داڕووخانی لیبرالیزم و پۆست لیبرالیزم.. ئەکرەم سەعید

قیژەێک لە ساکسۆنی-ئانهاڵتی ئەڵمانیاوە

دوای ئەوەی دوێنێ پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا ٤٤%ـ ی دەنگەکانی لە هەڵبژاردنی ئەڵمانیا بەدەستهێنا، قیژەێک لە ویلایەتی ساکسۆنی-ئانهاڵت خەڵکی لە مەترسیەک ئاگادار کردوە( گەڕانەوەی چەپۆکە ڕەشەکان – نازییە نوێکان بۆ دەسەڵات)، ئەو نازییە نوێیانەی خۆیان وەک فریاڕەس پیشانی خەڵکی دەدەن. ئێمە ئەمڕۆکە لە ساتەکانی سەرەتای وەرچەرخانێکی سیاسی ترسناکدا دەژین، لە خولێکی ڕاگوزاری لە جیهانی یەک جەمسەرییەوە بۆ جیهانێکی فرە جەمسەری، لە کۆمەڵگەی دیموکراسی وکراوەی ڕۆژئاواوە بەرەو کۆمەڵگەی تۆتالیتاری وداخراو. مەترسییەکان بەزۆری بۆ سەر مافە ئابووری و سیاسییەکانی چینی کرێکاران و پەناهەندەکانە.
لاوازبوون و پوکانەوەی بنەماکانی حوکمی دیموکراسی و لیبرالیزم، کە لەم سەردەمەی ئێمەدا بە پۆست لیبرالیزم ناو دەبرێ، نموونەیمان لە نزیکەی ناوەڕاستی ساڵانی هەزارو هەشت سەدەکاندا، بە جۆرێکی دی و لە هەلومەرجێکی جیاواز لە ململانێی چینایەتیدا بینیووە. لە ساڵی ۱۸٤۸ دا مارکس وەسفی ئەو هەلومەرجە دەکات کە پاڵ بە چینی بۆرژوازی فەرەنسییەوە دەنێ تا لە پێناو پاراستنی سەروەت و سامانەکەیان ملکەچی دیکتاتۆریەتی پۆناپارت بن. شیکارەکەی مارکس بۆ وەرچەرخان و گۆڕانی بۆرژوازەکان لە دیموکراسییەوە بۆ دیکتاتۆری، بە شاکارێکی فیکری و قووڵ لە مێژووی فەلسەفەی سیاسیدا دادەنرێت. مارکس لە کتێبەکەیدا«هەژدەی برۆمێری لویی بۆناپارت» بە شیکاریی زانستی نیشانی دەدات کە چۆن بۆرژوازی فەرەنسی، بۆ پاراستنی مڵکداریی تایبەت و بەرژەوەندییە داراییەکانیان، کۆماری دیمۆکراتیی خۆیان لەباربردوو وخۆیان تەسلیمی سەرکوتکاریی بۆناپارت کرد. لۆژیکی بۆرژوازی:( قوربانیدان بە تاجی سیاسی لە پێناو جزدانی پارەکانی ). مارکس لە بەشی پێنجەمی کتێبەکەدا، بە زمانێکی زۆر ڕوون و بێپەردە وەسفی ئەو مامەڵە مێژووییە دەکات کە بۆرژوازی لەگەڵ دیکتاتۆرەکەدا کردی:« بۆرژوازی بە ڕوونی ڕایگەیاند کە بەرژەوەندییە چینایەتییەکانی خۆی ناچاری دەکەن دەست لە بەشداریکردنی ڕاستەوخۆ لە دەسەڵاتی سیاسیدا هەڵبگرێت؛ و بۆ ئەوەی ئارامی و سەقامگیری لە وڵاتدا بگەڕێنرێتەوە، دەبێت پێش هەموو شتێک پەرلەمانی بۆرژوازی بێدەنگ بکرێت؛ وە بۆ پاراستنی هێزی کۆمەڵایەتی و ئابوورییان (واتە کارگە و بانکەکانیان)، دەبێت هێزی سیاسییان بشکێنرێت. بۆرژوازی تێگەیشت کە بۆ ئەوەی بتوانێت جزدانی پارەکەی بپارێزێت، دەبێت تاجەکەی لەسەری دابگرێ، و ئەو شمشێرەش کە بڕیارە بیپارێزێت ( واتە سوپای دیکتاتۆر ) لە هەمان کاتدا وەک شمشێری دۆمۆکلیس بەسەر سەری خۆیەوە هەڵبواسێت.».
هەروەها مارکس ڕوونی دەکاتەوە کە بۆرژوازەکان دیمۆکراسی وەک مەترسی بۆ سەر سەرمایەداری چاو لێدەکەن، کاتێک سەرنجیاندا کرێکاران و گەل دەتوانن لە ڕێگەی دیمۆکراسییەوە داوای مافەکانیان بکەن، ئیدی بۆرژوازەکان دیمۆکراسیی وەک خاڵی لاواز یان وەک دوژمن تەماشا کرد، تەنانەت ئەگەر دیمۆکراسییەکە هی خۆشیان بوایە:« بۆرژوازی تێگەیشت کە هەموو ئەو چەکانەی کە بۆ لێدانی دەرەبەگایەتی کۆن دروستی کردبوون (وەک ئازادی ڕادەربڕین، مافی دەنگدان، کۆماریخوازی)، ئێستا گۆڕاون بۆ چەکێک کە ڕوویان لە خۆیەتی … بۆیە هەموو ئەوانەی کە پێشتر ناوی نابوون ” ئازادی پێشکەوتنخواز ”، ئێستا وەک هەڕەشەیەکی سۆسیالیستی پێناسەی کردنەوە و مەدالیای تاوانبارییان بەسەردا بڕی.» – کەواتە ” تەنها دیکتاتۆریەت دەتوانێت کۆمەڵگای بۆرژوازی ڕزگار بکات! ”.
مارکس لە بەشی شەشەمی کتێبەکەدا باسی قۆناغی کۆتایی پێش کودەتاکەی بۆناپارت دەکات، کاتێک بۆرژوازی شێتبووبوو بەدەست ناسەقامگیری بازاڕ و ترسی شۆڕشی کرێکاران، بۆیە داوای دیکتاتۆریەتی دەکرد:«بۆرژوازی هاواری دەکرد: ” کۆتاییەکی بەئازار نەک ئازارێکی بێ کۆتایی! ”. ئەم هاوارە بە تەواوی لە لایەن بۆناپارتەوە بیسترا … کاتێک پەرلەمانتار و ڕۆژنامەنووسە بۆرژواکان داوای ئازادییان دەکرد، بازرگان و سەرمایەدارە بۆرژواکان لە دەرەوەی پەرلەمان سووکایەتییان پێ دەکردن و هانی بۆناپارتیان دەدا بۆ ئەوەی دەنگی ئەوان کپ بکاتەوە، چونکە پێیان وابوو چالاکییە سیاسییەکان دەبنە هۆی شڵەژانی بازاڕ و بازرگانی.».
ئەنگلس لە چەندین شوێندا بە دەق و بە ڕوونی باسی ئەم پاشەکشە مێژووییەی بۆرژوازی و چەمکی ” بۆناپارتیزم ” دەکات. لە گرنگترین ئەو بەڵگە و دەقانەی کە وەک سەرچاوە دەتوانیت بەکاریان بهێنین، ئەمانەن: نامەی ئەنگلس بۆ مارکس (١٣ی نیسانی ١٨٦٦). ئەم کورتە نامەیە بە یەکێک لە ڕوونترین سەرچاوەکان دادەنرێت کە تێیدا ئەنگلس پێناسەی بۆناپارتیزم دەکات وەک ” ئایینی بۆرژوازی ”:
« بۆناپارتیزم ئایینی ڕاستەقینەی بۆرژوازی مۆدێرنە. بۆم دەرکەوتووە کە بۆرژوازی توانای ئەوەی نییە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ حوکمی سیاسی وڵات بکات؛ بۆیە ئەگەر ئۆلیگارشییەک (کەمینەیەکی دەسەڵاتدار) نەبێت کە لە پێناو بەرژەوەندی ئەواندا دەسەڵات بگرێتە دەست… ئەوا دیکتاتۆریەتێکی نیوە – بۆناپارتی دەبێتە شێوازی ئاسایی دەسەڵات. ئەم جۆرە دیکتاتۆریەتە بەرژەوەندییە ماددییەکانی بۆرژوازی دەپارێزێت ( تەنانەت ئەگەر لە دژی ویستی خۆشیان بێت )، بەڵام هیچ پشک و بەشێک لە دەسەڵاتی حکومەتدا بە خودی بۆرژوازی نادات.» – سەرچاوە: نامەکانی مارکس- ئەنگڵز ١٨٦٦/ نامەی فریدریش ئەنگڵس بۆ کارل مارکس لە مارگەیت، ١٣ی نیسانی ١٨٦٦.
وە لە پێشەکی بۆ چاپی سێهەمی کتێبەکەی مارکس «هەژدەی برۆمێری لویی بۆناپارت» – ١٨٨٥، ئەنگلس مێژووی فەرەنسا ولۆژیکی بۆرژوازی ڕوون دەکاتەوە:« فەرەنسا ئەو وڵاتەیە کە تێیدا ململانێ مێژووییەکانی نێوان چینەکان، زیاتر لە هەر شوێنێکی تر، هەرجارەو بە بڕیارێکی یەکلاکەرەوە کۆتایی هاتووە… بۆرژوازی فەرەنسی لە دوای ساڵی ١٨٤٨، کاتێک لەبەردەم مەترسی ڕاپەڕینی سووری (سۆسیالیستی) کرێکاراندا پشتی شکا، پەنای بردە بەر سەرکوتکاریی پۆلیسی و سەربازی؛ ئەوان ئامادەبوون ئازادییە سیاسییەکانی خۆیان بدەن بە بۆناپارت لە پێناو هێشتنەوەی کۆیلایەتی ئابووریی چینی کرێکار و پاراستنی سەقامگیریی بازاڕەکانیان.».
ئەم شیکارییەی مارکس و ئەنگلس ئەوە دەسەلمێنێت کە بۆرژوازی هیچ دڵسۆزییەکی بنەمایی بۆ دیمۆکراسی یان لیبرالیزمی سیاسی نییە یانی پراگماتیزمە؛ چونکە دیمۆکراسی لە ڕوانگەی بۆرژوازییەوە تەنها ئامرازێکە بۆ حوکمڕانی. کاتێک سەرمایەداری لە خولێکی قەیرانی قووڵدا هەست دەکات دیمۆکراسی بووەتە هەڕەشە بۆ سەر مانەوەی سەروەتەکەی، یان ڕێگا خۆش دەکات بۆ سەرکەوتنی هێزە ڕادیکاڵەکان( پۆپۆلیست یان چەپخواز )، ئەوا دەستبەجێ دەمامکە لیبراڵییەکەی فڕێ دەدات، و پەلە دەکات بۆ خۆحەشاردان لە باوەشی دکتاتۆریەت (تۆتالیتاریزم) و حوکمی ” ڕابەری بەهێز ” دا؛ ئەمەش ڕێک ئەو ترسەیە کە ڕەخنەگران لە گوتاری ئەمڕۆیاندا دەیخەنە سەر واقیعی هاوچەرخی ئەوروپا.

بەڵام بارودۆخی ئێستای ئەوروپا بە تەواوی لەگەڵ فەرەنسای ساڵی ١٨٤٨دا یەکناگرێتەوە؛ چونکە ئەمڕۆ کرێکاران و چەپەکان هەڕەشە لە دەسەڵاتی بۆرژوازی ناکەن لە ئەوروپادا؛ ئەمە یانی جیاوازی هەلومەرجی مێژووی لە داڕمانی لیبڕالیزم و پاشەکشەی بۆرژوازی لە دیموکراسییەوە بۆ دیکتاتۆری، لە سەردەمی مارکس و سەردەمی ئێمەدا، بەتایبەتی جیاوازی لە پلەی ململانێی چینایەتی نێوان کرێکاران و بۆرژوازەکان دایە. لە سەردەمی ئێمەدا، بەهۆی ناهۆشیاری چینی کرێکاران و لاوازی ململانێیان لەتەک بۆرژوازەکان، لەمەوە ئەوەی پاڵ بە بۆرژوازەکانەوە دەنێ ( تاجی سیاسی- دەسەڵاتی لیبڕالی بکاتە قوربانی لە پێناو جزدانی پارەکانی ) ترس نییە لە شۆڕشی سۆسیالیستی، بەڵکو ڕووسیا، ململانێ نێودەوڵەتییەکان و قەیرانە ئابوورییەکان مەترسییە گەورەکەن. ئەو مەترسییە وجودییەی کە ئێستا هەڕەشە لە بژاردەی بۆرژوازی باڵادەست دەکات لە ئەوروپادا، سەرهەڵدانی بزووتنەوەیەکی کرێکاریی شۆڕشگێڕ نییە وەک ئەوەی لە فەرەنسای ١٨٤٨دا هەبوو، بەڵکو مەترسییە لە قەیرانە ئابوورییەکان، ململانێ نێودەوڵەتییە توندەکان و گەشەی جیۆپۆلەتیکی ڕووسیا و چیندا کورت دەبێتەوە. ئەم جیاوازییە بنەڕەتییە، یەکێک لە گەورەترین دژبەیەک (پارادۆکس) و مەتەڵەکانی سیاسەتی نێودەوڵەتی هاوچەرخ دەخوڵقێنێت؛ چونکە چۆن دەکرێت بژاردەی بۆرژوازی ڕۆژئاوایی چاوپۆشی بکەن یان فەرشی سوور لە مەیدانی هەڵبژاردندا بۆ ڕەوتە ڕاستڕەوە توندڕەوەکان ڕاخەن (وەک: پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا و مارین لۆپان لە فەرەنسا،، هتد)، لە کاتێکدا ڕۆژ بە ڕۆژ دەسەلمێنرێت کە ئەوان پەیوەندییەکی توندوتۆڵیان لەگەڵ ڕووسیا و پۆتیندا هەیە، کە خۆی دوژمنی یەکەمی جیۆپۆلەتیکی ئەوروپایە؟ ئەم ” مەتەڵ و دەمارە شاردراوە گەورەیە ” دەکرێت لە ڕێگەی ئەم ڕەهەندانە سەرەکییەوە شیبکرێتەوە، کە نهێنیەکان ونادیارییەکانی ئەم کایە سیاسییە دەردەخەن.
بۆچی پۆتین پاڵپشتیی ڕاستڕەوی توندڕەو دەکات؟ وە بۆچی ئەوانیش کێشی لای ئەو دەبن؟.پەیوەندیی نێوان کرملین و حیزبەکانی وەک ” حیزبی بەدیل بۆ ئەڵمانیا ” یان ” کۆبوونەوەی نیشتمانی ” لە فەرەنسا چیتر نهێنی نییە، بەڵکو ستراتیژییەکی بەرژەوەندیی هاوبەشە. چەکی هەڵوەشاندنەوەی ئەوروپا لە ناوخۆوە؛ پۆتین درک بەوە دەکات کە ناتوانێت بە شێوەیەکی سەربازیی ڕاستەوخۆ سەرکەوتن بەسەر هاوپەیمانیی ناتۆ یان یەکێتیی ئەوروپادا بهێنێت. بۆیە، باشترین ئامراز بۆ لاوازکردنی ڕۆژئاوا بریتییە لە پاڵپشتیکردنی حیزبە ناسیۆنالیستەکان (ڕاستڕەوی توندڕەو) کە داوای هەڵوەشاندنەوەی یەکێتیی ئەوروپا، ڕاگرتنی هاوکارییەکانی ئۆکرانیا و سەرلەنوێ گەڕاندنەوەی پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ مۆسکۆ دەکەن. بەڵام بۆ ڕاستڕەوی توندڕەو لە کەسایەتیی پۆتیندا نموونەیەک بۆ “پیاوی بەهێز” دەبینێت، واتە ئایدیۆلۆژیا و کاریزمای پۆتین لەتەک بیروباوەڕی ڕاستڕەوی توندڕەو هاوبەشیان هەیە، چونکە پۆتین بەرەنگاری جیهانگیریی لیبراڵ دەبێتەوە، و بەها کۆنەخوازە نەریتییەکان لە دژی ئەجێندا کولتوورییە هاوچەرخەکانی ڕۆژئاوا دەپارێزێت. سەرەڕای ئەمەش، چەندین ڕاپۆرتی هەواڵگریی ڕۆژئاوایی بە بەڵگەوە ئاماژەیان بەوە کردووە کە هەندێک لەم حیزبانە کۆمەک و قەرزی داراییان لە بانکە ڕووسییەکانەوە پێگەیشتووە، یان لە ڕێگەی کەمپینەکانی چەواشەکاریی دیجیتاڵی و” سوپای ئەلیکترۆنیی ڕووس ”یەوە پاڵپشتی کراون. هەروەها پشتگیری ترەمپ و ئیلون ماسک بۆ ڕاستڕەوە توندڕەوەکانی ئەوروپا، هۆکارەکەی بوونی بەرژەوەندی سیاسی و هزری هاوبەشە.
پرسیاێک لێرەدا دەتوانین لە خۆمانی بکەین: بۆچی بژاردەی بۆرژوازی دەسەڵاتدار لە ئەوروپادا چاوپۆشی لەم مەترسییە دەکات؟. ئەگەر ڕاستڕەوی توندڕەو هاوپەیمانی پۆتین بێت، ئەی بۆچی دەسەڵاتدارانی لیبراڵ نایانشکێنن و لەناویانبەرن؟.

دەسەڵاتدارانی ئەوروپا ئەمڕۆکە پراگماتیزمانە بیردەکەنەوە و گەمەێک دەکەن؛ ئەوان دەیانەوێ ئاراستەی توڕەیی کۆمەڵانی خەڵکی بگۆڕن، چونکە قەیرانە ئابوورییەکانی ئێستا( هەڵاوسان، قەیرانی وزە، پاشەکشەی خۆشگوزەرانی ) توڕەییەکی جەماوەریی بەربڵاوی خوڵقاندوە. بۆ سیستەمی سەرمایەداریی دەسەڵاتدار، سەرکەوتنی ڕاستڕەوی توندڕەو کە توڕەیی جەماوەر بەرەو ڕووی کۆچبەران، پەنابەران و کەمینەکان ئاراستە دەکات، بژاردەیەکی ” بێوەیە وەک زمانەی دڵنیایی ” دەبینرێت؛ چونکە ئەم گوتاری نازییە نوێکان دەستکاری جەوهەری سیستەمی ئابووریی سەرمایەداری ناکەن، وهەڕەشە لە پێکهاتەی مڵکداریی تایبەتی سەرمایەداران ناکەن (بە پێچەوانەی ئەوەی چەپی ڕادیکاڵ دەیکات ئەگەر بێتە سەر دەسەڵات). بەشێک لە خاوەن کارگەکان لە ئەوروپادا بەرژەوەندییان هەیە لە پرۆگرامی نازییە نوێکان، چونکە بەڵێنی کەمکردەنەوەی باج لەسەر سەرمایە ولابردنی باجی ژینگە کە یەکیەتی ئەوروپی سەپاندوویەتی دەدەن، و تووڕەیی چینایەتی خەڵک بەرەو کۆچبەران دەگۆڕێ، بۆیە دەشێ زۆرینە سەرمایەدارانەکان دژی هاتنی هێدی بە هێدی ڕەگەزپەرستەکان نین بۆ سەر حوکم، و ئەگەر بە ئاشکرا نەیکەن ئەوا لە پشتی پەردەوە کۆمەکییان دەکەن. هەروەها مەتەڵی شەرعییەتی سندوقەکانی دەنگدان (دیموکراسییەت)؛ بژاردەی ئەوروپی لە نێو ڕێساکانی ” کۆمەڵگەی کراوە ”دا گەمارۆدراون. ئەگەر بێن و ئەو حیزبانە قەدەغە بکەن کە نوێنەرایەتی ٣٠٪ یان ٤٠٪ی دەنگی دەنگدەران دەکەن (وەک ئەوەی لە ویلایەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەڵمانیا یان لە فەرەنسا ڕوودەدات)، ئەوا شەرعییەتی دیمۆکراسیی خۆیان بە دەستی خۆیان لەناو دەبەن و بۆ رای گشتی دەسەلمێنن کە دیکتاتۆریەتێکی دەمامکدارن، ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی هەڵگیرسانی شۆڕشی ناوخۆیی زۆر مەترسیدارتر لە مەترسیی دەرەکیی ڕووسیا. دەشێ نهێنییە گەورەکە لەم کایەیەدا ئەوەبێ کە بۆرژوازیی دەسەڵاتدار گرەو لەسەر ” ماڵیکردن و ڕاهێنانی ” ڕاستڕەوی توندڕەو دەکات، هەر بەو شێوەیەی کە لە دەسەڵات نزیک دەبنەوە. مێژووی نزیک ڕاستیی ئەم گرەوە دەسەلمێنێت: ئەگەر سەرنجی نموونەی جۆرجیا میلۆنی بیدەن لە ئیتاڵیا؛ ئەو لە پاشبنەمایەکی ڕاستڕەوی توندڕەو و نیمچە فاشیستییەوە هات و ڕەخنەگرێکی سەرسەختی یەکێتیی ئەوروپا بوو، و نزیک بوو لە تێڕوانینە کۆنەخوازەکان و دۆستی پۆتین بوو، بەڵام هەر کە گەیشتە لوتکەی دەسەڵات، گۆڕا بۆ هاوپەیمانێکی گوێڕایەڵی ناتۆ، سیاسەتێکی ئابووریی نیولیبراڵیی تەواو هاوتای خواستەکانی بانکە گەورەکانی گرتەبەر، وپشتگیریی ڕەهای خۆی بۆ ئۆکرانیا دژی ڕووسیا ڕاگەیاند. بژاردەی بۆرژوازی پێیان وایە کە خاوەنی هێزێکی دارایی و دامەزراوەیی هێندە قووڵن کە دەتوانێت هەر حیزبێکی ڕاستڕەوی توندڕەو ناچار بکات “بەڵێننامەی دڵسۆزی” بۆ سیستەمی سەرمایەداری و سیاسەتی دەرەکی واژۆ بکات. لەم بڕوایەوە هەر نازیێک کە پۆستی وەزاریی وەرگرت، ئیدی دوای ئەوە دروشمەکانی هەڵبژاردنی خۆی و لایەنگری خۆی بۆ پۆتین، دەکاتە قوربانی.
ئەم دیمەنەی شانۆی سیاسی ئەمڕۆ لە ئەوروپا کۆپییەکی سادەی ساڵی ١٨٤٨ نییە، بەڵکو داڕشتنێکی ئاڵۆزە لە )بۆناپارتیزمی جیۆپۆلەتیکی هاوچەرخ (. بژاردەی سەرمایەداریی ئێستا ڕازی دەبن بە مەترسیی شۆفێنیزم (ڕاستڕەوی توندڕەو) و ئاساییکردنەوەو ماڵیکردنی، نەک لەبەر ترسیان لە کرێکاران، بەڵکو وەک ئامرازێک بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانە ئابوورییەکان و مژینی شۆکە کۆمەڵایەتییەکان؛ ئەوان بەهۆی خۆبەزلزانیی چینایەتییانەوە پێیان وایە دەتوانن کۆنترۆڵی ئەم دێوەزمەیە بکەن، و ڕێگری لێبکەن لەوەی لە کۆتاییدا ئەوروپا ڕادەستی پۆتین بکات.

من بەڕاستی زانیاریم وردم نییە، بەڵکە هەواڵەکان دەخوێنمەوەو شیکارو پێشبینی دەکەم. لە گەمەی پراگماتیسمی دەوڵەتەکانی ئەوروپا و پۆتین لەتەک نازییە نوێکانی ئەوروپا کە ترامپ و ئیلۆن ماسک پشتگیریان دەکەن تێدەگەم، بەڵام ئەم گەمەیە مافیا ئاساییە زۆر مەترسیدارە. پۆتین گەر پێی وابێ نازییە نوێکان (مۆرەێک – داشێک )ی سیاسی باش و بەسوودن لە گەمەی شەترەنجەکەی لەتەک ناتۆ، چونکە دەشێ بۆ کورت ماوە کۆمەکی کەن، بەڵام بۆ درێژماوە نازییە نوێکان کە پۆتین لە ئۆکراینان دەرەقەتیان نایەت، ئەگەر هەموو ئەوروپا بگرنە دەست، ئەوکات وەک هیتلر هێرش دەکەن بۆ ڕوسیا. بێگومان دەسەڵاتدارانی ئەوروپاش بەرامبەر چین دەیدۆڕێنن ئەگەر نازییە نوێکان دەسەڵات بگرنە دەست، چونکە ئابووری ئەوروپا بەرگەی کارەساتی ناسەقامگیر ناوخۆی و دەستوەشاندنی چەپ و ڕاستی توندڕەو لە یەکتر ناگرێ و هەرەس دەهێنێ، وە ئەوروپا بێ پەناهەندە ناتوانێ گەشە بکات و بەرامبەر چین دەیدۆڕێنێ.
خاڵە هەستیارە ستراتیژییەکانی ئەو یارییە جیۆپۆلەتیکییە ئاڵۆزن کە ئەوروپا لە ٢٠٢٦ پێیدا تێپەڕ دەبێت. لێرەدا مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە، چونکە کاتێ پۆتین دەکەوێتە تەڵەی “نازییە نوێیەکان”، ئەمەش تاڕادەێکی زۆر هەر بەو جۆرە لە مێژوودا بەڕێوە چووە؛ دیکتاتۆرەکان هەمیشە پێیان وابووە دەتوانن هێزە ڕادیکاڵ و شۆڤێنییەکان وەک “پادۆنی/ سەربازی شەترەنج ” دژی نەیارەکانیان بەکاربهێنن. پۆتین وا دەزانێت پشتگیریکردنی حیزبەکانی وەک حیزبی ئەلتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا کە لە ساڵانی ٢٠٢٥ و ٢٠٢٦دا گەشەی مێژووییان بەخۆوە بینیوە، ئەوروپا لاواز دەکات. بەڵام ئەگەر ئەم هێزە نەتەوەپەرستە توندڕەوانە (کە ئێستا لەلایەن دۆناڵد ترامپ و ئیلۆن ماسکەوە هاندانی میدیایی و سیاسی دەکرێن) دەسەڵات بگرنە دەست، ئایدیۆلۆژیای ڕەگەزپەرستی ئەوان لەسەر بنەمای ” باڵادەستی نەتەوەیی ” کار دەکات. لە کۆتاییدا، ڕووسیا بۆ ئەوان دەبێتەوە بە دوژمنی مێژوویی و هەمیشەیی، وەک چۆن هیتلەر دوای ڕێککەوتنی “مۆلۆتۆف-ڕیبێنترۆپ” هێرشی کردە سەر یەکێتی سۆڤیەت. توندڕەوی ناسیۆنالیستی کۆنترۆڵ ناکرێت و پۆتین دەبێتە قوربانی یەکەمی ئەو دێوەزمەیەی کە خۆی یارمەتی بەخەبەرھێنانەوەی داوە.
وە بە زیادبوونی هەژموونی نازییە نوێکان سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ئەوروپادا تێکدەچێ، وتێکچوونی هاوسەنگی ئابووری بەرامبەر چین، ئەمە گرنگترین لایەنی مۆدێرنی ئابووری سیاسییە؛ ململانێی توندی نێوان ڕاستی توندڕەو و چەپی ڕادیکاڵ لە ناوخۆی ئەوروپا، دەبێتە هۆی پەککەوتنی بازاڕەکان و ناسەقامگیری کۆمەڵایەتی. ئابووری ئەوروپا ئابوورییەکی پیشەسازی و خزمەتگوزاری ناسکە و بەرگەی گرژی و جەنگی ناوخۆیی سەر شەقامەکان ناگرێت. ئەگەر ئەوروپا لە ناوخۆدا سەرقاڵی جەنگی ناسنامە و ئایدیۆلۆژیا بێت، ئەوکات گۆڕەپانی کێبڕکێی جیهانی بە تەواوی بۆ چین چۆڵ دەکات، کە بە بێدەنگی و ستراتیژی خەریکی کۆنترۆڵکردنی بازاڕەکانی جیهانە.

ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە ئەوروپا بێ پەنابەران لاواز دەبێ، لوتکەی هاوچەرخی شیکاریی دیمۆگرافی و ئابوورییە. ئەوروپا کیشوەرێکی “پیرە”؛ ڕێژەی لەدایکبوون تێیدا لە دابەزینی بەردەوامدایە و هێزی کاری ناوخۆیی تێرکەری پێویستییەکانی بازاڕ نییە. لایەنی پراگماتیستی دەسەڵاتی بۆرژوازی دەزانێت کە: هێزی کار و گەشەی ئەوروپا بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی سندوقەکانی خانەنشینی و دابینکردنی هێزی کاری کارگە و کەرتی تەندروستی، پێویستییەکی حەیاتی بە کۆچبەران و پەنابەران هەیە. بەڵام دروشمی ستراتیژی نازییە نوێیەکان بۆ دەرکردنی کۆچبەران یاخود کەمکردنەوەی مافەکانیان، لە ڕووی ئابوورییەوە کەتوارێکی خۆکوژییە بۆ ئەوروپا. بەبێ هێزی کاری نوێ، پیشەسازی ئەڵمانیا و فەڕەنسا توانای کێبڕکێی بازاڕی چینیان نابێت.
باسی وڵاتی چین بکەین کە چۆن دەڕوانێتە بەهێز بوونی نازییە نوێکان لە ئەوروپادا؟. ئایا وەک مەترسی یان فرسەتی لاوازبوونی ئەوروپا چاوی لێدەکات؟. پەیوەندەییەکان چین بە ئەوروپاێکی خاوەن دەسەڵاتی تۆتالیتاری چۆن دەبێ لە پاشەڕۆژێکی نزیکدا؟. لێکۆڵینەوە و داتا سیاسییەکانی ساڵانی ٢٠٢٥ و ٢٠٢٦ دەری دەخەن کە پەکین (چین) بە دیدگایەکی زۆر پراگماتیستی(بەرژەوەندیخوازانە)و دووڕەهەندی دەڕوانێتە بەهێزبوونی نازییە نوێکان و ڕاستڕەوە توندڕەوەکانی ئەوروپا. چین لە یەک کاتدا وەک فرسەتێکی کاتی و مەترسییەکی ستراتیژیی قووڵ سەیری ئەم دۆخە دەکات:
١. یەکێتیی ئەوروپا هەمیشە وەک سەرئێشەیەک بووە، چونکە ئەوروپایەکی یەکگرتوو هاوشانی ئەمریکا دەبێتە هێزێکی گەورە دژی چین. بۆیە باڵاکردنی نازییە نوێکان ئەم فرسەتانە بۆ پەکین دەڕەخسێنێت؛ واتە تێکدانی یەکڕیزی ئەوروپا، چونکە حیزبە ڕاستڕەوە توندڕەوەکان، دژی سیاسەتە ناوەندییەکانی برۆکسلن. چین سیاسەتی (پەرتکە و زاڵبە) بەکاردێنێت؛ کاتێک یەکێتی ئەوروپا لاواز دەبێت، چین دەتوانێت بە جیا کڕین و فرۆشتن و ڕێککەوتنی ئابووری لەگەڵ تاکە وڵاتەکان بکات، بەبێ ئەوەی گوێ بە یاساکانی یەکێتییەکە بدرێت.

۲/ حیزبە ڕاستڕەوەکان گرنگی بە پرسی مافەکانی مرۆڤ لە چین (وەک كێشەی ئیگۆرەكان، تایوان و هۆنگ کۆنگ) نادەن. ئەوان تەنها باسی “سەروەری نیشتمانی” دەکەن، ئەمەش بۆ چین زۆر گونجاوە، چونکە چیتر ڕووبەڕووی کێشەی سیاسی و ڕەخنەی ئەخلاقی نابێتەوە لەلایەن ئەوروپاوە. بۆیە لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئاشکرا بووە کە مۆدێلی “پراگماتیزمی ئابووری” خاڵێکی هاوبەشە لە نێوان توندڕەوەکان و چین؛ بەشێک لە سەرکردەکانی ڕاستی توندڕەوی ئەوروپا تەنانەت سەردانی چینیان کردووە و دژی سزادانی ئابووری پەکین دەنگیان داوە، یانی پەیوەندی ژێربەژێر .
بەڵام بێگومان باڵاکردنی نازییە نوێکان بۆ وڵاتی چین لایەنی مەترسیشی هەیە، وەک “پارێزگاری ئابووری” و داڕمانی بازاڕ؛ نازییە نوێکان و ڕاستڕەوەکان لەسەر بنەمای ” ناسیۆنالیزمی ئابووری ” کار دەکەن. چونکە دروشمی ئەوان پاراستنی بەرهەمی ناوخۆییە. ئەمەش گەورەترین مەترسییە بۆ چین، بە تایبەتی داخرانی بازاڕەکانی ئەوروپا بە ڕووی کاڵاکانی چیندا. ئابووری چین بە تەواوی پشت بە هەناردەکردنی کاڵا بۆ ئەوروپا بەستوە (ئێستا چین ڕۆژانە بڕی ١ ملیار یۆرۆ کورتهێنانی بازرگانی بەسەر ئەوروپادا دەسەپێنێت). ئەگەر نازییە نوێکان دەسەڵات بگرنە دەست و باجی قورس بخەنە سەر کاڵای چینی، ئابووری چین تووشی شۆکێکی گەورە دەبێت. هەروەها ناسەقامگیری جیهانی لە ئەنجامی نازییە نوێکان، بەتایبەتی ئەگەر ئەوروپا بکەوێتە شێواوی ناوخۆیی و گۆشەگیری ئابووری، ئیدی هێزی کڕینی نامێنێت. بازاڕی تێکچووی ئەوروپا ناتوانێت کڕیاری کاڵا گرانبەها و تەکنەلۆژییەکانی چین بێت.
کەواتە بۆرژوازەکان و نوێنەرەکانیان لە دەسەڵاتدا لە زۆربەی وڵاتاندا گەمەی سیاسی ئاشکراو پشت پردە بە شێوازێکی مافیایی و کورتبینانە دەکەن؛ کە تێیدا لایەنەکان تەنها بەرژەوەندی کاتی خۆیان دەبینن. ئیدی ئەمە لۆژیکی بۆرژوازەکانە: کاتێک سەرمایەداری تووشی قەیران دەبێت، چاوپۆشی لە کێشە مەترسیدارەکان دەکەن. بەڵام گەمەیەک کە تێیدا ڕێگە بە هێزی توندڕەوی ڕەگەزپەرست بدرێت گەشە بکات بەو هیوایەی کۆنترۆڵ بکرێن، مێژوو سەلماندوویەتی کە هەمیشە بە کارەسات کۆتایی دێت؛ کارەساتێک کە تێیدا هەم ئابووری ئەوروپا بەرامبەر داهاتووی ئاسیا (چین) دەدۆڕێنێت، و هەمیش ئاسایشی جیهانی دەکەوێتە مەترسییەوە.

گۆڕهەڵکەنەکانی لیبرالیزم و جیهانی پاش لیبرالیزم
گەشەسەندنی خێرای تەکنەلۆژیا و سەرکەوتنی بزووتنەوە پۆپۆلیستییەکان، نوێنەرایەتی دوو گۆڕهەڵکەنی سەرەکی دەکەن، کە پێکەوە هەڕەشە لە بنچینەکانی دیمۆکراسیی لیبراڵ و ئازادییە کلاسیکییەکان دەکەن. مۆدێرنیتە و جیهانگیری، کە ڕۆژانێک وەک دەستکەوتی مەزنی لیبرالیزم تەماشا دەکران، ئێستا چەکێکی بەهێزیان بەخشیوە بە دوژمنەکانی. لیبرالیزم بە فەلسەفە و دەستوورەکەیەوە لەسەر [ ئازادیی تاک و پاراستنی تایبەتمەندێتی تاک ] دامەزرا بوو، بەڵام ئێستا دەوڵەتان و کۆمپانیا زەبەلاحەکان بە فەزڵی تەکنەلۆژیاوە، چاودێرییەکی توند بەسەر ژیانی تایبەتی تاکەکان و گشت خەڵکیدا دەسەپێنن و تایبەمەندیەتی تاکەکانیان پێشل کردوە:( ئەمڕۆکە: لە هەر جێگاێک ئۆتۆمبێلەکەت ڕاگری، یان زەنگی تەلەفۆنی بۆ هەر کەس لێبدەی، یان پۆستێک لە واڵەکەت دابەزێنی، گەشت بکەیت، بچیتە مۆڵەکان کەلوپەل بکڕیت،، هتد، ئەوە کاکی گەورە چاوی لێتە.). وە دەوڵەتان چیتر وەک ئامرازێکی جیهانیی گەشەپێدان تەماشای تەکنەلۆژیا ناکەن، بەڵکو وەک چەکێکی ناسیۆنالیستی بۆ سەپاندنی سەروەری و باڵادەستی دەیبینن، ئەمەش دەبێتە هۆی پەکخستنی بازرگانیی ئازاد و کرانەوەی جیهانی ( کە دوو کۆڵەکەی سەرەکین بۆ لیبرالیزم ). لە هەمان کاتدا، بزووتنەوە پۆپۆلیستییەکان زەمینەیەکی بەپیت بۆ گەشەی ڕەگەزپەرستی و لاهوتی سیاسی دەڕەخسێنن کە لیبرالیزم بە خاک دەسپێرن. پۆپۆلیزمی نوێ ” سۆزی نەتەوەی و ڕەگەزپەرستی – خاک و خوێن ” و ” پاساوە لاهوتییەکان ” سەر لەنوێ دەگەڕێنێتەوە بۆ داڵانەکانی دەسەڵات؛ بە جۆرێک پۆپۆلیستەکان لە دەوڵەتانی ڕۆژئاوادا خۆیان وەک) ڕزگارکەری نیشتمان و نەتەوە و ڕەگەز یان وەک پارێزەری شارستانییەتی مەسیحی/ ناسیۆنالیستی( پێشکەش دەکەن، ئەمەش عەقڵانییەتی سیاسیی لیبراڵ لە نێو دەبات. هاوکات، ڕەگەزپەرستی چەمکی هاوڵاتیبوون دەگۆڕێت بۆ تەنها شوناسێک؛ لە سیستەمی لیبراڵیدا، مرۆڤەکان لە ڕوواڵەتدا لەبەردەم یاسادا یەکسانن (هاوڵاتیبوون)، بەڵام بزووتنەوە پۆپۆلیستییەکان لە ڕێگەی زیندووکردنەوەی ڕەگەزپەرستی و دەمارگیریی نەتەوەییەوە کۆمەڵگە دابەش دەکەن بەسەر دوو جەمسەردا:) دانیشتوانی ڕەسەن و بێگانەکان/ پەنابەران(، ئەمەش دەبێتە هۆی پەکخستنی چەمکی مافەکانی مرۆڤی جیهانی. دەرئەنجام ئەم دوو دیاردەیە وەک دوو شەپۆلی هاوتەریب کار دەکات: تەکنەلۆژیا مرۆڤ لە ناوەوە پوچەڵ دەکاتەوەو تایبەتمەندی تاکەکەس و ئازادییەکەی پوچەڵ دەکات، لە کاتێکدا پۆپۆلیزم لە دەرەوە، بە پشت بەستن بە هێزی جەماوەری ناهۆشیار و بە دروشمە لاهوتی و ڕەگەزپەرستییەکانی، هێرش دەکاتە سەر دامەزراوە دیموکراسییەکان و یاساییەکان.

پەراوێز:

  • هەڵبەتە حکومەتەکانی ئێستای ئەوروپا لە ڕووی پێکهاتەییەوە وەک کۆماری ڤایمار – ساڵی ۱۹۱۹ و۱۹۳۳ کەنەفت و لەرزۆک نین، بەڵکو حکومەتگەلێکی قەیراناوین کە بە دوای هاوسەنگییەکدا دەگەڕێن لە نێوان پاراستنی ماف و ئازادییەکان لە لایەک، و بەرەنگاربوونەوەی ڕەوتە پۆپۆلیستە توندڕەوەکان لە لایەکی ترەوە. مەترسیی ئەمڕۆ لە داڕووخانی لەناکاوی دەوڵەتدا نییە لەسەر دەستی نازییە نوێیەکان کە جلی سەربازییان پۆشیوە، بەڵکو لەوەدایە کە زانایانی سیاسی ناوی دەنێن ” داخورانی پلە بە پلەی دیمۆکراسی ” لە ناوەوە؛ بە شێوازێک کە بەهاکانی لێبوردەیی و فرەیی بە هێواشی بەتاڵ دەکرێنەوە لە پێناو جێبەجێکردنی سیاسەتی پەڕاوێزخستن و سەپاندنی یاسای توند کە ئازادییەکان بە ناوی پاراستنی ئاسایش و قەیرانە ئابوورییەکانەوە بەرتەسک دەکەنەوە.
  • بەشێک لە نووسەران ڕایان وایە کە ( ئەوروپا بێ پەنابەران لاواز دەبێ، شیکاریی دروستی دیمۆگرافی و ئابوورییە، چونکە ئەوروپا کیشوەرێکی “پیرە”؛ ڕێژەی لەدایکبوون تێیدا لە دابەزینی بەردەوامدایە و هێزی کاری ناوخۆیی تێرکەری پێویستییەکانی بازاڕ نییە.)، بەڵام ڕخنە لەم دیدگایە ئەوەیە کە سەردەمی ئێمە ( سەردەمی ڕۆبۆت و زیرەکی دەستکرد )ە، ئیدی چەند ساڵی ئاییندەی نزیک، تەکنەلۆژیای نوێ، کێشەی کەمی کرێکاران بۆ وڵاتانی ئەوروپا پڕ دەکاتەوە.
  • چەند جار لە وتارەکانی پێشومدا خۆم داوە لە باسی(فاشیزم و مەترسیان لە سەر دیموکراسی و پەناهەندەکان). بۆ نموونە وتاری: (۱/ کۆمەڵگەی سەرمایەداری لە لیبڕالیسمەوە بەرەو تۆتالیتاریسم.. ۲/ فاشیسمی نوێ لە ئەوروپادا . ۳/ وەرزی کۆچی پەناهەندەکان بەرەو باشوور ) کە لە ” سایتی دەنگەکان و هاوپشتی کرێکاری ” بڵاوکراونەتەوە.
  • جگە لە چەندەها کتێبی زۆر بە سوود لەسەر داڕمانی لیبڕالیسم یان پاش لیبڕالیسم، هێشتا بەڕای من کتێبەکەی ئیمانیۆل ڤالەرشتاین «داڕووخانی لیبرالیزم» کە لە ساڵەکانی ۱۹۹۰ چاپکراوە، یەکێکە لە سەرچاوە بە سوودەکان.



