۆجیكی هزری ناماقوڵی، بوون ڕهتكاتهوه، له ههڵگۆرانی داپۆشینی بێمانایی دا، كرانهوه به شێوهیهكی دیكهی مانا بدات، لهبری ڕادهستبوون، به چهمكی ئازادی، یاخیبوونێ ههڵبژێرێت، به پێداچوونهوهی بوون، یهئس ههڵوهشێنێ، بوون بریاره، ههوێنی گرتنهوهی ئازادییه، پهیوهندیكردنه به ماناوه، ههستكردنه به كاریگهریبوون، باڵابوونه وڕژانی شادییه وهك ههبوون ونووسینی دهق، ههیت، زیندوویت، دهقی شیعری له پرۆسهیهكی دینامیكی دژ به چهقبهستنی مردن و تاك ماناییه، لهنێو زانراودا ئیخگرتن نازانێ، ئاههنگ بۆ مردنی خۆڵهمێشی دهگێڕێت، فره ڕێگایه، ئۆغرێكه له تراجیادیایی شێوهكانی یهئس وشادیی، تۆراندن وئاشتبوونهوه، توورهبوون وهێوربوونهوه، خهم وخۆشییه، داهێنانه نامرێت، له ههستدا ڕێبینی نغرۆبوونی دهنگ به مۆسیقا ئاوێته دهكات، پهرچڤه له ئهفراندنی حیرسی سیحرێك، بوونهیهكێك دهستهبهر دهكات، دهنگ له بهندكردنی ئۆبێكتی چپێنراو قوتاردهكات، دهیگۆرێت بۆ زمانی بیستنی ههست وئازادی خهیاڵ، مۆسیقا زمانی ڕۆحه، له رووبهرووبوونهوهی وشه دهمانپارێزێت، ئهو بهدحاڵییهی دهنگی بێدهسهڵاتی وشه له پڕكردنهوهی خهیاڵ ئاشكرا دهكات، به دڵی خۆمان توخنی وێنهكانی ههست وئهفسوون دهبین، مۆسیقا خهونێكه له ترۆپكی نههامهتی وماندووبووندا، له هێووربوونهوهی دهرووندا، پێچهوانهی ریاڵه، له بێئومێدی ویهئسدا، دهتوانێ ئاههنگ بۆ پارچه بهجێماوهكانی هیوا بگێڕێت سیمرخ ئاسا لهخۆڵهمێشی یهئس جارێكیتر به ئاوازی مانهوهیهكی تر زیندوو دهبێتهوه، بازدان و پهڕاندن له ناكاوی دهقی شیعری، دهرخهی ناسهقامگیری دهروونی و وهڕگهڕانی ژیان و ژانوژۆی شاعیره، گهمهی گۆشهنیگایه، پهنابردنه بۆ شوێنی ڕهمزی، گهشتی شیعرییه، شاعیر بهركهوتن لهتهك نالۆجیكدا دهكات، چۆن دهكرێت مهستبوون به تریفهوه، ڕۆشنای به كوێربوونی دڵانهوه گرێبدرێت، وێنهكان پارادۆكسن، وێنهیهكی ناماقوڵ وهردهگهڕێنێته سهر وێنهیهكی ماقوڵ، مهحاڵ دهكاته شیاو، خوڵقاندنی ئهم جۆره وێنهیه لهناوكۆی هیوادا، ئاماژهیهكه به ونبوون ونامۆبوون، دیاریكردنی مانگ له ساتێكی دیاریكراودا، له داكشانی وینهی تریفه، له ئێستاو داهاتوودا، بوونێكی جوڵاوه، لادانه له گۆڕینی وێنه، شێوهی تریفه سورێكه له كزبوون و درهووشاندنهوه، جێكهوته لهسهر منی بینهر، بهپێی گۆڕینی زهمهن له شوێندا ونبوونه، ههر گۆڕینێكی ئهپستمۆلۆجی له وێنهی بابهتدا گۆڕانێكی ئهنتۆلۆجی له سووژهدا پێشاندهداتهوه، شاعیر ئاوێتهی جووڵهی ناجێگیر دهكات، له ئاست ههستكردندا جۆرێكه له گهڕانهوهی نیگای مهستبوون، وێنهی تریفه له مهستبووندایه، وهلێ شاعیر خۆشی له وێنهكهدایه، مهسته، بهئاگا نهبوونهوهی هۆش، دیاریكردنی مانا وبیرهوهری، جارێكیتر سهنگی شوێن دهگهڕێنێتهوه، كوێری له نهبینی شوێن نووقسانی نییه، ئهوه مستبوون بێئاگاییه له گۆڕینی شوینكاتدا، له نامۆبووندا، چۆن تریفه به مهستبوون ئاگابوون كوێر دهكات، له ئۆبێكت زیاتر هیچ نابینێت، به ههمانشێوه دڵان كویردهكات، ”مهوجود سامان” له گهمهیهكی دیكه وێنهی هاوكێشهكانی سروشت ئاوهژوو دهكاتهوه، بیابان پێش شوێن بابهتهكهی ههڵنهبژاردووه، پێش ڕووداو كهوتووه، لهنێوان قۆناغی دهروونی شاعیر و شوێنی ڕووداوهكه هاوشێوهیهك ههیه، پێكهاتهی وێنهی شیعری به گوێرهی بیرۆكهیهكی دژبهرو ئاوهژوو فهراههمدهكات، تێكشكاندنی سیمبۆڵی باوه، ههڵچوونێكی پێداگره، له ههستهوه سهرچاوهی گرتووه، ئاڵنگاریی مهحاڵ وخۆسهلماندنی دنیای شیعره، بیابان وهك سهرچاوهی له كاركهوتووی زیندگی، بهرجهستهی دژبهرێك كراوه، گهر له وێنهیهكی ناماقوڵدا بتوانێ به دهریا دنیایی كهسایهتی سهرهكی شاعیردا تێپهڕێ، ناتوانێ كاریگهری بهجێبهێڵێت، تهڕ بێت، تێپهڕاندنی بیابان له ئهدهبی سوونهتی باو، ئاماژهیه به دۆگمابوون، تاكڕهنگی وتاكدهنگی، ناكریت به كردهی بهركهوتن، ئهدهبی مۆدرنه تهڕ بكات، لهتهك جوڵهی شیعری مۆدرنه و شهپۆڵی دهریادا یهكنایهتهوه، ئهوهی بتوانێ خۆی له دهقی چهقبهستوو ڕزگاربكات دهشتوانێ بیابان به دهریادا تێپهڕێنێ بێئهوهی تهڕ بێت. شاعیر له گۆشهنیگایهكی گشتگیرهوه، دوا شێوه به كۆتایی شیعرهكهی دهبهخشێت.
شێوەیەك دەبەخشمە وڵات
كە تێبگا ئەویش دەتوانێ
ببێتە مەزنترین تاراوگە
دابهشبوونی وڵات لهنێوان دوو شێوهدا، دهكرێ له ههناوی شوێندا ئاماژهیهی گۆڕینی مانا بێت، پشتڕاستكردنهوهی بۆشاییهك بێت، به وهدرنانی مانایهك، ماناو تێڕوانینێكی دیكه تهقهڵڕیژ بكات، بهخشینی شێوه به وڵات، بهخشینی وێنهیه به خود، وڵات وێنهی خۆیهتی، دابڕانێك لهنێوان خۆی ودهرهوهی خۆیدا له دهقدا دروستدهكات، ناتوانێت ههردووكیان لهیهك سهنگهردا كۆبكاتهوه، شاعیر ئهو كهسهیه نهك وهك نامۆ سهیری دنیاو وڵات دهكات، بهڵكو له كاتی نووسینی دهقێكیشدا، به چاوێك سهیری دهق دهكات كه بهشێكه له نامن، ئهو لهتبوونهی ناخی لهنێوان نامۆبوون و هاتنهریزیدا دێتهكایهوه، پاژێكه لهنێوان خود و ناخوددا، وڵات وتاراوگه، له دۆخی نامۆبووندا نه وڵات، نه تاراوگه وهك شوێن وناشوێن، خودو ناخود، ناتوانن وهڵامی خهم، خهون وحهزهكانی شاعیر بدهنهوه، قوتاربوون لهم تهنگژه دهروونییه، له دۆڕاندنی شێوهیهكه، بردنهوهو به دهستهێنانی شێوهیهكی تره، به كردهی سهپاندنی خهسڵهتی تاراوگه به وڵات، له هاوشێوهبوونێكدا، دوالیزمهی شوێن وناشوێن، چهمكی وڵات وتاراوگه، تێكدهشكێنێ، ههردووكیان به نهبوونی بهههشتی وڵات ودۆزهخی تاراوگه، خودو ناخود، من و نامن گرێدهدات، هیچیان شوێنی ئاسوودهی نین، كردهی نووسین خۆی سهفهریكی ئازار بهخشه، یاخیبوونه له نهوهستانی مانای ههردوو شوێنهكه، داگهڕانێكه به دوای شوێنێكی دیكهی نێوان من ونامندا دهگهرێت، كاتێ دهق لهنێوان داكهوت وخهیاڵ، خودو ناخود، من ونامن، وڵات وتاراوگه، مانا له نامۆبوونێكدا بنبهست دهبێ، پهنا دهباته بهر فانتازیاو تێكشكاندنی شێوهو دوالیزمهی وڵات وتاراوگه، من و نامن، خودو ناخود، شاعیر وهك مرۆ به ههموو لوغهزهكانییهوه، له یهقدانهوهی دهقهوه دهستپێدهكات، دهكرێ سنووری وڵات نهبهزێنێت ههست به نامۆبوونی تاراوگه بكات، لهنێوان منی نامۆو وڵاتی دهق، لهنێوان ئهم دوو دنیایه، دژواره نیشتهجێ بێ و بسرهوێ، شوێنی خۆی بدۆزێتهوه، بۆیه ناچاره پهیوهندی خود به شوێنهوه بگۆڕێت، له پهیوهندیهكی تازهدا، شێوهیهكی ئاوهژوو ببخشێت به وڵات، بیكاته مهزنترین تاراوگه.
له كۆتاییدا ههموو شیعرێك كۆكراوهی چهندان جۆره له نامۆبوونی نیوان من و نامن، خود و بابهت، به ههماههنگی ههریهكیان ڕێگای ئهویدی ڕۆشندهكاتهوه، دهكرێ دانهری دهق له دهرهوهی زهمن و سنوور پهیرهوی بوونێكی ڕاستهقینه بكات، بۆ دهرخستنی ئهم ڕاستییانه، بێ ڕیزبهندی گرتهكان كه لهسهر تهوهرێكی هاوبهش دامهزراوه، له خهیاڵێكهوه به چهندان شێوه ئاڵنگاری دیفاكتۆی وێنهو لێكهوتهكان دهكات.
كهركوك نهورۆزی 2026
ژێدهرهكان
1ـ مهوجود سامان ـ شیعری شێوهكان ـ گۆڤاری ڕامان، ژماره 24، ساڵی 1998 ـ لا 130
2 ـ كاروان عومهر كاكهسوورـ ئاماژه فهلسهفییهكانی شێوازو شێوازناسی ـ له زنجیره بڵاوكراوهكانی كتێبی نووسیارـ وهشانی نووسیارـ چاپی یهكهم 2024 ـ لا 26
3 ـ سلاڤۆی ژیژهك ـ وهرگێڕان و شرۆڤه وهلید عومهرـ به چاوهكانم دهتبیستم ـ ناوهندی ڕۆشنبیری ڕهههند بۆ چاپ و بڵاوكردنهوهـ چاپی یهكهم 2022 ـ لا57
بەیاننامەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری سەبارەت بە: پێویستی خەبات بۆ کۆتایهێنان بە دەسەڵاتی بنەماڵە!
هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی، بەهێزی میلیشیا بەشێوەیەکی ڕەها و نایاسایی دەستیان بەسەر دەسەڵات و تەواوی سامان و داهاتی ئەم کۆمەڵگەیەدا گرتووە. کوردستانیان بە زۆر و زۆرداریی میلیشیاکانیان لە نێوان خۆیاندا دابەشکردووە. بە ناوی زۆنی زەرد و سەوزەوە، هەریەکەیان بەشێک لە خەڵکیان یەخسیر و بێئیرادە کردووە و وەکو کۆیلەی خۆیان مامەڵەیان دەکەن. بە ناو و پەیامی فریوکارانەی کوردایەتیەوە، سەرتاپای ژیان و گوزەران و چارەنوسی خەڵکیان کردووە بە بارمتەی بەردەوامی کەڵەکەی سەرمایە و مژینی زیاتری خوێنی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتێکێش.
دەسەڵاتی ئەم دوو بنەماڵەیە، وەکو فۆڕمی بەرجەستەبووی دەسەڵاتی چینی بورژوازی کورد، کوردایەتیان کردووە بە تلیاک و هێمای سەودا و مامەڵەی سیاسی و سەپاندنی بەرژەوەندیەکانی خۆیان، لەسەر حسابی بێبەری کردنی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش و ستەمدیدە لە پێداویستیە هەرە سەرەتاییەکانی ژیان.
دوو دەسەڵاتی میلیشیایی ستەمکار و سەرکوتکەر و نایاسایی و ناشارستانی و نابەرپرس بەرامبەر بە ژیانی خەڵک و پێداویستی و ئازادیەکانیان، لەلایەک بازرگانی و قاچاخچێتی بە نەوت دەکەن و سەرمایەیەکی بێشومار بەدەست دەهێنن. لەلایەکی ترەوە تاڵانچێتی و کۆنترۆڵی گومرگی سنورەکان دەکەن، جۆرەها باج و سەرانە بەسەر خەڵک و کاسبکار و بازاڕ و هەموو مامەڵەیەکدا دەسەپێنن. لەسەر هەموو هەناسە و بیرکردنەوە و جوڵەیەکی خەڵکی سەرانەیان داناوە، داهاتەکانیش دەچێتە ناو خەزێنە و بانکە تایبەتی و شەخسیەکانی خۆیانەوە.
ئەم دوو بنەماڵەیە تەنانەت دامودەزگا کارتۆنیەکانی هەرێمیشیان بە تەواوی لە نێوان خۆیاندا دابەش کردووە. بنەماڵەی بارزانی کە بە هێزی میلیشیا و دەزگاکانی سەرکوت خۆیان بەسەر زۆنی زەرددا سەپاندووە، جگە لە سەرۆکایەتی حزب، لە پێکهاتەی حکومەتە کارتۆنیەکەی هەرێمیشدا هەموو پۆستە سەرەکیەکان “سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی حکومەت” یان تایبەت کردووە بە بنەماڵەکەیان. ئەمەیان کردوەتە مەرجی هەر ڕێککەوتنێک بۆ پێکهێنانی حکومەت لەگەڵ هەر لایەنێک. زۆنی سەوز و هەرچیەکیش لەبەردەستی ئەوان دەمێنێتەوە سەرتاپا بۆ بنەماڵەی تاڵەبانیە و بەمجۆرە حوکمڕانی و بڕیاردان لەم هەرێمەدا تەنها لە دەست و ئیرادە و ویستی دوو بنەماڵەدا قۆرخ کراوە. هەریەک لە بارزانی و تاڵەبانی ‘ئیمپراتۆریەت’ی خۆیان دامەزراندووە و ژیانی فیرعەونییان بۆ خۆیان ڕازاندوەتەوە، چارەنوسی هەموو خەڵکی کوردستانیشیان کردوەتە بارمتە و خەڵکەکەیان کردووە بە کۆیلەی ئەم ئیمپراتۆریەتە ستەمکارە.
سێ دەیە زیاترە هەردوو حزبی بنەماڵەی ڕکابەر دەسەڵاتیان بەپێی هاوسەنگی هێزی نێوانیان بەشکردووە، جارێک بە ئاشتی و ڕێکەوتنی ستراتیژی و جارێک بە شەڕ و کوشتار، یان بە سوکایەتی و ڕووشکاندنی یەکتر. هیچ کاتێکیش نە شەڕ و نە ئاشتییان هیچ پەیوەندییەکی بە بەرژەوەندی و کێشەکانی خەڵکەوە نەبووەو نییە. لەسەر هەر مەسەلەیەک ناکۆکییان هەبێت، لەسەر بێ ئیرادەکردن و سەپاندنی بێ مافی بەسەر خەڵکدا بە تەواوی تەبا و هاوڕان. هەرکاتیش لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات و سەروەت ڕێکنەکەون، دۆخەکە بنبەست دەکەن و خەڵک لە ناو کابوسی بێدەرەتانیدا بە دیار مەرامەکانی خۆیانەوە ڕادەگرن. هەردوو حزب هەرچەندە هەر لە بنەڕەتەوە بنەماڵەیی بوون، بەڵام سەرئەنجام بە شێوەیەکی زەق و بێپەردە بە شانازیەوە بوونەتە خزمەتچی و ئامڕازی دەسەڵاتی بنەماڵە. سەرجەم دامودەزگا حکومیەکان جگە لە ڕووپۆشێکی یاسایی بۆ دەسەڵاتی بنەماڵە هیچی تر نین. بۆ سەپاندنی ئەمەش، جۆرەها دەزگای سەرکوت و فریودانیان دامەزراندوە، ئازادی سیاسیان خنکاندوە، ڕۆژنامەنوسان تیرۆر دەکەن، سەدویەک قەیدوبەندیان بۆ ڕێگری لە ناڕەزایەتی کرێکاری و جەماوەری ستەمدیدە داناوە و بە زەبری چەک سەرکوتی دەکەن. بەمجۆرە مەملەکەتێکی پاشایەتییان بەرپاکردووە و بەسەرانە سەندن لە خەڵک و تاڵانچێتی و دزی و قاچاخچێتی و ستەمکاری، سەرمایە کەڵەکە و پاشەکەوت دەکەن.
کۆشکەکانی هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی، کراون بە ناوەندی هەموو بڕیارێکی چارەنوسساز، باقی دامودەزگا حکومیەکان کە گوایە لە پرۆسەی هەڵبژاردن و بەشداری خەڵکەوە هاتوون، کراون بە ڕووپۆش و مەقاش و جێبەجێکەری ئەو بڕیارانەی لەو کۆشکانەوە دەردەچن. لە هەردوو زۆندا، هەر بڕیارێکی گرنگ دەبێ بە فلتەری بارزانی و تاڵەبانیدا تێپەڕێت.
ئەم فۆڕم و مۆدێلە لە دەسەڵاتدارێتی و وردوخاشکردنی ئیرادەی خەڵک، تا سەر مۆخ کۆنەپەرستانە و ناکۆکە بە هیوا و ئاوات و ئارەزوەکانی خەڵکی شارستانیی کوردستان و پێوانە سەردەمیەکان و هەرگیز شایانی ژیان و شکۆی خەڵکی کوردستان نییە و دەبێ کۆتایی بێت. هەر حزب و لایەنێکیش، بەهەر ڕادەیەک، سات و سەودا لەگەڵ ئەم دەسەڵاتە داسەپاوەدا بکات یان بچێتە پاڵی و لە سێبەریدا دانیشێت، دەبێتە هاوبەشی ستەم و تاوان و چارەنوسەکەی .
کۆمەڵگەی کوردستان لە سایەی ئەم دەسەڵاتەدا خەریکە دەخنکێت، هەر ئاڵوگۆڕ و باشبوونێکی بەرچاو لە ژیانی خەڵكدا، ڕاستەوخۆ بەندە بە کۆتاییهێنان بەم دەسەڵاتە ستەمکارەوە. ئەم دەسەڵاتە جگە لەوەی کۆنەپەرست و ستەمکارە، کۆسپی سەرەکیە لەبەردەم هەر جۆرە پێشڕەوی و بەرەوپێشچوونێکی کوردستان لە هەموو بوارەکانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەوە. ئەم دەسەڵاتە کە ئێستا لەبەردەم ئۆقیانوسێک لە نەفرەت و توڕەیی و ناڕەزایەتی خەڵکدایە، هەرچەندە پڕچەک و پارە و سەرەڕۆ بێت، بەڵام ناتوانێ ئەو ئیرادەیەی خەڵکی کوردستان تێکبشکێنێت کە ڕژێمی فاشیست و دڕەندەی بەعسی ڕاماڵی. خەڵکی کوردستان هیچ ڕێگایەکیان لەبەردەمدا نەماوە جگە لە خەباتێکی یەکگرتووانە بۆ کۆتایهێنان بەم دەسەڵاتە. هەرجۆرە چاوەڕوانیەک بۆ دەستبەری ئاواتەکانیان لەلایەن ئەم دەسەڵاتەوە، جگە لە نەهامەتی زیاتر هیچ ئەنجامێکی نابێت، چونکە خۆشبەختی خەڵک هیچ جێگایەکی لە بەرنامەی ئەم دەسەڵاتەدا نییە.
خەباتی یەکگرتوانە و ڕێکخراوی کرێکاران و مامۆستایان و کارمەندان و ژنان و لاوان و کاسبکاران، دەتوانێ ئەم دەسەڵاتە وەلابنێ و دەسەڵاتیک بەرپا بکات کە پشتی بە ئیرادەی ڕاستەوخۆی خەڵک بەستبێت، دەسەڵاتێک کە بەرنامە و ئیرادەی بۆ دەستەبەرکردنی خۆشبەختی بێت بۆ خەڵک. ئەمە خەباتێکی هەمەگیر و ڕێکخراوی دەوێ، پێویستی بەوەیە یەکگرین و بە دامەزراندنی ڕێکخراوەکانمان ڕیزەکانمان یەکگرتوو بکەین. ڕابەران و هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکان دەتوانن لەم خەباتە و لە یەکگرتوکردنی جەماوەریدا ڕۆڵی پێشڕەوانە بگێڕن. هەر حزبێکی سیاسی کە تۆزقاڵێکیش خۆی بە لایەنگری ئازادی و مافەکانی خەڵک بزانێ، ئەمڕۆ ئیتر دەبێ سەنگەری خۆی هەڵبژێرێت، لە پاڵ ئەم خەباتە یان لە پاڵ دەسەڵاتی ستەمکاردا ڕادەوەستێت؟
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری بۆ ڕێکخستن و ڕابەری کردنی ئەم خەباتە و مەیسەرکردنی ئەم ئاڵوگۆڕە تێدەکۆشێت و بانگەوازی خەڵک دەکات بۆ کۆبوونەوە و یەکگرتن لە دەوری ئەم ئاسۆیە.
حزبی کۆمۆنستی کرێکاریی کوردستان
١/١٠/٢٠٢٦
دوو هۆنراوە بۆ منداڵان.. فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی
گۆرانییەک بۆ باوکم
لەبەیانی تائێوارە
بابەی ئازیز لەسەرکارە
کاتێک کەبۆ ماڵ دێتەوە
بەڕوی خۆش دەگەڕێتەوە
جوانترین دیاریم بۆ دێنێت
ماندوبونی بیرنامێنێت
باسی کارو ڕەنجی ناکات
چۆن بژێوی پەیدا دەکات؟!!
گوێ نادات بە ئازاری ژین
هەتا ئێمە هەژار نەبین
لەپێناوی ئێمەی منداڵ
بەدەست دێنێ ڕۆزی حەڵاڵ
خوایە باوکم بپارێزە
دڵسۆزە و شایانی ڕێزە..
لانەی چۆلەکەکان
بەیانیان کەپەنجەرەی
ژوورەکەم دەکەمەوە
چەندە جوانە تیشکی خۆر!
کاتێک دێتە ژوورەوە..
چۆلەکەکان دەبینم
بانگم دەکەن بەجریوە
بەشەونمی بەربەیان
دەم و چاویان شۆریوە.
لەناوهێلانەی شادی و
بۆنی گوڵ وجریوە
بەنەغمەی پڕلەئاواز
باخچەکەمان خەمڵیوە.
بەجوانی ئەم باخچەیە
ماڵمان زۆر ئاوەدانە
جێی ئاسودەیی ئێمەو
لانەی چۆلەکەکانە..
شانۆى کوردى و پرسیارى سەردەم.. ئەرسەلان دەروێش
خوێندنەوەیەکى هونەریی کورت بۆ نمایشى (دڵی خۆم نییە لە سینەمدا)
لە سەردەمی ئێستادا، مرۆڤ لە قۆناغێکدا دەژی کە تەکنەلۆژیا تەنها قاوغ و ڕووی دەرەوەی ژیانی نەگۆڕیوە، بەڵکو قووڵ ڕۆچووەو دەستی بە ناو ناخی مرۆڤ گەیشتووە. ئەوەی لە سەدەکانی پێشوودا سنووری سروشت و قەدەر و ئەفسانە و خەیاڵی زانستی بوو، لە سەردەمی بایۆپزیشکی و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوودا بووەتە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانە. مرۆڤ چیتر تەنها ئەو بوونەوەرە زیندووە نییە کە لە ناو سنووری سروشتدا لەدایک دەبێت و دەژی و دەمرێت؛ بەڵکو جەستەکەی بووەتە ماتریاڵێکی کراوە بۆ پشکنین، چاککردنەوە، دەستکاریکردن، گۆڕین و دووبارە پێکهێنانەوە.
پێشکەوتنی زانستی لە بواری پزیشکیدا، بێگومان، یەکێکە لە گەورەترین دەستکەوتەکانی مێژووی مرۆڤایەتى ؛ توانای چارەسەرکردنی نەخۆشی، ڕزگارکردنی ژیان، چاندنی ئەندام، درێژکردنەوەی تەمەن و کەمکردنەوەی ئازار، بەشێکە لەو گۆڕانکارییە زانستییەی کە ژیانی مرۆڤی لەم سەردەمەدا بە شێوەیەکی بنەڕەتی گۆڕیوە. ئەم بینراوە شۆکهێنەرە پرسیارێکى نوێ دێنێتە ئاراوە؛ پرسیارێک کە لە رەوتە زانستییەکە دەترازێت و تەنها پزیشکی نییە ، بەڵکو فەلسەفی و ئەخلاقی و ئەنتۆلۆژییە: ئەگەر مرۆڤ بتوانێت جەستەی خۆی بگۆڕێت، ئایا دەتوانێت بونیادى مرۆڤ بوون و یادەوەریی و تایبەتمەندییە خودییەکانى وەک خۆى بپارێزێت؟
ئەم پرسیارە لەوێوە قووڵتر دەبێتەوە کە ئێمە جەستە تەنها وەک کۆمەڵێک ئەندام و کارکردی بایۆلۆژی نەبینین. جەستە بۆ مرۆڤ شوێنی بیرەوەرییە، شوێنی پەیوەندییە، شوێنی خۆشەویستییە، شوێنی ئازار و شادییە، بۆیە کاتێک ئەندامێکى دەگۆڕدرێت، پرسیارەکە تەنها ئەوە نییە کە ئەندامەکە لە کوێوە هاتووە؛ پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا ئەو گۆڕانکارییە لەو پەیوەندییە قووڵەی نێوان جەستە و (خود)دا کاریگەری هەیە؟
لەوێدا (دڵ) بە تایبەتی دەبێتە ئایکۆنێکی زۆر دەوڵەمەند. لە زمان و کلتووری مرۆڤدا، (دڵ) بە تەنها ئەندامێکی جەستە نییە؛ دڵ هێمای خۆشەویستی و دڵداری و ترس و یادەوەری و ژیان و بەڵێن و ونبوونیشە. لە زانستی پزیشکیدا، دڵ ماسولکەیەکی گرنگە کە کارێکی دیاریکراوی فیزیۆلۆژی ئەنجام دەدات ؛ بەڵام لە ئەزموونی مرۆییدا، دڵ بە کۆمەڵێک مانای زۆر گەورەترەوە گرێدراوە.
هونەرمەند ( دێرین حامید ) ؛ نووسەرو ریژیسۆری ئەکادیمی و یەکێک لە دەنگە دەرکەوتووە نوێکانی بواری شانۆ لە شارى سلێمانی و هەرێمی کوردستاندا لە گەڵ دەستەیەک لە هونەرمەندان و شانۆکارانی ئەکادیمیست و بەئەزموون و بەهرمەند ، لە میانەى تازەترین بەرهەمى دا نمایشێکى تایبەت بەم پرسە دەخاتە بەر دیدو هزری بینەران بەناونیشانى ( دڵی خۆم نییە لە سینەمدا ) کە ناوەڕۆکەکەی تەنها باسکردنی دەستکەوت و پێشکەوتنی پزیشکی نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ گەنگەشەکردنى ئەو رەهەندە فەلسەفییەی لەنێوان توانای پێشکەوتنى زانستی هاوچەرخ و بەها و بنەما ئەخلاقییەکانى مرۆڤ دروست بووە. (دێرین)کەلەئێستادا خوێندکارى دکتۆرایە لەشانۆدا پێشتر لە بواری نووسین، دراماتۆرگی، وەرگێڕان و کارى دەرهێناندا لە چەردەیەک نمایشى شانۆیی ؛ تواناکانی خۆی نیشان داوە ، لەو شانۆگەریانەى من بینیومن لە شارى سلێمانى و هەولێر (هاملێت ٢٠١٠ پاشا لەسەرەمەرگدایە ٢٠١١، هەرەسى بەفر ٢٠١٣، ملوانکەى پچراو ٢٠١٨، هیچ نهێنییەک لە ئارادا نییە ٢٠٢٢، شیعری شەڕو شەرابى ئاشتى و کۆگاى ژمارە چوار ٢٠٢٤ )، بەڵام ئەم ئەزموونەی ئێستاى بەڕای من سەرنجبەرترەو جیاوازییەکەى لە سەر ئاستى دوو خاڵی دانسقەدا ڕەنگڕێژبووە کە بریتییە لە:
- گلوباڵی بابەتەکەى ؛ کە پەرەسەندنی تەکنەلۆژیای پزیشکی و ئاڵەنگارییە ئەخلاقییەکانی بەردەمى، دەخاتە ناو کۆنتێکستی کۆمەڵگەی کوردییەوە.
- هەڵبژاردنی شانۆی ئێپیک (Epic Theatre) وەک فۆرم و میتۆد بۆ داڕشتنى گوتارى ئەم نمایشە، شانۆى ئێپیکیش وەک (بێرتۆڵد برێشت ) دایناوە ، هەوڵ دەدات وەرگر لە ئاستی هاوسۆزیی سادە و باوەوە بگوازێتەوە بۆ ئاستی تێڕامان و بیرکردنەوەو، پرسیارکردن و، هاندانی وەرگر بۆ کاراکردنی ئاوەز و هەڵوێست وەرگرتنی ڕەخنەگرانە سەبارەت بەو پرسەی خراوەتە ڕوو ..
( دڵی خۆم نییە لە سینەمدا ) بەرهەمی (ناوەندی شانۆی تاڤ)ە، لەمیانەى ئەوزنجیرە شانۆگەرییە نمایش دەکرێت کە (چەتری کلتووری سلێمانی) پاڵپشتی دەکات . بەهاوکارى پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی و دەزگای میدیایی کوردسات ، لە ڕێکەوتی ٢٠ی ئەیلولی ٢٠٢٦ەوە لەسەر تەختەی شانۆی (بەدیعە دارتاش) لە شاری سلێمانی پێشکەش دەکرێت، ئەم نووسینەش زادەى ئامادەبوونمە لە رۆژى یەکەمى ئەو نمایشەدا.
• شانۆگەرى ( دڵى خۆم نییە لەسینەمدا) نمایشێکە بە پێشکەشکردنی تێزێکی بینراو و فکری ،سنووری تماشاکردنی نەریتی تێدەپەڕێنێت و دەگاتە لێکدانەوەیەکی وردی ئەو قەیرانەی بەرۆکى مرۆڤی هاوچەرخى گرتووە وخستوویەتە بەردەم پارادۆکسێکى بوونگەراییەوە.
لەم سۆنگەیەوە، ناونیشانی نمایشەکە خۆی لە بنەڕەتدا پرسیارێکی ئەنتۆلۆژی بندێڕدەخات؛ (دڵی خۆم نییە لە سینەمدا) تەنها دەربڕینی دۆخی پیاوێک نییە کە دوای نەشتەرگەری چاندنەوەى (دڵ) هەست بە نامۆبوونی ئەندامێکی نوێ بکات؛ بەڵکو دەربڕینی دۆخی مرۆڤێکە کە لە ناو جەستەی خۆیدا هەست بە بوونی شتێکی دیکە دەکات، ئەو (دیکە)یە لە ئاستی جەستەوە دەست پێ دەکات، بەڵام بەرەو کاکڵەى( خود ) دەچێت.
ئەمەیە کە نمایشەکە لە سنووری چیرۆکی (نەخۆش و پزیشک) تێدەپەڕێنێت و دەیخاتە ناو گوتارێکی گشتگیرتر: کاتێک زانست دەست دەکات بە گۆڕینی ئەوەی کە پێشتر بە سروشتی و نەگۆڕ دادەنرا، کێ بڕیار لەسەر سنووری ئەو دەستێوەردانە دەدات؟ زانست؟ یاسا؟ ئاین؟ ئەخلاق؟ کۆمەڵگە؟ یان خودی مرۆڤ؟
مەبەستەکە تاوانبارکردنی زانست یان ڕەتکردنەوەی پێشکەوتنی زانستی نییە. بەڵکو مەبەست ئەوەیە کاتێک توانای زانستی دەگاتە ئەو ئاستەی ئەندامەکانى ناوەوەی جەستە و پێکهاتەی مرۆڤ دەستکاری بکات، دەسەڵاتی زانست لە ئاستی چارەسەرکردنەوە تێدەپەڕێت و دەچێتە سەر سەکۆى پێناسەکردنەوەی مرۆڤەوە.
• شانۆگەری (دڵی خۆم نییە لە سینەمدا) لە سەر نووکى ئەم تیغە دوو دەمەدا دەوەستێت؛ بە دانانی زانست لەبەردەم پرسیاری ئەخلاق و بەهاى مرۆیی. لە دەقی نمایشەکەدا، نەشتەرگەرییەکە لە ئاستی پزیشکیدا سەرکەوتووە؛ ژیان دەگێڕێتەوە، بەڵام قەیرانەکە لە شوێنێکی دیکە دەست پێ دەکات. ئەوەی ڕزگاری کراوە، تەنها جەستەیە؛ خودی مرۆڤەکان هێشتا لە ناو پرسیاردا ماونەتەوە. !
ئەم دووالیزمەی نێوان سەرکەوتنی پزیشکی و ناکۆکییە ئەنتۆلۆژییەکەى، بنەما دراماتۆرژییەکەى نمایش پێک دەهێنێت. پزیشک دەتوانێت دڵێکی نوێ بخاتە ناو سینەی پیاوێکەوە، بەڵام ناتوانێت دڵنیابێت کە ئەو پیاوە دوای نەشتەرگەری هەر هەمان ئەو پیاوەیە لە ئاستی بیرەوەریی و پەیوەندی و هەستی خێزانیدا.
(دێرین حامید) لەم بەرهەمەدا تەنها نووسەر و دەرهێنەر نییە؛ ئەو هەوڵ دەدات لە نێوان بیرۆکە و شێوەی پێشکەشکردنی بیرۆکەکەدا گوتارێکى یەگرتوو لەڕووى فۆرم و میتۆدى نمایشەکە پێشکەش بکات . بۆ ئەم ئامانجەش بوێرانە میتۆدى (شانۆی ئێپیک – Epic Theatre)ى ( بێرتۆڵت برێشت (Bertolt Brecht هەڵدەبژێرێت.
لە تەواوى ئەو کارانی دێرین دا کە پێشووتر من بیینیومه ئەزموونی ئەو لە بواری نووسین، دراماتۆرگی، وەرگێڕان و دەرهێناندا بە شێوەیەکی بەردەوام هەڵکشاوەو گۆڕانى بەسەردا هاتووە. بەڵام لەم کارەى ئێستایدا ئەو ئەزموونە لەگەڵ بابەتێک کۆدەبێتەوە کە بە سروشتی خۆی پێویستی بە گۆڕینی زمان و فۆرمى نمایش هەیە. لێرەوە تێدەگەین کە هەڵبژاردنی شانۆی ئێپیک هەڵبژاردنێکی تەکنیکی سادە نەبووە.
یان وەک مۆدێلێک نەهێنراوە بۆ ئەوەى نمایشەکى پیا هەڵواسرێت؛ بەڵکو هەوڵ دراوە لە ناوەڕۆکەوە بۆ فۆرم نمایشسازیی پێبکرێت و کڕۆکى پرسە هزرییەکەى پێ پێشکەش بکرێت ، نەخاسمە کە گەوهەرى بابەتەکە دەربارەی گۆڕانی جەستە و شکاندنی یەکپارچەیی خودە، بۆیە پێویستى بەوە بووە شێوەی گێڕانەوەش یەکپارچەیی تماشاکردن بشکێنێت.
ئەمەش لە پەیوەندیی نێوان نووسین و دەرهێناندا بە ڕوونی دەردەکەوێت. (دێرین) بابەتەکەی بە چیرۆکێکی خێزانی دەست پێ دەکات، بەڵام ڕێگە نادات چیرۆکەکە تەنها لە سنووری خێزاندا بمێنێتەوە. بەکارهێنانی زمانەکانی ڕاڤەکردن و گۆرانیی بەکۆمەڵ و ڕاپ، چیرۆکی تاک لە سنووری تاکەکەسی دەردەهێنێت و دەیخاتە ناو پرسیاری گشتیی مرۆیییەوە.
بەڵام لێرەدا پێویستە جیاوازییەکی گرینگ بکەین: ئێپیکبوون تەنها بە مانای شکاندنی دیواری چوارەم نییە. ئەگەر تەنها ئەکتەر ڕوو لە بینەر بکات و قسەی لەگەڵدا بکات، ئەوە بەڵگەی ئێپیکبوونی نمایش نییە. ئێپیک لە سیستەمێکدا دروست دەبێت کە وەرگر لەگەڵ هەست و سۆزی خۆیدا پەیوەندییەکی ڕەخنەیی دروست بکات؛ واتە بتوانێت هەمان سات لە ناو ڕووداو بێت و لە دەرەوەی ڕووداوەکەش چاودێرى بکات.
لە (دڵی خۆم نییە لە سینەمدا) ئەم دووئاستە؛ لە جەستەی ئەکتەر، ڕووناکی، گۆرانی، ڕاڤەکردن و پەیوەندیی ڕاستەوخۆدا بەرجەستە دەبێت. نمایش هەندێک جار ( وەرگر) دەخاتە ناو ئاوێتە بوونى هەستی دۆخەکە و پاشان لەگەڵ فریزکردنى جووڵەو ڕاگرتنی دیمەن و گۆڕینی ریتم و گۆرانی یان ئاخافتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئامادەبووانى ناو هۆڵ دا، ئەو پەیوەندییە دەشکێنێت و وەرگر دەگەڕێنێتەوە بۆ دۆخی بیرکردنەوە.
ئەمەش کاکڵەى ئامانجەکەیە ؛ چونکە نمایشەکە نایەوێت وەرگر تەنها بگریێت بۆ باوک، یان بترسێت لە پزیشک، یان تەنها خەم بخوات بۆ خێزانەکە. دەیەوێت لە کۆتاییدا بینەر لە خۆی بپرسێت: (ئەگەر من لە شوێنی ئەو پیاوە بوومایە، چی بڕیارێکم دەدا؟) و لەوەش قووڵتر: (ئەگەر زانست بتوانێت جەستەی من بگۆڕێت، چیم لە (خود)ى خۆم بۆ دەمێنێتەوە؟).
بونیادی سادەی چیرۆکەکە لە نەخۆشێکەوە دەست پێ دەکات کە پێویستی بە گواستنەوەی دڵ هەیە. نەشتەرگەری دەبێتە هیوای ژیان. خێزان لە نێوان ترس و هیوادا دەوەستێت. پزیشک بە زمانی زانست دڵنیایی دەدات. هەموو شتێک لە سەرەتاوە وەک چیرۆکێکی پزیشکی دەردەکەوێت ؛ تا ئەوکاتەى ، پرسیارێک لە ناو ئەو چیرۆکەدا بە سادەیی دێتە گۆڕێ، کە پرسیاری منداڵەکانى نەخۆشەکەیە بۆ پزیشکەکەو یەکێکە لە کلیلەوشەکانی نمایشەکە:
کوڕ : ئەو پیاوەی کە بەئاگا دێتەوە هەر باوکەکەی منە؟
کچ : تۆ دڵى پیاوێک دەدەیت بە باوکم کە خۆى ژنێکى هەیە! ئایا باوکى من ئاشقى ژنى پیاوێکى تر دەبێت؟!
لە دیدی دراماتۆرژییەوە ئەم پرسیارانە ، لە دۆخی نەخۆشی تێدەپەڕن و دەچنە ناوچەقى پرسیاری ناسنامەەوە . چونکە کۆڕەکە بە پزیشک ناڵێت (ئایا نەشتەرگەرییەکە سەرکەوتوو دەبێت؟)؛ دەڵێت (ئایا ئەو هەر باوکەکەی من دەمێنێتەوە؟). لە نێوان ئەم دوو پرسیارەدا جیاوازیی و ئاڵەنگاری نێوان زانستى پێشکەوتوو و بەها مرۆییەکان بەدیار دەکەوێت.
پزیشک دەتوانێت وەڵامی پرسیارى یەکەم بداتەوە : نەشتەرگەرییەکە سەرکەوتووە!، بەڵام وەڵامی پرسیاری دووەم بە ئاسانی لە ناو نەخۆشخانەدا نادرێتەوە. ئەوە پرسیارێکە وەڵامەکەى لە سەر( خێزان و بیرەوەری و خود) دەردەکەوێت .
دوای نەشتەرگەری، باوک زیندوو دەبێتەوە، بەڵام لەگەڵ ماهیەتى خۆیدا هەست بە نامۆبوون دەکات. لێرەدا چیرۆکەکە لە نەشتەرگەریی جەستەوە روودەکاتە نەشتەرگەریی (خود). ئەو پیاوە لە خۆی دەپرسێت کە ئەو دڵەی لە سینەیدایە، دڵی کێیە؟ ئەگەر دڵی ئەو نییە، ئەى کەواتا چی؟
ئەم پرسیارە بەهۆی بوونی پیاوە میوانەکە قووڵتر دەبێت؛ ئەو کەسەی دڵەکەی لە جەستەی باوکدا بەردەوامە. لێرەدا مردنیش بۆتە شتێکی ئاڵۆز. پیاوێک مردووە، بەڵام بەشێک لە جەستەی ئەو لە جەستەی کەسێکی تردا بەردەوامە. ئەمەش،پرسیارێکى دێرینى مرۆڤ سەبارەت بە مردن و بەردەوامبوونەوەی بوون؛ بە شێوەیەکی زانستیی نوێ دەخاتەڕوو.
لە کۆنتێکستی ئەم نمایشەدا، ئەم بابەتە بە یادەوەریی فرانکەنشتاینیشەوە دەبەسترێتەوە؛ نەک بۆ ئەوەی باوک ببێتە مۆنستەرێک – Monster ، بەڵکو بۆ ئەوەی بیرۆکەی (پێکهێنانەوەی مرۆڤ لە پارچە یەدەگەکان) لە خەیاڵی ئەدەبییەوە بێتە ناو جیهانی بایۆپزیشکی.
بەم شێوەیە، چیرۆکەکە لە ئاستی ڕووداوەوە دەگاتە ئاستی پرسیار. ئەمەش یەکێکە لە خاڵە بەهێزەکانی دەقی نمایش: ڕووداو کۆتایی نییە؛ ڕووداو دەبێتە دەروازەی پرسیارو لێوردبوونەوە.
• لە شانۆی ئێپیکدا ، ئاکتین لە بنەڕەتدا پەیوەندییەکی جیاوازی لەگەڵ کارەکتەردا هەیە. ئەکتەر نابێت بە تەواوی لە ناو کارەکتەرەکەدا ون ببێت و بتوێتەوە، دووریەکى هۆشیارانە لەنێوانیاندا دروست دەکات. ئەم دووری و مەودا بەندییە بە تایبەتی لە هەردوو چەمکی (بەنامۆکردن) و( گێستوس) دا دەردەکەوێت.
لەم جۆرە ئاکتینەدا، هەست بە تەواوی ڕەتناکرێتەوە، بەڵکو هەست لە ژێر کۆنترۆڵی بیرکردنەوەدا دەخرێتە ناو نمایش. ئەکتەر هاوسۆزى وەرگر ڕتناکاتەوە ، بەڵام لە هەمان کاتدا نایەوێت وەرگر گریمانە درامییە ئەرستۆییەکەى بەسەردا زاڵ بێت و لە هۆشیاریی خۆی داببڕێت. بەم شێوەیە، جەستە و دەنگی ئەکتەر دەبنە ئامرازێک بۆ نیشاندانی هەلومەرج و بارودۆخ، نەک بەتەنها دروستکردنی هاوسەنگى دەروونى. نامۆکردن Verfremdungseffckt لە شانۆی ئەپیکدا دوورییەک نییە بۆ ساردکردنەوەی هەستی بینەر؛ بەڵکو مەودایەکە بۆ چالاککردنی هۆشمەندى ڕەخنەگرانەی بینەر.
لە (دڵی خۆم نییە لە سینەمدا)دا ئەم تایبەتمەندییە بەڕوونى لە ئەدای هونەرمەند( پێشڕەو حوسێن)دا دەخوێندرێتەوە. ئەدای ئەو تەنها لە توانای دروستکردنی دۆخی دەروونی کارەکتەرەکەدا کورت نابێتەوە؛ بەڵکو جەستە، دەنگ، وەستان و هەڵوێستی ئەکتەر دەبنە بەشێک لە گوتاری نمایش. بەومانایەى کە گێستوس Gestus لە ئاستی کرداردا مانای خۆی وەردەگرێت: ئاکارو هەڵسوکەوتی ئەکتەر تەنها وەک بەرجەستەکردنى رەهەندە باوەکانى کارەکتەر نییە، بەڵکو پەیوەندیی نێوان کارەکتەر و سیستمی دەوروبەری دەخاتەڕوو.
بۆیە (پێشڕەو) لە ڕۆڵی باوکدا ئەرکێکى زۆر قورسى لەسەر شانە. کاراکتەرەکەی دەبێت لە یەک کاتدا چەند دۆخێک ڕەچاوبگرێت: نەخۆشێک کە لە مردن دەترسێت، باوکێک کە پەیوەندیی خێزانی بۆ گرنگە، پیاوێک کە دوای نەشتەرگەری هەست بە گۆڕان دەکات و، تاکێک کە لە خۆی دەپرسێت ئایا هەر هەمان کەسى پێشترە؟.
بەڵێ ئەم ئەکتەرە هەڵکەوتووە – کەپێشتر کارم لەگەڵ کردووەو لەنزیکەوە ئاگاداری بەهرەو ئاستى مەعریفى بەرزى هەم – لەم ڕۆڵەدا بە شێوەیەکی ڕوون توانای ئەکتەرێکی پیشەمەند و ئەکادیمیست دەردەخات. ئەو بەتەنها فۆرمی ئێپیکیمان لەرووکەشدا بۆ وێنا ناکات ؛ بە ڵکو بە مانای دراماتۆرژیی وشەکە، فۆرمەکەی ئەزبەر کردووەو زانستییانە پیادەى دەکات ، ئەمەش جیاوازییەکی بنەڕەتییە. چونکە کاتێک فۆرم دەبێتە بەشێک لە تێگەیشتن و بیرکردنەوەی ئەکتەر، هەموو جەستە و دەنگ و جووڵەیەکى دەبێتە زمان و ئامرازی گەیاندن.
بۆیە سەرسامیم بەم شانۆکارە سەرکەوتووە بۆ گلنادرێتەوە. ئەو بە جەستەی خۆی دۆخی کاراکتەر دەنووسێتەوە. وەستانەکانی، دەربڕینى دەموچاوی، شێوازی دانیشتن و جووڵەو ئاڕاستەی جەستە بۆ کاراکتەرەکانی تر و گۆڕینی ریتمی دەنگ، هەموویان لەگەڵ یەکدا دەڕژێنە نێو کاراکردنى ئەو پڕۆسەیەی برێشت بە (Gestus) دەیناسێنێت کە چەمکێکى بنەڕەتى شانۆى ئێپیکەو گوزارە لە پێبەندبوونى جەستە و بوونى فیزیکیی کەسەکان دەکات لە چوارچێوەى پێگەو دۆخی کۆمەڵایەتیدا .
لە پێشڕەودا، گیستۆس بە تایبەتی لەو ساتانەدا دەدرەوشێتەوە کە کارەکتەر لە نێوان دۆخى پێش نەشتەرگەری و دوای نەشتەرگەری دابەش دەبێت. لەوەش گرنگتر، پێشڕەو دەزانێت کە ئەکتەر لەم فۆرمە شانۆییەدا نابێت بە تەواوی دەستبەردارى هەست و نەستى کارەکتەرەکە بێت. ئەو هەندێک جار لە ڕۆڵەکە نزیک دەبێتەوە و ڕێگە دەدات وەرگر هەست بە سۆزو باری سایکۆلۆژى کەسایەتییەکە بکات، هەر چۆن لەتوانایدایە بینەر دوورتر ڕابگرێت و پێی بڵێ؛ ئەو تەنها ئەکتەرێکە لەسەر تەختەی شانۆ کە کاراکتەرەکەی پیشان دەدات. بەمەش لە ساتەوەختە پێویستەکاندا کاریگەرى ڕاگرتنى هەژموونى ئەو ئاوێتە بوونە بەهێزتر دەکات کە دیوارى چوارەمى تیادا تێکدەشکێت و کردەى نامۆبوونى Verfremdung لێوە دروست دەبێت.
پێشڕەوحسێن لە ڕۆڵی باوکدا لە بنەڕەتدا جەستەیەکی دوو جار خوڵقاو دروست دەکات: یەکەم جار جەستەی پیاوێک کە دڵی خۆی هەیە، و جارێکی تر جەستەی پیاوێک کە دڵی کەسێکی تر لە ناو سینەیدا لێدەدات. ئەو دوو جەستەیە لە هەمان ئەکتەردا کۆدەبنەوە و لە هەمان کاتدا لە یەکدی جیا دەبنەوە. ئەم ئەدایەش تەنها بە ئەکتەرى پیشەمەند ئەنجام دەدرێت.
سەبارەت بە هونەرمەندى بەئەزموون (سەربەست ئەحمەد) لە ڕۆڵی پیاوە میوانەکەدا دەبێت بڵێین؛ کاراکتەرەکەی تایبەتە، چونکە لە ئاستی یەکەمدا، دڵەکەی لە جەستەی باوکدا بەردەوامە و لە ئاستی دووەمدا دەبێتە (ئەوی تر)؛ ئەو کەسەی کە لە دەرەوەی جەستەی خۆی بەردەوامی بە بوونی خۆی دەدات.
سەربەست، لە ساتەکانی هۆگریی سۆزداری و هەستیدا بە وردی مامەڵە دەکات. ئەو توانای ئەوەی هەیە وەرگر بۆ ساتێک لەگەڵ کاراکتەرەکە نزیک بکاتەوە، بەڵام ئەو نزیکبوونەوەیە بە مەبەستی قوڵکردنەوەى بارى ئاوێتە بوونى سایکۆلۆژى نییە، چونکە دەرهێنەر لە ساتێکی دیاریکراودا ئەو هۆگرییە تێکدەشکێنێت، لەڕێگەى پڕۆسەى فرێزکردن کردن و ڕاگرتنی دیمەن، گۆڕینی ئاڕاستەی گفتوگۆ، قسەکردن لەگەڵ بینەردا، گۆڕینی ریتم و چوونەدەرەوە لە ناو ڕووداو، هەموو ئەم کاریگەرییانەش لە پێناوى ئەوەی بینەر ئاوێتەى هۆگرى سایکۆلۆژیی و سۆزدارى ئەکتەر نەبێت لە بەرجەستەکردنى ڕیالستى کارەکتەردا.
(سەربەست ئەحمەد) وەک هونەرمەندێکى ئەکادیمى و بەهرەمەند، لەم بارەدا ئەکتەرێکە بە هەر دووئاست کار دەکات: کاریگەرى سۆزداریی دروست دەکات و هەمان کاریگەریش دەشکێنێت. لە یەک ساتدا کاراکتەر دەخوڵقێنێت و لە ساتێکی تردا دەبێتە ڕاڤەکاری خودى ئەم کاراکتەرە.
ئەم پرۆسێسەش لەگەڵ ناوەڕۆکی نمایشەکەدا پەیوەندییەکی قووڵى هەیە؛ چونکە خودی کاراکتەرەکە لە نێوان بوون و نەبووندا هەڵواسراوە. ئەو مردووە، بەڵام دڵەکەی زیندووە؛ ئەو بوونی نییە، بەڵام لە ناو جەستەی کەسێکی تردا ترپەو لێدانى دڵى دەبیسترێت. بۆیە ئاکتینەکەی دەبێت ئەو پارادۆکسە وێنا بکات کە لەڕووى هونەرییەوە کارێکە ئەکتەرى پیشەمەندو بەتواناى گەرەکە ، ئەکتەرى وەک (سەربەست ئەحمەد).
(سۆنیا ئاوات) ، یەکێکى ترە لەئەکتەرە سەرکەوتووەکانى ئەم نمایشە، ئەو لە ڕۆڵی پزیشکدا جۆرێکی جیاواز لە ئاکتین پێشکەش دەکات. ئەرکى ئەو ئەدایەکە ؛کەمتر لە ناوچەى هەست ونەست و سۆز نزیک ببێتەوە و ئاست و پێگەى دەسەڵاتى زیاتر بەرجەستە بکات ، چونکە کارەکتەری پزیشک لە نمایشەکەدا نوێنەری تاکێکی ئاسایی نییە؛ بەڵکو نوێنەری ئەو دامەزراوە زانستییە پێشکەوتووەیە کە جەمسەر سەرەکى هاوکێشەى ئاریشەو ئاڵەنگارییەکە پێک دەهێنێت.
ئەمەش لە شێوازی وەستان و، جوڵە و دەنگی (سۆنیا) دەبێتە بەشێک لە مانای کارەکتەر. ئەو جەستەی خۆی بە شێوەیەکی ئەندازەیی ورد بەکاردەهێنێت؛ جوڵەکان دیاریکراون، دەنگ کۆنترۆڵکراوترە و دیالۆگەکان بە جۆرێک لە دڵنیاییەکى پیشەییەوە پێشکەش دەکرێت.
ئەو جۆرە ئەداکردنە لە ئاستێکى ڕۆبۆتی نزیک دەبێتەوە، بەڵام نابێت ئەوە بە مانای ئەوە بخوێندرێتەوە کە پزیشکەکە مرۆڤ نییە. بە پێچەوانەوە، ئەوە شێوازوفۆرمێکە بۆ پیشاندانی جیاوازیی نێوان جیهانی زانست و جیهانی هەست و نەست ، کە بەجوانترین فۆرم چەمکى گیستۆس Gestus پراکتیک دەکات.
پزیشکەکە ژیانی باوک ڕزگار دەکات. لە ئاستی پزیشکیدا ئەمە کارێکی ئەرێنییە. بەڵام نمایشەکە ئەو سەرکەوتنە بە کۆتایی پرسەکە نازانێت. ئەوەی پزیشک نایبینێت، خێزان دەیبینێت؛ ئەوەی پزیشک بە ژمارە و ئەنجامی پزیشکی دەیپێوێت، خێزان بە یادەوەری و هەست و پەیوەندی کۆمەڵایەتى و مرۆیی دەیپێوێت.
ئەم دوو جیهانە لە جەستەی (سۆنیا) و کارەکتەرەکانی تریشدا ڕووبەڕووى یەکتر دەکرێنەوە. سۆنیا بە جۆرێک لە ساردییەکی میکانیکى دەجوڵێت و دەدوێت ، نەک بۆ ئەوەی بینەر لێی بێزار بێت، بەڵکو بۆ ئەوەی بزانێت ئەم دەنگە، دەنگی سیستمێکە کە جەستە لە شێوەیەکی پزیشکیدا دەبینێت.
خانمە ئەکتەر (گوڵی حەسەن) لە ڕۆڵی ژنەکەدا ئەویش لە ناوچەیەکی دەروونی زۆر ئاڵۆزدا کار دەکات. کێشەی ژنەکە ئەوە نییە کە هاوسەرەکەی مردووە؛ کێشەکەی ئەوەیە کە هاوسەرەکەی زیندووە، بەڵام ناتوانێت بە تەواوی بزانێت ئەو هەمان مرۆڤە یان نا.
ئەم دۆخە قەیرانێکی سایکۆلۆژیی تایبەت دروست دەکات. گوڵی ئەم قەیرانە بە دووکەرتبوونێکی دەروونی دەخاتەڕوو: لە لایەکەوە ژنەکە دەیەوێت باوەڕ بکات ئەو پیاوە هەر هاوسەرەکەی خۆیەتى، لە لایەکی ترەوە ڕووبەڕووى نیشانەکانی نامۆبوون دەبێتەوە.
ئەو بە دوای دەنگ و ڕەفتار و یادەوەرییەکانی هاوسەرەکەیدا دەگەڕێت ، وەک ژنێک کە ناسنامەکەی بە پەیوەندییەکەوە گرێدراوە.
ئاکتین لێرەدا دەبێتە هونەری (نەدۆزینەوە)، خۆشەویستی بە چی دەناسرێتەوە؟ بە جەستە؟ بە یادەوەری؟ بە دەنگ؟ بە ئاکار؟ یان بە مێژووی هاوبەش؟ نواندنى (گوڵى حەسەن) هەموو ئەم پرسیارانە دادەگیرسێنێت.
سەبارەت بە هەردوو ئەکتەرى گەنج (شادی نەجمەدین) لە ڕۆڵی کچەکەدا و ( کامۆ بەرزان) لە ڕۆڵی کوڕەکەدا، دوو ئاستی دیکەی ئەم قەیرانە بەرجەستە دەکەن. ئەوان نەک تەنها منداڵی باوکێکن، بەڵکو شایەدی گۆڕانی ئەو باوکن لە ژێر هەژموون و کاردانەوەکانى زانستى پێشکەوتووى سەردەمدا..
بۆ منداڵەکان، باوک تەنها کەسێک نییە کە لە گەڵتدا دەژی ؛ باوک بەشێکە لە سۆزو خۆشەویستى ، بیرەوەریی منداڵی، دڵنیایی، پەیوەندی و پێکهاتەی خێزان. بۆیە کاتێک باوکەکە دوای نەشتەرگەری چاندنەوەى دڵى گۆڕانکارى بەسەردا دێت ، ئەوان تەنها ڕووبەڕووی نەخۆشێکی گۆڕاو نابنەوە؛ ڕووبەڕووی گۆڕانی وێنەی خۆشیان دەبنەوە لەناو ئاوێنى ژیان و خێزان و کۆمەڵگادا.
(شادی) لە ڕۆڵی کچەکەدا ئەو گۆڕانە بە هەستێکی زۆر ڕوون وێنا دەکات. لە نێوان باوکی پێشووتر و باوکی ئێستادا بۆشایییەک هەیە، شادی لێکەوتەکانى ئەو بۆشاییە لە ڕووی ئاکتینەوە بە هەموو ڕەهەندێکییەوە دەردەخات.
بەڵام (کامۆ) بە شێوەیەکی دیکە رووەکانى هەمان قەیران واڵا دەکات. کوڕەکە زۆرجار پرسیار دەکات، بەڵام پرسیارەکەی لە بنەڕەتدا پرسیاری ناسینەوەی باوکە. ئەو دەیەوێت بزانێت ئەو پیاوەی بەرانبەریەتى ، هەمان ئەو کەسەیە کە لە بیرەوەرییەکانییدا هەیە یان نا؟!.
هەردوو ئەکتەر لە ئاستی پاراستنى ریتمی نمایشەکەشدا،کاریگەرییەکی دیاریان هەیە. جوڵە و هاتنەناوەوە و چوونەدەرەوە و بزواندنی جەستەییان، ریتمی نمایش بژوێن تردەکات. ئەوان بە مانایەکی دراماتۆرژی دەبنە (داینەمۆی گۆڕینی وێنەکان) جەستەی ئەوان تەنها بۆ نواندنی کاراکتەر نییە؛ بەشێکە لە میکانیزمی گۆڕینی فەزا و وێنە.
• لێرەشدا دەبێت ئەوە بڵێین ؛ کۆى ئاستى سەرکەوتووى نواندن لەم نمایشەدا ئەو ڕاستییە بەرجەستە دەکات، کە ئەو یەکگرتووییەى لە فۆرمى ئاکتین و ئەداى ئەکتەرەکاندا دەبینرێت، بەشێکی گرنگە لە کارکردنى (دێرین حامید)ى دەرهێنەر..
دێرین لەم نمایشەدا لەگەڵ ئەکتەر تەنها لەسەر (چی دەڵێیت) کارى نەکردووە؛ بەڵکو لەسەر (چۆن دەیڵێیت، لە کوێ دەیڵێیت، چۆن دەوەستیت، کەی دەجوڵێیت، کەی ڕادەوەستیت، کەی لە کاراکتەر دەچێتە دەرەوە و کەی دووبارە دەگەڕێتەوە ناوی) کارى کردووە.
ئەمە لە فۆرمی ئێپیکدا بنەڕەتییە. چونکە ئەکتەر نابێت تەنها جەستەیەک بێت بۆ کاراکتەر ؛ بەڵکو جەستەی بیرۆکەش بێت.
دێرین حامید، ئەم ئاستە لە کارکردنی ئەکتەرەکاندا لەگەڵ سیستەمی سینۆگرافیا و ڕووناکی و موزیک پەیوەست دەکات. ئەکتەر لە ناو فەزایەکی بێدەنگدا کار ناکات؛ هەموو جوڵەیەکی لەگەڵ ماتریاڵ و موفرەداتى سەر شانۆ و ڕووناکی و دەنگ و ریتمدا بەرکەوتنى هەیە.
• لە (دڵی خۆم نییە لە سینەمدا)، سینۆگرافیا تەنها ڕێکخستنی شوێن نییە. فەزا خۆی دەبێتە بەشێک لە بونیادى دراماتۆرژی نمایشەکە . ئەسکەلە ئاسنییەکان، پایە چیمەنتۆکان ، کە بە نایلۆن پەردە پۆشکراون ، شاشەى ڤیدیۆواڵەکان، بانەر، ڕووناکی، جلوبەرگ، موزیک و خودى جەستەی ئەکتەرەکان لە یەک سیستمی ماناداردا کۆدەبنەوە .
ئەم سیستمە سینۆگرافییە لە لایەکە وە وێنەی جیهانێکی پیشەسازیی و تەکنەلۆژیک دروست دەکات، لە لایەکی ترەوە هەستى ساردو سڕى جیهانێکی دەستکرد بۆ بینەر وێنا دەکات . ئەمە تێفکرین و داڕشتنە دوانەییە سەرنجبەروگرینگە: تەکنەلۆژیا دەتوانێت ژیان بپارێزێت، بەڵام لەهەمان کاتدا فەزایەکی نوێ و نامۆش دروست دەکات!
ئەسکەلە ئاسنینەکان لەم سینۆگرافیایەدا لە ئاستی شتەوە دەگوازرێتەوە بۆ ئاستی نیشانە. لەڕووى سیمیۆلۆژییەوە پەیوەست بوونى بە زانستەوە لەو شوێنەوە سەرچاوە دەگرێت؛کە ئاسن بە ساردی و ڕەقی و ئەندازەیی رووت زەقبووەتەوە، جیاوازییەکی ماددی لەگەڵ جەستەی زیندووی مرۆڤ دروست کردووە. جەستە گەرمە، گۆڕاوە، ئازار دەچێژێت و هەست دەکات؛ ئاسن ساردە، ڕەقە و بە پێوانە و ئەندازە ڕێکخراوە.
لەلایەکى ترەوە،رەهەندێکى ترى هەیە کە ئاماژەیە بۆ شارستانییەت و بونیادنان. ئەسکەلە ئامرازێکی بەرزکردنەوەیە. مرۆڤ بەهۆیەوە دەتوانێت لە ئاستێکى بەرزترو هەڵکشاوتر بنواڕێت. بەم مانایە، ئەسکەلە لەم نمایشە مێتافۆرێکى پێشکەوتنی شارستانییە.
بەڵام لەهەمان کاتدا پرسیارێکیش لەناو بینراوەکەدا دروست دەکات: ئایا هەر بەرزبوونەوەیەک بەرەوپێشچوونە؟ ئایا مرۆڤ کاتێک لە سروشت بەرزتر دەبێتەوە، نزیکتر دەبێتەوە لە خۆی؟
ئەم پرسیارە ئەسکەلەکەو پایە چیمەنتۆکانى باگراوندى فەزانى نمایشەکە لە کەرەستەی بیناسازییەوە دەگۆڕێت بۆ ئاماژەیەکی ئەنتۆلۆژی.
نایلۆن و پلاستیک لەگەڵ ئاسن جۆرێکی دیکە لە هەست دروست دەکەن. ئەگەر ئاسن نیشانەی ڕەقی و ساردیی جیهانی پیشەسازی بێت، پلاستیک و نایلۆن هەستی ساختەبوون دەخوڵقێنێت!
ئەو ماتریاڵانە جۆرێک لە شەفافییەتێکی ساختە دروست دەکەن. بۆ نموونە ؛بینەر دەتوانێت هەندێک شت ببینێت، بەڵام هەرگیز ناتوانێت بە تەواوی لە وردەکارییەکانی دڵنیابێت؟!. ئەمە بە جۆرێک لەگەڵ دۆخی باوکدا هاوتەریبە؛ جەستەی ئەو لەبەرچاوى بینەرە، بەڵام هەست و نەست و ناخی ئەو بە تەواوی دوورە دەستە و ڕوون نییە.
پلاستیک و نایلۆن بەم شێوەیە لەگەڵ چەمکی جەستەی دەستکاریکراودا پەیوەندییەکی سیمیۆلۆژیی دروست دەکەن: شتێک لە سروشتەوە وەرگیراوە، بەڵام لە فەزایەکی ساختەدا دووبارە پێکهێنراوە.
لە لایەکى ترەوە ، روویەکى پێشکەوتووى پێکهاتەى سینۆگرافیا لەم نمایشەدا، بەکارهێنانى شاشە و ڤیدیۆواڵەکانە کە لە جیهانی نمایشەکەدا فەزایەکی دووەم دروست دەکەن؛ جیهانی وێنە و تۆمار و زانیاری بینراو. ئەمەش پەیوەندییەکی قووڵى بە ناوەڕۆکی نمایشەکەوە هەیە، چونکە مرۆڤی سەردەمی تەکنەلۆژیا تەنها لە جیهانی جەستەدا ناژی؛ بەڵکو لە جیهانی وێنە و داتا و تۆمار و نمایشکردنی خۆدیشدا دەژی.
شاشە جەستەکە دووبارە دەکاتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا جیاوازیی نێوان جەستە و وێنەی جەستە پیشان دەدات. ئەمەش لە فۆرمی ئێپیکدا دەتوانێت کاریگەرییەکی تایبەت دروست بکات، چونکە وێنەی جەستە دەتوانێت جەستەی ڕاستەقینە لە دوورەوە بۆ وەرگر بخوێنێتەوە.
هەرچۆن (بانەر) و وشەی نووسراو لە فەزای شانۆدا پەیوەندیی وەرگر لەگەڵ نمایش دەگۆڕێت. وەرگر چیتر بەتەنها تەماشا ناکات؛ بەڵکو دەخوێنێتەوە. لە شانۆی ئێپیکدا ئەم گۆڕینی کردارە گرنگە، چونکە وەرگر دەبێت لە هەمان کاتدا بینەر و خوێنەر و بیرکەرەوە بێت.
ڕووناکی لەم نمایشەدا یەکێکە لە بەهێزترین ئامرازەکانی دروستکردنی مانا. وێڕاى ڕەهەندو ئەرکە ئیستاتیکى و دراماتیکییەکانى ، رۆڵێکى گرینگى هەیە لە شیکردنەوەو گوزارشتى مانا بەخش و سیمیۆلۆژیی، بەنموونە ئەگر هەندێک وردببینەوە لەو ساتەی دوای ئەنجامدانى نەشتەرگەریەکە، کە چۆن ڕووناکییەکی بەهێز لە هەردوو لاوە دەموچاوی( باوک – پێشڕەوحسێن) دەکاتە ناو دوو ناوچەی ڕەنگی کۆنتراست وجیاوازەوە: شین و زەرد، سارد و گەرم. ئەم دابەشکردنەی ڕووناکی دەتوانرێت وەک وێنەیەکی دەرەکی قەیرانی ناوخۆیی کارەکتەر بخوێندرێتەوە. دەموچاوی مرۆڤ بە سروشت یەکە، بەڵام ڕووناکی ئەو یەکبوونە دەشکێنێت و دەیکاتە دوو ناوچە.
شین لەم کۆنتێکستەدا دەتوانێت هەستی ساردی، دووری، هۆشیاریی پزیشکی و جیهانی تەکنیکی هەڵبگرێت؛ زەرد دەتوانێت لە بەرامبەریدا ناوچەی گەرمی، بیرەوەری، ژیانی خێزانی و هەستی مرۆیی بێت. بەڵام مانای ڕەنگەکان جێگیر نییە؛ بەڵکو ماناکانیان لە پەیوەندی لەگەڵ کۆنتێکستی دیمەنەکە دروست دەبن.
ئەوەی گرینگە، خودی کۆنتراستەکەیە. جەستەی باوک لە ناو ڕووناکیدا دەبێتە وێنەیەکی دوو پارچە. ئەوە هەمان قەیرانی ناوخۆیییە کە لە چیرۆکدا هەیە: جەستە هەر یەکە، بەڵام خود لە ناویدا لەگەڵ خۆیدا ناکۆکە.
لێرەدا ڕووناکی دەبێتە پەیڤێکی بێدەنگ؛ ئەوەی کاراکتەر ناتوانێت بە دیالۆگ بە تەواوی بیڵێت، ڕووناکی بەرجەستەى دەکات.
هەروەها بەکارهێنانی ڕووناکی لە ناو هۆڵدا لە ساتەکانی گفتوگۆ و پەیوەندیی ڕاستەوخۆدا، بەشێکە لە سیستەمی شکاندنی دیواری چوارەم. بەڵام کاریگەرییەکە لەوە زیاترە.
کاتێک ڕووناکی دەگاتە شوێنی دانیشتنی بینەر، بەشێک لەو هێڵە هەستەگییەى کە بینەر لە پشت تاریکی هۆڵدا نەخشاندوویەتى تێکدەشکێت. چیتر (وەرگر) تەنها تەماشاکارێکى نەرێنى نییەو بوونی خۆی لە فەزای نمایشدا هەست پێ دەکات.
ئەمە لە فۆرمی ئێپیکدا گرنگە، چونکە پەیوەندیی نێوان نمایش و وەرگر دەبێت ڕوون بێت. ئەکتەر کاتێک ڕوو لە هۆڵ دەکات، بینەر ناچار دەبێت بزانێت کە ئەو خۆی بەشێکە لە دۆخی سەیرکردن.
بەم شێوەیە، ڕووناکی لە هۆڵدا جۆرێک لە (سیاسەتی بینین) دروست دەکات؛ واتە دیاری دەکات کێ دەبینرێت، کێ دەبینێت و کێ دەبێتە بەشێک لە فەزای نمایش.
رەگەزێکى ترى سینۆگرافیا لە نمایشەکەدا ئێکسسوارو جلوبەرگە، کە تەنها پێداویستییەکی بینراو نییە. لەم شانۆگەریەدا کە ناوەڕۆکەکەی لەسەر قەیرانی ناسنامە دامەزراوە، جلوبەرگ خۆی بەشێکە لە پرسیارە ئەنتۆلۆژییەکە : من کێم؟!
چونکە گۆڕینی جلوبەرگ دەتوانێت گۆڕینی پێگە و دۆخی کاراکتەر نیشان بدات. ئەکتەر کاتێک جلوبەرگی دەگۆڕێت، وەرگر هەست بە گۆڕینی ئاستێکی دیکەی بوونی کاراکتەر دەکات.
لە فۆرمی ئێپیکدا، جلوبەرگ دەتوانێت لە ساتێکی کورتدا زانیارییەکی زۆر بدات: کاراکتەر کێیە، لە کوێیە، چی گۆڕاوە و ئێستا لە چ پێگەیەکدایە.
بەم مانایە، ئەکتەر و جلوبەرگ لێرەدا لە یەکدی جیا نین. ئەکتەر دەبێتە توخمێکی سینۆگرافی، و جلوبەرگ دەبێتە بەشێک لە ئاکتین .
• موزیک و گۆرانی؛ دەنگی بیرکردنەوە
موزیک و گۆرانی لە نمایشەکەدا تەنها بۆ دروستکردنی کەش و هەوا بەکارنەهاتوون. هۆنراوەکانی (تەڵەعەت تاهیر)ى شاعیر وئاوازەکانى (ئەرکان عەبدولقادر) لە دروستکردنى گۆرانییە بەکۆمەڵەکان دەبنە بەشێک لە زمانی گشتی نمایش.
ئێمە وەک ڕەوە ئەسپێک
رادەکەین بە شوێن ژیان
ئەوەی ساتێک پشوو با
دەمرێ لەژێر سمەکان
مرۆڤی ئەم سەردەمە … دەربازبوونی ئەستەمە
لە شانۆی ئێپیکدا، گۆرانی دەتوانێت ڕووداوەکە نەک بەردەوام بکات، بەڵکو ڕووداوەکە ڕابگرێت و لێی دووربکەوێتەوە. ئەمە خاڵێکی گرینگە. گۆرانی دەتوانێت لە توانەوە لەنێو هەست و نەستەوە ، وەرگر بگەڕێنێتەوە بۆ ئاستی بیرکردنەوە.
دەبوایە دوو جار بژین
بە جارێک دادمان نایە
هەتا هەست دەکەی فێر بووی
جێیهێشتووی ئەم دنیایە
مرۆڤی ئەم سەردەمە … دەربازبوونی ئەستەمە
چڕینى بەکۆمەڵیش دەنگی تاک دەگۆڕێت بۆ دەنگی کۆمەڵ. ئەمە لە ناوەڕۆکی نمایشەکەدا بایەخدارە، چونکە قەیرانی (باوک) لە کۆتاییدا ، وەک قەیرانی تاکێک نامێنێت؛ بەڵکو دەبێتە پرسیاری کۆمەڵگە.
دەنگ لێرەدا دەبێتە (دەقی دووەم). ئەوەی دیالۆگ بە وشە دەیڵێت، موزیک بە دەنگ و ریتم و بێدەنگی نێوان نۆتەکان دەیخاتە ڕوو.
• دەق، رێژی و دراماتۆرگی؛ یەک سیستەم لە ناو یەک پرسیاردا
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم بەرهەمە ئەوەیە ؛ نووسین و ڕیژیسۆرى لەلایەن یەک کەسەوە ئەنجام دراوە، کە بووتە فاکتەرێکى بەهێزی یەکگوتاریی نمایشەکەو ڕوونى فۆرم و پەیامەکەى.
پەیامەکە؛ لە دەقەوە دەست پێ دەکات و لە فەزا و ئاکتین و ڕووناکی و موزیکدا بەردەوام دەبێت. ئەمە واتای ئەوەیە کە نمایشەکە تەنها (دەقی نووسراو) نییە؛ بەڵکو دەقێکی گەورەترەو کۆی هەموو ئەو توخمانەى لەپێکهاتەکەیدا کۆکردووەتەوە.
دەقی نووسراو دەڵێت: (من کێم؟)
جەستە دەڵێت: (من گۆڕاوم)
سینۆگرافیا دەڵێت: (تۆ لە جیهانێکی دەستکرددا دەژیت)
ڕووناکی دەڵێت: (تۆ لە ناو خودى خۆتدا دوو پارچە بوویت)
پزیشک دەڵێت: (جەستەکەت ڕزگار کراوە)
خێزان دەڵێت: (بەڵام ئایا تۆ هەر هەمان کەسیت؟)
گۆرانی دەڵێت: (ئەم پرسیارە تەنها هی تۆ نییەو، بۆتۆنییە)
لەئاکامیشدا ؛ وەرگر دەبێت بپرسێت: (ئەگەر من لە شوێنی ئەو بوومایە، وەڵامەکەم چی دەبوو؟)
کۆی ئەم پرسیارانەش نمایشەکە لە ئاستی چیرۆکەوە ، دەگوێزێتەوە ئاستی گوتار. بێگومان ئا لێردا رۆڵی گەورەو بنچینەیی (دێرین حامید) دەدرەوشێتەوە ، لەداڕشتن و یەکخستن و بەرجەستەکردنى گوتارێکى شانۆیی تۆکمە لەڕێگاى نمایشێکى کوردى بە میتۆدى شانۆى ئێپیک و بەئاستێکى بەرزى هونەریی.
• شانۆی کوردی و پرسیاری سەردەم
لە ئێستاى بزووتنەوەی شانۆی کوردیدا، گرینگی ئەم بەرهەمە تەنها لە بابەتەکەیدا نییە؛ بەڵکو لەو هەوڵە مەرەدارەدایە ؛ کە شانۆی کوردی لەگەڵ پرسیارەکانی سەردەمی خۆیدا گفتوگۆ بکات.
شانۆی کوردی، وەک هەر شانۆیەکی دیکە، لە مێژووی خۆیدا زۆر جار لەگەڵ پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتی و نەتەوەییەکاندا هاوگوتارو پشتیوان بووە. بێگومان ئەو بوارانە هێشتا گرنگن و نابێت وەلاوە بنرێن، بەڵام جیهانی ئەمڕۆ کۆمەڵێک پرسیاری نوێی هێناوەتە پێشەوە: بایۆتێکنەلۆژیا، دەستکاریی جەستە، ژینگە، ژیانی دیجیتاڵ، زیرەکی دەستکرد، دەستکاریی زانیاری و داهاتووی مرۆڤ.
بۆیە شانۆی کوردی پێویستی بەوە هەیە کە ناسنامەی کلتووریی خۆی بە زمانێکی نوێ دابڕێژێت کە لەتوانایدا بێت بخزێتە نێو پرس و دیالۆگە جیهانییە هاوچەرخەکانەوە. لەو ڕوانگەیەشەوە دەکرێت بڵێین : (دڵی خۆم نییە لە سینەمدا) نموونەیەکەى سەرکەوتووى متمانە بەخۆ بوونە سەبارەت بەوەى کە چیرۆکێکی کوردی لۆکاڵى ، دەتوانێت پرسێکی گڵۆباڵ هەڵبژێرێت و بە میتۆدێکى زانستى بەرز پێشکەشى بکات . لێرەدا پێم خۆشە هەڵوێستەیەکى زیاتر بکەین.
• لۆکاڵبوونی چیرۆک و گڵۆباڵبوونی پرسیار
چیرۆکەکە لە سلێمانی دەکرێتە نمایش، بە زمانی کوردی پێشکەش دەکرێت، خێزانێکی کورد لە سەنتەرى ڕووداوەکەدایە و پەیوەندییەکانی ناو خێزانەکە بە ئاستی کلتووریی خۆمانەوە گرێدراون. بەڵام ( دڵ و جەستە و مردن و ناسنامە ) هیچ سنوورێکی جوگرافی ناناسن.
ئەوەی ئەم نمایشە دەیکات، ئەوەیە پرسیارێکی جیهانیی لە ناو ئەزموونی کۆمەڵگەی کوردیدا جێگیر دەکات. ئەم پرۆسەیەش کارێکی دراماتۆرژییە؛ چونکە بابەت کاتێک گڵۆباڵ دەبێت کە لە ناوەڕۆکی تایبەتی خۆیدا بتوانێت پرسیارێکی هاوبەشی مرۆیی بخوڵقێنێت.
لەم نمایشەدا، (دڵ)ی (باوک) دەبێتە کڕۆک و دڵى پرسیارەکە. ئەوەی لە سینەی یەک پیاودا ڕوودەدات، دەگاتە مەرزەکانى ئەوەی کە لە ناوەڕاستی جیهانی هاوچەرخدا ڕوودەدات: لەکاتێکدا مرۆڤ توانای زۆرتر بۆ پێشکەوتن و تەنانەت گۆڕینی ئەندامەکانى جەستەى خۆی وەک گۆڕینى پارچە یەدەگەکانى هەر ئامێرێکى دروستکراو پەیدا دەکات، کەچى هێشتا گیرۆدەى یەکلاکردنەوەى ناسنامە مرۆییەکەیەتى.
• کۆتاییی کراوە؛ نمایش کۆتایی دێت، پرسیارەکە نا
کۆتاییی نمایشەکە بە باسکردنی داهاتوو و گۆڕینی مێشک و نەشتەرگەرییەتازەکان ، پرسیارەکە لە دڵەوە بەرەو مێشک دەبات. ئەمە خۆی مانایەکی گرینگ هەیە. ئەگەر لە سەرەتادا پرسیارەکە لە جەستە و دڵ دەستى پێ کردبێت، لە کۆتاییدا دەگاتە مێشک؛ واتە لە (ئەندام) بەرەو (هۆشیاری) دەڕوات.
لە کۆتاییدا:
دەستخۆشی بۆ ناوەندی شانۆی تاڤ، بەرهەمهێنەری نمایش، و بۆ پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی و دەزگای میدیایی کوردسات ،هەروەها پێویستە دەستخۆشییەکی تایبەت بۆ رێکخراوى چەترى کلتووری سلێمانی تۆمار بکرێت؛ هەر هەنگاوێک بۆ دروستکردنی زەمینەی بەرهەمهێنان و هاندانی گرووپە شانۆییەکان دەتوانێت بەشێک بێت لە هەوڵی گەڕاندنەوەی شانۆ بۆ ناو ژیانی کەلتووریی شار.
ئاخر شانۆ تەنها پێویستی بە هۆڵ نییە؛ پێویستی بە ژینگەیەکى لەبارە. پێویستی بەوەیە نووسەر بتوانێت بنووسێت، ریژیسۆر بتوانێت دیدگاو زەین و سەلیقى خۆى بەرجەستە بکات، ئەکتەر بتوانێت مەشق بکات، سینۆگراف بتوانێت فەزا دروست بکات، موزیسیەن بتوانێت لەگەڵ جەستەدا گفتوگۆ بکات و وەرگر بتوانێت لە کۆتاییدا بە ئاوەزێکى سیخناخ بە پرسیارەوە هۆڵەکە بەجێبهێڵێت.
لەم ڕوانگەیەوە، پشتگیریی چەترى کلتووری سلێمانی بۆ (دڵی خۆم نییە لە سینەمدا) و نمایشەکانی تری ئەم وەرزە، شایستەی پێزانینە؛ چونکە بەرهەمهێنان تەنها دروستکردنی نمایش نییە، بەڵکو دروستکردنی مەرجی بوونی شانۆیە.

ئەرسەلان دەروێش



پێکەنینی سادەی منداڵیم.. شیعری بابان ئیبراهیم
دەچمەوە ناو خەیاڵی منداڵیم
دەبمە دۆستی باڵندە و
دەست دەخەمە ملی با و
بە باوەشی هەورەکانەوە کۆچ دەکەم
دەست بۆ باڵی پەپوولە و
پەڕەی ناسکی گوڵ دەبەم
لەناو تیشکی بەیانیدا پێچ دەخۆم
دەست لەناو دەستی لاولاو ڕێ دەکەم
تا لەباوەشی درەختەکان نەبمەوە
بەرگی سەوزی ئەم بەهارە دەپۆشم
تا بێپەروایی مرۆڤەکان بەدڵمەوە نەنووسێت
پەنجە بەسەر پشتی مێروولەکان دەخشێنم
تا ناری ئەم زامە نەمسووتێنێ
بەفر گرمۆڵە دەکەم و
لەناویدا دەخەوم…
بیرت دەکەم؛ ئەی پێکەنینی سادەی منداڵیم
بیرت دەکەم؛ ئەی دوایین کەس کە لەدڵەوە پێکەنیت
بەسەر پشکۆی ئەم جادانەوە ڕادەکەم
پەلەمە بگەڕێمەوە ناو پێخەفی زستانەت
بۆ ئەو شەوانەی مانگ نزیکتر بوو لێمانەوە
بۆ ئەو ڕۆژانەی زەوی خاوتر دەسووڕایەوە
ئەم ئاسمانە تاریکە و ڕێگاکەم ون دەکەم
دەمەوێت ئەستێرە خامۆشبووەکانت بژمێرمەوە
گەورەبوون جەنگە لەگەڵ یادەوەری
لەگەڵ تاریکوتەمی ئەم ڕۆژگارە تاڵانە
برینە بچووکەکانتم خۆشتر دەوێت
لە ژانی ئەم دڵە کە ساڕێژ نابێت
تەپوتۆزی سەر شۆستەکان و
گەردو خەوشی جلەکانتم خۆشتر دەوێت
لەو پێستەی وا باران نایشواتەوە
لالە و چرای شەوەزەنگەکانتم خۆشتر دەوێت
لە ڕووناکی ئەم شارە کە وا دەمسووتێنێت…
بیرت دەکەم؛ ئەی پێکەنینی سادەی منداڵیم
بیرت دەکەم؛ ئەی دوایین کەس کە بە سادەیی مایتەوە
تا ئەم قیامەتە دوابخەم
لەبەر هەتاوی بەیانیەک ڕادەکشێم و
بیر لە ئێوارەیەک دەکەمەوە بەبێ جەنگ
تا کینەی ئەم ڕۆژگارە دامرکێتەوە
خەونە دێرینەکان دێنمەوە بیر خۆم
لەناو پێڕی هاوڕێکانمدا
بە سادەیی پێدەکەنم
لە جوجکە زەردەکانی حەوشە و
کەوتنی بەفر و
تەموومژی شەو ڕادەمێنم
ئەم کاتژمێرە لە دەستم دەکەمەوە و
لەسەر قۆڵی دارگوێزێکدا دەخەوم
هێمن هێمن، بە دوای کیسەڵەکانەوە دەڕۆم
بیرت دەکەم؛ ئەی پێکەنینی سادەی منداڵیم
بیرت دەکەم؛ ئەی دوایین کەس لەگەڵتدا پێکەنیم
بمبوورە منداڵیم
ژیان ئەو ڕەنگە نەبوو کە دەتبینی
نە چۆلەکەی جوانی سەر درەختەکان و
نە کرمی ئارامی ژێر لیتەکان بوو
لەسەر ڕێی تۆفانی گەورەبووندا وەستام
دەبینم هەموو شتێک بە باوەشی خۆیەوە دەبات
خەونە ڕەنگاوڕەنگەکانت نەبێت لە چاوانتدا
قەڵەم ڕەنگەکانت نەبێت لە گیرفانتدا
ئەبەدیەتی ئازارێک نەبێت لە دەروونتدا
کە تۆ لەسەر باڵی پەپوولەکان خەوتوویت
من ڕێبواری ڕێی ئەم جەنگەم
نە تۆ هەنسکەکانم دەناسیتەوە و
نە من دەست بۆ پەڕەی ناسکی تیشکی بەیانی دەبەم
جیهان؛ سەرتاپا ئێوارەیەکی غەمگینە
وێنەیەکی منداڵیم بەدیارمەوە دەگریت
بمبوورە؛ ئەی بزەی سادەی پڕ لەتین
تا لێرەنەبوونت بە گەورەبوونمەوە دیار نەبێت
ماسکی پێکەنینەکانت دەپۆشم..
بەسەر ئەم شارە سارد و ماندووانەوە
دیسانەوە کۆلارەکانت دەفڕێنم
بەدەم جەنگی نێوان مێروولەکان و
ژاوەژاوی پشیلەکان و
بێدەنگی ئەم گەڕەکانەوە پێدەکەنم
ئەم کینە لە دڵمدا دەردەکەم و
بیر لە شۆڕشێک دەکەمەوە
بیر لە گۆڕینی نەخشەی شارەکە و
گەڕانەوە بۆ شەقامەکانی منداڵی و
گێڕانەوەی پێکەنین دەکەمەوە
دەبینم لەناو ئەم شۆڕشەدا
ئەم شارە بە قوڵی پێدەکەنێت
لەگەڵیدا پێدەکەنم…
ئەم جیهانە پاکژتر دەبێت و
لەناویدا پێدەکەنم…
کوردستان دوای ئەمریکا: ئاشبەتاڵ یان خۆڕاگرتن؟.. نووسینی: هێمن عەلی
کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق، لای سەرکردەکانی کوردستان کەشی شینی گرتووە و لای بەشێک لە لایەنگرانی حەشدی شەعبی بووەتە جەژن. لە نێوان ئەو شین و جەژنەدا، پرسیارێکی کۆن سەر هەڵدەداتەوە: ئایا مێژوو دووبارە دەبێتەوە، یان ئەم جارە وانەمان لە ڕابردوو وەرگرتووە؟
ئاشبەتاڵی ١٩٧٥ و پاشەکشەی کەرکووکی ٢٠١٧ دوو ئەزموونی جیاوازن، بەڵام هەردووکیان کێشەی لێپرسینەوە دەخەنە ڕوو: بۆچی دەبێت هەر جارێک خەڵک باجی هەڵە و بڕیارە نادروستەکانی سەرکردایەتی بدات، کەچی سەرکردەکان بەرپرسیارێتیی ئەو بڕیارانە هەڵنەگرن؟
دوو ئەگەر لەبەردەمماندایە. یەکەم: بەردەوامبوونی ناکۆکیی پارتی و یەکێتی و مانەوەی دامەزراوەکان لە چنگی حیزبەکاندا. ئەم ڕێگایە دەتوانێت هەرێم بێ شەڕیش، لە ڕێگەی بودجە، نەوت و بڕیارە یاساییەکانەوە، بەرەو لاوازی ببات و وردە وردە توانای بڕیاردانی سەربەخۆی لێ بسەنێتەوە. فیداکاریی پێشمەرگە بە تەنیا بەس نییە؛ پاراستنی کوردستان پێویستی بە فەرماندەییەکی یەکگرتوو، توانای سەربازی و هەڵوێستێکی سیاسیی هاوبەش هەیە.
ئەگەری دووەم خۆڕاگرتنە. ئەم ڕێگایە پێویستی بە پێشمەرگەیەکی پیشەیی، بەڕێوەبردنێکی ڕوونی دارایی، یەک دەنگ لە بەغدا و حکومەتێک هەیە کە جێی متمانەی خەڵک بێت. یەکخستنی هێزەکانی ٧٠ و ٨٠یش بە ڕاگەیاندن تەواو نابێت؛ دەبێت لە یەک فەرماندەیی، یەک سیستەمی مووچە و چاودێرییەکی کاریگەردا بەرجەستە بێت.
بەڕای من، شێوازی ئێستای حوکمڕانیی پارتی و یەکێتی وەڵامدەرەوەی داواکارییەکانی ئەم قۆناغە نییە. ئەگەر ناتوانن دامەزراوەکان لە هەژموونی حیزب ڕزگار بکەن، دەبێت ڕێگە بۆ گواستنەوەی ئاشتییانەی دەسەڵات لە ڕێگەی دەنگی خەڵکەوە خۆش بکەن و دەرگا بۆ هێزە سیاسییەکانی دیکە و کۆمەڵگەی مەدەنی بکەنەوە. کوردستان موڵکی هیچ حیزب و بنەماڵەیەک نییە؛ هی خەڵکەکەیەتی.
گۆڕینی شێوازی دەسەڵات شکست نییە؛ نیشانەی بەرپرسیارێتییە. خەڵک مافی ئەوەی هەیە بزانێت سەرکردایەتی چ پلانێکی هەیە و داوای وەڵام لەسەر ئەنجامەکانی بکات.
ئاشبەتاڵ چارەنووس نییە. خۆڕاگرتن لە هەولێر و سلێمانی دەست پێ دەکات: لە یەکڕیزی، متمانەی خەڵک و پێشخستنی بەرژەوەندیی گشتی بەسەر بەرژەوەندیی حیزبدا. ئەم جارە، سەرکردایەتی دەبێت بە گۆڕینی هەڵسوکەوت بیسەلمێنێت کە وانەی لە ڕابردوو وەرگرتووە.
نووسینی: هێمن عەلی
فڕین لە نێوان ئازادیی و کاولکاریدا ڕۆمانی باڵندەیەک هەبوو، دڵی نەبوو.. نووسینی: داستان بەرزان.. خوێندنەوەی: باهۆز مستەفا
مرۆڤ کاتێک لە شوێنێکدا ئازار دەدرێت، چیتر ناتوانێت لەسەر ئەم خاکە بە ئارامی هەناسە بدات، پەنا دەباتە بەر ئەندێشە، کاتێکیش خاک خۆی دەبێتە دۆزەخێک لە ئاسن و جەنگ و دەنگی ناڕەوا، باڵندەکان بڕیار دەدەن بێدەنگ ببن.
چیرۆکەکە بە گەنجێک دەست پێدەکات لە ئاکامی دەمەقاڵێ و بەهۆی لێدان و قسە ڕەقەکانی باوکی، بە تووڕەییەکی زۆرەوە درگای حەوشەی ماڵەوە دادەخات و ڕوو لە شەقام دەکات، گەنجەکە باوەڕی وایە مرۆڤێکە له سەرخۆ نییە و بە دوای شوێنێکدا دەگەڕێت هیچ باوکێکی لێ نەبێت، چونکە باوکی ڕێگەی پێنادات بە دوای خەونەکانیدا بڕوات، سواری تەکسییەکی شڕ و کۆن دەبێت، شوفێری تەکسییەکە پیاوێکی بەتەمەنە و شێوازی ئاخاوتنی لە خەڵکی گەرمیان دەچێت، توانج لە قسەکانی دەگرێت، کاتێک گەنجەکە دەڵێت باوکم ڕێگە نادات شوێن خەونەکانم بکەوم و مافەکانم داگیر دەکات. شوفێرەکە زیاتر تووڕە دەبێت، سەیارەکە دەوەستێنێت و گەنجەکە بە جێنێو دەردەکات.
پاڵەوانی ڕۆمانەکە بە کامێرا و هەندێک کاغەز و پێنووسەوە ڕوو لە بازاڕی قەرەباڵغی باڵندەفڕۆشەکان دەکات، ئامانجی سەرەکی لەم سەردانە، گەڕان بوو بە دوای باڵندەی بێ دڵدا، باڵندەیەک کە بەپێی ئەفسانە و ئەندێشەی خەڵکی شارەکە دڵی نییە و تەنها کاتێک زیندوە کە لە ئاسماندا دەفڕێت، پاڵەوانی چیرۆکەکە ویستی بە کامێراکەی وێنەی بگرێت و وەک ئەرشیفێک بۆ مێژووی خورافیات لە شارەکەیاندا بپارێزێت شارێک کە ناوی سلێمانی بە ئەنگوستیلەکەی سلێمانەوە بەستراوەتەوە. له وێدا کۆترێکی شین لە ناو قەفەزێکی کۆن و زەنگاوییەوە بانگی گەنجەکە دەکات، گەنجەکە سەری سووڕدەستێنێت، بەڵام کۆترەکە پێی دەڵێت تەواوی باڵندەکان لە زمانی مرۆڤ دەگەن، بەڵام بڕیاریان داوە قسە نەکەن تا مرۆڤ زیاتر دەستیان بەسەردا نەگرێت، کۆترەکە داوای لێدەکات چیڕۆکەکەی بە بێ دەستکاری بپارێزێت و بینووسێتەوە.
کۆترەکە دەست دەکات بە گێڕانەوەی بەسەرهاتی خۆی و هاوسەرەکەی (زان) له پێش ڕوودانی دەنگە گەورەکە، کە ئاماژەیە بۆ هێرشی تۆپباران له کاتی جەنگدا. لە کۆتا ڕۆژەکانی کرکەوتنی کۆترەکە لەسەر هێلکەکانی، کاتێک لە چاوەڕوانی تروکانی هێلکەکان و لەدایکبوونی کۆرپەی خێزانەکەدا بوون، دەنگە گەورەکە دوا تۆپی جەنگی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق ناوچەکەی هەژاند. ماڵەکە وێران بوو، زان و هێلکەکان لەناوچوون، ژنەکە کۆرپەکەی لەدەستدا و تووشی نەخۆشی دەرونی بوو، کۆترەکەش پەڕ و باڵی شکا و لە ناو داروبەردەکەدا کەوت.
کاتێک کۆترەکە چیڕۆکەکەی بۆ گەنجەکە تەواو دەکات، کڕیارێک (کوڕە سوورکارەکە) دێت و کۆترەکە بە چەند فلسێک دەکڕێت و بەدەستی خۆی ملی هەڵدەکێشێت و دەیکاتە ناو کیسەی ڕەشەوە. کۆترەکە بە گوێڕایەڵی کۆتایی بە ژیانی دێت، چونکە بە وتەی خۆی لە دوای دەنگە گەورەکەوە ژیانی کۆتایی پێهاتبوو، تەنها دەیوست لە ڕێگەی گێڕانەوەی ئەم چیرۆکەوە خۆی لە لەبیرچوونەوە ڕزگار بکات.
کۆمەڵگەی ئەدەبی و ڕۆشنبیریی کوردی لەگەڵ بەرهەمهێنانی هەموو دەقێکی نوێدا بەردەوام لە گەڕانێکی بێوچاندایە بۆ دۆزینەوەی ئەو فۆڕم و زمانەی بتوانێت بارستەی دژوار و قورسی ئازارە مێژوویییەکان، جەنگە یەکلانەبووەکان، فەنتازیای مرۆڤی ڕاگوێزراوی کوردی هەڵبگرێت. ڕۆمانی (باڵندەیەک هەبوو، دڵی نەبوو)ی داستان بەرزان نموونەیەکی بەرچاو و بەرجەستەی ئەم هەوڵە نوێخوازییەی ئەدەبی هاوچەرخی کوردییە. ئهم ڕۆمانە گەشتێکە لە نێوان سنوورە نادیارەکانی ئەقڵانییەت و خورافات، ئاسمانی بەرز و زەوی داڕماو، کارەساتی جەنگ و شاعیرییەتی عەشق لە هەمووشی گرنگتر پچڕانی سنووری نێوان ڕاستی و خەیاڵ.
جۆری ڕۆمان
لە ڕووی پۆلێنکاریی ئەدەبییەوە، ڕۆمانی باڵندەیەک هەبوو دڵی نەبوو دەکەوێتە چوارچێوەی ڕیالیزمی سحری ڕەهەندەکانی ڕۆمانی مێژوویی و دەروونی ئاوێتە کراوە
ڕیالیزمی جادوویی، یان سحری، دەقەکە ڕووداوە نائاسایی و جادوویییەکان وەک ئاخاوتنی کۆترێک بە زمانی مرۆڤ، ئەفسانەی باڵندەی بێ دڵ، ئاوێتەبوونی مرۆڤ و سروشت وەک ڕووداوی تەواو سروشتی و ئاسایی لە ناو کەشوهەوای ژیانی ڕۆژانەدا بەکاردێنێت. کارەکتەری سەرەکی بێ هیچ دودڵییەک، یان سەرسوڕمانێک دەچێتە ناو دیالۆگ لەگەڵ کۆترە شینەکەدا، ئەمەش دروست بنەمای ڕیالیزمی جادوویی سنووری واقیع و خەیاڵە.
پاشخانی مێژوویی، ڕووداوەکان لە سەروبەندی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا بەرپادەبن، لە ناو ترسی شەڕی هەشت ساڵەی ئێران-عێراق، دەسەڵاتی سەرکوتکەری بەعس، دادگاییکردن و لەسێدارەدانی منداڵان، بۆمبارانی بەردەوامی شارەکان.
ڕەهەندی دەروونی، ڕۆمانەکە قووڵ دەبێتەوە لە ناو درامای خێزانی، تەنگژەی سەختی کەسیەتی کارەکتەرەکان لەگەڵ باوکدا، ئەو شێتبوونە شاعیرییەی بەرۆکی مرۆڤەکان دەگرێت کاتێک لە ژێر گوشار و زەبری دەروونی کارەساتەکاندا ئیفلیج دەبن.
تەکنیکی ئەم ڕۆمانە
ڕۆماننووس لەم ڕۆمانەدا کۆمەڵێک تەکنیکی ئاڵۆز و هاوچەرخی گێڕانەوەی بەکار هێناوە، دیارترینیان:
تەکنیکی چوارچێوەی دەقەکە لە ڕێگەی داڕشتنی چیرۆک لە ناو چیرۆکدا دروست دەبێت. دەستپێکی ڕۆمانەکە چیرۆکێکی فۆتۆگرافەرێکە، کە لە زەبر و دەسەڵاتی باوکی هەڵهاتووە و دەچێتە بازاڕی باڵندەفۆڕشان، لەوێ کۆترێک دەبینێت و ئاخاوتنی لەگەڵدا دەکات، دواتر گێڕانەوەکانی ئەم کۆترە دەبنە چوارچێوە سەرەکییەکەی ناوەوە بۆ بازدان بەرەو گێڕانەوەی ژیانی کچێک بە ناوی (نیگا) هاوسەرەکەی، لە کاتی جەنگدا هەوڵی دروستکردنی هێلانەیەک بۆ خێزانەکەیان دەدەن.
فرەدەنگی و ڕوانگەی نووسەر، دەنگەکانی ناو ڕووداوەکە لە جووڵەی بەردەوامدان. هەندێک جار نووسەر پێمان دەڵێت: کە ئەمە دەنگی کۆترەکەیە، بەڵام لە وەرچەرخانێکدا، دەنگی گێڕەرەوە دەگۆڕێت و نووسەرەکە خۆی یان گێڕەرەوەی ناوەکی سنووری خەیاڵ دەپچڕێت و دەڵێت: من لێرە بە دوا چیتر گێڕەرەوەی ڕۆمانێک نیم… ئەم بڕینەی سنووری خەیاڵ نیشانەی تێکەڵکردنی ئەنقەستی شوێنی نووسەر، گێڕەرەوە و خوێنەرە لە ئەزموونی ئازاردا.
هێما و میتافۆڕە سەرەکییەکان
باڵندەی بێ دڵ: هێمایە بۆ مرۆڤی ژێر دەسەڵاتی زۆردار، کە تەنیا کاتێک هەست بە بوونی ڕاستەقینەی خۆی دەکات، کە لە ئاسمانی ئازادییاندا بفڕێت، تەنانەت ئەگەر بێ دڵ یان بێ جەستەش بێت.
تاکسی کۆنەکەی سەردەمی مەلیک فەیسەڵ: هێمایەکە بۆ داڕمانی ژێرخانی کۆمەڵایەتی، سیاسی و مێژوویی شارێک لە ڕابردوودا چەقیوە.
هەواگۆڕکێی چێشتخانەکە (ساحیبە): هێمای ڕێگرییەکانی ناوماڵ و گوشارە جەستەیی و ڕۆژانەیییەکانە لە بەرانبەر خەونی جوانکاریی و دروستکردنی هێلانەیەکی ئارام.
یاری بە کات کات لە ڕۆمانەکەدا یەک هێڵی ڕاست نییە، بەڵکو لە دەوری دەڤەرێکی سەرەکی دەخولێتەوە، کە نووسەر ناوی ناوە پاش دەنگە گەورەکە و پێش دەنگە گەورەکە. ئەم دەنگە گەورەیە تەقینەوەی بۆمب یان تۆپباران) دەبێتە خاڵی دابەشبوونی مێژوویی ناو دەقەکە.
هەڵوەشاندنەوەی سنووری واقیع و ئەفسانە. شاری سلێمانی لەم دەقەدا شارێکە لە نێوان ئەفسانە و واقیعدا گیرساوەتەوە. گێڕەرەوە بە کامێراکەیەوە دەگەڕێت تا وێنەی خەیاڵ و ئەفسانەکانی شار بگرێت، بەڵام بەم کارەی تێدەگات جیاکردنەوەی ئەفسانە لە واقیعی ئەم شارە مەحاڵە، شتێک خەڵک وەک ئەفسانە یان خورافە تەماشای دەکەن لەوانە ئاخاوتنی باڵندە یان ئەفسانەی باڵندەی بێ دڵ، لە بنەڕەتدا تەنیا و کەرستەیەکی دەروونییە بۆ هەڵهاتنی ڕووح لە ژێری گوشارە جەنگ.
مۆتیڤی باوک. ڕۆمانەکە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەستدەبات بۆ شیکردنەوەی سەرکوتکاریی سیستمە دەسەڵاتدارەکان لە زۆربەی ئاستەکاندا، لە ئاستی خێزانیدا باوکی گێڕەرەوە نیشاندەر و داپڵۆساندنی خەونەکانی کوڕەکەیەتی، لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا پیاوانی گەڕەک و شۆفێرەکان کولتوورێکی ڕەق و کۆنەپەرستانە دەکەن، لە ئاستی سیاسیدا سەرۆکە لێوبەخەندەکەی وڵات ئامادەییی هەیە، ئەو سەرۆکەی منداڵان دەباتە بەر پەتەکانی لەسێدارەدان و خەڵک ناچار دەکات ئامێرەکانی تەلەڤزیۆنیان بشکێنن تا ڕاستییەکان نەبینن.
عەشق وەک تابلۆیەک لە نێوان بارووت و وێرانکاریدا. لە نێوەندی ئەو هەموو تەپۆڵکەی وێرانکاری و بۆمبارانەدا، چیرۆکی خۆشەویستیی پیاوەکە و (نیگا)ی ژنی دووگیان وەک تابلۆیەکی پڕ لە هیوا و ڕۆشنایی دەگەشێتەوە. ڕۆماننووس لە ڕێگەی ئەم پەیوەندییەوە نیشانی دەدات چۆن مرۆڤەکان لە ناو جەنگە تووندەکان هەوڵ دەدەن مێژووی لەدایکبوونی ڕاستەقینەی خۆیان بنووسنەوە، ئەوان مێژووی سەرهەڵدانی عەشقەکەیان دەکەنە بەرواری لەدایکبوونی نوێیان، بەڵام ئەم عەشقە ناسکەش ناتوانێت لە کارەساتی دەنگە گەورەکە دەربازی بێت و تووشی چارەنووسێکی تاڵ و کۆتایینەهاتوو دەبێتەوە.
دەقی (باڵندەیەک هەبوو، دڵی نەبوو) دەقێکی جوانی ئەدەبییە بۆ بەدیارخستن و هەڵکۆڵینی بێدەنگی و ئازارەکانی مرۆڤ لە ڕێگەی گێڕانەوە و دەنگی مەخلووقاتێکی مات و بێدەنگ کە باڵندەیە. لەم دەقە توانیویەتی بە زمانێکی ڕەوان و سادە، بەڵام دەوڵەمەند بە وێنەی شاعیری و فەلسەفی، خوێنەر ڕاپێچی جیهانێک بکات، تێیدا سنووری نێوان مرۆڤ، باڵندە، مێژووی ڕاستەقینە و ئەفسانەی خەیاڵی بە تەواوی کاڵ دەبێتەوە.
ئامانجی باڵای ڕۆمانەکە خستنەڕووی پرسیارێکی جەوهەری و فەلسەفییە لەسەر چەمکی فڕین و هۆشمەندی، ئایا لە جیهانێکدا کە سەرتاپای بە دڵڕەقی و ستەمکاری تەندراوە، هۆشمەندبوون و هۆشیاری جۆرێکە لە تاوان یان شێتگیڕیی و شێتبوون تەنیا دەروازەی ڕزگاربوونی ڕووحی مرۆڤە لە سەردەمی کاولکاریدا؟ ڕۆمانەکە وەڵامێکی زەقمان ناداتێ، بەڵکو خوێنەر لە ناو ئاسۆیەکی کراوە دەهێلێتەوە.
سەرچاوە: داستان بەرزان، ٢٠٢١، باڵندەیەک هەبوو، دڵی نەبوو. چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ

«مەیلەنگێنە»؛ لە نێوان هونەر و ڕەخنەدا.. نووسینی: هێمن عەلی
گۆرانیی «مەیلەنگێنە» بە دەنگی سەنا بەرزنجی و باوکی، ژیار بەرزنجی، بووەتە بابەتی مشتومڕێک لەسەر ئازادیی هونەر و هەستیارییە کۆمەڵایەتییەکان. بەپێی تۆڕی میدیایی خەڵک، ڕێکخراوی «دیدار» سکاڵای لەسەریان تۆمار کردووە، و بەمەش مشتومڕەکە ڕەهەندێکی یاساییشی وەرگرتووە. بەڵام تۆمارکردنی سکاڵا بە مانای سەلماندنی تاوان نییە؛ بۆیە نابێت پێش بڕیاری دادگا، سەنا و باوکی بە تاوانبار بناسرێن.
لە مێژووی گۆرانیی کوردیدا، پێکەوە گۆرانیگوتنی باوک و کچ شتێکی نوێ نییە. ناسر ڕەزازی و کچەکەی، دڵنیا، پێشتر پێکەوە ئاهەنگ و کۆنسێرتیان ساز کردووە. هۆمەر دزەیی و کچەکەشی، لارا، گۆرانیی «کوردستان»یان بە هاوبەشی پێشکەش کردووە. کەواتە، خودی هاوبەشیی باوک و کچ نابێت ببێتە بنەمای گومان و تۆمەت.
بەشێکی سەرەکیی ڕەخنەکان لە «مەیلەنگێنە» لەسەر وشە و دەستەواژەکانی گۆرانییەکەن. ڕەخنەگران پێیان وایە ئەو کۆپلانەی وەسفی جەستە دەکەن، ناگونجێت باوک و کچ پێکەوە بیانڵێنەوە. بەڵام گۆرانیبێژ، وەک ئەکتەر، هەمیشە دەربڕی هەستی کەسیی خۆی نییە. بۆیە دەکرێت ڕەخنە لە هەڵبژاردنی گۆرانییەکە بگیرێت، بەبێ ئەوەی گومانی بێبەڵگە بخرێتە سەر پەیوەندیی باوک و کچەکە.
هەموو کەسێک مافی ڕەخنەگرتنی هەیە، بەڵام ناڕەزایی لە بەرهەمێکی هونەری نابێت ببێتە بیانوو بۆ وانەی ئەخلاقدان بە سەنا و باوکی یان سووکایەتیپێکردنیان. ئەوەی بە ناوی ڕەوشتەوە ڕەخنە دەگرێت، پێویستە خۆیشی ڕێز و دادپەروەری بپارێزێت.
بەرهەمی سەنا و باوکی دەبێت بە پێوەری هونەری هەڵبسەنگێنرێت، نەک پەیوەندیی خێزانییان بکرێتە بابەتی گاڵتە و گومان. دەکرێت ناوەڕۆک یان شێوازی پێشکەشکردنەکەمان بە دڵ نەبێت و هاوکات دژی سووکایەتی و تۆمەتبارکردنیان بوەستینەوە. ڕەخنە دەبێت ڕێگە بۆ گفتوگۆ بکاتەوە، نەک هونەرمەند بێدەنگ بکات.
سەرچاوەکان
١. تۆڕی میدیایی خەڵک. (٢٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٦). «سکاڵا لە دژی سانا بەرزنجی و باوکی تۆمارکرا». https://xelk.org/2026/09/26/51282/
٢. سپی میدیا. (١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٦). «ناسری ڕەزازی نوێترین بەرهەمی بە ناوی (نامەکانت) بڵاوکردەوە». https://www.speemedia.com/dreja.aspx?=hewal&Jor=25&jmare=156776
٣. گۆتینگە. (بێ بەروار). «کوردستان» — هۆمەر دزەیی و لارا دزەیی. دەقی گۆرانی. https://gotingeh.com/berhem/homer-dizeyi-lara-dizeyi-kurdistan
دوو هۆنراوە بۆ منداڵان.. فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی
گوندەکەم
فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی
ئای چەند جوانە گوندەکەم؟!
دیمەنی باخ و شاخی
کەشوهەوای بەهاری
بەرهەمی ڕەزو باخی ..
باڵندە ی سەر درەخت و
گیانداریی ماڵی و کێوی
ماسی و سۆنە و مراوی
سامانی زەویی و ئاوی..
گوندم پڕ فەڕو جوانی
جێگای وەرزش و یاری
تینوو بوم ،دەیخۆمەوە
ئاوی کانیی سازگاری .
زەوی گوندم پڕبەرهەم
لەسەوزەو لە میوەی جوان
بەرهەمی بەخشیوە بە
خەڵکی گوندوهەم میوان..
گوندەکەم ئاوەدانە
ماڵی ئاشتی و خەندەیە
خاوەن خەڵکی دڵسۆزو
هەمیشە بەخشندەیە .
————————————-
وەرزشی جەستە
جەستەم بەجوڵەو وەرزش
ڕاهێناوە بەیانیان
تا بەهێزبم ، بەیاری و
ڕاکردنی گۆڕەپان
ڕۆژانە وەرزش دەکەم
زووش دەخەوم شەوانە
هەمیشە گورجوگۆڵم
دڵخۆشم بەم ژیانە.
دەچمەناو باخ و گوڵزار
هەڵدەمژم بەرامەی گوڵ
چاوانم پێی گەشدەبن
ئارامیی دەدات بەدڵ
لەناو دەشت و سەوزایی و
هەوای سروشتێکی پاک
دەبینە دۆست و هاوڕێی
نیشتمان وژینگە و خاک
دەی زو وەرن بۆ وەرزش
با لەسستی بەدوربین
وەرزش بکەین ڕۆژانە
بۆئەوەی تەندروستبین..
جەنگی وەرزەکان.. نووسینی/ مەنار حەسەن موسا.. وەرگێڕانی لەعەرەبییەوە/ فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی
لە شوێنێکی ئەم گەردوونە پان و بەرینەدا، لە وەرزی پاییزی جواندا کە دارەکان بەرگی نوێ دەپۆشن و گەڵاکان هەڵدەوەرێن، چوار هاوڕێکە (زستان، بەهار، هاوین و پاییز) خوویەکیان هەبوو: لە کۆتایی کاتی هەر وەرزێکدا یەکتریان دەبینی پێش ئەوەی یەکێکیان بڕوات و ئەوی تریان بێتە جێی.
بەڵام ڕۆژێک هات، هاوین سەیری بوونەوەرە شاد و ئارامەکانی دەکرد کە خەریکی کارکردن و کۆکردنەوەی خواردەمەنی بوون بۆ زستانی درێژ. زانی کە هەندێک لەم بوونەوەرانە لەبەر سەرما و بەفر ناچار دەبن بچنە ناو خەوی زستانەی قوڵەوە. هاوین دەستیکرد بە بیرکردنەوە لەوەی چۆن ئەم کێشەیە چارەسەربکات.
بیریکردەوە و بیریکردەوە تا بیرۆکەیەک بە مێشکیدا هات. هەرچەندە بیرۆکەکە گەورە و مەترسیداربوو، بەڵام لەبەر دڵسۆزیی بۆ زەوی و بوونەوەرەکانی، بڕیاریدا جێبەجێیبکات، تەنانەت ئەگەر ببێتە هۆی شۆڕش و ناکۆکی لەگەڵ براکەیدا (زستان) و بگاتە ئاستی جەنگیش.
بڕیارەکە ئەمە بوو: هاوین دەمێنێتەوە و ناڕوات!
..دیالۆگی نێوان پاییز و هاوین..
پاییز دەبوو بێتە شوێنی هاوین، بەڵام هاوین ڕەتیکردەوە بڕوات.
پاییز: “هاوڕێی ئازیزم هاوین، تۆ زۆر شتت بە زەوی بەخشی، هەمووان بە چاکە و خۆشەویستییەوە یادتدەکەن، بەڵام ئێستا شوێنێکیتر چاوەڕێتە و پێویستیان پێتە.”
هاوین: “تۆ ئەمە دەڵێیت تەنها بۆ ئەوەی گەورەکەت (زستان) بێت! ئەو ستەمکارەی کە بوونەوەرەکان دەخاتە خەوێکی درێژ و لەبەر سەرما ئاوارەیان دەکات.”
پاییز: “ئەگەر پێی بڵێم، لێت توڕە دەبێت و منیش هەروەها.”
هاوین: “من لە تۆ و نە لە زستانیش ناترسم، بڕۆ و پێی بڵێ ئەی پاییزی بچووک.”
پاییز بە دڵتەنگییەوە ڕۆیشت و لە ڕێگادا بەهاری بینی. بەهار کە زەردەخەنەی لەسەر لێو بوو، بینی هاوڕێکەی (پاییز) زۆرخەمبارە.
بەهار: “چی بووە پاییز؟ وا دیارە خەمێکی گەورەت هەیە.”
پاییز:کێشەیەکی گەورە هەیە… هاوین بڕیاریداوە بۆ هەمیشە لێرە بمێنێتەوە.”
بەهار (بە شۆکەوە): “چی؟ چۆن؟”
پاییز: “دەڵێت دەیەوێت لێرە بمێنێتەوە و زستان نەیەت.”
بەهار: “ئەی ئێمە و زستان بۆ کوێ بچین؟”
پاییز: “هاوین کێشەی لەگەڵ ئێمە نییە، تەنها کێشەی لەگەڵ زستانە.”
بەهار: “بۆچی؟”
پاییز: “چونکە پێی وایە زستان ژیان تێکدەدات و بوونەوەرەکان دەچەوسێنێتەوە.”
پاییز: هاوین پێی وایە زستان وەرزێکی ترسناک و بێدەنگە، ئەو دوژمنی بونەوەرە لاوازەکانە، بەڵام هەموو بونەوەران و ژیان شایستەی وەرزێکی جوانترن.
بەهار: بەڵێ، هاوینیش پێیوایە ئەو جوانترین وەرزە.
پاییز: بەڵێ.
بەهار: بەڵام هاوین گومانی تێدا نییە و ئەم قسەیە قبوڵناکات، ئەو تەنها جێبەجێکردنی بیرۆکەکەی خۆی لەسەر زەوی دەوێت.
لەناکاو هاوین دەرکەوت: “بەڵێ پاییز، من ئاوام و تێناگەم ئێوە چیتان دەوێت، من و پاییز پێویستە لەسەر یەک ڕا بین”. هاوین بە دەنگێکی بەرز هاواریکرد: “زستان لەکوێیت؟ ئەم ناوچەیە جێبهێڵە، نە خەوتن، نە سەرما، نە باران، چیدی دەست لەم زەوییە مەوەشێنە، بڕۆ و نیشتمانە جوانەکەم بە ئاشتی جێبهێڵە”.
زستان بە هەورەبروسکە و گرمەی بەرز و بارانی بەخوڕ و باوبۆرانێکی توندەوە هات. پاییز و بەهار خۆیان شاردەوە. بەهار وتی: “شەڕ لە نێوانیاندا هەڵگیرسا و هەردووکمان لاوازین، ئەی هاوڕێم پاییز، ڕێگای دەربازبوون لەکوێیە؟”.
بەهار: مەترسە هاوڕێم، لە تەنیشتم بوەستە من دەتپارێزم.
زستان هاواریکرد: “هاوین، چیت دەوێت؟ دەتەوێت بوونی من نەهێڵیت؟”
هاوین بە هێز و توندی وەڵامیدایەوە: “بەڵێ، نامەوێت چیتر لەسەر ئەم زەوییە بیت، تووڕەیی زستان و ئەم قسانە بەسە”.
هاوین وتی: “مانەوە بۆ بەهێزترینی پیرە”.
زستان بە تووڕەییەوە هاواریکرد: “کەواتە جەنگت دەوێت؟ بگرە ئەوەت بۆ هێناون”.
وەرزەکان کەوتنە جەنگێکی سەخت (بروسکە، با، باران، گەرما، بڵێسەی ئاگر، خۆرێک کە پێست دەسوتێنێت، شێیەکی بەرز). بونەوەرەکان بە ترسەوە ڕایاندەکرد، وشکەساڵی و بەفر هەموو شتێکیان دەخنکاند.
بەهار بە بەرزترین دەنگی هاواریکرد: “بوەستن!”
هەموو شتێک لە شوێنی خۆی وەستا.
بەهاروتی: “ئایا دەبێت ململانێ لە نێوانتاندا دروست بێت بۆ ئەوەی ژیان ڕاست بێتەوە؟”
پاییز وتی: “هاوڕێکەم بەهار ڕاستدەکات، جەنگ لە نێوانماندا تەنها وێرانکاری بەجێدەهێڵێت، ئەمە خولی ئێمەیە بۆ ماوەیەکی درێژ، بۆچی جیاوازی هەبێت؟”
بەهار وتی: “بەڵێ، قسەکانت تەواو ڕاستن ئەی پاییز”.
پاشان ڕوویکردە هاوین و وتی: “ئەی هاوین، تۆ لەسەر هەڵەیەکی گەورەیت، لەوانەیە زستان سەخت و باراناوی و پڕ لە هەورەبروسکە بێت، بەڵام بەبێ ئەو ئێمە نرخی بەهار و بەخشندەیی هاوین و جوانی پاییز نازانین، و زنجیرەی چوار وەرزەکە تەواو نابێت”.
“وە تۆش ئەی زستان، پێویستە بزانیت هاوین بە خۆروگەرماکەی و پێگەیاندنی ڕزق و ڕۆزی لە ڕۆژەکانیدا، سەرچاوەی ژیانی ڕاستەقینەیە بۆ هەموو بونەوەران لە هەموو لایەکی زەویدا، بەبێ ئەو ژیان بۆ کەس نییە. ئێمە تەنها بە هەموومانەوە دەناسرێین. ئێمە بەهار و پاییزین، بەبێ ئێمە نە تۆو، نە گوڵ، نە خۆشەویستی و نە جوانی هەیە. من بەهارم، ژیان دەبەخشم و ئێمە هەر سێمان تام و بوون و جیاوازی بە ژیان دەبەخشین بەبێ هاوڕێمان پاییز کە هەمیشە لەبیریدەکەن”.
پێویستە هەموومان تەواوکەری یەکتر بین لەسەر ئەم هەسارە جوانە و نابێت کەسمان ڕۆڵی ئەوی تر بسڕێتەوە.
هاوین و زستان لە کارەکەیان شەرمەزار بوون و داوای لێبوردنیان لە یەکتر کرد. پاشان ڕوویان کردە بەهار و پاییز و وتیان: “سوپاس بۆ ئێوە، ئێوە بەڕاستی دانا و ژیر بوون”.
لەو ڕۆژەوە، چوار وەرزەکە چیتر تووشی هیچ کێشەیەکی نوێ نەبوون.
————–
نُشرت قصة ” حرب الفصول” في مجلة شمس الصباح للاطفال
ڤێگانیزم؛ هەڵوێستێک لە پێناو ئاژەڵان و زەوی.. نووسینی: هێمن عەلی
ژینگە بۆ من لەپێش هەموو شتێکەوەیە؛ چونکە بەبێ هەوای پاک، ئاوی پاک و خاکێکی ساغ، ژیانێکی باش نابێت. پاراستنی ژینگەش هەر بە دروشم ناکرێت. پەیوەندیی بەوەوە هەیە کە چی دەخۆین، چۆن هاتوچۆ دەکەین و چۆن لەگەڵ زیندەوەرانی دەوروبەرمان هەڵسوکەوت دەکەین. لێرەدایە کە ڕووەکخۆریی تەواو بۆ من واتایەکی گرنگ وەردەگرێت.
من خۆم چەندین ساڵە ڤێگانم و بەو هەڵبژاردنە ویژدانم ئاسوودەیە؛ چونکە هەوڵ دەدەم شێوازی ژیانم لەگەڵ باوەڕەکانم یەک بگرێتەوە.
ڕووەکخۆریی تەواو، یان «ڤێگان»، شێوازێکی خۆراکە کە گۆشت، ماسی، مریشک، هێلکە، شیر، بەرهەمەکانی شیر و هەنگوین ناگرێتەوە. بە واتا فراوانەکەی، هەوڵێکە بۆ دوورکەوتنەوە لە چەوساندنەوە و ئازاردانی ئاژەڵان، تا ئەو ڕادەیەی گونجاو و کردەیی بێت. کەواتە تەنها هەڵبژاردنی خۆراک نییە، بەڵکو هەڵوێستێکی ئەخلاقییشە. [١]
بۆ من پرسیارەکە ڕوونە: ئەگەر بتوانین پێداویستییە خۆراکییەکانمان بەبێ کوشتنی ئاژەڵان دابین بکەین، بۆچی ئەو ڕێگایە هەڵنەبژێرین؟ ئاژەڵ تەنها کاڵایەک نییە بۆ کڕین و فرۆشتن؛ زیندەوەرێکە کە هەست دەکات و ئازار دەچێژێت. بەزەیی ئێمە نابێت لە مرۆڤەکاندا سنووردار بێت؛ بەرپرسیاریی ئەخلاقیمان بەرامبەر بە ئاژەڵانیش هەیە.
زۆر کەس دەپرسن: «ئەگەر گۆشت نەخۆین، پرۆتین لە کوێوە وەربگرین؟» وەڵامەکە لە زۆرێک لە خۆراکە ئاشناکانی خۆماندایە: نیسک، نۆک، لوبیا، پاقلە، سۆیا و تۆفو، هەروەها گوێز و تۆوی کدو و گوڵەبەڕۆژە. بە خواردنی بڕێکی گونجاو لەم سەرچاوە جۆراوجۆرانە، پێداویستیی لەش بە پرۆتین دابین دەکرێت. ڕووەکخۆریی تەواو ئەوە ناگەیەنێت کە هەر زەڵاتە بخۆیت؛ پێویستی بە ژەمی هاوسەنگ و جۆراوجۆر هەیە.
مرۆڤ دەتوانێت بە خۆراکی ڕووەکی بە تەندروستی بژی، بە مەرجێک خواردنەکانی جۆراوجۆر و هاوسەنگ بن و پێداویستییە خۆراکییەکانی دابین بکرێن. بە تایبەتی، ڤیتامینی B12 دەبێت لە حەبی ڤیتامین یان خۆراکێک وەربگیرێت کە ئەم ڤیتامینەی بۆ زیاد کراوە. هەروەها، ڕووەکیبوونی خۆراک بە تەنها واتای تەندروستبوونی نییە؛ بڕی خوێ، شەکر و جۆری چەورییەکەشی گرنگن. [٢]
خواردنی ڕووەکی بە گشتی زیانی کەمتری بۆ ژینگە هەیە، بە تایبەتی بە بەراورد لەگەڵ گۆشتی مانگا و مەڕ. بۆ بەخێوکردنی ئەم ئاژەڵانە، زەویی زۆر بۆ لەوەڕگا و چاندنی ئالیکیان تەرخان دەکرێت. بەڵام ئەگەر نیسک، نۆک و لوبیا ڕاستەوخۆ بخۆین، بۆ دابینکردنی خۆراکمان بە گشتی زەویی کەمتر پێویست دەبێت. مانگا و مەڕ لە کاتی هەرسکردنی خۆراکدا گازی میتانیش دەردەدەن؛ گازێک کە گەرمی لە کەشدا ڕادەگرێت و زەوی گەرمتر دەکات. لەبەر ئەوە، خواردنی گۆشتی کەمتر و خۆراکی ڕووەکیی زیاتر دەتوانێت یارمەتیی کەمکردنەوەی دەرچوونی ئەم گازە بدات و پێویستی بە فراوانکردنی لەوەڕگا و کێڵگەکان کەم بکاتەوە. [٣]
هەر لەبەر ئەمەیە کە بیرۆکە و هەڵوێستەکانی پارتە سەوزەکانی ئەوروپا بە دڵمن. من خوازیاری سیاسەتێکم کە پاراستنی ژینگە و مافی ئاژەڵان لە ڕیزی پێشەوەی کارەکانیدا بن. بۆ من گرنگە ئەم ئامانجانە ببنە بەرنامە و هەنگاوی کردەیی: هاندانی خۆراکی ڕووەکی، کەمکردنەوەی پشتبەستن بە ئۆتۆمبێلی تایبەت و گەشتی ناپێویست بە فڕۆکە، پەرەپێدانی گواستنەوەی گشتی و ئاسانکردنی پیاسە و پاسکیلسواری.
مەبەستم ئەوە نییە کە هەموو ئەندامان و لایەنگرانی ئەم پارتانە ڤێگانن یان ئۆتۆمبێل و فڕۆکە بەکار ناهێنن. ئەوەی دەمەوێت، هەوڵدانە بۆ شێوازێکی ژیان کە کەمترین زیان بە سروشت و زیندەوەران بگەیەنێت. [٤]
ئەو کەسەی خۆی بە ڕۆشنبیر دەزانێت، پێویستە ئامادە بێت خووەکانی خۆیشی بخاتە ژێر پرسیار، تا وتە و کرداری یەک بگرنەوە. سەبارەت بە خواردنیش، دەبێ لە خۆمان بپرسین: ئەوەی دەیخۆین چ کاریگەرییەکی لەسەر ئاژەڵان و ژینگە هەیە؟
بۆ هاندانی خەڵک بەرەو خۆراکی ڕووەکی، پێویستە بە ڕێزەوە گفتوگۆ بکەین و سوودەکانی ڕوون بکەینەوە. چێژی خواردن نابێت پاساوی پشتگوێخستنی ئازاری ئاژەڵان بێت. بۆ من جێی داخە کە لە ئاژەڵێک تەنها کەباب و تکە ببینین، نەک زیندەوەرێکی هەستدار. تامەزرۆییمان بۆ خواردن نابێت سۆز و بەرپرسیاریی ئەخلاقیمان لەبیر بباتەوە. بە خۆراکی ڕووەکییش دەتوانین خوانێکی ڕەنگاوڕەنگ ساز بکەین و چێژی لێ وەربگرین.
لە کوردستان، بۆ پەرەپێدانی ڕووەکخۆریی تەواو پێویست ناکات لە هیچەوە دەست پێ بکەین. نیسک، نۆک، لوبیا، پاقلە، ساوار و جۆرەها سەوزە لە خوانەکانماندا جێگەیان هەیە. شۆربای نیسک، خۆرشتی لوبیا و دۆڵمەی سەوزە دەتوانرێن بەبێ گۆشت و بەبێ هیچ بەرهەمێکی ئاژەڵی لێ بنرێن. ڕەنگە ناوی «ڤێگان» بۆ هەندێک کەس نوێ بێت، بەڵام زۆربەی پێکهاتەکانی ئەم خۆراکە نامۆ نین.
پێم خۆشە لە کوردستان چێشتخانەی تایبەت بە ڕووەکخۆریی تەواو زیاتر ببینم و چێشتخانەکانی دیکەش ژەمە ڕووەکییە خۆشتامەکان بخەنە ناو مینیۆی خواردنەکانیان. پێویستە ئەم ژەمانە بە ڕوونی نیشانە بکرێن، تا خەڵک بزانن هیچ بەرهەمێکی ئاژەڵییان تێدا نییە. پێشکەشکردنی ئەم خواردنانە بە نرخێکی گونجاو دەتوانێت لە سەدان دروشم کاریگەرتر بێت.
ڤێگانیزم بۆ من هەوڵێکە بۆ ئەوەی بە ئاگایی و بەرپرسیارییەوە بژین و چێژی خواردنمان بە ئازاری زیندەوەرانی دیکە نەبەستینەوە. ئەوەی دەیخەینە سەر خوانمان، پەیوەندی بە ژیانی ئاژەڵان و داهاتووی زەوییەوە هەیە. بۆیە گۆڕان لە هەڵبژاردنەکانی خۆمانەوە دەست پێ دەکات؛ تەنانەت لە ژەمێکی ڕۆژانەمانەوە.
سەرچاوەکان:
١. کۆمەڵەی ڤێگان؛ پێناسەی ڤێگانیزم
https://www.vegansociety.com/go-vegan/definition-veganism
٢. دەزگای تەندروستیی نیشتمانیی بەریتانیا (NHS)؛ خۆراکی ڤێگانی
https://www.nhs.uk/live-well/eat-well/how-to-eat-a-balanced-diet/the-vegan-diet/
٣. نەتەوە یەکگرتووەکان؛ خۆراک و گۆڕانی کەشوهەوا
https://www.un.org/en/climatechange/science/climate-issues/food
٤. پارتی سەوزی ئەوروپا؛ بەرنامەی هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٤ (Courage to Change)
https://europeangreens.eu/2024-manifesto/
یادی ڕیفراندۆم؛ لە هیواوە بۆ شکست.. نووسینی: هێمن عەلی
٢٥ی ئەیلوول بۆ زۆرێک لە کوردان ڕۆژی هیوا بوو. ملیۆنان کەس بە دەنگی خۆیان خواستی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان دەربڕی. بەڵام تەنها چەند هەفتەیەک دواتر، ئەو هیوا گەورەیە بە شکستێکی تاڵ کۆتایی هات.
دوای ڕیفراندۆمی ٢٠١٧، کەرکووک و خانەقین و چەندین ناوچەی دیکە کەوتنەوە ژێر ڕکێفی بەغدا، و بەشێک لەو دەستکەوتانەی کە بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی چەندین نەوە بوون، لەدەست چوون. ئەو شکستە هیوای خەڵکی بریندار کرد و متمانەیان بە سەرکردایەتیی سیاسی لاواز کرد.
نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریی دابوو کە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە ناوچە جێناکۆکەکان، بەتایبەتی کەرکووک، دەتوانێت دۆخەکە ئاڵۆزتر بکات.[١] سەرکردایەتی دەبووایە ئەو هۆشدارییە بە جدی وەربگرێت، بەڵام پێم وایە وەک پێویست لەبەرچاو نەگیرا، و زیانەکەی ڕاستەوخۆ بەر خەڵک کەوت.
بە بڕوای من، شکستی ٢٠١٧ زامی ئاشبەتاڵی ١٩٧٥ی دووبارە کردەوە. لە ١٩٧٥دا، دوای ڕێککەوتننامەی جەزائیر لە نێوان ئێران و عێراقدا، ئێران پشتیوانیی خۆی لە بزووتنەوەی کورد بڕی و بزووتنەوەکە تووشی شکست بوو؛ ڕووداوێک کە بەڵگەنامەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا تۆماریان کردووە.[٢] چل و دوو ساڵ دواتر، کورد جارێکی دیکە ڕووبەڕووی پاشەکشە بووەوە، چونکە ئامادەکاری و یەکڕیزیی پێویست بۆ ڕیفراندۆمەکە نەبوو. هەرچەندە هۆکارەکانی ئەو دوو شکستە جیاواز بوون، بەڵام لە هەردووکیاندا خەڵکی کوردستان باجێکی قورسیان دا.
دیاریکردنی چارەنووس مافی ڕەوای گەلی کوردە، و ڕەخنەی من لە کات و شێوازی بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆمەکەیە. پێش بڕیارێکی لەو جۆرە، دەبووایە ڕوون بێت کێ پشتیوانیمان دەکات و کێ دژمان دەوەستێتەوە. وەک من دەیبینم، هەڵوێستی ئەو لایەنانە بە وردی هەڵنەسەنگێنرا، بۆیە ئەوەی بە دەیان ساڵ بە خوێن و ماندووبوون بەدەست هاتبوو، لە چەند ڕۆژێکدا کەوتە مەترسییەوە.
یادی ڕیفراندۆم دەبێت دەرفەتێک بێت بۆ داننان بە هەڵەکان، لێپرسینەوە لە بەرپرسان و فێربوون لە ڕابردوو. لە نێو ئاهەنگ و دروشمەکاندا، نابێت لەدەستدانی کەرکووک و خانەقین و ئەو زیانانەی بەر خەڵک کەوتن، لەبیر بکرێن.
ڕێزگرتن لە خەونی گەلی کورد، بە پاراستنی ژیان و دەستکەوتەکانی خەڵک دەست پێدەکات. ئەو خەونەی چەندین نەوە بە خەبات و قوربانیدان زیندوو ڕایانگرتووە، پێویستی بە سەرکردایەتییەکی بەرپرسیار هەیە کە بە ژیری و پلانی ڕوون، بەرەو بەدیهێنانی هەنگاو بنێت.
سەرچاوەکان:
١. نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕاگەیەندراوی وتەبێژی سکرتێری گشتی سەبارەت بە ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان، ٢٠١٧.
https://iraq.un.org/en/211098-note-correspondents-spokesman-secretary-general-united-nations-referendum-kurdistan-region
٢. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، Foreign Relations of the United States, 1969–1976، بەرگی ٢٧ (ئێران؛ عێراق، ١٩٧٣–١٩٧٦)، بەڵگەنامەی ژمارە ٣٠٦.
https://history.state.gov/historicaldocuments/frus1969-76v27/d306
وەك جاران نەماوی.. سامان خدر محەمەد
تۆئەو گوڵەی ئیتر سیس بووی
چیتر تەواو بەلاتا تێناپەڕم و بیرت ناكەم
ئیتر نایەم بەلاتەوەو ئاوت نادەم
وەك جاران چیتر ناتوانی هەڵم خەڵەتێنی
چیتر ناتوانی دڵم بڕفێنی
جوانی جارانت نەماوەو بۆنت ناكەم
لەهیچ كۆڕو مەجلیسێك باست ناكەم
بەجوانیتا هەڵ نادەم و وەسفت ناكەم
ئیتر بەدواتا نایەم بزانم چۆنی و چیدەكەی
تەواو ئیتر نەما ئەو دڵەی من
كەوەك جاران خۆشی بوێی
حەز لەئامێز گرتنت بكات
چیتر ناتوانم باوڕ كەم بەو شتانەی
لەلای تۆ هەنگاو دەنێ
باوڕ ناكەم چیتر بەوەی لەدەمی تۆ دێنە دەرێ
تەواو ئیتر قەدری جارانت نەماوە
وەك و جاران ئەو شوێنە گەورەت لەناو دڵی من نەماوە
بۆیە ئیتر سەفەر دەكەم ئیتر دەڕۆم لەهەوارت
بۆهەوارێك نەبۆنی تۆی لێبێت نەشێوەی تۆ
دەچم بۆشوێنێك كەهیچ شتێكی لەتۆ نەچێت
لێکەوتەکانی جەنگی ئەمریکا-ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، هاوپەیمانی سەربازیی سعودی-تورکی-پاکستانی وەک نموونەیەک!.. عەبدوڵڵا ساڵح
ووتراوە: “جەنگ سیاسەتە کاتێک وشەکان شکست دێنن، ئابووریـیە کاتێک بەرژەوەندیـیەکان بەریەک دەکەون، و کارەساتە کاتێک بێتاوانەکان باجەکەی دەدەن”.
جەنگی ئەمریکا-ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، وەک درێژەپێدەری ئەو هێرشە تێرۆریستییە دێت کە بزووتنەوەی حەماس لە ٧ی تشرینی یەکەم (ئۆکتۆبەر)ی ساڵی ٢٠٢٣ بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامی دا، بە پاڵپشتی و پشتگیری و هاندانی کۆماری ئیسلامی لە ئێران و دەستوپێوەندەکانی لە ناوچەکەدا، ئەوەشی بە دوایدا هات لە تاوانەکانی پاکتاوکردنی دانیشتوانی کەرتی غەزە لەلایەن حکومەتی فاشیستی ڕاستڕەو لە ئیسرائیل و هێنانی هەموو ئەم تراژیدیایە بۆ سەر فەلەستینییەکان، پاشان جەنگی ئەم دواییەی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، کە بە نۆرەی خۆی بارودۆخێکی سیاسی و سەربازیی نوێی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هێنایە کایەوە بە شێوەیەک دەکرێت بخرێتە چوارچێوەی ئەوەی کە هەندێک پێی دەڵێن “ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ”.
دیارە لێکەوتەکانی ئەم شەڕە چەند ڕەهەندێکی گرنگ لە خۆی دەگرێ لەپێشیانەوە ڕەهەندە ئابووریـیەکان، کۆمەڵایەتیـیەکان و ئەمجا سیاسیـیەکان. ئەگەر بەکورتی بەلایەنە ئابوورییەکەیدا بچین دەبینین کە کاریگەری ئەم شەڕە نەک تەنیا کەوتۆتە سەر وڵاتانی ناوچەکە، بگرە سەر تەواوی ئابووری لە جیهاندا و نرخی کاڵاو شمەکی تا ڕادەیەکی بەرچاو بەرز کردۆتەوە، ئەویش بەهۆی بەستنی گەروی هۆرمزەوە لەلایەن ئێران و کەمکردنەوەی هەناردەی وزە لەسەر ئاستی جیهان. لەباری کۆمەڵایەتیشەوە، جگە لە بارگرانیـیەکی بێ وێنە بۆسەر خەڵکی ئێران بەتایبەتی، هەڕەشەی لە گرێژەنە چونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، ئەوە جیا لە سەرکوت و زیندان و سێدارە. ئەم شەڕە کاریگەری، تا ئەندازەیەک، بەرچاوی لەسەر دانیشتوانی ناوچەکەش دروست کردوە بەجۆرێک کە خەڵکی لە دڵەڕاوکێیەکی بەردەوامدا ڕاگرتووە.
ڕەهەنەدە سیاسیـیەکانیش کە کرۆکی ئەم باسەن، ڕوون و ئاشکرا دیارن، یەکێک لەوانە سەرەتای پرۆسەی بەرەو ئاوابوونی ڕۆڵی میلیشیاکان لە دەستوەردان لە سیاستەکانی دەسەڵاتی فەرمانڕەوا، واتە ئەوەی بە زمانی سیاسی پێی دەوترێت “دەوڵەتی قووڵ”؛ وەک حەماس لە غەززە، حزبوڵڵا لە لبنان، میلیشیا شیعییەکان لە عێراق، هەروەها ڕەوەندی بەرەوئاوا بوونی ڕۆڵی، بزوتنەوە چەکدارەکان، ئەوەی پێی دەوترێ “خەباتی چەکداری” وەک (پەکەکە لە تورکیا، هەسەدە لە سوریا..).
ئەوەی زۆر زەق و ئاشکرایە لەم ڕەهەندە سیاسییە فەشەلی ڕۆڵی ئەمریکایە لە پاراستنی ئەمنیەتی هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە، واتە چەتری پارێزگاری ئەمریکا، بەتایبەت بۆ وڵاتانی کەنداو نەیتوانی چەترێکی جێگای متمانەی تەواو بێ. ئامانجی ئێمە لەم نوسینە، تیشکخستنە سەر دەرئەنجام و ئاسۆی ڕەهەندە سیاسییەکانی ئەو شەڕەیە، کە یەکێک لە دیارترینیان دامەزراندنی هاوپەیمانی سەربازیی سێقۆڵیی ئاماژەپێکراوە.
لە ٧ی ئابی ٢٠٢٦، سعودیە، تورکیا و پاکستان هاوپەمانەتییەکی سەربازیان واژۆ کرد بە ناوی “ڕێککەوتنامەی مەککە بۆ بەرگریی هاوبەش” کە چوارچێوەیەکی بەرگریی سێقۆڵیـیە و جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەر هێرشێکی چەکداری بۆ سەر یەکێک لەم سێ دەوڵەتە بە هێرش بۆ سەر دەوڵەتەکانی تر ئەژمار دەکرێت، ئەمەش سیفەتێک دەبەخشێتە ئەم هاوپەیمانیـیە کە لە ماددەی پێنجەمی پەیماننامەی “ناتۆ” دەچێت.
ئەوەی سەرەتا بە مێشکدا دێت ئەم پرسیارەی خوارەوەیە: هۆکارەکانی دامەزراندنی ئەم هاوپەیمانیـیە چیین؟ و چیـیە ئەوەی هەر یەکێک لەم سێ دەوڵەتە هەوڵی بۆ دەدات لە پشتی چوونە ناو ئەم هاوپەیمانییە و ڕۆڵی هر یەکێکیان چیـیە؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، دەبێت سەرەتا بگەڕێینەوە بۆ ڕاستییەک کە جەنگی ئێستا سەلماندویەتی، ئەویش شکستی سەربازی و سیاسی ئەمریکا لە دەست گەیشتن بەو ئامانجەی شانبەشانی ئیسرائیل و حکومەتە ڕاستڕەوەکەی نەخشەیان بۆ کێشابوو، نیشانەکانی ئەم شکستە لە سەرەتای جەنگەکەوە دەرکەوتن کاتێک ئامانجی سەرەکی بریتی بوو لە تێکشکان و خاپوور کردنی بەرنامە ئۆتۆمیـیەکەی ئێران، گۆڕا بۆ ئامانجێک، کە ڕەنگە ئەوەندە لە بەرچاو نەگیرابێت، ئەویش داخستنی گەرووی هورمزە لە لایەن ئێرانەوە کە بووەتە گرێ کوێرەیەک بۆ تڕامپ و هاوپەیمانەکانی، هەروەها کردنەوەی گەروەکەش بووەتە یەکێک لە پێشینەی ئامانجەکانی ئەم جەنگە و هەر ئەوەشە کە بۆ ئێران بۆتە کلیلی سەپاندنی مەرجەکانی بەسەر ئەمریکادا بۆ ڕاگرتنی جەنگەکە. ئەم جۆرە لە شکست، بێگومان بۆ ئەمریکا، دەشکێتەوە بەسەر تەرازوی ململانێی لەگەڵ ڕکەبەرە نێودەوڵەتییەکانیشی لە ناوچەکە وەک چین و روسیا.
بێگومان، زەرەرمەندی سەرەکی لەم تەنگژەیەدا، جگە لە جەماوەری ماندو وە برسیکراو سەركوتکراوی ئێران بە تایبەتی و جەماوەری ناوچەکە بە گشتی، وڵاتانی کەنداون، ئەوان سەرچاوەی سەرەکی ئەو دەرامەدە زەبەلاحەی هەیانە لە ڕێی هەناردەی ئەو نەوت و گازەیە کە سەرچاوەی سەرەکیی ئابوورییانە، ئەویش کەوتووەتە ژێر پەلاماری ئێران و تێپەڕبوونی بە گەروی هۆرمز بەستراوەتەوە بە ڕەزامەندیی و ئۆکەی ئەو، سەرەڕای ئەوەش ئەم وڵاتانە بوونەتە ئامانجێکی سەربازیی “نەرم” بۆ ئێران کە هەرکاتێک بیەوێ هێرشیان دەکاتە سەر، بە بیانوی بوونی بنکەی سەربازیی گەورەی ئەمریکی لەسەر خاکەکەیان.
دەربارەی ئیسرائیلیش، هاوپەیمانی جێکەوتوی ئەمریکا، کە دەستی واڵا بۆتەوە، لە ڕووی سەربازییەوە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و هەر کاتێک بیەوێت پەلامار دەدا و هێرش دەکاتە سەر بەشێک لە دراوسێکانی (غەزە، لوبنان، سوریا) و خاکەکانیان داگیر دەکا بەبێ هیچ ڕێگرێەک، بەمەش ڕاستەوخۆ هەڕەشە لە بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتانی ناوچەکە دەکات بە گشتی.
لە دوای ئەم گۆڕانکارییانە، کە بە گۆڕانکاریی ستراتیجی هەژمار دەکرێن، پێویستیی دروستبوونی ئەم هاوپەیمانییە دەرکەوت، ئەگەرچی وەک دەزگا ئیعلامییەکانی ئەو سێ دەوڵەتە باسی دەکەن گوایە ئەم هاوپەیمانییە ئەنجامی نزیکەی دوو ساڵ لە دانوستان بووە و ئامانجی، بەپێی ئیدعای لایەنەکانی، بریتییە لە “بونیادنانی سیستەمێکی ئاسایشی هەرێمیی سەربەخۆ کە هاوسەنگی لە نێوان پێداویستییەکانی هەرسێ دەوڵەتەکەدا بپارێزێت”. هەروەها وەک پاشەکشەی متمانە بە ئەمریکا لە پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە لە چنگ ئێران و دواتر ئیسرائیل ئەمەش وای لەو سێ دەوڵەتە کردووە کە بە دوای ڕێکارە بەرگرییە سەربەخۆکاندا بگەڕێن.
“ڕێککەوتنامەی مەککە بۆ بەرگریی هاوبەش” وەک سێ دەوڵەتەکە ئاماژەی پێدەدەن، سەرلەنوێ دارشتنەوەی هاوسەنگیی هێزە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەویش بە تێکەڵکردنی تەکنەلۆجیا و پێشەسازیی سەربازیی پێشکەوتووی تورکی لەگەڵ پاڵپشتیی دارایی سعودیە و توانای سەربازیی و ئۆتۆمی پاکستانی، ئەمەش هاوکێشەیەکی هێزی نوێ دەسەپێنێت کە ئامانجی شکاندنی قۆرخکاریی سەربازیی ئیسرائیلە لەلایەک و سنوردانانێکە بۆ ئەجیندا و خەونەکانی جمهوری ئیسلامی لە ناوچەکەدا لە لایەکی ترەوە، ئەم ڕێککەوتنە هەڵبژاردنێکی ئاسایشی سەربەخۆ بە سعودیە دەبەخشێت کە پێویستی بە هاوپەیمانی لەگەڵ ئیسرائیل و چوونە ناو ڕێککەوتنەکانی ئابراهام کەم دەکاتەوە بەو شێوەیەی کە تڕەمپ هەوڵی بۆ دەدا.
هێزی ئەتۆمیی پاکستان دەبێتە بەربەستێک بۆ هەر لایەنێک کە بەنیازی بەزاندنی “هێڵە سوورەکان” بێت لە هێرشکردنە سەر وڵاتانی هاوپەیمانی، ڕەنگە ئەم چەکە، لەلایەکی ترەوە، بشبێتە هۆی سەقامگیری سیاسی و سەربازی! لە بەرامبەردا، پاکستان سوودمەند دەبێت لەو سەرمایە زۆرەی سعودیە بۆ ڕێگری لە داڕمانی ئابوورییە بێتواناکەی، سەرەڕای هەوڵەکانی بۆ پاراستنی هاوسەنگیی ستراتیجی لە ململانێ مێژووییەکەیدا لەگەڵ هیندستان.
سەبارەت بە تورکیا، کە وڵاتێکە لە پەیمانی ناتۆ و بەهێزترین سوپای ناوچەکەی هەیە، بەردەوام بەرژەوەندییەکانی بە هەڕەشە لێکراو دەبینێت لەلایەن ئیسرائیلی هاوپەیمانی ئەمریکاوە، ئەویش بەهۆی سیاستەکانی حکومەتی ئیسرائیل بەرامبەر سوریا کە بە گرنگترین هاوپەیمانی تورکیا لە ناوچەکەدا دادەنرێت (دوایین هێرشی سەربازییان بۆ سەر فڕۆکەخانەی “أبو الضهور” لە ئیدلیبی ڕۆژهەڵاتی سوریا لەسەر سنووری تورکیا بوو). لەبەر ئەوە، تورکیا پێویستی بە هێزی ئەم هاوپەیمانییە هەیە بۆ پاراستنی هاوسەنگیی ستراتیجی، سیاسی و سەربازی لەگەڵ ئیسرائیل. لە لایەکی ترەوە، دوو هاوبەشەکەی تر، بە تایبەتی سعودیە، دەبێتە بازاڕێکی بەرچاو بۆ کڕینی پێشەسازییە سەربازییە پێشکەوتووەکانی تورکیا.
سەبارەت بە سعودیەش، کە متمانەی بە ئەمریکا وەک هاوپەیمانێکی ستراتیجی، بەتایبەتی لەبەرامبەر ئێراندا، بە جۆرێک لە جۆرەکان، لەق بووە، دەیەوێت ئاسایشی نەتەوەیی خۆی بپارێزێت بەدوور لە گۆڕانکارییەکانی هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەکان. لەبەر ئەوە، لە ڕێگەی ئەم هاوپەیمانییەوە هەوڵ دەدات پەیامێک ئاڕاستەی هەر لایەنێک بکات کە مەبەستی بێت زیانی پێ بگەەیەنێت و بڵێت: “ئێمە خاوەنی چەتری ئەتۆمی و هێزێکی سەربازیی گەورە و ئایدۆلۆجیایەکی ئایینین کە لەگەڵ دوو هاوپەیمانەکەی تردا کۆمان دەکاتەوە، و بەمەش هەوڵ دەدەین تەنیا پشت نەبەستین بە چەتری ئەمریکی”.
بێشک پەلاماری ئەم دواییەی حوسیەکانی یەمەن بۆ سەر سعودیە ، تا ئەمڕۆش، بەو پەلامارە هەژمار ناکرێ کە پێویستی دەخالەتی ڕاستەوخۆی تورکیا و پاکستان بکا بۆ بەرگری لە سعودیە، بەتایبەت کە ئەمریکا خۆپارێزی نیشاندا لەبەرامبەر هێرش بۆ سەر حوسیەکان، جگە لەوەش حوسیەکان ناتوانن مەترسی وجودی بن بۆ سەر سعودیە.
پرسیارێکی تر کە لێرەدا خۆی دەسەپێنێت ئەوەیە: ئەی عێراق و هەرێمی کوردستان لە ناوەڕاستی ئەم کێشمەکێشەدا چیان بەسەر دێت و چی چاوەڕێیان دەکات لە ئەنجامی ئەم گۆڕانکارییانەدا؟
ئاشکرایە عێراق وە هەرێمی کوردستانیشی لەگەڵ بێ، لە دوای داگیرکاریی ئەمریکا و ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە، بڕیاری سیاسیی سەربەخۆیان لەدەستداوە و لە کەشتییەک دەچن کە شەپۆلەکان یارییان پێ دەکەن؛ چونکە هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان دەستی واڵایان هەیە لە داڕشتن و پیادەکردنی سیاسەتەکانیان. ئەم جەنگەش بارودۆخەکەی ئاڵۆزتر کردوە، بە شێوەیەک کە سیاسەتی “بەدەستەوە گرتنی دارەکە لە ناوەڕاستەوە” بووە بە یەکێک لە ناکارامەترین و فاشیلترین سیاسەت.
لەو کاتەی عەلی زەیدی، ئەو ملیۆنێرە تازەپێگەیشتووەی لە ناو ژینگەیەکی سیاسی تائیفی و قەومی و ژینگەیەکی ئابووری گەندەڵی، مەحسوبییەت و بەرتیلخۆریدا هەڵتۆقیوە و بە پاڵپشتیی ئەمریکا و ڕۆژئاوا هاتۆتە سەر دەسەڵات، وەک کۆپییەکی تەواوی حکومەتەکانی پێشوو لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە، هەژمار دەکرێ، ئەویش بە پابەندبوونی بە “پەڕەی سپی”ی نیولیبرالییەوە، واتە سەپاندنی ژیانێکی کولەمەرگی و خنکێنەر بە سەر کرێکاران و زەحمەتکێشانی کۆمەڵگەدا و واڵا کردنی دەستی کەرتی تایبەت بۆ چنینەوەی سود و قازانچی بەربڵاو.
لە دەستپێکی کارەکانی ئەم دەسەڵاتەدا چووە ناو جۆرێک لە ململانێی نوێوە؛ لادان بەرەو ئەمریکا و هەوڵدان بۆ دوورکەوتنەوە لە هەژموونی ئێران، ئەویش لە سیاسەتی (کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت)دا ڕەنگی دایەوە، ئەمەش کەشوهەوایەکی ئاڵۆزی لە نێوان بڕیار بەدەستەکان لە وڵاتدا دروست کرد (چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعی) کە زۆربەی لایەنەکانی خاوەنی میلیشیای چەکدارن و ئەم سیاسەتەش دەچێتە خانەی چەککردن و تێکەڵبوونیان لەگەڵ هێزە سەربازییە فەرمییەکانی دەوڵەتدا. پرۆسەی ئەم چەکداماڵینە ناکرێ وەک کارێکی ئاسایی سەیر بکرێ بەڵکۆ قۆرت و پێچی زۆری لەبەر دەمە، هەر ئێستا دەنگۆی (شاردنەوەی چەکەکانیان نەک ڕادەستکردن) وەک بژاردەیەک هاتۆتە ئاراوە، ئەمەش دەبێتە ئۆلگۆیەک بۆ دەرکەوتنەوەیان لە فۆرم و شکڵێکیتردا. دەکرێ ئەم حاڵەتە لە هاوکێشەیەکی کورتدا کۆبکەینەوە ئەویش وەک ئەوەی(حەیدەر عەبادی) بەئاشکرا دانی پێدا نا: عێڕاقی ئەمڕۆ بەمانای دەوڵەتی میلیشیا، نەمانی میلیشیا واتە نەمانی ئەم دەوڵەتە!!
ئەم بارودۆخە کاریگەریی نەرێنی لەسەر سیاسەتێکی تری دەوڵەت دروست کرد کە بریتی بوو لە “ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی”؛ سیاسەتێک بە ڕاوی ماسیـیە بچکۆلەکانی گەندەڵیی دەستی پێ کرد دوور لە حوتە زەبەلاحەکان. لە بارودۆخێکی وەهادا، ئەم حکومەتە ئەو دارعەسایە سیحرییەی پێ نییە کە وڵات بەرەو سەربەخۆیی لە بڕیارداندا ببات، ئێستا عێڕاق لە نێوان هەردووک بەرداشی ئێران – ئەمریکا تلاوتلیەتی، سەرەڕای ئەوەش لە گەڵ ئەو قەیرانە داراییە خنکێنەرەدا دەست و پەنجە نەرم دەکا کە بەهۆی شەڕی ئەمریکا و ئێرانەوە دروست بوە سەرباری گەندەڵیی بێوێنە کە دەمێکە بەرۆکی عێراقی گرتووە.
سیاسەتی عێراق، بەپێی ئیدعای بەرپرسان، لە: “بێلایەنی، هاوسەنگی و دیپلۆماسی، لەگەڵ پێدانی ئەولەویەت بۆ بەرژەوەندیی نیشتمانی، سەروەری و سەقامگیری”دا خۆی دەبینێتەوە، ئەمەش بۆخۆی هیچ نییە جگە لە دروشمێک کە حکومەتەکانی پێشوو بەرزیان کردبۆوە و ئەنجامەکەشی دەرکەوت؛ لەبەر ئەوە، ئومێد بەستن و هەڵچنینی هیوایەک بەم سیاسەتانە بازێکە لە بۆشاییدا.
کوردستانیش، وەک بەشێکی دانەبڕاوی عێڕاق کە هەمان ئەو بارودۆخە دەیگرێتەوە، لەباری سیاسیـیەوە، لەلایەک دەست و پەنجە لەگەڵ ململانێ هەردوو حزبی دەسەڵاتدار نەرم دەکا و پاشاگەردانیـیەکی ئابووریش کە باجەکەی بۆتە بارگرانیـیەکی قورس بەسەر شانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و کەمدەرامەدی کۆمەڵگا، ئەمە و سەرباری سەرکوتی سیاسی و خەفەکردنی دەنگی ئازاد. لەلایەکی ترەوە ئۆپۆزۆسیونی پرۆ دەسەڵاتیش لە کوردستان جگە لە هاشوهوش و بۆڵە بۆڵ بەمەبستی بەدەستەوە گرتنی چەمکێکی دەسەڵات ناکرێ و ناتوانێ شتێکی تری لێ چاوەڕوان بکرێ.
حزب و ڕێکخراوە چەپەکانیش بەتایبەت، باڵە پرۆ ناسیۆنالیستەکەی چەپ، کە ئۆلگۆی کوردستانی سوریای وەک ئامانجێک بەدەستەوە گرتبوو بانگەشەی بۆ دەکرد، ئێستا و دوای جوڵە لۆژیکییەکەی (هەسەدە) لە چوونە ژێر عەبای ئیسلامییەکان، بۆیە دەڵێین لۆژیکی چونکە ئەو، واتە (هەسەدە)، وەک حزبێکی چینی بۆرژوازی، قازانجی چینەکەی لەم ڕێڕەوەدا بەدیکرد بۆیە ملی لێنا، ئەمەش ناکرێ وەک شکست هەژمار بکرێ، تاکە شکستێک کە لەمنێوەدا هەبێ ئەوە وەهم و خۆشخەیاڵی چەپی پرۆ (هەسەدە)یە.
ئەم گێژاوەی ئەمڕۆ عێراق و کوردستانی پێدا تێپەڕ دەبێ، هیچ ڕێگەیەک بۆ تێپەڕاندنی نییە جگە لە ڕێکخستنی ڕیزەکانی کرێکاران، زەحمەتکێشان، بێکاران لە گەنجانی کوڕ و کچ، و سەرجەم توێژە چەوساوەکان، ژنان و پیاوان، لە ڕیزێکی خەباتکارانەی سەربەخۆی یەکگرتوودا و جیاکردنەوەیان لە ڕیزەکانی پێکهاتەی چینی دەسەڵاتداری باڵادەست (واتە بۆرژوازی)، بەرەو هەڵچونێکی شۆڕشگێڕانە کە دەسەڵات و مافەکان بۆ خاوەنە ڕاستەقینەکانی بگەڕێنێتەوە و ئازادی و ژیانێکی شایستە بۆ سەرجەم کۆمەڵگا دابین بکات لە ژێر ئاڵا و ئاسۆی سۆشیالیزمدا بەدوور لە هەر ئاسۆیەکی نەتەوەیی، ئایینی، مەزهەبی، ڕەگەزپەرستانە و جێندەری.
٢٠ی ئەیلولی ٢٠٢٦
ئایا کاتی گەڕانەوەی چەپەکان هاتووە؟.. نووسینی هێمن عەلی
لە ئەوروپادا، گرانیی ژیان و کرێی خانوو ژیانی خەڵکیان قورس کردووە. پەنابەرانیش لە پاڵ ئەم کێشانەدا ڕووبەڕووی جیاکاری دەبنەوە. ڕاستڕەوە توندڕەوەکان پەنابەران تاوانبار دەکەن، لە بەرامبەردا هەڵبژاردن و ڕاپرسییە تازەکان نیشان دەدەن کە چەپەکان لە چەند وڵاتێکی ئەوروپا بەرەو پێش دەچن.
بەرلین نموونەیەکی بەرچاوە. بەپێی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، پارتی «دی لینکە» لە هەڵبژاردنی ئەیلوولی ٢٠٢٦دا بە ٢٥٫٣٪ی دەنگەکان بووە یەکەم هێزی سیاسیی شار. ئەلیف ئێراڵپ، کاندیدی پارتەکە، دەیەوێت ببێتە سەرۆکی حکومەتی بەرلین، بەڵام بۆ گەیشتن بەو پۆستە پارتەکەی پێویستی بە هاوپەیمانی هەیە. کێشەی خانوو و بەرزیی کرێ لە پرسە سەرەکییەکانی هەڵبژاردنەکە بوون.
لە سوید، بەپێی ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەیتد پرێس (ئەی پی)، بەرەی ئۆپۆزسیۆنی چەپ و ناوەڕاستی چەپ لە هەڵبژاردنی ٢٠٢٦دا ١٧٦ کورسی لە کۆی ٣٤٩ کورسی بەدەستهێنا و بە جیاوازییەکی کەم سەرکەوت. پارتی چەپ بەشێکە لەو بەرەیە، بەڵام هێشتا پێکهێنانی حکومەت دیار نییە.
لە فینلەندا، بەپێی ڕاپرسیی دەزگای ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی گشتیی فینلەندا (ئولێ)، پشتیوانیی «هاوپەیمانیی چەپ» گەیشتووەتە ١١٫٧٪؛ بەرزترین ئاستی ئەو پارتە لە ڕاپرسییەکانی یلەدا. ئەمە نیشانەی زیادبوونی پشتیوانییە، بەڵام ئەمە ئەنجامی هەڵبژاردن نییە.
لە دانیمارک، بەپێی ئەنجامە فەرمییەکانی دەزگای ئاماری دانیمارک، پارتی «چەپی سەوز» لە هەڵبژاردنی ئاداری ٢٠٢٦دا پێنج کورسی زیاتری بەدەستهێنا و بە ٢٠ کورسی بووە دووەم گەورەترین پارتی پەرلەمان. پارتەکە باشترکردنی ژیانی خەڵک و پاراستنی ژینگە پێکەوە دەخاتە ناو بەرنامەکەیەوە.
ئەم نموونانە ئەوە ناگەیەنن کە هەموو پارتە چەپەکان وەک یەک بیر دەکەنەوە، یان لە سەرتاسەری ئەوروپادا سەرکەوتوون. بەڵام لە ناو ئەم دۆخە نائومێدکەرەدا پرسیارێک دەمێنێتەوە: کێ دەبێتە دەنگی ئەوانەی مووچەکەیان بەشی کرێی خانوو ناکات، کەمدەرامەتن، یان وەک پەنابەر لە پەراوێزی کۆمەڵگادا ماونەتەوە؟
ئەگەر چەپەکان بە هەنگاوی کرداری و ڕێزگرتن لە هەمووان وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە، سەرکەوتنەکانیان تەنها بە ژمارەی دەنگەکان ناپێورێن، بەڵکو دەبنە تیشکێکی هیوا بۆ ئەوانەی ماوەیەکە چاوەڕێی گۆڕانن. کەواتە ڕەنگە هێشتا زوو بێت بڵێین کاتی گەڕانەوەی چەپ هاتووە، بەڵام دەرگاکە کراوەتەوە.
ئەم پرسیارە تەنها هی ئەوروپا نییە؛ لە کوردستانیشدا کێ دەبێتە دەنگی ئەوانەی لە نادادپەروەری دەناڵێنن؟ کوردستان پێویستی بە دەنگێکە کە بەرگری لە مافی کرێکاران، کەمدەرامەتان و ئەوانەی لە پەراوێزدا ماونەتەوە بکات. ئەگەر چەپەکانی کوردستان بتوانن ئەم داواکارییانە بکەنە کاری ڕاستەقینە، دەتوانن هیوای گۆڕان لە دڵی خەڵکدا زیندوو بکەنەوە.
سۆزێک بۆ مەرگی باوکم.. فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی
باوکە گیان ..
دەزانم کە کاروانی تەمەن تێپەڕی ،جارێکیتر ناگەڕێتەوە ،بەڵام هێشتا من زۆر پێویستیم پێتبوو.
تۆ داری پڕبەرو سێبەری پڕلە ئارامیم بویت، ئەو کێوە بەهێزەبوی کە هەمیشە لەپشتم ڕاوەستاوو چەسپیوبویت،
حەزمدەکرد هەمیشە گوێم لەدەنگ و وشەی پڕ سۆزی جوانی وپڕلە میهرەبانی و خۆشەویستیت بێت.
حەزمدەکرد بۆ هەمیشە باوەش و دەستلەملانی ئاسودەیمان بمێنێت.
تامەزرۆی چەندین کۆڕو کۆبونەوە ونەرمە پیاسەی ئێوارانی لای مزگەوتی گەورەو شەقامی پیرەمێردو مەولەوی بوم لەگەڵ تۆدا .. مخابن لەناکاو بێدەنگ بویت. دەنگی پڕلەسۆزی ئاشنا بەگوێکانم کە ژیانی پڕلەشادی بە ماڵی دڵ و دەرونم دەبەخشی ،کپ بوو.
چاوە پڕ لە ڕوناکی و ئەزموونەکانت کە ڕێگای ژیانیان پێ نیشان دەدام داخران.
ئیتر ناجوڵێنەوە دەستە بریندارەکانی بە ئەرکی ڕۆژگارت بۆ باوەش پێداکردنم.
پێیەکانت کەڕۆژگارێکبوو ،دورترین ڕێگات بۆ بیبنی هاوڕێیەکت پێدەبڕین ، ئێستا ساردن و لەجوڵە کەوتون ..گەرچی تۆ ئەو مەشخەڵەبویت کە ڕێگای تاریکیت بۆ ڕووناک دەکردینەوە، کەچی لەپڕ خامۆشبوی..
ئای باوکەگیان ! تۆ دەزانی ؟؟لەوڕۆژەوەی بەجێتهێشتوین گوڵەکانی باخچەکەشت مات و زیزن وەکو جاران نە تێرئاو دەخۆنەوە ، نەڕوی خۆشیش دەدەن بە پەپولە و هەنگەکان .. ڕەنگ پەڕیوو لاوازبون، بەشێوەی ساتی نەخۆشکەوتنت ،چاک دەزانم کەئەوانیش وەک من بۆت بەخەمن..
بابەگیان .. من دڵنیام کە ڕەوتی ژیان دەبێت وابێت من لەتۆو تۆلەگوڵەکانی باخچەکەت بکات .
بەڵام تیشکی یادەوەرییەکانت ،هەتاهەتایە لە چاوانمدا دەدرەوشێتەوەو لەناودڵمدا بەجۆشترو لەدەمارەکانمدا وەکو خوێن بونەتە پێویستی بۆ ژیانم..
تۆش بەئارامی بنوو ..هەتا ماندویی وئازارەکانی ئەو ڕۆژگارەت لەبیربچێتەوە کەلەگەڵ تەمەنی پیری ڕێگەی ژیانێکی پڕلە سۆزو میهرەبانی لێگرتیت…ماڵئاوا .. خوات لەگەڵ باوکەگیان…
تاوانی شاشە: باجی ناوبانگی خێرا.. سارا ئازاد محمد
لە جیهانی مۆدێرن و لەناو ئەو گۆڕانکارییە خێرایانەی کە تەکنەلۆژیا بەسەر ژیانی مرۆڤدا هێناوییەتی، کۆمەڵگە لە قۆناغی پیشەسازییەوە گواستراوەتەوە بۆ ئەوەی زانایانی کۆمەڵناسی ناویان لێناوە «کۆمەڵگەی مۆدێرنیتە». لەم کۆمەڵگە نوێیەدا، شێوازی پەیوەندییەکان، ڕێساکان ،دابونەریت و بەهاکان گۆڕانکاریی ڕیشەییان بەخۆوە بینیوە. یەکێک لە دیارترین سیماکانی ئەم سەردەمە، سەرهەڵدانی دیاردەی «بازاڕی سەرنج» (Attention Economy)ـە؛ بازاڕێک کە تێیدا “سەرنج” بووەتە گرانبەهاترین و قازانجەدارترین کاڵا، و پێگەی تاک لەسەر شاشەی مۆبایلەکان بە ژمارەی لایک، ڤیو و شوێنکەوتووەکان دەپێورێت. لێرەوە پرسیارێکی قووڵی کۆمەڵناسی سەرهەڵدەدات: ئایا ئارەزووی بەدەستهێنانی ناوبانگی خێرا تا چەند تاک بەرەو پێشێلکاریی یاسایی و سەرهەڵدانی جۆرێکی نوێ لە “تاوانی سەر شاشە” دەبات؟
لە بۆشایی جیهانی مەجازیدا، مرۆڤ دەتوانێت بە ئاسانی ناسنامەیەکی مەجازی و خەیاڵی بۆ خۆی دروست بکات کە زۆر دوورە لە ژیانی ڕاستەقینەی. لەم دۆخەدا، سۆشیۆلۆجیای بەکاربردن ڕەنگدانەوەی خۆی هەیە؛ چونکە تاک نەک تەنها کاڵا دەکڕێت، بەڵکو تەنانەت کەرامەتی کەسانی تریش، بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی تایبەتی ، نهێنییەکان ، هاککردن و دزینی زانیاری ، چوونە ناو ئەکاونت (فەیسبووک، ئینستاگرام، واتسئەپ) یان کۆمپیوتەری کەسانی تر بەبێ مۆڵەت، و ڕەوشتی گشتی دەکاتە کەرەستە و کاڵایەک بۆ بازرگانیکردن پێوەی لە پێناوی بەدەستهێنانی بەناوبانگبووندا یان هەندێک جار بۆ پارە. کاتێک بەهای مرۆڤ بەستراوەوە بە ژمارەی جەماوەرەوە، کێبڕکێیەکی ترسناک بۆ ڕاکێشانی سەرنج دروست دەبێت کە تێیدا بەها ، ڕەوشت و یاسا پشتگوێ دەخرێن.
ئەم حەزە بۆ بەناوبانگبوون، ڕێگەخۆشکەرە بۆ سەرهەڵدانی توندوتیژیی ئەلیکترۆنی (Cyberbullying) و بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی نەگونجاو. بڕیاردان بۆ سووکایەتیکردن و شکاندنی کەسانی تر، دروستکردنی هەستی ڕق و کینە، یان پێشێلکردنی یاسا کەسییەکان، لەمڕۆدا زۆر جار دەبینین تەنها بۆ تۆڵەسەندنەوە یان کینەی کەسی نییە، بەڵکو ستراتیژییەکی هەڵبژێردراوە بۆ «ترێندبوون». کارلێکی جەماوەر لە ڕێگەی کۆمێنت و هاوبەشکردنەوە هاندەرێکی گەورەیە، چونکە جەماوەر بە ناهۆشیارانە و بێئاگایی خۆی بەشداری لە ئاساییکردنەوە و بەرزبوونەوەی ڕێژەی ئەم جۆرە تاوانە ئەلیکترۆنییانەدا دەکات.
دەرئەنجامی ئەم دیاردەیە لەسەر ئاستی کۆمەڵگە زۆر قورسە. کاتێک خەڵک دەبینن سووکایەتیکردن و بێئابڕۆیی دەبێتە هۆی دەوڵەمەندبوون و ناوبانگی خێرا، بەهای کارکردن، زەحمەتکێشی ، ماندوبوون بۆ کاتێکی زۆر و ڕەوشتی بەرز لە کۆمەڵگەدا لاواز دەبن و جۆرێک لە داڕمانی بەهای کۆمەڵایەتی روو دەدات. لە لایەکی ترەوە، گوشاری دەروونیی قوربانیانی ئەم تاوانە سەر شاشەییانە زیانێکی گەورە بە ئارامی و تەندروستیی دەروونیی کۆمەڵگە دەگەیەنێت.
لە کۆتاییدا، تاوانی سەر شاشە تەنها کێشەیەکی تەکنیکی یان تاکەکەسی نییە، بەڵکو برینێکی نوێی کۆمەڵایەتییە و ڕەگ و ریشەی لە قەیرانی بەهاکانی کۆمەڵگەی مۆدێرنیتەدا هەیە. بۆ چارەسەرکردن و سنووردانان بۆ ئەم دیاردەیە، پێویستە لە هەموو لایەکەوە هۆشیاریی بەرفراوان بڵاو بکرێتەوە، یاسای توندتر بۆ پاراستنی ئاسایشی تاکەکان لە جیهانی مەجازیدا پەیڕەو بکرێت، و لە هەمووی گرنگتر، تێڕوانینی کۆمەڵگە بگۆڕێت بۆ ڕەتکردنەوەی ناوەڕۆکی پووچ، و پێشوازیکردن لە بەها ڕاستەقینەکان، نەک لەوانەی کە تەنها لەپێناوی لایک و ڤیودا یاسا و ئاکار پێشێل دەکەن.
سارا ئازاد محمد
ماستەر لە كۆمەڵناسی تاوان
سەرهەڵدانی درامای کوردی.. ئەرسەلان دەروێش
کاتێک هەوکردنی جگەر دەنگی هونەرمەندان بێدەنگ دەکات.. هێمن عەلی
هەندێک نەخۆشی بە بێدەنگی دەست پێدەکەن و ڕەنگە ساڵانێک لە جەستەی مرۆڤدا بمێننەوە، بێ ئەوەی نیشانەیەکی ڕوونیان هەبێت. هەوکردنی جگەر، بە تایبەتی جۆرەکانی B و C، لەو نەخۆشییانەیە کە بە تێپەڕبوونی کات دەتوانێت زیانی گەورە بە جگەر بگەیەنێت و ببێتە هۆی لاوازبوون، لەکارکەوتنی جگەر یان شێرپەنجەی جگەر.
ئەم بابەتە کاتێک زیاتر گرنگیی خۆی نیشان دەدات کە باس لە دۆخی تەندروستیی مامۆستا عەینەدین مەریوانی دەکرێت؛ یەکێک لە دەنگە ناسراوەکانی گۆرانیی کوردی، کە ئەمڕۆ دۆخی تەندروستیی بووەتە جێی نیگەرانیی هونەردۆستان و خۆشەویستانی.
مامۆستا عەینەدین مەریوانی خۆی لە دیمانەیەکی پێشووی NRT2دا باسی نەخۆشییەکەی و کاریگەرییەکانی لەسەر ژیانی کردووە. ئەم دیمانەیە گرنگە، چونکە زانیارییەکان لە زمانی خۆیەوە دەگوێزرێنەوە، نەک تەنها لە ڕێگەی گێڕانەوەی کەسانی دیکە. بەڵام بۆ دیاریکردنی جۆری هەوکردنی جگەرەکە، پێویستە پشت بە وتەی ڕوون و ڕاستەوخۆی خۆی یان بەڵگەیەکی پزیشکیی باوەڕپێکراو ببەسترێت.
عەینەدین یەکەم هونەرمەند نییە کە نەخۆشیی جگەر کاریگەریی لەسەر ژیان و بەردەوامیی هونەرەکەی دانابێت. لە مێژووی هونەری جیهاندا، چەندین گۆرانیبێژی ناسراو تووشی هەوکردن و نەخۆشییە قورسەکانی جگەر بوون و هەندێکیان لە ئەنجامی ئاڵۆزییەکانی ئەم نەخۆشییانە کۆچی دواییان کردووە.
یەکێک لە ناسراوترین نموونەکان عەبدولحەلیم حافزە؛ گۆرانیبێژی مەزنی عەرەب کە بە «عەندەلیبی ڕەش» ناوبانگی دەرکرد. ئەو لە منداڵییەوە دەستی بە ململانێ لەگەڵ نەخۆشی کرد و ئەم ململانێیە تا دوا ساتەکانی ژیانی بەردەوام بوو.
عەبدولحەلیم لە منداڵیدا تووشی نەخۆشیی بلهارزیا بوو. ئەم نەخۆشییە بە تێپەڕبوونی ساڵان زیانی قورسی بە جگەرەکەی گەیاند و بووە هۆی تێکچوون و لاوازبوونی جگەر. بەپێی ڕاپۆرتێکی صدى البلد، دواتر لە ڕێگەی خوێنی پیسەوە تووشی هەپاتایتی C بوو. ئەمەش دۆخی تەندروستیی ئاڵۆزتر کرد، چونکە جگەرەکەی پێشتر زیانی زۆری پێگەیشتبوو.
عەبدولحەلیم ساڵانێک بۆ چارەسەر لەنێوان میسر و لەندەن هاتوچۆی دەکرد. لە ٣٠ی ئاداری ١٩٧٧، لە نەخۆشخانەی کینگز کۆلج لە لەندەن کۆچی دوایی کرد. بەپێی صدى البلد، لە کۆتایی ژیانیدا تووشی خوێنبەربوونێکی قورس بوو کە پزیشکان نەیانتوانی ڕایبگرن.
لە گۆرانیی ئێرانیشدا، فەرهاد مەهراد یەکێک لەو دەنگە ناسراوانە بوو کە نەخۆشیی جگەر بەشێکی تاڵی ساڵانی کۆتایی ژیانی بوو. ئەو تووشی هەپاتایتی C بوو و دۆخی تەندروستیی بەردەوام خراپتر دەبوو. بە هیوای چارەسەر ڕووی لە فەرەنسا کرد، بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٢، لە تەمەنی ٥٩ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
لە ئەمریکاش، لۆ ڕید تووشی هەپاتایتی C و نەخۆشیی قورسی جگەر بوو. دۆخی تەندروستیی هێندە خراپ بوو کە لە ساڵی ٢٠١٣ جگەرێکی نوێی بۆ چێنرا، بەڵام چەند مانگێک دواتر، لە تەمەنی ٧١ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
گرێگ ئالمانیش تووشی هەپاتایتی C بوو و نەخۆشییەکە زیانی قورسی بە جگەرەکەی گەیاند. لە ساڵی ٢٠١٠ جگەرێکی نوێی بۆ چێنرا و دواتر تووشی شێرپەنجەی جگەر بوو. لە ساڵی ٢٠١٧ کۆچی دوایی کرد.
بێنجامین سموک، گۆرانیبێژ و شاعیری ئەمریکی، لە ساڵی ١٩٩٩، لە تەمەنی تەنها ٣٩ ساڵیدا، بەهۆی لەکارکەوتنی جگەر کۆچی دوایی کرد. هەندێک سەرچاوە ئەم نەخۆشییە بە هەپاتایتی Cـەوە دەبەستنەوە، بەڵام بەڵگەی سەرەکی و بەهێز بۆ ئەم پەیوەندییە کەمە؛ بۆیە نابێت بە دڵنیایی وەک هۆکاری مردنەکەی بنووسرێت.
هەمان ساڵ، ستێفان سیرکیس، هونەرمەندی فەرەنسی، لە تەمەنی ٣٩ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەکی توند و لەناکاوی جگەر کۆچی دوایی کرد. سەرچاوەکان جۆری نەخۆشییەکە بە C دیاری ناکەن.
لە هونەری کوردیشدا، حەسەن زیرەک لە ساڵی ١٩٧٢، لە تەمەنی ٥١ ساڵیدا، بەهۆی شێرپەنجەی جگەر کۆچی دوایی کرد. هەرچەندە باسی ژەهراوکردنی دەکرێت، بەڵام بەڵگەی ڕوون بۆ سەلماندنی نییە.
چیرۆکی ئەم هونەرمەندانە تەنها چیرۆکی نەخۆشی و مردن نییە. لە پشت هەر ناوێکەوە مرۆڤێک هەیە کە لەگەڵ نەخۆشییەکی درێژخایەن ژیاوە، چارەسەری وەرگرتووە، ئازاری چێژتووە و لە هەمان کاتدا بەردەوام بووە لە هونەر.
هەوکردنی جگەر نابێت ببێتە مایەی شەرم یان پەراوێزخستنی نەخۆش. ئەمڕۆ هەپاتایتی C لە زۆربەی حاڵەتەکاندا چارەسەر دەکرێت، بۆ هەپاتایتی Bـیش کوتان و دەرمان بۆ ڕێگرتن لە پێشکەوتنی نەخۆشی بەردەستن. بۆیە پشکنینی زوو و وەرگرتنی چارەسەری گونجاو گرنگە.
ئەمڕۆ کە دۆخی تەندروستیی مامۆستا عەینەدین مەریوانی جێی نیگەرانییە، پێویستە زیاتر لە هەر شتێک بیر لە خودی مرۆڤەکە بکەینەوە؛ هونەرمەندێک کە بە دەنگەکەی خۆشی و خەم و خۆشەویستی و هیوای گەلێکی گواستووەتەوە.
جەستەی هونەرمەند ڕەنگە ڕۆژێک لاواز بێت و دەنگەکەی بێدەنگ بێت، بەڵام ئەو گۆرانییانەی لە بیرەوەریی خەڵکدا جێی هێشتوون، بە ئاسانی نامرن.
سەرچاوەکان
• صدى البلد، ٢٠٢٤. ڕاپۆرت لەسەر نەخۆشی و کۆچی دوایی عەبدولحەلیم حافز.
• NRT2. دیمانە لەگەڵ مامۆستا عەینەدین مەریوانی.
• ویکیپیدیای کوردی. «حەسەن زیرەک».
• Gregg Allman Official Website. ژیاننامەی گرێگ ئالمان.
• ABC News Australia، ٢٠١٣. ڕاپۆرت لەسەر لۆ ڕید و نەخۆشیی جگەر.
• Le Monde، ١٩٩٩. ڕاپۆرت لەسەر کۆچی دوایی ستێفان سیرکیس.
تێڕامانە یاساییەکانم.. دکتۆر ئەحمەد فاتح محەمەد
تێڕامانی یەکەم
پەیامی قوربانییەک بۆ مێژوو
من لێرەوە لە ناو کڕنۆشی غەریبانەی ئەم تاریکییە دا، کە تەنها هاودەمم تیشکی کزی مانگ و بێدەنگیی شەوە، هێمنانە دڵۆپە کانییەکانی ناخم ئاڕاستەی ویژدانی مێژوو دەکەم. پێم دەڵێی: تۆ لە یاسای نوسراوی ئێمە لاداوە. بەڵام من لە سۆمای ئەستێرەکان دەڕوانم و دەپرسم: چۆن دەکرێت پێنووسێکی دارینی فانی سنوور بۆ ڕۆحێک بکێشێت کە لە حەقیقەتێکی گەردوونی و لە نەفخەیەکی خوداییەوە لەدایکبووە؟
چەند پەژارەیەکی قووڵە کاتێک دەبینم ئەو دەقانەی کە دەبوو ببنە سایە و سێبەرێک بۆ ڕۆحی ماندووی مرۆڤەکان، دەبنە پەردەیەکی پۆڵایین بۆ شاردنەوەی بێبەزەییی دڵی ستەمکاران. ئەوان لە پشتی دێڕە ساردەکانەوە بە ناوی دادپەروەرییەوە حەشارگە بۆ خۆیان ڕێک دەخەن و باڵی فڕین دەشکێنن و بە ناوی پاراستنی ڕێساکانەوە، گۆرانی لەسەر لێوی ئازادیخوازان دەتۆرێنن. یاساکانی ئەوان وەک تۆڕێکی لاواز وایە تەنها پەپوولە ناسکەکان دەگرێت، لە کاتێکدا دڕندەکانی شەو بە ئازادی لەسەر زەوی دەگەڕێن.
بەڵام با دڵە تاریکەکان بزانن، مێژوو بە مەرەکەبی ئەوان خولگەی خۆی تەواو ناکات. حەسرەتێکی بچووک کە لە ناخی بێدەنگاندا دەچەکەرێ، لای خودای ئەوین قورسترە لە هەموو ئەو کتێبە ئەستوورانەی کە ئەوان ڕەوایەتیی بە زەبروزەنگی خۆیانی پێ دەدەن. ڕۆحی مرۆڤ لە ڕەگەزی نەمرییە، وەک باران و با وایە، ڕەنگە بۆ ماوەیەک لە قەفەسی دەقەکاندا گیری بکەن، بەڵام لە کۆتاییدا هەر دەبێت بە ئازادی ببارێت. یاسای ڕاستەقینە تەنها یاسای لێبوردن، جوانی و ئەوینە، و هەر سێبەرێک لە دەرەوەی ئەمە بێت، لە بەردەم تیشکی گزنگی حەقیقەتدا وەک بەفر دەتوێتەوە.
تێڕامانی دووەم
فەلسەفەی یاسا لەنێوان هەق و دەق
کاتێک لە مێژووی فەلسەفەی یاسادا لەپەیوەندی نێوان چەمکی هەق و دەق دەکۆڵینەوە، ڕووبەڕووی ململانێیەکی قووڵی پێکهاتەیی دەبینەوە کە تێیدا یاسا لە ئامرازێکی ڕێکخستنەوە دەگۆڕێت بۆ بونیادێکی دەسەڵاتخوازی توند. هەق لە کرۆکی خۆیدا چەمکێکی ئەزەلی بابەتی و پێشوەختەیە کە هۆشیاریی مرۆڤایەتی لە دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکان پێی گەیشتووە. لە بەرامبەردا دەقی یاسایی وەک بەرهەمێکی دەستکردی مرۆڤ دەردەکەوێت، کە لە لایەن دەسەڵاتی سیاسی و یاساییەوە کێشراوە بۆ ئەوەی چوارچێوەیەکی فەرمی بەسەر واقیعی کۆمەڵایەتیدا بسەپێنێت. مەترسییە گەورەکە لە کایەی فقهی و ئەکادیمیدا کاتێک سەرهەڵدەدات کە دەقی نووسراو، پیرۆزییەکی ڕەهای پێدەبەخشرێت و دەبێتە تاکە سەرچاوەی شەرعییەت. ئەم دۆخە دەبێتە هۆی دروستبوونی فۆرمێک لە نامۆبوونی یاسایی کە تێیدا مرۆڤی سادە چیتر لە ناو کایە فەرمییەکاندا وەک خاوەن مافێکی سروشتی نابینرێت، بەڵکو کورت دەکرێتەوە بۆ خودێکی یاسایی کە پێویستە لەگەڵ مەرجە ڕووکەشییەکانی دەقەکەدا بگونجێت. زۆرجار بونیادی یاسا مرۆڤکردەکان بە جۆرێک دادەڕژێن کە لە بری پیادەکردنی کرۆکی دادپەروەریی، تەنها پارێزگاری لە سەقامگیریی پێکهاتەی دەسەڵات و بەرژەوەندیی چینە باڵادەستەکان دەکەن. دادپەروەریی ڕاستەقینە کاتێک لە ناو دەقە وشکەکاندا دەمرێت کە دامەزراوەی دادوەری تەنها لێکدانەوەی لۆژیکی و دەقاودەق بۆ یاسا بنەڕەتییەکان دەکات، بێ ئەوەی ڕەهەندە ئەخلاقی و مرۆییەکانی پشت یاساکە لەبەرچاو بگرێت. بۆ دەربازبوون لەم چەقبەستووییە پێویستە خوێندنەوەیەکی ڕەخنەیی بۆ مێژووی یاسادانان بکرێت، بە جۆرێک کە چەمکی هەق لە ژێر هەژموونی قۆرخکاریی دەق ڕزگار بکرێت و بگەڕێنرێتەوە بۆ پێگەی بنەڕەتی خۆی وەک بەهایەکی باڵای بوون کە لەسەروو دادگاکانەوە بن.
دکتۆر ئەحمەد فاتح محەمەد
ڕیکلامێک کۆنڤێرسی ناچار بە داوای لێبوردن کرد.. هێمن عەلی
هەندێک جار تەنها وێنەیەک دەتوانێت ناوبانگی کۆمپانیایەکی گەورە بخاتە مەترسییەوە. ڕیکلامە تازەکەی پێڵاوی کۆنڤێرس نموونەیەکی ڕوونی ئەمەیە.
لە ڕیکلامەکەدا کارینا کە، هونەرمەندێکی کۆریای باشوور و ئەندامی گرووپی مۆسیقای ئەیسپا، جلی سپی لەبەر کردووە. بەهۆی ڕووناکیی وێنەکە، سێبەرێک دروست بووە کە هەندێک کەس گوتیان لە کڵاوی سپیی کوو کڵەس کڵان دەچێت. هەروەها، شێوازی دانانی پێڵاوەکان وای کردووە هەندێک کەس بیریان لە کەسێکی هەڵواسراو بکەوێتەوە.
کوو کڵەس کڵان گرووپێکی توندڕەوی سپیپێستی باڵادەستیخوازە کە لە ساڵی ١٨٦٥ سەری هەڵدا و مێژوویەکی درێژی لە ڕەگەزپەرستی، کوشتن و توندوتیژی لە ئەمریکادا هەیە.
هیچ بەڵگەیەک نییە کە کۆنڤێرس، براندی ناسراوی پێڵاو، بە مەبەست لە ڕیکلامەکەیدا ئاماژەی بە کوو کڵەس کڵان کردبێت. بەڵام شێوازی وێنەکە بووە هۆی ڕەخنە و ناڕەزاییی زۆر و لە ماوەیەکی کورتدا بووە کێشەیەکی گەورە بۆ ناوبانگی کۆمپانیاکە.
کۆنڤێرس داوای لێبوردنی کرد و وێنەکەی لە زۆربەی کەناڵەکانی خۆی لابرد. ئەم هەنگاوە نموونەیەکە لە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ قەیراندا؛ واتە کۆمپانیا لە کاتی دروستبوونی کێشەدا دەبێت بە خێرایی و بە ڕوونی وەڵام بداتەوە، هەست و نیگەرانیی خەڵک لەبەرچاو بگرێت و بەرپرسیارێتی هەڵەکانی بگرێتە ئەستۆ.
بەڵام پاراستنی ناوبانگی کۆمپانیا تەنیا بە داوای لێبوردن چارەسەر نابێت. گرنگە کۆمپانیا بزانێت هەڵەکە بۆچی ڕوویداوە، لێی فێر بێت و هەنگاوی گونجاو بنێت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ئەو هەڵانە دووبارە نەبێتەوە.
ئەم ڕووداوە وانەیەکی گرنگە بۆ کۆمپانیاکان؛ دروستکردنی ناوبانگی باش ساڵانێک دەخایەنێت، بەڵام یەک ڕیکلامی هەڵە دەتوانێت لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا ئەو ناوبانگە بخاتە مەترسییەوە.
سەرچاوەکان
ئیلتا سانۆمات، ٢٠٢٦: Conversen mainos järkytti – poistui somesta pikavauhtia
ویکیپیدیای کوردی: کوو کڵەس کڵان
دوو هۆنراوە بۆ باوکم و کۆترەکانی پاییز.. فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی
پاییزوکۆترەکانم
فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی
لای من جوانن وەرزەکان
هەریەک ڕەنگێک دەهێێنن
بەبەرگی ڕەنگاوڕەنگیان
چەند جوان؟خۆیان دەنوێنن..
من پاییزم لاجوانە
هەرچەند وەرزی خەزانە
فەرشی گەڵا ڕادەخات
لەژێر ئەو درەختانە.
پاییز دنیا سارد دەبێت
چاوم لە کۆترەکانە
چیلکەو گەڵا دەهێنن
بۆ گەرمیی ناو هێلانە
منیش دانیان بۆدەبەم
دەفڕن دێنە سەرشانم
گەنمیان بۆ ڕۆ دەکەم
تا تێربن کۆترەکانم ..
۲۳ـ۱۰ـ ۲۰۲٤چوارشەممە
بیرتدەکەم.. بۆ باوکم..
بو بەساڵێک ، تۆ بێدەنگی و
منیش گوێی خۆم هەڵخستووە.
زۆر تامەزرۆی وشەیەکم
لەزارتەوە ، نەمبیستووە.
بو بەساڵێک هەرنەهاتی
چاوەڕوانیت بەئازارە
بیرتدەکەم ،بەڵام چیبکەم؟
کۆچت ، مەرگەو دوادیدارە..
بو بە ساڵێک ،حەزمدەکرد
چاوم کەوێت بەڕوخسارت
گوێم کەیلکەی بەدەنگی خۆت
شاگەشکەبم ،بەدیدارت.
تۆ کەی وا بوی ؟ کەی دڵڕەقبوی؟
وابڕۆیت و نەیەیتەوە.؟؟!
دڵم دەڵێ بۆیە واتکرد .
تا خۆتم لەبیربەیتەوە..
نا..ئازیزم،سیما و شێوەت
بۆهەمیشە لەچاومایە
دەنگ و سۆزی میهرەبانیت
لەگەڵ شنەی ڕۆحمدایە.
بەڕۆشتنت ،لەیادناچیت
من بیر لەتۆ دەکەمەوە
بەیادەکانت ،سەبوری
ئەم دڵەی خۆم دەدەمەوە..
۲۹ ـ ٨ ـ ۲۰۲٥ هەینی
دوو ڕووی قەیران، “زێدەبەرهەمهێنان” و ” زیادەڕۆیی کەڵەکەبوون “.. کاوە کەریم
دەستپێک
لەشیکردنەوەکاندا بۆ قەیرانی ئابوری سەرمایەداری، دوو چەمکی سەرەکی بەشێوەیەکی بەردەوام لەناو باسە تیۆریک و ئابوری سیاسیەدا دووبارە دەبنەوە، ئەویش “زێدەبەرهەمهێنان” و “زێدە کەڵەکەبوون”ە. ئەم دوو چەمکە، هەرچەندە پەیوەندییەکی نزیکیان بەیەکەوە هەیە، بەڵام هەریەکەیان بوار و جۆرێکی جیاواز لەپرۆسەی قەیرانی ئابوری لێکدەداتەوە. لەیەکەم نیگادا، “زێدەبەرهەمهێنان” ئاماژەیە بۆ دۆخێک کەتێدا سەرمایەداران و کۆمپانیاکان کاڵا و خزمەتگوزاری زیاتر بەرهەمدەهێنن لەوەی کە بتوانرێت لەبازاڕدا ساغی بکەنەوە و بیفرۆشرێن، ئەمەش دەبێتە هۆی کەڵەکەبوونی کاڵا نەفرۆشراوەکان و زیادەڕۆیی و دابەزینی نرخەکان و پاشەکشە. سەرئەنجام بەرهەمەکان ناتوانرێت بەقازانج بفرۆشرێت، لێرەشەوە قەیرانی ئابوری سەرهەڵدەدات.
کاتێکیش دێنە سەر “زیادەڕۆیی لەکەڵەکەبوون” ئاماژەیە بۆ دۆخێک کەتێدا ڕێژەی قازانج بەرەو دابەزین ڕۆشتووە، سەرمایەی قازانج بەخش ناتوانێت زیاتر وەبەرهێنانی پێبکرێت و دەرهێنانی زێدەبەها لەکاری زیندوو سنووردار دەبێت، بۆیە سەرمایە بەشێوەیەکی بەردەوام پاشەکەوت دەکرێت، “زیادەڕۆیی لەکەڵەکەبوون”ی سەرمایەدا ڕوودەدات، سەرەنجام قەیرانێک بەدوای خۆیدا دێنێت. بەواتایەکی تر کێشەکە ئەوە نییە کەکاڵای زۆر بەرهەمهێنراوە، بەڵکو سەرمایە بەشێوەیەکی گەورە کەڵەکە بووە بەبەراورد بەو بوارانەی کەدەتوانن قازانجی پێویستی بۆ دابین بکەن. لەکۆتایشدا سەرمایەکە وەک “سەرمایەی بێکار” دەمێنێتەوە. لەدیدی مارکسدا، ئەمە یەکێکە لەدەرخستنەکانی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی کەڵەکەبوونی سەرمایەیە، کەتێدا سەرمایە بەردەوام هەوڵی بەرفراونبوونی خۆی دەدات، بەڵام هەمان ئەو پرۆسەیە مەرجەکانی بەردەوامبوونی کەڵەکەبوونی سەرمایە لاواز دەکات.
ڕوونکردنەوەی “زێدەبەرهەمهێنان” تیشک دەخاتە سەر ناتەبایی ڕواڵەتی نێوان دابینکردن و خواست، کە زۆرجار وەک کەم بەکاربردن لە چوارچێوەیەکدا دادەنرێت- کرێکاران توانای کڕینی ئەو کاڵایانەیان نییە کە بەرهەمیدەهێنن، بەڵام چەمکی “زێدە کەڵەکەبوون” لێکۆڵینەوەی قووڵتر لە داینامیکی خودی سەرمایە دەکات. لێرەدا قەیرانەکە تەنها ئەوە نییە کە کاڵای زۆر هەیە، بەڵکو سەرمایەی زۆر کەڵەکە بووە بە بەراورد بەدەرفەتی وەبەرهێنانی قازانج. سەرمایە، وەک کارگە، ئامێر، سەروەت و سامانی دارایی، بەدوای بەدەستهێنانی گەڕانەوەیەکی قازانجبەخشدا دەگەڕێت. کاتێک کەڕێژەی قازانج دادەبەزێنێت، چیتر ناتوانرێت سەرمایە لەئاستێکی قبوڵکراوی قازانجدا وەبەربهێنرێتەوە. ئەنجامەکەی دەبێتە هۆی زیادبوونی بێکاری، دروستبوونی ئەوەی ناودەنرێت”بڵقی گەمژانە”، یان لەناوبردنی سەرمایە. لەم ڕوانگەیەوە، کاڵای نەفرۆشراو تەنها یەک دەربڕینی کێشەیەکی فراوانترە، واتە پاشەکەوت و زیادەڕۆیی لە سەرمایەدا کە ناتوانێت دەریچەی بەرهەمدار بۆ بەکارهێنانی خۆی بدۆزێتەوە.
لەم ڕوانگەیەوە ئەوەی وەک “زێدەبەرهەمهێنان” دەردەکەوێت، کە لەڕاستیدا دەرکەوتنی زیادەڕۆیی کەڵەکەبوونە. کۆمپانیاکان بەردەوامن لەبەرهەمهێنان، نەک لەبەر ئەوەی کۆمەڵگە پێویستی بە کاڵای زیاترە، بەڵکو لەبەرئەوەی لە فشارە کێبڕکێییەکان و وەبەرهێنانە نوقمبووەکاندا قفڵ کراون. قەیرانەکە کاتێک سەرهەڵدەدات کە سیستەمەکە بە گشتی نەتوانێت لەو قازانجە بەردەوام بێت کە پێویستە بۆ چەسپاندنی وەبەرهێنانەکانی ڕابردوو. بەم شێوەیە، کۆگاکانی پڕ لە کاڵای نەفرۆشراو ڕەنگدانەوەی دژایەتییەکی قووڵترن لە نێوان هاندانی فراوانبوونی سەرمایە و سنوورەکانی بەدیهێنانی قازانج.
بۆچی ئەم جیاکردنەوەیە گرنگە؟
دەبێت ئەوە زانراو بێت کە “زێدەبەرهەمهێنان” و “زێدە کەڵەکەبوون”، دوو ڕووی هەمان قەیران نین، هەریەکەیان بەجۆرێک جیاوازی ناهاوسەنگی دەخەنەڕوو. جیاوازیی نێوان زێدەبەرهەمهێنان و زێدەکەڵەکەبوونی سەرمایە یەکێکە لە کلیلە سەرەکییەکانی شیکردنەوەی قەیران لەچوارچێوەی ئابوریی سیاسی. ئەم جیاکردنەوەیە نەک تەنیا بۆ شیکردنەوەی قەیرانەکان، بەڵکو بۆ شیکردنەوەی ئەو پرۆسەیەی کە کەسەرمایە لەبواری بەرهەمدارەوە دەگوازرێتەوە بۆ بواری نابەرهەمدار، یان لەبواری بەرهەمهێنانی ڕاستەقینەوە دەڕوات بۆ بواری دارایی، پاشان ئەوەی لێدەکەوێتەوە کەناودەنرێت قەیرانی داریی.
یان ئەم جیاکارییە ئەوەمان بۆ ڕووندەکاتەوە، بۆچی قەیرانەکان پێش بە داراییکردن و بوومەلەرزەی گەمژانە دێت. بەڵام لە ڕوانگەی مارکسیستییەوە، تێگەیشتن لە داراییکردن نابێت تەنیا بەوە سنووردار بکرێت کە کەرتی دارایی فراوانتر بووە یان کۆمپانیاکان داهاتی دارایی زیاتر بەدەستدەهێنن. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: بۆچی سەرمایە بەرەو کەرتی دارایی هەنگاو دەنێت، ئەمە چ پەیوەندییەکی هەیە بە دینامیکی کەڵەکەبوونی سەرمایەوە؟ لەدیدگای مارکسدا، سەرمایە بەشێوەیەکی سادە بڕێک پارە یان کۆمەڵێک لەشتە داراییەکان نییە، سەرمایە پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتییە کە لەپرۆسەی بەرهەمهێنان و کەڵەکەبووندا خۆی نیشاندەدات. لەکۆمەڵگەی سەرمایەداریدا، ئامانجی سەرمایەدار تەنیا بەرهەمهێنان نییە، بەڵکو کەڵەکەکردنی سەرمایەو بەدەستهێنانی قازانجی زیاترە. لەبەرئەوە، هەر کاتێک بەرهەمهێنانی قازانج لەکەرتی بەرهەمهێنەرانەدا سنووردار دەبێت، سەرمایە دەست دەکات بە گەڕان لە بوارەکانی دیکەدا کە بتوانێت قەرەبووی لەدەستدانی قازانج لەبواری بەرهەمهێناندا بکاتەوە.
کاتێک ئێمە باس لەدابەزینی رێژەی قازانج لەسەرمایەداریدا دەکەین کە مەیلی بەرەو دابەزین هەیە، ئەمە دەبێتە بنەمای سەرهەڵدانی قەیرانەکان. لەو خاڵەدا، واتە دابەزینی ڕێژەی قازانج، سەرمایەدار کەرتی دارایی وەک بوارێکی جێگرەوە بۆ سەرمایە دەبینیت. ئەمەش بەواتای گواستنەوە لەکەرتی بەرهەمهێنانەوە بۆ کەرتی نابەرهەمهێنەر. ئەگەر سەرمایە نەتوانێت لەکەرتی بەرهەمهێنانی ڕاستەوخۆدا زێدە بەهای پێویست بەدەست بهێنێت، ئەوا هەوڵدەدات بەرەو بازاڕە دارایییەکان، قەرز، پەیوەندییە دارایییەکان، پشکەکان و شێوە جۆراوجۆرەکانی گەشەپێدانی سەرمایەی دارایی بڕوات. بەم مانایە، داراییکردن دەتوانێت نەک وەک هۆکارێکی دەرەکی، بەڵکو وەک وەڵامێکی ناوخۆیی بە کێشە و سنوورەکانی کەڵەکەبوونی سەرمایە لێکبدرێتەوە.
لەبۆچونی مارکسدا، ئەمە بە چەمکی «سەرمایەی خەیاڵی (Fictitious Capital) ــەوە پەیوەندییەکی نزیکی هەیە. سەرمایەی خەیاڵی ئەو شێوەی سەرمایەیە کە بە شێوەی سەند و بەڵگەی دارایی ــ وەک سەهم و بۆند ــ دەردەکەوێت و خاوەندارێتی یان مافی بەدەستهێنانی داهات لە داهاتوودا نوێنەرایەتی دەکات. لێرەدا جیاوازییەکی گرنگ هەیە لەنێوان بەهای دارایی و بەهای نوێی دروستکراو لە پرۆسەی بەرهەمهێناندا. زیادبوونی نرخی پشکەکەکان، بۆ نموونە، بە خۆی واتای ئەوە نییە کە هەمان بڕ لە بەهای نوێ لە پرۆسەی بەرهەمهێناندا دروست کراوە.
بەم شێوەیە، کاتێک سەرمایە بە شێوەیەکی زۆر بەرەو کەرتی دارایی دەڕوات، دەتوانێت بڵاوکردنەوەی داهاتی دارایی و هەڵکشانی بەهای دارایی دروستبکات، بەڵام ئەمە خۆی لەخۆیدا کێشەی بنەڕەتیی کەمبوونەوەی قازانج لە بەرهەمهێنانی ڕاستەوخۆ چارەسەر ناکات. بەڵکو دەتوانێت بۆ ماوەیەک ئەو کێشەیە بشارێتەوە، یان کێشەکە دوا بخات.
زۆرێک لەو ئابوریناسانە لێرەدا دەکەونە هەڵەیەکی تیۆریکیەوە، چونکە هەموو داهاتێکی دارایی بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی وەک سەرچاوەیەکی سەربەخۆی بەها لێک لێکدەدەنەوە، بەڵام لە ڕوانگەی مارکسەوە، پرسەکە ئەوە نییە کە «پارە چۆن پارەی زیاتر دروست دەکات؟»، بەڵکو ئەوەیە کە ئەو داهاتە دارایییە لەکۆتاییدا چۆن پەیوەندی بە بەهای زیادە و پرۆسەی کەڵەکەبوونی سەرمایەوە هەیە؟ ئەمە گرنگە، چونکە سودی بانکی، کرێی زەوی، داهاتی سەهم و شێوەکانی دیکەی داهاتی دارایی، لە کۆتاییدا پێویستیان بە بنەمایەکی کۆمەڵایەتیی بەرهەمهێنانی بەها هەیە.
لەبەر ئەمە، داراییکردن نابێت بە مانای “کۆتایی هاتنی سەرمایەداری بەرهەمهێنەر” یان “گۆڕینی قازانجی بەرهەمهێنان بە داهاتی دارایی” وەربگیرێت. بەپێچەوانەوە، لەڕوانگەی مارکسیستییەوە دەتوانرێت داراییکردن وەک شێوەیەکی گۆڕاو و ئاڵۆزی کەڵەکەبوونی سەرمایە ببینرێت، شێوەیەک کە تێیدا سەرمایە بۆ گەڕان بەدوای قازانجدا لە نێوان کەرتی بەرهەمهێنان و کەرتی داراییدا دەجوڵێت.
بەم پێیە، داراییکردن لە بنەڕەتدا کێشەیەکی سەربەخۆ لە “کەرتی دارایی” نییە، بەڵکو بەشێکە لە کێشەیەکی گشتیتر و ناوخۆیی سەرمایەداری: چۆن سەرمایە دەتوانێت کەڵەکە ببێت و قازانج بەردەوام بکات، کاتێک هەمان پرۆسەی کەڵەکەبوون سنوورەکانی خۆی دروست دەکات؟ لەم چوارچێوەیەدا، گەشەی کەرتی دارایی دەتوانێت وەک یەکێک لە شێوەکانی وەڵامدانەوەی سەرمایەداری بەو سنوورانە تێبگەینرێت، بەڵام نەک وەک چارەسەرێکی کۆتایی بۆ ئەوان.
کاتێک دەڵێن جیاکردنەوەی ئەم دوو چەمەکە بۆ لێکدانەوەکان گرنگە، چونکە یەکێکیان سەرنجمان دەباتە سەر بەرهەمهێنان و خواست و توانای کڕین، ئەوەی تریان سەرنجمان دەباتە سەر سەرمایە و کەڵەکبوون و بەدەستهێنانی قازانج و دەرهێنانی بەهای زیادە لەکاری زیندووی کرێکاران. ئەم جیاکاریە گرنگە، چونکە ئەگەر بڵێن زێدەبەرهەمهێنان هۆکاری قەیرانەکانە، ناتوانین وەڵامان هەبێت و ئەوە ڕوونبکەینەوە، بۆچی سەرمایە لەبواری بەرهەمدارەوە دەچێتە ناو بواری داراییکردنەوە، کە دەبێتە هۆکاری ئەوەی قەیرانی بنەڕەتی بگوازێتەوە بۆ بوارە داراییەکان، پاشان قەیرانەکە قوڵتربکاتەوە و قەیران و قەرزی و دارایی لێبکەوێتەوە، وەک نمونەی ئێستای قەیرانی سەرمایەداری جیهانی ئەم سەردەمە.
بەکورتی، “زیدەبەرهەمهێنان” باس لەچۆنیەتی دەرکەوتنی قەیرانەکان دەکات، لەکاتێکدا “زێدەڕۆیی کەڵەکەبوون” ڕوونکردنەوەیەکی پێکهاتەییتر پێشکەش دەکات بۆ ئەوەی بۆچی ڕوودەدەن. یەکەمیان گرنگی بە بازاڕ و خواست دەدات، دووەمیان لەڕێژەی و دینامیکی سەرمایە دەڕوانێتە کێشەکە.
ئابوریناسە چەپەکان و” دۆسیەی “زیادە بەرهەمهێنان”
بەشێک لەئابوریناسە چەپەکان یان “مارکسیستەکان” دۆسیەی “زیادە بەرهەمهێنان” وەک هۆکاری قەیرانەکانی ژێر سەرمایەداری دەخەنەڕوو، ڕۆڵی یاسای مارکس (دابەزینی ڕێژەی قازانج مەیلی- بەرەو دابەزین) وەک پەیوەندیدار ڕەتدەکەنەوە. لەکاتێکدا هەم مارکس و هەم زۆربەی ئابوریناسانی نزیک لەمارکس، ئەم یاسایە بە هۆکاری بنەرەتی قەیرانی سەرمایەداری دەزانن. بەڵگەی زۆربەی ئەوان ئەوەیە کاتێک مارکس باسی ڕوونکردنەوەی هەر قەیرانێک لە سەدەی نۆزدەهەمدا کردوە، هیچ کاتێک باسی ئەم یاسایەی نەکردوە و هەمیشە ئاماژەیان بە ‘زیادە بەرهەمهێنان’ کردوە. یان هیچ بەڵگەیەکیش نییە کە دابەزینی ڕێژەی قازانج پێش قەیرانی هۆکارەکانی قەیرانە خولگەییەکان بێت لەسەرمایەداریدا. ئەمەش بەمانای ئەوەی کە قەیرانەکانی ژێر سیستەمی سەرمایەداری بەهۆی “زیێدە بەرهەمهێنان”ەوە دروست دەبن و پەیوەندی بە جوڵەی قازانج و قازانج لە کەڵەکەبوونی سەرمایەداریدا نییە.
باشە ئەوە شتێکی سەرسوڕهێنەر نییە، چونکە تا ئەو کاتە مارکس یاسای قازانجی پەرە پێنەدابوو. یان ئەگەر ئەو بۆچوونانەیان ڕاست بێت، دەبێت ئێمە واز لەبەرگی سێیەمی کتێبی (سەرمایە) ی مارکس بهێنین و بیخەیەنە لاوە، چونکە ئەو یاسایە و شیکردنەوەی پانتاییەکی گەورەی لە فیکری مارکس، گرتووە لەکتێبەکەدا.
کاتێک ڕۆزا لۆکسمبورگ، شیکردنەوەی بۆ قەیراني ئابوری سەرمایەداری کرد، ئەو پێیوابوو کە قەیرانەکانی سیستەمی سەرمایەداری، لەبنەڕەتدا بەهۆی دیاردەی “زێدەبەرهەمهێنان” وەیە، چونکە نەبوونی هێزی کڕینی پێویست لەناوخۆی بازاڕی سەرمایەداریدا، سیستەمەکە بەرەو قەیران و داڕمان دەبات. لەبۆچونی ئەودا، کرێکاران تەنها بەشێکی کەم لەو بەهایە وەک کرێ وەردەگرنەوە کەخۆیان بەرهەمی دەهێنن، بۆیە هێزی کڕینیان سنوردار دەبێت، ناتوانن ئەو کاڵا بەرهەمهێنراوانە بکڕنەوە. هەروەها سەرمایەداران بەشێک لەقازانجەکانیان بۆ کڕینی کاڵای لۆکس و خۆشگوزەرانیەکان بەکاردەهێنن نەک بۆ کڕینی کاڵای بەکاربەر، بەڵام بەشە گەورەکەی پاشەکەوت دەکەنەوە سەرلەنوێ وەبەرهەمهێنانی پێدەکەنەوە بۆ بەرهەمهێانی زیاتر. ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی دیاردەی “زێدەبەرهەمهێنان”، واتە بڕی کاڵای بەرهەمهێنراو، زۆر زیاتر دەبێت کەلەتوانای کڕینی کۆمەڵگەدا نییە.
بەبڕوای ڕۆزا، ئیمپریالزم و داگیرکاری وڵاتە سەرمایەدارە گەورەکان، دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی قەیرانی “زێدەبەرهەمهێنان” ە، چونکە کاتێک بازاڕی ناوخۆیی تێر دەبێت، توانای کڕین کەمدەبێتەوە، ئەم دەوڵەتانە پەنا دەبەنە بەر داگیرکردنی ولاتانی تر لە ئەفەریقا و ئاسیا و شوێنەکانی تر بۆ دۆزینەوەی بازاڕی نوێ بۆ فرۆشتنی کاڵا زیادەکان و دۆزینەوەی دەرفەتی نوێ بۆ وەبەرهێنانی سەرمایە کەڵەکەبووەکانیان. کاتێکیش تەواوی جیهان دەبێتە سەرمایەداری و هیچ بازاڕێکی دەرەکی نامێنێت بۆ حەواندنەوەی کاڵا زیادە بەرهەمهێنراوەکان، قەیرانەکان توندوتیژ و زیاتر قوڵدەبێتەوە، پاشان شەڕی هێزە ئیمپریالیستیەکان بۆ دابەشکردنی بازارەکان شەڕو داڕمانی ئابوری لێدەکەوێتەوە، ئەمەش ڕێگا خۆش دەکات بۆ شۆڕشی سۆشیالستی.
مارکس – پرسی کەڵەکەبوون، قەیران
مارکس پێش ئەوەی بچێتە ناو باسی قەیرانەوە، بنەما تیۆرییەکەی خۆی سەبارەت بەپرۆسەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری و پرۆسەی کەڵەکەبوونی سەرمایە ڕوونکردەوە. بەبۆچوونی ئەو دەرکەوتنی ئاشکرای قەیران لەپرۆسەی سوڕانەوەی سەرمایەدا نابێت “هۆکاری” قەیرانەکە بشارێتەوە، کە لەشێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا هەیە. “گۆڕانکاری کاڵاکان” لەبازاڕدا قۆناغی جیاوازی یەک پرۆسەیە. نیشاندەری سەرەکی پرۆسەی کەڵەکەبوونی سەرمایە (کاڵا-پارە-کاڵا) نییە، بەڵکو (پارە-کاڵا- پارە) یە. بۆیە مارکس دەپرسێت: ئایا دەکرێت بەشێک لەبەهای زیادە ڕاستەوخۆ بچێتە ناو سەرمایەی نەگۆڕەوە بەبێ ئەوەی بفرۆشرێت و کەڵەکەبوونی سەرمایەو بەرهەم هێنانەوەی بەرفراوانی لێبکەوێتەوە؟
مارکسیش وەڵامەکەی ئەرێنییە، بۆ تێگەیشتن لەم پرسە، بۆیە دەڵێت: سەرەتا پێویستە بەکارهێنانی تاکی مرۆڤەکان بەتەواوی لاببرێت بۆ ئەوەی بتوانین تەنها سەرنجمان لەسەر بەکارهێنانی بەرهەمداربێت. وەک “ئاشکرایە”، زۆربەی کاڵاکان لەخودی پرۆسەی بەرهەمهێناندا بەکاردەهێنرێن. بەم پێیەش سەرمایە ڕۆڵی هەم فرۆشیار و هەم کڕیار دەگێڕێت.
لەکەڵەکەبوونی سەرمایەداریدا پرسیارێک هەیە بۆ گۆڕینی بەهای سەرمایەی سەرەتایی لەگەڵ ڕێژەی ئاسایی قازانجدا. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە کەڵەکەبوونی سەرمایە زۆر پەیوەندی بەڕێژەی قازانجەوە هەیە. لەبەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا ئەوەی گرنگە بەهای بەکارهێنانی دەستبەجێ نییە، بەڵکو بەهای ئاڵوگۆڕ و بەتایبەتی فراوانبوونی بەهای زیادەیە. ئەمە پاڵنەری بزوێنەری بەرهەمهێنانی سەرمایەدارییە. بۆیە ئەوە بەلگەنەویستە کە قازانج هێزی پاڵنەری سەرمایەدارییە، نەک بەرهەمهێنان (یان بەم شێوەیە زیادە بەرهەمهێنان). هەربۆیە کاتێک باس لە تەسفیەکردنی سەرمایە دەکرێت لەکاتی قەیرانەکاندا، مەبەست لەناوبردنی سەرمایەیە لەڕێگەی قەیرانەکانەوە، بەواتای دابەزینی بەهاکانی بەهاکانە کە ڕێگرییان لێدەکات لەپرۆسەی نوێکردنەوە و دووبارە بەرهەمهێنانەوەدا. ئەوە دابەزینی بەهایە، نەک داڕمانی خواست کە کلیلی قەیرانەکان و بوژانەوەی دواترە.
بەڵام مارکس لەشوێنێکدا دەڵێت: “قەیرانی هەمیشەیی بوونیان نییە”
لێرەدا گرنگە ئەمە ڕوونبکەینەوە، لەلای مارکس، کەڵەکەبوونی سەرمایە پرۆسەیەکی ناوخۆیی و بنەڕەتیی شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەدارییە. سەرمایەدار لەپرۆسەی بەرهەمهێناندا لەکاری زیندووەوە زیادەبەها بەدەست دەهێنێت و پاشان بەشێک لەو زیادەبەهایە دووبارە وەک سەرمایە بەکار دەهێنێتەوە بۆ فراوانکردنی بەرهەمهێنان و زیادکردنی سەرمایە. بەم شێوەیە، کەڵەکەکردنی سەرمایە تەنها کۆکردنەوەی سامان نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی بەردەوامە کە سەرمایە خۆی تێدا دووبارە بەرهەمدەهێنێتەوە و لەهەمان کاتدا پێکهاتەی پەیوەندییەکانی نێوان سەرمایە و کار دەگۆڕێت.
فراوانبوونی کەڵەکەکردن دەتوانێت بەرهەمهێنان بەشێوەیەکی زۆر گەورە بکات، بەڵام ئەم فراوانبوونە هەمیشە بەپێی تێپەربوونی کات ڕووبەڕووی داکشانی ڕێژەی قازانجەکە دەبێتەوە، ئەمەش دەبێتە ناکۆکی. لەو خاڵەدا ناکۆکیی نێوان پێویستی سەرمایە بۆ فراوانکردنی بەرهەمهێنان و ئامانجی، دەتوانێت سەرمایە بەرەو قەیران ببات. بۆیە قەیران لە تێۆریی مارکسدا ڕووداوێکی دەرەکی و ڕێکەوتی نییە، بەڵکو ئەنجامێکی ناوخۆییە کە لە جوڵەی کەڵەکەکردنی سەرمایەوە سەر هەڵدەدات. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەمە بەو مانایە نییە کە قەیران بە شێوەیەکی هەمیشەیی و بێکۆتایی بەردەوام دەبێت، چونکە قەیران دەتوانێت لەڕێگەی لەناوچوونی بەشێک لە سەرمایە، کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان و گۆڕینی مەرجەکانی کەڵەکەکردن، ڕێگا بۆ دەستپێکردنەوەی قۆناغێکی نوێی کەڵەکەکردن بکاتەوە.
لەبەر ئەمە، لە بیرکردنەوەی مارکسدا دەبێت جیاوازی لەنێوان “قەیرانی هەمیشەیی” و “ناکۆکییە هەمیشەبووەکانی کەڵەکەکردنی سەرمایە” بکرێت: قەیرانەکان دەتوانن کاتی و دووبارەبووەوە بن، بەڵام سەرچاوەی ئەو ناکۆکییەی کە قەیران دروست دەکات، لە خودی شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەدارییەوە سەرچاوە دەگرێت.
کاتێک مارکس تێبینییەک باس دەکات و دەڵێت کە “قەیرانی هەمیشەیی بوونیان نییە”. کەواتە مارکس ڕاستەوخۆ ئاماژە بە “کاتی” زۆری سەرمایە دەکات وەک پەیوەندیدار بە قەیرانەکانەوە – زیادەڕەوی لێرەدا بەواتای ڕێژەیی بە قازانج یان قازانج دێت، نەک خواست. لەوەش ڕوونتر دەڵێت: “گواستنەوە لە دەستەواژەی زیادە بەرهەمهێنانی کاڵاکانەوە بۆ دەستەواژەی زیادەڕۆیی سەرمایە.
یاسای قازانجی مارکس و قەیران
لە ئابوریی مارکسدا، جیاوازییەکی بنەڕەتی لەنێوان “ڕێژەی زێدەبەها” و “ڕێژەی قازانج” هەیە، هەرچەندە هەردووکیان دەربڕینی هەمان سەرچاوەی بەهای زیادە، واتە زێدەبەهان. ڕێژەی زێدەبەها پەیوەندیی نێوان زێدەبەها و سەرمایەی گۆڕاو دەردەخات، لەکاتێکدا ڕێژەی قازانج پەیوەندی نێوان هەمان زێدەبەها و کۆی سەرمایەی پێشخراو، واتە کۆی سەرمایەی جێگیر و گۆڕاو، پیشان دەدات. بەم پێیە، هەردوو ڕێژەکە هەمان بڕی زێدەبەها بە دوو پێوەری جیاواز دەخەنەڕوو، و جیاوازیی نێوانیان لە جیاوازیی بنەمای پێوانەکردنەوە سەرچاوە دەگرێت.
لەڕوانگەی شیکاریی مارکسەوە، بۆ تێگەیشتن لە گۆڕینی زێدەبەها بۆ قازانج، دەبێت لە ڕێژەی زێدەبەهاوە بۆ ڕێژەی قازانج بڕۆین، نەک بەپێچەوانەوە. ئەمەش گرنگە، چونکە زێدەبەها لەپڕۆسەی بەرهەمهێنانی سەرمایەدارییەوە سەرچاوە دەگرێت و لە پەیوەندیی نێوان کار و سەرمایەدا دروست دەبێت، بەڵام قازانج شێوەیەکی دەرەکی و دیاربووی هەمان بەهای زیادەیە کە لەسەرمایەدارییەکەدا وەک بەرهەمی هەموو سەرمایەکە دەردەکەوێت. لەو چوارچێوەیەدا، تێکڕای قازانج دەتوانێت وەک خاڵێکی دەستپێکی مێژوویی لەپەیوەندییە ئابورییە سەرمایەدارییەکاندا تێبگەین. بەڵام لەڕووی شیکارییەوە، زێدەبەها و ڕێژەی زێدەبەها بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەسەر ڕووی دیاردەکانی بازاڕدا دەرناکەون، بەڵکوو ناوەڕۆکێکی شاراوە و پەیوەندیدار بەپڕۆسەی بەرهەمهێنانی بەهای زیادەن و دەبێت لە ڕێگەی شیکردنەوەی زانستیی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانەوە دەستنیشان بکرێن. لەبەرامبەردا، قازانج و ڕێژەی قازانج لەئاستی دیاردەیی و ڕووکاریی سیستەمی سەرمایەداریدا شێوەیەکی ڕاستەوخۆتر دەردەکەون. بەم مانایە، قازانج شێوەیەکی گۆڕاو و دەرەکیی زێدەبەهایە، لەکاتێکدا زێدەبەها ناوەڕۆکی ئەو پەیوەندییەیە کە لە پشت ئەو شێوە دەرەکییەوە هەیە.
لەهەمان چوارچێوەدا، ڕێژەی قازانج لەگەڵ کاتی سوڕانەوەی سەرمایەدا پەیوەندییەکی پێچەوانەی هەیە. واتە، بەمەرجێک کە گۆڕاوەکانی تری کاریگەری لەسەر ڕێژەی قازانج- وەک پێکهاتەی سەرمایە، ڕێژەی زێدەبەها و کاتی کار- لە نێوان سەرمایەداران یەکسان بن، درێژبوونەوەی کاتی سوڕانەوەی سەرمایە دەتوانێت ببێتە هۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی قازانج. لەبەر ئەوەی سەرمایەی بەکارهاتوو بۆ ماوەیەکی درێژتر لە پڕۆسەی سوڕانەوەدا گیراوە و توانای گەڕانەوەی خێرا و دووبارە بەکارهێنانەوەی کەمتر دەبێت. بەڵام ئەگەر ئەم گۆڕاوە بنەڕەتییانە لەنێوان سەرمایەداراندا جیاواز بن، وەک جیاوازی لە کاتی کار، ڕێژەی زێدەبەها یان ئاستی کرێی کار، ئەوا ڕێژەی قازانجیان دەتوانێت جیاواز بێت، تەنانەت ئەگەر لەهەمان دۆخی گشتیی ئابوریدا کار بکەن. بەم پێیە، هەموو جیاوازییەکانی ڕێژەی قازانج ناتوانرێت بەکاتی سوڕانەوەی سەرمایەوە ڕوونبکرێنەوە، چونکە هۆکارەکانی تر دەتوانن بە سەربەخۆیی کاریگەرییان لەسەر ئەم ڕێژەیە هەبێت.
لەئەنجامدا، بۆ شیکردنەوەی جیاوازیی ڕێژەکانی قازانج، پێویستە لەنێوان ئەو هۆکارانەی کە بە شێوەی ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بەسوڕانەوەی سەرمایەوە هەیە و ئەو هۆکارانەی کە لە پێکهاتەی سەرمایە، ڕێژەی زێدەبەها، کاتی کار و کرێی کارەوە سەرچاوە دەگرن، جیاوازی بکرێت. ئەم جیاکردنەوەیە ڕێگە دەدات پەیوەندیی نێوان زێدەبەها و قازانجمان بۆ ڕوون بێتەوە، هەروەها گواستنەوەی ڕێژەی زێدەبەها بۆ ڕێژەی قازانج، بەشێوەیەکی تیۆری و شیکاریی وردتر تێبگەین.
مارکس سەرچاوەی هۆکاری قەیرانەکان بۆ مەسەلەی دەرهێنانی زێدەبەها و کەمبوونەوەی ئاستی رێژەی قازانج دەباتەوە، لەم نێوەشدا مارکس “یاسای ڕێژەی قازانج مەیلی- بەرەو دابەزین” پەرەپێدا. ئەم یاسایە ئاماژەیە بەوەی کە لەپەرەپێدانی سیستەمی سەرمایەداری، سەرمایەداران بەردەوام هەوڵدەدەن بە بەکارهێنانی ئامێرەکان، تەکنەلۆجیا و شێوازە نوێکانی بەرهەمهێنان، بەرهەم زیاتربکەن. بەهۆی ئەمەوە ڕێژەی سەرمایەی بەکارهاتوو لەو بوارانەدا زیاد دەبێت، لەکاتێکدا ڕۆڵی کاری مرۆیی لە بەرهەمهێناندا بەراورد بە سەرمایە کەمتر دەبێت. بەڵام کار سەرچاوەی بەهای زیادە و قازانجە، ئەم گۆڕانکارییە دەتوانێت لە درێژمەودادا مەیلێک بۆ دابەزینی ڕێژەی قازانج دروست بکات.
مارکس لەیاسای قازانجدا ئەوە ڕووندەکاتەوە، کە ئەگەر سەرمایەی نەگۆڕ زیاتر لەبەرانبەر سەرمایەی گۆڕاودا بەرزبێتەوە، ئەوا ڕێژەی قازانج دادەبەزێت. “رێژەی قازانج دادەبەزێت، چونکە بەهای سەرمایەی نەگۆڕ لەبەرامبەر سەرمایەی گۆڕاو بەرزبووەتەوە و سەرمایەی گۆڕاو کەمتر بەکاردەهێنرێت”… لێرەوە قەیران “قەیرانی کار و قەیرانی سەرمایە”یە. لەگەڵ ڕێژەی قازانج “کەمبوونەوەی… ئەوە حاڵەتێکی زیادە بەرهەمهێنانی سەرمایەی نەگۆڕە.”… “قەیرانەکان بەهۆی زیادە بەرهەمهێنانی سەرمایەی نەگۆڕەوەیە”.
بەڵام مارکس ئەمەی بەمانای دابەزینی بەردەوام و بێ وەستانی قازانج ناگرێت، بەڵکو “مەیل”ێکە کە دەتوانێت بەهۆی هەندێک هۆکاری دژەوە کەم بکرێتەوە یان دوا بخرێت. بۆ نموونە، زیادکردنی چەوساندنەوەی کرێکاران، کەمکردنەوەی تێچووی بەرهەمهێنان و فراوانکردنی بازاڕ دەتوانن بۆ ماوەیەک ڕێژەی قازانج بەرزتر بکەن، بەڵام لەدرێژخایەندا بەرەو قەیرانێک هەنگاو دەنێت. بۆیە لە تیۆری مارکسدا ئەم یاسایە بەشێکە لە شیکردنەوەی ناوخۆیی و ناکۆکییەکانی سیستەمی سەرمایەداری.
پۆڵ ماتیک بیرمەندی مارکسیستی سەدەی رابردوو، دەڵێت:
“یاسای مارکس دوو لێواری هەیە، تەنانەت ئەگەر ڕێژەی قازانجیش دابەزێت، ئەگەری ئەوە هەیە کەبارستەی قازانجەکان بەرزبێتەوە، ئەمەش دەتوانێت پارێزگاری لەبەرزبوونەوەی بەرهەمهێنان بکات. سەرەڕای ئەمەش، دابەزینی تێکرای ڕێژەی قازانج بەشێوەی بەردەوام، لەکۆتاییدا دەبێتە پێچەوانبوونەوە و خاوبوونەوەی بەرزبوونەوەی باراستەی قازانج، کاتێکیش تێکرای ڕێژەی قازانج دادەبەزێت بۆ خاڵێک کەتێدا بارستەی قازانج دادەبەزێت، لەم خاڵە وەچەرخانەدا بوار بۆ قەیرانەکان دەکاتەوە. سەرەتا قازانج دادەبەزێت، پاشان وەبەرهێنان دادەبەزێت”.
“زێدەبەرهەمهێنان” یان “کەڵەکەبوون” لەقەیرانەکاندا
مارکس “زێدەبەرهەمهێنان” وەک یەکێک لە ڕەگ وڕیشەکانی قەیرانی سەرمایەداری لێکدەداتەوە. لە دیدی ئەوەوە، نابێت زیادەبەرهەمهێنان بەسادەیی وەک ئەوە تێبگەین کە لەکایە تاکەکانی بەرهەمهێناندا کاڵا زیاتر لە پێویستی بەرهەمهێنراوە, چونکە ئەمە دەتوانێت تەنها بەشێک لەکێشەکە بێت و ببێتە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانی بەشەکی بەهۆی ناڕێژەیی لە نێوان بەشەکانی بەرهەمهێنان.
مارکس ئەگەری سەرهەڵدانی قەیران لەئەنجامی بەرهەمهێنانی ناڕێژەیی لە نێوان کایە جیاوازەکانی بەرهەمهێناندا بە تەواوی ڕەتناکاتەوە. ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە “بێئەوەی بڵێین، ئینکاری ئەوە ناکرێت کە ڕەنگە زۆر لە کایە تاکەکەسییەکان بەرهەمبهێنرێت و بەم شێوەیە قەیرانی بەشەکی لەبەر بەرهەمهێنانی ناڕێژەیی سەرهەڵبدات”. ب
گفتوگۆی بەختەوەری لە نێوان فەلسەفەو دەروونشیکارییدا.. سیمنارێک بۆ د. ئازاد حەمە لە گەلەری ئارام
شەممە
١٩\٩\٢٠٢٦.. کاتژمێر ٦ی ئێوارە