مارکس و مۆدێرنیتە *.. ئەکرەم سەعید

  • خوێندنەوەیەک بۆ ڕەخنەی چینایەتی لە پڕۆژەی ڕۆشنگەر

    مەحاڵە لە فەلسەفەی مارکسیستی بگەین بەبێ دابڕانی لە چوارچێوەی مۆدێرنیتەی ئەورووپیدا؛ چونکە مارکسیزم لە ناخی ئەو وەرچەرخانە گەورانەوە لەدایکبوو کە بزووتنەوەی ڕۆشنگەری و شۆڕشی پیشەسازی هێنایانە کایەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، هەڵوێستی کارڵ مارکس بەرامبەر بە مۆدێرنیتە تەنها قبوڵکردنێکی کوێرانە یان ڕەتکردنەوەیەکی ڕەها نەبوو، بەڵکو خاوەنی ڕوانگەیەکی ڕەخنەیی دیالێکتیکیی بێوێنە بوو. ئەم توێژینەوەیە هەوڵ دەدات لێکۆڵینەوە لەوە بکات کە چۆن مارکس سەیری “سەرهەڵدانی مێژوویی سەرمایەداری” کردووە، و چۆن ئەو دژایەتییە جەوهەرییانەی هەڵوەشاندووەتەوە کە لەناو بەڵێنەکانی مۆدێرنیتەی بۆرژوازیدا سەبارەت بە ئازادی، یەکسانی و عەقڵانییەت شاردراونەتەوە، بە جۆرێک کە تێڕوانینەکەی لە ڕەوتی پۆستمۆدێرنیتە و پارێزگارە نوێیەکان جیادەکاتەوە؛ یانی مارکس هەردووک دیوی ڕووناک و تاریکی مانگی مۆدێرنیتەی بینییوە.

    یەکەم: سەرهەڵدانی سەرمایەداری و گۆڕانی مێژوویی کارڵ مارکس دەستەواژەی(سەرهەڵدانی مێژوویی سەرمایەداری)ی بەکاردەهێنا بۆ پرۆسەی گواستنەوەی مێژوویی لە کۆمەڵگەی دەرەبەگایەتییەوە بۆ کۆمەڵگەی سەرمایەداری، کە ئەم پرۆسەیە خۆی لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا بە ناوی (گواستنەوە لە کۆمەڵگەی نەریتییەوە بۆ کۆمەڵگەی هاوچەرخ یان مۆدێرن) ناسراوە. مارکس لە کتێبی “سەرمایە”دا، شیکردنەوەکانی لەسەر لایەنی ئابووریی ئەم پرۆسەیە چڕکردەوە، بەڵام هاوڕێکەی فریدریش ئېنگڵس لە نووسینەکانیدا وەک “(دژە دۆهرینگ)” و “(کۆتایی فەلسەفەی کلاسیکی ئەڵمانی)” لایەنە فکرییەکانی ئەو پرۆسەی گواستنەوەیەی ڕوون کردەوە. مارکس و ئېنگڵس ستایشی بەرزی ڕۆڵی شۆڕشگێڕانە و پێشکەوتنخوازی چینی بۆرژوازییان کرد لە سەرجەم مەیدانەکانی ململانێی فکری، ئابووری و سیاسی دژ بە دەسەڵاتی مادی و ڕۆحیی دەرەبەگەکان، پیاوانی ئایینی و شاهانە؛ ئەوان سەرهەڵدانی سیستمی سەرمایەدارییان – سەرەڕای هەموو ئەو تراجیدیایانەی کە لەگەڵ ڕشتنی خوێندا هاوڕێی بوون – بە قۆناغێکی مێژوویی باڵاتر لەوەی پێش خۆی دادەنا. هەروەها پێیان وابوو کە بزووتنەوەی ڕۆشنگەری بە عەقڵانییەت و فەلسەفە لیبراڵییەکەیەوە، شۆڕشی پیشەسازی و دەرئەنجامەکانی لە گەشەکردنی سەرمایەداریدا، و شۆڕشی فەرەنسا و دەرهاوێشتەکانی لە دیموکراسی، مافە مەدەنییەکان و عەلمانییەت، پرۆسەیەکی تاقەتپڕوکێن و مەزنیان پێکهێنا بۆ لەدایکبوونی کۆمەڵگەی مۆدێرن (واتە کۆمەڵگەی بۆرژوازی سەرمایەداری).

    دووەم: ئاژاوەی بازاڕ و دژایەتییەکانی عەقڵانییەتی بۆرژوازی لەلایەکی ترەوە، مارکس تێبینی ئەوەی کرد کە ئەم کۆمەڵگە مۆدێرنە لە یەکەم ڕۆژی لە دایکبوونییەوە، دژایەتی و کەمکوڕی ترسناکی لە ناخی خۆیدا هەڵگرتووە لەناو هەر یەکێک لە دیاردە فکری، سیاسی و ئابوورییە نوێیەکانیدا. مارکس لە شیکردنەوەکانیدا لە کتێبی “سەرمایە” پیشانی دەدات کە یاسای ئابووریی سەرەکی کە پرۆسەی بەرهەمهێنان لەم کۆمەڵگە مۆدێرنەدا لەسەری وەستاوە بریتییە لە (یاسای بەرهەمهێنانی زێدەبایی)؛ بەو مانا‌یەی کە دەرئەنجامی پرۆسەی بەرهەمهێنانی ئەم سیستمە، لە لایەکەوە، لە بەرژەوەندیی کەڵەکەبوونی سامانە بۆ کەمینەیەکی کەمی کۆمەڵگە (واتە بۆرژوازی)، و لە لایەکی ترەوە، دەبێتە هۆی هەژاری و بێکاری بۆ زۆرینەی هەرە زۆری ئەندامانی کۆمەڵگە (واتە کرێکاران). لێرەوە مارکس ڕوونی دەکاتەوە کە عەقڵانییەتی سیستم لە کۆمەڵگەی مۆدێرندا بەدەست کەمکوڕی قورسەوە دەناڵێنێت؛ چونکە ئەوپەڕی ئەوەی کە بۆرژوازییەک دەتوانێت بە عەقڵانیانە پلانی بۆ دابنێت، لە سنووری کارگەکەی خۆی تێپەڕ ناکات، بەڵکو لەسەر ئاستی کۆمەڵگە و جیهان، ئاژاوەی بازاڕ و ناعەقڵانییەتی ئەون کە حوکم دەکەن و زاڵن. ئەمەش بە تەواوی دژبەیەکە لەگەڵ ئەو عەقڵانییەتی سیستمەی کە بیرمەندانی بۆرژوازی لە بزووتنەوەی ڕۆشنگەریدا داوایان دەکرد. هەروەها مارکس لە ڕێگەی شیکردنەوەی بۆ (یاسای مەیلی دابەزینی تێکڕای قازانج)، سه‌لماندی کە سیستمی کۆمەڵگەی مۆدێرن ڕووبەڕووی قەیرانی ئابووریی خولیی دەبێتەوە، کە دەبێتە هۆی لەناوچوونی سامانی کۆمەڵگە، و خزانی ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی چینی کرێکار و بۆرژوازی بچووک بۆ ناو بێکاری و هەژاریی ڕەها.

    سێیەم: وەهمی ئازادی و یەکسانیی ڕواڵەتی لە مەیدانی ئازادی و چەمکەکەیدا، مارکس ڕوونی کردەوە کە ئەم ئازادییە کەمکوڕە؛ چونکە لە کۆتاییدا واقیعیبوونی پیادەکردنی ئازادی لە کۆمەڵگەی چینایەتی مۆدێرندا بەستراوەتەوە بە پێگەی تاک و شوێنی لە دابەشکاریی چینایەتیدا، بە جۆرێک کە پیادەکردنی ئازادیی ڕاستەقینە بەندە بەوەی کە تاک چەندە خاوەنی سامانە. بۆ نموونە: ئەگەر بتەوێت بچیتە ناو چێشتخانەیەک، یان گەشت بکەیت بۆ شوێنێک بۆ حەوانەوە، ئەوا یاسای ئازادی لە کۆمەڵگەی مۆدێرندا نییە کە ڕێگەت پێدەدات یان ڕێگریت لێدەکات یان هەڵبژاردنەکانت دیاری دەکات، بەڵکو بڕی ئەو پارەیەی کە هەتە و توانای دارایی خۆت بۆ دانی تێچووەکان، ئەوانەن کە هەڵبژاردنە واقیعییەکانت دیاری دەکەن. هەمان شت بەسەر یەکسانیشدا جێبەجێ دەبێت؛ کاتێک هاوڵاتیان تەنها لە شێوازی یاساییدا یان لەبەردەم یاسادا یەکسانن، ئەم یەکسانییە ڕواڵەتییە (شکڵییە) بەهای ڕاستەقینەی خۆی لەدەست دەدات کاتێک هاوڵاتیان لە ڕووی ئابوورییەوە نایەکسان بن. ڕێک وەک ئەو یاسا بەناوبانگەی کە دەڵێت:(خەوتن لەژێر پردەکاندا قەدەغەیە بۆ هەر تاکێک، چ دەوڵەمەند بێت یان هەژار **)؛ بەڵام کێ لە واقیعدا ناچارە لەژێر پردەکاندا بخەوێت لە هەژار و لانەوازان زیاتر؟. بەم شێوەیە هەموو یاساکانی کۆمەڵگەی مۆدێرن دژ بەوانە جێبەجێ دەکرێن کە خاوەنی هیچ نین، یان کەمترین شتیان هەیە، و لەبەر ئەوە یەکسانی نێوان هاوڵاتیان دەبێتە یەکسانییەکی ڕواڵەتی نەک کرداری و واقیعی.

    چوارەم: تێپەڕاندن نەک لە نێوبردن ( ڕەخنەی مارکس لە مۆدێرنیتە) بە سەرنجدان لەمە، ڕەخنەی مارکس بۆ مۆدێرنیتە و ڕۆشنگەری ڕەخنەیەکی چینایەتییە لە ڕوانگەی سۆسیالیستیی کرێکارییەوە؛ لە لایەکەوە دەبینین چەندە وەک هەنگاوێکی پێشکەوتنخواز بەرەو پێشەوە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا دەنرخێنێت، بە هەمان ئەندازەش ڕەخنەی لێدەگرێت و خەبات دەکات لەپێناو تێپەڕاندنی و گەشەپێدان و بەرزکردنەوەی لە کۆمەڵگە و سیستمێکی نوێدا.لێرەدا ڕوانگەی مارکس لە ڕەوتە فەلسەفییەکانی تر جیا دەبێتەوە: مارکس داوای “تێپەڕاندنی” مۆدێرنیتە دەکات نەک “لە نێوبردنی” و کەوتنە ناو پووچگەرایی (عەدەمەیەت) و ئاژاوە، وەک ئەوەی لەو ڕەخنانەدا هەیە کە لەلایەن فەیلەسوفانی پۆستمۆدێرنەوە وەک (نیچە و هایدیگەر). ڕەخنەکەی مارکس ڕەخنەیەک نییە بۆ تەواوکاری لەگەڵ مانەوە لە سنووری مۆدێرنیتەدا وەک ئەوەی یۆرگن هابەرماس باوەڕی پێیەتی. هەروەها ڕەخنە و ڕووخاندنی ڕۆشنگەری و مۆدێرنیتە نییە بۆ پاشەکشە بەرەو پێش-مۆدێرنیتە (گەڕانەوە بۆ کۆمەڵگەی نەریتی یان کۆنەپارێز) وەک ئەوەی لیۆ شتراوس و پارێزگارە نوێیەکان دەیانەوێت.
    کۆتایی و دەرئەنجامەکان: له‌ کۆتایی ئەم کورتە وتارەدا دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە ڕەخنەی مارکس بۆ مۆدێرنیتە نوێنەرایەتی تێزێکی بێوێنە دەکات کە لە دووانەی قبوڵکردنی ڕەها یان ڕەتکردنی پووچگەرایی تێدەپەڕێت؛ دەکرێت گرنگترین دەرئەنجامەکانی ئەم ڕەخنەیە لەم خاڵانەی خوارەوەدا کورت بکرێنەوە:

  • دیالێکتیکی پێشکەوتن و چەوساندنەوە: سەرمایەداری هەنگاوێکی مێژوویی پێشکەوتنخواز بوو کە کۆتوبەندەکانی دەرەبەگایەتی تێکشکاند، بەڵام لە هەمان کاتدا مەرجی نوێی بۆ چەوساندنەوە و ڕشتنی خوێن هێنایە کایەوە.
  • ڕواڵەتیبوونی بنەما لیبراڵییەکان: عەقڵانییەت، ئازادی و یەکسانی لە کۆمەڵگەی مۆدێرندا تەنها بنەمای “ڕواڵەتی” و یاسایین، و بە دەستەوەستان و سنووردار دەمێننەوە مەگەر ئەوەی یەکسانی ئابووریی ڕاستەقینە بێتە دی و دژایەتییە چینایەتییەکان چارەسەر بکرێن.
  • “تێپەڕاندن”((Aufhebung)): چارەسەری مارکسیستی بۆ قەیرانی پێکهاتەیی مۆدێرنیتە لە تێکدانی دەستکەوتەکانیدا نییە وەک ئەوەی پۆستمۆدێرنیتە دەیکات، نە لە پاشەکشەکردن بەرەو ڕابردوو (وەک ئەوەی پارێزگارە نوێیەکان دەیانەوێت)، بەڵکو لە تێپەڕاندنیایەتی؛ واتە لە پاڵنانی ئەم دەستکەوتانەیە بەرەو ئەوپەڕی خۆی و ڕزگارکردنیان لە چوارچێوە سەرمایەدارییەکان لە ڕێگەی گواستنەوە بۆ کۆمەڵگەی سۆسیالیستی.

پەراوێز:

  • ئەم وتارە وەرگێڕانی بەشی یەکەمی وتارێکمە (ماركس و الحداثة .. ملاحظات من دفاتر اليومية ۱- أكرم سعيد)، کە لە بەرواری ۲۰۱۲ / ۷ / ۱٥ بە زمانی عەرەبی لە ماڵپەڕی (الحوار المتمدن) بڵاوکراوەتەوە.
    ** خاوەنی ئەم وتە بەناوبانگە ئەدیب و ڕۆماننووسی فەرەنسی (ئاناتۆل فرانس Anatole France)ە. ئەم وتە تانەئامێز و قووڵە لە بەشی حەوتەمی ڕۆمانە بەناوبانگەکەیدا بە ناوی “نێرگسی سوور Le Lys Rouge” هاتووە کە لە ساڵی ١٨٩٤دا بڵاوکراوەتەوە، و دەقی تەواوەتییەکەی بەم شێوەیەیە:”یاساکان، لە یەکسانییە شکۆدارەکەیاندا، ڕێگری لە دەوڵەمەند و هەژار دەکەن بە یەک شێوە: لە خەوتن لەژێر پردەکاندا، سواڵکردن لە شەقامەکاندا، و دزینی نان”.



ئیلاهیاتی ڕامیاری و سەرمایەداری.. ئەکرەم سەعید

پێشەکی
با لە سەرەتاوە ئەو پرنسیپە دووپات بکەینەوە کە سۆسیالیستەکان دژی بیروباوەڕی ئایینی خەڵکی نین، بەڵکە دژی سەرمایەدارین، دژی تێکەڵکردنی ئایین و سیاسەتن، دژی بازرگانیکردنن بە بیروباوەڕی ئایینی خەڵکییەوە؛ واتە دژی بەکارهێنانی ئایینن وەک ئایدۆلۆژیاێک بۆ مەرامی سیاسی و فریودانی خەڵکی. لەم سۆنگەیەوە وەڵامەکەی حیزبی شیوعی ئەمەریکا بە ترەمپ دروستە:(دوژمنی ئێمە خودا نییە، بەڵکو سەرمایەدارییە.).

خەڵکی ئەمڕۆ ئەگەر بەراورد بکەن لە نێوان دۆخی ساڵانی ۱۹٦۰و ساڵانی دووهەزار، بە ڕۆشنی پاشەکشەی هزری و سیاسی دونیا دەبینن بەرەو ڕاستڕەوی؛ واتە جیاوازی نێوان دۆخی ساڵی ١٩٥٥ هاوپەیمانی بەغداد و دۆخی ڕێککەوتننامەی مەککە ۲۰۲٦.(هاوپەیمانی بەغداد) بە بەشداری”عێراق، تورکیا، بەریتانیا، پاکستان و ئێران”- بوو(دواتر عێراق لێی چووە دەرەوەو ناوی گۆڕا بۆ هاوپەیمانی سەنتو). ئامانجی ئەو هاوپەیمانییە ڕێگریکردن بوو لە فراوانبوونی نفوزی یەکێتیی سۆفێت و بڵاوبوونەوەی بیری شیوعی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەما(ڕێککەوتننامەی مەککە) لە ئێستادا بە هاوبەشی”عەرەبستانی سعوودی، تورکیا و پاکستان”ە. ئامانجی ئەم ڕێککەوتننامەیە بەرگریی ئەو وڵاتانەیە لە مەترسییەکانی دوای لاوازبوونی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا، و دورستبوونی بۆشایێک کە ئێران و ئیسرائیل پڕی دەکەنەوە. ئەوەی لێرەدا بۆ ئەم وتارە گرنگە بەراوردی دۆخی هزرو سیاسی نێوان ئەو دوو ڕێککەوتننامەیەیە. لەیەکەمدا بەشێکی جیهانی سەرمایەداری کۆنەپەرست و تانجی وڵاتانی ئیمپریالیزم بوون دژی بەشێکی پێشکەتووخواز و سیکولار. لەو خولەدا ناوی وەک:(عەبدول کەریم قاسم، جەمال عەبدول ناسر، جۆسیپ تیتۆ ، جەواهرلال نهرو، گیڤارا و هۆشی منە) لە جیهاندا باوی بوو، بەڵام لە ساتەکانی(ڕێککەوتننامەی مەککە) لە ڕۆژئاواوە بۆ ڕۆژهەڵات، بە شێوەیەکی گشتی ناوی سەرکردەو ڕابەری پارتە کۆنەپارێزی بۆرژوازی دڕندە باویەتی، کە ئایین تێکەڵ بە سیاسەت دەکەن.

بۆچی جیهان هێندە لە ڕوی هزرو سیاسەتەوە پاشەکشەی کردووە؟ هۆکاری چییە لە سەردەمی مۆدێرن و لە نێو کۆمەڵگەی مەدەنی بۆرژوازیدا، دوای بزووتنەوەی ڕۆشنگەری و بڵاوبوونەوەی ئەقڵانیەت و بیروباوەڕی ئازادی تاکەکەس و دەوڵەتی سیکولار، جارێکی دی《ئیلاهیاتی سیاسی》هێندە لە جیهاندا پێگەی بەهێزە و ڕۆڵی هەیە؟. بێگومان گەلێ هۆکار هەیە بۆ پاشەکشەی کۆمەڵ، بەڵام دەتوانین لە شرۆڤەی تایبەتمەندییەکانی سەرمایەداری، ڕۆشنتر بنەمای هۆکارەکان بناسینەوە. بۆ وەبیرهێنانەوەی خوێنەری هێژا، من لە چەند وتاری پێشوومدا دەربارەی”تایبەتمەندییەکانی سەرمایەداری” بە کورتی باسم لە【* قەیرانی سەرمایەداری. * دڕندەیی/بەربەریسم. * سەرمایەی وەهمی. * تۆتالیتاریسم/ سەرکوتگەری】کردووە، بێگومان بەبێ باسکردنی ڕۆڵی《ئیلاهیاتی سیاسی》لە سەردەمی مۆدێرندا، باسەکانمان دەربارەی تایبەتمەندییەکانی سەرمایەداری کەموکورت دەبێ.

ئیلاهیاتی ڕامیاری و سەرمایەداری

«ئیلاهیاتی ڕامیاری و سەرمایەداری» یەکێکە لە ئاڵۆزترین بابەتە تیۆرییەکانی سەردەمی نوێ. ئەم بابەتە باس لە کاریگەری ئیلاهیاتی سیاسی لەسەر سیستەمی سەرمایەداری «پێکهاتە ئابوورییەکەی/ ژێرخانی سەرمایەداری» و پێکهاتە هزری و سیاسییەکەی/ سەرخانی سەرمایەداری» دەکات، و تیشک دەخاتە سەر ڕۆڵی گەورەی ڕێکخراوە مەدەنی و سیاسییەکانی ئایینی، لە ململانێی کۆمەڵی نوێدا.
لە سەردەمی کۆندا ئیلاهیاتی سیاسی پایەێکی سەرەکی دەسەڵات بووە؛ لە میسری کۆندا سیستەم بریتی بوو لە تێکەڵکردنی ئایین و دەوڵەت، کە پادشا بە کوڕی خوداوەندەکان یان خۆی بە خوداوەندێک لەسەر زەوی دادەنا، بەم شێوەیە دەسەڵاتی ڕەها و ئیلاهی بە دەسەڵاتەکەی خۆی دەبەخشی. بەم جۆرە سیستەمی حوکمڕانی لەسەر بنەمای “پاشایەتی ڕەها” کە لە ڕووی ئیلاهیاتەوە پشتیوانی لێدەکرا خۆی دامەزراند بوو، پاشا وەک سەرۆک کاهینێک کە بەرپرسیار بوو لە دەستەبەرکردنی دادپەروەری گەردوونی (مەعات) و سەقامگیری وڵات، پشتی بە ئامێرێکی ئیداریی ئاڵۆز دەبەست بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکانی. وە ئیلاهیاتی سیاسی لە وڵاتی چین لە کۆندا: تێکەڵەیەکی ناوازەیە لە بنەما فەلسەفی/ئاینییە نەریتییەکانی(کۆنفۆشیۆسیزم، تائۆیزم)و دەسەڵاتی سیاسی، کە تیشک دەخاتە سەر”ویستی خودایی” وەک سەرچاوەی شەرعیەت، ئەمەش وا دەکات فەرمانڕەوا ببێتە نێوەندگرێک لە نێوان ئاسمان و زەویدا. بەم پێیە لەڕووی مێژووییەوە دەسەڵات بەرئەنجامی تێکەڵاوبوونی ئایین و سیاسەت بووە.
ئەنگلس دەربارەی کۆمەڵگەی نەرێتی نووسیبووی:( لەسەردەمی چەرخی ناوەڕاستدا، مرۆڤایەتی یەک جۆرە ئایدۆلۆژیای زانییوە ئەویش (ئایین و لاهوت) بوو. بەڵام، لەسەدی هەژدەهەمدا، کاتێ بۆرژوازی گەیشتە پلەێک لە هێز کە بەس بێت بۆ ئەوەی ئایدۆلۆژیاێکی تایبەت بەخۆی هەبێت، و گونجاو بێت لەتەکە دۆخی چینایەتی خۆی، بە پشتبەستن تەنها بە هزری یاسای و سیاسی، هەڵستا بە هەڵگیرسانی شۆڕشە مەزن و ڕەساکەی(شۆڕشی فەرەنسا)بێ ئاوڕدانەوە لە ئایین، تەنها مەگەر کاتێ ڕێگری بۆ دروستکردبێ. بەڵام ئەوەی بە مێشکیدا نەهاتووە کە لەبری ئایینی کۆن ئایینێکی نوێ بخاتە جێگەی.) – ئەنگلس/ فیۆرباخ و کۆتایی فەلسەفەی کلاسیکی ئەڵەمانی/ لاپەڕە ٥۱.
ساڵانێکە (لاهووتگەرایی سیاسی)ی هەموو ئایینەکان، وەک ئەنجامێکی قوڵبوونەوەی ناکۆکیەکانی کۆمەڵگەی سەرمایەداری مۆدێرن، لە بوژانەوەدایە، و ڕۆڵی لە سیاسەت و کۆمەڵگەدا زیاد دەکات و جێگا بۆ خۆی داگیر دەکات، لێرەوە شەپۆلی ڕەشی بیروباوەڕی ڕاستڕەوی، هێرش بۆ سەر لیبڕالیزم(ئازادی تاکەکەس و یەکسانی یاسایی هاوڵاتیان )و لایەنگرانی سۆسیالیزم دەبات. ئەگەر بپرسین هۆکاری چییە لە سەردەمی مۆدێرندا، دوای بڵاوبوونەوەی بیروباوەڕی ئەقڵانی و سیکولاری ڕۆشنگەری و فەلسەفەی ماتریالیسمی، جارێکی دی فەلسەفەی ئایدیالیست و بیروباوەڕی نائەقڵانی و کۆنەپارێز دەبووژێتەوە؟ یان بۆچی لەژێر سێبەری مەدەنیەتی بۆرژوازیدا(لاهووتگەرایی سیاسی)ی هەموو ئایینەکان سەوز دەبنەوە؟. بلیخانۆف بەم جۆرە وەسفی کێشەکە دەکات:
“ماتریالیسمه‌کانی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌م پێیان وابوو که ‌بۆ یه‌کجاری کۆتاییان به‌ ئایدیالیسم هێناوه‌و میتافیزیکی کۆن له‌نێوچووه‌و نراوه‌ته‌ گۆڕه‌وه‌، ئیدی ئه‌قڵ هیچ حه‌زی نییه‌ گوێ بیستی بێت، به‌ڵام هه‌ر زوو ئاقاری حاڵه‌کان‌ ڕه‌وتێکی تری وه‌رگرت، ئه‌وه‌ چه‌ند ڕۆژێکه‌ فه‌یله‌سوفه‌کان له ‌ئه‌ڵه‌مانیادا فه‌لسه‌فه‌ی ئادیالیسمیان بووژاندۆته‌وه‌، وه‌ له ‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا گوێکان خنران له ‌ئاست وتاری ماتریالیسمیداو به‌ مردوو ده‌ژمێرا، و له‌لای جیهانی فه‌لسه‌فه‌ و ئه‌ده‌ب بیروباوه‌ڕی ماتریالیسمی وه‌ک “خه‌مۆکی و چەقبەستو” چاوی لێده‌کرا، وه‌ک “گۆته‌” وای ده‌بینی که‌ “ماتریالیسم وه‌ک تارماییێک مووچڕکه‌ به‌له‌شی خه‌ڵکیدا ده‌هێنێ”. به‌م جۆڕه‌ ئایدیالیسمیش به‌ بڕوای خۆی لای وابوو که‌ دوژمنه‌که‌ی بۆ هه‌تاهه‌تایی شکستی پێ هێنراوه‌.” – بلیخانۆف/ به‌رهه‌مه‌ فه‌لسه‌فیه‌کانی – ماتریالیسمی مارکس / لاپه‌ڕه‌ ۱۲۵.
وردبینی‌ بلیخانۆف لەو چەند دێرەی سەرەوەدا بۆ سەردەمەکەمان تابڵێیت بلیمەتانەیە؛ دروست لە نێو بڕێک لە چەپ و سۆسیالیستەکان هه‌مان وه‌همی سه‌رکه‌وتن و بڕوابوون به‌ له‌ نێوبردن و بنبڕکردنی دوژمنه‌کانی فه‌لسه‌فه‌ی ماتریالیسمی مارکس بره‌وی هه‌بوو. که‌س دوای ماتریالیسمی مارکس بڕوای نه‌بوو بیروباوه‌ڕی ئایینی (لاهوتی ڕامیاری) هێنده‌ به‌هێز ببێته‌وه‌. لەڕاستیدا لەژێر سێبەری سەرمایەداریدا (واتە لە سەردەمی مۆدێرن: سەردەمی ڕۆشنگەری و دەوڵەتی سیکولار و کۆمەڵی مەدەنی بۆرژوازیدا)، ئیلاهیاتی سیاسی بە گووتەی مارکس(ئامادەیێکی بەهێزی هەیە). بیرمەندانی وەک: ”سپینۆزا، مارکس، ماکس وێبەر و کارل شمیت” ڕایان وا بوو (کە چوارچێوە تیۆلۆژییەکان بەشدارییان لە سەرهەڵدانی هزر و سیاسەت و دەوڵەتی سەرمایەداریدا کردووە). مارکس لە بەشێک لە بەرهەمەکانیدا لێکچوونەکان لەنێوان مەسیحیەت(وەک ئایین)و (تایبەتمەندییەکانی) سەرمایەداریدا دەکێشێت. ئەم لێکچوونانە بەتاببەتی بەشێوەێکی سەرنجڕاکێش لە کتێبی “سەبارەت بە پرسی جوولەکەکان” دەست نیشانکراوە. مارکس ڕای وا بوو کە ئایین لەژێر سایەی ئەو دەوڵەتە بۆرژوازییە کە سیکولارە ئامادەیێکی بەهێزی هەیە لە کۆمەڵدا، و کارل شمیت دەستەواژەی “ئیلاهیاتی سیاسی”ی بەکارهێنا بۆ ئەوەی نیشان بدات کە هەموو چەمکە مۆدێرنەکانی دەوڵەت چەمکی ئایینی سیکولارن.
بەڕای سپینۆزا ئیلاهیاتی سیاسی ئامانجی کۆنترۆڵکردنی جومگە گشتییەکانی کۆمەڵە، لە ڕێگەی ئایینەوە بۆ مەبەستی سیاسی. ئەمە ناوەڕۆکی کتێبەکەی سپینۆزایە بە ناوی «نامەیەک لەبارەی ئایینزانی و سیاسەت» کە لە ساڵی ١٦٧٠ بڵاوکرایەوە. سپینۆزا ڕای وایە کە بە(سیکولاریزم – جیای ئایین لە دەوڵەت) ناتوانرێ ئیلاهیاتی سیاسی لە کۆمەڵدا کەم بکرێتەوە، بەڵکە دەبێ دەوڵەت زیاتر هەنگاو بنێ بەرەو (جیای سیاسەت لە ئایین)، و دەوڵەت تاکە دەسەڵات بێ بەسەر ئاییندا، ئامانجی ڕاستەقینەی سپینۆزا ئەوە بوو کە دەوڵەت کۆنترۆڵی ئایین بکات، نەک تەنها جیایان بکاتەوە، واتە دەبێ ئایین بخرێتە ژێر سەروەری سیاسی دەوڵەتەوە. مارکس لەم ڕاونگەیەوە نزیگ بووە. لێرەدا مانایەکی تری سیکولاریزم دەبینین، کە جیاوازە لە تێگەیشتنی باو، ئەم ڕوانگەیەی سپینۆزا و مارکس، بەتایبەتی لەلایەن چەپەکانەوە، ساڵانێکە پشتگوێ خراوە.

لیو شتراوس و لاهوتی سیاسی

ئه‌گەر لە‌ زەمه‌نی کۆمە‌ڵگەی یۆنانی کۆندا سۆکرات فه‌لسە‌فه‌ی له ‌ئاسمانەوە‌ دابە‌زاندە سە‌ر زە‌وی، و پێشنیاری بۆ مرۆڤەکان کرد کە ‌بۆ گە‌ڕان بە ‌دوای ڕاستیدا “سه‌یری زەوی بکە‌ن”، ئەوا مارکس لە‌ سەردەمی کۆمە‌ڵگەی سەرمایە‌داریدا، داوای کرد‌ بۆ دۆزینەوە‌ی ڕاستی نامۆی مرۆڤ و چەوسانەوەی مرۆڤەکان، لەبری تەنها پشکنین لە ‌نێو فە‌لسە‌فە و سیاسە‌تدا، دە‌بێ بچینە‌ ڕه‌خنە‌ی ئابووری سیاسی، و ‌شۆڕش بەسه‌ر پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا، واتە شۆڕش به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌ی مەدە‌نی و مۆدێرنی سە‌رمایە‌داریدا، بکە‌ین. بەڵام‌ فه‌لسه‌فه‌ی بۆرژوازی کۆنزەرفاتیزم، به‌پێی ڕێنماییەکانی لیو شتراوس، داوا ده‌کات که‌ جارێکی دی بۆ دۆزینه‌وه‌ی حه‌قیقه‌ت و ڕەوشتبەرزی، ده‌بێ مرۆڤه‌کان ڕووبکه‌نه‌وه‌ ئاسمان و سه‌یری ئاسمان بکه‌ن. لە نووسینی “پێشەکی بۆ کتێبەکەی هۆبز” لیو شتراوس ناوەڕۆکی باسەکانی خۆی ئاشکرا دەکات:( زیندووکردنەوەی لاهووت منی لەگەڵ “کارل بارت و فرانز ڕۆزنزڤایگ”دا دەبەستەوە ،، لەوکاتەوە پرسی”لاهوتی سیاسی” جێی سەرنجی لێکۆڵینەوەکانم بووە.).
سێ سوچکه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی شتراوس بریتییه‌ له‌: ۱/ ڕه‌وشت. ۲/ سیاسه‌ت. ۳/ ڕه‌خنه‌ له‌ مۆدێرنێته‌ و ڕۆشنگه‌ری، و داوای له‌یه‌ک هه‌ڵپێکانی جارێکی دی سیاسه‌ت و ئایین. لیو شتراوس وەک دامەزرێنەری فەلسەفەی سیاسی ڕەوتی «نیوکۆنزەرفاتیزم» لە ئەمریکا تەماشا دەکرێت. یەکێک لەگرنگترین باسەکانی فەلسەفە سیاسییەکەی دەربارەی پەیوەندی «قودس و ئیتینا – »یە، کە تێیدا پێکداچوون و ململانێی نێوان ئایین (ڕۆح) و فەلسەفە (عەقڵ) شیدەکاتەوە. بەڕای لیو شتراوس ئەم دوو شارە تەنها دوو شوێنی جوگرافی نین، بەڵکو دوو کۆڵەکەی سەرەکین کە شارستانیەتی ڕۆژاوایان دروست کردووە: قودس- هێمای تەورات، ئایین – ڕۆح و باوەڕە؛ نوێنەرایەتی ژیانێک دەکات کە لەسەر بنەمای ملکەچی و خۆشەویستی بۆ یاسای خودایی دامەزراوە. ئیتینا: هێمای فەلسەفەی یۆنانی- عەقڵ و لێکۆڵینەوەی ئازادە؛ نوێنەرایەتی ژیانێک دەکات کە لەسەر بنەمای گەڕان بەدوای حیکمەت و تێگەیشتنی سەربەخۆدا دامەزراوە. «نیوکۆنزەرفاتیزمەکان» یەکیەتی ئەم دوو شارەیان لە سەردەمی ئێمەدا کردە پایەی هزر و سیاسەتی( یەهودی زایۆنی و مەسیحی زایۆنی )، چونکە بەڕای لیو شتراوس یەکیە‌تی ئه‌و دوو شارە‌ بۆ خۆرئاوا به‌ درێژای مێژوو پایە‌ و هێزی ڕۆژئاوا بووە‌، لەم ڕوانگەیەوە دە‌بێ بۆ چارە‌سە‌ری قه‌یرانی وڵاتانی ڕۆژئاوا، کە سەرچاوەکەی قه‌یرانی‌‌ مۆدێرنێتەیە، بە یه‌کگرتنه‌وه‌ی” ئه‌تینا و قودس ” چاره‌سه‌ر بکرێ. سەیر نییە دەبینین ترامپ به‌ گه‌شته‌که‌ی خۆی له‌ سعویه‌وه‌ بۆ ئیسرائیل و له‌وێوه‌ بۆ ڤاتیکان، بازنه‌که‌ی “لیوشتراوس”ی فراوانکردو یه‌کیه‌تی”مه‌که‌ و قودس و ڤاتیکان”ی له‌بری دانا، واته‌ یه‌کیه‌تی “ئیسلام و یه‌هودیه‌ت و مه‌سیحیه‌ت” یان (ڕێککەوتنامەی ئیبراهیمی)، کە زنجیرەیەک ڕێککەوتنی ئاشتییە کە لە ساڵی ٢٠٢٠ لەژێر چاودێریی دۆناڵد ترەمپ لەنێوان ئیسرائیل و چەند وڵاتێکی عەرەبیدا واژۆ کرا.
ئایا دوای ئاوابوونی خۆری ئیمپراتۆریەتی ئەمەریکا و لاوازبوونی( یەهودی زایۆنی و مەسیحی زایۆنی )، ئێمە هزر و سیاسەتی( چەپ یان ڕاست )ی نوێ، کە یەکبگرێ لەتەک ئیسلامی سیاسی، لە ئەمەریکا و ئەوروپادا دەبینین؟!. چونکە هەم لە دەوڵەتی چین و ڕوسیا، و هەم لە دەوڵەتەکانی ڕۆژئاوا، ڕەوتێکییان تێدایە کە خۆی نزیک دەکاتەوە لە ئیسلامی سیاسی. لێرەوە ئێمە و نەوەی نوێش، لەژیر سایەی سیستەمی سەرمایەداریدا، بۆ چەند ساڵێکی تریش دەرگیری کێشەی ڕۆڵی ئیلاهیاتی ڕامیاری لە هزر و سیاسەتی کۆمەڵدا دەبین.
سەرکەوتنی( ممدانی و عەبدول ) وەک دوو نوێنەری بزووتنەوەی چەپ( سۆسیال- دیمموکرات ) کە بێگومان هەواڵێکی پۆزەتیڤە، هێمای لاوازبوونی هەژموونی مەسیحی زایۆنیزمە لە ئەمەریکادا، بەڵام لەهەمان کاتدا دەشێ تۆوی سەوزبوونی چەپێک بێ کە خۆی نزیک دەکاتەوە لە ئیسلامی سیاسی، ئەمەش دیاردەێکە ساڵانێکە لە وڵاتانی ئەوروپادا نموونەیمان بینیوە، بەتایبەتی دوای ھێرش بۆ سەر غەززە. ئەمە یانی ئەگەر لە ئێستاو چەند ساڵی داهاتوودا، (مەسیحی و یەهودی زایۆنی) لاواز ببێ، بەڵام (ئیسلامی سیاسی) و هاوپەیمانانی لە مەسیحی سیاسی و چەپ لە زیاد بووندایە؛ کەواتە ئیلاهیاتی ڕامیاری تا چەند ساڵی تریش هەر ئامادیی بەهێزی دەبێ لە جیهاندا.

خوێندەنەوەێکی ڕەخنەگرانە بۆ ڕای چەپەکان دەربارەی هۆکاری باڵاکردنی ئیسلامی سیاسی

ساڵانێکە ئیلاهیاتی سیاسی دیسانەوە لە خۆڵەمێشی خۆیەوە هەڵساوەتەوەو ڕۆڵی گەورە دەبینێ لە جیهاندا. ئیسلامی سیاسی توخێمکه‌ ده‌یه‌وێ کۆمه‌ڵگه‌ ڕاکێشێ به‌ره‌و ڕابووردوو، بزووتنه‌وه‌یه‌که‌ وه‌ڵامێکی کۆنه‌په‌رستانه‌ به‌ کێشه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ ده‌داته‌وه‌. باڵاکردنی ئیسلامی سیاسی جێگای گه‌لێ باس و لێکۆلینه‌وه‌ بووه‌، ئه‌وه‌ی من ده‌مه‌وێ تیشکی بخه‌مه‌ سه‌ر:
۱/ بینینی ئه‌م دیارده‌یه‌ وه‌ک توخمێک، وه‌ک بزووتنه‌وه‌ێکی کۆمه‌ڵایه‌تی سیاسی له ‌کۆمه‌ڵگه‌دا، واته‌ ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ وا ته‌ماشای نه‌کرێ که ‌دروستکراوی ده‌ستی وڵاتان یان ده‌زگای جاسوسی به‌ریتانی یان ئه‌مه‌ریکیه‌، ئه‌گه‌رچی ئه‌وه‌ فاکتێکی حاشا هه‌ڵنه‌گره‌ که ده‌ستی یارمه‌تی ئه‌و ده‌زگایانه‌ هه‌بووه‌ له‌ پێکهێنانی ئه‌حزاب و که‌سه‌کانی سه‌ر به‌م بزووتنه‌وه‌یه‌، به‌ڵام خودی بزووتنه‌وه‌که‌ ڕه‌گوڕیشه‌ی واقیعی‌‌ خۆی هه‌یه‌ له ‌نێو کۆمه‌ڵه‌گه‌دا، ئه‌مه‌ له‌لاێک وه‌ له ‌لاێکی دی په‌یوه‌ندی باڵاکردنی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ به‌ هه‌لومه‌رجی گشتی جیهانی سه‌رمایه‌داریه‌وه‌. سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی سیاسی هاوسات و هاوشانی سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنه‌وه‌ کۆنه‌په‌رسته‌کانی ئایینی سیاسی تر بووه‌ له ‌جیهاندا، بۆیه هه‌ڵه‌یه‌ بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی سیاسی وه‌ک تاقانه‌ چاو لێ بکه‌ین، و ده‌سته‌ خوشکه‌کانی هاوشێوه‌ی خۆی له مه‌سیحی سیاسی، یه‌هودی سیاسی، هیندۆسی و بودی سیاسی نه‌بینین.

۲/ باری فکری و سیاسی سه‌رده‌می سه‌رمایه‌داری دڕنده‌ قۆناخێکی کۆنه‌په‌رستییه‌، ئه‌مه‌ش زه‌مینه‌ێکی گونجاوه‌ بۆ گه‌شه‌ و باڵاکردنی بزووتنه‌وه‌ ئایینیه‌کان، ئه‌م بزووتنه‌وه‌ ئاینییه‌ سیاسیانه‌ له‌م‌ سه‌رچاوه هاوبه‌شه‌وه‌ ئاو ده‌خۆنه‌وه‌، و بیروباوه‌ڕی ئایینی خه‌ڵکیان کردۆته‌ ئاڵای بزووتنه‌وه‌کانیان بۆ پا‌سه‌وانکردنی سه‌رمایه‌داری.

له ‌کتێبی( ئایینیه‌ گشتیه‌کان له‌ جیهانی ئه‌مڕۆدا) خۆزیه‌ کازانوڤا ده‌نووسێ:” ئه‌و گفتوگۆیانه‌ی له‌مه‌ڕ حیجاب هه‌یه‌ له‌ جیهانی عه‌ره‌ب و تورکیا و ئه‌وروپادا هاوشێوه‌ی ئه‌و باسانه‌ن له‌مه‌ڕ له ‌باربردن ( إجهاض – abortion ) که ‌له‌ ئه‌مه‌ریکادا هه‌ن، مشتومڕێکی گه‌رمی ئایینی سیاسین. باوه‌ڕێک باوبوو له‌ دوای سه‌رده‌می ڕۆشنگه‌ری و زاڵ بوونی ڕوانگه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی سه‌ده‌ی بیست که ‌ڕۆڵی ئایین له ‌سیاسه‌ت و کۆمه‌ڵگه‌دا پاشه‌کشه‌ ده‌کات و ده‌بێته‌ لاوه‌کی، به‌ڵام له‌ته‌ک شۆڕشی ئیران و جه‌نگی ئه‌فگانستان و ڕوداوه‌کانی دواتر بینیمان ڕۆڵی ئایین له‌ کۆمه‌ڵگه‌ و سیاسه‌تدا ڕوو له‌ زیادبوونه‌ “.
بڕواناکه‌م که‌سێ هه‌بێ له‌گه‌ڵ ئه‌م بینینه‌ی خۆزێ کازانوڤا ڕاێکی پێچه‌وانه‌ی هه‌بێ، به‌ تاییبه‌تی له‌ نێو به‌هاری عه‌ره‌بیدا( ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین به‌هاری ئیسلامی سیاسی )و هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌مه‌ریکا، زیادبوونی ڕۆڵی ئاینی سیاسی حاشا هه‌ڵنه‌گره‌. کێشه‌که‌ له‌مه‌دا نییه‌ به ‌قه‌د ئه‌وه‌ی له‌وه‌دایه‌ کاتێ هۆکاره‌کان و فاکته‌ره‌کانی زیادبوونی ڕۆڵ و باڵاکردنی ئایینی سیاسی ده‌ست نیشان ده‌کرێ. زۆرێک له ‌نووسه‌ران هۆکاری باڵاکردنی ئیسلامی سیاسی ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ شکستی بۆرژوازی له پڕۆسه‌ی ‌به‌ مۆدێرنیز‌کردنی ووڵاتانی عه‌ره‌ب:( گه‌شه‌ی ئیسلامی سیاسی میلیتانت له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا به‌رئه‌نجامی شکستی ناسۆنالیسم و سکولاریزم و مۆدێرنیزمی بۆرژوازییه‌ له‌م وڵاتانه‌دا.( – بڕوانه‌: مەنسوور حیکمەت “باڵاکردن و ئاوابوونی ئیسلامی سیاسی” )، و سه‌میر ئه‌مین له‌ نووسراوی ” ئیسلامی سیاسی، ڕوویه‌کی تری سه‌رمایه‌داری مته‌وه‌حش ” ده‌نووسێ:( سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و بزووتنه‌وانه‌ی په‌یوه‌ندیان به ‌ئیسلامه‌وه‌ هه‌یه‌، بریتین له ‌یاخی بوونێکی تندوتیژ دژی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری مه‌وجود و ئه‌و مۆدێرنێته‌ ناکامڵ و شێوێندراو گومڕاکه‌ره‌ی که‌ له‌گه‌ڵ خۆیدا هێناوه‌ ).

به‌ ڕای من ئه‌م جۆره‌ لێکدانه‌وانه‌ تێگه‌شتنێکی کەموکورتی له‌خۆی هه‌ڵگرتووه‌ بۆ مۆدێرنێته‌، وه ‌چاوه‌ڕێی شتێکی گه‌وره‌ له ‌مۆدێرنێته‌ ده‌کات که‌ ئاسته‌مه‌ له‌سایه‌ی سیسته‌می سه‌رمایه‌داریدا مۆدێرنێته‌ بتوانێ ئه‌وه‌ به‌رئه‌نجامی بێ. پرسیارێک که‌ ده‌کڕێ بیکه‌ین ئه‌وه‌یه‌: باشه‌ ئه‌گه‌ر هۆکاری سه‌رهه‌ڵدان و بەهێزبوونی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی سیاسی ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ شکستی بۆرژوازی له‌ پڕۆسه‌ی ‌به‌ مۆدێرنیز‌کردنی( عصرنة أو تحديث ) وڵاتانی عه‌ره‌بی، ئه‌ی هۆکاری سه‌رهه‌ڵدان و بەهێزبوونی بزووتنه‌وه‌ی مه‌سیحی سیاسی له ‌ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکادا چییه؟ چونکه‌ لۆژێک نییه‌ بڵێین له ‌ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکادا پیشه‌سازی گه‌شه‌ی نه‌کردووه‌ یان ‌بڵێین بزووتنه‌وه‌ی مه‌سیحی سیاسی به‌رئه‌نجامی شکستی ناسۆنالیسم و سکولاریزم و مۆدێرنێته‌ له‌و وڵاتانه‌دا. به‌ شێوه‌ێکی گشتی مۆدێرنێته‌ له‌ ژێر سایه‌ی سیسته‌می سه‌رمایه‌داریدا پرۆسه‌ێکی ناکامڵ و شێواوی بڕیوە. مارکس ڕای وابوو کە ( مۆدێرنێنته‌ له‌ هه‌ناوی خۆیدا ناکۆکی هه‌ڵگرتووه‌ )، ئه‌مه‌ به ‌جیا له‌وه‌ی باسی چ جوگرافیاێک ده‌که‌ین، وه‌ڵامێکی گشتییه‌ بۆ دیاریکردنی هۆکارێکی سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنه‌وه‌ ڕاستڕه‌وه‌کان، به‌ڵام ئه‌مه‌ نه‌ هۆکاری سه‌ره‌کییه، ‌و نه‌ وه‌ڵامێکی تایبه‌تیمان پێ ده‌داته‌وه‌ که‌ بۆچی ئیسلامی سیاسی وه‌ک بزووتنه‌وه‌ێکی سیاسی و جه‌ماوه‌ری ڕۆڵی ڕوو له‌سه‌ره،‌ وه‌ ده‌سه‌ڵات ده‌گرێته‌ ده‌ست. به‌ڵکه‌ گرنگ ئه‌و فاکته‌ره‌یه‌ که‌ سه‌رمایه‌داری له سه‌رده‌می دڕنده‌یی و قه‌یرانی ئابووریدا، ‌پێویستی به ‌بزووتنه‌وه‌ کۆنه‌په‌رسته‌کانه‌ بۆ ڕاگرتنی جڵه‌وی مێژوو تا نه‌چێته‌ پێش، واته‌ به‌کارهێنانی ئایین وه‌ک پاسه‌وانێکی دڵسۆزی سه‌رمایه‌داری‌، وه‌ له‌لایه‌که‌ی تره‌وه‌‌ سوود وه‌رگرتنی وڵاتانی ڕۆژئاوا و هاوپه‌یمانه‌کانی له ‌بزووتنه‌وه‌ ئایینه‌کان به‌تایبه‌تی ئیسلامی سیاسی میلیتانت دژی روسیا و چین، و بەکارهێنانی له ‌گه‌مه‌ی ئاژاوەو بێسەروبەری هه‌تا له‌ نێو خودی وڵاتانی ڕۆژئاوادا بۆ سه‌رنج ڕاکێشانی کرێکاران بۆ کێشه‌ی لاوه‌کی و خولقاندنی دۆخێکی کۆنەپەرستی پڕ لە تیرۆرو تۆقان. ئه‌مانه‌ ئه‌و مەبەستانەن ‌له‌ پشت خه‌رجکردنی ملیاره‌ها دۆلار بۆ گه‌شه‌ و به ‌هێزبوونی ئیلاهیاتی ڕامیارییەوەیە‌ له‌ جیهانی ئێمه‌دا.

  • سەردەمی مۆدێرن – “کوردستانێکى ئازاد و مۆدێرن”
    بەڕای هەندێک لەڕوناکبیران دەبێ ستراتیژى چەپەکانی کوردستان “کوردستانێکى ئازاد و مۆدێرن” بێت: (دەبێت کۆنگرەیەکى بەرەنگاری لە لایەن چەپەکانەوە ببەسترێت تیایدا بە وەلانانى جیاوازیی فیکرى و سیاسی، و ئەولەویەتەکە “وەڵامدانەوە بە واقیعى هەرێمى کوردستان” بێت و کارنامەى نوێ و گشتگیر سەرپێ بخەن کە بنەڕەت و ستراتیژى کۆنگرەکە “کوردستانێکى ئازاد و مۆدێرن” بێت.) – (هاورێ‌ عبداڵە و شاهۆ عەلی )/ خوێندنەوەیەك بۆ ئەركی نوێی چەپی كوردی لەسەردەمی مۆدێرنەدا – هەفتەنامەی ڕێگای كوردستان .
    لە وەڵامی پرسیاری بەگشتی مانگێک چەند شەو و ڕۆژە؟. زۆرینەی خەڵک دەڵێن:(مانگێک سی ڕۆژە). لەڕاستیدا (مانگێک بە گشتی ٣٠ یان ٣١ شەو و ڕۆژە). لێرەدا دەبینین کە خەڵکی بۆ کورتکردنەوە، شەوەکانی لە مانگەکەدا نەژماردوە، وەک شاردنەوەو باس نەکردنی دیوی تاریکی مانگەکە. هاوشێوەی ئەوە، زۆرینەی سەردیاتەکان دەربارەی(سەردەمی مۆدێرن)، باسی دیوی تاریکی سەردەمەکەی تێدا نییە و شاردراوەتەوە. لە ڕاستیدا (سەردەمی مۆدێرن) دەڕبڕینێکی مەکتەبی لیبڕاڵییە بۆ سیستەمی سەرمایەداری؛ یانی ئەگەر بڕوامان وایە کە بۆ ڕزگارکردنی کوردستان لە ئەحزابی میلیشیای و بنەماڵەی و ئیلاهیاتی سیاسی، پێویستە “کوردستان ئازاد و مۆدێرن” بکەین، ئەمە یانی کوردستان بە سەرمایەداری بکەین. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا هۆکاری قەیرانی سیاسی و ئابووری کوردستان ناسەرمایەداری/ نا مۆدێرن بوونیەتی؟!. کەواتە هۆکاری دیاردەکانی ئیلاهیاتی سیاسی و تۆتالیتاریسم، ڕاسیزم و فاشیزم لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا چییە؟. لۆژیک نییە بڵێین نامۆدێرن و لەوێکانە سەرمایەداری و پیشەسازی بەرهەمهێنانی کاڵاکان گەشەی نەکردووە.
    پوختەی ڕای من ئەوەیە کە به‌هۆی تایبەتمەندییەکانی سەرمایەداری بەتایبەتی له‌م سه‌رده‌مه‌دا‌، ئیدی سه‌رمایه‌داری وه‌ک ( پاڵتۆ شڕه‌که‌ی گۆگۆل )ی لێهاتوه‌و به‌ پارچه‌ شڕه‌ی کۆنی وەک( مۆدێرنێته‌ و سیکولاریزم ) پینه‌ و پەڕۆ ناکرێ.

پەراوێز:

  • سۆسیالسیتەکان ئازادی بیروباوەڕی ئایینی بۆ خەڵکی لە بەرنامەکەیاندایە، و لە کۆمەڵگەی سۆسیالیستدا ماف و ئازادی بیروباوەڕی ئایینی بۆ خەڵکی بە یاسا دابین دەکرێ.
  • لە ئێستادا لە جیهاندا دوو دەوڵەت بە تەواوی سیستەمێکی تیۆکراسی (سایۆکراسی) ڕەهایان هەیە، بە شێوەیەک کە پیاوانی ئایینی ڕاستەوخۆ سەرۆکایەتی دەوڵەت و سەرکردایەتی باڵای سیاسی دەکەن: یەکەم فاتیکان: پاپا (ڕێبەری باڵای کەنیسەی کاسۆلیکی جیهانە)، لە هەمان کاتدا پاشای ڕەها و سەرۆکی دەسەڵاتی جێبەجێکردن، یاسادانان و دادوەرییە لەم دەوڵەتەدا. سەرجەم وەزیر و بەرپرسە باڵاکانیش پیاوانی ئایینی مەسیحین. دووەم ئێران: لە دوای شۆڕشی ١٩٧٩وە سیستەمی “ویلایەتی فەقێ” پەیڕەو دەکرێت. ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی کە پیاوێکی ئایینی شیعەیە(مەرجەع)، بەپێی دەستوور خاوەنی دەسەڵاتی ڕەهایە بەسەر سوپا، دادگا و سەرجەم جومگە سەرەکییەکانی دەسەڵاتدا. بەڵام بەپێی ڕاپۆرتەکانی(سەنتەری توێژینەوەی پیو)، نزیکەی ٤٣ بۆ ٤٨ دەوڵەت لە جیهاندا بە فەرمیی خاوەنی دەوڵەتی ئایینین، و زیاتر لە ٨٠ وڵاتیش بە فەرمی یان ناڕەسمی پشتگیری یەک ئایین دەکەن. ئیسلام، مەسیحیەت و بودایی باوترینن لەم دەوڵەتانەدا. دابەشبوونی دەوڵەتە ئایینییەکان بەپێی جۆری ئایین: ئیسلام لە ٢٧ وڵاتدا وەک عەرەبستانی سعوودیە، ئێران، و میسر ئایینی فەرمییە. مەسیحیەت: لە ١٣ بۆ ١٥ وڵاتدا وەک ڤاتیکان، یۆنان، و دەنیمارک ناسراوە. ئایینەکانی تر: وەک بودایی لە کامبۆدیا و بۆتان، و ئایینی یەهوودی لە ئیسرائیل. دەتوانین بڵێین کە نزیکەی ٤٠ بۆ ٥٠ وڵات لە جیهاندا هەن، کە ئایین و ئیلاهیاتی سیاسی تێیاندا، ڕۆڵێکی گەورە و فەرمی لە دەسەڵات و یاسادانان و کۆمەڵدا، دەگێڕێ.
    *بەڕای سۆسیالیستەکان سکولاریزم بۆرژوازی (Bourgeois Secularism) چەمکێکە بۆ پێناسەکردنی جۆرێک لە جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی چینی بۆرژوازی و بازاڕی سەرمایەداری داڕژاوە.
  • ماکس وێبەر دەڵێ، ئەخلاقی پرۆتستانت (وەک زاهید و كاركردن و ماندووبوون) ئەو چوارچێوە تیۆلۆژییەیان پێکهێنا کە بەشدا



مارکس و پرسی مۆڕاڵ.. ئەکرەم سەعید

( قانوون، ئەخلاق، مەزهەب لەچاو ئەوەوە کۆمەڵێک پێشداوەری بۆرژوازیین کە کۆڵێک قازانج و مەسڵەحەتی بۆرژوازی لە پشتیانەوە حەشاردراوە.)- مارکس و ئەنگڵس/ مانیفێستی کۆمۆنیست/ لاپەڕە ۲۳.

”مایکل ڕۆزن” پرسیارێک دەکات: ئایا مارکس ڕەهەندێکی ئەخلاقی یان تیۆرێکی ئەخلاقی هەیە؟. بەڕای مایکل پرسی مۆڕاڵ یەکێکە لە مشتومڕترین پرسەکانی مارکس. ئەم پرسەش بۆیە سەختە، چونکە مارکس لەلایەک لەبارەی ئەخلاقەوە بڕوای بە مافی نەرێنی هەیە (مافی نەرێنی مافی مەدەنی وسیاسی لەخۆدەگرێ: وەک ئازادی ڕادەربڕین، مافی ژیان، خاوەندارێتی تاکەکەسی، ئازادی ئایین، دادوەری دادپەروەرانە)، بەڵام لە دوای ساڵی ١٨٤٥ مارکس دووپاتی دەکاتەوە کە تیۆریەکەی؛ تیۆرێکی یۆتۆپیای یان ئەخلاقی نییە، بەڵکو “زانستێکی ئەرێنی ڕاستەقینە”یە (مافی ئەرێنی- مافە ئابووری وکۆمەڵایەتی وکولتوورییەکانە:وەک خۆراک، نیشتەجێبوون، پەروەردەی گشتی، دامەزراندن، خزمەتی تەندروستی، ئاسایشی کۆمەڵایەتی)، بەڵام لەلایەکی دیکەوە بەشێکی زۆری ئەو زمانەی کە بۆ وەسفکردنی سەرمایەداری بەکاری دەهێنێت بە ئاشکرا ئیدانەکردنە (بۆ نموونە کە دژایەتی ستەمکاری و چەوسانەوە دەکات). ئایا ئەمە نوێنەرایەتی ناتەبایی لە فکری مارکسدا ناکات؟ ئایا ئەمە لەیەک کاتدا ئەخلاق و ڕەتکردنەوەی ئەخلاق نییە؟.
نۆرمان گێراس لە نامیلکەکەیدا “مشتومڕ لەسەر مارکس و دادپەروەری” نووسیبووی:(مارکس لە کتێبی “ڕەخنە لە بەرنامەی گۆتا”دا دەڵێت:”دابەشکردنی دادپەروەرانە” چییە؟ ئایا بۆرژوازی بانگەشەی ئەوە ناکات کە دابەشکردنی ئێستا “دادپەروەرانەیە”؟وە ئایا لە ڕاستیدا تاکە دابەشکردنی”دادپەروەرانە”نییە لەسەر بنەمای شێوازی بەرهەمهێنانی ئێستا؟ ئایا بارودۆخی ئابووری بە چەمکی یاسایی ڕێکدەخرێت؟ ئایا بە پێچەوانەوە نییە کە پەیوەندییە یاساییەکان لە پەیوەندییە ئابوورییەکانەوە سەرهەڵدەدەن؟ ئایا سۆسیالیستەکانیش بیرۆکەی جیاوازیان نییە سەبارەت بە دابەشکردنی “دادپەروەرانە”؟).
بەڕای من ئەو پرسیارانە دروستن، بەڵام ئەوکات وەڵام وەردەگرێتەوە کاتێ تەواوی تیۆری مارکس لە شرۆڤەی بۆ کۆمەڵگەی سەرمایەداری دراسە بکرێ. لەو دوو کۆپلە قسانەی سەرەوە ئالۆزی باسەکان و هەڵوێستەکان لەسەر دیاردەکان لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا پیشان دەدات. ئالۆزی پرسەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئاڵۆزی کۆمەڵگەی سەرمایەداری خۆی، چونکە کۆمەڵگەێکی ڵنگەوقوچە و ناکۆکی تێدایە، بۆ نموونە:هەندێک لە چمکەکان ئەوە پیشان دەدەن کە”چاکە و دادپەروەری” تەنیا سیفەتی نەرێنین، بەڵام لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا ”چاکە و دادپەروەری” لە بنەڕەتدا تەنها سیفەتی نەرێنی یان ئەرێنی نین، بەڵکە لە خزمەتی پاراستن و بەردەوامی سیستەمەکەن. هەروەها “کۆمەڵگەی یەک کەلتووری یان فرە کەلتووری” هیچکامیان لە ناوەڕۆکدا باسێک نییە لە پێشکەوتووخوازی یان ئازادی و دادپەروەری، بەڵکە هەردووک هزر و سیاسەتی بۆرژوازین، وە لە خزمەتی پاراستنی سیستەمی سەرمایەدارین. بێگومان پرسەکانی وەک:(ژینگە، ژنان، ئازادی ڕادەربڕین، مافی کەمایەتییەکان، مافی نەتەوە ژێردەستەکان، مافی کۆمەڵگەی میم) پرسێکی سەروچینایەتی و مافی ئەبستراکت نین، بەڵکە ئەم پرسانە بەرژەوەندی سیستەمی سەرمایەداری و ئەجەندای چینی بۆرژوازی لە پشتیانە.
ڕەخنەکانی مارکس لە کۆمەڵگەی بۆرژوازی بە شێوەیەکی تایبەت پەیوەستە بە نامۆیی بوونی ئینسانەکان؛ سروشتی مرۆڤ لەناو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە بۆرژوازییەکاندا چەقبەستووەو شێواوە. ئەمە یەکەمجار ئەوە دەگەیەنێت کە مرۆڤ سروشتی نییە و بە ناچاری بەدیهاتووەو تەنیا سروشتێکی پۆتانسێلە. مارکس سەرمایەداری بەوە لەکەدار دەکات کە ڕێ لە مرۆڤەکان دەگرێ لە بەدیهێنانی سروشتی مرۆیی خۆیان؛ مرۆڤەکان بە ڕای مارکس لە سایەی سەرمایەداریدا گەشەکردنیان وەستاوەو گرگن دەکرێن- بڕوانە کتێبی (ئیدۆلۆژیای ئەڵەمانی).
تیۆری مارکس هەم ئەزموونییە و هەم نۆرماتیڤە، کەوابێ شتێک نییە لە کۆمەڵگەی چینایەتی سەرمایەداریدا ناوی(سروشتی مرۆڤی ڕاستەقینە)بێ، بەڵکە سروشتی ڕاستەقینەی مرۆیی بە کۆتایی پێهێنانی کۆمەڵگەی سەرمایەداری دەبێ بەدی بهێنرێت، یانی بە کۆتایی پێهێنانی مێژووی درندەیی و دەستپێکردنی مێژووی ڕاستەقینەی ئینسانی لە کۆمەڵگەی سۆسیالیسمەوە بەدواوە دەتوانرێ سروشتی مرۆڤی ڕاستەقینە بناسرێ. بەم پێیە بەتایبەتی جۆرە جەدەلێک لەسەر مافی (هاوڕەگەزخوازەکان، جەندەر) بە پشتگیری یان دژی، پەیوەندی بە مافی سروشتی مرۆڤەوە نییە، بەڵکە ئەوە بۆ خۆی مافێکە لە چوارچێوەی کۆمەڵگەی بۆرژوازییەوە تاوتوێ دەکرێ. مارکس لە دراسەی بۆ کۆمەڵگەی سەرمایەداری جەخت لەسەر کارەکتەری چینایەتی ماف و ئەخلاق دەکاتەوە، ئەخلاقی بۆرژوازی؛ جەختکردنە لەسەر ڕێزگرتن لە موڵک و ماڵ، قبوڵکردنی دەسەڵات و ڕازیبوون بە نایەکسانی سامان و دەسەڵات، ئەمە خزمەت بە ئەرکی پاراستنی بارودۆخی زاڵبوون و کۆنترۆڵکردنی چینایەتی دەکات. ئەمە چۆن بەدی دێت؟ بۆرژوازەکان و کۆمەڵگەی سەرمایەداری دەیەوێت بە هەلومەرجی بابەتی یان هزر شەرعیەت بەوە بدات کە ئێمە/ واتە مرۆڤەکان جیاوازین بەڵام یەکسانین، شوناس و حەزەکان و ڕەنگمان جیاوازە بەڵام لەبەرامبەر یاسا یەکسانین. لێرەدا بەشێوەێکی ناڕاستەخۆ نایەکسانی چینایەتی شەرعیەت وەردەگرێ، ئەمە فۆرمی پاراستنی سیستەمی سەرمایەدارییە.

  • ڕەخنەکانی مارکس بەرامبەر بە ”مافەکان”
    ڕەخنەکانی مارکس بەرامبەر بە”مافەکان” زیاتر لە سەرنجەکانی جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ (١٧٩١)و هاوڵاتیدا ڕوون دەبێتەوە، کە لە وتارەکەیدا”لەبارەی پرسی جوولەکەکان”دا لە ساڵی ١٨٤٣نووسراوە. مارکس لەوێدا ڕەخنەی خۆی لە بیرۆکەی مافەکانی مرۆڤ بەگشتی دەخاتەڕوو: (ئەو مافانەی کە پێیان دەوترێت مافەکانی مرۆڤ، بەسادەیی مافی ئەندامی کۆمەڵگەی مەدەنییە، واتە مافی مرۆڤی ئیگۆیست، مافی مرۆڤی گۆشەگیر لە مرۆڤەکانی دیکە وکۆمەڵگە).
    ناڕەزایەتی مارکس لێرەدا لەو ناڕەزایەتیانە دەچێت کە پێشتر لە کتێبی ڕەخنەی فەلسەفەی مافی هیگڵدا نووسیوویەتی. ئەو مافانەی کە لە کایەی سیاسیدا دابڕانی تاکەکان لە یەکتر مسۆگەر دەکەن، کە ئەوە بۆ خۆی تایبەتمەندی نامۆبوونی ئابووری سەرمایەدارییە. سەرنجەکانی مارکس لەسەر مافەکان دیسانەوە ئەوە دووپات دەکەنەوە کە ئەم جۆرە مافانە پێشگریمانە لە “ئیگۆیزم/ ئەنانیەتی”ی ئەو تاکانە دەکەن کە ئازادییان گەرەنتی دەکرێت: ( [ماف و ئازاد]ی مرۆڤ لەسەر بنەمای پەیوەندی مرۆڤ لەگەڵ مرۆڤدا نییە، بەڵکو لەسەر جیابوونەوەی مرۆڤ لە مرۆڤ دامەزراوە.).
  • پاڵپێوه‌نه‌ری کاری چاکه‌ و فه‌زیله‌ت
    لای مرۆڤێکی خاوه‌ن بڕوای ئایینی، پاڵپێونه‌ری کاری چاکه‌ و فه‌زیله‌ت ترسه‌ له سزای خودایه‌ک یان بۆ وه‌رگرتنی پاداشتێکی ئاسمانییه‌، واته‌ گه‌مه‌ی قامچی و گوێزه‌ر، بۆیه‌ پاڵپێوه‌نه‌ره‌کانی بڕواکه‌ران ته‌واو خۆویستی (ئه‌نانیه‌تی) ڕووته‌. به‌ڵام پاڵپێوه‌نه‌ری چاکه‌ و فه‌زیله‌ت لای که‌سێکی سۆشیالیست بەدیهێنان و بەرجەستەکردنی ئینسانی خودی خۆیەتی، واته هه‌ستکردنی به مرۆڤایه‌تی خۆیه‌تی. له‌ هه‌ردوو حاڵه‌ته‌که‌دا پاڵپێوه‌نه‌ره‌کان بۆته‌ عه‌قیده و هه‌ڵقوڵاوی ناخیانه‌، له یه‌که‌میان خۆویستێکی ڕووته‌، ئەما بۆ دووه‌م مرۆڤ دۆستی حه‌قیقه‌تی ڕووته‌. چونکه‌ که‌ سۆشیالیستێک چاکه‌ ده‌کات و گیانی خۆی به‌خت ده‌کات، ئه‌و له‌ ترسی سزای خوایه‌ک ئه‌مه‌ ناکات و سووریش ده‌زانێ به‌هه‌شتێ له‌ ئاسمان چاوه‌ڕێی ناکات. یانی که‌سی سۆشیالیست یاخییه‌کی ڕه‌هایه‌ و چوارچێوه‌ی گه‌مه‌ی”قه‌مچی و گوێزه‌ر”ی تێکشکاندووه‌و لێی ده‌ربازبووه‌و بۆته‌ جه‌نگاوه‌رێکی سه‌رسه‌خت بۆ حه‌قیقه‌ت. جه‌نگاوه‌رانێکی لەو چەشنە سیستمی سه‌رمایه‌داری لێیان ده‌ترسێ، چونکه‌ پراگماتیزمی و دبلۆماسی و مساوه‌مه‌چی نین، و له خه‌باتیان دژی سیستمه‌که‌ به‌ که‌متر له‌ ڕماندنی و له‌نێوبردنی قایل نابن.
    وتمان پاڵنەری ئەخلاقی نوخبە و کەسانی هۆشیاری سۆسیالیستی (ڕزگارکردنی چینی کرێکارانە لە چەوسانەوەی سەرمایەداری و دیفاعکردنە لە چەوساوەکان و ڕزگارکردنی ئینسانەکانە لە چەوسانەوە)، ”بەرگری لە مافی ئینسانە بەشخوراوەکان و وەستانەوە دژی چەوسانەوەی ئینسان” پرنسیپێکی مەزنی ئەخلاقی سۆسیالیستەکانە، ئەما پاڵنەری ئەخلاقی چینی کرێکاران لەسەرەتادا تەنها(داواکاری ئابووری ڕووتە/ مافی ئەرێنی ئابوورییە)، چونکە چینی کرێکاران تا ئەو کاتەی هێشتا سۆسیالیست نین؛ واتە هۆشیارو ڕێکخراو نەکراون، تەنها بیر لە مافە ئابووریەکانی خۆی دەکاتەوە، یانی پاڵنەرێکی ئەنانی/ خۆویستی هەیە وەک: داواکاری زیادکردنی کرێ یان باشترکردنی ژینگەی کارو کاتی کار.
    بۆیە کاتێ ئەحزابەکان بانگەوازی چینی کرێکاران دەکەن بۆ دیفاکردن لە (مافە نەرێنیەکانی گروپەکانی کۆمەڵگە/ کە بێگومان مافە لیبڕاڵەکانن) ئەوە تەنها لایەنگرانی وەک ئەفراد لە چینی کرێکارانەوە بە دەنگیانەوە دەچێ نەک کرێکاران وەک چینێک. لێرەوە چەپەکانیش ناچار دەبن بۆ پرس و مافە نەرێنیەکان وەک پۆپۆلیست ڕووبکەنە (خەڵک، جەماوەر) بەگشتی. کەواتە بانگەوازەکە بەم جۆرەی لێدێ:(خەڵکینە وەرن با هەڵواسراوی سیاسی کوردستان چارەسەرکەین. جەماوەری پێشکەوتوخواز وەرن با دەوڵەتی سیکولار دامەزرێنین. جەماوەری ئازادیخواز با دیفاع لە: مافی ژنان، کۆمەڵگەی میم، ئازادی ڕادەربڕین وڕۆشنبیران،، هتد، بکەین.). کەی سۆسیالیستەکان و چینی کرێکاران توانیان خەباتیان بۆ(مافە نەرێنی و مافە ئەرێنیەکان بە دەربڕینێکی چڕتر: مافە مەدەنییەکان و مافە ئابوورییەکان) بەیەکەوە ببەستنەوە، بەمەرجێ ئەو خەباتە لە خزمەت ئامانجی کۆتایی پێهێنانی پێکهاتی ئابووری و سیاسی سەرمایەداری بێ، ئەوکات دەتوانین بڵێن بزووتنەوەی سۆسیالیستی و بزووتنەوەی چینی کرێکاران پەیوەست بوون بە یەکترو بوونەتە یەک بزووتنەوەی مێژووی مەزن بە ئامانجی دامەزراندنی پێکهاتی ئابووری و سیاسی سۆسیالیستی، دەنا بێ ئەو پەیوەستگرتنە بە یەکتر و بە فەرامۆشکردنی ئەو مەرجەی خەباتەی سەرەوە، ئیدی ئەوە تەنها وەهم و خۆفریودانە، و بزووتنەوەی جۆراوجۆری بۆرژوازییە بەناوی سۆسیالیستی و چینی کرێکارانەوە.

سوود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە:
۱/ نۆرمان گێراس: مشتومڕ لەسەر مارکس و دادپەروەری.
۲ / ئی . پرێۆبراژێنسکی: ئەخلاق و نۆرمەکانی چینایەتی.
۳/ مایکل ڕۆزن: ڕەخنەی مارکسیستی لە ئەخلاق و تیۆری ئایدۆلۆژیا.




بۆرژوازە خۆکوژەکان – لە پەراوێزی جەنگی ئەمەریکا و ئێران.. ئەکرەم سەعید

بۆرژوازە دڕندکان لە سەردەمی ئێمەدا وەک داعشیەکان خۆکوژن، و بۆ گەیشتن بە ئامانجە پوچەکانیان بۆمبیان لە خۆیان بەستووەو ئامادەن خۆیان و جیهان بتەقێنەوەو خاپوری بکەن؛ جەنگ لە(ئۆکراینا، غەززە، سودان، و جەنگی ئەمەریکا و ئێران لەم ڕۆژانەدا لە کەنداوی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست)نموونەی جەنگی بۆرژوازە خۆکوژەکانە. جەنگی نێوان ئەمەریکا و ئێران نموونەیەکە لە جەنگی دڕندەکانی سەردەمی مۆدێرن، یانی کوشتنی خەڵکی مەدەنی لە جەنگەکانی دەوڵەتە دڕندەکانی سەرمایەداریدا نە هەڵەیە و نە زیانی لابەلا، بەڵکە ئامرازێکە بەئامانجی ئیفلیج پێکردنی هێزی دوژمن. بۆیە تیۆری”پێنج ئەڵقە”ی عەقید(جۆن واردن)بە دیارترین تیۆری سەردەمی مۆدێرن دادەنرێت. ئەم تیۆریەی جەنگی دڕندەکان لەلایەن عەقید”جۆن واردن”داڕێژراوە، و لە پلاندانان بۆ ئۆپەراسیۆنی زریانی بیابان(۱۹۹۱)بەکارهێنراوە. تیۆرەکە لەسەر بەئامانجکردنی”ئیفلیج”پێکردنی دوژمن دامەزراوە نەک لەناوبردنی سوپاکەی”، یانی ئامانج ئیفلیج پێکردنی ژێرخانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵکردن(کارەبا، پەیوەندییەکان، گواستنەوە)یە. هەرچەندە تیۆرەکە بە ڕاشکاوی کوشتنی خەڵکی مەدەنی ناکاتە ئامانجی ڕاستەوخۆ، بەڵام لە کردەوە سەربازییەکاندا بە عەمەلی(موشەک گرتنە باڵەخانەێک و کوشتنی منداڵان و خەڵکی مەدەنی لەبری موشەک گرتنە زرێپۆش پەیڕەو دەکرێ). هەروەها بۆردومانی ژێرخانی کۆمەڵگە لە وزە و کارەبا و ئاو(کە خزمەت بە هەردوو سەربازی و دانیشتوانی مەدەنی دەکات)دەبێتە هۆی ئازاری توندی خەڵکی مەدەنی و لەدەستدانی خزمەتگوزارییە جەوهەریەکان، بەمەش فشار دەخرێتە سەر سەرکردایەتی سیاسی ئەو وڵاتە.
ئەم وتارە شیکاری وردی جەنگی نێوان ئەمەریکا و ئێران نییە و هەواڵەکانی ڕۆژانەی ئەو جەنگە ناچێتە ناو باسەکانییەوە، بەڵکە بە گشتی باسە لە دوو تیۆری جەنگ و هەندێ سەرنج لە جەنگەکانی سەردەمی ئێمە *.
جەنگ و وەهمی تیۆرەکان
[وەهم دروستکردنی دونیاێکە لە خەیاڵدا کە لەڕاستیدا بوونی نییە].

تیۆری ململانێی شارستانیەتەکان
هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا لە(۲٦.۱۱.۲۰۲٤)دا گووتی:”هیچ کات هێندە لە پێکدادانی شارستانیەتەکان نزیک نەبووینەتەوە”. ئەم ساختەچییە خۆی و حیزبەکەی بە موسڵمان دەزانێ لەکاتێکدا وڵاتەکەی ئەندامی پەیمانی ناتۆیە، و تورکیا هاوکاری ئەمەریکاو ئیسرائیلی کردووە دژی سوریا، میسر و ئێران، و تورکیا زیاد لە سەد ساڵە کوردەکانی ناوچەکە کۆکوژی دەکات کە ئایینی ئەو خەڵکە ئیسلامە، و کەچی باسی ململانێی شارستانیەتەکان دەکات؛ بەڕاستی مەهزەلەیە.
“ململانێی شارستانیەتەکان”، ئەو تیۆرییەی کە”ساموێل هەنتینگتۆن”لەسەرەتای نەوەدەکاندا بڵاویکردەوە، پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە کاتێک ڕووبەڕووبوونەوەی ئایدیۆلۆژیی نێوان کۆمۆنیزم و سەرمایەداری کۆتایی هات، ململانێی نێودەوڵەتی لە نێوان ئەو وڵاتانەدا سەرهەڵدەدەن کە ناسنامەی کولتووری و ئایینی جیاوازیان هەیە، و”بەریەککەوتنی شارستانیەتەکان”زاڵ دەبێت بەسەر سیاسەتی جیهانیدا. بۆ هەندێ کەس هێرشەکانی قاعیدەو شەڕەکانی ئەفغانستان و عێراق ئەم بۆچوونە پشتڕاست دەکەنەوە. بەڵام وەک ئێستا دەزانین ئەوەی ڕوویداوە ئەوەیە کە ململانێکان زیاتر لەناو شارستانیەتەکاندا بووە نەک لە نێوانیاندا. تیرۆریستە ئیسلامییە خواپەرستەکان زۆر زیاتر لە هەموو کەسێک خەڵکی مەدەنی موسڵمانی بێتاوانیان کوشتووە، وە شەڕەکانی نێوان شیعە و سوننە بەردەوامە و زۆرینەی قوربانیانی موسڵمانانی لێدەکەوێتەوە، ئەمڕۆکە هێزەکانی(ئەبو مەحەمەد جۆلانی)بە کۆمەکی وڵاتی سعودییە و ئەمەریکا خۆیان ئامادەکردووە کۆکوژی شیعەکانی لوبنان بکەن، وەک چۆن کۆکوژی عەلەویەکانی سوریایان کرد، و هەروەها ئێران کۆمەکی ئەرمینیا دەکات کە مەسیحین و دژی ئازەربایجانە کە شیعەن،، هتد. جەنگی ئێستای نێوان غەرب و ڕووسیا لە ئۆکراینا هەردوو لاکەی ئایینی مەسیحی تێیدا زاڵە، ململانێی تایوان و چین کێشەکە کەلتوور و ئایین نییە، بەڵکە جەنگی هەژموونی ئابووری و سیاسی و سەربازی نێوان بلۆکی چین و بلۆکی ئەمەریکایە. کەواتە تیۆری ململانێی شارستانییەکان بۆ فریودانە و شایستەی ئەوەیە کە فرێبدرێتە ناو زبڵدانی مێژووەوە.

تیۆری ململانێی چینایەتی
لە تیۆری مارکسیدا(هێزە بەرهەمهێنەرەکان و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان)هێزی چالاکن کە ڕووداوە مێژووییەکان و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان دروستدەکەن. هێزە بەرهەمهێنەرەکان، لەوانەش تەکنەلۆجیا و پرۆسەی کار، ئەو دینامۆیەن کە گەشەسەندنی کۆمەڵگا دەباتە پێشەوە، لە کاتێکدا پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان(پێکهاتە چینایەتییەکانی کۆمەڵایەتی)بنەمای بزووتنەوە سیاسییەکان و ئەحزابەکانە کە فکرو بەرنامەی کارکردنیان هەوڵدانە سامان چۆن دابەشبکرێت و دەسەڵات چۆن ڕێکبخرێت. گۆڕانکاری کۆمەڵگە لەئەنجامی ململانێی چینایەتی ئەم هێزانەدا، بەتایبەتی لەڕێگەی ململانێی چینی چەوساوەو چینی چەوسێنەر، وەک فاکتۆری سەرەکی گۆڕانکاری مێژووی کۆمەڵایەتی، لەلایەن مێژوونووسانی بۆرژوازی فەرەنسی و کۆمۆنیستە سەرەتاییەکان و مارکس، سەیر دەکرێت. ئایا تاچەند ئەم تیۆرە ڕووداوەکانی مێژوو بە دروستی شرۆڤە دەکات؟.
بێگومان ڕۆڵی(گەشەی هێزەکانی بەرهەمهێنان و ململانێی چینایەتی)لە کۆمەڵگەدا چەندەها فاکت و ڕووداوی مێژوویی پشتڕاستی دەکاتەوە، بەڵام ئەوە تاکە فاکتۆری گۆڕانی کۆمەڵگەکان نییە لە مێژوودا، چونکە گۆڕانی کۆمەڵگە و مێژوو لە سەردەمە دێرنەکان و نوێشدا(ململانێی نێوان خاوەن دەسەڵات و هێزەکان)ڕۆڵی گرنگیان بینیوە، بەڵکو زۆربەی کات ململانێی خاوەن دەسەڵات و هێزەکان کە هەموویان سەر بە چینی چەوسێنەرن، ئەوە بۆتە فاکتۆری گۆڕان و ڕووداوی لە مێژوودا دروست کردووە، نەک ململانێی نێوان(چینی چەوساوە و چینی چەوسێنەر). بە ماناێکی دی؛ هێزی چالاک ئەو هێزانەن کە کاریگەرییان لەسەر دروستکردنی ڕووداوەکان هەیە، جا چ لە ڕێگەی کردارەوە بێت یان کاردانەوەی چ ناوەکی یان دەرەکی؛ واتە زۆر کات ململانێی ئەو هێزانە ڕاستەوخۆ دەبنە هۆی یان کاریگەرییان لەسەر دۆخی یان گۆڕانی ڕژێمەکان هەیە، هەرەس بە دەسەڵات و دەوڵەتەکان دەهێنن. کەواتە ململانێی هێزەکانی خاوەن دەسەڵات بزوێنەری ڕووداوەکانن، دەبنە هۆی ڕوودان یان گۆڕینی ڕێڕەوەکەیان. بۆ بەڵگە زۆر دوور نەڕۆین تەماشی ڕووداوەکان بکەین لەساڵانی جەنگی جیهانی یەکەم تا ئێستا و پرسیار لە خۆمان بکەین: ئایا لەتەک ئەوەش کە چینی چەوساوە(بەشێوەێکی بابەتی چینی کرێکاران هەبوون و هەندێ جار خۆپیشاندانیان کردووەو هۆشیارانە هەندێ جار ڕاپەڕینیان کردووە)، بەڵام ئایا چ ململانێک و چ هێزێک ڕووداوەکان و گۆڕانەکانی دروستکردووە؟.
با سەرنج لەمڕۆ بدەین: کە ئەمریکا زلهێزێکی باڵادەستە و چین هێزێکی هەڵکشاوە، ئایا کێبڕکێی نێوان ئەو دوو هێزە نییە لە گشت مەیدانەکان و لەئاستی جیهانیدا کە ڕووداوەکان دروست دەکات؟. جەنگی نێوان: ڕووسیا و ناتۆ لە ئۆکراینا، ئیسرائیل و ئێران،، هتد. ئایا ململانێی هێزەکان و جەنگەکانیان کە ڕووداو دروستدەکەن لەکام جۆری ململانێی چینەکانە؟. بێگومان ململانێی چینە خاوەن دەسەڵاتە چەوسێنەرەکانن، نەک ململانێی نێوان چینی چەوساوە و چینی چەوسێنەر؛ بە ماناێکی دی بەزۆری ئەوە ململانێی نێوان خودی چینی بۆرژوازی خاوەن دەسەڵاتە کە ڕووداو دروست دەکات لە مێژووی سەردەمی نوێدا، هەر بەهەمان شێوە کە ململانێی نێوان ئیمپراتۆرییەتەکانی سەردەمی(میسری کۆن، مێزۆپۆتامیا، ساسانیەکان و ڕۆم، مەملەکەتەکانی وڵاتی هیند و چین)ڕووداویان دروستدەکرد.
هۆکاری ئەم دیاردانە لە مێژوودا چییە؟ یانی هۆکاری ڕۆڵی مەزنی فاکتۆری ململانێی چینە خاوەن دەسەڵاتە چەوسێنەرەکانن چییە؟.
لەم سەردەمەدا بەهۆی(لاوازی سۆسیالیستەکان، ئەزموونی خراپی دامەزراندنی بەناو دەوڵەت و کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی، خامۆشی چینی کرێکاران،، هتد)، ململانێی چیانیەتی بەمان مارکسییەکەی(واتە ململانێی نێوان چینی چەوساوە/ پرۆلیتاریا و چینی چەوسێنەر/ بۆرژوازی)زۆر لاوازبووەو کاریگەری لە دروستکردنی ڕووداوەکان کەم بۆتەوە، هەتا ئێستاش بەڵگە نییە کە ناڕەزایەتی چینی کرێکاران ڕۆڵی هەبووبێ لە ڕێگری لە هەڵگیرساندنی جەنگ یان ڕاگرتنی؛ بۆ نموونە(جەنگی ئۆکراینا، جەنگ لەسەر غەززە، جەنگی ئەم دواییەی نێوان ئەمەریکا و ئێران).
مارکس لە وەسفی ڕۆڵی وەهم لە مێژوودا لەپێشەکییەکەی ساڵی ١٨٦٩ی چاپی دووەمی کتێبی(هەژدەی برۆمێری لویی بۆناپارت)دا ئاماژەی بەوە کردووە کە مێژوو بە تەواوی بە داینامیکی چینایەتی دیاری ناکرێت، ئەوە بەهۆی یەک شت”ڕۆڵی هەست و وەهمەکانی مرۆڤەکان”، چونکە مرۆڤەکان”لەڕێگەی نەریت و پەروەردەکردنەوە”کە دەگوازرێنەوە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەێکی دی، وادەکات لە ئەنجامدا مرۆڤەکان”ڕەنگە خەیاڵ بکەن کە پاڵنەرە ڕاستەقینەکان و خاڵی دەستپێکی چالاکییەکانی پێکدەهێنن- مارکس”، بەڵام لەڕاستیدا زۆرینەی کارو بیری مرۆڤەکان بەرهەمی هەلومەرج و وەهمەکانن.