دوو هۆنراوە بۆ منداڵان.. فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی
فڕۆکەکەم
یەک فڕۆکەم کڕیوە
لەمەپێشترنەمدیوە
زۆرجوان دروستکراوە
دووتایەی بۆدانراوە
وێنەی ئاڵای کوردستان
لەلای ڕاستی نەخشاوە
کاتێک دەینێرمە ئاسمان
وەک مەل وباڵندەی جوان
کۆنتڕۆڵی بەدەستمە
لەهەرشوێنێک ،مەبەستمە
بۆسەرزەوی دەهێنم
خۆشمدەوێ نایشکێنم
ئۆخەی فڕۆکەجوانەکەم
شادم یاریت پێدەکەم
هەرچەندبەرزبی،نەنەوی!؟؟؟
خۆم دەتهێنمە سەرزەوی.
شارەکەم سلێمانی
شــارهكــهم ڕازاوهیــه
دڵــم پیـَـی كـراوهیـه
خـۆشـه دڵـگیروجوانه
مایهی خۆشبهختیمانه
شـهقـام وگـۆڕهپــانـی
هێمای هاتووچۆكانـی
كۆشك وتهلاری ڕهنگیـن
شاد دهكات دڵی غهمگین
ئـۆتـۆمـبێلی تازهوكـۆن
بهپێی یاسایهك دهڕۆن
زیـان لـهخـۆیان نـادهن
خهڵكیش ههراسان ناكهن
ئـهوجـێـیـهی كـهبـازاڕه
بــۆفــرۆش وكــڕیــاره
گـهركـهلـوپـهلمان بـوێ
ڕومـان دهكـهیـنه ئهوێ
هۆی جوانی ئهم ژینگهیه
وشـیـاری ئـهم خهڵكهیه
شــارهكـهم سـلیـَمــانـی
دڵـخــۆشــم ئــاوهدانـی
فەرهادئەحمەدبەرزنجی
مـنـداڵ و جــیــابـــوونـــەوە.. محەمەد بەرزی
منداڵ دیارییەکی زۆر جوان و ناوازەی یەزدانی مەزنە ، خێزانیش باوەشێکی گەرمووگوڕی گرنگە بۆ گەشەکردنیان . بێگومان جیابوونەوەی دایک و باوکیش ڕووداوێکی سەخت و گرانە ، فشارێکی دەروونی بێ ئەندازە لەسەر هەموو ئەندامەکانی خێزان دروستدەکات ، بە تایبەتیش کاریگەری زۆر خراپیان لەسەر منداڵان هەیە و خۆیان لە دۆخێکی لاواز و ناجێگیردا دەبیننەوە . چونکە منداڵ بە تەواوی وابەستەی دایـک و باوکیانن ، تەنانەت دوای ئەوەی دەگەنە تەمەنی گەورەییش . بە پێی ئەو توێژینانەوەی لە ئەمریکادا کراون ، ڕووداوی جیابوونەوە بە تەواوی پڕۆسەی پەروەردەکردنی منداڵ دەشێوێنێت ، چونکە لە دەرەوەی کۆنترۆڵی ئــەواندایە . لێرەدا بە کورتی ئاماژە بۆ کاریگەریی و چەند لایەنێکی خراپی جیابوونەوە دەکەین :
١- ئەو منداڵانەی ، کە دایک و باوکیان جیابوونەتەوە ، کاریگەرییان لەسەرە تووشی چەندین نەخۆشی دەروونی جیاوازبن . وەک : تێکچوونی ڕەفتار و هەڵسوکەوتیان . خراپی ئاستی خوێندنیان . ترس و دڵەڕاوکێ . جگەرەکێشان و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر و هەوڵی خۆکوشتن .
٢ – کاتێک ژن و پیاوێک هاوسەرگیریی دەکەن ، تەنها پێویستییان بە یەک ماڵە ، کە هەموو کەل و پەل و پێویستییەکانی ژیانی تێدایە . بەڵام کاتێک ژن و مێردێک جیادەبنەوە ، پێویستییان بە دوو ماڵی جیاوازە . لەم دۆخەدا داهاتی هەردوولایان کەمدەبێتەوە ، کە پێش جیابوونەوە هەیانبووە . ئەمەش توانای دایک و باوک بۆ دابینکردنی پێویستییەکانی ژیان کەمدەکاتەوە . هەر بۆیە لە ناچاریدا دایکەکە ، یان باوکەکە ، کە منداڵیان گرتۆتە خۆیان ڕوو لە گەڕەکە هەژارەکان دەکەن ، کە ئاستی کریێ و ژیان بە شێوەیەکی بەرچاو تیایاندا نزمن . زۆر جاریش کەمبوونەوەی داهات کارێک دەکات ، باوکەکە ، یان دایکەکە زیاتر کاربکەن . تا بتوانن داهاتی زیاتر بۆ ژیانێکی ئاسایی بەدەست بهێنن . بەمەش کاتی زیاتر لە منداڵەکانییان دووردەکەونەوە ، سەرباری ئەوەی پەروەردەکردن لە لایەن تاکە کەسێکەوە زۆر گران و ئەستەمە ، دەبێتە هۆی دەردەسەری و ماندووبوون و زیادبوونی بەرپرسیارییەتی ، سەرباری شێواندنی پڕۆسەی پەروەردەکردنیش .
٣ – منداڵانی بچووک ، کە تەمەنیان لە نێوان ( ٣ بۆ ٨ ) ساڵدایە دەست و پیێ سپیین ، ڕەنگە بە تەواوی تێنەگەن بۆچی ژیان لە دەورووبەریاندا گۆڕاوە . بۆچیش لە نێوان دوو ماڵی جیاوازدا دەگوێزرێنەوە . جا چونک لە منداڵی بچووکدا مێشک بە تەواوی گەشەی نەکردووە ، زۆرجار منداڵ کیشەی تێگەیشتنیان لە هۆکارە ئاڵۆزەکانی جیابوونەوەدا هەیە . هەر بۆیە لەوانەیە بترسن و تووشی سەرلێشێواوی بن .
٤ – زۆرێک لەو منداڵانەی دایک و باوکیان جیابوونەتەوە ، تووشی دڵتەنگی و تووڕەبوون دەبن . لە ڕووی کۆمەڵایەتیشەوە کاریگەرییان بۆ دروست دەبێت ، لەگەڵ کەسانی تردا هەڵناکەن و تــووشـی کێشەی زۆر دەبن . زۆر جاریش پەیوەندی کۆمەڵایەتییان لاواز دەبێت . تووشی سەرگەردانی و ترس و بێزاری دەبن و وادەزانن ، کە تەنها خێزانەکەی ئەوانە جیابوونەتەوە . لە هەندێک حاڵەتیشدا کاتێک منداڵ هەست بە ئازارەکانی جیابوونەوە دەکەن ، ناتوانن بڕیاربدەن چۆن وەڵامی کاریگەرییەکانی جیابوونەوەکە بدەنەوە . لە ئەنجامدا لەوانەیە لە دایک و باوک و هاوڕیێ و کەسانی تر تووڕەبن و ئەنجامی خراپ بە دوای خۆیدا بهێنێت .
٥ – زۆرجار منداڵ پرسیار دەکات ، بۆچی دایک و باوکیان جیابوونەتەوە ، بە دوای هۆکارەکاندا دەگەڕێن . پرسیاردەکەن : ئایا دایک و باوکیان وازیان لە خۆشەویستی خۆیان هێناوە ؟ . یان کاری هەڵەیانکردووە . یان خۆیان تاوانبار دەکەن وا دەزانن ڕەفتارەکانیان بەشداربووە لە جیابوونەوەی دایک و باوکیاندا . ئەمانەش دەبنە هۆکاری بەرزبوونەوەی فشاری دەروونی و خەمۆکێ و جگەرەکێشان و خراپی ئاستی خوێندن و کێشەی تەندروستی بۆیان . بۆیە زۆر پێویستە ژیرانە هۆکارەکانی جیابوونەوەکە بۆ منداڵ باسبکرێت . تا بە تەواوی تێبگەن و هەستە خراپەکانییان کەمبکرێتەوە . چونکە ناکۆکی چارەسەرنەکراو ، دەردێکی گرانە و دەتوانێت ببێتە هۆی یاخی بوون و تاوان ، لە داهاتووشدا زیانی گەورە بە دوای خۆیدا بهێنێ .
٦ – لێکوڵینەوەکان دەریانخستووە : ئەو منداڵانەی دایک و باوکیان جیابوونەتەوە ، کاتێک گەورەدەبن و دەچنە ناو پڕۆسەی هاوسەرگیرییەوە ، ئەگەری جیابوونەوەیان زیاترە بەراورد بەو منداڵانەی دایک و باوکیان جیانەبوونەتەوە .
٧ – لە هەندێک حاڵەتدا کاتێک منداڵان هەست بە فشار و زەبری زۆر دەکەن و ناتوانن چۆن وەڵامی کاریگەرییەکانی جیابوونەوەکە بدەنەوە ، لەوانەیە لە دایک و باوک و هاوڕێکانییان تووڕەبن ، لە ئەنجامیشدا ئەو تووڕەبوونە خراپ بەکاربهێنن . هەرچەندە ئەم تووڕەبوونە بۆ زۆرێک لە منداڵان زوو کاڵ دەبێتەوە ، بەڵام ئەگەر بەردەوام بوو ، گرنگە بزانرێت جیابوونەوەکە کاریگەرییەکی خراپ و درێژ خایەنی بۆ دروستکردوون .
٨ – بەگشتی جیابوونەوەی دایک و باوک ، کاریگەریی لەسەر منداڵانی هەموو تەمەنەکان هەیە ، بە تایبەتیش بۆ منداڵانی تەمەنی سەرەتایی زۆر ئەستەم و قورس و گرانە .
٩ – ڕەنگە بۆ هەندێک کەس جێگای سەرسوڕمان بێت ، کە تەنانەت منداڵی ساواش کاریگەریی تەڵاقیان لەسەرە . بە تایبەتی ئەگەر ناکۆکی نێوان دایک و باوکیان ببێتە هۆی قاو و قیژ و هاتوهاوار و شەڕ و گرژی لە ناو ماڵدا . چونکە ئەگەرچیش کۆرپە لە هۆکارەکانی ناکۆکییەکان تێناگات ، بەڵام هەست بە گرژیی دەورووبەرەکەی خۆی دەکات . لە ئەنجامدا سەرلێشێواوی و فشاری بەدواوەیە و دەبێتە هۆی گریان و تێکچوونی شێوازی خەوتن و ترس و دڵەڕاوکێ و تەڕکردنی جێگایان . سەرباری ئەوەی کاریگەریی خراپییان بۆ گەشەکردنیان دەبێت .
١٠ – ڕەنگە هەندێک لە هەرزەکاران ، بە یەکجاری خۆیان لە ئەندامانی خێزانەکانیان دووربکەونەوە و بەشداری ڕەفتاری مەترسیدار بکەن وەک : بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر و شەڕ و ئاژاوە وازهێنان لە خوێندن ، کە بەگران لەسەریان دەکەوێتەوە .
١١ – ئەو منداڵانەی تووشی جیابوونەوە دەبن ، زۆرجار زیاتر تووشی نەخۆشی دەبن . وەک : سەرئیشە و ئازاری گەدە ، ڕەنگە ئەمانەش بەهۆی کۆمەڵێک کاریگرییەوەیە بیت ، وەک کەم خەوی ، خەمۆکی و دڵەڕاوکێ ، یان فشاری دەروونییەوە ، کە بەرگری لەش لاواز دەکەن .
١٢ – تا کاریگەریی جیابوونەوەی دایک و باوک لەسەر منداڵ زیاتر و قووڵتر بێت ، توانای سەرنجیان لەسەر ئەرک و وانەکانی قوتابخانەیان کەمتر دەبێ ، وەک : کەمتەرخەمی لە تەواوکردنی ئەرکەکانیان ، درۆکردن ، گویێ نەگرتن و خەوتن لە ناو پۆلدا ، گۆشەگیری و سەرنەکەوتن لە تاقییکردنەوەکاندا و … هتد .
لە دواجاردا باشترین ڕێگا بۆ پاراستنی پەیوەندییەکی باشی منداڵ لەگەڵ دایک و باوکیاندا و کەمکردنەوەی زیانەکانی کیشەی سۆزداریان ، کە منداڵ لە ئەنجامی جیابوونەوەدا تووشی دەبن ، تا پاشەڕۆژیشیان پاشەڕۆژێکی خۆشی بێ کێشەبێت و لە خەم و ئازاردا نەژین ، پێویستە دایک و باوک ڕەچاوی ئەم خاڵانەی لای خوارەوە بکەن :
١ – ئەرکی دایک و باوکە لە جیاتی ئەوەی بکەونە گیانی یەکتری و تیر و شیر لەیەک بسوون ، ئەقڵ و دڵیان بکەن بە یەک . بە ڕێکوپێکی سەردانی منداڵەکانییان بکەن ، تا هەست بە ئارامی و ئاسایش بکەن و بە شێوەیەکی باشیش گەشەبکەن . پاشان یارمەتییان بدەن پەیوەندی باش لەگەڵ دایک و باوکیاندا دروستبکەن . ئەمەش کارێک دەکات کەمتر تووشی خەم و پەژارە و سەرگەردانی بن ، کەمتریش هەست بە ناکۆکییەکانی نێوان دایک و باوکیان بکەن ، دایک و باوکەکەش سەریان سووک و ئاسودە دەبێ و کەمتر تووشی خـەم و خـەفـەت و ئازار دەبن .
٢ – پێویستە دایک و باوک لە بڕیارە گرنگەکاندا یەکگرتووبن وەک : بواری پەروەردە ، چاودێری تەندروستی و ئامۆژگاری و لێپرسینەوە . بێگومان ئەم یەک دەنگییە یارمەتی منداڵ دەدات هەست بە ئاسایش و سەقامگیری بـکـات .
٣ – گرنگیدان بە دابینکردنی پێویستییەکانی منداڵەکانیان . هەروەها چاودێریکردنی هەر نیشانەیەکی دڵەڕاوکێ و غەمباری و زویریان .
٤ – پێویستە دایک و باوک بە بەردەوامی بەشداری لە بۆنە و چالاکییەکانی قوتابخانەدا بکەن . تا بۆیان بسەلمێنن ، کە هەردوو دایک و باوکەکە هێشتا چالاکانە بەشدارن لە ژیانیاندا ، لەوەش دڵنیابن ، کە جیابوونەکە خەتای ئەوانی تێدا نییە و هەردوو دایک و باکەکەش بەردەوامن لە خۆشەویستی و کۆمەک و پشتگیرییاندا .. خۆ ئەگەر نەیانتوانی بە تەنیا ڕووبەڕووی کیشەکانیان ببنەوە ، ئەوا پێویستە داوای یارمەتی لە کەسانی شارەزای بواری منداڵان بکەن . پاشان زۆر گرنگیشە ئەو ڕاستییەش باش بزانن ، کە شەڕی جیابوونەوە لە دادگاکاندا ، زۆر سەخت و درێژ خایەنە و زیاتر لە ساڵێک دەخاێنێت و پارەیەکی زۆریشی تێدەچێت ، لە ڕووی داراییشەوە بارگرانی دروست دەکات . هەربۆیە نێوەندگیری لە لایەن خزم و هاوڕیێ و ناوبژیوانانی دڵسۆزەوە ، زۆر لە دادگا باشترە . چونکە ناوبژیوان ترسەکان گەورەناکەن و وەک کەسانی دڵسۆزی بێ لایەن کاردەکەن . پاشان ئەگەرچی جیابوونەوە کارێکی خراپی نەخوازراوە ، بەڵام بۆ ئەو ژن و پیاوانەی ، کە ژیانی هاوسەرگیرییان بۆتە دۆزەخێکی ناخۆشی پڕ کێشە و خەم و پەژارە ، کارێکی تابڵێی باش و تەندروستە .
تێبینی : بۆ ئەم باسە سوود لە چەند سایتێکی ئینگلیزی وەرگیراوە .
نووسین لەپێناو وننەبوون دا!.. عادل عەبدوڵڵا
بەختیار عەلی یەکێکە لە نووسەرە ناوازەکانی دنیای ئەدەبی کوردی، یەکێکە لەو نووسەرانەی کورد دەبێ شانازی پێوەبکات. بەڵام من پێم وایە گەر بەختیار لە جێگایەک ڕاوەستان بە قەڵەمەکەی خۆی نەکات، دەبێتەوە قەڵەم بەدەستێکی ئاسایی ڕاگوزەر. بەختیار لە سەرەمەرگدایە و تەنیا ڕاگەیاندنی مردنی قەڵەمەکەی ماوە ئەم ڕاگەیاندنەش خەریکە ڕووبدات و لە ئان و ساتی خۆی دایە. نووسین بۆ بەختیار بۆتە ژەهر، نەنووسین لە نەنووس بۆی باشترە.
دوا ڕۆمانی بەختیار عەلی بە ناونیشانی( مردنی مامۆستا عینایەت)ە ئەم بەرهەمەی لە ڕێگای فەرمانبەرێکی ئاسایی پیر ڕۆدەچێت بە ناو قوڵایی چێژی مەرگ دۆستی و دژە ژیان لە کۆمەڵگایەکی سوننەتی دوو ڕوو، تاکی بوودەڵە و پیاوی سیاسی و ئایینی، چەک بەدەستی بێ مۆڕاڵ و هەلەکەسەما و سوپایەک لە گەمژەی ناو کۆمەڵگا. کۆمەڵگایەک لەبەرهەمهێنانی تاکی بێ کوالێت و مرۆڤ گەلانێکی مەڕئاسا لە تڕۆپدایە. کۆمەڵگایەک تاسەر ئێسقان مردن دۆست و چەپاندن هەڵدەبژێرێ. کۆمەڵگایەک وەک بوکەڵە لە ژێر دەستی پیاوانای سیاسی بەرژەوەندی خواز و پیاوانی حزبی و ئایینی خەسێنراوە. کۆمەڵگایەک ڕقی لەهەموو دەنگێک دەبێتەوە لە دەنگی خۆی نەچێ. سەرزەمینێک تاک نازانێ ماف و ژیانکردن و ئازادی چین، بۆچی تاک ئەوەندە قووڵ ڕۆدەچێتە ناو هێڵەکانی بوون و نەبوون و خوێنەر دەخەنە بەردەم پرسیارگەلێکی بۆچی مرۆڤ لە سێبەری مەرگ ئەوەندە سڵ دەکاتەوە، کۆمەڵگایەکی پۆپۆلیستی و تاک وەک سەماکارەکان بە میدیاکان سەمایان پێ دەکەن. کۆمەڵگایەک میدیای حزب و بازرگانەکان و چاوی پیاوانی ئایینی بەڕێوەی دەبەن.
من کارم لەسەر سێ ڕەگەز (تەکنیک، کارەکتەر، زمان) لەناو دەقەکەدا کردووە.
تەکنیکی گێڕانەوە
تەکنیکێکی سادەیە و خوێنەر لەگەڵ خۆی دەبات، بە (هەمووشتزان) و هەندێکجار (بە هەمانشتزان) بۆمان دەگێڕێتەوە ئەمەش باڵادەستی تەواو دەدات بە گێڕەوە بەدڵی خۆی ڕۆدەچێتە ناو ناخ و دڵی هەموو کارەکتەرێکی.
پێم وایە تەکنیکی ڕۆمانەکەی تا ئاستێکی باش سەرکەووتبووە و توانیتی دەرحەق بە تێکستەکەی بێ.
کارەکتەر
بەختیار لە دروستکردنی کارەکتەر لەم بەرهەمەی وێرانە وەک جەلادێک مامەڵە لەگەڵ کارەکتەرەکانی ناو ڕۆمانەکەی دەکا و هیچ کارەکتەرێک ئازاد نییە و خۆی نییە. بەختیار بوودەڵەیەک دەکاتە سووپەرمان و سووپەرمانێک دەکاتە بوودەڵە. زمانی سوقرات دەداتە پینەچی و زمانی جوتیارێک دەداتە ڕووناکبیرێک. بۆ نموونە کارەکتەری مامۆستا عینایەت لە فەرمانبەرێکی سادەی دادگا و فایل گواستنەوە ماوەی( سی و دوو) ساڵ کاری خۆی دەکات هیچ پاشخانێکی مەعریفی نییە لە پڕ شەوێک هەڵدەستێتەوە دەبێتە سپارتاکوس و دەڵێ من دەمەوێ دەستبەژیان بکەم و قسەی وا دەکات گۆتە و کانت و ساتەر نەیانکردووە ل (109 ) کاتێک هۆکاری نەمردنەکەی ڕووندەکاتەوە بۆ خەڵک بڕوا ناکەم هیچ ڕۆشەنبیرێکی کورد بیری بۆ قسە و خەیاڵی وا بچێ. کەسایەتی ژنی سەرۆک وەزیران لەناو دەقەکە تەنیا بۆ خزمەتکردنی بیری خۆیەتی و دەنگی خۆیەتی نەوەک کارەکتەری ئازاد و خاوەن بیر و قسەی خۆی.
زمان
زمانی بەختیار بەرەوپێشچونێکی زۆر باشی بە خۆی بینیوە توانیوویەتی کاری باش لەسەر ئاستی زمانی خۆی بکات لەناو دەقەکەی. بەڵام لە هەندێک جێگادا بەڕاستی جێگای بەزەییە و منداڵی دەساڵی قسەی وا ناڵێ نموونە لاپەرە15( کاتێک لە ڕۆژنامەکە چوەدەرەوە ڕۆژنامە ) بەختیار ڕۆژنامە بە ئۆفیس و بینا و دوکان تێگەیشتییە. لا 15 ( بە تیرێک دوو نیشانەی دەشکێنێ) نیشانە دە پێکرێ، ناشکێنرێ. لا 42 ( بە پێش دەست بە نەرمی کێشای بە نێو چەوانی). یە کێک پێمی بڵێ پێش دەست کوێیە؟؟. لا 51 ( هەموو نیشانە دێرینەکانی دەستکورتی لە ڕوخسار و جلوبەرگیدا بوو) ئەمە کوردی قسەکردنە؟ یەکێک ئەمەمان بۆ بکاتە وێنەی شیعری تکایە. لا 226 ( ژمارەیەکی زۆر سەرباز ڕژانە ناو دیلەکان) هاووڵاتی خۆت لەکاتی گرتن نابێتە( دیل) دەبێتە گیراو تەنیا لە شەڕ دیل لەگەڵ دوژمن.
بەربوونەوە بەسەر دەق
لەناو ڕۆمانەکەی هەڵەی گەورەی لۆژیکی زۆر کردووە و بەمەش من ناوم ناوە( بەربوونەوە بەسەر دەق) چونکە وای لە دەقەکە کردووە زۆر لاواز دەرکەوێ ئەمەش هەموو خوێنەرێک ئەم وردەکاریانە هەستپێناکات گەر بە وردی نەیخوێنێتەوە.د
یەکەم: بەختیار گێڕەوەی دەقەکەیە بە هەمووشتزان ناوی کەسایەتی کارەکتەری سەرەکی بە (عینایەت) دەستپێدەکات، دوای ڕۆیشتنی چەندین لاپەرە کارەکتەرێک دەڵێ مامۆستا عینایەت و خەڵک هەموو بە مامۆستا عینایەت بانگی دەکەن. کەچی بەختیاریش دەکەوێتە ژێر هەژموونی کارەکتەری خۆی و نازناوی کارەکتەرەکە دەگۆرێ بۆ مامۆستا عینایەت لەهەندێکجێگا گێڕەوە دەڵێ (مامۆستا عینایەت) ئەمەش کفری ئەدەبییە.
دووەم: کارەکتەر فەرمانبەرە کەچی ناونیشانەی ڕۆمانەکە بە مامۆستا عینایەت ناونراوە، خودی عینایەت پێش بەناوبانگ بوونی کەس نەی ناسیووە و پیشەی مامۆستاش نەبووە. تەنیا کارەکتەرێک دەڵێ مامۆستا عینایەت ئیتر تەواو بە گێڕەوەش دەیکەنە مامۆستا عینایەت.
سێییەم: عینایەت (32) ساڵ فەرمانبەرێک لە دادگا فایل ئەو ژوور بۆ ئەم ژوور دەبا و نە کتێب دەخوێنێتەوە نە لایەنی ڕۆشنبیریەکی وای هەیە. لە پڕ دەبێتە سونبولی ژیان و چۆنییەتی ژیانکردن و فەیلەسوفی ژیان ئەمە چۆن؟
چوارەم : لە لاپەرە 60 عینایەت دەڵێ( نابێ مرۆڤی بەدبەخت لەبری من بمرن). کەچی خۆی بیردەچێ لەچەند لاپەرەی دواتر عینایەت لەناو گۆڕستان ژنێک دەبینێ لەسەر گۆڕی مێردەکەی دەگری عینایەت دەڵێ بۆنایەی لەبری من بمری!.
پێنج: لە لاپەرە 173 دەڵێ( دە کەسێکیان بینی تابووتێکیان هەڵگرتووە). چەند دێرێک دەچێتە خوارتر لەبیری دەچێ چی گووتووە دەڵێ( چواریان لە پێش دارەمەیتەکەبوون و چواریان لە پشتەوە دەڕۆیشتن). ئەی (دوو) نەفەرەکەی تر وا؟
شەشەم: عینایەت لە نەخۆشخانە ڕووت و قووتی دەکەنەوە و دواتر جلەکانی لەبەردەکات و دواتر بۆ بەندیخانەی تاکەکەسی یان ژوورێک کەوا دەستبەسەر و هیچ کەسێک بۆی نییە بیبینێ و قسەی لەگەڵبکا کەچی لە لاپەرە 223 دەڵێ( دەستی کرد بە گیرفانیدا و پارەکانی ژمارد، کلیل و مۆبایلی پێبوو). لە کوێی دنیا گیراو کلیل و پارە و مۆبایلی پێیە لە کاتێکدا هەموو دەوڵەت چاوی لەسەرتبێ و داواکراوترین کەس بی!.
حەوتەم: کۆتایی ڕۆمانەکە هێندە گاڵتەجاریانە کۆتایی پێدێ زەردەخەنە دەتگرێ و خوێنەر ڕازیناکات لەوەی دەشێ ڕۆژێک شتی وا ڕووبدات یاخود ڕووی دابێ.د
پرسیاری سەرەکی من ئەوەیە ئایا هەر بەڕاستی بەختیار بیست ساڵیش دەبێ کتێبێکی خوێندۆتەوە؟ چونکە لە ماوەکانی ساڵی (2010_2020) ئەوا (19) کتێبی چاپکردوە لە فیکر، شیعر، ڕۆمان، شانۆ… نزیکەی( 6) مانگ جارێک کتێبێکی نووسیوە.
لە ماوەی ساڵی (2020_2026) بەختیار (21) کتێبی نووسیووە دەکات ( چوار) مانگ جارێک کتێبێکی نووسیووەد.
هەر بە ڕاستی بەختیار دەخوێنێتەوە؟ گەر دەخوێنێتەوە دەشنووسێ کەواتە دەق ئاوێزانی ئەوانەمان بۆ دەنووسێ کەوا دەیخوێنێتەوە دەنا ناکرێ نووسەر لە پڕۆسەی نووسین کتێب بخوێنێتەوە.
عادل عەبدوڵڵا 2026/02/16
کاتێک تاوانی کۆچبەر دەبێتە سەرمایەی سیاسی.. هێمن عەلی
لە ئەورووپای ئەمڕۆدا، کۆچبەری چیتر تەنها بابەتێکی کۆمەڵایەتی نییە؛ بووەتە یەکێک لە گەرمترین بابەتەکانی سیاسەت. هەر کاتێک پەنابەرێک یان کەسێکی بنەچەبیانی تاوانێکی قورس ئەنجام دەدات، هەواڵەکە بە خێرایی دەگاتە میدیا و سۆشیال میدیا و دەبێتە بابەتی مشتومڕی سیاسی.
بێگومان، تاوان تاوانە. قوربانی مافی دادپەروەری هەیە، و تاوانبار — جا فینلەندی بێت، سووری، عێراقی یان هەر نەتەوەیەکی دیکە — دەبێت بەپێی یاسا سزا بدرێت. ئەمە بابەتێک نییە کە جێی مشتومڕ بێت.
بەڵام پرسیارێکی گرنگتر هەیە: دوای تاوانەکە چی ڕوودەدات؟ ئایا سیاسەتمەداران تەنها داوای دادپەروەری و ئاسایشی زیاتر دەکەن، یان تاوانی تاکێک دەگۆڕن بۆ چەکێکی سیاسی دژی کۆچبەران بە گشتی؟
فینلەندا؛ لە هەڵمەتی بیاننێرنەوە «Send Them Back»ـەوە تا سەرهەڵدانی میلان جاف
لە فینلەندا، پارتی فینلەندییە ڕەسەنەکان (Perussuomalaiset) کۆچبەری و گەڕاندنەوەی بیانییەکانی کردووەتە یەکێک لە بابەتە دیارەکانی گوتاری سیاسیی خۆی.
نموونەیەکی ڕوون کڵاوی سپیی نووسراوی «Send Them Back» («بینێرنەوە») بوو. وەزیری ناوخۆ ماری ڕانتنێن (Mari Rantanen) و وەزیری کۆمەڵایەتی و تەندروستی ڤیلێ ڕیدمان (Wille Rydman) بەو کڵاوانەوە وێنەیان لە سۆشیال میدیا بڵاوکردەوە. بەپێی ڕۆژنامەی هێلسینگین سانۆمات (Helsingin Sanomat)، کڵاوەکان لەلایەن ئەندامی پەرلەمانی ئەورووپا سێباستیان تینکینێن (Sebastian Tynkkynen)ـەوە پێیان درابوون، هاوکات لەگەڵ پەسەندکردنی یاسایەکی تازەی گەڕاندنەوە لە پەرلەمانی ئەورووپا.
ماری ڕانتنێن ڕوونی کردەوە کە مەبەستی لە دروشمەکە بەهێزکردنی گەڕاندنەوەی ئەو کەسانەیە کە مافی مانەوەیان لە ئەورووپادا نییە، و هەروەها ئاماژەی بە دروشمی پارتەکەی خۆی کرد کە، «Kotimaa kutsuu» («نیشتمان بانگت دەکات»).
بەڵام ئەم دروشمە بەو ڕوونکردنەوەیەوە دەرباز نەبوو لە ڕەخنە. زۆرێک لە کڵاوەکەیان وەک پەیامێکی ڕاستەوخۆ دژی کۆچبەران و هاووڵاتییانی بنەچەکۆچبەر تێگەیشتن — تەنانەت ئەگەر ئامانجی سەرەکی وەزیرەکان تەنها یاساییکردنی پرۆسەی گەڕاندنەوە بووبێت. ئەمە خۆی نیشان دەدات کە لە سیاسەتدا تەنها یاسا گرنگ نییە؛ وشە، دروشم و وێنەش کاریگەرییان هەیە.
کەیسی میلان جاف (Milan Jaff) نموونەیەکی دیکەیە. دوای دەرکردنی لە فینلەندا، هەندێک سیاسەتمەداری فینلەندییە ڕەسەنەکان لە سۆشیال میدیا خۆشحاڵیی خۆیان دەربڕی، و دەرکردنەکەیان وەک سەرکەوتنێکی سیاسیی گرنگ پیشان دا.
بەڵام دواتر زانیارییەکی سەرنجڕاکێش ئاشکرا بوو: جاف خۆی پێشتر داوای لە پۆلیسی کردبوو بە زووترین کات بگەڕێندرێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان.
ئەمە تاوانەکانی جاف پاک ناکاتەوە؛ ئەو هەر بۆ کردەوەکانی خۆی بەرپرسیارە. بەڵام پرسیارێکی ڕاستەقینەی سیاسی دروست دەکات: بۆچی کەیسێک کە تاوانبارەکەی خۆی داوای دەرکردنی خۆی کردبوو، هێشتاش وەک نمایشێکی گەورەی سەرکەوتنی سیاسی پێشکەش کرا؟
ئەڵمانیا؛ AfD و گوتاری «گەڕانەوە»
لە ئەڵمانیاش، پارتی «جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا» (Alternative für Deutschland – AfD) کۆچبەری کردووەتە ناوەندی گوتاری سیاسیی خۆی.
ئەلیس ڤایدێل (Alice Weidel)، سەرۆکی هاوبەشی پارتەکە، داوای لە ئۆکراینی و سووریەکانی ئەڵمانیا کردووە بگەڕێنەوە وڵاتەکانیان. بە تایبەتی داوای لە گەنجە پیاوە ئۆکراینییەکانی تەمەنی سەربازی کردووە بگەڕێنەوە. هەروەها ڕەخنەی لە بڕی یارمەتییە کۆمەڵایەتییەکانی ئۆکراینییەکان گرتووە. سەبارەت بە سووریەکانیش وتوویەتی، ئەگەر هۆکاری پەنابەربوونیان نەما، دەبێت بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان.
لێرەدا دەبینین گوتاری کۆچبەری تەنها بە تاوان سنووردار نییە؛ یارمەتیی کۆمەڵایەتی، پارەی دەوڵەت، هاووڵاتیبوون و ناسنامەی نەتەوەییش دەبنە بەشێک لە هەمان مشتومڕی سیاسی.
سوید؛ SD و ئاسایش
لە سویدیش، پارتی دیموکراتەکانی سوید (Sverigedemokraterna – SD) ساڵانێکە کۆچبەری و ئاسایش بەیەکەوە گرێ دەدات. پارتەکە پشتیوانی لە کەمکردنەوەی پەنابەری، توندترکردنی سیاسەتی کۆچبەری و خێراکردنی دەرکردنی تاوانبارانی بیانی دەکات.
ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە زۆرجار تاوانی کەسێکی بیانی، بەبێ ئاماژە بەوەی نموونەیەکی تاکە یان گرووپێکی سنووردارە، دەبێتە بەڵگەی گفتوگۆ لەسەر هەموو کۆچبەران بە گشتی.
بۆچی تاوان بابەتێکی ئەوەندە بەهێزی سیاسییە؟
تاوان، بە تایبەتی تاوانی سێکسی، کوشتن و توندوتیژی، هەستی خەڵک بەهێز دەجوڵێنێت. خەڵک تووڕە دەبن، دەترسن و داوای چارەسەری خێرا دەکەن.
لەو ساتانەدا، هەندێک پارت پەیامێکی زۆر سادە پێشکەش دەکەن:
«ئەوان کێشەن، ئێمە چارەسەرین.»
ئەم پەیامە بۆ هەندێک دەنگدەر کاریگەرە، چونکە ترس و تووڕەیی زۆرجار لە ئامار و وردەکاریی یاسایی خێراتر کاریگەری دادەنێن. بەڵام مەترسییەکە لێرەدایە: تاوانی تاکێک دەتوانێت بە هێواشی بگۆڕدرێت بۆ حوکمدان لەسەر کۆمەڵێکی تەواو.
لە تاوانی تاکێکەوە بۆ گشتگیرکردن
مەترسییەکی دیکە لەوێدا دەست پێدەکات کە تاوانی تاکێکی بیانی دەگۆڕدرێت بۆ وێنەیەکی گشتی لەسەر بیانییەکان.
کاتێک کەسێکی بیانی تاوانێکی قورس، بەتایبەت دەستدرێژیی سێکسی، ئەنجام دەدات، تاوانبارەکە دەبێت بە توندی و بەپێی یاسا سزا بدرێت. هیچ پاساوێک بۆ ئەو تاوانە نییە.
بەڵام کێشەکە لەوێدا دەست پێدەکات کە لە گوتاری سیاسی یان سۆشیال میدیادا، ناسنامەی تاوانبارەکە دەخرێتە پێشەوە، و بە شێوەیەک باس دەکرێت کە خوێنەر یان بینەر هەست بکات «بیانییەکان مەترسین» یان «کۆچبەران دەستدرێژیکەرن».
ئەمە گشتگیرکردنە.
تاوانی یەک عێراقی، تاوانی هەموو عێراقییەکان نییە. تاوانی یەک سووری، تاوانی هەموو سووریەکان نییە. تاوانی یەک پەنابەریش هیچ بەڵگەیەک نییە بۆ ئەوەی هەموو پەنابەران بە مەترسیدار یان تاوانبار بزانرێن.
ئەگەر فینلەندییەک دەستدرێژیی سێکسی بکات، کەسێکی عاقڵ ناڵێت: «هەموو فینلەندییەکان دەستدرێژیکەرن.» کەواتە بۆ بیانییەکانیش دەبێت هەمان پێوەر بەکاربهێنرێت.
لێرەدایە بازاڕی سیاسیی ترس مەترسیدار دەبێت: تاوانی تاکێک دەبێتە هەواڵ، هەواڵەکە دەبێتە پەیامی سیاسی، و پەیامە سیاسییەکە دەتوانێت لە مێشکی بەشێک لە خەڵکدا ببێتە گومان لە گرووپێکی تەواو.
تاوانبار دەبێت بە تاوانەکەی خۆی بناسرێت، نەک ملیۆنان کەسی بێتاوان بە تاوانی ئەو بناسرێن.
تاوان گشتگیر ناکرێت؛ بەرپرسیارێتیی تاوان تاکەکەسییە.
تاوان نەتەوە ناناسێت
ئەگەر فینلەندییەک تاوانێک بکات، ناڵێین: «هەموو فینلەندییەکان تاوانبارن». ئەگەر سوورییەک یان عێراقییەک تاوانێک بکات، دەبێت هەمان بنەما بەکاربهێنرێت.
تاوانبار دەبێت بەپێی یاسا سزا بدرێت، بەڵام تاوانی یەک کەس نابێت بخرێتە ئەستۆی کۆمەڵێکی تەواو.
لە دیموکراسیدا، هەر پارتێک مافی هەیە سیاسەتی خۆی لەسەر کۆچبەری هەبێت. بەڵام خەڵکیش مافیان هەیە بپرسن:
ئایا مەبەست چارەسەرکردنی تاوانە، یان بەکارهێنانی ترس و تووڕەیی خەڵک بۆ بەدەستهێنانی دەنگی زیاتر؟
تاوانی یەک کەس، تاوانی نەتەوەیەک نییە. هەر کەسێک بەرپرسی کردەوەی خۆیە.
گوڵی ڕەعنا.. شیعری سارا فەقێ خدر
قەدەری ژیانت وابوو
نەچوویتە نێو ماڵی مێژوو
چەندە خۆش بوون
بەیانیانی قاپشوشتنی بەرحەوزەکەی ماڵی خۆمان
بەدەم دەنگی زیرەکەوە
لەگەڵ کیژان، دەڕۆیشتی بۆ نێو مێرگۆڵان ١
وەیان بەدەنگی شوکروڵا ٢، بەناو (هەواری دڵان) دا
دەچوویتە تاقی ئاسمان!
دڵگیر بوون ئەو ئێوارانەی
ئاخیر سەوتت دەدایە ڕادیۆ سوورەکە
بەئاوازی سەڵاح داودە وماملێ و مەزهەر
لەگەڵ سەمای ، گوڵ و ڕەیحانەی حەوشەدا
بەکراسی تەنکی نازناز و بەهێلەگی ( لەیالی)٣پەمەییەوە
بەلەنجەو لار، کارەکانت ڕادەپەڕاند
کاتژمێرێکی نەدەخایاند، جادەو چیمەن پاکوخاوێن
فەرشی لاکێش ئەمبەر ئەوبەر
سەماوەری گەورەی نەوت ، گیزەی دەهات
دۆشەگ و سەرین و بەرماڵ،
چاوەڕێی بابی ماندوو بوون
بۆنی چێشتی مەنجەڵی مس
لەسەر ئاگردانی هەیوان
دایک وەکو کۆترێکی کەوگیر بەدەست
لەدەوری دەهات و دەچوو!
چەند ئارام بوون ئەو شەوانەی
بەدیار کتێبێکی خوازراوی کتێبفرۆشییەکەی
قادری حاجی عەوڵاوە
(کەدەتناردین، بە پێنج فلس بۆمان دەهێنای)
لەکاری ناوماڵ دادەبڕای
لەدەفتەرێکی سەدپەڕی بەرگسوور دا
شیعرە دڵخوازەکانی خۆت
لەبەر دیوانی وەفایی و نالی و گۆران،
یەک بەیەک دەنووسینەوە.
چواردەوری لاپەڕەکانت بە(زەخرەفە) وگوڵ دەنەخشاند
دایکم دەیگوت:
ڕەعنای کچ و گوڵی ڕەعنا
زەحمەت لێک جیادەکرانەوە
بەبەردەرگا و بەکۆڵاندا
بۆن عەترەکەی بڵاودەبۆوە
کوڕم دەویست ،
بەو گوزەرەدا تێپەڕێ و ئێستێک نەکا
بەڵکو لەدرزی دەرگاوە
پڕیشکێک لە دزەنیگا ، لەرەیەک لەدەنگی ناسک
ئاودیو ببێ
دایکت نەژی،
نەیاندەهێشت، دەرگاکە بخرێتە سەرپشت!
سارا فەقێ خدر
٢٠٢٣
لۆبیکردن چییە و بۆچی کوردستان پێویستی پێیە؟.. هێمن عەلی
وشەی «Lobbaus» کە لە زمانی فینلەندیدا بەکاردێت، هەمان چەمکی «Lobbying»ی ئینگلیزی دەگەیەنێت. بە واتایەکی سادە، لۆبیکردن هەوڵێکی ڕێکخراوکراوە بۆ کاریگەرکردن لەسەر بڕیاردەران، سیاسەتمەداران و یاسادانەران.
کۆمپانیاکان، سەندیکاکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و گرووپە جیاوازەکانی دیکە دەتوانن لۆبی بکەن. ئامانجیان ئەوەیە بەرژەوەندی و داواکارییەکانی خۆیان بگەیەننە بڕیاردەران و کاریگەری لەسەر یاسا، سیاسەت و بڕیارە حکومییەکان دابنێن.
لۆبیکردن بەخۆی بەرتیلدان نییە. جیاوازییە سەرەکییەکە لەوەدایە کە لۆبیکردنی یاسایی دەبێت لە چوارچێوەی یاسا و شەفافیەتدا بێت، لەکاتێکدا بەرتیلدان بە پارە یان بەرژەوەندی تایبەت هەوڵی کڕینی بڕیار دەدات، نەک قەناعەتپێکردن.
لۆبیکردن لە کاتی پێکهێنانی حکومەتدا
لۆبیکردن لە کاتی دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەتدا گرنگیێکی تایبەتی هەیە، بەتایبەتی لەو وڵاتانەی کە حکومەتی هاوپەیمانی پێکدەهێنن.
لەم قۆناغەدا، پارتە سیاسییەکان خەریکی دانوستان و نووسینی بەرنامەی حکومەتی نوێن. لە هەمان کاتدا، سەندیکاکان، کۆمپانیاکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی هەوڵ دەدەن داواکاری و بەرژەوەندییەکانی خۆیان بگەیەننە ئەو کەسانەی کە بەشداری لە دانوستانەکاندا دەکەن.
بۆ نموونە، ڕێکخراوێکی ژینگەپارێزی دەتوانێت داوا بکات حکومەتی نوێ سیاسەتێکی توندتر بۆ پاراستنی ژینگە دابنێت. لە بەرامبەردا، کۆمپانیایەکی وزە دەتوانێت هەوڵ بدات سیاسەتێک پەسەند بکرێت کە کاریگەری دارایی کەمتری لەسەر کاروبارەکەی هەبێت.
واتە، گرووپە جیاوازەکان هەوڵ دەدەن دەنگ و بۆچوونی خۆیان بگەیەننە شوێنی بڕیاردان، بۆ ئەوەی بەرنامەی حکومەتی نوێ بەرژەوەندییەکانیان لەبەرچاو بگرێت.
لۆبیکردن لە جیهاندا
لە زۆر وڵاتی دیموکراسیدا لۆبیکردن بەشێکی ئاسایی لە ژیانی سیاسی و ئابووریدایە. لە ناوەندە سیاسییە گەورەکان، وەک واشنتن و برۆکسل، کۆمپانیا، ڕێکخراو و پسپۆڕانی تایبەت بە لۆبیکردنەوە کاردەکەن.
بەڵام مەترسییەکە لەوەدایە کە ئەگەر ئەم کاریگەرکردنە بە نهێنی و بەبێ چاودێری ئەنجام بدرێت، سنووری نێوان لۆبیکردن و گەندەڵی لاواز دەبێت.
بۆیە لە ژمارەیەک وڵات و دامەزراوەی دیموکراسیدا یاسا و ڕێسای تایبەت بۆ زیادکردنی شەفافیەت هەیە. مەبەست لەوەیە هاووڵاتیان بتوانن بزانن کێ هەوڵی کاریگەرکردن لەسەر بڕیاردەران دەدات و نوێنەرایەتی چ بەرژەوەندییەک دەکات.
فینلەندا؛ نموونەیەک بۆ شەفافیەت
لە فینلەندا لۆبیکردن، یان «Lobbaus»، بەشێکی ناسراوی پرۆسەی بڕیاردانە. سەندیکاکان، ڕێکخراوەکانی خاوەنکاران، کۆمپانیاکان، ڕێکخراوە مەدەنییەکان و پسپۆڕان هەوڵ دەدەن بۆچوون و پێشنیارەکانی خۆیان بگەیەننە بڕیاردەران.
لە کاتی دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەتدا، کە بە فینلەندی پێی دەوترێت «Hallitusneuvottelut»، نوێنەرانی گرووپ و ڕێکخراوە جیاوازەکان دەتوانن زانیاری و بۆچوونی پسپۆڕانەی خۆیان بگەیەننە ئەو لایەنانەی بەرنامەی حکومەت دادەڕێژن.
فینلەندا بۆ زیادکردنی شەفافیەت، لە ساڵی ٢٠٢٤ەوە سیستەمی «Avoimuusrekisteri»، واتە تۆماری شەفافیەت، جێبەجێ کرد. ئامانجی ئەم سیستەمە ئەوەیە کاریگەرکردن لەسەر پەرلەمان و وەزارەتەکان زیاتر بخرێتە بەرچاوی گشتی، تاکو خەڵک بتوانن زانیاری زیاتر لەسەر چالاکییەکانی لۆبیکردن بەدەستبهێنن.
ئایا کوردستان پێویستی بە لۆبیکردنی یاسایی هەیە؟
لە هەرێمی کوردستاندا کاریگەرکردن لەسەر بڕیارە سیاسی و ئیدارییەکان بابەتێکی نوێ نییە. بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە بەشێک لەم کاریگەرکردنە لە ڕێگەی پەیوەندیی کەسی، حزبی، خێڵەکی، «واستە» و مەحسوبیەتەوە ئەنجام دەدرێت، نەک لە ڕێگەی پرۆسەیەکی ڕوون و ئاشکرا.
ئەگەر کاریگەرکردن لەسەر بڕیارەکان لە پشت دەرگای داخراوەوە بێت، ئەوا هاووڵاتی نازانێت کێ لەسەر بڕیارێک کاریگەری داناوە و بۆ بەرژەوەندیی کێ.
لێرەدا پرسیارێکی گرنگ دروست دەبێت: بۆچی ئەم کاریگەرکردنە نەخرێتە چوارچێوەیەکی یاسایی و شەفافەوە؟
ئەگەر لۆبیکردن بە یاسا ڕێکبخرێت، ئەوا:
• هاووڵاتیان دەتوانن بزانن کێ لەگەڵ بڕیاردەران دانیشتووە و چ داواکارییەکی هەیە،
• کۆمپانیا و ڕێکخراوەکان ڕێگەیەکی ڕوونیان دەبێت بۆ گەیاندنی بۆچوونیان، بەبێ پێویستی بە پەیوەندی کەسی یان حزبی،
• سنووری نێوان کاریگەرکردنی یاسایی و گەندەڵی ڕوونتر دەبێتەوە.
بەم شێوەیە، خستنەڕووی چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ لۆبیکردن دەتوانێت هەنگاوێک بێت بەرەو زیادکردنی متمانەی گشتی بە پرۆسەی بڕیاردان لە هەرێمی کوردستاندا.
لۆبیکردنی یاسایی: هەنگاوێک بۆ ڕاستکردنەوەی سیستەمی حوکمڕانی
لۆبیکردن خۆی نە باشە و نە خراپ؛ چۆنیەتی ڕێکخستن و بەکارهێنانی دیاری دەکات کە ببێتە ئامرازێک بۆ دیموکراسی یان دەرگایەک بۆ گەندەڵی.
ئەگەر لۆبیکردن بە نهێنی، بەبێ یاسا و بەبێ چاودێری ئەنجام بدرێت، مەترسی هەیە ببێتە بەشێک لە گەندەڵی و نادادپەروەری. بەڵام ئەگەر بە یاسا ڕێکبخرێت و شەفاف بێت، دەتوانێت ببێتە ڕێگایەک بۆ بەشداریی زیاتر، بڕیاردانی باشتر و حوکمڕانیی دیموکراتیکتر.
بۆ کوردستان، هەنگاوی گرنگ ئەوەیە کە لە کەلتووری «کێ دەناسیت؟» بگوازرێتەوە بۆ سیستەمێک کە پرسیار بکات: «نوێنەرایەتی کێ دەکەیت، چی داوا دەکەیت و بۆچی؟»
ئەم گۆڕانە تەنها گۆڕینی وشەی «واستە» بە «لۆبیکردن» نییە؛ بەڵکو گۆڕانێکە لە شێوازی حوکمڕانی.
چەند زانیاریەک دەربارەی ئەم گیانلەبەرانە.. ئامادەکردنی/ فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی
١. فیلی ئەفریقی
لووتە درێژەکەی (خەرتووم): ئەو خەرتوومە درێژەی فیل هەیەتی تەنها لووت نییە، بەڵکو کەڕەنایەکە بۆ دەرکردنی دەنگی بەرز، مژەرێکە بۆ خواردنەوەی ئاو، بۆرییەکە بۆ پڕکردنی ئاو، و دەستێکی زیادەشە بۆ فیل…
بەخێوکردنی بەچکەکان: دایکەکان و مێینەکانی تری ناو ڕانەکە بەچکە فیلەکان بەخێو دەکەن. کاتێک فیلە گەورەکان لەسەر یەکێک لە بەچکەکان بترسن، بازنەیەک لە دەوری دروست دەکەن بۆ پاراستنی.
زمانی نهێنی: فیلەکان زۆر دەنگی جیاواز بۆ قسەکردن لەگەڵ یەکتر بەکاردەهێنن. تەنانەت زمانێکی نهێنییان هەیە کە بریتییە لە بۆڵەبۆڵێکی زۆر نزم، بە جۆرێک مرۆڤ ناتوانێت بیبیستێت، بەڵام فیلەکانی تر دەتوانن لە دووری چەندین میڵەوە بیبیستن.
٢. زەرافە
تایبەتمەندی باڵا: زەرافە بەوە جیادەکرێتەوە کە درێژترین ئاژەڵی شیردەرە لە جیهاندا. ئەم سیفاتەش چەندین سوودی هەیە، لەوانە توانای گەیشتن بە گەڵای دارە بەرزەکان کە هیچ ئاژەڵێکی تر ناتوانێت پێیان بگات.
مەترسییەکانی تینوێتی: هەندێک جار ئەم درێژییە کێشەی بۆ دروست دەکات؛ بۆ نموونە کاتێک زەرافە تینووی دەبێت و دەیەوێت ئاو بخواتەوە، قاچەکان و ملە درێژەکەی وادەکەن گەیشتنی بە ئاو ببێتە پرۆسەیەکی پڕ لە مەترسی. بەڵام خۆشبەختانە، زەرافە زۆربەی پێویستی ئاوی خۆی لەو گەڵای دارانەوە دەستدەکەوێت کە دەیانخوات.
بەچکەی زەرافە: بەچکەی زەرافە تەنها نیو کاتژمێر دوای لەدایکبوونی دەتوانێت لەسەر قاچەکانی بوەستێت، و لە ماوەی ڕۆژێکدا دەتوانێت لەگەڵ دایکیدا ڕابکات.
٣. کەنگەری ئوسترالی
ئاژەڵە کیسدارەکان: کەنگەر بە ئاژەڵێکی کیسدار دەناسرێت. بەچکەکانیان بە قەبارەیەکی زۆر بچووک لەدایکدەبن، بۆیە ناچارن باز بدەنە ناو کیسەیەکی تایبەت کە لە جەستەی دایکیاندا هەیە بۆ ئەوەی خۆیانی تێدا بپارێزن.
گەشەکردن لەناو کیسەدا: لەناو ئەم کیسەیەدا، بەچکەکان بە مژینی شیری دایکیان گەشە دەکەن. ئەوان نزیکەی ٢٨٠ ڕۆژ لەناو کیسەکەدا دەژین، و تا تەمەنیان لە ساڵێک تێنەپەڕێت بە تەواوی ئامادە نین بۆ ژیانی دەرەوە و وازهێنان لە کیسەکە.
کێشەکان: هەرچەندە کەنگەرەکان ئاژەڵی هێمن و لەسەرخۆ دیارن، بەڵام زۆرجار کێشە دروستدەکەن؛ چونکە زیان بە بەرهەمی جووتیاران دەگەیەنن و ئەو لەوەڕگایانە تێکدەدەن کە جووتیاران ئاژەڵەکانیانی تێدا دەلەوەڕێنن.
تێبینی /سەرچاوە شمس الصباح ی پاشکۆی ڕۆژنامەی الصباح جدیدە
یەکەم بیری ئاوچۆن دۆزرایەوە؟.. مەی اسماعیل.. وەرگێڕانی لەعەرەبییەوە / فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی
شانشینێکی بچووک هەبوو کە لە دەوری گۆمێکدا دروستکرابوو. لە یەکێک لە وەرزە گەرمەکانی هاویندا، باران نەباری و گۆمەکە وشکیکرد. خەڵکەکە نائومێد و نیگەران بوون، چوونە لای پاشا و گوتیان: “ماوەیەکی درێژە ئاسمان بارانی نەباراندووە؛ جوتیارەکان گوتیان: زەوییەکانمان بوونەتە چۆڵەوانی، راوچییەکان گوتیان: چیتر ناتوانین ماسی راو بکەین.. ئەی پاشای شانشین چۆن بژێوی ژیانمان پەیدا بکەین؟ لەم کارەساتە رزگارمان بکە.” منداڵە بچووکەکانیش لە تینوێتیدا دەگریان.
پاشا نێردراوەکانی نارد بۆ هەر چوار لای جیهان بۆ ئەوەی بەدوای ئاودا بگەڕێن.. یەکەمیان بەرەو ڕۆژهەڵاتی خۆر رۆیشت، دووەمیان بەرەو باشوور، سێهەمیشیان بەرەو ڕۆژئاوا، و چوارەمیشیان شوێن ئەستێرەی باکوور کەوت. نێردراوەکان لە هەموو شوێنێک گەڕان؛ لە دەشت، دۆڵ و گردەکاندا، بەڵام بێسوود بوو. سێ لەوان بەبێ هیچ دەستکەوتێک گەڕانەوە. بەڵام چوارەمیان پێداگیر بوو لەسەر ئەوەی گەلەکەی خۆی نائومێد نەکات.. بەردەوامبوو لە ڕۆیشتن تا گەیشتە گوندێکی شاخاوی سارد.
کاتێک لە بناری شاخەکەدا دانیشتبوو بۆ ئەوەی بحەسێتەوە، ژنێکی پیر هات و لە تەنیشتی دانیشت. پیاوەکە ئاماژەی بە ئاسۆی دوور کرد و گوتی: “من لە شانشینێکی دوورەوە هاتووم، بەڵام ماوەی ساڵێکی تەواوە باران لای ئێمە نەباریوە. ئایا دەتوانیت یارمەتیم بدەیت بۆ دۆزینەوەی ئاو؟”
ژنەکە ئاماژەی پێکرد کە شوێنی بکەوێت، پاشان سەرکەوت بۆ سەر شاخەکە و چوونە ناو ئەشکەوتێکەوە. ژنەکە گوتی: “لە وڵاتی ئێمەشدا ئاو نییە، بەڵام ئەمەمان هەیە” و ئاماژەی بە پارچە سەهۆڵەکان کرد کە لە سەقفی ئەشکەوتەکەوە شۆڕ بوبوونەوە ، “ئێمە پێی دەڵێین: سەهۆڵ. پارچەیەکی لێ ببەرەوە، و پاشان شانشینەکەت چیتر تینووی نابێت.” پیاوەکە پارچەیەکی گەورە لە سەهۆڵەکەی شکاندو خستیە ناو جانتاکەیەوە، بە خێرایی سواری ئەسپەکەی بوو، گەڕایەوە بۆ نیشتمانەکەی. دوای بڕینی مەودایەکی درێژ بۆ گەیشتن بە کۆشکی پاشا، پارچە سەهۆڵە گەورەکە توابووەوە و ببووە پارچەیەکی بچووک.
هیچکەس لە کۆشکدا پێشتر لە ژیانیدا سەهۆڵی نەدیبوو، بۆیە هەمووان بە سەرسوڕمانەوە لێیان دەڕوانی. یەکێک لە ئامادەبووان هاواری کرد: “پێویستە ئەمە ‘تۆوی ئاو’ بێت!..”. پاشا فەرمانی کرد کە “تۆوی ئاوەکە” دەستبەجێ بچێنرێت. لە کاتێکدا جوتیارەکان چاڵێکیان بۆ چاندنی تۆوەکە هەڵدەکەند، قەبارەی سەهۆڵەکە لەژێر تیشکی خۆردا بچووکتر دەبووەوە. جوتیارەکان پەلەیان کرد بۆ ئەوەی تۆوەکە بخەنە ناو چاڵەکەوە، بەڵام پێش ئەوەی بە خۆڵ دایپۆشن، (توابووەوە). لێرەدا جوتیارەکان هەستیان بە سەرلێشێواوی و دڵەڕاوکێ کرد، بۆیە زیاتر و قووڵتر زەوییەکەیان هەڵکەند بەدوای تۆوە نهێنییەکەدا.
جوتیارەکان بە درێژایی شەو چاڵەکەیان هەڵکەند، و کاتێک بەرەبەیان هات، پاشا جوتیارە ماندووەکانی بینی کە لە دەوری چاڵێکی گەورە لەسەر زەوی نوستبوون. پاشان سەیری ناو چاڵەکەی کرد، بە سەرسوڕمانەوە هاواریکرد: “راپەڕن ئەی ڕۆڵە کۆڵنەدەرەکانی نیشتمانەکەم، تۆوی ئاوەکە شین بووە!.. ئەوەتا ئاو لە ناو چاڵەکەدایە!..”.
و بەم شێوەیە یەکەم بیر بۆ ئاو هەڵکەندرا!
ئەرێ بەڕاست حوزنی موكریانی، سیخوڕی ئینگلیزەكان بوو.. یاسین برایم
زۆر جار لێرەو لەوێ، قسە دەبیستین و شت دەخوێنینەوە، مرۆڤ دەخاتە سەر هێڵی دوودڵی و گومان و باوەڕكردن؛ یان شتی وا دەبیستین، بە هیچ شێوەیەك ئەقڵ قبووڵی ئەم بیستن و گۆتنە ناكات. زۆر كەسیش، با ناویكی سادە بێت یان ڕۆشنبیر و بانگەوازخواز و سیاسی و چالاكوان و شارەزایەك یەكێك لە بوارەكان، بە ئەنقەست بێت یان بە بەرنامە، دێت قسە لە سەر بابەتێك دەكات و بە ئارەزووی خۆی ڕستە و دەستەواژەی تەواشە و درۆ و بۆختان بڵاودەكاتەوە. ئاسان و بێ خۆماندوكردن و هەستكردن بە بەرپرسیاریی ڕەوشتی و مرۆیی، مێژوو و ڕابردووی هەر كەسێكت بوێت، ڕەشی بكەیت. هەر سیاسییەك بە ئامانج بگریت، كۆمەڵێك فایلی بۆ دروست بكەیت، هەر هونەرمەندێكت بەدڵ نەبوو، تۆمەتی ڕەوشتی بۆ دروست بكەیت. زۆر بە ئاسانی ڕەش بكەیتە سپی و سپی بكەیتە ڕەش.
لەسەردەمی ئێستا، بە ئاسانی دەتوانیت دەست بۆ هەموو شتێك بەریت و قسە لەسەر هەموو شتێك بكەیت؛ كۆمەڵێك كەسیش، بۆ لایك و كومێنت و شتی دی بۆ خۆی كۆبكەیتەوە و بە دەستكەوت و سەركەوتن بۆ خۆی بداتە قەڵەم. لەم ماوەیە ڤیدیۆیەكم بینی (پێنج خولەك و دە چركە) بوو. لەسەر مێژوونووس (حوسێن حوزنی موكریانی). چەند قسە و دەستەواژە و پرسیار لەم ڤیدیۆیە دەكرێت، بەهیچ شێوەیەك ناچێتە ئەقڵی هەموو كەس، تەنها ئەقڵی ئەو كەسانەی چێژ وەردەگرن لە ئازاردان و سوكایەتیی كردن بە مرۆڤەكان، ئەوانەی لە نێو خەڵك و نیشتمان و كوردا، جێپەنجەیان دیارە. سەرەتا دەڵیت: (مێژوو درۆیە و ئەویش پیاوی ئینگلیز بوو)، (حوزنی و گیوی برای بەپێی هەموو نیشانەكان وا دەردەكەوێت، ئینگلیز بووبن). پێمخۆشبوو بمزانیبا، ئەو بەڕێزە، پێمان بڵێت بەپێی كام نیشانە پیاوی ئینگلیزن! من قسە لەسەر گیو ناكەم، زێدەتر قسەكان ئاراستەی حوزنییە. ئەو حوزنی وەك كەسێكی ماندوو بە (پیاوێكی گوماناوی ناوی دەبات). لە هەمووی خۆشتر، دەڵیت: (سەرچاوەیەكی باوەڕپێكراو نییە بسەلمێنێت كە كوردە).
ئەو خزمەتەی ئەو لە بواری مێژوو و نووسین و ڕۆژنامەگەری و ئەدەب و زمان كردووە، هەمووی بۆ كورد كردووە و بە كوردی كردووە، ئەی ئەگەر ئەوە كوردبوون نەبێت، هیندی بوونە برا! هەروەها دەڵێت: (مێژووی كورد بە قەڵەمی ئینگلیز بنووسرێتەوە، دەبێ چەند بۆمبی تێدا چێندرابێت، چەند جار پێماندا تەقابێتەوە). ئەگەر بە خراپ باسی ئینگلیز بكەیت و من هەزارجار لەگەڵتم، بەڵام ئەو مێژووەی حوزنی نووسیوە، هەمووم خوێندۆتەوە؛ وەرە سەرجەم بەرهەمەكانی مێژوو و بوارەكانی دی بخوێنەوە، ئەوانەی وەك كتێب چاپ كراون، بزانە یەك شت لە خزمەتی ئینگلیز و بێگانەیە، هەموو كوردییە و باسی مێژوو و ڕەچەڵكناسی كورد و میرنشیینەكان دەكات. ئەو پێچەوانەی هەموو مێژوونووسانی دی لە جیاتی باسی پاشا و سەرۆكەكان بكات، دێت باسی مێژووی خێزان و تاك و ژیانی ڕۆژانەی خەڵك و كۆمەڵگەی كوردی دەكات، بە كوردی مێژووی ئەو كوردە دەخاتە پێش چاوی كورد و هۆشیاریان دەكاتەوە. من دەڵێم: نەك ئینگلیز، ئەگەر عەرەب و جوولەكە و فارس و هیندیش، ئەو مێژووە جوانەی وەكوو حوزنی هەیە بۆ كورد بنووسێتەوە، دەستی خۆش بێت و من شانازی پێوە دەكەم. من هەموو مێژووی ئەو مرۆڤەم خوێندۆتەوە، نە بۆنی ئینگلیزی لێدیت و نە بۆمبێكە ئینگلیز لەنێو ئەو مێژووە داینابێتەوە. ئەو تۆمەتانە بۆ مێژوونووسێكی كورد، ڕەنگە جوان نەبێت. هیندی بوونی بدەیتە پاڵ و بڵێیت بە چ مەرامێك فێری هیندی بووە! زۆربەی زانیارییەكان لە ژیاننامەی حوزنی هەر لەنێو خودی كتێبەكانی حوزنی هاتونەتە دەر، كە ئەو بە هەرزەكاری گەڕاوە و چویتە وڵاتان و چۆن چووە و چۆنی گەیشتووە و چۆن چاپخانەی كڕیووە و ئەو كتێب و گۆڤارانەی چاپی كردوون و چۆن چووتە ڕواندز و هەولێر و بەغدا. لەو ڤیدیۆیە گومان دەخاتە سەر حوزنی ئینگلیزی لە پاڵ بووە و ئەوان یارمەتیان داوە؛ (گومان!) ناچێتە خانەی زانستی و بەڵگەی دروست. دوو جار ڕستەی (بەپێی ئەوەی لە كتێبان گوتراوە). براگیان! لە كام كتێبی خەڵك و كتێبی حوزنی و كتێبی هیندی، نووسراوە: حوزنی هیندیە و سەر بە ئینگلیزەكانە! لە كوێ نووسراوە حوزنی كورد نییە؟ لە چ كتێبێك نووسراوە ئینگلیزەكان، ئەو چاپخانەیان بۆ حوزنی كڕیووە، وەرە یەك بەڵگەی كۆن و نووسراو بێنە و پشتڕاست بكاتەوە و بڵێت، ئەوە بەڵگەنامەیەكی ئینگلیزییە، عوسمانییە، وا دەڵێت! بۆ ئەوەی منیش باوەڕ بكەم. دەستەواژەی (ئەگەری) هەیە. دیسان وەرە ئەو ئەگەرانەمان پێ بڵێ! ئەو بەڕێزە هەر خۆی لە سەرەتای ئەو ڤیدیۆیە دەڵێت: (مێژوو پڕە لە درۆ!)، فەرموو ئەگەر قسەكانی تۆ ڕاستن، وەرە ئەو مێژووە درۆیەمان بۆ ڕاستبكەوە، نەك كۆمەڵێك درۆی دی (ببورە كە وا دەڵێم) لە بەڕێزت ببیستم. دەڵێت (ئەگەری هەیە ئەو پیاوەش یەكێك بێت لەو هیندیانەی سەر بە ئینگلیز بێت). كێ دەڵێت ئەگەری تۆ دروستە، ئەو پیاوە هیندی بێ و سەر بە ئینگلیز بێت! تەنها لەبەر ئەوەی دەموچاوی ڕەشە و وێنەیەكی بە جلی هیندی گرتووە و زمانی هیندی فێربووە! زۆر كەس لە ڕواندز دەناسم، هیندی دەزانن. ئاخر ئێستا لەو كوردستانە، دەیان كورد و مەلای مزگەوت لە گەڕەكی من و گەڕەكی تو، دشداشە دەبەردەكەن و كەسیش ناڵێت ئەگەری هەیە، عەرەب بێت.
دەربارەی ئەو سەفەرانی كردوون، خۆدی حوزنی لە ژیاننامەی خۆی باس كردووە، خۆ هەمووی بە ساڵێك و دوو نەیكردووە و چەندین ساڵی خایاندووە. حوزنی بە دەردەسەری و هەژاری و ئاوارەیی و سەرگەردانی ژیاوە. لەسەر چاپخانە پرسیاری ئەوە دەكات چۆنی كڕیووە، دەتەوێت بزانی، بگەڕێەوە نووسینەكانی خودی حوزنی. منیش دەڵێم، بە ئاسانی ئەو چاپخانەیەی نەكڕیوە. ئەو پرسیارەی تۆ هەمان پرسیارە، (حەمە بۆر) لە حوزنی كردووە و ئەوها باسی دەكات و ئەگەر حەز دەكەیت بزانیت.
بە وردی چێرۆكی كڕینی چاپخانەكەی ئەڵمانیا و موسڵ، بگەڕیوە بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە و ئاگەر باوەڕت بە قسەكانی ئەو هەیە(1) ئەگەر چاپخانەكە، ئینگلیز، یان ئەڵمان یان جوولەكەش بۆیان كڕی بێت، دەستیان خۆش بێت، چونكە ئەو چاپخانەیە كاری باشی پێكراوە و چەندین كتێب و دیوانی شاعیرانی پێ چاپكردووە، بێجگە لە دەركردنی چەند بڵاوكراوە و گۆڤارێك، توخوا لەو سەردەمە ئەوەی حوزنی كردویەتی كارێكی خراپبووە!
كاتێ دێتە ڕواندزیش، ئەوكاتەی ڕێگەی ئۆتومبێل نەبووە و بە وەڵاغ هاتووە. وامەزانە ئینگلیزەكان فەرشی سووریان بۆ ڕاخستووە، خەڵكی ڕواندز جێگایان بۆ كردۆتەوە، خانووی ئەوقاف (مزگەوت)یان پێداوە. تا لە ڕواندز بووە و چەند شوێنكی كردووە و تێیدا ژیاوە.
ئەگەر سەید تەهای شەمزینی، ئەوكاتەی قائیمقامی ڕواندز بووە و لایەنگیری ئینگلیزەكان بووە، هاوكاری حوزنی كردووە و ڕێی پێداوە بێتە ڕواندز، بەڵام خۆ مووچەی بۆ حوزنی نەبڕیوەتەوە و پۆستی پێنەداوە. هەر ئەو سەید تەهایەش، لە سەر سكاڵای هەندێ كەس، سەید حوزنی لە ڕواندزی دەردەكات و 19 شەو و ڕۆژ لە ئەشكەوتی (كاكەسۆر) لە گەلیی خاڵەڕەش، كاری ڕۆژنامەگەری كردووە.(2)
خۆ سەید تەهاش، لایەنگیر و پیاوی ئینگلیزەكان بوو، بەڵام چ كارێكی خراپی بەرانبەر بە میللەتی خۆی نەكردووە، دیسان (ئیسماعیل بەگی ڕواندزی) دۆستی حوزنی و باوەڕپێكراوی ئینگلیزەكان بوو، دووجار بووە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەوەی ئەو پیاوە بۆ كورد لەسەردەمی خۆی كردی، تا ئێستاش باس دەكرێت. دوای جەنگی یەكەمی جیهانیی و هاتنی ئینگلیز، دوو ڕێگە لە بەردەم خەڵكەكە و ڕۆشنبیرانی ئەو سەردەمە هەبوو، یان لاینگری عوسمانی، یان ئینگلیزی، ڕێگەی سێیەم ئەوانەی بێلایەن بوون و دەستیان بە كڵاوی خۆیان گرتبوو، وەك سەردەمی ئێستا بۆ هەندێكیان نیعمەت و بۆ هەندێكیان زەحمەت.
خۆ ئەگەر حوزنیش لایەنگری ئینگلیزی كردبێت، مانای وانییە، سیخوڕی ئینگلیزەكان بووبێت. ئاخر برای بەڕێز! لایەنگیربوون و سیخوڕی بوون دوو چەمكی جیاوازن، ئەوكاتەی حوزنی لە ڕواندز بووە، خەڵك لە شارەكان سەردانیان كردووە و تەنانەن ئینگلیزەكانیش كە لە عێراق بوون، كە دەهاتنە رواندز، وەك موزەخانە و شوێنێكی گرنگ لە بواری ڕۆژنامەگەری و ڕۆشنبیری سەردانیان كردووە، نەوەك بێن پارەی پێبدەن. زۆربەی ڕۆشنبیران و ناودارانی ئەوسای ڕواندز ئەوە دەڵێن لە حوزنی فێری كوردایەتی بوونە.
خۆ (هاملتۆن)یش سەردانی دەكات و لەم بارەیەوە، دەڵێت: “سەید حوزنی لە ڕواندز دەژی، سەرنووسەری ڕۆژنامەیەكی كوردییە، بەتەنیا هەموو بابەتەكانی دەنووسێت، بەدەستی خۆی وێنە دەكێشێت، هەر خۆشی چاپی دەكات، دواتر بەرگی تێدەگرێت و دەیپێچێتەوە؛ لە دونیادا تاكە ڕۆژنامەیە ئاوا دەربچێت.(3)
حوزنی لە هەژاری و بێپارەی هاواری بووە، لە بڵاوكراوەكانی خۆی داوای ئابوونە لە خوێنەرانی دەكات. لە ساڵی 1926_1932 لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی گۆڤاری زاری كرمانجی، (24) ژمارەی دەركردووە، ئەگەر لە ماوەی ئەو شەش ساڵە، گیرفانی گەرم با و هاوكاری كرابا، دەبوایە بە لایەنی كەم، 60 ژمارە لەم گۆڤارە دەرچووبا؛ ئەوكاتە دەبووە چ سامانێكی گەورە بۆ مێژووی كورد. ئەگەر پیاوی ئینگلیزەكان بوایە، بۆ نەدەهاتن دەستی بگرن و مرەكەب و كاغەزی بۆ دابین بكەن و درێژە بەو كاروانە بدەن. جاری وا هەبووە چەند مانگێك لەبەر نەبوونی پیت و كاغەز و مرەكەب گۆڤارەكەی دەرنەكردووە. هەموو ئەوانەی یارمەتییان داوە، كوردپەروەر و ڕۆشنبیرانی ئەم وڵاتە بوون، لە گۆڤاری زاری كرمانجی ناویان بڵاوكراوەتەوە. جارێك لە سەردانی (جەعفەر عەسكەری) سەرۆك وەزیرانی ئەوسای عێراق بۆ ڕواندز (100) ڕوپیەی پێداوە.(4)
ئاخر هەر لە یەكەم كتێبی (غونچەی بەهارستان تاریخی كوردان) كاتێ لە حەڵەب لە ساڵی 1925 بە چاپی گەیاندوە، بە زمانی كوردی، چ كێشەیەكی گەورە بۆ ناحەزانی كورد دەردەكات و لە پەرلەمانی توركیا ڕێگری دەكرێت لەو هەوڵەی حوزنی و بە مەترسی دادەنێن.(5)
خۆ لە ڕواندزیش هەندێ لە مەلایەكان دژایەتیان كردووە و لە لای سەید تەها سكاڵا و گلەیان كردووە، كە چۆن تەفسیری قورئان و ئەو شتانە بە كوردی دەنووسرێت. لەكاتێكدا، تەفسیری قورئان بە هەموو زمانەكان هەیە و هیچ لە ئارادا نییە، وەلێ بۆ حوزنی، تاوان و خیانەت و كارێكی خراپ بووە. خۆ ئەمانە كوردبوون و كەسیان ئینگلیز نەبوون. هەموو ئەو قائیمقام و كوردانەی دژایەتی ئەویان دەكرد، لەسەر چاپخانە و گۆڤار و كاری ڕۆژنامەگەری بە بیانووی ئەوەی ئێرانییە. كاتێكیش (فایەق كاكەمین) ڕێگری لێدەكات و ناهێڵێت لە كوردستان بمێنێتەوە؛ ئاوارەی بەغدا دەبێت. بە تۆمەتی كوردبوون و ئێرانی بوون، ڕێگەیان لێدەگرت و نەیاندەهێشت كار بكات لە عێراق، چونكە ناسنامەی نەبووە؛ چەندان جار گیراوە.
ئەگەر گومانت هەیە كە حوزنی چۆن چاپخانەی لە ئەڵمانیا كڕیوە و چۆن گەیاندۆتە حەڵەب و دوای دە ساڵ هێناویتە ڕواندز. ئەو چیڕۆكە بە سادەی ناوتریت و هۆكاری شەو و ڕۆژێكی نەبووە، بەڵام هێنانی چەند سوودبەخش بووە و هەندی پیازێكی خزمەتی سیاسەتی ئینگلیزی نەكردووە. ئەگەر بە قەرزی كڕی بێت و ئەگەر بۆیان كڕی بێت. ئەو شۆڕشێكی كردووە و لەم بارەیەوە، لە دەستخۆشی زیاتر، چی پێدەڵێن! ئەگەر زانیاری لەسەر كڕینی چاپخانەكەی موسڵ بكەین، ئەوە گومان هەڵناگرێت ئینگلیز بۆی كری بێت، شێوازی كڕینی چاپخانەكەی، بە قەڵەمی خۆی بۆمانی نووسیوە و دەتوانین چیڕۆكەكەی بخوێنیەوە. بزانین بە چ دەردەسەریەك و قەرز و زەحمەتییەك ئەو چاپخانەیە دەكرێت!(6)
ئەوكاتەی ڕوودەكاتە بەغدا، یان ناچاری دەكەن ڕوو بكاتە ئەوێ، لە كەلاویەك دەژێت و دەبێتە كرێچی. كاتێ بالێوزخانەی بەریتانیا دەیانەوێت، بۆ بەرژەوەندی و پڕوپاگەندە و سیاسەتی و كارەكانی خۆیان، گۆڤارێك دەربكەن. ئەوە ئینگلیزەكان دێن دەستی حوزنی ماچ دەكەن و ئەو كارەیان لەگەڵ بكات؛ نەك لەبەر ئەوەی سەر بەوانە، بەڵكوو شارەزایەكی زۆری لە چاپخانە و ئیشپێكردن و بەڕێوەبردنی كارە هونەرییەكان و دەركردنی ڕۆژنامە و كتێب هەبووە، شارەزایەكی باشی زمانی كوردی بووە. ئەزموونی لە حەڵەب و ڕواندز و سلێمانی و هەولێر هەبووە و چەندین ساڵ كاری چاپخانەی كردووە، كەسی وەك ئەو لەوكاتە لە حوزنی باشتر دەستیان نەدەكەوت؛ واتە ئەزموونی و زیرەكی حوزنی بووە، ئینگلیزەكان دێن و كاروباری چاپخانەی دەخەنە بەردەست و ئەویش ئەو كارەی كردووە و زانیویەتی دەتوانێت لەم ڕێگەیە، خزمەتی كورد بكات. خۆ ئەگەر من و تۆش باین و بێكار و بێلانە و بێپارە و دوور لە دۆست و خزم و كوردستان ژیاباین. سەردەمێك بووە، جەنگی دووەمی جیهانی و ناخۆشی بارودۆخی سیاسی و ئابووری و ململانێی دەوڵەتان و خراپی باری دەروونی تاكەكانی كۆمەڵگە و نەبوونی كار و كەسابەتی، ئەو كارەمان بە سپاسەوە دەكرد.
تۆفیق وەهبی و ئەوانەی لە گۆڤار و دواتر ڕۆژنامەی (دەنگی گیتیی تازە) كاریان دەكرد، لایەنگری ئینگلیز بووبن، ئێ بۆ تاوان بێت بۆ حوزنی. ئەڕی بەڕاست كتێب و نووسینەكانی تۆفیق وەهبی لە خزمەتی ئینگلیز بوون یان كورد! خاڵێكی دی بڕوانە ئینگلیزەكان، كاتێ لە شەڕەكە سەركەوتن و چیدی پێویستیان بە گۆڤارەكە و پڕوپاگەندە و ئەو سیاسەتە نەما، گۆڤارەكە دادەخەن و پارە و خەرجی لەم شتە سەرف ناكەن. بەڵام ئەوە حوزنییە، بە گڕوتینی كوردانە و دڵسۆزانە دێتەوە مەیدان و ناهێڵێت ئەو گۆڤارە بوەستێت، چونكە بوونی ئەو گۆڤارە لەوساتە بە پێویست دەزانێت و بەو لایەنە خراپەی دارایی تێدایە، ئەو ئەركە دەگرێتە ئەستۆ.
“كاتێك ئینگلیز ئیشیان بە پڕوپاگەندە نەما، ئیتر گۆڤارەكەیان ڕاگرت و ئەرك و خەرجییەكانی گۆڤارەكەیان نەكێشاوە. دوابەدوای ئەمە (حوسێن حوزنی موكریانی، فایەق توفیق و محەمەد بابان) داوایان لە وەزارەتی ناوەخۆ كردووە، ماوەیان بدات درێژە بە دەنگی گیتیی تازە بدەن. وەزارەتی ناوەخۆش ڕێگەی پێداون و پاش ڕێگەپێدانیان ئاگاداری سەربەخۆبوونی گۆڤارەكە بڵاوكراوەتەوە.(7)
بەم شێوەیە دەنگی گیتیی تازە بەردەوام دەبێت و تا دوا ژمارە لە 25/8/1947، لەگەڵ مردنی حوزنی لە 20/9/1947، ئیدی دەنگی گیتیی تازە نامێنێت.
مردنی حوزنیش، ڕەنگە خراپترین مردن بێت، كە بەو شێوەیە ئەو پیاوە گەورەیە، سەردەنێتەوە. لێرە دەچمە خزمەتی (چێشتی مجێور)ی مامی هەژار، لەسەر مردنی ئەو مێژوونووسە، چیڕۆكێكی خەمناكمان بۆ دەگێڕێتەوە. “بەیانییەك برادەرێك هات، گوتی: “حوزنی كوتوپڕ مردووە؛ با بچینە سەرقەبران”. چەند دیمەنێكی دڵتەزێن بوو: جەنازەكەی لەسەر خاك درێژكرابوو تا قەبری تەواو دەبێ، جگە لە من و برادەرەكە هیچ كەسی لە لا نەبوو، بیرم لە قەدرنەزانی كوردان دەكردەوە، گریانێكی زۆر بە كۆڵ گرتمی و پێم وایە تەنیا كەسێك بۆ مەرگی گریابێ من بووم… حوزنی كە بە جاسووس و هەمەكارەی ئینگلیسیان دەزانی، زۆر بە فەقیری مرد. جگە لە كتێبخانەكەی، هەموو ناو ماڵی، یەك_دوو بەڕە و چوار نیمكەتی داربوو، منداڵی نەبوو، ژنەكەی كوردی توركیە بوو، ناوماڵ بۆ ژن ماو كارەكەری ماڵانی دەكرد”.(8)
چەند ساڵێك لە دوای مردنی حوزنی، (فاتیمەخان)ی خێزانەكەی بە پیری و هەژاری لە ماڵەكانی بەغدا، كاركەر و خزمەتكاری ماڵان بووە و بە ژیانێكی مەمرە و مەژی ژیاوە و ئەویش وەك حوزنی بە هەژاری ژیا و مرد؛ لە گۆڕستانی شێخ عەبدولقادری گەیلانی بە بێكەسوكاری نێژرا.
بەڵێ، حوزنی ئەوها ژیا و مرد. كۆمەڵێك كتێبی لە دوای خۆی بەجێهیشت، ژمارەیەك گۆڤار و ڕۆژنامەی دەركرد و خزمەتی نەتەوەی خۆی كرد. ئەگەر حوزنی جاسووس و پیاوی ئینگلیزەكان بوایە، چۆن ئەوها دەژیا، كوا مووچەكەی! خۆی كرێچی بووە. كوا ئەو خانوو و زەوی و دووكانانەی لە دوای خۆی بەجێهێشت! بۆچی لە دوای ئەو ئینگلیزەكان نەهاتن و دەستی یارمەتی بۆ خێزانەكەی درێژ بكەن! ئێستاش خەڵك هەیە، بێئەوەی یەك كتێبی ئەو پیاوەی خوێندبێتەوە و بێ سێودوو دەبێژێت: حوزنی بوختانی بە مەلای خەتێ كردووە، حوزنی جاسووسی ئینگلیزەكان بووە! ئەمە تەنها بیستویەتی، ئەگەر خۆی بێت و بەدواداچوون بكات، مرۆڤ زۆر ڕاستی بۆ دەردەكەوێت. كاتێ شاری ڕواندز بەرفراوانكردنی جادەی گشتیی ڕواندز كەوت، گۆڕی (مەلای خەتێ)*یان گواستەوە، بۆ شوێنێكی دی، من یەكەم كەس بووم، ئەمەم كردە هەواڵ. وتم: گۆڕی مەلای خەتێیان لە گۆڕ دەرهێنا؛ وتم: دەبێت بە ڕێزەوە مامەڵەی لەگەڵ بكەن، چونكە هەم مردووە و هەمیش زانایەكی گەورەی كوردە. هەبوو لەم هەواڵە دڵگرانبوون، دەیانگوت: مامۆستا لێی گەرێ، ئەوە فتوای داوە و پاشای گەورەی بە كوشتن داوە! لە زۆر كۆڕ و چالاكیی و دیدارانەی لەسەر حوزنی لە ڕواندز كراون و بەشداریم كردووە، كتێبێكیشم لە بواری ئەدەب لەسەر ئەو پیاوە نووسیوە. هەبووە، خۆشی بە ڕۆشنبیر دادەنا، یان بیرێكی ئایینی توندڕەوی هەبووە. پێی وتووم: بۆ ئەوەندە گرنگی بە حوزنی دەدەیت و ئەو بوختانی بە مەلای خەتێ كردووە و جاسووسی ئینگلیزەكان بووە! یەكەم پرسیاری من ئەوە بووە، چەند كتێبی حوزنیت خوێندۆتەوە، بێگومان بەشەرمە و (هیچ)ەكەم پێدەڵێت. یان پێیان دەڵێم، ئەگەر ڕاستدكەیت، وەرە بەڵگەم بۆ بێنە، با خۆم شیبكەمەوە و لێی تێبگەم. لای من هەردووكیان مرۆڤن، ناڵێم فریشتەن و شایەنی هەڵەن، دەكرێت هەڵەكانیان دیار بكرێن، شتە جوانەكانیشیان بە جوانی سەیر بكرێت و ناشیرین نەكرێن.
بۆ من هەم حوزنی و هەم مەلای خەتێ، دوو پیاوی گەورەی كوردن و بە هیچ شێوەیەك لای من ناشیرین نابن. ئەوەی بە ناشیرینی سەیری مرۆڤ بكات، ئەو بێگومان خۆی و بیركردنەوەكانی ناشیرینە. (سوقرات) قسەیەكی جوانی هەیە (بوختان بۆیە خراپە، هەموو كەس بەبێ لێكدانەوە قبووڵی دەكات). ئاخر چ كەسێك ئەوەندەی حوزنی، لێی دراوە، زیندانیكراوە، تۆمەت و بوختانی بۆ هەڵبەستراوە، بە جاسووسیان داناوە. (زەكی ئەحمەد هەناری) لە نووسینێك ئەو زوڵم و ستەمەی لە حوزنی كراوە، بۆمان دەخاتە ڕوو “لە عێراقدا (22) جاران گیراوە، شۆڤار (جاسووسەكان) هەمیشە بە دواوەوەی بوون و وەچانیان نەدەدا. (3) جاریشیان ژاریان داوەتێ، (2) جارانیش لێ دراوە(9) هەروەها لە سوریا سێ جار لێدراوە و چوار جاریش لە سەردەمی عوسمانی گیراوە. جارێك سەربازانی تورك لێی دەدەن و چەناگەی دەشكێن و تا مرد ڕیشی هێشتەوە، بە هۆی شكان و ئەو لێدانە بەزەبرەی بەری كەوتبوو.
بەداخەوە! لە ئێستادا، بوختان و قسەی نابەجێ و شێواندنی مێژوو و ئابڕووبردنی كەسایەتییەكان و سەركردەكان و پیاوە ئایینەكان و شاعیر و هونەرمەند و تەنانەت مرۆڤێكی ئاسایی، ئەوەندە زۆر بووە، بە ئاسانی و بە ژیریی دەستكرد و بەڵگەنامە و نامە و نووسراوی سەختەی دروست بكەیت و لە ڕێگەی سۆشیاڵ میدیاوە، بڵاوبكەیتەوە.
سەرچاوە
- ئازاد عەبدولواحید، حوسێن حوزنی موكریانی لە یادەوەری حەمەبۆردا. گۆڤاری ڕامان، ژمارە (177)، 5/2/2012، ل 36.
- دڵشاد خەتات_یاسین برایم، لانەی شەوان. چاپخانەی شوان، سۆران، چاپی یەكەم، 2026، ل46_48.
- سەرچاوەی پێشوو، ل5.
- گۆڤاری زاری كرمانجی، ژمارە (10)، 30ی تەمووزی 1927، ل23.
- د. محەمەد خدر مەولوود، غونچەی بەهارستان. چاپی یەكەم، هەولێر، 2025.
- د. كوردستان موكریانی، گۆڤاری ڕووناكی، یەكەمین گۆڤاری كوردی شاری هەولێر1935_1936. چاپی یەكەم، دەزگای ئاراس، ل31-41.
- نیگار عبدوللە كریم قارەمان، پێگەی كولتووری (دەنگی گێتی تازە) لە ڕۆژنامەگەریی كوردیدا، 2022، نامەی ماستەر، زانكۆی چەرمۆ، كوڵیژی زمان.
- هەژار موكریانی، چێشتی مجێور. ناوەندی چاپ و بڵاوكردنەوەی كتێبی میهرەگانی، چاپی دووەم، 2007، ل 112-113.
- گۆڤاری هەتاو، ژمارە (179)، 15/7/ 1960.
- مەلای خەتێ: مەلا محەمەد ئەفەندی كوڕی مەلا ئەحمەد، بە مەلای خەتێ ناسراوە و زانا و موفتی میرنشینی سۆران بووە لەسەردەمی پاشای گەورە. گۆڕەكەی لە پێش قوتابخانەی ئامادەیی ڕواندزی كوڕان بوو، لە تەنیشت مستەفا بەگی باوكی پاشای گەورە نێژرابوو. ڕۆژی 11/7/2007 لەبەر ئەوەی گۆڕەكەی دەكەوتە بەرجادەی گشتیی ڕواندز_بێخاڵ. بۆیە لەو ڕۆژە، شارەوانی ڕواندز، ڕووفاتی ئەو پیاوەی گواستەوە بۆ گۆڕستانی گەردەگەرد و ئێستا گۆڕەكەی دیارە و نوژەنكرایتەوە.
لەنێوان من و تۆ و.. شیعری ئیلهام موڕادی
ئەدوێم لە جوانیت
باڵاتر ئەبێ لە سەر زمانم
هەندێ جوانی
بێدەنگە تابلۆیەک.
کاتێک ئەڕوانی
لە ئاوێنەی داهاتوو
من لە پشت پەردەی چاوەکانتدا
ئەبینم خۆم
خەیاڵمە ئەو مرۆڤە
ئەیکەیتەوە کۆ.
کاتێ ئەبینی ژیان
وەک هەنارێ تژ لە خوێن،
یادەوەرییەکە هەر دانەیەکی
دڵتەنگییە
پرسیارێکی بێ وەڵامە هەر دانەیەکی.
دانەیەکین هەموومان لە ناو هەناری ژیاندا
دەژین
دەشکێین
دەکەوین لە یەکدی
دەمێنینەوە وەک سێبەرێ لە ناو دڵێکدا.
کاتێ ئەکا ئاڵۆز ڕووخساری ئەڤین
ئەوا پەرێشانە زوڵف
ئەسیرە خەیاڵ
ڕێگایەکی ڕاست نییە
عەشق
کۆڵانێکی ونبوونە مرۆڤ تێیدا.
بینیو ئازار لە ناو چاوەکانت
کاتێ کردم پرسیارێ
بۆچی دەخۆشێت، مرۆڤ؟
عەشق
ئەوە نییە، نزیک بێ کەسێ،
دووری بکاتە نزیکی عەشق.
کاتێ ئەکەی گاڵتە خۆشییەکانی ڕۆژ
شاراوەیییەک لەنێو پێکەنینتدا مەڵاسداوە خۆی.
حەشار بدە نیگاکانت به قاچاغی
تا یار
هەست بە بێهیوايیەت نەکا؛
لە نێوان تۆ و من و یاردا
وجوودێ هەس
ئەفسانەیەک هەس
خۆش خوانییەک هەس
کاتێ ئێژم من
لە تۆشدا هەیە بەشێک
تۆ کە دەڵێیت “تۆ”،
لە منیشدا هەیە شوێنێ
کاتێ ئێژین یار
واتا نۆشینی سۆز.
سنە
ئیلهام موڕادی
دوو هۆنراوە بۆ باخچەی منداڵان.. فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی
باخچەی ئەستێرە
ئای لەبریسکەی ئەستێرە!
پرشنگی وەکو زێڕە
بەڕوناکی شەوانی
بۆسەرشاری سلێمانی
دیمەنی شارمان جوانە
بەوێنەی چراخانە
ناوی تۆئەستێرەیە
ڕوناکیت بۆئێمەیە
وەکوناوی باخچەکەم
ھیچ جیاوازیەک ناکەم
تۆبە پرشنگی زێڕین
باخچە ڕەوشت وزانین
چرای دەستمان ھەڵدەکەن
دنیامان ڕۆشن دەکەن.
باخچەی لانک
منداڵین زیت وزرنگ
هاتوینە باخچەی لانک
جێی پەروەردەوفێربونە
ئایندەمان پێی ڕوونە
ژینگەی ڕازاوەو جوانە
لانکمان ئاوەدانە
بەیاری و جوڵەوبازدان
دەیکەین وەرزش بەیانیان
دەنگی مۆسیقاو سرود
چیرۆکی جوان و بەسود
دیاری دەستی مامۆستان
بۆئێمەی وردیلەی جوان
لەژوری وێنەکێشان
بەپێنوسی ڕەنگەکان
تابلۆی ڕەنگین دەکێشین
بۆیە ئاوا دڵخۆشین
لانک باخچەی ئێمەیە
دڵمان پێی ئاسودەیە.
دایە.. سامان خدر
دایەگیان دایەی شیرینم
دایەی هێزو ئەوینم
دایە ی دڵ خۆشی ژینم
جوان تری لە گشت جوانی
دایە ی پڕ میهرەبانی
دایە واتای ژیانی ئەی دایەی پڕ لەجوانی
دایە هێزو هەناوم
دایە بێتۆ ناتوانم
لەباوەشی گەرمی تۆ لە دەنگی هەناسەی تۆ
هەمووکات حەسامەوە دڵ خۆش بوم گیرسامەوە
هەتا ئەوکاتەی ماوم دایە هەرتۆی ژیانم
دایە تۆ زۆر مەزنی هەرتۆ خەم خۆری منی
فێری ژیانت کردم هەرتۆی دڵ سۆزت کردم
تۆ عەشقێکی مەزنی هەرتۆ ڕێبەری منی
لای من بەرزو پێرۆزی دڵ سۆز تر لەدڵ سۆزی
هەرتۆ نوێنەری وەفای
ئازیزترینی دونیای
ناوت بەرزو پیرۆزە دنیاش بەتۆ بەجۆشە
تۆ ڕوناکی ژیانی پڕی لەئاوەدانی
ئەی بەرزتر لەبەرزی جوان تر لەگشت جوانی دی
تاوەکو بونت هەبێ خەم لەکوێ باوی دەبێ
بۆیە هەر دەڵێم دایە ناوت لەناو خوێنمایە
( ڕۆمانی فڕینی پردەکان لە نێوان چێژی دەق و ساتمەکانی گێڕانەوەدا)دا.. پ. د.نەجم ئەڵوەنی
ئەم ڕۆمانە دووەم ڕۆمانی (دڵشاد کاوانی)یە کە چاپی یەکەمی لە ساڵی (٢٠٢٣) لە چاپخانەی (پاندا) دەرچووە. بە درێژایی (٣٤٥) لاپەڕە کۆمەڵێ ڕووداو دەگێڕێتەوە کە بەسەر کۆمەڵێ کارەکتەری خەیاڵیدا هاتووە، لەوانە سیراجەددین و تاجەددین و ئاپۆپ و سوبحلئەزەل و بەهادوور و کۆمەڵێ کارەکتەری لاوەکی وەک ئەوانەی لە حەقخانە دەژین و بڕوایان بە کتێبی قینات هەیە.
ڕۆماننووس لە کەشێکی خەیاڵیدا باسی ململانیی نێوان ئاینەکان دەکات و لە زاری کارەکتەرەکانەوە دەیەوێ ئەوە بە خوێنەر بڵێ کە ئەو ململانێیە لە گەوهەردا بۆ مەبەستێکی سیاسی و لە پێناو دەسەڵاتدا بەرپابووە، بەڵام لە بەرگێکی ئاینیدا خۆی نوواندووە ، و دواتریش ڕابەرانی ئاینی حەقە لە نێو خۆیاندا بەشەڕ دێن و بە دڕندەترین شێوە لەگەڵ یەک دەجەنگێن. بۆ نموونە ئاپۆپ هێرش دەکاتە سەر خانەی کەوشەن و سوبحلئەزەل دەگرێ و لە سێدارەی دەدات، بەهادوور بە کوێری و لاڵی ڕیسوا دەکرێ و لەسەر جادە فڕێ دەدرێ و دەبێتە سواڵکەر و سیلۆنی پیر پاش دادگاییەکی ئاشکرا ناچار بە خۆکوژی دەکرێ. پاشان لەلایەن زەینەفۆنی قارۆک و گوڵشەنی بەستامی کە هەردووکیان خوشکەزای سیلۆنی پیرن، کودەتا بەسەر ئاپۆپدا دەکرێ و دەکوژرێ و تەواوی کتێبەکانی قینات دەسووتێنرێن و دەسەڵاتێکی کۆماری بێ ئاین لە لایەن زەینەفۆنی قارۆک و گوڵشەنی بەستامییەوە دادەمەزرێ.
لەم ڕۆمانەدا بەهادوور و سوبحلئەزەل بەیاوەری نەدیمی نەدیو گەشتێکی خەیاڵی بۆ بیابانی (نەقەب) دەکەن و لەوێ لە یەکتر دادەبڕێن و کچێکی وردیلەی سینەساف بەهادوور دەدۆزێتەوە و لە مردنی ڕزگار دەکات و دەیباتە شارێک دەکەوێتە نێو بیابانەوە، لەوێ چاوی بە کۆمەڵێ سەرکردە دەکەوێ، لەوانە مهاتما گاندی کە خەریکی خوێندنەوەی کتێبێکە لەبارەی خۆشناو و خۆشناوەتی و ئارەزوو دەکات بەسەردان بێتە ناوچەی بالیسان. هەر لەوێ چاوی بە جیڤارا و ترامپ و هتلەر و ستالین و ئیبنی سینا و ماندێلا و سەدام دەکەوێ. ئەوەی سەیر و سەرنچڕاکێشە لە دیوانەکەی سەدامدا دەبینێ لەیلا قاسم و محەمەدی کوڕی عومەری خاوەر دەژین و لەیلا بەدەم گۆرانییەوە سی دوو ساڵە ساقۆ و جلە سەربازییەکانی سەدام دەشوا کەچی خاوێن نابنەوە و هەر خوێنیان لێ دەچۆڕێ، محەمەدیش لە ساڵی ١٩٨٨ وە بێ نان و ئاو هەر خەریکی گەمەکردنە. سەردانەکانی بەهادوور بە یاوەری کچە وردیلەی بیابان، هەمان ئەو گەشتەی نێو داستانی (کۆمیدیای خواوەندی) (دانتی)مان بیر دەخاتەوە کە بەیاوەری ڤێرجل و پیاتریس بۆ دۆزەخ و بەهەشت و دیتنی قەشە و پیاوە ئاینییەکان و کەسانی دیکەی دەکەن. دیوارەکانی شاری نێو بیابان و قەڵایەکەی لەلایەن داروینەوە دروستکراوە و نابێ ئەوانەی لەوێ دەژین لە عەتەبە و دیوانی خۆیان بێنە دەرەوە و تێکەڵی یەک ببن ئەگینا وەک کچە وردیلەی بیابان بە بەهادوور دەڵێ تەواوی ئەو شارە لەڕووی ئاسایشەوە دەشێوێ، چونکە زۆربەی دانیشتوانەکەی دژ بە یەکن، یان سەردەمێک دۆستی یەک بوونە و ئێستا دوژمنی یەکن. لەڕێی ئەو کچە وردیلە مەمک بڕاوەوە گوێی لە کارەساتی ئەنفال دەبێ و ئەو کچە یەکێک بووە لەوانەی لە مردن ڕزگاری بووە وەک خۆی باسیکردووە، بەڵام سەربازەکان بەکۆمەڵ دەستدرێژییان کردووەتە سەری. ئەم کچە لەلایەن نەدیمی نەدیوەوە کە ئەفسەرێکی سوپا بووە ڕزگار کراوە و هێناوێتی بۆ ناوچە شاخاوییەکان، بێ ئەوەی بزانێ ئەمە کچی خۆیەتی و داویەتی بە جووتیارێک، ئەو جووتیارەش وەک کچی خۆی خۆشی دەوێ@ و ژیانی دەپارێزێ، کەچی دواتر هەر لەلایەن نەدیمی نەدیوەوە دەکوژرێ کاتێ داکۆکی لەو کچە کردووە و هەوڵیداوە ڕێگری بکات بۆ ئەوەی نەدیم و سەربازەکانی دەست درێژی بۆ سەر ناموسی ئەو کچە نەکەن کە لە بنەڕەتدا کچی خودی نەدیمە و ئێستا نایناسێتەوە، چونکە بە منداڵی لە تەمەنی سێ ساڵیدا لەبەر هەژاری و نەبوونی لەسەر داوای ئەو و بە ڕەزامەندی ئاپۆپی برای لەلایەن پوورە پەتییەوە دراوە بە کەسێک و ئەویش نازانێ ئەو کەسە کێیە، ڕێبوارە یان قەرەجە و لە شوێنێکی دیکەی ڕۆمانەکە کە دواتر باسی دەکەم، بابی کچەکە دەڵێ گوایە قەرەجێک فڕاندوویەتی. ئەم کچە لە ئەنجامی ئەو دەست درێژییانە سێ منداڵی دەبێ، تەنانەت سەربازەکانیش نازانن ئەو منداڵانە لە کێیانە، بەڵام نەدیم بە منداڵی خۆی دەزانین. ئاپۆپ ڕێی دەکەوێتە ئەو شوێنەی ئەو کچەی لێیە و لە ڕۆمانەکەدا وەک (لۆقەنتە)یەک ئاماژە بەو ماڵەکراوە کە ئەو ژنە و سێ منداڵەکەی لێی دەژین. ئاپۆپیش کاری سێکسی لەگەڵ دەکات بێ ئەوەی بزانێ ئەمە خوشکی خۆیەتی، بەڵام ژنەکە دوای دوو ساڵ پێکەوە بوون پێی دەڵێ کاتێ لەگەڵم جووت دەبی هەست دەکەم ئەم کارە لەگەڵ برایەکی خۆمدا دەکەم. ئەمەش ئاماژەیەکی ناڕاستەوخۆیە بۆ ئەوەی کە دواتر ئاشکرا دەبێ کە ئەو ژنە کچی نەدیمی نەدیوه و خوشکی ئاپۆپە.
ڕابەرانی ئاینی حەقە، بەپێی ڕێساکانی کتێبی قینات بەشێک لە پیاوانی پەیڕەوکەری ئاینەکە دەخەسێنن و بەشێک لە ژنەکان مەمک دەبڕن بۆ ئەوەی هەستی سێکسییان بکوژن و وەک کۆیلە بۆ خزمەتی خۆیان بەکاریانبهێنن. هەرژنێکیش لەوانە کاری سێکس بکات دەبێ خۆی بکوژێ بۆ ئەوەی گوناهەکەی پاک ببێتەوە.
ئەم ڕۆمانە دەیان ڕووداوی سەیر و سەمەرەی لەخۆ گرتووە و واقیع و ئەفسانە و خورافەی تێدا ئاوێتەکراوە و پێویستە خوێنەر زۆر بە وردی بەدوای سەرەداوەکانیاندا بگەڕێ بۆ ئەوەی پەیوەندی نێوانیان بدۆزێتەوە. هیچ ڕووداوێک لەم ڕۆمانەدا نییە کە خوێنەر بتوانێ بەسەریدا باز بدات و بە وردی و قووڵی نەیخوێنێتەوە، ئەگینا ناتوانێ سەرەداوەکان بەیەک بگەیەنێت و سەر لەخۆی دەوەشێنێ. هەروەها لەم ڕۆمانەدا ڕووداوێک نییە بێ هۆ ڕووبدات و ڕۆماننووس بۆ مەبەستێکی دیاریکراو داینەمەزراندبێ.
لەڕووی هونەرییەوە، ئەم ڕۆمانە بە دوو شێوازی جیاواز پێشکەشکراوە: بەشێکی لەڕێی گێڕەوەی هەمووشتزانەوە و بەشێکی دیکەی لەڕێی گێڕەوەی هەمەنشتزانەوە. ئەمەش بەگوێرەی بابەت و کارەکتەرەکان گۆڕانی بە سەردا دێ. جاری واش هەیە یەک بابەت بە هەردوو شێوازەکە پێشکەشکراوە وەک لە لاپەڕە(١٦٥ـ١٦٨) دا بەرچاو دەکەوێ کە ڕووداوەکان بە نوورە جارێ بە گێڕەوەی هەمووشتزان و جارێ بە گێڕەوەی هەمانشتزان پێشکەشکراون.. شایانی گوتنە من بابەتەکانم بە گوێرەی ڕۆمانەکە بەسەر (٥٦) شەش بابەتی سەرەکیدا دابەشکردووە کە بە بابەتی (کوشتن) لە لاپەڕە چوار دەست پێدەکات و سیلۆنی پیر باسی دادگایی و دوا ساتەکانی ژیانی خۆی دەکات، و گێڕانەوەکەی خودییە و سیلۆن دەیگێڕێتەوە، دوا بابەتیش لەژێر ناوی (کۆتایی هاتنی ئاین و کتێبی قینات) ە کە گێڕانەوەکەی بابەتییە و لە لایەن گێڕەوەی هەمووشتزانەوە باسکراوە.
لەم ڕۆمانەدا زیاتر لە (٣٣) کارەکتەر بەشداری ڕووداوەکانیان کردووە، هەندێکیان سەرەکی و هەندیکیشیان لاوەکین. گرنگترینیان بەهادوور و سوبحلئەزەل و ئاپۆپ و نەدیمی نەدیو و سیلۆنی و جیقەڕشکن و زەینەفۆن و گوڵشەنی بەستامین. ئەم کارەکتەرانە هەندێکیان بەگوێرەی ڕووداوەکان ناویان، یان نازناویان دەگۆڕێ وەک وەک (نەدیم) کە دواتر کاتێ لەڕیزی سوپا هەڵدێ ناوی خۆی دەگۆڕێ بۆ (زەنکەلۆن) یان (سیراجەددین) ی زڕ برای تاجەددین کە پاش سەرنەکەوتنی کودەتایەکەی بەسەر تاجەددینی برایدا بەرەو بیابانی نەقەب هەڵدێ و ناوی خۆی دەگۆڕێ بۆ (سیلۆنی). هەروەها جیقۆڕشکن نازناوی شاژنی بیابان لەخۆی دەنێ. بەپێی یاسا و ڕێنماییەکانی ئاینی حەقە، ڕابەرانی ئاینەکە بەڕووکەش کار بۆ نەمانی ئاینە جیاوازەکان دەکەن کە بوونەتە هۆی ئەوەی شەڕی خوێناوی لە نێوان گەلان و تایفە جیاوازەکاندا ڕووبدات، هەروەها دەیانەوێ سنووری نێوان گەلان نەمێنێ و کاردەکەن هەموو گەلان بەیەک زمان بدوێن و بۆ ئەم مەبەستەش زمانی سپرانتۆیان هەڵبژاردووە کە تەنانەت کتێبی قیناتیشیان هەر بەو زمانە نووسیوە، ئامانجی سەرەکییان گوایە دامەزراندنی ئاینی ئاشتی و مرۆڤدۆستییە.
خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە چێژێکی گەورە بە خوێنەر دەدات و من بەش بەحاڵی خۆم تووشی سەرسوڕمانی کردم. ئەم ڕۆمانە لایەنە شاراوەکانی ژیانی مرۆڤ پیشانی خوێنەر دەدات. بریتی نییە لە گێڕانەوەی هەواڵی چەند ڕووداوێک کە پێشتر خۆمان تێیدا ژیاوین یان ئەزموونمان کردووە. بە شێوازێکی زۆر نوێ نووسراوە، مژدەی لەدایکبوونی ڕۆماننووسێکمان پێ دەدات. ئەگەرچی بەداخەوە سەراپای ڕۆمانەکە تژییە لە هەڵەی ڕێنووس و پێویستە پێداچوونەوەیەکی تەواوی لەم بارەیەوە بۆ بکرێت.
سەرنجڕاکێشترین بەشی ئەم ڕۆمانە، دوا لاپەڕەیەتی کە لەزاری نووسەری ناوەکی دەقەکەوە بە شێوەیەکی هێمایی پێشکەشکراوە و خوێنەر تووشی هێدمە دەکات کاتێ بۆی دەردەکەوێ تەواوی ئەم ڕووداوانە بریتین لە کۆمەڵێ ڕووداوی خەیاڵی کە پاقلە فرۆشێک پاش ئەوەی لافاو لەژێر پردی (شۆڕش) عەربانە شەق و شڕەکەی تێکدەشکێنێ و پاقلەو هەنارەکەی دەڕژێتە ناو ئاوی لافاوەکەوە و ناچار دەبێ ماوەیەک لە ماڵەوە بێ ئیش بمێنێ و دەرفەتی هەبێ لەو ماوەیەدا ئەم ڕۆمانە بنووسێ.
ئەو نووسەرە ناوەکییە دەڵێ ڕۆژانە پەڕەی ئەو کتێبانەم دەخوێندەوە پێش ئەوەی بیانکەمە لەفەی پاقلە. کتێبی قیناتیش ئەو کتێبانەبوون کە لێیان تێ نەدەگەیشتم و ڕۆژانە قسەم لەگەڵ ئەو سەرکردانەدا دەکرد کە وێنەکانیانم بە عەربانەکەمەوە لکاندبوو. مروو، و نیقێمی سووریش کە لای ڕابەرانی ئاینی حەقە کرابوونە نیشانە و هێمای ڕابەرایەتی، ئەو دەنکە هەنارانە بوون کە ڕۆژانە به کڕیارەکانم دەفرۆشت، کچە وردیلە جوانەکەش هێمایە بۆ ئەو کچە سواڵکەرەی هێشتا بنی مەمکی دانەنابوو، ڕۆژانە دەهات بە بەلاش پاقلەم دەدایە و لەم ڕۆمانەدا کردوومە بە هێما بۆ ئەو ژنانەی لە حەقخانە مەمکیان دەبڕین بۆ نەمانی حەزی جووتبوونیان. بەهادوور و سوبحلئەزەل بوونیان نییە و سیلۆنی پیریش هێمایە بۆ ئەو چاودێرەی شارەوانی کە ڕۆژانە لەژێر پردێکەوە ڕاوی دەنام بۆ ژێر پردێکی دیکە. بە بڕوای من ئەم نووسەرە ناوەکییە کە بەتەکنیکی میتاگێڕانەوە ڕووداوەکانی ڕۆمانەکەی گێڕاوەتەوە، هەر خودی ڕۆماننووسی ڕاستەقینەی دەقەکەیە کە تەنیا پۆلی سێی ناوەندی تەواو کردووە و ئێستا خەریکی پیشەی سەرتاشینە لە شاری شەقڵاوە.
بەگشتی ئەم ڕۆمانە زۆر سەرنجڕاکێشە و شایانی ئەوەیە هەموو خوێنەرێک بەتاسەوە بیخوێنێتەوە. ئەوەی جێی داخە ڕۆمانەکە کۆمەڵێ هەڵەی تێکەوتووە و ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هێشتا نووسەر ئەزموونی کەمە و پێویستی بەوەیە وردتر بنووسێت و زیاتر بخوێنێتەوە بۆ ئەوەی باشتر توانای بەسەر دەقی ڕۆماندا بشکێ و ڕیتمی گێڕانەوەکەی کۆنتترۆڵ بکات. لەم وتارەدا هەندێ لەو ساتمانەی گێڕانەوەکە دەخەمە بەرچاو بۆ ئەوەی نووسەر و هەروەها خوێنەرانیش سوودی لێ ببینن:
١ـڕۆماننووس سەبارەت بە چارەنووسی جیقۆ ڕشکنی خوشکی ئاپۆپ و کچی نەدێم دوو بۆ چوونی پێچەوانەی خستووەتە ڕوو. یەکەمیان لە لاپەڕە (٧٨) دا باسکراوە کە گوایە مام نەدیم لەبەر گریان و هاواری کچە برسییە سێ ساڵییەکەی بێزار بووە و داوای لە ئاپوپ کردووە بە پوورە پەتییە بڵێ هەرچۆنێک بێ ئەو کچەیان لەکۆڵ بکاتەوە، ئەویش لەسەر داوای ئەوان دەیدا بە کەسێک نازانێ ڕێبوارە یان قەرەج، کەچی نووسەر لە لاپەڕە (٢٧٧)دا ئەوەی لەبیر دەچێ و لە زاری زەنکەلۆن واتە مام نەدیمەوە کە بۆ ئاپۆپ قسە دەکات، ئاماژەی بەوە کردووە کە ژنە قەرەجێک ئەو کچەی ڕفاندووە.
٢ـڕۆماننووس هەوڵیداوە ئەوەمان بۆ بسەلمێنێ کە پاش دابڕانێکی زۆر ئیتر نەدیمی نەدیو ئاپۆپی کوڕی ناناسێتەوە، لە کاتێکدا لە لاپەڕە (٩٤) دا ئاماژەی بەوە داوە پاش دابڕانی یەکەمیان لە ڕێی نێوان شاری خوزستان و عەکەدا کە ئاپۆپ لە باوکی بزر دەبێ و پاشان بەهادوور و سوبحلئەزەل لە مزگەوتی (گەورەی قوتب) ئەو دەدۆزنەوە کە وەک موستەعد لەوێ خەریکی خوێندنەوەی زانستی ئاینی بووە. کەسێکیش کە لە پلەی موستەعیددا بێ نابێ تەمەنی لە (٢٠) ساڵ کەمتر بێ. بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم بۆچوونەش سوودمان لە دوکتۆر (سالار تاوگۆزی) وەرگرتووە کە خۆی پێشتر حەوت ساڵ لە مزگەوتدا وەک فەقێ خوێندوویەتی. دابڕانی باوک و کوڕ لەپاش ئەو تەمەنە نابێتە هۆکار بۆ ئەوەی دواتر و لە تەمەنێکی باڵاتردا یەکتر نەناسنەوە.
٣ـ سەبارەت بە چۆنێتی ڕزگاربوونی جیقۆ یان کچە وردیلە لە ئەنفال کە دەکاتە کچی نەدیمی نەدیو، دیسان نووسەر ساتمەی کردووە، و لە لاپەڕە (١٨٨ـ١٩٠)دا لە زاری ئەو کچەوە کە بۆ بەهادوور باسی کردووە دەڵێ یەکێک لەوانەی لە ژێرمەوە بوون بە تووندی پاڵی پێوە نام و لە چاڵە خۆڵەکە منی کردە دەرەوە، کەچی نەدیمی نەدیو کە لە لاپەڕە (٢٧٥) دا قسە بۆ ئاپۆپ دەکات دەڵێ لەو ڕەشە کوژییەدا بە دزییەوە ئەو کچەم لەژێر دەمی شۆفەلێک دەرهێنا و لەمردنم قورتارکرد.
٤ـ هەر لە باسی ئەنفال و چۆنێتی ئەنجامدانی ئەو پرۆسە بەدناوەدا، دیسان نووسەر ساتمەی کردووە و لە زاری کچە وردیلەوە لە لاپەڕە (١٨٨ـ١٨٩)دا دەڵێ: ((وەک چۆن لە دایکبووین ئاوا ڕووتیان کردینەوە و جلەکانیان لێداکەندین و لەسەر کەندەڵانێکی بەرز خلۆریان دەکردینەوە، لەم بیابانە ژێر خۆڵیان دەکردین…)). کەچی نەدیمی نەدیو یان ئەوەی ناوی خۆی بۆ (زەنکەلۆن) گۆڕیوە لە لاپەڕە (٢٧٥)دا دەڵێ: ژن و منداڵ و پیر و پەکەوتەمان دەخستە نێو چاڵێکەوە، بە مازووت و قیر و بەنزین بە زیدوویی ئاگرمان تێ بەردەدان، ئەوانمان بە دوژمنی سوپا و شانشین دەزانی. لەبەر چالاکیم لەو پرۆسەیەدا پلەم بۆ ئەفسەری بەرزکرایەوە.
٥ـ کچە وریلە لە لاپەڕە (١٨٨) دا بە بەهادوور دەڵێ:((من کچێک بووم هەر لە منداڵییەوە کچێنم بە بیان بەخشی)). دواتر لە لاپەڕە (١٨٩) دا دەڵێ پاش ئەوەی لە خۆڵەکە هاتمە دەرێ چاوم پڕ لە خۆڵ بوو، هیچم نەدەبینی و کەوتمە دەست سەربازەکان و یەکێکیان گوتی مەیکوژن، و بەدڵی خۆتان تێی بەربن. ئەوانیش بە نۆرە سوارم دەبوون و گوتیان لێرە بەتەنیا جێی دەهێڵین یان گورگان خواردوو دەبێ یانیش بە برسێتێ و تینوێتی دەمرێ. پاشان نەدیمی نەدیو کە لە لاپەڕە (٢٧٥ـ٢٧٦) بۆ ئاپۆپ دەوێ: دەڵێ دوای ئەوەی زۆرگێمان کرد، نەم ههێڵا بمرێ و لە کاتی گەڕانەوەدا ڕادەستی جووتیارێکی ئەم بنارەم کرد. کەچی نووسەر هەموو ئەو بەسەرهاتانە لەبیر دەکا و لە لاپەڕە (٢٧٦ـ٢٣٠) دا کە ئەو کچە لە لۆقەنتەکە بۆ ئاپۆپ دەوێ باسی مناڵی و قۆناغی عازەبی خۆی لە سایەی ئەو جووتیارەدا دەکات و ئەو پیاوە بە باوکی خۆی دەزانێ و بە جۆرێ قسە دەکات کە خۆی کچی ئەو پیاوە بووە تا ئەوکاتەی قەراوڵەکان لە سەرگردێکی نزیک لەو لۆقەتەیە سەربازگەیەک دادەمەزرێنن و پاشان بە کۆمەڵ دەست درێژی دەکەنە سەری و بابیشی دەکوژن. کچە دەڵێ: ((من کچی پیاوێکی بەهێز و جووتیارێکی لێزان و ئازابووم، هەر لێرە لە دایک بووم، نایەتە بیرم دایکم کەی و چۆن لە دەستداوە […]. باوکم پیاوێکی دوغری و سەر ڕاست و ئاڵتەیی بوو، هێندەی خاک کێڵابوو بۆنی خاک و خۆڵی گرتبوو […]. شەوانە لە باغەڵی باوەم دەخەوتم، دەستە بچکۆلەکانم لە مووە ڕەش و زبرەکانی گیر دەکرد و هەستم بە ئارامییەکی زۆر دەکرد. کە عازەب بووم بە کار و باری ناو ماڵ و کابانی مژوڵ بووم…)). ئەم قسانە تەواو پێچەوانەی ئەوەن کە ئەم کچە پاش ڕزگار بوونی لە ئەنفال لەلایەن نەدیمی نەدیوەوە هێنراوە بۆ کوێستان و دراوەتە ئەو جووتیارە.
٦ـ سەبارەت بە باوکی بایڵۆجی مناڵەکانی کچە وردیلەکە، نووسەر دوو بۆچوونی دژ بەیەکی خستووەتە ڕوو. کچە وریلە لە لاپەڕە (٢٣٥)دا دەڵێ: ((نزیکەی سێ ساڵان من لەم ژیانە پیسەدا بووم، بە دزی و بە ئاشکرا، بە شەو و بە ڕۆژ، سەربازەکان وەکو گامێش بەسەرمدا دەپەڕین، ئەم سێ منداڵەم لێیان بوو. کەسیان نەیاندەزانی منداڵەکان هی کامیانن، بۆیە لەگەڵم گۆڕان و هەموویان منیان بە دایکی منداڵەکانی خۆی دەزانی، تا ئەندازەیەکی باش نەرمییان دەنواند)). کەچی لە لاپەڕە (٢٧٦) دا زەنکەلۆن یان نەدیمی نەدیو لەم بارەیەوە قسەیەکی تەواو پێچەوانە دەکات و دەڵێ: ((دوای ساڵانێک لەڕیزی سەربازیدا، بووم بە ژەنەڕاڵ، هەم دیسان سوپا لەشکریان هێنایە سەر لووتکە و چیا بەرزەکانی سەر سنوور، منیش گەڕامەوە، کچەکەم لای هەمان جووتیار دۆزییەوە، کە لۆقەنتەیەکی بچووکیان لە لێوار شەقام واڵاکردبوو. جارێکی دیکە مێژوو خۆی دووبارە کردەوە، لەناو لۆقەنتەکە بە دەستی خۆم جووتیارەکەم کوشت، هەمان هەلی مانەوەم بە کچەکە بەخشییەوە. ئەویش بە ئابڕووچوونی باجی مانەوەی دەدا. هەموو شەوێک وەک ڕەشە وەڵاخ سواری دەبووم. لە ئاکامی دەستدرێژییە بەردەوامەکانی من، سکپڕ دەبوو، بەرهەمی سێ منداڵی ئیفلیجی لێ کەوتەوە)).
٧ـئەگەرچی ڕۆماننووس دەیەوێ ئەوە پیشان بدات کە زەنکەلۆن یان نەدیمی نەدیو، ئاپۆپی کوڕی ناناسێتەوە، بەڵام لە هەندی شوێنی ڕۆمانەکەدا ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە ئەو کارەکتەرە زۆر بەباشی کوڕەکەی خۆی ناسیوەتەوە، بەڵام بۆی ئاشکرا ناکات. بۆ نموونە کاتێ لە گەشتێکدا بە جووتە دەچن بۆ سەردانی ئەو لۆقەنتەیەی کچە وردیلەی لێ دەژیا، لە ڕێگە دەگەنە سەر تاڤگەیەک بۆ پشوودان، گێڕەوەی هەمووشتزان لەڕێی ئاخاوتنێکی ناوەوەی زەنکەلۆن لە لاپەڕە (٢٧٠)دا ئەوە ئاشکرا دەکات کە زەنکەلۆن گومانی نەماوە ئاپۆپ کوڕەکەی خۆیەتی و ئێژێت:(( سوێند بە سازگاری ئەم تاڤگەیە، تۆ هەمان ئەو کەسەیت کە لە عەکاوە دێت و بۆ خوزستان دەچیت، لە کۆشکی دوو جمکەکانەوە دڵشکاویت و بۆ گەیشتن بە چارەنووسێکی نادیار هەنگاو دەنێیت)). لێرەدا بە ڕاشکاوی بێ ناو هێنان باسی ئاپۆپ و سوبحلئەزەل و بەهادوور دەکات، چونکە ئەم دوو برایە جمکن و لە کۆشکی تاجەددیندا هاوڕێی یەک بوونە و دڵیان لەیەک شکاوە. هەروەها نووسەر لە ساتێکی بێ ئاگاییدا لە زاری زەنکەلۆنەوە لە لاپەڕە (٢٨١) دا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم کارەکتەرە بەدەم گریانەوە لە بەردەم گۆڕەکانی کچە وردیلە و سێ مناڵەکەی و جووتیارە کوژراوەکەدا کەوتووەتە دانپێدانان و ناوی خۆی بە ئاپۆپ گوتووە و ئەوەشی پێ گوتووە کە زەنکەلۆن ناوی ڕاستەقینەی ئەم نییە. هەر لەم لاپەڕەیەدا ڕازی دڵی بۆ ئاپۆپ ئاشکرا دەکات و پێی دەڵێ: (( ئەو لە خوزستانەوە لەگەڵ دوو کوڕی جمکەی سەر گەورە و بچووک (ئەمەش ئاماژەیەکی دیکەی ناڕاستەوخۆیە بۆ سوبحلئەزەل و بەهادوور) هاتووە، ئەوانی لە بیابان بەتەنیا جێهێشتووە و ڕووی کردووەتە حەقخانە […]. گەرەکێتی ڕازی دڵی ئاشکرا وەکات و پێی دەڵێت ئەرکی ئەوەیە (واتە ئەرکی ئاپۆپ) کە خانەی کەوشەن هەڵبووەشێنێتەوە، چوون خانەی کەوشەن ڕێگر و بەربەستێکی گەورەیە لە بەردەم حەقخانە و موریدانی حەق)). بە پێی زانیارییەکانی نێو یادداشتی دووەم، زیمنهۆڤ هەوڵی زۆری داوە کە ئەم بکوژێ، بەڵام لە پیلانەکانی سەرکەوتوو نەبووە و ناچار بووە دان بە خۆیدا بگرێ. زیمنهۆڤ بە گێڕانەوەیەکی خودی لە لاپەڕە (٣٠٢) دا ئاماژەی بەوە داوە کە زەنکەلۆن حەزی لەوە بووە کەسێکی دڵبەرد و دەست ڕەش، بە تایبەتی لە ئالی خۆی بێت تا بیخاتە شوێنی خۆی و میراتی ڕابەرایەتی سەدان ساڵەی میرایەتی لە بنەماڵە و ماڵباتی تاجەددین وەرگرێتەوە. بۆ ئەمەش یاری نێوان دوو برا ساز دەکات، من دەکاتە ئامانج و بەهادوور دەکاتە قوربانی، ئاپۆپی نەگریسیش دەکاتە ئەنجام. کەواتە زەنکەلۆن بە خۆی پلانی داناوە بۆ ئەوەی ئاپۆپی کوڕی بکاتە جێگیرەوەی لە حەقخانە و هەر لەڕێی ئەویشەوە زیمنهۆڤ بکوژێ و خانەی کەوشەن وێران بکات. لە دوا ئەنجامیشدا ئاپۆپ شوێنی باوکی دەگرێتەوە و زیمنهۆڤیش واتە سوبحلئەزەل لە سێدارە دەدات.
٨ـ لە لاپەڕە (٢٨٨) دا دووجار نووسەر گێڕانەوەکەی تووشی ساتمە کردووە و لەیەکەمیاندا ناوی کارەکتەرێکی لەباتی کارەکتەرێکی دیکە داناوە و پاشان هەر لە هەمان دێڕدا ناوی کارەکتەرە خوازراوەکەی بیر کەوتووەتەوە و بە دروستی لە شوێنی خۆی داناوەتەوە. ئەمەش چەند جارێک دووبارە بووەتەوە. لە ساتمەی دووەم دا کارەکتەرێکی کوێر و زمان بڕاو دەکاتە نووسەری یادداشتنامە. گێڕەوەی هەمووشتزان لە باسی خەونی موگناتیسی دووەمدا دەڵێ بەهادوور بە حەسرەتەوە حەزی لێبووە هەواڵێکی سوبحلئەزەلی برای بزانێ، بۆ ئەمەش سیلۆنی پیر مەرجی ئەوەیە، ئەمجارە زمانی ببڕێت. سیلۆنی پیر وەک گێڕەوەی هەمووشتزان دەڵێ: ((گازێکی دوو سەرەی ئاڵچاغ دێنێت، دەیخاتە ناو دەمی ئاپۆپ و زمانی بەهادوور لەبنەوە دەردەکێشێت. بە مقەستێکی تیژ زوانی ئاپۆپ دەبڕێت، ئینجا بە شیشکە ئاسنێکی سوورکراوە برینی دەم و لغاوی ئاپۆپ داغ دەکات. پاشان تۆپە قۆزاغەیەکی لۆکەی بە سپرتۆ دەئاخنێتە ناو زاری. بەهادوور هەموو گیانی دەکەوێتە لەرز و دەبوورێتەوە. چەند ڕۆژێکی پێدەچێت بەهادوور ئاسایی دەبێتەوە، وەلێ ئێستە وەک کەسێکی بێ زمان و چاو، بە ئاماژەی دەست و یاداشت نووسین مەبەستەکانی بۆ سیلۆن دەنووسێت)). ئەوەی ئەم ڕۆمانە بخوێنێتەوە دەزانێ ئاپۆپ کوڕی زەنکەلۆنە و زەنکەلۆنیش کێشەی لەگەڵ سیلۆنی و بنەماڵەی ئەودا نییە، بەڵکو هەردوو لا دەیانەوێ دەسەڵاتی بنەماڵەی تاجەددین بڕۆخێنن و بەهادووریش کوڕێکی تاجەددینە، بۆیە سیلۆنی پیر بەم چەشنە دڕندانەیە سەودای لەگەڵدا کردووە. هەروەها من پرسیار لە نووسەری ڕۆمانەکە دەکەم و دەڵێم: دەکرێ مرۆڤێکی کوێر بتوانێ بەدەستی خۆی یادداشت بنووسێتەوە…؟.
٩ـلە لاپەڕە (٢٩١ـ٢٩٢) دا، ڕۆماننووس لەبارەی زیمنهۆڤەوە ئاماژەی بەوە داوە کە ئەم کارەکتەرە بەلۆژیک بیری کردووەتەوە و ئاوەز واتە عەقڵ لای ئەو چەقی بیر کردنەوە بووە، لە هەمان کاتدا گوتوویەتی زیمنهۆڤ بۆ ماوەی بیست ساڵ لە تونێڵێکی ژێر خانەی کەوشەندا بەردەوام خواردوویەتییەوە و هەمیشە مەست بووە و بڕوای بەوە بووە کە ئاگایی گەورەترین گرفتە لەبەردەم ڕاستیدا، چونکە مرۆڤ لە حەقیقەتی خۆی دوور دەخاتەوە. ئەم بۆچوونانەش بە بڕوای من تەواو پێچەوانەی ڕاستین، چونکە ئاگایی بناغەی بیری لۆژیکییە و عەقڵ لە نائاگییدا ڕۆڵی خۆی لەدەست دەدات و ناتوانێ ببێتە ئامرازێک بۆ دۆزینەوەی حەقیقەت. بەدمەستیش مرۆڤ وێران دەکات و ڕێی ڕاستی لەبەرچاو ون دەکات.
١٠ـ لە لاپەڕە (١٥٤، ١٥٥، ١٥٧) دا ڕۆماننووس سەبارەت بە چارەنووسی سوبحلئەزەل و بەهادوور، پاش کوشتنی باوک و داکیان بۆچوونێک دەخاتە ڕوو کە تەواو پێچەوانەی ئەوەیە کە لە لاپەڕە (٣٠٧) دا سەبارەت بە چارەنووسی ئەو دوو کارەکتەرە باسکراوە. لە پێش کوشتنی باوک و دایکی ئەوان کە داکۆکییان لە نوور پەپوولە دەکرد، باوکیان داوا لە نەدیمی نەدیو دەکات ئەو دوو منداڵە وەک ئەمانەتێک بپارێزێ و لەو شوێنەیان دوور بخاتەوە ئەمەش لە لاپەڕە (١٥٤) بە تەکنیکی گێڕەوەی هەمانشتزان و بەگێڕانەوەیەکی خودی لەلایەن خودی سوبحەلئەزەلەوە باسکراوە و دەڵێت: ((باوکم من و بەهادووری ڕادەستی مام نەدیم کردو گوتی: تا زووە ئەمانە قورتارکە، ئەمانەم ئەمانەتی تۆکرد. هەرچەند ئێمە دەگریان و دەنووزاینەوە کە باوکمان جێناهێڵین و مام نەدیمیش پێداگیری دەکرد کە ناتوانێت لەم کاتە سەختەدا باوەم بەتەنیا جێبهێڵێت، بەڵام باوکم لەسەر داوەکەی مکووڕ بوو)). دوایی لە لاپەڕە (١٥٥)دا باسکراوە کە باوکی سوبحلئەزەل و بەهادوور کوژراوە و پاشان لە لاپەڕە (١٥٧) دیسان سوبحلئەزەل باسی چۆنێتی کوژرانی دایکردووە. کەچی لە بۆچوونی دووەمدا نووسەر لە لاپەڕە (٣٠٧) دا دەڵێ بە پیلانی سیراجەددینی زڕ برای تاجەددین ئەو منداڵانە لەلایەن نەدیمی نەدیوەوە بۆ شاری عەکا ڕفێراون بۆ ئەوەی وەک بارمتە بەکاریان بهێنێ تاوەکو تاجەددین ناچار بکەن دەست لە دەسەڵات هەڵگرێ. ئەگەر تاجەددین لەلایەن دەسەڵات و بە بەرچاوی خەڵکییەوە کوژرابێ ئیتر چۆن سیراجەددین منداڵەکانی بەکاردەهێنێ بۆ ئەوەی ناچار بکرێ دەست لە دەسەڵات هەڵگرێ…؟. ئەمە هەڵەیەکی زەقی گێڕانەوەیە لەم ڕۆمانەدا و نەدبوو هێندە ئاسان بەسەر ڕۆماننووسەکەدا تێپەڕێ.
١١ـ لە لاپەڕە (٣١٦) دا گێڕەوەی هەمووشتزان ئاماژە بەوە دەکات کە بەهادوور ڕێبەری خانەی کەوشەنە، کەچێ لە ڕاستیدا وەک لە لاپەڕە (٣٠٢ـ٣٠٣)دا و لە زمانی خودی زیمنهۆڤەوە بە گێڕانەوەیەکی خودی باسکراوە، بەخۆی خاوەنی ئەو پلە ئاینییە بەرزە بووە و سەرەتا زەنکەلۆن یان نەدیمی نەدیو وەک پێغەمبەرێک و دوا نێردراو لە نامەکانیدا بە حەقەکانی ناساندووە و پاشان وای لێهاتووە ئەم ببێتە چەق و ئەویش ببێتە پاشکۆ. ئەمەش وای لێکردووه پیلانی لێ بگێڕێ و هەوڵی لابردن و کوشتنی بدات. پاشان هەر لە لاپەڕە (٣١٦) دا نووسەر ئەم هەڵەیەی ڕاستکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەدا ئاپۆپ کە پاش کوشتنی بابی خۆی بووەتە یارسوڵتانی حەقخانە بە جوانی و ڕێکوپێکی وەڵامی نامە و ڕاسپاردەکانی زیمنهۆڤی ڕێبەری خانەی کەوشەنی داوەتەوە و گوێڕایەڵی خۆی بۆ نواندووە.
پ. د.نەجم ئەڵوەنی
گۆڤاری دیوان ژمارە (٦٣)ی ٢٠٢٦
(؟!!).. شیعری قوبادی جەلیزادە
1
شێوەکارەکە تابلۆی چۆلەکە دایکانەکەی دەکێشا
تەنیا دەنووکەکەی مابوو
- تەقەیان لێکردوو کوشتیان
2
لە کێڵانی زەوییەکە تەواو بوبوو-جوتیارەکە
بە توورەکەیەکی پڕ لە گەنمەوە ، چوو تا کێڵگەکە تۆو بدات - تەقەیان لێکرد و کوشتیان
3
بە خوێندکارەکانی گوت یەک یەک هەستن و لەسەر تەختەڕەشەکە بنووسن؛
بژی نیشتمان
هێشتا تەپەشیرەکەی نەدابووە دەستی یەکەم قوتابی - تەقەیان لێکرد و کوشتیان
4
تەمبوور سازەکە سەرقاڵی ڕایەڵ کردنی ژێیەکانی بوو، تا ئاوازێکی یارسانی بژەنێ - تەقەیان لێکردوو کوشتیان
5
لە نووسینی دوا قەسیدەم بوومەوە
لێ بەرلەوەی ناونیشانێکی نوێ بۆ تێکستەکەم بدۆزێتەوە - تەقەیان لێکردم و کوشتمیان
ە
دوو هۆنراوە بۆ منداڵان.. فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی
خۆر
ئەی خۆری جوانی ئاسمان
هاوڕێی ئێمەی منالان
تۆڕۆشنایی چاومانی
بۆمان بڵێ گۆرانی
ئێمەش کازیوەی بەیان
دەچینەلای هەوری جوان
ماڵێک لەبەرزی ئاسمان
دروست دەکەین بۆژیان
پەنجەرەی والا دەکەین
لەوێش هەرتۆبانگ دەکەین
هەمیشە هاوڕێمان بە
ڕوناکی ڕێگەمان بە
دەمانەوێ وەک تۆبین
لابەری تاریکی بین
دەخوێنین بەژیرانە
لەماڵ وقوتابخانە
هەتاڕوی ئێمەش جوان بێ
وەکو ڕوی تۆ ڕوناک بێ.
وێنەکێشان
خولیام وێنەکێشانە
ئارەزوویەکی جوانە
زۆرئاسودەودڵخۆشم
کاتێک وێنەدەکێشم
قەڵەم بۆیەی ڕەنگاوڕەنگ
پەڕاوی وێنەی قەشەنگ
هاوڕێی منن بەردەوام
بونەتە بەهرەوخولیام
بەڕێنمایی مامۆستام
پەرەدەدەم بەخولیام
بۆکێشانی وێنەکەم
دەست بەهێڵکاری دەکەم
دوای هێڵکاری وێنەکەم
لەسەرخۆ ڕەنگی دەکەم
هەرشتێک بەشێوەی خۆی
ڕەنگ بەکاردەهێنم بۆی
ئینجا ئەندازەی دەگرم
تالەچوارچێوەی بگرم
بۆچالاکی قوتابخانە
بەشدار دەبم ساڵانە
کاسکێتێک بۆ پاییز و خوێنێک بۆ ئازادی.. ئارام ئیسماعیل کەریم
(خوێندنەوەیەکی سۆسیۆلۆژی بۆ یاخیبوونی بەکر عەلی لە ئەدەبی دوای ڕاپەڕیندا)
ئەدەبی کوردی لە قۆناغی دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١، گۆڕانکارییەکی بنەڕەتیی گەورەی بەخۆیەوە بینی و لە گوتارێکی ناسیۆنالیستیی گشتییەوە بەرەو گوتارێکی تاکگەرایی و کۆمەڵایەتیی وردتر هەنگاوی نا. لەم قۆناغە هەستیارەدا، کۆمەڵگەی کوردی بەدەست قەیرانی ئابووری، نادادیی کۆمەڵایەتی و دروستبوونی چینێکی نوێی دەسەڵاتدارەوە دەیناڵاند، شەهید (بەکر عەلی) وەک نوێنەری چینی پەراوێزخراو و چەوساوەکان دەرکەوت. لە ڕوانگەی میتۆدی سۆسیۆلۆژیای ئەدەب و شیکاریی دەقەوە، شیعری ئەم شاعیرە جوانەمەرگە تەنیا کاردانەوەیەکی سۆزداری نییە بەرانبەر بە هەژاری، بەڵکوو پڕۆژەیەکی ئەدەبیی یاخییە، کە زمان وەک کەرەستەیەک بۆ ڕەتکردنەوەی کەتوار و بونیادنانی هۆشیارییەکی نوێ بەکاردەهێنێت. ئەو پێکهاتەگەرییە بونیادییەی لە شیعرەکانی بەکر عەلیدا دەبینرێت، ڕەنگدانەوەی تەواوی جیهانبینیی ئەو چینە کۆمەڵایەتییەیە، کە نووسەرەکەی خۆی تێدا ژیاوە و بە قووڵی ئازارەکانی چەشتووە، هەر بۆیە دەقەکانی ببوونە ئاوێنەی ڕاستەقینەی ململانێکانی ئەو سەردەمە.
لای بەکر، شیعر لە چوارچێوەی ئیستێتیکای ڕووتەوە دەگۆڕێت بۆ یەکگرتنی تیۆری و کردار. ئەو شیعرەکانی دەکاتە ئامرازێکی شۆڕشگێڕانە بۆ بەرگریکردن لە کرێکاران و هەژارانی گەڕەکی (حامیە). هاوکات لە ڕوانگەی مارکسیستییەوە، بەکر درک بە دروستبوونی چینی بۆرجوازیی نوێ دەکات و بە زمانێکی توند ڕووبەڕوویاندەبێتەوە. بۆ نموونە کاتێک دەڵێت:
“بە چیتان ئەوێ بمکەن، بەس..
ڕازی نابم گوڵان بکرێن بە پێڵاوی هیچ گەورەیەک”
لە ڕووی نیشانەناسییەوە چەمکی (گوڵ) دەبێتە مێتافۆڕ/ خوازەیەک بۆ مرۆڤە سادە و چەوساوەکان، لە بەرانبەردا (پێڵاو) و (گەورە) ئاماژەن بۆ دەسەڵات و سەرمایەداری. لێرەدا ئەرکی شیعر لە پەسنکردنی جوانییەوە دەگوازرێتەوە بۆ پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ و بەشداریی کارا لە خەباتی چینایەتیدا، ئەمەش ئەوپەڕی بەرپرسیارێتیی ئەدەبییە لە بەرانبەر کۆمەڵگەدا. لەپاڵ ئەم توڕەییە کۆمەڵایەتییەدا، یەکێک لە توخمە بنەڕەتییەکانی ناو شیعرەکانی بەکر عەلی، چەمکی نامۆبوونە، کە دوو ڕەهەندی ئابووری و بوونگەرایی لەخۆگرتووە. بەهۆی هەژاری و ڕەتکردنەوەی لەلایەن سیستەمی باڵادەستەوە، شاعیر هەست بە تەنیاییەکی قووڵ دەکات، ئەم تەنیاییەش وا دەکات ڕۆمانسییەتێکی پڕ لە ئازار لە دەقەکانیدا بخوڵقێت. لە دەقەکانی “ئەو شەوانەی لە پرچەکانت ڕەشترن”، دەبینرێت عەشق چۆن لەگەڵ هەژاریدا ئاوێتە دەبێت و وێنەیەکی تراژیدی دروستدەکات. ڕاکردن بۆ ناو جیهانی عەشق لای ئەم شاعیرە، هەوڵێکە بۆ دۆزینەوەی پەناگەیەک لەنێو دڕندەیی شار و جیهانێکی ماددیدا، کە جێگەی پاکی و دڵسۆزیی ئەوی تێدا نابێتەوە، بۆیە دەقە ڕۆمانسییەکانیشی بە جۆرێک لە جۆرەکان هەڵگری ڕەهەندێکی شۆڕشگێڕانە و یاخیبوونن لەو واقیعەی مرۆڤی تێدا بچووک دەکرێتەوە.
هەروەها لە ڕووی سۆسیۆلۆژیای ڕۆشنبیری و هەڵوێستی نووسەرەوە، کاتێک زۆرێک لە شاعیرانی سەردەمەکەی کەوتبوونە نووسینی شیعری حەماسی و بۆنە حزبییەکان، بەکر عەلی بڕیاری ئۆپۆزیسیۆنبوونی ئەدەبی دەدات و ڕەتیدەکاتەوە قەڵەمەکەی بکاتە پاسپۆرتێک بۆ نزیکبوونەوە لە دەزگاکانی دەسەڵات و سواڵکردنی چەپڵە. ئەم باوەڕەی، متمانە و بەهایەکی ئەخلاقیی باڵا بە دەقەکانی دەبەخشێت. هاوکات لە ڕووی زمان و سیمیۆتیکی وێنەی شیعرییەوە، فەرهەنگی وشەسازیی بەکر، فەرهەنگێکی واقعی، شەقامی وبێگرێیە.
ئەو وشەکانی وەک (شەقام، کاسکێت، پاییز، کرێکار، نان، مەرگ،…) دەهێنێتە ناو فەزای شیعرییەوە و لوتکەی دەلالەتی نیشانەناسی تێدا دەخوڵقێنێت. کۆکردنەوەی شیعرەکانی پاش مەرگی لەژێر ناوی “کاسکێتەکەم بسپێرن بە پاییز”، بەرجەستەکردنی (کاسکێت)ە وەک کنایەیەک بۆ چینی ڕەنجدەر و (پاییز)یش وەک هێمایەک بۆ مەرگ و هەڵوەرینی خەونەکان، کە وا دەکات زمانە سادەکەی ببێتە زمانێکی فرەڕەهەند و پڕ لە تەقینەوەی مانایی. دواجار، ئەوەی خاڵی جیاکەرەوە و مۆرکی ئەبەدیی بەکر عەلییە لە مێژووی ئەدەبی نوێی کوردیدا، یەکگرتنەوەی مەرگی فیزیکی شاعیرە لەتەک دەقەکانیدا.
شەهیدبوونی لە ١ی ئەیلوولی ١٩٩٤ بە دەستڕێژی گوللـە، لە کاتی پێشەنگایەتیکردنی خۆپیشاندانێکی مەدەنی و هێمنانەدا بۆ بەرگریکردن لە خەڵکی هەژاری گەڕەکی حامیە، وای کرد مەرگەکەی ببێتە کۆتا دەقی ئیستێتیکی و سەلمێنەری ڕاستگۆیی وشەکانی. ئەگەر لە ڕەخنەی ئەدەبیی مۆدێرندا “مەرگی نووسەر” وەک میتۆدێک مەرج بێت بۆ لەدایکبوون و سەربەخۆبوونی دەق، ئەوا لای بەکر عەلی، مەرگە تراژیدییەکەی و خوێنەکەی بوونە هۆی ژیانەوەی ئەبەدیی شیعرەکانی. بەمەش دەسەلمێنرێت، شیعری بەکر عەلی تەنیا بەرهەمێکی ئیستێتیکیی دابڕاو نییە لە کۆمەڵگە، بەڵکوو دۆکیۆمێنتێکی سۆسیۆلۆژی، مێژوویی و دەروونیی قۆناغێکی تاریکە. ئەو توانی لە ڕێگەی تێکەڵکردنی ئەخلاقی شۆڕشگێڕانە و فۆڕمی شیعرییەوە، مۆدێلێکی نموونەیی لە شاعیری ئۆرگانی و یاخی پێشکەشبکات، کە وەک سنبوولی بەرەنگاری، دەنگی چەوساوەکان و یەکەمین قوربانیی ئازادییی ڕادەربڕین لە مێژووی نوێی کوردیدا بۆ هەمیشە بە زیندوویی بمێنێتەوە.
ئارام ئیسماعیل کەریم
سەرچاوە پشتپێبەستراوەکان:
- عەلی، بەکر، ٢٠١٥، کاسکێتەکەم بسپێرن بە پاییز، کۆکردنەوە و ئامادەکردنی: فەرەیدون عارف، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی.
ـ ئەحمەد ئەسوەد، نەوزاد، ٢٠٢٤، نامۆبوون، ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ، ژمارە ٩٣١٠. - چەمکی نامۆبوون: پشت بەستن بە تێڕوانینە مارکسیستی و بوونگەراییەکان سەبارەت بە دابڕانی مرۆڤ لە کۆمەڵگە و سیستەمی سەرمایەداری، کە وەک کەرەستەیەک بۆ شیکردنەوەی تەنیایی و تراژیدیای ناو عەشق و ژیانی شاعیر بەکارهێنراوە.
- ئەرشیفی ڕووداوەکانی شاری سلێمانی (١ی ئەیلوولی ١٩٩٤): بەڵگەنامە و گێڕانەوە ڕۆژنامەوانییەکانی پەیوەست بە خۆپیشاندانەکەی گەڕەکی (حامیە) و چۆنیەتی شەهیدبوونی بەکر عەلی.
کتێب\ رەنگدانەوەی تاریکی.. نووسەر زیار عبدالعزیز
لە ئەزموونێکی ئەدەبیی قووڵدا کە بە نێو پەنهانەکانی دەروونی مرۆڤ و ململانێی ناخدا ڕۆدەچێت، نووسەر زیار عبدالعزیز خۆی ئامادە دەکات بۆ بڵاوکردنەوەی نوێترین بەرهەمی خۆی بە ناوی «ڕەنگدانەوەی تاریکی»؛ کارێک کە گەشتێکی چڕە بە نێو ئەو ڕاستییە شاراوانەی مرۆڤ بە درێژایی ژیانی لە ڕووبەڕووبوونەوەیان دەترسێت یان لە نێو بێدەنگیدا پەردەپۆشیان دەکات.
ڕووداو و دەقەکانی ئەم بەرهەمە لە کەشێکی پڕ لە ڕامان و واقیعییەتی دەروونیدا گەشە دەکەن، تیشک دەخەنە سەر ئەو کەلێنە تاریکانەی لە ناخی هەمووماندا هەن و کاریگەری لەسەر بڕیار، هەڵوێست و هەستەکانمان دادەنێن. پەڕتووکەکە تێڕوانینێکی فەلسەفی پێشکەش دەکات سەبارەت بەوەی کە تاریکی تەنها نەبوونی ڕووناکی نییە، بەڵکو زۆرجار ڕەنگدانەوەی ترس، بێئومێدی، خەمە شاراوەکان و ئەو برینانەیە کە دەکرێت مرۆڤ بەرەو تێگەیشتنێکی قووڵتر لە خۆی و جیهانی دەوروبەری بەرن.
نووسەر لە ڕێگەی زمانێکی پاراو، کاریگەر و تێڕامێنەرەوە کار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی گرێ دەروونییەکان دەکات، خوێنەر دەخاتە بەردەم پرسیاری قووڵ سەبارەت بە ڕاستیی مرۆڤ لە کاتی کەوتن، گۆشەگیری و ڕووبەڕووبوونەوەی تاریکییەکانی ژیاندا، بە مەبەستی دۆزینەوەی ئارامیی ڕاستەقینە و دەرچوون بەرەو ڕووناکی.
زیار عەبدولعەزیز جەخت لەوە دەکاتەوە کە پەڕتووکی «ڕەنگدانەوەی تاریکی» بانگهێشتنامەیەکە بۆ ئاشتبوونەوە لەگەڵ لایەنە نادیارەکانی خود و نواندنی ئازایەتی لە داننان بە برینەکاندا، چونکە هیچ مرۆڤێک بە بێ ناسینی تاریکییەکانی ناخی، ناتوانێت بەهای ڕووناکی و هێزی مانەوە بدۆزێتەوە.
ناسنامەی پەڕتووک:
ناوی پەڕتووک: ڕەنگدانەوەی تاریکی
نووسەر: زیار عبدالعزیز
خانەی چاپ و بڵاوکردنەوە: دار ابن الأثير للطباعة والنشر – مووسڵ، عێراق
ژمارەی لاپەڕە: 170 لاپەڕە
گۆڕینی سیستەمی بینین لە شیعرەکانی سۆران محەمەد دا.. کارزان ئەحمەد
پێشەکی
لەم توێژینەوەیەدا هەوڵ دەدەم ئەزموونی شیعری سۆران محەمەد لە ڕوانگەی «گۆڕینی سیستەمی بینین»ەوە بخوێنمەوە. گریمانەی سەرەکی توێژینەوەکەش ئەوەیە کە لە بەشێک لە دەقەکانی سۆراندا، ئامانجی دەق تەنیا گواستنەوەی مانایەکی دیاریکراو نییە؛ بەڵکوو دەق بە گۆڕینی پەیوەندی نێوان (وشەکان، شتەکان، کات، شوێن، مێژوو و ئەزموونی مرۆیی….) خوێنەر ناچار دەکات شێوازی ئاسایی بینینی خۆی بگۆڕێت. لەم چوارچێوەیەدا، توێژینەوەکە دەقەکانی سۆران لە چوار تەوەرەی پەیوەست بە یەکدییەوە دەخوێنێتەوە:
یەکەم/ گۆڕینی سیستەمی بینین.
دووەم/ کات وەک هێزێکی ناوەکی و نائاسوودەکەر.
سێیەم/ دروستکردنی جیهانێک کە لەگەڵ یاسای ئاسایی خۆیدا ناکۆکە.
چوارەم/ تێکدانی شێوازی ئاسایی بینین و دروستکردنی ئەزموونی نوێی خوێندنەوە.
بۆ ئەم لێکۆڵینەوەیە سوودم لە خوێندنەوەی دەقەکانی شاعیر لە ماڵپەڕی (تەم)دا وەرگرتووە، وەك «پانۆرامای گڵۆڵە»، «پارادۆکس»، «Trauma بە تەنیشت مەرگدا»، «ئەفسوونەکانی ثیتیس»، «لە پێڕستی موسافیرێکەوە» و سێ دەقەکانی «ناکات». لێرەدا هەوڵ دەدەم نیشانی بدەم کە سۆران لە شیعرەکانیدا تەنیا وێنەی نامۆ دروست ناکات؛ بەڵکوو پەیوەندی نێوان شتە ئاشناکان دەگۆڕێت و لەو ڕێگەیەوە میکانیزمی درک کردنی خوێنەر دەخاتە ژێر پرسیارەوە. ئیدی «نامۆبوون» زیاتر لە ئەنجامی ئەو پرۆسەیەدا بەرجەستە دەبێت، بەڵام «گۆڕینی سیستەمی بینین» میکانیزمی سەرەکیی دروستبوونی ئەو ئەنجامەیە.
گرفتی خوێندنەوە:
یەکێک لە گرفتەکانی خوێندنەوەی شیعری هاوچەرخ ئەوەیە کە دەق زۆرجار پێش ئەوەی بە وردی بخوێندرێتەوە، لەژێر ناوی قوتابخانەیەکی ئەدەبی یان چەمکێکی تیۆریدا پێناسە دەکرێت. دەکرێت دەقێک بە «سوریالیستی»، «بوونگەرایی»، «پۆستمۆدێرن» یان «نامۆ» ناوببرێت؛ بەڵام ئەم ناوانە بە تەنیا ناتوانن میکانیزمی ناوخۆیی دەقەکە ڕوون بکەنەوە.
بۆیە لە خوێندنەوەی دەقەکانی سۆران محەمەددا، پرسیاری سەرەکی ئەوە نییە کە «ئەم شیعرانە سەر بە کام قوتابخانەن؟»، بەڵکوو ئەوەیە: دەق چۆن وا دەکات خوێنەر شتێکی ئاشنا بە شێوەیەکی نائاشنا ببینێت؟
ئەم پرسیارە ڕێگە دەدات لە پێناسەی سادەی «نامۆبوون»ەوە تێپەڕین و بگەینە چەمکێکی کاراتر، کە لێرەدا بە «گۆڕینی سیستەمی بینین» ناوی دەبەین.
مەبەست لە سیستەمی بینین ئەو کۆمەڵە چاوەڕوانییە (زمانەوانی، مانایی و فۆرمییە)یە کە خوێنەر بەهۆی زمان و ژیانی ڕۆژانە و ڕۆتینەکانی درککردنەوە لێی ڕاهاتووە. بەڵێ ڕاستە سەرەتا مرۆڤ شتەکان بە شێوەیەکی خێرا دەناسێت و پەیوەندییەکی ئاسایی لەنێوان هۆکار و ئەنجامەکاندا چاوەڕوان دەکات و وشەکان بە مانا کۆنەکانیانەوە دەبەستێتەوە.
بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگەو مەبەستمانە ئەوەیە کە شیعر وەك بەشێك لە ئەدەب و هەروەها هونەری داهێنەرانەش دەتوانێت ئەم سیستەمە تێک بدات.
لە بیرۆکەکانی بیرمەندو ڕەخنەگر (ڤیکتۆر شکلوڤسکی)دا هاتووە، هونەر بە نامۆکردنی شتە ئاشناکان و شکاندنی ئۆتۆماتیکی درککردنەوە، پرۆسەی بینین درێژتر و ئاگامەندانەتر دەکات. بەم پێیە هونەری ئەفرێنەر تەنیا شتێکی نوێ ناڵێت؛ بەڵکو شێوازی بینینی شتێکی کۆن دەگۆڕێت.
ئەم بیرۆکەیە بۆ خوێندنەوەی شیعرەکانی سۆران بەسوودە، بەڵام مەبەست ئەوە نییە یەکسەر شیعری سۆران بە سادەیی بخەینە ناو خانەی قوتابخانەی فۆرمالیستی ڕووسییەوە. بەڵكوو چەمکی نامۆکردن لێرەدا وەک ئامرازێکی ڕەخنەیی بەکاردێت بۆ ڕوونکردنەوەی میکانیزمی دەق.
لە کاتێکدا ئەم توێژینەوەیە لەسەر بنەمای خوێندنەوەو کارکردن لە ناو دەقەکانەوە دامەزراوە. لە جیاتی ئەوەی هەر دەقێک پێشوەختە بخرێتە ناو خانەیەکی دیاریکراوی قوتابخانەی شیعرییەوە، هەوڵ دەدەین دەقەکان بە وردی بخوێنینەوە و ئەو شوێنانە دەستنیشان بکەین کە پەیوەندی ئاسایی نێوان شتەکانی تێدا دەگۆڕدرێن.
هەر لەم میانەدا دەکرێت دەقێك؛ لە یەکێك یان زیاتر لەم چوار تەوەرەی تێدا هاوبەش بێت و زیاد لە یەکێکیان لە خۆ بگرێت.
تەوەری یەکەم: گۆڕینی سیستەمی بینین
یەکێك لە بنەما سەرەکییەکانی خوێندنەوەی شیعرەکانی سۆران ئەوەیە کە دەق زۆرجار تەنیا «وێنەیەکی نامۆ» پێشکەش ناکات، بەڵکوو پەیوەندی نێوان شتە ئاشناکان دەگۆڕێت.
ئەم جێگۆڕکێیە دەکرێت لەسەر ئاستی (وشە، وێنە، کات، شوێن یان پەیوەندی نێوان هۆکار و ئەنجامەکان)دا ڕووبدات. بۆ نموونە شتێک کە خوێنەر بە شێوەیەکی دیاریکراو ئاشنایەتی و دەیناسێت، لە دەقەکەدا دەچێتە ناو پەیوەندییەکی نوێ و لەوێدا مانا و کارکردنەکەی دەگۆڕدرێت.
بەم پێیە، گرنگی دەق تەنیا لە «ئەوەی چی دەڵێت»دا نییە، بەڵکوو لەوەدایە کە «چۆن وا دەکات بیخوێنینەوە».
لە بەشێكی دەقەکانی سۆراندا، شتە ڕۆژانەکان لە کۆنتێکستی ئاسایی خۆیاندا دەردەهێنرێن و لەگەڵ شتێکی (نامۆ، زانستی، مێژوویی یان خەیاڵی)دا دەبەسترێنەوە. بەرهەمی ئەم کارە تەنیا سەیرکردنی وێنەیەکی نامۆ نییە؛ بەڵکوو لەم کاتەدا خوێنەر دەبێت یاسای پەیوەندی نێوان شتەکان سەر لە نوێ دابمەزرێنێتەوە.
بۆ نموونە لە دەقی «شاری جنۆکاوی»زاراوەکانی وەك: پەردە، گەڵا، ماوس، کارەبا، ژمارەی هەڵبژاردن و شار…. هەموویان دەچنە ناو سیستەمێک کە یاسای ئاسایی کارکردنیان تێکچووە. ماوس بە پێچەوانەی ویست دەجوڵێت؛ ژمارەی خواست دەچێتە سەر خانەی پێچەوانەی لیستی هەڵبژاردن؛ شار دەبێتە «بێ ئیرادە» و «جنۆکەنشین».
لێرەدا سۆران تەنیا «مێژوویەکی سیاسی» یان «بارودۆخێکی کۆمەڵایەتی» ناگێڕێتەوە. ئەگەر مەبەست تەنیا پەیام بووایە، دەکرا بە زمانێکی ڕاستەوخۆ بڵێت: جیهان پڕە لە پێچەوانەکاری و مرۆڤ لە سیستەمێکی نادادپەروەرییدا دەژی، بەڵام دەق ئەوە ناکات.
خۆی جیهانێک دروست دەکات کە بەپێچەوانەوە کار دەکات.
ئەمە جیاوازییەکی گرنگە لەنێوان «گوتنی بیرۆکە» و «دروستکردنی ئەزموونی بیرۆکە».
لە یەکەمدا شاعیر دەڵێت: «جیهان ئاڵۆزە».
لە دووەمدا خوێنەر دەکەوێتە ناو جیهانێکی ئاڵۆز.
لە شیعری سۆراندا زۆرجار دووەم ڕوودەدات.
تەوەری دووەم: کات وەک دوژمنێکی ناوەکی
کات لە دەقەکانی سۆراندا تەنیا بەرەنجامی ڕووداو نییە. بەڵکە بگرە لە هەندێک دەقیدا، کات خۆی دەبێتە هێزێکی ناوەکی کە لەگەڵ جەستە، یادەوەری و ناسنامەی مرۆڤدا دەجوڵێت.
بەتایبەتی لە دەقی «ونبوون لە کاتدا» و لە هەندێک لە شیعرەکانی«پانۆرامای گڵۆڵە»دا، کات لە شێوەی پێوانەکردنێکی سادەو ئاسایی، وەختەوە تێدەپەڕێت و دەبێتە دۆخی ئەزموونکردن.
لە دەقی «ونبوون لە کاتدا» کات وەک شتێکی چالاک دێتە ناو دەقەوە. کە دەکرێت هەر یەك لەمانە بێت: تارمایی، بارێکی گران، دەچێتە ژوورەوە، دەترسێت، بزر دەبێت و لەگەڵ یادەوەرییە مێژووییەکاندا تێکەڵ دەبێت. دەق لە شەوێکی تاریکدا دەگاتە سەرەتای نەوەدەکان، یاساوڵەکان، جەللاد، دەستڕێژ و دەنگەکانی پشت دیوار دێنە ناو دەقێكی پۆستمۆدێرنەوە.
ئەمە، واتە کات لە دەقەکەدا تەنیا «چەند ساڵێکی ڕابردوو» نییە. کات دەبێتە شێوەیەك لە هەبوونی مێژوو لە ئێستادا.
مێژوو لێرەدا تەنیا ئەوە نییە کە «ڕوویداوە». مێژوو ئەو شتەیە کە هێشتا لە ناخی ئێستادا دەژی. بۆیە لە کۆتایی شیعرەکەدا کات و شیعر پێکەوە گرێ دەدرێن: هاوار لە شیعرەوە هەڵدەسێت، بەڵام کەس نایبیستێت؛ ڕاکردنیش ناگاتە هیچ کوێ.
ئەمە بۆ من یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی جیهانبینیی سۆران: کات شتێک نییە کە مرۆڤ تێیدا تەنیا بژی؛ کات شتێکە کە مرۆڤ لەناو خۆیدا هەڵیدەگرێت.
لەبەر ئەمەش دەقی «ونبوون لە کاتدا» بە مانای ونبوونی مرۆڤ لە ساڵژمێردا نییە؛ بەڵکو بە مانای ئەوە دێت کە مرۆڤ ناتوانێت بە ئاسانی لە ڕابردوو دەربچێت. بەم جۆرە یادەوەری، مێژوو، ئەزموونی کارەسات… لە کاتێکی تێپەڕیوەوە دەگۆڕدرێن بۆ کەرەستەیەکی بەردەوامی ئێستا لە ناو دەقدا.
لەم ڕوانگەیەوە، دەکرێت کات وەک «دوژمنێکی ناوەکی» بخوێندرێتەوە؛ نەک چونکە کات خۆی هۆکاری کارەساتەکانە، بەڵکوو چونکە تێپەڕینی کات و مرۆڤ لەگەڵ ئەوەی ڕابردووە و هێشتا لەناخیدا ماوەتەوە، بەردەوام لە ڕووبەڕووبوونەوەدایە.
ئەمە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ تەوەری یەکەمدا دروست دەکات: کات لە «پێوانەی وەختەوە» دەگۆڕێت بۆ «هێزی ئەزموونکردن».
گەر تەماشا بکەین لە دەقی «لە پێڕستی موسافیرێکەوە»، شوێن و ڕۆیشتن لەگەڵ یادەوەری و مێژوودا تێکەڵ دەبن. بەم شێوەیە، جوگرافیا تەنیا شوێنی ڕووداو نییە؛ بەڵکوو دەکرێت ببێتە جۆرێک لە یادەوەری جەستەیی و دەروونیی.
تەوەری سێیەم: جیهانێک کە لەگەڵ خۆیدا ناکۆکە
یەکێک لە بەهێزترین میکانیزمی دەقەکانی سۆران دروستکردنی جیهانێکە کە کەرەستەکانی لە جیهانێکی ئاشناوە وەردەگیرێن، بەڵام لە ناو دەقدا بەو یاسایەی چاوەڕوان دەکرێت کار ناکەن.
ئەم جیهانە بە تەواوی خەیاڵیی نییە؛ بەڵکوو جیهانی ڕاستەقینەیە کە پەیوەندییەکانی بە ئەنقەست و مەبەست لە ناو دەقدا دەگۆڕدرێن.
لە «سەدای هەقیقەت»دا، دەنگێک هەیە کە دەبێت ببیسترێت، بەڵام لە جەنجاڵی هەواڵ و بازاڕ و بۆرسەدا ون دەبێت. هەمان دەنگ سنووری زمانەکان دەبڕێت، بەڵام کۆتایی دەق دووبارە دەگەڕێتەوە بۆ ونبوون لە غەڵبەغەڵبی جیهاندا. ئەمە ناکۆکییەکی سادە نییە؛ بەڵكوو کارکردنی جیهانی دەقەکەیە، بەجۆرێك:
دەنگ هەیە، بەڵام دەنگ نابیسترێت.
هەقیقەت هەیە، بەڵام هەقیقەت ناتوانێت بە ئاسانی خۆی ڕابگەیەنێت.
ڕۆژ هەیە، بەڵام شەو ڕووی شاراوەی ڕۆژ دەخاتەڕوو.
شار هەیە، بەڵام ئیرادەی نییە.
ژمارە هەیە، بەڵام هەڵبژاردنەکە دەچێتە خانەی پێچەوانەوە.
ئەم «پێچەوانەبوونەوە» بۆ من کلیلی خوێندنەوەی سۆرانە.
ئەمەیە کە وا دەکات من بە داتاشینی وەسفی«نامۆبوون» ڕازی نەبم وەک ناونیشانی کۆتایی. چونکە نامۆبوون ئەنجامەکەیە؛ میکانیزمی دروستکردنی ئەو نامۆبوونە گرنگترە.
سۆران جیهان نامۆ ناکات بۆ نامۆکردن؛ بەڵكوو یاسای پەیوەندی شتەکان دەگۆڕێت.
بۆ نموونە لە دەقی «پارادۆکس»دا، دەق لە کەرەستەی فیزیکییەوە دەست پێدەکات، بەڵام پرسیاری ڕۆیشتن لە ئاستی فیزیکدا نامێنێتەوە، بەڵكوو ڕۆیشتن دەگاتە ژیان و مەرگ و لە کۆتاییدا بە زمان و نووسینەوە پەیوەست دەکرێت.
بەم شێوەیە، زنجیرەیەک پەیوەندی نوێ دروست دەبێت:
ڕۆیشتن → فیزیک → مەرگ → ژیان → زمان → شیعر
ئەم زنجیرەیە مانایەکی پێشووەختەی ئاسایی نییە کە دەق تەنیا بە کاری گواستنەوە هەستابێت و دروستی کردبێت؛ بەڵکوو لە پرۆسەی پەیوەستکردنی ئەم ئاستانەدا شاعیر وردبینانە دروستی دەکات.
هەروەها هەمان میکانیزم لە دەقی «Trauma بە تەنیشت مەرگدا» بە شێوەیەکی تر دەردەکەوێت. سنووری نێوان (خەون و واقیع، ترس و ڕووداو، ژیان و مەرگ) تێک دەشکێت. لێرەدا پرسیارەکە تەنیا ئەوە نییە کە دەق «سوریالیستی»یە یان نا؛ بەڵکوو ئەوەیە بۆچی خودی واقیع بە شێوەیەک پیشان دەدرێت کە پێویستی بە یاسایەکی دیکەی درککردن هەبێت.
ئەگەر واقیع خۆی پڕ لە ترس، ئاوارەبوون و کارەسات بێت، ئەوا خەون دەتوانێت نەک دژ بە واقیع، بەڵکوو شێوەیەکی دیکەی دەرخستنی واقیع بێت.
هەروەها لە «ئەفسوونەکانی ثیتیس» و دەقەکانی دیکەشدا، ئەفسانە و مێژوو تەنیا کۆمەڵێك زانیاری جیاواز نین؛ بەڵکوو دێنە ناو جیهانی ئێستاوە و لەگەڵ ئەزموونی مرۆیی و کۆمەڵایەتی ئێستادا پەیوەندی نوێ دروست دەکەن.
لەوێدا مێژوو ناگۆڕێت؛ بەڵکوو گۆشەی بینین بۆ مێژوو دەگۆڕێت.
وەك چۆن لە «پانۆرامای گڵۆڵە» و دەقەکانی دیکەدا، مێژوو بە شێوەیەکی زۆر جیاواز لە ڕابردوودا دەردەکەوێت.
بۆ نموونە ناوەکانی «جولیانۆ» و «ثیتیس» و مێژووی ناوچە و شار و ڕووداوەکان تەنیا بۆ ڕازاندنەوەی دەق بەکارنەهاتوون. بەڵکو وەك لە «ئەفسوونەکانی ثیتیس»دا هاتووە، ئاماژەکانی ئەفسانە و مێژوو و زانست و کۆمەڵایەتی دەچنە ناو یەک جیهانەوە.
ئەمە ڕێگەمان پێدەدات بڵێین:
مێژوو لای سۆران ڕابردوو نییە؛ شێوەیەکی زیندووی ئێستایە.
ئەفسانە کۆنەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئێستا.
ڕووداوی ڕابردوو دەچێتە ناو ناخی مرۆڤی ئێستاوەو تێیدا دەژی.
شوێنەکانیش هەر بەم شێوەیە: مەشهەد، تاشقەند، باکۆ، هەڵەبجە و شوێنەکانی دیکە تەنیا ناوی شوێن نین؛ لە دەقەکەدا دەبنە جۆرێک لە یادەوەری جوگرافیایی.
لەبەر ئەمە من لە دەقەکانی سۆراندا «جوگرافیا» و «مێژوو» بە دوو بابەتی جیاواز نابینم؛ هەردووکیان دەبنە شێوەیەک بۆ نیشاندانی ئەوەی مرۆڤ چۆن لە کات و شوێندا جێهێڵراوە.
تەوەری چوارەم: تێکدانی شێوازی ئاسایی بینین و دروستکردنی ئەزموونی نوێی خوێندنەوە
ئەگەر سێ تەوەرەکەی پێشوو پێکەوە بە شێوەیەکی پەیوەست بخوێندرێنەوە، ئەوا دەگەینە خاڵێکی گرنگ: سۆران تەنیا جیهانێکی نامۆ دروست ناکات؛ بەڵکوو خوێنەریش ناچار دەکات بە شێوەیەکی نامۆ بخوێنێتەوە.
ئەمەیە جیاوازی نێوان «نامۆکردن» و «نامۆبوون».
نامۆبوون دەکرێت ئەنجامی دەق بێت، بەڵام هەرچی تێکدانی پەیوەندییە ئاشناکانە دەکرێت میکانیزمی دروستبوونی ئەو ئەنجامە بێت.
وەك چۆن لە دەقەکانی «پانۆرامای گڵۆڵە»دا، کۆکردنەوەی (کەرەستەی مێژوویی، ئەفسانەیی، زانستی، جەستەیی و ڕۆژانە…) دەبێتە هۆکاری ئەوەی خوێنەر نەتوانێت بە یەک کلیل هەموو دەرگاکانی دەقەکە بکاتەوە. بەڵكوو دەق وەک کۆمەڵێک گۆشەی بینین کار دەکات و دەبێت خوێنەر لەو گۆشانەوە بنواڕێتە دەقەکە.
(ئاو، کات، شوێن، مێژوو، ئەفسانە و جەستە) هەریەکەیان لەناو کۆنتێکستێکی ئاساییدا دەردەکەن و لە پەیوەندییە نوێکاندا دووبارە پێکدەهێنرێنەوەو دادەڕێژرێنەوە.
بۆ نموونە، ئاو دەتوانێت لە ماددەیەکی سروشتییەوە بگۆڕێت بۆ بیرۆکەیەک دەربارەی ناسنامە و گۆڕان. وەك لە دەقی «مەزهەبی ئاو»دا تێبینی دەکرێت؛ ئاو ڕەنگی شتەکانی دەوروبەری وەردەگرێت و لەکاتێکدا خۆی ڕەنگێکی جێگیری نییە، ئەمە دەتوانێت ببێتە بنەمای خوێندنەوەیەکی دیکە سەبارەت ناسنامە و پەیوەندییەکانی مرۆڤ.
بەم پێیە، شتێکی سادەی وەک ئاو لە دەقدا تەنیا «میتافۆر»ێک نییە؛ بەڵكوو دەبێتە ئامرازێک بۆ گۆڕینی شێوازی بینین.
هەمان شت لە کەرەستە زانستییەکاندا ڕوودەدات. ئاماژەکردن بە (نیوتن یان هێزی کێشکردن) تەنیا بۆ بەکارهێنان و خستنە ڕوو، یان زیادکردنی زانیاری زانستی نییە لە دەقدا. بەڵکو لێرەدا ڕۆڵی گرنگی ئەم دالانە ئەوەیە؛ کەرەستەی زانستی چۆن دەچێتە ناو پەیوەندییەکی نوێوە و خوێنەر لە دنیای فیزیکەوە بەرەو مەرگ، پاشان لە مەرگەوە بەرەو ژیان و لە ژیانەوە بەرەو زمان دەبات.
لەمەش زیاتر، دەق خوێنەر ناچار دەکات لە مانای یەکەمین و ئاسانەوە تێپەڕێت. لێرەدا ئەزموونی خوێندنەوە دەبێتە پرۆسەیەک بۆ گەڕان بەدوای پەیوەندییە نوێکاندا لە ناو زمانی دەقەکەدا.
لەم ڕوانگەیەوە، دەق تەنیا وەڵامی پرسیارێکی ئامادە نادات بە خوێنەر؛ بەڵکوو پرسیارکردنیش شێوەی خۆی دەگۆڕێت.
ئەمە لەگەڵ بۆچوونی خودی سۆرانیشدا بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش هاوتەریبە: لە وتارەکەیدا «شیعر لە ئیلهامەوە بۆ تەکنیک…» دەڵێت کەرەستەی شیعر نابێت هەمیشە لەو سیمبوڵ و زاراوە باوانە پێك بێت کە زۆر بەکار هاتوون، بەڵکوو شاعیر دەبێت بەدوای کەرەستەی نوێدا بگەڕێت و تەنانەت زانیارییە نوێیە زانستی و گەردوونییەکان بکات بە ماددەی شیعر.
ئەمە لە دەقەکانی خۆیدا ڕەنگی داوەتەوە.
بۆیە «ماوس» لە شیعری ئەودا تەنیا ماوس نییە.
«بۆرسە» تەنیا بۆرسە نییە.
«نیوتن» تەنیا ناوی زانایەک نییە.
«میتاڤێرس» تەنیا زاراوەیەکی تەکنەلۆژی نییە.
کەرەستەکە دەچێتە ناو بۆتەقەی دەقەوە و لەوێدا دووبارە مانادار دەکرێتەوە. خودی سۆران لە بۆچوونە شیعرییەکەیدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە شاعیر پێویستە مەعریفەی فراوانی هەبێت و کەرەستەی نوێ لە مێژوو، زانست و گۆڕانکارییەکانی سەردەم وەربگرێت.
پەیوەندی نێوان چوار تەوەرەکە
ئەم چوار تەوەرەیە نابێت وەک چوار جیهانی جیاواز بخوێندرێنەوە. بەڵکوو هەر یەکێکیان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆو ناوەکی بە ئەوی دیکەوە بەستراوەتەوە.
گۆڕینی سیستەمی بینین لەوێوە دەست پێدەکات کە دەق پەیوەندی ئاسایی نێوان شتەکان دەگۆڕێت.
ئەم گۆڕانە دەتوانێت کات لە پاشخانێكی بێدەنگەوە بگۆڕێت بۆ هێزێکی ناوەکی.
کاتێک پەیوەندی ئاسایی شتەکان دەشکێت، دەق دەتوانێت جیهانێکی ناکۆک دروست بکات کە لەگەڵ یاسا ئاشناکاندا ناگونجێت.
و کاتێک خوێنەر ناچار دەکرێت ئەم جیهانە بە دید و یاسایەکی نوێوە بخوێنێتەوە، ئەوا ئەزموونی خوێندنەوە خۆی لە خۆیدا دەگۆڕێت.
بەم پێیە، دەکرێت چوار تەوەرەکە بە زنجیرەیەکی تیۆریی بەم شێوەیە کورت بکەینەوە:
تێکدانی پەیوەندیی ئاشنا → گۆڕینی سیستەمی بینین → دروستبوونی جیهانی ناکۆک → دووبارە ڕێکخستنەوەی درککردنی خوێنەر.
لەم ڕوانگەیەوە، «نامۆبوون» کۆتایی و بەرەنجامی پرۆسەی خوێندنەوەکەیە، نەک دەستپێکی پێناسەکردنی دەق و چوارچێوەدارکردنی بە قوتابخانەیەکی شیعرییەوە.
هەروەها جێی ئاماژەپێکردنە لەو خاڵانەی کە زۆر بە گرنگی دەزانم، کۆتاییەکانن.
چونکە زۆرجار لە دەقەکانی سۆراندا کۆتایی شیعر مانای سەرەتا کۆدەکاتەوە، بەڵام بە شێوەیەکی نوێ.
بۆ نموونە لە «پارادۆکس»دا دەق لە فیزیکەوە دەست پێدەکات، بەڵام لە زماندا کۆتایی دێت.
لە «سەدای هەقیقەت»دا دەنگ لە دوورەوە دێت، بەڵام کۆتایی لە غەڵبەغەڵبدا ون دەبێت.
لە «ونبوون لە کاتدا»دا کات دێت و دەڕوات، بەڵام لە کۆتاییدا شیعر خۆی دەبێتە هاواری نەبیستراو.
ئەمە نیشانی دەدات کە کۆتایی دەق بۆ سۆران تەنیا خاڵی کۆتایی نییە؛ بەڵكوو خاڵی دووبارە خوێندنەوەی سەرەتایە.
هەروەها لە دیقەتدانی دەقی «حەزێکی شێتانە بۆ شڕ/ۆش»دا خاڵێکی زۆر گرنگ سەرنجمان ڕادەکێشێت، کاتێك دەبینین سۆران تەنیا شاعیری تاریکی و مەرگ و نامۆبوون نییە، بەڵکوو دەقەکە خۆی دەبێتە دەنگێک کە بە شاعیر دەڵێت بنووسە. لەکاتێکدا لە سەرەتاوە تا کۆتایی هەرچەندە مەرگ، درۆ، خیانەت، بێهیوایی و کۆمەڵێک وێنەی تاریک هەن، بەڵام ئەو دەنگەیە لە کۆتایی دەقدا دەڵێت: «هێشتا زۆر ماوە بۆ گوتن».
ئەمە بۆ من یەکێکە لە جوانترین بنەماکانی ئەم تەکنیکە: نووسین لەناو بێهیواییدا، نەک دوای بێهیوایی.
واتا شیعر چارەسەرێک نییە کە دوای ڕوودانی کارەسات دێت؛ بەڵكوو خودی بەردەوامبوونی نووسین دەبێتە شێوەیەک لە بەربەرەکانێ.
بەرئەنجام
خوێندنەوەی دەقەکانی سۆران محەمەد لە چوارچێوەی «گۆڕینی سیستەمی بینین»دا پێمان دەڵێت کە ناسنامەی ئەم ئەزموونە شیعرییە بە ناونانی قوتابخانەیەکی دیاریکراوەوە کورت هەڵناهێنێت.
هەروەها ئەوەی لە دەقەکاندا گرنگە، تەنیا بەکارهێنانی وێنەی نامۆ یان کۆکردنەوەی کەرەستەی سەیر نییە؛ بەڵکوو گۆڕینی پەیوەندی نێوان ئەو کەرەستانەیە.
بەم پێیەو لەم ڕوانگەیەوە: کات لە پێوانەی ماوەو زەمەنەوە دەگۆڕێت بۆ هێزێکی ناوەکی.
شوێن لە جوگرافیاوە دەگۆڕێت بۆ یادەوەری و ئەزموون.
مێژوو لە ڕابردوویەکی داخراوەوە دەگۆڕێت بۆ بەشێک لە ئێستا.
کەرەستەی زانستی لە زانیارییەکی دەرەکییەوە دەگۆڕێن بۆ ئامرازی دروستکردنی مانا.
شتە ڕۆژانەکان لە دۆخە ئاشناکانی خۆیانەوە دەردەهێنرێن و لە پەیوەندییە نوێکاندا دووبارە پێکدەهێنرێنەوە.
هەروەها خوێنەر لە وەرگری مانای ئامادەوە دەگۆڕێت بۆ بەشدارێک لە دروستکردنی مانادا.
لەبەر ئەمە، دەتوانین بڵێین «گۆڕینی سیستەمی بینین» لە شیعری سۆراندا تەنیا بەکارهێنانی شێوازێکی وێنەسازیی نییە؛ بەڵکوو میکانیزمی دەقە، کە (کات، شوێن، مێژوو، زمان و پەیوەندی نێوان شتەکان) دووبارە ڕێکدەخاتەوە.
ئیدی لە کۆتایی خوێندنەوەی ئەم دەقانەدا نابێت پرسیاری سەرەکی تەنیا ئەوە بێت کە:
«ئەم شیعرە چی دەڵێت؟»
بەڵکوو پرسیارەکە دەبێت بگۆڕدرێت بۆ:
«ئەم شیعرە چۆن وا دەکات من شتێک بە شێوەیەکی دیکە ببینم؟»
ئەگەر ئەم پرسیارە ببێتە ناوەندی پرۆسەی خوێندنەوە، ئەوا «نامۆبوون» دەبێتە ئەنجام، «تێکدانی ئاسایی» دەبێتە میکانیزم و «گۆڕینی سیستەمی بینین» دەبێتە چوارچێوەیەک بۆ تێگەیشتن لە پەیوەندی نێوان ئەم دووانەدا.
بەم پێیە نوێبوونەوەی شیعری سۆران تەنیا لەوەدا نییە کە چ کەرەسەیەك دەخاتە ناو شیعرەکانییەوە؛ بەڵكوو نوێبوونەکە لەوەدایە کە چۆن ڕێگای بینین و خوێندنەوە دەگۆڕێت.
بەشێوەیەکی گشتی؛ لە کۆی ئەو دەقانەدا دەتوانرێت میکانیزمی کارکردنی شیعری سۆران بەم زنجیرە ڕیزبەندییە بخوێندرێتەوە:
شتێکی ئاسایی → جێگۆڕکێی پەیوەندی → ناکۆکی → سەرسوڕمان → پڕسیار → خوێندنەوەی دووەم.
ئەمە بە ڕای من گرنگترە لەوەی بڵێین «سۆران شیعری سوریالیستی دەنووسێت».
چونکە ئەگەر سوریالیسم لە دەقێکدا هەبێت، ئەوە دەتوانێت یەک شێوەی جێبەجێکردنی ئەم میکانیزمە بێت؛ بەڵام میکانیزمەکە خۆی زۆر لەوە فراوانترە.
لەبەر ئەمە، «گۆڕینی سیستەمی بینین» بۆ من ناوی قوتابخانەی شیعریی نییە؛ بەڵكوو ناوی میکانیزمی داهێنانی دەقە.
بۆیە لەسەر ڕۆشنایی ئەو شرۆڤەیەی ڕابوورد، من وای دەبینم سۆران: شاعیری گۆڕینی سیستەمی بینینە، چونکە شتە ئاساییەکان لە دەقەکانیدا بە یاسایەکی نوێ پەیوەندییان بە یەکترەوە دەبێت.
کات لای ئەو دوژمنێکی ناوخۆییە، چونکە ڕابردوو تەنیا تێپەڕیو نییە؛ بەڵكە لە ناخی ئێستادا بەردەوامە.
ئەو جیهانی ناکۆک دروست دەکات، لە کاتێکدا شتەکان هەن، بەڵام کارکردنیان زۆرجار پێچەوانەی چاوەڕوانی خوێنەرە.
شاعیر مانایەکی دیاریکراو بە زۆرەملێ بە خوێنەر نادات؛ بەڵکوو ئەزموونێک دروست دەکات کە خوێنەر خۆی لەناویدا مانا دروست بکات.
و لە هەموویان گرنگتر، ئامانجی کۆتایی ئەم تێکدانە گۆڕینی بینینە، نەک تەنیا دروستکردنی حاڵەتێك لە شۆك و نامۆیی.
بەم پێیە، دەکرێت پێناسەیەکی کورت بۆ ئەزموونی شیعری سۆران بکەم بەوەی:
شیعری سۆران زۆرجار هونەری گۆڕینی پەیوەندییەکانی نێوان شتەکانە، بۆ ئەوەی خوێنەر لە هەمان جیهاندا، بە چاوی جیاوازتر بڕوانێت.
لە کۆتاییدا، ڕەنگە گرنگترین پرسیار لەبەردەم ئەم ئەزموونەدا ئەوە نەبێت کە:
«سۆران چی دەڵێت؟» بەڵکوو: «سۆران چۆن وامان لێ دەکات شتێک ببینین کە پێش ئەوە هەر لەبەردەم چاوەکانماندا بووە، بەڵام بەو شێوەیە نەمانبینیووە؟»
ئەگەر ئەم پرسیارە بتوانێت خوێنەر بباتەوە بۆ ناو دەق، ئەوا شیعرەکە تەنیا مانایەکی نوێی نەداوە؛ بەڵكوو شێوەی بینینێکی نوێی دروست کردووە.
سەرچاوەکان
- محەمەد، سۆران. «پانۆرامای گڵۆڵە.» تەم.
- محەمەد، سۆران. «پارادۆکس.» تەم.
- محەمەد، سۆران. «Trauma بە تەنیشت مەرگدا.» تەم.
- محەمەد، سۆران. «ئەفسوونەکانی ثیتیس.» تەم.
- محەمەد، سۆران. «لە پێڕستی موسافیرێکەوە.» تەم.
- محەمەد، سۆران. «ناکات.» تەم.
- محەمەد، سۆران. «شیعر لە ئیلهامەوە بۆ تەکنیک…» تەم.
Heidegger, M. (2002). “The Origin of the Work of Art.” In J. Young & K. Haynes- (Eds. & Trans.), Off the Beaten Track (pp. 1–56). Cambridge University Press.
Schmitt, C. (2019). “Refamiliarizing Viktor Shklovsky.” Victorian Literature and- Culture, 47(1), 187–201
جەنەراڵ راوێژكاری جۆلانییە!.. عەفان ئەحمەد
ووردە بۆڵە بۆڵێك بۆ ڕۆژگارێكی نەفرەتی و پیس
بەڕوخسەتی چاودێرانی سیاسی، بیرمەندان و نوسەران
سێرکێکی سیاسی وەها لە ئارادایە، گەر ماکیاڤیلی خۆشی لە ژیاندا بمایە، دەبوو ببێتە ڕاوێزکار و بڕوانامەی دکتۆرا لەسەر دەستی کارەکتەرەکانی ئەم قۆناغە وەربگرێت!
موعجیزەی گەورەی سەدەی بیست و یەک چییە؟
ئەوەیە زەلامێک تا دوێنێ بەیانی ئەمیر و سەرکردەی یەکەمی «بەرەی نوسرە» و «دەستەی تحریری شام» بووبێت، لە ئەشکەوتەکانەوە فەتوای جیهادی دابێت و دەستی بە خوێنی هەزاران کەس سوور بێت، شەو جڵەوی دەسەڵات بگرێتە دەست و بەیانییەکەی بە قاتێکی ئەوروپی و بەناوی «ئەحمەد شەرع»ەوە بێتە سەر شاشەکان و بە جیهان بڵێت: مژدە بێت… من سەرۆکی کۆماری دیموکراتی و فرەیی سوریام!. و ئێستاش جەنەراڵ مەزڵوم عەبدی راوێژكارم دەبێت!
ئەمە یەکێکە لە گەورەترین عەمەلیاتی جوانکاری (Plastic Surgery) لە مێژووی سیاسەتدا! خەڵکیان وا گێل کردووە، وەک ئەوەی بە گۆڕینی ناوێک و لەبەرکردنی چاکێتێک، ئایدیۆلۆژیای جیهادی و ڕابردووی نوسرە پاک ببێتەوە. بەڵام ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە: جۆلانی هەر جۆلانییە، تەنانەت ئەگەر عەتری پاریسیش لە خۆی بپڕژێنێت، هەر ئەو عەقڵیەتەیە کە مافی ژیانی بۆ هیچ جیاوازییەک نەهێشتووەتەوە.
بەڵام ئازاربەخشترین و پێکەنیناویترین چڕنوقی سیاسی لەحیکایەتەکەدا ئەوەیە کە:
جەنەراڵ مەزڵوم عەبدی؛ ئەو فەرماندەیەی تەواوی میدیای جیهانی وەک قەڵغانی سەرەکی دژەتیرۆر، پارێزەری مافی ژنان و ڕەمزی ڕۆژئاوا دەیانناساند؛ تا دوێنێ بە جلوبەرگی سەربازییەوە خەونی «کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتی» و ئازادیی گەلانی دەنوسیەوە، کەچی ڕێککەوتنی ڕۆژگار وا بەسەریدا شکایەوە کە ئەمڕۆ بڕوات لە دیمەشق – شام کورسییەک لە تەنیشت تەختی شێخدا بگرێت و ببێتە ڕاوێژکاری ئەحمەد شەرع!
ئەمە ڕێک وەک ئەوە وایە شێرێک دوای ساڵانێک شەڕکردن لەگەڵ ڕێوییەکاندا، لەناکاو بڕیار بدات ببێتە راوێژکاری ڕێویەکە بۆ چۆنیەتی بەرێوەبردنی دارستانەکە! لێرەدا مرۆڤ نازانێت لەسەر ئەم عەقڵیەتە بگریێت یان بە دەنگی بەرز پێبکەنێت.
ئەمە تەنیا شکستێکی سەربازیی یان جێهێشتنی هاوپەیمانەکان نییە؛ ئەمە ئاشبەتاڵێکی فیکری، ئەخلاقی و سیاسییە. ئەمە گێلکردن و سووکایەتیکردنە بە خوێنی هەزاران گەنج کە ڕۆژێک لە ڕۆژان بە ناوی بەرەنگاربوونەوەی جیهادییەکانەوە تەفروتونابوون، کەچی ئێستا ڕابەرەکەیان ڕاوێژ بە هەمان ئەو عەقڵیەتە دەدات کە هاوڕێکانیانی کوشتووە!
لە کۆتاییدا دەرکەوت ئەو هەموو دروشمە قەبەیەی «ئازادی» و «نەتەوەی دیموکراتی»، تەنیا پردێکبوون بۆ ئەوەی تا دوا وێستگە بڕوات و لە کۆتاییدا جەنەراڵ بێتەوە سەرەتای هێڵەکە؛ ببێتە ڕاوێژکاری سەرۆکێک کە تا دوێنێ ناوی لە لیستی تیرۆری نێودەوڵەتیدابوو.
ئازارە ڕاستەقینەکە لەوەدا نییە کە جۆلانی بووەتە سەرۆک؛ ئازارە جەرگبڕەکە لەوەدایە کە ئێمەی کورد ئەوەندە ساویلکە بووین، ڕێگەمان دا «جۆلانی» بە ناوی «شەرع»ەوە خەونەکانمان بکاتە خۆڵەمێش و سەرکردەکەشمان بە ناوی «پڕاگماتیزمی سیاسی»ەوە ببێتە خزمەتکاری دەسەڵاتەکەی.
ئەمە کڵۆڵییەکی وەهایە، ناوت لێناوە پێکەنین، بەڵام بێگومان تامی ژەهر دەدات!
داني پێدا دەنێم.. پەری ڕەحمانپوور
هاوينێکی گەرم تاقەت پروکێن، تەمێکی گڕاوی ئاسمان و دەورودوری شاری تەنی بوو، هەردەم هەستت بە بە بێزاری و تەنگەنەسی دەکرد، فێنککەرەوەيەکم لە بەردەرگای چوونە ژوورەوە دانابوو، هێدی هێدی باوەشێنێکی دەکردم و بەرەو فێنکبوونەوە دەکشا، زەردەواڵەيەک خۆی بە خانەبچووکەکانی فێنککەرەوەکە هەڵواسی بوو، دەيويست لە ئاوی لێواری خانەکان بخواتەوە، جا چۆن ئەوێی دۆزيبۆوە و دەيزانی کانگای ئاوی سروشت خوڵقاوی دەگمەنی خۆی بوو. لە پڕ ڕاچڵەکێم ترسێکی زۆر دايگرتم، لە خەياڵی خۆمدا وتم هەر ئێستا دێت و پێوەم دەدا، ئەو کاری بە من نەبووهەرگيزيش نەيدەويست پێوەم بدات، تەنيا دەيويست ئاوبخواتەوە، لە پڕ تاکە کەوشێکم تێگرت، کەوتە سەر زەوی و پشتی شکا و دوا هەناسەی دا و بێدەنگ کەوت و ئيدی نەبزوا، دەست بەجێ دانەيەکی ديکە بۆ ئاوخواردنەوە هات، زانيم تەنيا دەيەوێت ئاوبخواتەوە و کاری بە من نييە، خەمێکی قورس دايگرتم تا هەنووکەيش بەرۆکی بەرنەداوم، نازانم من چيمکرد چۆن توانيم ئەو هەموو زيرەکی و هۆشيارييە لە دەست بدەم و خوڵقەت و بوونی ئەو بوونەورە زيندووە لە يەک کاتدا لە خوردوخۆرایی بکەمە نيسانەی دەستە پڕ نەهامەتی و تاوانکارييەی خود، منی مرۆڤ خۆم پێ چييە…؟ چۆن من بوونم دەوێ ئەويش هەروا، چۆن توانيم ئەو هەموو زيرەکييە لە چاوترووکانێکدا کۆتایی پێبهێنم، بريا ئەو پێوەی بدام و چيدی هەناسەم نەکێشايەتەوە و بەو جۆرە تەرمی بێگوناهی لەبەرچاومدا نەچەمابايەتەوە، بۆيە تا مردن من بووم زەردەواڵەيەکی بێگوناهم کوشت نەمهێشت هەناسە بدا و ئاوبخواتەوە، ئيتر من تاوانبارترين و ناپاکترين مرۆڤم، بشێ ماڵی خۆشەويستەکەيم وێران کردبێت و لە گەڕانەوەی بێهيوام کردبێت، چرندق کارێکت دڕندانەم ئەنجامدا، گەرەکە بمناسن من مرۆڤێکی خۆ بەزلزانم زەويم تەنها بۆ خۆ دەوێت، هەرچی لە بەرژەوەنديم نەبێ وەک باڵە ناسکەکانی ئەو باڵندە بچووکە بێنازە دەيشکێنم، من تاوانبارم تا سەر ئێسک، دانێ پێدا دەنێم.
پەری ڕەحمانپوور
نووسەر، سەقز
پشیلە کەمانچەژەنەکە.. نوسینی/ خالد حەیدەر.. وەرگێڕانی لەعەرەبییەوە/ فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی
پشیلەکە دارستانەکەی بەجێهێشت و بەرەو پارکێکی نزیک بەڕێکەوت . کاتێک گەیشتە ئەوێ، دەستیکرد بە پیاسەکردن، لەپڕ چاوی بە کەمانچەیەک کەوت کە خاوەنەکەی لەسەر یەکێک لە کورسییەکان بەجێی هێشتبوو.
پشیلەکە زۆردڵی خۆشبوو، کەمانچەکەی هەڵگرت و بە سەرسامییەوە سەیریدەکرد؛ جارێک بە دەستەکانی یاری بە ژێیەکانی دەکرد و جارێکیتر کەوانەکەی بەسەردا دەهێنا. لەبەر زۆری سەرسامبوونی بە ئامێرەکە، بە خێرایی هەڵیگرت و گەڕایەوە بۆ ناو دارستانەکە.
پاش ئەوەی گەیشتەوە، دەستیکرد بە ژەنین لەبەردەم پڵنگەکەدا . پڵنگەکە توڕە بوو کەمانچەکەی لێ دوور خستەوە. پاشان پشیلەکە خۆی لەبەردەم کەروێشکێکدا بینییەوە و بۆی ژەنی، بەڵام کەروێشکەکە گوێچکەکانی خۆی گرت!
پشیلەکە خەمبار بوو چونکە کەس بە ژەنینەکەی سەرسام نەبوو. پاشان بەرەو شوێنێکی ئارام ڕۆیشت کە دارێکی گەورەی لێبوو و چەندین باڵندەی وەک بولبول و کەناری و فنس و خورماخۆرەی لەسەر نیشتبووەوە. ئەم باڵندانە دەستیان کرد بە خوێندن بە دەنگە خۆشەکانیان، سەرەتا بە تەنیا و دواتر بە کۆمەڵ.
ئاوازەکەیان زۆر دڵنشین بوو و سەرنجی پشیلەکەی ڕاکێشا، ئەویش لای خۆیەوە هەوڵیدا ئەو نەغمە ناسکانەی کە دەیبیست بیژەنێتەوە. لە ئەنجامدا پارچە مۆسیقایەکی زۆر جوان و نایابی لێدەرچوو. هەر کە تەواو بوو، گوێی لە چەپڵەڕێزانی ئاژەڵەکان بوو کە داوایان لێ دەکرد جارێکی تر بۆیان بژەنێتەوە.
وەرگێڕانی لەعەرەبییەوە/فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی
خۆشەویستی.. شیعری سامان خدر
خۆشەویستیت شادی هێنە
خەم لابەرە جوانە گەلێک
چرایێکە لەتاریکی دادەگیرسێ
خەم لابەرە خەم لەئاستی مات و کزە
شادی هێنە شادی هاوڕێ و کەسی ئەوە
شیفا بەخشە شیفای بۆدڵم هێناوە
هەرچی بیرو خەیالی پوچە بەجارێ لەبنی هێناوە
بۆتە هاوڕێ و کەسی من
تەنیایی بەجارێ سەری لێ شێواوە
گوڵێکە هێندە گەش و جوانە
هەرچی سەرنجە بۆخۆی ڕاکێشاوە
وەسف ناکرێ زمان توانای وەسفی نیە
زمان توانای لێکدانەوەی ئەم خۆشەویستیە جوانەی نیە
چاویش هەرگیز ناحەق نیە
فرمێسکەکانی بڕژێنێ
جارجاریش لەگەڵ فرمێسک
چەند دڵۆپێک خوێن بپڕژێنێ
ئەم خۆشەویستیە جوانە
ژیانیشی جوانتر کردووم
تائەوکاتەی لەگەڵم بێ
گوناهە بڵێم لەژیان مان دووم
منیش بەڵێنی وەفا دەدەم
وەفایێکی هەتا هەتا
وەفایێک بێت تائەوکاتەی بڵێن لەژیان دا نەما
کاتێک ناوی کەسێکی تر دەبێتە ناسنامەی ئێمە.. نووسەر: گەیلان محمد
لێکۆڵینەوەیەک لە هۆکارە زانستییەکانی «نەخۆشی بەناوبانگبوون»، زیانەکانی و ڕێگای گەڕانەوە بۆ خۆ
نووسەر: گەیلان محمد
بەرواری نووسین: ٢٧ی ئابی ٢٠٢٦
جۆری بابەت: وتاری زانستی ـ کۆمەڵایەتی
کلیلەوشەکان: پەرستینی کەسایەتییە ناسراوەکان، بەناوبانگبوون، پەیوەندیی نێوانخەیاڵی، تەندروستی دەروونی، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
ئاگاداری پزیشکی: من پزیشک نیم؛ ئەم وتارە شیکردنەوەیەکی زانیارییە و جێی تشخیص و ڕاوێژی پسپۆڕی دەروونی ناگرێتەوە. ئەگەر ئەم نیشانانە کاریگەرییەکی قورس لەسەر ژیان دروست کرد، پێویستە لەلایەن پسپۆڕێکی تەندروستی دەروونییەوە هەڵسەنگاندن بکرێت.
دەستپێک: کاتێک ستایش دەبێتە زیندان
هەموومان کەسێکمان هەیە کە کاریگەری لەسەرمان داناوە؛ گۆرانیبێژێک کە لە کاتی خەمدا دەنگی پەنا بووە، نووسەرێک کە وشەکانی ڕێگایەکی نوێی بۆ بیرکردنەوەمان کردووەتەوە، یان وەرزشوانێک کە فێری کردووین دوای هەر کەوتنێک هەستینەوە. ئەمە بەشێکە لە سروشتی مرۆڤ: حەزکردن، فێربوون و هاوبەشی هەست.
بەڵام هەندێک جار ستایش لە سنووری خۆی تێدەپەڕێت. ئەو کاتەی بیرکردنەوە لە کەسێکی ناسراو دەبێتە شتێکی بێکۆتایی، ئەو کاتەی ڕەزامەندیی خەڵک لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەبێتە پێوەری بەهای خۆمان، و ئەو کاتەی ژیانی ڕۆژانە لە پێناوی ناوی کەسێکی ترەوە دەستبەردار دەکرێت؛ ئیدی باس لە «فانێکی دڵسۆز» ناکەین، بەڵکو لە پەیوەندییەکی نابەرامبەر و زیانبەخش دەدوێین.
لە توێژینەوە دەروونییەکاندا ئەم دیاردەیە بە پەرستینی کەسایەتییە ناسراوەکان یان celebrity worship ناسراوە. وشەی «نەخۆشی بەناوبانگبوون» لە گفتوگۆی ڕۆژانەدا بەکاردێت، بەڵام نابێت بە هەڵە وەک ناوی نەخۆشییەکی فەرمیی سەربەخۆ دابنرێت. پەرستینی کەسایەتییە ناسراوەکان لە توێژینەوەکاندا زیاتر وەک پێکهاتەیەکی دەروونی و کۆمەڵایەتی دەبینرێت؛ تشخیص تەنها بۆ ئەو کێشانەیە دەکرێت کە بەڕاستی هەیە، وەک وسواسی-ناچارەکی، دڵەڕاوکێ، دڵتەنگی یان بەکارهێنانی کێشەدارەوەی ئینتەرنێت. پۆلێنکردنی جیهانی نەخۆشییەکان، ICD-11، ستانداردی جیهانیی زانیارییە تشخیصییەکانە؛ بۆیە دەبێت وشەیەکی گفتوگۆیی لەگەڵ تشخیصێکی پزیشکی تێکەڵ نەکرێت.
لە حەزکردنەوە بۆ وسواس: سێ ئاستی پەیوەندی
توێژینەوەکان ئەم پەیوەندییە بە نردبانێک دەچوێنن، نەک بە دۆخێکی تەنها.
هەموو کەسێک کە هونەرمەندێک بەدڵیەتی نەخۆش نییە؛ خاڵی گرنگ ئەوەیە کە ئایا ئەم پەیوەندییە دەست لە ژیان دەدات یان نا.
ئاست چۆن دەردەکەوێت؟ کەی دەبێتە نیشانەی مەترسی؟
کۆمەڵایەتی ـ کاتبەسەربردن بەدواداچوون بۆ کارەکانی کەسە ناسراوەکە و گفتوگۆکردن لەگەڵ هاوڕێیان کاتێک هەموو گفتوگۆ و ناسینە کۆمەڵایەتییەکان تەنها لەسەر ئەو کەسە بێت
تایبەتی ـ توند بیرکردنەوەی زۆر، هەستی نزیکی تایبەت و گومانکردن بەوەی «ئەو تەنها کەسێکە کە تێم دەگات» کاتێک بیرەکان کۆنترۆڵنەکراون و خەو، خوێندن، کار یان پەیوەندییە نزیکەکان تێکدەدەن
سنووربەزێن ـ پاتۆلۆژیک ئامادەبوون بۆ شکاندنی یاسا، خەرجکردنی زیاتر لە توانای دارایی، یان هەوڵدان بۆ تێکدانی سنووری ژیانی کەسە ناسراوەکە کاتێک زیان بە خۆ یان کەسانی تر دەگات، ڕەفتارەکان دەبنە هەڕەشە، چاودێریی نهێنی یان کردارێکی نایاسایی
ئەم جیاوازییە گرنگە، چونکە ناونانی هەر حەزێکی ئاسایی بە «نەخۆشی» خۆی جۆرێکە لە ستەمکردن بەسەر کەسەکەدا. کێشەکە لە خۆشەویستییەکەدا نییە؛ لەوەدایە کە مرۆڤ خۆی لەناو ئەو خۆشەویستییەدا ون بکات.
هۆکارە زانستییەکان: بۆچی مێشک دەچێتە ناو ئەم بازنەیە؟
١. پەیوەندیی نێوانخەیاڵی و هەستی نزیکی ساختە
کەسە ناسراوەکە زۆرجار ڕاستەوخۆ قسە لەگەڵ بینەر ناکات، بەڵام بە ڕێگەی شاشەوە دەخەنێت، دەگریت، هەواڵی ژیانی دەگوازێتەوە و وەک کەسێکی ئاشنا دەردەکەوێت. ئەم جۆرە پەیوەندییەی یەکلایەنە بە پەیوەندیی نێوانخەیاڵی ناودەبرێت. بۆ مێشک، دووبارەبوونەوەی دەنگ و وێنە و چیرۆکەکان دەتوانێت هەستی ئاشنایی و نزیکی دروست بکات، بەبێ ئەوەی پەیوەندییەکی ڕاستەقینەی دوولایەنە هەبێت.
کاتێک کەسێک لە ژیانی ڕاستەقینەدا هەستی بە تەنهایی، نەبینراوی یان ناپەسەندکراوی دەکات، ئەم پەیوەندییە ساختەیە دەتوانێت بۆ ماوەیەک شوێنی هاوڕێیەتی بگرێتەوە. بەڵام ئەو ئارامییە ئەگەر ببێتە جێگرەوەی پەیوەندییە ڕاستەقینەکان، کێشەکە قووڵتر دەکات.
٢. کەمبوونی متمانە بە خۆ و بەراوردکردنی خۆ بە وێنەی بریقەدار
کەسە ناسراوەکان زۆرجار بە وێنەی هەڵبژێردراو، ڕووناککراو و دەستکاریکراو پیشان دەدرێن؛ بینەر بەڵام ژیانی ناوخۆی خۆی بە هەموو ترس و شکستییەکانییەوە دەبینێت. لەوێدا بەراوردکردنێکی نادادپەروەرانە دروست دەبێت: «ئەو هەموو شتێکی هەیە، من هیچم نییە.» توێژینەوەیەکی گەورەتر لەسەر گەورەساڵان پەیوەندییەکی لاواز بەڵام بەردەوامی نێوان پەرستینی زۆری کەسایەتییە ناسراوەکان و نزمبوونی متمانە بە خۆی دۆزیوەتەوە.
ئەمە بە مانای هۆکاری ڕاستەوخۆ نییە؛ کەسێک بە متمانەی نزم دەکرێت زیاتر پەنابەرێت بۆ جیهانی کەسێکی ناسراو، یان ئەو پەرستینە بەراوردکردنەکەی زیاد بکات.
٣. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بازنەی پاداشت
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تەنها شوێنی بینینی ناوی کەسێکی ناسراو نین؛ سیستەمی پێشنیارکردنیان هەموو ئەو شتانەی کە سەیری دەکەین، لایک دەکەین یان لێی دەوەستین دووبارە بۆمان دەهێنێتەوە. بەو شێوەیە، یەک ڤیدیۆ دەبێتە دەیان ڤیدیۆ، و دەیان ڤیدیۆ دەبنە بەشێک لە ناسنامەی ڕۆژانەمان. توێژینەوەیەکی لەسەر ٤٣٧ گەنج و گەورەساڵ پەیوەندییەکی نێوان ئاستی بەرزی پەرستینی کەسایەتییە ناسراوەکان و بەکارهێنانی کێشەدارەوەی ئینتەرنێت دۆزیوەتەوە؛ بەڵام چونکە توێژینەوەکە لە یەک کاتدا کراوە، ناتوانێت بڵێت کامیان هۆکاری کامیانە.
٤. خەیاڵکردنی زۆر و هەڵاتن لە واقع
هەندێک کەس بە خەیاڵکردن پەنادەبەن بۆ ئەوەی لە فشار، تەنهایی یان شکستی ڕۆژانە دووربکەونەوە. ئەگەر خەیاڵەکان زۆر فراوان بن و لە خوێندن، کار یان پەیوەندییەکان جێی بگرن، لە توێژینەوەکاندا بە maladaptive daydreaming ناودەبرێن. هەمان توێژینەوەی پێشوو نیشانی داوە کە ئەم جۆرە خەیاڵکردنە و ویستی بەناوبانگبوون لەگەڵ پەرستینی زۆری کەسایەتییە ناسراوەکان پەیوەندییان هەیە. بەڵام ئەمەش پێویستی بە هەڵسەنگاندنی تاکەکەسی هەیە، نەک لیبلێکی خێرا. [4]
٥. قۆناغی تەمەن و ژینگەی کۆمەڵایەتی
لە قۆناغی گەنجیدا ناسنامە هێشتا لە دروستبووندایە. مرۆڤ دەپرسی: «من کێم؟ چی دەوێم؟ چۆن دەبم بە کەسێکی گرنگ؟» لەو کاتەدا کەسە ناسراوەکە دەتوانێت ببێتە وێنەی ئاوات، نەک تەنها کەسێکی خۆشویست. توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئاستی پەرستینی کەسایەتییە ناسراوەکان بە گشتی لە تەمەنە گەنجەکاندا زیاترە و لەگەڵ زیادبوونی تەمەن کەمێک دادەبەزێت؛ بەڵام جیاوازیی تاکەکان زۆر گرنگترن لە هەر یاسایەکی گشتی. [5]
کاریگەرییە خراپەکان لەسەر تاک
پەرستینی زۆر بە شێوەیەکی جادویی مرۆڤ ناکوژێت و هەموو فەنێکیش تووشی زیان نابێت. کێشەکە لەوەدا دەردەکەوێت کە ئەو پەیوەندییە لەگەڵ کێشەیەکی تری دەروونی تێکەڵ دەبێت یان خۆی دەبێتە سەرچاوەی تێکچوون. بەڵگە زانستییەکان پەیوەندییەکی لاواز بەڵام دووبارەبووەوەیان لەگەڵ نیشانەکانی دڵتەنگی و دڵەڕاوکێ، فشارە دەروونییەکان، نزمبوونی متمانە بە خۆ، کەمبوونی دڵخۆشیی ژیان و خەیاڵکردنی نائاسایی نیشان داوە. [4] [5]
بوار کاریگەرییەکانی کە دەکرێت ببینرێن
دەروونی دڵەڕاوکێ، دڵتەنگی، بیرکردنەوەی دووبارە، هەستی پووچی و وابەستەبوون بە ڕەزامەندیی کەسانی تر خەو و جەستە درەنگخەوتن بۆ بەدواداچوونی هەواڵ، ماندووبوونی ڕۆژانە و سەرنجدانەدانی جەستەیی پەیوەندییەکان دوورکەوتنەوە لە خێزان و هاوڕێ، بێباوەڕی بە پەیوەندیی ڕاستەقینە و هەستی بەراوردکردنی هەمیشەیی دارایی و سنوور خەرجکردنی ناڕێک، کڕینی شتی بێپێویست، چاودێریی زۆر و شکاندنی سنووری کەسی ناسراو
ناسنامە ئەوەی مرۆڤ خۆی بە ناوی کەسێکی تر بناسێنێت و بەهای خۆی تەنها بە نزیکبوونەوە لەو کەسەوە بپێوێت.
ئەوەی زۆر جار لە بیرمان دەچێت ئەوەیە کە مەترسی تەنها «زۆر سەیرکردن» نییە. مەترسیی سەرەکی لەدەستدانی کۆنترۆڵ و لەدەستدانی ژیانی خۆتە.
کاتێک هەموو خەونەکانت دەبنە خەونەکانی کەسێکی تر، تۆ بە هێواشی لە ژیانی خۆت دەکشێیتەوە.
نیشانەکانی پێویستی بە یارمەتی
ئەگەر یەک یان چەند دانە لەم نیشانانە بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام بوو، باشە لەگەڵ دەروونناس یان پزیشکی دەروونی قسە بکرێت:
1 کۆنترۆڵکردنی بیرکردنەوە لە کەسە ناسراوەکە نامومکینە و بەشێکی زۆری ڕۆژ دەبات.
2 بەدواداچوونەکە خەو، خوێندن، کار، عبادەت، پەیوەندیی خێزانی یان ژیانی کۆمەڵایەتی تێکدەدات.
3 کەسەکە هەوڵی کەمکردنەوە دەدات، بەڵام دووبارە بەهێزتر دەگەڕێتەوە.
4 بۆ نزیکبوونەوە یان پشتیوانیکردن لە کەسێکی ناسراو، پارەی زۆر خەرج دەکرێت یان سنووری یاسایی و کەسی دەشکێنرێت.
5 کەسەکە هەست دەکات بەبێ ئەو کەسە هیچ بەهایەکی نییە، یان لە دوورکەوتنەوەی ئەو کەسە تووشی تێکچوونی زۆر دەبێت.
چارەسەر: مەبەست کوژاندنەوەی حەز نییە، گەڕاندنەوەی هاوسەنگییە
چارەسەرێکی تایبەت و یەکسان بۆ «نەخۆشی بەناوبانگبوون» نییە، چونکە ئەم ناوە بە خۆی تشخیصێکی فەرمی نییە. یەکەم هەنگاو ئەوەیە پسپۆڕێک بزانێت لە پشت ئەم پەیوەندییەدا چی هەیە: تەنهایی؟ دڵەڕاوکێ؟ دڵتەنگی؟ نزمبوونی متمانە بە خۆ؟ وسواس و ناچارە؟ یان بەکارهێنانی کێشەدارەوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان؟
ئەگەر بیر و ڕەفتارەکان شێوەی وسواسی-ناچارەکییان هەبێت، چارەسەری هەڵسوکەوتی ـ بیرکاری، بە تایبەتی exposure and response prevention، لە چارەسەرە سەرەتاییە بەڵگەدارەکانی OCD ـە. لەم ڕێگایەدا بە هاوکاریی چارەسەرکار، کەسەکە بە هێواشی ڕووبەڕووی هاندەرەکانی دەبێتەوە و فێردەبێت بێ ئەنجامدانی ڕەفتاری ناچارەکی دڵەڕاوکێکەی بەڕێوەببات. ئەمە دەبێت لەژێر چاودێریی پسپۆڕ بکرێت، نەک بە تاقیکردنەوەی توند و بێپلاندانان لە ماڵەوە. [2] [6]
لە هەندێک دۆخی قورسدا، پزیشک دەتوانێت دەرمان هەڵبژێرێت؛ بەڵام دەرمانی دژەدڵتەنگی، لەوانە SSRI، بۆ خۆی چارەسەری «حەزکردن بە کەسێکی ناسراو» نییە. تەنها کاتێک بەکاردێت کە پزیشک نەخۆشییەکی پەیوەندیدار وەک OCD یان دڵتەنگی تشخیص بدات. هیچ دەرمانێک نابێت بەخۆڕایی دەست پێبکرێت یان بوەستێنرێت. [2] [3] [6]
لەگەڵ چارەسەری پسپۆڕی، هەنگاوە ڕۆژانەکان دەتوانن بازنەکە لاواز بکەن: کەمکردنەوەی ئاگادارییەکان و نۆتیفیکەیشنەکان، دانانی کاتێکی دیاریکراو بۆ بەکارهێنانی تۆڕەکان، نەهێشتنی مۆبایل لە ژووری خەوتن، تۆمارکردنی ئەو کاتانەی کە پەنادەبەین بۆ شاشە، و گەڕانەوە بۆ پەیوەندییە ڕاستەقینەکان، وەرزش، خوێندن و کارێکی بەمانا. ئەم هەنگاوانە چارەسەری تەواو نین، بەڵام دەرفەت بۆ دروستکردنەوەی کۆنترۆڵ دروست دەکەن.
خێزان و هاوڕێکانیش نابێت کەسە تووشبووەکە بە گاڵتە یان سووکایەتی وەڵام بدەن. وتنی «تۆ شێتیت» تەنها شرمەزاری زیاد دەکات و کەسەکە زیاتر دەخاتە ناو جیهانی شاشە. وەڵامی دروست ئەوەیە: «دەبینم ئەمە چەندە کاریگەری لەسەرت هەیە؛ با یارمەتیی پسپۆڕ بدۆزینەوە.» ئەگەر هەڕەشەی زیانگەیاندن بە خۆ یان کەسێکی تر، یان تێکچوونی قورس هەبوو، دەبێت بە خێرایی پەیوەندی بە فریاکەوتنەوەی ناوخۆیی یان نزیکترین ناوەندی پزیشکی بکرێت.
کۆتایی: بەناوبانگبوون چارەسەر نییە بۆ نەبینراوی
لە بنەڕەتدا، زۆرێک لەو کەسانەی کە بە شێوەیەکی زۆر بەناوبانگبوون دەخوازن، تەنها ناوی کەسێکی تر ناوێت؛ ئەوان دەیانەوێت خۆیان ببینرێن، گوێیان لێبگیرێت و هەست بکەن ژیانیان مانای هەیە. ئەمە خواستێکی مرۆییە، بەڵام هەڵەکە لەوێ دەست پێدەکات کە مرۆڤ بەهای خۆی بە دەستی جەماوەر یان ئەلگۆریتمێک دەسپێرێت.
کەسە ناسراوەکە دەتوانێت ڕووناکییەک بێت لە دوورەوە، بەڵام نابێت ببێتە خۆرێک کە تۆ لەسەر حسابی خۆت بە دەوری ئەو بسوڕێیت. ئەوەی پێویستە چارەسەر بکرێت، حەزکردن نییە؛ ونبوونی خۆیە لەناو حەزکردندا. گەڕانەوە بۆ خۆ لەو ساتەوە دەست پێدەکات کە مرۆڤ بپرسێت: «ئەگەر ئەو ناوە لە شاشە نەما، من چیم هەیە؟» و وەڵامەکە بە هێواشی، بە کار و بە یارمەتیی دروست دروست بکات.
—-
سەرچاوەکان
[1] World Health Organization, ICD-11: International Classification of Diseases, 11th Revision.
[2] American Psychiatric Association, What Are Obsessive-Compulsive and Related Disorders?.
[3] NHS, Treatment: Obsessive Compulsive Disorder.
[4] Zsila, Á., McCutcheon, L. E., & Demetrovics, Z. (2018), The association of celebrity worship with problematic Internet use, maladaptive daydreaming, and desire for fame, Journal of Behavioral Addictions, 7(3), 654–664.
[5] Zsila, Á., Orosz, G., McCutcheon, L. E., & Demetrovics, Z. (2021), Individual Differences in the Association Between Celebrity Worship and Subjective Well-Being, Frontiers in Psychology, 12.
[6] Van Noppen, B., Sassano-Higgins, S., Appasani, R., & Sapp, F. (2021), Cognitive-Behavioral Therapy for Obsessive-Compulsive Disorder: 2021 Update, Focus, 19(4), 430–443.
روانگەی هزرەڤانان بۆ ئەدەب.. ناونیشانی کۆڕێکە لە گەلەری ئارام بۆ د. ئازاد حەمە

لابردنی سێ سفری دیناری عێراقی؛ لە نێوان سودی ئابووری و مەترسییە یاساییەکان.. ئامادەكردنی: لوقمان مستەفا
پێشەکی
بابەتی لابردنی سفرەکان لە دیناری عێراقی، یەکێکە لەو بابەتە ئابووری و داراییە گرنگانەی کە هەر جارێک دەخرێتە بەر گفتوگۆ، پرسیارێکی گەورە دروست دەکات: ئایا لابردنی سێ سفر لە دراوی عێراقی دەبێتە هۆی بەهێزبوونی دینار و باشترکردنی بارودۆخی ئابووری، یان تەنها گۆڕینێکی تەکنیکییە کە بەخۆی هیچ گۆڕانێک لە بەهای ڕاستەقینەی دراوەکە دروست ناکات؟
لە ڕووی ئابوورییەوە، لابردنی سفرەکان بە مانای ئەوە نییە کە بەهای ڕاستەقینەی دینار بە خۆڕایی زیاد دەبێت. بۆ نموونە، ئەگەر ١٠٠٠ دینار ببێتە ١ دینار نوێ، بە مەرجێک کە هەموو نرخەکان، مووچەکان، قەرزەکان و داراییەکان بە هەمان ڕێژە بگۆڕدرێن، بەهای ڕاستەقینەی سامانی کەسەکە ناگۆڕێت.
بانکی ناوەندی عێراق لە بەڵگەیەکی تایبەت بە پڕۆژەی «حذف الأصفار الثلاثة» لە ساڵی ٢٠١٢دا، ئەم پرۆژەیەی بە چوارچێوەی ڕێکخستنەوەی سیستەمی دراو و چارەسەرکردنی کۆمەڵە دراوێکی زۆر و ژمارە گەورەکانی پەیوەست بە مامەڵە نەقدییەکان باس کردووە.
یەکەم: سودەکانی لابردنی سێ سفر
١-ئاسانکردنی مامەڵە نەقدییەکانە. ژمارە گەورەکانی دینار لە ژیانی ڕۆژانەدا هۆکاری هەندێک ئاڵۆزی لە حسابکردن و تۆمارکردنی مامەڵەکانن. کەمکردنەوەی ژمارەی سفرەکان دەتوانێت نووسین و خوێندنەوەی نرخ و حسابەکان ئاسانتر بکات.
٢-کەمکردنەوەی کۆست و قەبارەی مامەڵە نەقدییەکانە. لە پڕۆژەکانی ڕێکخستنەوەی دراو، کەمکردنەوەی ژمارەی سفرەکان دەتوانێت بە شێوەیەکی تەکنیکی کاریگەری لە چاپ، گواستنەوە، هەڵگرتن و ژماردنەوەی پارەی نەقد هەبێت.
٣-یارمەتیدان بە ڕێکخستنی سیستەمی حسابداری و بانکیە. ژمارە کەمترەکان دەتوانن لە سیستەمەکانی بانکداری و حسابداری، بە تایبەتی لە سیستەمە دیجیتاڵەکان، هەندێک کار ئاسانتر بکەن.
٤-ئەگەر ئەم پرۆژەیە لەگەڵ ئیسلاحی بانکی، کۆنترۆڵکردنی گەشەی نقدینە، کەمکردنەوەی گەندەڵی، بەهێزکردنی بەرهەمهێنان و جێگیرکردنی سیاسەتی دارایی جێبەجێ بکرێت، دەتوانێت ببێتە بەشێک لە پرۆسەی نوێکردنەوەی سیستەمی دارایی و بانکی وڵات.
دووەم: زیان و مەترسییەکان
لەگەڵ ئەو سودانەشدا، لابردنی سفرەکان مەترسیی خۆی هەیە، بە تایبەتی ئەگەر لە کاتی نادروست و بەبێ ئامادەکاری جێبەجێ بکرێت.
١-مەترسی، تێکچوونی متمانەی خەڵک بە دراوەكە ئەگەر هاووڵاتی هەست بکات کە لابردنی سفر بە مانای کەمبوونەوەی بەهای داراییەکەیە، دەتوانێت هەڵسوکەوتی خۆی بگۆڕێت و بەرەو دۆلار، زێڕ یان دراوە بیانییەکان بچێت.
٢-مەترسی، هەڵە لە گۆڕینی نرخ و حسابەکانە. لە کاتی گۆڕینی دراوە کۆنەکە بۆ نوێ، دەبێت ڕێژەی گۆڕین بە یاسا و بە شێوەیەکی ڕوون دیاری بکرێت، بۆ ئەوەی هیچ لایەنێک نتوانێت بە هۆی گردکردنەوە یان گۆڕینی نرخەکان زیان بە هاووڵاتی بگەیەنێت.
بۆ نموونە، ئەگەر ١٠٠٠ دیناری کۆن = ١ دیناری نوێ بێت، ئەوا مووچەی ١،٥٠٠،٠٠٠ دینار دەبێتە ١،٥٠٠ دیناری نوێ؛ بەڵام هەمان شت دەبێت بۆ نرخەکان، کرێی خانوو، قەرز، پاشەکەوت و هەموو پابەندییە داراییەکان جێبەجێ بکرێت.
سێیەم: ڕووی یاسایی
لە ڕووی یاساییەوە، پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە: کێ دەسەڵاتی دەرکردن و گۆڕینی شێوە و پۆلەکانی دراوی عێراقی هەیە؟
بەپێی یاسای بانکە ناوەندیی عێراق ژمارە ٥٦ی ساڵی ٢٠٠٤ ـی هەموارکراو، بانکە ناوەندیی عێراق دەسەڵاتی دەرکردن و بەڕێوەبردنی دراوی عێراقی هەیە و ماددەکانی ٣٢ و ٣٣ چوارچێوەی ئەم دەسەڵاتە دیاری دەکەن.
لەبەر ئەوە، لابردنی سفرەکان نابێت وەک «گۆڕینی ژمارەیەک» تەنها سەیر بکرێت؛ بەڵکو پڕۆسەیەکی یاسایی ـ دارایییە کە پێویستی بە ڕێکخستنی وردی مافی خاوەن پارە و پابەندییە داراییەکان هەیە.
چوارەم: نموونەی یاسایی
با گریمانە بکەین یاسایەکی نوێ دەرچوو و بڕیار درا:
١٠٠٠ دیناری کۆن = ١ دیناری نوێ.
کەسێک لە بانک ٥٠،٠٠٠،٠٠٠ دیناری هەبێت.
بەپێی ڕێژەی گۆڕین:
٥٠،٠٠٠،٠٠٠ دیناری کۆن ÷ ١٠٠٠ = ٥٠،٠٠٠ دیناری نوێ.
لێرەدا دەبێت یاسا بە ڕوونی دیاری بکات کە گۆڕینی ژمارەکان نابێت ببێتە هۆی کەمکردنەوەی مافی دارایی خاوەن پارە.
هەمان بنەما دەبێت لە قەرزەکانیشدا جێبەجێ بکرێت.
بۆ نموونە، ئەگەر کەسێک ٢٠٠،٠٠٠،٠٠٠ دینار قەرزدار بێت، دوای لابردنی سێ سفر دەبێت قەرزەکە ببێتە:
٢٠٠،٠٠٠،٠٠٠ ÷ ١٠٠٠ = ٢٠٠،٠٠٠ دیناری نوێ.
ئەگەر یاسا بە شێوەیەکی نادروست جێبەجێ بکرێت و یەکێک لە لایەنەکان بتوانێت بە هۆی گۆڕینی ژمارەکان قەرزەکە کەم یان زیاد بکات، ئەمە دەتوانێت ببێتە سەرچاوەی ناکۆکی و دادگایی.
پێنجەم: گرێبەستەکان و مافی هاووڵاتی
پرسیارێکی گرنگی یاسایی ئەوەیە کە چی بەسەر گرێبەستە کۆنەکاندا دێت؟
بۆ نموونە، ئەگەر گرێبەستێک بە بڕی ٣٠٠ ملیۆن دینار واژۆ کرابێت و لابردنی سفرەکان دوای ئەوە جێبەجێ بکرێت، دەبێت یاسا یان ڕێنماییەکان بە ڕوونی دیاری بکەن کە:
٣٠٠ ملیۆن دیناری کۆن = ٣٠٠ هەزار دیناری نوێ.
بەڵام ئەمە تەنها گۆڕینی ژمارەییە، نەک گۆڕینی بەهای واقعی پابەندییەکە.
هەمان بنەما دەبێت بۆ مووچە، خانەنشینی، قەرز، پاشەکەوتی بانک، کرێ، باج، کۆمپانیا و هەموو مامەڵە داراییەکان جێبەجێ بکرێت.
شەشەم: لابردنی سفر و بەهێزکردنی دینار
یەکێک لە هەڵە تێگەیشتنە باوەکان ئەوەیە کە خەڵک وا دەزانن ئەگەر سێ سفر لە دینار بسڕدرێتەوە، دینار بەخۆی بەهێز دەبێت.
ئەمە بە شێوەیەکی خۆکار ڕاست نییە.
ئەگەر ١ دۆلار = ١٣١٠ دینار بێت، و تەنها سێ سفر بسڕدرێتەوە، لە هەمان ڕێژەدا:
١ دۆلار = ١.٣١ دیناری نوێ.
لە هەمان کاتدا توانای کڕینی دینار بە شێوەی خۆکار زیاد نابێت.
بانکی ناوەندی عێراق لە ساڵانی نزیکدا بەردەوام جەختی لەسەر جێگیری نرخی دراو و پاراستنی ئاستی گشتیی نرخەکان کردووەتەوە و لە ٢٠٢٥دا ڕایگەیاندووە کە هیچ نیازی بۆ گۆڕینی نرخی فەرمی دینار نییە.
-دەرەنجام
لابردنی سێ سفر لە دیناری عێراقی، ئەگەر بە پلانی زانستی، ئابووری و یاسایی و بە ئامادەکارییەکی تەواو جێبەجێ بکرێت، دەتوانێت سودی هەبێت لە ڕێکخستنی سیستەمی دراو، ئاسانکردنی مامەڵەکان و کەمکردنەوەی قەبارەی ژمارەیی دراو.
بەڵام ئەگەر لەگەڵ چاكسازی ئابووری، بانکی و دارایی نەبێت، لابردنی سفرەکان بە تەنیا ناتوانێت کێشەکانی دینار چارەسەر بکات.
-لە ڕووی یاساییەوە، گرنگترین بنەما ئەوەیە کە گۆڕینی شێوەی دراو نابێت ببێتە هۆی گۆڕینی مافی داراییی هاووڵاتیان. بۆیە دەبێت یاسا بە وردی ڕێژەی گۆڕین، ماوەی گواستنەوە، مافی خاوەن پارە، گرێبەستەکان، قەرزەکان، پاشەکەوتە بانکییەکان و ڕێکاری چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان دیاری بکات.
-لە کۆتایی دا، لابردنی سفرەکان ئامرازێکی ڕێکخستنی دراوە، نە جادوی بەهێزکردنی ئابووری. بەهێزبوونی دینار پێویستی بە بەرهەمهێنان، زیادکردنی داهاتی ناوخۆ، کەمکردنەوەی پشتبەستن بە نەوت، چاكسازی بانکی، کۆنترۆڵی گەندەڵی و سیاسەتی دارایی و نەختینەیی جێگیر هەیە.
سەرچاوەکان:
1. یاسای بانکە ناوەندیی عێراق ژمارە ٥٦ی ساڵی ٢٠٠٤ ـی هەموارکراو. (البنك المركزي)
2. بانکە ناوەندیی عێراق، «إعادة هيكلة العملة العراقية – مشروع حذف الأصفار الثلاثة»، ٢٠١٢. (البنك المركزي)
3. بانکە ناوەندیی عێراق، بەڵگە و ڕوونکردنەوەکانی پەیوەست بە دەرکردن و بەڕێوەبردنی دراو. (البنك المركزي)
4. بانکە ناوەندیی عێراق، ڕوونکردنەوەی سیاسەتی نرخی دراو و جێگیری نرخی دینار، ٢٠٢٥. (البنك المركزي)aa
فۆتۆشۆپ.. شیعری نارین ڕۆستەم
هەرجارەی ترس چڕنووکی
لە ماڵەکە گیر
دەکرد،
لەگەڵ ڕۆژباشی خۆر
دایک و کوڕەکە
دەمیان بەرەو ئاسمان دەکردەوە
تا
پەرجوویەک بکەوێتە
خوارەوە.
دوای شەوشادی خۆر…
نۆرەی باوک و کچەکە
دەهات،
بۆ دۆزینەوەی گسکێکی کارەبایی
کە ترس هەڵبمژێت…
یەکێکیان دەستی ڕاستی
زەوی و
ئەوەی دیکە
دەستی چەپی دەگرتە بەر.
کامێراکەی خوا…
بەشی ئەلبوومێک
وێنەی دووقۆڵی دایک و کوڕەکەی
بە دەمی کراوەوە
کاتێک چاوەڕوانی پەرجوون
گرتووە و
نازانێت چۆن بۆیان بنێرێتەوە!
لە کامێرای ڕۆژنامەنووساندا…
باوک
کەوتووەتە ناو خۆپێشاندانەکان و
دەستی کچیش
لە گسکێکی کارەبایی گیر بووە،
فۆتۆشۆپ نەبێت
هیچ شتێک بۆ لای یەکتریان
ناگەڕێنێتەوە.
نارین ڕۆستەم
دوو هۆنراوە بۆ منداڵان.. دوو هۆنراوە بۆ منداڵان
۱ ـ گەشتەکەم لەگەڵ هەور
لەگەڵ کازیوەی بەیان
بینیم دیمەنی ئاسمان
ڕەنگی شین و خۆری جوان
پەڵەی سپی هەورەکان
هەرزوو سەرنجیان بردم
هۆگری خۆیان کردم
پەڵە هەورێک هاتەخوار
کردمیە کۆڵی وەک باڵدار
بردمی بۆ ناو ئاسمان
بۆلای خۆرومانگی جوان
بردمی بۆ سەرشاران
بۆ سەر دەریا و ڕوباران
بۆسەر سەوزی دارستان
دیمەنی باخ و کوێستان
لەمرۆڤ و زیندەوەر
چی هەیە ؟ لەدەشت ودەر
کام شوێنە جوان و خۆشبوو
دڵ و چاوم پێی گەشبوو
هەرچەند زۆر ئاسودەبوم
بەڵام بەدڵ پەرۆشبوم
بۆشارو نیشتیمانم
بۆ هاوڕێ و کەسەکانم
وتم :سوپاس هاوڕێ گیان
هەوری جوان و میهرەبان
گەشتێکی زۆر خۆشبوو بۆم
بمبەوە بۆ شاری خۆم
خۆشمدەوێ بەدڵ و گیان
جێیناهێڵم نیشتمان.. ٠
۲ـ خاڵخاڵۆکە
وەستاوم لای ئەودارە
خاڵخاڵۆکەم لێدیارە
باڵەکانی نەخشاون
هەربەوێنەی کڵاون پێیدەڵێم وەرە بۆلام
تۆ زۆر ئەزیزی لەلام
بفڕە .وەرە سەردەستم
ئەی هاوڕێی خۆشەویستم
هەرچەند بچکۆلە و وردی
بەڵام بەدەست و بردی
دەگەڕێی زۆر بەجوانی
هاوڕێی باخ و گوڵانی
شارەزای ناوماڵانی
ناسک و بێزیانی
خاڵخاڵۆکەی پڕلەخاڵ
هاوڕێی تۆم منی مناڵ
وەرە باپێکەوەبین
گۆرانی بڵێین بۆژین
بۆسروشت و ئازادی
سرود بڵێین بە شادی..
فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی
چیرۆکی مناڵان\ شازادە میهرەبانەکە.. نوسینی / تارق رسن.. وەرگێڕانی لەعەرەبییەوە/ فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی
لە هەیوانی بەرزی کۆشکەکەوە، شازادە ” ئلیانا ” سەیری خەڵکەکەی دەکرد، بە دەستە ناسکەکانی سڵاوی لێدەکردن و دەموچاوە گەشاوەکەیشی بە زەردەخەنەیەکی شیرین دەدرەوشایەوە. خەڵکەکەش بە بینینی شازادە جوانەکەیان کە خاوەن چاوو دڵێکی پاک و میهرەبان بوو، زۆر دڵخۆشدەبوون.
بەڵام باوکیی ، کە سوڵتان بوو، لە خۆشەویستییەکەیدا بۆ ئلیانا زۆر زیادەڕەوی دەکرد؛ بە ڕادەیەک ڕێگری لێدەکرد تێکەڵی خەڵکی ببێت و تەنها لە جەژن و بۆنەکاندا ڕێگەی پێدەدا بیانبینێت، ئەویش تەنها لە هەیوانە بەرزی کۆشکەکەوە. سەرەڕای ئەمەش، شازادە میهرەبانەکە باوکی خۆی زۆر خۆشدەویست و هیوای دەخواست ڕۆژێک ڕێگەی پێبدات بچێتە نێو خەڵک و لێیان نزیک ببێتەوە، چونکە دڵسۆزترین هەستی خۆشەویستی و سۆزی بۆیان هەبوو.
ئەو ڕۆژەی سوڵتان کۆچی دواییکرد و ماتەمینی لە سەرانسەری شانشینەکەدا ڕاگەیەندرا. خەمی شازادە میهرەبانەکە هێندە قورس بوو کە لە ژوورەکەی خۆیدا گۆشەگیر بوو و بۆ باوکی کۆچکردووی دەگریا. لەبەر ئەوەی ئەو کچێکی دڵپاکبوو و خێری بۆ هەمووان دەویست.هەرکاتێک شازادە دەگریا ،بارانێکی بەخوڕیش دەباری ، خەڵکی دەیانگوت : تەنانەت ئاسمانیش خەمبارە بۆ شازادە ئلیانا..
بە تێپەڕبوونی ڕۆژگار، ڕووبارەکان لافاویان کرد و کۆڵانەکان پڕ بوون لە قوڕ و گۆماو، ئاوی بارانیش چووە نێو ماڵەکانەوە. خەڵکەکە لە زۆری و بەردەوامیی ئەم بارانە بێزار بوون و تووشی ناڕەحەتی بوون. یەکێک لە دانا (حەکیم)ەکان گوتی:
— من دەچمە لای شازادە و چارەسەرێکی گونجاوی پێشنیار دەکەم تا لەم دۆخە بێتە دەرەوە و ژیان بگەڕێتەوە بۆ شانشینەکەمان.
کاتێک داناکە چووە لای شازادە، پێی گوت:
— شازادە میهرەبانەکەمان، خەڵک بەهۆی زۆریی بارانەکەوە تووشی زیانێکی گەورە بوون، کارەکانیان پەکیکەوتووە و گوزەرانیان خراپبووە.
شازادە بە دەنگێکی خەمناکەوە قسەکەی پێبڕی و گوتی:
— بیستنی ئەمە زۆر ئازارم دەدات، بەڵام چیبکەم کاتێک خەم و پەژارەی باوکم وازم لێناهێنێت؟
داناکە گوتی:
— ئامۆژگاریت دەکەم لە کۆشکە بەرزەکەت بێیتە خوارەوە و بەسەر هاووڵاتیانتدا بچیتەوە، ئەوکات خەمەکەت دەڕەوێتەوە و زەردەخەنەش بۆ سەر لێوە جوانەکانت دەگەڕێتەوە.
بەیانییەکی زوو، کاتێک خۆر تاریکیی شەوی ڕەواندەوە، شازادە ئلیانا لەگەڵ وەزیرەکەیدا بە شەقامەکانی شانشینەکەدا پیاسەی دەکرد، دەستی بۆ خەڵکەکە بەرز دەکردەوە، سڵاوی لێدەکردن و هەواڵی دەپرسین. کاتێک بەو شێوەیە دەگەڕا، پیرەمێردێکی بینی کە کۆڵەک دار بە پشتییەوە بوو و بەهۆی قورسییەکەیەوە پشتی چەماوەتەوە. شازادە ڕایگرت و پێی گوت:
— چی ناچاری کردووی بەم تەمەنە گەورەیەوە ئەم کۆڵە قورسە هەڵبگریت؟
پیرەمێردەکە گوتی:
— شازادە میهرەبانەکە، من گەنجیی خۆمم لە خزمەتی سوڵتاندا بەسەربرد، بەڵام کاتێک تەمەنم چووە سەر، وازیان لە خزمەتەکەم هێنا.. ئێستاش هەوڵدەدەم بە دار بڕینەوە و فرۆشتنی لە بازاڕدا بژێوی ژیانم پەیدا بکەم، تا دەست بۆ هیچ کەسێک پان نەکەمەوە.
دڵی شازادە بە بەزەیی و سۆزەوە بۆ ئەم پیاوە پیرە لێیدا، پاشان ڕووی لە وەزیرەکەی کرد و فەرمانی پێکرد کە بۆ هەر پیر و پەککەوتەیەکی بێکار مووچەیەکی مانگانەی گونجاوببڕێتەوە کە حەوانەوە و ژیانێکی شایستەیان بۆ دابین بکات.
بەیانی ڕۆژی دواتر، شازادە دیسانەوە چووە نێو هاووڵاتیانی و بەسەر دۆخ و گوزەرانیاندا چوونەوە. خەڵکەکە زۆر دڵخۆش
بوون بە بینینی، ئەویش گوێی لە سکاڵاکانیان دەگرت و پێداویستییەکانی بۆ جێبەجێ دەکردن… لەم نێوەندەدا، چاوی بە کەسێک کەوت کە بە قامچی لە ئەسپێکی بێدەسەڵاتی دەدا کە عارەبانەیەکی پڕ لە کاڵای بە ڕێگایەکی سەختدا ڕادەکێشا.
شازادە ناردی بە دوایدا و لۆمەی کرد لەسەر ئەو دڵڕەقییەی بەرامبەر بەو زیندەوەرە بێتاوانە نواندوویەتی. پاشان فەرمانێکی دەرکرد کە چاودێر هەبن بۆ لێپرسینەوە لە هەر کەسێک کە بێبەزەیی بێت بەرامبەر بە ئاژەڵان و بارێکیان بەسەردا بسەپێنێت کە تاقەتیان نەبێت.
هەر کاتێک شازادە ئلیانا دەگەڕایەوە بۆ کۆشک، دڵخۆشی لە دڵیدا چرۆی دەکرد، ڕێک وەک چۆن تۆو لە خاکێکی بەپیتدا شین دەبێت. دواجار، ئەو گەورەترین بەختەوەریی خۆی لە نێوان خەڵکی سادەدا دۆزییەوە، ئیتر نە ئەو گریا و نە ئاسمانیش لەبەر خەمی ئەو بارانی بە خوڕی باراند.
وەرگێڕانی لەعەرەبییەوە/ فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی
بە تەباشیرێک لەسەر دیواری تاریکیی ناخمان.. .. پاڤێڵ ساڵح
ئێمە لە ساتەوەختێکدا دەژین کە دونیا بەر لەوەی بەهۆی تەقینەوەیەکی گەورەوە کۆتایی بێت، بەهۆی داڕمانی هێواش و بێدەنگی ناوەوەی مرۆڤەوە تەواو بووە. سیستمی ئەمڕۆ ئەم مەکینە دڵڕەقەی لەسەر زبڵدانی ڕۆحی ئێمە کار دەکات تەنیا زەوی داگیر نەکردووە، بەڵکو تەواوی ئەو هەوا و فەزایەشی مژیوە کە مرۆڤ دەیتوانی تێیدا هەناسەی ئازادی بدات.
کەپیتاڵیزم و لۆژیکی بێبەزەییانەی سەردەم، مرۆڤیان لە بوونێکی ئۆنتۆلۆژی و پرسیارکەرەوە گۆڕیوە بۆ ئۆبجێکتێکی بێگیان لەناو ڕەفەی فرۆشگاکاندا،ئێمە چیتر لەناو جیهاندا ناژین،ئێمە لەسەر تەرم و خەڵووزی جیهانێک ڕێ دەکەین کە سیستمەکە پێشوەختە سووتاندوویەتی.
ئەو ئاوابوونەی ژان بۆدریار قسەی لێوە دەکات، چیتر تەنیا ئاوابوونی زمان یان هێمایەکی ئەدەبی نییە،ئاوابوونی ڕاستەقینەی ئینسانە لەناو پووچییەکی سەرتاسەریدا. لای هایدگەر نیگەرانی و دەستبەربوونی مردن هۆکاری ڕاسپاردنی مرۆڤ بوون بەرەو ڕەسەنایەتی، بەڵام ماشێنی سەردەم تەنانەت هۆشیاریی مردنیشی لێ سەندووینەتەوە. سیستمەکە ڕێگەمان پێنادات بە مەزنی بمرین،بەڵکو بەکارهێنانمان دەکاتە بەدیلێک بۆ ژیان و لە پەراوێزی بێدەنگیدا، بێ ئەوەی کەس بە ئاوابوونمان بزانێت خەفەمان دەکات.
داڕمانی ئەخلاقیی سەردەمەکە ڕێک لەوەدا بەدەر دەکەوێت کە بەناوی ئازادییەوە، گەورەترین زیندانیان بۆ ڕۆحمان دروست کردووە،هان ڕاستی دەکرد ئەمە سەردەمی پان ئۆپتیکە بێسنوورەکانە، بەڵام ترسناکییەکە لەوەدایە کە چیتر پێویست بە چاودێرێک ناکات لە سۆنگەی سەربازگەکانەوە سەیرمان بکات ئێمە خۆمان بووینەتە پاسەوانی زیندانی خۆمان،ئێمە بەدەستی خۆمان زنجیرەکان دەبەستین و ناوی دەنێین سەربەستی. لەم مەسخخانەیەدا، ئازادی لە یارییەکی مار و پەیژەی مەترسیدار زیاتر هیچی تر نییە،لەو ساتەی وا هەست دەکەیت فڕیویت، دەستێک لەسەرەوە دێت و بە زەویدا دەتداتەوە.
ماڵ ئەو ئۆبجێکتەی کاتێک هێمای دڵنیایی بوو ئێستا تەنیا ڕەمزێکە بۆ ئاوارەیی، ئێمە هەموومان پەنابەری ناو جەستە و ناو کەمپە بێدیوارەکانی سیستمین. ئاوابوونی ئینسان واتە کۆتاییهاتنی توانای هاوڕێیەتی، کۆتاییهاتنی ئەوینێک کە بۆ بەرژەوەندی نەنوسرابێت، و ئاوابوونی ئەو دراوسێیەی کە دەیوت تۆ “تەنیانیت”.
سەردەمی ئێمە سەردەمی شەممە و یەکشەممەی ناکۆتایە،خولانەوەیەکی بێزارکەر لەناو ئەندازیارییەکی سارد کە کەس تێیدا ڕزگاری نابێت،
وەک جەستن لە فیلمەکەی لارس ڤۆن تریەردا، ئێمەش دەزانین ئەستێرەی پووچی بەر جیهانەکەمان کەوتووە و هەموو شتێک هەپڕوون بووە، بەڵام جیاوازییەکە لەوەدایە خەڵکی ئەم عەسرە هێشتا بە درۆی باڵدارەوە، بە زەردەخەنەی درۆزنانەی تەکنەلۆژیا و بە ئومێدی وەهمی، ئازاری ئەم کارەساتە هێور دەکەنەوە.
سیستمەکە لەڕێگەی لۆژیکی پەلەکردنەوە کاتی لێ زەوت کردووین و ژیانی کردووەتە خولانەوەیەکی بێزارکەر لەناو بازنەیەکی بەتاڵدا. لەم سەردەمەدا بێدەنگی چیتر ئارامی نییە، بەڵکو وەک خەتەرناکترین تاوان سەیر دەکرێت،سیستمەکە ناهێڵێت بێدەنگ بیت چونکە بێدەنگی ئەو سەکۆیەیە کە ئینسان تێیدا لە کارەساتی ئاوابوونی خۆی دەگات. لەبری ئەوە، ئێمەی غەرقی ژاوەژاوێکی بەردەوام کردووە تا تەنانەت دەرفەتی ئەوەشمان نەبێت بەدیار برینەکانی ناوەوەمانەوە بگرین.
کات چیتر زەمەنێکی وجوودی و ئەزموونکراو نییە لای مرۆڤ، بەڵکو بووەتە ئیقاعی ساردی مەکینەیەک کە بەردەوام بەسەر جەستە و ڕۆحماندا تێدەپەڕێت. ئێمە چیتر ناژین، بەڵکو تەنیا پەلەمانە بۆ ئەوەی لە کاتی کۆنترۆڵکراوی سیستمەکە دوا نەکەوین.
لە بازاڕی گەورەی نیولیبرالیزمدا، تەنانەت پیرۆزترین هەستەکانیش بوونەتە کاڵا. ئەوین و هاوڕێیەتی کە سەردەمانێک دوایین سەنگەری پاراستنی مرۆڤ بوون بەرامبەر دڵڕەقیی جیهان، ئێستا خراونەتە خزمەتی نمایشکردنەوە. ئێمە لە جیهانێکدا دەژین کە پەیوەندییەکان بەر لەوەی ببنە ڕابوونێکی ڕۆحی، دەبنە هەژمارێکی بانکی و کەرەستەیەکی مەسرەحەیی،ئەوینێک کە نەکرێتە نمایشی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و نەکەوێتە ژێر چاودێریی لۆژیکی بەکارهێنان، لای مرۆڤی ئەمڕۆ بوونی نییە. سەردەمی ئێمە سەردەمی داڕمانی هێواشی سۆزە،ئەو جۆرە لە دڵشکانەی پێشتر بەرامبەر لەدەستدانی مرۆڤێک تووشمان دەبوو، ئێستا جێگەی خۆی داوە بە بێباکییەکی پەروەردەکراو. ئێمە فێرکراوین مرۆڤەکانی دەوروبەرمان وەک ئۆبجێکت و ئامێری کاتی سەیر بڕوانین شتێک کاتێک بەکاری دەهێنیت و کاتێک بە کەڵک نەهات فڕێی دەدەیتە ناخۆشترین زبڵدانی فەرامۆشییەوە.
ئایا ڕاکردن لەم مەکینە گەورەیە مومکینە؟ کاتێک دۆلوز باس لە هێڵەکانی هەڵهاتن و جووڵەی مۆلیکۆلار دەکات، ئاماژەیە بۆ دوایین هەوڵەکانی مرۆڤ بۆ دروستکردنی درز لە دیواری سیستمەکەدا. بەڵام کارەساتەکە لەوەدایە کە سیستمەکە تەنانەت بیرۆکەی شۆڕش و ڕاکردنیشی کردووەتە بەشێک لە کاڵاکانی خۆی. ئێمە کاتێک پێمانوایە لەڕێگەی هونەر، شیعر، یان پەنابردن بۆ گۆشەگیری ڕزگارمان بووە، دەبینین ڕێک لەناو جەرگەی دەستبەسەرداگرتنی سیستمەکەداین. دیواری کۆنکرێتیی سەردەمەکە بەجۆرێک بەیەکەوە بەستراوەتەوە کە ڕاکردن بەرەو دەرەوە تەنیا دەتباتەوە بۆ کەمپێکی دیکەی ژێر چاودێری. گەڕانەوە بۆ ماڵ، بۆ ئەو ئاسودەیییە دێرینەی ساڵانێکە ونمان کردووە، بووەتە خەونێکی مەحاڵ.
سیستمەکە وا هەستمان پێدەکات کە ئازادین لە هەڵفڕیندا، بەڵام قەفەسەکەی ئەوەندە گەورە کردووەتەوە کە دیوارەکانی نەبینین. ئێمە لەبەردەم ئاوابوونێکی یەکجارەکیداین،ئاوابوونێک کە نە پێغەمبەرێک دەتوانێت ڕایبگرێت و نە شۆڕشێک دەتوانێت دیوارەکانی بڕوخێنێت. تەنیا ئەوەندەمان لەدەست دێت، لە بێدەنگیی شەوانی تەنیاییماندا، سەیرێکی ئەو بۆشاییە قووڵەی ناخمان بڕوانین و بە دەباشیرێک لەسەر دیواری تاریکی ناخمان بنووسین:
ئینسان ئاوا بوو،کەسیش نەیویست تێبگات.
جیهان لەناخمدا دەژیت.. شیعری بابان ئیبراهیم
هاوڕێم؛
ئەم تاریکاییەی دەیبینیت
من و تۆ لێی بێخەبەرین
ئەم تاریکاییە
سێبەری مەشخەڵێکە بەدەستی خۆرپەرستانەوە
مێژوو دایگیرساندووە.
زۆر دەمێکە خەونە ڕۆشنەکان
لەم تاریکاییەدا ون بوون
ئەمڕۆ خەونەکانی ئێمەش نافڕن
دەڵێیت بێڕەحم و خەمساردم
هاوڕێم؛
تۆ گوێت لە قرینجانی ئێسقانەکانم نیە،
لە نەغمەی سڵاویکدا.
تۆ وەرە ناخی من ببینە
کە لەوێدا سڵاو دەکەیت
هەزاران خەمی تۆ
هەزاران خەمی ئەو
هەزاران مرۆڤی ونبوو دەبینیت
دێینەوە سەرپێ بۆ وەڵام دانەوەت.
تۆ لێم مەگرە
ئەمڕۆ وەک لانەوازێک
جیهان لەناخمدا داڵدەی داوە
جگە لە گەڕانەوە بۆ ئەوێ
جگە لە هاودەمی ئەو هەزارانەی لەناومدا دەژیت
جێگایەکی تر شک نابەم.
دەڵێیت مرۆڤێکی تەنیام و هاودەمێکم پێویستە
تۆ نازانیت بە تۆمەتی خەمساردی و بێڕەحمیم
ئەوانیش چەندێک سزام دەدەن
من چەند بەرەو ئێوە دێم
ئێوە وەک سەرابێک دوورتر دەکەونەوە
ئەمڕۆ جیهان
هەموو پردەکانی بەستنەوەی مرۆڤاکانی بەیەکتر لەدەستداوە.
تۆ دەبێت بزانیت لەم تاریکاییەدا ناتناسمەوە
لەم چۆڵەوانییەدا ڕێکەوتی بینینێکت ناکەم
بەڵام وەک داهۆڵێک لەڕوحی مندا
دژ بە تاریکی دەرەوە دەجەنگیت.
وا کە پایەکانی جیهان دادەڕمێت
پارچەکانی لەناخمدا کۆدەکەمەوە
وا کە ڕووخسارت کاڵ دەبێتەوە
من لەناخمدا دەتناسمەوە
تۆ دەبێت بزانیت
تەنیا لە ناوەوە دەتبینم
هەر کە دەرگای ماڵەکەم دەکەمەوە
تاریکی دەمپۆشێت و
خۆشم ناناسمەوە.
تۆمەت لە بێدەنگیم دەگری
بەڵام من وەک بێچارەیەک
هاواری قارەمانێک لە ناخم دایە،
بۆ مردنی کۆترە سپییەکان دەگری.
لەناخمدا جەنگێکی گەورە دژ بەبێدەنگی هەیە
بەڵام بڵێم چی،
مێژوو نامبیستێت.
ئەمڕۆ هەموو دەروازەکانی وشە
بەسەر لێوەوە داخراون
وا دەبینم لێوەکانی تۆش وشک دەبنەوە
من دڵنیات دەکەمەوە
بە هاودەمێک تەڕ نابنەوە.
پێم دەڵێیت مرۆڤێکی ڕەشبینم
کە بەدەم ئەم ژیانەوە پێناکەنم
هاورێم تۆ نازانیت
من سڵ لە بچووکترین پێکەنین ناکەمەوە
بەڵام هەر کە لێوەکانم دەبزوێن
خوێنی هاودەمەکانم لە دەم دەڕژێت
گەر بەردەوام پێبکەنم،
(ئەم شەقامانە بە خوێن سوور دەکەم)
من بێچارەیەکم،
جیهان لەناخمدا دەژیت…
ڕەنگە ڕۆژێک لەچاوی تۆوە بۆ هەمیشە ون بم
دەنگێک نەبیستیت لە منەوە
دەشێت پێتوابێت ئیتر مردووم
بەڵام لە حیکایەتی ئەم مێژووە دڵڕەقەدا
هەمیشە زیندووم…
ئەوەی تۆ پێی دەڵێیت مردوو
تەنها ونبوونێکە
هەرکاتێک چوویتە قوڵایی ناختەوە،
لەوێدا دەمدۆزیتەوە
کاتێک سڵاو دەکەیت
لەگەڵ هەزاران ونبووی دیکەدا
دێینەوە سەرپێ بۆ وەڵام دانەوەت.
بێدەنگی.. شیعری شۆڕش عەزیز سورمێ
بێدەنگی بەتاڵ نییە،
ژوورێکی نهێنییە
جیهان ماندوویێتی خۆی بۆ وێ دەبا.
بە هێواشی دەکەوێ،
وەک بەفرێک نایەوێت ببینرێت و،
لەسەر شتەکان جێگیر دەبێت
بە ناسکی دەستێکەوە
کە فێری ئەوە بووە نەلەرزێت.
لە بێدەنگیدا،
دەتوانن گوێتان لە هەنگاوی یادەوەریەکان بێ:
یەک بە یەک دەگەن،
لە دەرگای دڵت دەدەن،
پرسیاری ئەوەی کە ئایا هێشتا شوێن ماوە؟
بۆ کەمێک ڕاستی.
هەندێک جار کێشی،
وەک شاخێک کە نازانیت پێی هەڵگەڕێی؛
کاتەکانی تر نازکردنە
کە برینەکانت چاک دەکا
بێ ئەوەی داوای ڕوونکردنەوە بکات.
بێدەنگی هەموو شتێک دەزانێ:
ئەو وشانەی نەتگوتووە،
ئەو ڕێگایانەی نەتگرتووەتە بەر،
ئەو ناوانەی دەیانشاریتەوە
بۆ ئەوەی تووشی ئازار نەبن.
لێ کاتێک بەڕاستی گوێی لێدەگری،
لە ناوەوە دەرک بەوە دەکەی
ڕووناکییەکی بچووک هەیە:
ئەو بەشەی تۆ
کە هەرگیز وەستاوە
دەیەوێ تەواو بێت.
دواتر تێدەگەی
بێدەنگی نەبوونی نییە،
بەڵام گەڕانەوەیە:
ئەو ساتەی دڵ…
لە تەنیشتتەوە دادەنیشێت و
لە کۆتاییدا قسە دەکات
لە یادی 20 ساڵەی دادگایی تاوانبارانی ئەنفال و رۆژی دادپەروەری تاوانكاری كوردستاندا
ئەمڕۆ هەینی 20-8-2026 بە بۆنەی رۆژی دادپەروەری تاوانكاری لە كوردستان لە سەر مەزاری ئەنفالكراوان لە دێی بنە رێز لەو رۆژە گیرا, بەیاننامەی ریچكخراوەكانی جینۆساید و مافی مرۆڤ بۆ كەناڵەكانی رگەیاندن خوێندرایەوە.
لە یادی 20 ساڵەی دادگایی تاوانبارانی ئەنفال و رۆژی دادپەروەری تاوانكاری كوردستاندا
رێكەوتی 21ی ئابی 2006 بۆ پرسی دادگاییكردنی تۆمەتبارانی تاوانەكانی جینۆسایدی گەلی كورد و بنەماڵەی قوربانیان بە تایبەتی و خەڵكی كوردستان بە گشتی رۆژێكی مێژوویی گرنگ بوو، بەو پێیەی رۆژی دەسپێكردنی دادگاییكردنی تاوانبارانی تاوانی “ئەنفال” بوو لە عێراق، لەو رۆژە بۆ یەكەمجار لە مێژووی گەلانی كوردستان و گەلی كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستان لە ماوەی سەدان ساڵی رابردوودا، كەسانێكی تاوانبار بە تاوانی گەورە بەرامبەر بە گەلەكەمان “تاوانی جینۆساید، تاوانی جەنگ، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی”، لە لایەن دادگایەكی وڵاتی داگیركەری كوردستان و بكەری تاوانەكەوە دادگایی بكرێن، لەو پایتەختەی بڕیاری تاوانی كۆمەڵكوژییەكانی تێدا دەرچووە.
رێككەوتی (21-8-2006)، پرۆسەی دادگاییكردنی تۆمەتبارانی كەیسی ئەنفال دەستی پێكرد، خواستی قوربانیانی جینۆساید و شارەزایان و چالاكوانانی ئەو بوارە، بریتی بوو لە دادگایكردنی تاوانباران لە دادگایەكی نێودەوڵەتی یاخود لانی كەم دادگایەكی هاوبەش، تاكو دادگاییەكە بەشێوەیەكی دادپەروەرانەو جێی متمانەی ناوەندەكانی جیهانی بەڕێوە بچێت و پرۆسەی ناساندنی جێنۆساید گەلی كورد بە جیهانی بكرێت، هەرچەندە داواكە نەهاتە دی, وەلێ دادگاكە وێڕای كەمكوڕییەكانی زۆر بڕیاری گرنگیدا، لەوانە چوار كەیسی كۆمەڵكوژی خەڵكی كوردستانی بە جینۆساید ناساند، كە تەنها لە ماوەی 9 ساڵدا بەرامبەر گەلی كورد ئەنجامدرابوون، ئەمەش لە مێژووی نوێی مرۆڤایەتیدا بێ وێنە بوو.
بەڵام مەخابن بڕیارەكانی دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق لە دادگاییكردنی تاوانباران بە گشتی و بە تایبەتی تاوانبارانی ئەنفال جێبەجێ نەكرا و رێزی لێنەگیرا، گرنگترین بڕیاریان بریتی بوو لە ئاشكراكردنی لیستێكی سەرەتایی لە 423 تۆمەتبار كە ئەویش پڕ بوو لە كەماسی (( سەرجەم تاوانباران نەبوون, ناوی چواری نەبوون, ناوی دووبارەی تێدا بوو……..)).
پارتە سیاسییەكان بە تایبەتیش دەسەڵاتداران لە كوردستان بە شێوازی جۆراوجۆر، نەك تەنها داڵدەی تاوانبارانیاندا و پاراستیانیان و نەیان هێشت پرۆسەی دادپەروەری بەردەوام بێت، بەڵكو فشاریان خستنە سەر دەزگا هەمە جۆرەكانی دادوەری و رێگرییان كرد لە بڕیاری دەستگیركردن و دادگاییكردنی 423 تۆمەتباری ئەنفال، كە زیاتر لە (61%)یان كورد بوون (258) و تا هەنووكەش تاوانبارانی داواكراو لەلایەن پارتەكانی دەسەڵاتدارەوە دەپارێزرێن و هەندێكشیان پۆست و پلەیان پێبەخشراوە. . . تەنانەت هەندێكی دیكەشیان لەلایەن پارتەكانەوە لەسەر پشكی گەلی كورد پۆستی سەربازییان لە بەغدا پێدرابوو. ئەمە وێڕای ئەوەی ژمارەیەكی زۆری تۆمەتبارانی دیكە سكاڵایان لەسەر بوو, كەچی ناویان لە ریزبەندی تۆمەتباراندا نەبوو, لە هەمووشی سەیرتر نەبوونی ناوی نەزار خەزرەجی بوو, كە خۆی دان بەوەدا دەنێت سەرپەرشتی چوار پرۆسەی ئەنفالی كردووە كە دویان ئەنفالی چوار و ئەنفالی كۆتایی كە زۆرترین زیانی مرۆیی هەبووە, ناوبراو لە پرۆسەی ئەنفال لە دوای سەدام حوسێن و عەدنان خێروڵاو عەلی حەسەن مەجید دەهات لە بڕیاردان.
ئێمە لە رۆژی دادپەروەری تاوانكاری لە كوردستان كە رێكەوتی (21-8) ە، كە بە رۆژێكی گرنگ و مێژوویی و پڕ بەهای دەزانین بۆ خەڵكی كوردستان و پرۆسەی دادپەروەری لە كوردستان داواكارین:
یەكەم: تەواوی ئەوانەی ناویان لە لیستی تۆمەتبارانی ئەنفال”423 تۆمەتبار” و كەیسەكانی دیكەی جینۆسایدا هاتووە، بە زووترین كات دەستگیر بكرێن و بدرێنە دادگای باڵای تاوانەكان بۆ دادگاییكردنیان, لە كوردستانیش ئەمانە وەك تۆمەتباری هەڵهاتوو لە دادگا مامەڵەیان لە گەڵدا بكرێت، نەك هاوڵاتی بە ئیمتیاز وەك ئێستا دەبینین.
دووەم: لیستی ناوی تۆمەتباران بدرێتە پۆلیسی ئینتەرپول دوای رێكخستنی لیستەكە بە ناوی چواری تۆمەتباران و ناوی سیانی دایكیان، بۆ ئەوەی هەڵاتووەكانیان لە وڵاتانی دەرەوە دەستگیر بكرێن و دادگایی بكرێن كە تاكە رێگای بە جینۆساید ناسینی تاوانەكانە لە سەر ئاستی جیهانی.
سێیەم: لە لایەن پەرلەمانی داهاتووی كوردستانەوە ڕۆژی 21 / 8 بە فەرمی بە ڕۆژی دادپەروەری تاوانكاری (عدالە الجنائیە) لە كوردستان بناسرێت و ئەو ڕۆژە بكرێت بە سیمبولی رزگار نەبوونی تاوانباران لە سزا, بۆ بەرچاو روونی هەموو لایەك, لە ساڵانی رابردوو, بە پێشنیاری ئێمە و بە پشتیوانی وەزیری شەهیدانی پێشوو مامۆستا ئارام ئەم رۆژە لە كابینەی حەوت بە فەرمی وەك رۆژی دادپەرەوەری ناسێنراوە.
چوارەم: دادگاییكردنی تاوانبار عەجاج هەواڵێكی خۆش بوو, لەوەش خۆشتر ئەوەیە دادگای باڵای تاوانەكانی عێراقی بە فەرمی سكاڵای قوربانیان وەربگرێت و دادگاكە بەردەوام بێت و سەرجەم تاوابارانی كەیسی ئەنفال لە سزا رزگاریان نەبێت.
پێنجەم: بە زووترین كات رووفاتی ئەنفالكراوان دەرهێنراو لە گۆڕە بە كۆمەڵەكان بهێنرێنەوە كوردستان و پرۆسەی پشكنینی دی ئێن ئەی خێراتر بكرێت بۆ كەسوكاری قوربانیان.
شەشەم: نابێت رێگا بە تۆمەتبارانی ئەنفال و موستەشارەكان و نەوەكانیان بدرێت, لە رێگای پۆستی سەرۆكی عەشیرەتەوە دەسەڵاتی خۆیان بسەپێننەوە بەسەر خەڵكدا, كە ئێستا دەیانجاری سەردەمی سەدام حوسێن دەسەڵات و نفوزیان هەیە.
حەوتەم: رێگا بگرترێت لە بەرپاكردنی پرسەو مەراسیمی گەورە بۆ ئەو تاوانبارانەی جینۆساید كە دەمرن, وەك پاڵەوانی نەتەوەیی نمایش بكرێن.
لە كۆتاییدا دەڵێین دوای 20 ساڵ لە دادگاییكردنی تاوانبارانی ئەنفال هێشتا زۆرینەی تۆمەتباران نەك دادگایی نەكراون, بگرە بەهێزكراون, روفاتی قوربانیان نەگەڕێنراونەتەوە بۆ زێدی خۆیان, موچەی كەسوكاری قوربانیان هاوتای موچەی كەسوكاری قوربانیانی عێراق نەكراوە, حكومەتی عێراق داوای لێبوردنی نەكردووە, عێراق ویستی نییە ببێتە ئەندامی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی, بەمەش دەیەوێت لە جوگرافیای جینۆساید بمێنێتەوە….
بەرزو بەرێز بێت روحی شەهیدان و قوربانیانی ئەنفال و هەڵەبجە و بارزانی و فەیلی و ئێزیدی و كریستان و كاكەیی و شەبەك لە رۆژی دادپەروەری تاوانكاری لە كوردستاندا، سەركەوێت دادپەروەری لە پێناو بەرقەراربوونی حوكمی یاسا و دادگایەكی بەهێزی سەربەخۆی سازش نەكەری پیشەیی لە كوردستان.
دەربازبوونی تاوانبارانی جینۆساید لە سزا, گەورەترین پێشێلكاری یاسایی و تاوانە لە كوردستان, درێژەی تاوانەكانی بەعسە و بەردەوامی پرۆسەی جینۆسایدە.
-تۆڕی رێكخراوە كوردستانیییەكان له پێناو دادگای تاوانی نێودەوڵەتی – Koncicc
-كۆمەڵەی قوربانیانی چەكی كیمیاوی هەڵەبجە
- چاودێری كوردۆساید-چاك
-تۆڕی ئایكان كوردستان ــ IKN
-رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كۆكوژ لە كوردستان ــ OAWMD
-رێكخراوی هەڵمەتی دادپەروەری ــ OJC
-رێكخراوی جیهانی بێ چەكی كیمیاوی و بایەلۆجی- WWW
-هەڵمەتی ژیان دژ بە ئیعدام لە كوردستان
-گۆڤاری تۆبزاوە
-رۆژنامەی نگرە سەلمان - رێكخراوی مانەوە بۆ پرسی شەهیدان و ئەنفالكراوان
-رێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید- Kwg
21-8-2026
گەندەلی سیستەمە بە ئامرازی گەندەڵ جەنگی گۆڕینی ناکرێت!
ئەوەی تائێستە لە پرۆسەی ئەم دادگای کردنەدا دەستی بۆ نەبراوە و نیگەرانیەکی گەورەی بەدوای خۆیدا هێناوە، دەستگیرنەکردنی بەرپرس و گەندەلکارە گەورە حیزبی حکومیە کانی هەرێمی کوردستانە!
لەباتی پێشەکی
چوارچێوەیەک کە لەبەردەستاندایە کۆبەندیەکە لە ناوەڕۆکی قسەوباسەکانی کۆنفراسی ( دژی گەندەلی) كە لە شاری سلیمانی یەکی …. کۆنگرەی ئازادی و گۆڕانکاری بانگەوازی بۆکرد و بەڕێوەی برد، کە دەیان هەلسوراو کەسایەتی و نووێنەرانی حیزب و ڕێکخراوەکانی تێدا بەشداربوو، دواتر لە هەنگاوێکی تری هاوبەشدا بە بەشداری نووێنەرانی زۆربەی زۆری ئەو حیزبە سیاسیانەی کە بانگێشت کرابوون، سەرلەنوێ ناوەڕۆکی باسەکە خرایەوە بەر باس و لێدوان و پاشان بەم شێوەیە دواین نسخەی دەستکاری کراوی ئاراستەی گشتی باسەکان رۆشنترو شەفافتر کرایەوە بەم شێوەی کە لەبەردەستاندایە پێشوازی لێکرا.
گرنگە ئەوەش بلێین ئامانجی دووبارە خوێندنەوەی ئەم باس و ئاراستەیە دروستکردنی هاودەنگی و هاوسەنگیەکە تا بتوانین پێکەوە هەلوێستگیری خۆمان بۆ رەخساندنی دەرفەتێک بۆ کاری هاوبەش لە کوردستاندا بڕەخسێنین و بتوانین پێکەوە ڕۆلێکمان هەبێت لە تەنگپێهەڵچنینی گەندەڵی و بەرزکردنەوەی دەنگی نارەزایەتیمان دژ بەو گەندەلیەی کە سالانێکی یەکجار زۆرە خەلکی کوردستان ڕەنج دەبات بەدەستیەوە و قوربانی یەکجار گەورەو زیانباری بۆ داوە.
لەم کۆنفرانسەدا کە تایبەت بوو بەو هەلمەتی دژی گەندەڵیەی کە پێشتر سەرۆک وەزیرانی عێراق علی زەیدی ڕایگەیاندو لەگەل دەستپێکی ئەم کارەدا دەیان گەندەڵکاری بەڕادەیەک لە ئاستەکانی خوارەوەی پێگەی سیاسی و دەسەلاتداریەتی دەستگیرکران.
هەرچەندە خودی توانایی و هێزی سیاسی عەلی زەیدی لەچاو تەواوی چوارچێوەی هەماهەنگیدا لاوازە و ناتوانێ لە ململانێی لەگەڵیاندا سەرکەوتوو بێ و بەمجۆرەش ئامانجی ئەسڵی لەناوبردنی گەندەڵی نییە، بەڵام ئەم هەنگاوە دەرفەتێکی ڕەخساندوە کە لە ئاستێکی بەرفراوانی کۆمەلایەتیدا بەپانتای هەموو عێراق بە کوردستانیشەوە ئەم بابەتە دەنگدانەوەیەکی ئەقلیمی و ناوخۆی هەبێت. بۆ ئێمەش ئەم بابەتە بووە جێگەی سەرنج و هەڵوێستەیەک بەو جیاوازیەوە کە نەخۆشخەیال بین بەوەی هێزێک کە خۆی لە مندالانی گەندەلیەوە لەدایک بووبێت مەحالە بتوانێت کۆتای بە گەندەلی بهێنێت، چونکە گەندەلی بۆخۆی سیستەمێکە و ناتوانرێ بە ئامرازو سیستەمێکی گەندەلەوە بچینە جەنگی گەندەلیەوە. هەربۆیە گرفتەکە بەوەوە گرێ نەدراوە کە سزای کۆمەلێک دزی بچوک بدرێت و حووت و چەتە گەورەکانیش وەک خاوەن ماڵ لەبارەی ناوەرۆکی ئەم باسەوە خۆبنوێنن!
هاوکات بەڕوویەکی تردا بۆ هەموو ئێمە گرنگ بوو کە ئەم دەرفەتە بکەینە هەوێنی جولانەوەیەکی ناڕەزایەتی کەدواجار ئەوە شەقام بێت جەنگی چارەنووساز بۆ ڕیشەکێش کردنی گەندەلی بەدەستەوە بگرێت.
بۆیە کاتێک کە ئێمە وەک سەرەتا سەیری ناشەفاف بوونی ئەم پرۆسەیە دەکەین، دەبینین کە هەرجۆرە شەرعیەتێکی هێناوەتە ژێر پرسیارەوە … ئایا بەراستی مافی زانیاری ئەرک و بنەمایەکی بنەرەتی نیە کە دەبێت بۆ هاولاتیان دەستەبەر بکرت، زەیدی ئیدیعای ریشەکێشکردنی گەندەلی دەکات بەلام تا ئێستە جگە لە ١٢٠ کەس لە دزە بچکۆلەکان بەرۆکی بە تەنیا یەک سەرۆک حیزب و سەرۆک لیست و وەزیر نەگرتووە …..
لەمانەش ڕۆشنتر لەباتی دەستگیرکردنی تاوانبارانێک کە بە حوتەکانی ئەم دنیای دزی کردنە ناسراو، بانگەوازیان دەکات ئەگەر خۆیان پارەکان بنێرنەوە دەستگیر ناکرێن.
بۆیە هێشتا چەندین پرسیار بێوەڵام ماونەتەوە: ئایا ئەم هەڵمەتە گەندەڵکارانی کوردستان دەگرێتەوە؟ لەکاتێکدا کە بەرپرسەکانی پارتی و یەکیەتی بەرپرسی یەکەمن لە تەوای ئەو چەتەگەریەی کە لەم کۆمەڵگایەدا ئەنجام دراوە؟
ئایا ئەم جەنگە دژ بە گەندەلیە بە کام میکانیزم و بە چ یاسایەکی گرێبەستی گشتی، بە کام سیستەمی چاودێری، کراوە؟ لەپال ئەمانەشدا دەوری ئیدارەو بنەما یاسایەکان چیەو چۆنە، ئایا ئەو پارانەی دەگەڕێنرێتەوە بۆ کۆێو چۆن دابەش داکرێت؟…
بۆیە کۆنفرانس جەختی لەم چەند خاڵە کردەوە:
پێش هەر شتێک خاڵەکانی ناو ئەم گەڵاڵەکراوە و کارەکانی پەیوەستە بە ڕووبەڕوو بوونەوەی گەندەڵیەوە لە کوردستاندا و هەوڵێکە بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی لێپێچینەوە لە گەندەڵکاران لە کوردستان.
یەک: کێشەیەکی سەرەکی چ لەمەی عێراقدا و چ لە کوردستاندا ئەوەیە کە زانیاریەکانی داهات و خەرجیەکان و هەبوونی مالی دەوڵەت و حکومەت شەفافانە ناخرێتەڕوو. لە ژینگەیەکی ناشەفافدا کە هیچ شتێک سەرچاوەکەی بۆ خەڵک ڕۆشن ناکرێتەوە، گەندەڵی زیاتر بەرهەمەکەی دەبێت. تاکو ئەم مەسەلەی شەفافیەتەش ڕۆشن نەکرێتەوە ئەو هەوڵانەی حکومەتی عێراقی ناتوانێ کۆتایی بە گەندەڵی بهێنێت.
دوو: هاولاتیان و مافی زانیاری
خەلکی کوردستان و عێراق بەگشتی مافی خۆیانە کە زانیاری تەواویان هەبێت و بزانن دزەکان کێن، ملیادێرە چەتەکان کێن، کام پۆست و دەسەلات بەکاردەهێنن، خاوەن چ کارنامەو ڕابردویەکن. چۆن دادگای دەکرێن؟ و چ ڕێگەو رەوشتێک دەگیرێتەبەر لە بەرامبەریان و بە چ یاساو ڕێسایەک بەڕێووە دەبرێت چەندە هاوشانە لەگەل یاسا نێودەولەتیەکان؟
دیارە هەموومان دەزانین کە مافی بەدەستگهێنانی زانیاری مافی خەڵکە و یەکێک لە بنەماکانی کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو.
سێ: شەفافیەت و پرۆسەی دادگایی کردن
یەکێک لە سەرەکیترین نیگەرانیەکان پرۆسەی پشکنین و لێکۆلینەوە لە گەندەلکاران و شێوازی بەدواچوون و مامەلە کردنە لەگەل هەموو لایەنە یاسای و کرداریەکانیەتی کە چەندە بە فلتەرێکی شەفافو ڕۆشندا گوزەر دەکات و چەندە بنەماکانی شەفاففیەت تانوو پۆی ئەو پرۆسەیەی گرتووەتەوە؟ کەواتە پێویستە تەواوی ئەم پرۆسەیە بەشێوەیەکی شەفافانە بڕواتە پێشەوە.
بۆیە لەمبارەوە پێویست دەکات کە شەفافیەتی تەواو هەبێت لە هەر هەنگاوێکدا بۆ دادگای کردن و بەدواچوون لەسەر مەلەفی هەر تاوانبارانێک، چونکە قسەکردن لەسەر گەندەلی بە بێ بوونی شەفافیەتێکی ڕەها ئەوا ئەو پرۆسەیە خۆی گەندەڵە.
چوار: دەستگیرکردنی دز و گەندەلکارە سەرەکیەکان
پرۆسەی بەدواچوون و لێکۆلینەوەکان بۆ دەستگیرکردنی گەندەلکاران تا ئێستە زۆر محدودەو ئەوەشی ئەنجامدراوە تەنیا لە ئاستی دەستگیرکردنی دزو گەندەلکارە بچوکەکانە. بۆیە گرنگترین کارێک کە دەبێت دەستبەجێ کاری لەسەر بکرێت دەستگیرکردنی دزو گەندەلکارە گەورەکانە، دەستگیرکردنی وەزیرو سەرۆک حیزب و لیست و کاربەدەستانی بالای و حیزب و حکومەت و ئۆرگانەکانە کە لە دۆسیەکانی گەندەڵیدا تێوە گلاون.
پێنج: دادگای گەندەڵکارانی کوردستان
ئەوەی تائێستە لە پرۆسەی ئەم دادگای کردنەدا دەستی بۆ نەبراوە و نیگەرانیەکی گەورەی بەدوای خۆیدا هێناوە، دەستگیرنەکردنی بەرپرس و گەندەلکارە گەورە حیزبی حکومیە کانی هەرێمی کوردستانە، کە ستایش و پیاهەلدانەکانی سەرەک وەزیرانی عێراق علی زەیدە لەگەل بەرپرسە بالاکانی حکومەتی هەرێمدا جێگەی نیگەرانیەکی گەورەیەو ئەم بوارەی بەرتەسک کردۆتەوە.
شەش: گەڕاندنەوەی ئەموال و پارە دزراوەکان و چارەنووسی ئەو پارانەیە کە دەست بەسەراگرتنەوەی هەموو پارە و کالا دزراوەکان کارێکی گرنگە، بەلام لەوەش گرنگتر چۆنیەتی مامەلەکردنە لەگەڵ ئەو پارانەدا کە پێویست دەکات بگەرێنرێنەوە بۆ خەزێنەی گشتی و بۆ بەکارهێنانەوەیان لە پرۆژە خزمەتگوزاریەکان و لە دانەوەی مووچەی هاولاتیاندا.
دەتوانین بلێین کە کۆی گشتی چوونە پێشەوەی ئەو خالانەی سەرەوە لە گرەوی ئەوەدایە کە چەندە و چۆن ئێمە دەتوانین جولەیەکی فراوان لە کۆمەلگادا دروست بکەین بە جۆرێک کە دەسەلات هەست بکات کە ئاڵای چاکسازی و راوەستانەوە دژ بە گەندەلی بە دەستی خەلکەوەیە، نەک لە مامەلەی نێوان ئۆرگان و حیزب و دەسەلات خۆیدا.
ڕێکخراوی کوردستانی کۆنگرەی ئازادی و گۆرانکاری
١٧/٨/٢٠٢٦
کۆڕێک بۆ د. ئازاد حەمە لە گەلەری ئارام-خولی پێنجەم- لە کلینیکی فەلسەفیدا کێ قەرزاری کێیە..

ژوورێکی سپی.. شیعری سمکۆ ئەحمەد ڕەشید
لە باخێکدا
پەپوولەیەک لە گوڵێکەوە هەڵدەفڕێ بۆ گوڵێکی تر
سڵاوی ڕەنگاوڕەنگ لە گوڵەکان دەکات
ئیمزای ماچ و خۆشەویستی
لەسەر ڕوومەتی یەکە یەکەی گوڵەکان دەکات
گوڵەکان کێن!
گوڵەکان هاوڕێکانمن
گوڵەکان دراوسێکانمن
گوڵەکان ئەوانەن نایانناسم
گوڵەکان ئەوانەن ڕقیان لێمە
گوڵەکان مرۆڤن، مرۆڤ
پەپوولەکەش دڵی من..
تا شاری شادیتان دێم
تا گۆڕەپانی ئاهەنگەکانتان دێم
حەز دەکەم چاوم بە پێکەنینتان ئاو بدەم
دەستە تەزیوەکانم
بە تەزووی نێولەپتان گەرم بکەمەوە
سەبەتەی دڵم
پڕ بکەم لە هەڵووژەی دڵخۆشیتان
ئەگەر هاتن،
ژوورێکی سپییم هەیە، هیچ پاسەوانێکی نییە
بۆ ئەوەی بتوانم باوەشتان بۆ بکەمەوە
بۆ ئەوەی بارانی هاتنتان
تەپوتۆزی تەنیاییم بنوێنێتەوە
تەنها چەکەکانتان با لە دەرەوە بێت
تەنها خەنجەرەکانتان مەهێننە ژوورەوە
تەنها پێڵاوەکانتان،
جوێنەکانتان
نیفاقەکانتان
ڕقەکانتان
تووڕەییەکانتان
درۆکانتان
دەمامکەکانتان،
با لەودیوی دەرگا کراوەکەم بێت
ئەگەر هاتن
با باوەشتان پڕ بێت لە ڕاستگۆیی
با دەستتان کراوە بێت بۆ سڵاوە گەرمەکان
با جانتای دڵتان بەتاڵ نەبێت لە خۆشەویستی
با دەستتان وەک وەرزی بەفرانبار ئاشتی دایپۆشیبێت
ئەوها هیچ ڕۆژێکمان لە تەمەن خەسار نابێت
ئەوها خەونمان لە خنکان دوور دەخەینەوە
ئەوها بۆشاییەکانمان
بە عەتری مرۆڤبوون پڕ دەکەینەوە
ئەوها ئازارەکانمان زەڕبی سفر دەکەین
ئەوها سەرمان لە ئامێزی یەکتریدا
میوەی دڵنیایی دەگرێت…
سمکۆ ئەحمەد ڕەشید
Error! Filename not specified.
ئێسقانەگوێز.. مستەفا مۆحسێن
یادەوەریم پڕە لە گوێزی کرمدار؛
ڕێگەی ماڵەوە لێیان ون دەبێت،
نەک بەهۆی کرمەکانەوە، نا..
بەڵکوو بەهۆی ئەو گوێزە بەتاڵانەوە.
ئەو گوێزانەی تۆ دەتشکاندن، کاسەسەری من بوون؛
لە هەر پیاکێشانێکدا، ناوکێکی سپی لە ناوەوەیدا دەبوو بە تۆز.
کرمەکان
بوونیان هەیە و بەرجەستەن،
هەقیقەتێکی خاو و ڕاستگۆیان پێیە
کە من پەییان پێ نابەم.
ئەو گوێزە “پڕ”انەی کە تۆ لێیان دەگەڕێیت،
بوونەتە کونهڕەشی گەردوون؛
هەموو ڕووناکییەک کێش دەکەن و هیچ مانایەک نادەن.
من ئێستا بەسەر دەریایەکی پڕ لە قاوغدا دەڕۆم،
هەر هەنگاوێک دەنێم، دەنگی شکانی مێژوو دەبیستم؛
دەنگی ئەو خەونانەی کە تەنیا بەرگ بوون و ناوکیان نەبوو،
شکانێک کە تەرمەکە لە ناو کونی کلیلدانەکەدا ون بووە.
خەریکی کۆکردنەوەی ئەو سێبەرانەم
لە کاتی شکانی گوێزەکاندا، لە دەستت دەرچوون و
بوون بە درزێک لە ناو کاتی گەردووندا.
ماڵ بۆ خۆی گوێزێکی گەورەیە و
تۆ مێشکەکەیت لێ ون بووە..
ئەوەی ماوەتەوە تەنیا دیوارێکی ڕەق و بێدەنگە؛
کە تەنانەت کرمەکانیش تێیدا بێزارن.
من ئێستا لە ناو یادەوەریمدا وەک بوونەوەرێکی سەرئاوکەوتووی سەرخۆش مەلە دەکەم،
کە پڕە لە قاوغی گوێز؛
ئەوان هێندە سووکن خۆیان بە دەستەوە نادەن و ناخنکێن،
بەڵام ڕێگەی هەناسەدانم لێ دەگرن.
کرمەکان خەریکن لە ناو دەمارەکانمدا شیعر دەنووسن،
بەڵام تۆ..
تۆ تەنیا شارەزای شکان بوویت، نەک چێشتن.
هەموو دیوارەکانی شار لە گوێز دروست بوون،
هەر کاتێک دەمەوێت هاوار بکەم،
لە ناو بۆشایی قاوغەکاندا، دەبێتە مۆسیقایەکی ژەنگخواردوو.
خۆزگە کرمێک بوومایە لە ناو یەکێک لەو گوێزانەدا،
نەک ئەم مرۆڤە تەنیایەی کە لە سەر ڕێگەی ماڵەوە،
بەسەر وێرانەی ئەو “بەتاڵییە”دا دەخزێت کە تۆ بەجێت هێشتووە.
مستەفا مۆحسێن
باڵەکایەتی.. شیعری شورش عەزیز سورمێ
خاکێک کە لەگەڵ با قسە دەکات
باڵەکایەتی دەنگێکی کۆن
لە نێوان چەمانەوەی شاخەکاندا نەخشێنراوە،
لەو شوێنەی ئاسمان نزم دەبێتەوە
وەک ئەوەی باشتر گوێ
لە چیرۆکی بەردەکان بگرێت
خاکێکە لەبیری ناکات:
هەموو ڕێگایەک ناوی هەیە،
هەموو سەرچاوەیەک ڕووخسارێکی لەبیرە،
هەموو بەردێک هەنگاوێک دەپارێزێت
لە ئەوانەی پێش ئێمە ڕۆیشتن
بە دڵێکەوە کە لەسەر ئازادی بێت.
لەوێ با بە تەنیا هەڵناکا،
دەوستێت،
لەگەڵ لقەکاندا تێکەڵ دەبێت،
بۆنی چیمەنی کێوی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت
مورموریی گوندەکان
کە لە تاقیکردنەوەی کاتدا وەستاون
وەک لاپەڕەکانی کتێبێکی هەرگیز داخراو.
باڵەکایەتی ڕەنگی بەیانییە
بە هێواشی لەسەر کرێستەکان لەدایک دەبێت،
ئەوە بێدەنگییە کە ناترسێنێت،
دەستی زەوییە
کە دەست لە دەموچاوت دەدات
بیرت دەخاتەوە لە کوێوە هاتوویت.
گۆرانی شوانانە
سەبری وەرزەکان،
کەرامەتی خانووە بەردییەکان
کە لە دوورەوە سەیر دەکەن
بەبێ ئەوەی هەرگیز سێبەریان
لەدەست بدەن.
کاتێک ئێوارە دەکەوێت،
هموو دۆڵ و ڕووبار و زرێبارەکان
بە یادەوەریەکان ڕووناک دەبێتەوە:
دەنگی باوکان،
چیرۆکی شەڕکەران
ئەو دایکانەی چاوەڕوانن،
منداڵان ڕادەکەن
لە نێو گردەکاندا وەک ئەوەی جیهان
هێشتا سادە بوو.
باڵەکایەتی تەنها شوێنێک نییە:
شێوازێکە بۆ هەناسەدان،
شێوازێکە بۆ یادکردنەوە،
شێوازێکە بۆ سەربەخۆیی.
کێ جارێک خۆشی ویستووە
بۆ هەمیشە هەڵیدەگرێت بۆ ناوەوە،
وەک ڕەگێک نابینرێت
بەڵام بەردەوامە
لە خۆراکدانی دڵ.
شورش عەزیز سورمێ
مام كوێخا.. مستەفا غەفور
- سەلام و ئەلێیكم ئاوڕێیان
- عەلەیكە سەلام، فەرموو مام كوێخا.
زۆربەی خەڵكی شێنی لە بری هاوڕێ دەیانگوت ئاوڕێ. مام ئەحمەد كە خانوچكێكی لەسەر كانییە سەر رێی نێوان زەڵی و ناوزەنگێ هەبوو، جارجار دەچووین هێندێك وردەواڵە و پاكەتی جگەرە و جارجار ماستمان لی دەكڕی،…
بەیانییەك هاوڕێەك پێی گوتبوو: مائەحمەد بەیانبیت باش
ئەویش گوتیووی: بەیانیم باش؟
گوتووی: ئەرێ وەڵلا بەیانیت باش.
گوتبووی هێندت بەیانیت باش، هێندت بەیانیت باش (لەبەر خۆیەوە گوتبوو سەگباب).
مام ئەحمەد هێندی گوتبوو ئاوڕییان ئاوڕێیان، رۆژیكی نەوەكەی پێی دەڵێ: باپیرە ئەگەر چوویە كنە ئاروێیان ئاروێیەكم بۆ بگرە.
مام كۆێخا پیاوێكی قسە خۆش بوو، شیوە ئاخاوتنی شێنەیان هەر بۆ خۆی شێوەزارێكی خۆشە، ئەمن حەزم دەكرد هەر قسان بكەن و گوێیان لێ بگرم…، ژن و پیاویان ئازا و كراوەن، میوان دۆست و دڵ و دەروون فراوانن، سادە و بێ فرتو فێڵ… دەتوانم بڵێم پێشمەرگەی هەموو لایەك پێیان قەرزدارە. شێنێ تاكە لادییەكی پشدەرێیە، خەڵكەكەی چۆڵیان نەكرد، بە هەموو خۆشی و ناخۆشییەك لە سەر موڵك و ماڵی خۆیان مانەوە و بەرگریان كرد و لە كۆتایی زستانی ساڵی 1978 داستانێكی گەورەیان لەگەڵ پێشمەرگە تۆمار كرد.
مام كوێخا گوتی: ئەوە لەبۆ دەنگ و رەنگ و نییە، نە باسی كەس دەكەن نەكەس و باس دەكا، خەریكی چین كەسو تێناگا. هەزار كاری بكەن كەس نازانێ، ئی دەمەش هەر كە شتەكی دەكەن، وەك بەردی دەگوێزێ هەڵاوێی هەموو عالەم دەزانێ…
دوایە گوتی: ئەرێ خزمینە ئەگەر دارانیش دەبڕن ئی دە تەڕ مەبڕن مە، بە خصوص دارێ گەڵێ. (داری گەڵی ئەو داربەڕووەیە كە پایزان داربەڕووی دەوری خۆی هەڵدەپەردێون و لق و پۆپەكانی بە گەڵاوە لە سەر ئەو دارەی دادەنێن تا ئەگەر زستان هات، لە كەمتفاقییەدا ماڵاتی پێ ئالیك بدەن، بە تایبەتی مەڕ و بزن.
راستی دەكرد لەسەر رێیە نێوان قوڵكەرمێ و زەڵێ رۆژێك پێشتر داربەڕوویەكی ئەستوورمان بڕی، كابرایەكی شێنەیی هات بە تووڕەییەوە گوتی: ئەوە لەبۆ ئەو داربەڕوەی دەبڕن؟
ئەمەش گوتمان: ئەتۆ هەقت چییە، ئەوە داری شاخییە و بۆ سوتانێ پێویستمانە.
كە زانی ئێمی تووڕەین و دەسەڵاتی نییە لە حەسرەتی بڕینی دارەكەی فرمێسكەكانی هاتنە خوارێ و دەنگی نەكرد… ئەمەش بەلامانەوە زۆر سەیر بوو، پیاوێك زرت و زەلام بۆ دارێكی رووتەڵە بگری، ئەمن زۆر دڵتەنگ بووم بەڵام تا درەنگ نەمزانی ئەو ئەو فرمێسكانە چییە. نەمزانی بۆ لە دەستدانی ئەو ژینگەیەی مرۆڤ تێیدا دەژی، نەماندەزانی خۆشەویستی ئەو پیاوە بۆ ئەو دارووبەندەنەی چەندە، نەمانزامی ئەوە داری گەڵێیە و وایان هەڵپەرداوتووە بتوانن گەڵی لەسەر داكەن، لە رێی هاتووچۆیەش نزیكە، زستانێ بە ئاسانی مەڕو بزنان دەگەیەنێتە بن ئەو دارەی و گەڵیان دەدات, نەماندەزانی بژێوی رۆژانی سەختی مەڕ و بزنەكایمان بڕیوە.
كە گرتە ڤیدۆكەی رۆژئاواشم بینی شیرەژنێك چۆن باوەشی لە دارزەیتونێك دابو تا توركان نەیبڕن، بەدەست خۆم نەبوو گریام، بۆ ئەو رۆژەش گریام كە كابرای شێنەیی بۆ داربەروەكە گریا.
لە راستیدا پشتی شێنێ و زەڵێ و ئەو دەروبەرە هەمووی دارستانێكی چڕ و پڕ بوو، بەناو داراندا رویشتبای تا نەهاتبایەوە سەر رێیە هەر نەدیو بووی. بەڵام كە دەستی پێشمەرگەی گەیشتێ بوو بە رووتەن، تا گەیشتە راپەڕین تاك و تەرا دار و باری پێوە مابوو. وەك دەغڵا و دان سن لێی دابێ ئاوای بەسەرهات.
بە مام كویخامان گوت راست دەكەی، نەمانزانیوە، انشااللە دووبارە نابێتەوە و زۆر داوای لێبوردنمان لێكرد. ئەو جا دانیشت، چامان بۆ هێناو و گوتمان: نانت خواردووە؟
گوتی: نانی ئی كەنگێ
گوتمان چۆن نانی بەیانی.
گوتی ماشەڵلا ئی بەخۆوە ژیون.
كەوتینە قسان. پاش قسە و باسان،… هاوڕێ سەلیم ویستی بیبزێوێ، لێی پرسی: ئەرێ مام كوێخا،لەگەڵ حەمەی كوڕت چۆنی.
گوتی: كوڕە جا چۆن بم، لە دایەی بەم…، شەوێی تا بەیانی لەتاو كیری خەو لێناكەوێ, دەڵی ئەژنم بۆ بێینن.
ئەمنیش دەلێم: هەتیوە ئەمن هەتا ژنم هەینا سێ چوار ساڵانم بە ماكەرگانی بەسەربرد. ئەتوش تا دەست و باڵم دەكرێنەوە، یەك دوو ساڵان ئیوا بەسەر بەرە.
هەموو دەستمان كرد بە پێكەنین…
من سەرەڕای پێكەنین وئەو گفت و لفتە، تا درەنگ لە حیكمەتی ئەو قسانەی حاڵی نە بووم. ئەوە بۆ ئەوە دەبێ لە رووی كلتووری كۆمەڵایەتی، دۆخی دەروونی و گوشاری سێكسی لە سەر هەردوو رەگەزی نێر و مێ، لێكۆڵینەوەی لەسەر بكرێ.
خوێندنەوەیەک بۆ دەقی «زامێکی کراوە» لە نووسینی سەلام عومەر.. نورەدین جاف
دەقی «زامێکی کراوە» لە نووسینی سەلام عومەر، تێکستێکی قووڵی شیعری/ئەدەبییە کە پڕە لە سیمبولی نیشتمانی، ئازاری مێژوویی و وێنەی گەورەی دەروونی. ئەم دەقە لە ڕێگەی زمانێکی ناسک و هاوکات پڕ لە زەبر و سوتانەوە، وێنەی مرۆڤی رۆژهەڵاتی و بەتایبەت مرۆڤی کوردی دەكێشێت کە چۆن لەنێوان مێژوویەکی پڕ لە برین و جوگرافیایەکی برینداردا دەژیت.
لە سەرەتای دەقەکەدا، شاعیر لە پێناسەکردنێکی کلاسیکی بۆ برین دەردەچێت و دەیگوازێتەوە بۆ ڕەهەندێکی فەلسەفی و مێژوویی:
«زامەکانمان تەنیا شوێنەواری خەنجەر نین / مێژوویەکن و….. لەسەر جەستەی مرۆڤایەتی نووسراونەتەوە»
لێرەدا برین تەنها ڕووداوێکی تێپەڕ نییە، بەڵکو «مێژوو» خۆیەتی کە لەسەر جەستە نووسراوەتەوە. ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە نەتەوە یان مرۆڤی خاوەن زام، مێژووەکەی لە ڕێگەی ئازارەکانیەوە دەخوێنرێتەوە. هەروەها وەسفکردنی زامەکان بەوەی پڕن لە «هاواری بێدەنگی» وەک پارادوکسێکی ئەدەبی کار دەکات؛ بێدەنگییەک کە لە هەر هاوارێک دەنگدارتر و قورسترە.
شاعیر خەمی نیشتمان لەگەڵ خەمی تاك تێکەڵ دەکات و چەند وێنەیەکی کاریگەر بەکاردەهێنێت:
- وەک شوشەیەک بە مستی خۆمان شکابێ: ئاماژەیە بۆ بەشداربوونی خودی کۆمەڵگە لە لێکترازانی ناوخۆیی یان تراژیدیاکانی خۆیدا.
- یان هێلانەیەک بەدەستی خۆمان سوتابێ: هێما بۆ لەدەستدانی لانکەی ئارامی و ماڵ و حاڵی خۆبەخۆ سوتێنراو یان کاولکراو.
ئەم خەمە نیشتمانییە لە دەقەکەدا تەنها هەستێکی ڕۆحنی نییە، بەڵکو دەچێتە ناوگۆشت و خوێنەوە: «چۆتە نێو ڕەگی درەختەکان و بەنێو دەماری گەشمردەکاندا رەتبووە»، کە ئەمەش نیشانەی تێکەڵبوونی ناسنامەی مرۆڤە بە خاک و سروشتی کاولکراوی دەوروبەری.
. مەترسیی بێدەنگی لە بەرانبەر ستەمدا
یەکێک لە خاڵە هەرە گرنگەکانی ناو دەقەکە، دوبارەبوونەوەی پرسیارە ڕۆحئێشەکەیە: «ئاخ…. لە چ بێدەنگیەکداین؟» شاعیر بێدەنگییەکەی بە شێوازێکی زۆر تراژیدی هەڵسەنگاندووە و دەڵێت:
«بێدەنگیمان لە خەنجەری جەلادەکان بکوژتر و لە شمشێری هاوسێکانمان تیژترە»
ئەم ڕستەیە ڕەخنەیەکی توند و قووڵە ئاراستەی بێدەنگیی ناوخۆیی یان بێدەنگیی بەرانبەر بە نادادپەروەری دەکات؛ بێدەنگییەک کە لە چەکی دوژمن و هێرشی دەوروبەر کوندتر و ترسناکترە، چونكە خودی قوربانییەکە دەکوژێت پێش ئەوەی جەلاد کارەکەی تەواو بکات.
لە بەشی دووەمی دەقەکەدا، شاعیر سروشت (هەور، چیا، با، درەخت) تێکەڵ بە تراژیدیای مرۆڤ دەکات. سروشت لێرەدا بێلایەن نییە، بەڵکو ئەویش دەناڵێنێت: - «ئەوە زامی خاکە دەمی کراوەتەوە»
- «ناڵەی چیایە خەریکی پارچە بوونە و / تەور برینداری دەکا»
تەور، با و هەوری پڕ لە شۆک، وەک هێمای تێکشکاندنی قەڵا سروشتی و مرۆییەکان دەردەکەون، کە چۆن دەسکەوت و ئەزموونەکان لەگەڵ خۆیاندا دەبەن و شوێنەوارێک بۆ مانەوە نایێڵنەوە.
ئەنجامگیری
دەقی «زامێکی کراوە» تابلۆیەکی ڕەساسی و غەمگینە لە هاوکێشەی مرۆڤ، خاک و مێژوو. سەلام عومەر لە ڕێگەی وێنەی شعریی بەهێز و پڕ لە هەستەوە، توانیویەتی برینی دەروونی و نیشتمانی لە قالبێکی تێكستێکی ئەدەبیی کاریگەردا ڕێكبخات، کە تیایدا برین تەنها شوێنەوار نییە، بەڵکو تاكە ناسنامەی مانەوە و بەرهەمهێنانی یادەوەرییە بۆ نەوەکانی داهاتوو🌷
نورەدین جاف✍🏼
……………………………………..
زامێکی کراوە
سەلام عومەر
زامەکانمان تەنیا شوێنەواری خەنجەر نین
مێژوویەکن و…..
لەسەر جەستەی مرۆڤایەتی نووسراونەتەوە
هەر برینێکمان پڕە لە هاواری بێدەنگی
ئاخ…. لە چ بێدەنگیەکداین؟
هەر ئازارێکمان، چیرۆکێکی لە هەگبەدایە و
بۆ نەوەکانی جێدەهێڵین
خەمی ئەم نیشتمانە هەلا هەلای کردووین
وەک شوشەیەک بە مستی خۆمان شکابێ
یان هێلانەیەک بەدەستی خۆمان سوتابێ
خەمی ئەم نیشتمانە
چۆتە نێو رەگی درەختەکان و
بەنێو دەماری گەشمردەکاندا رەتبووە …..
جارێکی دی زامەکانیان دەکاتەوە،
ئاخ لە چ بێدەنگیەکداین؟
نەخشەی نیشتمانێکی ئەنجنکراو
خوێنی لەبەر دەڕوا و
دڵەکان وشک دەکاتەوە
زامێکە….
بۆ هەمیشە دەرگای ئازارەکانمان بۆ واڵا دەکا
بێدەنگیمان لە خەنجەری جەلادەکان بکوژتر و
لە شمشێری هاوسێکانمان تیژترە
ئاخ…. لە چ بێدەنگیەکداین؟
ئەوە زامی خاکە دەمی کراوەتەوە …..
هەور تیماری دەکا
ناڵەی چیایە خەریکی پارچە بوونە و …..
تەور برینداری دەکا
وەک نەڕەی باڵندە فافۆنەکانی ئاسمان
کەبەسەرماندا دەبارن و
درەختەکانمان بەڕەگەوە دەبەن و
زامەکانی خاک دەکەنەوە،
هەور و با
ئەزموون و دەسکەوتەکانمان بابردە دەکەن
ئاخ…لە چ بێدەنگیەکداین؟
ئەدەبیاتی منداڵان/ کۆمەڵێک کورتە چیرۆک لەسەرهەوروو باران.. نووسینی / د. شفیق مهدی.. وەرگێڕانی لەعەرەبییەوە بەدەستکارییەوە/ فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی
١. من و باران
ئاسمان پڕبوە لە هەورێکی زۆر، پێدەچێت باران ببارێت.
هەرکاتێک باران ببارێت، دەچمە ناو باخچەکە و لەژێر دڵۆپە بارانەکاندا بە خۆشی ڕادەکەم، چونکە من بارانم خۆش دەوێت!
بەڵام هێشتا باران نەباریوە؛ تەماشا دەکەم بارانەکە لەسەر شووشەی پەنجەرە داخراوەکە دەست پێدەکات. ئای، بارانەکە خەریکە بەخوڕ دەبێت! چی بکەم؟ باشترە بچمە ژوورەوە و لە پشتی پەنجەرەکەوە سەیری بارانەکە بکەم. بە تەنیشت دایکمەوە دادەنیشم و پێکەوە سەیری پەنجەرەکە دەکەین.
٢. سڵاوی هەورەکان
کاتێک هەورە بچکۆلەکە بەسەر باخچەکەدا تێپەڕی، چۆلەکە بچووکەکان سەرە بچکۆلەکانیان بەرەو ڕووی بەرز کردەوە. هەورە بچکۆلەکەش بە زەردەخەنەوە دڵۆپە بارانێکی سووکی بەسەر ئەو سەرانەدا باراند. چۆلەکەکان بە یەک دەنگ و بەجریوەی شادییەوە گوتیان : “سڵاو لە تۆ، سڵاو لە تۆ ئەی هەورە بچکۆلەکە ! بەخێر بێیت!”
( جوجو)ی بچوک کەلەهەموو چۆلەکەکان بچوکتربوو کاتێک ئەمەی بیست، سەری سوڕما و گوتی: “ئەمە سەیرە هاوڕێیان! کەی ئێمە فێری زمانی هەورەکان بووین؟!” چۆلەکەیەکی ژیر گوتی: “تۆ نازانیت؟ زمانی هەورەکان (بارانە)! کاتێک هەورە بچکۆلەکە ئاوی بەسەردا باراندین، وەک ئەوە بوو پێمان بڵێت: (سڵاوتان لێبێت). ئێمەش بە زمانی خۆمان وەڵاممان دایەوە، بۆیە ئەویش تێگەیشت کە بە زمانی هەورەکان سوپاسیمان کردووە!”
کاتێک چۆلەکە بچکۆلەکە ئەمەی بیست، ماچێکی دەستیی هەڵدا بۆ هەورە بچکۆلەکە، ئەویش بە گەرمی پێکەنی.
٣. دوو هاوڕێ
مارێکی دۆمەڵان لە ڕۆژێکی ساردی زستاندا لەسەر زەوی پاڵکەوتبووچێژی لە تیشکی گەرمی خۆر وەردەگرت. دوای ماوەیەکی کەم، هەورێکی سەرکێش و دڵخۆش بەوێدا تێپەڕی و بەری تیشکی خۆرەکەی لە مارەکە گرت.
مارەکە توڕە بوو و تەماشای هەورەکەی کرد و بە دەست ئاماژەی بۆ کرد: “ئەگەر بە خێرایی لەوێ دوور نەکەویتەوە، دێمە ئاسمان و نیشانت دەدەم!”
هەورەکە پێکەنی و گوتی: “خۆت ماندوو مەکە بە سەرکەوتنەوە، من خۆم دێمە خوارەوە بۆ لای تۆ!” پاشان ڕێژنەیەکی سووکی لە دڵۆپەکانی بەسەردا باراند. مارەکەش بە خێرایی ڕایکرد بۆ ئەوەی شوێنێک بدۆزێتەوە خۆیی تێیدا حەشار بدات، پاشان لەبەر خۆیەوە پێدەکەنی، چونکە دەیزانی ئەوان بوونەتە دوو هاوڕێی باش.
٤. دوو هەور
دوو هەوری گەورە لە ئاسماندا بە شێوەی دوو بەرانی گەورە یەکتریان بینی. خەریک بوو بە قۆچ لێکبدەن، چونکە مەڕەکان حەزدەکەن کێبڕکێ ویاری لەگەڵ یەکدی بکەن تەنانەت ئەگەرلەهەوریشبن!
لەوکااتەدا کزەبایەک هات و بە خێرایی بە دەوریاندا خولاویەوە و گۆڕینی بۆ دوو بەرخی بچووک و شوانێک کە لەسەر پشتی هەورەکان بە دڵخۆشی باز دەدەن و یاری دەکەن.
٥. خەونی دڵۆپە بارانێک
دڵۆپە بارانەکە چاوەکانی نوقاندبوو ،خەوتبوو. بە ترسێکی زۆرەوە کاتێک خۆی بینی لە دایکەهەورە شینە ناسکەکەی جیا دەبێتەوە و بەرەو زەوی دەکەوێت. خەونی بەوەوە دەبینی کە بووە بە هەورێکی گەورە و دڵۆپە بارانێکی زۆری هەڵگرتووە و بەرەو زەوی داباریوە، و لەوێدا گوڵە سوورەکان پێشوازییان لێکردووە و لە نێوان گەڵاکانیاندا بە میهرەبانی پاراستوویانە. کاتێک چاوەکانی کردەوە، بینی دایکی بە میهرەبانی دەستی بە سەریدا دەهێنێت و لە باوەشی گرتووە. زانی کە هێشتا لە باوەشی دایکیدایە و نەباریوە، بۆیە ترسەکەی ڕەوییەوە.
٦. هەورە بەڕێزەکە.
ئەمە یەکەمین جار بوو کە هەورە بچکۆلەکە بە تەنیا بۆ پیاسەکردن لە ئاسمانی شیندا دەچووە دەرەوە. کاتێک لە خۆر نزیک بووە کە دایکی زۆر بۆێ باس کردبو. بەشێکی بچووکی لە تیشکەکەی گرت کە دەست بەسەر زەویدا دەگرێت.
هەورەکە پێیگوت: “بمبوورە خۆری جوان ، کە بەشێک لە تیشکەکەت بەربەست دەکەم. ئێستا بە خێرایی دوور دەکەومەوە.” خۆرەکە بەو قسەیە زەردەخەنەی کرد وبەهەورە بچوکەکەی گوت :زۆر سوپاس بۆتۆی میهرەبان و بەڕێز .
٧. باران هاوڕێی منە.
چۆلەکە بچووکەکە بە ترسەوە بەرەو دایکی فڕی و گوتی: “دایە! دایە! ئاو لە ئاسمانەوە دەبارێت!”ئەمە یەکەمجار بوو کە باران ببینێت. دایکی بە میهرەبانییەوە لە باوەشیگرت و ئاماژەی بەو هەورانە کرد کە لە ئاسماندا بوون: “ئەوە بارانە ئازیزی من! لێی مەترسە.. تەماشا بکە!”
لەگەڵ دایکەکە لە هێلانەکە چوونە دەرەوە و لەسەر لقی دارێک نیشتنەوە. دڵۆپە بارانەکان بەسەریاندا بارین و چۆلەکە بچکۆلەکەش بە خۆشییەوە دەستی بە جریوەجریوکرد، کاتێک بینی دایکیشی هەمان شتدەکات، هەستی بە بەختەوەری کرد و سەیری هەورەکانی کرد و گوتی: “تۆ لەمڕۆوە هاوڕێی منی ئەی باران!”
ڕوانینیک لەبارەى شیعرى نارین ڕۆستەم.. موحسین ئەحمەد عومەر
ئەزموونى نارین ڕۆستەم سەرەڕاى کەم تەمەنى خۆى، بە یەکێ لە ئەزموونە پێشەنگەکان شیعرى نوێ یان شیعرى پاشنوێخوازى کوردى دادەنرێ، بێگومان کۆمەڵێک هۆ و هۆکار هەن وادەکەن ئەم ئەزموونە ئەم سیفەتەى هەبێت و هەر ئەمانەش وادەکەن زۆر تایبەتمەند بێت و لەنێو شاعیرە هاوتەمەنەکانى خۆى یان نەوەى خۆى جیاواز بێت. ئەو وەک ئەو باڵندە تەنیایەیە لە تەنیشت پۆڵێک لە باڵندەى دی دەفڕێ، هەر بەو شێوەیەش خۆى دەناسێنێ، هەر ئەم خاڵەش یەکەم هەڵکەوتى ڕەسەنایەتى و خۆنواندنى پاش نوێخوازانەى ئەوە.
بە پێویستى دەزانم سەرەتا کەمێک باس لە ئەزموون و هەڵکەوتى ئەمڕۆى شیعرى کوردى بکەم، بێگومان ئەم ڕوانینەش خوێندنەوەیەکە تەنیا ڕوانینێکە و ئەم بابەتە هێشتا توێژینەوەى ئەکادیمى تیۆرى و کردەکى قووڵتر و زیاتر دەوێ.
لە دواى ساڵى ٢٠١٠ ەوە، وەک بڵێى ئێمە لەناکاو یان ئێمە لەگەڵ جیهان لەناکاو دکەوینە ناو سەردەم و هەڵکەوتێکى دی زۆر زۆر جیاواز لە پێشوو. بێگومان ئەم سەردەم و لەناکاوییە، ڕەگ و ڕیشەکانى دەگەڕێتەوە زۆر پێشتر، دەتوانین بە کۆتایى سەردەمى نوێخوازى ژیان و فەرهەنگى کوردى دابنێین، بە سەرەتاى سەردەمى پاشنوێخوازى دابنێین. لێرەوە، ڕوخسارەکانى ئەم گۆڕانە چەند ساڵێک دواتر، بە دروستى دە پانزە ساڵێک درەنگتر دەردەکەون. خەسڵەتەکانى ئەم ماوە نوێیەش بریتییە لە نەمانى یەکانگیرى کۆمەڵایەتى و سەرهەڵدانى ڕوانینى جیاجیا و ڕووخانى نرخ و بەهاکانى سەردەمى نوێ، نەمانى خەیاڵ و فەزاى پێشووى ئەدەبى و فەرهەنگى، داتەپین و ڕووخانى جیهان و ناسنامەکان و بچووکبوونەوەى مەوداکان و کورتبوونەوەى دوورییەکان، نەمانى مانا و وتاى جوگرافیا، لەناوچوون و کاڵبوونەوەى پێناسە و ڕوانینە نەریتییەکان، دەرکەوتنى گۆڕانى مەزن لە شێواز و خەیاڵ و وێنا شیعرى و چەمکە ئەدەبى و ڕەخنەییەکان.
ئەم تایبەتمەندى و ئەم نیشان و خەسڵەتانە، لەلاى زۆر لە شاعیرانى ساڵانى ٢٠١٠ بۆ ٢٠٢٥ هەیە، لە لاى هەندێکیان سەرەتاکان دەگەڕێنەوە چەند ساڵێک زووتریش، بێگومان کۆمەڵێک شاعیر هەن لەم ماوەیە، وەک پشتیوان عەلى، پێشەوا کاکەیى، گروپى گۆڤارى شیعرى سلێمانى و زانیار و ڕامیار و بەشدار سامى شاڵاو حەبیبە و ئیسماعیل سابیر و ژیار ئەسوەد و زۆرى دى. لەلاى هەموو ئەمانە وەک هاونەوەى نارین، هەمان ئەو جیهانە پڕ لە دڵەڕاوکە و نیگەرانى و جیهانى ڕووخاوى کورد و نەمانى نرخ و بەهاکان هەستى پێ دەکرێ. هەر یەکەش لەمانە تایبەتمەندى شێواز و خەیاڵ و وێناى شیعرى خۆیان هەیە، بەڵام ئاستى سادە و ئاستى باڵاو و ئاستى پێشکەوتووى خۆیان هەیە، هەر یەکەیان بە جۆرێک خۆیان دەنوێنن.
ئەزموونى نارین رۆستەم لەنێو ئەم فەزایە لە دایک بووە، ئەو زۆر جیاوازە لە پێش خۆى، ئەم جیاوازییەش بە پلەى یەکەم لەوەوە دێت، زۆر خۆیەتى و زۆر گوێ لە خۆى دەگرێ و دەیەوێ بە تەنیا بێ و بێ هیچ سازشێک خۆى بێت و جیهان و ڕوانینى هونەرى خۆى پێشکەش بکات. هەر ئەمەش خاڵى ڕەسەنى ئەوە، لە بنچینەشدا مەبەست لە ڕەسەنایەتى، ئەو ڕوانینە نیە کە لە سەردەمى پێش خۆى بۆى دەچوون، شاعیر دەبێ گیرۆدى ئەقڵ و لۆژیک بێت، نەخێر، بەڵکو ئێمە مەبەستمان لە ڕەسەنایەتى بێهاوتایى بەرهەمى ئەوە، بێهاوتایى و پێشکەش کردنى کارێک بەسەر رێگەى تایبەتى خۆى بڕوات، تێکۆشینێکى زۆرى فەرهەنگى و هونەرى دەوێ، ئەم ئەزموونەش لەو ئاستەیە و هەر لەبەر ئەمەش ئێمە لە سەرەتاوە گوتمان، ئەو وەک باڵندەیەکى تەنیایە لەنێو هاوتەمەنەکانى.
شیعرى نارین ڕۆستەم کۆمەڵێک خەسڵەتى هەیە، ئەو هەردەم دەیەوی جیهان و خەیاڵێکى ئێگزۆتیک (غرابە) پێشکەش بکات، ئەم جیهانە ئێگزۆتیکە بە زۆر شێوە و شێواز دەکرێ، سەرەتا پێش هەموو شتێک، مەبەست لەم ئێگزۆتیکە پێشکەش کردنى جیهانێک نیە لە دەرەوەى تێگەیشتنى مرۆیى بێت، نەخێر، بەڵکوو، پێشکەش کردنى تێنەگەیشتنە لە بەرگیکى لۆژیکى، ئەمەش وەک مەجازى نوێ خۆى ڕەپێش دەخات، ئەگەر سەرنج لە شتە سادەکان بدەین، دەبینن، هەموو شتێک خۆى بە ئاڵۆزى نیشان دەدا، بەڕاستى دنیا هیچ ڕوون نیە، هەموو شتێک لەنێو تەم و مژییە، وەک ئەلبێر کامو دەڵێ: ئەگەر دنیا ڕوون و سازگار بوایە پێویستیمان بە ئەدەب و هونەر نەدەبوو. دروست وایە، شاعیر دەیەوێ ناڕوونى و شەبەنگ بگرێ و تێى بگات، ئەمەش بە زۆر شێوە و شێواز دەکات، سەرەتا پێش هەموو شتێک لە ئەزموونى شیعرى نارین رۆستەم پێشکەشکردنى چیڕۆکێکى شیعرى هەیە، بێگومان ئەم چیرۆکە وەک چیرۆک و گێڕانەوە نیە لە ڕۆمان و کورتەچیرۆک، نەخێر، بەڵکوو زیاتر بە چنینى خەیاڵ و ڕووداوێک دەچێ شتەکان، وێناکان، ماتریالەکان پەیوەندییان پێکەوە هەبیت. شتەکانى ناو ئەم شیعرانە هەموو نموونەن بۆ ئەم لێکدانەوەیە و هەمووشیان پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە. پاشان شاعیر دواى چنینى ڕووداوى ئێگزۆتیک و خەیاڵى، کە کەمێکیش لە ئەفسوون و فەنتاستیک نزیک دەبێتەوە، دواى ڕێکخستنى ماتریالەکان و شتەکان، سیمایەکى سوریالیش بە شێوازەکە دەبەخشێ، وێڕاى بوونى سادەییەکى زۆر لە ڕادەبەدەر، دەڵێى شاعیر دەیەوێ یارییەکى لە شێوەى یارى مناڵان پێشکەش بکات، لەولاشەوە هەست و سۆزەکان، بەگشتى بنچینەى فەرهەنگى شیعرەکان زۆر مرۆییانەن، پڕن لە ناسکى و هەست و سۆزێک کە خەیاڵى ئەوە دەدەنە مرۆڤ، ئەم جیهانەى تێیدا دەژین زۆر ناسک و ناکامە، پێمان دەڵێ ئێمە لەناو لاوازى و بێهێزى دەژین، لەناو ناجێگیرى و لێکترازان دەژین، مرۆڤ تەنیا بە تێگەیشتن لە خۆى، بە داهێنانى ناوێزە لەمە ڕزگارى دەبێت. هەموو ئەم تایبەتمەندییانە و هێشتا زۆرتریش لە ئەزموونى نارین رۆستەم دەدۆزینەوە، بە گشتیش ئەم ئەزموونە پێویستى بە توێژینەوەى ڕەخنەیى و کردەکى هەیە.
موحسین ئەحمەد عومەر
گەلەری ئارام\ وانەی پێنجەم سەبارەت بە شاعیری هزرەڤان هایدگەر لە مەڕ هۆڵدرلین.. د. ئازاد حەمە

شەڕی نادیار دژی جیاوازەکان.. فەریق مەحموود
لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکاندا، یەکێک لە بەڵا لەناوبەرەکان ئەوەیە کە مرۆڤی جیاواز زۆرجار بە ئاسانی قبوڵ ناکرێت. کەسێک کە لە هزروبیریدا، کار، خوێندن، هونەر، زانست یان بەرهەمهێناندا هەنگاوێکی نوێ و سەرکەوتوو و جیاواز دەنێت، لەبری ئەوەی ببێتە سەرچاوەی شانازی هەمووان، دەبێتە ئامانجی هێرش و گومان، ڕووبەڕووبوونەوەی ڕەخنەی کوێرانە و هەوڵی لێدان و کەمکردنەوەی کەسایەتی.
ئەمە یەکێک لە نیشانەکانی ئەو کۆمەڵگایانەی کە هێشتا لەگەڵ بیرۆکەی جیاوازی و سەرکەوتنی تاکدا پەنجەی نەرم نەکردووەو ڕانەهاتووە.
ئەو کاتانەی کەسێک سنووری توانا باوەکان تێدەپەڕێنێت، هەندێک کەس لەجیاتی ئەوەی بپرسن: «چی فێربین لێی؟»، دەپرسن: «چۆن بیخەینە خوار؟»
لە ڕاستیدا، حەسادەت زۆرجار لە نەزانین و ناتەوانایی مرۆڤەوە پەیدا دەبێت، کە دەبێتە ڕێگر لە داننان بە بەهای کەسانی تردا. کەسی حەسود سەیری سەرکەوتنی کەسی تر ناکات وەک بەڵگەی سروشتی لە بوونی توانای مرۆڤدا، بەڵکو وەک هەڕەشەیەک لەسەر خۆی دەیبینێت. بۆیە لەبری ئەوەی خەریکی دروستکردنی خۆی بێت، هەوڵ دەدات وێنەی ئەوی تر تێکبدات.
لەوێدا ئەخلاق زۆرجار دەکرێتە ئامرازێکی شەڕەنگێزیی. هەندێک کەس کە ناتوانن بەرهەم و توانای کەسێک ڕەت بکەنەوەو ببنە ڕێگر لە بەرەوپێشچوونیدا، پەنا دەبەنە بەر دروستکردنی تۆمەت و قسەی ناڕاست. چونکە لای ئەوانە ئاسانترە کە کەسێک کەم نرخ بکرێت، وەك لەوەی دان بەوەدا بنێیت کە لە خۆی باشتر بووە لە بوارێکدا، بێ ئەوەی بیر لەوە بکاتەوە هیچ کەسێک بێ کێشەو دەرد نییە لەم ڕۆژگارەدا، ئەوەی شتێکی هەیە لەبەرانبەردا شتانێکی تری نییە.
بەڵام ئەوەی زۆر مەترسیدارە، تەنیا حەسادەتی تاک نییە؛ بەڵکو ئەو کولتوورەیە کە حەسادەتی تیا قبوڵ دەکرێت و بگرە هەندێك جار هانیش دەدرێت. کاتێک کۆمەڵگەیەک لەبری ئەوەی دەست لەسەر شانی مرۆڤی بەرهەمهێنەر دابنێت و شانازی پێوە بکات، هەوڵی کەمکردنەوەو سوکایەتی پێکردنی دەدەن، بێ ئەوەی بزانن بەوە زیان لە کۆمەڵگاو بەرەو پێشچوونی گشتی دەدەن، جگە لەوەی ئەو کەسانەی بەم نەخۆشییەوە دەناڵێنن خۆیان لە داهێنان و گەشەکردن بێبەش دەکەن، بەوەی خۆیان بە مالایەعنییەوە سەرقاڵ و سەغڵەت دەکەن.
نەتەوەکان بەو کەسانە پێش دەکەون کە جیاوازن، نەک بەو کەسانەی کە هەمووان دەخوازن یەکسان و بێجیاوازی بن و بگرە هەمیشە لە خۆیان کەمتر بن. دەبێت ئەوانە بزانن کە جیاوازی هەڕەشە نییە؛ بەڵکو جیاوازی سەرچاوەی گەشەپێدان و کێبڕكێی ئیجابی بەرەو پێشچوونە.
پێویستە بزانین کە شکاندنی مرۆڤی سەرکەوتوو، نیشانەی بەهێزیی نییە؛ زۆرجار نیشانەی ئەوەیە کە مرۆڤ ناتوانێت لەگەڵ تواناو گەشەو لێهاتوویی کەسانی تردا بژی و پێی قەبوڵ ناکرێ، لە کاتێکدا بەهەوڵ و شەونخوونی و مافی خۆیان پێی گەیشتوون. کەسی بەهێز ئەوە نییە کە ڕووناکیی ئەوانی تر بکوژێنێتەوە؛ کەسی بەهێز ئەوەیە کە بتوانێت لەگەڵ ڕووناکیی ئەوانی تردا ببێتە ڕووناکییەکی ترو گەشاوە بێت.
کۆمەڵگەیەک کەسانی هەڵکەوتووانی خۆی بشکێنێت، لە ڕاستیدا خۆی دەشکێنێت. چونکە دوژمنی پێشکەوتن هەمیشە ئەو کەسە نییە کە ئاواتەخوازی نەبوونی توانای داهێنانە؛ بەڵکو تەنانەت زۆرجار ترسە لە بینینی تواناکان.
لە کۆتاییدا دەبێت بگوترێت؛ ڕێزگرتن لە تواناو جیاوازییەکان، تەنیا پێداویستییەکی ئاکاریی نییە؛ بەڵکو پێویستییەکی ژیانی کۆمەڵگەیە لە پێناوی بەدیهێنانی گۆڕانکاری ئەرێنیدا. چونکە هیچ گەشەیەک لە هیچ شوێنێکدا ڕوونادات کە مرۆڤی بیرکەرەوە و داهێنەر بکەوێتە بەر هێرشی حەسادەت و ئاکام خامۆش بکرێت، کە هەندێكجار ڕەنگە تاوانی هەر ئەوە بێت سەر بە گروپ و حیزبێکی دیاری کراو نییە، ئەوا ئەو کەسانەی بەم کارە قێزەونە هەڵدەستن پێ بزانن یان نا، دادەنرێن بە یەکەم دوژمنی نەتەوەو میللەتەکەی خۆیان.
فریدریك نیتشە لەسەر ئەم جۆرە لە کینەی مرۆڤ دەنووسێت:
«ئەوەی ناتوانێت بگات بە بەرزیی کەسێک، زۆرجار هەوڵ دەدات ئەو بەرزییە نەوی بکات»
هەروەها بیرتراند رەسڵ دەڵێت:
«ئیرەیی یەکێکە لە هۆکارە گەورەکانی نەخۆشی مرۆڤ، چونکە مرۆڤ لەبری ئەوەی چێژ لە ژیان و تواناکانی خۆی وەربگرێت، سەرقاڵی بەراوردکردنی خۆیەتی بەوانی تر و خەمبار دەبێت بە پێشکەوتنیان.»
ئارسەر شۆپنهاوەریش زیرەکی مرۆڤ دەگێڕێتەوە بۆ ئەوەی کە خۆی بە خۆی بەراورد بکات، نەك بە کەسانی تر چونکە ئا لەوێوە دڕكی ئیرەیی چەکەرە دەکات».
فەریق مەحموود
یاری شەترەنج و ژینگەی کۆمەڵایەتی.. زانا ڕەزاق خەیلانی
سەرەتا، شەترەنج یارییەکی هزری و ستراتیژییە کە دوو کەس یارییەکە دەکەن. ئامانجی سەرەکی ئەوەیە شای بەرامبەر بخەیتە دۆخی کیشمات، واتە دۆخێک کە هیچ ڕێگایەکی ڕزگاربوونی نەماوە. هەر یاریزانێک شانزە پارچەی هەیە: یەک شا، یەک وەزیر، دوو قەڵا، دوو فیل، دوو ئەسپ و هەشت سەرباز. تەختی شەترەنجیش لە شەست و چوار خانە پێکهاتووە.
بێگومان شەترەنج چەندین لایەنی باشی هەیە؛ دەتوانێت یارمەتیی پەرەپێدانی بیرکردنەوەی ستراتیژی، چڕکردنەوەی سەرنج، باشترکردنی پلاندانان و ئارامگرتن لە کاتی بڕیارداندا بدات. ئەم سوودانە زۆرجار لەلایەن توێژینەوە زانستییەکانیشەوە پشتگیری کراون.
لەوانەیە شەترەنج مرۆڤی چاک و مرۆڤی خراپ کۆبکاتەوە، بەڵام مەرج نیە تەنها مرۆڤە خراپەکان کاریگەری لەسەر باشەکان بکەن؛ ئەگەر مرۆڤە باشەکان کەسایەتی و کاریگەریی بەهێزتر هەبێت، دەکرێت هۆکاری گۆڕانی هەندێک لە مرۆڤە خراپەکان و بەرەو باشیان ببن.
بەڵام لێرەدا پێویستە پرسیارێک بکەین: کێن ئەوانەی شەترەنج یاری دەکەن؟ وەڵامەکە ئەوەیە هەموو جۆرە مرۆڤێک لەم یارییەدا بەشدار دەبێت؛ مرۆڤی باش و خراپ، نووسەر، هونەرمەند، مامۆستا، خوێندکار و خەڵکی ئاسایی.
لەبەر ئەوە، کاتێک شەترەنج وەک چاڵاکییەکی فێرکاری دەخرێتە ناو قوتابخانە یان ناوەندەکانی فێرکردنەوە، باشتر وایە تەنها فێری یاساکانی یارییەکە نەکرێن، بەڵکو هاوکات باس لە بەها ئەخلاقییەکان، هەڵسوکەوتی دروست و هۆشیاریی کۆمەڵایەتیش بکرێت.
ئامانجی شەترەنج پەرەپێدانی هزر و ستراتیژییە، نەک ئەوەی مرۆڤ بەهۆی پەیوەندی لەگەڵ کەسانی خراپ یان کاریگەریی نادروستەوە تووشی ڕەفتاری نەرێنی ببێت. بۆیە دەکرێت بڵێین شەترەنج خۆی یارییەکی بەسوودە، بەڵام وەک زۆربەی چاڵاکییە کۆمەڵایەتییەکان، ژینگەی بەکارهێنان و شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵی زۆر گرنگە. ئەگەر بە شێوەیەکی دروست فێر بکرێت و لەگەڵ پەروەردەی ئەخلاقیدا تێکەڵ بێت، سوودەکانی زۆر زیاتر دەبن لە زیانەکانی.
لە کۆتاییدا، من تەنیا نموونەم بە شەترەنج هێناوە، بەڵام یارییەکانی تریش وەک دۆمینە، کۆنکان و هەر چاڵاکییەکی کۆمەڵایەتیی تر، ئەگەر لە ژینگەیەکی نەگونجاودا و بە بێهۆشیاری ئەنجام بدرێن، لەوانەیە کاریگەریی نەرێنی لەسەر ڕەفتار و کرداری مرۆڤەکان دابنێن.
زانا ڕەزاق خەیلانی
٣١ / ٧ / ٢٠٢٦
تابووتی پەیمانی خودا: سیمیۆلۆژیای مێژوو و ونبوونی مرۆڤدا.. نووسینی: لاکۆ محەمەد
ڕۆمان وەک فەزایەکی ئەپێستمۆلۆژی:
کاتێک باس لە ئەزموونی نووسینی “سەلاح جەلال” دەکەین، بەتایبەت لە ڕۆمانی (تابووتی پەیمانی خودا)دا، ئێمە لەبەردەم دەقێکی سادەدا نین،تەنها گێڕانەوەیەکی لینیاری (هێڵی) بێت بۆ ڕووداوەکان. بەڵکو ئێمە لەبەردەم تێکستێکی کراوەداین مێژوو، لاهووت، ئەفسانە و فەلسەفە لەناو یەکتریدا دەتوێنەوە. ئەم ڕۆمانە هەوڵێکی جیدیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو چەمکە جێگیرانەی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی لەناو بازنەیەکی داخراودا زیندانی کردووە.
سەلاح جەلال لەم بەرهەمەدا، فۆرمی ڕۆمان لە کەرەستەیەکی کات بەسەربردنەوە دەگۆڕێت بۆ کەرەستەیەکی مۆدێرنی مەعریفی. ئەو لێرەدا وەک شوێنەوارناسێکی فکری دەردەکەوێت، بە دوای ئەو ڕەگ و ڕیشاڵانەدا دەگەڕێت شوناسی ئێمەیان پێکهێناوە.
ناونیشان و پارادۆکسی سیمیۆلۆژی:
ناونیشانی ڕۆمانەکە (تابووتی پەیمانی خودا) خۆی لە خۆیدا هەڵگری بارێکی سێمانتیکی (واتایی) قورسە. تابووت لە فەرهەنگی ئاینیدا هێمایە بۆ پاراستنی پیرۆزییەکان، بۆ ئەو پەیمانەی لە نێوان دروستکەر و دروستکراودا هەیە. بەڵام کاتێک سەلاح جەلال ئەم چەمکە دەباتە ناو کایەی ڕۆمانەوە، دەیکاتە دواکەوتنی شوێن پێی ونبووەکان. ئەم تابووتە تەنها شتێکی مادی نیە لە مێژوودا ون بووبێت، بەڵکو هێمایە بۆ ئەو ئارامی و دڵنیاییە مەعریفیەی مرۆڤی هاوچەرخ لەدەستی داوە. نووسەر لێرەدا پرسیارێکی بنەڕەتی دەورووژێنێت: ئایا مرۆڤی ئێستا لەناو تابووتی مێژوودا نێژراوە، یان مێژوو خۆی تابووتێکی گەورەیە و ئێمەی تێدا زیندانی کراوین؟
زمان لە پەیوەندیەوە بۆ داڕشتنەوەی بوون:
سەلاح جەلال نایەوێت زمان تەنها وەک ئامرازێک بۆ گواستنەوەی زانیاری بەکار بهێنێت، زمان لای ئەو ماڵی (بوون)ە (بەو مانایەی هایدیگەر دەیکات). زمان لەم ڕۆمانەدا زمانێکی چڕە و پڕ لە میتافۆر و وێنەی شیعرییە، بەڵام بێ ئەوەی لە جیدیەت و فۆڕمی ڕۆمانەکە کەم بکاتەوە. نووسەر لە ڕێگەی زمانەوە، جۆرێک لە ئیستاتیکای ترس و گومان دروست دەکات. ئەو نایەوێت خوێنەر ئارام بێت، بەڵکو دەیەوێت خوێنەر لەگەڵ هەر ڕستەیەکیدا تووشی شۆکێکی فکری ببێت. ئەم شێوازە لە نووسیندا، بە تەواوی لە شێوازە تەقلیدیەکانی گێڕانەوەی کوردی دوور دەکەوێتەوە و تێیدا بیرکردنەوە پێش ڕووداو دەکەوێت.
مێژوو وەک تاقیگەی فەلسەفی:
لەم ڕۆمانەدا مێژوو وەک زنجیرەیەک لە ڕووداوی ڕابردوو نابیندرێت. بەڵکو مێژوو وەک ئێستایەکی بەردەوام ئامادەیی هەیە. نوسەر کار لەسەر هەڵکۆڵینی مێژوویی داکات. ئەو دەچێتە ناو قووڵایی دەقە پیرۆزەکان و مێژووە دێرینەکان، نەک بۆ ئەوەی بیانگێڕێتەوە، بەڵکو بۆ ئەوەی ڕەخنەیان لێ بگرێت و پرسیاریان دەربارە بکات. ئەم ڕۆمانە هەوڵێکە بۆ تێپەڕاندنی ئەو کۆت و بەندە مێژوویانەی ڕێگرن لەبەردەم گەشەی ئەقڵی مرۆڤی ئێمە. سەلاح جەلال پێمان دەڵێت تابووتەکە تەنها لە جێگایەکی پیرۆزدا یان لە ناو دەقە کۆنەکاندا نیە، بەڵکو لە ناو کایە دەروونیەکانی ئێمەدا حەشار دراوە.
کارەکتەرەکان لە قەیرانی بایۆلۆژیەوە بۆ فۆرمی سیبۆرگ:
کارەکتەرەکانی ڕۆمانی (تابووتی پەیمانی خودا) تەنها بکەری مرۆیی لە (گۆشت و خوێن) نین، بەڵکو تێکەڵەیەکن لە بوونی بایۆلۆژی و عەقڵی تەکنەلۆژی. سەلاح جەلال لێرەدا کارەکتەری “سیبۆرگ ئاسا” و بوونەوەرە دەستکردەکان وەک میتافۆرێک بۆ قەیرانی شوناس بەکاردەهێنێت. ئەم کارەکتەرانە لەبەردەم پرسیارێکی بوونگەرایی قووڵدان: ئایا “مانا” لەناو خانە زیندووەکاندا حەشار دراوە، یان لەناو کۆد و داتاکاندا؟
ئەم تێکەڵکردنە گوزارشتە لە تێپەڕینی مرۆڤ بۆ سەردەمی ” پۆست-هیومان” لێرەدا، هەر کارەکتەرێک نوێنەرایەتی لایەنێکی مرۆڤ دەکات لەبەردەم گەردوون و خودادا، بە جۆرێک جەستە دەبێتە تاقیگەیەک بۆ ململانێی نێوان سروشت و دەستکرد.
گەڕانی بەردەوامی ئەم کارەکتەرانە هیچ کەمتر نیە لە تراجیدیای سیزیف. لەم ڕوانگەیەوە ” شوێن” دەبێتە ڕەهەندێکی گرنگ تەنها لە جواگرافیادا کورت نابێتەوە، ئەم فرە چەشنییەی کارەکتەرەکان وای کردووە قەیرانی بوون تەنها پەیوەست نەبێت بە ڕۆحی مرۆڤەوە، بەڵکو تەواوی ئەو بوونەوەرە نوێیانەش بگرێتەوە لە دەرەنجامی تەکنەلۆژیا و گۆڕنکاریە بایۆلۆژیەکانەوە هاتوونەتە کایەوە.
میتۆلۆژیا وەک ژێرخانی گێڕانەوە”
سەلاح جەلال تەنها بەکارهێنەری ئەفسانە نیە، بەڵکو ئەفسانەسازە. ئەو مێژووی ئاینی وەک کەرەستەیەکی خاو وەردەگرێت و لە کورەی فکری خۆیدا دایدەڕێژێتەوە. لێرەدا تابووت لە مانا لاهوتیەکەی دادەماڵرێت و دەبێتە تێمایەکی فەلسەفی بۆ گەڕان بەدوای حەقیقەتە ونبووەکاندا. ئەم بەکارهێنانە مۆدێرنەی میتۆلۆژیا، ڕۆمانەکە لە گێڕانەوەیەکی مێژووی وشکەوە دەگۆڕێت بۆ میتا-گێڕانەوە”، و خوێنەر لەبەردەم دەقێکدایە باس لە پرۆسەی دروستبوونی مانا دەکات.
بونیادی پۆلیفۆنی و میتا-فرەدەنگی، تێپەڕاندنی دەسەڵاتی یەکڕەهەندی:
یەکێک لە بنەما جەوهەریەکانی بونیادنانی دەقە لەسەر بنەمای فرە دەنگی، بەڵام سەلاح جەلال لێرەدا تەنها لە سنووری چەمکە باختینیەکەدا ناوەستێت، بەڵکو هەوڵی تێپەڕاندنی فرەدەنگی دەدات بەرەو ئاسۆیەکی فراوانتر. لەم ڕۆمانەدا، ئێمە تەنها گوێبیستی دەنگی ئافرێنەر یان تاکە گوتارێکی زاڵ نابین، بەڵکو دەقەکە دەبێتە مەیدانی ململانێی چەندین ئاستی جیاوازی بوون. کاتێک کارەکتەرە تەکنەلۆژی و بایۆلۆژیەکان وەک بوونێکی سەربەخۆ دێنە ناو کایەکەوە، دەنگی ئەوان دەبێتە بەشێک لەو هارمۆنیە ئاڵۆزەی کە گوزارشت لە پەرتەوازەی مرۆڤی هاوچەرخ دەکات. ئەمە جۆرێکە لە تێپەڕاندنی فرەفەنگی، چونکە چیتر دەنگەکان تەنها گوزارشت لە کەسایەتی ناکەن، بەڵکو گوزارشت لە ئەپێستمێتی و شێوازە جیاوازاکانی تێگەشتن لە گەردووندا دەکەن. ئەم تەکنیکە وا دەکات ڕاستی لەناو دەقەکەدا وەک کەرەستەیەکی پارچە پارچە بوو دەربکەوێت، هەر دەنگێک گۆشەیەکی ئەو تابووتە ونبووە دەبینێت و گێڕانەوەی تایبەت بە خۆی بۆ پەیمانەکە هەیە.
تێپەڕاندنی فرەدەنگی لێرەدا بەو مانایە دێت دەقەکە دەبێتە فەزایەکی کراوە کە تێیدا هیچ دەنگێک ناتوانێت کۆتای بە گەڕانەکە بهێنێت، ئەم پەرشوبڵاویە ڕێکخراوەی دەنگەکان، خوێنەر دەخاتە ناو جەرگەی قەیرانی بوونەوە، تا تێبگات مانا تەنها لە ڕێگەی پێکەوەژیانی ئەم دەنگە دژبەیەک و جیاوازانەوە دروست دەبێت.
سیمیۆلۆژیای شوێن – شکاندنی تێرمەکان:
شوێن لای سەلاح جەلال تەنها پاش بنەمایەک نیە بۆ ڕووداوەکان، بەڵکو خۆی کارەکتەرە. جوگرافیای ڕۆمانەکە، لە دەوری ناوچە دوورەکان و مێژوویەکی پڕ لە خوێن و ململانێ دەسوڕێتەوە، دەبێتە هێمایەک بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی ونبوون. نوسەر بە وردیەکی سیمۆلۆژیانە کار لەسەر هێماکانی شوێن دەکات. کاتێک باس لە شار، بیابان و تاقیگە دەکرێت، هەر یەکێکیان ئاماژەیەکی فکرین بۆ قۆناغێکی مەعریفی. گواستنەوە لە نێوان شوێنە مێژوویەکان و شوێنە خەیاڵیەکاندا، جۆرێک لە سیحری واقیع دروست دەکات، تێیدا سنووری نێوان ئەوەی هەیە و ئەوەی دەبوو هەبێت تەڵخ دەبێت.
شکاندنی تێرم و چەمکە باوەکان:
نوسەر لەم دەقەدا وەک ڕەخنەگرێکی سۆسیۆ-کولتووری دەردەکەوێت. ڕۆمانەکە هەوڵێکی بوێرانەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو چەقبەستوویە فکریەی کە کۆمەڵگە ڕوژهەڵاتیەکانی گرتووەتەوە.
تابووتی پەیمان لێرەدا دەبێتە میتافۆرێک بۆ هەموو ئەو شتە قەدەغەکراوانەی کە مرۆڤ ناوێرێت دەستیان بۆ ببات. نووسەر هانمان دەدات تابووتەکە بکەینەوە، نەک بۆ ئەوەی گەنجینە بدۆزینەوە، بەڵکو بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ئەو پوچیە ببینەوە لەناویدایە .
پەرژینی دەروونشیکاری و کارەکتەر:
ئەگەر لە ڕوانگەی فرۆید یان لاکانەوە سەیری کارەکتەرەکانی ئەم ڕۆمانە بکەین، دەبینین ئەوان لەناو قەیرانی ئارەزوودا دەژین. گەڕان بەدوای تابووتەکەدا، لە ڕاستیدا گەڕانە بەدوای باوکی ونبوو یان سیمبۆلی دەسەڵات. کارەکتەرەکان لەناو کێڵگەیەکی مینڕێژکراوی دەروونیدا دەجوڵێنەوە، سەلاح جەلال بە شارەزایەکی زۆرەوە دەچێتە ناو ” ناوشیار”ی کارەکتەرەکانی. ئەو نیشانمان دەدات چۆن برینە مێژوویەکان دەبنە گرێی دەروونی و چۆن ئەم گرێیانە ڕەفتار و بڕیارە چارەنووسسازەکانی مرۆڤ ئاڕاستە دەکەن.
دیالێکتیکی پیرۆز و پڕۆڤان:
یەکێک لە ئاڵۆزترین ڕەهەندەکانی ڕۆمانی ( تابووتی پەیمانی خودا)، ئەو ململانێیە بێدەنگەیە لە نێوان چەمکی پیرۆز و ناپیرۆز یان دنیایدا دروستی داکات، سەلاح جەلال لەن دەقەدا پیرۆزیەکان لە ئاسمانەوە دەهێنێتە سەر زەوی و دەیانخاتە ناو تاقیگەی پرسیارەوە. ئەو نیشانمان دەدات چۆن پەیمانەکان لەناو بەرژەوەندیە سیاسی و مێژوویەکاندا دەبنە ئامرازی سەرکوتکردن.
نوسەر لێرەدا پەیڕەوی لە هێرمۆنتیکای گومان دەکات، واتە هیچ مانایەک لەسەر ڕووکەش وەک خۆی وەرناگیرێت، بەڵکو لە پشتی هەموو هێمایەکەوە، بەدوای دەسەڵات و بەرژەوەندیە شاردراوەکاندا دەگەڕێت.
تەکنیکی تێکست لەناو تێکستدا :
نوسەر شێوازێکی تەکنیکی بەکارهێناوە دەتوانین ناوی بنێین ئەندازەی بێسەروبەری ڕێکخراو، ئەو چەندین ژانری جیاواز تێکەڵ دەکات، ئەمە وا دەکات ڕۆمانەکە ببێتە کتێبخانەیەکی بچووک کراوە.
ئەم تەکنیکە تەنها بۆ جوانی نیە، بەڵکو ئامانجێکی فکری هەیە. نووسەر دەوێت بڵێت کە ژیانی ئێمە لە دەق پێک هاتووە، ئێمە بەرهەمی ئەو دەقانەین پێش ئێمە نووسراون. بۆ ئەوەی خۆمان بدۆزینەوە، دەبێت سەرەتا ئەو دەقانە بخوێنینەوە و پاشان هەڵیانبوەشێنینەوە. ئەمە ئەو شوێنەیە ڕۆمانەکە تێیدا دەبێتە پرۆسەیەکی ڕۆشنبیری نەک تەنها چێژوەرگرتن.
پارادۆکسی دۆزینەوە و ونبوون:
لە زۆربەی ڕۆمانە تەقلیدیەکاندا، گەشتەکە بە دۆزینەوەیەک کۆتای دێت. بەڵام لای سەلاح جەلال کۆتایەکە جۆرێکی ترە. دۆزینەوەی تابووتەکە یان گەیشتن بە لوتکەی گەڕانەکە، خۆی لە خۆیدا سەرەتایەکی نوێیە بۆ ونبوونێکی گەورەتر. ئەمە گوزارشتە لە نەبوونی حەقیقەتێکی ڕەها.
ڕۆمانەکە لە کۆتایدا خوێنەر جێدەهێڵێت لەبەردەم ئاوێنەیەکدا، تابووتی پەیمان لە جیاتی ئەوەی پڕ بێت لە گەوهەر و یاسا، پڕە لە بێدەنگی. ئەم بێدەنگیەش بانگهێشتنامەیەکە بۆ خوێنەر هەتا خۆی مانای بۆ دروست بکات. لێرەدا، سەرکەوتنی خوێنەر دەست پێ دەکات و دەسەڵاتی نووسەر کۆتایی دێت.
ڕۆژنامەی هەولێر – ژمارە ( 4584 )
دووشەممە – 27/7/2026
*بەردە خرەک.. شیعری شۆڕش عەزیز سورمێ
ئەشکەوتی بەرد و سێبەر،
تۆ ئێمەت کۆکردەوە
وەک دایکێک قۆڵەکانی بکاتەوە
لە تاریکترین ساتدا.
جیهانی دەرەوە لەرزی،
زەوی هەناسەی لەدەستدابوو،
بەڵام تۆ کە لە نێو شاخەکاندا شاراوەتەوە،
ئێمەی هێشتەوە
وەک نهێنیەکی کۆن.
بێدەنگیم لەبیرە،
وەک دوعایەک قورس،
و لێدانی دڵەکان
کە هەوڵیدا گوێی لێ نەبێت.
تۆ لەوێ بوویت، بێ جووڵە،
بەڵام وەک بوونەوەرێک زیندووە
کە دەزانێت چۆن مەترسی بناسێتەوە.
دیوارەکانتان هەموو شتێکیان بیستووە:
فرمێسکەکانی ڕاگیراو،
ناوە چرپە چرپەکان،
ئەو ترسەی کە ڕێگەی نەدەدا.
و لەگەڵ ئەوەشدا، لەناو تۆدا،
ژیان بەرەنگاری بووەتەوە
وەکو پریشکێک کە لەناو بەردەکەدا شاراوەتەوە.
تۆ تەنها ئەشکەوت نیت،
تۆ یادەوەری پەناگەیەک،
بەڵگەی ئەوەی کە تەنانەت بەرد
دەتوانێت ببێتە ماڵ.
هەر جارێک با دەگەڕێتەوە
بۆ فڵچەکردنی ئەو شاخانە،
ناوی تۆی لەگەڵ خۆیدا هەڵدەگرێت،
و ئێمەش وەڵام دەدەینەوە
لەگەڵ سوپاس و پێزانینی ئەوانەی دەزانن
کە بەبێ تۆ،
مێژوو جیاواز دەبوو.
بەردەخرەک ئەو ئەشکەوتەبوو کە شیوازێکی خری هەبوو هی مالی باپیرەم بوو لە شارۆچکەی گەلالە لە دەڤەری بالەکایەتی، کە هەمووانی ئەپاراست لە کاتی بۆمبارانکردنی سەدامی گوربگۆر*
چیرۆکی مناڵان\ بەهێواشی بڕۆن.. نوسینی /وجدان عبدالعباس.. وەرگێڕانی لەعەرەبییەوە: فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی
دوو کەنغەرە بچووکەکە ئاوڕیان دایەوە دواوە و لە دوورەوە دەستیان بۆ ورچیلەی دراوسێکەیان، ڕادەوەشاند کە لەبەردەم دەرگای ماڵەکەیدا وەستابوو؛ دەستەکانی خستبووە دەوری دەمی و بە دەنگی بەرز هاواری دەکرد:
«لەکاتی ڕێگاکەتاندا وشیار بن.. بە خێرایی باز مەدەن!»
کەنغەرەکان دەچوون بۆ ماڵی داپیرەیان لە باکووری دارستانەکە.. بەڵام بە هێواشییەکی نامۆ بازیان دەدا! زەڕافە تووشیان بوو و زۆر سەرسام بوو بە حاڵیان، داوای لێکردن خێرا بکەن لە ڕۆیشتندا بۆ ئەوەی تووشی مەترسی نەبن.
پاشان (گا)کەی هاوڕێیان، ، لە دوورەوە بینینی و بە دەنگێکی توڕە هاواریکرد: «ئەوە چیتانە! بەم شێوەیە بە لەنجەو شانازییەوە دەڕۆن، دەی خێرا کەن!»
مەیموونیش کە لقی درەختێکی بەدەستی گرتبوو بە سەرسوڕمانەوە پرسیاریکرد: «کەنغەرەکان پێشتر لە بازدانیاندا کێبرکێی( با )یان دەکرد!.. چییان بەسەر هاتووە؟ و بۆچی؟ ئۆهـ… بەڕاستی ئەمە شتێکی نامۆو و سەیرە!» سمۆرەش گوێی لێبوو، ئاوڕی لێدانەوە و لێیڕوانین و دوایان کەوت.
مەیموون، سمۆرە و ورچیلە شوێنیان کەوتن و لە دوورەوە لەدوایانەوە دەڕۆیشتن چونکە نیگەرانیان بوون. کەنغەرەکان هەر بە هێواشی دەڕۆیشتن، و بەهۆی ئەم هێواش ڕۆیشتنەوە زۆر ماندوو ببوون، هەنگاوەکانیان قورستر و قورستر دەبوو تا گەیشتنە ماڵی داپیرەیان.
لەوێدا کەنغەرەکان لە گیرفانیان کێکێکی گەورە و دیارییەکیان بۆ داپیرەیان دەرهێنا (کە هۆکاری هێواش ڕۆیشتنەکەیان بوو بۆ ئەوەی تێک نەچێت).. هاوڕێکانیش سەریان ڕاوەشاند و پاشان دەستیان کرد بە پێکەنین..
ئەم چیرۆکە لەژمارە (٤۳۷۰) ی ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ۲۱ ـ ٨ ـ ۲۰۲٥ ی لاپەڕەی منداڵانی ڕۆژنامەی هەولێر بڵاوکراوەتەوە..
لەئەفسانەی یۆنانییەکانەوە: نهێنیی شا میداس.. وەرگێڕانی لەعەرەبییەوە /فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی
ڕۆژێک لە ڕۆژانی کۆن، “پان” (خوداوەندی شوانەکان) تەحەدای “ئەپۆلۆ”ی (خوداوەندی مۆسیقا، شیعر و چاکبوونەوە) کرد لە پێشبڕکێیەکی مۆسیقادا. پان پێداگری دەکرد کە ئەو نایەی لە قامیش دروستیکردووە، ئاوازگەلێکی لێدێتە دەرێ کە لە ئاوازەکانی چەنگی ئەپۆلۆ جوانترن. هەردووکیان ڕێککەوتن کە لەبەردەم لیژنەیەک لە داوەران کێبڕکێ بکەن.
یەکێک لەو داوەرانە “شا میداس” بوو. دوای بیستنی مۆسیقاکە، هەموو داوەرەکان ئەپۆلۆ و چەنگەکەیان هەڵبژارد، تەنها میداس نەبێت کە نایەکەی “پان”ی بەلاوە باشتر بوو.
ئەپۆلۆ زۆر تووڕە بوو کە کەسێک نایەکی قامیشی لە جیاتی چەنگەکەی ئەو هەڵبژاردووە، ڕووی کردە میداس و وتی:
“من پێم وایە کێشەکە لە گوێچکەکانتدایە؛ چونکە زۆر بچووکن و ناتوانیت باشیان پێ ببیستیت.. با بۆت چاکبکەم.”
میداس هەستی بە لەرزینێک لە گوێچکەکانیدا کرد و هەستیکرد بەرەو سەرەوە دەجوڵێن و درێژ دەبنەوە، تا وایان لێهات بوون بە گوێچکەی گوێدرێژ. میداس هاواریکرد و داوای یارمەتی لە “پان” کرد، بەڵام ئەویش لە ترسی ئەپۆلۆ پشتگوێی خست.
میداس هەوڵیدا گوێچکە درێژەکانی لە گەلەکەی بشارێتەوە؛ بۆیە کڵاوی گەورە و خودەی قورسی لەسەر کرد و سەری بە لەچکی ئەستوور پێچایەوە. بەڵام تەنها یەک کەس گوێچکەکانی بینی، ئەویش سەرتاشەکە بوو، کە پاشا وایلێکردبوو سوێند بخوات بە هیچ کەسێک نەڵێت. سەرتاشەکە بەڵێنەکەی پاراست و بە کەسی نەوت، بەڵام پاراستنی ئەم نهێنییە مەترسیدارە زۆر قورس بوو بۆی .
دواجار چوو بۆ سەر کێوێکی دوور و لە کەنار نشێوییەکەدا وەستا، لەوێ چاڵێکی لە ناوەڕاستی قامیشەکاندا هەڵکەند. سەیری دەوروبەری کرد تا دڵنیا بێت کە کەسی لێنیە، پاشان چەندین جار بە چرپە لە ناو چاڵەکەدا وتی:
“گوێچکەکانی شا میداس وەک گوێچکەی گوێدرێژ درێژن…”
سەرتاشەکە هەستی بە ئارامیکرد کاتێک لە نهێنییەکە ڕزگاریبوو و بە دڵنیاییەوە گەڕایەوە ماڵەوە. بەڵام بۆ بەدبەختی پاشا، ئەو چاڵە بچووکە دەنگی تێدا دەدایەوە (سەدا). دەنگی “سەدا” لە هەموو ناوچەکەدا بڵاو بووەوە و دەنگەکە گەیشتە ناو شار، بەمەش هەموو خەڵکی شانشینەکە نهێنییەکەیان بیست!
وەرگێڕانی لەعەرەبییەوە /فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی
نۆ گەڵا و نۆ هەتاو.. دکتۆر ئەحمەد فاتح محەمەد
پێشکەشە بە ٩ شەهیدی کاروانی کوردایەتی
لێرە، لەم غەریبییە تەماوییەدا
کە ئاسمان لە ڕەنگی پۆشاکی دایکانی ئێمە دەچێت
نۆ کەس…
نۆ باڵندەی بریندار،
لەسەر لقێکی داربەڕووی ئەم تاریکستانی دوورە
دانیشتن و چاوەڕوانیی هەورێکیان دەکرد
تینووی ئەوە بوون، تەنیا جارێک
خاکی وڵات ئاویان بدات.
بەبێدەنگی، وەک پشکۆیەک لەناو بەفردا
شۆڕش، لەناو دڵی ئەم نۆ کەسەدا
بوو بە ڕووبارێک و
بەرەو ئاسۆی ڕۆژهەڵات بەڕێکەوت.
بەڵام…
پەنجەیەک، پەنجەیەکی نەگریس
لە ئەشکەوتێکی پشتەوەی مێژوو
نیشانەی بۆ سینەی ئەم نۆ هەتاوە گرت.
ئاخ… خیانەت!
ئێستا لەم غەریبییەدا،
نۆ گۆڕ، نۆ چیرۆکی تەواونەکراون
پێشمەرگە، ئەوەی لە کێوەکاندا فێری فڕین بوو
ئێستا لە خاکێکی بێگانەدا
خەون بە کێوەکانی “کۆیە” و “قەندیل” و “مهاباد”دەبینێت.
شەهید بوون…
نەک هەر لەسەر دەستی دوژمن،
بەڵکو لەسەر دەستی ئەوەی کە دەبوایە
لەناو گەرووی تاریکیی خیانەتدا،
چرا بوایە!
ئەی نۆ گەڵای وەریوی شاخ!
ئێوە نەمردوون
ئێوە لە ناو دەماری ئەم نیشتمانەدا
بونەتە هۆنراوەیەک،
کە هەرگیز خیانەت ناتوانێت
خوێندنەوەی بۆ بکات.
ئێوە، لەو کاتەی کەوتن
نەک هەر لە زەوی،
بەڵکو لە دڵی هەموو دایکێکی چاوەڕواندا
لە دایک بوونەوە!
ڕەهەندەکانی وشیاری لە نێوان ئەقڵ و جوانیدا.. ستار ئەحمەد
مرۆڤ لە سەرەتای دروستبوونییەوە تا ئەمڕۆ، هەمیشە لە ناوەڕاستی گێژەنی پرسیارە گەورەکاندا ژیاوە و هەوڵیداوە واتا بۆ بوونی خۆی و جیهانی دەوروبەری بدۆزێتەوە. ئەم گەڕانە بەردەوامە، کە لە بنەڕەتدا تینوێتییەکی ڕۆحی و بیرکردنەوەییە، وایکردووە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بە درێژایی مێژوو بە ناو شەپۆلە جیاوازەکانی زانیاری، وردبینی و زمانپاراوی و جوانی ناخدا تێپەڕێت. لێرەوە وشیاری مرۆڤ گەشە دەکات و دەبێتە پێوەرێک بۆ ناسینی ڕاستی و دوورکەوتنەوە لەو تەمومژەی کە ناو بەناو ڕووبەری بیرکردنەوە تاریک دەکات. کاتێک سەیری مێژووی ئاوەدانی و شارستانی دەکەین، دەبینین هەر کاتێک کۆمەڵگەیەک توانیبێتی هاوسەنگی لە نێوان بیری ڕەخنەیی و دڵی پڕ لە جوانی و بەزەییدا دروست بکات، توانیویەتی لە تەنگژە گەورەکان ڕزگاری بێت و بەرەو ڕووناکی هەنگاو بنێت. ژیان بەبێ هۆش دەبێتە کایەیەکی شێواو، و بەبێ جوانیش دەبێتە بیابانێکی وشک کە هیچ هیوایەکی تێدا شین نابێت.
زانین و بینین وەک چرایەکی گەش، ڕێگای تێگەیشتن لە سروشت و یاساکانی گەردوونمان بۆ ڕوون دەکاتەوە و یارمەتیمان دەدات لە ڕێگەی تاقیکردنەوە و بەڵگەوە لە دیاردەکان بگەین. بەڵام تاقیکردنەوە بە تەنها ناتوانێت وەڵامی هەموو حەز و خولیاکانی ناخی مرۆڤ بداتەوە، چونکە مرۆڤ تەنها قەوارەیەکی ڕەق و زیندەیی نییە، بەڵکوو خاوەنی جیهانێکی چڕو ناوەکییە کە پڕە لە هەست، واتاو بەها. لێرەدا ورد بوونەوەی بیرکاریانە و ژیرانە دێتە پێشێ و وەک ئامرازێکی گرنگ بۆ ڕۆچوون لە چەمکەکانی .. دادپەروەری، ڕاستی، ئازادی و ڕەوشت، یارمەتی ئەقڵ دەدات کە لە سنوورە دیارەکان تێپەڕێت. کاتێکیش هێزی مێشک و دۆزینەوەی زانستی لە خاڵێکدا یەکدەگرن، تێڕوانینێکی نوێ و فراوان بۆ ژیان لەدایک دەبێت کە ڕێگە لە مەیلی تەسک پەرستی و وشکبوونی هۆش دەگرێت. گەڕان بەدوای ڕاستیدا پێویستی بە جۆرێک لە ئازادی ناوەکی هەیە کە تێیدا مرۆڤ بتوانێت بەبێترس بیر بکاتەوە و لە دەرەوەی قاڵبە چەسپاوەکان سەیری جیهان بکات. مرۆڤی وشیار دەزانێت کە زانین کاتێک بەهای ڕاستەقینەی خۆی وەردەگرێت کە بخرێتە خزمەت بەرزکردنەوەی شکۆی مرۆڤایەتییەوە.
لە لایەکی دیکەوە، داهێنانی وێژەیی و هونەری وەک زمانحاڵی گیانی مرۆڤایەتی، ئەو بۆشاییە پڕ دەکاتەوە کە زمانە وشک و فەرمییەکان ناتوانن ئەنجامی بدەن ، وێژە بە هەموو ڕەهەندە داهێنەرەکانییەوە، جوانی دەبەخشێتە ژیان ، ئاوێنەیەکە کە ئازار، هیوا، خەون و شکۆمەندییەکانی مرۆڤی تێدا ڕەنگ دەداتەوە. نووسین و ئافراندنی سەرنجڕاکێش تەنها کات بەسەربردن نییە، بەڵکوو بزووتنەوەیەکی هێمنە دژی ناشرینی و دڕندەیی، و هۆکارێکە بۆ نزیک کردنەوەی مرۆڤەکان لە یەکتری لە ڕێگەی هاوسۆزی و تێگەیشتنی هاوبەشەوە. کاتێک مرۆڤ هەڵبەستێک دەخوێنێتەوە یان چیرۆکێکی بەپێز بەسەر دەکاتەوە، لە ڕاستیدا سەیری ناخی خۆی دەکات و لە ڕێگەی ئەو ئەزموونەوە فێری لێبوردەیی و خۆشەویستی دەبێت. ئەم تێکەڵاوبوونە مێژووییەی نێوان ژیری و جوانی، هەمیشە پارێزەری سەرەکی مرۆڤایەتی بووە لە کەوتنە ناو داوی نەفامی و دەمارگیری. زمان کاتێک دەبێتە پردی گەیاندنی ڕاستی، کە لە دڵەوە سەرچاوە بگرێت و بە پاڵاوگەی ئەقڵدا تێپەڕێت.
لەم سۆنگەیەوە، وشیاری ڕاستەقینە کاتێک لە ناو کۆمەڵگەیەکدا چەکەرە دەکات کە تاکەکان فێری بنەماکانی گفتوگۆی شارستانی و ڕەخنەی بنیاتنەر ببن. مێژوو سەلماندوویەتی کە توندوتیژی زمانی و هێرشکردنە سەر کەسایەتییەکان هیچ کات ناتوانێت بیروباوەڕی چەوت بگۆڕێت یان ڕووناکی بهێنێتە ئاراوە، بەڵکو تەنها ڕق و کینە قووڵتر دەکاتەوە. گۆڕینی ڕاستەقینە لە ڕێگەی بەرزکردنەوەی ئاستی زانیاری و بڵاوکردنەوەی بیرکردنەوەی ڕێک و پێکی ژیرانەوە دەبێت. کاتێک ئێمە بتوانین بە شێوازێکی وردبینانە و ڕاست شیکردنەوە بۆ دیاردە کۆمەڵایەتی و هزرییەکان بکەین، بێگومان دەتوانین ڕیشەی کێشەکان بدۆزینەوە و چارەسەری گونجاویان بۆ دابنێین. مرۆڤی وشیار ئەو کەسەیە کە لە جیاتی شکاندنی بەرامبەرەکەی، کار لەسەر ڕووناک کردنەوەی مێشکی دەکات و هەوڵدەدات بە بەڵگەی بەهێز و زمانی نەرم بەرگری لە ڕاستی بکات. گەورەترین سەرکەوتنی مرۆڤ لەوەدایە کە بتوانێت نەیارەکەی تەنها بە هێزی بەڵگە و جوانی ڕەوشتی ڕازی بکات.
کۆمەڵگەیەک کە تێیدا تەنها بایەخ بە لایەنی مادی و ڕواڵەتی بدرێت، بێگومان بەرەو پووکانەوەی ڕۆحی هەنگاو دەنێت. پارسەنگی ڕاستەقینەی ژیان لەوەدایە کە مرۆڤ لە پاڵ دابینکردنی پێداویستییە جەستەییەکانیدا، ڕووبەرێکی فراوان بۆ گەشەی ئەقڵی و دەروونی خۆی تەرخان بکات. هەر لێرەشەوەیە کە ڕۆڵی نووسەران، بیرمەندان و داهێنەران دەردەکەوێت، وەک ڕێ پیشاندەرێک لە ناو شەوی تاریکی کۆمەڵگەدا. ئەوان ئەرکێکی گرانیان لەسەر شانە، کە ئەویش پاراستنی ئەو کڵپەیەیە کە مرۆڤ لە دڕندەیی و گەڕانەوە بۆ چاخی کێوی بوون دەپارێزێت. هەر وشەیەک کە دەنووسرێت، کاتێک دەبێتە خشتی بنەمای چاکسازی، کە لە خەمێکی ڕاستەقینەی گشتییەوە سەرچاوەی گرتبێت، نەک لە بەرژەوەندییەکی کاتی و تەسکی کەسی.
ئەمڕۆ جیهان لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە گەڕانەوە هەیە بۆ بەها مرۆییە گەردوونییەکان، بۆ ئەو ڕاستییە پاڵێوراوەی کە دوورە لە بەرژەوەندییە تەسکەکان و هێزە تاریکەکان کە دەیانەوێت مێشکی مرۆڤ کۆت و بەند بکەن. پاراستنی ڕەسەنایەتی بیرکردنەوە و گەشەپێدانی بەردەوامی هزر، ئەرکی سەرەکی هەر ناوەندێکی ڕۆشنبیری و گەیاندنە کە دەیەوێت خزمەت بە گەلەکەی بکات. نووسین لەسەر ئەم بابەتە قووڵانە، تەنها گوزارشتکردن نییە لە ڕاو بۆچوونی تایبەتی، بەڵکوو بەشداریکردنە لە پرۆسەی دروستکردنی مێژوویەکی نوێ کە تێیدا ئەقڵ دەبێتە پێشەنگ و جوانی دەبێتە یاسا. هەر بۆیە، پێویستە هەمیشە دەرگاکانی گفتوگۆ بە کراوەیی بمێننەوە و ڕێگە بە باڵندەی بیرکردنەوە بدرێت لە ئاستی بێسنووری زانین و ئەدەبدا بڵند بفڕێت، تا بتوانین کۆمەڵگەیەک بنیات بنێین کە بنەماکەی لەسەر زانیاری ڕاست و پێزانینی دروست بۆ ژیان دامەزرابێت. پاشەڕۆژی گەلان تەنها بە سامان و زێڕ و پارە دیاری ناکرێت، بەڵکوو بەو ڕووبەرە لە بیرکردنەوەی ئازاد و جوانییە داهێنەرانەیە دیاری دەکرێت کە لە ناخی تاکەکانیدا چێکراوە.
ستار ئەحمەد
نامەیەکی کراوە بۆ سەرۆک مەسعود بارزانی لەسەر پاراستنی خاکی کوردستان.. شۆڕش عەزیز سورمێ
بۆ سەرنجی میهرەبانی
جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی
جەنابی سەرۆک،
بە ڕێز و بەو هەستە بەرپرسیارێتییەی کە پێویستە هەر کوردێک بەرامبەر خاک و داهاتووی وڵات هەیبێ، بۆتان دەنووسم.
پرسی خاوەندارێتی زەوی و خانوو لە هەرێمی کوردستان، لەم ساڵانەی دواییدا بووەتە یەکێک لەو بابەتانەی نیگەرانی لە نێو دانیشتواندا دروست کردووە.
کڕینی سیستماتیکی زەوی و خانووبەرە لەلایەن وەبەرهێنەرانی ناوچەکانی دیکەی عێراقەوە، ترسی قووڵ دروست دەکات ـ نەک لەبەر بوونی هاووڵاتیانی عێراقی، بەڵکو بەهۆی خێرایی، چڕبوونەوە و ئەگەری کاریگەرییە سیاسییەکانی ئەم دیاردەیە.
مێژوو فێرمان دەکات کە زەوی تەنها سەرمایەیەکی ئابووری نییە؛ زەوی یادەوەرییە، ناسنامەیە، ئاسایشە. ئەوە ئەو سەرمایەیەیە کە ڕزگارمان کرد لە سیاسەتەکانی بەعەرەبکردن، ڕاگواستن، وێرانکردنی گوندەکان و جینۆسایدی ئەنفال. بۆیە هەر گۆڕانکارییەکی لەناکاوی دیمۆگرافی بە ناچاری بە نیگەرانی و نائارامی هەست پێدەکرێت.
زۆرێک لە هاووڵاتیانی کورد ترسیان لەوەیە کە لە ڕێگەی بازاڕی خانووبەرەوە، فۆرمێکی نوێی فشاری دیمۆگرافی سەرهەڵبدات؛ فشارێک کە دەتوانێت بە تێپەڕبوونی کات توانای چارەنووسی سیاسیی کوردستان لاواز بکات. ئەمە پەیوەندی بە دوژمنایەتی نەتەوەیی نییە، بەڵکو پەیوەندی بە پاراستنی هاوسەنگی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەرێمەکەمانەوە هەیە، بۆ دڵنیابوون لەوەی هیچ دینامیکییەکی ئابووری نابێتە ئامرازی ناسەقامگیری یان کاریگەری سیاسی.
جەنابی سەرۆک،
مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ڕوونی نیشانی دەدات چی ڕوودەدات کاتێک وڵاتێک وردە وردە کۆنترۆڵی خاکەکەی لەدەست دەدات. مەترسییەکە، کە زۆرێک لە هاووڵاتییان دەریدەبڕن، ئەوەیە کە کوردستان دەتوانێت ڕۆژێک خۆی لە دۆخێکی هاوشێوەی ئەو دۆخەدا ببینێتەوە کە گەلی فەلەستین ئەزموونی کردووە: وەرینی خاوی کۆنترۆڵی خاک، کە دەبێتە هۆی پەراوێزخستنی سیاسی. ئەم نیگەرانییە لە یادەوەری مێژووییەوە سەرچاوە دەگرێت، نەک لە دوژمنایەتی نەتەوەیی.
بۆیە، بە متمانە و ڕێز داواتان لێدەکەین:
دەستپێکردنی پێداچوونەوە بە یاساکانی خاوەندارێتی زەوی لە هەرێمی کوردستان؛
دروستکردنی میکانیزمی پاراستن بۆ ڕێگری لە چڕبوونەوەی نائاسایی کڕینەکان؛
دڵنیابوون لەوەی هەموو مامەڵەیەکی خانووبەرە بەپێی پێوەرەکانی ئاسایشی نیشتمانی چاودێری بکرێت؛
دڵنیابوون لەوەی سروشتی فیدراڵی و ئۆتۆنۆمی هەرێمی کوردستان بە تەواوی ڕێزی لێ بگیرێت، بۆ ئەوەی زەوی نەبێتە کەرەستەی فشاری سیاسی.
شۆڕش عەزیز سورمێ
ئافرەتانی وەک، یەنار محمد و بەهار علی، تەنیا نین.. سامی المالح
کە چالاکەوانی ناودارو ئازا و بوێر یەنار محمد لە سەرەتای مانگی ئاداری ئەم ساڵ تیرۆرکرا، لە نووسینێکدا بۆ ڕسواکردنی تیرۆرستان و ئەو بیرو فیکرەی لە پشتیانەوەیە، من ئەوم دووپاتکردەوە: ئەمە یەکەم تیرۆر نیەو دوا تیرۆریش نابێ.
ناوچەکە بەگشتی و عیراق بە تایبەتی، لە ناو گێژەنی ئیسلامی سیاسیدا گیری خواردوە. وڵات لە دەریایێکی بێ بنی گەندەڵی و دزی و داڕوخانی بەهاکان و وێرانکردنی سیستەمی پەروەردە و تەندروستی و خزمەتگوزاری بنەرەتیدا دەژی، چونکە هێزە ئیسلامیە تایفەگەرییەکان و هاوپەیمانانیان لە هێزە ناسیۆنالستیەکانی عەرەب و کورد، دەوڵەت و دامودەزگاکانیان کردۆتە مۆڵگەی دابەشکردن و تاڵانکردنی سامان و سەروەتی گشتی و، خۆیان بە بوونی چەک و میلیشیا و پارەوەی دزراو، خستۆتە سەرووی دەوڵەت و یاسا و، بنیاتنانی ژێرخان و خزمەتکردنی گەل و ئاوەدانی و ئاسودەیی خەلک وپێکەوەژیانیان لە لا گرنگ نیەو، تەنانەت لێشی دەترسێن و ڕێگری لێدەکەن.
نزیکەی سی ساڵە، ژینگەیێکی بۆگەن دروستدەکرێ بۆ خنکاندنی بیرکردنەوە و بڕاو بە مەعریفە و زانست و ئایندە. ئەو هێزانەی حوکمڕانن، دەخوازن فکری سەدەکانی ناوەڕاست وجەهل و نەخوێندەواری وموڕالی نزم تەشەنە بکات و، کۆمەڵگا ببێتە مێگەلێکی گوێڕایەل و بێتوانا و بێ ڕێکخستن و بێهێز. بۆ ئەوەش دەسەڵات دامەزراوە ئایینی و شێخ و سەیدو مەلاکان بەکار دێنێ و بەشداریشیان دەکات لە گەندەڵی و دزین و چەواشەکاری و هەلخەڵەتاندن و پەکخستنی هەموو جۆرە بیرکردنەوە و ڕەخنەگرتن و داهێنان و نوێخوازی.
ینار محمدیی شەهید و بەهار علی، ئەو ئافرەتە بوێرو ئازایانە تەنیا نیین. تەنیا نین بە دوو جۆر:
یەکەم – هەموو ئافرەتە چاڵاکەکان، بە شێوەیێک لە شێوەکان، دەکەونە بە هێرش و گرتن و ڕاونان و دادگایی کردن. ئافرەتانیش لێرەدا، لە قوربانیدان و بەخشیندا تەنها نین، چونکە پیاوانیش لە هەمان سەنگەردا، قوبانیێکی زۆریان بەخشیوەو دەبەخشن. سەدان گەنجی ئەکادیمی و میدیا کار و هونەر مەند و نووسەر و چالاکەوانی مەدنی، شان بە شانی ئافرەتان قوربانی دەبەخشن و، دەیسەڵمێنن کە ئازادی ئافرەت بنەمای هەموو ئازادیێکە و بەردی بناغەی پێشکەوتن و بنیاتنان و ئاوەدانی و ئاسوودەیی و ئاسایش و ئایندەیێکی گەشە.
دووەم – ئافرەتان، وەک یەنار و بەهارو سەدان و هەزارانی دیکە، لە بەردەوامی خەباتدا تەنیا نین و کۆمەڵێک دام و دەسگا و ڕێکخستن و سەنتەری چالاکی و میدیا و میدیاکاران و نووسەر و ڕۆشنبیری پیاویان لەگەڵدایە. ڕەنگە هێزو تواناکانی هەم ئافرەتان و هەم پیاوان تا ڕادەیێک پەتەوازەیە و، لە ئاستی هێرشەکاندا یەکیان نەگرتبێ و پێکەوە یەکدەست و یەک ئامانج چالاکیان نە نواندبێ، لێ هێشتا دەرفەتێکی زۆر لە پێشدایەو، ئاڵنگاری زیاتریش ماوە و، ئەستەمە کۆمەڵگا تا هەتایە بێ هەڵوێست و بێ قسەو بێ کردار و لە چاوەڕوانیدا بمێنێت.
دیارە، ئافرەتانی هوشیارو ئازاو بوێر، مەترسیێکی گەورەن لەسەر سەلەفیەت و فیکری کۆنەپەرستی و بەکارهێنانی ئاین و توندڕەوی ئاینی و نەتەوییدا، هەر بۆیە پیاوانی ئایینی خزمەتکاری دەسەڵات، زیاتر و زیاتر هێڕشیان دەکەنە سەر و، پێیان بکرێ تیرۆریان دەکەن و کۆمەلگا هەمووی دەخەنە نێو زیندانی بیرکردنە و ڕوانینیان و ئارەزووەکانیان و بەرژەوەندیەکانیان و بەهاکانیان و ژێر چەپۆکی دەسەڵاتی ڕەهایان.
لە عیراقدا بە هەرێمی کودستانیشەوە و لە دەورو بەریشدا، تەوژمی ئیسلامی سیاسی توندڕەو لە هەڵکشاندایە. بە داخەوە ئەو تەوژمە سوودێکی زۆ لە بێهێزی دەوڵەت و ژینگەی گەندەڵی و تووندڕەوی و تایفەگەری ودەسەڵاتی چەکدارەکانی دەرەوەی یاسا و پەرتەوازەیی هێزە مەدەنیەکان دەبینێ. داڕمانی پەروەردە و فێرکردن و سیستەمی تەندروستی و ژێرخانی وڵات و بێکاری و بێ هیوایی هاوڵاتیان پەکخستوە و کردۆتە پاشگەرێکی بێئیرادە و بێ توانا و بێ ئامانج. ئەمانە هەمووی ئەرکی مەدەنیەکان و هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتی وفەرهەنگیەکان ئالؤز و قورستر دەکات.
ئایندەی هەر وڵاتێک، هەر و گەلێک و نەتەویێک ، بەندە بە ئازادی و مافی بیرکردنەوە و ڕادەڕبڕین و ڕەخنەگرتن و هەستکردن بە لێپرسینەوە. لە پێش هەمووشیانەوە ئازادی ئافرەتان، بۆ ڕزگار کردنیان لە کۆیلایەتی و پاشکۆیی و، بۆ ئەوی دەست لەناو دەست بە یەکسانی لە گەڵ پیاواندا، ببنە بەشێکی چالاک و هێزێکی کۆمەڵایەتی و نموونەی ئەرێنی بۆ پەروەردەکردنی نەوەکان و بەخشینی هیوا و خۆشەویستی و ئارامی وئاشتی و ئاسایش.
سامی المالح
لە كوردستان یادی دامەزراندنی دادگایی تاوانی نێودەوڵەتی ICC كرایەوەو داوا كرا عێراق ببێتە ئەندامی ئەو دادگایە و تاوانبارە كوردەكانی ئەنفال دادگایی بكرێن
ئەمساڵَیش 17-7-2026 وەك ساڵانی رابردوو, لە یادی 24 ساڵەی دەست بەكاربوونی دادگای تاوانی نێودەوڵەتیدا ICC كۆمەڵێك چالاكی جۆراو جۆرمان ئەنجامدا لە شارەكانی هەڵەبجە, چەمچەماڵ , كەركووك, هەولێر, سلێمانی و رزگاری و … .
لە چالاكییەكاندا بەیاننامەی تۆڕی KONCICC خوێنرایەوە , سەردانی نووسینگەی پەرلەمانی عێراق كرا, داواكاری بە ئەندام بووونی عێراق لەو دادگایە كرا.
هەروەها پشتگیری لەو هەڵمەتە جیهانییە كرا بۆ بەخشینی نۆبڵی ئاشتی بە ICC كرا, كە ئێستا لە بەردەم هەڕەشەی تووندایە.
ئەم دادگایە تاكە زەمانەتە بۆ رێگری لە جینۆسایدیدكردنی گەلەكەمان لە ئایندە, لە كۆی چالاكییەكاندا سوپاسی ICC و OPCW كرا, تایبەت بەو هەموو خزمەتەی پێشكەش مرۆڤایەتیان كرد لە بەرەو رووبونەوەی چەكی كیمیای و جینۆساید, كە ئێمەی خەڵكی كوردستان قوربانی یەكەمی ئەو تاوانەین لە جیهاندا.
لە یادی 28 ساڵەی رۆژی دادپەروەری تاوانكاری جیهانیدا
یاداوەری, راستی, دادپەروەری
پەیماننامەی ڕۆما كە 27 ساڵ لەمەوپێش و لە 17-7-1998 بریاری لەسەر دراوە, تا ئێستا چەندین جار هەمواركراوەتەوە و 24ساڵ لەمەوپێش و لە یەكی یۆلی 2002 ەوە دەستی بەكار كردووەو 124 دەوڵەت پەسندی پەیمانامەكە و دادگاكەیان كردووەو هەنووكە ئەندامن تیایدا.
عێراق لە رێكەوتی 15-2-2005 بەو ڕێككەوتنەوە پەیوەست بووە، بەڵام بێ هیچ ڕوونكردنەوەیەك دوای دوو هەفتە پاشەكشەی لێكردووە.
24 ساڵە ئەم دادگایە بەهەموو كەموكوڕیەكان و ئەو رەخنانەی لێی گرتراوە بۆتە بەربەستێك تا رادەیەك هەستپێكراو لەبەردەم ئەنجامدانی تاوانە زەقەكان و تا رادەیەك كەمكردنەوەیان, لەم پێناوەدا ئێمە زیاتر لە 21 ساڵە بێ پسانەوە كار بۆ بە ئەندام بوونی عێراق لە دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی دەكەین.
لە یادی 28 ساڵەی بڕیاری پێكهێنانی دادگاكەو 24 ساڵەی دەست بەكار بوونی و رۆژی دادپەروەری تاوانكاری جیهانی, وەك گەلی كوردستان بە هەموو پێكهاتەكانیەوە, لە هەموو گەلانی دیكە زیاتر پێویستمان بە دادگایەكی جیهانی وا هەیە بۆ ئەوەی رێگری بكات لە تراژیدییەكانی رابردوو و هەڕەشەی دوژمنكارانەی دەرەكی, بۆیە داواكارین:
- عێراق پەیماننامەی رۆما واژۆ بكات و بە زووترین كات پەیوەست بوونی خۆی بە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی رابگەیەنێت, بۆ ئەوەی دڵنەواییمان بداتێ عێراقی ئەمڕۆ و ئایندە جیایە لە عێراقی تاوان و جینۆسایدی پێشوو, بۆ ئەم مەبەستە پێویستە پەرلەمانی عێراق بە رۆڵی خۆی هەڵبستێت و فشار بكات بۆ ئەندامبوونی عێراق لەم دادگایە.
- حكومەتی عێراق و پەرلەمانی عێراق فشار بخەنە سەر حكومەتی هەرێمی كوردستان 258 تۆمەتباری ئەنفال دادگایی بكرێن, ئەوانەشی ناویان لە لیستەكەدا نییە و بەشداری تاوانیان كردووە زیاد بكرێن.
- حكومەتی عێراقی هەموو ئەوانەی وەك تۆمەتبار ناویان لە كەیسەكانی جینۆسایدی خەڵكی كوردستان و عێراق هاتووە دادگایی بكات, لیستەكانیان رێك بخاتەوە بەناوی چواری و ناوی دایك و بیداتە پۆلیسی ئەنتەرپول.
- حكومەتی عێراقی قەرەبووی مادی و مەعنەوی قوربانیانی رژێمی پێشوو بكاتەوە بێ جیاوازی, لە داوای لێبوردن كردن لێیان و قەرەبووی مادی بێجیاوازی.
- حكومەتی عێراقی پێشوازی لە هیچ كەسێك نەكات لە لایەن دادگای تاوانی نێودەوڵەتییەوە داواكراو بێت, یان گومان لێكراوبێت بەو تاوانانەی لە تایبەتمەندی دادگای ناوبراوە.
- پەلە بكرێت لە هێنانەوەی روفاتی قوربانیانی گۆڕە بە كۆمەڵەكان و پشكنینیان بۆ بكرێت بۆ ناسینەوەیان, بۆ ئەم مەبەستە پەلە بكرێت لە هێنانەوە روفاتەكانی پزیشكی دادوەری .
- دادگاییكردنی حەجاج هەنگاوێكی گەورە بوو بۆ قەرەبووكردنەوەی قوربانیان, دەبێت ببێتە دەستپێكی دادگاییكردنی سەرجەم تۆمەتبارانی تاوانبارانی پرۆسەی ئەنفال و كەیسەكانی دی بێجیاوازی.
تۆڕی هاوپەیمانی رێكخراوە كوردستانییەكان لە پێناو دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی
Kurdish organizations Network coalition for the International Criminal court (KONCICC)
17-7-2026

چیرۆک\ شارە بەیەکداچووەکان.. نووسینی خالد کاکی.. وەرگێڕانی: گرفتار کاکەیی
- ئاسۆنسیۆن، شتێکت پێ بڵێم؟
- چی تازە هەیە، سالم؟ ئاسۆنسیۆن بە شپرزەییەوە وتی.
- ئۆقرە بگرە ئافرەت. چیتە؟ ئایا قاوەکەی بەیانیت خواردووەتەوە؟
- نا، ئێستا ئامادەی دەکەم.
- باشە ئەزیزم، لێکەڕێ من بۆتی ئامادە دەکەم. تۆ دانیشە، لەو کاتەی قاوەکەت بۆ ئامادە دەکەم ؛ خەوەکەی ئەمشەوت بۆ دەگێڕمەوە.
- دیسانەوە، سالم؟! ئەرێ ئەم خەونانەی تۆ قەت تەواو نابن؟! ئەمەی وت، و پەتووە سوورەکەی پێچدایە دەور خۆی، بە چاوەکانیشی بەدوای کۆنترۆڵی تیڤییەکەدا دەگەڕا.
- سالم، کوا کۆنترۆڵەکە؟!
- ئەزیزم، وابزانم وەک هەموو جارێک لە سەری دانیشتوویت. دوێنێ لە بان قەنەفەکە جێمهێشت.
- ئۆۆه، بەڵێ. ئەوەتا. ئەمەی وت و تیڤییەکەی داگیرساند؛ دەنگی گۆرانییەکی کۆن لە کەناڵی گۆرانییە کۆنەکانەوە بە دەنگی دونیا کۆنتشیتا بیکیری دەرهات. تێیدا تێکستی گۆرانییەکە (کۆپلێتەکەی) بەباڵای چەتەیەکی ناسراوی مەدریدا هەڵەدەدات، کە ناوی لۆیس کاندیلاسە. سەرنجڕاکێشی ئەم گەنجە قۆز و ترسناکە کاندیلاس، سەدەیەک پێش ئێستا دڵی ژنانی مەدریدی داگیر کردبوو، سەربوردەی ببووە وێردی سەر زوانان، تا ئەوکاتەی لە ساڵی ١٨٣٧ دا دەسگیر کرا و لە گۆڕەپانێکی گشتیی پایتەختدا لە سێدارە درا، ببووە جێی نیگەرانی و دڵەڕاوکێی پیاوانی پۆلیسی شارەکە و دەوروبەری.
بە بەڕێز سەرۆکی شارەوانی بڵێن
بەجەنابی قازی بڵێن،
کەمن لە خۆشەویستیدا،
بۆ لۆیس کاندیلاس دەمرم.
پێیان بڵێن ئەو بکوژە،
بڵێن ئەو خیانەتکارە،
من خۆم هێشتم دڵم بدزێت
بەوپەڕی ڕەزامەندی وخۆشییەوە.
ئەم دێڕە شیعرانەی کە دەیانڵێمەوە
با دەم بە دەم بگوازرێنەوە
وەک ئەوی شێتێک بم.
لەژێر عاباکەی لۆیس کاندیلاس
دڵم لێدەدات، و دەفڕێت…
سالم لەگەل خۆیدا تێکستی ئەو گۆرانییە میللیەی کە شەیدای ببوو دەوتەوە، گش پارچەیەکی لێ تەواو دەکرد، وەک ئەوەی – ئەمیش – دڵی لەژێر عاباکەی لۆیس کاندیلاسدا لێدەدات و دەفڕێت. - ئاسۆن گیان، ئەمەیە گیانی ئیسپانیا، گیانی مەدریدی کۆن کە دەیناسم. سالم ئەمەی بە ژنەکەی وت و دەستی ڕاستی بەرز کردەوە و ئاماژەی بە تیڤییەکە دا؛ لەوێوەی کە دەنگەکە دەردەچێت وەکو سەلماندن ودڵنیابوون، ئەو وەکو ناز و خۆشەویستییەک ناوی ئاسۆنسیۆنی کورت کربووەوە بۆ ئاسۆن.
- سالم تۆ چەند کۆنی، تۆ بەڕاستی کۆنی. کەوا حەزت لەم گۆرانیانەیە کە هی سەردەمی چاخی بەردینن. ئاسون بەگاڵتەجاڕییەوە ئەمەی وت، لەکاتێکدا خەریکی گۆڕینی کەناڵە تیڤییەکە بوو بەدوای فیلمێکی ئەمریکی ڕۆمانسیدا دەگەڕا.
- خۆشەویستەکەم، من کۆنم؟ ئەی تۆ؟ تخوا، تۆ ئێستا لەم کاتەدا بەدوای فیلمێکی شازادەی خەونەکانت کلارک گیبلدا ناگەڕێیت؟ڕاستی بڵێ. سالم ئەمەی بە گاڵتە و پێکەنینەوە وت، پاشان لەسەری چوو:
- ئەی پێرێ، کێ بوو تەماشای “پەنجەرەی پشتەوە’ ی هیشکۆکی دەکرد؟ تەماشای فیلمێکت دەکرد کە ساڵی 1954 بەرهەمهاتووە، بە منیش دەڵێیت کۆن!!!. سالم دەستی کرد بە پێکەنین.
ئاسۆنیش پێکەنی بە قاقا ناسراوەکەی، وەک ئەوەی کیژۆڵەیەکی پازدە ساڵە بێت، هەقی بە مێردە عێراقییەکەی، سالم دا، کە گش ئەم هەموو ساڵە بۆ خۆشەویستییەکەی وەفادار مایەوە : - وایە، تۆ ڕاست دەکەیت، تەنها ئەوەندەیە – بیگومان- کلارک
گیبل زۆر لە جەردە مەدریدییە دڵخوازەکەت کاندیلاس قۆزترە. - تۆ چوزانی؟ ئایا تاقیتکردووەتەوە کە کەسێکیان بۆ شەوێک تۆی دزیبێت؟ سالم ئەمەی بەگاڵتەجاڕییەوە وت. لەگەل بزەیەکی پان کە بە ئەستەم لە بن سمێڵە ئەستوورەکانیەوە دەبینرا. پاشان بەردەوام بوو:
- لۆیس کاندیلاس سوارچاکێکی مەرد بوو، دەستەکانی بە خوێنی هیچ هاوڵاتییەک سوور نەبوون. کەسێکی زۆرزان و بەهێز بوو، پۆلیسی شارکەی تووشی سەرێشە کردبوو. تا ئەمڕۆیش خەلکی چیرۆکی چاپۆکی و سۆزدارییەکانی دەگێڕنەوە.
- سالم، قاوەکەت ئامادەکرد؟ ئاسۆن بە کەمێ بایەخی کەمترەوە بەوەی کە مێردەکەی دەیڵێت ئەمەی وت و باوێشکی لەگەلدا لێدەدا، لە کاتێکدا بۆنی قاوە بۆندارەکە خەریکبوو بخزێتە نێو هۆڵەکەوە؛ ئەو شوێنەی کە ئاسۆن تێدا دانیشتووە.
- بەڵێ، گیانەکەم. ئەوە قاوەکەت فەرموو، بینۆشە بەدەستی ئەو تەنیا پیاوەی کە تا هەتایی تۆی فڕاند. سالم ئەمەی بە سۆز و خۆشەویستییەوە وت، لەگەلیدا خەریکە کوپە قاوەکە لەسەر مێزە چکۆڵەکە دادەنێت، لەکاتێکدا ئاسۆن بە پەنجەکەڵەی خەریکە لە کۆنترۆڵەکەوە کەناڵەکان دەگۆڕێت، بێ ئەوەی بۆ هەر کەناڵێک لە سێ تا پێنچ چرکە زیاتری کات دابنێت.
- دەی، باسی خەوەکەتم بۆ بکە. ئایا دیسانەوە سەرلەنوێ لە جادەی ئەبی نوئاس لەسەر دیجلە پیاسەت دەکرد؟ یان لە کوچەی خەیدەرخانە، خەیدەرخانە؟ ئۆۆە، ئای ئەم ناوە چەن زەحمەتە، خۆشەویستەکەم.
ئاسۆن گیان، – حەیدەر – خانە. دوو بڕگەن لە یەک وشەدا. بڵێ حەیدەر ، ئینجا خانە، دەی. - نا، نا، ئێستا واز لەمە بێنە. ئەوەی بە سی ساڵ فێری نەبووم ئێستا بە خولەکێک فێری نابم، ئاسۆن بە پێکەنینەوە ئەمەی وت.
- لێمگەڕێ با ئەم سیگارەیە بپێچمەوە، ئینجا خەونەکەت بۆ دەگێڕمەوە.
- باشە، فەرموو، لەبیریشت نەچێت بۆ منیش دانەیەک بپێچیتەوە.
ئاسۆنسیۆن و سالم زیاتر لە سی ساڵە بەو هەموو بێگەردی و شادی و ئاسانییەوە یەکتریان خۆشدەوێت. سالم ساڵی 1978 گەیشتە مەدرید ئەوکاتە تازە هەژدە ساڵی تەمەنی تەواو کردبوو. دوای گەیشتنی بە ساڵێک و چەند مانگێک، ئاسۆنسیۆنی ناسی و یەکتریان خۆشویست.
دیرۆکی یەکترناسینیان سەرسوڕهێنەرە، سالم لە کۆتایی هەفتاکان هات بۆ مەدرید و پارەیەکی قەبەیشی لە باخڵدا بوو، دە هەزار دۆلاری تێدەپەڕاند، لەکاتێکدا کرێی شوقەیەکی بچووک لەو ڕۆژانەدا لە مەدرید مانگیی نزیکەی سی دۆلار بوو. باوکی ئەو بازرگان و پیاوە خانەدانە، ئەو پارەیەی داوە بە کوڕەکەی؛ تا خۆێندن تەواو بکات، ئەم نەیخوێند، بەڵکو بۆخۆی ژیا، گەنجەفەی کرد، بۆ هەموو شارەکانی ئیسپانیا چوو، تا هەموو پارەکەی خەرج کرد، داوای زیاتری لە باوکی نەکرد، لەبەر هەست کردن بە تاوان، کە بەدرێژایی کات بەدوایەوە بوو.
ڕۆژێک لە ڕۆژانی بەهار، سالم لە جادەی گران بییای مەدریدی ناسراو (ئەو دەمە جادەی خوسێ ئونتۆنیۆیان پێ دەوت) چووە ناو دوکانێکی پێڵاوفرۆشتنەوە. حەزی لە پێڵاوێکی قاوەیی تۆغ کرد ، داوای کرد؛ بۆ ئەوەی تاقی بکاتەوە. خاوەن دوکانەکە پێڵاوێکی وەکو چۆن ویستی، بە ئەندازەی پێی بۆ هێنا، سالم لەپێی کرد، بێ ئەوەی بیبەستێت، پێی ڕاستی بادا بۆ ئەوەی پێڵاوەکەی لە ئاوێنە لار و تەیتکراوی سەر زەمینەی دوکانەکە ببینێت. لێرەدا، هەژەندێکی گەورە ڕوویدا، لە ئاوێنەکەوە کچێکی هاوتەمەنی خۆی بینی ، لەگەل داچەمیندا – دەستی درێژ کرد- بۆ ئەوەی بەندی پێڵاوەکەی بۆ ببەستێت. کاتێکی ئەفسووناوی بوو بۆ سالمێک کە پێش ساڵێک بوو گەیشتبووە شاری ڕۆژ مەدرید. هیچ هەڵوەستەیەکی نەکرد، هیچ وشەیەکشی بە ئیسپانی ئاراستەی کچەکە نەکرد، بەو زوانە ئیسپانییەی کە بەئەستەم دەیتوانی بەشێوەیەکی درووست قسەی پێ بکات، بەڵکو هێشتی بە دووچاوی دەم بە زەردەخەنەوە پێڵاوەکانی بۆ ببەستێت.
لە ڕاستیدا – هەردووکیان – ڕاستگۆیانە و لەخۆوە خەندەیان دەهاتێ، ئەو ساتە، ژوانێک بوو لەگەل هەموو ژیاندا، کە ئەو کچە مەدریدییە بەسەری دەبات لەگەل ئەم عێراقییە کە گیرۆدەی ئازارێکی هەمیشەیی ئەو هەژدە ساڵە بوو کە لە نایابترین جادەی بەغدا بەسەری برد، لە نێوان خانوویەکی گەورە لە گەڕەکی وەزیرییە و شوقەیەک، کە بالەکۆنەکەی ڕووی لە جادەی ڕەشیدە لای( عەگد ئەلنەسارا).
ئەو هەڵوێستە – بەو سادە و خۆ ڕا دڵڕفێنەیەوە- تیری خۆشەویستی بوو کە دڵیانی تا ئەمڕۆ پێکەوە گرێدا.
سالم سەرسام بوو لە بوویری و بەسۆزی و جوانی ئاسۆنسیون تۆریسی گەنج کە هات پێڵاوەکەی بۆ بەست، بەبێ ئەوەی وشەیەک بڵێت یان مۆڵەتی لێ وەرگرێت، وەک ئەوەی پێی دەڵێت: خۆشەویستەکەم ئا لێرەوە، هەنگاوەکانمان پێکەوە دەبەستین. - ئازیزم ئەوش سیگارەکەت. سالم ئەمەی پێی وت، و بە بزەیەکەوە جگەرە پێچراوەکەی بۆ درێژ کرد.
- سپاس، ئازیزم. دەی ، خەونەکەتم بۆ بگێڕەوە پێش ئەوەی فیلمەکەی کاتژمێر چوار و نیو دەسپێبکات.
- باشە. لەخەونمدا مامم سەعدم دی، پیسکەکە. سالم ئەمەی وت و مژێکی لە پێچراوەکە دا، لە کاتێکدا یەکسەر زەردەخەنەکە لە سێمای بزر بوو. وەک ئەوەی بە خێرایی تیشک گوازرایەوە بۆ بەغدا.
- ئەم ئێسک گرانە چی لێت دەویست؟ ئاسۆن وتی.
بە درێژایی ئەو سی ساڵەی کە لەگەل سالمی مێردی پێکەوە ژیاون – هەموو ئەو ناو و شوێن و بەروارانەی لەبەر کردبوو کە پەیوەست بوون بە مێردەکەیەوە لە عێراق، ببووە دووەم ئەرشیفی یەدەکی، ئەوە لە حاڵەتیکدا ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەرشیفە زێڕینەکە لەنێو چوو: بیری خودی سالم. - بینیم مامم دەچێتە نێو فرۆشگاکەی باوکمەوە؛ بۆ ئەوەی داوای قەرزێکی لێ بکات. باوکیشم دەستەیە گەورەی جۆری دە دیناری عێراقی شینی پێدا. ئەی خوایە، چەند دراوێکی جوانە چ ڕۆژگەلێکی خۆش بوون. ساڵم ئەمەی وت و دوکەڵێ سیگارەکەی بە حەسرەتەوە قوتدا.
- مەبەستت ئەو دراوانەی کە لە یەیکێک لە ڕووەکانی وێنەی گایەکی باڵداری ئاشووری لێبوو؟
- بەڵێ، خۆشەویستم. ئێستا وا خەریکە بۆنی ئەو دراوە ڕەسەنانە دەکەم، سالم بە خەمبارییەکەوە ئەمەی وت، بەردەوام بوو:
- باوکە دڵ باشەکەم ، هەرچی دراوی گەورەی لەسەر مێزەکە هەبوو هەمووی دا بە مامە ناحەزەکەم سەعەد. ئاخە ئاسۆن گیان ئیدی چۆن خەمبار نەبم، یان توڕە نەبم ؟ چۆن لەداخی ئەم کابرایە نەمرم؟
سالم بۆ ماوەیەک زۆر تووڕە بوو، لەداخانا بە شاپ
لەسەر ڕانی خۆی دەدا. - بەڵام ئەوە تەنها خەوێکە ئازیزم، تۆ وای نابینیت؟! ئاسۆن وتی، لەگەلیدا قومی لە قاوەکەدا و ، چاوەکانیشی بڕیبووە شاشەی تیڤییەکە.
- دەزانم خەوە، بەڵام ئەوە ڕاستییە. سالم وتی، وەک ئەوەی ئەو ڕستەیەی لە دەقێکی فەلسەفی درێژەوە وەرگرتبێت.
- تەنها خەوە، ئازیزم. مامت سەعەد ماوەیەکی زۆرە بە جەڵتەی دڵ مردووە. ئاسۆن پێی وت.
- بەڵێ، مرد، بەڵام ئەو ماندووبوونی باوکمی دەدزی. باوکە دڵپاکەکەم ، بەخشندە ترین مرۆڤێک کە ناسیبێتم، ئێستا لە ژیانمدا تا ئەمڕۆ ئەو پاکترین مرۆڤە.
- هەموو ئەوانە دەزانم، سالم گیان. ئێ دوای ئەوە چی ڕوویدا؟ دەی پئم بڵێ.
- هیچ ڕووینەدا. مامم سەعەد لە فرۆشگاکەی باوکم دەرچوو، و پارەکەی لەگەل خۆیدا برد بۆ خانەی سوزانییەکان لە گۆڕەپانی مەیدان. سالم ئەمەی وت، و ئینجا لەسەری ڕۆیی:
- ئاسۆن گیان، ئایا دەزانیت، لەوێ باڕێکی ناوازە هەیە، دەکەوێتە ئەو ناوچەوە، من لەوێ لەگەل هاوڕێکانمدا، بە دزیی باوکمەوە دەمخواردە و سەرخۆش دەبووم؛ لەبەر ئەوە تەمەنم بچووک بوو، لە سزادانی دەترسام. ئاسۆن گیان ڕاستییەکەی، باوکم بە مەسەلەی خوارنەوەکەی دەزانی، بەڵام چاوپۆشی دەکرد، لەبەر ئەوەی کوڕە گەورەکەی بووم، هیوای ژیانی بووم. بەڵام من بێ ئومێدیم کرد، بە هەرحاڵ.
- گیانەکەم وا مەڵێ، تۆ هێشتا هەر کوڕە گەورەکەی باوکت و شانازی بنەماڵەکەیت.
ئاسۆن ئەو وشە مەزنانەی پێگوت، لەکاتێکدا چاوی بڕیبووە چاوی و دەستەکانی گرتبوو. وەک ئەوەی هێشتا چەند ڕۆژێک پێش ئێستا پەنجا و پێنج ساڵەی تەمەنی تەواو نەکردبێت، بەڵکو ئەو هێشتا هەمان ئەو کچە لاوە مەدریدییەیە کە داچەما؛ تاکو بەندی پێڵاوەکەی بۆ ببەستێت ڕۆژێک لەو ڕۆژە نایابانەی مانگی ئەپریلی ساڵی 1979.
دوای یازدە ساڵ
ئەمە ڕوحی ئیسپانیایە، ڕوحی مەدریدی کۆنە کە دەیناسم، ئاسۆن گیان. ئاسۆن، خۆشەویستەکەم هاوڕێکەم مانای ژیانم، تۆ لە کوێی؟ ئایا تۆ لەوێی؟ ئایا من لێرەم؟ ئایا خەوەکەی دوێنێ شەوت بۆ بگێڕمەوە؟ باشە، گوێ بگرە، گوێ بگرە، هاوڕێ شیرینەکەم:
لەخەوما خوالێخۆشبوو نەنکم سەلیمەم بینی بەباڵا با شکۆکەیەوە، لەسەر پشتی مایینێکی سپی دەهاتە ماڵە گەورەکەمانەوە، وەک ئەوەی زەوی هەور بێت هەردووکیان پێکەوە هەڵگرتبوو …
ئاسۆنسیون تۆریس، خێزانی سالم سەعیدی عێراقی پێنج ساڵ پێش ئێستا کۆچی دوایی کرد. لەگەل ئەوەشدا سالم، یەک ڕۆژێک ڕەت ناکات کە لەگەل کورسێیە بەتاڵەکەیدا نەدوێت، وەک ئەوی لەبەردەمی وەستابێت. هەندێجار زەردەخەنەی بۆ دەکات، هەندێ جار بۆی پێدەکەنێت، هەندێ جار بەتەنیا بە فرمێسکێکی زۆرەوە بۆی دەگرێت، لەوکاتەی بۆ ڕوحی هاوسەرە کۆچکردووەکەی ئەو خەونانەی بەغدا دەگێڕێتەوە کە تەواو نابن.
ئاسۆنسیون ، ئایا شتێکت پێ بڵێم؟
……..
ئوقرە بگرە، ئافرەت. چیتە؟ ئایا قاوەکەی بەیانیت خواردووەتەوە؟
………..
باشە، ئەزیزم، من بۆتی ئامادە دەکەم؛ تۆ دانیشە، لەوکاتەی قاوەکەت بۆ ئامادە دەکەم دەمەوێ خەوەکەی ئەمشەوت بۆ بگێڕمەوە.
سالم تیڤییەکەی لەسەر کەناڵی گۆرانییە کۆنەکان پێکرد؛ گۆرانییەک بەدەنگی دونیا کۆنتشیتا بیکری لێوە بڵند بوو …
هاوسێکە لە ماڵەکەی بەرامبەر، نا، نا
چاوەکانی گوشاد نین،
ناوقەدی گوڵە گەنمی نییە، نا،نا
لێوەکانی لەڕەنگی خۆێن نیین،
کەس لە دەرگاکەی نادات،
کەس لە شووشەی پەنجەرەی نادات،
لە بای شەو زیاتر
ئەوەی لە جادەکان دەسوڕێتەوە…
سالم لەگەل خۆیدا تێکستی ئەو گۆرانییە میللیەی کە شەیدای ببوە دوتەوە، گش پارچەیەکی لێ تەواو دەکرد،
خۆشی هەروا – چاوەڕێ بوو وەکو دراوسێ تەنیا و خەمبارەکەی ماڵەکەی بەرامبەریان بای شەوان لە شوشەی پەنجەرەکەی بدات.
مەدرید 2015

وەرگێڕ: گرفتار کاکەیی
گەلەری ئارام\ د. ئازاد حەمە.. لە کلینیکیی فەلەسەفییدا فەلسەفە یان دەروونناسی بڕیاردەرە

ئازار و شادی.. شیعری شورش عەزیز سورمێ
ئازار بە هێواشی دەگات،
وەک ئێوارەیەک
نایەوێت کۆتایی پێبێت،
دەنیوشت لە دڵدا
ئەو شتانەی لەدەستچوون
بە دەنگێکی نەرمەوە
بیرمان دەخاتەوە.
خۆشی
بەرامبەرتیشکەکەی توندە،
وەک دەرگایەک لەناکاو دەکرێتەوە،
زەردەخەنەیەک،
لە ناو تاریکییەوە
سەرهەڵدەدات
تەنانەت کاتێک هیچ هۆکارێک نییە.
هەردووکیان پێکەوە دەژین ،
دوو دەست لە تاریکییەوە
بە دوای یەکدا دەگەڕێن،
دوو ڕێگا دوای گەشتێکی درێژ
لە کۆتایییدا یەکتر دەبینن.
ئازار فێری مانەوەمان دەکات،
خۆشی فێری فڕین.
ئێمەش ئەو خاڵەین
هەردووکیان لە باوەش دەگرن،
ناسکین، بەهێزین،
لە نێوان شکست و دروستبووندا.
هەر فرمێسکێک
پریشکێکی خەفی تێدایە،
هەر زەردەخەنەیەک
یادەوەری برینێک لە دڵدا هەڵدەگرێت.
بەم شێوەیە دەڕۆین،
لە نێوان ئەوەی ئازاری دەدات
ئەوەی ڕزگاری دەکات،
لە نێوان قورسایی ژیاندا و سەرسوڕمانەکەی.
شورش عەزیز سورمێ
ئاشکراکردنی نمرەی پۆلی (١٢) و کولاندنەوەی برینی دەرچووە دانەمەزراوەکان.. نووسینی: شێنێ مشیر
ساڵانە لەگەڵ تەواوبوونی تاقیکردنەوەی پۆلی (١٢)ەکان و ئاشکراکردنی ئەنجامەکان، ئەو خوێندکارانەی کە نمرەی بەرزیان بەدەست هێناوە بەری ڕەنج و ماندبوونی چەند ساڵەیان دەچنەوە و ئەو کۆلێژە هەڵدەبژێرن کە ئاواتیان بووە.
ئەو خوێندکارانەشی کە نمرەی کەمیان هێناوە یاخود دەرنەچوون توشی خەم و ناڕەحەتی دەبن و دەکەونە ڕەخنەگرتن لەگرانی پرسیارەکان یاخود دەرەکیبوون و ئەمان نەیان توانیوە وەڵامی دروست بدەنەوە، کەسە نزیکەکانی دەوروبەریان دڵیان دەدەنەوە بەوەی کە خوشکی یان برای یان خزمێکی نزیکی پۆلی دوانزەی تەواو کردووە و لەزانکۆ یان پەیمانگا تەخەڕوجی کردووە و ئێستا لەماڵەوەیەو دانەمەزراوە.
کە ئەمەش گەورەترین هەڵەیە بۆ دڵخۆشی دانەوەی خوێندکارەکەت ڕەنجی چەند ساڵەی کەسێک بەبا دەدەیت و بیر لەدەروونی ئەم دەرچووە دانەمەزراوە ناکەینەوە کە چ ناڕەحەتییەکی بینیوە لەژیان هەتاوەکو قۆناغەکانی خوێندنی تەواو کردووە.
کاتێک بەدوای هەلی کاردا دەگەڕێیت و دەرگا نامێنێت لێت نەدابێت و بەبیانوی نەبوونی شوێن یاخود نەبوونی پشتگیری حزب کەس ئاوڕت لێناداتەوە و بڕوانامەکەت ناتوانێ نانێکت بۆ پەیدا بکات ناچار لەبەر گەرمای هاوین یان سەرمای زستان خەریکی کرێکاریت و گوێت لێدەبێت دەڵێن خەفەت مەخۆ فڵانە کەسیش بڕوانامەی بەکالۆریۆس یان دبلۆمی هەیە ئەوەتا بلۆک ڕادەکێشێت، بەڕاستی بێ ویژدانییە!
کاتێک خوێندن تەواو کردووە و هاوسەرگیریت کردووە و بوویت بەدایک خەریکی ئەرکی ماڵ و چاودێریکردنی کۆرپەکەت بەباشی بەڕێوەبەریت، سەرەڕای گرانی ئەرکی دایکایەتی گوێبیستی کەسانی دەوروبەرت دەبیت دەڵێن خەفەت مەخۆ ئەوەتا فڵانە کەس خوێندنی تەواو کردووە خەریکی قاپ شۆردن و بەخێوکردنی مناڵە، بەڕاستی بێ ویژدانییە!
بەداخەوە تەنها لەم هەرێمەدا بۆ دڵخۆشی خۆت گاڵتە بەئازار و ناڕەحەتی کەسانی دەوروبەرت دەکەیت، چێژ لەکەوتنی یەکتر دەبینین. بەئاواتەوەین کەس پلەیەک لەپێش ئێمەوە نەبێت، بەڕووخسار خۆمان خەمبار دەردەخەین کاتێک شکستی کەسێک دەبینین بەڵام لەناخەوە قاقای پێکەنینمان دێت بەحاڵی.
بەهیوای ئەوەی ئیتر بەس بێت گاڵتەکردن بەئازار و ناڕەحەتییەکانی یەکتر، ئیتر بەس بێت پێکەنین بەکەوتنی یەکتر، بۆ دڵخۆش کردنی خۆمان پەنجە نەخەینە سەر برینی کەسانی دەوروبەر نەک هەر بەکولاندنەوە ناوەستن بەڵکو خوێنی لێدەتکێنن.
نووسینی: شێنێ مشیر
بەشێوەم پێ مەكەنە.. كاوەی خەسرەوكاوانی
بەشێوەم پێ مەكەنە
من خەمێك گیری كردووم
سەری سپیم بەڵگەیە
كە عیشقێك پیری كردووم
* * *
ئەوەی ئێستا دەیبینی
روخسارێكی رووكەشە
ناخم بەرووناكی عیشق
خۆرەتاوێكی گەشە
- * *
وامەزانە كە پیری
عیشق لەدڵ لەق دەكا
هەرچەندە شەودرێژبێت
چاوەڕێ ی شەفەق دەكا - * *
بەشێوەم پێ مەكەنە
پێویستە ناخمان جوان بێ
خۆشەویستی بڵاوەی
خوێن ودەماروگیان بێ - * *
تۆش رۆژێك لە قوژبنێك
وەك من گۆشە گیردەبی
بـــە دیداری ئاوێنە
لە شێوەدا پیردەبی
- 28/4/2010
*لەژمارەی (555)لە18/5/2010گۆڤاری هەرێمی كوردستان بڵاوكراوەتەوە
- هونەرمەندی كۆچ كردوو كاك( كامەان عبدالرحمن) ئاوازی بۆدانا و دەیویست تۆماری بكات و تۆمارێكی سەرەتایشی بۆكردبوو بەلام بەداخەوە مەرگ رێگای نەدا كە بەرهەمەكە ببینین
گوزەرێك بە نێو دووتوێی كتێبی: (بەختی ڕەش یا كۆمەڵی چەوت)ی (نەژاد عزیز سورمێ).. پارێزهر كرێكار عبدالله خۆشناو
ئەم كتێبە بە سەنگ سووك بە قەبارە بچووكهی نووسهر رێك پێچەوانەی ناوەرۆكەكەیەتی چونكە بارتەقای شاخەكانی كوردستان مانای لەخۆ گرتووە و سەنگی لە سەنگی شاخ كەمتر نیە و قەبارەكەشی لە دیدی مندا گەلێك مەزنترە!، چونكە نووسەر لەجیاتی هەموو ئەوانەی رۆژگارێك بەشداربوونه لە شۆڕشی رزگاری نەتەوەیی ههروهها لەگەڵ هەموو ئەوانەی هیوایان بەم شۆڕشە هەڵچنی بوو لە شارەكانی كوردستان و دەرەوەی سنووریش زۆر بهجوانی و ڕاستگۆیی وێنای كردوون.
ئهم كتێبه پڕاوپڕه لە هەستی ناسك و ڕەوانبێژی لە لایەك و پهرده ههڵمالین و خستنەرووی راستیەكان وەك خۆی ئەگەر تاڵیش بن لهلایهكهی تر و گێڕانهوهی سهربردهی بهشێكی شاراوهیه لهمێژووی دانهبڕاوی نهتهوهكهمان.
سەرەتا، نووسەر لە هەڵبژاردنی ناونیشانی سهرهكی و ناونیشان لاوهكی زۆر سەركەوتوو بووە و لە دێڕی (بەختی ڕەش یا كۆمەڵی چەوت) لە لاپەڕە 161 ئاماژە بۆ ئەوە دهكات ناونیشانهكه، ناونیشانی یاداشتەكانی باوكی بەرێزیان بووە كە زیاتر لە 900 لاپەڕەی لەخۆگرتبوو بەڵام ئەفسوس نەكەوتە بەردیدەی خوێنەران و بههۆی بۆمبابارانی ماڵیان لهگهڵاڵه تیاچووه، كه مێژوویهكهی دهگهڕێـتهوه بۆ ساڵی 1974 ، بێ ئەسەرنییه نووسهر له دوای نزیكی پەنجا ساڵ هەمان ناونیشان بۆ ئهم كتێبهی هەڵدەبژێرێت، ئەمەش گەواهی ئەو ڕاستیەیه كە میللەتەكەمان یا ئەوەتا بەختی سیاهە، یان كۆمەڵگاكەمان راستەڕێ ناڕوات، هەڵبەتە ئەم ناونیشانە خۆی لە خۆیدا هەڵگری پەیامێكی هزری مێژوویی سایكۆلۆژی یە رووبەرووی هەموو تاكێكی كورد دەبێتەوە و دهرهاوێشتهی مێژووه، لێرهدا پرسیارێك سهرههڵدهدات ئهویش ئهوهیه ئایا ئهو ناونیشانهی لێرەدا دووبارە بۆتەوە دوای (50) ساڵ ئایا هەمان دهرئهنجامی پێشوو و پێشووتری دهبێت؟ یان نا؟
له وەڵامی ئەم پرسیارەدا، نووسەر زۆر بەڕاشكاوی و بەئەسپایی لە وێنهی بەرگی پێشەوەدا وەڵامهكهی بهخوێنهر دهگهیهنێت ئەویش لهڕێگای ئهو كۆلاژەیە كە بەرگی كتێبەكەی پێ ڕازاندۆتەوە!. چاوی نووسەر لە كۆلاژەكاندا هەمیشە ئامادەیی ههبووه، ئەوەش دەربڕی زادەی تێگەیشتنی نووسەر دهگهیهنێت چونكه وەڵامی ناونیشانه سەرەكییهكه بە كۆلاژێك دەداتەوە ، بهقسه نا بهڵام بهئاماژه پێمان دهڵێت: بەختی كۆمهڵگا لە سێ گۆشەیەكدا تەنراوە بە رەش و سپی، ئهمهشیان ئاماژەیە بۆ میللهتێك كە ساڵەهای ساڵە لە شاخەكاندا داكۆكی لە مافی سهربهخۆبون دهكات بهڵام قهتیسماو لهچوارچێوهی شاخێكدا لە سەرووی ئهمانیشەوە دەستێك هەیە كە یاری بە شاخ و سومبلی تاكی كورد دهكات و نایهڵێت لهم سنوره قهتیسماوهدا پهل بۆ دهرهوهی ڕهههندهكان بهاوێژێت و كێشهی كورد لهچهق بهستوویی ڕزگار بكات.
ناونیشانی لاوەكی سێیەم بریتییە لە (رۆژگارەكانی دوای كۆربوونەوەی ئاگردانێكی دی)یە:
ئاگردان و كۆربوونهوهی پهیوهسته بە ژیانی ڕەوەندی نەوەك ژیانی ژیاری، ئەوەی شارەزا بێت لەم بوارەدا لەكاتی گواستنەوەیان لە شوێنێكەوە بۆ شوینێكی تر بهمهبهستی گهڕان بەدوای بژوێنێكی تر رەوەندهكان زۆر بەئاسانی و بهسادهیی ئاگردان كۆردەكەنەوە و لەو شوێنە تازەیەی كه خێڵهكان بۆی دەچن دوای رەشماڵ هەڵدان لە زۆم و هۆبە یەكسەر ئاگردانێكی تر دروست دەكەن. لێرەدا ئاگردان بە مانای (ژیان)یش دێت بۆ یەك خێزان لهخێڵدا. چونكه خێزان بێ ئاگردان نابێت. نووسەر لێرەدا مەبەستیەتی پەیامێك بهخوێنهر بدات: سهڕهرای باڵهخانهی بهرزو ئۆتۆمبیلی گرانبهها كه دهربڕی شارستانیهته! بهڵام لهناوهڕۆكدا، لههزردا، لهچوار چێوهی بونیاتی عهقڵی خێڵهكی دهرنهچووین و قهتیس ماوین!.
ئهوهتا ؛ تا ئێستاش بهشێكی زۆر له نووسەرە بیانییەكان لە زۆربەی كتێبەكانیان لەسەر كورد نووسیوویانە لەم ناوچەیەدا كه مهبهستی كوردستانه یەكێتی هۆزەكانی كورد دەژین نەوەك بڵێن نهتهوهی كوردا!!! (Nation) بێگومان ههڵبژاردنی ئهم چهمكه لهخۆڕانییه!.
ئا لێرەدا نووسەر بە دیوێكی تر ئەم بابەتە وەبیر هەموو كورد دەهێنێتەوەو پێمان دهڵێت: كە ئاگردان و شاخ راستە لە قۆناغی گوزەری كۆمەڵایەتیدا بۆ كورد پێویست و پهیوهست بووە، بەڵام لە سهردهمی ئێستاماندا ئاگردان لەگەڵ گۆڕانكاریهكانی جیهان و تەكنەلۆژیا و شارنشین بوون، ناگونجێت و دهبێت گۆڕانكاری بهسهردا بێت، بۆیه پێویستە چیتر تاكی كورد، خێزانی كورد، ڕوویان لهئاگردان نهبێت بهڵكو پێویسته ناندین بونیات بنێت بهمانا فهلسهفیهكهی!. ، چونكه تا كورد ناندینی نەبێت و واز لە ئاگردان نەهێنێت بزووتنەوەی ژیاری دەست پێناكات لەمەشیان چاوی نووسەر لە بەرگی كتێبەكەدا زۆر بهدیقەت وهك ههڵۆ چۆن سهیری نێچیری دهكات پێمان دهڵێت: ئەوانەی یاری (قومار) بە شاخ و جامانەی كورد دەكەن هەمیشە لە هەوڵدان بۆ زیندووكردنەوەی هزری (ئاگردان و خێڵ و هۆز و تەكیە و خانەقا) تەنانەت لە شارە هەرە پێشكەوتووەكانی هەرێمی كوردستاندا. كه ئێستا بهڕوونی بهرجهسته دهكرێت بەداخەوه لهمهش زیاتر، بگره بۆتە دیاردە. مخابن!، دەبووایە تا ئێستا ئێمە بۆ جیهان بمان سەلماندبووایە كە بنهماكانی میللهتێكی سهربهخۆمان ههیه نهوهك یەكێتی هۆزەكانی كورد!. بهپێچهوانهی بۆچوونی گهلێك له نووسهره بیانیهكان كه نووسیهكانیان لهناوهنده كاریگهرهكانی سیاسهتی جیهان بهههند وهردهگیرێن.
مێژوو پێمان دەڵێت تا كورد وهك (نەتەوە) لە دیدی وڵاتانی زلهێزەوە خۆی نمایش نهكات ناتوانێت قهناعهت بهدهوروبهر بهێنێت كه ئهو ناندینهی ههیهتی ئاگردان نییه!.
لهنێو سۆما چاوهكانی سەر بەرگی كتێبەكەدا نووسهر زۆر بە تیژی دەڕوانێت و پێمان دەڵێت كورد دەمێكە دەبوایە (شاخ و دەوار هۆبهو زووم)ی ههر بهتهنها تاكه هاوڕێی خۆی نەزانیبوایە! بەڵام دیاره قەدەر وایە ئەوەتا زینەفون یان زەیزەفون لە دەوروبەری ساڵی 333ی پێش زایین لهكاتێكدا ڕوو له ناوچەكانی كوردنشین دهكات لهنامهیهكدا بۆ ئەلكسەندەری مەكدۆنی دەنووسێت: قەومێك لێرە دەژین پێیان دەڵێن كارەكاس یان كاردۆس كە (مەبەست لێی كورد بووە هەروەك مێژوونووسان خوێندنەوەیان بۆ كردووە)، پێشنیار بۆ ئەلكەسەندەر دەكات كە لە شەڕەكاندا ئەگەر بەم ناوچانهدا گوزەر بكات بەكاریان بهێنێت چونكە (شەڕكەری ئازان).
داخەكەم چەند ساڵێك پێش ئێستا كاتێك (ترمپ) سەرۆكی ولایەتە یەكگرتووەكان ئەمریكا دوو سەركردەی كوردی بینی یەكسەر ووتی (Good Fighter) واتە شەڕكەری باشن (ئازان). دیاره دیدگای بیانییەكان تا ئێستاش ههر بهچاوی زهیزهفون سهیری كورد دهكهن!. و دیدو بۆچونیان نهگۆڕاوه! یان ئهوهتا له بهختی ڕهشی ئێمهیه نهمانتوانیوه جگه لهم سیفهته جهستهیی یه، لێهاتوویی هزری تاكی كوردیان پیشان بدهین! بەداخەوە دەیڵێم نەمانتوانی لەبەر هەر هۆكارێك بێت وەك پێویست خۆمان بهنهتهوه نیشان بدەین زیاتر وەك لهوهی (یهكێتی هۆز و عەشیرەت و حزب و گروپ) ! ئا لێرەدا دەستە دیارەكە بە سەر مانەوە وەك یاری قومار یاری بهچارهنووسمان دهكات و ههر رۆژهی بگره ترسێك نیشانی ئهم ههرێمه دهدات كه ههڵچێنیووی نهیارانی ئهم ههرێمهن وناحهزانی ئهم میللهتهن!.
لەسەر ناوەرۆكی ئەم (ڕۆمانه)! ناوازەیە كە دەتوانم بڵێم هەر لاپەڕەیەك چیرۆكێكی ناخ هەژێنە بۆ خۆی و دەتوانرێت گەر شی بكرێتەوە هەزاران لاپەڕە لەسەری بنووسرێت. بەڵام سوپاس بۆ نووسەر كە توانیوویەتی مێژوویەك لە دەردەسەری و نەهامەتی گەلەكەمان بەم شێوازە جوانە وهك عهرهب دهڵێت: (السهل الممتنع والسرد السلسل) تۆمار بكات.
لە راستی دا ئەم كتێبە لە هەر وڵاتێكی تر بووایە دەكرا بە سیناریۆ چەندین سیناریست دەورەیان لە نووسەر دەدا بۆ ئهوهی رێگایان پێ بدات بیكهن بە بابەتی فیلمێك یان زنجیرە درامایەك كە هیچی كەمتر نییە، لهزنجیره دراما باوهكانی رۆژههڵاتی ناوهڕاست بۆ نموونە لە زنجیرە درامای عەرەبی (التغریبة الفلسطینیة)! دیسانەوە لێرەوە دەڵێم بەداخەوە كورد وهك پێویست رێز لە مێژووی خۆی ناگرێت ئەگینا دەبوایە خەمخۆرانی مێژووی كورد ئەم دەرفەتەیان بە هەل زانیبووایە و بیان كردبووایە بەرهەمێكی هونەری گەورە ههم له ئاست گەورەیی نهتهوهی كورد و ههم لە ئاست چیرۆكی ناخ ههژێنهی كارەساتی داڕمانی یهكێكی دیكه له شۆڕشهكانی دیكهی نەتەوەكەمان، لهكاتی خوێندنهوهی ئهم كتێبهدا خوێنەر دەچێتە ناو دونیایەكی تر، دونیایەك پڕ لە ئازار و مەینەتی كە پێویستە هەموو تاكێكی كورد هەڵوەستەی لەسەر بكات و لە بیری نەكات و واباشه نەوە دوای نەوە وهبیر كوڕ و كچانی ئەم میللەتە خێر لە خۆ نەدیووە بهێنرێتەوە، ئهمه لهلایهك و لەلایەكی تر خوێنەر دەچێتە بیركردنهوه له ژیانی پڕ لە ئێش و ئازار و خەفەت بۆ ئێستا و داهاتوومان بههۆكاری زیادبوونی ترس لهسهر داهاتووی میللهتهكهمان و وڵاتهكهمان ترسی ئهوهمان ههیه نەخوازیا رۆژێك دابێت ئەم ئازادیەی كە ئەمرۆ لە كوردستانی باشور بە دەست هاتووە لە دەستمان بچـێت و خوانه خواسته ئهم ئاگردانهشمان كۆرببێتهوه!، چونكه ههموومان دهبێ ئهوه بزانین: ئەم هەرێمە تەنها بهشان و باڵی چەند كەس وحزب و لایەنێك دروست نهبووه!، بەڵكو ئەم هەرێمە زادەی خوێنی هەزاران شەهید و دەربەدەری هەزارانی دیكە و سەرگەردانی هەزارانی تر لە رێگای رزگاری خوازی نەتەوەییدا كه خۆیان كردۆتە سەرە ڕم و لهپێناو ئازادی وڵات خهباتی نهپساوهیان كردوهو بە ناخی پڕ كەسەرەوە سهریان ناوهتهوه بهبێ ئهوهی ئەم ئازادیە ببینن!. لهلایهكی دیكه، ئەم كتێبە لایەنێكی شاراوەشی تیایە ئەویش ئهوهیه چەندە پەناهەندەیی لە خوارەوەی عێراق ئازار بەخش بووه بۆ گوێزراوەكان لهبهرامبهریشدا سەدان جار بارتەقای ئەوانیش ئازار بەخش و جەرگ بڕ بوون بۆ كەسوكاریان ئهوانهی لە كوردستان مابوونەوە ئەمەشیان ئهگهر لهم دیدگایهوه سەیر بكرێت چیرۆكێكی ناوازهی لێ دروست دەكرێت كە لێوان لێو دهبێت لە ئازاری ئافرەت و مناڵی كورد بە دەست ئەو دەستە نادیارانه، كە یاریان بە چارەنووسی میللەتەكەمان كردوهو دهكهن.! ئهو دهستهی كه لهبهرگی كتێبهكهدا ئاماژهی بۆ كراوه!.
كاتێك ئەم كتێبە دەخوێنیتهوه لەگەڵ یەكەم رستەدا ناتوانیت وازی لێ بهێنیت تا هەمووی تەواو نەكەیت! بەڵام لێرەدا نووسەر وەك نموونەی كەسی خۆڕاگر و قارەمان و رۆشنبیر ئەوە نیشان دەدات كە لە هەموو بارە سەختەكانی ژیان كە تەنگیان پێ هەڵچنیووه وازی لە خوێندنەوە نەهێناوە. لە رووی كەسایەتەیەوە دیاره زادەی پەروەردەی دروستی خێزانەكەشی بووه لەكاتێكدا نووسهر زۆر پێویستی بههاوكاری بۆ پەیداكردن بژێوی ژیانی هەبووە یارمەتی نووسەرێكی گەورەی كورد مامۆستا (مسعود محمد) رەتكردۆتەوە، ئەمەشیان نموونەی خۆڕاگری و جوامێری نووسەر نیشان دەدات، وەك خۆی دەڵێت بە نان و پیاز و هێلكەیەك هێزی داوەتە بەرخۆ بۆ ئهوهی ئەم زاتەی لێ دەرچێت كە ئەمرۆ ئێمە لە خزمەت نووسنیەكانیدا بین جا چ بە كتێب، شیعریان، وەرگیران هتد بێت. بۆیە نووسهر پێمان دهڵێت: (بۆ ئەوەی كە لێشمان دەقەومێ هەمیشە كارەسات و نووشوشتیەكان بە جل ئاوێزی خەڵكی ترەوە هەڵنهواسین!) وە (نەخۆشی (دەردە كورد) و یەكتر تاوانبار كردن هەمیشە دووبارە و سهد بارە نهبێتهوه) هیوادارم ئەم دهربڕینه ببێـه پەند بۆ ههموومان و لهبهرچاومان بێت هەمیشە بە تایبەت سهركردایهتی بهرێزی میللهتهكهمان.
بۆیه لێرهدا بهپێویستی دهزانم كه بڵێین: تكایە تا كار لە كار نەترازاوە، تا دەرفەت نهدهین بهدهست ناحهزو دوژمنانی میللهتهكهمان با ههموومان بهیهكهوه كار بكهین واز له دووبهركی و ناحهزی نێوان خۆمان بهێنین و ههوڵ بدهین بۆ نهوهكانی ئایندهمان داهاتوویهك فهراههم بكهین ، كه دووره پهرێز بن لهچاوچنۆكی دووژمنان ولهلایهكی دیكه ژیانێكی ئاسووده و خۆشگوزهرانییان بۆ مسۆگهر بكهین گومانی تیا نییه ئهمهش پێویستی بهیهكگرتوویی و پلانسازی و بهرنامهسازی ههمهلایهنه ههیه لهلایهن سهركردهكانی ئهم میللهته بهبێ جیاوازی لهرهنگ و بۆچون و ئایدیۆلۆژیهكان.
پارێزهر كرێكار عبدالله خۆشناو
دیاردەی قێزەونی تیرۆری کەسایەتی و سوکایەتی پێکردن.. فەریق مەحموود
مەترسیدارترین ئاست ئەگەرهەر وڵات و هەرێم و ناوچەیەك بیگاتێ، ئەو کاتەیە کە دەسەڵات مافی تاکە کەسی هاوڵاتییەکان بە قێزەونترین شێوە پێشێل بکات و ڕەواج بە کارەکەی خۆی بدات و بە شێوەیەکی فەرمی رەوایی پێ بدات و بگرە بودجەیەکی زەبەلاحی داهاتی هاوڵاتیانی بۆ خەرج بکات، هەزاران ئامێری پێشکەوتوی گرانبەهاو کامێرای سیخوڕیکردن و ماشێنی دوامۆدێل و بەکارهێنانی چینێکی زۆرو جۆراوجۆری خەڵك لە پێناو بە ئەنجام گەیاندنی ئەو کارە نامرۆڤانەو نایاساییانەدا تەرخان بکات. ئەمەش تەنیا لە کۆمەڵگای دواکەوتوودا پەرە دەسەنێت، کە ئاستی خەڵك لەو ڕادەیەدا نییە کە لە پیلانەکە تێ بگەن و هۆکارەکان بخوێننەوە نەك بەرەنجامەکان، دەستە ڕاستەقینەکانی پشت ئەو کارە ناشرین و نایاسیی و پڕوپاگەندەو تۆهمەت و سیناریۆیانە کەشف بکەن.
پوختەی ئەو هەوڵە تاریك و مەترسیدارانە بریتییە لە دروستکردن و زەقکردنەوەو هۆنینەوەی بوختان و چیرۆکی قێزەون کە کۆمەڵگا ڕقی لێ دەبێتەوە دژی کەسانێکی دەرەوەی دەسەڵات، بۆ ئەم مەبەستەش هەوڵی دۆزینەوەی خاڵی لاوازی کەسایەتی لەو کەسانەدا دەدەن هاوڕایان نین یان نایانەوێت دەربکەون نەکو زیان لە بەرژەوەندی و مانەوەی زۆرەملێ و ستەمکارانەی خۆیان بدات، بۆ ئەم مەبەستە سوپایەك لە سیخوڕ و سەدان کامێرای چاودێری و دەیان هۆکاری جۆراوجۆر بەکار دەهێنن، ئیتر یان بۆ دروستکردنی بوختان و چیرۆكی هەڵبەستراو یان بۆ تێهەڵکێشکردنی ڕاستی بە درۆ، پارچەپارچەکردن و لێکدانی وێنەو دەنگ و یان تەنانەت درستکردنی نووسراو و بەڵگەنامەی ساختە، لە کاتێکدا دەبوو حوکمەت کە دیوی یاساپارێزی هەموو وڵاتێکە ڕێگر بووایە لە نەکردنی ئەو کارە نەشیاوانە، لە کاتێکدا ئەوان بەم کارانە کەسایەتی تاکی کورد تیرۆر دەکەن، زۆر ئازان و شاگەشکە دەبن بەمە وەکو ئەوەی هەر چوار پارچەی کوردستانیان یەکگرتبێت و دەوڵەتێکی یەکگرتوویان بۆ کورد دامەزراندبێت تەماشا دەکەن.
ئەوانەی دەبنە ئامرازی ئەم کارە ناشرینانە دەبێت دڵنیا بن کە بەشداری تاوانن و ئەو پارەیەی لەو پێناوەدا وەری دەگرن وەکو چڵکی سەگ وایەو دەبێتە دەردو بەڵا بۆ خۆیان و ماڵ و منداڵیان،ئەوانەی ئەو فرمانەنەش دەردەکەن هەرگیز وەکو بەرپرسیارێتی پێگەی خۆیان بەکارناهێنن، هەر لەبنەڕەتیشەوە بە مافی ڕەواو لێهاتوویی و شایستەدارێتی نەگەیشتوونەتە ئەو پلەو پایەیە، بەڵکو هەر لەسەر ستەم و پاکتاوکردنی نەیاران و تەنانەت شۆڕشگێڕە راستەقینەکانی کورد لەسەرەتاوە دەستیان بەکارکردووەو ئێستاش گەشتوونەتە ئەو قۆناغەی کە پێشکەوتووترین تەکنەلۆژیای سەردەم بەکاربهێنن بۆ درێژەدان بەو کارە ناڕەوایانەی کە ئەوانەی دەرەوەی خۆیان بەو جۆرە ناشرینانە پاکتاو بکەن ، چ لە رووی ماددی یان مەعنەویەوە.
خەمەکە لەوێدایە کە میللەت زۆر بە ئاسانی ئەم سیناریۆیانەی بەسەردا تێپەڕ دەبێت، لە بری ئەوەی وەکو تاکێکی هۆشیار بەرپەچی ئەو کارە نایاسایی و شێوازە نامرۆڤایانە ببنەوە، یەکسەر باوەڕ بە پیلانی دەسەڵات دەکەن و ئەگەر بزانن یان نەزانن، ئەوا بەمە دەچنە سەنگەری دەسەڵاتی خۆسەپێنی مافیایی کە هیچ ئەرزشێك نە بۆ ئاکار، بە بۆ مافی مرۆڤ، نە بۆ داب و نەرێتی کوردەواری دانانێت و هەموو میللەت و ئەوانەی لە ڕیزی حیزبدا نین بە دوژمن تەماشا دەکەن و هەموو ناحەقییەك بەرامبەریان بۆ خۆیان بە ڕەوا دەبینن. ئەمە ئەوپەڕی سادیزمە لە قۆناغە باڵاکاندا، کە دەروونناسان ئەو کەسانە بە نەخۆش لە قەلەم دەدەن و دەبێت چارەەسەر بکرێن، نەك بڕوایان پێ بکرێت و ستایش بکرێن و چەپڵەیان بۆ لێ بدرێت و سێڵفییان لەگەڵدا بگیرێت.
دەبوو میللەت بپرسێت چۆن و کێ ئەو وێنانەی تۆمار کردووە دژی کەسی بەئامانج گیراو، بۆ چ مەبەستێك ئەو بابەتە دەهروژێنرێت؟ ئایا کارو خەمی خەڵك لە بازدان بەسەر ئەو هەموو قەیرانەوە، بۆ سەر ژیانی تایبەتی کەسێك چڕ دەکرێتەوە؟ وەك ئەوەی سەرانی دەسەڵات زۆر شەریف بن و خەڵك نەزانێت لە ڤێللاو کۆشك و باخەکانیاندا خەریکی چیین؟ بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەرەی ناڕازیی هەرگیز ئەو لاوازییەی خاڵی کەسێتی ئەوان بەکارناهێنێت بۆ سوکایەتییپێکردنیان، بەڵکو جوامێرانە پەنجە دەخەنە سەر ئەو خاڵانەی کە بەرەنجامی حوکمی نادادپەروەرو ستەمکارانەیەو چۆن کاریگەریی لە تێکدانی سەقامگیریی ڕامیاریی و ئابووری و کۆنمەڵایەتیی و داهاتووی نەوەکاندا بووەو چۆن هەرێم لە قەیرانی کوشندەی یەك لە دوای یەکەوە دەگلێنن و ڕۆژ بە ڕۆژ ژیانی تاکەکان دەبێتە پارچەیەك تاڵاوی ئازار، ناحەقی و سوکایەتییکردن و بێکاریی و گرانی … تەنگ بە میللەت هەڵدەچنێت و لەولاشەوە چینێکی دابەستەیان بەرداوەتە گیانی خەڵك بۆ سەرکوتکردنیان و سوکایەتی پێکردنیان و سیخوڕی و جاودێرییکردنیان، میللەتی ڕەش و ڕووتیش هەستی بێزاربوونینان نەك لە ناسنەمەی کورد بوون، بەڵکو لە مرۆڤبوونی خۆیان ناشارنەوە کە بەو جۆرە ژیانی پڕ ڕەزاڵەت و دواکەوتوویی بەسەر دەبەن کە لە بچوکترین مافی ژیان و مرۆڤبوون بێ بەش کراون و لەولاشەوە چاو بەستیان لێ دەکرێت بۆ بینینی جوانییەکان بە ناشیرین و بینینی ناشرینییەکانی دەسەڵاتی خۆسەپێن بە جوانیی، ئاوها کولتوری نەزانین و سوکایەتی پەرەی پێ دەدرێت و وا لە خەڵك دەگەیەنرێت ئەمە کارێکی ڕاستەو دەسەڵات دەستۆشی لێ دەکات دەبێت هاولاتیش کۆپی دەسەڵات بکاتەوەو بە عەقڵی ئەوان بیربکاتەوە، کورد گوتەنی: شەڕ لە بەتاڵی باشترە.
دەبوو ئەوانەی لەو دەزگا سیخوڕیی وسێکتەرە داپڵۆسێنەرانەشدا ئەو کارە قێزەونانەیان پێ ئەنجام دەدرێت ، کەمێك بیر لە داهاتووی ئەو کارانە بکەنەوەو هەڵنەخەڵەتێن بەوەی ئێستا دەسەڵات بۆ کارە ترسناکەکان بەکاریان دەهێنێت و پشتیوانی دارایی و مەعنەویان دەکەن، سبەی هیچ باکی نییە پاکتاویان بکات و نهێنی کارەکانیان هەڵبماڵێت و خۆی لێیان بێ بەری بکات، دەبوو بیر بکەنەوە ئەو کارەی دەیکەن دژی گیانی کوردایەتی و مرۆڤبوونەو هیچ ویژدان و یاساو نەرێتێکی ڕەسەن و ئایینك ڕەوایەتی پێ نادات، دەبوو بە مشتێ پارەی دزراوی میللەت خۆیان و ویژدانیان نەفرۆشن و بڕیاری وازهێنانیان لەو کارە بەدانە بهێنایەو بیانزانیایە ئەوە گەورەترین تاوانە کە دەرحەق تاکی کورد ئەنجام دەدرێت و ڕێ خۆش دەکات بۆ تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگاو چەواشەکاری و بەلاڕێدابردنی ڕاستییەکان.
فەریق مەحموود
هەڵوێست.. سامان خدر
هەڵویست جۆرێرێکە لەخۆتێگەیاندن، یان هاوسۆزی دەربڕین، یان هەوڵدانە بۆڕێگری کردن لەکارێکی نەشیاو و نەخوازراو ،یان دەربڕینی ناڕەزایەتیە دژی ئەو شتانەی کەوا پەسەند نین .
هەڵوێست دەربڕین زۆر جار لەناو خێزانە ،یاخود کۆمەڵگایە، یاخود کەمو کورتی یاخود ،حیزب و گروپ.
هەڵوێست وەلگرتن سەپێنراو نیە، بەڵکو ئارەزو مەندانەیە، بەڵام مرۆڤی بەهەڵوێست جیاوازە لەگەڵ مرۆڤی بێ هەڵوێست ، چونکە هەڵوێست وەلگرتن بوێری و لەخۆبور دەی و قوربانی دەوێت، بۆیە هەمیشە مرۆڤی بەهەڵوێست زیاتر شانازی بەخۆی دەکات و، هەروەها زیاتر کاراو لێهاتووە، جیاواز لەکەسی بێ هەڵوێست کەوا هەرچی لەدەوروو بەری ، ببینێت بێدەنگەو بەڵکو هەر بەلایەوە گرینگ نیە.
هەربۆیە پێویستە مرۆڤ هەمیشە بەهەڵوێست بێت لەهەمو ئاستەکانی ژیانی دا، هەروەها پێویستە کۆمەڵگاش هەمیشە بەهەڵوێست بێت، بۆئەوەی هەرگیز هیچ دەسهەڵاتێک نەتوانێت ، بەکەیفی خۆی هەرچی بیەوێت دژی خەڵک ئەنجامی بدات، لەگەندەڵی و بێباکی و دروست کردنی قەیران لەدوای قەیران، وەک دیاریشە بەهۆی بێ هەڵوێستی کۆمەڵگای کوردی ، دەسهەڵات داران قەیران لەدوای قەیران دروست دەکەن و تەنها بەرژەوەندی خۆیان لا گرینگە، هەربۆیە هەڵوێست زۆر گرینگە مرۆڤ هەیبێت لەهەموو ئاستەکانی ژیان و کۆمەڵگا بۆئەوەی مرۆڤێکی بوێرو کارامەی لێدەرچێت.
یەک حوکمڕانی و دوو ڕوواڵەت؛ هاوکێشەی تاڵانکاری و ڕاکردن لە بەرپرسیارێتی.. رێبوار ياسين فەتاح
حوکمرانی لە هەرێمی کوردستان مێژوویەکی درێژی لە تەمومژ و دژبەیەک کایەی سیاسی هەیە، بەڵام کابینەی نۆیەم تاقیکردنەوەیەکی بێوێنە بوو لە بێباکی و چەواشەکاریی سیاسی، کە تێیدا هەردوو حزبی دەسەڵاتدار (پارتی و یەکێتی) لێهاتوویی خۆیان لە دابەشکردنی دەستکەوتەکان و ڕاکردن لە بەرپرسیارێتی نیشاندا. مۆدێلی “شەریکایەتی لە بەشینەوەی سامان و ئۆپۆزسیۆن بوون لە کاتی تەنگانەدا” بووەتە گەورەترین پەتایەک، کە متمانەی هاووڵاتی بە دامەزراوەکانی دەوڵەت بە تەواوی وێران کردووە. شەقامی چەوساوەی کوردستان چیتر ناچێتە ژێر باری ئەم یارییە دووفۆرمییە، و کاتی ئەوە هاتووە ڕووبەرووی ئەم ڕاستییە تاڵە ببینەوە.
پارتێک کە خۆی بە خاوەنی ڕەها دەزانێت و یەکێتییەک کە لە ناو ماڵەکەدا ڕەخنە دەگرێت
سیاسەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لەم کابینەیەدا لەسەر بنەمای قۆرخکاریی بڕیاری سیاسی و ئابووری داڕێژراوە. ئەوان هەمیشە وای نیشان دەدەن کە جومگەکانی دەسەڵات تەنها لەژێر کۆنترۆڵی ئەواندا دەتوانێت بەڕێوە بچێت، و کاتێکیش حکومەت تووشی بنبەست یان قەیرانی دارایی دەبێت، پەنجەی تۆمەت بۆ لایەنەکانی تر یان دەستوەردانی دەرەکی ڕادەکێشن. ئەم دیدگا سەرەڕۆییە شەریکەکانی تری حکومەتی کردووەتە پاشکۆ، و پرۆسەی حوکمرانی لە دامەزراوەییەوە گۆڕی بۆ حزبیی-خێزانی.
لە لایەکی تری هاوکێشەکەوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جۆرە نمایشێکی سیاسی پێشکەش دەکات کە تەنها دەکرێت ناوی بنرێت “شۆکی هۆشیاریی درەنگوەخت”. ناکرێت بۆ ماوەی چەندین ساڵ وەزیرەکانت لە بەرزترین پۆستی وەزاری، دارایی و ئەمنیدا بن، تەواوی ئیمتیازات و بودجەی زۆربەی زۆری جومگەکانی زۆنی سەوز ببەیت، بەڵام کاتێک شەقام دەکوڵێت و کاتی هەڵبژاردن دێت، یەکسەر خەبەر بێتەوە و بڵێیت: “ئەم کابینەیە شکستخواردوو و ماوە بەسەرچووە!”
ئەم گوتارەی یەکێتی پێچەوانەی سەرەتاییترین بنەماکانی لۆژیک و زانستی سیاسییە. ئەگەر کابینەکە بەسەرچووە، ئەی شەرعیەتی وەزیرەکانی تۆ لە کوێوە دێت؟ ئەگەر کابینەکە شکستخواردووە، واتا وەزیرەکانی تۆش بەشێکن لەو شکستە گەورەیە. ئەم ستراتیژییەتە تەنها هەوڵێکی هەرزانە بۆ خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی مێژوویی ئەو داڕمانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەی کە بەسەر هەرێمدا هاتووە.
سێ جومگەی تاڵانکاری: نەوت، مووچە، و خاڵە سنوورییەکان
ئەم دووفۆرمییە مێدیایە ناتوانێت ئەو ڕاستییە حاشاهەڵنەگرانە بشارێتەوە کە هەردوو حزب پێکەوە بەرپرسیارن لە سێ گەورەترین قەیرانی ژیانی خەڵک:
دۆسیەی نەوت و داهات: پارتی بە سیاسەتی سەربەخۆی ئابووری و گرێبەستە نادیارەکانی، دۆسیەی نەوتی گەیاندە بنبەست، تا دواجار بەغدا دەستی بەسەردا گرت. لە بەرامبەردا، یەکێتی نەک هەر تەنها هاوبەش بوو، بەڵکو داهاتە ناوخۆییەکانی زۆنی سەوزی وەک خەزێنەیەکی تایبەتی حزب بەکارهێنا و ڕادەستی گەنجینەی گشتی نەکرد.
قەیرانی مووچە و بژێوی: فەرمانبەران و هاووڵاتیان کراونەتە بارمتەی ململانێی سیاسی نێوان هەولێر و بەغدا. لە کاتێکدا خەڵک لە بێمووچەییدا دەناڵێنێت، نە پارتی و نە یەکێتی ئامادە نین چاکسازی ڕاستەقینە لە لیستی ناوی “بندیوارەکان” و خانەنشینە حزبییەکانی خۆیاندا بکەن، کە بودجەی گشتییان هاڵۆشیوە.
قاچاخچییەتی و خاڵە سنوورییەکان: دەروازە سنوورییەکانی هەرێم لە حاجی ئۆمەران و ئیبراهیم خەلیلەوە تا پەروێزخان و باشماخ، لە جیاتی ئەوەی ببنە سەرچاوەی بووژانەوەی ژێرخانی ئابووری، بوونەتە مۆڵگەی دەوڵەمەندبوونی کۆمپانیا سێبەرەکانی هەردوو خێزانی دەسەڵاتدار. قاچاخچییەتی ڕێکخراو و سەرانەستاندن لە بازرگانان، داهاتی گشتی کردووەتە پشکی حزبی.
کاتی ڕاپەڕینی هۆشیاریی شەقامە
ئەم شەڕە مێدیایە توندە و ئەم هێرشە دوولایەنەیەی نێوان پارتی و یەکێتی تەنها شانۆگەرییەکی داڕێژراوە بۆ ڕاکێشانی سۆزی دەنگدەران لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا. پارتی دەیەوێت خۆی وەک پارێزەری تاکە و قەوارەی هەرێم نیشان بدات، و یەکێتیش دەیەوێت وەک دەنگی ناڕەزایەتیی زۆنی سەوز خۆی بسەپێنێتەوە.
ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە: کاتێک کۆبوونەوە داخراوەکان دەستپێدەکەن و کاتی دابەشکردنی پۆست و پشکی کۆمپانیا حزبییەکان دێت، ناکۆکییەکان نامێنن و هەردوولا دەبنەوە بە یەک جەستە. شەقامی ناڕازی و هێزە ئۆپۆزسیۆنە ڕاستەقینەکان دەبێت ئەم هۆشیارییە بڵاو بکەنەوە کە چاکسازی بەم دەسەڵاتە پشکپشکێنەیە ناکرێت؛ ئەوەی هەیە تەنها ململانێیە لەسەر مانەوە لە دەسەڵات و پاراستنی ئیمپراتۆرییەتە داراییەکانیان لەسەر حسابی بژێوی، مووچە و داهاتووی هاووڵاتیانی کوردستان. چیتر کاتی بێدەنگی نییە؛ دەبێت ئەم “بانێکە و دوو هەوایە” لە ڕەگەوە هەڵبکێشرێت.
ريبوار ياسين فەتاح
ئازادی بۆ یاسر ئەحمەدی نەژاد!
کرێکاری زیندانیکراوی کۆمپانیای نەوت لە ئێران!
بە خۆپیشاندانی ناڕەزایەتیەوە پەیوەستبن بۆ ئازادکردنی ” یاسر ئەحمەدی نەژاد “هەڵسوڕاوێکی کرێکاری کۆمپانیای نەوت لە ئێران کە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە زیندانیکراوە.
رۆژی شەممە ١١ی ٧ی ٢٠٢٦
کاتژمێر ١٢ بۆ ١ی پاشنیوەڕۆ
بەردەم باڵیۆزخانەی ئێران:
Iranian Embassy 16 Princes Gate, SW7 1PT
Tube Station: South Kensington or Knightsbridge
رێکخستنی بەریتانیای حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
نامۆبوونی بوونگەرایی و لەدەستدانی سێنتڕاڵبوونی مرۆڤ.. کارزان ئەحمەد
خوێندنەوەیەکی پۆست-هیومانیستی بۆ دەقی “بۆنی مرۆڤ”ی (سۆران محەمەد).
بەرایی:
“بۆنی مرۆڤ” ناونیشانی شیعرێکی شاعیر سۆران محەمەدە. ئەم دەقە ئەدەبییە لە ماڵپەری فەرهەنگی (دەنگەکان)دا بەرواری ٩/ ٧/٢٠٢٠بڵاوکراوەتەوە.
ناوەڕۆکی سەرەکی ئەم شیعرە لەسەر چەمکی بوون، ناسنامەی مرۆڤ و پەیوەندی نێوان سروشت و مرۆڤ دەخوڵێتەوە، سەرەەتای شیعرەکەی ئاوها دەست پێ دەکات:
لە گشت لایەکەوە بۆن دێ
بۆنی مرۆڤ
ئەو کاتانەی وەکو تەختەدار
سەرئاو دەکەوێ
شەپۆل دەیبا و
لە کەنارێکا
جانەوەر…
لە دەوریا کۆمدەبێ
بە گشتی شاعیر لەم دەقەدا بە زمانێکی قووڵ و سیمبوڵی، سەرگەردانی و بێبایەخبوونی مرۆڤ لە جیهانی مۆدێرندا وێنا دەکات (کاتێک وەک تەختەدارێکی سەرئاوکەوتوو، بەدەست شەپۆلەکانەوە دێت و دەچێت) .
هەروەها وەك شێواز؛ شاعیر توخمەکانی سروشت وگیانەوەران لە بەرامبەر مرۆڤدا بەکاردەهێنێت: وەک مێروولە، چیا و جانەوەر، مڵە، کرمەلیقە….ڕەنگە ئەمە ئاماژەیەکی سیمبوڵی بێت بۆ نیشاندانی بچووکیی مرۆڤ لە بەرامبەر گەورەیی و یاساکانی سروشتدا.
پێشەکی و چوارچێوەی مێژوویی:
شیعری کوردی لە دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ و بەتایبەت لە دەیەکانی دواییدا، گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی بەخۆیەوە بینی لە ڕووی ناوەڕۆک و فۆرمەوە. دەقی “بۆنی مرۆڤ”یش بە هەمان شێوە کە لە تەممووزی ٢٠٢٠دا بڵاوکرایەوە، نوێنەرایەتی ئەو شەپۆلە ئەدەبییە دەکات کە لە بابەتە نەتەوەیی و نیشتمانییە کلاسیکییەکان دەردەچێت و ڕوودەکاتە کێشە گەردوونی و مرۆییەکان. سۆران محەمەد لەم دەقەدا، کێشەی “بوونی مرۆڤ” لە سەدەی بیست و یەکدا دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
- بنیاتی سیمانتیکی (واتایی) و تەوەری فەلسەفی:
تەوەری سەرەکی شیعرەکە لە دەوری “نامۆبوونی مرۆڤ” و”پووچگەرایی” دەسوڕێتەوە.
-دوو جەمسەری ناسنامە و ماددە:
لە ناونیشانی دەقەکەی شاعیردا بۆن نەک تەنیا وەک دیاردەیەکی فیزیکی، بەڵکو وەک “شوێنپێی بوون” یان “شوێنەواری مادیی مرۆڤ” پێناسە دەکرێت. مرۆڤ لەم دەقەدا لە بکەرێکی چالاکەوە گۆڕاوە بۆ “پاشماوەیەکی بۆندار” کە بە گەردووندا بڵاودەبێتەوە.بۆ نموونە: وێناکردنی مرۆڤ وەک کەرەستەیەکی بێگیان:
“ئەو کاتانەی وەکو تەختەدار / سەرئاو دەکەوێ”
ئەم دێڕە لوتکەی گوزارشتی فەلسەفەی بوونگەراییە. شاعیر لێرەدا چەمکی “ئیرادەی ئازاد”لە مرۆڤ دادەماڵێت. مرۆڤ شوبهێنراوە بە “تەختەدار”، واتە تەنێکی بێگیان و بێدەسەڵات کە توانای ئاڕاستەکردنی خۆی نییە، بەڵکو “شەپۆل” (هێما بۆ هێزە دەرەکییەکان، مێژوو، یان قەدەر)ە کە دەیهێنێ و دەیبات. - شیکاریی هێماکان و نیگارە شیعرییەکان:
دەقەکە دەوڵەمەندە بە نیگاری سروشتی کە بۆ خزمەتی مانایەکی دژە-مرۆیی بەکارهاتوون:
مرۆڤی سەرئاوکەوتوو ───> کەناراو ─── > جانەوەر و مێروولە
(بێدەسەڵاتی)…..(کۆتایی)….. (سەرکەوتنی سروشت) - ڕەمزی شەپۆل و کەنار: هێمان بۆ تێپەڕبوونی کات و زەمەن کە مرۆڤ بەرەو کۆتاییەکی نادیار دەبەن. کەنار لێرەدا نەک وەک شوێنی ڕزگاربوون، بەڵکو وەک مەڵبەندی فەوتان و کەرتبوونی جەستەی مرۆڤ وێنا کراوە.
- جانەوەر و مێروولە: شاعیر لێرەدا هەرەمی دەسەڵاتی سروشت سەرەوژوور دەکات. لە فەلسەفەی کلاسیکدا مرۆڤ لە لوتکەی زیندەوەراندایە، بەڵام لەم شیعرەدا، مێروولەکان لەسەر “لوتکەی چیاکان”ەوەن و “گاڵتەیان بەو حەشاماتە دێ”. ئەمە جۆرێکە لە سوکایەتیکردن بە لوتبەرزیی مرۆڤ.
- پێکهاتەی زمانەوانی و ڕیتمی دەقەکە:
لە ڕووی فۆرم و زمانەوە، دەقەکە چەند تایبەتمەندییەکی ئەکادیمی هەیە: - ڕستەسازیی کورت: ڕستەکان کورت و بڕاوەن. ئەم کورتکردنەوەیە هاوتایە لەگەڵ تێکشکانی دەروونیی مرۆڤی هاوچەرخ. زمانەکە زۆر گرنگی بە ڕازاندنەوەی ڕەوانبێژی نادات لە پێناو نیشاندانی ڕاستی تاڵدا.
- ڕیتمی ناوەکی: ئەگەرچی شیعرەکە ئازادە و کێشی عەرووزی نییە، بەڵام دووبارەبوونەوەی وشەی “بۆن” و پیتی “ش” و “م” ڕیتمێکی خەمۆک و هێمن بە دەقەکە دەبەخشن کە گونجاوە لەگەڵ کەشی مەرگدۆستی و تێڕاماندا.
کەواتە دەکرێت بڵێین ئەم دەقە مانیفێستۆیەکی ڕەخنەیی کورتە، بەڵام قووڵ دژ بەو جیهانەی کە مرۆڤی تێدا بووە بە کاڵا و ئیرادەی لێ زەوتکراوە. شاعیر لە ڕێگەی نیشاندانی تێکشکانی جەستەی مرۆڤ لە کەناراوەکان و گاڵتەجاڕی مێروولەکان پێی، هاوسەنگی هێز لە نێوان مرۆڤ و سروشتدا دەگۆڕێت و هۆشداری دەدات لە مەرگی مەعنەوی و فیزیکی ڕەگەزی مرۆڤ. دەقەکە بە سەرکەوتوویی توانیویەتی فەلسەفەی قورسی بوونگەرایی لە قاڵبێکی شیعریی چڕدا بەرجەستە بکات. - لەم شیعرەدا شاعیر چەند توخمێکی نوێ و جیاواز لە ئەدەبیاتی کوردیدا بەکاردێنێت. داهێنانەکان بریتین لە گۆڕینی چەمکی “بۆن” بۆ تەنێکی فیزیکی، بەرامبەر پێچەوانەکردنەوەی پیرۆزیی چیاکان بە بەکارهێنانی مێروولە، هەروەها وێناکردنی مەرگ وەک گاڵتەجاڕییەکی ڕەش.
- لادانە مۆدێرنەکان لە دەقی “بۆنی مرۆڤ”دا: –
١- گۆڕینی “بۆن” لە نۆستالژیایەکی ڕۆمانسییەوە بۆ “پاشماوەیەکی کیمیایی”:
لە ئەدەبیاتی کوردیدا، “بۆن” هەمیشە وەک هێمایەکی ڕۆمانسی، نیشتمانی یان سۆزداری بەکارهاتووە (وەک: بۆنی خاک، بۆنی دایک، بۆنی یار)، بەڵام شاعیر لێرەدا ئەم چەمکە سەرەوژوور دەکاتەوە:
لێرەدا شاعیر “بۆن” لە مانا ڕۆحییەکەی دادەمڵێت و دەیکاتە بەڵگەیەکی مادیی قورس. بۆن لێرەدا نیشانەی ڕزینی جەستەیە؛ تێکەڵبوونی گەردیلەکانی مرۆڤە لەگەڵ ژینگەدا لە دوای مەرگ.
لە کاتێکدا لای شاعیرانی تر مرۆڤ “شوێنپێ” یان “مێژوو” جێدەهێڵێت، بەڵام لای سۆران مرۆڤ تەنیا گاز و بۆنێکی بێ بڕست جێدەهێڵێت کە کەشەکە داگیر دەکات (لە گشت لایەکەوە بۆن دێ).
٢- گۆڕینی پێگەی چیا لە “پارێزەر”ەوە بۆ “تەماشاکار”:
چیا لە کۆستیۆمی شیعری کوردیدا هەمیشە هێمای شۆڕش، پەناگە، پیرۆزی و شکۆ بووە.
بەڵام لەم شیعرەدا لوتکەی چیاکان دەبنە سەکۆیەک نەک بۆ بەرگری، بەڵکو بۆ “سەیرکردن و گاڵتەکردن”. چیا چیتر پاڵپشتی مرۆڤ نییە، بەڵکو بووە بە جوگرافیایەکی بێلایەن و دوورەپەرێز کە حەشاماتی مرۆڤی لێوە بچووک دەبینرێت.
ئەمە دەستکارییەکی ڕادیکاڵی کۆدە کلتورییەکانی کوردییە؛ نەك بەمانای بەکەم تەماشاکردن، بەڵکو لە پێناو گونجانی پەیامی دەقدا بە داماڵینی سیفەتی “پیرۆزی و نیشتمانپەروەری” لە سروشت و نیشاندانی ڕووە بێ دەربەستییەکەی.
٣. (مایکرۆ-کۆزمۆس (هێزی بچووك بەرامبەر (مێگالۆمانیا (هێزی گەورە:
شاعیرانی مۆدێرن کاتێک باسی تێكشکانی مرۆڤ دەکەن، زۆرجار هێزی گەورەی وەک (گەردوون، دەسەڵاتە فاشیستەکان) بەکاردێنن بۆ نیشاندانی ئەو تێکشکانە.
بەڵام سۆران محەمەد بچووکترین و بێدەسەڵاتترین زیندەوەر (مێروولە) هەڵدەبژێرێت بۆ ئەوەی لوتبەرزیی مرۆڤ بشکێنێت.
تراژیدیای دەقەکە لەوەدایە کە مرۆڤ بە دەست “شەپۆل” و “جانەوەر”ەوە دەمرێت (کە ئەمانە مەرگی باون)، بەڵام سوکایەتییە فەلسەفییەکە لە کۆتاییەکەدایە: مێروولەکان لێی دێنە پێکەنین. شاعیر لێرەدا هاوسەنگی هێز بە جۆرێک دەگۆڕێت کە مێروولە لەسەر چیاکانەوە وەک چاودێرێکی باڵا، سەیری گاڵتەجاڕی و مەرگی مرۆڤ دەکات.٤- تەکنیکی زوومی هێمن
زۆربەی شیعرە تراژیدییەکانی کورد غەمناکی، هاوار، یان گریانێکی تێدایە.
بەڵام زمانی ئەم شیعرە بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش “ساردە”. شاعیر وەک دەرهێنەرێکی فیلمی دۆکیۆمێنتاری، کامێراکەی داناوە و تەنیا دیمەنی تەختەدارێکی ڕزیو، کەناراوێک، جانەوەرێک و مێروولەیەک نیشان دەدات، بەبێ ئەوەی بەزەیی یان سۆز ی تێدا هەست پێبکرێت.
ئەم زمانە تهکنۆکراتی و باڵایە، گوزارشت لە “پۆست-هیومانیزم دەکات؛ جیهانێک کە مرۆڤ چیتر چەقەکەی نییە و مەرگ هیچ گرنگی و کاردانەوەی جیهانی دروست ناکات.
میتۆدی بەراوردکاریی جیهانی دەری دەخات کە دەقی “بۆنی مرۆڤ”، لە دەرەوەی بازنەی باوی ئەدەبیاتی کوردیدایە، هاوتەریبە لەگەڵ قوتابخانە فەلسەفی و شیعرییە جیهانییەکانی دوای جەنگی جیهانی دووەم و سەدەی بیست و یەک.
دەتوانین دێڕە سەرەکی و کلیلییەکان لەم خڵانەدا دیاری بکەین:
١- دێڕی یەکەم و دووەم: “لە گشت لایەکەوە بۆن دێ / بۆنی مرۆڤ”
ئاستی زمانەوانی: شاعیر بە ڕستەیەکی نادیار دەستپێدەکات: “بۆن دێ”. دیاری ناکات بۆنەکە لە کوێوە دێت. ئەم فەزای گشتاندنە وا دەکات “بۆنی مرۆڤ” ببێتە پەتایەکی گەردوونی کە هەموو شوێنێکی تەنیوە، وەکو کۆرۆنا.
لادانی مانایی “بۆن” لێرەدا وەک “پاشماوەی گازيی جەستە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. مرۆڤ لەم دێڕەدا پیرۆزی ڕۆحیی لەدەستداوە؛ ئەو چیتر بیر ناکاتەوە، بەڵکو تەنیا ژینگە پیس دەکات.
٢- دێڕی سێیەم و چوارەم: “ئەو کاتانەی وەکو تەختەدار / سەرئاو دەکەوێ”
ئەمە فەلسەفەی بەتەنبوونەسەروەختێك مرۆڤ دەبێتە “تەختەدار”. ئەمە گۆڕانی جەوهەری مرۆڤە بۆ کەرەستەیەکی خاو.
سەربەخۆیی فۆرم: لە کاتێکدا شاعیرانی وەک ڕامبۆ لە شیعری “کەشتیی مەست”دا، کەشتی و تەختەدار وەک هێمایەک بۆ گەشتی ئازادانەی ڕۆحی مرۆڤ بەکاردێنن، لای سۆران تەختەدار هێمایە بۆ “جەستەیەکی بێگیان و مردوو” کە کۆنتڕۆڵی لەدەستداوە.
٣- دێڕی: “مێروولەکان… گاڵتەیان بەو حەشاماتە دێ”
تەوژمی ئایرۆنی: وەک لە بەشی پێشوودا ئاماژەم پێدا، مێروولە لێرەدا دەبێتە “بکەری ڕەخنەیی”. لوتکەی چیا کە بەرزترین خاڵی جوگرافییە، دەدرێتە مێروولە، نزمترین خاڵیش (کەناراو) دەدرێتە مرۆڤ. ئەم شۆڕشە فۆرمالیستییە لە دابەشکردنی پێگەی زیندەوەراندا، بنەمای باوی ئەدەبی کوردی تێکدەشکێنێت. - بەراوردی ئاستی شیعرەکە لەگەڵ شیعری جیهانیدا:
بۆ دیاریکردنی بەهای ئەدەبیی ئەم دەقە لە ئاستی شیعری جیهانییدا، دەکرێت بەراوردی بکەین بە دوو تەوژمی جیهانیی هاوچەرخ: - بەراورد لەگەڵ فەلسەفەی “مەرگی مرۆڤ”ی میشێل فوکۆ:
فەیلەسوفی فەڕەنسی میشێل فوکۆ لە کۆتایی کتێبی “وشەکان و شتەکان”دا دەڵێت: “مرۆڤ وەک وێنەیەکی کێشراوی سەر خۆڵی کەنار دەریا وایە، کە شەپۆلێك دێت و دەیسڕێتەوە”.
ئاستی لێك نزیکی: شیعری “بۆنی مرۆڤ” وەرگێڕانێکی شیعریی ئەم چەمکە فەلسەفییە جیهانییەیە. کاتێک شاعیر دەڵێت “شەپۆل دەیبا و لە کەنارێکا…”، ڕێک ئاماژەیە بەو مەرگە فیزیکی و فەلسەفییەی مرۆڤ کە فوکۆ باسی دەکات. شیعرەکە لەم ڕووەوە لە دەقێکی لۆکاڵی دەردەچێت و دەبێتە دەقێکی پۆست-مۆدێرنی جیهانی. - بەراورد لەگەڵ شیعری “گۆتفرێد بێن – ی ئەڵمانی:
گۆتفرێد بێن (شاعیر و پزیشکی ئەڵمانی) بەوە ناسراوە کە لە کۆمەڵە شیعری “گۆڕستان” (Morgue)دا، مرۆڤی وەک گۆشت و ماددەیەکی کیمیایی شیکاریکردووە، بەبێ بەکارهێنانی سۆز.
ئاستی هاوشێوەیی: زمانی ساردی ئەم شیعرە لە وێناکردنی “بۆنی مرۆڤ” و “تەختەدار”، زۆر نزیکە لە ساردبوونی پزیشکیی گۆتفرێد بێن. شیعرەکە نایەوێت سەرنجی خوێنەر بۆ “ئازار” ڕابکێشێت، بەڵکو دەیەوێت سەرنجی بۆ “ڕاستییە بایۆلۆژییەکە” ڕابکێشێت.
کەواتە ئەم شیعرە لە تەرازووی ئەدەبیاتی جیهانیدا لە ڕووی فۆرمەوە: کورت و چڕە، هاوشێوەی شیعری (ئیماجیزم/وێنایی ئەمریکی) و کورتە شیعری مۆدێرنی ئەوروپییە کە پشت بە یەک وێنەی گرنگ دەبەستێت. - هەررچی لە ڕووی ناوەڕۆکەوەیە: دەقەکە لە ڕیزبەندی پێشەوەی ئەو ئەدەبیاتە جیهانییەیە کە پێی دەوترێت “ئەدەبیاتی پۆست-هیومانیزم”. گەورەیی شیعرەکە لەوەدایە کە توانیویەتی “کۆدە کلتورییەکانی کورد” (چیا وەک هاوڕێ، بۆن وەک نۆستالژیا) بە تەواوی تێکبشکێنێت و زمانێک بەکاربهێنێت کە خوێنەرێکی لەندەنی، پاریسی یان تۆکیۆیی بە هەمان شێوەی خوێنەرێکی کوردی لێی تێبگات و پێی تووڕە یان سەرسام بێت.
- لادانە نوێکان لای شاعیر: لە شیعری کلاسیک و تەنانەت نوێی کوردیدا، مەرگی مرۆڤ هەمیشە بە شکۆوە وێنا دەکرێت (کفن، گۆڕستان، گریان یان پرسە). لادانی شاعیر لێرەدا لەوەدایە کە مەرگی مرۆڤ دەباتەوە سەر بنەمایەکی تەواو “بایۆلۆژی و سروشتیی”؛ جەستەی مرۆڤ پیرۆز نابینرێت، بەڵکو تەنیا خۆراکێکی ئامادەکراوە بۆ کرم وجانەوەرەکان، هەروەها شاعیر وشەی “مرۆڤەکان” یان “تاکەکان” بەکارناهێنێت، بەڵکو وشەی “حەشامات” بەکاردێنێت. حەشامات واتە کۆمەڵێکی زۆر و شێواو لە خەڵک کە هیچ تایبەتمەندی و بەهایەکی تاکەکەسییان پێ نەدراوە. ئەم وشەیە نزیك لە کەتوار، پیرۆزیی لە مرۆڤی هاوچەرخ دادەماڵێت و وەک تەنێک بەکاری دەهێنێت .
- لە خوارەوە (کەناراوەکە) پارادۆکسێکی وێنەیی بەهێزە، وێنەی مرۆڤ “تەختەدار ئاسا”، بێدەسەڵات، گەنیو و کەرتبوو بە دەست شەپۆل و جانەوەرانەوە.
- لە سەرەوە (لوتکەی چیا): وێنەی مێروولەکان، ڕێکخراو، بەهێز، چاودێر و پێکنەین بۆ لوتبەرزیی مرۆڤ.
ئەم دوو وێنە دژبەیەکە، بە تەواوی هاوسەنگییە باوەکانی ناو شیعری کوردی سەراوژوور دەکەنەوە و دەقەکە دەگەیەننە ئاستی فەلسەفەی هاوچەرخی جیهانی. - دیارنەمانی بکەر: شاعیر ناڵێت “مرۆڤەکان بۆنیان دێت” یان “من بۆن دەکەم”. لادانی گەورە لێرەدا ئەوەیە کە “بۆنەکە” خۆی بووە بە بکەرێکی سەربەخۆ. کاتێک شتێکی نا-مادی(بۆن) جێگەی واقیع دەگرێتەوە. لە شیعری کوردیدا هەمیشە بینین یان بیستن ڕەگەزی سەرەکی بوون، بەڵام سۆران کایەی “بۆنکردن” دەکاتە چەقی هاوچەرخبوون.
-هەروەها لە کۆپلەی: “ئەو کاتانەی وەکو تەختەدار” ئاماژەی سڕینەوەی جێندەر و تەمەن هەیە، لەم شیعرەدا نە “ژن” هەیە، نە “پیاو”، نە “منداڵ” و نە “پیر”. لادانی شاعیر لێرەدا لەوەدایە کە مرۆڤایەتی ڕووت دەکاتەوە لە هەموو ناسنامەیەکی کلتوری و جێندەری. مرۆڤ بووە بە گشتێکی یەکگرتوو، کە تەنیا لە یەک شتدا یەکدەگرنەوە، ئەویش فەوتانە. - لە کۆپلەی: “شەپۆل دەیبا” کورتکردنەوەی کات تێبینی دەکەین، بەجۆرێك پیتی “و” لە کۆتایی دێڕەکەدا پچڕانێکی زەمەنی دروست دەکات. لە نێوان “بردنی شەپۆلەکە” و گەیشتن بە “کەنارەکە”، شاعیر ڕووداوە ناوەکییەکان دەسڕێتەوە. ئەمە پێت دەڵێت مێژووی ژیانی مرۆڤ گرنگ نییە؛ گرنگ تەنیا خاڵی سەرەتا و خاڵی کۆتاییە.
هەروەها کۆپلەی”مێروولەکان لە دوورەوە”ئاماژە بەوە دەکات مێروولە کە بەوە ناسراوەو چاوی زۆر لاوازە و تەنیا شتە نزیکەکان دەبینێت، بەڵام لێرەدا زۆر دوور دەبینیت. داهێنانی وێنەیی شاعیر لێرەدا لەوەدایە کە تایبەتمەندییە بایۆلۆژییەکەی مێروولە پێچەوانە دەکاتەوە؛ مێروولە لێرەدا “لە دوورەوە” و لەسەر لوتکەی چیاکانەوە دەبینێت. ئەمە دەقەکە دەباتە کایەی سوریالیزم یان واقیعی سیحراوی، کە تێیدا یاساکانی زانست و کلتور تێکدەشکێن. - هۆکاری جیاوازیی ئەم شیعرە لەگەڵ شاعیرانی تردا:
بۆ ئەوەی بزانین شاعیر لەم شیعرەدا چی نوێی کردووە کە شاعیرانی تر نەیانکردووە، دەبێت سەیری ئەم سێ خاڵە بکەین: - دژە-گێڕانەوە: شاعیرانی کورد تەنانەت لە کورتە شیعریشدا حەزیان بە گێڕانەوەی چیرۆک هەیە (چیرۆکی شەهیدێک، ئەشقێک، یان نیشتمان). ئەم شیعرە بە تەواوی دژە-چیرۆکە؛ هیچ ڕووداوێکی تێدا نییە، تەنیا دۆخەکان نیشان دەدات.
- پۆست-ئەنترۆپۆسێنتریزم (Post-Anthropocentrism): لە تەواوی مێژووی ئەدەبی کوردیدا، مرۆڤ “سەنتەری گەردوون”ە؛ ئەگەر بگری سروشت لەگەڵیدا دەگری، ئەگەر هاوار بکات چیا دەیڵێتەوە. ئەم شیعرە دەقێکی دەگمەنە کە تێیدا مرۆڤ سەنتەر نییە، بەڵکو تەنیا پاشماوەیەکی فڕێدراوە و جیهان بەبێ ئەویش بەردەوامە.
- ئابووریی زمان: بەکارهێنانی کەمترین وشە بۆ گەیاندنی قووڵترین چەمکی فەلسەفی. هیچ وشەیەکی زێدە، پاشگر، یان وەسفێکی زیادە لە دەقەکەدا نییە. ئەم مۆدێلە لە ڕووتکردنەوەی زمان لە غەزەل و سۆز، بازدانێکی گەورەیە لە ئەدەبیاتی هاوچەرخدا.
- بەراوردی ئاستی فەلسەفیی شیعرەکە لەگەڵ ئەدەبیاتی جیهانیدا:
ئەم شیعرە لە ڕووی ئاستی هاوچەرخییەوە دەکرێت بخرێتە پاڵ گەورەترین دەقە فەلسەفی و شیعرییەکانی جیهان بەهۆی ئەم خاڵانەوە: - ڕەهەندی بەراوردکاری: شیعری “بۆنی مرۆڤ” هاوشێوەی ئەدەبیاتی جیهانی (فرانس کافکا و ساموێل بێکێت)
تیایدا شوناسی زیندەوەران (مێروولە) باڵادەستە و پێگەی مرۆ بچووک دەکاتەوە. لای کافکا لە ڕۆمانی “مەسخ”دا، مرۆڤ دەبێتە جانەوەر بۆ نیشاندانی پووچێتی. سۆران مێروولەکە ناکاتە مرۆڤ، بەڵکو مێروولەکە لە مرۆڤ بەرزتر دەکاتەوە. - چەمکی چاوەڕوانی: مرۆڤ هیچ چاوەڕوانییەکی نییە و تەنیا شەپۆل دەیبات. لای بێکێت لە شانۆیی “لە چاوەڕوانی گۆدۆدا”، مرۆڤەکان هێشتا چاوەڕوانن؛ بەڵام لای سۆران قۆناغی چاوەڕوانی کۆتایی هاتووە و مرۆڤەکە کۆتایی هاتووە.
لێرەدا شاعیر نەک تەنیا وێنەی نوێی داهێناوە، بەڵکو ئەرکی زمانی شیعریی گۆڕیوە؛ لە زمانێکەوە کە لاواندنەوە و شانازی دەگۆڕێت بۆ زمانێک کە وەک چەقۆ واقیعەکە دەشێوێنێت و مرۆڤ لەو خەونە خەبەردەکاتەوە کە ئایا ئەو گرنگترین بونەوەری گەردوونەو خاوەنی بەهای ڕاستەقینەی خۆیەتی؟ - وێنە شیعرییە نوێکانی تر:
١- وێنەی “ژووری نووستنی کۆشکی پێ دەشۆردران”
شاعیر کتوپڕ واقیعەکە دەگۆڕێت بۆ تێکەڵەیەک لە مێژوو و دەسەڵات. لێرەدا باسی “کۆشک” دەکات. لە ڕوانگەی ڕەخنەی سیاسییەوە، ئەم دێڕە ئاماژەیە بۆ چەوسانەوە؛ جەستەی ئەو مرۆڤە بێدەسەڵاتانەی کە لە کەناراوەکان تێکدەشکێن، لە ڕاستیدا پێشتر لە “ژووری نووستنی کۆشکەکاندا” وەک کاڵا یان کۆیلە سوکایەتییان پێکراوە و بە جەستەی ئەوان کۆشکەکان پاك کراونەتەوە.
جیاوازییەکە لەگەڵ شاعیرانی ترئەوەیە شاعیرانی تر کاتێک باسی ستەمکاری دەکەن، باسی زیندان یان ئەشکەنجە دەکەن، بەڵام سۆران “ژووری نووستنی کۆشک” دەکاتە شوێنی سڕینەوەی بەهای مرۆڤ. ئەمە هێمایەکە بۆ “ئیرۆتیکای دەسەڵات” کە تێیدا دەسەڵاتداران لە شوێنی حەوانەوەی خۆیاندا بە چارەنووسی حەشامات پێدەکەنن.٢- وێنەی “هەر دڕکەزی ئەگرێ”
وێنەیەکی توندوتیژ و کاریگەرە. شاعیر سروشت بە جوانی نیشان نادات، بەڵکو دڕکەکان بریندارکەرن و کێم و خوێن بەربوون دروست دەکەن. ئەمە وێنەیەکی تهواو ڕاچڵەکێنە لە ئەدەبیاتی کوردیدا. سروشت لێرەدا تووشی شێرپەنجە یان داڕزین بووە بەهۆی کێشەکانی مرۆڤەوە.
لێرەدا جیاوازییەکە لەگەڵ شاعیرانی تر ئەوەیە؛ لە کاتێکدا شاعیرانی مۆدێرن باسی گوڵ و باخچە دەکەن، ئەم دەقە دەچێتە ناو وردەکاریی وێنای نەشتەرگەریی ئاساوە، بەوەی درەختەکان دڕکەزی دەگرن چونکە خاکەکە ژەهراوی بووە بە نادادیی.
٣- وێنەی “کەس ناتوانێ لەسایەیان ستار بگرێ”
“سایە” لە کلتوری کوردیدا هەمیشە شوێنی حەوانەوە و پاراستنە (سایەی نیشتمان، سایەی باوک). شاعیر لێرەدا چەمکی سێبەر و سایە دەکاتە شوێنی “سەرگەردانی و بێمتمانەیی”. سایەی کۆشکەکان یان سایەی ئەو درەختانەی دڕکەزی دەگرن و چیتر مرۆڤ ناپارێزن، بەڵکو دەبنە مۆتەکەیەک کە “ستارگرتن” لەسایەیاندا مەحاڵە.
لێرەدا جیاوازی لەگەڵ شیعری تردا ئەوەیە: ئەمە گوزارشتە لە “پێچەوانەکردنەوەی شوێن”، لای شاعیرانی تر مرۆڤ لە کۆتاییدا لە شوێنێک ستار دەگرێت (تەنانەت ئەگەر گۆڕیش بێت)، بەڵام لای شاعیر هیچ پاڵپشت و پەناگەیەک لەم گەردوونەدا نەماوە ببێتە جێگەی دڵنیایی. - هاوتەریب لەگەڵ کارەکانی (چارڵز بۆدلێر): لە کۆمەڵە شیعری “گوڵەکانی خراپە”دا بۆدلێر باسی چۆنیەتی گەنیبوونی جوانی و شارستانێتی دەکات. وێنەی “دڕکەزییەکە”، لای سۆرانیش هاوتایە لەگەڵ گوڵە ژەهراوییەکان کە تێیدا سروشت بووە بە گۆڕستانێکی گەورە.
هاوتەریب لەگەڵ دیدی پووچێتی لای(فرۆید و لاکان): وێنەی شوشتنی کۆشکەکان ئاماژەیە بۆ ئەو “شوێنەوارە دەروونییانە کە دەسەڵات لەسەر جەستەی مرۆڤ جێی دەهێڵێت. لێرەدا شیعرەکە دەبێتە ڕەخنەیەکی سیاسیی پۆست-مۆدێرن کە تێیدا پێکهاتەی کۆشکەکان لەسەر سوکایەتیکردن بە مرۆڤ ڕاوەستاون.
ئەم بەشە نیشانی دەدات کە تراژیدیای مرۆڤ لای شاعیر تەنیا مەرگێکی کتوپڕ نییە لە دەریادا، بەڵکو دەرئەنجامی مێژوویەکی درێژی ستەمکاریی کۆشکەکان و گەنیبوونی ژینگەکەیە، کە وایکردووە لە هیچ شوێنێکدا ستار نەگیرێت و ئارامیی نەمێنێت.
لەکاتێکدا لای شاعیرانی تر، مێروولە هێمایەک بووە بۆ “کارکردنی بەردەوام” یان “بێدەسەڵاتی و ژێر پێ” (وەک لای گۆران و بێکەس)هەیە. بەڵام سۆران یەکەم شاعیرە مێروولە دەکاتە “فەیلەسوفی چاودێر” کە لە سەرەوە سەیری مرۆڤ دەکات. ئەمە جۆرێکە لە مۆدێرنیزم کە تیایدا مرۆڤ پێگەی سەنتەریی خۆی لە دەست دەدات و زیندەوەرێکی بچووک دەبێتە داوەر بەسەرییەوە.
بەمجۆرەو ئەگەر سەیری پێکهاتەی دێڕەکانی کۆتایی بکەین، دەبینین ڕستەکان زۆر کورت دەبنەوە و کتوپڕ شیعرەکە کۆتایی دێت، بەبێ ئەوەی هیچ دێڕێکی زیادە یان ئەنجامگیرییەک بدا بەدەستەوەو لەهەموو جێیەك (لەبری ژیان تەنیا بیستنی سەدای مەرگە).
ئەم پچڕانە کتوپڕە هاوشێوەی تەکنیکی نوێیە لە شیعری جیهانیدا، کە تێیدا خوێنەر لە ناو دۆخی شۆک و بێدەنگیدا جێدەهێڵرێت. - گۆڕینی چەمکی “شکۆ” بۆ “حەشامات”:
لە کۆتاییدا شاعیر وشەی “حەشامات” بەکاردەهێنێت لەجیاتی وشەگەلی وەك “گەل”، “نیشتمان”، یان “کۆمەڵگە” کە هێمایە بۆ تێکەڵبوون و بێسەربەرەیی سۆسیۆلۆژی و کەمبوونەوەی بەهای مرۆڤەکان.
ئەمەش دژایەتیکردنی ئەو ڕوانگە ڕۆمانسییەیە کە مرۆڤ بە پیرۆز نیشان دەدات. شاعیر لە کۆتایی دەقەکەیدا پێمان دەڵێت کە کێشەی مرۆڤی هاوچەرخ ئەوەیە ناسنامەی خودی خۆی لەدەستداوە و بووە بە ژمارەیەکی بێبایەخ لە ناو حەشاماتێکدا کە تەنیا شایەنی ئەوەیە لە دوورەوە سەیری بکرێت و گاڵتەی پێبکرێت.
ئەم جۆرە کۆتایی هێنانە سارد و ئایرۆنییە زۆر نزیکە لە کۆتایی شیعرەکانی شاعیری پۆڵەندی ڤیسلاڤا شیمبۆرسکا، شیمبۆرسکا لە زۆربەی شیعرەکانیدا وەک شیعری “ستایشکردنی دۆستایەتی مرۆڤ لەگەڵ ئاژەڵاندا” باس لەوە دەکات کە سروشت و زیندەوەرەکان چۆن بە بێدەنگی و بە ساردی تەماشای مێژووی خوێناوی و پڕ لە لوتبەرزیی مرۆڤ دەکەن. سۆران بەم کۆتاییە، دەقەکەی دەگەیەنێتە هەمان ئاستی ڕەخنەی قووڵی فەلسەفی لە ڕەگەزی مرۆڤ. ئەمانەش چەند ئاماژەیەکی ڕاگوزەری ترن سەبارەت وێنە شیعرییەکانی دەقەکە:
١- وێنەی “سەرئاو کەوتن” وەک جێگۆڕکێی فیزیکی: ئەگەر سەرنج بدەینە وشەی “سەرئاو”، شاعیر لادانێکی قووڵی لە چەمکی جوگرافیادا کردووە: لە ئەدەبیاتی کلاسیکی کوردیدا، جێگای مرۆڤ هەمیشە “خاک” یان “قوڕ”ە (وەک هێمایەک بۆ خاکی نیشتمان یان دروستبوونی مرۆڤ لە خۆڵ). شاعیر لێرەدا مرۆڤ لە خاک دادەماڵێت و دەیخاتە ناو “ئاو”ەوە. ئاو لێرەدا هێمای پاکبوونەوە نییە، بەڵکو هێمای سەرگەردانی و نەبوونی بنەمایە. مرۆڤ کە سەر ئاو دەکەوێت، هیچ پاڵپشتێکی نییە و کێشی فیزیکی خۆی لەدەست دەدات. شاعیرانی تر کاتێک باسی ئاوارەیی دەکەن، باسی بیابان یان ڕێگای شاخ دەکەن، بەڵام سۆران مرۆڤ دەکاتە تەنێکی سەرئاوکەوتووی بێ جێگە. ئەمە دەربڕی چەمکی “شۆکی مۆدێرنە”یە لە شیعردا، کاتێک مرۆڤ لە خاک و ڕەگ و ناسنامەی خۆی دادەبڕێت.٢- وێنەی “کەنار” وەک بنبەستی مێژوویی:
لەم شیعرەدا وشەی “کەنار” ڕەهەندێکی فەلسەفی گرنگی هەیە: بەوەی کەناراو لە هۆشیاریی مرۆڤدا هەمیشە شوێنی ڕزگاربوونە (گەیشتنی کەشتیی نووح بە کەنار، یان گەیشتنی کۆچبەران بە وشکانی). شاعیر ئەم کۆدە کلتورییە دەشێوێنێت. کەنار لای ئەو شوێنی ڕزگاربوون نییە، بەڵکو “بنبەست و داپۆسینی جەستەیە”، شوێنێکە کە تێیدا ڕووداوە ناخۆشەکان دەست پێدەکەن.
ئەمە گۆڕینی فەزای ڕزگارییە بۆ فەزای فەوتان . لە کاتێکدا لای شاعیرانی تر کەنار هیوایە، بەڵام لای سۆران کەنار دوا وێستگەی تێکشکانی کەرامەتی مرۆڤە، پێش ئەوەی سروشت تەواو زاڵ بێت بەسەریدا.٣- تەکنیکی “بێدەنگیی گەردوون”:
ئەگەر تەواوی شیعرەکە بخوێنینەوە، تێبینی دەکەین هیچ دەنگێک لەم شیعرەدا نییە. شیعرەکە تەواو بێدەنگە. نە هاواری مرۆڤە خنکاوەکەی تێدایە، نە دەنگی شەپۆلەکان و نە دەنگی سروشت. تەنانەت پێکەنین یان گاڵتەجاڕی کتوپڕیش بە بێدەنگی ڕوودەدات.
ئەمە لە کاتێکایە شیعری مۆدێرنی کوردی زۆرجار پڕە لە دەنگ، هاوار، ئۆف و ناڵین. داهێنانی ئەم دەقە لەوەدایە کە “فەزایەکی بێدەنگ ” دروست دەکات. ئەم بێدەنگییە نیشانەی بێ دەربەستی جیهانە، کاتێک مرۆڤ دەمرێت و تێکدەشکێت، بێدەنگی کۆتایی پێ دەهێنێت، ئەمەش لوتکەی نامۆبوونی مرۆڤ پیشان دەدات. - سڕینەوەی جێناوی من:
لە شیعری هاوچەرخی کوردیدا، جێناوی “من” (بکەری شاعیر) چەق و بزوێنەری سەرەکی دەقە؛ “من” دەبینم، “من” دەناڵێنم، و “من” هەڵوێست وەردەگرم. لادانی گەورە لێرەدا، داماڵینی تەواوی دەقەکەیە لەم جێناوە، بەجۆرێك:
کاتێك جێناوی “من” دەسڕدرێتەوە، خودی شاعیر لە ناو دەقەکەدا نامێنێت. ئەو چیتر شایەدحاڵێکی ئامادە یان نووسەرێکی خەمبار نییە، بەڵکو دەبێتە داهێنەری وێنە شیعرییەکان. ئەمە وادەکات خوێنەر هەست نەکات کە کەسێک هەیە دەیەوێت “وانەی ئەخلاقی” یان “سۆزداری” دابدات، بەڵکو خوێنەر خۆی دەبێتە کارای ناو دەق.
لەو شیعرانەی کە جێناوی “من” تێیدا زاڵە، شاعیر کۆنتڕۆڵی مانا دەکات و بە خوێنەر دەڵێت چۆن بیربکاتەوە. بەڵام لەم دەقەدا، بەهۆی غیابی “من”ەوە، دەسەڵاتی لێکدانەوە بە تەواوی دەدرێتە دەست خوێنەر. خوێنەر خۆی لە بەردەم فەزایەکی چۆڵدا دەبینێتەوە و ناچار دەبێت خۆی پەیوەندی نێوان توخمەکان (ئاو، کەنار، باڵادەستی سروشت) بدۆزێتەوە.
بۆ نموونە ئەگەر شاعیر بیگوتایە “من بۆنی مرۆڤ دەکەم” یان “من تەختەدارەکە دەبینم”، تراژیدیاکە دەبووە ئەزموونێکی تاکەکەسی و لۆکاڵی شاعیر خۆی. بەڵام لابردنی جێناوەکە و بەکارهێنانی ڕستەی نادیار “لە گشت لایەکەوە بۆن دێ”، وادەکات بابەتەکە لە کێشەیەکی شەخسییەوە ببێتە کێشەیەکی بوونگەرایی گەردوونی کە پەیوەندی بە تەواوی ڕەگەزی مرۆڤەوە هەیە لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانەدا بن.
وەك زانراوە؛ جێناوی “من” هەمیشە هەڵگری سۆز، بیرەوەری و نۆستالژیایە. سڕینەوەی ئەم جێناوە لای سۆران هاوتەریبە لەگەڵ قوتابخانەی پۆست-مۆدێرنیزم، کە تێیدا مرۆڤ چیتر چەق و سەنتەری گەردوون نییە. زمانەکە دەبێتە زمانێکی ناڕاستەوخۆ کە تێیدا سروشت و کەرەستەکان خۆیان قسە دەکەن، نەک مرۆڤ.
تەکنیکێکی تری شاعیر ئەوەیە پێکهاتەی “زەمەن” و “شوێن” لە هۆشیاریی مرۆڤدا تێکدەدات، نەک لە ڕێگەی وەسفەوە، بەڵکو لە ڕێگەی هێێڵکاریی فیزیکیی دەقەکەوە.
لە شیعری کلاسیک و مۆدێرندا، زەمەن هێڵێکی تەریبە کە بەرەو پێشەوە دەچێت (ڕابردوو، ئێستا، داهاتوو). بەڵام لەم دەقەدا، شاعیر جۆرێک لە کات بەکاردێنێت کە پێی دەوترێت “کاتی بەستوو” یان وێرانبوو.
بۆ نموونە دەقەکە بە دەستپێکی “لە گشت لایەکەوە” کاتەکە ون دەبێت. هیچ ئاماژەیەکی کاتی تێدا نییە (نە دوێنێ، نە ئەمڕۆ، نە سبەی). کات کورتکراوەتەوە بۆ تەنیا یەک چرکەساتی هەمیشەیی کە تێیدا ڕزین لە دەرەوەی مێژوودا ڕوودەدات.
ئەمە هاوتەریبە لەگەڵ چەمکی “کاتی مەرگ” لای فەیلەسوفی فەڕەنسی مۆریس بلانشۆ. ئەو پێی وایە مەرگ کات ناهێڵێت؛ مرۆڤ کاتێک دەمرێت، دەکەوێتە دەرەوەی زەمەنی مێژووییەوە. شاعیر لێرەدا کاتی مێژوویی کوردی (کە هەمیشە کاتی خەبات یان چاوەڕوانییە) دەگۆڕێت بۆ کاتێکی فەلسەفیی چەقبەستوو کە هیچ جوڵەیەکی تێدا نییە.
وێڕای ئەوەی شوێن لێرەدا “کەنار” کە پێشتر باسمان کرد، دەبێتە هێڵێکی نەرێنی. تەنەکان (جەستەی مرۆڤ) لەم جوگرافیایەدا بە شێوەیەکی ئاسۆیی لەسەر ئاو دەکەون و ڕادەکشێن، لە کاتێکدا زیندەوەرەکانی تر بە شێوەیەکی ستوونی لەسەر بەرزایەکاندا وەستاون. لەم تێکچوونی ئاڕاستەی شوێنە لە دەقەکەدا جێگای مرۆڤ شوێنێکی جوگرافیی دیاریکراو نییە، بەڵکو فەزایەکی شلۆق و داڕماوە کە تێیدا سنووری نێوان وشکانی و دەریا، بەرز و نزم بە تەواوی تێکەڵ دەبێت.
بەمجۆرەو لەم دەقەدا “ئەنتڕۆپی زمانی” ڕوودەدات کە زمان خۆی لێک هەڵوەشێت بۆ ئەوەی هاوتای واقیعە داڕزاوەکە بێت.
شیعرەکە لە ڕووی پێکهاتەی ڕستەسازییەوە بەرەو داڕزان دەچێت. دێڕی یەکەم کەمێک درێژە، بەڵام هەرچی بەرەو کۆتایی دەچێت ڕستەکان کورتتر، پچڕاوتر و توندتر.
ئاوها شاعیر ڕێگا نادات زمانەکەی ڕێکخراو و پاراو بێت. ئەو ڕستەکان دەپچڕێنێت چونکە جەستەی مرۆڤەکەش پچڕاوە. ئەم هاوتاییە لە نێوان داڕزانی جەستە و داڕزانی ڕستەسازیی شیعرەکەدا، بەرزترین ئاستی تەکنیکی مۆدێرنەیە کە تێیدا فۆرمی شیعرەکە خۆی دەبێتە ڕەنگدانەوەی ناوەڕۆکە فەلسەفییەکەی.
لێرەدا شیعر چیتر وەک پەیامێکی ئەخلاقی سەیر ناکرێت، بەڵکو وەک نەخشەیەکی فیزیکی و فەزایی سەیر دەکرێت کە تێیدا مرۆڤی هاوچەرخ شوێن و کاتی خۆی تێدا ونکردووە. - بەکارهێنانی “ئامرازی کاتیی نادیار” لە دێڕی: “ئەو کاتانەی وەکو تەختەدار…”
لەم دێڕەدا، بەکارهێنانی دەستەواژەی “ئەو کاتانەی” جێگەی سەرنجی قووڵە، بەجۆرێك شاعیر بەکارهێنانی کاتی دیاریکراو (کاتی خنکان، کاتی مردن یان کاتی ئێستا) ڕەتدەکاتەوە. “ئەو کاتانەی” ئامرازێکی کاتیی نادیار و دووبارەبووەوەیە. شاعیر بەم دەستەواژەیە پێمان دەڵێت کە تێکشکان و گۆڕانی مرۆڤ بۆ تەنێکی بێگیان، ڕووداوێکی مێژوویی یەکجارەکی نییە، کە لە کاتێکی دیاریکراودا ڕووبدات و تەواو بێت. بەڵکو ئەمە دۆخێکی بەردەوام و گەردوونییە کە هەمیشە و لە هەموو چرکەساتێکدا ڕوودەداتەوە. ئەم تەکنیکە؛ کاتەکە لە سنووری دەقێکی لۆکاڵی کوردی دەردەکات و دەیکاتە زمانێکی گەردوونی هاوشێوەی شیعری هاوچەرخی ئەوروپی، کە تێیدا کارەساتەکان بە شێوەیەکی بێدەنگ و بەردەوام و بێ ناو بەڕێوە دەچن.
هەروەها شاعیر وێنەی “لە گشت لایەکەوە” وەک سڕینەوەی چەق بەکاردەهێنێت، کە تەواوی پێکهاتەی شیعری کلاسیک تێکدەكێنێت، زۆربەی دەقە شیعرییەکان چەقێکی دیاریکراویان هەیە (من لێرەم، نیشتمان لەوێیە، یار لەم شوێنەیە). بەڵام دێڕی یەکەمی ئەم شیعرە “لە گشت لایەکەوە”، هەموو جۆرە چەقگەراییەک ڕەتدەکاتەوە.
لە ڕوانگەی ڕەخنەی پۆست-مۆدێرنەوە، ئەمە پێی دەوترێت “سڕینەوەی سەنتەر”. کاتێک دیاردەیەک وەك(بۆنی داڕزانی مرۆڤ) لە گشت لایەکەوە بێت، واتە هیچ شوێنێکی ئارام یان دەرچەیەك نییە کە مرۆڤ بتوانێت لێی ڕابکات. ئەم دەستپێکە وا دەکات تەواوی دەقەکە لە ڕووی فۆرمەوە وەک بازنەیەکی داخراو کاربکات کە خوێنەر لە هەر لایەکەوە سەیری بکات، خۆی لە ناوەڕاستی کارەساتەکەدا دەبینێتەوە. شاعیر لێرەدا سەرکەوتووبووە لەوەی کە بە کەمترین ئامرازی ڕێزمانی، قووڵترین دڵەڕاوکێی بوونی هاوچەرخ بگەیەنێت.
ئەم ڕوانگە ڕێزمانی و پێکهاتەییە نیشانی دەدات کە چۆن شاعیر بە هۆشیارییەوە “ڕێزمانی کوردی” بەکارهێناوە بۆ خزمەتکردنی فەلسەفەی دەقەکە.
هەروەهالەم دەقەدا میتافۆڕی “سروشت وەک چاودێرێکی سارد” تێبینی دەکرێت، لای شاعیرانی کلاسیک، سروشت یان هاوسۆزە لەگەڵ مرۆڤدا یان دوژمنیەتی، بەڵام لای سۆران، سروشت تەنیا “تەماشاکارە”.
لێرەدا مەرگی مرۆڤ هیچ گۆڕانکارییەک لە سیستمی گەردووندا دروست ناکات؛ نە باران دەبارێت، نە ڕووبارەکە دەوەستێت. ئەم بێلایەنییەی سروشت میتافۆڕە بۆ جیهانی پۆست-مۆدێرن، کاتێک مرۆڤ درک بەوە دەکات کە تەنیا کەرەستەیەکی بچووکە لە ناو سیستمێکی گەورەی بێدەنگدا کە گوێ بە هاوارەکانی نادات. - ئەنجام :
١- داماڵینی سیفەتی “پیرۆزی، نیشتمانپەروەری و پەناگەبوون”ە لە توخمە سروشتییەکان (وەک چیا و کەناراو). شاعیر جێگۆڕکێیەکی توندی فەلسەفی لە بەهای جێگاکاندا دەکات و سروشت لە هاوسۆزێکی مرۆییەوە دەگۆڕێت بۆ تەماشاچییەکی سارد و بێ دەربەست لە هەمبەر کارەساتی مرۆڤدا.
٢- سڕینەوەی سێنتراڵبوونی مرۆڤ: دەقەکە وەک مانیفێستۆیەکی ڕادیکاڵی پۆست-مۆدێرن دەخوێندرێتەوە. لە ڕێگەی سڕینەوەی تەواوی جێناوی “من”ی شاعیر و بەکارهێنانی زمانێکی ناڕاستەوخۆ، پێگەی باڵای چاودێریکردن و دادوەری دەدرێتە زیندەوەرە بچووکەکانی دەرەوەی مرۆڤایەتی.
٣- شاعیر بە سەرکەوتوویی تەکنیکی پوختکردنی زمان و پچڕانی ڕێزمانی (وەک سڕینەوەی کردارەکان و بەکارهێنانی خاڵبەندیی وەك سێ خاڵ) بەکاردێنێت. ئەم داڕمانە ڕێزمانییە تەنیا شێوازێکی دەرەکی نییە، بەڵکو هاوتایە لەگەڵ ناوەڕۆکە فەلسەفییەکە کە بریتییە لە داڕزانی جەستەی مرۆڤ و تێکشکانی بوونی لە ناو کایە مۆدێرنەکاندا.
٤- هاوتەریبی لەگەڵ ئەدەبیاتی جیهانیدا: ئەم شیعرە لە سنووری دەقێکی لۆکاڵی و کۆچبەریی سادەوە دەردەچێت و خۆی دەگەیەنێتە ئاستی تیۆرییە فەلسەفییەکانی “پووچگەرایی” و “نیهیلیزمی” هاوشێوەی کارە جیهانییەکانی ئەلیۆت، گۆتفرێد بێن و شیمبۆرسکا، کە تێیدا مەرگی مرۆڤ هیچ شەپۆلێک لە ناو سیستمی گەورەی سروشتدا دروست ناکات.
بەکورتی، “بۆنی مرۆڤ” دەقێکی کورت، بەڵام خاوەن کێشێکی قورسی فەلسەفییە، کە تێیدا زمان وەک چەقۆیەکی سڕ بەکارهاتووە بۆ داماڵینی واقیع و نیشاندانی سەرگەردانیی مرۆڤی هاوچەرخ لە جیهانێکدا کە کات و شوێنی تێدا ترازاوە.کارزان ئەحمەد
…………….
سەرچاوە: پێگەی ئیلیکترۆنی (دەنگەکان) بەرواری ٩/ ٧/٢٠٢٠
لە ستایشکردنی خۆشەویستیی تووند.. ئاریان کەرکوکی
کاتێک وەفاداری بۆ هەستەکان دەبێتە کردەیەکی شۆڕشگێڕانە
لە جیهانێکدا کە ناوەڕۆکی بەهاکان تێیدا لەبەین دەچن وبەرژەوەندی پێشەنگی پەیوەندییە مرۆییەکانە، خۆشەویستی زۆرجار وەک حاڵەتێکی کەیف وسەفا یان هەستێکی کاتی سەیر دەکرێت کە لە بەرامبەر زریانی گەندەڵیدا وشک دەبێت، بەڵام ڕاستییەکە قوڵتر وتیژترە؛ خۆشەویستی لە سەردەمی گەندەڵیدا بژاردەیەکی نەرم نییە، بەڵکو “ئەرکێکی حەتمی” وکردەیەکی ڕۆژانەی بەرگرییە. تاک لە ژینگەیەکی گەندەڵدا ڕووبەڕووی هەوڵی بەردەوام دەبێتەوە بۆ ئەوەی بکرێت بە تەنها ژمارەیەک لە هاوکێشەی قازانج وزیاندا، لێرەدا دیاریکراو وەفاداری بۆ خۆشەویستی -بە هەموو ڕاستگۆیی وبێگەردییەکەیەوە-دەبێت بە هاوارێکی بێهاوتای سەربەخۆیی. چونکە هیچ شتێک وەک ئەوە گەندەڵی تووڕە ناکات کە مرۆڤێک هەبێت ڕەتی بکاتەوە هەستەکانی ببێت بە کاڵا، وڕەتی بکاتەوە گەرمیی سۆزی خۆی لە بازاڕی خواست وخستنەڕوودا بفرۆشێت، هەر وەک چۆن گابریێل گارسیا مارکیز لە ڕۆمانەکەیدا “خۆشەویستی لە سەردەمی کۆلێرا” بەرجەستەی کردووە؛ کە خۆشەویستی وەک تەنها پەتایەک دەردەکەوێت کە لە بەرامبەر پەتای کوشندەی کۆلێرا نامرێت. چاوەڕوانیی “فلۆرێنتینۆ ئاریثا” بۆ مەعشووقەکەی بۆ زیاتر لە نیو سەدە لە جیهانێکدا کە پڕە لە گۆڕانکاری وگەندەڵیی کۆمەڵایەتی، بە مانای شۆڕشێکی بێدەنگ وجەختکردنەوەیەک بوو لەسەر ئەوەی کە خۆشەویستی پابەندی خشتەی کات یان بارودۆخی سەخت نابێت.
خۆشەویستی وەک ئەرکێکی حەتمی واتە ئێمە بڕیار دەدەین مرۆڤ بین لە بارودۆخێکدا کە داوامان لێ دەکات ببین بە ئامێر. ئەمە پابەندبوونێکی ئازایانەیە بەرامبەر بە ئەوی تر وبەرامبەر بە خۆمان کە ڕۆحمان لە ڕەقبوون وتێکشکاندن دەپارێزێت. کاتێک هەڵدەبژێرین لە ناو وێرانییەکی ئەخلاقیدا خۆشمان بوێت، ئێمە لە ڕاستییەکە ڕاماناکەین، بەڵکو تۆوی کۆمەڵگەیەکی جیاواز دەچێنین، کۆمەڵگەیەک کە ئارەزووەکان نەیجوڵێنن، بەڵکو پەیوەندییە مرۆییە قوڵەکان بیجوڵێنن. وەفاداری بۆ هاوبەشی ژیان لە سەختترین ساتەکاندا، ودەستگرتن بە خۆشەویستی وەک بەهایەکی ڕەها کە قابیلی سازشکردن نییە، باڵاترین شێوەی شۆڕشە. خۆشەویستی تەنها ڕاگەیاندنی هەست نییە، بەڵکو دەستلێدانێکی پڕ لە سۆزە لە سەردەمێکدا کە دڵەکان تێیدا ڕەق بوون، ئەو ڕووناکییە کزەیە کە بە دەستە لەرزۆکەکانمان لە کوژانەوەی حەتمی دەیپارێزین، ئەو توانایەیە کە بمێنینەوە “ئێمە” -بە لاوازی وهێزەوە-لە بەرامبەر جیهانێکدا کە دەیەوێت بیگۆڕین. خۆشەویستی تەنها دەرمانی دژە ژەهری خۆپەرستییە، وئەو قەڵایەیە کە بەهێز دەمێنێتەوە چەندە دەنگی ساختە بەرزتر بێت. بۆیە خۆشەویستی تەنها هەست نییە، بەڵکو بڕیارێکی بوونگەرایی مەزنە، وپیرۆزترین ئەرکە کە مرۆڤایەتیمان بەسەرماندا دەیسەپێنێت، بۆ ئەوەی لە دەریاچەی گەندەڵیی دەوروبەرماندا نەخنکێین، وبۆ ئەوەی بەو ناوەڕۆکەی خۆمانەوە پابەند بین کە ناکڕدرێت ونافرۆشرێت. خۆشەویستی لە کۆتاییدا تەنها ئەو کردەیەیە کە دەیسەلمێنێت هێشتا زیندووین، وتوانای جیایکردنەوەی ڕووناکی وتاریکیمان لەم جیهانە فراوانەدا لە دەست نەداوە.
کاتێک دەست بە خۆشەویستییەوە دەگرین، تێدەگەین بۆچی شێکسپیر “رۆمیۆ وجولێت”ـی بەو کۆتاییە ئازاربەخشە نووسی؛ ئەو بۆ ئەوە نەینووسی کە مردن بەرز بکاتەوە، بەڵکو بۆ ئەوەی پووچیی ئەو ڕق وکینەیە ڕووت بکاتەوە کە کۆمەڵگە گەندەڵەکان دەیخەنە سەر خەڵک، وبۆ ئەوەی بەسەر ڕاستییەکەدا هاوار بکات کە ئەو کۆمەڵگەیەی خۆشەویستی لە پێناوی رق وکینەکانیدا دەکوژێت، تەنها بڕیاری لەناوچوونی خۆی دەدات. شێکسپیر پێی دەگوتین کە خۆشەویستی “بڕیارە” نەک چارەنووس، ودەستگرتن پێوەی لە بەرامبەر ڕاستییەکی زۆرداردا کردەیەکی ڕزگاریخوازی ڕاستەقینەیە. ئەم وەفادارییە ئەو “پەتا تەنهایە”یە کە نامرێت، وەک گابریێل گارسیا مارکیز لە “خۆشەویستی لە سەردەمی کۆلێرا” بەرجەستەی کرد، کە تیایدا چاوەڕوانی بۆ چەندین دەیە بە کردەیەکی شۆڕشگێڕانە مایەوە کە بەرەنگاری پەتای گەندەڵی و کات دەبووەوە.
دایک.. شیعری شورش عەزیز سورمێ
دایک،
زۆر زوو ڕۆیشتیت،
وەک بەیانییەکی پچڕاو
کە کاتێکی نەبوو ببێتە ڕۆژ.
لە بێدەنگیدا ئازارت چەشت،
بەو هێزەی تەنها دایکان دەزانن،
ژیانت بە دەستەوە گرتبوو،
تەنانەت کاتێک ژیان ئازاری هەبوو.
من بچووک بووم،
و تێنەگەیشتم بۆچی جیهان ئەوەندە داوای لێکردوویت.
ئێستا دەزانم:
تۆ ئەو کەسە بوویت کە هەموو کەسێکت پاراست،
تۆ ئەو کەسە بوویت کە ئەو قورسایەت هەڵگرت کە کەس نەیبینی.
هەموو ڕۆژێک بیرت دەکەم،
لەو ئاماژەیەی کە نایکەم،
لەو وشەیەی کە ناڵێم،
لەو زەردەخەنەیەی کە بەدوایدا دەگەڕێم و نایدۆزمەوە.
بەڵام کاتێک چاوەکانم دادەخەم،
هێشتا هەست دەکەم لە تەنیشتمەوە دەڕۆیت،
ڕووناکی وەک نوێژێک،
وەک شاخێک بەهێزە.
تۆ بە گەنجی نەمردی، دایک.
تۆ لەناو مندا گەنج مایتەوە،
لە هەموو کارێکدا کە دەیکەم،
لە هەموو چاکەیەکدا هەوڵی دروستکردنی دەدەم.
وە تا ئەو کاتەی تۆم لەبیرە،
تا ئەو کاتەی ناوت بهێنم،
تا ئەو کاتەی لە دڵمدا تۆ هەڵدەگرم،
تۆ بەردەوام دەبیت لە ژیان.
شورش عەزیز سورمێ
گەلەری ئارام\ سیمنارێک بۆ د. ئازاد حەمە.. روانگەی هزرڤانان بۆ ئەدەب
شەممە ٤\٧\٢٠٢٦
کاتژمێر ٧ی ئێوارە

دواهەمین وێستگەی سەفەر.. شیعری دڵکەش قادر
بە نامەنێری گشت شەمەندەفەرەکانی تەمەن بڵێ:
ئەمڕۆ نەوەستن لە چاوەڕوانیی هیچ ڕێبوارێکدا
با بێن کۆتایی هێڵەکان و
نەپێچێتەوە سەفەر جانتای هیچ دڵێک
بێئومێدی قەڵەمی ماڵئاوایی خەمخۆرێکی دەگرێتە دەست
ماندووی کۆڵانە پێچاوپێچەکانی عەشق
حورمەتی چاوەکزەکانی دایک
بێدەنگ دەڕێژێ ڕووباڕێک فرمێسک
کڕڕە کڕی کڕنۆشی غەریبیی
دەهاڕێ ئێسک و پروسکی
لەدووری منداڵ
بڵێ بەگەڕەک هێشتا زووە بۆ کۆچ
هێشتا تێر وەسفی تەمەن نەکراوە
ئەم نۆبەرەی ئازارە
مەزاری دڵتەنگیی خۆیی بووەتە ژوان
دانەنیشتوە تێر بەدڵ لە ژێر سێبەری دارتووەکانی سابوونکەران؛
نە بە بیاننووی ماندوێتی ڕێگا،
لەسەر سەکۆی بەر دەرگای ماڵە کۆنەکان،
نەیخواردۆتەوە قوومێک تاسەی ئاو لە دەستی نازداری کوڕە شەرمنەکانی شار
نەیشووشتۆتەوە بارانی پاییز ڕوومەتی
سپاردوویەتی تەنیایی خۆی بە سترانێکی حەسەن زیرەک
لەژێر کڵاوڕۆژنەی خانووەگڵەکانی بێدەنگی.
سلێمانیی
دڵکەش قادر
سێ کتێبی چاپکراوی د. نەجمەدین کەریم
هەرسێ کتێبەکە لە چاپخانەی دێرین چاپکراون و لە شارۆچکەی سۆران بەردەستن
. کتێبی لە (دەروازەی فەلسەفەدا )و (مێژووی فەلسەفە) باس لە دیسپلین و مێژووی هزری فەلسەفی دەکەن.
سێیەمیان ( سیاسەت و دۆزی کورد) سەبارەت بە سیاسەت و هزڕی سیاسی ، پاشان باسکردنێکی مێژوویی ، سیاسی و هزرییە دەربارەی دۆزی کورد . هەر سێ کتێبەکە چاپی یەکەمن.



(ئەو شاعیرانەی چیرۆك دەنووسن) و تەنگوچەڵەمەی ڕەخنە و لێکۆڵینەوە*.. سەڵاح شوان
لێشاوی ئەدەبی نوێمان وا بۆ دەساڵ دەچێت بەرپابووە, تاکو ئێستایش کەفوکوڵی, ئەگەر لە زیادییشدا نەبێت، بەرەو نیشتنەوەیش نەچووە، ئەمەیش بێگومان سەرەڕای ئەوەی دەورێكی ئێجگار گەورەی لە پەرەسەندنی ئەدەبەکەماندا هەبووە و هەیە، بەڵام هەرگیزیش لە لایەنی بێسوود و بگرە تا زیانبەخشیش خاڵی نییە.
یەكێك لەو لایەنە زیانبەخشانەی ئەم لێشاوەیش نیمچە دیاردەیەکە جاروبار بەئاستەم و هەندێك جاری تریش زۆر بە زەق و ناهەموار دەردەکەوێت, لەو ئاوماڵکە دەچێت کە بەدەم ئاوێكی خوڕەوە هاتووبێت و هەندێك جار ئەوەندە پووش و پەڵاشی بێڕەگ و ڕیشە لە خۆی کۆبکاتەوە، کە مەترسیی ئەوەی لێبکرێت ئەو ئاوە خوڕە بپەنگێنێتەوە و لە ئاوەڕۆگەکەی خۆی دەری بکات و بەلایەکدا بیبات زیانی لە قازانجی زیاتر بێت، بۆیە پێویستی بە پاککردنەوە دەبێت. ئەم نیمچە دیاردەیەیش جۆرە نووسینێکە جاروبار بە ناوی (ڕەخنە) و هەندێك جاری کەمتریش بە ناوی(لێکۆڵینەوە)وە بەرچاو دەکەون.
ئەمجۆرە نووسینە ئەگەرچیش ڕووی کردووەتە مەیدانی ئەدەب، بەڵام حەقیقەتەکەی ئەدەب نییە و لە ناچارییە. چونکە ئەدەب ئەوەندە بەربڵاوە، دەکرێت بە بیانووی “ناوەڕۆك”ـــەوە ئەو جۆرە نووسینانە وا پیشان بدرێن کە دەربارەی ئەدەبن. زیاتریش لەبەر ئەوەی ئەدەبی هەندێك نەتەوەی تر لەبەر هۆی جیا لەمەی ئێستای ئێمە شتی وەهایان بە خۆیانەوە دیوە، بەڵام گشت ئەو ڕێیانەیش هەر بۆ بانە دەچن و هەر لە یەك قۆڵیشەوە ڕووی تێدەکەن، کە ئەویش ئەرکی ڕۆژانەی ئەدەب و ئاڕاستەکردنێتی بۆ خزمەتی ئەو فیکرەی ئەوان بانگی بۆ هەڵدەدەن. تەنانەت لە هەندێك شوێن و کاتیشدا ئەم بۆچوونانە وایان لە ئەدەب ویستووە ببێت بە سوخرەکێشێكی بێدەسەڵات و کەرەستەیەکی بێگیانی پڕۆپاگەندە، بەمەیش ئەدەبی هەندێك لەو نەتەوانەی تووشی ئەم دەردە هاتوون، وایان لێهاتووە بە چەندین قۆناغ لە پلەکەی پێشوویان دوابکەون. ئەدیبە ڕەسەنەکانیشیان تووشی بارێكی دوو سەرەی ناهەموار بوونە, یان مۆری ناپاکیی پێوەنان و پاراستنی داهێنانەکانیان و یانیش سەرشۆڕکردن بۆ (توانەوە) و نووسین بە پێی پێوانە و کێشانە بەزۆر سەپێنراوەکان. کە ئەمیشیان بەلای زوربەیانەوە ئەوەندە گرانبووە پێیان نەچووەتەسەر و زیاتریش هەر بە خۆ لەناوبردن لەو دەردە ڕزگاریان بووە.(١)
بۆیە ئەم دیاردەیەی لای خۆمان شتێكی سەیر و دەگمەن نییە، بەڵام دڵنیام ئەم کردەوەیە لەگەڵ ئەدەبەکەی ئێمەدا ناگاتە ئەم ڕادەیە، چونکە ئاووهەوای وڵاتەکەمان بۆ ڕەگداکوتانی گشت ڕووەکێك دەستنادات، بە تایبەتیش ئەگەر دڕکوداڵێك بێت بەدەم بایەکی ناوەختەی لە دوورەوە هاتووەوە هاتووبێت.
بێگومان من لێرەدا مەبەستم نییە و نایشکرێت گشت لایەنێكی وەها دیاردەیەك ڕوونبکەمەوە و چاریشی بۆ دابنێم، چونکە ئەمە کاری تەنیا کەسێك و تەنیا نووسینێكی وەك ئەمەی من نییە و کاروانی ئەدەبەکەمان بە ڕەسەنایەتیی خۆی دەتوانێت – زوو یان درەنگ – چارەسەری بکات. بۆیە من هەر تەنیا گۆشەیەك دەگرم و ئەوەندەی لە بارمدا هەبێت ڕوونی دەکەمەوە.
*ئاشکراترین مۆرکی ئەم دیاردەیە مەسەلەی فیکرە لە ئەدەبدا، کە بێگومان مەسەلەیەکی بێبایەخ و کەم نییە، بەڵام بێگومانیشە کە دەوترێت فیکر لە ئەدەبدا، پەیوەندیی ئەم دوو لقەی ڕۆشنبیریی تاڕادەیەك دەستنیشان دەبێت، کە ئەویش مەسەلەی فیکرە وەکو بەشێك لەو کەرەستانەی ئەدەب بۆ زیاتر خۆ بەهێزکردن بەکاری دەهێنێت..ئەمە ڕێك وەکو ئەوەیش وایە بوترێت: کۆمەڵایەتی لە ئەدەبدا و دەروونناسیی لە ئەدەبدا و ئایین لە ئەدەبدا و فۆلکلۆر لە ئەدەبدا و..هتد. واتە گشتەکە ئەدەبە و ئەوانی تر بەش و لقە بەشن..باوەڕیش ناکەم پێویست بکات بڵێین لق و بەش هەرگیز ناشێت لەم مەسەلانەدا جێگای گشتەکە بگرنەوە بەبێئەوەی گشتەکە بشێوێت، یان ببێت بە بەشێکی تر..بۆ نموونە با بڵێین: ئەگەر هاتوو دەروونناسیی لە ئەدەبدا بوو بە گشت شتێكی ئەدەبەکە، ئیتر ئەدەبەکە لە ئەدەبیی دەکەوێت، ئینجا نووسینەکە با کێش و قافییە، یان مەنەلۆج و دیالۆجیشی تیا بێت..ئەمە دەربارەی کۆمەڵایەتیی و زانست و فیکر و گشت لقەکانی تریش لە ئەدەبدا هەر وەهایە، واتە ئەگەر ئەدەب تهنیا وەکو فیکر، یان هەر یەکێك لە بەش و لقەکانی تری سەیرکرا نرخە ئەدەبییەکەی نامێنیت و لە ئەدەبایەتیی دەکەوێت و نایش بێت بەوانەیش. هەروەهایش ناشێت پێودانگەکانی ئەدەب بەسەر یەکێك لەوانەدا بسەپێنین، با بۆ ڕوونکردنەوەی مەبەستەکانی خۆی پەنایشی بردووبێتە بەر ئەدەب..بۆ نموونە”فرۆید” لەگەڵ ئەوەیشدا زۆر لە تیۆرەکانی لە ڕێگای ئەدەبەوە ساغکردووتەوە، بەڵام نووسینەکانی هەرگیز نەبوونە بە ئەدەب و هەر بە دروونناسیی ماونەتەوە. یان”زەردەشت وای وت”ی”نیتشێ”ی فەیلەسووف ئەگەرچیش لە شێوەی چیرۆك یان ڕۆماندا داڕێژراوە، بەڵام هەرگیز لەسەر ئەدەب دانەنراوە و ئەگەر وەکو ئەدەب سەیر بکرێت لە بەرهەمی ئەدیبێکی تازە پێگەیشتوو زیاتر نابێت.
ئەمانە بەدیهییاتن و هەر بۆ بیرخستنەوە و سوود وەرگرتن لەم نووسینەدا دەیانخەینە پێش چاو. ئەگینا باوەڕناکەم کەس هەبێت ئەوەندە خۆی گێل بکات داوا لە بولبول بکات فەردە گەنمی بۆ هەڵبگرێت و دەنگخۆشییشی لە گوێدرێژ بوێت!
*پەیوەندیی نێوان ئەدەب و فیکر پەیوەندییەکی – زیاتر لە گشت شتەکانی تر – پڕکێشەبووە و هەر لە سەرەتاوە بگرەوبەردەی زۆری لەسەر کراوە و دەکرێت. چونکە مەسەلەکە کێشەی نێوان دوو لای بەهێز و قووڵ و فراوانی ڕۆشنبیرییە و هەر لایەیش شۆڕەسواری خۆی هەبووە داکۆکیی لەسەر بکات و هەوڵبدات ئەو لایەکەی تر بۆ سوودی خۆی دەستەبەر بکات. بەتایبەتیش لەبەر ئەوەی هەردوو زیاتر هەر یەك کەرەستە بۆ بەدیهێنانی مەبەستەکانیان بەکاردەهێنن، کە ئەویش زمانە.
بەڵام لەبەر ئەوەی ئەدەب هونەرە و هونەریش لە ڕووی کاتەوە زۆر پێش فیکر و فەلسەفە کەوتووە و فراوانتر و قووڵتریش ڕەگی لە ناخی مرۆڤایەتییدا داکوتاوە، بۆیە فیکر و فەلسەفە بۆ چەسپاندنی چەمکەکانی خۆی پەنای بردووەتە بەر ئەدەب و هەر کە ئەدەب بە هانای نەهاتووبێت و لە قاڵبەکانی فراوانتر بووبێت و پەلوپۆی بڵاوتر هاویشتووبێت، فیکر ویستوویەتی بە جۆرێك ئاڕاستەی بکات بشێت ببێت بە کەرەستەیەك بۆ چەمکەکانی.
لێرەیشەوە کێشەیەك سەریهەڵداوە کە زیاتر کێشەی نێوان دەستەمۆکەر و دەستەمۆنەبوو بووە. تەنانەت ئەم کێشەیە لەلای هەندێك لە خاوەن بیران و فەیلەسووفە وشکەکان بووە بە هۆی پێکدادان و ساردەجەنگ. بۆیە دووهەزار ساڵ زیاترە”ئەفلاتوون”ی فەیلەسووف هیچ چارێكی نەماوە لەوە زیاتر کە شاعیران لە کۆمارە داتاشراوە هەرگیز بەدینەهاتووەکەی دووربخاتەوە و وەرزشەوانەکانی لەوان پێ پەسەندتر بێت. نەك تهنیا لەبەر ئەوەی وەرزشەوانەکان لە شاعیران بە پیل و بازوو و بەکارترن، بەڵكو لەبەر ئەوەیش شاعیران بیر و هۆشی خەڵكیش والێدەکەن بە یاسا و ڕێژیمی کۆمارەکەی دانەکەون..”چیخۆف”یش وەکو ئەدیبێكی داهێنەری مەزن لەم بگرەو بەردەیەدا بەشداریی کردووە و دەڵێت:”فیکر بدەرە لاوە..چ سوودێكی هەیە؟! ئێمە پێویستە لەسەرمان ڕاستگۆیانە و دڵسۆزانە دەربارەی ئەو شتانە بنووسین کە دەیانبینین و هەستیان پێدەکەین”(٢) ئەم وتەیە بە دەمی پاڵەوانی بەرهەمێكەوە نەوتراوە تا بڵێین مەرج نییە ڕای نووسەرەکە خۆی وابێت، بەڵكو لە گفتوگۆیەکدا دەربارەی ناوەڕۆکی چیرۆك وای وتووە. ئاشکرایشە “چیخۆف” ئەدەب بە زادەیەکی ڕەسەنی ژیان دەزانێت و لە کاروباری ئەقڵیی ڕووت جودای دەکاتەوە. بەڵام هەر بە بۆچوونە هونەرییەکەی خۆی لێكیشیان دانابڕێت و خاوەن بیر و فەیلەسووفان لە دنیاکەی خۆی دەرناکات، چونکە دەزانێت ژیان لەوە فراوانترە لە جێگای یەك لا زیاتری تیا نەبێتەوە. ئەمەیش جیاوازیی نێوان بۆچوونی بەربڵاوی پەلکەڕەنگینەئاسای ئەدەب و بۆچوونی وشکی لە قاڵب دراوی فەلسەفەیە، بۆیە دەڵێت:”من چونکە دەژیم و بیردەکەمەوە و لە کێشە و ئەندێشەدام، دیارە گشت ئەو شتانە لە نووسینەکاندا ڕەنگدەدەنەوە، ئیتر ئەگەر نووسەرێكی بەهرەمەندبم چ پێویستییەکم بە وشەی(فیکرە) و (نموونە)هەیە؟خۆ من نە مامۆستا و نە شێخ و نە پیاوی پڕۆپاگەندەنیم. من ڕاستگۆیانە وێنەی ژیان دەکێشم”(٣) ..ئینجا ئەگەر بزانین هەردوو وشەی”فیکرە” و “نموونە”وشەی “ناوەڕۆك”ی ئێستا دەگرێتەوە، بە تەواوی مەبەستەکەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە.
بەلای منەوە گشت ئەدیبێكی ڕەسەن ئەگەر وایشی نەوتووبێت، بە ئەدەبەکەی هەر ئەمەی چەسپاندووە، چونکە وەکو چۆن هیچ ئەدیبێك فیکرێكی دانەڕشتووە، ئەوهایش هیچ فیکرێك ئەدیبێكی ڕەسەنی دروست نەکردووە. بەڵام ئەمە هەرگیز ئەوە ناگەیەنێت ئەدیبە ڕەسەنەکان سەر بە هیچ فیکرێك نەبن و کەم تا زۆر تەعبیر لەو فیکرەیش نەکەن کە باوەڕیان پێیەتی. ئەگەرچیش زۆرجار هەبووە ئەدیبێك سەر بە فیکرێك بووە و بە ئەدەبەکەیشی شتێكی تری دەربڕیووە، باشترین نموونەی ئەمەیش”بەلزاك”ی سەر بە مەلیك و دارودەستەکەیەتی ، کە بە ئەدەبەکەیشی ڕوونترین شێوەی کێشەی نێوان ڕەنجدەران و چەوسێنەرانی کێشاوە…(٤) “یەسینین”یش دەربارەی خۆی بەدەم گۆڕهەڵکەنێکەوە دەڵێت:
لە ژیانیدا کەم بەدمەستیی نەکردووە
بەڵام هەرگیز نەیتوانیووە
پێنج لاپەڕە
لە”سەرمایە”بخوێنێتەوە.(٥)
ئینجا ئەوەی لێرەدا مەبەستمانە ئەوەیە هەندێك لەو نووسەرانەی ئەو جۆرە بە ناو ڕەخنە و لێکۆڵینەوانە لای خۆمان دەنووسن بە خۆیان بزانن و نەزانن لە دانیشتوانی کۆمارێكی وەك ئەوەی”ئەفلاتوون”ن و دەیانەوێت ئەو ئەدەبەی لە قاڵبەکانیان زیاتر پەلوپۆی هاویشتووبێت و لەگەڵ ڕێژیم و پەیڕەوەکانیاندا نەگونجێت، کۆمار بەدەر و ڕیسوای بکەن جا بە هەر شێوەیەك و بە هەر نرخێك بێت.
*خاڵێكی تری گرنگیش لەم دیاردەیەدا مەسەلەی ناوی”ڕەخنە”و”لێکۆڵینەوە”یە و ئاشکرایشە ئەم دوو وشەیە لە ئەدەبەوە هەڵقوڵاون و بەشێکن لێی، ڕەخنەگرانیش هەمیشە بەوە ڕێزی خۆیان لە دڵی ئەدیبان و خەڵکیشدا چەسپاندووە کە شارەزایەکی تەواوی ئەدەبی زمانەکەی خۆیان و پاشانیش گشت ئەدەبی جیهانیی بوونە و بە تەواوی سەریان لە هونەرەکانی ئەدەب و وردەکارییەکانی بەرهەمی ئەدەبی دەرچووە، ئینجا سەرەڕای ئەمەیش ڕۆشنبیرێكی هوشیاری گشت کۆڕەکانی تری ڕۆشنبیریی بوونە. ئەوەی لە هەندێك لەو ڕەخنە و لێکۆڵینەوانەدا دەبینرێت کە من لێرەدا مەبەستمن، ئەوەیە هەرە چاکەکانیان باسی گشت شتێكی تیایە تهنیا ئەدەب نەبێت! خۆ ئەگەر بڵێین پەنا دەبرێتەبەر گشت ئەو شتانە بۆ تیشك خستنە سەر ئەدەبەکە، وەهایش نییە. بەڵکو بە پێچەوانەوە ئەدەبەکە تهنیا کەرەستەیەکی بە سوخرە گیراوە بۆ ئەو مەبەستانەی تر، جا ڕەوابن یان ناڕەوا.
بەڵام هەندێكی تری – وەکو لەم نموونەیەی دەیخەینە پێش چاو-لە چەند کلیشە و وتەیەکی سواو زیاتر، کە وەکو قەوانی شکاو دووبارە دەبێتەوە، هیچی تری تیا نییە. ئەمەیش دیاردەیەکە کۆمەڵێك هۆی جیاجیای هەیە، لە سەرووی هەمووشیانەوە ئەوەیە”نان بۆ نانەوا و گۆشت بۆ قەساب”لەم سەردەمە جەنجاڵ و زۆر لایەنەدا کە زیاتر پێویستی بە خۆتەرخانکردن هەیە، باوی نەماوە و هەندێك لە قەسابەکان لەبەر هەر هۆیەك بێت بە خۆیان و کێردەکانیانەوە ڕوویان کردووەتە تەنووربانە سپییەکەی ئەدەبەکەمان و بە شێوەی پێشووی خۆیان ڕەفتار لەگەڵ نانی ئەدەبەکەماندا دەکەن.
دوای ئەم پێشەکییە گشتیی و ئێجگار کورتە, حەزدەکەم چەند خاڵێك دەربارەی ئەم نووسینەی خۆم بخەمە پێش چاو:
١ـــــ بە شێوەیەکی گشتیی بەرپەرچەکانم بە پێی ڕیزی نووسینەکەی نووسەر دەبێت، جا لەبەر ئەوەی ئەو هیچ مەنهەج و هێڵ و گونجاندنێکی بەکارنەهێناوە، بۆیە ئەمەی منیش تهنیا بریتییە لە چەند خاڵێكی جیاجیای لێرە و لەوێ.
٢ـــــ شیکردنەوەی ئەو چیرۆکانەی نووسەر باسی کردوون و خۆدان لە لایەنە هونەرییەکانیان زۆر بە کورتی و بە شێوەیەکی گشتییە و هەر تهنیا بۆ دەرخستنی ڕاستی و ناڕاستی و ڕوونکردنەوەیە.
٣ـــــ بە پێی توانا هەوڵم داوە بۆچوونەکانی خۆم بە وتە و نموونەی گەورە ئەدیبانی دنیا پاڵپشت بکەم، بۆ ئەوەی نەوترێت منیش قسە لە گیرفانی خۆمەوە دەردەهێنم و بە پێی بۆچوونی نەشارەزایانەی خۆم شتەکان لێك دەدەمەوە.
٤ـــــ دواییش ئەم گفتوگۆیە خاڵ بە خاڵ و هەنگاو بە هەنگاوی نووسینەکەی نەگرتووەتەوە، بەڵكو زیاتر شتە سەرەکیی و زەقەکانی گرتووەتەوە.
ئینجا با بە نموونەیەکی بچووکی لەو جۆرە ڕەخنانەدا بچینەوە کە ئەویش نووسینێکی”حەمەسەعید حەسەن”ــــە بە ناونیشانی “ئەو شاعیرانەی چیرۆك دەنووسن”(٦)
*بەر لە گشت شتێك ئەوەندەی من ئاگام لێبێت ئەم ناونیشانە پڕۆژەیەکی چیرۆکنووس “ڕەئووف حەسەن” بوو، لە کاتی خۆیدا هەندێك سەرنجیشی دەربارەی ئەم پڕۆژەیە بۆ من و چەند هاوڕێیەکی تریش باسکردووە..بەڵام هەرگیز سەرنجەکانی ئەو لەم نووسینە نەدەچوون.
*”حەمەسەعید”پاش سەرەتایەکی کورت دێتە سەر”کۆمەڵێ لەو چیرۆکانەی لەدوای ١٩٧٠وە بڵاوکراونەتەوە و نووسەرەکانیان شاعیرن”.(٧) یەکەم کەسیش “دڵشاد محەمەد ئەمین”ی شاعیر و چیرۆکنووسی هەڵبژاردووە و هەر خۆیشی دەڵێت:”دڵشاد شاعیرە، بەڵام چیرۆکنووسێكی بە تواناشە”. کەوابوو “دڵشاد”لەو شاعیرانە نییە کە جاروبار چیرۆکیش دەنووسن، بەڵكو سەرەڕای شاعیرێتییەکەی چیرۆکنووسیشە و بە پێچەوانەی ئەوانی تریشەوە دوو کۆمەڵە چیرۆکیشی بە ناونیشانەکانی”بە پەنجەکانم دەتبینم”و”دێر یاسین”ـــەوە لەچاپ داوە، ئەمە لەکاتێکدا هەندێك لە چیرۆکنووسەکانیشمان ئەمەیان نییە. بەمەیش لەوانی تر جودا دەبێتەوە و ناکەوێتە ژێر ناونیشانی نووسینەکەوە.
*نووسەر یەکەم چیرۆکیش”بووکەخان”ی هەڵبژاردووە، کە “محێدین زەنگنە”یش لە ژمارە”٤٥”ی گۆڤاری “ڕۆشنبیری نوێ”دا کورتە ڕەخنەیەکی بە زمانی عەرەبی لەسەر ئەم چیرۆکە نووسیوە لەگەڵ چوار چیرۆکی تردا، کە لە ژمارەی پێشووی ئەو گۆڤارەدا کرابوون بە عەرەبی و بڵاوکرابوونەوە.(٨) “حەمەسەعید”ئەگەرچی هەر ئەو شتانەی “محێدین زەنگنە”ی بە سەروگوێ شکاوی، یان بە ئاوەژووکراوی وتووەتەوە کەچی هیچ پەنجەیەکی بۆ ئەو نووسینە درێژنەکردووە!
*ئاشکرایشە ئەوەی “محێدین زەنگنە”ناوی”چەند سەرنجێکی خێرا”ی لێناوە زۆر وردتر و قووڵتر و تەنانەت بە قەوارەیش لەمەی ئەم زیاترە کە ناوی”لێكۆڵینەوە”ی لێناوە!
*جگە لەمانەیش”حەمەسەعید”ئەو چیرۆکە وەکو چیرۆکێكی پەروەردەیی لە قەڵەم دەدات، بەمەیش گیانی چیرۆکەکە-کە دراماییەکەیەتی-لە ناخەوە دەردەهێنێت، ئەمە بەلای خۆیەوە پێیاهەڵداوە!
*”حەمەسەعید”ڕای وایەکە”یەکێ لە مەرجەکانی چیرۆکی سەرکەوتوو ئەوەیە تا ماوەیەکی دوورودرێژ لە یادی خوێنەر ناچێتەوە”..بێگومان ئەمەیش لایەنی کارتێکردن و تام و لەزەت و دەروون ورووژاندنەکەی هونەر دەگرێتەوە، کەچی هەر خۆیشی دەمێك نییە بەوە تانە لە “سامی شۆڕش”دەگرێت کە وتوویەتی:”شیعر لەززەتێكە لە سەرووی هەموو لەززەتەکانەوە”.(٩) قەیدی چییە. شتێكی چاکە و چیرۆك و گشت هونەرەکانی تریش ئەم لایەنە بەدی بهێنن، بەڵام ئەمە هەرگیز مەرجی چیرۆکی سەرکەوتوو نییە و دەشێت چیرۆکی وا هەبێت کە دەستت دایێ تا تەواوی نەکەیت وازی لێنەهێنیت و کەچی نە چیرۆکی چاك و نە سەرکەوتوویش بێت. جگە لەوەی ئەم مەسەلەیە پەیوەندیی بە کۆمەڵێك لایەنی هونەریی و فیکریی و دەروونیی و ڕۆشنبیریی و کۆمەڵایەتیی و..شتی ترەوە هەیە و بەلای هەر کەسەوە بە جۆرێكە. بۆ نموونە چیرۆکە پۆلیسییەکانی”ئەگاسا کریستی”لەو چیرۆکانەن کە ڕەشە خوێنەر هەر ئەوەندەی دەستی دایێ تا تەواوی نەکات وازی لێناهێنێت و لە بەرهەمی تێکڕا گشت گەورە ئەدیبانی ئەم جیهانەیش لەناو زوربەی خوێندەواراندا بڵاوترن. چیرۆك و ڕۆمانەکانی”فرانسوا ساگان”یش لە فەرەنسادا لە گشت ئەوانی تر زیاتر دەخوێنرێنەوە. ڕۆمانی”باوکی ڕۆحیی”ی”ماریۆ پووزۆ”یش تا ئێستا زۆرترین دانەی لێ چاپکراوە و فرۆشراوە و ڕەنگە هەرگیزیش لە بیری هیچ خوێنەرێك نەچێتەوە، بەڵام ئەمانە لەگەڵ ئەوەیشدا هیچ نرخێكی ئەوتۆی نە ئەدەبیی و نە هونەریی و نە فیکریی و نە هیچی تریان نییە. بە پێچەوانەیشەوە زۆر لە شاکارە جیهانییەکان هەن بە کەم کەس دەخوێنرێنەوە، وەکو ڕۆمانی”گەڕان لە کاتە ونبووەکە”ی”مارسیل پڕوست”و ڕۆمان و زۆربەی چیرۆکەکانی “جێمس جۆیس”و چیرۆك و ڕۆمانەکانی”ئالان ڕۆب-گرێ”و..زۆری تریش. ئەمە سەرەڕای ئەوەی هەر لە بنەڕەتدا کەم کورتە چیرۆك هەیە بۆ ماوەیەکی دوورو درێژ لە بیری خوێنەردا بمێنێتەوە، چونکە کورتە چیرۆك وەکو چەشن خۆی ئەو توانایەی زۆر کەمە و ئەم قسەیە تۆزێك زیاتر بۆ ڕۆمان دەستدەدات.
نووسەر بۆ نموونەی ئەم قسەیەی”کوێرەوەری”(١٠)دەهێنێتەوە..ئەوی ڕاستی بێت من بۆ ئەم نووسینە بەو چیرۆکەدا چوومەوە، بەڵام کەس سوێندی لەسەرم نییە، تا تەواوم کرد چوار پێنج جار لاپەڕەکانیم هەڵدەدایەوە بۆ ئەوەی بزانم چەندی ماوە تەواو بێت. من ناڵێم ئەو چیرۆکە لە کاتی خۆیدا پڕ بە پێستی سەردەمەکەی نەبووە، بەڵام ئێستا”تهنیا چمکێکە لە مێژوو، مەگەر بایەخی سەرەکی چیرۆکەکە لەمەدابێ. دەنا ئەو واقیعە ئێستا نموونەی نەماوە و ئەگەر مابێتیش شێوەیەکی زۆر جیاوازی وەرگرتووە و تەواو گۆڕاوە”(١١)ئەم وتەیەی “حوسێن عارف”لێرەیشدا پڕ بە پێستێتی. دەربارەی ئەو جۆرە شێوەیەیش، “محێدین زەنگنە”دەربارەی چیرۆکی “خازێ”(١٢)، کە هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ”کوێرەوەری”دا نییە، دەڵێت:”..نموونەیەکی دواکەوتووی نووسینە.. تهنیا ئەو مێژووەی هەڵیگرتووە، ئەگەر بە هانای بێت، وای لێداکات ناوی چیرۆکی لێبنرێت..چونکە سەر بەو سەردەمەیە کە هێشتا سنووری نێوان چیرۆك وەکو هونەر و چیرۆك وەکو وتارێكی ئینشایی(اصلاحي)ڕوون نەبوو بووەوە”.(١٣) بەمەیشدا دەردەکەوێت”حەمەسەعید”بە چێژ و بە بۆچوونیش لەگەڵ ئەو هەنگاوە پێشکەوتووانەی ئەمڕۆی هونەری چیرۆکنووسین و بگرە ژیانی پێشکەوتوویشدا نییە، بۆیە هیچ نموونەیەکی نوێ، یان نەمری نەهێناوەتەوە. هێنانەوەی ئەم نموونەیەیش دیارە پەنجە درێژ کردنێکە بۆ نووسینی چیرۆکی وەها، کە”..لە ئاستی تەکنیکی تازەدا ئەو بایەخەی نەماوە و بەکارهێنانی لە ئێستادا جۆرێكە لە دواکەوتن لە کاروان”.(١٤)
*”حەمەسەعید”لەمسەر تا ئەوسەری نووسینەکەیدا ئەوەندەی پێی بکرێت خۆی لە لایەنە هونەرییەکانی چیرۆکەکان پاراستووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا کە بە چەند قسەیەك ئەم چیرۆك بە سەرکەوتوو ئەوی تر بە سەرنەکەوتوو لە قەڵەم دەدات، بە بێئەوەی بە هیچ بەڵگەیەك ئەو ڕایانەی بچەسپێنێت، یان ئەو سەرکەوتن و نەکەوتنە دەربخات..دەڵێم لەگەڵ ئەوەیشدا-وەکو لەمەودوا ڕوونی دەکەینەوە-لە زوربەی بۆچوونەکانیدا بە هەڵەدا چووە.
بۆ نموونە دەربارەی چیرۆکی”محازەرەیەك دەربارەی کورتە چیرۆك و سۆ وەت”(١٥) دەڵێت:”..ئەو شێوە تەکنیکەشی دڵشاد فیکری چیرۆکەکەی پێ دەربڕیووە شێوەیەکی تازەی تایبەتە بە دڵشاد و..هتد”. کامە شێوە تەکنیك؟ سیمای ئەو شێوەیە چییە؟ کامانەن ئەو بناغە تەکنیکییانەی كاك”دڵشاد”چیرۆکەکەی پێ دەربڕیووە؟ تازەیی و تایبەتییەکەی لە چی و لە کوێدایە؟..هتد. نووسەر خۆی لە هیچ یەكێك لەم پرسیارانە نەداوە. بۆ نموونەی بە هەڵەدا چوونەکانیشی، سەرەڕای ئەوەی دەربارەی درامییەتە بە پەروەردەیی کراوەکەی چیرۆکی “بووکەخان”وتمان، لێرەیشدا کە بە”..سۆ وەت”دا زیاتر لە”بووکەخان”هەڵدەدات، هەر بە هەڵەداچووە و ڕایەکەی بە پێچەوانەوەیە! چونکە”..سۆ وەت”جگە لەوەی هەمووی بە”دیاڵۆگ”داڕێژراوە، تهنیا چەند دێڕێکی سەرەتاکەی و کۆتاییەکەی نەبێت، سەرەتاکەیشی تووشی ڕیپۆرتاژکاریی هاتووە، بەوەی باسی هونەری کورتە چیرۆك دەکات، ئینجا با چیرۆکەکە بە دەمی مامۆستایەکەوە بێت و جێگایش ژووری موحازەرەی کۆڵیجێك بێت. “دڵشاد”خۆیشی هەستی بەمە کردووە و لە ناونیشانەکەیدا ئیشارەتی داوەتێ کە نووسیویەتی:”محازەرەیەك دەربارەی کورتە چیرۆك و…”بەڵام”بووکەخان”:”بینایەکی هونەریی کۆکی هەیە..چونکە هۆ ئەنجامی لێدەبێتەوە و..ئەنجامیش دەبێتەوە بە هۆ بۆ ئەوەی ئەنجامێکی تری لێببێتەوە، بەمجۆرە حیکایەتی چیرۆکەکە لە چوارچێوەی پەیوەندییەکی پەرەسەندنانەی جەدەلییانەدا بە ڕێچکە درامییە توند و تیژەکەیدا دەڕوات..تا دەگاتە ئەنجامەکەی..”.(١٦)
*نووسەر هەرچەند خۆی لە قەرەی لێکۆڵینەوە و ڕەخنەی ئەدەبیی نەداوە و زیاتر پەنای بردووەتە بەر ئەو قسانەی کە هەر بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن و کاری ڕۆژانەی ئاڕاستەکراو دەست دەدەن، نەك بۆ ئەدەبێكی نەمر و بە پێز..بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا کارەکەی بۆ نەچووەتە سەر و لە هەر شوێنێکدا زانیبێتی ڕاستیی بەرهەمەکان لەگەڵ بڕیارە پێشوەخت دراوەکانی خۆیدا ناگونجێن، دەستی کردووە بە بۆهەڵبەستن-وەك لێرەدا و دواییش ڕوونی دەکەینەوە-، دیارە ئەمەیش بە مەبەستی زڕاندنی ناوی هەندێك لەو ئەدیبانەیە.
*نووسەر دەربارەی چیرۆکی”کڵاوقووچ”(١٧)ی “شێرکۆ بێکەس”ئاوەها دەست پێدەکات:”ئافرەتێكی قەیرە کە (ڕێزپەڕیی!)هەیە و بۆ دامرکاندنەوەی ئاڵۆشەکەی پەنا دەباتە بەر پشیلەیش..هتد”. من لێرەدا داوا لە خوێنەران دەکەم بگەڕێنەوە سەر ئەو چیرۆکە و جارێك و دوان و دەیش بیخوێننەوە و بزانن ئەم قسەیە ڕاستە، یان وەك وتمان بۆهەڵبەستنە. بۆ ئەوەی خۆیان بڕیار لەسەر نیازی نووسەر بدەن لەم قسەیەی.
نازانم”باجی ئامە”ی قوربانیی دواکەوتن و نەخۆشیی ئاوڵە دەبێت چ(ڕێزپەڕیی)یەكی هەبێت ئەگەر حەز بکات وەکو گشت ئافرەتانی ئەم دنیایە شووبکات و ببێت بە دایك و دەورە سروشتییەکەی خۆی لە ژیاندا بگێڕێت؟خۆ ئەگەر بایەخدانەکەیەتی بە پشیلەکە، کە بۆ پڕکردنەوەی بێ منداڵییەکەیەتی، ئەوە ئاشکرایە هەرگیز وەکو سەگەکەی چیرۆکی”ماسیییەکی تازە”ی چیرۆکنووس”جەلیل ئەلقەیسیی”بۆ کاری سێكسیی بەکاری نەهێناوە.(١٨) بەڵکو وەکو منداڵی خۆی ڕەفتاری لەگەڵدا دەکات و هەر لەو خۆشەویستییە دایکایەتییەیشەوە هەندێك جار نوقوڕچیشی لێدەگرێت، وەکو چۆن دایك زۆرجار لەگەڵ ماچکردندا گازیش لە منداڵەکەی دەگرێت، کە ئەمەیش شارەزاییەکی تەواوی بارە دەروونییەکەی ئەو ئافرەتە شەعبییەیە. خۆ ئەگەر ئەو ڕستەیەیش بە (ڕێزپەڕ)دادەنێت کە دەڵێت: “..کە دائەنیشت پشیلەکە ئەچووە سەر ڕانی مت ئەبوو، ئەویش هێواش..هێواش دەستی بە پشت و کلکە قاوەیییەکەیدا ئەهێنا، پشیلەکە کلکی ڕەپ ئەکرد، ئینجا هەڵی ئەگێڕایەوە و ئەیخستە سەر پشتی..”هتد. ئەوا دیسانەوە ئەگەر بە هەڵەداچوون نەبێت، بۆهەڵبەستنە، چونکە گشت کەسێك پشیلە دەخاتە سەر ڕانی خۆی و دەست بە پشتیدا دەهێنێت، پشیلەیش کە دەست بە پشتیدا هێنرا هەر کلکی وا لێدەکات، جا ناوبردنی ئەم کارە بە”ڕێزپەڕیی”لەوە زیاتر نییە کە”چەپاندنی سێكسیی”زۆرجار وا لە ئادەمیزاد دەکات شتەکان بە جۆرێك لێكبداتەوە کە لەگەڵ خەیاڵە نائاسایییەکەی خۆیدا بگونجێت و ڕاستییەکە بە بارێكی تردا دەخات. تەنانەت لەزەت وەرگرتنەکەی”باجی ئامە”لەوەی منداڵەکەی پاڵەوانی چیرۆکەکە دەستی دەخستە سەر مەمکە”وەك لفکە شامییەکانی”هەر لە ئارەزووی دایکایەتییەکەوەیە، چونکە هیچ منداڵێکی نەبووە مەمکی بمژێت، خۆ ئەگەر وا نەبوایە بە جۆرێكی تر بەکاری دەهێنا.
بەم گفتوگۆیە دەمەوێت ڕاستی و ناڕاستی ئەو قسەیە دەربخەم، ئەگینا خۆدان لەم بابەتانە هیچ نەنگیی و ناشیاوییەکی تیا نییە و بە دەگمەن لە ئەدیبانی دنیا هەن جۆرێك لەو گیروگرفتە ئادەمیزادانانەیان نەکردووبێت بە بابەتی چەند بەرهەمێكیان، مەگەر ئەدیبانی وڵاتە دواکەوتووەکان، کە دەیانەوێت زۆر شت هەر لە ژێر پەردەی ئەستووردا بکرێت و کەس نەیخاتە پێش چاوان بۆ چارەکردن، یان هەر هیچ نەبێت بۆ وەرگرتنی وەکو تاقی کردنەوەیەکی نەرێنیی.
ئەگەر ئەدەب هیچ پەیوەندییەکی بە ژیانەوە هەبێت و بە چاوی”چیخۆف”و زوربەی گەورە ئەدیبان سەیری بکەین، کە دەربڕینێكی ڕاستگۆیانە و دڵسۆزانەی ژیان بێت، بێگومان وایش پێویست دەکات هەردوو دیوەکەی ژیان بگرێتەوە، چاك و خراپ، چاك بۆ پەیڕەوکردن و خراپیش بۆ چارەسەرکردن، یان خۆ لێلادان، بێگومان کۆمەڵگای ئێمەیش لە دنیادا تاك نییە و هێشتا نەگەیشتووینەتە ئەو لوتکەی پێشکەوتنەی کە هەموو “سوپەرمان”و بێ کەموکووڕی بین، بۆیە زۆر ئاسایییە ئەو کەموکووڕییانەمان لە ئەدەبەکەشماندا ڕەنگبداتەوە، چونکە ئەرکی ئەدیب ئەوە نییە”مامۆستا، یان شێخ، یان پڕۆپاگەندەچی”بێت و هەرگیزیش ئەدیبی دڵسۆز و بەرچاو ڕوون وەکو”وشترمەل”ی پێناکرێت، بۆیە گەورە ئەدیبانی دنیا تا ئێستا زیاتر لە پیشاندانی لایەنە نەرێنییەکاندا سەرکەوتوون وەك لە لایەنە ئەرێنییەکان. چونکە ژیان لە چاو ئەو دنیایەوە کە هونەرمەند دەیەوێت زیاتر نەرێنییە و هەرگیز بەو تۆزە ئەرێنییانە ڕازی نابێت. “جۆرج لۆکاچ”ی خاوەن بیر و ڕەخنەگر ئەم مەسەلەیە دەخاتە چوارچێوەی چینایەتییەوە و لە کۆمەڵگای بۆرژوازییدا حەز لە پاڵەوانی ئەرێنیی کردن بە بەشێك لە ئایدیۆلۆژیای بۆرژوازیی دادەنێت، کە دەڵێت:”ئەم مەیلە لە مەیلەکانی ئایدیۆلۆژیای بۆرژوازیی زۆر ڕوونتر لە مەسەلەی پاڵەوانی ئەرێنیی دەردەکەوێت”.(١٩)ئەم مەیلەیش بۆیە لە کۆمەڵگایەکی بۆرژوازییدا وەهایە چونکە: “دەستنیشانکردنی ئەو ناکۆکییانەی هیچ چارێکیان لە کۆمەڵگای بۆرژوازییدا بۆ نییە، گشت داوای پاڵەوانی ئەرێنیی کردنێك لە کەسە سەرکەوتووەکان لە گەروودا دەخنکێنێت”.(٢٠)جا نازانم مەسەلەکە بەلای”حەمە سەعید”ــەوە چۆن کەوتووەتەوە، کە ئاوەها بەکارهێنانی پاڵەوانی نەرێنیی لە بەرهەمەکانماندا تاوانبار دەکات؟!! بە هەرحاڵ..ئێمەیش لەگەڵ”گۆگۆل”دا دەڵێین:”هیچ غەمێکمان نییە ئەگەر پاڵەوانەکانمان بە دڵی خەڵکی نەبن”(٢١) چونکە ناتوانین بۆ زەوق و ئارەزووی هیچ کەسێك بە کاغەزی زەرد و سوور بیانڕازێنینەوە، ئەوە وتمان ڕووکەشەکانیشیانمان پێڕازایەوە، ئەی چی لە ناخیان بکەین؟! خۆ ناخ لە قاڵب نادرێت!
*چیرۆکی”کڵاوقووچ”سەرەڕای ئەوەی وەکو گشت چیرۆکێكی خۆڕسکی تر، پێشوەخت وەکو قاڵبێكی وشك بۆ دەربڕینی فیکرێك، یان دروشمێك دانەنراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا خاڵی نییە لە کۆمەڵێك مەبەستی کۆمەڵایەتیی و خۆماڵێتیی و دەروونیی و شتی تر. ئەم چیرۆکە زیاتر وێنەکێشانی هەندێك لایەنی جوان و دووهەند لایەنی ناهەمواری ئەوسای گەڕەکێكی هەژاری شارێكی کوردستانە، کە”سلێمانی”یە و بە زمانێکی ساکاری گونجاو لەگەڵ ڕادەی تێگەیشتنی وەها منداڵێکدا، کە ئەگەر زیاتری لێداوابکرێت لەگەڵ(لۆژیك)ی چیرۆکەکەدا ناگونجێت، چونکە بەرهەمی ئەدەبیی لۆژیکی خۆی دەبێت لە خۆیەوە هەڵبهێنجرێت و ناشێت قاڵبێكی بەسەردا بسەپێنرێت هیچ پەیوەندییەکی پێوەی نەبێت.
بەڵام شێوەی گشتیی چیرۆکەکە بە تەوژمی هۆش و بە تایبەتیش بە مۆنۆلۆژی ناوەوەی ڕاستەوخۆ(٢٢)و بە دوو مۆنتاژی گەورەی زەمانیی کە یەکێکیان لەمڕۆوە بۆ ڕابوردووە و ئەوی تریشیان بە پێچەوانەوە، لەگەڵ کۆمەڵێك مۆنتاژی لێك نزیکدا داڕێژراوە..کەچی”حەمەسەعید”لای وایە “لەسەر شێوەی ڕیپۆرتاژ نووسراوە”، ئینجا نازانم چاوی بە سەرەتای چیرۆکەکە نەکەوتووە کە دەڵێت:”نازانم چۆن ڕێم کەوتەوە ئەو پیرە گەڕەکەی خوارووی شار..”تا دەڵێت:”..لاشەی نوقم بووی بیرەوەرییەکەم وردە وردە کەوتەوە سەر ئاو..”ئەمەیش گشت خوێنەرێكی ئاساییش دەزانێت گەڕانەوەیە بۆ دواوە و زیندووکردنەوەی هەندێك”بیرەوەری”یە. بیرەوەرییش شتی ناخە و ناخیش بە ڕیپۆرتاژکاریی هیچی لێدەرناکەوێت و ڕێك بە پێچەوانەی ئەم چیرۆکەوەیە. جا بۆیە دەڵێم ڕەنگ بێت “حەمەسەعید”ڕیپۆرتاژکاریی لە شێوەی هونەری شەپۆلی هۆش جودا نەکاتەوە و نەزانێت ئەمیان ڕێبازێكی گەورەی ئەدەبە و ئەویان کەموکووڕییەکە و هیچ پەیوەندییەکی بە ئەدەبەوە نییە و نە گەڕانەوە بۆ دواوە و نە چوونە ناخی پاڵەوانەکەوە و نە دەربڕینی هەست و نەستیانی تیا نییە، کە گشت ئەمانەیش هەموو خوێنەرێکی ئاسایی بە ئاسانی لە”کڵاوقووچ”دا هەستی پێدەکات..جا نازانم”حەمەسەعید”چۆن هەستی پێنەکردووە!؟خۆ بەکارهێنانی هەندێك شتی واقیعیش وەك”قاوەخانەی سەرچیمەن”هەرگیز چیرۆکەکە ناخاتە چوارچێوەی ڕیپۆرتاژکارییەوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە بتەویی و باوەڕێکی زیاتر بۆ چیرۆکەکە دەستەبەر دەکات، بە دەگمەن چیرۆك و ڕۆمانیش هەیە هیچ ناو و ڕووداوێكی واقیعی تیا نەبێت، هیچیشیان بەوە نەبوونە بە ڕیپۆرتاژ..من وای بۆ دەچم ئەگەر”حەمەسەعید”پێشوەخت بڕیاری لەسەر ئەم چیرۆکە نەدایە، جا لەبەر هەر هۆیەك بێت، ئەگەر ڕاستیی شێوەکەیشی نەزانیایە، هەر هیچ نەبوایە بە واقیعی و کوردەواری لە قەڵەمی دەدا نەك ڕیپۆرتاژکاریی؟!…
- کۆتایی چیرۆکەکەیش بە هیچ جۆرێك وەها نەکەوتووەتەوە وەکو ئەو دەڵێت، چونکە بەکارهێنانی ژمارەیەك کە لە واقیعدا نەبێت بە هیچ جۆرێك چیرۆکەکە لە ڕیالیزمیی ناخات، خۆ “شێرکۆ بێکەس”ڕیپۆرتاژی نەنووسیوە تا گشت شتەکان بەبێ هیچ دەستکارییەك باس بکات، بە تایبەتی ئەگەر لە شوێنێكدا بۆ زیاتر شتێك خستنە سەر چیرۆکەکە پێویست بکات وەکو لەم چیرۆکەدا وایە و لەلایەن چیرۆکنووسەوە ئیشارەتێكی زیرەکانەیە بۆ ئەو سەردەمەی پاڵەوانەکە بە فلاشباك بۆی گەڕاوەتەوە. ئیتر نازانم ڕەمزی چی؟! و ڕووداوی گەورەی مێژوویی چی؟!و بوون و نەبوونی ئەو ژمارەیە لە”بەڕێوبەرێتی گواستنەوە و هاتوچۆ”ی سلێمانیدای چی؟!..وادیارە “حەمەسەعید”ئەم خاڵەی لەگەڵ”غەفڵەت”دا لە لا تێکەڵبووە، کە ئاسمان و ڕێسمانیشیان نێوانە..ئیتر لەم بۆچوونە هەڵەیەیشەوە کۆمەڵێك ئەگەری ناشیاوی ڕیزکردووە، کە پێویست بە باسکردن ناکەن چونکە بناغەکەیان هەڵەیە. پاشان دەڵێت:”کۆتایی هێنانیش بە ژیانی پاڵەوانەکە بەو جۆرە ناماقووڵە..”، ئەوەی ڕاستی بێت لە یەکەم خوێندنەوەدا منیش ئەم کۆتایییەم زۆر بە دڵ نەبوو، نەك لەبەر ئەوەی بە”ناماقووڵ”م دەزانی، بەڵکو لەبەر ئەوەی وامدەزانی لە پڕێکدا هاتووە و هیچ ڕێخۆشکردنێك لە چیرۆکەکەدا بۆ ئەو کۆتایییە نییە، بەڵام هەر کە تۆزێك لێی وردبوومەوە دڵنیابووم کە ئەوە تهنیا کۆتایییەکی شیاوە بۆ “باجی ئامە”-نەك پاڵەوانەکە، چونکە منداڵەکە پاڵەوانە-و بۆ چیرۆکەکەیش. بۆ”باجی ئامە”، چونکە لە چیرۆکەکەدا ڕێی بۆ خۆشکراوە کە هەر خۆی دەڵێت، “-شل بوونی چی..دنیا پێنج و دوو ڕۆژێكە، گەنجین با بێ دڵیی خۆمان نەکەین”. چیرۆکەکەیش خۆ هەر دەبوو کۆتایی بێت، هەواڵی نەمانی”باجی ئامە”یش باشترین لەنگەرە بۆ چیرۆکەکە، ئەمە جگە لەوەی شتێكی سەیر دەبێت بە نووسەر بڵێین چیرۆکەکەت وا لێمەکە و وا لێبکە! چونکە ئەگەر وەها بە فیتەر و دارتاشیش بڵێیت شاربەدەرت دەکات. بۆ بەرهەمی ئەدەبییش پێویستە بەڵگە بۆ نیشانەی گونجاویی و نەگونجاویی لایەنێك لە دەقەکە خۆیەوە هەڵبهێنجرێت، لێرەدا ئەگەر پەنا ببەینە بەر واقیعیش هەر ئەو ئەنجامە زۆر نزیکە لە ڕوودانەوە و هەرگیز نەك ناماقووڵ نییە، بەڵکو زۆر ئاسایییە ئافرەتێكی ئەوسا، کە ئێستا بێگومان پیرێژنێكی پەککەوتەی بێکەس و هەژارە، بیەوێت لە جادەیەکەوە بپەڕێتەوە و یەكێك لەو ئۆتۆمبێلە بە پەلە و گوێنەدەرانە بیکەن بە ژێرەوە..جا ئەگەر ئەمە ناماقووڵ بێت دەبێت بە هەندێك شتی تر چی بڵێین کە ڕۆژانە لە ژیانماندا ڕوودەدەن؟!
*سەیریش ئەوەیە”حەمەسەعید”بە دەنگێك کە تادێت زیاتر هەڵدەچێت دەڵێت:”تەنیا مەبەست ختووکەدانی عاتیفەی خەڵکیییە”، لە کاتێكدا “شێرکۆ بێكەس”هیچ جۆرە سۆزێكی دەربارەی ئەو سەرئەنجامە دەرنەبڕیوە و مەسەلەی سۆزەکەی بە تەواوی داوەتە دەستی خوێنەران خۆیان. ئەمە لە کاتێكدا دەربارەی هەندێك لەو چیرۆکانەی لە فیلمە هیندیی و میسرییە فرمێسك سواڵکەرەکان دەچن هیچ شتێكی وەها ناڵێت و بگرە بە دڵیشین! لەم “بانێکە و دوو هەوایە”یش سەیرتر ئەوەیە ئەگەر لە ڕووی”ختووکەدانی عاتیفەی جەماوەر”ەوە بەراوردێكی هەر ئەم نووسینەی”حەمەسەعید”خۆی لەگەڵ ئەو چیرۆکەدا بکەین..
*لە هەموو ئەمانەیش سەیرتر ئەوەیە کە دەڵێت:”بە لابردنی دوا پەرەگرافیش نەك هەر کەلێن ناکەوێتە چیرۆکەکەوە، بەڵكو چیرۆکەکە لە کەناری ڕاستەقینەی خۆیدا ئارام دەگرێ”، نازانم بە چ ئەقڵێك دەشێت ئادەمیزادێك لە ساڵێ ١٩٧٨دا-کە ساڵی نووسینی چیرۆکەکەیە-لە شوێنێکدا هەندێك ڕووداوی ساڵی١٩٤٨ی بیر بکەوێتەوە و چەند دەقیقەیەك بە خەیاڵ و بە هونەری چیرۆك بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی منداڵیی خۆی و ئیتر هەر بە منداڵیی بمێنێتەوە و مێژوویش”٣٠”ساڵی ڕەبەق بگەڕێنێتە دواوە! ئەگەر ناماقووڵ لە دنیادا هەبێت هەر ئەمەیە.
*خاڵێكی تریش لەو سەیرانە ئەوەیە نووسەر دوای ئەوەی چیرۆکەکە بە ڕیپۆرتاژکاریی گوناهبار دەکات، هەر دوای نیو لاپەڕە بەرپەرچی خۆی دەداتەوە و دەڵێت:”..گێڕانەوەی چیرۆکەکە لە شێوەی نوێدایە..”! بەڵام لێرەیشدا خۆی ئاسایی نە جۆری نوێیەکە دەردەخات و نەیش دەیسەلمێنێت ئایا ئەم قسەیەی دوایی ڕاستە، یان ئەوی پێشووی؟!
*لە چیرۆکی”ئەو شەوانەی بۆت ئەگریم و ئەو ڕۆژانەی لە بیرم ناچیتەوە”(٢٣)ی “عەبدوڵڵا عەباس”دا، نووسەر لەبەر هەر هۆیەك بێت کرۆك(تێمە)ی چیرۆکەکە پشتگوێ دەخات و بە هەندێك لەیەنی لاوەکییەوە دەنووسێت، بۆ ئەوەی ئەو قسانە دووبارە بکاتەوە کە ئەوەندە وتراونەتەوە بێتام بوونە، بۆیە بە پێویستی نازانم لەسەری ڕابوەستم و تهنیا ئەوەندە دەڵێم کە هەرگیز مەرج نییە تیۆرەکان بۆ گشت سەردەم و لە گشت شوێنێكدا لەگەڵ واقیعدا بگونجێن.
*دواییش نازانم”حەمەسەعید”بۆ لە پڕێکدا لە “عەبدوڵڵا عەباس”دەبێت بە”کاسۆلیکیی”و باوەڕ بە ژن و مێردایەتیی هەتا هەتایی دەهێنێت، ئەگەر ئەو پەیوەندییە سەرنەکەوتوویش بێت؟! ئەوەندەی من بیزانم لە مانیفێستەکەدا بە پێچەوانەوەیە..لێرەیشدا دەڵێم ئەگەر ئەم چیرۆکە هی “عەبدوڵڵا عەباس”نەبوایە و نووسەر هەوەسی هەبوایە دەیتوانی وا لێكیبداتەوە کە هەوڵێکە بۆ گۆڕینی واقیعیکی تاڵ و ڕزگاربوون لە کۆت و پێوەندێك کە پاڵەوانەکە هەوڵی پچڕاندنی دەدات..
پاشان نووسەر حەماسەتێكی تەواو دەیگرێت و نەبرەی وتارەکەی تەواو بەرز دەکاتەوە و دەڵێت:”لێرەدا ڕوودەکەمە ئەوانەی کە وا تێدەگەن ڕاستگۆیی لەوەدایە کە چیرۆکنووس، یا شاعیر بەرهەمەکانی ئاوێنەی ڕاستەقینەی هەڵسوکەوت و تەنگوچەڵەمە و ئاوات و خواستی کەسیییانەی خۆی بن کە ئەمە ئەوپەڕی (نێرگزیییەتە). یان لە چاکترین حاڵەتدا دەربڕینێكی فۆتۆگرافییانەیە لە واقیعێکی مەییو”..پێش ئەوەی ڕاستیی ئەم قسەیە ڕوون بکەینەوە، حەزدەکەم لەسەر وشەی”فۆتۆگرافی”ڕابوەستین، بۆ ئەوەی بزانین ئەم نووسەرە چەند لە سەرەتا و بناغەکانی نەك چیرۆك و لێكۆڵینەوە و ڕەخنە، بەڵکو زانیاریی گشتیی دەزانێت؟..وشەی”فۆتۆگرافی” وێنەی ئاسایی سەر کاغەز دەگرێتەوە، کە لە ئەدەبیشدا شتێك بە فۆتۆگرافییانە لە قەڵەم دەدرێت، وا دەگەیەنێت ئەو بەرهەمە وەك وێنەیەکی ئاسایی کە بە کامیرە گیرابێت وایە، واتە نە جووڵە و بزوان و نە شیکردنەوەی ناخی پاڵەوانەکان و نە هەست و سۆزیان و نە هیچ شتێكی تری وەهای تیا نییە، بەڵكو بریتییە لەوەی بە چاو دەیبینیت و دەیخەیتە سەر کاغەز..کەچی ئەم ڕێك بە پێچەوانەوە، ئەو وشەیەی بۆ شتە زۆر ورد و تایبەتییەکانی ناخی پاڵەوانەکان بەکارهێناوە! بە ڕاستی کامیرایەکی سەر سووڕهێنەر و داهێنانێكی تەکنۆڵۆژیی مەزنە ئەوەی بتوانێت وێنەی”تەنگوچەڵەمە و ئاوات و خواست”و ئەمجۆرە شتانەی ناخ بخاتە سەر کاغەزی وێنەی فۆتۆگرافی؟!
ئەمە هیچ، با بێینەوە سەر مەبەستەکە، کە بە توندوتیژییەکەیدا دیارە تاوانبارکردنە، با وشەکان لە جێی خۆیشیاندا نەبن. من پێش ئەوەی خۆم هیچ بڵێم شاکارە هەرە مەزنەکانی ئەم دنیایە بە نموونە بۆ پووچکردنەوەی ئەو قسەیە دەهێنمەوە، وەکو”پیرە و دەریا”و گشت بەرهەمەکانی”هەمەنگوای”(٢٤) و “یۆلیسیس”ی”جێمس جۆیس”(٢٥)و “گەڕان لە کاتە ونبووەکە”ی”مارسیل پڕوست”(٢٦) و زۆر تا کەمی سەرتاپای بەرهەمەکانی “دیستۆیڤیسکی”و”لیۆ تۆڵستۆی”و”شەکسپیر”(٢٧) و زوربەی شاکارە ئەدەبییەکانی گەورە ئەدیبانی دنیا، کە بە ئاشکرا ڕەنگدانەوەی ژیانی نووسەرەکانیانی پێوە دیارە و ئەوەیش ڕای گەورە ڕەخنەگران و لێکۆڵەرەوانی دنیایە، کەسێك مەبەستی بێت زۆر بە ئاسانی دەگەڕێتەوە سەریان، وەك لە پەراوێزەکاندا دیارییم کردوون..ئینجا ئەدیب و خوێنەری کورد نازانێت بە کلکی کەڵەشێرەکە باوەڕ بکات، یان بە قسەکەی مەلای مەزبوورە؟! هەر کەسە و ئارەزووی خۆیەتی. بەڵام من باوەڕناکەم ئەدیبی ڕەسەن ئەگەر لە تاقیکردنەوەیەکدا قاڵ نەبووبێت و بە تەواوی ئاگاداری گشت لایەنێكی ئەو بابەتە نەبێت کە لەسەری دەنووسێت و گشت خۆشیی و ناخۆشییەکی ئەو بارەی نەچەشتووبێت، باوەڕ ناکەم بتوانێت بەرهەمێكی ڕاستگۆ و پوخت بهێنێتە بەرهەم. دارتاش و بەرگدروو و ئەوانی تر دەتوانن بە پێی کەتەلۆگ و پێوانە و کێشانە چیت بوێت بۆتی دروست بکەن، بەڵام ئەدەب هێشتا ئەوەندە بازاڕی نەبووە وەهای لێبێت و ئەدیبی ڕاستگۆ و دڵسۆزیش بەر لە گشت کەسێك بۆ خۆی دەنووسێت و داهێنانی ئەدەبییش کارێكی تەواو تاقەکەسییە(٢٨) و هەرگیزیش بە خوێندنەوەی چەند سیپارەیەك وەدەست نایەت. بەڵام ئەوەیش هەیە پێویستە ئەو تاقیکردنەوە و هەست و نەستە خودییانە-نەك شەخسییانە-پێزێكی ئەوتۆیان بدرێتێ تا ببن بە شتێكی گشتیی، ئەگەرچی زوربەیشیان هەر خۆیان لە خۆیاندا گشتییشن.(٢٩) مەگەر یادگارنامە و نامە تایبەتییەکان نەبێت، کە ئەوانیش زۆرجار لە سنووری تایبەتی دەردەچن و دەبن بە شتێكی بە کەڵك بۆ گشت کەسێك، وەکو یادگارنامەکانی”پاپلۆ نیرۆدا”و”کازانتزاکی”و نامە تایبەتییەکانی”کافکا”و”سەیاب”و زۆر و زۆری تر..
لە شیعریشدا داوا لە نووسەر دەکەم با شیعرەکانی”گۆران”ی نەمری خۆمان و”یەسینین”ی ڕووسیی و هەر کەسێكی تر کە ئەو لەم دنیایەدا هەڵیدەبژێرێت بخوێنێتەوە، بۆ ئەوەی بە چاوی خۆی ببینێت جوانترین و ڕاستگۆترین و کاریگەرترین پارچە شیعر هەر ئەوانەن کە”ئاوێنەی ڕاستەقینەی هەڵسوکەوت و تەنگوچەڵەمە و ئاوات و خواستی”خودیی شاعیرەکەن و ئەو قسە زۆر باوەڕ بە خۆیەی ئەو پووچ دەکەنەوە، کە نازانم لە کوێوەی هێناوە و..ئەگەر بێئاگایی نەبێت لە ئەدەب لە چییەوە پێی گەیشتووە؟!
*”حەمەسەعید”دەربارەی چیرۆکی”چاوەڕوانی”(٣٠)ی منیش دەڵێت:”..بە (مەنەلۆژی)ناڕاستەوخۆ دەست پێدەکات”، ئاشکرایە کە”مەنەلۆژی ناڕاستەوخۆ وا لە خوێنەر دەکات بەردەوام هەست بە نووسەر بکات”(٣١)، واتە پاڵەوانەکە خۆی نادوێت، بەڵكو نووسەرەکە خوێنەر دەباتە زەینی پاڵەوانەکەوە و هەست و بیر و لێکدانەوەکانی بۆی دەردەخات، بە پێچەوانەی چیرۆکەکەی منەوە کە لە یەکەم وشەوە تا دوا وشە بە مەنەلۆژی ناوەوەی ڕاستەوخۆی تەواو نووسراوە، واتە نووسەر خۆی پاڵەوانە و لە ڕێگای ئەویشەوە خوێنەر ڕاستەوخۆ بە چاوی پاڵەوانەکە دەبینێت و بە مێشکی ئەو بیردەکاتەوە و لە ناو زەینی ئەودایە(٣٢)، واتە خوێنەر خۆی دەبێت بە پاڵەوانەکە، ڕاستەوخۆیییەکەیشی لەمەدایە، سەرەڕای چەند وردە بناغەیەکی تری ئەم تەکنیکە کە کات و شوێن و کەسانی ناوەوەی پێدەگۆڕدرێت(٣٣). خۆ ئەگەر نووسەر ئەو قسەیەی دەربارەی”کڵاوقووچ”، یان”ڕەشەڕاو” بکردایە، دەوترا لێی تێکچووە و تا ڕادەیەك چاوی لێدەپۆشرا، بەڵام بۆ ئەم چیرۆکە..هیچ بیانوویەکی بۆ نییە نەشارەزایی نەبێت..خۆ نایشکرێت منیش وەکو ئەو بڵێم”عەرزی عەزەڵاتە”، چونکە هەر گۆشتیشی پێوە نییە!
*پاشان دەڵێت:”پاڵەوانی چیرۆکەکە مرۆڤێكی بێزار و بێئومێدە، لە جێیەکی دیاری کراودا ڕاوەستاوە و چاوەڕێیە (قاپی)(ڕەحمەتی) بۆ بخرێتە سەرپشت..”گشت ئەو شتانەی دەربارەی پاڵەوانی نەرێنیی و ئەرێنیی و وازهێنانی نووسەر لە کرۆکی چیرۆکەکە و بە هەندێك لایەنی لاوەکییەوە نووسان و ئەو شتانەی تری دەربارەی هەندێك لایەنی”کڵاوقووچ”و چیرۆکەکانی “عەبدوڵڵا عەباس”وتم لێرەیشدا هەر وان و پێویست بە دووبارەکردنەوە ناکەن. بۆ نموونە”حەمەسەعید”دەڵێت:”..ڕاوەستاوە..”، منیش دەڵێم تۆ بڵێیت چیرۆکەکەی خوێندبێتەوە؟! ئەگینا چ خوێنەرێك-نەك لێكۆڵەرەوەیەك-هەیە نەزانێت ئەمە”دانیشتن”دەگەیەنێت”ئا ئێرەی وت. ئەو پەنایە باشە، ڕووبارەکە و دیمەنی خۆرنشین لەو دیو جامەکەوە. سەر دەنێم بە سەرییەوە و..هتد”؟ باشە باوکم ئەوە وتمان ئەم ڕستەیە لەوە ئاڵۆزترە”حەمەسەعید”بتوانێت لێکیبداتەوە..خۆ ئەو”مۆتیف”واتە ڕەسمەی لە ژێر ناونیشانی چیرۆکەکە چاپکراوە ئاشکرایە. بەهەرحاڵ، ئەمە بایەخێكی ئەوتۆی نییە لەوە زیاتر کە دەردەکەوێت ئەو چەند لەو بەرهەمانە وردبووەتەوە، ئینجا نووسینەکەی نووسیوە و چەند هەست بە لێپرسینەوە بەرامبەر بەو شتانە دەکات کە وتوویەتی، پووچگەرایی هەرگیز نەگەیشتووەتە ئەم ڕادەیەی گوێنەدان! هەر بۆیەیش هیچ سەیر نییە بۆ ئەو بە ژووانێكی دڵداریی بڵێت(قاپی)(ڕەحمەت)، ئەگەر هەر زانیبێتی کرۆکی چیرۆکەکە چاوەڕوانی کردنێكی دڵدارێكە! چونکە ئەو لەبەر سەرقاڵیی بە شتی ترەوە ماوەی دڵداریی کردنی نەبووە و بەلایەوە شتێكی ناهەموارە ئادەمیزادێك دڵداریی بکات، یان هەر لە چیرۆکێکدا باسی ژووانێكی دڵداریی بکات، چونکە ئەم کارە خزمەتی لایەنە فیکرییەکەی ناکات!
*ئینجا نازانم پیاو لە کاتی چاوەڕوانی کردنی دڵدارەکەیدا کە لەسەر ژووانێك لە گەڵیدا ڕێك کەوتووبێت دەبێت چ ڕۆڵێكی هەبێت، یان نەبێت، کە ئەو دەڵێت:”..بە بێ ئەوەی هیچ ڕۆڵێكی هەبێت”، بە تایبەتی ئەگەر چیرۆکەکە هەوڵدانێك بێت بۆ دەربڕینی ئەو تاقیکردنەوەیە بە گشت پەژارە و نیگەرانییەکییەوە.. تۆ بڵێیت”حەمەسەعید” داوا لەو ئاشقە بەدبەختە بکات بۆ ئەوەی”ڕۆڵی هەبێت”دەست بداتە چەکێك و بچێت دڵدارەکەی بە زۆر بەکێش بکات و هەر بە زۆری چەك گشت ڕاز و نیازێكی دڵە پەرۆشەکەی بۆ باس بکات؟!
*”حەمەسەعید”دەڵێت:”کەسێ باوەڕی بە توانای مرۆڤ هەبێت دەگاتە ئەو قەناعەتەی کە مرۆڤ دەتوانێت هەموو کۆسپەکانی بەردەمی تەخت بکات و ئەم دامودەزگایە بڕووخێنێ کە دەیکاتە بورغویەك لە ئامێرێكدا”بەڵام “جۆرج لۆکاچ”لە هەمان ڕوانگەوە دەڵێت:”خەڵکی هەموو یاریی دەستی هێزە کۆمەڵایەتییە-ئابوورییەکانن و ویست و بگرە نیازە ڕەوشت بەرزەکانیشیان هیچ کارێكی ئەوتۆ ناکاتە سەر چارەنووسیان”(٣٤). منیش لەگەڵ “هەمەنگوای”دا دەڵێم:”دەشێت ئادەمیزاد تێك بشکێت، بەڵام هەرگیز نابەزێت”. ئەمە وتەی ئەدیبێكە کەم تاقیکردنەوەی جیهانیی و تایبەتی هەبووە لە ژیانیدا خۆی تێنەهاویشتووبێت و ئەوی تریشیان وتەی خاوەنبیرێكی پێشکەوتنخوازی بەناوبانگ و لێكۆڵەرەوەیەکی سەرکەوتووە و ئەوەیش قسەی یەکێكە لەو ڕەخنە و لێكۆڵینەوە نووسانەی بوونە بە تووشی ئەدەبەکەمانەوە! جیاوازیی نێوان سەرنجی یەکلایی و ڕووکار و سەرنجی فیکریی مولتەزیم و سەرنجی قووڵ و گشتگیرانەی مرۆڤانەیش لە نێوان ئەم سێ وتەیەدا زۆر ئاشکرایە. ئینجا نازانم پێویست دەکات بڵێم ئەو قسەیەی نووسەر لەو جۆرە قسە زیاد لە پێویست خۆش باوەڕانەیە کە زیاتر بەلای گێلۆکەییدا دەدات و بۆ فریودانی ساویلکەکان دەست دەدات نەك بۆ ئەدیبێك، یان مرۆڤێك هەردوو دیوەکەی ژیان ببینێت.
*پاشان دەڵێت:”(فیکری)چیرۆکەکە لەوەدا کۆدەبێتەوە کە سەڵاح پێمان دەڵێت: هەموو ڕۆژ و مانگ و ساڵەکان وەك جەوهەر لە یەك دەچن..”باوەڕتان بێت کە ئەمەم خوێندەوە خێرا بە چیرۆکەکەدا چوومەوە، وتم نەوەکو لە چاپکردندا وەها ڕستەیەکی نووسینێكی تری تێکەوتووبێت! بەڵام دوایی بۆم دەرکەوت ئەمەیش یەکێكە لەو بۆ هەڵبەستنانەی کە چەند جارێك لەو نووسینەدا دووبارە بووەتەوە، مەبەستەکەیش ئاشکرایە بۆ ئەوەیە ئەوەی لە دواییدا وتوویەتی بیڵێت، ئەگینا وەك ڕوونمان کردەوە مەبەستی چیرۆکەکە ئاشکرایە و وشەی (فیکر)یش هەرگیز بۆ ئەم چیرۆکە دەست نادات، وەکو بۆ زۆربەی هەرە زۆری بەرهەمی ئەدەبیی و هونەریی ئەم دنیایە دەست نادات(٣٥)، ئەمەیشیان هەر ڕوونکردنەوە.
*دوایی بە هەوایەکی تر لەسەر هەمان ئاواز دەڵێت:”سەڵاح لەم چیرۆکەیدا تازەترین تەکنیکی بەکارهێناوە، بەڵام تازەگەریی و نوێکردنەوە و داهێنان ئەوە نییە تەنیا شێوە بگرێتەوە، بەڵكو بە پلەی یەکەم ناوەڕۆك دەگرێتەوە، بۆیە تازەگەریی و نوێکردنەوە تەعبیرکردنە لە فیکری پێشکەوتووخوازترین هێزی ئەم سەردەمە”. منیش لەگەڵ تێکڕای هونەرمەندانی ئەم دنیایەدا دەڵێم:”تازەگەریی و نوێکردنەوە”بە پلەی یەکەم و دووەم و سەدەمیش هەر پەیوەندیی بە تەکنیك و هونەری بەرهەمەوە هەیە(٣٦)، جا ناوەڕۆك بەلای ئەم، یان ئەوەوە چاك بێت، یان خراپ. بە پێچەوانەیشەوە هیچ ناوەڕۆكێكی بەرز نەك هەر نووسەر ناکات بە تازەگەر و نوێخواز و داهێنەر، بەڵكو نووسینیش ناکات بە بەرهەمی ئەدەبیی، یان هونەریی، چونکە دەشێت نووسەرێك بە وتارێك باشترین ناوەڕۆك و بەرزترین فیکر دەرببڕێت و نووسینەکەیشی هەرگیز نەك”تازەگەریی و نوێکردنەوە و داهێنان”نەبێت، بەڵکو ئەدەبیش نەبێت، بە پێچەوانەی ئەمەیشەوە دەشێت بەرهەمێك ناوەڕۆکێكی زۆر ئاسایی، یان بێكەڵك، بگرە تا خراپیشی هەبێت و کەچی بەرهەمەکەی تازەگەریی و نوێکردنەوە و داهێنانیش بێت..نموونەی بابەتی یەکەم گشت مرۆڤپەروەرە(نائەدیبەکان)ی دنیا دەگرێتەوە، هەر لە پێغەمبەرانەوە تا بە فەیلەسووف و سیاسیی و گشت ئەوانی تر دەگات، کە بە وتە و بە نووسین خزمەتی مرۆڤایەتییان کردووە، بەڵام هەرگیز نەبوونە بە ئەدیبیش تا بە تازەگەر و نوێکەرەوە و داهێنەری ئەدەبییان دابنێین. بۆ نموونەی”تازەگەریی و نوێکردنەوە و داهێنان”بە ناوەڕۆکی ئاسایی، پێش گشت کەسێك”گۆران”ی نەمر دەهێنمەوە، کە ناوەڕۆکی زۆر لە شیعرەکانی جوانیی ئافرەت و سروشتە و شیعر لەوەتەی هەیە بەکاریان دەهێنێت، کەچی”گۆران”ئەوپەڕی داهێنان و نوێکردنەوە و تازە- گەرییشی تیا بەدیهێناوە، بگرە”گۆران”زیاتر بە ناوەڕۆکە ئاسایییەکان نوێیی و داهێنانی وەدەست هێناوە وەك لە شیعرە بە ناوەڕۆك بەناوبانگەکانی..”هیگل”ی فەیلەسووف لەم بارەیەوە دەڵێت:”کاری هونەریی بریتییە لە لایەنە تەکنیکییە ڕووتەکەی”(٣٧). ئەگەر وا نەبێت چۆن ناوەڕۆکێکی بێكەڵكی وەك ئەوەی تابلۆی”ئافرەتانی ئەفینیۆن”ی هونەرمەند”پابلۆ پیکاسۆ”دەبێت بە”شۆڕشێکی ڕەسەن”لە هونەری نیگارکێشاندا؟!(٣٨) خۆ “ناوەڕۆکەکەی بریتییە لە پیشانگای بەر دەرگای سۆزانی خانەیەك”(٣٩)کە وێنەی چەند ئافرەتێكی ڕووتی ناشیرینن. تازەگەریی و نوێکردنەوە و داهێنان لەم تابلۆیەدا تهنیا لە تەکنیکەکەیدایە کە”پیکاسۆ”بۆ یەکەمجار سەرکەوتووانە شێوەی کیووبیزمیی بەکارهێناوە. ئیتر نازانم پێویست بە نموونەی تر دەکات بۆ ئەوەی بیسەلمێنین کە داهێنان بە پلەی یەکەم و ئینجایش نوێکردنەوە لەوەدایە: چۆنی دەڵێیت، نەك چی دەڵێیت؟! لایەکی تری ئەم مەسەلەیەیش ئەوەیە بەرهەمی تر زۆرن بە بێ نوێکردنەوە و تازەگەریییەکی ئەوتۆ جێگای شایستەی خۆیانیان لە دڵی خوێنەران و ڕەخنەگران و لێكۆڵەرەوانیشدا کردووەتەوە، بەڵام بە نوێکردنەوە لە قەڵەم نەدراون، ڕۆمانی “زۆربای یۆنانی”ی”نیکۆس کازانتزاکی”و”دایك”ی”مەکسیم گۆرگی”و زۆری تریش هەن لەم نموونەیەن.
دیسانەوە دەڵێم:نازانم”حەمەسەعید”ئەو قسەیەی لە کوێوە هێناوە؟ ئەگەر هی خۆیەتی بە چی دەیسەلمێنێت و ئەو نموونانەی هێنامانەوە چییان لێدەکات؟!سەرەڕای ئەمانەیش نازانم ئەو”فیکری پێشکەوتووخوازترین هێزی ئەم سەردەمە..”بەلای ئەوەوە کام قۆڵەیانە؟ و کامیان تەواو و کامیان مامناوەندیی و کامیان لە لێواری پێشکەوتنخوازییدایە؟! دواییش کێ ئەم پلەی پێشکەوتنخوازییانە دەستنیشان دەکات؟!بە هەرحاڵ، من چاوەڕێی وەڵامی ئەم پرسیارانە ناکەم، بەڵام دەڵێم هەق و ڕاستیی پێویستی بە هەرا هەرا نییە و دڵسۆزییش بە کردەوەیە نەك بە سینگ دەرپەڕاندنی سەر کاغەز..
*لە کۆتایی ئەو بڕگەیەیشدا نووسەر دێتە سەر ئەوەی دەڵێت:”..دوا سەرنجم دەربارەی ئەم چیرۆکە ئەوەیە: وەك چۆن هەوڵ دەدرێ بۆ خاوێن ڕاگرتنی دەوروبەری مرۆڤ و هەموو خێرخوازێك دژی پیسکردنی دەوروبەری مرۆڤە، ئەم جۆرە ئەدەبەش دەوری هەیە لە پیسکردنی بیری مرۆڤدا و دژایەتی کردنی ئەرکی سەرشانی هەموو خێرخوازێكە (١٣)”. هەر کەسێك ئەمە بخوێنێتەوە و بە پێی ژمارەی پەراوێزەکە کە(١٣)یە سەیری پەراوێزەکان بکات کە نووسراوە”پێشەکیی ڕۆمانی-کاتێ نەهەنگەکان کۆچ دەکەن-ی-یۆری ڕايتخيۆ-گۆڤاری ئەقلامی-ژمارە ٩ی ساڵی ١٩٨٠”، هەر کەسێك سەرنجی ئەمە بدات وا دەزانێت لە دوو خاڵەکە”:”ی دوای وشەی”ئەوەیە”وە ئەم وتەیە هی ئەو ڕۆماننووسەیە.. کەچی وایش نییە و هەرگیز ئەو ئەدیبە بەو زمانی”پیس”ـــە نەدواوە…!ڕاستە ئەو باسی “پاراستنی پاکیی سەرچاوەکانی ئاوی سازگار و جەنگەڵ و دارستانەکان و تا باڵندە و ئاژەڵە-دەگمەنەکان-دەکات”، بەڵام ئاشکرایە”یۆری ڕایتخیۆ”بناغەی پاراستنی دەوروبەر دەزانێت چییە و چۆن بە پاراستنی هاوسەنگیی سروشت بەدی دێت، نەك بە لەناوبردنی جۆرێك و زۆرکردنی جۆرێكی تر-وەك ئەم وای لێكردووە-چونکە زانستی دەوروبەر پاراستن-هەر بۆ نموونە دەڵێم-دەڵێت:ئەگەر لە ناوچەیەکدا ئاژەڵە گۆشتخۆرەکانت قڕکرد، ئاژەڵە گیا و گۆڵ خۆرەکان زۆردەبن و کاردەکەنە سەر سەوزایی زەویی و لە دواییدا ناوچەکە دەڕووتێتەوە و ئاژەڵە گیا خۆرەکانیش لەناودەچن. چونکە سروشت بە درێژایی هەزاران ساڵەی تەمەنی جۆرە هاوسەنگییەکی بۆ خۆی دروستکردووە و گشت دەستکارییەکی لەلایەن ئادەمیزادەوە دەبێت بە هۆی سەنگەلابوون و لە دواییشدا هەرەس هێنانی و قاتوقڕیی..ئەم مەسەلەیە لایەنێكی تریشی هەیە، ئەویش لەوتاندنی هەوا و ئاوە بە دووکەڵی کارگەکان و دەرمانە کیمیاوییەکانی لەناوبردنی مێرووی زیانبەخش بە کشتوکاڵ و تەندروستیی، ڕاوەستان لە ڕووی ئەم لایەنەیش وا دەگەیەنێت کارگەکان دابخرێن و لێگەڕێن کوللـە و مێرووی تر وەك جاران کشتوکاڵ بخۆن. ئەمەیش دەبێت بە هۆی گێڕانەوەی مێژوو بۆ دواوە و دواکەوتنی پیشەسازیی و کشتوکاڵ و زیاتر برسیی کردنی کرێكاران و جوتیاران.. بە هەرحاڵ ئەم مەسەلەی پاراستنی دەوروبەرە زۆر لەمە زیاتری دەوێت و منیش داوای لێبوردن لە خوێنەران دەکەم کە هەندێك لە مەسەلەی ئەدەبەکە دوورم خستنەوە، بەڵام مەبەستم ڕوونکردنەوەی نەزانیی و بە هەڵەدا بردن و چەواشەیی زانیارییەکانی نووسەرە. “یۆری ڕایتخیۆ”ئەم مەسەلە سروشتییە زۆر شارەزایانە و بە زمانێكی ناسك و”شاعیرانە”دەباتە سەر ئەدەب و دەڵێت:”بەڵام ئادەمیزاد ژیانی ناوەوەیشی هەیە، کە ژیانە ڕووحیی و فیکریی و هونەریییەکەیەتی”(٤٠)، واتە جگە لە بەرژەوەندییە ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و ئەوەکانی تر، ئادەمیزاد ئەو لایەنە ناوەوەیییانەیشی هەیە و بایەخدانی یەکلایی بە دیوی دەرەوەی ئادەمیزاد ئەو لایەنانە”لە دنیای تازەدا تووشی لەوتان و ڕووتانەوە و شێواندنی ئەنقەست دەکات..”بۆ نموونەی ئەمەیش”ئەدەبی توندو تیژیی و ڕقەبەرایەتیی و ڕەگەزپەرستیی”لە وڵاتە ڕۆژئاوایییەکاندا دەهێنێتەوە. ئەم بۆچوونەیش هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ مەبەستی بەرهەمەکانی”ئەلبێر کامۆ”و “ساموێڵ بێكیت”و ئەو دوای پێشەڕەوەکاندا نییە(٤١)، کە لێرەدا “حەمەسەعید”دەیەوێت چیرۆکەکەی من بداتە پاڵیان و لەو ڕێگایەیشەوە بەوپەڕی”توندوتیژیی و ڕقەبەرایەتییەوە”-کە”یۆری ڕایتخیۆ”نەفرەتی لێدەکات، هەر بە دەمی ئەوەوە-ئەدەبی دژ بە شارستانیی ڕووکەش و ئادەمیزاد بە بورغوکەر بە زمانی”پیس”باس دەکات..نازانم تۆ بڵێیت ئەم داوا لەو نووسەرانە بکات لەناو ئەو زەلکاو و ناهەمواریی و لەوتاویییەوە ئەدەبێكی پڕ لە گوڵ و گوڵزار و شێنەیی بهێننە بەرهەم و چاو لە ئاستی ئەو ژیانە نامرۆڤایەتییە بچووقێنن و هەر بە خەیاڵ بڵێن: ئۆخەی دنیا چەند خۆش و ڕەنگینە! یان مێروولە هەر پێی خۆشە بچێت بەگژ قوللـەی قافدا؟!
*”ئەرستۆ”ی فەیلەسووف دووهەزار ساڵ زیاترە وتوویە:”تا زۆرتر بزانم، زیاتر بۆم دەردەکەوێت کە کەمتر دەزانم “.”حەمەسەعید”یش دیوەکەی تری ئەم وتەیە دەچەسپێنێت، کە ئەویش لە خۆ ڕازیبوون و خەڵکی بە هیچ نەزانە، بۆیە وەکو بەرپەرچدانەوەیەکی وتە چڕوپڕ بە پێستەکەی “حوسێن عارف”دەربارەی چیرۆکی “ڕەشەڕاو” (٤٢)ی “سەلام محەمەد”کە وتوویە:”شێوەی موناجات و مۆنۆلۆژە ناوخۆکە لە دەربڕینی مانا و مەبەستدا یاریدەی زۆر داوە..”(٤٣)، ئەم بە نیمچە دڵنیاییییەکەوە دەڵێت:”من پێموایە چیرۆکەکەی سەلام شتێكی تەقلیدییە، بەڵام بە شێوەیەکی نوێ نووسیویەتی، بۆیە نوێترین تەکنیك ئەو باسە تەقلیدییە ناکاتە کارێكی ئەدەبیی سەرکەوتوو”، بەر لەوەی لەم قسەیە وردبینەوە، بابزانین وشەکانی چەند لە جێی خۆیاندان: جارێ نووسەر بە “پێموایە”قسە دەکات، واتە زۆر دڵنیا نییە و هەر بە قیروسیا وتوویەتی. لێكۆڵینەوە بناغە و بنچینەی زۆی هەیە و ناشێت وەکو مەتەڵ هەڵهێنان بنووسرێت، بەڵام بە هەرحاڵ لە سەرەتاوە دەزانین نووسینەکە لێکۆڵینەوە نییە و با ئەمەیش بچێتە پاڵ ئەوەکانی تر. جگە لەمەیش وشەی”تەقلیدیی”وەکو وشەی”فۆتۆگرافی”بە جۆرێك بەکار هێنراوە کە هەرگیز وا ناگەیەنێت. خۆ ئەگەر بە”تەقلیدیی”مەبەستی بابەتی چیرۆکەکە بێت، ئەوە بێگومان هەڵەیە و هیچ بابەتێك نییە”تەقلیدیی”بێت ئەگەر دەربڕینەکەی سەرکەوتووبێت، ئەگەر وا نەبێت چی لە دڵداریی و بە جوانیی ئافرەت و سروشتدا شیعر وتن و لاواندنەوە تەقلیدیی تر هەیە، کە”گۆران”بەرزترین شیعریشی پێ وتوون. ئەمەیش ئەوەندە ئاشکرایە پێویست بە نموونە هێنانەوە ناکات. خۆ ئەگەر مەبەستیشی شێوەی ئەو چیرۆکەیە، ئەوە هەر هەڵەیە، چونکە”تەقلیدیی”واتە لاسایی کردنەوەی ئەو شێوانەی ئەوەندە بەکارهێنراون گیانیان تیا نەماوە..ئەمە لە چیرۆکدا ئەو شێوەیە دەگرێتەوە کە مەرجە باوەکانی چیرۆك پەیڕەو دەکات. وەك سێ قۆناغەکەی سەرەتا و لوتکە و کۆتایی. سەرەڕای ڕووداو و پاڵەوان و کات و شوێنێکی دیار و چەند وردە شتێكی تر. جا نازانم تۆ بڵێیت چیرۆکی”ڕەشەڕاو”وەها بێت؟!..نەخێر. بگرە هەر لە شێوە کەم ناسراوەکانی چیرۆکە و ئەگەر “حوسێن عارف”سەرنجی بۆ”شێوەی موناجات”(٤٤)-کە لقە تەکنیکێکی زۆر تایبەتی و تەسکی شەپۆلی هۆشە(٤٥)-ڕانەکێشایە، ڕەنگ بوایە نەك هەر بە تەقلیدیی دانەنرایە، بەڵكو لەسەر چیرۆکی ئاساییش حیساب نەکرایە.. ئەگەرچیش”د.شۆ”ڕای وایە هەر نووسینێك شیعر نەبێت چیرۆکە.
*”حەمەسەعید”کە دەڵێت:”بە شێوەیەکی نوێ نووسیویەتی”، لەگەڵ ئەوەیشدا ئەم قسەیە زۆر گشتییە و کەم بەرهەمی ئەمڕۆ ناگرێتەوە و لەگەڵ ئەوەیشدا خۆی واتەنی”ماڵی بێ دانە”، بەڵام بۆ نەگبەتی ئەم چیرۆکە ناگرێتەوە! چونکە شێوەی”موناجات”ڕەگێکە لەو ڕەگانەی تەوژمی هۆش لەسەری ڕواوە. تەنانەت شاعیری مەزنمان”ئەحمەدی خانی”ش نۆسەدساڵ بەر لە ئێستا لە کۆتایی”مەم و زین”ـــەکەیدا بەکاری هێناوە و هەر بە هەمان زمانی کەسی دووەم-واتە صیغەی مخاطبە-وەك چۆن “سەلام محەمەد”لەگەڵ خۆیدا دەدوێت، “خانی”ش ئاوەها لەگەڵ قەڵەمەکەیدا-کە هەر خۆیەتی-دواوە و وتوویە:
ئەی ڕاکیبی واقیعی پیادە
وەی عاشقی صەفحەی دەسادە..هتد
*ئەم شێوەیە زیاتر ناخ و نیگەرانیییەکانی پاڵەوان-نووسەری پێدەردەبڕدرێت و”ولیەم فۆکنەر”ڕووداوی ڕۆمانی “لەو کاتەدا کە بە گیانەڵایی ڕادەکشێم”ی بەم شێوەیە داڕشتووە، “ڤێرجینیا ووڵف”یش ڕۆمانی “شەپۆلەکان”ی هەر بەم شێوەیە نووسیوە. “سەلام محەمەد”یش توانیویەتی بەم شێوە هونەرییە سەودایی شاعیرێکمان بۆ دەرببڕێت کە بە درێژایی ڕۆژێك لە پلەیەکی شاعیرانەی هەستونەستدا دەژێت و لە بیرکردنەوە زیاتر هیچ کارێكی تری نییە و دیارە قوتابییەکی ڕۆشنبیرە و یەکەم ڕۆژی پشوودان گەڕاوەتەوە بۆ دێیەکەی خۆیان..ئەم پاڵەوانە لەو ڕۆژەدا وا هەست دەکات زۆر لە”فۆتیس”ی پاڵەوانی”مەسیح سەرلەنوێ لە چوارمێخە دەدرێتەوە”ی”نیکۆس کازانتزاکی”یەوە نزیکە و هەندێك ناوی تریشی بە مێشکدا دێت کە ئەوانیش هەریەکە و لە لایەکەوە لەم پاڵەوانەوە نزیکن، بەمەیش نووسەر تیشکێكی زۆری بەو چەند ناوە خستووەتە سەر ناخی پاڵەوانەکەی. ئیتر نازانم”عەرزی عەزەڵات”و کێشەی نێوان هەژاران و چەوسێنەران و ئەم بابەتە قسانەی “حەمەسەعید”دەربارەی ئەم چیرۆکە نووسیویەتی چی پەیوەندییەکی بە کرۆك و مەبەستی ئەم چیرۆکەوە هەیە؟! ئەمەیە پێی دەوترێت: “گوڵ بە پەیین لێکدەداتەوە”(٤٦). ئەو ڕستەیەی ئەو دەستەویەخەی بووە و بە ئامان و زەمان لێی نابێتەوە، تهنیا ئیشارەتێكە بۆ نەریتێکی کوردەواری و دیارە ئەو گۆشت و برنجە بە بۆنەی گەڕانەوەی پاڵەوانەکەوە لێنراوە و ئاشکرایە حاڵی ئەمانیش لە حاڵی ماڵی”پوورە مەنیج”هیچ باشتر نییە، ئەگینا بەلای ماڵێکەوە ئەوە خواردنی ئاسایییان بێت هەرگیز ئەوەندە بە بایەخەوە سەیر ناکرێت تا ناوی ببرێت و دراوسێی پێ بیربکەوێتەوە و بەشیانی لێبدرێت. جا لەبەر ئەوەی نەك ئەم چیرۆکە، بەڵکو هەرچی ئەدەب و هونەری دنیا هەیە تاقە منداڵێكی لە برسێتیی پێ ڕزگار ناکرێت(٤٧)..بۆیە بە پێویستی نازانم لەمە زیاتر لەسەری بڕۆم.
*”حەمەسەعید”دەربارەی چیرۆکەکەی “موحسین ئاوارە”دەڵێت:”من هەرچەندە لەگەڵ ئەوانەدا ڕێکناکەوم کە لە هەڵسەنگاندنی هەموو کۆمەڵە چیرۆکێكدا یەکە یەکە چیرۆکەکان کورت دەکەنەوە و..هتد”، جارێ ئەو کارە لە ڕەخنە و لێكۆڵینەوەدا کورت کردنەوەی پێناوترێت، بەڵكو گێڕانەوەی حیکایەتی چیرۆکەکەیە بە کورتی، لەگەڵ شیکردنەوە و ڕوونکردنەوەی هەندێك لایەنی سەرەکی لە چیرۆکەکەدا بۆ دەرخستنی کرۆکەکەی. کورت کردنەوە تهنیا بۆ ڕۆمانە درێژەکان دەبێت، کە ئەویش زیاتر کارێكی بازرگانییە، بەڵام کورتە چیرۆك خۆی کورتە ئیتر چۆن کورت دەکرێتەوە(٤٨)؟!جگە لەمەیش وەنەبێت ئەمە بە کارێكی شێواندنی بەرهەمەکە دابنێت، بەڵكو بە کارێكی ئاسان و”ماڵی بێ دانە”ی لە قەڵەم دەدات، کەچی گەورە ڕەخنەگران بە خۆیاندا ڕانابینن ئەم کارە بکەن، چونکە دەزانن بەرهەمەکە ئەوەیە کە بەو شێوەیە دەربڕاوە و هیچ داڕشتنەوە و گێڕانەوەیەکی چیرۆکەکە نابێت بەو بەرهەمە خۆی، چونکە چیرۆك حیکایەت نییە تا هەر کەسێك بە ئارەزووی خۆی بیگێڕێتەوە. ئەم سەرنجەیش بۆیە بە پێچەوانەی ڕای گشت گەورە ڕەخنەگرانەوەیە چونکە لە یەکێكەوەیە شتە هەرە باو و گشتییەکانی ڕەخنەیشی پەیڕەو نەکردووە..دیارە بێگومان دیاردەیەکی نوێیە لە ڕەخنە و لێكۆڵینەوەدا تا ئەو ڕادەیەی هیچ پەیوەندییەکی پێیانەوە نەماوە! وەکو ڕوونیشمان کردەوە نووسەر بە درێژایی نووسینەکەی یەك خاڵی نەگرتووە”ماڵی بێ دانە”نەبێت و کەچی لە هیچیشیاندا بۆی نەهاتووە، بەڵام کە هەندێك لەو چیرۆکانە باس ناکات، یان لەبەر ئەوەیە ئەوەندە لێیان وردنەبووەتەوە تا بزانێت چی دەڵێن، وەك لە”کڵاوقووچ”و”چاوەڕوانیی”و “ڕەشەڕاو”دا دەرکەوت وەهایە، ئەمەیش چونکە ئەو پێشوەخت بڕیاری خۆی داوە چی دەربارەیان بنووسێت و ئیتر هەقی بەسەر ڕاستیی و ناڕاستییەوە نەبووە..یانیش-ئەگەر زۆر نیازپاك بین-دەبێت بڵێین نەیتوانیوە لێیان تێبگات، لەم حاڵەتەیشدا نەدەبوو لەسەریانی بنووسیبایە. خۆ ئەگەر ئەم دوو ئەگەرەیش نەبێت، ئەوە خراپتر، چونکە دیارە دەزانێت چیرۆکەکان چییان دەربڕیوە و گێڕانەوەیان چەندیش بشێوێنرێت هەر سەرنجێكی وەها بە خوێنەر دەدات کە ڕاستیی و ناڕاستیی قسەکانی ئەویان بۆ دەربکەوێت!
*”حەمەسەعید”کە دەڵێت:”..مەبەستی نووسینەکە لە چوارچێوەی ڕاژەی ئەدەبی ڕەسەنی کوردی نەچۆتە دەرەوە و هێرش بردنی ناڕەوای بۆ سەر هیچ شاعیرێ نەکردۆتە دروشم”، خۆی زۆر چاك زانیویەتی کە ئەو پاکانەیە زۆر پێویستە و گشت کەسێك تێدەگات مەبەستی ئەو نووسینەی ئەو ڕێك بەو شتانە گوناهبار دەکرێت کە دەیەوێت هەروا بەو قسەیە لە خۆی بتەکێنێت، ئەگینا چ پێویستی بە وتنی ئەوە دەکرد؟! چونکە ئەگەر وەها نەبوایە ئەو هەموو ئاوەژوو کردن و بۆهەڵبەستنەی بۆچی بوو؟! ئەمە جگە لەوەی ئەگەر ئەو چیرۆکانەی من و :”شێرکۆ بێکەس”و” “سەلام محەمەد”وەهابوون. خۆ هەر یەکە و چەند چیرۆکێكی تری بڵاوکراوەمان هەیە..بەڵام دڵنیام ئەوانیشی بە دەردی چیرۆکەکانی “عەبدوڵڵا عەباس”هەر بە یەك گوناهـ تاوانبار دەکرد، کە وابوو مەسەلە خاوەنی چیرۆکەکانە و هەلێكی ساکارە بۆ ناو زڕاندنیان، کە وەکو دەریش کەوت بەسەر خۆیدا کەوتەوە. چونکە ئەم دیکتاتۆرییەتەی هەر وا بە ئارەزوو ئەم پاداشت دەکات و ئەوی تر لەناودەبات، ئەگەر لە گشت کۆڕێکیشدا جێگای ببێتەوە، لە کۆماری ئەدەبدا جێگای نابێتەوە.
———————————————
سەرچاوە و پەراوێزەکان
١-بۆ نموونە لەم ڕووەوە بڕوانە: گۆڤاری “الثقافة الاجنبية”ژمارە”٢”١٩٨١، “رأیان في باسترناك”.ل”٦٦”.
-“مایکۆڤسکی”کە شاعیرێكی”فیووچەریستیی”بوو لە تەمەنی”٣٧”ساڵیدا خۆی کوشت، بەر لەوە وتوویە: “پاپۆڕی خۆشەویستیی خۆی لەسەر تاشەبەردەکانی ژیانی ڕۆژانەدا تێكشکاند”.
-خاتو”تسڤێتایێڤا”پاش ماوەیەكی دوورودرێژ لە دوورخستنەوە گەڕایەوە، لە ئەنجامی تووشبوونی بە کۆمەڵێك کارەساتەوە لە سەرەتای جەنگدا خۆی کوشت.
-“یاشفیلی”شاعیرێكی جۆرجییە، لە”٤٢”ساڵیدا خۆی کوشت.
-“ڤادیێیف”پەسەندترین شاعیر بوو بەلای”ستالین”و”ژدانۆف”ـــەوە، پاش ئەوەی لەلایەن هاوڕێ نووسەرەکانییەوە لە سەردەمی”توانەوە”دا تووشی ڕەخنەی توندوتیژ بوو، لە ساڵی ١٩٥٦دا خۆی کوشت.
-“بۆریس پاستەرناك”شاعیر و ڕۆماننووسە، دوای بڵاوکردنەوەی ڕۆمانی”دکتۆر ژیڤاگۆ”-کە خەڵاتی “نۆبڵ”ی وەرگرت-ویسترا دووربخرێتەوە، دوای مردنی مۆری لەعنەتی لەسەر هەڵگیردرا.
-“یەسینین”لە کۆمەڵە شیعری”کۆمەڵێك شیعری هەڵبژاردە”ی وەرگێڕانی”حەسەب ئەلشێخ جەعفەر”دا دەڵێت: “من وەك شاعیرێكی ڕۆمانتیکی ناتوانم بە کاروانی شیعری شۆڕشگێڕیدا بگەم”ل”٢٣”، چونکە “کەشتییەکە حاڵی ئێجگار بەربادە”. پاشانیش خۆی کوشتووە.
٢-گۆڤاری”الأقلام”ژمارە”٩”، حوزەیرانی ١٩٨٠،ل”٧٣”.
٣-سەرچاوەی پێشوو.
٤-“دراسات في الواقعية الاوروبية”، “جورج لوکاتش”وەرگێڕانی”أمير اسکندر”، بەشی یەکەم، ل”٤٣-٦٩”.
٥-“یسینین، قصائد مختارة” وەرگێڕانی “حسب الشيخ جعفر”، ل “١٢٣”.
٦-گۆڤاری “بەیان”، ژمارە”٦٩”، شوباتی ١٩٨١، ل “٣٧”.
٧-سەرچاوەی پێشوو. لێرە بەدواوە پەنجە بۆ ئەم سەرچاوەیە درێژ ناکەین چونکە ئاشکرایە.
٨-گۆڤاری”ڕۆشنبیری نوێ”، ژمارە “٤٥”، تشرینی دووەمی ١٩٧٥، بەشە عەرەبییەکەی، ل”١١”، “انطباعات سريعة عن قصص العدد الماضي”.
٩-گۆڤاری”نووسەری کورد”، ژمارە”٥”، خولی دووەم، تشرینی دووەمی ١٩٨٠، “شیعر لە نێوان لەززەت و هەڵوێستا”، “حەمەسەعید حەسەن”، ل”١٣٢”.
١٠-کۆمەڵە چیرۆکی”کوێرەوەری”،”بلە”، ل”٧٥”.
١١-گۆڤاری”بەیان”، ژمارە”٤٢”، “چیرۆکەکانی ژمارەی پێشووم خوێندەوە””حوسێن عارف”، ل”٤٢”.
١٢-کۆمەڵە چیرۆکی”کوێرەوەری”، ل”٤٧”.
١٣-بڕوانە پەراوێزی ژمارە”٨”.
١٤- بڕوانە پەراوێزی ژمارە”١١”.
١٥-کۆمەڵە چیرۆکی”بە پەنجەکانم دەتبینم””دڵشاد محەمەد ئەمین”، ل”٥٣”.
١٦- بڕوانە پەراوێزی ژمارە”٨”.
١٧-گۆڤاری”ڕۆشنبیری نوێ”ژمارە”٧١”، تشرینی دووەم و کانوونی یەکەمی ١٩٧٨، ل”١١”.
١٨-کۆمەڵە چیرۆکی”زليخة..البعد يقترب”،”جليل القيسي”، ل”٤٥”.
١٩-“الرواية کملحمة بورجوازية”،”جورج لوکاش”وەرگێڕانی”جورج طرابيشي”، ل”١٣”.
٢٠-سەرچاوەی پێشوو، ل”٧٢”.
٢١-سەرچاوەی پێشوو، ل”٧٣”.
٢٢-“تيار الوعي في الرواية الحديثة”،”روبرت همفري”، وەرگێڕانی”دکتور محمود الربيعي”، ل”٤٤”.
٢٣-گۆڤاری”بەیان”ژمارە”٤٤”ی تشرینی یەکەمی ١٩٧٧، ل”٥٨”.
٢٤-گۆڤاری”الآداب الأجنبية”ژمارەی چوارەم، ساڵی پێنجەم، نیسانی١٩٧٩”هل کان همنغواي بطل رواياته ؟!”، ل”٤٦”، “فیلیپ يۆنگ”دەربارەی”پیرە و دەریا”لە ل”٥٩”دا دەڵێت:”دەشێت ئەو ڕۆمانە وەکو چیرۆکێکی ڕەمزیش بخوێنرێتەوە، کە سەرتاپا وێنەی کەسێتیی نووسەرەکەیەتی..”. شایانی باسیشە “زادوق ئادەم”ئەم لێکۆڵینەوەیەی کردووە بە کوردی و لە “هاوکاری”ژمارە”٥٨٦”و”٥٨٧”دا بڵاوی کردووەتەوە.
٢٥-“موسوعة جیمس جویس”،”د.طه محمود طه”لە ل”٣٧٣”دا دەڵێت:”باوکەکە لێرەدا ڕەمزی ئەو هونەرمەندەیە(شەکسپیر، یان جۆیس)کە خۆی دەخاتە ناو کارە هونەرییەکانییەوە..”.
٢٦-“مارسیل بروست و التخلص من الزمن”وەرگێڕانی”نجيب المانع”، خاتو”جێرمین برێ”لە ل”١٨”دا دەڵێت:”ڕۆمانی(گەڕان لە کاتە ونبووەکە) زۆر توندوتۆڵ بە ژیانی نووسەرەکەیەوە بەستراوەتەوە تا ڕادەیەك گشت ئەو ڕووداوانەی باسی دەکات لەو ڕووداوە واقیعییانەوە هاتوون کە لە ژیانی (پڕوست) خۆیدا ڕوویان داوە”.
٢٧-بڕوانە پەراوێزی ژمارە”٢٥”.
٢٨-“نحو رواية جديدة”، “ئالان ڕۆب گرێ” وەرگێڕانی”مصطفى ابراهيم مصطفى”. نووسەر لە ل”٢٦”دا دەڵێت:”مەوزووعییەت بە واتا باوەکەی، واتە ناخودییەکی ببڕای ببڕ لە سەرنجداندا شتێكی خەیاڵییە”.
٢٩-“جماليات المکان”،”جاستون باشلار”وەرگێڕانی”غالب هلسا”،”هۆسرل”ی فەیلەسووف لە ل”١١”ی ئەو کتێبەدا دەڵێت:”مەوزووع نییە بە بێ خود”.
٣٠-گۆڤاری”ڕۆشنبیری نوێ”، ژمارە”٦٤”ی ١٩٧٨، ل”٢٥”.
٣١-“تيار الوعي في الرواية الحديثة”ل”٤٩”.
٣٢-سەرچاوەی پێشوو، ل”٤٦”و”٤٩”.
٣٣-بۆ زیاتر زانین بڕوانە سەرچاوەی پێشوو، بەشی دووەم”جۆرەکانی تەکنیك”ل”٤٢-٨٥”.
٣٤-“الرواية کملحمة بورجوازية”، ل”٦٠”.
٣٥-أشکال الرواية الحديثة”،”فردريك ج. هوفمان”لە “ألدوس هیکسلي و رواية الافکار”ل”٢٥٢”ی ئەو کتێبەدا دەڵێت:”عەیبی سەرەکیی لە ڕۆمانی فیکردا لەوەدایە کە پێویستە لەسەرت دەربارەی خەڵكێك بنووسیت بیروباوەڕی ئەوتۆیان هەبێت دەری ببڕن. ئەمەیش ئەوە دەگەیەنێت گشت خەڵكی لابدەیت و تهنیا یەك کەس لە هەزاردا لە خێزانی مرۆڤایەتی بگریت”. لە ل”٢٦٣”یشدا دەڵێت:”کاتێك وتارنووس هەوڵدەدات گیانێك بکات بە بەر بیروڕاکانیدا، ڕۆمانی فیکر سەر هەڵدەدات”.
٣٦-“کاکە مەم بۆتانی” دە ساڵ بەر لە ئێستا ئەمەی لە گفتوگۆیەکدا لە ڕۆژنامەی”هاوکاری”دا وتووە، بەڵام داخەکەم ئەو ژمارەیەم لەبەر دەستدا نەبوو تا ژمارە و مێژووەکەی دابنێم.
٣٧-“المدخل الى علم الجمال”، وەرگێڕانی”جورج طرابيشي”، ل”٦٤”.
٣٨-“واقعية بلا ضفاف”، “روجيه غارودي”وەرگێڕانی”حليم طوسون”ل “١٠٥-١٣٥”.
٣٩-سەرچاوەی پێشوو، ل”٣٥”.
٤٠-گۆڤاری”الاقلام” ژمارە”٩”ی ساڵی ١٩٨٠، پێشەکی ڕۆمانی”عندما تغادر الحيتان”، ل”١١٢”.
٤١-بۆ نموونە بڕوانە شانۆگەریی”سوء تفاهم”و”چاوەڕوانیکردنی گۆدۆ”.
٤٢-گۆڤاری”بەیان” ژمارە”٤٠-٤١” ئازاری ١٩٧٧، ل”٦٦”.
٤٣-بڕوانە پەراوێزی ژمارە”١١”.
٤٤-“تيار الوعي في الرواية الحديثة”، “روبرت همفري” لە ل”٥٨”دا دەڵێت:”موناجاتی دەروون”یان ڕازو نیاز لەگەڵ خۆدا-ئەگەر بشێت وەهای ناوبنێین-“تێکەڵ کردنێكی سەرکەوتووانەیە لە شەپۆلی هۆش و لە کرداری دەرەوە”. لە ل”٥٦”یشدا دەڵێت:”ئەم تەکنیکە ناوەوەی زەین و کارە زەینییەکانی پاڵەوانەکە ڕاستەوخۆ لە پاڵەوانەوە بۆ خوێنەران دەردەبڕێت، بەڵام بە جۆرێك کە وەها دانرابێت جەماوەرێكی بێدەنگ هەیە”،” مەبەستیشی گەیاندنی هەست و نەست و بیرە پەیوەندەکانە بە داڕشتنە هونەرییەکە و کردارە هونەرییەکەوە”.
٤٥-“چوار جۆرە تەکنیکی سەرەکی هەیە لە شەپۆلی هۆشدا بەکاردەهێنرێن ئەوانەیش: مەنەلۆژی ناوەوەی ڕاستەوخۆ و مەنەلۆژی ناوەوەی ناڕاستەوخۆ و وەسف لە ڕێگای زانیاریگەلێکی ئێجگار زۆرەوە و ڕازونیاز لەگەڵ خۆدا”..سەرچاوەی پێشوو، ل”٤٢”.
٤٦-“جماليات المکان”، “جاستون باشلار”، ل”٣١”.
٤٧-“قضايا الرواية الحديثة”، “جان ريکاردو” وەرگێڕانی”صياح الجهم”، ل”١٨ و ١٩”.
٤٨-“عشر روايات خالدة”، “سومرست موم”، پێشەکییەکەی، ل”١٣”.
*سەرچاوە: گۆڤاری بەیان، ژمارە(٧٢)، ١٩٨١. ل: ٢٠-٣٩.
پیرە هەڵۆ.. نەوشیروان ئازاد
لێم ببورە و …..پیـــــرە هەڵـــــۆ
تۆ نەتوانی
لەشەوانی ئەنگوستە چاو ..
تولە ڕێیەک بەدی بکەی…
چۆنە…باسی ،
بەخشندەیی …
مانگ و ئەستێرەم بۆدەکەی ..
٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭
لێم ببور .. پـیرە هەڵۆ…
پێم مەڵێ بۆ…؟
لەوەتەی هەم ،
من تەتەری ..شەوانی تار و بێ نورم
من ڕێبواری …
شەوانی سەختی دەیجورم
زۆر دەترسم …جەردەیەک بێ و
باسی ، جوانی و باسی عەشق و
باسی دڵی خۆیم بۆبکا…
ئەزانی بۆ…؟
ئاخر چونکە ..مارانگازی
دەستی دز …. و
دەستی چەتەو
دستی جەردەی ..شەوە ڕێگام
من لەسۆزی ئەوینداری ..
شوڤارەکان هیچ تێ ناگەم ..
چون دەزانم …
چاوی تیژی هیچ بەکرێ..
چەن شارەزاو
چەن لێزان بێ
کاکە (مەم ) ێ … بۆ ماڵی (زین)
ناباتەوە…
باش دەزانم …
گوڵ کە….. وەری ..
بەهاریش بێت..
نایەتەوە …
نەوشیروان ئازاد
سلێمانی
20/21.9. 2017
ڕاڤەیتر3: من خۆمم.. ئازاد حەمە
3
خۆبوون وەرچەرخانی چاوەڕواننەکراو دروستدەکات
لەساتەوەختی ئیستادا و لە کۆمەڵگە هاوچەرخەکاندا خۆبوون(بوون بە خۆ)کەوتووەتە ناو قەیرانێکی بووناویی دژوارەوە. ئاوا گوتنێک، بە واتای زەبوونکردن و بێهێزکردنی من، خودی خۆبوون، نایەت، بەقەد ئەوەی واتای خۆبوون تەقەلایەکە بۆ بینینی من(خۆبوون) لە زیاد لە گۆشەیەكەوە و، وەکیتر، ئاوڕدانەوەش لە گوزارەی “من تۆ نییم”، دروستکەری تێگەیشتنە لەسەر خۆبەدیهێنان و پەنجەخستنەسەر گرنگیی منایەتی گشت منێک.
گومانمان لەوە نییە، ڕوانگەگۆڕین سەبارەت بە منی گشت منێک، یان چۆنیەتی دروستبوونی پرۆسەی خۆبوون ئاسان نییە، بەڵام پێویستمان بەوەیە، ئەوەش بزانیین،کە (منبوون) و (تۆبوون) دوو جۆرن لە منایەتی؛ دوو جۆرن لە خۆبوون. ئەڵبەتە، هیچ خۆبوونێک بوونی نییە تا منێک ئەم خۆبوونە لەخۆیدا بەرجەستەنەکات. لێرەدا ئەوەش هەر جێگای باسە،کە (من خۆم نابم) تا منێک بوونی نەبێت. سەرباریئەوە، (من خۆمنابم) تا لە ووردەکارییەکانی فێرکارییە ڕەوشتییەکان حاڵینەبم، کە ئەوانەش””ئەرکەکانمن بەرامبەر بە خودی خۆم،بەرامبەر بە ئەویتر، بەرامبەر بە خودا””.
تەماشاکردنە کڵۆڵ و بێ پێگە هزرییەکان (خۆبوون) وەک بابەتێکی چڕوپڕی فەلسەفیی مامەڵەناکەن. لەبەرئەوە گۆشەنیگا لەسەر خۆبوون، ئەوەی، کە من خۆمم و ئەویتر نییم، یان تۆنییم، زۆرە، لێ پوخت و پاراوترین گۆشەنیگا لەوبارانەوە هەردەم فەلسەفییەکانە. (خۆبوون)،کە بابەتێکی قووڵی فەلسەفییە،ئەوەمان پێدەڵێت، کە دامان، بەبێ بیرکردنەوە، لەبەردەم (من)؛ مەبەست منی مرۆڤ، نامانگەیێنێتە هیچ کوێ. بۆیە، بۆئەوەی منێک هەبێت پێویستمان بە گومانە.
ڕاناوی (من)بۆ هەرکەسێک گوزارشتە لەوەی بیرکردنەوە لە(من)بیرکردنەوەیە لە کەسێک کە هەیە؛ ئەو بیرکردنەوەیە ئەو منە دەباتەناو دڵی خۆبوونەوە. واتە تا(من) بۆ خودیخۆ نەبێتە جێیباس هەرگیز گومان و ڕاچڵەکین لە منی کەسەکاندا سەوزنابێت. چونکە(بەخۆبوون) بوونە بە کەس، کەس وەک منێک، وەک مرۆڤێکی سەربەخۆ. لە هەمانکاتدا، قسەی مرۆڤەکان لەسەر منی خۆیان مژدەیە لەسەر دروستبوونی ناسنامەی کەسیی. لێ منێکی شکستخواردوو هەردەم منێکی بێ من و بێ ناسنامەیە. منی وا لەوەش حاڵی نییە، کە نییە.
سەراپای بابەتی(خۆبوون)ڕۆنیشتنە لەسەر چۆن منی خۆمان بدۆزینەوە؛ چۆن وابکەین بوونی خۆمان بەهەدەر نەدەین. لەو سۆنگەشەوە ئەوەش دەڵێین، کە(من خۆمم) واتە (منی من)لەناو خۆمدا ناسنامەی خۆی هەیە.
لەسەر بناغەی ئەوەی لای سەرەوە گووترا دەپرسین:باشە منی مرۆڤ تراویلکەیە(سەرابە)؟پێکۆڵیکردن (پێداگرییکردن )لەسەر من پاڵنەرە بۆ نزیکبوونەوە لە خود؟ بێگومان قسەکردن لەسەر (من)، یان گشت منێک، ناسنامە و هەبوونێکی خۆی هەیە و پرسێکی گرنگیی فەلسەفیشە.
زۆرجار پێویستمان بەوەیە دەرگیریی(گرفتاریی)خودی خۆمانبین.کە ئەمە ڕووبدا، کەواتە ئێمە منی خۆمان دۆزیوەتەوە. دۆزینەوەی (من) وەکیتر دۆزینەوەی خودی خۆیە. لێرەدا سەمەرە ئەوەیە، کە(من) ئامادە نەبێت دەرفەت بۆ هەبوونی ئەم منە برەخسێنێت. جاری وایە ئەوەندەی منەکان منی خۆیان پەراوێزدەکەن ئەویتر ئەوەناکات.
ئەو دەمەی (من خۆمنییم) ئیتر منێکی تر لە دەرەوەی منی خۆم بوونی نییە، کە دروستکەری ناسنامەی بوونی من بێت. زۆرجاریش فشارە کۆمەڵایەتییەکان مرۆڤەکان لە خۆبوون دەخات. بۆیە ڕۆچوونە نێو باسی(من خۆمم)دیوی دووەمی خۆبوون و خۆناسییە. خۆناسیی و منناسیی بەرەو ئەو شوێنەمان دەبات پێیدەڵێن سروشتی مرۆڤ.
سەرباریئەوە، خۆبوون واتە بوون بە خۆ(خودی خۆناسیی). کاتێک مرۆڤ دەگاتە ئەو ئاستەی خۆیبێت، پتر لە ڕابردوو،یان زۆرتر لەو کاتانەی خودیخۆی لا مەبەست نەبووە لە خودی خۆی نزیکدەبێتەوە. بەم جۆرە بێت خۆبوون وا لە منی هەر یەکێکمان دەکات ببینە هاوڕێی خۆمان.
بۆ بیریارێکی وەک نیتچە چەمکی (بوونبەخۆ) واتە بوون بەو کەسەی کە هەیت. گەر خۆبوون، یان منایەتی منێک لەسەر ئەم ئایدیایە کاربکات کەواتە کەسی ناوبراو پێویستە بەپێچەوانەی ڕێسا کۆمەڵایەتیەکان، یان نەرێتە باوەکان و ئاکاری سەپێنراو ڕەفتاربکات. خۆبوون بۆ بەختەوەرییش مانادارە. ئەوەتا ئێپکتیتۆس Epictetus،بیریاری دیاری رۆمانییەکان پێوابوو””سەرچاوەی بەختەوەری لەناوخۆی مرۆڤدادایە نەک لە شتە دەرەکییەکان””.
(خۆبوون)گەڕانەوەیە بۆ خودی خۆت. ئەمەش وادەکات منی خۆت ببینیت؛ جیاشیکەیتەوە لە منی ئەویتر. کاتێک خۆتدەبیت، خۆتت لا پەسەند دەبێت. ئەوەش هەر شایانی باسە، کە(خۆت بە)، ڕهگوڕیشاڵی خۆبوونە. ئەمە ئافراندنە، هیواشە لەبەردەم مندا تا هەبێت. هاوکات منبوون کۆڵەکەی کەسێتی تێروتەسەلە. ئەمە بەو واتایەش دێت، کە (خۆت بە) دەکارێت ببێتە کارکردەی زۆرێک دیوی ئەرێنی لە مندا.
ئەوەش با بگووترێت، کە چەند ئێستامان هاوکارمانە خۆمانبیین؟ژیانی تازەی مرۆڤەکان لەزۆر ڕووەوە لەبار نییە بۆ بوونە خۆمان. ئەم ژیانە تازەیە دابڕاوماندەکات لە ڕاستیی بوونی خۆمان. ئێستامان جۆرێکی تر لە نامۆبوون بەرهەمدێنێت، کە بەبەراوورد بە ژیانی پێشوو تایبەتمەندی خۆی هەیە.
لە کۆتاییدا هێما بۆ ئەو لایەنەش دەکەین، کە مخابن منەکانی کۆمەڵگەی ئێمە گرفتخوڵقێن و لێوڕێژن لە بێئاگایی لە خودی خۆیان. منی کۆمەڵگەی ئێمە منێکی پەژارە و پەرتە؛ منێکە هەردەم کۆچەر و ڕەوەندە. دەمێکە ئەم جۆرە منە لە نیگایدا حەسرەت و گەڕۆکی تیاپەنهانە. دەتوانین بڵێین منی ئێمە لە هەنووکەدا یەکانگیر و تۆکمە نییە و بەدگومانانەش لە بوونی خۆی دەڕوانێت. بەهەڵکەوت نەبێت، منەکانی ئێمە سەرقاڵی خودی خۆی نابێت. لەوە سەیروسەمەرەتر، منی ئێمە بە ئەویترەوە گرتوویەتی. واتە، بۆ منی ناوبراو(من)ی خۆی جێیباس نییە؛ ئەوە منی ئەوی دیکەیە کە چاویلکەکەی لەسەرە. بۆیە(منی ئێمەی کورد) لە هەمبەر خودی خۆیدا زۆر کرچوکاڵ و بۆشە.
ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی
تاوانبارە بێدەنگەکان؛ کاتێک شاشەکان دەبنە چەکی توندوتیژی.. سارا ئازاد محمد
لە سەردەمی کلاسیکدا، تاوان دیاردەیەکی فیزیکی و ڕووبەڕوبوونەوەیەکی جەستەیی بوو، کە تێیدا تاوانبار بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی پێویستی بە ئامادەیی ماددی و هێزی بازوو هەبوو. بەڵام لە گواستنەوەی بەرەو سەردەمی مۆدێرنیتە و باڵادەستیی فەزای دیجیتاڵی، سروشتی توندوتیژی گۆڕانکارییەکی ڕیشەییی بەسەردا هاتووە؛ مرۆڤی لادەر چیتر پێویستی بە ماسک و چەکی ماددی نییە، بەڵکو لە پشت ڕووناکی شاشەکانەوە، جۆرێکی نوێ لە مەترسیی مۆدێرن بەرهەم دەهێنێت کە دەکرێت پێی بوترێت “تاوانی بێدەنگ”.
شاشە بچووکەکانی بەردەستمان، لە ئامرازێکی پەیوەندییەوە کە بڕیار بوو جیهان لێک نزیک بکەنەوە، گۆڕاون بۆ چەکێکی کوشندە و ترسناک کاتێک دەکەونە دەست کەسانی لادەر. ئەم تەکنەلۆژیایە لە یەک کاتدا دوو ئەرکی دژبەیەک و لێکدابڕاو دەبینێت؛ لە لایەکەوە دەبێتە قەڵغانێکی گریمانەیی بۆ شاردنەوەی ناسنامە و ڕوخساری ڕاستەقینەی تاوانبار، لە لایەکی تریشەوە دەبێتە سەکۆیەک بۆ ئاڕاستەکردنی توندوتیژیی دەروونی. ئەم گۆڕانە وای کردووە کە تاوانبار بە بێدەنگی و بەبێ بینینی ئازاری ڕاستەقینەی قوربانییەکە، قورسترین زیانی دەروونی، کۆمەڵایەتی و مرۆیی بە ژیانی ئەوانەی تر بگەیەنێت.
لە ناو جەرگەی ئەم گۆڕانکارییە تەکنەلۆژییەدا، دیاردەی هەڕەشەکردن و شێواندنی ناسنامەی ئافرەتان وەک یەکێک لە قێزەونترین جۆرەکانی توندوتیژیی نوێ سەریهەڵداوە. تاوانبار بە هێزی بەرنامە پێشکەوتووەکانی ژیریی دەستکرد، تەنیا لە ڕێگەی وێنەیەکی ئاسایی دەموچاوەوە، فۆرمێکی ساختەی ڕووت یان ڤیدیۆیی وا بەرهەم دەهێنێت کە جیاکردنەوەی لە ڕاستی ئەستەمە. ئامانجی سەرەکیی ئەم کردەوەیە ناوزڕاندن و تێکشکاندنی پێگەی دەروونی و کۆمەڵایەتیی ئافرەتە لە ناو فەزای خێزان و کاردا. تاوانبارانی ئەم سەردەمە بە چاکی لە دەروونناسیی کۆمەڵگە و پێکهاتە کەلتوورییەکان تێدەگەن؛ ئەوان دەزانن کە چەمکی “شەرەف” و “پێگەی کۆمەڵایەتی” چەندە هەستیارن، بۆیە ئەم بەرهەمە ساختانە وەک بارمتەیەک بۆ دەستکەوتی دارایی، شکاندنی کەڕامەت و سەپاندنی هەژموونی خۆیان بەکاردەهێنن.
مەترسیی ڕاستەقینەی ئەم دیاردەیە تەنیا لە خودی کردەوەی تاوانبارەکەدا کورت نابێتەوە، بەڵکو لە کاردانەوەی پاشکەوتووانەی کۆمەڵگەشدا ڕەنگدەداتەوە. کاتێک کۆمەڵگە لە جیاتی سزادانی هێرشبەرەکە و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی، پەنجەی لۆمە ئاڕاستەی قوربانییەکە دەکات، بە نائاگایی (یان ئاگادارانە) دەبێتە هاوکاری سەرەکیی تاوانبارەکە. ئەم جۆرە لە ڕەفتار و مامەڵە بەرانبەر قوربانی، دەبێتە هۆی ئەوەی کە زۆرێک لە ئافرەتان پەنا ببەنە بەر بێدەنگییەکی بکوژ؛ بێدەنگییەک کە نەک هەر کێشەکە چارەسەر ناکات، بەڵکو دەبێتە گونجاوترین ژینگە بۆ گەشەکردن و بەردەوامیی تاوانەکە.
بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی ئەم توندوتیژییە سیستماتیکە، پێویستە یەکەم چەک کە “ترس و گۆشەگیرییە” لە دەستی تاوانبارەکە دابماڵرێت، چونکە هێزی تاوانباری پشت شاشە تەنیا لە بێدەنگیی قوربانییەکەوە سەرچاوە دەگرێت. کاتێک متمانەی خێزانی و هۆشیاریی تەکنەلۆژی دەبنە پاڵپشت و قوربانی دڵنیا دەبێتەوە کە خێزانەکەی لە سروشتی تەڵەکە و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا تێدەگەن، قەڵغانی ساختەی تاوانبارەکە دادەڕمێت. لێرەوە، ڕۆڵی دامەزراوە فەرمییەکانی وەک “بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەڕەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان” دێتە پێشەوە؛ ئەم دامەزراوانە پێویستە بە پەیڕەکردنی “نهێنیپارێزیی ڕەها” و دابینکردنی ژینگەیەکی ئارام بۆ سکاڵا، متمانەی قوربانییەکان بەدەستبهێننەوە و یاسا وەک ڕووناکییەک بەسەر تاریکیی ئەم تاوانەدا بڵاو بکەنەوە.
پاراستنی فەزای دیجیتاڵی چیتر دابڕاو نییە لە پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی، بەڵکو بەشێکی بنەڕەتییە لێی. گۆڕینی ڕوانگەی کەلتووری بەرامبەر بە قوربانیانی تاوانی ئەلیکتڕۆنی، هۆشیارکردنەوەی خێزان و توندکردنی یاساکانی سزادانی دیجیتاڵی، تاکە ڕێگەن بۆ گۆڕینی شاشەکان لە ئامرازی توندوتیژییەوە بۆ هۆکاری پێشکەوتن. مرۆییبوونی ئێمە لە جیهانی هاوچەرخدا لەوەدا کورت دەبێتەوە کە نەهێڵین هیچ مرۆڤێک لە پشت شاشەکانەوە ببێتە نێچیر و ڕێگا نەدەین بێدەنگی ببێتە چەترێک بۆ پاراستنی کەسە زاڵم و بێ ویژدانەکان.
سارا ئازاد محمد
ماستەر لە كۆمەڵناسی تاوان
پەیوەندیی سێکسی نێوان مامۆستا و خوێندکار: پرسیارێک لەسەر دەسەڵات، ڕەزامەندی و ئەخلاق.. نووسینی هێمن عەلی
توڕەیی و هەستکردن بەرامبەر بە نادادپەروەری و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات، کاردانەوەیەکی سروشتی و ڕەوایە. قۆستنەوەی پێگەی دەسەڵات، بە تایبەتی لە دامەزراوە ئەکادیمییەکاندا، یەکێکە لە مەترسیدارترین و زیانبارترین جۆرەکانی پێشێلکاری. دەستەواژە فینلەندییەکە (Hän uhriutuu, hän haluaa pestä kätensä) ئاماژە بەو هەڵسوکەوتە دەکات کە کەسێک لەبری دانپێدانان بە هەڵە و بەرپرسیارێتیی کردارەکانی، خۆی وەک قوربانی نیشان دەدات و هەوڵ دەدات خۆی لە لێپرسینەوە و ئەنجامەکانی کردەوەکانی دوور بخاتەوە.
ناوەندە ئەکادیمییەکان، وەک زانکۆ و پەیمانگاکان، دەبێت ژینگەیەکی ئارام، پارێزراو و دادپەروەر بن کە تێیدا زانست، لێهاتوویی و شایستەیی تاکەکان تەنها پێوەری هەڵسەنگاندن بێت. بەڵام کاتێک ئەم دامەزراوانە دەبنە شوێنی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و قۆستنەوەی لاوازیی خوێندکاران بۆ مەرام و بەرژەوەندیی کەسی، زیانەکە تەنها بە قوربانییە ڕاستەقینەکان ناگات، بەڵکو شکۆ، باوەڕپێکراوی و کەرامەتی سیستەمی پەروەردەش دەخاتە مەترسییەوە. لەو بارودۆخەدا، متمانەی کۆمەڵگا بە دامەزراوە ئەکادیمییەکان لاواز دەبێت و بنەماکانی دادپەروەری، یەکسانی و شایستەسالاری زیانی پێ دەگات.
پەیوەندیی مامۆستا و قوتابی
پەیوەندیی نێوان مامۆستا و خوێندکار لە بنەڕەتدا پەیوەندییەکی نایەکسانە. مامۆستا خاوەنی دەسەڵاتی هەڵسەنگاندن، نمرە و بڕیاردانە لەسەر داهاتووی ئەکادیمیی خوێندکار. لەبەر ئەم هۆکارە، لە وڵاتە خاوەن سیستەمە دیموکراسی و پێشکەوتووەکاندا، هەر جۆرە نزیکبوونەوەیەکی سۆزداری یان سێکسی لەلایەن مامۆستاوە بەرامبەر خوێندکار بە توندی قەدەغەکراوە. پاساوی “ڕەزامەندیی هەردوولا” لەم جۆرە کەیسانەدا بەتاڵە و جێگەی قبوڵ نییە، چونکە بژاردەی خوێندکارەکە لەژێر پاڵەپەستۆی کاریگەریی دەسەڵات، ترس، شەرم، یان تەنانەت بەرژەوەندیی ئەکادیمیدایە. ئەم جۆرە هەڵسوکەوتە ڕاستەوخۆ دەچێتە خانەی قۆستنەوە (Exploitation) و پێشێلکارییەکی گەورەی ئەخلاقی و پیشەییە.
بەکارهێنانی پیرۆزییەکان بۆ داپۆشینی هەڵە و بەرپرسیارێتی
یەکێک لە مەترسیدارترین دیاردەکانی ناو کۆمەڵگا ئەوەیە کە کەسانی خاوەن پێگەی کۆمەڵایەتی، سیاسی، یان ئایینی، پیرۆزییەکانی کۆمەڵگا وەک وەسیلەیەک بەکاربهێنن بۆ پەردەپۆشکردنی هەڵە و تاوانەکانیان. کاتێک کەسێک، بەتایبەتی ئەوانەی خۆیان وەک نوێنەری ئایین دەناسێنن، هەوڵ دەدات لە ڕێگەی گوتاری ئایینییەوە خۆی وەک “قوربانی” نیشان بدات یان دەستی خۆی لە تاوانێک بشوات، نەک تەنها ستەم لە قوربانییە ڕاستەقینەکە دەکات، بەڵکو گەمە بە هەستی باوەڕداران و بەها باڵاکانیش دەکات. ئەم کەسانە لەبری ئەوەی باجی هەڵەکانیان بدەن، هەوڵ دەدەن کۆمەڵگا بکەنە قەرزاری خۆیان و ڕاستییەکان چەواشە بکەن.
بەرەو ژینگەیەکی یاسایی و پارێزراوی ئەکادیمی
بۆ ڕیشەکێشکردنی ئەم دیاردەیە لە هەرێمی کوردستان، تەنها ئیدانەکردنی کۆمەڵایەتی و ڕەخنەگرتن بەس نییە. ئەم کێشەیە پێویستی بە چارەسەری دامەزراوەیی و یاسایی هەیە. کۆمەڵگا گەیشتووەتە قۆناغێک کە تێیدا پاراستنی خوێندکاران و سنووردارکردنی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات دەبێتە پێویستییەکی ناگوزیر.
دانانی یاسایەکی ڕوون و کاریگەر:
پێویستە دەزگا یاسادانەرەکان و وەزارەتی خوێندنی باڵا یاسا و ڕێنمایییەکی ڕوون دابنێن کە سنووری پەیوەندییە پیشەییەکان دیاری بکات و سزای گونجاو بۆ هەر جۆرە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات یان قۆستنەوەی خوێندکاران لەخۆ بگرێت.
پاراستن و پشتگیریی قوربانییان:
گرنگە ناوەند و میکانیزمی سەربەخۆ لە ناو زانکۆکاندا دامەزرێندرێت بۆ وەرگرتنی سکاڵاکان بە شێوەیەکی نهێنی و پاراستوو، تا خوێندکاران بتوانن بێ ترس لە ناوزڕاندن یان تۆڵەسەندنەوە، مافەکانیان داوا بکەن.
بەهێزکردنی سەروەریی یاسا:
هیچ کەسێک نابێت لە سەرووی یاساوە بێت. پێگەی ئەکادیمی، کۆمەڵایەتی یان ئایینی نابێت ببێتە هۆی دەربازبوون لە لێپرسینەوە. بە پێچەوانەوە، ئەوانەی پێگەیەکی کاریگەریان هەیە دەبێت زیاتر پابەند بن بە بنەماکانی ئەخلاق و بەرپرسیارێتی، چونکە ئەرکی پێگەیاندن و ڕێنماییکردنی نەوەکان لەسەر شانیانە.
کاتی چاکسازی هاتووە
لە کۆتاییدا کۆمەڵگایەکی تەندروست ئەو کۆمەڵگایەیە کە تێیدا یاسا سەروەرە و بێلایەنانە لاوازەکان دەپارێزێت. قبوڵکردنی فەزاحەتی ئەکادیمی و بێدەنگبوون لێی، هاندەرە بۆ دووبارەبوونەوەی تاوانەکان. کاتی ئەوە هاتووە کۆمەڵگا و دامەزراوەکان پێداگری لەسەر دروستکردنی قانونێکی وا بکەن کە کۆتایی بە بێسزایی بهێنێت، بۆ ئەوەی چیتر نە زانکۆ و نە مینبەرەکان نەبنە پەناگەیەک بۆ ئەوانەی دەسەڵاتەکانیان خراپ بەکاردەهێنن.
کوردبوون.. فواد سەعید
کوردبوون بونیاتە و شوناسە.لە ئەزلەوە کوردبوین و هەر کوردیش دەبین.کوردپەروەری وابەستەی شوێن و کەلتوری ناوچەیەکی دیاریکراو نیە.بەلکو هەر کەسێک بە زمانی نیشتیمان قسە بکە ،ئەوە کوردە. ئەوەی ئێستا دەبینین هەندێک لایەن، بابەتی کوردبوون و پرسی کوردبوون ،پەیوەندیدار دەکەن بە جوگرافیایەکی دیاریکراو .ئەمەش غەدرێکی مێژوییە بەرانبەر بە پرسی کورد بون دەکرێت.واتایەکی تر کوردێکی فەیلی ،یان کوردێکی زاخۆیی بە جل و بەرگی خۆیانەوە ،بەرجەستەی کوردبونی خۆیان دەکەن وە کوردنن .بەلام ناتوانن قۆرغی کوردایەتی بکەن.
.بۆیە دەمەوێت لە رووی زانستیەوە ،رەهەند و چەمکی کوردبوون ،بخەمە روو.
ناوی کورد لە ڕووی زانستییەوە هێمایە بۆ ئێثنیکە کوردێکی دانیشتوی مهاباد، هەولێر، ئامەد، عەفرین یان دانیشتوی بەغداد، تەهران، بەرلین و واشنتۆن لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی سەر بە چی نەتەوەیەکی، بێ جیاوازی شوێن و کات، دەڵێت من کوردم، مەبەستی لە کوردبوون چییە؟ گومانی تێدا نییە، کە لەوانەیە زۆربەیان هەر لە شێوەزمانی یەکتریش تێنەگەن، دوور نییە بەشێکی هیچ شێوەزمانێکی کوردیش نەزانێتستی (Etnihnicity) کوردی ، کە بە هۆی خەسڵەتێک لە خەسڵەتەکانی شوناسی ئێثنیستیی وەکو زمان، ئاین یان کەلتور هتد، لە ئێثنیستیەکی تر جیادەکرێتەوە. بەو مانایە بێت، کە دەڵێین، کوردبوون، واتە بەڕووی دەرەوە جیاوازبوون لە ئەوەی تری وەکو، فارسبوون، عەرەببوون یاخود تورکبوون و بەڕووی ناوەوەش هاوبەشیبوون یاخود لێکچونی بەلایەنی کەمی یەک لە خەسڵەتەکانی وەکو زمانێکی هاوبەش، ئاینێکی هاوبەش، کەلتورێکی هاوبەش یاخود خاکێکی هاوبەش. لە ڕاستیدا نە لە ئێستا و نە لە ڕابردوودا نەتەوەی کورد هەرگیز خاوەن یەک زمانی هاوبەش، یەک دەسەڵات، خاک، یان ئاینیێکی هاوبەشی تاکرەنگی سەرتاسەری نەبووە، لەبەر ئەوەش ناکرێت باس لە کەلتورێکی هاوبەشی یەکرەنگیش بکرێت، چونکە کە وتمان کەلتوری هاوبەش، ناکرێت تەنها ڕەنگدانەوەی بەشێکی واقیعی کۆمەڵگەی کوردەواری بێت و بەشەکانی تر نابینا بکات. جگە لەمەش ئاسان نییەکەلتوری کوردەواری بەهۆی هاوبەشی مێژویی و ئاینی و مەزهەبی لە کەلتوری گەلانی ناوچەکە جیابکرێتەوە. کۆمەڵگەی کوردەواری لە ڕابردوو و ئێستا نەک هەمیشە لە ڕووی ئاین و مەزهەب و شێوەزاری زمان و دەسەڵاتی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەناوخۆی فرەرەنگ و هەمەجۆر بووە و جیاوازییەکانی نێوانی چەند باری لێکچوەکانە بەڵکو هاوبەشییە مێژویی و ئاینیی و کەلتوریەکانی لەگەڵ نەتەوەکانی ناوچەکە گەر لەگەڵ هاوبەشیی یاخود لێکچووە ناوخۆیەکانی کوردبوون زیاتر و بەهێزتر نەبێت، ئەوا بەلایەنی کەم هاوتایە. کەواتە چ شتێک یان تایبەتمەندیەک کوردبوون لە عەرببوون و فارسبوون و تورکبوون جیادەکاتەوە و چ تایبەتمەندیەکیش خاڵی هاوبەش کوردبوونە؟ یاخود ئەم خەسڵەتە هاوبەشانە چین، کە تاکێکی کورد بە تاکێکی تری کورد دەبەستێتەوە، جگە لە ناوی کورد، زمانێکی هاوبەش، خاک و دەسەڵاتێکی هاوبەش، مێژووی هاوبەش، ئاینی هاوبەش و کەلتورێکی هاوبەش؟
کە کوردێکی هەولێر،مهاباد،ئامەد،کۆبانێ، عەفرین،سەرێ کانی،یان دانشتوی بغداد،دانشتوی تهران ،بەرلین،واشنتۆن، لە وەلامی ئەوەی سەر بە چی نەتەیەکی ،بەبێ جیاوازی شوێن و کات،دەلێت من کوردم.مەبەستی لە کوردبون چیە؟ گومانی تێدا نیە؟ کە لەوانەیە زۆربەیان لە شێوەزمانی یەکتر تێنەگەن، دوور نیە بەشێکی هیچ شێوە زمانی کوردی نەزانێت.
ئەگەر هەر یەکێک لەمانە بخرێتە ژێر میکرۆسکۆبی زانستیەوە، ئەوە ئەنجامەکەی ڕوونە، کە هاوبەشی یاخود لێکچویی ڕەهای هەر یەکێک لەم خەسڵەتانە، بە تەواوی، واتە بە شێوەیەکی ڕەها بەرجەستە نین، بەڵکو ڕێژەیین، چونکە نەتەوەی کورد خاوەنی زمانێکی هاوبەشی سەرتاسەری نییە، کە بە هۆیەوە هەموو کورد بتوانێت لە یەکتر تێبگەن. ئەوەی پێدەگوترێت زمانی کوردی، تەنها ئاماژەیە بۆ کۆکراوەی چەند شێوەزارێکی زمانی کوردی، نەک زمانێکی هاوبەشی سەرتاسەری، جگە لەمەش هەمو شێوەزارەکانیش لەژێر کاریگەری زمانی گەلانی تری ناوچەکە بوون و پێچەوانەکەشی هەر دروستە. نە لە ئێستا و لە مێژوی دوور و درێژی نەتەوەی کورد خاوەن جوگرافیایەکی هاوبەشی سەرتاسەری نەبووە، کە لە ڕووی ئیداری و سیاسیەکەیەوە دەسەڵاتی بەسەردا هەبووبێت. وەک ئاشکراشە کورد خاوەنی یەک ئاینی هاوبەش نییە، بەڵکو پێکهاتوە لە ئاین و مەزهەبی جیاواز. تا ئێستا هیچ بەڵگەیەکی مێژوویی باوەرپێکراویش دەربارەی بوونی ئاینێکی هاوبەشی سەرتاسەری لە قۆناغێک لە قۆناغەکانی مێژووی کورد بوونی نییە. ئەوەی هەیە تەنها بۆچون و خەیاڵە، نەک ڕاستی سەلمێندراو. ئەوەی پەیوەندیی بە هاوبەشی بایۆلۆژیش هەیە، کە کۆن پێدەوترا، نەژادی هاوبەش، بە زمانی ئاسایی هاوخوێن و هاوگۆشتی پێدەڵێن، ئەوا ئێستا باسکرن لێ بۆتە عەیبە، چونکە چەندان نموونەی مێژویی سەلمێنەری ئەوەن، کە لە زۆربەی ناوچەکانی جیهان و بە تایبەتیش ئەو خاکەی ئێمە پێی دەڵێن کوردستانی گەورە، لەوەتەی هەیە، مەڵبەندی تێکەڵابوونی نەتەوەو و کەلتوری جیاوازە.
کەواتە لە ئێستادا، کە کوردێکی دانیشتوی مهاباد، هەولێر، ئامەد، عەفرین یان دانیشتوی بەغداد، تەهران، بەرلین و واشنتۆن لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی سەر بە چی نەتەوەیەکی، بێ جیاوازی شوێن و کات، دەڵێت من کوردم، مەبەستی لە کوردبوون چییە؟ گومانی تێدا نییە، کە لەوانەیە زۆربەیان هەر لە شێوەزمانی یەکتریش تێنەگەن، دوور نییە بەشێکی هیچ شێوەزمانێکی کوردیش نەزانێت. باسی جیاوازی ئاینی و مەزەهەبی یاخود جیاوازی ناوچەی و خێڵەکی هەر ناکەم. کەواتە هاوبەشی یاخود لێکچویی کەسێکی خەڵکی دەرسیم لەگەڵ کەسێکی خەڵکی مەهاباد یان خانەقین زۆرترە یان جیاوازیەکان؟ ئەگەر شوناسێکی تری هاوبەش نەبێت، کە شوناسی نەتەوەیی کوردبوونە؟ شوناسی نەتەوەی کوردبوونیش وەکو هەر شوناسێکی تری نەتەوەیی، بیرێکی دروستکراو و خەیاڵکراوە لە ڕێگەی دروستکردن، یاخود وێناکردن و خەیاڵکردنی زمان و ڕەچەڵەک و مێژو و جۆگرافیا و هۆشیار و بیرەوەوری و چارەنوسی هاوبەش، هتد.
تێبینی:
هەردوو چەمکی (ethnicity)، (nation). بۆ ئێستا هەمان مانا دەکرێن .بەلام چەمکی (ethnicity)، بۆ نەتەوەیەک و زمان و کەلتورێکی دیاریکراو بەکاردێت .
چەمکی (Nation) چەمکێکی سیاسیەوە و بەواتای جەستەیەکی سیاسی ڕێکخراو لە چوارچێوەی دەوڵەت دێت. واتە بوونی دەوڵەت یەکێکە لە مەرجە یاسایی و سیاسیەکان. چەمکی نەتەوە (Nation) بووە بە شوناسی تێکرای هاوڵاتیانی وڵاتێکی دانپێدانراو.
بەسود وەرگرتنم لە وتاری کاک ئاراس.
زنجیرەیەك شكان لە دەقی (شكان)ی سەلام عومەر.. سەبری زەهاوی
(شكان
لەسەر شەقام مۆبایلەكەم لێ بەربۆوە
دەیان وشەی پەپولەیی لە دەوری كچێك كۆبۆوە
لە تاقیگە
پەرستارێك شوشەی خوێنەكەی شكاندم
سەدان گوڵەشیعری سوری
لێ وەراندم
نەوەكەشم
لاپتۆپەكەی بەردامەوە
پەردەی لەسەر هەزاران نهێنی نێو فۆڵدەرە شاراوەكان هەڵدامەوە،
ئەو چاویلكەی ساڵانێك بوو
نیشتمانم پێدەبینی
لێیان ستاندم
هێڵی نێوان من و خاك و
تۆڕی نێو چاویان پساندم.)
شیعری (شكان)ی سەلام عومەرم لە ماڵپەڕی (دەنگەكان)م خوێندەوە، سەرنجی راكێشام و نەمتوانی لەبەرامبەریدا بێدەنگ بم، زۆرقووڵ و پڕ لە وێنەی زیندووە، شیعرەكە بە زمانێكی سادە بەڵام پڕ لە مانا، باس لە زنجیرەیەك «شكان» و «لەدەستدان» دەكات كە لە ئاستی تاكەكەسییەوە دەست پێدەكات و لە كۆتاییدا دەگاتە ئاستی نیشتمانی و گشتی.
لێرەدا شیكردنەوەیەكی قۆناغ بە قۆناغ بۆ دەقەكە دەخەمە ڕوو:
شیكردنەوەی وێنە شێعرییەكان
1- شكانی یەكەم: مۆبایلەكە و جیهانی تەكنەلۆجیا
)لەسەر شەقام مۆبایلەكەم لێ بەربۆوە / دەیان وشەی پەپولەیی لە دەوری كچێك كۆبۆوە(
لێرەدا مۆبایلەكە تەنها ئامێرێكی تەكنەلۆجی نییە، بەڵكو سندوقی عەشق و نامە شاردراوەكانە. كەوتنی مۆبایلەكە دەبێتە هۆی ئاشكرابوونی «وشە پەپوولەییەكان» (كە پڕە لە نامەی دڵداری و جوانی). كۆبوونەوەی وشەكان لە دەوری كچێك، وێنەیەكی فانتازیی جوان دەسازێنێت، عەشقێك كە تا ئێستا شاراوە بوو، كەچی بەم كەوتنە تەواوی نهێنیەكان لەسەر شەقامەكە پەرشوبڵاو بووەنەوە.
1- شكانی دووەم: شوشەی خوێن و شیعر
)لە تاقیگە / پەرستارێك شوشەی خوێنەكەی شكاندم / سەدان گوڵەشیعری سوری / لێ وەراندم(
ئەم بەشە زۆر كاریگەرە، شاعیر خوێنی خۆی بە تەنها شلەیەكی بایۆلۆجی نابینێت، بەڵكو خوێنی ئەو «شیعرە، شكانی شووشەی خوێنەكە لە تاقیگە، یەكسانە بە وەرینی «گوڵەشیعری سوور،»لێرەدا تێكەڵاوبوونێكی تەواو لە نێوان جەستە (خوێن) و ڕۆح (شیعر)دا هەیە، شاعیر لە ڕێگەی خوێن بەربوونیەوە، داهێنانی لێ دەچۆڕێت.
٣. شكانی سێیەم: نەوە و فۆڵدەرە شاراوەكان
)نەوەكەشم / لاپتۆپەكەی بەردامەوە / پەردەی لەسەر هەزاران نهێنی نێو فۆڵدەرە شاراوەكان هەڵدامەوە(
لێرەدا ململانێ یان جیاوازی نێوان نەوەكان (شاعیر و نەوەكەی) دەبینرێت، نەوەی نوێ بە بێباكی یان بە هەڵە (بەردانەوەی لاپتۆپەكە) سنووری تایبەتمەندییەكانی شاعیر دەبەزێنێت، «فۆڵدەرە شاراوەكان» دەكرێت ئەرشیفی تەمەنێك بن، یادگاری كۆن بن، یان ئەو دەقە خاوەن مۆڕاڵ و تایبەتییانە بن كە شاعیر نەیدەویست كەس بیانیبینێت، بەڵام تەكنەلۆجیا و نەوەی نوێ ڕووتیاكردنەوە.
4-. شكانی كۆتایی: چاویلكە و نیشتمان (لوتكەی تراجیدیا
)ئەو چاویلكەی ساڵانێك بوو / نیشتمانم پێدەبینی / لێیان ستاندم / هێڵی نێوان من و خاك و / تۆڕی نێو چاویان پساندم.(
ئەمە گرنگترین و قورسترین بەشی شیعرەكەیە، لێرەدا شكانەكە لە كەرەستەی شەخسییەوە (مۆبایل، لاپتۆپ) دەبێتە شكانێكی وجودی و نیشتمانی، چاویلكەكە لێرەدا هێمای «دیدگا»، «ئومێد»، یان ئەو «فلتەر»ەیە كە شاعیر لە ڕێگەیەوە هێشتا جوانییەكانی نیشتمانی پێ دەبینی.
سەندنەوەی چاویلكەكە و پچڕانی «تۆڕی نێو چاو»، كنایەیە لە كوێربوون بەرامبەر بە داهاتووی خاك، یان دابڕانی یەكجارەكیی مرۆڤ لە ناسنامە و نیشتمانەكەی.
سەرنجی گشتی و ڕەخنەیی
زمان و شێواز: زمانێكی زۆر ڕەوان و هاوچەرخی بەكارهێناوە، بەكارهێنانی وشەی وەك (مۆبایل، لاپتۆپ، تاقیگە، فۆڵدەر) هاوئاهەنگە لەگەڵ ژیانی مرۆڤی ئەمڕۆدا و شیعرەكەی لە كلاسیكبوون دوورخستووەتەوە.
مۆسیقا و كێش: سەرواكان و ڕیتمی دێڕەكان (شكاندم، وەراندم، بەردامەوە، هەڵدامەوە، ستاندم، پساندم) مۆسیقایەكی خەمناك و ناوەكییان بە دەقەكە بەخشیوە كە لەگەڵ چەمكی «شكان»دا دەگونجێت.
بونیادی درامی: شیعرەكە هێڵێكی سەركەوتووی هەیە، لە شتێكی بچوكی سەر شەقامەوە دەست پێدەكات و هێدی هێدی قووڵ دەبێتەوە بۆ ناو جەستە (خوێن)، پاشان خێزان (نەوە)، و لە كۆتاییدا دەگاتە گەورەترین چەمك كە (نیشتمان)ە.
شیعرەكە هاواری مرۆڤێكی هاوچەرخە كە لەبەردەم باهۆزی تەكنەلۆجیا، تێپەڕینی تەمەن، و غەدرەكانی نیشتماندا، هەست بە ڕوتبوونەوە و لەدەستدانی بینایی و پەیوەندییەكانی دەكات، دەستی كاك سەلام خۆش بێت، تێكستێكی زۆر سەركەوتوو و پڕ مانا و چێژبەخشە.
سەبری زەهاوی
مهاباد
سیمنارێک لە گەلەری ئارام بۆ د. ئازاد حەمە

ئەوروپا لە گەرووی “ئابووری جەنگ”دا: ئایا دووبارەکردنەوەی سیناریۆی ١٩١٤ یە؟.. ئاریان کەرکوکی
دوای کۆتاییهاتنی جەنگی سارد، ئەوروپا وا هەستی دەکرد کە بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە جەنگ کردووە و جێگەی سەنگەرەکانی جەنگی بە خۆشگوزەرانی و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان گۆڕییەوە، بەڵام دۆخەکە ئەمڕۆ بە شێوەیەکی بنەڕەتی گۆڕاوە؛ “ڕۆحی ساڵی ١٩١٤” بە شێوەیەکی نوێ سەری هەڵداوەتەوە و کیشوەرە بەساڵاچووەکە بەبیر دەهێنێتەوە کە مێژوو ڕەنگە کارەساتەکانی خۆی بۆ ئەو کەسانە دووبارە بکاتەوە کە سوورن لەسەر پشتگوێخستنی وانەکانی. لە هەوڵێکی شێتگیرانەدا بۆ ئامادەکاری بۆ ململانێ، ئەوروپا ئێستا پێشەنگی کاروانی سەربازگەرایی جیهانییە؛ لە وڵاتانی باکووری هێمن وەک سوید و نەرویجەوە تا دەگاتە دڵی کیشوەرەکە، ئابووری جەنگ لەسەر پاشماوەی بەڵێنەکانی خۆشگوزەرانی بنیات دەنرێت. ئەمەش بیرهێنەرەوەی کەشوهەوای سەرەتای سەدەی بیستەمە، کاتێک ئەوروپا بوو بە مەنجەڵێکی غاز کە چاوەڕێی پریشکێک بوو؛ گەورەبوونی سەربازیی بێوێنە، هاوپەیمانی ئاڵۆز و هەستی نەتەوەپەرستی کە بە بەرگی ئارەزووی داگیرکاری داپۆشرابوو. جەنگ لەو کاتەدا تەنها گریمانەیەکی سیاسی نەبوو، بەڵکو “عەقیدەیەک” بوو کە بوو بە هۆی کارەساتەکە دوای گوللەکەی سارایێڤۆ؛ ئەمڕۆش وەک ئەوەی دەنگدانەوەیەکی کاڵەی ئەو سەردەمە بژین، لە جیاتی خۆلادان لە پێکدادان، هەمووان خۆی بۆ ئامادە دەکەن، وەک ئەوەی جیهان لەبیریکردبێت چۆن ئەو “ئاشتییە لاوازە” خەونی ملیۆنان گەنجی لە سەنگەرەکانی جەنگی جیهانیی یەکەمدا کوشت و نەخشەی دڕاو و ملیۆنان قوربانی بەجێ هێشت.
ئەم “ڕۆحە” تەنها بە ناو لاپەڕەکانی مێژوودا ناگەڕێت، بەڵکو لە کارگەکانی چەکی ئەڵمانییەوە سەری هەڵداوەتەوە، کە لە هێمای ئۆتۆمبێل و گەشەپێدانەوە بۆ دابینکەری کەرەستەی وێرانکاری گۆڕاون بە بیانووی “سەربەخۆیی پیشەسازی”. بنیاتنانی ئەم جبەخانانە لەسەر حیسابی بودجەی تەندروستی و پەروەردە و خۆراک دەکرێت، لە جیهانێکدا کە ساڵی ڕابردوو نزیکەی ٢.٤ ترلیۆن دۆلاری لە چەکداربووندا خەرج کردووە؛ لە کاتێکدا وڵاتانی وەک فەرەنسا و ئەڵمانیا لە قەرزێکی پێوانەییدا نوقم بوون، حکومەتەکان بەردەوامن لە پاڵنانی گەلەکانیان بەرەو قوربانی زیاتر بە بیانووی هەڕەشەی ڕووسیا، لە کاتێکدا کیشوەرەکە بەدەست هەژارییەکی ڕەهاوە دەناڵێنێت کە ملیۆنان کەس دەگرێتەوە. لە بەرامبەر ئەم لادانە مەترسیدارەدا، ڕەوتێکی ناڕەزایەتی جەماوەری بە دروشمی “سەربازگەرایی ڕابگرن” سەری هەڵداوە و دەسەڵاتداران تۆمەتبار دەکەن بە زیندووکردنەوەی “ڕۆحی جەنگ” و ترساندنی خەڵک بۆ پەردەپۆشی شکستە سیاسییەکان و پشتگیریکردنی لۆبییەکانی چەک. سەرەڕای ئاڵوگۆڕی تۆمەتەکان لە نێوان سەرکردە ڕۆژئاواییەکان و پوتین لەسەر “دێوی” هەڕەشەی بوونگەرایی، واقیعەکە هەر یەکە: پێشبڕکێیەکی شێتگیرانەی چەکداربوون کە ئەمریکا و چین و ژاپۆن بەشدارن تێیدا و جیهان لە دۆخی ئامادەباشیی بەردەوامدا دەهێڵێتەوە.
ئێمە ئەمڕۆ لەبەردەم وێستگەیەکی چارەنووسسازداین؛ ئایا لەبەردەم سەردەمێکی نوێی جەنگداین کە لەسەر پاشماوەی مرۆڤایەتیمان بنیات دەنرێت، یان دەنگدانەوەیەکی کاڵەی مێژوویەکین کە خۆی لێ نادزینەوە؟ “ڕۆحی ساڵی ١٩١٤” بە گوێی بڕیاردەراندا دەچرپێنێت: پێشبڕکێی چەکداربوون گەرەنتی ئاسایش نییە، بەڵکو کورتترین ڕێگایە بۆ دووبارەکردنەوەی ئەو کارەساتانەی کە سەدەیەک لەمەوبەر جیهانیان وێران کرد. ئایا کەس هەیە وەڵامی بانگەوازی مێژوو بداتەوە، یان کاروانی سەربازگەرایی گەیشتووەتە ئەو خاڵەی کە چیتر نەگەڕێتەوە؟
دوا هەناسەکانی پایز.. شیعری ئیلهام موڕادی
شەقامێ نەماوە قانگ نەدرابێ بەبۆنی جگەرە
دووبارە دەکرێتەوە وەک زخمێکی کۆن
هەموو ڕۆژێ
گوڵێکمان نەماوە کە بۆنی باروود نەیپڕژاندبێ بەسەریا
گەشەیان کردووە گوڵەکانمان لە باخچەی ئازارا
دەرلەرزن بەدەنگی تەقەمەنی چڵەکان
نەماوە بارانێ نەیباراندبێ بەسەر دڵتەنگییەکانمانا
دەنووسێتەوە هەر دڵۆپەچیرۆکێک
گریانمان شکست
هەوری کام ئاسمان نەبێ ئاشنای ئازارمان
بەدوامانا دەکەون هەوری ڕەش
لێکمان جیاناکاتەوە
تەنیایی
بەباڵامانا هەڵەچێ
باڵندەیەکی ڕەشی قاوغە
لەسەر شانمان
نافڕێ
وەکو سێبەرێ لە تاریکیمانا
بێدەنگ، مردوو
داگیری دەکات هەموو گۆشەیەکی ژیانمان
دوا هەناسەکانی پاییز.
بەخێرایی دادەمرکێتەوە مۆسیقای پەژارە
بۆ شارێکی لەناوچوو سەمفۆنیایەکی زریانە
نغرۆمان دەکا لە غوربەت
نغرۆیەکی بێدەنگ لە دڵی شەوان
لەناو زمانێکدا کە تێیدا نامان نابێت
لەخۆیا گووشیون خۆشییەکانم ئەم شارە
کلیلەکەی لەدەستداوە وەک خەزێنەیەک لە بیرمەتێکی داخراودا
لە فنجانی فاڵی ئەم وەرزە
ڕێگاکان دەبڕن بێوچان پیاوێک و پێڵاوێ
نەیانزانی بۆ کوێ دەڕۆن وەک ڕەوانبێژانێک
دوور دوور دەردەکەون بەدەگمەن
ون دەبێ هەنگاوەکانیان لەسەر بەفر
وەکو یادەوەرییەکانمان
سەرماوەز تا بەفرانبار
بۆ شوێنێکی نادیار ڕێگایەکی درێژ
لە سەرمادا بەرەو سەرمایەکی قووڵتر
خەیاڵێکی ڕووتە
وەکو دارێک لە زستانا
کە چیتر بەهاری چاوەڕێناکات
سنە
ئیلهام موڕادی
پەنابەران و کۆچبەرانی بەشێکن لە بزوتنەوەی کرێکاری و مرۆڤدۆستی بەدژی راسیزم و فاشیزم لە بەریتانیا!
بەدوای رووداوی ناخ هەژێنی شەوی دوو شەممەی رابردو ٨ی حوزەیران، هێرشی کەسێکی سودانی بەناوی Hadi Alodid ٣٠ ساڵ، بەچەقۆ بۆسەر کەسێک بە ناوی Stephen Ogilvie ٤٤ ساڵ، لە شاری بەلفاستی ئێرلەندای باکورو گەورەکردنی ئەم رووداوە لەلایەن میدیای دەستەڕاستی بۆرژوازیەوە، زۆرێک لە ناوچەکانی ئێرلەنداو بەتایبەت بەلفاست بووە شوێنی ئاژاوەچێتی و هێرشی فراوانی راسیزم و فاشیزم بۆسەر پەنابەران و کۆچبەران و خەڵكی بیانی بەگشتی و سوتاندنی ماڵ و دوکان و سەیارە و ئاوارەبوونی سەدان کەس لە شوێن و جێگای خۆیان.
لەبەرامبەر ئەم هێرشە دژە مرۆییەی راسیزم و فاشیزمدا، نەک تەنیا هێرشە بۆسەر خەڵکی بیانی لە بەریتانیا، بەڵکو هێرشە بۆسەر مەدەنیەت و مرۆڤایەتی و بەرەی ئازادیخوازی و مرۆڤدۆستی، بەجیا لەوەی خەڵکی مرۆڤدۆستی سەراسەری بەریتانیا لەپاڵ خەڵكی بیانیدان وەستان و بەتایبەت لە بەلفاست و گلاسکۆدا رژانە سەرشەقامەکان بۆ بەرگری لە خەڵكی بیانی، دوێنێ ١٣ی حوزەیران لەژێر ناوی: یەکێتی: دژە نژادپەرستی و دژە فاشیزم، هەزاران کەس شەقامەکانی دەوروبەری هۆڵی شارەوانی بەلفاستیان بەناڕەزایەتیەکی گەورەوە دەورەدا و دەیانوت:
کاتێک هێرشی بەکۆمەڵ راسیستی و فاشیستی دەکرێت بۆسەر هاوڕێ و دراوسێکان، ئەوە خەڵکی کرێکارانن، ئەوە یەکێتییەکانی کرێکارانن، ئەندامانی یەکێتییە پیشەییەکان، چالاکوانانی کۆمەڵایەتی و کەمپەینەکانی هاوپشتی و مرۆڤدۆستانن، کە پێکەوە وەستاوین و بەرگریان لێدەکەین، ئەو هێرشانە نژادپەرستانەیە و بۆ دابەشکردنی ریزەکانی خەڵکە لە بەریتانیادا.
هاوکات ئەم ریزە ناڕەزایەتیە مرۆڤدۆستیەیە هەر دوێنێ بە ناڕەزایەتییەکی گەورەی دژە ڕەگەزپەرستی لە شاری گلاسکۆ لەلایەن رێکخراوی: وەستانەوە بەرامبەر ڕەگەزپەرستی سکۆتلەندا رێکخرابوو هاتنە سەر شەقامەکان. ئەم هێزو بزوتنەوە دژە راسیزم و فاشیزمە، لە چەندین مانگی رابردوودا، چەندین جار بە دەیان و سەدان هەزارکەسی رژانە سەر شەقامەکان و لەپاڵ خەڵکی بیانی بە پەنابەران و کۆچبەران وەستان و بەرگریان کردو وتیان: شەقامەکان هی ئێمەیەو هەموو بیانیەکان بەخێر بێن بۆ بەریتانیا.
ئێمە لە رێکخستنی بەریتانیای حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، لە ئێستاو رابردووشدا بانگەوازمان بۆ هەموو بیانیەکان و هەروەها کوردزمانەکان ئەوەیە کە رێزی ئێمە لەپاڵ ئەو بەرە ئازادیخواز و مرۆڤدۆست و کرێکاری و سۆشیالیستیەدایە لەم کۆمەڵگایەدا بۆ رێگەگرتن لە پارچە پارچەکردنی رێزەکانمان و بۆ وەستانەوەی بەکۆمەڵ و یەکگروتویمان بەدژی راسیزم و فاشیزمی کۆمەڵگا، کە دەیانەوێت رێزەکانمان پەرشوبڵاوبکەن و سیاسەتی نەژاد پەرستی پەرە پێبدەن .
رێکخستنی بەریتانیای حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
١٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
ئەو مرۆڤایەتیەی کە نەماوە.. شیعری شۆڕش عەزیز سورمێ
لە نێوان دەموچاوە سەرقاڵەکاندا دەڕۆم،
هەریەکەیان لە بێدەنگی خۆیاندا قفڵ بوون،
و پێم سەیرە ئەو پریشکە بۆ کوێ چووە
کە ڕۆژێک دەیزانی چۆن ئازار بناسێتەوە.
مرۆڤایەتی ون بووە
لەو هەنگاوانەی کە خاو نابن
پێش ئەوانەی دەکەون، لەو دەستانەی دەست درێژ ناکەن،
لەو وشانەی کە چیتر ناوێرن
بۆ ئەوەی نادادپەروەری ناوببەین نادادپەروەری.
لە کۆشکەکاندا ون بووە کە دەسەڵاتیان تێدایە
دڵی بەردی هەیە،
و لەو شەقامانەی کە ئازاریان…
بووەتە ژاوەژاوی پاشبنەما
کە کەس نایبیستێت.
و لەگەڵ ئەوەشدا، هەندێک جار،
بە ئاماژەیەکی بچووک دەیدۆزمەوە،
لە نیگایەکدا کە هەڵنایەت،
لەو کەسانەی کە هێشتا وەستاون
بۆ ئەوەی بڵێت: “دەتبینم.”
ڕەنگە مرۆڤایەتی نەمێنێت:
تەنها شاراوەیە
لەو کەسانەی کە وازیان لە هەستکردن نەهێناوە.
لەو کەسانەی کە وەک تۆ،
بەردەوام بە لە گەڕان بەدوایدا
تەنانەت کاتێک جیهان…
وا خۆی نیشان دەدات کە پێویستی پێی نییە.
ئامرازە قێزەونەکانی دەسەڵات بۆ تیرۆرکردنی کەسایەتی ڕۆشنبیر.. فەریق مەحموود
ململانێی نێوان ڕۆشنبیری ڕۆشنگەر و دەسەڵاتی دیسپۆتی، پێکدادانێکی تەمەن درێژە لە نێوان “پڕۆژەی ڕۆشنگەری و بەهاکانی ئازادی” و “پڕۆژەکانی هەژموون و بەردەوامدانی ستەمکاری”. ئەم ململانێیە چەندین شێوەی هەیە و ڕەنگدانەوەی جیاوازییەکی بنەڕەتییە لە ئامانج و ئامرازەکانی هەردوولادا.
جەوهەری ململانێ:
ڕۆشنبیری ڕۆشنگەر: هەوڵدەدات عەقڵ بەکاربهێنێت، بە شێوەیەکی بابەتیانە ڕەخنە لە واقیع بگرێت و بەرگری لە ماف و ئازادییەکانی مرۆڤ بکات. ئەوان ڕۆڵی بنەڕەتی خۆیان وەک ویژدانی زیندوو و هێزی فشار دەبینن کە بەرەو دادپەروەری و پێشکەوتن ڕێنمایی خەڵك دەکەن.
دەسەڵاتی دیسپۆتی: ئامانجی مانەوە و کۆنترۆڵی ڕەهایە. هەر بیرێکی ڕەخنەگرانە یان دەنگێکی ئازاد بە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر بوونی خۆی دەزانێت و بەردەوام هەوڵی قۆرخکردنی حەقیقەت و کۆنترۆڵکردنی جەماوەر دەدات.
ئامرازەکانی ململانێ:
چەکی ڕۆشنبیر: وشە و فیکر و قەڵەم و فەلسەفەیە. پشت بە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و ئاشکراکردنی گەندەڵی و کۆکردنەوەی بیروڕای گشتی بە بەکارهێنانی پلاتفۆرمە کولتوورییەکان و میدیای سەربەخۆ دەبەستێت.
چەکی دەسەڵات: پشت بە سەرکوت و سانسۆر و دەستگیرکردنی ئارەزوومەندانە و قۆرخکاری میدیای فەرمی دەبەستێت. هەروەها دەسەڵاتداران پەنا بۆ سیاسەتی “کڕین” یان هەڵمەتی چەواشەکاری میدیایی دەبەن بۆ دابڕانی ڕۆشنبیران لە بنکە جەماوەرییەکانیان.
ستراتیژییەکانی دەسەڵات لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕۆشنبیران:
هەوڵدان بۆ ڕاکێشانی ڕۆشنبیران بە پۆست و ئیمتیازات بۆ گۆڕینی لە “ڕەخنەگرانەوە” بۆ “پۆزشکار” بۆ سیاسەتەکانی دەسەڵات.
دوورخستنەوە و پەراوێزخستن: لە ڕووی ئابووری و پیشەییەوە گەمارۆدانی ڕۆشنبیران و ڕێگریکردن لە بڵاوکردنەوە یان بەرچاوخستنتان.
تۆقاندن و توندوتیژی: پەنابردن بۆ هێزی زیادەڕۆیی و دەستگیرکردنی ئارەزوومەندانە (وەک تۆمەتی “سووکایەتیکردن بە کولتور و ڕەمزەکان” یان “هەڕەشەکردن لە ئاسایشی نیشتمانی”) بۆ بێدەنگکردنی دەنگە ناڕازییەکان.
تێچووی خەبات دژی ڕۆشنبیران: ڕۆشنبیرانی ڕاستەقینە باجی قورس دەدەن بۆ بەرگریکردن لە پرەنسیپەکانیان، لە زیندانیکردن و دەربەدەری زۆرەملێوە تا لەناوبردنی جەستەیی و لەکەدارکردنی کەسایەتی.
دەرئەنجامەکانی خەبات:
لە ڕووی مێژووییەوە ئەزموون سەلماندوویەتی کە دەسەڵاتە دیسپۆتیکەکان- سەرەڕای خاوەندارێتی ئامێرەکانی ستەم- هەمیشە شکست دەهێنن لە کوشتنی بیرۆکەکان.
دەرئەنجامەکە: ڕژێمە دیسپۆتییەکان دواجار لەناو دەچن، لە کاتێکدا بیرۆکەی ڕۆشنبیرانی ئازاد بە نەمری دەمێننەوە و دەبنە پریشکی شۆڕش و گۆڕانی ئەرێنی لە کۆمەڵگادا.
ڕێگا قێزەونەکانی تیرۆری کەسایەتی:
تیرۆرکردنی کارەکتەر و ناوزڕاندن لە دیارترین شێوازە ناڕاستەوخۆکانە کە دەسەڵاتە سەرکوتکەرەکان یان دەسەڵاتە سیاسییەکان بۆ بەدناو کردنی نووسەران و ڕۆشنبیران و لێسەندنەوەی کاریگەرییە کۆمەڵایەتیەکانیان بەکاریدەهێنن. دەسەڵاتداران پەنا بۆ ئەم بژاردەیە دەبەن کاتێک بۆیان دەردەکەوێت کە دەستگیرکردن یان سەرکوتکردنی ڕاستەوخۆ ڕەنگە نووسەر بگۆڕێت بۆ “پاڵەوانێکی کۆمەڵایەتی” یان “شەهیدی وشە”، بۆیە بە ئەنقەست متمانەی ئەخلاقی یان فیکرییان لە چاوی خەڵکدا لەناودەبەن.
ئەو میکانیزم و شێوازانەی کە دەسەڵاتداران بۆ ناشرینکردنی نووسەران و بیرمەندانی ناڕازی بەکاریان دەهێنن، جۆراوجۆرن و ئەمانەی خوارەوە لەخۆدەگرن:
شێوازەکانی دەسەڵات بۆ ناوزڕاندنی نووسەران:
- تۆمەتی ئەخلاقی و ڕەفتاریی: دروستکردنی ئەو کەیسانەی کە ئیدعای شەرەف دەکەن، یان بڵاوکردنەوەی دەنگۆ لەسەر ژیانی کەسی نووسەر بۆ دوورخستنەوەی کۆمەڵگەی پارێزخواز لێیان.
- تۆمەتی خیانەت و تەفسیری دەرەکی: ناونانی نووسەر وەک “سیخوڕ”ی قەوارە بیانییەکان، یان وەک کەسێک کە ئەجێندای دەرەکی جێبەجێ دەکات کە ئامانج لێی تێکدانی سەقامگیری میللەتە.
- دادگاییکردنی فیکری و ئایینی: تۆمەتبارکردنی نووسەران بە تیرۆریست یان بە پێچەوانەوە بە کوفر، یان دوژمنایەتی بەرامبەر بە بەها دامەزراوەکانی کۆمەڵگا، بەمەش دەبنە ئامانجی توڕەیی گشتی.
- ئاماژەدان بە نەخۆشی دەروونی یان عەقڵی: بەکارهێنانی نەخۆشخانەی دەروونی لەلایەن هەندێک ڕژێمی تۆتالیتاری (وەک سەردەمی سۆڤیەت) وەک ئامرازێک بۆ گۆشەگیرکردنی نووسەران و بانگەشەی ئەوەی کە بیرۆکە ناکۆکەکانیان لە تێکچوونی دەروونییەوە سەرچاوەی گرتووە.
- ناوزڕاندنی پیشەیی و ئەدەبی: دەستپێکردنی هەڵمەتەکان لە ڕێگەی میدیای کۆنترۆڵکراوی دەوڵەتەوە بۆ کەمکردنەوەی بەهای بەرهەمی ئەدەبی نووسەران و وەسفکردنی بە کەم، ڕووکەشخواز، یان دزیکردن.
نموونەی مێژوویی : - میلان کوندێرا (چیکۆسلۆڤاکیا): کەوتبووە بەر هەڵمەتی ناوزڕاندنی خراپ لەلایەن ڕژێمی دەسەڵاتدارەوە، پێش ئەوەی بە زۆر دەربەدەری بکات، بە سیخوڕی و هاوکاری دەرەکی تۆمەتباری دەکات.
- بۆریس پاستێرناک (یەکێتی سۆڤیەت): دوای بڵاوبوونەوەی ڕۆمانی بەناوبانگی “دکتۆر ژیڤاگۆ” و بەدەستهێنانی خەڵاتی نۆبڵ، ڕووبەڕووی هەڵمەتێکی بەرفراوانی ئیدانەکردن و ناوزڕاندن بووەوە لە لایەن سەرۆکایەتی دەسەڵاتدارانی سۆڤیەت و چاپەمەنی فەرمییەوە، ئەمەش ناچاری کرد لە ژێر فشار و تۆقاندن خەڵاتەکە ڕەت بکاتەوە.
- تەها حسێن (میسر): تووشی شەڕی توند بووە و هەڵمەتی چەواشەکاریی سیاسی و ئایینی بە سەرۆکایەتی کاربەدەستەکانی ناو حکومەت و دامەزراوە نەریتییەکان ، دوای بڵاوبوونەوەی کتێبی “لەبارەی شیعرەوە ” لە ساڵانی بیستەکاندا.
- نەجیب مەحفوز (میسر): ڕووبەڕووی هەڵمەتی ڕێکخراوی ناوزڕاندن و تۆمەتی بیدعە، ئەم هەڵمەتانە دوای ئەو مشتومڕانەی لە دەوری ڕۆمانی “منداڵانی گەڕەکەکەمان”دا هاتە لوتکە و دواتر بووە هۆی هەوڵدان بۆ لەنێوبردنی جەستەیی دوای تیرۆرکردنی کارەکتەری.
- ئەدۆنیس (سوریا): سەرەڕای قووڵایی کارەکانی، کەسایەتی و بیرۆکەکانی وەک بابەتی هەڵمەتی چەواشەکاری و تۆمەتی دژبوون و بە سیاسیکردنی توندی بەرهەمی فیکریی لەلایەن کوتلە جیاوازەکانی ناو حکومەت و ئۆپۆزسیۆنەوە ڕووبەڕووبووەوە.
ئامانجی سەرەکی دەسەڵات لەم ستراتیژەدا ئەوەیە کە نووسەر لە پێگەی “قوربانی و بەرەنگاری”ەوە بگۆڕێت بۆ پێگەی “تۆمەتبار”، ناچاریان بکات وزەی داهێنەرانە و کاتەکانیان بۆ بەرگریکردن لە خۆیان و کارەکانیان ماندوو بکەن لەبری ئەوەی خۆیان تەرخان بکەن بۆ ڕەخنەگرتن لە دەسەڵات و ئاشکراکردنی پراکتیکەکانیان.ناوزڕاندنی ئەخلاقی (یان لەناوبردنی ناوبانگی کەسی):
یەکێکە لەو چەکە کوشندانەی کە دەسەڵاتە سیاسییەکان یان دەزگا ئەمنییەکان دژی نووسەران و ناڕازییان بەکاریدەهێنن. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە کۆمەڵگاکان بەتایبەتی ڕەنگە هاوسۆزی نووسەرێک بن کە بە هۆکاری سیاسی زیندانی کراوە، بەڵام ئەگەر هێرش بکرێتە سەر ئەخلاق یان شەرەفیان بە تەواوی وازی لێدەهێنن.
لێرەدا چەند نموونەیەکی دیار و بەرچاوی مێژوویی و جیهانی ڕاستەقینە دەخەینەڕوو کە چۆن دەسەڵاتداران ناوزڕاندنی ئەخلاقی وەک ئامرازێک بۆ “تیرۆری کارەکتەر” بەکاردەهێنن:
- دروستکردنی تاوانی شەرەف و کردەوەی بێ ئەخلاقی:
ڕژێمە تۆتالیتارییەکان پشت بە تاکتیکی چاندنی بەڵگەی هەڵبەستراو یان تەڵەدانان بۆ نووسەران دەبەستن بۆ ئەوەی لە دۆخە سازشکارەکاندا وێنە بگیرێن. نموونەکان بریتین لە:
- صنع الله ئیبراهیم (میسر): لە بیرەوەرییەکانی و بەشێک لە نووسینەکانیدا، ڕۆماننووسی میسری ئاماژەی بەو شێوازانە کردووە کە دەزگا ئەمنییەکان لە سەردەمەکانی پێشوودا بەکاریان دەهێنن. ئەم شێوازانە بریتی بوون لە چاندنی ئامێری گوێگرتن و کامێرا لە شوقەی ڕۆشنبیران و ناڕازییان بۆ گرتنی هەر لاوازییەک لە ژیانی تایبەتی خۆیاندا و بەکاریبهێنن بۆ ڕەشبگیریکردنیان یان ئاشکراکردنی نهێنییە شەخسییەکانیان، بەمەش پێگەی ئەوان لە چاوی خەڵکدا لەناو چێت.
- هەڵمەتە ئەمنییەکان لە سەردەمی سۆڤیەتدا (KGB): “داوی سونونو” تاکتیکێکی فەرمی بوو کە هەواڵگری سۆڤیەت بەکاریان دەهێنا. نووسەران و ڕۆشنبیران (هەم ناوخۆیی و چ بیانییەکان) لە ڕێگەی پەیوەندییە هەڵبەستراوەکانەوە لەگەڵ ژنان کەوتنە تەڵەوە، پاشان فیلمیان لێ گیرا و ڕەشبگیرییان بۆ کرا تاکو؛ یان هاوکاری لەگەڵ ڕژێم بکەن یان فەزیحە بۆ لەناوبردنی بنەماڵەکانیان و ناوبانگی ئەدەبییان بڵاوبکرێتەوە.
- تۆمەتی هاوڕەگەزبازی و ڕەفتاری لادان:
ناونانی نووسەر بە لادان ئامرازێکی ئایدیاڵ بووە بۆ دەسەڵاتی سیاسی قۆرخکار، چ لە ڕابردوو و چ لە ئێستادا، بۆ لەناوبردنی ڕۆشنبیران بەبێ ئەوەی وا دەرکەوێت کە پاڵنەرێکی سیاسییان هەبێت:
- ئۆسکار وایڵد (بریتانیا، ١٨٩٥): نووسەر و شاعیری بەناوبانگ لە ئایکۆنێکی کولتوورییەوە گۆڕدرا بۆ دەرکراوێکی کۆمەڵایەتی دوای ئەوەی دەسەڵاتداران و کۆمەڵگەی دەسەڵاتداری ئەو سەردەمە یاسا توندەکانیان قۆستەوە بۆ تۆمەتبارکردنی بە “لەشفرۆشی خیانەتکارانە” و پراکتیزەکردنی هاوڕەگەزبازی (کە ئەو کاتە بە یاسا و ئەخلاق تاوانبارکرابوون). ئەمەش بووە هۆی زیندانیکردن و لەناوچوونی تەواوەتی ناوبانگی ئەدەبی و مردنی بێ پارەیی و دەربەدەریی.
- میخائیل بولگاکۆڤ (یەکێتی سۆڤیەت): ڕووبەڕووی هەڵمەتی ناڕاستەوخۆی چەواشەکاری بووەوە و بە بۆرژوازی و لە ڕووی ئەخلاقی و فیکرییەوە ناوزەد کرا و تۆمەتی شەرەفی بۆ دروستکرا. شانۆنامە و ڕۆمانەکانی (نموونەی مامۆستا و مارگریت) بە بیانووی ئەوەی کە بەرهەمە ئەدەبییەکەی ئەخلاقی هاوڵاتی نوێی گەندەڵ کردووە، قەدەغە کران.
- هێرشکردنە سەر شەرەفی ژنە نووسەران و چالاکوانان:
کاتێک ژنێک دەچێتە گۆڕەپانی ئەدەبیاتی سیاسی یان ئۆپۆزسیۆن، زۆرجار دەسەڵات و میدیا سێبەرەکانیان سەرنجیان لەسەر هێرشکردنە سەر هەڵسوکەوتی کەسیی و ڕەفتاری دەبێت و ڕەنگە تۆمەتی لەشفرۆشیی بدەنە پاڵ.
- نەوال ئەلسەعداوی (میسر): پزیشک و ڕۆماننووس لە کاتە جیاوازەکاندا ڕووبەڕووی هەڵمەتی ناشرین و تیرۆرکردنی کارەکتەری بەرفراوان بووەوە لەلایەن ئەندامانی لایەنگری حیزبی دەسەڵات وحکومەتەوە. بیرۆکەکانی ئەو بە شێوەیەکی بابەتیانە باس نەکراون؛ بەڵکو لە میدیای سەرەکیدا وەک “ژنێکی خراپ” وێنا کرا کە بانگەشە بۆ لەناوبردنی بەها خێزانییەکان و بڵاوبوونەوەی بێ ئەخلاقی دەکات، ئەمەش وایکردووە ببێتە ئامانجی بەردەوامی هەراسانکردن و گۆشەگیری یاسایی.
- ژنانی ناڕازی و نووسەر لە فەزای دیجیتاڵی مۆدێرن: سوپای ئەلیکترۆنی ڕژێمە دەسەڵاتدارەکان تاکتیکی “فەیک” بەکاردەهێنن بۆ دروستکردنی وێنە و ڤیدیۆی سازشکارانەی ژنە نووسەر و چالاکوانەکان، بە ئامانجی ئەوەی لە ڕێگەی بنەماڵەکانیانەوە فشاری دەروونی لەسەریان دروست بکەن و ناچاریان بکەن لە ترسی فەزیحە کۆمەڵایەتییەکان بێدەنگ بن.
- ناوزڕاندنی دارایی و گەندەڵی ئەخلاقی:
جگە لە هەڵسوکەوتی ئەخلاقی، دەسەڵات بە ئەنقەست لایەنی دارایی نووسەران دەکاتە ئامانج بۆ ئەوەی وەک هەلپەرست وێنایان بکات:
- بەد ناوکردنی نووسەرانی تاراوگە: هەندێک لە ڕژێمەکان پەنا بۆ بڵاوکردنەوەی بەڵگەنامەی هەڵبەستراو دەبەن و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە نووسەرانی پەنابەر لە بەرامبەر نووسینەکەیاندا بڕێکی زۆر پارە و دیاریی زەبەلاح لە سەرچاوە گوماناویەکانەوە وەردەگرن. ئامانج لێرەدا ئەوەیە نووسەر لە چاوی خوێنەرەوە لە “مرۆڤێکی پرەنسیپ”ەوە بگۆڕێت بۆ “بەکرێگیراوێک” کە قەڵەمەکەیان بە کەمترین نرخ دەفرۆشن.
بڕگەی هاوبەش لە هەموو ئەم نموونانەدا، لەکارخستن و لیدان و گۆشەگیرکردنی نووسەرە؛ کاتێک ناوزڕاندنی ئەخلاقی سەرکەوت، بیرمەند سەرقاڵی بەرگریکردن لە بێتاوانی شەخسی خۆی دەبێت و ئەو پشتیوانییە جەماوەرییەی کە پارێزگاری لێکردبوو، لەدەست دەدات، ئەمەش وادەکات دەسەڵات ئاسانتر ستەمکردنی بۆ بچێتەسەر و لەڕووی سیاسی یان جەپراکتیکییەوە، دواتر بەبێ هیچ کاردانەوەیەکی گشتی لەناوی ببات و پاکتاوی بکات.
سۆراغی نەبوونت لەکام بوونی دونیا بکەم ئەزیزم؟.. پاڤێڵ ساڵح
شار جانتایەکی کۆنی پڕ لە غەریبییە و
منیش ئەو سەرنشینە ماندووەی
کە لە دوا وێستگەی شەمەندەفەرەکە جێماوە
تۆ ڕۆیشتی و
ئەم شارە وەک قۆپچەیەکی ژەنگاوی لە یەخەی عومرم بویەوە
تۆ کتوپڕ ون بوویت،
وەک عەترێک کە لە باوەشێکدا دەپڕژێت و
ئیتر چاوەکان ناتوانن کۆی بکەنەوە
ئەزیزم…
سۆراغی نەبوونت لەکام بوونی ئەم دونیایە بکەم؟
لەکام پەنجەرەوە بڕوانم کە سێبەری تۆی پێدا نەهاتبێت؟
کۆڵانەکان پڕن لە ژاوەژاوی ڕێبواران،
بەڵام من هێشتا گوێم لە بێدەنگیی هەنگاوەکانی تۆیە،
ئەو دەنگە کپەی کە هەموو هاوارەکانی تری تێپەڕاندووە
ئەزیزم…
سۆراغی نەبوونت لە کام ئوتێلی پەڕپووتی ئەم دنیایە بکەم؟
لە کوێی ئەم مێژووە چڵکنەدا بگەڕێم بۆ دڵسۆزییەکەت؟
ئایا لەناو عارەبانەی جگەرە فرۆشەکاندایت،
یان لەناو گۆرانیی ئەو سەربازە غەمگینەی کە لە سەنگەرەکەیەوە
پێش ئەوەی گوللەیەک سنگی کون کات، ناوی ژنەکەی دەهێنێت؟
مرۆڤ کاتێک کەسێک لەدەست دەدات،
تەنیا یەک کەس لەدەست نادات،
بەڵکو تەواوی ئەو دونیایە لەدەست دەدات کە لە چاوی ئەوەوە دەیبینی
من ناچمە سەر گۆڕستانەکان و ناو تەمومژی چیاکان،
من لێرەم لە ناو دڵەڕاوکێی کاتژمێر چواری بەیانیدا،
لەو چرکەساتە چۆڵەی کە مێشک لە بیرکردنەوە دەوەستێت و
غیابی تۆ وەک لافاوێکی هێواش
خشت بە خشتی ڕۆحم دەڕوخێنێت
مەزنترین تەنیایی، نەمانی مرۆڤەکان نییە لە چواردەورت
بەڵکو نەمانی ئەو تاقە کەسەیە کە پێشتر تەواوی گەردوون بوو بۆت
من ناتوانم وەک پاڵەوانەکانی ناو شانۆگەرییەکان بگریم،
هاوارکردن، زمانی ئەو برینانەیە کە دیارن
بەڵام غەمی من، غەمێکی قورس و بێدەنگە
وەک مەرگی درەختێک لە ناوەڕاستی دارستانێکدا،
کە بێ ئەوەی کەس بزانێت لە ناوەوە زەرد دەبێت
پێم بڵێ لەکام کەناردا ڕاوەستاویت؟
لەکام ئاستی غەیبدا هێلانەت کردووە؟
تۆ بوویت بە نیشتمانێک کە لە هیچ نەخشەیەکدا نییە،
و منیش بووم بە کۆچبەرێک، کە پاسپۆرتەکەی تەنیا یەک ناوی تێدا نووسراوە:
ناوی تۆ
سۆراغی نەبوونت لەکام بوونی دونیا بکەم؟
کاتێک دونیا خۆی
لە دوای ڕۆیشتنی تۆوە،
بووە بە پەڕەیەکی سپی و بەتاڵ،
کە هیچ ڕستەیەکی تێدا ناخوێندرێتەوە
سۆراغی نەبوونت لەکام بوونی دونیا بکەم؟
کاتێک خودی ئەم دونیایە،
کۆمەڵێک تەلەفۆنی بێوەڵام و
نامەی شێدار و
کتێبی تۆزاوییە،
کە لەسەر ڕەفەی تەنیایی ئێمە بەجێماون.
گەشتی8 یان چاوخشاندنێکی خێرا .. نەوزاد بەندی
١-
جاران، دوور لە ئێستا، داب و نەریتی بەسەرکردنەوەی نوسەرە لاوەکان ئەبینرا لەلایەن نووسەرە خاوەن ئەزمونەکانەوە.. نوسین و بابەتەکانیان هەڵدەسەنگاندن، بۆ نمونە لە گۆڤاری بەیان و ڕۆشنبیری نوێ و کاروان دا، چیرۆکنوسێکی بە توانا، چیرۆکە بڵاوکراوەکانی ژمارەی پێشووی هەڵدەسەگاند و دەستی دەخستە سەر خاڵە بەهێز و لاوازەکانی چیرۆکەکان.. یان شاعیرێکی بەتوانا شیعرە بڵاوکراوەکانی ژمارەیەکی گۆڤارەکەی لە ووتارێکی دوور و درێژدا، تاوتوو دەکرد، لێرەدا ئیتر نوسەرە لاوەکان هەستیان دەکرد مامۆستا و خەمخۆریان هەیە، ڕێزیان لێ نراوە و بێکەس نین .. براگەورەی ئەدەبییان هەیە هەڵیاندەسەنگێنێ و دەستگرۆییان دەکات ..
بە داخەوە! ئەو نووسەرە گەورە میهرەبانانە هەموویان کۆچی دواییان کرد و .. نووسەرانێک جێگایان گرتنەوە کە بێجگە لە قەد و باڵای ئەدەبیی و ڕۆشنبیریی خۆیان، هیچی تر نابینن ..واتا من زۆر وورد دەبمەوە لە کۆمێنتی بابەتە ئەدەبیی و ڕۆشنبیرییەکانی تەواوی پێگە ئەدەبیی و هونەرییەکان، هێشتا کۆمێنتێکی بۆ نمونە بەختیار عەلییم نەبینیوە بۆ چیرۆکنوسێکی لاو کە هەندێ ڕەخنە و ڕێنمایی هونەری چیرۆکنوسینی تێدا بێ.. هێشتا کۆمێنتێکی عەبدوڵا پەشێوم نەبینیوە بۆ تازە شاعیرێکی قەڵاو منارە، بڕێک دەستخۆشیی و چاو سوورکردنەوەی ئەدەبیی تێدا بێ بۆی. . ئەڵێم کۆمێنت، ناڵێم ووتار ..چونکە ئەوەیان مەحاڵی مەحاڵەکانە، کەسانێکی بەرز و باڵای وەک ئەوان، ووتاری دوور و درێژ لەسەر بوێژێکی لاوی نەناسراو بنووسن، سوکایەتییە بۆ ئەوان دابەزن بۆ ئەو ئاستە نزمانە.. ئەوان تازە لە ئاسمانە بەرزەکاندان و نایشیانەوێ ڕێگای ئەو ئاسمانە بەرزانە نیشانی ئەوانەی خوارەوە بدەن.
تەنانەت لە پێشبڕکێ و ڤیستڤاڵە ئەدەبیی و ڕۆشنبیرییەکانی ناوخۆدا، ئەو نووسەر و شاعیرە زەبەلاحانە پێیان سوکیی و نەنگییە بە دەقێک بەشداریی بکەن، لە کاتێکدا شاعیرێکی مەزنی وەکو نزار ئەلقەبانیی، لە هەموو ڤیستڤاڵە شیعرییەکانی مەربەددا، ئامادەیی هەبوو .. لەولایشەوە ڕۆشنبیره باڵاکانمان، هەوڵی مەرگ دەدەن تا ڤێستڤاڵێکی ڕۆشنگەریی ئەوروپی قبوڵیان بکات و تیایدا جوانترین و تازەترین بەرهەمیان پێشکەش ئەکەن .. شانازیی بەوەوە دەکەن لەگەڵ فڵان ڕۆشنبیریی ڕۆژئاوایی وێنەیان چرکاندووە.. لە فڵان پێشبڕکێیی ئەوروپیدا، خەڵاتیان بردۆتەوە، ئیتر ڕەوتی ڕۆشنبیری ناوخۆی کوردستانیان داوەتە دەست خوا.
دوێنێ، هەشتی حوزەیران، لە تاقیگەی نەخۆشخانە، بۆ ماوەی 12 سەعات ئێشکگر بووم، لەو کاتە دوور و درێژە، بە تەنیا، بە ڕێکەوت له لاپتۆکەمدا، بەرنامەی گەشتی8 ی هەردی سەلامیم بینی، بەڕاستی سەرنجی ڕاکێشام، چونکە من زۆر بینەری تی ڤی نیم .. وای لێکردم بۆ سێ چوار بەرنامەی گوێ ڕادێرم، ئیتر کەوتبوومە نێوان فەحسی نەخۆش و گەڕانەوە بۆ لاپتۆکەم، ڕێک وەک هەردی کە لە نێوان خواردن ئامادە کردن و پرسیارکردن له میوانەکەی، لە جموجوڵدایە..
لێرەدا بۆ زیندووڕاگرتنی بەرنامەی گەشتی 8 و ..بە هەمان ڕێگای نووسەرە بەرزە کۆچکردووەکانمان کە لە ووتاریکدا تاوتووی کۆمەڵێ شیعر و چیرۆکیان دەکرد، هەوڵ ئەدەم کۆمەڵێک ڕا و سەرنجی خۆم لەسەر سێ چوار بەرنامەی گەشتی 8 دەربڕم، بە هیوای ئەوەی ئەم نەریتە زیندوو بێتەوە و ..نوسەرانی تریش چاوبخشێنن بە بەرنامە و بەرهەم و ماندوو بوونی ئەوانی تردا، بۆ ئەوەی لە گۆشەی پەنهاندا پەڕاوێز نەخرێن و لە یاد نەچنەوە، وەک دەستخۆشیی و ماندوو نەبوون و ووزە بەخشێکیش بۆ ئەو نووسەر و پێشکەشکارانە، هەتا لە هەوڵ و داهێنانی نوێ بەردەوام بن، یان ئەگەر هەڵەیەکیان توش بووبێ، بە خۆیاندا بچنەوە.
سەرەتا هەست ئەکەم ئەم دیاردەی بانکگردنی میوانە بۆ ناو ئوتومبیلێکی گرانبەها و پیاسە پێکردنی، بووەتە دیاردەیەکی بڵاو و چەندین بەرنامە بەم شێوەیەیە، میوانی بەرنامە بانگدەکرێتە ناو ئوتومبیلێک و پرسیارەکانی لەناو ئوتومبیلەکەدا لێدەکرێت، دوای ئەوە بۆچی خواردن لە بەرنامەکەدا هەبێت؟ ئاشکرایە خواردن و بیرکردنەوە پێچەوانەی یەکترن ، ئەپرسم ئایا ئەمەیش هەر درێژکراوەی بەرنامە ڕەنگاوڕنگەکانی ناو ستۆدیۆ نییە، کە زیاتر لە کەناڵە تورکییەکانەوە وەرگیراون، لە لایەک شێف خواردن ئامادە دەکات و لە لایەک میوانی بەرنامە بەر ڕێژنەی پرسیار دراوە ؟
بە ڕای من دیاردەیەک یان ستایڵێک دوو بارە بێتەوە، چێژ لە دەست دەدات.. گۆڕینی تەکنیکی بەرنامە، زۆر ئاسانە و تەنها هەندێک بەهرە و بیر لێکردنەوەی ئەوێت، قەیچێکا با ڕۆشنبیرێک لە کتێبخانەیەکدا گفت و گۆی لەگەڵدا ساز بکرێ.. هونەرمەندێک له شانۆیەکدا .. خاوەنکارێک لە فرۆشگاکەیدا.. سیاسییەک لە تەنیشت کاروانی تەنکەرە نەوتەکاندا ..
یەکێک لە بەرنامەکانی گەشتی8، لە لەندەن و میوانداریی لەکاک ئەمیرحەسەن کردبوو، بە ڕاستی هونەرمەندێکی بەڕێز و سەرکەوتوو، ڕۆح سوک و قسە خۆش .. چێژێکی تایبەتی به بینەر و گوێگرەکانی بەخشی، بەڵام لە بۆچوونێکیدا توشی سەرسوڕمان بووم، کاتێ ووتی: ( من بڕوام بە هاوڕێیەتیی کوڕ و کچ نییە ! ) .. ئەمە هونەرمەندێکی ناسراوی دەرچووی پەیمانگای هونەرە جوانەکان، کە ساڵانێکیشە لە لەندەن ئەژی .. ئایا ئەم بۆچوونەی نابێتە هۆی تێکدانی باری سەرنجی هەوادارانی لەسەر پەیوەندییەکانیان؟ وا ناکات کەسانێک لێپرسینەوەی توند لەگەڵ کوڕ و کچەکانیاندا بکەن، پشت ئەستوور بە بۆچوونی هونەرمەندێک کە لە ئەوروپا ئەژی ؟ ئایا هاوڕێیەتیی چییە؟من سەدان هاوڕێی کچم لەکۆلێژ و فەرمانگا و تۆڕه کۆمەڵایەتییەکاندا هەیه.. هاوڕێن، لە خۆشیی و ناخۆشیدا هاوخەمیی بۆ یەکتری نیشان دەدەین و یەکتری بەسەر دەکەینەوە، ئیتر بۆچی ئەبێت بڕوات بە هاوڕێیەتیی کوڕ و کچ نەبێت؟ ئەی بچینە فەرمانگا چی بکەین؟ سڵاو لە فەرمانبەره کچەکان نەکەین و ..مردوویان لێ بمرێ، سەرخۆشییان لێنەکەین؟ یان ژوورەکان جیا بکەینەوە، ژووری ئینفیرادیی بۆ کچێک درست بکەین کە لەگەڵ دوو کوڕدا فەرمانبەرە؟ یان له زانکۆ .. یان لە هەموو شوێنێک..بە ڕاستی نابێت زاراوەی هاوڕێ و عاشق تێکەڵاو بکەین، هەموومان بمانەوێ یان نەمانەوێ، بە مامۆستا ئاینییەکانیشەوە، هاوڕێ و هاوخەمێکی زۆری ڕەگەزی بەرامبەرمان هەیە، چونکە مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە.. ئێ خۆ کۆمەڵ تەنها لە نێرینە پێک نەهاتووە.
پاشان کاک ئەمیر ئەڵێ خێزانەکەم ڕاستی کرد کە پێویستە خۆم له گۆرانیی وئاهەنگ دوور بخەمەوە چونکە لەگەڵ ئاستی کەسایەتیمدا ناگونجێ ..بەو جۆرە دوا گۆرانیم لەسەر دایک تۆمار کرد و ئیتر تەواو واز لە گۆرانی ووتن دێنم..!
ئەمە لوتکەی تێنەگەیشتنە لە هونەر .. لە ئەدەب .. لە ڕۆشنبیریی .. تۆ هونەرمەندی میللەتێکیت، خێزانەکەت بۆی نییە لە گۆرانی دوورت بخاتەوە .. من کە شیعر ئەنووسم، ناهێڵم خێزانم بیخوێنێتەوە و ڕای خۆی لەسەر بدات، چونکە من بۆ میللەتێک ئەنوسم، دوای ئەوەی کە شیعرەکەم بڵاو کردەوە، خێزانیشم ئەگەر حەزی لە خوێندنەوەی شیعر بێت، با بۆ خۆی بیخوێنێتەوە ..
چۆن ئەبێ هونەرێک کە تۆی گەیاندۆتە ئەو ئاستە، ئەمرۆ بە هاوشانی کەسایەتیی خۆتی نەزانیت، ئەی ئیتر بۆچی ڕازی ئەبیت وەک گۆرانیبێژێک چاوپێکەوتنت لەگەڵدا بکرێت؟ مادام بۆچوونت بەو شێوەیەی لێهاتووە، هەر لە سەرەتادا بە هەردی سەلامیت بووتایە، ببوورە! من جاران هونەرمەند بووم ، ئێستا هونەرمەند نیم و بە بڕیاری خۆم و خێزانەکەم هونەرمان وازلێهێنا، چونکە لەگەڵ ژیانی مندا ناگونجێت و ڕەتم کردۆتەوە ..
ئەبوو هەردی سەلامیی بیپرسیایه ئایا ئەو ناوبانگ و جەماوەرەیشی کە هەتە، ڕەتیان دەکەیتەوە لە کاتێکدا ئەو دووانە بەشێکن لە دەسکەوتەکانی گۆرانی ووتن کە بە تۆی بەخشیوە؟
لێرەدا بێئاگایی پێشکەشکار دەردەکەوێت لە چۆنێتیی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخێکی سەیردا، من گۆرانیبێژم بەڵام گۆرانیبێژیی لەگەڵ پلە و ئاستی مندا ناگونجێ و ..قسەی هاوسەرم ڕاست بوو، بۆیە دوا گۆرانی بۆ دایک ئەڵێم و ئیتر تەواو ..
کەواتە بینەر یەکسەر هەست ئەکا ئەمە ئەمیر حەسەنی گۆرانبیبێژ نییە، ئەمە کەسێکی ترە کە ئەمیر حەسەنی گۆرانیبێژی کوشتووە.. کۆتایی پێ هێناوە..
ئینجا دوا گۆرانیت بۆچی بۆ دایک بێت؟ نابێ بۆ عەشقێک بێت؟ نەخێر نابێ ..چونکە ئەم گۆرانیانە، ئاواز و شیعرەکانی بە سانسۆری خێزانییدا تێدەپەڕن، ئەبێ بە جۆرێک بێ کە بە خەیاڵیش عەشق و خۆشەویستیی تێدا نەبێ، چونکە عەشق لەگەڵ پلە ومەقامی ئێمەی خاوەن ماڵ و مناڵدا ناگونجێت یان عەشق بە واقیع و خەیاڵەوە، بە شیعر و ئاواز و وتنەوە، تایبەتکراوە بە هاوسەری هونەرمەند..
بە ڕاستی ئەمە کارەساتە.. گۆرانیبێژم بینیوە کاتێ مناڵەکانی گەورە ئەبن، گۆرانی بۆ هاوسەرەکەی ئەڵێت ..کەسێکی ئازا و ووریا نییە پێی بڵێ : براکەم! ئەم درۆ گەورەیە چییە ئەیکەیت؟ ئەسڵەن شیعر و گۆرانی بۆ ئەو شتانەیه کە دەستمان نەکەوتوون و لە خەیاڵدانماندا ئەخولێنەوە و شەونخوونمان ئەکەن .. تۆ هاوسەرەکەت پەنجا ساڵە پێکەوەن، ڕۆژی سێ ژەم پێکەوە ئەخۆن و ..شەڕ و ئاشتیی نەماوە لەگەڵ یەکتریدا نەیکەن، ئیتر ئەم شیعرە چییە؟ ئەم ئیلهامە لە کوێوە هات ؟؟ خۆ وەک حەلاوەخانی خێزانی فایق بێکەس کۆچی دوایی نەکردووە تا بۆی بنووسیت :
حەلاو گیان ڕۆیشتی منت بەجێهێشت
ئەزانی دوای تۆ چەندم جەفا چێشت ؟
هەر بۆیه پێوستە هونەرمەند و ڕۆشنبیرەکانمان ئاگاداری ئەوە بن کە ئەوان پێش ئەوەی هاوسەری ژنێک بن، موڵکی میللەتێکن، ڕێنیشاندەر و خەو و خولیای میللەتێکن..ناکرێت هیچ سانسۆر و بازگە و پۆلیسێک لە نێوان هونەرەکەیان و میللەتەکەیاندا ڕاوەستێت .. محەمەد جەزا عەلی گۆرانی بێژ، کوڕی حاجی عەلی، کە ڕازی نەبوو کوڕەکەی گۆرانی بڵێت، لە پێناوی هونەرەکەیدا لە قسەی باوکی دەرچوو، چونکە باوکی یەک کەسە بەڵام هونەرەکەی یەک میللەتە.. نزار قەبانی لەسەر شیعری عەشق بەردەوام بوو، باکی نەبوو بەوەی بنەماڵەکەی حاشایان لێکرد ..سوهەیبی ڕۆمی لە پێناوی عەشقی خوا و پێغەمبەردا، وازی لە ئایین و نەتەوە و کۆشک و تەلارەکانی باوکی هێنا و دوای موحەمەد کەوت..فایق بێکەس بە بێ گوێدانە خێزان و مامۆستای گەڕەک، داکۆکیی لە مەی کردووە.
ئەوانە فیداکاریین کە خاوەنەکانیان بەرز و نەمر هێشتۆتەوە ..
یەکێک لە گەشتەکانی 8 لەگەڵ کاک ڕێبین هەردی دا بوو، لە ڕاستیدا ڕێبین هەردی هەر چۆنێک بێ، کەسێکی ناسراوە، هەم وەک کوڕی ئەحمەد هەردی، هەم وەک هەوڵدان و خوێندنەوە و بیرکردنەوەی خۆی.. هەم وەک هاوڕێکانیی و ڕەهەندییەکان، زیرەک لە هونەری ئاخاوتندا و .. لە چۆنێتیی کاردانەوەی خۆش و ناخۆش لە کاتی خۆیدا، بە جۆرێک تەنانەت نەیارەکانیشی لە گولێگرتنی بێزار نابن..من وەک خۆم، بەدەر لەوەی کە ڕەخنەم لە هەندێک لە زەمانە سازیی و خۆگونجاندن و دیبلۆماسییەتی خۆپەڕینەوەکانی هەیە، بەڵام دڵنیام لەوەی کە لە دیالۆگ و دیپلۆماسییەت و ڕۆشنبیریدا، پلە و پێگەیەکی بەرزی هەیە.
لەو گەشتەدا، دوو سێ سەرنجم هەبوو لەسەر دیالۆگەکەی ڕێبین هەردی، یەکەمیان ئەوەیە چەندەها جار و تەنانەت لەکاتێکدا ئەحمەد هەردی باوکی له نەخۆشخانە کەوتووە، لێی دەپرسێت : ( ئەو ست فاتیمەیەی شیعرت بۆ نوسیوە، کێ بوو؟ ) باوکیشی وەڵامێکی کەمەر شکێنی ئەداتەوە، پێی ئەڵێ : ( ئەزانیت تۆ زۆر کەریت! )
لە ڕاستیدا وەڵامەکەی ئەحمەد هەردی کە دەیان جار ئەو پرسیارەی لێکراوە و وەڵامی نەداوەتەوە، دواجار لەسەر قەرەوێڵەی خەستەخانە چەند بارە هەمان پرسیاری لێدەکرێتەوە، وەڵامێکی زۆر نیشانە پێک بووە .. وەڵامێکی لە ڕووکەشدا کۆمیدییە، بەڵام لە ناوەرۆکدا تراژیدییە .. جنێوێکی بەکارهێناوە بۆ ئەوەی تۆزێک بیربکەنەوە، کە ئەم پیاوە کفری نەکردووە لەم کۆمەڵگا حەیا بەرەدا، یەک شیعری بۆ کچێک نوسیوە کە خێزانەکەی نەبووە ..ئەم کفرە گەورەیەی کە بە درێژایی ژیانی بە دوایەوە بوون و داوای کەفارەتی کفرەکەیان لێکردووە . تەنانەت له چەندین چاوپێکەتنی تیڤی و ڕادیۆدا، دیسان داوای ئەدرێس و ئیمەیڵ و ژمارەی خانوو و ناسنامەکانی !! ست فاتیمەیان لێکردووە، ئەویش ناچار وتوویەتی :
( قەت بە دڵ ڕەق باست ناکەم نایزڕێنم ناوەکەت)
ئێ خۆ ناتوانێ لەسەر تیڤیی پێیان بڵێ : ئەزانن ئێوە زۆر کەرن ؟..
بەڵام سوودی نییە .. لەگەڵ میللەتی قۆناغی ئەشکەوتا سوودی نییە .. لەگەڵ کۆمەڵگای مێگەلدا، سودی نییە ..کۆمەڵگای فزوڵیی، کۆمەڵگای بێ ئیش، کە عەقڵیان داچۆڕاوەتە ناو شەڕواڵەکانیانەوە ..کۆمەڵگایەک کە حەز ئەکات حەیای کچێک ببات و ئاشکرای بکات و تەپڵی بۆ لێبدات ..
وەک چۆن عەبدوڵا پەشێوێکی لوتکە!! ، تەهدیدی ئەو کچە ئەکا کە خۆشی ویستووە و ..چارەنووس وایکردوە ببێتە هاوسەری کەسێکی تر
، پێی ئەڵێ :
( لە دەستم دێ ئەڵقەی پەنجەت پێ فڕێ دەم
نامەی بەختت بسووتێنم،
لە دەستم دێ هەموو شتێک ئاشکرا کەم
کام شەوت گەش و ڕووناکە
ئەو شەوە فوو لە چرا کەم
لە دەستم دێ، بە دوو وشە دڵی زاوای ویستووت ڕەش کەم
لە خۆشاوی شەوی پەردەتان بێبەش کەم ) !!
واتا لە دەستی دێت پەیوەندییە تایبەتیی و سۆزدارییەکانی ئاشکرا بکات و ..شەو لە عەشقە کۆنەکەی بکات بە شەوی تار و دەیجور ..
ئەڵێ لە دەستم دێت، واتا ئەمە جۆرێکە لە نیشاندانی هێز و ماسولکە وتوانا.. لە دەستی دێت..شانازی بەوەوە ئەکات کە ئەتوانێت خێزانێک وێران بکات ئایا ئەمە نیشتنەوەی ئیلهامی شیعرییە یان درۆنی جەنگیی ؟
هەر بۆیە ڕێبین هەردی ئەکەوێتە هەڵەیەکی گەورەوە کاتێک ئەیەوێ دەستکاری داهێنان و سروش و شیعری باوکی بکات پێش ئەوەی بیەوێت بچێتە ژیانی سۆزداریی و تایبەتیی شاعیرێکی ناسک و ڕۆمانسیی میللەتێکی مێگەل و ڕەشۆکیی ..بۆیە ئەو شاعیرە ناچارە ڕەنگە بۆ یەکەمجار بە کەسێک بڵێ، ئەزانیت تۆ زۆر کەریت ..؟؟ .. هەڵەی گەورەی کردووە کاتێ شاعیرێکی گەورەی وەک باوکێک بینیوە و ویستوویەتی ئەدرێسی پەری شیعرەکانی لێ وەربگرێت..
کارەساتێکی گەورەیە بڕۆیت بە دوای ناوێکا بگەڕێیت کە لە شیعری شاعیرێکی گەورەدا هاتووە، بۆ ئەوەی ناوی ئافرەتێک بزڕێنیت، کە تاوانەکەی ئەوە بووە عەشقی باوکت بووە.. یان تەنانەت بە کوشتنی بدەیت لەلایەن کەس و کارە ڕەشۆکیی و تێڵا بە دەستەکانیەوە ..
ئەوەی جێی پێکەنینە، ڕۆشنبیرێکی وەک ڕێبین، لە سەرەتادا ئەڵێت ئێمە هەموومان ئەزانین ئەو ست فاتیمەیە کێیە ..ئەوان هەموویان .. واتا ئەوان هەموویان، بە بنەماڵە، کاتێکی زۆریان لە گەڕان بە دوای ئەو ست فاتیمە داماوە قوڕ بەسەرەدا بە هەدەر داوە و دۆزیویشیانەتەوە ..
ئەی ئافەرین .. هەموویان ئەزانن ست فاتیمە کێیە، ئەی باشە کاک ڕێبین کە زانیوتانە ست فاتیمە کێیە، بۆچی وازتان لە باوکتان نەهێناوە و تەنانەت لەسەر قەرەوێڵەی نەخۆشخانەیش دیسان پرسیارتان لێکردووە و ناچارتان کردووە پێتان بڵێ : ئەزانیت تۆ زۆر …… ؟
یان ویستووتانە به دەمی خۆی ددانی پیا بنێ؟ هەڵبەت زۆر ڕۆیشتنم لەسەر ئەم بابەتە، بە ڕەوا ئەزانم ، چونکە بە بەشێک لە داکوکیی ئازادیی ئەدەبیی ئەزانم ..
.. لە باسکردنی ژیانی کەسێکی ناسراودا نابێ بچوکترین هەڵە بکرێ، لەسەر فاریزەیەک لە نوسینێکی فریدریک نیچەدا، هەرایەکی گەورە دروست بوو، ئێستا چۆن لەسەر گەڕان بۆ دۆزینەوە و ئاشکرا کردن و ناوزڕاندنی ناسکترین چیرۆکی عەشقی شاعیرێکی ناو مێگەلستان، من چوار دێڕ نەنووسم ؟ چۆن داکۆکی لە شاعیرێک نەکەم کە خۆم ئینتیمام بۆ جیهانی شیعر هەیە؟
پاشان ڕێبین هەردی باس لە نەوشیروان موستەفا ئەکا .. وەسفێکی زۆری دەکات، خۆی بە لایەنگری گۆڕان و هاوڕێی نەوشیروان مستەفا ئەناسێنێ. دوای ئەوە وەسفێکی زۆری مام جەلالیش ئەکات ..
ئینجا ئەڵێت نەوشیروان موستەفا گەورەترین جەلالیی بووە، بە داخەوە کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ مام جەلالدا گەیشتە ئەو ئاستە !!
بە ڕاستی ئەو قسانەی کاک ڕێبین، کارەساتی گەورەی پەتپەتێنی فیکرییان لێ ئەکەوێتەوە..ئێ ئەو دوو کەسایەتییە لێک ترازاون، تەنانەت بە بۆچوونی خۆت نەوشیروان مستەفا نەهاتەوە بۆ سلێمانی هەتا شەڕی نێوان یەکێتی و گۆڕان ڕوو نەدات..تۆیش هاوڕێ و هاوبیری گۆڕان و نەوشیروان مستەفا بوویت، ئێستا چۆن ڕێ بە خۆت ئەدەیت خەفەت بۆ ئەوە بخۆیت کە نەوشیروان مستەفایەک کە گەورەترین جەلالیی بووە، بە داخەوە کە لە مام جەلال جیا بۆتەوە و گۆڕانی دامەزراندووە؟
جارێ وشەی جەلالیی و مەلایی، نابێ لەسەر زاری ڕۆشنبیر بگەڕێت، وشەیەکن کە لە دووریی سەدان فرسەخ ڕێوە بۆنی ناتەبایی و براکوژی و ئاوکردن بە ئاشی کۆن و جەهالەتیان لێ دێت..نازانم چۆن ڕۆشنبیرێک ڕێگا بە خۆی ئەدات وشەی جەلالیی یان مەلایی بدرکێنێ؟؟ نازانم ..ڕەنگە بۆ خۆ شیرینکردن بێ، وەک ئەوەی هەندێ ڕۆشنبیری سلێمانی بە ( وانێ ) قسەئەکەن، هاتمەوانێ، ڕۆشتمەوانێ، .. بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کە لە سلێمانییە ڕەسەنەکانن !!
لەوەیش سەیرتر کاتێ ڕێبین هەردی ئەڵێت کاک نەوشیروان گەورەترین جەلالیی بووە .. لێرەدا ( گەورەترین جەلالیی ) وەک باشترین پلە و پێگە و پێوەر وایە لەلای .. واتا ئەی نەوشیروان مستەفا تۆ کە لەو پلە و پێگە باڵایەدا بوویت، چۆن وازت لێهێناو چوویت گۆڕانت دروستکرد؟ خۆ گەر بیووتایە گەورەترین سەرکردەی یەکێتیی یان کۆمەڵە بووە، نەمانئەتوانی ڕەخنە بگرین، بەڵام بە کەسکردنی حیزبێک، زیندوو کردنەوەی بە کەسکردنی حیزبەکەی بەرامبەرێتیی و ..گەڕانەوەیە بۆ سەردەمی کۆن.. سڕینەوەی تەواوی پەیڕەوپڕۆگرامی کۆمەڵە و یەکێتیی و پارتیشە، ئەوەتا لێرە باشترین سەرکردەکان، گەورەترین جەلالین ..با ئەولایش گەورە مەلاییەکانیان باس بکەن..
ئەمە لە زاری پێشمەرگەیەکی نەخوێندەوارەوە بێت، ئاساییە، بەڵام ڕەهەندییەکی کە دەیان ووتاری لەسەر مۆدێرنیزم و
پۆست مۆدێرنیزم و سیکیولاریزم و دیموکراسیی نوسیوە، کار بە تێرمی جەلالیی و مەلایی بکات، ئەمە ماڵوێرانیی ئایدیۆلۆژیی ناودەنێم من، ئێوەیش ئارەزووی خۆتانە.
لە باسکردنی فاروق ڕەفیقدا، ئەڵێ: فاروق ڕەفیق هێرشی زۆری کردە سەرمان، ئێمە وەڵاممان نەدایەوە، هەتا کار گەیشتە ئەوەی ووتمان کاک بەختیار وەڵامێکی بدەرەوە ..!!ئیتر ئەویش بە کتێبێک وەڵامی دایەوە !
ئایا ڕەخنە، هێرشە ؟ ڕەنگە ڕەخنە لای کەسێکی نەخوێندەوار، هێرش بێ .. بەڵام ڕەخنە لای ڕەهەندییەکان کە خۆیان بە پۆست مۆدێرنیزمی ئەم میللەتە ئەزانن، ئەبێ وەک لێکچەرێکی زانستیی وەریبگرن، خۆی ڕەخنە لە بنچینەدا زانستێکە و لقێکە لە کۆلێژی ئەدەبیات ..هەر بۆیە ناوهێنانی ڕەخنە بە هێرش، وەک ئەوە وایە بە قەڵەم بڵێیت ئاڕپیجی ..
کاک بەختیار بە کتێبێک وەڵامی هێرشەکانی فاروق ڕەفیقی دایەوە، وەک ئەوەی بڵێی ئێمە بە فڕۆکەیەکی ئێف شانزه وەڵامی تیروکەوانەکانی فاروق ڕەفیقمان دایەوە ..
یان ئەوەی کە ئەڵێ من هەر وەڵامم نەدایەوە .. چۆن وەڵامی کەسێک نادەیتەوە باری سەرنجێکی هەیە لەسەرت یان لەسەر نوسینێکت؟ ئایا ئەمە لوتبەرزیی ڕۆشنبیرییە یان بێتاقەتیی ڕۆشنبیریی؟ من هەر تاقەتیشم نەبوو وەڵامی بدەمەوە، هەر نامەوێ وەڵامی بدەمەوە .. واتا وەک ئەوەی کەسێک پێت بڵێ کراسەکەت ڕیقنەیەکی پێوەیە..تۆ تاقەتت نەبێ وەڵامی بدەیتەوە، ئێ کابرا زەحمەتی کێشاوە، کە ئاگاداری کردوویتەتەوە، کراسەکەت پیس بووە، ئەبێ بە لایەنی کەمەوە بڵێی سوپاس . . یان پێی بڵێیت کاکە ئەوە ڕیقنە نییە، بڕاندی پۆڵۆیە یان لاکۆستە .. یان هەر وەڵامێک .. بەڵام هەر وەڵامی نەدەیتەوە، چی ئەگەیەنێت؟ زۆر شت ئەگەیەنێت کە ناتوانم لێرەدا باسی بکەم، پاشان کەسێک کە شایانی وەڵامدانەوە نەبووبێ و پشتگوێ خرابێت، بۆچی ئەچیتە پرسەکەی ؟ ئاخر کەسی بیریار وەک کەسی عەشایەر نییە، مردن چۆکی پێ دابدات و بەرەو مزگەوت و گۆڕستان هەڵیفڕێنێ.
گەشتێکی تری هەردی سەلامیی، لەگەڵ دکتۆر محەمەد خانیدا بوو، ئەو دکتۆرە کۆمەڵناسەی کە بە ووتە و لێکدانەوەکانی خەڵکێکی زۆری لێ کوبوونەتەوە و .. چێژێکی تایبەت لە هێمنیی و عەقڵ و لێکدانەوەکانی دەبینن، بە جۆرێک چارەسەری بۆ زۆربەی کێشە دەروونیی و کۆمەڵایەتییەکان پێیە، بە بێ زۆر لە خۆکردن و پەنا بردنە بەر زاراوەی لاتینیی و گریکیی، بە زمانێکی ڕەسەنیی کوردیی ئەدوێ..
٢-
لەم گەشتەی 8 دا، چەند سەرنجێکیشم لەسەر دکتۆر خانی هەبوو، ئەڵێ من زۆر داوای لێبوردن لە خەڵک ئەکەم ..بەڵام داوای لێبوردن کاردانەوەی هەڵەیەکە، وەک دەڵێن من کەمترین خەڵک بریندار ئەکەم، بۆ ئەوەی کەمترین داوای لێبوردن بکەم..کەواتە دکتۆر خانی تۆ لە ڕاستیدا ئەبێ زۆر تووڕە بیت، یان خەڵکێکی زۆر بریندار ئەکەیت وا زۆر داوای لێبوردن ئەکەیت، چونکە ناکرێت هەر لە خۆمانەوە داوای لێبوردن بکەین، هەتا هەڵەیەکمان بەرامبەر کەسێک نەکردبێت.
دکتۆر خانی ئەڵێت: من هاوسەرەکەم هەموو شتێکمە، نە باوکم ماوە نە دایک ، خوشک و برا هەموو دوور کەوتوونەتەوە، پێی دەڵێم گەر تۆ نەبوویتایە من چیم بکردایە ؟
لێرەدا ئەم کۆمەڵناس و دەروونناسە ئەکەوێتە دوو هەڵەی گەورەوە، هەڵەی یەکەمیان ئەوەیە، ئەوێکی زانا و دانا گەر هاوسەرێکی نەبووایە نەیدەزانی چی بکات، ئەی چەندەها گەنجی کوردی ئاوارەی کەمپەکان بێ دایک و باوک و خوشک و برا و هاوسەر چی بڵێن؟ کاتێ گوێ لە دکتۆر خانی دەگرن، ئەبێ توشی چ خەم و دەردێکی جودایی ببن، کاتێ دکتۆرێکی پایەبەرز بە بێ هاوسەر ماڵوێران ئەبێ، ئەی ئەوانی داماو چی بکەن؟ هەر لەناو گوێگرانی بەرنامەکەی گەشتی8 دا، چەندەها کەس هەن هاوسەریان مردووە، یان نەخۆشکەوتووە و لەناوجێدایه یان تەڵاقدان تەنیای خستوون، ئەبێ چ ئەشکەنجەیەکیان توش بێ کاتێ دکتۆرێکی بێ هاوسەر ڕایدەگەیەنێ کە بە بێ هاوسەر نازانێ چی بکات و نازانێ قوڕی کوێ بکا بە سەریدا ..
دووەمیش، ئەمەوێ بە کاک خانی بڵێم، هەرگیز مان و نەمان و هیوا و ئاواتەکانت مەبەستەرەوە بە کەسێکەوە، گەر وایش بێت، لەبەردەمیدا ئەو ڕاستییە ئاشکرا مەکە، بۆ ئەوەی شیرازەی خۆت لە دەستی خۆتا بێت و نەچێتە دەستی کەسێکی ترەوە، چونکە سروشتی مرۆڤ بە گشتی و مرۆڤی کورد بە تایبەتیی بەو جۆرەیە، کاتێ بزانێت بووەتە دوا چانس و دوا هیوا و دوا پشت و پەنای کەسێک، خۆی لەو کەسە دوور ئەخاتەوە، بە گشتی مرۆڤ حەز ئەکا هاوڕێی کەسێکی سەخت بێ نەک کەسێکی تەخت..کەس و کەژ پیتێکیان جیاوازە، بەڵام بەڕای من هەر یەک ووشە بوون و پیتێکیان کەوتۆتە خوارەوە و شکاوە..
دکتۆر خانی تەواوی قسەکانی ئامۆژگاریین، لە کاتێکدا ئاسانترین شت کە هەموو مرۆڤێک ئەتوانێت بیکات و هیچی تێ ناچێت، ئامۆژگاریکردنی ئەوانی ترە .. هەر زۆر خۆشە دانیشیت بەو خەڵکە بڵێیت بۆچی ئیشێک ناکەن؟ بۆچی زۆر ئەخەون ؟ ئەو خەڵکە چۆن دەوڵەمەند ئەبن، ئەی تۆ بۆ چوار مشقیی لێی دانیشتوویت؟
منیش ئامۆژگاریی خەڵکم زۆر کردووە، هەتا خۆم ئیشی دوای نیوەڕوانم لە دەست چوو، تەماشا ئەکەم زۆر زەحمەتە بچم ئیشی تر بکەم، یان ئیش هەر نییە بیکەم، ئەوسا سەرم کردە خەو، بە جۆرێ پەشیمان بووم لە هەموو ئەو ئامۆژگارییانەی کە جاران دەرخواردی گەنجە بێ ئیشەکانم ئەدا.. لەبەر ئەوە بە ڕاستی من حەزم ئەکرد گوێگرێکی زۆرتان نەبووایه، بەڵکو کۆمەڵێک گەنجم ببینیایە پڕۆژەیەک بەو شاخەوە بکەن بڵێن ئێمە تەلەبەی دکتۆر خانین ..کۆمەڵێ شۆڕشگێڕ بڵێن ئێمە خوێندکاری دکتۆر خانی بووین.. کۆمەڵێ لاو شەقامەکان پاک بکەنەوە و ڕێنمایی داب و نەریتی کوردیی بدەنە گەشتیارەکان و بڵێن ئێمە قوتابی دکتۆر خانین .. بەڵام کاتێ ئێمە تەنها قسە بۆ خەڵک بکەین و لە جیاتی خەباتگێڕ و خەڵکی تێکنۆکرات، خەڵکی گوێگر لە دەوری خۆمان کۆبکەینەوە، ئەوسا ئێمە میللەتێکی بێ زمان و بێ چاو و بێ دەسەلات دروست دەکەین، کە لە جیاتی ئەوان قسە ئەکەین، واتا میللەتێکی ئاڵودە بە قسەی خۆش و نەستەق و لێکدانەوەی ئاسان و چارەسەر بە ووشە.. میللەتێ کە چاوەڕوانە دکتۆر خانی و عەلی حەمە ساڵح و سۆران عومەر و دکتۆر غالب قسەی دڵیان بکا ..کە ئەوان قسەی دڵی میللەتیان کرد، ئیتر میللەت بە بێ دەنگیی ئەمێنێتەوە، چونکە ووتە بێژ و زمانحاڵی هەیە، پێویست ناکات میللەت قسە بکات و بیر بکاتەوە ..هەتا شەقام و باری ئابووریی و زانستی و سیاسیی بەرەو خراپتر بڕۆن، بزانن خەڵکێک هەن کە پێشرەوی میللەتن بە قسە و دروشم .. هەر بۆیە کاتێ دوو گەنج لە شوێنێکی گشتیدا میز ئەکەن بە دیوارێکدا، حەق نییە دوو گەنجەکە سزا بدرێن، حەقە مامۆستاکان لە سەرەتاییەوە هەتا زانکۆ سزا بدرێن، چۆن نەیانتوانیوە دوو گەنج وا لێبکەن وەک مرۆڤ میز بکەن نەک وەک گوێرەکە ..ئەبێ سیاسیی و تەواوی ڕەگەیاندنەکانیان سزا بدرێن، چۆن بەو ڕاگەیاندنە زەبەلاحانەوە نەیانتوانیوە ڕێگای ئاودەستخانە پیشانی دوو گەنج بدەن..لەبەر ئەوە بە لاتانەوە ئاسایی بێت کە ئەوروپییەک دێتە کوردستان سەیری هیچ کەسێک ناکات، چونکە هەست ناکات مرۆڤی تێدایە ، لەبەر ئەوەی جێگا دەست و شوێن پێ و بار و دۆخەکەی چوار دەوریی، هی مرۆڤ نین، یان لە باشترین حاڵەتدا هی مرۆڤی پێش شۆڕشی پیشەسازیی و ڕێنیسانسن..
لە ئەوروپا زانا و دانا و بیریارەکانیان، وەک تۆماس مۆر و دانتیی و ڤێرکیلی و بۆکاشیۆ و کۆپەرنیکوس و ..سەدانی تر، گەورەترین شوڕشی زانستی و ژیاریی و شارستانیی، بە خوێن و ژیانی خۆیان ئەنوسنەوە، ئەگینا تا ئەمڕۆیش شەقامەکانیان وەک شەقامەکانی ئێمه دەبوو .. ئەوان پێشڕەوی هەموو گۆڕانکاریی و شوڕشەکان بوون..خۆ تۆماس مۆر و سۆکرات ئەیانتوانی خۆشترین ژیان لەگەڵ پادشا نادادەکاندا بژین و خۆیان بە کوشتن نەگەیەنن، ئەی بۆچی خۆیان بە کوشتن گەیاند؟ لەبەر ئەوەی میللەتەکان تێ بگەن کە چیتر قبوڵی پادشای ناداد و یاسای دارستان نەکەن ..ئەوان نەبوونایه، سیستمی تێکنۆکرات چۆن لە ئەوروپا و ئەمەریکا پەیڕەو ئەکرا؟ چۆن ئۆبامایەکی بنەچە ئەفەریقیی ئەکرایە سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکان؟ ئەی بۆچی لای خۆمان سەرۆک لە فڵان تیرە و خێزان نەبێ، ئەگەر ئەبراهانم لەنکۆڵنیش بێ، لچی لێ نادات؟
ئێ ئەوان خاوەنی سۆکرات و تۆماس مۆر و دانتین کە فەیلەسوفی پێشمەرگە بوون، ئێمەیش خاوەنی فەیلەسوف گەرێکین، کە لە قسەکردندا هیچ کێشەیەکیان نییە، بەلام ئەگەر نیشتمانەکە لە نادادیدا نوقوم بێ، بچوکترین چارەسەر و کاردانەوە و هەڵوێستیان نابێ و ..تێکڕایشیان بە دەردی خوا ئەمرن.. بەڵام گلەییەکم لە هەردی سەلامیی هەبوو، لە کاتی سوور بوونەوەی قیمە و پیازەکەدا، نەیهێشت دکتۆر بە ئیسراحەت دوو پارووی چاک بخوات، نانەکە بەشێکی بە دەستییەوە و بەشەکەی تریشی لەسەر ئەژنۆی، نائومێد بووبوون.
دواجار کاک هەردی چووە کەرکوک بۆ لای کاک ئاسۆ ئەڵمانیی.. ئەو پیاوەیش وەک پێشمەرگەی دێرین و .. وەک خەڵکی کەرکوک و.. وەک یەکێک لە قوربانییەکانی ئیپیدایمی براکوژیی، کۆمەڵێک داخ و خەمی هەڵڕشت، کە وای لە بینەرانی کرد خۆشیان بوێت، هەستی خۆبەشتزانین و قسەی باق و بریقی نەبوو .. سادە و ساکار و خاکیی بوو ..بەڵام دوو سەرنجم لە بەرامبەری دروست بوو،
یەکەمیان : کاتێ باری تەندروستیی تێک دەچێت و .. چەوری جگەر یان ترایگلیسراید و ڕێژەی شەکری بەرز ئەبێتەوە، گوێ نادات بە خۆی، هەتا ئەم پرسە ئەگاتەوە لای پاڤڵ تاڵەبانیی، پێی دەڵێت : بڕۆ بۆ ئەوروپا چارەسەری خۆت بکە..
ئەمیش ئەڕوات بۆ نەمسا، بۆ سەنتەرێکی تایبەت بە هەرس و جگەر و لە ماوەی دوو هەفتەدا دوانزە کیلۆ دادەنێت و ..کە دێتەوە پزیشکەکانی ئێرە سەریان سوڕدەمێنێت، لێی ئەپرسن چیت کردووە وا هیچ دەردێکت تیا نەماوە ؟
لێرەدا لە کاک ئاسۆ ئەپرسم، باشە بۆچی هەتا کاک پاڤڵ نەیووت بڕۆ بۆ ئەوروپا، نەچوویت؟ بۆچی گرنگی بەخۆت نادەیت ؟ خۆ نە لە شاخین و نە لە شەڕداین و نە سنوورەکانیشمان گیراوە .. ئیتر چۆن ئەتوانیت بە نەخۆشی جگەر و پەنکریاسەوە لێی دانیشیت، هەتا پرسەکە ئەگاتە سەروو خۆت و ..پێت ئەڵێ ئەبێ بە زووترین کات بچیتە ئەوروپا چارەسەری خۆت بکەیت ؟
باشە، وا تۆ چوویتە ئەوروپا و چارەسەری خۆت کرد، ئەی ئەو خەڵکەی کە گوێیان لێگرتوویت، چۆن چارەسەری خۆیان بکەن؟ من کەسێک ئەناسم، کە جگەری به تەواوەتیی توشی فایبرۆسس بووە و ئەبێ جگەری بۆ بچێنن، لە کوردستان سێ دەفتەر دۆلاری تێدەچێ و لە هیندستان حەوت دەفتەر، ئێستا و لەم کاتە ناسکەدا چووە بۆ تاران، چونکە نە سێ دەفتەر شک ئەبات و نە حەوت دەفتەر ..؟
بە سیفەتی ئەوەی پێشمەرگەی دێرینیت و خۆت بە بەرپرسیاری ئەو میللەتە ئەزانیت، بۆیە ئەو پرسیارەت لێ دەکەم .. ئایا ووڵاتی خۆمان چارەسەری تێدا نییە، وا ئێوە یەکسەر ئەڕۆن بۆ ئەوروپا ؟ ئەنوەر و فاتیحی هاوڕێم شێرپەنجەیان بوو، بەرکەوتەی چەکی کیمیایی بوون ، خانۆکانیان فرۆشت و چوونە ئەستانبوڵ بە هیوای ڤیزەیەکی ئەوروپا، دەستیان نەکەوت و هەر لەوێ مردن و بوونە هاوگۆڕی نالی و حاجی قادری کۆیی ..
تۆ بۆچی باسی ئەو گەشتەت بۆ کردین بۆ نەخۆشییەکی ئاسان کە چارەسەرت لای پزیشکێکی وەک محسن ابوبکر هەبوو، ئەی ئێمە نەخۆشییە گرانەکانمان ببەین بۆ کوێ ؟
بریا باسی ئەو گەشتە ئاسانەت نەکردایە، کە لای ئێمە زۆر گرانە و هەزاران لاومان لەو ڕێیەدا خنکان.
دووەم سەرنجیشم ئەوەیە کاک ئاسۆ ئەڵێ ئەبێ جارێکی تر بچمەوە بۆ نەمسا، چێکی خۆم بکەمەوە، بەڵام لەبەر بارودۆخی نائارامیی بەغداد و ناوچەکە، دوام خستووە، چاوەڕێ دەکەم وەزعەکە ئارام بێتەوە، جا ئەڕۆمەوە بۆ نەمسا ..
لێرەدا ئەپرسم جاری یەکەم کە چوویت بۆ نەمسا، بارودۆخەکە ئارام بوو ؟ بڕوا ناکەم ئارام بووبێت.. چونکە من پەنجا ساڵ پێش ئێستام لەبیرە، هەرگیز بارودۆخی ئەم ناوچەیە ئارام نەبووە، هەر بۆیە دەست لە دەست و قەوەت لە خوا، بە زووترین کات تکتی فڕۆکە ببڕە و لە نەمسا چێکی تەندروستی خۆت بکەرەوە، دڵیشت هیچ نەکات، چونکە هەر کاتێ بە قەڵەم و کاغەزێکەوە بچیتە بارەگای هەموو حیزبە کوردییەکانەوە و غیابات بنوسیت، زۆربەیان غایبین و لە گەشتی خەلیج و تورکیا و ئەوروپا و ئەمەریکان، ڕەنگە تەنها ئێشکگرێک لە بارەگاکاندا ببینیت، کە وەک من سەرە ئێشکگرتنێتی و چاوەڕوانە گەشتیارێک بێتەوە و بارەگاکەی تەسلیم بکات و ئەویش بڕوات بۆ نۆرە گەشتی خۆی.
بۆگەنیی کات.. شیعر \ مستەفا مۆحسین
هەستەکان لە قووڵایی گۆشتێکی ڕزیودا، بۆنی مێژوو دەگرن،
یادەوەرییەکان لە پەنای ئێسکەکاندا دەبنە خۆڵەمێش.
ڕاستییەکان، وەک تابووتێکی بێخاوەن، لەگەڵ ئاودا ڕێ دەکەن.
ورچە سپییەکانی بەستەڵەکی باکوور
خەوتن لێیان دەپاڕێتەوە،
بەڵام خەو، وەک حەبێکی ژەهراوی، لە قوڕگی ئاسماندا قەتیس ماوە.
چاوی کۆندەپۆکان لە ناو گیرفانی قاپوتێکی کۆندا،
بیرەوەریی دەڕشێننەوە.
خۆر، وەک پشکۆیەکی بێزار، لە ناو گوڵدانێکدا دەمرێت و
گوڵەکان بۆنی دووکەڵی ئەستێرەکان دەگرن.
هەورەکان، وەک پەڕۆیەکی چڵکن
تاڵیی دەبارێنن و
لە ناو جەستەی مرۆڤەکاندا، کارگەی بەرهەمهێنانی تەم دروست دەکەن.
لەو ڕووبارەوە، ئەو کەسەی کە قەت نەبینراوە،
چاوەکانی هاوشێوەی گەردوون کراوەن؛
“نەبوون” هەڵدەڕژێتە ناو زمانیەوە.
ئاوێنەکان خەریکە وێنەی ڕاستەقینە دەشارنەوە،
تا تێبگەین کە سێبەرەکان، بەر لە ئێمە خۆیان کوشتووە.
خەونە هاوبەشەکان،
هەموویان پڕۆژەیەکی خۆکوژین.
لەمە بەدواوە،
حەقیقەت وەک سەگێکی بریندار،
بە ناو کۆڵانە تاریکەکانی مێشک
بە دوای ئێسکێکدا دەگەڕێت،
که بۆنی “ئومێد”ی لێ نەیەت.
تۆ كه ئێستاكه لێره نیت..شیعر \ كاوەی خەسرەوكاوانی
تۆ كه ئێستاكه لێره نیت
نازانى خهم چى پێ كردووم
به گومانم ئاخۆ ماوم
یاخۆ منیش وهك تۆ مردوم
* * *
لهو رۆژهوه كه رۆیشتوى
جارێك نهتپرسى ههواڵم
وهكو وهلى له بۆ شهما
دێوانهى نێو دهشت و یاڵم
* * *
خۆزگه دهبهم ئابهو خاكهى
باوهشى له جهستهت داوه
ئێستا گۆڕت گوڵستانه
گوڵستان باغى ژاكاوه
* * *
ئاخۆ ئێستا تۆش وهكو من
بیرم دهكهى وهكو جاران
دهكهى چاوهڕێ ى نێرگز و
رێژنه و بۆن و نهشئهى باران
* * *
تۆش وهك من ههموو ساتێ
بیرم دهكهى تا دوا نهفهس
تۆش جیهانت وهك جیهانم
بۆته باڵندهى نێو قهفهس
7/4/2026
kawa_kiwiny@yahoo.co.uk
زمانی دایك: لە نێوان ونبوون و ژیانەوەدا.. فێنک تەڵعەت
زمانی دایك تەنیا ئامرازێك نییە بۆ لێكگەیشتن و گفتوگۆی نێوان تاكەكان؛ بەڵكو هێمایەكی نەتەوەیی و نیشتمانییە. زۆر لە نەتەوەكان زمان وەك دڵی نەتەوە دەبینن، چونكە دڵ بنەمای ژیانە. بۆیە دەگوترێت: “ئەو كاتەی بە زمانەكەی خۆم دەدوێم، هەست دەكەم دڵم خێراتر لێ دەدات و چاوەكانم ڕۆشنتر دەردەكەون”. بەراوردكردنی زمانی دایك بە دڵ، واتای ناسنامە و شوناسی نەتەوەیەكە؛ چونكە وەك دڵ، زمانیش بۆ بەردەوامی ژیان گرنگە.
لە دنیای ئەمڕۆدا پرسی زمانی دایك بووەتە بابەتێكی گرنگ. بەپێی ئامارەكانی ڕێكخراوی یونسكۆ (UNESCO) نزیكەی حەوت هەزار زمان لە دنیادا بەكار دەهێنرێن. بەڵام نزیكەی ٤٠٪ی ئەم زمانانە ـ واتە هەزاران زمان ـ لە مەترسیی داخوران و ونبووندان. هۆكارەكانیش جۆراوجۆرن؛ لەوانە گۆڕانی ژینگە، سیاسەتی زمان، كەمتەرخەمیی دامەزراوە پێوەندیدارەكان، لاوازیی پەروەردەی خێزان و سیستمی خوێندن.
لەو بارودۆخەدا ئەم پرسیارە سەرهەڵدەدات:
زمانی كوردی لە كوێی ئەم هاوكێشەیەدایە؟ لە نێوان ونبوون و ژیانەوە لە چ ئاستێكدایە؟
بۆ وەڵامدانەوە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ مێژووی ئەم زمانە. زمانی كوردی بە هەموو زاراوەكانەوە چەندان سەدە لە ژێر گوشار و قەدەغەكردندا بووە. سەرەڕای داگیركارییە یەك لە دوای یەكەكان و قەدەغەكردنی وەك زمانی فەرمی لە دەوڵەتدا، زمانەكە نەك ون نەبوو، بەڵكو بە ئاشكرا و نهێنی خۆی و كولتوورە ڕەسەنەكەی پاراست. ئەدەب و هونەر ڕۆڵێكی سەرەكییان هەبوو لە ژیانەوەی زمان؛ شیعر، چیرۆك و گۆرانی بوون بە پەناگەی زمانی كوردی.
لە ماوەی نێوان جەنگی دووەمی جیهانی تا ڕاپەڕینی گەلی كورد لە ساڵی ١٩٩١، زمانی كوردی لە عێراقدا بە تەواوی ڕێگەی پێ نەدرابوو لە سیستمی پەروەردەدا بەكار بهێنرێت. ئەم بارودۆخە كاریگەرییەكی گەورەی لەسەر گەشەی بەرهەمی زانستی و ئەدەبی هەبوو، بە جۆرێك كە بەشێكی زۆر لە ئەدیبان و هونەرمەندان بەرهەمەكانیان بە زمانی عەرەبی بڵاو دەكردەوە.
بەڵام پاش ڕاپەڕین، زمانی كوردی وەك دەستكەوتێكی گرنگ ناسرا و كرا بە زمانی فەرمی لە داودەزگا فەرمییەكان، هەروەها وەك دووەم زمانی فەرمی لە عێراقی فیدراڵدا ددانی پێدا نرا. ئەمە هەنگاوێكی گرنگ بوو بەرەو بەهێزكردنی ژیانی زمان. لێرەوە بۆمان دەردەكەوێت گۆڕانی ژینگە هۆیەكی گرنگ بووە لەسەر زمانی كوردی و كاریگەریی نەرێنی جێهێشتووە لە ڕابردوودا.
لە هەمان كاتدا خێزان وەك یەكەم ناوەندی پەروەردە، ڕۆڵێكی بنەڕەتی دەگێڕێت. لە كۆنەوە تا ئێستە، دایبابان بە ئەركی خۆیان هەستاون و لە ماڵەوە منداڵانیان فێری زمانی كوردی و بەها نەتەوەییەكان كردووە. بۆ ئەم مەبەستەش لە ڕێگەی ؛ گێڕانەوەی چیرۆك، شەوچرا، گۆرانییە فۆلكلۆرییەكان و كۆبوونەوە خێزانییەكان، هەوڵیان داوە زمان و بەها نەتەوەییەكان بگوازنەوە بۆ نەوەی نوێ.
هۆكارێكی تر سیاسەتی دەوڵەتە؛ ئاراستەكردنی تاكەكان بۆ بەكارهێنانی زمانی كوردی ـ قسەكردن و نووسین ـ لە ناوەندە ئەكادیمی و پەروەردەییەكان وەك زمانی یەكەم، هەروەها دەركردنی بڕیار و یاسای نوێ بۆ بەهێزكردنی هەست بە بەرپرسیاریەتیی لە بەرانبەر زمان هەنگاوێكی پێویستە.
پەروەردە و سیستمی پەروەردە، ڕۆڵی بنەڕەتی دەبینن لە بەهێزكردنی ڕەگی زمان لە نێوان پۆلەكانەوە. مامۆستایان وەك ئەركێك لە سەریان بەر لە زانست، زمانی دایك بكەن بە سەرەكیترین وانە بۆ قوتابیانیان، بەردەوام هانیان بدەن بۆ گفتوگۆ و چالاكییە نووسینەكییەكان بە زمانی كوردی .
لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆڵی ڕۆژنامە و میدیا زۆر گرنگە لە دروستكردنی كەشێكی سەلامەت بۆ زمان. بڵاوكردنەوەی گوتار و وتار بە زمانی كوردی و بەردەوامی هەوڵدان بۆ ژیانەوەی زمان، ڕێگریی دەكات لە لەناوچوونی شوناسمان. بە خۆشحاڵییەوە لەمڕۆدا ژمارەیەكی زۆر كەناڵی ناوەخۆیی هەن، بە زمانی كوردی بەرنامەكانیان پەخش دەكەن، جگە لەوەی ڕۆژنامەكان ڕۆژانە بە بڵاوكردنەوەی وتار و هەواڵەكان پارێزگاری لە بوونی زمانی دایك دەكەن.
لە كۆتاییدا لە نێوان ونبوون و ژیانەوە، زمانی كوردی بەوپەڕی زیندوویی مایەوە و لە ڕیزبەندی 50 زمانی گەشەكردووی دنیادا، لە پلەی 41دایە و بەردەوام هەوڵ دەدات پێگەی خۆی بەهێزتر بكات، بەڵام هێشتا پێویستی بە هۆشیاریی زیاترە بە بووژانەوەی كولتوور و فەرهەنگی ڕەسەنی كوردی و پشتبەستن بە ئەدەبی میلی و هاندانی نەوەی نوێ بۆ قاڵبوونەوە لە زمانی نەتەوەكەماندا.
فێنک تەڵعەت
لەبارەی ڕۆمانی ” شانشینی ئەگباتان “.. رۆژگار خالید
نووسەر ڕۆمان ” نەبەز گۆران “
گوزەرێکی خەیاڵی بەنێو شانشینی ئەگباتان و ئیمپراتۆریەتی ماد .
تەنها دەتوانم ئەوە بگێڕمەوە :.
بەتەواوی کەس نازانێت ئەو شوومەیە چ بوو ؟!
هەر کەسێک شتێک دەگێڕێتەوە !!
هەندێک دەڵێن خوێنی مرۆڤیان خواردووە !!
هەندێکی دیکە دەڵێن خەتای قەڵەڕەشەکانە لە لێواری دیواری شوراکان نیشتوون و ئاوازی خەمگینیان چڕیووە .
هەندێکی دیکە دەڵێن خەونی ڕەشیان گێڕاوەتەوە !
هەمووان دەستەوەستان و بێدەنگبوون !
هیچ کەسێک نەبوو داوای مشتێک ڕووناکی بکات و بەناو ئەو تاریکییەدا بەئەسپایی بڕوات !!
یانیش داوای چەند گوڵێک بکا یانیش داوای چەند دەستنووسی بکات و شانازی بەڕابردووی نەتەوەکەی بکات .
هیچ کەسێک نەبوو پێیەکانی لەئاوی ڕووبارەکە دەربهێنێت و وانەکات ئاوی ئەو ڕووبارە پیس نەبێت .
هیچ کەسێک نەبوو بەبازرگانەکان بڵێت هێشووی ترێ باغستان ببەنە ئیمپراتۆری بابلیەکان ، لەکاتێکدا هێشووی ترێ دەبێتە کچێکی جوان وەکو ڕەشەبا و گەردەلول ئارامی دەهێنێت بۆ شانشینەکە و شارەکە .
پێتان دەڵیم ئاگاتان لەو کاروانچیانە بێت دەچنە خاکی حەکیمان و سینوهۆکان لەبیریان بێت چارەسەری ئەو نەخۆشیەی بهێننەوە تووشی حیکایەتخوانی کۆشکی پاشای بووە دەنگی هەڵدەوێرێت ، ئەگەر حیکایەتخوانی پاشای بمریت ، ئەوەی گوێمان لێدەبێت دواهەمین چیڕۆکی ئەم شانشینە دەبێت .
لەبارەی ڕۆمانەکەی //
دەتوانم بڵێم ڕۆمانێکی یەکجار تایبەتە سنووری نێوان خەیاڵ و مێژووی نەتەوەیەک دەبڕێت و هەموو ئەوشتانە ورد و خاش دەکات لەخەیاڵ و زهنی هەر یەکێکمان هەیە لەبارەی مێژووی کورد و شێوەژیانی مرۆڤی کورد ، لەگەڵ ئەوەشدا چەندە لە گێڕانەوەی ڕۆمانێک دەچێت ، هێندەش لەوە دەچێت کەسێک گەواهی بەسەر ئەو شتانە بدات بینیویەتی .
هەربۆیە دەیان پرسیار و کۆد و بابەتی نهێنی هەستی پێدەکرێت لەبارەی ژیانی کۆشک و قەڵا و تەلارەکان و ژیانی پاشا و دەستوپێوەندەکەی و باس لە سەرەوەت و سامانی پاشا و شانشینەکەی دەکات ، لەگەڵ ئەوەشدا وردتر دەچێتە نێو ژیانی خەڵکی شانشینەکە لەبارەی دابونەریت و کلتور و زمانی و جل و بەرگ و مۆسیقا و بنووس و تۆمارەکانی کۆشک هەموو شتێک دەگێڕێتەوە .
بۆیە بەگشتی ڕۆمانەکە لەسەر چەند پرسێکی باڵا نووسراوە :.
” ئازار “
بەبێ ئەوەی هەست بکەین لەپڕ پێمان دەڵێت خەریکی نووسینەوەی ئازارم ، مرۆڤ بەبێ ئازار و بیرکردنەوە دەیەوێت بەچ مەبەستێک بگات ؟!
ئەو ئازارە کاتێک هەستی پێدەکەین هەموو شتێک دەبێتە خەیاڵ .
” خۆشیەکانی پاشا “
پاشا هێندە بەدوای ژن و سەماکار و ئاهەنگی شەوانە و خواردن و خواردنەوە و خۆمەستکردن بووە هێندە لەخەمی ئەوە نەبووە شانشینەکە بپارێزیت !!
هەربۆیە هەموو کاتێک بەدوای” ئاشتی دوور و درێژ بووە ” و چەند شانشینێکی گچکەی وەک قەڵغان و خۆپارێزی و دروستکردووە .
ئەم لێکدانەوەیە بۆ ” شارستانیەتی ماد” هەمان شتە ، پاشا لەخەمی فراوانکردنی سنووری شارستانیەتەکە نەبوونە هاوشانی شارستانیەتی فارس و بابل و میسر و یۆنانیەکان !!
بۆیە وەک ڕەخنیەیەک نووسەری ئیتاڵی نیکۆلۆ مەکیاڤالی لە ” لاپەڕە 48 ” لە ” کتێبی میر ” * لەبارەی شارستانیەتی ماد دەنووسێت :.
ئیسراحەتی دوور و درێژ لەکاتی ئاشتیدا ڕوحی شەڕکردنی لەناو ” شارستانیەتی ماد ” کوشتبوو .
- ئەم کتێبە وەرگێڕاوە بۆ زمانی کوردی لەلایەن ” بەختیار ئەحمەد صالح ” .
” مێژووی کۆن “
خەیاڵمان دەگەڕێنێتەوە بۆ سەرەتاکانی دروستبوونی ” شارستانیەتی ماد ” هەست دەکەین ئێمەی کورد خاوەنی جوانترین و باشترین شارستانیەتی ناوچەکە و مرۆڤایەتی بووینە .
بەڕێز فەتحی مدرس لە ” کتێبی براسۆز ” لەبارەی مێژووی نەتەوەی کورد و دەسەڵاتی کورد و سنووری شارستانیەتی کوردی بەم شێوەیە دەنووسێت :.
” ئاماژەکانی کات لاپەڕە 63 “
مرۆڤ لەدەرئەنجامی زانین و داهێنانەکانی خۆی بۆ تۆمارکردنی ڕووداوەکان بەدرێژایی قۆناغەکانی شارستانیەتەوە لەڕێگەی دەربڕین و کارکردنی زۆر و ئەزموونی ژیان بەگشتی گۆڕانکاری بەسەردا هات و داهێنانی کردووە لەدانانی کات وەک پێوەرێکی گرنگ لەژیانی خۆیدا .
” ئاماژەکانی شوێن لاپەڕە 69″
دەستکاریکردن یاخود دەستنیشانکردنی شوێن لەڕووی ڕێنووسە دۆزراوەکان گرنگە ، بۆ دڵنیابوون لەچەسپاندنی شارستانیەتەکە و زمان و نەتەوەی کورد ، خاڵی بەهێزی پێگەی کوردە بۆ ئەوەی ڕاستیەکان بنووسرێتەوە یاخود لەئەدەبیاتی کوردیدا شوێن و شێوەژیانی مرۆڤی کورد ئاماژەی بۆ بکرێت وەک ناوچەسنوورییەکان و دەشتایی و شاخاوییەکان و ئاوییەکان بۆ ئەوەی توانای دەسەڵاتی ” شارستانیەتی ماد ” ببینرێت لەڕووی توانای جەستەیی و بەرگری لەکاتی جەنگدا .
“ئاماژەکانی زمانەوانی لاپەڕە 77 “
بۆ ئەوەی لەشێوەژیانی ڕابردووی مرۆڤی کورد تێبگەین و پەیوەندی بەهەلومەرجێکی گرنگ هەیە ، بۆ ئەوەش زمانی کوردی لەڕووی ڕێنووس و ئاخاوتن و پەیوەندی گرنگە ، چونکە زمانی کوردی لەناوچەیەک بۆ ناوچەکانی دیکە دەگۆڕێت ، ئەم گۆڕانەش دەگەڕێتەوە بۆ بوونی زاراوەی جیاواز بەهۆی کاریگەری جوگرافی و پێکهاتە و پیشەی خەڵک و سنووری پەیوەندییە گشتییەکان کەهۆکارن بۆ ئەوەی زمانی کوردی یەکگرتوو نەبێت و لەقەوارە و ناوچەی بچووکدا بمێنێتەوە .
هەر ئەمەشە وایکردووە ” شارستانیەتی ماد ” نەتوانێت سنووری زمانەکەی فراوان بێت هاوشانی فارس و ڕۆم و ئاشورییەکان .
وە خاڵیكی دیکەی لاوازی نەتەوەی کورد ئەوەیە ئایینی ئاسمانی نەبووە هاوشانی نەتەوەکانی دیکە ، وەک کتێبە ئاسمانییەکانی ” تەورات و ئینجیل و قورئان ” .
وە خاڵیکی دیکە خاوەنی داهێنانی زانستی و فەلسفەی نەبووە هاوشانی شارستانیەتی چینییەکان و هیندۆسەکان و میسریەکان و ڕۆمەکان و یۆنانییەکان .
ئەم سێ ئاماژەیە وایکردووە کورد وەک نەتەوە بۆ هەمیشە بەتەنها بمێنێتەوە و کاریگەری ئەرێنی نەتەوەی دیکەی بەسەرەوە نەبێت ، لەهەمانکاتدا خاڵیکی بەهێزیشی ئەوەیە بۆ هەمیشە لەناونەچێت، چونکە خاڵی بەهێز و هاوبەشی هەموو کوردێک ئەوەیە زێدی خۆی و خاکی خۆی و کلتور و زمانی خۆی پاراستووە و کارێکی هاوبەشی هەموو کوردێک بووە .
ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە بەم شێوەیە :.
لەڕێگەی پیاوێکی بەئەسلزادە دایک و باوکی” ماد ” ڕۆمانەکە دەگێڕێتەوە سەرەتا وەک گەڕیدە گەشتەکەی دەکات بەرەو شارستانیەتییەکانی ناوچەکە ، دواتر ڕوو لە شانشینی ئەگباتان دەکات کاتێک دێتە شانشینەکە وەک موغ یانیش وەک پیاوێکی دیندار خۆی نیشان دەدات .
کاتێک دەزانی کۆشکی پاشای پێویستیان حیکایەتخوانی نوێ هەیە ، ئەم پیاوە دەچێتە کۆشک ئیدی ئەم شانشینەکە بەجێ ناهێلێت و لەپاڵ حیکایەتخوانی دەستدەکات بەخوێندنەوەی بنووس و نامەکانی ژووری تۆمارەکانی کۆشک لەسەر مێژووی ” شارستانیەتی ماد ” نووسراوە ، مێژوویەکی کۆن دەگێڕێتەوە .
لەکۆتاییەکانی ڕۆمانەکە دەزانین ئەو کەسە بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکی کوشندە لەشارەکەیدا ڕۆیشتووە ، دوای ئەوەی هاوسەرەکەی و دایک و باوکی دەمرن ، دڵی دەشکێت .
ئەگەرچی لەلای ئەو هەموو شتێک لەخەون دەچێت و هەموو شتێک لەخەیاڵ دەچێت :.
ئارتینی موغ یانیش ئارتینی حیکایەتخوان 3 چیرۆک دەگەڕێتەوە ، هەر چیرۆکێکیان مانایەکی تایبەتی هەیە کۆدی نهێنییەکان دەکاتەوە :.
چیرۆکی یەکەم //
دەگەڕێتەوە پیاوێک هەنگوینی دەفرۆشێ و کەرەی دەکڕێت قەدەری ژیان وادەکا ئەو شتەی دەفرۆشیت بەهەمان کێش بکڕێتەوە ، کاتێک فێڵی بکەی فێڵت لێدەکرێتەوە .
پوختەی چیرۆکەکە ئەوەیە باشەی بکە باشە دێتەوە پێش و خراپەی بکە بێگومان خراپە دێتەوە پێش ، ئەگەر ئەو چیرۆکە بۆ پیاوێک ڕاستبێت بێگومان بۆ شانشینی ئەگباتانیش هەمان شتە بۆیە گەندەڵی وادەکا جیاوازی چینایەتی و نادادی و ستەم دروستبێت .
چیرۆکی دووەم //
لەناوەڕاستی ڕۆمانەکە نموونەی پاشایەک دەهێنێتەوە ڕۆژێک بەردێک لەسەر رێگەی دادەنێت و چاوەڕێ دەکات بزانێت خەڵک چ دەلێن و کێ هەستی بەرپرسیاریەتی هەیە و لەخەمی ئەوە دەبێت بەردەکە لابدات لەجیاتی ئەوەی ڕەخنەی بگرێت و گلەیی بکات .
پوختەی چیرۆکەکە پێمان دەڵێت بەشێوەیەکی گشتی مرۆڤەکان دەتوانن شانشینەکەیان بپارێزن کاتێک ئەو چیرۆکە دەگەڕێتەوە هەست دەکرێت هەمووان ناڕازی و بێدەنگن هەموو شتێک کۆتایی هاتووە .
چیرۆکی سێیەم //
مانایەکی جوان بەدەستەوە دەدا لە سەرەمەرگی خۆیدا ئەو چیرۆکە دەگێڕێتەوە :.
چیرۆکی ” خۆشبەختی _ سەروەت و سامان _ خۆشەویستی ” ململانێی دەکەن :.
ئەگەر ئەم ململانێیە بۆ خێزانێک یاخود شانشینی بێت هەمان شتە ، سەروەت و سامان چەندە گرنگە و خۆشبەختی سەد هێندە گرنگە .
پوختەی چیڕۆکەکە پێمان دەڵێت بەبێ خۆشەویستی مرۆڤەکان ناتوانن بەردەوام ببن !
لەکۆتایی ڕۆمانەکە //
کۆشک چۆڵ دەبێت و نەیارەکان کۆشک جێدەهێڵێن و هیچی دیکە پاڵپشتی ئەو شانشینەناکەن چونکە دووبەرەکی و ململانێی خێزانی هەموو شتێک تێکدەدات .
تەنها شتێک بکرێت ئەوەیە هەموو کوردێک خەمی لەت لەت بوونەکەی بخۆین .
چەند بەشێکی کورتی ڕۆمانەکە بەم شێوەیە دەنووسمەوە :.
” خەونی پاشاکان “
خەونی پاشاکان لە خەونی مرۆڤە ئاساییەکان ناچێت پاشاکان کاتێک خەون دەبینن خەونەکەیان لێکدەدرێتەوە و مەملەکەتەکەی پێهەڵدەسەگێنرێت ، لەوانەیە هەژارەکان و مرۆڤە ئاساییەکان زۆربەی شەوەکان خەون ببینن و هیچکات خەونەکەیان نابێتە باسی دەوروبەر ، ئەمما خەونی پاشایان جێگەی تایبەتی هەیە . ” لاپەڕە 77 “
” ژووری تۆمارەکان “
بەرپرسی تۆمارەکان ئەو پیاوەی هەموو شتێکی دەزانی بێدەنگیش بوو بەیەک ووتە هەموو شتێکی دواند :.
” مرۆڤ بۆ ئەوەی ئەو شتانە پیشانبدات خۆی مەبەستیەتی ، هەمیشە ناڕاستی نیشانبدات . ” لاپەڕە 66 “
” بابل بەهەشتێکە وەسف ناکرێت “
مرۆڤ هەتا نەگاتە دەروازەکانی شارشتانیەتی بابلییەکان نازانێت مرۆڤ چ داهێنەرێکی مەزنە ، ئەوەی وایکرد هەموو شتێک ببێتە خەیاڵ جەنگی نەبڕاوەیە .
لەسەردەمی کۆندا خەیاڵ ئەوەندە بەهێزە بووە بیرکردنەوە و خەیاڵ گەیشتووەتە ئاستی بەپیرۆزکردنی مرۆڤ و گەیاندنی بەئاستی پەرستن و خوداوەندی .
گێڕانەوەکان بەشێوەیەکی جیاوازە دەبینرێت دەتوانی وەک بازرگانی یاخود وەک گەڕیدەیەک یانیش وەک کۆیلەیەک ئەو شتانە ببینی کاتێک هەزاران میل دەبڕی و شارەکە دەبینی .
کاتێک هەزاران دیل هەن هەزاران کەنیزەک هەن ، هەزاران کۆیلە و خواجەیان دەخستە ئیشەکانیانەوە بۆ دروستکردنی ئەو بەهەشتە .
لاپەڕە ” 212 و 213 “
” بخۆرەکانی دەسەڵات “
ئەوانە کۆمەڵێک بخۆرن هەر کەسێک خوانیان بۆ بڕازێنێتەوە بەو جۆرە دەمی تێدەخەن ئێستا دەبینی ئەمانە بەکەڵکی ئەوە نایەن جارێکی تر متمانەیان پێبکرێتەوە کەسێک توانی یەکجار پشت لە خەڵکەکەی بکات و بچێتە پاڵ دوژمنەکەی ئەو کەسە شایەنی ئەوە نییە جارێکی تر لەناو هەمان خەڵکدا بژیت ، لەئێستادا بەدەستی خۆم گرێیەکە نەکەمەوە سبەی ڕۆژبوون بەچەند گروپێک و کەسی دیکە ناکرێتەوە . ” لاپەڕە 112 “
” میر زەردەشت “
هەموو چاوەڕێی ئەوەبوون شوێنی باوکی بگرێتەوە کەچی پشتی لەهەموو شتێک کرد و ڕۆیشت ، دوای هەڵبژاردنی ژیانی گۆشەگیری ڕایگەیاند پەیامی ئایینی بۆهاتووە ، لە ئەشکەوتەکە دێتە خوارەوە لەسەر ڕێگەی بەگوندێک تێپەڕ دەبێت بۆیە کۆمەڵێک خەڵک دەبینی و کۆیاندەکاتەوە و دەچێتە سەرتاشەبەردێک و بەدەنگێکی پڕ لەبڕوا بەخۆبوونەوە دەڵێت :.
هەموو بتەکان بشکێنن ئەو بتانەی ئێوە دروستان کردوون بۆ ئەوەی بیانپەرستن نەدەبنە خوداوەند و نەدەتوانن خۆیان بپارێزین ، پێش ئەوەی بتە بەبەرد دروستکراو و بەدار دروستکراوەکان بشکێنن ئەو بتانە بشکێنن لەهۆش و ناختانن ، هیچ کەسێک پیرۆزمەکەن .
ئێوە ئەی خەڵکینە دەستهەڵگرن لە پیرۆزکردن و خۆبچووکردنەوەی خۆتان لەبەردەم کەسانی خۆ بەگەورەزان .
پیرۆزیەکان لەسەر زەوی نین و لەشوێنی دیکەن دوای مردن دەیانبینن و خوداوەندە کۆنەکان بەکەڵکی خەڵکی ماد نایەن . ” لاپەڕە 165 “
” خەونی خاک “
خەونی گەورە ئەو خەونەیە پەیوەستە بەخاک و شانشینەوە ، نابێت خەڵک وای لێبێت خەونەکانی ببەستێت بەپاشایەکەوە یا شازادەیەکەوە . ” لاپەڕە 13 “
” نهێنی ژیان “
مرۆڤ بەپاراستنی نهێنیەکانی ژیانی بەهێز دەمێنێتەوە ئەو کەسانەی نهێنییەکانیان نەماوە بۆی بژین ئەو کەسانە تووشی سەرگەردانی دەبن ، پاراستنی نهێنییەکانی ژیانی خۆت پاراستنی هەیبەتی ژیانتە . ” لاپەڕە 29 “
” پەرچەمی شانشینەکە ” *
پێش بڕیاردان لەسەر دروستکردنی شارەکە پاشای گەورە داوادەکات هەموویان پێکەوە یەک پەرچەمیان هەبێت و ئەو پەرچەمە بکرێتە ڕەمزی رێککەوتنەکە :. - دەشتەکییەکان ڕەنگی زەرد هەڵدەبژێرن .
- بنارییەکان ڕەنگی سەوزی ناوچەکەیان هەڵدەبژێرن .
- کۆچەریەکان ڕەنگی سوور هەڵدەبژێرن .
سێ ڕەنگەکە پێکەوە دەدوورن و دەبێتە پەرچەمی خێلەکان و دوایی پەرچەمی شارەکە و شانشینەکە و پاشان ” شارستانیەتی ماد ” .
تێبینی / - لەئێستادا ئەو پەرچەمە لەکوردستانی ڕۆژئاوای وەک ئاڵای کوردستان دەناسرێنەوە . ” لاپەڕە 37 “
” نووسینەوەی مێژوو “
من کەمردم ئەوەی لەدوام دەگوترێت چ باشبێت و یان خراپ سوودێکی هەیە ؟!
مرۆڤ مێژووە کەمێژووەکەی پیس بێت چ بەمانی یا نەمانی جیاوازی نییە ، هەستدەکەم مرۆڤ خۆی پیس بێت زۆرباشترە لەوەی مێژوو بەپیسی باسی بکات ، چونکە تەنها مێژووە ناهێڵێت مرۆڤی پیس و مرۆڤی پاک ونبن ، هەربۆیە مرۆڤی گەورە تەنها بۆ ئەم ژیانە ناژیت خۆی تێدا بووە بۆ ئەو ژیانەش دەژیت خۆی تێدا نییە . ” لاپەڕە 60 “
” گەڕانەوە بۆ سەردەمی منداڵی “
منداڵیت لەکوێ بێت بەشێکی یادەوەرییەکانت لەوێ دەبن ، مرۆڤ هەتا گەورەبێت مەیلی گەڕانەوەی بۆ سەردەمی منداڵی زیاتردەبێت ، چ دەکەیت بیکە منداڵی بەشە جوانەکەی ژیانتە و گەڕانەوە بۆی ماندوویەتی گەورەیت دەحەوێنێتەوە و ئاوپرژینی دەکات ! ” لاپەڕە 123 “
كاریگهریی ژینگه له سهر زمانی دایك.. فێنک تەڵعەت
لهگهڵ پێشكهوتنی ئابووری و تهكنهلۆجیا، كۆمهڵگهكان بهگشتی زیاتر بهڕووی یهكتردا كراونهتهوه. ئهگهر له كۆندا بازرگانی و دیپلۆماسیی هۆكاری سهرهكیی پێوهندیی نێوان وڵاتان بوون و زیاتر چینه دهسهڵاتدارهكان لێی سوودمهند دهبوون، ئهوا لهم سهردهمهدا گهشتوگوزار و تێكهڵاوبوونی نهتهوهكان بووهته دیاردهیهكی ئاسایی. ئهمهش وایكردووه كه ژمارهیهكی زۆری خهڵك، بهتایبهتی گهنجان، وڵاتی خۆیان جێبهێڵن و ڕوو له ههندهران بكهن.
چهند هۆكارێك له پشت ئهم كۆچكردنهوه ههن، وهك: ناسهقامگیریی ئابووری و سیاسی، بێكاری، كێشه كۆمهڵایهتییهكان، گهڕان بهدوای ژیانێكی باشتر و ههلی خوێندن. بێگومان ژینگه نوێیهكه كۆمهڵێك ئاستهنگ بۆ كۆچبهران دروست دهكات، ناچاریان دهكات بۆ ڕاپهڕاندنی كاروباری ڕۆژانهیان، زمانی دووهم (زمانی وڵاتی خانهخوێ) زیاتر بهكار بهێنن.
به تێپهڕبوونی كات، منداڵانی كۆچبهران زیاتر تووشی داخورانی زمانی دایك دهبنهوه، ئهمهش بههۆی بهكارنههێنانی بهردهوامی زمانهكه و ههندێك جاریش بههۆی هاوسهرگیریكردن لهگهڵ نهتهوهی جیاواز. ورده ورده وشه و دهستهواژه ڕهسهنهكان له بیر دهچنهوه و نهوه له دوای نهوه، زمانی دایك دهكهوێته ژێر مهترسییهوه. ئهگهر ڕێگریی لهم دیاردهیه نهكرێت، ئهگهری لهناوچوونی زمانهكه كارهساتێكی چاوهڕوانكراو دهبێت.
ئهم پرسه تهنیا تایبهت نییه به كورد، بهڵكو كێشهیهكی جیهانییه و بهشێكی زۆری زمانهكانی دنیا ڕووبهڕووی ههمان مهترسی بوونهتهوه. زمانی كوردیش ههرچهنده یهكێكه له زمانه دهوڵهمهند و دێرینهكان، بهڵام چ له ناوخۆ و چ له دهرهوهی وڵات، له ههردوو ئاستی نووسین و قسهكردندا ڕووبهڕووی داخوران بووهتهوه.
یهكێك له هۆكاره ناوخۆییهكان، سیاسهتی ههڵهی پهروهردهیی و گرنگیدانی زیاد له پێویست به زمانی بیانییه. ههندێك خێزان و ناوهندی پهروهردهیی (بهتایبهت ناحكوومییهكان)، منداڵ له تهمهنێكی زۆر بچووكهوه دهخهنه بهر خوێندنی زمانی بیانی، تهنانهت پێش ئهوهی به تهواوی شارهزای زمانی دایكی خۆیان ببن.
ئهم كاره وایكردووه كه خۆشهویستیی منداڵان بۆ زمان و نیشتمانهكهیان كهم ببێتهوه. ئهمه له كاتێكدایه كه توێژینهوه زانستییهكان سهلماندوویانه، باشترین تهمهن بۆ فێربوونی زمانی دووهم، تهمهنی (٩-١٠) ساڵییه، واته دوای ئهوهی منداڵ بهتهواوی له زمانی دایكیدا قاڵ دهبێتهوه. دهرئهنجامی ئهم سیاسهته پهروهردهییه ناتهندروسته، بهڕوونی دهبینرێت، ئێسته له ناو منداڵاندا توانای دهربڕینیان به زمانی كوردی لاوازه. بێگومان خێزانهكانیش، بهتایبهتی دایكان، پشكی شێریان لهم بهرپرسیارێتییهدا بهردهكهوێت.
پێشنیاز بۆ چارهسهر:
بۆ ڕووبهڕووبوونهوهی داخورانی زمانی دایك، پێویسته كار لهسهر ئهم خاڵانه بكرێت:
١. چاكسازی له سیستمی پهروهرده: پێداچوونهوه به پرۆگرام و شێوازی وانهگوتنهوه و ڕهچاوكردنی تهمهنی گونجاوی منداڵ بۆ فێربوونی زمانهكان.
٢. پێڕهوكردنی پرۆگرامی نیشتمانی: گرنگیدان به وانهی نیشتمانی و مێژوو و ئهدهبی كوردی له ههموو قۆناغهكانی خوێندندا.
١. پهرهپێدانی زمانی ستانداردی نهتهوهیی: كاركردن بۆ زمانێكی ستانداردی یهكگرتوو كه له سامان و وشهی ههموو زاراوهكان (سۆرانی، كورمانجی، ههورامی، كهڵهوڕی، زازاكی و…) سوود وهربگرێت و له ناوهنده فهرمی و پهروهردهییهكاندا بهكار بهێنرێت.
٢. ڕۆڵی خێزان: پێویسته گفتوگۆی ناو ماڵ، بهتایبهت له خێزانه كۆچبهرهكانی دهرهوهی وڵات، به زمانی كوردی بێت بۆ ئهوهی منداڵان له زمانهكهیان دانهبڕێن.
٣. ڕێكخستنی چالاكیی كولتووری: ئهنجامدانی كۆڕ، كۆبوونهوه و چالاكیی نهتهوهیی و كولتووری بهردهوام بۆ كوردانی دهرهوهی وڵات.
٤. بووژاندنهوهی ژیانی ئهدهبی: ناوهندهكانی خوێندن و ڕۆشنبیری دهتوانن مانگانه كۆڕی ئهدهبی و شیعری كوردی ساز بكهن بۆ هاندانی خوێندكاران.
٧. پتهوكردنی پێوهندییه كۆمهڵایهتییهكان: هاندانی تێكهڵاوی و پێوهندیی كۆمهڵایهتی و كولتووری له نێوان ناوچه جیاوازهكانی كوردستاندا، بۆ دروستكردنی نهوهیهكی یهكگرتوو و نیشتمانپهروهر.
تێبینی:
وشهی داخوران ئاماژهیه بۆ ئهو قۆناغهی كه زمان تێیدا بهرهو لاوازی و پووكانهوه دهچێت، ئهگهر چارهسهر نهكرێت، قۆناغی دواتر لهناوچوونی تهواوهتییه.
فێنک تەڵعەت
گەلەری ئارام\ ئالان بادیۆ و چاخی شاعیران .. کۆڕی د.ئازاد حەمە