ئەنجامەکانی دوای جەنگ
لە مێژووی کۆن و نوێدا ئیمپراتۆرییەتە مەزنەکان بەهۆی قەیرانی ئابووری و ناکۆکی ناوخۆی و جەنگی دەرەکییەوە کۆتاییان هاتووە. پۆسێدۆنیۆس (١٣٥ پێش زایین – ٥١ پێش زایین) مێژوونووس و فەیلەسوفی یۆنانی کۆن دەیگوت: (لە ساتەوەختی لەنێوبردنی تەحەدای کارتاجیەکان بۆ دەسەڵاتی ڕۆما، فەزیلەتەکانی ڕۆما پێشێلکراوە.). فەزیلەتەکانی ڕۆما وا پێناسە دەکرا کە بریتییە لە شارستانیەت، و گوایە پێچەوانەی بەربەریسمی جەرمەنەکانە، کە هەمەجی بوون لە کوشتاری خەڵکیدا. بەڵام کاتێ ڕۆما قەرتاجەی سووتان، و دڕندانە کۆکوژی خەڵکەکەی کرد، ئیدی تەواوی بەهاکانی ڕۆما پێشێلکرا، وە دەرکەوت کە ڕۆما لە جەرمەنەکان و قەرتاجیەکان بەربەریترە.
ئەمریکا ساڵانێکە پرۆپاگاندەی بەهاکانی شارستانییەتی غەرب دەکات:(ئازادی، یەکسانی، برایەتی و ئاشتی) کە دروشمەکانی شۆڕشی فەرەنسی ساڵی ١٧٨٩–١٧٩٩یە، وە پروپاگاندەی ئەوەی دەکرد کە مافی مرۆڤ دەپارێزێ، بەڵام ئەمڕۆکە لە هەڵوێستیدا بەرامبەر پەلاماری ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و جەنگی ئەمەریکا و ئێران، تەواوی بەهاکانی خۆی پوچەڵ دەکاتەوە. ئیدی ئەمریکا بەهاکانی خۆی دۆڕاندووە، لێرەوە هەتا ئەگەر ئەمەریکا شەڕەکەی دژی ئێران و هاوپەیمانەکانی بەرێتەوە، بەڵام جەنگەکەی لە بەرامبەر ڕووسیا و چین دەدۆڕێنێ. چونکە سبەینێ دوای جەنگ، هەتا ئەگەر ئەمەریکا براوە بێ، بەهۆی ئەوەی کە خاوەنی تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی سەربازییە، چۆن دەتوانێ باس لە ڕوسیا بکات تاوانی جەنگی کردووە لە ئۆکراینا؟! یان چۆن دەتوانێ ڕەخنە لە چین بگرێ کە موسڵمانانی ئیگۆر دەچەوسێنێتەوە؟! لەکاتێکدا ئەمەریکا خۆی و ئیسرائیل هەزارەها خەڵکی مەدەنی و منداڵیان لە غەززەو ئێران و ناوچکەدا کۆکوژی کردووە!. بۆ چینی کرێکاران و خەڵکی هەژاری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەگەر براوە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بن، یان براوە ئێران و هاوپەیمانەکانی بن، هیچ جیاوازییان نییە، و چارەنووس هەر بەشمەینەتییە، چونکە هەردوو لایەنەکەی جەنگەکە دوو مەعەسکەری سەرمایەداری دڕندەیە.

سۆسیالیستەکان و جەنگ
لە ژیانی مارکسدا جەنگی جیهانی ڕووینەداوە، بۆیە مارکس تیۆرێک یان مەفهومێکی تایبەتی بۆ جەنگ دانەڕشتووە، بەڵام میتودێک کە بەکاری هێناوە لەشیکاری بۆ هۆکارەکانی جەنگی ئەمەریکای باکوور دژی ئەمریکای باشوور، دروست بووە. ئەنگلس لە کتێبی(ئەنتی دوهرینگ)دا باسی ڕۆڵی تندوتیژی کردووە لە مێژوودا، بەڵام مارکس و ئەنگلس بڕوایان بەوە نەبووە کە جەنگ ڕێگایەکە بۆ گۆڕینی شۆڕشگێڕانەی کۆمەڵگای سەرمایەداری، بەڵکە دروشمیان ئەوە بووە کە”چینی کرێکارانی جیهان یەکگرن”، و بە پێویستیان زانیووە کە پەیڕەو لە پرەنسیپی هاوپشتی نێونەتەوەیی کرێکاران بکەن.
دەشێ ساتەکانی جەنگ دوژوارترین و خراپترین کات بێت بۆ بەرپاکردنی شۆڕشی سۆسیالیستی، چونکە کۆمەڵگای سۆسیالیسم نە دابەشکردنی هەژارییە، و نەگونجاوە لەسەر وێرانەێک دامەزرێ. ئەم دەربڕینە دروستە بەڵام مەرج نییە بۆ هەموو جەنگەکان دووبارەی بکەینەوە، بەڵکە هەلومەرجی مێژوویی ساتی جەنگی دەوڵەتە سەرمایەدارییەکان، بڕیاردەرە کە چ هەنگاوێک دروستە بنرێ، نەک بڕگەێکی دەقێک.
سۆسیالیستەکان تا پێش جەنگی جیهانی یەکەم، دروشمیان ئاشتی و دژی عەسکەرتاری دەوڵەتی سەرمایەداری و جەنگ بووە، چونکە جەنگ دەبێتە هۆکاری برسیەتی، بێکاری، کاولکاری، و کۆکوژی کرێکاران و خەڵکی مەدەنی. لەکاتی جەنگی جیهانی یەکەم، نێونەتەوەیی دووەم نەیتوانی هەڵوێستێکی یەکگرتوو دژی جەنگی ئیمپریالیستی دەوڵەتە سەرمایەدارەکان، وەربگرێ. لە بەرامبەر ئەم دیمەنەدا، ڕۆزا و لینین بە دەنگی بەرز دژی جەنگ بوون. لۆکسمبۆرگ بە ڕوونی نیشانی دا کە چۆن میلیتاریزم بڕبڕەی پشتی دەوڵەتە، و ڕای وا بوو کە دەبێ دروشمی“جەنگ دژی جەنگ“ببێتە دروشمی بنەڕەتی سیاسەتی چینی کرێکاران. لەو کاتەوە ئامانجی سەرەکی پرۆلیتاریا بوو بە“بەرەنگاربوونەوەی ئیمپریالیزم و هەڵوێستی دژی جەنگ“. ئەم دروشم و هەڵوێستانەی”ڕۆزا و لینین”ئەگەر چی دروست و شۆڕشگێڕانە بوو، بەڵام ئەفسووس لە عەمەلدا نەتوانرا دژی جەنگی جیهانی یەکەم لەلایەن سۆسیالیستەکانی ئەو سەردەمە پەیڕەوی لێ بکرێ، و بەهۆی هەڵوێست بەرامبەر جەنگی جیهانی یەکەم دووبەرەکی و لێکترازان لەنێو ڕیزەکانی سۆسیالیستەکان دروست بوو.
ڕاکەی”ئیتیان بالیبار”دروستە کە نووسیبووی:(شەڕ بۆ مارکسیزم بەتەواوی چەمک نییە، بەڵام بە دڵنیاییەوە کێشەیەکە. لە کاتێکدا مارکسیزم نەیتوانی چەمکێکی شەڕ دابهێنێت، بەڵام دەیتوانی دووبارە دروستی بکاتەوە، ئەگەر بڵێین: واتە پرسی شەڕ بخاتە ناو کێشەدارەکەی خۆیەوە، و ڕەخنەیەکی مارکسیستی لە شەڕ، یان تیۆرێکی ڕەخنەیی لە شەڕ و بارودۆخ و پرۆسەکانی جەنگ، بە ناوەڕۆکێکی تەواو ڕەسەن بەرهەم بهێنێ. بە جۆرێک دەتوانرێت ئەمە وەک جۆرێک لە تاقیکردنەوە بۆ توانای مارکسیزم بۆ جێگیرکردنی خۆی وەک گوتارێکی سەربەخۆی ڕاستەقینە بسەلمێنرێ. بیری مارکسیستی دەوڵەمەندیێکی شیکاری هەیە سەبارەت بە شەڕ بە گشتی، و جۆرە تایبەتەکانی شەڕ. بەڵام شتێکی نائاسایی ڕوویدا: کێشەی شەڕ لەبری ئەوەی یارمەتیدەر بێت بۆ پتەوکردنی یەکگرتوویی مارکسیزمەکان، لەبری ئەوە کاریگەرییەکی قووڵی وێرانکەری بەرهەمهێنا ،،،.)- مارکسیزم و جەنگ/ ئیتیان بالیبار.
ئەمڕۆکە لە کاتی جەنگ لەسەر غەززە، هەندێ لە کۆمۆنیستەکان لە بەیاننامە و وتارەکانیاندا، هەڵوێستەکەی لینین و ڕۆزا دووبارە دەکەنەوە: باڵێکی کۆمۆنیستی بڕوای وایە کە دەبێ جەنگی غەززە بکرێ بە جەنگی چینایەتی دژی ئیمپریالیسمی ئەمەریکا، بەمە فرسەتی شۆڕشی سۆسیالیستی زیاد دەبێ؛ یانی ئەم هاوڕێیانە گرنگی بە کۆنەپەرستی پرۆژەی حەماس و هاوپەیمانەکانی نادەن، بەڵکو قورسایی خۆیان خستۆتە سەر دژایەتی ئیسرائیل و ئەمەریکا، واتە یەک تاک چاون، وە بڕوایان وایە لەتەک حەماس دژی ئەمەریکا، زەمینەی جەنگی چینایەتی خۆش دەبێ!. باڵێکی دی کۆمۆنیستەکان ڕای وایە کە ئەم جەنگە بکرێ بە فرسەتی بەرپاکردنی شۆڕش بەسەر دوژمنی ناخۆیی(یانی گۆڕینی جەنگ بۆ شۆڕش بۆ نموونە لە ئێراندا). بەڕای من ئەم هاوڕێیانە گەرچی هەڵوێستی ئینسانیان دژی جەنگی ئیسرائیل و ئەمەریکا، دروستە و جێگای دەستخۆشییە، بەڵام بانگەوازو دروشمەکانیان تەواو خەیاڵییە، و بیرکردنەوەیان دوورە لە بەرژەوەندی چینی کرێکاران. چونکە ئەو بلۆکەی بەرامبەری ئەمەریکایە، بلۆکێکی دڕندەو کۆنەپەرستی سەرمایەدارییە؛ واتە ئەمە جەنگی دوو بلۆکی سەرمایەداری دڕندەن، ئیدی چۆن جەنگی حەماس و ئێران لەتەک ئیسرائیل و ئەمەریکا دەبێ بە زەمینەسازکردن بۆ بەرپاکردنی شۆڕشی سۆسیالیستی؟!. ئەمە خۆشخەیاڵییەکەی لینینە دەربارەی شۆڕشی گەلانی چەوساوە دژی ئیمپریالیسم بەشێوەێکی کاریکاتێری. وە لە سەردەمی ئێمەدا، پرسەکانی وەک فەڵەستینیەکان یان کوردەکان، دەمێکە بۆتە مەیدانی کێشمەکێشی بۆرژوازە کۆنەپەرستەکانی لۆکاڵی و جیهانی، ئیدی هیچ بزووتنەوەێکی گەلانی چەوساوەو ژێردەست نەماوە کە پێشکەتووخواز بێ، و دەمێکە ئەوە کەشف بووە کە جەنگی بۆرژوازی گەلانی ژێردەست دژی دەوڵەتی سەردەست، ناکرێ بە موتەحالفی چینی کرێکاران، و سەربەخۆیی(فەڵەستین و کوردستان)بەسەرکردایەتی بۆرژوازییە ناسیۆنالیستەکان بێ یان ئیسلامییەکان، نابێتە بەردەباز بەرەو سۆسیالیسم؛ ئەوە تەنها ئەستۆرەیە. وە فرسەت هێنان لەکاتی جەنگ بۆ بەرپاکردنی شۆڕش لە ئێران یان ئێراقدا؛ ئەقڵی موغامری کەمایەتێکی نێو فەزای مەجازییە، چونکە لەئێستادا هیزێکی سۆسیالیستی نییە بتوانێ ئەوە بکات، وە شۆڕش لەئێستادا لەو وڵاتانەدا، دەچێتە خزمەت بەرەکەی دییەوە. بۆ سۆسیالیستەکان بەتایبەتی ئەوە گرنگە کە سیاسەتی سەربەخۆی چینی کرێکاران دژی دەوڵەتەکانی سەرمایەداری بپارێزن، وە بەتایبەتی لەم پرسەدا:”دژی جەنگ”بن، و هۆشیاربن نەکەونە ناو سەنگەری ئەمریکا یان ئێران.
وه‌حشه‌كانی مۆدێرنه‌
پۆتین سه‌گه‌كه‌ی له‌ منداڵێكی سوری
خۆشتر ده‌وێ.
پۆتین خوێن ده‌ڕێژێ و
یاری به‌ سه‌گه‌كه‌ی ده‌كا.
لای پۆتین ڕژانی خوێن و
یاری سه‌گ لێك ده‌چن.
تره‌مپیش جارێك گوتبووی:
سه‌دام گاڵته‌یه‌كی كیمیاوییانه‌ی
له‌گه‌ڵ هه‌ڵه‌بجه‌ كردبوو،
بۆ وا لێیان كردبووه‌
هه‌ڵڵا و هه‌را؟…
ئه‌رێ خه‌ڵكینه‌، ئه‌مانه‌ مرۆڤن؟
یان وه‌حشه‌كانی سه‌رمایه‌ و مۆدێرنه‌؟
به‌ختیار محه‌مه‌د

فەلسەفە لەزمەنی داڕماندا
ساتێک بۆ پاشەوە و ساتێک بۆ پێشەوە

سەردەمەکەی ئێمە بەوە دەناسرێتەوە کە بۆرژوازەکان سامان بەخێرایی کەڵەکە دەکەن و کرێکاران و زۆربەی خەڵکیش زیاتر هەژار دەکەن. ئەوەی جێی سەرسوڕمانە بۆرژوازە دەسەڵاتدارەکان توانیویانە زۆربەی هەر ئەو خەڵکەی کە هەژاریان کردووە فریو بدەن، و بیانکەنە لایەنگرانی ئەحزاب و بیروباوەڕە کۆنەپەرستەکانی خۆیان. لەخوێندنەوەی دەقەکانی”سۆسیالیستەکان و مارکس”کە پێداگریان دەکرد لەسەر(ڕۆڵی هۆشیاری/ ئەقڵانییەت)، بەتایبەتی شرۆڤەی مارکس بۆ کۆمەڵگەی سەرمایەداری، ڕایان وا بوو کە چینی کرێکاران؛ ئەم چینە نوێیە نابێت ڕێگە بدات بکەوێتە تەڵەکانی هۆشی موزەیەف/ ساختە/ ئیدۆلۆژیاکانی دەسەڵات؛ یانی بەجۆرێک نابێت ڕێگە بەخۆی بدات بە بەرتیلێکی گەورە یان بچووک(ئیسڵاحات)ئارام بکرێتەوە، یان نابێت لە بێزاری و بێهێزی بچێت ملکەچی دەسەڵاتی بۆرژوازی بێ، وەک چۆن زۆرێک لە چینەکانی مێژووی پێشوو(کۆیلەکان و جوتیاران ملکەچی دەسەڵات و بیروباوەڕی خاوەن کۆیلەکان و دەرەبەگەکان بوون)، و پرۆلیتاریا نابێت ڕێبدات گەوجبکرێ بە بیروباوەڕی ئایینی سیاسی و ڕەگەزپەرستی.
بەڵام ئایا ئەمڕۆکە بەشێکی زۆری چینی کرێکاران و خەڵکی هەژار بەدوی(داعش، ڕەگەزپەرستەکان، ئەحزابی هیندۆسیەکان، مەسیحی سیاسی، ڕاستڕەوی توندڕەو،، فکری بنەماڵە و هۆزەوە) نین؟!. ئایا ئەمڕۆکە بەشێکی پرۆلیتاریا لە(ئەمەریکا، ئەوروپا،، و کوردستان،، هتد)کە بژێوییان سەختە و بێکارن، بەدوی سیاسەت و بیروباوەڕی بۆرژوازییەوە نین؟. بۆرژوازی توانیویەتی بە سیاسەت و ئیدۆلۆژیا لە ڕێگەی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ لە میدیا و سۆسیال میدیا، پرۆلیتاریا نەک تەنها لە هۆشیاری چینایەتی دووربخاتەوە، بەڵکە ویژدان و هەست و میهرەبانی ئینسانی نەھێڵێ و بیکاتە دڕندە(بۆرژوازەکان جیهان لەسەر شێوەی خۆیان دروست دەکەن – مارکس/ مانیفێستی کۆمۆنیست).
ئەگەر سەرنج بدەین چەمکی وەک(مرۆڤی نامۆ، مرۆڤی مەسخ، مرۆڤی زۆمبی، مرۆڤی گرگن، مرۆڤی فریودراو، مرۆڤی گەمژەکراو)لە ئەدەبیاتی سۆسیالیستیدا بەکارهێنراوە بۆ وەسفی حاڵەتی ئەو بەشە فریودراوەی خەڵک، کە لەم سەردەمدا بەناشیترین شێوە لە کردەوەکانی ڕەگەزپەرستەکانی ڕۆژئاواو شوێن کەوتووەکانی ئەحزابی ئایینی سیاسی لە: سوریا، سودان، یەمەن، عێراق، هیندستان،، هتد، دەی بینین. ئەمڕۆکە ململانێی چینایەتی لە هەلومەرجێکی زۆر نالەباردایە و فەلسەفەی سۆسیالیستی ساڵانێکە لە پاشەکشەدایە. لەڕاستیدا ئەمە سەدەیەکە بۆ ناعەقڵانییەتی بۆرژوازی؛ بۆیە کەسانی سۆسیالیست و چەپی وەک ئێمە و بڕێک لە خەڵکی مەدەنی و سکولار وا هەست دەکەن کە ئێمە دواهەمین نەوەی سەردەمێک بووین بەسەرچووە، و ئەو سەردەمە هەروا ئاسان ناگەڕێتەوە.
چۆن گەیشتینە ئێرە؟ بۆچ بیروباوەڕ و هەلومەرجی کۆمەڵگە هێندە پاشەکشەی پێکراوە؟. ململانێی بیروباوەڕ هاوشێوەی شەڕ سیجالە؛ بۆ پێشەوەو بۆ پاشەوەی تێدایە، واتە فەلسەفە لە ململانێدایە و وەرچەرخان دەکات، شەڕێکە و سەرکەوتن و شکستی بەدوایەکتری تێدایە؛ یانی هەر فەلسەفەیەو لە سەردەمێکدا سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت و لە سەردەمێکی دیکەدا شکستی پێدەهێنرێت.
لە سەردەمی دەرەبەگایەتیدا فەلسەفەی کۆنسەرڤاتیڤ و چەمکەکانی شەرەف، داب و نەریەت، و دڵسۆزی بۆ هۆز و خێزان زاڵ بوون، لە سەردەمی سەرمایەداریدا بەتایبەتی لە سەرتایدا و تا ساڵانی ۱۹۹۰ فەلسەفەی لیبڕالی و چەمکەکانی تاکەکەس، ئازادی و یەکسانی سیاسی و یاسایی باو بوو، بەڵام ئەمڕۆکە بە زۆری بۆرژوازی دەمانگەڕێنێتەوە بۆ کەلتووری شەرەف و دڵسۆزی بۆ: دەسەڵات، نیشتمان، ئایین، ڕەگەز، هۆز و بنەماڵە. ئەما سۆسیالیستەکان خەبات دەکەن بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگەێک کە ئازادی و یەکسانی بە ناوەڕۆکی هەردووک سیاسی و ئابووری تێیدا زاڵ بێ.
ساڵەکانی ۱۸۰۰- ۱۹۸۰ بەوە دەناسرێتەوە کە ململانێی نێوان فەلسەفەی لیبڕالیسم و سۆسیالیسم باڵی بەسەر جیهاندا کێشابوو، بەڵام لەتەک سەرهەڵدانی قۆناغی ئیمپریالیسم، بە هەوڵی بیرمەندانی وەک(نیتشە، کارڵ شمیت، هایدگەر، لیۆ شتراوس، ساموێل هینتینگتۆن،، هتد)فەلسەفەی کۆنسەرڤاتیڤ پشتی ڕاستکردووەو مەیدانی داگیر دەکرد، و هێدی هێدی بەهاتنی(ماگرێت تاتچەر و ڕێگان)بۆ سەر حوکم، فەلسەفەی کۆنسەرڤاتیڤ و سیاسەتەکانی لە دونیادا زاڵ دەبوون، تا ئەنجامەکەی وای لێهات ئەمڕۆکە هەردووک فەلسەفەی(لیبڕالیسم و سۆسیالیسم)پاشەکشەیان کردووەو لاواز بوون، بەڵام بیروباوەڕی کۆنسەرڤاتیڤ لەوپەڕی بەجەماوەر بووندایەو لاێکی دونیا کۆنەپەرست و دڕندەیە. ئایا دونیا وەرچەرخانێکی فەلسەفی و سیاسی نوێ بەخۆیەوە دەبینێ؟ ئایا ئێمە فەلسەفەی سۆسیالیستی دەبینین جارێکی دی دونیا بە(ئازادی و یەکسانی ئینسانەکان)ڕووناک بکاتەوە؟. بەڕای من بەڵێ ئەوە ئەگەرێکە و بەندوبەستراوە بەوەی کە ئینسانە ئازاد و یەکسانخوازەکان تا چەند:

  • واقیعیانە لە دونیای ئەمڕۆکە تێگەیشتوون و چ کارێک دەکەن بۆ گۆڕینی، چونکە دەبێ لە دونیای ئەمڕۆکە دروست تێبگەین تا بتوانین بیگۆڕین.
    *سۆسیالیستەکان(دۆست و دوژمن)؛ کە بنەمای هەموو فەلسەفەێکی سیاسییە، چۆن و بە چ پێوەرێک دیاری دەکەن.
    * تاچەند سۆسیالیستەکان لەگورپچییەتی(سیکتاریسم)خۆیان بەدوور دەگرن و هەوڵی کاری هاوبەش دەدەن.

پەراوێز:

  • بۆ خوێندنەوەی ڕای نووسەر لەسەر هۆکارەکانی جەنگی ئەمەریکا و ئێران دەتوانن ئەم وتارانە بخوێنەوە:
    ۱/(سەرمایەداری: قەیران و بەربەریسم – ئەکرەم سەعید) – لە کتێبی”تێگەیشتنێک لە شۆڕشی سۆشیالیستی“.
    ۲/ (جەنگ و فریودان) – ئەکرەم سەعید.
    ۳/ (جەنگی دڕندەکان بەرەو کوێ دەچێ؟) – ئاسۆ کەمال – ئەکرەم سەعید.



بەربەریسمی مۆدێرن.. ئەکرەم سەعید


خوێندنەوەێک بۆ بەڵگەنامەکانی“جێفری ئپستین”

“پسپۆرانی بێ ڕۆح و کات بەسەربەرانی بێ دڵ” – ماکس وێبەر.

تێوەگلانی نوخبەی خاوەن سامان و دەسەڵات لە دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان، نیشانەێکی ئەو ڕاستییەیە کە ئێمە لەژێر حوکمی بەربەریسمی مۆدێرندا ژیان بەسەر دەبەین، چونکە دەستدرێژی بۆ منداڵان، نەریەتی مرۆڤە دڕندەکانی سەردەمی کۆنە و ئەمڕۆکە لە سایەی سیستەمی سەرمایەداریدا بەردەوامی هەیە.
🔺بۆچی نوخبە سیستەمی سەرمایەداری لە سکانداڵ ڕزگاریان دەبێت، و بۆچی لێپرسینەوە لەتەکیان لە دادگاکانی سیستەمەکەی خۆیاندا تەنها شانۆگەرییەکە و ناتوانێ پێکهاتەی سیستەمەکە بگۆڕێ، وە بۆچی لە کۆمەڵگای سەرمایەداری مۆدێرندا بە بەردەوام دوای ئەم سکەنداڵە ڕەوشتی و سیاسییانەدا کۆمەڵگە پاشەکشە دەکات و دەسەڵاتی نوخبە بەهێزتر دەبێت. کۆمەڵگای سەرمایەداری مۆدێرن وا گریمانە دەکات کە هەرکەسێ لادان لە یاسا و کاری تابو/ کاری قەدەغەکراو/ سکەنداڵ بکات دەچێتە بەردەم دادگا و لێپرسینەوەی لەتەک دەکرێ سزا دەدرێ. بۆیە خەڵکی وا تێدەگەێنرێن لە بەرامبەر دادگادا کاتێک سکانداڵ سەرهەڵدەدات، جیاوازی نییە لە نێوان(نوخبەی پوڵ و سیاسەت لەتەک هاوڵاتێکی سادە)، بەمە هەموو وەک یەک لێپرسینەوەیان لەتەک دەکرێ و دواجار نوخبەی دەسەڵاتداران دەکەونە بەر مەترسی لێپرسینەوەو سزادان. بەڵام ئەمڕکە ئێمە دەبینین کەهەموو(سەرۆک و ملیاردێرو شازادەکان) کەناویان لە دۆسیەی ئیپشتاین هاتووەو بەشداری تاوانەکانن، ئێستا هەوڵدەدەن ناوی خۆیان پاک بکەنەوەو تاوانەکە لەملی خۆیان داماڵن و بیکەنە خەتای خەڵکی تر. لەڕاستیدا مامەلەی وەزارەتی دادی ئەمەریکا لەتەک سکەنداڵەکانی دوورگەی ئیپستین پووچی ئەم بڕوا و گریمانەیە دەردەخات.
🔺(بەرهەمهێنەری هۆلیوود باری جۆزێفسۆن ئیمەیڵێکی بۆ ئیپشتاین ناردووە و تێیدا هاتووە:زۆر بیرم لەو پرسیارە کردۆتەوە کە تۆ لە“بیل گەیتست”کرد سەبارەت بەوەی چۆن ڕزگارمان بێت لە هەموو هەژارەکان.)-
بەشێکی بەڵگەنامەکان پڕۆژەی دوژمنایەتی چینایەتییە: ئیپشتاین و هاوشێوەکانی بیردەکەنەوە کە چۆن هەژاران لەنێوبەرن. بیرکردنەوەی خاوەن سامانەکان بۆ لە نێوبردنی هەژاران لە مێژوودا نوێ نییە. لە پەیمانی کۆمەڵایەتی جان جاک ڕۆسدا(خەڵکی ئیلتزام بە یاساکانەوە دەکەن و دەوڵەت دەیانپارێزێ) بەڵام لەم سەردەمەدا سەرمایەداری لە پەیمانەکە یاخی بووە، و لەبری پاراستنی ژیان و کەرامەتی مرۆڤەکان بەبرسی کردن و کۆکوژی لەناویان دەبات، ئیدی یاسا و دادپەروەری و دەزگاکانی دەوڵەت تەنها چینی خاوەن دەسەڵات دەپارێزێ و مافی خەڵکی لە ژیان و کەرامەت پێشێل دەکات .
🔺ئێمە لەم دورگەیەدا تەنها دیمەنی نوخبەێکی بەدڕەوشت نابینین کە دڕندەن و بەس؛ بەڵکە تایبەتمەندی سیستەمی سەرمایەداری دەبینین کە لەم خولەدا(دڕندەیی و گەندەڵی، چەتەگەری و مافیایی، بەدڕەوشتی و بەزاندنی هەموو هێلە سوورەکان تا پلەی جەنگی فەوتانی مرۆڤەکان و سروشت، بۆتە ڕێگا چارەی مانەوەی وجودی خۆی). لەخوێندنەوەی مێژووی سەرمایەداری بۆمان دەردەکەوێت کە گەندەڵی و بەدڕەوشتی نوخبەی دەسەڵاتدارانی سیستەمی ئابووری و سیاسی و فەزیحەتەکانیان، بە دەگمەن سیستەمی دەسەڵاتی لاوازکردووە، بەڵکو زۆرجار زیاتر سەقامگیریان دەکات. سکەنداڵەکانی نوخبە توڕەیی کاتی خەڵکی و ناڕەزایەتی ڕواڵەتی بۆ لێپرسینەوە دروست دەکات، بەڵام دامەزراوە سیاسییەکان شۆکەکەی خەڵکی هێمن دەکەنەوەو خۆیان دەپارێزن، بێگومان هەندێ تاکەکەس دەکرێنە قوربانی، بەبێ گۆڕانکاری ڕیشەیی لە سیستەمەکەدا. بەکارهێنانی سکانداڵەکان و توێژینەوەی کەیسەکان سوودی لێوەردەگیرێ بۆ کێشمەکشی نێوان باڵەکانی دەسەڵاتداران، بۆیە خەڵکی کە بڕوایان وایە بە(کەیسی گەندەڵی و بەدڕەوشتی نوخبەی دەسەڵاتداران)دەتوانرێ چاکسازی بکرێ، زۆرجار ئەم هیوایە شکست دەهێنێ، چونکە تەنها توڕەیی لە بێئەخلاقی دەسەڵاتداران کە خۆیان نوێنەری سیستەمێکی چەوسێنەرو بەدڕەوشت و نادادپەروەرن، بە بێ شۆڕش بۆ گۆڕانی ئابووری و سیاسی سیستەمەکە، لە دواجاردا ئەو توڕەییە بەبێ ئەنجام هێدی هێدی هێمن دەبێتەوە.
🔺گومان دەکرێ کە ئیپستین دەستێکی شاراوەی ڕێکخراوی هەوڵگیرییە لە تاریکیدا کە(کاری نائەخلاقی بە نوخبە دەکات و دواتر وەک کارتی گوشار بەکاری دەهێنن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بڕیارەکانی دەسەڵاتداران، و گرێبەستی ئابووری و سیاسی نایاسایی و نادەستوری بەو نوخبەیە دەکەن)؛ ئەمە تەنها عادەتێکی ئاسایی دەسەڵاتداران نییە کە لە مێژوودا چەندەها جار نموونەیمان بینیووە*، بەڵکە ئەمە دیاردەێکی ترسناکی دەسەڵاتدارانە لە خولی تایبەتی سەرمایەداری کە پێی دەڵێین”سەرمایەداریی دڕندە یان بەربەریسم/ سەرمایەداریی لە خولی پایزدا/ سەرمایەداریی درەنگ”.
🔺دەوڵەت و ئەحزابەکان چۆن خۆیان لە بەربەڕیسمی“جێفری ئپستین” بەدوور دەگرن
هەموو لاێک بەجۆرێک هەوڵ دەدات بیسەلمێنێ کە ئەوان لەو بەربەریسمەی نێو“دوورگەکەی ئپستین”ەوە دوورن:

  • گوتاری ئیسلامی سیاسی دەربارەی دوورگەکەی ئیپستین ڕای وایە کە(ئەمە تەنها ڕەفتاری تاکەکەسی نییە، بەڵکو بیری ئیلحادی لە پشتە، و شوکر بۆ نیعمەتی خودا کە ئێمە موسڵمانین و دوورین لەو بەدڕەوشتیە). بەڵام ئەم بەڕێزانە ئەوەیان بیردەچێ کە(لاقەی کیژانی خوار تەمەنی ۱٥ ساڵ، لێدان و ئازردان و کوشتنی ژنان)کەلتوری هەموو ئایینەکانە بە ئیسلامیشەوە. ئەوەی لە دورگەێک دڕندە مۆدێرنەکانی خاوەن پۆل و دەسەڵات بە نهێنی کردیان، ئایینەکان بەناوی شەرع و وەسیەتەکانی خودا بۆ پیاوانی بە ئاشکرا حەڵاڵی دەکات.
  • “ئەلێکسەندەر دۆگین”ڕای وایە بە دۆسیەی ئیپستین ئیدی ڕۆژئاوا ئیمزای لەسەر مەرگی خۆی کردووە. ئەو بەڕێزە لەوە حاڵی نابێ کە ئەم بەڕبەریسمە مۆدێرنە پەیوەندی بە جوگرافیاێکی دیاریکراو یان مۆدێلێکی کەلتوور و دەوڵەتی سەرمایەدارییەوە نییە، بەڵکە هاوشێوەی دورگەی“جێفری ئپستین” لەهەموو وڵاتانی جیهاندا هەیە.
  • ڕای ناسیۆنالیستی کوردی:(جێی دڵخۆشییە، هیچ كوردێك ناوی لە دۆسیەی ئیپستیدا نییە). بۆ ئەم بیرتەسکانە من هیچ تەعلیقێکم نییە.
    🔺لەشفرۆشی ئیلاهی و پیدۆفیلیای سەرمایەداری – 1 /
    لەشفرۆشی و پیدۆفیلیای ئیلاهی(سۆزانی پەرستگاکان یان سۆزانی پیرۆز – لە زۆر جێکای هیندستان پێیان دەگووتن: خزمەتکارانی خودا، کە بەزۆری کیژی تەمەن نۆ ساڵ تا پازدە ساڵ بوون)، دیاردەێکی کۆنی کۆمەڵگە دێرینەکانی(میسری کۆن، میزوپۆتامیا، یۆنانی کۆن، هیندستان و چین)ە. ئەم دیاردەیە کە لەکۆندا ئایین پەردەپۆش و شەرعیەتی پێ دەدا، ئەمڕۆکە لە کۆمەڵگەی سەرمایەداری جیهانیدا لە زۆربەی کۆمەڵگەکان گەرچی نایاسایین، بەڵام بە کردەوە بوونی هەیە و دەکرێ، لە هەندێ کۆمەڵگەش لە سایەی دەسەڵاتی کۆنەپەرستی ئایینی شەرعیەتی پێ دەدرێ و بێ شەرمانە بەناوی ئایینەوە مومارەسە دەکرێ – وەک (لە ئێران هاوسەرگیری کاتی”زەواجی موتعە” کە لەشفرۆشییەکی ئیسلامیانەیە، وە لە ئێراق تەمەنی هاوسەرگیری بۆ کچانی ١٥ساڵ کە هێشتا منداڵە، لە هەمواری یاسای باری کەسی پێشنیارکراوە). شوێنکەوتوانی زۆرێک لە ئایینەکان لە هیندستان وەک شارستانیەتەکانی تر چەندین خوداوەند دەپەرستن وەک بەشێک لە کولتوورەکەیان. ئەم خوداوەندانە زیاتر لەلایەن کۆمەڵێک کەسەوە دەپەرسترێن کە لە شوێنێکدا کۆدەبنەوە بە دروستکردنی شوێنی نیشتەجێبوون وەک پەرستگا، مەزارگە لە ژێر هەر دارێک یان لە سەرووی هەر سەکۆیەکەوە کە سەقفی هەبێت یان بێ سەقف. ئەم کەسانە خوداوەند بە پارێزەری خۆیان یان گوندەکە دەزانن لە نەخۆشی و یارمەتیان دەدات لە خۆشگوزەرانی. هەندێک جار دایک و باوکێک بڕیار دەدەن کە منداڵەکەیان دوای لەدایکبوونی ئەگەر ئەو کۆرپەیە مێ بێت، ئەوە وەک لەشفرۆشێکی ئیلاهی پێشکەش بە یێلامما بکەن. کاتێک کچێک دوای چەندین ڕێوڕەسمی ئایینی تەرخان دەکرێت بۆ مەزارگەی یەڵەما، دەنێردرێتە لای پیاوێک کە لە مەزارگەی پەرستگاکە چاوەڕێی دەکات بۆ جووت بوون. پێدەچێت لەو ڕۆژەوە ئەو خێزانەی کە کچەکەیان بە دیاری بەخشیوە بە خوداوەندەکە، چاوەڕێی بەدەستهێنانی نیعمەتی خوداوەندەکە و خۆشگوزەرانی بن.). سەرچاوە:- پەرستنی یەلامما و لەشفرۆشی ئیلاهی: پێشینەی مێژوویی و کولتووری/ ئارون جاگاناتان ڤی. ئاڕ زانای توێژینەوە، بەشی سانسکریت ساهیتیا، سری سانکاراچاریا زانکۆی سانسکریت، کالادی، کیرالا، هیندستان.
    لەوتارێکدا بۆ ڕۆژنامەی نیویۆرک تریبیون، لە ٨ی ئابی ١٨٥٣، مارکس ئینگلیزەکانی بەوە تۆمەتبار کردبوو کە قازانج لە(لەشفرۆشی)ی دەکەن، مارکس نووسی بووی: ”ئایا ئەوان بۆ ئەوەی پارە لەو زیارەتکارانە پەیدا بکەن کە دەچنە پەرستگاکانی ئۆریسا و بەنگال، دەستیان بە بازرگانی لەشفرۆشی نەکردووە کە لە “پەرستگای جەگەرنۆت” ئەنجامدەدرا؟”.
    لەڕاستیدا ئەوەی(لەشفرۆشی و پیدۆفیلیا)ی لە کۆمەڵگەکاندا، لە دەمێ ساڵەوەیە کردووە بە دیاردە، خواستی قازانجی سەرمایە و زاڵکردنی کەلتووری کۆنەپەرستی سەرکوتی ئینسانەکانە، چونکە گەر تەماشای دونیا بکەین، بنەمای ئەو دیاردەیە لە هەندێ لە وڵاتاندا بە ڕووکەش پەیوەندی بە ئایین و پیاوانی ئایینیەوە هەیە، بەڵام لە پانتایێکی جیهاندا ئەوە بزنسی تۆڕێکی گەورەی کۆمپانیاکانی کازینۆ و بارو ڕێکخراوە مافیاکانە، کە بەشێکی سەرمایەی جیهانی ئەمڕۆکەن.
    وەکاتێ داعش ئافره‌ته‌کانی وه‌ک کۆیله‌ی سێکس له‌ بازاڕی”نخاسه‌”بۆ فرۆشتن نمایش ده‌کرد، و پیاوه‌ شه‌هوانییه‌کان به ‌پاره‌ ده‌یانکڕین، دیمه‌نێکی هێنده‌ وه‌حشی و نائینسانی بوو مرۆڤی په‌ست و تووڕه‌ ده‌کرد. هه‌ڵبه‌ته‌ ئایینی ئیسلام هه‌م له ‌توراسیداو هه‌م له ‌مێژوویدا، گه‌لێ دیمه‌نی ناشرینی وای تیادایه‌. دیاره‌ هه‌ر ئایینی ئیسلام وا نییه‌، به‌ڵکه‌ زۆرێک له ‌ئایینه‌کان هاوشێوه‌ن. له‌م کاته‌داو به‌حیساب به‌رامبه‌ر و دژی ئه‌م دیمه‌نه‌ ناشیرینه‌ وه‌حشیانه‌ی داعش، چه‌ند وه‌حشێکی دی هاتبوونه‌ مه‌یدان:”برجوازه‌ مۆدێرنه‌کان، لیبڕاله‌کان، سیکۆلاریسته‌کان و بڕێک له ‌چه‌په‌کان”و چه‌ند ده‌وڵه‌تی وه‌ک”ئێران، سعودیه‌، تورکیا، ئه‌مه‌ریکا، روسیا و سوریا..هتد”، ده‌یان ویست به ‌خه‌ڵکی بسه‌لمێنن که ‌ئه‌و دیمه‌نه‌ ناشرین و وه‌حشیانه‌ی ده‌یانبینن، به‌رهه‌می سیسته‌می سه‌رمایه‌داری نییه‌، به‌ڵکه‌ به‌رهه‌می خوێندنه‌وه‌ی به‌ هه‌ڵه‌ی چه‌ند ده‌قی ئایینێکه‌، به‌رهه‌می نه‌ریه‌تی کۆنی ئایینێکه‌ که چه‌ند گۆمڕاکه‌رو سه‌رلێشێواوێک ده‌یانه‌وه‌ێ زیندووی بکه‌نه‌وه‌ له‌م دونیا جوانه‌ی ئێمه‌دا. ئه‌م ده‌ستەیه‌‌ درۆی گه‌وره‌یان بۆ خه‌ڵکی ده‌کردو ده‌یان گوت: شارستانی دونیای سه‌رمایه‌داری ناگونجێ له‌ته‌ک دیمه‌نی ناشرین و وه‌حشی له‌و شێوه‌یه‌دا، و ئه‌م دیمه‌نانه‌ سه‌ر به‌ ئێستا نین،‌ به‌ڵکه‌ له‌ مۆزه‌خانه‌ی کۆنی که‌لتوری ئیسلامه‌وه‌ خواستراوه‌. به‌ڵام ڕاستییه‌که‌ی ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌م دیمه‌نانه‌و له‌وه‌ش وه‌حشیتر ڕوویداوه‌و ڕۆژانه‌ ڕووده‌دات، و ئه‌م دونیای سه‌رمایه‌داریه‌ دڕنده‌یه‌ پڕیه‌تی له ‌دیمه‌ن و سه‌رگوزشته‌ی به ‌تاک و کۆی فرۆشتنی منداڵ و ژنان، و بازاڕی کۆیله‌کان گه‌رمه‌ له‌ به‌شێکی ئه‌م سه‌ر زه‌مینه‌ی که‌ ئه‌و به‌ڕێزانه‌ لێیان کردووین به ‌شامی شه‌ریف. هه‌ڵبه‌ته‌ وه‌ک چۆن کرده‌وه‌کانی داعش جێگای نه‌فره‌ته‌ هه‌روه‌هاش ئه‌و بازرگانی سێکس و کۆیلایه‌تییه‌ به ‌ژن و منداڵ ده‌کرێ جێگای نه‌فره‌ته‌، و ئه‌مانه‌ به‌شێکن له ‌دیارده‌کانی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری، و پایه‌کانی سه‌رمایه‌داری”پێویستی بازار و قازانج”مرۆڤ و جه‌سته‌ی ده‌کاته‌ کاڵاێک بۆ کرین و فرۆشتن، و بازار و قازانج دیمه‌نی له‌وه‌ وه‌حشیتری به‌رهه‌م هێناوه‌. ساڵی ۲۰۱۳ “ده‌زگای مافی ئوسترالیا “ڕاپۆرتێکی بڵاوکرده‌وه‌ که‌ له ‌ئێستادا نزیکه‌ی ۳۰ ملیۆن کۆیله‌ هه‌یه‌ له ‌جیهاندا که‌ به ‌زۆری له ‌ئاسیا و ئه‌فه‌ریقا دان. ساڵی ۲۰۱٤ ڕاپۆرتی “ڕێکخراوی ووک فری”بۆ مافه‌کان پیشانیدا که‌ ۳٦ ملیۆن کۆیله‌ هه‌یه‌ له‌ ۱٦۷ وڵاتدا. گه‌ر که‌سێکیش به‌ ڕاپۆرته‌کانی ڕێکخراوه‌ مه‌ده‌نی و یاساییه‌کانی ئه‌مه‌ریکادا بچێته‌وه‌ له‌ دوای ڕمانی یه‌کیه‌تی سۆڤیه‌ت، ده‌بینێ لایه‌ک له ‌ئافره‌تانی ئه‌و وڵاتانه‌، مافیاکان بردیانن بۆ ئه‌مه‌ریکاو وه‌ک کۆیله‌ی سێکس کڕین و فرۆشتنیان پێوه‌ ده‌کردن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ ده‌نگوباسی ڕێکخراوه‌کانی تاوان له ‌ئه‌وروپا و ئاسیا و ئه‌مه‌ریکا به‌لاشه‌ی منداڵ و ژنانه‌وه. له‌به‌رئه‌وه‌ محامیه‌کانی برجوازی زۆر گه‌مژه‌ن‌، چونکی هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی خه‌ڵکی ته‌ماشای ئینترنێت بکەن و به ‌دوای زانیاریدا بگه‌ڕێن، ئه‌وه‌ عه‌یب و عاری سه‌رمایه‌داری هێنده‌ که‌شفه‌ به ‌درۆی ئه‌وان داناپۆشرێ؛ داعش به‌رهه‌می سه‌رمایه‌دارییه‌ و ئه‌و کوڕه‌ له‌و باوکه‌یه‌. ڕاپۆرتێکی ئه‌مه‌ریکا لە ساڵی ۲۰۱۲ ده‌ڵێت ساڵانه‌ بایی ۱٥۰ ملیار دۆلار بازرگانی به‌ کۆیله‌ی سێکس ده‌کرێت، یانی له‌ بازاڕی چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی زیاترە، وه‌ لادێک له‌ ناوه‌ڕاستی مه‌کسیک که‌ ناوی”تينينسينغ”ە، له‌ هه‌رێمی “تلاكسالا”یە، ئەوێ پایتەختی کۆیله‌ی سکێکسی جیهانە‌.