کۆچەرییەکانی ناو شاخوێن.. مستەفا جەلال
ڕۆحم ئاوازی کۆچەرییەکانی بۆ ئاشنایە؛
بە سازی بێ وەتەر و
شمشاڵی بێ کون
ئازار بڵاو دەکەنەوە.
قافڵەکان لە ناو سییەکانمدا خەریکی کێشانی نەخشەی کۆچن،
جەستەی منیان وەک خاکێکی بێخاوەن دۆزیوەتەوە؛
بۆنی سووتانی ئەو ڕێگایانەیان لێ دێت کە هەرگیز نەیانبڕی،
بۆنی ئەو هیوایەیان لێ دێت کە هێشتا مێژوو ناوی نەناون.
شمشاڵەکان، تەقینەوەی ئەو هاوارانەن کە لە گەرووی زیندانییەکاندا خنکاون،
بۆ ئەوەی بێدەنگی تەنیا جۆرێکی تری قیژە بێت
بەڵام بە ئەلفوبێی کلس و خۆڵ.
لەمە بەدواوە بیابانێکم لە ناو کیسەیەکی نایلۆندا.
کۆچەرییەکان لە ناو دەمارەکانمدا خێوەتیان هەڵداوە و
بە بزماری ژەنگگرتووی یادەوەری،
دڵم لە قووڵایی ئەم زەوییە نامۆیەدا دەچەقێنن.
بۆیە سازی بێ وەتەر دەژەنن؛
دەزانن..
کە ڕێگەکان هەمیشە بەرەو “هیچ” دەچن،
چونکە تەنیا ئەو “نەژەنراوانە” ڕاستین،
تەنیا ئەو برینانە پیرۆزن کە شوێنەواری چەقۆیان پێوە نییە.
خۆزگە دەبوومە ئەو تۆزەی کە لە ژێر پێی “گوێدرێژەکانیاندا” دەبێت بە ونبوون،
نەک ئەم هەموو ئاگاییەی کە وەک بەرد لە گەروومدا جێ ماوە.
من نەوەی ئەو سێبەرانەم کە خۆر نەیدەویستن،
ئاوازی ئەو کۆچەرییانەم کە تەنانەت خاکیش ڕقی لێیانە.
لە یادگەی مندا.. شیعری: هەنگاو ئەسکەندەر
سەرینم قوڵەو یادگەم پێدەشت
مەگەر سەرەتا وشەکە نەبوو؟
ئەی گوناهی دەرکراوم
جێم مەهێڵە
مۆری غەریبی لە سێوەکەم مەدە
داستانی زین و مەمێکی تر لە ملم گرێ مەدە
نە بایەک، نە ووردە لمی ژێر پەرستگایەک
بەسەر نزای چاوی سپیمەوە هاژەی نەکرد
تەوژمێک لە هەوەسی خودام نۆشکردووە
وەک خۆی شەوەکانی ڕووتە و بێ خەون هەناسە دەدا
لارسام، تینووی هەتاوە
درز کەوتۆتە ڕوومەتم
شێوەی لە کۆتا هەنسکت دەکا
سەیرانم نشێوەو خەمم سپیندار
ڕوحم دەڕژێ و تۆش هەواری خاڵی
لە ئاوێنەی غەریبیمەوە… دکتۆر ئەحمەد فاتح محەمەد
بۆ جەژنی قوربان…
بەیانییە…
تەمێکی قورس، قژی کێوەکانی ئەم وڵاتەی داهێناوە،
شەونم لەسەر گەڵای هەنارەکان نزا دەکات،
مەلای مزگەوتی گەڕەکیش، بە دەنگێکی ماندوو بەڵام تژی لە ڕۆح،
ناوی خودا بەسەر شەقامی خەواڵوودا دەبارێنێ.
ئەمڕۆ جەژنە…
بەڵام بۆ من، جەژن تەنها گۆڕینی بەرگی کۆن نییە،
جەژن، غەریبایەتییەکی قووڵترە لە ناو ماڵێکی بێدەنگدا.
ئەمڕۆ کۆڵانەکان پڕن لە دابەشکردنی شیرینی و دەنگەدەنگ و خۆشی ڕووکەشانە،
بەڵام لە ماڵی مندا، بێدەنگییەکی پیرۆز و قورس نیشتووە.
چۆن باسی جەژن بکەم، کاتێک بەرماڵەکەی دایکم کۆکراوەتەوە و
سێبەری باوکم، چۆڵ و کڕ ومات ماوەتەوە؟
ئەی خودای وشە و ڕووناکی!
ئەمڕۆ لەم ڕۆژەدا، کێ دەبێتە قوربانی؟
مێژوو دەڵێت: ئێمە مێژوویەکە خۆمان و حەسرەتمان دەکەینە قوربانی!
ئێمە، کە لە جیاتی هەموو شتەکانی تری دنیا،
خوێنی غەریبی، خوێنی یادگاری، و خوێنی تەنیاییمان
بەسەر بەردی ئەم ڕۆژگارە بێبەزەییەدا ڕشتووە.
ئەمڕۆ، من لە جیاتی دەستە کانی دایکم کە بۆنی نانی گەرم و خوانی ڕازاوەی لێدەهات،
بەرماڵی خەیاڵ ڕادەخەم ونوێژی شوکرانە دەکەم.
لە جیاتی تەسبیح وچاویلکەکەی باوکم کە جێماوە ،
دەنکە دەنکەی یادگارییەکانیان دەبژێرم و
لەگەڵ هەر دەنکێکدا، حەسرەتێکی قووڵ بۆ تێپەڕینی زەمەن هەڵدەکێشم.
ئەوان نەماون… بەڵام لە ناو هەموو دێڕێکی ئەم شیعرەدا، هێشتا پیاسە دەکەن.
منیش لێرەم…
تەنیام وەک موسافیرێکی جێماو لە وێستگەیەکی چۆڵدا،
شیعرێک بۆ جەژن دەنوسم.
شیعرێک کە لە جیاتی دیاری و شیرینی،
ماچ و ئاشتی و سەبوری بەسەر دڵە بریندارەکاندا دابەش دەکات.
ئەی ئەو کەسانەی لە پشت پەنجەرەی تەنیایی خۆتانەوە
سەیری ئەم جەژنە دەکەن و چاوتان لە جێ پێی ئازیزانتانە!
ئەی ئەو دڵانەی وەک پەلکە زێڕینە، دوای بارانی غەم، دەرکەوتوون!
جەژنتان پیرۆز…
با ئەم جەژنە، ببێتە جەژنی سەبووری بۆ دڵە تەنیاکان،
جەژنی ئاشتبوونەوەی مرۆڤ بێت لەگەڵ چارەنووسی خۆی.
جەژنتان هەر شاد بێت و
ڕۆحی ئازیزانتان هەمیشە غەرقی ڕووناکی… بێت.
مەرگی سێبەرەکان لە ئێوارەی کۆچدا.. پاڤێڵ ساڵح
جیهان ئەمرۆ لە چاوی من، کەنارێکی هێندە دوورە
تەنانەت مەرگیش لێرەدا، وەک نزا کز و ملوورە
لە نێوان تەم و ڕەشەبادا، هاژەی باڵی مەلێک دێت
دەڵێی ڕۆحی مرۆڤێکە و لە ناو عەرشدا بەدیلکراوە
ڕوونە وەک زەنگی تەنیایی، لە شوشە و زیوی شکاوم
دەنگی مەل نییە، هاواری مرۆڤێکی جێهێڵدراوە
لە ئاسمانێکی کڕ و مات، لەو پەڕی هۆشیاریی کاتدا
تەقەی شووشەی دڵێک دێت و کەچی کەسیش پێی نەزانیوە
بە تەنیا لەم ئێوارەیە، سوجدە بۆ کزیی تیشک دەبەم
تەمەن وەک مۆم کورت دەبێتەوە و لە ناو دەستما دەتوێتەوە
پاییز لێرە نییە ئازیز، پاییز لە ناو ڕەگی منە
بەم زووانە چراکەی منیش، لە ڕەشەبادا دەکوژێتەوە
ئازیزەکەم خۆزگە ماڵئاوایی فۆرمێکی تری هەبووایە، فۆرمێک کە تێیدا پێویستی نەکردبایە مرۆڤ جەستەی خۆی لێرە بەجێبهێڵێت و ڕۆحی ببات بۆ غەریبی
پاییز کە دێت گەڵاکان ناوەرێن ،ئەوە یادەوەرییەکانن کە لەبەر قورسیی خەمەکانیان چیتر لقی دارەکان ناتوانن بەرگەیان بگرن.
تراژیدیا ئەوە نییە کە دەڕۆیت ئەوەیە کە دەزانیت لە دوای خۆت، ئەو چاوانەی ڕۆژێک نیشتمانی تۆ بوون دەبنە گۆڕستانێکی سارد کە ناوی تۆیان تێدا نێژراوە
مرۆڤ کە دەڕوات، نابێتە تەپوتۆز، دەبێتە بێدەنگییەکی هێندە قورس کە گوێی زەمەن کەڕ دەکات
دەمەو ئێوارەیە و کۆچە، کە تۆ خەریکی ماڵئاوایی
دەمەو ئێوارەیە و کۆچە، کە تۆ دەست بەرداری منیت
هەموو دونیا غەرق بووە، لە نێو زەردەپەڕی تەنیایی
ئەوسایە کە تێدەگەیت، مرۆڤ وەک سێبەرێک وایە
هەموو شتێک بەجێدەهێڵێت و خۆشی لەناو کاتدا ون دەبێت
دەمەو ئێوارەیە، کاتێک تۆ لە من جیادەبیتەوە،
ساتەوەختی نوقمبوونی ڕۆژە لە نێو زەردەپەڕی قەتراندا.
ئەوسا تێدەگەیت کایەی ژیان چەند بێڕەحمە،
مرۆڤ پێش ئەوەی شوێنەکان بەجێبهێڵێت،
خودی خۆی لە ناو چاوی ئەوانەدا دەکوژێت کە جێیان دەهێڵێت.
تۆ دەبیت بە هیچ
منیش دەبم بە سێبەری ئەو هیچەی کە دوورکەوتەوە.
ژنی بەدەسەڵات؟ یان کەرەستەی سیاسی؟.. ڕەنگین مەلا سەمەد
ژنان تا چەند هەوڵیانداوە نەکرێنە ئامڕازو کەرەستە.
دەرکەوتنی ژنان لە سیاسەت و پێگە جیاوازەکان دڵخۆشکەرن، ئەمە قبووڵکراوە لەڕووە مەعنەوەییەکەوە بەوەی، ژنان بەدرێژایی مێژوو توێژێکی گرنک و باڵای نێو سیاسەت و هێزێکی لەبننەهاتووبوون لە ڕووە دەروونی و جەستەییەکەوە، توانیویانە ڕۆڵە گرنگەکان پراکتیزە بکەن و پێشەنگایەتیی بەڕێوەبەریی کاروبارەکانی دەوڵەت بن،
ئایا ئەم پێشەنگایەتیی و دەسەڵات و بەشداریکردنە بەهێزو بوونی ژن خۆی بووە، یاخوود بەبەرامبەر و وەک کەرەستەیەکی سیاسی کراوەتە ئامانج و بۆ بەرژەوەندییەت بەکارهێنراوە؟
ئەو ژنانەی پلە بە پلە و قۆناغ بە قۆناغ هەنگاویان ناوە، توانیویانە دەسەڵات بە دەسەڵاتی بازوو بەدەستبێنن، یان ڕووخسارو قەدو باڵایان بەرەو دەسەڵات و پلە و پایەی بردوون؟
تا چەند ئەخلاقییەت و کەسایەتییە مەعریفییەکان لە چوونە ناو سیاسەت پەیڕەوکراوەو پارێزراوە؟
لە پشت پەردەی ئەودیوی سیاسەتەوە چی ئەگوزەرێ لە پێدانی پۆست و بەبەرداکردنی هەیبەتی ژنان؟
تێڕامان و وردبوونەوە لە سیاسەتی سیاسییەکان شایەنی زۆرترین مشتومڕو بەدواداچوونە، پێویستە بزانرێت پاکیزەیی تا چەند ڕێپێدراوە لە جومگەکانی سیاسەت، ژنان تا چەند نموونەیەکی باش بوونە بۆ وەرگرتنی پێگە باڵاکان؟ توانیویانە لەو ڕێیەوە متمانەی ژنانی تر بەدەستبێنن بۆ ڕووانین و هەوڵدان و گەیشتن بە ڕێیە دژوارەکان؟
ئەو سیستمەی داڕێژراوە بۆ ژنانی سەرکردە، لەسەر چی بنەمایەکە؟ قازانجی تیا بەدی ئەکرێ؟
ملدانە بەر سیاسەت بەبێ ئاگاداربوون لە ڕەهەندەکانی، ناماقووڵییە، خۆخزاندنە نێو تونێلێک کە دەرچوون لێی ئەستەمبێ، گەمژەیی و بەکاربردنی ئایدۆلۆژیایەکە کە خۆی لە بەکاڵاکردن دەبێنێتەوە.
بەهێزیی هۆشیاریی ڕۆشنبیریی ژنان، ناهێڵێت ببێتە نمایشێکی ساختەی دەسەڵات و لەسەر کورسییە بێدەسەڵاتەکان هاوشێوەی ڕۆبۆتێک ڕۆڵی بەسەردا بدرێ، بوێریی ڕەتکردنەوەی مەرامە خراپەکانی بەرامبەری هەبێت، نەبێتە سێبەری پیاوانی سیاسی، ئەوانەی هێڵە سوورەکانی ئەخلاقییەتی ئەبەزێنن،
بە دەستەواژەی (نەخێر و نابێ) ئەخلاقی ژنێتیی پارێزراوکات و بیکاتە چەکێکی بەهێزی بەرگریکردن لە خود، پاشکۆیەتیی بگۆڕێ بۆ سەربەخۆیی،
کۆپی دووبارەکردنەوەی دروشم و بۆچوونەکان نەبن، ئەجێنداو ڕێبازی فکریی تایبەتیان هەبێت لە بەشداریکردن و بڕیاردان، نابێت وەک خێرو سەدەقە بۆ دەوڵەمەندکردنی دەسەڵات بەکاربهێنرێن.
بڕوانامەو زمان و تواناو باکگراوندە ڕۆشنبیرییەکان دەبنە ئەو کارتە بەهێزەی، بێمنەتانە، ژنان دەبەنە ناوەندی سیاسەت و دەسەڵات و، ناهێڵێت هەرگیز ببێتە کەرەستەیەک لە بەکارهێنان و یاریکردن.
ــــــــــــــــــــــــــــ
ڕەنگین مەلا سەمەد
نووسەر و ڕۆژنامەنووس
لە ونبوون دەترسم.. بابان ئیبراهیم
لە چاوشارکێی کۆڵانەکاندا
بۆ یەکەمینجار ونبووم و
نەبینرامەوە
“با” وەک خەزان
بۆ دوور دەیبردم
نەدۆزرامەوە..
نە شەقامەکان منیان ناسیەوە
نە ڕێگاکان دەستیان بۆ ماڵەوە گرتم
لەبیر گەڕەکەکەم چوومەوە
لەبیر هاوڕێکانم چوومەوە
لە بانگکردنەکاندا،
ناوی خۆم نەبیستەوە..
لە بیرەوەرییەکانی ئەم شارەدا
ڕووخسارم کاڵ دەبێتەوە
لە ڕۆژمێری خۆی دامدەماڵێت
منیش وەک بایەکی سارد
تێکەڵ بە هەناسەکانی دونیا دەبم
ماچە دێرینەکان بەلێومەوە بەردەبنەوە
دەستەکانم وەک ترازانی شاخێک
لەدەستەکانی دەترازێن
مەعشووقەکانی نامناسنەوە
پێکەنینەکانی نامناسنەوە
هەناسەکانی یادم ناکەن
کەچی من بە هەناسەکانی دەژیم
بەڵام من هەموویم بیرە
بۆنی حەوشە تەڕەکانی هاوین
دەستە لەرزیوەکانی زستان
کە بەهەناسەی یەکتر گەرم دەبوونەوە
ماچی ئێوارە زەردەکانم بیرە
هێمنایەتی دەشتە بەهارییەکانم بیرە
هەتا فڕینی پەڕەسێلکەکان
بەسەر ئاسمانی خۆزگەماندا
گەورەبووم
بەڵام لەهەموو ساتێک زیاتر
هەست بە ونبوونی خۆم دەکەم
هێشتا وەک درەختێک
بەخاکی یادەوەرییەکانی ئەم جیهانەوە
نووساوم..
شووناسی من
لەگەڵ شوێنپێکاندا تێکەڵبووە
هەر کە هەوای شوێنیکی دیم بەردەکەوێ
هەست بە ونبوون دەکەم
وەک هەور
بەسەر ئاسماندا هامووشۆ دەکەم
دەبینم هەموو جیهان
بۆنی کۆڵانێکی منداڵیمی لێنایەت
نازانم دوایینجار کام ڕەشەبا منی برد
لەکام سووچدا خۆم بینیەوە
بەڵام ئێستا لێرەم
لەهەمان ئەو کۆڵانەی بۆ یەکەمینجار
هەستم بە ونبوونی خۆم کرد تیایدا
بەڵام بێ ئەوەی بزانم بۆ
هێشتا هەست بە ونبوون دەکەم
ڕۆژێک لە وۆڵ ستریت
بە تەنیشت فڕانکلینەوە..
ڕۆژێک لە سۆهۆ،
لەلای برا غەریبەکەمەوە
لە لەندەن..
ڕۆژێک چەپکێک گوڵی گۆڕستانەکانم
بەسەر خاچی سەربازەکانەوە
لە سۆڤییەت
جاروبار هەست بە ونبوون دەکەم
لەناو گەرووی گۆرانیبێژێکی ژن
لە میسر
زۆرجار دەکەومە ناو سروودی ئەی ڕەقیبەوە و
تیایدا ون دەبم
لەوێدا ڕەقیب هێشتا زیندووە و
دەیەوێت بمخنکێنێت
چەند جارێک خۆم لەناو برینی
دەستوپەنجەی کرێکارێکدا بینیوەتەوە
لەقوڵایی برینەکەدا دەمبینی
مارکس فلووتی دەژەند..
کە تێکەڵ بە بۆنی ئافرەتێک دەبم
لەناو گریانی هاوڕێکانمدا ون دەبم
کە بەسەر باڵی کۆترێکەوەم
جێگایەکی دڵنیا بۆ نیشتنەوە نابینمەوە
لەئاسماندا ون دەبم
لەڕاوی چوار وەرزەی مۆدێرنەدا
خۆم لەناو جەستەی کوژراوی دوایین گورگدا بینیەوە
لەناو دێڕەکانی کراسناهۆرکای
کە زیندوو بوومەوە
وەک قالۆنچەیەک گینگڵم دەدا
لەسەر تەختەخەوەکەی گریگۆر سامزا
زۆرجار لەناو ژیانی پادشاکاندا ونبووم
دەستێکم زێڕی قاڕوون بووە و
دەستەکەی تر کەللەسەری خۆم
لەناو هەموو شتێکدا ون دەبم
تێکەڵ بە هەموو شتێک دەبم
بەخودی ژیان نەبێت
لەناو هەموو زەمەنێکدا
هەست بە توانەوە دەکەم
بەکاتی ئێستاوە نەبێت
کە سنوورەکان دەبینم
لەشوێنی خۆم ڕادەوەستم
نازانم پەنا بۆ داهاتووم دەبەم
یان بۆ ڕابردووم
هەر لەوێدا تێدەگەم
من بوونێکی ناوەختم هەیە
زەمەن نامگرێتە خۆی
دەترسم دوایین ونبوونم
لە مێژوودا بێت
دەزانم لەوێدا
مرۆڤێکی غەمگین و ڕووگرژم
گەر لە شارێکی گەورەشدا ون بووم
دەترسم ڕێگای دارستانەکان نەناسمەوە
دەترسم خۆم بۆ نەدۆزرێتەوە
هێشتا هەر وەک منداڵیم؛
لە ونبوون دەترسم
بابان ئیبراهیم
تەنیایی.. شیعری شۆڕش عەزیز سورمێ
تەنیایی هیچ دەنگە دەنگێک دروست ناکات،
بە نەرمی دەچێتە ژوورەوە،
لە تەنیشتتەوە دادەنیشێت
وەک سێبەرێک کە ناوت بزانێت.
بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ سەیری تۆ دەکات
و حوکم نادات،
ئەو پارچانە هەڵدەگرێت کە دەکەونە خوارەوە
کاتێک کەس سەیری ناکات.
هەندێک جار وەک شاخ کێشی دەبێت،
کاتەکانی تر ژوورێکی چۆڵە
لەو شوێنەی دڵ هەناسە دەدات
بەبێ شایەتحاڵ.
بەڵام لە تەنیایی
هەروەها ڕووناکییەکی بچووکیش هەیە:
ئەو بەشەی تۆ
کە هەرگیز لە بەرەنگاربوونەوە نەوەستاوە.
لێرەوە شیعر لەدایک دەبێت،
ئەوە شوێنی ئازارە
دەبێتە وشە
و وشە
ببێتە هێز.
زمان و پۆشاک؛ سەنگەرەکانی مانەوە لە بەردەم هەژموونی سڕینەوەدا.. نووسینی: گەیلان محمد
نەتەوەی کورد لە مەودایەکی مێژوویی پڕ لە هەوراز و نشێودا، هەمیشە لە هەوڵی پاراستنی ناوکەبنیاتی ڕەسەنایەتیی خۆیدا بووە. لەم کاروانە پڕ لە ئاستەنگەدا، زمان تەنها ئامرازێکی پەیوەندیی وشک نەبووە، بەڵکو وەک کۆڵەکەی سەرەکیی ناسنامە و گەنجینەیەک دەرکەوتووە کە فۆرم و مۆڕکی تایبەتی بە عەقڵییەتی کوردی بەخشیوە. زمان لێرەدا ئەو “ماڵە مەعنەوییە”یە کە تاک و کۆمەڵگەی کوردی تێیدا پەناگیر بوون بۆ ئەوەی لە بەردەم تەوژمە توندەکانی مێژوودا نەپوکێنەوە.
هاوتای زمان، جلوبەرگی کوردیش وەک زمانێکی بینراو و هێمایەکی کولتووریی زیندوو خۆی دەنوێنێت. پۆشینی ئەم بەرگە، تەنها هەڵبژاردنی ستایلێکی پۆشاک نییە، بەڵکو ڕاگەیاندنی “هەبوون” و پەیڕەوکردنی فەلسەفەی مانەوەیە لە فەزایەکی گشتیدا کە زۆرینەی جار هەوڵی پەراوێزخستنی دراوە. بۆ تاکی کورد، ئەم پۆشاکە جەختکردنەوەیە لەو ڕاستییەی کە جیاوازیی کولتووری، نەک تەنها ماف، بەڵکو جوانییەکە لە پێکهاتەی بووندا.
لەلایەکی دیکەوە، هەڵکەوتەی جوگرافیی کوردستان لە نێوان سێ هەژموونی باڵادەستی ناوچەکە (عەرەب، تورک و فارس)، کاریگەریی قووڵی نەرێنیی لەسەر ژێرخان و سەرخانی ئەم نەتەوەیە بەجێهێشتووە. نەتەوەی کورد لەژێر سایەی ئەم فشارە سیاسی و کولتوورییانەدا، ڕووبەڕووی پڕۆسەیەکی بەردەوامی “داسەپاندنی کولتووری” و “سڕینەوەی ناسنامە” بووەتەوە.
ئەم نەتەوە باڵادەستانە لە ڕێگەی ئایدۆلۆژیا، نکۆڵیکردنی ڕەها و هەژموونی مێژووییەوە، هەوڵی جۆرێک لە “داگیرکردنی عەقڵی و دەروونی” تاکی کوردیان داوە. ئەم کاریگەرییە نەرێنییانە تەنها لە داگیرکردنی خاکدا کورت نابنەوە، بەڵکو دزەیان کردووەتە ناو قووڵایی زمانی کوردی و بێژمارە وشە و چەمکی نامۆیان بەسەردا سەپاندووە بە مەبەستی شێواندنی پەتیبوونی زمانەکە. گەورەترین زەبری ئەم هەژموونە، هەوڵدان بووە بۆ وێناکردنی کورد وەک “پاشکۆ” یان “کەمینەیەکی بێ مێژوو”، کە ئەمەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر متمانەبەخۆبوونی نەتەوەیی هەبووە و پڕۆسەی گەیشتن بە “خودی سەربەخۆ”ی دواخستووە.
پاراستنی زمان و پۆشاک، لە ڕاستیدا پاراستنی دواین سەنگەرەکانی ئەو خودە سەربەخۆیەیە کە پێویستە لە بەرامبەر هەر هەوڵێکی سڕینەوەدا بە زیندوویی بمێنێتەوە.
نووسینی: گەیلان محمد / قوتابی زانکۆ
تەتەڵەو گێژی خەرمان، مایە پووچ خەرامان.. فەریق خۆشناو
١
چی وتراوە دەربارەی شیعر؟
ڕەخنەگران لەسەر ئەوە کۆکن کە شیعری باش و کاریگەر بە تێکەڵکردنی زاراوەی دانسقەو هەڵبژاردە و مانای ورد، لەگەڵ توانای جوڵاندنی هەست و ڕۆح و دروستکردنی وێنەی هونەری داهێنەرانەدا خۆی دەبینێتەوە. ڕەخنەگران و فەیلەسوفانی ڕۆژئاوا جەختیان لەوە کردووەتەوە کە شیعری باش و کاریگەر تەنیا کێش و ڕیتم نین و بەڵکو دەگاتە لاساییکردنەوەو داڕشتنەوەی داهێنەرانە و دەربڕینی ڕاستگۆیانەی هەستە قووڵەکان و خستنەڕووی ڕاستییە گشتگیرەکان و سەرسوڕماندنی خوێنەر لە ڕێگەی داهێنانی زمانەوانییەوە. هەرچی ئەرستۆیە شیعری لە مێژوو بە باڵاتر دەزانی، چونکە مامەڵە لەگەڵ گشتدا دەکات.
ویلیام وۆردسوۆرس، کەسایەتییەکی پێشەنگی ڕۆمانسیزمی ئینگلیزی، شیعری باشی وەک “هەلقوڵینی خۆبەخۆی هەستە بەهێزەکان” سەیر دەکات، کە بە پلەی یەکەم لەو هەستە قووڵانەوە سەرچاوەی گرتووە کە شاعیر لە ساتەکانی بیرکردنەوەدا، داهێنەرانە دەیهروژێنێت.
ئەم ڕەخنەگرانە لەسەر ئەوە کۆکن کە شیعری باش و کاریگەر تەنیا بەیتێکی قافیەدار نییە، بەڵکو دیدێکە کە دەچێتە ناو قووڵایی ڕۆحی مرۆڤەوە، بە بەکارهێنانی زمانی مێتافۆریکی چڕ، بۆ جۆشدان و سەرسامکردنی هەستی وەرگر.
٢
بەریەککەوتەکانی دەسەڵات و وێژە
لێ مەخابن لای ئێمە، وەك سەرنج دەدەین و ئاسۆیی و شاوڵی دەڕوانین، دەبینین لێگا لێگا بە ناوی شیعرەوە ڕۆژانە شاشەی چاوانمان بە پەردەی خۆڵەمێشی و هێڵەکانی تەشویش داگیر دەکرێت و تاریك دەبن، ئەو نووسراوانەی هێڵنجی خامەی بە بەردبوون، هەتا قوڕقوڕاگە ژەنگاوین، لە زەوق و سەلیقەمان ئەدەن و واش شكۆو پایەی شیعرمان لە یاد ناچێت و بەراورد بەو میعرانە هەر دەبێت بڵێین حەپێکی پاراستیۆڵ ئاودیو بکەین باشە لە کاردانەوەو ئاکامی ئەو خوێندنەوانەدا کە تووشی دێین و جگە لەو ئاخ و حەسرەتەی لامان جێ دەمێنێت چی تر بڵێین؟
پێش ئەوەی لەم بابەتەش بدوێێن؛ دەبێت کەمێکیش بەو دۆخەی دوای ٣٥ ساڵ لە پاشاگەردانیی کە ئێمەی بەدبەختی تێکەوتووەو بووینەتە یەخسیری دوو بنەماڵە؛ بدەینە قاقای پێکەنین و یەکسەریش دوای ئەوە بدەینە پڕمەی گریان، لێرەدا ئەو پرسیارە دەکەین: ئایا ئەمەش ئەو بەرە زڕە نییە کە حیزب لە دەیان ساڵەی ڕابردوودا وەشاندنی و لە ئاکامدا چەندان ملیۆن درەخت و نەمامی ژەقنەبووتی لێ سەوز بوو، کەواتە ئیتر هەموو ئەو کۆپییە سەقەتانە بە تەنیا لە سەرەوەی قووچەکەکەدا نامێننەوە وەکو سیمبوڵی ستەم، بەڵکو بە هەموو جومگەکانی شارو گوندو ئاواییەکاندا بڵاودەبنەوەو دەبنە هۆی پیسبوونی گەردەکانی هەوا کە هەڵی دەمژین، بوون، ناسنامە، مۆڕاڵ…. کەواتە چیدی مەترسییەکە لە بوونی دەسەڵاتی دیستۆپی و تۆتالیتاریادا نییە، کە لە کەسێك یان دوو یان سێ یان خێڵێك پێک بێت، بەڵکو لەو سەدان و هەزاران و ملیۆنان کۆپییەدایە کە وەك بەروبومی گەندەڵیی و نایاسایی و شەقاوەیی دروست بووەو بەرجەستە دەبێت، کە ڕوو دەکەیتە هەر شوێنێك و سەر بە هەر جێگەیەکدا دەکەیت، وەکو تیری ئەجەل ڕووبەڕووت دەبنەوەو دەتگێڕنەوە ژێر خاڵی سفری جووڵە و ئومێد و بوون.
٣
شیعری: هەمووان گوندین بە نموونە
(ئەمن گوندیم) یەکێکە لە دوا شاکارەکانی ئەو خامەیەی کە نەك شیعرەکانی لە ئاستی ئەدەبی منداڵاندا نییە، بەڵکو زمانەکەشی سەقەتە، وا دەزانێت کۆکردنەوەی سەروای هاوشێوە بە تەنیا بەسە بۆ ئەوەی بڵێین نووسین و داهێنانی شیعر بە ئەنجام گەیشت، گەر وا بێت ئەوا کورد هەمووی شاعیر دەردەچێت. ئەگەر ئەمە بەڵگە نەبێت لەسەرکاڵوکرچی و بۆشایی دەبێت چی تری ناو لێ بنێین؟
شاعیری وا هەیە ئێستاش جیاوازی نێوان ڕاناو و پێشناو و پاشناو و جێناو، ئامرازی پێکەوەلکاندن و خاوەندارێتی و پەیوەندی(دانەپاڵ)…..ناکات، لەم پارچە کورتەدا ببینن چۆن لە ناونیشانەکانەوە ئەم هەڵەیەی بەسەردا تێپەڕ دەبێت و پێداچوونەوەی بۆ ناکات و یان هیچ نەبێت پیشانی کەسێکی تری بدات کە بۆی ڕاست بکاتەوە، ئەمە جگە لە خۆ بەزلزانین هیچی تر نییە، بەڕێزیان بۆ مەکرو نازکردن بەسەر شیعردا ئازان، بەڵکو سەردەکێشێت بۆ نووسینی ڕۆمان و چیرۆك و بابەتی ڕۆژنامەوانی و لەهەمووشیاندا دەبێت عەیارە بیست و چوار بێت، ئەی داماو ئەو خوێنەرەی ئەو بەرهەمانەو هاوشێوەکانی زاخاوی مێشك و هەست و گیانت دەدەن! دەبێت چی لێ بەرهەم بێت؟
ئەوانە هەرگیز گوێ ناگرن بۆ وەرگرتنی ئامۆژگاری و ڕێنمایی چۆنیەتی شیعر نووسین و ڕەخنە لە ناتەباییەکان و ڕوونکردنەوەی هەڵەکان، بەڵکو لە دۆخی باییبوونێکی هەڵخەڵەتێندان و لەو بڕوایەدام خۆیان بە سێرگی یەسنین و ستیڤان مالارمییە ناگۆڕنەوە، کێشەکە ئەوەیە هەر ئەوانەشن سەرپەرشتی کەناڵەکانی ئەدەبیات دەکەن و ئیدی خۆتان پێشبینی بکەن و بزانن دەبێت چی ڕووبدات؟ وەکو ئەوە وایە مامۆستایەك هیچ نەزانێت و بە هەڵە قوتابییەکان تێبگەیەنێت و مێشکیان پڕ بکات بە زانیاری هەڵەو ئەوانیش کە پێگەیشتن لەو خراپتر دەربچن وئاکام کۆمەڵگا دەبێتە زەلکاوێکی بۆگەن، ئیتر ئەم سوڕی گەشەکردنە لە دۆخی دۆگماو پاشکەفتندا لە بازنەیەکی داخراودا هەمیشە دەخولیتەوەو دووبارە دەبێتەوە.
ئەو دەڵێت (هەمووان گوندین)، بەو مانایەی ئێمەین گوند، ئیدی نازانم چۆن مرۆڤ دەبێتە گوند؟ لەجیاتی ئەوەی بنووسێت (هەمووان گوندیین) واتا (ی) دووەم کە (سەربوون بە گوند) دەگەیەنێت، وەك دەنووسێت:
هەمووان گوندین
دەزانین هەر کەس و حزبێ
بایی چەندین.
نەك هەر ئەمە، بەڵکو بۆ ڕێكخستنی سەرواش، شێوازێکی سادەو کاڵ و کرچ بەکاردێنێت وەکو کەسێك کە تازە فێری ئەلفوبێی شیعر دەبێت و شیعر هەر لە سەراو کێشی سەقەتدا دەبینێتەوە، دەچێت وشەی (چەندن) بە (چەندین) دەنووسێت تا لەگەڵ سەروای پێشتردا (گوندین) بگونجێت، کە ئەویش هەڵەیە دەبوو (گوندیین) و (بایی چەندن) بووایە، بەڵام لە ڕووی ماناوە هەڵەیەکی زەقە، چونکە تۆ باسی کەس و حیزب دەکەیت، کەواتە دەبێت ڕاناوەکە بۆ ئەوان بگەڕێتەوە(واتا کەسی دووەمی کۆ: ئەوان-چەندن) نەك (کەسی سێیەمی کۆ: ئێمە- چەندین)، خۆ کەس بە دۆی خۆی ناڵێ ترش.
بەڵام ئەگەر دەتەوێت خۆشت یان ڕاستر وایە بڵێین (خۆشتان) زەق بکەنەوەو ناوتان بخەنە نێو مەیدان، ئەوا بە دڵنیاییەوە ئەوەی بەدواچوونی بۆ مێژووی ڕەشی دوورو نزیکی بەختی کوردان کرد بێت، ئەوا دەزانێت چۆن هەموو قەوارەیەك لە شوێنی گونجاو و دروستی خۆیدا دابنێت، کەواتە جگە لەوەی ئەم کۆپلەیە لە ڕووی ناوەڕۆکەوە پێچەوانەی واقیعەو هەمووان دەزانین ئەو حیزبەی کە خۆی بە سەربەخۆو کۆنترین ئۆرگانی سیاسی دەزانێت و شاعیر لە سایەیدا باڵ فش دەکاتەوەو ئەوانی تر دەخاتە بەر نیشانەی پرسیار، هەر لە سەرەتای دەست بەکاربوونی خەباتییەوە پاشکۆی حیزبی دەسەڵاتە یەك بە دوای یەکەکان بووە و سەر بەسەرو ژێر بە ژێر شاخوێنهێنەریان پێیانەوە لكاوەو پەیوەستە، هەر ئەوانیشن کە ئەجندای کاریان بۆ دادەنێن و سەرچاوەی داهاتیانن و دەتوانین تەنانەت یەك یەك پەنجە بۆ ئەو ئەندامانە ڕابكێشین کە لەولاش مووچەی ئەندامی کارایان هەیەو لەملاشەوە بەناوی چینی چەوساوەو فلیقاوەوە دروشم لیدەدەن و لە ئۆرگانەکەیاندا دەنووسن. ئەم دووفاقییە دەردی کوشندەی پۆلەتیك و ئەدەبیاتی کوردیشە، کە وای کردووە دەنگە ڕەسەنەکان خۆڵیان لەسەرنرێت و پووچەکانیش پف بدرێن و ئاسنی سواغدراو بە بۆیەی زەرد بە زێڕ نیشانمان بدەن و بفرۆشنەوە.
ئیتر شانازی بە چییەوە دەکەیت و لە کۆتاییدا ئەو مافە بەخۆت ڕەوا دەبینیت وەکو دادوەرێك حوکم بدەیت بەسەر قەوارەو کەسەکاندا؟ مەگەر کورد ناڵێت: ئەوەی ماڵی لە شووشە بێت بەرد نەهاوێژێت بۆ ئەوانی تر باشترە. جگە لەمەش نازانین ئەمە چ پەیوەندییەکی بە تیمای نووسینەکەوە کە لە خولگەی گوندنشیناندا دەخولێتەوە؟
جارێکی تر ئەو دیبەیتە جێ دەهێڵێن بۆ کات و ساتی خۆی و دێینەوە سەر ئەو پارچە بچووکەی کە نەیتوانیوە مافی شیعری بداتێ و هەر کاتی خوێنەر بەفیڕۆ دەدات و شیعر لەبەرچاوی خەڵکدا سووك و بێ بایەخ دەکات، ئەم جار ببینن و لەگەڵ مندا بنۆڕن و ڕابمێنن لەمانای ئەم دوو دێڕە، بزانن چ خزمەتێك بە ئافراندن و ئەندێشەو جوانی ناسی دەکات:
تەواوی ئەندامانی جەستەم
بەدرزی دیوارەکاندا هاتوون
ئەمە هەر هیچ مانایەکی نییە، تۆ گەر گوندیی بیت، ئیتر چ گرێیەك تیمای شیعرەکە دەبەستێتەوە بە درزی دیوار و چ پەیوەندییەکی لەگەڵ ئەندامی جەستەو (گوند) دا هەیە؟ بگرە لە شارەکاندا دیوارو درز زیاترن، ئەنجا لە لایەکی ترەوە ئەمە هیچ ئاماژەیەکی قووڵی تێدا نییە بۆ دیوی پشتەوەی ماناو سیمبوڵ و هیرمۆنیتیکا تا بڵێین ئەوە تۆی خوێنەری سادەیت لیی تێناگەیت! وەك گوتمان ئەندێشەیەکی نەزۆکە، لەولاشەوە زمانێکی سەقەتە، چونکە نە لە ڕووی ئایدیاو نە لە ڕووی واقیعەوە خزمەت بە زمان و پەیامی شیعرو ڕووەکانی داهێنان ناکات، جگە لەوەی کەم توانایی و هەژاریی و بێ سەلیقەیی نووسەرەکەی نیشان دەدات.
لە لایەکی ترەوە ببینن چۆن کاکی خامە بەدەست لە کۆپلەی دواتر هەمان وشەی (کارا): (لەوێ ئاودێرێکی کارا)،(لەوێش جوتیارێکی کارا) بەکاردەهێنێتەوە وەکو ئەوەی هیچ زاراوەیەکی تری دەست نەکەوێت و هەژاریی فەرهەنگیی خۆی دەردەبڕێت، وێڕای ئەوەی ئەمانە وشەی گونجاو پەسەندو کاریگەری شعر نین جگە لە بەکارهێنان نەبێت لە وتارو ڕێپۆرتاژی ڕۆژنامەنووسیدا، ئەمە تەنیا کێشەی زمان نییە، بەڵکو قەیرانی بابەتیشە، بێ گوێدانە پوختیی و ڕەوانیی و تۆکمەیی لە شێوەو ناوەڕۆکدا، تەنیا بۆ ئەوەی وای پیشان بدات سروودی جووتیاران وکرێکاران هەردەم ئامادەن لە پرۆگرامی حیزبدا، لەکاتێکدا واقیعی ژیانی شاعیر دووریی مەودا دەردەخات لەو بوارانەی ئەو لە شیعرەکەیدا وەسفی خۆی پی دەکات، جگە لەمەش وا جارێکی تر دەیەوێت ملکەچی سەروا بێت و بۆ ئەم مەبەستەش وشەش بە هەڵەدا دەبات و ڕێزمان بە لاڕیدا دەبات، وەك دەنووسێت:
وەکو بازێکی سەر دووندیم
هەمووان گوندین
لە جیاتی ئەوەی بنووسێت (وەکو بازێکی سەر دووندم، هەموان گوندیین) واتا پیتی (ی) دووند بخاتە کۆتایی وشەی (گوندی) تا ببێتە (گوندیی) کە ئاماژەیە بە کەسێك سەر بە گوند بێت یان خەڵکی گوند بێت. ئەو خۆی دەکات بە گوندو دەڵێت من گوندم، ئێمە گوندین، لە بری ئەوەی بنووسێت: من گوندییم، ئێمە گوندیین. ئیتر خەڵك ناهەقی نییە زۆر سوك تەماشای شیعری کوردی هاوچەرخ بکەن و بەیاری منداڵانی لێك بدەنەوە، ئەمەش هۆکاری چاپ نەکردنی کتێبە شیعرەکانە لە لایەن دەزگاکانی چاپەوە کە تەڕو وشک پێکەوە سووتاون و بوونەتە قەرەبرووت، ئەم پارچەیەش کە لە شێوازی شیعردا وەك دیارە بە زۆر بە خۆ نووسراوە هەروایە، هیچ شتێکی جوان و بەسووی تێدا نییە خوێنەر بجوڵێنێت یان بەهرەمەند بکات، جگە لە کات کوشتن.
خوێنەر لەکۆتایی خوێندنەوەکەدا دەپرسێت چ کاری منە، تۆ خەڵکی گوند بیت یان نا؟ بەڵام ئەوەی کە خوێنەر بە دروستی دەزانێت، ئەوەی کە نەخێر ئەوە هەڵەیە هەمووان خەڵکی گوند نین، ئیتر نازانرێت چۆنئەو حوکمە یەکلاکەرەوە دەدات و دەنووسێت (هەمووان گوندین)، خۆ ئەمە لە کەم کردنەوەی پلەوپایەی گوندەکاندا نییە، بەڵام ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرەو دەبێت بوترێت.
تکایە ئیتر چی تر بە ناوی ئەدەب و شیعرەوە لە زەوقمان مەدەن، شەرمە جارێك نا دوو نا سێ نا، هەمیشە دەگوترێت تکایە ئەگەر شتێکتان پێ نییە شایستەی وتن بێت چیدی کاتمان بە فیڕۆ مەدەن و شیعرمان لا ناشیرنتر مەکەن. هەرچەندە دۆودۆشاو لای ئێمە تێکەڵاو کراوەو دەیان ساڵە لە هەموو بوارەکاندا ساختە بە ڕەسەن مامەڵەی ڕۆژانەی پێوە دەکرێت و زوخاو دەرخواردی چەشەو هەست و گیانمان دەدرێت.
هەولێر
٢٥/٥/٢٠٢٦
پڕوپاگەندەی خەڵاتە نێودەوڵەتییەکان.. نووسینی: هێمن عەلی
لە بنەما زانستی و پیشەییەکانی ڕاگەیاندندا، میدیا وەک ئاوێنەی کۆمەڵگا دەبینرێت؛ ئەرکی سەرەکیی گواستنەوەی ڕاستییەکان، چاودێریکردنی دەسەڵات و بەرزکردنەوەی هۆشیاریی گشتییە. بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ لە بەشێکی بەرچاوی میدیای کوردیدا دەبینرێت، دوورکەوتنەوەیەکی ئاشکرایە لەو بنەمایانەدا؛ تا ڕادەیەک کە، لە ئامرازێکی خزمەتگوزاریی گشتییەوە گۆڕاوە بۆ ئامرازێکی پڕوپاگەندە و بازرگانیکردن بە ناوبانگەوە.
شانۆگەریی کڕینی خەڵات و “یەکەمی بێ ڕکابەر”
یەکێک لە دیاردە هەرە سەیرەکان کە، لە هەندێک کەناڵی کوردیدا سەری هەڵداوە، پەنابردنە بۆ دەزگا و کۆمپانیا بیانییەکان بە مەبەستی بەدەستهێنانی خەڵات. پرسیارە لۆژیکییەکە ئەوەیە: ئایا ئەم دەزگایانە کەی و چۆن چاودێریی بەرنامەکانی ئەم کەناڵانەیان کردووە، یان تا چەند لە زمان و پەیامەکانیان تێدەگەن؟
ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە کە ئەم جۆرە بڕوانامە و مەدالیا بازرگانییانە لە ڕێگەی کۆمپانیاکانی پەیوەندییە گشتییەکانەوە (PR) بە پارە دەکڕدرێن. وەک پەندە کوردییەکە دەڵێت: “پارە بدەو مەلا لە مزگەوت دەرکە”، لێرەشدا هاوکێشەکە زۆر سادەیە: پارە بدە و خەڵاتەکەت وەربگرە. ئەمە هەڵسەنگاندنێکی ڕاستەقینە نییە بۆ کوالێتی و بێلایەنیی کەناڵەکە، بەڵکو پرۆسەیەکی بازرگانییە بۆ دروستکردنی وێنەیەکی وەهمی و فرۆشتنەوەی بە بینەری ناوخۆیی وەک دەستکەوتێکی مەزنی نێودەوڵەتی. بە کورتی، پرۆسەی کارکردنی ئەو کۆمپانیایانەی PR لە پرسی “کڕینی خەڵات”دا لە چەند هەنگاوێک پێکدێت؛ یەکەمیان بازرگانیی خەڵاتە (Vanity Awards)، کە تێیدا هەندێک کۆمپانیا و ڕێکخراوی PR خەڵات و بڕوانامە بە پارە دەفرۆشن، نەک بەپێی لێهاتوویی پیشەیی. دواتر قۆناغی ناوبانگی ساختە دێت، کە تێیدا هەندێک کەناڵ پارە دەدەن و لە بەرامبەردا مەدالیا و بڕوانامەی “نێودەوڵەتی” وەردەگرن، زۆرجار بێ ئەوەی هیچ هەڵسەنگاندنێکی ڕاستەقینە بۆ کارەکانیان کرابێت. لە کۆتاییشدا قۆناغی فریودانی بینەر دەست پێدەکات، کاتێک ئەم خەڵاتانە وەک “سەرکەوتنی جیهانی” و “یەکەمی بێ ڕکابەر” بە بینەری ناوخۆ دەفرۆشرێنەوە.
بۆ سەلماندنی ساختەیی ئەم شانۆگەرییە، تەنیا بەسە ئەو دیمەنە گاڵتەجاڕانەمان بهێنێتەوە یاد؛ ئەو ساتەی یەکێک لە وەرگرانی خەڵاتەکە، خەڵاتەکەی وەردەگرت. ژنە پەیامنێرێکی بیانی بە ئینگلیزی پرسیاری لێ دەکات و خەڵاتەکەی پێشکەش دەکات، بەڵام وەرگری خەڵاتەکە، بێ ئەوەی تاقە وشەیەک لە زمانەکە ی تێبگات، هەر بە کوردی وەڵام دەدات و بە شانازییەوە باسی “دەستکەوتە نێودەوڵەتییەکەی” دەکات.
ئەم دیمەنە، خۆی لە خۆیدا گەورەترین بەڵگەیە بۆ سەلماندنی ساختەیی ئەم جۆرە خەڵاتانە و بێبەهاییان لە ڕووی هەر پێوەرێکی پیشەییەوە. پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە: کاتێک لە نێوان دەزگای بەخشەر و کەسی وەرگری خەڵاتەکەدا، تەنانەت سادەترین ئاستی لێکتێگەیشتن و زمان بوونی نەبێت، چۆن دەکرێت باس لە “پێوەر و هەڵسەنگاندنی نێودەوڵەتی” بکرێت؟ کەواتە بابەتەکە تەنها کڕینی کاڵایەکە (لەژێر ناوی خەڵات یان مەدالیای بازرگانیدا) بە مەبەستی چەواشەکردنی عەقڵی بینەر، نەک بەدەستهێنانی متمانە لە ڕێگەی کاری پیشەییەوە.
پێوەرەکانی میدیا لە وڵاتانی پێشکەوتوودا
بە حوکمی دوو دەیە ژیان و خوێندنی ئەکادیمیم لە ئەوروپا، بە پشتبەستن بە چاودێری و بەدواداچوونە بەردەوامەکانم بۆ ئەم بوارە، دەتوانم بە دڵنیاییەوە بڵێم، تا ئێستا نەمبیستووە یەک کەناڵی میدیایی لێرە بێتە سەر شاشە و بۆ خۆی بڵێت “ئێمە یەکەمی بێ ڕکابەرین”. ئەگەر سەیری ژینگەی میدیایی وڵاتانی خاوەن ئەزموونی دیموکراسی بکەین، وەک سوید، فینلەندا، سویسرا، یان ئەڵمانیا، هەر نییە و نەبووە کەناڵێک بەردەوام بانگەشە بۆ خۆی بکات و ئەم جۆرە دروشمانە بەکاربهێنێت.
لەو وڵاتانەدا متمانە بە کار دێت، نەک بە دروشم، هەروەها میدیا پیشەییەکان لەسەر ڕاستگۆیی و خزمەتکردنی کۆمەڵگا ڕکابەری دەکەن، نەک کڕینی ناوبانگ. شەفافییەتی دارایی بنەمایەکی سەرەکییە و پارەی خەڵک نابێت بۆ نمایش و پڕوپاگەندە بەکاربهێندرێت. لە سەروو هەمووشیانەوە ڕێزگرتن لە عەقڵی بینەر هەیە، چونکە میدیا پیشەییەکان متمانە بە ناوەڕۆکی بەهێز و ڕاستگۆ بەدەست دەهێنن، نەک بە خەڵاتی کڕاو.
گەورەیی کارەساتەکە تەنیا فریودانی خەڵک نییە، بەڵکو بەفیڕۆدانی سامانی گشتییە لەپێناو شانۆیەکی ساختەدا. لەو کاتەی کۆمەڵگا لەژێر باری قورسی قەیرانی ئابووری، بێمووچەیی و نەبوونی خزمەتگوزارییەکاندا دەناڵێنێت؛ سامانێکی زەبەلاحی ئەم میللەتە دەخرێتە خزمەت دروستکردنی ناوبانگێکی دەستکرد و چەواشەکردنی بیروڕای گشتییەوە.
ساختەکاری بە ناوی “سەرکەوتنی نێودەوڵەتی”
ئەو دەزگایەی پەنا بۆ کڕینی خەڵات دەبات، لە ناوەڕۆکدا گیرۆدەی لاوازیی پیشەیی و نەبوونی متمانە بە خۆیە. پاڵەوانەکانی شاشە لە ڕێگەی دروستیی پەیامەکانیانەوە دەناسرێن، نەک بە بڕوانامەی کڕاو.
ئەرکی ئێستای بینەرە کە، ئەم پەردەیە هەڵبداتەوە و ڕێگە نەدات چیتر خەیاڵ و درۆی پێ بفرۆشرێت. متمانە بە پارە ناکڕدرێت؛ بە ڕاستگۆیی بەدەست دێت و بە درۆ لەدەست دەچێت.
دووری.. شیعری شورش عزیز سورمێ
ناوێک هەیە لە دڵمدا کە دەسوتێت،
وشەیەک کە وەک بەردێکی گەرم لە ناو گیرفانمدا هەڵیدەگرم.
ئەوە دەنگی باپیرمە
کە لە سەر کانییە ساردەکانەوە بەرز دەبێتەوە،
ئەوە بایە
کە هەموو قەبارەی شاخەکان دەزانێت.
چل ساڵە لە شوێنێکی تر دەژیم،
بەڵام هەنگاوەکانم هێشتا
خۆڵی گەڵاڵەیان پێوە چەسپاوە.
ماڵەکان ڕووخاون،
دارەکان پارچە پارچە بوون،
بەڵام ڕەگەکان — ئەوانە نا —
هێشتا ژیان لە خۆیاندا هەڵگرتووە.
دووری پەتێکی توندە
لە نێوان ئەوەی کە بووم
و ئەوەی کە بوومەتە.
هەموو شەوێک
کە بێدەنگی دەخزێتە ناوەوە،
دەنگی خاکەکەم دەگوێزرێتەوە
وەک دەنگی کەسێک
کە هەرگیز لەبیری ناکات.
من بە نەرمی وەڵام دەدەمەوە،
وەک وەڵامی دایکێک
کە مرۆڤ هەرگیز جێی ناھێڵێت:
هەرگیز بەڕاستی جێت نەهێشتم
شورش عزیز سورمێ / ئیتالیا
کاتێک پیری سیاسی دەبێتە نەفرەتێک بۆ نەتەوە.. نووسینی: هێمن عەلی
سیاسەت لە بنەڕەتدا ئامرازێکە بۆ خزمەتکردنی گشتی؛ وەزیفەیەکە کە دەبێت وەک هەر کارێکی تر سەرەتا و کۆتایی هەبێت. بەڵام بۆ هەندێک کەس، سیاسەت دەبێتە ئالوودەبوون و کورسیی دەسەڵات دەبێتە بەشێک لە جەستەیان، بە جۆرێک پێیان وایە بەبێ ئەوان ژیان دەوەستێت.
گەورەیی سیاسەتمەدار لەوەدایە بزانێت کەی کاتی ڕۆیشتنە، نەک ئەوەی تا مردن بە کورسییەوە بلکێتەوە.
ئێستا باسی چەند نموونەیەکی جیهانی دەکەین.
پاڤۆ ڤایراینن (paavo väyrynen) مێرسێدێسی ڕووقایمی فینلەندا:
پاڤۆ ڤایراینن وەک مێرسێدێسێکی کۆنی ڕووقایمە؛ هەرگیز ناوەستێت. لە ڕابردوودا سیاسەتمەدارێکی ناسراو بوو، بەڵام چونکە نەیزانی کەی واز بهێنێت، دواجار بووە جێگەی گاڵتە. تەنانەت پارتەکەی خۆیشی دەری کرد. ئێستا هەر خۆی کاندید دەکات، بەڵام خەڵک پشتی تێکردووە. پەیامی فینلەندییەکان بۆی ڕوونە:
«کاکە، سەردەمی تۆ کۆتایی هاتووە.»
نموونەی تری جیهانی: ئەوانەی تا سەر مەرگ وازیان نەهێنا
پاڤۆ بە تەنها نییە لەم نەخۆشییەدا. لە جیهاندا چەندین نموونەی تر هەن کە دەریدەخەن چۆن سیاسەتمەدار، کاتێک لە کاتی خۆیدا واز ناهێنێت، مێژووەکەی خۆی لەکەدار دەکات.
مەهاتیر محەمەد (مالیزیا)
سەرەڕای ئەوەی سەرکردەیەکی مێژوویی بوو، بەڵام نەیزانی کەی پشوو بدات. لە تەمەنی ٩٧ ساڵیدا دووبارە خۆی کاندید کردەوە لە ساڵی ٢٠٢٢، بەڵام نەک هەر دەرنەچوو، بگرە پارەی بارمتەی هەڵبژاردنەکەشی دۆڕاند.
ڕۆبەرت موگابێ (زیمبابوێ)
لە پاڵەوانێکی ڕزگاریخوازەوە گۆڕا بۆ دیکتاتۆرێک کە تا تەمەنی ٩٣ ساڵی لەسەر کورسی مایەوە، تا دواجار بە زەبری هێز و ئابڕووچوونەوە لەسەرکورسی دابەزێنرا .
سیلڤیۆ بێرلوسکۆنی (ئیتاڵیا)
تا دوا ساتەکانی ژیانی، هەر بەدوای پۆست و دەسەڵاتەوە بوو. سەرەڕای دەیان ئابڕووچوون، پێی وابوو ئیتاڵیا بەبێ ئەو بەڕێوە ناچێت، تا دواجار مەرگ کۆتایی بە ژیانی سیاسی هێنا.
بێرلوسکۆنی: تەمساحێکی نەمر
نەیارانی بێرلوسکۆنی پێیان دەوت «تەمساحەکە»؛ چونکە وەک تەمساحێکی سەرڕەق وابوو، هەرگیز بە ڕەخنە و ئابڕووچوون نەدەشکا. تەنانەت لەناو گەورەترین کێشە سیاسی و دارایییەکانیشدا هەمیشە دووبارە دەگەڕایەوە.
ئەگەر پاڤۆ لە فینلەندا وەک مێرسێدێسێکی کۆن وابێت کە خراب نابێت، بێرلوسکۆنی لە ئیتاڵیا وەک «تەمساحێکی نەمر» سەیر دەکرا؛ تەنها مەرگ توانی لە سیاسەت جیای بکاتەوە.
کوردستان: کاتێک سیاسەت دەبێتە «تاپۆی ڕەش»
ئەگەر لە ئیتاڵیا، فینلەندا و وڵاتانی تر خەڵک بە دەنگنەدان و دەرکردن لە حزب سزای ئەم جۆرە کەسانە بدەن، ئەوا لە کوردستان کارەساتەکە زۆر قووڵترە.
لە کوردستان، بەشێکی زۆری سەرکردە و سیاسەتمەدارەکان چەمکی «خانەنشینبوون»یان لە فەرهەنگی خۆیاندا سڕیوەتەوە. خەڵکی کورد و سیستەمە سیاسییەکەش زۆر بە هەڵە لە سیاسەت تێگەیشتوون:
سیاسەت وەک میرات
لە کوردستان، سیاسەت پۆستێکی خزمەتگوزاری نییە؛ بەڵکو موڵکە، تاپۆیەکی ڕەشە کە بەناوی شەخسەوە کراوە و دواتر بۆ منداڵەکانی دەمێنێتەوە.
مردن وەک تەنها ڕێگەی دەرچوون
لێرە سیاسەتمەدار واز ناهێنێت تا ئەو ڕۆژەی دەخرێتە ناو تابووتەوە. هیچ ڕێگاچارەیەک نییە بۆ ڕادەستکردنی کورسی یەکەی بە نەوەیەکی نوێ، گەنجتر و پڕ ووزەتر.
بێزاربوونی جەماوەر
خەڵک بە تەواوی لەم سیاسەتمەدارانە بێزار بوون. زیاتر لە سێ دەیەیە هەمان دەموچاو، هەمان قسە و هەمان بەڵێنی بێناوەڕۆک دووبارە دەکرێتەوە. جەماوەر لە ناخەوە هاوار دەکات:
«وەڵا لێتان بێزار بووین، واز بهێنن!»
بەڵام گوێیان لەم هاوارە نییە، چونکە مانەوەیان لەسەر ویستی خەڵک نییە؛ لەسەر هێز و پارە و عەشیرەت و دامەزراوەی دەسەڵاتە.
سیاسەتی تابووت: تەنها مردن لە کورسی دادەبەزێنێت
جیاوازییەکە لێرەدایە: لە وڵاتانی ئەوروپادا، کاتێک سیاسەتمەدارانی وەک بێرلوسکۆنی یان پاڤۆ ڤایراینن واز ناهێنن و بە کورسییەوە دەچەسپن، سیستەمی دیموکراسی پەراوێزیان دەخات و دەبنە جێگەی گاڵتە و ڕەخنە.
بەڵام لە کوردستان، ئەو «ڕووقایمانە» هەر لەسەر شانی نەتەوە دەسەپێندرێن و لەگەڵ خۆیاندا داهاتووی وڵات پیر و پەککەوتە دەکەن.
گەورەیی سیاسەتمەدار لەوەدایە بزانێت کەی کاتی ڕۆیشتنە، نەک ئەوەی بمێنێتەوە تا ببێتە بارگرانی و ڕق لێلێکراو.
سیاسەت ئەگەر خزمەت بێت، دەبێت کۆتایی هەبێت؛ بەڵام کاتێک دەبێتە موڵک، نەتەوە دەبێتە قوربانیی تەمەنی سیاسەتمەدار.
خوێندنەوەیەک بۆ مێژووی خەساندن؛ لە کوشتنی جەستەوە بۆ کوشتنی کەسایەتی.. نووسینی: هێمن عەلی
لە مێژووی ڕامیاریی مرۆڤایەتیدا، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جەستەی مرۆڤ تەنیا پێدراوێکی زیندەیی نەبووە بۆ مانەوە. بەڵکو زۆرجار کراوەتە “گۆڕەپانی سەپاندنی هێزی ڕامیاری” و ئامرازێک بۆ بەرهەمهێنانی ترس. شانبەشانی سزای لەسێدارەدان، پەنابردن بۆ “شێواندنی جەستە” لە باوترین چەکەکانی دەستی فەرمانڕەوا ڕەهاکان بوون بۆ بەجێگەیاندنی پیلانی تۆقاندن؛ وەک چاودەرهێنان، بڕینی زمان و خەساندن (لە پیاوەتی خستن). ئامانج لەم سزایانە تەنیا ئازاردانی جەستەیی نەبووە. بەڵکو مەبەست لێی کوشتنی “کەسایەتی و ڕەوایەتی”ی ستەملێکراوەکە بووە. بەم کارە ویستراوە کەسی سزادراو بۆ هەمیشە وەک مرۆڤێکی پەراوێزخراو و بێتوانا لەناو کۆمەڵگەدا بمێنێتەوە.
مێژوویەکی خوێناوی: لە ساسانییەکانەوە تا سەفەوی و قاجارەکان
سزای خەساندن و کوێرکردن ڕەگ و ڕیشەیەکی قووڵی لە مێژووی شاهەنشاییەکانی (ئیمپراتۆرییەتەکانی) ناوچەکەدا هەیە. لە سەردەمی ساسانی و بیزەنتییەکاندا، باوەڕێکی ڕامیاری هەبوو کە دەیگوت “دەبێت فەرمانڕەوا لە ڕووی جەستەیییەوە بێکەموکوڕی بێت”. هەر بۆیە، کاتێک شازادەیەک دەبووە جێی مەترسی بۆ سەر تەختی پادشایەتی، لەبری کوشتن، چاویان دەردەهێنا یان دەیانخەساند. ئەم نەریتە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا گەیشتە قۆناغێکی بەرنامەبۆداڕێژراوتر:
سەفەوییەکان: وەک لە سەرچاوە مێژووییەکانی وەک (تاريخ عالمآرای عباسی)دا هاتووە، شا عەباسی سەفەوی بەهۆی گومانی زۆر و ترسی لەدەستدانی تەختەکەی، نەک تەنیا دژبەرەکانی، بەڵکو کوڕەکانی خۆیشی کوێر کرد. هەندێکیشیانی خەساند، تاوەکو دڵنیا بێت لەوەی ناتوانن جێگەی بگرنەوە.
قاجارەکان: چیرۆکی ئاغا محەمەد خانی قاجار، کە لە پەڕتووکەکانی مێژووی نوێی ئێراندا بەوردی باسکراوە، نموونەیەکی زەقە. کاتێک منداڵ بووە، لەلایەن پادشایەکی ئەفشارییەوە سزای خەساندنی بەسەردا سەپێنراوە. دواتر کە ئەم کەسە حوکمی گرتە دەست، وەک یەکێک لە دڕندەترین فەرمانڕەواکان دەرکەوت و تۆڵەی ئەو شێواندنەی جەستەی لە هەزاران کەس کردەوە.
پەلهاویشتنی هزری تۆقاندن بۆ ناو میرنشینە کوردییەکان
ئەم دابونەریتە ڕامیارییەی شاهەنشاییەکان تەنیا لەناو سنووری خۆیاندا قەتیس نەما. بەڵکو بەهۆی نزیکیی شوێنگەیی (جوگرافی) و بەریەککەوتنی ڕامیارییەوە، ڕاستەوخۆ دزەی کردە ناو فەرهەنگی فەرمانڕەوایی میرنشینە کوردییەکانی وەک (بابان، سۆران، بۆتان و ئەردەڵان).
وەک لە پەڕتووکی (شەرەفنامە)ی شەرەفخانی بەدلیسی و سەرچاوەکانی تری مێژووی کوردیدا هاتووە، زۆرجار برا و ئامۆزاکان لەپێناو گەیشتن بە “تەختی میرایەتی” دەکەوتنە ململانێیەکی خوێناوی. برا براوەکان بۆ ئەوەی لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە خۆیان لە تاوانی “براکوژی” بپارێزن، سزای کوێرکردن یان خەساندنیان بەسەر ڕکابەرە دۆڕاوەکانیاندا دەسەپاند. ئەم کارەش مسۆگەریی ئەوەی دەکرد کە کەسی سزادراو بۆ هەمیشە ڕەوایەتیی سەرکردایەتیکردنی هۆزەکان لەدەست بدات. بەم شێوەیە، کلتووری سزادانی جەستەیی لەناو قەوارە خێڵەکی و میرنشینەکاندا ڕەگی داکوتا. ئەمەش دواتر زەمینەی خۆش کرد بۆ گواستنەوەی هەمان ئەو هزرە بۆ ناو دەزگا پارێزەرییە (ئەمنییە) نوێیەکان.
بەدامەزراوەییکردنی ئازاردان لە سەردەمی بەعسدا
هەرچەندە چاوەڕوان دەکرا بە هاتنی سەدەی بیستەم و سەرهەڵدانی چەمکی دەوڵەتی هاوچەرخ ئەم جۆرە سزایانە کۆتاییان بێت، بەڵام لە عێراقدا گۆڕانکارییەکە تەنیا لە شێوازی جێبەجێکردنەکەدا بوو. سزادان لە گۆڕەپانە کراوەکانەوە گوازرایەوە بۆ ژوورە تاریکەکانی زیندان. دەزگا هەواڵگرییەکانی ڕژێمی بەعس ئەم دابونەریتەیان بردە قۆناغێکی مەترسیدارترەوە. ئەوان ئەم تاوانەیان کردە “دامەزراوەیەکی دەوڵەتی” بۆ پیادەکردنی پیلانی تۆقاندن. لە زیندانەکانی وەک (ئەمنە سوورەکە)ی سلێمانی، خەساندن و شێواندنی جەستە وەک ئامرازێک بۆ تێکشکاندنی دەروونیی ستەملێکراوان بەکاردەهێنرا، تاوەکو ترس و سامی گشتی لەناو کۆمەڵگەدا بڵاو بکەنەوە.
ئەوروپای مۆدێرن و خەساندنی زۆرەملێ ( Forced Sterilization)، دەستکارییکردنی بایۆلۆجی (Biological Manipulation) لەژێر پەردەی «پاکتاوی کۆمەڵایەتی Social Cleansing»دا
تێڕوانین بۆ خەساندن وەک چەکێکی هێزی ڕامیاری، تەنیا لە مێژووی ڕۆژهەڵات یان لە چوارچێوەی سزای ڕامیاری و تۆڵەسەندنەوەدا قەتیس نەبووە. بەڵکو لە سەدەی ڕابردوودا (سەدەی بیستەم)، لە ئەورووپاش بە شێوازێکی ڕێکخراو پەیڕەو کراوە. ئەم پڕۆسەیە لەژێر پەردەی یاسا و زانستی “باشترکردنی نەژاد”دا جێبەجێ دەکرا.
لە چەندین وڵاتی ئەورووپیدا، خەساندنی زۆرەملێ وەک ئامرازێک بۆ ڕێگریکردن لە وەچەخستنەوەی ئەو کەسانە بەکارهێنرا کە فەرمانڕەوایی یان کۆمەڵگە بە “نەخوازراو” یان “بارگرانی”ی دەزانین. ئەمەش بەتایبەتی ئەم دوو چینەی دەگرتەوە:
خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و کەمئەندامانی ژیری (People with special needs and intellectual disabilities):
ئەو کەسانەی کە کێشەی گەشەی ژیری یان دەروونییان هەبوو، بە پاساوی پاراستنی تەندروستیی گشتیی نەوەکانی داهاتوو، بەزۆر دەخەسێندران.
هەژاران و پەراوێزخراوان (The poor and marginalized):
لە هەندێک وڵاتدا، هەژاریی سەخت و پێگەی نزم وەک کێشەیەکی بۆماوەیی سەیر دەکرا. بۆیە بەزۆر ڕێگری لە وەچەخستنەوەیان دەکرا بۆ ئەوەی نەبنە بارگرانی بەسەر شانی حکومەتەوە.
دۆسیەی حەمەڕەش: ئایا مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە؟
سەرەڕای جاڕنامەکانی مافی مرۆڤ لە سەدەی بیست و یەکدا، دۆسیەی (حەمەڕەش) سەلماندی کە پاشماوەی هزری سزادانی سەدەکانی ناوەڕاست هێشتا بنەبڕ نەکراوە. ئەم ڕووداوە هاوچەرخە دەرخەری تەنگژەیەکی ڕەوشتی و یاساییە؛ چونکە خەساندنی مرۆڤێک لەم سەردەمەدا نیشانەی هێز نییە، بەڵکو پەنابردنە بۆ چەکی فەرمانڕەوا شکستخواردووەکانی ڕابردوو. لێرەدا پرسیارە بنەڕەتییەکە ئەوەیە: ئەگەر هێزێکی حوکمڕان هێشتا جەستەی مرۆڤ بکاتە ئامرازی تۆقاندن، ئایا بەڕاستی لە سەدەکانی ناوەڕاست تێپەڕیوە؟
زیرەک بناغەی دانا، زەکەریا تەواوی کرد، سیاسییەکانیش وێرانیان کرد.. نووسینی هێمن عەلی
زیرەک و زەکەریا؛ دوو کۆڵەکەی ڕۆحی کورد
حەسەن زیرەک لە سەدەی ڕابردوودا تەنها گۆرانی نەوت، بەڵکو ئەو بناغە و دیوارە پتەوانەی داکوتا کە میۆزیکی کوردی لەسەر ڕاوەستاوە. ئەو بەو دەنگە ڕەسەنەکەی، جەستەی میۆزیکی کوردی دروست کرد و بووە گەنجینەیەک بۆ هەموو نەوەکانی دوای خۆی. ئەو دیوارە پۆڵایینەی زیرەک دروستی کرد، لە تێکەڵبوونی دەنگی لەگەڵ سروشت و ڕەسەنایەتیی کوردەواریدا دەردەکەوێت. کاتێک لە گۆرانیی “کەتانە”دا بەوپەڕی سادەیی و جوانییەوە نیشتمان دەکاتە ئاواز و دەڵێت:
“چەند بڵێم زیاتر جوانی، کیژی کوردستانی
…بەفری کەلیخانە بیللا زۆر جوانە
وەی وەنەوشەی کوێستانە بەه بەه کەتانە”
ئەم سادەییە پڕ لە سۆزە، ڕێک ئەو بناغەیەیە کە نەتەوەیەک ڕۆحی خۆی تێدا دەدۆزێتەوە. کاتێک باس لە قۆناغی دوای زیرەک دەکەین، زەکەریا عەبدوڵڵا وەک تەواوکەری ئەو بینایە دەردەکەوێت. ئەگەر زیرەک بناغە و دیوارەکان بێت، زەکەریا ئەو سەقفە بوو کە ماڵەکەی تەواو کرد. ئەو توانی تینوێتی میۆزیکی کوردی بشکێنێت و ڕەهەندێکی جیهانی و مۆدێرن بدات بە ئاوازی کوردی بەبێ ئەوەی ڕەسەنایەتییەکەی بکوژێت.
هاوارەکەی جەگەرخوێن و داگیرکەری ناوخۆ
کاتێک باس لە ڕۆحی نەتەوەیی و ئازاری گەل دەکەین، یەکسەر شاکارە مێژووییەکەی شاعیری گەورە جەگەرخوێن و دەنگی حەماسیی شڤان پەروەر لە سروودی «کێنە ئەم»دا دێتەوە یادمان، کاتێک بە دەنگێکی زوڵاڵەوە دەیگوت:
“بە هاوار و بە گریان، دوژمن ناچێتە دەر لە کوردستان… تەنیا بە تیر و تفەنگ و ڕم، دوژمن ژ خاکا مە دێ دەر!”
لەو سەردەمەدا هاوکێشەکە ڕوون بوو؛ دوژمن عەرەب و فارس و تورک بوون. گەلی کورد دەیزانی ڕووی تفەنگەکانی لە کێ بکات. بەڵام ئەمڕۆ تراژیدیاکە گۆڕاوە! ئەگەر جەگەرخوێن ئەمڕۆ لە ژیاندا بوایە، بێگومان دێڕەکانی دەگۆڕی و ئەو شیعرە بەناوبانگەی بۆ «دوژمنی ناوخۆ و حیزبەکان» دەنووسی. جاران داگیرکەری بێگانە خاکی داگیر دەکرد، بەڵام ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی ناوخۆ بوونەتە مۆتەکە بەسەر سنگی نیشتمانەوە. ئەوان قوت و ئایندەی گەنجانیان پاوان کردووە و بە هیچ پاڕانەوە و ڕەخنەیەکیش دەستبەرداری کورسییەکانیان نابن و «ناچنە دەر».
لە خۆڵەمێشی براکوژییەوە، هیوایەک هەڵدەستێت بە ناوی زەکەریا
دەرکەوتنی زەکەریا تەنیا ڕووداوێکی هونەری نەبوو، بەڵکو فریادڕەسییەکی دەروونیش بوو بۆ گەلێکی ماندوو. زەکەریا لە تاریکترین قۆناغی مێژووماندا دەرکەوت؛ سەردەمی تاڵی شەڕی ناوخۆ. ئەو کاتەی حیزبەکان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان، برایان دەکردەگژ برایدا و بێئومێدی باڵی بەسەر هەموو ماڵێکدا کێشابوو. لە ناو ئەو دوکەڵ و خوێنەدا، کاتێک زەکەریا بە سۆزەوە دەیگوت:
“تۆ هاتی ئەی نازەنینم لە دوای چی، زۆر درەنگ بوو… هاتی بەسەر شەمعی کوژاوە و عومرێکی لەدەست دەرچوو.”
ئەمە تەنیا گۆرانییەکی ئەڤینداری نەبوو، بەڵکو وەسفێکی تراژیدی و قووڵ بوو بۆ ئەو «عومرە لەدەستچووە»ی نەتەوەیەک کە لە گێژاوی ململانێی حیزبایەتیدا سووتا و بووە قوربانی.
وانەی زەکەریا بۆ سەرکردەکان: سەرکردەی ڕاستەقینە داهاتوو دروستدەکات
ئەفسانەکان دووبارە نابنەوە. کاتێک هونەرمەندێک دەزانێت کەی دەڕوات، ئەوە خۆی لە خۆیدا گەورەترین داهێنانە. زەکەریا کاتێک بینی لە لوتکەدایە، زۆر بەشکۆوە وازی هێنا و چۆڵکردنی ستەیجی هەڵبژارد، نەک بە پیری لەسەر شاشەکان بمێنێتەوە تا ئەو کاتەی خەڵک لێی بێزار دەبن. ئەو، حورمەتی بۆ خۆی و هونەرەکەی و گوێگرەکانی پاراست.
لێرەدا پرسیارە گەورەکە دروست دەبێت: بۆچی سەرکردەی حیزبەکانی کورد ناتوانن وەک زەکەریا ماڵئاواییەکی بەشکۆ بکەن؟
• ئالوودەبوون بە دەسەڵات: زەکەریا پشتی بە توانای خۆی بەستبوو، بۆیە نەترسا لە جێهێشتنی گۆڕەپانەکە. بەڵام سیاسییەکانی ئێمە تەنیا لە سێبەری کورسییەکانیاندا گەورە دیارن. ئەوان لەوە تۆقیون بە لەدەستدانی دەسەڵات، قەبارەی ڕاستەقینەیان دەربکەوێت و بکەونە بەر لێپرسینەوەی گەل.
• کاسەلێسەکان و سوودمەندان: ئەو بازنە تەسکەی کە دەوری سەرکردەیان تەنیوە، تەواوی بەرژەوەندییەکانیان بە مانەوەی ئەو لەسەر کورسییەکەیەوە گرێ دراوە. ئەوان بەردەوام ئەو درۆیە بە گوێیدا دەچرپێنن کە «بێ بوونی تۆ، هەموو شتێک دادەڕمێت». بەمەش کارێکی وای تێدەکەن، لە ناخەوە باوەڕ بەو وەهمە بکات کە مانەوەی لە دەسەڵاتدا زەروورەتێکی حەتمییە.
جەگەرخوێن ئەمڕۆ چی دەگوت؟
ئەمڕۆ مۆسیقای کوردی لە نێوان ئەو دوو ئەفسانەیەدا ماوەتەوە؛ زیرەک بناغەکەی دانا و زەکەریا سەقفەکەی تەواو کرد، پاشانیش بە حورمەتەوە دەرگاکەی داخست و ڕۆیشت. بەڵام لە بەرامبەردا، شانۆی سیاسیی کوردستان پڕ بووە لە کارەکتەری بەسەرچوو، کە نە دەزانن کەی بڕۆن و نە شەرم لە مێژووش دەکەن.
ئەگەر دوێنێ هاواری «کێنە ئەم» بۆ دەرپەڕاندنی داگیرکەری دەرەکی بووبێت، ئەوا ئەمڕۆ حەقیقەتە تاڵەکە ئەوەیە: ئەم داگیرکەرە ناوخۆییانەی ئەمڕۆ، وەک جەگەرخوێن دەیگوت بە هاوار و بە گریان دەستبەرداری کورسی نابن، تا گەل بە خۆیدا نەچێتەوە و هۆشیار نەبێتەوە، هەرگیز ناچنە دەر.
گەلەری ئارام و سیمناری دووەم بۆ د. ئازاد حەمە
نەخۆشییە نویەکانی ڕۆح و دەرون و قوڵبوونەوەی بۆشاییەکانی مرۆڤ..
شەممە ١٦ی ئایار
کاتژمێر ٦ی ئێوارە
شوێن: عەقاری دوو کۆڵان خوار ئەمنەسوورەکە..

دوای عەجاج نۆرەی دادگاییكردنی تۆمەتبارە كوردەكانی ئەنفالە
دادگاییكردنی عەجاج ئەحمەد حەردان، دڕندەكەی زیندانی نوگرەسەلمان، هەنگاوێكی پێویست و گرنگ بوو بۆ گەیشتن بە دادگەری و گەڕانەوەی ماف بۆ كەسوكاری قوربانییەكان. پێویستە ئەم پرۆسەیە هەنگاوێكی كردەیی بێت بۆ دادگاییكردنی سەرجەم تۆمەتبارانی كەیسی ئەنفال بە تایبەت جاشە كوردەكان و هەموو ئەو تۆمەتبارانەی سەرپەرشتیاری زیندانەكانی تایبەت بە دۆسیەی ئەنفال بوون، بە تایبەتی ( سەربازگەی تۆبزاوە، دووبز، نزاركێ، تەوارییەكەی سلێمانی، قەلای سوسێ، لیوای چەمچەماڵ و قەلای قۆڕەتوو، تكریت و مەركەز شەبابەكەی دووز و…….).
ئێمە ئەو كەسانەی كە لە خوارەوە ناومان هاتووە داواكارین:
- داواكاری گشتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بێتە سەرخەت و دۆسیەی دادگاییكردن جاش و موستاشارەكان، ئەوانەی دەستیان لە جینۆسایدی گەلی كورددا هەبوو كارا بكاتەوە, تاوەكو ئەوانیش بە سزای دادپەروەرانەی خۆیان بگەن, وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بە ئەركی خۆی لە دەستگیركردنیان هەڵبستێت.
- هەوروەها ڕایدەگەنین كە هیچ كەس و لایەنێك بە هەرپاساوێك بێت، مافی دەركردنی بڕیاری لێبوردنی گشتی بۆ تاوانبارانی ئەنفال و هەر تاوانبارێكی تاوانی جینۆسایدی نییە.
- پیویستە پەلەنەكرێت لەجێبەجێكردنی سزای لەسێدارەنی بەسەر عەجاجدا، تاوەكو دركاندن و خستنەڕووی تەواوی نهێنییەكانی تایبەت بە ئەنفال و زیندانی نوگرەسەلمان و گۆڕە بەكۆمەڵەكانی.
ناوەکان:
- عەلی مەحمود محەمەد/ چالاكوانی جینۆساید
- رێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید
- شێرزاد خورشید/ كەسوكاری ئەنفالكراو
4- تۆڕی رێكخراوە كوردستانییەكان بۆ دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی - گەردە مامە حەمە/ خوشكی ئەنفالكراو
- بەختیار رەئوف/ كوڕە ئەنفالكراو
7 پەری نوری/ راوێژكار لە سەرۆكایەتی كۆمار - جەبار ئەحمەد/ لێكۆڵەر لە بواری جینۆساید
- جەوهەر كانی هەنجیری/ فۆتۆگرافەری بواری جینۆساید و كەسوكاری ئەنفالكراو
- رێكخراوی بەرگری لە قوربانیانی گۆڕە بە كۆمەڵەكان
11-.كۆچەر رەشاد موراد/ سەرۆكی رێكخراوی بەرگری لە قوربانیانی گۆڕە بە كۆمەڵەكان و كوڕی شەهید - فوئاد عوسمان/ رۆژنامەوان و چالاكوان
- بەختیار هەڵەبجەیی/ هونەرمەند
- رۆژان شەهید حەمە رەش/ ئەندامی خولی پیچشووی پەرلەمانی كوردستان
- سۆران سدیق حەمە ساڵەح/ كورە ئەنفال
- جەماڵ مەجید/ توێژەر لە بواری جینۆساید
- رێبوار رەئوف/ كوڕە ئەنفال
- رۆژنامەی نگرە سەلمان
- هەڵمەتی دادپەروەری
- رزگار شەمدین سەرچناری/ زیندانی نوگرە سەلمان
- زانا یادگار/ سەرۆكی رێكخراوی دۆز بۆ پرسی ئەنفال
- قاسم كازم/ بنەماڵەی ئەنفالكراو
- رێكخراوی مانەوە/ بۆ پرسی شەهیدان و ئەنفالكراوان
- پەرژین جەعفەر حاجی رۆستەم/ خوشكی شەهید و ئەنفال
- حەمە زرنگ/ زیندانی سیاسی و خاوەندی شەهید و چالاكوانی بواری جینۆساید
- ناوەندی داكۆكی پشدەر بۆ قوربانیان و جینۆساید كراوان
- دیاری نامیق زەنگەنە/ توێژەر و نووسەری بواری جینۆساید
- نەسرین رەمەزان عەلی/ رزگار بووی تاوانی هەڵەبجە گوردانی شوان
- هێمن حەسیب/ نووسەر و چالاكوانی بواری جینۆساید
- گۆڤاری تۆبزاوە
- مەلا هاوار شافعی/ رزگاربووی ئەنفال
- هەدار زوبێر بارزانی/ پارێزەری كەیسی ئەنفال و جینۆسایدی بارزانییەكان لە دادگایی باڵایی تاوانی عێراقی/پەرلەمانتاری پێشووی عێراقی.
- هاوار رەفعەت/ سەرۆكی سەنتەری توێژینەوەی زانكۆی چەرموو بۆ تاوانەكانی ئەنفال و جینۆساید
- ڕێبەند ئەحمەد/ چالاكوانی سیاسی
- سەوسەن محمد میرخان/ سەرۆكی لێژنەی كاروباری شەهیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان،.
- وەرزێر منصور/ چالاكوانی سیاسی هەڵەبجە
پارتی و یەکێتی؛ ماسکی جەیکڵ و ڕووخساری هاید.. نووسینی هێمن عەلی
لەم جیهانە شارستانییەدا، کاتێک کۆمپانیایەک لە ڕووی دارایی و کارگێڕییەوە فەشەل دەهێنێت، بە سادەیی و بە پێی یاسا دەچێتە بەردەم دادگا، ئیعلانی ئیفلاسبوون (کۆنکۆرس) دەکات و بە ڕاشکاوی بە خەڵک و کڕیارەکانی دەڵێت: “من کۆتاییم هات و توانای بەردەوامبوونم نەماوە”. ئەمە جۆرێکە لە داننانی بەرپرسیارانە بە شکستدا. بەڵام لەم وڵاتەی ئێمەدا، گیرمان خواردووە بەدەست دوو “کۆمپانیای” سیاسییەوە، کە ساڵانێکی درێژە نەک هەر ئیفلاسیان کردووە، بەڵکو لە ناوەوە بۆگەنیشیان کردووە، کەچی هێشتا بە زۆر و بە هێزی چەک خۆیان بەسەر خەڵکدا سەپاندووە و ئامادە نین ئیعلانی فەشەلی خۆیان بکەن! پارتی و یەکێتی دەمێکە کۆنکورسیان کردووە، نەک تەنها لە ڕووی ئابوورییەوە، بەڵکو لە ڕووی ئەخلاقی، نەتەوەیی و سیاسییەوە.
بۆ ئەوەی لەم فەشەلە قووڵە بگەین، با سەیرێکی حاڵیان بکەین لە بەغدا، چەندە سووک و بێ ئیرادە دەرکەوتن! کارنامەی حکومەتەکەی عەلی زەیدی و حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی بەغدایان پەسەند کرد، بەبێ ئەوەی یەک داخوازیی ڕاستەقینەی کوردی تێدا بێت. لە بڕی مافی نەتەوەیەک، کەوتنە پاڕانەوە بۆ چەند پۆستێکی کاتی و بێبەها. ئەمە لوتکەی مایەپووچییە، کاتێک حیزبێک بە ناوی نەتەوەیەکەوە قسە بکات، بەڵام بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە تایبەتەکانی خۆی و وەرگرتنی چەند پۆستێک، هەموو شتێک هەڕاج بکات.
ئەم دووفاقی و دووڕووییەی ئەم دوو حیزبە شکستخواردووە، تەواو لەو تابلۆ دەروونییە دەچێت کە نووسەر ڕۆبەرت لوی ستیڤنسن لە ڕۆمانی شەدەکاریدا کێشاویەتی: (دکتۆر جەیکڵ و مستەر هاید)، کە بەلای منەوە گرنگترین ڕۆمانە. وەک چۆن دکتۆر هێنری جەیکڵ لە ڕواڵەتدا پزیشکێکی بەڕێز، خاوەن پێگە و ئەتەکێتە، بەڵام لە ناوەوە لایەنێکی تاریک و دڕندەی هەیە بە ناوی “مستەر هاید” کە هێمایە بۆ غەریزە هەرە سەرەتایی، تاریک و وێرانکەرەکانی مرۆڤ.
“جەیکڵ بۆ کامێرا، هاید بۆ خەڵک”
پارتی و یەکێتی، ڕێک بەرجەستەی ئەم نەخۆشییە دەروونییەن! کاتێک لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان دەردەکەون، یان کاتێک پێشوازی لە دیپلۆماتکارانی بیانی دەکەن، ماسکەکەی “دکتۆر جەیکڵ” دەپۆشن؛ قسە لەسەر دیموکراسی، مافی مرۆڤ، خەمخۆری بۆ میللەت و خەباتی نەتەوەیی دەکەن. دەیانەوێت بەم ڕووخسارە ساختەیە کۆمەڵگا و جیهان بخەڵەتێنن و خۆیان وەک ڕزگارکەر نیشان بدەن.
بەڵام لە واقیعدا، لە پشت دەرگا داخراوەکان، لە مامەڵەکردن لەگەڵ قووتی خەڵک، و لە کاتی چوونە بەغدا بۆ بەشکردنی کێکەکە، ڕووخسارە ڕاستەقینەکەیان کە “مستەر هاید”ە دەردەکەوێت. لێرەدا غەریزە ئاژەڵیی و سەرەتاییەکانیان (پەرستنی دەسەڵات، چاوچنۆکی، دزی، ملکەچی بۆ بێگانە و سەرکوتکردنی نەیارەکانیان) کۆنترۆڵیان دەکات. هایدی ناو پارتی و یەکێتی، ڕێک وەک ئەوەی لە دەقە سکۆتلەندییەکەدا هاتووە، ئەو غەریزە تاریکەیە کە کۆمەڵگا باجەکەی دەدات. ئەوان کەرامەتی تاک و کۆمەڵگایان خستووەتە ژێر پێی غەریزەی مانەوەی خۆیانەوە.
ئەوان وەک دوو کۆمپانیای ئیفلاسکراو وان کە تەنها بە فرتوفێڵ و دزینی پشکی هاوڵاتیان ماونەتەوە. فەشەلیان هێناوە لە دروستکردنی دەوڵەت، لە دابینکردنی مووچە، لە پاراستنی کەرامەتی مرۆڤی کورد. کاتی ئەوە هاتووە کۆمەڵگا ئەم ماسکانە بدڕێنێت و ڕووخساری ڕاستەقینەی “هاید” بۆ هەمیشە ئاشکرا بکات، و دەرگای ئەم کۆمپانیا مایەپووچانە بۆ هەمیشە دابخات!
سەرچاوەکان
ڕۆمانی شەدەکاری: Strange Case of Dr Jekyll and Mr Hyde لە نووسینی ڕۆبەرت لوی ستیڤنسن (Robert Louis Stevenson).
قضية الدكتور جيكل والسيد هايد الغريبة: https://www.hindawi.org/books/96040379/
ووتــــــــــــم بــــــــــــــڕۆ.. شیعری نەو شیروان ئازاد
ووتم بڕۆ..
زوو پێم ووتی ،
باپەروانەی عەشقی پاکت..
بۆ هەڵاڵەی خونچەی شیعرم ..
لەنگەر…نەگرێ
زووپێم ووتی …ئازیزەکەم
چرۆی ووشەم
هی ئازاری دابڕانە
هی شەونم و
هی ئاوەنگی
نازەنین ونازدار نیە
هەمووی ژانە
زوو پێم وتی ..:
ئەو دڵەی من …ڕێبوارێکە
زۆر سەرە ڕۆ …
نەدڵی تۆ ..و
نەهیچ دڵێ..تازە ئیدی
ناگرێتە خۆ..
زووپێم ووتی…
ووتم …. : بـــــــــــــــــڕۆ
نەو شیروان ئازاد
سلێمانی ۱٥/٥/۲۰۱۷
قەیران چی بەسەر كۆمەڵگای كوردی هێناوە.. سامان خدر
بەداخەوە بەهۆی بەردەوامی قەیرانەكان لەكوردستان دا، كۆمەڵگا بەتەواوی شێواوە، بگرە ڕۆژ بەڕۆژ قەیرانەكان لەزیادبوون دان،
قەیران بەتەواوی كۆمەڵگای كوردی شێوان دووە، ئاستی تاوان و لێكتران ، زۆر زیادی كردووە ، هەزاران كێشەی توشی ، خەڵك كردووە ، لەوانە زیاد بونی تاوانەكان ، هەروەها بێكاری بەتەواوی ڕوی لەهەڵكشان كردووە ، هەروەها خێزانەكانی لێك ترازان دووە ، ڕێژەی ئاستی تاوانەكانی وەك ، كوشتن هەروەها دزی و سەرپێچی یەكجار زیادی كردووە.
هەروەها بێزاری و بێ ئومێدی لەناو گەنجان دا تەشەنەی كردووە، ئاستی هەژاری تاك و خێزان هەڵكشاوە .
هەروەها نەمانی متمانە لەنێوان خەڵك و دەسهەڵات ، ئەمەش وای كردووەخەڵك بەتەواوی بێئومێد بێت لەدەسهەڵات دارانی كوردستان.
بەردەوامی قەیرانەكان وای كردووە ،هەموو چینەكانی كۆمەلگا بەتەواوی بێئومێد بن و هیچ هیوایەكیان بەداهاتوو نەمێنیت ، بەتایبەت لەنێوان گەنجاندا.
بەداخەوە قەیران لەكوردستانیش هەرڕووی لەزیاد بونەو ، دەسهەلات دارانی كوردستانیش بەهیچ شێوەیەك لەخەمی چارەس كردنیدا نین و هیچ بەرنامەیێكیان نیە بۆچارەسەر كردنی،بگرە هەمیشە هەوڵی دروست كردنی ، قەیرانی زیاتر و سەخت تر دەدەن ، ئەمەش وای كردووە ، دۆخی خەڵك خراپ تربێت.
هەروەها بۆئەوەی ئەم دۆخەی خەڵك چارەسەر بێت و لەكۆڵ ئەم باردو دۆخە سەختەی ژیان ببینەوە، پێویستە خەڵك ، هەمو هەوڵێكی بۆئەوەبێت ، ئەم دەسهەڵاتە نەمێنێت و گۆڕان كاری ڕیشەیی دروست بێت، ئەگینا هیچ كەس بەتەمای باش بونی دۆخی ژیانی خەڵك نەبێت.
تیـ..مڵەك یان سێبەری جەللاد.. عومەر حەسەنپوور
تیمڵەك یان سێبەری جەللاد یەکێکە لە و ڕۆمانە کوردییە هاوچەرخانەیە کە بە شێوەیەکی سەرکەوتوو فانتازیاو سۆسیۆ سایکۆلۆژی تێکەڵاوی بەسەرهات و ڕووداوە ڕامیارییەکان دەکات و مێژووی دوور تێکەڵی مێژووی نزیك دەکات، لە دووتووێی ٢١٦ لاپەڕەدا ڕەند محەمەد ڕۆمانەکەی بە پایان دەگەیەنێت، شیاوی باسە ئەمە دووەم ڕۆمانی نووسەرە دوای نۆڤێلتی (پەرداخێك ژەهری سپی) کە ساڵی ٢٠١٠ لە چاپدرا.
لەم ڕۆمانە نوێیەدا زەهراق و زەڤرۆن دوو کارەکتەری سەرەکین کە دەربڕین لە دو چینی تەواو جیاواز و ناکۆك دەکەن کە لە سەرەتاوە تا کۆتایی لە ململانێیەکی شاراوەدان و لە هەندێك باردا ساتەکانی هۆرۆرو تەلیسمیش موچڕکە دێنێت بە گیانی خوێنەردا کاتێك ڕادەی سامناکیی ئەو ململانێیە هەست پێ دەکات تژی لە ڕەمزو بڕگەی فەلسەفی، بۆیە باشتر وایە لەسەروو تەمەنی ١٨ ساڵەوە بیخوێنێتەوە.
ڕووداوەکانی ئەو ڕۆمانە وەك دیارە لە دوو بەشەکەی کۆریادا ڕوودەدەن، بەڵام هەندێکجار هێند نزیك دەبێتەوە لە خوێنەری کورد زوبان وا دەزانێت ئەوە خۆیەتی ڕۆڵ دەگێڕێت لە ناو ئەو ڕۆمانەدا.
ئەو نۆ پاژەی ڕۆمانەکەیان پێکهێناوە نۆ دیمەنی جیاوازن، بەڵام لە هەموویاندا بە چڕیی ئایدیای هیومانیزم درك پێ دەکرێت، لەهەمان کاتیشدا دەستی خوێنەر دەگرێت و پێی دەڵێت: {وریابە زۆرجار “جەلاد” لەناو خوددا نیشتەجێیە نەک لە دەرەوە. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەو ململانێ دەروونییەی تاکەکان لەگەڵ هەست و بیرکردنەوە نەرێنییەکانیاندا ڕووبەڕووی دەبنەوە.
ئەگەر وشیار نەبین ئەوا ئەو جەللادە کۆنترۆڵی ژیانمان دەکات}
وەك چۆن پزیشکە دەروونییەکە دوای وتوێژێکی گرنگ بە زەڤرۆن دەڵێت:
(تۆ ڕەنگە لە دنیای نەستدا رووبەڕووی زۆر بەرەنگاری و زەحمەتکێشی بوو بێتیتەوە، ئەمەش بە جۆرێك لە ناختا قووڵبووەتەوە کە هەستە چڕەکان بوونەتە کەتوار لای تۆ، بەڵام ڕەنگە لە ڕاستیدا داستانەکانی زەهراق هەر پاڵەوانییەك بن لە کارتۆن و لە ناو مێشکی تۆدا ڕۆڵ ببینێت).
ئەم ڕۆمانە زۆر ساتی هەڵچوون و موفاجەئەو بەرەنگاربوونەوەی تێدایە، دەکرێت بکرێتە فیلمێكی سینەمایی سەرکەوتوو و وەربگێڕدرێتە سەر زمانەکانی دی وەك نوێنەری ئەدەبێکی داهێنەرو پڕ بەخشین، ئەوەی زۆرجار لە دنیای واقیعدا ناگوترێت و دەکرێت بە ژێر لێوەوە، لێرەدا بە سیمبوڵ و فانتازیاو ئاماژەی هونەریی نووسراوەتەوەو نهێنی ژوورە تاریکەکان کەشف دەکات، ئەو کات مرۆڤ زیاتر وشیار دەبێتەوە کە لە ئاست هەقیقەتی گۆڕانکارییەکانی ژیاندا ئێمە چەند لاوازو لە پەراوێزداین.
لە جێیەکی ئەو ڕۆمانەدا و لەو شوێنەدا کە هەموو شتێك بە زەمەنەوە دەوەستێت، زەهراق دەبێتە عەزیایەك و ئەم وتوێژە لەگەڵ زەڤرۆن دا ساز دەکات:
(پێکەنێك بە هی مرۆڤ ناکات، بیری کەشە تاریکەکەی نەمابوو، بەڵکو دەنگێك بوو هەستەکانی بەند کرد بوو.
پێکەنینێکی پچڕپچڕی وشك، وەك ئەوەی لە گەروویەکەوە دەرچووبێت نەزانێت چۆن پێبکەنێت.
زەڤرۆن لە شوێنی خۆیدا وشك بوو بوو، لەگەڵ ئەمەشدا دەنگەکە زیاتر نزیك دەبووەوە.
جارێكی تر پێکەنینەکە دووبارە دەبێتەوە.
بەڵام ئەمجارە دەنگی هەناسەیەکی درێژی لەگەڵدا بوو وەك ئەوەی لەبن ئاوەوە دەربێت و گوتی:
“دواکەوتیت”
ئاوڕی دواوەی دایەوە، چاوێکی بینی وەك مرۆڤ تەماشای دەکرد و چاوەکەی تر ساردو سڕ دەردەکەوت وەك ئەوەی هی ئەم جیهانە نەبێت.
پێکەنینێك بە هێواشی دروست بوو وەك برینێك وردەوردە ساڕێژ ببێت و کەوتە دووان:
مرۆڤەکان هەمیشە دوا دەکەون و پاشتر داوای پۆزش و میهرەبانی دەکەن!
زەڤرۆن ویستی بگەڕێتەوە، بەڵام تا ناوقەدی لە ئاوەکەدا نوقم بوو بوو : “من نەهاتووم لەگەڵت بجەنگم” بەدەنگێکی لەرزۆک ئەمەی گوت و بێدەنگ بوو.
پێکەنینەکە بۆ ساتێك وەستاو بێدەنگی زاڵ بوو بەسەر دەوروبەردا، زەهراق هەنگاوێکی دی پێشکەوت و ئەمە بەس بوو بۆ ئەوەی زەڤرۆن هەست بە هاتنەوەیەکی جیهان بکات، وەك هاتنەوەیەکی سنگی مرۆڤی ڕەبوودار:
زەهراق: کەس نایەتە ئێرە گەر ئامادە نەبێت شتێك لە دەست بدات!
دواتر چرپەیەکی کرد: ئەی تۆ چی لەدەست دەدەی؟
هەموو شتێک لە جەستەی زەڤرۆندا هاواری دەکرد ڕابکە، بەڵام زەڤرۆن لە شوێنی خۆیدا چەسپابوو، هەناسەکانی پچڕ پچڕ دەردەهاتن و چاوی لەو بوونەوەرە بڕیبوو کە نەدەبوو ئەو لەوێدا بێت لەگەڵی).
عومەر حەسەنپوور
براکوژی؛ دادگای مێژوو هێشتا کراوەیە.. هێمن عەلی
سی و دوو ساڵ پێش ئێستا، لە یەکی ئایاری ١٩٩٤دا، مێژووی کورد کەوتە ناو تاریکترین و قێزەونترین لاپەڕەکانی خۆیەوە. ئەو ڕۆژەی حیزبەکان بڕیاریاندا لە جیاتی بونیادنانی دەوڵەت و پاراستنی شکۆی تاکی کورد، نیشتمان بکەنە قوربانگای “کورسی” و لە جیاتی مژدەی ئازادی، گوللە بەسەر برایاندا ببارێنن. ئەمڕۆ کە یادی ئەو کارەساتە دەکەینەوە، تەنیا گێڕانەوەی یادەوەری نییە، بەڵکو ڕووبەڕووبوونەوەی بێشەرمییەکی سیاسییە کە تا ئێستاش بەردەوامە.
بازرگانیی بە جەرگی دایکانەوە
لەو ساڵانەدا کە خەڵکی ڕەشووڕووت لەژێر سێبەری فانۆسە کزەکاندا، نانی وشکیان بە فرمێسکی چاو تەڕ دەکرد، ڕادیۆکانی هەردوولا خەریکی پەمپکردنی ڕق و کینە بوون. مارشە سەربازییەکان نەک بۆ بەرگری لە خاک، بەڵکو بۆ هاندانی کوڕی هەژار بۆ کوشتنی برایەکی تری هەژار لێدەدران.
ئەو سەرکردانەی ئەمڕۆ لە کۆشکە مەرمرەکاندا وانەی “دیموکراسی”مان پێ دەڵێنەوە، هەمان ئەو کەسانەن کە فەرمانی “ڕەمی کردن”ی تاکی کوردیان دەدا. ئەوان بوون جەرگی هەزاران دایکیان سوتاند و شکۆی خێزان و ژنی کوردیان لە پێناو داهاتی خاڵە سنوورییەکاندا هەڕاج کرد. لەو چوار ساڵە نەفرەتییەدا (١٩٩٤-١٩٩٨)، هیچ پیرۆزییەک نەمایەوە کە نەیشکێنن؛ تەنانەت دەرگای ماڵەکەشیان بۆ سوپای بێگانە واڵا کرد تا بێن و براکانیان بۆ تێکبشکێنن.
بکوژانی دوێنێ؛ حەکیمەکانی ئەمڕۆ
ئەوەی ویژدان دەهەژێنێت، ئەوەیە کە دوای ئەو هەموو خوێنڕشتن و کاولکارییە، بکوژەکان لە “واشنتۆن” و “هەولێر” و “سلێمانی” پێکەوە دانیشتن، ماچی یەکتریان کرد و خاکی کوردستانیان وەک میراتی باوکیان لە نێوان خۆیاندا دابەش کرد. بێشەرمییەکەیان گەیشتە ئاستێک، وەک بڵێی هیچ نەیانکردبێت، ئەمڕۆ باس لە “مافی مرۆڤ” و “حوکمڕانیی ڕەشید” دەکەن. وا دەزانن بە ڕێککەوتنی سیاسی، خوێنی ئەو هەزاران گەنجە وشک دەبێتەوە؟ نا! هەر دڵۆپە خوێنێک کە ڕژا، وەک مۆتەکەیەک بەسەر خەوی کورسییەکانتانەوە دەمێنێتەوە.
کۆمەڵگای مەدەنی و ئەرکی دادگاییکردن
ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە کۆمەڵگای مەدەنی و ڕێکخراوە یاساییەکان لە قۆناغی “بێدەنگی” دەربچن. پێویستە ئەم دۆسیەیە ببرێتە دادگا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان. لێبوردنی سیاسیی نێوان حیزبەکان، مافی کەسیی قوربانییەکان نافەوتێنێت. دەبێت بکوژان و هەڵگیرسێنەرانی ئەو شەڕە، نەک وەک “سەرکردە”، بەڵکو وەک “تاوانباری جەنگ” مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت. هیچ نیشتمانێک ئارامی بەخۆیەوە نابینێت تا ئەو کاتەی “سزادان” جێگەی “دەستخۆشی” دەگرێتەوە.
کۆتایی: پرسیارێک بۆ مێژوو
براکوژی تەنیا بیرەوەرییەکی سیاسی نییە؛ برینێکی کراوەیە لە جەستەی کوردستاندا. دادگای ڕاستەقینە، تەنیا هۆڵی دادوەرەکان نییە، بەڵکو ویژدانی ئەو میللەتەیە کە هێشتا ئازاری ئەو ساڵانەی لە بیر نەکردووە. مێژوو ڕەحم بە کەس ناکات و نەوەکانی داهاتوو هەمیشە ئەم پرسیارە لەو سەرکردایەتییە دەکەن:
«ئایا هیچ کورسییەک لەم دنیایەدا شایەنی ئەوە بوو، کە نیشتمانی لە پێناودا بکوژرێت؟»
دادگای مێژوو هێشتا کراوەیە، و حەقیقەت تەنیا چاوەڕێی کات دەکات بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی بدات.
هێمن عەلی
کێ سەفاحەکانی ناوخۆ دادگایی دەکات؟.. نووسینی: هێمن عەلی
هەواڵی دادگاییکردنی “عەجاج ئەلتکریتی”، قەساب و سەفاحەکەی زیندانی نوگرە سەلمان، برینە قووڵەکانی مێژوویەکی تاڵی بۆ کورد کولاندەوە. بەڵێ، ڕاستە؛ ئەو تاوانبارە، دوژمنێکی دڕندەی بێبەزەیی بوو کە دەستی بە خوێنی هەزاران ڕۆڵەی بێتاوانی ئەم نەتەوەیە سوورە. چەسپاندنی یاسا و دادگاییکردنی ئەم جەلادە، کەمترین دڵنەواییە بۆ کەسوکاری ئەنفالکراوان. بەڵام، کاتێک چەپڵە بۆ دادگاییکردنی دوژمنێکی بێگانە لێ دەدەین، پرسیارێک وەک زللەیەک بە ڕووی ویژدانی نەتەوەییماندا دەتەقێتەوە: ئەی سەفاحەکانی ناوماڵی خۆمان چی؟!
سەفاحەکانی شەڕی ناوخۆ
بۆچی تەرازووی دادپەروەری تەنیا بۆ دوژمنە دەرەکییەکان کار دەکات، بەڵام لە ئاست تاوانبارانی ناوخۆدا کوێر و لاڵە؟ ئەی ئەو تاوانبارانەی شەڕی ناوخۆ بۆ دادگایی ناکرێن؟ ئەوانەی بە ناوی “کوردایەتی”یەوە، بە هەزاران گەنجی ئەم نیشتمانەیان بە کوشت دا و دەیان هەزار دایکی کوردیان جەرگبڕ کرد. ئایا خوێنی ئەو گەنجانەی بە دەستی برای خۆیان ڕژا، کەمترە لە خوێنی قوربانیانی نوگرە سەلمان؟ بکوژی شەڕی ناوخۆ، هەر بکوژە، ئیتر چ جیاوازییەکی هەیە بە جلی کوردییەوە فیشەکی تەقاندبێت یان بە جلی سوپای بەعسەوە؟
جاش و موستەشارەکان: سەفاحەکانی خاوەن ئیمتیاز
ترسناکترین گاڵتەجاڕیی مێژوو و گەورەترین سووکایەتی بە خوێنی شەهیدان لەم نیشتمانەدا ئەوەیە؛ “عەجاج ئەلتکریتی”ی بێگانە بە تاوانی ئەنفال بخرێتە قەفەسی دادگاوە، بەڵام ئەو جاش و موستەشارە کوردانەی بوونە چاوی ڕێنوێنیکەری دەبابەکانی بەعس و مەرگیان هێنایە ناو جەرگەی گوندەکانمان، لەوپەڕی ئازادیدا بژین! ئەوانەی ماڵ و خاکیان ڕادەستی ئاگر و پۆستاڵی دوژمن کرد و بە دەستی خۆیان پەتی سێدارەیان خستە ملی براکانیانەوە، ئەمڕۆ لەبری زیندان، لەسەر تەختی کۆشک و تەلارەکان دانیشتوون و بە پارەی دزراوی ئەم گەلە، وەک “پاڵەوان” بەسەر سەرمانەوە نمایش دەکرێن. لەم نیشتمانەدا، خیانەتەکانیان نەک هەر نەچووە ناو پەڕاوی لێکۆڵینەوەی هیچ دادگایەک، بەڵکو لەژێر عەبای دەسەڵاتدا، ناپاکیەکانیان تواوەتەوە و کراوەتە مێدالیای شکۆ بە سنگیانەوە!
برسیکردنی گەل: جۆرێکی تری ئەنفال
تاوان تەنیا ڕشتنی خوێن و ئەشکەنجەی جەستەیی نییە؛ برسی کردنی گەلێک و دزینی نانی منداڵەکانی، جۆرێکی تری ئەنفالە. پرسیارە گەورەکە ئەوەیە: کێ دادگایی ئەو کەسانە دەکات کە نەوت و سامانی گشتییان کردە میراتی بنەماڵەیی؟ ئایا دزینی سامانی میللەت و بڕینی مووچەی هاوڵاتییان، تاوانێک نییە شایەنی دادگاییکردن بێت؟ ئەو دەسەڵاتەی قووتی میللەت دەبات، لە ڕووی مۆڕاڵییەوە هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ ئەو سەفاحەدا نییە کە گیانی میللەت دەبات.
سەفاحی بێگانە لە زیندان، سەفاحی ناوخۆ لەسەر کورسی
ناکرێت جەلادێکی عەرەب لە زیندان بێت و دادگایی بکرێت، بەڵام سەفاحێکی کورد لە لوتکەی کورسییەکەیدا بێت و چەپڵەی بۆ لێ بدرێت. تا ئەو ڕۆژەی بکوژانی شەڕی ناوخۆ، جاشە ئەنفالچییەکان، و دزەکانی سامانی نیشتمان نەبرێنە بەردەم دادگایەکی سەربەخۆ، داواکردنی دادپەروەری تەنیا دروشمێکی درۆینەیە.
ئەگەر تەرازووی دادپەروەری تەنیا بۆ دوژمن هەڵبسەنگێت، ئەوە ناوی دادپەروەری نییە؛ ناوی تۆڵەیە. چونکە نەتەوەیەک کە سەفاحەکانی خۆی لەبیر دەکات، مێژوو هەرگیز لەبیری ناکات و دووبارە هەمان خوێن بەسەر لاپەڕەکانیدا دەڕژێنێت.
نووسینی: هێمن عەلی
ژمارە دووی گۆڤاری بابەڕووشە (گۆڤارێکی ساڵانەی تایبەتە بە پرسی ئەنفال و جینۆساید)
کتێبێکی نوێی کاوە کەریم ( بەرهەمداریی کاری دیجیتاڵی لەڕوانگەی مارکسیستیەوە)
نۆێترین بەرهەمم، نامیلکەی ” بەرهەمداریی کاری دیجیتاڵی لەڕوانگەی مارکسیستیەوە” لە لایەن” دەزگای ئایدیا بۆ فکرو لێکۆڵینەوە” لە کوردستان
لەچاپ دەرهات. ئەم نامیلکەیە پێشتر بەزمانەکانی ئینگلیزی، ئەڵمانی، ئیسپانی، فەرەنسی، عەرەبی لەسایتە جیهانییە گەورەکاندا بڵاوکراوەتەوە. نامیلکەکە تیشک دەخاتە سەر ئەوەی ئایا شێوەی کار، لەبوارەکانی ئۆنلاین، دیجتاڵیدا دەتوانێت بە بەرهەمدار ئەژمار بکرێت لە ڕوانگەی یاساکانی بەهای مارکسەوە؟ بەواتایەکی تر ئایا کار لەم بوارەدا دەتوانی زێدەبەها بەرهەمبهێنێت؟ ئەوەی جێگای سەرنجە ئەم توژینەوەیە لەلایەن یەکێک لەئەکادیمیاکانی مارکسیستی جیهانیەوە بۆداچوونی لەسەر کراوە و پشتڕاست کراوەتەوە. دەتوانن نامیلکەکە لەڕێگای ” دەزگای ئایدیا” وە لە سلێمانی ، بەژمارە تەلەفونی 0770956990 بەدەستبهێنن.
لەگەڵ ڕێزو پێزانینی زۆر بۆ ” دەزگای ئایدیا” کە ئەم کارەیان بۆ بەئەنجام گەیاندم. هەروەها سوپاسی هاوڕێم ”محمود حلاق” دەکەم کەهاوکاری زۆری کردم لەم کارەدا.
کاوە کەریم
تاكەی قەیران؟.. سامان خدر
ڕۆژ بەڕۆژ قەیرانەكان، لەم وڵاتە بەرەو زیاتر دەڕۆن . قەیران هەمو كونج و قوژبنێكی ئەم وڵاتەی داگیر كردووە. ئایا ئەم قەیرانانەتاكەی بەردەوام دەبن؟ تاكەی خەلڵك بەخۆی دادەچێتەوەو هەرتەماشاكەر نابێت؟ چونكە هەتا ئێستا لەدوای ئەم هەموو ساڵە لەم قەیرانە یەك بەدوای یەكانە، خەلك تەنها تەمەشاكەرەو هەڵوێستی زۆر جدی و جێی باسی نیە. بەتایبەتی لەم قەیرانەی ئەوم دوایە بەناوی پڕۆژەی ڕوناكی، كەوا دەسهەڵاتدانی كوردستان ،دروستیان كردووە ، بۆ دۆشین و بڕینی بەركی هاوڵاتیانی كوردستان. بەڵام بەداخەوە هاوڵاتیان هەڵوێستێكی گشت گیریان نیە دژی ئەم دەسهەڵاتە بەداخەوە. هەربۆیە دەسهەڵاتدارانی كوردستانیش ،بێ باكن و گوێی بەهیچ شتێك نادەنو،هەروەها ڕێگایانیش بۆ خۆش بووە لەدروست كردنی، هەرقەیران و كێشەیەك بۆهاوڵاتیان، بۆیە دەپرسم تاكەی ئەم قەیرانانە بەردەوام دەبن لەم وڵاتە؟ من پێم وایە هەتاوەك و هاوڵاتیانی كوردستان بەجدی هەڵوێست وەڵ نەگرن و خەم لەحاڵی خۆیان نەخۆن، بەشێوەیێكی زۆر توند هەڵوێست دژی ئەم دەسهەڵاتە وەڵ نەگرن، قەیرانەكان بەردەوام دەبن و هەروەها قەیرانی زۆر زیاتر و سەخت ترد دروست دەبێت.
سودی دەسهەڵات لە یەك نەگرتویی خەلك یەك نەگرتویی خەڵك ، سودی یەكجار زۆری هەیە ، بۆدەسهەڵات دارانی كوردستان. چونكە ، وای كردووە دەنگی ناڕازی یەكجار كەم بێت ، هەروەها وای كردووە ، قەیران لەدوای قەیران زۆر بەئاسانی تێپەڕێت و دەسهەڵات بۆی بچێتە سەر. هەروەها دەنگی شەقامیش ئەو كاریگەریەی نەماوە بەهۆی ئەم یەك نەگرتوییە. دەسهەڵاتیش كاتێك سەیر دەكات خەڵك بەم شێوەیە ڕەفتار دەكات، زیاتر بێباك بووە لەبەردەم ئەم هەموو ، قەیران و كێشەیەی بۆخەڵكی درووست كردووە و بگرە هەر گوێشی ناداتێ. چونكە هیچ فشاری لەسەرنیە. هەربۆیە پێویستە خەڵك ی لەبەرامبەر ئەم هەموو قەیران و كێشەیەی ڕوبەرووی خەڵك بۆتەوە، بێدەنگ نەبێت و لە هەموو ئاستەكانی كۆمەڵگا، یەك گرتوو یەك هەڵوێست بن ، بۆئەوەی فشاری زۆر بكەوێتە سەر دەسهەڵات بۆئەوەی كێشەو قەیرانەكان، چارەسەر بكەن، چونكە لەهەموو وڵاتێك ئەگەر هات و خەڵك یەك هەڵوێست و یەك گرتوو نەبو، ئەوا كێشە لەدوای كێشەو قەیران لەدوای قەیران ، درووست دەبێت، بەتایبەت لەوڵاتی خۆمان پێویستە خەڵك بەخۆی دا بچێتەوە یەك گرتوو بێت دژی ئەم دەسهەڵاتە . بۆئەوەی هەرنا كێشەو قەیرانەكان كەم ببیتەوە، هەمیشە هەڵوستی خەڵك و دەنكی ناڕازی كاریگەری دەبێت لەسەر دەسهەڵات.
کۆڕێک بۆ بەڕێز (د. ئازاد حەمە) بەناونیشانی: تاکگەرایی، کوردبوون، لەبەر رۆشنایی فەلسەفەی نیتچەدا

پارتی؛ لە خەونی خەلیجییەوە بۆ “پیاوە نەخۆشەکە”ی کوردستان.. نووسینی: هێمن عەلی
خەونی گەورەی پارتی، و بەتایبەت مەسعود بارزانی، ئەوە بوو هەرێمی کوردستان بکاتە کۆپییەکی میرنشینەکانی خەلیج. نەخشەکە ڕوون بوو: دابەشکردنی جومگەکانی حوکمڕانی بەسەر خێزانەکەیدا؛ خۆی وەک مەرجەع، نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم، مەسرور بارزانی وەک سەرۆکی حکومەت، و دەزگا ئەمنییەکانیش بۆ کوڕەکانی تری بنەماڵە. بەڵام ئەمڕۆ، ئەم مۆدێلە لەبری ئەو خەونە، تووشی ئیفلاسێکی سیاسی و ئابووری بووە. ڕێک هاوشێوەی قۆناغی کۆتایی دەوڵەتی عوسمانی، پارتیش بووەتە “پیاوە نەخۆشەکە”ی کوردستان و لە سێ بەرەوە ڕووبەڕووی داڕمان بووەتەوە:
یەکەم: هەرەسی سەروەریی ئابووری (گۆشەگیربوون لە بەغدا)
سەردەمی “سازانی پشت پەردە” کۆتایی هاتووە. بەغدای تازە بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، کۆتایی بە وەهمی ئابووریی سەربەخۆ هێنا. دوای ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم و بڕیارەکانی پەیوەست بە “تەوتین”کردنی مووچە لە بانکە فیدراڵییەکاندا، پارتی کۆنتڕۆڵی بەسەر شادەماری داهاتدا لەدەست داوە و بۆ بچووکترین خەرجی، بەتەواوی کەوتووەتە ژێر ڕەحمی ناوەند.
دووەم: سەرکوتکردن وەک جێگرەوەی شەرعییەت (قەیرانی بادینان)
کاتێک دەسەڵات لە ڕووی ئابوورییەوە شکست دەهێنێت، زۆرجار پەنا بۆ ئامرازە ئەمنییەکان و زیندان دەبات. مامەڵەکردن لەگەڵ چالاکوانان و بەردەوامبوونی بەندکردنی شێروان شێروانی، هاوکات لەگەڵ چاودێریکردنی وردی ئەمنییانەی هاووڵاتیان، وێنەیەکی سیستەمە سەرکوتکارە کلاسیکییەکانی دروست کردووە. ڕاپۆرتەکانی Amnesty International و Human Rights Watch کە دادگاکانی هەرێم بە “نادادپەروەر” ناو دەبەن، درزێکی قووڵی لە شەرعییەتی ناوخۆیی و دەرەکیدا دروست کردووە.
سێیەم: فشاری یاسایی ئەمریکا و پرسی “کارتە سپییەکە”
پارێزبەندییە نێودەوڵەتییەکە خەریکە گۆڕانکاریی بەسەردا دێت. بەپێی ئەو سکاڵا یاساییانەی لە دادگاکانی ئەمریکا (وەک دادگای ویلایەتی دێلاوێر) تۆمارکراون دژی بەرپرسانی باڵای وەک مەسرور بارزانی، مەنسور بارزانی و وەیسی بارزانی، هەرچەندە کەیسەکان تا ئێستا لە قۆناغی سەلماندنی کۆتاییدا نین، بەڵام پەیامەکە ڕوونە. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە چاوپۆشیکردنی سیاسیی واشنتۆن لەسەر پێشێلکاری و گەندەڵی چیتر وەک جاران ئاسان نییە و کەس لەسەروو لێپرسینەوەی یاساییەوە نابێت.
دەرئەنجامێکی چاوەڕوانکراو
پارتی لە نێوان چەپۆکی یاسایی بەغدا، لێپرسینەوەکانی دادگاکانی ئەمریکا و تووڕەیی خەڵکی ناوخۆدا گەمارۆ دراوە. ئەو مۆدێلە خێزانییەی دەیویست وڵات وەک میرنشینێکی خەلیجی لێ بکات و دەسەڵات بەسەر بنەماڵەکەیدا دابەش بکات، ئێستا ڕووبەڕووی ڕاستییەکی تاڵ بووەتەوە. مێژوو سەلماندوویەتی؛ هەر دەسەڵاتێک ئابوورییەکەی بدۆڕێنێت، پشتگیریی دەرەکی لەدەست بدات و تەنیا بە زەبری زیندان بمێنێتەوە، زوو یان درەنگ، ڕێک وەک چۆن عوسمانییەکان بە دەردی “پیاوە نەخۆشەکە” لەناوچوون، ئەمیش مەترسیی ئەوەی لەسەرە بەرەو هەمان چارەنووسی مێژوویی بەڕێ بکەوێت
خواردن لە جەژنەکاندا؛ چۆن نەتەوەکان ناسنامەی خۆیان پاراستووە؟.. نووسینی: هێمن عەلی
خواردن هەرگیز تەنیا پێداویستییەکی بایۆلۆژی نەبووە، بەڵکوو زمانێکی بێدەنگ و پاراوە کە مرۆڤەکان بۆ دەربڕینی گەرموگوڕیی خێزان و پاراستنی نەریتە دێرینەکان بەکاریدەهێنن. لە سەرتاسەری جیهاندا، بۆنەکان تەنیا بە ڕێوڕەسمەکان ناناسرێنەوە؛ بەڵکوو خواردن بەشێکی سەرەکیی ئەو نەریتانەیە و هەر نەتەوەیەک لە ڕێگەی ژەمە تایبەتییەکانیەوە، مێژوو و کلتووری خۆی بۆ نەوەکانی داهاتوو دەگوازێتەوە. بەم جۆرە، هەر ڕێوڕەسمێک تامی تایبەتی خۆی هەیە، بەڵام پێش ئەوەی ژەمەکان دەست پێ بکەن، ڕەنگ و دەنگەکان وەک مژدەدەرێکی ڕاستەقینە، هاتنی وەرزە جەژنییەکان ڕادەگەیەنن.
ڕەنگەکان؛ ئەو مژدەیەی پێش بۆنەکان دەگات
لە ئەوروپادا، جەژنەکان زۆر پێش کاتی خۆیان دەبنە میوانی ماڵەکان. چەند هەفتەیەک بەر لە هاتنی کریسمس (Joulu)، شارەکانی فینلەندا بە ڕووناکیی تیشکدەر (Jouluvalot) دەڕازێنرێنەوە. یەکێک لە دیمەنە سەرنجڕاکێشەکان، دەرکەوتنی “تۆنتو”کانە؛ ئەو بوونەوەرە ئەفسانەییە کورتەبنانەی بە کڵاوە سوورەکانیانەوە مژدەی خۆشی دەبەخشنەوە.
لە وەرزە جیاوازەکاندا، بازاڕەکان دەبنە ئاوێنەی کلتوور؛ لە گۆشتی برژاوی “کینکو” بۆ زستان، تا دەگاتە شیرینیی قاوەیی “مامی” (Mämmi) و هێلکە ڕەنگاوڕەنگەکان بۆ بەهار، هەموویان ئامادەکاریین بۆ پێشوازی لە میوانێکی ئازیز.
سروشت لەسەر مێزی فینلەندییەکان
فینلەندییەکان پەیوەندییەکی قووڵیان لەگەڵ گۆڕانی وەرزەکاندا هەیە:
ڤاپپو (Vappu یەکی ئەیار): لەم یادەدا خەڵک بە کڵاوی سپی و خواردنەوەی “سیما” و شیرینیی “مونکی” پێشوازی لە توانەوەی بەفر دەکەن.
یوهانوس (Juhannus جەژنی ناوەڕاستی هاوین): لە درێژترین ڕۆژی ساڵدا، ئاگری مەزن دەکەنەوە و لە کەنار دەریاچەکان خەریکی برژاندنی سۆسج دەبن.
یۆلو (Joulu کریسمەس): کاتێک شار بە گۆرانییە نەریتییەکان پڕ دەبێت، ژەمی سەرەکی بریتییە لە گۆشتی برژاو و جۆرەها خواردنی ناو فڕن (Laatikot).
ئەوروپا: لە بۆنی زەنجەفیلەوە تا ترێی بەخت
ئەڵمانیا بە بازاڕە ئەفسانەییەکانی کریسمس ناسراوە کە بۆنی کێکی زەنجەفیل تێیاندا باڵادەستە. لە ئیسپانیا، خواردنی ١٢ دەنکە ترێ لەگەڵ لێدانی زەنگی کاتژمێری سەری ساڵ بووەتە نەریت بۆ هێنانی بەخت. سویسرییەکانیش لە دەوری مەنجەڵێک پەنیری تواوە (Fondue) کۆدەبنەوە، لە کاتێکدا هەنگارییەکان بە “دۆڵمەی کەلەرم” جەژنەکانیان دەڕازێننەوە؛ خواردنێک کە لێکچوونێکی سەرسوڕهێنەری لەگەڵ یاپراخی کوردەواریدا هەیە.
کوردستان: دەنگی زیرەک و تامی بەیانیانی جەژن
لە کوردستانیش، ڕێوڕەسمەکان بەبێ دەنگ و ئاواز هەرگیز تەواو نابن. کاتێک نەورۆز نزیک دەبێتەوە، پێش ئەوەی چیاکان بە ئاگر سوور بپۆشرێن، دەنگی نەمری حەسەن زیرەک بە گۆرانیی “نەورۆز” لە هەموو ماڵێکدا دەنگ دەداتەوە.
نەورۆز بەبێ یاپراخ تامێکی نییە؛ یاپراخ لێرەدا تەنیا ژەمێک نییە، بەڵکوو هێمایە بۆ بوژانەوەی سروشت. لە جەژنە ئایینییەکانیشدا، خواردنی برنج و شلە (بەتایبەت فاسۆلیا یان قەیسی) لە بەیانیی زوودا، بەرەکەت و جۆش و خرۆشێکی جیاواز بەو ڕۆژە دەبەخشێت.
“بۆ من، هەر کاتێک دەنگی حەسەن زیرەک و بۆنی شلەی قەیسیی بەیانیانی جەژن تێکەڵ دەبن، کات بۆ چەند چرکەیەک ڕادەوەستێت و دەگەڕێمەوە بۆ ناو ئامێزی یادگارییەکانی گەڕەکی ئیسکان و سەیداوەی پیرە هەولێر.”
زمانێکی هاوبەش
ڕاستە گۆرانییەکانی فینلەندا، بۆنی زەنجەفیلی ئەڵمانیا و ئاوازەکەی حەسەن زیرەک لە کوردستان جیاوازن، بەڵام پەیامەکەیان یەکە. خواردن و نەریتەکان ئەو زمانە جیهانییەن کە مرۆڤەکان، لە هەر شوێنێکی ئەم زەوییە بن، بەیەک دەگەیەنن و سنوورەکان دەبەزێنن.
فەرهەنگی وشەکان:
مونکی (Munkki): دۆناتی فینلەندی، لە ناو ڕۆن سوور دەکرێتەوە و بە شەکر دادەپۆشرێت.
کینکو (Kinkku): گۆشتی ڕانی برژاوی بەراز؛ ژەمی سەرەکیی کریسمسە لە فینلەندا.
سیما (Sima): خواردنەوەیەکی لیمۆیی گازداری فرێش، تایبەتە بە جەژنی ڤاپپو (یەکی ئەیار).
مامی (Mämmi): شیرینییەکی قاوەیی لە ئاردی جۆ، هێمای جەژنی قیامەیە لە فینلەندا.
کوردستان لە چنگی «ئال بارزان» و «ئال تاڵەبانی»دا.. هێمن عەلی
سەدان ساڵە گەلی کورد خەبات دەکات و قوربانی دەدات. لەم پێناوەدا ڕووبارێک خوێن ڕژاوە، شارەکان وێران بوون، و هەزاران ڕۆڵەی ئەم نیشتمانە گیانی خۆیان بەخت کردووە بۆ ئەوەی کورد ببێتە خاوەنی قەوارەیەکی نەتەوەیی، کەرامەتێکی پارێزراو و سیستمێکی حوکمڕانی کە تێیدا هاوڵاتیان هەست بە یەکسانی و ئازادی بکەن. بەڵام کاتێک ئەمڕۆ سەیری واقیعی سیاسی هەرێمی کوردستان دەکەین، دەبینین ئەو ئاراستەیە بە تەواوی لایداوە؛ لەبری بونیادنانی نیشتمانێکی یەکگرتوو و دیموکراسی بۆ هەمووان، خەونەکە وەرچەرخاوە بۆ دابەشکردنی وڵات و دروستکردنی دوو میرنشین بۆ دوو بنەماڵە بە ناوەکانی “ئال بارزان” لە هەولێر و بادینان، و “ئال تاڵەبانی” لە سلێمانی و گەرمیان.
قوربانییەکانی گەل لە خزمەت بەرژەوەندیی دوو خێزاندا
ئەوەی زۆرترین ئازار بە ویژدانی تاکی کورد دەگەیەنێت ئەو ڕاستییە تاڵەیە کە؛ گەلی کورد خۆی بە کوشت نەدا بۆ ئەوەی دوو خێزان ببنە خاوەنی هەموو شتێک. ئەم میللەتە قوربانی گەورەی دا:
زیاتر لە هەشتا و هەشت هەزار کەس لە پرۆسەکانی ئەنفالدا زیندەبەچاڵ کران.
خەڵکی سڤیل لە هەڵەبجە، شێخ وەسانان، بالیسان و سەدان شوێنی تر کیمیاباران کران و بە گاز خنکێنران.
زیاتر لە چوار هەزار و پێنج سەد گوندی ئەم نیشتمانە خاپوور کران و سووتێنران.
ئەم هەموو کۆمەڵکوژی و وێرانکارییە، ئەم خەباتی پێشمەرگە و فرمێسکی دایکی شەهیدانە، بۆ ئەوە نەبوو کە لە کۆتاییدا نیشتمان لەت بکرێت و سیستەمێکی پشتاوپشت دروست بێت، کە تێیدا سەرجەم پۆستە باڵاکانی وڵات، جومگە ئابوورییەکان و دەزگا ئەمنییەکان، تەنها لە نێوان کوڕان و برازاکانی ئەم دوو بنەماڵەیەدا دابەش بکرێت. گەل بۆ ئازادی و ڕزگاری لە ستەم جەنگا، بەڵام بەرهەمەکەی بوو بە قۆرخکاریی دەسەڵات لەلایەن کەمینەیەکی خێزانییەوە.
مۆدێلی کەنداو لە چیاکانی کوردستان: دوو میرنشین لە یەک نیشتماندا
هەنگاوەکانی سەرکردایەتی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار، بە ڕوونی ئاماژەن بۆ ویستی کۆپیکردنی مۆدێلی وڵاتانی کەنداو (وەک ئال سەعوود یان ئال ناهیان)، بەڵام بە شێوازێکی دوو ئیدارەیی. ئەم مۆدێلە لەسەر دوو پایەی سەرەکی وەستاوە:
دەستبەسەرداگرتنی ئابووری: نەوتی کوردستان، خاڵە سنوورییەکانی وەک ئیبراهیم خەلیل و باشماخ، و داهاتی ناوخۆی هەردوو زۆنەکە، لەبری ئەوەی ببنە ژێرخانێک بۆ ئاوەدانیی وڵات و قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال و کیمیاباران، کرانە سەرچاوەی دارایيی بۆ بەهێزکردنی بنکەی خێزانەکان و کڕینی دڵسۆزیی خەڵک. لەم سیستمەدا، هاوڵاتی لە خاوەن مافەوە کراوەتە “ڕەعیەت” و “مووچەخۆر”ێک کە چارەنووسی بەستراوەتەوە بە ڕەزامەندیی ئاغاکانی زەرد و سەوزەوە.
هێزی چەکداریی تایبەت: هاوشێوەی میرنشینەکان کە سوپا بۆ پاراستنی تەختی پاشایە، لە کوردستاندا ڕێگریی تەواو کراوە لە دروستبوونی هێزێکی نیشتمانیی یەکگرتوو. دابەشبوونی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ یەکەکانی ٧٠ و ٨٠، و دەزگاکانی ئاسایش و دژەتیرۆر، سەلمێنەری ئەوەن کە ئەم هێزانە ڕاستەوخۆ بە فەرمانی کوڕەکانی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی دەجووڵێن، نەک بە فەرمانی دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت.
لەکارخستنی دامەزراوەکان بۆ مانەوەی “سوڵتانەکان”.
بۆ ئەوەی خەونی “ئال بارزان” و “ئال تاڵەبانی” ببێتە واقیع و جێگیر بێت، هەردوو بنەماڵە ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی کە کۆتایی بە هەر جۆرە دامەزراوەیەک بهێنرێت کە لێپرسینەوە دەکات. پەرلەمانی کوردستان زۆرجار پەکخرا یان بێبەها کرا کاتێک لە بەرژەوەندی بنەماڵەکاندا نەبوو، دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆیی خۆی لەدەستدا، و مێدیا کرایە ئامرازێک تەنها بۆ ململانێی حزبی و ستایشی نەوەکانی هەردوو بنەماڵە. کاتێک دامەزراوە نیشتمانییەکان دەمرن، تەنها یەک شت دەمێنێتەوە کە بڕیار لە چارەنووسی ملیۆنان کەس بدات، ئەویش ڕێککەوتنی نێوان “دیوەخانی بنەماڵەکانە”.
ئایا ئەمە ئەو کوردستانەیە کە بۆی جەنگرا؟
لە مێژووی هیچ نەتەوەیەکدا ئەوەندە نادادپەروەری نییە کە خوێنی سەدان هەزار شەهید و ئەنفالکراو، وە خاپووربوونی هەزاران گوند، بکرێتە قوربانی بۆ ئەوەی ناونیشانی خێزانی وەک “ئال بارزان” و “ئال تاڵەبانی” لەسەر نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێگەی خۆیان بکەنەوە. خەونی کورد دەوڵەتێکی مۆدێرن، دیموکراسی و یەکگرتوو بوو کە تێیدا کوڕی هەژارێک و کوڕی سەرکردەیەک هەمان مافیان هەبێت. ڕەنگە لە ئێستادا بە هێزی پارە، چەک و پەیوەندییە هەرێمایەتییەکان ئەم دوو میرنشینە دی فاکتۆیە خۆیان سەپاندبێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەمە ئەو ئامانجە نییە کە کورد سەدەیەک بۆی جەنگاوە، و هەرگیزیش ناتوانن شەرعییەتی ڕاستەقینە لە دڵی گەلێکی ماندوو لە ستەم و دابەشبووندا بەدەست بهێنن.
پرۆژەیەکی نوێی گەلەری ئارام بە بەشداری د. ئازاد حەمە
١-ئەدەب بە فەلسەفە دەوێرێت؟
٢- ئەدەب قەرزاری فەلسەفە نییە؟

دەنگێک دەوەستێت: فارووق ڕەفیق و ناڕەحەتیی بیرکردنەوە.. ئەیوب ئەحمەد قادر
هەندێک تاک شوێنەوار بەجێدەهێڵن، هەندێکی تر پرسیار. فارووق ڕەفیق لەو کەسانە بوو کە هەردووکیان بەجێهێشت. مردنی ناگەهانی لە ٢٨ی نیسانی ٢٠٢٦ لە هەولێر بەهۆی جەلتەی دڵەوە کە کۆتایی بە ژیانی هێنا،بەڵام بیرکردنەوەیەکی بێکۆتایی جێهێشت. بۆ کۆمەڵگەی کوردی کە لەم قۆناغەدا پێویستی بە دەنگی ڕەخنەگر و هۆشیار هەیە، ئەم لەدەستدانە تەنها کۆتایی ژیانێک نییە، بەڵکو بێدەنگبوونی ویژدانی ڕووناکبیرییە.
لە ساڵی ١٩٥٩دا لە سلێمانی لەدایک بوو. ڕێگای ژیانی زوو سنوورەکانی کوردستانی تێپەڕاند و لە کەنەدا خوێندنی فەلسەفەی تەواو کرد و پلەی دکتۆرای بەدەست هێنا. بەڵام وەک زانایەکی دوورەپەری نەماوەوە گەڕایەوە بۆ ناو کۆمەڵگە، نەک بۆ خۆپاراستن و ژیانی تایبەتی، بەڵکو بۆ بەشدارییەکی چالاک لە گفتوگۆ، بیرکردنەوە و ژیاندا
ڕەفیق فەلسەفەی لە سنووری هەڕەمی زانکۆدا زیندانی نەکرد،بەڵکو هەوڵێک بوون بۆ دەرکردنی فەلسەفە لە چوارچێوەیەکی تەنک و هێنانی بۆ ناو ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیان. کتێبەکانی وەک فەلسەفە و ژیان و هونەری فەلسەفە، و وەستانێک لە گەشتێکی فەلسەفی و “ئاشتیکردنەوەی عەقل و خۆشەویستی” لە دیدی ئەوەوە، فەلسەفە سیستەمێکی داخراو نەبوو، بەڵکو پرۆسەیەکی کراوە بوو ئامرازێک بۆ ئاراستەکردنی پرسیار لەسەر جیهان و خۆمان.
کاریگەریی ڕەفیق تەنها لە ناو نووسینەکانیدا نەبوو. وەک سەرنووسەری گۆڤاری (ئاوەز) و هاوبەشدار لە دامەزراندنی (ڕەهەند) فەزایەکی تایبەتی بۆ گفتوگۆی بیرەکان درووست کرد، کە تێیدا بیروڕاکان تەنها نەدەگوتران، بەڵکو دەچوونە ناو کردار و دەخرانە ژێر ڕەخنەی ڕەسەن. ئەم فەزایانە لە ناوچەیەکدا کە زۆرجار پڕە لە ئاڵۆزیی سیاسی، بوون بە نموونەیەکی کەموێنەی گفتوگۆ و نوێگەری.
ڕەفیق باوەڕێکی قووڵی بە ناڕەحەتیی بیرکردنەوە هەبوو. بۆی وابوو فەلسەفە نابێت ئارامبەخش بێت، بەڵکو پێویستە هەژان و تێکچوون دروست بکات. وتە ناسراوەکەی، مردن دژایەتی ژیان نییە، بەڵکو کاتێکی دۆزینەوەیە ، تەنها بە ڕێگەی مردنەوە دەتوانرێت ژیان بە باشی تێبگەین. ئێستا وەک دەنگدانەوەیەکی بەهێز وایە کە بانگەوازمان دەکات بۆ وەستان و دووبارە بیرکردنەوە. لە مردنی خۆیدا، ئەم وتەیە واتایەکی قووڵتر و تاڵتر وەردەگرێت.
بێگومان،هەمیشە هاورا نەبوو. ڕەخنەکانی لەسەر دۆخە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان زۆرجار توند و ناڕەحەتکەر بوون. بەڵام هەر ئەم تایبەتمەندییەش گرنگییەکەی دیاری دەکات،ئەو بەدوای ڕەزامەندی نەبوو بەڵکو بەدوای ڕاستی بوو. و ڕاستی زۆرجار لە کۆنسێنسدا نەدەدۆزرێتەوە، بەڵکو لە ناڕەزایەتییەکاندا.
لەگەڵ کۆچی دوایی فارووق ڕەفیق، کوردستان تەنها بیرمەندێک لەدەست نادات، بەڵکو هەڵوێستێک،ڕەتکردنەوەی وەڵامە سادەکان و بانگەوازی بەردەوام بۆ پرسیارکردن. مردنی ئەو پرسیارێکی کراوە جێدەهێڵێت: کێ دەتوانێت درێژە بەو ڕێگایە بدات کە ئەو دەستی پێکرد؟
لە کۆتاییدا، میراتی ڕەفیق تەنها لە کتێب و نووسینەکاندا کورت نابێتەوە. ئەو میراتە لە ناڕەحەتییەکەدا دەژی کە لە دوای خۆی جێی هێشتووە: لە هەر گومانێک، لە هەر پرسیارێک، و لە هەر هەوڵێک بۆ بینینی جیهان بە شێوەیەکی نوێ. مرۆڤ دەمرێت، بەڵام بیر نامرێت؛ و تا کاتێک بیر دەکرێتەوە، بەشێک لە فارووق ڕەفیق هەمیشە ئامادە دەبێت.
رووحی شادبێت ،خودا سەبری بدات بە کەسوکاری دکتۆر فارۆق ڕەفیق
ایوب احمد قادر/ئەڵمانیا
زنجیرە کۆری (فەلسەفییانە بیرکردنەوە) لە درەومیدیا بە بەشداری د. ئازاد حەمە
زنجیرە کۆری (فەلسەفییانە بیرکردنەوە) لە درەومیدیا/ وانەی یەکەم بریتیە لە : ویست بۆ فەلسەفە:
https://web.facebook.com/reel/4309702439272528
وانەی دوەمی زنجیرە کۆڕی ( فەلسەفییان بیرکردنەوەیە) کە بەم ناوەوەیە وانەی دووەم: شکۆی بیرکردنەوە:
https://www.facebook.com/share/v/18T2i9dAYV/?mibextid=wwXIfr
چیرۆک/ گریان..نەوشیروان ئازاد
ئێوارە یەکی بێ دەنگ، بێ ڕەنگ ، دڵ تەنگ ،ڕۆژێک لەدواڕۆژەکانی تەمەنی کورتی بەهار ،ئێوارەیەکی پاییز ئاسا وەک ئەوساتانەی پەلکی کەسکی درەختەکان پاش زەردبون هەڵ دەوەرن ،
لەگێژاوی زریانێکدا بەرەو فەنابون دەچن.
هێشتا پرشنگی خۆر ئاڵای شکستی لەپێش ڕەشماڵی شەودا هەڵ نەدابوو ..
ئەستێرەکان لەودیوپەردەی ئومێدەوە چاوڕێی پێشوازی بون تا جارێ ترببنەوە ڕازگری ڕازو نیازی دڵدارەکان…نهێنی شەو بێداران لەتیانوسی بیرەوەری خۆیاندا بنوسنەوە…باڵدارەکان بەرەو ئاشیانەو لانەکانیان بەهەگبەیەک هەواڵ وبژێوی گەڕانەوە…هەموشتێک لای من نامۆیە، وەک پەرەستویەکی تەریو ،بەچەشنی شاخەگولی نێوگوڵدانێکی مردوی سەرمێز ، بێ ئاگاو نامۆم .نامۆم و لەساتێکا لەودیو پەنجەرەی نەخۆشخانەی کۆماری هەولێر دەنۆاڕمە سەدان مڕۆی هاو زوانم .لەکێشەو مل ملانەیەکی واقیع دام .ململانێی نێوان ئایەندەیەکی ڕوون و تار ..نێوان بوون و نەبون ..نازدارێکی سپی پۆش پەری ئاسا بەبزەیەکی پڕلەئەندێشەوە یاری بە بیسەرەکەی ملی دەکات ،جارجارێ دێت و وەپێش دەمم ڕادەبورێ ،بەپاڕێزەوە تیلەی نیگایەکم تێ دەگرێ و لێمدەڕوانێ ،وەک مرۆیەکی نامۆی لەئەسەێرەیەکی دی بینی بێت ..دەشێ لەڕوانینەکانی بێ ئاگابێ و، وەک من لەگژیادێکی دێرین ڕۆچو بێ و بیرەوەریەکی شیرینی لەپەڕاوی ئەم ئێورەدا تۆمارکردبێ ، تاخەمی شەوانی تەنیایی بەبادەی ئەم ئێوارە شیرینە بڕەوێنێ ..نازدارەکە بادەنیە لەدونیادا خەمی من بڕەوێنێ ،ئازاری دڵ و زامی دەرونم بەهیچ هەتوانی ساڕێژ نابێ ..بەڵێ سرکم ..بەڵام بەپارێزەوە لێم مەڕوانە..ڕۆژگارێکە بەچەشنی زەڕنەقوتەیەکی بن لێزمەو ڕەهێڵە، لەگەڵ چرپەو ڕازی دڵی خۆیشم بێگانەم ..ئەوەی تۆ بەبێزاریەوە پێی دەڵێی ئازار، من پێ
گۆشکراوم ..بۆیەدردۆنگ مەبەو ، وەرەیەک بەیەکی لاپەڕەکانی ڕۆژئەژمێری بیست و شش ساڵی تەمەنمت بۆ هەڵدەمەوە…ئەگەر جارجارێ ،لەتەواوی لەپەڕەکاندا شتێکی وەک شادی یان ڕوناکی لەناوشەوەتاری ئەنگوستەچاودا بەدی کرد و، وەک ئارەزوەکانی کورد تەمەنی تەمەنی پەپولەبو ، ئەوالات سانابێ ،چونکەژیانم شادیەکی کەم ، هەرەس و ئاوارەی و، دورخستنەوەو، ڕاگوێزان و،کۆڕەو ، مەرگی بەکۆمەڵ و،ڕاپەڕین و سارد بونەوەو، کۆڕەو گەڕانەوەن …ئەمانەبەسەرهاتی لاوێکی کورد کۆمەڵێک ، گەلێکە …دەڵێن ژیان گۆڕانە،بەڵام لای ئێمە، تراژیدیایەکی وەستاوە..کە
بریتیە لەیادکردنەوەی خۆشیەتەمەن کورتەکانی ڕابردو ژیان لای ئێمە هەر گریانەو گـــــریان …
نەوشیروان ئازاد ـ هەولێر
نەخۆشحانەی کۆماری
پێنجشەمە 15.5.1992
چیڕۆکی سەر زارەکی/ کابرا و سەگەکەی.. وەرگێڕانی لە عەرەبیەوە: عەلی ڕێژنە
لە شارێکی ئەو ( خۆر هەڵاتی ناڤینەدا )،
کابرایەک، سەگەکەی لە گۆڕستانی موسلمانان دەنێژێت، خەلکی شارەکە، دەچنە لای قازی و سکاڵای لەسەر تۆمار دەکەن،
قازی فەرمان دەکات، کابرا دەست بەسەر بکەن و بۆ دادگای بێنن.
لەدادگا، قازی بە تووڕەییەوە، هاوری بەسەر داکرد و گوتی: ئەوە ڕاستە، کە سەگەکەت لە گۆڕستانی موسلمانان ناشتووە،
کابرا دەڵێت: بەڵێ قازیم خۆشبێت،
قازی بە توڕییەوە، هاوار دەکا و پێیدەڵێت:
چۆن دەبێت کارێکی وابکەیت، سەگ لە گۆڕستانی موسڵمانان بنێژیت،
کابرا لە وەڵامادا گوتی: بەڵێ قازیم خۆشبیت، ئەم کارەم کردووە، بەڵام، ئەمە ڕاسپاردەی سەگەکەم بووە!
منیش تەنها ڕاسپاردەکەم جێبەجێ کردووە.
قازی دووبارە تووڕە دەبێت و هاوری بەسەردا دەکات،
پێیدەڵێت: تۆ لەبەردەم قازی و دەستەی دادگا،
پێم دەڵی بەڵێ ئەم کارەم کردووە!
ڕاسپاردەی سەگەکەم جێبەجێ کردوە، دەزانی ئەم تاوانە، سزاکەی زۆر قورسە.
کابرا دەچێتە بنگوێی قازی و بە ئاسپایی پێیدەڵێ:
قازیم خۆشبێت، خۆ سەگەکەم ڕاسپاردەی تریشی هەبووە،
ئەو پێی گوتم: هەزار دیناریش بدە قازی.
قازی ئاوڕێک لە ئەندامانی دەستەی دادگا دەداتەوە و منگە منگێک دەکا و هێور دەبێتەوە و شتێک دەڵێت: ئەم کارە، کارێکی ئاساییە،
چونکە بۆمان دەرکەوت، ئەم سەگە،
لە تیرە و بنەچەی سەگەکەی ( یارانی ئەشکەوت)ـە ( اصحاب الکهف )،
…………………………………..
سەرچاوە: پەیجی( بشقە / صوت الطفولە الواعیە)
——————
Ali Rejne
2026/4/26
ڕۆژنامەی کوردستان یەکەم وەرچەرخان لەمێژووی کورد.. موتەلیب سەعید عومەر
لەدواهەمین دەیەی سەدەیەی نۆزدەیەم لە قۆناغێکی ناهەمواری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ هوشیارکردنی تاکی کورد بیرکردنەوەیە لە دەرچوونی ڕۆژنامەیەک ، دوای شکستی شۆڕشی بەدرخانیەکان نوخبەی خوێندەواری ئەو بنەماڵەیە بیریان لەمیکانیزمێک کردەوە کە باشترین کاریگەرترین ئامڕاز بێ بۆ کۆتاییهێنان بەستەمکاری و سەرکوتکردن ، هەردوو ڕۆژنامەوان میقداد مەدحەد بەدرخان وعەبدولڕەحمان لە و بارودۆخە دژوارەدا لە دەربەدەری و نەهامەتیدا بەمەبەستی کەمکردنەوەی ئەو ستەمکارییەی بەدرێژایی مێژوو ڕێگری لەبوونی کوردو قەوارەکەی کردووە لەکاتێکدا دەوڵەتی عوسمانی یەکێک بووە لەدەوڵەتە کۆڵۆنیاڵییەکانی جیهان سیاسەتی کۆمەڵکوژی وسڕینەوەی پاکتاوی مرۆیی پەیرەو کردووە بۆیە دەرکردنی ڕۆژنامەو بڵاوکردنەوەی هوشیاری سیاسی و نەتەوەیی لەژێر ڕکێفی دەوڵەتی عوسمانی کارێکی یەکجار سەخت بووە بە کارێکی مەترسیدار دانراوە ، لەبەرئەوە دەرچوونی ڕۆژنامەی کوردستان پێش هەمووشتێک ئامانجێکی سیاسی ، فیکری، هوشیاری لەپشتەوە بووە لە ڕادەربڕین و گەیاندنی پەیامی ڕۆژنامەکە بڵاوبوونەوەی بە زمانی کوردی بە خوێنەری کورد ، لەمەوە دەرچوونی یەکەم ژمارەی کوردستان لە 22 نیسانی ساڵی 1898 بەیەکەم وەرچەرخان دادەنرێت لەمێژووی ڕۆژنامەوانی کوردی ئەگەرچی خوێنەرو خوێندەواری کورد بەڕێژەیەکی کەم ولەئاستێکی لاوازدا بووە بەڵام ڕۆژنامەی کوردستان دەتوانین بەیەکەم وێستگەی بڵاوکراوە دابنێین لە زمانی گفتوگۆ وە بۆ زمانی ڕاگەیاندن .
ڕۆڵی زمان لەڕۆژنامەی کوردستان
زمان ئامڕازێکی گرنگە بۆناساندن وگەیاندنی کێشەی نەتەوەیەک بەوڵاتانی دەوروبەر و دونیا لەهەلومەرجێکدا شۆڕش شکست دەهێنێت بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی کوردی لەسەرەتادایە لەبەرامبەر هێزی داگیرکەری دەوڵەتی عوسمانی ، ئەگەر سەرنج بدەین پێش دەرچوونی ڕۆژنامەی کوردستان زمانی کوردی زمانی هەست وسۆز و زمانی شیعر بووە ، پێش ئەو قۆناغە مێژووی کوردی ژێرخانێکی دەوڵەمەندی هەیە لەئەدەبی میللی سەر زارەکی تا دەگاتە بەیت وداستان و چیرۆک ، کەئەدەبی فۆلکلۆر بوون بە شاکارە بە ناو بانگەکەی (مەم وزین ) ی ئەحمەدی خانی و مەلای جەزیری دەست پێدەکات لەو سەردەمانەوە ئەدەبی کوردی بەزمانی پەخشان دێتە ناو زمانی کوردیی یەوە بەڵام بەدەرچوونی ڕۆژنامەی کوردستان زمانی ڕاگەیاندن گۆڕانکارییەکی نوێ دەخاتە ناو زمانی نووسین ، زمانی ئەدەبی لە تەنیا بوارێکدا نامێنێتەوە بەڵکو زیاتر لەئامڕازێک کەئامڕازی میدیایە دەبێتە زمانی بڵاوکراوە و نووسین .
کاریگەری ڕۆژنامەی کوردستان بەدونیای دەرەوە
ڕۆژنامەی کوردستان لەگەڵ ئەوەی خەمێکی ڕۆشنبیری و سیاسی بووە لەهەمانکاتدا خەمێکی قوڵی کۆمەڵایەتی بووە لەنێو لاپەڕەکانی (کوردستان ) گرفتەکانی ناو کۆمەڵی کوردی خستۆتە ڕوو وێڕای ئەوەی خەمێکی گەورەتری هەبووە لەناساندنی دۆزی ڕەوای گەلی کورد بەدونیای دەرەوە بەنیشاندان و ڕێگا چارەی ئەو کێشانە و بارودۆخە سەختەی کورد تێیدا گرفتار بووە ، سەرباری ڕاوە دوونانی ڕۆژنامەوانان بەدرخانییەکان بە فشارخستنە سەریان ناچارکردن و ڕێگە گرتن لە داخستنی ڕۆژنامەکە بەڵام بەردەوام بوونی ڕۆژنامەی کوردستان تا ژمارە 31 ، سەرباری ئەستەنگەکان پەیامێکی ڕوون وکاریگەرییەکی زۆری لەسەر سیاسەتی دەوڵەتی عوسمانی کردووە ئەگەرچی ژمارەکانی ڕۆژنامەکە بەشێوەی پچڕ پجڕ وهەر ژمارەی لەوڵاتێک چاپ کراوە .
جیاوازییەکانی ڕۆژنامەی کوردستان لەگەڵ ئێستا
گومانی تیانیە ڕەوشی ڕۆژنامەوانی لەسەردەمی بەدرخانیەکان بەبەراوورد بەئێستا یەکجار جیاوازە ، سەردەمی بەدرخانیەکان و دەرچوونی ڕۆژنامەی کوردستان بە قۆناغێکی سەختی سیاسی و ئابووری ،نەتەوەیی ، کۆمەڵایەتی دا ڕۆیشتووە پڕ لەکێشە بووە ، بەڵام ڕەوشی ڕۆژنامەنووسی لەئێستادا لەهەلومەرجێکی لەبارو زۆرترین ئامڕازو تەکنیکی پێشکەوتوودایە لەئێستادا تاکی کورد بەئاسانی و لەکەمترین ماوەدا بێ سانسۆر دەتوانێت هەواڵ و گوتارو بابەت وچالاکی جیاواز بڵاو بکاتەوە ئەگەرچی ڕەوشی ڕۆژنامەنووسی لەئێستادا خاڵی نیە لەکێشەو ئەستەنگ بەڵام دەستەبەر بوونی دەیان کەناڵ و ڕۆژنامەی ئەلەکترۆنی و ماڵپەڕ و تیڤی ، ئەکاونتی کەسی کارئاسانی زۆری فەراهەمکردووە بۆ گەیاندنی زانیاری بەهەموو شوێنێک .
موتەلیب سەعید عومەر
چیرۆک/ ماڵئاوایی.. نەوشیروان ئازاد
جارێکی تر نیگای گواستەوە،سەرهەردوکیان ،سێری لەدەستی ڕاستی گرت…
ئەڵقەیەکی زێڕ لەدەست و مەچەکێکی بێ وێنەدا…
بەدەم یادێکی کۆنەوە تاس بردیەوە و مژێکی قوڵی لەسیگارەکەی دا…چاوی بڕیە دوکەڵی جگەرەکەی،وەک مێژووی یادەوەری دێڕبەدێڕی لەو پەڕاوە لێڵەدا تۆمار کرابێ لێی ورد بوییەوە…
بریا پەڕەی مێژووی ژینم تۆی تیانەبوایە…
سەردێڕی گۆرانیەکەی دوێنێ دیسانەوە ناسۆری زامەکانی هێنایەوە سوێ…ئازاری ئەوزامانەی کەتا دوێنێ هیوای کۆتایی هاتن و ساڕێژبونی هەبو ئەمڕۆ بۆ دواجار لێی بێ هیوا بوو…جارێکی تر دوکەڵە لێڵەکەبەرچاوی لێڵ تر کرد…
- چەند تاڵـــە..بەڕاستی هاوڕێ و ئازار ڕەوێنە…
ناسۆری تەنیایی گەیاندیتیە ئەوڕایەی کەگاڵتەت پێی دەهات…دۆژمنی دوێنێت کردەهاوڕێ و خەمڕەوێنی تەنیایی ئەمڕۆ..ئازار وەک تێزاب مرۆڤ..تەنانەت باوەڕی پۆڵاینیش دائەڕزێنێ..
بەبێزاریەوە جارێکی تر وەک دوادیدارێک نیگات ئاراستەی سەراپای بەژنی کردەوە…وەک نەدیدە سەرتاخوار لێی ورد بویتەوە بۆدواجار بەچاو ماڵئاوایت لێ کرد…بەڵام چاوی دڵ هەرگیز تێر نابێ و ماڵئاوایی ناکات ….بەغداد
13/14\2\1989
مێژووی دزین و تاڵانکاری لە کوردستاندا.. نووسینی: هێمن عەلی
مێژووی کوردستان بە زنجیرەیەک شەڕ، پاشاگەردانیی سیاسی و گەندەڵییەکی سیستماتیک داڕێژراوە. ئەم مێژووە تەنها چیرۆکی دزینی شتومەک (محاویلەیەکی کارەبایی و شۆفەڵێک) نییە، بەڵکو چیرۆکی بەهەدەردانی سامانی نیشتمانی، شوێنەوار و تەنانەت هاوکارییە نێودەوڵەتییەکانە.
١. سەرەتای داگیرکارییەکان و مێژووی کۆن
وەک ئاماژەی پێکرا، سەرچاوە مێژووییەکان باس لەوە دەکەن کە لە سەردەمی هاتنی سوپاکانی عەرەب و ئیسلام بۆ کوردستان، زۆرێک لە ناوچەکان ڕووبەڕووی تاڵانکاری بوونەتەوە. لەو سەردەمەدا نەک هەر ماڵ و سامان، بەڵکو تەنانەت ژن و منداڵانی کوردیش وەک “دەستکەوتی جەنگ” مامەڵەیان پێوە کراوە.
٢. تراژیدیای هەڵەبجە و دزینی هاوکارییەکان
دوای کیمیابارانی هەڵەبجە لە ساڵی ١٩٨٨، جیهان هەوڵیدا هاوکاریی ڕزگاربووان بکات. بەڵام تۆمەتە سیاسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەشێک لە سەرکردەکان، ئەو هاوکارییانەیان بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان بەکارهێناوە لەبری ئەوەی بگاتە دەست خەڵکە لێقەوماوەکە.
٣. شەڕی ناوخۆ (براکوژی): لووتکەی تاڵانکردنی نیشتمان
شەڕی ناوخۆی نێوان پارتی و یەکێتی (١٩٩٤-١٩٩٨) تەنها شەڕی فیشەک نەبوو، بەڵکو گەورەترین دەرفەت بوو بۆ تاڵانکردنی ئەوەی لە دوای ڕاپەڕین مابووەوە. لەم قۆناغەدا:
تاڵانکردنی دامەزراوەکان: هەر شارێک دەکەوتە دەست لایەنەکەی تر، دامودەزگا حکومییەکان و بانکەکان تاڵان دەکران.
باج و سەرانە: خاڵە سنوورییەکان و داهاتی گشتی بوونە قوربانی بەرژەوەندی حیزبی و بۆ کڕینی چەک دژی یەکتر بەکارھێنران.
وێرانکردنی متمانە: گەورەترین دزی لەم سەردەمەدا، دزینی متمانەی گەنجان بوو بە داهاتووی وڵات، کە تا ئێستاش کاریگەرییەکەی ماوە. گەنجەکان تا ئێستاش بە کۆمەڵ کۆچ دەکەن.
٤. بافڵ تاڵەبانی و “چەکە دزراوەکان”
لە چاوپێکەوتنێکی ئەم دواییانەی نێوان بافڵ تاڵەبانی و مۆغان، ئاماژەی ناڕاستەوخۆ بەوە دراوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان (پارتی) دەستی هەبووە لە بردنی چەک و کەرەستە سەربازییەکان.
وتەکانی ترهمپ: ئەمە پەیوەندی هەیە بە لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ کە ڕایگەیاندبوو: “ئێمە چەکمان دا بە کوردەکان، بەڵام بەشێکی ئەو چەکانە دزران.” ئەمە نیشانەی نەمانی متمانەیە بە هێزە ناوخۆییەکان لەسەر ئاستی جیهانی.
٥. فەلسەفەی تێکدان: وتە ناودارەکەی مەسعود بارزانی
مێژووی ئەم لایەنانە نەک هەر دزی، بەڵکو لەسەر بنەمای تێکدان بونیاد نراوە. وتەیەکی ناوداری مەسعود بارزانی هەیە کە دەڵێت:
“ئەگەر پردێکمان پێ دروست نەکرا، بەڵام دەتوانین تێکی بدەین.”
ئەم وتەیە کورتکراوەی هەموو ئەو مێژووەیە کە تێیدا تێکدان و وێرانکردن لە پێش بونیادنان بووە. ئەم عەقڵییەتە بووە هۆی ئەوەی لە دوای ڕاپەڕینەوە، ژێرخانی ئابووری کوردستان (کارگەکان، ئامێرە قورسەکان و دامەزراوەکان) وەک “کەلەپەل” تێکبدرێن و بفرۆشرێن، چونکە تەنها بیریان لای تێکدان و سوودی کاتی بووە نەک دروستکردنی دەوڵەت.
٦. تاڵانی سیاسی و حیزبی (١٩٩٤ تا ئێستا)
زەوتکردنی زەوی: دابەشکردنی باشترین زەوییەکان لە نێوان بەرپرساندا.
دۆسیەی نەوت: فرۆشتنی سامانی سروشتی بەبێ چاودێرییەکی دارایی ورد و ونبوونی داهاتەکەی.
مێژووی تاڵانکاری لە کوردستان تەنها چیرۆکی دزی نییە، بەڵکو مێژووی عەقڵییەتێکە کە بڕوای بە بونیادنان نییە. کاتێک سەرکردەیەک بە شانازییەوە باس لە توانای “تێکدان” دەکات، ئاساییە کە سامانی ئەو وڵاتە بدزرێت و داهاتووی نەوەکانیش تێکبدرێت.
مێژووی ئێمە پڕە لەو ڕاستییە تاڵەی کە دەڵێت: خەنجەری ژەهراوی ناوخۆ، کاریگەرتر بوو لە شمشێری بێگانە لە وێرانکردنی نیشتماندا.
کاتی ئەوە هاتووە کورد واقیعبیانە مامەڵە لەگەڵ خاکی جێناکۆکدا بکات.. ھێمن عەلی
بزووتنەوەی سیاسیی کورد بۆ چەندین دەیەیە تێدەکۆشێت بۆ بەدەستهێنانی خۆبەڕێوەبەریی فراوانتر و تەنانەت سەربەخۆیی. هەرچەندە ئەم خواستە لە ڕووی مێژووییەوە ڕەوایە، بەڵام واقیعی سیاسیی ئێستا پرسیارێکی جەوهەری دەهێنێتە ئاراوە: ئایا عەقڵییەتی “یان هەموو شتێک یان هیچ” هێشتا ستراتیژێکی گونجاوە؟
لەدەستدانی خاک، دیاردەیەکی مێژوویی جیهانی یە.
مێژووی مرۆڤایەتی بە ڕوونی ئەوە دەسەلمێنێت کە گۆڕانی سنوورەکان و لەدەستدانی خاک دیاردەیەکی دەگمەن و تازە نییە. زۆر نەتەوە ناچار بوون دەستبەرداری ناوچەی گرنگ بن، کە هەرچەندە بڕیارێکی پڕ لە ئازار بووە، بەڵام لە کۆتاییدا بووەتە هۆی پاراستنی قەوارە و نەتەوەکەیان.
فەڕەنسا: دوای جەنگەکانی ناپلیۆن لە سەدەی نۆزدەهەمدا، زۆرێک لەو ناوچە پیشەسازییانەی لەدەستدا کە ئەڵمانیا داگیری کردن.
فینلەندا: لە چلەکانی سەدەی ڕابردوو، بۆ پاراستنی سەروەریی وڵاتەکەی، ناوچەی “کارێلیا”ی بۆ یەکێتی سۆڤیەت بەجێهێشت.
ئەڵمانیا: دوای جەنگی جیهانی دووەم، ناوچەیەکی فراوانی وەک “پروشیای ڕۆژهەڵات” (کالینینگرادی ئێستا)ی لەدەستدا.
هەنگاریا: بەپێی پەیمانی تریانۆن لە ساڵی ۱۹۲۰، دوو لەسەر سێی خاکەکەی لەدەستدا.
ئۆکرانیا: لە و ساڵانی دواییدا بەهۆی جەنگی ڕووسیاوە خاکێکی زۆری لەدەستداوە، ئەمەش نیشان دەدات کە کێشەی خاک هێشتاش بەشێکە لە ململانێی هاوچەرخ.
ئەم نموونانە یەک وانەی گەورەمان فێردەکەن: وڵاتە سەرکەوتووەکان لە سنوورەکانی ڕابردوودا گیرییان نەخواردووە، بەڵکو واقیعیان قبوڵ کردووە و جەختیان کردووەتە سەر سەقامگیری و پەرەپێدانی ئابووری.
دووبارەبوونەوەی هەڵە ستراتیژییەکان لای سەرکردایەتی کورد.
بەداخەوە، سەرکردایەتی سیاسیی کورد چەندین جار کەوتووەتە ناو هەمان داوی “کەلەڕەقیی سیاسی” و نەبوونی خوێندنەوەی دروست بۆ هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان:
مستەفا بارزانی (حەفتاکان): بەهۆی پێداگریی ڕەها لەسەر کەرکووک و ڕەتکردنەوەی ئۆتۆنۆمی بەبێ ئەو شارە، دانوستانەکان شکستیان هێنا. دەرەنجامەکەش “ئاشبەتاڵ” و پەنابردن بۆ ئێران بوو.
مەسعوود بارزانی (۲۰۱۷): ئەنجامدانی ڕیفراندۆم کە ناوچە جێناکۆکەکانیشی گرتەوە، بووە هۆی لەدەستدانی کەرکووک و زۆربەی دەستکەوتەکانی پێشوو، چونکە بێ گوێدانە هۆشدارییە نێودەوڵەتییەکان هەنگاوی نا.
لە کاتێکدا فینلەندا و ئەڵمانیا واقیعیان قبوڵ کرد و بوونە زلهێزی ئابووری، لای ئێمە دروشمی “کەرکووک یان نەمان” بووەتە بەربەست لەبەردەم هەر جۆرە سازشێکی ژیرانە. ئەم عەقڵییەتە نەک هەر مەترسی پێکدادان زیاد دەکات، بەڵکو واقیعی فرەنەتەوەیی کەرکووکیش پشتگوێ دەخات.
ئاماژەکانی گۆڕانکاری و واقیعبینی نوێ
سەرەڕای شکستی ڕابردوو، ئێستا هەندێک ئاراستەی نوێ دەبینرێن:
عەبدوڵڵا ئۆجەلان: دوای ساڵانێکی زۆر لە زیندان و دیراسەکردنی مێژوو، لە خەباتی چەکدارییەوە بەرەو “کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی” و چارەسەری سیاسی هەنگاوی ناوە.
باڤڵ تاڵەبانی: لە کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکاندا، جۆرێک لە واقیعبینیی پراکتیکی پەیڕەو دەکات. قبوڵکردنی دابەشکردنی دەسەڵات و پۆستەکان لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکە (وەک تورکمان و عەرەب)، نیشانەی تێگەیشتنە لەوەی کە سەقامگیری گرنگترە لە کۆنترۆڵی ڕەها. بۆ نموونە لە ناوچە جێناکۆکەکاندا دابەشکردنی دەسەڵاتی قبوڵ کردووە و پشتگیری لەو چارەسەرە کرد کە پۆستی پارێزگار (موحافیز) درا بە نوێنەرێکی تورکمان.
ستراتیژی داهاتوو: بونیادنانی ئەوەی لەبەردەستە
لەبری خەرجکردنی وزە و سامانی نەتەوەیی لە ململانێیەکی بێ کۆتایی لەسەر کەرکووک و خانەقین، ژیرانەترە کورد جەخت بکاتە سەر بەهێزکردنی ئەو ناوچانەی کە ئێستا لەژێر دەسەڵاتیدایە: هەولێر، سلێمانی و دهۆک.
بونیادنانی ژێرخانێکی ئابووریی بەهێز، سیستەمێکی پەروەردەیی مۆدێرن و ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی، دەتوانێت قەوارەیەک دروست بکات کە زۆر بەهادارتر بێت لە خاکێکی پڕ لە کێشە.
کۆتایی:
بزووتنەوەی کورد لە وەرچەرخانێکی مێژووییدایە. پێشکەوتنی ڕاستەقینە لە دروشمە توندەکانی ڕابردووەوە نایەت، بەڵکو لە توانای خۆگونجاندن و سازشکردنی ژیرانەوە دێت. دەستبەرداربوون لە هەندێک خەونی سۆزداری لە پێناو داهاتوویەکی ئارام و سەقامگیر، نیشانەی تێگەیشتنی قووڵە لە “هونەری سیاسەت”.
چیرۆک\ فەنابوون.. کوردستان مید
چاوەکانم بەهێواشی کردەوە .. ئەی خوایە گیان! دواکەوتووم بۆ قوتابخانە! بەپەلە هەستام و جلە تازەکانم دەرهێنا و لەبەرم کرد، ڕۆشتمە ژووری برابچووکەکەم جانتاکەم هەڵبگرم، سوپاس بۆ خوا ڕەنگی جانتاکە گۆڕاوە لەکۆتایدا دایکم جانتایەکی نوێی بۆ کڕیووم.
جانتاکەم کردە شانم و بە ڕاکردن بەڕێ کەوتم بۆ خوێندنگا .
دەرگای خوێندنگاکە کراوەتەوە و مناڵەکانیش لەوێن، بەخێرایی ڕۆشتمە حەوشەی خوێندنگاکە ..ئایا ئەوان سەیری من دەکەن ؟ بەڵام بۆچی سەیرم دەکەن ؟ هەندێکیان بەگوێی یەکتر دەچرپێنن و پێدەکەنن ، لەوانەیە پێیان وابێت جانتا نوێیەکەم کەمێک بچووکە بەڵام من بەدڵم بوو، ئاسودەبووم لەگەڵی، وێنەی سەیارەیەکی ناوازەی لەسەربوو.
یەکێک لە مناڵەکان هاواری کرد:
— سەیری ئەو پیاوە پیرەبکەن وەک منداڵ ڕەفتار دەکات!
مناڵەکان تێکڕا دایانە قاقای پێکەنین.
ئاوڕم دایەوە لەگەڵیان ، ئۆی خوایە! وادیارە مەبەستیان ئەو کابرایە بوو کە کڵاوێکی سەیری لەسەر بوو و لای دەرگاکە بە توڕەییەوە سەیری منداڵەکانی دەکرد…
بەهەنگاوی خێرا هاتە تەنیشتم و لە مناڵەکان نزیک بۆوەو هاواری کرد:
— بگەڕێنەوە بۆ ناو پۆلەکانتان هەرئێستا ..
منداڵەکان بەپەلە بڵاوەیان لێکرد، ویستم منیش بڕۆم بەڵام پیاوەکە دەستەکانی کردە سەر شانم و وتی:
— تۆ بۆچی جانتای منداڵانت لە شان کردووە ؟
پیاوێکی پیری باڵابەرز لەبەردەمم ڕاوەستاوە و دەستەکانی لەسەر شانمە. نازانم کێیە و چی دەوێت؟ ڕوخساری پیاوەکە لەبەرچاومدا لێڵ بوو ، هەموو ئەو وشانەی کە ئێستا وتی وەک نوسینێکی سەر لمی بەر باران سڕانەوە لە مێشکمدا، ئێستا تەنها هەستم دەکرد شتێک شانەکانمی قورس کردووە . دەستێکم برد بۆ پشتەوە…
ئۆهۆوو خۆ ئەوە جزدانەکەمە! چۆن وا زوو بیرم چوو کە ژنەکەم بۆ کڕینی میوە ناردومی؟ بۆچی لەناو ئەم بینایەدا ڕاوەستاوم؟
بەپەلە ئەو بینا گەورەیەم جێهێشت کە نەمدەزانی بۆچی تێیدا ڕاوەستاوم…
بەرەو دوکانی میوەفرۆشەکە ڕۆشتم. کاتێک گەیشتم، دەستم کردە ناو جزدانە گەورەکەم کە لە شانم کردبوو..گەنجێک لە پشت مێزەکەوە وەستابوو، چاوەکانی زەق ببووەوە و لێی دەڕوانیم، وەک ئەوەی سەیری بوونەوەرێکی نامۆ بکات. زەردەخەنەیەکی میهرەبانانەم بۆ کرد، پارەیەکی کاغەزیم لە ناو جزدانەکەم دەرهێنا و دامە دەستی. بە دەنگێکی هێمن وتم:
— کوڕی گەنج، خێرا دوو کیلۆ سێوی سوورم بۆ بکێشە. هاوسەرەکەم چاوەڕێیە، نابێت دوابکەوم.
گەنجەکە سەیری پارەکەی ناو دەستمی کرد و پاشان سەیری ڕوخسارمی کرد، ڕوخساری گرژ کرد و وتی:
— چییە کابرا خەڵەفاویت؟ یان پێمان ڕادەبوێریت ؟ ئەوە پارچە کاغەزە کوا پارە؟
بۆ ساتێک تێڕامابووم لە ڕوخساری کوڕە گەنجەکە پاشان سەیری دەستەکانم کرد .. ئەی خوایە گیان بەهەڵە جانتای کوڕەکەم هێناوە و کاغەزەکە لەبەرچاوم بووە بە پارە! وادیارە ئەمشەو زۆر خراپ خەوتوم بەهەنگاوی خێرا دووکانی میوەفرۆشەکەم جێهێشت و بەرەو ماڵەوە بەڕێکەوتم…
لە سووچی شەقامەکەدا پیاوێک لەسەر کورسییەکی دار دانیشتبوو. جلێکی سپیی درێژی پۆشیبوو . پارچە دارێکی گەورەی گرتبوو کە چەند تەلێکی باریکی پێوە بوو، کاتێک پەنجەکانی دەهێنا بە تەلەکاندا، دەنگێکی لێ دەهات.. ئەم دەنگە چەند ئاشنایە بە گوێیەکانم!
پیاوەکە بە دەنگێکی گڕ و خەمناکەوە دەستی پێ کرد:
— “أيَا جَارَتَا، هَلْ تَشعُرِينَ بِحَالي؟”
بێ ئەوەی بیر بکەمەوە، قاچەکانم لە جێی خۆیاندا سست بوون. وەک ئەوەی کلیلێک قفڵێکی کۆنی مێشکمی کردبێتەوە، دەمم کرایەوە و پێش ئەوەی پیاوەکە دێڕی دووەم بڵێت، من بە دەنگێکی لەرزۆک بەڵام پاراو، لەگەڵیا چڕیم:
— “مَعاذَ الهَوَى! ما ذُقتِ طارِقةَ النّوَى.. وَلا خَطرتْ مِنكِ الهُمُومُ ببالي!”
پیاوەکە کەمێک سەیری کردم…خەڵکەکەی کە لەوێ وەستابوون، بێدەنگ بوون. منیش نوقمی ئاوازەکە بووم و چاوەکانم داخست و تەنها ئەو وشانەم دەگوت کە وەک لافاو لە قوڕگمەوە دەهاتنە دەرێ:
— أيَا جارتَا، ما أنْصَفَ الدّهْرُ بَينَنا! تَعَالَيْ أُقَاسِمْكِ الهُمُومَ، تَعَالِي!
تَعَالَيْ تَرَيْ رُوحاً لَدَيّ ضَعِيفَةً، تَرَدّدُ في جِسْمٍ يُعَذّبُ بَالي
أيَضْحَكُ مأسُورٌ، وَتَبكي طَلِيقَةٌ، وَيَسْكُتُ مَحزُونٌ، وَيَندبُ سالِ؟
لَقد كنتُ أوْلى مِنكِ بالدّمعِ مُقلَةً، وَلَكِنّ دَمْعي في الحَوَادِثِ غَالِ
دەنگی چەپڵەیەکی زۆر هات. چاوەکانم کردەوە؛ چەندین گەنج و پیاو و مناڵ لێم کۆببوونەوە… گەنجێک وتی:
— بەخوا مامۆستا دەمت خۆش بێت، عەرەبییەکەت زۆر پاراوە!
لێدانی دڵم خێرا بوو و هەستم کرد هەناسەم لە ناو قوڕگمدا گیری خواردووە… ئەو خەڵکە بۆچی چواردەوریان لێگرتووم؟ بۆچی چەپڵە و فیکە لێدەدەن و پێم پێدەدەنن؟ قاچەکانم هێزیان تیا نەبوو.. سەرم شۆڕ کرد و بە هەنگاوی خێرا بەناو خەڵکەکەدا ڕامکرد …
گەرمای خۆرەکە جەستەمی نوقمی ئارەقە کردبوو، لەتەنیشت مزگەوتەکە ڕاوەستام، خۆ ئەوە مزگەوتەکەیە کە دایکم وتی چاوەڕێم بکە ئێستا دەگەڕێمەوە، ئەی بۆچی نایاتە دەرەوە ؟
ژنەکان پۆل پۆل دەهاتنە دەرەوە بەڵام دایکمی تیا نەبوو ..
سەرم داخست بوو لە ژێرەوە بە هێواشی چاوەکانم کەمێک بەرز دەکردەوە و لەناو ژنەکان چاوم بۆ دایکم دەگێڕا ..چاوەڕوانی هەراسانی کردبووم..دەی با بڕۆمە ژوورەوە خۆ پێشتریش چەندجار لەگەڵ دایکم چووم و کەس لۆمەی نەکردووم!
قاچەکانم دەلەرزین .. بەڵام چەن کوڕێکی بچووکم بینی هاتنە دەرەوە، وادیاربوو هاوتەمەنی منن، بۆیە بە هەنگاوی هێواش و قورسەوە چوومە ژوورەوە، باشە بۆچی بۆچی دایکم دیار نیە؟
لەپڕ گوێیەکانم زرینگایەوە بە زریکەیەکی تیژ.. یەکێک لە ژنەکان هاواری کرد :
— کابرا شەرم ناکەیت هاتوویتە بەشی ژنان؟ خێرا لێرە بڕۆ دەرەوە .
جەستەم دەلەرزی، قوڕگم وشک بووبوو توانای قسەکردنم نەبوو، هەستم دەکرد زەوی لەژێر پێیەکانم دەخولێتەوە ، ئافرەتەکان لێم کۆبووبوونەوە و دەستیان بۆ ڕادەکێشام، بە خێرایی هەنگاوم نا بەرەو دەرەوە و لە مزگەوتەکە دوورکەوتمەوە …
ئێستا گەیشتمە ماڵەوە .. باشە خۆ تا ئەم بەیانیەش بیناکەمان ڕەنگی زەردبوو …ئەی کێ ئەم بۆیە سەوزەی لێداوە؟
باشە بۆچی گەڕەکەکەمان وا گۆڕاوە لەپڕ؟ تۆبڵێی کۆبوونەوەیان کردبێت و بڕیاری گۆڕانکاریەکی بەپەلەیان دابێت ؟ یانیش شارەوانی هەڕەشەی ڕوخاندنی خانووەکانی لێ کردوون ئەگەر شێوازیان نەگۆڕن ؟
خۆر نزیکی ئاوابوون بوو ، هەوڵم دەدا لەسێبەرەکان دووربکەومەوە، لەوکاتەدا کوڕێکی کەمێک بەتەمەن لە دوورەوە لێی دەڕوانیم و بەخێرایی بەرەو ڕووم ڕایکرد، خوایە ئەم پیاوە بۆچی ڕادەکات بۆلام ؟ ئەیەوێت جزدانەکەم بدزێت؟ دەستم بە توندی بە جزدانەکەمەوە گیرکرد و هێزم خستە سەر قاچەکانم بۆ ڕاکردن، بەخێرایی ڕامەدەکرد…ئاوڕم دایەوە پیاوەکە هەر بە دوامەوەبوو، وازی نەدەهێنا نزیک دەبۆوە لێم ، دڵم خەریک بوو لە لێدان بوەستێت ، هەناسەم بۆ نەدەدرا ، پیاوەکە گەیشتەوە پێم و دەستەکانی کردە سەر شانم ،بە هەناسەبڕکێوە وتی:
— بۆ ڕادەکەیت بۆ خاتری خوا ! مردم بەدەستتەوە بۆچی دیسان هاتوویت بۆ لای خانووە کۆنەکەمان و ماڵەوەت جێهێشتووە؟ وەرە با بگەڕێینەوە خێرا ..
پاشان سەیری جزدانەکەمی کرد و دەستەکانی بەهێزەوە کێشا بەسەری خۆیدا و وتی:
— ئەی هاوار تۆ دیسان جانتاکەی لاوێنت بردووە ؟ بەم ڕەفتارانەت ئێمەت کردووە بە گاڵتەجاڕی خەڵک.
هەر دەمزانی بۆ دزینی جزدانەکەم بە دوامەوەیە، لەناو گەڕەکەکەدا هاوارم کرد:
— یارمەتیم بدەن .. یارمەتییی ..وازم لێبێنە دزی خوێڕی چیت دەوێت لێم ؟ پارەکانمت دەوێ ؟
هەمو شتێک لەبەرچاومدا وەک تەمێکی چڕ لێڵ بوو، پیاوێکی گەورە لەبەردەمم ڕاوەستابوو، ڕوخساری کەمێک ئاشنادیاربوو لام، خەڵکێکی زۆر چواردەوریان دابووین… خوایە گیان من بۆچی لێرەم ؟ ئەمانە کێن ؟ بۆچی لێم کۆبوونەتەوە؟ چیان دەوێت ؟ لەپڕ پیاوەکە دەستی گرتم و وتی :
— باوکە گیان با بگەڕێینەوە بۆ ماڵەوە کات درەنگی کردووە ..
لەلای بینایەکی بەرز و ڕازاوە ڕاوستابووم .. پیاوێکی گەورە قۆڵەکانی گرتبووم …لەپڕ دەرگای بیناکە کرایەوە و ژنێکی گەنج هاتە دەرەوە و بەدەنگێکی بەرز قیژاندی:
— دیسان هێناتەوە بۆسەر کۆڵم! سەدجار پێم وتی من ئارامم نەماوە بەدەستیەوە .. ئیتر یان ئەو لەم ماڵەدا دەبێت یان من.
جەستەم لەگەڵ قیژەی ئافرەتەکە لەرزی.. دڵم بە خێرایی لێی دەدا، نەم دەزانی بۆچی ئەو ئافرەتە گەنجە ڕوخساری ئەوەنە گرژو توڕەیە؟ بۆچی هاوار بەسەر مندا دەکات! خۆمن یەکەمجارمە چاوم پێی بکەوێت! ئەو پیاوە گەورەیە منی بردە ناو بیناکە و لەناو ژوورێکی ڕازاوەدا داینام و لێی پرسیم:
— باوکە برسیتە؟
ئاوڕم بۆ چواردەورم دایەوە ئەم کوڕە کێیە؟ کوا باوکی لەم ژوورەدا نیە! بۆچی بەو شێوەیە سەیرم دەکات؟
سەری لەقاند و دەستی خستە سەر شانم و پێی وتم:
— ئێستا شفتەیەکی خۆشت بۆ دەهێنم دەست و پەنجەی پێوە بخۆیت.
پاش ئەوەی پیاوەکە ڕۆشتە دەرەوە لە ناو وێنەکانی سەر دیوارەکان ڕامام … سەیرم دەکرد وێنەی زۆری پێدا هەڵواسراوە .. وێنەی منداڵ و گوڵ و چیا و ئاسک و وێنەی بڕوانامە، وێنەی ڕێزلێنانێکی لەسەر هەڵواسرابوو، وادیار بوو هی کەسێکە ناوی ئاسۆیە و مامۆستای هونەرە ..
لەپڕ دەنگی کرانەوەی دەرگاکە هات، منداڵێکی بچووکی دە ساڵان هاتە ژوورەوە و قاپێک خواردنی بەدەستەوە بوو بۆنێکی زۆر خۆشی لێ دەهات .. قاپەکەی لەبەردەمم دانا و بەهێمنی وتی :
— ناخۆیت؟
زەردەخەنەیەم بۆ کرد و دەستم کرد بەخواردنی .. ئەی خوایە ئەم خواردنە بەتامە تامەکەی نامۆ نییە لەناو دەممدا.. سەرم بەرز کردەوە و کەمێک سەیری منداڵەکەم کرد کە بە دیارمەوە ڕامابوو ویستم بپرسم بەڵام .. یەکسەر وتی :
— دەزانم دیسانەوە دەتەوێ چی بپرسی باپیرە … تۆ ناوت ئاسۆیە و ئێرە ماڵی تۆیە و منیش کوڕەزای تۆم، باشە ؟ دەزانم دەتەوێ بڵێی بۆ هیچم بیر نەماوە .. چونکە ئەو ڕۆژەی بارانە زۆرەکە باری لە خوێندنگاکە تۆ خەریک بوویت بە ماسیحەیەک ئاوەکە ڕا بماڵیت لەوکاتەدا کەوتیت و سەرت بە خراپی بەر زەویەکە کەوت …
پاشان هاتە لای گوێم و بە چرپەوە وتی :
—هیچی تر لە ماڵەوە بێ پرس مەڕۆره دەرەوە، دایکم زۆر توڕەیە و لەگەڵ باوکم کردوویەتی بەشەڕ، دەوێت بتنێرێت بۆ خەڵوەتگەی پیری..
غەزاڵ.. شیعر: نەوشیروان ئازاد
لێم ببورە غەزاڵەکەم ..
کچەکوردە چاوگەشەکەم …
هێشتا ژیان ،
لەلای ئێمە ،
هەرسارایە..
هەرنەبونیی خۆشەویستی و ،
مرۆڤ دۆستی لەتارایە…
لێم ببورە ..
کەلای ئێمە…
کوردایەتی و ،
بۆکورد ژیان
لەئەشکەوت و
لەنێو زیندانی ڕەشایه..
دەبم بەخشە ..
هەناسەکەم ..
بەخشندەگی لەتۆجوانەو ..
لای ئێمە..
درۆیەکی بێ مانایە..
چەند دڵتەنگ و شەرمەندەم بۆت ..
کەدەبیستم هاوکارانم …
لەئاست ژانی زامەکانت…
دڵی ڕەشیان …
لەگیرفانی شەرواڵێکی کەمێک کورت و
سینەیەکی چڵکن دایە
…
16/4/20
پرۆژەیەکی نوێی گەلەری ئارام و د. ئازاد حەمە
سیمناری یەکەم:
دەرمانخانەی فەلسەفە..
شەممە\ ١٨ی نیسان
کاتژمێر: ٦ی ئێوارە
شوێن:
عەقاری دووکۆڵان خوار ئەمنە سوورەکە..

وێڕای مەترسییەكانی جەنگ , یادی 38 ساڵەی تاوانی ئەنفال بەرز راگیرا ..
وەك ساڵانی رابردوو لە یادی 38 ساڵەی تاوانی ئەنفال , لە سەربازگەی تۆبزاوە, هەڵەبجە, چەمچەماڵ , سلێمانی, شارە دێی حەسار ئەمڕۆ 14-4 یادی قربانیانی ئەنفال بەرز راگیرا و كۆمەڵێك داواكاری خرایە روو , هەروەها بڕیار وایە رۆژی پێنج شەمە لە یادی 39 ساڵەی تاوانی كیمیابارانی گوندی بالیسان و شێخ وەسانان و 38 ساڵەی تاوانی ئەنفال , رێكخراوە تایبەتمەندەكانی پرسی جینۆساید و دژ بە چەك چالاكی بەڕێوە بچێت .
لە چالاكییەكان ئەم دوو بەیاننامەیە لە لایەن كەسوكاری قوربانیانو و چالاكوانانەوە خوێنرایەوە :
لە یادی 38 ساڵەی تاوانی ئەنفال
38 ساڵ لەمەوپێش, رژێمی بەعس یەكێك لە گەورەترین تاوانەكانی سەدەی بیستەمی بەرامبەر بە گەلی كورد ئەنجامدا بەناوی ئەنفال, كە لە ماوەی 8 ساڵدا 4 تاوانی جینۆسایدی بەرامبەر بە گەلەكەمان پیادە كرد” كۆمەڵكوژی فەیلی , بارزانی, كیمیابارانی هەڵەبجە و تاوانی ئەنفال”, ئەنفال گەورەترین و بەرفراوانترین پرۆسەیان بوو.
بە داخەوە ساڵ لە دوای ساڵ داواكارییەكانمان دووبارە دەبنەوە, وەعدو بەڵێنەكان دەسەڵاتداران ئەنجامیان نابێت, لە كاتێك حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرهەمی قوربانی و خەباتی ئێمە بوو, كەچی بووە حكومەتی لایەنگری تاوانبارانی جینۆساید و ئەنفالچییەكان, بۆ ئەمساڵ لیستی داواكارییەكانمان دەخەینەروو بریتین لە :
1- دادگاییكردنی تۆمەتبارانی ئەنفال, كە لە رێكەوتی 20-5-2007 ەوە بڕیاری دەستگیركردن و دادگاییكردنی بەشێكیان دەرچووە لە لایەن دادگای باڵای تاوانەكانەوە ناوەكانیان دیاریكراوە, داواكارین ناوەكانیان پاش هەموواركردنەوە و رێكخستنەوەی لیستەكە بدرێتە پۆلیستی ئەنتەرپول و دامودەزگاكانی كوردستان وەك تاوانبار بیان ناسن و حیزبەكان بە تایبەت دەسەڵاتداران لە ریزەكانیان دەریان بكەن و ئەستۆ پاكی خۆیان دەرببڕن لە بوونی تاوانبارانی جینۆساید لە ریزەكانیان.
2- پەلە بكرێت لە هێنانەوەی روفاتی قوربانیانی ئەنفال و بەرفراوانكردنی پرۆسەكانی شیكاری لە زووترین كاتدا بۆ ناسینەوەیان.
3- حكومەتی عێراق داوای لێبوردن لە قوربانیانی جینۆساید بكات بە گشتی بە تایبەت قوربانیانی ئەنفال, ئەمەش ئەركی سەرۆك كۆماری عێراقە, بە داخەوە پۆستەكە بە دەست كوردەوەیە و هیچ هەنگاوێكیان نەناوە.
4- هەموو لیستەكانی موچەی “شەهیدان, جینۆساید, بریندارانی چەكی كیمیاوی, زیندانیانی سیاسی, پێشمەرگەی دێرین” بڵاو بكرێنەوەو لە بوونی گەندەڵی و ناوی تاوانباران پاك بكرێنەوە و وردبینی لە سیڤییەكانیان بكرێت, یاساكان بكرێنە پێوەر بۆموچەی ئەو توێژانە.
5- سەربازگەی تۆپزاوا لە فەوتان و لە ناوچوون رزگاربكرێت و بەپەلە بكرێت بە مۆنۆمێنتێكی شایستە بە قوربانیانی ئەنفال، چونكە سەربازگەی تۆپزاوە بە هاوشێوەی سەربازگەی ئۆشفیتزی هۆڵۆكۆست، تۆبزاوە هەڵگری دەیان پەیام و چیرۆكی قوربانیانی ئەنفالە.
6- وەڵام بە داواكاری كەسوكاری قوربانیان بدرێتەوە, جیاوازی لە نێوانیان نەكرێت, ئەوانەی خانوو و زەوییان بۆ دابین نەكراوە بۆیان دابین بكرێت, ژیانی شایستە بۆ تاقانەكانی جینۆساید, رزگاربووانی گۆڕی بە كۆمەڵ, رزگاربووانی ئەنفال, بریندارەكان و ….. دابین بكرێت.
7- داواكارین لە بەرپرسان, بۆ رێزگرتن لە قوربانیانی ئەنفال هەموو دانیشتن و وێنە گرتن و سەردانیكردن و بەشداریكردنێكی پرسەی 423 تۆمەتباری ئەنفال و ئەوانەی ناویان لە لیستەكەدا نییە و تەواوی موستەشارو فەرماندەی مەفرەزە خاسەكان و خاوەند پۆستە باڵا كارگێری و حیزبییەكانی سەردەمی بەعس رابگرن بە تایبەتیش 258 كەسەی هاووڵاتی هەرێمی كوردستانن, جوڵەی سیاسییان قەدەغە بكرێت, رێز لە 182000 قوربانی ئەنفالمان بگرن .
8- هەر بەشدارییەكی سیاسی لە كۆنە سەرۆك فەوجە جاشەكان, سەرۆك مەفرەزە خاسەكان, ئامر سرییەكان, رەفیق حیزبییەكان, ئەمن و ئیستخبارات و تەواری رژێمی پێشوو و هەموو ئەوانەی بەرپرسیارێتیان هەبووە لە دەسەڵاتی بەعس قەدەغە بكرێت., لە كاتی مردنیان رێگا بگرترێت بە ئاڵای كوردستانەوە بنێژرێن.
9-هیچكە تاكی كورد نەكرێتە سوتەمەنی ململانێ نێودەوڵەتی و ئیقلیمییەكان, زۆرینەی تاوانەكانی رابردوو بەرامبەر گەلەكەمان كراوە بە بەهانەی ئەم بەشداریانەوە ئەنجام دراوە, بە تایبەت سێ پرۆسەی جینۆسایدی 8000 بارزانی, 5000 هەڵەبجە, 182000 ئەنفال, ئاشتیخوازی بكرێتە ناسنامەی كوردستانی جینۆسایدكراو.
رێكخراوەكان:
-رێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید- kwg
-تۆڕی رێكخراوە كوردستانیییەكان له پێناو دادگای تاوانی نێودەوڵەتی – Koncicc
-تۆڕی ئایكان كوردستان ــ IKN
-رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كۆكوژ لە كوردستان ــ OAWMD
-رێكخراوی هەڵمەتی دادپەروەری ــ OJC
-رێكخراوی جیهانی بێ چەكی كیمیاوی و بایەلۆجی-www
-هەڵمەتی ژیان دژ بە ئیعدام لە كوردستان
- رێكخراوی ئایندە
-گۆڤاری تۆبزاوە
-رۆژنامەی نگرە سەلمان - رێكخراوی مانەوە بۆ پرسی شەهیدان و ئەنفالكراوان
-كوردۆساید ۆچ-چاك كوردستان
-هەڵمەتی ژیان دژ بە ئیعدام لە كوردستان
-تۆڕی رێكخراوە كوردستانییەكان بۆ قەدەغەكردنی چەكی ناوكی و كۆكوژ لە كوردستان=KONW
بۆ دوبارە نەبوونەوەی تاوانی ئەنفال, داوا دەكەین عێراق ببێتە ئەندامی دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی
38ساڵ لەمەوپێش رژێمی بەعس تاوانی ئەنفالی لە پرۆسەیەكی سەربازی 200 رۆژەدا بەرامبەر بە گەلەكەمانی ئەنجامدا, , لە ئاكامدا زیاتر لە 182000 هاووڵاتی سڤیلی كوردستان بوونە قوربانی, لە بارودۆخێكدا وەك ئێستا دادگایەكی نێونەتەوەیی نەبوو تا ببێتە رێگر لە ئەنجامدانی ئەو شا تاوانە.
ئێمە لە یاداوەری 38 ساڵەی تاوانی ئەنفالدا, لە پێناو دوبارە نەبوونەوەی تاوانی لەم چەشنە لە وڵاتەكەمان و دڵنەوایی نەوەكان بەوەی دوبارە نابێتەوە, داواكارین عێراق ببێتە ئەندامی دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی ناسراو بە ICC, كە هەنووكە 124 وڵات پەیوەست بوونە پێوەی, دوایینیان ئەرمینیایە.
ئەگەر ئەم داواكارییەی ئێمە كە 21 ساڵە دوبارەی دەكەینەوە جێبەجێ بەكرابایا, ئێستا كەیسی تاوانەكانی شەنگال و شارو شارۆچكەكانی دیكە بە سانایی دەگەیشتە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی و تاوانەكان لە ئاستی جیهانیدا بە جینۆساید دەناسێننران, یان لەوانەیە هەر روویان نەدایا, رێگاش لە دووبارەبونەوەیان دەگرترا.
بۆیە لەم یادەدا داواكارین بە زوترین كات عێراق پەیماننامەی رۆما واژۆ بكات و پەیوەست بێت بە دادگای تاوانی نێو دەوڵەتییەوەو ببێتە وڵاتی 125ەمینی ئەندام لەم دادگایە .
تۆڕی هاوپەیمانی رێكخراوە كوردستانییەكان لە پێناو دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی- KONCICC
14-4-2026

دەیەوێت ببیت بە یەکێك لەوان.. فەریق دووئاوانی
لە کۆمەڵگا دواکەتووەکاندا نەزانیی سەردەستەیە، چونکە تژی لە کۆت و بەندی نەفامانەیە؛ هەر لە دواکەوتنی هزرییەوە بیگرە تا توندوتویژیی و ستەم بە ناوی دادپەروەرییەوە، ئەمە وا دەکات زۆرینە چاولێکەر بن و ئەمەش هۆکارێکە بۆئەوەی سەرهەڵدانی بیری داهێنەرانە زۆر ئەستەم و مەحاڵ بێت، چونکە ئەم کارە بە کۆت لە قەڵەم دەدرێت و زۆرینە دەبنە ڕێگر لە گۆڕانکاریی و هەنگاونان بەرەو پێشەوە، ئیدی مرۆڤ لەو کۆمەڵگانەدا لە سەر هێڵی ڕاستی ئادەمیزادبوون لادەدات و دووڕوویی تەشەنە دەکات، لە بری ئەوەی کەسەکە بە هزرو ئەزموونی خۆی بڕیاربدات و ببینێت و هەڵبسەنگێنێت بە دیدی دەستە جەمع دەپێوێت و دەڕوانێت، تاك لە دۆخێکی بێهیوایی هەڵەشەییدا دەژی و جارانێک شەڕەنگێز دەردەچێت، بە هۆی دڵەراوكێی سەخت و نەبوونی ژیرمەندییەوە، لێرەوە ئەقڵییەتی مێگەل سەر هەڵدەدات و زاڵ دەبێت، واتا هەموو بە یەك چەشن بیر دەکەنەوە. زۆر جاریش ئاراستەکەیان هەڵەیە.
چیخەف لە وتەیەکی ناوداردا دەڵێت: لە کۆمەڵگا پاشکەوتووەکاندا هەزارەها دەبەنگ هەن بەرانبەر هۆشمەندێك، و هەزار وتەی بێکەڵک هەن لە بەرانبەر وتەیەکی سەنگیندا.
هەروەها عەلی وەردیش دەڵێت: مرۆڤ کاتێك بە دوای ڕێزی کۆمەڵگادا بگەڕێت، ئەوا هەوڵ دەدات ببێتە ئەوەی کە
کۆمەڵگا ڕێزی لێدەگرێت، بۆ نموونە گەر کۆمەڵگایەك ڕێز لە دز بگرن ، ئەوا ئەویش ئەبێت بە یەکێک لەوان.
لەم پێشەکییەوە دێمە سەر ناوەڕۆکی نووسینەکەم و ئەم هەلە دەقۆزمەوە تا نامەیەك ئاراستەی نووسیاری هێژا سەدیق رەواندوزی بکەم و پێی بڵێم تۆ شێت نیت، ئەگەر شێتیش بیت ئەوا لە دیدی شێتەوە تۆ شێتیت ئەگینا لە ڕوانگەی مرۆڤی ڕۆشنبیرەوە ، تۆ خامە بەدەستێکی دەڤەری رەواندوزی کە هێندەی لە تواناتدا بێت دەتەوێت خزمەتی پەیڤی کوردی و زمان و ئەدەب و داهێنانی میللەتەکەت بکەیت، ئیتر منی خوێنەر (وەکو خۆتان نووسیوتانە) چ کارمان بە ژیانی تاکەکەسی داوە؟ من و خوێنەر تەماشای بەرهەمەکانت دەکەین، نەك چۆن دەژیت، ئەمەش ئەوپەڕی جوانی هزرو تێڕوانینە کە ڕووبەری ئازادی و تایبەتمەندییەکانی کەسانی تر پێشێکل نەکەین و خۆمان هەڵنەقورتێنین لە شتانێکدا کە دوورو نزیک کاری ئێمە نییە و پەیوەندی پێمانەوە نییە.
بۆ نموونە گەر لە حاڵەتەکانی هەرەس هێنانی خیزان بکۆڵینەوە دەزانین کە چەندان هەزار هاوسەرگیریی لەسەر بنەمایەکی هەڵە دامەزراون و ئاکامەکەی پەشیمانی هەمشەیی دەبێت، یان ئایا ئەوانەی وەچە دەخەنەوە بیر لە پەروەردەکردن و داهاتوویان دەکەنەوە، ئایا وەکو بەرپرسیارییەتی ئەو هەنگاوە دەنێن یان هەر بۆ خۆشی؟ ئایا ئەم نەوەیە بۆچی وا لە پەروەردەدا دەست دەرچوون؟ ڕۆڵی باوان چییە لەم ئاقارەدا؟ ئایا ئەوەی هاوسەرگیریی کردووە شەریفەو ئەوەی نەیکردووە ناشەریفە؟….دەیان پرسیارگەلی دی ڕێ بە تاکەکەکانی کۆمـەڵگا دەدات چاوێك بخشێننەوە بەو دابونەرێت و خووە کۆمەڵایەتییەی کە بێ هیچ بنەمایەك دەستی بۆ دەبردرێت و بڕیاری دەربارەوە دەدرێت.
لێرەوە دەردەکەوێت؛ وێڕای ئەوەی چەندان لە ناوداران تا مردن بۆیان نەلوا هاوسەرگیریی بکەن و کە شاکارەکانیان دەخوێنینەوە هەرگیز ئەو پرسیارانەمان لا دروست نابێت کە گوایا هاوسەرگیریی کردووە یان نا؟. مرۆڤی دانا دەزانێت کە یەك ژیان لەم سەر زەویە ئەزموون دەکات و هەوڵدەدات ساتەکانی کە گەوهەری دانسقەن بە هەدەر نەدات، چونکە گەر گوزەشت هەرگیز ناگەڕێتەوە دواوە، کەواتە هۆشمەند بڕیارێکی هەڵە نادات کە دوایی کاڵەك بە ئەژنۆی بشکێنێت. ئەمە هەرگیز پێوەر نییە لە هەڵسەنگاندنی کەسایەتی و بەرهەمەکانی مرۆڤدا. بە تایبەتیتر کە لەم زەمانەدا ژیان و بوارەکانی و ئاڵۆز بوون و هەروەها کەسایەتی مرۆڤەکانیش بەرەو کاڵبوونەوەیەکی سامناك چووە، کە بێگومان هەموو کایەکانی ژیان کاریگەرییان لەسەر یەکتری هەیە، هەر لە سیستەمی بەڕێوەبردنەوە، تا ڕادەی فەراهەمهێنانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و تاکو خستنەڕووی هەلی کاری یەکسان و ڕەچاوکردنی مافەکانی مرۆڤ.
بگرە ئەو کاتە مرۆڤ زیانمەند دەبێت کە ئازادی بیرکردنەوەو هەڵبژاردن لەدەست بدات و خۆی تەسلیمی دابی هەڵەی کۆمەڵگا بکات، چرای ئاوەزی خۆی بکوژێنێتەوەو دوای نەفامێک بکەوێت و چەپڵەی بۆ لێبدات.
کاک ڕەواندوزی دەزانم دەروونت پڕ کەیلەو واقتان وڕ دەمێنیت لە ئاکاری نەزانینی کۆمەڵگا کە لە مرۆڤ تێنەگەن، بەڵام سوقرات هەرگیز دەسبەرداری بۆچوونی دروست نەبوو و ژەهری هەڵبژارد لە بەرانبەر ژیانێکی کۆیلایەتی پر لە دووڕوویی، حەللاج تا ئەشکەنجە نەگەشتە سەر زوبانی هەر داکۆکی لەسەر جوانی ئەو حەقە شاردراوەیەی ناخی دەکردەوە و لە ئاکامدا مردنەکەشی بووە سیمبوڵ و دەسبەرداری خۆی و قەناعەکانی نەبوو.
بەڵی لە زۆر ژینگەی دواکەوتوودا وتەزایەك دەگوترێت کە هیچ جێی بایەخ نین و شایستەی ئەوەنین بەو پێوانانە بپێوین، وەك ئەوەی دەگوترێت: گەر لەگەڵ من نەبیت، ئەوا دژی منیت. یان دەگوترێت ئەوەی ژنی نەبێت خەریکی بەدڕەوشتییە…هەتاد…بەڵام ئەمانە هەر قسەی ئەوانەیە کە ژیان هەر لە ورگ و زەکەردا دەبیننەوەو هیچ بوارێکیان بە خۆیان نەداوە کە بەرفراوانی ئەم دنیا ڕازاوەو هەمەڕەنگە ببینن و چەشەی لێ ببینن، بێجگە لەو دوو شەهوەتە ئاژەڵییە، کەواتە پیرۆزیان بێت ئەو بۆچوونانە و بەرهەمی ئەو ژیانە وێرانەیەی ئەوانە لە ناخ و دەرەوەیاندا پێوەی دەناڵێنن و لای خۆیان زۆر پەسەندە. ئەمە مانای ئەوە نییە قسە لەسەر هاوسەرگیریی بکەین لەو رووەی کە باشە یان خراپ، بەڵام مرۆڤەکان دۆخیان هاوچوون نییە.
هەمیشەش هەر وابووە؛ لەناو قەومی بەسیتا قەدری سەنعەتکار ، وەکو وێنەی مانگ وایە لەناو گۆمێکی لیخندا، هەر کەسێکیش لە دیدگای خۆیەوە دەڕوانێتە لە کەسانی تر، مەگەر نالی و حاجی قادرو مەولانا خالید لە نامۆییدا سەریان نەنایەوە؟ ئەی زانا نوورسی و عەزیز گەردی بۆچ تەنیا سەریان نایەوە؟
لێرە وە دەبێت بگەترێت: ئیتر چ هیوایەك بخوازرێت و چاوەڕوانییەک بکرێت لە چەپڵەلیدانی کەسانی دەبەنگ ، تەنانەت گەر بەلایاندا بڕۆی ئەوا پیشکی ئاگرت بەر دەکەوێت، گەر تەماشاشیان بکەیت ئەوا نەهامەتی تیشکی چاویان کار لەسەر دڵت دەکات.
کۆجیتۆی دەق” لەڕۆمانی کوردی هاوچەرخدا.. نوسینی: جەمال نووری
بەنموونە:
{تابووتی پەیمانی خودا}ی سەلاح جەلال
کۆجیتۆ ئەو بەردی بناغەیەیە کە دێکارت فەلسەفە و زانستی نوێی لەسەر بونیاد نا؛ واتە مرۆڤ وەک بونەوەرێکی “هۆشیار” چەقی جیهانە.چەمکی کۆجیتۆ (Cogito) یەکێکە لە بەناوبانگترین و بنەڕەتیترین دەستەواژە فەلسەفییەکان لە مێژووی نوێدا. ئەم وشەیە لە دەستەواژە لاتینییەکەی ڕێنێ دێکارت (René Descartes)، فەیلەسوفی فەڕەنسی، وەرگیراوە کە دەڵێت::) بیردەکەمەوە، کەواتە هەم).دێکارت دەیویست بگاتە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر کە هیچ گومانێکی تێدا نەبێت. ئەو دەستی کرد بە “گومانی میتۆدی”؛ واتە گومانی لە هەموو شتێک کرد (هەستەکان، جیهانی دەرەوە، تەنانەت ماتماتیکیش)، بەڵام گەیشتە ئەو ئەنجامەی:• تەنانەت ئەگەر هەموو شتێکیش خەڵەتێنەر بێت، کردەی گومانکردنەکە خۆی ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە. یان پێی وایە گومانکردن جۆرێکە لە بیرکردنەوە.کۆجیتۆ بووە خاڵی وەرچەرخان لە فەلسەفەی ڕۆژئاوادا لەبەر ئەم هۆکارانە:
*سەلماندنی بوونی مرۆڤ: مرۆڤ لە ڕێگەی عەقڵ و هۆشیاریی خۆیەوە دەیسەلمێنێت کە هەیە، نەک لە ڕێگەی شتە دەرەکییەکانەوە
.• سەروەریی عەقڵ: ئەم چەمکە عەقڵی کردە بنەمای زانیاری و ناسین.
- جیایی نێوان عەقڵ و جەستە: دێکارت پێی وابوو کە “من”ـی بیرکەرەوە جیاوازە لە جەستەی ماددی. ئەوەی لە( تابووتی پەیمانی خودای )ی سەلاح جەلال دا بەرجەستە بووە ئەویش ئەوەیە وێرای بیرکردنەوەی نووسەر وەلێ ئەو تەنها بەمە رازی نابێ کە بەتەنها لەرێگای بیرکردنەوە وجودی بسەلمێنێ بەلکو ئەو لەم رۆمانەیدا کۆی کەینوونەوی بوون بەگەردوونیشەوە دەخاتە ژیر دنیای رامان و گریمانەی بیرکردنەوەی کۆجیتۆیی خۆیەوە ،وەک ئاشکرایە لامان ههموو دهقێك، ئهگهر هیچ خوێنهرێكی نهبێت، له ساتی نووسیندا خوێنهر دهكاته گریمانه. له بنچینهدا نووسینی دهق بهبێ گریمانهكردنی خوێنهر مهحاڵه. بهم مانایه، دهق بهبێ خوێنهر بوونی نییه.واتە ئەو تەنها لەرێگای نووسینەوە نەهاتەوە کەینوونەی بوونی خۆی دووپات بکاتەوە بەلکو ئەو لەیەک کاتدا بۆ بوونی وجودیانەی خۆی و لەهەمان کاتیشدا بۆ دۆزینەوەی هاوڕێیەکیش دەگەرێ کەلەرێی دەقەوە بیدۆزێتەوە واتە خوێنهر ههمان ئەو «هاوڕێ»یهیە كه گوتاری نووسهر دهخوێنێتهوه. كهواته، ههموو دهقێك پێشوهخت بۆ یهك هاوڕێ دهنووسرێت، و «هاوڕێیهتی» دهكاته گریمانه؛ و چونكه نووسهر له ساتی نووسینی دهقدا نازانێت خوێنهرهكهی كێیه، دوژمنه یا دۆست، فهزیلهتمهنده یا شهڕانگێز، خواپهرسته یا ئاتهئیست، ڕهشپێسته یا سپی پێست و هتد، هاوڕێیهتیی ئهو لهگهڵ خوێنهرهكهی، هاوڕێیهتییهكی ڕاستهقینه و فهزیلهتمهنده. نووسهری ههر دهق، ههر ڕۆمان و شیعرێك، تهنانهت دهقی زانستیش، به دهربڕینی دێریدا، بانگهوازی «ئهی هاوڕێیانی من» دهكاته پێشگریمانه، و دهقهكهی بهم بانگهوازه دهست پێ دهكات. له ڕاستیدا، نووسهر له ههر ڕستەیهكی دهقدا، هاوڕێیهتی بۆ خوێنهرهكانی پێشنیار دهكات. بهڵام، به باوهڕی دێریدا، هاوڕێیهتیی خوێنهر لهسهر «سوودمهندی» وهستاوه. بهم پێیه، ئهگهر نووسین بانگهێشتكردن بێت بۆ هاوڕێیهتی، كهواته دهق بهرههمی شكستی چاوهڕوانیی نووسهره له دۆزینهوهی هاوڕێیهكی ڕاستهقینه له جیهانی دهرهوهدا. له ڕاستیدا، ههر دهقێك له ناوهوهی یهك شكستهوه سهرههڵدهدات؛ شكستی مرۆڤ لهدۆزینهوهی هاوڕێی ڕاستهقینه، لهئهزموونی ترسناكی شكست لهساتی لهدهستدانی هاوڕێدا. ئهم شكستهیه، نووسهر ڕووهو نووسین دهبات. هاوڕێیهتی ئهگهرێكه مرۆڤ له دهستی خۆی ڕزگار دهكات، لهدهست بیركردنهوهی ئهو دهربارهی مهرگ و نهبوون، لهدهست ههستپهرتیی ئهو دهربارهی بوون. بهم مانایه، ئازاری لهدهستدانی هاوڕێ، ئازاری لهدهستدانی «ئهویتر»ێكه ئێمه ڕزگار دهكات لهخۆمان. هاوڕێیهتی خودی ژیانكردنه؛ و لهدهستدانی هاوڕێ، بیرهێنهرهوهی لهدهستدانی ژیان و گهیشتنی مهرگه. وهك بلانشۆ دهڵێت: «سوپاس بۆ مهرگ، دهتوانێت هاوڕێیهتی ڕابگهیێنێت. وهك بڵێی ئهگهری هاوڕێیهتی پاش غیاب و مهرگی هاوڕێ دێته دی. ئازاری لهدهستدانی هاوڕێ ئهگهرهكانی هاوڕێیهتی دهكاتهوه. هاوڕێیهتی هاوكات ههڵگری دووری و نزیكی، حزوور و غیاب، جیایی و پێكهوهبوون، و قسهكردن و بێدهنگییه. بهر له جیایی و لهدهستدانی هاوڕێ، دابڕان دهستی پێكردووه؛ دابڕانێك بهڕێڕهوی قووڵبوونهوهی هاوڕێیهتیدا تێپهڕ دهبێت. حزووری كهسێك بهردهوام دهبێت ڕووبهڕووی لهدهستدانی ببینهوه. ئهگهر، مانا و دهركهوتنی هاوڕێیهتی ههرگیز بهدی نایێت، مهگهر ئهمهی مرۆڤ ڕووبهڕووی دەبێتەوە، وهك دێریدا دهڵێت، «پرسیارێكی برینتێكهر»، «پرسیارێك دهربارهی برین» ببێتهوه. دێریدا دهڵێت: «هیچ هاوڕێیهتییهك بهبێ ئهگهری برین بوونی نییه.»** ههموو هاوڕێیهتییهك كۆمهڵێك زهخم و برینی شاراوهیه.زمانی نوسینی سەڵاح جەلال زمانێک نیە هەر کەسێک بۆ کاتکوشتن بیەوێ دەستبداتە کتێبێکی وەک ژەمە خواردنێ بیخوێنێتەوەو دواتر فڕێی بداتە ئەولاوە ،بەپێچەوانەوە گەر بتەوێ لە سەلاح جەلال بگەی ئەوا وەک وەرزشەوانێک پێویستی بە ئیحما هەیە پێش ئەوەی بچێتە ناو یاریگاوە تاوەکو گیان و ماسولکەکانی تووشی وەستان و تەمەزق نەبێ ،بەهەمان شێوەش خوێنەر بۆئەوەی بەشێوەیەکی تەندرووست لە سەلاح جەلال تێبگات دەبێ خاوەن پاشخانێکی فکریی و مەعریفی و میتۆلۆژیاو زانستی گەردوونناسی و زانستی میتافیزیک و ئەفسانەو شارستانیەتی کۆن و هاوچەرخی هەبێ ئەوکات دەتوانی لەنێو دەریای زمان و هزری نوسینی سەلاح جەلالدا مەلەی خۆی بکات
سەلاح جەلال ) وەک نوسەرێکی جدی لەڕێگای کەشفکردنی مرۆڤەوە لەو برسە ئاڵۆزو داخراوانە دەدات ئێستاشی لەسەر بێ ، هەموو ئەو ژانەرانەی مرۆڤ کاریی لەسەر کردووە وەک میتۆلۆژیاو ئەفسانەو زانستی فینۆمینۆلۆژیاو جیهانی میتافیزیک نەیانتوانیوە تەواوی کۆدەکانی فەلسەفەی مەرگ و
ژیان بکەنەوە ، کە سەلاح جەلال لە ڕۆمانی تابووتی پەیمانی خودا دا زۆر بەجوانی کاری لەسەر کردووەو توانیویەتی ئەو گرێ داخراوەیەی مەرگ بکاتەوە کە فەلسەفەکانی دنیای مرۆڤایەتی
لە تەمتومان و مەدو جەزردان.
پرسیارەکانی نێو ئەم ڕۆمانە لەسەر بوون و فەلسەفەی مەرگ و زانستەکان دەمانخەنە ناو شەپۆلەکانی جیهانەوە. بۆچی؟ لەبەر ئەوەی لە دوای خوێندنەوەی ئەم رۆمانە، جیهان بینینێکی جیاواز و خوێندنەوەی تایبەتمان هەیە بۆ ڕووداوەکان بەگشتی.
لەبەر ئەوەی نووسەر چەند پرسێکی مرۆیی و سیاسی دەوروژێنێت و کاری لەسەر دەکات.خاڵێکی تر لەوەی وایکردووە ڕۆمانێکی قورس بێت بۆ خوێنەر ئەوەیە ئەم ڕۆمانە زیاد لەکاراکتەرێکی سەرەکی هەیە واتە نوسەر پشتی نەبەستوە بە گێرانەوە (سەرد)کۆی چیرۆکەکەی لەرێگای کاراکتەرێکەوە بگێرێتەوە بۆ خوێنەرەکانی، بەڵکو وا لە خوێنەر بکات خۆی بەشداری لەناو دەقەکەدا بکات و خۆی بەکاراکتەرێکی جدی ناو رۆمانەکەی بزانێ.
سەڵاح جەلال وەک نوسەرێکی جدی کار لەسەر فکرو مەعریفە دەکات، واتە لەڕێگای ڕامانەوە لە میتۆدە فکریەکان لەدەرگای فەلسەفە دەدات و دەچێتە ناو هزرو ئەندێشەی بیرو نوسین .
خوێنەر کاتێک بیەوێ لە بیرو ئەندێشەو نوسینەکانی سەلاح جەلال بگات وەک هەر نوسەرێکی تری کورد یا رۆماننوسێکی ئەمڕۆ ،ئەوا خوێنەر دەکەوێتە هەڵەیەکی دیالکتکەوە ،چون سەڵاح جەلال لەم سەردەمەی خۆیدا لەناو نوسەرانی کورددا تاقانەیە ،ئەو نوسەرە دەستەبژێرانەی وەک سەلاح جەلال لەم قۆناغه ی ئێستادا بوونیان هەیە وخاوەن کەینوونەی نوسین و بیرو هزرێکی تایبەتمەندی خۆیانن لە پەنجەکانی دەست تێناپەڕن
لەبەرئەوەی سەڵاح جەلال ئیش لەناو کۆجیتۆی خۆیدا دەکات وەک نوسەرو رەخنەگرێکی ئەقڵانی.وهاوسەنگی و چەسپاوی مەرگ لەنێو پێکهاتە و هێڵی گێڕانەوە و گۆڕانکاری ستونی لەهێڵی ئەم ڕۆمانەدا لەناو کات و شوێندا، گوتاری بەیەکدا چڕژانی دەقیان ئافراندووە لەنێوان زەمەنەکاندا پاشان هەڵبژاردنی کارەکتەرێک ڕوبەڕو کار لەسەر مەرگ بکات، یان دەبێت بکوژێت یان دەکوژرێت، لەناو ئاڵۆزی مەرگێکدا نەپرس دەکات نەکەس دەیناسێت ئەمە ئەو فەلسەفەی مەرگەیە لەسەرەتای گەردونەوە بۆتە دەرئەنجامی هەموو بونەوەرێکی زیندوو ، گەرچی ژیان، تەکنەلۆجیا و ئەلیکتڕۆن لەم رۆمانەدا هەنگاوی گەورە دەنێت، مەرگ وەک نهێنێیەکی ئاڵۆز، وەک مەتەڵێکی ئاڵۆز بەبێ چارەسەر دەمێنێتەوە، بەڵکو کۆمەڵێک هالە و خەیاڵات-ی پەیوەست بە جۆرێک لە ئەنتۆلۆجیای فیکری لەنێو گەڕان لەدوای دوانەی مەرگ و ژیاندا.
لەگەڵ ئەوەشدا نووسەر خۆی نەبەستوەتەوە بەکارەکتەرێکەوە، قورسیشە رۆڵی کاراکتەر دیاری بکرێت زۆر شێوەی نامۆی هێناوە وەک کاراکتەری تەکنەلۆژی و بایەلۆژی و ئاسایی و نیوە مرۆو نیوە بونەوەر و جندۆکەو شەیاتینی . ئەمە لەلای من زۆر جوانتر بوو. لەبەر ئەوەی ئەو شێوازە تەقلیدیە بشکێنین لەئەدەبی جیهاندا هەیە و تەنیا یەک کەس کارەکتەری سەرەکی چیرۆکەکەبێت. دەکرێت ئەم ڕۆمانە بکرێت بە دەروازەیەک بۆ تازەگەری لە ڕۆماندا، لەبەر ئەوەی نووسەر وەک ئەوانی تر خۆی بە چەند بابەتێکەوە نەلکاندووە. بەتایبەت لەڕووی کارەکتەرەوە، ئەمەش خۆی لەخۆیدا بوێریە.
“سەلاح جەلال “گرێ کوێرەیەی مەرگ لەچرکەساتی مەرگی هابیل بەدەستی قابیل ئاوەلا دەکات و ئازایانە وەک کەسێکی سەرکێش دەست دەبات تەرازووی گەردوون وبەدیدگایەکی نوێوە سەنگ و پێوانەی مرۆڤەکان دادەرێژێتەوە بەو مەرجەی مرۆڤ خۆی بیەوێ بگەڕێ بەدوایی هەڵوەشانەوەی هاوکێشەی گەردوون یا دیزاینکردنەوەی مرۆڤ لەناو ئەو بوونەوەرانەی لەگەردووندا هەلدەسوڕێنرێت. بەتایبەت لە جیهانی ئەمڕۆی تەکنەلۆژیاو ژیری دەستکرددا هۆشمەندی مرۆڤەکان پەراوێز دەخات و جوڵەو ئاراستەکردنی مرۆڤەکان لەقاڵب دەدات.
نوسەری ڕۆمانەکە وەک مرۆڤێکی بەئاگا بەهەموو ئەو دیوارو
تەنانەی فەزادا رەتدەبێ بۆ چنگ کەوتنی ئەو وەڵامانەی بەدرێژایی میژووی مرۆڤایەتی بڤە بووە بۆ مرۆڤەکان .وەک لەناو هەموو دەقە ئاینە ئاسمانیەکان ڕوون نەکراونەتەوەو گەڕان بەدواشیدا لەخانەی تەکفیردا بینراوەتەوە کۆتایەکانی بەمەرگ هاتوە ، ئالێرەوەیە نووسەر دەست بۆ مەرگ دەبات تا لەقوڵایی و تێگەیشتنی مەعریفیەوە شیکارو سەلماندن بۆ مەرگ بکات، لە ئەزەلەوە بۆ شاردنەوەی توانستەکانی مرۆڤ هاتۆتە بوون .
تهنانهت دهتوانین بڵێین ههستی خوێندنهوه، ههوڵێكی ناوهكییه بۆ دۆزینهوهی هاوڕێ؛ هاوڕێی نووسهرێك، بهبێ ئهوهی بزانێت خوێنهرهكهی كێیه، لهگهڵ خوێنهردا هاوڕێیهتی دهكات* هەرلەبەر ئەمەشە نووسەر خۆی نەبەستوەتەوە بەکارەکتەرێکەوەو لەناو رۆمانەکەیدا بەڵکو لەلای گرانە رۆڵی کاراکتەر دیاری بکرێت، چونکە پێیوایە*کەسایەتیەکانی ناو رۆمانەکەیدا لەیەک کەسایەتی و کاراکتەرێکدا وێنا ناکرێت، بەڵکو پێویستی بەچەندین کاراکتەری جۆراو جۆر هەیە بۆ تەوزیفکردنی رۆلی کاراکتەرەکانی وەک کاراکتەری تەکنەلۆژی و بایەلۆژی و ئاسایی و نیوە مرۆف نیوە بونەوەر و تەنانەت جنۆکەو شەیاتینی بەدیدەکرێت، بەمەش رەوتێکی تری بۆ فرەدەنگی لەرۆماندا هێنایە کایەوە، ئەمەش لەم رۆمانەدا بەخاڵێکی جیاکەرەوەی ئەم ڕۆمانە دادەنرێت لە رۆمانەکانی تر لەم سالانەی دوایدا نوسراون .بەشێک لە خوێنەر و رەخنەگرانی دیکارت، لە هەناوی لێکدانەوەی بیرۆکەکانی دیکارتدا جەخت لەوە دەکەنەوە، ئەم بیرمەندە، پێچەوانەی تەوژمی ئاینیی کریستیانەکان بیریکردووەتەوە، باوەڕی دیکارت، باوەڕێکی جیاوازی ئاینییە و بەرامبەر بە بوون و چییەتی خودا، جیاواز بیریکردووەتەوە و جیاوازییەکانی پێچەوانەی تەوژم بوون.گەر فکرو ئایدیای سەلاح جەلالیش بخوێنینەوە بەروونی لەرۆمانی تابووتی پەیمانی خودا دا تێدەگەین کە سەلاح جەلالیش بەدواخودایەکدا دەگەرێ کەلەرێگای هەستە بالاکانی و ئەرک و ئیدراکی عەقڵیەوە بیدۆزێتەوە.
بۆ ئەوەی لەئەندێشەو فیکرو مەعریفەی بیرو ئایدیای (سەلاح جەلال )تێبگەین لەرێگای رۆمانەکانیەوە، ئەوا دەبێت خوێنەر پاشخانێکی فیکری و مەعریفی خۆی هەبێ تاوەکو لە دنیاو فەزای نوسینی (سەلاح جەلال) تێبگات بەتایبەتی بۆ تێگەیشتن لە ڕۆمانی (تابوتی پەیمانی خودا) سانا نییە ئەوەی بەر ئەم رۆمانە دەکەوێت بەتەواوی هەزمی ڕۆمانەکە بکات و بگاتە ئەوەی بزانێت نوسەری ئەم ڕۆمانە بەدوای چیدا وێڵەو دەیەوێت لەڕێگای کام وەلامی پرسێکی کەینونی و فەلەکی و بونیەوییەوە ئەو پرسیارە بوروژێنێت هەتاوەکو ئیستاشیلەسەر بێت مرۆڤایەتی نەیتوانیوە وەڵامی ئەو پرسیارە ی نوسەر (سەلاح جەلال )بداتەوە ، دەربارەی گەردوون و بوون و ڤەلسەفەی مەرگ و ڕۆژی قیامەت و نوێبوونەوە
. لەم فەزایەی ئێستاماندا بۆئەوەی بەتەواوی لەزمان و ئایدیای نوسەر تێبگەین بۆ نوسینی ئەم رۆمانەی دەبێت خوێنەر ئاگایی هەبێت لەسەر چونێتی و چەندێتی ئەم کەونەو هەسارەکان و ئەو یاسایەی بەشێوەیەکی تەکافوئی ئەم فەزایەی لێهاتوەتە بوون واتە دەبێ مەعریفەی فەلەکی و جوڵەو سوڕانەوە و کات و شوێن زانستی گۆشە و هێڵکاریی و ماتماتیک تێبگەین، پاشان زانیاریمان هەبێت لەسەر زانستی میتۆلۆژیاو ئەفسانەو ڕۆڵی ئایینە ئاسمانییەکان لەسەر هزری مرۆڤ هەموو ئەمانە دەبنە زەخیرەیەکی دەوڵەمەند بۆ تێگەیشتنمان لە ڕۆمانی تابووتی پەیمانی خوداو فیکرو مەعریفەی پشتی ئەم ڕۆمانە تێبگەین.
سەلاح جەلال لەم ڕۆمانەیدا دەیەوێت پێمان بڵێت بەهۆی ئەم هەموو کێشمەکێش و ململانێ خوێناویانەی بەناوی دینەوە ئەنجام دراوە هیچ کام لەو کەسانەی شوێن کەوتەی ئاینە کان بوون. بەڕاستی بەدوای خودادا نەگەراون ،بۆیە نوسەر دەیەوێت بڵێت مرۆڤایەتی هەتا ئێستا بەدوای خودادا نەگەراوە ، خۆ ئەگەر بیەوێت بەدوای خودادا بگەڕێت دەبێت بێتەوە سەر (زەردەشت و ئاهورام) کە مرۆڤ لەوێدا لەهەموو بوون و کەینونەی خۆی تێدەگات کە کتلەیەکە لەوگەردو گەردیلە هەوایی و خۆڵی و ئاگری و ئاوەوە هاتۆتە بوون.
ڕۆمانی تابووتی پەیمانی خوددا کەلە مێژە بەشەریەت وێڵە بەدوای ئەو تابووتەدا کە پەیمانی خودای تێدایە. بەتایبەت جولەکەکان بەجدی وێڵن بەدوای ئەم تابووتەدا، وە تەنانەت ئاینزاکانی تریش دەستیان بەسوچێکی ئەم تابووتەوە گرتوە تەنها کورد نەبێت کەوەک کۆلارەیەک بەدەوری تابووتەکەوەیە
کۆلارەیەکە لەوێدا بەڵام خۆشبەختن دەستیان بە تابووتەکەوە نیە و توشی تاعوونی دەسەڵات و هێز و شەڕ نەبوون لەبەر ئەوەی ئەو تابووتە تەنیا تاعوون بڵاو دەکاتەوە،
سەلاح جەلال لەمیانەی ئەم ڕۆمانەدا ئەوە ئاشکرا دەکات کۆمەڵگای مرۆڤایەتی توشی کێشەیەکی گەرە بۆتەوە بەدەستی خۆی بۆتە هۆی بێ دەسەلاتکردنی خودی مرۆڤ. بەهۆی ئەو زیرەکی دەستکردەوە رۆبۆتەکان هەیانە و جێگای مرۆڤ دەگرنەوە بە جورێک ئیتر شتێک نامێنێتەوە بۆ مرۆڤ خۆی تیا بدۆزێتەوە ، تەنیا ئەو مرۆڤە پاک و میهرەبانانە نەبێ دوورن لەرق و کینەو پیسییەوە ،درووست بوونی مرۆڤێکی واش کاتێک دەبێت دنیا زۆر شەڕ و ناخۆش بێت و ئەو مرۆڤە لەو ناخۆشیەوە هیوا و بڕیاری راست و جوان بدات و خۆی رووناکی بدۆزێتەوە و کامڵ بێت
.لەرۆمانەکەدا.کە کۆمەڵی سەر هەسارەکەو کۆمەڵی بڕۆفیسۆر ئۆراپلاند چاودێری دەکەن و بەدوای ئەو رۆحە پاکەوەن بەدوای ئەو فۆتۆناتەوەن درووست ببێت بەو ئومێدەوەن مرۆڤێکی وا درووست ببێت .
ئەوەی مایەی گرنگی پێدانە نوسەر لەم رۆمانەدا بەجوانی ڕۆڵی کورو خاک و نیشتمانەکەشی وێناکردوە و پێمان دەڵێت:-کورد هەرگیز نابێتەوە بەکۆلارە چونکە ئەو رەحمەی کە چوارپارچەی کوردستانە و مرۆڤی لێ زاوە.،رەحمێکە مرۆڤێکی جوان و پاک و رۆح بەرز دەهێنێتە ژیانەوە زۆر یەکتر قبوڵکردنی تیایە و فرە رەنگەو مرۆڤایەتی تیایدا پاک ئەبێتەوە
لە کۆتاییدا هەروەک چۆن ديكارت كَرنكَى فه لسه فه دە خاتە روو،
یەکەمیان چواندێتییە به جاو، كه جوّن جاو به بينينى شته كان يارمه تى تيكَه شتنى مروّق دهدات،
مه عريفه ی فەلسەفیش به ههمان شيّوه له روشنكردنه وەی عەقڵی مروّقدا يارمه تيدەرە هەرەوکڤسەلاح جەلال لەرێگای میتۆدی عەقڵەوە پێمان دەلێ ئەگەر ئەو مه عريفه يه لەسەر بنه ماى دروست بينا نه كريّت، ناتوانيّت مروّڤ به ئه نجامێکی دروست ویەکلا کەرەوە بگەیەنێت.
سوودم لەسەرچاوانە وەرگرتووە
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
١- کات و بوون دیکارت
٢-.بنەماکانی. فەلسەفە
مۆتەکەی بەردەکان.. کوردستان مید
دە ڕۆژ تێپەڕیوە و ئێستا لە موسڵم، ئەو شارەی پێشتر خەونم پێوە دەبینی بۆ خوێندنی ئەندازیاری ڕووی تێ بکەم. ئێستا لێرەم، بەڵام وەک خوێندکار نا، وەک دیل…
چاوم بڕیبووە دیوارە خۆڵەمێشییەکانی هۆڵەکە؛ ئەو دیوارانەی بە خوێن ناویان لەسەر نووسرابوو یانیش بە بەردی تیژ نەخشیان لەسەر هەڵکۆڵدرابوو. پەنجەکانم کردبووە ناو گوێیەکانم؛ دەمویست قیژە و هاواری ژن و منداڵەکانی هۆڵەکە پەردەی گوێم نەتەقێنێت.
بەڵام لەپڕ هەموومان ڕاچڵەکین؛ دەنگی ئاسنە ڕەق و ژەنگاوییەکانی دەرگای هۆڵەکە هەموومانی بێدەنگ کرد. ژنانی حیسبە و پیاوە چەکدارەکانی داعش، وەک شوانێک کە مێگەل ڕاو بنێت، ئێمەیان برد بۆ گۆڕەپانێک تا ببینین چۆن سزای “خودا” بەسەر تاوانبارێکدا جێبەجێ دەکەن.
گەیشتینە گۆڕەپانەکە؛ بۆنی خوێنێکی سارد و تەپوتۆزی بیابان ئەو ناوەی تەنی بوو. لە ناوەڕاستدا ئافرەتێک هەبوو قوماشێکی ڕەشی درێژی پۆشی بوو، بەڵام قوماشە ڕەشەکە لە چەندین شوێنەوە سوور ببوو؛ ئەو ژنە بۆ دەستێک دەگەڕا کە ڕوخساری خۆی پێ بشارێتەوە لەو چاوە تیژ و بێبەزەییانەی کە لێیان دەڕوانی، چونکە دەستە لەرزۆکەکانی خۆی هیچی تر توانای جووڵەیان نەمابوو. بە شێوەیەک هەناسەی دەدا وەک بڵێی لە شەنگالەوە بۆ موسڵ بە پێ ڕای کردبێت. گەرمیی خۆری موسڵ جەستەی کردبوو بە هەورێکی بەهار، ئارەقەی لەشی تێکەڵی خوێنە سوورەکەی جەستەی بووبوو.
گوێم پڕ بوو لە هاواری تیژ و ڕەقی چەکدارەکان کاتێک دەیانوت:
— بەردی تێبگرن! ئەمە بێڕەوشتە! بەردی تێبگرن و یارمەتی بدەن تا لە تاوانەکەی پاک ببێتەوە!
هەموو ئەوانەی لەوێ بوون، بە دەم هاواری “الله اکبر”ەوە دەستیان دەبرد بۆ بەردە سارد و ڕەقەکانی بەردەمیان؛ ئەو بەردانەی چیتر پیرۆزی سروشت نەبوون، ئێستا ببوون بە چەکێکی دەستی خوێنڕێژەکان، بە هەموو هێزیانەوە دەیانهاویشت وەک ئەوەی بیانەوێت دڕندەیەکی کێوی لە جووڵە بخەن.
ساردییەک هەموو گیانی داگرتم. هەستم دەکرد قاچەکانم هیچی تر هێزی ئەوەیان تیا نەماوە بە پێوە ڕامبگرن. لەو چرکەساتەدا وێنەی “دوعا” هاتەوە خەیاڵم؛ ئەم دژبەیەکبوونە مێشکمی دەخوارد:
— خوایە، مەگەر هەر ئەمان نەبوون دەیانگوت ئێمە بۆ تۆڵەی دوعا هاتووین بۆ شەنگال؟ مەگەر باسی بێبەزەیی ئێزدییەکانیان نەدەکرد بەرامبەر ئەو کچەی کە هەمان چارەنووسی ئەم ئافرەتەی بەردەممی هەبوو؟ ئەی چۆن ئێستا خۆیان هەمان کار ئەنجام دەدەن؟
دەنگی دایکم لە ناو مێشکمدا دەزرینگایەوە کە ڕۆژانێک پێی دەوتم:
— کچم، پیاو هەمیشە بەدوای بیانوویەک دەگەڕێت تا بەردێک لە ئافرەت بگرێت؛ جارێک بە ناوی ئایین، جارێک بە ناوی شەرەف.
هاوارەکان گوێیەکانمیان ئازار دەدا، بەڵام بینینی ئەو کارەی کە هیچ ئەهریمەنێک نەیدەتوانی بیکات زیاتر ئازاری دەدام. پیاوە گەورەکان دەنگیان وەک بڵندگۆی مەزارگەیەکی ئایینی ئەو ناوەی پڕ کردبوو، بەردەکان لە هەموو لایەکەوە دەفڕین و جەستە لەرزیوەکەی ئافرەتەکەیان وردوخاش دەکرد و منیش لە ژێر نیقابە ڕەشەکەمدا، تەنیا دەمویست چاوەکانم دابخەم و چیتر ئەم جیهانە نەبینم.
کاتێک هاتینەوە ناو هۆڵە داخراوەکە، ترس وەک تەمێکی ڕەش هەموو گیانی داگرتبووم. سەرم خستبووە ناو ئەژنۆم و جەستەم هەڵدەلەرزی. دەستەکانم بە هێزێکی زۆرەوە دەکێشا بەسەرمدا، بەڵام هێشتا نەمدەتوانی دیمەنی ئەو بەردانە لە ناو مێشکمدا بسڕمەوە. هیچ شتێکم نەخواردبوو بەڵام تامی تۆز و خۆڵ تا ناو قوڕگم ڕۆشتبوو.
کاتێک شەو داهات، لە ژێر باری خەم و شەکەتی، خەو چاوەکانی فریوودام.
لە خەومدا چاوەکانم بە دیمەنی دوعا کرایەوە؛ کراسێکی سپی پۆشی بوو، وەک گەوهەر دەدرەوشایەوە. دوو باڵی سپیی گەورەی وەک فریشتە لەسەر شانی بوون. هیچ شوێنەوارێکی بەرد و خوێنی پێوە نەمابوو. بە هەنگاوی هێواش لێم نزیک بووەوە، دەستەکانی گرتم و بە چرپەیەک پرسیاری لێ کردم:
— لە بەرد دەترسی؟
سەیری چاوەکانیم کرد و لێوەکانم دەلەرزین، وتم:
— نا… من لە خوێن دەترسم!
دوعا زەردەخەنەیەکی تاڵی کرد و بە دەنگێکی هێمن کە وەک کزەبای شەنگال وابوو، وتی:
— ئازیزم، ئافرەت بەردەوام خوێن دەبینێت، تەنانەت ئەگەر هیچ بەردێکیشی بەرنەکەوێت!
ئەمڕۆ چواردە ساڵم؛ لە جیاتی فوو لە مۆمەکانی کێکەکەم بکەم، فوو لە هەموو ئەو هیوایانە دەکەم کە لە نێوان زیندانە تاکە کەسییەکەمدا دەکوژانەوە. پرسیارەکان وەک مشەخۆرێک مێشکیان دەخواردم:
— کێ دەسەڵاتداری جیهانە؟ نازانم کێ دەسەڵاتی بەدەستە، بەڵام لە تیڤی هەمیشە پیاوی پیرم دەبینی لەسەر کورسی گرانبەها دانیشتبوون، بە بڕوابەخۆبوونەوە قسەیان دەکرد. مامەپیرەکەی دوکانداری گەڕەکی خۆمانم بیر دەهاتەوە، کاتێک دەڕۆشتمە ناو ئەو دوکانە بچووک و تەنگەی کە وای لە مامەپیرە کردبوو وابزانێ خاوەنی هەموو سەرمایەی دنیایە. هەرجارێک داوای قردێلەی نوێم لێ بکردایە بۆم بهێنێت، سەری دەهێنایە پێش و دەیووت:
— دەڵێیت چی؟
دەنگم بەرز دەکردەوە و دەمووت:
— قردێلەی مۆر ناهێنیت؟
سەری ڕائەوەشاند و دەیووت:
— تێناگەم ڕۆڵە، بۆم بنووسە.
کە بە قەڵەمێکی سەر مێزەکە لەسەر کاغەزێکی بچووک بۆم دەنووسی، چاویلکەکەی دەکردە چاوی، چاوەکانی زەق دەکردەوە و پاشان دەیووت:
— دەستوخەتت زۆر بچووکە ڕۆڵە، من چاوم کزە، بۆم بخوێنەرەوە…!
کاتێک بە دەنگێکی زۆر بەرز هاوارم دەکرد و لێم تێدەگەیشت بیری دەچۆوە بۆم بهێنێ… یەک مانگ بە بەردەوامی پێم دەوت بۆ ئەوەی قردێلەی مۆرم بۆ بهێنێ تا کەزیەکانم ببەستم پێی، هەر دەیووت:
— ڕۆڵە من زەهایمەرمە، زوو شتم بیر دەچێتەوە، سبەی بیرم بهێنەوە.
باشە ئەم پیرەپیاوە دەسەڵاتدارانەی جیهانیش گوێیان لەو هەموو هاوارەی ئێمە نییە؟ گوێیان گران بووە و کەڕ بوون وەک مامەپیرە؟ یان دیواری کۆشکەکانیان ئەوەندە بەرز و ئەستوورە هاواری ئێمە ناگات پێیان؟ بۆچی ئەو هەموو ستەمە نابینن، چاویان کزە؟ لەوانەیە ئەوانیش پارەیان پێ نەبێ چاویلکەکەیان بگۆڕن وەک مامەپیرە! تۆ بڵێی ئەوانیش تووشی زەهایمەر بووبن کاتێک هەواڵی ئێمە دەبیستن بیریان بچێتەوە؟ یانیش لەوانەیە ئەوان لە زمانی ئێمە تێنەگەن. ئەها… لەوانەیە هەرگیز نەچووبن بۆ خولی فێربوونی زمان، یانیش ڕۆشتوون بەڵام ئەوان تەنیا زمانی ستەمکارەکان دەخوێنن!
من خەونم بەوەوە دەبینی گەشتی پاریس بکەم، یان بڕۆم بۆ ئەستەمبوڵ، یانیش لەوانەیە بچم بۆ ڕیاز. بیرمە کاتێک دایکم سەرقاڵی کار دەبوو، بە دزییەوە لە تیڤییەکە دەمکردە سەر کەناڵێکی ئیسلامی و سەیری مەککەم دەکرد. ئەو شوێنە پڕ پڕە لە خەڵک؛ وابزانم مەککە وەک لالشی ئێمە وابوو لای موسوڵمانەکان پیرۆز بوو. چەن سەرنجڕاکێشە خەڵک لە هەموو شوێنێکی جیهانەوە دێن و لە یەک شوێن کۆ دەبنەوە بۆ سروودی ئایینی! سروودێک کە تامەزرۆی بیستنی بووم؛ بە تێکڕا هەموویان وەک لایلایە هاواریان دەکرد:
— الله اکبر.. الله اکبر…
بەڵام ئێستا ئەو “الله اکبر”ەی دەیبیستم جیاوازە لە سروودەکانی مەککە؛ ئەم “الله و اکبر”انە لە زەنگی سارین دەچوون، لە زەنگی سووری ئاگادارکردنەوەی جەنگ دەچوون… ئەم دەنگانە هیچی تر ئاوازێک نەبوون شەیدای بیستنی بم، ئێستا دەنگێکن کە لێیان دەترسم.
باوەڕ ناکەم کە دەبینم خەڵک لە فەڕەنسا و ڕووسیا و سعودیە و تورکیا و تەواوی جیهانەوە هاتبوون بۆ شەنگال! من هەرگیز نەم دەزانی ئەوانیش بەو ئەندازەیە حەزیان لە بینینی شەنگالە! یانی ئەوان بەو ڕادەیە تامەزۆری ئەو شارۆچکە بچووکەی شەنگال بوون کە دەیانویست بیبەن بۆ خۆیان؟ باشە شەنگال کەی لە پاریس و لەندەن و ڕیاز و مۆسکۆ جوانترە؟ ئەوان ئەو هەموو شارە درەوشاوە و ڕەنگاوڕەنگ و گەورانەیان جێهێشتووە بۆ تەپوتۆز و خۆڵی شەنگال؟
من هەرگیز نەمویستووە شاری ئەوان ببەم بۆخۆم، یان باوکیان بکوژم، یان منداڵەکانیان بکەم بە خزمەتکار و دەستەکانیان زبر بکەم بە شۆردنی جلەکانم، یان چێشتیان پێ لێ بنێم… تەنیا حەزم کردووە لە نزیکەوە سەردانیان بکەم، ئەگەر حەزیان کرد گۆرانییەکی فۆلکلۆری لەگەڵ منداڵەکانیان بڵێم، لەوانەیە وێنەیەک لەگەڵ گوڵەکانی باخچەکانیان بگرم، یانیش گوێ لە کەمانچەی سەر شەقامەکانیان بگرم. هەرگیز نەمویستووە مەککە نوقمی دوکەڵ و بۆنی بارووت و فیشەک بکەم. نا.. نا.. بە پێچەوانەوە چێژم دەبینی لە سەیرکردنی. تۆ بڵێی ئێستا ئەوان دەستیان گەیشتبێ بە لالش و چێژ لە سەیرکردنی ببینن؟!
چاوم چووە سەر نینۆکەکانم؛ لە شووشەیەکی شکاوی بێڕەنگ دەچوون. پڕ بە دڵ حەزم دەکرد ڕەنگیان بکەم بە سوور.. بەڵام بۆچی سوور؟ نا نا سوور نا… بەشی پێویست ڕەنگی سوورم بینیوە، ئەم ماوەیە هەموو چواردەورم ڕەنگی سوورە، هەر لەو کاتەوەی داعشە بکوژەکە دەستە گەورەکانی، کە بە خوێنی باوکم سوور بوو، بە کراسە سپییەکەم سڕی، ئیتر هیچ ئارەزوویەکم بۆ ڕەنگی سوور نەما. دەمتوانی لەگەڵ ڕەنگی ڕەش بگونجێمەوە، بەڵام سوور نا.
با نینۆکەکانم ڕەنگیان سەوز بوایە، وەک ڕەنگی گژوگیاکانی شەنگال.
باشە بۆ ئەوان ئەوەندە عاشقی ڕەنگی ڕەشن؟ ڕۆژێکیان ناڕەزاییم دەربڕی و بە دایکم وت:
— من عەزی ڕەش لەبەر ناکەم، حەزم لێی نییە!
دایکم بە بێ ئومێدییەوە سەیری چاوەکانی کردم و وتی:
— بۆچی تۆ ڕەگەزپەرستی؟ ڕەشیش ڕەنگێکە وەک سپی، سوور، مۆر؛ بۆچی ڕقت لێیەتی؟
دەستەکانی دایکم گوشی و ماچم کردن، بە دەنگێکی پڕ پەشیمانی وتم:
— دایکە گیان، من ڕقم لە ڕەنگی ڕەش نییە! ئەوەتا پرچەکانم ڕەشن، خۆشیشم دەوێن!
من دەمەوێت هەموو ڕەنگەکان ببینم بەڵام ئەوان ڕقیان لە ڕەنگەکانە؛ وەک بڵێیت هەرچی ئاشقانی ڕەنگی ڕەش هەیە لێرە کۆبوونەتەوە! من حەزم لێبوو نینۆکەکانم سەوز بن، پرچم ڕەش بێ، قردێلەکەم مۆر بێ، بەڵام خۆ ئەوان ڕێگەم پێ نادەن. ئەوان وەک دایکم نین یارمەتیم بدەن لە بۆیەکردنی نینۆکەکانم؛ ئەگەر داوای شتی وایان لێ بکەم دارکاریم دەکەن، لەوانەشە وەک ئەو کچە داماوەی گۆڕەپانەکە بە بیانووی بەزاندنی سنووری خوا کۆمەڵێک پیاوی ماسولکە گەورە و باڵابەرز کۆبکەنەوە، جنێوم پێ بدەن و بەردە گەورە و بچووکەکانی گۆڕەپانەکەم تێبگرن.
بۆنی ژوورەکە توانای هەناسەدانی نەهێشتووم، کەڕووی ژوورەکە هەناسەمی بە جۆرێک گرتووە خەریکە دەخنکێم! هەرگیز لە ناو بۆنی وا ناخۆش نەژیاوم. ئەو هەموو بۆنەم هەبوو کاتێک لە شەنگال بووم؛ بۆنی نێرگز، گوڵەباخ، مێخەک و چنور… باشە ئەمانە بۆنی ئەم بۆگەنە ناکەن؟ من هەست دەکەم ئەمانە بە تەواوی هەستەکانیان لەدەست داوە؛ لەوانەیە هەموویان پێویستیان بەوە بێت سەردانی پزیشک بکەن، یان بێن بۆ بەشی چەپی لالش و لەوێ لە ئەشکەوتە بچووکەکەدا خۆیان لە ئاوە پیرۆزەکەی کانی سپی هەڵکێشن بۆ ئەوەی لەشیان لەم بۆگەنییە خاوێن ببێتەوە.
ئەم بێدەنگییە ژوورەکەی قووت داوە؛ تاکە شت گوێم لێیە دەنگی پۆستاڵی پاسەوانەکەیە، جار جاریش قسە ڕەق و ناخۆشەکانی. باشە ئەم پیاوە قەت گوێ لە میوزیک ناگرێت؟ یان تیڤی و ئینتەرنێتی نییە؟ باشە چۆن شەوان خەوی لێ دەکەوێت بەبێ میوزیک؟ بیرمە جارێک چووین بۆ ئەشکەوتێک لەگەڵ باوکم؛ لەوێ لانی کەم دەنگی دڵۆپەی ئاو و ویزەی با و جریوەی چۆلەکە دەهات. تەنانەت ئەشکەوتەکە لەم ژوورە بچووک و تەنگەی من خۆشتر بوو.
یانی دەبێت تەواوی مانگی نیسان لەم ژوورەدا بەسەر ببەم؟ ئەمساڵ جەژنی چوارشەمەی سوور ناکەم؟ بیرم هاتەوە… کاتێک لەگەڵ پوورزاکەم یاری هێلکەشکێنمان دەکرد جەژنی ساڵی پار. هێلکەکانمان ڕەنگ دەکرد؛ من هێلکەکانی خۆم دەکرد بە مۆر و سەوز، ئەویش دەیکرد بە سوور و شین. من هەمیشە حەزم دەکرد براوە بم؛ فێڵم لێ دەکرد، هێلکەکەی خۆم کونێکی بچووکم تێکرد و ناوەکەم پڕ کرد لە قیر بۆ ئەوەی نەشکێت. کاتێک سەری هێلکەکانمان گرت بە دەستمانەوە، ڕووی تێکردم و بە پەرۆشییەوە وتی:
— ئەمساڵ من دەیبەمەوە و تەواوی ئەمساڵ بەختی باشم بۆ دێت.
زەردەخەنەیەکم کرد و وتم:
— نەخێر، وەک هەموو جارەکانی پێشتر خۆم دەیبەمەوە.
کاتێک سەری هێلکەکانمان بە توندی کێشا بەیەکدا، هێلکەکەی ئەو شکا؛ ڕوخساری گرژ کرد بەڵام ئامادە نەبوو خۆی بە دەستەوە بدات. هێلکەیەکی تری هێنا ئەوەشی شکا؛ بەردەوام بوو تا دە هێلکەی شکا، پاشان دەنگی بەرز کردەوە و وتی:
— تۆ فێڵم لێ دەکەیت، با سەیری هێلکەکەت بکەم…
من نەمدەتوانی پێکەنینەکەم ڕابگرم و ڕازی نەبووم هێلکەکەی خۆمی پێ بدەم و ڕام کرد. ئەویش بە دوامدا ڕای دەکرد و هاواری دەکرد:
— ئەی فێڵباز! باش بزانە بە فێڵکردن بەختی باش بەدەست ناهێنیت…
تۆ بڵێیت هی ئەو فێڵە بووبێت وا ئێستا ناتوانم جەژن بکەمەوە؟ باشە ئێستا چ فێڵێک بەکار بێنم بۆ ئەوەی لەم زیندانە ڕزگارم بێت؟
باشە خۆ ساڵی پار ڕۆیشتم بۆ ناو ژووری پیرۆزی “شێخ ئادی” لە لالش؛ لەوێ لە چواردەوری ستوونە گەورەکان گرێی یەکێکم کردەوە و دەستەکانم بەرز کردەوە و سەرم دانەواند و بە دەنگێکی هێواش نزام کرد و وتم:
— خوایە، چۆن من ئەم گرێیەم کردەوە، تۆش گرێی ژیانی ئەم کەسە بکەرەوە؛ ناخۆشی و خەمی لێ دووربخەرەوە.
پاشان پەڕۆیەکی خۆمم لە پەڕۆکانی چواردەوری ستوونەکە پێچا. تۆ بڵێی کەس گرێی پەڕۆکەی منی نەکردبێتەوە؟ ئاخر من ئاواتم خواست بێم بۆ موسڵ! بەڵام بەم شێوەیە نا!
ئەمڕۆ پانزە ڕۆژە لەم زیندانەم؛ تەواوی ڕۆژەکان دووبارە بوون، هیچ تیشکێکی خۆر بە ڕێکەوتیش بە دیوارە تاریکەکانی ژوورەکە نەدەکەوت. وادیارە بڕینی تیشکی خۆر بەس نەبوو، نەمدەتوانی شەوانە سەیری ڕووناکی و تیشکی مانگ و ئەستێرەکانیش بکەم! بیرم لەو کاتانە دەکردەوە باوکم ناچار دەکرد بچین لەسەربان بخەوین؛ جێگە خەوەکەی بۆ هەڵدەگرتم و لەسەربانەکە لە تەنیشت خۆیەوە بۆی دادەنام، تا درەنگ نەمدەهێشت بخەوێت. ئەستێرەیەکم پێ دیاری دەکرد و لەوێوە ئەستێرەکانم دەژمارد.
شەوێک باوکم لە ئاسمان دوو ئەستێرەی نیشان دام کە لە تەواوی ئەستێرەکانی ئاسمان گەشتر و گەورەتر بوون؛ بە دەنگێکی پڕ جۆش و خرۆش وتی:
— کچەکەم، ئەوانە لەیل و مەجنونن.
چاوم بڕیە ناو چاوەکانی باوکم و پرسیم:
— بۆچی ناویان لەیل و مەجنونە؟
باوکم نیگاکانی لە نێوان ئەستێرەکانی ئاسمان نوقم بووبوو، وتی:
— چونکە وەک ئەشقی مەجنون وایە بۆ لەیلا، لە دوورەوە بۆی دەسووتێت… کچەکەم، پێشینانی ئێمە دەڵێن ساڵی یەک جار ئەو دوو ئەستێرەیە لەیەک نزیک دەبنەوە لە مانگی ئاب؛ ئەگەر ئەوکاتە ئاگاداربیت و بیبینی، هەر نزایەک بکەیت گیرا دەبێت…
ئێستا دەمەوێ بگەڕێمەوە بۆ ئەوکاتە و تەواوی شەوەکانی مانگی ئاب دابنیشم بەدیار ئاسمانەوە تا ئەو ئەستێرانە ببینم و نزام بکردایە یەزدان شەنگالی بپاراستایە و هەرگیز ئەم ڕۆژانەم نەبینیایە.
لە ناو تاشەبەردەکاندا بە پێی پەتی ڕادەکەم. بەردەکان وەک خوێنمژێک دەیانەوێت خوێنی جەستەم بمژن. ئارەقەی مانگی شەش بەسەر جەستەمدا هاتبووە خوارەوە، تێکەڵی خوێنی ئەو برینانەی جەستەم بووبوو کە بەردە تیژەکان زامداریان کردبوو. تاریکی وەک سێبەری پەڵە هەورێکی ڕەش وردە وردە چواردەورمی داگیر دەکرد.
دەنگێک وەک بروسکە دوام کەوتووە و بانگم دەکات:
— کەزی… کەزی… کەزییییی
لەپڕ چاوەکانم کرانەوە؛ هەستم دەکرد چواردەورم ئۆکسجینی تیانییە. کچە کۆبانێییەکە (دیلان) لە تەنیشتم دانیشتبوو، پەرداخێک ئاوی بە دەستەوە گرتبوو، بە هەناسەبڕکێوە وتی:
— بۆخاتری الله تۆ ماویت؟ بۆچی خەبەرت نابێتەوە چیت بەسەر هاتووە؟ ئاوەکەی کە بە ڕوخسارمدا کردبوو، دڵۆپ دڵۆپ بە ڕوخسارمدا دەهاتە خوارەوە. جەستەم وەک چڵەدارێکی لاوازی بەر ڕەشەبا دەلەرزایەوە.
کەمێک خۆم کۆکردەوە پاشان وتم:
— دووبارە مۆتەکەم بینی. هەمان خەو؛ زیندانەکەی دە ساڵ پێش ئێستا دەیوویست دووبارە بۆ خۆیم ڕابکێشێت.
دیلان چاوەکانی تێبڕیم کە وەک دوو مۆمی کز دەدرەوشانەوە، دەستەکانمی گوشی و وتی:
— ئەو ڕابردووە تێپەڕێنە؛ ئێمە ئێستا ئازادین، لەسەر چیاکان بۆ مافی خۆمان دەجەنگین.
بە هێواشی بەردێکی بچووکی سەر چیاکەم هەڵگرت و دەمکێشا بە بەردێکی گەورەدا، بە دەنگێکی کز پێم وت:
— باشە تۆ بۆ لە دەرەوەی وڵات گەڕایتەوە؟
دیلان کەمێک بێدەنگ بوو، پاشان وتی:
— ئەوان پێیان خۆش نییە لەسەر خاکەکەیان بژین؛ دەی لەسەر حەقیشن، منیش بم پێم خۆش نییە ئەو هەموو کۆچبەرە ڕوو بکاتە وڵاتەکەم و داگیری بکات.
سەرم بەرز کردەوە و چاوم بڕیە چاوەکانی و وتم:
— داگیرکردن؟! ئەوان لە هەموو دنیاوە هاتبوون بۆ داگیرکردنی خاکی ئێمە! بە کۆچ نا، بە تۆپ و تانک و فیشەک. تەنیا نیشتمان نا، کەسوکاریشیان لێ دزین! نیشتمانی خۆمان لێ دەسەنن بە شەڕ و ناشیانەوێ بە ئاشتیش لەسەر خاکی ئەوان بژین؟
دیلان ڕوخساری خۆی گرژ کرد و بە دەنگێکی گڕ وتی:
— تۆ بۆ نەڕۆیشتی؟ کاتێک من ڕۆیشتم بۆچی تۆ مایتەوە و بوویت بە گەریلا؟ سەرم داخست و بێدەنگ بووم…
ئەمڕۆ دووبارە خەیاڵەکانم دەیانفڕاندم بەرەو شەنگال؛ بەرەو ئەو ڕۆژەیان بردم کە لە ناو ژوورەکەم دانیشتبووم و دایکم قژی شانە دەکردم. سەیری چاوەکانی دایکمم دەکرد لە ئاوێنەکەدا و ئەو پرسیارەی کە زۆر لە مێشکمدا هاتووچۆی دەکرد وەک فیشەک کەوتە سەر زمانم و پێم وت:
— دایکە، کە گەورە بووم دەتوانم ببم بە گەریلا؟
دایکم بە سەرسامییەوە سەیری کردم، شانەکەی لە قژمدا ڕاگرت و وتی:
— وسبە چەتیو! گەریلای چی؟ دەتەوێ ئابڕوومان ببەیت!
بە دەنگێکی لەرزۆکەوە وتم:
— بۆچی؟ ئەی ئەوان پارێزگاری لە شەرەفی ئێمە و نیشتمان ناکەن؟
دایکم برۆکانی بەرز کردەوە و بە دەنگێکی پڕ ناڕەزایەتییەوە وتی:
— شەرەف؟ لێرە شەرەفی تۆ لە نێوان قاچەکانتە. چەکداری ئیشی ئافرەت نییە، ئیشی پیاوە بەهێزەکانە!
من هەر ئەو ڕۆژە زانیم ئەگەر ببم بە گەریلا، یەکەم پلار و یەکەم بەرد کە تێم دەگیرێت لە لایەن دوژمنەوە نییە، لە لایەن ئەو پیاوانەوەیە کە هەوڵی پاراستنی شەرەفیان دەدەم. بەڵام هێشتا ئەمڕۆ بەو دەستانەی کە پێشتر قردێلەی مۆرم لە پرچەکانم دەئاڵاند، بەو دەستانەی کە ڕوخساری خۆمم پێ دەشاردەوە لە پیاوە گەورەکان، ئەمڕۆ چەکێکی قورسم خستووەتە ناوی، بەڵام قورسایی چەکەکە زۆر سووکترە لە باری دیلێتی. ئەمڕۆ دووبارە بۆنی نێرگزم لێ نایەت؛ بۆنی بارووت و تەرم و خوێن و دوکەڵی جەنگ دەوریان گرتووم، بەڵام تەواوی ئەم بۆنانەم لا خۆشترە لە بۆنی کەڕووی ناو زیندانەکان.
شەوانە دەتوانم بەدیار ئەستێرەکانەوە نەخشەی ئەو ئازادییە بۆ دیلەکان بکێشم کە خەونبینینیش پێیەوە لێیان قەدەغە کراوە، هیچی تر دەستەوەستان دانانیشم و خەون بە ئازادییەوە نابینم، ئەمڕۆ ئیتر بۆ ئەو خەونە دەجەنگم، دەمەوێ ئیتر ئەو شەرەفە بپارێزم کە تەواوی پیاوە گەورەکانی جیهان نەیانتوانی بیپارێزن. ئەمڕۆ تەنیا بۆ خۆم نا، بۆ لالش نا، بۆ شەنگال نا، بۆ کوردستان نا؛ ئەمڕۆ بۆ تەواوی ئەو شەرەفانە دەجەنگم کە خوێنڕێژەکان لە ژێر ناوی جیاجیاوە دەیانخستە ژێر پۆستاڵەکانیانەوە. ئەمڕۆ پێم وانییە هیچ شتێک لەوە پیرۆزتر بێت کە مرۆڤ بۆ شکۆی خۆی بجەنگێت.
نامەوێ هیچی تر لە ژێر بەزەیی ئەو پیاوە بەهێزانەدا بە دیلی بمێنمەوە؛ ئەو پیاوانەی ڕۆژانێک ڕادەستی چارەنووسیان کردم. ئەو پیاوانەی کە هێزیان کردووەتە خوای خۆیان و دەیپەرستن، بۆیان گرنگ نییە ئەگەر لە پشت ئەو هێزەوە ئەهریمەنێکیش هەبێت. ئەمڕۆ ئەگەر تەنانەت هەموو وردە بەردەکانی تەواوی شاخەکانی جیهانم تێبگرن، ناتوانن لەوە پەشیمانم بکەنەوە کە ئەمڕۆ من گەریلام.
لە نێوان خۆشەویستی و خوێن، هەناسەیەک لە سێبەری مردندا!.. نووسینی: رەوا حەمەجان
لە هەر کۆمەڵگایەکدا یاسا سەروەر نەبوو دابوونەریتی خێڵ و عەشیرەت کۆمەڵگا بەڕێوەدەبەن، توندوتیژی خێزانی و کۆمەڵایەتی تێیدا بڵاو دەبێتەوە، تاک و کۆمەڵ لەبەری پەنابردن بۆ یاسا خۆیان دەبن بە دادوەر و یاسا دەردەکەن بۆ کێشە و گرفتەکانیان.
لە کۆمەڵگای باشوری کوردستان بە هووی نەبوونی یاسا سەروەری و دەس باڵایی خێڵ و عەشیرەت، بە بەردەوامی گوێبیستی هەواڵی شەڕو کێشەی کۆمەڵایەتی و هەرەشەی کوشتن و تەنانەت کوشتنیش دەبینەوە، لە هەمووی خراپتر ئەوەیە کە پەنابردن بۆ چارەسەری کێشە و ناکۆکیەکان لە دەرەوەی یاسا هەر ئەوە نیە کەسی توومەتبار تووشی کێشە بوبێت بەڵکو زۆر جار کەسانی بێتاوان توومەتبار دەکرێن و دەکەونە ناو چەقی کێشە و گرفتەکانەوە، بەبێ ئەوەی هیچ پەیوەندییەکی ڕاستەقینەیان بە بنەڕەتی کێشەکەوە هەبێت.
لە خوارەوە چیرۆکێکی راستەقینەتان بۆ دەگێڕمەوە سەبارەت بە تاوانبارکردنی بەناحەق و بڕیاردان لە سەر چارەنووسی خەڵک بەبێ دادگا و بەبێ بوونی بەڵگە.
چیرۆکێک بە هێواشی دەست پێدەکات، بەڵام بە دەنگی هاوار کۆتایی دێت، چیرۆکی ئاکۆ یەکێکە لەو چیرۆکانەی کە مرۆڤ دەحەپەسێت لەوەی بەبێ هیچ تاوانێک ژیانی بە تەواوەتی دەکەوێتە مەترسیەوە و دەبێت لە نێوان مردن و کۆچدا یەکێکیان هەڵبژێرێت.
لە ساڵی (١٩٩٨)، لە گوندی رەبەندە لە رۆژهەڵاتی کوردستان (ئێران)، منداڵێک لە دایک دەبێت ناوی لێ دەنرێت ئاکۆ، منداڵێک بە دڵێکی پاکەوە بە چاوی پڕ لە هیواوە لە دایک دەبێت، بەڵام نازانێت داهاتوو چی بۆ هەڵگرتووە.
لە تەمەنی 6 ساڵیدا، لەگەڵ خێزانەکەی بەرەو باشوری کوردستان (عێراق) کۆچ دەکەن.
ئەو کاتەی تەمەنی ئاکۆ دەبێت بە (١٠) ساڵ، بە یەک چرکە، هەموو شتێکی ژیانی سەرەوژێردەبێتەوە، کاتێک دایك و باوكی لە رووداوی هاتووچۆدا گیان لەدەست دەدەن، ئیتر بەم شێوەیە بێبەش دەبێت لە خۆشەویستی دایک و باوک وژیانی منداڵی.
ماڵی پووری بوو بە شوێنی ژیانی نوێی، لە گەڵ منداڵەکانی پووری ژیانی دەکرد، یەکێک لە منداڵەکانی پووری بەناوی ( هە) هەرزوو بوو بە نزیکترین هاوڕێی و هەمیشە پێکەوە بوون.
بەم شێوەیە ژیانیانکرد تا گەورەبوون، (هە) کەوتە داوی خۆشەویستی لە گەل ژنێک بەناوی( ن) کە ژنێکی هاوسەرداربوو چەند منداڵێکی هەبوو، خۆشەویستییەکی قەدەغەکراو درووست بوو لە نێوان (هە،ن) کە لە سێبەری ترسدا دەگوزەرا.
ئاکۆ، هاوڕێی کوڕەکانی (ن) بوو زۆرجار سەردانی ماڵی (ن) دەکرد، بە بێ هەڵبژاردن، دەبێتە نێوانگێر لە نێوان(هە، ن) نامە و قسەی لە نێوانیاندا دەگواستەوە، بێ ئەوەی بزانێت ئەم کارە رەنگە ژیانی بگۆڕێت.
ساڵی 2014، پەیوەندی نێوان(هە،ن) ئاشکرا دەبێت،(هە،ن) رووبەرووی لێدان و سوکایەتی وتەنانەت هەوڵی کوشتنیش دەبنەوە هەر ئەمەش نە بەڵکو لە ناوەڕاستی ساڵی 2015، ئاکۆ دەگیرێت لەلایەن (ف)ی هاوسەری (ن) و برایەکی (ن) بە توندی لێی دەدەن، ئازاری دەدەن، هەوڵ دەدەن بە زۆر دان بەوەدا بنێت کە هاوکار و نێوەندگیری نێوان(هە،ن) کردووە.
پاش ماوەیەک (ن) منداڵێکی کوڕی دەبێت ، بەڵام ئەم منداڵە هەڵگری نهێنییەکی قورس دەبێت.
(ف)ی هاوسەری (ن) گومان دەکات کە ئەم منداڵە هی ئەو بێت داوادەکات کە پشکنینی (دی ئێن ئەی) بۆ بکەن، لە پشکنین دەردەکەوێت کە منداڵەکە لە (ف) نیە بەڵکو منداڵی (هە)ە، بەم شێوەیە هیچ چارەیەک نەمایەوە بۆ(هە،ن) و تەنانەت ئاکۆیش جگە لە هەڵاتن، بە دڵێکی شکاو و جەستەیەکی ئازاردراو دوای گەشتێکی سەخت، دەگەنە وڵاتی بەریتانیا.
بەڵام هەندێک شت هەرگیز لە بیر ناچن. هاوارەکان، ئازارەکان و ئەو شەوانەی کە نزیک بوو ببێتە کۆتاییان.
ئاکۆ، دوای ساڵانێک لە ترس و ئازار و بێدەنگی، گەیشتە ئەو شوێنەی کە هیچ ڕێگایەکی تر نەما، نە یاسا هەبوو بۆ پاراستنی، نە کۆمەڵگەیەک کە بتوانێت پەنای بۆبەرێت. لە کاتێکدا کە بێتاوانییەکەی دەبوو بە تاوانێک بەرامبەر ئەوانەی دەیانویست بیکوژن، ناچار بوو هەڵبژاردن بکات، مانەوە لەگەڵ مەترسیی مردن، یان کۆچکردن بۆ نەزانراو. ئەو کۆچی هەڵبژارد، بەڵام کۆچ هەمیشە مانای رزگاربوون نییە، زۆرجار تەنها گواستنەوەی ئازارە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر.
ئەم چیرۆکە کۆتایی نییە
چونکە ئاکۆ تەنها یەک ناو نییە، بەڵکو نموونەی هەزاران کەسە کە بەبێ تاوان دەکەونە ناو کێشەکان و ناچار دەبن لە نێوان مردن و کۆچدا هەڵبژاردن بکەن.
لە کۆتاییدا ئەو پرسیارە هێشتا بەبێ وەڵام ماوەتەوە
کاتێک بێتاوانی نابێتە پاراستن، یاسا بێدەنگە و کۆمەڵگەش تەنها تەماشاکارە.
کێ دەتوانێت ژیانی مرۆڤ بپارێزێت؟
نووسینی: رەوا حەمەجان
چیرۆک\ دادگاییەک لەناو پیاڵەیەک چادا.. کوردستان مید
چاوم کەوتە سەر گۆڤارەکەی سەر مێزەکەی باوکم، وتەیەکی پابلۆ ئیسکۆبار لەسەر پەڕە کۆنەکەی گۆڤارەکە نوسرابوو (هەرچەندە دواتر زانیم ئەو وتەیە هی پابلۆ نەبووە) بەڵام بۆ من لەم ساتەدا ڕەهاییترین ڕاستی بوو:
‘کاتێک منداڵ بووم داوام لە خوا ئەکرد پاسکیلم پێ بدا، پێی نەدام. .منیش پاسکیلێکم دزی و داوام لە خوا کرد لێم خۆش بێت’
لەپڕ دەنگی دەرگا ئاسنەکە بەر گوێم کەوت و ڕایچڵەکاندم. . باوکم بوو وەک هەمیشە، بەپەلە دەرگاکەم کردەوە. .دەنگە تیژ و ناخۆشەکەی باوکم مێشکی کاس کردم، بە توڕەیی هاواری ئەکرد:
— ئەو دەرگایە بۆ ناکەیتەوە گەمژە ..سەعاتێکە لە دەرگا ئەدەم کوا دایکە بێ مێشکەکەت؟
بە دەنگێکی لەرزۆکەوە وتم:
— لەسەر گۆڕی خوشکە بچووکەکەمە لە گۆڕستانەکە.
دەرگاکەی داخست دەنگی داخستنی دەرگاکە لە زەنگی سارین ئەچوو، دەستی توند لە پرچم گیرکرد و ڕایکێشام بەرەو ژوورەوە:
— گۆڕستان ؟ ئەو شێتە کە هاتەوە وای لێ ئەکەم لە گۆڕستانەکە شوێنێکی تایبەتی پێ بدرێ.
ئەمویست خۆم ڕزگاربکەم لەژێر دەستی، بەڵام وادیار بوو لەوە بێهێزترم بتوانم دەستە زبر و گەورەکانی لە پرچەکانم بکەمەوە، فرمێسک بەسەر ڕوومەتەکانم هاتە خوارەوە و بە قوڕگێکی پڕەوە هاوارم کرد:
— باوکە تکایە وازم لێبێنە، ئازارم ئەدەیت.
دەستەکانی لێ کردەوە و پاڵی پێوەنام بەرەو دیوارەکە. . ئەوەنە بەتوندی بە دیوارە کۆنەکە کەوتم کە گوێم لە دەنگی ئێسکەکانم بوو..
چاوەکانی زەق کردەوە و بەدەنگێکی گڕ وتی:
— بڕۆ بە دوای ئەو بێ ئەقڵەدا و پێی بڵێ هەر ئێستا بێتەوە.
بەخێرایی و هەناسەبڕکێوە هەنگاوی خێرام ئەنا بەرەو گۆڕستانەکە، تەنیا چەن گەڕەکێک لێمان دوربوو کەچی قاچەکانم وا هەستی ئەکرد کیشوەرێک دوورە.، کاتێک گەیشتم بۆنی خۆڵ و گوڵەکانی سەر گۆڕەکان گۆڕستانەکەی تەنی بوو..لە دوورەوە دایکم بینی لەسەر گۆڕە بچووکەکە دانیشتبوو، ماچی کێلی قەبرەکەی ئەکرد و لەبەر خۆیەوە بە ورتە ئەیوت:
— ئازیزەکەم من لێرەم .. تۆ بەتەنیانیت مەترسە.
تاکە دەنگێک لەناو گۆڕستانەکە ئەهات چرپەکانی دایکم بوو، چوومە بەردەمی دایکم دەستم خستە سەر شانەکانی، سەری بەرز کردەوە و چاوە سورەکانی تێبڕیم، پێش ئەوەی هیچ وشەیەک بڵێم بە دەنگێکی خەمناک وتی:
— دووبارە هاواری کرد بەسەرتدا ؟ لێی دایت ؟
وشەکان لە قوڕگمدا گیربووبوو نەم ئەتوانی دەریان ببڕم. بە زەحمەت وتم:
— نەخێر لێی نەیام. . داوای تۆ ئەکات وتی باخێرا بێتەوە ..
دایکم بە هێمنی هەستایە سەر پێ، بە قۆڵی کراسە دڕاوەکەی کە بۆنی تۆزی گۆڕەکەی لێ ئەهات چاوەکانی سڕیم و ماچێکی سەری کردم و وتی:
— هەموو شتێک باشەبێت مەترسە، هەرچیەکی کرد تۆ بێدەنگ بمێنەوە.
بە هەنگاوی خێرا بەرەو ماڵەوە بەڕێ کەوتین، خوایە نەم ئەویست بگەین! ئەمویست ڕێگاکە زۆر درێژبێت تا قیامەت بەپێ ڕێبکەین، بەڵام زۆر خێراتر لەوەی چاوەڕێم ئەکرد گەیشتینە ماڵەوە..
باوکم وەک دڕندەیەکی کێوی کە چاوەڕێی نێچیرەکەی بکات لەناوەڕاستی دەرگا ئاسنەکە ڕاوەستابوو، چاوەکانی زەق کردبۆوە ڕوخساری گرژکردبوو، هەر کە دایکم هەنگاوی هێنا بۆ ناو دەرگاکە دەستی کردە ناو پرچەکانی و بەدوای خۆیدا ڕایکێشا قیژەکانی دایکم وەک فیشەک لە گۆێیەکانمەوە بەرەو مێشکم ئەڕۆشت، بەدەنگێکی بەرز هاواری ئەکرد:
— چی ئەکەیت لە گۆڕستان ؟ ئەوەنیە ئەم ماڵەت کردووە بە گۆڕستان ئەوەندە بەس نیە بۆت ؟ ئەم ماڵە بۆنی مردووی لێ یەت مردوو …. تۆ چیت ئەوێ پێم بڵێ ؟ ئەتەوێ تامردن لە گۆڕستان بژیت ؟
چاوەکانم گرت نەم ئەویست دیمەنی لێدانی دایکم ببینمەوە، قیژەکانی دایکم تەنیا گوێی ئازار نەئەدام. . دڵمی لەت لەت ئەکرد ..
دوای ئەوەی شەکەت بوو لە لێدانی دایکم. .بۆ ماوەیەک بێدەنگی باڵی بەسەر ماڵەکەدا کێشا، تەنیا دەنگی هەنسکی دایکم دەهات لە سووچێکی ژوورەکەدا…
باوکم لەسەر کورسییە دارەکەوە دانیشت، وەک ئەوەی هیچ نەبووبێت، چەرخەکەی لە گیرفانی دەرهێناو جگەرەیەکی داگیرساند، دوکەڵی جگەرەکە وردە وردە بۆنی خوێنە ساردەکەی دەموو لوتی دایکمی ون کرد …
باوکم ڕووی تێ کردم و بە زریکەیەکی ناخۆش وتی:
— هەستە ئەو چایە لێنێ گەمژە ، سەیری چی دەکەیت؟
بەپەلە ڕۆشتم بۆ مەتبەخەکە، دەستم بە زەحمەت توانای گرتنی قۆریە چایەکەی هەبوو، بەدیار چاکەوە ڕاوەستام بۆ ئەوەی بکوڵێت. . لەگەڵ بڵاوبوونەوەی بۆنی کوڵانی چایەکە شتێکی تر لەناو مێشکی مندا ئەکوڵا. .
بۆ یەکەمجار بیرێکی ترسناک مێشکی داگیرکردم. . یەکەم بیرۆکە بوو کە ئەمویست بۆ یەکەمجار لە ژیانمدا ئەنجامی بدەم بێ دوودڵی.
بیرم لە قسەی دکتۆرەکە ئەکردەوە کاتێک پشکنینی بۆ باوکم کردبوو، پاشان لە ڕاڕەوە ساردەکەی نەخۆشخانەکە بە دوودڵیەوە پێی وتین:
— وادیارە جەڵدەی دڵ لێی داوە کۆمەڵێک شتم بۆ نوسیون ئەبێ دووربێ لە بەکارهێنانی. .پاشان دەستی خستە سەر کاغەزەکە و وتی: بەتایبەتیش ئەم حەبە.
بە هێمنی چایەکەم بۆ باوکم تێکرد و پاشان لەبەردەمی بە بێدەنگی بۆم دانا، شەو لەناو جێگە خەوەکەم تەنیا دوو شت لە مێشکما ئەخولایەوە ..حەبە قەدەغەکراوەکە و پاسکیلەکەی پابلۆ ئیسکۆبار.
سبەی دوای ئەوەی باوکم ڕۆشت بۆسەر کار بە هەنگاوی خێرا بەرەو سەیدەلیەی گەڕەکەکە ڕۆشتم. ..بۆنی دەرمان و دەنگی هاواری نەخۆشێک سەیدەلیەکەی پڕ کردبوو، دەستەکانم دەلەرزین کاتێک پارەکەم خستە سەر مێزەکە.
سەیدەلانییەکە بە گومانەوە سەیری کردم و وتی:
— بۆ کێیە؟
بە دەنگێکی نزم وتم:
— بۆ دایکم … جومگەکانی ئەئێشێت.
کاتێک سەیدەلانیەکە قتووەکەی دامێ، هەستم کرد قورسترین شتی جیهانم بەدەستەوەیە، هەستم ئەکرد ئێستا چارەنوسی خۆم و دایکم لەناو قووتوویەکی بچووکدایە.
کاتێک لە سەیدەلیەکە کەمێک دوور کەوتمەوە بە خێرایی وەک ڕەشەبا بەناو کۆڵانەکەدا ڕام ئەکرد، زوو زوو ئاوڕم ئەدایەوە بۆئەوەی دڵنیابم کە کەس چاودێریم ئەکات. .
بەزوویی گەیشتمەوە بەردەمی دەرگا ئاسنینەکەی ماڵەوە، پێش ئەوەی بڕۆم بەکراوەیی جێم هێشتبوو، بەهێواشی چوومە ژوورەوە
دایکم وەک هەمیشە لە سوچێکی ژوورەکە بەدیار جلە کۆنەکانی خوشکەبچووکەکەمەوە دانیشتبوو … بۆنی جلەکانی ئەکرد و هەنسکی هەڵئەکێشا .. تەنانەت سەرنجی ئەوەی نەدابوو کە چەن خولەکێک ڕۆشتبووم و پاشان گەڕابوومەوە.
چاوەڕێی گەڕانەوەی باوکم بووم .. دەمەو ئێوارە تەقەی دەرگاکە هات .. هەستم کرد خەریکە دڵم لە لێدان دەوەستێت، بەخێرایی ڕۆشتم و دەرگاکەم کردەوە، باوکم کیسەیەک چایی بەدەستەوەبوو بە ڕوویەکی گرژ و دەنگێکی گڕەوە وتی:
— بڕۆ چاییەک لێبنێ ماندووم.
بۆ ساتێک چاوم کەوتە سەر باوکم..خوایەگیان بڵێی ئەمەکۆتا چارەسەربێت بۆ ڕزگاربوونی ئێمە ؟
بەرەو مەتبەخەکە گەڕامەوە .. لە ڕاڕەوی تەنیشت مەتبەخەکە چاوم کەوتە سەر دایکم .. دەستەلەرزۆکەکانی، ڕوخسارە شێواو و پڕ برینەکەی دڵنیایی کردمەوە کە هیچ ڕێگەیەکی تر بۆ ڕزگاربوونی ئێمە نەماوە ..
قۆرییە چاییەکەم بەدەستێکی لەرزۆکەوە کردە سەر تەباخەکە. .هەستم ئەکرد دەستەکانم سڕبوون .. هەرچۆنێک بێت پیاڵە و قوتووە شەکرەکەم دەرهێنا، کاتێک ویستم چاییەکە تێبکەم هەستم ئەکرد دەستەکانم توانای گرتنی دەسکی قۆریەکەیان نیە ..
هەموو هێزی خۆم کۆکردەوە بۆئەوەی پیاڵەیەک چایی تێبکەم، بەهێواشی چاییەکەم کردە ناو پیاڵەکە پاشان زۆر بەهێواشی حەبەکەم لە گیرفانم دەرهێنا .. دەنکێک .. دووان .. سیان ..چوار. ..
کردمە ناو چاییە گەرمەکە و بە کەوچکەکە بەهێواشی تێکم دا ..
تەقە تەقی کەوچکی ناو پیاڵە چاییەکە لە هاوارەکانی باوکم زیاتر دڵمی ئەلەرزاند …، چاییەکە هیچی تر هەڵاویی هێمنکەرەوەیەکی نەبوو بۆنی هەڵاویی چاییەکە بۆنی ژەهر و مەرگی لێ ئەهات .. وردە ورە حەبەکان توانەوە و هیچ شوێنەوارێکی نەما .. چایەکە بوو بە چایەکی ڕەشی خەست کە وەک چارەنوسی ئێمەوابوو ..
پیاڵەکەم هەڵگرت و بەرەو ژوورەکەی باوکم کەوتمە ڕێ، باوکم بەدیار تیڤییەوە لەسەر کورسیەکە دانیشتبوو جگەرەیەکی بە دەستەوە بوو، پیاڵە چاییەکەم لەبەردەمی دانا و بێ ئەوەی سەیری بکەم بە هێمنی بەرەو مەتبەخەکە گەڕامەوە. کاتێک گەشتمە ناو مەتبەخەکە هەموو گیانم وەک چڵەدارێکی لاوازی ژێر ڕەشەبای پایز ئەلەرزی .. بیرکردنەوە لەوەی کە باوکم بە گۆڕانی تامیی چاییەکە بزانێت مێشکی ئەخواردم و دڵمی تا ئاستی مردن ئەلەرزاند..
لەپڕ گوێم لە دەنگی باوکم بوو بانگی ئەکردم بە دەنگێکی لەرزۆک و قوڕگێکی گیراو .. وەک پێشتر دەنگی تیژ نەبوو بەڵام زیاتر دڵی ئەلەرزاندم…
بەلەرزەوە هەنگاوم هەڵهێنا قاچەکانم ئەت وت لەناو قوڕی زستان چەقیوون .. چوومە ژوورەوە یەکەم شت چاوم چووە سەری پیاڵە چاییەکەبوو کە چەن قومێکی تیا مابوو. باوکم دەستی بەسنگییەوە گرتبوو چاوە زەقەکانی تێبڕیم .. ڕەنگی ڕوخساری وەک تارمایی سپی بووبوو ..
بە دەنگێکی نوساو بۆ کۆتا جار وتی:
— دڵم خەریکە ئەتەقێت ..
بێدەنگ ڕاوەستابووم سەیری ئەو جەستە گەورەیم ئەکرد .. ئەو دەستە زبرانەی کە هیچی تر هێزیان نەمابوو قژی دایکم ڕابکێشن.
لەوکاتەدا گەورەترین دەنگی ناو مێشکم ئەوەبوو : خوایە من ژیانی باوکم دزی بۆ ئەوەی ژیانی دایکمی پێ بکڕمەوە .. ئێستا داوات لێ ئەکەم لێم خۆشبیت .
باوکم دەستی بەسەر مێزەکەوە گرت بۆ ئەوەی هەڵبستێتەوە بەڵام قورسایی حەبەکە لەوە زیاتر بوو دڵی بەرگەی بگرێت، لەپڕ کەوت بەسەر مێزەکەدا و پیاڵە چاییەکە ڕژا .. ڕێک وەک ئەو خوێنەی کە ساڵانێک لە دەموو و لوتی دایکمەوە ئەیڕشت، ئیتر هەرگیز نەیتوانی هەستێتەوە. .
دایکم بە هەنگاوی هێواشەوە لە جەستە ساردەکەی باوکم نزیک بۆوە، بە دەستە لاوازەکانی لێدانی دڵی باوکمی پێوا. . پاشان چاوەکانی لە چاوەکانم بڕی و بە دەنگێکی خامۆش وتی:
— مردووە!
بێدەنگیەکی ترسناک ژوورەکەی گرتەوە، تەنیا دەنگی لێدانی دڵی خۆمم ئەبیست. . دایکم بەهێواشی لێم نزیک بۆوە و باوەشی پیاکردم بە قوڕگێکی پڕەوە وتی:
— ئازیزەکەم پێویستە لای خوشکەکەت بینێژین.
دوای مەراسیمی بەخاک سپاردنی باوکم هەستم بە ئارامیەکی سەیر ئەکرد، پێم وابوو ئیتر هیچ شتێک ناتوانێت دایکم ئازاربدات…
دوای تێپەڕبوونی چەند هەفتەیەک، ماڵەکەمان بێدەنگ بوو… ئەو بێدەنگییەی کە ساڵانێک خەونمان پێوە دەبینی، دایکم تاکە شتێک لە ژیانیا هەیبوو گۆڕستان بوو هیچی تر نەبوو..ئەو لەو جۆرە کەسانەبوو کە ئامادەبوو تا کۆتایی تەمەنی بە دیار یادگاریەکی کۆنەوە ڕابمێنێت. .هەرگیز ئارەزووی هیچ شتێکی تازەی نەئەکرد.
ساڵ هات و ڕۆشت. ..وردە وردە ئەو بێدەنگیە ئازاری ئەدام، حەزم لە دەنگ بوو لە جوڵە بوو، حەزم لە ژیان بوو… بەڵام هەرگیز گوێم لە هیچیان نەبوو ..
بۆنی ژیان کردن بەتەواوی ماڵی ئێمەی جێهێشتبوو ..
دەنگی تەقەتەقی کەوچکەکە لە ناو پیاڵە چایەکەدا، تاکە دەنگ بوو کە بێدەنگیی مەتبەخە مۆدێرنەکەی دەشکاند…بیست ساڵ تێپەڕیبوو بەسەر ئەو شەوەی کە دەستەکانم تێیدا دەلەرزین. . دوای مردنی باوکم ویستم لەو ماڵە بێدەنگ و بێ چرپە ڕابکەم بۆ ماڵێک کە ژیانی تیابێت. .بەڵام جگە لە دەنگی خۆم هەرگیز هیچ دەنگە دەنگێکم نەبیستەوە. .
لەپڕ دەنگی زەنگی ماڵەکە لێدرا. .
بانگی کوڕە چواردە ساڵەکەم کرد:
— باهۆز. .باهۆز.. ئەی هاوار ئەم کوڕە کەڕە ؟ بۆ هەرگیز بەیەکەم بانگ کردن وەڵام ناداتەوە! کەی فێر ئەبێت ئەوەنە یاری بە مێشکم نەکات.
بە دەنگێک کە گوێیەکانی خۆشمی ئازار ئەدا هاوارم کرد:
— بااااهۆۆۆۆز بۆ وەڵام نادەیتەوە حەیوان؟
کوڕەکەم بە هێواشی دەرگای ژوورەکەی کردەوە و سەیرێکی کردم و وتی:
— دەرگاکەم کردەوە باوکم بوو.
مێشکم خەریک بوو ئەتەقی توانای بەرگەگرتنم نەمابوو، لێم پرسی:
— بۆچی وەڵام نادەیتەوە کاتێک بانگت ئەکەم ؟
دەمووچاوی خۆی گرژکرد و وتی:
— چونکە سەرقاڵی کردنەوەی دەرگاکە بووم.
پاشان بە هەنگاوی خێرا مەتبەخەکەی بەجێهێشت و دەرگاکەی بە توندی داخست دوای خۆی.
دوای چەن خولەکێک هاوسەرەکەم هاتە ژوورەوە، ئەو هەمیشە بێدەنگبوو. . هیچ خزمایەتیەکی لەگەڵ دایکم نەبوو کەچی ڕێک لەوە ئەچوو کۆپی ئەوبێت. .ڕۆژانە تەنیا چەن پرسیارێکی سادەی ئەکرد ..وەک ئێستا کە بەهێواشی لێی پرسیم:
— بۆ ئێوارە چیمان هەیە ؟
دەمارەکانی مێشکم خەریک بوو ئەچڕان..ئەو ساردو سڕیەی زیاتر لە هەموو شتێکی دنیا ئازاری ئەدام…هەرگیز نەی ئەپرسی چیت ئەوێت ؟ چی بێزاری کردوویت؟ ئەتەوێ گوێت لێبگرم؟ یان هەوڵی نە ئەدا هەرگیز هیچ مناقەشەیەک بکات ..هەوڵی نە ئەدا قسەیەکی جیاواز بکات تەنانەت ئەگەر قسەکە جنێوێکیش بێت!
بە هەموو هێزم قاپەکانی سەر مێزەکەم فڕێ دایە سەر زەویەکە و هاوارم کرد:
— زەهری مارمان هەیە…
هاوسەرەکەم بێدەنگ بوو ئەو بێدەنگیە لە هەموو هاوارێک زیاتر ئازاری دڵمی ئەدا …پاشان بەهێواشی و بەدەستە لەرزۆکەکانی دەستی کرد بە کۆکردنەوەی شووشە شکاوەکانی سەر زەویەکە، لەو ساتەدا شووشەیەکی تیژ دەستی بڕی و خوێن بەسەر پەنجەکانیا ڕژا ..
ئەو کزی و بێ کاردانەوەییەی لە ناخەوە خەریک بوو ئەیخنکاندم. . بەتەواوی تاقەتی لێبڕی بووم. . کاتێک خوێنەکەم بینی دڵم لەرزی هەمان خوێنی سەر جەستەی دایکم بیر هاتەوە. ..بە پەرۆشەوە زۆر بەخێرایی دەستەکانیم گرت و ڕووم تێکرد :
— تۆ کوێریت ؟ نابینیت ئەوانە شووشەن؟! بۆچی تۆ ئەوەنە گەمژەیت!
تەنانەت بە یەک وشەش وەڵامی نەدامەوە ..بۆچی وەڵام ناداتەوە ؟ نە توڕە ئەبێت نە عاجز ئەبێت! باشە تۆ چ مرۆڤێکی خۆ مەیتی ناو گۆڕستان نیت؟! ئەم پیاوە زیاتر لە جەنازەیەکی بێدەنگ ئەچوو لەوەی لە مرۆڤێک بچێت.
ئەو ئیهمالیەی وەک ژەهر بەناو دەمارەکانمدا ئەگەڕا. ..هیچ شتێک نەبوو من نەم کردبێت تا ئەو پیاوە بهێنمە دەنگ. .بەڵام هەرگیز هیچ کاردانەوەیەکی نەبوو.
خوایە گیان هەرگیز تێنەئەگەشتم لەوەی بۆچی ئەو بێدەنگیەی پێشتر خەونم پێوە ئەبینی ئێستا لە هاوارکردن زیاتر ئازاری هەبوو ؟؟ بۆچی ئەو بێدەنگیە لە ناخەوە تێکی ئەشکاندم؟ حەزم ئەکرد قسەیەک بکات. . هاوارێک بکات. . کەمێک بجوڵێت. . ژیانی تیابێت.
بەڵام ئەو وەک هەموو کاتێکی تر بە بێدەنگی بەهەنگاوی قورس ژوورەکەی جێهێشت.
لەسەر کورسیەکە دانیشتبووم دەستەکانم بەسەرمەوە گرتبوو، ئەمویست بە دەستەکانم پەستان بخەمە سەر مێشکم .. ئەمویست لەو ئازارە ناوەکیە ڕزگاری بکەم. . بەڵام نەم ئەتوانی ئەو ئازارە وەک مشەخۆرێک مێشکمی ئەخوارد .. وەک نەخۆشیەکی درم بەتەواوی جەستەمدا بڵاو ئەبۆوە.
سبەی کاتێک لەسەر باڵکۆنەکە دانیشتبووم بەدیار ئاوابوونی خۆری مانگی ئابەوە. .لەپڕ دەنگی زەنگی دەرکاکە لێدرا و ئەو بێدەنگیەی شکاند. . هەستام و هەنگاوم نا بۆ ئەوەی دەرگاکە بکەمەوە .. کاتێک گەیشتمە بەردەمی دەرگاکە پیاوێکی کەمێک کوتەباڵام بینی، دەستی ئەهێنا بەناو ڕیشە سپیی و درێژەکەی .. چاویلکەیەکی گەورەی لە چاو بوو، جەستە بێهێز و لاوازەکەی بەسەر گۆچانێکدا چەماندۆبوە.
چاوم بڕیە ناو چاوە کزەکانی و وتم:
— فەرموو ؟ کێی بەڕێزت ؟
بە زەردەخەنەیەکی هێمنەوە و بە دەنگێکی نوساو وتی:
— وتیان ئێرە ماڵی کچی نەوزادە. . تۆ کچی ئەویت ؟
بە هێنانی ناوی باوکم بەبێ ویستی خۆم ڕوخسام گرژبوو، بەڵام هەوڵم دا بیشارمەوە و وتم:
— بەڵێ کچی ئەوم.
پیاوە پیرەکە وتی:
— من ئامۆزای باوکتم.
لەژووری میوانەکە لەسەر قەنەفەکان دانیشتین و بەخێرهاتێکی گەرمم کرد پاشان بە دەنگێکی هێمن و کەمێک بەرز هاوارم کرد:
— باهۆز. . ئازیزم چایەک لێبنێ میوانمان هەیە.
پیاوە پیرەکە دەستە لەرزۆکەکانی خستە سەر یەک و وتی:
— تازە لە ئەوروپا گەڕاومەتەوە ویستم سەرێک لە باوکت بدەم. . بەڵام پێیان وتم بە نەخۆشی دڵ بیست ساڵ پێش ئێستا مردووە.
هەناسەیەکی قوڵم هەڵکێشا و وتم:
— بەڵێ له ڕاستیا ئەو زۆر نەخۆش بوو. پێشتریش جەڵدەی دڵ لێی دابوو بۆیە بەرگەی نەگرت و جاری داهاتوو بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لێ کردین.
دوای ئەوەی باهۆز چاییەکانی هێنایە بەردەممان پیاوە پیرەکە ڕووی کردە باهۆز و وتی:
— دەست خۆش کوڕی گەنج ئەزیەتت کێشا
پاشان دەستی کرد بە تێکدانی پیاڵە چاییەکە و کەوچکەکەی بەهێواشی بەدەستەوە گرت و وتی:
— ئای بۆنی ئەم چاییە و ئەم کەوچکە زۆر شتم بیر ئەهێنێتەوە. . من و باوکت تەنیا ئامۆزا نەبووین ، ئێمە هاوڕێی گیانی بەگیانی یەکتربووین بە مناڵی.. ئەو داماوە هێشتا سوتانی کەوچکەکە بە سەر قاچیەوە دیار مابوو ؟
هەستم ئەکرد دنیا لەبەردەمم ئەخولێتەوە پرسیم:
— شوێنەواری کام کەوچک ؟
پیاوە پیرەکە بە چرپە ئاسایەک وتی:
— ئەو شوێنەوارەی لەسەرووی پەنجەکانی قاچیەوە بوو. . هەرگیز بۆی باس نەکردووی ؟
بە سەرسوڕمانەوە پرسیم:
— نەخێر .. ئەو هەرگیز باسی ڕابردوی نە ئەکرد.
پیاوە پیرەکە قومێکی لە چایەکە دا و وتی:
— نەوزاد… داماوە نەوزاد. دایکی (نەنکت) ژنێکی زۆر سەیر بوو. کاتێک نەوزاد مناڵ بوو، هەر کاتێک دەگریا نەنکت بێ ڕەحمانە لێی ئەدا. . هەمیشە ئەیوت بێدەنگ بە من حەزم لە ژاوە ژاو نیە ئەو ژاوە ژاوەت مێشکی تێک داوم ئەبێ ئەم ماڵە وەک گۆڕستان بێدەنگ بێت. .
پاشان بە دەستەلۆچەکانی پیاڵەکەی دانا و وتی:
— نەوزادی داماو هەمیشە بە جلی چڵکن و دڕاوەوە ئەهاتە دەرەوە ، مناڵەکان هەمیشە پێی پێئەکەنین و فیکەیی گاڵتەپێکردنیان بۆ لێ ئەدا.. ئەو ڕۆژە چووینەوە ماڵی ئێوە نەوزاد بە توڕەییەوە بە دایکی وت : تۆ بۆچی جلەکانم بۆ ناشۆریت ؟ بەڵام نەنکت ئەوەنەی لێدا تا هێزی تیا نەما دواتر کەوچێکی ناو پیاڵە چاییەکەی کردە سەر ئاگردانی ناو زۆپا دارەکە و پاشان خستیە سەرقاچەکانی باوکت. …ئای خوایە گیان قیژەی ئەو مناڵە بێتاوانە ئێستاش گوێیەکانم ئازار ئەدات کاتێک بیرم یەتەوە .
پیاوە پیرەکە کەوچکەکەی لە ناو پیاڵەکەدا هێنا و برد، دەنگە تەقەتەقەکەی وەک چەقۆ دەچوو بە مێشکمدا. لەناو خەیاڵەکانمدا سەیری پەنجەکانی قاچی باوکمم ئەکرد. . ئەو شوێنەوارە سووتاویەی کە پێم وابوو تەنیا کاری سوتفەیەک بووە. ..
پاشان پیاوە پیرەکە بەردەوام بوو:
— ئەو داماوە خۆ تاوانێکی نەبوو. . ڕقی لە بێدەنگی بوو. . ئەیویست کەمێک دەنگی ژیان لەناو ماڵەکەدا دروست بکات و گرنگی پێ بدرێت، بەڵام ئەگەر قسەی بکردایە دایکی لێی توڕە ئەبوو. . ئەگەریش داوای کارێکی لێ بکردایە تەنیا لێدانی ئەخوارد .
هەستم ئەکرد دڵم خەریکە لەناو قەفەزەی سنگم یەتە دەرەوە، بە دەنگێکی هێواش و هەناسەیەکی قورسەوە پرسیم:
— باشە نەنکم چۆن مرد ؟ باوکم هەرگیز باسی نەکردووە.
پیاوە پیرەکە دەستێکی بە ڕیشە درێژەکەیدا هێنا و وتی:
— کچەکەم. . ئێمە لە لادێ ئەژیاین ، ڕۆژێک باوکت بە هەناسەبڕکێوە ڕای کرد بۆلامان ، داماوە گیانی وەک چڵە دارێک ئەلەرزی و قسەی بۆ نەئەکرا. . پاشان وتی دایکم کەوتۆتە ناو کانیەکەوە کاتێک خەریکی جل شۆردن بووە و خنکاوە ، ئەو بێچارەیە تەنیا شانزە ساڵ بوو ئەوکاتە.
تاسانێک تەواوی جەستەمی داگرت، لە هەمان تەمەنی ئەوکاتەی باوکم بووم کاتێک حەبەکەم کردە ناو پیاڵە چایەکەی. . تەنیا شانزە ساڵ بووم. .. هەناسەم بۆ نە ئەدرا تەواوی جەستەم سڕبوو.
پیاوە پیرەکە گۆچانەکەی هەڵگرت و وتی:
— کچی خۆم تەنیا هاتم سەرێکت لێبدەم. . ماشاءالله تۆ چەن لە نەوزاد ئەچیت ! بەتەواوی هەموو شێوەت لەو ئەچێت . پاشان زەردەخەنەیەکی کرد و وتی ئەبێ من بڕۆم درەنگە.
دوای ئەوەی پیاوە پیرەکە ڕۆیشت، تەقەی دەرگاکە هەمان دەنگە ناخۆشەکەی دەرگائاسنەکەی جارانی بیر ئەهێنامەوە. ..بە بێدەنگی گەڕامەوە بۆ ژووری میوانەکە، پیاڵە چایەکەی بەردەمم بەدەستێکی لەرزۆکەوە هەڵگرت. . لە جیاتی وێنەی خۆم وێنەی باوکم تیا ئەبینی. . خوایە گیان دەستەکانم هیچی تر دەستی خۆم نین ئەوە دەستە زبرەکانی باوکمن. .هەستم ئەکرد ئەو چایە هەمان ڕووبارە کە نەنکمی تیا خنکا و دواتریش باوکم. ..بۆنی هەڵمی چاییەکە لە گازی خەردەل زیاتر جەستە و دڵی ئەسوتاندم ..
ئەو باوکەی چەن ساڵ پێش ئێستا پێم وابوو ناشتوومە ئێستا ڕوحی ئەو وەک هەمان مناڵە چڵکنەکەی جاران لەناو جەستەی مندا یاری ئەکرد… هاواری ئەکرد..ئەگیریا. . پێئەکەنی. . داوای دەنگی ژیانی ئەکرد ..خوایە گیان من ئێستا بووم بەو شتەی کە تەواوی تەمەنم ڕام ئەکرد لێی ؟
چاوەکانم بەدەستەکانم ئەسڕی ئەمویست دڵنیابمەوە لە وێنەی ناو پیاڵەکە ئەمویست خۆم ببینمەوە بەڵام ئەوەی ئەمبینی تەنیا وێنەی ئەو مناڵەبوو بە زەردەخەنەیەکەوە ڕووی تێ ئەکردم. ..ئەو مناڵەکەی کە کەوچکە چایەک ژیانی مناڵی لێ زەوت کرد و کەوچکە چایەک ژیانی لێ وەرگرتەوە…
کتێبی دنیای ئەدەب ژمارە ٣ و ٤ ی ساڵی ٢٠٢٦
خولی/ڕوانگەی هزرەڤانان بۆ ئەدەب (Thinkers perspective on literature)
بریتیدەبێت لە چەندین وانە. یەکەم وانە بەم ناوەوە دەبێت:(هزر و ئەدەب)، بەهاوبەشی لەگەڵ (گەلەری ئارام) لە سلێمانی پێشکەشدەکرێت. سوپاس بۆ گەلەری ئارام و پێکەوەکارکردنمان…
بەگشتی لە خولی (تێڕوانینی بیرمەندان لەمەڕ ئەدەب) شاعیرە بووناوییەکان، رۆماننووسە هزرەڤانەکان لەم خولە گفتوگۆدەکەین. ئەوە گفتوگۆدەکەین پێیدەگوترێ ئەدەب بەپێی بیرمەندان، ئەدەبێکی فەلسەفیی یان ئەو ئەدەبە(شیعر و رۆمانانە) گفتوگۆدەکەین کە تێهزرین و تێفکرینی قوڵیی فەلسەفیی تیابەدیدەکرێت، کە بەشێک لەوانە ئەمانەدەبن: دولۆز و کافکا، میلان کۆندێرا و بیریاریی لە رۆماننووسیدا، کامۆ و فەلسەفە، ئامبێرتۆ ئێکۆ و هزراندنی رۆمان، پۆل سێلان و دێریدا، رێلکە/تڕاکل/ هۆڵدێرلین وەک شاعیرەبیرمەند لەدیدی هایدیگەر، رۆنێ شار شاعیری هزرەڤان، مالارمێ و شیعرگەرایی، چاخی شاعیرانی بادیۆ وشاعیرەبووناوییەکان….هتد..
وانەی یەکەم رۆژی شەممە کات 5 ی ئێوارە، ڕێکەوتی 4/4/2026 لە گەلەری ئارام پێشکەشدەکرێت.