——————————————————————————————

  • لە ڕۆمانی(سەدو بیست ڕۆژ لە سۆدۆم)- (١٧٨٥)ی مارکیز دی ساددا، خاوەندارانی سامان، پیاوانی کەنیسە، دەسەڵاتی دادوەری و ئەرستۆکراسی، بۆ ماوەی چوار مانگ لە قەڵایەکی دابڕاودا کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی بە دڕندەترین شێوە دەستدرێژی بکەنە سەر قوربانییە گەنجەکان”کوڕ و کچ”. ئەوان بە بێباکییەکی تەواوەوە بەرەوڕووی ئازارەکانی ئەم قوربانیانە دەبنەوە: ئەشکەنجەدان بۆ خۆی ئامانجێکە؛ ئەم ئەشکەنجەدانە تەنها چێژ نییە کە خزمەت بە تێرکردنی ئارەزووی دڕندەکان دەکات و بەس، بەڵکو خزمەت بە مەزنکردنی هۆشی ئەوانیش دەکات؛ زیاترمتمانەیان بەخۆیان دەبێ کە ئێمەی دەوڵەمەندو دەسەڵاتداران دەتوانین لە فەزای بێ یاسادا بەدڵی خۆمان چیمان بوێت دەتوانین بیکەن. – مارکسی لاو: فیتیشیزم و سێکس و ئایین – پیاچوونەوەێک بە “دەفتەرەکانی بۆن” / لەلایەن: کان کانگال.

ئەکرەم سەعید

———————————-

  • سەرچاوەکان:
    1/ پاشخانی کولتووری و ئایینی خوێنمژگەرایی سێکسی لە چینی کۆن – پاوڵ ڕ. گۆڵدین
    توێژینەوە لەسەر تەکنیکە سێکسییە ماکرۆبایۆتیکییەکانی چینی کۆن لە ژینگەی کولتووری و ئایینی کۆن، تیشک دەخاتە سەر ئەو ساتانەی کە بە ڕێنماییە نهێنییەکانی ژووری نووستنی”یەشت” ناسراوە. توێژینەوە کە ڕوونی دەکاتەوە کە چۆن دایکی ڕۆحی ڕۆژئاوا(هێزێکی ئایینی چینی دێرینە)کە لە بنەڕەتدا مرۆڤێکی ئاسایی وەک هەر کەسێکی دیکە بووە، هێزی زۆرێک لە کوڕانی گەنجی بە جووتبوون لەگەڵیان بۆ خۆی بردووە، و لەوێدا خۆی گۆڕی بۆ خوداوەندێکی بەناوبانگ. هەرچەندە زۆرێک لە لێکۆڵینەوەکانی پێشووی سێکسییەتی چینی تیشکیان خستۆتە سەر ئەم جۆرە شێوازانە (مێژوونووس R.H. van Gulik یەکەم کەس بووە کە بە “خوێنمژگەرایی سێکسێ” ناوی بردووە)، بەڵام بە دەگمەن پرسیار کراوە کە بۆچی کەسانی ڕوناکبیر و دانای ڕابردوو بە جددی وەریانگرتووە. لێکۆڵینەوەکە پیشانی دەدات کە خاوەن سامان و دەسەڵات لە کۆندا بڕوایاین بەوە هێناوە کە ئەم جووتبوونە سێکسییە لەتەک لاوان تەندروست و تەمەن درێژیان دەکات.
  • The Cultural and Religious Background of Sexual Vampirism in Ancient China – Paul R.Goldin
  • Yellamma Cult and Divine Prostitution: Its Historical
    and Cultural Background
    Arun Jaganathan V.R
    2/ Yellamma Cult and Divine Prostitution: Its Historical and Cultural Background / Arun Jaganathan V.R Research Scholar, Dept. of Sanskrit Sahithya, Sree Sankaracharya University of Sanskrit, Kalady, Kerala, India.
    3/ Young Marx on Fetishism, Sexuality, and Religion / Revisiting the Bonn Notebooks /by Kaan Kangal.
  • پەیوەندی نێوان”بازرگانی و ئایین و سێکسوالیتە” لە بەڵگەنامەی مێژوویی بۆتیگەردا سەبارەت بە ئایینەکان-یش سەرچاوەیەکی تیۆری مارکسە لە ژێر کاریگەری دی برۆسدا. ڕستەیەک کە مارکس نووسیویەتیەوە باس لە “کچانی گادیتانی” دەکات کە لە سەردەمی شانشینی ڕۆمدا لە ئیسپانیا وەک ژنە لەشفرۆش کاریان کردووە. مارکس کاتێک ئەم ناوە لە بۆتیگەرەوە وەرگرتووە، دەبێ بیری لە بەشێکی پێشوو کردبێتەوە کە بۆتیگەر تێبینییەکی لەسەر ڕێنمایی ئەسکەندەری مەکدۆنی کردبوو بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی “پەرستگای بێلۆس” لە بابل، کە شوێنێکی ناسراوە بۆ لەشفرۆشی پیرۆز. هەروەها مارکس لیستی نموونەکانی لەشفرۆشی پیرۆزی بۆتیگەری لە جوگرافیاکانی دیکەوە لەبەرچاو گرتووە. بۆ نموونە مارکس وێناکردنی هیرۆدولۆی لەلایەن بۆتیگەرەوە وەرگرتووە، کە کۆیلەی پەرستگاکان بوون و لە ناوچەی پۆنتۆس لە نزیک دەریای ڕەش و لە کاپادۆکیای ناوەڕاستی ئەنادۆڵ خزمەتیان بە “خودای گەورەی سروشتی ئاسیا” کردووە. لە دەفتەرەکانیدا مارکسدا دەنووسێت(هیرۆدولۆیەکان بەشداربوون لە[لەشفرۆشی] و “بازرگانی سۆزانی پیرۆز”دا).
    4/ Marxism for Whores / by Magpie Corvid | August 1, 2015
    5/ The most shameful practice:Temple prostitution in the ancient Greek world Strong, Rebecca Anne. University of California, Los Angeles ProQuest Dissertations & Theses, 1997.



پایزی سەرمایەداری *.. ئەکرەم سەعید

(ئێمە شاهیدی پایزی مۆدێلی سەرمایەداریی ئێستاین، بەڵام هێشتا لە بەهاری گەلاندا نین، چونکە هێشتا ئەڵتەرناتیڤەکە نەخەمڵیوە. لەئێستادا بزووتنەوەو ناڕەزایەتییە جیهانییەکان لە قۆناغی ئاژاوەگێڕیدان، و دەکرێت ئەمە ببێتە مایەی بزووتنەوەی توندڕەو، ڕژێمی فاشیستی، تەنانەت ڕووخانی دەوڵەتەکان، یان دەشێت ببێتە هۆی شتێکی تەواو نوێ)- سمير امين: نشهد خريف الرأسمالية/ بِدَايَات/ فصلية ثقافية فكرية/ ساڵی ٢٠١٥.
“سەمیر ئەمین”لە دوا ساڵانی تەمەنیدا زۆر باسی لە پایزی سەرمایەداری دەکرد. پایزی سەرمایەداری زاراوەیەکە ئاماژەیە بۆ خولێکی پڕ لە قەیران و شێواوی و جەنگ لە سیستەمی سەرمایەداریدا؛ دیاردەی وەک نایەکسانی ئابووری، ناسەقامگیری و نائەمنی، نادادپەروەری کۆمەڵایەتی و زیادبوونی کارەساتی ژینگە. لە ڕاستیدا دابەشکردنی مێژوو بۆ خولی”بەهار و پایز”مێژوونووسانی کۆنی وڵاتی چین بەکاریان هێناوە. مەبەستیان لە بەهار خولی سەقامگیری و گەشەکردنی ئابووری(کشتوکاڵ، بازرگانی، کاری پیشەیی و هونەر) بووە، و پایز وەک خولی(داڕمانی ئابووری و شێواوی و جەنگ). لە خولی پایزدا(شانشینی ژۆو)لە ڕۆژهەڵاتی چیندا لاواز بووەو میرنشینە فیۆداڵیەکان سەربەخۆ بوون، و سەردەمی جەنگی میرنشینەکان دەستی پێکردووە **.

سەرمایەداری چەندجار دووچاری قەیرانی ئابووری و سیاسی و جەنگ هاتووەو بە سەلامەتی لێی قووتار بووە. سەرمایەداری لە ساڵی ١٩٠٠ تا ١٩۲۹ بە قۆناغی گەشەسەندنی خێراو بە(ساڵانی بەختیاریی ۱۹۰۰ و بیستەکان) ناوبانگی دەرکردوە، بەڵام دواتر کەسادی گەورەی وێرانکەر بەدوایدا هات، و ئەنجامەکەی لە ٢٤ی تشرینی یەکەمی ١٩٢٩ داڕمانی وۆڵ ستریت بوو لە نیویۆرکدا، کە بووە هۆی بێکاری بەکۆمەڵ و شکستی بانکەکان و کەمبوونەوەی بازرگانی لەسەر ئاستی جیهاندا. جارێکی دی له‌ مانگی ئۆکتۆبه‌ری ۲۰۰۸ دا “وۆڵ ستریت” تووشی داڕمان هات – ساڵی ۲۰۱۹ پەتاى کۆڤید/۱۹ – ساڵی ۲۰۲۲ جەنگی ئۆکراینا، و تا ئەمڕۆکە بە گشت کێشەکانی هەڵئاوسانی دراو، گرانی، بێکاری و جەنگ لێرەو لەوێ؛ لەو کاتەوە جیهان چۆتە وەرزێکی پایزی نوێی سەرمایەدارییەوە. یەکەم وەرزی پایزی سەرمایەداری لانیکەم بیست ساڵی خایاندووە، بەڵام هێشتا دیار نییە ئەم خولە نوێیەی پایزی سەرمایەداری کەی و چۆن کۆتایی دێت.

نیشانەکانی خولی پایزی سەرمایەداری
۱/ قەیرانی ئابووری و مەترسی داڕمانی بازاڕ و بازرگانی:
ئەگەر جیهانگیری لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە، پاڵنەرو لۆژیکی فراوانبووی سەرمایەداریی بازاڕی ئازاد بووبێ، ئەوا ئەمڕۆکە سیاسەتی سەپاندنی باجی گومرگی تڕەمپ، وە بە زیادبوونی پەلاماری گەشتی بازرگانییەکان لە دەریادا، و بە سیاسەتی داخستنی سنوورەکان بە ڕوی پەناهەندەکان و دیپۆرتکردنەوەیان، ئەوا شتێکی سەیر نییە کە جیهانی سەرمایەداری دەچێتە نێو خولێکی ناکۆک لەتەک خودی پایەکانی سەرمایەدا.
گۆڤاری”ئیکۆنۆمیست”ی بەریتانی لە مانگی نۆڤەمبەردا ژمارەیەکی تایبەتی بەناونیشانی(جیهانێک لە پێشمان/ العالم أمامنا / The World Ahead ***)بڵاوکردەوە. ڕاپۆرتەکە باسی چارەنووسی جیهان دەکات لە ساڵی ٢٠٢٦دا؛ کە ساڵێک لە نادڵنیایی دەبێت! . بەڕای گۆڤارکە جیهان لە ساڵی ٢٠٢٦دا دەچێتە ناو نادیارەوە، بۆیە دەپرسێ: ئایا ئێمە لەبەردەم ساڵێکی”ڕووخان”داین یان ساڵێک لە”دەرفەتەکان”؟. چونکە لەگەڵ گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ و سەرهەڵدانی ئەژدیهای چین، جیهانی کۆن کۆتایی هاتووەو یاساکانی یارییەکەش بە تەواوی گۆڕاون. پێشبینییەکانی ڕۆژنامەکە بۆ ساڵی ٢٠٢٦ وێنەیەکی تاریک و پڕ لە پشێوی بۆ جیهان دەکێشێت، کە ململانێ جیۆپۆلەتیک و جەمسەرگیری سیاسی و پێشبڕکێی تەکنەلۆژی زاڵن بەسەریدا، لە کاتێکدا شەڕ و قەیرانە ئابوورییەکان بەردەوام دەبن.

۲/ زیادبوونی دیاردەی ستەم و شەڕ:
دەوڵەتەکان لەمڕۆدا خەڵکی بە خۆیان و ماڵومنداڵیان بە کۆیلەی خۆیان دەزانن، و دەسەڵاتە دڕندەکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بە زۆری هێزو فریودان ژیانی ئەو خەڵکەیان خستۆتە بەردەم مەترسی فەوتان، چونکە بە فرمانی خۆیان لە سەرەوە، بێ هیچ بەشداری خەڵک و ڕەزامەندییان، دەوڵەتەکان بڕیاری جەنگ دەدەن و کۆمەڵگەیان خستۆتە نێو کەشێکی سەربازییەوە؛ بڕوانە: بڕیارەکانی ڕووسیا بۆ جەنگ دژی ئۆکراینا، بڕیاری ئەمەریکا بۆ جەنگ دژی ڤێنیزوێلا، بڕیاری سەرۆک وەزیرانی یابان بۆ چوونە نێو جەنگ ئەگەر چین پەلاماری سەربازی تایوان بدات،، و سەدەها حاڵەتی دی. هەموو ئەو بڕیارانەش لە ئاکامی قەیرانی ئابووری و کێشمەکێشی بازرگانییەوە سەرچاوەیان گرتووە، وە بێگومان لە ئەنجامی جەنگەکانیشدا هێندەی دی قەیرانەکان قوڵتر دەبنەوە.

۳/ سەرهەڵدانەوەی دیاردەی چەتەگەری سەرمایەداران – {عادت حليمة إلى عادتها القديمة} – بۆ نموونە وەک:

  • تەقاندنەوە یان دەستگرتن بەسەر کەشتیەکان لە دەریادا؛ چەتەگەری دەریایی دەوڵەتەکان لە زیادبووندایە.
  • وەزیرانی دارایی ئەوروپا باسی بەکارهێنانی سەروەت و سامانی بەستووی ڕوسیا بۆ دابینکردنی کۆمەکی دارایی بۆ ئۆکراینا دەکەن – دەستگرتن بەسەر بڕی زیاد لە ۳۰۰ ملیار دۆلار لە سەروەت و سامانە داراییەکانی ڕووسیا کە لە بانکەکانی ئەوروپا.
  • بەخۆماڵیکردنی کارگەکانی وڵاتی چین لە ئەوروپا: لەگەڵ پەرەسەندنی شەڕی کانزا دەگمەنەکانی نێوان چین و ڕۆژئاوا، ئەوروپا گەرەکی بوو دەستبگرێ بەسەر”کۆمپانیاکانی چیپ”ی چینی لەسەر خاکەکەی، هۆڵەندا دەست بەسەر”کۆمپانیای نێکسپریای چینی”دروستکەری چیپدا(الرقائق)بگرێت. و بەخۆماڵیکردنی دەگەڕێتەوە بۆ بەریتانیا: شەڕێکە بۆ ڕزگارکردنی دوا کورەی پۆڵا لە چنگی وەبەرهێنەری چینی.
    بەڵام دەستبەسەرداگرتن بەسەر سەروەت و سامانی ڕووسیا لە بانکەکان، پایەکانی ئابووری یەکێتی ئەوروپا وێران دەکات، چونکە متمانە بە بانکە ئەوروپییەکان نامێنێ و زۆربەی وڵاتانی دیکە سەرمایەکانیان دەکێشنەوەو کارەکانیان لە شوێنێکی تر ئەنجام دەدەن.

    ٤/ نوخبەی دەسەڵاتدارانی سەرمایەداران ڕۆژ دوای ڕۆژ وەک(نوخبەێکی سەرکوتگەر و دژی پەناهەندە، گەندەڵ، جەنگخواز و بەدڕەوشت)دەردەکەون؛ بۆ نموونە:

  • نوخبەی جەنگخوازی ئەوروپا دەیانەوێت شەڕ لە ئۆکراینا بەردەوام بێت، ئەوەش لە پێناوی ڕزگارکردنی خۆیان و فراوانکردن و چەسپاندنی کۆنترۆڵییان بەسەر خەڵکی ئەوروپادا.
  • ئیهانەی ترەمپ بۆ خەڵکی وڵاتانی(ئاسیا، ئەمەریکای لاتین وئەفەریقا)، و لێدوانی ڕەگەزپەرستانەی ڕاوێژکاری ئەڵەمانیا”فریدریش مێرتز”:(پەنابەران دیمەنی شارەکانی ئەڵمانیا تێکدەدەن).
  • فەزیحەی(دوورگەی جێفری ئیپستین).
  • هاوشێوەی مرۆڤ کە دەچێتە ساڵەوە زۆر باسی ڕابردوو دەکات، سیستەمی سەرمایەداریش لە خولی پایزیدا زۆر باسی ڕابردوو دەکات و نەریەتە کۆنەکان لە(ئایین، ڕەگەز، خێڵ و بنەماڵە)زیندوو دەکاتەوە. بۆرژوازی دەسەڵاتدار جیهان بەلای ڕاستدا وەردەچەرخێنێ؛ هێندە تووند بەلای ڕاستدا کە مەترسی دەخاتە سەر وجودی سیستەمی سەرمایەداری، چونکە ستافی فەرمانڕەوای بۆرژوازی لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا نوخبەێکی جەنگخوازو سەرکوتگەرو کۆنەپەرستەو گوتارو سیاسەتی لیبڕالی گۆڕیوە بە گوتارو سیاسەتی کۆنەپارێزی ئایینی و نەژادپەرستی و ناسیۆنالیستی توندڕەو.
  • وەرزی پایزی سەرمایەداری وەرزی ناسەقامگیری کۆمەڵگە و شێواوی سیاسییە؛ وەرزی زیادبوونی تەقەکردنە لە خۆپیشاندانی مەدەنی و تیرۆر و کۆکوژی.

ئەم خولی پایزی سەرمایەدارییە سیستەمەکە دەخاتە بەردەم دوو ئەگەر:

  • ئەگەری قوڵبوونەوەی قەیرانە ئابوورییەکان تا پلەی داڕمان، و فراوانبوونی جەنگەکان تا پلەی جەنگی جیهانی سێیەم کە کۆتایی بە ژیان دەهێنێ لەسەر گۆی زەوی.
  • یان دەسەڵاتدارانی سەرمایەداری دانوستان دەکەن و ڕێدەکەون لەسەر دابەشکردنی نوێی کار و سامانی جیهان.
  • وەسفکردنی خولی داڕمانی سەرمایەداری بە (وەرزی پایزی سەرمایەداری) مێتافۆریکییە؛ واتە وەسفکردنی شتێک بە بەکارهێنانی لێکچوون یان وێنەیەک، کە بە شێوەیەکی ڕستەیی ڕاست نییە. مێتافۆریک بەکاردێت بۆ دروستکردنی وەسفێکی بەهێز و مەجازی بۆ شتێک، بەزۆری بە بەراوردکردنی لەگەڵ شتێکی تر کە تایبەتمەندی هاوشێوەی هەیە. بۆ نموونە وتنی”ژیان سەفەرە”، ئەوە وەسفێکی مێتافۆریکە بۆ ژیان، چونکە ژیان بە شێوەیەکی ڕستەیی سەفەر نییە، بەڵکو تایبەتمەندی هاوشێوەی هەیە، وەک هەبوونی سەرەتایەک، شوێنی مەبەست و دەرفەتی ئەزموونکردنی شتی جیاواز لە ڕێگادا. لێرەدا”پایزی سەرمایەداری” هەستێک و ڕوانگەێک وەسف دەکات کە مۆدێلی سەرمایەداریی ئێستا لە قەیرانی بووندایە، واتە خراپبوونی بەردەوام، کە ڕەنگە سەرمایەداری لە گۆڕانکارییەکی بەرچاو یان داڕمان نزیک بێتەوە.

    ** بۆ یەکەم جار وەسفی سەردەمی”بەهار و پاییز”-(نزیکەی ساڵی ٧٧٠-٤٧٦ پێش زایین)، لەلایەن مێژوونووسانی چینی کۆن، لە سەردەمی بەشی یەکەمی(شانشینی ژۆو)بەکارهێنراوە.
    *** بڕوانە: The World Ahead 2026 / from The Economist / 10 nov. 2025
    ڕۆژنامەی ئیکۆنۆمیست ڕاپۆرت دەربارەی ساڵی ۲۰۲٦ بڵاودەکاتەوە. ڕۆژنامەکە ڕای وایە کە وڵاتانی دەوڵەمەند لە دەرەوەی تواناکانی خۆیان دەژین، وە مەترسی قەیرانی بازاڕی بۆندەکان لە زیادبووندایە.




دوو تێبینی لەسەر: ستراتیژی ئاسایشی نیشتمانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.. ئەکرەم سەعید

چەند ڕۆژ لەمەوپێش ترەمپ و ستافەکەی نەخشەڕێگاێکیان بڵاوکردەوە، کە بڕێک خەونی وەنەوشەیی و ڕەخنە بوو لە وڵاتانی ئەوروپا.
تێبینی یەکەم: خەونە وەنەوشەییەکانی ترەمپ
(ئێمە بەهێزترین بنکەی پیشەسازی جیهانمان دەوێت. دەسەڵاتی نیشتمانی ئەمریکا پشت بە کەرتێکی پیشەسازی بەهێز دەبەستێت کە توانای دابینکردنی هەردوو داواکاری بەرهەمهێنانی سەردەمی ئاشتی و جەنگی هەبێت.). سەرچاوە – ستراتیژی ئاسایشی نیشتمانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا / لاپەڕە ٤ *.
لێرەوە ئەم خەونە بەڵێنی فرسەتی کارو خۆشگوزەرانی دەدات بە خەڵکی ئەمەریکا.
بەپێچەوانەی خەونە وەنەوشەییەکانی ترەمپ و گفتەکانی، لەم چەند ساڵانەی دوواییدا جیهان بەهۆی گەشەکردنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان”ڕۆبۆرت و تەکنەلۆژیای زیرەکی دەستکرد و ئامێری خۆبزووێن”، وە بەهۆی قەیرانی سەرمایە کە ئیفلاسی زۆرێک لە کارگەکان و کەرتی خزمەتگوزاری دەرئەنجامی بووە، ڕێژەی بێکاری ڕوی لە هەڵکشانە، بەتایبەتی لە چەند ساڵی ئایندەی نزیکدا، فرسەتی کار کەم دەبێتەوە، چونکە پرۆسەی کار پێویستی بە دەستی کاری کرێکاران زۆر نامێنێ، بەتایبەتی لە وڵاتانی پێشکەوتوو لە ڕوی تەکنەلۆژیاوە(وەک ئەمەریکا و ئەوروپا،، هتد)، بەرهەمهێنان لەو وڵاتانەدا لە نێو کارگە تاریکەکان یان کارگە بێ دوکەڵەکان بەڕێوە دەچێ؛ یانی کارگەێک کە کەمترین کرێکاری تێدایە. ئیدی بەڵێنی ترەمپ بە گەڕانەوەی پیشەسازی بۆ ئەمەریکا و زیادکردنی فرسەتی کار، درۆێکی گەورەیە و لە ئەقڵی خەڵکانێکەوە هاتووە کە هێشتا وا دەزانن کارکردن لە جیهانی سەرمایەداری ئەمڕۆدا هاوشێوەی کارگەکانی ساڵانی ۱۹۰۰کانە.
ڕاپۆرتی دەزگاکان و پسپۆڕانی ئابووری بەهۆی گەشەی تەکنەلۆژیاوە باس لە زیادبوونی بێکاری دەکەن لە جیهاندا، ئیدی ترەمپ و ستافەکەی دەتوانن بە خەونە وەنەوشەییەکانی نێو نەخشەڕێگاکەیان بۆ کورت ماوە هەندێ خەڵکی فریو بدەن، بەڵام دواتر ناڕەزایەتی دژی بێکاری وەک بۆمب بە ڕویاندا دەتەقێتەوە. بێکاری بۆمبێکی کاتییە کە سەرەتا ئارام دەردەکەوێ، بەڵام لە ساتێکی دیاریکراودا دەتەقێتەوەو کۆمەڵگە دەهاژێنێ. بۆ نموونە لە وڵاتی سویدا لە چوار گەنج یەکێکیان بێکارە، کە بێگومان ئەوە کارەساتە، بەتایبەتی کاتێ وەزیری کاری ئەو وڵاتە بە کەمکردنەوەی بیمەی بێکاری چارەسەری بێکاری دەکات، لەو بڕوایەوە کە:(گورگە برسییەکان باشتر ڕاو دەکەن). بڕوانە وتاری: بێکاری بۆمبێکی کاتییە/ یان جی ئەندەرسۆن – بەزمانی سویدی **.

تێبینی دووەم: دەربارەی پەناهەندەکان
لە(ئێمە تۆمان دەوێت) بۆ ( ئێمە تۆمان ناوێت) ***
بەهاتنی ترامپ و ستافەکەی بۆ نێو کۆشکی سپی لە ئەمەریکادا، دونیا هێندەی دی ئاڵۆزو پڕ لە کێشە بووە. بەتایبەتی دەربارەی کەیسی پەناهەندەکان کە مۆڵەتی مانەوەی فەرمییان نییە، مامەلەی دەزگاکان لەتەکیان هاوشێوەی مامەلەیە لەتەک تاوانباراندا، تا ئەو ڕادەیەی هەواڵ وایە بەشێک لەو پەناهەندانە بگوازرێنەوە بۆ بەندیخانەی”گوانتانامۆ” کە جێگای تاڵیبان و داعیشییەکان بوو.
هەڵبەتە ئەمە سەرەتای شەپۆلی دیپۆرتکردنەوەی پەناهەندەکانە، کە ھێشتا شێوازێکی نەرمە، و ساڵانێکە لە بەریتانیا و سوید،، هتد، ئەم جۆرە سیاسەتە پەیڕەو دەکرێ، بە تایبەتی لە سوید هانی پەناهەندەکان دەدرێ بە گفتی بەخشینی بڕێک پوڵ، واز لە مۆڵەتی نیشتەجێبوون و پاسپۆرتەکانیان بهێنن و بگەڕێنەوە بۆ نیشتمانی یەکەمی خۆیان. بێگومان چەند ساڵی دی ژینگەی ئابووری و سیاسی و نائەمنی نێو سوید و ئەوروپا، بەشێک لە پەناهەندەکان ناچار دەکات بە کۆچ بەرەو وڵاتانێ کە لێوەی هاتوون، کە بەزۆری دەکەوێتە ئاسیاو ئەفەریکا و ئەمەریکای لاتین، واتە وڵاتانی باشووری گۆی زەوی.
هۆکاری دەرکردنی پەناهەندەکان وەک ڕواڵەت، زاڵبوونی باڵی ڕاستڕەوی توندڕەوە بەسەر فکر و سیاسەتی کۆمەڵگەو حکوماتەکانیاندا، بەڵام لەڕاستیدا بنەمای ئەم دیاردەیە هەلومەرجی ئابووری جیهانی و قەیرانەکانی سەرمایەدارییە، کە لێرەدا هەرچی پەیوەندی بە پەناهەندەکانەوە هەیە لە (ئێمە تۆمان دەوێت) بۆ (ئێمە تۆمان ناوێت)ی کردووە بە ڕێگا چارەی سەرمایەی دڕندە بۆ چارەسەری قەیرانەکانی.
زیاد لە شەست ساڵ لەمەوپێش لە سوید بە خۆشییەوە پێشوازییان لە هاتنی یەکەم شەپۆلی پەناهەندەکانی کارکردنی(یۆنانی و ئیتاڵی) دەکرد، لە نەوەدەکان بەدواوە پەناهەندەی(ئێراق، ئێران، سوماڵ، بۆسنیە، ئەفگانستان، هتد) ژمارەیان لە زیادبوون بوو. هەڵبەتە دیمەنەکە هاوشێوەیە لە وڵاتانی ڕۆژئاوای ئەوروپا و ئەمەریکا.
ئەو خولە لە گەشەی سەرمایەداری هێشتا کارگەکان، بەشەکانی کەرتی خزمەتگوزاری سەرمایە پێویستی بە هێزیکار بوو، وە پەناهەندەکان دەیانتوانی ئاستی پێویست لە(سوپای یەدەکی هێزیکار/ بێکاران) لە ڕێژەێکی گونجاو بۆ قازانجی سەرمایە ڕابگرن، بۆیە(ئێمە تۆمان دەوێت) دیمەنی گشتی سەرمایەداری ئەو ساڵانە بوو.
بە گەشەکردنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان”ڕۆبۆرت و تەکنەلۆژیای زانیاری و ئامێری خۆبزووێن” لەم چەند ساڵانەی دوواییدا، وە بەهۆی قەیرانی سەرمایە کە ئیفلاسی زۆرێک لە کارگەکان و کەرتی خزمەتگوزاری دەرئەنجامی بووە، ڕێژەی بێکاری ڕووی لە هەڵکشانە، بەتایبەتی چەند ساڵی ئایندەی نزیک، فرسەتی کار کەم دەبێتەوە. بۆیە بە کورتی ئەم هۆکارانە ئابوورییانە لە پاڵ ژینگەی فکری و سیاسی دژی پەناهەندەکان، دیمەنەکەی لە بەشێکی زۆری وڵاتانی سەرمایەداریدا کردۆتە:(ئێمە تۆمان ناوێت).
(بەرەوپێشبردنی گەورەیی ئەوروپی: کاربەدەستانی ئەمریکی کە بیر لە کێشەکانی ئەوروپا دەکەنەوە، وا ڕاهاتوون لە ڕوی کەمی خەرجی سەربازی و چەقبەستوویی ئابوورییەوە لێی بڕوانن. ڕاستی لەم بابەتەدا هەیە، بەڵام کێشە ڕاستەقینەکانی ئەوروپا لەمانە قووڵترن. ئەوروپا پشکی لە بەرهەمی ناوخۆیی جیهانی عDP لەدەست دەدات(لە سەدا ٢٥ لە ساڵی ١٩٩٠بۆ لەسەدا ١٤ لە ئەمڕۆدا دابەزیوە) ،،، بەڵام ئەم دابەزینە ئابوورییە، سێبەر لەسەر ئەگەری ڕاستەقینەی سڕینەوەی شارستانی دادەنێ … سیاسەتی کۆچ کە خەریکە کیشوەرەکە دەگۆڕێ و ململانێ دروست دەکات، سانسۆرکردنی ئازادی قسەکردن و سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی، دابەزینی ڕێژەی لەدایکبوون و لەدەستدانی ناسنامەی نەتەوەیی و متمانە بەخۆبوون. ئەگەر ڕەوتەکانی ئێستا بەردەوام بن، ئەوا کیشوەرەکە لە ٢٠ ساڵ یان کەمتردا ناناسرێتەوە.). سەرچاوە – ستراتیژی ئاسایشی نیشتمانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا / لاپەڕە ۲٥.
بەشێک لە خەڵکی پشتیوانی لەم ڕایە دەکەن کە لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، بە پاساوی ئەوەی کە مسوڵمانەکان ڕێزی کەلتوور و یاسای وڵاتانی ئەوروپا ناگرن. ڕاستی لەم قسەیەدا هەیە، بەڵام(ڕاستڕەوە توندڕەوەکان)لە ئەوروپا و ئەمەریکادا هەوڵی دیپۆرتکردنەوەی تەنها مسوڵمانەکانیان نییە، بەڵکو گشت پەناهەندەکانە. ئایا بەڵگە هەیە بۆ ئەم ڕایە؟. بەڵێ؛ بڕوانە ترەمپ یەکەم جار ئیهانەی ئەمەریکا لاتینیەکانی دەکردو داوای دەرکردنیانی دەکردن. بێگومان خەڵکی ئەمەریکای لاتین خەڵکی لیبڕال وچەپیان تێدایە و مەسیحین نەک موسڵمان. ڕاوێژکاری ئەڵەمانیا”فریدریش مێرتز”ڕەگەزپەرستانە لێدوانیداو وتی:(پەنابەران دیمەنی شارەکانی ئەڵمانیا تێکدەدەن)، مەبەستی تەنها مسوڵمانەکان نەبوو، بەڵکو مەبەستی هەرکەسێ کە لە سەنتەری شارەکاندایە و سەری ڕەشە و پێستی سپی نییە. فەلسەفەی سیاسی ڕاسیسم لە سەر بناغەی(ڕەگەز)دامەزراوە؛ ڕەگەزی ژێرمانی(یان جێرمانی – ئەڵمانی، ئینگلیزی، هۆڵەندی، سکاندیناڤی)کە(سپی پێستن و چاویان شینە و قژیان زەردە)، دروشمی ڕاسیستەکان(دەسەڵات بۆ پیاوی سپی)و باقی خەڵکی دەبێ کۆیلە بن. ۲/ سیاسەتی دژی خەڵکی موسڵمان و(ئیسلامفۆبیا)بەشێکە لە پڕوپاگاندەی ڕاسیسمەکان، دەنا ترەمپ پەیوەندی باشی هەیە بە جۆلانی و ستافە تیرۆریستەکەیەوە. هەر لە کۆنەوە لە ساڵانی ۱۹٤۰بەریتانیا کۆمەکی ئیسلامیەکانی کردوە، بەتایبەتی کۆمەکی(حەسەن بەننا)ی دامەزرێنەری برایانی موسڵمانانی کردوە، و ئەمەریکا لە ساڵانی ۱۹۸۰دژی سۆڤیەت کۆمەکی تاڵیبان و قاعیدەی کردوە، و ئەمەریکا بە دانپیانانی سەرکردەکانی خۆیان وەک(ھیلاری کڵینتن)داعشیان دروستکردوە. ڕاسیسم دژی هەموو پەناهەندەکانە و ناپرسێ تۆ چ بیروباوەڕێکت هەیە، لێرەوە سەرکوتی ئازادی و یەکسانی گشت خەڵکی لە وڵاتەکانەدا دەکات؛ لێرەدا خوێندنەوەی ئەزموونی نازیەکانی ئەڵەمانیا لە ساڵانی ۱۹۳۰- ۱۹٤٥بە سوودە بۆ تێگەیشتن لە چۆنایەتی کارکردنی سیاسەتی نازیزمەکان.
هەڵبەتە ڕۆژانە ئێمە گوێمان لە پڕوپاگاندەی دەزگاکانی حکومەتە ڕاستڕەوەکانە کە دەڵێن:(ئێمە ئەو پەناهەندانە دیپۆرت دەکەینەوە کە خۆیان ناگونجێنن لە گەڵ یاسا و کەلتووری ئەوروپا و ئەمریکا). ئەم پڕوپاگاندەیە یەکەم هەنگاوە/ یەکەم پێپلیکانەی سیاسەتی ڕاستڕەوەکانە دژی پەناهەندەکان بە گشتی و دژی یاسای هاوڵاتی بوونە. ڕاستڕەوەکان سیاسەت دەکەن؛(سیاسەتی بۆرژوازەکان بەشێکی زۆری فریودان و تەفرەقە دروستکردنە لە نێوان خەڵکی تا یەک نەگرن)، بۆیە پڕوپاگاندەکەیان لەیەکەم هەنگاویدا سەری ڕمەکەی دەکەنە ڕوی ئەو پەناهەندانەی کە(خۆیان لەگەڵ یاسا و کەلتووری ئەوروپا و ئەمریکادا ناگونجێنن)، و هەرکات ئەمەیان بۆ چووەسەر ئیدی هەنگاوی دووەم دەنێن کە دیپۆرتکردنەوەی تەواوی پەناهەندەکانە. با بپرسین ئایا کەسێ کە ڕەگەزنامەی ئەوروپی وەرگرتوە ئەو کەسە هاوڵاتی نییە؟ وە ئایا نابێ ئەگەر تاوانێکی کرد، ئەوا بەیاسای ناوخۆی دەوڵەت سزا بدرێ و لەوێکانە بەند بکرێ؟. کە حکومەت بڕیار بدات ڕەگەزنامەکەی لێدەستێنێتەوە، ئەوە بۆ خۆی پێشێلکردنی دەستور و یاسایە. خەڵکی کە ڕەگەزنامەی ئەوروپی هەیە یان لە وێکانە لە دایکبوون ئیدی ئەو خەڵکە هاوڵاتین، ناوبردن و ئیهانەکردنیان بەناوی پەناهەندەیە و سەری ڕەشە یان پێستی ئەسمەرە، و ئەگەر موخالفەی یاسا بکات دیپۆرتی دەکەینەوە، ئەوە بۆ خۆی یەکەم شێوەی سیاسەتی ڕاسیسمییە کە دژی مافی هاوڵاتیبوونە کە جێبەجێ دەکرێ. وە ئەمە هێشتا سیاسەتێکی نەرمە، چونکە ئەگەر ڕاستڕەوەکان بە تەواوەتی حوکم بکەن لە ئەوروپادا، بێگومان شێوازی زبر و خراپتر دەبینین.

پوختەی قسە:
ئەوکاتەی پەناهەندەکان لە ئەوروپا و ئەمەریکادا دەردەکرێن، لە هەمان کاتدا ئازادی و یەکسانی لەوێکانە پێشل دەکرێن.

  • National Security Strategy of the United States of America – November 2025
    ** Jan G Andersson : Arbetslösheten – en tickande bomb / 8 december 2025 – Sydöster tidning
    *** بڕوانە وتاری(وەرزی کۆچی پەناهەندەکان بەرەو باشوور – ئەکرەم سەعید/ سایتی دەنگەکان – ۲۷ شوبات ۲۰۲٥).



هێزی هزر – پێری ئەندەرسۆن.. ئەکرەم سەعید


سەرنج لەسەر {بەشی ۱ کتێبی: هێزی هزر – پێری ئەندەرسۆن}

۱/ ڕۆڵی هزر تا چەند گرنگە لەو هەڵچوونە سیاسییانەی کە گۆڕانکاری مێژوویی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە؟ ئایا هزر تەنیا دیاردەی دەروونی پرۆسەی ماددی و کۆمەڵایەتی زۆر قووڵترن، یان خاوەنی سەربەخۆیی یەکلاکەرەوەن وەک هێزی هەڵخرانی سیاسی؟. بە پێچەوانەی ڕواڵەتەکانەوە، ئەو وەڵامانەی کە بۆ ئەم پرسیارە دەدرێن، چەپ لە ڕاست بە توندی جیاناکاتەوە. بێگومان زۆرێک لەکۆنسەرڤاتیڤ و لیبراڵەکان گرنگییەکی زاڵ و گەورەی ئایدیاڵە بەرزەکان و بەها ئەخلاقییەکانیان لە مێژوودا بەرز نرخاندووەو سەرکۆنەی ئەو ماتریالیستە ڕادیکاڵانەیان کردووە کە پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە ناکۆکییە ئابوورییەکان بزوێنەری گۆڕانکاری مێژوون. نموونە بەناوبانگە مۆدێرنەکانی ئەم جۆرە ئایدیالیزمە ڕاستڕەوە بریتین لە کەسایەتی وەک(فریدریش ماینێک، بێنێدێتۆ کرۆس یان کارل پۆپەر). بۆ ئەم جۆرە بیرمەندانە بەوتەی یماینێک:”هزرەکان، کە لەلایەن کەسایەتییە چالاکەکانەوە دەگۆڕدرێن، تابلۆی مێژووی ژیان پێکدەهێنن”، بەڵام دەتوانین کەسایەتییە سەرەکییەکانی دیکەی ڕاست بدۆزینەوە کە هێرش دەکەنە سەر وەهمە عەقڵانییەکان، کە بە ڕای ئەمان عەقیدەی دروستکراون، لەبری ئەوە بڕوایان بەوەیە کە داب و نەریتییەکان یان غەریزە بایۆلۆژییەکان ڕۆڵی مەزن و قوڵ دەبینن،(فریدریش نیچە، لویس نامیر، گاری بێکەر)،لە ڕوانگەی جیاوازەوە، تیۆریستەکانی بەرژەوەندییە مادییەکان بوون، کە سوکایەتییان دەکرد بە بەها ئەخلاقییەکان یان سیاسییەکان, و هەوڵیان دەدا بایەخی ڕۆڵیان کەم بکەنەوە. تیۆری بژاردەگەرایی عەقڵانی، کە هەژموونی لەسەر بوارە بەرفراوانەکانی زانستی کۆمەڵایەتی ئەنگلۆساکسۆن هەیە، ناسراوترین پارادایمی هاوچەرخی ئەم جۆرەیە.
بەڵام هەمان دابەشبوون دەتوانرێت لەلای چەپ بدۆزینەوە. ئەگەر سەیری مێژوونووسە گەورە مۆدێرنەکانی چەپ بکەین، بێباکییەکی تەواو لە ڕۆڵی هزرەکان لەلای”فێرناند براودێلدا” دەبینین، کە بە پێچەوانەی ڕای”ر. هـ. تاونی”کە ڕۆڵی هزری بە گرنگ دەزانی. لە نێو خودی مارکسیستە بەریتانیەکاندا، کەس هەڵوێستەکانی”ئێدوارد تۆمپسۆن”لەیاد ناچێ کە هەموو کارەکانی ژیانی مشتومڕێک بوو لە دژی ئەوەی کە وەک بچووککردنەوە بۆ فاکتەری ئابووری دەیبینی، لەگەڵ هەڵوێستەکانی”ئێریک هۆبسباوم”لە نووسینی مێژووی سەدەی بیستەمدا هیچ بەشێکی جیاوازی تێدا نییە کە تەرخانکرابێت بۆ هزرەکان. ئەگەر سەیری سەرکردە سیاسییەکان بکەین، هەمان دابەشبوون بە شێوەیەکی وردتر خۆی دووبارە دەکاتەوە، بۆ نموونە گووتەی:‘‘بزووتنەوە هەموو شتێکە، ئامانج هیچ نییە‘‘ی بێرنشتاین. ئایا دەکرێت بێبەهاکردنی توندتر لەمە زیاتر بۆ هزرەکان هەبێت لە بەرژەوەندی بزووتنەوە؟ بێرنشتاین پێی وابوو کە ئەو لە دڵسۆزییەوە بۆ مارکس ئەو دیکتۆمەی گوتووە. لەهەمان قۆناغدا، لینین لە ماکسیمێکی(کورتە دەستەواژە)بەهەمان شێوە بەناوبانگدا، کە کاریگەرییەکی تەواو دژە، وەک شتێک کە هەموو مارکسیستێک دەبێ بزانێت، ڕایگەیاند کە‘‘بەبێ تیۆری شۆڕشگێڕانە ناتوانرێت بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانە هەبێت‘‘. جیاوازی لێرەدا تەنیا لە نێوان ڕیفۆرمخواز و شۆڕشگێڕدا نەبوو، بەڵکە لە ڕیزەکانی خودی چەپی شۆڕشگێڕدا هەمان دووانەیی دەبینینەوە. بۆ لۆکسمبۆرگ وەک خۆی دەڵێت:‘‘لە سەرەتاوە کردەوە بوو‘‘؛ واتە نەک هیچ بیرۆکەیەکی پێشوەختە، بەڵکو تەنیا کردەوەی خۆبەخۆیی جەماوەر، ئەوە خاڵی دەستپێکی گۆڕانکاری مێژوویی گەورەیە، ئەنارکیستەکان هاوڕای ئەو بیرۆکەیە بوون. لەلایەکی دیکەوە بۆ گرامشی بزووتنەوەی کرێکاری هەرگیز ناتوانێ سەرکەوتنی بەردەوام بەدەست بهێنێت، مەگەر تەنها کاتێک کە سەرکەوتنێکی ئایدیاڵی بەدەست بهێنێ؛ ئەوەی ئەو ناوی لێنابوو‘‘هەژموونی کولتووری و سیاسی‘‘بەسەر کۆمەڵگادا بە گشتی. ستالینیش وەک سەرۆکی دەوڵەت بنیاتنانی سۆسیالیسمی بە گەشەپێدانی ماددی هێزە بەرهەمهێنەرەکان سپارد، وە ماو بە شۆڕشێکی کولتووری کە توانای گۆڕینی عەقڵیەت و عادەتەکانی هەبێت**.
لێرەدا وەرگێڕانی بەشی(۱)ی کتێبەکە تەواو بوو *.

سەرنج لەسەر {بەشی ۱ کتێبی: هێزی هزر – پێری ئەندەرسۆن}
ڕۆڵی هرزەکان لە گۆڕانی کۆمەڵگەدا چەندە گرنگن بەراورد بە بەرژەوەندی و هێزی ماددی؟ بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە بە کورتی ئەندەرسۆن باسی مێژووی هزر دەکات لە لیبڕالیسم و مارکسیزم، تا دەگاتە ئەمڕۆکە لە هەژموونی نیولیبرالیزم و کۆنسەرڤاتیڤ بەسەر جیهاندا.
بەڕای مارکس ‌مرۆڤ ئه‌قڵ به ‌کارده‌هێنێ لە سەرنجدان لە جیهانی دەرەوەی خۆی، لێرەوە دەگات بە هزر، و لێرەوە نه‌خشه‌ دروست ده‌کات له‌ مێشکیدا، پێش ئه‌وه‌ی له‌ پراکتیکدا جێبه‌جێی کات، به‌مه‌ کاری مرۆڤ له‌ کاری هه‌نگ جیاده‌کرێته‌وه‌. به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌ی پێیان وایه‌ مارکس بڕوای بە گرنگی کاری ئەقڵ نییە، یان کاری ئەقڵ(تیۆر- هزر)هەمیشە دوای پراکتیکە، دەبێ باش لەم دەربڕینەی مارکس لە سەرمایەدا وردببنەوە، مارکس ده‌نووسێ:{بێگومان جاڵجاڵۆکه‌ هاوشێوه‌ی فه‌رشچن کار ده‌کات، هه‌نگیش له‌ دروستکردنی شانه‌ی هه‌نگوینه‌‌کان زۆرێک لە تەلارسازەکان شەرمەزار دەکات، بەڵام ئەوەی خراپترین تەلارساز لە باشترین هەنگ جیادەکاتەوە ئەمەیە، تەلارساز یه‌که‌م جار لە مێشکی خۆیدا تەلارەکە بنیات دەنێ ‌پێش ئەوەی لە واقیعدا‌ دروستی ‌بکات.}- مارکس/ سه‌رمایه‌ – بەرگی یەکەم/ پرۆسەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری/ لاپەڕە 198.
ئەم بیرۆکەیەی مارکس جەخت لەوە دەکاتەوە کە بیرکردنەوە(هزر- تیۆری)پێش کردار(پراکسیس)دەکەوێت؛ یانی مرۆڤ توانای ناوازەی هەیە بۆ بیرکردنەوە، بۆیە مرۆڤ بە پلانێکی هۆشیار کاری جەستەیی دەکات.
(لە هەموو سەردەمێکدا، هزرەکانی چینی دەسەڵاتدار، هزرە زاڵ و باوەکانن؛ واتە ئەو چینەی کە نوێنەرایەتی دەسەڵاتی ماددی لە کۆمەڵگادا دەکات، هێزی فیکریشی باڵادەستە. ئەو چینەی کە خاوەنی ئامرازە ماددییەکانی بەرهەمهێنانە، هاوکات کۆنتڕۆڵی ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی فیکریش دەکات)- مارکس/ئایدۆلۆژیای ئەڵمانی.

دوو جۆر هزر: هزری ڕەسەن و ئایدۆلۆژیا
مارکس بڕوای به‌وه‌ بووه‌ ‌مرۆڤ ئه‌فسانه‌کان به ‌ئه‌قڵ داده‌ڕێژێ، به‌ڵام ئەوانە ده‌ربڕینێکی ئه‌قڵانی نیین‌، بەڵکە ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌لومه‌رجی ماتریالی مرۆڤ خۆیه‌تی.
مارکس لەباسکردنی پەیوەندی هۆشیاری به واقیعی کۆمەڵایەتی‌، ئاماژەی بەوەدا کە پەیوەندییەکی نزیک لە نێوان هۆشیاری(وەک هزر و ئایدۆلۆژیا)و ژیانی کۆمەڵایەتی هەیە‌، ئەو پێیوابوو ژیانی ماددی هۆشیاری دیاری دەکات نەک بە پێچەوانەوە‌، ئەما هزری ڕاستەقینەی شۆڕشگێڕییە بە پراکتیک کۆمەڵگە دەگۆڕێ، بەڵام ئایدۆلۆژیا واقیع دەشێوێنێت و شکست دەهێنێت لە کێشانی وێنەیەکی ڕاستەقینە دەربارەی واقیع.
ئیرەجی ئازەرین لە نووسراوێکیدا پەیوەندی نێوان(بوون و هۆش‌ و پراکتیکی هۆشیارانه‌)ی بە شێوەێکی دروست ڕۆشن کربووەوە:{له‌ ماتریالیزمی مێژووی مارکسدا پێکهاتی ئابووری کۆمه‌ڵگه‌ له‌ شێوازێکی به‌رهه‌م هێناندا، پایه‌ و ژێرخانی ئابوورییه‌، و ته‌واوی شێوه‌ی سیاسی، ماف و یاسا، ئیدۆلۆژیای زاڵی نێو کۆمه‌ڵگه‌، دیاری ده‌کات و به‌وه‌وه‌ په‌یوه‌ستن. له‌م تێگه‌یشتنه‌ی ماتریالیزمی مێژووی مارکس ئابووری بڕیارده‌ر و دیاریکه‌ره‌. به‌ڵام له‌م تێگه‌شتنه‌وه‌ هه‌ڵه‌یه‌ گه‌ر به‌ ئه‌نجامگیرێکی ئیکۆنۆمیستی وا بێینه‌ ده‌ره‌وه‌ که‌”گه‌شه‌ی هێزه‌کانی به‌رهه‌م هێنان یان هه‌ر جۆرێکی ئابووری ماتۆری پێشکه‌وتن و گۆڕانی مێژووه‌”. چونکه‌ له‌ بیری دروستی مارکس ژێرخانی ئابووری یه‌کسان نییه‌ به‌ هێزه‌کانی به‌رهه‌م هێنان به‌ ته‌نها، وه‌ له‌و بۆچوونه‌ دروسته‌ی ماتریالیسمی مارکس که‌ ژێرخانی ئابووری سه‌رخانی کۆمه‌ڵگه‌ دیاری ده‌کات هێشتا باس له‌ دیاریکردنی دینامیکیه‌تی گۆڕانی ژێرخانی ئابووری و سه‌رخانی کۆمه‌ڵگه‌ له‌ دیدی مارکس ناکات. به‌ ماناێکی ترو به‌ زمانی فه‌لسه‌فی مارکس(ماتریال له‌ پێش ئیدیاڵه‌ یان بوون پێش هۆشه‌)ئەمە ته‌واوی(زانستناسی/ Epistemology)مارکس نییه‌، به‌ڵکه‌ تا ئێره‌ فه‌لسه‌فی ماتریالیسمی پێش مارکسه‌. تایبه‌تمه‌ندی ماتریالیسمی مارکس له‌ یه‌کیه‌تی ماتریاڵ و ئیدیاڵه‌/بوون و هۆش(واقیع و هۆشیاری)له‌ پراکتیکی هۆشیارانه‌ و شۆڕشگێڕانه‌ی مرۆڤدا ده‌ناسێنێ(واته‌ گرنگی ڕۆڵی پراکتیک و کاری شۆڕشگێڕانه‌ له‌ گۆڕانی کۆمه‌ڵگه‌دا} – در نقد سوسیالیسم عرفانی/”دوران گوزار”- بتلهایم -.)
مارکس له‌ گرۆندریسه‌دا ده‌نوسێ :”ئه‌گه‌ر ئێمه‌ نه‌توانین له‌ شیکاری هه‌لومه‌رجی به‌رهه‌م هێنان و په‌یوه‌ندی به‌رهه‌م هێنانی کۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داری ئێستادا، پێویستی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی سۆشیالیستی ڕوونکه‌ینه‌وه‌، ئیدی جه‌نگی ئێمه‌ دژی سه‌رمایه‌داری وه‌ک جه‌نگی که‌سانێک وایه‌ دژی ئاشی با / واته‌ دۆنکیشۆتییه‌”. ئه‌م داواکارییەی‌ مارکس چی ده‌گه‌ێنێ و چۆن ئێمه‌ داواکه‌ی جێبه‌جێ که‌ین له‌ ڕاڤه‌کانمان ده‌رباره‌ی ململانێ و کێشه‌کانی سه‌رمایه‌داری سه‌رده‌می ئێمه؟.
بلیخانۆف له‌ دراسه‌ی ڕووداوه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگه‌دا پرسیارێکی جوان ده‌کات:(بۆچی ڕوداوه‌کانی مێژوو به‌م ڕێگه‌یه‌ یان به‌م لایه‌ که‌وته‌وه‌ نه‌ک به‌ ڕێگا و لاکه‌ی دی). هه‌ڵبه‌ته‌ لای مارکس ئاشکرایه‌ که‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ڕووداوه‌ سیاسیه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگه‌ بگه‌ین ده‌بێ دراسه‌ی ناکۆکیه‌کانی”سه‌رمایه‌ و ململانێ چیانیه‌تی”بکه‌ین؛ چونکه ململانێی بیروڕا و سیاسی نێو کۆمه‌ڵگه‌ په‌رده‌یه‌که‌ به‌سه‌ر ململانێی چینایه‌تیدا، و ده‌سپێکی دراسه‌ی ململانێی چیانیه‌تی بریتیه‌ له‌ زانینی ناکۆکیه‌کانی سه‌رمایه‌ و قه‌یرانه‌کانی له‌ سه‌رده‌می سه‌رمایه‌داری دڕنده‌دا. ئه‌مه‌ ماتریالیزمی مێژووی مارکسه‌ که‌ به‌داخه‌وه ‌زۆر که‌س پشت گوێی ده‌خات و به‌ وتنه‌وه‌ی چه‌ند بڕگه ‌و ده‌ربڕینێک که‌ سوودی نییه‌، خۆی له‌ دراسه‌کردنی زیندووی ئێستای کۆمه‌ڵگه‌ ده‌دزێته‌وه‌.

تیۆری بژاردەگەرایی عەقڵانی کە”ئەندەرسۆن”ئاماژەی پێداوە، ئەمڕۆکە لە جیهاندا باوە. بڕێک لە ڕوناکبیران بەتایبەتی کە باسی خەڵکی ڕۆژهەڵات(کوردستان، سوریا، میسر،، هتد)دەکەن، هۆکاری ستەم و بێدەنگی خەڵکی دەخەنەوە سەرشانی تاکەکان و خەڵکی خۆیان، چونکە گوایە خەڵکی وازیان لە ئازادی هێناوە، ئەمە ڕێک وەک ئادەم شاف نووسیبووی:{لیبڕالیسم ئازادی تاکەکەسی بەخشیوە بە مرۆڤ بۆ ئەوەی سەرکۆنەی بکات لەسەر کارەکەی لە جیهانێکدا کە لێی بەرپرسیار نییە، هەروەها ئەقڵانیەت خودی مرۆڤ دەکاتە دادوەری خۆی لە بەکارهێنانی ئاقڵانەی ئازادی و هەڵبژاردەکانی لە دۆخێکدا کە مرۆڤی تاک کۆنترۆڵی نییە بەسەر دۆخەکەدا.}- مارکسیست بوون مانای چییە؟ ئادەم شاف/ .
لە یەکەمین کۆڕبەندی کۆمەڵایەتی جیهانی لە ساڵی ٢٠٠١ کە لە شاری پۆرتۆ ئەلیگری بەڕازیل بەڕێوەچوو، دیدگاێک سەریهەڵدا مژدەی بە جیهانێکی باشتر دەدا، ئەو دیدگایە”ڕۆحی پۆرتۆ ئەلیگری”بوو کە بەسەر چەپدا زاڵ بوو، ئەم گەشبینییەی”پۆرتۆ ئەلیگری”سوودی لە هیواکەی”ئێرنست بلۆخ” وەرگرت بوو، وە دەستەواژەکە کەڵکی لە دیالێکتیکی هیگڵی وەردەگرت بۆ وەسفکردنی ئەم ڕۆحە وەک هێزێک دژی”ڕۆحی داڤۆس”کە پەیوەستە بە کۆڕبەندی بەرژەوەندی نوخبەی ئۆلیگارشی جیهانی. دژایەتی ئەم دوو لایەنە پێکدادانی نێوان لەلاێک بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بوو کە پێشنیاری ئەلتەرناتیڤیان دەکرد بۆ نیولیبرالیزم، و لەلاکەی دی دەسەڵاتدارانی نیولیبڕالیسمی سەرمایەداری کە لە دوای ساڵانی ۱۹۹۰ و ڕوخانی دیواری بەرلین سەرکەوتنی لیبڕالیسمییان ڕاگەیاند.

ئایا دۆخی ئەمڕۆی جیهان لە ساڵی ٢٠٢٥ چۆنە؟
دوای چەند ساڵێک لە قەیرانی ئابووری، ئەمڕۆکە زۆرێک لە شارەزایان هۆشداری ئەگەری داڕمانی ئابووری جیهان دەدەن. جگە لە جەنگ لە(ئۆکراینا و سودان)، مەترسی جەنگ لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڤەنزوێلا و دەریا باشووری چین،، هتد، هەر هەفتەیە و سەرکردەێکی وڵاتانی ئەوروپا بانگی خەڵکی دەکات(خۆتان ئامادەکەن بۆ جەنگ)، زیادبوونی هەڕەشەی بزووتنەوەی ڕاستڕەوی توندڕەو(ڕەگەزپەرستی)لە ئەوروپادا،، هتد.
تروسکایێک لەم نێوەدا بەهێزبوونی باڵی چەپی حیزبی دیموکراسی ئەمەریکایە(دیاردەی زەهران مەمدانی؛ ڕیفۆرم لە خولی داڕماندا)، کە هەوڵێکە بۆ یەکگرتنی خەڵکی کرێکاران و ستەملێکراوەکان(پەناهەندەکان، موسڵمانەکان، یەهودیەکان، ژنان، هۆمۆکان،، هتد)دژی دەسەڵاتی ئیستبدادی سەرمایەداری دڕندەی ترەمپ و بزووتنەوەی ماگا و حیزبی کۆماری و باڵی ڕاستی حیزبی دیموکراتی ئەمەریکی.
ئەمڕۆکە لەهەر جێگاێک لەم جیهانە سەرمایەدارییە دڕندە پڕ لە قەیران و جەنگەدا، هەر کەسێ & لایەنێک، بە هەر شێوەێکی خەبات(هەڵبژاردنی پەرلەمانی، خۆپیشاندانی مەدەنی، یان بە هەر شێوەێکی دی)بۆی بکرێ نانێک بخاتە سەر سفرەی کرێکاران و هەژاران، و ژیانی خەڵکی بپارێزێ لە کوشتارو نائەمنی، و خەڵکی ستەملێکراوان لە دەوری چینی کرێکاران کۆبکاتەوە دژی دەسەڵاتی ئیستبداد و گەندەڵی فەرمانڕەوای بۆرژوازی، ئەو لایەنە شایستەی پشتگیری هەموو مرۆڤێکی یەکسانیخواز و دادپەروەرە. لەم دیدەوە ئەگەر کۆمۆنیستەکان/شیوعیەکان لە هەڵبژاردنی عێراقدا هەوڵ بۆ ئەو ئیسڵاحە گچکەیە دەدەن، بێگومان شایستەی پشتگیرین و هیوادارین هاوشێوەی زەهران مەمدانی لە عێراقدا دەرکەوێت.
ئومێدێکی دی ئەوەیە کە بزووتنەوەی ناڕەزایەتی کرێکاران دژی سەختی باری ژیان لە جیهاندا زیادبکات. بێگومان بزووتنەوەی پڕۆلیتاریا، بزووتنەوەێکی بابەتییە کە هەلومەرجی پەیوەندی کارو سەرمایە بەشێوەێکی خۆبەخۆیی چینی کرێکاران دەبزوێنێ دژی چینی سەرمایەداران و دەسەڵاتدارانیان بۆ باشترکردنی بژێوی ژیانیان. ئەم بزووتنەوە سەندیکایی و خۆبەخۆییە، لە باشترین حاڵەتیدا کە پەیوەندی هەبوو بە بزووتنەوەی سۆسیالیستی، ئیدی دینامۆی شۆڕشی سۆسیالیستییە، بەڵام بزووتنەوەی خۆبەخۆیی کرێکاران بەبێ سۆسیالیستەکان، دەتوانێ لە چوارچێوەی سیستەمی سەرمایەداریدا تەنها ڕیفۆرمی ئابووری و سیاسی بکات، نەک شۆڕشی سۆسیالیستی.
بەڵام لە دیمەنێکی تری ئەم سەردەمەدا، چەندە زەیتی زەیتوون و هەنگوینی ساختە لە بازاڕدا هەیە، دە هێندە لە سیاسەتدا بیروباوەڕو ئەحزابی ساختە هەیە. بە پێچەوانەی بانگەشەی هەندێ نووسەر کە دەیانگووت(سەردیەتە گەورەکان کۆتاییان هات – سەردەمی کۆتایی ئایدۆلۆژیایە)، ئەم سەردەمەی ئێمە فولە لە ئایدۆلۆژیا؛ سەردەمی زیندووکردنەوەی پەیوەندی هۆزایەتی و عەقیدەی تائیفییە، پڕە لە ئەحزابی ئایینی سیاسی، لیبڕالیسمی، دیموکراسی ساختە و چەپی ساختە.


  • سەرچاوە:- Perry Anderson – IDÉES-FORCES / new left review – 2025 / ئەم چەند دێڕە بەشی یەکەمی کتێبەکەیە.
    **جگە لە”ماو”، “لین پیاو”وەزیری بەرگری چین سەرکردەێکی شۆڕشی ڕۆشنبیری بووە. لە وتارێکدا بۆ جەماوەرێکی بەرفراواندا کە نزیکەی یەک ملیۆن ئەندامی”پاسەوانی سوور”بەشدارییان تێدا کردبوو، ئەرکەکانی شۆڕشی ڕۆشنبیری کورتکردەوەو ڕایگەیاند کە بۆ”لەنێوبردنی چوار ئەهرەمەنە کۆنەکە بووە: بیرۆکە کۆنەکان، کولتوورە کۆنەکان، داب و نەریتە کۆنەکان و خووی کۆن”.



ڕاپەڕین و شۆڕش و گۆڕینی کۆمەڵگە.. ئەکرەم سەعید

سەرنجێک لەسەر ڕاپەڕینەکانی سەردەمی ئێمە

بۆ لاوان و چینی کرێکاران گرنگە بزانن ناوەڕۆکی ڕاپەڕین و شۆڕش چییە و جیاوازیان چییە؟. شۆڕش گۆڕانی ڕیشەییە لە پایەکانی سیاسی و ئابووری کۆمەڵگە؛ یانی گۆڕینی دەسەڵاتی چینی بۆرژوازییە بۆ دەسەڵاتی چینی کرێکاران – گۆڕینی شێوازی بەرهەم هێنان و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەدارییە بۆ سۆسیالیستی، ئەما ڕاپەڕین لە باشترین حاڵەتیدا گۆڕینی سیستەمی سیاسییە(گۆڕینی حکومەت و ستافی دەسەڵات و هەندێ دەستکەوتی مافی مەدەنی و ئابوورییە)، بەم پێیە ڕاپەڕینە جەماوەرییەکان دژی گەندەڵی و سەرکوت ناتوانێ پایەکانی ئابووری سەرمایەداری کۆمەڵگە بگۆڕێ. ڕاپەڕین بە تەنها دژی گەندەڵی و سەرکوت هێشتا دیموکراسی و لیبڕالیسمە، بۆیە لە سنووری گۆڕینی ستافێک بۆ ستافێکی دی دەوڵەتی بۆرژوازی زیاتر ناڕوات، و ناتوانێ دەست بۆ گۆڕینی پایەی ئابووری کۆمەڵگەی سەرمایەداری بەرێ، بە دەربڕینێکی دی ڕاپەڕین دەسەڵات لە ئیستبدادییەوە دەگۆڕێ بۆ دیموکراسی، ستافی دەوڵەتێکی گەندەڵی بێ پەردە دەگۆڕێ بۆ دەوڵەتی خاوەن یاسا و دەزگای خاوەن بودجەی شەفاف،، هتد.
دەشێ ڕاپەڕین و شۆڕش لە کرداری تندوتیژی خێرادا هاوشێوە بن، چونکە ئەگەری هەیە زیاتر تەقینەوەێکی مەزنی کتوپڕی بەهێز بن، پێداکێشانی دوو هێز یان زیاتری دژ بەیەک بن: هێزی دەسەڵاتی کۆن کە بەرگری لە بۆ مانەوە خۆی دەکات، وە هێزی جەماوەری ناڕازی کە دەیەوێت دەسەڵات و سیستەم بڕوخێنێ. بەم مانایە ڕاپەڕین و شۆڕش ململانێی سیاسی دوو ئیرادەیە کە جەنگیانە لەسەر دەسەڵات.
تا ئێرە ئێمە پێناسەی ڕاپەڕین و شۆڕش دەکەین وەک هێز و ئامانجێکی دیار و بینراو، وەک گۆڕینی بواری سیاسی و تەنها لە ڕەهەندی سیاسییەوە چاویان لێ دەکەین. ئەما شۆڕش جگە لەم دیمەنە بینراوە، جگە لە بوار و ڕەهەندی سیاسی، دیمەنی شاراوەو هێزێکی مێژووی نادیار لە پشتەوە ماتۆڕی ئیرادە و گۆڕانیەتی؛ یانی شۆڕش بە دیوە شاراوەکەیدا بواری کۆمەڵایەتی و بەرژەوەندی چینایەتی و ئامانج و ڕەهەندی ئابووری گەورەتر و گۆڕانی ڕیشەیی شێوازی ئابووری کۆمەڵگەی هەیە.
بۆ سۆسیالیستەکان شۆڕش یانی ئالۆگۆڕی سیاسی و ئابوورییە، ئامانج لە شۆڕش گۆڕینی دەسەڵاتی چینی بۆرژوازییە بۆ دەسەڵاتی چینی کرێکاران، گۆڕینی شێوازی بەرهەمهێنان و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەدارییە، کۆتایی هێنانە بە دابەشبوونی چینایەتی کۆمەڵگە، کۆتایی هێنانە بە جیاوازی نێوان شار و لادێ، کۆتایی هێنانە بە جیاوازی نێوان کاری جەستەیی و کاری فکری، ئەما بۆ لیبڕالیسمەکان شۆڕش تەنها مانای گۆڕانی بواری سیاسی و بە دەستهێنانی ئازادی تاکەکەس و بە دیموکراسی کردنی دەوڵەتە.

شۆڕش بە ڕای ئەلێکسیس دی تۆکڤیل و مارکس
شۆڕش دیاردەێکی ئاڵۆزە، کێشەی سەرەکی لە توێژینەوەی ئەم دیاردەیە، ناسینی پەیوەندی نێوان ڕۆڵی هێزی هۆشیار و ئیرادەی ئینسانەکانە لەتەک ڕۆڵی هێزی ڕەوتی مێژووییە کە بابەتییە لە پشتی ئینسانەکانەوە کاری خۆی دەکات، و لە دوا ئەنجامدا وەک بڵێی شۆڕش کارێکە ئینسانەکان کردوویانە یان شتەهاێکیان گۆڕیوە کە جێبەجێکردنی زەرورەتی ڕەوتی مێژوو بووە. ئەم کێشەیە(پەیوەندی نێوان ئیرادەی ئینسانەکان و ستروکتور/ ڕەوتی مێژوو)، کێشەی سەرەکی چەندجار دووبارە بووەی نێو دەقەکانی”ئەلێکسیس دی تۆکڤیل و مارکس”ە.
گرنگتر لەم کێشەیە لە ڕاڤەی شۆڕش، دیاریکردنی مەیدانەکانی گۆڕانە لە شۆڕشدا. هەر دوو دی تۆکڤیل و مارکس بڕوایان بەوە بووە کە شۆڕش گۆڕانێکی سیاسی و کۆمەڵایەتییە. شۆڕش تەنها دەوڵەتی کۆن ناڕوخێنێ و بەس، بەڵکە پایەی ئابووری و پەیوەندی چینایەتی کۆمەڵگەش دەگۆڕێ. بۆ نموونە: شۆڕشی فەرەنسی تەنها دەسەڵاتی پاشایەتی و کەنیسەی کۆتایی پێ نەهێناوە، بەڵکە ئابووری دەرەبەگایەتی گۆڕی بۆ ئابووری سەرمایەداری. کەواتە شۆڕش لە دوو بوار و مەیداندا کاری گۆڕین دەکات: گۆڕینی سیاسی دەوڵەت و گۆڕینی پایەی ئابووری کۆمەڵگە، ئەمەی دوایی بە ڕای مارکس یانی گۆڕینی پەیوەندی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری و کۆتایی هێنان بە دابەشبوونی چینایەتی کۆمەڵگە، یانی گۆڕینی پێکهاتی ئابووری و سیاسی سەرمایەداری بەرەو پێکهاتی ئابووری سیاسی سۆسیالیسم.

جیاوازی نێوان ڕیفۆرم و شۆڕش
(هەر هەوڵێک بدرێ بۆ گۆڕینی پێکهاتی سەرخانی یاسایی و سیاسی دەوڵەت، گەرچی هەلومەرجی ئابووریش لەتەکیدا بگۆڕێ، هێشتا بە کارێکی ئیسڵاحی پێناسە دەکرێ، مادام لە چینی خاوەن فەرمانڕەوای سیاسی و ئابووری کۆمەڵگەوە سەرچاوەی وەرگرتووە. بە پێچەوانەوەی ئەوە، ئەو کردەوانە بۆ گۆڕانکاری بە شۆڕش پێناسە دەکرێ، کاتێ لە چینێکەوە کە لە ڕووی ئابووری و سیاسیەوە چەوساوەتەوە، و ئەمڕۆکە دەسەڵاتی سیاسی دەگرێتە دەست، و لە بەرژەوەندیایەتی بە خێرایی ئاڵۆگۆڕی سیاسی و ئابووری بکات ،،.)- شۆڕشی کۆمەڵایەتی/ کارڵ کاوتسکی.
کەواتە: بە پێی ڕای کاوتسکی”شۆڕشی سیاسی نابێ بە شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی هەتا چینی ژێردەستە پێی هەڵنەستێ بۆ بەرژەوەندی چینایەتی خۆی”. لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا چینی کرێکاران چینی چەوساوەن، بێگومان کاتێ ئەو چینە شۆڕش دەکات تەنها بە گۆڕانی دەسەڵات ڕاناوەستێ، بەڵکە پەیوەندی بەرهەمێنان و بوونی چینایەتی سەرمایەداری دەگۆڕێت(یانی پێکهاتی ئابووری سەرمایەداری دەگۆڕێت بۆ سۆسیالیسم)، ئەوکات دەتوانین بڵێن شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی ڕویداوەو سەرکوتوو بووە. کاتێ لە ئەنجامی شەڕو پێکدادانی زبری باڵەکانی چینی بۆرژوازی، تەنها ئاڵوگۆڕ لە سەرخانی سیاسی(ئازادی زیاتر بوو، یان مافی مەدەنی باشتر بوو، مافی ژنان ڕێزی لێ گیرا، گەندەڵکاران سزادران،، هتد)، ئیدی ئەوە ڕاپەڕینی(دیموکراسی)سیاسی بۆرژوازییە.
بە کورتی: ڕاپەڕین گۆڕینی سەرخانی کۆمەڵگەیە، گۆڕینی سەرپۆشە نەک بنەما، ئەما شۆڕش گۆڕینی سەرخان و ژێرخانی کۆمەڵگەیە؛ بەم مانایە ڕاپەڕین گۆڕانێکی سنووردار و ناتەواوە، واتە گۆڕانی بەشێکی یان مەیدانێکی پێکهاتی کۆمەڵگەیە بەتایبەتی دامەزراوە سەر بە پێکهاتەکانی(سیاسی، یاسایی، ئایینی). لەسەر ئەو بنەمایە ڕاپەڕین”بچوکترە”لە شۆڕش لە ڕووی پانتایی و جۆری گۆڕان لە کۆمەڵگەدا. شۆڕش گۆڕینی بارودۆخی بوونی ئینسانەکانە لە ڕووی(ئابووری و سیاسی و فکری)یەوە. شۆڕش کردەوەیەکی سیاسی تندوتیژە بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتی چینێکی کۆمەڵایەتی، بۆ گۆڕینی قۆناغێکی مێژوویی کۆمەڵگە.
لێرەوە کەمێ تێفکرین و لە خۆمان بپرسین: ئایا بەناو شۆڕشەکانی سەردەمی ئێمە؛ لە بەناو شۆڕشی مەجەری ساڵی ۱۹٥۹، لە شۆڕشی بەناو پۆرتوقاڵی لە ئۆکراینا، و شۆڕشی بەهاری عەرەبی،، هتد، بە چ بیروباوەڕێک و بەرژەوەندێک بەو دیاردەو ڕووداوانە دەگوترێ شۆڕش؟ ئایا سۆسیالیستەکان بڕوایان وایە ئەوانە شۆڕش بوون؟!.

خەونەکانی جەماوەری ناڕازی
بەهۆی قەیرانی ئابوورییەوە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە وڵاتانی باشووری ئاسیا، بووە هۆکاری گۆڕینی هەندێ حکومەت، بۆ نموونە: لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢٢، سەرۆکی سریلانکا “گۆتابایا ڕاجاپاکسا”دەستی لەکارکێشایەوە، پاشان لە مانگی ئابی ساڵی ڕابردوودا”شێخ حەسینە”سەرۆکوەزیرانی بەنگلادیش لە دەسەڵات دوورخرایەوە، و لەم هەفتەیەدا لە نیپاڵ سەرۆکوەزیران”پی شارما ئۆلی”دەستی لەکارکێشایەوە. داواکاری ڕەوای ئەو جەماوەرە ناڕازییە(ئازادی و نان)ە، لێرەوە ئەمەریکا بۆ لاوازکردنی پێگەی وڵاتی چین، هەوڵدەدات ناڕازایەتییەکانی جەماوەری باشووری ئاسیا بە(خەونی ئەمەریکا)وە ببەستێتەوە.
نەک تەنها لەو چەند وڵاتەی باشووری ئاسیا، بەڵکو لە(چین، ڤێتنام، ئێران،، هتد، لەو وڵاتانەی بە حیساب دەوڵەتەکەیان دژی مۆدێلی فکر و سیاسی غەربە)، کەچی مۆدێلی ژیانی ئەمەریکی ئاواتی زۆربەی خەڵکە؛ یانی مەیلی پڕۆئەمەریکی/پڕۆغەربی لە نێو جەماوەردا بەهێزە.
لەڕاستیدا(خەونی ئەمریکی)بەڵێنی بەختەوەری و دەوڵەمەندبوون لە ڕێگەی کارکردنەوە، هەرگیز ئەو خەونە جگە لە بڕێک لە تاکەکەس، دەنا بۆ هەمووان بەدەست نەهاتووە. کاتێک”جەیمس ترونسلۆ ئادەمز”لە ساڵی ١٩٣١دا ئەم زاراوەیەی داهێنا، بەم جۆرە وەسفی کرد:”بۆ هەموو هاوڵاتییەک بەبێ گوێدانە بارودۆخی لە دایکبوونی یان پێگەی کۆمەڵایەتی”، بەڵام بۆ چینی کرێکاران و هەژارانی خەڵکی ئەمەریکا ئەو خەونە ئەفسانەێک بوو، و ئەمڕۆکە ژمارەێکی زۆری لاوان و کرێکارانی ئەمەریکا بەهۆی بێکاری و قەرزەوە ژیانیان دۆزەخە، و خەون بە مۆدێلێک لە دەوڵەت و کۆمەڵگە دەبینن کە(ئازادی و خۆشگوزەرانی و ئاسایشیان)بۆ دابین بکات، خەون بە دەوڵەتی خۆشگوزەرانی دەبینن، و ئاواتیان دەوڵەتێکە(خزمەتگوزاری خەستەخانە بۆ هەمووان، بیمەی بێکاری، خزمەتی پیران و بێ ماڵ و حاڵەکان)پێشکەش بکات. بۆیە خەونەکانی زۆربەی جەماوەر لە ئاسیا پێچەوانەی خەونەکانی زۆربەی جەماوەرە لە غەرب.
بۆ خەڵکی هۆشیار کاتێ دەبینێ دۆزەخی مۆدێلی ژیان و سیستەمی ئەمەریکا بۆتە ئاوات و خەونی جەماوەری ئاسیا، دەگەنە ئەو قەناعەتەی کە ئەو جەماوەرە ناهۆشیارە، چونکە دۆزەخی لێ بۆەتە بەهەشت، ئەوەش ئاکامی ئەوەیە کە ئەو خەڵکە لە هەلومەرجێکی خراپدا دەژین، و خەون بە مۆدێلێکەوە دەبینن کە دیوی دووەمی هەمان شێوازی بەرهەم هێنانی سەرمایەدارییە.

کازاخستان؛ ڕاپەرینی جەماوەر دژی گرانی و هەژاری –
ڕۆڵی فاکتەری دەرەکی لەسەر ململانێی چینایەتی و بزووتنەوە جەماوەریەکان لە سەردەمی ئێمەدا:
لە ٢ی بانەمەڕ ساڵی ٢٠٢٢ دوابەدوای بەرزبوونەوەی کتوپڕی نرخی غاز، کە حکومەتی کازاخستان بە وتەی خۆی بەهۆی زیادبوونی خواست و جێگیرکردنی نرخەوە بووە، خۆپیشاندان لە کازاخستان سەریهەڵدا. کازاخستان نموونەێکی نوێ و زیندووە کە چۆن ململانێی بلۆکەکانی سەرمایەداری پاڵ بە ململانێی چینایەتی نێوخۆی وڵاتێکەوە دەنێ بۆ دواوەو دایدەپۆشێ – ١.
ئەمڕۆکە کەم چەپ و سۆسیالیست هەیە لە دونیادا بەوەی دەگوزەرێ لە کازاخستاندا ناو بنێ شۆڕش، لەتەک ئەوەی کە جەماوەر دژی گرانی و هەژاری توانی حکومەت برۆخێنێ و پەلاماری دەسەڵاتی دەوڵەت بدات. هۆکاری ناو نەنانی شۆڕش بۆ ڕاپەڕینی جەماوەری کازاخستان کۆبوونەی چەندەها ئەزموونی لەوەوپێشە لە ڕوداوەکانی هاوشێوە لە(ئۆکراینا، تونس، میسر، سوریا، سودان و،، هتد.).
سۆسیالیستەکان ناچارن بۆ تێگەیشتنی زانستی لە دیاردەکانی جیهانی ئەمڕۆ، دراسەی ئەو بزووتنەوە جەماوەریانە دژی گرانی و هەژاری بکەن، کە چۆن فاکتەری دەرەکی و دەستێوەردانی بلۆکەکانی سەرمایەداری، دەبێتە هۆکاری گۆڕینی ئاقار و ئامانجی بزووتنەوە جەماوەرییەکان و بە ناکام گەیشتنیان.
بە تەنها باسکردن لە ململانێی چینایەتی نێوخۆی وڵاتێک، وە بە تەنها بەژماردنی ململانێی چینایەتی نێوخۆی وڵاتێک وەک فاکتەری سەرەکی لە گۆڕانی دەسەڵات، وەک تیۆری مارکسیسمی کلاسیکی مەزەندەی دەکات، دەکەوینە هەڵەی تیۆری و تێگەیشتنێکی نادروست لە بزووتنەوە جەماوەریەکانی سەردەمی ئێمە. گرنگی ڕۆڵی فاکتەری دەرەکی، گرنگی فاکتەری ململانێی دەوڵەتە سەرمایەدارەکان لەسەر بزووتنەوە جەماوەریەکانی سەردەمی ئێمە چارەنووسازە، و گەر لە ململانێی چینایەتی نێوخۆیی کاریگەرتر نەبێ ئەوا لەو کەمتر نییە. بە تایبەتی لە نەبوونی حیزبێکی سۆسیالیستی بە توانا لە نێو بزووتنەوە جەماوەریەکاندا، هێندەی دی جەماوەر گەرچی داواکاری ڕەوای هەیە دژی دەسەڵاتی سەرمایەداری، بەڵام بەلاڕێدا دەبرێ و دەکەوێتە پاشکۆی ململانێی باڵەکان و لایەنەکانی ناوخۆو دەرەکی سەرمایەدارانەوە.
هه‌موو ڕاپەڕینێک پێمان دەڵێ جه‌ماوه‌ر خه‌ون به‌ چییه‌وه‌ ده‌بینێ و جه‌ماوه‌ر چی ده‌وێت، چه‌ندایه‌تی و چۆنایه‌تی هاتنه‌دی خه‌و‌نه‌کانی جه‌ماوه‌ر به‌نده‌ به‌ ئاستی هۆشیاری چینایه‌تی جه‌ماوه‌ری شۆڕشگێره‌وه‌. بۆیە کاتێ جەماوەری ناڕازی بێ هۆشیاری سۆسیالیستی ڕاپەڕین دەکات، ئەنجامەکەی لە گۆڕینی دەسەڵات لە نێوان مۆدێلەکانی دەوڵەتی بۆرژوازی زیاتر، دەنا هیچی دی بەرهەمی نابێ، لێرەوە دەتوانین ئەو جۆرە ڕاپەڕینانە بە(قسەکردن و ڕۆشتن لە کاتی خەو)ی ئینسانێک بشوبهێنین کە لە ڕاستیدا هیچ بەهای نییە چی دەڵێ یان بۆ کوێ دەچێت. بۆیە بەشێکی ڕاپەڕینەکانی جەماوەر لە سەردەمی ئێمەدا(بەهاری عەرەبی بە نموونە)، بەهۆی زاڵ بوونی کۆنەپەرستەکان بەسەر ڕاپەڕینەکاندا ئاکامی کۆنەپەرستی و بەدژی داواکاری و خواستی(نان و دادپەروەری و ئازادی)خەڵکی بووە(نموونە: تونس و میسر ). بە ماناێکی دی کرێکاران و خەڵکی ناڕازی چەندەها ڕاپەڕینیان دژی سیستەمی سەرمایەداری کردووە، بەڵام ئەنجامەکەی لەو دیمەنە دەچێ کە خەڵکی بەردیان هاویشتبێتە کۆشکی دەسەڵاتداران، کەچی بەردەکان گەڕابێتنەوەو بەر سەری خۆیان کەوتووە.
جیهانی ئێمه‌ سیریالیه؛ چونکه‌ له‌یه‌ک کاتدا به ‌چه‌نده‌ها شێوه ‌و دیمەنی جیاواز خۆی ده‌رده‌خات، واقعیه‌تی خۆی له‌ چه‌نده‌ها فۆڕمدا به ‌مرونه‌تێکی گه‌وره‌وه‌ به‌رهه‌م و دوو‌باره‌ به‌رهه‌م ده‌هێنێته‌وه‌، و به‌هۆی ژماره‌ێکی زۆری مۆدێلی جیاواز جه‌وهه‌ری گه‌لێ ته‌موومژاوییه‌، بۆیه‌ به‌بێ تیۆریکی زانستی و پراکتیکی شۆڕشگێڕانه‌ کە ئامانجی دامەزراندنی کۆمەڵگەێکی(ئازاد و دادپەروەر و خۆشگوزەران)بێ، مه‌حاڵه‌ هیچ ڕاپەڕین و شۆڕشێک ڕێگای ده‌ربازبوون بێت له‌م دۆزه‌خه‌.

………………………………………………..

١- ڕوسیا هێزی سەربازی نارد بۆ هاوکاری دەوڵەتی کازاخستان بۆ سەرکوتی جەماوەر بە ناوی دژە تیرۆر و فەوزا، ئەمەش جۆرێکە لە فاکتەری دەرەکی کە ململانێی بەرژەوەندیەکانی دەوڵەتە سەرمایەداریەکان فەرزی کردووە.