فیدراسیۆنی هۆزایەتی.. بەختیار مام حەمید(لالە بەختیار)
(مکایەڵی: مۆدێلێکی باڵای هاوپەیمانیی هۆزایەتی لە مێژووی جافدا) بە نموونە.
لە مێژووی کۆنی نەتەوەی کورد(و نەتەوەکانی تریش)دا، “هۆز” تەنها یەکەیەکی خوێنی و ڕەچەڵەکیی نەبووە، بەڵکو لە پاڵ نزیکایەتیی خوێنیی و پشتاوپشتدا دەزگایەکی سیاسی و سەربازی بووە بۆ پاراستنی بوونی نەتەوەیی و ئابووری ئەو کۆمەڵە خەڵکەی کە ئەندامی هەمان هۆز بوون. فیدراسیۆنی مکایەڵی یەکێکە لە نموونە هەرە دیارەکانی ئەم جۆرە یەکگرتنانە، کە توانیویەتی چەندین عەشیرەتی گەورە و خاوەن مێژوو لەژێر چەترێکی مەعنەوی و کۆمەڵایەتیدا کۆبکاتەوە، کە بۆ سەردەمی خۆی وەرچەرخانێکی مەزن و هەنگاوێکی ئازایانەی عەشیرەت و تیرە پێکهێنەرەکانی بووە.
١. ڕیشەی ناونان و پیرۆزیی چەترەکە
ئەم فیدراسیۆنە ناوی خۆی لە کەسایەتیی ناودار و پیرۆزی ناو مێژووی جاف، حەزرەتی پیر مکایەڵی جاف (پیر میکائیل شەش پەنجە، شەش ئەنگوست) وەرگرتووە.
هەڵبژاردنی ئەم ناوە تەنها لایەنێکی مێژوویی نەبووە، بەڵکو:
مانایەکی ڕوحی: پیر میکائیل لای هەموو عەشیرەتەکان وەک ڕابەرێکی ڕوحی و باوکێکی مەعنەوی ناسراوە.
خاڵی کۆکەرەوە: ناوەکە وای کردووە عەشیرەتە جیاوازەکان (تەنانەت ئەوانەشی لە ڕووی خوێنەوە دوورن) هەست بە جۆرێک لە “برایەتیی ئایینی و مێژوویی” بکەن.
٢. پێکهاتەی عەشیرەتەکانی ناو فیدراسیۆنەکە
وەک ئاماژەی پێکرا، ئەم فیدراسیۆنە تەنها یەک تیرە نییە، بەڵکو کۆمەڵێک عەشیرەتی خاوەن قورسایین کە گرنگترینیان ئەمانەن:
ئاڵیبەگی: عەشیرەتێکی جەنگاوەر و خاوەن دەسەڵات لە ناوچەکەدا.
شوانکارە: کە مێژوویەکی دێرینیان لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستاندا هەیە.
ڕەشوبۆری: یەکێک لە پایە گرنگەکانی ئەم هاوپەیمانییە.
حەمەعەلی وەیسی: خاوەن پێگەی کۆمەڵایەتی و جوگرافیی تایبەت بە خۆیان بوون.
میرەیی: بە هەمان شێوە خاوەنی جەنگاوەری ئازا و کەسایەتیی نەفسبەرز و لێهاتوو بوون.
تیرەکانیتر: بێگومان ئەوانیش تایبەتمەندیی زۆریان هەبووە بۆیە جێیان گرتووە لەو فیدراسیۆنەدا.
٣. بنەماکانی دروستبوونی فیدراسیۆنەکە
ئەم یەکگرتنە لەسەر سێ بنەمای سەرەکی داڕژاوە:
بەرگریی هاوبەش: بۆ پاراستنی ناوچەکانیان لە هێرشی دەرەکی و پاراستنی سنووری لەوەڕگاکان.
پەیوەندیی ئابووری: بەهۆی ئەوەی زۆربەی ئەم هۆزانە کۆچەری یان نیوە کۆچەری بوون، ڕێڕەوی کۆچ و زستانە و هاوینە پێویستی بە جۆرێک لە “دەستووری ناوخۆیی نەنووسراو” هەبووە بۆ ڕێگریکردن لە کێشە و پێکدادان و گرژی.
پێگەی سیاسی: لە بەرانبەر دەسەڵاتە ناوچەییەکان (وەک میرنشینەکان یان دەوڵەتانی دراوسێ و تەنانەت بەرانبەر عەشیرەتەکانیتری ناو هۆزی جاف)، ئەم فیدراسیۆنە وەک یەکەیەکی گەورە و بەهێز مامەڵەی کردووە، نەک وەک چەند تاقمێکی بچووک.
٤. گرنگیی مێژوویی
فیدراسیۆنی مکایەڵی سەلماندی کە کورد لە کۆندا خاوەنی جۆرێک لە “دیموکراسیی سەرەتایی هۆزایەتی” بووە.
ئەوەی کە عەشیرەتەکان توانیویانە لەژێر یەک ناو و یەک ئاڵای مەعنەویدا کۆببنەوە بێ ئەوەی ناسنامەی تایبەتی خۆیان لەدەست بدەن، نیشانەی تێگەیشتنی قووڵیان بووە بۆ چەمکی “یەکێتی لە فرەییدا”.
یەکێتی تۆکمەی نێوان عەشیرەتەکانی ناو فیدراسیۆنەکە وای کردووە کە هەندێ جار کەسایەتییە گەورەکانی ناو عەشیرەتەکان بە پاشگری مکایەڵی بانگ بکرێن و بناسرێن.
بۆ نموونە: نالی ئاڵیبەگی/مکایەڵی، مەولانا خالیدی ئاڵیبەگی/مکایەڵی.
ئەمەیش خوێندنەوەی زۆر ورد و تێرتەسەلی گەرەکە و پێویستە بێلایەنانە لەسەری بکۆڵینەوە.
تێبینی: فیدراسیۆنی مکایەڵی تەنها بەشێک نییە لە مێژووی جاف، بەڵکو ناسنامەیەکی زیندووی ناوچەیەکی بەرفراوانی کوردستانە کە تا ئەمڕۆش شوێنەوارە کۆمەڵایەتییەکانی هەر ماوە و هێشتایش ئەو عەشیرەتانە نزیکایەتییەکی پتەویان هەیە و جۆرێک لە خزمایەتیی ڕیشەییان هەیە.
هەڵسەنگاندێکی سەرەتایی:
١. تێپەڕاندنی “خوێن” بۆ “بەرژەوەندی”
خاڵە هەرە درەوشاوەکەی ئەم بابەتە لەوەدایە کە دەری دەخات فیدراسیۆن (فیدراسیۆنی مکایەڵی، بە نموونە) لەسەر بنەمای “گرێبەستی کۆمەڵایەتی” دروست بووە نەک تەنها “ڕەچەڵەک”.
لە زانستی کۆمەڵناسیدا، ئەمە پێی دەوترێت گواستنەوە لە “کۆمەڵگەی داخراو” بۆ “کۆمەڵگەی هاوپەیمان”.
کۆکردنەوەی عەشیرەتە جیاوازەکانی وەک (ئاڵیبەگی، شوانکارە، ڕەشوبۆری، میرەیی، حەمەعەلی وەیسی و…) نیشانەی ئەوەیە کە عەقڵییەتی سیاسیی ئەو کاتە گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە “یەکێتی لە پێناو مانەوە” گرنگترە لە خۆپەرستیی هۆزایەتیی تەسک و بێکەڵک.
٢. پیرۆزیی مەعنەوی وەک “کۆڵەکەی یەکێتی”
پیر میکائیل تەنها ناو نییە، بەڵکو “چەترێکی پیرۆزە” بۆ ڕێکخستنی جیاوازییەکان.
هەم وەک پیرێکی ئاینیی و هەم وەک کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتیی ناو جافداری.
لە مێژوودا، کاتێک عەشیرەتەکان لە ڕووی سیاسییەوە کێبڕکێیان کردووە، پێویستیان بە ناوێکی “بێلایەن و پیرۆز” بووە کە کەس نەتوانێت ڕەتی بکاتەوە.
پیر میکائیلی شەش پەنجە لێرەدا دەبێتە “خاڵی هاوسەنگی”؛ واتە هیچ عەشیرەتێک ناتوانێت بڵێت من لەوانی تر گەورەترم، چونکە هەموان لەژێر ناوی “پیر”دا یەکسانن و هاوڕایشن لەسەر ناونانی فیدراسیۆنەکە بەناوی ئەو کەسایەتیە گەورەی جاف و کوردەوە.
٣. فیدراسیۆنی مکایەڵی وەک “دەزگایەکی بەڕێوەبردن”
ئەگەر سەیری ئەو سێ بنەمایە بکەین (بەرگری، ئابووری، سیاسی)، دەبینین ئەم فیدراسیۆنە وەک سیستمێکی بەڕێوەبردن کاری کردووە:
لە ڕووی سەربازییەوە: سیستمی “پاسەوانیی سنوور و لەوەڕگا”یان هەبووە، ئەگەرچی فەرمی و ئاشکرا نەبووە.
بەڵام تەواوی عەشیرەت و تیرەکان بە چەکدار/جەنگاوەر، لەم کۆسووڕەدا بەشداربووگن.
لە ڕووی یاساییەوە: ئەو “دەستوورە ڕانەگەیەندراوە”ی باسمان کرد، هەمان ئەو عورف و عاداتە بووە کە کێشە نێوخۆییەکانی پێ چارەسەر کراوە، سەرەتا لە نێوان ئەندامانی فیدراسیۆنەکە و دواتر لە نێو تەواوی عەشیرەت و هۆزەکاندا.
لە ڕووی دیپلۆماسییەوە: ئەم فیدراسیۆنە کاتێک لەگەڵ میرنشینی بابان یان ئەردەڵان یان عوسمانییەکان یان هەر لایەنێکی ر قسەی کردووە، وەک “هێزێکی یەکگرتووی نیمچەهاوخوێن” مامەڵەی کردووە.
٤. ڕەهەندی جوگرافی و ستراتیژی
ئەم عەشیرەتانەی ناویان هاتووە، لە ناوچەگەلێکی ستراتیژیدا بوون کە هەمیشە جێگەی چاوچنۆکیی هێزە دەرەکییەکان بووە. دروستکردنی ئەم فیدراسیۆنە جۆرێک بووە لە “دیواری پاراستن” بۆ هێشتنەوەی خاکی کوردستان و ڕێگریکردن لە پەرتەوازەبوونی هێزی مرۆیی لایەنیەکەم لە ناو جافەکاندا.
٥. کەسایەتییەکان.
عەلی بەگی جاف و قەرەوەیس ئاڵیبەگی و مەولانا خالید و حەزرەتی نالی.
ئەمانە نموونەی کەسایەتیی گەورەی کورد و جاف و ئاڵیبەگین،
سەرەتا ئاڵیبەگین، دواتر موڵکی فیدراسیۆنەکەن، پاشان موڵکی جاف و کوردن بەبێ جیاوازی.
هەندێ جار تۆکمەیی ئەم فیدراسیۆنە وای کردووە کە ئەم کەسایەتییانە جیا نەکرێنەوە لە ڕووی خوێنەوە.
ئەمە پێویستی بە هەڵوەستە و قسەی زیاتر و وردترە.
کورتەی خوێندنەوەکە:
ئەم بابەتە پێمان دەڵێت کە “فیدراسیۆنی مکایەڵی” نموونەیەکی سەرکەوتووی “ڕێکخراوەیی” بووە لە مێژووی جاف و کورددا. نیشانەی ئەوەیە کە باپیرانی ئێمە تێگەیشتنی وردیان بۆ “ئاسایشی نەتەوەیی” هەبووە و توانیویانە لە ڕێگەی ئایین، مێژوو و بەرژەوەندیی هاوبەشەوە، ناسنامەیەکی گەورەتر دروست بکەن کە تێیدا هەمووان هەست بە پارێزراوی بکەن.
ئەم جۆرە لێکۆڵینەوانە زۆر گرنگن بۆ ئەوەی نەوەی نوێ بزانێت کە مێژووی ئێمە تەنها شەڕ و ململانێ نەبووە، بەڵکو مێژووی “داڕشتنی سیستەم و هاوپەیمانیی ژیرانە” بووە.
هەزار ڕەحمەت لە ڕۆحی حەزرەتی پیرمکایەڵی شەش پەنجە و حەزرەتی عەلی بەگی جاف و باوەلێ قەرەوەیس و حەزرەتی مەولانا خالید و حەزرەتی نالی.
مەراسیمی یادکردنەوەی رابەری بزووتنەوەی ژنان یەنار محەمەد لە شاری تۆرۆنتۆ

سرووتی ههڵوهریین.. سیروان بابهعهلی
منی ڕێبوار،
منی سهرهڕۆی دوور له شار،
لهنێو خهرهندی لای دێتان،
هی خۆم نهبێت، سیمای ههمووتانم دهدیی،
گوێم له دهنگی ههمووتان بوو؛
که تۆ ڕۆیشتی و خۆت له گوندهکه تهرا کرد،
ئیدی من نه کهسی دیم دیی و
نه ههستم به کهسی دی کرد…
منی ڕێبوار،
منێکی ههڵهاتوو له شار،
هاوارم به دووتدا وێڵ کرد؛
کهچیی هاوار،
تهنگهتاویی کردییه مار و
لهنێو کونی گوێچکهیهکی دهخهڵدا، پهپکهی خوارد؛
بیستنم نارد خۆی مات بدات،
گهر هاوارێک، نا.. سرپەیەک، له تۆوه بێت، داڵدهی بدات؛
بیستنی بێ نهوا و نامۆ، بیستنی لهوێ ههڵتووتاو،
بووه قوربانی قهپاڵی زارێکی پاشتر ههڵدووراو…
منی ڕێبوار،
منی جاڕز له ژاری شار،
ڕێی دارستانم گرتهبهر؛
لهوێش نهبوویت،
دارستان بێ بهرامه بوو،
هیچ شتێکت لهوێ نهبوو؛
دیاربوو دوور بوویت،
چونکه لهوێ،
لهنێو بازنهی ههستمدا،
تینی شهبهنگت لای نهدا…
منی تاوگیر، منی ڕێبوار،
منی تووڕه له گوند و شار،
چوومه سهر ترۆپکی درهخت،
دوندی چیام کرده مهبهست؛
ههردوو دییدهم، بوونه دوو باڵ بۆ بینایی و
بهرهو لوتکه بهڕێم کردن،
تا لهوێوه سۆراخێکی تۆم بۆ بکهن،
پهی به پهیامێکت ببهن؛
بهڵام جهخار،
بهرلهوهی سۆراخت بکهن،
دوو گلێنهم،
لهترسی داڵهکهرخۆره،
پەیام بهکۆڵ،
ههر به دیار چاوی شاخهوه،
گلۆربوونهوه بهرهو دۆڵ…
ئیدی ئێستا منی ڕێبوار، منی بیمار،
بهخۆم نهبێت، زهنام به هیچ کهسێك ناگات؛
هی خۆم نهبێت، دهنگی هیچ کهسێك نابیستم؛
بیناییشم، سهری بێ چاوی خۆم نهبێت، سهر نابینێت…
منی ڕێبوار،
منی سهربزێو و تاراو،
نهفرهتکردوو له شاخ، له گوند، له شار،
ههر خهریکی چنگهکڕێم؛
ڕههێڵ دهبم، ئێسکم دهشکێت،
کهچیی هێشتا،
لێناگهڕێم، جرج پاشماوهکهم بهرێت؛
هێشتا له توانامدا ماوه،
گهر تیرۆژێکت گهیشته لام،
تێرتێر لهنێو سنگی بنێم؛
هێشتا له توانامدا ماوه،
له زۆزانی خهیاڵمدا،
بتکهمه گوڵی مێخهك و
تهنها به بۆن بۆت بگهڕێم!
سیروان بابهعهلی
ئەحمەد ئەلشەرع لە سەردانەکەی لە لەندەن دا رووبەڕووی ناڕەزایەتی توندبوویەوە
لە دوای سەردانەکانی ئەحمەد شەرعی تاوانبار بۆ بەرلین، رۆژی ٣١ی ئازاری ٢٠٢٦، ئەحمەد ئەلشەرع بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە لەندەن. حکومەتی بەریتانیا فەرشی سووری بۆ پێشوازی لەو تاوانبارە داخست. لە هەمان کاتدا، لە داونینگ ستریت پێشوازی فەرمی لێکرا، بەڵام لە دەرەوە خۆپیشاندەران لە چەتەم هاوس ـ پەیمانگای شاهانەی کاروباری نێودەوڵەتی ـ چاوەڕوانیان دەکرد تا دەنگی ئەو پێکهاتانە بەرزبکەنەوە کە لە سوریادا زیانیان بەرکەوتووە و سەرکوتی ئازادییانەیان لەلایەن رژیمی تیرۆریستی ئەحمەد الشرع سنوردار کراوە.
خۆپیشاندەران بە دروشم و بانگەوازەکانیان دژی سەردانەکە خستەڕوو:
• جولانی تیرۆریست، تیرۆریست جولانی
• جولانی داعش
• نابێت بەریتانیا پێشوازی لە ئەحمەد الشرع بکات
• نابێت چەتەم هاوس پێشوازی لە ئەحمەد الشرع بکات
- خۆپیشاندەران دەڵێن ئەحمەد الشرع و دەسەڵاتەکەی مافەکانی ئازادییە کەسی و مەدەنیەکان سنوردار دەکەن و ژنان و منداڵان بە ئامانج دەگرن و سەرکوت و کوشتار ئەنجامدەدەن.
لە کاتی خۆپیشاندانەکەدا چەندین وێنە و دروشمی دژی تیرۆریزم و دژی سەردانەکە بەرز راگیرا. هەروەها چەند کەسێکی هەلپەرستیش بۆ پشتیوانی لە سەردانەکە لە شوێنەکە بوون، بەڵام بەهۆی توندوتیژی ناڕەزایەتی خۆپیشاندەرانەوە پۆلیس و هێزی تایبەتی ناچار بوون ژمارەیەکی زۆر پۆلیسیان هێنا بۆ پاراستنی ئەحمەد الشرع. ئەو توندوتیژیە هێزەکان ناچار کرد کۆبوونەوەکە دوا بخەن و ئەحمەد الشرع بە شێوەیەکی تایبەتی لەڕێگەی شوێنی ئاگرکەتنەوەوە بگوازرێتە ناوەوە بۆ پاراستن لە مەترسی نارەزایەتی گشتی.
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان رێکخراوی دەرەوە، لە دوای گەیشتنی زانیاریەکان سەبارەت بە گەشتی ئەحمەد الشرع بۆ بەرلین و پاشان بۆ لەندەن، پێشەوەخت ئامادەکارییان کرد بە مەبەستی ریسواکردنی ئەم سەردانە. ئامانج ئەوەبوو کە لە ئاستی ئەوروپا، میدیاکان و خەڵکی ئازادیخواز و مرۆڤدوست دەنگیان بەرز بکەنەوە بۆ داوای هەڵوەشاندنەوەی سەردانەکەی ئەحمەد الشرع بۆ بەرلین و لەندەن.
هاوکات حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بانگەوازی کرد بۆ هەموو خەڵکی ئازادیخواز و مرۆڤدوستی بەرلین و لەندەن کە دەنگیان بەرز بکەنەوە دژی ئەم سەردانە و دژی سیاسەتی حکومەتی ئەڵمانیا و بەریتانیا بۆ پێشوازی لەم تاوانبارە.
هاوڕێیان و دۆستانێکی رێکخستنی بەریتانیای حزبی کۆمۆنیستی کرێكاریی کوردستان ئامادەی ئەم خۆپیشاندانە ناڕەزایەتیە بوون و بەیانی رێکخراوی دەرەوە بەدژی ئەم سەردانە کە بەزمانەکانی کوردی، عەرەبی، ئێنگلیزی و ئەڵمانی راگەیەنرابوو، لەم خۆپیشاندانەدا بڵاوکرایەوە. - رێکخستنی بەریتانیای حزبی کۆمۆنیستی کرێكاریی کوردستان
٣١ی٣ی ٢٠٢٦
ڕاگەیەندراوێک لە فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان، دیاسپۆراوە
لەم ڕۆژانەدا دۆخێکی هەستيار بە ناوچەکەدا تێدەپەڕێت، هەڵبەتە نيشتيمان خانە و ماڵی ئەبەدييەتی هەر تاکێکی ئێمەيە، چەند لێی دوور بين هێشتا لە ناوجەرگەیدا گوزەر دەکەين، مرۆڤبوونی ئێمە بە سەرکەوتنی کوردستانەوە پەيوەستە، هێشتان لە گەڵ ئەو ڕەنگاڵەييەی کوردستاندا رۆحمان لە دۆراندۆری پەرژين و تخوبەکانييەوە هەڵواسراوە، جوانی ئێمە و خاکمان بە پاراستن و سەرکەوتنی ئەو هەرێمەوەيە کە نەيار و ڕەقيبان لە چوارلاوە کەڵبەی رک و کينەيان لێگير کردووە، پێشمەرگەيش ئەو بەورە چنگ بە گڕ و هەڵؤئاسايانەيە کە هەموو لايەکمان شانازی پێوە بکەين، ئێمەی نووسەرانی تاراوگەنشين نەک ڕۆح و دڵمان لە گەڵ پێشمەرگە و سيمبول و کوردستاندايە بەڵکوو گيانفيدایی بست بە بستی خاکی نيشتيمانمانين، لێرەوە زۆر بە توندی ئەو شاڵاوە دڕندانە و هەمەجيتيانەی پەلاماردانی کوردستان سەرکۆنە دەکەين کە تەواوی سنووری ياسایی و مرۆیی و دراوسێتی بەزاندووە، کار گەيشتۆتە سەر ئەوەی پەلاماری سيمبولی نەتەوەييمان لە سەرۆکايەتی هەرێمی کوردستان بدەن، ئەم کردەوە چەپەڵانە شەرمەزار و سەرکۆنە دەکەين،
دوژمنانمان زۆر بێ باکانە دەيانەوێت کوردستان لەم زەلکاوی شەڕە نەگريسە بئاڵێن، وەک خۆيان چۆن تێوەگلاون، ئەميش دەرخەری غيابی عەقڵانييەتە لای ئەوان و، حەکيمانە بيرکردنەوەی سەرکردايەتی کوردستانە کە چۆن نەتەوەکەمان لەم بەڵايە دەپارێزن…
سەرکەوتن بۆ ئيرادەی ئاشتيخوازانەی کوردستان و گەلە کۆڵنەدەرەکەی
ڕوو ڕەشی بۆ دوژمنە دڵ ڕەش و قين لە دڵان، کە چاوی بە نيشتيمانی کوردان هەڵنايەت
بژی کورد بژی کوردستان
فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان – دیاسپۆرا
٢٩⁄٣⁄٢٠٢٦
تیمارکردن بە فەلسەفە.. پرۆژەیەکی نوێی گەلەری ئارام و د. ئازاد حەمە

ڕاستکردنەوەی مێژوویی- خوێنی قەرەوەیس!- نووسینی بەختیار مام حەمید (لالە بەختیار)
داستانی نەمریی قەرەوەیس ئاڵیبەگی، ئەو پیاوەی کە ئیشی زۆر کراوە بۆ شاردنەوەی ئازایی و لێهاتووییەکەی.
دەروویەکی تر بۆ دۆزینەوەی ڕەچەڵەکی دوو زاتی گەورە.
سەرەتا، گێڕانەوەی باسەکە بە کورتی و سەرپێیی.
لە تەمومژی مێژووی پڕ لە هەوراز و نشێوی کورددا، هەندێک ناوی درەوشاوە هەن کە وەک تاشەبەردی بنچینەیی ناسنامەی نەتەوەیەک دەردەکەون.
هەرچەندە داگیرکەران هەوڵی تەواوەتییان داوە بۆ گومکردن و شاردنەوەی ئەم مێژووە پڕ لە پەندانەی ناوخۆی هۆزەکانی نەتەوەی کورد، یەکێک لەو ناوانە، قەرەوەیس ئاڵیوەیی(ئاڵیبەگیی)ە. ئەو کوڕی مستەفا بەگ کوڕی وەیس کوڕی عەلی بەگی جافە، کە هەمان عێل بەگی جافی ناودار و پێشبینیکاری مەزنی کوردە.
واتە قەرەوەیس پێشینەیەکی ڕەسەن و مەعریفییانەی ناو جیهانبینیی پێشبینیکارانەی کوردی هەیە.
قەرەوەیس لە ناوەڕاستی سەدەی حەڤدەهەمدا، نەک هەر وەک گەورە پیاو و دەمسپی، بەڵکو وەک پێشەنگ و ڕابەری عەشیرەتی ئاڵیبەگی، سێبەری شکۆ و چاونەترسیی خۆی بەسەر گەرمیان و کوێستانی کوردستانی جافداریی ئەو سەردەمەدا کێشابوو، بێگومان بە هاوکاریی برا و ئامۆزاکانی و تەواوی هۆزی جاف و هۆزەکانیتر.
جەنگاوەرێک لە دەوری دوازدە ئەستێرە
قەرەوەیس تەنها سەرکردەیەکی خێڵەکی نەبوو، بەڵکو نیشانەی ڕەسەنایەتی و بەرەکەتی نەوەداریی بوو.
مێژوو بە شانازییەوە باس لە دوازدە کوڕی ئەم پیاوە دەکات، کە هەریەکەیان وەک تیشکێکی بەهێزی ناو جاف و کوردەکان لە ناوچەکەدا دەدرەوشانەوە: (مەولان، حسێن، شاوەیس، شاسوار، محەمەد، مامک، قارەمان، کەریم، بارام، زۆراو و سان ئەحمەد و ناوێکیان دیار نیە).
لە تەک ئەم کوڕە چاونەترسانەدا، کۆمەڵێکی زۆر لە کچانی شێرهێرش و سوپایەک لە برایانی وەک (خدروەیس، خوادە، عەلیوەس، میروەیس، ئاغاوەیس، پیروەیس، شاوەیس، باوەیس_مام فایەقی مامە قادر ئەیوت: مراوەیس، مەلاوەیس، کاکەوەیسیشیان هەبووە) و چەندانی تر پشت و پەنای بوون. ئەم کۆمەڵە سوارچاکە، قەرەوەیسیان کردبووە هێزێکی لێهاتوو کە هیچ داگیرکەرێک نەیدەوێرا بە چاوی کەمەوە سەیری سنووری قەڵەمڕەوی ئەوان بکا.
یاخیبوون لە ستەمی عوسمانی و ململانێی باج
لەو سەردەمەدا کە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بە ملهوڕی و بەناوی (باج و پاکژوپاوەن) خەریکی تاڵانکردنی ڕەنجی دەستی کورد بوو، قەرەوەیس وەک قەڵایەکی بەرز لەبەردەمیاندا وەستا. ئەو بە دەنگێکی پڕ لە بڕواوە دەیگوت:
«ئێمە لێرە بە ئارەقەی نێوچەوانمان ژیان دەسازێنین و بە خوێنیشمان خاک دەپارێزین؛ چۆن دەبێت سەرانە بدەین بەوانەی تەنها زمانی توندوتیژی دەزانن؟» مەبەستی داگیرکەری دەرەکیی و خیانەتکارانی ناوخۆیی بووە.
قەرەوەیس وەک پیاوێکی ملنەدەر و خەرجنەدەر ناسرا؛ ئەو نەک هەر خۆی، بەڵکو هەموو عەشیرەتی ئاڵیبەگیی و تەنانەت هاوپەیمانەکانی ئاڵیبەگیی لە دژی ملهوڕی عوسمانییەکان بە شێوەیەکی سەرەتایی ڕاپەڕاند. ئەم یاخیبوونە و پاراستنی سەربەخۆیی سنوورەکان، عوسمانییەکانی تووشی شۆک کرد و کینەیەکی قووڵی لە دڵیاندا چاند کە بووە هۆکاری دانانی پیلان بۆ کوشتن و سڕینەوەی ناوی قەرەوەیس.
ئەو ڕۆژەی بوو بە پەند: “ڕۆژی کوشتنی قەرە”
دواجار داگیرکەران کە نەیاندەتوانی لە مەیدانی جەنگ و ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆدا ئەم شێرە پاشەکشە پێ بکەن، پەنایان برد بۆ پیلانی ڕەش. لە ساتێکی کتوپڕدا بە هاوکاریی دەستی خیانەتی ناوخۆیی، قەرەوەیسیان شەهید کرد. ئەو ڕۆژەی ئەم پیاوە مەزنە کەوت و کورا، وەک حەشر بووە. بەهۆی زۆریی کوڕ و کچ و برا و برازاکانی، شین و گریان و هاوکات شمشێرکێشانی تۆڵەکردنەوەکە هێندە گەورە و هەژێنەر بوو، کە دەنگدانەوەکەی هەموو کوردستانی( باشوور)ی بەتایبەت ناو جافەکان گرتەوە و دانە دانە تۆڵەیان لە خیانەتکارانی ناوخۆیی و دەرەکیی ئەکردەوە بە جۆرێک کە زۆربەی مانگەکان دانەیەکیان لە بەشدارانی پیلانەکە ئەکوشت و ببوون بە بەڵایەکی گەورە بۆ گیانی فەرمانبەردارانی عوسمانیی لەو سەردەمەدا، واتە تۆڵەسەندنەوەی خوێنی قەرەوەیس زۆری خایاندووە و زۆر کەس لەو پێناوەدا تەمێ کراوە.
لەو کاتەوە تا ئێستا، لە زمانی کوردییدا بووە بە پەندێکی نەمر؛ کاتێک هەرایەکی گەورە و هاتوهاوارێکی بێ سەروبەر هەبێت، دەگوترێت:
«بوو بەو ڕۆژەی وا قەرەوەیسی تێدا کوژرا!»
«یەژی ئەو ڕۆژەیە وا قەرە کوژیا!»
هەروەها ئەگەر کارێک یان دوژمنایەتییەک زۆر درێژە بکێشێت، دەگوترێت: «بوو بە خوێنی قەرە، هەر نابڕێتەوە!»
ئەوترێت دوای کوشتنی بەناهەقی قەرەوەیس، براکانی قەرەوەیس و کوڕەکانی، بە کۆی دەنگ مامەیان (خدروەیس) کە پیاوێکی بەهەیبەت و ئاقڵمەند بووە، ئەکەنە براگەورەی تیرەکەیان.
ڕەگ و ڕیشەی زانست و ئەدەب.
هەرچەندە عوسمانییەکان ویستیان بە کوشتنی قەرەوەیس ڕەگی ئەم خێزانە هەڵبکەنن و ناو و مێژووی قەرەوەیش یاخی بسڕنەوە، بەڵام خوێنی ئەو لە نەوەکانیدا بوو بە تیشکی زانست و عیرفان و جیهانی ئیسلامی و کوردیی ڕۆشن کردەوە. قەرەوەیس باپیرە گەورەی دوو لە مەزنترین ستوونەکانی مێژووی کوردە:
حەزرەتی مەولانا خالیدی نەقشبەندی: (خالیدی ئەحمەدی حسێنی قەرەوەیس)، کە نەوەی “حسێن”ی کوڕی قەرەوەیسە و جیهانی ئیسلامی بە زانست و عیرفانی ئەو گۆڕا و سەرحەڵقەی یەکێک لە تەریقەتە گەورەکانی سۆفیگەرییە کە نەقشبەندییە.
حەزرەتی نالی: (خدری ئەحمەدی شاوەیسی قەرەوەیس)، کە نەوەی “شاوەیس”ی کوڕی قەرەوەیسە و بوو بە سوڵتانی شیعری کلاسیکی کوردی و یەکێک بوو لەو کەسانەی کە گرنگیی زۆری بە زمانی کوردیی دا لە شیعر و وێژەدا.
پاراستنی مێژووی زارەکی و گێڕەرەوەکان.
ئەم زانیارییە وردانە و ئەم داستانە پڕ لە سەروەرییە، ئەمانەتێکی مێژووییە کە لە ڕێگەی مێژووی زارەکیی نەوەکانی ئەم بنەماڵەیەوە پارێزراوە. ئەم گێڕانەوەیە لە زاری پیاوە دڵسۆز و مێژووزانەکانی ناوچەکەوە وەرگیراوە، کە بریتین لە:
حاجی حەمەغەریب مەولانی، ئەبوبەکری عومەری فەقێ عەلی، فایەقی مامە قادر، ڕەحیمی قادر قازی، عومەری کاکەوڵای کاکەسەن و حاجی عەبدوڕەحمانی مام ڕەوف.
ئەم پیاوانە بە ئەمانەتەوە ئەم مێژووەیان لە فەوتان پاراستووە و گواستوویانەتەوە بۆ نەوەکانی دوای خۆیان، تا نیشانی بدەن کە کینەی کۆنی عوسمانییەکان و ئاوارەکردنی ئاڵیبەگییەکان بۆ موسڵ و تەلەعفەر و گۆڕین و دزینی مێژوویان، هەمووی باجی ئەو ئازایەتی و سەرنەنەواندنەی قەرەوەیسی یاخیی و خەرجنەدەر بووە.
خوێندنەوەیەکی سادەی ئەم باسە:
لێرەدا بە خێرایی و سادەیی تیشک دەخەمە سەر ئەو لایەنانەی کە لە دەقە مێژووییەکان و گێڕانەوە زارەکییەکاندا وەک “کۆڵەکەی هێزی قەرەوەیس” دەبینرێن:
١. پێگەی جوگرافی و ستراتیژی (قەڵەمڕەوی جافداریی جاران، گەرمیان و کوێستان)
قەرەوەیس لە سەردەمێکدا دەژیا کە ململانێی نێوان ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و سەفەوی لەسەر خاکی کوردستان لە لووتکەدا بوو. ناوچەی نیشتەجێبوونی ئەو (گەرمیان و کوێستانی جافایەتی) ناوچەیەکی سنووریی هەستیار بوو، تاڕادەیەک ناوچەی شەڕی عوسمانی و سەفەوی بوو، قورسبوو کە بتوانیت لەو سنوورانەدا سەربەستیی خۆت هەم وەکو تاک و هەم وەکو هۆز و هەم نەتەوەیش بپارێزی.
سەربەخۆیی نێوان دوو جەمسەر: قەرەوەیس توانیبووی جۆرێک لە “خۆبەڕێوەبەریی ڕەها” دروست بکات کە نەچێتە ژێر باری هیچ کام لەو دوو ئیمپراتۆریەتە. ئەمەش وای کردبوو ناوچەکەی ببێتە پەناگەیەک بۆ ئەو کوردانەی لە ستەمی باج و عەسکەرتارییەتی عوسمانی ڕایان دەکرد، بەڵام بە شێوەیەکی نافەرمیی و نیمچەڕاگەیەندراو.
٢. فەلسەفەی “خەرجنەدەر” و ئابووریی سەربەخۆ.
وشەی “خەرجنەدەر” یان ملنەدەر کە بۆ قەرەوەیس و نەوەکانی و هەندێجار بۆ تیرەکەی بەکاردێت، تەنها وەسفێکی ڕەوشتیی و کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو ستراتیژێکی ئابوورییە و پرسێکی سیاسیی ناڕاستەخۆیشە.
لەو سەردەمەدا عوسمانییەکان سیستەمێکی باجی توندیان هەبوو بە ناوی “تیمار و زەعامەت”. قەرەوەیس پێی وابووە کە خاکی کوردستان هی کوردە و ئەو ناوچانە بەتایبەت بۆ هۆزە کۆچەرییەکانن، بەرهەمەکەشی تەنها بۆ خەڵکەکەی خۆیەتی.
ئەم ڕەتکردنەوەی باجە، لە ڕوانگەی عوسمانییەکانەوە وەک “خیانەتی گەورە” و دژایەتییکردنی فەرمانی خەلافەت ئەبینرا، بەڵام لە ڕوانگەی قەرەوەیس و هۆزەکەیەوە وەک “پاراستنی نامووس و ڕەنج” چاوی لێئەکرا. هەر ئەمەش بوو ڕق و کینەی دەسەڵاتی ناوەندیی لێ بەرز کردەوە.
٣. سوپای خێزانی و “دوازدە ئەستێرەکە”
باسکردنی دوازدە کوڕی قەرەوەیس (مەولان، حسێن، شاوەیس و…تاد) تەنها بۆ ژماردنی نەوەکانی نییە، بەڵکو نیشانەی دابەشبوونی دەسەڵات و یەکێتیی نێوان نەوەکانە.
هەر یەک لەم کوڕانە لە ناوچەیەکدا وەک جێگری باوکیان و سەرکردەی مەیدانی کاریان کردووە. ئەمە وای کردبوو کە “ئاڵیبەگی” تەنها ناوێک نەبێت، بەڵکو ببێتە دامەزراوەیەکی سەربازی و کۆمەڵایەتی کە بە ئاسانی هەڵنەوەشێتەوە، ئەمەیش سەری ئەکێشا بۆ شتگەلی دیکەی سەبارەت بە کورد و خاک و سنوور و بابەتی باج و ئابووری……
کوژرانی قەرەوەیس بە پیلان نەک لە جەنگدا، دەیسەلمێنێت کە عوسمانییەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم “سوپا خێزانییە” جۆرێک دەستەوەستان بوون و بە مەترسییشیان زانیوە.
٤. “ڕۆژی کوشتنی قەرە”؛ چرکەساتی گۆڕینی مێژووی پیش و پاش خۆی و ناونان.
کاتێک ئەگوترێت ئەم ڕووداوە بووە بە پەند، مانای وایە کارەساتەکە هێندە گەورە بووە کە چوارچێوەی خێڵێک یان هۆزێک(ی نمونەی ئاڵیبەگی و جاف)ی تێپەڕاندووە و گشتیی بووەتۆ.
هەرای قەرەوەیس،
دوای شەهیدکردنی، کوڕ و برا و برازاکان، خوشکەزا و کچەزاکانی “نیمچەقیامەت”ێکیان بەرپا کردووە. ئەوان نەک هەر تۆڵەیان کردەوە، بەڵکو ناوچەکەیان بۆ عوسمانییەکان کردە دۆزەخ و ئەمەیش دیسان لە مێژوودا گوم کراوە بە مەبەست.
تۆڵەی درێژخایەن: ئەوەی کە دەگوترێت “بوو بە خوێنی قەرە، هەر نابڕێتەوە”، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئاڵیبەگییەکان بۆ چەندین دەیە بەردەوام بوون لە لێدانی بنکە و فەرمانبەرانی عوسمانی. ئەم پشێوییە وای کرد دەوڵەتی عوسمانی پەنا بباتە بەر سیاسەتی “ڕاگواستنی زۆرەملێ” و نەوەکانی ئەم بنەماڵەیە بۆ ناوچە دوورەکانی وەک موسڵ و تەلەعفەر دوور بخاتەوە و تێکەڵاوی تورکمان و عارەبی ئەو ناوچانەیان بکات بۆ ئەوەی ڕەگیان لە ناوچەی خۆیان ببڕێ و پەرتەوازەیان بکا.
٥. جێنشینی مەعریفی (لە شمشێرەوە بۆ قەڵەم)
ئەمە سەیریترین و جوانترین بەشی داستانەکەیە، بەتایبەت بۆ کەسانێک کە گەرەکیان بێ لوتکەی شکان و لوتکەی سەرفرازیی بزانن. عوسمانییەکان ویستیان بە ئاوارەکردن و کوشتن، نەوەی قەرەوەیس و براکانی و تەنانەت بنئامۆزاکانی کۆتایی پێ بهێنن و بیانسڕنەوە، بەڵام:
خوێنی “حسێن”ی کوڕی قەرەوەیس، دوای دوو نەوە گەیشتە مەولانا خالیدی نەقشبەندی. ئەو کەسەی کە لە ڕێگەی “تەریقەت”ەوە توانی هەژموونی دەوڵەتی عوسمانی لە ڕووی مەعنەوییەوە لە ناوچەکەدا کەم بکاتەوە و کورد بکاتە خاوەن بڕیاری ئاینیی و هەندێجار سیاسیی خۆی.
مەولانا نەک سنووری هۆز، بەڵکو سنووری نەتەوە و ناوچەیشی بڕی و گەیشتە هەزاران دڵ و هەزاران ماڵ و وەڵات.
خوێنی “شاوەیس”ی کوڕی قەرەوەیس، گەیشتە حەزرەتی نالی. نالی زمانی کوردیی (شێوەزاری جافی/ سۆرانی) کردە زمانێکی ئەدەبیی هێندە بەهێز کە بەرگەی هەموو شێواندنێکی زمانی تورکی و فارسی و بگرە عارەبییش بگرێ.
واتە ئەگەرچی قەرەوەیس پشووی نەدا لە پاڵ بەری ڕەنجەکەیدا، بەڵام نەوە و بەرهەمی قەرەوەیس ئاڵیبەگی، بووە هۆکارێکی گەورەی خرمەتی کورد و کوردستان و بەرهەمەکەی بۆ هەمووان بوو، پێشکەشیان بێ و شایەنیانە.
پوختەی خاڵە هەرە گرنگەکان:
ناسنامە: قەرەوەیس سمبوولی “کوردی ڕەسەن و جافی سەرکەش و یاخی”ە کە نەبووەتە پاشکۆی هیچ دەسەڵاتێکی دەرەکی و خیانەتی ناوەخۆیی.
بەرگری: داستانەکە نیشان دەدات کە بەرگریی کورد مێژوویەکی کۆنی هەیە و تەنها پەیوەست نییە بە سەدەی بیستەمەوە.
تۆڵەی مەعریفی: نەوەکانی قەرەوەیس (حەزرەتی مەولانا و حەزرەتی نالی) گەورەترین تۆڵەیان لە عوسمانییەکان کردەوە؛ بەوەی کە سەلماندیان کورد نەک هەر لە شەڕدا، بەڵکو لە زانست و ئەدەب و مەعریفەیشدا ئازا و پێشەنگ و سەردەستە.
ئەمانەتی زارەکی: ئەم مێژووە بە خوێنی دڵ و بە گێڕانەوەی سنگ بە سنگ پارێزراوە، کە ئەمە خۆی جۆرێکە لە خەباتی کولتووری و پێویستە بە هێواشی و وردبوونەوە و ساخکردنەوە، بکرێتە بەشێک لە مێژووی دروستی کورد و هۆزەکان.
کۆشی ئاسمان.. سمکۆ ئەحمەد ڕەشید
1
بە بیرمدێت لە نێوان ژیان و مردن
فاریزەیەک هەبوو
2
گوێم لە دەنگی شکانی
پشتی زەوییە
ئاخر قورسە تەنیایی من
3
دڵۆپێک ئاوی پاکم
ئەوەی لە درزی زەوی دەترسێت
من نیم
4
شانت نا،
ئەوەی دەبێت باران بیناسێت
دڵە
5
بەناو قوڵپی پێکەنیندا هات
دەستی گەیشتە نەرمایی ڕۆحم
ئاگرێکی چڵکن.
6
بە یاخەی شەقامەکانەوە،
مەدالیای شەرمەزارین
تەرمی پشیلەکان!
7
لەناو تەمومژی مەنفا
پێکەوە ون بووین
من و نیشتمان.
8
هێشتا ڕووخساری خۆڵ دەناسمەوە
هێشتا ئاسمانم چۆڵ نییە
کەواتە من هەم
9
کە ئاوڕم لە تەنیایی خۆم دایەوە
بوو بە کۆمیدیا
فیلمە تراژیدییەکە.
10
ئەوەی لە کەلێنی پەنجەکانمدا
دەدرەوشێتەوە
هەتاوی خۆمە
11
بازنەی بەتاڵ،
پڕە لە خۆڵەمێشی خەون ـ
پریاسکەی مرۆڤ.
12
باران بێهوودە دەبارێ
( بەخوێن ئاو نەدرێ بەر ناگرێ
داری ئازادی )!
13
لە باخچەکە
بۆ پیتێک لە گوڵی ڕووخسارت گەڕام
لە ڕەشەبا تووڕەتر
خۆی بە نەرمایی دڵمدا کێشا
نائومێدی!
14
خاڵێک دانێن
ئەم سەفەری بێدەنگییە
تاریکترە لە تاریکی
15
لەسەر شانی تاریکییەوە هەڵدێران،
هەر دەنکێکیان
کەوتە قوڵایی خەرەندێ
خەونەکانمان!
16
دابەشی تەنیایی بکەیت،
هەزار مردن و کەسرێک دەردەچێت
ژیــان .
17
دەڵێی ساردیی
لە تەنیایی من خواستووە
زستان.
18
بۆ شوێنپێی کۆترەکان دەگەڕێم
ڕۆژگارێک
نێولەپی دڵم هێلانەیان بوو
19
ئەستێرەکەی سەر شانم کشا
سەری کەوتە نێو کۆشی ئاسمان
باوکم
20
حەز دەکەم بە ژیان بڵێم، سوپاس
وەک ئەوەی
شەوێکم هەبێت سپی بێت
وەک ئەوەی
ڕۆژێکم هەبێت ڕەش نەبێت
فەلسەفەی دوای مرۆڤ.. د. حمدي سيد محمد محمود.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا كردوویە بە كوردی
(گۆڕانکارییەکانی خود لە سەردەمی بوونەوەرە بەهێزکراوەکان)
پۆست هیومانیزم (Post humanism) ئاماژە بە گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە تێگەیشتن لە مرۆڤایەتیدا دەكات؛ چونكە لە پاش (فەلسەفەی دوای مرۆڤ) چیتر مرۆڤ وەک ناوەندی گەردوون یان بوونێكی باڵا نامێنێتەوە، بەڵکە دەبێتە خاڵی گواستنەوە بەرەو پارادایمێكی نوێیی بوون، ((واتە بوونەوەرە بەهێزکراوەکان)) ئیتر مرۆڤ لە پارادایمە تایبەتمەندییە بایۆلۆژی و ئۆنتۆلۆژییەكان تێدەپەڕێنێت کە لە دەمێكەوە مرۆڤایەتییان پێناسە کردووە؛ بەو مانایەش فەلسەفەی (دوای مرۆڤ) وەک کاردانەوەیەک لە دژی مرۆڤگەرایی (Humanism) کلاسیک سەریهەڵداوە، کە مرۆڤایەتی بە تەوەری مەعریفە و بەها و مانا دادەنا؛ لە ڕوانگەی هیومانیزمی کلاسیکییەوە مرۆڤ وەك هێزی فیکری ڕۆشنگەری ئەوروپی لەڕێگای عەقڵ و زانستەوە توانی کۆنترۆڵی سروشت و زەمینەسازی بكات؛ بەڵام ئەمڕۆ فەلسەفەی پۆست هیومانیزم هەر تەنیا ئەم بنەمایانە ڕەت ناکاتەوە، بەڵکە لە ژێر ڕۆشنایی ئەو گۆڕانکارییە تەكنۆلۆژی و ژینگەیی و دیجیتاڵی و میتافیزیکییانەی کە ئێستا کاریگەرییان لەسەر چۆنیەتی جێگیربوونی مرۆڤایەتی لە جیهاندا هەیە، ((واتە لەڕێگای بە تەكنۆلۆژیا، ئەلگۆریتم، یان ئامرازە دیجیتاڵییەکان)) فۆرمێكی دیكە بۆ تەواوی مرۆڤایەتی دادەڕێژێتەوە.
لە ناخی ئەو فەلسەفەیەدا پرسیارێکی سەرەکی هەیە، ئەویش ئەوەیە: ئایا کاتێک چەمکە تەقلیدییەکەی (مرۆڤایەتی) کاڵ دەبێتەوە و سنوورەکانی نێوان مرۆڤ و ئامێر و ئاژەڵ، یان بوونەوەرە دەستکردەکان، تەنانەت ژینگە دیجیتاڵییەکان دەسڕدرێنەوە، چی لە بەهای مرۆڤایەتی دەمێنێتەوە؟ هەڵبەتە یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی ئەو فەلسەفەیە، هەڵوەشاندنەوەی دووبەرەکیی سەختی نێوان مرۆڤ و غەیرە مرۆڤە، کە لە ئەفلاتونەوە تا دیکارت بەسەر فەلسەفەکانی ڕۆژئاوادا زاڵ بووە…
فەلسەفەی دوای مرۆڤ، داوای تێپەڕاندنی ئەو دابەشبوونانە، مۆدیلی فرەیی بۆ (عەقڵ و بوون) پێشنیار كرد، کە مرۆڤایەتی لەڕووی عەقڵانییەت یان ئەخلاقەوە وەک تاکە بوونێك سەیر نەکرێ، بەڵکە وەک گرێیەک لە ناو تۆڕێکی فراوانی پەیوەندییە ژینگەیی و تەكنۆلۆژی و گەردوونییەکاندا ببنرێت! لەم چوارچێوەیەدا، فەلسەفەی دوای مرۆڤ (پۆست هومانیزم) یەكانگیر لەگەڵ ڕەوتی ئۆنتۆلۆژیای فرەیی و تیۆری نیوکۆمەڵایەتی، ڕەخنە لە ئەنترۆپۆسین- ((هێزی مرۆڤ وەك هێزی سەرەکی گۆڕان لەسەر زەوی)) دەگرێ و پرسیارکردن لە بارەی سنوورە ئەخلاقی و سیاسییەکانی پۆلێنکردنی بوونەوەرەکاندا بەرز دەكاتەوە؛ كەواتە مەبەست لە (فەلسەفەی دوای مرۆڤ) ئینکاركردنی بەهای مرۆڤ نییە، بەڵکە مەبەست لێی کردنەوەی دەرگایە بۆ فۆرمێكی دیكەی ژیان و بیرکردنەوە و بوونێكی جیاواز کە ڕەنگە لەگەڵ ستانداردە تەقلیدییەکانی مرۆڤدا نەگونجێت.
لە ڕوانگەی تەكنۆلۆژیاوە، پێشکەوتنە خێراكانی زیرەکی دەستکرد، ئەندازیاری بۆماوەیی، ڕۆبۆت، نانۆتەكنۆلۆژیا و تەواوی تەكنۆلۆژیاکانی واقیعی درێژکراوە یارمەتی خەیاڵ و بیرکردنەوەی (فەلسەفەی دوای مرۆڤ) دەدات، بۆ ئەوەی بیر لە قۆناغێکی نوێی بوونی مرۆڤ بكاتەوە! لێرەدا تەكنۆلۆژیا نەک تەنها وەک ئامرازێک، بەڵکو وەک درێژکراوەی مرۆڤایەتی دەبینرێت، وەک بکەرێک دەبینرێت، کە توانای دووبارە داڕشتنەوەی سروشتی مرۆڤ و ئاسۆی پەرەسەندنی مرۆڤی هەیە؛ چەمکەکانی ((سایبۆرگ- مرۆڤێک تێکەڵ لە جەستە و تەکنۆلۆژیا)) مرۆڤ وەك بوونەوەرێکی تێکەڵاو لە نێوان مرۆڤ و ئامێردا- كە زیرەکی ئەو مۆدیلە لە مرۆڤ لەسەرووی مرۆڤدایە، ئەو مرۆڤەی سەرووی زیرەكی ئاماژەیە بە تواناگەلێك کە تەواوی توانا بایۆلۆژی یان مەعریفییە سروشتییەکان تێدەپەڕێنێت، نەك هەر هێندە بەڵكە هەتا دێ ئەو ڕەوتە بەهۆی گۆڕینی ناسنامەی مرۆڤ بۆ بنیاتێکی دیجیتاڵی زیاتر گەورە دەبێت، ئەو ڕەوتە دەتوانێت لە سەرانسەری میدیای نوێدا قسەی لەبارەوە بكرێ و دەستکاری بکرێت و بگوازرێتەوە، ئەوەش پرسیاری بێ وێنە سەبارەت بە جەستە، ناسنامە، ئازادی و مردن و نەمری دەوروژێنێت.
كەواتە فەلسەفەی دوای مرۆڤ تەنها گوتارێک نییە بۆ ستایشکردنی تەكنۆلۆژیا- ((بەڵكە هەوڵ دەدات بەشێوەیەکی ڕەخنەیی لە پەیوەندییەكانی مرۆڤ، تەكنۆلۆژیا، و جیهان، بكۆڵێتەوە))- ڕەخنەیەکی قووڵە، لەو دەسەڵات و کۆنترۆڵكردن و نایەکسانییەی كە ئەو گۆڕانکارییە تەكنۆلۆژییەكان بەرهەمییان هێناوە…
هەندێک لە فەیلەسوفان هۆشداری لە مەترسی گۆڕینی مرۆڤ بۆ (بەرهەمی) تەكنۆلۆژیا دەدەن، یان تێکدانی بەهاکانی دادپەروەری و کەرامەتی مرۆڤ و بە کاڵاکردنی مرۆڤ یان جیاکردنەوەیان لە ڕەگ و ڕیشەی کۆمەڵایەتی و سروشتی خۆی… هەموو ئەو نیگەرانیانە لەگەڵ مشتومڕەکانی ژینگەیی سەبارەت بە باڵادەستی تەكنۆلۆژیا و داهاتووی زەوی و زێدەبەكاربردنەكان یەکدەگرنەوە؛ بیرمەندانی (فەلسەفەی دوای مرۆڤ) داوا دەکەن گۆڕانکارییە بایۆپۆلیتیکەكان، مرۆڤایەتی تێکەڵ بە تۆڕی ژیان بکاتەوە، نەک بیخاتە دەرەوە.
لە لایەکی دیکەوە فەلسەفەی دوای مرۆڤ ئەگەرێکی نوێ بۆ تێگەیشتن لە ئەخلاق و هۆشیاری پێشکەش دەکات، نەک لە ڕوانگەی باڵادەستی مرۆڤەوە، بەڵکە لە ڕوانگەی بەشداریكردنی ئەویتری جیاواز و بەهای ئەویتری جیاوازەوە- جا چ ((ئەویتری جیاواز)) ئامێرێکی هۆشیار بێت، ئاژەڵێکی زیرەک بێت، یان تەنانەت ژینگەیەکی سروشتی (هەستیار- سێنسەر)… ئەو بەرفراوانبوونەی کایەی ئەخلاقی بە تەواوی نكۆڵی لە پۆلە جێگیرەکان دەکات، وەك چۆن مۆدێلێکی دیكەی بەرپرسیارێتی پێشنیار دەکات کە سنوورە ئۆنتۆلۆژییەکانی نێوان خود و ئەویتر تێدەپەڕێنێت؛ بەم شێوەیە (فەلسەفەی دوای مرۆڤایەتی) دەبێتە بانگەوازێک بۆ پێناسەکردنەوەی بوون و دەسەڵات و مانا، نەک تەنها لە ڕوانگەی تێپەڕاندنی مرۆڤایەتییەوە، بەڵکە لە ڕوانگەی دووبارە خەیاڵکردن بە شێوەیەکی زێدەخاكیی و زێدەپەیوەندی و بەشداریکردنی لەگەڵ فرەیی بووندا.
ئەوڕۆ گرنگی ئەو فەلسەفەیە تەنها لە ڕەهەندە تیۆرییەکەیدا نابینرێت، بەڵکە گرنگی لەوەدایە کە ئامرازە زیرەكەكان، بیرکردنەوەی مرۆڤ بۆ تێگەیشتن لە ئاستەنگ و چالاکییەکانی جیهانی هاوچەرخ فرەوان دەكات- بۆ ئەوەش هەر لە زیرەکی دەستکردەوە بیگرە تا گۆڕانی کەشوهەوا- لە چوارچێوەیەکی نوێی ئۆنتۆلۆژی و ئەخلاقیدا، وامان لێدەکات بیر لەوە بکەینەوە کە مرۆڤبوون ((لەگەڵ فرەیی بوون)) یان لە جیهانێکدا کە چیتر بە تەنیا نین واتای چییە؛ لە جیهانێکدا کە لەگەڵ بوونەوەرە نوێیەکاندا هاوبەشین- ئەو بوونەوەرانەی كە هەندێكیان دەستكردی خۆمانن و هەندێکی دیکەیان لە پێش ئێمەوە (لە مێژووی گەردوون)دا بوونیان هەبووە! لێرەوە لەبەردەم ئەو هەموو گۆڕانکاریانەدا پڕۆژە کلاسیکییەكانی مرۆڤ هەرەس دێنێ! بەمجۆرە فەلسەفەی دوای مرۆڤ ئاسۆیەکی فەلسەفی پڕ لە نكۆڵی و پڕ لە دەرفەت دەخاتە سەر پشت و ناچارمان دەکات بیر لە سروشتی مرۆڤ و سنووری زانین و ئەخلاقی داهاتوو بکەینەوە.
سەرچاوە:
فلسفة ما بعد الإنسان: تحولات الذات في عصر الكائنات المعززة- د. حمدي سيد محمد محمود
الحوار المتمدن- www.ahewar.org – Jul 24, 202.
ڕوونكردنەوەكانی وەرگێڕ:
-جووت كەوانەكان زێتر بۆ ڕوونكردنەوەن.
-(بوونەوەرە بەهێزکراوەکان- الكائنات المعززة) واتە ئەو بوونەوەرانەی کە توانای سروشتیان بە تەكنۆلۆژیا، ئەلگۆریتم، یان ئامرازە دیجیتاڵییەکان زیاد دەکرێ، لەو حاڵەتەدا مرۆڤ تەنها وەك بوونەوەرێکی سروشتی نامێنێت، بەڵکە دەبێتە بوونەوەرێکی هاوبەشی مرۆڤ و تەكنۆلۆژیا.
-(ئەنتڕۆپۆسین) ناوی ئەو قۆناغەیە کە زانایان پێیان وایە ئەوە مرۆڤە هێزی سەرەکی گۆڕان لەسەر زەوی؛ بەڵام ڕەخنە لە ئەنترۆپۆسین لە كۆمەڵێ پرسیاردا خۆی دەبینێتەوە: ئایا مرۆڤەكان هەمووان بەرپرسیارن؟ یان سیستەمێکی دیاریکراو؟ ئایا مرۆڤ دەبێت ناوەندی بیرکردنەوە بێت؟ یان دەبێت جیهان بە شێوەیەکی گشتییتر ببینرێت؟!.
- چەمکی (بایۆپۆلیتیکی) پەیوەندی بە بیرۆکەکانی فۆکۆ لە سەدەی 18 و 19 ـدا لەبارەی دەسەڵات و گۆڕانكارییەكانی دەسەڵاتەوە هەیە… لێرەدا چەمکی بایۆپۆلیتیکی واتە بەڕێوەبردنی ژیان: گۆڕان لە سیاسەتی سزادانەوە بۆ سیاسەتێک کە ژیان و جەستەی مرۆڤ بە شێوەیەکی زانستی و سیستەمی بەڕێوە دەبات.
ئێوارە یادێک لە بێرن لە ژێر ناوی: شۆڕشی یەنار محەمەد بەردەوامە..

دابڕانی واشنتن و کۆتایی دەسەڵاتی ڕەها: خوێندنەوەیەک بۆ شەڕی ئێران.. نووسینی: توانا محەمەد نوری
نزیکەی ٢٢ ڕۆژ بەسەر دەستپێکردنی جەنگێکی گەورە لە نێوان بەرەی ئەمریکا-ئیسرائیل و وڵاتی ئێراندا تێدەپەڕێت. لەم ٢٢ ڕۆژەدا، ئەوەی جیهانی تووشی سەرسوڕمان کردووە تەنها گەورەیی هێرشە مووشەکییەکان و قەبارەی وێرانکارییەکان نییە، بەڵکو گۆشەگیرییەکی بێوێنەی واشنتن و تەلئەبیبە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی. بۆ یەکەمجار لە مێژووی نوێدا، ئەمریکا خۆی لەناو جەنگێکی گەورەی ناوچەییدا دەبینێتەوە بەبێ ئەوەی هاوپەیمانە کۆنەکانی ئامادەبن پشتگیری لێ بکەن. ئەمەش وەک نیشانەیەکی ڕوون بۆ گۆڕانکارییەکی گەورە لە هاوسەنگی هێزی جیهاندا سەیر دەکرێت.
کاتێک سەیری ڕابردوو دەکەین، جیاوازییەکە زۆر دیارە؛ بۆ نموونە لە جەنگی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣دا، زیاتر لە ٤٠ وڵات وەک هاوپەیمان بەشدار بوون، بەڵام لەم جەنگەدا ئەمریکا تەنانەت نەیتوانیوە پشتگیریی سیاسی وڵاتانی ناو ناتۆش بەدەستبهێنێت. بەپێی ڕاپۆرتە دیپلۆماسییەکان، زیاتر لە ٧٥٪ی هاوپەیمانە سەرەکییەکانی ئەمریکا، لەوانەش بەریتانیا، فەڕەنسا و یابان، بە ڕاشکاوی داواکارییەکانی واشنتنیان ڕەتکردووەتەوە و ڕایانگەیاندووە کە نابنە بەشێک لەم ململانێیە. ئەم وڵاتانە پێیان وایە کە بەرژەوەندییەکانی ئەوان لە ئارامی و دیپلۆماسیدایە، نەک لە جەنگێکی خوێناویدا کە کۆتاییەکەی دیار نییە.
ئەم پاشەکشەیەی جیهان تەنها لە ترسی مووشەک و لێدانە سەربازییەکان نییە، بەڵکو ترسی زیانێکی گەورەی ئابووری جیهانی لەپشتە. تەنها لەم ٢٢ ڕۆژەی جەنگدا، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە ڕێژەی ٣٠٪ بەرزبووەتەوە و هۆشداری دەدرێت کە ئەگەر جەنگەکە بەردەوام بێت، نرخەکەی بگاتە سەروو ١٥٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. وڵاتانی ئەوروپا کە هێشتا بەدەست کاریگەرییە قورسەکانی جەنگی ئۆکرانیاوە دەناڵێنن، ئامادە نین جارێکی تر ئابووری و بژێوی خەڵکەکەیان بخەنە مەترسییەوە تەنها بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی ئیسرائیل و داواکارییەکانی واشنتن. بەتایبەتی کاتێک دەزانن گەرووی هورمز، کە نزیکەی ٢٠٪ی نەوتی جیهانی تێدا دەگوازرێتەوە، ئێستا لەژێر هەڕەشەی ڕاستەوخۆدایە.
ئەم دۆخە نوێیەی کە هاتووەتە ئاراوە، دانپێدانانێکی فەرمییە بەوەی کە سەردەمی “جیهانی یەک جەمسەری” کۆتایی هاتووە. ئەگەر جاران بڕیارێکی کۆشکی سپی بەس بوایە بۆ ئەوەی سوپاکانی جیهان بکەونە ڕێ، ئێستا واقیعی “جیهانی فرەجەمسەر” خۆی بەسەر هەموواندا سەپاندووە. هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان ئێستا زیاتر گوێ بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەگرن نەک فەرمانەکانی ئەمریکا. ئەمەش وای کردووە واشنتن لەم ٢٢ ڕۆژەی جەنگدا وەک دوورگەیەکی دابڕاو و بێدۆست لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا دەربکەوێت.
لە ڕووی داراییەوە، تێچووی سەربازیی ئەم جەنگە بۆ ئەمریکا زۆر لەوە زیاترە کە چاوەڕوان دەکرا. خەمڵاندنە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە سوپای ئەمریکا ڕۆژانە نزیکەی ١ ملیار دۆلار تێچووی هەیە لەم جەنگەدا بۆ جووڵەی پاپۆڕە جەنگییەکان و سیستەمەکانی بەرگری. ئەم خەرجییە خەیاڵییە لە کاتێکدایە کە قەرزە گشتییەکانی ئەمریکا گەیشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار و ٣٩ تریلیۆن دۆلاریان تێپەڕاندووە. بەبێ پشتگیریی هاوپەیمانەکان، بەردەوامبوون لەم خەرجییە گەورانە نەک هەر زیان بە سوپا دەگەیەنێت، بەڵکو دەبێتە هۆی داڕمانی ناوخۆیی و توڕەیی زیاتری هاووڵاتیانی ئەمریکی کە نایانەوێت پارەکانیان لە جەنگێکی بێهودەدا خەرج بکرێت.
ئەمریکا و ئیسرائیل بە بیرکردنەوەی سەدەی ڕابردوو چوونە ناو ئەم جەنگەوە؛ ئەو سەردەمەی کە پێیان وابوو هێزی سەربازی و تەکنەلۆژیا دەتوانێت هەموو شتێک یەکلا بکاتەوە. بەڵام جیهانی ساڵی ٢٠٢٦ جیاوازە؛ ئێستا هێزی نەرم، پەیوەندییە ئابوورییەکان و هاوسەنگییە نوێیەکان لەگەڵ هێزەکانی وەک چین و ڕووسیا، ڕێگرن لەوەی ئەمریکا بتوانێت وەک جاران ڕۆڵی “پۆلیسی جیهان” بگێڕێت. مانەوەی ئەمریکا بە تەنیا لەم مەیدانەدا، گەورەترین شکستی دیپلۆماسی و سیاسییە لە مێژووی هاوچەرخی ئەو وڵاتەدا.
پەیامی ئەم ٢٢ ڕۆژەی جەنگ زۆر ڕوونە؛ کاتی ئەوە هاتووە واشنتن لەو خەوە خەبەری ببێتەوە کە وا دەزانێت جیهان هێشتا لەژێر فەرمانی ئەودایە. هاوپەیمانە نزیکەکانی ئەمریکا بەم هەڵوێستەیان پێیان وت کە ئامادە نین وڵات و ئابوورییەکانیان وێران بکەن تەنها بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی وڵاتێک کە ڕێز لە هاوسەنگییە جیهانییەکان ناگرێت. ئەم جەنگە سەلماندی کە دەسەڵاتی ئەمریکا درزێکی گەورەی تێکەوتووە، درزێک کە بە هیچ چەکێکی پێشکەوتوو پڕ ناکرێتەوە.
لە کۆتاییدا، ئەگەر ئەمریکا بە زوویی ئەم واقیعە نوێیەی جیهان قبوڵ نەکات، ئەوا ئەم ململانێیە تەنها نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناگۆڕێت، بەڵکو دەبێتە خاڵی کۆتایی بۆ دەسەڵاتی جیهانی ئەمریکا. مێژوو وانەیەکی گرنگی پێداوین: ئیمپراتۆریەتەکان ئەو کاتە دەڕوخێن کە پەیوەندییان لەگەڵ واقیعی سەردەمەکەیان دەپچڕێت. ئێستا واشنتن لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی چارەنووسسازدایە: یان دەبێت قبوڵی بکات کە جیهان بەرەو فرەجەمسەری دەچێت، یان دەبێت چاوەڕێی داڕمانێکی یەکجاری بێت لەژێر قورسایی ئەو جەنگانەی کە تەنها خۆی و ئیسرائیل تێیدا ماونەتەوە.
٢٢/٣/٢٠٢٦
نووسینی: توانا محەمەد نوری
ژیانێکی دیزاینکرا و لەو نیشتیمانەی تەنها مەرگی تێدا قەدەغەیە.. پاڤێڵ ساڵح
لێرە لەم پارچە زەوییەدا کە ناوی نیشتمانە ئێمە کێشەمان لەگەڵ “نەبوون” نییە، کێشەی گەورەی ئێمە لەگەڵ “بوون”دایە. ئێمە تووشی نەفرەتێکی ئەبەدی بووین ,سزادراوین بە ژیان ئەمە ئەو ژیانە نییە کە مرۆڤ بە ئیرادەی خۆی دەیشکێنێت و وەک دیارییەکی گەردوونی وەری دەگرێت
بەڵک و ژیانێکی ئەندازیاریکراوە قەفەزێکی بایۆلۆژییە کە ملئەستوورەکان دیواریان بۆ نەکێشاوە، بەڵکو بە ئۆکسجین و کارەبا و نانێکی ژەهراوی بە هیوا سنووریان بۆ کێشاوە.
هەمیشە دەڵێن: “ئێمە هەموومان لە یەک کەشتیین”، بەڵام ئەمە درۆ گەورەکەیە ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە کە ئێمە و ئەوان لە یەک کەشتییدا نین، بەڵکو ئێمە کەشتییەکەین و ئەوان سەرنشینە زۆردارەکانن، ئێمە ئەو تەختە و بزمارە ئازارچێژانەین کە لەژێر جەستەی قورسی ئەواندا لەناو ئاوی سوێردا دەپرزێین، تا ئەوان بەسەر پشتی ئێمەوە سەیری ئاسۆ بکەن و چێژ لە شەپۆلەکان وەربگرن. ئەوان نایەڵن ئەم کەشتییە نوقم بێت نەک لەبەر خۆشەویستی بۆ ئێمە، بەڵکو چونکە دەزانن بەبێ تەختەکانی جەستەی ئێمە ئەوان چرکەیەک لەسەر ئاوەکە نامێننەوە.
مردنی ئێمە مەرگی چێژەکانی ئەوانە بۆیە نایەڵن بمرین تەنها ئەوەندە ئۆکسجینمان دەدەنێ کە بتوانین وەک ژێرخانێکی زیندوو بۆ ملئەستووریی ئەوان بمێنینەوە. ئەمە سادیستیترین جۆری دەسەڵاتە هێشتنەوەی مرۆڤ لەسەر لێواری مەرگ، بێ ئەوەی ڕێگەی پێ بدەیت تێپەڕێت تاوەکو بتوانن بۆ ماوەیەکی درێژتر سوود لە ئێشەکانی وەربگرن.
سی ساڵ لەمەوبەر تاریکییەکە شکۆیەکی تێدابوو ئەگەر کارەبا نەبوو، چونکە نیشتمان لە گەمارۆ و شەڕدا بوو بەڵام ئەمڕۆ؟ ئەمڕۆ تاریکی تەکنیکێکی ئەشکەنجەیە کە لەلایەن “سەخیفەکانی” چواردەوری دەسەڵاتەوە نەخشەسازیی بۆ کراوە. کاتێک ڕۆژانە کارەبا دەبڕن ئەوە تەنها کێشەی وزە نییە ئەوە پەیامێکی فیکرییە ئێمە خودای کات و ڕووناکیی ئێوەین، ئێوە تەنها سێبەرن و سێبەریش مافی ڕووناکیی نییە.
ملئەستوورەکان و پیاوە قاڵبووەکانی ناو دەسەڵات وایان کردووە نیشتمان ببێتە زیندانێکی گەورە کەس هاوار ناکات، چونکە ئەوان توانیویانە “خەونەکانمان” هێندەی مۆلیدەیەک بچووک بکەنەوە. کاتێک مرۆڤ تەنها خەمی ئەوەی بوو چۆن لەم دۆزەخەدا بمێنێتەوە چیتر کاتی بۆ بیرکردنەوە لە “ئازادی” نامێنێت.
ترسناکترین بەشی ئەم تراژیدیایە ئەوەیە کە ئێمە گەیشتووینەتە قۆناغی سڕبوون کاتێک هاوار نامێنێت، واتە جەلاد سەرکەوتوو بووە لەوەی مانا لە ناوەوەی قوربانییەکەیدا بکوژێت ئێمە ئێستا لە ناوەندی تاقیکردنەوەیەکی گەورەداین تاقیکردنەوەی ئەوەی کە تا چەند مرۆڤ دەتوانێت تەنها بە ئۆکسجین بژی بێ ئەوەی ببێتە مرۆڤ.
ملئەستوورەکان هەموو شتێکیان بۆ دیزاین کردووین تەنها یەک شت نەبێت ئەوان ناتوانن مانا بەو ژیانە بدەن کە لێیان زەوت کردووین ئێمە وەک ئەو پاترییانەمان لێهاتووە کە وزەیان تێدا نەماوە، بەڵام جەلاد هێشتا لێمان دەدات تا چرکەیەکی تر کار بکەین.
خوێنەری ئازیز، کاتێک دەبینیت کەس هاوار ناکات وا مەزانە خەڵک ڕازین تەنها ئەوەیە کە مردوو پێویستی بە هاوار نییە. ملئەستوورەکان وڵاتێکیان دروست کردووە کە تێیدا تەنها یەک جۆر ژیان ڕێگەپێدراوە ئەو ژیانەی کە تێیدا ئێمە بمرین بەڵام جەستەمان هێشتا هەناسە بدات تا ئەوان تێرببن.
ئەو ملئەستوورانەی نیشتمانیان کردووە بە تاقیگەیەکی بایۆلۆژی تەنها جەستەی ئێمەیان داگیر نەکردووە، بەڵکو چاوەڕوانی یان کردووە بە ئامرازێکی ئەشکەنجە ئێمە لە نیشتمانێکدا دەژین کە تێیدا چاوەڕێی هەموو شتێکین و هیچ شتێکیش ڕوو نادات چاوەڕێی کارەبا، چاوەڕێی مووچە، چاوەڕێی باران، و لە کۆتاییدا چاوەڕێی مەرگێک کە ئەوان مۆڵەتی هاتنی نادەن، ئەم چاوەڕوانییە کوشندەیە جۆرێکە لە پەلوپۆکردنی عەقڵ چونکە مرۆڤێک کە تەواوی وزەی مێشکی لە چاوەڕوانیی سەرەتاییترین پێویستیدا بەکاربهێنێت چیتر کاتی نابێت بیر لە کەرامەت بکاتەوە ئەوان دەیانەوێت ئێمە تەنها دەستگایەکی هەناسەدەربین، کە پارە بۆ بانکەکانی ئەوان و هێز بۆ کورسییەکانی ئەوان بەرهەم بهێنین.
ئەمڕۆنیشتیمان بووەتە شانۆیەکی گەورە کە تێیدا “سەخیفەکان” دەرهێنەرن ئەوانەی پێشتر لە پەراوێزی مێژوودا بوون، ئێستا بوونەتە پاسەوانی ڕووناکی و تاریکی ئەوان بە پێکەنینە ساردەکانیانەوە پێمان دەڵێن کە ژیان لێرە تەنها مانەوەیە لە ژیان نەک ژین، جیاوازییەکی گەورە هەیە لە نێوان ئەوەی بژیت و ئەوەی نەمریت ئەوەی ئێمە دەیکەین تەنها نەمردنە ئێمە وەک ئەو درەختە دەستکردانەمان لێهاتووە کە لە باخچە گشتییەکاندا چێندراون نە گەشە دەکەین، نە گەڵا دەوەرێنین تەنها بۆ ئەوە دانراوین کە دیمەنی دەسەڵاتی ئەوان بە جوانی بمێنێتەوە.
ترسناکییەکە لەوەدایە کە زمانیشیان لێ دزیوین. کاتێک وشەکانمان لە مانا خاڵی دەبنەوە کاتێک دەڵێین “نیشتمان” و مەبەستمان “زیندانە” کاتێک دەڵێین “ئاییندە” و مەبەستمان “تاریکییە”ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە جەلادەکە تەنانەت ناوەوەی سەریشی کۆنتڕۆڵ کردووین.
ملئەستوورەکان دەیانەوێت بگەینە ئەو باوەڕەی کە ئەم دۆزەخە تاکە بەهەشتی بەردەستە ئەوان وایان کردووە مەرگ ببێتە خەونێکی دەستنەکەوتوو، چونکە مەرگی ئێمە یانی پەککەوتنی ئەو ئامێرە گەورەیەی کە چەوریی جەستەی ئەوانی پێ چەور دەکرێت.
ئێمە ئەوەندە فێری نەمردن بووین، کە چیتر نازانین چۆن بژین ، ملئەستوورەکان بردیانەوە چونکە ئەوان تەنها نیشتمانیان داگیر نەکرد بەڵکو مەرگیان لێ دزین و ژیانێکیان پێ فرۆشتینەوە کە کڕینی گەورەترین خۆکوشتن بوو.
جەنگ ململانێی نێوان موقەدەسەکان نیە، بەڵکو سەرمایەکانە!.. سامان کەریم
لە پێگەی “درەو”دا بەرێز مەریوان وریا قانع وتارێکی نوسیووە بە نێوی”جەنگ و موقەدەس و ناعەقڵانیەتی دینیی/ ٢٢ی مارس ٢٠٢٦” بڵاوبۆتەوە.
خوێنەر لەم وتارەدا تێناگات کە هۆی بەرپابوونی ئەم جەنگە چیە؟ لەمبارەوە تێکەڵەیەک دەبینین. بەڵام بە کورتی هۆی جەنگەکە مانەوەی باڵادەستی ئابورییە بۆ ئەمریکا، رێگرتنە لەو باڵادەستیە بۆ وڵاتی چین. ئەوە مەسەلەی سەرەکی و بناغەیی جەنگەکەیە. جەنگەکە بۆ وڵاتی چین بە وەکاڵەتە- ئێرانە- و ڕوسیای لە پشتە، ئەمریکا ڕاستەوخۆ بەشدارە و کۆماندۆی جەنگەو ئیسرائیل بەشدارە لە گەڵیدا. هیچ جەنگێک لە مێژوودا لە پێناوی موقەدسەکاندا نەکراوە، پێش موقەدەسەکانیش جەنگە زۆر بووە، هەر عەشیرەتو قەبیلەیەک لە پێناو بەرژوەندی ئابوری و داگیرکردنی زەویدا پەنای بۆ جەنگ بردووە.
بناغەی جەنگ ئابورییە، ئەوەی ئەمرۆش ترامب بۆماوەی ٥ رۆژ هێرشی بۆسەر ژێرخانی ئابوریو وزە ڕاگەیاند، رۆشندیارە ئابوریە. جەنگەکە بەشێکە لە جەنگی جیهانی وەک جەنگ لە ئۆکراین، جەنگێکە لە ناوچەیەکی گەورەو پڕ وزەو سەرمایە وەک بەرەیەکی جەنگی جیهانی. جەنگی جیهانی لە نێوان چینو ئەمریکادا لە مێژە دەستیپێکردوەو لە ئێستادا توندتربۆتەوە، مەگەر پەلاماری فینزویلا بەرەیەکی بچوکتر نەبوو لەو جەنگە. ئێران بە هۆی موقەدسەوە لەماوەی ٢٤رۆژی ڕابوردوودا خۆیڕانەگرتووە یان ڕادەستنەبوون، وەک مەریوان دەنوسێت:” لەم دۆخەدا تەسلیمنەبوونی ئێران پەیوەندیی بە ئازایەتیی و بە پێداگرتنەوە لەسەر کۆمەڵێک پرنسیپی عەقڵانیی و ئینسانییەوە نییە، بۆ نموونە پرنسیپی بەگژاجوونەوەی ئیمپریالیزم، …….، تەسلیمنەبوونیان پەیوەندیی بەو راستییە سادەیەوە هەیە کە ئەو حوکمرانانە جگە لە خۆیان هیچ کەس و هێز و دید و بۆجوونێکی تر بە شایانی حوکمڕانیکردنی وڵاتەکە نازانن….ئەم جۆرە لە دەسەڵاتدارێتی بەردەوام رەهەندێکی پیرۆز بە حوکمرانییکردنەکەیان دەبەخشن. پێ لەسەر ئەو دادەگرن کە حوکمڕانیکردنیان پەیوەندیی بە خودا و ئاسمان و دین و موقەدەسەوە هەیە. ئەمەش مافی ئەوەیان پێدەبەخشێت، بە هەر نرخێک بووە، لە دەسەڵاتدا بمێننەوە”. بەهۆی موقەدەسەوە خۆی” تەسلیمنەکردووە” بەڵکو بەهۆی ئەوەی ئیران وەکو ئیسرائیلو ئەمریکا پشتی بەستووە بە تەکنەلۆجیای تازەی ڕۆکێتەکان، زیرەکی دەستکرد، درۆنەکان، هێڵەژمارەییەکان-احداثیات- تەکنۆلۆژیای هەواڵگریی … نەک باوڕەی موقەدەسی دەسەڵاتەکەی، پشتی بەستووە بە تەکنۆلۆژیای تازەی جەنگی و کۆمەکی بێدرێغی چینو ڕوسیا. بێ چینو ڕوسیا ئێران بەرگەی یەک هەفتەی نەدەگرت. بەرژەوەندی سەرمایە وەک سستەمێکی جیهانی بەتەواوی جیهانیە، سەرمایەی نەتەوەییو لۆکەڵی و ناوچەیش مانایەکی نیە، سنورەکان و سەروەری مانای خۆیانیان لە دەستداوە. سەرمایەی ئیرانی تا ئێستا بە پلەی یەکم پەیوەستە بەسەرمایەی چینو روسەوە. سەرمایەی کەنداویەکان زیاتر پەیوەستە بە ئەمریکاوە، بەم شێوەیە.
لە ڕاستیدا مەریوان ناڕەحەتە و دەیەوێ ئێران خۆی تەسلیمبکات، بەڵام باسێک لە جەنگەکە ناکات باسێک لە هێرشی ئیسرائیلو ئەمریکا ناکات؟!!!تەنانەت باسێک لە کۆمەڵکوژی منداڵەکانی ئێران ناکات. ئەو دەیەوێت ئێران دەسەڵاتی “موقەدەسی” خۆی ڕادەستبکات جا چارەنوسی ٩٠ ملیۆن هاوڵاتی چیبەسەردێت کۆسپی ئەو نیە، بەلام دەیەوێت لەو سیناریۆ تاریکەدا، بزوتنەوەی کوردایەتی شتێکی دەستبکەوێت، بەڵکو ویژادنی باوەردارانی مافی مرۆڤ هەناسەیەکی کوردایەتی هەلمژن. نەک هەرئەوەندە بەڵکو دەنوسێت:”پاراستن و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی کورد لەگەڵ ئەمریکا و تەنانەت لەگە ئیسرائیلدا، ستراتیژیەتێکی سیاسییە قابیلی پەرەپێدانێکی پراگماتیانەیە، لە دۆخێکدا سەرجەمی وڵاتانی ناوچەکە دژ بە کوردن”( وتاری:نابێت کوردستان بکرێت بە زۆنی جەنگ/٩ی ئازار). کاک مەریوان کارەکانی ئەمریکاو ئیسرائیلی لە گەڵ کوردەکان بیر چۆتەوە، ڕیکەوتنی جەزائیر بەڵام ئەوە قەیدی نیە ٥١ساڵە، ٣١ی ئاب ٣٠ساڵە، ڕیفراندۆمی ٢٠١٧ئەوە ٩ساڵە، بەڵام ئەی کاری ئەمریکاو ئیسرائیل بە دژی کوردەکانی سوریا تەنها جەند مانگێکە، خۆ ئەوە ناکرێت بیربچێتەوە، تەنانەت دەسەڵاتدارانی کورد ئەوەیان لەبیر بوو، بەڵام ڕۆشنبیرانی کورد لە مێژوو تەنها دەقەکان تیگەیشتوون لە بارێکدا مێژوو دژ بە دەقەکان ملدەنێت. بەڵامنە دەقی موقەدسو نە ناسیونالیزمو نە دیموکراتیزمو نە دیکتاتۆریزم نابنە هۆکاری هەڵگیرسانی جەنگەکان، بەڵکو سەرمایەیە، ئەگەرچی مێژووی سەرجەم جەنگەکان لەماوەی زیاترلە ٢٥٠٠ساڵی ڕابوردوودا لە ژێر ئەو دروشمانەدا پیادەکراون. لە کۆتاییدا ڕووخانی کۆماری ئیسلامی ئیران نەک وەک دەسەلاتێکی موقەدەس بەڵکو وەک هەر سستەمێکی سەرمایەداری هیواو ئامانجی پڕۆلیتاریاو برسیەکانی ئێرانوو ناوچەکەو جیهنایشە، ئەو هیوایە لە ڕێگەی شۆرشی خۆیانەوە مەیسەر دەبێت نەک ئەمریکاوە، کاری پرۆلیتاریای ئیران ئەوەیە کە حسابی خۆی لەگەل دەسەڵاتی بورژوایی ئیران یەکلا بکاتەوە.
٢٣ی مارس ٢٠٢٦/سامان کەریم
ئەوەی لەبارەی جەنگەوە نەتبیستووە لە ڕۆمانی فڕینی پردەكان دەیزانیت
جەنگی كۆتایی جیهان و سەرەتایەك بۆ كۆتاییەكی نوێ لە ڕۆمانی فڕینی پردەكانی دڵشاد كاوانی
22/3/2026
بۆ توێژەران و نووسەران و ئەوانەی كە دەیانەوێت بگەنە ڕاستیی ڕووداوەكانی جەنگی كۆتایی جیهان، با بچن ڕۆمانی فڕینی پردەكان بخوێننەوە.
لێدانی ئەم شەوی شارەكانی بیابانی نەقەبی ئیسرائیل بە تەواوی پێشبیینەكانی ڕۆمانی فڕینی پردەكانی پشتڕاستكردەوە. بەڵام جیگەی داخە ڕۆمانەكە كوردییە و نووسەرەكەشی كوردە و كوردیش هیچ بایەخ بە بەرهەمی خۆمالی نادات، گەرنا تەواوی ئەو ڕووداوانەی ئێستە ڕوودەدات لە ساڵی (2021) لە ڕۆمانی فڕێنی پردەكان باس كراوە. ڕۆمانەكە براوەی پێشبڕكێی ڕۆمانە لە ڕێكخراوی ڤیم فاوندەیشن، لەساڵی 2023 لە چاپخانەی پاندا لە سلێمانی چاپكراوە.
ئەمەی خوارەوە كورتەیەكە لەباسی ڕوودواوەكانی دوێنێ شەو كە سەرەتایەكە بۆ گۆڕانكارییەكی گەورەتر.
لە ڕۆمانی فڕینی پردەكان لاپەڕە (181) و لە بەشی دیداری مروارییەكان دا هاتووە:
(ئەمە ئەو شتەیە کە من لێی دەترسام، تکایە بیر لە ڕووخانی دیوارەکانی عەتەبەکان نەکەیتەوە. ئەم دیوارانە لەسەر دەستی داروین باوکی مرۆڤایەتی بوناید نراوون، هێمای مانەوەی ژیانکردنن، بە ڕووخانی دیوارەکان ژیان تێک دەچێت، نیشتمانی بیابانی نەقەب دادەڕمێت. منیش قڕوقەپیم لێ کرد.)
لە ڕۆمانی فڕینی پردەكان لاپەڕە (340) لە بەشی ڕابەرایەتی زەینەفۆنی قارۆك دا هاتووە:
(لە حەقخانە هێز و سوپاكەم یەكخستەوە، مروو و گەوهەرەكانم دەرهێنا و كتیبی قیناتم بەدەستەوە گرت، بە دەنگیكی دلێر بە موریدان و پەیڕەوكانی حەقەكانم گوت: من چاوەڕوانكراوی سێیەمی ڕابەرایەتیم، ئەمەش نیشانە و بەڵگەكانی ڕابەرایەتیم بە دەستمەوەیە، ئەوەی دەیەوێت لە ژێر سایەی قیناتەوەبێت و باوەڕم پێدەهێنێت. ئەوەی كەنایەوێت با لە نووكەوە ڕیزەكانی ئەهلی حەق جێبهێڵێت، وەك گاوڕ و هەڵگەڕاوەكان بنێژرێت. بەمە هەر هەموو حەقەكان بە شین و فیغانەوە كەوتنە سەر ئەژنۆ و متمانەیان پێبەخشیم، بە درووشمی یان مەرگ یان سەركەوتن، كەوتنە دوام و بەرەو بیابانی نەقەب ڕێمانگرتەبەر.
ئێمە گەیشتین بە بیابانی نەقەب و دوای شەڕێكی خوێناوی سیلۆنی پیرمان بە دیل گرت، بەهادوورمان وەك بارمتەیەك لەگەڵ خۆمان هێنایەوە. ویستمان لە ئەگەری مانەوەی زیمنهۆڤدا، گیانی بەهادوور وەك فشار بۆ وازهێنانی بەكاربێنین. گەر ئاپۆپیش سەركەوت، دووبارە بەهادوور بۆ پەرتەوازی ڕیزەكانی هێزە چەكدارەكانی دەوری ئاپۆپی سەرزێڕین بەكاربێنین.)
لە لاپەڕە (173) و بەشی دیوارەکانی تەپوتۆزدا هاتووە:
(ئەو کاتەی پێم نایە بیابانی نەقەب بیبینم هەزاران دیواری گەندەپەست و تەپوتۆز لە بیابانی ڕۆحەوە بۆ و نیوەگرد و گردۆڵکە و لوتکە و جەستەی چیا و چۆڵ و بەرزایان هەڵدەکشان، بۆ ناخی دۆڵ و بێشەڵان، پێ دەشت و نزماییان لێژدەبوونەوە. مرۆڤ لەوەتەی هەیە بۆ مانەوەی خۆی لێرە لە بیابانی ژیانگەدا دیوار دروست دەکات. بۆ کێشانی سنووری نیشتمان، بەرد و خۆڵ و گەردیلە و ڕۆح و ناخ و ئەندێشە، تێکەڵ بە هەم دەکات و کەرستەی ئەفراندنی دیوارەکانی بوونی لێ چێ دەکات. دیوارەکان هەمەجۆرن، دیواری دەمارگیری و توند و تیژی، دیواری نەژاد و ڕەگەز، دیواری نەتەوە و تیرە و هۆز، دیواری ئایین و باوەڕ و دیواری جیاکاری و گۆشەگیری. لانی کەم ئەرکی من ئەوەیە دیوارەکان بڕووخێنم، گەرنا دیوارێک بۆخۆم دروست دەکەم، خۆم لە هەموو دیوارەکانی دیکە دادەبڕێنم.)
لە لاپەڕە (193) و بەشی نۆساڵان دا هاتووە:
(منم بەهادوور کوڕی تاجەددینی بەقالئوڕۆح، پەتنێ و بەبێ سوبحلئەزەل نۆساڵ و نۆ مانگ، نۆ ڕۆژ و نۆ خولەک و نۆ چرکە لە شاری دێرینی بیابانی نەقەب بە تەنها مامەوە.)
لە لاپەڕە (307) و بەشی یاداشتی چوارەم دا هاتووە:
(ولۆ سیراجەددین دەستی لەپەتی دەسەڵاتدارییەتی بەردەبێت و بێ هیوا دەبێت، جارێكی دیكە ناتوانێت بچیتەوە دەرباری شاهەنشایی، جڵەوەی دەسەڵات بگرێتەوە مست. هەر بۆیە پلانی سیاسی خۆی دەگۆڕیت و ناو و ناونیشانی وەك دەسەڵاتدارێك دەگۆڕێت، بۆ حەكیم ڕابەرێكی ئایینی. بەناوی سیلۆن بەنهێنی و لە دوورترین شوێنی بیابانی نەقەب دەگیرسێتەوە، سەرپەرشتی بەرهەڵستییەكان و یاخی بوونەكان دەكات. بۆ تۆڵە سەندنەوە لە ئایین و دەسەڵات، ئایینێكی تازە ڕادەگەیێنێت و مەبەستە شاراوەكانی لەژێر پەردەی ئەم ئایینە، بەناوی حەقەكان بەجێ دەهێنێت. برازاكانیشی دەكاتە قۆچی قوربانی بۆ درەوەشانەوە و بڵاوەكردنەوەی ئایینەكەی.)
ئەمە تەنیا چەند دەقێك و بەشێكی بچووكی ناو ڕۆمانەكە بوون، لە تەواوی ڕۆمانەكە بە وردی باسی شەڕ و كوشتن و پێكدادانەكانی هەرێمی لە ناوچەكە دەكات. وەلێ كورد پێویستی بە تووێژەری ئەدەبیی و شیكاریكردنی دەق هەیە، كە بێت و بە وردی كار لەسەر ڕۆمانەكە بكات.
دوعاکانی یەخەم لەبەر بارانی واقیع شۆرانەوە؛.. پاڤێڵ ساڵح
لەو ڕۆژەوەی فێربووم ناونیشانی خۆم وەک
ناسنامەیەکی ساختە فڕێ بدەم
بووم بە کۆڵبەرێکی هەمیشەیی لە بیابانی ئەم ژیانەدا.
جانتاکەم پڕە لەو پرسیارە قورسانەی
کە هیچ کەس نەبوو وەڵامیان بداتەوە.
بارەکەم زۆر قورسە
نەک لەبەر ئەوەی شتێکم پێیە
بەڵکو لەبەر ئەوەی «هیچ»
کێشی لە هەموو گەردوون زیاترە.
تا نەترسم
دایکم دوعایەکی لە یەخەی کراسەکەم بەست
بەڵام کاتێک گەیشتمە ناو جەنگی شەقامەکان
دوعاکان لەبەر بارانی واقیع شۆرانەوە
لەوێ فێربووم کە لەم سەردەمەدا
«خودا» تەنها مانا بوو لەسەر زمان
بەڵام «نان» بوو بەو چەقۆیە تیژەی کە هەموو ڕۆژێک لە گەروومان دەدرێت.
من ئەو مرۆڤەم کە لە شکستەکانی خۆی دروست بووە
پەیکەرێکم لە نائومێدی و تۆزی سەر شەقامەکان.
سەد و یەک خەونم هەبوو
وەک پەپوولەی کێوی لە ناو سەرمدا دەفڕین
بەڵام ئەم شارە، ئەم جەنجاڵستانە بێدەنگە،
تەنها یەک زمانی هەیە: «کڕین و فرۆشتن».
یەکەم خەونم هەراج کرد بۆ کڕینی کاتژمێرێک
نەک بۆ ئەوەی بزانم کات چەندە
بەڵکو تەنیا بۆ ئەوەی بزانم کەی ئەم تەمەنە کۆتایی دێت.
دووەم خەونم دا بە پارەی کارەبا
تا شەوان سێبەری تەنیایی خۆم
لەسەر دیوارەکە ببینم
تا کار گەیشتە ئەوەی
کۆتا خەونم بکەمە قوربانیی سەقفێک
کە هەرگیز نەبوو بە «ماڵ» و
هەر وەک «خانوو» مایەوە.
لەم مەزادخانەیەدا
تەنانەت دڵەکانمان بوون بە «مۆدێلی کۆن».
من سەیری ناو چاوی هاوڕێکانم دەکەم
کەچی تەنها «نرخ»ـیان تێدا دەخوێنمەوە.
ئێمە چیتر یەکترمان خۆشناوێت
بەڵکو تەنها یەکتر «بەکاردەهێنین»
بۆ پڕکردنەوەی ئەو کونە ڕەشەی کە جیهان
لە ناوەڕاستی سنگی هەمووماندا هەڵیکۆڵیوە.
ئەو کەسەی پێم وابوو نیشتمانمە
ئەویش لە سوچێکی ئەم شارەدا،
خەریکی گۆڕینەوەی سۆز بوو بۆ ساتێک «دڵنیایی».
لێرە عیشق، مۆمێک نییە ڕێگە ڕۆشن بکاتەوە
بەڵکو تەنها شقارتەیەکی تەڕە، کە بۆنە سووتاوەکەی بۆ ئێمە ماوەتەوە.
ئێمە هەموومان بووین بە کڕیاری برینەکانی یەکتر، بەڵام کەس ئامادە نییە بەهای «ساڕێژبوون» بدات.
ئێستا سەیری خۆم دەکەم؛
گیرفانەکانم دڕاون، نەک تەنیا لەبەر هەژاری
بەڵکو لەبەر ئەوەی «مانا» زۆر قورس بوو و تێیاندا نەدەوەستا.
مرۆڤ کاتێک هەموو خەونەکانی دەفرۆشێت
دەبێت بە ئاوێنەیەکی سارد
کە تەنها خەڵکی تێدا دەبینرێت و
هیچی تری لێ زیاد نایە.
شار وەک جەلادێکی دەستکێش سپی
بە هێمنی پێستمان دەماڵێت و
ناومان دەنێت «پێشکەوتن».
من ئێستا تەنها لە «گرێبەستە شکاوەکان» و
«بەڵێنە ژەهراوییەکان» دروست بووم.
ئێمە لێرەین
لەسەر شۆستە ساردەکانی ئەم جیهانە
نەک وەک ڕێبوار
بەڵکو وەک کاڵایەکی بەسەرچوو.
هەموومان خەریکی گەورەترین خیانەتین:
گۆڕینەوەی «ڕۆحمان» تەنها لەپێناو کەمێک «مانەوە». مانەوە لەناو ژیانێکدا، کە خۆی لە ئەسڵدا
تەنها مەزادخانەیەکی گەورەیە بۆ فرۆشتنی مرۆڤ بە مرۆڤ.
پرۆژەیەکی نوێی گەلەری ئارام و د. ئازاد حەمە

شیعر باران نییە، بەڵکوو تەمە.. فەریق عوسمان
کاروان عومەر کاکە سوور لە وتاری (تێپەڕاندنی خود و واقیعی باو لە ڕێی وێنەی شیعرییەوە)(١) ئاوەها دەنووسێت: ” شیعر باران نییە، بەڵکوو تەمە، کە یەکەمیان لە دڵۆپە ئاوی گەورەی قورس پێک دێت و دەکەوێتە خوارێ، بەڵام دووەمیان پێکهاتەیەکی جیاوازی هەیە، دڵۆپەکانی وردن و کێشیان سووکە، بۆیە بە هەڵواسراوی دەمێننەوە. ناگەنە خاڵی کۆتایی و بە شێوازێك دەڕەونەوە، کە ناکرێت بە ڕوونی بیانبینیت. نە سەر بە ئاسمانن و نە سەر بە زەوییش، بەڵکوو خۆیان لە بۆشاییدا شوێنی تایبەتی خۆیان پێکهێناوە. لەگەڵ ئەوەیشدا شیعر تەمێکی جیاوازە و لە خەوندا ڕوو دەدات. ناهێڵێت ئاڕاستەکەی دیاری بکەیت، بەڵکوو کۆمەڵێک ئاڕاستەی هەن و هەمیشە دەتوانیت لێکیان بدەیتەوە. تەمی شیعر بۆ ئەوە دەڕەوێتەوە، تا دیسان و بە شێوازی دی پێكبێتەوە، کە ڕەوینەوە و پێکهێنانەوە دەبنە یەك کردەی بەردەوام و بە دۆخی جیاوازجیاوازدا تێدەپەڕێت”.
ئەو وتارە کە لە ٧٢٠٩ وشە پێکهاتووە، بەشێوەیەکی ورد لایەنە جۆراوجۆرەکانی شیعری هاوچەرخی کوردی دوای (ڕاپەڕین) تاووتوێ دەکات، کە چەند هێڵێکی گشتی و سیمای ئەو نەوەیە دەخاتە ڕوو، وەك دەستپێشخەرییەك بۆ هەوڵێکی نایاب و ناوازەی تری نووسین کە لێکۆڵینەوەیە لەسەر ژمارەیەکی زۆری شاعیرانی ئەو نەوەیە، کە لە داهاتوودا دەکەونە بەر دیدی خوێنەران.
لە لایەکی ترەوە وتارێکی سەرپێیی دەربارەی ئەم هەوڵە لە لایەن (ئارام کۆشکی)(٢) لە رۆژنامەی هەولێری ژمارەی ١٥/٣/٢٠٢٦ نووسراوە، کە تەنیا لە ٥٦٨ وشە پێکهاتووەو بێ ئەوەی وتوێژی هیچ لە بیروبۆچوونەکانی کاروان کاکە سوور بکات دەربارەی شیعر، هێڵێکی ڕەش بەسەر ئەو وتارەدا دەهێنێت و بگرە بڕیاری پێشوەختە بەسەر ئەو هەوڵ ڕەخنەییەدا دەدات و تاوانباری دەکات بە درێژدادڕی بێ مانایی و کۆکردنەوەی شاعیران لە دەوری خۆی.
جا بۆ ئەوەی هەردوو بۆچوونەکە لە دیدێکی بێلایەنەی زانستیەوە لێك بدەینەوە و چەند نموونەیەك لە وتارەکان بهێنینەوە، با بەم پێشەکییە دەست پێ بکەین، تا بەرچاوڕوونی پێشکەشی تازە خوێنەران بکەین، چونکە دڵنیام خوێنەرانی شارەزا خۆیان سەرپشكن و ڕاستییەکان لایان ڕوونە.
لای ئێمە بە حوكمی درێژبوونەوەی دۆخی شپرزەیی بەڕێوەبردن، زۆر لە بوارە جۆراوجۆرەکانی ژیان ڕووبەرووی ساختەکردن بوونەتەوە، دیارە ئەمەش مۆرکی لەسەر زۆربەی سێکتەرو تەنانەت عەقڵییەت و مامەڵەی مرۆڤەکان و زانکۆ و میدیا…. جێهێشتووە، بۆ نموونە لامان سەیر نییە لە وڵاتێکدا بەرپرسی نامۆڕاڵ کە دەرمانی ئێکسپایەرو ساختە هاوردە دەکات و بەسەر نەخۆشی داماودا ساغی دەکاتەوە لە ڕێی پزیشکی بێویژدانەوە، کەس لیپرسینەوەی لەگەڵدا نەکات و ئەو بێدەنگییەش ببێتە زیاتر هاندانی ئەم کارە وێرانکەرانە.
هەر بە هەمان شێوەش، لە سیستەمی گەندەڵدا، زۆر لە ڕۆشنبیری تەزویرو ساختە سەرهەڵدەدەن و دەبنە تەواوکاری چوارچێوەی ئەو سیستەمە تۆتالیتاریایەی کە هیچ شتێك تیایدا ماناکەی لە شوێنی خۆیدا نەماوە، پێناسەی ئەو جۆرەش لە بەناو خامەبەدەست و ڕۆشنبیر؛ بەو کەسە دەگوترێ کە کەوتۆتە داوی دەستە جەمعەوەو لافوگەزافی ڕوناکبیرێتی و شارەزایی و مەعریفە لێدەدات و هیچی ئەوتۆیان لە باردا نییەو لە هیچ بوارێکی فەرهەنگیدا شارەزاییەکی تەواویان نییە، ڕۆڵیان وەکو بازرگانییەك بەکاردێنن بۆ دەسخستنی بەرژەوەندی تاکەکەسی، ژمارەیان زۆرەو پشتیوانی دەکرێن لەلایەنی سێکتەری زاڵەوەو هەر ئەوانیش بە داخەوە زاڵ بوون بەسەر گۆڕەپانی وێژەو هونەرو چاپەمەنیدا، دوور لە ئاگایی و هۆش ڕاکانیان فڕێ دەدەن، ڕاکانیان زۆرجار دوور لە راستییەو پشت بە هیچ بنەمایەکی زانستی و ئەکادیمی نابەستێت، چونکە هەمیشە بە چەواشەکاری هەڵدەستن، لە کۆتاییشدا هاوتەریبییەك دەبینرێت لە گوتاری ئەوان و دەسەڵاتەکاندا، وتەکانیان بێ بنەماو دوور لە ڕاستییە، چونکە لە ئاوی لێڵدا مەلە دەکەن، بەم شێوەیەش دەبنە هۆکاری داپۆشینی راستی و بەلاڕیدابردنی خوێنەرانی سادەبین، هەندێكجار بە هۆی ڕۆڵی نهێنییانەوەیە لە دەزگاکاندا دەبنە هەڵگری بۆچوونی هەمان لایەنی سیاسی مەبەست و ناڕاستەوخۆ بەرەنجامی کارەکانیان بەو ئاقارەدا دەشكێتەوە، ژێربەژێر کار بۆ ئەملاوئەولا دەکەن و ئەوانیش لە بەرامبەردا پشتیوانیان دەکەن لە کردنەوەی ناوەندی بە ناو ڕۆشنبیری و دەزگای چاپ و پرۆژە وەهمییەکانیاندا، ئەو جۆرە لە ڕۆشنبیری ساختە سەرێکیان هەیەو هەزار سەودا، سەریان لە چەندان کونەوە دەردەچێت، هەر لە پێناوی دەرکەوتندا ئامادەن قوربانی بە هەموو پیرۆزیەکان بدەن.
ناموێت بچمە سەر ڕۆڵی ئەو ڕۆژنامەیەی کە ئەو خامەبەدەستە بە ناوی (ئارام کۆشکی)تیایدا زوو زوو دەنووسێت و بڵاودەکاتەوە، ئەوە بەسە بڵێین کە بەپێی زانیاریەکانی وڵات_میدیا، ڕۆژنامەی هەولێر وەك دەزگایەکی ڕۆژنامەوانی هەواڵگری کاردەکەن.(٣)هەر بەڵگەشمان بۆ ئەم وتەیە ئەوەیە کە حیزبی سپۆنسەر ڕۆژنامەیەکی تری هەیە کە زمانحاڵی حیزبەکەیەتی و خۆی ناخاتە ئەو ئاستی گوتارە نزمانەی لەوێدا دەنووسرێن و بڵاودەکرێنەوەولە لایەن دەزگایەکی هەواڵگرییەوە بەڕێوە دەبرێت.
پێش ئەوەی پوختەی ڕاکانی کاروان کاکە سوور لە وتارەکەیدا بخەمە ڕوو، بزانین ئارام کۆشکی چۆن دەربارەی دەنووسێت و ئایا کە بە وڕێنەو درێژە دادڕیی لە قەڵەمی دەدات و دەڵێت هیچی نەگوتەوە وایە یان کێشەکە لە نزمی ئاستی تێگەشتنی ئارام و ڕق و کەم تواناییدایە؟ چونکە رەخنەگرتنیش تواناو لێهاتوویی و شارەزایی گەرەکە و گەر کەسێك سەلیقەی شیعری نەبێت و لێی تێنەگات چۆن دەتوانێت دەربارەی بنووسێت، بۆیە بەهرە بۆ ڕەخنەگریش خاڵێکی بنەڕەتییە. دەکرێت بپرسین: ئایا ئەو رەفزکردنەوە بێ بنەمایەی ئارام کۆشکی دەریدەبڕێت لە ئیرەیی و بێتوانایی خۆیدایە کە هەرگیز نەیتوانیوە هیچ ڕەخنەیەکی موعتەبەرو پرۆفیشناڵ بنووسێت؟ بەوەی ئێستاش ئەدەب وەك سیاسەت تەماشا دەکات و بۆیە بە ڕادیکاڵ ناوی ڕەخنەکانی خۆی دەبات، یان ئەویش وەك دیارە گا بە گونان دەناسێتەوەو ئەوشیعرەی دروشمی زەقی تێدا بێت لای ئەو گرنگەو هەمیشە سەروبنی زمانی شێرکۆ بێکەس و بەختیار عەلی ن، تا خۆی بە هەستی دەستەجەمعدا هەڵبواسێت و نەکەوێتەخوارو لەو لێشاوە پۆپۆلیزمی و جەماوەرییە دانەبڕێت، کە لە ڕاستیدا نەك ڕۆژنامەنووسیش ئەو ڕا نێگەتیڤ و نازانستیانەی نییە، بەڵکو خوێنەرێکی خراپیش ئەو بۆچوونانەی لە خوێندنەوەی نووسینەکەی کارواندا لا دروست نابێت.
ڕاکانی ئارام سەبارەت ئەو وتارەی کاروان لەم خاڵانەدا کۆ دەبێتەوە:
١- نەسیحەتنامەیەکە بۆ ئەو (شاعیران)ـە.
٢. (بێگومان بەشێکی زۆری ئەوانەی لەو لیستەدان شاعیر نین، بۆیە من شاعیران خستە نێو کەوانەوە.)
٣- دەشێ بپرسین ئەم نووسەرە ئەوروپانشینە ئامانجی چییە لە نووسینی نەسیحەتنامەیەکی لەم چەشنە بۆ ئەو لێشاوە بەناوشاعیرە، ئایا ئامانجی ئەدەبی و فیکریی هەیە و لەپێناو دۆخی شیعردایە، یان دەیەوێت گەمەیەك بکات و خۆی بەو لێشاوە شاعیرە بناسێنێت؟
٤- یەکەم سەرنج پاش خوێندنەوەی وتارەکە بۆم دروست بوو ئەوەبوو، کە وتارەکەی لەپێناو شیعر و تیۆری شیعرییدا نەنووسیوە، چونکە وتارەکە جگە لە لێشاوێك وشەی ڕیزکراو هیچ مانایەك بەرهەم ناهێنن.
٥- ئامانجێکی سەرەکی لەم وڕێنەنامەیە ئەوەیە، کە خۆی بەلێشاوێك لە بەناوشاعیری نوێ بناسێنێت و بڵێ ئەوە منم ئێوە دەخوێنمەوە و ئێوەش ئەرك بکێشن بمخوێنەوە و بەرگریشم لێبکەن، چونکە شەیداییەکی زۆری بۆدانپێدانان و گرووپگەرایی هەیە و ئامادەیی تێدایە بە سەعاتان بدوێ بەبێ ئەوەی هیچ بڵێ!
٦- هێندەی من لەم نووسەرە درێژنووسە ئەوروپانشینە تێگەیشتووم ئەو ئامانجی لە دیالۆگ سەپاندنی ڕا و زاڵکردنی هەیمەنەی خۆیەتی بەسەر ئەویتردا، نەك دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش لەگەڵ بەرامبەردا، یان ئامانجی فراوانکردنی پێڕی خۆیەتی دژ بە نەیارەکانی، کە ئەمەش جگە لە عەقڵیەتی خێڵگەرایی سەدەکانی ناوەڕاست هیچی دیکەمان بەبیر ناهێنێتەوە.
٧- لانیکەم دە ساڵ لەمەوبەر چرای داهێنانی ئەم نووسەرە کوژاوەتەوە و ئێستا دەیەوێت ئامادەیی خۆی لەڕێی لێشاوێك لە نووسینی وتار و ڕۆمانەوە بسەلمێنێت، هەر چۆن لە “ئیستیقالەنامەکەیدا” دەیویست سەرنجی هەمووان بۆی خۆی ڕاکێشێت.
هەروەها پوختەی نووسینەکەی کاروانیش لەم خاڵانەدا کورت دەکەینەوەو بەراوردکردنی هەردوو بۆچوونەکە بۆ خوێنەرانی شەیدای ئیستاتیك و داهێنان جێ دەهێڵین و بزانن ئاستی ئەو دوو چوونە لە کوێی زەمین و ئاسمانی شیعردایەو ئەوجا خوێنەر دەبێت هەڵوێست بنوێنێت دەربارەی نووسەری ساختەو هەر دەبێت بایکۆت بکرێن تا چی دی جوانییەکانی ئەدەب ناشرین نەکرێن و نەوەیەکی خوار بەو بیروبۆچوونە سەقەتانە دروست نەبێت.
- کاروان هەندێک خاڵی گرنگ و جەوهەریی دەربارەی شیعری ئەو نەوەیەو توخمەکانی پێکهاتەی شیعر ئاوها دەنووسێت، کە کارێکی زۆر گرنگەو ماندووبوونێکی زۆری لە پشتەو هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازم:
١- شیعری نوێی ئەم نەوەیە ڕووبەڕووی ئەو حەپەسانە دەبێتەوە. ئامانجی ڕووبەڕووبوونەوەکە ڕەواندنەوەی ئەو حەپەسانە نییە، بەڵکوو دەیەوێت قووڵتری بکاتەوە. (ژان لۆک نانسی)ی فیلۆسۆف و ڕەخنەدۆزی فرانسی لە کتێبی (بەرگریی شیعردا) پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت، کە شیعر خەسڵەتی نەگەتیڤانەی هەیە، بگرە پێی وایە هەر خۆی نەگەتیڤە، چونکێ خاوەنی هێزی ڕەتکردنەوەیە و ناهێڵێت بگاتە مانا، کە هەر شتێکی وەک ڕێگە، ڕێڕەو و هی دیکە بە لاوە دەنێت، بۆیە مێژووی شیعر مێژووی ڕەتکردنەوەی بەردەوامە لەوەی بە هەر ژانرێکی ترەوە پێوەست بکرێت. شیعر دەگاتە قەراغی مانا، نەوەک مانا خۆی.
٢- بەگشتی شاعیرانی نەوەی ڕاپەڕین بایەخێکی گەورە بە خود دەدەن، بەو مانایەی خود دەکرێتە چەق و هەموو شتەکانی بە دەوردا دەخولێنەوە، ئەگەر شیعری ئەم نەوەیە وەک هیی نەوەی ڕاپەڕین هێندەی بایەخ پێ نادرێت، ئەوە بەشێکی پێوەندیی بەوەوە هەیە، کە لە ئاماژە پێکهاتووە و ڕەخنەی میلـلی لە ئاست خوێندنەوەیدا دەستەوستانە.
٣- توخمی ڕازاندنەوە لە شیعری ئەم نەوەیەدا گوم دەبێت و مێتافۆر شوێنی دەگرێتەوە، کە ئەو توخمە لە بەردەم ڕاڤە جیاوازەکاندا کراوەیە. لای نەوەی ڕاپەڕین دەق ڕووبەرێکی سنووردارە و هی نووسەرە، کە لە ڕێی زمانێکی ڕوونەوە خوێنەر بانگهێشتی ئەو شوێنە دەکرێت، بۆیە لەو چوارچێوەیەدا ماناکان وەردەگرێت، بەڵام لەم نەوە نوێیەدا دەق نەک ڕووبەرێکی بێلایەنە، بەڵکوو لە ڕێی دایەڵۆگەوە پێک دەهێنرێت، کە ئەو دایەڵۆگە هەم لەگەڵ شاعیر، هەم لەگەڵ دەق و هەم لەگەڵ خوێنەریشە، بگرە دایەڵۆگ هەرسێکیان لە ڕووبەرێکی نافیزیکی دا پێک دەگەیەنێت.
٤- هیچ سەردەمێکی ترمان نییە هێندەی سەردەمی نەوەی ڕاپەڕین تێیدا نووسەران بە گشتی هەوڵی بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی جەماوەریان دابێت، بۆیە سنووری زمانی ڕۆژانە و هی نووسین سڕاوەتەوە، بەو مانایەی نووسین نەک هەر هەوڵی بەرهەمهێنانی جیاوازیی نەداوە، وەک ئەوەی (دێریدا) پێی لەسەر دادەگرێت، بەڵکوو ویستوویەتی ئەو جیاوازییانەیش نەهێڵێت، کە بە سروشتی خۆیان هەن و پێوەندییان بە خەسڵەتی کردەی نووسینەوە هەیە.
٥- گەشەکردنی هەر دەنگێکی ئەم نەوەیە پێوەستە بە هێزی دایەڵۆگەوە. دایەلۆگ خوێندنەوەیە، وەک چۆن ڕوانین و ڕاڤەیشە. کردەی سووتاندنی هۆشیاری و داڕشتنەوەیەتی لە ئاستێکی تردا، پشکنینی خود و هەموو ئەوانەیشە، کە پێکیان هێناوە، بۆیە هاوکات تێپەڕاندنی ئاستی تێگەیشتنی باوی کۆمەڵگەیە.
٦- لە شاعیرانی نەوەی ڕاپەڕینەوە هەیە، دروستتر ئەو هەرەمەی هەڵچنراوە و لووتکەکەی بە شاعیرێک دراوە، تا ئەوانەی دی بخرێنە بنکەکەیەوە، وای کردووە دەنگی نوێ ڕێی دەرکەوتنی لێ بگیرێت، یان لە چاکترین حاڵدا بخرێتە پەراوێزەوە. ئەو هەرەمە دەوری بە ڕەخنەگری میلـلی تەنراوە و کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی بۆ خراونەتە گەڕ، بۆ ئەوەی بەرگری لە مانەوەی شێوازەکەی بکرێت، دەستیان بەسەر چاپ و بڵاوکردنەوەدا گرتوون، کە بە ئاسانی بەرهەمیان دەخەنە بازاڕەوە، لە کاتێکدا شاعیرانی ئەم نەوەیە بەوەدا خاوەنی ئەو سەرمایە کۆمەڵایەتی و سیمبۆڵییە نین، ئەوە بە زەحمەت دەنگیان دەگاتە خوێنەر.
سەرچاوەکان:
wllatmedia.com/2023/04/8417/١-
hawlerweb.net/adab/2026/03/133426/٢-
jineftin.krd/2026/02/14/٣- تێپەڕاندنی-خود-و-واقیعی-باو-لە-ڕێی-وێنە
سپێدەی ئادار.. شیعری سمکۆ ئەحمەد ڕەشید
سپێدەی ئادار،
ڕوناک، ڕوناک
خۆر وەک باڵندەی بەر باران
خۆی بەسەر چڵی درەخت و
دارتێلەکانی دنیادا هەڵخستبوو
هەر لە هەمان سپێدەدا
لە کۆڵانە خۆڵاوییەکانی هەڵەبجە
خۆرم بینی،
وەک مەستێکی دوای نیوەشەو
دەڕۆیشت و قاچەکانی تێکدەئاڵان
سەری گەرمی
بەدیوار و بەردە ماتەمبارەکانی کۆڵانەکاندا دەکێشا
وەک پیرێکی سەر لێواری مان و مردن
بە گۆچانەوە ڕێی دەکرد
دەڕۆیشت و لەتری دەدا
دەڕۆیشت و ساتمەی دەکرد
لە لاشەی هەڵوەریوی کورد
سمکۆ ئەحمەد ڕەشید
پڕۆژەیاسای دەستەی دانوستاندن لە هەرێمی کوردستان.. نووسينى: دکتۆر نوری تاڵەبانی و دکتۆر مستەفا زەڵمی -١-
بەشی یەکەم
پێناسە و ئامانجەکان
ماددەی یەکەم:
مەبەست لەم دەستەواژانەی خوارەوە:
١. دەستە: دەستەی دانوستاندن لە هەرێمی کوردستان
٢. ئەنجومەن: ئەنجومەنی دەستەی دانوستاندن
٣. سەرۆکی ئەنجومەن: سەرۆکی ئەنجومەنی دەستەی دانوستاندن
٤. ئەندام: ئەندامی ئەنجومەنی دەستەی دانوستاندن
٥. هەرێم: هەرێمی کوردستان – عێراق
٦. دەوڵەت: دەوڵەتی عێراق
ماددەی دووەم: ناوی دەستە و قەوارەی قانوون:
بەپێی ئەم قانوونه دەستەیەک دادەمەزرێت بەناوی “دەستەی دانوستاندن لە هەرێمی کوردستان” کە کەسایەتیی مەعنەوی و سەربەخۆیی دارایی و کارگێڕی هەیە، پەیوەستە بە پەرلەمانی کوردستان و لێی بەرپرسیارە، بارەگای سەرەکی لە هەولێری پایتەختی هەرێمە.
ماددەی سێیەم: ئەرکەکانی دەستە:
١. دانوستاندن لەگەڵ نوێنەرانی حکوومەتی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەموو ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە دۆخی هەرێم و مافەکانی گەل و بەرژەوەندییە باڵاکانیەوە هەیە لە چوارچێوەی دەستووری و یاساییە کارپێکراوەکانی عێراقدا.
٢. پشتگیریکردنی نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و ئەنجومەنی نوێنەران و هەموو دامودەزگا و تێکڕای دەستەکانی سەر بە دەوڵەتی عێراق، لەگەڵ چاودێریکردنی چۆنیەتیی جێبەجێکردنی ئەرکە دەستووری و یاساییەکانیان.
بەشی دووەم
ئەرکەکانی دەستە
ماددەی چوارەم: دەستە ئەم کارانەی خوارەوە ئەنجام دەدات:
١. هەماهەنگی و ڕاوێژکردن لەگەڵ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمانی هەرێم و قەوارە سیاسییەکان کە نوێنەرایەتیی کارایان لە پەرلەمانی هەرێم هەیە و دامەزراوە و ناوەندە زانستی و مەدەنییەکان لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێم بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە پلان و توێژینەوە ستراتیژییەکانی پەیوەندیدار بە بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی هەرێمی کوردستان – عێراق.
٢. دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی ناوەندی سەبارەت بە کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە نێوان هەرێم و حکومەتی ناوەندی و بەرگریکردن لە ماف و شایستە دەستووری و قانوونييەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و چەسپاندنیان بە شێوەیەکی ورد و ڕوون لە ماوەیەکی گونجاودا کە هەموو لایەنەکان لەسەری ڕێک دەکەون و پابەند دەبن بە جێبەجێکردنی.
٣. چاودێری ئەدای نوێنەرانی گەلی کوردستان لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن و قانوون دانانی فیدراڵی و لە هێزە چەکدارەکان و دەستە و دامەزراوە فیدراڵییەکانی دیکە کە پۆستیان تێدا وەرگرتووە بەپێی شایستە نەتەوەیی و هەڵبژاردنەکانی گەلی هەرێمی کوردستان – عێراق، و ئامادەکردنی ڕاپۆرتی دەورەیی لەسەر چالاکییەکانیان بە مەبەستی خستنەڕووی بۆ پەرلەمانی هەرێم و ڕای گشتی، ئەگەر پێویست بێت.
٤. کارکردن بۆ گەڕاندنەوەی بەڵگەنامە و دۆکیۆمێنتەکانی تایبەت بە کورد و هەرێمی کوردستان کە لای هەندێک لە دامەزراوە و دەزگاکانی حکوومەتی ناوەندین، لەوانەش ئەوانەی کە لەلایەن هەندێک دەزگای ڕژێمی پێشووەوە گوازراونەتەوە بۆ ناوەند، و ڕادەستکردنیان بە لایەنە تایبەتمەندەکان لە هەرێم.
٥. بەڵگەنامەکردنی ئەو دانوستاندنانەی کە پێشتر لە نێوان سەرکردایەتییە سیاسییە کوردییەکان بە کۆمەڵ یان بە تەنیا لەگەڵ حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق یان لایەنە پەیوەندیدارەکانیان ئەنجام دراون و ئەوانەش کە ئێستا و لە داهاتوودا ئەنجام دەدرێن، لەوانەش ڕێککەوتنە سیاسییەکان کە لایەنە سیاسییە کوردییەکان یان هەندێک لایەن بەشدار بوون تێیدا، پێش نیسانی ٢٠٠٣ و دوای ئەو ڕێکەوتەش…
٦. ئامادەکردنی توێژینەوە و لێکۆڵینەوە بە یارمەتی پسپۆڕان سەبارەت بە کێشە هەنووکەییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی.
٧. دەستە ژمارەیەک لە پسپۆڕان و ناوەندە پسپۆڕەکان لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێم ڕادەسپێرێت بۆ ئامادەکردنی توێژینەوە لەسەر ئەو کێشانەی کە لە بڕگەی (٦)ی سەرەوە ئاماژەیان پێکراوە، بەتایبەتی ئەو بابەتانەی کە کات تێیاندا ڕەگەزێکی بنەڕەتییە، وەک جێبەجێکردنی ماددەی (١٤٠)ی دەستووری عێراقی، و ئەوانەش کە کات تێیاندا ڕەگەزێکی سنووردارە لە جێبەجێکردندا، وەک بابەتەکانی دیکە کە ئێستا دانوستاندنیان لەسەر دەکرێت.
بەشی سێیەم
ئەنجومەنی دەستە و دەستەی سەرۆکایەتی
ماددەی پێنجەم:
لیژنەیەک کە لە حەوت ئەندام پێکدێت و نوێنەرایەتی هەموو فراکسیۆنە پەرلەمانییەکانی ناو پەرلەمانی هەرێم دەکەن، ئەرکی هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی دەستە دەگرنە ئەستۆ، بەو مەرجەی کە بە ڕابردووی پاک و دەستپاکی و لێهاتوویی ناسرابن هەر یەکە لە بواری پسپۆڕی خۆیدا، لەگەڵ شارەزایی تەواویان لە زمانی عەرەبی.
ماددەی شەشەم:
ئەنجومەنی دەستە لە حەوت ئەندامی سەرەکی و دوو ئەندامی یەدەگ پێکدێت، لەلایەن پەرلەمانی هەرێمەوە بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێن.
ماددەی حەوتەم:
نابێت کۆکردنەوەی ئەندامێتی ئەنجومەن لەگەڵ هیچ پۆستێکی سیاسی یان پیشەیەکی فەرمی لە دامەزراوەکانی حکومەتی ناوەندی یان هەر کارێکی دیکە لە کەرتی تایبەت.
ماددەی هەشتەم:
١. بەتەمەنترین ئەندام سەرۆکایەتی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەن دەگرێتە ئەستۆ بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەن.
٢. دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەن لە سێ ئەندام پێکدێت کە بریتین لە سەرۆک و جێگری سەرۆک و سکرتێر، لە نێو ئەندامە سەرەکییەکان بە دەنگدانی نهێنی ڕاستەوخۆ هەڵدەبژێردرێن، تەنانەت لە حاڵەتی نەبوونی کێبڕکێ لە نێوانیان بۆ وەرگرتنی یەکێک لەو پۆستانە.
٣. مەرجە سەرۆکی ئەنجومەن دوو لەسەر سێی دەنگەکان بەدەست بهێنێت، جێگری سەرۆک و سکرتێریش زۆرینەی ڕەهای دەنگەکان، هەموویان لە ڕێگەی دەنگدانی نهێنی لە نێوان ئەندامە سەرەکییەکان هەڵدەبژێردرێن.
ماددەی نۆیەم:
یەکەم: پێویستە سەرۆکی ئەنجومەن یان ئەوەی نوێنەرایەتی دەکات ڕاپۆرتێکی مانگانە پێشکەش بە سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکات سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی کاری دەستە بەپێی ئەرک و ئەو بەرپرسیارێتیانەی لەم یاسایەدا چەسپێنراون. پێویستە ڕاپۆرتەکە هەڵسەنگاندنی دەستە بۆ کارکردنی نوێنەرانی گەلی هەرێم لە دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن و یاسادانان و دامەزراوە فیدراڵییەکانی دیکە و ڕادەی هاوکارییان لەگەڵ دەستە و ئەو بەربەستانەی ڕووبەڕووی ئەرکەکانیان دەبنەوە لە خۆ بگرێت.
دووەم: پێویستە دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەن لانیکەم جارێک لە هەر سێ مانگ جارێک لەبەردەم پەرلەمانی هەرێم و لیژنە پەیوەندیدارەکانی ئامادە بن، بۆ پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی وردەکاری دەربارەی ڕەوتی کاری دەستە و ئەو ئەرکانەی لە ماوەی دیاریکراوی سەرەوەدا ئەنجامیان داوە.
سێیەم: پەرلەمانی هەرێم مافی لێپرسینەوەی لە سەرۆکی دەستە هەیە بەپێی لێپرسینەوە لە وەزیرەکان بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان.
ماددەی دەیەم:
١. نابێت ئەنجومەن مافی دانوستاندن بە ناوی ئەنجومەن یان دەستە بدات بە هیچ کەس یان لایەنێک.
٢. نابێت ئەنجومەن واژۆی هیچ ڕێککەوتننامە یان بەڵگەنامەیەکی دانوستاندنی کۆتایی بکات لەگەڵ هیچ لایەنێک، تەنها دوای خستنەڕووی ڕێککەوتننامە یان بەڵگەنامەکە بۆ پەرلەمانی هەرێم و وەرگرتنی ڕەزامەندی نووسراوی لێی نەبێت.
٣. سەرۆکی ئەنجومەن یان ئەوەی نوێنەرایەتی دەکات بە ناوی دەستەوە واژۆی ڕێککەوتننامە و بەڵگەنامە دانوستاندنەکان دەکات.
٤. ئەنجومەن ڕەزامەندی لەسەر ڕەشنووسی کۆتایی ڕێککەوتننامە و بەڵگەنامە دانوستاندنەکان دەدات، پێش ئەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان یان سەرۆکی پەرلەمانی هەرێم، یان سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە چوارچێوەی کۆماری عێراقدا واژۆی بکەن.
ماددەی یازدەهەم:
ماوەی ئەندامێتی لە ئەنجومەن چوار ساڵە و تەنها بۆ یەک جار دەکرێت نوێ بکرێتەوە.
ماددەی دوازدەهەم:
یەکەم: نیسابی گرێدانی دانیشتنەکانی ئەنجومەن بە ئامادەبوونی زۆرینەی ڕەهای ژمارەی ئەندامانی دێتە دی.
دووەم: بڕیارەکان لە دانیشتنەکانی ئەنجومەن بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی ژمارەی ئەندامانی وەردەگیرێن.
ماددەی سێزدەهەم:
پێویستە ئەنجومەن پەیڕەوێکی ناوخۆ بۆ دەستە دابنێت بەپێی ئەم قانوونه بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی ژمارەی ئەندامانی، و بیخاتە بەردەم پەرلەمانی هەرێم بۆ پەسەندکردنی لە ماوەی مانگی یەکەمی دەستپێکردنی کاری دەستە، بە مەرجێک ئەمانەی خوارەوە لە خۆ بگرێت:
١. پەیکەری ڕێکخستنی دەستە.
٢. دابەشکردنی ئەرک و دۆسیەکان بەسەر ئەندامانی سەرەکی و یەدەگی ئەنجومەنی دەستە.
٣. قانوونی تایبەت بە خزمەت و ستافی کارمەندانی دەستە.
٤. قانوونی تایبەت بە ڕاوێژکاری و توێژینەوە و لێکۆڵینەوەکان کە لەلایەن پسپۆڕانی دەرەوەی دەستە ئامادە دەکرێن و ئەوانەی پەیوەندییان بە ئەرشیفکردن و کۆکردنەوەی زانیاری بۆ دەستە هەیە.
٥. میکانیزمی دامەزراندنی بەڕێوەبەرە جێبەجێکارەکان و فەرمانبەران و ڕاوێژکاران لە خاوەن شارەزایی و پسپۆڕی و وەرگرتنی دەستلەکارکێشانەوەیان یان لادانیان بەپێی قانوون.
٦. دیاریکردنی پاداشتی کارمەندانی دەستە و مەرجەکانی بەخشینی.
ماددەی چواردەهەم:
١. سەرچاوە داراییەکانی دەستە لەو بڕە پارانە دێن کە لە بودجەی گشتی داراییی هەرێم بۆی تەرخان کراوە.
٢. ئەنجومەن بودجەی دارایی تایبەت بە دەستە پێشنیار دەکات و پێشکەشی پەرلەمانی هەرێمی دەکات بۆ پەسەندکردنی.
٣. ژمێرەکانی دەستە ملکەچی وردبینی و چاودێری دیوانی چاودێری دارایی لە هەرێم دەبن.
ماددەی پازدەهەم:
یەکەم: ئەندامێتی سەرۆک و ئەندامانی دەستە بە یەکێک لەم هۆکارانەی خوارەوە کۆتایی دێت:
١. دەستلەکارکێشانەوە.
٢. مردن.
٣. ئامادەنەبوون لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەن بۆ سێ جاری یەک لەدوای یەک بەبێ پاساوی ڕەوا.
٤. سەلماندنی ناڕاستی ئەو زانیارییانەی پێشکەشی کردوون یان دەریبڕیون لە کاتی خۆپاڵاوتنی بۆ وەرگرتنی ئەندامێتی ئەنجومەن.
٥. سەلماندنی بێ توانایی لە ئەنجامدانی ئەرکەکانی بەهۆی تووشبوونی بە کەمئەندامی جەستەیی یان دەروونی.
٦. حوکمدانی بە تاوانێکی ئابڕووبەر.
٧. سەلماندنی ئەنجامدانی پەیوەندی نهێنی لەگەڵ کەس یان لایەنێکی پەیوەندیدار بە ئەرکەکانی دەستە بەبێ مۆڵەت یان زانینی پێشوەختەی ئەنجومەنی دەستە.
دووەم: سەرۆکی ئەنجومەن ڕاسپاردە پێشکەش بە پەرلەمانی هەرێم دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی لە ئەنجومەنی دەستە و بە زۆرینەی ڕەها پەسەند دەکرێت لە حاڵەتی هاتنەدی یەکێک لەو حاڵەتانەی لە بڕگەی (یەکەم)ی سەرەوە هاتوون.
سێیەم: سەرۆکی ئەنجومەن لە پۆستەکەی لادەبرێت بە بڕیارێک لە پەرلەمانی هەرێم کە بە زۆرینەی ڕەها دەریدەکات لەسەر داوای زۆرینەی ئەندامە سەرەکییەکانی ئەنجومەن لە حاڵەتی هاتنەدی یەکێک لەو حاڵەتانەی لە بڕگەی (یەکەم)ی سەرەوە هاتوون.
چوارەم: ئەندامی یەدەگی یەکەم بەپێی ڕیزبەندی پەسەندکراو لە بڕیاری پەرلەمانی هەرێم جێگەی ئەو ئەندامە دەگرێتەوە کە ئەندامێتییەکەی بە یەکێک لەو هۆکارانەی لە بڕگەی (یەکەم)ی سەرەوە هاتوون کۆتایی هاتووە.
بەشی چوارەم
مافەکانی سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەن
ماددەی شازدەهەم:
سەرۆکی ئەنجومەن بە پلەی وەزیر دەبێت، جێگری سەرۆک و سکرتێر و ئەندامە سەرەکییەکانی ئەنجومەن بە پلەی بریکاری وەزیر دەبن، ئەندامە یەدەگەکانیش بە پلەی بەڕێوەبەری گشتی دەبن.
ماددەی حەڤدەهەم:
پێویستە ئەنجومەنی وەزیران حوکمەکانی ئەم قانوونە جێبەجێ بکات.
ماددەی هەژدەهەم:
ئەم قانوونه لە ڕێکەوتی بڵاوکردنەوەی لە ڕۆژنامەی فەرمی جێبەجێ دەکرێت.
هۆکارەکانی دەرکردنی ئەم قانوونه:
لە پێناو ئەوەی پرۆسەی دانوستاندن لە نێوان نوێنەرانی هەرێمی کوردستان – عێراق و حکومەتی ناوەندی لە عێراق بە شێوەیەکی دروست و هاوسەنگ بەڕێوە بچێت و نوێنەرانی هەموو دەسەڵاتە فەرمی و دەستەکان تێیدا بەشداری بکەن و بەرپرسیارێتی ئەنجامەکانی بگرنە ئەستۆ بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە کێشە هەنووکەییەکانی نێوانیان، لەگەڵ چەسپاندنی مافە دەستوورییەکانی گەلی هەرێم و بەرگریکردن لە بەرژەوەندییە باڵاکانی، ئەم قانوونه دەرچووێندرا.
هەولێر، ١٥ی نیسانی ٢٠١٢
- ئەم پڕۆژەیە لەسەر داواکاری سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن هەریەک لە دکتۆر نوری تاڵەبانی و دکتۆر مستەفا زەڵمی، خوا لێی خۆش بێت، ئامادە کراوە.
بانگەوازی ڕەحمان حوسێن زادە سه رۆکی دەفتەری سیاسی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری – حیکمەتیست
خه لکی خەباتگێڕ، ئازادیخوازان!
با لە دەوری دەستپێشخەری کاریگەر لە دژی شەڕ و موسیبه ته کانی و دژی کۆماری ئیسلامی یەکبگرین.
با نیهاد و کومیته کانی هاوکاری و واحده کانی گاردی ئازادی ڕێکبخەین بۆ بەرگریکردن لە ژیان و ئاسایشی کۆمەڵگا.
ئەو شەڕەی کە بە پلانی هاوبەشی فاشیستەکانی حوکمڕانی ئەمریکا و ئیسرائیل و بە فەرمانی ڕاستەوخۆی ترەمپ دەستی پێکردووە، بە تەواوی تاوانکارانه یە. بەپێچەوانەی پڕوپاگەندەی ئۆپۆزسیۆنی هه ره ڕاستڕەوی ئێران، وەک ڕەزا پەهلەوی، سەرۆکه کانی حکومەتی ئەمریکا بە ئاشکرا دەڵێن ئامانجی ئەم شەڕە هیچ پەیوەندییەکی بە بەڵێنی بەناو “دیموکراسی”پروپوچه که یانەوە نییە. بە وتەی خۆیان، ئیدیعای “دەستێوەردانی مرۆیی” بە کردەوە پووچەڵ ڕاگەیەندراوە. ئەم شەڕە ماڵوێرانکەرە، گورزێ قورس لە کۆماری ئیسلامی دەدات، به لام هاوکات گورزی قورسیش له پەیکەری ژیان و ئاسایشی خەڵک لە کۆمەڵگادا دەدڕێێت. بە ڕوونی دژی خەباتی ڕاستەقینەی خه لک و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامییە. ئەم شەڕە سەپێندراوە تا ئێستا نائەمنی و زیانی مرۆیی بەربڵاوی لە نێو دانیشتوانی مەدەنی ئێران و ئیسرائیلدا لێکەوتووەتەوە. کارەساتی کۆمەڵکوژیی قوتابیانی میناب تەنیا یەک نموونەیە.
ئەم شەڕە دژە ئینسانییه لە دەرەوەی ویستی ئێمە ڕوویداوە. بەردەوامبوونی هەموو ڕۆژێک ئازار و مەینەتی زیاد دەکات. لەم هەلومەرجە سەختەدا، هاوسۆزی و هاوکاریی جه ماوه ر لە بەرگریکردن لە بناغەکانی ژیان و دەستەبەرکردنی ئاسایشی کۆمەڵگا ئەرکێکی گرنگی دانیشتووانه. لەم ڕووەوە، و بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی بارودۆخ و شەڕی ئێستا، داوا لە خەڵک دەکەین یەکگرتوو و به هاوکاری و دروستکردنی هیزی دەسەڵاتی بەرگریکردن لە خۆ و پشت به ستوو به ئیرادەی ڕاستەوخۆی جەماوەر، لە دەوری ئەم کارانه ی خوارەوە یه کبگرین.
١ – هۆشیارکردنەوەی خەڵک سەبارەت بە ئامانجە نامرۆڤەکانی ئەم شەڕە وێرانکەرە.
پێویستە بە یەک دەنگ و هاوئاهەنگ ئامانجە کانی نامرۆڤانە و دژە خه لکی ئەم شەڕە ئاشکرا بکرێت.بانگه وازی راگرتنی ده ست به جیی شه ربه رز که ینه وه. ئیدیعای بێمانای “دەستێوەردانی مرۆیی” لەلایەن حکومەتە تاوانکاره کانی ئیسرائیل و ئەمریکا و ئۆپۆزسیۆنی ڕاستڕەو و میدیای بەکرێگیراوەوە دەبێت ئاشکرا بکرێن. جگە لەوەش، با پڕوپاگەندەی خورافەی ناسیۆنالیستی کۆماری ئیسلامی و “بەرەی موقاوه مه ت” بە ناوی “بەرگری لە “گەل و نیشتمان و سیستەم” ئاشکرا بکەین. با بە توندی ڕایبگەیەنین کە ئێمەی خەڵکی ئێران دژی پلانە کۆنەپەرستانەکانی “به سوریاییکردن و عێراقیکردنی” ئێرانین. ئێمە دژی سەپاندنی سیناریۆی ڕەش و پلانە بێماناکانی “ڕژێمی چنجی” ئەوانین. با ڕایبگەیەنین کە “دروست کردنی رابه ری فه شه ل و به دیلی ساختە و ڕاستڕەو” ره ت ده که ینه وه. با ئۆپۆزسیۆنی ڕاستڕەوی کۆنەپەرستانەی لایەنگری ئامریکا و ڕۆژئاوایی و پاشایەتیخوازی زیاتر گۆشەگیر بکەین. با ڕایبگەیەنین کە پلانەکانی لە سەرەوەی خەڵکەوە مەحکوم بە شکستن و ئیرادەی هۆشیار و ڕێکخراوەی ئێمە، کرێکاران و جه ماوه ر، چارەنووسی کۆمەڵگا دیاری دەکات.
٢- دروستکردنی نیهاد و دامەزراوەی هاوکاری لە شار و گەڕەک و شوێنی کار
بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی له گه ل بەڵا سەپێنراوەکانی شەڕ، پێویستمان بە هێزێکی یەکگرتوو و ڕێکخراوە. بۆ یارمەتیدانی یەکتر با نیهاد و کومیته و دامەزراوەی هاوکاری لە هەموو گەڕەک و شار و شوێنی کاردا ڕێکبخەین. بە پشتبەستن بە نیهاد و کومیته کانی هاوکاری جەماوەری، پێویستە پێداویستییەکانی ڕۆژانە بۆ خەڵکی گەڕەک و شارەکە دابین بکەین، بەتایبەتی لە ناوچە جەنگاویەکان. پێشوازیکردن لە پەنابەرانی جەنگ. نیشتەجێکردنیان . دڵنیابوون لە چارەسەری برینداران .
٣- دامەزراندنی واحیده کانی گاردی ئازادی بۆ گەرەنتیکردنی ئاسایشی خەڵک
لە هەلومەرجی شەڕی وێرانکەردا، تەشەنەکردنی نائەمنی لە کۆمەڵگا، لە شار، گەڕەک، شوێنی نیشتەجێبوون، هەرێم، و لە سەرانسەری وڵاتدا دیاردەیەکی وێرانکەر و تێکدەرە. هێزی نیزامی و سەرکوتگەری خودی کۆماری ئیسلامی، سەرچاوە نائەمنییەتی. بوونی هێزی چەکداری بزووتنەوە بۆرژوازییە نابەرپرسەکان و هەروەها میلیشیاکانی باندەکانی سیناریۆی تاریک و دژە خه لکی، مەترسییەکی جددی لەسەر نەزمی سروشتی کۆمەڵگا دروست دەکەن. بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی خەڵک پێویستە بە شێوەیەکی داهێنەرانە واحیده کانی گاردی ئازادی لە گەڕەک و شار و شوێنی نیشتەجێبوون و هەر ناوچەیەک لە شوێنی پێویست دامەزرێنین. گەنجانی تیکوشه رو جه سوز دەتوانن پایەی بەهێزی واحیده کانی گاردی ئازادی خه لک بن.
٤- ئامادەیی بۆ وەرگرتنی ئیدارەی کاروبارەکان و کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە
بەرفراوانبوونی ئەم شەڕە و زیانی زیاتری بە نیزامی ئیسلامی پێدەچێت ببێتە هۆی لەدەستدانی کۆنترۆڵی کۆماری ئیسلامی و هێزە نیزامی و ئیدارییەکانی بەسەر ئەو دۆخەدا. بۆشایی ئیدارەدانی کاروبار و دەسەڵات ڕەنگە بە فیعلی لە ناوچە و شارەکاندا سەرهەڵبدات. دەبێت لە ئێستاوه چارەسەرێک بۆ دۆخێکی وا بدۆزرێتەوە. لە هەلومەرجێکی وادا نابێ ڕێگە بدرێت چوارچێوەی بەڕێوەبردنی کاروبارەکان و ڕۆتینی سروشتی ژیانی خەڵک لە شار و گەڕەک و ناوچەکەدا تیک بچیت. پێویستە ئۆرگانەکانی نوینه رایه تی ئیرادەی خه لک بە ده خاله تی ڕاستەوخۆی خه لک ڕێکبخەین. لەم جۆرە هەلومەرجەدا، ڕێکخستنی شوراکان و دامەزراندنی حوکمی شورایی کارێکی بەپەلە و پێویستە. دەستبەسەرداگرتنی دۆخەکە و ڕێکخستنی نوینه رایه تی ئیرادەی جه ماوه ر لە لایەن شورا چەکدارەکانەوە هەنگاوێکی گرنگ و چارەنووسسازە بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئیدارەی کۆمەڵگا بە دەستی خەڵک خۆی و کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و دامەزراندنی حوکمی شورایی.
بژی نیهاد و کومیته کانی هاوکاری جه ماوه ر
بژی گاردی ئازادی
نا بۆ شەڕی کۆنەپەرستانە، نا بۆ کۆماری ئیسلامی
بژی حوکمی شورایی
بژی جمهوری سۆسیالیستی
ئازاری ١٤٠٤ – ئازاری ٢٠٢٦
هیچ شتێک ئامادەنیە بۆ سەفەر.. بابان ئیبڕاهیم
دەمەوێت خۆم کۆبکەمەوە
بەڵام تۆ لێرەنیت
وەک بەشێک لەمن،
دابڕاویت
هەروەک ڕووناکی لەشەودا.
وەک پەرتبوویەک
لەهەموو شوێنێک جێماوم
ناگەمەوە بە منداڵیم
لەژێر سێبەری درەختەکاندا
چیلکەی خۆڵپڕژێنەکانم جێماون
هەناسەکانم لەکۆڵانەکاندا قەتیس ماون
وەک هەوا، وەک تیشکی بەیانیەک
مۆری من لەهەموو سوچێکدایە.
لەبەردەم ئاوێنەکاندا
دەبم بە دەیان بەش
دانە دانە
ڕوخساری چیرۆکەکانم دەردەکەون
سەیری ڕابردووم دەکەم و
ڕادەوەستم..
هێمنیەکانم لەو جێگایەن
کە خۆم لێی نیم
پێکەنینەکانم هێشتا لەگەروومدا ماون
لەخۆمدا و لەهەموو شوێنێکدا
گلبوومەتەوە
بەدیار خۆمەوە،
ڕادەوەستم..
دەمەوێت خۆم کۆبکەمەوە
بەڵام تۆ لێرەنیت
وەک خەیاڵەکانم،
لەژێر ئاسمانێکی تردا
کەخۆم لێی نیم.
زۆر لەمێژە لەخۆم دەرچووم
هەموو شتێک لەدەرەوەمدا بانگم دەکات
وەک تارماییەک، لەشەوێکی شپرزەدا
تاریکی دایپۆشیوم
تاریکی لەهەموو شوێنێکە.
تۆ لێرەنیت
وەک ئەوەی هیچ شتێک لێرە نەبێت
وەک ئەوەیە من لێرە نەبم
هیچ شتێک ئامادەنیە بۆ سەفەر.
من وەک شاعیرێک
هاوڵاتی جیهانم
وەک شاعیرێک
بەجیهاندا بڵاوبوومەتەوە
بەشبەشم، سەراپام ڕەنگە ونبوەکانی دونیایە
وشەیەکی پەرتم.
کەبیر لەتۆ دەکەمەوە
بیر لەهەموو شوێنێک و
بیر لە هەموو پارچەکانم دەکەمەوە
ڕادەوەستم
سەیری تەواوی ئەم شارە دەکەم
خۆمان لەهەموو جێگایەکیدا دەبینم.
ماوەیەکی زۆرە
خۆم بۆ سەفەرێکی درێژ ئامادە کردووە
بەڵام بیرەوەریەکانم
شوێنپەنجەکانم
چرکەکانی تەمەنم
لەجانتای ئەم سەفەرەدا بۆ کۆناکرێتەوە
لەبەردەم بڵێسەی جانتاکەدا
ڕادەوەستم..
هەموو شتێک لەمندا
بەرلەخۆم کۆچیان کرد
هیچ شتێک لێرە بۆ کۆکردنەوە نەماوەتەوە
بەدیار خۆمەوە کەلێرە نیە
وەک هەناسەیەک
وەک میلی کاتژمێرێک
ڕادەوەستم..
بابان ئیبڕاهیم
هێرش بۆ سەر ئێران پڕۆژە یاساکەی دەخاتە بەردەم حکومەتی نەتانیاهۆ.. شورش عزیز سورمێ
حکومەتی نەتانیاهۆ ئاهەنگ دەگێڕێت بۆ سەرکەوتنە سەربازییەکانی و نانی بەیانی بە تیرۆرکردنی خۆڕاگەیاندنی عەلی خامنەیی و چەند بەرپرسێکی باڵای ئێران لە تاران دەگێڕێت. ئیفی دێفرین، وتەبێژی سوپای ئێران لە وتارێکدا کە لە تەلەفزیۆنی ئیسرائیل پەخشکرا، ڕایگەیاند: لەم ئۆپەراسیۆنەدا نزیکەی نیوەی کۆگای مووشەکیی ڕێژیمی ئێرانمان لەناوبرد و ڕێگریمان لە بەرهەمهێنانی لانیکەم ١٥٠٠ مووشەکی زیادە کرد. ماوەیەکی کەم پێش ئەوە ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئێران پێشبینی کردبوو کە هێرشەکان بۆ سەر ئێران “هەرکاتێک پێویست بێت بەردەوام دەبن” و “پێش گەیشتن بە ئامانجەکان” ناوەستن. ئیتر ئامانجی ئیسرائیل ڕاگرتنی تەماحە ئەتۆمییەکانی تاران نییە (کە هەمیشە باسی بەکارهێنانی مەدەنیی کردووە نەک سەربازی) و بەرهەمهێنانی مووشەکی بالیستیک. ئەولەویەتەکانی “گۆڕینی ڕژێم”ە.
سەرۆک وەزیرانی ئێران ناتانیاهۆ- کە ئەمڕۆ بە زمانی فارسی و بە کەڵک وەرگرتن لە ئای ئای قسەی بۆ ئێرانییەکان کرد- پێی وایە بە بۆردومانکردنی نەک تەنیا شوێنە سەربازییەکان بەڵکو ناوەندی شاری تاران و فڕۆکەخانە و مۆڵەکانی بازرگانی و کوشتنی خەڵکی سڤیل، گەلی ئێران هەڵدەستن و کۆماری ئیسلامی دەڕوخێنن و دواجاریش سوپاسی ئیسرائیل و ئەمریکا دەکەن. سەرکردایەتی سیاسی و سەربازی لە پشتیەوەیە. ڕۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل ئەمڕۆ لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە کە لە میانەی دیدارێکی نێوان وەزیر کاتز و سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل عیال زەمیر، سەرکردەکانی سوپا و بەرپرسانی بەرگری، هەڵسەنگاندنی بۆ کراوە کە کوشتنی خامنەیی “نوێنەرایەتی وەرچەرخانێکی یەکلاکەرەوە دەکات”. کاتز وتی: هیوادارین ئەم چالاکییە (بۆردومانەکە) ببێتە هۆی ئەو ئەنجامەی کە ئێمە ئاواتەخوازین: گەلی ئێران سەرکەوتوو بێت لە لابردنی ئەم ڕژێمە بۆ خۆیان، بۆ ئێمە و بۆ هەموو جیهان.
ئەم هەڵسەنگاندنە تەنیا بەشێکی هاوبەشی چەند شرۆڤەکارێکی ئیسرائیلییە: ڕۆیشتنی خامنەیی، تا گوماناویتر ڕوونی بکەنەوە، لە ڕوانگەی ڕەمزی و میدیاییەوە گرنگە، بەڵام نابێتە هۆی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی کە لە هەموو ئاستێکدا بە باشی ڕێکخراوە و ملیۆنان هاووڵاتیی ئێرانی لە لای خۆیەوە هەیە، نەک تەنیا سپای پاسداران و میلیشیای بەسیج.
ئەو هەڵسەنگاندنەی ئیسرائیل کە ئێران لەسەر ئەژنۆیە، لە ڕووی سەربازییەوە لەگەڵ واقیعی شەوی ڕابردوو و چەند کاتژمێری ڕابردوودا بەریەککەوتنی هەیە، کە هێرشەکانی دژ بە ئیسرائیل و لە سەرانسەری ناوچەی کەنداودا بەخۆیەوە بینیوە، کە سوپای ئێران بەردەوام هێرش دەکاتە سەر بنکە و دامەزراوە سەربازییەکانی ئەمریکا، لە کوردستانی عێراقەوە تا عومان. زۆرترین ئامانجی وڵات بەحرەینە کە شوێنی بەلەمی پێنجەمی ئەمریکایە. لە ئیسرائیل و قودس بەردەوام ئاگادارکەرەوەی زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدەدرێت بەهۆی ئەو مووشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی کە لە تارانەوە هەڵدەدرێن. سوپای پاسدارانی ئێران ستراتیژێک جێبەجێ دەکات کە دانیشتووانی ئیسرائیل لەژێر فشاری بەردەوامدا دەهێڵێتەوە و لە هەمان کاتدا بەرگری ئاسمانی وڵاتەکە تێوەگلاون. هەر سی خولەک جارێک یەک مووشەک یان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هەڵدەدات و ئیسرائیلییەکان ناچار دەکات لە پەناگەدا بمێننەوە و هێزە چەکدارەکان چەندین ڕێگری بۆ یەک ئامانج بەکاربهێنن. تاران پێشبینی دەکات ئەمە بە خێرایی کۆگاکانی تەقەمەنی و موشەکی ڕێگریکەرەکانی تەواو بکات. ئەمە کێشەیەکی کۆنکرێتییە کە هەندێک لە ژەنەڕاڵەکانی ئەمریکا لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپدا چارەسەریان کردووە.
هەروەها ئەو هێرشەی سەرلەبەیانی دوێنێ دەستیپێکرد، دەستیکردووە بە گیان لەدەستدانی خەڵکی ئیسرائیل. پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لانیکەم هەشت هاوڵاتی ئیسرائیلی بەهۆی مووشەکێکەوە کە بەیت شەمێش کەوتە خوارەوە، کوژران. لە ئەنجامی ئەو کاریگەرییەدا 20 کەسی دیکە برینداربوون و باری تەندروستی دوو کەسیان سەختە. شەوی ڕابردوو، ژنێک لە تەلئەبیب کوژرا، هەروەها بە مووشەکێک کوژرا. چل باڵەخانە زیانیان بەرکەوتووە یان وێران بوون، ٢٠٠ کەسیش چۆڵکراون. ئەو شوێنانەی لێیان کەوتووە هەمیشە ئاشکرا ناکرێن، چونکە دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل کارەساتی میدیایییان بەسەر ئەنجامی هێرشەکانی ئێراندا سەپاندووە. سوپای عێراق هۆشداری دایە ڕای گشتی و ڕۆژنامەنووسانی ناوخۆیی و بیانی لە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی قوربانییەکان یان ئاشکراکردنی شوێنی ئەو شوێنانەی کە بە ئامانج گیراون.
شورش عزیز سورمێ
ئیسلامی سیاسی و قەیرانەکانی.. ئەیوب ئەحمەد قادر
ساڵانی کۆتایی سەدەی بیست، بەتایبەتی لە نەوەدەکاندا لە هەموو جیهان، ئیسلامی سیاسی بە هەموو فۆرمەکانییەوە (جیهادی و ناجیهادی) بەرەو لووتکە دەڕۆیشتن و هەژموونیان لە زۆربەی وڵاتاندا پەیدا کردبوو. هەر بۆ نموونە لە هەرێمی کوردستان، کەم مزگەوت هەبوو گرووپ و خەڵکانێکی تێدا نەبێت، ڕۆژانە و شەوانە وانەیان تێدا دەخوێند و کۆبوونەوەیان دەکرد. هەر مزگەوتێکیش ئەمیرێکی هەبوو. دوای یانزە سیپتێمبەری ٢٠١١ ئیسلامی سیاسی و تیرۆر بە تەواوی هەژموونی پەیدا کرد، بەتایبەتی گرووپە جیهادییەکانی وەک: ئەنسارولئیسلام، جوندولئیسلام و قاعیدە و ئەنسارولسوننە… تاد. دوای بەهاری عەرەبیش ئیسلامی سیاسی بەتایبەتی ئیخوان موسلیمین دەرفەتێکی زێڕینیان دۆزییەوە و توانیان خۆیان بگەیەننە دەسەڵات. کەواتە هەر کەسێک، توێژەرێک سەیری ڕێڕەوی هاتن و گەشەکردنی ئیسلامی سیاسی بکات، جا چ ئەوانەی سەردەمانێک خۆیان بە میانڕەو داناوە، یان توندڕەوترینیان وەک ئەلقاعیدە و داعش و بزووتنەوە سەلەفییەکان بۆی دەردەکەوێت لە ماوەی چارەگی کۆتایی سەدەی بیست، ئەم ڕەوت و بزووتنەوانە بە قۆناغی هەڵکشان و داکشانی زۆردا تێپەڕیون. بۆیەیش ئەوانیش، مەبەستمان گرووپە ئیسلامییەکانە، لەوە تێگەیشتن لە سەدەی بیست و یەک باریان لارە و دەبێت خۆیان بگۆڕن.
بۆ تێگەیشتن لە هۆکاری خێرای سەرهەڵدان و داڕمانی گرووپە ئیسلامییە سیاسییەکان، بەتایبەتی ئیخوان، کە لە زۆرێک لە وڵاتان وەک گرووپی تیرۆریست ناسراون، توێژەری بەناوبانگی فرەنسی جیل کیپیل Gilles Kepel لە کتێبی (جیهاد… سەرهەڵدان و داکەوتنی ئیسلامی سیاسی) زۆر بە وردی لەبارەی پەیدابوون و سەرهەڵدانی گرووپە ئیسلامییە سیاسییەکان لە ڕۆژئاوا و وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی باس دەکات. یەکێک لە هۆکارە زۆر سەرەکییەکان بۆ شکستی دیاردەی بیرۆکە ناسیونالیستەکان دەیگەڕێنێتەوە. بە بڕوای ئەو هەموو گرووپە ئیسلامییە سیاسییەکان لەسەر پاشماوە و نەمانی ناسیونالیزم پەیدابوونە، خەڵکانی تریش کاتێک سەیر دەکەن ئیسلامی سیاسی وردە وردە جەماوەر پەیدا دەکات، بیرۆکەکانی ئەوانیش پەراوێز دەخرێت، خەیاڵیان کرد، ڕەنگە ئەم ڕەوتانە بەرەو جەماوەریان ببات. بۆیەیش جۆرێک لە پاڵپشتییان کردن. ئەمەیش وای لە نووسەرێکی وەک گراهام فۆلەر، کە جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی هەواڵگری نیشتمانی ئەمریکا بوو لە کتێبەکەیدا بەناوی (داهاتووی ئیسلامی سیاسی) پرسیارێکی گرنگ بورووژێنێت: ئایا دیاردەی ئیسلامی سیاسی، تەنیا قۆناغێکی ڕاگوزەرییە، یان سەرەتای گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینەیە لە جیهانی ئیسلامیدا؟ چونکە تێکەڵکردنی ئایین و سیاسەت دوو بواری زۆر گرنگی ژیانی مرۆڤن، کە لە ڕێیەوە مرۆڤ بەرژەوەندییەکانی خۆی بەدی دەهێنێت. ئەمەیش وایکردووە نە ئایین بتوانێت چاوپۆشی لە سیاسەت وەک هێزێک بکات، نە سیاسەتیش هێزی سیاسەت وەلاوە بنێت. هەرچەندە فۆلەر بڕوای وایە پەرەسەندنی پەیوەندی نێوان سیاسەت و جیهانی ئیسلامی هاوچەرخ وەک وەڵامدانەوەیەکە بۆ هۆکارە ناوخۆی و دەرەکییەکان، جیاواز لە میراتی کۆڵۆنیالیزم، شتی عەلمانییەکان بۆ هێنانەدی ئازادی و خۆشگوزەرانی لە وڵاتە ئیسلامییەکان. بە قسەی فۆلەر جیهادی ئیسلامی دژ بە یەکێتیی سۆڤیەت لە ئەفغانستان، یەکەم شکستپێهێنانی زلهێزێکی جیهان بوو لەسەر دەستی ئیسلامی سیاسی، ئەمە کاریگەری گەورەی لەسەر هزر و ئایدیۆلۆژیای کادیری گرووپە ئیسلامییەکان هەبوو. هەروەها گورووپە جیهادییەکان پەنایان بۆ میدیا و تەکنەلۆجیا برد بۆ ئەوەی بیرۆکەکانی خۆیان بڵاو بکەنەوە، لەمەشدا تا ڕادەیەکی زۆر سەرکەتوو بوون.
دوای ئەوەی خەڵک هەموو ئامراز و شێوازەکانی ئیسلامی سیاسی بۆ گەیشتن بە دەسەڵات دیت، ئەوا ئێستا ئیسلامی سیاسی تا ڕادەیەک تووشی قەیران بووە. ئەوەیش دوای ئەوەی خەڵک داعشی بینی. داعش ڕووە ڕاستەقینەکەی ئیسلامی سیاسی بوو، بەتایبەت لە ڕێگەی توندوتیژییەوە مەودایەکی زۆری شار و گوندیان لە عێراق و سووریا داگیر کرد، خەڵکانێکی زۆریان کوشت. ڕێکخراوێکی وەک ئیخوان موسلیمین لە میسر و زۆربەی وڵاتانی عەرەبی قەدەغەکرا و وەک ڕێکخراوێکی تیرۆرستی ناسێندرا. هەروەها زووتنەوەی نەهزەی توونسیش بە هەمان شێوە لە ناوخۆ و دەرەوە پێگەی خۆی لە دەست داوە. هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی کوردستانیش ئەوەی سەلماند، کە حیزبە ئیسلامییەکان چەندە لە پاشەکشن، بە تایبەتی ئەگەر کوردی کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی بە هەڵبژاردنەکانی پێشووتر بەراورد بکەین. ئەمەیش بۆ ئەوە دگەڕێتەوە، کە نوخبە و خەڵکانی ڕۆشنبیر لە بە ئیسلامیکردنی کۆمەڵگە نیگەران بوون و بێ ئومێد بوون. هاوکات خەڵک لەوە تێگەیشت ڕەنگە ئەم بە ئیسلامیکردنە کاریگەری لەسەر ناسنامەی نەتەوەیی و کولتووری و کۆمەڵایەتی هەبێت. بەتایبەتی لە کوردستان، کە چەندین نەتەوە و ئایین و ئایینزای دیکەی تێدا دەژین، ئەوانیش لەو بە ئیسلامیکردنە نیگەران بوون.
ئەیوب ئەحمەد قادر
چاوشارکێکەی ئێمە و خۆحەشاردانەکەی خامنەیی.. شوان عەباس بەدری
حەقە عەلی خامنەیی وەک یەکەم دیکتاتۆری مێژوو کە لەیەکەم ساتی جەنگ کوژرابێت ناوی بچێتە کتێبی گینسەوە،
کاتی خۆی کە چاوشارکێمان دەکرد چارەکێ بیست دەقەیەک لەم کون و لەو کون خۆمان ئەشاردەوە جا ئەیاندۆزینەوە کە چی خامنەیی رێک ئەڵەی لەسەربان خەریکی جل هەڵخستن بووە وا یەکسەر پێکراوە و کووژراوە!
ئەمە سەرئەنجامی درووشمی ناوبەتاڵ و نەخوێندنەوەی پێشهاتەکان و نغرۆبوونە لەناو وەهمی سێبەری خودا بوون لەسەر زەوی و نوێنەری ئیمام زەمام بوونە.
نزیکەی پەنجا ساڵی تەواو دروشمی مەرگ بۆ جیهانی بەرز کردەوە کەچی لە کۆتاییدا بە چرکەیەک مەرگ ئیخەی گرت و تەنانەت دەرفەتی ئەوەشی پێنەدرا هەر بۆ تامی دەم وەک چاوشارکێکەی ئێمە چارەکێ بیست دەقەیەک خۆی بشارێتەوە!
هەرچەند سەر ئەبەم و سەر ئەهێنم لە نێوان ئیسمائیل قائانی فەرماندەی سوپای قودس و محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمان و عەلی ئەردەشێری لاریجانی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران یەکێکیان رۆڵی عیزەت دوورییەکەی عیراقی دوای ڕووخاندنی دەسەڵاتەکەی سەدام حسێن و حزبی بەعس و یەهوزای ئەسخەریوتی سەردەمی عیسای مەسیح دەبینن.
شوان عەباس بەدری
ترپەی ڕەش.. شیعری سمکۆ ئەحمەد ڕەشید
1
دڵتان ڕاخەن،
خۆشەویستی ئەستێرەیەکی دوورە دەست نییە
ڕاستگۆیی باڵندەیەکی ماڵییە
حەز ناکەم دڵتان بە تاریکی بمێنێتەوە
حەز ناکەم نێو لەپتان چۆڵ بێت
ئاخر کێ تۆوی پلاستیکی چاندووە و سێبەری چنیوەتەوە
کێ دڕکی لاواندۆتەوە و
لاولاو بە بەژنی ژیانیدا هەڵگەڕاوە
کێ چەند ڕوخسارێکی پۆشیووە و
هەیوانی جوانیی ناسیووە!
2
هەندێک نهێنییم هەیە
دەمەوێت، لە باخەڵی چەند ڕستەیەکدا بیانشارمەوە
نامەوێ کەس بزانێت چەند کۆترم هەیە
ئۆتومبێلەکەم لە دایکبووی ساڵی چەندە
منداڵەکانم ناویان چییە
ڕۆژی چەند جار دەچمە بەر ئاوێنە
نامەوێ کەس بزانێ تەنیاییم چەند گیرفانی هەیە
لە هەر گیرفانێکیدا چەند دەنک شادی هەیە
شوێنە بڵندەکان باش نین
من شادییەکانی خۆم نابەمە شوێنە بڵندەکان
سادەیی ڕێگەیەکە دەتباتەوە سەر پیسایی گوفەکەکان
ناهێڵم هیچ دەنکە شادییەکم بکەوێتە تەڵەی چاوە نەخۆشەکان
سادەیی کراسێکە بەبەر ئەم زەمەنە ناکات
سادەیی بۆ ڕۆژگارێک باش بوو
درەختەکان یەک ڕوویان هەبوو
مرۆڤەکان لە دوورەوە
دڵیان وەک پارچەیەک کریستاڵ دەبریسکایەوە
3
پێم ناخۆشە مێروولەیەک درەنگ بگاتە ماڵەوە و
تاریکیی بەسەردابێت
پێم خۆش نییە حەماڵێک
دڵی وەک عەرەبانەکەی وەرگەڕێت و
خەونەکانی بەگۆڕێ وەربن
بۆچی باشم
ئەگەر پەنجەکانم وەک چرا دانەگیرسێنم
ئەگەر بەردەکان فڕێ نەدەمە
ئەوبەری ئاوەدانی
4
بەم پەڵە ڕەشانەوە
نوێژەکانت ناگەنە ئاسمان
خۆت بدەرە بەر بارانی پەیڤەکانم
دڵت بەهەڵمی هەناسە سپییەکانی بەفر بشۆ
ئەوین دەستێکی خاوێنە
گوێ لە هیچ ترپەیەکی ڕەش ناگرێ
برایەتی گەلان بوو یاخود چی؟.. رۆمان ئامینە
لای بەشێک لە کوردستانیان ئەو ئاڵنگاریانەی ڕووبەڕووی ستاتۆی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بوونەوە بەهۆی چیەتی چەمکی برایەتی گەلانەوە بوو کە بووە هۆی کەڵکئاوەژۆی گرووپ و خێڵە عەرەبیەکان و هەڵگەڕانەوەیان. لای خێڵە عەرەبەکانی ڕەقە و دێرەزووریش کە بوونیادێکی کۆمەڵایەتی ئەبستراکت و دواکەوتوویان هەیە، بوونی ئەنجومەنە مەدەنیە عەرەبیەکانی ئەو ناوچانە شتێکی کارتۆنی بوون و بڕیار لە دەستی سەرانی کوردی حەسەکە-قەندیلدابوو. سا لە ڕاستیدا هەردوو بۆچوونەکە ڕواڵەتی و کورتبینانەیە و ناتوانێت وەڵامدەری ئەو پرسە بێت. لە ڕاستیدا ئەو ئاڵنگاری و پاشەکشانە بەهۆی ناوەڕۆکی ئەو پڕۆژەیەوە نەبوو کە خۆی لە برایەتی گەلاندا مانەفێست دەکرد، چونکە هەر لە بنەڕەتەوە کورد دەبوو لەژێر باندۆری بانگەشەیەکی تاکتیکیدا حوکمی ئەو ناوچانە بکات کە خۆی لە بانگەشەی برایەتیدا دەبینێتەوە. بە تایبەت کە سیستمی جیهانی بە هیچ جۆرێ ڕێگە نادات کە کورد لەژێر بەیداخی ناسیۆنالیستیدا بێتە مەیدان و خەبات بکات، چونکە ئەو سیستمە لای وایە کە ناوچەکانی کوردستان بە تەنها کوردیان تێدا ناژی و ئەوە سەردەکێشێت بۆ ئاڵۆزی و پشێوی کە زەرەری گەورە لە کۆی سیستمەکە دەدات، لێرەدا شوێنی نییە زیاتر لەم بابەتە بدوێین. سا پرسی ئەو ئاڵەنگاریانەی کە ڕووبەڕووی ستاتۆی بارۆس بووەوە خۆی لە چەندین هۆکار و ئەنگێزەدا دەبینێتەوە کە ئەمانەن:.
یەکەم: هۆزە عەرەبەکانی ئەو ناوچانە هەستیان دەکرد پەراوێز خراون و ناوچەکانیان وەکو پێویست ئاوڕیان لێنادرێتەوە و داهاتی نەوتی ئەو ناوچانە بۆ خودی ئەو ناوچانە خەرج ناکرێن. ئەگەرچی ئەو ناوچانە دەوڵەمەندنترین ناوچەی نەوتین، سا لە دێر زەمانەوە و لە سەردەمی ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکاندا تامپۆیەکی جێهێڵراون و لە سەرەتاترین خزمەتگوزاریەکان بێبەشن، ئەو ماوەیەش کە کورد باڵادەست بوو تێیاندا، ئەمریکا بەشێکی بەرچاوی نەوتەکەی دەبرد، لە چوارچێوەی قەرەبووکردنەوەی ئەو تێچوانەی کە بۆ شەڕی داعش و لاوازکردنی ڕژێمی سوریا خەرجی کردبوو، ئەوەشی بۆ بارۆس دەگەڕایەوە زیاتر لە بواری سەربازی و تونێل لێداندا خەرج دەدرا.
دووەم: سیستەمی پەروەردەی مۆدێڕن و گۆڕینی پرۆگرامەکانی خوێندن بەپێی مێتۆدەکانی “نەتەوەی دیموکراتیک” لای زۆرێک لە هۆزە پارێزگارەکان وەک هەوڵێک بۆ سڕینەوەی ناسنامەی عەرەبی و ئیسلامی بینراوە. لەلایەکی ترەوە هەرچەندە دروشمی “پێکەوەژیانی ئاشتیانەی گەلان” زۆر جوان بوو، بەڵام جێبەجێکردنی لەسەر ئەرزێکی واقیعی کە ساڵانێکی زۆرە بە بیری نەتەوەیی و ئایینی توندڕەو پەروەردە کراوە، کارێکی ئاسان نەبوو. گونجاندنی سیستەمێکی مۆدێرن و پێشکەوتنخواز لەگەڵ پێکهاتە عەشایەری و کۆنەپارێزەکان لە هەندێک ناوچەدا، جۆرێک لە لێکتێنەگەیشتنی دروست کرد. ئەم ئایدۆلۆژیایە بۆ کۆمەڵگەیەکی خێڵەکی وەک دێرەزوور و ڕەقە نامۆ بوو”. هۆزەکان لەسەر بنەمای ئینتیمای خوێن و سەرۆکایەتی کلاسیکی ڕاهاتوون، نەک کۆمۆن و ئەنجومەنی دیموکراتیک. هەسەدە دەیویست مۆدێلێکی “ئایدیالیستی و مرۆیی” لە ناوچەیەکی “ماکیاڤێلیستی و جەنگەڵیدا” جێبەجێ بکات. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کاتێک تۆ باس لە مافی ژن و دیموکراسیی ڕاستەقینە دەکەیت، تەنها ڕووبەڕووی دەوڵەتەکان نابیتەوە، بەڵکو ڕووبەڕووی سیستەمێکی کۆنی چەند هەزار ساڵەش دەبیتەوە. عەشیرەتەکان دەترسان لەوەی کچان و ژنانیان وەک ناوچە کوردیەکان ئازادانە بەشداری ژیانی گشتی بکەن و بەوە بوونیادی عەشیرەتگەرایی تێکبچێت کە هەزاران ساڵە هۆکاری مانەوەیانە لە دەوریدا، بۆیە هەر لە سەرەتاوە مووی لەشیان بەم پرانسیپانە گرژ ببوو.
سێیەم: ناچاری سەپاندنی کەشی سەربازی، لەناوچەکانی ڕەقە و دێرەزووردا، بەهۆی زاڵێتی کەلتووری خێڵەکی و یاخێتیەوە. هەسەدە ناچاربوو بە چڕی کەشی سەربازی بچەسپێنێت، چونکە ئەو ناوچانە هەمیشە وەک بۆمبی تەوقیتکراو وابوون و ئەگەری تەقینەوەیان هەبوو، چونکە بوونیادی کۆمەڵایەتی ئەو ناوچانە بە ڕادەیەک خێڵەکیانەیە کە لە هیچ کوێی دنیادا وێنەی نییە. خێڵ هەمیشە جێی دەسەڵاتی گرتووەتەوە، پێکدادانەکانی ساڵانی ٢٠٢٢- ٢٠٢٣ و خۆپیشاندانەکان و تەراتێنی دەزگا هەواڵگریەکانی ناوچەکە، دۆخی ئەو ناوچانەی بە ناجێگیری هێشتبووەوە، بە تایبەت کاتێک هەسەدە ئەحمەد خەبیل ناسراو بە “ئەبوو خەولە”ی سەرۆکی ئەنجومەنی سەربازی دێرەزوری دەستگیرکرد، عەشیرەتە عەرەبەکان ئەوەیان وەک لێدان لە شکۆی ئەوان بینی و ئەوە بووە هۆی ڕاپەڕین و چەخماخەی پێکدادانی چڕ و پڕ کە تا ئەم دواییانەش خۆش نەبووەوە و هەزاران ماڵ ئاوارە بوون.
چوارەم: ڕۆڵی وڵاتانی ناوچەکە و گەمەی دەزگا هەواڵگریەکانیان: عەشیرەتە عەرەبەکانی ڕەقە و دێرەزور بنکە و پێگەی خزمایەتیان لە دیمەشق و زۆر جێگەی تری وڵاتانی عەرەبیدا هەن، بەهۆی ژن و ژنخوازییەوە. بۆیە پێش ڕووخانی ئەسەد، ئێران و ڕژێمی ئەسەد ئەو هۆزانەیان هان دەدا کە هەوڵ بدەن ئەمریکا لەناوچەکانیان دەرپەڕێنن، یاخود بەلایەنی کەمەوە ببنە سەرچاوەی هەراسانی بۆیان، لەو پێناوەدا هەموو شتێکیان پێشکەش دەکردن.. وەک ئەو یارمەتیانەی پێشکەشی ئیبراهیم هەلفەل و هاوەڵانی دەکرا کە خۆی دەدا لە ملیۆنان دۆلار.
هەرچی ڕۆڵی سعودیە و قەتەرە، چ لە ماوەی پێش ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد و دوای ڕوخانیشیدا کاریگەر بووە. سعودیە خۆی وەک دایکی دنیای عەرەب دەبینێت، بۆیە لە سەرانسەری دنیای عەرەبدا هەمیشە ڕۆڵی خۆی بە شێوەیەکی ئاسۆیی بەگەڕخستووە و چووەتە نێو سیاسەتی ناوخۆی وڵاتانی ناوچەکە، بە تایبەت سوریا. لە پێش ڕووخانی ڕژێمدا دیپلۆماتەکانی لە ڕێی ئەمریکیەکانەوە دەناردە لای هۆزەکان بەتایبەت هۆزەکانی “عەگیدات و شەمرات” و پارەداری دەکردن بۆ ئەوەی ڕێگری لە نفوزی ئێران بگرن لە ناوچەکانیاندا و وەلایان بکڕێتەوە. لە دوای ڕووخانی ئەسەدیش دیسان بە هاوبەشی لەگەڵ قەتەر و تورکیادا رۆڵی کاریگەری هەبووە، چونکە سعودیە وایدەبینێت سیاسەتی کوردی دەبێتە هۆی داماڵینی ناوچە عەرەبیەکان لە ڕەمزە ئییسلامی و عەرەبیەکان و کورداندنی ئەو ناوچانە. هەرچی قەتەریشە بە هەمان ئامانج سەدان ملیۆن دۆلاری خستووەتە بەردەم هۆزە عەرەبەکانی ناوچەکە بۆ ئەوەی بتوانێت هەم بە گژ پڕۆژەی کوردیدا بچێتەوە، هەمیش ڕێڕەوی سوتەمەنی خۆی قایم بکات و درێژیکاتەوە بەرەو تورکیا و لە تورکیاوە بەرەو ئەوروپا.
پێنجەم: ڕۆڵی ئەمریکا. ئەمریکا بەشێوەی فرەکارت و فرەئامانج لە گۆڕەپانەکەدا گەمەی خۆی دەکات و کردووە، لەلایەک پێویستی بە هاوئاهەنگی کورد بوو لە سەردەمی داعشدا و بۆ ئەوەی لە ڕێی ئەوانەوە نفوزی خۆی بسەپێنێت و کوردیش بکات بە کارتێکی کاریگەر بەدەست خۆیەوە. لەلایەکی دیش نەیدەویست کە کورد بە ئەندازەیەک پەل بهاوێت و گەورە ببێت کە جڵەوی لەدەستی دەرچێت بۆیە لاری نەبوو لەو ئاڵنگاریانەی تورکیا و قەتەر و سعودیە ڕووبەڕووی کوردیان دەکردەوە بە تایبەت سەردەمی ئیدارەی بازرگانە بێمۆڕاڵەکە “ترامپ” و نێردەکەی “ تۆم باراک”.بە تایبەتی لەم دوایانەدا و لە پرسی ڕێکەوتنی پاریسدا، ئەو ئاسانکاریانەی تورکیا-سعودیە-قەتەر بۆ ئیسرائیلی کوڕی ئەمریکایان کرد و باشووری سوریایان پێشکەش کرد، وایکرد ئەمریکا نەرمی زیاتر بنوێنێت، بە تایبەت کە ئەو هێڵە سوننەیە تا ئێستا هاوئاهەنگ لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا و نەیاریکردنی دوژمنەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل کە ئێرانە هەنگاوی ناوە.
وە ڕەهەندێکی دیکەی ئەم پرسە ئەوەیە ئەگەربێتوو هێڵی سوتەمەنی قەتەری بە سوریادا بگاتە تورکیا و لەوێوە بۆ ئەوروپا، ئەوا دەبێتە هۆی بێبایەخکردنی سوتەمەنی ڕووسیا بۆ ئەوروپا و بەوە ڕووسیا گورزێکی کاریگەر دەخوات. بۆیە ئەم پێناوانە بوونە هۆی ئەوەی ئەمریکا چاوپۆشی لە گەلەکۆمەی سەر کوردان بکات. پێشتریش ئەمریکا ڕێی بە دیپلۆماتکارە قەتەری و سعودییەکان دەدا بە ئاشکرا تەراتێنی ڕەقە و دێرەزور بکەن و پەیوەندی لەگەڵ هۆزە عەرەبەکان قایم بکەن، هەرکاتێکیش هەسەدە ڕێگری لێدەکردن، ئەمریکا پاساوی دەهێنایەوە بەوەی کە باش نییە دژایەتی پڕۆژە ئاسۆییەکانی سعودیە لە ناوچەکە بکەن، بە تایبەت ئەوەی کە بەناوی پڕۆژەی هاوکاری و ئاوەدانکردنەوەوە دەهاتنە ناوچەکە. چونکە ئەمریکا بۆ خۆی نەوتی ئەو ناوچانەی دەبرد و هیچی لێنەدەهێشتەوە، لەو چوارچێوەیەدا لاری نەبوو کە سعودیە و قەتەر ناوچەکە ببوژێننەوە و ڕێگری لە نفوزی ئێرانیش بکەن.
هەرێمی كوردستان دەبوو لە ساڵی 1992 خاوەن دەستووری خۆی بێت.. د. نووری تاڵەبانی
دەستوور بۆ هەرێمی كوردستان وەكو بەشێك لە عێراق لە ڕووی دەستووریەوە نەدەكرا چونكە ئەو سیستمە دەستووریەی كە شێوەی حوكمڕانی لە عێراق دیاریكردبوو لە پاش لكاندنی باشووری كوردستان بە دەوڵەتی عێراق لەسەرەتاوە لەسەر بنەمای سەنترالیزم بووە. هەموو دەستوورەكانی عێراق، بە تایبەتی دەستووری ساڵی 1925 كە یەكەم دەستووری عێراق بووە وەزارەتی كۆلۆنیالی بریتانیا ئامادەی كردبوو، هەروەها ئەو دەستوورە كاتییانەی لە پاش ساڵی 1958 پەسندكرابوون لەسەر ئەو بنەمایە داڕێژرابوون، بەشی هەرە زۆری دەسەڵاتەكان بە دەزگاكانی ناوەند درابوون. لە پاش ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی 1991 و كۆچڕەوە مەزنەكەی كە بووە هۆی دامەزراندنی ناوچەیەكی ئارام لە بەشێك لە باشووری كوردستان، ڕژێمی عێراق دەزگاكانی لەو ناوچانە كێشایەوە، بڕیاری سازدانی هەڵبژاردن لەلایەن “بەرەی كوردستانی”یەوە درا تا ئەنجوومەنێكی نیشتمانی/پەرلەمان هەڵبژێردرێ ئەركی سەرەكی دیاریكردنی حكومەتێك بێت بۆ بەڕێوەبردنی كاروبار لەو ناوچەیە. لە 4/10/1992 پەرلەمانی هەرێمی كوردستانی هەڵبژێردرا و سیستمی فیدڕاڵی بۆ پاشەڕۆژی عێراق پەسندكرا، ئەو بڕیارە ڕێگای خۆشكرد بۆ دامەزراندنی قەوارەیەكی سیاسیی دێ فاكتۆ لەو ناوچەیە، حكومەتی هەرێم دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی كاروباری ناوخۆیی و دەسەڵاتی پێوەندیكردن بە دەرەوەی هەرێم هەبوو، لەگەڵ داكۆكیكردن لە سنووری ئەو بەشە ڕزگاركراوەی كوردستان، واتە هەموو دەسەڵاتەكانی دەوڵەتیی. ئەو بڕیارە گرنگەی پەرلەمان دەبوو بڕیارێكی دیكەی بەدوادابێت، كە پەسەندكردنی دەستوور بوو بۆ هەرێمی كوردستان، لەو دەستوورەدا دەسەڵاتەكانی دەزگاكانی هەرێم و ماف و ئەركەكانی هاوڵاتیان بە ڕوونی دیاری بكرێن.
كۆمەڵێك قانوونناسان لە ساڵی 1991 داوای دانانی دەستوورمان دەكرد، هەتا ئەگەر دەستوورێكی كاتیش بێت، چونكە دەستوور سەرچاوەی هەموو قانوونەكانە لەوێدا شێوەی حوكمڕانی و چۆنیەتی دابەشكردنی دەسەڵاتەكان و ڕێكخستنیان دیاری دەكرێت. ئەو داواكارییە پشتگیریی لێدەكرا لەلایەن خەڵكی كوردستان لەناوەوە لە دەرەوەدا.
لە ناوەڕاستی 1992 پڕۆژەی دەستوورێكم بەزمانی عەرەبی بۆ هەرێمی كوردستان ئامادەكرد، سەرەتا بە ئۆفسێت لە چاپخانەی زانكۆی سەلاحەدین چاپكرا، پاشان لەو چاپخانەیە 500 دانەی لێ چاپكرایەوە بە هاوكاری د. فازل قەفتان، مامۆستا و بەڕێوەبەری ئەو چاپخانەیە. پڕۆژەكە دابەشكرا بەسەر ئەندامانی پەرلەمان و هەموو لایەنە سیاسیەكان و میدیا و كۆمەڵێك لە قانوونناسانی كوردستان، بە ئومێدی ئەوەی ڕِاوسەرنجی خۆیان دەربڕن. بۆچوونی بەشێك لە قانوونناسان پڕۆژەكەی دەوڵەمەندتركرد، پاشان خرایە بەردەست دەزگایەكی قانوونی فەرمی كە ئەندام بووم تێیدا بەناوی دەستەی قانوونی باڵا. پاش لێكۆڵینەوەیەكی ورد ئەو دەستە قانوونییە پڕۆژەكەی پەسندكرد بە فەرمی ناردی بۆ حكومەت و پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، بە ئومێدی تەماشاكردنی لەلایەن پەرلەمانەوە.
لە ڕووی سیاسیەوە باری سیاسی لە عێراق و ناوچەكە لەودەمە ئاڵۆزبوو، هێزەكانی ڕژێم ئابڵوقەی سەربازی و ئابوورییان لەسەر ناوچەی ژێردەسەڵاتی كورد دانابوو هەڕەشەی داگیركردنەوەیان دەكرد. ئەمریكا و بریتانیا كە فڕۆكە جەنگیەكانیان لە توركیاوە ئاگادارییان لە ئاسمانی ناوچەكە دەكرد لە ئەگەری دەستدرێژیكردنی ڕژێم، پشتگیرییان لە دامەزراندنی قەوارەێكی سییاسی بۆ كورد نەدەكرد. وەزیرانی دەرەوەی دەوڵەتانی ناوچەكە ناوناوە كۆدەبوونەوە بۆ خنكاندنی ئەو كۆرپە ساوایە لە باشووری كوردستان. ئەو هۆیە دەرەكییانە و چەند هۆیەكی ناوەكی پەیوەندییان بە ناكۆكی نێوان هەردوو حیزبی دەسەڵاتدارەوە هەبوو بوونە هۆی دواخستنی پەسەندكردنی ئەو پڕۆژە دەستوورە، بەڵام لەو ماوەدا ژمارەیەكی زۆر لە ڕِووناكبیران لە كوردستان و دەرەوە بە بەردەوامی داوای دانانی دەستووریان دەكرد بۆ ئەو بەشەی كوردستان.
پاش ڕووخانی ڕژێم لە نیسانی ساڵی 2003، قانوونی كاتی بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق TAL كە لە ساڵی 2004 ئەنجومەنی حوكم لە عێراق پەسندی كرد و وەكو دەستوورێكی كاتیی تەماشادەكرا، ئەو پڕۆژە دەستوورەی كوردستان كە لە مانگی تشرینی دووەمی 2002 پەسندكرابوو وەكو (پڕۆژە)، دەبوو جارێكی تر تەماشا بكرێتەوە تا بەندەكانی لەگەڵ بارودۆخی تازەی عێراق بگونجێن. لە یاداشتنامەیەكدا پاش گەڕانەوەم بۆ كوردستان لە مانگی ئەیلولی 2003 پێشكەشم كردبوو بە سەرۆكایەتیی پەرلەمان و حكومەت و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، پێشنیازم كردبوو جارێكی دی بەو پڕۆژەدا بچینەوە. بە پشتگیری كاك نێچیروان بارزانی، كە ئەودەمە سەرۆكی حكومەت بوو لە هەولێر، لە مانگی تشرینی یەكەمی 2003 كۆبوونەوەیەك ڕێكخرا، ئەندامانی لیژنەی قانوونی لە پەرلەمانی كوردستان و سكرتێری پەرلەمان ئامادەی ئەو كۆبوونەوە بوون، كە بڕیاردرا جارێكی دی پێداچوونەوە بە بەندەكانی ئەو پڕۆژەی پێشتر ئامادەكرابوو بكرێتەوە. لەپاش چەندین كۆبوونەوە لە بارەگای لیژنەی قانوونی لە پەرلەمان، سەرەڕای ئەوەی سكرتێری پەرلەمان نەیدەویست دەستكاریی لە پڕۆژە كۆنەكە بكرێت، لە 22ی كانوونی یەكەمی ساڵی 2003 پڕۆژەیەكی نوێ ئامادەكرا و خرایە بەردەست سەرۆكایەتی پەرلەمان، بەڵام بەداخەوە هیچ بڕیارێكی لەسەر نەدرا، وەكو پڕۆژە مایەوە لە ئەرشیفی پەرلەماندا.
قانوونی كاتی بەڕێوەبردنی دەولەتی عێراق TAL لە ماددەی 53 دا سیستمی فیدراڵی بۆ عێراق پەسندكردبوو و دانیشی بە هەرێمی كوردستاندا نابوو لە چوارچێوەی ئەو سنوورە ئیداریەی لە 19ی ئاداری 2003 لە ژێردەسەڵاتی حكومەتی هەرێم بوو. لە بەندی 54ی هەمان ئەو قانوونەدا دان بەو دامەزراوانەدا نرابوو كە پێشتر هەبوون، بۆیە پەرلەمانی هەرێم وەكو دەزگای قانووندانەر دەیتوانی دەستكاری لە قانوونەكانی هەرێم بكات تا ئەو ڕۆژەی دەستوورێكی هەمیشەیی بۆ عێراق پەسنددەكرا. پەرلەمانی كوردستان لەو ماوەدا چەند قانوونێكی تازەی پەسندكردبوو و دەستكاریشی لە چەند قانوونێكی تر كردبوو دەزگاكانی هەرێم جێبەجێیان دەكردن. قانوونی كاتی بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق چەند مەرجێكی دانابوو كە دەبوو پەرلەمانی هەرێمی كوردستان ڕەچاویان بكات، لە بەندی 25 و پەرەگرافی (د)ی بەندی 43ی ئەو قانوونە دیاری كرابوون. ئەو دوو بەندە تایبەت بوون بە دەسەڵاتی حكومەتی ناوەند لە بوواری سیاسەتی دەرەوە و داكۆكیكردن لە عێراق و دامەزراندنی هێزی چەكدار. بەپێی ئەو دوو بەندە، دەسەڵاتی داڕشتنی سیاسەتی گشتیی دارایی و دەركردنی دراو، لەگەڵ ڕێكخستنی گومرك و بازرگانی دەرەوە بە حكومەتی ناوەند درابوون. دانانی بودجەی گشتی بۆ عێراق و كاروباری بانكی ناوەندی و ڕێكخستنی (مەقاییس و ئەوزان) لە دەسەڵاتی حكومەتی ناوەند بوون. هەرچەندە موڵكداریەتی سامانی سروشتی بە هەرێمەكان درابوو، بەڵام دەرهێنانیانی دەبوو بە هاوكاری و سەرپەرشتیكردنی دەزگاكانی حكومەتی ناوەند بكرێن. كاروباری پەیوندیدار بە دەوڵەتنامە/جنسیە و بێگانە و پەناهەندە لە دەسەڵاتی حكومەتی ناوەند بوون. لە پڕۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان ئەو هەموو دەسەڵاتانە بە حكومەتی ناوەند درابوون، بەڵام دەسەڵاتەكانی دیكە بە دەزگاكانی هەریمی كوردستان درابوون، لەگەڵ ڕێكخستن و شێوەی بەكارهێنانیان. كەواتە پەسەندكردنی دەستوور بۆ هەرێمی كوردستان لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە لە دەسەڵاتی ئەو پەرلەمانە بوو بەپێی قانوونی كاتی بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق. پەرلەمانی كوردستان دەیتوانی قانوون پەسند بكات هەتا ئەو ڕۆژەی دەستووری هەمیشەیی عێراق پەسند دەكرێت، بە مەرجێك ئەو قانوونانە بە پێچەوانەی بەندی 25 و پەرەگرافی (د)ی بەندی 43 نەبن.
دەستنیشانكردنی مافەكانی گەلی كوردستان لە دەستوورێكی تایبەت بە هەرێم دەبووە هۆی بەهێزكردنی ئەو دەزگا كوردستایانەی داكۆكیان لە مافەكانی خەڵكی كوردستان دەكرد لە بەغدا، گرووپی كوردستانی لەناو ئەنجومەنی نیشتمانی عێراقی و ئەندامانی ئەو گرووپە دەیانتوانی جەخت لەسەر چەسپاندنی ئەو مافانەی گەلی كوردستان بكەنەوە و داوای چەسپاندنیان بكەن لە دەستووری عێراقدا وەكو داواكاریی گەلی كوردستان، چونكە لە دەستووری هەرێمدا چەسپێندرابوون.
بۆچوونێكی تر هەبوو دەیگوت پەسەندكردنی دەستوور بۆ هەرێمی كوردستان دەبێ دوابخرێت بۆ پاش پەسندكردنی دەستووری هەمیشەیی عێراق. هۆی ئەم بۆچوونە سیاسیی بوو نەك قانوونی، بە بۆچوونی ئەوان باری سیاسی لە عێراق و ناوچەكە شێواو بوو، پەسندكردنی دەستوور بۆ هەرێم لەو بارودۆخەدا بە “جوداخوازی” دەدرایە قەڵەم! بەپێی ئەو بۆچوونە، دەبوو چاوەڕێی دەستووری عێراق بكرێت تا بزانین لەوێدا چی بە كورد دەدرێ و چی قبووڵ ناكرێت! بەمشێوەیە هەموو سەنگی كورد دەخرایە ناو یەك سەبەتەوە، كە ئەنجومەنی نیشتمانی عێراقی بوو، ئەگەر لەوێدا كارەكان لە بەرژەوەندی كورد یەكلایی نەكرێنەوە لەو “شەڕە” دەستووریە بە دۆڕاوی دەهاتینە دەرەوە. بە بۆچوونی ئێمە چاكتربوو كورد لە چەند بەرەیەكدا ئەو “شەڕە” دەستووریە بكات و پەرلەمانی كوردستان ڕۆڵی هەبیت وەكو نوێنەری شەرعی خەڵكی كوردستان بۆ داواكردنی مافەكانی گەلەكەمان. ئەگەر ئەو داواكارییانە پێشتر لە دەستووری هەرێم بچەسپێندرابان، لە دەستووری عێراقدا ئاسانتربوو هەوڵی چەسپاندنیان بكرێت. دەبێ ئەوەش لە بیر نەكرێت كە سەنگی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان لە خولی دووەمی قورستربوو، چونكە ئەو خولەی پەرلەمان وەكو دەزگایەكی شەرعی تەماشادەكرا لەبەرئەوەی لە ئاكامی هەڵبژاردنێكی شەرعییەوە دیاری كرابوو. هەڵبژاردنی خولی دووەمی پەرلەمانی هەرێم بەپێی قانوونێكی عێراقی ئەنجامدرابوو لەژێر چاودێری دەزگایەكی عێراقی — نێودەوڵەتی، بۆیە حكومەتی عێراق و دەوڵەتان و دەزگا نێودەوڵەتیەكان نەیاندەتوانی گوێ لە داخوازیەكانی ئەو خولەی پەرلەمان نەگرن.
دەستووری هەرێم كە داواكاریەكانی گەلی كوردستانی تێدا دیاری دەكرێن دەبووە شیرێكی تیژ بە دەست لایەنەكانی كوردستان لە ناو ئەنجومەنی نیشتمانی عێراقی. لە بڕگەی (ج)ی بەندی 61 ی قانوونی كاتی بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق TAL ڕێگە بە دانیشتوانی دوو لەسەر سێی پارێزگاكانی عێراق دراوە لە كاتی دەستكاریكردنی دەستووری عێراق، ئەگەر سێ پارێزگا دەنگ بۆ ئەو دەستكاریە نەدات، ئەو پێشنیازەی بۆ دەستكاری كردنی دەستوور كراوە ڕەد دەكرێتەوە. پەرلەمانی هەرێمی كوردستان نوێنەرایەتی سێ پارێزگای دەكرد دەیتوانی ئەو پڕۆژە دەستوورەی بۆ عێراق ئامادە دەكرێت و مافەكانی گەلی كوردستانی تێدا دەستنیشان ناكراێت، ڕەد بكاتەوە. گرووپی كوردستانی لەناو ئەنجومەنی نیشتمانی عێراقی دەیتوانی ئەو چەكە بخاتە بەرچاو ئەو لایەنانەی قایل نەدەبوون كە مافەكانی گەلی كوردستان لەو دەستوورە بچەسپێن. كورد دەبوو “شەڕی” دەستووری لەسەر هەموو بەرەكان بكات، لە ناو پەرلەمانی عێراق و لە پەرلەمانی هەرێم، هەروەها بە هاوكاریی بزوتنەوەی ڕیفراندۆم و ڕێكخراوە سیاسی و مەدەنییەكانی كوردستان، جگە لە پشتگیری دۆستانی كورد لە دەرەوە. ئەو “شەڕە” دەستووریە ڕِەواتر دەبوو ئەگەر كورد لە هەموو بەرەكانەوە كاری لەسەر بكردبا و سەركەوتنی بەدەست دەهێنا و هەموو مافەكانی، بە مافی دیاریكردنی چارەنووسەوە لە دەستووری هەرێم و لە دەستووری عێراق دەچەسپێنران. كورد ئەگەر هەموو سەنگی لەسەر پرنسیپی “تەوافوق” بێت، ناگاتە ئەو ئامانجانەی ساڵەهای ساڵە خەباتی بۆ كردووە و خوێنێكی زۆری بۆ ڕشتووە، پێویستە ئەو هەموو فاكتەرانە بخرێنە گەڕِ تا لەو “شەڕە” دەستووریە سەربكەوێن.
پێش ئەوەی شاندێك لە هەرێمی كوردستان بچێت بۆ بەغدا بۆ بەشداریكردن لە داڕشتنی پڕۆژەی دەستووری عێراق، 57 پەرلەمانتار لە هەموو لایەنەكانی ناو خولی دووەمی پەرلەمان بە نووسین داوایان لە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كرد ئەو پڕۆژە دەستوورەی هەرێم كە چاككرابوو بخرێتە بەردەم پەرلەمان تا تاوتوێ بكات پاشان پەسندی بكات، بەڵام ئەو داواكارییە لەگەڵ پڕۆژەكە لە ئەرشیفی پەرلەمان مایەوە، ئەوەش بە پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان بوو.
پاش پەسندكردنی دەستووری هەمیشەیی عێراق، پەرلەمانی هەرێمی كوردستان پڕۆژەی دەستووری هەرێمی لە 24ی حوزەیرانی 2009 بە زۆرینە دەنگ پەسندكرد، هەنگاوی دووەم دەبوو دەنگدەران لە هەرێمی كوردستان لە مانگی تەموزی ئەو ساڵە دەنگی لەسەر بدەن.
پێویستە لێرە ڕووناكی بخەمە سەر چەند خاڵێك كە پێشتر ئاماژەیان بۆ نەكراوە. ئەو پڕۆژە دەستوورەی لە ساڵی 2006 بە زمانی عەرەبی ئامادەكرابوو، كە پاشان لە 24ی حوزەیرانی 2009 بە زۆرینە دەنگ پەسندكرا، لە كاتی خۆیدا ئەركی وەرگێڕانی بۆ سەر زمانی كوردی لەلایەن لیژنەی دەستووری لە هەرێمی كوردستان بە بەندە سپێررا. لە كاتی پشووی هاوینی ساڵی 2006 لە لەندەن دەقی ئەو پڕۆژەیەم وەرگێرایە سەر زمانی كوردی و لەسەر (CD)، لە سەرەتای مانگی ئەیلوولی 2006 ڕادەستی سەرۆكی لیژنەی دەستووریم كرد لە پەرلەمان. لەو ماوەی خەریكی وەرگێڕانی ئەو پڕۆژەیە بووم، بەبێ ئاگاداری نزیكەی سێ یەكی ئەندامانی ئەو لیژنەیە كۆبوونەوەیەكی بەناو نائاسایی لە 20ی ئابی 2006 سازكرابوو، تێیدا دەستكاری (22) ماددە و بڕگە لەو پڕۆژەدا كرابوون. لە ڕووی قانوونییەوە كۆبوونەوەی نائاسایی تایبەتە بە پەرلەمان نەك بە لیژنەكانی، ماددەی (6) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان مەرجی سازدانی كۆبوونەوەی نائاسایی دیاری كردووە، بەڵام ئاماژەی تێدا نەكراوە بۆ كۆبوونەوەی نائاسایی لیژنەكان، (قیاس)یش لەنێو ئەو دوو حاڵەتەدا ناكرێـت. لە یەكەم كۆبوونەوەی لیژنەی دەستووری كە لە سەرەتای مانگی ئەیلوولی 2006 بەسترابوو ڕەخنەم لەو كۆبوونەوە بەناو نائاساییەی لیژنەی دەستووری گرت، بەڵام گوێ لە ڕەخنەكەم نەگیرا. پڕۆژەی دەستووری هەرێم بەو دەستكاریانەی لە 21ی ئەیلوولی 2006 ئەنجامدرابوون بڵاوكرایەوە، داواكرابوو لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان ڕِاوسەرنجی خۆیان بۆ لیژنەكە بنێرن. ژمارەیەكی زۆر لە ڕێكخراوی سییاسی و مەدەنی و كەسانی پسپۆر و شارەزا تێبینی خۆیان بۆ لیژنەكە ناردبوو بۆ دەوڵەمەندكردنی پڕۆژەكە. ئەركی لیژنەكە ئەوەبوو كۆبێتەوە بۆ تەماشاكردنی ئەو تێبینییانە، بەڵام بە بڕیارێكی دەستەی سەرۆكایەتی لیژنەكە، بەشێك لەو تێبینیانەی تەماشانەكران بە پاساوی ئەوەی بێ سوودن، بەشەكەی دی لە ژوورێكی نزیك لە ژووری سەرۆكی لیژنەكە دانرابوون، داوا لە ئەندامانی لیژنەكە كرابوو بچنە ئەو ژوورە لەوێ تەماشایان بكەن!
لیژنەی دەستووری لە پەرلەمانی هەرێم كۆنەبووەوە تا دەستپێكردنی پشووی هاوینی پەرلەمان لە مانگی تەموزی 2008. لە یەكی تەموزی ئەو ساڵەدا دەستی بە كۆبوونەوە كرد، لە 7ی تەموزی ئەو ساڵە جارێكی دی كۆبوونەوەیەكی بەناو نائاسایی ئەنجامدا، تێیدا جارێكی دی دەستكاریی بنەڕەتیی لە پڕۆژەكەدا كرابوو. بەندە بەشداریم لەو كۆبوونەوە بەناو نائاساییە نەكرد لەبەرئەوەی بە ناشەرعیم دەزانی. لەو كۆبوونەوەدا جاریكی دی دەستكاری لە پڕۆژەكەدا كرابوو، بەو دەستكاریانەوە لە 24ی حوزەیرانی 2009 پڕۆژەكە خرایە بەردەم پەرلەمانی هەرێم بە زۆرینە پەسندكرا. ئەو دەنگدانە پاش هەمواركردنەوەی قانوونی پەسندكردنی پڕۆژەی دەستووری هەرێم ژمارە (16)ی ساڵی 2008 كرا.
پڕۆژەی دەستووری هەرێم تا ئێستا هەر پڕۆژەیە، چونكە دەنگدەران لە هەرێمی كوردستان دەنگیان لەسەر نەداوە. ئەگەر پەسند بكرێت دەبێتە یەكەم دەستوور لە مێژووی گەلی كورد، كە پێویستە بە باشترین شێوە ئامادە بكرێت و ماددەكانی بە زمانێكی قانوونی ڕەوان دابڕێژرێن. قانوونی ژمارە (16)ی ساڵی 2008ی هەمواركراو تایبەت بە پەسندكردنی پڕۆژەی دەستووری هەرێم ڕێگای لە ئەندامانی پەرلەمانی هەرێم گرتووە گفتوگۆ لەسەر ناوەرۆكی پڕۆژەكە بكەن، بە پاساوی ئەوەی پەرلەمانی هیچ وڵاتێك گفتوگۆی لەسەر ناوەرۆكی پڕۆژە دەستووری وڵاتی خۆی نەكردووە، لە كاتێكدا پڕۆژەی دەستووری عێراقی ساڵی 2025 پاش گفتوگۆكردن ئەوجا پەسندكراوە. لە ڕاستیدا یەكەم پڕۆژە دەستووری عێراق لە ساڵی 1924 ئامادەكرابوو، ئەنجومەنی دامەزرێنەر/ الجمعیە التاسیسیە)، پێش دەنگدان لەسەری دەستكاری تێداكردبوو، پاشان لە ساڵی 1925 پەسندی كردبوو.
چەندین كەسانی پسپۆڕ و شارەزا دەمێكە داوای هەمواركردنەوەی پڕۆژەی دەستووری هەرێم دەكەن بە مەرجێك كەموكوڕییەكانی چاكبكرێن. بەشێك لەو شارەزایانە پێشنیازی دامەزراندنی لیژنەیەكی تازە دەكەن، دەڵێن باشترە ئەندامانی ئەو لیژنەیە تازەیە كەسانی پسپۆر و شارەزا بن، بە ڕێككەوتن لەنێو فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی هەرێم دەستنیشان بكرێن.
پەلەكردن لە پەسندكردنی پڕۆژەی دەستوور بۆ هەرێمی كوردستان داواكاریی زۆرینەی خەڵك و لایەن و كەسانی شارەزایە. بەشی زۆری ئەو گرفت و كێشانەی بەرەوڕووی هەرێمی كوردستان بوونەتەوە هۆیەكەی دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی دەستوورە لە هەرێم، كە دەبوو لە ساڵی 1992 هەرێمی كوردستان خاوەن دەستووری خۆی بێت.
پەسندكردنی دەستوورێكی مۆدێرنی گونجاو بۆ هەرێمی كوردستان لەم بارودۆخە سیاسیەی كوردستان و عێراق و ناوچەكە پێیدا تێدەپەڕێت دەبێتە هۆی گوێ گرتن لە داواكارییەكانی هەرێم و دەوڵەتان و لایەنە نێودەوڵەتییەكان زیاتر حیساب بۆ هەرێمێكی خاوەن شەرعییەتی دەستووری دەكەن، نەك هەرێمێك تا ئێستا دەستووری خۆی نەبێت.
هەولێر
17/2/2026
ڕۆژئاوا باشوور نییە.. رۆمان ئامینە
لەنێو کەتواری سیاسی و کۆمەاڵیەتی کوردیدا ڕوانینێکی زاڵ هەیە، کە تێیدا لە پرسی هەر شکست و لەمپەڕێکدا، دێن و لە چاویلکەی سەقامگیری ڕێژەیی ئەزموونی باشوورەوە چاو لە بەشەکانی دیکەی کوردستان، بە تایبەت ڕۆژئاوا دەکەن.
وەختێ لەوێ گرفتێک دێتە پێش،، خێرا دەستەیەک قوت دەبنەوە و دەڵێن دەبوو چاو لە ئەزموونی باشوور بکەن و بۆ وەک باشووریان پێنەکرا. لە ڕاستیدا خودی ئەم بەراوردە بە ئەنقەست بێت یاخود لە ڕوانگەی نائاگاییەوە گرفتە و پێویستە تێپەڕێنرێت.
باشووری کوردستان کە نزیکەی سەدەیەکە بووەتە مەکۆ و چەقی جوڵانەوەی سیاسی کورد و ستاتۆکەشی کە زیاتر لە سێ دەیەیە ڕەوایەتی هەرێمی و نێودەوڵەتی وەرگرتووە، هەرگیز ناکرێت بەراورد بکرێت بە ڕۆژئاوای کوردستان کە لە چوارچێوەی جیۆپۆلەتیکی جوڵاوی سوریادا تا ئێستا دەرفەت نەبووە سەقامگیر ببێت و ڕۆڵی نەرێنی تورکیا و سعودیە و قەتەر و ئەمریکا و ئیسرائیل و فەرەنسا لەلایەک و ڕووسیا و ئێرانیش لە لایەکی دی جۆرێک لە ئاڵۆزی و گرێکوێرەی درووست کردووە کە وادەکات داهاتووی ئەم ستاتۆیە بە نادیاری بهێڵێتەوە.
لە ڕاستیدا زلهێزان تا ئێستا لەسەر ئەو کڵێشە کۆنە دەڕۆن کە پرسی کورد بە بچوککراوی بهێڵنەوە و ڕێگری بکەن لەوەی کە دۆزەکە لەوە زیاتر گەورە ببێت و بە ناچاری نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بۆ هەموار بکەنەوە، بۆیە تا ئێستا لەو نێوەندەدا ماونەتەوە و نە دەتوانن ستاتۆی ڕۆژئاوا لەناوبەرن کە یەک دنیا سەروەری تیا تۆمارکراوە و ئەفسانەی داعشی بەزاندووە، نە دەتوانن دانی پێدابنێن و مۆری ئازادی دووەم پارچەی کوردستان دەستەبەر بکەن، چونکە نایانەوێ سەروەری دەوڵەت نەتەوەکان تێکبدەن و چوار وڵات ڕووبەڕووی ناسەقامگیری درێژخایەن بکەنەوە، بۆیە بە گوێرەی ستراتیژێکی دوور دەمێکە لەسەر ئەوە ساغ بووەنەتەوە کە ئەگەربێتوو ڕۆژگارێک زۆریان بۆبێت و دۆزی کورد بە ڕوویاندا بتەقێتەوە، ئەوا دەوڵەتۆچکەیەکی بچوک لە چوارچێوەی عێراقدا بۆ کورد چێ بکەن، ئەوەی ئێستا لە ستاتۆی باشووری کوردستاندا دەینینین لە ڕاستیدا زادەی ئەو ڕوانین و کارکردەی سیستمی جیهانییە.
مەبەستەکە لێرەدا ئەوەیە ئەمەی لەم پارچەیەدا بەدەستهاتووە لەخۆوە نییە و سا بە تەنهاش زادەی خەباتی کورد نییە لەو بەشەدا، بەڵکو زادەی کۆمەڵێ هەلومەرجی مێژوویی و جیۆپۆلەتیکیە، کە ئەوە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و هیچ بەشێکی دیکەی کوردستان لەگۆڕێ نییە و ئەستەمە ئەو پێدراوانەی سیستم بە ئاسانی لە ڕۆژئاوادا جێ بکەون، ئەگەرچی ڕۆژئاوا دنیایەک ڕەنج و قوربانی بۆ دراوە و لە هەگبەیدا بێشومار مانا و بەهای لە خۆیدا گلداوەتەوە. هەروەکو وتمان ئەوەی لە باشووردا بەدەستهاتووە زادەی کۆمەڵێ هەلومەرجی مێژوویی و جیۆپۆلەتیکیە کە تەنها شمولی ئەم بەشەی کوردستان دەکات، نە پەیوەندی بە کارامەیی و تێکۆشانی ئەم بەشەوە هەیە بە تەنها، نە ئەوەی لە ڕۆژئاواشدا دەگوزەرێ پەیوەندی بە ناکارامەیی و نەزانی ئەو بەشەوە هەیە. بەم جۆرە هەلومەرجەکانی پێکهاتنی ستاتۆی دانپێدانراوی باشووری کوردستان ڕوون دەکەینەوە:
١- واقیعی جوگرافی و ملمالنێی زلهێزەکان
دوای جەنگی جیهانی یەکەم و ڕێککەوتنی “سایکس-پیکۆ”، ویلایەتی موسڵ کە باشووری کوردستانی ئێستایە بوو بە خاڵی ملمالنێی توند لە نێوان بەریتانیا و تورکیا. بەریتانیا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لە نەوت و ڕێگریکردن لە هەژموونی تورکیا، ناچار بوو جۆرێک لە مامەڵە لەگەڵ ناسنامەی کوردی بکات لەم ناوچەیەدا.
ئەمەش وای کرد دۆزی کورد لە عێراقدا زووتر بچێتە ناو تێکستە (نێودەوڵەتەکانەوە )وەک بڕیارەکانی کۆمەڵەی گەلان.
٢- ئەزموونە سیاسییە یەک لە دوای یەکەکان
- ئەزموونەکەی شێخی نەمر : یەکەم هەوڵی جدی بوو بۆ دامەزراندنی قەوارەیەکی دەوڵەتگەرایی شانشینی کوردستان بەریتانییەکانی ناچار کرد دان بە بوونی “کێشەیەک “دا بنێن.
- شۆڕشی ئەیلوول : بەهۆی سەرکردایەتی مەال مستەفای بارزانی و بارودۆخی جەنگی سارد، دۆزی کورد لە باشوور بوو بەکارتی فشار لە کێبڕکێی نێوان بلۆکی ڕۆژهەاڵت و ڕۆژئاوا و ملمالنێی ئێران و عێراق.
•دەستپێکردنەوەی شۆڕش دوای ئاشبەتاڵی ١٩٧٥ و پێکهاتنی ناوچەی دژەفڕین (١٩٩١):
ئەمە گەورەترین وەرچەرخانی مێژوویی بوو. لێرەدا سیستمی جیهانی (بە سەرۆکایەتی ئەمریکا) بڕیارێکی ڕاستەوخۆی دا بۆ پاراستنی ئەم پارچەیە، کە دواتر بوو بە بناغەی هەرێمی کوردستان.
با هۆکاری ئەو بە چەقبوونەی باشووری کوردستان وردتر بکەینەوە:
١- بەیاننامەی هاوبەشی بەریتانیا و فەرەنسا ١٩١٨ و پەیمانی سیڤەر ١٩٢٠
ئەمە یەکەمین بەڵگەی فەرمیی نێودەوڵەتییە کە باس لە مافی چارەی خۆنووسینی گەلانی ژێر دەستی عوسمانی دەکات. لە پەیمانی سیڤەردا ماددەکانی ٦٢، ٦٣ و ٦٤ بە ڕوونی باس لە دروستکردنی قەوارەیەکی کوردی کرا لەو ناوچانەی کە کوردی تێدا نیشتەجێیە . هەرچەندە سیڤەر هەموو کوردستانی دەگرتەوە، بەڵام کاتێک کەمالیستەکان لە تورکیا بەهێز بوون، بەریتانیا ستراتیژی خۆی گۆڕی و تەنها لە ویلایەتی موسڵدا جەختی لەسەر “ناسنامەی کوردی” کردەوە بۆ ئەوەی بڕیارەکەی کۆمەڵەی گەلان لە بەرژەوەندی عێراق (کە لەژێر ئینتیدابی خۆیدا بوو) بشکێتەوە.
٢- بەیاننامەی ١٩٢٢ی بەریتانیا و مەلیک فەیسەڵ
بەریتانیا و حکومەتی عێراق بەیاننامەیەکی هاوبەشیان دەرکرد کە تێیدا دانیان بە مافی کورددا نا لە دامەزراندنی حکومەتێکی کوردی لە سنووری عێراقدا. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە لە تورکیا بەپێی پەیمانی لۆزان و لە ئێراندا، نەک هەر باس لە ماف نەدەکرا، بەڵکو بوونی نەتەوەی کورد ئینکار دەکرا. بەریتانیا ویستی بەم کارتە گوشار بخاتە سەر تورکیا و سۆزی کوردەکانی ویلایەتی موسڵ بۆ لای خۆی ڕابکێشێت.
٣- ڕاپۆرتی لیژنەی لێکۆڵینەوەی “کۆمەڵەی گەلان ١٩٢٥
کاتێک کێشەی موسڵ گەیشتە کۆمەڵەی گەلان ، لیژنەیەک هاتنە ناوچەکە کە لە سێ ئەندامی نێودەوڵەتی (سویدی، هەنگاری، بەلجیکی) پێکهاتبوون. ئەو سێ ڕاسپێردراوەی لیژنەکە، ڕاپۆرتێکیان ئامادەکرد و لە ڕاپۆرتەکەیاندا مەرجی ئەوەیان دانا کە ئەگەر ویلایەتی موسڵ بخرێتە سەر عێراق، دەبێت کارگێڕیی ناوچەکە بە دەستی کوردەوە بێت، چونکە کورد زۆرینەی ئەو ناوچانەیە و نا یانەوێت ببێت بە بەشێک لە دەوڵەتی تورکیا .
- زمانی کوردی زمانی فەرمی بێت
- دادوەر و فەرمانبەرەکان کورد بن.
ئەم دۆکیۆمێنتە باشووری کوردستانی کردە خاوەن پێگەیەکی یاسایی نێودەوڵەتی کە هیچ پارچەیەکی تر نەیبوو.٤- سیاسەتی “جیاکردنەوەی ناڕاستەوخۆ ” لەلایەن بەریتانیاوە
بەریتانیا لە ڕێگەی ئەفسەرە سیاسییەکانی وەک (مێجەر سۆن و ئیدمۆندس)ەوە هانی جۆرێک لە “خۆسەریی کلتووری-نەتەوەیی”یان دەدا لە سلێمانی و دەوروبەری. مەبەستیان ئەوە بوو باشوور بکەنە “قەڵغانێکی مرۆیی و سیاسی” لە دژی هەژموونی تورکیا و یەکێتی سۆڤیەت. ئەم بوارە کەمەی بەریتانیا ڕەخساندی، وای کرد یەکەمین قوتابخانە، ڕۆژنامە و چاپەمەنی کوردی لە باشوور گەشە بکات، کە دواتر بوو بە هەوێنی شۆڕشەکانی شێخ مەحمود و مەلا مستەفای بارزانی، بەڵام بەریتانیا ئەوەی بۆ باکوری کوردستان نەکرد، هەرچەندە لەوێشدا جوڵانەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردی لاواز نەبوو، بەم هۆکارانە:
١- گۆڕانی هاوسەنگی هێز: لە “سێڤر”ەوە بۆ “لۆزان
لە ساڵی ١٩٢٠ پەیمانی سیڤەر، بەریتانیا دەیویست تورکیای عوسمانی پارچەپارچە بکات، بۆیە باسی دەوڵەتی کوردی کرد لە باکوور. بەڵام کاتێک مستەفا کەمال ئەتاتورک هات و جەنگی سەربەخۆیی بردەوە، هاوکێشەکە گۆڕا. هێزی سەربازی: سوپای تورکیا بەهێز بوو، بەریتانیاش دوای جەنگی جیهانی یەکەم تاقەتی جەنگێکی تری گەورەی نەمابوو .
مەترسی سۆڤیەت: بەریتانیا دەترسا ئەگەر زۆر فشار بخاتە سەر تورکیا و ئەتاتورک خۆی باوێژێتە باوشی “یەکێتی سۆڤیەت” کە ئەو کات دوژمنی سەرسەختی ڕۆژئاوا بوو. بۆیە بڕیاری دا تورکیا ڕازی بکات و لە پەیمانی لۆزان ١٩٢٣ دەستبەرداری مافی کوردانی باکوور بوو.
“٢- ویلایەتی موسڵ : کێشەی “نەوت” و “سنوور
بەریتانیا لە باکوور پاشەکشەی کرد، بەڵام لە باشوور (ویلایەتی موسڵ) قاچی خۆی توند کرد. هۆکارەکەی سێ خاڵ بوو:
- کەرکوک و نەوت:
بەریتانیا دەیزانی پاشەڕۆژی ئابووری ئیمپراتۆریەتەکەی لە نەوتی کەرکوکدایە. نەیدەویست ئەم ناوچەیە بگەڕێتەوە ژێر دەستی تورکیا. - کورد وەک “زمانحاڵ “:
بۆ ئەوەی لە بەردەم “کۆمەڵەی گەلان”دا بسەلمێنێت کە موسڵ نابێت بدرێتەوە بە تورکیا، بەریتانیا دەستی کرد بە بەکارهێنانی بەڵگەی نەتەوەیی. دەیگوت: “دانیشتوانی ئەم ناوچەیە کوردن، نەک تورک، و ئەوان نایانەوێت بگەڕێنەوە ژێر دەسەاڵتی ئەنقەرە. - پشتیوانیی کورد بۆ عێراق:
بەریتانیا جۆرێک لە “خۆسەریی” و “مافی کلتووری” بە کوردانی باشوور دا )وەک بەیاننامەی ١٩٢٢(دا هاتووە، تەنها بۆ ئەوەی کوردەکان ڕازیبن ببنە بەشێک لە دەوڵەتی نوێی عێراق و نەڵێن دەمانەوێت بچینەوە سەر تورکیا.
٣- بۆچی باکووری نەکردە “کارتی گوشار”؟
لە ڕاستیدا بەریتانیا بۆ ماوەیەکی کورت ویستی ئەمە بکات )بۆ نموونە پەیوەندی بە هەندێک سەرۆک هۆزی باکوورەوە کرد(، بەڵام زوو تێگەیشت کە ئەمە “یارییەکی مەترسیدارە.
ترس لە پەرشوبڵاوی:
ئەگەر بەریتانیا پشتگیری شۆڕشی کوردانی باکووری بکردایە، تورکیاش دەستی دەکرد بە تێکدانی بارودۆخی عێراق و سووریا.
پاراستنی دەوڵەت -نەتەوە:
بەریتانیا دەیویست تورکیایەکی سەقامگیر هەبێت کە سنوورەکانی دیار بێت و ببێتە بەربەست لە بەردەم ڕووسیای قەیسەری ودواتر سۆڤیەت.
دروستبوونی دەوڵەتێکی کوردی لە باکوور بە واتای هەڵوەشانەوەی تورکیا و ئێران دەهات، ئەمەش ناوچەکەی دەخستە ناو گێژاوێکەوە کە بەریتانیا نەیدەتوانی کۆنترۆڵی بکات.
ئەوەی ئێستاش هەیە لە ڕۆژئاوا، زادەی هەمان کارکردی سیستمە، کە نایەوێت پرسی کورد لە چوار دەوڵەتدا باڵ بکێشێت و سنووری دەوڵەت نەتەوەکان بسڕدرێتەوە. دەنا بە هەموو پێوەرێک ئەزموونی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کە کورد نوێنەرایەتی دەکەن لە ڕووی دامەزراوەیی و پێکهاتە و بەهاوە نەک هەر بەراورد ناکرێت بە داعشە نوێیەکانی ڤێرسیۆنی جۆلانی، بەڵکو شان لە ئەزموونی دەوڵەتانی ئەوروپیش دەدات بەو ئیمکانیەتە کەمەوە. سا وەک لە لێدوانەکانی تۆم باراکی نوێنەری ترامپ بۆ کاروباری سوریادا هات، ئەوان ڕێگریان کرد لە پارچەبوونی دەوڵەت کە ناوچەکەی دەخستە گێژاوێکی گەورەوە!
رۆمان ئامینە
دەربارەی ستەمی نەتەوایەتی و هەڵچونی نەتەوایەتی.. عەبدوڵا ساڵح
ڕووداوەکانی ئەم دواییەی کوردستانی سوریا و ئەو کوشتار و ڕاگواستن و ئەشکەنجەدان و کۆمەڵکوژییەی کە جەماوەر لەوێدا ڕووبەڕووی بوونەوە لەسەر دەستی میلیشیاکانی (ئەبو محەمەد جۆلانی – ئەحمەد شەرع)ی داعشی، لەژێر ناوی “هێزەکانی حکومەتی سووریا” و بە پاڵپشتی تەواوی میلیشیاکانی لایەنگری حکومەتی فاشستی تورکیا و بە گڵۆپی سەوزی ئەمریکا و یارمەتی تەواوی حکومەتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە و لە سەروویانەوە قەتەر و سعودیە، لە هەموو دەزگاکانی ڕاگەیاندنی بینراو و بیستراو و لاپەڕەکانی سۆشیاڵ میدیا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و هەرێمی کوردستانی عێراق بە تایبەتی ڕەنگی دایەوە.
ئاشکرایە کە گەیشتنی (ئەحمەد شەرع) بە دەسەڵات بە هەماهەنگییەکی تۆکمەی تورکی- ئیقلیمی بووە، ئەمەش وای کردووە بڕیارەکانی (شەرع) وابەستە بن بە ڕەزامەندی و لە چوارچێوەی بەرژەوەندی ئەو لایەنانە دابن، یەکێک لەو بڕیارانەش پەنابردن بۆ هێز بەمەبەستی وەدەرنانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە ڕۆژئاوای فورات، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ویستی تورکیا کە بوونی (هەسەدە) لە ناوچەی حەلەب بە هەڕەشە بۆ سەر “ئاسایشی نەتەوەیی” خۆی دەبینێت. ئەم دەسەڵاتە کاتیـیەی سوریا، هەر ناوێک هەڵبگرێت، لە دوا شیکردنەوەدا دەسەڵاتێکی دیکتاتۆرییە بە بەرگێکی ئایینی/نەتەوەیی.
ئەم ڕووداوانە شەپۆلێکی خرۆشانی “نەتەوەیی کوردی”یان لەگەڵدا بوو کە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق و هەندێک شاری کوردستانی تورکیا و کوردستانی ئێرانی گرتەوە، ئەمە جگە لە ئەنجامدانی خۆپیشاندانی بەرفراوان لە زۆربەی شارە گەورەکانی ئەوروپا، کە تێیدا دروشمی ئیدانەکردنی ئەو ڕووداوانە و هەندێکی تریان داوای “یەکڕیزی و تەبایی نەتەوەیی دژی دومنان”یان دەکرد. هاوکات لەگەڵ ئەم هەژانە، کەمپەینی بەرفراوان بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری دارایی و خۆراکی و کەلوپەل بۆ یارمەتیدانی لێقەوماوانی ئەو ناوچانە ڕێکخران.
بێگومان ئەو چەوسانەوەیەی کە جەماوەر لە کوردستانی سوریا ڕووبەڕووی بوونەتەوە مێژوویەکی دێرینی هەیە؛ چونکە بە درێژایی دەیان ساڵ و لەژێر دەسەڵاتی پارتی بەعسی فاشستدا، لە جیاکاریی یاسایی، سەرکوتکردنی کولتوور و زمانی کوردی، پەراوێزخستنی ئابووری و بێبەشکردن لە مافی بڕیاردانی چارەنووس ستەمیان لێکراوە و ناڵاندوویانە. ئەم ستەمە مێژوویـیە، کە تێیدا دەسەڵاتدارانی سوریا ئەو جەماوەرەیان بە “خەڵکی بیانی یان کۆچبەر” وەسف دەکرد، بەو جۆرە بێبەشیان دەکردن لە هەر ناسنامەیەکی “نەتەوەیی یان نیشتمانی” و مافی ڕەگەزنامەیان لێ زەوت دەکردن، ئەمە جگە لە گۆڕینی دیمۆگرافی و پەراوێزخستنی سیاسی تەواو. ئەم سیاسەتانە تەنانەت دوای ڕووداوەکانی ساڵی (٢٠١١) و لەسەر دەستی ئۆپۆزسیۆنی سووریاش بەردەوام بوون، دروشمی (گەلی سووریا یەکە) و کورتکردنەوەی سووریا لە یەک ناسنامەی نەتەوەییدا کە لە ناونانی وڵاتەکە بە “کۆماری عەرەبی سووریا” ڕەنگی دایەوە، ئەو ناوەی کە تا ئێستاش بە فەرمی بە وڵاتی سووریا دەوترێت. سەبارەت بە حکومەتی ئێستای داعشیـیانەش، ئەوا هەوڵ دەدات لەسەر هەمان ڕێچکە بەردەوام بێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی دڵنیایی پاڵپشتی هێزە ئیمپریالیستەکان و لە سەروویانەوە ئەمریکا و هەروەها وڵاتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکەی بەدەستهێنا.
لێرەدا پێویستە ئاماژە بە ئەزموونی خۆبەڕێوەبەری لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆ ماوەی نزیکەی پانزە ساڵ بکەین، ئەو ئەزمونەی کە خۆی لە دەرکردن و پەیڕەوکردنی کۆمەڵە یاسایەک کە جەخت لە جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت، یەکسانی نێوان ژن و پیاو و بەشدارییان لە بەڕێوەبردنی وڵات و هەڵگرتنی چەک، و یەکسانی لە ماف و ئەرکەکان لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی ئەو ناوچەیەدا دەبینێتەوە. ئەگەرچی ئەم ئەزمونە بێکەمکوڕی نەبوە و لادان و سەرپێچیش لە جێبەجێکردنیدا هەبووە کە لێرەدا جێگەی ئەم باسەی ئێمە نییە، بەڵام ئەزموونێکە بەوەی لە کوردستانی عێراقدا هەیە بەراورد ناکرێت، ئەمەش وای لە ڕەوتە چەپە ناسیونالستەکان کردووە کە وەک ئۆلگۆیەک و نمونەیەکی سەرکەوتوو سەیری بکەن و هەوڵی پەیڕەوکردنی ئەو ئەزموونە لە خەباتی ئایندەیاندا بدەن. کۆی هەموو ئەم هۆکارانە بەشداربوون لە هەڵگیرسانی ئەم شەپۆلەدا.
گومانی تێدا نییە کە ستەمی نەتەوەیی تەنها هەستکردن بە زوڵم نییە، بەڵکو پەیوەندییەکی پتەوی ناهاوسەنگیـیە لە نێوان نەتەوەیەکی باڵادەست و نەتەوەیەکی تری ژێردەست، کە خۆی لە شکۆدارکردنی نەتەوەی باڵادەست و وروژاندنی هەستی نەتەوەیی وەک ئامرازێک بۆ هاندان دژی نەتەوە چەوساوە ژێردەستەکان و پاساودان بۆ ئەم چەوسانەوەیە بە ناوی “بەرگریکردن لە یەکپارچەیی وڵات و ڕێگریکردن لە جیابوونەوە” یا “هەڕەشە لە ئاسایشی نەتەوەیی” و “سەرکوتی ناوخۆیی بە بیانووی مەترسی دەرەکی” دەبینێتەوە. بە کورتی: چەوسانەوەیەکی بێ پەردە و سیستماتیک!
گێڕانەوەی ئەم پاشخانە مێژووییە بە مەبەستی پاساودانی پەرچەکرداری ئەم شەپۆلە وروژاندنە نەتەوەییە نییە کە باسمان کرد، بەڵکو ڕوونکردنەوەی ڕاستیـیە مێژوویـیەکانە کە باس لە چەندین بەشی سەرکوت و چەوسانەوەی نەتەوەیی سیستماتیک دەکەن، کە لای خۆیەوە ئەرکی کۆمۆنیست و ئازادیخوازانە ئەم دۆسیەیە بگرنە ئەستۆ و خەبات بکەن بۆ چارەسەرکردنی و هەڵگرتنی ئەم ستەمە، لەو سۆنگەیەوە کە ئەمە بەربەستێکە لە بەردەم خەباتی چینایەتی پرۆلیتاریادا ڕوەو هەنگاونان بەرەو سۆسیالیزم.
بێگومان ئەم هەژانە نەتەوەییە لێکەوتەی زۆر و جۆراوجۆری هەبوو. لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانی عێراق، ئەم شەپۆلە و ئەم هەڵچونە نەتەوەییە وەک فریادڕەسێکی کاتی بوو بۆ حکومەتی هەرێم . لە کاتی ئەم خڕۆشانە جەماوەرییەدا، لە ڕێگەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی سەر بە حزبەکانی ئەم دەسەڵاتە، پڕوپاگەندەی سیستماتیک کرا کە هەندێکیان دەکرێ بخرێنە خانەی “شۆفێنیزمی نەتەوەیی”یەوە، ئەمەش بە ئامانجی سەرقاڵکردنی جەماوەر و ناچارکردنیان بە لەبیرکردنی نەهامەتی و ئازارەکانیان کە بەردەوام بەهۆی دەسەڵاتی پارتە بۆرژوا باڵادەستەکانەوە دەیچێژن، بە بیانووی ئەوەی “بەرژەوەندییە باڵا نەتەوەییەکان” لە مەترسیدان. کەناڵە ئاسمانییەکانی سەر بەو پارتانە ڕۆڵێکی کاریگەریان هەبوو لە جۆشدانی ئەو هەستانە، بۆیە دەکرێ بوترێت کە بۆ ماوەیەک جەماوەری ناچار کرد سیاسەتە سەرکوتکگەرییەکانی ئەم دەسەڵاتە لەبیر بکەن لە ناو شەپۆلێک لە “سۆزە و مەیل وعاتیفەی نەتەوەیی هەمەلایەنە”دا.
نابێ ئەوەش لە بیر بکەین کە ئەم هەژانە، لە کاتێکدا بە شێوەیەک لە شێوەکان بەشداربوون لە پاڵپشتیکردنی جەماوەر لە کوردستانی سووریا و کەمکردنەوەی ئازارەکانیان، لە هەمان کاتدا بەشداربوو لە دووبارە پتەوکردن و قایمکردنی پایە نەتەوەییەکانی حزبە ناسیونالستەکان بەگشتی و دەسەڵاتدارانی هەرێم بەتایبەتی و شەرعیەتدان بە شانخاڵیکردنی ئەم دەسەڵاتە لە دابینکردنی سادەترین پێداویستییەکانی ژیان و گوزەرانی خەڵک. هەربۆیە کاتێک ئەم جۆش و خرۆشە هێور بووەوە، جەماوەر لە هەرێمدا دووبارە دەستیان دایەوە ناڕەزایەتی دەربڕین، بەجۆرێک مامۆستایان مانگرتنیان ڕاگەیاند و دەرگای قوتابخانەکانیان داخست و داوای مووچە نەدراوەکانی چەند مانگی خۆیان کرد.
دیاردەیەکی دیکە کە هاوشانی ئەم شەپۆلە بەدیکرا، هەڵوێستی چەپی نەتەوەیی بوو، ئەوانەی کە ئیدعای مارکسیزمیش دەکەن، بینیمان کاتێک “ئاوازە نەتەوەییەکە” بەم جۆش و خرۆشە لێدرا و دروشمەکانی بەرزکرانەوە، هەستە نەتەوەییەکانیان دووبارە بە ئاشکرا سەریان وەدەرنا و خزانە نێو ئەم شەپۆلە هەڵچوونە، لەم پێناوەشدا هەوڵیان دا هەندێک پاساوی تیۆری بدۆزنەوە کە پاڵپشتی هەڵوێستە ئاماژەپێکراوەکەیان بێت.
داواکاری گەلی کورد لە سوریا بۆ دابینکردنی مافی چارەنوس، مافێکی بێ ئەملاو ئەولایە و پێویستە لەسەر کۆمۆنیستەکان پشتگیری بکەن و تەنانەت لەوخەباتەدا پێشەنگ بن، بەڵام نەک لە سەنگەری نەتەوەپەرستەکانەوە، بەڵکو لە سەنگەری چینایەتی پڕۆلیتاریای شۆڕشگێڕەوە.
دوا وتە سەبارەت بە شێوە و سروشتی دەوڵەتی داهاتووش لە سوریای ئەمڕۆدا، دەبێ بڵێین ئەمەبەستراوەتەوە بە ئیرادەی ئازادی جەماوەر لەوێ بۆ هەڵبژاردنی شێوازی حوکمڕانی، نەک حوکمڕانیەکی داسەپاو لەژێر فشاری هێزە نێودەوڵەتییەکان وەک ئەوەی ئێستا هەیە.
١٢-٢-٢٠٢٦
“بە چەتەکان دەڵێم: کاروانێک بەڕێوەیە، بارەکەی زەردەخەنەیە!”.. ئازاد حەمە
“بە چەتەکان دەڵێم: کاروانێک بەڕێوەیە، بارەکەی زەردەخەنەیە!”
سهراب سپهری
بە لەبەرچاوگرتنی سێبەری فەلسەفیی نێو دەقە شیعرییەکانی سهراپ سپهری، پێمانوایە، سەمەرەییەکە لە شیعری (ئەو) دا لەوەدایە، کە نەگوتراوەکانی ناو شیعرەکانی هەروەک نەگوتراو دەمێننەوە. ئەمە، کە لە دەقە شیعرییە جیهانییەکاندا مایەی سەرنجی زۆرە لای (ئەو)یش نامۆ نییە. بەڵام تیشک خستنە سەر نەگوتراوەکانی ناو شیعر هەر ئەو لایەنە ناگرێتەوە، ئەوەش، کە وشەی ڕۆژانە و وشەی شیعریی دژبەرن. بۆیە دەپرسین: شیعر لە ڕوانگەی چییەوە لەبەرچاو بگیرێت؟ بەپێی ئەوەی ئەم گوزارە شیعرییەی سهراپ ڕێگە بە لێکدانەوەی دیکە دەدات؛ ئەوی لەم نووسینە کورتە دەگوترێت پەیپردنە بەو دیکەیە.
بەپێی ئەو گۆشەنیگایەی سەرەوە، زەردەخەنە لە گوزارە شیعرییەکەدا هەڵقوڵاوی ڕٶچوونەناو جۆرێکە لە جوانکاریی، کە بەردەوامیی هەیە. وەکیتر،زەردەخەنە ئاماژەیە لەسەر گومان، جا پەژراندنی (پەسەندکردنی) گومان بارێکە بە هەموو کەس هەڵناگیرێت. پەژرێنراویشە( سەلمێنراوە)، کە زەردەخەنە بارستایی نییە، لێ پڕ پڕیشە لە قووڵایی.
لەم سەرەتایەوە، دەخوازین بزانیین شیعرنووسین لە چی دەچێت؟ لە نووسینەوەی مەرگ؟ بۆ نا! لێ بۆن و بەرامی مەرگ لەناو شیعردا پەیبردنە بە نەگوتراوەکانی ناو خودی ژیان. بۆیە شیعر و نەگوتراوەکان مەرگ یەکیان دەخات، لەوە بگەڕێتەوە بێدەنگیی کۆیاندەکاتەوە. ئەوەی لەو دەربڕینە شیعرییەی سهراب سپهری دا(“بە چەتەکان دەڵێم: کاروانێک بەڕێوەیە، بارەکەی زەردەخەنەیە!”) بەدیدەکەین ئەوە نییە، کە “شیعر بناغەدانەری بوونە لە ڕێگەی وشەوە”؟ ئەمە بەو مانایە دێت زمان تێڕامانی فەلسەفیی دەگوازێتەوە ناو بوونمان.
سهراپ سپهری ئەو دێڕە شیعرییە بەجۆرێک دەنووسێت، وەک بڵێێت: شیعر هەرخۆی جەوهەر essence ی خۆیەتی. گشت ئەوەی لای سەرەوەش گوترا زادەی ئەوە بوو، کە لەمیانەی ئەم گوزارە شیعرییەوە سهراپ سپهری مەتەڵێک دەگێڕێتەوە کە تا ئەوپەڕی سەرسامئامێزە: باری کاروانێک دەبێتە زەردەخەنە. بەڵێ ئەمە بۆ شیعر ڕەوایە. ئەی بۆ ژیان؟ ژیان والە شیعر دەکات ئاوارەبێت؛ شیعر شتێک بڵێت و ژیان شتێکی دی.
شیعر هەردەم لە دەربەدەرییدایە؛ کۆچەرە، ئێستا لێرەیە تاوێکی دی لەوێیە. ئەو بارگرانییەی شیعر دەیژیێت بەس خۆی تێیدەگات، کەم شت لەم گەردوونە وەک شیعر سەختییەکان دەژیت، کاتەکانی تەمومژاویانە بەسەردەبات؛ گەر وانەبێت چۆن ئەو دێڕەی سهراب سپهری لەدایکدەبێت.
شیعر لە گەڕانە بەدوای خاڵی وەرچەرخاندا؟ گەر بەڵێ، کەواتە شیعر دەزانێت چیدەکات!! شیعر کە زانی چیدەکات کەوابێت شیعر تەقەلایە بۆ وەرچەرخان. نەخێر وانییە. کاتێک سهراپ دەڵێت: “بە چەتەکان دەڵێم: کاروانێک بەڕێوەیە، بارەکەی زەردەخەنەیە!”لەو چرکەساتەدا شیعر بۆ سهراپ ڕووداوێکە؛ بیرکردنەوەیە. کەواتە شیعر دەکارێت ببێتە چەمکێکی فەلسەفیی. بەڵێ شیعر بیرکردنەوەیە، ڕاوی جەوهەری خۆی بەدەستی خۆی دەکات. ئەمە وادەکات بڵێین: شیعرنووسین داوای جۆرێک لە روناکبیریی لە شاعیر دەکات؛ ئەو روناکبیرییەی والە شاعیر دەکات لە ڕەچەڵەکی بەفر، ئاسمان، مێژووی هەناسە و ڕەنگ بەئاگابێت. باشە بۆ؟ چونکە شیعر شوێنی ڕاستەقینەی شاردنەوەی نهێنییەکانی جیهانە.
ناتوانین سەبارەت بە چییەتی شیعر هەردەم یەکدەنگ بین. لێ هەردەم هاوکۆکین سەبارەت بەوەی شیعر بەردەوامیی هەیە، هیچ نەبێت لەبەر جەوهەرە شیعرییەکەی. لەبەرئەوە هەق بە پۆل دۆمانە Paul de Man کە”تێڕامانی ئۆنتۆلۆژی”دەکاتە بناغە بۆ بابەتە ئەدەبییەکان. لێرەوە ئەوەش دەڵێێن،کە دووڕیانەکانی شیعرگەرایی سهراپ ،لەو تێگەیشتنە شیعرییەی هێمایبۆکراوە، بەرەو شوێنێکمان دەبات هێجگار دوورە، لێ هیچ کات دوورتر نییە لە خۆمان؛ لە بێدەنگیی و تارماییەکانمان. شیعرەکانی سهراپ خۆمانن لە جۆری وشە، شوێنکەوتەی ئەو نەریتەن کە باش باش شارەزان لە دڵتهزین، چەشتنی دەردەسەری، هەڵماڵینی نهێنیی سروشت و ڕەچەڵەکی ڕەنگ.
لەسەر ئەو بناغەیەی لایسەرەوە بێت، شیعر بێگەرد و بێوەیە و هەر لەناو ئەو بێگەردیی و بێوەییەی خۆیشیدا دەمێنێتەوە؛ بۆیە ڕاستەقینەیە. کەم شتیش هێندەی شیعر ڕاستەقینەیە. شیعر، کە لەنێوان بوون و هیچبووندا هەردەم لە جەنگێکی بەردەوامدایە،هەرئەوەش چییەتی(ماهیەتیessence) یەکەی پێکدێنێت.
سەرئەنجام، شیعری سهراپ ڕێگایەکە بۆ دەربازبوون لە گوناهێک، کە چییەتیی خۆی بە جوانکاریی دەچوێنێت. چونکە تێگەیشتنی شیعریی سهراپ زادەی ئەوەیە بێکۆتایی و مەحاڵ لە دەوروخولماندان. سهراپ لەمیانەی ئەو گوزارە شیعرییەیەوە لە هەوڵی ئەوەدایە لە ڕێگەی شیعرەوە بێدەنگییمان، بنەما و توخمەکانی شیعرنووسین دەستکاریکات.
کۆتا گوتن ئاڕاستەی شیعرنووسینی ئێستای کوردیماندەکەم. گەر ئەوە وابێت،کە“دەبێت لە جەوهەری شیعرەوە لە جەوهەری زمان تێبگەین”لەم حاڵەتەدا چۆن دەکرێت دادوەریی بەسەر شیعری هاوچەرخمانەوە بکەین؟ بەداخەوە شیعری هاوچەرخی کوردی لە دۆخێکی نالەباردایە. شیعر وەک ناشیعر خۆینمایشدەکات و بەدەریشە لە هزر. وەکیتریش، شیعر بیرناکاتەوە، بۆیە زۆرێک لە دەقە شیعرییە هاوچەرخەکانمان لە ڕووی زمانەوانیی و جوانکارییەوە ناکاریگەرن.
ڕوون نییە شیعری هاوچەرخی کوردی زەمینەسازی بۆ چ شتێک دەکات! شیعریش لە ئێستای ئێمەدا هەروەک سیاسەت و شتەکانیترمان کارەستبارە؛ بەشدارە لە کارەساتباریی، لەکاتێکا شیعری کوردی دەبوو پرسی چییەتی شیعر و چییەتی زمان یەکخات. بۆیە شیعری ئێستامان”شیعرێکە هێشتا نییە”(نەهاتووەتە پێکهێنان). شیعری لەم جۆرە ناشیعرە؛ جارێ ماویەتی ببێتە شیعر. گەر کۆپلە شیعرێک، یان دێڕە شیعرێک لێرە یان لەوێ بەرچاوکەن شیعربوونیان تیابێت؛ هزر بەرهەمهێنەربن، ئەمە بەو مانایە نییە، شیعری هەنووکەی کوردی هەژاریی شیعریی ئێمەی بنەبڕکردووە. شیعری کوردی ئەمڕۆمان،ئەوەی ناوی شیعری هاوچەرخی لێدەنرێت، نەک هەر بێ هزرە، لەڕووی جوانکاریشەوە دەستکورتە.
ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی
خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی عەشقی ناکام.. نووسینی: شێنێ مشیر
ڕۆمانی (عەشقی ناکام) لەنووسینی (ئارام ڕەزایی)ە، لەلایەن (زریان محمود)ەوە لەزمانی فارسییەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی، کە بەزمانێکی سادە و وردو و بێ گرێ کاری وەرگێڕانی بۆ کردووە و لە دوو توێی (408) لاپەڕەدا و ساڵی (2020)، لەلایەن چاپخانەی (چوارچرا)ەوە چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
جۆری ڕۆمان: ڕۆمانسی، تراژیدییە و شوێنی ڕووداوەکان وڵاتی (ئێران)ە.
زمان: زمانی ڕۆمانەکە سادەیە و لەکاتی خوێندنەوە خوێنەر لێی بێزار نابێت، و بەو وەرگێڕانە تایبەتەی بۆی کراوە چێژی خوێندنەوەی زیاترکردووە.
دیالۆگ: ئەم ڕۆمانە سەرەڕای بوونی چەندین دیالۆگ لەنێوان کارەکتەرەکانی ڕۆمانەکە، بەڵام بەهێزترین دیالۆگەکان لەنێوان کارەکتەرە سەرەکییەکانی ڕۆمانەکەدایە، ئەوانیش (سوگەند، مهران، بابەک)ن.
عەشق هاوشێوەی بلیتی بەخت وایە، ئەگەر بەخت یاوەرمان بێت ژمارەی سەر بلیتەکەمان هەمان ژمارەی ئەو هەفتەیە بێت و ببینە براوە ئەوا تەواوی ژیانمان دەگۆڕێت، بەڵام ئەگەر بەپێچەوانەوە بێت ژیانمان چی لێ دێت؟
کاتێک عاشق دەبین ئەو کەسەی خۆشمان دەوێت هەمان ئەو هەستەمان پێ دەبەخشێتەوە کە تامەزرۆین؟
لێرەوە خوێندنەوەی ڕۆمانی (عەشقی ناکام)، وەڵامی پرسیارەکانمان دەداتەوە. لەگەڵ خوێندنەوەی ڕۆمانەکە هاوشێوەی کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکە کە کچێکی (فزولە)، هەمان هەست بە ئێمەش دەبەخشێت کە دەمانەوێت زوو لەڕووداوەکان تێبگەین. بەتامەزرۆییەوە لاپەڕەکان هەڵدەدەینەوە تا بزانین چارەنووس بەرەو کوێمان دەبات.
(سوگەند)، کچە خوێندکاری قۆناغی سێیەمی زانکۆیە، لەخێزانێکدا دەژی کە بەردەوام گلەی لێیان هەیە. هەست دەکات بوونی لەم خێزانەدا گرنگ نییە و ئاواتەخوازە بەتەنیا ژیان بگوزەرێنێت، بەداخەوە سوگەند بێ ئاگایە لەوەی ئەو دەنگە دەنگ و کۆبوونەوانەی خێزان لەسەر یەک سفرەی نانخواردن ئاواتی زۆر کەسە کە بەهەر هۆکارێک بێت خێزانەکانیان لەدەستداوە.
هاتنی نامەیەک بەهەڵە لەدرەنگانی شەودا تەواوی دنیای سوگەند دەگۆڕێت، ئایا ئەم گۆڕانکارییە خۆشبەختی بۆ دەهێنێت یان خەم و ئازارەکانی زیاتر دەکات؟.
بەهۆی ئارەزووی زۆری بۆ زانینی شتەکان وای لێدەکات وەڵامی کورتە نامەکە بداتەوە و سەرەتا وادەزانێت هاوڕێکانی خۆیەتی و دەیانەوێت بێزاری بکەن، چونکە خۆشی کاری وای کردووە لەگەڵ هاوڕێکانیدا. بەردەوام وەڵامدانەوەی نامەکان وای لێدەکات زیاتر حەزبکات ئەم کەسە نەناسراوەی ژیانی بناسێت.
کاتێک بەئاگا دێتەوە عاشقی ئەم کەسە نەناسراوە بووە بەبێ ئەوەی ڕوخساریشی بینیبێت، ناتوانێت بۆ ساتێک بەبێ ئەم کەسە بژی.
لێرەوە ڕۆڵی گرنگی خێزانمان بۆ دەردەکەوێت لەژیانی منداڵەکاندا، زۆرجار سەرقاڵی ژیان وا لەدایک و باوکان دەکات کە کاتیان نەبێت بۆ ئەوەی کەمێک سۆز و خۆشەویستی ببەخشنە منداڵەکانیان، زۆربەی دایک و باوکان دەڵێن منداڵەکانمان لەهیچیان کەم نییە، بەڵام بێئاگان لەوەی ئەو بۆشاییەی لەدەروونی ئەواندا دروستبووە بەهۆی بێ نازی، پاڵیان پێوە دەنێت کە بکەونە هەڵەوە و ئەو خۆشەویستییە لەڕەگەزی بەرامبەریان وەربگرن. هەڵسوکەوتی توندی باوک وا لە منداڵ دەکات کە هەست بکات لەناو خێزاندا پەراوێزخراوە.
سوگەند دەڵێت: (لەماڵی ئێمەدا قسە هەر قسەی باوکمە، بڵێ بخەوە دەبێ بخەوین و بڵێ دانیشە دەبێ دانیشین و بڵێ بمرە دەبێ بمرین، بەکورتی نابێ کەس قسە لەقسەیدا بکات. ئەگەر کەسێک قسەبکات دەبێتە گەردەلوول، باوکم توڕە دەبێت و هەموو ماڵەکە دەدات بەیەکداو کەس لەم گەردەلوولە پارێزراو نابێت. کاتێک بریسکی ئاگر هەموومانی سوتاند ئەوکاتە باوکم بەخۆیدا دێتەوەو تێدەگات کە لەوانەیە قسەی ئەو کەسەش ڕاست بووبێ. بەکورتی هەریەکێک لەئێمە کاتێک بەتەنهایە خاوەنی قسە و کەسایەتی خۆیەتی بەڵام کاتێک کە پێکەوە کۆدەبینەوە هەموومان لاڵ دەبین و ناتوانین قسەبکەین).
ئەمانە هەموو هۆکارن کە سوگەند عاشقی مهران دەبێت، و ئیتر ڕازی دڵی خۆی لای عەشقەکەی دەکات، بەبێ ئەوەی بزانێ کە ڕووخساری چۆنە. سوگەند خۆی کچێکی نائومێدە لەژیان، بەڵام دەیەوێت ژیان لای مهران جوان بکات هانی دەدات کەواز لەخەمۆکی بهێنێت و بیر لەو شتە جوانانە بکاتەوە کە دەکرێت لەداهاتوودا ڕووبدەن. کاتێک گوێبیستی چیرۆکی خەماوی مهران دەبێت کە خێزانەکەی لەدەستداوە و هەموو خەونێکی ئەوەیە بمرێت و لەو دنیا بگاتەوە بەخێزانەکەی، سوگەند تێدەگات کە خێزانەکەشی ئەوەندە خراپنین کە ئەم لێیان دەڕوانێت، بۆی ڕوون دەبێتەوە ڕازی نەبوونی دایک و باوکی بەهەندێک لەداواکارییەکانی بەسوودی خۆیەتی و باوەشی گەرمی خێزانە لەکاتی ڕووداوە سەختەکاندا ئارامت دەکەنەوە و پشتت لێناکەن.
راگه یاندنی حزبی کۆمۆنیستی کارگەری ئێران – حیکمەتیست سەبارەت بە مەرگی هاوڕێمان خاتوو سەفه ری
سیمبولی نیو سەدە خەبات، دایکی ئازیزو هاوڕێمان خاتوو سەفه ری بەجێی هێشتین!
لە ١١ی فابریوەری ٢٠٢٦، خاتوو سەفه ری، کۆمۆنیستێکی پەیگیر، سیمبولی نیو سەدە خەبات لە دژی ڕژێمەکانی سەرمایە لە پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی، ئەندامو کادری بزووتنەوەی کۆمۆنیزمی کارگەری و حزبی حیکمەتیست، لە شاری ئۆسلۆی وڵاتی نۆروێژ بۆ هەمیشە بە جێی هێشتین.
مێژووی ئێران و کوردستان بە تایبەت لە دوای شۆڕشی ١٩٧٩ەوە مێژوویەکی پڕ لە خەباتی کەسانی دیارە. ئەو کەسانەی کە لەسەر بنەمای ئیرادەو پێگەی چینایەتیو کۆمەڵایەتی خۆیان ڕۆڵێکی کاریگەریان هەبووە لەم پێشهاتانەدا. هاورێ (خاتوو سەفه ری) کە بە سۆزەوە لە پەیوەندییە ڕۆژانەکاندا بە “دایە خانم” یان “سەی زادە” ناومان دەبرد، یەکێکە لەو کەسایەتییە دڵسۆزە کۆمۆنیستیانە.
هاوڕێ سەفه ری ساڵی ١٩٢٤ لە گوندی باینچۆ لە نزیک شاری سنە لە دایکبووە. ساڵانێک پێش شۆڕشی ١٩٧٩ ڕوویان لە شاری سنە کردووە. لەم شارە زیندوو و چالاکەدا ئاشنای تێکۆشەرانی کۆمۆنیست و چەپ بووە. پێش شۆڕشی ١٩٧٩، ماڵەکەی لەگەڵ هاوسەر و منداڵەکانی، بە ڕۆڵی سەرەکیی “دایە خانم”، شوێنی کۆبوونەوە و گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی سیاسی بیروڕا بووە بۆ ئەو کەسانەی کە لە سەردەمی شۆڕشی ١٩٧٩دا بەرپرسی کۆمەڵە ی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بوون لە شاری سنە.
لەگەڵ دەسپێکی ناڕەزایی و خۆپیشاندانەکانی ساڵه کانی ١٩٧٨- ١٩٧٩ لە شاری سنە، بەو ئاڵوگۆڕە شۆڕشگێڕانەیەوە پەیوەست بوو. پاشان لەگەڵ درێژەی خەبات و دەستپێکردنی سەرکوتی کۆماری ئیسلامی، ماڵەکەی بوو بە پەناگەیەک بۆ شۆڕشگێڕانی کۆمۆنیست و تێکۆشەرانی کۆمەڵە بۆ شاردنەوە و پاراستنی ئاسایشیان لە دەزگا سەرکوتگەرەکان.
لە ماوەی شەڕی سێ مانگی یەکەمی کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ١٩٧٩، بە ورە و دەستپێشخەریی شۆڕشگێڕانەی خۆی و بە هاوکاری کۆمەڵێک بنەماڵەی دیکە، دەستی بەسەر خانووی حکومی سەر بە یانەی ئەفسەرانی پۆلیس لە ناوچەی تاز ئاوا لە شاری سنە گرت و بۆ ماوەی دوو ساڵ داگیریان کرد.
لە قۆناغی پڕ ئال ۆگۆری خەبات لە شاری سنە، تێکۆشەری خەباتی شۆڕشگێڕانە بوو. ناوبراو لە ڕێپێوانی مەزنی خەڵکی سنە بەرەو مەریوان و بۆ پشتیوانی لە کۆچی مێژوویی خەڵکی مەریوان لە ناڕەزایی بە هێرشی ڕێژیمی ئیسلامی تازە دامەزراو بەشداری کرد. لە ماوەی شەڕی ٢٤ ڕۆژە ی شاری سنە دا ئامادە نەبوو شار بەجێ بهێڵێت و بووە یەکێک لەو کەسانەی کە پشتی جەبهەیەکی بەهێزیان بۆ پشتیوانی لە خەباتکاران و پێشمەرگە ڕێکخست.
دوای گرتنی شاری سنە و شارەکانی دیکەی کوردستان لەلایەن ڕژیمی ستەمکاری کۆماری ئیسلامی، دایە سەی زادە لە بەشی نهێنی ڕێکخراوی کۆمەڵە درێژەی بە چالاکییەکانی خۆی دا. لەگەڵ یەکە سەربازییەکانی دەوروبەری شار و پاشان بە شێوەیەکی ڕێکوپێکتر لە بەشی نهێنی ڕێکخراوی کۆمەڵەدا وەک “پەیک” نامە و نوسراوه ی ئەو ڕێکخراوەی دەگەیاندە تێکۆشەرانی شار لە شارەکانی کوردستان، تاران و شارەکانی دیکەی دەرەوەی کوردستان. پەیوەندییەکی بەهێزی نێوان ڕێکخستنی نهێنی و ڕێکخستنی ئاشکرای کۆمەڵە بوو. لە میانەی ئەو چالاکییانەدا لە ناوچەی سنووریی “قاسمە ڕەش” لە سنووری سەردەشت لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر و ئەشکەنجە دراوە و ماوەیەکی کورتیشی لە زینداندا بەسەر بردووە.
دواجار لە ساڵی ١٩٨٤ ناچار کرا لەگەڵ هاوسەرەکەی وڵات بەجێ بهێڵێت و پەیوەندی بە ڕێکخراوی ئاشکرای کۆمەڵەوە بکات و پەیوەست بێتەوە بە ڕۆڵەکانیەوە ناسر و شەوبۆ. دایه خانمی خەباتکارو هاوسەڕەکەی له یەکێک له کەمپەکانی ناوەندی کۆمەڵه له ناوچەیەک به ناوی “شینکاوێ” وەک بەڕێوبەری کارگێڕی فرۆشگای ڕێکخراو که بۆ دابینکردنی پێداویستی ڕۆژانەی هاوڕییان دامەزرابوو، بە دڵسۆزی و دیسپلینو وردبینیەوە کاریان کرد. هاوڕییانو پێشمەرگەی ئەو قۆناغە یادگاری شیرینیان هەیە لە پەیوەندییە دڵسۆزیەکان و هەوڵی ئەو دوو کەسە خۆنەویستە.
لە کاتی شەڕی سەپێنراوی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە دژی کۆمەڵە، بۆ کۆمەک کردن خۆی دەگەیەنێتە ناوچەی شلێرو شوێنی هێزە سەربازیەکانی کۆمەڵە. لەکاتی سەفەرو چالاکییەکانی لە ناوچە سنوورییەکان، لەلایەن حزبی دیموکراتی کوردستانەوە دەگیرێت و زیندانی دەکرێتو دوو جاردەکەوێتە بەر لێدان و ئازاردان.
دایه خانم پێش هاتنی بۆ ئەوروپا، له کوردستانی عێراق وەک هەمیشه له تەنیشت کەمپه سەربازییەکانی کۆمەڵە جێگیرو چالاک بوو. دیسان ماڵەکەیان لە شارۆچکەی کارێزە و شاری ڕانیە کە هەردووکیان دەکەونە پارێزگای سلێمانی، بۆ ماوەی چەند ساڵێک شوێنی چالاکیی پەیوەندیو سەردانی پێشمەرگەو بنەماڵەکانیان بوو کە لە ناو ئێرانەوە دەهاتن. هەروەها شوێنی پشوودان بوو بۆ خەباتکارانو پێشمەرگەی ئەو سەردەمە. لە ساڵی ١٩٩٢ لەگەڵ ناسر مورادی کوڕەکەیو خێزانەکەی ئه و ڕوویان لە نەرویج کردووە. لەوێش پەیگیرانە درێژەی بە چالاکیی خەباتکارانەو کۆمۆنیستی خۆی دا. لە ساڵی ١٩٩٨ەوە لەگەڵ حزبی کۆمۆنیستی کارگەری ئێران و پاشان حزبی حیکمەتیست درێژەی بە چالاکییەکانی دا. ئامادەیی پڕ جۆشو خرۆشی سەی زاده له چالاکی و کردەوەو ڕێو ڕه سمەکانی ٨ی مارس و ڕۆژی جیهانی کارگەر، له کۆنگره و کۆبوونەوەکانی حزبی حیکمەتیستدا، هەمیشه ئیلهامبەخش بوو بۆ تێکۆشانەکانمان. بە داخەوە بەهۆی ساڵمەندیو نەخۆشییەوه له ساڵی ٢٠١٩ەوە له ئامادەبوونی کارای ئەو له کۆنگره و کۆبوونەوەو چالاکییەکان بێبەش بووین. بەڵام پەیوەندی پتەوی ئەو لەگەڵ بزووتنەوەو حزبەکەمان بەردەوام بووە.
دایک و هاوڕێی ئازیزمان خاتوو سەفه ری کەسایەتییەکی لەبیرنەکراو لە بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و کارگەری و حزبی حیکمەتیست، ئیتر بۆ هەتا چاوی لێک نا. بەڵام ئەو چەندین وانەو ئەزموونی بە نرخ و پابەندبوونو هەوڵی کۆمۆنیستی بۆ بەجێهێشتووین. پرسەو سەرەخۆشی لە دڵەوە بۆ کۆمۆنیستەکان و خەڵکی ئازادیخواز، بۆ ڕیزەکانی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی کارگەریو حزبی حیکمەتیست و بەتایبەتی بۆ ئازیزانی هاوڕییانمان شەوبۆ و ناسر مورادی و ملیکە عزەتی، و بۆ نەوەکانی نیناو مۆناو ڕۆزا و کەسوکاری دیکەیان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات دەردەبڕین.
ئێمە بە درێژەدان بە ڕێگاکەی ڕێز لە یادی هاوڕێ سەفه ری دەگرین
حزبی کۆمۆنیستی کارگەری ئێران – حیکمەتیست
ڕێبەندانی ١٤٠٤ – شوباتی ٢٠٢٦
ده بێ چ بکرێت؟.. ناسر بابامیری
پێشه کی:
گۆرانکاریه بنچینه یه مێژوویه کان که هه ڵس و که وته کانی پێشووتری ژێر و ژوور کردوه، هێندێکیان ئه وه نده ده وره ی زایمانه که یان دوور و درێژ بووه، چه ند سه ده زه مانێکی فره توولانی ناێته به رچاو، که له ناخی هه ڵس و که وتی ئابووری و کۆمه ڵایه تی نیزامی پێشوودا گه راێک(وه چێک) شکڵ بگرێت تا له پرۆسه ێکی گه لێک پر ئه زمه و خوێناوی چینێکی نوێ بێته بوون، و چینی ده سه ڵاتداری ئابووری پێشووتر له گۆڕ بنێت! نیزامی کۆیله داری تا فێئوداڵیته و نیهایه ت هه ڵس و که و تی سه رمایه داری که له هه ناوی ئه م نیزامانه دا له دایک بوو. هه ر ئه م نیزامه یش خۆی هه ڵگری گه رای چینێکی تر بوو که له ره وتی به رە و پێشچووندا، ئوردووی کاری له به رابه ری ئوردووی سه رمایه وه ک ته نیا گۆڕ هه ڵکه ن میژوویی پێکهێنا. سه رمایه داری قۆناخی سه ره تای خۆیی به کۆتایی هاتنی ده وره ی مانۆفاکتۆره کان له جه رگه ی وڵاتانی رۆژئاوا به خولقاندن و داهێنان و دۆزینه وه ی ماشینی بوخار، و رێگای ئاسن و شه مه نه فه ر، …چینی پرولیتاریای پیشه یی هێنایه سه ر شانۆی ئابووری سیاسی جیهان. چینێک که چه رخی ئابووری سیاسی وه ک سووژه یکی چالاکی مێژوویی بۆ گۆرانی بنچینه یی ئه م هه ڵسه و که وته سه رمایه دارانه ی له هه موو گۆشه و کناری جیهانی بۆ به رانبه رکێ له گه ڵ ئوردووی سه رمایه به هێزی کاری ئه و ده سوورا. هه لس و که وتێ که ئوردووی کاری له به شه جیاجیاکانی به رهه مهێنان له شوێنی بچووک هه تا کارخانه ی زۆر گه وره شان به شانی یه کتر ریز کرد تا هه ڵس و که وتێک دروست بێت و له هه ناوی ئه م هه ڵس و که وته دا چینی کرێکار به شێوه ێکی ئاشتی هه ڵنه گر بچێته شه ر ی سه رمایه وه!
هه ڵبه ت چینی کرێکار ئیتر کرێکار به و مانای سه ره تاکانی سه رهه ڵدانی سه رمایه داری و قۆناخی مانۆفاکتۆر نییه. واته چینێک که ساڵانیکی دوور و درێژ هه ر کامه له به شه جۆرواجۆره کان له وانه کارگای ئاسنگه ری، رستن و چنین، کووزه گه ری و کشت و کاڵ و وه رزێری…و هێتد سه رقاڵی کار بوون، و خه ریک بوون قوناخه سه ره تایه کانی که ڵه که بوونی سه رمایه داریه ن تێده په راند، به ڵکوو ئیتر کرێکاران له ئاستی به رینی کۆمه ڵایه تیدا و له هه ڵس و که وتی گه لێک زاڵمانه ی شوێنی کار، شان به شانی یه کتر له کارگا و کارخانه کان که پێنج که س تا ده که س و سه دان و هه زاران که سی سه رقاڵی کارن. و هه ڵس و که وت چیتر ته نیا یاسا و رێسای دیاریکراو نییه، که بورژوازی و خاوه نکار به سه ریاندا زاڵی کردووه، و کرێکار له هه ڵس و که وتی”کاری هه رزان و کرێکار بێده نگ” شه و و رۆژ ده کاته وه، به ڵکووئه و هه لس و که وته ی ئوردوی سه رمایه و کویله ی حه قده ست ئوردووی کاریشی خولقاند! کرێکار له هه ناوی ئه م هه ڵس و که وته ی کار و سه رمایه دا و خولقاندنی «ئه رزشی ئیزافه» دا به وه ده گات، مان و نه مانی سه رمایه پێوه ندی راسته وخویی به کار و «زیده بایه» و که ڵه که بوونی سه رمایه وه هه یه. زانست و پراتیکی کۆمۆنیستی و کرێکاری ئه و بیرۆکه و گومانه پووچه ی له قاودا و نه فی کرد گۆیا ئه و بورژوازی خاوه نی ئامرازه کانی به رهه مهێنانه چه رخی ئابووری و ژیانی مرۆڤایه تی ده سوورینێت، به پێچه وانه به بێ چینی کرێکار، بورژوازی ته نانه ت بۆ حه وتووێک ناتوانێ ژیانی ئه نگه ڵی خوێشی دابین بکات!
هه ر چه نده ئه م ره وته مێژوویه له هه موو شوێنه کانی رۆژئاواش به شێوه ێکی یه کسان هه ڵس و که وته کانی پێشوو ئاڵ و گۆڕ تیدا پێک نه هات و ژێر و ژوور نه بوو. بۆ وێنه له بریتانیا زیاتر ئاڵ و گۆره که پیشه یی بوو، و له فه رانسه زیاتر سیاسی بوو، و له ئامریکا تێکه ڵاوێک له هه ر دوو بوو واته ئاڵ و گۆری ئابووری و سیاسی، به ڵام هێشتا چینی کرێکار به و مانایا که دواتر له نیوه ی دووهه می سه ده ی هه ژده دا ناسرا بوو، بۆ به رانبه رکی له گه ك ئوردووی سه رمایه له واقعدا وه ک سووژه ی چالاک و هوشیاری مێژوویی بو ئاڵ و گۆری بنچینه یی له ساحه که دا ئاماده و ته یا ر نه بوو.
شۆرشه کانی بورژوازی له ئامریکا و بریتانیا و هه روەها شۆرشی گه وره ی فه رانسه له ساڵه کانی 1789-1799 بوونه پێش زه مینه بو شۆرشه کانی سالی 1848 و به شوێن ئه ودا مه زنترین دیارده ی دوونیای سه رده م واته «کۆمۆنی پاریس» که سه رتاسه ری جیهانی ته کاندا و چه ند ده یه دواتریش بۆ یه که مجار له مێژووی چینایه تی و سیاسی دا شۆرشی ئۆکتوبری 1917 رووسیه پرۆلیتاریای گه یانده لووتکه ی سه رکه وتن. بزووتنه وه ی کرێکاری و کۆمۆنیستی پاش شکستی شۆرشی ئۆکتوبر له رووسیه تا به ئه مرو سه باری ئه وه ی دژی ئوردووی سه رمایه سه نه گه ر به سه نگه ر خه بات و شه ری کردووه، و به رپا کردنی کۆمۆنیزم له ده ورانی کۆمون و شۆرشی ئوکتوبریش زیاتر هه ل و مه رج و زمینه کان بو ده سته به ر کردن و سه رخستنی شۆرشی کرێکاری تێدا فه راهمه، به لام هه ر ئه و گه رایشه “رێفۆرمیستیه” که له ئینترناسیونال دووهه م واته 1889 دا ده ستی باڵای په یدا کرد و گه ورترین زه ربه ی له بزووتنه وه ی کۆمۆنیستی و کرێکاری دا، به ڵام به هۆی شکۆی شۆرشی کرێکاری رووسیه وه توانی له ژێر ئه و نسکۆ گه وره یه خۆی رزگارکات و له سه ر هه موو جیهان کاریگه ری گه وره دابنێت!
به ڵام چه ند ساڵ زیاتری نه خایاند، شۆرشی کرێکاری رووسیه له و ئه رک و به رپرسایه تی میژوویه ی کۆمۆنیست خستبوویه ئه ستۆی دوورکه وته وه و گه شه پێدانی پیشه سازی له رووسیه به جێگای ئه رکه کانی شۆرشی کرێکار و سه قامگیر کردنی کۆمۆنیزم باو کرا، و دیسانه وه بوارکان بۆ گه شه و به هێز بوونی گه رایش و مه یله رێفۆرمیستیه کان و ناسیونالیزمی مه زنخوازی رووسیه له ناو بزووتنه وه ی کۆمۆنیستی و کرێکاری زیاتر کرایه و به هێز بوو و بورژوازی جیهانی و ئه و دوڵه تانه ی له شکست پێهێنانی شۆرش ده ستیانبوو به گشتی هۆکار بوون که رکوود و شکستێکی گه وره یان به سه ر بزووتنه وه ی کۆمۆنیستی و کرێکاری نه تنها له رووسیه به لکوو له شوێنه کانی تری دونیاشدا دا سه پاند. رکوود و نووشه ستێک که بووه هۆی ئه وه تا به ئێستا جیهان چیتر شاهیدی گۆران و شۆرش گه لێک وه ها شکۆداری میژووی تر له جنسی «کۆمۆنی پاریس » و « شۆرشی ئۆکتوبری 1917» رووسیه نه بێت.
***
بۆ ئه وه ی که زیاتر سه رنج بخرێته سه ر «ده بئ چ بکرێت؟» و نووسراوه که زۆرتر دوور و درێژ نه بێت، که متر باسی هه ڵچوون و داچوونی خه باتی بزووتنه وه ی کۆمۆنیستی و کرێکاری به دژی رژیم سه رمایه داری کراوه و ته نیا بابه ته هه ر سه ره کیه کان ورووژاوه و خراوه ته به ر لێکدانه وه. ده یه ی سه ره تایی شۆرشی 57 ده وره ێک بوو که کۆمه ڵگا وه ک بورکانێک ته قیه وه و جۆش و خروشێکی شۆرشگێرانه ی به رفراوانی لێکه وته وه، که ش و هه وای شۆرشگێرانه باڵی به سه ر هه موو کۆمه ڵگادا کێشابوو و هێشتا رژیم سه رمایه داری ئاخوندی نه یتوانی بوو سه قامیگیری سیاسی ده سته به ر کات، چین و تۆیژه کانی کۆمه ڵگا بۆ به ره نگار بوونه وه له گه ڵ ئه م رژیم کۆنه په ره سته له هه موو ئازموونه کانی به ره نگاری و خه بات له دژی رژیمی په هله ویش که ڵکی وه رده گرت و هێزی خۆی ئه زموون ده کرد تا بتوانێت بناخه ی ژیانێکی ئازاد و یه کسان و شیوای مروڤی ئه ورۆ دامه زرێنێت.
نزیک به نیو سه ده له م ده وره تێپه ربوو، هه ر ده یه ێکی ئه م ده وره یه گه لێک ئازموونی به کرده وه و شه ری سه نگه ر به سه نگه ر، نووسراوه و لێکدانه وه ی قوولی نه زه ری و وتاری رادیویی و دواتر “تی وی” و پلاتفۆرمی تر بوونی هه بوو وه ک کانگاێکی زانستی چینایه تی و سیاسی تا له سه ر هه لچوون و داچوونی دوخه جیاجیاکان ئه و چه ند ده یه، و کوسپ و له مپه ره کانی سه ر ریگای بزووتنه وه کۆمۆنیستی و کرێکاری پشتی پێ به ستبوو.
له راستیدا کۆمه ڵگای ئێران به گشتی و چینی کرێکار و بزووتنه وه ی کۆمۆنیستی به تایبه ت له باری ئاگایی و وشیاری چینایه تی و سیاسیه وە یه کێک له و کۆمه ڵگایانه یه، که له باری تێئوری کۆمۆنیستی و شۆرشگێرانه و وریایی سیاسیه وە که می نه بووه و نییه، ئه وه ی که سه رباری هه موو که ند و له نده ئاسته م و دژواره کانی سه ر رێگایی یه کێک له کۆمه ڵگا هه ره زیندوو و پڕ جووله کانی نه ته نیا ناوچه که به ڵکوو جیهانه که ساڵانه به چه ند هه زار مانگرتن و ناره زایه تی گه وره و بچووک تێدا به رێوه ده چێت خۆی له خۆیدا سه لمێنه ری ئه م راستییه.
به تایبه ت له م دوایین ده یه دا نزیک به هه ر دوو ساڵ جارێک ئاخێز گه لێکی جه ماوه ری له سه دان شاری گه وره و بچووک له ناره زیایه تی سه باره ت به نا له باری بار و دۆخی ژیان و گوزه رانیان دژ به بێکاری، گرانی، ئاوسانی ئابووری و سه رکوتی سیاسی به دژی رژیم له ئاردا بووه، و هه رجاره درندانه تر له جاری پێشوو له گه ڵ سه رکوت و قه تل و عام رووبه رووبووه. به تایبه ت له ئاخێزی 1404 دا دیتمان کاتێک جه ماوره ێکی به رین له نزیک به دوو سه د شاری گه وره و بچووک له شوێنه جیاجیاکانی ئیلێران و هه روه ها بنه ماله کرێکاریه کانیش هاوشانی ئه وان رژانه سه ر شه قام، و گۆرپانه کانی شاره کانیان گرت و کاتێک چینی کرێکاریش وه ک چینێکی شۆرشگیر له روژانی دواتردا له هێندێک شۆێن به م نارە زایه تیه په یوە ست بوون و ده ستیاندایه خوپیشاندان و مانگرتن له شوینه جۆرواجۆره کان، ئیتر رژیم به ته واوای ته نگی پی هه ڵچنرا. ترس و خۆف له وه یکه جڵه وه ی ئه م ناره زایه تیه میلیونیه بکه وێته ده ستی کرێکاران و ئه وان مانگرتنی سه راسه ری ریکبخه ن، رژیمی گه یانده ئه م ده رنجامه له و په ری ده سته وه ستانی و داماویدا رایله کانی پێوه ندی خه ڵک له وانه ئینترنیت و ته له فوون….له سه راسه ری وڵااتدا ببڕێت و له بێده نگی و دوور له چاوی جیهان هۆلۆکاستێک له سه راسه ری ئێراندا وه رێبخات که مێژووی سه رده م جنایه تی وه های به خویه وه نه دیتبێت.
دیسان ئه م پرسیاره دایمیه دێته ئاراوه، چینی کرێکار سه رباری ناره زایه تیه کان و مانگرتنی پرش و بڵاو، هه زینه گه لێکی قوورس که له م چه ند ده یه دا له به رابه ر رژیمدا به سه ریدا سه پاوه، ئایا هۆی نائاماده یه که ی چیه که وه ک چینێکی شۆرشگێر و رێبه ر و سازمانده ر ناێته مه یدانه وه؟ ئاخرسه ر چینی کرێکار کێ و چۆن ئه و زه رفیه تانه له خۆیدا په روه رده ده کات بو هاتنه مه یدانی هه مه لایه نه که به شیوێکی که م هزینه تر له ئێستا بتوانێ یه کجار بۆ هه میشه ئه م رژیمه ئه نگه ڵه ی سه رمایه داری به چۆکدا بێنێت و له گۆری بنێت.
بزووتنه وه ی کرێکاری له ئێران به ر له وه ی له رێگای کۆسپ و له مپه ره «زه ینیه» کانه وه که رژیم به گه لێک ساز و به رگ و ئامرازی جۆرواجۆر و کاری ئیدئۆلۆژیک و سیاسی که ده یهێنێته سه ر رێی زه ربه بخوات، له رێگای کۆسپ و له مپه ره «عه ینی» کان له وانه دام و ده زگاکانی سه رکوت و داپڵۆسین و به خوێن کێشانی بزووتنه وه ی کۆمۆنیستی و کرێکاری، لێدانی حزب و ریلێکخراوه و تشکیلات و رێکخراوه ی سه ربه خۆی کرێکاری و له هه موو گرینگتر هێرشی بیرحمانه کردنه سه ر شۆرا کرێکاریه کان بوو که له شوێنی کار و ژیان پێکهاتبوون. هه ڵکوتانه سه ر و راماڵین و پاکتاو کردنی شۆراکان له لایه ن ده وله تی سه رکوتگه ره وه تا لێدانی بزوتنه وه ی کرێکاری و کۆمۆنیسته کان که به ردی بناخه ی ئه م شۆرایانه یان دانا، هه موو بۆ ئه وە بوو رێگریان بکات تا نه توانن ئیختیاراتی ده سه لاتی سیاسی خویان به ده سته وه بگرن.
واته ئوردوی کار و کۆمۆنیسته کان له کوشتاری به رینی ده یه ی په نجا و به تایبه ت ده یه شه ستی هه تاوی که ده یان هه زار و بگره زیاتر ئینسانی کۆمۆنیست و ئازادیخواز و به رابه ریخواز به شێوه ێکی سیستماتیک قه تڵ عام و تیره باران کران، زه ربه ێکی گه لێک قورسی خوارد. باشتر وایه بگوتری ئه مه حه زه فه فیزیکیانه کۆسپ و له مپه رێکی گه وره بوو له سه ر رێگای بزووتنه وه ی کرێکاری و کۆمۆنیستی که به شێوه ی بیلقوه جێگه و پێگه ی به هێزیان بوو به کرده وه ی ده ربهێنن. سه رباری ئه وه یکه ئه م بزووتنه وانه هیچکات له خه بات نه کشانه وه به لام خه باتی و راسانه کانیان زیاتر به ره نگاری بوو و له باشترین حاڵه تدا له ئاستی داخوازیه سه ره تایه کاندا قه تیس مایه وه.
رژیمی سه رکوتگه ری کۆماری ئیسلامی هه ر له سه ره تاکانی هاتنه سه رکار، ته نانه به بێ “یاسای کار!” نووسراوه ی دژه کرێکاری، به کۆمه ڵێک کۆسپ و له مپه ری «عه ینی» و به کرده وه چووه سۆراغی ئۆردووی کار، واته به سه رکوت، به رپێ گرتنی رێکخراوه ی سه ربه خۆی کرێکاری، مه منووع کردنی مانگرتنی سه رتاسه ری و هه ر چه شنه به رێکخراوه و چاڵاکی حیزبی تا فه رمان ده رکردنی جیهاد به دژی سنگه ره کانی شۆرش، و هه روه ها به خوێن کێشانیان، تا لێدانی دوو بزووتنه وه ی کرێکاری و کۆمۆنیستی خاوه ن پێگه ی به هێز بۆ ئه وە ی بتوانێت کونترۆڵ و سه رکوتی ده وڵه تی له ده ستدا بێت. ئه م سه رکوت و کوشتارانه، ته نیا به شێوه پولیسی و ئه منی.. نه بوو به ڵکوو هاوکات شوێنی کار و ژیانی کرێکاران و چینه ژێر ده ستکه کانی تریشی گه لێک پاوانخوازانه کردبووه مه یدان رمبازێنی میلیتاریستی خۆی.
هه ر له سه ره تاکانی هاتنه سه ر کاری رژیمی سه رمایه داری ئاخوندی، هه ل و مه رجه کان کار بۆ کرێکارانی دایمی له به شه سه ره کیه کانی به رهه م هێنان به زۆری هێنده دژوار و تاقه ت پروکێن بوو که به شێکی به رین له کرێکارانی دایمی و پێشره و که وتنه به ر شاڵاوی سه رکوت و ته نانه ت ئێعدام و یا خود له ژێر زه خت و گوشاردا وازیان له کار له به شی پیشه سازی هێنا. واته به شێکی هه ره زوری ئه م کرێکارانه خرانه په راوێزه وه، به واتاێک یان بێکار بوون، یان چوونه که رتی تایبه ت و کارگابچووک و بێ ناو نیشانه کان. دیاره له که رتی تایبه تیش دۆخه که له که رتی ده وڵه تی باشتر نه بوو!
نه بوونی بیمه ی بێکاری، نه بوونی ئه منیه تی شوغڵی، نه بوونی لانی که م حه قده ستی سه روه خت، که ده وڵه ت و خاوه نکاران هه ر کامه به شێوه ێک خۆی له دابین کردنی ده دزێته وه، هه تا حه ده ستی زۆر که م و گوشاری ره وانی ده رکران و هێتد ئه و کۆسپانه بوون که وه ک سێبه ر به سه ر سه ری کرێکاراندا ده خولانه وه.
ده مه وێت بڵێم: چینی کرێکار له هه ر دوو که رتی ده وڵه تی و تایبه ت له گه ڵ گه لێک کۆسپ و له مپه ری ئابووری بنچینه یی و سیاسی جۆرواجۆر رووبه رووبوون تا هه ڵس و که وتی ی «کاری هه رزان و کریکاری بێده نگ» یان به سه ردا زاڵ که ن. به تایبه ت له م هه ڵس و که وته دا کرێکارانی دایمی چیتر ئه و سووژه گشتی (به کۆیه) نیین که بیلقوه مه ترسیه کی گه وره ن له سه ر ئوردووی سه رمایه، به ڵکوو به شێوه ێک له شێوه کان شکڵی ئه توومیزه و ناجێگیری به خۆ گرتووه!
ئیتر چوار ده یه یه ئوردووی کار بووه ته ئوردووی کرێکارانی زیاتر قه راردادی کاتی، په یمانکار و دواتر “چه کی سپی ئیمزا” و ئه م ره وته به زور له ئێراندا هه مه گیر بووه. ئه مه ته نیا گورانێکی ره وڵه تی ماف یا ئابووری نییه، به ڵکوو ئه مه شکاندنی بربره ی پشتی یه کگرتنی کرێکارانه وه ک چینێکی به رین له به رهه م هێناندا. کرێکار کاتێک که هه ر سێ مانگ، یان شه ش مانگ، یان ته نانه ت بێ قه رارداد کار ده کات، به دشواری ده توانێ له شوێنی کار له گه ل هاوچینه کانی پێوه ندی ئورگانیک و چر و پر درووست کات که بگاته ئه و ئاسته رێکخراوی سه ربه خۆ و خاوه ن ئێختیار بۆ به ره و رووبوون له گه ڵ ئوردوی سه رمایه لێبکه وێته وه.
یان ته نانه ت «مه جمه عی گشتی» که بنه ما و فه لسه فه ی هه بوونی لابردنی کۆسپ و له مپه ره یاسایی و حوقوقیه کانه به ڵام بۆ کرێکاران وه ک کارێکی پر مه ترسی لیهاتووه، هه رچه ند رێگاێکی تر بوونی نییه و ده بێ دره نگ یا ن زوو نه له یه ک شوێن به ڵکوو له هه موو شوێنه کانی کاری گه وره و بچووک «مه جمه عی گشتی» وه ک سلولی بنه ره تی شۆرا ببێته به شێک له سیستمی زیندووی راگرتنی خه باتی چینی کرێکار و ته نانه ت کۆمه ڵگاش له به رابه ر ئوردووی سه رمایه دا.
چینی کرێکار دره نگ یان زوو مه حکوومه به وه بچێت به ره و پیری پێکهێنانی «مه جامعی گشتی» له هه موو به شه کانی به رهه م هێنان و ته نات خزمه تگوزاری و ته نات سه رجه م کۆمه ڵگا! به دڵنیایی «مه جمه عی گشتی» ئه گه ر له شوێنێک به ته نیا پێک بێت و ته نیا بکه وێت وه ک ئه و ئه زموونه ی له «حه وت ته په» شکڵی گرت و به ره و ئه وه ده چوو په ره بستێنی به ڵام رژیم به خێرایی به ر له وه پل بهاوێته به شه کانی تری به رهه م هێنان به رێگای جۆراوجۆر هه وڵی به شکست کێشانی دا و توانی له نیهایه تدا به ر به په ره ساندنی بگرێت و ته نانه ت ناره زایه تی و مانگرتنه کانیشی به گرتن و ئه شکه نجه و ئازار پرش و بلاو کاته وه و نه هێڵێت «مه جمه عی گشتی» کاریگه ری و ده وری تایبه تی خۆی ببینێت و په ره بستێنی.
کاتێک ئه م کۆسپه «عه ینی” یانه به کرده وه ده رهاتن، و هێزی مادی ئوردووی کار له به رابه ر ئوردووی سه رمایه(ده وڵه ت و خاوه نکار) لاواز و لاوازتر بوو، ئینجا کاتی ئه وه یه باس له هۆکاره کانی پاشه کشه و له مپه ره «زه ین»یه کان بکریت. بار و دۆخێک که تێیدا ته نانه ت ئیراده ی خه باتیش به هاسانی ناتوانێت کرده وه ی گشتی کاریگه ر پێکبهێنێت.
هه ر له سه رو به ندی ده یه ی شه ستی هه تاویدا رژیم بو تێک شکاندنی هێزی ئوردووی کار “شۆرای ئیسلامی کار!” و دواتر “خانه ی کاریگه ر” ی دروست کرد، تا له سه ره وی چینی کرێکار سوونه ته دواکه وتوانه و دژه کرێکاریه کانی خۆی له شوێنی کار به زه به ر و زه نگی ماشینی سه رکوتی ده وله تی وه گه ر بخات!
و له درێژه ی ئه م هه وڵه کونه په ره ستانه دا و بۆ زیاتر چه سپاندنی ساڵی 1360 ” یاسای کار” یش وه ک نووسخه ێکی زۆر کۆنه په ره ستانه و دژه کرێکاری هاته ئاراوه. ئه ویش نه وه ک خاڵی ده ستپێک، به ڵکوو وه ک مۆرکی ته ئید و چه سپاندنی یاسا و حوقوقی هه ر ئه و دواکه توویه که به هه زینه ی گه لێک قورس به چینی کرێکار ته حمیل ببوو. به ڵام دیسان هێزی چینی کرێکار سه باری پرش و بڵاوی و نه بوونی رێکخراوی سه ربه خۆی خۆی، له شوێنی کار و ژیانی بو ده سته به رکردنی مافه سه ره تایه کانی له به رابه ر ئودووی سه رمایه دا له خه باتی به رده وامدا بوو.
به ڵام رژیم به داسه پاندنی کۆسپه و له مپه ره «عه ینی» کانیش وازی نه هێنا. چونکه ده یزانی کۆسپه «عه ینی» یه کان ئه ر له ئاستی «زه ین» یشدا ته سبیت نه بن، جێگیر و سه قاگیر نابن. بۆیه به م پێیه کۆسپه «زه ین»یه کان وه ک ته واوکه ریش زیاتر له جاران په ره ده ستێنن.
جیاوازی گه لی ئیدئۆلۆژیکی، ناسیونالیستی، مه زهه بی، نژادی و جنسی و گه لێک دە سته به ندی تر به رنامه بۆ دارێژراو ده وروژێندرێت و زیاتر و زیاتر باوه شێن ده کرێت. رژیم هه وڵده دات، سه ره کیترین کێشه و ئه زمه کان و (ته زاده) دژبه ره کانی کار و سه رمایه که باڵی ره شی به سه ر هه ڵس و که وتی ئوردووی سه رمایه و کاردا کێشاوه به شێوه ێک له شێوه کان لاوه کی نیشان بدات، به جێگای ئه و ئه و ته زادانه کێشه ی ناوخۆیی ئوردوگا بوروژێنێت و خاوی کرێکارانی پێ ببه ستێت. به واتاێکی تر کرێکاران به جێگای بایه خدان به هاوچاره نووسی، خۆیان له م ئوردودا وه ک دوژمن یه کتر ببیننه وه. به ڵام کرێکاران جگه له ئه زموونی پر بایه خی خه بات له گه ڵ رژیم پێشووی په هله وی و هه روه ها ئه و ده سکه وتانه له ساڵه کانی خه بات له دژی رژیمی ئاخوندی و هه ر وه ها پشت به ستن به سه رچاوه ی ده وڵه مه ندی«مارکسیزمی شۆرشگێر» که ساله کانی سه ره تای شۆرش بده ستی هێنا بوو، و ده رس وه رگرتن له ئه زموونی زیندووی ته حه زوب به گه شتی (که له و چه ند ساله پاش شورشی ئیران به ده ستهاتبوو و به خێرایی له گه ڵ هێرشی به ربڵاو و و ه حشیانه ی رژیم رووبه روو ببوو) به راده ێک له زانستی سیاسی و چینایه تی گه یشتبوو که نه که وێته ناو داوی فریوده رانه و سیستماتیکی رژیم و هه وڵه کانی ئوردووی سه رمایه له م بواره دا توانی به زۆری پووچه ڵ کاته وه و زیاتر له وه نه توانی هه زینه یان پێ ته حمیل بکات.
سه رباری داسه پاندنی وه ها هه ڵس و که وتێکی زاڵمانه به سه ر ئوردووی کاردا، دیسان رژیم نه یتوانیوه به ته واوی رێگر بێت له سه ر رێگای پێکهێنانی سه ندیکاکان، «کومه یته ی په یگیری» و «کومه یته هه ماهه نگی»…بۆڤداکۆکی له ماف و به رژ ه وه ندی کرێکاران. به ڵام به هۆی ئه و هه ڵس و که وته دواکه وتوانه یه ی شوێنی کار و یاساگه لی دژی کرێکاری که به تایبه ت به سه ر سه ری کرێکارانی دائیمیه وه هه یه، هه ل و مه رجێکی خولقاندووه که به شی هه ره زۆری ئه م کرێکارانه واته زیاتر له 80% یان به ره و ریزی کرێکارانی «قه راردادی کاتی» و «په یمانکاری» و «چه کی سپی ئیمزا» پال پێوه نراون و به رده وام ئه م هێزی کاره به رینه، رێژه که ی له گۆراندایه و به له سه ر کار ده رکردن و نه قڵ کردنیان له م شوێن بۆ ئه و شوێن له هه وڵی پرش و بڵاو کردنیدان.
واته ئه گه ر سه ندیکاێک بیهه وێت به هیمه ت و ئیبتکاری پێشره وانی کرێکاری له شوێنی کار پێک بێت، تا سه ندیکا بیهه وێت پێوه ندیه ئورگانیکه کانی چر و پڕ کاته وه له گه ڵ سه رجه م کرێکاران و ئاماده یی گشتیان بۆ رووبه رووبوونه وه له گه ل یاسای دژه کرێکاری و ده رکردن و جێگۆرکێی کرێکاران تێدا سازبکات، به ده یان و سه دان به هانه له وانه ته واو بوون قه ردادی کاری و شتی تری له م چه شنه له لایه ن ده وله ت و خاوه نکارانه وه ده که ونه ژیر زه خت و گوشار و راو و دوونان! به واتاێکی تر ناهێڵن سه ندیکا ئه و جۆره ی شیاوه پێوه ندێکی چڕ و پڕ له گه ڵ کرێکاراندا پێک بهێنێت و توانایی به کرده وه ده رهێنانی ویست و داخوایه کانیان هه بێت و هێز بدات به خه باتی کرێکاران و هه وڵه کانی سه ندیکا زۆرتر له چوارچێوه ی راگه یاندندا قه تیس ده مێنێته وه.
هه ر وه ک چۆن «کومه یته کان، ئه نجوومه نه سه ربه خۆکان»ی جیا له ده وڵه تیش هه ر له دۆخێکی وه ک سه ندیکادا به سه رده به ن. به ڵام تا ئه و جێگه ی بۆ «مه جامعی گشتی» ده گه رێته وه، فه لسه فه ی بوونی به ته واوه تی جیاوازه له سه ندیکا و نیقابه کرێکاریه کان. «مه جمعی گشتی» هه ڵگری گه لێک تایبه تمه ندیه، یه کێک له وانه ئه وه یه چاوه رێی وه رگرتنی ئیجازه له هیچ شوێنێکی ده وڵه تی و خاوه نکاران نامێنێته وه، به پێچه وانه هه موو ئه و یاسا و رێسا پڕ و پووچانه ی له سه رێگای دانراوه لاده دا تا هێزی واقعی کرێکاران به کرده وه له گۆرپانی کار و خه باتدا وە گه ڕ خات. نیشانی بدات که ئه و هێزه ده توانێت نه چێته ژێرباری ئه و زه خت و گوشارانه و ئه و کۆسپانه ی ویستوویانه و ده یانهه وێت به سه ریاندا بسه پێنن.
ئێستا باسی سه ره کی ئه وه یه، کاتێک رژیم له لاێک به شێوێکی بنچینه ی هه ڵس و که وتێکی ته واوه ن دژه کرێکاری به زۆری ماشینی سه رکووت به سه ر شوێنی کار دا سه پاندووه و له لاێکی تریشه وه به یاسای دواکه وتووانه هه ل و مه رجێکی خولقاندوه که کرێکاران به ردوام له شوێنه کانی کار جێ گۆرکیان پێ بکرێت و به کرده وه ئیمکانی ئه وه یان لی بسه ندرێته وه رێکخراوه ی سه ربه خۆ ساز بکه ن بۆ رووبه روو بوونی خه باتکارانه له دژی ئوردووی سه رمایه و چیتر ئاوا هه زینه قورس نه دات، دیسان له گه ڵ ئه و پرسیاره هه میشه یه رووبه روو ده بین، «ده بێ چ بکرێت؟».
هه ر وه ک پێشووتر باس کرا، هه بوونی سه ندیکا و نقابه ی کرێکاری له هه ناوی ئه م بازاری کار و یاسای جه نگه له دا که رژیم زاڵی کردووه نیشان ده دا ئامرازێکی کارساز نییه، و تا به ئێستا سه رباری ئه و هه زینه قورسه ی که کرێکاران بو پێکهێنانی ئه م رێکخراوه سه ربه خۆیانه داویانه، له گه ل ده سکه وته کانیان به راوه رد ناکرێ و زیاتر له ئاستی راگه یاندراو و ئاگاگه ریدا ماوه ته وه، و نه یتوانیوه له نێوان رێبه ران و پێشره وانی کرێکاری و به ده نه ی ئه م چینه به رینه دا پێوه ندێکی توند و تۆڵی ئورگانیک دروست بکات. ئه گه ر نه ڵێم ئه م جوره پێوه ندیه ته واوه ن بوونی نییه ده کرێ بگوترێ هێنده لاوازه و ناکارایه که کاردانه وه ێکی ئه وتویان له سه ر ریکخستنه کان نییه، هه ر به هوی ناکار بوونی ئه م ئامرازه زۆر زوو له لایه ن هێزه ئه منیه کانی ده وڵه ته وه شناسایی و ده ستبه سه ر و حه زف ده کرێن بێ ئه وه ی به ده نه ی ئه و چینه به رینه به و هۆکارانه ی باس کران، بتوانی هه وڵێک جدی و لێبراوانه بو ئازادیان بدات!
بهێلن با مه به سته که م به باس کردن له سه ر موعه لیمه کان وه ک به شێک له چینی کرێکار روونتر بکه مه وه. موعه لیم خۆی به شێک له چینی کرێکاره که گه رایش و مه یلی بورژوازی زور به رنامه و ئامانجدار هه وڵده دا له نێو کۆمه ڵگا و ته نانه ت له نێو کرێکارنیشدا ئه و بۆچوونه جێ بخات که موعه لیم چونکه هێزی “ناموه لیده” و گه رایشی دژی سه رمایه داری نییه، ئه م به شه له چینی کرێکاری “مو ه لد” به ته واوی داببرێت و له نێوانیاندا که لێن و دیوار ساز بکات.
له راستیدا ئه و یه کێک له ئامرازه کانی بورژوازی بو ئه وه له نێوان کرێکارانی فکری و جه سته یی وه ک چینێکی واحدی یه کگرتوو به ئاوه ژوو کردنه وه ی دوکتورینی«کرێکاری موه لد و ناموه لد» که لێن و ناکۆکی بخاته نێو چینی کرێکار که ته نیا موعه لیمانیش نین به ڵکو ریزی میلیونی هه مو کرێکارانی به شه جیاجیاکان له خزمه تگوازریش له خو ده گریلێت و به م بیانوه ده یانهه وێت رێگری بکه ن له یه کگرتووی و هاوپشتی سه رتاسه ری ئه م چینه به رینه ی کۆمه ڵگا.
ئه گه ر سه رنجتان دابێت، رژیم به پشت به ستن به م ستراتژیه، که متر له به شه کانی تری چینی کرێکار، شوێنی کاری موعه لمه کانی خستووته ژێر باری قورسی ئه و گوشار و گورانه بنچینه ییه ی جێگۆرکێ پێکردن و و قه راردادی کاتیه وه. واته مه درسه کان ئه و به شه له شوێنی کارن که که متر له گه ڵ ساختاری کاری شوێنه کانی تری کار رووبه روون و زیاتریان به شێوه ی دائیمی و په یمانی له و پیشه یه دا دامه زراون. هه ڵبه ت رێژیکی به رچاو له و موعلمانه ی که به شێوه ی«حق التدریسی» یا له که رتی تایبه تیش کار ده که ن له گه ڵ هه ل و مه رجی گه لێک دژوارتری کار و ژیان به به راوه رد له گه ل موعلمانی دائیمی رووبه روون.
به هۆی ئه وه ی رێژه ی موعه لم به قه راردادی کاتی و «حق التدریسی» به گشتی له کۆمه ڵگای ئێراندا له رێژه ی موعه لمی دایمی و په یمانکاری زۆر که متره، سه رباری ئه وه ی ئه وانیش له گه ڵ هه ره شه و زه خت و گوشاریی رژیم به ره وروون، به ڵام به و هویانه ی باسکرا که متر مه ترسی جێگۆرکیان له سه ره و توانیویانه جێگه و پێگه ێکی تا راده ێک چه سپاوتر له شوێنی کار بۆ خۆیان له ئاستی ناوچه یی و سه راسه ری دا ده ستبه ر که ن.
هه ر به هۆی بوونی ئه م هه ڵس و که وته له شوێنی کاری موعلمدا، ئه و ئامرازه ده فه تێکی باشی بو فه راهه م کرددون تا بتوانن «شۆرای هاوئاهه نگی رێکخروه کانی سنفی موعه لمان» ساز بکه ن، و سه رباری کۆسپه کانی سه رێگایان، هه نگاوی گشتی و به کۆ بۆ به کرده وه ده رهێنانی هه وڵه کانیان له ئاستی سه راسه ریشدا هه ڵبگرن.
خاڵی به هێزی ئه م به شه له چینی کرێکار بۆ ئه و ده گه رێته وه، سه رباری هه ر که م و کورێک و ره خنه ێک که ده کرێت رووبه رووی بکرێته وه، توانیویه تی تا رادێکی زۆر پێوه ندێکی ئورگانیکی سه رتاسه ری له نێوان شۆرا و به ده نه دا ساز بکات و هه ر به م پێیه ش له دۆخه جیاجیاکاندا له زه رفه یه تێکی باشدا توانیویه بانگه شه کانی بۆ مانگرتنی سه راسه ری مه علمه کان وڵام بگرێت. هه ر وه ک چۆن له یه ک ده یه ی پێشوودا چه ندین جار چ له ئاستی ناوچه یی و چ سه راسه ریدا چه ند مانگرتنی شکۆداری رێکسختووه. هه ر چه ند هه موو جارێک له گه ڵ شه پولێکی به رینی سه رکوت و راو دوونان و گرتن و ده سبه سه ر کردنی وه حشیانه ی رژیم به ره و روو بووه. ئیمکانێک بۆ به ریکخراو بوون و ئیبرازی وجوود، که به شه کانی به تایبه ت پیشه سازی و نه وت و پاڵایشگا و شوێنه سه ره کیه کانی تری به رهه هێنان، هه ر له سه رتای هاتنه سه ر کاری رژیم، به شێوه یلێکی ساختاری و به رنامه بۆ دارێژراو چ له که رتی ده وڵه تی و چ که رتی تایبه ت لێی مه حرووم کران.
به ڵام با لێره دا بگه رینه وه بو وڵامی پرسیاری«ده بێ چ بکرێت!». چاره ی کار ته نیا و ته نیا له وه دایه ده ست به کار بین بۆ پێکهێنانی «مه جمه عی گشتی». هه ڵبه ت مه جمه ع” نه وه ک رووداوێک، به ڵکوو وه ک رەوتێکی دایمی که له شوێنی کار وه گه ر خرا بێت. گه وره ترین هه ڵه ئه وه یه «مه جمه عی گشتی» له بازنه ێکی داخراوی و ه ک کۆبونه وه ێکی راگه ێندراو به کات و شوێنی دیاری کراو قه تیس بکرێت. «مه جمه عی گشتی» ده بێ درێژه ی ره وتی ئاسایی کار و ژیانی روژانه بێت. به ماناێکی تر له کاتی پشوودان، وه چانی کورت له کاتی کاردا، یا ته نانه ت له کاتی به رده وامی بوون له کار که کرێکاران شان به شانی یه کتر سه رقاڵی کارن.
ده مهه وێ بڵێم، کاتێ بریاری گشتی و به کۆ ده بێت به به شێک له ریتم و ئاهه نگی به رهه م هێنان، لیره دایه که چیتر ده وڵه ت له گه ڵ« شوێنێکی دیارکراو بۆ هێرش کردن» به ره وروو نییه، به ڵکوو له گه ڵ هه ل و مه رجێکی بێ پسانه و دایمی له به هه م هێنانی گشتیدا رووبه رووه. مه رجی سه ره کی ده بێت په ره پێدانی «مه جمه عی گشتی» بیلێت، نه ک به شێوە ته مه رکوزگه رایی، چونکه دایم سه رکوتی ده وڵه تی له شوینی ته مه ر کوزه وه ده ستی پیلێکردووه. واته رێگا چاره چینی کرێکا«پرولیتاریا» بۆ خه بات و رووربه روو بوون له گه ڵ ئه م ساختاره دوگم و داخراوه که رژیمی به سه ریدا سه پاندوون، و بۆ ئه وه ی ئه م خه باته بو خۆیان که م هه زینه و بۆ رژیم پر هه زینه که ن، ته نیا و ته نیا له رێگای پێکهێنانی «مه جمه عی گشتی» و په ره پێدانیه به رفراوانی له ئاستی سه راسه ریدا مسۆگه ر ده بێت.
به جێگای ئه وه ی له شوێنێک یه ک «مه جمه عی گشتی» گه وره ی ناوه ندی دروست بێت، دروسته که ی ئه وه یه، هاوکات له ده یان و سه دان و هه زاران شوێنی جیاجیا ده یان و سه دان و به هه زاران «مه جمه عی گشتی» له واحد و که رته کانی شه وانه رۆژی شوێنه کانی کار و ژیان دروست بکرێت. هه کام له م «مه جمه عه گشتی»یانه ورد و درشت ئیختیاری بریاردانی هه بێت، نه ته نیا راگه یاندن، یان ئاڵ و گۆر کردنی بیر و را یان ته نیا ئه رکه کانی کورت بکرێته وه بۆ ئاگایی دان و راگه یاندنی وشک و بێ کرده وه. هاوئاهنگی هه بێت، ئه ویش نه ک له سه ره وه، به ڵکو له رێگای نوێنه رانێک که به رده وام ئاڵ و گۆر ده کرێن له رێگای هه ڵبژاردن له «مه جمه عی گشتی» دا.
«مه جمه عی گشتی» شکڵی، ئولوگوی کلاسیکی شۆرایی یه که چینی کرێکار له به رابه ر ئوردووی سه رمایه دا به هێز ده کات، «مه جمه ع گشتی، له گه لێک رووه وه جیاوازه له رێکخراوه کانی وه ک سه ندیکا و نقابه کرێکاریه کان. «مه جمه عی گشتی» رێک به هۆی ئه وه ی پێوه ندێکی ئورگانیکی سه راسه ری به رین له نێو چینی کرێکار و ته نانه ت توێژه کانی تری کۆمه ڵگایش وه گه ر ده خات، خه بات و رووبه رووبوونه وه له گه ڵ ئوردووی سه رمایه که م هه زینه تر و ته نانه ت بریار بۆ مانگرتنی سه راسه ریش ده توانی به شێوه ێکی که م هه زینه به کرده وه ده ر بهێنێت. و هه ر به م پێیه به ره نگاری رژیم تێک بشکێنێت و فه له جی کات. یان تایبه تمه ندێکی تری «مه جمه عی گشتی» له وه دایه به رده وام بوونی هه یه و کرێکاران وه ک ئامرازێکی گشتی دایم له به رده ستیاندایه، هاوکات چون له جه مع هێز وه رده گرێت و نوێنه ره کانی به خێرای له حاڵی گوراندان به م پێیه ش، شناسایی کردنی نوێنه رانی بو هێزه ئه منی و میلیتاریستیه کان زۆر پر هه زینه و ته نانه ت نا مسۆگه ر ده کات.
هه موو له م حه قیقه تاڵه ته ئاگادارین، رژیمی ئێران به ره والی دایمی به شناسایی کردنی رێبه ران و پێشره وانی کرێکاری سه رکوت ده ست پێده کات. هه به م پێیه، «مه جامعی گشتی» نابێت نێوی فه رمی، هه یئه تی ره ئیسه ی دایم، یا وته بێژی دایمی هه بێت. نوێنه ران ته نیا هه ڵگری بریاری «مه جمه عی گشتی» ن، نابێ به هیچ شێوه ێک و له هیچ هه ل و مه رجێکی کاریدا، کارێک بکه ن به هاسانی شناسایی و حه زف بکرێن. له واقعدا شه فاف بوون و ئاشکرا کار کردن ده بێت له ئاستی ویست و داخوازی و بریاره گشتیه کاندا بێت نه ک له ئاستی تاکه که سیدا.
ده وڵه ت له ماوه ی ئه و چه ند ده یه دا به هۆی نه بوونی «مه جامعی گشتی» توانیوه تی به زۆر ملی ده سه ڵاداریه تی سه ره رۆیانه خۆیی به رێته پێش . واته ته واوی زۆر خۆی وە گه ر خستووە نه هێڵێت ئوردوی کار رێکخراوی سه ربه خۆ که توانایی به کرده وه ده رهێنانی بریاره کانی هه بێت به ده سته وه بگرێت. هه ر بۆیه له م هه ڵس و که وته کاریه دا به داسه پاندنی یاسای دژه کرێکاری توانیویه چینی کرێکار په رته وازه بکات و پێوه ندی ئورگانیکی له به شه جیاجیاکان نیشانه بگرێت و ئیمکانی سه ر هه ڵدانیان لی بستێنێ.
شکڵ و شێوه کان تا ناوه رۆکی خه بات و گه ڵاله کردنی ویست و داخوازیه کان ده بێت به جۆرێک خۆ ده رخات، که له کارگای پینج که سی و ده که سی بگره تا کارخانه ی سه دان و هه زاران که سی هه موو تێیدا هاو به رژه وند ببینن. بو وێنه بانگهه شه بۆ ئه م بریارانه وه گه ر بخرێت:
یه که م، حه قده ستی راسته قینه ی سه رتر له هێڵی هه ژاری، دووهه م، هه ڵوه شانه وه ی قه راردادی کاتی و کونترۆڵی گشتی به سه ر ئه منیه ت و سه عاته کانی کارد!. بانگه شه بۆ ئه م خاڵه مادیه هاوبه شانه، به ردی بناغه ی هاوئاهه نگی سه رتاسه ریه، که به تایبه ت به هه ل و مه رج و ئیمکاناتی ئه م سه رده مه ده کرێ به کرده وه ده ربێت نه ک ته نیا به بانگه شه ی سه ر کاغه ز که هیچ زامنێکی ئیجرایی نییه. «مه جمه عی گشتی» ده توانێ خه بات به ئاستی ویست و داخوازیه کان قه تیس نه کات و ته نانه ت هه نگاو هه ڵگرێ بۆ مانگرتنی سه راسه ری و له ویش سه رتر چه رخه ی به رهه م هێنان راگرێت و ئۆردوی سه رمایه فه له ج و به چۆکدا بێنێت. «مه جمه عی گشتی» که هه مه لایه نه په ره بستێنێ ده توانێت وه ک سولول و عونسوری شۆرا بوار بۆ پیداویستیه کانی دروست بوونی شۆرا و ته نانه ت بوار بۆ حیزبی کرێکاری به هێز و حیزبی کۆمۆنیستی له ئاستی سه راسه ریدا له پاش به چوکدا هێنانی رژیم به رادێکی زۆر بخولقێنێت که هه ر دوو وه ک نانی شه و بۆ چون به ره و گرتنی ده سه لاتی سیاسی و تێکشکاندنی ماشینی سه رکوتی ده وڵه تی و به سه رکه وتن گه یاندنی شۆرشی کریلێکاری حه یاتییه!
تایبه تمندێکی تری به رچاوی «مه جامعی گشتی» هاوکات بوون له به کرده ووه ده رهێنانه، نه ئیلزامه ن هاومه کانی. هاوئاهه نگی واقعی له رێگای کاتبه ندی هاوبه شی کرده وه کان به دست دێت، له وه چان گرتنه هاوکاته کانی چه رخی به رهه م هێنان تا که م کردنه وه هاوئاهه نگی خێرایی کار تا سه رپێچی کردنی به کۆ له ئیزافه کاری…له مه ودای دیارکراودا. ئه م چه شنه کرده وانه، جالبی له وە دایه پێویستی به کۆبوونه وه ی فیزیکی نییه، کاریگه ری سه رتاسه ریان هه یه، و تازه ئیمکانی سه رکوت کردنیشان بۆ ده وله ت زۆر زۆر که مه.
«مه جمه عی گشتی» به شێوێک شوێنی گرێدانی ژیانی ده ره وه ی شوێنی کاریشه به «مه جمه ع» ه وه، واته «مه جامع گشتی» ته نیا له چواردیواری شوێنی کاردا قه تیس نییه، که ده وڵه ت به هاسانی بتوانێت خه فه ی بکات. «مه جمه عی گشتی» پێوه ندی به رده وامی هه یه له گه ڵ بنه ماڵه کان، له گه ڵ بێکاران، گره که کرێکاریه کان، خانه نشینه کان، و ته نات مه نتقی «مه جمه عی گشتی» ده بێ په ل بهاوێته زانکۆکان، قوتابخانه کان، نه خۆشخانه، گه ره کی شار و دیهاته کان و ته نانه ت بۆ وڵاتانی تریش په ره بدرێت. له وها که ش و هه وێکدا سه رکوتی مه جامع به واتای په ره ساندنی قه یرانی کۆمه ڵایه تی و سیاسی یه بۆ ده ڵه تی نه نگینی سه رمایه داری و هه زینه که ی بۆ گه لیلێک قورس و ته نانه ت نامومکین ده کات.
«مه جمه عی گشتی» ده بێ هێڵه سووره کان زۆر به دروستی ره چاو بکات، له وانه سه ربه خۆیی به ته واو مانا له ده وڵه ت، دامه زراوه ی فه رمی و ئۆپۆزسیونی بورژوازی، چونکه هه ر چه شنه ناونووسی فه رمی، نوێنه رایه تی یاسایی، یا «به فه رمی ناسیاوی» رێک ئه و که لێنه یه که رێگا ده کاته وه بۆ سه رکوت. «مه جمه عی گتی» کاتێک ناتوانرێ سه رکوت بکرێ که له هه موو شوێنێک بوونی هه بێت، نه ته نیا له یه ک شوێن، نه به شێوه ی کاتی به ڵکوو وریا و ئاگا به ویسته مادیه هاوبه شه کان، نه ک وه ک ئامرازی گوشار به ڵکوو له جێگه و پێگه ی چینایه تی خۆیه وه و وه ک ته نیا سووژه ی مێژوویی بۆ گۆرانی بنه ره تی ئه م هه ڵس و که و ته سه رمایه دارانه بێته مه یدان، و ئاسۆی «مه جامعی گشتی» ده بێ گرێ بدات به لیلێدان و نه فی چه وسانه وه و ده سه ڵاتی سه رمایه داریه وه.
کۆسپه عه ینیه کان، ئیمکانی یه کگرتووی تێک ده شکێنێ، و کۆسپه زه ێنیه کان، ئه م شکسته ئاساسی، و ته نانه ت چاره هه ڵنه گر و ته نانه ت “ره وا” به ئه ژمار ده هێنێت.
له وه ها هه ل و مه رجێکدا، رێکخراو ئه گه ریش دروست بێت، زۆر جاران وە ک ته جروبه نیشانی داوە کارگه ری ئه وتۆی نییه و بێ گیانه، نه ک له رووی که م ئاگابوون و زانستی چینایه تی و لاوازی ئیراده ی کرێکاران، به ڵکو به هۆی تێکشکاندنی هاوکاتی به ستێنی مادی«عه ینی» و ئاسۆی «زه ینی» خه باته وه.
ئه م چه رخه یه، خۆی له خۆیدا ئاڵقه ێکی نوقسان له ده سه ڵات دروس ده کات که تێیدا هه ر جۆره لاوازێکی عه ینی، لاوازیلێکی زێهنی ته شدید ده کات و هه ر پرش و بڵاوێکی زێهنی، زاڵ بوونی “عه ین” ێک مسوگه ر تر ده کات. لووتکه ی ئه م رەوته، هێنانی یاسای له هه رووێکه وه دواکه توانه ی(وه ک یاسای کاری 1369 رژیمی ئێران) ه، که گۆرانی بنچینه یی کار ره واج ده دات و به ره نگاری له به رابه یدا نایاسایی یان ناموومکین ده هێنتته به رچاو. زاڵ بوون به سه ر ئوردوی کار له ده ورانی معاسردا، پروژه ێکی گه لێک ئالۆز و تێکچرماوه که هاوکات هه م «عه ین» و هه روه ها «زێهن» ی چینی کرێکاری کردووته نیشانه بۆ گه یشتن به ئامانجه چه په له کانی. تێگه یشتن له م هه ژمونیه دوو جه مسه ره مه رجی سه ره تایه بۆ گه كاله کردنی هه ر ستراتیژیکی ئازادیبه خشی واقعبین و کاریگه ر. ته نیا به ده رک و تێگه یشتنی دیالکتیکی له م هه مزیستیه ناپیروزه ی نێوان «ساختار و ئیدئۆلۆژی» یه ده توانرێ هیوا به شکست پێهێنانی ئه و ئالقه نوقسانه ی جیاکاری و دووبه ره کایه تی بهێنرێت و «ئێمه» گشتی ببووژێته وه، که له باری مێژوویه وه «ماتۆری به حه رکه ت ده رهێنانی ئاڵ و گۆری شۆرشگێرانه یه.
سه رمایه داری جیهانی و له سه روی هه موویانه وه ولاتانی وه ک ئامریکا، بریتانیا، فه رانسه و ئاڵمان پاش شۆرشی سالی 57 توانیان له رێگای “گه ڵاله ی گوادالوپه وه” رژیمی ده ستپه روه رده ی خۆیان به رێبه ری جه لاد خومه ینی سوار شه پولی شۆرش بکه ن و به ته واوی موساده ره ی بکه ن. ئێستا نزیک به پێنج ده یه ی چینی کرێکاری ئێران و خه ڵکی ژێرده ست و سته م لێکراو له لایه ن ئه م رژیمه وه بێ به زیانه ده چه وسێته وه که سه رمایه داری جیهانیش تێدا هاوبه رژه ونده. سه رمایه داری له شۆرشه کانی پێشوو، به تایبه ت له کۆمۆنی پاریس و شۆرش کرێکاری ئۆکتوبری 1917 ی رووسیه ئه م ده رسه فێر بووه، چینی کرێکار ته نیا له گۆرپانی هه ڵس و که وتی شوێنی کار نابێت شکست بدات، به ڵکوو ده بێت له رێگاکانی تریشه وه له وانه گه شه پێدانی مه یلی ریفۆرمیستی و پر و بال پێدانی سه ندیکا و نقابه ی کرێکاری فه رمی زه رد، ته نانه ت داکۆکی له پێکهێنانی رێکخراوه ی سه ربه خۆ و حیزبی کرێکاری رێفورمیستی بۆ شکست و هه رس پێهێنانی خه باتی ئوردووی کار که ڵک وەرگرێت. به واتایکی تر ئاسۆی چه پی «هه مه با هه می» و گوتاری “دیموکراسی بورژوازی و مافی مروف” ئامرازێکه کارایه، ئه و ده وره یه له وڵاتانی جوراواجوردا، چینی کرێکارێ پێی له خه باتی چینایه تی و ئاسۆی ئینترناسیونالیستی و کومونیستی دوور دە خاته وە. تا به جێگای ئاسۆی شکست خواردووی سه رمایه وه ک دوورنما نیشان بدات !
وڵاتانی رۆژئاوا و جه مسه ره کانی تری سه رمایه داری ناوچه که ش ده بینن رژیمی سه رمایه داری ئێران، له ماوه ی ئه و چه ند ده یه دا، وه ک رژیمێک که به رژه وه ندی سه رمایه داری جیهانی ده پاریزێ و پاسداری ده کات، ته نانه ت ئه گه ر به قیمه تی هولوکاستی کومه ڵگای ئێرانیش بووبێت له به جێ هێنانی ئه رکی خولۆی له به رابه ر ئوردووی سه رمایه به مسقال کۆتا نه هاتووه، و نه ته نیا پێوه ندی ئورگانیکی بزوتنه وه ی کرێکای ئێرانی له ناوخۆ مه حرووم کردووه، به ڵکوو پێوه ندی ئورگانیکی ئه وانی له گه ل هاوچینه کانی له ئاستی جیهانیشدا به ته واوی لاواز کرده وه و ته نیا به داکۆکی له فزی و به یانیه پشتیوانی و ئاکسیونه کان قه تیس کراوه.
هه ڵبه ت لیره دا دەمهه وێت، له جیاوازێکی سه ره کی که پرولیتاریای وڵاتانی رۆژئاوا له گه ڵ پرولیتاریای ئێرانی ژێر ده سه ڵاتی رژیمی سه رمایه داری ئاخووندی هه یه تی باسێکی کورت بکه م. له وڵاتانی رۆژئاوا پرولیتاریا ئازادێکی نه سبی هه یه و له مافی رێکخراوه ی سه ربه خۆیش له وانه سه ندیکا و نقابه ی کرێکاری و حزبی کرێکاری و کۆمۆنیستیش به هره مه نده، هه ڵبه ت ئه م حاڵه ته ش بۆ ئه وه ناگرێته وه که گۆیا سه رمایه داری له م گوشه ی جیهان به هۆی بیری ئازدایخوازیه وه وه ها هه لێکی ره خساندووه یان لایه نگری مافی به شه ریه ته، نه به دڵنیایی وا نیه، به ڵکوو ئه م رادە له ئازاد بوون و که ش و هه وا نسبیه ش به رهه می چه ندین ده یه یان باشتر بڵێین چه ند سه ده خه باتی کرێکاران و کۆمۆنیسته کان و به ره ی ئازادیخوازی و به رابه ری ته له به که له پێناویدا هه زینه گه لێک قورسیان داوه، تا به ئێره گه یشتوو!
به ڵام هه ر ئه م ده سکه وتانه ش زۆر جار هه وڵ دراوه و ده درێت دیسان ره وت بکرێ و یان له دژی خۆمان به کار بهێنن. ئه مه له حاڵێکدایه که له ئێران ئه م ئازادیه نسبی و ماوفانه نه ته نیا له چینی کرێکار به ڵکوو له زۆرینه ی به رینی کۆمه ڵانی خه ڵکی ئێران به ته واوی زه وتکراوه.
به ڵام ئه گه ر ته سه وری ئه وه تان کردووه ئه م ئازادیه نسبیه ی کرێکاران و مافی رێکخراوی سه ربه خۆ له ده وڵه ت و پێکهێنانی ئه حزابی کرێکاری و کۆمۆنیستی له وڵاتانی سه رمایه داری رۆژئاوا هاوسه نگی هێزێ به قازانجی ئوردووگای کار گۆریوه، تووشی هه ڵه ێکی زۆر قورس بوون. له وڵانانی رۆژئاوا ئه م سه ندیکا و نقابه کرێکاری و ئه حزابی کرێکاری و کۆمۆنیستیه، راسته به شێوه ێکی ئازادانه رێگای دروست کردنیان ده درێتی و ته نانه له ئاستی میلیونیشدا ده توانن ئه ندام وه بگرن، به ڵام زۆربه ی هه ره زۆریان له به یانی واقعدا به رژه وه ندی چینی کرێکار نه ته نیا نوئنه رایه تی ناکه ن به ڵکوو ته نیا و ته نیا ئامرازێکن بۆ سات و سه ودا و به تایبه ت راوێژکارە کانیان زیاتر دەڵالن له نێوان ده وڵه ت و خاوه نکاران نه ک نوێنه ر، هه ر به م پێیه ئه رکی سه رە کیان دوور خستنه وە کرێکارانه له ئامانجه سه ره کیاکانیان و هیچی تر.
بۆ وێنه حزبی کرێکاری بریتانیا یه کێک له ئه حزابی خاوه ن پێشینه کۆنی کرێکاری ئه و وڵاته یه و به چه ند میلیون ئه ندامی هه یه. یان ئیتحادیه(نیقابه) و سه ندیکاکانیش به هه مان شێوه. به ڵام زۆرینه یان نه ته نیا به رژه وندی راسته قینه چینی کرێکار(پرولیتاریا)ی بریتانیا نوێنه رایه تی ناکه ن به ڵکوو خۆیان بوونه ئامرازێکی زۆر کاریگه ر تا پرولیتاریا له به رانبه ر سه رمایه داریدا عه قیم بکه ن.
هه ره وه ک چۆن چه ند ده یه به ر له ئێستا مارگارت تاچر(له دامه زرێنه ران و داهێنه رانی یاسایی دژه کرێکاری، که هه ر به م بوونه وه به خاتوونی ئاهه نین ناوبانگی ده رکرد) له وڵام به پرسیاری وتووێژێکی تایبه ت له سه ر حزبی کرێکاری بریتانیا که لێده پرسن:«ئێوه بۆچی مه یدانتان بۆ گه شه کردنی حزبی کرێکاری بریتانیا ئاواڵا کردوه؟» له وڵامدا “خانمی تاچر” زۆر راشکاوانه ده لێ:«ئه م حیزبه هه ر ئه و به ڵای که من ده مهه ویست به سه ر چینی کرێکاری بریتانیای بهێنم رێک خه رێکه ئه و کاره ده کات، که وایه زۆر روونه که من رێگری له گه شه کردنی ناکه م.»(نه قل به مانا)
یان نقابه کرێکاریه کانی ئاڵمان له وانه «دویچه گروکشافت بۆند» و «وێردی» و «د.گ.ب» که هه ر کام زیاتر له شه ش هه زار ئه ندامیان هه یه، به ڵام چالاکیه کانی ئه و چه ند ده یه یان زیاتر پێداگری بووه له سه ر سێ مێحوه ر. یه که م وتوێژ و دانووستان له سه ر زیاتر کردنی حه قده ستی 1% تا 5% ی له گه ل ده وڵه ت و خاوه نکار، ئه وه ی به “سی جانبه گه رایی” له جیهاندا ده ناسرێت. دووهه م که م کردنه وه ی سه عاتی کار له حه وتووی 40 سه عات بۆ که متر له 40 سه عات کار، ئه ویش تا به ئێستا ئاکامێکی ئه وتۆی نه ته نیا نه بووه به ڵکوو به تازه ی باسێکی گه لێک داخ له نێو مه جلس و شوێنه کانی تری ده وڵه تی له لایه ن باڵی راسته و مه یانه ره و رێکه وتووه که خوازیاری ئه وه ن سه عاتی کاری حه وتوانه له به شێک له ناوه ند و شوێنه کانی به رهه م هێنانی بکرێته 48 سه عات. سێهه م ته مه نی خانه نشینی له 67 سال دابه زێته 65 سال.
ده مهه وێت بڵێم، ئه م نقابه و سه ندیکایانه زۆربه یان له راستید ئوردوی کاریان به قازانجی ئوردوی سه رمایه به هزینه ێکی زۆر که م بێده ست و عه قیم کردووه. به واتاێکی تر ئه م نقابه و سه ندیکایانه بۆ به شێکی زۆر له “ریبه ران”ی ئه م رێکخراوانه بوونه ته بونگایی سات و سه ودای ئابووری گه وره، که هه ر کامه یان له به رانبه ر داسه پاندنی رێفورمیزم به سه ر چینی کرێکار و دوور خستنه وه ی له خه باتی شۆرشگێرانه و لێبراوانه دا، رێژه ێک له سه هامی ساڵانه ی ده وڵه ت و خاوه نکار ده چێته گیرفانی.
چینی کرێکاری ئاڵمان، که هه موو چه رخه ی به رهه م هێنان به هێزی کاری ئه و ده سوورێت، و به به رهه می کاری ئه م چینه ده توانرێ، هه مووئیمکاناتی رفاهی و نه عه ماتی ژیانی شیاوی ئینسانی ئه ورو نه ته نیا بۆ دانیشتوان و شارومه ندانی وڵاتی ئاڵمان، به ڵکوو بۆ دوو تا سێ به رابه ری رێژه ی شارومه ندانی ئه م وڵاته دابین بکات، به ڵام به پێچه وانه ئێمه شاهدی بێکاری، گرانی، ئاوسانی ئابووری و ده رکردنی کرێکاران له ئاستیلێکی زۆر به رزداین که له مێژووی ده یان ساڵه ی ئه م وڵاته دا که م وێنه یه. هۆکاری ئه وه ی بوۆ له وه ها هه ل و مه رجێکی دژوارداین زۆر روونه.
ده وڵه تی سه رمایه داری ئالمان و ده وڵاتانی تری رۆژئاواش، له هه موو ئامرازە کان و رێگاکان بۆ که م کردنه وە ی حه قده ست و وەر گرتنه وە ی ئه و مافانه ی پێشوتر به دە ست هاتووه که ڵک وەر دە گرن تا سه رمایه زۆرتر که له که که ن و «ئه رزشی ئیزافه»(زیده بایی) زیاتر به چنگ بێنن. بورژوازی روژئاوایش له م سه ری دونیا شیره ی گیانی پرولیتاریا ده کێشێت تا هه زینه ی میلیتاریزم و شه ری نیابه تی ناتۆ له مه یدانی نیزامی و هه روەها له مه یدانی ململانێی ته کنیک و فنون و پێشبرکێی ته سلیحاتی دابین بکات و رکه به رانی جیهانی خۆی پێ له مه یدان به ده رکات. و له و سه ری دونیایش زل هێزه جیهانیه کانی تری سه رمایه داری به چه وساندنه وه ی بی ره حمانه له بازاری”کاری هه رزان و کرێکاری خامۆش” به سدووری سه رمایه بۆ گوشه و که ناری جیهان له هه وڵدان تا هێژمونی خۆیان به سه ر رکه برانیاندا بسپێنن و له م ێیناوه دا هه ر دوو دۆزخێکی راسته قینه یان بۆ به شه ر یه ت له سه ر گۆی زه وی خولقاندووه. سه رمایه داری ته نیا له ئاکامی چه وساندنه وه ی چینی کرێکار که «ئه رزشی ئیزافه» بده ست ده هێنێی، زه خت و گوشار ناخاته سه ر ئه م چینه به رینه، به ڵکوو دواتریش له رێگای کرێ خانوو، کاره با، ئاو، نان، هه زینه کانی تری ژیانیش، شتێک بۆ کرێکاران ناهێڵێته وه، جگه له وه ی ده بێ دیسان وزه ێکی هه بێت بۆ ئه وه ی هه ر رۆژ ئاماده بێت وە ک رۆژانی پێشووتر هێزی کاری هه رزان فروش کات. ئوردوی کار به کورتی ژیانی شیاوی ئینسانی ئه ورو له راستیدا لێی بووه به خه وه ن و خه یالێک که هیچ کات پێی ناگات!
کاتێک له لایک دوڵه ت به زۆری سه رکوتی ماشینی ده وڵه تی به سه ر به شێکی به رین له ئامرازه کانی به رهه م هێنان و هه ست و نیستی چینی کرێکاردا ده ستی راگرتوو و هه موو دام و ده زگا پان و به رین و دوور و درێژه کانیشی سه فیان به ستووه تا ئه و داهاته که مه ش که کرێکار وه چنگی که وتوو لێی بستێنن، و له لاێکی تریشه وه خاوه نکاریش به شه که یتری ئامرازه کانی قۆرغ کردووه، و له و له هه ر دوو کاره ساتبارتر گه رایشاتێک له نێو هه ر ئه م چینه دا ده بێته “کوێخا و ئاغا باڵا سه ر و ده مراست” له وانه نیقابه کان و سه ندیکا و حیزب گه لێک که ته نیا ناوی کرێکار و کۆمۆنیزمیان له سه ره، تا به نوێنه رایه تی ئه م چینه خه باتی چینایه تی و سیاسی ئه م ئوردوه ی کار له به رژه وه ندی ئوردوی سه رمایه و خۆش خزمه تی به چینی سه رمایه داری کونترۆڵ و عه قیم بکه ن و ئه م چینه چیتر توانایی خه باتی شۆرشگێرانه و رووبه رووبوونه وه ی دژی سه رمایه داری بۆ نه مێنێت.
واته ئیتر ئه م چینه نه ته نیا ناتوانێ له ماف و داخوازیه کانی به رحه قی خۆی به مانای واقعی دیفاع بکات، به ڵکوو به جۆرێک رێفورمیزم و ئاڵ و گۆری گه لێک شێنه ی له شوێنی کار و ژیان له به رابه رئوردوی سه رمایه و ده لالانیدا سازش ده کات. کاتیک ئه م چینه له نێوخۆی ئاڵماندا له به رابه ر ته عه روزی ئوردوی سه رمایه دا ده چێته قاوخی دفاعیه وه، روونه به فه رسه نگ له ئه رک و رساله تی ئینترناسیونالیستی خۆی دوور ده که وێته وه. و هه ر به م پێیه هه ست به به پرسایه تی له به رانبه ر هێرشی ئوردوی سه رمایه بۆ سه ر هاونه وعانی خۆیی و په ره پێدانی میلیتاریزم که هه زینه که ی له به رهه می هێزی کاری خولۆیی و هاوچینه کانی ده رکێشاره وه، ته نیا بۆ ئه و ه ی رووی خوێی سوور راگرێ تا ئاستی هاوپشتی له فزی یا به یانیه ی وشک و بێ کرده وه داده به زێت. ئه مه له حالێکدایه که پرولیتاریا ته نیا هێزی به واقع شۆرشگێره له هه ر ولاتێک دا که ئه گه ر نه که وتبێته داوی رێفورمیزم و ته سلیم ته له بی و سازشه وه، توانایی ئه وه ی هه یه به راگرتنی به هه م هێنان تا راده ێکی زۆر به ر به م ته وه حوش و به ربه ریته ی ئه ورۆ جیهانی ته نیوه ته وه بگرێت.
پرولتیاریای له رۆژئاوا ئه گه ر به هاوکاری نیقابه و سه ندیکا و حزبه رێفۆرمیست و راسته کان کۆنتروڵی نه کاوتبایه ده ستی ده وڵه ت؛ ئه گه ر به ئوردوی چه ن سه د میلیونی خۆیی پشت ئه ستوور بایه؛ ئه گه ر هه ر له یه که مین رۆژه کانی دە نگۆی شه ر و میلیتاریزمی دواکه وتوانه ی روسیه و ئوکراین به داکۆکی وڵاتانی روژئاوا و ناتۆ هه وڵی چالاکانه ی وه گه رخستبا، واته راگرتنی به رهه م هێنان له جومگه ئابووریه کان و …هه ڵبه ت نه ته نیا به شێوه ی سه مبولیک ئه و گوێره ی له ئیتالیا و ئیسپانیا له هێندیک ناوه ندی دروست کردنی “چه ک و چۆڵ” و کشتیرانی و فرۆکه وانی ….به شێک له پرولیتاریا ده ستیان له کار کێشایه وه(دیاره ئه و هه نگاوه ش له شوێنی خۆیدا گه لێک به نرخ بوو و ده بوو زیاتر په ره بدرێت تا کاریگه ری زیاتری دانابا) به ڵکوو ئه گه ر به شێوه هاوئاهه نگ و هاوکات چه رخی ئابووریان راگرتبا به دڵنیایی ئه و شه ر و میلیتاریزمه یان ئاوا به هاسانی به سه ر دونیادا بۆ دانه ده سه پا.
وه هه روه ها ئه م ئیقدامه سه باره ت به شه ر و میلیتاریزمه کانی پێشووتر و دواتر له ئوکراینش عه ین شت ده یتوانی رووبدات که به داخه وه سه ری نه گرت. به ڵام پرولیتاریای نه ته نیا ئوروپا به ڵکوو شوێنه کانی تریش له وانه ئامریکا به هۆی ئه وه ی له ئه رکی ئینترناسیونالیستی خۆیان دوور که وتوونه وه و ئیختیاری بریاردانیان له رێگای ئه و ئه حزاب و سه ندیکا و نیقابانه وه، لێ سه ندراوه ته ور ئه وانیش به هه مان شێوه خۆیان له ئاستی کارە ساته کانی ئه م میلیتاریزمه بێ وە زیفه کرد
پرولیتاریای جیهان بو ئه وه ی بتوانێت وه ک سووژه ی چالاک و ئاگای مێژوویی به گۆرانی بنه ره تی ئه م هه ڵس و که وته هه لته کێنێ، رێگه ێکی تری نییه جگه له وه ی بگریلێته وه سه ر جێگه و پێگه ی راسته قینه ی خه باتی چینایه تی و شۆرشگێرانه ی خۆی چ له ئاستی ناوخۆیدا چ ناوچه یی و چ جیهانی.
پرولیتاریا چ له ئاستی ناۆخویدا چ ناوچه یی چ جیهانی مه حکوومه به وه ی که له ژێر باری هژمونی گه رایشاتی رێفۆرمیستی که زیاتر له رێگای نیقابه کریکاری و سندیکاکانه وه و له ژێر ناوی نوێنه رایه تی چینی کرێکار ئه م ئاسۆیان به سه ر ئه م ئوردودا سه پاندووه به ته واوی خۆ ده رباز کات و ته نیا و ته نیا پشت ببه ستیت به هێزی له بن نه هاتووی مه جامعی گشتی و شۆراکان.
له هه ناوی ئه م هه ل و مه رجه ناۆخۆیی، ناوچه یی، و جیهانیه دایه، که رژیمی ئێران توانیوه یه تی نزیک به پێنج ده یه، ژیان و کاری زۆرینه ی کۆمه ڵانه ی خه ڵک به بارمته بگرێت. و ئێستا که ته نیا له فازی یه که م دا، هولوکاستێک به مانای راسته قینه ی وشه کراوه که له مێژووی جیهانی سه ردە مدا وێنه ی نییه، کوشتاری خه ڵکێک که له به رابه ر بێکاری، گرانی، ئاوسانی ئابووری، و هه ژاری و ئێختناقی سیاسی ناره زایه تی دربریوه. هێشتا شۆکی فازی یه که م بهبته واوی کۆتایی نه هاتووه، کابووسی ئه وه ی که فازی دووهه م که کوشتار کردنی ده سبه سه رکراونه وێده چێت له فاز یه که م که متر هه ولناک نه بێت و رێژه ی به ردە وام روو له زیاد بوونه. قه تل و عام و ئێعدام کراوان له بێده نگێدا خۆ له سنووری سه د هه زار که س نزیک ده کاته وه.
له وه ها بار و دۆخێکدا چه پ و راستی بورژوازی له ناۆخۆی ئێران و له ده ره وه ش هیوایان له سه ر قه ول و به ڵینه شه رؽه نگێزانه کانی ده زگاکانی پروپاگانده ده وڵه تانی رۆژئاوا هه ڵچنیوه، و رێگا چاره ی ئازاد بوون له ده ستی رژیم له هێرش نیزامی بۆ سه ر ئیران ده بینن و هه ر بۆیه به م که مپه په یوه ست بوون.
بۆیه له م روانگه وه ئێمه لانی که م له م چه ند ده یه دا دوو ده وره ی زۆر ره ش له ئێختناق که کێشاویته شوێنێک هولوکاست له دژی کومه ڵگا رێبکه وێت له هه ناوی خه بات و به ربه ره کانی له گه ڵ رژیممان ئه زموون کردووه. به تایبه ت ئێستا که پاش چه ند ئاخێزی جه ماوه ری قه تل و عامێک له م ئه بعاد به رین و هه ولناکه مان ئه زموون کردووه، و جگه له وه ش سێبه ری شه ری ئیرتجاعی به ره ی مێحوه رموقاومتی و به ره ی پرۆ روژئاوایی له سه ری کۆمه ڵگا ده خولێته، ئێمه رێگاێکی ترمان له به رده م نییه جگه له وه ی پشت به هێزی یه کگرتوو و شۆرشگێرانه که بربره ی پشتی ئه م خه باته چینی کرێکاره ببه ستین و مه ترسیه کانی هه ر دوو به ره پووچه ڵ که ینه وه.
با گه لێک راشکاوانه ئه وه ش بڵێم، راست و چه پی بورژوازی ته نانه ت کاتێک فوو به شه یپوری ده ستێوه ردانی نیزامی رۆژئاوا شدا ده کات، به شوێن رێگا نه جاتی خه ڵک له ژێر چنگی ده سه ڵاتدارانی رژیمه وه نییه، به ڵکوو به شویلێن ئه وه ویه له هه ر رێگاێکه وه بی ئه گه ر به قیمه تی ئوکرانیزه کردنی ئێرانیش بێت ئه وان وه ک سیاله شکری ئامریکا و هاوپه یمانانی له داهاتووی گۆرانکاریه کان له ئێراندا به شێکیان بدرێتێ.
راست و چه پی بورژوازی له چه پی ناسیونالیستیه وه بگره تا دێموکرات، کۆماریخواز، تا شاهوڵاهی، سه لته نتی، تا موجاهدین خه لق و قه ومگه را هه ر هه موو از له رۆژه کانی به ر له شه ڕی دواکه وتوانه ی 12 رۆژه ی ئیسرائیل و ئێرانیش که مپینی پشتیوانی له ده ستێوه ردانی نیزامی ئامریکا و ئیسرائیلیان رێکخست، و ته نانه ت سه باره ت به فه نئاوری و تکنیکی موشه کی ئامریکا که خاڵ ده پێکی به یانیه و وتاریان «دوجین دوجین» ده دایه ده رێ. ته نانه ت به م ئاسته له پروپاگانده بۆ شه ری دواکه وتوانه ش نه وه ستان و وتیان:« به ڵێ، وایه شه ر شه ره ئیتر! و بۆ گه یشتن به ئازادی کۆمه ڵگا بتانهه وێت و نه تانهه وێت ده بێ خه ڵکێک بکوژرێت و به ها بدرێت». له لاێکی تر یشه وە به ره ی میحوره مقاومه تی خوێنی بو “مام مه یهه ن” به جۆش هاتبوو، و له زاویه دژی ئیمپریالیزمی «خومه ینی جه لاده وه» حازر بوو ئه گه ر هێرشی نیزامی بکرێته سه ر رژیم، له ژێر ناوی دژیه تی له گه ڵ ئیمپریالیزم وه ک حیزبی تووده و ئه کسه ریه تیه کان له به ره ی مێحوه ری مقاومه ت دا بجنگێن!
به ڵام دیتمان شه ڕ بۆ رژیمی نگریسی ئێران وه ک “به ره که تێکی ئاسمانی” لێهات تا له پشت شیعاری پووچی هه میشه یی ” ئه منیه میللی له مه ترسیدایه” خۆی حه شار بدات، و هه ر به م بیانووه به سه ت قاتی جاران ماشینی کوشتاری ده وڵه تی ته یارتر بکات تا بێ ره حمانه تر له جاران هێرش بکاته سه ر مانگرتن و ناره زایه تی کریکاران و خه ڵکی زه حمه تکێشی وه گیان هاتووه له شوێنی کار و له شه قام، له دانشگاکان و مه دره سه کان … سه رکوت و پاشه کشه یان پی بکات.
ئێستاکه ش له پاش ئه م هولوکاستی دوو رۆژه که هێشتا ئه و سه ری جنایه ته کانی ناروونه، و هه ر رۆژه ریژه ی قه تل و عامه کان به ئیعدام کردنی رۆژانه زیاتر و زیاتر ده بێت، سه ر له نوێ وڵاتانی رۆژئاوا و راست و چه پی بورژوازی ئێران وه خۆ که وتوون تا به پروپاگانده ی شه ر زه خته کان له سه ر رژیم بۆ ته سلیم بوون و هاتنه پای دانووستانی مل کچانه که ترامپ به «سات و سه ودای گه وره» ناوی ده بات زیاتر و زیاتر بکات.
یان له نیهایه تدا بگه نه ئه و چرکه ساته ی که رژیم زیاتر له لایه نه که یتر، ئاره زووی ده کات و چاوریه تی، واته ده ستێوه ردانی نیزامی ئامریکا و هاوپه یمانانی.
ئه وه ی ده بێ زۆر هوشیاری بین ئه وه یه، کۆمه ڵگای ئێران له مه ودای نزیک به نیو سه ده که له ئه ساره تی نگریسی ئه م رژیمدا بووه به ڵام به رده وام سه رباری رکوود و نوشه سته کانی ته نیا و ته نیا پشتی به خه بات و هێزی به رینی خۆی بۆ ئاڵ و گۆر به ستووه و تا به ئێره گه یشتووه هه زینه گه لێک قورسیشی داوه، ئێستاش سه رباری ئه و هولوکاست بیره حمانه له ژێر باری قورس و گرانی ئه م شۆک و کابوسه ش خۆ ده رباز ده کات و ئاسۆی ئازادی و رزگاری گرێ ده ده ن به میکانیزمی خه باتکارانه خویانه وه نه به رێگای ده ستێوه ردانی نیزامی ده ره کی زلهێزه جیهانیه کان له ژێر ناوی” ده ستێوه ردانی مروڤ دۆستانه!”
کۆمه ڵگای ئێران به گشتی و چینی کریکار و خه ڵکی زه حمه تکێش و ژێرده سته به تایبه ت، له پاش ئه م هولوکاسته که گیانی ده یان هه زار که س له ئازیزانی لێ گرتن و سه دان هه زار که س بریندار و ده سبه سه رکراوه، ئێستا ئیتر کاتی هاتووه، تازه ئه گه ر دره نگ نه بێت، و ئێرانیش نه کیشنه ناوی شه ڕێکی له چه شنی ئوکراین، جیلێگای خۆیه تی هه موو زه رفیه تی خه باتکارانه و شۆرشگێرانه ی خۆی وه گه ر خات، تا دوارۆژی پشت سه رنانی ئه م شۆک و بوهته بکاته روژی ده سبه کار بوون بو پێکهێنانی «مه جامعی گشتی» له سه راسه ری شاره کان و ته نانه ت گونده کان. چینی کرێکاری ئێران بۆ ئه وه ی له قلافه تی رێبه ر و رێکخه ری کۆمه ڵگادا بێته مه یدان، مه حکوومه به وه ی «مه جمه عی گشتی» له شوێنی کار و ژیان له سه رتاسه ری ئێران وه رێبخات.
—————————–
پ.ن: « ده بێ چ بکرێت؟» له رۆژی 30 یانوای 2026 به زمانی فارسی له ژێر ناوی«چه باید کرد؟» نووسراوه و پاش نزیک به دوو حه وتوو له بڵاو بوونه وه ی له سایته کان، ئه ورۆ وه رگێرانی بۆ سه ر زمانی کوردیش ئاماده بووه تا بکه وێته به ر دیده ی خوێنه ران.
12.02.2026
تاكەی قەیران؟.. سامان خدر
ڕۆژ بەڕۆژ قەیرانەكان، لەم وڵاتە بەرەو زیاتر دەڕۆن .
قەیران هەمو كونج و قوژبنێكی ئەم وڵاتەی داگیر كردووە.
ئایا ئەم قەیرانانەتاكەی بەردەوام دەبن؟
تاكەی خەلڵك بەخۆی دادەچێتەوەو هەرتەماشاكەر نابێت؟
چونكە هەتا ئێستا لەدوای ئەم هەموو ساڵە لەم قەیرانە یەك بەدوای یەكانە، خەلك تەنها تەمەشاكەرەو هەڵوێستی زۆر جدی و جێی باسی نیە.
بەتایبەتی لەم قەیرانەی ئەوم دوایە بەناوی پڕۆژەی ڕوناكی، كەوا دەسهەڵاتدانی كوردستان ،دروستیان كردووە ، بۆ دۆشین و بڕینی بەركی هاوڵاتیانی كوردستان. بەڵام بەداخەوە هاوڵاتیان هەڵوێستێكی گشت گیریان نیە دژی ئەم دەسهەڵاتە بەداخەوە.
هەربۆیە دەسهەڵاتدارانی كوردستانیش ،بێ باكن و گوێی بەهیچ شتێك نادەنو،هەروەها ڕێگایانیش بۆ خۆش بووە لەدروست كردنی، هەرقەیران و كێشەیەك بۆهاوڵاتیان،
بۆیە دەپرسم تاكەی ئەم قەیرانانە بەردەوام دەبن لەم وڵاتە؟
من پێم وایە هەتاوەك و هاوڵاتیانی كوردستان بەجدی هەڵوێست وەڵ نەگرن و خەم لەحاڵی خۆیان نەخۆن، بەشێوەیێكی زۆر توند هەڵوێست دژی ئەم دەسهەڵاتە وەڵ نەگرن، قەیرانەكان بەردەوام دەبن و هەروەها قەیرانی زۆر زیاتر و سەخت ترد دروست دەبێت.
خۆپیشاندانی ئیخوانەکان لە شاری هەولێر.. ئەیوب ئەحمەد قادر
ئاشکرایە خۆپیشاندان مافێکی سەرەتایی هەموو چین و توێژێکە، لەو ڕێگایەوە هەموو ئەوانە دەتوانن گوزارشت لە بیرکردنەوە و تێڕوانینی خۆیان بکەن. بەڵام کاتێک گرووپێک، دەستەیەکی ئایدیۆلۆژی بۆ مەرامێکی ئایدیۆلۆژی خۆپیشاندان دەکەن، بێگومان گوتارێکی سیاسی و ئایدیۆلۆژی لە پشتیەوەیە. ئیخوانەکان چەند ڕۆژێک پێش ئێستا خۆپیشاندانێکیان لەناو شاری هەولێر دژ بە خەڵکی نەتەوەیی ئەنجامدا بە بیانووی ئەوەی لە خۆپیشاندانەکانی خەڵکی باشووری کوردستان بۆ پشتیوانی لە خەڵکی ڕۆژئاڤای کوردستان سوکایەتی بە پێغەمبەری ئیسلام کراوە. کچێک لەناو خۆپیشاندانەکان بۆ پشتیوانی ڕۆژئاڤا شیعرێکی سەبری بۆتانی دەخوێنێتەوە، حەز دەکەم لێرەدا داینێم:
ئەڤ هزار و چارسەد سالە
ل وەلاتێ من ئەنفالە
سەر و مال و ناموسا من
ل دژمنێ من حەلالە
ئەڤان مسلمانێن قەشمەر
ئیسلام ل من کرن خەنجەر
ب ئایەتا ئەنفالا رەش
موهەمەد ژی کرن هیتلەر
ئەگەر بە پێوەری عەرەبەکان بۆ شیعر لەم دەقە شیعرە بڕوانین، ئەوا دەزانین سەبری بۆتانی دەیەوێت پێمان بڵێت دەوڵەتە داگیرکەرەکانی وەک عوسمانی و سەفەوی و عەرەبەکان بەناوی ئیسلامەوە سەدان ساڵە ئێمە دەکوژن و لەناومان دەبەن. کوردە ئیخوانەکان لە شارەکانی کوردستان بە هۆی ئەوەی ڕووی ڕاستەقینە و دژنەتەوەییان بەرانبەر نەتەوە و خەڵکی کوردستان دەرکەوت، نەیانزانی چۆن ئەم شکستەی خۆیان بشارنەوە دێن بەناوی ئەوەی سوکایەتی بە پێغەمبەری ئیسلام کراوە خۆپیشاندان دەکەن. لە کاتێکدا ئەوەی تۆزێک شارەزای ئەدەب و شیعر بێت دەزانێت، کە شیعرەکە بۆ داگیرکەران نووسراوە. دەبینین شاعیر لێرەدا دەڵێت: ئیسلام ل من کردن خەنجەر. واتە ئیسلام ئایینێکی باشە و جوانە، بەڵام بە هۆی ئەوەی داگیرکەرە عەرەبەکان، تورکەکان و فارسەکان ئەم ئیسلامەیان بۆ مەرامی خۆیان بەکارهێناوە و خۆیان وەک نوێنەری خودا هەژمار دەکەن و بەو بیانووە نەتەوەی دیکە ئەنفال دەکەن. من لێرەدا دەپرسم، گەلۆ سەدام حوسێن بەناوی ئایەتی ئەنفالەوە سەدان هەزار کوردی زیندەبەچاڵ نەکرد؟ من دەپرسم داعش بەناوی ئایەتی قورئانەوە هەزاران کچیان نەکردە کەنیزەک؟ هەزاران گەنج و لاوی کوردیان سەرنەبڕی؟ ئیخوانەکان زۆرباش لەوە گەیشتن ئەم کچە کوردە ڕووی ڕاستەقینەی ئەوانی هەڵماڵی، چونکە ئەم کچە تۆزێک دەسکاری شیعرەکەیشی کردبوو. بۆ نموونە نیوەدێڕی: ئەڤان مسلمانێن قەشمەری کردبوو بە وان دیکتاتۆرێن قەشمەر، بەڵکوو نەتەوەی کورد لە ئامانج و گوتاری ئەو ئیخوانانە هوشیار بێتەوە، کە ئیخوانەکان و ئیسلامی سیاسی بەناوی چییەوە دەیەوێت ئەوان بکوژێت.
واتە ئەم خۆپیشاندانەی ئیخوانەکان هەوڵێک بوو بۆ داپۆشینی ڕووی ڕەشیان، چونکە ئەوان یەکەمین گرووپی سیاسین، کە ئایین بەکاردەهێنن، وەک ئەحمەد شەرع، وەک ئەردۆغان، وەک خامەنەیی و ئەو هەموو گرووپ و حیزبە ئیسلامیانە. ئەوان ئاینی ئیسلام بۆ مەرامی سیاسی و گەیشتن بە دەسەڵات بەکاردێنن. ئەگەرناو هەر ئەو خەڵکانەی گوایە خۆپیشاندان دژ بە سوکایەتی بە پێغەمبەری ئیسلام ئەنجام دەدەن، دەبوایە خۆپیشاندان دژی دەسەڵاتی ئەحمەد شەرع ئەنجام بدەن، کە سەدان کوردی ڕۆژئاڤایان کوشت، لە کاتێکدا خودا ئەو کەسانەی بە کورد خەڵقکردووە، زمانی پێداون، ئەوان دروستکراوی خودان. ئەوان بە ناحەق و بەبێ هیچ هۆکارێک دەکوژران و دەکوژرێن، تەنیا بە بیانووی ئەوەی کوردن، لە کاتێکدا خودا لە قورئاندا دەفەرموێت: هەر کەسێک، کەسێکی تر بە ناحەق بکوژێت وەک ئەوەیە هەموو خەڵکی کوشتبێت. بۆیەیش زۆر پێویستە وەک نووسەر حەمەسەعید حەسەن دەڵێت: ئەوان بخرێنە لیستی تیرۆرەوە چونکە بەرگری لە تیرۆر دەکەن. هەر بە ڕاستی وایە لە وڵاتی میسر، کە لانکە و شوێنی پەیدابوونی ئیخوانەکانە، ئەوان ئیخوانیان قەدەغە کردووە و لە لیستی تیرۆردان.
ئەم ڕووداوەی خۆپیشاندانی ئیخوان و کلکەکانیان لە ئیسلامییەکانی تر دژ بەو کچۆڵە نازدارەی شیعرەکەی سەبری بۆتانی دەخوێنێتەوە، ڕووداوێکی ترم بیر دەخاتەوە، کە لە ساڵی ٢٠٠٩- ٢٠١٠ کاتێک فەرهاد پیرباڵ و ستافی گۆڤاری وێران، لە ژمارە شەشدا مەلەفێکیان لەبارەی ئەدەبی ئیرۆتیک بڵاوکردەوە. هەر لەو ژمارەیەدا بیرمە شاعیر زانا خەلیل شیعرێکی لەبارەی کۆچی گەنجان بۆ ئەوروپا نووسیبوو، لەوێدا وەک میتافۆڕ سوودی لەناوی پێغەمبەرەکان وەرگرتبوو بۆ ئەوەی ئازار و مەینەتی گەنجانی کورد دەرببڕێت. بۆ نموونە دەریای ئیجەی و بەلەمەکانی پەڕینەوەی بە کەشتییەکەی نوح چواندبوو. ئەو کاتیش یەکگرتووی ئیسلامی و چەند مەلایەک شکاتیان لە فەرهاد پیرباڵ و ستافی گۆڤاری وێران کرد، بەناوی ئەوەی سوکایەتییان بە پێغەمبەران کردووە. ئەم شکایەتە بۆ ئەو کات هەڵایەکی گەورەی دروست کرد، ڕۆشنبیران و نووسەران بەیاننامەی پشتگیریان بۆ گۆڤاری وێران دەرکرد. ئەو کاتیش یەکگرتووە ئیخوانەکان لە شیعر و ئەدەب بە هەڵە تیگەیشتن، بەبێ ئەوەی بزانن ئەدەب میتافۆڕە، لە ئەدەبدا یەک شیکردنەوە و ڕاڤە دروست نییە، بەڵکو ئاساییە چەندین شیکردنەوە بۆ دەق بکرێت. سەیر دەکەین ئەم کچۆڵەیە زۆر باشتر لە کوردە ئیخوانەکان لە شیعر تێگەیشتووە و دەزانێ چی دەڵێت، بەڵام ئەوان وەک هەمیشە لە ڕوانگەیەکی تەسکی ئایدیۆلۆژییەوە سەیری شتەکان دەکەن.
ماستەر و دکتۆرانامەکانى بوارى ئەدەبى کوردى لە تیلەچاوێکى ڕەخنەییدا-4- .. هەڵمەت بایز
بەشى چوارەم
ئیشکالیاتى تیۆرى و بۆشایی مەعریفى
لە خوێندنەوەى ئەدەبیات و توێژینەوەى ئەدەبدا، بەپاساوى ئەکادیمبوون وەک دەمڕاستى خوێندنەوە و توێژینەوەى ئەدەبی یان ئەوپەڕى سەرڕاستى و دەرخەرى حەقیقەت نییە، لەهەمانکاتدا بە پاساوى چوارچێوەبەندى ئەکادیمى و ئاستلاوازى ئەکادیمییەکان واتاى ڕەتکردنەوەى ئەکادیمیا نییە. جۆرێک لە بەریەکەوتنى ئەو جۆرە تێگەیشتنە، پەیوەندى بە ئیشکالیاتى مێـتۆدى و بۆشایی مەعریفییەوە هەیە، بە واتایەکى دیکە بەشێک لە مشتومڕى ناو گۆڕەپانى توێژنەوەى ئەدەبی کوردى مێتۆد بووە بە پاساوى بۆشایی مەعریفى، بۆشایی مەعریفیش بووە بە وەلانانى پاساوى مێتۆدى و تیۆرى ئەدەبییەوە.
پێویستە ڕاشکاوبین بەرلەوەى ئەکادیمیا کۆمەکى ئارەزووخوازان و فێرخوازانى زانکۆ بکات، پێویستە کایەى مەعریفى و خوێندنەوە وەک پێشمەرجى خوێندن و توێژینەوەى ئەدەبی ئامادەییان هەبێـت. بەشێک لە ئەرکە درێژمەوداکانى ئەدەبیاتناسى بە هەموو لقەکانى و بە کۆى ئەو ژانر و ڕەوت و قوتابخانە و تیۆرییە ڕەخنەییەکانەوە، تۆڕێکى یەک تەواوکەری و پێکهاتەیین، ولانان و حەزپێکردنى بەشێکیان بەسەر ئەوانیتریاندا لە دەرەوەى ئەو تێگەیشتنە دان. دیوێکى دیکەى مەوداى ئەدەبیات دەچێتەوە ناو کۆى کایەکانى هزرى و فەلسەفى پەیوەست بەو کۆپەیوەندییەى درێژکراوەى قۆناغەکان و دۆخى کۆمەڵایەتى و کەلتوورى و مێژووى و دەروونییەوە. ئەدەبیات لەناو ئەزموونە کەسییەکان و کۆپەیوەندییە کۆمەڵایەتى و کەلتوورى و فرە مەعریفەییەوە بگرە، تا دەگاتە ئەوەى لە دۆخێکى نامەئلوف و تێکشکاندنى زمان و نەبوونى شوناسێکى دیاریکراوى دەلالى، لە چاوەڕوانى خوێنەرێکى ئاسایدا زەحمەتە بتوانرێت بەو هەموو کەلێنانەوە، کەشفى گوتارى ئەدەبی لە ڕێى خوێندنەوەى چەند چەمکێکى ئەدەبی و گێڕانەوە و تیۆرە ئەدەبییەکانەوە بکرێت، چونکە ئەو زمینەسازییە وەک پێشمەرجى بیرکردنەوەى ڕەخنەیی و مەعریفى شۆڕبوونەوەیە بەناو دیوە شاراوەکانى دەق و دەلالەتە تیۆرى و ڕەخنەییەکانى دەقەوە.
ئەوەى جێى پرسیار و ڕەتکردنەوە و نرخاندنى هەوڵە ئەکادیمییەکانە بەشێکیان پەیوەندى بەو ئاستلاوازییە بەراییەوە هەیە، کە ناکرێت فێرخواز بەپشتبەستن بە فەزاى ناو زانکۆ وەک ئەوەى لە سێ بەشەکانى پێشتر تیشکمان خستەسەرى، دەبێت ئەو ئامادەییەى بۆ دروست بووبێت و ئەگەر لە دەرەوەى هەوڵەکانى خۆیدا خۆماندوکردنێکى پێویست و خولیایەکى پێویستى نەبووبێت و ئەستەمە بتوانێت خۆى لەقەرەى خوێندنەوە و توێژینەوەى ئەدەبی بدات. لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەى بەشێک لە ئەکادیمیادا توشى ڕەخنەوە توانج دەبێتەوە، خودیى خوێندنى ئەکادیمییا نییە، ئەوەندەى پەیوەندى بەتوێژەران و خوێندکاران و هەوڵەکانیانەوە هەیە.
ئەگەرچى چوارچێوەبەندنى ئەکادیمی بەتایبەتى بۆ ئەدەبیات هەر لە زووەوە لە سەدەى نۆزدە وەک توێژینەوەى زانستە مرۆییەکان بووە جێى پرسیار، وەلێ تا ئێستاش ئەکادیمیا نەچۆتە ناو پێویستى ڕەتکردنەوەوە، لەبەرامبەر هەر دوو تێگەیشتندا ڕەوتى ئەکادیمى و ڕەوتى دەرەوەى ئەکادیمیا چ لە خوێندنەوە و چ لە نووسینى ئەدەبی شوێنپەنجەیان هەیە، ئەوەى جیایان دەکاتەوە سروشتى ئاڵۆزى و تایبەتمەندیى ئەدەبی و ڕیشاڵە بەرفراوەنەکانى مەعریفەى ناو ئەدەب و ڕایەڵەى زانستە مرۆییەکانى دیکەى ناو ئەدەبیاتە، بەمەش کردەى خوێندنەوە توێژینەوەى ئەدەبی سەخت دەکات، لەناو کڵێشەیی ئەکادیمیدا دەبێتە جێى پرسیار و هەناسەکورتى توێژینەوە لە بۆشاییە مەعریفییەوە دێتەکایەوە، کە پێویستە ڕەخنەگر و توێژەرى بوارى ئەدەبی لە باریدا هەبێت و تا ئەکادیمیاش کۆمەکییان بکات.
لە ئێستادا گرنگە و جێى پرسیارە لەسەر مێژوو و ڕەوت و دۆخ و گەشە و چەقبەستووى سەرخانى ڕۆشنبیرى کوردى لە ماوەى چل ساڵى ڕابردوو بەبەرهەمى هەزاران توێژینەوەى ئەدەبی کوردى کاریگەرییەکەى ئەوتۆى لە فیکرى ڕەخنەیی و ئاست و گەشە و گۆڕانى ئەدەبیاتى کوردى بەدی نەهاتووە. ئەکادیمیا نەیتوانیوە مێژووى ئەدەبیاتى خۆى بەدیدێکى دیکەى دەرەوەى شێوازى باو بنووسێتەوە و ڕۆڵى وەرگر و خوێنەر لە تێگەیشتنى مێژووى ئەدەبیاتى کوردیدا بەدی بێت، کە لە توێژینەوەى مێژووى ئەدەبی ئێستادا زۆر گرنگە، بەتایبەتى لە توێژینەوەى ئەدەبی بەراوردکارى، هەوڵەکانى کاریگەرى ئەدەبیاتى کوردى لەناو ئەدەبیاتى دیکەدا وەک ئەدەبێکى لاسایکەرەوە و پاشکۆ وێناکراوە، ئەو هەوڵانەى ناو توێژینەوەى بەراوردکارى لەئاستێکى سادەى خستنەڕوو و بەراوردکردن و بەرامبەرکردنى فۆرم و چەند دیوێکى دەلالین، نەیانتوانیوە لە ئاستى ئێستاتیکى و بەریەکەوتنى کەلتوورەکان قوڵبێتەوە و تێگەیشتن و ئاستێکى باشتر بە ئەدەبیاتى کوردى بدات. وەک کایەکى کەلتوورى و ناسنامەیی هاوئاستى دیکەى گەلان بڕوات. هەرچى تیۆرى ئەدەبیشە لەبارى تێدامانێکى کلاسیکییانە خەریکى ڕاڤەى چەند مێتۆدێکى کلاسیکى و چەند چەمکێکى تیۆرین، لەنا هزراندن و پێگەى مەعریفى زانکۆیدا هیچ کایەکى ئەوتۆى تیۆرى بۆ خوێندنەوەى خۆماڵییانەى دەق و توێژینەوەى ئەدەبی نەبووە بەسەرچاوە. لە بارى ئێستاتیکى ئەدەبیش وەک دیوێکى گرنگى ئەدەبی زۆر کەم و کورتبینە. بەهۆى ئەو کەلێن و نائامادەیی و خوێندنەوە و هەناسەکورتى لە توێژینەوەى زانکۆکاندا، ئاڕاستەى زۆرترین توێژینەوەکان بەدیوى ڕەخنەى ئەدەبیدا کەوتووە، هەڵەبەتە ئەو ئاڕاستەیە زیاتر وەک کارئاسانی و دەسەڵات بەسەرداشکان و چاولێکەرى دەکرێتە ئامانج لەزۆربەى کاتدا لەچوارچێوەى پاڕادایمێکى تیۆریى ڕەخنەیی یان لەبەکرابردنێکى بنەماییانەى وەسفى بەدەر لە قووڵى ئاستى مەعریفى و پاشخانى ڕۆشنبیرى هیچ گوتارێکى ڕەخنەیی بەدوا خۆیدا ناهێنێت.
زۆرجار بەسەرداهاتنەوەى توێژەرانى کوردناسی و ڕەخنەگرانى دەرەوەى ئەکادیمى کوردى باشتر وردتر لەپاناى بیربۆچوونەکانیاندا ڕوانینێکى باشترییان بۆ مێژووى ئەدەبی و ڕەخنەى ئەدەبی کوردى هەبووە، دواتر ڕێگەیان بۆ دووبارە هەڵدانەوەى لاپەڕەکانى ئەدەبیاتى کوردى خۆش کردووە. یان بەدوێکى نەرێنى دواى توێژینەوە و خوێندنەوەکانى بەرى توێژینەوە ئەکادیمییەکان بۆتە هەمان ڕێچکەى دووبارەى پێشوترى خۆى، بەمەش هەم دیسان نەیتوانیوە لەو شێوازە باوە دەربچێت، کە وەک پارادیمى ڕۆشنبیرى ئەدەبیاتناسى و ڕەخنەى مۆدە باوبووە. بۆیە ئەو پرۆسەى بەسەرداهاتنەوە ئاگایی زیاتر وردترى دەوێ، لە هەردووبارى ئەرێنى و نەرێنى مامەڵەیەکى هۆشیارانەى پێویستە. بۆ کەشفى ئەو گوتارە زاڵەى وەک بۆشایی مەعریفى و ئاستلاوازییەکانى هزرى لە خوێندنەوەى ئەدەبیاتدا لە ئێستادا پێویستیمان بە توێژیینەوەى ڕەخنەى ڕەخنە و دیدێکى وردبینانەترى ڕەخنەیی هەیە، بەتایبەتى ئەو ئەدەبیاتەى کە ئێستا وەک گۆڕەپانى مەعریفى و کەلتوورى هەیە، زۆرجار بەو چاوەڕوانییەى هەیەتى دۆخێکى گەڵاڵەکراوی چەقبەستووى هەیە، دەرفەتى تەکان و گەشەی ئەدەبیاتیش لە ڕێى توێژینەوەى زانکۆ و خوێندنەوەکانەوە لێیەوە بەرهەم نەهاتووە، بەواتایەکى دیکە ئەکادیمیا لە پەیوەندییەکانى لە دایکبوون و گەشەى ئەدەبیات و خوێندنەوە لاوازە. بەو تێگەیشتنەشەوە ڕێڕەوى گەشەى ئەدەبیاتى کوردى بە لاوازى و ناهاوڕەوتى گەشەى ئەدەبیاتى دیکەى جیهانى ڕێناکات، بۆیە بەشێوەیەکى گشتى زیاتر هەوڵە ئەکادیمیییەکان لەچوارچێوەیەکى کڵێشەسازى و توێژەرێکى مەکینەى و جوینەوەى زمان و دووبارەکردنەوەى شێوازن، یان بەمۆدەبوونى دۆخى ئەدەبی و چەمک زاراوەیەکى ئەدەبی وەک ئامانجى بڕوانامە بووەـ تا ئاواکردنەوەى ئەدەبیات وەک کایەکى مەعریفى و کەلتوورى، هەر ئەم بۆشاییەش وایکردووە میراتى لاوازى مەعریفى، وەک ناسنامەی ئێستا و ڕابردووى توێژینەوەى ئەکادیمیی دەربکەوێت.
یەکێک لەو هەڵوەستانەى پێویستە وەک دیدێکى ڕەخنەیی ڕەچاو بکرێت، ناهاوسەنگى و نابەرابەرى خوێندنەوەى ئەکادیمیى زانکۆکان و دەرەوەى زانکۆکانە. بۆ نمونە لەناو کایەى ئەکادیمیدا بەتایبەتى لە کارپێکردن و بەکاربردنى بەشێکى گرنگى تیۆرییەکانى ئێستاى خوێندنەوە و بۆ ئەدەبیات و تێکستى ئەدەبی لە زانکۆکانى کوردستان ئامادەییان هەیە وەلێ ئەوەى جێى پرسیار و سەرنجى ڕەخنەییە، لەبارى گشتیدا بەکاربردنى مێتۆد و تیۆرییەکان و پارادیمى تۆرییەکان هەڵگرى ئیشکالیەتە، لەسەروی هەموویانەوە تیۆرییە بەکارهاتووەکان بەربنەماى مۆدیەکى نوێخوازى و هەوڵى جیاوازبوونن، ئەوە تێگەیشتنە گرنگە و پێویستیشە، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە بەدیدێکى ڕەخنەییەوە چاوبەسەر ئەو هەوڵانەدا بخشێندرێتەوە، لە لایەک هەوڵەکانى توێژینەوە بە پێى پارادیمى پۆزەتیڤیزمە، زۆرکەم دەبینینى پارادایمى تەفسیرى یان ڕەخنەیی لە توێژینەوەکاندا ئامادەییان هەبێت، بەتایبەتى لە دۆخى ئێستادا ئەدەبیاتى کوردى زیاتر پارادایمى تەفسیرى و ڕەخنەیی دەخوازێت. ئەو شێوە پارادایمە پۆزەتیڤیزمە زۆرتر مۆدەیەکى باوى پێشترى یەک بەدواى یەکدا هاتووى فۆرمگرتووى بێ ماندووبوونە، زۆرتر لە ئاستى هەڵڕژانى زانیارییە نەک لێکدانەوە و تەفسیرکردن و بینینى ڕەخنەییانە، بەمەش زۆرجار هاوئاستى توانستەکانى ئەکادیمیی ئێستایە، بە ئاگایی و بێئاگایی وابەستەى ئەو جۆرە فۆرمگرتنە پارادایمانەن، کە کلاسیکین و وەسفین، یان خوێندنەوەى هەر چەمکێکى کۆمەڵایەتى و کەلتوورى لەناو توێژینەوەى ئەدەبی خوێندنەوەیەکى وەسفییانە فرە گۆشەییە، یان بەپێى چەند پێناسەیەکى بەرتەسک و هەندێک بنەماى ئاسایی توێژەرانى دیکە، دوور لە هەر بەشێک لەو پارادایمە ڕەخنەییانەى پاشبونیادگەرى بەدەر لە تیۆرییەک یان چەند تیۆرییەک، بێ ئەنجامیگیرییەک وەک تێز یان کەشفکردنى گوتارێکى ڕەخنەیی و خوێندنەوەیی ئامادەیی هەبێت.
بوارى ئەدەبیاتناسى هاوڕەوتى دەرکەوتن و پەرەسەندن و توێژینەوەکانى دیکەى زانستە مرۆییەکانە. بەواتایەکى دیکە ئەدەبیات بەپێى گۆڕانى قۆناغەکانى ڕۆشنگەرى و مۆدێڕنیتە و پۆستمۆدێڕن، وەک بزاوت و کاریگەرى هزرى ئامادەیی ناو کایەى گۆڕانکارییەکان بووە هەمیشە هاوئاهەنگبووە لەگەڵ گۆڕان و گەشە و دەرکەوتە تیۆرییەکانى دیکەى ناو کایەى زانستە مرۆییەکانى ناو قۆناغە مێژوووییەکانەوە، بۆیە لە بارى تێگەیشتن لە گەشە و گۆڕانى ئەدەبی پەیوەندییەکى دیالێکتیکییانەى ناو کایەى ئەدەبی پرسێکى حەتمییە، بەدیوێکى دیکە تێگەیشتن لە هەر دۆخ و تایبەتمەندییەکى قۆناغەکان و تێگەیشتنە تیۆرییەکانى دواى سەدەى نۆزدەم بۆ کۆمەڵگا و مرۆڤ، کەم تا زۆر هەموو ئەو گەشە و گۆڕانانە دەبنە بەشێک لە هاوکێشەى دەرکەوتە و لێکەوتەى ئەدەبیاتناسی وەک کۆپەیوەندی (سیاق)یەک لەگەڵ ڕەوتى گۆڕانگارییەکانى ناو قۆناغەکانى گەشەى تیۆرى و خوێندنەوەى جۆراوجۆر و بزاوى هزرى دەخوێندرێتەوە. هەر بەهۆى ئەو تایبەتمەندییەشەوە ئەدەبیاتناسی بۆ کۆى فێرخوزانکێک دەست نادات کە لەناو ئەو کۆپەیوەندییەدا لە ئەدەبیاتناسی حاڵى نەبێت، چونکە کۆى تیۆرییەکانى ناو توێژینەوەى ئەدەبی لەو پەیوەندییە ورد و ئاڵۆز و مشتومڕهەڵرانەوە سەرچاوەى گرتووە، کە هەریەکەیان لە گۆشەیەک و ئەزموونێکى هزرى و ملمالانێ و فرە تیۆری و ڕوانینەوە لە دایک دەبن، بۆیە کۆى ئەو پاشخانەش دەبێتەوە ئەرکى توێژەر لە ڕێبەدینەبوونى ئەو ئاگاییانە ئاستى تێوژینەوە و خوێندنەوە لاواز دەبێت.
لەناو توێژینەوە ماستەرنامە و دکتۆرانامەکاندا ڕێگایەکى ئاسان هەیە لە دەرەوەى هەموو دینابینى و قوڵایی مێتۆد و تیۆرى، زیاتر زاراوەیەکى ئەدەبی یان ڕەخنەى یان شێوازى یان دۆخێکى گۆڕانکارى لە نوێخوازى ئەدەبی یان بوارێکى نیشتماپەروەرى و دڵدارى و دەروونى و کۆمەڵایەتى و سیاسی و یان بنیاتەکانى گێڕانەوەناسی…هتد بەردەوام لەناو یەک شێواز و یەک جۆر زمانى نووسیندا خۆیان دووپات دەکەنەوە. بەهۆى خۆنەبەستنەوە بەهیچ تیۆرییەک یان پارادایمێکەوە، ئەو مۆدە باوە و ئامادەییەکى مەعریفى ئەوتۆى ناوێت. توێژەر لەچوارچێوەیەکى دیارکراودا دەخولێتەوە، بەڵام ئەوەى جیاواز و جێى پرسیارى زۆرترە لە توێژینەوەى ئەدەبیاتناسی کوردیدا بەکاربردن و ئامادەیی مێـتۆد و تیۆرى تازەى ئەدەبییە. توێژەر لەلایەک لە هەلومەرجى گوێزانەوەى تیۆر لە کۆپەیوەندى مەعریفى و هەلومەرجى دەرکەوتنى تیۆرییەکە شارەزا نییە، بۆیەشە کاتێک تیۆر وەک ئامراز بەکاردێت لە ئامانجى خوێندنەوەکە دوور دەکەوێتەوە، لەلایەکى دیکەشەوە زۆربەى تیۆرە بەکارهاتووەکانى ناو توێژنەوەى ئەدەبیاتى کوردى وەک باسمان کرد پاردایم و تیۆرییەکە بزرە. بۆ نمونە کاتێک لە لەناسنامە دەکرێت، لەناو ناسنامەدا چوارچێوەى ئەو پارادیمەى ڕوون و دیار نییە لە ڕوانگەى پۆستکۆلۆنیالیزمە یان فێمینیزمە یان کەلتوورى و ئاینیییە، بۆیە لە زۆربەى باردا بەکاربردنى هەر چەمکێکى کۆمەڵایەتى و مرۆیی و کەلتوورى پێویستە ئەو چوارچێوە تێگەیشتنە ڕوون بێت، بۆئەوەى لە هەموو لایەک و گۆشەیەکى پاشاگەردانى لەچوارچێوەى پێناسەکانەوە بەناوى مێتۆدى وەسفى شکارى وەک قاوغێکى ئامادە هەموو شتێک نەئاخرێتە ناو توێژینەوەکەوە. بەدەر لەوە توێژینەوەکان سروشتێکى ئینشائی وەردەگرن، نەک خوێندنەوە، ئەوەیان سەرکیترین گرفتى ئێستاى توێژینەوەى ئەدەبیاتناسی کوردییە و نەیتوانیوە بەشێویەکى بەرچاو ئەو تێگەیشتنە تێپەڕێنێت، واتە لە ڕێى ژماردن و خاڵ و پێناسەوە بەشێوەیەکى وەسفى لەژێر کاریگەرى ئەو بنەما تیۆرییانەى کۆپی دەکرێن و دەقە ئەدەبیەکانیش لەگەڵیان دەگونجێنن، وەک ئەوەى تۆ پێوانەیەکت هەبێت، بەدواى قیاسەکەى بگەڕێى بەبەریدا بکەیت، بەبێ ئەوەى هیچ ڕاڤەیەکى ئەوتۆ یان گوتارێکى پشتى تێکستکە بۆ ئێمە کەشف بێت. هەر بەهۆى ئەو نائاگایی و فرەمەعریفییەى کە پێویستە توێژەرى ئەکادیمى هەیبێت، زۆرجار خوێندنەوەى ڕەخنەیی و توێژینەوەى ئەدەبیاتناسی لە دەرەوەى ئەکادیمیا بەبێ مێتۆدى توێژینەوەى ئەدەبی زۆر کاریگەرترە، لە بەکاربردنى مێتۆدێکى مێتۆدۆلۆژى ئەدەبی ناو زانکۆ، یان بەواتایەکى دیکە ڕووبەرى مەعریفى زاڵتر و کاریگەرترە لەناو خوێندنەوە توێژینەوەى ئەدەبیدا، لەبەرامبەر ئەوەشدا مێتۆد و تیۆر لەناو ئەکادیمیا بۆتە بۆتەیەکى ئامادەکراوى ئەو بۆشاییە مەعریفییانەى کە لاى خوێندکاران و مامۆستایانى زانکۆدا هەیە.
هەڵمەت بایز
مامۆستا لە بەشى کوردى/ فاکەڵتیی ئاداب/ زانکۆى سۆران ٢٥/١/٢٠٢٥
چەند سەرنجێک لەسەر تاوانەکانی دوورگەی جیفری ئێپستین.. حەسەن ڕازانی
- ئەم تاوانە کارێکی قێزەون و تاوانیکی دژە ئینسانییە!
- بە بڕوای من تاوانباری سەرەکی جێفری ئێپستین نیە بەڵک و ئەو دەسەڵات و سیستەمەیە کە جێفری لە ژێر سایەیدا ئەو دوورگەیو شوێنەی بەڕێوەبردووە. بۆیە دەبێ سەرەتا سیستەمە یاسایی و حوکمڕانیەکە سەرکۆنە بکرێت ئینجا جێفری ئیپستین
- تاوانبارەکان کە لە تاوانەکانی دوورگەی ئێپستینەوە تێوەگلاون، جا کەم یان زۆر ، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، زۆرن و فرە ڕەگەزو فرە نەتەوەو فرە پیشەو فرە ئایدۆلۆجیی و فرە ڕەنگ و فرە کەلتوورو فرە ئایین و فرە شوێنی جوگرافیایی جیاوازیشن. بۆیە بە گشتاندنی تاوانەکەو لکاندنی بە لایەکەوە کارێکی نا لۆجیک و نادرووستە.
-درووست نییە ئەو تاوانە دژە ئینسانییە تەنها بدرێتە پاڵ ئایدۆلۆجیەتێک، شوێنێک، کەلتوورێک، ئایینیک یان ڕەگەزو نەتەوەێک. چونکە زۆر نزیکە لەو شێوە تاوانانە لە زۆر شوێنی تریش بوونیان هەبی بەڵام جارێ ڕاگەناندنەکان پێی نازانن، یان دەزانن و ناوێرن هیچ بڵێن.
-میژوو لەو جۆرە کارانەی تۆمارکردووە بە تایبەتی لە کاتی جەنگ و داگیرکاریەکاندا. - سەردەمی کۆیلایەتی و سەردەمەکانی مامەڵەو کڕین و فرۆشتن بە ئینسانەوە ئەو جۆرە تاوانانەی زۆر تێدایە. ئێستا بازاڕی کڕین و فرۆشتنی ئەندامەکانی لەشی ئینسان و مامەڵە بە ئینسانەوە برەوی زۆری هەیە. لە هەندیک وەڵات و لە لایەن هەندێک گرووپی مامەڵە بە ئینسانەوە ئەنجام دەدرێت.
- لە نێو سیستەمێکی، خێڵەکییدا، دەوڵەتیی و عیلمانیدا، لیبڕالییدا، کۆمۆنیستیی و چەپدا، هەروەها لە نێو سیستەمیکی تەواو ئایینیشدا ناتوانرێت بە تەواویی بەر بە تاوان و تاوانی دژە ئینسانیی بگیرێت. تاوان ئەنجام دەدرێت بەڵام گرنگ ئەوەیە ئەو جۆرە سیستەمە سزای تاوانبار بدات! بەڵگە هەیە کە لە هەندێک سیستەمی حوکمڕاییدا زۆر بە دەگمەن تاوانبار سزا دەدرێت!
- درووست نیە لایەنی ئایینی و خودایی بێت تاوانەکانی نێو دوورگەی ئیپستین وەک پڕوپاگەندە بۆ پاکیی و بێتاوانی خۆی بەکاربێنێت.. پەیدابوونی تاوانباریک ناکاتە ئەوەی تاوانی تاوانبارەکەی پێشخۆی بشواتەوە.
- لە نێو هەرسێک ئایینە ئیبراهیمیی و ئاسمانیەکەدا ئینسان تاوانی ئەنجامداوە کە ڕەنگە زۆریش بە قەبارە گەورەترو لە ڕووی ئینسانیشەوە دژە ئینسانیی تر بووبێت لەوەی دوورگەی ئێپستین. لە هەردووک باردا تاوانەکە ئینسان ئەنجامیداون بەڵام لە دوورگەی ئێپستیندا ئینسانەکە خۆی لەوەکالەتی خۆیەوە تاوانەکەی ئەنجامداوەو لەوەیتریاندا تاوانەکە بە ناوی خواو فەرمانی خواوە ئەنجام دراوە. تکایە مێژووی هەرسێک ئایینەکەی ئیبڕاهیمی کە بریتیین لە مەسیحیەت و یەهودیەت و ئیسلام تەماشا بکەن. کارەکانی داعش بە نموونە. یان کەنێزە زۆرەکانی حەرەمسەراکانی سەردەمی خەلافەتی عوسمانی و سەردەمی فتوحاتی ئیسلامیی بۆ باکوری ئەفریقاو هێنان و بە سەبایەبردنی دەیان هەزار کچی ئەمازیغیی بۆ شام. مێژوو چەندین نموونەی لەو جۆرەی بۆ تۆمارکردووین!
تێبینی: کاری گرنگ و دەستبەجێ و ئینسانیی بۆ هەر کەس و لایەن و شوێن و ئایدۆلۆجیی و کەلتوورو ئایینێک ئەوەیە کە ئەو تاوانانە سەرکۆنە بکات و داوای دەستبەجێ سزادانی تاوانباران بکات، نەکو بێت تاوانەکە بە کەلتوور بکات یان بە یاسایی بکات یان بیشەرعێنرێت! ئەو تاوانانە تاوانی دژە ئینسانین و دەبێ هەر کەسێک باوەڕی بەوە هەبی کە ئینسانەو باوەڕی بە ئینسانییەت هەبێ، دەبێ دژی ئەو تاوانانە بێتە قسەو بشهێتە مەیدان.
حەسەن ڕازانی
سوپاس رۆژئاڤا..پانێڵێک لەگەلەری ئاری بۆ: د. ئازاد حەمە، م هاوژین مەلا ئەمین، م عەزیز رەئوف