نائەقڵانییەت لە جیهانی ئەمڕۆدا.. ئەکرەم سەعید

سەرمایەداری بە دیوێکیدا سیستەمێکی نائەقڵانییە. ئەم بڕوایە لە دوو کتێبی نوسەرانی مارکسی(جۆرج لۆکاش، بۆل باران و بۆل سویزی)ڕوونکراوەتەوە. لۆکاش لە کتێبی(لە ناوبردنی ئەقڵدا)لە ئاستی سەرخانی کۆمەڵگەی سەرمایەداری(فکری فەلسەفی بۆرژوازی)نائەقڵانییەتی سەرمایەداری پیشانداوە، و باران و سویزیش لە کتێبی(مۆنۆپۆلی سەرمایەداری)نائەقڵانییەتی سەرمایەدارییان لە پەیوەندییە ئابوورییەکاندا(واتە لە ژێرخانی کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا)دەرخستووە. بەڕای زۆرێک لە سۆسیالیستەکان ئەو دوو کتێبە گرنگن بۆ تێگەیشتن لە سیستەمی سەرمایەداری کە چۆن کار دەکات.
هەڵبەتە بۆرژوازی دەسەڵاتدار بۆ زاڵکردنی نائەقڵانییەت لە جیهانی ئەمڕۆدا، تەنها بە بڵاوکردنەوەی فەلسەفەی نائەقڵانی نەوەستاوە، بەڵکو لەپاڵیدا سوودی لە بڵاوکردنەوەی شوناسی(ئایینی، تائیفی و ئیسنی، تیرۆریسم، زیندووکردنەوەی پەیوەندی هۆز و خێڵ)وەرگرتووە. بۆیە جیهانی ئەمڕۆکە لە ناکۆکییەکی زۆر دژواردا دەژی؛ چونکە لەپاڵ ئەوەی لەلاێک گەشەی زانست و تەکنۆلۆژیا زۆر ئەقڵانییە، کەچی لەلاێکی دی دیاردەی فکر و سیاسەتی نائەقڵانی و توندوتیژی و جەنگ زاڵ و باوە. بۆیە ئێمە ئەمڕۆکە دیاردەی ناکۆکی وەک(ئیلۆن ماسک)دەبینین؛ بە دیوێکدا ڕابەری تەکنەلۆژی نوێیە لە جیهاندا، و بە دیوەکەی تریدا سەرکردەێکی ئایینی ڕاستڕەوی توندڕەوە(بزووتنەوەی ماگا)، و هاوپشتی بزووتنەوە ڕاستڕەوە توندڕەوەکانی ئەوروپا دەکات.
ئەما نائەقڵانیەت و ناکۆکییەکانی سیستەمی سەرمایەداری لە بەشێکیدا ڕەگوڕیشەیان بابەتییە(واتە سەرچاوەی ئەو ناکۆکییانە هەلومەرجی شێوازی بەرهەم هێنان و پەیوەندییەکانی سەرمایەدارییە).
مرۆڤ ئەمڕۆ کە سەرنج لە جیهان دەدات گەلێ دیمەنی جیاواز و دژ بەیەکی ترسناک دەبینێ: دیمەنی ڕاسیستەکان لە شەقامەکانی لەندەن کە هەڕەشە لە پەناهەندەکان دەکەن، دیمەنی جەنگ لە ئۆکراینا، مەترسی داڕمانی ئابووری جیهان، تۆقانی خەڵکی لە دڕندەیی دەسەڵاتداران، ناکۆکی نێوان: توانای مرۆڤایەتی بۆ بەرهەم هێنانی سامانی بێ شومار کەچی بڕێکی زۆری خەڵکی هەژار و برسین، گەشەی زانست و تەکنەلۆژیا کەچی زۆربەی خەڵکی ناهۆشیار و کاڵفامن(تەکنۆلۆژیای نوێ و سۆشیال میدیا و زیرەکی دەستکرد بە پلانی دەسەڵاتداران بوونەتە مایەی گەمژەکردنی زۆرێک لە خەڵکی)، دونیا لە لاێک مۆدێرن و پێشکەوتووە کەچی بڕێکی زۆری خەڵک ڕاسیست و کۆنەپەرست و دڕندەن.

مارکس ناکۆکییەکانی سەردەمی ئێمەی لەم چەند دێرەدا کورتکردۆتەوە:
{لە سەردەمی ئێمەدا پێدەچێت هەموو شتێک لەنێو خۆیدا دژەکەی لەخۆ گرتبێت. ئێمە ئامێرەکان دەبینین، کە خاوەنی هێزێکی سەرسوڕهێنەرن بۆ کورتکردنەوەی ماوەی کاری مرۆڤ و بەرهەم هێنانی زیاتر، کەچی ئەوانە برسێتی و ماندوێتی بۆ خەڵکی دەهێنن. سەرچاوەی سامانی نوێ بە کۆمەڵێک جادوی سەیر و نامەفهوم، دەگۆڕدرێن بۆ سەرچاوەی هەژاری. پێدەچێت نرخی سەرکەوتنە تاکتیکییەکان داڕمانی ئەخلاقی باجەکەی بووبێت. وادیارە مرۆڤایەتی تا زیاتر سروشت ملکەچ کات بۆ خۆی، خۆی دەبێتە کۆیلە بۆ کەسانی دی یان دەبێتە کۆیلەی بەدڕەوشتی خۆی، تەنانەت ڕووناکی پاکی زانستیش، وا دیارە، تەنیا دەتوانێت لە پشتی تاریکی نەزانیدا بدرەوشێتەوە. ئەمە وەک ئەوە وایە هەموو دۆزینەوەکانمان و هەموو پێشکەوتنەکانمان بەرەو ئەم واقیعە دەچێت، واتە هێزە ماددیەکان توانای فیکری بەدەست دەهێنن لە کاتێکدا مرۆڤایەتی لایەنی فیکری خۆی دەدۆڕێنێ و دەبێتە تەنها هێزێکی ماددی. ئەم دژایەتییەی نێوان پیشەسازی مۆدێرن و زانستی مۆدێرن لەلایەک و هەژاری مۆدێرن و داڕمانی مۆدێرن لەلایەکی دیکەوە، ئەم دژایەتییەی نێوان هێزە بەرهەمهێنەرەکان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی سەردەمی ئێمە، واقیعێکی حەتمی و هەستپێکراوی حاشاهەڵنەگرە.}

– وتارێک لە ساڵیادی ڕۆژنامەی گەل – کاڕڵ مارکس /۱۸٥٦‪-‬ Speech at anniversary of the People’s Paper l




دەوڵەتی دیموکراسی بۆرژوازی و جەنگ.. ئەکرەم سەعید

دەوڵەتی دیموکراسی بۆرژوازی و جەنگ
ئەمڕۆکە جگە لە مەترسی خولێکی نوێی جەنگی کاولکارانەی نێوان ئێران و ئیسرائیل، بەشێکی جیهان لە حاڵەتی ئامادەباشیدایە بۆ جەنگ. لەکاتی قەیرانی ئابووریدا دەسەڵاتدارانی جیهان لە هەر جێگاێکی ئەم دونیایەدا بن لە(پاریس، لەندەن، ئەنقەرە، سلێمانی و هەولێر، قاهیرە یان هەر شارێکی ئەفەریقا)ئەمە پیلانیانە: کێشەی ئابووری بێ چارەسەرمان هەیە، دەی ئاگری شەڕ و ئاژاوە هەڵگیرسێنن؛ واتە(تۆقان و شەڕ)باشترین شێوازە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی خەڵکی و ملکەچ پێکردنیان.
دوای بەریتانیا فەرەنساش(فەرمانی بە نەخۆشخانەکان کرد تا مانگی ئازار ئامادەی جەنگ بن)-(سەرچاوە: سایتی گراوند نیوز *). دوێنێ ڕۆژنامەی(لۆکانار ئێنشانێ)لە ڕاپۆرتێکدا کە بەڵگەنامەیەکی دەستکەوتووە، ئاماژە بەوە دەکات کە وەزارەتی تەندروستی فەرەنسا دەزگا ناوچەییەکانی ڕاسپاردووە بۆ ئەوەی لە ماوەی ساڵێکدا خۆیان بۆ قەیرانەکان ئامادە بکەن. هەروەها”کاترین ڤۆترین”وەزیری تەندروستی فەرەنسا فەرمانی بە نەخۆشخانەکان کرد تا مانگی ئازاری ٢٠٢٦ ئامادەکاری بۆ پێشوازی لە هەزاران سەربازی بریندار بکەن. لە وڵاتی(سوید، نەرویج و ئەڵەمانیا)چەند مانگ لەمەوپێش، بانگەوازی خەڵکیان دەکرد کە خۆیان بۆ جەنگ ئامادەکەن.
ئایا جەنگ ڕوودەدات؟ وە بۆچی جەنگ ڕوودەدات؟ خەڵکی ئەوروپا چیان پێدەکرێ بۆ وەستانی جەنگ؟. جەنگی دەوڵەتەکانی ئەوروپا لەتەک کێ؟. لەتەک ڕووسیا؟ لەکاتێکدا ڕووسیا ئەوە زیاد لە سێ ساڵە هێشتا سوپاکەی نەیتوانیوە بگاتە کیێڤ- پایتەختی ئۆکراینا، ئیدی ڕوسیا سوپای هێندە لە کوێ بوو تا بگاتە(بەرلین، پاریس و لەندەن)؟، بە مووشک بەڵێ ڕووسیا دەتوانێ بۆردومانی کوێی بوێ دەیکات، بەڵام بۆچی ئەم مووشەکانە دەگەنە ئێرە؟ هۆکارەکانی ئەم جەنگە چییە و لە بەرژەوەندی کێدایە؟.
ئەمڕۆ خەڵکی ئەوروپا چەند بەشێکن: بەشێک گوێبیستی میدیاو ڕاگەیاندنەکانی دەوڵەت و حکومەتن، و بڕوایان وایە ڕوسیا هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی ئەوروپا، و پۆتین دوای ئۆکراینا نیازیەتی لە بەڵقان بپەڕێتەوەو لانیکەم ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا داگیر بکات. لە دیالۆگ لەتەک ئەم بەشە لە خەڵک تا ڕوونی بکەیتەوە بۆیان کە ئەو جەنگە لە بەرژەوەندی دەوڵەتە سەرمایەدارەکان هەڵگیرسێراوە، ئەوان بەم جۆرە وەڵام دەدەنەوە:(حکومەتەکەمان شتەکان باشتر دەزانێ وەک لە ئێمە).
بەشکی دی خەڵکی گەوجکراون بە بیروباوەڕی ڕاستڕەوی و ڕاسیسمی، ناڕازین بە سیاسەتەکانی(ئەحزابی دیموکرات و سۆشیال دیموکرات)، لە ڕاستیدا ئەوان یەک ڕا نین، بەڵام دەیانەوێ بە شێوازی ترەمپ مامەلە لەتەک جەنگەکەدا بکەن؛ واتە(بە ڕواڵەت دژی و لە ڕاستیدا گەڕان بەدوای بەرژەوەندی و سوود لە جەنگ ). ئەما باقی ئەو خەڵکەی کە چەپ و سۆسیالیستن دژی جەنگەکەن، بەڵام لە ناڕەزایەتی نێو پەرلەمان و شەقام زیاتر، کە هیچ کاریگەری نییە، زیاتریان پێ ناکرێ.
هەرچی خەڵکی پەناهەندەشە لە ئەوروپادا، زوربەیان(بە لاشە لە ئەوروپادا دەژین و بە مێشک لە نیشتمانی یەکەمی خۆیانن)؛ یانی(زۆربەی: کوردەکان، تورکەکان، جەزائیریەکان، مەغریبیەکان، سۆماڵیەکان،، هتد) ئەوەندەی لەنێو کەلتوری خۆیاندا دەژین و گوێ بە هەواڵ و دەنگوباسی نیشتمانی یەکەمیان دەدەن، هێندە ئاوڕ لە کێشەکانی نێو ئەو وڵاتە ئەوروپیە نادەنەوە کە خۆی و ماڵومنداڵی تێیدا دەژین.
پوختەی قسە: من ڕام وایە ئەمڕۆکە دەسەڵاتداران لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات چیان بوێ دەیکەن، وە بۆ وەڵامی داواکاری خەڵکی ناڕازی، تۆقان و هەڵگیرساندنی شەڕ دەکەنە ڕێگای چارەسەری کێشەکان. ئیدی خەڵکی ناڕازییە و خۆپیشاندان دەکات دەسەڵات باکی نییە، چونکە لە خراپترین حاڵەتیدا ئۆپۆزیسیۆنێک هەیە، ئەگەر هەتا حکومەتیش بگوڕێ ئەوا دەسەڵات هەر لە بازنەی بەرژەوەندی سیستەمی سەرمایەداریدا باقییە.

ئایا دەوڵەتی دیموکراسی بۆرژوازی ڕێگاچارەیە؟
ئۆپۆزیسیۆن لە هەرێمی کوردستانی عێراق ڕێگای چارەسەری کێشەکانی کوردستان بە(دروستبوونی دەزگاکانی دەوڵەت وەک: یەک سوپا و یەک خەزێنەی حکومەت،، هتد) دەزانێ، یان زۆرێک لە چەپەکان(دەوڵەتی دیموکراسی مەدەنی و سکولار )بە چارەسەری کێشەکان بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق و ئاشتی کوردەکان لەتەک دەوڵەتی تورکیا دەزانن.
لە دەقەکانی مارکس و ئەنگڵسدا بە ڕۆشنی وەسفی{سیمای چینایەتی شارستانییەتی بۆرژوازی و دەوڵەتی دیموکراسی بۆرژوازی و پارلەمانتاریزمی بۆرژوازی}داڕێژراوە، وە زۆربەی سۆسیالیستەکانی نەوەی مارکس ئەو بیرۆکەیان دووپاتکردۆتەوە. ئەو دەقانە پێمان دەڵێت تەنانەت دیموکراسیترین کۆمارە بۆرژوازییەکانیش هیچی تر نین جگە لە ماشێنێک بۆ چەوساندنەوەی چینی کرێکاران لەپێناو بەرژەوەندی چینی بۆرژوازی. بەڵام ئەمڕۆکە لەنێو ئەوانەی خۆیان بە مارکسی و کۆمۆنیست دەزانن و دژی دیکتاتۆریەت و دەسەڵاتی میلیشیان لە وڵاتەکەی خۆیاندا، دەوڵەتی دیموکراسی و هاوڵاتیبوون لە کۆمەڵگەی دیموکراسیدا بە ڕێگاچارەی کێشەکان و قەیرانەکان دەزانن. ئەم جۆرە لە مارکسیەکان دەیانەوێت ئەو بڕوایە بڵاوبکەنەوە کە“دەوڵەتی دیموکراسی بۆرژوازی”ئاشتی و سەقامگیری لە کۆمەڵگەدا دابین دەکات، و ئەمە ڕێگاخۆش دەکات بۆ چینی کرێکار کە بچێتە ململانێی چینی بۆرژوازی و هۆشیاری چینایەتی چنگ کەوێ و خۆی ڕێکبخات بۆ شۆڕشی سۆسیالیستی، وەک ئەوەی بۆرژوازی بەرامبەر هەر ناڕەزایەتێکی کرێکاران گوێڕایەڵی زۆرینەی خەڵکی کرێکار بووبێت. بەم جۆرە لە دیدگای ئەم جۆرە لە مارکسیەکان سیماتی دەوڵەتی دیموکراسی بۆرژوازی وەک ئامێرێکی سەرکوتکردن و فریودان پەردەپۆش دەکرێ، ئەو دەوڵەتەی کە ئامادەیە بە‪”‬جەنگ و فەوزا‪”‬کۆمەڵگە خاپوور بکات لە بەرخاتری قازانجی سەرمایە و پاراستنی سیستەمی سەرمایەداری باس ناکرێ، چونکە ئەو چەپانە ئەوەیان لە یادکردووە کە دەوڵەتی دیموکراسی بۆرژوازی ناکۆکە لەتەک ئازادی و کۆمەڵگەی مەدەنی بۆرژوازی، و ڕۆڵی دەوڵەتی سەرمایەداری لە خولی قەیران و دەڕندەییدا سەپاندنی ژینگەێکی عەسکەرتریزمە بەسەر کۆمەڵگەدا

هەڵبەتە لەم سەردەمەی ئێمەدا زیاتر لە دەقەکانی مارکس، بە فاکت لە چەندەها وڵاتانی ئەوروپادا(لە ساتی جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم، و ئەمڕۆکەش لە کێبڕکێی نێوان ڕوسیا و ناتۆ لە ئۆکراینا،، هتد)، پایەکانی لیبڕالیسم و دەوڵەتی دیموکراسی پوکاوەتەوەو ڕۆڵی دەوڵەت وەک ماشێنێکی(فریودان، سەرکوت و جەنگ)زۆر ئاشکرا بووە، بەڵام هێشتاکە هەندێ خەڵک لە ناوچەی ڕۆژهەڵات هەر لەسەر ئەو بڕوایە ماوەن کە(دەوڵەتی دیموکراسی وهاوڵاتیبوون لە کۆمەڵگەێکی مەدەنی بۆرژوازی)ڕێگاچارەیە.
ئایا دەوڵەتی دیموکراسی بۆرژوازی دەتوانێ ڕۆڵی چارەسەر بگێڕێ؟ لەڕاستیدا ئەو جۆرە دەوڵەتە هەر ئەو ڕۆڵە دەگێڕێ کە بۆ قەیران و کێشەکانی(یۆنان، ئەڵەمانیا و فەرەنسا،، هتد)گێڕاویەتی؛ واتە تەنها دەزگاێکی فریودان و سەرکوتە لە خزمەت بەرژەوەندی سەرمایە. بەڕای من لە سەردەمی سەرمایەداری قەیران و دەرندەییدا، ئەگەر لیبڕالیسم و ئەم مودێل و شێوەی دەوڵەتە سوودی هەبووایە، ئەوا هەڵبەتە لە ئەوروپادا سوودی دەبوو، کە زیاد لە سەد ساڵە(دەوڵەتی دیموکراسی و مەدەنی و کۆمەڵگەی بەناو کراوەن). کێشەکانی جیهانی ئەمڕۆ لە هەر جێگاێک بێت، هیچ لەو چارەسەرانەی(مۆدێرنێتە و ڕۆشنگەری)دەردی چارەسەر ناکات، بەڵکە تەنها شۆڕشی یەکسانی و داپەروەری خەڵکی کە بتوانێ کۆتایی بە سیستەمی سەرمایەداری بهێنێ، ئەوە دەتوانێ کۆتایی بە دۆزەخی سیستەمەکە و کێشەکانی بهێنێ.

  • Ground News – article/ 2025 – 08 – 27 Visa mindre



تیۆری ئاژاوەی داهێنەرانە.. ئەکرەم سەعید

تیۆری ئاژاوەی داهێنەرانە – الفوضى الخلاقة creative chaos theory

“دوژمنەکەت بناسە”حیکمەتێکی دێرینە؛ لەم وتارەدا هەوڵ دەدەین بیروباوەڕی چینی بۆرژوازی سەردەم بناسین.
هیچ سه‌رده‌مێک مرۆڤه‌کان بێ ئوستووڕەی سیسته‌مه‌که‌ نه‌ژیاوون. به‌تایبه‌تی له‌سه‌رده‌می سه‌رمایه‌داری دڕنده‌دا گه‌لێ ئوستووڕەی جۆراوجۆر داهێنراوه‌ بۆ گه‌مژه‌کردنی خه‌ڵکی و بۆ ڕه‌واپێدان به‌ شه‌رعیه‌تی مانه‌وه‌و کاره‌کانی سیسته‌مه‌که‌. یه‌کێک له‌و ئوستووڕانەی ساڵانێکه‌ ڕه‌واجی هه‌یه‌: ئاژاوەی داهێنەرانە – الفوضى الخلاقة – Creative chaos یه‌. مانای سیاسی ئوستووڕەکە‌ ئه‌مه‌یه‌:”حاڵه‌تێکی کۆنترۆڵکراو دیسانه‌وه‌ بنیاتده‌نرێته‌وه‌ دوای ئه‌وه‌ی به‌ده‌ستی ئه‌نقست به ‌فه‌وزاێک، ڕمێنرا و تێکوپێک درا”- واتە{سەرەتا داڕمان و دوایی بنیاتنانەوە}بە گوێرەی پلان و بەرژەوەندی ئەمەریکا.”مایکل لیدن”بەداڕێژه‌ری ئه‌م تیۆره‌ حیساب ده‌کرێ. مایکل یه‌کێکه‌ له ‌ئه‌ندامه‌ پایه‌ به‌رزه‌کانی”په‌یمانگای ئینتربرایز”که ‌قه‌ڵای کۆنسه‌رڤاتیڤه‌ نوێکانی ئه‌مه‌ریکایه‌. مایکل تیۆریه‌که‌ی خۆی له‌ پرۆژه‌که‌ی ‌له‌ژێر ناونیشانی”گۆڕانی سه‌رتاپای ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست”داڕشتووه‌. دیاره‌ ئه‌م پرۆژه‌یه‌ی مایکل که‌ کۆنسه‌رڤاتیڤه‌ نوێکان له‌سه‌رده‌می”جۆرج بۆشی دووه‌م”دا ته‌به‌نیان کرد، له‌سه‌ر بناغه‌ی تێڕوانینی ‌هه‌ریه‌ک له‌”فۆکۆیاما بۆ کۆتای مێژوو و سامۆئیل هینتیغتون بۆ جه‌نگی شارستانیه‌کان”دامه‌زراوه‌، که ‌دوو ئوستووڕەی تری کۆنسه‌رڤاتیڤه‌کانن که ‌واقیعی مێژووی سه‌رده‌می ئێمه‌ ئه‌م ئه‌فسانانه‌ به‌ درۆ ده‌خاته‌وه‌.
گرنگ نیه‌ سه‌رچاوه‌ی”تیۆری فه‌وزا”له ‌کوێوه‌ هاتووه‌و کێ یه‌که‌م جار باسی کردووه‌. ده‌کرێ دوای پشکنین هه‌ندێ ده‌ربڕین ده‌رباره‌ی فه‌وزا لای”میکاڤیلی”بدۆزینه‌وه‌، یان لەنێو دیالکتیکی هیگڵ”گۆڕانی چەندایەتی بۆ چۆنایەتی و یاسای نه‌فی”دا، یان لای فرێدریک ئه‌نگلس لەکتێبی”دیالکتیکی سروشت”دا، یان لای جوزيف شومپيتری ئابووریناسی برجوازی کاتێ باسی لەگه‌شه‌ی تەکنەلۆژیا کرد، کەناوه‌ڕۆکی ده‌ربڕینه‌که‌ی ئه‌وه‌ی ده‌سه‌لماند کەگه‌شه‌ی کاوه‌خۆیی لەنێو کاڵاکاندا ورده‌ورده‌ فۆرمی نوێ له‌نێو فۆرمی کۆندا په‌یدا ده‌بێت کەفۆرمی پێشووی خۆی تێکوپێک ده‌شکێنێ، بۆ نموونه‌:(گه‌شه‌ی ته‌له‌فیزیون وه‌ک فۆرم و سیسته‌مێکی نوێ لەگه‌شه‌ی فۆرمی ڕادیۆوه)‌.
گرنگ ئه‌م تیۆریه‌ی کەسه‌رچاوه‌که‌ی زانسته‌ سروشتیه‌کان و ئابووری و سیاسیه‌،‌ کۆنسه‌رڤاتیڤه‌‌‌ نوێکان لەچه‌ند ده‌ربڕینی جیاوازو شێواوی سیاسیدا بەکاری ده‌هێنن بۆ تیۆرێزه‌کردنی پرۆژه ‌کۆنه‌په‌رسته‌ فاشیزمه‌که‌یان بەئامانجی هه‌یمه‌نه‌ی ئیمپراتۆریه‌تی ئه‌مه‌ریکا بەسه‌ر جیهانه‌وه‌. ئه‌م تیۆریه‌ ئه‌مرۆکه‌ بەنێوی”زانستی فیزیا و سیاسه‌ت”ناسراوه.

سیاسه‌ت و تیۆری شێواوی – chaos theory in politics
پارادایمی بیرکردنه‌وه‌ی ئیمپراتۆرییه‌ته‌کان له‌خولی لاوازیبوون و ئاوابوونی خۆریاندا، بریتیه‌ له‌ نانه‌وه‌ی پشێوی له‌ ده‌وروپشتی خۆیاندا. ئه‌مه‌ حاڵی ئه‌مڕۆی بیرکردنه‌وه‌و ڕه‌فتاری وڵاته‌ یه‌گکرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکایه‌. ساڵانێکه‌ کۆنسه‌رڤاتی نوێ که ‌لە ‌ئه‌مه‌ریکاوه‌ ته‌شه‌نه‌ی کردووه‌، به‌پشت به‌ستن بەبیردۆزه‌کانی فیزیایی چه‌ندایه‌تی “کوانتی”پلاتفۆرمێکی فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی داڕشتووه‌، کە بۆته‌ به‌رنامه‌ی کاری زۆرێک له ‌سیاسه‌تمه‌دارانی ڕۆژئاوا. ئه‌توانین بڵین زۆرێک لەڕوداوه‌کانی ئه‌م خوله‌ی جیهانی ئێمه‌”هه‌ر له‌ جه‌نگی ئه‌فگانستان و عێراقه‌وه‌ تا سوریا و دیارده‌ی داعش” ئه‌نجامی په‌یره‌وکردنی ئه‌و پلاتفۆرمه‌ فه‌لسه‌فییه‌ سیاسیه‌یه‌ که ‌ده‌سه‌ڵاتدارانی سه‌رمایه‌داری له‌ به‌رامبه‌ر قه‌یرانه‌کاندا په‌یره‌وی لێده‌که‌ن.

سه‌رخه‌تی ئه‌و پلاتفۆرمه‌ فه‌لسه‌فی سیاسیه‌یه‌ به‌کورتی بریتیه‌ له‌:
۱/ شتێک نیه‌ ناوی حه‌قیقه‌ت بێت. حه‌قیقه‌تێک نییه‌ تا مرۆڤ هه‌وڵ بدات بیناسێ. له‌وانه‌یه‌ له‌ دواجاردا چه‌ند حه‌قیقه‌تێکی جیاواز و دژ به‌یه‌ک هه‌بێت، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ که‌ یه‌قین نییه‌.
۲/ مادام حه‌قیقه‌ت نییه‌ که‌واته‌ بێ هوده‌یه‌ به”میتودی ئیستقرائی”؛ واته‌ لێکۆلینه‌وه‌ له‌ دیارده‌کانه‌وه‌ بۆ زانینی جه‌وهه‌ری شته‌کان هه‌وڵ بده‌ین خوێندنه‌وه‌مان و پێشبینیمان بۆ پاشه‌ڕۆژ هه‌بێ، چونکه‌ بۆ پاشه‌رۆژ ده‌کرێ چه‌نده‌ها ئه‌گه‌ری بێ شوماری دژبه‌یه‌ک هه‌بێ.
۳/ دونیا/ گه‌ردوون و بوون بریتیه‌ له‌ فه‌وزا/ ئاژاوە/کاوس chaos، هه‌موو دیارده‌ێک و شتێک له‌م گه‌ردوونه‌دا له ‌نێو فه‌و‌زادایه‌. هه‌موو دیارده‌ێک به‌ ڕووکه‌شی ده‌ره‌وه‌ی رێکوپێکه‌ به‌ڵام لەڕاستیدا لەناخیدا له‌فه‌و‌زادا ده‌ژی. مێژووی کۆن و ئێستا و ئاینده‌ی جیهان بریتیه‌ له ‌فه‌وزا. که‌واته‌ گێلیه‌تیه‌ و هه‌ڵه‌یه ئێمه‌ بەرێکوپک کردنیه‌وه‌ خۆمان ‌خه‌ریک که‌ین. به‌درێژای مێژوو‌ مرۆڤه‌کان له ‌جه‌نگدا بوون دژی یه‌کتری و کوشتاری یه‌کتیریان کردووه‌. مێژووی مرۆڤایه‌تی پڕیه‌تی له ‌داستانی کۆکوژی، که‌واته‌ ئێمه‌ بۆ ئه‌بێ بچین به‌ دژی ئه‌م لۆژێکه‌ی مێژوو کار بکه‌ین و جه‌نگه‌کان بووه‌ستێنین. مرۆڤ تا ئه‌و ساته‌ی له‌سکی دایکیایه‌تی له‌حاڵه‌تێکی ئاسایی و جێگیردایه‌، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی لەدایک بوو تووشی فه‌وزا ده‌بێت؛ ڤایرۆس و میکرۆبه‌کان هێرشی بۆ ده‌هێنن، نه‌خۆش ده‌که‌وێت، گه‌ر نه‌مرێ ئه‌وا که‌ گه‌وره‌ بوو ده‌شێ له‌ کاره‌ساتێکی سه‌یاره‌ یان له ‌شه‌ڕێکدا یان به‌ نه‌خۆشیک ده‌مرێ. مرۆڤ چاره‌نووسی هه‌ر مردنه‌ که‌واته‌ ئێمه‌ بۆ ده‌بێت خۆمان سه‌غڵه‌ت که‌ین بەهۆی مردنی یان کوژرانی مرۆڤه‌کانه‌وه‌. دیارده‌ی داعش شتێکی چاوه‌ڕوانکراوەو ئاساییه‌ بۆ ئه‌و ناوچانه‌، ئیدی بۆ ده‌بێ ئێمه‌ بەهێزی خۆمان له‌به‌ینی به‌رین. ئێمه‌ هه‌ر سنووری وڵاته‌که‌ی خۆمان ده‌پارێزین گه‌ر کارێکیش بکه‌ین به‌ کاوه‌خۆی و بێ زیان به ‌ئابووری و سه‌ربازی خۆمان ده‌یکه‌ین.
٤/ شتێک نیه‌ ناوی ڕێزی سه‌روه‌ری و شکۆ و سنووری ده‌و‌ڵه‌ته‌کان بێت. هه‌ر وڵاتێک ویستی به‌ره‌نگاریمان کات، کافیه‌ بۆ ڕماندنی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی و نانه‌وه‌ی فه‌وزا تێیدا، بەئاسانی بەلێدانێک له‌ڕووکه‌شی ده‌ره‌وه‌ی که ‌خۆگرتوو و ڕێکوپێک دێته‌ پێشچاو، برینداری بکه‌ین تا له ‌فه‌وزاو جه‌نگی ناوخۆی هه‌موو دژی هه‌موو‌ ده‌گلێت، ئه‌و ده‌مه‌ زۆر به‌خێرایی خه‌ڵکی ئه‌و وڵاته‌ دابه‌ش ده‌بن بۆ گرووپی دژ به‌یه‌ک، و له‌ جه‌نگێکی چه‌ند ساڵه‌وه‌ ده‌گلێن و له‌ خوێنی یه‌کترا ده‌گه‌وزێن، دواتر ئێمه‌ زۆر سانا هه‌ژموون و ده‌سه‌ڵاتی خۆمان ده‌سه‌پێنین به‌ سه‌ریاندا. کوێمان بووێ به‌ ئاسانی ده‌توانین له ‌پاشاگه‌ردانی و فه‌و‌زادا غه‌رقی که‌ین.
٥/ به‌پێی داله‌ی گاوس یان چه‌ماوه‌ی گاوس”Gauss curve” زیاد له‌سه‌دا هه‌شتای مرۆڤه‌کان، هۆشێک و هۆشیارێکی دیاریکراویان هه‌یه‌، بەزمانێکی تر یانی گه‌وج و گه‌مژه‌ن. ئه‌م بڕه‌ زۆره‌ی به‌شه‌ر ده‌توانین به ‌بیروباوه‌ڕی ئایینی و ئه‌فسانه‌کان و خورافات هه‌ژموونی خۆمانی به ‌سه‌ریاندا فه‌رزکه‌ین. بۆیه‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی بیری ئایینی هه‌ر له‌(پیرۆزی مانگای هیندۆسیه‌کانه‌وه،‌ تا ده‌گاته‌ خورافاتی دنیای پڕ له‌ دادپه‌روه‌ری و ئاشتی سه‌رده‌می خه‌لافه‌ته‌کانی ئیسلامیه‌کان، یان ئه‌فسانه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی مه‌سیح و جه‌نگی هرمجدون، جیاوازی تائیفی نێوان شیعه‌ و سونه‌ یان کاتولیک و پروتستانت،، هتد)به‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م ئه‌فیونانه‌ جه‌نگ و فه‌وزای سه‌د ساڵ مسۆگه‌ر ده‌که‌ین له ‌دونیادا. چونکه‌ ئاشتی و هاڕمۆنی و پێکه‌وه‌ گونجان، حاڵه‌تێکی کاتی و تێپه‌ڕه‌، به‌ڵام جه‌نگ و ئاشووب و ململانێ و په‌رته‌وازه‌ بوون، حاڵه‌تێکی هه‌میشه‌یی و به‌رده‌وامی‌ مرۆڤه‌کانه‌.
٦/ فره‌ قه‌یرانی شێوازی هه‌ره‌ سه‌رکه‌تووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دوژمنان بخه‌یته‌ بازنه‌یه‌کی داخراوه‌وەو نه‌توانێ لێی ده‌رباز بێت، به‌ ده‌ردێکی ده‌به‌ین که‌ له‌ ژان و کێشه‌یه‌که‌وه‌ بۆ ژان و کێشه‌یه‌کی دی ته‌پاوتل بخوا، و سه‌ری نه‌په‌رژێته‌ ئه‌وه‌ی هێز کۆکاته‌وه‌و به‌ره‌نگاری ئێمه‌ کات.
ئه‌م پرنسیپانه‌ی‌ کۆنسه‌رڤاتیه‌ نوێکان بخەرە ‌به‌رچاوی خۆت و ته‌ماشای حاڵی عێراق و سوریا بکه‌، جه‌نگی پیرۆزو تیرۆر به ‌ناوی ئایینه‌کان و موقه‌ده‌ساته‌وه‌، له ‌کێشه‌کانی باکووری ئه‌فه‌ریکا بڕوانه‌ و بیرێک له ‌قه‌یرانی په‌ناهه‌نده‌یی بکه‌ره‌وه‌ له ‌ئه‌وروپا، سه‌رنجتداوه‌ ڕۆژ نا ڕۆژێک جۆره‌ نه‌خۆشیه‌کی ترسناک پروپاگانده‌ی بۆ ده‌کرێ؟! یان ترس له ‌هه‌ڵگیرسانی جه‌نگی جیهانی سێیه‌م. نانه‌وه‌ی فه‌وزا له‌ دونیادا بۆ ئه‌وه‌ی دواتر ده‌سه‌ڵاتی خۆت فه‌رزکه‌یت به‌ سه‌ریا، سیاسه‌تی نوێی باڵی موحافیزکاری بۆرژوازی جیهانییه‌. له‌ سه‌رده‌می تێکه‌ولێکه‌ و ترازانی په‌یوه‌ندیه‌کان و شته‌کان، سه‌رده‌می سڕینه‌وه‌ی سنووره‌کان، سه‌رده‌می مردنی موقه‌ده‌س و سه‌رهه‌ڵدانی موقه‌ده‌سی نوێ، سه‌رده‌می فره‌ قه‌یران و مردنی مۆڕاڵ و ئینسان، مردنی شکۆ و ڕوخان، ئێمه‌ چۆن و به‌ چ بیروباوه‌ڕێکه‌وه‌ ده‌توانین ڕووبه‌ڕووی دونیای مته‌وه‌حشی سه‌رمایه‌داری ببینه‌وه‌؟!. ئه‌م تیۆریه‌ کۆنسه‌رڤاتیڤه‌ ساڵانێکه‌ سیاسیه‌کانی بۆرژوازی کاری پێده‌که‌ن و فه‌وزاو داڕمانی ده‌وڵه‌ت و کۆمه‌ڵگه‌ی”ئێراق، لیبیا، سوریا، یه‌مه‌ن،، هتد”به‌رئه‌نجامی پراکتێزه‌کرنی ئه‌م تیۆریه‌ وه‌حشیه‌ی سه‌رمایه‌دارانی سه‌رده‌می ئێمه‌.

قەیران و جەنگ و شێواوی
(لە شاری سلێمانی هێزەکانی سەر بە پاڤێڵ هێرشیان کردە سه‌ر لاله‌زاره‌/ هێزەکانی سەر بە جۆلانی پەلاماری دێرەزۆر دەدەن/ هێزەکانی زیلینسکی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردە سەر وێستگەی ئەتۆمی کورسکی ڕووسیا و ئاگری لێکەوتەوە/ گەمارۆدانی ڤەنزوێلا لەلایەن هێزی دەریایی ئەمریکا کۆکردنەوەی سەربازی بەرفراوانی لێکەوتەوە – قەیرانی کاریبی/ جوڵاندنی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و باسی مووشەکی نوێی ئێران باسێکە بۆ ئامادەکردنی ناوچەکە بۆ خولێکی نوێی جەنگ لە نێوان ئەو دوو لایەنەدا)- ئەوانە کورتەی چەند هەواڵێکی ئەم چەند ڕۆژەی ڕابردووە.
جیهانی سه‌رمایه‌داری ئه‌مڕۆ بەهۆی قه‌یرانی ئابووری و کێشمەکێشی دەوڵەتەکان و ئەحزابەکان لەسەر دەسەڵات و سامان، وەک گۆمێکی لیخنی بۆگەنی لێهاتووە کە پڕە لە تیمساح و پەلاماری یەکتر دەدەن.
له‌ سیاسه‌ت و فکردا ‌چه‌نده‌ها پرۆژەو ڕه‌وت گوزارش لەم قەیران و پشێویە ده‌کات. ئه‌مڕۆکه بوونی موئامه‌را‌ت و تیۆری فه‌وزای خه‌لاقه‌ و ئیداره‌ی ته‌وه‌حش، و ده‌رکه‌وتنی ڕه‌وت و بزووتنه‌وه‌ کۆنه‌په‌رسته‌کان و فاشیزمه‌کان، داڕمانی ده‌و‌ڵه‌تان و کۆمه‌ڵگه‌کان و بوونی ده‌وڵه‌تی فاشل، کارەساتی کۆچ و په‌نابه‌ری، پارچه‌پارچه‌کرنی وڵاتان و دابه‌شکرنیان له‌سه‌ر بناغه‌ی شوناسی تائفی و قه‌ومی،، هتد، هه‌موویان له‌م خوله‌ مێژووییه‌دا بەرئەنجامی قه‌یران و فه‌وزای نێو به‌رهه‌م هێنانی سه‌رمایه‌دارین.
ئه‌وه‌ حه‌قیقه‌تێکی به‌رچاوه‌ که ‌سیسته‌می سه‌رمایه‌داری له‌ قه‌یران و پشێویدایه‌، که‌س نکوڵی له‌وه‌ ناکات که‌ سیسته‌مه‌که ‌ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ به‌ چه‌ند سینارێوی ترسناکدا بڕوات، چونکه سیسته‌مه‌که‌ له‌نیو قه‌یرانی وجودی و کینونه‌ی خۆیدا ده‌ژی؛ ساڵ به ‌ساڵ قه‌یران و جه‌نگ و بڵاوبوونه‌وه‌ی پشێوی زیاد دەکات، جه‌نگێک ته‌واو نه‌بووه‌ سیناریۆی جه‌نگێکی تر داده‌ڕێژرێ، به‌ سوریایی بوون و به‌ لیبیایی بوونی وڵاتانی دی، جه‌نگ له‌ ئوکرانیا یان له‌ ده‌ریای چین، پشێوی و تیرۆر له‌ ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا،، هتد، له ‌زیادبوونه‌ و پانتایی تازه‌ داگیر ده‌کات، گه‌ر ساڵه‌کانی نه‌وه‌ده‌کان ئه‌فگانستان و عێراق و سۆمال بوو، ئه‌مڕۆکه‌ کێشه‌ی زیاد له‌ نیوه‌ی جیهانه‌. بۆیه‌ تاکه‌ ئه‌گه‌ر بۆ ئاینده‌ی نزیک یان ئه‌گه‌ری سه‌ره‌کی بوونی نییه‌، به‌ڵکه‌ چه‌نده‌ها ئه‌گه‌ر و گریمانه‌ هه‌ڵده‌گرێ، و ده‌شێ هه‌ر گریمانه‌ێک و ئه‌گه‌رێک به ‌ئه‌ندازه‌ێک دروست بێ.
بۆیه‌ هیچ هێزێکی جیهانی و ناوچەیی ناتوانی سه‌قامگیری بگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ سیسته‌مه‌که‌، هیچ ڕێکه‌وتنێک و کۆبوونه‌وه‌ێکی سەرکردەی وڵاتە زل هێزه‌کان(شی و بایدن لە کۆبوونەوەی واشنتۆن – ترەمپ و پۆتین لە کۆبوونەوەی ئالاسکا)له ‌قه‌ره‌ی چاره‌سه‌ری ده‌ردی دنیای سه‌رمایه‌داری نایه‌ت، که‌س نه‌توانا، نه‌ڕێگا چاره‌، نه‌ نه‌خشه‌ڕێگای ده‌ربازبوون له ‌قه‌یران و فه‌وزای پێ نییه‌، چونکه‌ هێزو ڕه‌وتی تێکدان ‌له‌ کێشه‌ی کینونه‌ت و ناکۆکیەکانی ناوخۆی سه‌رماییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه، ‌ئه‌و قه‌یرانه‌ بنیه‌وی و فه‌وزایه‌ی سه‌رمایه‌، بوونه‌ته‌ پاڵنه‌رێک و ماتۆڕێک، بوونه‌ته‌‌ هێزێکی دینامیکی بۆ جه‌نگ و تیرۆر که‌ قاتووقڕی و کوشتار ساڵ بە ساڵ زیاد ده‌کات، تازه‌ وه‌ک بڵێیت ئه‌م مه‌یل و ڕه‌وته‌ تێکده‌ره‌ لە نێو ڕەحمی سیستەمی سەرمایەداری هاتوونه‌ته‌ده‌ر، دوێنێ تارمایێک بوون بەڵام ئەمڕۆکە بوونەتە بەرجەستە و واقیع.
ئێمه‌ ڕۆژانه‌ ‌له‌گه‌ڵ کێشەی”جه‌نگ و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌کان و ده‌وڵه‌تەکا‌ن و لێکترازان و برسیه‌تی و کۆچ”دا ده‌ژین، ئەوکێشانە بوونه‌ته‌ هەواڵی ڕۆژانه ‌و به‌چاوی خۆمان ده‌یان بینین.
ئه‌گه‌رچی ئه‌م واقیعه‌ تاڵه‌ پیلان و نه‌خشه‌ی ستراتیژی و به‌رئه‌نجامی به ‌گژاچوون و ململانێی هێزه‌کان و ده‌وڵه‌تەکان زیاتر قوڕه‌که‌ خه‌ستر ده‌کاته‌وه‌، به‌ڵام هیچ کام له‌و هێز و لایه‌نانه‌، نه‌ویست و نه‌توانای چاره‌سه‌ری ئه‌م حاڵ و ئاقاری وێران بوونه‌ی بۆ ناکرێت، وهه‌ندێ ده‌وڵه‌ت و هێزیش بەپێی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان کار له‌سه‌ر فه‌وزای دونیا ده‌که‌ن.