بزووتنەوەی چەپ و رووداوەكانی دوای راپەڕینی بەهاری ساڵی ۱۹۹۱.. يووسف ئه حمه د مه نتك
کتێب\ وڵاتپارێزێکی قەڵای هەولێر.. د. ئەنوەر دڵسۆز
دورگەی ئیپستین و هێما ماسۆنییەکان و چەند پێشبینی دیکە لە ڕۆمانی بەڕێگاوەی دڵشاد کاوانی.. سهروهر حمدامین
ڕۆمانی بەڕێگاوەی دڵشاد کاوانی ڕۆمانێکی سادیستی مازۆخیزمییە لە ساڵی ٢٠٢٠ چاپ و بڵاو بۆتەوە و چاپی دووەمی لە جل و نۆ کتێب ساڵی ٢٠٢٣ وڵاتی سوێد بڵاو بۆتەوە کە تێیدا کوشتن و چیژبینی لە خوێن و دەستدرێژی لە ترۆپکی ڕۆمانەکەدایە.
ئەم ڕۆمانە کوردییە زۆر پێشبینی گەورەی جیهانیی تێدایە، بەتایبەتی لە بارەی ئایندەی ڕۆژاوا و رێکخراوە ماسۆنییەکان و پێکدادانەکانی هەردوو شارستانییەتەکانی ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵات و شەڕی نێوانیان، کە هێزێکی شاراوە جیهان بەڕێوە دەبات و و باسی چەندین ڕێکخراوی ماسۆنیی وەک خاچی خوار و بازنەیی و مانگ و ئەستیرە وەک هێما بۆ خاچپەرستیی و ئیسلامیی و پێکدادانی دەزگە سیخووڕییەکان لە ناوەندی ڕۆژهەڵاتی ناوین دەکات کە لەنێوان ئۆدیبی مەزن، کە سەر بەئایینی جووە و عەفلەق سەر ئایینی کرسیتیان ئەلیکتڕای زەردەشتیی و شێمرازی موسڵمان ڕوودەدەن. لە لاپەڕە (٢٦١)ی بەشی جێژی خوێن دەنووسێت: عەفلەق لە من گەنجتر بوو، بە تواناتر و كاراتر توانی زاڵبێ، بەسەر چەتەكان، بەسەر ناوچەكە بەسەر ئۆدیب و بەسەر ئەستێرەی بازنەیی، هەموو گروپەكانی تری خستە ژێر ڕكێفی خۆی، هەموویانی كۆكردەوە و گشتمانی لە نێو خۆیدا تواندەوە، ئانو بانی نی سەركردەی ((ڕۆخی مانگ و ئەستێرە)) و ئەلیكترا ڕابەری ((خاچی خوار)) هەمووی یەكخستنەوە. شكستمان بە ئەستێرەی بازنەیی هێنا، ئێمە ڕاپەڕینمان كرد و پادشایەتیمان تێكشكاند. نمونەی ئەو شەڕەی نێوان گروپەکان لەڕۆژئاڤای کوردستان بینمان چۆن ئەو ڕێکخراوە شاراوەیە گروپەکانی پێکدادان و شەڕی مەزهەبی و طائیفی لەو ناوەدا بەرپاکرد.
لە ڕۆمانەکەدا چوار کەس ڕابەرایەتی دوررگەکە دەکەن، ئەلکتڕای زەردەشتیی و ئۆدیبی مەزن، کە سەر بەئایینی جووە و عەفلەق سەر ئایینی کرسیتیانە، شێمراز سەر بە ئایینی ئیسلامە. هەرچورایان دەکەونە داوی سیخووڕی مەزن کە ئەویش میخۆ جووە. دەشێ ئەمەش بە جێفری ئیپستین بناسرێت کە جێفری ئیپستین (بە ئینگلیزی: Jeffrey Epstein) بازرگان و ملیاردێرێکی ئەمریکی بوو لە ٢٠ی کانووی دووەمی ١٩٥٣ لە شاری بروکلینی ئەمریکا لەدایکبووەدەستی بە کاری دارایی کردووە لە بانکی وەبەرھێنان بێر ستێرنز، دواتر کۆمپانیای تایبەتی خۆی بەناوی J. Epstein & Co. ئەو بە پەیوەندییە بەرفراوانەکانی لەگەڵ کۆمەڵێک کەسایەتی دیار لە بازنەی دارایی و سیاسی و کولتووریدا ناسرابوو. خاوەنی دوورگەی لە ٦ی تەممووزی ٢٠١٩، ئیپستین جارێکی دیکە بە تۆمەتی فیدراڵی بە بازرگانیکردن بە منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی لە ویلایەتی فلۆریدا و نیوویۆرک دەستگیرکرایەوە. لە ١٠ی ئابی ٢٠١٩ بە مردوویی لە ژوورەکەی خۆیدا دۆزرایەوە، لە ڕاپۆرتی پزیشکی دادوەریشدا گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە مردنەکەی لە ئەنجامی خۆکوشتن بووە بە ھەڵواسین، سەرەڕای ناڕەزایەتی پارێزەرەکەی و بڵاوبوونەوەی گومانی گشتی سەبارەت بە بارودۆخی مردنەکەی، کە بووە ھۆی بڵاوبوونەوەی چەندین تیۆری پیلانگێڕی. بەھۆی گیانلەدەستدانییەوە، لە ٢٩ی ئابی ٢٠١٩ سەرجەم تۆمەتە تاوانکارییەکانی لەسەر ھەڵوەشایەوە.
بەهەمان شێوە سیخووری مەزنی ڕۆمانی بەرێگاوە لە کۆتاییدا خۆی دەکوژێت و کۆمەڵێک نهێنی و نووسراو لە دوای خۆی جێدەهێڵێت. کە لە بەشی کۆتایی و لە لاپەڕە ٢٩٩ دەنووسێت: دەنگی تەقەی دەمانچەیەك لە ژوورەكەی بەرامبەرم هات، منیش بە چوختییەوە خۆم خزاندە نێو ژوورە بچووكەكە، لەوێ تەرمی سیخوڕی گەورە بە دەمامك و جلی ڕەشەوە كەوت بوو، كاتێ چوومە سەری بە دەمانچەی دەستی گوللەیەكی لەسەری خۆیدا بوو، ئەو خۆی كوشت. لەبن دەستیدا دۆسییەكی ئەستوور و كتێبی ڕەش پێبوو، سەرم بەرزكردەوە ماسكەكەی سەرم هەرماڵی سەیر لەوەدا بوو ئەو پیاوە میخۆی جوو بوو، دەزانن میخۆ كێ بوو؟ دواتر بۆم دەركەوت ئەو هەمان خاوەكێشی ئاڵتەیی و گەورە مافیای بەندیخانە و ناوچەی سوڕەش بوو، هەروەها باوكی مێناز و نوژداری خاوەن بیرۆكەی دامەزرێنەی هەرێمی نێرگزانە.
هەروەها لەبارەی وردەکاریی زانیارەییە دزە پێکراوەکانی ناوچەی سووڕەش و کارە قیزەوەنەکان و بۆ دەرەوەی دنیای دەروە لە هەمان لاپەڕە دەنووسێت: منیش دۆسییەكەم بەهێمنی لە بن دەستیەوە دەرهێنا و لەگەڵ كتێبە ڕەشەكە هەڵم گرت و چوومەوە لای بێزەواڵ، بەداخەوەم بۆ بێزۆی هاوڕێم سەیرم كرد نووزەی لەبەر بڕابوو، بێزۆ سیاناو هەر لەوێ گیانی بەرزی سپارد، دوایین شكانی دەنگی تەقە، یاری بە چارەنووسی نهێنییەكان و گەمەی كۆدەكانی كودەتا، لە كۆشك بۆ بەرژەوەندی شێمراز كۆتایی هات، شێمراز بە سانایی توانی دەست بەسەر كۆشك دابگرێ، لە جەنگی نێو كۆشكدا بەسەر چەتەكانی ئەستێرەی بازنەیی زاڵ بوو. چەتەكانی كوشتن و خوێن دوایین سەربازیان لە نێو كۆشك بە كوشتن دا، عەفلەق و كوڕە كەڕولاڵەكەی كوژران.
دواتر بە هەمان چەشنی کە بە مردنی جێفری ئیپستین ئاشکاربوونی نهینییەکانی ڕۆماننووس دەڵێ: منیش دۆسییەكەم بەهێمنی لە بن دەستیەوە دەرهێنا و لەگەڵ كتێبە ڕەشەكە هەڵم گرت. واتا تەنانەت بە خۆ کوشتن و یان مردنیشی نهێنییەکان و دۆسییەکان کە بەناوی کتێبی ڕەش ناوی بردووە دەکەوێتە دەستی نارسیس و ئاشکرا دەبێت.
زۆر وردەکاری دیکە لەناو ڕۆمانەکەدا هەن کە جێگەی هەڵوێستە لەسەر کردنن و دەتوانین بڵێین ڕۆماننووس لە ئەنجامی قووڵببونەوە و خوێندەوەی بۆ ڕەهەندە فەلسەفییەکان بەتایبەتیی لەبارەی دادایزمیی و پووچگەرایی بەو ئاکامانە گەیشتووە کە ئایندەی جیهان پێی دەگات و ئەو حەوت ساڵ پێش ئاشکرابوونی تاوانکارییەکانی دوورگەکەی ئەمریکا پێی گەیشتووە. بۆیە لە بەشی (١٧) هێرشی سوپا بۆ هەرێمی ئەشكەوت و چیایان… و لە لاپەڕە ٢٦٧ ی ڕۆمانەکە وردەکارییەکان بەمجۆرە دەخاتە ڕوو: سیخوڕی مەزن سەبارەت بەو گروپە و سەرهەڵدانی وای باس كرد كە كەسێكی بە ئەزموون لە كوشتن و لەناوبردن بونیادی ناوە، ئەوانە ساڵانێك لە نێو شار و لە ناوچەویەكی دیاری كراودا، لە نێو شاری فومەن ئەوانە مافیا و دەستەیەكی ڕەشی یاخیبوو بوون. ئەوانە برا و هاوخەباتی ئێمە بوون، بەر لە خەبات و شۆڕش بەیەكەوە لە ناوچەی سوڕەش دزیمان و تاڵانیمان دەكرد و ئاژاوەمان دەنایەوە، بازرگانیمان بە مادەی هۆشبەر و بە مرۆڤەوە دەكرد، سەری خەڵكمان دەبڕی، دەستدرێژیمان دەكردە سەر ژنان و سنگمان لە پیاوان دەبڕی، ئەم تاوانە لە ڕۆژئاوڤای کوردستانیش بینی کاتێک کە چەندین تاوان لەلایەن هێزەکانی سوریا کردیان بەرامبەرشەڕڤانان،بەڵام نێوان ئێمە و ئەوان درزی تێكەوت، پێكهەڵخشاین و لە یەكمان گیر كرد، ئەندامانی یەكترمان دەكوشت.
لەم ڕۆمانە و لە بەشی جێژی خوێن دڵشاد کاوانی باسی هەرێمێكی دابرڕاو و دورگەیەکی سەربەخۆ دەکات کە شارێکی دابڕاوە بەناوی ناوچەی سووڕەش. کە واتای ناوی لە ڕەنگی سووری خوێن کوشت وکوشتاری ماسۆنییەت و تاریکایی و ڕەشی دادایزمییەوە هاتووە. کە تێدا دەسترێژیی دەکرێتە سەر ژن و منداڵ و گەرەوە و بچووک. ئەم ناوچەیە لەلای کەسێکێ جوولەکە بەناوی سیخووڕی باڵا کە ناوی بە خاوەکێش و میخۆ جوو هاتووە بە نهێنی بەڕێوە دەبرێت.
سەبارەت بە باند و دەستەکە کە لە ڕۆمانی بەڕێگاوە خواردنی گوشتی مردوو و دەست و قاچ و بازوو و خوێن فڕکردن لەوێ ڕەوایە و ئولفەتیان پێوە گرتووە. لەهەمان بەش و لە لاپەڕە (٢٨٠) لەسەر زاری ئۆدیب بەم پەڕەگرافە دەچێتە ناو وردەکاریی ڕوودەوەکان و دەنووسێت:
هەر كاتێ ئاژیری لێ دەدا و چرا ڕۆنییەكان دەكوژاندەوە و دواتر پێیان دەكردنەوە، دەبوایە بچین بۆ هۆڵی مەرگ ئەو هۆڵەی جێگای مەراسیمی پەرستش بوو، لەوێ كورسییەكی تەنیا داندرا بوو، لە بەرزاییەك ئۆدیب وەك شا دادەنیشت دەبوایە ئێمە و سەرجەم ئەندامانی گروپەكە لەو مەڕاسیمە بەشداربین. سەرەتا قوربانییەكیان دەهێنا لە بەردەم ئۆدیب بە ئازار دەیانكوشت، كوشتنەكان جیاواز بوون قوربانییەكانیش جۆراو جۆر بوون. هەموو ڕەگەز و تەمەنێكی تێدا بوو، ژن، منداڵ، پیر، گەنج، پەككەوتە، شێت، عاقڵ، گەورە و بچووك، كۆك و پۆشتە و ڕووت و ڕەجاڵ. جۆری كوشتنەكەشیان بە دڵی سەرۆك بوو، هەندێك بە تەور و پاچە دەقڵیشان، هەندێكیان بە دەرزی هەموو گیانیان كون كون دەكردن. تا خوێن لە ئەعەزای لە شیانەوە فیچقەی دەكرد، بەشێكیان بە چەقۆ و سەربڕین و بە خاكەناس و بە تەور و چەقۆ و چەتاڵ، یا خود بە مقەست هەموو گیانیان لەت لەت دەكردن، یان ئەوەتا تیزاب خۆریان دەكردن هەموو گیانیان دەتلایەوە، یا ئەوتە مسی سووركراوەیان دەكردنە گەروو، ئەو مردنانەی كە هیچ جەلاد و پیاوكوژێك بە خەیاڵشیان نایێ. هەندێ جار بە دەكەس زیاتر دەكەوتنە گیانی كەسێك بە مووس و كەتەر تا هەموو گیانی دەبوو بە خوێن و گۆشتیان دادەماڵی، یان ئەوەتا پێنە ورگانێیان پێ دەكردن تا دەمردن.
هەروەتر لە ڕۆمانەکەدا هاتووە:
ڕاماڵینی پێست بە زیندوویی چاوان و نینۆكیان دەركێشان، دەم و لێو كەپو و گوێ بڕین، ڕۆژێك پیاوێكیان هێنا زۆر گریا و پاڕایەوە، لموزی لە پێڵاوی سەرۆك دەخشاند، دەگریا شین و شەپۆڕی دەكرد، نووزایەوە: سەرۆك دەستم بە دامێنت من خاوەنی نۆ منداڵم بەزەییتان بە من یان بە منداڵەكانم دابێتەوە. سەیرم كرد سەرۆك ئۆدیب چاوی پربوو لە فرمێسك، قورماندی: ئەوا من لە كوشتنت چاوپۆشیم كرد و شانسێكت پێ دەدەم. فەرمانیدا: مەیكوژن تەنیا خوترە تەپەی بكەن. نە من و نە قوربانییەكە نەماندەزانی خوترە تەپە چییە؟ بەڵام مێناز یەكەم كوشتن بوو سەری بخاتە لاوە بە چاوی خۆم بینیم پانتۆڵی كابرای داماویان هێنایە خوارەوە گەڵ و گونیان خستە سەر كۆتكێك و بە هەموو هورووژمییەوە كابرای جەلادی قۆڵ و باسك ئەستوور، كوتكێكی سەر ئاسنی بەرز كردەوە كێشای بە گونی كابرا، لە بڕی ئەو قەلەندەرە من ژانە سکم گرت، ئەو بەستەزمانە هاواری لێ هەڵسا دەیقیڕاند، وەك گا دەیبۆڕاند، چوار دەستە بردیانە دەرەوە، باوەڕناكەم هەڵی مانەوەی لە ژیانی بۆ ڕەخسابێ. من لێتان ناشارمەوە ئەو ماوەی لە نێو چەتەكانی ئەشكەوت و عاشقانی خوێن ئەوەندەم خوێن خواردەوە ڕۆنببووم، ئەوەندەم گۆشتی قۆڵ باسكی پیاو پشت و ڕان و مەمكی ئافرەت و سەر و پێی منداڵانم خوارد وەك گورگم لێهاتبوو.
تووشی نكرۆفیلیا و نكرۆفلوجیا و سادیستی ببووم، هیچ هەستێكی مرۆڤ بوونم نەما وەك وەحشی و دڕندە بووم، سەرەتا دەمویست مرۆڤ بم هیچێك لەو كارانە نەكەم كە ئەوان دەیانكرد، بەڵام هەر لە سەرەتاوە بینیم چەند كەسێكیان گرت بە زیندوویی چاوان گەز و قەپیان لێ دەگرتن، گوایە سیخوڕن چونكە لە گنخاوی خوێن و خواردنی گۆشتی مرۆڤ سڵەمینەتەوە. من بەتەواوی وەرس و بێزار ببووم، هەموو شەوێك ئەو شتانەی دەمخوارد دەمهێنایەوە لە هەر گۆشت خواردنێك دەچووم خۆم دەڕشاندەوە و هێڵنجم دەدا.
نووسەر هەرسێ ئەفسانەی (نارسیس و ئۆدیب، ئەلیکترا) ی لەڕۆمانەکەدا بە شێوازێک سەرنج ڕاکێش مەزراندۆتەوە کە تەنانەت پەیوەندی خوێنی لەنێوان کاراکتەری (نارسیس و ئۆدیب) دروست کردووە.
لایەنێکی تری ئەو ڕۆمانە سادستیە، کە سادیزم: لە دەروونزانی دا نەخۆشیەکە کەسەکان وا لێدەکات حەز بە ئازاردانی دەروونی ئەوانی تر بکەن، هەروەها لە نێو ڕۆمانکەدا باس لە چەند گروپێکی توندڕەو و تاوانکار دەکات، یەکێک لەو گروپانە هاوشێوەی گروپی توندڕەوی داعش ئەهاتنە بەرچاوم، کە جگە لە جیهاد و خوێنڕێژی هیچ ئامانجێکیان نەبوو، ئەو شەڕەی فەڵەستین و ئیسڕائیل، ئەو شەڕە و پێکدانانەی نێوان ئاینەکان و گروپەکانی بیر خستمەوە کە لە نێو ڕۆمانەکەدا یەکێک لە گروپە توندڕەوەکان کە هەڵگری فکری مانسۆنییەت بوون لە لایەن سێ سەرکردەوە ئەوانیش( تۆماس، ئۆدیب، مێخۆی جولەک) سەرکردایەتی دەکران،گروپێکی ئیسلامی تریان لەلایەن (نارسیس، شێمراز، بێزواڵ) سەرکردایەتی دەکران و هەوڵیان ئەدا بە تونێلەکان بگەن بە کۆشکی سەرکردایەتی و نهێنییەکان، ئەم گروپانە شەڕو ئاژاوە و کوشتارێکی زۆر دەنێنەوە و خوێنی چەندین بێ تاوان لەم نێوەندە دەڕێژن لەنێویاندا منداڵ و ژن وکەسانی بەتەمەن.
ئەوەی ڕۆمانی بە ڕێگاوەی خوێندبێتەوە ئەوە دەزانێت ئەم ڕۆمانە پڕە لە نهێنیی و کۆد و ڕەمزی سەرسووڕهێنەر، کە دەتوانین بڵێین تا ڕادەیەکی زۆر نووسەر پیشی ڕووداوەکان کەوتووە و ڕەنگە لە ئایندە شتی چاوەڕوانەکراوی دیکەمان پێ ئاشنا بکات تەنیا ئەوەی پێویستە دەبێت تووێژەران وردتر لەسەر دەق و ڕووداوەکانی نێو ئە ڕۆمانە بوەستن، گەر نووسەری ئەو ڕۆمانە کورد نەبوایە ئەوە لە دنیادا تەقینەوەیەکی گەورەتری بەدوای خۆیدا دەهێنا.
سەرچاوە:
دڵشاد کاوانی ڕۆمانی بەڕێگاوە چاپی ٢٠٢٠ چابخانەی جەنگەڵ تاران.
ڕۆمانى بەڕێگاوە وەک ڕۆمانى پێشبیناکار خوێندەوەیەک بۆ ڕۆمانی (بەڕێگاوە)ی دڵشاد کاوانی. ڕۆژنامەی هەولێر. بەرواری ٣٠/١/٢٠٢٤ سهروهر حمدامین.
ئافرەت لەبزوتنەوەی ڕزگاریخوازی هۆزی هەمەوەنددا.. نووسینی: محەمەد سۆران
دیارترین دیاردەی بزوتنەوەی هەمەوەند کە سەرنجی مێژوونووسان و سیاسەتمەدارانی بێگانە و بیانی ڕاکێشابێت ، ئەوەیە کە ئافرەت باڵادەستییەکی سەرەکی هەبوو لەم بزوتنەوەیەدا ئەم ڕاستیە لە دوو خاڵدا ڕوونی دەکەینەوە.
١- زۆر سەیر و سەمەرەیە ئەمڕۆ لەکوردستانی ڕزگارکراوی باشوور دەیان ڕێکخراو و سەنتەری ژنان و ئافرەتانی باڵادەست هەن ، کەچی نەم دی ڕۆژێک لەڕۆژان ڕۆڵی گرنگی ئافرەتی ئەم هۆزە بخەنە نێو پڕۆگرامی توێژینەوە و باسی لەسەر کرابێت ، نەک وەک پڕوپاگەندە بۆ ئەم هۆزە ، بەڵکو بۆ بەرز بوونەوە و زیادکردنی بەهای ڕۆڵی ئافرەتی کورد لەبزوتنەوەی کوردایەتی وەک میللەتانی دی کەوا مێژوویی بزوتنەوەی ئافرەتان دەبەستنەوە بەڕۆژانی مێژوو و چالاکییەکانیان لەژییانەوە و ژیانی گەلەکەیاندا.
٢- ئەگەر بەچاوی توێژینەوەیەکی زانستی و بەبێلایەنی لێکی بدەینەوە ، دەردەکەوێت لەمێژووی کۆمەڵایەتی کوردایەتیدا دەست نیشانی دەیان ئافرەتیان کردووە ، کەوا قورسایی خۆیان هەبووبێت ، بەڵام لەلایەنێکی ترەوە دەبینین بەئاشکراو وەک راستیەکی حاشاهەڵنەگر لەهیچ کام لەشۆڕشە نەبەزەکانی کورد لەسەرانسەری کوردستاندا هەر لەسەرەتاوە هەتا ئێستا ئەگەر بزوتنەوەی قارەمانانەکەی کوردی باکوری کوردستانی لێدەربکەین کە ئافرەت ڕۆڵێکی زۆر بەرچاوی هەیە. هیچ شۆڕشێکی ڕزگاریخوازی کورد وەک ئەوەی هەمەوەند ڕۆڵ و قورسایی ئافرەتی بەخۆیەوە نەبینیوە. ئەم بیر و ڕایە نووسەرانی بیانی زۆر دووپاتیدەکەنەوە.
مێجەرسۆن لە کتێبەکەیدا ڕوونی دەکاتەوە و دەڵێت : ئافرەتی هەمەوەند بەشداری شەڕی خۆپاراستنن ، چاکترین و بەهرەمەندترین چەکدارن ، سوارێکی شەڕکەری بێهاوتان.
هەروا جارێکیتر مێجەرسۆن بەمشێوەیە دووپاتیدەکاتەوە و دەڵێت : هەمەوەندەکان ئافرەتەکانیان لەجەنگدا لەگەڵ خۆیاندا بوون ؛ لەپشت گردەکان و بەردەکانەوە بوون.
وەک ئاشکرایە ئەمە بۆ دەنگی زەقی ئافرەتی کوردی هەمەوەند لەمەیدانی جەنگدا.
مەچەلەکێنەوە لەگوللەی جەندرمەی تورک هەرچەندە بناغەی دووەمی بزوتنەوەی کورد خۆی لەچوارچێوەی سیستەمی باج سەنین بوو ، ئەمەش بەجۆرێک بوو کە چەند مەرجێک جێبەجێدەکرا وەک :
بەهیچ جۆرێک ڕێگە بەئافرەت ناگرن هەرچەندە پارە و خشڵ و زێڕی زۆریشیان پێبێت. هەر لەسەر ئەم مەرجە دەیگڕنەوە کە جارێک کۆمەڵێک دەچنە خزمەت شێخ مەحمود ( شێخی نەمر ) بۆ سکاڵا دەڵێن : هەمەوەندەکان تاڵانیان کردین هەرچی پارە و زێڕ هەبوو لای فڵانە ژن بوو لێیان سەند ، شێخ مەحمودیش دەڵێت : بەگۆڕی کاک ئەحمەدی شێخ هەمەوەند نەیکردووە چونکە هەمەوەند خوورەوەشتیان ڕێگایان نادات ژن ڕووت بکەنەوە و لای هەر ژنێک خشڵ هەبێت پارێزراوە.
لەخاکی موسوڵمانان هەتا لەنێو شارانی تری کوردا بەدەگمەن هەرنەبوو لەسنوری خۆیان لادەدەن بەنیسبەت ئافرەت.
لەبواری ڕێزگرتنی پایەی بەرزی ئافرەت و جۆری مامەڵەی جەنگاوەرانی هەمەوەند لەگەڵ ئافرەت ، مامۆستای خوالێخۆشبوو تۆفێق وەهبیش ئەم راستییە دووپاتدەکاتەوە و دەڵێت : ومن اهم اخلاقهم عدم تعرضهم للنساء وقاطبة وان كان يحملن الذهب والجواهر ، وقد اشتهروا بنظافة الملبس.
واتا : لەڕەوەشتیان بەهیچ جۆرێک نابێت توخنی ئافرەت بکەون ئەگەر زێڕ و گەوهەریشیان پێبێت.
لەگەڵ ئەوەشدا دەبینین ڕۆڵی ئافرەتی هەمەوەند لەبەشداری جەنگ و شەڕدا زۆر ئاشکرایە ، بەجۆرێک بەشداری شەڕ بێت لەگەڵ برا جەنگاوەرەکان شان بەشان و یاخود دەستی یارمەتی و پشتگیری بووبێت. وەک دەیگێڕنەوە ورەی پۆڵاینیان بە بەرۆکی سوارەکاندا کردووە و بەدەنگی بەرزەوە ئەم هۆنراوەیان وتووەتەوە :
سواری ترتان بۆ هات
بە بەرگی پۆڵاوە
بەتیرئەی سعن مەل بەحەواوە.
ئەم راستییەی سەرەوە مامۆستا پیرەمێردی خوالێخۆشبوو زۆر بەجوانی دوپاتیدەکاتەوە لەم هۆنراوە نایابەدا :
ئەوسا کە جوامێر دەنگی دلێر بوو
تیپی هەمەوەند ژنیشیان شێر بوو.
جەهان خان کە بە جەهانە ڕەش ناسراو بووە ، یەکێک بووە لەو ژنانەی کە سەرکردایەتی سەت سواری هەمەوەندی کردووە. حاجی سەیاحیش لەنووسین و یادەوەرییەکانیدا باسی ڕۆیشتنی خۆی بۆ قەسری شیرین و ماڵی جوامێر دەکات. لەبارەی کچەکەیەوە دەڵێت : دخترش با صد سوار حاضر بجنگ ميشود.
واتا : کچەکەی جوامێر بە سەت سوارەوە ئامادەیە بۆ شەڕ.
جمال بابان لە باسێکدا ناوی سێ ژنی هەمەوەندی هێناوە ، ئاهوی کچی عەول قادری ڕێحانی سێتەبەسەر ، فەقێ پیرۆزەی خاڵە ، جەهان کچی جوامێر. ئەم ژنانە لەگوێ بڕینی یەک تابور جەندرمەی عوسمانیدا بەشدارییان کردووە ، پاشان ئەم تابورە ناونرا تابوری گوێ بڕاو.
خۆمیش لە دێڕە شیعرێکدا دەڵێم :
ژنیش وەک پیاو شۆڕش دەکات لە سنە و کرماشانەوە
هەمەوەندیش گشت هاتە دەنگ وتیان بەسە چەوسانەوە.
ئەو کۆمەڵە ژنە شۆڕشگێڕانەی کە لەسەرەتای بزوتنەوە هۆزی هەمەوەند بۆ بەرهەڵستی حکومەتی عوسمانی یاخود فارسی داگیرکەر ساڵی ١٧٨٧ هەر یەکێکیان سەرپەرشتیکەری کۆمەڵێک بوون لەژن و لەپیاو شان بەشانی تێکڕای جەنگاوەران. وەک :
١- لەپێشەنگی شەڕ بێ جیاوازی.
٢- ورە بەرزکردنەوەی شەڕکەران.
٣- گواستنەوەی بریندار و کوژراوەکان بوو لەپێشەنگی شەڕدا.
ئەمە بەشێکی بچووکە لەو قارەمانێتیانەی ئافرەتانی هۆزی هەمەوەند. ئەگەر توێژەران و مێژوو نووسان لێکۆڵینەوەی زیاتر بکەن بەڵگەنامەی زیاتر دەست دەکەوێت لەسەر خەباتی ئافرەت لەهۆزی هەمەوەنددا.
سەرچاوەکان :
١- کەریم ئاغای هەمەوەند ، هۆزی هەمەوەند و بزوتنەوەی ڕزگاریخوای کوردایەتی ، چاپی یەکەم ٢٠١٠ .
٢- سەرتیپ محەمەد ئەمین ، هەمەوەند لەسەردەمی دەوڵەتی عوسمانیدا ، چاپی یەکەم ٢٠٠٨ .
٣- جمال بابان ، گۆڤاری ڕۆشنبیری نوێ ، ئاوڕێک لەمێژووی هەمەوەند ، بەغداد ، ساڵی ١٩٨٧ . ژمارە ١١٤ .
تێکچووی گێژاو.. کەنعان مەدحەت
با خۆیی لێ کردووم بە شوان
شەپۆل وێنەی پەز
لەبەر دەدا
شکم لێ نییە
تەنها تێکچووی گێژاو بووبێتم
وەیان هاژو وژی زەریا
چلۆن بە باعە باعی ڕانەمەڕ
تەشبی بکرێ و
بشچێتە سەر ؟
سەرتاسەری ئاڵۆزستان
بە نیازی ڕاستکردنەوە
سەروقنگ لە قاڵب
جێکراوە
پرس ئەوە نییە
کەی بەرهەمی کەڕوو گرتە
لەناو ببەن
ئەوانەی لێی دەنێن
ئەوانەی لێی
دەنێن
لێی ..
هاوارێک لەپێناو ژیان و شکاندنی بێدەنگی
بەیاننامەیەک بۆ ڕای گشتی و ویژدانی مرۆڤایەتی
لە کاتێکدا کە دیمەنە تراژیدییەکانی (باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا) و شەپۆلی ناڕەزایەتییەکانی (ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران)، لاپەڕەیەکی دیکەی خوێناوی لە مێژووی ناوچەکەدا دەکەنەوە؛ ئێمە وەک کۆمەڵێک ناوەند و ڕێکخراوی ڕۆشنبیری، ئەدەبی و هونەریی کورد لە تاراوگە، ناتوانین لە ئاست ئەم پێشێلکارییە زەقانەی مافی مرۆڤدا بێدەنگی هەڵبژێرین.
ئەوەی ئەمڕۆ ڕوو دەدات، تەنها ڕووداوی سیاسی نین، بەڵکو برینێکی قووڵن لە جەستەی مرۆڤایەتیدا. بەتایبەت ئەو فەتوا تاریکپەرستانەیەی لەلایەن (وەزارەتی ئەوقافی سووریا)ەوە دەرچووە، کە تێیدا ڕشتنی خوێنی کورد بە ڕەوا دەزانێت؛ ئەمە زەنگێکی مەترسیدارە بۆ هاندانی دووبەرەکی و گەڕانەوە بۆ سەردەمی بە بەربەرییەتکردنی ئایین لە دژی نەتەوەیەک. هاوکات، ئەو دیمەنە تۆقێنەرانەی لە شارە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەبینرێن، ئەو سەرکوتکارییە بێبەزەییانەی دەرهەق بە دەنگی ئازاد و خۆپیشاندەران دەکرێن، ویژدانی ئێمەی نووسەر و هونەرمەندی هەژاندووە.
قەڵەمەکانی ئێمە، ئەمڕۆ مەرەکەبیان لێ ناتکێت، بەڵکو خوێنی ئازار و برینەکانی گەلێکی بێ پشت و پەنای لێ دەچۆڕێت. وشەکانمان بۆنی دووکەڵی کۆڕەو و ئاوارەیی و هەناسەی ساردی منداڵانی کوردیان لێ دێت. هاوارمان، دەنگدانەوەی زایەڵەی ئەو نەوە بێدەرەتانانەیە کە لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات، لەنێوان بەرداشی شەڕ و ستەمدا هاڕدراون.
ئەم پەیامەی ئێمە، بانگەوازێکی کراوە و بەپەلەیە بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، بۆ ڕێکخراوە مرۆڤدۆستەکان و پارێزەرانی مافی مرۆڤ. ئێمە دەپرسین: ئێوە لە کوێن؟ ئایا چاوەکانتان نابینن و گوێیەکانتان نابیستن کە چۆن ژن و منداڵ و پیری کورد قڕ دەکرێن؟ ئەو ڕایەڵە باریکەی لەنێوان شەڕ و ئاشتی، لەنێوان کۆیلایەتی و ئازادیدا مابووەوە، خەریکە دەپچڕێت.
ئێمە داواکارین بە زووترین کات “پردێکی مرۆیی” دروست بکرێت. داوا لە هەموو لایەکی ئاشتیخواز و ئازادیخواز دەکەین، بە ویژدانەوە بێنە دەنگ و سنوورێک بۆ ئەم هەموو هەمەجییەت و وێرانکارییە دابنێن. بێدەنگی لە ئاست ئەم تاوانانەدا، بەشدارییە لە کوشتنی هەستی مرۆڤایەتی.
با پێکەوە کار بکەین بۆ سڕینەوەی دنیای تاریکی و شەڕ، بۆ گەڕاندنەوەی هیوا و ئاشتی.
بژی ئاشتی… بژی ئازادی… بەرقەرار بێت شکۆی مرۆڤ.
ناوەند و ڕێکخراوە واژۆکەرەکان:
١ – فيدراسينین نووسەرانی کوردستان – المهجر
٢ – ناوەندی پێنی کوردی ( Kurdish Pen )
٣ – يەکێتی نووسەرانی کورد – سويد
٤- گروپی هونەرمەندانی کورد لە سويد
٥ – ماڵی کورد لە ناوچەی تۆرينتۆی گەورە
٦- کۆمەڵەی رۆژئاوی کورد لە کەنەدا
٧ – ماڵی کورد لە کۆلۆمبيای بەريتانيا
٨ – مالی کورد لە کالجاری – کەنەدا
٩ – کۆنگرەی نيشتيمانی کوردی لە ئامريکای باکوور KNC
١٠ – Foundation Kurda Democratic Federation of Kenada
١١ – ماڵی کوردی ڕەوەندی کوردی
١٢ – Foundation Kurda Du Quebec
١٣ – ماڵی کورد لە Saskatchewan
١٤ – يەکێتی گشتی نووسەران و ڕۆژنامەنووسانی کورد لە سوريا . ئەڵمانيا
١٥ – نووسەرانی کورد سوريا لە ئەڵمانيا
١٦ – يەکێتی نووسەرانی کورد لە سوريا. ئەڵمانيا
١٧ – Gesellschaft fUr deutsch- kurdische Freundschaft e. v
١٨ – کۆمەڵێ نووسر و ڕۆژنامەنووسی کورد لە رووسيا و وڵاتانی قەوقاس…
ئیسلامی سیاسی وەک پڕۆژەی دژ بە نەتەوە.. ئەیوب ئەحمەد قادر
بە گەڕانەوە بۆ مێژوو و مێژووی ئیسلام لەناو کورد، ئەو وێنەیەمان دەست دەکەوێت، کە کورد دوای ئەوەی کراوە بە موسلمان وردە وردە هەوڵیداوە ئەم ئایینە لەگەڵ فەزای کولتووری و نەتەوەیی خۆی بگونجێنێت. ئەو باسانەی لەبارەی ئەوەی کورد نەیتوانیوە سوود لە ئایینی ئیسلام بۆ بەرژەوەندی نەتەوەیی خۆی وەربگرێت، تا ڕادەیەک ڕاستی تێدایە، بەڵام لەوبارەیەشەوە بێخەم دانەنیشتووە. واتە کورد هەوڵیداوە بیروباوەڕ و کولتوور و ناسنامەی نەتەوەیی خۆی تێکەڵ بە ئایینی ئیسلام بکات و جۆرێک لە ئیسلامی میللییانە دروست بکات. واتە بە تێگەیشتنێکی خۆماڵیانە ئەرک و واجبەکانی ئایین جێبەجێ دەکات. بۆیەیش دەبینین لە زۆر قۆناغی مێژووییدا پیاوە نەتەوەییەکانمان ویستوویانە لە دەرگای ئایینەوە بچنە ژوورەوە و خەڵک هوشیار بکەنەوە. ۆربەی گوتاری مەلاکانیش لەم خولگەیەدا بوون و لە ئاستێكی باڵاتری دینی میللی پتر ڕەوتێكی سۆفیگەری و عیرفانی بووە ناو کۆمەڵگەی کوردیدا. لەبەرئەوە لە قۆناغی پێش دەرکەوتنی خوێندنی ڕەسمی، زۆربەی هەرە زۆری سیاسی و شاعیر و کەسایەتییە خوێندەوارەکانی کورد دەرچووی ئەم حوجرانە بوون کە لە مزگەوت و تەکیە و خانەقاکان هەبوون. بۆیە میراتگری دیوە ڕەسمییەکەی ئەم جۆرە نوسخەی ئیسلام لە کوردستان پتر یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامە، لە دامەزراندنییەوە تاکو ئێستا سەرۆکەکانی دەرچووی ئەم حوجرانەن، بە دەگمەن تێکەڵاوی ئیسلامی تر نین. دەبینین شێخ سەعیدی پیران، سەید ڕەزا و شێخ ئەحمەدی بارزان و چەندان ناوداری دیکە جۆرێک لەم هەوڵەیان هەبووە.
لە دوای شکستی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بە گشتی جۆرێک لە ئیسلامی دروست دەبێت، دەبێتە ئیسلامییەکی حیزبی. ئەم جۆرە ئیسلامییە بە ئیسلامی سیاسی ناو دەبرێت. ئەم ئیسلامییە گوتارێکی تەواو ئایدیۆلۆژی و جیهادی هەیە. واتە لە پشت هەر حیزبێکی ئیسلامی، یان ئیسلامییەکی سیاسی، ئامانجێکی سیاسی دیاریکراو هەیە، دەیەوێت لە ڕێگەی ئایینی ئیسلامەوە بگاتە بە کورسی دەسەڵات و یەکەم هەنگاویشی کارکردنە لەبارەی دەروون و هەستی خەڵکی ئاسایی و سادە. ئەم گرووپ و حیزبانەیش لە ڕێگای کەناڵی ڕادیۆ و تەلەفزیۆن، مزگەوتەکان و سۆشیالمیدیا و کۆی ئامرازەکانی تر دەیانەوێت گوتاری خۆیان بڵاو بکەنەوە. لێرەدا تاکە بەربەست لەبەردەم پڕۆژەی ئیسلامی سیاسی بریتییە لە پرسی نەتەوە. بۆیەیش دەبینین ئەوان لە بەرانبەر هەموو ئەو کارەساتانەی بەسەر هاونەتەوەکانیان لە پارچەکانی تری کوردستان دێت بێدەنگن، یان شەرمنانە قسە دەکەن. بەڵام بەرامبەر غەزە و میانمار و… شوێنەکانی تر هاوریان لێ هەڵدەستێت. ئامانج لەوەیش جوڵاندنی هەست و دەروونی خەڵکە لە ڕووی ئایینییەوە. دەبینین زۆرینەی کۆمەڵەکانی ئیسلامی سیاسی لە دەوری بیروباوەڕێکی ئایدۆلۆژی کۆدەبنەوە، کە سنووری نەتەوە دەبەزێنێت بە ئاڕاستەی نێونەتەوەیی لەسەر بنەمای باوەڕ بە ڕاستی سەرتاپاگیر و ڕەهای ئیسلام. لێرەوەیە کە کۆمەڵە ئیسلامییەکان شوناسی نەتەوەیی ڕەتدەکەنەوە و پێیان وایە بیری نەتەوەیی نامۆ و دژ بە ڕۆحی ئیسلامە، یەکێک لە ڕۆشنبیرەکانی ئەم ڕەوتە بەم شێوەیە پاساو بۆ ئەو هەڵوێستە دەهێنێتەوە “بیری نەتەوەیی کوردی ئەگەر چی دژ بە بیری نەتەوەیی عەرەبی و تورکی و فارسییە لە ئامانجدا، بەڵام هەر لەیەک سەرچاوەوە هەڵدەقوڵێت کە بیرێکی نا ئایینیی ڕۆژئاواییە و هەمان خەسڵەتی بیر و جووڵانەوە نەتەوەییەکانی عەرەب و تورکیا و فارسە. بۆیەیش بەرامبەر هێرشی هاوئایدیۆلۆژیاکانین لە گرووپە تیرۆرستییەکانی وەک ئەحمەد شەرع (جۆلانی) بێدەنگن. هەروەها بەردەوام کار لەبارەی ئەو موسلمانە نەتەوەییانە دەکەن، کە پشتگیری نەتەوەکەیانن، بە بیانووی ئەوەی ئەو پیاوە ئایینیە نەتەوەییانە لە ڕێبازی ئیسلام لایانداوە. بۆ نموونە بەردەوام هێرشێکی توند دەکرێتە سەر بەڕێز دکتۆر مورشید خەزنەوەی، گوایە تەوقە لەگەڵ پێشکەشکارێکی ئافرەت دەکات و ئەمە بە لادان لە شەریعەت دەزانن. بۆیەیش یەکێک لە سەرکردەکانی کۆمەڵی دادگەری هیوا دەخوازێت سیستەمێکی ئیسلامی ڕاستەقینە لە سوریا دامەزرێت، کە ڕوونە مەبەستی ئیسلامی سیاسییە، چونکە تاکە ئامانجی ئەوان گەیشتنە بە دەسەڵات، بۆ ئەم ئامانجەیش ئامادەن هەموو ڕێگایەک بگرنەبەر. وەک ئەوەی ئێستا بەرامبەر ڕۆژئاوای کوردستان دەیکەن، کە فەرمانێکە و ئامانجیان قڕکردنی نەتەوەیەکە، گوایە ئەوان لادەرن و دژی ئیسلام دەجوڵێنەوە، لە کاتێکدا هەر ئەم ئەحمەد شەرعە واژووری بۆ ئیسرائیل کردووە خاکی خۆی، لەپێناو دەسەڵات داوەتە ئیسرائیل. بۆیە دەبینین ئیسلامییە سیاسییەکان دژ بە هەر جوڵانەوەیەکی نەتەوەیین، دەبینین ئامادەن خۆپیشاندان بۆ غەزە و شوێنی دیکە بکەن، بەڵام ئامادە نین بۆ ئەو هێرش و کوشتوبڕەی بەرانبەر ڕۆژئاوای کوردستان دەکرێت هەڵوێست وەرگرن و تەنانەت بەشداری لە خۆپیشاندانەکان بکەن. واتە ئیسلامی سیاسی هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی پڕۆژەی نەتەوە و نەتەوەسازی لەبار ببات، بۆ ئەمەش تیرۆری فیکری و فیزیکی بەکار دەهێنێت، توندوتیژی دەکاتە تاکە ڕێگا. ئەحمەد شەرع وەک تیرۆرستێک ئامادەیە بۆ عرووبە و نەتەوەی عەرەب هەموو شتێک بکات، بەڵام ئامادە نییە دان بە مافەکانی گەلی کورد لە سوریادا بنێت. بەو هۆییەوە کە درگای فتوا و بریاردانی بۆ هەموو کەسێک کردۆتەوە، بە دەیان خوێندنەوە و رێبازی نوێی تێدا درووست بووە کە بێجگە لەوەی کە هیچکامیان یەکتریان قەبووڵ نیە تەنانەت دژی یەکترن.ب ۆ نموونە ئیخوانیزم لە ئیستادا دژی هێرشی ئیسرایلە بۆ سەر غەزە بەڵام سەلەفیزم بێدەنگ و بێخەیاڵە لە ئاست هەموو ڕووداوێک. ئەمە بۆ ڕووداوەکانی کوردستانیش هەر دروستە. کەواتە دەبێت هەموو تاکێکی کورد هوشیاربێتەوە، ئیسلامی سیاسی، پڕۆژەیەکە لەسەر بنەمای تیرۆر دامەزراوە و تاکە ئامانجیان لەناوبردنی پڕۆژەی نەتەوەسازییە.
ئەیوب ئەحمەد قادر
رۆڵی ژن لە ئاینی زەردەشتیدا، ڕۆژئاوا بە نموونە.. نووسینی: پشتیوان حەمە عەلی سابیر
ئاینی زەردەشتی یەکێکە لە کۆنترین فەلسەفە ئایینییەکانی مرۆڤایەتی، نەک تەنها لە ڕووی باوەرەوە، بەڵکو لە ڕووی بیرکردنەوەی کۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤیشەوە. یەکێک لە تایبەتمەندییە هەرە دیارەکانی ئەم ئاینە، یەکسانی و ڕێزگرتنی ژن و پیاوە. لە زەردەشتیەتدا، ژن مرۆڤێکی تەواوە؛ خاوەن ماف، بەرپرسیاری و هەڵبژاردنە، نەک مرۆڤێکی لاواز یان پاشکۆی پیاو.
فەلسەفەی زەردەشتی لە بنەڕەتدا لەسەر بیری باش، وتەی باش و کردەوەی باش دامەزراوە، و ئەم بنەما رەوشتیانە بۆ هەموو مرۆڤێکە، بێ جیاوازی نێر و مێ. لە باوەڕی زەردەشتیدا، مرۆڤ خۆی بەرپرسیارە بەرامبەر ڕێگای ژیانی خۆی؛ ژن و پیاو هەردووکیان دەتوانن ڕێگای ڕووناکی یان تاریکی هەڵبژێرن. ئەم تێگەیشتنە یەکسانخوازە، بنەمایەکی گرنگ بووە بۆ دروستکردنی وێنەی ژنێکی ئازا، خاوەن بیر و خاوەن بڕیار.
ئەم بیرکردنەوەیە بۆ چەندین سەدە لە ناو کەلتووری کوردیدا ماوەتەوە. بۆیە ژنی کورد، لە مێژوودا، هەمیشە هاوشانی پیاو بووە، نەک تەنها لە ناو خێزاندا ، بەڵکو لە ناو کۆمەڵگا، فەرمانڕەوایەتی، کار، شەڕ و بەرگریشدا. ژن لە کۆمەڵگای کوردیدا تەنها دایک و هاوسەر نەبووە، بەڵکو پارێزەری شەرف، خاک و ناسنامەیش بووە.
ئەمە وای کردووە ژنانی کورد زۆر جیاواز بن بەراورد بە ژنانی تر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؛ بۆ نموونە لە زۆر کۆمەڵگادا ژن پاشکۆ بووە ، کەچی ژن لە ناو کۆمەڵگای کوردیدا ژن پێشەنگ و پێشەوایە. ئەم پێشەنگ و پێشەوایەتیە بە شێوەیەکی بەرچاو لە مێژووی خەباتی کورد دا دەبینرێت، کە ژنان شانبەشانی پیاوان خەباتیان کردووە دژ بە داگیرکەران، بەشداری گەورەیان هەبووە، کاری رێکخستن و چەکداریانکردووە ، شەهیدبوونە و زیندانیکراون و لە سێدارە دراون..
لە سەردەمی نوێدا، ڕۆژئاوای کوردستان بووە بەرهەمێکی ڕوونی ئەم میراتە مێژووییە. لە شەڕی دژ بە داعش، بە تایبەتی لە کۆبانێ، ژنانی شەڕڤان نەک تەنها بەشدار بوون، بەڵکو بوونە هێزی سەرەکی بەرگری. کاتێک شەرەڤانێکی ئازای ژن دەبینیت بە چەکێکەوە ئەم وێنەیە تەنها هێمای شەڕکەرێک نیە و بەس؛ بەڵکو ئەمە ئەوە دەردەخات کە فەلسەفەیەک بوونی هەیە کە ژن و پیاو بە یەکسان دەبینێت و بە بیروباوەڕی یەکسان پەروەردەکردووە بۆ بەرگری لە ژیان.
لە ئێستاشدا، لە کاتێکدا تیرۆرستانی سەربە محمد جۆلانی و گرووپە توندڕەوەکان هێرش دەکەنە سەر ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و تاوانی جینۆساید ئەنجام دەدەن، ژنانی کورد دووبارە لە پێشەوەی شەڕدا وەستاون. ئەوان تەنها بەرگری لە خاک و خاڵک ناکەن، بەڵکو بەرگری لە فەلسەفەی ژیان، یەکسانی مرۆڤ و رێزی ژن دەکەن.
بەم شێوەیە، ڕۆڵی ژن لە ئاینی زەردەشتیدا تەنها بابەتێکی مێژوویی نییە؛ ڕاستییەکی زیندووە کە لە ڕۆژئاوا و لە ژیانی ژنی کورددا بەردەوامە. ژنی کورد، بە هۆی ئەم میراتە هزری و کەلتووریەوەیە ، نەک تەنها ژنێکی ئازادە، بەڵکو ژنێکی ئازایە؛ مرۆڤێک کە دەتوانێت ژیان دروست بکات، بەرگری بکات و مێژوو بنووسێتەوە.
نووسینی: پشتیوان حەمە عەلی سابیر
خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی (ماچی پێش مەرگ).. نووسینی: شێنێ مشیر
ڕۆمانی (ماچی پێش مەرگ) لەنووسینی نووسەری ئەمریکی ( ئیرا لوین)ە، لەلایەن (زانەر محمد)ەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی، کە بەزمانێکی سادە و وردو و بێ گرێ کاری وەرگێڕانی بۆ کردووە و لە دوو توێی (355) لاپەڕەدا و ساڵی (2019)، لەلایەن چاپخانەی (چوارچرا)ەوە چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
جۆری ڕۆمان:
ڕۆمانسی، نهێنی، تاوانکاریە و شوێنی ڕووداوەکان (ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا)یە و بەتایبەت شاری نیویۆرک.
دەروازە:
ڕۆمانەکە لە( سێ) بەش پێک هاتووە، کە لەهەربەشێکدا ڕووداوی چاوەڕواننەکراو ڕوو دەدات، و ئەمەش چێژی خوێندنەوە و تامەزرۆی بۆ زانینی ڕاستی ڕووداوەکان لای خوێنەر زیاتر دەکات.
کات:
لەگەڵ خوێندنەوەی ڕۆمانەکە نووسەر دەمانباتەوە ساڵی (1950) و ساڵانی دواتری سەدەی ڕابردوو، ئاشنامان دەکات بە هەڵسوکەوت و نەریت و ئەو گیروگرفتانەی لەو ڕۆژگارەدا تووشی کەسایەتیەکانی ناو ڕۆمانەکە دەبن.
زمان:
زمانی ڕۆمانەکە ئەدەبییە و لەکاتی خوێندنەوە خوێنەر لێی بێزار نابێت، و بەو وەرگێڕانە تایبەتەی بۆی کراوە چێژی خوێندنەوەی زیاترکردووە.
دیالۆگ:
ئەم ڕۆمانە سەرەڕای بوونی چەندین دیالۆگ لەنێوان کارەکتەرەکانی ڕۆمانەکە، بەڵام بەهێزترین دیالۆگەکان لەنێوان کارەکتەرە سەرەکییەکانی ڕۆمانەکەدایە، ئەوانیش (دۆرۆتی، ئالێن، ماریۆن، بکوژ).
کاتێک گوێبیستی هەواڵی مەرگی ئازیزێکمان دەبین ڕاستەوخۆ دەکەوینە دۆخێکی ناهەموارەوە، و بڕوامان نەکردووە ڕۆژێک دێت و بەجێمان دێڵێ و ئێمە لەژیان کردن بەردەوام دەبین. زۆرجار گوێبیستی ئەوە دەبین کە دەڵێن لەدوای مەرگی تۆ منیش ڕاستەوخۆ دەمرم و بەرگە ناگرم، بەڵام چی ڕوودەدات ئەگەر ئەو کەسەی کە بەرگەی مەرگی ئازیزێکی نەدەگرت خۆی نەخشەی کوشتنی داڕشتبێت؟ هێندە خۆشیدەویست لەکۆتا ماچی خۆشەویستیدا مەرگ دەکات بەدیاری بۆی.
وەڵامی ئەم پرسیارە دەکەینە دەروازەیەک بۆ چوونە ناو ڕۆمانی (ماچی پێش مەرگ)ەوە، لێرەوە ئاشنای کەسایەتیەکانی ناو ڕۆمانەکە دەبین.
دۆرۆتی کینگ شەیپ خەڵکی نیویۆرکە کچی سەرۆکی شەریکەی مسی کینگ شیپە، ئەم کچە نازدارە خوێندکاری زانکۆیە، و بەدڵ ئاشقی کوڕێک دەبێت. ناکۆکیەکانی خێزان و نەبوونی هەستی خۆشەویستی لەلایەن باوکی و خوشکەکانی زیاتر تامەزرۆیی بۆ خۆشەویستی زیاددەکات. بەجۆرێک تەنها کەمێک سۆز وای لێدەکات زیاتر وابەستەی بەڵێنە فریودەرەکانی خۆشەویستەکەی بێت. ئەمەش دەیکاتە هەڵەیەکی گەورەوە و دووگیان دەبێت و سەرەتای نەهامەتییەکانی دەست پێدەکات، چونکە کوڕەکە ئامادەنییە ببێتە باوک و بەرپرسیارێتی خێزان لەئەستۆ بگرێت ئەوەی لەدۆرۆتی دەوێت تەنها پارەو سەروەتەکەی باوکییەتی نەک منداڵێک. بۆ ڕزگاربوون لەم عەشقە زۆر بەووردی پلانی کوشتنی دۆرۆتی دادەنێت بەجۆرێک بچووکترین شوێنەوار لەدوای خۆی بەجێنەهێڵێت.
کاتێک پێش مردن بە ماچێک مەرگ دەکاتە دیاری بۆ ئازیزترین کەسی ژیانی، ئایا دۆرۆتی دەمرێت….؟
ئایا بکوژ هەروا بەئاسانی دەتوانێت درێژە بەژیانی خۆی بدات و بەبێ ئازاری ویژدان بژی؟ کاتێک شانازی بەخۆیەوە دەکرد و هەندێک کات لەئاوێنە سەیری خۆی دەکرد و دەیوت: (بەڵێ، توانیم لەدەست یاسا خۆم دەرباز بکەم). (لەوەی تا ئێستا هیچ سامانێکم دەستنەکەوتووە، داخ ناخۆم. هێشتا دەرفەتی زۆرم لەبەر دەستایە و تەمەنم تەنیا بیست و چوار ساڵە).
ئەم بکوژە چاوی تەماحی لەسەر خێزانی (کینگ شیپ) لانادات و بەردەوام دەبێت لەداڕشتنی نەخشەکانی بۆ گەیشتن بە سەروەت و سامانی ئەم خێزانە. ئایا دەتوانێت بگات بەخەونەکەی و دەست بەسەر سامانەکەیاندا بگرێت؟ ئایا کچەکانی دیکەی خێزانەکە تووشی مەترسی دەکات؟
لێرەوە نووسەر زیاتر تامەزرۆی خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە نهێنییەمان دەکات. وامان لێدەکات بەدوای ناو و وردەکارییەکانی بکوژدا بگەڕێین، ڕۆڵی ئەفسەرێکی پشکنەرمان دەداتێ کە گومان دەکەین لەو کەسایەتییانەی دیکەی ناو ڕووداوەکان و بچوکترین سەرەداو وون نەکەین تاوەکو بکوژ بدۆزینەوە.
خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە گرنگە بۆ ئەو کچ و کوڕانەی کە دەچنە قۆناغێکی نوێی خوێندنەوە و دەرگای ئازادی زیاتر بەڕویاندا دەکرێتەوە و تا ڕادەیەکی زۆر بەرکەوتنیان لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەردا زیاد دەکات. گرنگە بزانن بۆ دەچنە زانکۆ ئایا زانکۆ ناوەندێکە بۆ ڕۆشنبیری و بەرزکردنەوەی ئاستی زانیاری؟ یاخود شوێنێکە بۆ بەسەربردنی کات و مۆدێل و قسەی بێسوود؟.
نووسەر لەڕۆمانی (ماچی پێش مەرگ) باس لەکێشەو گیروگرفتەکانی خێزان دەکات لەساڵی (1950)، کاتێک کچێک بەهۆی نەبوونی سۆز و خۆشەویستی لەناو خێزانەکەیدا ناچارە ئەو بۆشاییەی لەدەروونیدا دروستبووە، لەڕێگەی کوڕێکەوە پڕبکاتەوە کە بۆ سامانەکەی دەیەوێت. دەزانێت ئەگەر باوکی ئاگاداری دووگیانییەکەی ببێت ئیتر بەکچی خۆی نازانێت و بێبەشی دەکات لەسەروەت و سامان. نەبوونی کەسێکی دڵسۆز کە گوێ بۆ ئازارەکانی بگرێت، و ڕێگەچارەیەکی پیشان بدات تاوەکو لە مەرگ ڕزگاری بێت. بەهەڵە سوود وەرگرتن لەو ئازادییەی بەدەستی هێناوە لەدەرەوەی خێزانەکەی.
ئەگەر ئەمە کێشەکانی کۆمەڵگەی (ئەمریکا) بێت لە (75) ساڵ پێش ئێستا کە لەڕۆژگاری ئێستادا ڕێژەی تاوان زۆر زیاتری کردووە، ئەی دەبێت وڵاتە تازەپێگەیشتووەکان چۆنبن؟
ڕوداوەکانی ناو ڕۆمانەکە لەگەڵ دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان تاڕادەیەک گونجاوە، چونکە لەدوای ئەو ئازادییەی لە هەرێم بەدەستهاتووە وهەنگاو هەنگاو تێگەشتنی مرۆڤی کورد گۆڕاوە، بەداخەوە بەبێ بوونی زانیاری سەرەتایی لەسەر ئامێرە زیرەکەکان و تەکنەلۆژیا و بەبێ بوونی هیچ سانسۆڕێک بۆ بەکارهێنان بەپێی تەمەنەکان، دەرگای بەڕووی هەموو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا کردەوە و بەجێی ئەوەی سوودی هەبێت بووە هۆی زیادبوونی تاوان و هەڵوەشاندنەوەی خێزانەکان و کوشتنی کچان. بۆیە پێویستە خێزانەکان ئاگاداری پەروەردەی منداڵەکانیانبن لەسۆز و خۆشەویستی خێزان بێبەشیان نەکەن.
من موریدی تەریقەتی کوردایەتیم.. شەماڵ بارەوانی
من موریدی تەریقەتی کوردایەتیم
سەر به دەمار و خوێنی مەردایەتیم
دەستێکم پەتەکەی ملی قازی نەمرە
دەستەکەیترم ئاگری سەرکەوتنی کاوەی ئاسنگره
پێشم باشوور و پشتم باکوورە
شعووری کوردایەتیم هێندە گەرمە
ڕێک دەڵێی کورەی تەندورە
لای ڕاستم ڕۆژهەڵات و لای چەپم ڕۆژئاوایە
لە نوسینەوەی خەریتەی خەونی کورد
خوداش لە بەرەی ئێمە دایە
من خۆڕاگری لەیلا قاسم و
ڕۆڵەی حەپسەخانی نەقیبم
سوێندەکەی لەیلا زانا و
کوردستان یان نەمانەکەی ناو سردوی ئەی ڕەقیم
من لە نەسلی سەید ڕەزا و بەرخودانی شێخ سەعیدم
من بڵێسەی شۆڕشی بارزان و کوڕی مەزلوم عەبدی عەگیدم
من تاڵەموێکی ڕیشی مامە ڕیشەم
کوردایەتی بوەتە پیشەم
من نەخشەی کوردستانی گەورە و یەکبونی کوردانم
من گەریلام، من پێشمەرگەم من شەڕڤانم
شەماڵ بارەوانی
بەردەڕەش/٢٠٢٦/١/٢٩
هێــرش بەرن.. شیعری نەوشیروان ئازاد
چاوەڕێی چین ،
هێرش بەرن،
تادەگەنە قەڵای ستەم،
ئەی تەواری چنگ بەخوێن و ،
بازی تەریو ،
لەئاشیانەی ،زوڵم و ستەم ..،
کەڕو کاس بن لەبەردەمی ،
فڕو فیشاڵی ژەنگ گرتوو ..
هێرش بەرن لەچوارلاوە..
لەهەرلایەک هەنگاو بنێن …
دودڵ مەبن
دڵنیابن …
هەردەگەنە..
کچە شەڕڤانی ڕۆژئاوا
نەوشیروان ئازاد
21/1/2026
کتێبی دونیای ئەدەب ژمارە ٢
سیخوڕی نێودەوڵەتی لە بەرگی مەلادا.. وەستا مەحمود ئاراز
بەدرئژایی مێژوو وڵاتان ڕێگاو شێوازو کەسایەتی و پیشەی جیاوازیان بەکارهێناوە بۆ سیخوڕی کردن بەسەر نەیارانیاندا.
ئەوەی لەم چەند ساڵەی دواییدا تێبینی کراوە. ئەوەیە دوژمنانی کورد وەک ئێران و تورکیاو هەندێک وڵاتی عەڕەبی کۆمەڵێک کادیری سیخوڕی خۆیان پێگەیاندووە کە لە ژێر پۆشاکی مەلای ئایینیدا خزمەت بە ئەو وڵاتانە بکەن.
ئەو جۆرە مەلایانە نەک ڕێژەیان گەلێک زۆرە، بەڵکو پێموایە ڕێژەی نیوەی مەلاکانی کورد دروستکراوو پەروەردەی دەستی دەزگا هەواڵگریەکانی دوژمنن. لەوانە نموونەی د.عەلی قەرەداغی سەرۆکی زانایانی ئیسلامی جیهان. مەلا مەزهەر، مەلا هەڵۆ، مەلا عبدلحمید کوڕی پاک، و کەسێکیتر بەناوی مەلا سەفەرو زۆریتر.
ئەم ڕێگایە بۆ دوژمن زۆر ئاسانە، چونکە ئەو مەلایانە پێشتر سیخوڕی دوژمن بوون، بەڵام وڵاتانی دوژمن لەناو سیخوڕەکانیاندا کۆمەڵێک کەسی زیرەک هەڵدەبژێرن و دەیاننێرن بۆ تەواوکردنی کۆلێژی شەریعەتی ئیسلام و دەبێت شارەزایی تەواویان هەبێت لەسەر ئیسلام و خوێندنی مەلایەتی تەواو بکەن. قۆناغی دووەم بە دابینکردنی پارەیەکی زەبەلاح بۆ میدیای کوردی، کار دەکەن بۆ مێشک شووشتنەوەی کۆمەڵگای کوردی (غەسل دەماغ) بەجۆرێک کە ئەو مەلایانە کە زۆر لە ڕاگەیاندن دەردەکەون و ڕەخنە لە دەسەڵات دەگرن و باسی جیهاد دەکەن و دژی ئەوروپاو ئیسڕائیل و ئەمریکا قسە دەکەن بۆ ڕاکێشانی سەرنجی خەڵک و جوڵاندنی عاتیفەی خەڵکی عەوامی موسوڵمان. ئینجا ڕاگەیاندن گرنگی زۆر بەو مەلا سیخوڕانە دەدات و بانگ دەکرێن بۆ بەرنامەی تی ڤییەکان بە جۆرێک وانیشان دەدرێن کە ئەو کۆمەڵە مەلایە پێشەنگی هەموو مەلاکانیترن و وەکو ڕێبەرێکی ئایینیی سەیر دەکرێن. بۆئەوەی لەکاتی جەنگ و داگیرکاری و بارودۆخی هەستیاردا دووژمن ئەو مەلایانە بەکار دێنێت و ڕێک یەک بە بەژن و باڵاو بەرژەوەندی دووژمن و لە دژی وڵاتی خۆی “فتوا” دەردەکەن، موسوڵمانانیش زۆرینەییان خەڵکی عەوام و نەخوێندەوارن و بەجۆرێک مێشکیان شۆردراوەتەوە کە بەتەواوی ملکەچی پیاوانی ئاینیین و نە چاویان ڕاستیەکان دەبینێت و نە گوێچکەیان ڕاستی دەبیستێت. ئیتر موسوڵمانان بەتەواوی بوون بە کۆیلەی وتارە خەڵەتێنەرو درۆیینەکانی مەلا سیخوڕەکان. بەجۆرێک بە ئاشکرا مەلاکان دەڵێن کاتێک تورکیاو سوپای تیرۆریستی سوریا هێرش دەکات و خاکی کوردستان داگیر دەکەن و ژن و مناڵی کورد دەکوژن، کەزی کچی شەڕڤان دەبڕن، کچە شەڕڤانی کورد بە زیندوویی لە بینایەکی بەرز فڕێدەدەن و سوکایەتی بە تەرمی شەهیدە ژنەکانیش دەکەن. ئیتر وڵاتانی دوژمنی کرد دێن و لەو کاتەیا سیخوڕەکانیان بەکاردێنن و لێرەدا ئەرکی مەلا سیخوڕەکان بە تۆخی دەست پێدەکات و مەلا سیخوڕەکان میمبەری مزگەوتەکان و شۆسیال میدیا بەکار دێنن و دەیان فتوا دەردەکەن لەپێناو ئەوەی کورد سارد بکەنەوە لەوەی کە پێویست ناکات بەرگری لە نیشتیمان بکرێت، بە بیانووی ئەوەی کورد لەژێر ئاڵای ئیسلامدا حوکم ناکات و ئەو حیزبە کوردیانەی سەرپەرشتی شەڕەکان دەکەن بێدینن و کوژران لەژێر ئاڵای بێدینیدا پلەی شەهیدیت پێنابەخشێت و دەچن بۆ دۆزەخ. پاساوێکیتری مەلا ساختەچییەکان ئەوەیە کە گوایە سوپای تیرۆریستی تورکیاو سوریا موسوڵمانن و دروشمی اللەاکبریان بەرزکردۆتەوە بۆیە حەرامە شەڕکردن دژی ئەوان.
ئەوە لەکاتێکدایە کە هەزاران گەنجی کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان ڕۆیشتن وەکو خۆبەخش بەرگری لە ڕۆژئاوای کوردستان بکەن. بەڵام مەلا زۆڵ و خۆفرۆشەکانی کورد دەیان ئایەت و حەدیسی ساختە دێننەوەو دەڵێن ئەو بەرگریکردنە لە خاک دژی ئیسلامەو لەو شەڕەدا هەرکەس بکوژرێت ئەچێت بۆ دۆزەخ. چونکە سوپای دوژمن موسوڵمانن. و هێزە کوردییەکان بێدینن. لەکاتێکا وانییە، ڕاستییەکە ئەوەیە کوردەکان موسوڵمانن دووژمن تیرۆریستی بێدین و بێخوداو بێویژدان و بێمۆڕاڵن. بەڵام حەتتا وایدانێ هێزە کوردییەکان موسوڵمان نین و دوژمن موسوڵمانی عەیارە ٢٤ە دەی بۆچی ئەبێت مەلاکان گەنجان هان بدەن کە لە جیاتی بەرگری لە خاک و وڵات ملکەچی کۆمەڵێک موسوڵمانی تیرۆریست بن؟
لە ڕاستیدا ئەوەی لە ٢٠١٤دا و ئەوەی ئێستاش بەسەر کورددادێت ڕێک ١٤٠٠ ساڵ پێش ئێستا ئسلام بەهەمان شێوە هات بۆ کوردستان و لەوە خەراپتری بەسەر کورد هێناو بەزۆرو بە زەبری شمشێر کوردیان کرد بە موسوڵمان، ئەوەی ملکەچیش نەبوو کوشتیانن. واتا کورد بە ئارازوومەندانە دینی ئیسلامی عەڕەبیی وەرنەگرتووە، بەڵکو بەزۆر دەرخواردی دراوە. وەک چۆن زانایەک دەڵێت دین بەزۆر دەرخواردی هیچ کەس نادرێت، چونکە ئەگەر قوتیشی بدات، هەزمی ناکات. ئەوە ڕێک بۆ ئێمەی کورد ڕاستە، چونکە ١٤٠٠ ساڵە دینی ئیسلام بەزۆر دەرخواردی کورد دراوە، بۆیە ئێستاش هەزمی نەکردووەو ناوە ناوە کورد دەڕشێتەوەو دین دێنێتەوەو فڕێیدەدات.
١٤٠٠ ساڵ پێش ئێستا شەڕکەرە تیرۆریستە ئیسلامییە عەڕەبەکان هاتن کوردستانیان داگیرکردو دەیان هەزار لە باب و باپیرانی ئێمەیان کوشت، ئەو تیرۆریستە عەڕەبانەش کە لەو شەڕەدا کوژران ئێستا قەبرەکانیان لە کوردستان ماون و مێشکی ژەنگاوی کوردیان واشوشتۆتەوە هێشتا کورد بە گۆڕی ئەو تیرۆریستە داگیرکارانە دەڵێن ئەوە قەبری “پیاوچاک و سەحابە پلەبەرزەکانن”
بەهەرحاڵ لەبابەتەکە دوورنەکەوینەوە: بابەتی سەرەکی من ئەوەیە کە تەنانەت ئاژەڵەکانیش بەرگری لە ماڵەکانیان دەکەن کاتێک ئاژەڵێکیتر هێرشیان بۆ دێنێت. بۆیە بەرگری کردن لە وڵات و خاکی خۆمان لوتکەی شەڕەفە و هەموو کەسێکیش هێندە ئازا نییە ئەو شەڕەفەی پێببڕێت.
بانگی من لێرەدا بۆ خەڵکی کوردستان ئەوەیە لەڕۆژی هەینیدا هەموو مزگەوتەکان بایکۆت بکەن و هیچ کەس نەچێت بۆ وتاری ڕۆژی هەینی گوێ لەو مەلا ساختەچیانە مەگرن و ڕیسوایان بکەن. ئەو مەلایانە تیرۆریستی ڕاستەقینەن. مەلاکان و مزگەوتەکان گەورەترین کارخانەن بۆ بەرهەم هێنانی تیرۆرو تیرۆریستان. هەزاران تیرۆریست دەزگیرکراون و لە شاشەی تی ڤی مقابەلە کراون بە تێکڕای هەموو تیرۆریستەکان وتویانە کە لە مزگەوت و لەژێر کاریگەری مەلاکان فیکری تیرۆریستی و جیهادمان وەرگرتووە. هەرگیز تیرۆریستێک نەیوتووە لە قوتابخانە پەروەردەی تیرۆری ئیسلامیم وەرگرتووە، هیچیان نەیانوتووە لە زانکۆکان ئەو فکرە بۆگەنەمان وەرگرتووە. تەنانەت هیچیان لە کڵێساکان پەروەردە نەکراون، بەڵکو تەنهاو تەنها لەلای مزگەوت و مەلاکان.
مزگەوتەکان پێویستە لەم قۆناغەی شەڕدا دابخرێن. یان لەجیاتی مەلاکان و وتاری ئایینیی، پێویستە کەسانی نەتەوەیی لە مزگەوتەکان وتاری نەتەوەیی و جەنگی بڵێنەوەو خەڵک هان بدەن بۆ بەرگری لە خاک و وڵات. وە سرودی نەتەوەیی و نیشتیمانیی لە میکڕۆفۆنەکانی مزگەوتەکان لێبدرێت.
شتێکیتر کە زۆر گرنگە ئاماژەی پێبدەم، کە کەم کەس هەستی پێئەکات. بۆ ناسینەوەی سیخوڕ. ئەویش ئەوەیە پێش ئەوەی بەشار ئەسەد بڕوخێت مەلا هەڵۆ لە مقابەلەیەکدا پێشبینی هەموو ئەو ڕوداوانەی کرد کە ڕوویاندا، دیارە لەسیاسەتدا ئەوە واردە کە پێشتر لەلایەن وڵاتە دەستڕۆیشتووەکان پیلان بۆ هەموو ڕوداوەکان داڕێژراوەو بە سیل سیلە یەک بەدوای یەکدا، هەموویان ئاگادارن لە داهاتودا چی ڕووئەدات، جا زۆر جار ئەو وڵاتانە بەشێک لە زانیاری پێشوەختە بە مەلا سیخوڕەکانیان دەڵێن، بۆئەوەی مەلاکان ئەو پێشبینییانە بڵاوبکەنەوەو بڵێن قورئان و حەدیس و پێغەمبەر پێشبینی ئەو ڕوداوانەی کردووە، ئیتر ئامانج لەوە ئەوەیە کاتێک دوای ساڵێک ڕوداوەکان ڕوودەدەن، خەڵکی متمانەو ملکەچ بوونی تۆختریان هەبێت بەو مەلایەی ئەو پێشبینییەی کردبوو وە لەمەودوا متمانەی تەواو بە قسەکانی دەکەن و هەرچی ئەو مەلا تەڵەکەبازە بیڵێت خەڵک گوێڕایەڵی دەبن. ئینجا لەوکاتەیا کە مەلاکان بە سەدان پیلانی دوژمن توانیویانە متمانەی موتڵەقی خەڵکی بەدەست بێنن، ئینجا مەلاکان دێن و فتوایەک وەکو ژەهر بەقورگی خەڵکی ساویلکەدا شۆڕدەکەنەوەو دژی میللەت و وڵاتی خۆیان فتوا دەدەن. ئایینییش بەهێزترین چەکە کە لێیەوە کۆنتڕۆڵی میللەتێک بکرێت. بۆیە مزگەوت و دین و ئیمامەکان مەترسیدارترین ڤایرۆسی ناو جەستەی کوردن.
مەلا هەڵۆش پێشتر لەڕێگای دەزگا هەواڵگرییەکانی خۆیەوە زانیاری هەبوو کە لەختوەی یەکەمدا دەستی ئێران لە سوریا دەبڕدرێت و دواتر حکومەتی سوریا دەڕوخێت و دواتر سوننە توندڕەوەکان لەسوریا دێنە سەر حوکم و ئینجا هەوڵ دەدەن کە دەسەڵاتی کورد لە سوریا لەناوبەرن. کە ئەو کوردەکان بە مارکسی و بێدین وەسف دەکات. هەروەها تەنانەت مەلا هەڵۆ ئەو جۆلانیەی سەرۆکی ئێستای سوریا کە پێشتر گەورە تیرۆریستێکی داواکراوبوو، ئەو بەو سەرکردە ئیسلامییە ڕاستەقینە دەزانێت کە تەنانەت قورئان و حەدیسی پێغەمبەر پێشبینی هاتنییان کردووەو دەڵێت گوایە لەسەر دەستی جۆلانی دەسەڵاتی خەلافەتی ئیسلام دەگەڕێتەوە. ئەگەرچی ئەوە خەونە، چونکە چۆن مەلا هەڵۆ سیخوڕی جۆلانییە، ئاوهاش جۆلانی سیخوڕی ئیسڕائیلە، ئیسڕائیلیش هەرگیز ڕێگە نادات خەلافەتی ئیسلام بگەڕێتەوە.
مەلاکان هەموویان ڤایرۆسی ناو کۆمەڵگان، بەڵام مەترسیدارترینیان ئەوانەن کە سیخوڕی سەر بە دەزگا هەواڵگریەکانی دووژمنن. ئەگینا تەنانەت مەلا ڕاستەقینەکانی ئیسلامیش دووڕوون.
سەیرکەن دووڕوویی پیاوانی ئایینی، لێرەدایە کە ئەو مەلا ساختەچیانە دەڵێن: لە دیندا ناچارکردن نییە، وەلێ ئەوەی وازی لە دین هێنا دەڵێن دەبێت بکوژرێت. ئەوان هەم دەڵێن خوداوەند جوانەو کەیفی بە جوانی دێت، کەچی ژن ناچار دەکەن جوانی ڕووخسارو قژیان بشارنەوە. مەلا دووڕووەکان لەلایەک دەڵێن بە ئەوپەڕی میهرەبانی و برایەتی و ئاشتی مامەڵە لەگەڵ بێدینەکان بکەن، بەڵام لەهەمان کاتدا ئەگەر ملکەچ و سەرشۆڕی ئێمە نەبوون لە ملیان بدەن.
مەلا تیرۆریستەکان گەنجان بە سێکس و حۆری ئەودنیا بۆ جیهاد هاندەدەن و خۆشیان تەڵە بۆ ژنە جوانەکانی ئەم دونیایە دادەنێن.
یەکێکیتر لەو مەلا تیرۆریست و سیخوڕانە، پڕۆفیسۆر د.علی قەرەداغی سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئیسلامی جیهان. عەلی قەرەداغی یەکێکیتر بوو لەم بارودۆخەی شەڕدا دژی میللەتی خۆی و لەبەرژەوەندی سوپا تیرۆریستەکەی سوریا فتوایدا. پێویسته داواکاری گشتی بەتۆمەتی پشتگیری تیرۆریستان بەپێی ماددەی چواری تیرۆر لەیاسای سزادانی عێراقی تۆمەت بداتە پاڵ تیرۆریست عەلی قەرەداغی. وە دەست بەسەر پڕۆژە
بازرگانیەکانیدا بگیرێت کە هاوکاری تیرۆری پێ دەکات.
عەلی قەرەداغی ناوی چووە مێژووەوە وەکو خائینێکی نیشتیمانی. پێویستە هەرکەسێک و لەهەرشوێنێک بۆی ڕەخسا تفبارانی بکەن و سوک بکرێت.
- شەڕەفی ژنی کوردو ژنی بەشەڕەف. خاڵێکیتر کە گرنگە لەم قۆناغەدا بکرێت ئەوەیە،
وەکو ئیدانەکردنێکی ئایدۆلۆژی و شەڕێکی فیکری پێویستە ژنانی کورد لەچک و حیجابەکانیان فڕێبدەن و کەزیەکانیان ئازاد بکەن لەژێر لەچکی پیسی کولتوری عەڕەبیدا. چیتر ژنان پیویست ناکات کەزی و قژی ژنانەیان لەژێر حیجابی ئیسلامییدا بشارنەوە. قژەکانتان بەڕەڵا بکەن. کەزیەکانتان بهۆننەوەو بیکەنە ملی مەلا تیرۆریستەکان و بیانخنکێنن. پێویستە بەدەست و کەزی کچانی کورد، مەلا تیرۆریستەکانی هاوشێوەی مەلا مەزهەرو مەلا هەڵۆو عەلی قەرەداغی لەسێدارە بدرێن وەکو خائینی نیشتیمان.
مەلا مەزهەر یان مەلا مەزە لەلای قەبری سوڵتانەکانی عوسمانی وەکو گوێ درێژ زۆڕە زۆڕ دەگریا. بۆ ئەو ئیمامانەی عوسمانی کە وڵاتی ئێمەیان داگیر کردبوو و زوڵمیان لە ژنەکانمان دەکرد. بەڵام سوکایەتی بەو کچە شەڕڤانانە دەکات کە دژی تیرۆریستە ئیسلامیە توندڕەوەکان شەڕیان کردو شەهید بوون و یەکێک لە کچە شەهیدەکان لە بینایەکی بەرز فڕێدرایە خوارەوە.
ڕێک هاوشێوەی مەلا مەزهەر لە ڕابردودا کاتێک تورکە عوسمانییە تیرۆریستەکان هاتن کوردستانیان داگیرکرد، عوسمانییەکان پێشتر سیخوڕێکیان دروست کردبوو کە مەلایەکی بەناوبانگی ئیسلامی بوو، بە ناوی مەلای خەتێ، ئەو مەلا سیخوڕە ئەوکات فتوایەک دەدات و دەڵێت عوسمانییەکان موسوڵمانن و حەرامە شەڕکردن دژی ئەوان، هەرکەسێک بەرگری لە کوردستان بکات و شەڕ دژی عوسمانییەکان بکات تەڵاقی ژنەکەی دەکەوێت و لە ئیسلام دەردەچێت و کە مرد دەچێتە دۆزەخ، ئیتر بەوجۆرە موسوڵمانانی نەخوێندەواری کوردی ئەوسەردەم بەرگرییان نەکردو تیرۆریستە تورکە عوسمانییەکان وڵاتی ئێمەیان داگیرکردو چەندین سەدە حوکمیان کرد لەسەر خاکی ئێمە، مەلای خەتێش وەکو سەرشۆڕێک و ڕووڕەشێک ناوی چوویە مێژووەوە. ئێستاش مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوەو مەلای خەتێ زیندو بووەتەوەو لەسەر دەمی مەلا هەڵۆو مەلا مەزهەرو عەلی قەرەداغی و هاوشێوەکانی قسە دەکات.
چڵپاوی نەوەی ئوممەیە و بۆقەکانی ئەردۆغانی جوولەکە.. ستار ئەحمەد
مێژووی نەوەی ئوممەیە، مێژوویەکی چڵپاوی و زەلکاوییە، کە لە ئەبووسوفیانی کافرەوە دەست پێ دەکات و تا دەگاتە ئەردۆغانی پاشکۆی یەهود، تەنها یەک پەیامی هەبووە: خیانەت و خوێنڕێژی. ئەم تاقمە بێ دینە، کە لە بنەڕەتدا دوژمنی ڕووناکی بوون، هەرگیز دڵیان بۆ حەق لێینەداوە. ئەبووسوفیان تەنها کاتێک سەری کڕنۆشی برد، کە شمشێری حەقی لەسەر مل بوو، بەڵام ژەهری کینەی لە دەمارەکانیدا هێشتەوە بۆ ئەوەی بیداتە دەست مەعاویەی کوڕی.
مەعاویە، کە زۆڵێکی مێژوویی و فێڵبازێکی بێوێنە بوو، بناغەی دەسەڵاتێکی دانا کە تەنها لەسەر درۆ و بێنامووسی وەستابوو. ئەو نامەردە نەک هەر پەیمانی ئاشتیی شکاند، بەڵکوو بە ناردنی ژەهر بۆ ناو ماڵی ئیمامی حەسەن و کڕینی ویژدانی جەعدەی کچی ئەشعەس، نەوەی پێغەمبەری شەهید کرد. “مەعاویە ئەو نامەردە بوو کە پەیمانی ئاشتیی بەست، بەڵام هەموو پەیمانەکانی شکاند و مەرجەکانی ژێرپێ خست…” تا کورسییەکەی شامی بۆ بپارێزرێت. ئەم ڕقە کۆنەیە لە کەربەلا گەیشتە لووتکە، کاتێک یەزیدی کوڕی مەعاویە، ئیمامی حوسەینی بە تینوویەتی سەر بڕی. یەزید نەک هەر خوێنی ڕشت، بەڵکوو سوکایەتیی بە تەرمەکان کرد و ئابڕووی ماڵی پێغەمبەری بە دیلی برد؛ ئەمە پەڵەیەکی ڕەشە کە تا قیامەت لە ناوچەوانی نەوەی ئوممەیە پاک نابێتەوە.
ئەمڕۆش ئەو چڵپاوە مێژووییە گەیشتووەتە سێڵاوە وێرانکەرەکانی ئەردۆغان. ئەردۆغانی نەفرەتی، کە وەک سەگی دەستی جوولەکە کار دەکات، هەمان بیری ئوممەوی پەیڕەو دەکات. ئەو بە ڕۆژ لافی ئیسلامەتی لێ دەدات و عەرەبە فریودراوەکان لە دەوری خۆی کۆ دەکاتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا هەموو هەوڵێکی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی زایۆنیزمە لە ناوچەکەدا. ئەردۆغان وەک میراتگری عوسمانییەکان، هەمان ئەو ڕقەی بەرامبەر بە کورد و شیعە هەیە کە یەزید و مەعاویە هەیانبوو. ئەو بێنامووسییەی ئەردۆغان بەرامبەر بە خاکی کوردستان دەیکات، لە بۆردومانکردنی بێتاوانەکان و سووتاندنی گوندەکان، درێژکراوەی هەمان ئەو ستەمەیە کە عوسمانییەکان بە ناوی ئایینەوە ئەنجامیان دەدا.
لە هەمووی قێزەونتر، ئەو تاوانە گەورانەیە کە ئەمڕۆ بە ناوی “خوای گەورە”وە بەرامبەر بە گەلی کورد و شەڕڤانە قارەمانەکان ئەنجامی دەدەن. شەڕڤانانێک کە بە سنگی بەتاڵ بەرگری لە خاک و کەرامەتی مرۆڤایەتی دەکەن، دەکەونە بەر هێرشی دڕندانەی بۆقەکانی ئەردۆغان و چەتە ئومەوییەکان. ئەوانەی خۆیان بە موسڵمان دەزانن، بەڵام لە ڕاستیدا وەک یەزید خوێنڕێژن، بە ناوی پیرۆزی ئایینەوە گەنجانی کورد شەهید دەکەن و خاکەکەیان وێران دەکەن. ئەمە ئەو بێڕێزییە گەورەیە کە نەوەی ئوممەیە بەرامبەر بە حەق دەیکەن؛ ئایین دەکەنە چەکێک بۆ کوشتنی ئەو قارەمانانەی کە تەنها تاوانیان پاراستنی نیشتمانەکەیانە.
لە لایەکی ترەوە، دەبینین جاش و پاشکۆکانی تری ئەم بیرە، وەک “ئەحمەد شەرع” (جۆلانی)، بە هەمان شێوازی سەدامی خوێنڕێژ هەڕەشە لە شیعەی عێراق دەکەن. ئەحمەد شەرع، کە پەروەردەی قوتابخانەی کینەی ئوممەوییە، دەیەوێت ئەو تاوانانە دووبارە بکاتەوە کە سەدام بەرامبەر بە شیعە ئەنجامی دا؛ لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانەوە تا پاکتاوی ڕەگەزی. ئەوانەی حوسەینیان سەر بڕی، ئێستا لە ڕێگەی ئەحمەد شەرع و ئەردۆغانەوە دەیانەوێت هەمان کارەسات بەسەر گەلانی ئازاددا بهێنن. سەدام چۆن بە هەزاران گەنجی شیعەی زیندەبەچاڵ کرد، ئەمانیش بە هەمان خەونەوە دەژین، بەڵام مێژوو نیشانی داوە کە حەق هەرگیز نامرێت.
نەوەی بەنی ئوممەیە و عوسمانییەکان هەمیشە کلکی بێگانە بوون. ئەوان بۆ پاراستنی تاج و تەخت، ئامادەن نامووس و خاکی خۆیان بە جوولەکە بفرۆشن. ئەردۆغان کە ئەمڕۆ خۆی وەک پارێزەری موسڵمانان نیشان دەدات، لە پشت پەردەوە دەستی لەناو دەستی دوژمنانی حەقدایە. ئەم تاقمە تەنها لە کوشتن و خیانەتدا شارەزان. بەڵام با ئەحمەد شەرع و ئەردۆغان و هەموو پاشماوەکانی یەزید بزانن، کە خاکی عێراق و کوردستان و خوێنی سووری شەڕڤانان هەرگیز نابێتە جێگەی پیسی و چڵپاوی ئەوان. مێژوو جارێکی تر ئەو مارە ژەهراوییانە پان دەکاتەوە و هەموویان دەخاتە هەمان ئەو زبڵدانەی کە ئەبووسوفیان و مەعاویە و سەدامی تێدایە. حەق هەمیشە سەردەکەوێت و ڕووی ڕەشی ستەمکاران هەر بە ڕەشی دەمێنێتەوە.
ستار ئەحمەد
خوشک و براکانم.. سمکۆ ئەحمەد ڕەشید
برایەکم هەیە لە بۆکان،
قۆڵێکی قرتاوە و قاچێکی دەستکردە
بە نیو دەستنوێژ دەچێتە سەر بەرماڵ و
فریشتەکانی خوداش ورد ورد گوێی بۆ ڕادەدێرن
برایەکی دیکەم هەیە لە ئامەد،
دەستی ڕاستی پلاستیکە
بە دەستی چەپ سڵاوی خەڵک وەردەگرێتەوە و
تەوقەش دەکات
کەچی فریشتەی سەر شانی چەپی
هیچ گوناهێکی بۆ نانووسێت
برایەکی تریشم هەیە لە هەڵەبجە
سیی و حەوت ساڵە
هەردوو چاوەکانی شووشەن
بۆ پەڕینەوە لە شەقام و گۆماوەکان
خودا خۆی فریشتەیەکی بۆ دەنێرێت
بۆ ئەوەی بن باڵی بگرێت
خوشکێکیشم هەیە لە کۆبانێ
دوژمن هەموو کاتەکانی لێ بردووە
کاتی خەوتن
کاتی خواردن
کاتی پیاسە
كاتی چوونە بەر ئاوێنە
کاتی سەر هەڵبڕین بۆ ئاسمان و
لاواندنەوەی دێڕێک ئەستێرە
کاتی زینکردنی ئەسپی خەیاڵێک و
فڕین بۆ ناو ئاسۆی ئەوین
کاتی خواردنەوەی دوو قوم گۆرانی
کاتی دانیشتن و گەرمکردنەوەی یادێکی بەستوو
خوشکێکم هەیە لە کۆبانێ
دوژمن هەموو کاتەکانی لێ زەوتکردووە
بەکاتەکانی نوێژیشەوە
کەچی فریشتەکانی خودا هەتا ئێستا
لەگوڵ کاڵتریان پێ نەگوتووە
سوپاس بۆ میهرەبانیت
خودای کورد
سمکۆ ئەحمەد ڕەشید
نۆستاڵجی.. شیعری کەنعان مدحەت
لە تەنیشت ( پەیکەرە کاژێری) زانکۆدا، چاوەڕێتم
وەک کۆنە دەزگیرانی- خوێندکاری –
پەنجا ساڵی بەر لە ئێستات
قۆڵ لە قۆڵ سرک و زیت
بە کۆڵانە تەسک و تروسکەکانی
شاری کۆنا
جارانانە لێژ بینەوە
ماچێ لە تۆ و دە و بیست لە من
میلی تەمەن بەرەو دواوە و
دواتر..
بگەڕێنینەوە
ئەی دڵدارە دێرینەکەم
ئاخۆ ئەزانی ئەم ساتە چاوەڕوانیانەی
پێت بەخشیوم
لە دۆخی یەکەم ژووان شڵەژاوترە؟
ئەڵێی؛
چی هاموشۆکەرە
گوێی لە ترپەی دڵمە
چاولێکەرانم هەر بە ئارەقەی
سەر توێڵمەوە نەوەستاون
ڕەنگ و ڕووخسارم زەرد هەڵگەڕاوە
گوڵە سپییەکانی دەستم جا شەکەریی و
جا لیمویی دێنە چاوم
یا وەک بڵێی
هیچم بە دەستەوە نەبێ و
جار جاریش تۆی
بە دوو دەستم بەرزت دەکەمەوە
باڵەفڕێ بگری و
بە زەویا قەت نەنشێیتەوە
ڕایگشتی ئەلیكترۆنی و چەواشەكردنی میدیایی- 1- كارزان عزیز
بەشی یەكەم
لە ئێستادا لە كۆمەڵگەی كوردی و لە ناو میدیای كوردی بوون بە دیاردە، بەڵام ئەو دوو دیاردەیە وەكو چەمك دیاری نەكراون. بۆیە بە پێویستی دەزانین ئەم چەمكانە بخەینە بەرباس لە نێوان میدیای كورددا جێگەی خۆی بگرێت بەمەبەستی باشتر تێگەیشتن و ناونان لەم دوو دیاردەیە كە باس و خواستی سەردەمن. كاتێك لە رایگشتی دەدوێن مەبەستمانە، باس لە پرۆسەی پەیوەندی و كارێكی كۆمەڵایەتی بكەین، چونكە بوونی پرۆسەی گەیاندن و پەیوەندیكردن ئەو هەنگاوانەن دەمانگەیەنن بە ئاراستەكردنی رایگشتی یان گۆرین و پێكهێنانی ئەم دوو چەمكە پەیوەدی یەكی توندو تۆڵیان پێكەوە هەیە بەشێوەیەك ئەگەر پرۆسەی پەیوەندیكردن نەبێت واتە رایگشتی بوونی نابێت . مەبەست لە پرۆسەی پەوەندی بریتییە، لە هەموو جۆر و ئاست یان لێڤڵەكانی پرۆسەی گەیاندن هەر لە پەیوەندی كەسییەوە تا دە گاتە پەیوەندی جەماوەری، كە واتە رایگشتی لە تەنها و پەراوێزی و گۆشەگیریدا و بێ بەشداریكردنی تاك لە ناو گرووپەكاندا درووست نابێت. لە رووی ئاڵوگۆڕكردنی بیرو رابێت سەبارەت بە كێشە و گرفت و رووداو پرۆسەكان، یان لە رووی بەدەستهێنانی زانیارریەەوە بێت، سەبارەت بەو بابەتانەی پەیوەستن بە بەرژەوەندی هاوبەشی كۆمەڵە و گرووپەكانەوە. میدیای ئاراستە كراو وا لە جەماوەر دەكات تەنها وەرگر بێت و بیر لە هیچ نەكاتەوە، ئەمە وادەكات لە ئەنجامی وەرگرتنی پەیامەكانەوە تەنانەت بیركردنەوە و رەفتاریشەوە سەبارەت بەو بابەتانە بگۆرێت كە پێشتر لە گەڵیان دژ بوو نەك بە تەنها هاورا نەبوو. درووستكردنی كاریگەری لەسەر رایگشتی ئامانجێكی و تەوەرێكی بنەرەتییە بۆهەر چالاكییەكی میدیایی چ لەسەر ئاستی كۆمەڵایەتی بێت یان رۆشنبیری و سیاسی بەتایبەت بر خاوەن دەزگاكانی میدیا كە لە پشت پەیامەكانیانەوە ئەجێندای تایبەت پەیرەوو دەكەن. ئەگەر رۆڵ و ئەركی میدیا لە سەردەمی پێش ئینتەرنێت بریتی بووبێت، لە گەیاندنی هەواڵ و زانیاری و هەواڵدان بۆ پێكهێنانی ئاراستەكانی جەماوەر یان گۆرینی، لە ڕێگەی ئامرازەكانەوە پرۆسەیەكی تاك لایەنە بوو، كە تێدا جەماوەری وەرگر، بینەر، بیسەر خوێنەر تەنها وەرگری پەیامەكان بوون و نەیان توانیوە بەشداربن لە دەربرینی راو بۆچونیان سەبارەت بەپرس و بابەتە جۆراوجۆرەكان، ئەمرۆ لەگەڵ دەركەوتنی میدیای نوێ هاوكێشەكە پێچەوانە بوەتەوە، وەرگر دەتوانێت رۆلێ كاراو كاریگەر ببینێت، لە هەمان كاتدا هەم نێرەر و هەم وەرگری پەیامەكان بێت، ئەمەش پیێ دەگوترێت پەیوەندی دوولایەنە. تەكنەلۆژیای نوێ وایكرد دەرفەت بر بەكاربەر برەخسێت كە لە ڕێَگای میدیای نوێوە لیڤڵە جیاوازەكانی پرۆسەی گەیاندن لەیەك كاتدا پەیرەو دەكەن بەكاربەر دەتوانێت لە رێگای یەكێك لە پەرەكانی سۆشیاڵ میدایادا پەیوەندی كەسی، پەیوەندی بە گرووپ و بڵاوكردنەوەی پەیامەكان ئەنجام بدات لە گەڵ بەكاربەرانی تۆرەكە. ئەم فەزایە دەرفەتی لە پێش بەكاربەران رەخساند، بە ئازادی گوزارشت لە راو بۆچوونی خۆیان بكەن لە هەمبەر پرسە هەنوكەییەكان، بەچەشنێك رۆژانە تێبینی ئەوە دەكەین كە چۆن رای گشتی ئەلیكترۆنی لە بارەی پرس و بابەتە جیاوازەكانەوە درووست دەبێت و هەندێ جار كاریگەری لەسەر بریاری سیاسی و دەسەڵات درووست دەكات، بەچەشنێك لایەنی پەیوەندار ناچاردەكات بریارەكانی بگۆرێت .
كارزان عزیز \ قوتابی زانكۆ
شمشێر و شەهوەت.. شیعری سمکۆ ئەحمەد
هۆهۆ ئەحفادی بەنی ئومەیە
بەنی شمشێر و شەهوەت
هۆهۆ ئەحفادی ئەنفال و داعش
بەنی قەتل و ئیرهاب
ئێوە لە چ مەعدەنێکی جنسی بەشەرن؟
ئێوە چ شلەیەک بە دەمارو مێشک و
گەڵ و گونتانا دەڕوات؟
هۆهۆ بەنی سەعد و جۆلانی و
نازانم کێ و کێی بەنی ئیرهاب
ئێوە بۆ هێندە لە کەزیەی کچانی ووڵاتی بەفرم تۆقیون؟
بۆ لەجۆگەلە و لوتکەی قەندیل ترساون؟
ئێوە وا قەرنێکە میزۆپۆتامیا تیرۆر دەکەن
وا قەرنێکە دوژمنایەتی شاخ و رووبارو
باڵی کەو دەکەن
هۆهۆ بەنی نازانم کێ و کێ
ئێوە چ فاملیەکی جنسی بەشەرن؟
ئێوە چ جانەوەرێکی هاوردەن؟
چ دڵێکی بێ خوێنن؟
چ پیاوێکی نا پیاون؟
ئێوە کەی تێ دەگەن فێری ئیملای وشەی ئازادی بن؟
کەی تێ دەگەن تەقویمی سەدەی بیست یەک بخوێننەوە؟
سەدان ساڵە شمشیرو چەقۆتان تەڕو سوورە
دەیان ساڵە دەستتان لە بینی دیجلەو فوراتا گیرە
هۆهۆ بەنی خەلیفەکان
بەنی سوڵتان و عوسمانەکان
ئێوە چ جانەوەرێکی سەحران
بۆ هێندە لە کەزیەی گولانی زاگرۆز تۆقیون؟
بۆ هێندە لە ئاگری نەورۆز ترساون؟
ئێوە لە چ مەعدەنێکی بەشەرن؟
نەفرەت لەوەی بە کەلامتان بڕوا دەکا
نەفرەت لەوەی بە زەلامتان حساب ئەکا
ئێوە ئەی بەنی شەهوەت خوێن
دەرگای مێژوو بە رووتانا خۆی دادەخا
ئێوە کەی دەتوانن وەکو کەوی زاگرۆز دوور هەڵفڕن؟
کەی دەتوانن وەکو بازی تۆرۆس دوور ببینن؟
ئێوە مانگایەکی خەسیون
بەچکەی خۆتان چارەی ناوێن
ئێوە قەوانێکی سواون
سەدان ساڵە هەمان ئایەت دەبزڕکێنن!
دارو بەردی ئەنادۆڵ رقێ لێتە
چەم و کێوی تۆرۆس چەمۆڵەی لێتە
ئیوە ئەی بەنی نازانم کێ و کێ
لەمیلی سەعاتا جێماو
لە دێڕی مێژوودا خنکاو
بڕۆن و بەرۆکمان بەردەن
سەد ساڵی تریش ئەنفالمان کەن
خۆشمان ناوێن
سمکۆ / لەندەن ٢٠٢٦
کەزێ.. نەوشیروان ئازاد
پێشکەشە بە شەڕڤانانی نیشتمانم
نامۆنیە ..
کەزیم ببڕن ،
سەرم ببرن ،
بەزیندویی ..
وەک کەنیزەو ،
هەم سەبایا…
ئارەقەی فەخری
نێرینە..
بەداوێنی پاکم بسڕن..
ئەوان فێرن ..
زۆرلەمێژە..
نەریتیانە
کچەکانیان بەمنداڵـــی و ،
هەربەزیندویی
دەنێژن
نەوشیروان ئازاد
23/1/2026
بڕوخێ تیرۆری ئیسلامی سیاسی.. بەیاننامەی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق
پەلاماری سەربازی و کۆمەڵکوژی لە ڕۆژهەڵاتی سوریا دەبێ دەستبەجێ بوەستێندرێت
بەیاننامەی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق
ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا ڕووبەڕووی دڕندانەترین پەلاماری تیرۆریستی داعشیانە بوونەتەوە کە “سوپای عەرەبی سوریا” و میلیشیاکانی لەو ناوچانە پێی هەڵدەستن کە لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)دان، کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و لە یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە)ی سەر بە (پارتی یەکێتی دیموکرات)ی نەتەوەیی کورد (پەیەدە) پێکهاتووە.
ئەم پەلامارە لەلایەن تیرۆریست (ئەحمەد شەرع)، سەرۆکی ڕاگوزەری حکومەتی کاتی سوریاوە بەڕێوەدەچێت، بە پشتیوانیـیەکی تەواوەتی سەربازیـیانەی حکومەتی ئیسلامی و شۆفـێـنـیستی ئەردۆگان و بە پلان داڕێژراوی لەگەڵ ڕژێمە تاوانبارەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و دامودەزگا سیخوڕییەکانی ئەو وڵاتانە.
لەم پەلامارەدا کە بەشێوەیەکی کاتی بۆ ماوەی چوار ڕۆژ ڕاگیراوە، هێزەکانی حکوومەتی (ئەحمەد شەرع) کۆنترۆڵی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی فورات و شارەکانی (دێرەزۆر) و (ڕەققە) و چەند شارۆچکەیەکی تریان کردووە، کە بەهۆیەوە شەپۆلێکی ئاوارەبوونی بەکۆمەڵی هەزاران خێزانی ئەو ناوچانەی لێ لێکەوتۆتەوە. هەر لەو چوارچێوەیەشدا ئەو هێزانە گەمارۆیەکی خنکێنەریان سەپاندووە بەسەر شارەکانی (حەسەکە) و (قامیشلۆ) و (کۆبانێ)دا و ئاو و کارەبایان لێ بڕیوون. هەروەها لەو ناوچانەی کە دەستیان بەسەردا گرتووە، هەزاران دەستگیرکراوی داعش و خێزانەکانیان کە پێشتر لە زیندانەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی (هەسەدە)دا بوون، هەڵهاتوون.
ئەم پەلامارە بەدوای هێرشێکدا دێت کە هەمان ئەم هێزە تیرۆریستانە ماوەیەکی کەم لەمەوبەر، کردیانە سەر هەردوو گەڕەکی (ئەشرەفیە) و (شێخ مەقسود) لە شاری (حەڵەب)ی سوریا، کە تێیدا کۆمەڵکوژیـیان ئەنجامدا لە دژی خەڵکی سڤیل لە دانیشتوانی کورد زمان و هەزاران کەسیشیان لە دانیشتوانی ئەو دوو گەڕەکە بە زۆر ئاوارە کرد.
ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، بەتایبەتی ئەو ناوچەیەی کە بە (ڕۆژاڤا) ناسراوە لە لایەن ڕەوتی ناسیونالیستی کوردەوە، ساڵانێکە ڕووبەڕووی هێرشی هێزە تیرۆریستییەکانی داعش و میلیشیاکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا بوونەتەوە، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەم هێرشانە و لە جەرگەی شەڕێکی وێرانکەر و خوێناویدا، هێزەکانی (هەسەدە) توانیان لە ڕووی سەربازیـیەوە داعش تێکـبـشکـێـنن. بە درێژایی ئەو ساڵانەش پلەیەک لە ئازادی سیاسی لەم ناوچانەدا دەستەبەرکراوە، تێزەکانی (عەبدوڵڵا ئۆجالان)یش سەبارەت بە “خۆبەڕێوەبەری” و “کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک” پیادەکراون، و جۆرێک لە ئازادی ژنان و کەشێکی پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە نێوان نەتەوە و تائیفە و ئایینە جیاوازەکاندا هاتۆتەدی.
ئەوەی لەپشت ئەم هێرشە سەربازیـیەی ئێستا و کۆمەڵکوژی خەڵکی سڤیلەوە وەستاوە، سەقامگیرکردنی ڕژێمێکی سیاسی کۆنەپەرستانەیە لە سوریا لە ڕێگەی چەسپاندنی فەرمانڕەوایەتی هێزە تیرۆریستیـیە ئیسلامیـیەکانەوە، کە حکومەتی (ئەحمەد شەرع) و میلیشیا تیرۆریستیـیەکانی نوێنەرایەتی دەکەن، تا بتوانێ بەرژەوەندە جیۆپۆلیتیک و جیۆئابووریـیەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانیان لە وڵاتانی کەنداو، دابین بکات، وە بەدیهێنانی ئامانجە ستراتیژە ستەمکارەکانی ڕژێمی ئیسلامیی ئەردۆگان و دامەزراوە بۆرژوا ناسیونالیستە شۆڤێنیستەکانی فەرمانڕەوا لە تورکیا مسۆگەر بکات.
بۆیە ئەم شەڕەی کە ئێستا لە ئارادایە دژی هێزەکانی (هەسەدە) شتێک نیـیە جگە لە شەڕێکی کۆنەپەرستانەی شۆڤێنی و ستەمکارانە بەمانای تەوای وشە، کە سوپای سوریا و حکومەتی (ئەحمەد شەرع) بەرپایانکردووە؛ شەڕێک کە چەپۆکی ئیسلامی سیاسی تیرۆریستانە نەک تەنها بەسەر جەماوەری کوردستانی سوریادا بەهێز دەکات، بەڵکو ئەو چەپۆکە بەسەر جەماوەری سەرتاسەری سوریاشدا بەهێز دەکات و قەڵایەکی کۆنەپەرستانەی سیاسی لە ناوچەکەدا پتەو دەکات.
ئاشکرایە پێکهاتەی سەرەکی (هەسەدە) لە هێزە چەکداردارە نەتەوەییەکانی کورد پێکهاتووە، کە نوێنەرایەتی بەرژەوەندە سیاسیـیەکانی بۆرژوا ناسیونالیستی کورد و ڕەوتە ناسیۆنالیستیـیەکەی دەکات. بۆیە فۆڕمی سیستمی سیاسی “خۆبەڕێوەبەری” ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی (هەسەدە) هیچ شتێکی بنەڕەتی ناگۆڕێت لەم ناوەڕۆکە چینایەتیـیە، وە ئەم فۆڕمە ناشی پارێزێت لەو پێشێلکاریـیانەی مافی مرۆڤ ئەگەر لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیدا ڕوویدا بێت، هەروەها پاکانەی ئەو سیاسەتە کۆنەپەرستانەشی ناکات کە درێژەدان بە نفوز و دەسەڵاتی سەربازیـیانەی خۆی بە شێوەیەکی ستڕاتیژی بەستۆتەوە بە ستراتیژی ڕژێمی ئەمریکا و هێزەکانی لە سوریا، وە بە وڵاتانی دیکەی ناوچەکەوە.
بەستنەوەی هیوا و ئاواتی جەماوەری کوردستان بۆ کۆتایـیهێنان بە ستەمی نەتەوایەتی و چارەسەرکردنی پرسی کورد بە ستراتیژی زلهێزە ئیمپریالیستەکان و هاوپەیمانەکانیانەوە، ئەو کارەیە کە ڕەوت و حزبە ناسیونالیستەکانی کورد بە گشتی پەیڕەوی لێ دەکەن لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. (پەیەدە)ش ئەم سیاسەت و ئاسۆ ناسیۆنالیستیـیەی تێنەپەڕاندووە، بەپێچەوانەوە بەرجەستەی کردۆتەوە، بەڵام ئەمە بە هیچ جۆرێک لە سروشتی تیرۆریستی و تاوانکاریی هێرشەکانی ئێستای هێزە تیرۆریستە ئیسلامیـیەکان کەم ناکاتەوە بۆ سەر ئەو ناوچانە.
پێویستە دەستبەجێ ئەم پەلامارە تیرۆریستیـیە بوەستێندرێت، بۆیە دەبێ ڕیزی بەرهەڵستی خۆمان لەبەرامبەریدا بەهێز بکەین. هەروەها پێویستیشە ڕووبەڕووی ئەو شەپۆلە بوەستینەوە لە وروژاندنی هەستونەستی نەتەوەیی کە لە هەڵکشاندایە لە هەردوو لای ئەم جەنگەوە، لایەک لە لایەن ناسیۆنالیستە عەرەب و تورکەکان لە سوریا و تورکیا و دەرەوەی وڵات، وە لە لایەکی ترەوە لە لایەن ناسیۆنالیستە کوردەکانەوە لە سوریا و وڵاتانی تر لە کوردستانی عێراق و تورکیا و ئێران. ئەم شەپۆلە جگە لە ژەهرێک شتێکی تر نیـیە کە بزووتنەوە و ڕەوتە ناسیۆنالیستەکانی بۆرژوازی دەیڕێژن بۆ قووڵکردنەوەی قەڵشتی نەتەوەیی و تێکشکاندنی خەباتی ڕزگاریخوازانەی نێونەتەوەیی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش لە سوریا و دەرەوەی سوریا.
(ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق) وێڕای ئەوەی ئەم پەلامارە سەربازیـیەی هێزە تیرۆریستیـیەکانی حکوومەتی (ئەحمەد شەرع) بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی (هەسەدە) و تاوانانەکانی ئەم هێزانە بە تووندی ئیدانە دەکات کە لە دژی خەڵکی سڤیل ئەنجامی دەدەن، لە هەمان کاتیشدا خەبات دەکات شانبەشانی کرێکاران و زەحمەتکێشان و ژنانی ستەملێکراو و گەنجانی ئازادیخواز لە سەرتاسەری سوریا و وڵاتانی ناوچەکە بۆ کۆتایی پێهێنان و شکست پێهێنانی.
وە شێلگیرانەش دەوەستـێـتەوە دژی بڵاوکردنەوەی دەمارگیری نەتەوەیی و تائیفی لەم کەشوهەوایەدا چ لە لایەن ڕەوتە سیاسی و فکریـیەکان و چ لە لایەن چالاکوانان و ڕۆشنبیرانی ناسیونالیستی عەرەب و کوردەوە وە چ لە لایەن تائیفەگەر و ئایینگەراکانەوە لە هەر شکڵ و ڕەنگێکدا بن.
هەروەها جەخت دەکاتەوە سەر هەنگاونانی شێلگیرانە شان بە شانی جەماوەری پرۆلیتاریای نەتەوە جۆراوجۆرەکان لە گشت ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە خەباتی نێونەتەوەیی سۆسیالیستی و ئازادیخواز و یەکگرتوویاندا لە دژی فەرمانڕەوایی سەرمایە و سیستەمی سەرمایەداری و دژی هەموو هێزە بۆرژوا فەرمانڕەواکانی نەتەوە جۆراوجۆرەکان، وە دژی تیرۆریزمی ئیسلامی داعشیانەی و میلیشیا و تیرۆریستە ڕەنگاوڕەنگەکانی.
بڕوخێ تیرۆری ئیسلامی سیاسی
وەستاندنی دەستبەجێی پەلاماری سەربازی تیرۆریستانە لە سوریا
بژی خەباتی نێونەتەوەیی و سۆشیالیستی پڕۆلیتاریا
٢٠-١-٢٠٢٦
گەمارۆی وەحشیگەریانەی سەرشاری کۆبانێ!.. تاهیر عیسا
گەمارۆدانی دڕندانەی پێنجەمین ڕۆژەی سەرشاری کۆبانێ و دەورپێچکرانی لەهەر چوارلاوە و پەلاماری بەردەوامی وەحشیانەی چەتە( صعلوك) و ڕێگرەکانی سەر بە حەمە جۆلانی و دەوڵەتی فاشیستی تورکیا، سەر باری ئاگربەستێک کە لەلایەن ئەم چەتانەو حکومەتەکەیانەوە ڕاگەیاندراوە، بەڵام لەهێرش و پەلامارەکانیان بۆ داگیرکاریی هەرچی زیاتری ناوچە کورد نشینەکان و بەتایبەتیش کۆبانێ، کە ڕەمزو سیمبولی بەرخۆدان و تێک شکاندنی ئەفسانەی خەلافەتێک بوو، کە لەتونێلە هەرەتاریکەکانی مێژوی سەدان ساڵ لەمەو بەرەوە سەریان دەرهێنابوو، کە ناویان دەوڵەتی ئیسلامی عێڕاق وشام بوو، بەردەوامە. دەوڵەتێک کە بەهرەبەرداری لەمێژوی سەر هەڵدانی ئایدیۆلۆجیایەک دەکرد، کە لەنیمچە درورگەی عەڕەبستاندا بەقەتل وعامی نەیارەکانی لەژێر ناوی ئەڵاو پەیامهێنی ئەڵاییدا دەستی پێکردبوو، ئایدیۆلۆجیایەک کە لەچوارچێوەی دیدگاو تێگەیشتنی خێڵەکیانەی ئەو سەردەمەوە سەرچاوەی گرتبوو، بەناوی نوێنەرایەتیکردنی ئاسمانەکانەوە، بەزۆرو شمشێرو لەڕێگای چەتەیی و هەڵکوتانە سەر کاروانە بازرگانیەکانی خێڵەکانی “مەککەو” پاکتاوکردن یان تاڵانکردنی خێڵە یەهودیەکانی “مەدینە” و تاڵان وئەنفالی مڵک و ماڵ و کوشتن و بەکۆیلەو کەنیزەککردنی ژن ومناڵیان، وەک بەنی قوڕەیزەو بەنی نەزیڕو بەنی قەینقاع، توانی بنکەو پێگە ئابووریەکانی خۆی بۆ دامه زراندنی دەوڵەتۆچکەیەک لە مەدینە(یەثریب)، بنیات بنێت.
گەمارۆی ئەمڕۆی سەر کۆبانێ و بڕینی ئاوو کارەباو هێڵی ئینتەرنێت و ڕێگریکردن لە هەر جۆرە هاوکارییکردنێکی مرۆیی لەچەشنی خۆراک و داوو دەرمان بۆ ئەو شارە، بەبەرچاوی دنیای درۆزنانەی سیستەمی سەرمایەداری جیهانی ئەمڕۆ، مێژوی ئابڵۆقەدانی هۆزی بەنی قوڕەیزەی سەدەی حەوتی زایینیمان بیردەهێنێتەوە، کە ئیسلام بەپیشەوایەتی محەمەد لە پێنجی ساڵی کۆچیدا، کەهاوکاتە لەگەڵ یانزەی تەموزی ٦۲۲ ی زاینی، کە لەمێژووی توڕاثی ئیسلامیدا، ڕوداوەکە بە جەنگی خەندەق(ئەحزاب)ناسراوە، وەک دەگێڕنەوە لەو جەنگەدا ئابڵوقەی هۆزی بەنی قوڕەیزەی یەهودی بۆ ماوەی نزیکەی ۲۰ بۆ ۲٥ ڕۆژ درێژەی کێشاوەو ڕێگریکراوە لە هەر جۆرە هاریکاریکردنێکی مرۆیی و دواجار لەڕێگای برسیکردن و تینوکردنیان و دابڕاندنیان لەدنیای دەرەوەی قەڵاکەیاندا، ناچار بەخۆبەدەستەوەدان کراون، دوای ئەوەش کە خۆیان بەدەستەوەداوە، لەلایەن سەعد کوڕی مەعاذ، ناوێکەوە کە پێشتر موسوڵمان بوونی خۆی ڕاگەیاندوەو لەو جەنگەدا بریندارکراوە. محەمەد بۆ دادگایکردنیان سەعدی وەک دادوەر دەستنیشانکردوە، بۆیە لەسەر بڕیاری سەعد، هەموو ئەوانەی لەوخێڵەدا لەمەیدانێک بۆ دادگاییکردن ڕاگیراون، بڕیاردراوە لە هەرزەیەکی بالغەوە هەتا پیرێک بەپێی دادگای محمدو ئەڵاو دادوەری سەعد، نزیکەی ۷۰۰ بۆ ۹۰۰ کەس وەک بەرخی قوربانی سەربڕدراون وەهەرچی ژن ومنداڵیش بووە بەکۆیلەو کەنیزەک کراون، محەمەدیش هەرلەوڕۆژەدا ڕەیحانەی کچی زەیدی وەک یەکێک لەژنە سەرنج ڕاکێشەکانی ئەو جەنگەدا بۆخۆی هەڵبژاردوەو سەرجێیی لەگەڵداکردوەو کردویەتی بەهاوسەری خۆی کە مێردو باوک وکەس وکاری خۆی تازە لەو مەیدانەدا سەربڕدرابوو، سەرچاوەکان لە ئیبن ئیسحاق و تەبەڕی و واقیدیدا پشتڕاستی ئەم ڕوداوە دەکەنەوە ..
دەستەو تاقم و حکومەتێکی داسەپاو ئەمڕۆ کە لەسەر دەستی نوێنەرانی فاشیزمی جیهانی دنیای پڕ لەقەیرانی هەمەجۆری سەرمایەداری بەڕابەرایەتی تڕامپ و ناتانیاهۆو وڵاتانی دیکەی ناتۆ، شەرعیەتی پێدرا.
فاشیزمێک کە بۆ دیزاینی سەرلەنوێی جیهانی و جەنگی ئابوریانەیان لەبەرامبەر ڕەقیبە ئابوریەکانیاندا، وەک چین و ڕوسیا و پڕۆژە ئابوریەکانیان و ململانێ لەسەر هێڵە بازرگانیەکان و وزەو بەتایبەتی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کەڵک لەدڕندانەترین دەستەو تاقمی فاشیستی خاوەن دڕندانەترین ئایدیۆلۆجیای نازیستی وفاشیستی کەڵک وەردەگرێت.
جۆلانی و دەستەو تاقمی لەچەشنی حەمزات و عەمشات و نورەدین زەنکی کە دەستیان سورە بەخوێنی خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان لەسوریا، ڕێکخراوکردن ودەمجکردنیان لەناو سوپای حکومەتێکدا کە سەرکردەو ڕابەرەکانی لە نوسڕەو قاعیدەو هەتەشەدا مێژویەکی پڕ لەتاوان وجینایەتی وەحشیگەریانەیان هەیە، نیشانەیەکە لەوەی کەیسی داعش بەدەست ئەمریکاوە لەناوچەکەدا تەنیا بەمەبەستی مانەوەی بوو وەک زلهێزێک بۆ شەرعیەتدان لەمانەوەیدا.
هێنانی جۆلانی تیرۆریست لەلایەن ئەمریکاو بەریتانیاو ئیسڕائیل وتورکیاوە، نیشانەیەکی ڕون وئاشکرایە لەوەی سیستەمی سەرمایەداری جیهانی لەپێناو هەژمون و باڵادەستی ئابوری وسیاسی خۆیدا، سڵ لەدەستبردن بۆ هیچ لەتاوان و وەحشیگەریەک ناکاتەوە، کەنموونەکەی لەوێرانکردنی غەزەو کوشتنی هەزاران شارنشینی بێتاوان وئاوارەکرانی ملیۆنانیان لەپێگەو ماڵی خۆیان لەوشارەدا، لەشاشەی تیڤیەکانەوە پیشانی دنیادران، کوشتاری بەکۆمەڵی شارنشینانێک لەوشارەداو دیمەنە قێزەونەکانی ئەو کوشتارگایە، زەین وهۆش و هەست ونەستی مرۆڤی ئەم سەردەمەی هاوشێوەی کارەدڕندانەییەکانی داعش وجەنگی دەرونیانەی داعش، لەسەر ڕاهێندرا.
هێرشی دڕندانەی ئەمڕۆی سەر ڕۆژئاوای کوردستان و بەتایبەت شاری کۆبانێ، هەوڵێکە بۆ بەچۆکدا هێنانی خەڵکی خەبەتکارو تێکۆشەری ئەو شارەو شەڕڤانەکانیان و هەوڵێکی دیکەی دەوڵەتی فاشیستی تورکیایە، کە لە ساڵی ۲۰۱٤ دا نەیتوانی لەڕێگای داعشی ئەو سەردەمەوە کۆبانێ داگیربکات، ئەمڕۆ دەیەوێت لەڕێگای مۆدێلی دووەمی داعشەوە خەونە گڵاوەکانی بەدیبهێنێت. شارێک کە هاوشێوەی ستالینگڕاد، شاری مردووخۆرەکان، پێداگری لەسەر مقاوەمەت وتێکۆشان هەتا مردن کرد و لەیەکی نۆڤەمبەری ساڵی ۲۰۱٤ دا، زەبرێکی توندو پڕ کاریگەریدا لەدڵی دنیای کۆنەپەرستانەی ئیسلامی سیاسی و تورکی عەڕەبی و کۆتایی بەپەلامارە هەرە دڕندانەکانی ئەم دەستەو تاقمە هەمەجیە هێندرا، کە ئەو ڕۆژە لەلایەن ئازادیخوازی جیهانیەوە، کرا بەڕۆژی جیهانی کۆبانێ.
کە داعش دواتریش کەوتنی ئاڵەکەیان لەپایتەختی خەلافەتەکەیاندا لە ڕەقەو تەبقە، هەر لەسەر دەستی کچان و کوڕانی کۆڵنەدەری ڕۆژئاواوە، خرایە ژێر پێوە، بەتایبەت کە ژنان دەوری کاریگەرو بێ هاوتایان لەتێکشکاندن و بنپێنانی هەیبەت و ئەفسانەی داعشدا هەبوو .
ئەم دەستەو باندە تیرۆریستانەی دوچاری ترس و تۆقین و گرێ کوێرەی دەروونی کردوون، ژنفۆبیایی لای ئەمانە لەکۆبانێ و تەبقەو ڕەقەوە سەری هەڵدا، هەربۆیە ڕۆژێک تەرمی ژنە شەڕڤانێک لە باڵەخانەیەک ئەخەنە خوارەوەو بێڕێزی بەتەرمەکەی دەکرێت و ڕۆژێک کەزی ژنەشەڕڤانێک دەبڕن و وەک ئەتک و بێڕێزی بەژن و بەتایبەت ژنی کورد وەک فاشیزمێکی ناو حکومەتەکەی شەرع و دەستەو تاقمە درندانەکانی دەبیندرێت، داخی زەبری شەڕڤان لەسەر دڵیان، تەنانەت لەئاستی باڵاشدا، ناچار بوون، فەتوا بۆ فەتح و داگیرکاریی کە لە ئایدیۆلۆجیا فاشیستیە دینیەکەیانەوە سەرچاوەی گرتووە هاوشێوەی سەدام حوسێنی فاشیست وەزارەتی ئەوقافەکەیان ئایەتی نۆی لەسوڕەتی ئەنفال و دوعای قنووتی بۆ جەنگاوەرەکانی لەمزگەوتەکانەوە بانگەوازکرد، بەو واتایەی کە جەیشەکەیان لەبەرامبەر نەتەوەیەکی کافردا جیهاد دەکات و ڕەوایەتدانە بۆ جارێکی دیکە بە کوشت وکوشتاری خەڵکی کوردستان و تاڵانکردنی ماڵ و حاڵیان و بەسەبایاو بەکەنیزەککردنی ژن ومناڵیان هاوشێوەی داعش لە شەنگال..
ئەوەی ئەمڕۆ لەبەرامبەر کۆبانێدا دەکرێت لەو مێژووە قێزەونەی مێژووی سەرهەڵدانی ئیسلامەوە لە مەدینەدا سەرجاوەی گرتووەو پێویستە مرۆڤی وشیاری ئەم سەردەمە لەو ڕاستیە مێژووییە تێبگات بۆ ئەوەی باشتر بتوانێت لەبەرامبەر ئەم دەستەو تاقمە جۆراو جۆرو هەمەڕەنگانەی ناو ئەم جیهادیە ئیسلامیە جۆراو جۆرانەدا بەرچاوی ڕون وڕۆشن بێت !
تاهیر عیسا /23.01.2026
ناسنامەی کورد یەکێتی و یەکڕیزییە.. موتەلیب سەعید عومەر
زۆرن ئەوگەلانەی ژیانی شەرەفمەندانەو کۆڵنەدان هەڵدەبژێرن بۆ پاراستنی وڵات و بەرگریکردن لە کەرامەت و مرۆڤبوونیان وەلێ لەڕابووردوو لە ئێستاش خەباتی گەلی کورد لەباکوورو ڕۆژ ئاوا لەگەڵ دڕندەترین فاشیزم ڕوو بەڕوو بونەتەوە ، فاشیزمێک نەک داگیرکەرو وێرانکارە بەڵکو هەموو بەهاو ئاین و ئایدۆلۆژیاو دونیا بینییەک ڕەتدەکاتەوە ، فاشیزم ئەو دڕندە تۆقێنەرەیە نەک کار لەسەر کۆمەڵکوژی وێرانکاری دەکات بەڵکو لەهەر کۆێیەک ژیان و ژیارو مرۆڤبوون هەبێ لەوێ کۆمەڵکوژی و سەر بڕین بەرجەستە دەکات ، هەر بەناوی ئایینەوە فەتوای کوشتن و بڕین دەدات ، حکومەتە نوێیەکەی ئەحمەد شەرع یەکێکە لەهەڵگری ئەو نۆرمە لەفاشیزم لەڕێی هێزە بەناو نیزامیەکەی بەهاوکاری گروپە تێرۆرستییەکان بەئەقڵییەتی مێنتاڵی عەرەبی بەر بونەتە کوشتن و تۆقاندن و سیناریۆی جیاوازی سوکایەتی بەگیراوەکان دەکات ، ئەمێستا خەباتی شەڕڤانان و خەڵکی کۆڵنەدەری ڕۆژئاوا تۆمارێک لەخۆبووردویی و گیانبازی وێنا دەکات ، پاش درێژە کێشانێ ئەو شەڕە لە ڕۆژئاوا دروست لەم دوو هەفتەی دوایی شەڕڤانانی کورد (هەسەدە ) لەسەخترین بارودۆخدان ، شەڕی ئیرادەو ململانێ و دووچار بوون بە قەدەرێکی یەکلایکردنەوەی دۆزێکی ڕەوا کەکورد بوونە پێش هەموو شتێک ، کورد بوون مەسەلەو مۆراڵ و حەقیقەتێکی شۆڕشگێڕییە ، ئەگەر لەڕابووردوودا مەسەلەی کورد مەسەلەیەکی سیاسی و مەسەلەیەکی نەتەوەیی بووە هەنوکە کێشەی کورد مەسەلەیەکی فرە ڕەهەندی مرۆیی ، نەتەوەیی ، ئەخلاقیی و ئینسانیە لەسەر ئاستی هەرێمی و نێو دەوڵەتی ، لە دەیەکانی کۆتایی سەددەی بیستەم لەکاتی ڕاپەڕین وڵاتانی ئەوروپا پشتگیرییان کردووە . ئەگەرچی گەلی کورد لەباشوور ڕووبەڕووی چەندین کێشەی سیاسی و گەمارۆی ئابووری وشەڕی ناوخۆ بووەوە بەڵام ئازادی ئەم بەشەی باشوور وێنە و ئاماژەیەک بووە بۆ ناساندنی مەسەلەی کورد بەڕووی جیهان ، شەڕی ناوخۆی سووریا و بەرخودانەکانی ژنان لەباکوور و ڕۆژئاوا بوونە داینەمۆی گۆڕانکاری و وەرچەرخانێکی تر بەرامبەر بە هێرشەکانی داعش و فراوانخوازییەکانی لەعێراق و شام ، لە شەڕەکانی کۆبانێ و عەفرین شەڕڤانان سەرمەشقی بەرخودان و بەرهەڵستی چەتەکانی داعش بوونەوە و مێژوویەکی نوێیان لە قوربانی وسەروەری تۆمارکرد ، ئەمڕۆ شەڕو چارەنووسی کورد هەر بەهێزو ورەی شەڕڤانان و خەڵکە تێکۆشەرەکەی حەسەکە ، ڕەقەو قامیشلو ، داستانێک بە خوێن تۆمار دەکات ، وەک بینیمان بەدەنگی زوڵاڵی کیژانی کورد هێز و سوپای داگیرکاری سوریا شکست دێنێت .
ساڵی 2026 گۆڕانکاری لەناوچەکە
لەهەلومەرجێکدا کەگەلی کورد لەڕۆژئاوا بەقۆناغێکی سەختی سیاسی و سەربازیدا تێدەپەڕێت ، لەئێرانیش نەتەوەی کورد لەقۆناغێکی چارەنووسسازدا یە بەرەو گۆڕانکاری و ڕزگار بوون دەڕوات لەستەم وسێدارە وگرتن ، بۆیە ڕام وایە پێشهاتەکان بەرەو ئەوە دەچێت ساڵی 2026 گۆڕانکارییەکی نوێ بێتە کایەوە ،کورد لەهاوکێشەی ئقلیمی ناجێگیری سیاسی بەرە و قۆناغێکی نوێتر هەنگاو دەنێ و بەرەو ئامانجێکی ڕوون دەڕوات ، ئامانج وخەونێک کەلەمێژە کورد چاوەڕێیەتی ، یەکێک لە گرنگترین هەوڵەکان لەداینەمۆی شۆڕش بۆ ئازادی یەکڕیزی و یەکگوتاری کوردە لەم هەلومەرجە سەختەدا یەک ڕیزی و یەک گوتاری کورد لەباشوور و ڕۆژئاوا ، ڕۆژهەڵات ، ئەگەر دەسەڵاتدارانی هەرێم لەباشوور و سەرکردایەتی سیاسی حیزبەکان لەبەشە جیاوازەکان هاوبەش و هاوبیر بەرژەوەندی نەتەوەیی پێکەوە بنێن بەدڵنیایی ئەزموونێکی بەهێز لەکوردستانی گەورە پێک دێت ئەوەش دەرفەتێک دەبێت بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی بێگومان بەپاشخانێکی ئابووری بەهێزو سنوورو سوپایەکی بەهێز .
بیبلۆگرافیای ٢٠ ژمارەی گۆڤاری زمانناسی زمان و زار
بیبلۆگرافیای ٢٠ ژمارەی گۆڤاری زمانناسی زمان و زار، کەوتە بەردەستی خوێنەران و کتێبخانەی ئەرشیفییەوە، سپاس بۆ بەڕێز دکتور تەها ڕەسووڵ کە پاڵپشتی دارایی لە چاپدانی ئەم کتێبەی کردووە.
سپاسی تایبەتیش بۆ کاک سۆران تاودەری دیزاینەر.


کورد کورد نەبووە؟.. زانا ڕەزاق
کوردبوون هەلسەنگاندنی لەسەر بیروباوەڕێکی دیاریکراو نیە بەلکو لەسەر کردار و ڕەفتارە ،کوردبوون واتە خاکی خۆت خۆش بوێت دژی ستەم و ستەمکاری بیت ،کوردبوون واتە بەرگری لەهەموو شتێکی کورد بکەیت تەنانەت بەرگری لەو مرۆڤانەش بکەیت لەسەر خاکی کورد دەژیت ، کوردبوون واتە ژینگە بپارێزی،کوردبوون واتە دوورە لەنەژادپەرستی و شۆفێنی ، کوردبوون واتە پێکەوە ژیانی ئاینی لەسەر ئەو خاکەی تێدا دەژین ئەویش کوردستانە،ئەگەر باسی کوردبوون بکەین بێگومان بێ هەژمارەو کۆتایی نایێت
لێرە دەچینە سەر ئەو ڕایەی کە کورد بۆچی کورد نەبووە؟
بێگومان کورد پێویستە دوو شت لێکجیابکاتەوە ئەویش ململانێی سیاسی و ئایدۆلۆژیایە لەگەل بەرگری کردن لەخاک ،بەرگری کردن خاک ئەرکی هەموومانە، بەلام بەرگی کردن ، ململانێ لە ئایدۆلۆژیاکان لەناو خاکدا مرۆڤەکان ئەرکی ئەو کەسانەیە لەگەل ئایدۆلۆژیاکاندان ،ئێستا هەندێ دەنگ هەیە دژی ئایدۆلۆژیاکانە ئەمە هی ململانێی ناخۆییە بۆیە پێویستە ئەمە بۆ کاتی ململانێی ناخۆیی هەلبگرین چونکە دوژمنان بەدوای خالی لاوازی کورد دەگەڕێن، بۆیە پێویستە هەموومان هەر یەکەی لەلایەی خۆیەوە چارەسەر بۆ خالە لاوازەکان بدۆزیتەوە،کاتێک تۆ لەکاتی بەرگری کردن لەخاک دێیتە سەر هەندێک شت کە پەیوەندی بە ململانێ ئایدۆلۆژیاکانەوەیە ئەوە دەبێ خالی لاوازی کورد بۆیە پێویستە ئەمە هەلبگری بۆ ململانێی ناخۆیی، ئەمیش هەرچی دەکەین بە شێوەیەکی ئاشتیانە و بیروڕایانە ئەو کات مافی خۆتە بۆیە پێویستە کاتێک بەرگرییە هەموو ئایدۆلۆیاکان و کورد و نەتەوەی تری لەکوردستانن بەرگری بکەین،کاتی ململانێش ململانێ بکەین
جا ئێمەی کورد بەسەر چوار وولات دابەش بووینە ئەوانیش ئێراق و سوریا و ئێران و تورکیایە ،ئەو پارچەیەی ئێراق باشورە ئەوەی تورکیا باکورە ئەوەی ئێران ڕۆژهەلاتە ئەوەی سوریا ڕۆژئاوایە .
لە ئێستادا کورد لەڕۆژئاوا تووشی زولم و ستەم و شەڕ بوونە دژی ئەو هێزە داگیرکارییەی حکومەتی سوریا بۆیە پێویستە هەموومان بەرگری لێبکەین بۆ ئەوەی کوردبوون و سەربەخۆ بوونی بپارێزین،پاشان کاتی ململانی ئایدۆژیاکان ململانێ بکەین ،بێگومان ئەمەش بۆ هەمووان ڕەوایە ،من بەرگری لەهەمووان دەکەم
زانا ڕەزاق
23 1 2026
ڕانانێکی کورت لەسەر ڕۆمانی شاپەری و خەونە بەدی نەهاتووەکانی.. نووسینی: شێنی مشیر
ڕۆمانی (کەژاوەی بووکێنی شاپەری) ڕۆمانێکی ئێرانییە، لە نووسینی (رویا سیناپوور) و لە لایەن (کامیل محەمەد)ەوە، وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی، کە بەزمانێکی سادە و وردو و بێ گرێ کاری وەرگێڕانی بۆ کردووە و لە دوو توێی (٢٨٥) لاپەڕەدا و ساڵی(٢٠١٦) لەلایەن چاپخانەی چوارچرا چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
بێکەسی دەردێکی بێدەرمانە بەتایبەت ئەگەر کچ بیت و کەوتبیتە سەر شەقام و کەسێک نەبێت دەستی هاوکاریت بۆ درێژ بکات، مانەوەت بەسەلامەتی و ڕزگاربوونت لەدەست گورگە برسییەکانی کۆمەڵگە کارێکی نەکردەیە، کە یەخەی ئەو کچانە دەگرێن کە بەهۆی ناهەمواری سیاسی و کۆمەڵایەتی ڕووبەڕی بە شێک لە کچان دەبێتەوە.
لەم ڕۆمانەدا گرنگی خێزان و سایە و سێبەری دایک و باوک دەردەکەوێت، هاوکات هەبوونی سەقفێک کە لە ژێریدا بژیت و ژەمێکی کەم هەبێت کە سکت تێربکات ئاواتی زۆر کەسە کە شەو لەسەر شەقامەکان ڕۆژدەکەنەوە.
شاپەری ئەو کچە گوندییە جوانەی کە دایکی نییە و باوکی بەدەست نەخۆشییەوە دەناڵێنێت، کچێکی جوان، بەڵام بەهۆی سەختی ڕۆژگارەوە جوانترین ساتەکانی ژیانی لەدەست دەچێت.
بێکەسی و بێ دەرەتانی دوو دەردی گەورەی ژیانی شاپەرییەکەمانە. لەگەڵ ئەوەی لە جوانییا بێ هاوتایە بەڵام بەختی وەک شێوەی جوان نییە. شاپەری بەهۆی نەبوونییەوە ناتوانێت خەرجی نەخۆشییەکەی باوکی دابین بکات، بەڵام لەگەڵ بردنی باوکی بۆ نەخۆشخانە دکتۆرەکە عاشقی دەبێت.
شەهرام دەبێتە فریشتەی ڕزگارکەری و لە نەهامەتی و نەبوونی ڕزگاری دەکات.
بەڵام بەخت هەروا بۆ شاپەری پێناکەنێت و ئەو ڕۆژەی کە کەژاوەی بوکێنییەکەی بەڕێدەکرێت هاوسەرەکەی توشی ڕووداوی هاتووچۆ دەبێت، بەمەش سەرلەبەری خەونەکانی شاپەری کۆتاییان دێت، و بە ماوەیەکی کەم باوکیشی کۆچی دوایی دەکات.
کچە پاڵەوانەکەی ئێمە کاتێک بەهۆش خۆیی دێتەوە خۆی لە گۆشەی زینداندا دەبینێتەوە. بەدبەختی و نەهامەتییەکانی لە زینداندا و نەبوونی کەسێک کە هاوخەمت بێ و سەردانت بکات هێندەی تر ژیانی شاپەری سەختکردووە.
ڕۆمانەکە پڕە لەڕووداوی چاوەڕوان نەکراو، بەڵام ڕۆژگار هەروا نابێ و کچە پاڵەوانەکەی ئێمەش گرێی بەختی دەکرێتەوە.
لێرەدا ئەوەی گرنگە کە شەڕی چارەنووس ناکرێت، شتێک کە بەشی تۆ نەبێت هەرچەند بۆی بجەنگی خۆشبەختیت بۆ ناهێنێت. چەندین جار دەرگای بەختی شاپەری دەکرێتەوە، بەڵام بەهۆی ساویلکەیی و هەڵبژاردنی نادروستی دەکەوێتەوە ناو گێژاوی هەڵە و گیرو گرفتەکانی.
نووسینی: شێنی مشیر
هێزە کوردییەکان لە کەمپێکی دەستگیرکراوانی داعش لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا کشانەوە.. و: گۆران
نووسینی: William Christou in Beirut and Dan Sabbagh
ئەمریکا دەڵێت چی دیکە پشتگیری( هێزەکانی سووریای دیموکرات -هەسەدە) ناکات، کە لە کەمپەکە کشانەوە لەکاتێکدا بەشێکی زۆری خاکەکەیان لە سەر دەستی حکوومەتی ناوەندی لەدەستدەدەن.
هێزەکانی سەرکردایەتی کورد لە سووریا ڕایانگەیاندووە کە لە کەمپێکی دەستگیرکراوانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا کشاونەتەوە کە دەیان هەزار کەسی پەیوەندیدار بە داعشی تێیدایە، لەکاتێکدا ئەمریکا ڕایگەیاندووە چی دیکە پشتگیرییان ناکات.
چارەنووسی کەمپی ئەلهۆل، کە لە نێویاندا ژنە بیانییە توندڕەوەکان کە گومان دەکرێت ئەندامی داعش بووبن و خێزانەکانیانیش هەن، نیگەرانی زۆری وڵاتانی دراوسێ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دروست کردووە.
ئەم وڵاتانە ساڵانێکە هۆشدارییان داوە کە کەمپەکە ناوەندێکی توندڕەوییە و ئەگەر هەر هەڵهاتنێکی زیندانییەکان ڕووبدات، دەکرێت شپرزەیی دروست بکات. بەڵام لە سێشەممەی ڕابردوودا ئەمریکا ڕایگەیاند کە پێی وایە دەتوانێت لەگەڵ حکوومەتی سووریا کار بکات دژی داعش.
کەمپی ئەلهۆل نزیکەی ٢٤,٠٠٠ کەسی تێدایە، زۆرینەیان سووری و عێراقی، بەڵام ١٠,٠٠٠ کەسیش لە وڵاتانی دیکەن و نادیارە چی ڕوودەدات لەکاتێکدا هێزەکانی حکوومەتی سووریا دەچنە ناوچەکە.
گوتەبێژێکی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کە لەلایەن کوردەوە رابەرایەتی دەکرێت گوتی: «هێزەکانمان ناچار بوون لە کەمپی ئەلهۆڵ بکشێنەوە و لە نزیک شارەکانی باکووری سووریا جێگیر بکرێنەوە کە مەترسی و هەڕەشەیان بەرەو زیادبوونە. »ئەوانە ئەم کشانەوەیەیان خستە ئەستۆی «شکستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. »
ژمارەیەکی کەمتری دەستگیرکراوانی ژن – نزیکەی ٢,٤٠٠ کەس، لە نێویاندا شەمیمە بێگەم کە هاووڵاتی بوونی بەریتانی لێ سەندراوەتەوە – لە کەمپی ئەلڕۆژ کە لە باکووری ڕۆژهەڵاتە و هێشتا لە ژێر کۆنترۆڵی کوردەکاندایە، دەستگیرکراون.
حکوومەتی سووریا ڕایگەیاند کە کۆنترۆڵی کەمپی ئەلهۆل دەگرێتە دەست و لە هەسەدە تۆمەتبارکرد کە بە بێ پاسەوان جێی هێشتووە و ڕێگەی هەڵهاتنی دەستگیرکراوانیان داوە. هەروەها وتی کە هەمان کاریان لە زیندانی ڕەققە کردووە کە ١٢٠ زیندانی لێی هەڵهاتوون، بەڵام هەسەدە ئەمە ڕەت دەکاتەوە.
ئەم کشانەوەیە لەکاتێکدا ڕوویدا کە هێزەکانی حکوومەتی سووریا بە خێرایی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا پێشڕەوییان کردووە و بەشێکی زۆری خاکی هەسەدە یان لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا گرتووەتەوە. هەسەدە لە یەکشەممەدا ڕەققە و دێرەلزووری لە دەست دا، چونکە هەندێک لەهۆزە عەرەبەکان لە هێزە کوردەکە جیا بوونەتەوە و ناچاريان کرد لە ناوچە عەرەبییەکان بکشێنەوە.
پێشڕەویی خێرای هێزەکانی دیمەشق و هەڵوەشاندنەوەی بەشێک لە هەسەدە لە ماوەی شەوێکدا شۆک بوو: هێزە کوردێکە لە ساڵی ٢٠١٩ەوە نزیکەی سێیەکی وڵاتەکەیان کۆنترۆڵ کردبوو، بە پشتگیری ئەمریکا. ئەمە گەورەترین گۆڕانکاری لە هێڵەکانی پێشەوە بوو لەپاش کەوتنی سەرۆک کۆماری پێشووی سووریا بەشار ئەسەد لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ەوە.
تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا، لە سێشەممەی ئێوارەدا گوتی ئەمریکا چی دیکە پشتگیری هەسەدە لە شەڕی دژی داعش ناکات. ئەمەش لەبەر ئەوەی هەسەدە «باشترین هاوبەشی زەمینی بوو لە تێکشکاندنی خەلافەتی داعش لە ساڵی ٢٠١٩»، بەڵام ئەوە بوو چونکە «هیچ دەوڵەتێکی ناوەندی کارا لە سووریا نەبوو».
دیبلۆماتە ئەمریکییەکە گوتی دۆخەکە بەشێوەیەکی«بنەڕەتی گۆڕاوە» لەگەڵ کەوتنی ئەسەد و جێگرتنەوەی بە ئەحمەد ئەلشەرع. «ئێستا سووریا حکوومەتێکی ناوەندی قبووڵکراوی هەیە کە پەیوەندی بە هاوپەیمانی جیهانی دژی داعشەوە کردووە»، لەسەر X نووسی، واتە «مەبەستی سەرەتایی هەسەدە وەک هێزی سەرەکی دژی داعش لە زەویدا بە زۆری کۆتایی هاتووە».
ڕێککەوتنێکی ئاگربەستەی ١٤ خاڵی کە لە یەکشەممەدا لە نێوان سەرۆک ئەلشەرع و سەرۆکی هەسەدە مەزلوم عەبدی واژۆ کرا، بەیانی دواتر لە دوای کۆبوونەوەیەکی ناکام لە دیمەشق هەڵوەشایەوە.
بەڵام شەوی سێشەممە کۆشکی سەرۆکایەتی سووریا ڕایگەیاند ئاگربەستێکی چوار ڕۆژە لەگەڵ هەسەدە بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنە ١٤ خاڵییەکە. گوتی ئەگەر هەرڕێککەوتنێک بکرێت ئەوە حکوومەتی سووریا ناچێتە ناو شارە کوردنشینەکان وەک حەسەکە و قامیشلۆ و هێزە ئەمنییەکان لە خەڵکی ناوخۆیی دابین دەکرێن.
هەروەها گوتی عەبدی کاندیدێک لە هەسەدە دیاری دەکات بۆ جێگری وەزیری بەرگری، پەرلەمانتار بۆ پەرلەمانی نیشتمانی و لیستی کەسەکان بۆ دامەزراندن لە کەرتی گشتی سووریا.
ئەم ڕاگەیەنراوە وادیارە شەڕی دەستبەجێی زیاتر لە نێوان لایەنەکان ڕاگرتووە و دڵنیایی بە فەرماندە کوردەکان داوە کە مافەکانیان ڕێز لێ دەگیرێت.
سەرچاوەکانی حکوومەتی سووریا پێشتر عەبدییان بەوە تۆمەتبار دەکرد کە هەوڵ دەدات جێبەجێکردنی ڕێککەوتنە ١٤ خاڵییەکە دوابخات، کە زۆرینەی دامەزراوە و بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی کوردەکان دەداتە دیمەشق. ئیلھام ئەحمەد، یەکێک لە سەرکردە باڵاکانی دەسەڵاتی کورد، گوتی عەبدی داوای ماوەیەکی پێنج ڕۆژەی کردووە بۆ جێبەجێکردن، کە سەرەتا لەلایەن دیمەشقەوە ڕەت کرایەوە.
« ئیلهام ئەحمەد ئەمڕۆ سێشەممە وتی: “ئەوان دەیانویست ڕاستەوخۆ هەموو شتێک ڕادەستی دیمەشق بکرێت، بەڵام لەگەڵ ئەم کۆبوونەوەیە یان بەبێ ئەم کۆبوونەوەیە دەیانویست بچنە شەڕەوە … ئێستاش پلانەکەیان کۆمەڵکوژکردنی کوردە”.
دوای کۆبوونەوەکە، فەرماندە کوردەکان، لە نێویاندا عەبدی، داوای کۆبوونەوەی گشتییان کرد لە ناوچە کوردنشینەکان و بەرخۆدان لە پێشڕەویی دیمەشق بۆ سەر خاکەکەیان. میدیای هەسەدە وێنەی خەڵک، گەنج و پیریان بڵاو کردەوە کە چەکیان بەدەستەوەیەوە اامادەی بەرخۆدانن.
شەڕ لە نێوان لایەنەکان لە سێشەممەدا بەردەوام بوو، لەگەڵ بۆمبارانی کۆبانی کە ناوچەیەکی کوردنشینە لە سنووری تورکیا و هاتنە ناو حەسەکەی هێزەکانی حکوومەت.
ئەو ناوچانەی تا ئێستا دەست دیمەشق کەوتوون ناوچە عەرەبییەکان بوون، کە زۆرێک لە دانیشتووانەکەیان کێشەی کۆنیان لەگەڵ هەسەدە هەبووە. وادیارە هەسەدە لە ناوچەکانی نزیک سنووری عێراق و تورکیا جێگیر بووە، کە زۆرینەی دانیشتووانی کوردن.
ئەگەر ئاگربەستی چوار ڕۆژە سەرکەوتوو نەبێت و هێزەکانی دیمەشق بچنە ناوچە کوردنشینەکان، شەڕەکە دەکرێت خوێناوی تربێت لە ڕۆژەکانی پێشوو. لەو ناوچانەدا ئەوان ژێرخانی سەربازییان هەیە، لە نێویاندا تۆپی قورس، درۆن و تونێڵی ژێر زەوی.
دانیشتووانی کورد شەڕەکە وەک شەڕێکی بوونی دەبینن و ئاماژە بە کوشتاری بە کۆمەڵ دەکەن کە هێزەکانی حکوومەت لە پارێزگای سوەیدا و کەناری سووریا لە ساڵی ڕابردوودا ئەنجامیان دا وەک نموونەیەک بۆ ئەوەی دەکرێت بەسەریان بێت ئەگەر هێزەکانی حکوومەت ناوچەکە بگرنەوە.
حکوومەتی سووریا لە ڕاگەیەنراوێکدا لە سێشەممەدا گوتی ناچنە ناوچە کوردنشینەکان و ئامانجی سوپا «گەڕاندنەوەی سەقامگیری و پاراستنی دامەزراوە حکوومییەکانە».
هەسەدە بۆ ساڵانێک گەورەترین هاوبەشی ئەمریکا بوو لە سووریا و پێکەوە خەلافەتی داعشیان لە ٢٠١٩دا تێکشکاند. ئەمە باڵی سەربازییەکی دەوڵەتی کوردییە کە خۆسەری بووە، دامەزراوە و حکوومەتی خۆی هەبووە. لە نێو شتەکانی دیکەدا، مافەکانی کوردی پاراستووە، کە ساڵانێک لەلایەن ئەسەد و باوکیەوە پێشێلکرابوون.
کە ئەسەد کەوت، هەسەدە و دیمەشق هاتنە سەر مێزی گفتوگۆ، هەسەدە دەیویست خۆسەرییەکەی بپارێزێت و دیمەشق دەیویست کۆنترۆڵی تەواوی وڵات بکات. سەرەڕای واژۆکردنی ڕێککەوتنێک لە ١٠ی ئازاری ساڵی ڕابردوو بۆ تێکەڵکردنی هەسەدە بە سوپای سووریا، لایەنەکان هەر لە ناکۆکیدا بوون و بە کەم و زۆر شەڕیان کردووە.
لە کۆتایی هەفتەدا، ئەمریکا داوای لە حکوومەتی سووریا کرد پێشڕەوییەکەی لە هێڵی ڕووباری فوراتدا بوەستێنێت، بەڵام هێزەکانی حکوومەت بەردەوام بوون. لەو کاتەوە بێدەنگ بووە لەکاتێکدا حکوومەتەکەی شەرع لە هێرشەکەی دژی هەسەدە بەردەوامە.
پێشڕەویی دیمەشق لە هەفتەی ڕابردوودا یارمەتی دا زۆرینەی وڵات کۆنترۆڵ بکات، لەوەش گرنگتر، گەورەترین کێڵگە نەوت و گازەکان، هەروەها بەنداوە سەرەکییەکان.

سەرچاوە:
رۆژنامەی گاردیان رۆژی ٢٠ی کانونی دووەم ٢٠٢٦
گرێی ئۆدیبی و ئاماژەی هاودژەكان.. عەلی شێخ عومەر
لێكۆڵینەوە
ڕۆمانی «مۆزەخانەی کوڕە قژدرێژ»ی کاروان عومەر کاکەسوور
گۆشەنیگای هەر خوێنەرێكی ڕاستەقینە، بە شێوەیەك لە شێوەكان، بە پێی ئەزموون و پاشخانەكانی تێگەیشتنی دنیایی ئەدەب، جیاوازییەك دەخاتە سەرخوێندنەوەی دەقی بەرهەمهاتوو، دەق بە گوێرەی ئاستی یەك خوێنەر نەنووسراوە، لەنێو تاك ماناییدا داهێنانی تێدا بكوژێت، دەق ئەوە نییە چی بخوێنیتەوە ڕێك هەر هەمان مانای هەبێت، غەدركردن لە دەق ئەوەیە، خوێنەر هیچ خستنسەرێكی پێنەبێت، دەق چیی دەڵێت، چۆنی دەڵێت، لێرەوە دەقی زیندوو،دەكرێ بە ژمارەی خوێنەرەكانی، چەندین مانا و ڕەهەند لەخۆبگرێ، بەم پێیە كونادڕی زەمەنە جیاوازەكانیش دەكات، جۆرایەتی پرسیار دەوورژێنێ،بە گشتی ڕۆمانەكانی كاروان عومەر كاكەسوور بە ئاسانی خۆی بەدەستەوە نادات، بەردەوام لەنێو درزەكانی دەقدا بە لێزانانە گەمەی خۆی لەپێشو پاشخستنی ڕووداوەكاندا دەكات، لە ڕێگای بەكارهێنانی كۆد و بەرجەستەكردنی هاودژەكان،كێشەی دیوێكی دیكەی پرسیار دەخاتەڕوو،ڕۆمانی”مۆزەخانەی كوڕەقژدرێژ”1، وەك بیرۆكە، لەتەك ئەو تێزەی هیگڵدا یەكنایەتەوە كە دەڵێت “ئەوەی واقیعیەعەقڵانییە”2، واتا بوارێك نییە بۆ ناعەقڵانییەت و ناڕێكی، كاروان عومەر كاكەسوور لە ڕێچكەی ئاستەكانی كارەكتەرەوە، دەتوانێ پشت ببەستێ بە بیرۆكەیەك، خەیاڵ ئاوێتەی واقیعێ دەروونیبكات، لەوئاڵۆزییەی بگات كە لەپشت ڕووداوەكانەوەچاودەكەنەوە، پتر دەرخەی بابەتێكن، كە ڕاڤەو شێكردنەوەی ئەدەبی پێشەوایەتی دەكات، نەك شقڵی پێكهاتەی ئەدەبی، لەسەر ئەم بنەمایە ڕۆمانەكە خۆی لە ڕۆمانی، ڕیالیزمی ئەفسووناییدا دەبینێ، لە ڕەوتی ڕووداوەكانەوە، نووسەر لە پەیوەندییەكدا دەمانگەیەنێتەدنیایی خەون و خەیاڵ، كەشفكردنی دنیایەك، یەكسانە بە دنیایی ئەوینداری، جێكەوتی ئەو لێكەوتانە چین! لە یەكەم پەیوەندی سۆزداریدا دەیخاتە ڕووبەرووبوونەوەیدەسەڵات، كەسێك بەنێوی كوڕەقژدرێژ، نەیتوانی گرێی ڕابردوو، قۆناغی منداڵی تێپەڕێنێ، بە ڕایەڵەكانی هەستی خۆشەویستیی و گوناهەوە گیرە، بەوەی دوانەی خۆشەویستی و گوناە خۆی لەخۆیدا، هەوێنی كردەیەكی ناعەقڵانی دەگرێتەوە، كاردانەوەكانیشی لە مانایەكی سەیردا، ناعەقڵانیی دەبێت، چەمكی تێگەیشتنی باو دەشكێنێ، لە گەڕان و كەناركەوتنینێو خوددا بۆ وەڵامێك دەگەڕێت، ناسنامەی خۆی تێدا بدۆزێتەوە، پرسیاری ناماقوڵ لەدوی خۆی جێنەهێڵێت،وەهمبكات بە هەقیقەت، لە یاخیبووندا، خەون بە هاوسەنگییەوە دەبینێ، لەگرتن و دەرچوونی بەندیخانەی واقیع و دەسەڵاتدا، ناتوانێ لە بەندیخانەی دەروون دەرچێت، كە جومگەكانی ڕۆمانەكەی لەسەر بنیادنراوە، لە دنیایی داخراوی ناوەكیدا، دابڕانێكلەتەك لێكچوونی دنیایی دەرەوەدا دەكات، گێڕانەوە ئازادو بەركەماڵە، پەنجەمۆری ڕۆماننووس تێدا بزرە،ئەگەری پێشبینیەكانی وەرگر دەخاتە گومانەوە،نازانی هەنگاوی دواتر، ڕووداو لە چ ئاراستەیەك دادەگیرسێتەوە، ڕستەكان كورت و بنبرو ئاماژەدارن،ڕستە لەسەر ئاماژە ئیشدەكات، لە گواستنەوەی چیرۆكی كوڕەكچەڵەوە، شتێ جیاواز، لە چیرۆكی كوڕەقژدرێژ دا، دەخاتەڕوو، ئەم دوانە، واتا كوڕەكەچەڵ دەشتەكییە، كوڕە قژدرێژ شارستانییە، ئەم لە كوڕەقژدرێژ بە نیوە قیمەت شت لە كوڕەقژدرێژ دەكڕێت، قازانجدەكات، دەوڵەمەند دەبێت، ئەویش بە نیوە قیمەت دەیفرۆشێت تا هەژار بێت، كوڕەكەچەڵ بە سامان قەرەبووی ئەو هەست بەكەمبوونەی دەكات،گەورە دەبێت، كوڕە قژدرێژ لە كۆتاییدا، بە زۆرە ملێ كەچەڵی دەكەن، تێدەگات، لە دووفاقی زەمەنە جیاوازەكاندا، مانای شوێنێك لە ژیانی ئاسییدا نامێنێتەو، بە جیاوازی چیرۆكەكانەوە، هەردوو لایان باوك و دایكیان كوژراوە، ئەویان لە پێناوی دڵپیسی و تۆڵەی پەیوەندی ئەوینداری، باوك و دایكی كوڕەقژدرێژ لەنێوان ڕێكخراوێكی چەپ و دەسەڵاتدا لە پێناو بەرژەوەندی و سامان كوژران، لە سۆنگەی جیاوازی چینایەتییەوە كێشەو كوشتن ڕوودەدات، هیچ سامانێك بۆ كوڕەكەچەڵ نامێنی، لە دوایی دەبێتە برجواز، كوڕەقژدرێژ لە باوكێكی كۆنە ماركسییەوە سامانی بۆ ماوەتەوە، برجوازی ڕەتدەكاتەوە، كارێكتەرەهاوبەشەكانی ئەم ڕۆمانە، لە واقێعكدا جێگیرنیین،كاروكاردانەوەیان نادیارە، یان نیمچە نادیارە، وەك گووتمان ئاماژەن، لە چربوونەوەیەكی ئاڵۆزدا ڕووخساریان لەنێو تەمە نەزانراوەكانی دەقدا دەتوێتەوە، ئەم ناجێگیرییە پارادۆكسێ لەتەك جێگیربوونی ناسنامەدا دروستدەكات، كە ڕۆمانووس دەنگی خۆی لەنێو دەقدا بزربێ، ئیتر چۆن دەتوانێ،ناوو ناسنامەبدات بە كارێكتەرەكانی، یەك ناو لەم ڕۆمانەدا نابینی، تەنیا بە خەسڵەت، ئاماژەیان بۆدەكات، وەك كوڕەقژدرێژ، كوڕەكەچەڵ، ژنی ژێرزەمین، ژنی ساڵۆن ..هتد، لە ڕاستیدا چوونە نێو دنیا شاراوەكەی ڕۆمان، دەرچوون و دووركەوتنەوە نییە، لە دنیا داخراوەكەی كوڕەقژدرێژ، یەكەم كرانەوە،داگەڕانی ئێمە، خستنەڕووی ئەو دنیا شاراوەیەیە كە لە شوێنە داخراوەكانی ڕیالیستدا، لە ڕەنگدانەوەیەكیفانتازی دا خۆی نمایشدەكات، ئەو پاڵنەرە دەروونییە چییە، منداڵ هاندەدات شتی سەیرو فانتازی ئەنجامبدات، چیی لە فاكتەكانی بەردەست كەمبوو، تا دنیایی خەیاڵ و فانتازیایی پی تەژیبكات، بۆشایی ئەو یاخیبوونە چییە بە سزاو توورەبوون نەبی پڕناكرێتەوە،لە دەرووی كەڕنەڤاڵێكدا تڕاژیدیا تێیدا گەشەدەكات،لە دەرچەی پووچگەراییەكدا كۆتایی پێدێ،
ڕەهەندەكانی گرێی ئۆدیبی لە كەسایەتی كوڕەقژدرێژدا
هاودەم، لە دوای داگەڕانی وورد، لە ناوكۆی دەقدا، بە پێی ئاستەكانی گێڕانەوە و لێكەوتەكانی ڕووداودا، لەپەیوەندییەكی ڕاستەوخۆدا، پرسیاری لە لاملێیەتی، لە چامەی كەسایەتی كوڕەقژدرێژ دا دروستبووە، خدێی ڕەفتارەكانی خۆی لە جوغزی لادەردا دەبینێ، هەڵبەت،ئەمەش دەبێ ڤێگەری دەروونی لەدوا بێت، خود ئاراستەی ئۆبژەی دەكات، لێرەوە، دەكرێ لە یەكەم گەشتەكەمانەوە، لە گرێی ئۆدیبییەوە پێداگری لەوە بكەین، چۆن كوڕەقژدرێژ پەیوەستە بە خودەوە، بەوەی مرۆڤی ئۆدیبی، جگە لە خود هیچ ژێدەرێك، لە دنیادا شك نابات تا بە سروشتی بژی، سووربوونی كوڕەقژدرێژ لە پیادەكردنی خەونەكانیدا، بەڵگەی دووەمی ماهییەتی دەمارپشێویەتی، ئاماژەكردن بەبابەتی سۆزو خۆشەویستی بەشێكی تری بنەما سەرەكییەكانی گرێی ئۆدیبی دیاریدەكات، بۆ نموونە،خۆشەویستی ژنی ساڵۆن و ژنی ژێرزەوی، ئەم پەیوەندییە ئەویندارییە، لەنێو دوو كیژدا، نە لە چەمكی ڕۆژئاوا، نە لە ڕۆژهەڵاتدا، لە دڵێكدا كۆناكرێتەوە، ئەوەی دیارە خۆشەویستییەكی سایكۆباتییە، لە یەك كاتدا دوو كیژی خۆشدەوێت، ئەمە بێجگە لەوەی لە قۆناغی هەرزەكاری دا، لە پەیوەندییەكی سێكسیدا، ژنی گێتارژەنەكەی دەبردە سەرەوە، لێوی بۆ دەمژی، بێ بەشبوون، دووركەوتنەوە لە هەستی خۆشەویستی،لەدوای قۆناغی هەرزەكارییەوە بۆ تەمەنی شست ساڵی، هیچ ئەزموونێكی دڵداری نەكردووە، ئەمەش بە جۆرێك لە جۆرەكان، دەكرێ بە بوونەوەرێك،هەژماربكرێ، خەسڵەتی هیچ ڕەگەزێ هەڵنەگرێ،هەر لە قۆناغی منداڵیدا، ماوەتەوە، هەستی پێنەكردووە،ئەو هەستانە لە یەكەم تێڕوانین و پەیوەندی دڵدارییدا،كیژانێك دەتوانن بیخوێننەوە كە دنیا بە جۆرێكی تردەبینن، چۆن بە قژبڕین ستایلی ڕووخسار جواندەكەن، بەهەمان شێوەش، هاوپێچ، بە ژیاندابڕانێك لەگەڵ تێڕوانین و هەستی بەرامبەردا دروستدەكەن، زیندووكردنەوەی ئەم هەستە لە لایەن ژنی ساڵۆنەوە، وەك هەبوونێك مووچركەیەكی نێرایەتی تێدا دەبزوێنێ، ئومێدێكی پێدەبەخشێت، یەكنایەتەوە لەتەك ئومێدی خۆشەویستی، دایك بۆ كورەكەی، لە ئاستێكی شاراوەدا، كوڕەقژدرێژ لە بەرامبەر دایكی كۆچكردوودا، هەست بە گوناە و تاوانێك دەكات،نایەوێت ژنی ساڵۆن ئاوێنەیەك بێت، جێگرەوەی دایكی تێدا ببینێ كە لە كۆیادیدا مایەی ئازاربووە، پەیوەندی لەتەك ژنی ساڵۆن، لە پەیوەندییەكی بێگەردی عوزریدا،ئاشتبوونەوەی لە تەك دنیایی سزادا، لەگەڵ چەمكی یاخیبووندا، پارادۆكسێ ئەنجامدەدات، دەبینین ژنی ساڵۆنی خۆشدەوێت، كەچی لەپڕ بێ هیچ داكۆكییەك ڕادەستی ژنی ژێرزەوی دەبێت،هاوسەرگیری لەتەكدا دەكات، هەر لێرەوەش بنەمای ئەو پەیوەندییە ڕۆمانسییە، هەڵدەوەشێنێتەوە، سەد كاسكێتەكە نابات بۆ ژنی ساڵۆن تا یەكێكیان هەڵبژێرێت، خەونەكەی ناباتەسەر، لادان لە بردنەسەری پەیمان، گووتاری ڕۆمان، گووتاری ڕۆماننووس تێدەپەڕێنێ، دەیخاتە سەر تەختەی فاكتێكی سایكلۆجییەوە كە لەگەڵ گرێی ئۆدیبدا دەست و پەنجە نەرمدەكات، مردنی دایكی دیوێكی تری مردنی ژنی ساڵۆنە، لە ژیانی كوڕەقژدرێژدا مردنی ژنی ساڵۆن،دیاردەیە، ژیانەوەی ژنی ژێرزەوییە،زیندووكردنەوەی ناوەڕۆكە، هەرچەندە پەیوەندی كوڕەقژدرێژ بە ڕەگەزی مێینەوە خاكەڕایی سادەو خێرایە، وەلێ ئاڵۆزییەكی شاردووەتەوە، پێدەچێ هەردوو ژنی ساڵۆن و ژێرزەمین، زۆر شت دەربارەی كوڕەقژدرێژ دەزانن،هەرسێكیان یاخی و داواكراوی دەسەڵاتن، لە گرتەیەكی خۆنزیكبوونەوە دا، ژنی ساڵۆن، بە كوڕەقژدرێژ دەڵێت “تۆ لە خەودا زۆر جوانی” ڕۆمان لا 108، واتا لە بێئاگاییدا، جوانی بە دیوێكی تر خۆشەویستی خەون و دیاردەیە، جیاكارییەك لەتەك هاوسەرگیرییدا دەكات، هەوێنی گومانێك لەگەڵناوەڕۆك و واقیعدا دەكات، بە دیوێكی تر لە زیندووكردنەوەی خەون و خەیاڵی منداڵیدا، لە نەبوونی شوێنێك یان ماڵێك بۆ دەرخستنی سۆزو خۆشەویستی دایك و باوك، كە یەكێك لە پێداویستی ئەم بوو، گیانی سزاو یاخیبوونێك، بەخەبەردێنێ، دیاردەی ئەو خەونە تێكدەشكێنێ، دەچێتە بەرەی ناوەڕۆك، هاوسەرگیری لەتەك ژنی ژێرزەمیندا دەكات، پیادەكردنی پەیوەندیسییانەی ئەوینداری بەڵگە نییە بۆ داهات وتوانایی خۆشەویستی، بە پێچەوانەوە، لەسەرخستنی پەیوەندی ئەوینداریدا سستی و سڕبوون و شكستییە،ئاشتبوونەوەی لەتەك ڕەگەزی مێینە، تێنەگەیشتنە لە سۆزی ڕاستەقینەی ئافرەت، گومانە، كوڕەقژدرێژ ڕانەهاتووە، فێری كردەی خۆشەویستی ڕۆمانسی نەبووە، كە لە ژنی ساڵۆندا خۆی نمایشدەكات، بەوەی دەتوانێ هەموو نهێنییەك لە ڕووخساریدا بخوێنێتەوە،وەك دیاردەییەك هەست بە ناوەڕۆكی دەكات، دەزانێدەروونی چیی تێدا دەگوزرێ، یەكەم كاتێ بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ وەك دڵدارێ بەپێیی پرەنسیپێ ئۆدیبی خۆشەویستی دەسڕێتەوە، ژنی ساڵۆن بە تەنیا دەهێڵێتەوە، دەیكاتە بەر ئەوەی لەنێو سەد كاسكێت دا،بە تەنیا بێت، بەبێ بەشداربوونی خۆی یەكیان هەڵبژێرێت، ئەمەش بەو مانایە دێت، ئەم هەر لە سەرەتاوە مۆرك و ئاسەواری زەوق وجوانی خۆی لەوی بەرامبەردا، جیادەكاتەوە، پەنجەمۆری جوانی ئەو پەیوەندییە، لەسەر ڕووخساری ئەوی بەرامبەردا،هەڵدەگرێت، دووەم دڵسۆزی و پەیمانی ئەوینداری بە كارەساتی سروشتی ترس ومحاڵەوە دەبەستێ، زیادەڕۆیی وەك نووقسانییە “بەڵێ، بۆتیان دەهێنم، ئەگەر لایەكی ئەم شارە لافاوبردبێتی، یان بوومەلەرزە نغرۆی كردبێت..” رۆمان لا 111 و لا 120، كاروان عومەركاكەسوور لەبەر گرنگی ئاماژەكانی ئەم پەڕگرافەی دووجار دووبارەی كردووەتەوە، لە ئاستێكدا گەر كوڕەقژدرێژ بە ئەبستراكەت لە مانای خۆشەویستی بگەیشتایە، ئەو زیادەڕۆی نەدەكردو نەی دەلكاند بە كارەساتی سروشتی، بەشتی مەحاڵەوە، لە ئاستێكی تردا، گەر وەك بەشێك لە خۆیدا سەیری بكردایە، هەڵبەت ڕەنگدانەوەی دیارییەكەی لەنێو ئەوی دیدا تەواودەكرد، ژنی ساڵۆن زوو لێیتێدەگات، بڕوای پێناكات، دەزانێ لە كردەی ژوان و قسەكردنیدا هەست بە جیابوونەوەیەكی هەڵهاتوودەكات، وەك دیاردەحەزدەكات بگەڕێتەوە داوای لێبووردنی لێبكات، بەڵام لە سۆنگەی فڕۆشتنی كاسكێتەكاندا، دەسكەوتنی پارەوە ناگەڕێتەوە، لەنێو دوودڵییەكدا، لەنێوان پارەو ئەوین،دەگەڕێتەوە لای خاوەن كاسكێت، دێتەوە، ژنیژێرزەمین دەخوازێت، دیاردەی ئەم هاوسەرگیرییە،قۆناغی گواستنەوەیە لە لێو مژینەوە، بازادانە لە ژنی ساڵۆنەوە بۆ ژنی ژێرزەمین، جومگەكانی ئەم بازدانە لە نهێنی لەزەتی سێكسی یەكەمەوەیە بۆ لەزەتی تێكشكاندنی دوا نهێنی هاوسەرگیرییە، دیارنەبوون پچڕانی هێڵی پەیوەندی ئەو دوو قۆناغە، لەنەبوون و پچڕانی بنەماكانی سۆزو خۆشەویستی دایكەوە شەقڵی گرتووە، دایكی مامۆستای دوو دەوامبوو،نەپەرژاوە خۆشەویستی دایكانە، پیادەبكات، ئەم ژنێك هەڵدەبژێرێت، پێچەوانەی دایكی بێت، خۆی ئاسابێت، ڕادەستی دەسەڵات نەبووبێت، نەك وەك باوكیبێت، لەپاڵ دەسەڵاتدا ملكەچی بەرژەوەندییەكانی بێت، ئاگای لەم نەمێنێت، لە دوای كوژرانی باوك و دایكیدا هیچ گرتەیەك نابینین، گریانی كوڕەقژدرێژبەرجەستەبكات، یان پەژیوانی دەربڕێت،فەرامۆشكردنی دەنەی قینێ شاراوە گیانی سزایەكئاشكرادەكات، لە ساتەكانی پێش مردنی باوكیدا، بە سزادانی باوكی، تینوویەتی مەراقێ دەشكێنێت، لەوشەش ئامۆژگارییە نەیهێشت باوكی پێنج ئامۆژگارییەكەی دیكەی پێبڵێت، نە شەرمی لێكرد، نەگوێی لێگرت، گەر پێنج ئامۆژگارییەكەی تری بزانیایە زووتر پەلانی لەنێو بردنی ئەو نەخشەیەیبەدیدەهێنا، كە باوكی لە جوگرافیایی ژیانیدا دەیویست بینەخشێنێ، باوكێ پەرجەمانتی، كۆنە ماركسی، دڵڕەق، دایكێ بێدەسەڵات، هیچ كاتێكی بۆ ئەم نەبووە، باوكی هەر خەریكی بازرگانی وسەفربووە،بەر لەوەی گەورەبوون بە خۆیەوە ببینێ، كوژران،سەروەت وسامان وایكرد كەمترین شتی لە بارەیەوە بزانن، ئەم لەیكتێنەگەیشتنە پرسیاری ڕقێك كزر دەكاتەوە، گەر تا ئێستا بمایە، ئایا بەرگەی دەگرت،هاتنەوەی قژی بەو خێرایی وناشرینییە، نیشانەی نەفرەتێیەكە، داپاچین و سفركردنی گەڕانەویەكی تری نەفرەتییە، ترس وئازاردانی بۆلیس، دەكاتە دەروازەیەك لە دوو قۆناغدا سزای خۆی پێدەدات، لەقۆناغی منداڵیدا، دەیویست بێتە شوێن سرنج وسۆزو بەزیی باوك و دایكی، گرەوی خۆشەویستیان بەرێتەوە، لەقۆناغی دووەمدا لە گەورەییدا، سزای خۆیدەدات، لە هەردوو قۆناغدا بەندیخانە دیاردەیەكە ناوەڕۆكی تووشی دابەشبووندەكات، بێسزاو بەندیخانە ناتوانێ بژێت، زوو كوژرانی باوك و دایكی، هەلی ئەو ئارەزوویەیی لێسەند، دواتر وەك هەستێكی گوناە یەخەی دەگرێت، لە سزادانی خۆی سیستەمەكە زیاتر هیچی بە دەستەوە نامێنێ، مەگەر لە ڕێچكەی گوناهەوە نییە زیان بە خۆی دەگەیەنێت بە جۆرێك لەجۆرەكان كردەی خۆكوشتنێكە، ڕاسكۆلینكۆف شاكەسی ڕۆمانی تاوان وسزای دۆستۆفسكی لە شوێنێكدا دەڵێت ” من خۆمم كوشت نەك ئەو پیرێژنە، بە یەك گورز بۆ ئەبەد خۆم لەنێوبرد”3، لە گۆشەی ئەم لەنێو بردنەوە، دژ بە ئامۆژگارییەكەی باوكیدەجوڵێتەوە، ناماقوڵی داكەوتەكان، پووچگەرایی پێشهاتەكان، خراپی بارودۆخی قژی ناچاریدەكات،خۆی بدزێتەوە لە لەبیركدنی ماڵەوە خۆی لە كتێبخوێندنەوەدا دەدۆزێتەوە، باوكی چۆن سامانی بۆ بەجێهێشت، خەم و نەفرەتیشی بۆ بەجێهێشت، ئەو پەروەردە سەقەتەی باوكی، دەبێ قوربانییەك لە ناوەڕۆكدا، یاخییبوونێك لە دیاردە دا، لەدووی خۆی بەجێبهێڵێت، ئایا باوكی لە پێناو خۆشی كوڕەكەی،خۆی بەكوشتدا، یان كوڕەكەی بووە قوربانیسامانەكەی، ئەم خۆخواردنەوەیە هاندەری تراژیدیایەكەلە ماڵ و دنیای ئەمدا ڕەنگدەداتەوە، لێكدانەوەیەكە، لە دەسەڵاتدا تینووی تۆڵەو سزایە، بە گشتی، باوك بە تایبەتی بە پێچەوانەی ئەوان دەیجولێنێتەوە،هەستكردن بە گوناهێكی چپكراو، لە ناخودئاگاییدا،گرتنی بەردەوام لە لایەن پۆلیس و ئەمنەوە،شوێنگرەویەكی ڕەمزی سزایەكن، دەبێ وەك گریمانەیەك لەنێو ئەو هەستە ناپاكانە دا، ڕەنگبداتەوە،لە نادیاردا كاردانەوەیەكی توندی ئەو عەشقەیە كە بە شێوەیەكی نەرێنی، لە سیستەمی دەسەڵاتی باوكسالاریدا یەقدەداتەوە، دوژمنێ بێ ڕەكابەری عەشقە، لە تێڕوانینێكی فراوانتردا، دامەزراوەكانی سیستەمی دەسەڵاتی ئۆدیبی لەسەر بنیادنراوە،ئەمەش لەتەك تێزەكەی ماركۆزدا یەكدێتەوە، دەڵێت”گەڕانەوە بۆ عەشق ڕەهەندێكی دژە سیستەمی هەیە”4 ئەم درككردنە پڕ لە گوناهە، لە شێكردنەوەی دەروونیدا، بە گرێی ئۆدیبی دەناسڕێتەوە، ئەمە بێجگە لە ترسی ئەو سزا وەهمییەی، كە كوڕی ئۆدیبی هەستدەكات، باوك دەیسەپێنێتە سەری، سەرجەم گرتن و ئازاردانێك لەنێوان دایك و ژندا، لە گۆڕنراوە، ئەوەی دیارە، لە غیابی خۆشەویستی دایكدا ناتوانێت، یان ترسی داغبوونی خۆشەویستی ئافرەتێ تری هەیە،ناتوانێ لە بارودۆخێك ئاودیوبێت، كە نەبێ خودئاگایی و خودنائاگای، بوون و نەبوون، لە كۆتاییدا لە سۆنگەی ئەوەی دایك ناتوانرێ وەك ژن خۆشتبوێ، یان هاوڕێیەتی بكەیت، ڕێگا بۆ دایك ڕێگوزەر، نییە، لە چاووگی دایكەوە، لە ناسینی یەكەم ئافرەتەوە، ناتوانێ هەریەك لە ژنی ساڵۆن و ژنی ژێرزەوی بە هاوڕێ تەماشابكات، ئەوە ئەو نییە تەگەرە دەخاتە نێوان پەیوەندی كوڕوكچەوە، ئەوە چپاندن و ترسی گۆڕینی هاوڕێیەتییە بۆ خۆشەویستیی، ترسی ڕەنگڕێژكردنی خۆشەویستییە، لەنێوان ئاوو ئاگردا نەبوونی متمانەیە بە ڕق وسزا.
ئاماژەی نهێنیەكان و شەڕی ناسنامە
تراژیدیای كوڕەقژدرێژ، ئەزموونێ سەختە، لەبەرئەوەی ئەوی دی بە كەسێكی نائاسایی، نامۆ، بە دنیاییدەناسێنن، وەك كاردانەوەش ئەركێكی قورستری خستۆتە پێشچاو، خۆی لە دابڕانی ئەوانی تردا دەبینێ، ئازاردان لەناوەو، لە دەرەوە دا، لە كردەیەكی ناڕاستەخۆی خودكوژییەك دەچێت، بۆ بە تەنیا وەك قوربانییەك لە سیستەمێكی ئەستەمدا، جێیانهێشت، بۆ دەبێ لە داكۆكیكردنی ناسنامەدا، بەگژ چاڕەنووسێنادیاربێتەوە، لە جێكەوتی ڕابردوویەكی سەیردادەركەوێت، ئایا لەو سەردەمەدا، درێژبوونی قژو و زووهاتنەوەی مایەیی بێزاركردنی ئەوانی دین،هەڕەشەیە لەسەر ستایشی نەتەوایەتی، یان لادانە لە واقیع وبرینداركردنی دۆگمابوونی دەسەڵاتە، ئایا قژدرێژی دەرچوونە لەو پێوەر باوانە، لەسەر شتێ،دەستكردی ئەم نییە، كەچی بەر بە سزاو نەفرەتبوونی گشتی دەكەوێت، لە یاساو ڕیسایەكی دژ بە پەیوەندی ئەوینداری لە باوكێكدا ئیشدەكات، لە كوڕی تاقانەدا ڕەنگدەداتەوە، دەیخاتە نێو چوارچێوەی دەمارپشێوییەك، كە لەتەك دەسەڵاتدا بەركەوتن دەكات،سەرجەم حەزەكانی دەكوژرێن، ناتوانێ بیگۆڕێت،گۆڕینی سیستەم و واقیع لە گۆڕینی خۆیەوە دەستپێدەكات، واقیع چەند ئاڵۆز و ناجێگیربێت، ڕێگا بۆ ئەدەب پتر خۆشدەكات، لە ڕێگای چەمكی فانتازیاوە، پەیامەكەی بگەیەنێت، بە دیوی ناواقیعی و خەیاڵی، مانایەك بە پێدراوەكانی واقیع بدات، كاروان عومەر كاكەسوور، لە ڕێگای فانتازیاو خەیاڵەوە، نهێنی ئەو جیهانە ئۆدیبیە، لە دیوە شاراوەكەی دەقدائاشكرادەكات، لە پڕاكتیزەكردنی گرێی ئۆدیبیەوە،پیادەكردنی سیستەمێكی واقعی گشتگیرەوە، ئاماژە بە پەرتبوونی مرۆڤی تەنیا و بێكەس دەكات، جگە لە بێدەنگی، دواندنی خەیاڵ هەمیشە لە خولگەی یەك پرسیاردا، لە شەقامی یەك نهێنیدا، ناتوانێ بگات بە خۆی، كۆمەڵگای ئۆدیبی، شتی جیاواز قەبووڵناكات،ماكی ئەم قژدرێژبوونە، جگە لە باوكی لەتەك كۆمەڵگاشدا، كەوتووەتە ململانێ و كێشە، گەر خەسڵەت نەبێ، ناتوانێ خۆی لە ناسنامەی ناوێكدا،ببینێ، نهێنییەكە، دایكیشی درۆی لەگەڵدا كردووە، بە كوڕەقژكورت بانگیدەكرد، باوكی كوڕەقژدرێژ تا مابوووەك بازرگانێكی شارەزاو بەشێكی سیستەم، خۆی سەنتەری بازاربوو، ئەو شتانەی دەیهێنا، پێداویستی سیستەمبوو، لە دوای كوژرانی باوكدا، دەبینین،ڕەهەندەكانی گێڕانەوە، بە چەمكی فانتازیا، ئاماژە بە بارگاویبوونی دەقدەكات، لە شێواندنی جوگرافیاییخێزانەوە منداڵێ تا شەشی سەرەتایی، خوێندوویەتی،بە تەنیا لەنێو كردەی نامۆبوونی باوكی كوژراودا، بە پێچەوانەی تاقە ئامۆژگارییەكەی باوكی، لە شێواندنی پێداویستییەكانی بازاردا، وەك نامۆیەك دەردەكەوێت،نامۆبوونی خۆی، لە نامۆبوونی بازاردا ساغدەكاتەوە،كوژرانی باوك لە سزای بازار جیاناكاتەوە، دەبێتە ئامرازێك بۆ ڕەتكردنەوەو گۆڕینی كەرەستەی پێویستبۆ ناپێویست، وەك ڕەتكردنەوەی ئامۆژگاری پێویست بۆ نا پێویست، شتێك ناكات، خەڵك پێویستی پێبێ، نە لە شقڵ، نە لە پیشەی بازرگانیدا، ڕەنگ و خووی باوكیهەڵنەگرتووە، لە سیستەمی هێنان و فڕۆشتنی كەرەستەكان دا، هاودژییەك لەنێوان داواكردن و خستنەڕوودا، فەراهەمدەكات، ئایا لە هێنانی ئەم كەرەستە بێ سوودانە، سزای سامانی باوكی دەدات،كە هۆكاری كوژرانی باوك و دایكی، گیانی خۆشەویستی لەمی مێردمنداڵیشدا كوشت، یان ترس ئەوەی هەیە، ئەم خۆیشی بە دەردی باوكی سامان بیدا بە كوشتدا، یان دەیەوێت بە كوژرانی باوكی بازاربكوژێت، خۆیشی مایپووچبكات، یەكمجار لە شوێنێكی گەرمەسێردا، بە بازرگانێك دەڵێت دوو ملیونبەفرماڵی بۆ بێنێ، لە دووەمجار بێ ئەوەی پڵنگ لەو دەڤەرەدا هەبێ، چوار ملیون تەڵەی پڵنگ “تایگەر ترامپ” لە ئەفریقاوە دەهێنێ، سییەمجار تازە تەمەنی بووە بە پانزە ساڵ، بێ ئەوەی دەریایەك لەوێ هەبێ، دەچێ لە ژاپۆنەوە، هەشت ملیون ئامێری “پایزیڤزیڤام” دەكڕێ، كە لە ژێر دەریا دا بەكاردێت،بە مەبەستی پلەكردن لە زیانەكان، لەگەڵ هەر جارێكدا، ژمارەی كەرەستەی هێنراوەكان زیاتردەكات،بێ ئەوەی دانەیەكیان لێبفڕۆشێ، لە سەرجەم جارەكاندا، لە سایەیی كوڕەكچەڵەوە كە بازرگانە،پلانەكەی شكستدێنێ، جگە لەم كەسی تر نییە لێیبكڕی، هەرباشە بە نیوە قیمەت دەیفڕۆشێ،بەكارهێنانی ئەم كەرەستانە لە سیستەمی دەسەڵاتدا،بۆ بەیانی، دەبێتە یاسا،جگە لەخۆی، شار هەموو بەكاریدەهێنن، لە پەیوەندییەكی ڕاستەوانەدا، لەگەڵهێنانی هەر جارێكدا، لە بەكارنەهێنان، سزاكەی زیاتر دەبێ، لەیەكەم جاردا، لەدوای تێهەڵدان، بڕین و داپاچینی قژیدا، پانزە ڕۆژ لە پۆلیسخانە، بەنددەكرێ،لە جاری دووەمدا، لەدوای ئەوەی بیستجار قژی بۆ دەبڕن، لیدانەكەشی قورستر دەبێ، شەش مانگ لە بەندیخانەی گشتی پۆلیس دەمێنێ، لە سێیەمجاردا،لەدوای بردنی بۆ سێ چوار بنكەی بۆلیسدەیگوێزنەوە بۆ ئەمن، زۆربەی تەمەنی لە گرتن وسزا،قژبڕینی زۆرە ملێ، تێهەڵداندا بەسەر دەبات،دەسەڵات چەند برەو بە ئازاردان دەكات، پتر لە بەندیخانەو ئەمن دا دەیهێڵنەوە، ئەم پێچەوانەی ئەوان كەرەستە زیاتر دێنێ، زیان زیاتردەكات، بەسەرێك دەسەڵات لەم نهێنیە تێناگات، لە كاتێكدا، پیشەی سەرەكی پۆلیس و ئەمن كەشفكردنی نهێنییە، خولیایی ئەم كەشفكردنە وایان لێدەكات زیاتر بە دوایدا ڕاكەن، منەیبكەن، بەسەرێكی تر، كوڕەقژدرێژش لە نهێنی ئەو هیچگەراییە ناگات، ئەو كەرەستە بیكەڵكانە، پێویست نین، دەبنە مۆدێل و یاسایەك، سیستەم بە زۆرەملێدایدەسەپێنێ، ئەمیش وەك ڕەكابەرێ ملكەچ نابێ،ئەوەی جێی پرسیارو سەرسوورمانە، درێژبوونی سروشتی قژی قەبووڵناكەن، كەچی بیستو حەوتجار كەرەستەی نەخوازراوو نامۆ، قەبوڵدەكەن، بە كۆگیری،كاژاوەی فیل قەبووڵدەكەن، وەك بازرگانێ چیرۆكیواقیعی ئەم قەبووڵناكەن، باوك و دایكی دیارن، چۆن كوژران، كەچی كابرا سەیرەكە، كوڕەكەچەڵەكە قەبووڵدەكەن، كاتێ پێیدەڵێت لە لایەن دایكەوە كێشەم نییە، بەڵام لە لایەن باوكەوە نازانم، كوڕی گام یان هی مرۆڤ، ئایا داوێنی دەسەڵات گای كردووە بە مرۆڤ،یان مرۆڤ دەكات بە گا، ئەفسانەی چیرۆكی كوڕەكەچەڵ قەبووڵدەكەن باوكی لەتاو دڵپیسی لەگایەك گوایە كۆنە دۆستی دایكی بووە، گۆڕاوە بەگا،لەبەرچاوی گایەكەو كوڕەكەچەڵەكە، لە ژنەكەی دەدات، دیكوژێت، گایەكەش گەرماوگەرم، باوكیكوڕەكەچەڵ دەكوژێت، هەردووكیان كوڕەقژدرێژ وكوڕەكەچەڵ، لە هاوكێشەی كوشتنی باوك و دایكدا، لە گرێی ئۆدیبیدا دووڕووی پولێكن تەواوكەری یەكن،یەكەمیان باوك و دایكی دیارە لە زەنگینییەوە ئێستا هەژارە، زۆربەی كات لە بەندیخانەیە، دووەمیان تۆڵە لە هەژاری دەكاتەوە، زۆڵە گومان لە بوونی باوكی دەكات ئایا گایە یان مرۆڤە، ئێستا زەنگین و ئازادە، بێدەنگ،لەتێنگەیشتنی دەسەڵات لە نەدۆزینەوەی نهێنی،قبوڵدەكات دووجار لە بنكەی پۆلیس، بیست و پێنجار لە ئەمن، بگیرێت، ئازاربدرێت، لە دوای تەمەنی شەست ساڵیەوە و مایەپووچ و بێپارە بێت، كریكاری و دەستفڕۆشی بكات، كەچی كورەكەچەڵ بۆ جارێكش بەندیخانەی نەبینیووە، بە مەرجێ ئەم كەرەستە بێكەڵكەكانی بە دەسەڵات فڕۆشتووە، ئەمە دەبێ چ نهێنییەكی لەدوا بێت، تا ئێستا بە دوای دۆزینەوەی نهێنی باوكیدا وێڵە، نازانێ گابوو یان مرۆڤ،كەرەستەكان بێكەڵك بوون، یان پێویست، زیان بوو، یان دەسكەوتی دوو هێندەی سامان بوو، لەسەرجەم هاوكێشەی ئەم هاودژەوابوونەوەی ئاماژەكاندا،دكتاتۆری، یان ئازادی و دیموكراسی بوو، گەر نائاشكراكردنی ئاماژەكانی هیچگەرایی، نهێنی بێمانایی بوو، ئەوی لە دەقدا گرنگە، كرانەوەی ئاماژەكانە، ڕێكخستن و گونجاندنیانە لەگەڵ یەكتر،كردنەوەی دیوێكی تری ئاماژەكانە، خستنەڕوو و كرانەوەی كۆدە هاودژەكانە، داگەڕانی دیوێكی تری ڕۆمانەكەیە، وەك پێدزییەك، لەنێو پێدراوەكانی دەقی گێڕانەوەدا، بە شێوەیەكی ڕیالیزمانە، ئاماژەمان بە گرێی ئۆدیبی كرد، بەشێكی نادیاری دەقی بەرهمهاتووە، تەنیا لێرە مەبەستمان هەڵدانەوەی نهێنییەكی ترە، پاژێكی تر لە واقعی ڕۆمانەكە ئاشكرادەكەین، چونكە وەك بەختیار عەلی لە شوێنێكدا دەڵێت “واقیعیەت و چێوەكانی، تەنیا ئەو ژێرخانە گشتیانەن كە هەستەكانمان پێویستی پێیەتی تا لە شتە ناواقیعیەكان بگەین “5، قژ بنەمایەكە سەرجەم گرێچنی ڕۆمانەكە لە هاوكێشەیەكدا بەیەكەوە گرێدەدات، هەر جارێ بە جۆرێك لە هاودژەبوونێكدا،تێزی خوێندنەوەیەكی نوێ لە واقیعەوە دەگوازێتەوە بۆ خەیاڵێك، هەستەكانمان لە تێرمێكی فانتازیدا،بەركەوتن لەتەك كارەكتەرەكاندا دەكات، لە تەلیسمی پەیوەندی دنیایەكی سەیرو سەمەردا، كاروان عومەركاكەسوور، لە گێڕانەوەی ناوكۆی دەقدا تووشیشۆكماندەكات، یەكەم كوڕەقژدرێژ، ژنی ژێرزەمین نهێنی جوانیی قژی بۆ ئاشكرادەكات، پێیدەڵێت تۆ بە قژتەوە دەنازیت، كەواتە سەرجەم بڕین و داپاچینی قژی، لە ناشرینی بەتاڵدەكات، دووەم فڕۆشتنی ئەو بابەتانەی پەیوەندی بە قژەوە هەیە، وەك شانە، تۆقەو شامپۆ، گرنگی و جوانی قژ پشتڕاستدەكاتەوە، بە دەرخستنی ئەم جوانییە خاڵێكی ئۆدیبی دەسڕێتەوە،خاڵێكی نەرسیسی بیردەخاتەوە، سییەم بڕینی قژ، لە ستایلدا لێسەندنەوەی خەسڵەتە، جیاكاری بەرهەمدێنێ، بە مێگەلكردنە، گۆڕینی ناسنامەیە،لەنێوبردنی تایبەتمەندیی كەسایەتییە، دایك و باوكیهەر زوو مەبەستیانبوو، جیاوازی و تایبتمەندی بسڕنەوە، بیگێڕنەوە بۆ لۆكاڵ، ڕیزی هاووڵاتیبوون، بە كوڕەقژكورت بانگیان دەكرد، چوارەم هاتنەوەی قژجۆرێكە لە پێداگری سروشت، ڕادەستنەبوونە بەدەسكردەی سیستەمی باو، لەگەڵ هاتنەوەی قژدا سزا لە داكۆكیكردنی ناسنامەدا یەقدەداتەوە، هەر لە منداڵیەوە لەتەك بۆلیس و ئەمندا، تووشی چورتم و ئەشكەنجەو گرتنبووە، بە دیوێكی تر بڕینی و داپاچینی قژ، كەچەڵبوونی سەر لەنێوبردنی خەسڵەتی جوانییە، لە فۆرمدا هاوشێوەبوونە، هیچ تەوالێت و قژداهێنانی ستایلێكی تێدا نییە، لەیەك شێوەبووندا كوشتنە، ئەمەش لەتەك ڕۆحی نەرسیسی و هەستكردنی ئۆدیبیدا یەكنایەتەوە، پێنجەم ئەوەی كوڕەقژدرێژ دەبەستێ بە ژنی ساڵۆنەوە جیاوازی دەردەخات، ژنی ساڵۆن لە ستایلدا قژ ڕێكدەخات،جوانیدەكات و دەیڕازێنێتەوە، واتا بە جۆرێك لە جۆرەكان، لەتەك كەچەڵبووندا یەكنایەتەوە، ئەم جوانی قژ زیندوودەكاتەوە، لە كاتێكدا كوڕەقژدرێژ، بە تاوانی قژدرێژی جوانی تێدا دەكوژن، شەشەم ڕوویەكی تری خۆشەویستی كوڕەقژدرێژ، ژنی ژێرزەمینە، دیسانەوە پەیوەندی بە قژەوە هەیە، گەرچی ژنی ساڵۆن جوانی قژ دەردەخات، ئەوا ئەم بەكاسكێت دروستكردن جوانی قژدەشارێتەوە، دایدەپۆشێ، لە چوارچێوەی پارادۆكسێكدا لەگەڵ كوڕەقژدرێژدا یەكدێتەوە، نە كوڕەقژدرێژ ئەو كەرەستانە بەكاردەهێنێ، نە ژنی ژێرزەوی ئەو كاسكێتانە بەكاردەهێنی، كە دەخرانە بازارەوە، لەڕووی شوێنەوە كوڕەقژدرێژ لەسەرشەقام كاردەكات، بە ئاشكرا شەوی لە شوێنێك دا دەخەوێت،ژنی ساڵۆن شوێنی دیارە بەنهێنی لە ساڵۆن دەخەوێت، ژنی ژێرزەمین لە ژێرزەوی بە نهێنی كارەكەی خۆی دەكات، بازار ئەم سییانە كۆدەكاتەوە،لەدوای گرتنیان بەندیخانە ئاشكرایاندەكات كە داواكراوی ڕژێمن، گەرچی ژنی ساڵۆن بە ئاشكرا، بە سادەیی خۆشەویستی خۆی بۆ كوڕەقژدرێژ ئاشكراكرد، ئەوە ژنی ژێرزەمینە بەنهێنی، لەكاتیپێویستدا ئەوەی كرد، نەبادا كوڕەقژدرێژی لەكیس بچێت، ئاشكرایكرد، هاوسەرگیری لەتەكدا كرد،پیشەی بۆلیس و ئەمن وەك پیشەی ژنی ساڵۆن و ژنی ژێرزەوییە، ئەوەی دەیەوێت دەسەڵات لەنێو سیستەمدا،جوانبكات، ئەمن ناسنامەی نادیارە، جوانی و دەسەڵات لەژێر كاسكێتدا دەشارێتەوە، كچی ساڵۆن بە دیقەتە، لە سۆسەكردنی كوڕە قژدرێژ، ژنی ژێرزەمین ناسنامەی نەتەوایەتی جیاوازە، پێدەچێ عەرەب بێت،فێری زمانی كوردی بووە، لە ژێرزەوییەوە دەزانێ چۆنلەبنەوە كاری خۆیدەكات، مەبەست دەپێكی و گرێیدەدات بە ئابورییەوە، بە پارە ئەوی مەبەستییەتی بە پارە چاوشۆڕیدەكات، ڕایدەكێشێت، ئەوەی لە دیڕۆكدا دەیەوێت بەدەستی دێنێ، هاوسەرگیری لەتەكدا دەكات، لە كۆتاییدا كوڕەقژدرێژ لەو ساتەی لەبەردەم مۆزەخانە دەوەستێت، خۆی لە ڕێگایەكی داخراودا دەبینێ، لە دنیایەكی تردا، دنیا لەو دووڕووییە بەتاڵنەبووە، بەرگەی ئەو دووفاقیە دیڕۆكەی مێژوو ناگرێت، لە شكستبوونێكدا، یاخی دەبێت، خۆی لە پووچگەرای هەرەسی سیستەمێك دا، دەبینێ چۆن چەمكی تێگەیشتن لە سەردەمێكەوە بۆ سەردەمێكی تردەگۆڕێت، چۆن ئەوەی لە سەردەمێكدا نامۆو یاساغبوو، لە ئێستادا نەك نۆرماڵە، بەڵكو جیی شانازییە، ناسنامەی مێژووی وڵاتێكە، مێژوو هیچ نییە جگە لە درامایەك كە پووچگەرایی تێدانمایشدەكرێ، ئەكتەركانیش لە گۆڕینی چەمكەكاندا گەمەی تراژیدیایەك دەكەن، لە دواجاردا دەبێتە شوێنی گێڕانەوەو شانازیكردنی دەرهێنەرەكەی، هەرچەندە دەسەڵات لە دواجاردا بە دەرمانی كیمیایی وایانكرد قژی نەیەتەوە،كەچەڵ بێت، كەچی هێشتا بە كوڕە قژدرێژ بانگیدەكەن، گەرچی ڕووخساری گۆڕاوە،بەڵام وەك ئۆدیبییەك ناوەڕۆكی نەگۆڕاوە، نە باكی بە ژنە، نە بە گۆڕینی سەردەم، نە بە پەیامی مۆزەخانە، جارێكی تر یاخیدەبێت، پەلەماری ئەوكەرستانە دەدات، كە لەسەردەمانێكدا خۆی هاوردەیكردبوو، دیەوێت بیانشكێنی، پۆلیسەكان دەیگرن و دەیبنە بەندیخانە،ژنی ژێرزەمینی هاوسەری بە تەنیا بانگیدەكاتكوڕەقژدرێژ، ئەویش وەك ئێستای كورد لە دنیا دادەبڕێت ماڵباتیان لە پێناو ماڵ و حاڵ، بەرژەوەندی تایبەت، كوڕەقژدرێژ وئێمەی خوێنەریان، كردە قوربانی بەندیخانەی جیهانی، بە ئەستەم گەر بتوانێ جارێكی تر لە شوێنێكی تر دڵداری لەتەك پووچگەراییدا بكات.
ڕێبەندانی 2023 كەركوك
ژێدەرەكان
1ـ كاروان عومەر كاكەسوور ـ مۆزەخانەی كوڕەقژدرێژڕۆمان ـ ناوەندی ڕۆشنبیری ئاشتی ـ شوێنی چاپ تاران ـ چاپی یەكەم ـ ساڵ 2021
2ـ بەختیار عەلی ـ جوانییەكانی ناڕێكی ـ ناوەندی ڕۆشنبیری وهونەریی ئەندێشە ـ شوێنی چاپ تاران ـ چاپی یەكەم ـ ساڵ 2015 ـ لاپەڕە 29
3 ـ بەختیار عەلی ـ ئاوڕكەی ئۆرفیۆس ـ ناوەندی ڕۆشنبیری وهونەریی ئەندێشە ـ شوێنی چاپ تاران ـچاپخانەی رەجایی ـ چاپی یەكەم ـ ساڵ 2014 ـ لاپەڕە 168
4 ـ هەمان سەرچاوەی ژمارە ـ 2 ـ لاپەڕە 122
5 ـ هەمان سەرچاوەی ژمارە ـ 3 ـ لاپەڕە 74
گومان.. شیعری کەنعان مدحەت
خۆمم کردە باخچەی هەزار و یەک شەوا
هەر گوڵە مەمک بوو
گوڵە سمت
گوڵە ناوگەڵ بوو، گوڵە ناوگەڵ
نەقشە لاپەڕەی مێژو و
کەلەپوور..
ئەو ڕواڵەتە
ئەو هەمو گەڵاڕێزانە
کەللە سەرە لە لەش جیاکراوە بەردەوامانە
ڕۆژیان بە ڕۆژەوە دەهۆنی
نەبا ناوبڕ لە ناکاو
هێرش
بەسەر بەرەبەیانی شەهریارا بەرێ و
شەهرەزاد
تەشریف بێنێ
وا ئەم داستانە
لەژێر پەردە و ناونیشانی یەک لە یەک
قیزەوەن و زەقترا
لێرە و لەوێ
لە هەر سوچ و پارچەیەکی
دڵە بە چوار دابەشکراوەکەمدا
سەرهەڵدێنێ
ئیتر چۆن ئەو پەلکەڕەنگینە هەڵواسراوەی
بە ناو دیاریی ئاسمان
ختۆکەم با و
پێی خەنی ببمەوە
کەنعان مدحەت
ههڵمانی شهونمێ.. دهق سیروان ناشاد
بوو به ههڵم لهگهڵ گیزهی ئاوی سهر ئاگری دهروونم
چووه ئاسمان لهگهڵ نوزهی
قوڵپه قوڵپی رووحم …..
تووایهوه لهگهڵ دهنگی دوا هاواری
سوتانم …..
بوو به ههڵم و دوا بزماری خۆی داكوتی
له تابووتی خهونهكانم
بوو به ههڵم .. چیتر نهگهڕایهوه سهر رهچهڵهكی خۆی
كه ئاوه ..
بوو به ههڵم و نهگهڕایهوه سهر ئهو كانییهی
دوای رۆیشتنی تاساوه ……
بووبه ههڵم و نههاتهوه ماڵی كانی
ههڵماو رۆیی و ئێمهی سپارده بێكهسی و
دونیای ئێشی چاوهڕوانی
بگهڕێوه
چیت داوه له حیكایهتی باخچه بێ بۆنهكانی
غوربهت
بگهڕێوه
دامهنیشه به دیار چیرۆکی نەبڕاوەی زهریا
كه خۆت لهتوخمی كانیلهی
وهڕس نهبووی به دیار
ئاژهڵه دهستهمۆكانی دارستان ؟
كه خۆت له جنسی كاریلهی
ده بگهڕێوه ….
بوخچهیهكم له شهونمه مهیوهكانی
سهر رێحانان كۆ كردووهتهوه …. تا لێوی ئایندهی
پێ تهڕبكهی ……. بگهڕێوه
ئهوێ جگه له بۆنی زستانی تووش و
شهوی درێژ تهنیایی چیتر نییه
بهرامهی پیره خهڵهفاوهكانی ئهوێ
نهداد دهدات .. نه ئارامی و سهبوورییه…
ئاخر تۆ تژیت لهئیشق و ئاوهدانی
پڕیت له ژیان ، له سهوزایی و زنه و كانی
خۆ تۆ لێوان لێویت لهههنجیره وشكهی
شهوانی نیشتمان
چیت داوه له گهڕهكی سڕ و بێ ناونیشان ؟
بگهڕێوه
بهم ههموو سوێ و ژانهمهوه
بهڕیشی سپی و قامهتی وهك گۆچانمهوه
دهبمه حهوشهی ئاسودهییت
دهبمه هیوای بێ ئومێدیت
دهبمه كانی وهك ئاوێنه خۆت ببینیت
دهبمه رێگا …. دهبمه راز و بوخچه و
حهشارگه و نهێنیت
ئاخر گوڵم گوێسهبانهی ماڵی چۆڵم به ستوویهتی
درهختی حهوشهی دهروونم له سهرمانا تاڵ تاڵی ریشی رچیوه
بگهڕێوه ئهو مەندە مهودای دوورییه
ههرچی ژین وهەرچی بوونمه كوشتوویهتی
وهره ….. باوان
وهره یارۆ …. وهرهوه حهیران
رووكارم شێوهی دووكهڵی بخوری گرتووهو
ماتیم له خامۆشی گۆڕستان دهچێ
چهقاوهسوویهكی كپم ….
بگهڕێوهو رێگام بده .. دوا گۆرانی بڵێمهوه
بهسهر گهڵای تهمهنی بابردووم
بهسهر جهستهی كفت و ماندووم
گۆرانیهك ههرچی ئاهی نێوانمانه
ههرچی ئێشی زامی قووڵه بێنێته گۆ
گۆرانیهك بهسهر شهوانی درێژی لێو بووی سوتان
بهسهر دوورایی نێوانمان
ئاخر یارۆ
ئاخر حهیران … ئاخر باوان
من دهترسم
له گشت تەرمیناڵهكانی دنیا
لهوێستگهی شهمهنهفهر ولە ئوتوبانه پانهكان
لهوێستگهی فڕۆكه و له گشت هێمای رۆیشتنێ
له گڵۆپی سهوزی ترافیكهكان
دهترسم
دادهچڵهكێم
دادهخورپێم
دادهگیرسێم
كه رێبوارێك به جانتاكهیهوه دهبینم
تك تك دهتكێم
دوكانی جانتا فرۆشهكانیشم خۆش ناوێ
بهرامهی جیایان لێدێ
ئاخر یارۆ ئاخر باوان ئاخر حهیران
ئهوانه یانی رۆیشتن یانی سهفهر یانی جیایی
یانی رۆژانی تهنیایی
یانی ئیتر ناتبینمهوه
بگهڕێوه ……
ئاگردانێ له ناخمدا داگیرساوه
به تنۆكه شهونمێكی چاوهكانت
سارد دهبتەوە
كۆشێ حهسرهتی وشكهڵاتووی ساڵانێكی شهقارم پێیه
به بارانی فرمێسكهكانت تهڕ دهبنهوه
دهببارێ بهسهر رۆحما …. ده بڕژێ
بهسهر شەکەتیی دڵ و گیانما
كه تۆ پڕیت لهسهخاوهتی جوانی
له سهخاوهتی ئیشق
له سهخاوهتی ماچ …. دهببارێ
وهرهوه
چیت داوه له ئیشقی غهوارهیهك
پۆلوی ئهوین نهیسوتاندووه
كه بهفری كێوی تهزین نهیبهستووه
كه ئێشی لهته شیعرێك نه یڕچیوه
ئیتر چۆن كوانگێكی پڕ ژیله مۆت
له شهوی زستانی ئهوێ بۆ رێكدهخا
چۆن دهتوانی كۆشێ نۆتهی سۆزی
ئهوینت بداتێ
چۆن دهتكاته بوكی جوانی
چۆن دهتكاته گهردانهی كامهرانی
چۆن دهتكاته ئهستێرهیهك بۆ شهوانی تریفەمەند
چۆن دهبیته داستانێكی جاویدانی
ئاخر یارۆ ئاخر باوان
كچێ حهیران
ههر تۆ دهتگوت بهیانی باشێ له تۆوه نهبیستم
من نیم
رۆژێ له نێو نامهكاندا نهتبینم …. من نیم
نهفرهتت له دیكارت دهكرد كه دهیگوت
( بیردهكهمهوه كهواته ههم )
تۆ دهتگوت من ههم كه تۆ ههی
كه تۆ نهبی بە دڵنیایی منیش نیم
ههمیشه ئهو لاوكهت دهگوتهوه
تۆ بوون و ژیان و حاڵمی
تۆ سات و رۆژ و ساڵمی
تۆ خۆشی و ژینی تاڵمی
كهچی حهیران
نیوه شهوێ سهربازێكی غهوارهی پیر
له دهرگای دایت و باوهشی ئهوینت كردهوه
گوتت ئێستا ئهتۆ گهورهو خاون ماڵی
ئاخر یارۆ ئاخر باوان
كچی حهیران
خۆت دهتزانی … من خاكی تۆم
رهگهكانت له زهوی رۆحی مندا نهبێ ناڕوێ
من دهنگی تۆم ئازارهكانت له ههناسهی مندا نهبێ نادوێ
من ئهستێرهی شهوانی تۆم
من ئاڵوودهو ئارمبهخش و حهرفی سادهی لێوانی تۆم
ئیتر حهیران ….
باوهشی هیچ غهوارهیهك
وهك دڵی من پڕ سوکنایی و ئەوین نییە
ئامێزی هیچ رێبوارێك وهك سینهی من
له ئارامی تژی نییه
چوون من نۆتهی ئاوازی تۆم ..
من تۆم …
بگهڕێوه
دنیا تهمه و چاوهكانم ههنگاوهكانم نابینن
ههر دهڕۆم و بهرو مهجهول
ئایندهیهك … هیچ دوارۆژێك بوونی نییه
شهوهو نوزهیهكم تیا نهماوه
سهیوانێ بۆ سهبوری شك نابهم
زامێكی چهندین ساڵهم و
خۆم به كۆڵی خۆمدا داوه
ساكێكم له پشت كردووه له ئهزهلهوه بۆ كۆتایی
ساكێك تێشووی رێگای دووری ههتاییمهو
پڕاو پڕه له تهنیایی
ههڵماو رۆیی ….. شهونمێ
نههاتهوه ماڵی خۆی
كه ئاوه
ههڵماو رۆیی شهونمێ ….
نهگهڕایهوه سهر ئهسڵی خۆی
كه كانییه
ساكێكم له كۆڵ كردوه له ئهزهلهوه بۆ كۆتایی
ساكێك تێشووی رێگای ههتاییمهو
پڕاو پڕه لهتهنیایی
بوو به ههڵم و
ئێمهی سپارد بێكهسی و دونیای ئێشی چاوهڕوانی
ههڵماو رۆیی …. شهونمێ
ههڵماو رۆیی …..
ههڵماو رۆیی
شهونمێ
سیروان ناشاد
جیاوازی چییە لەنێوان مێیینەیەکی موسڵمانی کورد و مێینەیەکی موسڵمانی ئیسلامی سیاسیی کورددا ؟.. بەختیاری شەمەیی
ئەمە نووسینێکە بە زمانێکی سادەوساکار سەبارەت بە ( پێوەندیی جلوبەرگ بە رەوشتەوە )
مێیینەی موسڵمانی کورد و مێینەی موسڵمانی ئیسلامی سیاسیی کورد
با لێرەوە داوە تیشکێک بخەینە سەر جیاوازییەکان، مێیینەی موسڵمانی ئیسلامیی کورد خودی خۆی بە ئابڕوو/شەرەفی نێرینەکانی خێزانەکەیی و بە شەرەفی نێرینەکانی کەسوکارەکەی دەزانێت، ئیتر بەم هۆکارە جەستەی خۆی بە لەچک و باڵاپۆش یان بە رووپۆش/نیقابی هاوردەکراوی ئیسلامی سیاسی دەپۆشێت بۆ ئەوەی پێی بڵێن مێیینەیەکی بەشەرەفە یان پێی بڵێن مێیینەیەکی بڕوادار و لەخواترسە، بەڵام مێیینەی موسڵمانی نائیسلامیی کورد خۆی بە شەرەفی نێرینەکانی خێزانەکەیی و نێرینەکانی کەسوکارەکەی نازانێت، بەڵکو مرۆڤێکی ئاساییە و خاوەنی خودی خۆیەتی، خۆی خاوەنی جەستەی خۆیەتی و بڕوای بەخۆیەتی و رێزلەخۆگرتووە، خۆی چ جۆرە جلوبەرگێکی پێ باش و پێ جوان بێت، ئەوە دەپۆشێت.
مێیینەی موسڵمانی نائیسلامیی کورد، شکۆمەندی و باوەڕبەخۆبوون و رێزی بوونی خۆی بەوە دەردەبڕێت کە بە ئاگا و هۆشیارە لە ئازادیی خۆی و لە زانینی ئەرک و مافە رەواکانی خۆیدا، دەزانێت سنووری ئازادی و ئەرک و مافەکانی چین، لەهەمان کاتیشدا رێزی نێرینەکانی خێزانەکەی خۆی و کەسوکارەکەی دەگرێت نێرینەکانی خێزانەکەیی و نێرینەکانی کەسوکارەکەیشی ئەمیان پەسەندە وەک ئەوەی کە خۆی دەیەوێت و وەک ئەوەی کە هەیە پەسەنیان کردووە و رێزی لێدەگرن، بەڵام مێیینەی موسڵمانی ئیسلامی سیاسی پێبەندە بە بڕواداریی و خواستی نێرینەکانی خێزانەکەیی و نێرینەکانی کەسوکارەکەیەوە، هەردەم لە هەوڵی ئەوەدایە کە لە هەموو روویەکەوە بەدڵی نێرینەکانی خێزانەکەیی و نێرینەکانی کەسوکارەکەی بێت، خۆی هیچ شکۆمەندی و خواست و بڕوابەخۆبوونێکی نییە، بێبەرییە لە خاوەندارێتیی خودی خۆی، بێبەرییە لە ئازادیی تاکەکەسیی خۆی، جلوبەرگە هاوردەکراوە ئیسلامییەکانی لەلایەن نێرینەکانی خێزانەکەیەوە، باوک و برا و مام و خاڵ و کوڕە مام و کوڕە خاڵەکانیاوە بۆی دەستنیشان کراوە و بەسەریدا سەپێبراوە، هیچ خواستێکی تاکەکەسیی خۆی تێدا نییە، خۆ ئەگەر مێیینەیەکی موسڵمانی ئیسلامیی کورد بە خواستی خودی خۆیشی ئەو جلوبەرگە هاوردەکراوە ئیسلامییانە بپۆشێت، ئەوە هەر ئەوە دەگەیەنێت کە وەک مرۆڤێک و وەک مێیینەیەک قوربانیی پەروەردەیەکی دواکەوتووانە و کۆنەپەرستانەی ئیسلامییانەی خێزانەکەیی و کەسوکارەکەیەتی کە ئەو جۆرە جلوبەرگە هاوردەکراوە دواکەوتووە ئیسلامییانەیان لەلای ئاسایی کردووە و لێیان کردووە بە هێمای بەشەرەف بوون و بڕوادار بوونی و لەناو خێزانەکەیدا بەسەریدا سەپێنراوە و دەبێت بیانپۆشێت. جا ئەگەری ئەوەش هەیە کە رەنگە خودی خۆی پۆشینی ئەو جۆرە جلوبەرگە ئیسلامییە هاوردەکراوانەی پێ جوان و باش بێت و بەهۆی پۆشینی ئەو جلوبەرگە ئیسلامییەوە چێژ لەوە ببینێت کە پێی بڵێن کەسێکی بڕوادار و پۆشتە و بەشەرەف و لەخواترسە، ئیتر بەم شێوەیە لەچک و باڵاپۆش و نیقابی ئیسلامیی ئیخوانی و مۆدێلەکانی جلوبەرگی مێینە موسڵمانەکانی تورکیا و میسر و سعودییە و قەتەر و میرنشینەکانی تری کەنداو دەپۆشێت و لاسایی ئەوان دەکاتەوە، خۆ ئەگەر مێیینەی موسڵمانی ئیسلامیی کورد لەلای خۆیەوە و لە دڵیشەوە جلوبەرگی رەسەن و جوان و رازاوە و شارستانییەکانی کوردی و کوردەواریشی بەدڵ بن و پێی جوان و باش و پەسەندبن، بەڵام بەهۆی پێبەند بوونییەوە بە یاسا و رێساکانی ئیسلامی عەرەبەوە، هەروەها بەهۆی پێبەندبوون یان ترسانییەوە لە نێرینەکانی خێزان و کەسوکارەکەیەوە، ملکەچ و ناچاری بڕیارەکان و خواستەکان و ناچارکردنەکانی نێرینەکان دەبێت و بە لەچک و باڵاپۆش و هەندێکیشیان بە نیقاب، جەستەیان دەپێچنەوە و بەبێ خواستی خۆیان، وەک مرۆڤێک و وەک مێیینەیەک بێبەرییان دەکەن و مێیینەکان خۆیشیان بە ناچاری خودی خۆیان لە پۆشینی جلوبەرگی رەسەن و جوان و رازاوە و شارستانییانەی میللەتەکەی خۆیان بێبەری دەکەن.
با بپرسین: یانی ئیتر هەر مێیینەیەکی موسڵمان کە لەچکی لەسەر کرد و باڵاپۆشی لەبەرکرد و نیقابی پۆشی، ئیتر ئەوە نیشانەی چاکی و باشی و رەوشتبەرزی و ئابڕوومەندییەتی؟
لەڕاستیدا مەرج نییە هەر کچ و ژنێکی موسڵمانی ئیسلامیی کورد لەچکی لەسەر کرد و باڵاپۆشی لەبەر کرد و نیقابی پۆشی، ئیتر بێبەری بێت لە کاروکردەوەی نەشیاو و نائاسایی یان ئیتر پارێزراو بێت لە دەستدرێژیی نێرینە خۆپەرست و چاوچنۆک و داوێنپیسەکانی ناو کۆمەڵگە.
هەموومان ئەو چیرۆک و بەسەرهات و رووداوانەی هەندێک لە کچان و ژنانی لەچکبەسەر و باڵاپۆشلەبەر و نیقابپۆشەکانمان بیستوون کە چ مامەڵە و بازرگانی و بەکارهێنانێک لەنێوانیاندا هەیە و چ کاروکردەوەیەکی نائاسایی و نەشیاو و ناشایستە لەژێر لەچک و باڵاپۆش و نیقابدا ئەنجام دەدرێن.
لەناو کۆمەڵگە رۆژهەڵاتییە موسڵمانەکاندا مێیینەکانیان لەترسی نێریینەکانیان خۆیان بە جلوبەرگی دەستنیشانکراوی عەرەبی و ئیسلامی دەپێچنەوە بەڵام لەناو کۆمەڵگە ناموسڵمانەکان یان لەناو کۆمەڵگە ئەوروپییەکاندا مێیینەکانیان هیچ ترسێکیان لە نێرینەکانیان نییە، لەبەرئەوە ناچار نین خۆیان بە جلوبەرگێکی دەستنیشانکراوی ئایینی بپۆشن و سەرتاپای خۆیان بپێچنەوە.
شایانی باسە کە مێینەی موسڵمانی نائیسلامیی کورد، مرۆڤێکی ئازاد و مێیینەیەکی خاوەن ئازادییە لە جلوبەرگ پۆشیندا، هەرکاتێک پێی خۆش بێت یان بۆ بۆنەکان پێویست بێت، بە خواستی خۆیی و بە ئەوپەڕی شانازی و سەربڵندییەوە جلوبەرگی رەسەن و جوان و رازاوە و شارستانییانەی میللەتەکەی خۆی دەپۆشێت و جوانترین نماییشتی خۆیی و شکۆمەندی و خواست و ئازادیی خۆی پێوە دەکات، بەڵام بەپێچەوانەوە مێیینەی موسڵمانی ئیسلامی سیاسیی کورد، جلوبەرگی کوردی ناپۆشێت و بێبەرییە لەو جوانی و رازاوەیی و چێژ و خۆشی و شانازییە نەتەوەیی و نیشتمانییە، هەربۆیە مێیینەی موسڵمانی ئیسلامی سیاسیی کورد، ناچارکراو و کۆیلەیە و بەبێ خواستی خۆی وەک بووکەڵە پۆشتەکراوە و پێچراوەتەوە.
لێرهوه ئاماژەیەک بە سیمای جلوبەرگی کۆمەڵایەتی و کوردەواریی کۆمەڵگەی باشووری کوردستانی ساڵانی هەشتاکان دەدەین و دەڵێین هەتا ئەوکاتەی گروپە ئیسلامییە سیاسییەکان لە باشووری کوردستان دروستنەکرا بوون و سەریان هەڵنەدا بوو و هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر کۆمەڵگەی باشووری کوردستان نەبوو، ئەوکاتە بەدەگمەن مێیینەیەکی موسڵمانی کوردی باشوور هەبووە کە لەچک و باڵاپۆش و نیقابی هاوردەکراوی وههابييهکان سهلهفييهکان و ئیخوانییەکان و میرنشینەکانی کەنداو و عەرەبستانی سعودییە و قهتهری پۆشیبێت. بێگومان دوای سەرهەڵدان و پەرەسەندن و بەهێزبوونی گروپە ئیسلامییە سیاسییە دروستکراو و نۆکەر و بەکرێگیراوەکان، سیمای کوردەواری و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەی باشووری کوردستان گۆڕا بە هاوشێوەی وڵاتانی میسر و تورکیا و ئێران و میرنشینەکانی کەندا و عەرەبستانی سعودی، مێیینەکانی موسڵمانە کوردە ئیسلامییە سیاسییەکان کەوتنە لاسایی کردنەوە و پۆشینی لەچک و باڵاپۆش و نیقابی هاوردەکراوی ئەم وڵاتانەی ناومان هێناون.
هەتا ساڵانی نەوەدەکانیش لەچک و باڵاپۆش و نیقابی ئیسلامی لەناو کچان و ژنانی باشووری کوردستاندا نەبوون و نەبینراون، بەڵام ئەمڕۆ بە هەزاران هەزارن، بە دەیان دوکان و فرۆشگەی پیشاندان و فرۆشتنی لەچک و باڵاپۆش و نیقابی ئیسلامییان لە شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستاندا کردوونەتەوە و فرۆش و برەویان پێداون.
سەرنج بدەن مێیینەیەکی موسڵمانی کوردی ئیسلامی نییە کە جلوبەرگی کوردی بپۆشێت. مێیینەیەکی ئیسلامی سیاسی کورد نییە کە شانازی بە جلوبەرگی رەسەنی میللەتەکەی خۆیەوە بکات، جگە لەمەش، مێیینەی ئیسلامی سیاسیی کورد، جلوبەرگی رەسەنی کوردیی کچان و ژنانی کورد بە ناجاییز و دژی ئایینی ئیسلام دەزانێت و بە لادان لەو رەوشتەی دەزانێت کە خۆی پێی وایە ئەوە رەوشتی ئیسلامییە و دەبێت هەموو کچان و ژنانی کورد وەک ئەو بن و پێڕەوی لەو رەوشتە ئیسلامییەی ئەو بکەن.
ئەمڕۆ سیمای جلوبەرگی مێیینە موسڵمانە ئیسلامییە سیاسییەکانی کۆمەڵگەی باشووری کوردستان گۆڕاوە بۆ جلوبەرگی هاوردەکراو و سەپێنراوی وههابی و سهلهفی و ئیخوانی و تورکی و عەرەبی و ئێرانیی ئیسلامیی دواکهوتوو و کۆنهپهرست و ناشارستانیانە و ناسەردەمییانەی ئەو وڵاتە ئیسلامییانە. هەر له سايهی سهرههڵدانی ئهو باند و گروپه ئيسلاميیه سياسييانه و ههبوونی ههزاران مهلای ئيسلاميی سياسی و بانگخوازی ئيسلاميی سياسییه،کۆمەڵگەی باشووری کوردستان بەشێوەیەکی وا نائاسایی و خراپ گۆڕاوە کە لە شوێنە گشتییەکاندا بە شێوازی پۆشینی جلوبەرگی هاوردەکراوی ئیسلامیی سیاسی، ناتوانیت مێیینەیەکی موسڵمانی کورد لە مێیینەیەکی موسڵمانی ئیسلامیی عەرەبی نیشتەجێبووی باشووری کوردستان یان لە مێیینەیەکی موسڵمانی ئیسلامیی گەشتیاری عەرەب و تورک جیابکەیتەوە. ئا بەم شێوەیە گروپە ئیسلامییە سیاسییە دروسکراوەکان، بە هاوردەکردنی ئەجندای ئامادەکراوی دەرەوەی کوردستان، دژایەتی و دوژمنایەتیی فەرهەنگ و دابونەریتی رەسەنی مێژوويی و دێرينی جوان و شارستانييانه و سهردهمييانه کورد و کوردەواری دەکەن، ئا بەم شێوە و شێوازە ئیسلامییە عەرەبی و تورکییانە، باند و گروپه ئیسلامییە سیاسییەکان دابونەریتی رەسەن و باش و جوان و پەسەندکراوی دێرینە و مێژوویی کورد و کوردەواری دەسڕنەوە، بە لەچک و باڵاپۆش و نیقابی هاوردەکراوی ئیسلامی سیاسی، ململانێی جلوبەرگی رەسەن و جوان و رازاوە و شارستانییانەی کورد و کوردەواری دەکەن و لە هەوڵی سڕینەوە و نەهێشتن و نەمانیدان.
لێرەدا پێویستە باسی ئەوەش بکەین کە هەر لە کۆنەوە کچان و ژنانی کورد سەروپێچی جوانی کوردەوارییان لەسەر کردووە و کراس و کەوای دامێندرێژی کوردییان لەبەرکردووە و چەفتەیان داوە بەشانیاندا و جلوبەرگی جوان و رازاوەی کوردەوارییان پۆشیوە بەبێ ئەوەی ئەمە هیچ پێوەندییەکی بە ئایین و ئایینداری و بە ناچارکردنەوە هەبوو بێت.
بەکورتییەکەی مەرج نییە ئەوەی لەچکی لەسەردا بێت و باڵاپۆشی لەبەردا بێت و نیقابی پۆشی بێت ئیتر ئەوە نیشانەی ئەوە بێت ئەو کەسە ئاییندار بێت یان کەسێکی چاک و باش و رەوشت بەرز بێت، پێچەوانەکەیشی هەر راستە.
راستییەکی دیکەش هەیە، لە رابووردوودا و لە ئەمڕۆشدا بە هەزاران لە کچان و ژنانی کورد لەچکیان لەسەر کردووە و لەچک لەسەر دەکەن بەبێ ئەوەی دەستی دەرەکی و سیاسیی گوماناویی لەپشتەوە بووبێت و ببێت، بێگومان ئەمە ئازادیی تاکەکەسییە و هیچ پێوەندییەکی بە سیاسەت و بە خواستی گروپە ئیسلامییە سیاسییەکانەوە نەبووە نییە. لەهەمان کاتیشدا ئەو جۆرە لەچکپۆشییە هیچ کاتێک زیانی بۆ هیچ بوونەورێک نەبووە و نییە.
بێگومان هەموو مێیینەیەک دەبێت ئازاد بێت لە پۆشینی ئەو جۆرە جلوبەرگەی کە خۆی بە خواستی تاکەکەسیی و تایبەتیی خۆی دەیەوێت بیپۆشێت.
مێیینەی فێمینیست و سیکولاریستی ئازادبیر
پێویستە ئاماژە بە جۆرێکی تریش لە رەگەزی مێیینەی کۆمەڵگەکەمان بدەین ئەویش ئەو مێیینە ئازادبیر و فێمینیست و سیکولاریستانەی ئەمڕۆی کوردستانن کە خۆیان خاوەنی خۆیانن، خاوەنی جەستەی خۆیانن، خاوەنی بیرکردنەوە و تێگەیشتن و هەڵوێستی خۆیانن، ئەم جۆرە لە مێیینەی کۆمەڵگەی کوردەواری و کوردستان، ئەو مرۆڤە رۆشنبیر و رێزلەخۆگرتوو و بەهەڵوێستانەن کە بیردەکەنەوە و تێگەیشتن و بەرهەمی هزری و رۆشنبیری و فەرهەنگیی تایبەت بە خۆیان هەیە، بههرهوهر و توێژهر و کاران و کاريگهريی ئهرێنييان لهسهر نهوهی نوێ بهتايبهتی و کۆمهڵگه به گشتی ههيه. ئەوانە ئەمڕۆ بە هەزاران لە مامۆستایانی فێرگەکان و زانکۆکان و ئامۆژگاکانن، بە هەزاران لە رۆشنبیران و چالاکوانان و رەخنەگران و وەرگێڕان و هونەرمەندان و موزیکژەنان و گۆرانیبێژان و شانۆکاران و شێوەکاران و کۆمەڵناسان و دەروونناسان و فێمینستان و سیکولارستەکانی کۆمەڵگەکەمانن کە سیمایەکی هەرە جوان و هەرە پێشکەوتووانە و هەرە شارستانییانەیان بە کۆمەڵگەی کوردستان بەخشیوە و مایەی سەربەرزی و شانازی و سوپاسگوزاریی گشت هاونیشتمانییەکی پاک و دڵسۆز و تێکۆشەر و نیشتمانپەروەرن. کۆمەڵگەی کوردستان بەم خانمە بەڕێز و دڵسۆز و تێکۆشەر و کۆڵنەدەرانەوە جوانتر و سەربەرزتر و گەشاوەتر بووە. ئەم جۆرە مێیینانەی کوردستان لە هەموو چین و توێژ و نەتەوە و کەمەنەتەوەییەکانی دانیشتووانی کوردستانن.
با ئەوەشمان بیرنەچێت کە لەم جۆرە خانمانەی کۆمەڵگەکەمان ئێستا بە هەزاران هەزارانیان لە دەرەوەی کوردستانن و دانیشتووی هەندەرانن وەک خانمانی بیرکەرەوە و رۆشنبیر و زمانزان و چهندين زمان دهزانن و مامۆستای زانکۆن و ئهندامی پارته سياسييهکانی ئهوروپان و سياسهتوان و ئهندام پهرلهمانن و خاوەنکار و فەرمانبەر و شێفی گەورەی فەرمانگە و کۆمپانیا و بانکەکانن و چالاکوان و کارا و بەرهەمدار و کاریگەرن، هەڵگری بڕوانامەی دوکتۆران لە گشت بوارەکانی زانست و زانستە کۆمەڵایەتییەکان و تەکنەلۆجیا و هونەر و موزیکدا و جێپەنجەیان بەسەر کوردان و کوردستانیانی هەندەراننشین و تەنانەت ئەو کۆمەڵگەیانەشەوە دیارە کە تێیدا دەژین.
نەوەی نوێی ئەمڕۆی کۆمەڵگەکەمان
هەر بەم بۆنەیەوە ئەگەرچی زۆر بەکورتیش بێت، پێویستە ئاماژەیەک بە نەوەی نوێی ئەمڕۆی کۆمەڵگەکەمان بدەین، ئەمڕۆ بە هەزاران هەزار لە کچان و لە کوڕانی باشووری کوردستان کە نەوەی نوێن و نەوەی ئەم سەردەمە پێشکەوتووەی مرۆڤایەتین، نەوەیەکن لە خێزانە تێگەیشتوو رۆشنبیرەکانن و لە شار و شارۆچکە و گوندەکانەوە ئینتەرنێت بەکاردەهێنن و زۆربەی هەرە زۆریان ئینگلیزی يان زمانێکی ديکهی جيهانیباش دەزانن، خوێندکارن و خوێندکاری زانکۆن یان دەرچووی زانکۆن، ئاگاداری پێشکەوتنەکان و گۆڕانکارییەکانی جیهانن. گەلێکیان گەشتی وڵاتانی پێشکەوتوویان کردووە و بە پێشکەوتن و شارستانێتیی میللەتانی تر ئاشنا بوون. خۆشبەختانە ئەم نەوە نوێیەی کۆمەڵگەکەمان نەوەیەکی بیرکەرەوە و هۆشیار و چاوکراوەن و لە راستیی ژیان تێگەیشتوون و ژیاندۆستن و نەکەوتوونەتە ژێر کاریگەریی خراپی ئیسلامی سیاسی و مەلا و بانگخوازە مووچەخۆرەکانیانەوە. خۆیان بەشوێن زانیاری راست و دروستدا دەگەڕێن و سوود لە زانستەکانی مرۆڤایەتی وەردەگرن بەڵێن و پاداشتی درۆزنانەی بەهەشت و ترس و ئازاریئاگری دۆزەخی خەیاڵی هیچ کاریگەریەکیان لەسەر بیرکردنەوە و ژیانیاندا نییە. کاتی زێڕینی خۆیان بە ئایینەوە ناکوژن و بڕوایان بە خورافیات و خورافیاتپەرستی نییە. نەوەیەکی بیرکەرەوە و هۆشیار و زانستدۆستن و هیوا و ئومێدی ئێستا و داهاتووی کۆمەڵگەکەمانن.
جۆرەکانی جلوبەرگ
پێویستە هێڵێکی جیاکەرەوە لەنێوان ئەو جلوبەرگەی کە کەسەکە بە ئازادانە و بە خواستی خۆی دەیپۆشێن و ئەو جۆرە جلوبەرگەی کە بۆ کەسەکە دەستنیشان دەکرێت، دابنێین. بەکورتییەکەی جلوبەرگی مێیینەی ئیسلامی سیاسیی کورد، دەستێکی دەرەکی و سیاسی و گوماناوی لەپشتەوەیە و بەرنامەبۆداڕێژراوە و لە دەرەوەی کوردستان دەستنیشانکراو و ئامادەکراو و هاوردەکراوە و بەزەبری پارە یان ترساندن و هەڵخەڵەتاندن و فریودان، سەپێنراوە بەسەر مێینە موسڵمانە ئیسلامییە سیاسییەکانی باشووری کوردستاندا، هەر لەبنەڕەتەوە بۆ دژایەتی کردن و دوژمنایەتی کردنی جلوبەرگی رەسەن و شارستانیانە و جوان و رازاوەی کوردییە. بۆ نموونە گروپە ئیسلامیییە سیاسییەکان فیستڤاڵی لەچک پۆشی و باڵاپۆشی لە شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستاندا رێک دەخەن و بە یەک جار لە هۆڵێکدا و لەکاتێکی دیاریکراودا هەزاران کچ و ژنی کورد (بەتایبەتی کچانی گەنج)، یەک لەچکپۆش و یەک باڵاپۆش دەکەن، لە هەمووی سەیروسەمەرەتر ئەو فیستڤاڵەیان ناوناوە: (فیستڤاڵی تاجی زێڕین) کە لەڕاستیدا ئەوە فیستڤاڵی خۆتێکهڵ کردن و دهستدرێژی کردنه بۆسهر خواستی تايبهتيی و کهسايهتی و شکۆمهنديی تاکهکهسی و تاتبهتييان. کۆتوبەندکردن و بەکۆیلەکردنی کچان و ژنانی کوردە. سەپاندنی ئەو جلوبەرگە یەکپۆشییە ئیسلامییە، جلوبەرگی سیاسی و ئیسلامییە، لاسایی کردنەوەی جلوبەرگی ئیسلامییە کۆنهپهرست و دواکهوتووه و ناشارستانی و ناسەردەمییەکانی ئیخوانەکانی تورکیا و میسر و سعودییە و قەتەرە، لەهەمان کاتیشدا بە ئیسلامی کردنی کۆمەڵگەی باشووری کوردستانە، بەپاشکۆکردنی باشووری کوردستانە بە وڵاتانی تورکیا و سعودییە و قەتەر و میسرەوە. بهو شێوهيه گروپە ئیسلامییە سیاسییە دروستکراو و نۆکەر و بەکرێگیراوەکانی باشووری کوردستان، بە زەبری پارە و سەرمایە و کۆمەک و پشتیوانیی دەرەکی، هەزاران لە کچان و ژنانی خێزانە هەژارەکان و گوندنشینەکانی کوردی باشووریان ناچار کردووە کە لەچکی ئیسلامی مۆدێلی وههابی و سهلهفی و ئیخوانی لەسەر بکەن و باڵاپۆشی و چارشێو پۆشيی رەشی عهرهبی و ئیسلامیی توندڕەو بپۆشن. ئیسلامییە سیاسییەکان بەم شێوەیە ئازادی و مافداری و شکۆمەندی و کەسایەتیی تایبەتی لەو کچانەی کورد دەسێننەوە.
هیچ گومانێکی تێدا نییە کە لەو کۆمەڵگە نائیسلامییانەدا پۆشینی جلوبەرگ پێوەندیی بە کەسەکان خۆیانەوە هەیە، چونکە هەڵبژاردن و پۆشینی جۆری جلوبەرگ، ئازادیی تاکەکەسیی مرۆڤەکانە. لە کۆمەڵگەیەکدا کە یاسا سەروەر بێت و ئازادییە دیموکراسییەکان و ئازادییە کەسییەکان دەستەبەر بن، هەموو هاونیشتمانییەک ئازادە لە پۆشینی جۆری ئەو جلوبەرگانەدا کە دڵخواز و خواستی تاکەکەسی و تایبەتیی خۆیەتی، هیچ کەسێک و هیچ لایەنێک و تەنانەت هیچ دەوڵەتێکیش بۆیان نییە جۆری جلوبەرگ و جلوبەرگێکی تایبەتی و دەستنیشانکراو بەسەر هاونیشتمانیاندا بسەپێنن.
پڕۆژەکانی ئیسلامییە سیاسییەکان
با ئاماژە بەوەش بدەین کە گروپە ئیسلامییە سیاسییەکانی باشووری کوردستان بە پارە و سەرمایەی دەوڵەتانی قەتەر و سعودییە و ئێران و تورکیا و هەندێک رێکخراو و دامەزراوەی ئیسلامیی جیهانی لە ساڵانی رابووردووەوە بە سەدان کۆرسی لەبەرکردنی قورئانیان بۆ منداڵان و مێرمنداڵانی کورد کردووەتەوە و مێشکی ئەو منداڵە بێ گوناهانەیان بە ئایینی ئیسلامی عەرەبی بارگاوی کردووە و بەم شێوەیە ئەو منداڵ و مێرمنداڵە کوردانەیان له ژيانی پڕ له ياری و چێژ و خۆشيی منداڵی و مێرمنداڵيی خۆيان دوور خستوونهتهوه و له ههمان کاتيشدا بۆ داهاتوو ههست و گيان و بير و هۆشی سروشتيي نەتەوەپەروەری و نیشتمانپەروەری و کوردایەتییان سڕ دهکهن.
سڕینەوەی فەرهەنگی رەسەن و مێژوویی و دێرینەی کورد، دوژمنایەتی کردن و باونەهێشتنی جلوبەرگی رەسەن و جوان و شارستانییانەی مێیینەی کورد پڕۆژەیەکە کە دوژمنانی کورد و داگیرکەرانی کوردستان زۆر لەمێژە کاریان لەسەر کردووە و بەردەوام کاری لەسەر دەکەن و سەرمایەی تۆکمەیان بۆ تەرخان کردووە، هیچ گومانێکی تێدا نییە و روون و ئاشکرایە کە جێبەجێ کردنی ئەم پڕۆژە گڵاوەیان لەناو کۆمەڵگەی کوردستاندا بە ئیسلامییە سیاسییەکان و مەلا و بانگخوازە مووچەخۆرەکانیان سپاردووە.
ئیسلامییە سیاسییەکان هەر بەوەوە نەوەستاون کە بە لەچک و باڵاپۆش و رووپۆشی عهرهبی و ئیسلامی، کچان و ژنانی کورد کۆت و بەند دەکەن و بە کۆیلەیان دەکەن، بەڵکو ئەو کۆت و بەند کردن و بەکۆیلە کردنە، تەنانەت کچانی منداڵی ٦تا١٧ ساڵانیشی گرتووەتەوە و ئەو کچە منداڵ و کچە هەرزەکارانەشیان تێوەگلاندووە و بە کۆیلەی جلوبەرگی عەرەبی و ئیسلامی و ئیخوانی و وەهابی و سهلهفیان کردوون. ئەمەش بەوە دەکەن کە دەرفەت لە هەژاری و نەخوێندەواری داماویی خێزانی ئەو کچە منداڵ و کچە هەرزەکارانە دەهێین و بە زەبری پاداشت و پارە و مووچە بۆ بڕینەوە دووچاری کۆت و بەند و بەکۆیلە بوونیان دەکەن، خۆشیی تەمەن و ژیانی منداڵانە و هەرزەکارییانە لەو کچە منداڵ و کچە هەرزەکارانە دەشێوێنن و لەو هەست و چێژ و خۆشییەی ئەو تەمەنە هەستیارەیان بێبەرییان دەکەن. هەموو ئەو دیاردە دواکەوتوو و ناشارستانی و خراپ و ترسناکانە، کە هەڕەشەن لەسەر ئاساییشی نەتەوەیی کورد و نیشتمانیی کوردستان، بە ئاشکرا و بە ئازادانە بەبەرچاوی سەرانی پارتی و یەکێتی و سەرانی دەسەڵاتدارانی خۆماڵییەوە گوزەراون و دەگوزەرێن.
هاوردەکردنی ئەو جۆرە جلوبەرگە ئیسلامییە سیاسییانە بۆناو کۆمەڵگەی کوردستان، جگە لە کۆتوبەند کردن و بە کۆیلە کردنی مێینەکانی کوردستانە، لە هەمان کاتیشدا بازرگانی کردنە بە جەستەی مێینەکانەوە و سەرانی ئیسلامییە سیاسییەکان پارەی پێ پەیدا دەکەن و خۆیانی پێ دەوڵەمەندتر دەکەن.
جلوبەرگ و رەوشت
جلوبەرگێکی تایبەتی هەستێکی تایبەتی بە کەسەکە دەبەخشێت کە پۆشیویەتی، بۆ نموونە جلوبەرگی پۆلیس و پۆلیسی هاتوچۆ و ئاساییش و پاسەوانی فەڕمی هێمایەکە بۆ بەرپرسیارێتی و فەرمانبەری و دەسەڵاتدارییەکی سنووردار، ئەم جۆرە جلوبەرگانە لە رووی دەروونییەوە جۆرە هەستێکی تایبەتی و دەسەڵاتداریی بە کەسەکە دەبەخشن، بەڵام ئەم جۆرە جلوبەرگانە ناکرێت هێمایەک بن بۆ چاکی یان خراپی و رەوشتبەرزی یان رەوشتنزمیی ئەو کەسانەی کە ئەو جۆرە جلوبەرگە فەڕمیانە دەپۆشن. بۆ نموونە کەسێک کە مێزەرێک یان کڵاوێک یان جامانەیەک لەسەر دەکات، ئەمە هەرگیز نابێتە نیشانەی رەوشبەرزی و رەوشتچاکی و رەوشجوانی و ئازایەتیی کەسەکە، رەوشتی چاک، بەڵکو رەوشتی جوان، رەوشتی بەرز یان پێچەوانەکەی، راستەوخۆ پێوەندیدارە بە جۆری بیرکردنەوە و پەروەردە و هەڵسوکەوتی کەسەکەوە.
هەر نەتەوەیەکیش خاوەنی جلوبەرگی میللیی تایبەت بەخۆیەتی، جلوبەرگی میللی رەنگ لە پێداویستی ژینگەی ژیان و دەستڕەنگینی و هونەری میللی دەدەنەوە. بۆ نموونە جلوبەرگی هەندێک نەتەوە جۆراوجۆر و رەنگاوڕەنگ و کراوەن کە گەشبینی و سروشتدۆستی و ژیاندۆستیی زۆرتر تێدایە، بەڵام دیسان جلوبەرگی میللی، بابەتێکی مێژوویی و نەریتییە و هیچ پێوەندییەکی بە باشی و خراپی و رەوشتبەرزی و رەوشتنزمییەوە نییە.
مەبەست و مانای پۆشینی هەر جۆرە جلوبەرگێک یان پۆشینی جلوبەرگێکی تایبەتی، بابەتێکی رێژەییە، لە نەتەوەیەکەوە بۆ نەتەوەیەک و لە کەسێکەوە بۆ کەسێکتر جیاوازن، مەرج نییە جلوبەرگ رەنگ لە ناخی کەسەکە بداتەوە، کەسێک کە جلوبەرگی تاریک یان رەش دەپۆشێت، مەرج نییە ئەوە نیشانەی ئەوە بێت کە کەسەکە کەسێکی رەشبین و نائومێدە و دڵی بە جوانی و بە ژیان خۆش نییە، دەکرێت پێچەوانەکەیشی راست بێت.
هیچ پێوەندییەکی لۆژیکی لەنێوان جلوبەرگ و جۆری بیرکردنەوە و ئابڕوو و رەوشتی بەرزدا نییە. دەکرێت کەسێک جلوبەرگی پۆلیسی لەبەردا بێت و پۆلیسیش نەبێت، بۆ نموونە کەسێکی ساختەچی و رێگر و دز بێت، یان مێیینەیەک جلوبەرگێکی دابونەریتیی ئایینیی لەبەردا بێت، بەڵام ئاییندار نەبێت و خەریکی مامەڵەی نایاسایی و کاری نەشیاو و ناشایستە بێت.
ئەگەر مێیینەیەک بە هەر هۆکارێک بێت شوێنێکی جەستەی بەدەرەوە بێت، ئەوە هەرگیز نیشانەی ئەوە نییە کە ئەو مێیینەیە کەسێکی باش نەبێت و کەسێکی خراپ بێت یان لەڕووی رەوشتەوە کەموکوڕیی هەبێت، ئەمە بەهیچ شێوەیەک وا نییە و راست نییە.
لەڕاستدا پۆشینی جۆرە جلوبەرگێکی تایبەتی جۆرە هەستێکی تایبەتی بە کەسەکە دەبەخشێت، بەڵام ئەمە هەستە نەک رەوشت، جلوبەرگ هەر جۆرە جلوبەرگێک بێت پێوەر نییە بۆ رەوشتی چاک و جوان و بەرزی مرۆڤەکان.
هەندێک جلوبەرگ هەن کە رەنگ لە کار و پیشەیەک دەدەنەوە، وەک جلوبەرگی فەڕمیی پۆلیس و پۆلیسی هاتوچۆ و هێزە چەکدارەکان و کارگە و چێشتخانە و هۆتێل و شوێنە گشتییە فرۆشیارییەکان، ئەمە پێداویستیی ئیش و کارە، ئەمەش بە هیچ شێوەیەک پێوەر نییە بۆ جۆری بیرکردنەوە و ئابڕوو و و رەوشتی مرۆڤەکان.
جلوبەرگ دەکرێت نیشەنەی پیشەیەک و پلەوپایەیەکی کۆمەڵایەتی بێت، وەک جلوبەرگی هەندێک لە شوێنە فرۆشیارییەکان و چێشتخانە و کارگەکان، یان جلوبەرگی شیک و گرانبەهای دەوڵەمەندەکان. بۆ نموونە لە کۆمەڵگەی کۆنی چینییەکاندا دەسەڵاتدارانی دەوڵەت جۆرە جلوبەرگێکی تایبەتییان هەبووە، بەهەمان شێوە خێزان و بنەماڵە خانەدانەکان جلوبەرگی تایبەت بە خۆیان لەبەرکردووهکە خەڵکە هەژارەکان و کۆیلەکان بۆیان نەبوو هەمان ئەو جۆرە جلوبەرگانەی خێزانە دەوڵەمەندەکان و بنەماڵە خانەدان لەبەربکەن. هەژارەکان و کۆیلەکانیش دەبووایە جلوبەرگی هەژارانە و کۆیلانەی تایبەت بەخۆیان لەبەربکەن.
هەندێک جلوبەرگیش هەن رەنگ لە ئامانجێکی تایبەتیی ژیان دەدەنەوە وەکو ئەو جۆرە جلوبەرگە ئایینییانەی کە مێیینە کریستیانە دێرنشینەکان دەیپۆشن، ئەوانە خۆیان بۆ ئەوە هەڵگرتووە کە لە داهاتوودا هاوسەرگیری لەگەڵ عیسای مەسیح دا بکەن. هەروەها ئەو جۆرە جلوبەرگە نارنجییانەی کە پەرستگەنشینەکانی ئایینی بودایی دەیپۆشن کە نیشانەی ئەوەیە ئەو ئاییندارانە خۆیان بۆ خزمەتی بودا و ئایینی بوداییزم تەرخان کردووە.
شایانی باسە لە هەموو کۆمەڵگەکاندا ئەم جیاوازیی جۆری جلوبەرگە لەنێوان چینە هەژار و دەوڵەمەندکاندا هەبووە و لە سەردەمی ئێستایشدا ئەم رەوشە هەر بەردەوامە. لە کوردەواریی خۆیشماندا لە گوندەکاندا جلوبەرگی دەرەبەگەکان و زەویدارە دەوڵەمەندەکان، لە جلوبەرگی جووتیارەکان و پاڵە و سەپان و شوانەکان جیاواز بووە. لە مێژوودا هەروا بووە، دەوڵەمەندەکان شیکپۆش و گرانبەهاپۆش بوون و هەژارەکانیش شڕپۆش و هەرزانبەهاپۆش بوون.
ههر وهک ئاماژهمان پێدا که جلوبهرگ يان ههر جۆره جلوبهرگێکی تايبهتيي، پێوهر نييه بۆ باشی يان خراپی، رهوشتبهرزی يان رهوشتنزميی مرۆڤهکان، هەر بۆ نموونە بە میلیۆنان مێیینەی ئەوروپایی کە بۆ باشیی تەندروستییان لە کەناری دەریا و رووبارەکاندا خۆیان رووت دەکەنەوە تا تیشکی خۆر لە جەستەیان بدات، یان بە رووتی و نیوە رووتی لە کەنار دەریا و رووبارەکاندا مەلەدەکەن و یاری دەکەن یان پشوو دەدەن، ئایا ئەو مێیینە ئەوروپییانە خراپن، رەوشت نزمن، ئایا ئەوانە بێ ئابڕوون؟ بێگومان وەڵامەکەی نا و نەخێرە.
لێرەوە پێویستە چەند راستییەک دووباره بکهينهوه، ئهويش ئهمهيه که جلوبەرگ هەرگیز نيشانه و هێما و پێوەر نەبووە و نییە بۆ چاکی و خراپیی هیچ مرۆڤێک، هەر بۆ نموونە هۆزە ئەمازۆننشینەکانی بەرازیل و هەندێک لە هۆزەکانی ئەفەریقا بەگشتی رووتن، بەڵام ئەوە جۆری ژیانی تایبەتیی خۆیانە، هیچ هێما و نیشانەیەک نییە بۆ خراپییان یان بۆ رەوشت نزمییان.
هەموومان ئەم راستییە دەزانین کە جلوبەرگ پێداویستییەکی ژیانە، بۆ خۆپارستنە لە سەرما و لە گەرما، هەروەها لەهەمان کاتیشدا بۆ جوانکاری و خۆڕازاندنەوە و شیکپۆشیشە، بۆ جوانی و دڵخۆشی و چێژ بینینشە. جلوبەرگ هیچ پێوەندییەکی بە ئابڕوومەندی و رەوشت بەرزیی مرۆڤەوە نییە.
پێوهندييهکانی کچان و کوڕان
پرسیارێکیتر هەر لەم بوارەدا: ئایا هەموو ئەو کچ و کوڕە ئەوروپییانەی کە لە تەمەنی سەرو هەژدە ساڵاییەوە، لە دەرەوەی پڕۆسەی هاوسەرگیرییەوە پێکەوە دەژین و پێکەوە دەخەون، ئایا ئەو هەموو میلیۆنان کچ و کوڕانە خراپن، بێ ئابڕوون، رەوشت نزمن؟ لەناو ئەو کچان و کوڕانەدا کە پێکەوە دەژین، پێکەوە مەلە دەکەن، پێکەوە گەشت دەکەن، پێکەوە دەخەون، بە هەزارانیان دەرچووی زانکۆ هەرە پێشکەوتووەکانی جیهانن، چەند زمانێک دەزانن، پزیشکن، ئەندازیارن، تەلارسازن، لێکۆڵەرەوەن، گەردوونناسن، ئابووریزانن، سیاسەتزانن، شوێنەوارناسن، نووسەرن، وەرگێڕن، کۆمەڵناسن، دەروونناسن، فرمانبەری پلە بەرزی بانکەکانن و هتد. بێگومان ئەو جۆری پێوەندییەییەی کچان و کوڕانی ئەوروپی هیچ پێوەندییەکی بە رەوشت و ئاکارەوە نییە، لەبەرئەوەی کۆمەڵگە ئەوروپییەکان پێش کۆمەڵگە رۆژهەڵاتییەکان چەند هەنگاوێکی ژیانی کۆمەڵایەتی و فهرههنگی و رۆشنبیری و ئابووری و سیاسییان لە مێژوودا ناوە و ئێستا ئەمە بەشێکی جۆری پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگە ئەوروپییەکانە و به سروشتی و بە ئاسایی وەرگیراوە و پەسەند کراوە.
راستە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا جارێ ئەم دیاردەیە نییە، بەڵام دەگونجێت لە داهاتوودا لای ئێمەش ئەو دیاردەیە سەرهەڵبدا و لەلامان ئاسایی و پەسەندکراو بێت. کۆمەڵگە و ژیان بەردەوام لە گۆڕانکاریدان. بێگومان ئەوروپاش پێشتر وەکو ئێستا نەبووە، ساڵانی ٦٠کان پێوەندییەکۆمەڵایەتییەکان لەناو کۆمەڵگە ئەوروپییەکانیشدا وەکو ئەمڕۆ نەبووە.
لەلای خۆمان بەهۆی پابەبد بوونی زۆرینەی خەڵک بە ئایینی ئیسلام و دابونەریتی عەرەبەوە، جارێ ئەو دیاردەیە نییە و زۆریشی دەوێت تا وەکو ئەوروپامان لێ بێت.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا هەمووان ئەو باش دەزانین کە ئەمڕۆ لەشارە گەورەکاندا چی دەگوزەرێت، تا ئەندازەکیش پەسەندکراوە و وەک کێشەیەکی گەورە وەرنەگیراوە.
هەر بەم بۆنەیەوە پێویستە باسی دیاردەیەکی هەرە خراپی نێو هەندێک لە خێزانە ئیسلامییە سیاسییەکان و هەندێک لە خێزانە نائیسلامییەکان بەڵام خێزانی ئایینداری زۆر تودندڕەو و ئەوپەڕگیر بۆ پرسی ئایینی بکەین، هەندێک لەو خێزانە ئیسلامییە سیاسییەکان و ئاییندارە توندڕەوەکان و ئەوپەڕگیرەکان کە مێیینەکانی خۆیان بە هەڕەشە و ترساندن و بە بەکارهێنانی شێوازی پڕ لە زەبروزەنگ ناچاردەکەن تا لەچک و باڵاپۆش و پەچە و رووپۆش بپۆشن، ئەو خێزانانە بارودۆخێکی خێزانی و کۆمەڵایەتیی نائاساییان هەیە و خێزانێکن کە لە کەشوهەوایەکی خێزانی و کۆمەڵایەتیی زۆر ناجێگیر و زۆر نائارام و پڕ لە کێشەی دەروونی و رەوشتیدا ژیان بەسەر دەبەن. پێوەندییەکانی نێوان نێر و مێیینەکانی ئەم جۆرە خێزانانە لەسەر بنچینەی رێز و خۆشەویستی و سۆزداریی بەرامبەریی خێزانی نییە و مێیینەکانیان لە ناخۆشترین بارودۆخی خێزانی و دەروونی و کۆمەڵایەتدا دەژین کە هەندێک جار ناگوێڕایەڵی و یاخی بوونی ئەو مێیینانەی لێدەکەوێتەوە و دواجار ئەو مێینانە جگە لە چەوساندنەوە و ئازاری دەروونی، رووبەڕووی چەوساندنەوە و بەندکردن و لێدان و ئازاردانی جەستەییش دەبنەوە و هەندێک جار سووتاندن و خنکاندن و کوشتوکوشتاریشی لێدەکەوێتەوە. نموونە زۆرن، وەک ئەو خێزانە موسڵمانە توندڕەو و ئەوپەڕگیرانەی کە لە ئەوروپا دەژین و مێیینەکانیان لەناو خێزان و پێوەندییە کۆمەڵایەتییە ناوخۆییەکانیاندا جۆرێکن و لە دەرەوەی خێزان و لە دەرەوەی پێوەندییە کۆمەڵایەتییە ناوخۆییەکانیاندا جۆرێکی ترن و جۆرە جلوبەرگێکی تر دەپۆشن و جۆرە هەڵسوکەوتێکی دیکەی جیاوازیان هەیە، بەتایبەتی ئەو کچە گەنجانەی کە دەخوێنن و تێکەڵی کچ و کوڕە ئەوروپییەکان و کچ و کوڕە ناموسڵمانەکانی میللەتانی تر بوون و ئەمانیش چاو لەوان دەکەن و دەیانەوێت وەکو ئەوان بن و ئەمانیش وەکو هاوڕێ و هاوپۆلەکانیان بن و وەکو ئەوان ئازادانە جلوبەرگ لەبەربکەن و وەکو ئەوان ئازادانە هەڵسوکەوت بکەن و وەکو ئەوان پێوەندییەکانیان لەگەڵ کچان و کوڕانی تردا رێکبخەن.
دەبێت ئەمەش بڵێین کە لەم نووسینە بواری ئەوە نییە بچینە ناو وردەکارییەکانی کێشە تاکەکەسی و خێزانی و کۆمەڵاتییەکانی ئەو مێیینانەی کە لە ناو خێزانی موسڵمانی ئیسلامی سیاسی و لەناو خێزانی موسڵمانی ئایینداری توندڕەو و ئەوپەڕگیردا کە لە ئەوروپا دەژین، کێشەکان زۆر زۆرن و جۆراوجۆرن، بەشێکی زۆری ئەو کێشەنانە دەچنە ناو میدیاکانی وڵاتە ئەوروپییەکانەوە و کاردانەوەی فرە زۆر و جۆراوجۆری کەسایەتییەکان و فێمینیستەکان و رێکخراوە فێمینیستییەکانی داکۆکیکار لە مافە مرۆییە مێیینەکانی لێدەکەوێتەوە.
بەڵێ راستە لە ئەوروپا ئازادی و دیموکراسی هەیە و پێڕەو دەکرێن، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا تا ئەندازەیەکی پێویست پۆشینی هەندێک جۆرە جلوبەرگی نائاسایی رێگەپێنەدراوە، لە زۆربەی زۆری وڵاتە ئەوروپییەکاندا، لەبەر پاراستنی باری ئاساییش و ژیانی ئاسایی هاونیشتمانیان، بە فەڕمی، پۆشینی پەچە و رووپۆش و لە هەنێک لە خوێندنگە و فەرمانگە دەوڵەتییەکاندا تەنانەت لەچک و باڵاپۆشی ئیسلامیش بە یاسا یاساخ کراون.
کۆمەڵگەی ئەمڕۆی ژاپۆنی
هەر لەم بارەیەوە سەرنجێک لە کۆمەڵگەی ئەمڕۆی ژاپۆنی بدەن کە یەکێکە لە پێشکەوتووترین و ژینگەپارێزترین و رەوشتبەرزترین کۆمەڵگەکانی جیهان، راستییەکە ئەمەیە کە ئەمڕۆ زۆرینەی هەرە زۆری ژاپۆنییەکان یان بێ ئایینن، یان هیچ پێوەندارییەکیان بە جێبەجێ کردنی ئەرک و فەرمانە ئایینییەکانەوە نییە، هەروەها زۆرینەیەکی زۆری ژاپۆنییەکان کاتی خۆیان بە پرسی بوون و نەبوونی خوایەکەوە بەخەرج نادەن، بەڵام ئایا ژاپۆنییەکان بەم هۆکارە و لەبەرئەوەی ئاییندار یان موسڵمان یان خواناس نیین، ئیتر مرۆڤی باش نین و خراپن یان رەوشت نزمن؟ هەروەک ئاماژەدانێک بەو پێشکەوتنە زۆرەی کە ژاپۆنییەکان لە گشت بوارەکانی پێشکەوتنی ژیانی ماددیدا پێی گەیشتوون، ئەمڕۆ لە هەموو کۆمەڵگە موسڵمان و ئیسلامییەکاندا ماڵێک یان کارگەیەک و فەرمانگەیەک و نەخۆشخانەیەک و خوێندنگەیەک و سەربازگەیەکی ئەو کۆمەڵگە موسڵمان و ئیسلامییانە نییە کە داهێنانێک و دروستکراوێکی بەرهەمی بیر و هزر و کاری ژاپۆنییەکانی تێدا نەبێت و لێی سوودمەند نەبووبن و نەبن. بەپێچەوانەی ئەمەشەوە هیچ ماڵێک یان کارگەیەک و فەرمانگەیەک و سەربازگەیەک و نەخۆشخانەیەکی ژاپۆنی نەبووە نییە کە داهێنانێک و دروستکراوێکی بیر و هزر و کار و بهرههمی موسڵمانێک ههبوو بێت و ههبێت کە ژاپۆنییەک بەکاری هێنابێت و بەکاری بهێنێت و لێی سوودمەند بووبێت و لێی سوودمەند بێت.
ئایین و رەوشت
پرسیارەکە ئەمەیە کە ئایین چۆن و بۆچی سەرچاوەی رەوشت بێت لەکاتێکدا کە هەموو ئایینەکان لەلایەن پیاوانەوە داهێنراون، هەموو پەیامبەرانی ئایینەکان لە رەگەزی پیاو بوون.
تەنانەت خواپەرستی و ئایینداری یان پێچەوانەکەی، نیشانە و پێوەر نین بۆ چاکی و خراپی یان رەوشتبەرزی و رەوشتنزمی مرۆڤهکان.
سەرباری ئەمەش (جگە لە ئایینی زەردەشتی کە ئایینێکی ئاسمانی نییە و داهێنراوی زەردەشتی بیرمەند و فەیلەسوف و چاکەخوازە)، ئیدی ئایینەکانی تر بەچاوێکی کەم لە رەگەزی مێیینەیان روانیوە، لە ئایینە ئاسمانییەکاندا کە گوایە پەیامی خوان، بێ رێزی و سووکایەتی بە رەگەزی مێ کراوە، رەگەزی مێ بە بوونەوەرێکی کەمتر لە رەگەزی نێر پێناسە کراوە، مێ بە پاشکۆ و خزمەتکاری نێر دانراوە، ئەمە لەگەڵ دادپەروەری و رەوشتی بەرز و ویژدانی مرۆڤایەتیدا یەکناگرێتەوە. هەربۆیە ئایین هەرگیز ناتوانێت سەرچاوەی رەوشتی چاک و جوان و بەرزی مرۆڤایەتی بێت.
دەبێت ئاماژە بەم راستییەش بدەین کە لەناو هەموو پەڕتووکە ئاینییە ئاسمانییەکاندا تێکستی جوان و چاکەخوازانە هەن، بۆ نموونە فەرمان بە چاکە و نەکردنی خراپە، رێزگرتن و یارمەتیدانی دایکان و باوکان، سۆز و خۆشەویستی و میهرەبانی هەبوون بۆ منداڵانی بێ دایک و بێ باوک، ئەمانە هەموویان بیرۆکەی باشن، بەڵام ئەم بیرۆکانە پێش پەیدابوونی ئایینەکانیش هەر هەبوون، پێش پەیدابوونی ئایینەکان مرۆڤەکان ئەم ئەرک و فەرمانانەیان هەر بەجێهێناوە، یارمەتیی یەکتریان هەر داوە، نەوەکان بە سروشتی، رێزی دایک و باوکی خۆیان هەر گرتووە، خەڵک بەگشتی سۆز و خۆشەویستی و میهرەبانیان بۆ منداڵانی بێ دایک و بێ باوک هەر هەبووە، بێ ههبوونی ئايين و بێ ئايينداريش، رێز و سۆز و خۆشەویستی و میهرەبانی یارمەتیدان لەنێوان مرۆڤەکاندا هەر هەبووە و هەر هەیە و هەر دەبێت.
ئەگەر ئایینەکان لەناو چوارچێوەی چەمکی باشە بکە و خراپە مەکە و وەکو ئامۆژگاریی باش و چاک و مرۆڤدۆستانە بمانایەنەوە و خۆیان تێکەڵی ژیانی تایبەتیی مرۆڤەکان نەکردنایە و نەبوونایەتە سەرچاوەی یاسا و دەسەڵات و دەسەڵاتدارێتی و فەرمانکردن، سوپا و هێزی چەکداریان بۆ خۆیان دروست نەکردایە و لێبگەڕانایە کە مرۆڤەکان ئازاد بوونایە لە پەسەندکردن و پێڕەوکردنی خۆبەخشانەی هەر ئایینێکی دڵخوازی خۆیان، ژیان باشتر و خۆشتر دەبوو، ئایینداران بێ ئاژاوە و بێ شەڕ و جەنگ و بێ داگیرکاری و تاڵانکاری و کوشتوکوشتار، بە خۆشی و ئاشتی و ئارامی و ئاسوودەیی و خۆشگوزەرانی پێکەوە دەژیان.
جا وەک چۆن یاساکان بۆ سەردەمی خۆیان نووسراون و بۆ ئەو سەردەمە کارا و گونجاو و بەسوود بوون، بە تێپەڕبوونی رۆژگار و بە هۆکاری گۆڕانی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی و رۆشنبیری و فەرهەنگیی کۆمەڵگەکان، یاساکانیش کۆن دەبن و سەردەمەکەیان بەسەر دەچێت و پێویستە بگۆڕێن و دەشگۆڕێن و یاسای نوێ و سەردەمییانە و گونجاو، شوێنی یاسا کۆنبوو و بەسەرچووەکان دەگرنەوە. بەهەمان شێوە پێویستە و دەبێت هەموو ئايين و بيروباوەڕێك بەردەوام بەشێوەیەك چاكسازی گۆڕانكاريیان تێدا بكرێت كە ناوەڕۆكەكەی لەگەڵ راستيی ژيانی مرۆڤايەتيی سەردەمدا بگوجێت. پێویستە و دەبێت چاكسازی و گۆڕانکاری لە لە گشت ئەو یاسا و فەرمان و بڕگانەی ئایینەکاندا بکرێت و یاسا و فەرمانە کۆنبووە زیانبەخشەکان و بڕگە توندوتیژەکان سڕ بکرێن و چیتر کاریان پێنەکرێت. ئایینێك كه نيوەی كۆمەڵگە بە كۆيلەی نيوەكەی ديكەی بكات، دەبێت ياسا و فەرمان و بڕگە كۆنبووە زيانبەخشەكانى پێڕەو نەكرێن و بخرێنە ناو ئەرشيفی مێژووەوه.
ئايين ئامڕازه، ئامانج نييه. دهبێت ئايين له خزمهتی مرۆڤدا بێت نهک مرۆڤ له خزمهتی ئاييندا بێت.
پێویستە ئەم راستییە هزری و فەلسەفییە لەبیرنەکەین کە تاکە پێوەر بۆ چاکی و باشی و رەوشبەرزی و مرۆڤدۆستی و ژياندۆستیی مرۆڤەکان، ئەم سێ چەمکە فەلسەفییە، جەوهەرییە، هەتاهەتاییەی مرۆڤایەتییە کە بریتییە لە:
(بیری چاک، وتەی چاک، کرداری چاک).
کۆتایی
بۆئەوەی ئەم نووسینە لەمە درێژتر نەبێتەوە، لەکۆتاییدا دەڵێین: بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی باشووری کوردستان لە داهاتوودا بە هەمان ئەزموونی کارەساتباری تاڵیبان و ئەلقاعیدەی ئەفغانستاندا نەڕوات و هەمان پاشکەوتن و چەوساندنەوە و گرتن و ئەشکەنجەدان و ماڵوێرانی و کوشتوکوشتار و بەکۆیلەکردنی کچان و ژنانی کوردستانی لێنەکەوێتەوە، داوا لە دەسەڵاتدارانی دەسەڵاتی باشووری کوردستان دەکەین یان سنوورێک بۆ رەوتی ئیسلامی سیاسی دابنێن، یان ئەگەر لەتوانایاندایە و ئازایەتی و بوێریی ئەوەیان هەیە، هەوڵ بدەن بە زووترین کاتی گونجاو بە یاسا هەموو باند و گروپە ئیسلامییە سیاسییەکانی باشووری کوردستان هەڵبوەشێننەوە و هەموو جۆرە کار و چالاکییەکی رەوتی ئیسلامی سیاسی لەناو کۆمەڵگەی باشووری کوردستاندا یاساخ بکەن. جگە لەمەش پێویستە و دەبێت لایەنە پێوەندیدارەکان کۆنتڕۆڵی وتاردانی مەلاکان و بانگخوازە ئیسلامییە سیاسییەکان بکەن و رێگە نەدەن ئەو مەلا و بانگخوازانە لەسەر سەکۆی مزگەوتەکان و لە بۆنەکاندا و لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە خواستی دوژمنانی کورد و داگیرکەرانی کوردستان و هەروەها بە ئارەزووی خۆیان چی بەسەر دەمیاندا بێت بیڵێن و چییان بوێت بینووسن و بڵاوی بکەنەوە، ههڕهشه له کچان و ژنان و رۆشنبيران و نووسهران و رەخنهگران بکهن، فهتوای کوشتن و وڵاتبهدهرکردنيان بدهن، بە ئارەزووی خۆیان چییان بوێت، بیکەن و بۆيان بچێتهسهر؟.
چەند پەیڤێکی پێوەندیدار بەم بابەتەوە لە پەڕتووکی (روانگەکان)ەوە :
١
تۆڵەی شەرەف
چەمكی نامۆ و نەفرەتی و ترسناكی (تۆڵەی شەرەف)، یەكێ لە كارەساتبارترین چەمكە هاوردەكراوەكانی ناو عەرەب و ئیسلامه بۆ كوردستان كە بەردەوام كچان و ژنان – خوشكان و دایكانمان باجەكەی دەدەن.
٢
جەستەی مرۆڤ
- هەموو مرۆڤێك، خۆی خاوەنی جەستەی خۆيەتی.
- جەستەی گشت بوونەوەرانی گۆی زەوی، نە شەرمە، نە شانازيه، خوا، سروشت، يان رێكەوت، بەو شێوەيە ئافەريدەی كردوون. ئيتر هيچ بڕوادار و دەسەڵاتدارێك، بەناوی خۆيان و خوا و ئايين و ئايينزاوە، ئەو مافەيان نييە، خواستی تايبەتيی خۆيان بەسەر شێوازی نيشاندانی ئەو جەستەيەدا بسەپێنن.
- هەموو مرۆڤێك بە رووتی لەدایك دەبێت، ئەگەر جەستە شەرم بووایە، خوا مرۆڤی بە پۆشتەیی دروست دەکرد.
- ئەگەر دەركەوتنی جەستەی مرۆڤ نەنگی بێت، كەواتە خوا بە نەنگییەوه مرۆڤی دروست كردووە.
- پرچی مێیینە هیچ جۆرە پێوەنددارییەکی بە رەوشتەوە نییە.
- ئابڕوومەنديی مرۆڤ، لە خۆپێچانەوە و شاردنەوەی جەستەیدا نييە، بەڵكو لە بيری چاك و وتەی چاك و كرداری چاكی دايە.
٣
هۆكارە سەرەکییەکانی سەرهەڵدانی رەوتی ئیسلامی سیاسی
١- رووخانی خیلافەتی ئیسلامیی تورکە عوسمانییەكان.
٢- سەرنەکەوتنی رەوتی ناسیۆنالیزمی عەرەبی: ناسریزم و بەعسیزم.
٣- رووخانی دەسەڵاتی بنەماڵەی پەهلەوی و سەركەوتنی شۆڕشی ئیسلامیی لە ئێران.
٤- ململانێی نێوان هەردوو ئۆردوگای سەرمایەداری و سۆسیالیزم: ئەمەریکا و ئەوروپای رۆژئاوا و یەکێتیی سۆڤێت و وڵاتانی ئەوروپای رۆژهەڵات.
٥- هێرشی سوپای سووری سۆڤێتی بۆسەر ئەفغانستان.
٦- رووخانی یەكێتیی سۆڤێت و سەرنەكەوتنی سیستمی سۆسیالیزم و كۆمۆنیزم.
٧- شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق.
٨- رووخانی دەوڵەتی عێراق و دروستبوونی كەشوهەوایەكی ئازادانە و دیمۆكراسییانە لە عێراق و باشووری كوردستاندا بۆ گەشەكردنی رەوتی ئیسلامی سیاسی.
٩- دژایەتی و دوژمنایەتی و شەڕی یەكتر كوشتنی پارتی و یەكێتی كە باند و گروپە ئیسلامییە سیاسییەکانی باشووری کوردستان زۆر لێی سوودمەند بوون.
٤
ئيسلامی سياسی لە باشووری كوردستاندا بەرهەمی سێ هۆكارە
يەكەم: دوژمنانی كورد و داگيركەرانی كوردستان بۆ دوژمنايەتی كردنی كورد و بزووتنەوەی ئازاديخوازی كوردايەتی و رێگەگرتن لە دروست بوونی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان و بەعەرەبكردن و تواندنەوەى كورد، دروستیان كردوون.
دووهەم: بە هۆی شەڕی ناوخۆی كوردستانەوە گەشەيان كردووە و بەهێز بوون، پارتی دژی يەكێتی كۆمەكی هەندێكيانی كرد و يەكێتی دژی پارتی كۆمەكی هەندێكی ديكەيانی كرد. ئيسلامييە سياسييەكان توانيان زۆر سوود لە دژایەتی و دوژمنایەتی و شەڕی يەكتر كوشتنی پارتی و يەكێتی وەربگرن. ئيسلامييه سياسييەكان ئەو ئاژاوە ناوخۆییەیان بۆ بەرژەوەندييەكانی خۆيان بەكار هێنا و ئێستايش ئەو سوود وەرگرتن و بەكارهێنانە هەر بەردەوامه.
سێهەم: بەهۆی ئەو پاشاگەردانييەی كە ناونراوە ئازاديی بيروڕا و ئازادیی چالاكيی سياسی و بەهۆی ئەو سيستمە ديمۆكراسييە ناتەندروستەوە كە لە باشووری كوردستاندا بە هەڵە جێبەجێ كراوە و دەكرێت، ئيسلامييە سياسييەكان تێیدا گەشەيان كرد و توانيان لەو بارودۆخە پاشاگەردانييەدا زۆرترين جەماوەر بۆ خۆيان دروست بكەن و ئەم رەوتە ناسروشتييە ئێستايش هەر بەردەوامه.
ئیسلامییە سیاسییەکانی كورد لە هەر شوێنێك بن، بەرژەوەندییەكانی دوژمنانی كورد و داگیركەرانی كوردستان، لەو شوێنەدا پارێزراوە.
٥
هەر ئیسلامییەکی سیاسی، داعشێکی خۆمەڵاسداوە بۆ کاژێری سفر .
ساڵانی ههشتاکان ئهوکاتهی که ورده ورده گروپ و کهسانی ئيسلاميی سياسی به کۆمهک و پشتيوانيی ئيتڵاعاتی ئێران و دهوڵهته عهرهبييه شۆفێنيستهکانی ناوچهکه و تورکه تۆرانييهکان، دهنگ و رهنگی ئيسلاميی سياسيی پهيدا دهبوو، هێشتا زۆر بههێز نهبوون و پهرهيان نهسهندبوو، ئهو کاته هاوبيرانی نهتهوهيی هاواريان له پارتی و يهکێتی دهکرد و به زمانێکی ساده و پڕ خهمخۆری و پاڕانهوه پێيان دهگوتن، تکايه و دهستمان به دامێنتان، مههێڵن ئهو گروپ و کهسه ئيسلامييه سياسييانه گهشه بکهن و بههێزبن، مههێڵن ئهمانه هێزی چهکداريان له کوردستاندا ههبێت، مههێڵن ئهوانه بهئارهزووی دوژمنانی کورد و دهوڵهته داگيرکهرهکانی کوردستان، چالاکی بکهن و پێوهنديی بهم دهوڵهت و بهو دهوڵهتهوه بکهن، مههێڵن ئهو ميکرۆب و ڤايرۆسانه له جهستهی کورد و بزووتنهوهی کوردايهتيدا بڵاوببنهوه و خۆيان بههێز بکهن، مههێڵن ئهو دهسته رهشه دروستکراوانه لاوان و خهڵکه ههژار و ساده و ساکارهکهی کوردستان بخهڵهتێن و فريويان بدهن و بهلای خۆياندا رايانبکێشن، مههێڵن به ناوی ئاينی ئيسلاميی عهرهبييهوه کوردستان و فهرههنگی رهسهنی کوردهواری ئهنفال بکهن و عهرهبچێتی و تهعريبچێتی و ئيسلامچێتی بکهن، بەڵام بهداخهوه کهس گوێی له هاوار و پاڕانهوهی دڵسۆزانهی هاوبيرانی نهتهوهيی نهگرت تا وای لێهات له ههورامان کچان و ژنان له ماڵهکانی خۆيشياندا نهياندهتوانی بێ لهچک و بێ باڵاپۆشی ناشارستانييانهی ئيسلاميی عهرەبی بهسهربهستی بژين. لێرهدا دهبێ بڵێين ماڵی سوپا بههێزهکهی ئهمهريکا ئاوا بێت که توانی به زهبری سهربازييانه ههر له ئاسمانهوه کۆتاييان پێبهێنيت. بێگومان ئهگهر ئهو هێرش و ههڵمهته سهربازييانهی ئهمهريکييهکان نهبووايه، ئێستا ئيسلامييهکان له ههورامان و ناوچهکانی دهوروبهريدا ههر باڵادهست بوون و بهرهو شاری سلێمانيش هێرشيان دههێنا. راستییەکە ئەوەیە کە ئێران به ههموو شێوهيهک بۆ شێواندی باشووری کوردستان، ههموو کۆمهک و پشتيوانييهکی دهکردن. ههزاران جار ماڵی ئهمهريکييهکان ئاوابێت و زۆر سوپاس بۆ ئهوان که ئهو گورزه کوشندانهيان لێوهشاندن و له ههورامان کۆتاييان پێهێنان.
هاوبيرانی نهتهوهيی هاواريان دهکرد و دهپاڕانهوه و دهيانوت بيکهن به خاتری کورد و کوردستان، بيکهن بهخارتی خوا و ويژدانی مرۆڤايهتی، کۆمهکی ئهو گروپ و کهسه ئيسلاميييه سياسييانه مهکهن. هاوبیران دهيانوت ئهو ئيسلامييه سياسييانه له سهددام و بهعسييه فاشيستهکان و دهوڵهتی داگيرکهری ئێراق مهترسيدارترن بۆ سهر ئاساييشی نهتهوهيی و نيشتمانيی کورد و کوردستان، ئهمانه زۆر بهئاسانی له رێگای ئايينی ئيسلامی عهرهبييهوه دهتوانن خهڵکه ساده و ساکار و نهخوێنهوارهکهی کوردستان فريوبدهن و ههڵيان بخهڵهتێنن و بيانکهن به دوژمنی کوردايهتی، بيان کهن به دوژمنی کهلوپهلی رهسهن و جوانی کوردهواری، بيانکهن به دوژمنی مارشی نهتهوهيی و نيشتمانيی کوردستان، بیانکەن به دوژمنی ئهی رهقيب، بيانکەن به دوژمنی بيروباوڕی پيرۆزی کوردايهتی، بيانکهن به دوژمی ههموو شتێکی کورد کوردايهتی. بهڵام بهداخهوه کهس گوێی له هاوبيرانی نهتهوهيی نهگرت، بەداخەوە يهکێتی و پارتی له پێناوی بهرژهوهنديی تهسکی خۆياندا دژی يهکتر ههر يهکهيان کۆمهک و پشتيوانييان له يهکێک يان چهند لايهنێکی ئيسلاميی سايسيی دهکرد، پارهيهکی زۆر و بێئهندازهيان بهسهردا ههڵدهڕشتن، ئهمڕۆش له بوودجهی ههژارانی کورد و کردستان، چهندين کهناڵی تهلهفيزيۆنی و راديۆ و گۆڤار و رۆژنامهيان بۆ دامهزراندوون، مانگانه بهناوی بودجهی حيزبييهوه پارهيهکی زۆريان دهدهنێ و به ههزاران کهسی ئيسلاميی سياسييان ههر لهسهر بوودجهی خهڵکی کوردستان خانهنشين کردوون و مووچهی موفتيان دهدهنێ. ههر به پاره و کۆمهک و کارئاسانی کردنی دهسهڵاتی باشووری کوردستان، ئهم گروپه ئيسلامييه سياسييه بهکرێگيراوانهی رهگهزپهرستهکانی تورک و عهرهب و فارس، به سهدان ماڵپهڕ و بڵاوکراوهی جۆراوجۆيان دامهزراندوه و لهم رێگايانهوه و بههۆی ئهم دهستاوێژانهوه پڕوپاگهنده بۆ ئيسلامچێتی و بۆ بهرژهوهندييه گڵاو و ناڕهواکانی دوژمنانی کورد و داگيرکهرانی کوردستان دهکهن.
٦
ئيسلامی سياسی و عروبه
بە گريمانەيەك، ئەگەر سەدام زيندوو ببێتەوە و بەعسييەكان ديسانەوە دەسەڵات بگرنەوە دەست، ئەمجارەيان بۆ بەعەرەب كردن، يان لەناوبردنی كوردی باشوور، زەبروزەنگ و باروت و ئاسن و كيميايی بەكار ناهێنن و سوپا و هێزه چەكدارەكانی جارانيان نانێرنەوە بۆ داگيركردنەوەی كوردستان، بەڵكو ئەم شتانە دەكەن: چەند باند و گروپێكی ديكەی ئيسلامی سياسيی كوردى دورست دەكەن و ئەو خەرجييانەی كە پێشتر لە كورد و كوردستاندا بە كاريان دەهێنا، ئەمجارەيان بەشێكی مزگەوتی زۆرتری پێ دروست دەكەن و بەشەكەی تريشی دەدەن بە ئيسلامييە سياسييەكان، بەم شێوەيە بەبێ ئەوەی خۆيان ماندوو بكەن و كات و وزە و توانای خۆيان بەكار بهێنن و يان يەك بەعسی و يەك سەربازی عەرەب بەكوشت بدەن، بە ئامانجە ناڕەواكانيان دەگەن و هەموو كوردی باشوور دەكەنە موسڵمانی خزمەتكاری عەرەب و عروبە.
٧
باشووری كوردستان، سەيرانگە و تەمەڵخانەی ئيسلامييە سياسييەكانە.
ئيسلامييە سياسييەكان لە بزووتنەوەی رزگاريخوازی كوردستاندا خاوەنی هيچ خەبات و رابووردوو و شانازييەك نە بوون و نين. ئەوانە هاتوونەتە سەر سفرەی ئامادەكراو و لە بارودۆخی ئازادی و دیمۆكراسيی باشووری كوردستاندا، ئەمان سوودمەنترين و بەختەوەرينن و ژێربەژێريش بەرنامەی دوژمنانی كورد و داگيركەرانی كوردستان جێبەجێ دەكەن و بە هاوكاری و كۆمەكى ئەوان، كار بۆ پاشكەوتن و گەوجاندن و بە ئیسلام کردن و بەعەرەبكردنى كۆمەڵگەی كوردەواری دەكەن.
باشووری كوردستان بۆ باند و گروپە ئيسلامييە سياسييەكان و مەلا و بانگخواز و ئەندام و لايەنگرە مووچەخۆرەكانيان بووە بە سەیرانگە و تەمەڵخانە. نە كار دەكەن، نە ماندوو دەبن، نە هيچ بەرهەميێكان بۆ كۆمەڵگە هەيە، بەڵام لەلايەن دەسەڵاتی كورتبينی كوردييەوە، بوودجەيەكی زۆريان بۆ بڕاوەتەوە و خاوەنی چەندين كەناڵی تی ڤی و راديۆ و بنە و بارەگا و گۆڤار و رۆژنامە و ماڵپەڕی ئەلەكترۆنين، كە هەموو ئەم ئامڕاز و دەستاوێژانە بۆ ئيسلامچێتی و ئيخوانچێتی و تۆرانيچێتی و تەعريبچێتی و گەوجاندی كۆمەڵگەی كوردستان بەكار دەهێنن.
هەتا ئێستا ئيسلامييە سياسييانەكان نە چەكدارێكيان، نە ئەندامێكيان نە بەرپرسێكيان، بەرەكانی شەڕی دژ بە لەشكری داعشی ئيسلامييان بە خەويش نەبينوە، تەنانەت، يەك دڵۆپ فرمێسك و خوێنيان بۆ كورد و كوردستان لێنەڕژاوە. بەڕاستی خوا بۆی داون، لەسەر بوودجەی هەژارانی ميللەت بوون بەخاوەنی هەموو شتێكی خۆيان، هەر دەخۆن و دەخۆنەوە و لە پشووی ژيان و خۆشگوزەرانيدا، بێ خەم و بێ باك، پاڵی هەميشەييان لێداوەتەوه.
ئەرێ بەراست بۆ هيچ كەس و هيچ لايەنێك له دەسەڵاتی سياسيی كوردی و له سەرانی پارتی و يەكێتی و گۆڕان ناپرسن: بوونی ئەو کەس و باند و گروپه ئيسلامييە سياسييە دروستكراو و بەكرێگيراوانە جگە لە مشەخۆری و زيانداری و دواخستنی كورد و كوردستان، چ سوودێكيان هەيه!؟
بەرەو ياساخ كردنی رەوتی ئيسلامی سياسی لە باشووری كوردستان .
٨
بورقا و نیقاب
بورقا و نیقاب، ئەم مۆدێله جلوبەرگه ئيسلامييە سياسييە كارهساتاوییانه، بهڕێوهن بۆ باشووری كوردستان، هیچ پێتان سهیر نهبێت و به گاڵهتهش وهریمهگرن، مۆدێلی بورقا و نیقابی تاڵیبان، لهمێژه لهلایهن ئیسلامییه سیاسییهكانهوه بانگهێشتن كراوه و كاری بۆ دهكرێت، بهڵام جارێ كاتی نههاتووه و تا ئێستا بۆیان نهلواوه بیسهپێنن
٩
بیری چاك، وتەی چاك، کرداری چاك.
زەردەشت
رزگار كردنی ژيانی مرۆڤێك بەنرخترە لە دروست كردنی پەرستگايەك.
كۆنفوشيۆس
هەموو پەيامبەرە چەكدارەكان سەركەوتنيان بەدەستهێناوە، پەيامبەره بێ چەکەكان، دووچاری تێکشكان بوونەتەوە.
نيكۆڵۆ مەكياڤيللی
من پێويستم بەوە نييە كە بە هۆی هەڕەشەی دۆزەخەوە بەڕەوشت بم.
بێرتراند رەسەڵ
پیاوانی سیاسی به بهڵێنی خۆشکردنی ژیانی ئێره و پیاوانی ئاینیش به بهڵێنی ژیانی ئهولا، گهورهترین جهههننهمیان بۆ خوڵقاندوین.
مهسعوود محهمهد
ئەگەر ئافرەتێك بە ڕوتی بەسەر شەقامێكدا رابكات، شارێك لە پیاوان دوای دەكەون، بەڵام ئەگەر پێیان بڵێی وا شارێك دەسوتێت، هەموویان پاساوێك دەهێننەوە كە توانای راكردنیان نیە!
ئۆریانا فالاچی
ئەگەر لە عەرەبستان لەدایك بوویت، دەبیت بە موسڵمان!
ئەگەر لە هیندستان لەدایك بوویت، دەبيت بە هیندوسى!
ئەگەر لە ئەمریكا لەدایك بوویت، دەبيت بە مەسیحی!
دینی ئێوە، بەس جەبری جوگرافیای لەدایك بوونتانە و شوێنی لەدایك بوونتان ئایینتان دیاری دەكات نەك بیركردنەوە و لێكۆڵینەوە لەسەر ئایینەكان!
زانای زیندەوەرزانی و گیانداران و شارەزا لەئايینەكان :
ریچارد داوكینز
تێبینی: بۆ نووسینی ئەم نووسراوە نەگەڕاومەتەوە بۆ سەرچاوەکان و تێکستەکانی پێوەندیدار بەم بپرسەوە، بەڵکو تەنها پشتم بە تێگەیشتن و سەرنج و بۆچوونەکانی خۆم بەستووە.
- هەموو کەس و لایەنێک و پێگەیەکی میدیایی دڵسۆزی کوردایەتی و خەمخۆری ئازادییە دیموکراسییەکان و مافە مرۆییە رەواکانی مێیینەکان، دەتوانن ئەم نووسینە بەبێ دەستکاری و وەکو خۆی، بڵاوی بکەنەوە.
25-12-2025

کاکم، گا بە گونان دەناسێتەوە.. فەریق مەحمود کاکەبرا
ئەدۆنیس لە گوتەیەکی بە نرخدا دەبێژێت: کاتێك کۆیلە بگاتە دەسەڵات، هەموو شتێك دەکەن بە کۆیلایەتی و کۆیلەو کۆیلەکردن. دەسەڵاتداری راستەقینە کەسانی ئازادن و تا سەرئێسقان دژی کۆیلایەتین.
چۆمسکیش دەنووسێت: رۆڵی ڕۆشنبیر بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتە، نەك خزمەتکردنی، ئەوانەش بە خزمەتکردنی دەسەڵات هەڵدەستن دانانرێن بە ڕۆشنبیری راستەقینە، بەڵکو کەسانی هەلپەرستن.
لە لایەکی ترەوە ئەلبیرکامۆ تەماشای ڕۆشنبیر دەکات بەوەی کە یەکەم کەسی بەرپرسیارە لەو دۆخە خراپانەی کۆمەڵگاکانی تێدەگەوێت، ئەگەر ئەوان خاوەن درك بن بەو واقیعە نالەبارانەی تێیدا دەژین، دەبنە پێسەنگ و خاوەنی هەڵوێست.
بەڵام بە داخەوە وەك لە کۆمەڵگا پاشکەوتووەکاندا هەیە گەر ڕۆڵی رۆشنبیر هەر لە کارمەندێکی میرییدا کورتبهێنێت کەواتە دەبێت چاوەروانی چ توێژێك بیت دۆخەکان بەرەو گۆڕانکاری بەرێت و وڵات پێشبخات؟
نکۆڵی لێ ناکرێت هەموو سیاسەتێك بریتیە لە زۆرانبازی لە پێناوی بەدەستهێنانی دەسەڵاتدا، لێرەوە دەسەڵات هەموو جۆرە ڕێگایەکی توندوتیژی و نامۆڕاڵی بەکاردێنیت بۆ مانەوەی لە هێزدا و بەکارهێنانی هەموو ڕێگاو تواناکانی بۆ قەڵەمڕەوی زیاتر و پێشلکردنی مافەکانی ئەوانی دی، کە لە دەرەوەی سنووری بازنەی حیزب و دەسەڵاتدان.
لێتان ناشارمەوە وەکو چاودیرێکی رووپەڕی میدیای کوردی شۆك دایگرتم کاتێك وتاری(لووسکەنووسەرە خۆڵەمێشیەکان)م لە ماڵپەڕێکدا خوێندەوە، نووسەری بابەتەکە، کە خۆی ناوێکی تازەی سۆشیال میدیایەو دادەنرێت بە نەوەی دووەمی میراتی خەباتی شۆڕشی چەکداری کورد، وەك نووسەری سێبەر پلار دەگرێتە ئەو نووسەرە ئازادانەی دژی گەندەڵییەکانی دەسەڵاتی مافیاڕەفتار دەنووسن و چەندان ناوەناتۆرەیان بۆ دادەڕێژێت، کە ئەو وشانە کاتی خۆی هەر لە چەورەی بەر سینەماکان دەبیستران هێندە بە وشەی ئازاد قەڵسە کە نایەوێت هیچ وشەیەك لە دەرەوەی ئینتمای خۆی ببیستێت، تەنانەت ئەگەر لەسەر پانتایی سۆشیال میدیاش بێت، ئەو لە سەرەتای وتارەکەیدا ناسنامەی خۆی دیار دەخات و سەبارەت ئەو نووسەرە ئازادانەی بە لوسکە ناویاندەبات دەنووسێت: ” بەربوونەتە هەموو ئەو شتانەی وەک رەمز و سیمبولی نیشتیمانی و نەتەوەیی ساڵەهایە ئەم گەلە خێرلەخۆ نەدیوەی بە زیندوویی و یەکگرتوویی هێشتۆتەوە “.
سەیر لەوەدایە؛ وان کە خاوەنی داهاتی بنخان و سەرخانی کوردستانن، بەهەواو ئاویشیەوە، خاوەنی ئەو هەموو سیخووڕو بندیوارو چەکدارو داهاتە خەیاڵییەن، لە لایەکی ترەوە خاوەنی ئەو هەموو دەزگا زەبەلاحە میدیایی و کەناڵی سەتەلایت و دەزگای چاپەمەنی و ماڵپەڕو ڕۆژنامەو گۆڤارو دەزگاو بە ناو بنکە رۆشنبیرییەن ، جگە لە سوپایەك لە قەڵەمبەدەستی کۆپلە… بۆچی سەغڵەت دەبن بەو وتانەی کە نەوەی نوێی ئەم میللەتە خێرلەخۆ نەدیوە وەکو مافێکی ڕەوای تەعبیرکردن ، کە ٣٤ ساڵە بە دەسەت نادادییەکانی ئەو دوو بنەماڵەی دەسەڵاتەوە دەناڵێنن؟
کاکی کۆلکە نووسەر ئەوانەی بە دڵی ئەو نانووسن بە لووسکە ناودەبات، ئاست نزم و نانووسەرو نەفام و کارتۆنی و زیانبەخش و ناشرین ونابەجێ و شەڕەنگێز و توندوتیژو کاڵوکرچ و لاساییکارو چەندان وشەی سواو و نامۆڕاڵ، بە وێنەی جەللادێكی دەمپیسی پیاوانی دەسەڵات پیایاندا دێتە خوارەوە، چەشنی دووبارە کردنەوەی وێنەی ئەو شەقەی لە مامۆستای بە تەمەنی خۆپیشاندەر درا.
کاکی کۆلکە نووسەر دان بەوەدا دەنیت کە ئەو لوسکە نووسەرانە ئێستا بوونەتە زۆرینەو دەنووسێت:” تادێت هەژمونیان بەسەر رووبەری دونیای نووسیندا زیاتر دەردەکەوێ و لەهەموو پەیج و سەکۆو ماڵپەڕێکی مەجازی دەیانبینیەوە “. دەبوو بەر لەوەی ئەم راستییەی بنووسیایە، ئەو پرسیارەی لە خۆی بکردایە: بۆچی دەنگی ناڕازیی ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوو لە زیادبوون و هەڵکشاندایە؟ وەك خۆی نووسیویەتی و بەگێرەشێوێن ناویان دەبات، ئایا لە بەربوونی دادپەوەریی و یەکسانی و دابینکردنی مافە سەرەتاییەکانی هاوڵاتیاندایە؟ یان بە پێچەەوانەوە؟
ئەم زۆرانە حەتمییەتێکی مێژووییەو هەر لە کۆنەوە وابووە، هەرچەندە گوریسی ستەم لە ئەستووریدا دەپچڕێت، یاسای گەردوونیش پێمان دەڵێت: هەموو دەسەڵاتێك سەرەتاو کۆتایی هەیە، بەڵام کۆتاییەك جیاوازە میللەت ئاخی بۆ هەڵبکێشێت و کۆتاییەکیش میللەت نەفرینی لێ بکات، سیناریۆکانی (بینۆشێ و چاوچیسکۆو قەزافی و سەدام و بن عەلیش…) دوا وشەی ڕۆمانێکن کە ویستی گەلانی ئازادیخواز و هۆشیاری ئەم سەردەمە نووسیانەوە، کاتێك میللەت هەست بە بوونی هیچ جیاوازییەك نەکات لە نێوان ئەو ژیانە کولەمەرگییەی دەژی و مردندا.
لایهنه ئیسلامییه سیاسییهكان، تابووری پێنجهم و دهستی رهشن له باشووری كوردستاندا و دوژمنێكی نوێن بۆ كورد و كوردایهتی..
ئیسلام وهك دیاردهیهكی كۆمهڵگای عهرهبی، زۆرتر له 1400 ساڵه له نیوهدوڕگهی عهرهبی، له عهرهبستانی سعودیدا سهریههڵداوه. ئاشكرایه كه ئهمڕۆ ئهم ئایینه ههر ئایین نییه بهتهنها، بهڵكو فهرههنگ و سیاسهت و ناسیۆنالیزمی عهرهبیشه. لهراستیدا ئێره شوێنی باسكردنی ئهم بابهته نییه و ئهوهی پێویست بێت سهبارهت به پێوهندییهكانی كورد و عهرهب و ئیسلام بنووسرێت، دهبێت به مێژوونووسان و باسكارانی ئهو بواره بسپێردرێت. ئهوهی ئهمڕۆ گرنگه و پێویسته ههڵوێستهی لهسهر بكرێت، سهرههڵدان و بوونی ئهو گروپه ئیسلامییه سیاسییه توندڕهوانهیه كه ئیسلام بهكاردههێنن بۆ مهرامه ناڕهوا و خراپهكانی خۆیان و ئهو دهوڵهتانهی كه دروستیان كردوون و بهكاریان دههێنن. ئهم گروپه ئیسلامییه بهكرێگیراوانه، بوونهته كێشهیهكی گهوره و مهترسیدار بۆ سهر فهرههنگی رهسهنی كوردهواری و ئاساییشی نهتهوهیی كورد و چارهنووسی باشووری كوردستان و دهسهڵاتی كوردی، بهتایبهتی بۆسهر یهكیێتی و پارتی.
لێرهدا دهبێت ئهو پرسیاره بكهین و بپرسین بۆچی دوای 1400 ساڵ له تێپهڕبوون بهسهر ئایینی ئیسلامدا، له سهرهتای ساڵانی نهوهدهكانهوه، دوای نهمانی دهسهڵاتی بهعس له باشووری كوردستاندا، چهندین دهسته و كۆمهڵ و گروپی جۆراوجۆری ئیسلامی سیاسی سهرههڵدهدهن و پهیدادهبن؟ ئهمه پرسیارێكی پێویست و گرنگه و دهسهڵاتی ئهمڕۆی باشووری كوردستان و پارتی و یهكیێتی دهبێت ههڵوێستهی لهسهر بكهن و لێیبكۆڵنهوه و بهدواداچوونی بۆ بكهن. بهرژهوهندی كوردایهتی و پارتی و یهكیێتیی خۆیشیان ئهوه دهخوازێت كه ههوڵ بدهن، سنوور و بهربهستێك بۆ بڵاوبوونهوه و پهرهسهندن و بههێزبوونیان دابنێن.
ئهگهر ئاوڕێك له رابردوو بدهینهوه، دهبینین له سهردهمی شۆڕشی مهزنی ئهیلوولدا، هیچ لایهنێكی ئیسلامی بوونی نهبووه و بهبیری كهسیشدا نههاتووه ئایینی ئیسلام له كوردستاندا بهسیاسی بكرێت. له نێو شۆڕشدا هیچ كهس و هیچ لایهنێك بهبێ ئاگاداری و رازی لهسهربوونی سهرۆك بارزانی و سهركردایهتیی شۆڕش، نهیانتوانیوه و بۆیان نهبووه هیچ جۆره پێوهندییهك لهگهڵ هیچ كهس و لایهنێكی دهرهكیدا دروست بكهن. ئهم كاره گرنگ و ههستیاره پاوانكراو بوو بۆ شۆڕش و سهركردایهتیی پارتی. ئهمهش سیاسهتێكی كوردانه و كوردپهروهرانهی راست و دروست بووه كه بارزانیی نهمر و سهركردایهتیی ئهو سهردهمهی پارتی پێڕهویان كردووه. ئهمڕۆ به پێچهوانهوه، سهرانی ئهم گروپه ئیسلامییه سیاسیانه به ئارهزووی خۆیان و بهبێ هیچ رێگرییهك و پرس و رایهك به دهسهڵاتی كوردی و بهبێ هیچ تێخوێندنهوهیهك بۆ پارتی و یهكیێتی، به ئاشكرا و به ئارهزوو و ویستی خۆیان پێوهندیی به دهوڵهته داگیرگهرهكانی كوردستانهوه دهكهن و ههر ههمووشیان پێوهندیی گومانلێكراوانهیان لهگهڵ دامودهزگا سیخوڕییهكانی ئهو دهوڵهته داگیركهرانهی كوردستاندا ههیه و بهردهوام كۆمهكی جۆراوجۆریان لێوهردهگرن. دهسهڵاتی كوردیش تهنها سهیركهره و له ههڵوێستی دهستهوسانی و بێههڵوێستیدایه بهرامبهریان.
ئهم گروپه ئیسلامییه سیاسییانه له ماوهیهكی زۆر كهمدا زۆر به خێرایی پهرهیانسهندووه و ئهمڕۆ بوونهته هێزێكی گهورهی دهسهڵاتدار و بهههزاران لاوی كوردیان له كوڕان و له كچان لهدهوری خۆیان كۆكردووهتهوه و به سهدان كادریان دروستكردووه و رۆژ به رۆژیش له بڵاوبوونهوه و گهشهكردن و بههێزبووندان.
ئهم گروپه ئیسلامییانه جگه له دهوڵهته داگیركهرهكانی كوردستان، وابهستهشن به عهرهبستانی سعودی و میرنشینه عهرهبییهكانی كهنداوهوه. ئهم دهوڵهتانه بهئاشكرا پشتیوانییان دهكهن و كۆمهكیان پێدهكهن و دژی كورد و بزووتنهوهی كوردایهتی بهكاریان دههێنن. بهرژهوهندیی عهرهبستانی سعودییه له ههبوون و پهرهسهندن و بههێزبوونی ئیسلامدایه له باشووری كوردستاندا.
با لێرهدا لهڕووی ئابوورییهوه نموونهیهك باس بكهین: ههتا ئیسلام زۆرتر له نێو جهماوهری كوردستاندا بڵاوببێتهوه و گهشهبكات، رێژهی ئهو موسڵمانانهی كه بۆ حهجكردن سهردانی سعودییه دهبێ بكهن، بهرزتر دهبێتهوه، ئهمهش سهرمایهیهكی زۆر دهباته نێو سعودییهوه كه ئهمه له بهرژهوهندی بههێزبوونی ئابوورییاندایه. حهجكهرانی كورد به گیرفانی پڕهوه دهڕۆن بۆ سعودییه و به گیرفانی بهتاڵهوه دهگهڕێنهوه بۆ كوردستان .
ئهگهر ههر حهجكهرێك بڕی 5 ههزار دۆلار (به لایهنی كهمهوه)، له گهشتی حهجكردندا خهرج بكات، ئهگهر ههر ساڵێك 10 ههزار موسڵمانی كوردستان حهج بكهن، ههر ئهمه دهكاته 50 میلیۆن دۆلاری ئهمریكی. بێگومان ئهگهر دهسهڵاتی كوردی و دهوڵهتی سعودییه رێگا بدهن، ژمارهی حهجكهران چهندین ئهوهندهی ئهو ژمارهیه زۆرتر دهبێت كه باسكراوه.
سهرمایهی داهاتی حهج بۆ سعودییهكان له داهاتی نهوتی وڵاتهكه زۆرتره. ئهگهر له رووی ئابووری و مێژووییهوه، ئامارێكی ئهو سهرمایهیه بكرێت كه لهماوهی ئهو 1400 ساڵهی رابردوودا له كوردستانهوه براوهته سعودییه، ئهوسا باشتر تێدهگهین كه كورد چ زهرهرێكی ماددیی له به ئیسلامبوونیدا كردووه. بێگومان بهفیڕۆچوونی كات و ووزه و ماندووبوونی حهجكهرانیش زهرهر و زیانێكی دیكهیه و ههر كارهسات بووه و دهبێت بۆ كورد و كوردستان. حهجكردنی كورد، له مێژوودا، ههر بنبۆشبوونی ئابووری كوردستان و خهسارهت بوونی وزه و توانای مرۆیی كورد بووه.
سهرباری ئهمهش لهرێگای ئهم كۆمهڵ و گرووپه ئسلامیانهوه، دهوڵهته داگیركهرهكانی كوردستان و سعودییه و میرنشینهكانی كهنداو به ئاسانی دهتوانن دهست بخهنه نێو كاروباری ناوخۆیی باشووری كوردستانهوه و ههر كارێكی سیخوڕییانه و تێكدهرانهیان بوێت، دهتوانن له رێگای ئهو گروپه ئیسلامییه كوردییانهوه جێبهجێی بكهن. باشترین نموونهی تێرۆر له رێگهی ئهو گروپه ئیسلامییانهوه، رووداوه دڵتهزێنهكهی ههولێری پایتهخت بوو كه زهبرێكی كوشندهیان له كورد و پارتی و یهكیێتی وهشاند.
بههۆی ئهو گروپه ئیسلامییانهوه، سیمای كوردهواریی كوردستان شێوێندراوه و وا بڕوا ساف له سافی كورد و كوردستان له رێگای ئیسلامی عهرهبییهوه، بهعهرهب و به ئیسلامی دهكرێت و ئهوهی سهددام و بهعسییهكان نهیانتوانی و بۆیان نهكرا ئهنجامی بدهن، ئهم گروپه ئیسلامیانه بۆیان تهواو دهكهن.
لهراستیدا ئهگهر سهددام و بهعسییه فاشیستهكان بیانزانییایه كه وا به ئاسانی و بێ شهڕ و خوێنڕشتن له رێگای ئایینی ئیسلامهوه كورد بهعهرهب دهكرێن و كوردستانیش به ئیسلامی دهكرێت، نه سهربازی عهرهبیان رهوانهی كوردستان دهكرد و نه شهڕیان لهگهڵ كورددا دهكرد و نه چهكی كیمیاوییان بهسهر كوردستاندا دهباراند. بهڵكوو له ههموو گهڕهكێكدا چهند مزگهوتێكیان دهكردهوه و چهند گروپێكی ئیسلامیی وهكوو ئهمانهی ئێستایان دروست دهكرد و لهم رێگایهوه بێ شهڕوشۆڕ و خوێنڕشتن و وێرانكاری، كوردیان بهعهرهب دهكرد و له رێگای ئیسلامهوه، ههموو كوردستانیان تاڵان دهكرد. ئهو ههموو خهرجی و تێچوونهی شهڕی كوردستانیان بۆ دهمایهوه و یهك عهرهب و یهك بهعسیشیان له كوردستاندا بهكوشت نهدهدا.
ئهم گروپه ئیسلامییانه توانیویانه به هۆی ئیسلامهوه مێشكی ههزاران لاوی كورد بشۆنهوه و وا لهو لاوانه بكهن تهنها ههر بیر له ئیسلام و خۆشیی بهههشت و ئازار و ناخۆشیی دۆزهخ بكهنهوه و هیچ بیر و هۆشێكیان لای كورد و كوردایهتی نهمێنێت، ئیسلامییهكان به شانازییهوه دهڵێن: ئێمه پێش ئهوهی كورد بین ئیسلامین!؟ ئهمه مهترسییهكی گهورهیه و وا بڕوا ئیسلام و ئیسلامچیێتی جێگهی كوردبوون و كوردایهتی دهگرنهوه.
زۆر به ئاسانی له رێگای ئیسلامهوه كورد به عهرهب دهكرێت و سیمای كوردهواریی كوردستان بهرهو سڕینهوه دهچێت و ههست و گیانی كوردایهتی و كوردستانیێتی و نیشتمانپهروهری لهنێو جهماوهری لاواندا ورده ورده بهرهو نهمان دهڕوات.
ئهمڕۆ بههۆی نهبوونی رێكخستنێكی بههێزی ناسیۆنالیستی كوردییهوه، گۆڕهپانی سیاسهتكردن و جهماوهر پهیداكردن بۆ ئهو گروپه ئیسلامییانه تهخت و ههموار بووه و بهئارهزووی خۆیان پڕوپاگهنده بۆ بهرژهوهندی عهرهب و ئیسلام و ئیسلامچیێتی دهكهن و جهماوهر، بهتایبهتی لاوان بهلای خۆیاندا رادهكێشن.
له ئێستا و له داهاتووشدا، تاكه هێز و هۆكارێك كه بتوانێت بهرامبهر بهو گروپه ئیسلامییانه بوهستێتهوه، رێكخستنێكی نهتهوهیی كوردی و بیری نهتهوهیی كوردی (ناسیۆنالیزمی كوردی) یه. ئیدۆلۆژی و بیروباوهڕی كوردایهتی دهتوانێت بهربهرهكانی ههموو فهرههنگێكی بێگانهی زیانبهخش بكات.
ئهو گروپه ئیسلامییانه به خێراییهكی سهیر پهرهدهستێنن و رۆژ به رۆژ ژمارهیان زۆرتر دهبێت و بههێزتر دهبن، ئهم رهوت و پهرهسهندنه خێرایه، مهترسیدارترین و گهورهترین هێز و هۆكاره بۆ نهمانی پارتی و یهكیێتیش له داهاتوودا. رهوتی ئیسلامی لهم سهدهی بیستویهكهمهدا گهورهترین ههڕهشه و زیان و كارهسات و مهرگهساته بۆ كورد و كوردستان.
كاركردن و كاریگهریی ئهو گروپه ئیسلامییانه، بهزۆری له نێو خهڵكی گوندنشین و جهماوهری لاواندایه. زۆر به دهگمهن خهڵكی رهسهنی شارهكان، بهتایبهتی خهڵكی شاری سلێمانی، دهكهونه ژێر كاریگهریی ئهو گروپه ئیسلامیانهوه. زۆربهی سهركرده و ئهندامانی ئهو گروپه ئیسلامیانه ههر خهڵكی لادێن و ئهوهش بۆ ئهوان ئاسانه، چونكه خهڵكی گوندنشین ساده و ساكارن و ههستی ئاینیی لهنێویاندا بههێزه و ئاسانتر دهكهونه ژێر كاریگهریی پڕوپاگهندهی ئهو گروپه ئیسلامیانهوه.
شێوازی كاركردنی ئهو ئیسلامه سیاسییانه بهبهرنامهیه و ههتا ئێستا له خهڵك كۆكردنهوه و جهماوهر پهیدا كردندا زۆر سهركهوتوو بوون و ئێستا خاوهنی ههزاران كادر و ئهندام و دۆست و لایهنگرن. له ههموو شار و شارۆچكهیهكی باشووری كوردستاندا بڵاوبوونهتهوه و ئهندام و دۆست و لایهنگیریان بۆخۆیان پهیدا كردووه.
ئێستا زۆربهی گهڕهكه ههژارنشینهكانی سلێمانی، لایهنگیری ئهو گروپه ئیسلامیانهن و هۆیهكهشی ئهوهیه كه ئهو گهڕهكانه، خهڵكی گوندنشین و له كارهساتی رووخاندنی گوندهكان و ئهنفالهكاندا بۆ سلێمانی راگوێزراون. بهڵگهش بۆ بههێزیی ئهو گروپه ئیسلامیانه ئهوهیه كه له ههموو شار و شارۆچكهیهكدا دوكانی پهڕتووكفرۆشیی تایبهت بهخۆیان ههیه و بازاڕهكانی كوردستانیان پڕكردووه له پهڕتووك و نامیلكهی ئیسلامی. له بواری وهرگێڕانی بابهتی ئیسلامیشدا زۆر چالاكن و بهسهدان وهرگێڕیان ههیه. جگه لهمانهش، بازاڕهكانیان به سی دی و دی ڤی دیی ئیسلامی پڕكردووه و فرۆشێكی زۆری له نێو گهنجاندا ههیه. زۆربهی مهلا و فهقێكانییش ههر له خزمهتی ئهواندان و ئهو مهلایانه له وتاردانی رۆژانی ههینیدا بهئاشكرا پڕوپاگهنده بۆ ئهوان دهكهن و ههموو بۆنهیهك بۆ خزمهتی ئهوان بهكاردههێنن، بهبێ ئهوهی هیچ كهس و لایهنێك لێپرسینهوهیهكیان لهگهڵدا بكهن. مزگهوتهكان كراون به بنكهی بهعهرهبكردنی لاوانی كورد و پشتیوانیكردن و پڕوپاگهندهكردن بۆ ئهوان.
لێرهدا پێویسته ئهو دیاردهیهش باس بكهین كه زۆر لهمێژه گروپه ئیسلامییهكانی كوردستان، له بواری وێبسایت و راگهیاندنی دیجیتاڵیدا، له ئینتهرنێتدا زۆر چالاكن و رۆژانه له پێشكهوتن و پهرهسهندندان، بێگومان بۆ مهبهسته چهواشهكارییهكانی خۆیان. له ئینتهرنێتدا خاوهنی سهدان ماڵپهڕ و ژووری ئاخاوتنی وهكوو پاڵتۆڵكن. ههر بههۆی ئهو ژوورانهی پاڵتۆڵك و بههۆی ئهو وێبسایتانهوه بهئاسانی بهرههمی ئیسلامی و پڕوپاگهندهكانی خۆیان به جهماوهر، بهتایبهتی جهماوهری لاوان دهگهیهنن.
ههروهها به دهیان كهناڵی تهلهفیزیۆنی و رادیۆ و ساتهلیتیان ههیه. بهكورتییهكهی ئهو گروپه ئیسلامیانه ئێستا له باشووری كوردستاندا بوونهته هێز و دهسهڵات و له ململانێی دهسهڵاتی سیاسیدان لهگهڵ یهكیێتی و پارتیدا. له ئێستا و داهاتوودا، تاكه جێگرهوهی پارتی و یهكیێتی ههر ئهو گروپه ئیسلامیانهن.
ئهوانه هێشتا نههاتوونهته سهر كورسیی دهسهڵات، ههڕهشه له ههموو دیاردهیهكی سهردهمییانه و پێشكهوتووانه دهكهن و داوا له كچان و ژنانی كورد دهكهن كه باڵاپۆش و سهرپۆشی مۆدێلی عهرهبستانی سعودی و میرنشینهكانی كهنداو بپۆشن و واز له میكیاج و خۆرازاندنهوه و جلوبهرگی كوردی و پۆشاكی مۆدێرن بهێنن و پۆشاكی ئیسلامیانه بپۆشن. بۆ ئهم مهبهستهش له زۆربهی شار و شارۆچكهكانی كوردستاندا دوكانی فرۆشتنی جبه و باڵاپۆش و سهرپۆشی مۆدێلی عهرهبستانی سعودی و میرنشینهكانی كهنداویان بڕهو پێداوه.
ئهمڕۆ له باشووری كوردستاندا، گهورهترین و سهرسهخترین دوژمنی كوردایهتی، ههر ئهم گروپه ئیسلامییه سیاسیانهن و لهداهاتوودا دهبنه گهورهترین مهترسی بۆ سهر ئاساییشی نهتهوهیی كورد و ههست و گیانی كوردستانیێتی و كوردایهتی لهنێو كورددا ناهێڵن.
دیسانهوه دهبێت ئهو هۆشدارییه بدرێتهوه بهدهسهڵاتی كوردی، بهتایبهتی یهكیێتی و پارتی كه پێویسته و دهبێت سنوورێك بۆ ئهو ئیسلامییه سیاسیانه دابنێن و رێ له بههێزبوون و پهرهسهندن و بڵاوبوونهوهیان بگرن.
ئهوانه تهنها بۆ ئهوه دروستكراون كه ههوڵی بهئیسلامكردن و به عهرهبكردنی كۆمهڵگای كوردستان بدهن و له رێگای ئایینی ئیسلامی عهرهبییهوه، كورد و كوردستان بكهن به پاروویهكی چهور و ئاسان بۆ دوژمنانی كورد و دهوڵهته داگیركهرهكانی كوردستان و میرنشینهكانی كهنداو و عهرهبستانی سعودییه.
له رابردووشدا بههۆی شهڕی نێوان یهكیێتی و پارتییهوه، ئهو گروپه ئیسلامییه سیاسیانه زۆر زیرهكانه توانیان كهڵك لهو بارودۆخهی شهڕ وهربگرن و خۆیان بههێز بكهن و جهماوهر بۆ خۆیان پهیدا بكهن و جهماوهرێكی زۆریش بكهن به دوژمنی ههر دوو لایان. بهداخهوه، چ یهكیێتی و چ پارتیش، دژی یهكدی، كۆمهكی زۆریان بهو كۆمهڵ و گروپه ئیسلامییانه كرد. ئایا باشتر نهبوو لهبری پشتیوانیكردن و كۆمهككردن بهو گروپه ئیسلامییه سیاسییه بهكرێگیراوانهی بێگانه، ئهوهیان بۆ دروستبوون و پهرهسهندنی رێكخستنێكی نهتهوهیی كوردپهروهر و نیشتمانپهروهر و دڵسۆزی كورد و كوردستان بكردایه؟
پێویسته بهردهوام له لایهن جهماوهری دڵسۆزهوه ئهو هۆشدارییه به دهسهڵاتی باشووری كوردستان و بهتایبهتی به پارتی و یهكیێتی بدرێت كه مانهوه و پهرهسهندنی ئهو گروپه ئیسلامییه سیاسیانهی ئهمڕۆی باشووری كوردستان، زهنگی مهترسی و كارهسات و لهناوچوونی ئهم دهسهڵاته كوردییه و خودی پارتی و یهكیێتیشه له داهاتوودا. وهك رۆژی رووناك ئاشكرا و دیاره كه ئهم لایهنه ئیسلامییه سیاسیانه ئهو دهوڵهته دوژمنانهی كورد و داگیركهرانهی كوردستان دروستیان كردوون و كۆمهكیان پێدهكهن، له داهاتووشدا بۆ رووخانی ئهم دهسهڵاته كوردییه و دهرپهڕاندنی پارتی و یهكیێتی، چهكدار و پڕچهكیان دهكهن و گهورهترین كارهساتی ئاژاوهنانهوه و ماڵوێرانی و خوێنڕشتن له باشووری كوردستاندا بهرپادهكهن. دهبێت دهسهڵاتی ئهمڕۆی كوردی و بهتایبهتی پارتی و یهكیێتیی ههوڵی لاوازكردن و نههێشتنی ئهم گروپپه تێرۆریسته ئیسلامییه بهكرێگیراوانه بدهن و بهر بهو كارهساتی خوێنڕشتن و ماڵوێرانییهی كه لهداهاتوودا بههۆی ئهو گروپه ئیسلامییه سیاسیانهوه چاوهڕوان دهكرێت، بگرن و رێگا نهدهن كه ئهوانه ببنه جێگرهوهی ئهم بهڕێوهبهرێتی و دهسهڵاته كوردییهی ئهمڕۆی باشووری كوردستان. ئهوه راستییهكی بهڵگهنهویسته كه ئهم لایهنه ئیسلامییه سیاسییه بهكرێگیراوانه دهسهڵات بگرنه دهست، كوردستان دهكهنه تاریكستان و ههموو خهونی كورد و ئامانجه پیرۆزهكانی كوردایهتی لهگۆڕ دهنێن و كورد و كوردستان دهگهڕێننهوه بۆ ژیانی سهده تاریكهكانی مێژوو.
ههر شهكاوه بێت ئاڵای سووری كوردایهتی.
ههر بژی بیری نهتهوهیی كوردی.
سهركهوتوو بێت ههوڵ و تێكۆشانی دروستكردنی دهوڵهتی ناسیۆنالی كوردی.
ههزاران دروود و سڵاو له گیانی پاكی گیانبهخشیوانی ئازادیی كورد و سهربهخۆیی كوردستان.
هاوبیرانی نهتهوهیی له باشووری كوردستان
٤/٤/٢٠١١
(بانگهوازێكی دڵسۆزانه له هاوبیرانی نهتهوهییهوه)
بهههر نرخ و شێوه و شێوازێك بێت، پێویسته و دهبێت ئهم ئازادی و ئهزموون و دهستكهوتانهی باشووری كوردستان بپارێزین …..
ئێمهی كورد وهك نهتهوهیهكی بێ دهوڵهت و نیشتمان داگیركراو و دابهشكراو، چ له كوردستان و چ له ههر شوێنێكی دیكهی جیهاندا بین، ئهمڕۆ ههموومان چاوی هیوا و ئومێدمان بڕیوهته ئهم ئازادی و ئهزموون و دهستكهوت و دهسهڵاته كوردییهی باشووری كوردستان. بێگومان ههموومان ئهو راستییه باش دهزانین كه ئهم ترووسكهی ئازادی و سهربهرزییه، ئهم پێشكهوتن و دهستكهوته هێژایانه ههروا بهئاسانی بهدهست نههاتوون و له ئاسمانهوه بۆمان نهباریون، ئهم ئازادی و دهسهڵاته كوردییهی ئهمڕۆی باشووری كوردستان، بهرههمی دهریایهك له خوێنی ئازاترین و پاكترین و دڵسۆزترین رۆڵهكانی كورد و كوردستانه، بهرههم و ئهنجامی تێكۆشانێكی دهیان ساڵهی سهخت و خوێناویی پڕ له ههوراز و نشێوی بزووتنهوهی رزگاریخوازی نهتهوهیی كورده، بهری رهنج و ماندووبوون و كۆڵنهدان و خوێنی ههزاران پێشمهرگهی خهباتكار و شۆڕشگێڕه. بهرههمی تێكۆشان و نهسرهوتن و لهخۆبووردوویی ههزاران هۆزانڤان و هونهرمهند و مامۆستا و خوێندكار و هونهرپیشه و ههزاران زیندانی و ههزاران گیانیهخشیوی رێبازی پیرۆزی كوردایهتییه. ئهنجامی ماندووبوونی بێ پسانهوهی ههزاران ههزار له ژنان و پیاوان و كچان و كوڕانی تێكۆشهر و كۆڵنهدهری كورد و كوردستانه، بهرههمی پێكهوهژیانی ئاشتیخوازانه و ئارامانهی سهدان ساڵهی ههموو نهتهوه و كهمهنهتهوهیی و ئایینه ههمهچهشنهكانی نێو كورد و كوردستانه. بهرههمی رووخان و وێرانبوونی زۆرتر له پێنج ههزار گوند و دهیان شارۆچكه و وێرانبوون و سووتانی ههزاران ههزار رهز و باخ و بێستان و بهتاڵانبردنی سامانی نهتهوهیی و نیشتمانیی باشووری كوردستانه. سهرهنجامی رهشبكووژی كردنمان و وێرانكردن و سووتاندن و پیسكردنی ژینگهی ئهو نیشتمانه جوانهی ههموومانه. رابردوو سهلماندی كه هیچ تاوان و دڕندهیێتییهك نهمابوو كه بهعسییه فاشیستهكان و سوپا دڕندهكهی دهوڵهتی ئێراق و باڵی شۆڤێنیزمی عهرهبی بهرامبهر به كورد و ههموو جهماوهری باشووری كوردستانی نهیكهن. ئهو ههموو ههڕهشه و سووكایهتیپێكردن و ئهشكهنجهدان و جینۆساید و كیمیاباران و ئهنفال و ماڵوێرانكردنهی كه بهرامبهر به كورد و ههموو كهمهنهتهوهییهكانی كوردستان ئهنجامیاداوه، هاوشێوهی له مێژوودا، بێوێنه و دهگمهنه. با ئێمهی كورد،ئهو رابردووه پڕ له كارهسات و مهرگهسات و ئازار و ئهشكهنجهدانه و ماڵوێرانی و خوێنڕژانهی خۆمانمان بهدهستی دوژمنان و داگیركهرانمان بیر نهچێتهوه، ئهمڕۆ كه ئهم پڕۆسهی ئازادی و ئاشتی و ئاوهدانی و خۆشگوزهرانی و پێكهوهژیانه لهئارادایه و بهردهوامه، ههموو دهوڵهته داگیركهرهكانی پارچهكانی دیكهی كوردستان و ههموو دوژمنان و نهیارانی كوردی سهرگێژ و بێزار و ههراسان كردووه و چاویان بهم ئارامی و ئاوهدانكردنهوهیهی كوردستان و بهم ئاشتی و خۆشگوزهرانی و پێكهوهژیانهی ههموو جهماوهری كوردستاندا ههڵنایه و به ههموو شێوه و شێوازێك له ههوڵی لهكهداركردن و شێواندن و پێشگیریكردنی ئهم پڕۆسهی ئازادی و ئارامی و ئاشتی و ئاوهدانییهدان، بهههزاران سیخوڕ و بهكرێكگیراوی خۆیان دهنێرنه باشووری كوردستان و كاری تێرۆر و تێكدهرانه ئهنجامدهدهن. بهردهوام له ههوڵی كێشه بۆ دروستكردن و تێكدانهوهی ئهم ئهزموونی دهسهڵات و خۆبهڕێوهبهرێتییه كوردییهی باشووری كوردستاندان. بهڵام ئهوانه خهیاڵیان خاوه، ئهم پڕۆسهیه ههر بهردهوام دهبێت، دروشمی كوردایهتیی كورد ئهمڕۆ ئهمهیه: تێكۆشان و نهسرهوتن تا سهركهوتن.
ئێمهی هاوبیرانی نهتهوهیی، له روانگهی بهرژهوهندیی باڵای نهتهوهیی و نیشتمانیمانهوه، داوا له ههموو كوردێكی پاك و دڵسۆز و له ههموو دایكان و باوكان و كچان و كوڕان و نهوهی نوێی سهربهرز و ئازا و تێكۆشهری كوردستان دهكهین، داوا له ههموو كۆڕ و كۆمهڵ و لایهنێكی كوردپهروهر و نیشتمانپهروهر دهكهین كه به ههر نرح و شێوه و شێوازێك بۆمان دهكرێت و لهتواناماندا ههیه، ههوڵی پاراستن و مانهوه و بهردهوامیی ئهم ئهزموون و دهسهڵاته كوردییهی خۆمان و ئهم دهستكهوته مێژووییانهمان بدهین و بوار به گێرهشێوێنان و بهكرێگیراوانی دوژمنانی كورد و داگیركهرانی كوردستان نهدهین كه به ناوی (ئازادی و دیموكراسی و خۆپیشاندان و هات و هاوار و دروشمی رهنگاوڕهنگی بێ ناوهڕۆكهوه) ئهم ئهزموونی دهسهڵات و ئازادی و ئاوهدانی و خۆشگوزهرانییهمان لێتێكبدهنهوه و كورد و كوردستانییانی باشووری كوردستان بهرهو ههڵدێری تێشكان و نهمان و كۆیلهیێتی و ژێردهستهیی دوژمنان و بێگانهی داگیركهر بهرنهوه. ئهم دهسهڵاته كوردییهی باشووری كوردستان، به گشت ناتهواوی و كهموكوڕییهكییهوه، ههر تاكه دهرفهت و دوا ترووسكهی هیوا و ئاواتی ههموو كورد و كوردستانییانه له كوردستان و له سهرتاسهری جیهاندا. دهبێت دهسهڵات و پهرلهمان و جهماوهری تێكۆشهر و دڵسۆز رێگا بهو كهس و كهمهڵ و لایهن و گروپه ئیسلامییه سیاسییه بهكرێگیراوه تیرۆریست و تێكدهرانه نهدهن كه گێرهشێوێنی بكهن و بهناوی گوایه (ئازادی و چاكسازی و دوژمنایهتیی گهندهڵی و نادادپهروهرییهوه، كه ئهو لایهنه ئیسلامییه سیاسییه نامۆیانه به كورد و كوردستان، خۆیان بهرههمی گهندهڵین و دهستی رهشن و دروستكراوی دوژمنانی كورد و داگیركهرانی كوردستانن)، ئهم ئهزموونه كوردییه بهرهو نهمان و تێشكان بهرن و خۆیان كه هیچ كاتێك و له هیچ سهردهمێكدا نه كوردایهتییان كردووه و نه بۆ كورد و كوردستان ماندووبوون و نه ئهشكهنجه و تاڵی و ناخۆشی و ماندووبوونیان بۆ چهشتووه، نه خاوهنی تاكه كهسێكن كه لهپێناوی ئازادیی كورد و سهربهخۆیی كوردستاندا گیانی بهخشی بێت، نه ههرگیز رابردوویهكییان ههبووه له شۆڕشهكان و راپهڕینهكان و بزووتنهوه ئازادیخوازهكانی كوردستاندا، ئێمه دهپرسین: كه كورد ئهنفال و كوردستان تاڵان و وێرانكرا، ئهم لایهنه ئیسلامییه سیاسییه دروستكراوه بهكرێگیراوانهی ئهمڕۆ لهكوێ بوون!؟ كه بهعسییه فاشیستهكان و سوپای دڕندهی ئێراق زۆرتر له پێنج ههزار مزگهوتیان وێرانكرد و به ههزاران قورئانیان بهئاشكرا سوتاند، ئهوان له كوێ بوون و بۆ هیچ دهوڵهتێكی موسوڵمانی عهرهبی ههڵوێستیان نهبوو بهرامبهر به جینۆسایدكردنی موسوڵمانانی كوردستان، ئهی ئهوانهی ئهنفال كران و زیندووبهچاڵ كران، مرۆڤ نهبوون و موسوڵمان نهبوون!؟ بۆچی هیچ مهلا و كۆلكه مهلایهكی كورد تهنها تاكه وشهیهكیشیان لهدهم نههاتهدهر و هیچ ههڵوێستێكیان نهنواند، ئهی ئهمڕۆ بۆچی به هاندانی ئهو لایهنه ئیسلامییه سیاسییه بهكرێگیراوانه، ئهو مهلایانه شێتگیرانه سهنگهری دوژمنایهتییان له كوردایهتی و ئهم دهسهڵاته خۆماڵییه كوردییه گرتووه و داوای رووخان و لهناوچوونی دهكهن!؟ پاش ئهو مێژووه پڕ له كارهسات و خوێنڕژان و ماڵوێرانییهی كه بهسهر كورددا هاتووه كه ئهمان بههیچ شێوهیهك تێیدا زهرهرمهند و بهشدار نهبوون، ئهمڕۆ ههروا بهئاسانی دهیانوێت بێنه سهر سفره و خوانی ئاماده و له تهڕ بخۆن و له وشك پاڵی لێبدهنهوه. ههموو ههوڵ و مهبهستێكی ئیسلامیی سیاسیی دوژمنایهتیكردنی ئهم دهسهڵاته كوردییهیه و ههموو وزه و توانایهكی خۆیان بۆ لهكهداركردن و تێشكان و لهناوبردنی ئهم دهسهڵاته كوردییه دهخهنهكار، بهو مهرج و ئامانجهی خۆیان بهری رهنج و ماندووبوون و ماڵوێرانی و خوێنرژانی ههموو راپهڕین و شۆڕش و بزووتنهوهكانی كوردایهتی بۆ خۆیان بهرن و ههروا به ئاسانی بێنه سهر كورسیی دهسهڵات. ئهم لایهنه ئیسلامییه سیاسییه توندڕهوه تێرۆریستانه دهسهڵات بگرنهدهست، ژیان له ههموو كورد و كوردستانییهكی بیرئازاد و پێشكهوتنخواز دهكهنه تاریكستان و دۆزهخ. دهبێت ژنان و كچانی كوردستان وهك كۆیله و ژێردهسته پێڕهو لهو بهرنامه دواكهوتووهی ئهوان بكهن و ئهوهی لهچكبهسهر و جبهلهبهر و باڵاپۆشی ئیسلامیی مۆدێلی عهرهبستانی سعودییه و میرنشینهكانی كهنداو نهبێت، بهئاشكرا یان دهیكوژن و دهست و زمانی دهبڕن و به پهرهمێز جهستهی دهسووتێنن، یان دهبێت بۆ ههمیشه ههر به كۆیلهیی و ژێردهستهیی لهو سیستهمه تاریكستان و پاشكهوتووهكهی ئهواندا، له دۆزهخی ئهو كۆمهڵگا زیندانییهی ئهواندا، ههموو تهمهن و ژیانیان بهو شێوهیه سهربهرن.
ئێمهی هاوبیرانی نهتهوهیی، بانگهوازی دڵسۆزانه له ههموو جهماوهری تێكۆشهر و دڵسۆزی كوردستان دهكهین كه هیچ هاوكارییهكی ئهو لایهن و گروپ و كۆمهڵه ئیسلامییه سیاسییه ئاژاوهگێڕ و تێكدهرانه نهكهن و وهكو پاشماوهكانی بهعسییه دڕنده و فاشیستهكان تێیان بڕوانن. ئهمانه دوژمنی كوردایهتین و دهستی رهشن و لهلایهن دوژمنانی كورد و دهوڵهته داگیركرهكانی كوردستانهوه بۆ دوژمنایهتی كردنی كورد و كوردایهتی و بۆ بهئیسلامكردن و بهعهرهبكردنی كۆمهڵگای كوردهواری و لهناوببردنی ئهم دهسهڵاته كوردیهی باشووری كوردستان دروستكراون.
داوا له ههموو كورد و كوردستانییهكی تێكۆشهر و دڵسۆز دهكهین كه هێمنی و ئارامی گشت شار و شارۆچكه و گوندهكانی باشووری كوردستان بپارێزن و كۆتایی به گێرهشێوێنی و بهردهاویشتن و شتومهك شكاندن و سووتاندن و وێرانكردن بهێنن و ئاشتی و ئاوهدانی و ئارامی كوردستان بپارێزن.
داوا له پهرلهمانی كوردستان و ههردوو لایهنی دهسهڵاتدار، پارتی و یهكیێتی دهكهین كه لهڕاستیدا ئهوه ئهركی سهرشانیشیانه ( ئهگهر خۆپیشاندان و ناڕهزایی دهربڕین ههبێت یان نهبێت)، پێویسته و دهبێت بهرنامهی چاکسازیی و خزمهتگوزاریی پێویست پێشکهش بکهن و به ههموو هێز و توانایهنهوه بكهونه دوژمنایهتی كردنی گهندهڵی و نادادپهروهریی كۆمهڵایهتی و له ئێستا و داهاتوودا سامان و داهات و بودجهی كوردستان بهشێوهیهكی دادپهروهرانه و یاسایی بهكار بهێنرێت و بێ هاڵاواردن و جیاوازی كردن، بخرێته خزمهتی ههموو جهماوهرهوه و بخرێته خزمهتگوزاری و پێشخستن و ئاوهدانكردنهوهی زۆرتری كوردستانهوه. دهبێت چیدی پارتهكان دهست له کاروباری میریی كوردییهوه وهرنهدهن و باشووری کوردستان بكرێت به نیشتماێكی خاوهن دهستوور و یاسا و یاسا سهروهر بێت و زهمینهی دیموکراتیزهکردن لهبارتر و خۆشتر بکرێت و بهرنامهیهکی نهتهوهیی دیار و ئاشکرا بخهنه بهردهم میللهت و ههنگاوی دڵسۆزانه بهرهو سهربهخۆبوونی کوردستان بنێن. بێگومان ههنگاوی یهکهم له یهکخستنهوهی تهواوی دامودهستگاکانی دهسهڵاتی باشووری كوردستانهوه دهبێت دهست پێبكات و یاسا لهسهروو ههموو كهس و لایهنێكهوه بێت. دهبێت یاسا و دهستوورێکی کوردستانیی مۆدێرن ئاماده بكرێت تا ئازادی و یهكسانیی بهرامبهر دهستوور و یاسا بۆ ههموو هاونیشتمانیان مسۆگهر بكات. داوا له دهسهڵات و پهرلهمانی كوردستان و پارتی و یهكیێتتی دهكهین كه بهیاسا و دهستوور، سنوورێك بۆ ئاژاوهنانهوه و گێرهشێوێنییهكانی ئهم لایهنه ئیسلامییه سییاسییانه دابنێن و هێنده نهرم و هاوكار نهبن لهگهڵیاندا و ههر به دهستوور و یاسا ههموو ههوڵ و چالاكییهكیان لێ یاساخ بكهن و چیدی لهمه زۆرتر رێگایان پێنهدهن كه به بهرنامهی ئیسلامچێتییان كورد و كوردستان به ئیسلامی و بهعهرهب بكهن. ئهم لایهنه ئیسلامییه سییاسییانه، ئایینی ئیسلام بۆ بهرژهوهندیی تایبهتیی خۆیان و دوژمنانی كورد و دهوڵهته داگیركهرهكانی كوردستان بهكار دههێنن و ئیسلامیان كردووهته داردهست و ئامڕاز بۆ بهتاڵانبردنی كوردستان و بهعهرهبكردنی كورد.
بهرهو یاساخ كردن و پاكتاوكردنی ئیسلامیی سیاسیی له باشووری كوردستاندا.
بهرهو ئازادی و ئاشتی و خۆشگوزهرانیی زۆرتر، بهرهو بنیاتنان و ئاوهدانكردنهوهی زۆرتر.
بهرهو پاراستن و پتهتركردن و پێشخستنی زۆرتری دهسهڵاتی كوردی و كوردستانی.
بهرهو دوژمنایهتی كردن و نههێشتنی گهندهڵی و نادادپهروهریی كۆمهڵایهتی.
بهرهو تۆوبڕكردنی گێرهشێوێنی و ئاژاوهگێڕی. به ئامانجی هێنانه بوونی دهسهڵاتێکی بنکهفراوان و دادپهروهر و خومهتگوزاری جهماوهر و ههبوونی ئۆپۆزیسیۆنێکی رهسهن و تهندروست و دڵسۆز لهكوردستان دا.
بهرهو دروستكردنی سوپای میللی و بههێزتركردنی هێزی پێشمهرگهی كوردستان.
بهرهو كوردستانێكی سهربهخۆ و ئاوهدانتر و ئارامتر. بهرهو كۆمهڵگایهكی ئازاد و یهكسان.
ههمیشه ههر سهروهر و نهمرن گیانبهخشیووانی ئازادیی كورد و سهربهخۆیی كوردستان.
ههر شهكاوهتر بیێت ئاڵای پیرۆزی كوردستان.
بژی دادپهروهری و چاكسازی و سهروهریی یاسا.
سهركهوتن بۆ هێزی پێشمهرگهی كوردستان.
ههر بژی بیروباوهڕی پیرۆزی كوردایهتی.
هاوبیرانی نهتهوهیی له باشووری كوردستان
٢٨/٤/٢٠١١
پهیامنامهیهك له هاوبیرانی نهتهوهییهوه بۆ دهسهڵاتی سیاسیی كورد، سهبارهت به گروپه ئیسلامییه سیاسییهكان و چارهنووسی باشووری كوردستان
ئهم پهیامه بهگشتی ئاڕاستهی دهسهڵاتی باشووری كوردستان و بهتایبهتی ههردوو سهركردایهتیی پارتی و یهكێتیی دهكهین، چونكه بهكردهوه ههر ئهم دوو لایهنه له ئێستادا باشووری كوردستان بهڕێوه دهبن و ههموو بودجه و داهاتی كوردستان و هێزهكانی پۆلیس و ئاساییش و هێزی پێشمهرگهی كوردستان و بهگشتی ههموو خوێندنگه و فهرمانگه و زانكۆ و دامودهزگا ههواڵگیرییهكان ههر لهژێر دهسهڵات و باڵادهستی ئهم دوو گهوره هێزهدان و ئهمهش راستیی بارودۆخیی ئهمڕۆی باشووری كوردستانه و نكوڵیی لێناكرێت. ههرچهنده دهبووایه ئێستا خاوهنی دهسهڵاتدارییهكی كوردیی تۆکمهی یهکگرتووی بههێز و دامهزراوهیی بووینایه و یاسا سهروهر بووایه و دهرفهتی پێكهوه كاركردن و ژیانێکی دیموکراسییانه لهسهر زهمینهی کوردایهتییهکی راست و دروست بۆ ههموو هێز و لایهن و تاکێکی دڵسۆزی کوردی و کوردستانی بڕهخسایه. ئێستاش دهرفهت ههر ماوه كه ئهم ئهركه پیرۆزه جێبهجێ بكرێت و فهرمانڕواییهكی كوردی و كوردستانیی بهرفراوان و یاسایی و دیموكراسی پێك بهێنرێت.
ئێمه بهرلهههر شتێك دهمانهوێت ههمووان لهم راستییه ئاگادار بكهینهوه كه ئێمه نه له رابردوو و نه له ئێستادا، هیچ پێوهندییهكمان لهگهڵ دهسهڵات و پارتی و یهكێتیدا، نهبووه و نییه. ئهم پهیامه تهنها له روانگهی بهرژهوهندیی باڵای كورد و كۆمهڵگای كوردستانهوه ئاڕاسته دهكهین.
ئهمڕۆ دیاردهیهكی زۆر خراپ و زیانمهند و مهترسیدار له كۆمهڵگای ئێمهدا دروستبووه، ئهویش ئهمهیه كه لاوانێكی زۆر له كچان و كوڕان، لهم نهوه نوێیهی ئێستا، كهوتوونهته بۆسهی ئیسلامیی سیاسییهوه و لهژێر كاریگهری و پروپاگهندهی چهواشهكارییانهی ئهو گروپه ئیسلامییه سیاسییه دروستكراوه بهكرێگیراوانهدان و ئهو گروپانه به شێوه و شێوازی جۆراوجۆر، ههست و سۆزی ئهو لاوانه بهلای خۆیاندا رادهكێشن و لهم رێگایهوه تهڵه و داویان بۆدهنێنهوه و دهیانهێننه ژێر كۆنترۆڵی خۆیانهوه. ئهو گروپه ئیسلامییه توندڕهوانه، یاری به ژیان و چارهنووسی ئهو لاوانهوه دهكهن و بهههست و هۆش و گیانێكی ناكوردانه و نانیشتمانپهروهرانه و تاكڕهوانه و توندوتیژانه پهروهردهیان دهكهن.
ئێمه لهڕووی دڵسۆزییهوه لهو لاوانه دهپرسین، بۆچی لایهنگریی لهو گروپه ئیسلامییه سیاسییانه دهكهن!؟ ئێوه رۆڵهی ئهم نهتهوه و نیشتمانهن و خۆتان به كهسانی دڵسۆز و كوردپهروهر و نیشتمانپهروهر دهنازانن. گومانی تێدا نییه ئهو لایهنه ئیسلامییه سیاسییانه هیچ بڕوایهكیان به كوردایهتی نییه و نه له دروشم و نه له نووسین و بڵاوكراوهكانیاندا ئاڵای كوردستان نابینین و هیچ بیر و هێمایهكی تێكۆشانیش بۆ ئازادیی كورد و سهربهخۆیی كوردستان له وتار و رهفتار و كاروكردهوهكانیاندا بهرچاوناكهوێت!؟ ئهم گروپانه لهلایهن دوژمنانی كورد و داگیركهرانی كوردستانهوه تهنها بۆ بهسیاسیکردنی ئیسلام له كۆمهڵگای كوردستان و دوژمنایهتیی كردنی كورد و كوردایهتی، دروستكراون. لهکاتێکدا ئیسلام وهك ئایین داوای کاری لهوجۆره له هیچ كهس و هیچ لایهنێك ناکات و ئهوه ئهرک و فهرمانی سهرشانی موسڵمانی کورد نییه. ئهم گروپه ئیسلامییه سیاسییانه جگه لهم ئهرك و فهرمانه بهكرێگیراوی و بێگانهپهرستییهیان، هیچ پێوهندییهكیان به ئاشتی و ئازادی و خۆشگوزهرانیی كوردهوه نییه و بههیچ شێوهیهك له شێوهكان پێوهندییان به بهرژهوهندیی كوردایهتی و داهاتووی كورد و كۆمهڵگای كوردستانهوه نییه!؟ ئایا تاوان نییه بهرامبهر كورد و كوردستان كه لایهنگریی لهو گروپه دروستكراوه بهكرێگیراوانه بكرێت، كه ههر خهریكی ئاژاوهنانهوه و بهعهرهبكردنی كۆمهڵگای كوردستانن و دژی كوردایهتی و دژی فهرههنگی رهسهنی كوردهواری و دژی جلوبهرگی كوردی و دژی ههموو شتێكی كوردین. ئیسلامییه سیاسییهكان بهتایبهتی دژی جلوبهرگی كوردیی ئافرهتانی كوردستانن و به رێپێنهدراو و و ناپهسهندی دهناسێنن و لهبری جلوبهرگی جوان و رازاوه و رهسهنی كوردهواری، برهویان به لهچك و سهرپۆش و باڵاپۆش و جبهی ئافرهتانی عهرهبستانی سعودی و میرنشینه عهرهبییهكانی كهنداو داوه و لهم رێگایهوه سیمای شارستانییانه و سهردهمییانهی كۆمهڵگای كوردهوارییان شێواندووه و دزێو و ناشیرینیان كردووه. وا بڕوا لهبهركردنی جلوبهرگی كوردی له نێو كچان و ژنانی كوردستاندا باوی نامێنێت!؟ لهمهش خراپتر و مهترسیدارتر، ورده ورده ناوی كوردی نامێنێت و لهبری ناوی كوردی و كوردهواریی جوان و خۆش و ڕهسهن، ناوی مناڵانی كورد بهناوی عهرهبی و ئیسلامیی، ناوزهد دهكهن، ئهو ناوانه له مناڵهكانیان دهنێن كه نامۆ و بێگانهن به كورد و كوردستان. ئهمانه ههندێكن له نیشانهكانی بهعهرهبكردنی كورد و كۆمهڵگای كوردستان! ئهمانه بهزاندنی هێڵی سوورن و زهنگی مهترسیدار و ترسناكن بۆ ئاساییشی نهتهوهیی و نیشتمانیی كورد و كوردستان.
دهسهڵاتی سیاسیی كوردی تاوانباره بهوهی كه له رابردوودا ئهم توولهماره ئیسلامییه سیاسییانهیان بهخێوکردووه و ئێستا بۆ دهسهڵات و كورد و كوردایهتی، بوونهته كێشهیهكی گهوره. دهسهڵاتی كوردی به ههموو شێوهیهك پشتیوان و یارمهتیدهر بوو له پهرهسهندن و بههێزبوون و زۆربوونی ئهم گروپه ئیسلامییه سیاسییانهدا، لهسهر داهات و بودجهی كوردستان، مانگانه و بودجهی زۆر و زۆرتریان بۆ بڕیونهتهوه، پۆستی وهزارهتیان پێشكهش كردوون، بارهگا و بنكه و مۆڵگای جۆراوجۆریان بۆ دروست كردوون، چاوپۆشییان له كاروكردهوه ئاژاوهگێڕی و تێكدهرییهكانیان كردووه و دهكهن، چاوپۆشی له بهعهرهبكردنی كورد و كۆمهڵگای كوردستان دهكهن، ههموو ئاسانكارییهكی یاسایی و دهستوورییان بۆ دهكهن، چهندین پهیمانگا و خوێندنگهی تایبهتییان بۆ كردونهتهوه، له پهڕلهمانی كوردستان كورسییهكی زۆریان داگیركردووه و ههر ئهم ئیسلامییه سیاسییانهشن كه لهناو پهرلهمانهدا لهبهر ئاڵای پیرۆزی كوردستان و مارشی نهتهوهیی كوردی (ئهی ڕهقیب) ههڵناسن و بهبهرچاوی دهسهڵات و ههموو میللهتهوه سوكایهتی به پیرۆزییهكانی كورد و كوردستان دهكهن. ئهمانه و چهندین پێشێلكاری و كاروكردهوهی تری نایاسایی و ناڕهوایان چاوپۆشیی لێكراوه، بهبهرچاوی دهسهڵاتهوه پێوهندیی گومانلێكراوانه به دهوڵهته داگیركهرهكانی بهشهكانی دیكهی كوردستانهوه دهكهن و به ئارهزوو و خواستی تایبهتیی خۆیان ههموو جۆره پێوهندییهكی ژێربهژێر و گومانلێكراوانه لهگهڵ دهوڵهته عهرهبی و ئیسلامییهكاندا دهبهستن و ههرچییان بوێت بهبهرچاوی دهسهڵاتهوه دهیڵێن و دهینووسن و دهیكهن. ئهو گروپانه زۆربهی پیاوه ئایینناسهكان، مامۆستایانی ئایینی، مهلاكان و بانگدهر و پێشنوێژكارانی مزگهوتهكان و فهقێكان، ئهمانهیان ههموو هێناونهته ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیانهوه و بههاندانی ئهو گروپانه فهتوای كوشتن و شاربهدهركردن و وڵاتبهدهركردن بۆ رۆشنبیرانی دڵسۆز و كوردپهروهر دهردهكهن و به فهتوا خوێنی نووسهران و رووناكبیرانی كوردستان دهكهنه كاسهوه، بۆ ههتا ههتایه نیشتمانبهدهر و ئاوارهی ههندهرانیان دهكهن، له ههندهرانیش ههر دهبێت پۆلیسی ئهو وڵاتانه پارێزگاری له مانهوه و ژیانیان بكهن، لهوێش دهستبهرداری ئهو رهخنهگر و رۆشنبیرانه نابن و ههوڵی لهناوبردنیان دهدهن. ئێمه دهپرسین: ئهمه چ جۆره دهسهڵات و پهرلهمانێكه كه ئێمهی كورد ههمانه!؟ دهسهڵاتێك نهتوانێت له كوردستانێكی ئازاد و دیموكراسیدا ژیانی هاونیشتمانییان، رۆشنبیران و نووسهران و رهخنهگران بپارێزێت، ئهبێت چ دهسهڵاتێك بێت و چ ئازایهتی و شكۆداری و سهروهرییهكی ههبێت!؟ ئهمانه و گهلێك دیاردهی خراپ و نامۆ و سهیر و سهمهرهی دیكه كه ئهمڕۆ له باشووری كوردستاندا سهریان ههڵداوه و ههر لهباسكردن نایهن.
ئهم پهیامه بۆ ئهو كهسانهشه كه له بێئاگایی و دڵپاكییهوه، خهڵهتێنراون و دوای ئهو گروپانه کهوتوون. ئێمه له دڵسۆزی و نیازپاکی و خواپهرستیی موسڵمانانی کوردی دوور لهو گرووپانه هیچ گومانێكمان نییه. کوردستان وڵاتی پێڕهوكارانی ههموو ئایین و ئایینزاکانه كه به ئازادی و ئاشتی، شانبهشانی یهکتر پیادهی دابونهریتی ئایینی و ئایینزایی خۆیانی تێدا دهکهن.
ئهندامان و دۆستان و لایهنگرانی ئهو گروپه ئیسلامییه سیاسیانه بێباكانه دهڵێن: نهتهوایهتی و كوردایهتی و نیشتمانپهروهری و كوردستانچێتی ئهرك و فهرمانی ئێمه نییه و ئێمه موسوڵمانین و خاوهنی پهیامێكی جیهانی و مرۆڤایهتین و خۆمان نابهستینهوه به تهنها نهتهوهیهك و نیشتمانێكهوه. پهیامی ئێمه برایهتی و ئاشتی و دادپهروهری و خۆشگوزهرانییه بۆ ههموو مرۆڤایهتی و ههوڵ دهدهین ههموو مرۆڤایهتی ببن به ههڵگری ههمان پهیامی ئێمه و باوهش بۆ ئیسلام و موسوڵمان بوون بكهنهوه. ئیسلام و قورئان بهرنامهی كاركردن و خهبات و جیهادی ئێمهیه و جگه له قورئان و رێنماییه ئیسلامییهكان، دان به هیچ پهیام و نووسراو و رێسا و یاسایهكی دیكهدا ناهێنین. ئێمه بڕوامان به دهوڵهتی كوردی نییه و ئاڵای كوردستان و مارشی نهتهوهیی كوردی، ئهی ڕهقیب، لای ئێمه هیچ مانایهكیان نییه و لای ئێمه وهك موسوڵمان ئهم شتانه پیرۆز نین و بڕوامان پێیان نییه. بۆ ئێمه وهك موسوڵمان و ههڵگرانی پهیامی ئیسلام و قورئان، تهنها ئایینهكه و پهیامهكهی خۆمان پیرۆز و پێویست و گرنگن لامان و له داهاتوودا دهبێت ههموو مرۆڤایهتی بێنه ژێر ئاڵای ئیسلامهوه. ئهگهر دهسهڵاتمان گرته دهست، ئهوا ئهوهی لهگهڵ ئێمه نهبیێت و نهیهته ژێر ئاڵای ئیسلامهوه، مافی ژیانی لای ئێمه نامێنێت و دهبێت به سزای رهوای خۆی بگهیهنین.
- لهڕاستیدا ئهم پهیام و وشانهیان ههر ههموویان دژی كورد و كوردایهتین و له خزمهتی دوژمنانی كورد و داگیركهرانی كوردستاندان. بهكارهێنانی وشهگهلی، ئاشتی و دادپهروهری و خۆشگوزهرانی و مرۆڤایهتی لهلایهن ئهوانهوه، ئهوانه ههر ههموویان وشهی سهوز و سوور و ئامڕازی فریوكارین و فڕیان بهسهر راستی و بهرژهوهندی و ئاشتی و دادپهروهری و خۆشگوزهرانیی مرۆڤایهتییهوه نییه و تهنها ههر بۆ خهڵهتاندن و بهكارهێنانی ئهو لاوانهیه، بۆ گهیشتن به ویست و خواسته ناڕهواكانی ئهو لایهنانه خۆیانه و بۆ گهیشتن بهرژهوهندییه مادییهكانیانه، ههر بۆ رابوواردن و خۆشگوزهرانیی خۆیانه و هیچی دیكه. سهركرده و بهرپرسه گهورهكانی ئهو گروپه ئیسلامییه سیاسییانه، بهبێئهوهی هیچ ئیش و كار و كاسبییهك بكهن، بهبێئهوهی هیچ بهرههم و هونهر و پیشهیهكیان بۆ كۆمهڵگا ههبێت، بهبێئهوهی رهنج بدهن و ماندووببن، ههر بههۆی نۆكهربوون و وابهستهبوون و ملكهچبوونیان به دوژمنانی كورد و داگیرگهرانی كوردستانهوه، خۆیان ههموو خاوهنی چهندین ژن و خانوو و ئۆتۆمبێلی گرانبههان و زۆر بهخۆشی و تێروتهسهلی دهژین، ههموو پێداویستتهكانی خۆشگوزهرانیی ژیانیان بۆخۆیان مسۆگهر كردووه. ئهوانه ئایینی ئیسلام ههر بۆ گهیشتن به مهبهست و ئامانجه تایبهتییهكانی خۆیان بهكار دههێنن و له راستی و كاروكردهوهدا هیچ بڕوایان به ئایین و خواپهرستی و رهوشتی بهرزی مرۆڤایهتی نییه. ئهگهرنا یهزدانی مهزن و بهخشنده و میهرهبان، چی پێویستییهكی بهو گروپه تێرۆریستانه ههیه!؟ یان مرۆڤه رۆشنبیر و تێگهیشتووهكان، نهتهوه ئازاد و خاوهن شارستانێتییه بهرز و پێشكهوتووهكانی جیهان چی پێویستییهكییان بهوه ههیه كه بچنه ژێر ئاڵای ئیسلامیی سیاسییهوه!؟ گومانی تێدا نییه كه ئیسلامیش ئایینێكه وهكوو ههموو ئایینهكانی دیكهی مرۆڤایهتی و نابێت تێكهڵی سیاسهت بكرێت و بهسیاسیی بكرێت. توندوتیژیی ئایینی و بهسیاسهتكردنی ئایین، هیچ پێوهندییهكیان به ئایین و خواپهرستی و مرۆڤایهتییهوه نییه و لهراستیدا دژی خودی ئایینهكهن و دوژمنی خواپهرستی و مرۆڤایهتیشن. ئهم وشانه، ئهم رسته بێ باج و بێ ناوهڕۆكانهی ئهو گروپه ئیسلامییه سیاسییانه، تهنها بۆ فریودان و خهڵهتاندنی لاوانی ههژار و بێدهرهتانی كوردستانه، كه دهیانهوێت ئهو لاوانه بۆ ئامانج و مهبهسته سیاسییه گڵاوهكانی خۆیان بهكار بهێنن و ژیانیان ئالوودهی كاری توندوتیژیی بكهن و بهو بیر و كردهوه پڕوپووچ و بێ ناوهڕۆك و بێ كهڵكانهوه، ژیان و تهمهنیان بهفیڕۆ بدهن و سهرگهردانیان بكهن.
- له روانگهی ئهو بۆچوونه چهوتانهی ئهو ئهو لایهنانهوه، ئهوه تێدهگهین كه ئهوان تهنها خهبات بۆ بڵاوكردنهوهی ئایینی ئیسلام و بهموسوڵمانكردنی میللهتان و بهئیسلامكردنی كۆمهڵگاكان دهكهن و كوردایهتی و كورد و كوردستانیان بهلاوه گرنگ و مهبهست نییه. بهرنامهی ئهم گروپانه له سهردهمی ئێستادا دروست دهکاته جێبهجێکردنی بهرنامهی دهوڵهته داگیرکهرهكانی كوردستان و دوژمنانی كورد، دهنا میللهتی کورد بۆخۆی له مێژه موسوڵمانه و پێویستی به رابهری و رێنیشاندهریی ئهو کهس و گروپانه نییه. ئاشكرایه ههوهتهی ئیسلام پهیدا بووه و هاتووهته كوردستانهوه و كورد بهموسوڵمانكراوه، لهوكاتهوه ههتا ئێستا زۆرینهی زۆری كورد ههر موسوڵمانه و ههموو ئهرك و فهرمانه ئایینییهكانی ئیسلام ئهنجام دهدهن و له رابردووشدا ههروا بووه و زۆرجاریش كورد له مێژووی خۆیدا به ماڵ و سامان و گیان و ژیانهوه بهرگریی له ئیسلام كردووه و بههۆی ئایینی ئیسلامهوه زۆر زۆر زهرهرمهند بووه. ئهی بۆ پێش راپهڕین و پێش ئهم ئازادی و ئاشتی و دیموكراسییهی كه ئێستا ههیه، هیچ گروپ و لایهنێكی ئیسلامیی سیاسیی له كوردستاندا بوونی نهبووه و ئهم باسوخواسانه له هیچ كهس و كۆڕ و كۆمهڵێكهوه نهبیستراون!؟ ههموومان ئهم راستییه دهزانین كه ئهم گروپانه، ئهم كۆڕ و كۆمهڵ و هێزه ئیسلامییه سیاسییانه، له سهرهتای ساڵانی ههشتاکانهوه دوای دروستبوونی کۆماری ئیسلامیی ئێران، له كوردستاندا پهیدا بوون و دروستكراون!؟ ئهی كورد ههر موسوڵمان نهبووه و ئایینی ئیسلامیش ههر ئایینی زۆرینهی كورد نهبووه؟ بۆچی پێشتر هیچ لایهنێكی ئیسلامیی سیاسیی له هیچ شۆڕش و راپهڕین و بزووتنهوهیهكی رزگاریی نیشتمانیی كورد و كوردستاندا بهشدار نهبوون و بوونیان نهبووه!؟ ئیسلام زۆر له مێژه لهوڵاتی ئێمهدا ههیه و بهشێکی بهرچاوی سهرکرده کلاسیكییهکانی کورد لهسهر ئهم رێبازه بوون و زیندانی و ئهشكهنجهیان بینیوه و لهسێدارهدراون گیانیان بهخشیوه، بهڵام خهبات و ژیانیان ههر بۆ کورد و کوردستان بووه و ئامانجیان رزگاریی كورد و سهربهخۆیی كوردستان بووه. رابهرانی كورد، موسوڵمان بوون و خۆیان بهشێک بوون له شۆڕشهکانی کورد و لهژێر سهرکردایهتیی شۆڕشدا خهباتیان کردوه. موسڵمانانی کوردیش دابونهریتی ئایینیانه و ئیسلامیانهی خۆیان له نێو ماڵ و مزگهوتهکانی کوردستاندا دوور له سیاسهت و گروپبازی، بهئهنجام گهیاندووه، هیچكاتێكش رێگر نهبوون لهبهردهم تێكۆشان و بزووتنهوهی کوردایهتیدا.
ئهم گروپه ئیسلامییه سیاسییانه، له ئێستادا چهندین گروپی جیاوازن و ههریهكهیان نۆكهری دوژمنێكی كورد و دهوڵهتێكی داگیركهری كوردستانن. هێنده بهرنامه و نهخشهی سیاسیی ئێره و ئهوێیان هێناوهته كوردستانهوه، به ئهندازهی ژمارهی خۆیان مۆدێلی دهسهڵاتی ئێرانی و ئهفغانی و تالیبانی و سعوودی و تورکییان سازداوه. لهداهاتوودا ههرگروپێکیان دهسهڵات بگرنه دهست ئهوانی دیكه لهدژی رادهبن و ناتوانن له ههلومهرجێكی سیاسی و دیموکراسی و ئاشتی و ئارامیدا پێکهوه ههڵبکهن. ئهو گروپانه یان ههریهك لهو گروپانه دهسهڵات بگرنه دهست، ئهوهی بونیادنراوه، وێرانی دهكهن و كوردستان دهكهن به گۆمی خوێن. ئێستا هیچ مهترسییهكی دوژمنان و داگیركهرانمان لهسهر نهماوه، ئهم گروپه ئیسلامییه سیاسییه دروستكراوانه دهیانهوێت بهخراپ كهڵكوهرگرتن لهم بارودۆخی ئازادی و دیموكراسییهی باشووری كوردستان، ههروا بهئاسانی و بهخۆڕایی كورسیی دهسهڵاتی كوردستان بگرنه دهست و بودجه و سامان و داهاتی كوردستان بۆ خۆیان بهرن و بهرنامه دۆزهخی و دواكوتووهكانی خۆیان پیاده بكهن و ههر كهسێكی كوردپهروهر و دڵسۆزی كوردایهتی، ئهوانهی وهك ئهوان نین و وهك ئهوان بیرناكهنهوه، ههر رهخنهیهكیان له دهم هاته دهرهوه، جهستهی بسووتێنن، یان زمانی ببڕن و دهست و پێی ببڕنهوه یان به شمشێری عهرهبی ملی بپهڕێنن!؟ - ئهندامان و لایهنگرانی ئهم گروپانه، هیچ وهڵامێكی ژیربێژانه و لۆژكانهیان بۆ ئهم پرسانه نییه و ههر بهردهوام ئهو بهیت و بالۆرانهی خۆیان وهك تووتی دهڵێنهوه و ههموو هۆش و گۆش و مێشكیان به ئایینی ئیسلام و جیهاد و بهههشت و دۆزهخهوه شۆردراوهتهوه و هیچ فهلسهفه و زانست و بیروباوهڕ و پهیڤ و راستییهكی تر ناچێته مێشكیانهوه. ئهو گروپه ئیسلامییه سیاسییانه بهشێوهیهك ئهو لاوه ههژار و بێ ئهزموون و بهستهزمانانهیان به بیر و رهفتاری پڕوپووچهوه سهرگهرم كردوون، كه بهم شێوهیه نه له ئێستا و نه لهداهاتوودا، هیچ كهڵك و فهڕێكیان بۆ كورد و كوردستان لێچاوهڕوان ناكرێت.
ئهم گروپه ئیسلامییه سیاسییانه ههر كه دهم دهكهنهوه، باسی گهندهڵی و دزی و نادادپهروهریی دهسهڵاتی سیاسیی كوردی و بهتایبهتی باسی كهموكوڕییهكانی پارتی و یهكێتی دهكهن. بێگومان بهخراپ باسكردن و دوژمنایهتی كردنی سیاسهتی دهسهڵاتی کوردی لهلایهن ئهوانهوه بۆ ئهوه نییه دهسهڵات و فهرمانڕهواییهكی دادپهروهر و دهوڵهتێکی سهربهخۆی كوردی و كوردستانیمان ههبێت، بهڵکو بۆ ئهوهیانه كه مهرام و مهبهسته سیاسییه ناڕهواكانی خۆیانی پێ بهرنه پێشهوه. ئێمهش دهزانین كه گهندهڵی و نادادپهروهری و پێشێلكاریی یاسا و دهستوور ههیه، ئهوه راستییه كه ههر كهس و ههر رێكخستنێك كار بكات و تێبكۆشێت و چالاك بێت، ئاساییه كه ههڵهش دهكات. ناتهواوی كهموكوڕیی و گهندهڵیش ههر تایبهت نییه به كۆمهڵگای كوردستانی ئێمه، له سهرانسهری مێژووی مرۆڤایهتییدا ناتهواوی و كهموكوڕی و گهندهڵی ههر ههبووه و ههر دهبێت و ههر دهمێنێت. ئێمه لێرهدا دیسانهوه زمانی رهخنهمان ئاڕاستهی دهسهڵاتی سیاسیی کوردی دهكهینهوه کهوا بههۆی گهندهڵكاری و بێ بهرنامهیی و پێڕهونهكردنی دادپهروهریی كۆمهڵایهتی و سهروهرنهبوونی یاساوه، هیچ بهرنامهیهكی پهروهرده و بارهێنان و فێركارییان بۆ لاوانی كوردستان نهبووه و نییه و هیچ پڕۆژه و بهرنامهیهكییان نییه كه ئاپۆڕهی لاوانی پێوه خهریك بكهن و ههلی كار و ژیان و گوزهرانیان بۆ برهخسێنن. گهندهڵی و بێبهرنامهیی دهسهڵات و بێكاریی لاوان، ئهو بۆشایی و بوار و دهرفهته لهبارهی بۆ ئهو گروپه ئیسلامییه سیاسییانه دروستكردوه تا بتوانن ئهو لاوانه ههڵبخهڵهتێنن و دووچاری كارهساتیان بكهن.
لهڕاستیدا گهندهڵی، دیاردهیهكی جیهانی و مرۆڤایهتییه و له پێشكهوتووترین وڵاتهكانی جیهانیشدا گهندهڵی ههر ههیه و ئهو دیاردهیه هێشتا له هیچ كۆمهڵگایهكدا بنهبڕ و چارهسهر نهكراوه. ئێستا دهسهڵاتی كوردی و تهنانهت یهكێتی و پارتیش بۆخۆیان بهرنامهی چاكسازی و دژایهتیی كردنی گهندهڵییان لهبهرچاو گرتووه و پڕۆژهی چارهسهركردنیان بۆ داڕشتووه و ههوڵی بهئهنجامگهیاندنی دهدهن. بهڵام ئهمه نابێ ببێته پاساو بۆ گهندهڵكاری، پێویسته و دهبێت بهسیستهم و به كردهوه چارهسهری بكهن. ئێمهی هاوبیرانی نهتهوهیی، رهخنه دهگرین و ناتهواوی و كهموكورییهكان باس دهكهین، بهڵام چاومان شتی باش و جوانیش دهبینێت و باسی ئاوهدانی و ئاشتی و ئارامی و خۆشگوزهرانیی زۆربهی جهماوهریش دهكهین، باشووری كوردستان تا ئهندازهیهكی باش ئاوهدان بووهتهوه، ئهگهر گهندهڵكاری نهكرایه، بهو داهات و بودجه زۆرهی كوردستان، دهبووایه دهسهڵات پڕۆژهی زۆرتر و باشتری ئهنجام بدایه و دهبووایه كێشهی بێكاری و تهنگژهی نیشتهجێبوون چارهسهر بكرانایه. بهڵام به بهراووورد لهگهڵ وڵاتانی دیكهی ناوچهكهدا، ئازادیی دهربرینی بیروڕا و رۆژنامهوانیی ئازاد بوونیان ههیه و زۆربهی بواره خومهتگوزارییهكانی ژیانی كۆمهڵگا پێشكهوتنیان بهخۆیانهوه بینیوه و ههلی كاركردن و خۆپێشخستن و خۆپێگهیاندن تا ئهندازهیهك بۆ كچان و ئافرهتانی كوردستان رهخسێنراوه. بهڵام ئهمه ههموو شتێك نییه و ئهركی سهرشانی دهسهڵاته كه زۆرتر گرنگی و بایهخ به كچان و ژنانی كوردستان بدهن و زۆرتر دهرفهتی پێشكهوتن و ههلی كار و خزمهتگوزاریی ژیانیان بۆ دابین بكهن. ههرچهنده ههموو شتێك ههر خراپ نییه و ئهو گروپه ئیسلامییه سیاسییانه به چهواشهكاری دهیانهوێت تهڕ و وشك پێكهوه بسوتێنن، دهیانهوێت ههموو شتێك به ناشیرینی و دزێوی باس بكهن. ئهی ئهو گروپه ئیسلامییه بێ رابردووانه، بۆچی چاویان ئهو ههموو ئاوهدانكردنهوه و بنیادنانهوه و گۆڕانكارییانهی كوردستانی وێرانكراو و سوتێنراو نابینێت. ئهی بۆ ئهو گروپه ئیسلامییه سیاسییه توندڕهوانه باسی ئهوه ناكهن كه بههۆی بهرنامه پاشكهوتوو و توندڕهوییهكانی خۆیانهوه چهندین ههزار له كچان و ئافرهتانی بێتاوانی باشووری كوردستان، به تۆمهتی بێڕهوشتی و بهبیانووی ئابڕووپهرستییهوه تێرۆر كراون. ههوهتهی ئهم گروپه ئیسلامییه سیاسییه توندڕهوانه دروستكراون، كێشه كۆمهڵایهتییهكان زۆرتر بوون و ئاگر جهستهی ههزاران له كچان و ئافرهتی بێتاوانی سووتاندووه. چهند ساڵێكه بههۆی بوون و چالاكییهكانی ئهم گروپانهوه، توندوتیژیی ئایینی و رهگهزی پهیدابووه و پهرهی سهندووه كه ئهم دیارده خراپانه پێشتر ههرگیز بهم شێوهیه پێشینهیان لهنێو كورد و كۆمهڵگای كوردستاندا نهبووه.
ئێمه دهپرسین:كامانهن پڕۆژهی ئاوهدانكردنهوه و چاكسازیی كۆمهڵایهتی و خزمهتگوزارییهكانی ئهو گروپه ئیسلامییه سیاسییانه بۆ كۆمهڵگای كوردستان!؟ ئهو گروپه ئیسلامییه سیاسییانه تهنها له چهند ساڵانێكی رابردوودا به مهبهستی بهعهرهبكردنی كۆمهڵگای كوردستان و بۆ بهرژهوهندنی عهرهبستانی سعودی و میرنشینه عهرهبییهكانی كهنداو، بهههزاران مزگهوتی مۆدێلی كهنداو و سعودییان له باشووری كوردستاندا دروستكردووه. ئاماژهكردن بهم دیاردهیه لێرهدا، مهبهست ئهوه نییه كه دروست كردنی مزگهوت به كارێكی ناپێویست و خراپ باس بكرێت، بهڵام ئهمڕۆ لهم باشووری كوردستانهدا، بهم پێوانه جوگرافییه كهمهوه، زۆرتر له پێنج ههزار مزگهوت ههیه. له هیچ وڵاتێكی عهرهبیدا كه ئایینهكه بهزمانی خۆیانه و هی خۆیانه، هێندهی باشووری كوردستان مزگهوتییان تێدا نییه!؟ سهرباری ئهمهش له هیچ شار و گوند و شارۆچكهیهكی باشووری كورستاندا یهك مهڵبهندی رۆشنبیریی نهتهوهیی بوونی نییه كه لاوانی كوردستان و نهوهی نوێ بهگیانی كوردایهتی و نهتهوهپهروهری و نیشتمانپهروهری و پێشكهوتنخوازی پهروهردهیان بكات و به ئاڕاستهی خزمهتكردن و خۆشهویستیی كورد و كوردستاندا بیانبات!؟ ئهو مزگهوتانه، زۆربهی زۆریان لهم ساڵانهی دواییدا به مهبهستی سیاسی و بۆ بهعهرهبكردنی كورد و بهئیسلامیكردنی كۆمهڵگای كوردستان دروستكراون، سهرباری ئهمهش بۆ ههر مزگهوتهی دوو مهلا و دوو مجێور و چهندین كارمهند و خزمهتگوزاری تر تهرخانكراون بۆ خزمهوت و بهڕێوهبردنیان، لهلایهن دهسهڵاتهوه كارهبا و ئاوی بهردهوامییان بۆ دابینكراوه، ئهمه ههمووی لهسهر بودجهی كۆمهڵگای كوردستانه، ئهمه لهكاتێكدا كه به ههزاران ماڵ و خێزانی ههژاری كوردستان بێبهرین له ئاوی پاك و كارهبا!؟ پرسیارهكه لێرهدا ئهمهیه كه ئهم لهشكره فرهزۆر و زیاد لهپێویستهی مهلایان و مجێوران و فهقێیان و كارمهندانی تری ئهو ههموو مزگهوتانه، بهرههمییان چییه بۆ كۆمهڵگا و بۆ پێشكهوتن و بۆ ئاوهدانكردنهوهی كوردستان!؟ ئهمانه بهئاشكرا بهبهرچاوی دهسهڵات و پارتی و یهكێتییهوه مزگهوتهكانیان كردووه به شوێنی بهعهرهبكردنی لاوانی كوردستان و به كارگهی بهرههمهێنانی تێرۆریستان و به بنكهی كاری توندڕهوی و توندوتیژیی ئایینییانه. سهكۆی مزگهوتهكان بۆ خوێندنهوهی وتاری ئایینی توندوتیژانه و لهكهداركردن و ناشیرین پیشاندانی دهسهڵاتی كوردی، بهتایبهتی دژی یهكێتی و پارتی بهكار دههێنرێن، بهبێئهوهی ههتا ئێستا دهسهڵاتی كوردی و یهكێتی و پارتی هبچ لێپرسینهوه و لێپێچانهوهیهكی یاسایی ئهو كاره توندڕهوییانهی ئهو مهلایانه و ئهو گروپه ئیسلامییه سیاسییه توندڕهوانهیان كردبێت!؟ ئهو گروپه ئیسلامییه سیاسییانه، ئهوهیان بیرچووهتهوه یان له بیرخۆیانی دهبهنهوه كه ههر (یهكێتی و پارتی و سۆسیالیست و شیوعی و پاسۆك) بوون كه كوردایهتییان دهكرد و له ههموو شاخ و گوند و شارۆچكه و شارێكی كورستاندا رووبهرووی ئهو دوژمنه بههێز و دڕنده و دهستنهپارێزه دهبوونهوه، ههر ئهم لایهنه شۆڕشگیڕانه بوون بهو رابردووه پڕ له خهبات و تێكۆشانهیان، به خوێنی گهشی ههزاران پێشمهرگهی جهنگاوهر و كۆڵنهدهر، ئهمڕۆیان بۆ دروست كردووین. ئهم ئازادی و ئاشتی و ئارامی و دیموكراسی و خۆشگوزهرانی و ئاوهدانییهی ئهمڕۆی باشووری كوردستان ههر بهرههمی كوردایهتی و رابردووی پڕ له تێكۆشان و كۆڵنهدانی ئهوان و ههموو جهماوهری شۆڕشگێڕی كوردستانه، نهك ئهم گروپه ئیسلامییه سیاسییه بهكرێگیراوه تازهدروستكراوانه كه هیچ رابردوو و شانازییهكی پێشمهرگایهتی و شۆڕشگێڕایهتی و تێكۆشانی كوردایهتییان له كوردستاندا نهبووه و نییه و ناشیان بێت.
ئێمهی هاوبیرانی نهتهوهیی، له روانگهی بهرژهوهندیی كوردایهتییهوه، به ئهرك و فهرمانی سهرشانی خۆمانمانزانی كه ئهم پهیام و هۆشدارییه بۆ ئێستا و بۆ داهاتوو ئاڕاسته بكهین. ئامانج و مهبهستی ئهم پهیامه تهنها بۆ مانهوه و بهردهوامیی ئهم دهسهڵاته كوردییهی خۆمان و بۆ پاراستنی ئهم ئازادی و ئاشتی و دیموكراسی و ئارامی و ئاوهدانییهی باشووری كوردستانه، ههربۆیه لێرهوه داوا له دهسهڵات و له ههموو جهماوهری تێكۆشهر و دڵسۆزی كوردستان دهكهین كه بهچاوی دوژمن و بهكرێگیراو و نۆكهری دوژمنانی كورد و داگیركهرانی كوردستان سهیری ئهم گروپه ئیسلامییه سیاسییانه بكهن و به هیچ جۆرێك كۆمهكیان پێ مهكهن و هیچ پشتیوانییهكیان مهكهن. پێویسته دهسهڵات به بڕیاری یاسایی و به دادگا و دهستووری كوردستان، ئیسلامیی سیاسیی و ههموو چالاكی و كاروكردهوهیهكی توندڕهوییانه و توندوتیژانهی ئایینی یاساخ بكهن و بۆ ههمیشه جهستهی كورد و كۆمهڵگای كوردستان لهم شێرپهنجانه رزگار بكهن.
له كۆتاییدا پێویسته ئهو راستییهش وهبیر دهسهڵات و پارتی و یهكێتی بهێنینهوه كه ئهمڕۆ له باشووری كوردستاندا تاكه یهك رێكخستنی نهتهوهیی بوونی نییه. دهسهڵات و پارتی و یهكێتی ئاماده نهبوون و نین كه مۆڵهتی یاسایی، به هیچ پارت و رێكخستنێكی نهتهوهیی كوردی و كوردستانی بدهن. شایانی باسه و جێگهی داخ و سهرسوڕمانه كه رابردوودا تاكه پارتێكی نهتهوهیی شۆڕشگێر و پێشكهوتنخواز، (پاسۆك) بوو كه ههبوو، ئهویشیان لهنێو پارتیدا تواندهوه و ئێستا له سهرانسهری باشووری كوردستاندا یهك رێكخستنی نهتهوهیی نییه كه دهسهڵات و پارتی و یهكێتی بواری ههبوون و مۆڵهتی كاركردنی یاساییان پێدابێت!؟ رێكخستنێكی نهتهوهیی و پێشكهوتنخواز و سهردهمییانه، پێداویستییهكی گرنگ و پێویستی ئهم سهردهمهی ئێستایه بۆ كورد و كوردایهتی. هاوبیرانی نهتهوهیی، چهندین جار داخوازیی مۆڵهتی كاركردنی ئاشكرا و یاساییان له دهسهڵات و پارتی و یهكێتی كردووه و ههتا ئێستا هیچ وهڵامێكیان لهو لایهنانهوه وهرنهگرتووهتهوه كه ئهم رهفتار و ههڵوێستانهیان بۆ ئێمه و بۆ ههموو كورد و كوردستانییهكی نیشتمانپهروهر و دڵسۆز، جێگای نیگهرانی و گومانه!؟
بهرهو ئازادی و دیموكراسی و ئاشتی و ئارامی و ئاوهدانیی زۆرتر بۆ كۆمهڵگای كوردستان.
بهرهو چهسپاندنی یاسا و دادپهروهریی كۆمهڵایهتی …. بهرهو كۆمهڵگایهكی ئازاد و یهكسان.
ههر شهكاوه بێت ئاڵای پیرۆزی كوردستان.
ههر بژی بیری نهتهوهیی كوردی.
سهری رێز و ملكهچی بۆ گیانبهخشیووانی ئازادیی كورد و سهربهخۆیی كوردستان دادهنهوێنین.
هاوبیرانی نهتهوهیی له باشووری كوردستان
١٥/٥/٢٠١١
دهسهڵاتی باشووری کوردستان و پاشماوهکانی بهعهرهبکردن و ئهنفالچێتی و بهعسيزم!
دهسهڵاتی سياسی و کارگێڕی و بهڕێوهبردنی ئهمڕۆی باشووری کوردستان، بهکردهوه پێکهاتووه له دوو پارت و هێزی گهورهی وهکو پارتی و يهکێتی که خاوهنی ههزاران پێشمهرگهی چهکدار و ئازا و دڵسۆزن، خاوهنی هێزێكی زۆرى پۆليس و ئاساييش و هێزی دژهتێرۆری چهکداری ئامادهکراون، خاوهنی ههزاران کهسی سهربه پاراستن و دهزگای زانيارين، کهچی هيچ کاميان ناتوانن و ناوێرن، يهک وشه بنووسن، يهک ههڵوێست وهرگرن، يهک کردهوه بنوێنن بهرامبهر چهند بهناو مهلايهک که ئايينی ئيسلام به خراپترين شێوه دژی کورد و کوردايهتی بهکار دههێنن. بهناوی ئايينی ئيسلامهوه به ئارهزووی خۆيان فهتووای نادادپهروهرانه و نامرۆڤانه دژی کوردايهتی، دژی رۆشنبيران و هونهرمهندا و نووسهران و شانۆکاران و نيگارکێشان، دهردهکهن. به فهتووای ئيسلامی، نووسهران و رۆشنبيران و رهخنهگرانی کورد و كوردستان شاربهدهر و نيشتمانبهدهر دهکهن، رۆژانه لهسهر سهکۆی مزگهوتهکانهوه زۆرترين و بێزراوترين سووکايهتی به ئافرهتان، بهکچان و خوشکان و دايکانی كورد و کوردستان دهکهن، دژی جلوبهرگی کورديی ئافرهتانی کوردن، دژی (ئهی رهقيب)، مارشی نهتهوهيی کوردين، دژی ئاڵای کوردستان و دژی ههموو بهها و پیرۆزييهکانی نهتهوهی کوردن، رۆژانه به دهيان وتار و لێدوان و گرتهی ڤيدۆيی دژی ههموو ديارده پێشکهوتووهکانی ژيان و دژی ههموو بهها پيرۆزهکانی کوردايهتی و کوردهواری بڵاو دهکهنهوه، ئهو گروپه ئيسلامييه سياسييه دروستکراوانهی ئهمڕۆی باشووری کوردستان، راستهوخۆ و ناڕاستهوخۆ، چ خۆيان و چ لهلايهن ئهو مهلا سياسييه مووچهخۆرانهی وابهستهی خۆيانهوه، بهههموو شێوهيهک له ههوڵ و ههڵپهی بهئيسلامی کردنی کۆمهڵگهی کوردستاندان. دهيانهوێت به ياسا و رێسا دواکهوتووهکانی 1400 ساڵ لهمهوبهری عهرهبستانی سعودی، کۆمهڵگهی کوردهواری بهڕێوهبهرن. کهچی ئهم دوو سهرکردايهتييهی پارتی و يهکێتی، بێگومان به بزووتنهوهی گۆڕانی بهرههڵستکاريشهوه، به پارته بچووکه مووچهخۆرهکانی ديکهشهوه، ههتا ئێستا سهبارهت بهم کێشانه، هيچ کاردانهوهيهکيان نهبووه و نييه؟! هیچ ههڵوێستێکيان نهبووه و نييه، هيچ لێپێچينهوهيهکی ياساييان بهرامبهر ئهو گروپ و مهلا سياسييانهدا نهکردووه و رووبهڕووی دادگهيان نهکردوونهتهوه، ههر هيچيان نهکردووه؟!، بهڵام ئهگهر نهتهوهييه کوردپهروهره دڵسۆزهکان له کوردستاندا کۆبوونهوهيهک بکهن و چالاکييهک ئهنجام بدهن يان بهياننامهيهک دهربکهن، خێرا ئاساييش و پاراستن و دهزگای زانياری دهکهونه خۆيان و دهکهونه ههڕهشه و گوڕهشه له نهتهوهييهکانی کورد، وهک له رابردوودا چهندين ههڵوێستی لهم شێوهيهمان لێبينيون؟! ئهو دهسهڵاته کوردييه بوار و مۆڵهتی ههبوون و کارکردن به هيچ رێکخستنێکی نهتهوهيی نادات، ههر کهس و کۆڕ و کۆمهڵ و رێکخستنێک باسی ئازاديی کورد و يهکگرتنهوه و سهربهخۆيی کوردستان بکات، باسی راگهياند و پێکهێنانی دهوڵهتی نهتهوهيی و نيشتمانيی کورد و کوردستان بکات، خێرا رووبهڕووی ههڕهشهی دهکهنهوه؟!. تهنانهت بوار و مۆڵهتی ههبوون و کارکردنی ياسايی به تاکه سهنتهرێکی رۆشنبيريی نهتهوهيی نادهن، ئهمه چی جۆره دهسهڵاتێکه؟! ئهمه چی جۆره مۆدێلێکه له کورد بوون و کوردستانی بوون؟! ئهم دهسهڵاته کوردييه ئهگهر ههر بهم شێوهيهی ئهمڕۆ بمێنێتهوه و هيچ ههڵوێستێکی خهمخۆرانه وهرنهگرێ و هيچ ههوڵێکی گۆڕانکاری کردن لهم بارودۆخه خراپهی ئهمڕۆدا نهدات، ئيتر دهسهڵاتێکی لهم بابهته شايهنی فهرمانڕهوايی کردنى ميللهت نابێت، شايستهی ئهوه نابێت ميللهت به نوێنهری خۆيانی بزانن، ئهم جۆره دهسهڵاته ههر تهنها شايستهی ئهوه دهبێت، چارهنووس بيخاته ناو ئهو گۆڕه بهکۆمهڵهوه که ئيسلامييه سياسييهکان، بههاوکاری و کۆمهکی دوژمنانی کورد و داگيرکهرانی کوردستان، بهردهوام و به ههموو شێوه و شێوازێک ههر خهريکی ههڵکهندنی ئهو گۆڕه گهورهيهن؟!. که ئهوهیش روويدا، ئهوسا ئهو کوردستانه بهئيسلاميکراوه، له ههموو وێرانکاری و پاشکهوتنێکدا، له زهوت کردنی ئازادييه تاکه کهسييهکاندا، له سووکايهتی کردن به کچان و ژنانی کوردستاندا، له ههموو جۆره جهوساندنهوه و ئهشکهنجهدان و کوشتوبڕێکی مرۆڤه ئازاديخوازهکاندا، له ههموو ديارده خراپهکاندا، بۆڕی ئێرانی ئيسلامی و ئهفگانستانی تاڵيبان و پاکستان و سعودييه و سودان و سۆماڵ و سوريا و ميسر دهداتهوه. زۆر بهداخهوه ئێستا بهرهو ئهو چارهنووسه رهش و ترسناکه دهڕۆين ….. ئهم گروپه ئيسلامييه سياسييانه هيچ رابردوويهکی تێکۆشان و کوردايهتييان نهبووه و نييه، تهنانهت يهک فيشهکيشيان نهناوه به دوژمنانی کورد و داگيرکهرانی کوردستانهوه، ئهمانه بۆ خۆدهرخستن و خۆ ژياندن و خۆ سهرمايهدارکردن و بهئيسلام کردنی کۆمهڵگهی کوردهواری، به خراپ کهڵکيان لهو ئازادی و دێمۆکراسييهی باشووری کوردستان وهرگرتووه. با بپرسين که ئهمانه لهسهردهمی بهعسييه فاشيستهکاندا، له کاتی ئهنفال کردن و وێرانکردن و سووتاندنی کوردستاندا له کوێ بوون؟! پرسيارهکه ئهمهيه، بۆچی ئهم گروپه ئيسلامييه سياسيانه دوای نهمانی بهعسييهکان دروستکران؟! روون و ئاشکرايه که ئهمانه له باشووری کوردستاندا نوێنهری بهرژهوهندييه گڵاوهکانی دوژمنانی کورد و داگيرکهرانی کوردستانن و به ههموو شێوهيهک بێبهرين له کوردايهتی. ئهمانه ژههری عهرهبچێتی و عروبه له کوردستاندا بڵاودهکهنهوه و ئهنفالچين و ئهنفالی فهرههنگ و دابونهريتی رهسهنی کوردی دهکهن، ناوی کوردی ناهێڵن و برهو بهوه دهدهن ناوهکان ههمووی ئيسلامیی عهرهبی بێت، جلوبهرگی رهسهنی کوردهواری ناهێڵن و برهو به جبه و لهچک و باڵاپۆشی ناشيرين و ناشارستانيی ميرنشينهکانی کهنداو و عهرهبستانی سعودی دهده. ئهگهر ئێمهی کورد بمانهوێت وهکو کورد و کوردستانی بمێنينهوه و خراپکترين و ترسناکترين و رهشترين چارهنووس چاوهڕوانمان نهکات، پێويسته و دهبێت، سنوور بۆ ئهو مهلا سياسييانه دابنرێت، دهبێ به ياسا مۆڵهتی ههبوون و کارکردن و چالاکی لهو گروپه ئيسلامييه سياسييانه بسهندرێتهوه و بهياسا ياساخ بکرێن. بێگومان ئهوه راستييهکی بهڵگهنهويسته که ئێمهی مرۆڤ پێويستمان به خوايه نهک به پێچهوانهوه، خوايهک که ئافهريدهکاری ههموو بوون و بوونهوهرێکه، پێويستی به سياسهت كردن و رێکخستنی سياسيی نييه. خوای بهخشنده و دلۆڤان و ميهرهبان پێويستی بهوه نييه که چهند مهلايهکی سياسی، يان چهند بازرگانێکی سياسيی خۆيان بکهن به نێردراو و نوێنهری ئهو و بهناوی خواوه سووکايهتی به مرۆڤ و مرۆڤايهتی بکهن، خهڵکی بێتاوان ئهشکهنجه بدهن و ديليان بکهن و بيانسووتێنن و بيانکوژن. دهبێت لهپێناوی بهرژهوهنديی گشتيی کۆمهڵگهدا، رێگا نهدرێت به هيچ شێوهيهک ئايين تێکهڵێ سياسهت بکرێت و دهبێت ئايين له دهسهڵاتی سياسی جيابکرێتهوه و ئهو دوو دامهزراوه جياوازه ههرگيز تێکهڵی يهکتر نهکرێن. لێرهدا پێويسته راستييهکی ديکهش باس بکهين که مهلا بهڕێزهکانی جاران، ههموويان لهگهڵ ئهوهشدا که کاروباری ئايينييان بهڕێوهدهبرد، له ههمانکاتدا کوردايهتيشيان دهکرد و ئاييندارييهکهيان ههرگيز رێگری کوردبوون و کوردايهتی کردنيان نهبووه. ئهمڕۆش مهلای دڵسۆز و نيشتمانپهروهر و چاکهخوازمان زۆر ههن و نابێت ئهم مهلا بهڕێزانه تێکهڵی ئهو مهلا سياسييانه بکرێن که له کاروباری ئايينيی خۆيان دوورکهوتونهتهوه و ئهو گروپه ئيسلامييه سياسييانه به مهبهستی سياسيی و بۆ بهرژهوهنديی خۆيان و بۆ خراپکاری و چهواشهکارى، بهخراپ بهکاريان دههێنن. ئهمانه ژههری عهرهبچێتی و عروبه له کوردستاندا بڵاودهکهنهوه و ئهنفالچين و ئهنفالی فهرههنگ و دابونهريتی رهسهنی کوردی دهکهن، ناوی کوردی ناهێڵن و برهو بهوه دهدهن ناوهکان ههمووی ئيسلامیی عهرهبی بێت، جلوبهرگی رهسهنی کوردهواری ناهێڵن و برهو به جبه و لهچک و باڵاپۆشی ناشيرين و ناشارستانيی ميرنشينهکانی کهنداو و عهرهبستانی سعودی دهدهن.
ئهگهر ئهم ئيسلامييه سياسييانه دهسهڵاتی سياسيی بگرنه دهست و ببنه فهرمانڕهوای کوردستان، کۆمهڵگهی کوردهواری دهچێته تاريکترين و ترسناکترين و ناخۆشترين بارودۆخی ژيانهوه. ئهوساش ههموو کورد و کوردستانييهکی پاک و دڵسۆز، ههموو ئازاديخواز و پێشکهوتنخوازێک، ههر ئهو رێگهچارانهيان بۆ دهمێنێتهوه که يان دهبێت کوردستان بهجێبهێڵن، يان دهبێت ملکهج بکهن و به کۆيلهيی رازيبن، يان دهبێت ديسانهوه له سفرهوه دهست پێبکهنهوه؟!.
بهرهو جياکردنهوهی ئايين له سياسهت و له پارتايهتی و له دهوڵهتداری.
بهرهو سهروهريی یاسا و دادپهروهریی كۆمهڵایهتی.
بهرهو كوردستانێكی ئازاد و يهکگرتوو و سهربهخۆ.
ههر بهرز و شهكاوه بێت ئاڵای پیرۆزی كوردستان.
هاوبيرانی نهتهوهىی له باشووری کوردستان
١٧/٥/٢٠١٣
میتافیكشن و لێگرتنەوەی سیاقخوازی.. لێكۆڵینەوە عەلی شێخ عومەر
لەبارەی چیرۆکی «دەمەو عەسرانێک»ی سەڵاح شوان
لێگرتنەوەی وێنەی ئاماژەدار، هێزێكی گەورە بە لێكدانەوە دەبەخشێت، بە كردەی هەڵوەشاندنەوە و ترجاندن، كەرەستەكانی چەمكی تێگەیشتن زەمینەیەكی بە پیت بۆ وەڵامدانەوەی وەرگر واڵادەكات،مانا تەنیا لە فۆرم و پێكهاتەی ئیستێتیكی دا،كورتناكرێتەوە، بەڵكو لە دەرووی پەسەنێكی مەبەستداری ناوكۆی دەق دا گەمەی خۆیدەكات، لە بنیادی دەقدا، چەكەرە بە بەهای چەمكی گێڕانەوە دەدات، دەبێتە پاڵپشتێ، هەر یەك لە ڕەگەزەدیارەكانی چیرۆك دەخاتە ڕوو، مانا بەرهەمدێنێ، لە هەمان كاتدا، بە تەكنیكی میتاگێڕانەوە، خۆدواندن وێنەو فلاشفۆوەردەوە دەست و پەنجە لەتەك پێكهاتەكانی دیمەنی میتافیكشن نەرمدەكات، وێنە لەدوای وێنە، گێڕانەوە لەنێو گێڕانەوە، چیرۆك لەنێو چیرۆك، چڕكردنەوە، برٍین، لابردن، كورتكردنەوەو كۆلاجكردن، داكەوتەكان دەخاتەڕوو،چەمكی هاودژەكان، لەنێو دوو گێڕانەوەو تێڕوانیندا، تراژیدیاو پارادۆكس ئاشكرادەكات، چیرۆكی “دەم و عەسرانێك”1 چیرۆكێكی نایابی “سەڵاح شوان”ە، هەرچەند ئەم نووسەرە زیاتر وەك شاعیر ناسراوە، وەلێ لە ئاست كورتە چیرۆكیشدا دەست ڕەنگینە، چەندین كورتە چیرۆكی سەركەوتووی هەیە، لە ئاست وەرگردا هەمیشە پرسیار دروستدەكات،ڕایەڵەكانی دەروشاندنەوەی ڕووداوەكانی دەق دەكاتە بەهای تابلۆی دەقێك، چیرۆكێك، ئەستەمە لەسەردەمە جیاوازەكانی خوێنەردا، لە هەست و نەست دا كاڵبێتەوە،دەنگ وڕەنگی چیرۆكەكانی، دەتوانێچێوەی زەمەنی قۆناغە جیاوازەكانی سەردەم ببڕێت، لەنێو ئەدەبی نوێخوازییدا خۆی بە نەمری ببینێ، چیرۆكی “دەم و عەسرانێك” لە ئاست ماناسازی ودەلالی دا، ناونیشانێكە هەڵگڕی پێكهاتەیەكە بە پۆشاكی ڕیالیزمەوە چیرۆكی خەیاڵئامێزە، میتاگێڕانەوەیەكە حەكایەتخوان بەگێڕانەوەی وێنەیی لە داكەوتەكانی كارەكتەرجیانابێتەوە، هەردوو بە هەماهەنگی دەستپێدەكەن، لە ئاست سووژە وخودگەراییدا،دەرخەی پێگەی كارەكتەرە، ئاماژەی زەمەنێكە، بە ئاستی چینایەتیەوە پەیوەستكراوە، لە پێگەی كاتدا زەمەنی عەسر شوێنی گومانە، لە برجوازی بچووكدا خۆی دەنوێنێ، نە ڕوونە وەك شەبەقی سەرلەبەیانی چینی چەوساوە، نە كۆتا وەختی ڕۆژئاوابوونیچینی ناوەندە، ووردە برجوازییە، دووڕەگ و ڕەنگە نە ڕەنگی سپییە نە سوورە.
لێكەوتەكانی میتاگێڕانەوە
هەر لە بەراییەوە چیرۆكی “دەم و عەسرانێك” لەتەك پێوەركانی چیرۆكی كلاسیكیدا لادانێك بنەڕەتی فەراهەمدەكات، حەكایەتخوان كەم شتزانە، لە ئاریشەی دیتنەوە سۆسەی كارەكتەر دەكات، لە پشتیەوە وەستاوە، زانیاری نیشاندەدات،حەكایەتخوان بە كەسی دووەمی تاكەوە گێڕانەوە ئەنجامدەدات، لەسەر دەرخستنی بیرۆكەی جیاوازی چینایەتی خۆی دەخاتە نێو كۆمەڵی پارادۆكس، گوزارشت لە دەرچوون ودژوازبوون دەكات، هەر لە سەرەتای گێرانەوەدا دەلیت” بە قەڵەمەكەی درزێكی خستە پەردە پلاستیكەكەی پەنجەرەكە، گەرمی شووشەكە شاڵاوی بۆ پێستە ناسكەكەی ڕووی برد، ڕستەیەكی ئەدەبی جوانی بۆ هات” چ لا 130، پێچ و پەناكانی ئەم بڕگەیە، بە پیشەی كارەكتەر وێنەیەكی ئاماژەدار دەبەخشێت، پێدەچێت نووسەری چیرۆكبێت، لە هەمانكاتدا دالەی قەڵەم مەدلوولی درزێكی سروشتی دەخاتە نێو لەمپەڕێكی دروستكراو، كە لە پەردەی پلاستیكدا پێناسەی خۆیدەكات، چۆن پێستە ناسكەكەی ئاماژە بەچینێكی خواپێداو دەكات،خۆی جیادەكاتەوە لە چینی هەژار، بەهەمان شێوە هەوڵدەدات پاشەقول لەخوێنەر بدات، بە مەبەستەوە منی نووسەر لە منی حەكایەتخوان جیادەكاتەوە، وەك ئەوەی دوان بن، بە ووریاییەوە ئەوەندەی خەمی نووسینی ڕستەیەكی ئەدەبی جوانی هەیە، ئەوەندە خەمی شاڵاوی گەرمی كەسانی ئەو دیو پەنجەرەكەینییە.
لە كردەی نووسینی دەقی ئەدەبیدا لە دژەوابوونی جیاوازی چینایەتیدا، ئەدەبی چیرۆكنووسی لە پارادۆكسێكدا، دەیەوێت دەقی جوان بەرهەمبێنێ، بە دەستنووسێ، بە ئامرازی گواستنەوە لە دەرووی دیتنەوە، گێڕانەوەی بەیەكداچوو ئەنجامدەدات، بە ڕەگەزی گرێچن، بابەت، ڕووداو..تاد، جومگەكانی چیرۆكەكەی دادەمەزرێنێ، حەكایەتخوان لە ڕێگای گواستنەوەی سەرنجەكانییەوە، بە گێڕانەوەیەكی بابەتیانە، كاتێ گرتەیەك بەچەمكی فینۆمینۆلۆجیاپێناسەی خۆیدەكات، دەرگای گێڕانەوەیەكی هاوتەریبی نوێ واڵادەكات “كۆمەڵی منداڵ وتواڵ، بەو قرچەی نیوەرۆیە لەناو حەوزەكەدا، شەپڵی شەپانیان دەكرد” چ لا 130، لە كاتێكدا ئەو منداڵانە بە ئاو خۆیان فێنكدەكردەوە، ناكرێ بیرۆكەی چیرۆكی بە خەیاڵكراو ومیتاگێڕانەوە، لە داكەوتەكانی ئەو دیمەنەدا، خۆی جیابكاتەوە، گێڕەرەوە لە ڕێگای فلاشفۆردەوە، چەكەرە بە كرانەوەی گێڕانەوەیەكی دیكە دەدات، لەنێوان خود و دیاردە دا، ململانییەك دەخاتە ڕوو، دەرخەی پەتپەتێنی میتاگیرانەوەوبیرۆكەی چیرۆكەكە لەخۆ دەگرێ، كە لە ڕەهەندەكانی جیاوازی چینایەتیدا دەردەكەوێت.
كاتێ ئاماژە بە منداڵە ڕەش و ڕووتەكان دەكات، لەتاو گەرما لە ماڵەكانیان هەڵاتوون، ڕوویان لەم حەوزە بچكۆلانە كردووە، بە دیوێك نووسیار لە گۆشەنیگایەكەوە وەك ئەركی گێڕانەوە لە ئاریشەی دەقەوە ئاماژە بە دابڕانی نێوان واقیع و خەیاڵ دەكات، دەیەوێت بڕوا بە وەرگر بهێنێ بیر لە چارێك بۆ ئەو منداڵە ڕەش و ڕووتانە بكاتەوە، سەبارەت بەو دیمەنە بە دیوێكی تر ناڕەزایی خۆی دەڕدەبرێت، لە هەمانكاتدا هاوسۆزییەك نیشاندەدات، گەر ئەدەب وەك پەیامێكی مرۆیی هەستیار بە ئارایشتی ڕەنگەكانی وینەو گێڕانەوەو بیرۆكە..تاد، بتوانێ ڕووخسارە دزێوەكەی فاكت بشارێتەوە، ئەوا دەسەڵات نەك تەنیا لەناوكۆی دەقدا، لە كەتواریشدا بە تووندو تیژی یەكسەر ڕووبەڕووی ئەو جوانكارییە دەبێتەوە، وەك ملهورێ بوار بەو چارسەریە نادات، لە وێناكردنێكی ڕیالیستی تراژیدیدا دەبینین،چۆن باغەوانەكە تەكان دەدات پەلاماری منداڵەكاندەدات، ڕاویان دەنێ، جلەكانیان دەبات، هیچ بۆ گوتاری جوانكاری ئەدەب ناهێڵێتەوە، گەر ئەدەب بە دیوە كلاسیكیەكەی، ڕەنگدانەوەی دیفاكتۆ بێت،ئەوا دەسەڵاتیش بە هەمان دیو بەڕەنگاری دەبێتەوە،هەمیشە بۆشایی درزێك، ململانییەك لەنێوان ئیستێتیكی خەیاڵی ئەدەب و واقیع دا هەیە، پێشتر گوتمان نووسەر بە قەڵەمەكەی درزێك دەخاتە سەر ڕەوتی چەمكی گێڕانەوە، لادان و پارادۆكسێ لەتەك ئەدەبی كلاسیكیدا فەراهەمدەكات، هەڵبەت بە دەركەوتنی باغەوانەكە، بە كردەی هەڵوەشاندنەوە،گێڕانەوە ئاڕاستەی دەقێكی دوو ڕەگمان دەكات،لەبەیەكداچوونێكی دەلالی نێوان واقیع خەیاڵگەی حەكایەتخوان، وەرگر ناچاردەكات دیسانەوەتێگڕانی دیكە بكات، جل و پوشاك ڕەنگدانەوەی پەسەنێكە، خۆگری كەسایەتییە، خودوخەدە،ناسنامەیە، دەكرێ خەسڵەتی چینایەتی هەڵگری،باغەوانەكە لە كاتی هەڵاتندا منداڵێكیان دەگرێپاڵێكی پێوە دەنێ، دەیخاتەوە ناو حەوزەكە، دیاربوو داوای جلەكانی لێ دەكرد، بۆ گەڕاندنەوەی جلەكانی پەلاماری دەستی دا، لە پڕ باغەوانەكە زللەیكی تێ سرواند، لەترێكی دا، ئەمجارە مستەكۆلەو شەقێكی لێدا، بە پێی ڕێساكانی جینۆلۆجیا، باغەوان ئەركی سەرشانی جێبەجێ دەكات، هەست بە تاوانناكات، ئەو كاتێ مردووە كە ژیانی ئەوی بەرامبەر نابینێ هەستی پێناكات، بە ونبوون ونامۆبوونی لە چینەكەی، لە خزمەتكردنی مووچەكی ناتوانێ ڕەچاوی ڕەوشتبكات، ملكەچی بێگوناهی منداڵی نەبوونە بێت، لە سۆنگەی ئەوەی بەرژەوەندی پیشەكەی، سڕینەوەی خۆیەتی، ئیتر ناتوانێ لێكدانەوەی دروست بۆ ئەویتر بدۆزێتەوە، لە ژێر كاریگەری وێنای ئەو منداڵانە، ئاوێنەی تەڵخی باغەوان، نابێتە وێنەی بێگەردی منداڵەكان،دەبێتە شتێكی دیكە، بیركردنەوەو هەست، ناتوانێبیدۆزینەوە، چ كاتێ لەنێو توانەوەدا خۆی دۆزییەوە،دەتوانێ ئەوی بەرامبەریش بدۆزێتەوە “دۆزینەوە ئەوەیە هەستبكەیت بەبێ ئەویدی ناگەیت بە خۆت”2 ،دۆزینەوە تەنیا بە كردەی توانەوە لەوی بەرامبەردا لە خۆشەویستیدا ڕوودەدات، باغەوان دەرهاویشتەی سیستەمی توندو تیژیە، سامپڵێكە، ئاكاری باوی چینی دەسەڵاتدار پەیرەودەكات، نیتشە لە شوێنێكدا دەڵێت” ئاكاری بەربڵاو، ئاكاری سەرگەورەیە” نە منداڵ بە خۆشەویستی دەتوانێ هەستی گەرما و یاریكردن بە ئاو بەتاڵ بكات، نە باغەوان دەتوانێ ئەو هەستە بخوێنێتەوە، بچێتە نێوی، خۆشەویستی بكات بە ئەلتەرناتیڤی ڕق،كاریگەری لە ئاست دوالیزمەی ڕق و خۆشەویستی دا، ڕیژییە، بە پێی باغەوان ئەركە، بژێوی ژیانی لەسەرە بە گوێرەی منداڵ پێداویستیی فەسلەجییە، دابینكردنی فێنكییە، لە فەرهەنگی سادەی منداڵ دۆزینەوەی حەوزی ئاو مەلەكردن، دەستبەسەراگرتن نییە، تا توندوتیژی لێبێتەوە، بەڵام لە ئاستی ڕواڵەتی شار وەك پێگەی برجوازی و دەرخەی چینایەتی، لێكدانی دوو چینە، دوو كەلتوورە، یاخیبوونە، لە ئاست ئەدەبی گێڕانەوەدا لەنێو میتافیكشندا، لێكدانی دوو دەقە،كێشەكە ئەوەیە منداڵەكە لە ناسنامەكەی داماڵڕاوە،ڕووتە جلەكانی براوە، كابرای باغەوان نایداتەوە،ناشتوانێ بە ڕووتی برواتەوە، لەنێوان دووبەرد داشە،بە هەردوو سەر لێیدەدرێت، بە دیوی دەرەكی بەپێی یاساو ڕیساكان پاراستنی خەدوخودی گشتی لێدەدرێت، جلەكەی لێ زەوتدەكرێ،ڕووتدەكرێتەوە، لە ماڵەوە بە ڕیساو یاسایەكی جیا،چونكە ڕووتكراوەتەوە لەسەر جل لێدەدرێت،تراژیدیای كارەساتی چ پارادۆكسێكە، دەبێ باجی سەرجەم كەموكوڕییەكانی سیستەمی كۆمەڵگایچینایەتی بدات، تاقە منداڵێ بچووك دەكرێت بە قوربانی سیستەمێكی زەبەلاحی بەریوەبردن، دەكرێتەپەندی منداڵەكانی تر، تا جارێكی تر لەم حەوزە مەلەنەكەن، نەوەكو زەوقی دانیشتوانی ماڵە فێنكەكانی دەوری ئەو چوار ڕییان تێكبدات، لە هاوكێشەیەكی داخراوی بێچارە دا، دەنەی ترسێكی بوونەگەرای پەیوەست بە چارەنووسەوە، هەردووكیان دەگرێتەوە،باغەوان دەترسێت شارەوانی لێ ئاگاداربكرێتەوە تووشی گێچەڵ بێ، ئەوی منداڵیش ترسی ئەوەی هەیە بۆ ئەبەد جلەكانی لەدەستبدات، لە ماڵەوەش تێی هەڵدرێ، باغەوان بە دوای دۆزینەوەی چارەسەری كێشەی ئەویدی نییە، بەڵكو بە داخ و تووڕەبوون، لە هەوڵی دەرخستنی شكاندنی ڕقە، لە بێدەسەڵاتیدا، لە داخانا جلی منداڵەكە دەدرێنێت، بۆی فرێدەدات، بێ ئەوەی بزانێ چتۆڵەو یاخیبوونێكی لەوی منداڵدا دامەزراندووە، بۆیە منداڵەكە دووردەكەوێتەوە بەردێك دەگرێتە باغەوانەكە، دووركەوتنی تێگەیشتنی باغەوان لە ئەوی بەرامبەر، تێگەیشتنی سەرەتای كۆن و كلاسیكی یەك كەلتوورە، یاخیبوونێكی بێكۆتایی لێدەبێتەوە،نەبینینی ناسنامەی یەكترە، یەك دەنگییەكی خنكێنەرە، چەشنی ئەدەبی سیاقخوازییە، یەك ڕەهەندە، ئەمەش لەتەك پەیامی چیرۆكی پۆست مۆدرنی فرەدەنگیدا یەكنایەتەوە، بۆیە دەبینین دەق بەكردەی لابردنی كۆتایی بێ ئاكام ماوەتەوە، ئەژنۆی باغەوانەكە ئەو هێزەی تێدا نەماوە، دوای منداڵەكە بكەوێ، بڕەو بە گێڕنەوەی چیرۆكی سیاقخوازی بدات، پارێزگاری لە دەسەڵاتی نووسەر بكات،نووسەری كلاسیكی لە نێو چوارچێوەی ڕۆنانی نووسیندا توانای بەگیرخستنی خوێندنەوەی بیرۆكەی منداڵەكەیی نییە كە لە بەرامبەر بە دەنگی باغەوانەكە لە دەنگی و ڕەنگی جیاوازدا خۆی نمایشدەكات، سەڵاح شوان بە پێلێنانی خۆی وەك چیرۆكنووسێ بەتوانا لە كاتی نووسینی چیرۆكەكەیدا، هەست بە دڵشكاوێزۆر دەكات، حەكایەتخوان لە گەمەی گێڕانەوەدا بە ئەنقەست لە هەوڵی دەرخستنی گرێچن و جووڵەپێكردنی ڕۆلی سامپڵی كەسایەتییەكە،فلتەری جگەرەی دەقەكەی پیسكردووە، دەبێپاكیبكاتەوە، جەگەرەیەكی دیكە داگیرسێنێ، ڕەوتی ڕووداوەكان بگۆڕێ ،دەیەوێت بە چەمكیمیتاگێڕانەوە، لەبری چیرۆكە دەرەكییەكەی، مژۆڵی گێڕانەوەی ئەو چیرۆكە بێ كە دەینووسێتەوە،ئەمەش بە تێڕوانین و كەسایەتی چیرۆكنووس بارگاویكراوە ڕەنگە گۆشەنیگای جیاواز فەراهەمبكات، لە كاتی داڕشتنی گێڕانەوەی دەقی میتاگێڕانەوەدا لادانێك بكات، پەیگیری داكەوتەكان نەبێت، لەم چیرۆكەدا دەبینین وەرگر خۆی لەنێو پەیوەندییەكی دیالیكتیدا دەبینێ، داكەوتی بەخەیاڵكراوو داكەوتی ژیانی ڕاستەقینەی گێڕانەوە،بەنێو یەكداچووە، چیرۆكنووس لەتەك دەقە دەركییەكە، مژۆڵی دواندنی ناوەكییە ” دەبێ ئەم كارەساتە جەرگبڕە بكەم بە چیرۆكێك پەیمان بێ تا پەنجەكانم هێزیان تێدا بێ بەرگری لەم ڕەشو ڕووتانەبكەم”چ لا122، بە دیوێك لەتەك دەرخستنی بەرهەمهێنانی چیرۆكی یەكەمی سیاقخوازی دا یەكنایەتەوە، بە دیوێكی تر بە دانەپاڵی دەنگی خۆی،چیرۆكی یەكەم دەكاتە دەرەتانێ، چیرۆكی دووەمی پێ تەواو دەكات كە باس لە بەرگری لەم ڕەشو ڕووتە دەكات، بەم پێیە بێ سەلاح شوان تەنیا دانەری دەق نییە، بەڵكو لە ڕووداوی گێڕانەوەدا كەسێكی بەشدارە، ئاوێتەی چیرۆكی دووەم دەبێ، پێكهاتەی میتاگێڕانەوە كونادڕی پەیماننامەی گێڕانەوەی چیرۆكە، هەڵبەت لە دەرووی ئەنەلۆگێكەوە لەنێوان دانەرو كارەكتەرەوە دەخرێتە بەرچاو، لە بەرایدا گوتمان لێگرتنەوەی وێنەی ئاماژەدار هێزێكی گەورە بە لێكدانەوە دەدات، حەكایەتخوان لە وێنەیەكەوە ئاماژە بە پەنجەی ناسك ودرێژی چیرۆكەوان دەدات، بەو پەنجە ناسكەوە بە خەیاڵ وگریمانەوە، دەركاتی ڕووداو دەبێت، واقیع تێدەپەڕێنی، لە هەڵچوونێكدا بە زمانی منی قسەكەر تێكەڵی دەق دەبێت دەڵێت ” دەڵێی بڕۆم ئەو باغەوانە بیبەزییە بدەمە بەر شەق ئەو چاكترە وایە تەلەفۆنێك بۆ گەورەكەی بكەم، تا لەم ناوەی دووری بخەنەوە” چ لا132، كێشە واقیعیەكان چۆن لە مژێكی قووڵی جگەرەكیدا كورتدەكاتەوە، بەهەمان شێوە تەنیا لەنێو دەقدا درێژی دەكاتەوە، دەچێتەوە لای مێزەكەی، بە گوێرەی تیۆری وەرگرتن و وەڵامدانەوەی خوێنەر، گەر كۆگای دەق ئەو شوێنەبێت دەق و خوێنەر بەیەكبگەیەنێ، ئاوێتەبوونی ئەدەبەكانی دەرەوەی دەق بێ، ئەوا تەپڵەكریستاڵەكەی لە مەرگی نووسەردا هاوشێوەی كۆگای دەقە، بە چەمكی میتاگێڕانەوە، دەقی یەكەمی پێ زیندوو دەكاتەوە، لە دەقی سیاقحوازی ڕزگاری دەكات، كە لە سووتووی جگەرەكەیدا خۆی نمایشدەكات، هەر زووفریایی تەپڵەكریستاڵەكەی كۆگای دەقیدەكاتدەنگی خۆی بە خوێنەر دەگەیەنێت، دەنگی تەكنیكی میتافیكشن پتر لە هەژموونی خودییەوەدەبیسترێ، بەهیوای ئەوەی لای خوێنەر وەك وەڵامێك بە دەنگی پیانوویەك وەربگیرێت، ئەمەش دەبێتە هاندەرێ، چەكەرە بە سەمتی گیرانەوەی دەمنادەم دەدات، دڵی چیرۆكەوان خۆشدەكات، بەوەی چیرۆكەكە بە دەرهاویشتەیەكی ئەرێنیدا تیدەپەڕێنێ، ڕەنگدانەوەی بیروباوەرییەتی،پێداگری لەوە دەكات كە سەركەوتن بۆ ئەو منداڵە هەژارەیە، باغەوانەكەش ڕەمز بێ بۆ وەرزێران، لە دواییدا دەبینین چۆن جارێكیتر دێتەوە سەر باسی چیرۆكی منداڵەكە، هەرچەندە نووسەر بە ئاماژەكردن بە تەپڵی كریستاڵ، جگەرەی فلتەر زێڕین، زەنگی ناسكی پیانوو، قەڵەمی زێڕین گران بەها، ئاماژە بە چینی برجوازی دەدات، وەلێ ئەمدژەوابوونە، دژە هەڵوێستەت پێ سەیر نەبێ كە داكۆكی لە چینی هەژاردەكات، چونكە سەرجەم ئەم دەرهاویشتانە، لەنێو تێگلانی میتاگێڕانەوە دانیشتەجێیە، لە ناوكۆی سەمتی دەقی گێڕانەوە دا،وێنەئارای كێشبەندییەكە، كەساندنی گێڕەرەوەدەتوانێ كەساندنی میتاگێڕانەوەی نووسەرلەئامیزبگرێ، ڕەهەندەكانی میتاچیرۆك بسەپێنێتە سەر خەیاڵگەی نووسەری ناوەكی، بۆیە جارێكیتر دەست بە نووسین و تەواوكردنی چیرۆكی یەكەم دەكات، دێتەوە سەر باسی چیرۆكی منداڵەكە،ناكرێ وەرگر ڕووبەڕووی دەقی نیوەچڵ بكاتەوە،بژاردەی تێدا بەدینەكات، نایەوێت پشت لەتێگلانی منداڵەكەدا بكات، لە ڕێرەوی دانەپاڵی دەقی خەیاڵ ئامێزیش بێت، دەبێ پێداچوونەوەیەكبۆ داڕشتنی جومگەكانی ڕووداو بكات دەبینین منداڵەكە بۆ ئەوەی جلەكانی بێنێتەوە، تا عەسرێكی دڕەنگ لە دوورەوە چاوەڕێی شەفت گۆڕینی باخەوانەكە دەكات، پچڕپچڕكردنی گێڕانەوە،ترجاندنی گێڕانەوە چیرۆكی چۆنییەتی نووسینی چیرۆكی دیكەیە، بە دیوێك نیشانەی كرانەوەی دەقی دووڕەگە، بە دیوێكیتر تێكشكاندنی پێكهاتەی شوێنكاتە، لە داگەڕانیدا بە دوای كۆكردنەوەی پارچە بەربلاوەكانی گێڕانەوەی هاوتەریبدا دەتوانێگەمە لە ڕەوتی پەیوەندی ڕووداوەكان دا بكات،گۆڕانكاری تێدا بكات، ئاڕاستەو مەزندەی ئاسۆی چاوەڕوانی منداڵی نێو دەق و وەرگری دەرەوەی دەقبگۆڕێ، دانەر دەستەبەری پەیمانەكەی نابێ، بەوەی ئاستی فاكتەكان بەرزبكاتەوە، دڵەڕاوكییەكانیمیتاگێڕانەوە بروێنێتەوە، كۆتاییەكی جوان بۆ چیرۆكی منداڵەكە دانێ، لە چاوەڕوانی منداڵەكەدا، لەپڕ باوكی بە كارتۆنێكەوە دەرخات، منداڵەكە باوەشی پێدا دەكات، ماچێكی كرد پێی دەڵێت ” ئەمڕۆ پاداشتم دراوەتی، منیش دەستێك جلی جوانم لێ كڕی بۆت، بەڵام بە بابە ناڵێت چۆن زانیت،لەمەت بۆ دەكڕم، بە ڕووتی بەرەو پیرم هاتی”چ لا133، ناكرێ بیرۆكە لە پێكهاتەی چیرۆكی خەیاڵكراو یان میتاچیرۆك، لە واقیع جیاكرێتەوە، نووسەری ڕاستەقینە لەتەك كارەكتەرەكانیدا، باوك ئاسا زیندگیدەكات، هەستیان پێدەكات، بەشداری خەمەكانیان دەبێت، جارێكیان گابرێل گاریسا ماركیز لە پاش لێبوونەوەی نووسینی ڕۆمانێكیدا،زۆر بەكوڵ دەگریا، پرسییان بۆ دەگریت، لە وەڵامدا گوتی پاڵەوانی ڕۆمانەكەم كوشت، سەڵاح شوان نایەوێت تراژیدیایەكەی ماركیز دووبارە بكاتەوە، بە خەمی دڕاندنی ئەو جلانەوە كەسایەتی ئەو منداڵە بكوژێ، پڕ بە مانای وشە باوكە، دەیەوێت لێدان و سزای باوكی واقیعی بگۆڕێ بە باوكی ماچ و ئەوین و ئاشتبوونەوە، ڕووتبوونەوەی جل لە دەقی وافعی بگۆڕێ بە جل و پۆشاكی خەیاڵی دەقی میتاگێڕانەوە، لە بەیەكدا چوونی دەق لەنێو واقیع وخەیاڵ دا، ڕووتبوونەوەو جل دا، دەبێتە جێگرەوەی باوكی ڕاستەقینەی منداڵەكە، بە باوكی خەیاڵی قەربووی باوكی واقعی دەكات، هەڵبەت منداڵەكە شاكەسی چیرۆكەكەیە، نیشتەجیێ دەقە، نووسەری پۆست مۆدرن بە باوكی خۆی دەزانێ، باوكی ڕاستەقینە بە چەمكی تێگەیشتنی كلاسیكی، بە باوكی خۆی نازانێ، ئەمەش لەتەك گوتاری چیرۆكەكەدا هاوشان و تەبان، ئەو باوكەی دەق دەمرێنێ خۆی زیندوو دەكاتەوە، دەمێكە مردووە،پێچەوانەی دەقی پۆست مۆدرنە لە زیندوو بوونەوەی خۆیدا، ئیتر نووسەر ڕۆڵی نامێنێ، دەمرێت،دەكرێتە دەرەوەی دەق، هەر لە بەر ئەمەشە سەلاح شوان وەك نووسەری میتافیكشن خودگەراو نەرسیسیە، دێتەوە نێو دەق، داوای ڕۆڵێك بۆ خۆیدەكات، چەند جارێ بە نێو چیرۆكەكەدا دەچێتەوە، چۆن بە داگیرساندنی جگەرەیەك دەروشاندنەوەی میتاگێڕانەوەی ئاشكراكرد، دەڵێت دەسكارییەكی زۆری دەوێت، بە پێشخستنی كوژاندنەوەی جگەرەكەی، دەسكارییەكەی لە دوو لاوە شكستدێنێ، یەكەم بە دەنگە ناسكەكەی زێڕین خانی خێزانی زنجیرەی زێڕینەكەی بیرۆكە ئاڵۆزەكەی بە وەدەرنانی خۆی بۆ دەرەوەی دەق، كۆتای پێدێ، سەرەتای سەرخستنی چەمكی میتاگێڕانەوە بەدەستدەهێنێ، دووەم ڕەگەزی ژن وەك ڕەكابەرێكی سەرسەختی داهێنانی ئەدەب، بە بانگی لەو دنیا جوانەی ئەدەب، دەریدەكاتە دەرەوە،دەیگێڕیتەوە بۆ نێو دنیا ڕۆتینەكەی داكەوتێك،جومگەی كێشەو ململانی چیرۆكەكەی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی بنەماكانی دامەزراندبوو، زۆر بە سادەیی دەڵێت “سامان نایەی تا ئازاد هەڵنەساوە،تۆزی خۆمان بدینە بەر دووشە ساردەكە”چ لا134 گەرلە پێدراوەكانی دەقی بەرهەمهاتوودا، نووسەری ناوەكیلە نمایشێكدا جێگرەوەی باوكی ڕاستەقینەی منداڵەكەبێ، ئەوا لێرەدا لە پاش لابردن و بازدانی بەنێو زەمەنی گێڕانەوەی چیرۆكی یەكەمدا، ئازاد جێگروەی منداڵە بێ ناوەكەی نێو چیرۆكەكەیە،گەر باوك و دایكی ناوكەیان هێماییەك بێ خەسڵەتی پێگەی چینایەتیان دەستنیشانبكات، ئەوا هەردوو منداڵەكە لە هەردوو بارەكەدا دەچەوسێنەوە یەك دەگات بە ئاوەكە دەردەكرێت ناهێڵن ملە لەنێو ماناكانی ژیان دا بكات، لێیدەدرێت، بە ڕووتكردنەوە جل و ناسنامەی پێشێلدەكریت، ئەویتر واتا ئازاد، بەچكە برجواز ناگات بە دووشی ئاوەكە، باوك و دایكی، سامان و زێرین خانی هاوسەری نایەنەوێت لە خەونە خۆشە بەئاگا بێت، لە ماناكانی ژیان بكات، لە نووستن و نەگەیشتن بەئاو یان بە دەركردن لەنێو ئاو و لێسەندنەوەی ناسنامە لە نەوەی ئایندە سامان و زێڕین تۆزێ خۆیان دەدەنە بەر دوشە ساردەكە. لە كۆتاییدا سەلاح شوان توانی بە كردەی میتافیكشن جڵەوێبخاتە سەر دەقێك، بە سەركەوتووی سەرەتاو كۆتایی چیرۆك بەدەستبێنێ بەوەی ئاگاداری سەرجەم ڕووداو كردارو دەرهاویشتەكانە، ڕووداو بەنۆرە، بە دوای یەكدا دێن هەر ڕووداوێك، ڕووداوێكی تر بە دوای خۆیدا دێنی، بەم جۆرە دەروات تا دەگەینە كۆتایی چیرۆكەكە، خەسڵەتی ئەم جۆرە گێڕانەوەیەلە چیرۆكی ڕیالیستیدا یەقدەداتەوە، كە پەیگیری گۆڕانكارییەكانی شوێنكاتە، وەرگر بەبێ بگێڕەوە پەی پێ نابات، بگێڕەوە یان حەكایەتخوان لە رێگای كارەكتەرێكەوە، بابەتێ دەرەكێ بۆ نێو دەق دەگوازێتەوە، كاردانەوەی لە ناوەوە لە دەرەوە دەبێ، لە هەمانكاتدا دەستی لەنێو ڕایەڵەكانی زەمەندا دەكاتەوە، بە پرۆسەی لابردن دەتوانێ زەمەنی گێڕانەوەلە زەمەنی ڕووداودا پولێنبكات، كاتی دەبینین ئەو كەسایەتییەی گێڕەرەوە بە جێناوی نائامادە ئاماژەی بۆ دەكات، بە گوتاری میتاگێڕانەوە گەمەی گێڕانەوە ئاشكرادەكات، خەیاڵكراوی وەك ڕاستینە نیشاندا پێچەوانەكەشی دروستە، دواجار وەڵامی ئەم پرسیارە بە كراوەی دەق بۆ وەرگر بەجێدەمێنێ، ئایا ئەوەی خوێندرایەوە پەرچەڤی فاكتە یان دەرهاویشتەی خەیاڵێكی ڕووتە یان لێكدانی هەردووكیانە.
كەركووك پوشپەڕی 2024
ژێدەرەكان
1 ـ سەڵاح شوان ـ ئەستێرە بەرزە ـ بابەت كۆمەڵە چیرۆك ـ چیرۆكی دەم و عەسرانێك ـ چاپخانەی كارۆـ سلێمانی ـ لا 130
2 ـ بەختیار عەلی ـ دەستەسڕەكەی ئۆتیلۆ ـ چاپ و بڵاوكردنەوە ناوەندی ڕۆشنبیری ڕەهەند ـ چاپی یەكەم ـ سلێمانی ـ ساڵی 2022 ـ لا 109
حوکمڕانی پارتیی و یەکێتی ئەندازیاری شکستخواردووی سەرکوتکاری!.. رێبوار ياسين فەتاح
نهێنى مووچەى مانگەکانى ١١و ١٢ى(ساڵى ٢٠٢٥)
مووچەی مانگەکانی (١١ و ١٢) خراوەتە ئەستۆی حکومەتی هەرێم و پێویستە لە پارەی فرۆشراوی نەوت بیدات!
وەزارەتی دارایی فیدراڵ هەموو ئەو نەوتەی لە ( ٢٣/ ٣ / ٢٠٢٣ تا ٢٧/ ٩/ ٢٠٢٥)
هەرێمی کوردستان بە تەنکەرو پاڵاوگە فرۆشتوویەتی لەسەر بودجەی هەرێمی کوردستان ئەژمار کردووە، بەهۆیەوە بڕی نزیکەی (١٠ ترلیۆن) دیناری لەسەر هەرێمی کوردستان ئەژمار کردووە کە بەشی زیاتر لە مووچەی (١٠ مانگ) دەکات!
کابینەی نۆیەمی حکومەتی ماوە بەسەرچوو لە ڕاگرتنی فرۆشتنی نەوت بە بۆری تا ڕادەستکردنی نەوت بە سۆمۆ، بۆ ماوەی (٣٠ مانگ) هەموو ڕۆژێک نزیکەی (٣٢٠ هەزار) بەرمیل نەوتی بە تەنکەرو پاڵاوگە فرۆشتووە کە نزیکەی (٢٨٨ ملیۆن) بەرمیلە، داهاتەکەشی نەدراوەتە وازارەتی دارایی هەرێم و نەشدراوەتە بەغدا، بۆیە بەغداش ئەو نەوتەی هەموو بە نزیکەی (١٠ ترلیۆن) دینار لەسەر هەرێمی کوردستان خەمڵاندووەو لە بودجەو مووچەی هەرێمی کوردستان داشکاندووە!
بە پێی نووسراوی ژمارە (١٤٥٠٢) وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە (٢٨/ ٥/ ٢٠٢٥) کە لە ڕێگەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمەوە ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کراوە، وەزارەتی دارایی فیدراڵ پێی وایە هیچ پارەیەک بۆ مووچەی کوردستان نەماوە، شەش مانگی ئەمساڵیش لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی هەردوو حکومەت بۆ ڕادەستکردنی نەوت بە سۆمۆو بڕیاری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ نێردراوە، ئەگەرنا وەزارەتی دارایی فیدراڵ سورە لەسەر بۆچوونەکەی، ئەم بۆچوونەشیان پاڵپشتە بە ڕاپۆرتێکی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاوديری هەرێمی کوردستان و فیدراڵ!
بەداخەوە وەزارەتی دارایی هەرێم ئەم ڕاستیە بە خەڵک ناڵێت، لە کاتێکدا خودی وەزارەتی دارایی و خەزێنەی گشتی یەک دینار لە پارەی ئەو نەوتە فرۆشراوەی بە تەنکەرو پاڵاوگە بۆ نەگەڕاوەتەوە!
ئەگەر بەرپرسانی حکومەتی هەرێم بەتایبەت چوار وەزیرە کوردەکەی نوێنەری هەرێمی کوردستان لە حکومەتی فیدراڵ پێیان وایە ئەمە ستەمەو بەغدا لە کوردستانی دەکات بۆچی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران هیچیان نەوت؟ بۆچی ڕێگەچارەیەکیان نەخستەڕوو بۆ پابەندی بەغدا بە خەجکردنی ئەو دوو مووچەیە؟ بۆ داوای ڕێگە چارەیەکیان نەکرد بۆ نەفەوتانی ئەو دوو مووچەیەو دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک نۆ زامنکردنی خەرجکردنی لە (٢٠٢٦)؟
ئێستا بەرپرسیاری چارەنووسی ئەو دوو مووچەیە ڕوونە کە لای حکومەتی هەرێم و بەرپرسانی دەسەڵاتە، ئەویش یان حکومەتە ماوەبەسەرچووەکەیان لە پارەی فرۆشتنی سێ ساڵی ڕابردووی نەوت ئەو دوو مووچەیە بدات، یان فشار بکات بەغدا ڕێگەیەک بۆ خەرجکردنیان لە (٢٠٢٦) بدۆزێتەوە!
خەرجنەکردن و دواخستن و لێبرین و پاشەکەوتی مووچە، نەریتی نەگریسی یانزە ساڵەی هەردوو کابینەی هەشتەم و نۆیەمی حکومەتی لایەنەکانی دەسەڵاتە، ستەمێکە بەردەوام لە خەڵکی کوردستان و مووچەخۆران دەکرێت!
ئەگەر حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم پێنەدانی دوو مووچەی ئەمساڵ دەخاتە ئەستۆی حکومەتی عێراقی، ئەی بۆچی خۆی مووچەی ٣٧٩٣٣ مامۆستای گرێبەستی پەروەردە و ٤١٠٠ مامۆستای گرێبەستی خوێندنی باڵا دابین ناکات لەکاتێکدا کە مووچەی ئەم مامۆستایانە لەسەر داهاتی ناوخۆیەو سەرجەم پارەکەی تەنها ٢٤ ملیار دینارە بۆ هەر مانگێک کە پارەی چەند کاتژمێرێکە لەداهاتی ناوخۆ.
چۆن لە کابینەى نۆیەم، ڕێژەى هەژاریى و برسێتی زیادیکرد؟
چەند ڕۆژێک لەمەوپێش لە کەناڵێکى تەلەفزیۆنیەوە باسي لە رێژەى هەژاریى کرد لە کوردستان، وتي ئەگەر نرخى کارەبا بەمجۆرە بەرز بکرێتەوە، کێ کارەبا بۆ (١٠٠,٠٠٠) خێزان دابین دەکات کە لە خوار هێڵى هەژارییەوەن؟ لە ڕاستیدا پاش پیاچوونەوە بە ژمارەکان، بۆم دەرکەوت ژمارەکە لەوە زیاترە باسي کردووە، بۆیە بە پێویستم زانى لەم وتارەدا بە وردى تیشک بخەمە سەر ڕێژەى هەژاریى لە کوردستان:
یەک/ ڕێژەى هەژاریى چەندە؟
بە پێى نوێترین ڕووپێوییە فەرمییەکانى هەژاریى، ڕێژەى هەژاریى لە ماوەى تەمەنى کابینەى نۆیەم بۆ (١٠%) بەرزبووەتەوە، لە کاتێکدا لە ساڵى (٢٠١٨) ڕیژەى هەژاریى لە کوردستان (٦%) بوو! واتە چوار پلە خەڵک زیاتر هاتووەتە نێو هێڵى هەژارییەوە!
بە پێى ڕووپێوییە فەرمییەکان کە وەزارەتەکانى پلاندانانى عێراق و هەرێمى کوردستان بە هاوکارى بانکى دەولى ئەنجامیانداوە، لە ساڵى (٢٠١٨)، ڕێژەى هەژاریى لە کوردستان تەنها (٦%) بووە کە دەکاتە (٣٤٦,٥٠٠) هاووڵاتى لە چوارچێوەى نزیکەى (٦٩,٣٠٠) خێزاندا، بە پێى ژمارەى دانیشتووانى ساڵى (٢٠١٨) کە (٥,٧٧٥,٠٤٣) کەس بووە.
بەڵام بە پێى تازەترین ڕووپێوی، پاش پێنج ساڵ لە تەمەنى کابینەى نۆیەم، رێژەى هەژاریى بەرزبووەتەوە بۆ (١٠%) کە دەکاتە (٦٣٧,٠٦٦) هاووڵاتى، لە چوارچێوەى (١٢٧,٤١٣) خێزاندا.
دوو/ هەژاریى چییە؟
دەرهێنانى ڕێژەى هەژاریى بابەتێکى پیشەیى زانستییە، پشت بە چەند پێوەرێک دەبەستێت، هەروەها پێویستى بە ڕووپێوى مەیدانى هەیە، بەڵام هەموو پێوەرەکان کۆکن لەسەر چەند پێوەرێک کە پەیوەندییان بە دۆخى کۆمەڵایەتى و ئابورى و پەروەردەیى و تەندروستیەوە هەیە، واتە بۆ ئەوەى هاووڵاتیەک لەسەروو هێڵى هەژارییەوە بێت، پێویستە لانیکەمى پێداویستى خواردن و شوێنى مانەوەى شایستەو دەستگەیشتن بە پەروەردەو تەندروستى هەبێت، تا بتوانێت لانیکەمى پێداویستیەکانى بۆ ژیانێکى ئاسایى بەدەست بهێنێت.
سێ/ چۆن هێڵى هەژاریى دەستنیشان دەکرێت؟
بە چەند ڕێگەیەکى جیا جیا هێڵى هەژاریى لە هەر وڵاتێکدا دیاریى دەکرێت، پاشان هەر تاک یان خێزانێک کەوتە خوار ئەو هێڵىەوە ئەوە بە هەژار ئەژمار دەکرێت، هێڵى هەژاریش دەکرێت لەسەر بنەماى داهاتى تاک یان خەرجى تاک دەستنیشان بکرێت بە ڕەچاوکردنى ناوەندى ئاستى بژێوى بۆ هەر تاک یان خێزانێک.
بە پێى ستانداردێک کە لەلایەن ڕێکخراوى هاریکاریى ئابورى و یەکێتى ئەوروپاوە پەیڕەو دەکرێت، هێڵى هەژاریى لەسەر بنەماى ئاستى داهاتى تاک دەستنیشان دەکرێت بە ڕێژەى (٦٠%) لە داهاتى خێزان.
بە پێى ڕوپێوییەکان، ئاستى هێڵى هەژاریى لە کوردستان بە (١٣٧,٠٠٠) دینار بۆ تاک دەستنیشانکراوە، واتە بۆ خێزانێکى پێنج کەسى (٦٨٥,٠٠٠) دینار، واتە هەر تاکێک لە (١٣٧ هەزار) دینار کەمتریى هەبێت و هەر خێزانێکى پێنج کەسى مانگانە داهاتەکەى کەمتر بێت لە (٦٨٥ هەزار) دینار، ئەوە دەکەونە خوار هێڵى هەژارییەوە، واتە ناتوانن لانى کەمى پێداویستیە بنەڕەتییەکانى ژیانیان دابین بکەن.
لە ڕاستیدا ئەمە ماناى ئەوە نییە کە هەر خێزانێک لەسەروو (٦٨٥ هەزار) دینارەوە داهاتى هەیە چ مووچە یان کارو کەسابەت، ئیتر ئەو خێزان خۆش دەژییى، نەخێر، بەڵکو پێداویستى ژیانێکى ئاسایى لە کوردستان لە ناوەندى شارەکان بریتیە لە (١,٢٥٠,٠٠٠) بۆ خێزانێکى پێنج کەسى، واتە هەر خێزانێک بیەوێت بە ژیانێکى ئاسایى بژى، پێویستە داهاتى خێزان لە (١,٢٥٠,٠٠٠) دینار زیاتر بێت، ئەگەرنا ناتوانێت پێداویستیە سەرەکییەکانى بە پێى پێوەرە کۆمەڵایەتى و ئابورییەکان دابین بکات، کە من پێم وایە تەنانەت ئەو خێزانانەى مووچەشیان هەیە ژمارەیەکى زۆریان ناگەنە ئەم ئاستە.
چوار/ هەژارەکان کێن؟
ئەگەرچى نیشانەیەکى تایبەت نییە بۆ ناسینەوەى بۆ پۆلێنکردنى خێزانى هەژار، بەڵام بە شێوەیەکى گشتى زۆرینەى هەژارەکان لە کوردستان بریتین لە (کەمئەندامان بەتایبەت ئەوانەى سەرۆک خێزانن، منداڵانى بێ سەرپەرشت و ئەو ئافرەتانەى هاوسەرەکانیان لەدەست داوە، بەساڵاچووان و پەککەوتەکان، نەخۆشانى درێژخایەن، کرێکارانى کارى ڕۆژانە، بێکارەکان، ئەو ئافرەتانەى هاوسەرەکانیان حکومدراون)، ناڵێن هەموو ئەمانە هەژارەکانن، بەڵکو زۆرینەى هەژارەکان لەناو ئەم پۆلێنە لە خەڵکن.
پێنج/ حکومەت چى بۆ هەژارەکان دەکات؟
تا ساڵى (٢٠١٥)، مانگانە بڕە پارەیەکى کەم (١٥٠ هەزار) دینار لە چوارچێوەى تۆڕى پاراستنى کۆمەڵایەتى بەناوى (مووچەى چاودێرى خێزان) دەدرا بە خێزانە هەژارەکان، بەڵام لە ساڵى ٢٠١٦ ەوە بە پاساوى چاکسازى لە لیستەکانیان ئەو مووچەیە ڕاگیراو تا ئێستا ئەو هاوکارییە بچوکە بۆ هەژارەکان دەستى پێ نەکردووەتەوە، بۆیەوە ئەوەى جێگەى سەرنجەو بەداخەوە بۆ زۆرینەى کۆمەڵگە لێى بێئاگان ئەوەیە کە حکومە لە کوردستان هیچ شتێک بۆ هەژارەکان ناکات، تەنانەت بە یەک دیناریش هاوکارییان ناکات بە پێچەوانەى عێراق کە نزیکەى پێنج ملیۆن خێزان تۆمارن لە تۆڕى پاراستنى کۆمەڵایەتى و مانگانە لە نێوان (٢٠٠ تا ٤٠٠ هەزار) دینار هاوکاریى دارایى دەکرێن.
شەش/ بۆچى هەژاریى لە کابینەى نۆیەم زیادى کرد؟
ژمارەیەکى زۆر هۆکار بوونە هۆى بەرزبوونەوەى هەژاریى لە کوردستان، دەکرێت بەمجۆرە ئاماژەیان پێبدەین:
١ـ نەبوونى هیچ هاوکارییەک بۆ خەڵکى هەژار، نە دارایى بە کاش و نە هیچ جۆرە پێداویستیەکى ژیان.
٢ـ دواکەوتنى بەردەوامى مووچەو دابەش نەکردنى هێندێک مانگ لە ساڵێکدا.
٣ـ زیادکردنى باج و کرێى خزمەتگوزاریى (ڕسومات) لە زۆر بوار (وا ئێستەش دەیانەوێت کارەبا لەسەر هاووڵاتیان گران بکەن!).
حەوت/ چى بکرێت؟
لە ڕاستیدا ئەوەى وایکردووە کە نابینین خەڵک لەسەر شەقامەکان لە برسا بمرێت، تەنها چاکى و باشى کۆمەڵگەکەکەیە، کە خێرخوازان و چاکەکاران و دەیان گروپ و ڕێکخراو بەردەوام هاوکاریى بۆ هەژارەکان کۆ دەکەنەوەو بەسەریاندا دابەشى دەکەن، ئەگەرنا دۆخەکە زۆر خراپتر بوو لەوەى ئێستە، بەڵام ئەگەر بە زوویى بیر لە چارەسەرێک بۆ هەژاریى نەکرێتەوە، ئەوە دوور نییە لە چەند ساڵى ئایندەدەا کوردستان ڕووبەڕووى دۆخێکى خراپترى هەژاریی ببێتەوە، بۆیە پێویستە زۆر بە زوویى ئەم هەنگاوانە بگیرێتەبەر:
١ـ دابینکردنى هاوکاریى دارایى بۆ هەژارەکان بە پێى زانیاریی و تۆمارکردنیان لە ڕێگەى فەرمانگەکانى وەزارەتى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتیەوە، هاوشێوەى عێراق و زۆرینەى زۆرى وڵاتانى دونیا کە هاوکاریى مانگانەیان بۆ خانەوادە هەژارەکان هەیە بێ بەرانبەر.
٢ـ هەڵوەشاندنەوەى هەموو ئەو باج و ڕسوماتە نایاساییانەى کە لە ماوەى پێنج ساڵى ڕابردوو زیاد کران.
٣ـ دابینکردنى مووچەى مووچەخۆران هەموو مانگێک، لە کاتى خۆیدا، بەبێ لێبڕین، بەبێ دواخستن، هەمو.
٤ـ پشتیوانیکردنى گەنجان بە دامەزراندن یان دۆزینەوەى هەلى کار بۆیان یان پشتیوانى دارایى بۆ دروستکردنى پڕۆژەى بچوک تایبەت بە خۆیان بە قەرزى درێژخایەن بەبێ خستەسەرىی هیچ زیادەیەک.
رێبوار ياسين فەتاح
لەبارەی پەلاماری هۆڤیانەی سەر هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسودو ئەشڕەفیەی حەڵەب!؟.. تاهیر عیسا
ڕوداوەکانی هەفتەی ڕابردووی حەڵەب و پەلاماری وەحشیانە بۆسەر هەر دووک گەڕەکی کوردنشین، ئەشڕەفیەو شێخ مەقسود، ئەگەر لەلایەک نموونەیەک لەوەحشیگەری ئەودەستەوباندە تیرۆریستە ئیسلامیانەمان پیشان دەدات کە مشتاقی ڕژتنی خوێنی هاوڵاتیانی کوردزمانی ئەو دوو گەڕەکەبوون، کە لەلایەن حکومەتی کاتی عەڕەب فاشیست-ئیسلامی ئەمەوی سەر بە جۆلانی تیرۆریست و فاشیزمی تورکیای میراتگری ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، لە ژووری عەمەلیاتێکی هاوبەشدا، وەک بڵێن پلان بۆ ڕزگارکردنی غەززە لەدەستی بکوژی هەزاران ژن ومناڵی بێتاوان لەو شارەدا، دادەڕێژن، دوو گەڕەکی شارنشین کە بۆ زیاتر لەدەساڵ بوو لەدژی دەستەو تاقمی تیرۆریستی جۆراو جۆری ناو ئەو پێگە جوگڕافیە پڕ لە تڕاژیدیاو کوشت و بڕینەدا، بۆ بەرگریکردن لەخۆیان و مانەوەی فیزیکیانەیان، خۆیان چەکدارو ڕێکخستبوو، لەو پەلامارە هەمەجیانەیەی کرایە سەریان ژمارەی شەڕڤانەکانیان لە چەند سەد کەسێک تێپەڕی نەدەکرد، کەچی دوو دەوڵەت بە حەشاماتێکی دەیان هەزار لە مرۆڤی دڕندەو خوێنخۆرو بارگاوی بەئایدیۆلۆجیای توندڕەوانەی ئیسلامی و بەپاڵپشتی دەیان تانک و کاتیۆشاو هاوەن ودرۆنی جاسوسی و بکوژو خۆکوژی هەردوو دەوڵەت و هاوکاتیش وەگەڕخستنی ماکینەیەکی زەبەلاحی ئیعلامی فاشیستی عەڕەبی و تورکی جۆراوجۆر کە ژەهریان دەکرد، بەعەقڵی ساویلکانەی عەڕەبزمانی حەڵەب و سوریاو جیهانی عەڕەبیداو لەدژی دوو گەڕەک وەک هاوپەیمانی ئیسڕائیل ودوژمنی لەمێژینەی عەڕەب و ئیسلام و سوریا پیشان دەدران، دواجار تواندرا، ئەو دوو گەڕەکە بەپێی پلانێکی لەمێژینەی پێشتردارێژراوو کارلەسەرکراودا، داگیربکەن. لەدیوێکی دیکەشدا وەحشیگەریی دنیای زاڵمانەی ئەم سیستەمە جیهانیەی ئەمڕۆمان پیشان دەدات، کە لەمامەڵەو سەوداکانیاندا، مرۆڤە هەرە بێتاوانەکانی وەک پشکەخێر تێدا دەکرێتە قوربانی.
بەرلەو ڕوداوە کۆبونەوەکان لەلانکەی دنیای بەناو دیموکڕاسی ڕۆژئاوادا وەڕێخران، ڕێککەوتنێک لەپاریس بۆ تەتبیعی عیلاقات لەنێوان (ئیسڕائیل)، بکوژی هەزاران لەمرۆڤی بێتاوانی غەزە، و حکومەتەکەی ئەحمەدجۆلانی، بەچاودێری ئەمریکاو فەڕەنساو بەئاگایی دەستەخوشکەکەیان تورکیای فاشیستدا ڕێککەوتنێکی ئەمنی ئیمزاکراو هەرلەوێدا جۆلان و جنوبی سوریاو هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسودو ئەشڕەفیە سەوداو مامەڵەکران، ئەو ڕێککەوتنە دەستی ئەحمەد جۆلانی جولان فرۆش و تورکیای ئاوەڵاکرد، بۆ جێبەجێکردنی مەرامی فاشیستیانەی خۆیان لەدژی ئەزمونی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا، کە بۆماوەیەکە خەونی لەفاشیستە عەڕەب و تورکەکان زڕاندووە، هاوکاتیش لەدوای بەئاکام گەیشتنی ئەم تاوانە جینۆسایدئاساییەدا، لەڕێگای وەزارەتی دەرەوەی سوریادا سوپاسگوزاری هەریەک لە ئەمریکاو بەریتانیاو فەڕەنساو سعودیەو قەتەڕو تورکیا و مەسعودبارزانی کرا، کە بەپێی لێدوانی وەزارەتەکە هاوکاربوون و ڕۆڵیان بینیوە لەسەقامگیری سوریادا، ئەوەی شایانی باسە هاوزەمان لە جەرگەی هێرشی سەر ئەو دووگەڕەکەشدا، ئەحمەد جۆلانی و مەسعودبارزانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجام دا، بارزانی بەبێ ئەوەی مەترسیەکانی ئەو کۆمەڵکوژیەی لەئارادابوو کەلەلایەن ئەو دەستەو تاقمە تیرۆریستانە دەکرایە سەر ئەو دوو گەڕەکە لەبەرچاوبگرێت و، ناڕەزایەتی دەربڕێت، سوپاسی ئەحمەد شەرعی کرد.
نووسینگەی مەسعوود بارزانی، سەبارەت بەو پەیوەندییە تەلەفۆنیەی بارزانی و ئەحمەد شەرع سەرۆکی حکومەتی کاتی سووریا بەو جۆرە بڵاوکرایەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکە، لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا باس لەوەکرا کەدوایین پێشهاتەکان و بارودۆخی سووریا تاوتوێ کران، لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە بارزانی ڕەزامەندی خۆی لە لێدوانەکانی ئەحمەد شەرع سەبارەت بە کورد دەربڕیوە و سوپاسی کردووە.
ئەوەی جێگای سەرنجە ئەو پەیوەندییە لەکاتێکدابوو، کە ماوەی چوار ڕۆژبوو گرووپە تیرۆریستەکانی سەربە ئەحمەد شەرعو تورکیا، لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە هێرشی کۆمەڵكوژیان دژی خەڵکی ئەو دوو گەڕەکە، ئەنجام دەدا.
ئەمەش ئەوە دەردەخات مەسعودبارزانیش لەم پلان و سەوداو مامەڵانەی دژی ئەودوو گەڕەکە کوردیەکرا بەشێک بوو لەسیناریۆی ڕەش نەک سپی، بۆ پشتگیری ئەم بۆچونەشم، ئێستا کەناڵی ئەلشەمسی عەڕەبی سەر بەدەسەڵاتی پارتی خەریکن چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ئەحمەد جۆلانی(شەرع) ئەنجام دەدەن، کەهێشتاش دیمەنە دڵتەزێنەکانی پەیوەست بەم ڕوداوەو ڕفاندنی دەیان کوڕو کچ و کوژرانی دەیان کەسی بێتاوان و هەڕەشەو تۆقاندن و بێڕێزی کردن بەرامبەر بەهاولاتیان بەتایبەت بەرامبەر ژنان، کەداعش لەسەردەستی جوامێری و قارەمانێتییان، هەم خۆیان وهەم ئاڵاکەیان لەژێر ناوی لائیلاها ئیلەڵا و محەمەد ڕەسولەڵا، کەوتە ژێر پێو پێڵاوەکانیانەوە، وەهەروەها بەتایبەتیش بێڕێزیکردن بەتەرمی ژنە تێکۆشەرێکی گیانبەختکردووی ئەو گەڕەکە بەناوی دەنیز و خستنە خوارەوەی لە باڵەخانەیەکی چەند قاتیداو وتنی ڕستەی نەشیاو لەبەرامبەریدا، ڕیسوایی وشەرمەزارییە بۆ کەناڵی ئەلشەمس و ستافەکەی کە تاوانبارێکی وەک ئەحمەد شەرع لەم ساتە وەختەدا چاوپێکەوتن وڕوماڵ بکات و لەڕێگای ئەم کەناڵەوە چەواشەکاری بکات و خۆی وەک دۆستی خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان نیشان بدات.
تاهیر عیسا /12.01.2026
مرۆڤایەتی.. شیعری کەنعان مدحەت
پێشکەشە بە کچە شەڕڤانی عەفرینی..
دەنیز خان
خەوێکی بێ بەراورد ترسناک و دژوار بوو
لە جێی هەڵدانی دەسکە گوڵ
لاک هەڵدەیت و
خەون بە کەژاوەی بە ڕێ و
لە پێشوازی،
حورییە هەناردەکانی خوا شایی بگێڕی.
چۆن پەیکەری بێ گیان، لەگەڵ زیندووی
بە گیان
لە یەک و هەمان تابلۆدا
بەرجەستە و نمایش دەکەی؟
بۆ خودی جۆگە لەگەڵ ئەو ئاوەی پیایا
دەچێ
هەمان دڵ و
هەر هەمان جووڵەی پشوو نەزانە؟
وەک چۆن مردوو بە زیندوو بەراورد ناکرێ
شەو بە ڕۆژ و تاریکی بە ڕۆشنا و
خەم بە خۆشی..
ئاوا، ئاو، بە لایانەوە
بە ئاوە زەمزەم بەراورد ناکرێ!
لە چەرخە ژمارەییەکەتدا
چاوم بە یەک نایە
نەبا خەوی دوبارە کراوەی دەنیز ببینم
تۆیش خۆت بخەرە جێی دەنیز
لە چینەکانی ئاسمانتەوە خۆت هەڵدەرە خوار
مرۆڤایەتی هەر ئەوەندەت بۆ فرمێسک دەڕژێ و
پرچ دەڕنێ و لە سنگی دەدات
تۆیش خۆت.. تۆیش خۆت
هەڵدەرە خوار
لەو رۆژەوە كە تۆ رۆیشتوی.. كاوەی خەسرەوكاوانی
لەو رۆژەوە كە تۆ رۆیشتوی
ژیانی من مەرگەساتە
دڵم بلبول تێ ی ناخوێنێ
جیهانێكی كش و ماتە
- * *
نە خەندەو نە پێكەنینی
نە دەنگ و رەنگی ئاوازێ
نە نەغمەی بولبولی عاشق
نە سەدای تاڤگەو سازێ - * *
لەو رۆژەوە لە پاكەوتووم
كە دڵ مەحكومی هیجرانە
خەمان پاڵ بە خەمان دەنێنن
بەهارم گەڵا رێزانە - * *
لەو رۆژەوە نیە رۆژی
سپێدەی تیا بێتەوە
كە تۆ رۆژان و شەوان بیت
چۆن تۆی لەبیر دەچێتەوە - * *
جاران خەندەی سەرلێوم بوم
ئێستا خەمی سەر روخساری
ساڵان دەڕوا و تۆ لە رۆحم
گولستان نیت خۆت بەهاری6/12/2022
- kawa_kiwiny@yahoo.co.uk
ڕانانێكی كورت بۆ كـتێبی چریكهی میتاگێڕانهوه..
(چریكهی میتاگێڕانهوه) ناونیشانی كتێبێكه، ڕهخنهدۆزعهلی شێخ عومهر ههوڵیداوه لێكۆڵینهوهیهكی ڕهخنهییله سێ رۆمانی عهبدوڵا سهرج دا بكات، له دهرچهینووسینهكانییهوه، لهسهر بنهمای تێڕوانینیمیتاگێرانهوه، ئهدهبی پۆستمۆدرنه شێوازهكانیكاركردنی ئهم ڕۆمانووسه ئاشكرا بكات، بێگومانعهبدوڵا سهرج جگه لهوهی چیرۆكنووسێكی دیاره،ڕۆمانووسێكی كارایه، بهدهر له یهكهم ڕۆمانی ( ههڵكشان بهرهو لووتكه)، سهرجهم رۆمانهكانی دیكهیبه چهمكی میتاگێڕانهوه نووسیووه، یهكهم نووسهره له كوردستان دا بۆ یهكهمجار وهك دهنگێكی دیار له تێپهڕاندنی ڕۆمانی سوونهتی، به ڕۆمانی (كاولاش)توانی خوێنهری كورد ئاشنا به چهمكی پۆستمۆدرنه بكات، دهرگایهكی نوێی بۆ كاری ڕهخنهی ئهدهبیبكاتهوه، شێوازی نووسینی تا ڕادهیهكی بهرچاوجیاوازی لهتهك ئهوهی پێش خۆی فهراههمبكات،ئهزموونی عهبدوڵا سهرج تهژییه به فهلسهفه، بیرۆكه،ژیان و سهردهمی گهنجێنی، غهریبی دووره وڵات و نۆستالۆجیا، گهڕانهوهو دهرچوون لهنێو زهمهنیئێستای گێڕانهوهدا یهقدهداتهوه له ئاست بنیادیزمانهوه، دهتوانێ به شێوهیهكی تۆكمه به لێزانییهوه تهكنیكی هاوچهرخ بهكاربهێنێت، ههر له لابردن،قرتاندن، فلاشباك، فلاشفۆرد، مۆنۆلۆج و تیكشكاندنیگێڕانهوهی كۆرنۆلۆجی و ڕهچاوكردنی فرهدهنگیفرهڕنگی.. تاد.
به دیوێكی تر ڕۆمانهكانی فهرههنگێكه له ڕووداوهكانی مێژووی ئازارو خهمهكانی تاكی كورد، ههندێجار له گهیاندنی مهبهست و زۆركردنی مانادائاویزانی ئهفسانهمان دهكات، عهلی شێخ عومهر بۆپشتراستكردنهوهی بۆچوونهكانی، له سێ گوتاردا وهكسامپڵ سێ ڕۆمانی ههڵبژاردووه كه بریتین له ڕۆمانی( پهرتهوازهی ئێره و ئهوێكانی ڕهوان)،(ئهفسانهی ڕهنگستان) و (چۆن بوومه تیترواسك)، له یهكهمدا فانتازیاو تێكشكاندنی دهقه، له دووهمدا دژه ڕۆمانی بهكاهێناوه، له سێیهمدا كۆمهكی به داكشانیشهپۆڵی هۆش كردووه.

ڕاگەیەنراوێك سەبارەت بەمەترسی كۆمەڵكوژی لەسەر گەلی كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان، ..
ڕاگەیەنراوێك سەبارەت بەمەترسی كۆمەڵكوژی لەسەر گەلی كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان، لە گەڕەكەكانی ئەشرەفیە و شێخ مەقسودی حەلەب
ئێمەی رێكخراوەكانی بواری جینۆساید و نووسەران و چالاكوانانی بواری جینۆساید و تاوانە نێودەوڵەتییەكان، بەوپەڕی دڵگرانییەوە دەڕوانینە ئەو بارودۆخەی لە سوریا هاتۆتە پێش، لە ململانێی چەكداری و بە ئامانج گرتنی پێكهاتەكان و خەڵكی مەدەنی لەلایەن سوپای حكومەتی كاتی سوریا.
پێدراوە مەیدانییەكان لە رووداوەكانی چەند رۆژی هەردوو گەڕەكی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە و ڕاپۆرتی ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ دەریدەخەن دۆخەكە بە ئاڕاستەی دروستبوونی مەترسی و دڵەڕاوكێی ڕاستەقینەیە، لە پێشێلكردنی یاسای نێودەوڵەتی و پەیماننامە نێودەوڵەتیەكانی قەدەغە و نەهێشتنی مەترسییەكانی كۆمەڵكوژیی.
بەئامانج گرتنی خەڵكی سڤیل و گەڕەك و شوێنی نیشتەجێ بوون و جێگا خزمەتگوزارییە مرۆییەكان(نەخۆشخانەكان) و پەلاماردانی هەڕەمەكی پێشێلكاریەكی ئاشكرای ڕێكەوتنامەی جنێفی ساڵی ١٩٤٩ و پەیماننامەی قەدەغەكردنی تاوانی كۆمەڵكوژی ساڵی١٩٤٨ ی نەتەوە یەكگرتوەكانە.
دەربەدەركردن و هەڵكەندنی خەڵكی مەدەنی گەڕەكەكانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە و دوورخستنەوەیان لە جێی خۆیان بە مەبەستی گۆڕینی ناسنامە و دیمۆگرافیا یا هەر مەرامێكی تری سیاسی بەتاوان ئەژمار دەكرێت و، بەپێی یاسای نێودەوڵەتی ئەنجامدەرانیان لێپێچینەوەی یاساییان لێدەكرێت.
لە دۆخێكی وادا كە حكومەتی كاتی سوریا تەرەفە و گروپەكانی سەر بەحكومەت هەڕەشەی ڕاستەوخۆن، پێویست دەكات لایەنی سێیەم كە كۆمەڵگای نێودەوڵەتییە بەخێرایی بچێتە مەیدانەكە و داواكارین بە زووترین كات ئەو مەترسیانە بڕەوێننەوە، سەرەتا بە ڕاوەستاندنی شەڕ و پەلامار بۆ سەر خەڵك و دواتر ڕێوشوێنی پارێزگاری ئەنجام بدرێت بۆ نەهێشتنی هەڕەشە و مەترسیدارەكانی ئەنجامدانی تاوانی كۆمەڵكوژی و لێكۆڵینەوە لە هەموو ئەو پێشێلكارییانە بكرێت بۆ ئەوەی ئەنجامدەرانیان لە سزای یاسایی دەربازیان نەبێت.
ئەوەی ڕوودەدات زەنگی ئاگاداركردنەوەی پێشوەختەیە و ، كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەخاتە بەردەم بەرپرسیارییەتیەكی یاسایی و ئەخلاقی و مرۆیی و ئەركداری دەكات بۆ ئەوەی رێگری لە تاوانی جینۆساید و تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی بكات.
گەلی كورد لە سوریا ساڵانێكی زۆرە هەڕەشەی مەترسیداریان لەسەرە، چ پێشتر لەلایەن ڕرژێمی بەعس و دواتریش لەلایەن گروپە تیرۆریستیەكانی وەك داعش و بەرەی نوسرە و ئێستاش بەهۆی ناكۆكیەوە حكومەتی كاتی سوریا دەیەوێت بە شەڕ و كوشتن ناكۆكیەكان چارەسەر بكات, ئەم كردەوەیەش پێچەوانەی بنەمای بەڕێوەبردنی یاسایی و عورفی نێودەوڵەتییە.
بەداخەوە چەند میدیایەكی عەرەبی گوتاری كەراهیەت و دوژمنكارانە و هاندان بۆ تاوان پەخش دەكەن، ئەمەش لەلایەكی ترەوە مەترسیەكانی ئەنجامدانی تاوان زیاتر دەكەن.
داواكارین بە خێرایی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەتایبەتی نەتەوە یەكگرتوەكان و یەكێتی ئەوروپا و كۆمكاری عەرەبی و رێكخراوەكانی جیهانی ئیسلامی بێنە سەرخەت بۆ راوەستاندنی هەڕەشەكانی حكومەتی كاتی سوریا بۆ سەر هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینیەكانی سوریا، دەتوانرێت ناكۆكی و كێشە و ململانێكان بە گرتنەبەری ڕێگای ئاشتی و دیالۆگ و بە بەشداری پێكردنی سەرجەم پێكهاتەكان لە بەڕێوەبردنی ووڵات و سەقامگیری دیموكراسی و …. چارەسەر بكرێت، نەك بژاردەی شەڕ و هەوڵی سڕینەوە و ئەنجامدانی تاوانە نێودەوڵەتییەكان.
ناوەكان:-
1- سالار مەحمود نووسەرو لێكۆڵەری بواری جینۆساید و ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانیكوردستان.
2- جبار احمد شمس الدین توێژەر لەبواری جینۆساید
3- رێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید
4- رێكخراوی مانەوە بۆ پرسی شەهیدان و ئەنفالكراوان
5- قاسم كازم چالاكوانی بواری جینۆساید
6- بەختیار هەڵەبجەیی هونەرمەند
7- بەختیار مستەفا چالاكوان و رۆژنامەنوس
8- بەختیار ڕەئوف كوڕە ئەنفال و چالاك وانی جینۆساید
9- هەدار زوبێر بارزانی پارێزەری كەیسی ئەنفال و جینۆسایدی بارزانیەكان لە دادگای باڵای تاوانی و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراقی
10- دیاری نامیق زەنگەنە: نوسەرو توێژەر (كوڕی ئەنفالكراو)
11- حازم بلەیی نووسەرو چالاكوانی بواری جینۆساید
12-ڕۆژان شەهید حەمەڕەش ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان
13-نەسرینی مەلا حەكیم نووسەرو چالاكوانی بواری جینۆساید
14-شێرزاد خورشید كەس وكاری ئەنفال
15-گەردە مامە حەمە چالاكوانی جینۆساید و بنەماڵەی ئەنفال و شەهید
16-ئەحمەد مەجید چالاكوانی بواری جینۆسایدوكەسوكاری قوربانیان
17- رێكخراوی چاودێری كوردۆساید-چاك كوردستان
18-حمە زرنگ زیندانی سیاسی وخاوەن شهید چالاكوانی بواری جینۆساید
19-ناوەندی داكۆكی پشدەر بۆ قوربانیان وجینۆساید كراوان
20-پارێزە ر /ایاد اسماعیل كاكە یی سە رۆكی لقی هە ولێر – ساندیكای پارێزە رانی كوردستان
21-شاخەوان قادر شۆڕش توێژەر لە بواری جینۆساید
22-نازدار ئە سعە د چالاكوان وكەس وكاری جینوسایدكراوان
23-گۆڤاری تۆبزاوە
24- رۆژنامەی نگرە سەلمان
25-عەبدالعەزیز موحسن بارزانی كەسوكارێن جینۆسایدكرێن
26-پەرژین جەعفەر رۆستەم مامۆستای زانكۆ و خوشكی شەهید و ئەنفل
27-د.شۆرش حاجی توێژەر لە بواری جینۆساید و ئەندامی خولی پێشوی پەرلەمانی عێراق
28-ئەنوەر عومەر سەعید شارەزا لە پرسی هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان
29- لەتیف فاتیح فەرەج توێژەر لە بواری جینۆساید
30- هیوا سەید سەلیم كوڕە شەهید و چالاكوانی جینۆساید
31-فوئاد عوسمان رۆژنامەنوس و چالاكوانی جینۆساید
32-رێكخراوی بەرگری لە قوربانییەكانی گۆڕە بە كۆمەڵەكان.
33- فارس حوسێن مەیاس چالاكی بواری جینۆساید
34-دلێر كەریم محەمەد نوسەری بواری جینۆساید
35-هەڵمەتی ژیان دژ بە ئیعدام لە كوردستان
36-بایەزید كەریم چالاكوانی جینۆساید و برای شەهید
37- كۆچەر رەشاد كوڕی شەهید و سكرتێری رێكخراوی بەرگری لە قوربانییەكانی گۆڕە بە كۆمەڵەكان
38_ حسێن عەزیز رۆژنامەنووس
39_ رەشید عەلی سەعید،لە یەكێتی نوسەرانی جینۆسایدی كوردستان
40_ بەیان عەسكەری نوسەری بواری جینۆساید شایەتحاڵی كیمیاباران.
41-ئارام نوری یارە كوری شەهید ، شارەزا و ئێسك ناس لەپرسی گۆرەبەكۆمەڵەكان
42-هێمن حەسیب نوسەرو چالاكوانی بواری جینۆساید
43-زەیتۆ ئیسماعیل چالاكوان و كەسوكاری شەهید
44-فەرهاد خالد مامۆستای زانكۆ و چالاكوانی بواری جینۆساید
45-محمدنوری زۆراب ، نوسەر،ئەندامی یەكێتی نوسەرانی جینۆساید
46-پشتیوان محمود قادر، توێژەر لەبواری جینۆساید.
47-مەلاشاخی نووسەر لەبواری جینۆساید
48- ڕێكخراوی كۆژان بۆ داكۆكی لە پرسی ئەنفال
49- پشتیوان سدیق حمد/ دەربازبووی ئەنفال و چالاكوانی بواری تاوانی ئەنفال/ سەرۆكی ڕێكخراوی كۆژان بۆ پرسی ئەنفال
50- ۆمەڵەی داكۆكی لەپرسی ئەنفال
51- هاوڕێ پێشڕەو پ.م دێرین و كەسوكاری ئەنفال و چالاكوانی بواری جینۆساید
52-سیروان مستەفا چالاكوانی مەدەنی
53-سالار حمحەمەد ئەمین حەمەد پاریچزەرو چاودێری سیاسی
54-علی دەروێش چالاکوانی بواری جینۆساید
55-عەلی مەحمود محەمەد چالاكوانی بواری جینۆساید
جیاوازی جولەکە و ئیسرائیل چییە؟.. شورش عزیز سورمێ
زۆربەی هاوڵاتیانی ئیسرائیل (نزیکەی ٨٠%) جوولەکەن، بەڵام هەموو جولەکەکان ئیسرائیل نین، چونکە نزیکەی نیوەی لە ئەمریکا، فەرەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و ئەرجەنتین نیشتەجێن. هاوڵاتیبوون و ئایینی مێژوویی-ئاینی دوو شتی زۆر جیاوازن.
ڕەنگە زۆرجار وشەی “جوولەکەکان” و “ئیسرائیلییەکان” و هەروەها “ئیسرائیل” و “دەوڵەتی جولەکەکان”تان بیستبێت. لە کاتێکدا ئەمانە هەموویان وشە و پێناسەن کە ڕەنگە مانای هاوشێوەیان هەبێت، بەڵام بە تەواوی سەریەک ناکەون و گرنگە لە جیاوازییەکان تێبگەین. ئەمەش یارمەتیت دەدات هەم باشتر لەو هەواڵانە تێبگەیت کە لە هەواڵە تەلەفزیۆنییەکان دەیخوێنیتەوە و دەیبیستیت و هەم بە هۆشیارییەکی زیاترەوە مێژوو بخوێنیتەوە، بەتایبەتی سەدەی بیستەم.
جولەکەکان کێن؟
ڕەنگە پرسیارت کردبێت کە جولەکەکان کێن: گروپێکی ئایینی، پاڵەوانەکانی کتێبی پیرۆز، یان قوربانیانی هۆلۆکۆست؟ لە واقیعدا ئەم وشەیە کەسانێک کۆدەکاتەوە کە مێژوو و کولتوور و ئایینێکی زۆر کۆنیان هاوبەشە. کەمێک وەک ئەوە وایە بڵێین ئەوان بەشێکن لە هەمان “خێزان” کە ماوەیەکی زۆر درێژە بوونی هەیە. ئەوان نەتەوە نین و ڕەگەز نین (وەک ئەوەی لە کاتی ئەو گۆشەگیرییانەی کە لە جەنگی جیهانی دووەمدا ڕوویانداوە بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە بانگەشەی بۆ دەکرا). گرنگ نییە لە کوێی جیهاندا دەژین (دەتوانن لە ئیتاڵیا، ئەمریکا، فەرەنسا، یان هەر شوێنێکی تر بن)، ئەگەر جولەکە بن، ئەوا ئەم ڕەگ و ڕیشە هاوبەشانەیان هەیە. بۆیە دەتوانرێت وەک گروپێکی ئیتنۆئاینی پێناسە بکرێت، کە سەرچاوەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ گەلی ئیسرائیل لە کۆندا.
سەرچاوەی ناوی “جوولەکەکان” نادیارە، و لە ڕێگەی ئەدەبیاتی هێلینیستییەوە هاتە ناو بەکارهێنانی باو بۆ دیاریکردنی ئەو کۆمەڵە هۆزە لە ڕۆژهەڵاتی نزیک کۆن کە لە هەزارەی دووەمی پێش زایین لە فەلەستین دەرکەوتن. دەستەواژەی “جوولەکە” بە درێژایی مێژوو بەکارهاتووە بۆ ناسینەوەی ئەو کەسانەی کە ئایینی جولەکە پەیڕەو دەکەن، بەمەش لە شوێنکەوتوانی ئایینەکانی دیکە جیا دەکرێنەوە. بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە جولەکەیەکی زۆر ئایینی هەیە کە هەموو ڕێساکانی ئایینەکەیان پەیڕەو دەکەن، هەندێکی تریش کەمترن بەڵام هێشتا هەست بە بەشێک لەم کولتوور و مێژووە دەکەن.
ئیسرائیلییەکان کێن؟
ئیسرائیلییەکان دانیشتووانی دەوڵەتی ئیسرائیلن کە لە ساڵی ١٩٤٨ دوای جەنگی جیهانی دووەم دامەزراوە. گروپە ئیتنۆ-ئاینییە جیاوازەکان لەناو خاکی ئیسرائیلدا پێکەوە دەژین: جولەکەکان، کە نزیکەی 80%ی دانیشتووان پێکدەهێنن، بەڵام عەرەبیش (کە موسڵمانن یان مەسیحین)، دروز و ئەوانی دیکەش هەن.
جیاوازی نێوان جولەکە و ئیسرائیلییەکان
ئەمڕۆ، بە سادەییتر، دەتوانیت “ئیسرائیلی” بەکاربهێنیت بۆ پێناسەکردنی هاوڵاتییەکی دەوڵەتی ئیسرائیلی مۆدێرن، لەکاتێکدا “جوولەکە” زاراوەیەکە کە واتایەکی ئایینی و کولتووری هەیە و خەڵک لە هەموو جیهانەوە یەکدەخات. مرۆڤ دەتوانێت جولەکە بێت بەبێ ئەوەی ئیسرائیل بێت و بە پێچەوانەشەوە؛ لە ڕاستیدا نزیکەی ٢٠%ی دانیشتوانی ئیسرائیل جولەکە نین. لە سەرانسەری جیهاندا کەمێک زیاتر لە ١٥ ملیۆن جولەکە هەن: ٧ ملیۆنیان لە ئیسرائیل و ٦.٤ ملیۆنیان لە ئەمریکای باکوور (بە پلەی یەکەم نیویۆرک، نیوارک و جێرسی سیتی). ٢ ملیۆنەکەی دیکە بە شێوەیەکی سەرەکی لە فەرەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و ئەرجەنتین (بەتایبەت لە پایتەختەکانی پاریس، بوینس ئایرێس و لەندەن) چڕبوونەتەوە.
هەموو جولەکەکان لە ئیسرائیل ناژین. زۆرێک لە جولەکەکان لە وڵاتانی دیکەی جیهان دەژین.
هەموو ئیسرائیلییەکان جولەکە نین. هەروەها ئەو کەسانەی کە بە ئازادی ئیعتیراف بە ئایینەکانی دیکە دەکەن لە ئیسرائیل دەژین.
زۆرێک لە جولەکەکان بڕیاریان داوە لە ئیسرائیل بژین، چونکە شوێنێکی تایبەتە بۆ ئەوان، پەیوەستە بە مێژوو و ئایینەکەیانەوە –
پانۆرامای چالاكییەكانی یەكێتیی نووسەرانی كورد- لقی هەولێر بۆ ساڵی 2025
یەكێتیی نووسەرانی كورد- لقی هەولێر، كە چالاكترین دەزگای ڕۆشنبیری و كولتوورییە لە كوردستان و سەرجەم عیراقیش، ئەویش بە كار و بەرهەمە جۆراوجۆرەكانی كە هەر هەموویان لە ئاستێكی بەرزی ڕۆشنبیریدا بووین، كۆڕ و سیمینارە ناوازەكانی بە بەردەوامی بوونەتە جێی گفتوگۆ و وتووێژی ئەدەبی و ڕووناكبیریی هەمەلایەنە، بۆیە بە بەردەوامییش زۆربەی بیرمەند و نووسەر و ڕۆشنبیران و ئەدەبدۆستان و نووسەر و خوێنەری سەرجەم لایەن و فیكرە جیاوازەكان، لە زۆربەی شارەكانی كوردستانی گەورە و عیراق و دەرەوەی وڵاتیش، بۆ كار و بەرهەمەكانیان، ڕوویان لەم دەزگا كولتوورییە گەورەیە كردووە و هەمیشە ئەوێیان بە ماڵی ڕاستەقینەی خۆیان زانیوە «ماڵی نووسەران». ئەم لقەی یەكێتیی نووسەرانی كورد، بە توانایەكی یەكجار كەمی ماددی، بەڵام بە بەخشندەیی و دڵسۆزیی سەرۆک و سکرتێری ڕۆشنبیری و دەستەی کارگێڕی، هەمیشە سەربەرزانە و لێبڕاوانە خزمەتی زمان و ئەدەب و فیكر و ڕۆشنبیریی كوردیی بەتایبەتی و ڕۆشنبیریی جیهانیی بە گشتی كردووە، بێ گوێدانە هەوڵی كۆسپ و لەمپەر دانان لەبەردەم ڕێڕەو و كارەكانی. سەرباری ئەوەیش هەمیشە لە كۆڕ و سیمینارەكاندا، نووسەر و بیرمەند و ئەدیبە ناودارەكانی نەتەوەكانی كوردستانیش لە توركمان و سریان و كلدان و ئاشوور، میوانداری کراون و لە خزمەتیاندا بووین، بەرهەمەكانی خۆیان لەم دەزگایە پێشكەش كردووە. هەروەها ئەم لقە لە بابەتی كۆڕ و سیمینارەكانیدا، ئاوڕی لە ئەدەبییاتی گەلانی جیهانیش داوەتەوە. كۆڕ و كۆبوونەوە و سیمینارەكانی ئەم لقە جگە لە ئەدەب كە ئەركە سەرەكییەكەی خۆیەتی، لە شیعر، چیڕۆك، ڕۆمان، ڕەخنەی ئەدەبی، دراما و شانۆنامە، ئەدەبی منداڵان؛ بایەخی زۆریشی بە چالاكییەكانی فیكر و فەلسەفە، بیرەوەریی كەسایەتییەكان، یادكردنەوەی نەمران بە بەرهەمەكانیان، هونەرە جوانەکان بە هەموو جۆرەكانیەوە، كۆمەڵناسی، زمان و زمانناسی، مێژوو، دەروونناسی، گەشتیاری، ئەدەبی فۆلكلۆری، ناساندنی گۆڤاری جۆراوجۆر، هونەری وەرگێڕان و زانستەكان داوە، بێگومان بەرهەمی بیری ئافرەتان و ژنان و گەنجانی كوردستان هەمیشە جێی بایەخی ئێمە بووە و بەردەوام لە چالاكییەكانماندا ئامادەیییان هەبووە.
لێرەدا ڕایدەگەیەنین كە سەرجەم ئەو كۆڕ و سیمینارانەی لە ساڵی ڕابردوو 2025، لقی هەولێری یەكێتیی نووسەرانی كورد، بە سەركەوتوویی بەڕێوەی بردوون، بریتین لە 96 كۆڕ و سیمینار لەو جۆر و لایەنانەی باسمان لێوە كردن. ئەمەیش بۆ یەك ساڵ ژمارەیەكی زۆرە و دەكاتە هەفتانە دوو كۆڕ و سیمینار. وا لە خوارەوەیش وەك بەڵگەنامەیەك سەرجەمیان تۆمار دەكەین.
لقەكەمان هێشتا بە گەرموگوڕیی زیاتریشەوە بەوپەڕی بێلایەنی لە خزمەتی وشە و زمان و ئەدەب و ڕۆشنبیریی كوردی، بەردەوام دەبێت.
داوا لە هەموو ئازیزان و میوانە بەردەوامەکانی لقەکەمان دەکەین لە پاڵپشتی و دڵسۆزییان زیاتر مکوڕ بن.
1- د. فەرهاد بەرزنجی- لەدایكبوونی عیسای مەسیح لە ڕوانگەی جینی و بۆماوەیییەوە.
2- ئەكرەم خامۆش- كۆڕی شیعری و بڵاوكردنەوەی دیوانی شیعر.
3- سمكۆ محەمەد- بڵاوكردنەوەی كتێبی گوناح و ئیمان.
4- عەبدولقادر سەعید- كۆڕێك لەبارەی ڕۆمانی باستیلی بچووك.
5- سەباح سابیر خۆشناو- ماركسیزم لە تەرازووی ژیری و زانستدا.
6- هیڤا پەناهی- ئەخلاق بەپێی فەلسەفەی ئەرستۆ.
7- عەدنان جومعە و سەلوا حوسێن عەلی- فی سماء الادب النسوی الكردی.
8- ئارام بامۆكی- (نامەكانی ئەوین)ی ستیڤان شەمزینی.
9- سەڵاح شێخ شەرەف- دەماری كوردایەتی لە شیعر و هەڵوێستی شێخ ڕەزای تاڵەبانی.
10- حەمەساڵح فەرهادی- بڵاوكردنەوەی فەرهەنگی هەوری.
11- فایزە سوڵتان- كۆڕی شیعر و بڵاوكردنەوەی دیوانی (لەسەر ئەم زەوییە میوانم).
12- شێرزاد قادر هەینی- بڵاوكردنەوەی كتێبی 100 وشە و 100 وێنە.
13- 55ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی نووسەرانی كورد- ڕێزلێنان و یادكردنەوە.
14- محەمەد كەساس- كۆڕی شیعری و بڵاوكردنەوەی دیوانەكەی.
15- عەبدولخالیق یاقووبی- خوێندنەوە بۆ چیڕۆكی گۆران سەمەد (ڕووداوی گێڕانەوە).
16- سیمینارێك لەبارەی زمانی دایك بۆ فەرەیدوون سامان و نەوزاد پۆڵس.
17- حەمە عەباس- بڵاوكردنەوەی بیرەوەریی (وردەگەڵای بەر هەتاو).
18- د. عوسمان یاسین- هزر و هونەر و سۆفیگەری.
19- پەخشان كاكەوەیس- ئاوەزدروستیی ژنان و كاریگەریی لەسەر خێزان و كۆمەڵگە.
20- مەهداوی ئەحمەد داود- بڵاوكردنەوەی كتێبی (مێژووی كۆمەڵناسی و قۆناغەكانی).
21- د. محەمەد خدر مەولوود- ڕێوڕەسمی بڵاوكردنەوەی گۆڤاری ئەفراندن.
22- شەفیقی حاجی خدر- ناساندن و بڵاوكردنەوەی كتێبی (ئاوەزنامە).
23- سەباح هورمز- كتێبێك بە زمانی عەرەبی لەبارەی ڕۆمانی كوردی (جبل المراتی).
24- نەجمەدین عەزیز سمایل- بڵاوكردنەوەی بەرگی 12ی (خۆم و ئەستێرە گەشەكان).
25- عەدنان حەسەن- كۆڕێكی شیعری بە زمانی عەرەبی و پێشكەشكردنی دوو دیوانی شیعری.
26- ناساندنی دوو كتێبی ماڵی ڕۆشنگەریی كەمال سەعدی و ڕێزلێنان لە عەباس عەبدوڵڵا یووسف.
27- سەڵاح جەلال- لێدوان پێشكەشكردنی ڕۆمانی تابووتی پەیمانی خودا.
28- عەبدوڵڵا سلێمان مەشخەڵ- لێدوان و بڵاوكردنەوەی سێ كتێبی تازەی.
29- عەدنان بەرزنجی- لەبارەی گەشەی كەسایەتی و ستیگمە.
30- غەفوور مەخمووری- ڕێوڕەسمی بڵاوكردنەوەی نۆ كتێبی تازە چاپكراوی.
31- ئامانج غازی- گوێزانەوە و وەرگرتن و دزینەكانی میلۆدیی گۆرانی لەنێو گەلاندا.
32- د. ئیسماعیل شەمس- بووژانەوەی كورد لە سەدەكانی چوارەم و پێنجەمی كۆچی دا.
33- جەلال دەباغ- بڵاوكردنەوە و لێدوان لەبارەی حەوت كتێبی تازە چاپكراوی.
34- ڕێوڕەسمی بڵاوكردنەوە و لێدوان لە گۆڤاری (دنیای چیڕۆك)ی ماڵی ڕۆشنگەریی كەمال سەعدی.
35- محەمەد ساڵح پێندرۆیی- بۆچی منداڵ درۆ دەكات؟
36- هاوكار عەبدوڵڵا- سەلام ناوخۆش قەڵەمێك بە باڵای منارەوە.
37- باهۆز مستەفا- ناساندن و بڵاوكردنەوەی (شەڕی ناو كتێبخانەكەم).
38- شیرین كافی- كۆڕی شیعر خوێندنەوە.
39- زیاد ڕەشاد قادر- بڵاوكردنەوەی كتێبی (نامەی ئەدەبی).
40- یاسین رابیعە- بڵاوكردنەوە و ناساندنی (سەختییەكانی منداڵیم).
41- د. كەمال بێوار- كۆڕی شیعری و پێشكەشكردنی دیوانی شیعری.
42- فوئاد كەریمی- دەموچاوی داگیركەر، دەموچاوی داگیركراو- نووسینی: سارتەر.
43- فەتحی مەلا عەلی مودەریس- بڵاوكردنەوەی كتێبی (براسۆز) لەبارەی ڕوونەسەكان.
44- ئاوات مەلا ڕەسوول- خوێندنەوە و ناساندنی نۆڤلێتی (یاسەمین).
45- ڕێوڕەسمی بڵاوكردنەوەی گۆڤاری (دەنگارە).
46- سەعید مەموزینی- بیری چەپ لە كوردستان.
47- عەباس عەبدوڵڵا یووسف و سمكۆ محەمەد- كتێبی جیاوازییەكان.
48- ئازاد مەولوود- وەرگێڕانی شیعری جیهانی (ترۆپكی سروودەكان).
49- د. ئەحمەد شەریف- باسێك لەبارەی ڕەوانشاد جەوهەر غەمگین.
50- بەهرە موفتی- كۆڕی شیعری و پێشكەشكردنی دیوانی شیعری.
51- سالار كۆیی- مێژووی دێرینی كۆیە.
52- سەلام عومەر- كۆڕی شیعری و پێشكەشكردنی دیوانی (دەڕژێمە منداڵیمەوە).
53- ئێوارە كۆڕێكی شیعر و مۆسیقا بۆ شاعیرغەریب پشدەری.
54- د. نەجم ئەڵوەنی- باسێك لە ڕۆمانی (تارمایی و مێروولە سوورەكانی دایكم).
55- ڕێوڕەسمی بڵاوكردنەوەی گۆڤاری فۆلكلۆریی (ماڵی ڕەسەن).
56- نەسرین تەنیا- ڕاكشان لەپاڵ ئاگردا- بەسەرهات و چیڕۆكی ڕاستەقینە.
57- ڕێباز ئارام عەبدولڕەحمان- لەگەڵ ڕەگەزی بەرانبەر.
58- جوان عوسمان- كۆڕی شیعری و پێشكەشكردنی دیوانی شیعری.
59- نادر ڕۆستی- گەڕان بەناو شارستانییەتێكی ون لە كوردستان.
60- شوعەیب میرزایی_ ئێوارە كۆڕی شیعری.
61- نزار حنا الدیرانی- الوزن الشعری والحاقات المفقودە من سومر الی السریان، العرب، العبری، الكردی.
62- ئەحمەد گلی- بێدەنگی- بڵاوكردنەوەی كتێبێك لەمبارەیەوە.
63- ئیلیان جافەر كوردی- یەزدانییەت- بڵاوكردنەوەی كتێبێك لەمبارەیەوە.
64- نەجمەدین عەزیز سمایل- بڵاوكردنەوەی بەرگی 13 (خۆم و ئەستێرە گەشەكان).
65- ڕزگار ئەژی گۆران- كۆڕی شیعری و بڵاوكردنەوەی كۆمەڵە شیعری چاپكراوی.
66- ئازاد حەسەن گەناوی- گەنجینە- بڵاوكردنەوەی كۆبەرهەم.
67- ڕێكار ئەحمەد- زمانی پێوەر وەك پێداویستیی قۆناغەكە.
68- هەدیە عەلی عابد فەتاح- سیاوچەمانە و بونیادی كۆمەڵایەتیی هەورامان.
69- فایزە سوڵتان- ڕێوڕەسمی بڵاوكردنەوە كتێبی ( ئازابە و شیعر بنووسە)
70- ڤیان مەحموود زامدار- كۆڕی شیعری و پێشكەشكردنی كۆمەڵە شیعری خۆی.
71- هەورامان عەلی تۆفیق- ڕێوڕەسمی بڵاوكردنەوەی دوو كتێبی تازە چاپكراو.
72- نەسرین عەباس ئبیراهیم- ئێوارە كۆڕی شیعری و ناساندنی دیوانێكی تازەی.
73- شۆخ جەناب ڕەمزی- جەرگە گیان- نووسین و بابەتی كۆمەڵایەتی.
74- یووسف ڕەشید دەلۆیی- مێژووی شێوە جیاوازەكانی نووسین لە زمانی كوردیدا.
75- ئاشنا عومەر حەمە- ڕەهەندەكانی گۆڕانی چێژی ئیستاتیكی لە گۆرانیی كوردیدا.
76- ئەمیر شیت چەڵەبی- ڕووناكی یەكەم گۆڤاری شاری هەولێر.
77- عەلی عوسمان یاقووب- ڕۆمان و ئاڵنگارییەكانی بەردەم ڕۆمانی مێژوویی.
78- یادێكی شاعیری ڕەوانشاد سەعدوڵڵا پەرۆش.
79- ئەحمەدی مەلا- شێخ ڕەزای تاڵەبانی، ڕوانینم لە درزی قاپییەوە.
80- سەباح ڕەنجدەر- ئێوارە كۆڕی شیعر خوێندنەوە.
81- مودریك ژاڵی- كۆڕی شیعری و پێشكەشكردنی دیوانی شیعری.
82- محەمەد تەها حوسێن و سمكۆ محەمەد- بڵاوكردنەوەی كتێبی جیاوازییەكان.
83- نەسرەدین مەحموود ئەحمەد- بەرپرسیارێتیی مەدەنیی بەڕێوەبەری باركردن و گواستنەوە.
84- دڵشاد كاوانی- بڵاوكردنەوەی سێ كتێبی تازە چاپكراوی خۆی.
85- سەباح پیرباڵ قەساب- كۆڕی شیعری و بڵاوكردنەوەی دیوانی تازە چاپكراوی.
86- باڵوێز ئەلبێرت عیسا- موزیك پەیامی خۆشەویستی، موزیكی كوردی بە ئامێری عوود.
87- شێركۆ كرمانج- دیزاین و شارسازی و ژێرخان و پرسی نەتەوە و نیشتمانسازی.
88- سارا پەنایی- كۆڕی شیعری و بڵاوكردنەوەی دیوانی تازە چاپكراوی.
89- چاپووك سەید عومەر- سەمای مەرگ- بەسەرهاتی ڕاستەقینەی پێشمەرگایەتی.
90- داستان بەرزان- كۆڕی شیعری و بڵاوكردنەوەی كتێبی (قاوەی سووتاو).
91- جەمشید حەیدەری- سەردەمی نوێ و ڕۆژنامەگەریی كوردی.
92- دانا سەڵاحەدین شەریف- تەكنیكە زانستییەكانی هونەری سیرامیك.
93- ئازا حەسیب قەرەداخی- كۆڕی شیعر و مۆسیقا و بڵاوكردنەوەی دیوانی شیعری.
94- قەهار شێخانی- كۆڕی شیعر و مۆسیقا و بڵاوكردنەوەی كۆمەڵە شیعر.
95- ئازاد هیدایەت دەلۆ- ناساندن و بڵاوكردنەوەی ڕۆمانی (سەنگین).
96- دڵشاد تاقانە- بڵاوكردنەوەی كۆمەڵە شیعری (شیعردوێ).
یەكێتیی نووسەرانی كورد- لقی هەولێر
1-1-2026
نوسین لەپێناو جیهانە گەورەکە، کە خۆتیت.. ئیمان یادەوەر
مروڤ کاتێک (گەورە) دەبێت، کاتێک گەیشتە قۆناغێک کە بۆی گرینگ نەبوو ئەوەیتر چییە و ئەویتر لە کوێیایە؟ ئەوکاتە بە تەنها ڕێگەی خۆی و سەری خۆی دەگرێت و ڕێگەی جیاوازە. وە باکیشی نییە لەو ڕێگەیە کێ لە گەڵیەتی هەر بەتەنهاش دەڕوات، ڕێگەی ئەدەبیاتیش هەر وەکوو ڕێگەی عیرفانییەت وەهایە ڕێگەیەکی کۆمەڵگەرانییە و و تاککگەرایە. ئەوانەی ئێستا بەناوکەوتوون بەشێکیان ڕەنگە خاوەنی کتێبیش بن. بەشێکیان ئەو عوگدەیان وەک گرێیەکی دەروونی لە ناویاندا ماوە بۆ ئەوەی بیسەلمێنن بوونیان هەیەو شاعیرن دەبێت لە وەیتر باشتربن، یان لە شاعیری ناوچەکەی خۆی باشتر بێت.
بۆئەوەی بیسەلمێنێت کە هێشتا بەردەوامەو هێشتا دەنووسێت هێشتا باش ئەنووسێت. چونکە متمانەو بڕوای بەخۆی و نوسینەکانی نییە بەردەوام ئەچێتەوە بەردەم ئەم پێشبڕکێ و لیژنە و تاقیکردنەوەی بەرهەمەکانی تا پێی بڵێن بەڵێ تۆ شاعیریت، ئەمەیش لە ئوعدەی بچووکی ئینسانەوە دەست پێدەکات، وە بەداخەوە ڤیستیڤاڵەکانیش بەشێکی زۆریان سەرباری کۆمەڵێک (سوود) وەکوو ئەو دۆخە ئەدەبی و ژینگە ئاشنایەتییەی نوسەران و دەرخستنی دەنگی جیاوازو نوێ و سەرەتا بۆ ناساندنیان، زیان-ێکی زۆریشی گەیاندوە کە کوشتنی دەنگی جددیە کە دەکرا گەر ڤیستیڤاڵ و خەڵاتی ساختەو مەلملانێ و گروپگەرایی نەبایە ئینسان و نوسەری زۆر جوانیان لێ دەربچووبایە، ئەوانەشی ئێستا هەمیشە دوبارەو دوبارە بەشداری دەکەنەوە بێگومان لە ژێرناوی وەهمی کەسایەتی گەورەی خۆیان کە پێیانوایە کەسانی گەورەن، ڕەنگە تەنیا کۆمەڵێک خەڵکی سادە خوێنەر پەسەندیان بێت، ئەگینا لەبەر مەئنای کایە ڕەخنەیی و ئەدەبییەکە ئەسڵەن هەر ناوێکیشیان نییە و ئاوڕێکیشیان لێ نادرێتەوە.
هەر بۆیە هەست بەو کەمی و نەقسەدەکەن و هێشتا پێیان وایە دەبێت شتێک بکەن تا ببن بە ناو.
بەڵام لەڕاستیا هەر ڕێیەکیتر هەبێت لەڕاستیا ئەمە ڕێگا دروستەکە نییە.
هیوادارم هەموو ئەوانە ڕۆژێک ڕێگە ڕاستەقینەکەی خۆیان بدۆزنەوە، چونکە لەڕاستیا نووسین لەپێناو خودی خۆتایە، وە لەپێناو ئەو باوەڕەو ئەو ئاسوودەییەیە کە دەروونی خۆت درووستی دەکات، وە لەپێناو ئەو ململانێیەشدایە کە تۆ پێت وایە هیچ شتێکیتر یەکلایی ناکاتەوە، [نووسین] نەبێت.
وە دواجاریش هەموو مرۆڤێک لە نێو ناخی خۆیدا پێویستی بە ئەشقێکی گەورە هەیە کە بۆی بنوسێت، کە ئەم ئەشقەش دونیای دەرەوەو خوێندنەوەش دروستی ناکات لەڕاستیا، بەڵکوو پاکێتییەک درووستی دەکات کۆمەڵێک موفرەداتی پارچە بچوک بچوک دروستی دەکات کە لەکۆتایی ئەو مرۆڤە گەوەیە دروست دەکات پێوستی بە ڤیستڤاڵ و تاقیکاری دەقەکانی خۆی نییە و بەبێدەنگی سەرقاڵی پڕۆژە نوسین و خوێندنەوەو داهێنان و بەشەتایبەتەکانی ژیانی خۆی دەبێت.
نوسین جۆرێکە لە زادەی سرووشت تێتدا نەبوو دونیا دروستی ناکات، ئەو هەموو کێشە گەورەیە بەرۆکی مرۆڤی سەردەمی گرتووە، ئەوەندە گەورەن کە مرۆڤ ناپەرژێتە سەر ڕەگەزگەراییش ئیستاتیکا ئێسته لە ئازاردایە، بۆیە ئاوڕدانەوە لە کۆی مرۆڤایەتی ئاگایی تۆ و شیعریشت دەوڵەمەند دەکات.
ئەفسانەیەک هەیە دەڵێت: یەکەم ئەستێرە لە لێواری تەقینەوە دابوو خەمی دەخوارد کە نامێنێت بەڵام دواتر کە ورد بوو، بوو بە هەزارەها ئەستێرە، ئەمە بۆ شیعرو نوسینیش بەو شێوەیەیە بۆ ئەوەی گەورەییت بتەقێتەوە، هێزو پرسیارو زیندووی نوسینەکانت لەجانتای بێدەنگیدا بۆخۆی بێدەنگییەک دەبێت پڕ بە هاوارو قسەکردن.
ئەو هەموو ستۆری و پۆست و فەیسبووکچییەی بنووسان، دەلالەتن بۆ ڕازی نەبوون بەو شوێنەی تێیدان، بە ونبوونی ڕاستەقینەی جێگەکەیان، گەمەکردنە هەمیشە لەسەر پەتی جوڵاودا، قەرەبووکردنەوەیە بۆ بەتاڵی و لاوازی بەرهەم و دەقەکانیان. تۆ سەیری ئەو هەموو واعیزو بانگەشەکارە نابینیت؟ هەریەکەو هێڵێک ڕێگەی کێشاوە بەڕەنگێک و دەیەوێت سەرتاپای ڕێگەکانیتر بێتەوە سەرو بە جۆرێک هیچ ڕەنگێکیتر نەبینیت، نەچییەوە سەر ڕێگەیەک کە سەرەداوی ڕێگەکەی خۆی نییە… چەند ناشرینە مرۆڤ لە بەرزی ئیگۆو نائاگاییدا خۆی لێ ببێت بەهەموو شتێک تەنیا (خۆی نەبێت).
ڕۆشنبیری بە زۆربوو، مرۆڤ نزم و ناشرین ئەکات. ئەبێت خەون بێت پلان بێت پڕۆژە بێت، گەر وانەبوو دەبێت دایم بەدوای ئەوانیتردا شەققەی کۆمێنت و دەستخۆشیت بێت، هەرشتێک ڕەگێکی لەناخی خۆتا نەبێت لە ناخی ئەویتردا ناتوانێت گەشە بکات (گوڵ) بەبا ئەشنێتەوە بەڵام (خۆراک) هۆکاری گەشەی ئەو ڕەگەیە کە لە خاکدایە.
کاتێ بە تەمەنێک نوسین و چەند دیوانێکی چاپکراوەوە هێشتا هەڵپەی هەموو پێشبڕکێیەک دەکەی تا خۆ بخەیتەوە بەر چاوان، بە ئاشکرا ئەوە ئیسپات دەکەی کە هەموو ئەوەی کردووتە شیاوی بینین نییە! ڕەهەندی سایکۆلۆجی بۆ شاگەشکەبوونی بە وەرگرتنی خەڵات، هیچ نییە لە دەرخەری ئەو ڕاستییەی کە بۆشاییەکی قوڵی هەستکردن بە کەمی هەیە و دەتەوێ بە وردە دەستکەوت ئەم بۆشاییە پڕ بکەیتەوە، بەس خراپ ئەوەیە کە ئەمە خۆخەڵەتاندنە، چون هەمیشە ئەو بۆشاییە بەو هەڵپە و هەیەجانە گەورەتر و گەورەتر دەبێ..
بەڕێز ئەحمەد هەردی ڕەحمەتی دیوانێکی کەم و پوختی نزیک بە ٣٠ شیعری هەبوو، بەس چون بە ڕاستی وشە و واژەی هەڕاج نەکردبوو، کەس نییە کڵاوی ڕێز و شیعرییەت بۆ دیوانەکەی هەردی نەهێنێتە خوارەوە، کەچی خەڵک هەیە بنە فەردەیەک دیوانی نوسیووە و کەچی بە بەشداری پێشبکڕێکانی تازە شاعیران و بردنەوەی خەڵات دەیەوێ کڵاومان بکاتە سەر کە براوەی شیعرە!
ڕاستی بە نسبەت منەوە هەموو ئەم دۆخە بۆنی نا ئەمنی تاکەکەسی لێ دێت. وەک ئەوە وایە شاعیرەکەمان بڵێ: “هەی سەیرم بکەن، ئێوە بزانن کە لە بنەڕەتدا من شتە گەورەکەی داهاتووم، بەڵام بە جۆرێک، هێشتا خۆم باش دەزانم شیاوی بەزەییم!
ئەم نوسەرە گرگنانە چونکە هەمیشە لە ئەنجامی ئەو ئیگۆیە بەرزەو دروستکردنی ئەو وەهمە گەورەبونەی کەسایەتیان کاریان کردوە، وەک مەڕە گێژەیەک هەر سەریان لەنێو بوارەکەیان خۆیان چەقاندوەو چەقاندوە ناتوانن تۆزێک سەربەرزبکەنەوە مەعریفەی گشتی ببینن، یەکێک لە (وانەکانی فرۆید بۆ ژیان) لە وەرگێڕانی. وەلید عومەر ئەوەیە( چۆن مرۆڤ لەپێناو گەیشتن بە سەلامەتی دەرونی بێگومان دەبێت گەشە بەتموحی ئەفراندنێکی زیاتر لەخۆیدا بدات. بەڵام بەهەمان شێوە دەبێت ئەو واقیعەش قەبوڵبکات کە هەرچەندە تابلۆکانی، شیعرەکانی، داڕشتەی موزیکەکانی، یان تاقیکردنەوە زانستییەکانی، باڵاو درەوشاوەبن، هەرچەندە دەموچاوی جوانبێت و لە مانگ بچێت، هەرچەندە جزدانەکەی پڕتر بێت …تد ئەوا هەمیشە کەسێک هەیە و لە ئێمە زیاتری هەیە. فرۆید تێگەیشت کاتێک مرۆڤ بەر نوسەرە مەزنەکانی وەک (ڕوودیارد)و(کیپلینگ)و(مارتن تواین)و(ئەمین زۆلا) … دەکەوێت بییەوێت یان نا، لەبەرانبەر گەورەییاندا هەست بە بچوکی دەکات. بەدەر لەوەش دەبێت ئەو هەقیقەتە پشتڕاست بکەینەوە که تەنانەت لە ولیام شکسپیریش باشتر بنووسین، یان لە داڤینچی جوانتر وێنە بکێشین … دیسان جگە لە کۆمەڵێک بونەوەری ڕاگوزەرو فانی، هیچیتر نیین، کۆمەڵێک گەردوغوبار لە پانتایی کاکێشانێکدا کەسات بەسات دەکشێت.
کۆپەرنیکۆس و داروین و بەتایبەتیش فرۆید، دەتوانن یارمەتیمان بدەن تا بەسەر غروری نابەجێ و خۆ بە(خوا) زانینی خۆماندا زاڵ بین. یارمەتیماندەدەن بێ بایەخی و ناچیزبوونی خۆمان بەرامبەر جیهان قەبووڵ بکەین، بەم کارەش دەرفەتمان بۆ دەلوێت لە ژیاندا زیاتر چێژ لە خاکی بوون وەربگرین. بیر لە بەکامگەیشتنی واقیعانەتر بکەینەوە و دەرهەق بە ناکامبوونەکانی خۆمان توشی وەهم و وڕێنە نەیەین.
ئیمان یادەوەر
دومکەون.. شیعری کەنعان مدحەت
پەلوپۆ تەشەنە پێکراوەکانی زنجیرە
پێچراوەکەی وە پێم
گیرۆدەی ئەو ترسەن
کە من لەمەر سەنگ پاراستن
لە مێژە لە خۆمم
تەکاندووە و
چوون چڵک و چەوری پێستی دەست
دەڕوانمە ستەم و ئاکارە
نازیەکانی..
ئەمانە هەر هەمان ئەو سوارانەن
بە ئەسپ و حوشتر دەیاندایە سەر تەڕ و وشکا
ئێستا بە تەکنەلۆجیای پێشکەوتوتر و
شێوە خوێنمژینی تێکەڵ
لە مەزهەبی و
میللی و
خوارزمیی..
لە دەرگایەکەوە بۆ دەرگایە
لە سەنگەرێکەوە بۆ سەنگەرێ..
بۆیە لەو سەری کەلاوە و جێ کارەوە
بە نیازی لاسایی کاوە
پێشدەکەوم
شان ئەخەمە ژێر بارەوە
دومکەون
دو
بەشێک لە فراگمێنتە شیعرییەکان.. یونس تانج
کێ دەزانێ..
من چیم دیووە،
شەیتانم..
بەسەر منارەی پێغەمبەرانەوە..
بینیووە.
گۆشتی گورگم..
لە مەنجەڵی مەڕەکاندا..
بەرچاو کەوتووە.
ئاوم دیووە..
لە ئاگردا..
مەلەی کردووە.
برینم دیووە،
لە دەرماندا..
زامدار بووە.
..
حەزدەکەم
زەنگ لێنەدا،
مەرگی ناو پۆلێک..
باوەشی قوتابییەکانمم
بۆ واڵاکات.
..
دەزانم
بێهودەتر..
نیە،
لە بینینەوەی..
ستالین.
لە بەهەشت.
..
ھێندە نامێنمەوە ،
ھەر ھێندەی دەركردنی غە ریبەیەك..
ھەر ھێندەی سەربـڕینی كـۆتـرێـك.
..
ئەم جارەیان..
پەنجەرەکان دادەخەم و
گلەییی..
لە ڕەشەبا ناکەم.
..
لە دەمی خەیاڵێک
ترازام.
لە لێوانی دڵخۆشییەک
کەوتمەخوار.
بەسەر تەرمی پۆلێک،
قازیلە کێویدا کەوتم..
ساچمەزەنیی چاوتەنگی..
کۆچکوژی کردبوون.
..
هیچ ژەنەڕاڵێک،
بۆ باخێک هەناری گەنیوو..
هێز ناجوڵێنێت.
..
بەستەڵەک و
گەرمیانی..
دڵی تۆ،
تەمەنێکی،
بە با برد.
- بە بیرم نیە ڕێک کەینێ ئەو فراگمێنتانە نوسراون.
کتێب\ سۆرانی مامەحەمە.. رۆژنامەنووسی راپۆرتە خوێناوێکان
کوللەی خۆماڵی.. کەنعان مدحەت
لە خەلە و خەرمانێ دەچم
کوللەی خۆماڵی لە شاڵاو هێنەر
زیاتر
تێم بەربووبێ
ئەمە درمە
یا شەڕفرۆشی ڕیشەیی
حەسرەت بە وردە هاڕاوی
دەمی مەکینەی هاڕین بخوازم؟
ئەڵێی تاوە بارانی بەهارە
لە پڕ و بە پەلە
بە پێپلکەی سەرەولێژما
شاڵاو دێنێ و
وادەزانی منی هەمو
ئێمەی ژەنگی پاشەکەوت و
بڕینی دو و سێ مانگەی هەرس کردوو
تەنیای دەست بە یەخەوەیم
بەرەو سیلەى هەموو ڕووگەکان.. ئاوات محەمەد ئەمین
لەبارەى ئەزموونى شیعریی (نەژاد عەزیز سورمێ) وە..
بەرایی
دەیەى هەشتاکانى سەدەى رابردوو هەڵگرى چەند خەسڵەتێکى تایبەت بوو پەیوەست بە شیعرى نوێى کوردییەوە(بەجیاوازى ناو وناونیشانەوە) چ لەڕووى ئینتیما بۆ رەوتێکى ئەدەبى جیاواز وچ لەڕووى قۆناغبەندىیەوە. لەگەڵ ئاوابوونى خۆرى (روانگە) لە کۆتایی دەیەى حەفتاکاندا، کە چەقى چالاکی وبرەوى کەوتبووەوە شارى سلێمانییەوە، هەولێر وەك شارێکى زیندوو و دەبێتە درێژەپێدەر و مەڵبەندى بوژاندنەوەى شیعر ونوێگەرى. بە بۆچوونى من دوو هۆکار لەپشت ئەو ئاڵوگۆڕ یا جێگۆڕکێیەوە بوون، یەکەمیان لەو فەزا ئەدەبییە تا رادەیەك سەربەخۆیەدا دەردەکەوت کە نووسەر وئەدیبى ئەو شارە خۆیان تیا نمایش دەکرد و دووەمیشیان ئەو هەلومەرجە سیاسى و ئابوورییەى لەدواى نسکۆى ساڵى ١٩٧٥هوە هاتەپێش کە لەو ساڵانەدا، بزاوتى هونەرى وئەدەبى روو لە گەشەکردن بوو پێ بەپێ لەگەڵ دەرچوونى چەندین گۆڤارو رۆژنامەى ئەدەبى و هونەرى و بەچاپ گەیاندن وبڵاوکردنەوەى بەرهەمێکى زۆرى ئەدەبى.
ئەگەرچى دەیەى هەشتاکان پڕ کارەساترین وئاڵۆزترین ساڵانێك بوو لە مێژووى هاوچەرخى سیاسیماندا، لە هەمان کاتدا درەوشاوەترین سەردەمى دەرکەوتن وداهێنان بوو لەبوارە جیاجیاکانى بەرهەمى ئەدەبی و هونەریدا بەتایبەتى شیعر و چیرۆک و شانۆ. لەو ماوەیەدا و هەر لە شارى هەولێر، دوو رەوتى ئەدەبى دەرکەوتن، یەکەمیا بەناوى پێشەنگییەکان (طليعي) بە رابەرایەتى مەحمود زامدار و نووسەرانى وەک جەلال بەرزنجى وکەریم دەشتى وهاشم سەراج وسەلاح عومەر و محەمەد باوەکر و ئیسماعیل بەرزنجى و چەندانى تر. رەوتى دووەمیشیان لەژێر ناوى (رۆمانسی)یەکان بوو کە هەریە ك لە سەڵاح شوان ونەوزاد رفعەت و سەعدوڵا پەرۆش و چەندانى ترى لەخۆ گرتبوو.
لەم نێوەندەدا، شاعیرانى وەک نەژاد عەزیز سورمێ و عەباس عەبدوڵا یوسف و ئەنوەر مەسیفى لە دەرەوەى رەوت و دەستەگەرییانەدا وەك دەنگى ئازاد وسەربەخۆ درێژەیان بە چالاکى ئەدەبى و نووسین دا. ئهگەرچى ئەنوەر مەسیفى هەوڵى دا ستایلێکى تایبەت بە خۆى لە شیعردا بخاتەڕوو، بەتایبەتى لەدواى هەردوو کۆمەڵە شیعرى (خۆرباران) لەژێر ناوى (فۆرمى گران) ودواتریش تێکشاندنى بونیادى رێزمان، بەڵام ئەوە تەنیا لە چێوارچێوەى هەوڵێکدا مایەوە.
سەبارەت بە نەژاد عەزیز سورمێ، کە لە ناوەڕاستى حەفتاکانەوە زیاتر دەستى بە بڵاوکردنەوەى شیعر وبەرهەمى ئەدەبى کردووە، دەتوانم بڵێم؛ ئەگەر نەیتوانى بێت رچکەشکێنى یاخود تازەگەرییەك لە دونیاى شیعرى نەوەى خۆیدا بکات، بەڵام وەک ئەزموونێکى شیعریی بەردەوام بووە و لە فۆرم وستایلێکى جێگیر و باودا نەماوەتەوە. نەژاد لە پرۆسەیەکى بەردەوامى تازەگەریدا بووە لە روئیا ودونیابینى خۆیدا و سەرکەوتووانە لە شیعرەکانیدا تەوزیفى کردوون لەسەر هەموو ئاستەکان وەک فۆرم وزمان وئیستاتیك و مانا.
ئەم نووسینەى من هەوڵێکە بۆ ناساندن وخوێندنەوەیەکى گشتییە بۆ ئەزموونى شیعریى نەژاد لەدوو توێى کۆبەرهەمە شیعرییەکەى (بەو رێیانەدا تێپەڕیم) کە لە ساڵى ٢٠٢٣ لەلایەن (دەزگاى فام)ـەوە چاپکراوە.
سەرەتاى ئاشنایەتیم لەگەڵ شیعرى نەژاددا
تا ساڵى یەکەمى خوێندنى زانکۆم کە هێشتا لە تەمەنى هەژدە ساڵیدا بووم، كةمتر تامەزرۆى شیعرى نوێ بووم وزیاتر هەڵوەداى شیعرى کلاسیکى کوردى بووم ئەگەرچى هەندێك شاعیرى نوێخوازى عەرەبم لا پەسەندبوون وەک سەیاب ونازك الملائکة وحسین مردان ومحمود درویش. تا ئەو ساڵە جگە لە کۆمەڵە شیعرێکى شێرکۆ بێکەس بەناوى (من تینوێتیم بەگڕ دەشکێ) و کۆمەڵە شیعرى (خواو شارە بچکۆلەکەمان)ى لەتیف هەڵمەت و(شەونامەى شاعیرێکى تینوو)ى عەبدوڵا پەشێو هیچ کتێبێکى لەو چەشنەم نەبوو.
هێشتا قوتابى خوێندنى ئامادەیی بووم، لە کتێبخانەیەکى شار چاوم بە کتێبێکى هۆنراوەى قەبارە بچووك کەوت بەناوى (ئەو شەوانەى خەوم نایێ) ی نەژاد عەزیز سورمێ. جگە لەوەى ناونیشانەکە سەرنجى راکێشام، نرخەکەشى لە تواناى گیرفانى مندا بوو، بۆیە دانەیەکم لێ کڕى. لەوێوە بۆ یەکەم جار ناوى نەژادم بیست. ئەو کۆمەڵە شیعرە نزیکەى بیست دەقى لەخۆگرتبوو کە زۆربەیان کورت بوون، بەڵام بەگشتى لە تەوەرى خۆشەویستى وئازارى غەریبى وخەمى نیشتماندا بوون. دیوێکى ترى ئەو کۆمەڵە شیعرە کە جێى سەرنجم بوو بریتى بوو لەو هەموو شوێنەى هۆنراوەکانی تیا نووسرابوون لە ماوەى تەنیا سێ ساڵدا (١٩٧٣-١٩٧٦) کە لە کوردستانى باشوورەوە (هەولێر، گەڵاڵە) دەپەڕێتەوە بۆ ئەودیوى سنوور (زێوە و مەرگەوەڕ و رەشت) تا لە باشوورى عیراق دەگیرسێتەوە لەشارەکانى نەجەف وکەربەلا و دواتریش بەغدا.
ئەم جێگۆڕکێیە لەشوێندا دەرەنجامى گەشت وسەفەر نەبووە بەڵکو لەژێر زەبرى رۆژگار و پەیوەستبوونى شاعیرەوە بووە بە شۆڕش وخەبات بۆ ئازادى تا لە کۆتاییدا وە ك هەزاران کوردى دواى نسکۆى ١٩٧٥ بۆ شارەکانى باشوورى عیراق دوور دەخرێتەوە لەکاتێکا هێشتا لە هەڕەتى لاویدا بووە. بۆیە لەڕووى دەلالەتى زەمەنییەوە شیعرەکان ناوەڕۆکى رەنگدانەوەى رووداوەکانى ئەو چەند ساڵە سەختەى ژیانى شاعیرن. ئەو دەقانەى لە ئاوارەیی و تاراوگەدا نووسراون لێوانلێون لە تاسەى دوورى وژانى غەریبى وتەنیایی لەکاتێکا زۆربەى ئەو دەقانەى لە باوەشى سرووشتى کوردستان وزێد وشارى خۆیدا نووسیویەتى رەنگڕێژن بە رۆمانسییەت وعەشق وجوانى. ئەگەرچى زۆربەى هۆنراوەکان لەڕووى فۆرم وداڕشتنەوە سادە وبێ گرێن، بەڵام بۆ کەسێك لە بوارى لێکۆڵینەوەى ئەدەبیدا بنووسێت پێویستە وەك سەرەتایەك بۆ ئەزموونى بەردەوامى شاعیر بۆ نیوە سەدەى دواتر و تا ئەمڕۆ سوودییان لێ ببینێت.
هەروە ك چۆن لە کۆمەڵە شیعرى دووەمیدا (تاڤگەى مەند – ١٩٨٧) بەڕوونى گۆڕانێکى بەرچاو دەبینرێت لە ئاستى هونەرى شیعریی و زمان وداڕشتن وبابەتەکاندا. ئەم خۆنوێکردنەوە وئەزموونگەرییە لە شیعرى نەژاد لە کۆمەڵە شیعرى (بەو رێیانەدا تێپەڕیم….لەو کانییانەم خوارەدەوە- ٢٠١٠) دەگاتە ئاستێك لە تواناى دەربڕین و قووڵى زمان وشارەزایی لە هونەرەکانى شیعر وئیستاتیك کە دەتوانم بڵێم لەوێوە نەژاد لەسەر ستایلێکى تایبەت بەخۆى دەگیرسێتەوە.
ئاشنایەتیم لەگەڵ شاعیردا
ئەو دەمەى من لە بەشى ئینگلیزى کۆلێژى ئەدەبیاتى زانکۆى بەغدا (١٩٨٠-١٩٨٤) دەمخوێند، نەژاد دواى دابڕانێکى زۆر لە هەمان کۆلێژ لە بەشى شوێنەوارناسى وەرگیرابوو. بەڕاستى بۆ من مایەى خۆشى بوو کە لە نزیکەوە ئەو شاعیرە بناسم کە پێش دوو سێ ساڵ کۆمەڵە شیعرییەکەیم خوێندبووەوە وتاڕادەیەك پێى سەرسام بووم. ئەو بەتەمەن لە من گەورەترە، بەڵام لە مامەڵەکردنى لەتەکەمدا قەت هەستم بەو جیاوازییە نەدەکرد چونکە ئەوەى کۆى دەکردینەوە دونیاى شیعر وئەدەب وکۆمەڵێك خەون وخەمى هاوبەش بوو. زۆرجار بەدەنگى خۆى دەقە شیعرییەکانى خۆى بۆ دەخوێندمەوە، دەنگێکى کەمێك گڕ بەڵام تۆنێکى نزم بەشێوەیەك وام هەست دەکرد وشە ودێرەکان لەگەڵ دووکەڵى جگەرەکەیدا لە سییەکانییەوە دەردەچن.
ئەڵبەت رەوتى ژیانى هەر کەسێك بەچەندین قۆناغ و پلە وپۆست وبەرزى و نزمیدا دەروات، بەڵام لە کۆتاییدا هەر کەس بەیەك وشە پێناسەدەکرێت، بەنیسبەت نەژادەوە ئەو لە کۆتاییدا هەر بە شاعیرى دەمێنێتەوە، چونکە وەك جەیمس جۆیس دەڵێت “….ئەو خۆى بۆ هونەرە باڵاکان تەرخان کرد”.
نەژاد لە هونەرى کۆلاژدا خاوەن بەهرە وسەلیقەیەکى جوانە. چەندین پێشانگاى لەوبوارەدا کردووەتەوە کە خۆم یەکێکیانم بینى بەناونیشانى (پاییزی چاوەکان) کە دواتر لە نامیلکەیەکدا چاپى کرد.
هەروەها لە بوارى وەرگێڕانى ئەدەبى و هونەریدا خاوەن قەڵەمێکى بەبڕشتە و چەندین بەرهەمى بەچاپ گەیاندووە کە بەلاى منەوە کتێبى (سەرەتایەک بۆ تێگەیشتنى هونەرى شێوهكاری) یەکێکە لە بەرهەمە ناوازەکان لە بوارى ئەو هونەرەدا.
کەسێکى هێمن، رێکپۆش وخوێنەوارێکى باش بە رادەى وەرگێڕانى چەندین دەق وبەرهەمى ئەدەبى لە هەردوو زمانى فارسى وعەرەبییەوە بۆ کوردى. هاوڕێیەتییەکى بەردەوام و دانەبڕاو کە رایەڵەکەى بریتییە لە باسى شیعر و کۆمەڵێك هیوا وخەمى هاوبەش. لەم رووەوە ئەو مافە بەخۆم ئەدەم کە بەپێى ئەو ئاشنایەتى وشارەزاییەى لەگەڵ نەژاد و بەرهەمە ئەدەبى وهونەرییەکانى هەمە (بەتایبەتى شیعر) قسە لەسەر ئەزموونى شیعریی ئەو بکەم.
رەهەند و مەوداکانى زمان لە شیعرى نەژاد دا
زمان وەک بونیادى سەرەکى لە پێکهاتەى دەقدا هەڵگرى چەندین رەهەند و مەودایە کە ناکرێت تەنیا لە داڕشتنى شێوەدا کورت بکرێتەوە هەروەك فۆرمگەراکان لە چوارچێوەى پەیوەندىیە ناوخۆییەکانى نێوان وشە و ئاماژە و ئاماژەپێکراو (الدال والمدلول) و وێنە شیعرییەکاندا پێناسەى دەکەن، بەڵکو دەپەڕێتەوە بۆ رەهەندى دوورتر و قووڵتر چ لەسەر ئاستى بونیادى سەرخانى دەق وچ لەسەر ئاستى ژێرخانى دەق کە لە مانا و دەلالەتە شاراوەکانى وشەدا دەردەکەون پەیوەست بە ئەندێشە وبیروەرى و یادگەى نووسەرەوە، بۆ نموونە رەهەندە دەلالییەکانى وشەى (لم) لاى کوێستانییەك هەمان ئەو دەلالەتە نییە کە لاى کەسێکى بیابانشین هەیە.
زمانى شیعریى نەژاد
لەتەک زمانى دایکەوە وەک ماکى بیرکردنەوە و ئاخاوتن، زمانێکى ترى تایبەت بە خود گەشە دەکات. زمانێک پێ بەپێى ئاستى هۆشیارى و زانین و تێرامان لەسەر هەردوو ئاستى ستوونى و ئاسۆیی گەشە دەکات. مەبەست لە ئاسۆیی شارەزاییە لە شێوەزار و ئاخاوتنە جیاجیاکانى زمانێکى دیاریکراو لەکاتێکا گەشەى ستوونى قووڵبونەوە و تایبەتمەندییە لە زمان وشێوەزارێکى تایبەتدا. بۆیە کە باس دێتەسەر نووسین بە کوردى، بەتایبەتى لە بوارى شیعردا، پرسەکە لەوێدا تەواو نابێت کە تا چەند پابەندبوون بە رێنووس و رێزمان و پاراوییەوە رەچاوکراوە، بەڵکو کۆمەڵێک رەگەزى تر هەن کە پەیوەندییان بە خودى بەرهەمهێنەرى دەقەوە هەیە وەک بەشێکى دیار لە ناساندن وشوناسى ئەو دەردەکەون، لەوانە میتافۆر و سیحرى وشە ومۆسیقاى ناوەکى و هارمۆنى لە دەنگ وشێوەىدا لە چوارچێوەى کۆنتێکستدا.
یەکێک لە خەسڵەتە دیارەکانى زمانى شیعرى نەژاد ئەو شارەزاییە فراوانەیە کە لە زمانى کوردیدا هەیەتى، ئەو دەسەڵاتە زمانەوانییەیە کە لە دەقەکانیدا رەنگ دەداتەوە. زمانێک کە رەگى لە رۆحى مێژوو و کلتوورى کوردەواریدا رۆچووە و بەپانتایی مەوداکانى دەربڕیندا ئازادانە دێت ودەچێت. لە زمانى ستانداردەوە تا وشە وزاراوە لۆکاڵییەکانى باڵەکایەتى تا موکریان وکرمانجی. لەهەمان کاتدا شارەزایی ئەو لە زمانەکانى عەرەبى وفارسى، فەرهەنگى وشەدانى ئەوى زیاتر دەوڵەمەند کردووە و لە زۆر جێگەى دەقەکانیدا بەجوانى نمایشى کردووە.
جێگۆڕکێى وشە لە خولگەکانى دەربڕیندا
ئاشکرایە کە هەر وشە و زاراوەیەک لەڕووى پۆلێنبەندییەوە دەچێتە فەرهەنگێکى تایبەتەوە، نموونەى فەرهەنگى سیاسى وراگەیاندن، زانست وتەکنەلۆجیا، مێژوو وئاسەوار…..هتد. بەو مانایەى هەر وشە وزاراوەیەک لە خولگەیەکى زماندایە (مدارات الکلمة). ئەوەى لە دەقە شیعرییەکانى نەژاددا دەبینرێت، بەکارهێنانێکى ئازادانەى وشەیە بەپێى ئەو جێگە وخولگەیەى بە حوکمى دەق بۆى دیاری دەکات. بۆ نموونە چۆن زاراوەیەکى دیپلۆماسى یا سەربازى لە خولگەیەکى شیعرییدا جێگیر دەکات ولە کۆنتێکستى دەقدا وێنەیەکى شیعریی جوانیان پێ درووست دەکات، نموونەى ئەم کۆپلە ودێڕانەى لاى خوارەوە؛
ناونیشانى یەکێک لە شیعرەکانى ناو کۆبەرهەمەکەى بریتییە لە (دەست لەکارکێشانەوەى ئەستێران) و لە کۆپلەیەکیدا دەڵێت:
ئەو ژنە حسابێک بۆ کەس ناکا
نە بۆ هێزى هاوپەیمانان،
نە ئەنجومەنى حوکم….
بە نیلۆفەرى چاوى
هەموو هۆیەکانى ژیانى لە شار بڕیوە…
ئەستێرەى لە ئاسمان خانەگومان کردووە
دەستى پێ لە کار کێشاونەتەوە…..
(کۆبەرهەم – ل ١٤٣)
تێبینى ئەکەین کە چەندین زاراوەى لە فەرهەنگى دیپلۆماسى و راگەیاندنەوە هێناوە و لە سیاقى رستەى شیعریدا ماناى نوێى پێ بەخشیون و تێکەڵ بە نەزم و وئیقاعى میوزیکى دەقەکەى کردووە. ئەڵبەت زۆر نموونەى ترى لەو جۆرە لە کۆبەرهەمەکەدا هەیە کە خوێنەر دەتوانێت بە ئاسانى دەرکیان پێ بکات.
بەکارهێنانە جیاواز و شاراوەکانى راناو
ئەوەى لە (من)ى نەژاددا دێتەگۆ دەنگى رۆحێکى سەراسیمە وسەرگەشتەیە، حزوورێکى نیگەرانە یا دەنگدانەوەى زەمەنێکى سەختە لە مێژووى شەخسییدا. لە هەندێک جێدا، جۆرێک لە دابران و دووانەکى لە گوتارى شاعیردا دەبینین، کاتێک خودێکى نادیار موخاتەبەى نەژاد دەکات بەشێوەیەک نازانین کامیان دەنگى شاعیرەکەیە.
نەژاد! خود لە بارێکدا نییە
رەهایی دەربڕێ….
ئیتر نەما،
دیدار ئاخر بوون، جێی سەرنج بێ….
بەسەرچوون
ئەو رۆژگارەى ماسک و رووبەند
هەر لە دوورڕا دەردەکەوتن.
(کۆبەرهەم- ل ١٧٠)
لە دەقێکى تردا دەڵێت؛
نەژاد سەیرکە!
دەفژەن
بە چ روانین وجیهانبینییەک
لە مەوداى کەشف و یەقیندا گیرساوەنهتەوە،
کە لە من و تۆ ونە!
(کۆبەرهەم- ل ١٨٤)
بەهەمان شێوە سەبارەت بە راناوى کەسى یەکەمى کۆ (ئێمە) کاتێک وەک دەنگى قسەکەرى سەرەکى نێو دەق دەردەکەوێت، لە یەک کاتدا زمانى ویژدانى دەستەجەمعى ودەربڕى ئینتیمایەکى قووڵى شاعیرە بۆ کۆمەڵەکەى. دەتوانم بڵێم لە زۆربەى ئەو دەقانەدا خەمێکى جڤاکى یا کۆجیتۆیەکى رەگ داکوتاو لە مێژووى کارەستبارى گەلێکدا هەست پێدەکەین. جۆرێک نیگەرانى و وێنەیەک لە بێهیوایی لە زۆربەى ئەو دەقانەدا بەدى دەکرێن کە تیایاندا بە زمانى کەسى یەکەمى کۆ دەنووسێت.
لە دەقى (چەند کۆتەڵێکى جەنازەیی) دا هاتووە؛
هەر چیمان کرد
بەشى ئارەزووى
شازادە تەنپەروەرەکانى نەکرد.
هەرچیمان کرد بۆ (سبەى)
(ئەمڕۆ) لەسەر شەقامە خوارەکانى سەدەى بیستەم
وەک چۆلەکەیەکى سڕ یارى پێدەکەن….
وەرە با پەیمانێک لەگەڵ ئەشکەوتە کوێرەکان مۆر بکەین
وەرە با لە کۆتەڵى بێ تاراى ئەبەدییەتدا بنووین.
(کۆبەرهەم- ل ٩٩)
دەقى (ئەوەى لە دواخوانى برایاندا نەگوترابوو) کە لە ٢١ پارچە شیعر پێکهاتووە زیاتر لە هەر دەقیکى تر سەرنجى راکێشام بەتایبەتى لەڕووى زمانى دەربڕین وئاخاوتنى دەق و بەکارهێنانى راناوەوە. هەروەها لەڕووى بونیاد یا داڕشتنەوە، کارى لەسەر کەرتکردنى رستە کردووە (تقطيع الجملة) لە کۆپلەى سەرەتاى هەر پارچە شیعرێکدا ئەوەش وەک هێمایەک بۆ هەڵبزرکاوى خەون ئاساى دیمەن ورستەکان.
/ بە/ دڵى/ بەدمەستم/گوت:/
/کە/ لە/ ئاهەنگى/ مەعشووقدا/ دەفڕى
/رووناهى/
/ هەمووى/ لە/ تۆدا/ هەڵدەبێ/
/ لێ/گەڕێ/ جێیەکمان/ لە/ کونجێکى/
/ خەراباتا/ بەرکەوێ./
(کۆبەرهەم- ل ٣٠٨)
لەم دەقەدا دەتوانم بڵێم کە زۆربەى راناوەکانى بەکارهێناوە. سەرەتا بەزمانى خودەوە وەک قسەکەر دەدوێت و روو لە (تۆ) دەکات، پاشان دەپەڕێتەوە بۆ کەسى یەکەمى کۆ و جارێکى تر خودى قسەکەر دەدوێت. دەقێک باس لە سرووتەکانى عەشق و ترس و نیگەرانییەکانى سەردەم دەکات. هەستێکى بێگەردى مرۆڤدۆستى، حەسرەتێکى قووڵ بۆ رۆژگارێکى لەدەست چوو.
لە دونیاى فانى ئێمەدا،
چەند هاتن، چەند چوون
تامى عەشقیان نەکرد…
چەند فرمێسک
لەڕێی مەیخانەدا رژان..
چەند بەژنى تاریک،
بە باڵاى نووردا بڕان..
تۆ وەرە گەورەم!
بڕوانە شارى عاشقان
بە بێى تۆ
چەند چۆل و وێرانە.
(کۆبەرهەم- ل ٣١٥)
جوانى لە وێنەى پارادۆکسدا
بەدەر لە بنەما جێگیر و بۆماوەییەکانى رێبازى کلاسیک کە لایەنە ئیستاتیکییەکانى شیعریان لەژێر ناونیشانى بەلاغە یا رەوانبێژیدا کۆکردووەتەوە، نەژاد وێنەیەکى زەینیمان بۆ دەکێشێت کە جوانى لە پەرادۆکسى پێناسەى شتەکاندا دەردەخات، بۆ نموونە لەکاتێکا دۆزەخ لە سزاى گوناهەکاندایە بەڵام دەرخستنى گوناهەکان بەشێوەیەکى جوان لەبەر رووناکى ئاگردا وەزیفەى دۆزەخ پەک دەخات؛ بەهەمان شێوە بۆ چەمکى بەهەشت کاتێ لەبەر تاریكیدا پاکیزەیی حەشاردەدات؛
تۆ لە یەک کاتدا نهێنى چۆلپەرستى و
دڵڕەقى شارستانییەتی..
تۆ..
چراى بەر ئاستانەى پەرستگاى
هەردەمەو لە دەستى کاهینێکداى
تۆ رووناکى دۆزەخى
گوناهەکان جوانتر دەردەخەى..
تۆ تاریکایی بەهەشتى
پاکیزەیی و باشییەکان حەشار ئەدەى….
(کۆبەرهەم – ل ٩٧)
(شوێن) لە نێوان ئینتیما و نامۆییدا
چەمکى شوێن، بەهەردوو مانا و رەهەندى گشتى وتایبەتییەوە، لە زۆربەى دەقەکاندا وەک هەڵگرى چەندین ئاماژە و هێما دەردەکەون. مامەڵەکردن لەگەڵ شوێن لاى نەژاد لە سرووشتەوە دەستپیدەکات لە روانینێکى رۆمانتیكی شاعیرانەوە تا سەرلەنوێ پێناسەکردنى دیمەن ودیاردەکان، لە گوێسوانەى دیوارێکى گڵەوە بۆ نیشتمانێکى هەڵکێشراو لە قەیران ومەترسى بەردەوام تا دەگاتە جیهانى جەنجاڵ و بێ ئامانى سیستمى وەحشیگەرایی و دەسەڵاتى سایبەر و زیرەکى دەستکرد.
سەرەتا لە دەقى (ئاواییە خەمبارەکەم) ـەوە دەست پێدەکات وەك بچووکترین سنوورى ژیانى بەکۆمەڵ کە تیایدا هەستى غەریبى ودەلالەتى کارەساتبارى ئەو شوێنە دەردەخات کە زێدى خۆیەتى، ئەڵبەت ئەم شیعرە لە شارى نەجەف نووسراوە ئەو دەمەى وەك دوورخراوەیەك لەوێ دەژیا؛
ئەى ئاواییە خەمبارەکەم!
من غەریب نیم؟
یا تۆ نەفرەت لە غەریب دەکەى؟!!
من عاشق نیم؟
یا تۆ عاشق لە باوەشى خۆت ناگری؟
من چۆلەکەى باڵکراو نیم؟
یا هێلانەى ژێر سواندەى مزگەوتەکەت
پەڕەندەى بێ باڵ داڵدە نادا؟
ئاواییە خەمبارەکەم؟!
(کۆ بەرهەم – ل ١٣)
پاشان شار دەبێتە رووگەى ئەندێشە وسەرلەنوێ داڕشتنەوەى ئەفسانەى نامۆیی کاتێک جیاوازییەکانى نێوان دوو زەمەن کاڵ دەبنەوە. زەمەنى ژێردەستى وترس وقڕکردن و زەمەنى ئازادى وبانگەشەى ئاوەدانى.
لە نووسینەوەى مێژووى شاردا
هەمیشە گەڕەکەکانى مەرگ
کووچە وکۆڵانەکانى لەبیردەکرێن و
نایەنەوە بەرچاو..
ئەدى (خۆر)تان چى لێکرد؟
کە بە ڕووتى
وەک شێتێکى راوەدوونراو
بەناو شاردا را دەکا؟
(کۆبەرهەم – ل ٢٢٦)
وێناکردنى نیشتمان لە دەقە شیعرییەکانى نەژاددا رەهەندێکى وجودى هەیە، بەو مانایەى وەک بەشێکى دانەبڕاو وزیندوو لە بوونى خود وێنەى دەکات. لە کاتێدا زێد وسەرچاوەى مانەوە وبەردەوامى ژیانە لە هەمان کاتدا لە چەندین وێنەى زەینى ومەجازیدا دەردەکەوێت جارێک وەک دایکێکى بەسۆز وجارێک وەک خۆشەویستێک وهەندیک جاریش رەهەندێکى ئەفسانەیی پێ دەبەخشێت کە مەوداکانى بە پانتایی مێژوو و جوگرافیایەکدا دەکشێن لە کۆێستانە دوورەکانى باکوورەوە تا پێدەشتەکانى ئوور لە باشوور. یاخود ئەو دەمەى نیشتمان دەبێتە بەشێک لە برینێکى کۆن لە رۆحى شاعیردا بەڵام بۆ نیشنتنەوەى ئازارەکانى هەر رووى تێدەکات.
ئاى نیشتمان
وتى شاراوە
هەکەوتەى دیوارى لەرزۆک و
بڵێسەى کوژاوە…
ئاى نیشتمان
نەغمەى گۆشەگیرى
رووبارى لە هاژە کەوتوو
باڵات سێبەرى پێوە نەماوە
لێم گەڕێ لە حەرەمى نهێنییەکانت
سەرخەوێ بشکێنم…
(کۆبەرهەم- ل ٤٣٣)
ئەوەى تێبینیم کردبێت لە زۆربەى دەقەکانى دواى ساڵى ٢٠٠٣وە، پێ بەپێ لەگەڵ رووداوە گەورە و وکاریگەرەکانى قۆناغى دواى رووخانى دیکتاتۆرییەت لە عیراق و ئاڵوگۆڕە خێراکان لەسەر ئاستى جیهان بەگشتى، بەتایبەتى ئەوەى پەیوەندى بە شێوازى ژیان وبیرکرنەوە و ئایندەى مرۆڤەکانەوە هەیە، دونیابینى نەژادیش دەچێتە بازنەیەکى فراوانتر ودیدگایەکى دوور مەوداوە. سیما دیارەکانى ئەو دونیابینییە لە دەقە شیعرییەکانیدا لەو نیگەرانییە قووڵ وپرسیارە بێ وەڵامەکانیدا دەردەکەون بەزمانێک کە هەڵگرى چەندین وشە و زاراوە و دەستەواژەى جیهانى ئەمڕۆى تەکنەلۆجیا و نەزمى بەناو نوێی جیهانن بۆ گوزراشتکردن لە تراژیدیا بەردەوامەکانى کۆمەڵگەى مرۆیی.
ئێمەى ئادەمزاد،
چ دەکەین لێرە
لەسەر ئەم زەمینە،
کە هەر دڕکى تیا دەناسین؟
لەژێر ئاسمانى پێکەوەلکاودا،
ئێمە تا دێ
لە رۆحى سەردەم دوور دەکەوینەوە..
لە سەدەى ئەفسانەکان لەدایک بووین
خوێنى تەکنۆلۆژیامان تیا دەگەڕێ!
(کۆبەرهەم- ل ٣٦٦)
تەوزیفکردنى مێژوو لە دەقدا
بەوپێیەى نەژاد خۆێندنى ئەکادیمى لە بەشى شوێنەوارناسى کۆلێژى ئەدەبییات لە زانکۆى بەغداد تەواوکردووە، زانین وشارەزاییەکى باشى لەو بوارەدا پەیداکردووە. ئەو لە بنەڕتدا خوێنەرێکى ئاسایی نەبووە و ئاشنایەتى لەگەڵ فەرهەنگ وئەدەبى زیاتر لە زمانێک هەبووە، بۆیە زانستى شوێنەوارناسى وەک بەشێک لە مێژوو ئاسۆى مەعریفى ومەوداى بیرکردنەوەى قووڵتر وفراوانتر کردووە. بەوپێیەش کە شیعر خولیا وجێ بایەخى یەکەمى بووە، بۆیە لە چەندین دەقدا سوودى لە ناو وهێما ودەلالەتە مێژوویەکان بینیوە بەتایەبتى لە میزۆپۆتەیمیا (وڵاتى نێوان دوو رووبار) بەڵام زیاتر ئاماژەى بۆ هێماکانى سەرزەمینى سۆمەر کردووە، بەزانینى ئەو راستییەى کە سۆمەرییەکان گەلێکى غەیرە سامى یا وردتر وەک هەندێک لە مێژووناسان پێیان وایە کە لە هۆزە کۆچکردووەکانى چیاکانى زاگرۆسەوە بەرەو پێدەشتەکانى ناوەڕاست وخوارووى عیراقى ئەمڕۆ هاتوون.
لە گۆڕستانى (ئوور) ڕا چیام خۆشویستن
ئهگەر ئازاى.
مرۆڤ لە بەرامبەر مرۆڤ بوەستین
لە بیرت نەچێ،
هەور هەمیشە روویان لە چیایە.
(کۆبەرهەم- ل ٢١٦)
ئەنکیدۆ
هێشتا لە جەنگەڵستانە…
تەخت هەڵنەنراوە
گەلگامشى لەسەر دانیشێ..
مەیخانە ئاوا نەکراون
لە کونجە تارەکانیاندا
بچێتە خەڵوەتى ئارەزووەکانی،
لە ناو شکارتە هەڵچووەکان
رێ لە پاکیزان دەگرێ..
(کۆبەرهەم- ل ٤٠٦)
لە رۆژهەڵاتەوە
بۆ رۆژهەڵات…
سۆمەرییە سەرڕەشەکان
لە دونیاى شەودا
خاکى رەنگینیان
لە ناخى خۆیاندا دەدى..
ئایندەیان دەخوێندەوە
پێشبینى کەش وهەوایان دەکرد و
لە زەماوەندى،
شەپۆل و رووبارەکان بەشدار دەبوون.
(کۆبەرهەم- ل ٣٠٥)
عەشق، رووگەى هەمیشە داگیرساوى شاعیر
زێدەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێم چەندین جار ئەو پرسیارەم لا درووست بووە؛ کە ئاخۆ نەژاد شاعیرێکى عاشقە یان عاشقێکى شاعیرە، بەڵام ئەوەى لێى دڵنیام چ لەڕێگەى بەرهەمە شیعرى وهونەرییەکانى و چ لە رێگەى هاوڕێیەتییەوە، ئەوەیە کە عەشق لاى ئەو هەمیشە حزوورێکى باڵاى هەیە. جۆرێکە لە تەجەللاى جوانى وپاکیزەیی و رووناکى کە هەر جارەو لە بەرگ و شێوە و ئیحساسێکدا خۆى نمایش دەکات. لە کرۆنۆلۆجى دەقەکانى نەژاددا، ئەو پەیوەندییە ئینسانییە سەرەتا لە شێوەى دڵدارییەکى تافى لاویدا دەردەکەوێت سەرشار لە کەف وکوڵى حەز وتاسەى دڵیکى بێ ئۆقرەوە دەست پێدەکات؛
لێت نابمەوە..
چەندە دوور بم..
……………….
بم بە سپێدە،
لە باوەشى ساماڵى تۆ ئارام دەگرم..
بم بە سێبەر
حۆم بە بنارەکانى تۆدا هەڵدەواسم..
……….
لێت نابمەوە ….
من هەر بۆ لاى تۆ دێمەوە…
سەبارەت بەو بابەتە، ئەوەى تێبینیم کرد، زۆربەى دەقە شیعرییە سەرەتاکان لە ناوەڕۆکدا دەربڕین وداڕشتنەوەى هەمان ئیحساس وهەڵچوونى دەروونی وتاسەن کە دەرخەرى ئەزموونێکى سۆزداریى بەئاکام نەگەیشتوون.
لەگەڵ تێپەڕبوونى ساڵەکان وچوونەناو تەمەن و کاڵ بوونەوەى بەشێک لە یادەوەرییەکانى رۆژگارى لاوى، ماکى ئەو ئیحساس ودەروونە پڕ لە جۆش و شەوقە زیندووتر لە جاران خۆى نمایش دەکات. کاتێک خودى چەمکى عەشق یا خۆشەویستى فەزایەکى فراوانتر و قووڵتر لە ناخى شاعیردا داگیردەکات. فەزایەک بە چەندین مەوداوە کە رەهایی و رەگەزەکانى جوانى و سرووشت وئیحساس تێکەڵ بە حاڵەتێک لە مرۆڤدۆستى ویەکانەگى دەبن لە بۆتەى عەشقدا.
خەمى تۆ زرێبارێکە
لەچاوى لە خەو تۆراوى هەژارانە..
چیاى سەختى خۆشەویستى
مێژووى نهێنى وحیکمەتى داگیرسانە…
تۆ لە دڵى ئەو دنیایەى کە ناویان ناوە هۆنراوە
چیرۆکێکى تەواو نەبووى…
تەواو نابى..
…………..
باران لە کوێوە دەبارێ؟
گوڵ لە کوێدا چرۆ دەکا؟
خۆشەویستى ئێمە نەبێ
چیا لەسەر چى خۆى رادەگرێ
رووبار بەسەر چیدا دەروا؟
(کۆبەرهەم؛- ل ٣٦)
یەکێک لەو دەقە شیعرییانەى کە پێم وایە نەژاد تیایدا گەیشتووەتە ئاستێک لە زمانى دەربڕین و وێنەسازى شیعریی و نزیکبوونەوە لە کورتکردنەوەى مێژووی کارەسات وخۆشنوودی بریتییه لە دەقی (ئایندەى پاییز). بێ دوودڵى دەتوانم بڵێم ئەگەر وەک ئیستیعارەیەك لە فەرهەنگى شیعرى کلاسیکیمانەوە تەماشاى بکەین، ئەوا کەس وەك نەژاد وشەى (حوسن)ى لە دەقێکى ئازاددا بەو شیوە فرە مەودایە تەوزیف نەکرددوە. (کەمالى) شاعیر لە هۆنراوەیەکیدا دەڵێت:
لە دنیادا هەموو شت قابیلى تەغییر و گۆڕانە
بەتەنیا حوسنى تۆ و عەشقى منە نەیدیوە تەغییرێ
نەژادیش لەو دەقەدا حوسن وجوانى وەک تەجەللاى نوورێک دەردەخات کە هەڵگرى چەندین مانا و پەیامە؛
چرایەک لە حوسنى تۆ هەڵبووە
وێنەى رێژنەى گریانى جودایی…
وەک خەمى نیشتمان دوور…
سێبەرى کز.. .مۆسیقاى ناخ
بێدارى هەمیشە بێدار
دەڵێى سێوە دێرینەکانى باپیرمن
بەسەر کەلارى مێژوودا،
بەو تاڵە قژانە نووساون
بە شەوبا دەلەرێنەوە…
…………
چرایەک لە حوسنى تۆ هەڵبووە
خەم نزیک و نیشتمان دوور…
تەم لە دڵاوایى رێگا
بەرەو دۆزەخى تاریکى،
یا فیردەوسى نوور بچێ؟
(کۆبەرهەم- ل ١٢٦)
بەشى دوایی کۆبەرهەم – وەرگێڕان
هەر لە دووتوێى کۆبەرهەمى نەژاد عەزیز سورمێ دا کە لە دوو بەش پێک هاتووە، بەشى دووەمى تەرخان کراوە بۆ ئەو دەقە شیعرییانەى لە نێوان ساڵانى (١٩٩٥-٢٠٠٦) بە زمانى عەرەبى بڵاوى کردوونەتەوە، کە بریتین لە ١٠٩ دەق و لەلایەن رەوانشاد نەجات حەمیدەوە کراون بە کوردى. لەڕاستیدا من نەمویست لەبارەى ئەو دەقانەوە بدوێم چونکە لە بنەڕتدا بە عەرەبى نووسراوون و لە وەرگێڕاندا بۆ کوردى زۆر لە جێ پەنجە و شێواز و تایبەتمەندى سەلیقە وستایلى دەربڕینى شاعیر نامێنن یا دەگۆڕێن، بۆیە بە پێویستم نهزانی لەم نووسینەمدا لەسەریان رابوەستم.
لە کۆتاییدا دەڵێم، چ وەک مێژووى ئەدەبى و چ وەک بنەماکانى هونەرى شیعر، ئێمەى کورد لە ئەحمەدى خانى ومەلاى جزیرى و نالییەوە تا ئەمڕۆی شیعرى کوردیمان، هیچمان لە گەلانى تر کەمتر نییە. فەرهەنگى زمان و ئەدەبیمان تا بڵێى دەوڵەمەندە و رەوتى کاروانى ئەدەبیمان هەمیشە بەردەوام ومایەى شانازیمان بووە. ئەگەر ئەدەبى کلاسیکمان گەواهى بۆ باڵایی ودەوڵمەندى هونەرى شیعرییمان بدات، ئەوا بێ دوودڵى دەڵێم کە ئەمڕۆى شیعرى کوردیمان هیچى لە پێشوو کەمتر نییە. چەندین دەنگ و ئەزموونى شیعرییمان هەیە کە لەسەر ئاستى جیهان هیچیان کەمتر نیە لە شاعیرانى بەناوبانگ هێما ئەدەبییەکانى نەتەوەکانى تر. لێرەدا نامەویت ناوى کەس بهێنم بەڵام لاى من نەژاد یەکێکە لەو دەنگانە.
ئاوات محەمەد ئەمین
تەنیایی.. شیعری سمکۆ ئەحمەد ڕەشید
شەوە باراناوییەکانی کانون سارد نین
بەفرە ئەستوورەکان سارد نین
گوێم لە پیاوێک بوو
کە سەرما ئێسکەکانی گەستبوو دەیگوت
شەختە هیچ گوناهێکی نییە
مرۆڤ کە لە شەقامە سووتاوەکاندا
شەوی بەسەر دادێ و
ماڵێکی نییە بۆی بگەڕێتەوە
سەرمای دەبێ
مرۆڤ کە سێوێکی کرماند و
نەیکرد بە دوو کەرتەوە
سەرمای دەبێ
مرۆڤ کە لە گۆڕێکی یەک نەفەریدا
ڕۆژ و شەوەکانی ژمارد
سەرمای دەبێ
مرۆڤ کە سەرمای دەبێ
گوناهی هیچ وەرزێک نییە
ئەوەی ئێسک و
ڕۆحی مرۆڤ دەتەزێنێ وەرزەکان نین
تەنیاییە،
تەنیایی
شانۆگەریی شیعری.. کەنعان مدحەت
(١)
تولە سەگێ
ڕوو لە گەماڵێ دەکا و دەپرسێ
گەر تۆ دایکمی،
باوکم کێیە و چ ڕەگەیە
سەر بە چ بنەماڵە و تایەفە و لقە زمانێکە.. دایە؟
گەماڵە سەگ،
بۆ وەڵامێکی باوەڕ پێکراو
چاو بە حەشاماتە خوێڕیی دەورووبەرا دێنێ و
لە بێ دڵنیایی
شەرمەزار و سەرشۆڕ
بە حەپەیەکی لە چپە چوو، کۆتا بە
شانۆگەریی سەددە
دێنێ
(٢)
چی ڕیش سپی شارە؛ پەمو لە گوێ
دەسەڵاتدار؛ تینو و
برسیی،
ئاونگی سەر لێو و
نەرمە سەرموهری دوو توێیە.
منی نیگەرانیش؛
لە کونی کلیلی دەرگاوە
پیتی هۆنراوە سەروقنگ هەڵواسراوەکانی
بە تەڵە و داوەوەم
لە ئەلفوبێی،
پێ بە کۆت و زنجیرەوە
بۆسەر زمانێکی کێویی دەستکاری نەکراو
دەگۆڕمەوە
ڕاتەکانێ
لە ڕێی شیعری ئازادەوە
لادێ بە شارەوە
گرێ بدات
تبت و كورد، مێژووی بەراوردكاریی سەركوتكردن.. ئاگری قادر*
سەرەڕای مەودای جوگرافیای بەرفراوانی نێوان تبت و كوردستان، ڕێڕەوی مێژوویی هەردوو گەل، شێوازە قووڵە بەراوردكراوەكانی كۆنترۆڵكردنی دەوڵەت، سەركوتكردن و بەرخۆدان. ئەم لێكچوونانە بەڕێكەوت نین؛ ئەوان لە چۆنێتی مامەڵەكردنی دەوڵەتە ناوەندییە مۆدێرنەكان لەگەڵ ناوچە جیاوازەكانی كولتووری، جەختكەرەوەی سیاسی و ناوچە گرنگەكانی خاكیدا سەرهەڵدەدەن،یەكخستنی بە زۆر و پرسی شەرعیەت،تبت لە كۆماری گەلی چین لە سەرەتای ساڵانی ١٩٥٠دا هاوتەریبە لەگەڵ یەكخستنی ناوچە كوردییەكان لە دەوڵەتە مۆدێرنەكانی عێراق، توركیا، ئێران و سوریا دوای داڕمانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی. لە هەردوو حاڵەتەكەدا، دەسەڵاتی دەوڵەت لە ڕێگەی هێزی سەربازی و چوارچێوەی یاساییەوە سەپێندرا كە ئیدیعای شەرعییەت دەكرد بەبێ ڕەزامەندی مانادار لەلایەن هەردوو گەلەوە،هەروەك چۆن پەكین یەكگرتنی تبت وەك “ڕزگارییەكی ئارام” لە چوارچێوەیەكدا دادەنێت، حكومەتە یەك لە دوای یەكەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، كۆنترۆڵی خۆیان بەسەر كوردستاندا ڕەواي پێدا وەك پێویستى بۆ یەكێتی نەتەوەیی و یەكپارچەیی خاك. لە هەردوو باردا، ناكۆكی وەك جیابوونەوە یان خیانەت پێناسەكرایەوە.
دەربەدەری وەك ستراتیژییەكی سیاسی
دەربەدەریی “دالای لاما” دوای ڕاپەڕینی لاسا لە ساڵی ١٩٥٩دا ئاوێنەیەكی ئاوارەیی زۆرەملێ و دەربەدەری سەركردە سیاسی و ڕۆشنبیران و چالاكوانانی سیاسیی كوردە بە درێژایی سەدەی بیستەم،دەربەدەری لە هەردوو حاڵەتەكەدا دوو مەبەستی هەبوو: لابردنی سەركردایەتی هێمادار لە نیشتمان و لاوازكردنی بەرخۆدانی ڕێكخراو. بەڵام دەربەدەریش هەردوو هۆكارەكەی بە نێودەوڵەتی كرد، گۆڕینی بۆ پرسی مافی مرۆڤی جیهانی نەك تەنیا بابەتی ناوخۆیی،چین ناوچەی ئۆتۆنۆمی تبت وەك بەڵگەیەك بۆ خۆبەڕێوەبەری دەخاتە ڕوو، هەروەك چۆن دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە مێژوودا ئۆتۆنۆمی سنووردار یان هێمایان بۆ ناوچە كوردییەكان بەرەوپێش برد. بەڵام لە پراكتیكدا، سەربەخۆیی لە هەردوو حاڵەتەكەدا بە خیانەت پێناسەكراوە،پێش ساڵی 1991، ئۆتۆنۆمی بەڵێندراو بە كوردەكانی عێراق بە شێوەیەكی سیستماتیكی لەلایەن بەغداوە تێكدرا، كە لە هەڵمەتی سەربازیدا گەیشتە لوتكە بە هەمان شێوە، سەربەخۆیی تبت لەلایەن پارتی كۆمۆنیستی چینەوە پێناسە كراوە، كە دەسەڵاتی ڕاستەقینە بە ناوەندگیری دەمێنێتەوە و ناكۆكییەكان بە تاوان دەزانرێت. ئەم مۆدێلانە سەربەخۆیی نەك وەك مافێك ئاشكرا دەكەن، بەڵكو وەك ئامرازێكی كارگێڕی بۆ كۆنترۆڵكردن،هەڵمەتی ئەنفال لە كۆتایی هەشتاكان وەك یەكێك لە توندڕەوترین نموونەكانی سزای بەكۆمەڵ دژی گەلی كورد – لەسێدارەدانی بەكۆمەڵ، لەناوبردنی گوندەكان، دیپۆرتكردنەوەی زۆرەملێ و چەكی كیمیایی. لە كاتێكدا ئەزموونی تبت شەڕی كیمیایی تێدا نەبووە، بەڵام لۆژیكی سزای بەكۆمەڵ بەراورد دەكرێت،لە تبت، تەواوی كۆمەڵگا تووشی چاودێری، ڕاگرتنی بەكۆمەڵ، دووبارە پەروەردەكردنی ئایدیۆلۆژی و داڕشتنەوەی دیمۆگرافی دەبن. لە هەردوو حاڵەتەكەدا، وەڵامی دەوڵەت كۆمەڵگا بەگشتی دەكاتە ئامانج نەك تاوانبارانی تاكەكەسی، بە ئامانجی هەڵوەشاندنەوەی یەكگرتوویی كۆمەڵایەتی و سەركوتكردنی ناسنامەی بەكۆمەڵ،سەركوتكردنی زمانی كورد لە پەروەردە، كارگێڕی و ژیانی گشتیدا، هاوتەریبێكی ڕوون لە سیاسەتەكانی كاریگەری لەسەر فێركاری زمانی تبتییەكان دەبینێتەوە. لە هەردوو حاڵەتەكەدا زمانەكانی دەوڵەتی باڵادەست وەك ئامرازی یەكگرتن و كۆنترۆڵكردن سەپێندرا،ئەم سیاسەتانە وەك ڕێوشوێنی مۆدێرنكردن یان یەكخستنەوە ، بەڵام بۆ كورد و تبتییەكان وەك هەڕەشەی بوونگەرایی ئەزموون كرا- هەوڵدان بۆ بڕینی گواستنەوەی نێوان نەوەكانی كولتوور، مێژوو و ناسنامە،هەردوو تبت و كوردستان شوێنی پڕۆژەكانی گەشەپێدانی وەك بەڵگەیەك بۆ خێرخوازی دەوڵەت پێشكەش كراون. ژێرخانی و پڕۆژەكانی وزە و فراوانكردنی شارەكان بۆ پڕۆژەكردنی دەسەڵات و دووبارە داڕشتنەوەی دیمۆگرافیای شارەكان بەكارهێنران
بۆ كورد، گەشەپێدانی نەوت زۆرجار سوود بە حكومەتە ناوەندییەكان دەگەیەنێت لە هەمان كاتدا كۆمەڵگا ناوخۆییەكانیان بۆ ئاوارە دەكرد. بۆ تبتییەكان، گەشەپێدان زۆرجار لایەنگری كۆچی “هان” و بەرژەوەندییەكانی دەوڵەت بووە. لە هەردوو حاڵەتەكەدا پێشكەوتنی ئابووری نەیتوانی قەرەبووی دەركردنێكی سیاسی و پەراوێزخستنی كولتووری بكاتەوە،مێژووە بەراوردكارییەكانی تبت و كوردستان نیشان دەدەن كە سەركوتكردن و دەربەدەری و ئۆتۆنۆمی بەڕێوەبەردراو ناڕەزایەتییە سیاسییەكان چارەسەر ناكەن- ئەزموونی كوردی نیشان دەدات كە سەقامگیرییەكی بەردەوام تەنیا كاتێك سەرهەڵدەدات كە دانپێدانانی سیاسی، مافە كولتوورییەكان و خۆبەڕێوەبەریی مانادار جێبەجێ بكرێت،بۆ تبت، دۆسیەی كوردی وانەیەكە: پەرەپێدان بەبێ كەرامەت، و سەربەخۆیی بەبێ دەسەڵات، ناتوانێت جێگەی گفتوگۆ و ڕەزامەندی ڕاستەقینە بگرێتەوە،تبت و كوردستان بە ئایدۆلۆژیا و جوگرافیا بەیەكەوە نین، بەڵكو بە ئەزموونی مێژوویی بەیەكەوە گرێدراون. هەردوو گەل بەرگەی یەكگرتنی زۆرەملێیان گرتووە، دەربەدەری سەركردایەتی، و سزای بەكۆمەڵ. بۆ كوردەكان، تبت بیرهێنانەوەی ڕابردووی خۆیانە؛ بۆ تبتییەكان، كوردستان وەك بەڵگەیەك وەستاوە كە بەرخۆدان و یادەوەری و ناسنامە دەتوانێت تەنانەت توندترین هەڵمەتەكانی سڕینەوەش بژین.
- خوێندكاری دكتۆرا لە یاسای ژینگەیی نێودەوڵەتی،زانكۆی نیشتمانی تایوان
ئایا کوردستان دەبێتە زیمبابۆی؟.. ئاگری قادر
لە 8ی کانوونی دووەمی 2025، کۆماری گەلی چین دامەزراندنی دامەزراوەیەکی لە هەولێر ڕاگەیاند کە بە کۆمەڵەی دیواری گەورە ناسراوە، نۆ ڕاوێژکاری بۆ کارکردن لەسەر پەیوەندییەکانی کورد و چین دەستنیشان کرد. دوای هەفتەیەک، لە ١٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، پەکین بە فەرمی ناوەندی لێكۆلینەوەی دەستپێشخەری شارستانیەتی جیهانی- چوارچێوەیەکی جیهانی ڕاگەیاند کە وەک سەکۆیەک بۆ گفتوگۆی کولتووری، ئاڵوگۆڕی شارستانی و لێکتێگەیشتنی یەکتر پێشکەشکرا،لە ڕووکەشدا ئەم پێشهاتانە بێهۆشکەر و تەنانەت بنیاتنەریش دەردەکەون. بەڵام ئەزموونەکانی ئەفریقا، ئاسیا و بەڵکان ئەوە پیشان دەدەن کە ئەم جۆرە دەستپێشخەرییانە بە دەگمەن بێلایەنن. بەڵکو زۆرجار وەک بەشێک لە ستراتیژێکی درێژخایەن بۆ دووبارە داڕشتنەوەی ڕەفتاری سیاسی، ژیانی فیکری و ڕێکخستنی ستراتیژی لە کۆمەڵگا میواندارەکاندا کاردەکەن. پرسیاری سەرەكی چیتر ئەوە نییە کە ئایا کوردستان سوود لە پەیوەندی لەگەڵ چین وەردەگرێت، بەڵکو ئەوەیە کە ئایا لە قوڵایی و سروشتی ئەو مەترسیانەی کە تێیدایە تێدەگات؟
گەورەترین هێزی ستراتیژی چین زۆرەملێی سەربازی نییە بەڵکو دەسەڵاتی دانانی کارنامەیە. دامەزراوەکانی وەک کۆمەڵەی دیواری گەورە و دەستپێشخەری شارستانیەتی جیهانی بە ئاشکرا کۆنترۆڵ ناسەپێنن؛ ئەوان جیهانبینی چین ئاسایی دەکەنەوە لە ڕێگەی کولتوور، ئەکادیمی و بەشداریکردنی نوخبە لە چەندین وڵاتدا ئەم دامەزراوانە بیرۆکەی وەک ڕێژەییکردنی دیموکراسی و مافی مرۆڤ وەک “تایبەتمەندی کولتووری”.
چوارچێوەدان بە سەقامگیری تاکڕەوانە بە باڵاتر لە لێپرسینەوەی دیموکراسی وێناکردنی ڕەخنە لە چین وەک “لایەنگری ڕۆژئاوایی” یان “دژە گەشەسەندن”.
مەترسییەکە لە سانسۆردا نییە، بەڵکو لە خۆسانسۆریدایە. بە تێپەڕبوونی کات، ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنووسان و داڕێژەرانی سیاسەت ئەم گێڕانەوەیانە دەخەنە ناوەوە و بەو پێیە ڕەفتارەکانیان ڕێکدەخەن. ئەم شێوازە لە زیمبابۆی، کەمبۆدیا و سربیا بەدی کراوە، کە بوونی چین گوتارەکانی بەبێ سەرکوتکردنی ئاشکرای دارشتووە.
دانانی ڕاوێژکاران، کەسایەتییە کولتوورییەکان، ئەکادیمییەکان و ڕۆژنامەنووسان ڕەمزی نییە- ئەوە ستراتیژییە. چین بەدوای جەماوەری جەماوەریدا ناگەڕێت؛ بەدوای دڵسۆزی نوخبەدا دەگەڕێت،لە سەرانسەری ئەفریقا و بەڵکان، گرتنی نوخبە لە ئەنجامدا،سیاسەتمەداران بەرگری لە گرێبەستە ناشەفافەکانی چین دەکەن،خۆدوورگرتن لە ڕۆژنامەنووسان لە ڕاپۆرتی لێکۆڵینەوە لەسەر پڕۆژەکانی چین،زانکۆکان بەدەرکردنی بابەتگەلی هەستیار لە ئەجێندای توێژینەوەکان،لە کوردستان ئەم مەترسییە توند و تیژە. ئەگەر تۆڕەکانی نوخبە وابەستەی دەستڕاگەیشتن، پارەدان، یان پرێستیژی چینی بن، ژێردەستەیی ئەکادیمی و کۆنترۆڵکردنی زانیاری بەرهەمدەهێنێ.
کاتێک ئەو پرۆگرامانەی کە لەلایەن چینییەوە پارەیان بۆ دابین دەکرێت دەچنە ناو زانکۆ و ناوەندەکانی توێژینەوە، ئازادی ئەکادیمی دەبێتە مەرجدار. حاڵەتە بەراوردکارییەکان لە مالیزیا، تایلەند، و بەشێک لە ئەفریقا شێوازەکانی دووبارەبوونەوەی نیشان دەدەن، كە بودجەی توێژینەوە بەستراوەتەوە بە بابەتەکانی “قبووڵکراو”،وەدەرنانی بێدەنگی بابەتی سیاسی هەستیار،کۆنفڕانس و ئاڵوگۆڕەکان بە ڕەزامەندی سیاسی فلتەر دەکرێن،ئەمەش دەرئەنجامە درێژخایەنەکەی وابەستەیی فیکرییە. كە تەواوی نەوەکانی داهاتوو بەبێ بەرکەوتن بە دیدگای ڕەخنەنەگر سەبارەت بە چین ڕادەهێنرێن، ئەمەش شیکاری سیاسەتی سەربەخۆ و بیرکردنەوەی ستراتیژی لاواز دەکات. بۆ کوردستان ئەمە هەڕەشە لە بناغەکانی بڕیاردانی سەروەریە،چین میدیا قەدەغە ناکات؛ جێگەی گێڕانەوەکان دەگرێتەوە. لە ڕێگەی بەرنامەکانی ڕاهێنان، هاوبەشی و دەستڕاگەیشتن، چیرۆکەکانی لایەنگری چین گەورە دەکرێن لە کاتێکدا ڕاپۆرتکردنی ڕەخنەگرانە وەک ناپیشەیی دەناسێندرێ،زیمبابۆی وەبەرهێنانی چینی وەک ڕزگارکردن پێشکەشکرا نەک وەکو هێڵی کاریگەری گەندەڵی پەیوەست بە پڕۆژە بیانییەکانەوە ،کوردستانیش مەترسیی دەرئەنجامێکی هاوشێوەی لەسەرە: نەک بێدەنگی، بەڵکو کۆدەنگییەکی دروستکراو کە وردە وردە فرەیی دەشێوێنێت،لە مۆنتینێگرۆدا، بەکارهێنانی قەرزەکان هەڵبژاردنی سیاسەتی نیشتمانی سنووردار کرد،لە کەمبۆدیا، یەکخستنی سیاسەتی دەرەوە بوو بە چاوەڕوانی،لە زیمبابۆی، پشتبەستن بە یەک هاوبەشی دەرەکی بووە هۆی گۆشەگیری نێودەوڵەتی،ئەگەر کوردستان ڕێگە بدات کاریگەری چین بەبێ سنوور قووڵتر بێتەوە، مەترسی لەدەستدانی نەرمی ستراتیژی و ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاوبەشە دیموکراسیەکان و بەرتەسککردنەوەی بژاردە دیپلۆماسییەکانی.
قەیرانی زیمبابۆی لە ژێر فشارێکی دیاردا سەریهەڵدا- سزا، گۆشەگیری و داڕمانی ئابووری. کوردستان ڕووبەڕووی مەترسییەکی ئاڵۆزتر دەبێتەوە چونكە کاریگەری بەبێ پەنجەمۆر کۆنتڕۆڵکردن بەبێ داگیرکردن وابەستەبوون بەبێ پەیمانی فەرمی
ئەم فۆرمەی دەسەڵات سەختترە بۆ دەستنیشانکردن، وردە وردە کاردەکات، خۆی لە دامەزراوە و نۆرم و چاوەڕوانییەکاندا جێگیر دەکات،پرسیارەکە ئەوە نییە کە ئایا کوردستان بە ناچاری دەبێتە زیمبابۆی؟،پرسیاری ڕاستەقینە ئەوەیە ئایا کوردستان مەترسییەکە دەناسێت پێش ئەوەی ببێتە زیمبابۆی؟،دامەزراوەکانی چین وەک دوژمن ناگەن،ئەوان وەک هاوبەش دەگەن-و وەک دەروازەپارێز دەمێننەوە،بەبێ شەفافیەت و چاودێری دیموکراسی و سنووردارکردنی ستراتیژی، ئەمڕۆ تێچوونەکە نادرێت، بەڵکو لەلایەن نەوەی داهاتوو: لە کەمبوونەوەی سەروەری، تەسکبوونەوەی مشتومڕ و هەڵبژاردنی سنوورداردا، بۆ هەرێمی کوردستان هێشتا کاتی هەڵبژاردنی بەبێ وابەستەیی ماوە. بەڵام ئەو پەنجەرە تا کاتێکی نادیار بە کراوەیی نامێنێتەوە.
ئاگری قادر
خوێندكاری دكتۆرا لە یاسای ژینگەیی نێودەوڵەتی،زانكۆی نیشتمانی تایوان
بە بۆنەو ڕۆ جەهانی مافەکاو مرۆڤیەو.. موختار کەریمی
مافوو ئاڵای پێسەو ئەرمانەروو وێبیەی(هویتی))
ئاڵا سیمبۆل یان ئەرمانەرەو تایبەتمەندیێ گرووپێوی کۆمەڵایەتی، نەتەوێو، گەلێو، وەڵاتێو و یا ڕێکوزیایەوی سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگین. ئی قەوارە سیاسی و فەرهنگی و کۆمەڵایەتیا تاوا وێبیەی(هویت)، وجوڎ، داواکاری و یا پەیامەو وێشا جە ڕاو ئاڵایوە بە دنیاو دەورووبەریشا بشناسا. ئاڵا هەرپاسە ئەرمانەرەو سەربەوێبیەی، ئازاڎی، تارێخ، سنووری جۆغرافی و بەها کۆمەڵایەتیەکاو ئی قەوارانە کە ئیشارەم پەنە کەردێ. یۆ جە ئامانجەکاتەری ئاڵای هەستوو یۆگێرتەی و گرێدریای(ئینتیما)ی نیشتیمانی گرووپی خاوەن ئالاین.
مافوو خاوەنداریەتی ئاڵای جە یاسا میادەوڵەتیەکانە:
١. ڕێککەوتنامەو مافەکاو مرۆڤی سەر بە نەتەوە یۆگێرتەکا، جە کۆمەڵە یاساو 2، مادەو ٢٧ی کە مافوو کەمینەکا دیاری کەرۆ، پاگێری کەر سەروو ئانەیرە کە گرد کەمینێوی ئێتنیکی، زوانی، ئایینی و…مافوو بەکارئاردەی فەرهەنگوو وێش جە ژیوای ڕوانەیشەنە و هەرپاسە مافوو پاڕێزنای وێبیەی فەرهەنگیش(هویت فرهنگی) هەن. نیشاندای ئەرمانەری(سیمبۆل) فەرهەنگی بەشێوەن جە مافوو وێبیەی فەرهەنگی ئانزانی.
٢. ڕێککەوتنامەو پارێزنای کەمینەکاو ئوروپای، کە 39 دەوڵەتێ ئوروپایێ پەسەندشا کەردەن و ئەرکدارێنی بە چەسپنای یاساکاو ئی ڕێککەوتنامەیە.
ڕیكکەوتنامەکە جە وەڵینەو وێشەنە ماچۆ:
“ئەرکوو گلێرگەیەوی فرەلایەنی(کثرت گرا) و دێمۆکراتیک و سەقامگیر نە تەنیا ڕێزگێرتەین جە مافی ئێتنیکی، فەرهەنگی، زوانی، ئایینی و وێبیەی(هویتی) کەمینەکا، بەڵکوو ئەرکی یاسایشچەن کە ئێماکاناتی پەیواز پەی ئی کەمێنا فەراھەم کەرۆ تا بتاوا وێبیەی وێشا بەروزا، پارێزناش و گەشەش پەنە بڎا.”
ئی ڕێککەوتنامە جە مادەو پەنجیچشەنە(5) دیسان پاگێری کەرۆ سەرو چەسپنای و پەیڕەوکەردەی ئی مافا.
٠ مافوو وێبیەی(مافی هویتی) جە یاساو بنەڕەتی وەڵاتە دێمۆکراتیکەکایچەنە پەسەند کریان و بە کردەوەیچ ئی مافاشا پارێزناینێ و پەیڕەویچ کریا، پەی نموونەی:
٠ سۆئێد
جە وەڵاتوو سۆئێدیەنە پەنج(5) کەمێنێ ئێتنیکیێ- نەتەوەیێ بە ڕەسمی ئەشناسیاینێ و وێبیەی فەرهەنگی و نەتەویشا بە ڕەسمی ئەشناسیان و هەرکام چی نەتەوەا ئالاو وێشا هەنە:
نەتەوەو سامی، ڕۆمی، فەنلاندی، یەهوودی و تورنەدالین.
Sámi (indigenous people), Swedish Finns, Tornedalians, Roma, and Jews. These groups have specific rights to their languages (Sámi, Finnish, Meänkieli, Romani Chib, Yiddish)
سۆئێد یاسایەوی تایبەتش بە نامێ”یاساو پارێزنای کەمینەکا جە وەلاتوو سۆئیدیەنە دیاری کەردەن کە تایبەتەن بە پارێزنای کەمینەکا و مافی زوانیشا.
(Minoritetsspråkslagen/Minoritetslagen)
ئاڵمان ٠
جە وەڵاتوو ئاڵمانیچەنە پێسەو وەڵاتوو سۆئێدی پەنج(5) کەمێنی ئێتنیکیێ- نەتەوەیێ جە یاسای بنەڕەتی ئی وەڵاتینە بە ڕەسمی ئەشناسیانێ و وێبیەی فەرهەنگی و نەتەویچشا بە ڕەسمی ئەشناسیان و هەرکام چی نەتەوەایچە ئاڵاو وێش هەنە:
کەمە نەتەوەی دانمارکی، کەمە نەتەوەی فریزی، سۆربی، ڕۆمی و سینتی.
the Danish minority, the Frisian ethnic group, the German Sinti and Roma, and the Sorbian people,
Die dänische Minderheit, die friesische Volksgruppe, die deutschen Sinti und Roma sowie das sorbische Volk
یاسای بنەڕەتی ئاڵمانی جە مادەو یەرێ (3)، بەشوو یەرێ (3) جە بارەو وەربەسکەردەی جیاوازی و پاشێلکەردەی مافوو کەمینەکا پێسە ماچۆ:
Diskriminierungsverbot, Artikel 3, Absatz 3, Grundgesetz
“هیچ کەسێو نمەبۆ بە بۆنەو زوانیشەو، ڕەچەڵەکیشەو، وەڵاتیشەو، ڕەگەزیشەو و یان ئایینیشەو زڵم و ستەمش وەنە کریۆ و یان پەراوێز وزیۆ”.
” یاساو مافوو ئازاڎیە گردیەکا پێسەو ئازاڎی ویروپەیلوای، ئازاڎی ئەرەمەرزنای ڕێکوزیای و کۆر و کۆمەڵو کەمینەکایچ گێرۆوە و پارێزنۆشا.
هەورامان و مافوو ئاڵای
بێگومان مافی یاسایی و ئانزانی و سیاسی و فەرهەنگی خەڵکوو هەورامانین کە ئاڵاو وێش بۆ و ئی ئاڵای مشۆ جە گردوو مەحاڵکەکاو هەورامانی هەر جە تەوێڵێ و بیارێوە گێرە تا یاوۆ پاوە و نەوسووذە و نۆتشەو و بێساران و…. و هەرپاسە سەروو کەشە سەربەرزەکاو شاهۆی و کۆساڵانی و تەتەی و ژاڵانەی و …. بە ئازاڎی و بە شانازیەوە ھۆردریۆ و شەکیۆوە.
بڕێو چا نەتەوا کە ئینای جە سۆئێد و ئاڵمان و یاگەکاتەریەنە، مەحاڵیوی دیاریکریاشا چا وەڵاتانە نیەن. بەڵام ئاڵاکێشا گرد یانێوەنە و جە مەکانە گردیەکانە بە ئازاڎی هۆرکریاێنە و شەکیۆوە.
هەورامانێو کە دەیان هەزار ساڵێ ویەردەی تارێخی و جۆغرافیایی و فەرەنگی و زوانیش هەن، چی مشۆ ئاڵاش نەبۆ؟ ئینە مافێوی ڕەوان.
هەر کەس و لایەنێو ئی مافە ڕەوایاو خەڵکوو ھەورامانی بە ڕەسمی نەشناسۆ و یا چانەیە خرابتەر دژایەتیشا کەرۆ، جە ڕاسیەنە دژمنایەتی مافە ئانزانی و یاسایی و سیاسی و فەرهەنگی و زوانیەکاو خەڵکوو هەورامانی کەرۆ.
پیمانەو ئێمەی ھەورامی پەی ئەشناسای دۆس و دژمنیما ھۆرز و کەوتوو ئا لایەنانە وەرانوەروو مافە ڕەواکاماوە.
موختار کەریمی– ئاڵمان ١٠.١٢.٢٠٢٥
غوربهت.. شیعری كاوەى خەسرەوكاوانى
* *
پێشكهشه به گیانى پاكى هاوسهرى كۆچ كردوم كه له 18/6/2020 به نهخۆشى كۆچىى دوایى كرد
هێندەی يەکەمین دیدارمان
موشتاقی دیداری تۆمە
ساڵانی دوری وغوربەتیت
ئازارى نێو روحی خۆمە
تۆ نازانی ئەم سەفەرە
چەندە بۆ رۆحم ئازارە
تۆ نازانی هەڵوەرینی
یەکەمین وەرزی بەهارە
لە دوایی تۆوە جەستەیێکی
بێ ناونیشان و بێ گلکۆم
رۆژان دەڕوا و پێکە خەمی
دووریت لە نێو رۆحم دەخۆم
بەبێ تۆ نیشتمانی دڵ
ئەشک وهەنسک وماتەمە
وەڵاتێکی بەبێ ئاڵاو
سەرتاپای تاریکی و خەمە
واتێ نەگەی چرکە ساتێک
عيشقت لە نێو دڵم وونە
ئەو رۆژەی کە دێمەوە لات
خۆشترین ئاهەنگى منه
2023/6/17
kawa_kiwiny@yahoo.co.uk
هێزی نەرمی چین و مەترسییەكانی بۆ هەرێمی كوردستان.. ئاگری قادر*
فراوانبوونی ئامادەبوونی دامەزراوەیی و كولتووریی چین لە هەرێمی كوردستانی عێراق- بە تایبەتی لە ڕێگەی دەستپێشخەرییەكانی پەیوەست بە دەستپێشخەری شارستانیەتی جیهانی-كۆمەڵەی شورای چین- پرسیارە گرنگەكان سەبارەت بە هەردوو مەترسییە دەستبەجێ و درێژخایەنەكان دەخاتە ڕوو. لە كاتێكدا ئەم بەشداریكردنە زۆرجار وەك ئاڵوگۆڕی كولتووری یان هاوكاری ئەكادیمی لە چوارچێوەیەكدا دادەنرێت، ئەزموونە بەراوردكارییەكان لە ناوچەكانی دیكەوە ئەوەمان پێدەڵێن كە كاریگەرییەكانی زۆر لە دیپلۆماسی نەرم زیاتر دەبن. بۆ هەرێمی كوردستان، ئەم مەترسیانە لەناكاو یان ئاشكرا نین. بەڵكو وردە وردە و چیندار و پێكهاتەیین، بە تێپەڕبوونی كات بە شێوەیەك گەشە دەكەن كە بتوانن نۆرمەكانی حوكمڕانی، سەربەخۆیی سیاسەت و دەزگای سیاسی كۆنترۆڵ دەكەن. تێگەیشتن لەم داینامیكیانە زۆر گرنگە بۆ دڵنیابوون لە مەترسییەكانی هێزی نەرمی چین بۆ هەرێمی كوردستان
مەترسییەكانی چین بۆ سەر هەرێمی كوردستان
یەكێك لە مەترسییە دەستبەجێیەكان گێڕانەوە و گرتنی گوتارە. ناوەندەكانی توێژینەوەی پەیوەست بە چین، پلاتفۆرمە كولتوورییەكان و دەستپێشخەرییە ئەكادیمییەكان زۆرجار گێڕانەوەی وردی كۆكراوە بەرەوپێش دەبەن كە جەخت لەسەر سەقامگیری، هاوئاهەنگی و دەستوەرنەدان دەكەنەوە. لە كاتێكدا ئەم چەمكانە وەك بێلایەن یان گشتگیر خراوەتەڕوو، بەڵام مەیلیان هەیە كە مشتومڕی ڕەخنەگرانە لەبارەی حوكمڕانی و مافەكانی مرۆڤ و لێپرسینەوەی سیاسییەوە بێهیوا بكەن. لەهەرێمی كوردستان، ئەمە فەزای هزری و میدیایی بەرتەسك دەكاتەوە، چونكە ڕۆژنامەنوسان، ئەكادیمیستەكان و ئەكتەرە مەدەنییەكان هەست بە فشارێكی ناڕاستەوخۆ دەكەن بۆ ئەوەی لەگەڵ گێڕانەوەی “قبووڵكراو”دا هاوتەریب بن، بە مەبەستی پاراستنی دەستڕاگەیشتن، پارەدان، یان هاوكاری دامەزراوەیی. ستراتیژییەكانی بەشداریكردنی چین زۆرجار پەیوەندییەكان لەگەڵ نوخبە سیاسییەكان، بەرپرسە باڵاكان و كەسایەتییە كاریگەرەكان لە پێشینە دادەنێن. ئەم ڕێبازە دەتوانێت كەناڵە ڕاوێژكارییە هاوتەریبەكان یان كەناڵە ڕاوێژكارییەكان دروست بكات كە لە دەرەوەی چاودێری دیموكرات یان پەرلەمانی كاردەكەن. كاتێك هاوكاری وەك تەكنیكی یان كولتووری لە چوارچێوەیەكدا دابنرێت نەك سیاسی، شەفافیەت زیاتر كەم دەبێتەوە. ئەم جۆرە بەشداریكردنە نوخبەیی، لێپرسینەوەی دامەزراوەیی لاواز دەكات و بڕیاردان لە پرۆسەكانی گشتگیر و بەشداریكردن دوور دەخاتەوە. ئەو دەزگا تازە دامەزراوانەی كە پەیوەندییان بە دەستپێشخەرییە بیانییەكانەوە هەیە زۆرجار بە باری یاسایی ناڕوون، ئیختیاری پێناسە نەكراو و لێكۆڵینەوەی سنوورداری گشتی كاردەكەن. لە كوردستان، ئەم ناڕوونییە ڕێگە بە دامەزراوە بیانییە پەیوەندیدارەكان دەدات كە كاریگەرییان لەسەر پەروەردە، گوتاری سیاسەت، یان بەرنامەسازی كۆمەڵایەتی هەبێت بەبێ ئەوەی بخرێتە ژێر چوارچێوەی ڕێكخراوەیی ناوخۆییەوە. ئەمەش مەترسییەكانی حوكمڕانی دروست دەكات و چاودێرییەكی كاریگەر لەلایەن دەسەڵاتە ناوخۆییەكانەوە ئاڵۆزتر دەكات،لە درێژخایەندا، مەترسییەكی جددی و وردە وردە وەرینی نۆرمەكانی دیموكراتەكانە. مۆدێلی حوكمڕانی چین كۆنترۆڵی دەوڵەت، یەكسانی سیاسی و ژێردەستەكردنی مافەكانی تاك بۆ “سەقامگیری” بەكۆمەڵ لە یەكەمایەتی دەكات. ئەگەر لە ڕێگەی بەرنامەكانی ڕاهێنان، دەرئەنجامی توێژینەوە، یان ئامۆژگاری سیاسەتەوە بە شێوەیەكی زیادەڕۆیی ناسێندرا، ئەم بنەمایانە دەتوانن كولتوری حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستاندا دابرێژرێ. پابەندبوون بە فرەیی، دەربڕین ئازاد و كێبڕكێی سیاسی دەتوانێت لاواز بێت- نەك لە ڕێگەی زۆرەملێی ڕاستەوخۆوە، بەڵكو لە ڕێگەی ئاساییكردنەوە. مەترسییەكانی وابەستەیی ستراتیژی و كەمبوونەوەی سەربەخۆیی سیاسەتەكانە. لەگەڵ فراوانبوونی ئامادەبوونی دامەزراوەیی چینی، وابەستەیی نەك تەنیا لە ڕووی ئابوورییەوە، بەڵكو لە ڕووی فیكری و ئیدارییەوە گەشە دەكات. بە تێپەڕبوونی كات، ئەمە دەتوانێت توانای هەرێمی كوردستان سنووردار بكات بۆ بەدواداچوونی هەڵبژاردنی سیاسەتی سەربەخۆ كە لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی پەكین ناكۆك بێت. ئەم جۆرە وابەستەییە لە كاتی قەیرانی سیاسی یان ئابووریدا بە تایبەتی مەترسیدار دەبێت، كاتێك دەتوانرێت هێڵی كاریگەری بگۆڕدرێت بۆ فشارێكی بێدەنگ یان كاریگەری. قووڵكردنەوەی هاوئاهەنگی لەگەڵ چین ڕەنگە گۆڕانكاری لە چۆنیەتی هەستكردن بە هەرێمی كوردستان لەلایەن هاوبەشە نێودەوڵەتییە نەریتییەكانەوە بكات، بەتایبەتی ڕۆژئاوا كە لە مێژوودا ڕۆڵی سەرەكییان لە هاوكاریی ئەمنی، چاكسازی حوكمڕانی و هاوكاری مرۆییدا بینیوە. پێناچێت چین داكۆكی لە مافە سیاسییە كوردییەكان یان سەربەخۆییەكان بكات كاتێك ئەم جۆرە هەڵوێستانە لەگەڵ پەیوەندییەكانی لەگەڵ حكومەتە ناوەندییەكان یان دەسەڵاتە ناوچەییەكان ناكۆكن. لە ئەنجامدا، بەرژەوەندییە ستراتیژییەكانی كورد مەترسی ئەوە دەكەن كە لەناو حیساباتی جیۆپۆلەتیكی فراوانتردا پەراوێز بخرێن. لە كۆتاییدا، شلكردنەوەی ناسنامە و بێسیاسیكردن مەترسییەكی ورد بەڵام بەرچاوی درێژخایەن نیشان دەدات. بە پێشخستنی گێڕانەوەیەكی ناوەندی و ناسیاسی شارستانیەت و پێشكەوتن، دەستپێشخەرییە كولتووری و پەروەردەییەكانی چین ڕەنگە بەشداربن لە بێسیاسیكردنی داواكارییە شەرعییەكانی كوردی پەیوەست بە ماف، خۆبەڕێوەبەری و دادپەروەری مێژوویی. لە كاتێكدا كە ناسنامە نەسڕدرێتەوە، بەڵام ڕەنگە بە شێوەیەك كە وردە وردە ئاژانسی سیاسی و توانای كۆكردنەوە كەم بكاتەوە، دووبارە چوارچێوەی بۆ دابنرێتەوە.
وانەی بەراوردكاری
كەیسە بەراوردكارییەكان لە ئەفریقا و ئاسیای ناوەڕاست و بەڵكانەوە شێوازە بەردەوامەكان ئاشكرا دەكەن. لە ئەفریقا وڵاتانی وەك زامبیا و كینیا ئەزموونی گەشەسەندنی وابەستەیی لە ڕێگەی پارەداركردنی ژێرخانی، شەفافیەتی سنووردار، و كەمكردنەوەی نەرمی سیاسەت. لە ئاسیای ناوەڕاستدا، هاوتەریبی نوخبەكان لەگەڵ چین زۆرجار كۆمەڵگەی مەدەنی پەراوێزخراو و ناڕەزایی گشتی وروژاند. لە باڵكان، ڕێككەوتنە ناڕوونەكان ستانداردە ڕێكخراوەییەكانیان تێكدا و دەسەڵاتی جێبەجێكاری بەهێزتر كرد لەسەر حیسابی دامەزراوە دیموكراتییەكان. لە سەرانسەری ئەم ناوچانەدا سێ وانە جیاوازن: وابەستەیی وردە وردە پەرەدەستێنێت، بەشداریكردنی نوخبەیی دامەزراوەكان دامەزراوەكان لاواز دەكات، و هاوكاری ئابووری زۆرجار پێش ئیشپێكردنی سیاسی دێت. كاریگەری چین بە دەگمەن لە سەرەتاوە زۆرەملێ دەردەكەوێت؛ لەبری ئەوە، لە ڕێگەی چەسپاندنی دامەزراوەیی، پشتبەستنی دارایی و هاوئاهەنگی گێڕانەوە گەشە دەكات. لە كورتخایەندا، مەترسییەكان لە كۆنترۆڵی گێڕانەوە، هاوپژینی نوخبە و ناڕوونی دامەزراوەییدان. لە درێژخایەندا، هەڕەشەكان درێژدەبێتەوە بۆ وەرینی دیموكراتیی، وابەستەیی ستراتیژی، پەراوێزخستنی جیۆپۆلەتیكی و بێسیاسیكردنی ناسنامە. پێویستە بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ ڕەت بكرێتەوە. بەڵام دەبێت بە شەفافیەت و چاودێری یاسایی و بەشداریكردنی فرەیی و پابەندبوونی پتەو بۆ پاراستنی سەربەخۆیی سیاسی و بەها دیموكراتییەكان بەڕێوەبچێت. بەبێ ئەم جۆرە پارێزبەندییانە، ئەوەی وەك هاوكاری كولتووری دەست پێدەكات، ڕەنگە وردە وردە پەرەبستێنێت و ببێتە سنوورێك بۆ داهاتووی سیاسی كوردستان و سەربەخۆیی ستراتیژی.
*خوێندكاری دكتۆرا لە یاسای ژینگەیی نێودەوڵەتی،زانكۆی نیشتمانی تایوان
مــــــاچ.. شیعری\ نەوشیروان ئازاد
تەنیا
ماچێکم بدەرێ ،
ئەی سورەگوڵ،
تەنیا …ماچێک
گەلێ ماندووم ،
ماندووی ڕێگایەکی دوور . لێم مەپرسە ،
ڕێبواری کوێم ،
لەکوێ هاتوم ،
بۆ کوێ ،دەچم ،
من ڕێگەی، عەشقم
لێ وونە ،
دەرگای دڵم
نادۆزمەو ،
تۆ نازانی ،
کە من لەکوێم ؟
منم وونم….
یادنیایە ، لەمن وونە …….. تەنیا ،
ماچێکم بدەیە ،
ئەی سورەگوڵ…
تەنیا ماچێک و هیچی دی .. زۆر شەکەتم …
تینو و برسی ،
شاعیرێکم سەرلێ شێواو بەدوای ناوی خۆما وێڵم ،
تۆ نازانی ، چیەناوم؟
تۆ نازانی کە یەکەم جار ،
بەچ زمانێ ،
بانگ کراوم ؟ ………..
تەنیا ماچێکم پێ بدە ،
ئەی سورەگۆڵ
تەنیا…یەک مـــــــاچ
بەڵێن بێ ، کەناوت نابەم ،
لای هیج کەسێ باسی ناکەم عاشقێکم بێ ناونیشان بەدوای تیشکی خۆرا وێڵم ، ئەی تۆ ..جێی خۆر پێ نازانی بەڵێن بێ کە دۆزیمەوە ، ڕازەکانت نادرکێنم … بۆساڵیادی یەکەم ماچت پڕشنگی خۆرت بۆدێنم
…………
تەنیا ماچێک ،
ئەی سورەگوڵ ،
تەنیا ماچێک و هیچی تر… دێوانەیەکی سەرشێتم بەدوای شەمی خێڵا وێڵم ، لەم لاڕێیە ،
تۆ کۆچی یارت نەدیوە؟
لەکوێ دەواریان هەڵداوە؟ چاوی سەرنج ..
لەکوێ بدەم ،
لەکام لاوە.
…..
تەنیا ماچێک ،
ئەی سورگوڵ ،
تەنیا ماچێک و
هیچی تر تەنیا ،
م
ا
چ
ێ
ک
………….
نەوشیروان ئازاد
كوردستان
باری فریاکەوتن.. شیعر\ کەنعان مدحەت
دەمەوێ پێش کات کەوم
پێم لە نمونەی شەوە نەکەوێ
دوو دنیای جیاواز
سەر بە دوو فەرهەنگ
ئایدیا و
هەڵسوکەوتی لە یەک نامۆتر
ڕازی بە قەدەر
بۆ ئەوەی جێ پێ هەڵگر نەبم و بەشێ
لە بڕینی قوتی دارا و نازدار
حەزم دەکرد پاش کات کەوتبام
لە شارە ئەسێرەیەکی بێ نەوت و غازا
لە دایک ببام
لە قەراغە جۆگەی باخێکا
ڕەشە ڕەیحانە
لە سنگە هەورازی شاخێکا
سەنگەری ئاشتی
لەگەڵ هەڵاتنی ڕۆژیشا
دەسکە گوڵە کێویم بۆ قازی و
شێخ سەعید و شیخ مەحمو بناردبا
ببورن
پەلەمە!
کەسانێ، لە دەرگای حەوشەما
بۆ پاروویە نان
چوونەتە تکا..
پیرە پێاوێ، هێز، پشتی لێکردووە و
ناگا بە گۆچان
بۆ مژە هەوایە دەر و دەشت بکا
مناڵێ
بووکەشوشە شڕەکەی
لێی دەخوڕێ؛ ژیر و بێخەم بە
سێ مانگی دی کە موچە
لە هەوارا بار دەخا
خۆم، شیر و دایبی و لانکەت بۆ دەکڕم و
هەر بە خۆیشم پاشماوەی قنگی هەرێم دەسڕمەوە
خاتوو محەممەدی براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی دەستگیرکرا.. شورش عزیز سورمێ
دەرگای زیندانەکان بۆ نەرگس محەممەدی چالاکوانی خاوەن خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ئێران کرایەوە: بە نمایشکردنی قژی ڕەشی جیاوازەوە بۆ سەرپێچیکردن لە ڕژێمی ئایەتوڵڵاکان، ئەو گەنجە تەمەن ٥٣ ساڵە گەڕایەوە بۆ قسەکردن لەگەڵ جەماوەر لە میانی ڕێوڕەسمێکی تایبەت بە پارێزەرێکی مافی مرۆڤ کە لە ژێر بارودۆخێکی ناڕوون گیانی لەدەستدا. پۆلیس ناڕازی بوون و دوای لێدانی ئەو کچە دەستگیریان کرد.
ئەو پارێزەرە ناوی خوسرەو عەلیکۆردی، داکۆکیکارێکی دیار بوو بۆ چالاکوانانی زیندانیکراو و بنەماڵەی ئەو کەسانەی لە سەردەمی ڕاپەڕینەکەی ساڵی ٢٠٢٢دا کوژراون و دەستبەسەرکراون، کە دوای مردنی لە دەستبەسەری مەحسا ئەمینی سەریهەڵدا، کە بەهۆی پۆشینی حیجابەوە بە شێوەیەک کە لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە بە نابەجێی زانیبوو، دەستگیرکرا. ئەو پارێزەرە تەمەن 45 ساڵە لە نووسینگەی خۆی لە شاری مەشهەد لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە بە مردوویی دۆزرایەوە، کە دەوترێت جەڵتەی دڵ بووە بەڵام لە هەلومەرجێکدا کە وایکردووە 81 پارێزەر لە نێویاندا نەسرین سۆتودە داوا لە بەرپرسان بکەن دۆخەکە ڕوون بکەنەوە. ڕێکخراوی ناحکومی مافی مرۆڤی ئێران کە بنکەکەی لە نۆروێژە دەڵێت “گومانی جددی”یان هەیە کە ئەمە “کوشتنێکی دەوڵەتی” بووە. عەلیکۆردی چەند جارێک بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژی دەوڵەت” دەستگیرکرابوو و سزای زیندانیکردن و قەدەغەکردنی کارەکانی یاسایی و تەنانەت دەربەدەریشی بەسەردا سەپێنرابوو.
لە مەشهەد، لە یادی ئەو پارێزەرەدا، حەوت ڕۆژ دوای مردنی، محەمەدی مایکرۆفۆنەکەی گرت و دەستی کرد بە وتنەوەی ناوی مەجیدرەزا ڕەهنەوارد، ئەو ناڕازییە تەمەن ٢٣ ساڵەی دژە حکومەت کە لە ١٢ی کانوونی دووەم، سێ ساڵ لەمەوبەر، هەروەها لە شاری مەشهەد بە ئاشکرا لە سێدارەدرا، دوای دادگاییکردنێکی مشتومڕاوی کە تێیدا بە کوشتنی دوو بەسیج سزا درا ئەفسەران، هێزی نیمچە سەربازیی ئێران لە پێشەنگی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان، لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا. پاشان خۆپیشاندەران دەستیان کرد بە دروشمی “مەرگ بۆ دیکتاتۆر”، واتە ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی و شەڕ و پێکدادان لە گۆڕەپانەکەدا سەریهەڵدا: هێزە تایبەتەکان بە جلوبەرگی ئاژاوەگێڕییەوە، سواری ماتۆڕسکیلە ڕەشە جیاواز و هەڕەشەئامێزەکانیان بوون، هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەران و بە زۆر ڕێگەیان بەناو جەماوەرەکەدا برد و “بە توندوتیژی” براوەی خەڵاتی نۆبڵیان دەستگیرکرد. یەکێک لە براکانی بەناوی حەمید، لە ڕاپۆرتێکدا دەڵێت: “ئەو کچە لە قاچەکانی کەوتووە و بە قژی گرتووە و کێشراوەتە سەر زەوی”. هەروەها هەشت کەسی دیکەش دەستبەسەر کران: لەنێویاندا سێپیدە غولیان، ئەو ڕۆژنامەنووسەی کە بە کتێبەکەی “یانەی نانەواکانی ئەڤین” – ڕێچکەی خۆراک بۆ “مانەوەی لە زیندان”دا گاڵتە بە ڕژیم دەکات و ئەشکەنجە و خراپ بەکارهێنان لە زیندانەکانی ئێران و هەروەها هاستی عامری، پووران نازمی و عەلیە مۆتەلەبزادە ئیدانە دەکات. دەوترێت ئێستا هەموویان لە ناوەندێکی دەستبەسەرکردندا ڕاگیراون کە پەیوەندی بە ئیتلاعاتی پاسدارانەوە هەیە لە مەشهەد.
محەممەدی، براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ساڵی ٢٠٢٣ کە لەلایەن کچە دووانەکانی تەمەن ١٧ ساڵەوە کێشرایەوە، چونکە ئەو کاتە لە زیندانی ئەڤین بوو، مانگی تەمموزی ساڵی ڕابردوو ئاشکرای کرد کە لەلایەن “بریکارەکانی ڕژێم”ەوە هەڕەشەی کوشتنی لێ کراوە. بەڵام ئەمە ڕێگری لێنەکرد: دواجار لە ٥ی کانوونی دووەمدا، ئەو ڕۆژەی مردنی عەلیکۆردی ڕاگەیەندرا، ئەو چالاکوانە بابەتێکی ئاگرینی نووسی کە لەلایەن تایمەوە بڵاوکرایەوە. ئەو چالاکوانە بە وەبیرهێنانەوەی چوار دەیەی ناڕەزایەتی دژە حکومەت کە بە خوێنی هەزاران خۆپیشاندەر سەرکوتکراون، نووسیویەتی “گەلی ئێران ئازایەتی خۆیان نیشانداوە، بەرگەی زیندان و سانسۆر و چاودێری و فیشەک و لەدەستدانی منداڵەکانیان گرتووە، لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوامن لە شەڕکردن”. ڕژێم “لە شەڕدایە دژی گەلەکەی”، بەڵام ناتوانێت شەڕی “کۆتاییهێنان بە دیسپۆتیزمی ئایینی و یارمەتیدانی سەرکردایەتیکردنی گواستنەوە لە پاوانخوازییەوە بۆ دیموکراسی” بوەستێنێت، محەمەدی ڕەشەبای وت.
شورش عزیز سورمێ
جیلی تەم.. بە پێنووسی: ڕێبوارعوسمان یاسین
مستەفا سەباعی هزرڤان لە وتەیەکی بەناوبانگدا دەڵێت: گەر خامە کەوتە دەستی نەفام و چەك لە دەستی تاوانکارو دەسەڵات لە دەستی ناپاکدا بوو، ئەوا نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵێك و کەڵکی ژیانکردنی نامینێت.
ئەم زۆرانبازییە مێژووییەی نێوان ڕاستی و ناڕاستی، ستەم و داد، دەسەڵات و ڕۆشنبیر جەدەلێکی مێژوویی لەخۆ دەگرێت، زۆرانبازییەکەش زۆر شێوەی جۆراوجۆر بەخۆوە دەبینێت، بەڵام هەرگیز نابێت ئەوەمان لە بیر بچێت بڕیارو وشەی زاڵ هەمیشە پێوەر نییە بۆ ڕاست و دروستی بێژەرەکەی، بەو مانایەی : هەمیشە مێژوو بەهێز دەینووسێتەوە، بەڵام کەمینەی ئەوانەی لە دەرەوەی ئەو بازنەیە بوون، هەرچەندە توانای ماددییان نییە، مانای ئەوە نییە چەوت بن و دەبێت سەرکۆنە بکرێن.
وەك چۆن لە کۆمەڵگا پاشکەوتووەکاندا هەر کەسێك دەستی خامەی گرت دادەنرێت بە ڕۆشنبیر، بەڵام ئەم تێڕوانییە گەر جارانێك ڕێژەیی بێت ئەوا جارانێکیش سەر لەبەری ڕاست نییە و ڕەنگە کەسی خامەبەدەست پێچەوانەی ڕۆشنبێرێتی بنووسێت و بجوڵێت.
بەتایبەتی وەك ئەفلاتۆن دەڵێت: زۆرینەی خەڵك لە دیدگای دەسەڵاتەوە شەڕەنگێزن.
ئەوا زۆر ئاساییە ئەو ڕەهاییەی پێوەری دەسەڵاتەکان، کە سەرچاوەی مانەوەو هێزی خۆی لە زۆر ڕووەوە زامن کردووە جێی مشتومڕو وتوێژ بێت، بۆیە ئاوها بە متمانە بەخۆبوون و ڕاشکاوانە دژی خاوەن فیکرو داهێنان وهاونیشتمانینانی خۆیان دەکەونە سەنگەرەوە.
هەرچەندە وەك نعۆم چۆمسکی دەڵێت: ڕۆشنبیری ڕاستەقینە هەڵگری حەقیقەتە بە ڕووی هێزدا. بەڵام مەخابن لە ژینگەی دەسەڵاتە تۆتالیرەکاندا، کە کۆمەڵگای ئێمەش بەشێکە لەو ژینگانە، دەسەڵات سوپایەك لە خامە بەدەستان لەدەوری خۆ دەکاتەوە بۆ ڕەوایی دان بە بوونیان و ڕەفتارو دروشمەکانیان.
کێ هەیە نەزانێت لە کوردستان دەرکردنی گۆڤارێك یان ڕۆژنامەیەك یان دروستکردنی دەزگایەك یان بنکەیەکی ڕۆشنبیریی یان کەناڵێکی ڕاگەیاندن و تاد… تێچوونی ماددی گەرەکەو ئەمەش لە توانای بابای نووسەری بێ کارو بێ داهاتدا نییە، بگرە بەشێك لەو میدیایانەی دەسەڵات و سێبەریش پاداشت دەدەن بە نووسەرەکانیان، ئەوانیش لەبەرانبەردا هاوسۆزی خۆیان لە نووسینەکانیاندا بە جۆرێك لە جۆرەکان بۆ ئەو دەزگاو بڵاوکراوانە و دیدو ئایدیاکانیان دەدەبڕن، جا یان ڕاستەوخۆ ئۆرگانی حیزبین، یان میدیای سێبەرن و خۆیان بە ئازاد ناوزەد دەکەن، بەڵام بە پرسیارێکی ئاسان دەتوانین ڕاستی و ناڕاستی ئەو وەڵامە چنگ بخەین کە سەربەخۆن یان نا؟ کاتێك بپرسین سەرچاوەی داهاتتان لە کوێوە وەردەگرن؟
لە هەمان کاتدا لێرەو لەوێ چەند هەوڵیکی بچووکی تاکەکەسی هەن کە داهاتی ماددی زۆریان تێناچێت، وەك بەڕێوەبردنی پێگەیەکی ئەلەکترۆنی، کە لەبەردەستی زۆر کەسدایە. بەڵام کێشەکە ئەوەیە دەسەڵات چاوی بەو هەوڵە تاکە کەسیانەش هەڵنایەت و گەر هیچیان بەرانبەر نەکرێت، ئەوا فەرامۆش دەکرێن و پەراوێز دەخرێن و دەخرێنە لیستی ڕەشەوە، ئیدی وردە وردە کاتێك بێلایەنییان دەردەکەوێت و ئاوازیان لە گەڵ کۆڕاڵی دەسەڵاتدا یەکنایەتەوە دەخرێنە بەر پلارو هێرشی ناڕەوای خامە بەدەستانی میدیای سێبەر.
یەکێك لەو مالپەرە جوان و وێژەییانەی ڕەوتێکی بێلایەنی هەیەو هیچ پەیوەندی بە پۆڵەتیك و دەسەڵات و کاروباری سیاسەتەوە نییە، ماڵپەڕی شیعری (تەم)ـه، چەند شاعیرێکی لاو بەرهەمەکانیانی تێدا بڵاو دەکەنەوەو سوود لە ئەزموونی یەکتری دەبینن و تێیدا ڕەوتی وێژەو شیعری کوردی هاوچەرخ تاووتوێ دەکرێت و بەهۆیەوە پێشدەکەوێت، تەنیا ئەوەی کۆیان دەکاتەوە شیعرەو هیچ ناسینێکی پێشوەختە لە نێوانیاندا بوونی نییە، بە حوکمی ئەوەی هەریەکەو لە ناوچەیەکەوە دەنووسێت و هەست و نەستی خۆیانی تێدا دەئافرێنن.
شیعر کە ئەرستۆ سەبارەتی دەڵێت:زۆر لە مێژوو فەلسەفئامێزترە، چونکە مێژوو مامەڵە لەگەڵ چەندەکیدا دەکات و شیعر مامەڵە لەگەڵ هەمەکیدا دەکات. یان وەك پاتریك لویس ئاماژەی پێدەکات: شیعر تونێلێکی تری ڕووناکییە. لە کاتێکدا سۆمەرست مۆم بە تاجی ئەدەب ناوی دەبات و بە باڵاترین ئاستی دەربڕینی هۆش دایدەنێت.
کەی ڕەوای حەقە پلار بگیردرێتە ئەو هەوڵانەی کە بێ دەسکەوتی ماددیی بە دوای خزمەتکردندا دەگەڕین و ماندوو و دەبن و شەونخونی دەچێژین.
لەم دواییانەدا نووسەرێك لە ڕۆژنامەی (هەولێر)ەوە ئاوها پلاردەگرێتە ئەو شاعیرانە و دەنووسێت: (بگرە لاسایی یەکتریش لە ڕووی تێمای شیعری دەکەنەوە، وەك بابەتی ڕەشبینی و رەتکردنەوەی نیشتیمان و ڕەخنەگرتن لە سیاسەت و پووچگەرایی ژیان و چەندان بابەتی هاوشێوەی دیکەش، ئیدی نازانم کامەیە جیهانبینی و ئەزموونی جیاواز، گەر شاعیرانێك هەموویان هەمان بابەتیان کاوێژ کردەوە؟).
سەرەتا پێویستە ئەوە بگوترێت کە قسەکردن لەسەر شیعر باشترە بۆ ئەهلی ئەو هونەرە جێبهێڵین، بەڵام وەك چۆن کاکی ڕۆژنامەوان ئەم ڕایەی دەربڕیوە، منیش وەك خوێنەرێك دەبێت ئەوە بڵێم کە شیعر دنیایەکی زۆر بەرفراوانترە لەوەی بە چەند وشەیەك پێناسەی بکەین، ئەوانەی دەنووسرێن تەنیا تێڕوانین و تێگەشتنی ئەو کەسانەیە بۆ شیعر، لەبیرمان نەچێت شیعر لەگەڵ سەرهەڵدانی مرۆڤدا بوونی هەبووەو دەربڕینێکی هونەرییەو هەست و سۆز تیایدا دەستلەملانی تێما دەبێت و مانای قووڵ لە چەند زاراوەیەکی هونەریی چڕدا لە خۆ کۆدەکاتەوە، کاریگەری و خرۆشان لە ناخدا بەرپا دەکات. جۆروشێوەی ئەم هونەرە ڕەوانبێژییە هێندە بەربڵاو و هەمەڕەنگە هەرگیز ناتوانرێت بە چەند وشەیەك هێلێكی ڕاست وچەپ بەسەر ئەو پێکهاتە هزریی و هەستەکی و زمانەوانییانەدا بهێنرێت گەر بمانەوێت بە ویژدانەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکەین.
با بوار بەو شاعیرو لاوە خێرلەخۆنەدیوانە بدەین بنووسن و دەم کوتیان نەکەین، ئەوانە ئاوێنەی هونەریی واقیعەکەیانن و بەس لەبەرئەوەی وەکو ئێمە بیر ناکەنەوەو بابەتی شیعرەکانیان بە دڵی ئێمە نییە پەراوێزیان نەخەین، دەستمایەی ئەوان هەر وشەیە و دڵنیام کەسانێکی ئاشتیخوازن و زیانیان بۆ هیچ دەستەو لایەنێك نییە، وەك بەرپرسیارێتی ئاکاریی گەر هانیان نادەین و ئاسانکارییان بۆ ناکەین با پاشقولیان لێ نەگرین، دەرگای ڕەخنەی پرۆفیشناڵیش هەرگیز داخراو نییە، ئەگەر کەسانی تایبەتمەند بیانەوێت لەو دەرگایەوە شیتەڵی پێکهاته جۆراوجۆرەکانی ئەو شیعرانە بکەن، دەتوانن لایەنە گەش و لاوازەکان بێ لایەنگیریی یاخود بەرەنگاربوونەوە دەستنیشان بکەن.
لەو بڕوایەدام جیلی تەم تەنیا ئەوانە نین لەو ماڵپەڕەدا دەنووسن، بەڵکو ئەوەی ئەوان دەینووسن ئازارە جوانەکانی سەراپای میللەتێکە کە بە دەیان ئەزموونی تاڵدا تێپەڕیوەو دەیهەوێت تروسکەی ئاسۆیەکی گەش ببینێتەوەو هەر زوو گەواڵەیەکی ڕەش بەر دیدگایان دەتەنێت و ئەوانیش ئاوها خۆیان و ژیان و ئەزموونەکانیان دەشیعرێنن.
دەڤەری مەرگە
٥/١٢/٢٠٢٥
فرمێسكی كۆچ و تاری دڵ.. عەلی سیرینی
ئەم شیعرە بە بۆنەی كۆچی دوایی زانا و ئەدیب و نوسەری گەورەی كورد مامۆستا مەلا حوسامەددینی مەلا عەبدوڵلا قەڵاتیە، كە لە شەوی یەكشەممە لە سەر دووشەممەی 1ی دیسێمبەری 2025 كۆچی دوایی كرد. مردنی ناوادەی مامۆستا مەلا حوسامەددین خەسارەتێكی هەرە گەورەی كورد و كوردستان و زانست و ئەدەبە. كۆستێكی بێ پایانی خاكی بێ نازی حەریریی و خانی و نورسی و مەولانا و شێخی بیارە و جەزیریی و نالی و سالم و مەحویە.
دامێنی تاریكی دایگرت ئەم شەو كۆچی ڕۆژێكی تر
لە قەیلولەی بێ ئاگایی ڕەتی كرد بە سەرما مەلێكی تر
لە غەفڵەتی گوناهی دووریم مەحروم بووم لە شەوقێكی تر
لە ناكاوی جەمعی بێ ئاگا خامۆش بوو شەوچراغێكی تر
ڕەشەبای بێ بەختیی ڕاپێچی كرد گوڵستانێكی تر
حەسرەتم بۆ كورد باری كرد نالی و خانی و هەژارێكی تر
بە دڵشكاویی ماڵئاوایی كرد لە كورد شۆڕەسوارێكی تر
كە دیم سیس بوو باغستان زانیم وشك بوو ڕوبارێكی تر
لەپی ڕەشی مردن بردی سەر و مێزەری زانست و ئەدەب
كاروانی مەینەتە ڕوو لە كورد بۆ كۆست و خەمانێكی تر
ڕێژنەی حوزنی ئەزەلە بە سەر میللەت جارێكی تر
بێ بەختی كوردە وا شكا لە دەستی حوسامێكی* تر
لە گرانی خەم و حەسرەت وێرانەیە ڕۆح و دەروون
سوتانی خەرمانە و ڕەشپۆشینی بەهارێكی تر
بێ هودەیە بە گریە هانای بڵێسەی دڵ كەوی
سوتان كەوتە بارێكی تر كۆچی نازدارێكی تر
پێ ڕا ناگا چاوانی حوزن و گریان بە هاواری دڵ
دەسەوسانە هزری غەمگین بە دەست ناڵانێكی تر
برینی كۆچت ئازیز هەمیشە سەوزە تا ئەبەد
بە بێ مردن لە بیرمانی نا باتەوە زەمانێكی تر
- حوسام ناوی مامۆستای كۆچ كردووە، مانای حوسام بە كوردی واتە شمشێر.
زەوی، پرتەقاڵێکی خەمگینە.. غەسان کەنفانی.. و: عومەر عادل عەبدوڵڵا
کاتێک لە «یافا»ەوە بۆ «عەکا» دەرچووین، هیچ پێشهاتێک لەوێدا ڕووی نەدابوو، وەک کەسێک وابوو ساڵانە لە شارێکەوە گەشت بکات بۆ شارێکی تر و ڕۆژانی چەژنی لەوێدا بەسەر بەرێت. ڕۆژەکانمان لە «عەکا» بە شێوەیەکی ئاسایی تێپەڕین و هیچ شتێکی سەیر تێدا ڕووی نەدا، ڕەنگە لەبەر بووێت، ئەو کاتە منداڵ بووم و چێژم لەو ڕۆژانە وەردەگرت، چونکە ڕێگریان لێکردم، بۆ قوتابخانە بچمەوە. هەرچییەک بێت، لە شەوی هێرشە گەورەکەی سەر «عەکا»، دیمەنەکان ڕوونتر و ڕوونتربوونەوە …، ئەو شەوە، لە نێوان تاریکی پیاوان و نزای ژنەکاندا خراپ تێپەڕی. من و تۆ و ئەوانی تر، زۆر لەوە منداڵتر بووین بۆ ئەوەی تێبگەین، چیرۆکەکە لە سەرەتاوە، تا کۆتایی چ واتایەک دەگەیەنێت. ئەو شەوە، هێڵەکانی ڕووناکی دەرکەوتن و بەیانیش کە جولەکەکان کشانەوە و هەڕەشەیان دەکرد و کەفیان لە دەم دەهاتە دەرەوە. بارهەڵگرێکی گەورە، لە بەر دەرگای ماڵەکەمان وەستابوو، کۆمەڵێک کەرەستەی سادەی نووستن بە جووڵەی خێرا و هێمنانە لێرە و لەوێ دەفڕێنران… من بە پشتم بە دیواری خانووە کۆنەکەوە بوو و وەستابووم، کە بینیم دایکت سواری ئۆتۆمبێلەکە بووە، پاشان خاڵۆزاکەت، پاشان منداڵەکان، باوکت تۆ و خوشک و براکانتی فڕێ داوە ناو ئۆتۆمبێلەکەوە، لەسەرەوەی جانتاکان، پاشان لە گۆشەیەکەوە دەریهێنام و بۆ قەفەزی ئاسنی ناو ژووری شۆفێرەکە بەرزیان کردمەوە. بینیم «ڕیاز»ی برام بە هێمنی دانیشتووە. پێش ئەوەی بتوانم خۆم لە شوێنێکی گونجاودا جێگیر بکەم، ئۆتۆمبێلەکە جووڵەی کرد. کە ئۆتۆمبیلەکە چووە سەر ڕاستەڕێی «ڕاس نەقورە»، «عەکا»ی خۆشەویست هێدی هێدی لە ڕێگا پێچاوپێچەکاندا ون دەبوو.
کەشوهەوا، کەمێک هەور بوو، تەزوویەکی ساردیش بەسەر جەستەمەدا دەهات. «ڕیاز» زۆر بە بێدەنگی دانیشتبوو، قاچەکانی بەسەر لێواری قەفەسەکەدا بەرز کردبووەوە، پشتی بە جانتاکەوە دابوو، چاوی لە ئاسمان بوو، چەناگەم دەخستە نێوان ئەژنۆیەکانم و هەردوو قۆڵم بەسەریاندا چەماندەوە. کێڵگە پرتەقاڵییەکان، لە ڕێگاکەدا بەدوای یەکدا دەڕۆن. هەستی ترس ناخی هەموومانی دەخواردەوە. ئۆتۆمبێلەکە بە هەناسەبڕکێ بەسەر ڕێگە قوڕینەکەدا سەرکەوت و تەقەی سەجمەکان لە دوورەوە وەک دەستڕاوەشاندی ماڵئاوایی دەنگیان دەدایەوە.
کاتێک دیمەکانی «ڕاس ناقورە» لە دوورەوە دەرکەوتن، هەور بەشێوەیەکی ئاسۆی بە ئاسمانی شیندا بڵاوەی پێ کردبوو. ئۆتۆمبێلەکە وەستا، ژنەکان لە نێو کەرەستە و جانتاکان دابەزین و چوونە لای جووتیارێک کە بە قاچی بڕاوەوە دانیشتبوو و سەبەتەیەک پرتەقاڵی لەبەردەمیدا بوو، لەو ساتەی پرتەقاڵەکانیان هەڵگرت… گوێمان لە دەنگی گریانیان بوو… ئەوکات پێم وابوو پرتەقاڵ شتێکی خۆشەویستە. ئەم میوە گەورە و پاکانە شتێکی ئازیز بوون بۆ ئێمە. ژنەکان پرتەقاڵیان کڕی و هەڵیانگرت بۆ نێو ئۆتۆمبێلەکە، باوکت کە لە شانی شۆفێرەکە دانشتبوو، شۆفێرەکە هاتە خوارەوە، دەستی درێژ کرد و یەکێکیانی برد، بە بێدەنگی سەیری کرد، پاشان وەک منداڵێکی بەدبەخت، گریانێکی توند و بەهێز، پێیدا تەقییەوە.
لە «ڕاس نەقورە»، تۆئۆمبیلەکەمان لە تەنیشت ئۆتۆمبیلی زۆر کەسی ترەوە ڕاوەستاند. پیاوەکان دەستیان کرد بە ڕادەستکردنی چەکەکانیان بەو پۆلیسانەی کە لەوێدا ڕاوەستابوون، نۆرەی ئێمە هات، بینیم تفەنگ و دۆشکە فڕێدراونەتە سەر مێزەکە. هێڵی ئۆتۆمبێلە گەورەکان پێکەوە قەتارەیان بەستبوو و دەڕۆشتنە نێو خاکی لوبنانەوە، ڕێگا پێچاوپێچەکان، زیاتر و زیاتر…، لە خاکی پرتەقاڵەکان دووریان دەخستینەوە، منیش دەستم کرد بە گریان، دایکت بە قووڵی دەگریا و بە بێدەنگی چاوی لەسەر پرتەقاڵەکە بوو. لە چاوەکانی باوکتدا، هەموو ئەو پرتەقاڵانەی کە بۆ جولەکەکان بەجێ هێشتبوو، دەدرەوشایەوە، هەموو ئەو پرتەقاڵە پاکانەی کە کڕیبووی، دار بە دار، لە ڕووخساریدا تەواو ڕەنگدانەوەی دابووەوە و لە نێو ئەو فرمێسکانەدا دەدرەوشاویەوە، کە نەیتوانی لەبەردەم ئەفسەری بنکەی پۆلیسەکەدا بەرزەفتیان بکات. کاتێک پاش نیوەڕۆ گەیشتین بە شاری «سەیدا»، بۆ هەمیشە بووین بە پەنابەر.
ڕێگاکە تەواو ئێمەی لە ئامێز گرتبوو. باوکت لە جاران پیرتر دەردەکەوت، وا دیار بوو کە ماوەیەکی زۆرە نەخەوتووە. لە شەقامەکەدا ڕاوەستا بوو لەبەردەم ئەو جانتایەی کە لەسەر ڕێگاکە فڕێدرا بوو، دەمتوانی بیهێنمە پێش چاوم کە ئەگەر بچمە سەرەوە بۆ ئەوەی شتێک بڵێم، ئەوا بە ڕووخسارمدا دەتەقێتەوە و دەڵێت: نەفرەت لە باوکت… نەفرەت…، ئەم دوو نەفرەتە، بە ڕوونی بە ڕووخسارییەوە دیار بوو، تەنانەت منیش، ئەو منداڵەی کە لە قوتابخانەیەکی ئایینی کۆنەپەرستدا گەورە بووم، لەو کاتەدا گومانم هەبوو، کە ئەم خودایە بەڕاستی دەیەوێت خەڵک دڵخۆش بکات، گومانم هەبوو کە ئەم خودایە هەموو شتێک بیستبێت و بینیبێت. ئەو وێنە ڕەنگاوڕەنگانەی کە لە کڵێسای قوتابخانە بەسەرماندا دابەشکرابوون، کە گوزارشتی لەوە دەکرد، خودا بەزەیی بە منداڵەکاندا دێتەوە و بە ڕوویاندا زەردەخەنە دەکات، ئەم وێنانە وەک درۆیەکی دیکە لەو کەسانە دەهاتە بەرچاو کە قوتابخانەیەکی کۆنەپەرستانە دادەمەزرێنن، بە مەبەستی ئەوەی زیاتری کرێی خوێندن کۆ بکەنەوە. چیتر گومانم نییە، کە ئەو خودایەی لە فەلەستین دەمانناسی، ئەویشمان جێی هێشتووە، ئێمەی پەنابەر ، لەسەر شۆستە دانیشتووین و چاوەڕێی چارەنووسێکی نوێ دەکەین، کە هەندێک چارەسەری لەگەڵ خۆیدا بهێنێت و بەرپرسیارین لە دۆزینەوەی میچێک(سەقف) بۆ ئەوەی شەوی تێیدا بەسەر بەرین.
شەو دۆخێکی ترسناکە و ئەو تاریکییەی کە وردە وردە بەسەرماندا زاڵ دەبوو، ترسێکی لە ڕادەبەدەری دەخستە دڵمەوە. تەنها بیرکردنەوەیەک لە بارەی ئەوەوە کە شەوەکە لەسەر شۆستە بەسەر دەبەم، هەموو جۆرە ترسێکی لە مندا دەجووڵاند، ترسێکی توند و وشک بوو. کەس ئامادە نەبوو، بەزەیی پێمدا بێتەوە، کەسم نەدەدۆزیەوە ڕووی لێبکەم. نیگای بێدەنگی باوکت، وایدەکرد ترسێکی نوێ لە سینەمدا سەر هەڵبدات و پرتەقاڵی دەستی دایکت ئاگری لە سەرم بەردابوو. هەمووان بێدەنگ بوون، چاویان لە ڕێگا ڕەشەکە بوو، بەو هیوایەی کە چارەنووس لە پێچێکی ئەو ڕێگایانەوە دەربکەوێت، چارەسەری کێشەکانمان بکات و ئێمە بەرەو بنەبانێکی ئارام بەرێت؛ چارەنووس لە پڕێکدا هات، مامت پێش ئێمە گەیشتبووە شار و ئەو چارەنووسی ئێمە بوو.
مامت زۆر باوەڕی بە ڕەوشت نەبوو، بەڵام کاتێک خۆی بینیەوە لەسەر شەقامەکە، وەک ئێمە، ئیتر بە ڕەهای باوەڕی پێی نەما. ڕووی بەرەو ماڵێک کرد کە خێزانێکی جولەکە تێیدا نیشتەجێ بوو، دەرگاکەی کردەوە و کەلوپەلەکانی فڕێدایە ژوورەوە و بە دەموچاوە چرچ و لۆچەکەیەوە ئاماژەی پێکردن و بە تۆنێکی قسەخۆشەوە دەیگوت: “بڕۆ بۆ فەلەستین…” بە دڵنیاییەوە ئەوان نەچوونە فەلەستین، بەڵام ترسیان لە نائومێدییەکەی هەبوو، بۆیە چوونە ژووری تەنیشت و جێیان هێشت تا چێژ لە دیمەنی بنەبان و کاشیەکان وەربگرێت.
مامت بەرەو ژوورەکەی خۆی بردین و لەگەڵ بە کەلوپەلەکان و خێزانەکەیەوە جێی کردینەوە. شەوانە لەسەر زەوی دەخەوتین، جەستە بچووکەکانمان لەسەر زەوییەکە ڕاکشا بوو و بە پاڵتۆی پیاوان خۆمان دادەپۆشی. بەیانی کە لە خەو هەڵساین، پیاوەکان شەویان بە دانیشتن لەسەر کورسی بەسەر دەبرد. کارەسات دەستی کردبوو بە دۆزینەوەی ڕێگایەکی قیرتاوکراو بۆ ئەوە بەرەو خانەکانی جەستەمان هەنگاو بنێت.
لە «سەیدا» زۆر نەماینەوە، ژوورەکەی مامت تەنانەت بەشی نیوەمانی نەدەکرد، لەگەڵ ئەوەشدا سێ شەو جێگەی بۆ کردینەوە. پاشان دایکت داوای لە باوکت کرد کارێک بدۆزێتەوە، یان با بگەڕێینەوە بۆ خاكی پرتەقاڵ، بەڵام باوکت بە دەنگێکی لەرزۆک و پڕ لە ناڕەزایەتی هاوارێکی بەسەردا کرد، بۆیە بێدەنگ بوو. کێشەی خێزانەکەمان دەستی پێکردبوو، ئێمەش لەگەڵ زەوی و خانوو و شەهیدانەکانمان، خێزانە بەختەوەر و نزیک لە یەکەمان بەجێهێشت.
من نەمدەزانی باوکت ئەو پارەی لە کوێوە دەستکەوت بوو، بەڵام دەزانم ئەو زێڕانەی فرۆشت کە بۆ دایکتی کڕی بوو، بە مەبەستی دڵخۆشکردنی و شانازیکردن بە هاوسەرەکەیەوە، بەڵام ئەو زێڕە بای ئەوەندە نەبوو،کێشەکانمان چارەسەر بکات، بۆیە سەرچاوەیەکی دیکەی پێویست بوو، ئایا شتێکی قەرز کردووە؟ ئایا شتێکی تری فرۆشتووە و لەگەڵ خۆی بردوویەتی، بەبێ ئەوەی ئێمە بیبینین؟ نازانم، بەڵام لەبیرمە، کە چووینە گوندێک لە پەراوێزی «سەیدا»، لەوێ باوکت لەسەر باڵکۆنە بەرز و بەردینەکە دانیشتبوو، بۆ یەکەمجار زەردەخەنەی دەکرد، چاوەڕێی گەڕانەوەی پانزەی ئایار دەکات لە دوای سوپای سەرکەوتوو.
لە ١٥ی ئایار دوای چاوەڕوانییەکی تاڵ کۆتایی هات؛ ڕێک کاتژمێر دوانزە، باوکت لە کاتێکدا من بە توندی خەوتبووم بە پێی خۆی چەقاندم و بە دەنگێک کە بە هیوایەکی بوێرەوە دەقیژاندەوە وتی: “هەڵسە… شایەتحاڵی چوونە ژوورەوەی سوپای عەرەب بە، بۆ نێو خاکی فەلەستین.” وەک شێتێک هەستام و لە نیوەی شەودا بە پێی پەتی لە گردەکاندا دابەزین، بۆ ئەو شەقامەی کە کیلۆمەترێکی تەواو لە گوندەکەوە دوورە، هەموومان، گەنج و پیر، وەک شێتێک هەناسەمان دەدا و ڕامان دەکرد. گڵۆپی ئۆتۆمبێلەکان، لە دوورەوە دەبینران، بەرەو «ڕاس نەقورا» بەرز دەبوونەوە، کاتێک گەیشتینە شەقامەکە هەستمان بە سەرما کرد، بەڵام قیڕە هاوارەکانی باوکت بەرزەفتی زۆربەمانی دەکرد و وەک منداڵێکی بچووک دەستی کرد بە ڕاکردن بە دوای ئۆتۆمبێلەکاندا و هاواریان دەکرد، بە دەنگێکی زەق هاوار دەکرد وهەناسەی دەدا، هەر وەک منداڵێکی بچووک بە دوای هێڵی ئۆتۆمبێلەکاندا ڕایدەکرد. ئێمە لە تەنیشتی بە هەمان شێوە ڕامان دەکرد و لەگەڵیدا هاوارمان دەکرد، سەربازەکانیش لە ژێر کڵاوەکانیانەوە، بێدەنگ سەیری ئێمەیان دەکرد… ئێمە هەناسەمان دەدا، لە کاتێکدا باوکت کە لە پەنجا ساڵیدا بوو، ڕای دەکرد و پاکەتە جگەرەی لە گیرفانی دەرهێنا و بۆ سەربازەکان فڕێی دەدا.
ئۆتۆمبێلەکان لەناکاو ڕاوەستان و بە ماندووییەوە بۆ ماڵ گەڕاینەوە، لەسەرخۆ هەناسەمان دەدا. باوکت بێدەنگ بوو، ئێمەش بێدەنگ بووین. کاتێک ئۆتۆمبێلێک تێپەڕی، ڕووناکی لایەتەکان ڕووخساری باوکتی ڕۆشن دەکردەوە. ڕوومەتەکانی پڕ فرمێسک بوون، دوای ئەوە، شتەکان زۆر بە هێواشی دەجووڵان، ڕاپۆرت درۆینە و ڕاستییە تاڵەکان فریوی داین و دووبارە ڕووخسارمان گرژی دایگرت. باوکت زۆر بە سەختی دەستی کرد بە باسکردنی فەلەستین و ئەو ڕابردووە خۆشەی لە باخ و ماڵەکاەیدا بەسەر برد بوو، ئێمە دیوارێکی زەبەلاح بووین، بەرامبەر ئەو کارەساتەی کە زاڵ ببوو، بەسەر ژیانێکی نوێدا. ئێمەش، ئەو نەفرەت لێکراوانە بووین ، کە زۆر بە ئاسانی بۆمان دەردەکەوت، کە بەیانی زوو، دەبێت بە فەرمانی باوکت بەسەر شاخەکەدا سەربکەوین، بۆ ئەوەی داوای ژەمێکی بەیانی بکەین.
شتەکان بەرەو ئاڵۆزبوون دەچوون. سادەترین شت بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر توانای وروژاندنی باوکتی هەبوو. بە تەواوی بیرمە ئەو ڕۆژە کە کەسێک داوای شتێکی لێکرد کە من نایزانم و لەبیرم نییە ئەو شتە چی بوو، یەکسەر تووڕە بوو و هەڵچوو، پاشان هەموو گیانی دەلەرزین وەک ئەوەی ڕەشەبایەک لێیدابێت، چاوەکانی بەدەوری خۆیدا سوڕانەوە و سەیری کردین. بیرۆکەیەکی نەفرەتی لە مێشکدا چەکەرەی کرد، ڕاوەستا وەک ئەوەی کۆتایی دڵخۆشکەری دۆزیبێتەوە. لە ناوەڕاستی هەستکردنی مرۆڤێک بە توانای کۆتاییهێنان بە کێشەکانی و هەستکردنی بە ترس پێش ئەوەی شتێکی مەترسیدار ڕوو بدات، دەستی کرد بە قسەکردن و بە خولانەوە وگەڕان بەدوای شتێکدا، کە ئێمە نەماندەتوانی بیبینین، پاشان پەلاماری سندوقێکێکدا کە لە «عەکا»ەوە لەگەڵ خۆماندا هەڵمانگرتبوو و بەوپەڕی ترس و تووڕەیەوە، دەستی کرد بە بڵاوکردنەوەی شتەکانی نێو سندوقەکە، لە یەکەم ساتدا دایکت لە هەموو شتێک تێگەیشت؛ پاڵنەرێک بوو بەو سەرلێشێواوییەی کە دایکێک دەکەوێتە ناویەوە کاتێک منداڵەکانی ڕووبەڕووی مەترسی دەبنەوە، پاشان ئیمەی بەرەو دەرەوە پاڵ پێوەنا و داوای لێکردین بەرەو شاخەکە ڕابکەین، بەڵام لە پەنجەرەکەوە دەرنەچووین، گوێچکە بچووکەکانمان بە دارەکەیەوە چەقاند، بە ترسێکی زۆرەوە گوێمان لە دەنگی باوکت گرت: “دەمەوێت بیانکوژم و دەمەوێت خۆم بکوژم، دەمەوێت تەواو بم، من ئەمەم دەمەوێت.”
باوکت بێدەنگ بوو. کاتێک گەڕاینەوە، تلە درزی دەرگاکەوە سەیری ژوورەکەمان کرد، بینیمان لەسەر زەوی پاڵکەوتبوو و لەسەرخۆ هەناسەی دەدا، ددانەکانی لێکدەخشاند و دەگریا، لە کاتێکدا دایکت لە لایەک دانیشتبوو و بە ئاماژەکانی ئاگادارکردنەوە سەیری دەکرد، ئێمە زۆر تێنەگەیشتین، بەڵام بیرمە کە کاتێک دەمانچە ڕەشەکەم بینی لەسەر زەوی کەوتبوو، لە هەموو شتێک تێگەیشتم، وەک ئەو ترسێکی کوشندە کە بەر منداڵێک دەکەوێت، کە لەناکاو جنۆکەیەک دەبینێت، دەستم کرد بە ڕاکردن بەسەر شاخەکەدا و هەڵهاتم.
کاتێک لە ماڵەوە دوور بووم، لە هەمان کاتدا لە خودی منداڵیم دوور کەوتمەوە، هەستم دەکرد ژیانمان چیتر شتێکی ئاسان نییە، بۆ ئەوەی بە ئارامی بژین، بارودۆخەکە گەیشتوو بەوە کە جگە لەوە کە فیشەکێک بنرێت بە سەری هەریەکێکمانەوە هیچ شتێک چارەسەرێکی دیکە هەڵناگرێت، بۆیە دەبێت وریا بین لە کارەکانمان بۆ ئەوەی شایستە دەربکەوین. نابێت داوای خواردن بکەین، تەنانەت ئەگەر برسیش بین. دەبێت بێدەنگ بین کاتێک باوکمان باسی کێشەکانی دەکات ، بە زەردەخەنەیەکەوە سەرمان بجووڵێنین، کاتێک پێمان دەڵێت بچنە سەر شاخەکە و تا نیوەڕۆ مەگەڕێنەوە.
ئێوارە، کە تاریک داهات، گەڕامەوە ماڵەوە. باوکت هێشتا نەخۆش بوو، دایکت لە تەنیشتی دانیشتبوو. چاوەکانت وەک چاوی پشیلە دەدرەوشایەوە، لێوەکانی بەیەکەوە لکێندرابوون، وەک ئەوەی هەرگیز نەکرابێتەوە، وەک شوێنەواری برینێکی کۆن کە هەرگیز سارێژ نەبووبێت.
لەوێ هەموومان کەڵەکە بوون، وەکوو چۆن لە منداڵیمان دوورکەوتینەوە، بە هەمان شێو لە خاکی پرتقاڵەکاندا دوور کەوتبووینەوە، ئەو پرتەقاڵانەی کە جووتیارێک پێی گووتین: ئەگەر دەستی ئاودانیان بگۆڕدرێت، وشک دەبن.
باوکت هێشتا نەخۆش بوو، لە سەر جێگاکەی پاڵکەوتبوو، دایکت فرمێسکێکی کارەسائامێزی دەڕشت، کە تا ئەمڕۆش، لە چاوەکانیدا قەتیس ماوە، بە دزییەوە چوومە ژوورەکەوە، وەک دەرکراوێک کاتێک سەیری دەموچاوی باوکتم کرد، لە تووڕەیدا دەلەرزی. لە هەمان کاتدا، دەمانچە ڕەشەکەم بینی لەسەر مێزەکە و لە تەنیشتیەوە پرتەقاڵێک دانرا بوو، پرتەقاڵەکە وشک بووەتەوە.
غەسان کەنفانی.
لە پەرتووکی (زەوی، پرتەقاڵێکی خەمگینە)
و: عومەر عادل عەبدوڵڵا
زەردەشتی ئاینە رەسەنەکەی کورد لە لێواری لەناوچووندایە!.. نووسینی: پشتیوان حەمە عەلی سابیر
ئاینی زەردەشتی یەکێکە لە کۆنترین ئاینە جیهانییەکان کە سەرهەڵدانی دەگەرێتەوە بۆ سەدەی (٦) ی پێش زاین، ئاینەکەش هەر بەناوی پەیامبەرەکەیەوە بڵاوبووەتەوە کە ئەویش پەیامبەر زەردەشتە.
ئاینی زەردەشتی ئاینێکی یەکتاپەرستیە واتا بەتەنها (ئاهورامزاد)ە دەپەرستێت.
کتێبی پیرۆزی زەردەشتی ناوی ئاڤێستایە کە لە (٢) بەشی گەورە و (٢١) پارچە پێکهاتووە.
بنچینەی زەردەشتی لەسەر (٣) بنەما دەڕوات: (بیری باش، گوفتاری باش ، کرداری باش)، ئاینی زەردەشتی لەسەر خاکی کوردستان بڵاوبووەتەوە.
زەردەشتیەکانی باشوری کوردستان لە سەردەمی رژێمی بەعسدا وەک ئاینێکی دانپێدا نراو نەبوون لە عێراقدا بۆیە بە هیچ شێوەیەک رێگا بەپەرستشیان نەدەدرا ، لەبەر ئەوەی ئاینی فەرمی نەبوون لە عێراقدا زەردەشتیەکان ناچاربوون خۆیان و منداڵەکانیان وەک موسڵمان تۆمار بکەن و پەرستن و مەراسیمە ئاینیەکانیان بە نهێنی ئەنجام دەدا، بارودۆخی زەردەشتیەکان بەم شیوەیە مایەوە هەتا راپەڕینەکەی ساڵی (١٩٩١) و دەرکردنی دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی رژێمی بەعس لە کوردستان و دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئیتر هەموو چین وتوێژەکان هەموو بیروباوەڕ و ئاینەکان هەناسەی ئاسوودەییان هەڵمژی و هیوای گەورەیان بەوە هەبوو کە خۆری ئازادی هەڵهات .
بەڵام لە پاش رووخاندنی رژێمی بەعس لە ساڵی (٢٠٠٣) بە شێوەیەکی بەرفراوان زەردەشتیەکان دەستیانکرد بە جموجوڵی خۆرێکخستن و بانگەشەکردنی زەردەشتی بەئاشکرا وداوایان لە خەڵک کرد ئیتر سەردەمی ئازادیە پێویست ناکات بە نهێنی پەیڕەوی زەردەشتی بکەن.
بەم شێوەیە هەزاران خەڵک زەردەشتی بوونی خۆیان ئاشکراکرد و بە ئاشکرا بانگەوازیان بۆ زەردەشتی بوون دەکرد، هەروەها سەدان کەسی تریش بوون بە زەردەشتی، بەڵام بەداخەوە لەگەڵ گەشەی زەردەشتی لە باشووری کوردستان لە عێراق گروپە جیهادیە ئیسلامەکان سەریان هەڵدا و بیروباوەڕی تووندڕەوەی ئیسلامی لە تەواوی عێراق بە کوردستانیشەوە بڵاوبووەوە، سەرهەڵدانی گروپە توندڕەوە ئیسلامیەکان لە عێراق سەرسامبوونی خەڵکێک لە کوردستان بەم بەروباوەڕە تووندڕەوە ئیسلامیە بووبە هووی ئەوەی مەلا و بانگخوازە ئیسلامیەکان بە ئاشکرا دەستیان کرد بە هێرشکردنە سەر زەردەشتیەکان، لە مزگەوت و راگەیاندنەوە هیرش و سوکایەتی کردن بە زەردوشتیەکان و بیروباوەڕی زەردەشتیەکان، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئیسلامەیان بینیان حکومەتی هەرێمی کوردستان بێباکە لەوەی بەرانبەر بە زەردەشتیەکان دەکرێت. ئیدی ئیسلامیەکان هەر بە هێرش و سوکایەتەوە نەوەستان بەڵکو بە ئاشکرا فتوای کافربوونی زەردەشتیەکانیان دەرکرد، فتوایان دەرکرد کە هەرکەس ببێتە زەردەشتی کافر دەبێت و بەڵکو تەڵاقی دەکەوێت و ئەگەر هاوسەرگیری کردبێت دەبێت کەسوکاری ژنەکە خێزانەکەی لێوەربگرنەوە لە یەکیان جیابکەنەوە، نابێت بە هیچ شێوەیەک کەسانی زەردەشتی لە قەبرستانی موسڵمان بنێژرێت. ئەم فتوادانە و هێرشانە بۆ سەر زەردەشتیەکان بەتەواوەتی کاریگەری کردە سەر زەردەشتیەکان.
بەداخەوە حکومەتی هەرێم هیچ پاڵپشتی و بەرگریەکی لە زەردەشتیەکان نەکرد و ناکات و بە تەنها بەجێیانی هیڵا و دەهێڵێت بۆ هیزە توندڕەوە ئیسلامیەکان.
بەم شێوەیە زەردەشتیەکان لە بارودۆخێکی زۆر خراپدان
سەدان کەسی زەردەشتی رووبەڕووی هەرەشە دەبنەوە، بە هیچ شێوەیەک ناتوانن چالاکی ئاینی خۆیان هەبێت، بەبەردەوامی هەرەشەی کوشتنیان لە سەرە لەلایەن ئیسلامیەکانەوە ، تەنانەت چەندین کەس تەقەی لێکراوە ، بەڵام ئەوەی جێگای داخە و لە هەمانکاتتدا جێی سەرسووڕمانە زۆرێک لە زەردەشتیەکان کاتێک سکاڵا تۆمار دەکەن لە لای پولیس و ئاسایش بە هیچ شێوەیەک سکاڵاکانیان بە هەند وەرناگیرێت و پشتگوێیان دەخەن و وەک ئەوەی ئازادی و تەنانت ژیانی خەڵکی زەردەشی هیچ گرنگ نەبێت لای دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەر ئەمەش نە بەڵکو لە ترسی ئیسلامیەکان هیچ راگەیاندنێک ناوێرێت باسی دۆخی زاردەشتیەکان بکات، هەتا ئێستا سەدان بەرنامەو چاوپێکەوتن و رێپۆرتاژ کراوە سەبارەت بە هەموو ئاینەکانی تری کوردستان کەچی تەنانەت بە یەک وشەش کەس باسی زەردەشتی و دۆخی زەردەشتیەکان ناکات وەک بڵێت ژیانی هەزاران کەسی زەردەشتی هیچ گرنگ نەبێت بۆ کۆمەڵگای کوردستان و بۆ راگەیاندن وتەنانەت بۆ دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، هەربۆیە زەردەشتیەکان بە ناچاری بە لێشاو کوردستان بەجێدەهیڵن کۆچ دەکەن بەتایبەتی ئەوکەسانەی کە هەڕەشی کوشتیان لە سەرە چوونکە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم نایانپارێزن و هیچ چارەیەکیان نیە لەوە زیاتر پەنا بەرنەبەر کۆچکرد بۆ وڵاتانی ئەوروپا بەمەبەستی خۆرزگارکردن لە کوشتن و لە ناوچوون.
ئەوەی لە سەرەوە باسمان کرد راستی یەکی تاڵە کە رەسەنترین ئاینی کوردی لە کوردستانی عێراق لە بەردەم قڕکردن و لەناوچووندایە بەبێ ئەوەی بۆ کەس جێگای سەرنج و گرنگی پێدان بێت.
نووسینی: پشتیوان حەمە عەلی سابیر
هەنگاوی نوێی چین لە کوردستان: هاوکاری یان کۆنترۆڵ؟.. ئاگری قادر*
لە چەند رۆژی ڕابردوودا كە كۆماری گەلی چین ، دامەزراوەیەكی نوێی ئیداری و كۆمەڵایەتی لە هەرێمی كوردستان دامەزراند، كە بە “شورای مەزن” ناودەبرێت. لە كاتێكدا كە لە ژێر زمانی هاوكاری و گەشەپێدان پێشكەش دەكرێت، ئەم رێكخراوە نیگەرانی قووڵ سەبارەت بە فراوانبوونی تاكڕەوی، ئەندازیاری كۆمەڵایەتی و ئەگەری وەرینی سەربەخۆیی ناوخۆیی بەدوای خۆیدا دەهێنێت. لە ڕوانگەیەكی ئەكادیمی و جیۆپۆلەتیكییەوە، هەوڵەكانی چین دەبێت لە چوارچێوەی فراوانتری ستراتیژی جیهانییەكەیدا تێبگەین — ستراتیژییەك كە كاریگەریی سیاسی، دزەكردنی ئابووری و پێشبینی ئایدیۆلۆژی تێكەڵ دەكات. دامەزراندنی دامەزراوەیەكی لەو جۆرە لە كوردستاندا ناتوانرێت لە مۆدێلی حوكمڕانی لەمێژینەی چین جیا بكرێتەوە كە ڕەگ و ڕیشەی لە كۆنترۆڵی ناوەندی و سنوورداركردنی ئازادییە مەدەنییەكان و ملكەچكردنی تاكەكان بۆ دەسەڵاتی دەوڵەت هەیە،سیستەمی سیاسی ناوخۆیی چین بە حوكمڕانی یەك حزبی و سەركوتكردنی ناڕەزایەتی و میكانیزمی چاودێری كۆمەڵایەتی بەرفراوان تایبەتمەندە. ئەو دامەزراوانەی كە لە ژێر ئەم مۆدێلەدا دروست دەكرێن – چ لە ناوخۆ یان دەرەوە – زۆرجار خزمەت بە دوو مەبەست دەكەن:
درێژكردنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت
داڕشتنی ڕەفتاری گشتی لە ڕێگەی فۆڕمی ورد و ئاشكرای كۆنترۆڵكردنەوە
ئەگەر سیستەمێكی لەو شێوەیە هەناردە بكرێت بۆ كوردستان، تەنانەت بەشێوەیەكی بەشەكی یان ناڕاستەوخۆ، كاریگەرییەكی بەرچاوی لەسەر مافی مرۆڤ، بەشداری سیاسی و ئۆتۆنۆمی كۆمەڵایەتی هەڵدەگرێت. بۆیە پێویستە ناساندنی بەناو “شورای مەزن” بە شێوەیەكی ڕەخنەگرانە وەك ئامرازێكی كاریگەری كاریگەری هەڵسەنگێندرێت نەك پێكهاتەیەكی بێلایەن یان گەشەسەندن
“شورای مەزن” وەك هەنگاوێك بەرەو كۆیلایەتی مۆدێرن – ڕەنگدانەوەی ترسەكانە كە پڕۆژەكەی چین كەناڵی نوێ بۆ چاودێریكردن، دیسپلینكردن، یان دەستكاریكردنی گروپە كۆمەڵایەتییەكان دروست دەكات. لە زۆرێك لەو ناوچانەی كە چین ئۆرگانی كولتووری یان كارگێڕی دامەزراندووە، ئەم دامەزراوانە ئاوێنەیەكی لایەنەكانی مۆدێلی حوكمڕانی ناوخۆیی چین بوون كە :
بڕیاردانی ناوەندی
شەفافیەتێكی سنووردار
دامەزراندنی ستراتیژی نوخبە ناوخۆییەكان بۆ داڕشتنی بۆچوون
بەرنامەی پەروەردەیی و كولتووری كە بۆ گۆڕینی ناسنامە و دڵسۆزیەكان داڕێژراون،ئەم نەخشانە ئەوە دەردەخەن كە “شورای مەزن” دەتوانێت وەك میكانیزمێك بۆ چوونە ناو كۆمەڵگەی مەدەنی كورد و كۆكردنەوەی كاریگەری و وردە وردە ئاساییكردنەوەی نۆرمەكانی پاوانخوازانە كار بكات،لە ڕوانگەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانەوە، بەرژەوەندی چین بۆ كوردستان هاوتەریبە لەگەڵ ستراتیژییە فراوانەكانی پشتێن و ڕێگا و خواستی فراوانكردنی كاریگەری لەناو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. دامەزراندنی دامەزراوە سیاسییەكان یان نیمچە سیاسییەكان ڕێگە بە چین دەدات خۆی لەناو پێكهاتە ناوخۆییەكاندا جێگیر بكات، ئەمەش كاریگەری دروست دەكات كە دەتوانرێت لە دانوستانە دیپلۆماسییەكان یان ئابوورییەكانی داهاتوودا بەكاربهێنرێت،بۆ كوردستان دروستكردنی دامەزراوەیەكی ئاڕاستەكراوی دەرەكی و خاوەن دەسەڵاتێكی ناڕوون پێناسەكراو پرسیاری ڕەخنەگرانە دەوروژێنێت،ئایا ئەم رێكخراوە خزمەت بە بەرژەوەندییە ناوخۆییەكان دەكات یان ئامانجە ستراتیژییە دەرەكییەكان؟
چ میكانیزمێك لێپرسینەوە و شەفافیەت و چاودێری مسۆگەر دەكات؟
جەماوەری كورد چۆن لە دەستكاری ئایدیۆلۆژی یان سیاسی دەپارێزرێت؟
بەبێ وەڵامی ڕوون، مەترسییەكان لە سوودە ئەگەرییەكان زیاترن
ڕێگریكردن لە دامەزراندنی وەها ئۆرگانێك تەنیا كردەوەیەكی بەرخۆدانی سیاسی نییە؛ ڕێوشوێنێكی پێویستە بۆ پاراستنی كەرامەتی مرۆڤ و سەروەری دامەزراوەیی و خواستە دیموكراسیەكان. ئەزموونی كورد لەگەڵ زلهێزە ناوچەییەكان دەریخستووە كە زۆرجار قەوارە بیانییەكان نەك لە ڕێگەی داگیركاریی بینراوەوە، بەڵكو لە ڕێگەی هاتنە ناوەوەی دامەزراوەیی وردە وردە بەدوای كاریگەریدا دەگەڕێن. لەم چوارچێوەیەدا چین – بە مێژووی كۆنترۆڵكردنی تاكڕەوانە و فراوانبوونی نێودەوڵەتییەوە – نوێنەرایەتی هاوبەشی ڕزگاری نییە بەڵكو بكەرێكی پۆتانسێلی هەژموون دەكات. چین وەك هێزێكی “كۆیلایەتی و داگیركاری” ڕەنگە بەهێز دەربكەوێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕەنگدانەوەی ئەو ترسە ڕاستەقینەكانە كە ڕەگیان لە بەڵگە جیهانییەكانی پراكتیكەكانی حوكمڕانی چیندا هەیە. پێویستە “شورای مەزن” پێشنیاركراوی كوردستان لە چوارچێوەیەكی ئەكادیمی و جیۆپۆلەتیكی گەورەتردا وەك هەوڵێك لەلایەن دەوڵەتێكی تاكڕەوەوە بۆ درێژكردنەوەی كاریگەریی ئایدیۆلۆژی و سیاسی و ئیداری بۆ ناوچەیەكی لاواز تێبگەین. پاراستنی ئۆتۆنۆمی و ئازادییەكانی گەلی كورد پێویستی بە وریایی و شەفافیەت و ڕەتكردنەوەی پتەوی ڕێگەدان بە زلهێزە بیانییەكان هەیە بۆ سەپاندنی پێكهاتەكان كە سازش لەسەر مافەكانی مرۆڤ و سەروەری دەكەن. هەر لەبەر ئەم هۆكارە دەبێت دەستپێشخەرییەكە بە شێوەیەكی ڕەخنەگرانە هەڵسەنگێندرێت – و دواجار ڕەت بكرێتەوە بۆ پاراستنی ئایندە و كەرامەت و چارەنووسی كوردستان.
ئاگری قادر
خوێندكاری دكتۆرا لە یاسای ژینگەیی نێودەوڵەتی لە زانكۆی نیشتمانی تایوان
رۆژی قەدەغەكردنی جینۆسایدو رێزگرتن لە قوربانیان
Message Body
77 ساڵ لەمەوبەر بڕیاری قەدەغەكردنی جینۆسایدو سزادانی بكەرانی دەرچوو, 10 ساڵ لەمەوپێش لە لایەن نەتەوەی كگرتووەكانەوە بە بەشداری 153وڵەت بڕیاری ئەوە درا ئەم رۆژە وەك رۆژی جیهانی قەدەغەكردنی جینۆسایدو رێزگرتن لە قوربانیان و سزادانی بكەرانی بناسرێت , مرۆڤایەتی خرایە بەردەم ئەركێكی ئەخلاقی كە بەرەو رووی جینۆساید ببێتەوە.
جینۆساید یەكێكە لەو تاوانە گەورانەی مرۆڤایەتی بە دەستییەوە دەتلێتەوە, تاوانێكە بوونی گروپە مرۆییەكان لەسەر بنەمای ڕەگەز، نەتەوە، ئایین، بیروباوەڕ……دەكاتە ئامانج, هەڕەشەیەكی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی, ڕێگریكردن لێی بەرپرسیارێتییەكی دەستەجەمعییە, پێویستی بە هاوكاری دەوڵەتان,دامەزراوەكان, تەواوی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە.
لێ لە كاتێكدا یادی ئەم رۆژە لە كوردستان دەكەینەوە, بە داخەوە لە عێراقەكەی ئێمە كە 66 ساڵە پەیوەست بووە بە رێكەوتننامەكەوە, كەچی پرۆسەی جینۆساید بە دوای پرۆسەی جینۆساید تیایدا دووبارە دەكرێتەوە, تاوانبارانی جینۆساید ئازادن و لە پێگەی خۆیانەوە وەك بەشداربووی تاوان سەیر ناكرێن و دان نانێن بە راستییەكاندا, لە بۆنەكاندا وەك رێزلێگیراو دەردەكەون و دوای مردنیان پرسەی شاهانەیان بە ئاڵای كوردستانەوە بۆ دادەنرێت, ئێستا لەوپەڕی هێزو دەسەڵاتی خۆیاندان لە رووی سیاسی و كۆمەڵایەتی و …..
پێویستە ژینگەی لە بار بۆ دووبارە نەبوونەوەی جینۆساید پێك بهێنرێت وەك پابەند بوون بە پاراستنی مافی مرۆڤ, سزادانی تەمجیدی تاوانبارای جینۆساید و تاوانە گەورەكان, پابەند بوون بە رێكەوتننامە جیهانییەكان, هاندانی كلتوری ئاشتی و پێكەوە ژیان و جیهانێكی ئاشتیانەتر و شكۆمەندتر بۆ هەموو گەلان.
بۆ ئەوەی رێز لەو بڕیارە جیهانییە و قوربانیانی جینۆساید بگرترێت و قوربانیان كەرامەتیان پارێزراو بێت, پێویستە دەست بەجێ تاوانباران دادگایی بكرێن, ئەوە گەڕاندنەوەی رێزو كەرامەتە بۆ قوربانیانی جینۆسایدی گەلی كوردستان. هەر لێرەوە وەك ئەم ڕێكخراوانەی ناوییان لە خوارەوە هاتووە داوا لە حكومەتی هەرێم و حكومەتی عیراق دەكەین ئەم ڕۆژە بە فەرمی بناسێنن بكرێتە ڕۆژێكی تایبەت تیایدا ڕێز لە قوربانیانی جینۆسایدی كوردستان و عێراق بگرن و وەڵام بە سەرجەم داواكارییەكانیان بدرێتەوە لە دادگاییكردنی تاوانباران, باشتركردنی ژیانیان, داوای لێبوردن كردن لێیان, قەرەبووكردنەوەی مادی و مەعنەوییان, گەڕانەوەی ڕوفاتی ئازیزانیان , ئاشكراكردنی راستییەكان و ئازادكردنی هەموو بەڵگەنامەكان, بۆ دووبارە نەبوونەوەی جینۆسایدو دڵنەوایی قوربانیان عێراق دەست بەجێ ببێتە ئەندامی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی.
لە كۆتاییدا داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەین كە میكانیزمی كاریگەرتر بۆ ئاگاداركردنەوەی پێشوەختە و دەستێوەردانی خێراترو كاریگەرتر و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی تاوانەكان بەبێ جیاوازی پەرەپێبدات, بۆ ئەم مەبەستە دەسەڵاتەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بەهێزترو فراوانتر بكات.
لە كۆتاییدا جگە لە ئیدانەكردنی تاوانەكانی جینۆساید كە بەرامبەر بە گەلەكەمان ئەنجامدراون لە ئێستاو مێژوودا هاوسۆزی تەواومان لەگەڵ قوربانیانی جینۆساید بە درێژایی مێژوو لە تەواوی جیهان دەردەبڕین، لەوانە قوربانیانی هۆلۆكۆست، ئەرمەن, ڕواندا, بۆسنە،بەنگەلادیش………تاوانەكانی دیكە, كە هەرگیز نابێت دوبارە ببنەوە.
ناوی رێكخراوەكان :
1- رێكخراوی مانەوە بۆ پرسی شەهیدان و ئەنفالكراوان
2 تۆڕی ئایكان كوردستان
3 رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كۆكوژ لە كوردستان
4 رێكخراوی جیهان بێ چەكی كیمیاوی و بایەلۆجی
5 هەلمەتی ژیان دژ بە ئیعدام لە كوردستان
6 هەڵمەتی دادپەروەری
7-ناوەندی داكۆكی پشدەر بۆ قوربانیان وجینۆسایدكراوان
8-رێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید
9 -تۆڕی هاوپەیمانی رێكخراوە كوردستانییەكان بۆ دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی-koncicc
10-رۆژنامەی نگرە سەلمان
11-تۆڕی رێكخراوە كوردستانییەكان بۆ قەدەغەكردنی چەكی ئەتۆمی و كۆكوژ-KNOW
12-رێكخراوی چاودێری كوردستان-چاك كوردستان
13-گۆڤاری تۆبزاوە
نزاى دڵ.. شیعری كاوهى خهسرهوكاوانى
ئێستاش چاوم لهو دهرگایه
بۆیهكهم جار
كه تۆى لێ هاتیه ژوورهوه…
چاوێكیشم لهو رێگایه
تۆى وون كردو
منى خسته شهوهزهنگى بێ نوورهوه…
لهو رۆژهوه كهسێ نهما
ههواڵى تۆى لێ نهپرسم
خهمێك نهما بهیادى تۆ نهیخۆمهوه…
ئهشكێك نهما بۆتۆ نهڕژىّ
له شهوانى بێ تۆى دا
ئهستێرهیێك نهماوه كه
نهیكهمه هاوڕێ خۆمهوه…
دڵم ئێستا نزا دهكات
ئهى چاوهكان
گهردنتان قهت ئازاد نهبێت
بهبێ تۆئێستا چۆن بژیم
كاتێك رۆحم بهدیدارى تۆشادنهبێت
4/2/2010
kawa_kiwiny@yahoo.co.uk
لە سۆنگەی دەرژێمە منداڵیمەوە.. مستەفا غەفوور
زۆر جار كە شیعرێك دەخوێنمەوە وەك ئەوەی فاتحای شیعرەكە بێ، خەمێك دامدەگرێ، هەست دەكەم خەمی لاوازی شیعرەكەیە. لە ئەزموونی دواتری شاعیردا دووبارە شیعرێكی تری هەمان شاعیر دەخوێنمەوە كە هەمان خەم دایگرتم هەست بە بێ ئومێدی دەكەم، لە چاوەڕوانی و قۆناغێكی تری ئەزموونی شاعیردا، دەست بۆ شیعرێكی تری هەمان شاعیر دەبەم، بە دووبارە بوونەوەی فاتیحای شیعرەكە خەمی مردنی شیعرەكانی دامدەگرێت، شاعیریش لەلام دەمرێت، ئیتر نە سۆراغی خۆی دەكەم و نە بە پێودانگی شیعرەكانییەوە دەچم.
رەنگە ئەمە پێوەرێك نەبێ بۆ هەڵسەنگاندنی شیعر، چونكە من شاعیر نیم، رەنگە خەمی شیعرەكە لاوازی شیعرەكە نەبێ تێنەگەیشتن و ئاستی نزمی من بێ، بەڵام من ئاوا مامەڵە لەگەڵ شیعردا دەكەم، چونكە منیش مرۆڤم وەك خودی شاعیر كە مرۆڤە خۆم لە ژینگەی شیعرێكدا، لە هەستی شاعیرێكدا، لە ژانری رۆمانێكدا لە بەسەرهاتی نۆڤلێتێكدا نەدۆزمەوە، شاعیر تەنیا بە خەیاڵی خۆیدا رۆچووبێ، لە جیهانی واقعی دووركەوتبێتەوە، چی لە شیعر و شاعیر بكەم.
كە دیوانە شیعری (هێلانەیەك لە پەشمەكی) سەلام عومەرم خوێندەوە زۆر سەرنجڕاكێش بوو، لەبەر ئەوە كەوتمە متابەعە و خوێندنەوەی شیعرەكانی سەر پەیجەكەی، بەدەسخۆم نەبوو ناچار دەبووم بە رستەیەكیش بێ تێبینی خۆم دەربڕم و زۆرجار بە ناوی دەسخۆشییەوە ستایشی شیعرەكانی بكەم، ترسی ئەوەشم هەبوو ستایشەكەم لە جێگای خۆیدا نەبێت و سنووری ئاسایی تێبپەڕێنم، چونكە من ئەوە نیم بە مەزندەكردنی ستایشی خۆم ئۆكەی بۆ شیعری شاعیرێك بكەم، ئایار و بایار وەك حەزێك تۆزیك دەم لە زمان و زمانناسی وەردەدەم…، كەچی بینیم شیعر لە دوای شیعر جوانتر و بەهێزترە، ویستم هۆكاری ئەوەش بگەڕێنمەوە بۆ ئەوەی گوزارشت لە حەز و خۆشەویستی، ژینگە، دۆخ و هەستی ئەم تەمەنەی من دەكات یان لەگەڵیدا دەگونجێ.
بەڵام كاتێك دیوانە شیعری (دەرژێمە منداڵیمەوە)ی بڵاوكردەوە بۆم دەركەوت نەخێر سەلام سنووری حەز و هۆگری من و ئاستی كۆمەڵە شیعری پێشووی تێپەڕاندووە، ئەو نوستالیژیایەی لای تاكی كورد بە تایبەتی لە دەڤەری ژینگەی شاعیردا هاوبەشە تەنیا هۆكاری ئیلهامی ئەو نییە، ئەو بیرو بۆچوون و مرۆڤدۆستییەشی هۆكاری سەرەكی و تەنیا ئیلهامبەخشی شیعری ئەو نین، خۆ (هێلانەیەك لە پەشمەك) نەك هەر رەنگدانەوەیەكی نۆستالیژی شاعیر نییە، بەڵكو فەزایەكی وێناكردنی رۆمانسی حەز وخۆشەویستییە، كەواتە لای سەلام شیعر بووە بە خولیا و بەشێكە لە ژیان و ئەدەبی نووسینی ئەو.
لە ژیاندا گەلێك دیاردە هەن نهێنی گەورەیان لەپشتە كە هەموو كەسێك ناتوانێ پەی بە نهینییەكانیان ببا، وێنە و دیمەنی گەلێك جوان هەن بەڵام لە زەینی هەموواندا رەنگدانەوەیان نییە، زۆر رووداو بۆ كەسانێك ئاسایی و لای هەندێك جێگای سەرنج و تێڕامانن.
لە زمانناسیدا گەلێك وێنە هەن دەیان مانای میتافۆڕییان هەیە، بە هەر شێوە و ریتمێك تەنانەت بە هەر ئاواز و ئیقاعێك پەیامێك دەگەیەنن، بۆ نموونە، دەلێی ئاوە: واتە شل و شۆقە، دەڵێی لە ئاوێدایە، واتە زۆر ئارەقەی كردووە ماندووە یان نەخۆشە، هەر ئاوە: واتە بێ تامە، ئاوە و ئاوچووە واتە تێداچووە، لە ئێوە خوێن دێ و لەمن ئاو؟ واتە ئێوە گرنگن و ئێمە هیچین، ئەمە و دەیان مانای تر. لێرەدا توانای شاعیر لەوە دایە كام بژاردە لەو بژاردانە هەڵدەبژێرێ، چۆن بژاردەی پێویست و گونجاو دەدۆزێتەوە (كە ئەمە بەشێكە لە توانای شاعیر) چۆن، كەی و لەكوێ و بەچ ریتمێك وێنەكە دادەڕێژی و چۆن و پەیامی وێنەكە دەگوازێتەوە، مەبەستەكەی ئاڕاستەی چ پنتێكی ژینكە و ژیانی مرۆڤ دەكات و بە چ شێوازێك لە وێنەیەكی میتافۆڕیدا رەنگ دەداتەوە.
دەڵێن تا ژینگەی شیعر نەرەخسێ، تا خولیای ژانرەكە هەوێن نەگرێ شیعر لە دایك نابێت. جەبار جەمال غەریب لە بنووسە خوێندا دەڵێ: كوڕی كورد هەر ئەوندە كچێكی خۆشویست، هەرە گەمژەكەیان دەبێتە شاعیر. زۆربەی شاعیران ئاوا دەسپێدەكەن، لەكۆتاییدا هێندێكیان دەبن بە شاعیر و هێندێكیان كاروانی شیعر بە جیدێڵن و توانای خۆیان لە بواری تردا تاقی دەكەنەوەو هێندێكیان بە هۆكاری جیاواز دەكوژێنەوە.
هەموان بە منداڵیدا تێپەریون، كەچی كەم شاعیر توانیویەتی وەك سەلام بەو قۆناغەدا رۆبچێ، وێنەی ئاوا جوان لە سەربوردەی منداڵی خۆی هەڵێنجێ، خەیاڵەكان بكات بە وێنەی نایاب و كاریگەری فیزیكی لە دەروونی خوێنەردا بەجێبهێڵێ. ئەم رۆچوونەی شاعیر خەمێكی ترە دەكەوێتە خانەی ژانی ئافراندن و بەرهەمی ئەدەبی. ئەوە ژانی لەدایكبوونی شیعرە، دەستاودەست بە كۆرپەی شیعر دەكات، شاعیر بە حەسرەتەوە كۆرپەكەی لەباوەش دەگرێ، ئەو ژانەیە خەمی مانەوەی هەڵدەگرێ و بە ئاواتەوەیە نەمر و تەمەن درێژ بێ. لەبەر ئەوە شیعرەكانی لێوانلێون لە وێنەی جوان، لە هەڵبژاردنی وێنەكانیشدا شارەزایە.
بە بۆچوونی من شارەزایی شاعیر لە نواندنی وێنەیەكی شیعریدا، لە دەماودەمكردن و گواستنەوەی وێنە شیعرییەكەدا دەردەكەوێ، بەمەرجێك لەو پرۆسەیەدا نە وێنەكە ریتمەكە و نە ریتمەكە وێنەكە بەجێ بهێڵێ، واتە شێوازی داڕشتنەكە ئەوندە تۆكمە بێت رێگە نەدات لێكداببڕێن یان زیانیان بەر بكەوێ، هاوتەریبی و مانەوەی ئەم دوانەش پەیامەكە جێگر دەكات و بوار بە گۆڕنی ئاڕاستەی پەیامەكە نادات. دەكرێ بڵێین ئەمە گەرەنتی پاراستنی و مانەوەی شیعرە و بەدەم بەردەوامی و تەمەنی شیعریشەوە دەدەات.
لەگەڵ ئەوەشدا شیعری دەرژێمە منداڵیمەوە لە (14) بەش پێكهاتووە كە هەر بەشێكیان چەند گرتە وێنەی شیعری لەخۆدەگرێ، كە زۆربەی وێنەكان و ئەكتەرەكانی ناو گرتە وێنەكان بۆ خوێنەری دەرەوەی ناوچەی پشدەر و قەڵادزێ نائاشنان، بەڵام هەست دەكەم گەلێك لەم خەسڵەتانەی شیعریان تێدایە، بۆ نموونە لە بەشی (9)دا نووسیویەتی:
… خۆ بە كانییە ژناندا دەكەم
پڕە لە ژن
هێندێكیان لە نێو حەوزا رووتوقوتن
زۆرینەشیان بی سەرپۆشن
دوو سێیەكیان لەسەر ئاودەست
سمتیان سپی سپی دەچێتەوە
دەچریكێنن و خێرا خۆیان دادەپۆشن
باجییەكیش كەمنی ناسی
چاوی گرتم و گوتی لێگەڕێن بچووكە برسییەتی…؟
ئەها ناودەست و باخەڵی
پڕ لە نانە چۆلەكە و خڕنووكە.
وێنەیەكی شیعری جوانە، رەنگە بۆ زۆربەی منداڵانی لادێ دەڤەری پشدەر روویدابێ، دەكرا ئەم گرتە شعرییە تا دەگاتە (منداڵیم لێ بەربۆوە) بە تێچووی كەمتری زمانی دەرببڕدرێ و باشتر دابڕێژرێتەوە، بەڵام جوانی وێنەكە و گرینگی پەیامەكە كە دەكەوێتەی كۆتای وێنە شیعرییەكە زۆر لەوە بەهێزترە كۆت و بەندی شیعر رێگەی لێبگرن، كە لە كۆتاییدا دەڵی:
منداڵیم لەوێ بەربۆوە
سپیكردنەوەی خڕنووكیشم
بە توڕەیی نێو سپییەكانی كانییە ژنان لە بیرچۆوە.
دەستەواژەی (سپییەكانی ناو كانییە ژنان) فرەمانایە و راستەوخۆ ئاماژە بە شتێك ناكات، واتە ئەگەرە ماناییەكانی زۆرن، بەڵام ئەوەی ناسنامە بەو دەستەواژەیە دەبەخشێ، بەهێزی گرتە وێنەی شیعرەكەیە، بۆیە خوێنەر یەكسەر تێدەگات لە و فرەمانایەدا مەبەست چ مانایەكە. واتە وێنەكە ریتمی شیعرەكەی شاردۆتەوە و زاڵە بەسەر فەزای گەیاندنی پەیامەكەدا، پەیامێك بۆ ئان و ساتی وەرچەرخان لە منداڵییەوە بۆ مێرمنداڵی و بالغ بوون، بەجێهێشتنی قۆناغێك كە هەر دەم مرۆڤ ئارەزوو دەكات بۆی بگەڕێتەوە، قۆناغێكە پاك و بێگەرد خۆشترین قۆناغی تەمەن، كە بە چر كەساتێكی بینین یان تێهەڵەنگوتن، وەك تیشك تێدەپەڕێ. وێنەیەكە بەرهەمی زەینێكی ماندوونەناس، قاڵ لە خولیای ئافراندن و داهێنانی شیعردا.
لە هێندێك حاڵەتی تردا دەكرێ بڵێم ئەوە تەنیا گواستنەوەی وێنەی جوان یان ناوازە نییە بەها بە شیعر دەبەخشێ، چونكە دیمەنەكانی سروشت بۆ هەموومان ئاشكران، وێنە ئەبستراكتەكانی ژیان و خۆشەویستی كەرستەی هاوبەشی بیر و هزری هەر تاكێكن، بەڵكو ئەوە نواندنی وێنەكەیە بە كەرەستەی زمانی نایاب، گەیاندنی پەیامی وێنە شیعرییەكە بە گەمەی زمانی و ریتمی شایستە، بەهای شیعر مەزندە دەكەن، وەك لە (یەكەم پێلاقەدا) نووسیویەتی:
یەكەم پێلەقەی هاویشتم
دەریایەك فرمێسكی پێڕشتم
دەبینین بە ڕواڵەت پەیوەندییەكی جەدەلی لە نێوان یەكەم پیلەقە و ئەو دەریا فرمێسكەدا نییە،…كە دەبوو بڵێ: دواتر (واتە دوای ئەو پیلەقەی رزگاربوون لە لە قۆناغی عەدەمەوە بۆ قۆناغی بوون و هەبوون) قۆناغی ژیانم، هەموو تەمەنم بوو بە فرمێسك رشتن. لێرەدا ریتمی شیعرەكە بە میلۆدییەكی جوان خوێنەر ئامادە دەكات بە تامەزرۆوە بەرەو پیری كۆپلەی دواتردا بچێ، وەڵامەكە ببیستێ و وێنەیەكی جوان و گەورە بە قەدەر نیشتمان لە باوەش بگرێ:
لەو كاتەوە جیهانی من وەكو دایكم
ناڵە و چریكەی بەرەژانە
لەو كاتەوە نیشتمانم
تەقینی سەراوەكان و خوێن رژانە
وێنەكەش چڕكردنەوە و نیشاندانی مێژووی پر لە ناسۆر و مەینەتی هەر تاكێكی كوردە لە چركەساتی لە دایكبوونیەوە تا ئەم كاتەی ئێستا.
لە هێندێك شیعری تردا وێنەكە بەسەر ریتم و ئاواز و كیشی شیعرەكەدا زاڵە، نەك هەر ئەوە فرەرەهەندە و ئەگەرە ماناییەكانی زۆرن، وەك لە (چیرۆك بە زمانی شیعر) دا تێبینی دەكرێ:
منداڵێك دەناسم دایكی نەماوە
باوكی هەموو خۆشەویستی خۆی دەداتێ
بەشی ناكا
…
كە هەواڵی دایكی دەپرسێ
پشتی تێ دەكەن
تافرمێسكەكانی نەبینێ
…
كە لە كۆڵان دایكی دەبینێ
دەڵێ ئەمیش هەمە
چونكە باوكم گوتی بۆت دێنمەوە
دەشێ منداڵێكی بێ دایك بێ، دەشێ رۆڵەیەكی نیشتمانی زەوتكراو، ئاوارەیەكی هەندەران بێ و… . زۆر جار بە پێی سەلیقە لێكدانەوەی ئەو تۆ بۆ دەقی شیعری دەكرێ، كە خودی نووسەر بەلایەوە سەیرە، یان هەر بەخەیاڵیشیدا نەهاتووە، ئەوسا بە پێی هەر پێوەرێك بێ، دەبێ لێكدەرەوەكە (بە ئەگەری زۆر خوێنەر) ببێتە خاوەنی دەقەكە، چونكە ئەوە غەنیمەتی جەنگی نێوان خوێنەر و نووسەرە. واتە لە خاوەندارییەتی نووسەر دەردەچێ، ئەمەش ئەگەر بۆ بوارەكانی تری ئەدەب سەركەوتن بێ، بۆ شیعر سەركەوتن نییە، بەڵكو دەلالەتی ئەوەیە، لە بێ ماناییدا خوێنەر مانای بە بەرداكردووە…، بەرگێكی جەڵەبییە، هەر كەسێك ئەندازەی بێ بەبەر خۆیدا دەكا.
لەگەڵ ئەوەشدا لە رووی رێزمانییەوە وردە هەڵەی تێدایە، بەڵام سەرەڕای فرمانایی، تێكڕای گرتە وێنەكە بەسەر ریتم و داڕشتنی شیعرەكەدا زاڵە، بەهای شیعرەكەش لە مەزندەی خوێنەر دایە.
لە شیعری (دڵ) دا:
دڵێكی ناسكت هەیە
تا لەلام بێ هەرگیز نایەڵم بشكێ
چاوە پڕنیگاكانیشت تا هیمن بێ
نا نایەڵم لێوەی بتكێ دلۆپە ئەشكێ
….
تۆش دڵێكی سركت لایە
لێوانلێوە لە نهێنی
تەنیا بە تۆ كەوی دەبێ
ئەگەر سینگت یان دەستی پێدابهێنی
لە هەردوو كۆپلە كەدا وێنەكان ئەوەندە جوانن، پەیامە خۆشەویستییەكە ئەوەندە قووڵە، زاڵە بەسەر فەزای شیعرەكەدا و كەم و كاسییەكانی شاردۆتەوە. لە وێنەی یەكەمدا هەستی بە بژاردەی تری دێڕی دووەم نەكردووە، چونكە ژانی هەرە گەورەی شاعیر و وەرگێڕ لە بژاردەی لاڕستە و دەستەواژە و رستە دایە:
چاوە پڕ نیگاكانیشت تا هیمن بن
نا ناهێڵم دلۆپێك ئەشكیان لێوە بتكێ
یان چاوی پڕ نیگاشت تا هیمن بێ
نایەڵم دڵۆپێك ئەشكی لێوە بتكی.
لە كۆپلەی دووهەمدا لە چەند بژاردەی (تۆش دڵێكی سركت لایە / تۆش ئەو دڵە سركەی لاتە/ دڵێكی سركیش لاتە/ تۆش دڵێكی سڵت لە دەسدایە) بژاردەیەكی بەهێزی هەڵبژاردووە بە ئەگەری زۆر هەموو بژاردەكانی تاقیكردۆتەوە، بە پێچەوانەی كۆپڵەی یەكەم، هیچ دەرفەتێكی نەهێشتۆتەوە كۆپڵەی دووهەم گۆڕانی بەسەر دابێت، واپێچراوتەوە لە خوێندنەوە، دەماودەمكردن و گواستنەوەدا هیچ لایەنێكی خۆی لەدەست نادات، كارێكی وایكردووە جوانی وێنەكە بە هەر هاڵاوێكی ناروونیدا بتوانێ تێبپەڕی و پەیامەكەش وەك خۆی بگەیەنێ.
پەند و ئیدیۆمەكانیش ئاوان، ئەو پەند و ئیدیۆمانەی هێزی شیعریان تێدایە كاریگەرترن و وێردی سەر زمانن، زووتر لە زەیندا جێگیر دەبن و خێراتر پەیامەكەیان دەگەیەنن، ئامرازێكی بە هێزیشن بۆ مانەوە و دەستاودەست كردن، لە زەینێكەوە بۆ زەینێكی تر، لە نەوەیەكەوە بۆ نەوەیەكی تر لە سەردەمێكەوە بۆ سەردەمێكی تر، جگەلەوە ئەو شیعرانەی مەعریفی و هەڵگری پەیامی مرۆیین، لە پاشەكەوتی زەینیدا هەڵدەگیرێن و لە ئاخاوتندا دەبن بە بەڵگەنەویست و خاوەن بەهای جێگیر، دەیان و بگرە سەدان ساڵە دەماودەم، نەوە بۆ نەوە دەگوازرێنەوە و گۆڕانیان بەسەردا نایات، وەك:
كە كارت كەوتە لێژی / كەس راستت پێ ناێژی
بۆمەڕی هەژار / چ گورگ چ سوار
ئەو كەسە كەسە / ئەلفێكی بەسە
زستانان پینە و پەڕۆ / هاوینان ورد ورد بڕۆ
… .
گەلێك لە شیعرەكانی دەرژیمە منداڵیمەوە لەو ئاستەدان، بە خوێندنەوەی جارێك دووجاری هەر شیعرێك (كە خوێنەر لە خوێندنەوەیان وەرەز نابێ) لەبەردەكرێن و دەبن بە نموونەی شیعری ناسك، ئەمەش مانای ئەوەیە زیندوون، گیانلەبەرن لە كوێ پێویست بێ ئامادەن، بەردەستن و دەكەونە بەرخزمەتی زمان و ئەدەبی كوردی، بۆیە دەكرێ لە بەرنامەكانی خوێندن و زمان لە ئەدەبی كوردیدا جیگیر بكرێن، وەك:
- دایكم فانۆسێكی هەبوو كارەبا كوشتی
- خۆزگە كرۆنام گرتبا بەڵام بەهار گۆڵێكی بۆنخۆشی بۆ لای پایز نەبردبا
خۆزگە دڵم بەردەبۆوە بەڵام باڵندەیەكی وێڵ بۆ لای قەفەز نەدەچۆوە - تەواوی تەمەنی خۆم خستە باوەشی ئازادی
پیاسەیەكم پێداكرد
هەر جاشم دی خۆمم نەدی - دڵم وەك هەڵۆی بەرزفڕ تەنیا لوتكەكان دەناسێ
لەهەر شوێنی سەنگەر هەبێ خۆی بەوێدا هەڵدەواسێ - لە ژێر میچێكدا نانووم ….
- ئاخر دڵم زۆر نەرم بوو جەنگ رەقی كرد
هەستم ناسك بەڵام دوژمن شەق شەقی كرد - گریانێك چاوی پڕكردووم كەس نایا ژیرم كاتەوە
… .
گەلێك لەو دیوانە شیعرانەی روو لە كتێبخانەی كوردی دەكەن، فانتازیا و گوزارشتن لە جوانی و خۆشەویستی ئافرەت، بێ جێ نییە ئەگەر بڵێم شیعر بووە بە پاشكۆی خۆشی و خۆشگوزەرانی، پتر بۆ پلە و پایە بۆ ناو ناوبانگ، بۆ خۆ دەرخستن دەنووسرێن. ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە دوای قۆناغەكە كەوتوون وەك ئەوەی یاخیبوون، دادپەروەری، ململانێ لە پێناوی باشتردا، لە شیعردا سەری خۆی هەڵگرتبێ، بەڵام سەلام هەر بە گیانی تێكۆشان و رووبەڕووبوونەوە، لە قاوغی ئەو بێ ئینتمایە دێتەدەرێ و بوێرانە پەیامی خۆی دەگەیەنێ و لە شیعری (بیرەوەری)دا دەڵێ: …
خۆ ئەو جاشەش لەبەر چاومە
كە ئێستا پێی دەڵێن دێرین
وەك ئەو پێشمەرگە كۆنانەی
خەریكی چنینەوەی پیرین
…
بیرەوەریم وەك زنجیرە
شەوانە خەوم دەپسێنێ
وەك ئەو چۆڕە ئازادییەی
كۆنەیەك دێ و لێم دەستێنێ
ئەم هەست و هەڵویستە شۆڕشگێڕانەیە لە شیعرەكانی (لەوانەیە، نیشتمان، هەستانەوە، دیاری، دلم، هەموان گوندین، ئازادی، نامۆیی و… دەیان شیعری تر) دا بەدی دەكرێ.
لەم رووە دەكرێ بڵێم لە ئاڕاستەی ئەدەبی ئەمڕۆدا، شیعر لە ئەركەكانی داماڵڕاوە، بە تامی وتار و بەریتمی شیعر، بە هێماگەرایی سۆریالیستی چێ دەكرێن، پابەندبوون بڤەیە، بیروباوەڕ تەنانەت مرۆڤدۆستیش ناڕاستەوخۆ قەدەغەیە. تەمەنیان هێندەی كاتماوەی خوێندنەوەیان كورتە، ناتوانن هیچ شتێك بگوازنەوە، نەك بۆ چەند ساڵێك یان چەند وەچەیەك تەنانەت لە دەمێكەوە بۆ دەمێكی تریش، هەر كە خوێنرانەوە دەمرن و بە دەگمەن جارێكی تر دەكەونە سەر زاری كەسێكی تر، تەنانەت شاعیرەكەش.
لە كاتێكدا ئەوە شیعرە، تەمەن، ساخڵەمی، بەهای بیرۆكە، زانیاری، وێنە و دیاردەكان بە كورتی ئەو پەیامەی دەیگوازێتەوە دەپارێزێ. ئەوە خزمەتێكە لەدەست رۆمانیش نایات.
ئەو شیعرانەی بێ لەبەرچاوگرتنی بنەماكانی شیعر وێنەیەك دەخوڵقێنن، تەنیا وێنەكە دەگوازنەوە، دوای ماوەیەك رێتم و گەلێك لە خەسڵەتە شیعرییەكانی خۆیان لەدەست دەدەن، ئەگەر هەڵگری وێنەیەك بێ، پاشماوەكەی تەنیا وێنەیەكی ئاوەڕووتكراو دەبێ، كە دوور نییە ئەویش ئەوندە كاڵ و كرچ بێ نەتوانێ پەیامەكە بە روونی بگوازێتەوە، یان لە دەستاو دەستكردندا كاڵ ببێتەوە.
ئەوەشمان لە بیر نەچێ ئەوە تەنیا شاعیر نییە گلەیی و گازندەی دەكەوێتە سەر، خوێنەری بێ ئاگاشمان زۆرە كە بە زەحمەت لە نووسینی ئاسایی تێدەگات چ بگا بە شیعر، كەچی بە رەخنە و لێكدانەوەی بێ جێ دەكەوێتە گیانی شیعر و شاعیر.
دڵنیام گەلێك لە شیعرەكانی سەلام عومەر وەردەگێردرێن بۆ زمانەكانی تر، واتە سنووری ئەدەبی نەتەوەتەیی و زمانی كوردی دەبەزێنن. هەڵدەگرن وەك رۆمانەكانی جەبار جەمال غەریب، شیرزاد حەسەن، كاروان كاكەسوور، ببن بە پەیكی ناساندنی ئەدەی كوردی، سەرەتا بە نەتەوەكانی دەروبەر و دواتر بە ئەدەبی جیهانی. هۆكاری گرنگی ئەمەش بەهاداری شیعرەكانییەتی كە بە پێی پرنسیپەكانی شیعر بونیادنراون و هەموو لایەنە رەسەنەكانی شیعر و بونیادەكانی بەهای شیعری رەسەنیان تێدایە، بێ ئەوەی ئاڵۆز بكرێن، بێ ئەوەی لە گۆلی رەمز و هێماگەرایی سۆریالیستیدا بقووم بكرێن، بێ ئەوەی ئەگەرە مانییەكان ئەوەندە زۆربن لە بەهای شیعرەكان كەم بكەنەوە، بێ ئەوەی لە پشتیری میتافۆڕدا قایم بكرێن و خوێنەر بە مەبەستی وەرگێڕان نەتوانێ مەبەستی سەرەكی شیعرەكە بدۆزێتەوە تا ئەو پەیامەی مەبەستە بیگەیەنێ.
ئەوە دەقە بە خوێنەر دەڵێ چەند ئەگەری لێكدانەوەی هەیە و پێویستە خوێنەر بیاندۆزێتەوە، نەك خوێنەر لە خۆیەوە ئەگەرەكانی لێكدانەوەی دەق دیاری بكات و بە پێی بۆچوونی خۆی مانای بۆ دابتاشێ. كاتێك شیعر هیچم ناداتی، چی لێ هەڵێنجم، جامێك هیچی تێدا بەدی نەكەم چی لێهەڵگرم (گوایە كەسانێك هەن دەتوانن لە هیچ هیچ بەرهەمبێنن). كاتێك شیعر مانای لێكنادرێتەوە یا مانای نییە چۆن وەردەگێڕدرێ، قورسی وەرگێڕانی شیعر هەر لەوە دا نییە ماناكە دیار نییە بەڵكو لەوەدایە كە وەرگێڕ دەبێ مامەڵە لەگەڵ لە چوار زمان و رەهەندەكانی تری شعر بكات، زمانی سەرەكی و زمانی مەبەست، مانا و رەنگدانەوەی مانایی شیعرەكە (واتە مانای میتافۆڕی)، وەرگێڕانی مانا بۆ مانای مەبەست، بەو مەرجەی لە چوارچێوەی فۆڕمەكانی زمانی مەبەست تێنەپەڕێ. سەرەڕای ئەم لایەنانە كە مانا و پەیامی شیعرەكە دیار نەبێ، وەرگێر چۆن تێبگاو دواتر چۆن وەریبگێڕی بۆ سەر زمانی تر. كەواتە تێكڕای ئەو شیعرانەی بەو شێوازەی سەرەوە دەنووسرێن وەرناگێردرێن، ئەگەر وەریشبگێردرێن هەمان تام و بۆی بۆ خوێنەری بیانی دەبێ، كە پتر لەوەی ببێتە پەیكێكی پەیوەندی دەبێتە فاكتەری لێكدابڕان، وەك چۆن خوێنەری خۆماڵی لێی بێزار دەبێ خوێنەری بیانیش پێشوازی لێناكات. واتە ئەم شێوازە لەسەر راوكەیەك كڕ دەكەوێت هیچی لێ بەرهەم نایات، دواتر خۆشی تووشی قەتیسمان دەبێت.
كش مەلیك، یەكێكە لەو شیعرانەی سەرەڕای زمانە سادەكەی، گرتە وێنەیەكی شیعرییە چەند ئەگەری مانایی هەی، بەڵام مانای سەرەكی دیارە، وەرگێڕ دەتوانی هەم فۆڕمی شیعرەكە و هەم وێنەكە بگوازێتەوە، هاوكات هەمان مانای میتافۆڕی زمانی شیعرەكە بە زمانی مەبەست بخوڵقێنێ، كە بە دڵنیایەوە لە پاڵ پاراستنی بەهای شیعرەكە، هەمان تام و چێژی خوێنەری شیعرە كوردییەكە بە خوێنەری زمانە وەرگێڕاوەكە دەبەخشێ:
- كش مەلیك
وەك شتومەكی كۆن
لە مەزاتخانەكان دەفرۆشرێین
هەر وەكو داشی دامە لە ئۆینێكدا
ئاغاكان دەمانخۆن
ئەم نیشتیمانە زۆر لە شەترەنج دەچێ
كش مەلیك هەمیشە دووبارەیە
… . ئەمە و دەیان شیعری جوانتر و ناسكتر لەم كۆڵەشیعرەدا بەدی دەكرێ.
هەستی ناسكی شاعیر ئاوێنەیەكە دەبێ رەنگدانەوەی تاڵە موویەكی تێدا بەدی بكرێ، نەك دونیا خرابێ و ئەو هەستی نەجووڵێ. سەلام ئەم هەستەی خۆی لە (دەرژێمە منداڵیمەوە) دا بەرجەستە كردووە زۆربەی لایەنكانی ژینگەی ئەمڕۆی كوردستانی باشووری بەسەر كردۆتەوە، ناسكتر، جوانتر، پوختەتر و كەمتێچووتر لە كۆمەڵە شیعری هێلانەیەك لە پەشمەك.
خەڵقکردنی مێژوو لە دەقی میتۆلۆژی ئۆدیسا و ئینیادە.. بەشی دووەم.. یونس تانج
فرمێسكی كۆچ و تاری دڵ.. شیعر: عەلی سیرینی
دامێنی تاریكی دایگرت ئەم شەو كۆچی ڕۆژێكی تر
لە قەیلولەی بێ ئاگایی ڕەتی كرد بە سەرما مەلێكی تر
لە غەفڵەتی گوناهی دووریم مەحروم بووم لە ديدارێکی تر
لە ناكاوی جەمعی بێ ئاگا خامۆش بوو شەوچراغێكی تر
ڕەشەبای بێ بەختیی ڕاپێچی كرد گوڵستانێكی تر
حەسرەتم بۆ كورد باری كرد نالی و خانی و هەژارێكی تر
بە دڵشكاویی ماڵئاوایی كرد لە كورد شۆڕەسوارێكی تر
كە دیم سیس بوو باغستان زانیم وشك بوو ڕوبارێكی تر
لەپی ڕەشی مردن بردی سەر و مێزەری زانست و ئەدەب
كاروانی مەینەتە ڕوو لە كورد بۆ كۆست و خەمانێكی تر
ڕێژنەی حوزنی ئەزەلە بە سەر میللەت جارێكی تر
لە گرانی خەم و حەسرەت وێرانەیە ڕۆح و دەروون
سوتانی خەرمانە و ڕەشپۆشینی بەهارێكی تر
بێ هودەیە بە گریە هانای بڵێسەی دڵ كەوی
سوتان كەوتە بارێكی تر كۆچی نازدارێكی تر
پێ ڕا ناگا چاوانی حوزن و گریان بە هاواری دڵ
دەسەوسانە هزری غەمگین بە دەست ناڵانێكی تر
بێ بەختی كوردە وا شكا لە دەستی حوسامێكی تر
برینی كۆچت ئازیز هەمیشە سەوزە تا ئەبەد
بە بێ مردن لە بیرمانی نا باتەوە زەمانێكی تر.
عەلی سیرینی
کورد و ڕەهەندەکانی ڕۆشنبیری.. دوکتور شەماڵ ئیسماعیل پوور
بەرایی
ڕۆشنبیری و گرینگی ئەم چەمکە بۆ کۆمەڵگا هەمیشە حاشاهەڵنەگرە. ئەم بابەتە لە زانستە مرۆییەکان و لێکۆڵینەوە فەرهەنگی و گوتارە سیاسییەکاندا هەرگیز کۆن و بۆژۆ نابێت. هەربۆیە هەڵدەگرێ بە شێوازی نوێ و نوێتر بخرێتە بەرباس و لێکۆڵینەوەی تایبەت. فەیلەسووف و کۆمەڵناسەکان لە ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانەوە ئەم بابەتەیان تاووتوێ کردووە. لەم وتارەدا تیشک دەخەینە سەر کاریگەری و جێپێی دیاردەی ڕۆشنبیری لە کوردستاندا. ئەم کاریگەرییە بە نەتەوەی کورد و بارودۆخی کوردەوە گرێ دەدەین و ڕۆشنبیری نەتەوەی بێدەوڵەت پێناسە دەکەین و لە کۆتاییدا بۆ پرسی ناسنامەی نەتەوەیی لە دەربیجەی ڕۆشنبیرییەوە دەڕوانین.
ڕۆشنبیری
وشەی ڕۆشنبیر لە وشەی فەڕەنسی (Intellect) وەرگیراوە و بە واتای هێزی عەقڵە. ئەم وشەیە بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1860ی ز لە وتارێکی پیسارۆفی ڕووسیدا هات و بۆ لاوانی ئاکادیمی بەکار برا . ئەو لاوانەی خاوەنی ئەندێشەیەکی ڕەخنەگرانە بوون. لە ئەندێشەی مارکسیستیدا چەمکی ڕۆشنبیر لەگەڵ چەمکی چەپ بە یەک واتا هاتوون.بە دڵنیاییەوە گەشەی گەلان و ڕزگاربوونیان لە دواکەوتوویی و خورافات و ژێردەستی، لە سۆنگەی چالاکی و کاری ڕۆشنبیرانەوە بووە. ڕۆشنبیران کارێکی زۆر دژواریان لە ئەستۆیە. ڕەنگە هیچ کارێک بەڕادەی وەئاگاهێنانەوەی خەڵک دژوار نەبێت. کاری ڕۆشنبیری جۆرێک لە پەروەردەیە. کاری پەروەردەش گەلێک دژوار و پسپۆڕخواز و کاتبەر و تێچوو هەڵگرە. ئیمانۆئێل کانت دەڵێ :لە نێو داهێنانەکانی بەشەردا دوو شت لەوانی دیکە دژوارترن، یەکیان هونەری بەڕێوەبردنی وڵات و ئەوەی دیکەیان هونەری پەروەردە.
زمانی ڕۆشنبیر
ڕۆشنبیر خاوەنی زمانی تایبەت بە خۆیەتی. ئیدوارد سەعید دەڵێ: کەسی ڕۆشنبیر ئەگەر زۆر پسپۆڕانە بدوێ، کەس لێی حاڵی نابێ و ئەگەریش زۆر ساکار و سادە بدوێ دەچێتە حاڵەتی پۆپۆلیزمەوە . کەوابوو کەسێکی ئەوتۆ دەبێ لەگەڵ ئەوەدا کە خاوەنی زانایی تایبەتە، دەبێ بەزمانی ناپسپوڕانە و تایبەت بدوێ. تاکوو هەموو خەڵک لێی تێبگەن و وتەکانی فام بکەن و بتوانێ قسەی خۆی بە گوێی هەموو خەڵک بگەیەنێ.
کاری ڕۆشنبیر
لە نێو گەلانی خاوەن دەوڵەتدا، کاری بنەڕەتی ڕۆشنبیر ڕەخنە گرتن لە دەسەڵاتە . دەسەڵات بە بێ ڕەخنە لێگرتن و چاودێری کردنی ڕۆشنبیران دەگنخێ. دەسەڵاتدار کە لە دەسەڵاتدا مایەوە، ئاشقە خۆ دەبێت و بێجگە لە خۆی کەس نابینێ و تاکڕەوانە کاران ڕادەپەڕێنێ و دەستی بۆ هەموو خراپەکارییەک ئاوەڵا دەبێت. هێدی هێدی لە یاسا و ڕێساکانی کۆمەڵگا دوور دەکەوێتەوە و دەچێتە چوارچێوەی ئایدیۆلۆژیاوە. لە وەها حاڵەتێکدا لەباتی پێملبوون بە یاسا و داخوازییەکانی گەل و نەتەوە، حەز و ئاواتە تاکڕەوانەکانی خۆی دەکاتە یاسا و خەڵک پێملی ویستەکانی خۆی دەکات. ڕۆشنبیری بوێر و نەترس و ئازا دێتە مەیدانەوە و بە ڕەخنەی ڕۆشنبیرانە بەرهەڵستی دەسەڵاتدار دەبێتەوە. ئەوسا زۆرجار دەسەڵاتدار لەبری پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ و چاکسازی، پەنا دەباتە بەر تیرۆر و ڕەشەکوژی و لەناوبردنی کەسی ڕەخنەگر. مێژووی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین پڕە لەو کوشتن و بڕین و دورخستنەوە و ژیان لێ ئەستاندنانە. ئەم دیاردەیە لە مێژووی وڵاتێکی وەکوو ئێراندا هێندە بەرچاوە کە نووسەرێکی وەکوو عەلیڕەزا قولی کتێبی کۆمەڵناسی بژاردە کوژی (جامعەشناسی نخبە کشی) نووسی و کومەڵناسانە ئەم دیاردە دژە مڕڤانەیەی تاووتوێ کرد. ئەم کتێبە بە شێوەیەکی کۆمەڵناسانە باس لە ملهوڕی و دواکەوتوویی دەسەڵاتداران دەکات کە چۆن کەسانی بژاردەی گەل و نەتەوە خۆشەویست دەکوژن و پێیان خۆشە خەڵک گیل و نەزان بمێننەوە.ڕۆشنبیر لەنێو گەلانی دواکەوتوودا دەکەوێتە بەر غەزەبی خەڵکیش . هەربۆیە زۆر جار ڕۆشنبیر و جیابیران بە دەستی گرووپە توندئاژۆکانی ئەو کۆمەڵگایە کوژراون. ئەم دیاردەیە بەجۆرێک بەربڵاوە کە دەتوانین لەنێو هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا نموونەی بۆ بێنینەوە.
دەردی ڕۆشنبیر
ژان پۆل سارتر پێی وایە کەس ڕۆشنبیری ناوێ و کەسیش بە فەرمی نایناسێ.تەنانەت خەڵکی ئاساییش بە هێندی وەرناگرن و لەلایان گرینگ نییە. ئەو لای وایە کاتێک ڕۆشنبیر هاتە گۆڕەپانی چالاکی ڕۆشنبیرانەوە، چینی دەسەڵاتدار بە خاینی دەزانێ و پێی وایە دژی ئەو سیستمە ڕاساوە کە ئەوی پێ گەیاندووە.چینی هەڵبژاردەش نایانەوێ و لایان وایە بە دژی داخوازی و قازانجی ئەوان دەجووڵێتەوە.دەردی سەرباری دردانیش ئەوەیە کە چینی زوڵم لێکراویش لێی دڕدۆنگ و بەگومانن و دەیخەنە بەر تیری قسە و قسەڵۆک و پاشگر و پێشگری ناحەز و دوور لە ڕاستی . تەنانەت بووە ڕۆشنبیریان بە تاوانی دژە دین و دژە خودا بوون کوشتووە و خەڵکانی دیکەش شادمانی خۆیان لەو کوشتنە دەربڕیوە.ئەمە لە حاڵێکدایە کە وەکوو سارتر دەڵێ ڕۆشنبیر بەرهەمی هیچ بڕیارێکی پێش وەخت نییە.
واتە هیچ کەس و لایەن و گرووپ و حیزب و ڕێکخراوەیەک ڕۆشنبیریان پەروەردە نەکردووە. ڕۆشنبیر بە هۆی تایبەتمەندییەکانی خۆی ڕۆشنبیرە و کەس ناتوانێ ئەو نازناوەی پێ ببەخشێ. هەڵبەت لە کۆمەڵگا نەخۆش و کەمزان و دواکەوتووەکاندا دەسەڵات یاخۆ لایەنە بەهێزەکان ڕۆشنبیری درۆیین و ناڕاست دادەتاشن و وەکوو کورد دەڵێ، سەرلووسی بن پیس دەیخەنە بەر چاوی کۆمەڵگا. بەڕواڵەت ڕۆشنبیرە و لە ڕاستیشدا ناڕۆشنبیر و فریودەر و خەڵک خەڵەتێن.لێرە دایە کە ڕۆشنبیر و ناڕۆشنبیر دەبنە دوو چەمکی ململانێکەر . کردەوەی کەسی ناڕۆشنبیر بە بابەتی ڕۆشنبیری بە خەڵک دەفرۆشرێ و خەیانەتی ڕۆشنبیری وەکوو چەمکێکی حاشا هەڵنەگر دێتە ئاراوە.
ژۆلین بێندا و ژان پۆل سارتر دەڵێن، ڕۆشنبیر بە هەر هۆیەک خەیانەت بە ئارمانی ڕۆشنبیری بکات، واتە خۆی لە هەق و دادپەروەری و ئازادی ببوێرێ، خاینە. هەقیقەت و دادپەروەری و ئازادی سێکوچکەی ڕۆشنبیری و مەزنایەتی مرۆڤ و چەمکە گرینگەکانی ژیانن. فێدریکۆ مایور شاعیری کاتالۆنیایی دەڵێ: ڕۆڵەکانم من بۆ ڕزگارکردنی ئەم سێ وشەیە کە بە میرات بۆتانی بەجێدێڵم، ژیاوم: عەشق و دادپەروەری و ئازادی . لە نێو ئەم سێ وشەیەشدا ڕەنگە ئازادی ئەو بەختەی بووبێ کە زۆرتر لەوانیتر کاری بۆ کرابێ و حورمەتی لێ گیرابێ و خوێنی بۆ ڕژابێ و سەربازی ڕۆشنبیری زۆرتر بووبێت. دوکتۆور مستەفا ڕەحیمی دەڵێ: ئازادی ئەگەر ببێ بە دیلی من، ئیتر ئازادی نییە، بەڵکوو دیلییە. کەوابوو ئازادی واتە ئازادی جیا بیران.
مارکس لەسەر ڕۆشنبیر پرسیارێکی جەوهەری هەیە و دەڵێ: ڕۆشنبیر چ کارکردێکی لەسەر بەرهەمی کۆمەڵایەتی هەیە؟
فرانسوا شاتلە لەمەڕ ڕۆشنبیر لێدوانێکی سەرنجڕاکێشی هەیە کە دەکرێ بڵێین بە جۆرێک وڵامی پرسیارەکەی مارکسی تێدایە. بە بڕوای شاتلە ڕۆشنبیر لەخۆیدا دژی پیرۆزییە. دژی کۆمەڵگایەکە کە هەقیقەت و ڕوونی و ڕوون بێژی بە ڕەوا نازانێ. ڕۆشنبیر خۆی بە بەرپرس دەزانێ. نەک لەبەر ئەوەی کە خاوەن زانستە و ئیمان و بڕوایەکی تایبەتی هەیە. یاخۆ نەک لەبەر ئەوەی کە لایقە. بەڵکوو لەبەر ئەوەی کە خاوەن ئیرادەیە. ڕەنگە هەر ئەو ئیرادەیە بێت کە کاڕێڵ مانهایمی کۆمەڵناس دەڵێ: ڕۆشنبیر بەرهەمی کۆمەڵگایە و لە چاو چینەکانی تر پێگەی سەرتری هەیە.
بارودۆخی کولتووریی و سەرهەڵدانی ڕۆشنبیری لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا
ڕۆژهەڵاتی ناوین بەدرێژایی مێژوو گۆڕەپانی ململانێی بزاڤە جۆراوجۆرەکان بووە . ئەم ناوچەیە هیچکات لە توندوتیژی و پێکدادان و شەڕ و ئاژاوە و کێشەی ئایینی و نەتەوەیی و ئازادیخوازی و پاوانخوازی و…. بەدوور و بەدەر نەبووە.
باسکردن لە ڕۆشنبیری و پێناسەی ڕۆشنبیر لە وڵاتان و لە نێو گەلانی ئەم ناوچەیەدا کارێکی هاسان نییە. بەهۆی زاڵبوونی هێژموونی ئایینی لەم ناوچەیەدا، ڕۆشنبیری ئایینیش لە چاو ڕۆشنبیرانی تر دەم لەپێشتر و قسە ڕۆیشتووترن. بەم پێیە لێرەدا باسی ڕۆشنبیری بەگشتی دەکەین و لێکیان هەڵناوێرین. بۆ ئەو مەبەستە پۆلینبەندی مەحموود سەریعولقەلەم لەسەر فەرهەنگی ئێرانی و گشتاندنی ئەم فەرهەنگە بەسەر فەرهەنگی خەڵکانی ناوچەکەدا دەکەینە بەڵگە. ناوبراو دەڵێ: فەرهەنگی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئێران دوو ئاستی لە فەرهەنگ بەخۆوە دیوە: یەکەم، فەرهەنگی شاری وعەقڵی و پیشەسازی . دووهەم، فەرهەنگی عەشیرەیی و گوندی و سونەتی . پاشان لە پێناسەی فەرهەنگی عەشیرەییدا سێ تایبەتمەندی بۆ دادەنێ و ئاوا ڕیزبەندی دەکات: یەکەم، خزمخوازی دووهەم، ڕۆحی شەڕانگێزی و سێهەم، پاراستنی عەشیرە لە ڕێی پەلامار و هێرشەوە.
دیارە لە وەها کۆمەڵگایەکدا کاری ڕۆشنبیر گەلێک دژوارتر لە کاری ڕۆشنبیرانی کۆمەڵگاکانی دیکەیە. لەم کولتوورەدا تا خزموکەس نەبی و بە خوێنی بنەماڵەیی بە عەشیرەوە گرێ نەدرێی، نابیندرێی و دەرەتانی خۆ نیشاندانت نابێ . تاکی کۆمەڵگا کە خاوەنی خوو و خدەی شەڕانگێزی بێت ناتوانێت بکەوێتە بەر کاریگەری کاری ڕۆشنبیر. بۆپاراستنیش دیارە عەشیرە لە هیچ توندوتیژییەک خۆ نابوێرێ و هەموو شێوە توندئاژۆیەکان تاقی دەکاتەوە و لە وەها حاڵەتێکدا بە دڵنیاییەوە بزاڤی ڕۆشنبیری غەوارە دەبێت.
ڕۆشنبیری نەتەوەی بێ دەوڵەت
دیارە نەتەوەخوازی دیاردەی سەردەمی دوای ڕێنێسانس و وەئاگاهاتنەوەی گەلانی ئورووپایە. لە سەردەمی سەدە تاریکییەکاندا نەتەوە و نەتەوەخوازی هیچ واتایەکی نەبوو . ئەوە گرینگ بوو کە هەمووان لەبن سێبەری ئایینی مەسیحییەتدا کۆببوونەوە . بە پێی یاسای ئاسمانی ئەو دینە خەڵک دەژیان. بەڵام پاش شۆڕشی وەئاگاهاتنەوە و ڕزگاری خەڵک لە کۆت و بەندی کڵێسە، هێدی هێدی بیری نەتەوەخوازی سەریهەڵدا و دەوڵەت نەتەوەکان بیچمیان گرت. ئەم دیاردەیە بوو بە هۆی دروست بوونی ئەوینێک بۆ خاک و ئاو و زێد و زمان و نیشتمان و نەتەوە. ئەم ئەوێنە تەشەنەی کرد و هەموو جیهان و هەموو گەلانی جیهانی گرتەوە و بۆ دروستکردنی دەوڵەت نەتەوەی خۆیان تێکۆشان.
دیارە بە هۆی بارودۆخی تایبەتی ناوچەکە و گەلی کورد، ئەم نەتەوەیە بەو ئاستە نەگەیشت و ئێستاشی لەگەڵدا بێت بە بێ دەوڵەت ماوەتەوە. هەر بۆیە مەجبوورین ناوی ڕۆشنبیرانی نەتەوەی بێ دەوڵەت لە ڕۆشنبیری کورد بنێین. ڕۆشنبیری کورد لە وەها حاڵەتێکدا بۆ کارکردن لەسەر دەسەڵات و دروستکردنی هێژموونی و کاریگەری خۆی لەسەر دەسەڵات بە قازانجی نەتەوەکەی دەست بەکار دەبێت. هێندێک لە ڕۆشنبیران دەبنە ڕێبەری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەل و بزاڤی ناسیونالیزم وەڕێ دەخەن . هەر بۆیە بەتوندی دەکەونە بەر غەزەبی دەسەڵات و بە هەموو جۆرێک گیانیان دەکەوێتە مەترسییەوە و بۆ پاراستنی گیان و مانیان دەبێ بچنە جلوبەرگی خەباتکارەوە. شاخ بکەنە ناوەندی ڕۆشنبیری خۆیان و لەوێوە دزە بکەنەوە نێو شار و گوندی وڵاتەکەیان. دیارە ئەو ڕۆشنبیرانە پێش لەوەی وەکوو ڕۆشنبیر مامەڵەیان لەگەڵ بکرێ و وەکوو ڕۆشنبیر بناسرێنەوە، لەبەر چاوی خەڵک دەبنە شۆڕشگێڕ و خەباتکەر.
دەسەڵاتی سەر نەتەوە بێ دەوڵەتەکان بە هیچ لەونێک ددان بە نەتەوەبوونی ئەو گەلانەدا نانێ. ئەم دەسەڵاتانا لە هیچ شوێن و هیچ وڵاتێکدا بۆ گرووپە جیاوازەکانی نێو کیانی سیاسی خۆیان،چەمکی نەتەوە بەکار نابەن. ئەمە لە حاڵێکدایە کە بە پێی جاڕنامەی مافی مرۆڤ دەبێ سەربەخۆیان بکەن و مافیان پێ بدەن.
تەنانەت ئەگەر مەجبوور بن لە یاسای بنەڕەتیدا ددانیان پێدابنێن لە ئەمری واقعیدا حاشایان لێ دەکەن و بە توندترین شێوە حەز و بژاڤی نەتەوەخوازییان لێ دەستێنێتەوە. لە ئاست ئەم گەلە ژێر دەستانەدا هێندە دڵڕەق دەبن کە مادەدەستوورییەکانی خۆشیان لە حاندیان پێ شێل دەکەن. هەر بۆیە لە وەها حاڵەتێکدا ڕۆشنبیری نەتەوە خواز سەر هەڵدێنێ. یا خود ڕۆشنبیر هەر بیر و بۆچوونێکی بۆ گەلەکەی ببێ دەخرێتە بازنەی ڕۆشنبیری نەتەوەخوازەوە و دەسەڵات بە توندترین شێوە هەڵسووکەوتی لەگەڵ دەکات و ئاستەنگ دەخاتە بەر پێی. زۆر جار بووە کە ڕۆشنبیر لە وەها بارودۆخێکدا بوونی بۆ دەسەڵات بڤڤە بووە و قەبووڵ نەکراوە و گیانی لێ ئەستێندراوە.
هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە دروست بوونی بزاڤی نەتەوەخوازی لەنێو هەر گەل و نەتەوەیەکدا پێویستی بە بوونی ڕۆشنبیران هەیە.
ڕۆشنبیران لەم حاڵەتەدا بە سێ دەستە دابەش دەبن:
یەکەم، ڕۆشنبیرانی ڕێفۆڕمخواز: ئەم ڕۆشنبیرانە دەچنە کار و چالاکی لە دەمودەزگای دەسەڵاتدا و بە هیوان لە ڕێی ڕیفۆڕمەوە بە ئامانجەکانیان بگەن. دەیانەوێ لەڕێی یاسایی و پاڕلمان و چوارچێوەی دەسەڵاتەوە چاکسازی بکەن و بەدەستی ئەوکەسانە ئاڵوگۆڕ دروست بکەن کە بۆخۆیان بوونەتە هۆکاری مافخوراوی نەتەوەکەیان. دیارە ڕیفۆڕم و چاکسازی لەوەها بارودۆخێکدا ئەستەمە و ئەگەریش بڕێک دڕوشم و قەولی کاڵ بدرێت، ناچنە چوارچێوەی کردەوە و دابەزینەوە.
دووهەم ڕۆشنبیرانی نێو دامودەزگا خۆجێییەکان: ئەم ڕۆشنبیرانەش بە کارکردن لە نێو پێکهاتە خۆجێییەکانی پێمل بە دەسەڵاتدا سەرهەڵدەدن و دەیانەوێ بەم کارە خەڵک و نەتەوە بپارێزن و کار بۆ پاراستنی بەهاکانی نەتەوەکەیان بکەن . دیارە ئەگەر دەسەڵاتێک هێندە لە خۆی ڕاببینێ دامودەزگای نەتەوەیی دابمەزرێنێ،دەشتوانێ ڕۆشنبیرانێک لە چوارچێوەی ئەم دەمودەزگایانەدا ببینێ بەڵام لە ڕاستیدا ئەم ڕۆشنبیرانەش بە دەردی ڕۆشنبیرانی پێشتر دەچن و کارێکی ئەوتۆیان لە دەست نایات.
سێهەم ڕۆشنبیرانی وەفادار بە نەتەوە و گەلی خۆیان:ئەم ڕۆشنبیرانە هەموو ژیانیان تەرخانی گەل و نەتەوە دەکەن و ناهێلن نەتەوەکەیان لە نەتەوەی زاڵ و باڵادەستدا قاڵ بێت و بتوێتەوە.
ئەمانە ئیدوارد سەعید گوتەنی بە زمانی نەتەوەی خۆیان دەدوێن و خۆیان لە گەل جیا ناکەنەوە و لە گەڵ ئەواندا دەژین و وەکوو ئەوان دەژین و لە کۆتایشدا سەریان لە ڕێی کاری ڕۆشنبیری دادەنێنەوە.
ڕۆشنبیری کورد
کورد وەکوو نەتەوە و شێوەی ژیانی لە نێو ئاو و خاکی خۆی لە چوار وڵاتدا دەژی. هەر بەشێک لە کوردستان بە پێی بارۆدۆخی ئەم وڵاتانە پێناسەی ئەکرێ. ژیان و کولتوور و جیهان بینی و تەنانەت شێوەزاریشی کاریگەری لەم وڵاتانە وەرگرتووە.
ڕۆشنبیری هەر بەشێک بە پێی دۆخی ئەو بەشە درووست دەبێت.دەتوانین بڵێن ڕۆشنبیرانی کورد بە پێی پارچەی کوردستانی شوێنی ژیانیان لەگەڵ یەکتر وردە جیاوازی تایبەتیان هەیە .ئەم جیاوازیانە دەکرێ ببێتە هەوێنێ ڕۆشنبیری جیاواز لە یەکتر کە ئاسۆی هەموویان کورد بوونە و ئاکامی خەباتی هەموویان بۆ مانەوەی نەتەوەی کوردە.
ڕۆشنبیری هەر بەشێک لە کوردستان لە گەڵ جۆرێک دەسەڵاتی تایبەتدا ڕووبەڕووە کە لە دەسەڵاتی بەشەکانی دیکە ناچێ.هەر بۆیە ئەم ڕۆشنبیرانە مەجبوورن بە پێی بارودۆخی خۆیان کار بکەن و بە پێی ڕادەی دەسەڵات و هێزی ئەژنۆی خۆیان هەنگاو بنێن،دیارە ئەم هێزی ئەژنۆیە لە هێندێک دۆخی زەمانی و شوێنی تایبەتدا دەکرێ بە پڕتاو بەرەو پێش بچێ و لە هێندێک دۆخی زەمانی و شوێنی تایبەتدا بە دارەدارەش ناگات.
بەرپرسایەتی ڕۆشنبیری کورد لەبەر بارودۆخی کورد و کوردستان زۆر زیاترە لە بەرپرسایەتی ڕۆشنبیرانی گەلانی دیکە. گەلانی دیکە دەتوانن لە نێو چوارچێوەی دەسەڵاتدا خاوەن حیزب و گرووپ و هێژموونی خۆیان بن.
بەڵام هیچ دەزگا و دەسەڵاتێک لە پشت ڕۆشنبیری کورد نییە. تەنیا و بێ کەس و بێ پشتیوانە، هەر وەکوو پێشتر ئاماژەمان بۆ کرد، دەسەڵات بە خاینی دەزانی وچینی هەڵبژاردەش نایەوێ و چینی زوڵم لێکراویش لێی بە گومان و دڕدۆنگە (ژان پۆل سارتر)
ڕۆشنبیری کورد لە هەموو پرس و کێشەکانی کورد دەڕوانێ. دەبێ بۆ جۆری بیرکردنەوەی نەتەوەکەی بە خەم بێت. بۆ زانستی کورد هەوڵ بدات و بە خەمی زمان و کەلتوور و بەهاکانییەوە بێت. یەکێک لە کێشە تایبەتەکانی ڕۆشنبیری کورد ناسەربەخۆیی بڕیار و ڕوانینە. بەختیار عەلی دەڵێ:ڕۆشنبیری کورد خۆی لە چوارچێوەی حیزبێکدا دەبینێتەوە و لە باشترین حاڵەتدا دەبێتە ڕەخنەگری حیزبەکەی. ئەگەر ڕۆشنبیری کورد خۆی لە بازنەی حیزبە کوردییەکانیش ڕزگار نەکات و نەکەوێتە پێش ئەوانەوە،سەربەخۆیی ڕۆشنبیری و فیکری نامێنێ و کاریگەری لەسەر کۆمەڵگا کەم دەبێتەوە.
ڕۆشنبیر و ناسنامە و کۆمەڵگا
کاری فیکری بۆ کۆمەڵگا سەرەتا لە ئەدەبی مارکسییەوە سەر هەڵدەدات. ئەم بیرۆکەیە لە کۆمەڵگاکانی ئەو کاتەدا زۆر جێنەکەوت و پێشوازی باشی لێ نەکرا، لە لایەکی تریشەوە بیری نامارکسی بە جێی کاری فیکری لە ژیانی فیکری کۆمەڵگا ڕاما. ئەم بۆچوونە بۆ ژیانی فیکری و ڕۆشنبیری، مرۆڤی خوێندەواری کردە هاودەمی ژیانی فیکری و ڕۆشنبیری لێ دروست بوو . بەم پێناسەیە ڕۆشنبیر کەسێکە لەسەر کۆمەڵگا کاریگەری تایبەتی هەبێ و بۆ ناسنامەی نەتەوەش تێبکۆشێ. مادام کە خوێندەواری بوو بە پێناسەی ڕۆشنبیری، ئاخۆ لەو کۆمەڵگایانەدا کە هەمووان خوێندەوارن، هەمووشیان ڕۆشنبیرن؟
لێرەدا پێناسەی تایبەت دەخوازێ و دەبێ کەسی ڕۆشنبیر لە خوێندەواری ئاسایی جیا بکرێتەوە. کەسێک کە بتوانێ لە سەقامگیر کردنی ژیانی فیکریدا شوێن و کاریگەری هەبێ دەبێتە ڕۆشنبیر.
شوناسی نەتەوەیی
کاتێک ئەم شوناسە دروست دەبێت کە کەسێک تێیدا هۆگری و پێوەندی بە دەوڵەت یان نەتەوەکەیەوە دروست بێت و ئەم پێوەندییە بە خەڵکێکەوە گرێ بدات کە نەتەوەیەک ساز دەکات. خاڵی هاوبەشی لەگەڵ ژیانی خەڵکی دەبێتە سەرەکیترین خاڵی شوناسی نەتەوەیی. ئەرێنیترین خاڵی شوناس لە نەتەوەدا دەبێتە نیشتمان پەروەری و خۆشەویستی گەل و نیشتمان. ئەو حاڵەتەی کە مرۆڤی نەتەوەیی، لە پەنا گەلان و نەتەوەکانی دیکەدا سەربەرزی و گەورەیی و سەربەخۆیی بۆ گەلی خۆی دەخوازێ.
مامۆستا هێمن گوتەنی،ئارەزوو دەکات هەموو گەلان بە ئازادی بژین و دیلی و مافخوراوی بۆ کەس ناخوازێ. خاڵی نەرێنی نەتەوەخوازی و توند و تیژبوون لەم حاڵەتەشدا دەبێتە شۆوێنیزم کە تەنیا نەتەوەی خۆی دەبینێ و حەز بە دیلی و نەمان و بێدەرەتانی گەلانی دیکە دەکات. ڕۆشنبیری کورد کارێک دەکات کە تاکی کۆمەڵگای کوردی هەست بە بەرپرسایەتی بکات.بتوانێ لەبەرانبەر ئەوی تردا خۆی پێناسە بکات و شوناسی نەتەوەیی خۆی بەهێند وەربگرێ و بە بێ خۆبەکەمزانین لە نەتەوە و شوناسی خۆی بدوێ. ڕۆشنبیر لە نێو نەتەوەی کورددا و لە ساتە تایبەت و پێویستەکاندا یەکڕیزی و یەکگرتوویی نەتەوەیی درووست بکات. ڕۆشنبیر بە دوور لە هەر بیرێکی مێتافیزیکی و ئاسمانییەوە لە ئاخاوتن و دربڕینی بیری ڕۆشنبیری خۆیدا دەربکەوێت. واتە هیچ پاشگر و پێشگرێکی جیا لە ڕۆشنبیر ییلەگەڵدا نایەت و ئەگەر کەوتە چوارچێوەیەکی بەرتەسکی کۆمەڵایەتییەوە، لە بەشێکی زۆر لە خەڵک جیا دەبێتەوە و ڕۆشنبیریی پێ ناکرێت. کە وابوو ڕۆشنبیر دەبێ سەرتر لە هەموو ئایدیالۆژی و چوارچێوەکان بێت. ڕۆشنبیری کورد تا تیۆری خۆماڵی نەبێت، ناتوانێ کارێک بۆ ناسنامە و کێیەتی گەل بکات. جەلال حاجی زادە دەڵێت:ڕۆشنبیری کورد دەبێ بە پێی کۆمەڵگای خۆی هەوڵی داهێنان و خولقاندنی تیۆری نۆی بدات و ڕووی لە داهاتوو بێت. ڕۆشنبیری کورد دەبێ بە پێی دەقی خۆی پێناسەی لە ناسنامە ببێ. خوێندنەوە ناکوردانە و و دانانی پێناسەی نا کوردی بۆ ناسنامەی کورد، ئەو ناسنامە دڵخوازەی لێ دروست نابێت کە بتوانێ ئەم نەتەوەیە بگەیەنێتە ئاستێک کە سەرێک بێت لە نێو سەرانی دیکەدا. بۆ گەیشتن بە بەرئەنجامێک دەڵێن کە ڕۆشنبیری و گرینگی ئەم بابەتە هەمیشە بۆ کۆمەڵگا پێویستە. ڕۆشنبیر خاوەن زمانی خۆیەتی و دەبێ خەڵک بە دوای خۆیدا بەرێ. هەرگیز لە ڕەخنە گرتن لە دەسەڵات غافڵ نەبێت و ئەم بابەتە بە ئەرکی بنەڕەتی خۆی بزانێ. ڕۆشنبیری لە کۆمەڵگا داخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا کارێکی زۆر ئەستەمە و هێندێ جار گیان لە دەست دانی پێوەیە. ڕۆشنبیر سەر بە هیچ لایەن و ئایدیالۆژیایەک نییە و سەربەخۆ دەمێنێتەوە و هەموو کێشە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگا دەناسێ و بۆ لابردن و چارەسەرییان کار دەکا. بە پێی پێویستییەکانی نەتەوەی خۆی هەوڵ و تێکۆشانی دەبێت و بە پێی کۆمەڵگای خۆی هەوڵی داهێنان و خولقاندنی وتاری تێۆری نوێ دەدات.
دوکتور شەماڵ ئیسماعیل پوور ـ سەقز
——————————–
ژێدەر
۱. کار روشنفکری، بابک احمدی،نشر مرکز،تهران، ۱۳٨٤
۲. در دفاع از روشنفکران، ژان پل سارتر، ترجمە رضا سید حسینی، نشر نیلوفر، چاپ دوم،تهران، ۱۳٨٥
۳. تغییر ذهن ها، هوارد گاردنر، ترجمه سید کمال خرازی، نشر نی تهران، چاپ دوم، ۱۳٨٨
٤. وتاری ڕۆشنبیری لە خۆیدا بۆ….. لە نووسینی جەلال حاجی زادە
بەیاننامەی (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق) لەسەر ڕووداوەکانی لاجان و شارۆچکەکانی دەوروبەری
دوای ئەوەی هاوڵاتیانى گوندی (لاجان) سەر بە پارێزگای هەولێر، وەڵامی داواکاریـیەکانیان وەرنەگرتەوە لە بەرپرسان سەبارەت بە دابین کردنی خزمەتگوزاری و سوتەمەنی و دامەزراندنی گەنجانی بێکار لە پاڵاوگەی نەوتی (لاناز) لە سنوری گوندەکەیان، ڕۆژی شەممە (٢٩-١١-٢٠٢٥) چوونە بەردەم پاڵاوگەکە وەک ناڕەزایەتی دەربڕین و ڕێگای سەرەکی (هەولێر-گوێر)یان داخست بەڕووی تانکەرەکانی کۆمپانیای (لاناز)دا، کە خاوەنداریـیەتەکەی دەگەڕێتەوە بۆ گەورە بەرپرسانی (پارتی دیموکراتی کوردستان).
پاسەوانانى پاڵاوگە و هێزەکانی ئاسایش بە چەک وەڵامی خۆپـێشاندەرانیانداوەتەوە و لە ئەنجامدا کەسێک گیانی لەدەستدا و زیاتر لە (١٠) کەسیش برینداربووە. هاوکات هێزێکی زۆر لە ئاسایش و یەکە چەکدارەکان لە میلیشیاکانی (پارتی)، بە هەمەر و دۆشکا و چەکی قورسەوە گوندەکەیان گەمارۆ داوە و چەندین کەسیان دەستگیر کردووە، و خانەوادەکانیان لە ماڵەکانیان وەدەرناوە و گوندەکەیان بەزۆر پێ چۆڵکردوون.
وەک کاردانەوە، دژ بەم ملهوڕی و زۆرداریـیە، دوێنێ دوو شەممە (١-١٢-٢٠٢٥) لە چەند شوێنێکی جیاجیا گردبوونەوەی ناڕەزایەتی ڕوویداوە لەوانە لە شارۆچکەی (کەڵەک)ی سەر بە قەزای (بەردەڕەش) لە پارێزگای دهۆک، و لە گەڕێکی شاری هەولێر، و هەروەها خۆپێشاندانیش لە شارۆچکەی (خەبات) ئەنجامدراوە کە ڕێگەی نێوان (هەولێر-موسڵ)یان داخستووە.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە (٢٩-١١-٢٠٢٥)، باس لە هەوڵی نانەوەی ئاژاوە دەکات لە لایەن دەستێکی دەرەکی و بە فیتی هەندێک کەس و لایەنی ناوخۆیی، کە میدیاکانی سەر بە (پارتی) ئەو لایەنە ناوخۆیـیە بە (یەکێتی نیشتمانی کوردستان) ناوزەد دەکەن و تۆمەتباری دەکەن کە بە هاوکاری (حەشدی شەعبی) دەیانەوێت پێگەی هەرێمی کوردستان لاواز بکەن. هەر لەو ڕاستایەشدا بەرپرسی کۆمیتەی (یەکێتی) لە شارۆچکەی (خەبات) لە لایەن هێزەکانی (پارتی)ـیەوە دەستگیرکراوە، و توندوتیژیش بەرامبەر کەناڵەکەکانی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووسان ئەنجام دراوە.
ئەم ناوچەیە بە شارۆچکە و گوندەکانیەوە، بەشێکە لە ڕێڕەوی بازرگانی نێوان هەرێم و تورکیا و گواستنەوەی وزە، وە کێڵگەی نەوتی (خورمەڵە) و کۆمپانیای (لاناز) و چەندین پرۆژەی گەورەتر دەگرێتەخۆی، بۆیە ناوچەیەکی هەستیارە بۆ بەرپرسانی (پارتی) لە بنەماڵەی بارزانی و ئەم کۆمپانیانەیان.
هەر لەو ناوچە گرینگ و دەوڵەمەندە بە سامانە سروشتیـیەکان خەڵکی کرێکار و زەحمەتکـێشی ناوچەکە بەدەست نەبوونی سوتەمەنی و خزمەتگوزاریـیەکان و بێکاریـیەکی لە ڕادەبەدەرەوە دەناڵێنن، و هەوروەها دووکەڵ و پیسیی و پاشەڕۆی کۆمپانیاکانیش کێشەی ژینگەیی بۆ سروشتی ناوچەکە و کێشەی تەندروستی بۆ هاوڵاتیان دروست کردووە بەجۆرێک توشبووانی شێرپەنجە و نەخۆشیـیەکانی کۆئەندامی هەناسە و چاو لەو ناوچەیە لە ڕاددەیەکی بەرزدایە.
لە بەرامبەر بارگرانیـیەکانی ئەم بارودۆخە و بۆ بەرگری لە مافەکانیان جەماوەری زەحمەتکـێش هاتوونەتە مەیدانی ناڕەزایەتی دەربڕین و بەم شێوەیە لە وەحشیگەریش ڕەفتاریان لەگەڵدا دەکرێت.
ئەم لەشکرکێشیـیەی (پارتی) لە زۆنی دەسەڵاتدارەتیـیەکەیدا، هاوشێوەی لەشکرکێشیـیەکانی (یەکێتی)یە لە چەند مانگی ڕابردوودا لە زۆنی دەسەڵاتداریەتی خۆیدا، وە تەواوکاری تەنگپێهەڵچنینی هەردوو ئەم حزبەیە بۆ ئازادیـیەکان و ڕاوەدوونان و گرتنی هەڵسوڕاوانی ناڕەزایەتیـیەکان و سەرکوتی خۆپێشاندانەکان، ئەمە نمایشی هەمان سیاسەتی سەرکوتگەرانەیانە کە هەرچی زیاتر نەفرەت و بێزاری جەماوەری بەرامبەریان پەرەپێداوە، و ئەم داپڵۆسین و توندوتیژیی و کوشتارەشیان لەسەر ئاستی کۆمەڵگە بۆ چاوترساندنی جەماوەری زەحمەتکـێش و دواخستنی تەقینەوەیانە بەڕووی خۆیان و حکومەتەکەیاندا.
ئەم ناڕەزایەتیـیانەی (لاجان) و دەوروبەری ڕوداوێکی دابڕاو و لەناکاو نیـیە، بەڵکو دەربڕینێکی واقعیـیە لە کەڵەکەبونی ناڕەزایەتی چەندین ساڵەی ئەو جەماوەرە زەحمەتکـێشە دژی ستەمێکی ئابوری و سەرکوتێکی سیاسی و پەراوێزخستنێکی کۆمەڵایەتی کە ئەم دەسەڵاتە بورژوا ناسیونالیست و ئۆلیگارشیـیە مالیـیەی فەرمانڕەوا لە هەردوو حزب دایسەپاندووە بەسەریاندا. بەرپەرچدانەوەی خوێناوی ملیشیاکان و ملهوڕی بەرامبەر گەنجانی ناڕازیش هەڵە و کاری تاکە کەسی نیـیە، ئەمە سروشتی چینی دەسەڵاتدار و سیاسەتێکی داڕێژراوە لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندیـیە چینایەتیـیە سیاسی و ئابووریـیەکانیان.
حکومەتی هەرێم کە ئامڕازی دەستی هەردوو حزبی دەسەڵاتدارە بە پیادەکردنی ڕێبازی نیولیبرالیزمی ئابووری لە ڕادەستکردنی سەروەت و سامانی گشتی کۆمەڵگە بە شێوەیەکی یاسایی بۆ کەرتی تایـبەت و ئاسانکاری بۆیان، و داخستنی دەرگای دامەزراندن لە کەرتی گشتی، دەستی ناوەتە بینەقاقای ژیانی کرێکاران و زەحمەتکـێشان و گەنجانی کچ و کوڕی بێکاری هەرێمەکە و لەو نێوەشدا هەرچی کۆمپانیا هەیە سەرمایەکانیان بە قازانجی ملیۆنی و ملیاردی کەڵەکە دەکەن و خەڵکیشی ناچار کردووە یا بە کۆچ و ڕەوی بەکۆمەڵ بۆ دەرەوەی وڵات یان بە دەستفرۆشی و سەعاتکاری دوورودرێژ بە کرێـیەکی ڕۆژانە کە بە زەحمەت ژەمە خۆراکی ڕۆژێک دابین دەکات بۆ کرێکار.
بەم پێـیە (پارتی) و (یەکێتی) لە ڕێگەی حکومەتی هەرێم و میلیشیاکانیانەوە، لە لایەک بونەتە ئۆڕگانی پاراستنی کۆمپانیا و کۆشک و تەلار و سەرمایەی سەرمایەدارەکان و لە لایەکی تریشەوە بوونەتە ئامرازی خوێناوی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتیـیەکانی جەماوەرێکی زەحمەتکـێش کە بێکاری و هەژاری و پەراوێزخراویان بەسەردا سەپاندوون.
ئەم کێشمەکێشمە جەنگێکی چـینایەتی خوێناوی ڕوون و ئاشکرایە لەم هەرێمەدا و ناسیونالیزمی کورد بەگشتی و بەتایبەت دەسەڵاتدارەکەی بە سەد و یەک شێوە خەریکن خۆڵ بکەنە چاوی جەماوەر و پەردەپۆشی ئەم جەنگە چـینایەتیـیە بکەن لەسەر ئاستی هەرێم و عێڕاق و ناوچەکە.
ئەمەی کە لە (لاجان) ڕوویدا، ئەو وێنەیەی تێکشکاند لەو کەشوهەوا سیاسیـیەی کە بەڕووکەش وەک ماستی مەیوو وابوو لە دەڤەری ژێر دەسەڵاتی ئیستیـبدادی (پارتی)دا و دەریـخست لەگەڵ هەموو سەرکوتیـیەکی فکری و سیاسی جەماوەر، بەڵام ناتوانن تاسەر ئەم باروودۆخە ئاوا ڕابگرن. ئەم ناڕەزایەتیـیە جەماوەریـیانە سەرەتای شکڵگیری هۆشیاریـیەکی سیاسیـیە بە بەرژەوەندەکانی تایبەت بە خۆیان و هاتنەمەیدانیانە.
ئەم ناڕەزایەتیـیانە سەرباری هەموو دەستێوەردانێک بەناوی عەشیرەت و کێشمەکێشی نێوان دوو حزبی دەسەڵات و سەرکوتگەری لەژێر ناوی دەستی دەرەکی و ئاژاوەگێڕیدا، بەڵام ناوەڕۆکی چـینایەتی ئەم ناڕەزایەتیـیانە ڕوون و ئاشکرا دیارە و پێویستە پەرەی پـێـبدرێت و بەرزبکرێتەوە بۆ ئاستی بزووتنەوەیەکی یەکگرتووی سەراسەری و ڕێکخراو بەڕووی هەژاری و بێکاری و ستەمگەری و دکتاتۆریەتی هەردوو حزبی فەرمانڕەوادا.
(ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی) لە کاتێکدا کە سەرکۆنەی ئەم توندوتیژی و خوێنـڕێژیـیە دەکات، لایەنگری خۆشی ڕادەگەێـنـێت بۆ داواکاری و خواستە ڕەواکانی جەماوەری ناڕازی ئەو ناوچەیە. هەروەها هاوسۆزی خۆی ڕادەگەێـنێت بۆ خانەوادەی قوربانیان و جەماوەری زوڵملێکراوی ناوچەکە، وە خوازیاری دەستبەجێی بەربوونی گیراوەکان و لێـپرسینەوەیە لە کەسانێک کە بەرپرسن لە توندوتیژیی نواندن بەرامبەریان.
٢-١٢-٢٠٢٥
https://www.albadeel-alsheoi.org/ar/?p=8489
بۆچی خەڵك هیوای بە پەرلەمان نەماوه؟.. رێبوار ياسين فەتاح
لەگەڵ هەر پرۆسەیەكی هەڵبژاردندا، مشتومڕی بەشداریكردن یان بایكۆت لەناو شەقامی سیاسی و میللی دروست دەبێت، تەنانەت ئەو مشتومڕە ڕۆچۆتە ناو خێزانەكانیشەوە، ئەمەش سەرەنجامی گشت ئەو پێشێلكاری و شكاندنانەیە، كە حزبەكان بەرامبەر بە پەرلەمان كردویانە.
خەڵكی ئاسایی، جیاوازی ناكات لە نێوان پەرلەمانی عێراق و كوردستان، چونكە خودی حزبەكانن ئەو جیاوازیەیان نەهێشتوەو لەبەر دەنگ، یەكتر ریسوا دەكەن و بانگەشەكانیان زۆر لۆكاڵی كردوە، جگە لەوەی سوككردنی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن ئەم حزبانەوە وای كردوە كە خەڵك بە یەك چاو سەیری هەموو پرۆسەیەكی هەڵبژاردن بكات. بەوەی تەنیا نمایش و شانۆگەرییەكەو هیچ گۆڕانكاری دروست ناكات. ئەمە جگە لە ئەزمونی شكستخواردوی ئۆپۆزسیۆن لەناو كوردستان و عێراقیشدا.
بە هەموو پێوەرێك، پەرلەمان لە كوردستان، تەنیا بۆ ئارایشتی دەسەڵاتی سیاسییە تا وەك ڕوپۆشێكی ئازادی و دیموكراسی پیشانی جیهانی بدەن. ئەگەرنا، لەوەتەی كورد خاوەنی پەرلەمانە، لەوەتەی كورد هەڵبژاردن دەكات لەم باشورە، كەمترین جار ئەنجامەكان وەك خۆی قبوڵ كراوە، زۆرترین جاریش شكۆی پەرلەمان شكێنراوە، سەرەتا بەوەی كە هیچكام لە دەسەڵاتداران و كوڕانی بنەماڵە دەسەڵاتدارەكان ئامادە نین بچنە پەرلەمانەوە، دووەمیش چەندینجار ئەم پەرلەمانە شكێنراوە بە داخستن بێت یان پەكخستن، دوایەمینیان پێکنەهێنانیەتی کە ساڵێک بەسەر هەڵبژاردنیشدا تێپەڕی.
لایەنێكی دیكەی بێ ئەرزش كردنی پەرلەمان، رەوانە كردنی شایەرو بێژەرو كەسانی نەخوێندەوارو بەتاڵە بۆ ناو ئەو موئەسەسە گرنگە، كە بەشێكیان تەنانەت جگە لە موچەكانیان، ئاگاداری هیچ كارێكی پەرلەمان نین و بەشداری ناكەن و ساڵانە چەند جارێکی کەم قسەیەک دەکەن یان هەر ناشیکەن.
بۆیە پەرلەمان بۆ بەشێكی زۆری حزبەكان و كادرەكانیان بۆتە بازاڕێكی كەسابەت و هیچ پەیوەندی بە بەرگری لە بەرژەوەندی خەڵكەوە نیە.
لەلایەكی دیكەوە، پەرلەمانتاران و فراكسیۆنەكان كەمترین پرۆژەیان هەبوە پەیوەست بێت بە ژیانی خەڵكەوە، بگرە ئەوانەی كە زۆرترین جار دەردەكەون لە مێدیاو سۆشیال مێدیا، كەمترین كاریان لە پەرلەمان كردووە.
دوایین گورزیش لە پەرلەمان درا، داخستنیەتی بەو جۆرەی ئێستا دەیبینین كە ساڵ زیاترە هەڵبژاردن كراوە، نە كۆبۆتەوەو نە هیچ رۆڵێكی هەیە لە خێراتر كردنی پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت. لەولاشەوە پەرلەمانتاران هەر رۆژەی لە شوێنێك دەردەكەون و مانگانە موچەی خۆیان وەردەگرن، بێ ئەوەی هەڵوێستێکیان لەسەر نەبونی ئەو شوێنە هەبێت کە موچەی لێ وەردەگرن. ئەمەش هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ ئەوەی کە دەوترا قیتارمان نییەو چەندین موچەخۆری قیتاریش هەن.
سەرەنجامی هەموو ئەم هۆكارانەش، دامەزراوەی پەرلەمان بۆتە دامەزراوەیەكی بێبەها لای خەڵك و بڕوای تەواوی لا دروست كردون كە بەشداری كردنیان لە هەڵبژاردن وەك بەشدارییە لە سێرك و نمایشێكی بێبەها.
بۆچی هەڵبژاردن شەرعیەتی نیە؟
لە ١٩٩١ـەوە حساب بۆ ئینسانی کوردستان نەکراوە، ئێستا سەرکردەی حزب خزمەتگوزاری، ئازادی مرۆڤ و پڕۆژەی گەورە بە خەڵکی دەفرۆشن. گەورەترین پڕۆژە لەلای من، بەرزڕاگرتنی بەهای مرۆڤە، کە حزبی کوردستان ژێرپێی خستووە.
سەرکردایەتی پارتی و یەکێتی نە گرفتیان لەنێوانە، نە لەگەڵ بەغداد ناکۆکن، دوژمنی وەهمی دەئافرێنرێ لەلایەن سیاسیەوە بۆ شاردنەوەی شکست و نەبوونی ئەقڵی هاوچەرخی حوکمڕانی.
ئەوەی سەرکردایەتی پارتی و یەکێتی لەلایان گرنگ نەبێ و بێبەها لێی بڕوانن، مرۆڤە، بەتایبەتیش مرۆڤی کوردستان.
هەڵبژاردن نە سیاسەتی دەسەڵاتدار دەگۆڕێ، نە ڕووخساریان، ئیدی دەبێ دەنگدان بۆچی بێ؟
گەر دەنگدان بە پەڕلەمانی کوردستان زیاد لە ساڵێك لەمەوبەر تا ئەمڕۆ هیچی بەرهەم نەهێنابێ، بۆچی هەڵبژاردنی عێراق بەرهەمی دەبێ؟
دەنگ بۆ پەڕلەمان و حکومەت نیە، بەڵکو بۆ نوێکردنەوەی بەمریدبوونە بۆ پارتی و یەکێتی، کە زۆربەی زۆرتان بە زاڵم و گەندەڵ لە قەڵەمیان دەدەن.
دەنگدان گروپێکی نوێی سیاسی ناهێنێتە سەر حوکم تا بە سیاسەتی هاوچەرخ و حەکیم دەسەڵاتی کوردی یەکبخەن و پەڕلەمان، حکومەت و دەسەڵاتی دادوەری ڕیفۆڕم بکەن. نەخێر، هەر ئەو شەڕە قسەیەمان گوێ لێدەبێ کە پارتی و یەکێتی لە ١٩٩١ـەوە سەرقاڵین و خەڵکی پێ چەواشە دەکەن.
دەنگدان کۆتایی بە سەرکوتکردن و تێرۆری نەیاری پارتی و یەکێتی و ڕۆژنامەنووس ناهێنێ، بەڵکو شەرعیەتیان پێدەدات لەوەی کردوویانە و لەوەش لە داهاتوودا دەیکەن.
دەنگدان هیچ کەسێك زیندوو ناکاتەوە کە بووەتە قوربانی پارتی و یەکێتی و شەڕی خۆکوژیان.
دەنگدان کۆتایی بە کاریگەری تورك و فارس لە کوردستاندا ناهێنێ، بەڵکو زیادتری دەکات.
دەنگدان میدیا ئازاد ناکات و کۆتایی بە مۆنۆپۆلی پارتی و یەکێتی بەسەر میدیادا ناهێنێ، شەرعیەتیان پێدەدات.
دەنگدان شەڕی پارتی و یەکێتی لە کەرکوك و ناوچەی جێناکۆکدا کۆتای پێناهێنێ، و نایگۆڕی بە سیاسەتێکی حەکیمانە کە مافی مرۆڤ لەو ناوچانەدا بپارێزێ، بەڵکو شەرعیەت دەدات بە بەردەوامبوونی سیاسەتی شکست.
دەنگدان شەڕی نێو سەرکردایەتی حزب بنەبڕ ناکات، بەڵکو دەسەڵات دەدات بە گروپی دەستڕۆیشتوو بۆ سەرکوتکردنی زیادتر.
دەنگدان کۆتایی بە قەیرانی موچە ناهێنێ، قوڵتری دەکاتەوە. شەڕی موچە بڕبڕەی پشتی ستراتیجی حوکمڕانی پارتی و یەکێتیە، کە هەمووشمان دەزانین چارەسەری تەنیا بنەبڕکردنی گەندەڵی و دامەزراندنی حکومەتی تەکنۆکراتە.
دەنگدان ئابووری کوردستان نابووژێنێتەوە و لاوان ناخاتە سەرکار، ئەوەی لە پۆستی گرنگدا دادەنرێ، دەبێ نزیکی کەسێکی دەستڕۆشتووی نێو حزب خێڵ بنەماڵە بێ.
پارتی و یەکێتی کۆمەڵێکیان دامەزراند، هاوڵاتبوون تێیدا بێبەهایە و پێشکەوتن لەسەر بنەمانی توانای مرۆڤ نیە، بەڵکو لەسەر نزیکیە لە کەسێکی دەستڕۆیشتووە؛ پێشکەوتن لە پیشەدا توند گرێدراوە بە سەرشۆڕیەوە بۆ سەرکردایەتی پارتی و یەکێتی. ئەوی نەبێ بە گوێڕایەڵی حزب خێڵ به نەماڵە، هەرگیز جێی لە دەسەڵاتی حزبدا نابێتەوە.
دەنگدان کۆتایی بە داگیرکردنی موڵکی گشت ناهێنێ، بەڵکو دەنگت پسوڵەی داگیرکردنی زیادترە.
ئەگەر دەنگدان پێشتر هیچی پۆزەتیڤی نەهێنابێتە نێو ئیدارە و سیاسەتی کوردستانەوە، دەنگت، سەکۆی گەندەڵی و سەرکوترکردن و ئازادی مرۆڤ تەسكتر دەکاتەوە.
لە ژیاندا هەموو ئازادین چیمان دەوێ، ئێوەش ئازادن، بەڵام ئەوەی لەلای من هەناسەی ژیانە ئەمەیە: بیناکردنی مرۆڤ لەنێو کۆمەڵێکی هاوچەرخی ئازاددا کە هەموو مافمان یەکسان بێ لەبەرامبەر قانون و دەستگای هاوچەرخدا.
پارتی و یەکێتی بەربەستن لەبەردەم پێشکەوتنی کوردستان و مرۆڤدا، دەنگدان هیچ ناگۆڕێ.
رێبوار ياسين فەتاح
نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگ لەسەر بڕیارنامەیەک سەبارەت بە پلانی ئاشتی ترەمپ بۆ غەززە دەدات.. شورش عزیز شورمێ
ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان (ئەمڕۆ) ئامادەکاری دەکات بۆ دەنگدان لەسەر بڕیارنامەیەکی ئەمریکا کە پلانی ئاشتی ترەمپ بۆ کەرتی غەززە پەسەند دەکات. ئەم بەڵگەنامەیە پێشبینی هێزێکی سەقامگیری دەکات بۆ کۆنترۆڵکردنی خاکەکە و باس لە ئەگەری دەوڵەتی فەلەستینی داهاتوو دەکات. بەڵام وەک پاولا کاریدی، رۆژنامەنووس ڕوونی دەکاتەوە، مەترسی ئەوە هەیە لەسەر کاغەز بمێنێتەوە..
ئەوەی “بڕیاردەرەکان” ئیدیعای دەکەن، شتێکە؛ واقیعی ڕاستییەکان کە پێدەچێت دژایەتی نیازە باشەکانی بڕیارنامەکە بکات، شتێکی دیکەیە. جگە لە ئەمریکا، بڕیارنامەکە (کە بە دڵنیاییەوە پێویستی بە دەنگی لەباری چوار ئەندامی هەمیشەیی دیکەی چین، ڕووسیا، فەرەنسا و بەریتانیا دەبێت) هەروەها لەلایەن قەتەر، میسر، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، سعودیە، ئەندەنوسیا، پاکستان، ئوردن و تورکیاشەوە پشتیوانی دەکرێت. بەڵام داگیرکردنی غەززە و کەناری ڕۆژئاوا لەلایەن ئیسرائیلەوە پێشتر لە سنوورەکانی خۆی تێپەڕیوە و تەنانەت ئەگەری دروستبوونی دەوڵەتی فەلەستینیش زەحمەتە پێشبینی بکرێت. وە پێناچێت ئیسرائیل دەستبەرداری 58%ی ئەو ستریپە بێت کە ئێستا کۆنتڕۆڵی دەکات.
بڕیاردەرەکان خۆیان ڕزگار دەکەن. من سەقامگیرییەکی درۆینە دەبینم کە یاری بە ڕووبەڕووبوونەوەی زلهێزەکانی ناوچەیی و جیهانی دەکات. غەززە خەریکە دەبێتە تاقیکردنەوەی لیتموس بۆ زۆرێک لە وڵاتان، ئەمریکا پێش هەموو شتێک: ئەمەش بە هەڵبژاردنی مەمدانی وەک سەرۆکی شارەوانی نیویۆرک دەرکەوتووە، کە بۆ ئەمەش ڕێک ئەمە یەکێک بوو لە پرسە سەرەکییەکان. ستریپ کێشەیەکە بۆ ئیتاڵیا و بەریتانیا و وڵاتانی عەرەبی؛ باشتر وایە لە ڕادار دووری بخەیتەوە. کەواتە لێرەدا بڕیارەکە. بەڵام ئەمە یەکەمجار نییە کە بەڵگەنامەیەکی سازش دەکرێت کە شکست بهێنێت لە چارەسەرکردنی واقیع لەسەر زەوی.
وێنەکانی بارانبارین لە غەززە، کە ئاوەڕۆکان دەچنە ناو چادرەکانەوە، ئەوەیان نیشانداوە: هێشتا نمایشێکی دیکە کە ئەو ڕێککەوتنانەی بڕیاردەران دەیکەن شتێکن و دۆخی کەرتی تەواو شتێکی دیکەیە. بەڵام ڕای گشتی وەک ڕووبارێکی کارست وایە؛ ئەوە نییە کە نابینێت چی ڕوودەدات. هەندێکیان هێشتا پەڕینەوەکان دادەخەن، بۆیە خۆراکی پێویست بەردەوام نییە لە چوونە ژوورەوە؛ لە ڕاستیدا بەس هیچ شتێک ناچێتە ژوورەوە. کەمیی پەناگە، کۆنتێنەر، شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵک هەیە: بیناکان بەردەوامن لە داڕمان، ئیسرائیل بولدۆزەر بەکاردەهێنێت، مین و ماڵەکان دەڕوخێنێت، و بە تەواوی تەواوی بەشی ڕۆژهەڵاتی ئەو ستریپەی کە داگیری کردووە لەناو دەبات.
لەسەدا پەنجا و هەشتی شریت، ئەو بەشەی کە لە شار و زەوییە بەپیتەکان پێکهاتووە، لەلایەن ئیسرائیلەوە داگیرکراوە؛ لەسەدا ٤٢ی دیکە کە دانیشتووانەکەی کەناڵ کراوە، تەپۆڵکە و خۆڵە، هیچ. ئەمە واقیعی سەر زەوییە. ئەو بڕیارنامەیەی کە پێشکەش بە نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە، هەوڵ دەدات ئەم واقیعە بشارێتەوە. لەم چوارچێوەیەدا پرسی کەناری ڕۆژئاوا و لەگەڵ ئەوەشدا دۆخی قودس بە چارەنووسساز دەمێنێتەوە، چونکە بەبێ ئەو خاکانە دەوڵەتی فەلەستین بوونی نابێت. ئەگەر لە کەرتی ڕۆژئاوا بەردەوام بن لەوەی کە دانیشتووان و سوپا و دانیشتووانی ناو سوپا دەیکەن، نەک هەر لە ئێستاوە لکاندنی ئەو ڕاستییەیە، بەڵکو دەوڵەتێکی ئاپارتایدی ئیسرائیلیش پشتڕاست دەکرێتەوە، ئەمەش تاوانێکی نێودەوڵەتییە.
لە پێش ٧ی ئۆکتۆبەرەوە بەم شێوەیە بووە. کێشەکە ئەوەیە کە بڕیاردەرەکان لە ماوەی ٢٥ ساڵدا هەڵوێستیان بەرامبەر ئیسرائیل نەگۆڕیوە. ئەوەی پێویستە شۆڕشێکی کۆپەرنیکیانە، کە ناتوانێت لە ئەوانەوە بێت، بەڵکو لە کۆمەڵگەی مەدەنیەوە بێت. تەنها سەیری یەکێتی ئەوروپا بکەن: ئۆرسولا ڤۆن دێر لایین بە پەیمانێک بۆ دەریای ناوەڕاست دێتە دەرەوە کە تێیدا کەلێنی نێوان وشەکان و ئەوەی لەسەر زەوی ڕوودەدات کۆتاییە، وەک ئەوەی ١٥٠-٢٠٠ ساڵ لەمەوبەر بگەڕێینەوە، کاتێک کۆلۆنیالیزمەکان بە هیچ شێوەیەک دەژمێردرێن و دەتوانیت هەرچیت بوێت لەگەڵیان بیکەیت. هەموو ئەمانە بە بڕیارنامەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان چارەسەر ناکرێن دوای دەیان، سەدان بڕیارنامەی دیکە، کە لەبارچوون.
بەلای منەوە سەیرە کە ئەفریقای باشوور بەم شێوەیە فەلەستینییەکان قبوڵ بکات، بە لەبەرچاوگرتنی سیاسەتی ئەو وڵاتە کە پشتیوانییەکی تەواوەتی بۆ فەلەستین هەیە. پێویستە چاوەڕێی دەرئەنجامی ئەم لێکۆڵینەوەیە بکەین، کە ئەلجەزیرە کاری لەسەر دەکات: چیرۆکێکە کە هەندێک کێشانی بەدەستهێناوە. لە لایەکی تریشەوە هەندێک ناڕازیبوون هەیە سەبارەت بەو شتانەی کە ڕوودەدەن: وڵاتانی عەرەبی بڕیارنامەکەی ئەمریکایان لە نەتەوە یەکگرتووەکان قبوڵ کرد، چونکە ناچارن، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە مەرجە هەڵوێستی ئەمریکا قبوڵ بکەن. لە هەموو ئەمانەدا لایەنێکی تر لەبیر دەکەین:
بوونی سەربازانی نەتەوەکانی تر جگە لە ئیسرائیل لە غەززە. ئیسرائیلییەکان تورکیان ناوێت، قەتەرییەکانیان ناوێت، نایانەوێت سەربازێکی زیاتر 58%ی ستریپ بهێڵنەوە، کە بە درێژایی هێڵی زەردی درێژخایەنی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا دابەشکراوە.
ئایا ئیسرائیل دەتوانێت دوای چەند ڕۆژێک لە ڕەتکردنەوەی چوونە ژوورەوەی بولدۆزەرەکان، سوپای بیانی وەربگرێت، گوایە بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی فەلەستینییەکان نەک تەرمی بارمتەکان؟ گێڕانەوەیەک لەسەر ئەم بابەتەش هەیە کە زۆر شت لەبارەی دۆخەکەوە ئاشکرا دەکات. باسی دوا لاشەیە کە دەبێت بگەڕێندرێتەوە بۆ ئیسرائیل و خۆشبەختانە
لە رۆژی قوربانیانی چەكی كیمیاوی لە جیهاندا.. كوردۆساید ۆچ-چاك كوردستان
30 نۆڤومبەر لەم ڕۆژەی كە یادی هەموو قوربانیانی چەكی كیمیاوی لە جیهان دەكەینەوە، ڕێز و نەوازش بۆ ئەو كەسانە دادەنێین كە كوژراون یان بریندار بوون بەهۆی ئەو چەكە ترسناكەوە، هەوڵ دەدەین كۆتایی بەم چەكە ترسناكە بهێنین لە بەرهەم هێنان, داهێنان, گواستنەوە, بەكارهێنان, هەڵگرتن.
سالڵانی ڕابردوو وەك مرۆڤایەتی دەستكەوتی گرنگمان بەدەستهێنا بە لەناوبردنی دوایین چەكی كیمیایی لەو كۆگایانەی كە لە لایەن ئەو وڵاتانەوە كە بەشێكن لە ڕێككەوتننامەی چەكی كیمیایی.
بەڵام لەگەڵ پێشكەوتنە خێراكانی زانست و تەكنەلۆژیادا، بەتایبەت زیرەكی دەستكرد مەترسییەكان هێشتا گەورەن.
كۆمەڵگەی جیهانی دەبێت بە یەك دەنگ پابەند بوون بە ڕێككەوتننامەی چەكی كیمیایی دووپات بكاتەوە، كۆتایی بە بێ سزایی بهێنێت بۆ دروستكردن و بەكارهێنان و ….. و بەڵێنی پەیمانی داهاتوو بۆ جیهانێكی دوور لەم چەكانە جێبەجێ بكات.
كۆنفرانسی دەوڵەتانی ئەندام لە كۆنفرانسی چەكی كیمیایی كە رێكخراوی OPCW سالانە ئەنجامی دەدات بەناوی CSP، لە CSP-20 دا بڕیاریدا كە لە ٣٠ی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێكدا یان لە كاتی گونجاودا ڕۆژی یادكردنەوە بۆ هەموو قوربانیانی چەكی كیمیایی بەڕێوە بچێت.
ئەم یادكردنەوە دەرفەتێك دەڕەخسێنێت بۆ ڕێزگرتن لە قوربانیانی چەكی كیمیایی، هەروەها دووپاتكردنەوەی پابەندبوونی ڕێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی (OPCW) بە نەهێشتنی مەترسییەكانی چەكی كیمیایییە لە جیهاندا, كە ئێستا 194 وڵات پەیوەست بووە بە رێكەوتننامەكەوە.
مێژووی هەوڵە جدییەكان بۆ بەدیهێنانی قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی كە بە ئەنجامدانی ڕێككەوتننامەی چەكی كیمیایی گەیشتە لوتكە، زیاتر لە سەدەیەك لەمەوبەر دەستیپێكرد. لە جەنگی جیهانی یەكەمدا چەكی كیمیایی بە شێوەیەكی بەرفراوان بەكارهێنرا و لە ئەنجامدا زیاتر لە ١٠٠ هەزار كوژراو و ملیۆنێك قوربانی لێكەوتەوە.
بەڵام لە جەنگی جیهانی دووەمدا چەكی كیمیایی لە گۆڕەپانی شەڕدا لە ئەوروپا بەكارنەهێنرا..
ڕێككەوتننامەی چەكی كیمیایی لە ساڵی ١٩٩٣ پەسەندكرا و لە ٢٩ی نیسانی ١٩٩٧ كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە، بڕیاردرا، “لە پێناو هەموو مرۆڤایەتیدا، ئەگەری بەكارهێنانی چەكی كیمیایی بە تەواوی نەهێڵرێت.”
دەوڵەتانی ئەندامی ئەم ڕێككەوتننامەیە ڕێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیاوییان دامەزراند, كە هەنووكە 194 وڵات ئەندامە تیایدا, بە سوریاوە, كە هەنگاو دەنێت بێتە ناو رێكەوتننامەكەوە.
هەروەها دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بەكار هێنانی چەكی كیمیاوی لە ململانیی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی وەك تاوانی جەنگ ناساند.
گەلی كورد لە جەنگی جیهانی یەكەمەوە چەكی كیمیاوی دژی بەكار دەهێنرێت, لە ساڵانی 1987 و 1988 بەكارهێنانی ئەم چەكە لە دژی دەیان هەزار كوژراو سەدان هەزار برینداری لێكەوتەوە, لەو ماوەیەدا زیاتر لە 250 جار چەكی كیمیاوی لە دژی بەكار هاتووە , شاری سەردەشت بووە یەكەم شار لە جیهان چەكی كیمیاوی تیایدا دژی خەڵكە سڤیلەكەی بەكار هات, وە شاری هەڵەبجەش بووە یەكەم شار لە جیهان كە زۆرترین قوربانی سڤیلی بە چەكی كیاوی هەبێت.
ئێمە كە قوربانی یەكەمی چەكی كیمیاوی بین لە 100 ساڵی رابردووە, بەهەمان شێوە دەبێت یەكەم دوژمنی چەكی كیمیاویش بین لە جیهاندا.
لەم رۆژەدا قوربانیانی چەكی كیمیاوی بە بیر دەهێنرێنەوە, هەوڵدەدرێت هەڵەبجە و سەردەشتەكان دووبارە نەبنەوە, رێز لەو هەوڵانە بگرێت بوونە هۆی بنە بڕكردنی چەكی كیمیاوی لە جیهان كە رۆژی دامەزراندنی رێكخراوی OPCW ە.
30-11-2025
رێكخراوەكان:
-رێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید- kwg
-تۆڕی رێكخراوە كوردستانیییەكان له پێناو دادگای تاوانی نێودەوڵەتی – Koncicc
-تۆڕی ئایكان كوردستان ــ IKN
-رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كۆكوژ لە كوردستان ــ OAWMD
-رێكخراوی هەڵمەتی دادپەروەری ــ OJC
-رێكخراوی جیهانی بێ چەكی كیمیاوی و بایەلۆجی-www
-هەڵمەتی ژیان دژ بە ئیعدام لە كوردستان
-گۆڤاری تۆبزاوە
-رۆژنامەی نگرە سەلمان
- رێكخراوی مانەوە بۆ پرسی شەهیدان و ئەنفالكراوان
–كوردۆساید ۆچ-چاك كوردستان
ماستەر و دکتۆرانامەکانى بوارى ئەدەبى کوردى لە تیلەچاوێکى ڕەخنەییدا-3-.. هەڵمەت بایز
بەشى سێیەم
بابەتەکانى خوێندن و لێکەوتەى توێژینەوەى زانکۆیی
لە زنجیرەکانى پێشتردا هەندێک لە خاڵە لاوازەکانى توێژنەوەى ئەدەبی لە تەوەرەى قوتابی و مامۆستا و لێژنەى زانستی بەشەکان تاوتویکرا. لەم زنجیرەیەدا باسى کاریگەریى و ڕەنگدانەوەى پڕۆگرام و بابەتەکانى خوێندنى بەشە کوردییەکان دەکەین، وەک ڕۆڵێکى نەرێنى لە ئاڕاستە و دەستنیشانکردنى ناونیشان و مێتۆد و شێوازی کارى توێژینەوەى مامۆستایان و فێرخوازاندا.
بەشێوەیەکى گشتى بەشە کوردییەکانى زانکۆکانى کوردستان لە ڕووى چەندایەتى و چۆنایەتییەوە لێکچوونێکى هاوبەش کۆیان دەکاتەوە. واتە کۆى بابەتە خوێندراوەکانى ناو بەشە کوردییەکان، تا ڕادەیەکى زۆر لە یەکترەوە نزیکن، بۆیە کۆى تێگەیشتنەکە بەسەر تەواوى بەشە کوردییەکان جێبەجێ دەبێت. ئەگەرچى لە ناو مفرەداتى پڕۆگرام یان کۆرسبووکى مامۆستایان، مامۆستایەک بۆ مامۆستایەکى دیکە، یان بەشێک بۆ بەشێکى دیکە ڕەنگە تاڕادەیەک ئاستى زانستى جیاواز هەبێت. ئەمەیان خاڵێکى ئەرێنى و دڵخۆشکەرە. سەربارى ئەمەش لە دیوێکى دیکەدا بەشە کوردییەکان یەکدەگرنەوە کاتێک ئاستى زانستى دەرچوان و ئارەزوومەندانى خوێندنى باڵا هاوئاستە و کەمجار ئاستێکى جیاوازتر دەبینرێت، مەگەر ڕێژەیەکى کەم لەو پێوەرە بەدەربێت، هەوڵەکانى خۆیان و خۆپێگەیاندنیان جیاوازتریان بکات، بەڵام بەشێوەیەکى گشتى لە واقیعى ئەمڕۆدا ئەنجامەکانى ئەو لێکچوونانە جێى پرسیارن.
لەبەشە کوردییەکاندا پەیوەندییەکى پێکەوەبەستراویى و ئاگایییەکى هەمە لایەن وەک هەماهەنگییەک بۆ گۆڕانکارى لە پڕۆگرام و کارنامەى بابەتى خوێندن لاوازە (لێرەدا مەبەست ئەوە نییە سیاسەتى بەشەکان لە بارى پرۆگرامەکانى خوێندن یەک بن و یان جیاواز بن، ئەوەش بۆ خۆى مشتومڕه هەڵگرە)، بەڵام ئەوەى مەبەستمانە، دێوێکى نەرێنى لێکچوونى کۆى کایەى خوێندنە لە ڕێى هاوبەشى و نزیکایەتى پڕۆگرامەوە، کە ئاماژە نەرێنى و ئاکامەکان زۆر بەرچاون. زۆر بەکەمى لەوەتەى بەشە کوردییەکانى ناو زانکۆکان هەن، دەست بۆ گۆڕین و گۆڕانکارییان براوە، لە کاتێکدا بەپێى هەلومەرج و قۆناغەکان ڕەوتى گۆڕانکاریى تیۆرى و ڕەخنەیی لە دنیادا و بەردەوام تێگەیشتنى جۆراوجۆرى بۆ ئەدەبیاتناسی دێنە کایەوە. زۆرجاریش بەپاساوى گواستنەوە و خوێندن لە زانکۆیەکى دیکە بەرژەوەندییە بێسەرێشەکان و گۆڕانیان بەسەر دانایێت و پارێزگاریی لە مانەوە و دووبارەبوونەوەى بابەتەکانى پێشتر دەکرێت، دیوێکى دیکەى دەستنەبردن بۆ گۆڕانکارییەکانى ناونیشانى بابەتەکانى خوێندن هۆکارى نەبوونى دیدگایەکى دوورمەوداتر و هاوسەردەمییە بۆ پرسەکە. بە هۆکارى نائەبدەیتى مامۆستان و دابڕانیان لە دنیاى گۆڕانکارى و بیرى نوێبوونەوە بە گشتى، کەمتر گۆڕانکارى لە پڕۆگرام و بابەتەکانى خوێندن دێتە کایەوە، بۆیە سیماى خوێندنى ئێستا هەمان سیماى سی بۆ چل ساڵى پێشترە و یەکشێوازى و ئاڕاستەى بەردەوام دەبێتەوە نۆرمێکى باو کە ئەدەبیاتناسی لەو سیاقەدا بە ئاست و توانست و چوارچێوەى پێشگەیشتنى پێشتر، نەوەیەکى دیکەى هاوئاست لە فۆرمێکى دیکەدا بەرهەم دێنێتەوە. باشترین نموونەش سەیرى هەندێک لە نامەى ماستەرى بیست بۆ سی ساڵ بەر لە ئێستا بکەین، بە زیاد و کەمێک هەمان ناونیشان و هەمان مێتۆد و شێواز و ئاستى نووسین دیکەوە دووبارە دەبنەوە. ڕەنگە لێرە مەبەستم نەبێت بە گۆڕانکارى لە پرۆگرام و کۆى گۆڕانکاریی دیکەى کە پێشتر باسکراون، یان ئەوانەى کە لە داهاتوو باس دەکرێن، چارەسەر دەبن، بەڵکوو ئەو دیدە ڕەخنەییە لە تەواوى کایەکانى دیکەدا پەیوەستە بە کۆى پرسەکە، واتە بە گۆڕینى پڕۆگرام بە تەنها ئەو چاوەڕوانی و دیدگا نوێیە بەرهەم نایەت، ئەگەر تۆڕى کایەکانى دیکە فەزاى گۆڕانکارییان نەبێ.
ئەدەبیات سروشتێکى گۆڕاوى هەیە، گۆڕانى فۆرم و شێوازەکان تیۆر و تێگەیشتن و لێکدانەوەى تازە دەخوازن. بەردەوام ئەدەبیاتى دنیا بە پێى ڕەوتى گۆڕانکارییەکان و لە پەیوەندى دنیاى نوێى گۆڕانکاری دایە. کەم تا زۆر ئەدەبیاتى کوردى بەتایبەتى لە ژانرى شیعر و ڕۆماندا هاوئاستى ئەدەبیاتى دنیا ڕەودەکات، ناکرێت بە خوێندنى یەک ڕیتمى ئەدەبیاتناسی کوردى و بەخوێندنەوە و توێژینەوەى ئێستا، گفتوگۆى ئەو تێگەیشتن و گۆڕانکارییانە بکرێت، کە بەردەوام تیۆر و هەوڵى نوێى ئەدەبیاتناسى لە برەودان و تێەپڕاندنیان هەیە، ناکرێت هەمان پێوەر و تێگگەیشتنى ئێستا دۆخى بەشە کوردییەکان و پڕۆگرامەکانیان ببنە بەربنەماى توێژینەوە و پێوەرى ڕووبەڕووى گۆڕانکارییەکان بن.
بابەتەکانى ئەدەبیاتناسى زانکۆکانى کوردستان زیاتر لە تێگەیشتنى مێژووى ئەدەبیاتى عەرەبی و مێژووى گەشە و ڕێباز و جۆرە ئەدەبییەکانى خۆرائاوا دان، لە باری ئێستا و نوێبوونەوەشدا هاوئاستى خوێندنى دنیاى دیکەى ئێستاى ئەدەبیات نییە، دەرگاى ئەدەبیاتى کوردى وەک ئەدەبی بەراوردکارى و ناسینى هاو نزیکایەتى کەلتوورى ئەوانى دیکەى ڕۆژهەڵاتى ئاسیا و هاودۆخى پۆستکۆڵۆنیالیزم لە ئەفریقا و ناسینى ئەدەبیاتى دیکەى ئەمریکاى لاتین کراوە نییە، تا چەندایەتى و چۆنایەتى ئەدەب و ئەدەبیاتناسیش وەک دنیابینێکى دیکە خۆى ئەزموون بکاتەوە. واتە بەهۆى ئەو تێدامانە فۆرمگرتووە سەرەتاییەى ناو ئەدەبیاتناسی عەرەبى و خۆرئاوایی لە پەیوەندیدابوونێکى کلاسیکییانە و داپچڕانێکى زۆر بێکرانەوەیی ئەویدیکە دایە. بەو خەسڵەت و مانەوەیە بابەتەکانى خوێندن ناوەرۆکى کلاسیکى و مێتۆدى کلاسیکى و بابەتى ناپێویست و شێوازى نووسنى دووبارە و زمانى بێ فەنتازى لە توێژینەوەکاندا بەرهەم دێننن، بۆیە ناکرێت لەسەر ئەو میراتە خوێندنە و فۆرمگرتووەدا بانگەشەى خوێندنى ئەدەبیاتناسی پێویست و سەردەمى بکرێت. ئەگەر لەگەڵ دنیاى گۆڕانکارى مێتۆدى تازە و تێگەیشتنى تازە و خوێندنەوەى تازە بۆ ئەدەبیاتناسی نەکرێت، یان جارێکى دیکە خوێندنەوە بۆ ئەو بابەتانە نەکرێنەوە، کە پێشتر خوێندراونەتەوە، ئەوا دەبێت تا چەند ساڵی دیکەش هەر بە چاوەڕوانى ئەو دۆخە چەقبەستووە ئێشکگرییە بین. ڕەنگە بۆ ناوبردنى چەند زاراوەیەکى تیۆرى و ڕەخنەیی و هەندێک لە مێتۆدەکانى ڕەخنە بە خەسڵەت و پەرەسەندى ئەو زاراوانە و پۆلێن و گوێزانەوەیەکى چەندایەتى بە فۆرمێکى مێتۆدۆلۆژى، لە دۆخێکى کلاسیکى تاڕادەیەک ئەزموونکراودا بین، بەڵام لە بارى چۆنایەتى کە پەیوەندى بە هێزێکى مەعریفى و پاشخانێکى مەعریفى قووڵ هەبێت، زۆر بەکەمى ئامادەیی ئەو پارادایمانەى هەیە، کە خوێندنەوەى ئێستاى ئەدەبی پێویستى پێیان هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا لێرەو لەوێ لە دەرەوەى بەشە کوردییەکان و هەندێکجاریش لە ناوەندەکانى زانکۆ و بەشەکانیش توێژەرانێک هەن بەڕێژەیەکى کەم، ئاقارێکى دیکەى تێگەیشتن بۆ خوێندنەوەى ئەدەبیاتناسی لەو چوارچێوەیە فۆرمگرتووە و کڵێشەییەى زانکۆکان، وەک هەناسەى دڵپێخۆشبوون ئامادەیی هەبێت.
ئەوەى ئێستا لەبەشە کوردییەکان دەخوێندرێت، زۆربەى بابەتەکانى خوێندن دەکەونە ناو خانەى مێژووى ئەدەبەوە سروشتێکى مێژوووییان هەیە وەک ڕەوانبێژى و کێش و سەروا و ڕێبازەکانى ئەدەب و جۆرە ئەدەبییەکان و ئەدەبی کلاسیکى و ئەدەبی کۆن و مێژووى ئەدەب بەگشتى، بۆ ئاستەکانى دیکەى ئەدەبیاتناسی لە ناو بابەتى ڕەخنەى ئەدەبی و تیۆرى ئەدەبی و ئەدەبی بەراوەوەیشەوە چوارچێوەیەکى مێژوویى لە وتنەوەى وانەکاندا زاڵە، زۆربەکەمى دەرچوون لەو چوارچێوە مێژوووییە دەبێتە ئامانج و کەمجار بەریەکەوتنمان لەگەڵ تیۆر و ڕەخنە و گێڕانەوەناسی پاشمۆدێڕن هەیە، بۆیە خولانەوەى لە پێش قۆناغى هاوچەرخ زیاتر ڕیشەیەکى مێژوویی و سروشتێکى مێژووى دەبەخشێتە توێژینەوەى ئەکادیمى، واتە زیاتر لە چوارچێوە یان سیاقێکى مێژووى بەرهەمهاتوو خۆیان دووپات دەکەنەوە.
خوێندنى چوارساڵى زانکۆ لەناو خولانەوەیەکى مێژووی قۆناغێکى ئەدەبی و ناساندنى چەند ناوێکى دوپاتبووەى ئەدەبیدا هەسپێکراوە، ئەوەش دوو لێکدانەوە هەڵدەگرێت یەکیان پچڕانى دۆخى دنیاى نووسینى توێژینەوەى کوردى و خوێندنى زانکۆیە لەگەڵ گۆڕانکارى و هاتنەپێشى ناوە تازەکان و ژانرى تازە و شێوازى تازەى ئەدەبی، کەمجار وەک بەریەککەوتنێکى ڕاستەوخۆ دەبنە پرس و بابەت و توێژینەوەى ئەدەبی، لە لایەکى دیکەش بابەتە خوێندراوەکان وەک میراتى ئەوى دیکەى پێشتر، دەستى دەستى دەکەن، هەمان کاریگەرى ناوە ناسراوەکان و شێواز و بابەت و تێگەیشتنەکانى پێشتر دووبارە دەبنەوە. خوێندنى ئەدەبیاتناسی کوردى لەسەر بنەماى مێژووى ئەدەبیاتى ئەوروپى و عەرەبی، دوور لەو تایبەتمەندییە ناوەخۆیی و خۆخەریکبوونەوە دەکەوێتە ناو خانەى چاولێکەرى و هەنێکجاریش لاسایکردنەوە، کە ڕەنگە ئەمەیان وەک ئەزموونکردن خراپ نەبێت. بەمەش تایبەتمەندیى خوێندنەوە و پۆلێن و نوسینەوەى مێژووی ئەدەبی کوردى ون دەبێت، یان گرفتئامێز و نەشاز دەبێت. لە لایەکى دیکەش ڕۆڵى خوێنەر وەک ئاڕاستەیەکى نوێ لە نووسینەوەى مێژووى ئەدەبیدا دەرناکەوێت. ئەو تێگەیشتنە لە توێژینەوە مێژووى ئەدەبی کوردى زۆر لاوازە، بەو خوێندن و پۆلێن و نووسینەوەى کتێبەکانى پێشترى مێژووى ئەدەبی کوردى، کە لە زانکۆکان دووبارە دەکرێنەوە و دەخوێندرێنەوە هیچ پێشڤەچوونێک و لێکەتەیەک لەناو گۆڕانکارى مێژوووى ئەدەبی کوردى نایەتەکایەوە، ئەگەرچیش بەدەگمەن توێژینەوە لەسەر مێژووى ئەدەبی کوردیش لە ئێستادا دەبینرێت، بێگومان هۆکارى جۆراوجۆرى خۆى هەیە و دیارترین ئەو هۆکارانەش پێویستى بە ئاگاییەکى قووڵى مێژووى و دۆکیۆمێنتى و زمانى و شێوەزارى هەیە، کە قوتابییان و مامۆستایان بوێرى خۆ لەقەرەدانیان وەک پێویست نییە.
بەشێک لەو بابەتانەى کە بژاردەش دەکرێن وەک ڕەوتە ئەدەبی و جۆرە ئەدەبییەکان و ڕێبازەکانى ئەدەب زۆرجار بە زۆر بەسەر ئەدەبیاتى کوردیدا پڕاکتیزە دەکرێن و پۆلێنى قۆناغ و ڕەوتە ئەدەبییەکان، بەزۆر سەپاندن و کڵێشەیی بەسەر ئەدەبیاتى کوردیدا پڕاکتیک دەکرێن، بەتایبەتى ئەو ڕەوتانەى کە لە سیاقێکى کەلتوورى و سیاسی دەروەى کوردى لەدایک دەبن، واتە زۆرجار لە گوێزانەوەى ئەزموونە ئەدەبییەکان بۆ دەرکەوتنى قۆناغێکى نوێى ئەدەبی کوردى دەگونجێندرێن، لە ڕووى ڕاڤە و لێکچوونى بنەماکان پێکناشێن و توانستە تاقیکراوەکەى ئەدەبی کوردى لە فۆرم و سروشتى خۆى لەبار دەبرێت وەک خۆماڵى و سروشتایەتى و تایبەتمەندیى کوردى و جیاواز مامەڵەى لەگەڵدا ناکرێـت. ئەو دیوە گوێزراوە دەبێتە چاولێکەرى، زۆر بە ئاسانى وەک کڵێشە و فۆرمێکى ئامادەى لێدێت کە خوێندکاران بە تێگەیشتنى چەند خەسڵەتێک و دۆزینەوەى لە چەند سیمایەکى ئەدەبی یان شیعرى لە ئەرکى پێویستى توێژینەوەکەى دەردەچێت و هیچ ماندووبوونێکى زانستى ئێستاتکى و دەلالى و داهێنان و بیرێکى ئەوتۆى تێدا بەدینایەت. ئەم کارەش سروشتێکى پۆلێنى و مێژووى هەڵدەگرێت و وەک توێژنەوە زۆر سانا و ساکارە، چونکە لە بنەڕەتدا ئامانجەکە جیاوازە ومەبەستدارە.
وێڕاى ئەوەى ڕێبازە ئەدەبییەکان وەک بابەتێکى مێژوویی ناو ڕەوتى گەشەکردن و گۆڕانکارى ئەدەبیات دەبینرێت، لە بارێکى دیکەدا هەندێک لەو بابەتانە لە دەرەوەى تێگەیشتنى سیاقێکى مێژوویی بۆ خوێندنەوەى تێکستە هاوچەرخەکانى ئێستا مشتومڕهەڵگر دەبێت، واتە لە هەندێک ڕەگەز و سیماى هاوبەشى دەقە ئەدەبییەکاندا بەیەک پێوەر یەکناخرێن و بەراورد ناکرێن. ئەو خوێندنەوە کڵێشەییەى ناو ڕێبازەکانى ئەدەبێکى دیاریکراو بۆ خوێندنەوەى قۆناغێکى دیکە و ئەزموونێکى دیکەى ئەدەبی، لە خوێندەوەیەکى ئێستاتیکى و دەلالییەکانەوە بە شوناسێکى دیکەوە دەبەسترێنەوە، لە کاتێکدا وەک دۆخى کاریگەرى و تایبەتمەندیى ئەدەبی کوردى لە هەندێ باردا زۆر لە پێش قۆناغى کاریگەرییەوەیە.
نموونەیەکى دیکەى خوێندى جۆرە ئەدەبییەکان، پێداهاتنەوەیەکى مێژوویى و ڕەوتەکانى گەشەکردن و دەرکەوتنیان لە بەشە کوردییەکان بە ئامانج گیراوە. بەگشتى وەک پرۆسەیەکى پۆلێنى و دەرخستنى خاسیەتەکانیان و کاریگەریى نێوانیان و چۆنیەتى گوێزانەوەیان باس دەکرێن، ئەمە تاڕادەیەک ئاساییە، بەڵام ئەو تێگەیشتنەش ئەوەندەى دەچێتەوە ناو قۆناغەکانى مێژووى گەشەکردن و گۆڕانى فۆڕمە ئەدەبییەکان لە بارى گەشەى کۆمەڵایەتى و سیاسى و کەلتووریدا، ئەوەندە نابێتە ناساندنى فۆڕمەکانى ئەدەب و تایبەتمەندییەکانى ناو گەشە و گۆڕانى ئەدەبی کوردى. لە لایەکى دیکەش ئێستا لە ئەدەبیاتى جیهانی و ئەدەبیاتى گەلاندا جۆرێکى دیکەى ئەدەبی ئەزموون دەکرێت بەناوى “تێکست”، ئەو جۆرە ئەزموونکردنە کەم تا زۆر لە ئەدەبی کوردیدا لە ئارادا هەیە و فرەناسنامەیە و سەربەهیچ کایەکى ناو جۆرە ئەدەبییەکى دیاریکراو نییە، بۆیە ناکرێت ئەو ئاقارە تێگەیشتنانە وەک ئەزموونێکى یەک فۆرمى و یەک ژانرى جیهانى بخرێتەڕوو، بەڵکوو وەک دۆخى پاشنوێگەرى، فۆرمەکە سەر بەهیچ لاسایکردنەوەیەکى دیاریکراوە نییە و سرکە و بەئاسانى ناخرێتە ناوشوناسێکى ژانرى ئەدەبییەوە. بێ ئاگایی خوێندنى زانکۆ و قەتیسمانیان لەناو جۆرە ئەدەبییەکان وەک کایەى مێژوویی، ئەو ڕەوتە بیرکردنەوە لەڕێڕەوى بیرکردنەوەى قوتابی و نەوەى دواترى وەک تێگەیشتنى پێشتر دەڕوات، مامۆستایانى زانکۆ و قوتابییەکانیشیان دووبارە ئەزموونى دەکەنەوە. لە داهاتووشدا توێژینەوەکان و نامەى مەستەر و دکتۆراکانیش بەربنەماى ئەو تێگەیشتانە دەبن.
لە بارى تیۆری و ڕەخنەیدا بۆشاییەکى زۆرى ئەو باردۆخە تیۆرییە هەیە، کە لە دنیاى ئێستاى ئەدەبیاتدا جێى مشتومڕ و پڕاکتیزەکردنە. ڕووبەرێکى بەفراوانى ئەو پارادایمانە پێک دەهێنێنن کە لە بوارى زانستەمرۆییەکان و لێکەوتەى مشتومڕى پاشنوێگەرین. کەم تا زۆر چەند هەوڵێکى وەرگێڕان و خوێندنەوە زیاتر لە دەرەوەى زانکۆکان خەریکى کارکردنن بە زیاتر و کاریگەرتر لە ناو زانکۆکانەوە کار لەو بۆشاییاییە هەنوکەییانە دەکەن. بەو واتایەى لەناو زانکۆکاندا زۆر بەکەمى پێشوازى لێ دەکرێت، بەشێوەیەکى گشتى ئەوەى هەیە دووپاتبوونەوە و لێکچوونى ئاستەکانى بەکالۆریس و ماستەر ودکتۆرا و توێژنەوەى مامۆستایانە لە دەرەوەى تیۆرى نوێى پاشبنیادگەرى و پاشنوێگەرین کە زیاتر خوێندنەوەکى فرەڕەهەند و ڕۆڵى خوێنەرى تێدا سەنتەرە. پڕاکتیزەکردنەوەى هەندێک لەو تیۆرییە نوێیانەى ناو کایەى ئەدەبی کە سەر بەگەشەى زانستە کۆمەڵایەتییەکانن، لە ئەدەبیاتدا زۆر بێجەوهەر دەردەکەون لە کاتێکدا کایەى ئەدەبی لە گەشە و گۆڕانى ئەو چەمکە تیۆرییە نوێیانەى ناو زانستەمرۆییەکانى پاش نوێگەرى، زۆر کاریگەرە، وەک بەریەکەوتنى کەلتوورەکان و پۆستکۆڵۆنیالیزم و تیۆرە فێمینیستییەکان و ژینگە زۆر وردە بابەتى دیکەى کەلتوورى و سیاسی. لێرە ئەوەندنەى خەریکى گونجاندن و دەرخستنى بنەماى بێ خوێندنەوەیین ئەوەندە خەریکى دۆزینەوەى ئەو گوتارە ڕەخنەییە نین، کە لە فۆرمێکى گشتى ئەدەبیاتى کوردیدا بەتایبەتمەندى و تێگەیشتنی کوردییانە و ناوخۆییانە لێکبدرێنەوە (لە زنجیرەکانى داهاتوو بۆ نا ئامادەیى گوتارى رەخنەییە لە باسێکى تایبەت دەخەینەڕوو)، چونکە نە لە خوێندنەوەى تیۆرى و ڕەهەندە بەرفراوانەکانى پشتى دەقە ئەدەبییەکانەوە و نە لە هەلومەرجى نووسیندا زەمینەسازى مەعریفى و پڕاکتیکى، ئاستى باشى خوێنەر بۆ ئەو تیۆرانە بڕناکات، بەڵکوو هەمیشە کارە پڕاکتیک کراوەکان لە دەرەوەى گوتارە ڕەخنەییەکانەوە، دۆزەرەوەى بنەماکانن، وەک وەسف و خەتپێداهێنانن لەناو دەقەوە بۆ دۆزینەوەى لێکچوونى واتایی، کە لەگەڵ بنەماکاندا هاوسەنگ دەکرێن و دۆزینەوەى وشەسازى ناو دەقە ئەدەبییەکانە لەگەڵ وشەسازى ناو چیرۆک و ڕووداوەکان بەراور دەکرێن و دوورن لە بنەما ئێستاتیکی و دەلالی و گوتارییەکانى دق.
ڕەنگدانەوەى گێڕانەوەناسى وەک بابەتێکى دیکەى خوێندن وتوێژینەوە، خواستێکى زۆرى ناو توێژنەوە و نامە ئەکاییمییەکانى ئەدەبی کوردییە، باشترین نموونە و ڕەنگانەوەى ئەو دۆخەیە، کە قوتابییان بژاردەى ناونیشانەکانیان لە گێڕانەوەناسیدا چڕکردۆتەوە، بەتێگەیشتنى ئێمە قۆتابییان لە گێڕانەوەناسى کار لەو پەیکەربەندیی تیۆرى و گەشە و گۆڕان و ڕەوتەکانى گێڕانەوەناسی ناکەن، بەڵکوو لە ناو بژارەى ناوێکى گشتی و زۆربەرفراواندا خەریکى گێڕانەى حیکایەتەکانى ناو ڕۆمان و چیرۆک و تێکستەکانى دیکەن، واتە زۆر بەدەگمەن ڕێى تێدەچێت ڕوانگەیەکى تیۆرى و گۆشەیەکى گێڕانەوە لەبارى گێڕانەوەى گوتارى ڕەخنەیی یان گێڕانەوەناسی پاشکلاسیزم پرسی گێڕانەوە و دەلالەت و ئێستاتیکاى گێڕانەوە تاوتوێ بکرێت. زۆربەى ناونیشانەکان و بژاردەکردنی ناونیشانەکان وەک ناونیشانى سوار و دووبارە و دەرهێنانى ناواخنە تەکنیکی و کڵێشەیی و بەسەردابەشکردنى ڕستە و بنەماو پێناسە و پۆلێن و خاڵەکانە. ئەم شێوازە کارکردنە دەچێتە ناو خانەى ڕەخنەى تیۆرى ڕۆمان لە پێش قۆناغى کلاسیکدا. ئەگەرچى لە قۆناغى کلاسیکدا یان بەرەو پاشکلاسیک ڕەوتى گێڕانەوە لە حەفتاو هەشتاکان لەبارى تیۆریدا گەشە و گۆڕانێکى چەندییەتى و چۆنایەتى بەخۆیەوە بینیەوە، کەم تازۆر هەندێک لەو تێگەیشتنە تیۆرییانە گوزراونەتەوە ناو توێژنەوەى ئەدەبی کوردى، بەڵام ئەوەى سەیرە زۆرجار لە جیاتى تێپەڕاندنى ئەو قۆناغە و پەرپێدانى دیکە، دیسان بژاردەى ناونیشانى گێڕانەوەناسی بەمانا زۆر کاڵوکرچەکە لە زانکۆیەکى دیکە دەچێتەوە خاڵى دەسپێک، ئەو خاڵە بەجێدەهێڵێت کە پێویستە لە دواى ئەو خاڵە دەستى پێبکرێتەوە و گەشەو گۆڕانى پێبدرێت. تەنانەت بژاردەى ڕۆمانیش بۆ توێژینەوەکانى ئێستا لەبرى کەشفکردنى دیوە گرنگەکانى گێڕانەوەناسی و تیۆریزەکردن و کەشفکردنى گوتارى ڕەخنەیی و ڕۆمانى بێت، زیاتر دۆخێکى خوازراوى ناو کەتوارى بێبزاوتى مەعریفییە و بەئاسانى فێرخواز دەتوانێت بەسەرى دابێتەوە و گێرانەوەسازى بکات.
بۆ تێکشکاندنى ئەو فۆرمە بیرکردنەوانە کە مێژووى لەگەڵ مێژووى دامەزراندنى بەشە کوردییاکانە، بۆ خۆلادان لە سروشتى خوێندنى کلاسیکى و خەریکبوون بە گێڕانەوەى مێژوویی و پڕاکتیکى کڵێشەییانە و وەسفیانە لەگەڵ پرسگەلەکانى دیکەى باسکراودا پێویستى بە بەکارهێنانى دیدێکى ڕەخنەییانەى وردتر و زۆرتر هەیە، بۆ ئەوەى لەو شێواز و نووسین و بیرکردنەوە و یەکپارادایمى ناوخوێندنى ئەدەبیاتناسی دەربچین.
هەڵمەت بایز
مامۆستا لە بەشى کوردى/ فاکەڵتیی ئاداب/ زانکۆى سۆران
١٨/١١/٢٠٢٥
دوو و دوو دەکاتە پێنج!.. فەرهاد مەحموود ئیبراهیم
جۆرج ئۆرۆیل دەڵێت: گەر کۆی میللەت هێزی ڕاستەقینەی خۆیان بزانیایە هیچ حەوجیی پلانڕێزیی نەدەبوو، تەنیا ئەوەی پێویست دەبوو: ڕابوونایە وەکو ئەسپ کە چۆن مێشوولە لە خۆی دوور دەخاتەوە.
شەکەسپیریش دەڵێت: ئەوەی ئێمە تێیدا دەژین هەڵبژاردنی خۆمانە کە دەمانەوێت وا بێت، نەك ئەوەی بەسەرماندا بچەسپێنرێت.
کەواتە سەرکوتکردنی ڕای خەڵك لە ڕێگەی تاكڕەوی و ستەم و چەوساندنەوەوە مانای وایە کەمینەیەك ڕێی پێدراوە کە جڵەو بگرێتە دەست و زۆرینە لە مافە سەرەتاییەکانیان بێبەش دەکرێن، ئەمە لە کاتێکدایە هەرگیز فەراهەمهێنانی ئاسایش و خۆشگوزەرانی لە ڕێگەی تۆقاندن و ترسەوە نایەتەدی، بەڵکو ئەمە ڕەوتی برەو و پێشکەوتنی ڕاستەقینە ڕادەگرێت. لە حاڵێکدا بەشداری میللەت لە بڕیاردان و هەڵبژاردنی شێوازی بەڕیوەبردندا دەبێتە هێنانەدی حوکمی دەسەڵاتێکی تەندروست کە لەسەر بناغەی پەیوەندی پتەوی نێوان دەسەڵات و نەتەوە بنیات دەنرێت و خوارییەکان ڕاست دەکاتەوە گەر لە پێشدا بوونی هەبووبێت.
ئازادی و سەرەوەری تاك و یەکسانیان بەرانبەر یاساو بوونی ڕێكخراوی کارای سەربەخۆو مەدەنی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە سیماکانی کۆمەڵگاو دەسەڵاتی تەبا دێنە هەژمارکردن و دیتن.
دیسپۆتیزم و قۆرخکردنی دەسەڵات دەردێکی کوشندەیەو لە دۆخی ناتەندروستدا سەرهەڵدەدات و دەبێتە هۆی قووڵکردنەوەی قەیرانەکان، بۆیە هەمیشە دیکتاتۆریی و تۆتالیتاریزم لە هەر شوێنێکدا بوونی هەبێت هەوڵ دەدات لە ڕێی دەسەڵاتی سیاسییەوە قۆرخی کۆمەڵگا بکات، کە بەم پێنج سیفاتە دەناسرێتەوەو جیا دەکرێتەوە:
١-شێوازی دەوڵەت لە پەیڕەوکردنی یاساوە دەگۆڕدرێت بۆ پەیڕەوکردنی شێوازی پۆلیسی.
٢-لە دەوڵەتی ئازادییەکانەوە بۆ سەرکوتکردن.
٣-دەسەڵاتگرتنە دەستی تاکە حیزب لە کاروبارەکاندا.
٤-دەسەڵات هەوڵی سەرکوتکردنی میللەت ونەهێشتنی فرەیی دەدات.
٥-دەسەڵاتی خۆسەپێن پەنا بۆ ترس و تۆقاندن دەبات وسەرجەم داهاتی ناشەفاف ژێرباری ئەو مەبەستە دەخات.
بەمجۆرە لە دەوڵەتی سەرکوتکاریدا پەیوەندی خەڵك و حاکم و خەڵك و خەڵك لەسەربنەمای دواکەوتن و چەوساندنەوە و ناسەقامگیری و نائامادەیی گشت ڕەنگەکاندا بەرجەستە دەبێت، تێیدا ڕووداوی توندوتیژی زیاد دەکات و حاڵەتەکانی کوشتن زیاترو ئاسایی دەبنەوە، تێیدا سەرکوتی دەنگی ناڕازی دەکرێت و ژمارەی پۆلیسی نهێنی زیاد دەبێت و تەنانەت سەرکوتی نەیاران دەکرێت لە ڕێی پەنابردن و بەکارهێنانی یاساوە، چونکە هیچ سیستەمێکی ژیانی مەدەنی لە ڕژێمی تۆتالیری سەرکوتکاردا بوونی نامێنێت و تەنیا ناوو شێوەکەی دەمێنێتەوەو لە ناوەڕۆکدا خاڵی دەبن لە مەبەستەکانیان، تەنانەت ڕێكخراوە کارا مەدەنییەکانیش ژێر بەژێر دەخرێنە ژێر ڕكێفی دەسەڵاتی دیسپۆتیزمەوە.
بەشێوەیەکی گشتی وەکو ئیبن خەلدون لە پێشەکییەکەیدا نووسیویە: دەسەڵات و مۆراڵ زۆرجار بەریەك کەوتنیان لەگەڵ یەکدا دەبێت، بەحوكمی ئەوەی سروشتی دەسەڵات لە پێناوی مانەوەیدا ئەوە دەخوازێت و میکافیللیش ڕەنگە لەبەر ئەو هۆکارە بێت ئەو دووانەی لێك جیاکردۆتەوە: ئاکاری سیاسی و ئاکاری گشتی، بەڵام ئایا دەبێت دەسەڵاتی ڕاستەقینە ئاوها بێت؟ پاشان بۆمان هەیە بپرسین ئایا تا چەند دەسەڵات بۆی هەیە بەردەوام ئەو پێشێلکارییانە لەمافە سەرەتاییەکانی هاوڵاتیاندا بکات؟ ئایا دەبێ ئەو پێشێلکاریانە تا چەند پێویست بن؟ ئەی ئایا لە ئاکامدا بە کوێ دەگات ئەو هەموو هەنگاوانەی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو خراپ و خراپترو بەکارهێنانی شێوازی تازەی ناڕەواو دڕندانەتر دەچێت؟ ئایا تا سەر دەسەڵات دەتوانێت بەو شێوازانە مانەوەی خۆی مسۆگەر بکات بۆ هەتا هەتایە؟ یان مانای حاكم و مەحكومی تەندروست تەواو لە شوێنێکی ترەو ئەوەی ئێمە لێی دەدوێین بارودۆخی وڵاتان و ناوچەکانی جیهانی سێیەمە بە تەنیا کە نەخوێندەوارەکان دەکرێنە داردەستی تۆقاندن و خوێندەوارەکانیش لە پێناو لە دەستنەدانی ئیمتیازاتەکانیان قوڕوقەپی لێدەکەن.
ئەوەی مەبەستمە لێرەدا خاڵێکی زۆر مەترسیدارە کە ڕەنگە لای زۆر لە خوێنەران ئاشکرا نەبێت و نەزانن ئەوەی ئێستا لە دەوروبەریان دەگوزەرێت زۆر کوشندەیەو ڕەنگە ڕۆژێك ئەویش ڕووبوڕوی بێتەوەو پێی بکرێتە ئامانج و کە لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا بێتام زیاد بووەو تەشەنەی کردووە.
هەمیشە هۆکارێکی ڕژێمە تۆتالیتارە سەرکوتکارەکان بریتییە لە پەرەدان بە دەزگاکانی سیخوڕی و چاودێریکردن و زیادکردنی جۆرو ژمارەی سیخوڕان، بەمەبەستی مسۆگەرکردنی مانەوەی دەسەڵاتی ناتەندروستی خۆیان، بەڵام لەولاوە بەخێوکردن و پەروەردەکردن و ژێربارخستنی ئەو لەشکرە لە سیخوڕو کاڵفامان و نەخوێندەواران بۆ پاراستنی بەرژەوەندی کورسی چەند کەسانێك، لەهەموو دام ودەزگاو کۆڵان و بازاڕو مۆڵ و مزگەوت و ناو یانەو ڕێكخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و خزمەتگوزارییە گشتییەکاندا بڵاوکراونەتەوەو داهاتی ناشەفافی میللەتیان پێ دەدرێت، قێزەونترین ڕێگا لەو پێناوەدا بەکاردەهێنن و گوێ لە پەیوەندییەکان دەگرن و تۆڕی ئینتەرنێتیش دەکەنە مەیدانی بەدواداچوونیان، هەر ئەمانەش سبەی دەبنە بارێکی گران و ناقۆڵا لەسەرشانی کۆمەڵگا، چونکە ئەو هونەرە بەدفەڕییەی کە فێری بوون بە سیخوڕیکردن بەسەر هاوڵاتییانەوە دەبێتە خوویان و هەرگیز بۆیان تەرك ناکرێت، ئەمە جگە لەوەی بە پێی دابونەرێت و ئایین و یاساکانی مافی مرۆڤ دادەنرێت بە تاوانێکی قێزەون و ناڕەواو دژی هەموو پرەنسیپە مرۆییەکانە.
ئیدی بەڕادەیەك ئەو دیاردەیەش ئاسایی دەبێتەوەو تا ئەو ئاستەی ئەو دەزگایانە پەنا بۆ بەکارهێنانی کەسانی خوار تەمەنی هەژدە ساڵ دەبەن بۆ ئەو کارە و جۆرەها شێوازی تەکنەلۆژی و چاودێرییان دەخەنە بەردەست لەو پێناوەدا، ئەمەش جگە لە کۆمەڵێك دەستەو دایەرەی نزیکی دەسەڵاتی دیسپۆتیزم، کەسی تر ئاگاداری کاری ئەو بازنەیە نابێت، تەنانەت کاری سیخوڕیی بەسەر ئەندامانی هەمان حیزبیشەوە دەکرێت و چیدی کەس متمانەی بە کەس نامێنێت، بگرە بابای سیخوڕ ئەگەر هیچ کەسی دەست نەکەوێت دەکەوێتە چاودێریکردنی کەس وکارەکەی خۆی، چونکە ناتوانێت دەستبەرداری ئەو خووە بێتن کە بە میرات وەکو خەڵات لەدەسەڵاتی مافیاو گەندەڵەوە بۆی ماوەتەوەو فێرکراوە، ئەمەیە بەرهەمی دەسەڵاتی پۆلیسیی خۆسەپێن و دوور لە ژیانی مەدەنی، کە لەسەر بنەمای ترس و تۆقاندن و پاکتاوکردنی کەسانی نەیاران دەمێنێتەوە، ئەم دیاردەیە بە جۆرێك زەق بووەتەوە تەنانەت کەسی چاودێریکراو بێ پەردە ئەو لەشکرە دەبینێت کە دوای ئەکەون و وێنەی ئەگرن و چاودێری دەکەن؛ بێ ئەوەی سیخوڕەکان شەرم لە خۆ بکەن و تەریق ببنەوەو بەخۆدا بچنەوەو بستێك واز لە کۆیلایەتی بهێنن، خەریکی هەراسانکردنی کەسانی دەرەوەی بازنەی حیزب و دەسەڵاتن و تەدەخول لە تایبەتمەندییەکانی ژیانیاندا دەکەن و بگرە توهمەتیان بۆ دەهۆننەوەو تاوانیان دەخەنە پاڵ. ئەمانە زەنگی مەترسییەکی جددین کە ڕەنگە سبەی ڕووبەڕووی زۆرینە ببێتەوە، ئاگات لە خۆ نییە و کەسانێك گاڵتە بە نهێنییەکانی ژیانی تایبەتی تۆ دەکەن، ئەمانە گەر بەڵگەی هەر شتێك بن سەرەتا ئەوە دەردەخەن کە ئەو دەسەڵاتانە چۆن بەرەو لوتکەی بێ متمانەیی خەڵك دەچن و هەموو ساتێك لە ئاماداباشیدان بۆ چارەنووسی حەتمی خۆیان؛ ئیدی وای لێدێت بێزاریی لە سیمای شارو خەڵکەکەیدا بە ئاشکرا دەربکەوێت و خەڵکانی ئازادیخواز بیر لە هەڵهاتن لەو زیندانە بەرتەسکە بکەنەوە بەرەو تاراوگە و سەری خۆیان هەڵگرن، دوای ئەوەی بێ هیوا دەبن لە هەموو چاکسازییەك و لەبەرانبەریشدا ڕۆژ بە ڕۆژ ئازادییە تاکە کەسییەکان بەرتەسك دەبنەوەو زەبرو زۆر تا قوڕقوڕاوگەی میللەت دێت، کە هەرگیز ناتوانرێت پەردەپۆش بکرێت بە داهێنانی نازناو و پاشناو بۆ شوێنەکان، نە شاری ڕۆشنبیریی و نە شاریی نموونەیی و نە گوندی ئەوروپی و…… ناتوانێت ئەو تاڵاوە لە قوڕقوڕاگەکاندا بڕەوێنێتەوە کە ڕۆژانە بە شێوەی نالەبارو نوێ خەڵکی ڕەش و ڕووت دەیچێژن و پێوەی دەتلێنەوەو دەناڵێنن، کاتێك خۆیان دەبیننەوە نیشتیمانپەروەرن و خۆیان نەفرۆشتووە بە کەس و هیچ لایەنێك و نە بندیوارن و نە بەرژەوەندیان لەگەڵ هیچ حیزبێکدا هەیە وهەمیشە بە گومانی نەیاریی بێبەش دەکرێن و دەچەوسێنرێنەوە و پلانیان دژ دەگێڕدرێت؛ تا ئەو ئاستەی جڵەوی بێ لەمپەر بە جۆرێك بۆ ئەم جۆرە کۆکوژییە لەسەرخۆیە بەڕەڵڵا دەکرێت کە دەبێت وەکو ڕۆمانی (١٩٨٤)ی جۆرج ئۆریۆڵ لە کۆتاییدا هەمووان لە ژێر فشارەکاندا ناچار بکرێن بڵێن: بەڵێ دوو و دوو دەکاتە پێنج!
فەرهاد مەحموود ئیبراهیم
دابەشکارییەکی زاراوەی مۆرفیم و جۆرەکانی لە زمانی کوردیدا.. عومەر ئەحمەد عەزیز
زمانی کوردی لە بواری زاراوەسازیی زمانەوانیدا، تا ڕادەیەک کاریتێداکراوە، بەڵام تا ئێستاش تێکەڵی و بگرە ناڕونی لە بەکارهێنان و ناسینەوەی هەندێک زاراوەدا هەیە، ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەم تێکەڵییە تەنانەت لای زمانەوانەکانیشدا هەیە، یەکێک لە هۆکارەکانی فرە زاراوەییە، بۆ یەک زاراوەی زمانەوانی، ئێمە دو، بۆ سێ زاراوەی کوردیمان داناوە، کە بەداخەوە هۆکاری ناوچەگەرێتی و ئایدۆلۆژی تێکەڵبووە، کە من نامەوێ لێی وردببمەوە، ئەمەش بەشێکە لە کۆی سیستەمی کوردبون، کە دژە بە کاری دەزگایی و پابەندێتی بە ناوەندێکەوە بۆ پاراستنی زمانەکە لەم تێکەڵیی و سەرلێشێواوییە، بەهەرحاڵ وتاری ئەمجارەمان لەسەر چەند زاراوەیەکە لە بواری مۆرفۆلۆجیدا، کە ڕەنگە بۆ هەندێک کەس، زۆر ڕون بن و بۆ هەندێکی تر و خۆشم تۆزێک تێکەڵی هەبێت لە بەکارهێنانیدا.
لە مۆرفۆلۆجیدا، مۆرفیمەکان دابەشدەبنە سەر مۆرفیمی بەند/Bound و مۆرفیمی ئازاد/سەربەست/Free
مۆرفیمە بەندەکان دو جۆرن ئەوانەی، کە ڕێزمانین/Inflectional، کە زاراوەی شکێنەرەوەمان لەلایەن( د. محەمەد مەحوی) بەکارهێنراوە و تاڕادەیەک بەکاردەهێنرێت، مۆرفیمی ڕێزمانی یان شکێنەرەوە گشتییە و دەچنە سەر ناو، ئاوەڵناو، کردار، بەڵام ئەوانەی تەنها دەچنەسەر کردار وەکو ئەسپێکت، مود، بەردەوامی…تاد پێیان دەوترێت/ Conjugation، کە دیسانەوە( د. محەمەد مەحوی) زاراوەی چەمێنەرەوەی بەرانبەر بەکارهێناوە، جۆرەکەی تری مۆرفیمی بەند، وشەداڕێژە/ Derivation کە هەڵگوێزەریشی پێدەوترێت، ئەمە بەشێوەیەکی گشتی، بەڵام بەرانبەر ئەو مۆرفیمە بەندانە،چەند زاراوەیەکمان هەیە وەکو:
لاگر و گیرەک، کە هەردوکیان بەرانبەر بە /Affix ی ئینگلیزی دەوەستن، هەر دو جۆری شکێنەرەوە و هەڵگوێزەر دەگرێتەوە، بەڵام بەپێی شوێنی هاتنیان ئەم مۆرفیمە بەندانە، بە تایبەت هەڵگوێزەرەکان ناویان هەیە، لە زمانی ئینگلیزیدا ئەم سێ جۆرەمان هەیە:
Prefix/پێشگر
Suffix/پاشگر
Infix/ناوگر
تا ئێستاش کێشەیەکی وامان نییە، زۆرینە ڕێککەوتوون لەسەر ئەم زاراوانە، بەڵام مۆرفیممان هەیە، لەکاتێکدا بەکاردێن، کە دەربڕین ئاسان بکەن وەکو:
دەرنەبڕدرا/د/ (دەربڕین) ، چاوگە و کە دەکرێتە بکەرنادیار، دەبێت ڕەگ وەربگیرێت، کاتێک ڕەگەکە کۆتایی بە/ڕ/ دێت و مۆرفیمی بکەر نادیاریش /ر/ ئەم دو مۆرفیمە لەبەر ئەوەی فۆنیمیشن، لەڕوی فۆنەتیکەوە، شوێنی دروستبون و شێوازی گۆکردنیان یەکە، بۆ دەربڕین قورسە، لەوێدا ئەو/د/ دروست دەبێت بۆ ئاسانی دەربڕینەکە. ئەمە بۆ هاتوینەتەوە، کردومانەتەوە، خواردرا…تاد یش، هەر ڕاستە.
باشە بەم مۆرفیمانە بڵێین چی: ئەمانە لەڕوی مۆرفۆلۆژیەوە هەڵگری ئەرک نین بۆیە هەڵەشە بڵێین مۆرفیمن، لە زمانی ئینگلیزیدا پێیان دەوترێت/epenthetic کە لە زمانی کوردیدا ناوبڕ بەکارهاتووە، بەڵام وەکو جۆرێکی مۆرفیم لێکدراوەتەوە.
جۆرێکی تری مۆرفیممان هەیە، کە وشەداڕێژە/ هەڵگوێزەرە، وشەی نوێ دروستدەکات، شوێنەکەی لە نێوان دو مۆرفیمی ئازادە وەکو:
هێلکەوڕۆن/و/ شانبەشان/بە/ ، ئایا بەمانە دەوترێت چی؟
ئەوەی هەیە تا ئێستا پێیان دەوترێت ناوبەند، کە لە ئینگلیزیدا، زۆر بەکەمی هەیە. یان نییە و پێی دەوترێت /interfix، جۆرێکی تر لە مۆرفیمە وشەداڕێژەکان، هەن، کە وشەی لێکدراو دروستدەکەن و بەهەمان شێوەی ناوبەندەکان دەکەونە نێوان هەردو بەشی وشە لێکدراوەکە، ئەمانە هەر Interfix ن، واتە وشەهەڵگوێزەرن، لە کوردیدا پێیان دەوترێت، مۆرفێمی بەستێنەر، کە وشەی لێکدراوی بەستراو دروستدەکەن، ئەم زاراوەیە، د. محەمە مەعروف بەکارهێناوە، وەکو /و/ لە. تەپاوتل، یاڵەویاڵ، گەنموجۆ، شلەوبرنج، تەپوتۆز، بەڵام لەبەرئەوەی ئەمانەش هەر ئەرکیان داڕشتنی وشەی نوێیە، باشترە، مۆرفیمی بەستێنەر بەکار نەهێنرێت.
هەروەها ئەگەر مۆرفیمەکە ئەرکی بەستنەوەی دو فرێز، دو پارچە/cluse ، یان ڕستە بوو، دو جۆرن ئەوانیش مۆرفیمی (لێکدەر و مۆرفیمی گەیەنەر)ن، کە بەرانبەر بە /Coordinating Conjunctions
و Subordinating Conjunctions دەوەستن،
زاراوەیەکی ترمان هەیە، کە ئەویش مۆرفیمی نێوانگرە، کە بەڕای ئێمە هەر، ناوبەندەکەیە، ئەگەریش مەبەست لێی ناوبڕ بێت، ئەوا دەبێت یەکێکیان بەکاربهێنین، هەر لەبارەی مۆرفیمی بەندەوە، جۆرێکی ترمان هەیە، کە پێیان دەوترێت نوسەک/ Clitic، ئەم مۆرفیمانە لە زمانی ئینگلیزیدا بۆ خاوەندارییەتی بەکاردەهێنرێن و زۆرجار بەهۆی ئەو کۆما بچوکە دەناسرێتەوە، کە پێی دەوترێت ئەپۆسترۆفی، ئەمانە ئەرکیان دەربڕینی خاوەندارێتی و گەیاندنی دو وشەیە بەیەکتر، بەڵام هەر وەکو دو وشەیە سەربەخۆ دەمێننەوە، وەکو:
John’s book
She’s happy”
n’t. not
“doesn’t,” “can’t,” “won’t”
‘ll (will
“I’ll go,” “they’ll come”
‘m, ‘re, ‘ve (am, are, have
“I’m tired”
“We’re ready”
“I’ve finished”
لە زمانی کوردیدا، جێناوی لکاوی کۆمەڵەی( م-مان ) بەم ئەرکە هەڵدەستن، بۆیە زۆرجار پێیان دەوترێت جێناوی خاوەندارێتی، بۆیە زمانەوانەکان بەم کۆمەڵەیە ئەڵێن نوسەک:
باوکم، خانوەکەمان…تاد.
کە ئەگەر پڕاوپڕ بەرانبەر بە جیاکارییەکەی زمانی ئینگلیزیش نەوەستێت، لانی کەم لەگەڵ خاڵی یەکەمدا دەگونجێت کە دەربڕینی خاوەندارییە.
دو جۆری تری مۆرفیم هەیە، کە ئەوانیش مۆرفیمی سفر/Zero و مۆرفیمی بۆش، بەتاڵ/Empty morpheme ، یەکەمیان دەرناکەوێت بەڵام ئەرکەکەی هەستیپێدەکرێت، دووەمیان واتە مۆرفیمی بۆش دەردەکەوێت، بەڵام هیچ ئەرکێکی نییە و دەکرێت لاببرێت، هەرچەند ئەمەش دژ بە بیرۆکەی مۆرفیمە، کە مۆرفیم بە بچوکترین، دانەی زمانی ناودەبات، خاوەن ئەرک و واتایە وەکو:
ئەو هات. ( مۆرفیمی بەندی ڕێزمانی ڕێککەوتنی کەسی سێیەمی تاک دەرنەکەوتووە، بەڵام هەست بەبوونی دەکرێت).
لە شێوەزاری سلێمانیدا دەوترێت : هاتنەوە/ هاتمەوانێ/وانێ/ هیچ ئەرکێکی نییە.
لە مۆرفیمە ئازادەکان دا چەند زاراوەیەکی ترمان هەیە لەوانە:
Base/ بناغە
root/ڕەگ
steam/قەد
ڕەگ، بریتییە لەو مۆرفیمەی، کە هەڵگری واتای سەرەکییە، بەبێ هیچ مۆرفیمێکی بەند، وەکو زمان، شاخ، ئاو …تاد
قەد، دوای لابردنی هەموو مۆرفیمە شکێنەرەوەکان دەمێنێتەوە وەکو :
کوڕەکە: کوڕ
بناغە، بریتییە لە ڕەگ و مۆرفیمی هەڵگوێزەر، کە دەبێتە بنەما و بناغە بۆ وشەی نوێ:
(ئاشەوان)بناغەیە بۆ ( ئاشەوانی)
کەواتە ئێستا ئێمە ئەم زاراوانەمان هەیە:
لاگر، گیرەک/Affix
ئازاد، سەربەست/Free
بەند/Bound
پێشگر/prefix
پاشگر/suffixie
ناوگر/infix
ناوبەند/interfix
ناوبڕ/epenthetic
شکێنەرەوە/inflection
چەمێنەرەوە/conjugation
نوسەک/Clitic
سفر/Zero
بۆش، بەتاڵ/Empty
بناغە/Base
ڕەگ/Root
قەد/Steam
لێکدەر/Coordinating
گەیەنەر/Subordinating
پ. ی. د. عومەر ئەحمەد عەزیز
زانکۆی گەرمیان/ کۆلێجی پەروەردە
بەشی کوردی
هەڵبژاردن لەنێوان بایکۆت وبەشداریداو چەند سەرنجێک!.. تاهیر عیسا
هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەڕلەمانی عێڕاق لە یانزەی نۆڤەمبەر، واتە سێ ڕۆژ لەمەوبەر بەڕێوەچوو.
هەرچەندە هەڵبژاردن کراو بۆ خولی داهاتوو کۆمەڵێک لایەن وەک دەورانی ڕابردوو، شەرعیەتی حوکمڕانیان لەم ڕێگایەوە پێدرایەوە.
من لێرەدا نامەوێت قسە لەسەر دەوری پەڕلەمان و کاریگەریی پەڕلەمان لەسەر ژیان و گوزەران وداهاتوی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش و ژنان وپیاوانی ئازادیخوازو یەکسانیخواز بکەم، چونکە بەتەجروبە ئەم بابەتە بۆ زۆرینەی خەڵک ڕوونبۆتەوە کە پەڕلەمان لەعێڕاق وکوردستاندا، تەنیا سیناریۆی بۆرژازییە بۆ ڕازاندنەوەی ئەوەی پێی دەوترێت دیموکڕاسی و پلۆڕالیزم، لەو ڕێگایەشەوە توانیویانە بازاڕی دزی وفزی وتاڵانی لەژێر پەردەی دیموکڕاسی وفرەڕەنگیدا بشارنەوەو خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش ئومێدێکی بۆ ئاڵ وگۆڕ لەم ڕێگایەوە و لەڕێگای ئەوانەشەوە کەهەر دەورانە بەناوی نوێنەرایەتی خەڵکەوەدەڕۆنە ناو ئەم بازاڕە پیسخۆریەوە، نەماوە، هەربۆیەش ڕێژەی بایکۆت و دەنگی سوتاو زۆرینەی ناو ئەم بازاڕەبووە لەم چەند هەڵبژاردنانەی دەیەو نیوێکی ڕابردووی عێڕاق وکوردستاندا.
ئەوەی من گەرەکمە لێرەدا شتێک بڵێم پەیوەستە بەبابەت و جەدەلی بەشداری و بایکۆتی کۆمۆنیستەکان لەم خولەدا.
هەرچەندە ئەم جارەش دۆڵ دڕاو تەقەی بڕا، بەڵام پڕۆسەکە لەداهاتوشدا هەر بەمجۆرە بەردەوام دەبێت، بۆیە قسەکردنیش لەسەر ئەم بابەتە هەر بەزیندویی خۆی ماوەتەوەو دەمێنێتەوە.
بەڕای من بەشداری کردن و نەکردن، بۆهەر هێزێکی سیاسیی یان هەر کەس ولایەنێک لە هەر هەڵبژاردنێکی عێڕاق و کوردستاندا، سەنگی مەحەک نییە بۆ دروستی ونادروستی و هەڵەو ناهەڵەیی، یان بۆ کۆمەڵایەتی بوون و حاشیەبوونی ئەو هێزە یان ئەو کەس ولایەنە، بەڵکو، هەر لایەنەو هێزە لەڕوانکای دنیابینینی و بەرژەوەندییە سیاسیی و ئابووری وکۆمەڵایەتیەکانی خۆیەوە، دەتوانێت هەڵسەنگاندن لەسەر بەشداری یان بایکۆت بکات.
بۆ هەر کرێکارێک یان زەحمەتکێشێک ،بەشداریکردن لەهەڵبژاردنەکاندا، دەبێت پەیوەست بێت بە بە بەرژەوەندییە مادی و حقوقی و یاسایی و سیاسییەکانی ئەم چینەوە، کە نەیتوانی ئەمانە بۆ ئەم چینە دەستبەربکات، بێ سێو دوو ڕێگای بایکۆت و سوتاندنی دەنگەکەی دەگرێتەبەر، ئایا هەر هێزێکی سیاسیی کە خۆی ئیدیعای پاراستن وبردنەپێشی خەبات لەپێناو بەدەستهێنانی مافەکانی دەکات، چپاساوێکی ڕەواو بەرحەقی هەیە، کە نەتوانێت ئاوێزانی خولیاو خەونەکانی بێت، جگە لەحاشیەیی و پێ لەهەوایی!؟
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێڕاق لە ساڵی دووهەزاردا بەیەک لیستی هاوبەش لەگەڵ یەکیەتی نیشتمانی کوردستاندا، بەشداری لەهەڵبژاردنی یەکیەتی مامۆستایانی کوردستاندا کردو دوای ئەوەش لەسەر مەبنای نەتیجەکانی ئەو هەڵبژاردنە کەلیستەکە زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری خۆشباوەڕکرد بەوەی لەهەڵبژاردنی شارەوانیەکاندا بەلیستی سەربەخۆ دابەزێت، کەبەداخەوە من خۆم یەکێک بووم لەچاوێرەکانی یەکێک لەبنکەکانی هەڵبژاردن لەقوتابخانەی بیتوێن لەڕانیەو مامۆستا حەوێز کە بەرپژێربوو بۆ شارەوانی ڕانیە، وێڕای ئەوەی لەڕانیە کەسایەتی ناسراوی چەپ وکۆمۆنیست بوو، بەڵام دەنگەکانی لەپەنجەکانی دەست واوەتر نەچوون، لەسلێمانیش وەزع خراپتر بوو.
دوای ئەمە ببڕای ببڕ، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێڕاق کەوتە بایکۆتی هەر هەڵبژاردنێکی دوای ئەم دەورانە..هۆکارەکەی بێئیعتیباربوونی چەپ وکۆمۆنیزم و ئازایخوازیەک بوو، کەحیزب لەو دەورانەدا ئیدیعای نوێنەرایەتی بوونی دەکردو هەربۆیەش دواتر حیزب بایکۆتی بەڕێگایەکی موڕتاحترو کەم ئیحڕاجتر دەبینی لەچاو بەشداریکردن لەپێگەیەکی کۆمەڵایەتی لاوازدا، ئەو سەردەمە پاساوێک بۆ بایکۆت جگە لەلاوازی پێگەی کۆمەڵایەتی حیزب هیچ بابەتێکی تر لەئارادانەبوو. لێدان لەحیزبیش لەچواردەی تەموزی هەمان ساڵدا، هۆکارەکەی ئەگەر هەمووشی نەبێت بەڵام یەکێکە لەو هۆکارانەی یەکیەتی لەڕێگای ئەو هەڵبژاردنەوە هێزی کۆمەڵایەتی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێڕاقی ناسی و لەو هێرشەشدا بۆ سەر حیزب و کوژرانی پێنج هاوڕێی کۆمۆنیست لە سلێمانی سڵی لەوە نەدەکردەوە تەفاعولێکی جەماوەری لەبەرامبەریدا سەرهەڵبدات وبەئاسانی دەستی چووە لێدان لە حزب و بەیاساغکردنی هەڵسوڕانی سیاسییان.
ئەگەر لەم دەورانەی ئێستاشدا، هەر کەس ولایەنێک پێی وابێت، فەزا کراوەیەو هەڵسوڕانی سیاسیی کۆمۆنیستەکان لەمپەری لەبەردەمدا نییە، بەبڕوای من کەوتۆتە هەڵەوە، سەرباری ئەوەی هەڵسوڕانی سیاسیی کۆمۆنیستەکان لەهیچ دەورانێکی مێژووییدا سڵی لەوە نەکردۆتەوە جیهانبینی خۆی ڕووبەکۆمەڵگا بەیان نەکات، لەخراپترین دەورانی خەفەقان و سەرکوتیشدا، کۆمۆنیستەکان هەمیشە شەبەحێک بوون لەکۆمڵگادا بەسەر سەری بۆرژوازی ودەسەڵاتەکەیدا هەربۆیەش کاریگەری ئەو شەبەحە لەڕێگای خەون وخولیای کرێکاران زەحمەتکێشان و بێبەشان و خواست وداواکاریەکانیاندا بەسەر سەری بۆرژوازیدا ڕەنگی داوەتەوە.
بزوتنەی ناڕەزایەتی یەکی تشرینی یەکەمی ۱۹۱۹، کە خەریک بوو دژی بەرژەوەندیەکانی هەیمەنەی دەسەڵاتی ئاخوندەکانی ئێران و میلیشیا شیعەکانی دەسەڵات دەوەستایەوە، کیفایەتە بۆ ئەوەی بتوانین لەوە تێبگەین کە لەعێڕاقدا کەمترین دەرفەتی ئازادی وهەڵسوڕانی سیاسیی هەیە، ڕوبەڕوی وەحشیانەترین شێوەی سەرکوت بووەوە، هەڕبەڕەقەم لەو بزوتنەوە ناڕەزایەتیەدا جەماوەریەدا ۷٤۰ خۆپیشاندەرکوژران، زیاتر لە حەقدە هەزار کەس بریندارکران کە لەناویاندا سێ هەزار کەس کەهەر بەقسە ئاسانە بوترێت، بەڵام پەککەوتەو شەل و کوێرو بێ قاچ بوون و کەوتونەتە سەر جێگاو کراونەتە خاوەن پێداویستی تایبەت!؟
ئەمڕۆ ئەوەی کەلێرەو لەوێدا بەیاننامەیەک دەخوێندرێتەوەو چوار کەس لەشوێنێک گرد دەبنەوەو لێدوانێکی ڕۆژنامەوانی دەدرێت مانای ئەوە ناگەیەنێت فەزای سیاسی ئاوەڵەیە، بەڵکو بۆرژوازی دەسەڵاتداریش و میلیشیاکانیان دەتوانن لەوە تێبگەن، کە لەکوێدا ئەوان ڕوبەڕوی مەترسی و بەرژە،ەندیەکانیان دەکەوێتە مەترسیەوە، بۆیە ئەگەر پێتان وایە، لەوڕێگایەوە دەتوانن ئومێدێک بۆ ئاڵ وگۆڕ بەدەست بهێنن و فەزای سیاسیی و یاسایی کراوەیە خەیاڵ پڵاویێە، هەرکاتێک تۆ لەو ڕێگایەوە بگەیتە ئەو ئاستە کە خەریکە ئومێدێک بۆ ئاڵ وگۆڕ بەدەستدەهێنی، لە کون فەیەکونێکدا وەک یاری مارو قادرمە دەتهێنەوە خاڵی سفرو نائومێدی و دڕدۆنگی و ڕەشبینیش دەبێتە مۆتەکەی سەر سەری بزوتنەوەکە، هەروەک بروتنەوەی تشرین دوچاری هات و ئێستا باسێک لەو بزوتنەوەیە لەڕوی ڕێکخراوەییەوە نەماوە، ئەمەش هۆکارەکەی، ئەگەر لەلایەک سەرکوتکاری دەسەڵاتی شیعەگەرای عێڕاق بووبێت لەلاکەی تریەوە پەیوەستە بەوەی نەیتوانیوە لە شوێنی ژیان کارو گەڕەکدا خۆی ڕێکخراو بکات.
کۆمۆنیستەکان، بەپێی مەنتق پێویست بوو نفوزی کۆمەڵایەتیان لە شوێنی کارو ژیانی کرێکاران وبێبەشان وزەحمەتکێشانی کۆمەڵگادا بێت و چالاکی سیاسییان لەوێدا ڕەنگبداتەوە.
بەڵام بەپێجەوانەوە بزوتنەوە سیاسیە بۆرژوازی وکۆنەپەرەستەکانی دیکە لەناو چینەکەدا ڕیشەی بەرین وبەربڵاویان داکوتاوە، کەوەک هێزێکی ماتریاڵی گرنگ لەزۆر دۆخ وهەل و مەرجی جیاوازدا، دەتوانن کەڵکی لێوەرگرن، کەتۆی کۆمۆنیست لەوێدا بونت نەبێت، بتەوێت ونەتەوێت تۆ لەحاشیەدای، هەر جۆرە ئیدیدعایەکت بۆ لەمەیداندابوونت بەدەر لەم پێگەیە، نیشانەی ئەوەیە کە تۆ لەو ڕێگایەوە مۆری ناکامی خۆت لەخۆت وبزوتنەوەکەت داوەو لەحاشیەدای.
ئەگەر لەم دەورانەشدا ڕەوتە کۆنەپەرستە شیعیەکان وەک نمونە وەربگرین، سەدر وەک بایکۆت لەگەڵ ڕەوتە بەشداربووەکانی دیکەی وەک لیستی حقوقی سەربەحیزبوڵاو لیستی سادیقون و خەدەمات وبەدرو ئەوانی تری ناو حەشدی شەعبی ، تۆزقاێک لەڕووی چینایەتیەوە لەیەکتر جیاناکاتەوە، نەسەدر لەڕوانگەی کرێکارێکی عەڕەبزمانی ناسنامەشیعەمەزهەبی وشیارەوە نوێنەرایەتی ئەو دەکات، نەئەوانی دیکەش وەک بەشدار ناتوانن نوێنەرایەتی ئەو بکەن.
بەڵام هەریەک لەم ڕەوتانە بەهەردوو بارەکەی بەشداری وبایکۆتدا دەتوانن کاریگەری لەسەر هەڵخڕاندن و جوڵاندنی هەست ونەستی دەنگدەرانێک بکەن کەئەم ڕەوتانە توانیویانە لەچوارچێوە کۆمەڵایەتیەکەیاندا بوونێکی بەرفراوانیان هەبێت و خەڵکیان خستۆتە ژێر کاریگەری ئایدیاو ئایدۆلۆجیاو جیهانبینیەکانی خۆیانەوەو لەم سیراع وململانێ سیاسیی وئابووری ویاسایی و کۆمەڵایەتیانەدا بەقازانجی خۆیان بەهرەبەرداری هێزە ماتریالیەکەی بکەن.
بۆ هێزەسیاسیی وکۆمەڵایەتیەکانی تریش بابەتەکە هەر بەمجۆرەیە، بەتایبەت کۆمۆنیستەکان!؟
ئەگەر هەر لایەنێکی سیاسیی چەپ وکۆمۆنیست. هەڵبژاردن وەک کەناڵێک بۆ خۆناساندن و گەیاندنی تێڕوانین و دیدگاو نەخشەڕێگاسیاسییە ئابووریەکەی وەک تاکتیکێکی کاراو گونجاو دەبینێت، بەهەمان ئەندازەش دەتوانێت بایکۆت وەک کەناڵێکی کاراو زەمینەیەکی کارساز بۆ گەیاندنی جیهانبینی و دیدگاسیاسی ونەخشەڕێگاکەی بەکاربهێنێت!؟
لەهەردوو بارەکەدا دەوەستێتە سەر ئەوەی ئەو هێزە چەپ و کۆمۆنیستە چەندە ماتریالی ئینسانی بۆ گەیاندنی نەخشەڕێگاکەی لەبەردەستە!؟
لێرەدا ئەو هێزەی ئیدیعا دەکات و دەڵێت ئێمە خۆمان ناشارینەوە تەنیا بەبەیاننامەو فەیس بووک ئیکتیفا ناکەین و ڕاستەوخۆ دەچینە شەڕەکەوە، لەهەمان کاتدا دەتوانێت بەهەمان نەفەسیشەوە لەدۆخی بایکۆتیشدا ڕاستەوخۆ بڕواتە شەڕەکەوەو لەوێدا هەم دەتوانێت نوێنەرایەتی هەموو ئەو ملیۆنان مرۆڤانە بکات کە لەدۆخی مەوجودی دەسەڵاتدارێتی بۆرژوازی ناڕازین و بایکۆت دەکەن لەنائومێدیدا، ڕێکیان بخات، کەنەتوانێت ئەمە بکات، ناشتوانێت لە ناو زەمینەکەی ترەوەو لەوێدا لەپاڵ گورگەبۆرەکاندا کەهەزارو یەک وەسیلەی کاراو کارسازیان لەبەردەستە و کەڵبەیان هەمیشە بۆ شەڕی ئەوانەی دەکەونە بەرامبەریان و مەترسی بۆسەربەرژەوەندیەکانیان دروست دەکەن، لەخەنجەرتیژترەو وەک کاریلەیەکی بێ ئەزموون و بێتوانا ناتوانن بمێننەوەو بەرگەبگرن، دواجاریش هەیبەت و هەیمەنەی سەداو دەنگی ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی لەو مەیدانەدا لەجیاتی ئومێد بەخشین نشست و ناڕەحەتی ونیگەرانی و ڕەشبینی دروست دەکات.
بەڵام ئەگەر هێزێکی سیاسیی چەپ یان کۆمۆنیست ئیدیعای ئەوە دەکات، کە بەشداریکردن ڕێگایەکە بۆ ئەوەی لەو ڕێگایەوە بەدەسەڵاتداران بڵێی کە پەڕلەمانەکەتان پوچ و بێکەڵکەو پەڕلەمان ڕێگایەک نییە بۆ باشترکردنی ژیانی خەڵک لەو ڕێگایەوە دەورو نەقشیان بێ ئیعتیبار بکەی، وەک ئەوە وایە، لیژنەی چاودێری ته ندروستی شارێک کاتێک دەزانێت خواردنگەکانی ناو شار مەرجی تەندروستییان تێدا نییە، ئەگەر دەسەڵاتی ئەوەشی نەبێت یان گونجاو نەبێت هەموویان دابخات، لانی کەم لەجیاتی ئەوەی هەوڵبدات خەڵکی ڕو لەو خواردنگانە نەکەن و وشیاری تەندروستی لەبارەی جۆری خواردنەکان و شێوازی ئامادەکردنیان بۆ خەڵک ڕونکاتەوە کە زیابەخشن بۆتەندروستی و پێویستە خەڵک ڕویان تێنەکات وبایکۆت بکرێن، پێچەوانەی ئەوە لیژنەکەبڕوات خۆیان تێر بخۆن و بەخەڵکیش بڵێن خواردنگەکان مەرجی تەندروستییان تێدا نییە!؟
تاهیر عیسا
۱٤/۱۱/۲۰۲٥
بیرۆکه و کردەوەی کۆنی«برنشتاینی» لەقاڵبی تازەدا!.. ناسر بابامیری
سه بارەت به بەشداری له پارڵمان و هه ڵبژاردنی عێراق!
له مانگی ئۆکتوبری 2025 دا، هاورێیانی کۆمۆنیزم کرێکاری عێراق و کوردستان له راگەیاندنێکی فەرمی دووقولی دا رایانگەیاند، لەم ساڵانه ی دوایی و له ئاکامی قسه و باسێکی زۆر چڕ و پڕی ئەم دوو حیزبه له گەڵ کۆمۆنیزمی کرێکاری ئێران حکمتیست-خەتی رەسمی بەو دەرئەنجامه گه یشتوون تا هه ر دوو حیزبی کۆمۆنیزمی کرێکاری عێراق و کوردستان بۆ دەوری داهاتوو به جێگای پێداگری لەسەر سیاسەتی چەند دەیەی پێشوو واته «بایکۆتی چالاکانه» و رسواکردنی پارڵمان و سیستمی دواکەوتووانەی قەومی و مەزهەبی، بۆ دەورەی داهاتوو له پارڵمان و هه ڵبژاردن چالاکانه بەشداربن!
هەرچەنده لەراگەیاندنەکەدا باس لەوەدەکەن، هەر لەیەکەم هەنگاوەکانیاندا “کۆموسیونی باڵای هه ڵبژاردن” رێگای چوونه پارڵمان و چوونه ناو لیستی کاندیدبوونی بەروودابەستوون و ئەم هاورێیانه هەر لەسەر و بەندی گاڵتەجاری هەڵبژادرن لەگەڵ لەمپەر رووبەرووبوون، دیسان حازرنەبوون ئەم فاکتورەش لەپاڵ دەیان و سەدان فاکتۆری تر بەخەڵک نیشانبدەن که ئەم سیستمه دواکەوتوو و قەومی و مەزهبی و خێلەکیه بەڵگەی سەلمێنەرن ئەم شوێنه جێگای کەسانی شۆرشگێر و کرێکار و کۆمۆنیست نیه، و زیاتر و زیاتر رسوای بکەن، بەڵام خۆیان تا ئاستی زۆر نازمی بوونه که مپینەری خانمی «سائیره یوسف عه زیز» کاندیدی نزیک به حیزبی شیوعی عێراق هێنایه خواری و مەشروعیه تیان دا به پارڵمان و هەڵبژاردنی”سه رۆکایەتی تایفەگەری” حزب و رێکخراوه چەک له شانەکان که زیاتر له هەمیشه خەڵکی وەگیان هاتوو له دژیان وه ستاونه ته وه، ته نیا به و هیوایه له ده روی داهاتوودا رێگایان بۆ بکه نه وه بو چوونه پارڵمان و پرۆسه ی هه ڵبژادن.
جێگای خۆیەتی لێرەدا بەر لەوەی بچینه سەر باسی لێکدانەوەی چۆنیەتی و چلۆنایەتی ئەم پاشگەز بوونەوەیە له ستراتێژی سیاسی رابردوو ئەو دوو لایەنەی کۆمۆنیزمی کرێکاری عێراق و کوردستان و حیزبی حیکمەتیستی خەتی رەسمی سەبارەت به پەیوەست بوونیان بەکەمپی فیدارلیزمی قەومی، سه ێریکی کورتی بار و دۆخی ئێستای جیهان و ناوچه که و عێراق بکه ین، چونکه ئه م گۆرانکارییه ش له ژێر کاریگه ری خێرای گۆرانه جیهانی و ناوچه یه کاندایه.
عێراقی ژێر ده سه ڵاتی رژیمی دیتکاتۆری به عس ساڵانیکی زۆر بۆ دابین کردنی سه ره روویی و داسه پاندنی ئیدئولوژی بورژوازی جیهانی و له چوارچیوه ی هه ڵس و که وتی چینی ده سه لاتدارانی وڵاتانی ناوچه یی، ئوردوی کاری ئه م وڵاته و بزووتنه وه ی کۆمۆنیستی بی ره حمانه سه رکوت کرد، تا رادێک که سه دام حوسه ین با داکۆکی وڵاتانی رۆژ ئاوا زۆری نه مابوو کاندیدی “خەڵاتی نوبێل بکرێت.
مێژوو گواهی ده دا ڵه قولایی ئه م زه بر و زه نگ و سه رکوته شدا ئوردوی کار و کۆمۆنیسته کان ته سلیمی هه ل و مه رج نه بوون. نه ته نیا سوجده یان بو پارڵمان و سیسته می دواکه وتوانه نه برد به ڵکوو به شیوه ێکی شۆرشگیرانه هێز و توانایی خه باتکارانه یان له مه یدانی چالاکی نیوه عه له نی و نیوه نهێنی بۆ رێکخستن و به رێکخراو کردنی خه بات و وه ستانه وه له به رابه ر ئه م موناسه باته دا وه گه ر خست. سه رباری هه زینه گه لێکی زۆر قورس له ئاسۆی کۆمۆنیستی و رزگار بوون و ژێرده سته ی و چه وسانه وه پشت سارد نه بوونه وه و هیوایان له سه ر پارلمان و هه ڵبژاردنی ئه م سیسمه قه ومی و خێله کی و مه زهه بیه هه ڵنه چنی.
ئیعدام و شکنجه و ئازار و ئه زیه تی بی به زه یانه، و راودوونانی و که ش و هه وای ئه منیه تی هه رچه ند ژیانی لی تاڵ کردبوون و گه لێک هه زینه یان بۆ دا به ڵام چون پشت ئه ستور به خه باتی چین و تۆؽژی کرێکار و خه ڵکی زه حمه تکێش و به ش مه ینه ت بوون، هه ر ئه مه ش هۆکار بووو سه رباری هه ڵچوون و داچوونه کان و له مپه ره کانی سه ر رێگای خه بات هیچ کات له م پێگه چینایه تی و سیاسیه خه باتکارانه یه دلسارد نه بوونه وه. له گه ڵ ئه وه شدا که داکۆکی کار هه ر چه شنه پێکهاتنی ئاڵ و گۆری بچووک له ژیان و گوزه رانی کومه ڵانی خه ڵکی کرێکار و زه حمه تکیش بوون ئه و یشیان له بیر نه کرد که ئه م ورده ده سکه وتانه ش به رهه می خه باتی خۆیانه که به سه ر ده سه لاتداراندا دایاسه پاندووه، هه ر به م پێیه هیوایان له سه ئیسڵاح کردنی پارڵمان و سیستمی دواکه وتوانه یان نه کرده رێره و! هه ر به م پێیه ش جگه له ریژه یکی که می چینه جیاجیاکان هیچ کات له ئاستی جه ماوه ریدا خه بات بۆ بنه برکردن و له مه یدان وه ده رنانی ئه م هه ڵس و که وته سه رمایه دارانه و چه وسێنه رانه یان و گۆڕینی هاوسه نگی هێز هیوایان به به شداری له پارڵمان و نیهاد و ئورگانه کانی ئه م سیستمه دواکه وتوانه ی سه ردمی به عس نه بست و ئاسۆی خه باتی خۆیان به م چوارچێوه یه وه گرێ نه دا!
ده مەوێت بڵێم، چینی کرێکار و کۆمۆنیستەکان هیچ کات ستراتیژی سیاسیان دانه به زانده ئه و ئاسته نزمه که له سوخت و سازی ئه و سیستمه دواکەوتوانەیه دا بەشداربن که ساڵانێک رەخنەی کۆمۆنیستی و سه ر سەختانه یان لێی بوو، و رسوایان کردووه، ئه ویش له ژێر ئه و پاساوه پڕوپووچه دا گویا ده یانهه وێت بیکه نه سه نگه رێک بۆ خه بات له دژی پارڵمان و سیسته می کۆنه په ره ستانه فیدراڵی قه ومی و مه زهه بی و تایفه یی! هیچکات کۆمۆنیسته کان و کرێکاران نه چوونه ئه و مه سیره مه ترسیداره وه که له هه ر ئامرازێک بۆ گه یشتن به ئامانجه کانیان که ڵک وه رگرن! بوچی؟ چوونکه سه رباری هه موو کۆسپ و له مپه ره زه ینی و عه ینیه کان سه ر رێگای خه بات ده یانزانی رێره وی رزگای له م نیزامه زاڵمانه و چه ەسنه رە، رێره وی رووبه رووبوونه وه بۆ به چۆکدا هێنانی ئه م موناسباته که شایانی مروفایه تی نییه، له ژێر ئه م پاساوه ساویلکانه یه دا که ده کرێ وه کوو چون له «دوما» ی ده ورانی “سه زاره کان” کۆمۆنیسته کان به شداری هه ڵبژاردنیان کرد، که هیچ وێک چوونیکی له گه ڵ دۆخی ئه م سه رده مه دا نییه، ته نیا وره چه رخانه نه بۆ پێوەست بوون به که مپی راست و هیچ ده سکه وتیکی نابیت و خول کردن له چاوی خه ڵک و به تایبه ت چینی کرێکاره وه ک بربره پشتی شۆرش و کۆمۆنیزم. تازه به پێچه وانه ی ئه م ئیدعایه، ئه مانه مونشویک گه لێکن که به رگی “بولشویک”یان له به رکردووه تا به که مپی بورژوازی په یوه ست بن. ئه مانه مونشویک و کادێت گه لێکن که زۆر ئاگاهانه ستراتیژی سیاسی به شدار بوون له ده سه ڵاتی سیاسی و بوون به به شێک له دام و ده زگای ده سه ڵاتداری ره چاو کردووه و له راستیدا ئه م رێبازه ی هه ڵبژاردووە. ته نیا ئامانجیان ئه وه یه به م پلاتفۆرمه لانی که می ماف و خواسته کانی کریکاران و خه ڵکی بێ داهات و فقیر فریوبده ن و بیانکه نه سیا له شکر بۆ بورژوازی عێراق و کوردستان.
ئاخێزی شاره کانی کوردستانی عێراق به دژی رژیمی به عس له سالی 1991، و راماڵینی هێزی داگیرکه ر و به ده سته وه گرتنی ده سه ڵات له شاراکان به ر له وه ی هێزی ناسیونالیستی و مه زهه بی له کێو و شاخه کان بگه رێنه وه و دابه زنه نێوشار و دێهاته کان، هه ل و ده رفه تێکی گه لێک به نرخی مێژوویی بو هێزی کۆمۆنیستی و چینی کرێکار ره خساند تا بی قوزێته به ڵام به هێندیک هۆکاری روون که لێرده دا باس کردنی گونجاو نییه به گوێرە ی پێویست که ڵکی لی وه رنه گرت و له ده ست چوون. ئه و بۆشایی و مه یدانه مخابن زۆر به خێرایی له لایه نه هێزی قه ومی و مه زهبی به هاوپشتی هێزی ده ره کی وڵاتانی رۆژئاوا و وڵاتانی دواکه تووی ناوچه که پر چه ک کرا و میلشیای چه کداری له سه رسه ری خه ڵک دروست کردوو و ده سه لاتی سیاسی قۆرغ کرد و زیاتر له جاران ئاڵترناتیوی کرێکاری و کۆمۆنیستی خسته لاوه و ته نانه ت پلاماریان برده سه ر شۆراکان و نیقابه کرێکاریه کان و ژنان و ئازدیخوازان که له قۆناخه کانی پێشووتردا سه رباری پرش و بڵاوی که م تا زۆر هێز بوون و ئالای خه بات له دژی رژیمی به عسیان به رز راگرتبوو.
ئه مه له کاتێکدایه بزووتنه وه ی کرێکاری و کۆمۆنیستی ته نانه ت له ده ورانی رژیمی به عس دا سه رباری هه موو ده ستدرێژی و سه رکوتی پولیسی و ئه منی، که س نییه نکوولی له وه بکات له به شه جیاجیاکانی عێراق له شاره کان وه بگره تا دێهات له نێو کۆمه لانی خه ڵکی کرێکار و زه حمه تکێشدا جێگای و پێگه ی تایبه تی بوو. به واتاێک کۆمۆنیزم له بورسدا بوو. هه ر بۆیه رژیمی به عس ده یزانی ئه و بزووتنه وانه به شێوه بیلقوه له نێو خه ڵکدا پایگاێکی چیناتی و سیاسی به رینیان هه یه و ئه گه ر هه ل و ده رفه تی به رێکخراو بوونیان بۆ بره خسێت و فه زایان بۆ بکرێته وه و به سه ر ئه و پرش و بلاویه دا زاڵ بن زۆر به خێرایی ده توانن ئه و ده سه ڵاته زاڵمانه یه راماڵن.
ته نانه ت ماشینی سه رکوت ده وله تیش نه یتوانی به ته واوی پێش به پێکهێنانی شۆراکان و نیقابه کرێکاریه کان بگریت که قۆناخه جیاجیاکاندا سه رباری پرش و بڵاوی و گه لێک کوسپی سه ر رێگا وه گه ر که وتبوون و چالاکی نیوه عه له نی و نیوه نهێنیان ده کرد. کۆمۆنیستکان و پێشره وانی کرێکاری و نیقابه کان به داخه وه به گه لێک هۆکار و له سه رووی هه موویانه وه به هۆی نه بوونی نه قشه رێگاێکی روونی کۆمۆنیستی و کرێکاری له ئه رک و رساله تی سه ره کی و پراتیکی کمونیستی که دە ور یه کتر رێکخراویان کات دور که وتنه وه. و نه یانتوانی له جێگای خۆیدا له و ده رفه ته مێژوویه که کۆمۆنیزم له بوورسدا بوو له پوتنسێلی و نه فووز و پایگای بیلقوه ی له نێو کریکاران و به شه جیاجیاکان کۆمه لانی خه لک له پاش شه ری که ندا و راپه رینه که ی 91 که ڵکی پیویست وه ربگرێت و بزووتنه وه ی کۆمۆنیستی و کریکاری پێ سه رخات و بچێت به ره و ئه وه ی ده سه ڵاتی سیاسی به ده سته وه بگرێت و سیستمی پارڵمانتاریستی و دواتر فدارلیزمی ئه حزابی قومی و مه زهبی له سه ر رێگای خۆیی و کۆمه ڵگاش راماڵی.
ئێستا ئیتر زیاتر سێ ده یه له م ده ورانه تێپه ربووه. “نه زمی نوێی جیهانی” له گه ڵ شکست و ناکامی گه لێک گه وره رووبه رووه. وڵاتانی سه رمایه داری رۆژئاوا نه ته نیا به په لاماردان و زۆره ملی نیزامی ناتو، شه ری نیابه تی و پاکتاوکردن و میلیتاریزم له سی و چه ند ساڵی رابردوودا نه یتوانیوه ئامریکا وه ک رێبه ری بێ ئه م و ئه ولا و سه ره رۆ به سه ر جیهاندا بسپێنێت به ڵکوو ئێستا بۆخۆیشی له ناو زه لکاوێکدا که پێکیان هێناو، گیرودە یه و له حاڵی په له قاژێدایه و جیهانیشی به ره و ته وه حوش و به ربه ریت بردووه. له ماوه ی ئه م سێ ده یه دا وڵاتانی رۆژئاوایی به زۆری شه ر و میلیتاریزم به شوێن دوو ئامانجی سه ره کیدا ده گه رێن. یه که م په ره پێدانی ناسه قامیگری سیاسی له سه راسه ری جیهان تا له م رێگاوه خه باتی ئه سیلی کرێکاری و کومونیستی و هه ر ئاڵ و گۆرێکی ریشه ی و شۆرشگێرانه له گۆشه و کناری دوونیادا بێته ئاراوه له ژێر فه زای شه ر و زه به ر و زه نگی میلیتاریستی و ئاکامه کانی زه مینه ی سه رهه ڵدانی لی بسێنێته وه و لاوازی کا و یان له ناوه روک به تاڵی کات و به لارێیدا ببات. و هه ر به م پێیه ئه م ئوردووه گه وره و به رینه که بربره ی پشتی شۆرش و ته نیا ئاڵترناتیوی شۆرشگیرانه یه بۆ گۆرانی ئه م موناسباته مهار بکات و خه باته که یشی له چوارچێوه ی ئاسۆی بورژوازیدا به رته سک و قه تیس کات. به واتاێکی تر ئه م بزووتنه وانه دایم سه رقاڵی ورده کاری بێت و یان له باشترین حاڵه تدا له به رابه ر ئه م موناسباته دا نارازێک ده سته وه ستان زیاتر نه بێت! مه به ستی دووهه م، ململانی و رکه به رایه تی له گه ڵ جه مسه ره به هێزه کانی تری دوونیایه که ئیتر ئێستا نه ته نیا ژێر باری هه ژمونی ده وڵه تانی ئوروپایی به سه رکردایه تی ئامریکا ناچن به ڵکوو هه رکاه چ له باری ئابووری و چ نیزامی و پێشبرکی ته سلیحاتی و ته نانه ت تکنولوژی و فه نئاوه ری و هۆشی مه سنووعی به ره و ئه وه ده چن هه ر کامه ئیدعای ریبه ری جیهان یا به شێک له جیهان بکات و له م دابه ش کردنه وه ی دووباره ی دونیادا پشکیان بدرێتی!
ئه م لایه نانه ی کومونیزمی کرێکاری عێراق و کوردستان و حیکمه تیستی خه ره رسمی، له م ده وره یدا به جێگای ئه وه پشت به هیزی چینی کرێکار و بزووتنه وه ی کومونیستی ببه ستن، رێره ویان گۆریوه بو به شدار له پارڵمان و دام و ده زگا پیوه ندیداره کانی ئه م سیستمه له ناوچه که و له وانه فیدرالیزمی قه ومی و مه زهبی و تایفه یی که جڵه وه که له ده ستی هێزی میلشیای حزبه کانیاندایه. واته له پاش تێپه ربوونی زیاتر له سێ ده یه به و ده رنجامه گه یشتوون که سه رقال بوون و ورده کاری له چوارچێوه ی هه ر ئه م سیستم و دامه زاروانه ی بورژوازیدا باشتره له وه ی کومه ڵگایان به چه ند ده یه بانگه شه کردووه بو دژایه تی ئه م موناسبه ته که به شێوه ی قه ومی و مه زهه بی و خیله کی دابه ش بووه، به لام نه یانتوانیوه هه وڵه کانیان به هوی نه بوونی نه خشه رێگا و کرده وه ی کومونیستی به کرده وه ده ربهێنینن.
هه ر بۆیه ئێستا نه خشه رێگایان ئه وه یه به ناوی کومونیزم و به به رزکرده وه ی پلاتفورمی لانی که می داخوازیه کان چینی کرێکار و خه ڵکی زه حمه تکێش بخافڵێنن و بۆ ده ورێکی تر به واده و به لێنی پڕ و پووچی هه میشه ی خه ڵک بو به شداری له پارڵمان و سیستمی دواکه وتوانه ی فیدرالیزمی قه ومی و خێڵه کی په لکێش که ن.
سه ریری ئه م چه ند دێره له راگه یاندنی هاوبه شی ئه م دوو لایه نه بکه ن که له وتاره دوور و درێژه که ی هاورێ رێبوار ئه حمه دیشدا هه مه لایه نه تر روون کراوه ته وه: «ئەگەرچی هەردوو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان و عێراق، سەرەرای تێبینیە مەبدەئی و سیاسیەکانمان لەسەر هەڵبژاردن بەگشتی و هەڵبژاردن لەژێر سایە دەسەڵاتی میلیشیایی و دابەشکاری قەومی و مەزهەبی و تائیفیدا، بڕیاری بەشداریکردنمان دابوو، بۆئەوەی وەکو مەیدانێکی سیاسی لە ڕەوتی خەباتی سیاسی خۆماندا بەدەستیەوە بگرین و وەکو چۆن لە هەموو مەیدانەکانی تردا بەرگریەکی پەیگیرانەمان لە مافەکانی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش و کارمەندان و ژنان و لاوان کردوە، بەهەمان نەفەسەوە پرۆسەی هەڵبژاردن و هۆڵی پەرلەمانیش بکەینە مەیدانێکی دیکەی ململانێ و شەڕ لەسەر مافەکان و ئازادی و خزمەتگوزاریەکانی ئەوان، بەڵام بەداخەوە بەهۆی هەندێ کەموکوڕی یاساییەوە سەبارەت بە مەرجەکانی بەشداریکردن لە هەڵبژاردندا، رێگانەدرا ناومان لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکاندا تۆماربکەین. بەوهۆیەوە دەرفەتی ئەوەمان لە دەستدا کە پەرلەمانیش بکەین بە مەیدانی خەبات لە پێناو ماف و ئامانجەکانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشدا. بەڵام بێگومان لە دەستدانی ئەم دەرفەتە هیچ لەو ڕاستیە ناگۆڕێ کە حزبەکانی ئێمە چ لە ناو پەرلەمان بن یان لە دەرەوەی پەرلەمان، خەباتی خۆیان بۆ بەرگری لە ماف و داخوازیەکانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و خەڵکی ستەم دیدە، بۆ بەرگری لە مافەکانی ژنان و لاوان، بۆ بەرگری لە ئازادی و خۆشگوزەرانی، درێژەپێدەدەن.»
هاورێ رێبوار ئه حمه د یه کێک له ئه ندامانی مه کته بی سیاسی کومونیزمی کرێکاری کوردستان له وتووێژه که یدا له ژێر سه ردێڕی:« ئێمە دەمانەوێ مەیدانێکی دیکەی جەنگ لەگەڵ سەرمایەداری بکەێنەوە، نەک ئاشتی! » هه ر ئه و رێباز و رێچکه کۆنه کانی «برنشتاین»ی به کار هێناوه ته نیا جل و به رگێکی نوێی له به ر کردووه و له هه وڵدایه تا ئه م تێز و گوتاره کۆنانه نه ده رخواردی هاورێیانی کومونیزمی کرێکاری عێراق و کوردستان و حیزبی حیکمه تیست-هێڵی فه رمی و ته نانه ت ئه گه بکرێت کۆمه ڵگاشی بدات.
ئه و شتێکی روون و حاشا هه ڵنه گره رێبوار ئه حمه د و ئه م حزبانه تووشی هه ڵه ی مه عریفی نه بوون. ئه مان زیاتر له سی ساڵه و ته نانه هێندێکیان زیاتر، له ئاستی توانا و زه رفیه تی تاکه که سی و حیزبی سه رباری هه ڵه و په ڵه ی سیاسی، که م تا زور چالاکانه ره خنه ی بنه ره تیان بووه له سه ر ئابووری سیاسی سه رمایه داری و پێکهاته کانی. یانی سه رباری هه موو ئه و هه وراز و نه شیوانه ی له م ریبازه دا پشت سه ریان ناوه، هه وڵیان داوه بزووتنه وه کومونیستی و کرێکاری وه کو بربره ی پشتی شۆرش به ره و پێکهێنانی حکومه تی کرێکاری به رن.
ده کرێ له سه ر نه بوونی نه خشه رێگا و پراتیکی کومونیستی و خۆ بی وه زیفه کردنی ئه م هاورێیانه له ئه رکی و کار کومونیستی له ماوه ی چه ن ده یه رابردوو زور جیدی ره خنه بگرین به تایبه ت که سالانیکی دوور و دریژ خه باتیان کرددووه و به شێکی گرینگ له ته مه نیان له م پێناوه دا داناوه. ئێستا له م مه یدانی ململانی و رووبه رووبوونه وه جیهانیه دا له سه دابه ش کردنی سه ر له نوێی جیهان، و له پاش چه ند دیه خه بات ئه مانیش ئومێد به شۆرش و به سه رئه نام گه یاندنی کومونیزمیان له ده ست داوه، به ڵام راشکاوانه روو به کومه ڵگا ده رنابرن. ئه ویش به م هۆکاره ساده یه که ئه وانیش بۆ ئه وه ی له مه یدانی ململانی و پێشبرکی بۆ به شداری چالاکانه در پارلمان و دام و ده زگاکانی ئه م سیستمه دواکه تووه، ده یانهه وێ کرێکاران و خه لکی زه حمتکیش بکه نه سیا لشکری خۆیان. ئه وانیش بو به شدار بوون له ده سه ڵاتی سیاسی به فریودانی خه ڵک بۆ کێشانه به رده م سنووقه کانی ده نگ دان بگه ن به به رژه وندی به رته سکی خۆیان، و ده خوازی که ته نانه ت له گه ڵ حیزبی شیوعی هاوتای له مێژینه ی حیزبی تووده ی ئیران و ئه کسریه ت ببنه هاوپه یمان. ئه مه له حاڵێکدایه ده زانن له م سیستمه گه نده له دا ئه گه ر ده نگی خه ڵکی شتێکی بگۆریبا هیچ کات هه ڵبژاردنیان بۆ نه ده کرد! ئه م حزبانه ش له واقعدا وه ک ئه و حزب کومونیست و لایه نانه ی له هه موو گوشه و قوژبنی دوونیا له ده یه کانی
نه ودی زاینی و له پاش رووخانی دیواری بیرلین و تێکچوونی یه کیه تی سویه تی که جیهان له نیوان جه مسه ره جیهانیه کاندا دابه ش بوو، ر ێبازی کومونیستیان وه لاناوه و له باشترین حاڵه تدا چوونه ته سه ر رێبازی سوسیال دێموکراته کان. بویه به دڵنیایی به ئاموژگاری حه کیمانه ی ئیخلاقی ناگرێنه وه سه ر رێبازی کومونیستی! ئه م هاورێیانه له وڵام به ره خنه و نه فی ئێمه کومونیسته کاندا له سه ر به شداریان له پارڵمان و سیسته می دواکه تووی دسته به ندی قه ومی و مه زهه بی میلیشیای ئه و حزبانه ناسیونالیستی و عه شیرانه، به شداری «لنین» و «بولشویکه کان» له دوما به نموونه ده هێننه وه و ده یکه نه پالپشت تا په یوه ست بوونیان به پارڵمان و ئه و سسیتمه دواکه وتوانه پاساو بکه ن.
ده کرێ ده یان و بگره زیاتر فاکت بهێنرێته وه که ئه م پاساوانه بێ بنه مایانه و ته نیا و ته نیا چه واشه کردنی مێژووه و که له نێوان سه رده می تزاریزم و بولشویکه کان له گه ل دوخی ئیستا له عیراق به راوه ردیکی میکانیکی و نادیالکتیکی و نه گونجاو ده کات تا بیکاته پاساو بو به شداری ئێستای له پارڵمان. «لنین» پێش ساڵی 1905 یش له هه ل و مه رجی ئه و کاته سیستمی بورژازی بێرحمانه داوه ته به ر ره خنه و ساڵه کانی دواتریش تا ئوکتوبری 1017 ئه ونده ی ره خنه ی تووند و بن چینه ی له به شداری کردن له «دوما» گرتووه و له سه ری قسه ی کردووه و له قاویداوه که متر بلشویکه کاتی تر کردوویانه! من به ش به حاڵی خۆم له ماوه ی چه ند حه وتوویی رابردوودا له سه ر ئه م ته وه ره له گه ڵ رێبه ری هه دوو لایه نی کومونیزمی کرێکاری و لایه نگرانیان گه لێک له دوونیای مه جازی و ته نانه ت حه قیقی بیر و رامان گوریوه و ره خنه کانی خۆم له گه ڵ باس کردن و ته نانه ت چون ئه وان به شداری «لنین» یان کرد بووه پالپشتی لیکدانه وه بو ئه م دوخه چه ندین سه رچاوه به پێزی «لنین» یشم وه ک فاکتی مێژووی به زمانی ئینگلیزی و فارسی و کوردی بو روون کردنه وه ی زیاتر باسه کان پێشکه ش کردن و لینکی لێکدانه وە کانی «لنین» م پێناساندن تا جارێکی تر پێداچوونه وه ێک بکه ن به خوێنده وه کانیاندا که بۆچی ئه م رێگای گرتوویانه ته پێش پشت کردنه له م رێبازه هه موو ئه و سه رچاوانه که زۆربه یان به زمانی ئینگلیزیه له سایته کانی خۆشیاندا له وانه یه هه بێت.
لێره دا له مێژووی زۆر دووری پشت کردنی رێبه رانی کرێکاری و بزووتنه وی کومونیستی وه ک «لاسال، برنشتارین و کائوتسکی» که پشتیان له رێبازه کانیان کرد نه دواوم، که ئه وانیش هه ر به پێی لێکدانه وانه ی هاورێیان «رێبوار ئه حمه د»، «عوسمان حاجی مارف»، «خه سره و سایه» و «سه میرعادڵ» ه کان «به رنامه ی گوته» یان نووسی تا یه کگرتووتر بچنه شه ری بورژوازی!
ئه وانیش ویستیان له رێگای رێفۆرمیزمه وه خه باتی چینی کرێکار و خه ڵکی زه حمه تکێش له و چوارچێوە دا به رته سک بکه نه وە و قه تیس بکه ن و ئه مه بکه نه پاساو که ده چنه ناو پارڵمان تا له رێگای ئه م سیستم و دام و ده زگاکانیه وە بچنه شه ری بورژوازیه وه!
نموونه ی ئه ورۆیی ئه م پێوه ست بوونه به که مپی راست و ناسیونالیزمی قه ومی، ئاغای «عه بدولای موهته دی» یه که چه ن ده یه پێش ئێستا له نامیلکه ێکدا له ژێر ناوی«سوسیالیزم یان پارڵمانتاریزم» به تێر و ته سه لی بۆ داکۆکی له کومونیزم و سوسیایالیزم و چینی کرێکار قه له می تاوداو، به لام پاش روخانی دیواری برلین و «یه کیه تی سوفیه تی» ئه ویش په یوه ست بوو به که مپی بورژوازی! مه گه ر له بیرتان کردووه ئه ویش له سه ره تای ئه م گۆرانه دا هه ر ئه م لێکدانه وه ی ئێستای ئێوه و بگره گه لێک پوخت و پاراوتریشی هێنایه وه و ده یگوت:« ده کرئ پارڵمان بکرێته سه نگه رێک بۆ خه باتی شۆرشگیرانه به دژی ئه م دۆخه!».
به ڵام زۆری نه خایاند بوو به یه کێک له راوێژکاران و تریبوونه کانی داکوکی کاری پارڵمان و دواتریش پشتیوانی قایمی سیستمی فیدرالی قه ومی و عه شیره ی هێزه چه کداره کانی ناسیونالیزم تا له م رێگایه وه پارڵمان و فیدرالیزم بکاته سه نگه ری خه بات و گه یشتن به ده سه لاتی سیاسی بو وه دیهێنانی ماف و داخوازیه کانی کرێکاران و خه لکی زه حمه تکیش! «ریبوار ئه حمه د» کاتێک ئه و رستانه ی له وڵام به و که سه ی وتوێژه که ی ساز داوه نووسیوه، زۆری هه وڵداوه تا خۆی له ئه ده بیات و ناوه رۆکی ده ربرینه کانی «لاسال و برنشتاین..» دوور بگرێت و زیاتر وشه کان و ناوه رۆکی وتووێژه که رواڵه تێکی رادیکالی بداتێ!
به لام هاوری ریبوار له وه بی ئاگایه، چینی کرێکار و خه ڵکی وه گیان هاتوو له م سیستمه له عێراق و کوردستان سه رباری ئه وه ی له ژێر زه خت و گوشاری زوڵم و زۆردا بێ ده ره تان ماون زۆر له چینی کرێکار و خه ڵکی هه ژاری سه رده می لاسال و و برنشتاین و روسیه ی تزاری…وریاتر و ئاگاترن و به رژه وه ندیه کانی خۆیان باشتر ده ناسن. هه ر بۆیه هیچکات به م سایست و شیعار پۆپۆلیستی و به ڵێنه پڕ و پووچانه فریو ناخۆن. چینی کرێکار و توێژه هه ژار و بن دە سته کانی ئه م کۆمه ڵگایه ئه گه ر به هۆی زه خت و گوشاری ئابووری و سه رکوتی سیاسی، و راکه راکه بو به ده ست هێنانی پاروه نانێک، و دابین کردنی ژیانی مه مره و مه ژی، هه ل و ده ر فه تی ئه وه ی نه بووه شاره زایی ته واوی له م مێژووه بێت، به ڵام ئه زموونه کان و دژواریه کانی سه رێگای خه باتی ئه م چه ند ده یه له به رانبه رکێ له گه ڵ ئوردووی سه رمایه وه ها خاراوی کردوون که بزانن کام مه یلی و حزب نوێنه رانی راسته قینه ی ئه وانن.
چینی کرێکاری و خه ڵکی هه ژار و بێ داهات له کووره ی خه باتی هه ر رۆژه به دژی ده سه لاتداری بورژوازی فێری ئه وه بوو و تێگه یشتوون دۆستانی راسته قینه و دوژمنانی سیاسی و چینایه تی خۆیان بناسن! بۆیه رێبوار ئه حمه د زۆری هه وڵداوه وته کانی ره نگ و بووی ئه ده بیاتی کومونیستی بداتێ، به لام هه وله کانی بێ ئاکامن. چونکه کۆمه ڵگای چینایه تی و سیاسی عێراق و کوردستان، پێناوەته قۆناخێک له خه بات، ناکرێ ئه وه له ئێوه قه بووڵ بکه ن، چه ند ده یه به دژی بنه ما کانی ئابووری سیاسی سه رمایه داری بنووسن و قسه بکه ن، و خه ڵک له دژی ئه م سیستمه زاڵمانیه هان بده ن و بانگه شه ی بکه ن بۆ رسوا کردنی پارڵمان و سیستمی فیدرالی قه ومی و مه زهه بی، به ڵام له م دۆخه به سه د قات خرابتره دا که کۆمه ڵانی خه ڵکی به دژی ئابووری سیاسی و هه موو دام و ده زگاکان وه ستاونه وه پشت له م رێبازه بکه ن و خه ڵکی بانگه شه ی به شداری و چوونه ناو پارڵمان بکه یت!
ئازیزان بورژوازی له وانه یه کۆمه ڵگا وه ک «دارلمجاننین» سه یر کات و هه وڵ بدات خه ڵک دوسته وەستان بن، په نابه رێته به ر هه ر چه شنه قۆرخ کارێک، به ڵام که س هه یه نه زانێت ئه م سیستمه سه رباری به کار هێنانی دام و دە زگاکانی ئه منی ده وله ت و ئه حزابی میلشیای چه کدار بۆ سه رکوتی خه ڵک، هێشتا نه یتوانیوه بو ساتێکیش رێگا خه باتیان کوێربکاته وه!
کۆمه ڵگای عێراق و کوردستان به پێی ده رس و ئه زمونه کانی خه باتکارانه یی ده یان ساڵه یان و چوونه سه ری وشیاری سیاسی و چینایه تیان ئه ونده شناختیان به ده ست هێناوه که ده زانن ئێوه نه ک ته نیا به م پلاتفۆرمه ی لانی که می ماف و داخوازیه کانتان تێد ا گه ڵاڵه کرده وه به ڵکوو ئه گه ر «مانیفیستی کومونیزم» یش به ده سته وه بگرن باورتان پێناکه ن و ده زانن ئه م هه وڵانه تان بو فریودانه و پشتتان له رێبازی کومونیستی کردوه. به تایبه ت کاتێک ده ڵین ده چینه ناو پارڵمان و و دام و ده زگاکانی تا له م رێگاوه خه بات بکه ین بۆ گه یشتن به ده سه ڵات، دیارە له وە نگه رانن خه ڵک ئه مه تان وه ک جووک لێ وه ر ده گرن!
چینی کرێکار و خه ڵکی هه ژار و کومونیسته کانی عێراق له م مێژووه خوێناویه دا گه لێک ده رسی به نرخی وه ر گرتووه. سه رباری هه موو هه وراز و نه شێوه کانی سه رێگایان له ده ورانی به عس دیسان پێداگر بوونه له سه ر ئه و ه شۆراکانیان زیاتر رێکبخه ن و له نێو جه ماوه ری خه ڵکدا جێگه و پێگه ی چینایه تی و سیاسی خۆیان به هێزتر بکه ن. تازه ئه وه یش ده زانن ئێستا کۆمه ڵگای عێراق و کوردستان گه لێک به رفروانتر له ده ورانی رژیمی به عس له به رابه ر ئه م پارڵمان و سیستمه کونه په رستانه یه دا وه ستاوه ته وه که رێبوار ئه حمه ده کان یش ده ورانێک له پێشه نگانی ئه م رێبازه بوون و له به رابه ریدا نووسیویانه و بانگه شه ی خه ڵکیان کردووه بۆ خه بات وه ستانه وه له دژی، و ئێستاش هه ر رێک ئه م فاکته ر و پێناسانه یه بوه ته هۆکار که خه ڵک فریوی بانگه شه کانیان بۆ چوونه ناو پارڵمان ناخۆن.
هه وڵی لێبراوانه و شۆرشگێرانه کومونیسته کان ده ورانێک ئه وه بوو کاریگه رترین رێگا بو پێش بردنی خه باتی چینایه تی و سیاسی ره چاو بکه ن تا چینی کرێکار و تۆیژه کانی تری ژێرده ستی سه رمایه داری به دژی ئه م هه ڵس و که وته رێکخراو بکه ن و به رێره وێکی شۆرشگێرانه و کومونیستی هیدایه تی و ریبه ری بکه ن تا خویان له رێگای شۆراکان و به ده سته وه گرتنی ده سه ڵاتی سیاسی ئه م پارڵمان و سیستمه دواکه وتوانه ی فیدرالیزمی قومی و مه زهبی و خێڵه کیه هه ڵته کێنن و راماڵن. به ڵام ئێستا «رێبوار ئه حمه د» ه کان نیگه رانی ئه وه ن به ئه م یان ئه و نه خشه رێگای بورژوازی کرێکاران فریو بدات و بیانباته ژێر په رچمی بورژازی و به لێنیان پێ بدات پارڵمان به قازانجی کرێکاران و خه ڵکی زه حمه تکیش ئیسلاح دە کات و دە یکاته مه یدانێکی تر له شه ر!
نیگەرانی رێبوار ئه حمەد و ئه و حیزبانه له وە یه، کۆمه ڵگای عێراق به گشتی به و ئاسته له وشیاری گه یشووه که به پێوە ست بوونی و بانگه شه ی رێبوار ئەحمەده کان شتێک له م سیستمه دا ناگۆردرێت و ته نانه ت به رە و خراپتر بوون دەچێت! سه ردێری وتووێژه که ی هاورێ رێبوار هه ر ئه و ئامانجه دە پێکێت که ئه و دوو حیزبه له پارڵمان به شوێنیه وە ن. تێگه یشتن له م مه سه له شتێکی ئاڵۆز نییه و به ڵکوو زۆر راشکاوانه ئه م حیزبانه هه ر ئه و رێباز و سیاسه ت و تاکیکه شۆرشگێرانه و ناشۆرشگێرانانه ی له رابردووی دە یان ساڵه دا بوویان، تا به ئامانجێک که بۆ گه یشتن به شورش و کۆمونێزم چینی کرێکار و زە حمه تێکش له رێگای شۆراکانه وە دە سه ڵات به دە ستە وە بگرن ئێستا به ته واوی به م بانگه شه بۆ چوونه ناو پارڵمان لێێ پاشگه ز بوونه ته وە! ئێستا دەیانهه وێ به جێگای پێداگری و پشت به ستن به هێزی چینی کرێکار و تۆیژه کانی خوارە وە ی کۆمه ڵگا به چوون ناو سیستمی دە سه ڵاتدار له وانه پارڵمان و قه وارە خێله کی قه ومی حیزبه ناسیونالیستی و مه زهه بیه کان که کۆمه ڵگایان به بارمته گرتووە بچنه شه ری سه رمایه داریه وە! هاورێیان له وانه یه حێزبه کانتان له م چوونه پارڵمان و به شداری له هه ڵبژاردنه کان خه ڵکێک له دە وری خۆتان کۆ که نه وە و سه رقاڵ بن ناو دام و دەزکان، به ڵام دڵنیا بن ئیتر له کۆمۆنیزمه ی که ساڵانێکی زۆر بۆ به سه رکه وتن گه یاندنی هه وڵتان دابوو شتێکتان بۆ نامێنێت!
07.11.2025
ناسر بابامیری
قوروەی ئازا و بێناز.. شیوا میرهكی
پێشەکی: ئەگەر بمانهەوێ سەبارەت بەقوروە بنووسین لە ڕاستیدا ئەتوانین بڵێین نووسراوە یا لێکۆڵینەوەی بەهێز و ئاکادێمیکی تایبەت بۆ ناسینی ئەم ناوچە لە بەر دەستماندا نییە و ئەوانەی کە هەن تەنیا توانیویانە بەشێكی بچووك لە حەقیقەتی مێژوویی یان فەرهەنگی ئەم ناوچەمانە بۆ ڕوونبکەنەوە کە ئەم کەمتەرخەمییەی نووسەر و چالاکی فەرهەنگیی کورد خەسارێکی زۆرە بۆ لەناوچوونی ڕاستییەکانی ناوچەی فرە دەوڵەمەندی فەرهەنگی مێژوویی قوروە. هەر وەک ئاماژەم پێکرد کتێبگەلێك سەبارەت بە ناوچەی قوروە هەیە و نووسراوه، ئەوانەی نووسەری کورد نووسیونی هەم کەمن وه هەم دەبوایه بەهێزتر بنووسرایە نەک ئەوەی بە شێوەی پێرست و کورت ئاماژەی پێبکرێ .لەم ساڵانەی دواییدا کەسێکی تورکزمان بەناوی (موحسێن ساڵحی) لەسەر ئەم ناوچەیەی نووسیویە (بلوک اسفنداباد، جنگ سولچە و…) کە بەداخەوە ناکرێ وەکوو سەرچاوەی متمانەپێکراو بیناسێنین. بۆ نووسینی ئەم بابەتە توانیومە کەڵک لە کتێبی ( آوازهای سرزمین پدریم ) وەربگرم کە یادی بەخێر بێ کتێوێکی زۆر لاوازە و شێعری کوردی و حەقیقەتی ناوچەكهی تورکاندووە و جگە لە پێشەکییە سێ لاپەڕەیهكهی شتێکی دیكهی بۆ وتن نییە، هەر وەها لە چەن وتارێکی مێژوویی و مێژووی مادی دیاکۆنۆف و….هتد کەڵکم وەرگرتووە.
کورتەی باس:
شاری قوروە لە چوار گۆشەوە هاوسنوورە لەگەڵ سونقوڕ کولیایی سەر بە پارێزگای کرماشان، ئەسەدئاوای سەربە پارێزگای هەمەدان و وه دێولان و بیجاڕی سەر بە پارێزگای سنە، کە ئەم تایبەتمەندییە بووەتە هۆی ئەوەی پێوەندی پتەو و هاتووچۆی زۆر لەنێوان ئەم شارگەلە پێک بێت و زاراوەکانی ئەم شارگەلە لە شاری قوروەیش بوونی هەبێت. هەندێ جار بەهۆی تێکەڵاوبوونی زاراوەکانی ناو شاری قوروە لەگەڵ ئەو زاراوەگەلەی شارە دراوسێەکان، زاراوەی نوێ درووس بووە کە بە نسبەت زاراوەی ڕەسەنی کوردی جیاوازە و ناتواندرێ وهك زاراوەی ڕەسەنی کوردی بێتە ئەژمار، بەڵام جیا لەکوردیش پێناسە ناکرێ. هاتنی کۆچبەرانی لەک و نیشتەجێبوونیان لەم ناوچەیە و هەبوونی عەشیرەتی زەند و شێخ ئیسماعیلی کە بنەڕەتیان شارەزوورییە و هەر وەها هەبوونی بنەماڵەی ئەردەڵان وەکوو دەسەڵاتداری ناوچەکە کاریگەری زۆریان لەسەر درووسبوونی زاراوە و شێوەزارەکانی لەم ناوچەیەدا بووە. شارەزوور پێش هاتنی ئیسلام بریتی بوو لە (هەولێر، شاربازاڕ، ئارپاخا (کەرکووک)، شیز (هەوشار)، دزدان، پاتیز(زەهاو)، زاموا، دینەوەر (ئەسپەنئاوا بەشێ لە دینەوەر)، نەهاوەند و هەمەدان). یاقووتی حەمەوی وای بۆ ئەچێ کە شارەزوور ناوچەیەکی بەربڵاوە کە لە کێوەکانی نێوان هەولێر تا هەمەدان دەگرێتەوە کە بنەچەیان دەگەڕێتەوە بۆ دەورەی ساسانییەکان و هەروەها شارەزوور شاری پیرۆزی یارسان و شوێنی حەشر و نەشری ئایینی یارسانە.
لەم شارە (165) ئەسەری مێژوویی لە ئاسەواری نەتەوەیی وڵاتی ئێران تۆمار کراوە کە نیشاندەری پێشینەی دوور و درێژ و مێژووی دەوڵەمەندی ئەم ناوچەیەیە، یەکێک لەو ئاسەوارانە (فەرهادتاش)ە لەوێنسار کە لە سی کیلۆمێتری شاری قوروە بەرەو هەمەدانە و بە بڕوای خەڵک پێوەندی لەگەڵ (شیرین و فەرهاد)ی کرماشاندا هەیە کە دێهاتە ژێرزەوییەکانی ئەم ناوچەیە ئەو بڕوا و گومانەی خەڵکە بەهێزتر ئەکا. هەر لە شوێنی فەرهادتاش ئەشکەوتێک هەیە و جۆرێ فۆسیلی زەریایی لێیە کە لەم جۆرە بەردگەلە بۆ بیناسازی (مەعبەدی ئاناهیتا) لەتەخت سلێمان کەڵکوەرگیراوە لە وێنسار هەتا هەوشار دێهاتی ژێرزەوینی بووە کە ڕەنگە پێوەندیدەری ئەم دوو ناوچە بووبێت. هەروەها لە وێنسار کانییەکی بەردچن درووستبووە کە خەڵک بۆ شوکرانەبژێری ئەو کانییە ڕێوڕەسمی گاکوژی بەڕێوە ئەبەن و بەڕێوەچوونی ئەم ئایینە کۆنە ئەتوانێ نیشاندەری میترائیسم لەم ناوچەیە بێت . قوروەی ئەمڕۆیی بەشێک لە لەیلاخ بووە کە شوێنی گەرمێن و کوێستانی کۆچی ئێڵەکانی شێخ ئیسماعیلی، میرەکی، زەنگنە، زەند، بەلیلوەن، لالەای و گورگەیی بووە و نیشتەجێبوونی ئەم خێڵگەلە تا دەورەی فەتحعەلی شا بەردەوام بووە. قوروە لە دەورەی سەفەوی و سەددەی هەشتەمدا بەهاتنی کۆچبەرانی تورک، بەناو ئەسپەنئاوا لە لەیلاخ جیا بووەتەوە. قوروەی ئەمڕۆیی لە درێژەی دەسەڵاتداری میری ئەردەڵان یەکێ لە هەژدە بلووکەکەی ئەم میرنشینە بووە.
بلووکی ئەسپەنئاوا لە نەخشە مێژووییەکاندا بە کیشاسوو ناوی براوە کە یەکێ لە ناوەندە پڕ حەشیمەتەکانی نزیک بە هەگمەتانەیە. قوروه بەهۆی بارودۆخی جۆغرافیایی خۆی یەکێ لەناوەندە ئێستراتژیکەکانی زاگرۆسە کە هەمیشە سوارە نیزامی ئامادەی شەڕی بووە.
بۆ سەلماندنی ئەم وتە ئەتوانین ئاماژە بە شەڕی یەکەمی جیهانی و شەڕی سەنجەرخان لەبەرانبەر ڕووس و شەڕی سۆلچە لەبەرانبەر یۆپرەم خانی ئەرمەنی بۆ دەسەڵاتداریی ئەم ناوچە بەدەس (سالاروددەولەوە) بکەین. ئەم ناوچەیە لهپێش ئیسلام لە ژێر چاوەدێری (دەوڵەتی ماد)دا بووە و لە سەددەی هەشتەمدا بەهاتنی بەربڵاوی تایفەگەلی تورکمانی بۆ ناوچە کوردییەکان قوروەیش بووە بە بەشێ لەناوچەی دەسەڵاتداری عەلیشەکەر قەراقویونلوو و چەن شوێنێکی تورکنشین لەم ناوچەیەدا درووستبوون. یەکێک لە قەڵاگەلی گرینگ لە بەشی ژوورووی ڕۆخانەی ئامادای یا سپیڕوودا بووە کە لە باکووری ئەم شارە هەڵکەوتووە و سەرەتاییترین برووسکەی شۆڕشی ماد دژ بە ئاشوور لە قەڵای کیشاسۆ و خارخار دەستی پێکردوە و بووە بە هۆی درووسبوونی یەکەمین دەسەڵاتی گشتگیر لەوڵاتی ئێراندا.
ساڵی (716)ی پێش زایین سارگۆن هێرشی کردۆتە سەر دەوڵەتی مەننایی و شوێنگەلێک کە چاودێری مەننایی لەسەریان لاواز بووە، سەرەتا قەڵای گرینگی کیشاسۆ ئەسپەنئاوای داگیرکرووە و خاون دەسەڵاتەکەی بە دیل گرتووە. لەسەددەی نۆی کۆچی بەدوا بەناو بەشێک لە شوێنی دەسەڵاتی قەراقویۆنلوو ناوبانگی دەرکردوە و کۆچبەرانی تورک لە ناوچە کوردییەکاندا نیشتەجێ بوون. لەو هەموو میر و خانە لەم ناوچەیەدا ئەتوانین ئاماژە بە ئیلخانی جاف مورادی و شێخ ئیسماعیلی بکەین کە لە خانە دەسەڵاتدارەکانی ناوچەی ئەسپەنئاوا بوون. خاوەنی ئەسڵی ئەم ناوچەیە خەڵکی گۆران و جافن کە بەردی بنەڕەتی ئەم شارەیان داناوە و دواتر تایفەگەلی لەک، سۆران، هەورام، نۆتەرەکی، وەرمەزیار، پڕپێشە و کەلهۆڕی لەوێدا نیشتەجێ بوون، کە لە دەیەکانی دواتر کۆچبەرانی تورکی قەشقایی، بەهارلوو، شاهسەوەن، خودابەندەلوو، لەم شوێنە نیشتەجێبوون. لە ئەسپەنئاوا قەڵا و تەپەی مێژوویی زۆر هەیە وەکوو؛ دەروازە، کۆڵەوا، قەڵوەز، هانەسارد، قەسڵان، بان سەرانجیک، جنیان، دێوەزەن، خانەڱا، مەیهەم و…. هتد.
ئەم شارە لە دەشتێکی پان و بەرین بەپانتایی (58400) کیلۆمێتر و بەرزایی (1800)مێتر لە زەریاس کە لەڕۆژهەڵاتی شاری سنه و لەسەر ڕێگای سنەهەمەدان هەڵکەوتووه. ناوەندی سەرەکی حوکومەتی ئەم شارە لەڕابڕدوودا گوندی مێژوویی قەسڵان بووە کە خاوهنی قەڵا، عێمارەت، مزگەوت، گەرماو، باخ و بێشەی گەورە و بازاڕ بووە و دواتر بەهۆی درووستبوونی ڕێگای هەمەدان-سنە و دووری قەسڵان لەو ڕێگایە لادێی قوروە وردە وردە گەورەتر دەبێ و لە ساڵی (1337) ناوەندی حوکومەت بۆ قوروە دیاری ئەکرێ و قەسڵان ئەکەوێتە پەراوێزەوە. لهم شارە ئاسەواری مێژوویی سروشتی زۆر تۆمار کراوە، وەکوو شاخی کۆڵەوا، گەرماوی قەسڵان، پردی فەراوا، باوەگوڕگوڕ، فەرهادتاش، ئەشکەوتەکانی کانی گەنجی و… هتد، زمان یەکێک لە فاکتە گرنگهکانی شوناسی نەتەوە، کۆڵەکە و بنەڕەتی مانەوەی نەتەوەس. هەر چەن خەڵکی شاری قوروەیش لەم شەڕە نەرمەدا دۆڕاوە و تووشی ئاسمیلەبوون بووه، بەڵام هێشتا زمان و جلوبەرگیان پاراستووە. خەڵکی ئەم شارە جۆراوجۆری زمانیی و فرە کولتووربوونیان هەیە و زاراوەکانی کەلهوڕی، سۆرانی، گەڕووسی، ئەردەڵانی، هەورامی و لەکی لەم شارەدا بوونی هەیە. شوێنە مێژووییەگەشتیارییەکانی قوروە بریتین لە:
باوەگوڕگوڕ؛ لە گوندی باوەگوڕگوڕ هەڵکەوتووە و کانی ئاهەکسازی زۆری تێدایە کە ئاوی سوێر و تاڵە و بۆ نەخۆشینی مێعدە و پێست بەکەڵکه و لەدەسەی ئاوگەلی (کلر و بیکربنات). هەر لەو شوێنە بەرز و نزمیگەلێک بوونی هەیە، کە لەباوەڕی خەڵکدا ئەژدیها بووە و لەدرێژەی زەماندا وای لێهاتووە کە ئەم ئەژدیها پێوەندی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ئەفسانە کوردییەکاندا هەیە. پێشتر ئاماژەم بە ئایینی (گاکوژی و میترائیسم) کرد کە (میترا) نەوەکوو ئایین بەڵکوو باوەڕێک لهپێش زەردەشت کاریگەریی خۆی بووە و دوای دەسەڵاتداریی زەردەشت بەتەواوی لەنێو نەچووە و بەشێکی زۆری تا ئێستاش هەر ماوە و تەنیا بەپێچەوانەوە پیشان دراوە. واتە مانای ڕاستەقینەی خۆی لەدەست داوە، بەڵام هێشتا هەر ماوتەوە و ئاگامان لەوە نییە کە لە باوەڕەکانی میتراییە. میترا لە زەردەشتدا ئەتوێتەوە، پلەوپایەی لە ئەهوورامەزدا نزمتر ئەبێت و هەروەها ناوەڕۆکەکەشی ئەگۆڕدرێت. واتە ئەبێتە هێمای خۆر و ڕووناکی کە ئەهوورامەزدا میترا ئەخوڵقێنێت تا پارێزگاری لە هەستی بکات.
له ههموو بهردەنووسهکان و بهرههمه کۆنهکاندا که له وێنهکانی میترا له تاقهکاندا بهجێماوه، چ له کاتی ڕاوکردن و چ له کاتی کوشتن و شهڕکردن لهگهڵ مانگادا، میترا لهگهڵ مار، دووپشک و شێر نیشان دراوه، مار و دووپشک و شێر، هێمای مێهرن و میترا له زۆرێک له هێما کهونینهکاندا به جهستهی مرۆڤ، شێرسهر، لهگهڵ ئهژدیها/مارێک که لە دهوری ئاڵاوه، نیشان دراوه. بە بڕوای مادهکان خوداکان به شێوهگهلێکی سهرسووڕهێنەر دهبینرێن. خوداگهلێک کە بەر سهر شێرن و نیوه مرۆڤ بە سەر مار و بە لەش مرۆڤ وەکوو شاماران.
کۆڵەوا یەکێک لە هێماکانی ئەم شارەیە لە نزیکی سەراوی قورووە، کە بەرزییەکەی ئەگاتە (2400)میتر و چەند ئەشکەوتێکی مێژوویی تێدایە و ئاسەوارێ کە دۆزراوەتەوە تایبەت بە دەورەی ساسانی بووە و لە باوەڕی خەڵکدا لووتکەکەی وەکوو ئەژدیهایە کە سەری لە بەردێک ناوە تا بتوانێ پارێزگاری لە شار بکات.
کەسایەتییە بەناوبانگەکانی ئەم شارە بریتین لە : محەمەدڕەزا کوردستانی، ناسراو بە میرزادە عێشقی شاعێر و شانۆنامەنووسی کوڕی ئەبولقاسم خان لە ساڵی (1272) لەگوندی قاسم ئاوا هاتۆتە ژیانەوە کە بەرپرسی ئەوەڵ ڕۆژنامەی ناوچەکە بووە و لە بەر چاونەترسی و ئازایەتی و دەروەستبوون بەدەستی ڕەزاخان تێرۆر کراوە.
عەرەبعەلی شروه پەیکەرتاش و نیگارکێش و مامۆستای زانکۆی هونەرەجوانەکانی تاران بووە کە لە ساڵی (1318) لەگوندی شوکراوا چاوی بە ژیان هەڵێناوە و بنیاتنەری شێوازی نیگارکێشیی نوێ لەئێراندایە و لە ساڵی (1390ی)هەتاوی کۆچی دوایی کردووە .
عەبدولباقی خان سوڵچە سەردار و فەرماندەی شەڕی سوڵچە بوو .ئەم شەڕە دوو بەش بووە، سەرەتا لە ملەی هەمەکەسی ڕوودەدا کە بە شکستهێنانی داگیرکەر کۆتایی پێدێ و بەشی دووهەم لە قەڵای سوڵچە بووە کە لە ئاکامی ئەم شەڕەدا یۆپرەم خان ئەرمەنی، دوکتور سۆهرابی، عەبدولباقی خانی سەرۆکی چەرداوەڕی و عەباس خان چناری سەرۆک ئێلی کەلهوڕ دەکوژرێن .
جلوبەرگی ژنانی ئەم ناوچەیە وەکوو باقی ناوچەکانی کوردەواری کوردییە کە لەکراسی چیندار بە شاڵی سێ گرێ، سەروێن، ژێرچناکە، قازانقوڵف، چارەکە، سینەپۆش، سوخمە و سەڵتە، کوڵە و کەوا پێکهاتووە و جلوبەرگی پیاوانیش وەکوو باقی ناوچەکانی کوردەوارییە.
ژینگە سامانێکی گشتییە و ئەرکی پاراستنی ژینگە لە ئەستۆی تاک بە تاکی کۆمەڵگاس. شاخی بەور و پەرێشان ناوچەیەکە پارێزراوی ژینگەییە کە دیمەنێکی دڵڕفێنی هەیە و ئامانجی شاخەوانەکانە. ژینگەی ناوچەی قوروە زیاتر تەرخان کراوە بۆ کشتوکاڵی گەنم، سێفەزەمینی، ئاڵف، هەنگوور و باخی سێو و … .
پووشەنی گیایی ئەم ناوچه بریتین لە گەون، شنگ ،چەقچەقە، گیابەلەک یا شیرین بەیان، کنیواڵ، قازیاخە، قاخڵی، کنگەر، گیلاخە، پەیکوڵ، داربەلەک، سالمە ،گوڵەحاجیانە، هەزبێ، شمڵی، گوڵەبەڕۆژە، بووماران یا بووژانە، پوونگە، گوڵە هێرۆ ،تورشکە، کەلەمەکاشی، بەلەشوانە و … هتد هەروەها گرنگترین چەم و کانیەکانی قوروە بریتین لە: کانی تاقەدار، کانی کوچکینە، هانەسارد، چەم زەلەجۆ، چەم دزە، گەڵاڵی، گەناو، جیقایە، قەڵا، جامەشۆران، کنگرە، قاملوو، شووراو،فەراوا،پلووسرکان، عەزیزاوا و نارنجەک کە گرنگترین چەمی ناوچە چەمشوورە بە درێژایی (35) کیلۆمێتر و زۆربەی چەمەکان ناوچە ئەڕژێتە چەم تەرواڵ و لە کۆتایی ئەڕژێتە ناو زەریای کاسپییەن. هەر وەها شوێنگەلێکی سروشتیی زۆر خۆش وەکوو دۆڵ مەیهەم، قەسڵان، کانی شاپەسەن، ئاسفاوا، سەرتیپاوا، ئەمیناوا، هەوریە و مانگادۆڵ و قەسڵان بۆ حەسانەوەی ڕۆح زۆر خۆشن و گەشتیاران ڕوو لە ئەو شوێنگەلە دەکەن. بای زەلان، بای شەماڵ، ڕەشەبا و گەردەلوولان لەو ناوچە زۆرە و ئەم باگەلە تۆز و خۆڵی ناوچەکە ئەنێرن بۆ ناوچەگەلیتر و بۆیەش بە خاوێنترین شاری ئێران ناسراوە
دەرئەنجام:
قوروە هەم لە بواری ئابووری و هەم بەهۆی زەویوزاری پڕڕزق و کانزای زۆر یەکێکە لە گرنگترین و هەستیارترین شارەکانی کوردستان. هەر وەها بە هۆی جۆراوجۆری زمان و زاراوە و ئایین ئەتواندرێ بە شاری ڕەنگاورەنگییەکانی کوردستان لە کوردستان بێتە ژمار کە بەداخەوە بەهۆی کەمتەرخەمیی خەڵک خراوەتە پەراوێزەوە و خەسڵەتی دوورەپەرێزی لە شەڕ و ئاژاوە حەز بە پاراستنی حاشیەی ئەمن هەرگیز هەنگاوێکی جێددی یا بەهێز بۆ زیندووکردنەوەی مێژوو، کولتوور و …ئەم ناوچەی نەدراوە کە ئەم خەسڵەتی خاوندارێتینەکردن لە نیشتمان یەکێک بەهۆی ئەوەسە کە جۆراوجۆری زۆری هەیە و کەس خۆی بە خاونی رەسەنی ئەم ناوچە نەزانیوە و کوردەکان زیاتر لە کاتی پێناسەکردنی خۆیان ناوی گوندەکەیان دەڵێن و ناڵێن من قوروەییم بۆیەش خاونی ناڕەسەن کەڵک لە قوروەییبوون وەردەگرێ و هۆکاریتریشی ئەوەیە کە لە دەورەگەلێکی پێشووی خەڵک لە ژێر دەسەڵاتی میر و خان و … لە شەڕی جۆراوجۆر چەوسێندراونەتەوە بەڵام لە گۆرانییە کۆنەکانی فولکلۆر سکاڵا لە جەفای ڕۆژکار و ناڵین لە دۆخ بەڕوونی دیارە.
قوروه
شیوا میرهكی
بەراوردێك لەنێوان جاڕنامەی مافەكانی منداڵان و دۆخی منداڵان لە كوردستانی عێراق!.. نووسینی: رەهێن یاسین حەمەدئەمین
منداڵ لە رووی یاسایی و تەندروستیەوە وا پێناسەكراوە كە: مرۆڤێكە كە تەمەنی لە خوار 18 ساڵیەوەیە، ماف و بەرپرسیارەتی جیاوازە لە گەورە، بە تایبەتی لە بوارەكانی تەندروستی و تاوانكاریدا.
لەبەر ئەوەی منداڵ پێنەگەیشتووە لە رووی جەستەیی و هزریەوە بۆیە پێویستی بە رێوشوێنی تایبەتی پاراستن و جاودێری هەیە.
هەربۆیە نەتەوەیەكگرتووەكان جاڕنامەی مافەكانی منداڵی راگەیاند لە ساڵی 1989 بە مەبەستی پاراستنی مندالآن، لەم جاڕنامەیەدا كۆمەڵێك بەندی زۆر گرنگ هەیە لەم وتارەدا لە سەر تیشكی ئەو بەندانە هەڵسەنگاندنێك بۆ بارودۆخی مندالآن دەكەین لە كوردستانی عێراق.
1.جیاكاری نەكردن: دەبێت مندالآن هەموو مافەكانیان بۆ دابین بكرێت بە بێ لە بەرچاوگرتنی جیاوازی رەگەز و رەنگ و زمان و ئایین و بۆچوونی سیاسی یان جیاوازی چینایەتی.
جیاكاریەكی گەورەكە هەیە لە كوردستانی عێراق لە نێوان منداڵی دەوڵەمەند ە هەژار لە نێوان مندالآنی شار و لادی لە ڕووی دابینكردنی پێویستیەكانی ئاو كارەبا و خوێندن و تەندروستی و رێگاوبان و زۆر بواری تر، ئەم جیاكاریە كاریگەری گەورە دەكاتە سەر هەموو بوارێكی منداڵ بە تایبەتی دەروونی منداڵ.
- بەرژەوەندی مندالآن: دەبێت لە هەموو بوارەكاندا رچاوی سەرەكی بەرژەوەندی مندالآن بكرێت.
لە كوردستان لە هەموو بوارەكاندا بەرژەوەندی گەورەكان دەخرێتە پێش بەرژەوەندی مندالآنەوە. هەمیشە ئەوە گەورەكانن بڕیار بە دەستن، بە هیچ شێوەیەك پرس بە منداڵ ناكرێت تەنانەت لەو بوارانەش كە تایبەتە بە منداڵەكە بەتایبەتی لە بوارەكانی جیابوونەوەی هاوسەران منداڵ ناچار دەكرێت لای یەكیك لە دایك و باوك بمێنێتەوە بە بێ ئەوەی پرس بە منداڵ كرابێت، هەروەها لە كاتی دابەشكردنی میرات بە هێچ شێوەیەك كەس بیر لە بەرژەوەندی منداڵ ناكاتەوە بەڵكو گەورەكان بەرژەوەندی خۆیان دابین دەكەن و منداڵ پشتگوێ دەخەن ، زۆر جار تەنانەت بێ بەش دەكرێت لەم مافەیان یان هەوڵی بێبەشكردنی دەدرێت. - مافی ژیان و مانەوە گەشەكردن: هەموو منداڵێك مافی سروشتی ژیانی هەیە و لە سەر دەوڵەتە تا ئەوپەڕی توانای مانەوە و گەشەكردنی منداڵ مسۆگەر بكات.
لە كوردستان بە هوی كێشە و شەڕ و ململانێی نێوان پارتە سیاسیەكان و بوونی هیزی عەشیرەت و شەر و ململانێ نێو خۆیان زۆربەی جار منداڵان بوونەتە قوربانی، هەوەها بە هوی خراپی رێكاو بان و سیستەمی هاتووچۆوە منداڵ دەبێت بە قوربانی و ژیانی لە دەست دەدات، كەم نین ئەو چیرۆكە تراژیدیایانەی كە زۆر جار منداڵان ژیانیان لە دەست دەدەن بە هووی كێشە و گرفتی نێوان گەورەكانەوە. - چاودێری دایك و باوك: منداڵ مافی ئەوەی هەیە دایك و باوكی بناسێت و چاودێری بكرێت و پەیوەندی لە گەڵیان هەبێت تەنانەت ئەگەر ئەو دایك و باوكە جیاش بووبێتنەوە.
مندالآن لە كوردستانی عێراق زۆر جار رووی داوە بە هووی جیابوونەوەی دایك و باوكەوە منداڵ بێبەش دەكرێت لە بینینی دایك یان باوك بۆ چەندین ساڵ ئەم منداڵە حەسەرتی بینینی دایك یان باوكی هەیە، بێەبشكردنی منداڵ لە بینینی دایك یان باوك منداڵ تووشی دەیان گرفتی دەروونی و خەمۆكی و پەنابردن بۆ كاری نەشییاو دەبات. - پاراستن: دەبێت منداڵ بپارێزرێت لە هەموو جۆرەكانی توندوتیژی و پشتگویخستن و ئازاردان و دەستدرێژی سیكسی.
لە زۆربەی خێزانەكاندا لە كوردستانی عێراق هەتا ئێستایش لێدان و سوكایەتی و شكاندنەوەی منداڵ بوونی هەیە، لە زۆربەی قوتابخانەكان یان لێدان یان سوكایەتی و شكاندنەوەی منداڵ بوونی هەیە، منداڵ پشتگوێ دەخرێت لە لایەن خێزان و قوتابخانەوە ،گرنگی بە بۆچوون و قسەكانی نادرێت.
هەروەها دەستدرێژی كردنە سەر منداڵ هەیە بە تایبەتی لە ناو خێزاندا لە لایەن كەسانی نزیكی خێزان وەك باوك برا مام و خاڵ ئامۆزا و پورزا و خاڵۆزا و خزمەكانی منداڵەوە، یان لە قوتابخانە و گەڕەكاكاندا، بەلآم لەبەر ئەوەی منداڵا هوشیاریان نیە بەم كارە و لە ترسی دایك و باوك و ئابڕوونەچوونیان بە نهێنی ئازاری ئەم كارە قێزەوەنانە دەچێژن و توشی دەیان گرفتی دەروونی دەبن. - پەروەردە: منداڵ مافی دابینكردنی خوێندن و پەروەردە و گەشەدان بە توانا و بەهەركانی هەیە.
مندالآنی كوردستانی عێراق لە خراپترین ئاستی خوێندندان، قوتابخانە حكومیەكان لە هەموو روویەكەوە خراپە چ لە رووی خراپی بینا و كەرەستەكانی قوتابخانەوە بگرە تا دەگات بە داخستنی دەرگای قوتابخانەكان بۆ ماوەیكی زۆر بە هوی بایكۆتی مامۆستایانەو، یان خراپی وانەكانی خۆێندن بەراوورد بە ولآتانی پێشكەوتووی جیهان. - تەندروستی: مندالآن مافی ئەوەیان هەیە كە بەرزترین ئاستی تەندروسیتیان پێشكەش بكرێت.
ئاستی پێشكەشكردنی تەندروستی بە منداڵان لە نەخۆشخانەحكومیەكاندا لە كوردستانی عێراق لە خراپترین ئاستدایە، دكتۆرەكان زۆر بە خراپی ئەركەكانیان جێەبەجێ دەكەن و نەك هەر ئەوە بەڵكو لە رێگای نەخۆشخانە حكومیەكانەوە هەوڵ دەدەن نەخۆشەكان ئاراستە بكەن بۆ نورینگە تایبەتەكانی خۆیان لە دەرەوەی نەخۆشخانە، نەبوونی داودەرمان و پێویستیەكانی تری تەندروستی لە نەخۆشخانەكان گرفتی گەورەی دروستكردووە بۆ مندالآن .
لە كۆتایدا قسە زۆرە بكرێت سەبارەت بە خراپی بارودۆخی مندالآن لە كوردستان بەلآم ئەوەی گرنگە چارەسەر چیە ؟
دەبێت سیستەمی حوكمڕانی لە كوردستانی عێراق گۆرانكاری گەورە بكات بۆ دابینكردن و بەرگریكردن لە مافی مندلآن،هەروەها لە بەر رۆشنای جاڕنامەی مافەكانی مندالآن هەوڵ بدات گرفتەكانی مندالآن چارەسەر بكات و یاسای تایبەتی بۆ دەر بكات و كۆمەڵێك رێوشوێنی خێرا بگرێتەبەر بە مەبەستی باشتركردنی بارودۆخی مندالآن، دەبێت بە زووترین كات دەست بكات بە بڵاوكردنەوەی هوشیاری لە نێوان مندلآن و خێزان و قوتابخانەكاندا سەبارەت بە مافەكانی مندالآن یاسای توند دەربكات دژ بەو كەسانەی كە ستەم لە مندالآن دەكەن.
نووسینی: رەهێن یاسین حەمەدئەمین
28/08/2024
جیاوازییەکی ناپایەدار لە نێوان ئەوروپا و ئەمریکادا.. شورش عزیز سورمێ
کەلێنی نێوان ئەمەریکا و ئەوروپا تا دێت فراوانتر دەبێت. ئێستا پرسگەلێکی بێشومار هەن کە دوو جیهان لەسەریان دابەش بووە. لەسەر زیرەکی دەستکرد، ئەمریکا بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە ڕێگای ئازادکردنی تەواو و ڕێکخستنەوەی تەواوەتی گرتۆتەبەر. لەلایەکی دیکەوە، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە پاریس، بەگوێرەی ڕێسای AI کە پێشتر لە ساڵی ٢٠٢٤ پەسەندکرابوو، ستراتیژی ئەوروپی بۆ زیرەکی دەستکردی “مرۆڤانە” دەستیپێکرد.
لە بواری ژینگەدا، ئەمریکا بڕیاری داوە لە ڕێککەوتنی پاریس بکشێتەوە و قسەکانی ئینکاریکەرانی لە باوەش گرتووە. لە بەرامبەردا ئەوروپا دوای ڕێککەوتنی سەوزی نوێ، بەردەوامە لەو باوەڕەی کە بەردەوامیی دەبێت لە ناوەندیدا بمێنێتەوە، هەرچەندە بە هەندێک دەستکاری بەراورد بە هەڵوێستەکانی ساڵانی ڕابردوو (بڕوانە بڕیاری ڕێگەدان بە ئۆتۆمبێلی هایبرید لە دوای ساڵی ٢٠٣٥).
سەبارەت بە ئۆکرانیا، ترەمپ دەستی بە دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ پوتین کرد و بە تەواوی ڕاوێژکارییەکانی لەگەڵ هاوپەیمانانی ئەوروپی بەدەر کرد. یەکێتی ئەوروپا بە سەرسوڕمانەوە مایەوە و خۆی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا گۆشەگیر بوو. هەروەها هەڵوێستەکان سەبارەت بە ئیسرائیل و فەلەستین جیاواز بوون. جیاوازی هەڵسەنگاندن لە نێوان ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا لە چەند مانگی ڕابردوودا پێشتر بە ئاشکرا دیار بوو. بەڵام ئێستا ئەو بۆشاییە زیاتر گەشەی کردووە، ئەمەش دوای پێشنیارەکەی ترەمپ کە غەززە دەتوانێت بچێتە ژێر کۆنترۆڵی ئەمریکاوە.
هەروەها جیاوازی لەسەر ڕۆڵی ئایین لە کایەی گشتیدا سەرهەڵدەدات. لە کاتێکدا ئەوروپا بەدوای عەلمانیزمی شێوازی فەرەنسیدا دەگەڕێت، بە جۆرێک لە حەساسیەت بە هەر ئاماژەیەکی ئایینی، ترەمپ ئۆفیسی ئیمانی لە کۆشکی سپی دروستکردووە. ئاماژە ئاینییەکان لە وتارەکانیدا دووبارە دەبنەوە، لە کاتێکدا سیاسەتەکانی لایەنگری ژیان تەختەیەکی سەرەکی پلاتفۆرمی ئەون.
و هەموو ئەمانە لە پاشخانی ئەو باجە ڕاگەیەندراوانەدا کە ئیدارەی نوێی ئەمریکا خۆی ئامادە دەکات بۆ سەپاندنی بەسەر هاوبەشە ئەوروپییەکانیدا، لەگەڵ دەرئەنجامە ئابووری و کۆمەڵایەتییە جدییەکان و تۆڵەسەندنەوەی حەتمی (و پێشتر ڕاگەیەندراو) لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە.
ئەستەمە ساتێکی مێژوویی لە هەشتا ساڵی ڕابردوودا بەبیر بهێنینەوە کە جیاوازییەکان ئەوەندە زۆر و ئەوەندە جەوهەری بوون. بۆیە پرسیارەکە ئەوەیە کە هەموو ئەمانە ڕەنگە چی بەدوای خۆیدا بهێنێت. لانی کەم تا ئێستا پێدەچێت هیچ کاریگەرییەک لەسەر سەقامگیری ناتۆ نەبێت. بەڵام دۆخی ئۆکرانیا هەندێک سێبەر دەخاتە سەر داهاتووی هاوپەیمانییەکە. لە چوارچێوەی ڕێکخستنەوەی هاوسەنگییە سیاسییە جیهانییەکان، دوورکەوتنەوە لە نێوان ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا دەتوانێت لێکەوتەی بەرچاوی مامناوەندی هەبێت.
ئەوەندەی پەیوەندی بە ئەوروپاوە هەیە، دەرئەنجامی ئەم هەڵچوونە خێرایانە زۆر ڕوونە. بارودۆخە نوێیەکە حاڵەتێکی نائاسایی ڕاستەقینە بۆ یەکێتی ئەوروپا پێکدەهێنێت، کە خۆی لە گۆڕەپانێکی مێژووییدا دەبینێتەوە: بڕیاردان لەسەر ئەوەی کە ئایا وەک قەوارەیەکی سیاسی بوونی هەبێت یان هەڵوەشانەوە لە فرەیی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانیدا.
دۆخەکە ئاسان نییە، چونکە چوارچێوەی ئەوروپی زۆر ناسکە. ماکرۆن لە فەرەنسا بەشێکی زۆری پشتیوانی جەماوەری لەدەست داوە و ناتوانێت ڕۆڵێکی باوەڕپێکراو لەسەر شانۆی ئەوروپا بگێڕێت. ئەڵمانیا قەیرانێکی ئابووری و سیاسی جددی بەخۆیەوە بینیوە. فریدریش مێرز، پاڵێوراو بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا ببێتە ڕاوێژکاری زانکۆ، تازە هەنگاوێکی هەڵەی ناوە بە هەوڵدان بۆ هاوپەیمانی لەگەڵ پارتی دیموکراتی لە پرسی کۆچبەریدا. بەڵام لە دەرەوەی ئەم ڕووداوە، مەترسییەکە ئەوەیە کە سەرکەوتنی ئەگەری CDU جارێکی دیکە لۆژیکی خۆپارێزی بەسەر تەواوی کیشوەری ئەوروپادا بسەپێنێت، کە کاریگەرییە وێرانکەرەکانیشی لەگەڵدایە. لە ئێستادا ئیتاڵیا وەک ئەو وڵاتە ناوزەد دەکرێت کە دەتوانێت وەک پردێک بۆ ئەمریکا مامەڵە بکات، هەرچەندە، لەو دۆخەی باسکراوە، ئەمە پێگەیەکی زۆر قورسە بۆ پاراستنی. لەبیرمان نەچێت، سەرەڕای لێهاتوویی سیاسی سەرۆک وەزیران، حکومەتی ئیتاڵیا بەشێک نییە لە زۆرینەی ئەوروپا. بۆیە بەدووری نازانرێت بتوانێت سەرکردایەتییەکی بەرچاو لە ئاستی کیشوەرەکاندا بەدەستبهێنێت. بە کورتی ڕووبەڕووبوونەوەی بڕیارە تەقینەوەکانی ترەمپ پێویستی بە یەکگرتوویی و ورەی سیاسی دەبێت. بەڵکو یەکێتی ئەوروپا خۆی بە دابەشبوون و لاواز دەبینێتەوە.
موعجیزەیەک پێویستە. ڕەنگە ڕاوێژکاری داهاتووی ئەڵمانیا (چ مێرز بێت یان کەسێکی تر) توانای پێشکەوتنێکی هەبێت، ئەو چەقبەستووە بشکێنێت کە یەکێتی خۆی تێیدا دەبینێتەوە و دەستپێشخەرییەک بۆ پێکەوە کۆکردنەوەی پارچەکانی پلانێک کە مەترسی لەیەکترکەوتنی لەسەرە.
بێگومان پەیمانی ماستریخت ناتوانێت مۆدێل بێت. زەمەن گۆڕاوە. ئەوروپا بەپەلە پێویستی بەوەیە ببێتە یەکێتییەکی سیاسی کە وێڕای ڕێزگرتن لە دەوڵەمەندییە نەتەوەییە زۆرەکانی، دواجار بتوانێت هەڵبژاردن بکات و ئامرازی حوکمڕانی پێویستی هەبێت بۆ مانەوە لە دەریا تۆفاناوییەکانی جیهانی هاوچەرخدا. ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر ئەوروپا پێویستی بە گەشبینی ئیرادە هەیە بۆ ئەوەی لە ڕەشبینی عەقڵ بەهێزتر بێت.
گۆڕانکارییەکانی عێراق: “هەڵبژاردنی پەرلەمان” یان کێبڕکێی “مافیا چەکدارەکان”.. ڕەحمان حوسێن زادە
کۆمۆنیست هەفتانە دەپرسێت؟ نمایشی “هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق” لە بەردەوامیدایە و بەم زووانە لە ١١ی تشرینی دووەمدا لە سەرانسەری عێراق دەنگدان بەڕێوەدەچێت. هەردوو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق و کوردستان بۆ یەکەمجار بە پاڵپشتی کاندیدێک بە ناوی “سائره یوسف عەزیز” کاندیدی سەربەخۆی ژمارە ٣٤٢ بانگەوازی بەشداری لەم “هەڵبژاردنە”یان ڕاگەیاندووە. لێمان دەپرسن، هەڵوێستی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری – حیکمەتیست لەم بارەیەوە چییە؟ تکایە بە کورتی ڕوونی بکەنەوە؟
ڕەحمان حوسێن زادە: با قسەی کۆتاییمان هەر لە سەرەتاوە باس بکەین. حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران – حیکمەتیست ڕەخنەی جیددی لە تاکتیکی سیاسیی بەشداریی هەردوو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق و کوردستان لە نمایشی “هەڵبژاردنی پەرلەمانی” عێراق هه یه و دژیەتی. هۆکارەکانمان لە ڕێگەی نامەیەکەوە لە لایەن مەکتەبی سیاسی حزبەوە چەند ڕۆژ لەمەوبەر، واتە لە ٤ی تشرینی دووەم (هەفتەیەک پێش ڕۆژی دەنگدان) بۆ کۆمیتەی ناوەندیی هەردوو حزب نارد و پێشنیازێکی دیاریکراومان بۆ وازهێنان لە سیاسەتی ئێستای ناله بار و بەرگرینەکراوی هەردوو حزب خستەڕوو. وەڵامەکەی من لێرەدا بەشێکە لەو نامەیە.
ئێمە و بە دڵنیاییەوە هەردوو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق و کوردستانیش لە ڕاگەیاندن و نووسینەکانیاندا جەختیان لەسەر کردووەتەوە و لەسەر ئاستی گشتی جیاوازیی ڕا نەبووە کە پێمان وایە “پەرلەمان و پەرلەمانتاریزم” تەنانەت لە وڵاتانی ئەوروپی و ڕۆژئاوا و بەناو “لانکەی دیموکراسی” ئامرازێکە لە خزمەت پتەوکردنی دەسەڵاتی سەرمایەداری و سیستمی چینایەتیی چەوسێنەر و دۆزەخی ئێستا. کە نەک هەر گۆڕانکاری، بەڵکو چاکسازی و باشتربوونی بەرچاو لە بەرژەوەندی خەڵک لە ڕێگەی “پەرلەمان”ەوە ناڕوات. بەڵام جەختکردنەوەی تایبەت و جیاوازی حزبی حیکمەتیست ئەوەیە کە بەشداری لە پرۆسەکانی بەناو “هەڵبژاردنی پەرلەمانی” بۆ حزبە کۆمۆنیستی و کرێکارییەکان ڕێکارێکی ڕۆتینی و به رده وام و یاسا نییە، بەڵکو لە حاڵەتە تایبەتەکاندا دەبێت بە شێوەیەکی تایبەت و دیاریکراو تاوتوێ بکرێت و بەشداری بکرێت. بە شیکاریی دیاریکراو بۆ تایبەتمەندییەکانی دۆخی سیاسی و هاوکێشەکان و ڕێژەی هێزەکانی نێوان لایەنە بەشداربووەکان و ئامادەبوو لە گۆڕەپانی سیاسیدا، چ حکومەت و چ ئۆپۆزسیۆن لە هەر وڵاتێکدا، بە لەبەرچاوگرتنی هێز و تواناکانی کۆمۆنیستەکان و لە گۆشەنیگای خستنەڕووی بەرژەوەندی کرێکاران و خەڵک و بەرگریکردن لێی لە سەکۆکانی “پەرلەمانی” لە حاڵەتە دیاریکراوەکاندا بڕیار لەسەر بەشداری یان بەشدارینەکردن لە پرۆسەی “هەڵبژاردنی پەرلەمانی بۆرژوازی” دەدرێت. بڕیاردان لەسەر ئەم پرۆسەیە لە وڵاتانی دیکتاتۆری و خنکێنەر، و لە وڵاتێک وەک عێراق کە تەواوی سیستم و “پەرلەمان” لەلایەن مافیا چەکدارە ئایینی و نەتەوەیی و نەتەوەییەکانەوە کۆنترۆڵ دەکرێت، پێویستی بە وردبینی و هەستیارییەکی زۆر هەیە.
لەو بارەیەوە بۆ ئەوەی وێنەیەکی ڕاستمان هەبێت، لە وڵاتی عێراقدا ئێمە ڕووبەڕووی “پەرلەمان و پەرلەمانتاریزمی” بۆرژوازی ئاسایی نین، نەک تەنها وەک وڵاتانی ئەوروپی، بەڵکو وەک وڵاتانی “تورکیا و پاکستان” و هاوشێوەکانیان. پێکهاتەی حکومەتی عێراق کە پەرلەمان و حکومەت و پێکهاتەکانی تری دەگرێتەوە، بەرهەمی “گۆڕینی ڕژێم”ە دوای داگیرکردنی عێراق و ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس لەلایەن ئەمریکا و بەریتانیاوە. هەر لە سەرەتاوە لە پێکهاتەی سەپێنراو و لەسەر سەری خەڵکی عێراقەوە، پۆلێنکردن و دەسەڵاتی هێزە چەکدارەکانی “شیعە، سوننە، کورد” وەک سیناریۆی ڕەش چەسپێنراوە. “پەرلەمان” ئامرازی داپۆشینی ڕەسمی دانە بە مەودای دەسەڵاتی مافیا چەکدارەکانی سەر بەم سێ فراکسیۆنە دواکەوتووەیە. گۆڕەپانی “هەڵبژاردن” گۆڕەپانی نمایشکردنی هێزی مافیا چەکدارەکانی سەربه ئەمریکا و یان سەر به کۆماری ئیسلامین. بە قسەی خۆیان پۆستە سەرەکییەکان و دامودەزگاکانی سەر بەوان، واتە سەرۆک وەزیران، سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆک کۆمار، لە نێوان هەر سێ فراکسیۆنەکەدا پێشتر دابەش کراون. پەرلەمان و بە تایبەتی سەرۆک وەزیران و کابینەکەی بە ڕەزامەندی و ڕاوێژی ئەمریکا یان کۆماری ئیسلامی یان ڕێککەوتنی نێوان ئەو دوو حکومەتە دەست بە کارەکانیان دەکەن. لەم سیناریۆیەدا کە پێشتر داڕێژراوە، نوێنەرانی ئامادەبوو لە پەرلەمان ڕۆڵی ڕازاندنەوەی شەرعییەتدان بەم پێکهاتە دژە خەڵکییە دەگێڕن. بێگومان بۆ پاراستنی ڕواڵەت، ژمارەیەکی کەم نوێنەرایەتی (کورسی) بۆ نوێنەرانی “سەربەخۆ” بە ناوی کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکانەوە تەرخان کراوە. هەر تاک و گرووپێکی کەم کەسەیی “نوێنەرانی سەربەخۆ”ی سەر بە یەکێک لە کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان بۆ بردنە پێشەوەی بەڵێنێکی “هەڵبژاردن”ی خۆیان و جێبەجێکردنی، بەبێ سازش و نزیکبوونەوەی کاتی یان درێژخایەن لەگەڵ یەکێک لەم سێ باندە سیناریۆی ڕەشە لەناو پەرلەماندا ناتوانن کارێک بکەن. هیچ پشکێک بۆ لایەن و دامودەزگا سێکولارە ناناوچەیی و نائایینییەکان تەرخان نەکراوە. ئایا لەم جۆرە “پەرلەمانه دا” دەرفەتی جێبەجێکردنی لانیکەم چاکسازی و باشتربوون و پەسەندکردنی یاسایەکی پێشکەوتوو لە بەرژەوەندی خەڵکی عێراقدا هەیە؟ وەڵامەکەی ئێمە نەرێنییە.
سەرەڕای ئەمەش، هێشتا ئەم بیانووە دەتوانێت کاریگەر بێت، کە بە ئامادەبوون لەم “پەرلەمانە و بەدەستەوەگرتنی سەکۆیەکەی” دەکرێت، دژی سیستەم و حکومەت و یاسای بۆرژوازی و دواکەوتووە باڵادەستەکان کاری وشیاردرانه بکرێت، لە پێناو ئامانجەکانی کرێکاران و خەڵک هۆشیاری بڵاوبکرێتەوە، دەنگی ناڕەزایەتی خەڵک لەوێدا ڕەنگدانەوەی هەبێت. و …
هەرچەندە لە دۆخی بوونی ڕێگری قورس و هەڕەشە و سنووردارکردنی جیددی لە پێکهاتەی “پەرلەمانی پووچی عێراق”دا، هەر ئەم کارەی هۆشیارکردنەوە و ئاشکراکردنەوە زۆر بە سەختی جێبەجێ دەبێت، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە لە بابەتی ئێستای جیگای گفتوگۆمان، ئامادەبوونی ڕاستەوخۆی کاندیدەکانی هەردوو حزب بەپێی ڕێسا و یاساکانی “کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان” نەکراوە. لە یەکەم ڕاگەیەندراوی هاوبەشی هەردوو حزب لە نیوەی یەکەمی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥دا کە بانگەوازی خەڵکی بۆ بەشداری لە نمایشی “هەڵبژاردنەکانی” کردووە، لەو دەقەدا هاوڕێیانمان خۆیان نووسیویانە، “بەڵام بەداخەوە بەهۆی چەند کەموکوڕییەکی یاسایی پەیوەندیدار بە مەرجەکانی بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا، ڕێگە نەدرا ناوی ئێمە لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکاندا تۆمار بکرێت. بەم هۆیەشەوە دەرفەتیک که هؤلی پەرلەمان بکه ین به گۆڕەپانی خەبات لە پێناو مافەکانتان لەدەستدا. ….! لە ئەنجامدا بە قسەی خۆیان ئامانجی سەرەکی بەشداری لەم گاڵتەجاڕییەدا لەدەستدراوە، واتە دەرگای چوونە ژوورەوەی نوێنەرانی کۆمۆنیستی ئەم دوو حزبە لەوێدا داخرا بۆ ئەوەی لە پەرلەماندا دەنگی کرێکار و ئازادیخوازی نوێنەرایەتی بکرێت، وەک لە یەکەم بانگەوازدا ئومێدی پێکهێنانی “فراکسیۆنی حزبی” لە پەرلەمان خرایەڕوو. بەڵام دژواریی و ناکۆکییە لەوێدایە کە لە یەکەم ڕاگەیەندراودا هاوڕێیان وەستانێکیان نەکردووە و بانگەوازی خەڵکیان کردووە، لە پرۆسەی “هەڵبژاردنی پەرلەمان”دا بەشدار بن، بەڵام کاندیدەکانی ئێمە لە ئامادەبوون لە “پەرلەمان”دا بێبەشن؟!هه لؤیستیکی سه یرنییه؟!
بۆ تێکشکاندنی ئەم ناکۆکییە، پەنایان بۆ شێوازێکی سیاسیی بەرگرینەکراوتر و هەڵەتر بردووە. ئەویش کەمکردنەوەی ڕۆڵی هەردوو حزبە بۆ کەمپەینێکی بانگەشەیی مانگێک، و لە دوو هەفتەی کۆتاییدا لە دەوری پشتگیریکردن لە کاندیدێکی جێگرەوەی “سەربەخۆ” کە مەیلی بۆ پشکی کەمینەی کریستیانە نزیک لە حزبی شیوعییە. لە لێدوان و نووسینەکانی ئەندامانی سەرکردایەتیی هەردوو حزبدا ئەم سیاسەتە ناکۆک بە شێوازە بنەڕەتی و دروستەکە بەم شێوەیە ڕوون کراوەتەوە. کە لە “قۆناغی گەرموگوڕی هەڵبژاردنەکاندا، ڕۆژی کۆتایی دەنگدان و هەڵبژاردن و بردنەوە یان نەبردنەوەی کاندیدی مەبەست لای ئەوان گرنگ نییە!؟. بەڵکو کەمپەینی مانگێک بانگەشە و بەشداریی چالاکانە تیایدا بۆ ناساندنی سیاسەت و کەسایەتییەکانی حزب گرنگە.” گرتنەبەری ئەم شێوازە واتە گۆڕینی کاراکتەری ئەو جووڵەیە کە بڕیار بوو، ئەوەی لێ بکەوێتەوە، لە کاتی هەڵبژاردنی نوێنەرانی هەردوو حزب لە ماوەی چوار ساڵی “پەرلەمانی بۆرژوازی” و بیرکردنەوە لە بوونی “فراکسیۆنێکی حزبی” گۆڕەپانی “پەرلەمان” بکەنە گۆڕەپانی بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانی کرێکاران و خەڵک و هۆشیارکردنەوە و ئاشکراکردنی بێوچانی دژی مافیا باڵادەستەکان بەسەر چارەنووسی خەڵکدا. هەر بەم هۆیەشەوە بە گشتی کۆمۆنیستەکان و ئەم دوو حزبەش ئامادەبوون تێچووی سیاسی نەرێنی و کاتیی داننان بە پرۆسەی گاڵتەجاڕی “هەڵبژاردنی پەرلەمانی بۆرژوازی”دا قبووڵ بکەن، بەو ئومێدەی کە دەستکەوتێکی سیاسی بەرزتر و بەردەوامتر بە ئامادەبوونی نوێنەرەکانیان لە “گۆڕەپانی پەرلەمان” بۆ ماوەی چوار ساڵ بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانی کرێکاران و خەڵک بەدەست بێنن و هەست بکەن بە گشتی لە بەرژەوەندی بەرەی کرێکار و کۆمۆنیزمە لە ململانێ سیاسییەکانی کۆمەڵگادا. ئێستا و هەر لە سەرەتای کاردا بەپێی یاسا و ڕێساکانی دواکەوتوویی “کۆمیسیۆنی باڵای گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنەکان” دەرگای چوونە ژوورەوەی نوێنەرانی هەردوو حزب داخرا. هاوڕێیانی سەرکردایەتیی هەردوو حزب دەبوو بە خستنەڕووی ڕێگرییە دروستکراوەکان، تاکتیک و شێوازێکی سیاسیی کاریگەر و بەرهەمدارتریان بگرتایەتەبەر. بە پاساوەکانی ئێستا و بە ناوی دەستتێوەردانەوە ڕۆڵی هەردوو حزب بۆ “کەمپەینی چالاکانەی مانگێک” و لەم دواییانەشدا بۆ بەرگریکردن لە کاندیدێکی “سەربەخۆ”ی ناسۆسیالیست کەم نەکەنەوە. لە واقیعدا هەر جووڵەیەک ئامانجێکی سەرەکی هەیە. کەمپەینی هەڵبژاردن بۆ هەر لایەنێک ئامانجی سەرەکیی هەڵبژاردنی کاندیدی مەبەستە. بە هەر هۆکارێک ئەم ئامانجە دابین نەکرێت، لە دنیای سیاسەتدا دەڵێن، ئەو لایەن و حزبە نەگەیشتە ئامانجەکەی. لە هەمان هەنگاوی یەکەمدا بە مەرج و ڕێساکانی “کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان” هەردوو حزب نەگەیشتنە ئامانجی ناردنی کاندیدە ڕاستەوخۆکانی خۆیان بۆ “ناو پەرلەمان”. چاوەڕوان دەکرا، سەرکردایەتیی هەردوو حزب ئەم ڕاستییەیان بناساندایە، لە بری سیاسەتی خۆدڵخۆشکردن “بۆ ئێمە دەنگهێنان و بوونی نوێنەر لە پەرلەماندا” گرنگ نییە و ئامادەبوون لە “کەمپەینی بانگەشەیی مانگێک” گرنگە، پرسیارەکە بە ئارەزووی خۆیان نەگۆڕن. ئامانجی کەمپەینی بەشداری لە “هەڵبژاردنەکان” بە مەبەستی بوونی نوێنەر لە “پەرلەمان”دا لەگەڵ ئامانجی “کەمپەینی بانگەشەیی” و ناساندنی سیاسەت و کەسایەتییەکانی حزب دوو ئامانجی جیاوازن، هەرچەندە ئەم دوو کەمپەینە تەواوکەری یەکتر بن. لۆژیکی بوو، لە بری پشتگیریکردن لە کاندیدێکی جێگرەوە کە ڕۆڵێکی بەرچاوی لە گۆڕانکارییە خەباتگێڕییەکانی چەندین ساڵەی کۆمەڵگەی عێراق و کوردستاندا نەبووە و لە بری کەمکردنەوەی ڕۆڵی هەردوو حزب بۆ کەمپەینچیی مانگێک، نەخشەیەکی کاریگەرتر بگرتایەتەبەر، لەوانە بایکۆتێکی چالاک و کاریگەر، بە تایبەتی بۆ ناساندنی کەسایەتییەکان و سیاسەتە جیاواز و دژە باوەکانیان لە بەرامبەر تەواوی بەرەی دواکەوتووی مافیایی باڵادەست و لە ڕەتکردنەوەی گاڵتەجاڕی “هەڵبژاردنەکانی” ئەوان. لێرەدا ئاماژە بەم خاڵەش دەکەم، لە لێدوانەکانی هاوڕێیاندا “بایکۆت” وەک سیاسەتێکی پاسیفیستی ناسێنراوە. لێرەشدا بێوردبینییەکی سەیر بەدی دەکرێت. چالاکبوون و نەبوونی سیاسەتی بایکۆت یان بەشداری لە پرۆسەکانی هەڵبژاردندا وردبینانە بۆ هەر یەکێک لەم شێوازانە پەیوەستە بە بوونی نەخشەیەکی داهێنەرانە، سەرکردایەتی و هێز و ڕێکخستن و کاردانەوەکان بۆ هەر یەکێکیان. بەشداری یان بایکۆت لە خۆیدا پاسیفیستی نین، پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەو حزبانه و لایەنانەی سیاسەتی بەشداری یان “بایکۆتی چالاک و هێرشکارانە”یان گرتووەتەبەر، بە شێوەیەکی داهێنەرانە ئەو پرۆژە و سیاسەتە جێبەجێ دەکەن یان نا؟ ئایا هێز و توانای جێبەجێکردنی چالاکانەی سیاسەتەکەیان هەیە یان نا؟ بۆ نموونە ئەزموونی ئێمە لە زیاتر لە سێ دەیەی ڕابردووی دۆخی سیاسیی ئێران وەک کۆمۆنیزمی کرێکاری و ئەو حزبانەی بەو ناوەوە ناسراون کە هاوڕێیانی هەر دوو حزب بەشێک بوون لە کەمپەینەکانماندا، لە قۆناغەکانی “گاڵتەجاڕیی هەڵبژاردنەکانی” کۆماری ئیسلامی، بە تایبەتی لە قۆناغی نمایشی “هەڵبژاردنەکانی” بەناو دووەمی خەردادی خاتەمی یان لە قۆناغی بزووتنەوەی سەوزی موسەوی، و کەمپەینی وەنەوشەیی ڕۆحانی ئەویش لە کەشێکی ستەمکارانە و زۆر خنکێنەری ئێراندا بە گرتنەبەری سیاسەتی “بایکۆتی چالاک و هێرشکارانە” ڕۆڵێکی گرنگیان لە ناوەوە و دەرەوە و لە پوچه لکردنه وه ی فێڵەکانی کۆماری ئیسلامی و باڵەکانی، لەوانەش چاکسازخوازەکان و بزووتنەوەی سەوزی و میانڕەوەکان و تەنانەت شوێنکەوتووانیان لە نێوان ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوازیدا بینی. بە بڕوای ئێمە لە کۆمەڵگەی عێراقدا کە ڕقی لە دەسەڵاتی دەستە و تاقمە مافیاییە چەکدارەکانی شیعە و سوننە و کورد و ڕقی لە دۆخی “هەڵبژاردنەکانی” پەرلەمانی ناوزڕاو و دژە خەڵکی ئەوانە، دەکرا و دەکرێت و زەمینەیەکی جیددی هەیە ڕقی ئەو کۆمەڵگایە نەک بەلای بەشداری لە “هەڵبژاردنەکان” و دەنگدان بە کاندیدێکی “سەربەخۆ” و ئومێد و چاوەڕوانکردنی ڕۆڵی نوێنەرێک هەرچەندە ڕێزدار بێت لەناو پەرلەمانێکی ٣٢٩ کەسی تەواو نەتەوەیی-ئایینی دواکەوتوودا ئاڕاستە بکرێت و بە جۆرێک دۆخەکە ئارام بکرێتەوە. بەڵکو کۆمۆنیستەکان بە ڕەتکردنەوەی چالاکانەی نمایشی “هەڵبژاردنەکان” بە داهێنان و بە نەخشەیەکی چالاکانە ڕق و ناڕەزایەتی خەڵک ئاڕاستەی هۆشیاریی زیاتر بکەن سەبارەت بە “پەرلەمان” و تەواوی سیستەمی ستەمکار باڵادەست و یەکگرتن و ڕێکخستن و ڕێکخراوکردن لە دەوری سیاسەتی کۆمۆنیستەکان و خودی ئەم دوو حزبە. لەسەر ئەم بنەمایە بە سیاسەتی بایکۆتێکی هێرشکارانەی چالاک و داهێنەرانە و نوێخوازانە ڕۆژانە لەم قۆناغە گەرمەی گفتوگۆ و ململانێ سیاسییەکانی “هەڵبژاردن”دا سیاسەتی جێگرەوەی ڕادیکاڵ و کۆمۆنیستی لەسەر زمانی چالاکوانان و کەسایەتییە کۆمۆنیست و ڕادیکاڵەکان و ئەندامانی سەرکردایەتی و چالاکوانانی ئەم دوو حزبە و ڕێکخراو و دامودەزگا کۆمۆنیستییەکانی تر لە هەر کۆڵان و گەڕەکێکدا نوێنەرایەتی بکرێت و لە کرێکاران، ژنان و لاوان و خەڵکی عێراق داوا بکرێت ڕق و بێزاری لە مافیا باڵادەستەکانی عێراق بگۆڕن بۆ یەکگرتن و ڕێکخستن و کۆکردنەوەی هێز بۆ یەکلاکردنەوەی یەکجارەکی لەگەڵ لایەنە دواکەوتوو و دژە خەڵکییەکان.
بە لەبەرچاوگرتنی ڕوونکردنەوەکانی سەرەوە و وەک لە نامەی ٤ی تشرینی دووەمدا بۆ کۆمیتەی ناوەندیی هەردوو حزبمان نووسی، بە دڵسۆزییەوە ڕەخنەی خۆمان لەگەڵ هاوڕێیاندا گواستەوە، لێرەدا بەشێک لەو نامەیە بیردەخەمەوە، کە ڕامانگەیاند، “بەپێی لێکدانەوەی دیاریکراوی ئێمە بۆ دۆخی سیاسیی ئێستای عێراق و دابەشبوونی لایەنە ئایینی و نەتەوەیی و قومییەکان و دابەشکردنی پێشوەخت و داڕێژراوی “پەرلەمان”ی ئێستای عێراق لە نێوان سێ فراکسیۆنی زۆر دواکەوتووی “شیعە و سوننە و کورد” کە هیچ دەرفەتێک بۆ دەرکەوتنی کاریگەریی لایەنەکانی تر بە تایبەتی کاندیدە چەپ و ئازادیخواز و سەربەخۆکان ناهێڵێتەوە، بە بڕوای ئێمە بانگەوازی بەشداری لە پرۆسەی ئێستای “هەڵبژاردنی پەرلەمانی” عێراق تاکتیکێکی زۆر زیانبەخشە بۆ هەردوو حزب و بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و کرێکاری لە عێراق و کوردستان. بەم هۆکارانە:
١- پرۆسەی ئێستای نمایشی “هەڵبژاردنی پەرلەمانی” عێراق بەپێی بەڵگە و شایەتحاڵی زۆر و لەوانەش بە لەبەرچاوگرتنی ڕاگەیەندراو و نووسینەکانی خودی هاوڕێیانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان کە ئێمە خوێندوومانەتەوە، کەمترین لێکچوونی تەنانەت لەگەڵ ڕێکاری ئێستای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی بۆرژوازیش نییە. سەرەتاییترین ڕێسا و یاساکانی کەشێکی گونجاو بۆ دەنگدانی هاوڵاتیان و تەنانەت چالاکییەکانی کاندیدە “سەربەخۆ و تاکەکەسییەکان” بوونی نییە. “کەمپەینەکانی هەڵبژاردن” بوونەتە گۆڕەپانی هەڕەشە و ترساندن و توندوتیژی دژی هاوڵاتیان و لە یەک حاڵەتدا تیرۆرکردنی کاندیدێکی ئۆپۆزسیۆن لەلایەن مافیا باڵادەستەکانی عێراق و کوردستانەوە. کڕین و فرۆشتنی دەنگ تەنها یەک نموونەیە لە قووڵایی گەندەڵییەکی بەرفراوان لەم پرۆسەیەدا کە بەناو هەڵبژاردنە. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا لەم وه ها دۆخێکدا دەنگی ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی و دادپەروەریخوازی تەنانەت لەسەر ئاستی هۆشیارکردنەوە و ئاشکراکردنەوە سەبارەت بە دۆخی پڕ مەینەتی باڵادەست و دژی لایەنە ڕەشە ئایینییە سوننە و شیعە و ناسیۆنالیستییەکان لە “پەرلەمان” و لە ئاشکراکردنیاندا کە دەسەڵاتیان لە عێراق و کوردستان گرتووەتە دەست، ڕاستەقینە نوێنەرایەتی دەکرێت؟ بە بڕوای ئێمە چنین دەرفەتێک بوونی نییە.
٢- خاڵێکی گرنگی دیکە ئەوەیە کە ئاگادار بوینەوە هەردوو حزب بە هۆکاری جیاواز ناتوانن کاندیدی سەربەخۆی خۆیان هەبێت. لە ئەنجامدا، لە دۆخێکدا کە بە هەر هۆکارێک پێویستییەکانی ئامادەبوونی ڕاستەوخۆی کاندیدەکانی هەردوو حزب لە پرۆسەی “هەڵبژاردنەکان”دا نییە، هەر ئەم هۆکارە پاساوێکی قایلکەر بوو بۆ بەشدارینەکردنی هەردوو حزب لە نمایشی “هەڵبژاردندا”. هەر ئەم بەربەستە ئیداری و یاساییەش دەتوانرا ئاشکرا و شەرمەزار بکرێت. نوێنەرایەتی نەکردنی هەردوو حزب لەلایەن کاندیدێکی متمانەپێکراو و پابەند بە ستراتیژ و تاکتیک و سیاسەتی ناسراوی هەردوو حزب، ئەویش لەناو پەیوەندییە پڕ لە گرێ و گۆڵەکانی “پەرلەمان”دا کە پێشتر لەلایەن لایەنە ئایینی و نەتەوەییەکانی سیناریۆی ڕەشەوە داگیرکراوە، پێچەوانەی خۆی لێدیته وه و وەک تەقەکردن لە قاچی خۆت وایە.
٣- هەردوو حزب پشتگیرییان لە کاندیدبوونی خاتوو “سائره یوسف عەزیز” کاندیدی سەربەخۆی ژمارە ٣٤٢ کردووە. بە ڕوونی بە بڕوای ئێمە هەر ئەم هەڵبژاردنە بەڕاستی سه رسورهینه ره. بەم هۆکارانە: أ: بە گریمانەی هەڵبژاردنی، ئەم کەسە هەرچەندە هەوڵیش بدات، لە نێوان ٣٢٩ “نوێنەر”ی پشت بە هەڕەشە و زۆرداری و چەکی دەستە و تاقمە شیعە و سوننە و کوردییەکان لەناو “پەرلەمان”دا ناتوانێت کەمترین چاکسازی و گۆڕانکاری بکات. ب: جگە لەوەش مەترسی گەورە لەوێدایە لە کاتی هەڵبژاردن و ئامادەبوونی چوار ساڵەی ئەم کەسە لە پەرلەمانی عێراقدا، هەردوو حزب بە چ میکانیزمێکی سیاسی و کرداری دەتوانن دڵنیابن کە کار و بڕیارەکانی ئەم کەسە لەو چوار ساڵەدا دژی پلاتفۆرمی بەڵێندراوی ئێستای و پێچەوانەی بنەما سیاسی و کۆمەڵایەتییە ناسراوەکانی هەردوو حزب نابێت. بە دڵسۆزییەوە بڵێین بۆ ئێمە قبوڵ نەکراوە کە چۆن دوو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری لە عێراق و کوردستان بۆ چوار ساڵ متمانەی خۆیان لەپشت کەسێک دادەنێن کە هیچ پابەندبوونێکی سیاسی و ڕێکخراوەیی و بنەمایی بەرامبەر بەم دوو حزبە نییە. لە کاتێکدا هەر کار و بڕیارێکی ئەرێنی یان نەرێنیی ئەو لەسەر حسابی حزبە پشتگیریکارەکانی دەنووسرێت.
لە کۆتاییدا پێشنیازێکی دیاریکراومان هەیە. ئەم پرۆسە زیانبەخشە دەکرێت ڕاگیرێت. هێشتا هەفتەیەک (ئێستا چوار ڕۆژ) ماوە بۆ ١١ی تشرینی دووەم، ڕۆژی دەنگدان. بەڵگە و بینراوەکان لە پرۆسەی سیاسی و کرداریی گەندەڵ و پڕ لە هەڕەشە و زۆرداری “کەمپەینەکانی هەڵبژاردنی مافیا ئایینی و ناسیۆنالیستییەکان” لە عێراق و کوردستان دژی هاوڵاتیان بە ڕادەی پێویست هۆکاری قایلکەریان دابین کردووە، بۆ ئەوەی هەردوو حزب بە هۆشیارییەکی ڕوون ڕابگەیەنن کە ئەم پرۆسە پڕ لە دژایەتیکردنی بەرژەوەندییەکانی خەڵک بەردەوام ناکەن. بۆ نموونە لە بەشی کۆتایی ڕاگەیەندراوی ٢٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ی خودی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستاندا نووسراوە: ”ئەم هەنگاوانە زیاتر لە پێشتر گەندەڵی پرۆسەی هەڵبژاردن و دەنگدان لەلایەن خەڵکی عێراق و کوردستانەوە نیشان دەدات و سروشتی هەڵبژاردن و دەنگدانی بۆرژوا میلیشیایی فەرمانڕەوایانی عێراق و کوردستان و بانگەشەکانیان سەبارەت بە دروستکردنی گۆڕانکاری لە ژیان و باشترکردنی داهاتووی سیاسی لە ڕێگەی پەرلەمانەوە زیاتر ئاشکرا دەکات”. (وەرگێڕان لە کوردییەوە بۆ فارسی)
ئایا هەر ئەم هەڵسەنگاندە کورتەی ڕاگەیەندراوی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان بەڵگەی ئەوە نییە کە هەردوو حزب دەستبەجێ بەردەوامبوونیان لە کەمپەینی پەرلەمانێکی بێڕێزدا کۆتایی پێ بهێنن! هەر ئەم یەک پەرەگرافە ڕاستە لە ڕاگەیەندراوی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان دەتوانێت ببێتە چەقی سەرەکی ڕاگەیاندنی سیاسەتی وازهێنان لەم سیناریۆ گەندەڵە پێش ڕۆژی ١١ی تشرینی دووەم. …
گرنگ ئەوەیە پێش ڕۆژی ١١ی تشرینی دووەم چنین هەنگاوێک بگیرێتەبەر. بەم کارە دۆخەکە بە ڕادەیەکی بەرچاو لە بەرژەوەندی هەردوو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق و کوردستان دەگۆڕێت.
٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
کەمترین نۆتە، زۆرترین ترس..(وتاری چوارەم) .. باکۆ رێبوار
(ئاگاداربە سپۆیڵی تێدایە) لە جیهانی بیستراوی سینەمادا، هەندێک ئاواز هەن لە سنووری فیلمەکان تێدەپەڕن و دەبنە بەشێک لە کولتووری گشتی، دەبنە کۆدی نهێنیی نەوەیەک بۆ وروژاندنی هەستێکی دیاریکراو، بێ هیچ گومانێک، تێمە سەرەکییەکەی فیلمی هاڵۆوین یەکێکە لە دیارترینی ئەم دیاردانە، ئەو چەند نۆتە سادە و دووبارەیەی لەسەر کێشێکی نائاسایی ٥/٤ لێدەدرێن، بوونەتە هاوتای دەنگیی ترسێکی سەرەتایی و بوونگەرایانە، بەڵام چیرۆکی مۆسیقای هاڵۆوین زۆر لەم تێمە ئایکۆنییە فراوانترە، چیرۆکێکە بە درێژایی زیاتر لە چوار دەیە و لەرێگەی دەیان فیلمی جیاوازەوە درێژ دەبێتەوە، هەر فیلمێکیش ئاوێنەی سەردەمی خۆی و تێڕوانینی داهێنەرەکانی بووە بۆ چەمکی ترس، بۆ ئەوەی بزانین چۆن مۆسیقای ئەم زنجیرەیە تەنها پاشخانێک نەبووە، بەڵکو دەقێکی مۆسیقیی زیندوو بووە لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سینەمای ترسناک و ناسنامەی شێواوی خودی زنجیرەکەدا، بەردەوام لە گۆڕان و پەرەسەندندا بووە، لێرەدا ئێمە شیکاریی دەنگی خودی زنجیرەکە دەکەین، نەک تەنها دەنگی یەک کارەکتەر، چونکە ترس لە هادۆنفیڵددا هەمیشە گەورەتر بووە لە یەک پیاوی دەمامکدار، ترس لێرەدا دیاردەیەکی ژینگەییە، نەخۆشییەکی دەروونیی بەکۆمەڵە مۆسیقاکەی وەک دەنگی لێدانەکانی دڵی ئەم شارۆچکە نەفرەتلێکراوە کاردەکات،
بنەمای ترس (هاڵۆوین ١٩٧٨ و هاڵۆوین ٢ – ١٩٨١): لەدایکبوونی دەنگی دڵەڕاوکێی شارۆچکە، هەموو شتێک لە سادەییەکی بلیمەتانەوە دەستی پێکرد، جۆن کارپێنتەر، نەک تەنها دەرهێنەر بەڵکو ئاوازدانەریش بوو، بە بودجەیەکی کەمەوە، فەلسەفەی کەمینەخوازیی (Minimalism) کردە چەکی سەرەکیی خۆی، لەبری ئۆرکێسترای گەورەی فیلمە ترسناکەکانی پێش خۆی، پشتی بە پیانۆیەکی سادە و سێنتسایزەرێکی ئەنالۆگی سەرەتایی بەست، تێمە سەرەکییەکە، بە کێشە ٥/٤ە نائاساییەکەیەوە، دەنگی شێواندنی ئارامیی شارۆچکەیەکی بچووکی ئەمریکی بوو، ئەو لێدانە زیادەیە لە ڕیتمەکەدا، دەنگی دزەکردنی شتێکی نامۆ بوو بۆ ناو ژیانی ڕۆژانە، دەنگی ئەو ترسە بوو لە پشت پەنجەرەی ماڵە ئارامەکانەوە خۆی حەشارداوە، دەنگی سارد و بێ ڕۆحی سێنتسایزەرەکە، لەو سەردەمەدا هێشتا دەنگێکی نامۆ بوو، دەنگی نامۆبوونی تەکنۆلۆژیا و لەدەستدانی مرۆڤایەتی بوو لە سەردەمێکی نوێدا، مۆسیقاکە بە ئەنقەست سادە و دووبارەبووەوە بوو، بۆ ئەوەی وەک لێدانێکی دڵەڕاوکێی بێکۆتا بچەسپێت لە مێشکی بینەردا، بەڵام جگە لە تێمە سەرەکییەکە، کارپێنتەر چەندین پارچەی دیکەی بچووکی دروستکرد جیهانە دەنگییەکەیان دەوڵەمەندتر دەکرد، بۆ نموونە “تێمی لۆری” (Laurie’s Theme)، مێلۆدییەکی خەمگین و سادەی پیانۆیە، نوێنەرایەتیی بێتاوانی و چارەنووسی تراژیدیی کارەکتەرە سەرەکییەکە دەکات، ئەم ئاوازە لەکاتە ئارامەکاندا دەبیسترێت و وەک ئاگادارکردنەوەیەک لە کارەساتی داهاتوو کاردەکات، کاتێکیش ترسەکە دەست پێدەکات، کارپێنتەر پشت بە دەنگە تیژ و پچڕپچڕەکانی سێنتسایزەر دەبەستێت بە شێوەیەکی هەڕەمەکی دەردەکەون، ئەم دەنگانە، پێیان دەوترێت “Stingers”، وەک چەقۆیەک گوێی بینەر دەبڕن و گرژیی دیمەنەکە بەرز دەکەنەوە، بەڵام لە فیلمی دووەمدا (Halloween II)، کارپێنتەر هاوشانی ئالان هاوارس کاری لەسەر کرد، مۆسیقاکە گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، هەمان تێمەکان مانەوە، بەڵام بە شێوەیەکی قورستر و چین لەسەر چیتری سێنتسایزەر، هەستی ئۆرکێسترایەکی ئەلیکترۆنی دەدا، ئەمە ڕەنگدانەوەی گۆڕانی تۆنی فیلمەکە بوو، چیتر فیلمەکە باسی دڵەڕاوکێی شاراوە و چاوەڕوانی نەدەکرد، بەڵکو باسی کۆمەڵکوژییەکی ڕاستەوخۆ و دڕندانەی دەکرد لە نەخۆشخانەیەکدا، مۆسیقاکە لە سادەیی و کەمینەخوازییەوە بەرەو شکۆ و سامێکی تاریک هەنگاوی نا، نیشانەی ئەوە بوو ترسەکە چیتر ئەگەر نییە، بەڵکو واقیعێکی خوێناوییە، بەکارهێنانی ئۆرگنی ئەلیکترۆنی لەم فیلمەدا لایەنێکی ئایینی و چارەنووسسازانەی بە ئاوازەکە بەخشی، وەک ئەوەی ئەم ڕووداوانە بەشێک بن لە نەخشەیەکی گەورەتر و ترسناکتر،
لادانە ئەلیکترۆنییەکە (هاڵۆوین ٣: وەرزی جادووگەر – ١٩٨٢): ئاوازی ترسی تەکنۆلۆژی و کۆنتڕۆڵی مێشک، ئەم فیلمە بوێرانەترین هەنگاوی زنجیرەکە بوو، هەوڵیدا ببێتە زنجیرەیەکی ئۆنتۆلۆژی و چیرۆکی نوێ بگێڕێتەوە، ئەم گۆڕانکارییە ڕیشەییەش بە تەواوی لە مۆسیقاکەیدا ڕەنگی دایەوە، کارپێنتەر و هاوارس بە تەواوی وازیان لە تێمە کلاسیکەکە هێنا و ساوندتراکێکی نوێیان دروستکرد، پشتی بە ڕیتمی ئەلیکترۆنیی خێرا و دەنگی سێنتسایزەری ئەتۆمسفێری دەبەست، مۆسیقای ئەم فیلمە دەنگی پارانۆیا و گومانە، دەنگی ترسی سەردەمی جەنگی ساردە، تێیدا دوژمن نادیارە و لە ڕێگەی تەکنۆلۆژیا و میدیاوە دزە دەکاتە ناو ماڵەکانەوە، ئاوازی ڕیکلامی “سیلڤەر شامرۆک” (Silver Shamrock)، بە مێلۆدییە سادە و گیرۆدەکەرەکەیەوە لەسەر ئاوازی “London Bridge Is Falling Down” دانراوە، بووە چەقی ترسەکە، ئەمە چیتر ترسی تاکێکی شێت نییە، بەڵکو ترسی کۆنتڕۆڵی مێشکی بەکۆمەڵە لە ڕێگەی کاڵاوە، ترسی کۆمپانیایەکی گەورەی بێ ویژدانە جادووگەریی کۆن و تەکنۆلۆجیای مۆدێرن تێکەڵ دەکات بۆ کوشتنی بەکۆمەڵ، مۆسیقاکە بە تەواوی ئەم هەستەی دەگواستەوە، هەستێکی سارد، میکانیکی، بێکۆتا دووبارەبووەوە، وەک دووبارەبوونەوەی ڕیکلامەکان لەسەر شاشەی تەلەڤیزیۆن، ساوندتراکەکە پڕە لە پارچەی درێژی ئەتۆمسفێری گرژییەکەیان لەسەر بنەمای دووبارەبوونەوەی ڕیتمێکی سادە (Ostinato) بنیات نراوە، ئەمەش هەستی گەمارۆدان و دەربازنەبوون لای بینەر دروست دەکات، مۆسیقاکە کاریگەریی ئاوازدانەرانی ئەلیکترۆنیی ئەڵمانی وەک Tangerine Dreamی پێوە دیارە، پسپۆڕ بوون لە دروستکردنی دیمەنی دەنگیی فراوان و پڕ لە نهێنی،
سەردەمی سلاشەری باو (هاڵۆوین ٤، ٥ و ٦): گۆڕینی ئاواز بۆ ستایلی سەردەم، دوای شکستی فیلمی سێیەم، زنجیرەکە گەڕایەوە بۆ فۆرمۆلا سەرکەوتووەکەی، و ئالان هاوارس بە تەنها ئەرکی مۆسیقاکەی گرتە ئەستۆ، لە فیلمی چوارەمدا (The Return of Michael Myers)، تێمە سەرەکییەکە گەڕایەوە، بەڵام بە شێوازێکی زۆر جیاواز، مۆسیقاکە زۆر گەورەتر، ئۆرکێستراییتر (بە سێنتسایزەر) و پاڵەوانێتیتر بوو، ئەمە دەنگی سینەمای سلاشەری ساڵانی هەشتاکان بوو، کەمتر پشتی بە دڵەڕاوکێی ورد دەبەست و زیاتر نمایشی توندوتیژی و ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی دەکرد، مۆسیقاکە وەک مۆسیقای فیلمێکی ئەکشن-ترسناک دەبیسترا، نیشانەی ئەوە بوو زنجیرەکە دەیەوێت لەگەڵ بازاڕی ئەو سەردەمەدا خۆی بگونجێنێت، هاوارس تێمە کلاسیکەکەی بە چینێکی ئەستوور لە سێنتسایزەر و لێدانی بەهێزی تەپڵی ئەلیکترۆنی داپۆشی، هەستێکی حەماسی و گەورەی دەبەخشی، وەک ئەوەی چیتر باس لە دزەکردنی بێدەنگی خراپەکاریی ناکەین، بەڵکو باس لە هێرشێکی ڕاستەوخۆ دەکەین، لە فیلمی پێنجەمدا (The Revenge of Michael Myers)، مۆسیقاکە زیاتر لایەنێکی گۆتیک و ماتەمینی وەرگرت، ڕەنگدانەوەی چیرۆکە ئاڵۆز و تا ڕادەیەک ناڕوونەکەی بوو، باسی پەیوەندیی تەلەپاتی و هێزە سەرووسروشتییەکانی دەکرد، هاوارس دەنگی کۆراڵی ئەلیکترۆنی و پیانۆی خەمگینی بەکارهێنا بۆ ئەوەی هەستی تراژیدیا و چارەنووسی ڕەش نیشان بدات، بەڵام لە فیلمی شەشەمدا (The Curse of Michael Myers)، دوو وەشانی جیاواز لە مۆسیقا بوونیان هەیە، وەشانە سینەماییەکەی، لە ناوەڕاستی نەوەدەکاندا دەرچوو، کاریگەریی مۆسیقای ڕۆک و ئیندەستریالی پێوە دیار بوو، بە بەکارهێنانی گیتاری کارەبایی و ڕیتمی قورس، ستایلێکی باوی ئەو سەردەمە بوو، تێمە سەرەکییەکە وەک پارچە مۆسیقایەکی مێتاڵ دەبیسترا، ئەمەش هەوڵێک بوو بۆ ڕاکێشانی بینەری گەنجی ئەو سەردەمە، بەڵام وەشانی دەرهێنەر (Producer’s Cut)، دواتر دەرچوو، مۆسیقاکەی کلاسیکتر و ئەتۆمسفێریتر بوو و زیاتر لە ستایلی ئالان هاوارس نزیک بوو، ئەم دوو ستایلە جیاوازە بە تەواوی ڕەنگدانەوەی کێشە و ئاڵۆزییەکانی بەرهەمهێنانی فیلمەکە و دوو دیدگای جیاواز بوون بۆ چیرۆکەکە،
ژیانەوەی پۆست-مۆدێرن (هاڵۆوین H20 و زیندووبوونەوە): دەنگی سەردەمی نوێ و لەدەستدانی ناسنامە، لە کۆتایی نەوەدەکاندا و بەهۆی سەرکەوتنی فیلمی (Scream)ەوە، سینەمای ترسناک پێی نایە قۆناغێکی نوێی پۆست-مۆدێرنەوە، فیلمی (Halloween H20) بە تەواوی بەرهەمی ئەم سەردەمە بوو، مۆسیقاکەی، لەلایەن جۆن ئۆتمانەوە دانرابوو، ئۆرکێسترایەکی گەورە و سینەمایی بوو، زیاتر لە مۆسیقای فیلمە گەورەکانی هۆلیوود دەچوو، تێمە کلاسیکەکەی کارپێنتەری بەکارهێنا، بەڵام تێکەڵی ئاوازێکی پڕ لە هەست و سۆز و گرژیی کرد، جەختی لەسەر لایەنی دەروونی و تراومای کارەکتەری لۆری سترۆد دەکردەوە، مۆسیقاکە چیتر دەنگی ترسی بوونگەرایانەی سارد نەبوو، بەڵکو دەنگی چیرۆکێکی پڕ لە ڕابردوو و هەستی تۆڵەسەندنەوە بوو، ئۆتمان بە شێوەیەکی زیرەکانە ئاماژەی بە مۆسیقای فیلمی (Psycho)ی بێرنارد هێرمانیش دەکرد، ئەمەش یارییەکی پۆست-مۆدێرن بوو بۆ ڕێزگرتن لە مێژووی سینەمای ترسناک، بەڵام لە فیلمی دواتردا (Halloween: Resurrection)، لە سەرەتای ساڵانی ٢٠٠٠دا دەرچوو، مۆسیقاکە هەوڵیدا “مۆدێرن” بێت، بە تێکەڵکردنی ڕیتمی هیپ-هۆپ و دەنگی ئەلیکترۆنیی سەردەم، ڕەنگدانەوەی چیرۆکی فیلمەکە بوو باسی پڕۆگرامێکی تەلەڤیزیۆنیی ڕاستەوخۆی دەکرد، ئەم هەوڵە بۆ نوێبوونەوە، لەبری ئەوەی ترسەکە قووڵتر بکاتەوە، تێمە کلاسیکەکەی لە شکۆ و سامە ئەزەلییەکەی داماڵی و کردی بە کاڵایەکی بازرگانیی سەردەمیانە، ئەمەش چارەنووسی خودی زنجیرەکە بوو لەو قۆناغەدا، مۆسیقاکە بووە نموونەیەک بۆ ئەوەی کاتێک ناسنامەی دەنگیی زنجیرەیەک بە تەواوی پشتگوێ دەخرێت لە پێناو ڕازیکردنی بازاڕی کاتیدا،
دووبارە تێڕوانینەوەی دڕندانە (هاڵۆوین ٢٠٠٧ و هاڵۆوین ٢ – ٢٠٠٩): دەنگی ڕیالیزمی ژەنگاوی و شیکاریی دەروونی
کاتێک ڕۆب زۆمبی هەستا بە دووبارە دروستکردنەوەی زنجیرەکە، دیدگایەکی تەواو جیاوازی هێنایە کایەوە، ئەو دەیویست ڕووکارە ئەفسانەییەکە لاببات و چیرۆکێکی ڕیالیستی و دڕندانە لەسەر ژینگەیەکی شێواو و دەروونێکی نەخۆش بگێڕێتەوە، مۆسیقاکەی، لەلایەن تایلەر بەیتسەوە دانرابوو، بە تەواوی خزمەتی ئەم دیدگایەی دەکرد، ساوندتراکەکە پڕ بوو لە دەنگی ئیندەستریال، ژاوەژاو، و گیتاری دیستۆرتکراو، تێمە کلاسیکەکە بە شێوەیەکی پچڕپچڕ و شێواو دەبیسترا، وەک ئەوەی لەناو ژەنگ و پیسی ژینگەکەوە بە زەحمەت دەنگی بێت، ئەمە چیتر دەنگی ترسی سەرووسروشتی نەبوو، بەڵکو دەنگی ئازار، تووڕەیی، و ژینگەیەکی تێکشکاو بوو، مۆسیقاکە بە ئەنقەست ناخۆش و بێزارکەر بوو، بۆ ئەوەی بینەر هەست بە قێزەونی و دڕندەیی توندوتیژییەکە بکات، نەک چێژ لە دڵەڕاوکێکە وەربگرێت، بەیتس چەندین پارچەی مۆسیقای ئەتۆمسفێریی دروستکرد لەسەر بنەمای دەنگی ژینگەیی (Ambient Sound) و درۆنی تاریک (Dark Drone) بنیات نرابوون، هەستی بۆشاییەکی دەروونیی شێواو و جیهانێکی بێ هیوای دەگواستەوە، لە فیلمی دووەمدا، زیاتر تەرکیزی لەسەر شێواوی دەروونیی لۆری سترۆد بوو، مۆسیقاکەش زیاتر سایکدێلیک و خەوناوی بوو، ڕەنگدانەوەی کابوس و وەهمەکانی لۆری بوو،
سێینەی میرات (هاڵۆوین ٢٠١٨، دەکوژێت، و کۆتایی دێت): گەڕانەوە بۆ ڕەسەنایەتی و پەرەسەندنی بوێرانە، گەورەترین وەرچەرخانی مۆسیقی لە سێینەی نوێی دەیڤد گۆردن گریندا ڕوویدا، کاتێک خودی جۆن کارپێنتەر، لەگەڵ کوڕەکەی کۆدی کارپێنتەر و هاوکارەکەی دانیێل دەیڤیس، گەڕانەوە بۆ ئاوازدانان، لە فیلمی (Halloween 2018)دا، ئەوان گەڕانەوە بۆ هەمان دەنگە ئەنالۆگە کۆنەکان، بەڵام بە تەکنیکی، تۆمارکردنی مۆدێرن، مۆسیقاکە قورستر، چڕتر، و خەمگینتر بوو، وەک ئەوەی خودی ئاوازەکەش دوای چل ساڵ پیر بووبێت و ئازاری چەشتبێت، ڕیتمەکان خاوتر بەڵام بەهێزتر بوون، وەک لێدانی دڵی پیرێک هێشتا پڕە لە تووڕەیی، لە فیلمی (Halloween Kills)دا، باسی شێتی و تووڕەیی بەکۆمەڵی شارۆچکەکە دەکات، مۆسیقاکەش زۆر شەڕانگێزتر، خێراتر و پڕ لە ژاوەژاو بوو، تێمی نوێ بۆ نوێنەرایەتیکردنی “تووڕەیی جەماوەر” زیادکرا، نیشانەی ئەوە بوو ترسەکە چیتر لە یەک کەسدا قەتیس نەماوە، بەڵکو بووەتە نەخۆشییەکی گشتی، بەڵام گەورەترین سوپرایز لە فیلمی (Halloween Ends)دا بوو، تێمێکی سەرەکیی نوێی ناساند، ئاوازێکی ڕۆمانسی، ئەلیکترۆنی و مێلۆدی، زیاتر لە مۆسیقای فیلمەکانی ساڵانی هەشتاکان دەچوو، ئەم ئاوازە نوێنەرایەتیی چیرۆکی کارەکتەری کۆری کەنینگهام و پەیوەندییە خۆشەویستییەکەی دەکرد، تێمە کلاسیکەکەی هاڵۆوین تەنها لەو ساتانەدا دەبیسترا کاریگەریی خراپەکاریی ڕەسەن دەردەکەوت، ئەمە نیشانەی ئەوە بوو زنجیرەکە لە کۆتاییدا هەوڵیدا لە ڕووی دەنگیشەوە چیرۆکێکی نوێ لەسەر گواستنەوەی خراپەکاری بگێڕێتەوە، نەک تەنها دووبارەکردنەوەی ئەوەی پێشوو، ئەمە یارییەکی بوێرانە بوو لەگەڵ چاوەڕوانیی بینەردا و سەلماندی دەنگی هاڵۆوین هێشتا توانای شۆککردن و نوێبوونەوەی هەیە،
لەم چوارچێوەیەدا، دەردەکەوێت مۆسیقای هاڵۆوین هەرگیز جێگیر نەبووە، بەڵکو تۆمارێکی دەنگیی زیندووە بۆ مێژووی ئەم زنجیرەیە و مێژووی سینەمای ترسناک خۆی، لە سادەیی و نامۆبوونی ساڵی ١٩٧٨ەوە، بۆ ئۆرکێسترای پاڵەوانێتیی هەشتاکان، بۆ ڕۆکی ژەنگاویی نەوەدەکان، بۆ هیپ-هۆپی سەرەتای هەزارە، بۆ ژاوەژاوی ڕیالیستیی ڕۆب زۆمبی، و دواجار بۆ گەڕانەوەی خەمگینانە و پەرەسەندنی بوێرانەی سێینەی کۆتایی، ئەم ئاوازانە هەمیشە زیاتر لە پاشخانێک بوون، ئەوان دەنگی گۆڕاوی ئەو شەوگارە بێکۆتایە بوون لە هادۆنفیڵد، پیشانیان داوە ترس ڕەنگە یەک ناوی هەبێت، بەڵام هەزاران ئاوازی جیاوازی هەیە.
پێبکەنە باجوانیەکان دەرکەون.. نـــەوشیروان ئازاد
تۆی مرۆڤ ئەگەر پێ دەکەنیت لەناخەوپێ بکەنە.
هەرگیز هەوڵ مەدە ،دەمامک بکەیتە ڕوخسارت …یەک ڕوو بە ، سادەبە ، هەرچەند سادەو یەک ڕوو بیت هێندە لەپەروەردگار نزیک دەبیتەوە، زیاتر لەدڵی بەرانبەرەکەت دەمێنیتەوە…
تۆی مرۆڤ چەند ژمارەی دەمامکەکانت زیاد بکەیت ، دوو هێندو زیاتریش ، سەنگی قورسایی خۆت لەدەست دەدەیت …هەرگیز دووڕو مەبە ، تادەتوانی سادەو ساکاربە ،یەک دڵ و یەک ناخ بە تابتوانی خۆشەویستی خودا وخەڵک بەدەست بێنی …هەوڵبدە بۆ همیشە بەدڵ و لەناخەوەپێ بکەنی …تا بەیەکجاری خاوێن ببیتەوە..لەڕک و کینە با دەروونت خاوێن بێتەوە …بائەودڵە نائارامەت بەشی کەمێک خۆشەویستی تێدابێتەوە …دەزانی گەورەیێ خۆشەویستی لەچی دایە …تۆ دەزانی بۆچی ئێمە همیشە ناخمان نائارامە ، بەدرێژایی ژیان بەشوێن خودی ژیان دا ڕادەکەین و پێی ناگەین ،ئەگەر پێی گەیشتین مەرگ لێمان دەستێنێتەوە ..دەزانی بۆ هیچ کات ئاسودەنین ،؟ چونکە دڵمان خاڵیە لەخۆشەویستی ..،لەبەردەرکی پلەوپایەو سەروەت و ساماندا لەگیرفانی دەوڵەمەند و خاوەن پایەکانداکەس خۆشبەختی نەبینیوەو نایبیبنێ ، بۆیە ئەگەر گەنجی قارون بەدەست بێنی ..ئارام نیت …دڵت خۆشکە بەخۆشەویستی .باخۆشبەخت بیت بادووربیت لەخۆپەرستی …ئازیزم ئەمە ووتەی من نیە بەتەنیا …ووتەی دەیان زاناوفەیلەسوفی ژیانە.
نـــەوشیروان ئازاد
ئیسرائیل دوای ڕێکەوتن لەگەڵ حەماس.. عوسمانی حاجی مارف
لە کاتژمێرەکانی کۆتایی دوای واژۆکردنی ڕێکەوتنی ئاگربەست لە غەززە، گۆڕەپانی سیاسی و حزبەکانی ئیسرائیل شایەتحاڵی مشتومڕێکی گەرم بوون. هەندێک وەک ناچاریەک و تەسلیمبونێک بۆ واشنتن سەیریان دەکرد، هەندێکیش وەک بۆنەیەکی گرنگ دەیخوێننەوە کە ئامادەکاریە بۆ کۆتاییهاتنی حکومەت و هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، بەمانایەک ئەم ڕێککەوتنە وەک سەرەتای کۆتایی حکومەتی نەتانیاهۆی دەزانن، هاوکاتی ئەو ئاڵوگۆرانەی لە دۆخی سیاسی ناوچەکەدا پێشدێت.
گەر سەرنجێک لەسەر کاردانەوەی لایەنەکانی ناو سیستەمی سیاسی ئیسرائیل بدەین، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە بەگشتی زۆربەی لایەنەکان پێشوازیان لەوەکردووە کە بە ساتێکی مێژوویی دەزانن بۆ گەڕانەوەی چاوەڕوانکراوی زیندانیە ڕفێنراوەکان، بەڵام ئەمە ڕێگری نەکرد لە سەرهەڵدانی وەڵامە جیاوازەکان، کە دەتوانرێت بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لەنێوان لایەنە جیاوازەکاندا دەربکەوێت، کە هەڵگری لێکدانەوەی جیاوازن بۆ دۆخەکە و هەڵوێستیان بەرامبەر ناتانیاهۆ، لەگەڵ گرنگیدان بە چارەنوسی مانەوە یان نەمانەوەی ناتانیاهۆ لەحکومەتدا، بەتایبەتی دوای ڕێکەوتنەکە، کە ئایا ناتانیاهۆ دەتوانێت لە دەسەڵاتدا بمێنیتەوە، یان دادگایی دەکرێت..!؟.
ئەنجامی دواین ڕاپرسی کە لەسەر نمونەیەکی نوێنەرانیی نێو حزبی لیکود ئەنجامدرا، بە سەرۆکایەتی ناتانیاهۆ، دەریخست زۆرینەی ڕەهایان پشتگیری لە کۆتایهێنان بە شەڕ دەکەن، وەک بەشێک لە ڕێکەوتنێکی هەمەلایەنە، هەروەها پێیانوایە کە ئیسرائیل پێویستە گوێ لە خواستی ترەمپ بگرێت بۆ بەرەوپێشبردنی کۆتاییهاتنی خێرا بە شەڕەکان.
ڕێکەوتنی ئاگربەست لەکاتێکی زۆر هەستیاردایە بۆ ناتانیاهۆ، چ لەڕووی سیاسی و چ لەڕووی کاردانەوەی جیهانی و کاردانەوەی ناوخۆی ئیسرائیلەوە، چونکە واپێدەچێت بۆ مانگەکانی داهاتوو ئەگەری ئەوە هەیە نەخشەی هێزە حزبیەکان لە دەوری مێزی حکومەت پێویست دەکات گۆڕانی بەسەر بێت. لەهەمانکاتدا کۆمەڵەی جولەکەکان و پارتی زایۆنیزمی ئاینی، هێڵی سووری ڕوونیان داڕشتووە، دەڵێن ئەگەر حەماس دوای کۆتاییهاتنی جەنگ لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، ئەوا لە حکومەت دەکشێنەوە، ئەمەش بەو مانایەیە کە ناتانیاهۆ لەئێستادا لە ناوەندی هاوکێشەیەکی ئاڵۆزدایە، دوور نیە ئەو هاوپەیمانیە سیاسیە هەڵبوەشێنێتەوە کە حکومەتەکەی بەیەکەوە گرێداوە.
تاقیکردنەوەی نەتانیاهۆ تەنیا بە سەرکەوتنی ڕێکەوتنەکەی لەسەر زەوی غەززە و گوێڕایەڵی بۆ ترامپ، سنووردار نییە، بەڵکو توانای پاراستنی کۆنتڕۆڵی خۆی بەسەر گۆڕەپانی سیاسی و حکومەتەکەیدا کە ڕۆژانی دواتر دیاریدەکات، دوای هەر ئاڵوگۆڕێک بەبێ جەنگ ناتانیاهۆ دەتوانێ چی بکات؟، کێشەکانی لەبەرامبەر ئێراندا بەچی دەگەیەنێت؟ بەتایبەتی کە ئەم ڕێکەوتنە لەڕوانگەی نەیارانی ناو حکومەتەوە، گەرەنتی لەناوبردنی حەماس ناکات، ڕێگەی پێدەدات لە غەززە بمێنێتەوە و ئەگەر بیەوێت دەتوانێت چەکەکانی وەربگرێتەوە، ئەمەش وایکردووە ببێتە نیشانەی لاوازی بۆ ئیسرائیل، بۆیە ئەستەمە هاوپەیمانەکانی ناتانیاهۆ ئەمە قەبوڵ بکەن و وابەستەبن بە پشتگیری بەردەوامی ئامادەیی خۆیان لە هاوپەیمانیدا.
ناتانیاهۆ چەندجارێک دڵنیایی ئەوەی ڕاگەیاندووە کە بەرژەوەندیە ئەمنیەکانی ئیسرائیل پارێزراو دەبن، بەڵێنی ئەوەشی داوە کە حەماس جارێکی دیکە هەڕەشە لە شوێنی نیشتەجێبون لە باشوور و ناوچەکانی دەوروبەری نەکات، بەڵام ئەم بەڵێنانە جێگای متمانەی ئیسرائیلیە توندرەوکان نیە.
سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکانی نەتانیاهۆ بۆ تەواوکردنی خولی حکومەتەکەی تا مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ و هەوڵدان بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکان تا ئەو جێگایەی کە دەکرێت، ئەمەش بۆ ئیستغلالکردنی ماوەی مانەوەیەتی لە پۆستەکەیدا بۆ دەستپێکردنی هێرشێکی نوێ بۆ سەر ئێران و تەواوکردنی پرۆسەی داماڵینی چەک لە لوبنان و واژۆکردنی ڕێکەوتننامەی ئاسایکردنەوەی زیاتر لە باخەکانی کۆشکی سپیدا.
هەڵوێستەکانی ئێستای ئیسرائیل لەسەر ڕێککەوتنی ئاگربەست پەیوەستە بە قەیرانێک کە ئیسرائیل دوو ساڵە لەشەڕێکی بەردەوامدایە و کەوتۆتە ناو حساباتی سیاسی و حزبیەوە، بەتایبەتی کە ئیسرائیلیەکان دەچنە ناو ساڵێکی چارەنووسساز بۆ هەڵبژاردن، لەکاتێکدا نەتانیاهۆ ئەوە بەیان دەکات کە ئیسرائیل لەم ڕێکەوتنەدا ئامانجی هەردوو هۆکارە جەنگیەکانی خۆی بەدی دەهێنێت، ئەویش ئازادکردنی هەموو بارمتەکانە، لەگەڵ تێکەڵکردنی دەستکەوتی ئەمنی و سیاسی کە پێگەی خۆی بەهێزتر دەکات و توانای پاراستنی کۆنترۆڵی فراوان بەسەر کەرتی غەززەدا دەکات.
هەرچەندە ئیسرائیلەیەکان بەگشتی ڕێگەیانداوە ئەو ڕێکەوتنە ئەنجام بدرێت، بەڵام لەهەمانکاتدا هەنگاوێک دەگرنەبەر کە کاریگەری لەسەر داهاتووی گۆڕینی حکومەت هەبێت.
ئەوەی شایانی باسە دیارترین دەستکەوت بۆ حەماس ئازادکردنی ژمارەیەکی زۆر لە دیلەکانی فەلەستینە، کە پێگەی لەنێو جەماوەری فەلەستیندا بەهێزتردەکات و لەڕوانگەی سەربازیەوە هەندێک مەودای هەناسەدانی پێدەبەخشێت، لەهەمانکاتدا ئەوەی دەبینرێت ئیسرائیلیە توندڕەوەکان بە پاشەکشەیەکی مەترسیدار لە سیاسەتی حکومەتی ئیسرائیل بەرامبەر بە حەماس لێکی ئەدەنەوە.
لەلایەکی ترەوە لایەنگرانی ڕێکەوتنەکە لەناو هاوپەیمانی و ئۆپۆزسیۆن، پێیانوایە دەرفەتێک دەدات بە ئیسرائیل بۆ گەڕاندنەوەی پێگەی نێودەوڵەتی خۆی و ڕاگرتنی ئەو گۆشەگیریە جیهانیەی بەهۆی هێرشەکانی بۆسەر غەزە بەرەوڕویان بۆتەوە، لەهەمانکاتدا بۆ ڕاگرتنی ئەو سزایانەی بەسەریدا سەپێنراوە، هەروەها هاوپەیمانیەکەی لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکا بەهێزتر دەبێت کە ترامپ سەرۆکایەتی دەکات، کە ڕۆڵێکی سەرەکی بینی لە داڕشتنی ڕێکەوتنەکەدا.
ئاوارەبوونی فەلەستینیەکانی ئیسرائیل بۆتە ئامانجێکی ستراتیژی ڕوونی ئیسرائیل، بەردەوام لە هەوڵی جێبەجێکردنیدایە، لەهەمانکاتدا ئیسرائیل بەهیچ جۆرێک بەدوای دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینی لە کەرتی ڕۆژئاوا و قودس و کەرتی غەززەوە نیە و نایەوێت، هەروەها خاڵەکانی پێشنیاری ترامپیش هەر لەچوارچێوەی بەرژەوەندی ئیسرائیل و داننەنان بەدەوڵەتێ فەلەستیندا داڕێژراوە.
هەروەها بە ڕوونی کار و شەڕی بەردەوامی ئیسرائیل، هەوڵدانە بۆ قووتدان و لکاندنی زەویەکانی فەلەستین، ساڵانێکە ئیسرائیل ڕوبەڕوی زۆرینەی فەلەستینیەکان بووەتەوە لەناو ئەو خاکانەی کە کۆنترۆڵی دەکات، ئەمەش وایکردووە بیانخاتە ژێر ڕژێمێکی ئاپارتایدی ناپایەدارەوە، بۆیە لەڕوانگەی خۆیەوە تەنها یەک بژاردەی لەبەردەمدایە، ئەویش کوشتن یان ئاوارەکردنی زۆرترین فەلەستینی و دەستبەسەرداگرتنی خاکەکە بەبێ دانیشتووانەکەی و دڵنیابوون لەوەی زۆرینەی فەلەستینیەکان لەسەر ئەم خاکە دروست نەبێتەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەم ڕێکەوتنی ئاگربەستەی ئێستا بەهیچ جۆرێک جێگای متمانەو بەردەوامی نیە، لە هەر چرکەو پێشهاتێکدا قابیلی ئەوەیە ئەم ڕێکەوتنە هەڵبوەشێتەوەو ژێرپێی حکومەتی ئیسرائیل چۆڵ ببێت و بکەوێت.
ئەگەر ئەو جینۆسایدەی ئەمجارە کە ئیسرائیل لە غەززە ئەنجامیداوە، تێگەیشتن لە ئامانجی ستراتیژی ئیسرائیل ئاسان دەکات، تەنانەت ئەگەر هێشتا بارودۆخی کەرتی ڕۆژئاوا وەک غەززە لەبارنەبێت، ئەمە بەو مانایە نییە کە ئامانجی ستراتیژی ئیسرائیل سنوردار دەبێت، مانای ئەوەیە ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لە دروستکردنی هەلومەرجی گونجاو، لە بەکارهێنانی هێرش بۆ سەر دانیشتوانی فەلەستین و لکاندنی ناوچەیەکی فراوانی کەناری ڕۆژئاوا.
دیدگای ستراتیژی ئیسرائیل بەهیچ شێوەیەک باوەڕی بە ئاشتی نییە، لەسەر بنەمای ئەو قەناعەتە هەڵسوکەوت دەکات کە دەسەڵاتی سەربازی خۆی ڕێگەی پێدەدات هەر یاسایەکی نێودەوڵەتی پێشێل بکات کە بە بەربەستی بزانێت لەبەردەم پڕۆژەکەیدا، بەبێ ئەوەی لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت یان پرسیاری لێبکرێت.
ئەمڕۆ ئیسرائیل بەردەوامه له پێشێلکردنی سەروەری سوریا و لوبنان، زیاتر ڕێبازێک دووپات دەکاتەوه که لەسەر بنەمای هێز و فراوانبوون و باڵادەستیە، نەک شەرعیەتی نێودەوڵەتی یان پێداویستیەکانی سەقامگیری ناوچەکه، وەک هێزێکی ئیقلیمی بە پشتیوانی ئەمریکا لە هەوڵی باڵادەستیە بەسەر ناوچەکەدا، بۆ ئەم نەخشەو پرۆژەیە دەوڵەتی فەلەستین جێگای نابێتەوە.
هەر گۆڕانکاریەکیش کە لە گوتاری ووڵاتانی ئەوروپی سەبارەت بە دەوڵەتی فەلەستین پێشنیارکرا، لە چوارچێوەیەکی ئاڵۆزدا خرایەڕوو، تەنها وەک گوشارێک بۆ سەر واشنتۆن دەبینرێت، نەک چارەسەری کێشەی فەلەستین، یان بۆ ئارامکردنەوەی خەڵکی ناوخۆ و هەوڵدان بۆ ڕێکخستنەوەی حکومەتی ئیسرائیل کە لە نۆرم لایداوە. واتە بە مانای گۆڕانکاریەکی بنەڕەتی لە پێگەی ئەوروپادا نیە بەڵکو تەنیا شێوازێکە بۆ بێدەنگکردنی نارەزایەتیەکان، چونکە بۆ خۆشیان باش دەزانن داننان بە دەوڵەتێکی فەلەستینی، لەم هەلومەرجەدا لە دانپێدانانێکی ڕەمزی زیاتر هیچی تر نامێنێتەوە، بە تایبەتی دوای بیست خاڵەکەی پرۆژەی ترامپ بۆ ئاگربەست، لای ئەورپیەکان باسێک لەسەر دەوڵەتی فەلەستین قسەیەکی لەسەر نەکرا، ئەو دەوڵەتانە باش دەزانن کە هیچ کاریگەریەکی پراکتیکی و کاردانەوەی ڕاستەقینەی لەسەر زەوی نییە، بۆئەوەی دەوڵەتێک بۆ فەلەستین کاری لەسەر بکرێت، واتە ڕاگەیاندنی بەس نییە؛ بەڵکو دەبێت پراکتیزە بکرێت.
ئەوەی دەتوانێت بەربەستێکی گەورەبێت لەبەرامبەر ئەم ستراتیژەی ئیسرائیلدا و هەوڵی کۆنەپەرستانەی ترامپ لەسەر کێشەی فەلەستین و دووڕویی وڵاتە ئەروپیەکان، فراوانبونی ناڕەزایەتی بەربڵاوی جەماوەریە لە ئاستی جیهاندا، تائەوکاتەی ئیسرائیل و ئەمریکا ناچاردەکرێن، کە تەئمینی ئەوە بکرێت ئاگربەست جێگیر دەبێت و دەوڵەتی فەلەستین بە بێمەرج دادەمەزرێت.