تازه‌ کار له‌ کار ترازاوه‌، چاو هه‌ته‌ر ناکا،
ئێمه‌ رێمان ون کردووه‌.
شه‌یتانه‌کان بوونه‌ته‌ ڕێبه‌رمان
تا بۆ هه‌میشه‌ چه‌واشه‌مان بکه‌ن.
ئه‌وان زۆرن
ئاخۆ به‌ره‌و کوێمان ده‌به‌ن؟
ئاخۆ به‌ سرودی ماته‌مبار چی ده‌بێژن؟
ئه‌وه‌ جنۆکه‌یه‌ک به‌ خاک ده‌سپێرن؟
یان ئاهه‌نگی زه‌ماوه‌ندی عیفریته‌یه‌ک ده‌گێڕن؟- پۆشــــــــــــــــــــــکین -.

عێراق لە داڕمانی دەوڵەتەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگە
ئەو باسە لە نێو مەلەفی{ستراتیژی ئاژاوەی داهێنەرانەی ئەمەریکی بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست}دا تاوتوێ دەکرێ، چونکە عێراق یەکەم وڵات بوو کە ئەمەریکا لە ساڵی ۱۹۹۱وە پلانی ئاژاوەی داهێنەرانەی تێدا پەیڕەو کرد، بە لێدانی سوپا و دەوڵەتی عێراق لە(گەردەلولی بیابان بەناوی ئازادکردنی کووەیت)، و بەهۆی گەمارۆی ئابووری و ناوچەی دژە فڕین لەلایەن ھێزەکانی ھاوپەیمان بە مەرامی پاراستنی باکوور و باشووری عێراق دروستکرا؛ و کوردەکان بوونە خاوەنی مافی ئۆتۆنۆمی بەڕێوبەری خۆسەری ژێر دەسەڵاتەکانیان؛ و شیعەکانی سەر بە ئێران هێزیان بەرفراوانتر بوو، لەو کاتەوە بونیادی دەوڵەتی عێراق بە فعلی داڕما و نابوتکرا. بەتایبەتی دوای لێدانی ساڵی ۲۰۰۳ ئیدی لە عێراقدا دەزگاکانی دەوڵەت لەوانە بۆ نموونە{سوپا، دادگا، دەزگاکانی باج کۆکردنەوە،، ھتد}وەک بوونێکی مادی ڕاستەقینە نەما، بەڵکە عێراق تەنها ناوێک بوو یان وەک سیمبۆل لەسەر نەخشە و هۆڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان وێنەێکی بێناوەڕۆک بوو.
لە عێراقدا هاوکات و بە موازی پرۆسەی داڕمانی دەوڵەت پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگە دەستی پێکردووە، کە ئەمەی دوایی لەوەی یەکەم ترسناکترە؛ چونکە لە(پلانی ستراتیژی ئاژاوەی داهێنەرانەی ئەمەریکی)دا پرۆسەی داڕمانی دەوڵەتەکان لە(عێراق، لیبیا، سوریا، سودان،، هتد)دەبێتە مایەی دەوڵەتی فاشل و گرگن کە میلیشیاکان دەسەڵاتییان هەیە نەک دەزگاکانی دەوڵەت، ئەما پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگە دەبێتە لیکترازانی پێکهاتی چینایەتی کۆمەڵگە و گۆڕینی بۆ پێکهاتی تائیفی و ئیسنی، لێرەوە دۆخ و ژینگەێکی کۆنەپەرستی زاڵدەبێ کە هاوکاری و پیشتوانی مرۆڤەکان بۆ یەکتر نامێنێ، و کۆمەڵگە دەبێتە جەنگەڵستانێکی پڕ لە گروپی دڕندە کە(دۆزەخی جەنگی هەمووان دژی هەمووان – جەنگی ناوخۆیی)تێیدا بەرقەرار دەبێ؛ یانی بە واقیعی و فیعلی لەتەک بوونی دیاردەی تەکنەلۆژی لە چەک و ئامرازەکانی پەیوەندیگرتن، بەڵام عێراق گەڕاوەتەوە بۆ سەردەمی پێش مۆدێرنێتە – بۆ سەردەمی تاریکی چەرخی ناوەڕاست.
ئەمرۆکە دەوڵەت و کۆمەڵگەی عێراق نزیکەی ۳٥ ساڵە لەنێو دۆزەخی(ئاژاوەی داهێنەرانە)دا دەژی، و لە ڕاستیدا سیما و بونیادی دەوڵەت و کۆمەڵگەی نۆڕماڵی لەدەستداوە، چونکە عێراق هەر بەو پلانە خرایە ژیر بەرداشی کێبڕکێکی دەوڵەتەکان(ئەمەریکا و ئێران -هەروەها تورکیا، سعودیە، ڕوسیا و چین)، لێرەوە کێشمەکێشی هێزەکانی(شیعەکان، حیزبی بەعس، سونەکان، ناسیۆنالیستە عەرەبەکان و کوردەکان و تورکەکان،، هتد)هەم لە بەرژەوەندی بەرتەسکی گورپەکانی ناوخۆ وهەم پەیوەند بە بەرژەوەندی دەوڵەتە زل هێزەکانی جیهانی و ناوچەیی، دیمەنی عێراقێکی خاوەن دەوڵەتی فاشل و گەندەڵ و کۆمەڵگەێکی هەڵوەشاوە نمایش دەکەن.
ئەم دیمەنی هەڵوەشاندنەوەی(پەیمانی کۆمەڵایەتی ڕۆسۆ و لاوازی ڕۆڵی پێکهاتی چینایەتی و ململانێی چینایەتی لە کۆمەڵگەدا)ئەنجامی ڕاستەوخۆی پرۆسەی(ئاژاوەی داهێنەرانە – الفوضى الخلاقة)ئەمەریکا پێی وایە بۆ داڕمانی دەوڵەت و هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگەکان؛ بەتایبەتی لەم سەردەمەشدا بەهۆی بە بنبەست گەیشتنی ئەزموونەکانی مارکسیسم و ئەحزابەکانی، خودی بزووتنەوەی کرێکاری و سۆسیالیستی لە هەژاری فکری و لاوازی کاری شۆڕشگێریدا دەژین.
دەشێ ئەو قسانەی سەرەوە بۆ زۆرێک لە خەڵک نوێ نەبێ، و خەڵکی زیاتر بە دوای ڕێگاچارە و ئەڵتەرناتیڤەوەیە. بەڕای من لە خولی قەیرانی ئابووری و دڕندەیی سەرمایەداری ئەمڕۆکەدا، کە کۆنەپەرستی و جەنگ و پشێوی ناوچەیی و جیهانی دیاردەێکی زاڵە، ئەو بیروباوەڕ و ئەحزابانەی ئێستاکە هەن بە هەرچ بەرنامە و ئیدعاێکەوە کە هەیانە، توانای دەربازکردنی مرۆڤایەتیان نە لە عێراق و نە لە هیچ ناوچەێکی دیدا نییە، چونکە ئەوانە خۆیان هەڵگری ڤایرۆس و سینتۆمی خولی دڕندەیی سەرمایەدارین، و ئەنجامی کارەکانیان بە هەرچ نیازپاکی و دڵسۆزییەکەوە کە هەیان بێ، لە خولانەوە لە بازنەی داخراوی سیستەمی سەرمایەداری دڕندە زیاتر دەنا هیچی دی ئەنجامی نابێ.
کۆمەڵگەی عێراق وەک شوتیێک بە چەقۆ قاش قاش کرابێ، بەوجۆرە ئەویش بۆ فرەنەتەوە و ئیتنیك و ئایینزای جیاواز دابەشکراوە، لێرەوە ئەرکی یەکەم گەڕانەوەی شوناس و هۆشیاری ئینسانییە بۆ خەڵکی و گەڕانەوەی دەسەڵاتە بۆ دەستی ئەو خەڵکە، ئەوەش بەبێ تووڕدانی(ئەمەریکا و ئیران)بۆ دەرەوەی عێراق، و دادگایی و سزادانی تاوانباران و گەندەڵکاران مەیسەر نابێ. ئیدی باسی سودانی چی دەکات بۆ داماڵینی چەکی حشد و کوردەکان چی دەڵێن دەربارەی مووچە و نەوت و پەیوەندی هەرێم و ناوەند، یان هەڵبژاردن ئەنجامی چییە، و ئەمەریکا و ئێران لەم ڕۆژانەدا چۆن هەوڵی قایمکردنی نفوزی خۆیانن، و پارتی چۆن سەرکوت دەکات، و پاڤێل چۆن دەیەوێ سلێمانی پاککاتەوە لە نەیارانی دەسەڵاتی یەکیەتی،، هتد، ئەوە هەمووی تەفاسیلە.

ئەفسانەی باڵندەی سیمرخ
من دوای ئەوەی بڕوام بە هیچ کام لەو بیروباوەڕ و ئەحزابانەی ئەمڕۆکە هەن نەما، دەمتوانی بێدەنگی هەڵبژێرم، وەک بڕێک لە سۆسیالیستەکان کە وازیان هێناو بێدەنگ بوون و بەئەسپایی خۆیان لە نووسین دوورخستەوە، بەڵام من پێم باشە لانیکەم ڕای خۆم بنووسم بەهیوای ئەوەی سوودی هەبێ.
دوای ئەوەی خەڵکی(ناحیەی وەرتێ)لەدژی بێکارەبایی هاتنە سەرشەقام و هێزەکانی ئاسایش بەشێوەیەکی دڕندانە و هەڕەمەکیانە کەوتنە لێدان و دواتر تەقەکردن لە خۆپیشاندەران، بەڕێزێک نووسیبووی:(درەنگ یان زوو ئەبێ دەسەڵاتی بنیاتنراو لەسەر بەشداری و دەخاڵەتی ڕاستەوخۆی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش لەڕێگەی شورا و ڕێکخراوەکانی خۆیەوە جێگەی ئەمان بگرێتەوە.). منیش ساڵانێک ئەو ئومێدە جوانەی سەرەوەی ئەو بەڕێزەم هەبووە، بەڵام ئێستا ڕام وایە کە ئەوە ئومێدێکی زۆر خەیاڵییە؛ ئاخر چۆن لە هەرێمێکی گچکەی وەک کوردستان کە چواردەووری بە دوژمن گیراوە(شورا و ڕێکخراوەکانی جەماوەری کرێکار دەسەڵات دەگرنە دەست)؟ ئایا چارەنووسی دەسەڵاتی ئەو شورایە لە کۆمۆنەی پاریس باشتر دەبێ؟. من ڕام وایە لەم سەردەمەی سەرمایەداری دڕندەدا(ئەگەر شۆڕش بە ڕێکەوت لە ئەنجامی تەقینەوەی تووڕەیی جەماوەر بێ، و شۆڕشێکی بێ پشتیوانی هێزی مەزنی شۆڕشگێڕان لەجیهاندا بێ)ئاکامەکەی کارەسات و تراجیدیایە.
مرۆڤایەتی چۆن لە کۆیلایەتی ڕزگاری دەبێت؟ ویستی مرۆڤایەتی بۆ گەیشتن بە ئازادی و یەکسانی کۆتایی نییە، لەتەک ئەوەی هەرجارەی لە هەوڵ و ڕاپەریندا بۆ گەیشتن بەو ئامانجانە شکستی خواردبێ، جارێکی دی بە وزەو تەقەلاێکی نوێ هەوڵی داوەتەوە تابگات بە ئامانجەکانی، بۆیە مرۆڤایەتی هاوشێوەی باڵندەی سیمرخە. هەڵبەتە لە کۆمەڵگەی(کۆیلایەتی، دەرەبەگایەتی، سەرمایەداریدا)مرۆڤە چەوساوەکان چەندجار خەباتیان کردووە تا بە ئازادی و یەکسانی بگەن، بەڵام شکستیان هێناوە، و هەموو بیروباوەڕەکان بە مارکسیشمەوە لە کۆتاییدا بوونەتە ئایدۆلۆژییاێک*، و لەبری ئەوەی کۆمەک بە مرۆڤایەتی بکەن بۆ گەیشتن بە خەونەکانی، بە پێچەوانەوە بوونەتە وەهێک و مرۆڤایەتییان لە بازنەێکی داخراوی سیستەمی چەوسانەوەدا هێشتووەتەوە.
بۆ دەربازبوون لەو بازنە داخراوەو تێکشکاندنی سیستەمی چەوسانەوە، مرۆڤایەتی ڕێگاچارەی نییە جگە لەبوون بە هاوشێوەی باڵندەی سیمرخ؛ واتە لەنێو بڵێسەی ئاگری سووتاندنی هێلانە کۆنەکەی، دەداتە شەقەی باڵ و بڵنددەبێتەوە؛ یانی تەواوی بیروباوەڕەکان و ئەحزابەکانی ئێستا بداتە بەر ڕەخنە و بیری نوێ و ڕێگای نوێ دابهێنێ بۆ ڕماندنی سیستەمی سەرمایەداری دڕندە. تەنها بە لەدایکبوونی بیروباوەڕ و هێزێکی نوێ کە سەرجەم ئەم جەنگەڵستانە بسوتێنێ و تێیپەڕێنێ، ئومێد بە ڕزگاربوون و قوتاربوون لە دۆزەخی سەرمایەداری هەیە. ئێمە ئەمڕۆکە لە ساتەکانی ژانی لە دایکبوونی ئەو بیروباوەڕ و هێزە دادپەروەر و یەکسانی خوازەداین لە جیهاندا، و هیوادارین ئەو لە دایکبوونە زۆر نەخاێنێ.


  • أسطورة طائر فينيق /ئوستووڕەی باڵندەی سیمرخ / The legend of the Phoenix: چیرۆکێکی ئەفسانەییە دەربارەی باڵندەیەکی نەمر کە لەڕێگەی مردن و لەدایکبوونەوە خۆی نوێ دەکاتەوە. سیمرخ بە زۆری وەک باڵندەیەکی جوان و بەهێز وێنا دەکرێت، کە هێمای نەمری و نوێبوونەوە و هیوایە. لەم ئەفسانەیەدا کاتێک باڵندەی فینیکس لە مردن نزیک دەبێتەوە، هێلانەیەک لە گیا و لق و پۆپی بۆنخۆش بۆ خۆی دروست دەکات و ئاگری تێبەردەدات، و لەو خۆڵەمێشەوە باڵندەیەکی نوێ هەڵدەستێت بۆ ئەوەی جێگەی بگرێتەوە.
    ** یەکەم کەس کە گووتی بیروباوەڕی مارکس کراوە بە ئایدۆلۆژیا”کاڕڵ کۆرش”بوو:(ئەم داڕمانەی مەزهەبی/دکتۆرینی بیروباوەڕی مارکسی و بوونی بە تەنها پاساوێکی ئایدۆلۆژی بۆ دەوڵەتێکی سەرمایەدار کە لەسەر بناغەی سەرکوتی بزووتنەوەی چینی کرێکارانی شۆڕشگێر دامەزراوە، ئەمە قۆناغی یەکەمی پێکهاتنی ئایدۆلۆژیای مارکسی بوو لە ڕوسیا.)./کاڕڵ کۆرش/ ئایدۆلۆژیای مارکسی لە روسیا/ لە ساڵی ۱۹۳۸ نووسراوە/ سەرچاوە ئەرشیفی مارکسیسم بە زمانی ئینگلیزی.



ئایا کوردەکان دەبنە خاوەنی دەوڵەت؟.. ئەکرەم سەعید

{له ‌سه‌رده‌می ئیمپریالیزمدا ته‌نها جه‌نگی به‌رژه‌وه‌ندی هه‌یه‌ ،، نه‌ته‌وه‌ وه‌همێکه‌ خه‌ڵکی پێ ده‌خرێته‌ خزمه‌ت دوژمنه‌ دڕنده‌که‌یانه‌وه ،، ‌‌گه‌له‌ گچکه‌کان هه‌میشه‌ ده‌کرێنه‌ دامه‌ی گه‌مه‌ی وڵاته‌ ئیمپریالیستییه‌کان.}- ڕۆزا لۆکسمبۆرگ/ جونيوس.
لە ساڵی ١٩١٦ ڕێکەوتنی سایکس – پیکۆ ساتی دامەزراندنی دەوڵەتەکان بوو لە پانتایی سنووری نەتەوەی سەردەست لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەوکاتە کوردەکان شانسیان نەبوو ببنە خاوەن دەوڵەت، ئەما لەم سەردەمەدا لە دوای جەنگی کەنداو دامەزراندنی(شار- دەوڵەت)بۆتە ئەلگۆێک لە عێراق و لیبیا، و بەتایبەتی لە جەنگی غەززەوە لە(سوریا و لوبنان)و سبەی دەشێ لە(ئێران، میسر، تورکیا، و پاکستان،، هتد) لەو نموونەیە زۆر ببینین.
ناڵێم کوردەکان لەم خولەشدا شانسی بوون بە خاوەنی دەوڵەتیان نییە لە(شار- دەوڵەت)زیاتر ، چونکە ئەگەر هەوڵەکانی ئەمەریکاو ئیسرائیل بۆ دامەزراندنی(ئیسرائیلی گەورە)سەر بگرێ، ئەوا لەنێو ئەو پلانەدا دامەزراندنی دەوڵەت بۆ کوردەکان ئەگەری هەیە، بەڵام ئەم ئامانجە هێندە سانا نییە بە پێچەوانەی ئاراستەی ویستی دەوڵەتەکانی ناوچەکە و زلهێزەکانی دی دونیا بێتە دی.
بەڕای من هۆکاری ئەوەی کوردەکان نەبوونەتە خاوەنی دەوڵەت ناگەڕێتەوە بۆ هۆکاری ڕەفتار و ئەخلاقی سیاسی سەرکردوەو ئەحزابەکانیان، بۆیە من کەمتر ڕەخنەی ئەخلاقی وەک(گەندەڵی، کۆنەپەرستی، نامۆدێرن، سەرکوتگەر و ملکەچی بێگانە)لە دەسەڵاتدارانی کورد دەگرم، چونکە ئەوە سیفاتی زۆرێک لە ئەحزاب و سەرکردەکانی بۆرژوازی ئەمرۆکەی دونیایە کە خاوەنی دەوڵەتیشن، وە کەمتر بەوە حیزبە ناسیۆنالیستە کوردەکان تاوانبار دەکەم کە ویست و فکری بوون بە خاوەنی دەوڵەتیان نییە، چونکە دروسترە لە سیاقی هەلومەرجی کێشمەکێشەکانی سیاسی و ئابووری دەوڵەتەکانی ناوچەکە و زلهێزەکانی دونیادا هەل و فرسەتی بوون بە خاوەن دەوڵەتی کوردەکان بخوێنینەوە.
ڕەخنەکەی من هەر وەک ڕەخنەم لە دەوڵەتی(سوید، چین، ئەمەریکا،، هتد)ئەوەیە کە ئەو دەوڵەتەی کوردەکانیش پێکی بهێنن هەر دەزگای خزمەتکاری بەرژەوەندی سەرمایە دەبێت، وە ئەوە بەڕای من ئەفسانەێکی مارکسییەکانە کە پێیان وایە بە دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی و نەمانی ستەمی ملی لەمپەر لەبەردەم هۆشیاری چینی کرێکاران و شۆڕشی سۆسیالیستی نامێنێ. لەم سۆنگەیەوە ئەگەر هەتا کوردەکان لەهەر پارچەێکی بێت یان لەهەر چوارپارچەکەی پێکەوە، ببنە خاوەنی دەوڵەتیش لەو سیستەمە سەرمایەدارییە باشتر دروست ناکەن کە ئەوە زیاد لە سی ساڵە لە هەرێمی کوردستانی عێراق خەڵکی دەچەوسێتەوە لەسایەیدا.
لەم پێشەکییەوە بچینە باسی ناوەڕۆکی پۆستەکە:
دەسەڵات؛ گەڕانەوە بۆ شار- دەوڵەت
سه‌رهه‌ڵدانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی لە سەردەمی کۆندا لە ئەنجامی پەرەسەندنی کۆمەڵگاکان لە فۆڕمی سادەی ڕێکخراوەیی وەک خێزانەوە بۆ پێکهاتەی خێڵەکی، پاشان شار-دەوڵەت و ئیمپراتۆریەت پێکهاتووە. دەسەڵات لە سەرەتادا دەسەڵاتی سەرکردەی گروپەکان و پیاوانی ئایینی و سەرۆک هۆزەکان بووەو لەگەڵ گەشەکردنی کۆمەڵگاکان، فۆرمەکانی حوکمڕانی پەرەیانسەند و بووە دەسەڵاتی پاشایەتی و ئیمپراتۆریەتەکان.
مارکس له‌ شیکارێکی ماتریالیزمی مێژووییه‌وه‌ بۆ سه‌رهه‌ڵدانی دیارده‌ی ده‌سه‌ڵات، له‌ قۆناغه‌ سه‌ره‌تایه‌کانی پێکهاتنی کۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تییه‌وه‌ ئه‌وه‌ ده‌بینی که‌ سه‌ره‌تایترین و گشتیترین ده‌سه‌ڵات بریتی بووه‌ له‌و”هێزه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی”که‌ له‌ یه‌کیه‌تی توانا ساده‌کانی مرۆڤه‌کان له‌ پرۆسه‌ی دابینکردنی پێویسته‌کانی ژیان له‌ دایک بووه،‌ ووه‌ک شێوه‌ێکی ڕێکخستنی ساده‌ بووه‌ بۆ دابه‌شکردنی کارو به‌رهه‌مه‌کان به‌ یه‌کسانی. هۆکاری په‌یدابوونی ئه‌م هێزه‌ گچکه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌/کۆمۆنه‌ سادانه‌ له‌ پێداویستی به‌ڕێوه‌بردنی کاروباره‌کان سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌، که‌ به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شی سه‌رجه‌م ئه‌ندامه‌کانی ده‌گرێته‌وه‌و بۆ جێبه‌جێکردنی کاری به‌رێوبه‌رایه‌تیه‌که‌ لانیکه‌م ده‌سته‌ێکی هه‌ڵبژێراوی له‌ ئه‌ندامانی ئه‌و کۆمه‌ڵه‌ گچکه‌یه‌ پێویست ده‌کرد که‌ ئه‌رکەکانی ڕاپه‌ڕاندنی ڕێکخستنه‌که‌ بخه‌نه‌ سه‌رشانی خۆیان، ئه‌م ده‌سه‌ته‌یه‌ هه‌رچۆنێک هه‌ڵبژێرابن و ژماره‌یان چه‌ند بووبێ، بریتی بوون له‌ ده‌سته‌ێکی ده‌سه‌ڵاتدار. ده‌سه‌ڵاتی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌سه‌ته‌که‌ خه‌ڵکانی کۆمۆنه‌که‌ پێی نامۆ نین، ووه‌ک هێزی خودی یه‌کگرتووی خۆیان دێته‌ پێش چاویان، بۆیه‌ خۆبه‌خۆی و بێ زۆره‌مله‌یی ملکه‌چی بڕیاره‌کانی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی ده‌بن.
ئه‌نگلس له‌”دژی دۆهه‌رنیک”دا ده‌نووسێ:
{هه‌روه‌ک چۆن خه‌ڵکی سه‌ره‌تایی له‌ مه‌مله‌که‌تی ئاژه‌ڵان ده‌چنه‌ ده‌رێ”به‌مانای ته‌سکی ووشه‌که‌”ئاواش ده‌چنه‌ ناو مێژوو، که‌ هێشتا شێوه‌ ئاژه‌ڵێکن، دڕنده‌و وشک، ده‌سته‌وه‌ستان ڕاوه‌ستاون به‌رامبه‌ر هێزی سروشت، نامۆ و ناهۆشیار به ‌هێزی خۆیان، و هه‌ژار وه‌ک مه‌ڕو ماڵات یان که‌مێ له‌وان به‌ به‌رهه‌متر.
له‌و ساتانه‌ی که‌ یه‌کسانی باو بوو له‌ هه‌لومه‌رجی بژێوی، و بۆ سه‌رۆکی خێزانه‌کان جۆرێک له‌ یه‌کسانی هه‌بوو له‌ ڕووی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌و لانیکه‌م چینه‌کان بوونیان نه‌بووه‌، له‌ نێو ئه‌و کۆمه‌ڵه‌ نیشته‌جێ بوووانه‌ی که‌ به‌کاری کشتوکاڵه‌وه‌ خه‌ریک بوون. له‌ نێوان ئه‌م کۆمه‌ڵانه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ گه‌لێ به‌رژوه‌ندی هاوبه‌ش هه‌بوو که‌ ناچاری ده‌کردن پاسه‌وانی بکرێ، و ئه‌م ئه‌رکه‌ ڕابسپێرن به‌ چه‌ند ئه‌ندام که‌ له‌ ژێر چاودێری گشتدا بوون: وه‌ک ناوبژیکردن له‌ کاتی کێشه‌دا، ڕاگرتنی ده‌ستدرێژی هه‌ندێ که‌س که‌ زیاد له‌ مافیان تێده‌په‌رن، پاسه‌وانکردنی دابه‌شکردنی ئاو به‌ تایبه‌تی له‌ ناوچه‌ گه‌رمه‌کان و فه‌رمابه‌ریه‌تی ئایینی،، هتد. ئاشکرایه‌ که‌ بۆ جێبه‌جێ کردنی ئه‌و ئه‌رکانه‌ ده‌سته‌ هه‌ڵبژێراوه‌که‌ قه‌باره‌ێک له‌ ده‌سه‌ڵاتی ده‌بێت، که‌ ئه‌وه‌ سه‌ره‌تای ده‌سه‌ڵاتی به‌ڕێوه‌بردن ده‌نوێنێ، و له‌ته‌ک پێ به‌پێی زیادبوونی هێزی به‌رهه‌مهێنان و چڕبوونی دانیشتوان دووجۆر به‌رژه‌وه‌ندی ده‌هاته‌گۆڕ، لێره‌ به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش و له‌وێ به‌رژه‌وه‌ندی ناکۆک له‌ نێوان ده‌سته ‌و تاقمه‌ جیاوازه‌کان، که‌ ده‌بووه‌ مایه‌ی یه‌که‌ێکی گه‌وره‌تر‌، و ئه‌مه‌ به‌ ڕۆلی خۆی ده‌بووه‌ هۆی دابه‌شکردنی نوێ بۆ کارو پێکهێنانی ده‌زگاێک له‌ پێناوی پارێزگاری له‌ به‌رژوه‌ندی هاو‌به‌ش و گشتی، و به‌ره‌نگاری به‌رژه‌وه‌ندییه‌ دژ به‌یه‌که‌کان، و ئه‌م ده‌زگایه‌ ناوه‌ندێکی بۆ خۆی داگیر ده‌کرد به‌ ڕوی هه‌ر ده‌سته‌و تاقمێک به‌ جیا، و زۆر جاڕیش ناوه‌ندێکی نه‌یار. ئه‌م ده‌زگایه‌ که‌ ئیدی بۆته‌ نوێنه‌ری به‌رژه‌وه‌ندی گشتی، جێگایه‌کی تایبه‌تی هه‌بوو به‌رامبه‌ر هه‌ر تاقمێک به‌ ته‌نها، و ئه‌م ده‌زگایه‌ لێره‌وه‌ به‌ خێرای سه‌ربه‌خۆییه‌کی خودی گه‌وره‌شی بۆ خۆی په‌یدا ده‌کرد، جا ئه‌وه‌ به‌ هۆی میراتی ئه‌رکه‌وه‌ بووبێ(له‌ جیهانێکدا که هه‌موو ئه‌رکه‌کان جێ به‌جێ ده‌کرا وه‌ک له‌ سروشتدا)یان به‌هۆی نه‌توانایی ده‌ستبه‌رداربوون لێی به‌هۆی زیادبوونی مشتومڕی ده‌سته‌و تاقمه‌کان، به‌ڵام چۆن به‌جێگه‌یاندنی ئه‌رکێکی کۆمه‌ڵایه‌تی توانی له‌گه‌ڵ کاتدا، به‌رزبێته‌وه‌و ‌سه‌ر‌به‌خۆی خودی هه‌بێت به‌رامبه‌ر کۆمه‌ڵ، و ببێ به‌ ده‌سه‌ڵاتێک به‌بان سه‌ری کۆمه‌ڵگەوە‌و چۆن خزمه‌تکارێکی سه‌ره‌تای وێنه‌که‌ی هێدی هێدی گۆڕاو بوو به‌ سه‌ید، و چۆن ئه‌م سه‌یده‌ ده‌رکه‌وت وه‌ک سوڵتانێک و زۆردارێکی ڕۆژهه‌ڵاتی، یان وه‌ک فه‌رمانبه‌ر لای هۆزه‌کانی گریک یان وه‌ک ڕابه‌رێک لای خێلی سلتیه‌، ئه‌مه‌ بۆمان گرنگ نییه‌ لێره‌دا، به‌ڵکه‌ ئه‌وه‌ی گرنگه‌ ئه‌م ڕاستییه‌یه‌: که‌ به‌جێگه‌یاندنی ئه‌رکه‌ کۆمه‌ڵاته‌تیه‌کان له‌ گشت جێگایه‌کدا بۆته‌ پایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، و دواتر هیچ ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسی نه‌بووه‌ له‌ هیچ ماوه‌ێکی مێژووی ته‌نها کاتێ ئه‌م ئه‌رکه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی به‌جێگه‌یاندووه‌.}- ئه‌نگلس ‌- دژی دۆهه‌رنیک- لاپه‌ڕه‌ ۲۱۵/ دار دمشق لنشر ۱۹٦٥.
بەڕای من وەڵامی پرسیاری(چۆن خزمه‌تکارێکی سه‌ره‌تای وێنه‌که‌ی هێدی هێدی گۆڕاو بوو به‌ سه‌ید، و چۆن ئه‌م سه‌یده‌ ده‌رکه‌وت وه‌ک سوڵتانێک و زۆردارێکی ڕۆژهه‌ڵاتی کە مەیلی بە ئیمپراتۆریەت بوون و حەزی فراوانکردنی پانتایی دەسەڵات بووە)گرنگە، چونکە لە ساتەوەختێکی مێژووی وەک ئەمڕۆدا کە دونیای قەیران و بەربەریسمی سەرمایەدارییە و خولی داڕمانی دەوڵەتەکان و هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگەکانە، وەڵامی ئەو پرسیارە ڕۆشنایی دەخاتە سەر پرۆسە پێچەوانەکەی کە گچکەبوونەوەی پانتایی دەسەڵاتە لە ناوچەکەی ئێمەدا(شار- دەوڵەت / دەسەڵات لە شاری سلێمانی و دەسەڵات لە شاری هەولێر)؛ واتە چۆن(دەسەڵاتی سەرکردەێک و زۆردارێکی ڕۆژهه‌ڵاتی)لە دەوڵەتێکی خاوەن پانتایی جوگرافی وەک دەسەڵاتی(سەدام بەسەر ئێراق، قەزافی بەسەر لیبیا و بەشار ئەسەد بەسەر سوریا)بچووک دەکرێتەوەو دەگەڕێتەوە بۆ(شار دەوڵەت)یان دەسەڵاتی گچکە لە زۆنی زەرد و سەوز لە هەرێمی کوردستان یان لە سوریا، لیبیا، سودان،، هتد، کە هەر شارەو دەوڵەتێکی گچکەی حیزب و تاقمێکە.
ساڵانی۱۹٥۰-۱۹۷۰ ئەو دیاردەیەی زەقە لە ناوچەکەدا و گرنگە هۆکارەکانی شرۆڤە بکرێ(پرۆسەی گۆڕینی حیزب و دەسەڵاتە بۆ حزب و دەسەڵاتی بنەماڵە)لە سنووری دەوڵەتی نەتەوەیی؛ نموونەی حیزبی بەعس لە سوریا و عێراق(هەردوو حیزبەکە بوونە حیزبی بنەماڵەی سەدام و ئەسەد)، ئەمڕۆکە بەزۆری حیزب و دەسەڵات میلیشیای ئیدۆلۆژین یان بنەماڵەن، بەڵام دەسەڵاتەکەی لە سنوورێکی گچکەدایە(نموونەی عێراق، سوریا، سودان و لیبیا).
ئایا دەسەڵاتدارانی جیهان بە تایبەتی ئەمەریکا، و سبەی دەشێ ڕووسیا و چین بەم جۆرە لە دابەشکردنەی ناوچەکە قایل بن، بۆچی پانتایی دەسەڵات لە چوارگۆشەی گچکەی جوگرافیدا بەسوود دەزانن؟!. یانی گەڕانەوە بۆ شێوەی(شار- دەوڵەت)چۆن خزمەت بە بەرژەوەندی ئابووری و سیاسی سەرمایەداری جیهانی دەکات، و سوودەکانی ئەم جۆرە دەسەڵاتە گچکانە بۆ هەژموون بەسەر ناوچەکەدا بۆ بۆرژوازی دونیا چییە؟. و ئەم شێوەی(شار- دەوڵەت)ە چۆن لەمپەر دەخاتە بەردەم شۆڕشی خەڵکی کرێکاران و هەژاران؟. ئەوە ئەو پرسیارانەیە کە دەبێ وەڵامی بدەینەوە.




ئۆردوگان و ترەمپ کامیان قوڵبڕترە؟.. ئەکرم سەعید

مەکیاڤیڵی لە کتێبی(میر)بەم شێوەیە ئامۆژگاری میر دەکات:
(فەرمانڕەوای هەر ناوچەێکی داگیرکراو ،، دەبێت خۆی بکاتە پێشەواو پارێزەری دراوسێ لاوازەکانی، و هەوڵی لاوازکردنی بەهێزەکان بدات. ،، هەر وڵاتێک ڕۆمەکان چووبێتنە ناویەوە، لەسەر داوای خەڵکەکەی بووە.) – کتێبی(میر)نیکۆلۆ مەکیاڤیڵی/لاپەڕە ۹۷.
ئەمڕۆکە ئەمەریکا و ئیسرائیل بە ڕووکەش لەتەک دورزەکان و کوردەکان لە سوریادا ئەو سیاسەتەی ڕۆمەکان جێبەجێ دەکەن، ئەما ئۆردوگان هەڕەشە لە دروزو کوردەکان دەکات، و بە نهێنی و بەناوی یەکپارچەیی خاکی سوریا هانی ئەبو مەحەمەد جۆلانی و تیرۆریستەکانی بەردەستی دەدا تا(عەلەویەکان، دروزەکان وە دیارە دواتر کوردەکان)کۆکوژی بکەن.
ساڵانێکی زۆر لەمەوپێش(بێرنارد لویس، هێنری کیسینجەر، ئۆدێد ینۆن/پلانی ینۆن*،، هتد)نەخشەی دابەشکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستییان بۆ پێکهاتی تائیفی و ئیسنی، داڕشتووە، کەچی ئۆردوگان و وەزیرەکانی وەک تازە بە ئاگا هتبێتنەوە دەڵێن:(نابێ سوریا دابەشبکرێ، نابێ سەروەری وڵاتی سوریا پێشێل بکرێ)- ئەی خەلیفە ئۆردوگان تۆ لە ساڵی ۲۰۱۱ وە چیت دەکرد لە سوریا؟!.
لەڕاستیدا سیاسەتی خاوەن سامان و دەسەڵاتدارەکان پڕیەتی لە فریوودان، بەڵام ئۆردوگان لە فیروودان و قوڵبڕیدا ناگەتە تۆزی پێی(ترەمپ، بایدن و ئوباما)، بۆیە ئۆردوگان وەک(ئیبراھیم زەبۆک)ی بەسەر هاوتووە:
(بەڵی، جەناب، ئەو(زەبووك زادە)ی ئێمە شەیتانێکی سەیرە! ڕوستەمی زاڵیش ناتوانی بەرامبەری بوەستێ، سەر لەبەری یاسای نامەردی و بی شەرەفی لەبەر كردووەو لەبێ شەرەفی و سەگبابی و قۆڵبڕی، لە هەموو دونيادا تاكى نييه. وريا بن ڕیشتان نەکەویتە بەردەستی) ،،، ئەگەر هەزاریکی ئەو قسانە ڕاستبوونایە تۆ دەبوایە ئێستا سەرۆک وەزیران بی، چۆنه لە نوينەرايەتيش لایان نای؟! ..
زۆر بەگران و سەنگینی(ئیبراھیم زەبۆک)وەڵامی دایەوە:
برا تۆ چ دەڵێی؟ تۆ لەكۆیی؟ منیش پیش ئەوەی بچمە نەنقەرە وەکو تۆ بیرم دەکردەوە، وامدەزانی پیاوێکی زرنگم، بەڵام کاتێ کە چوومە ئەنجوومەن ئەوسا زانیم چ هەڵەیەكم كردووە. ئەوێ شێرى واى تيدايە هەزار کەسی قۆڵبڕ و تەلەکەبازیی وەکوو من بە نینۆکی پەنجەی گەورەیان نابێ. تۆ نازانی دایکان ج جۆرە كوڕيكيان هيناوەتە دونيا!! من له پازدە و شازدە ساڵی دەستم بەتەلەکەبازی و فیروودانی خەڵک کرد، ئەوان بە ڕوح بەر لەوەى بينە دونیا و بەکردەوە لە دامەنی دایکیانەوە دەستیان پێکردووە.) ڕۆمانی قۆڵبڕ(ئیبراھیم زەبۆک)- عەزیز نەسین/ لاپەڕە ۲۱٤ – ۲٦۲.
کاتی خۆی بلیخانۆف ڕاهاتبوو لە وەڵامی ڕەخنەگرانی دەیگووت:(ئەوەی بڵێ ئەلف دەبێ بڵێ بێ)؛ لێرەدا یانی ئەوەی دوێنێ بە پێشلکردنی سەروەری دەوڵەتی سوریا و ڕماندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئەسەد قایل بووبێ کە پلانی ئەلفی ئەمەریکا بوو، ئەمڕۆکەش دەبێ بە پلانی بێ(دابەشکردنی سوریا بۆ حوکمی زاتی تائیفی و ئیسنی)قایل بێت.
بۆیە هیچ نابێ شۆک بین، لەتەک ئەو هەموو بۆمبە دەنگییەی ئۆردوگان و هاکان فیدان دژی ئیسرائیل لەم چەند ڕۆژەدا دەیتەقێنن، لەدوا جاردا ببینین ڕێبکەون، چونکە تورکیا لەتەک ئەمەریکا لە پرۆژەی(ڕێڕەوی زانجیزور کە بەشێکە لە ڕێگایەکی گواستنەوەی ستراتیژی کە لە باکۆی ئازەربایجانەوە تا پارێزگای قارسی تورکیا درێژ دەبێتەوە)سوود مەندە، ئەمە جگە لە گەمەکانی تورکیا وەک هاوپەیمانێکی ئەمەریکا و ئەندامی ناتۆ دژی ئێران و ڕووسیا.

دەسەڵاتداران لە ساتی ئاساییدا ڕۆژانە هەندێ درۆی گچکە دەکەن، ئەما لەکاتی قەیران و جەنگدا ڕۆژانە چەندەها درۆی گەورە دەکەن‪.‬

ئۆردوگان و ئۆجەلان ‪-‬ ئازارەکانی زیندانییەک
چ هێزێک حوکمڕانی جیهان دەکات؟ خودا، سەرکردە، بیروباوەڕ یان بەرژەوەندی؟.
ئەمڕۆ لە جیهانی سیاسەتدا پیلانگێڕی و هەلپەرستی و قەیرانی متمانە زاڵ و باوە، و تەپڵی جەنگ لە زۆر جێگای دونیادا لێدەدرێ، ئەما لە ناوچەی سوورداش لای ئەشکەوتی جاسەنە، ڕەشەبا ئاوازێکی خەفەتبار دەژنێ، لەوێکانە سی گەریلا لە ڕێورەسمێكدا پڕۆسەی دەستهەڵگرتن لە چەكیان دەستپێكرد، بەناوی ڕێوڕەسمی هێنانەدی(ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی)کە خەڵکی ئاسایی ساڵانێکە خەون بەو وەهمەوە دەبینن، بەڵام بۆ دەوڵەتە بەهێزەکانی ناوچەکە و جیهان بەرژەوەندییە جیۆپۆلیتیکییەکان لەپشتی پەردە خۆی حەشارداوە.
ئەوەی ئەم چەند مانگە لەنێوان پەکەکە و دەسەڵاتی دیکتاتۆری تورکیادا دەگوزەرێ، هاوشێوەی چیرۆکە ئەفسانەییە کۆنەکانەکانی ڕۆژهەڵاتە. لەیەکێک لەو چیرۆکانەدا ئیمپراتۆر(ا)لە جەنگ لەتەک وڵاتێکی دراوسێیدا، لەلایەن ئیمپراتۆر(ب)ی دوژمنی کە تەماحکارەو مەیلی بۆ فراوانخوازی دەسەڵاتەکەی هەیە، بە دیل دەگیرێ.
(ب)بەدیلگرتنی(ا)دەکاتە فرسەت بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی، چونکە دەزانێ(ا)لای گەلەکەی پاشاێکی پیرۆزەو ئاسایش و گەشەی مەملەکەتەکەی پێوە بەستراوە ‬، بۆیە بڕێکی زۆر زێڕو پانتاێکی فراوان لە خاکی بەپیت دەکاتە مەرجی ئازادکردنی ئیمپراتۆر(ا). ئازادکردنی ئیمپراتۆری دیل نەک تەنها گەلەکەی پێویستی پێیەتی، بەڵکو ئەو جیهانە پڕ لە پشێووەش، هەوڵدان بۆ ئازادکردنی ئەو دیلەی کردبووە ئەرکی مەزن و پیرۆز.
پاشا(ب)دیلەکەی کە پاشا(ا)یە ناچار دەکات نامەێک بنووسێ بۆ مەملەکەتەکەی، و داوای بڕێکی زۆر زێرو خاک بکات لە بەرامبەر ئازاکردنەکەی یان لە سێدارەدانی. بە گەیشتنی نامەی پاشای زیندانیکراو، مەملەکەتەکەی دووچاری پشێوی دەبێ و دەبنە دوو دەستە: دەستەێکیان ڕای وایە کە زێرو خاک ببەخشن بە پاشای(ب)تا پاشاکەیان لە دیلی ڕزگاری بێت، دەستەێکی دی ڕای وایە کە ئەوە بۆسەیە و مەبەست لێی نانەوەی دووبەرەکییە لە نێومانداو لاوازکردنمان، و دەشێ(ب)دوای بەدەستگەیشتی فیدیەکەش هەر پاشاکەمان ئازاد نەکات.
لە بیروباوەڕو سیاسەتدا یەکێک لە خراپترین تاوانەکان فریودانی خەڵکییە. سیاسییەکان دەزانن کە بوونی سەرکردەێکی پاڵەوان پێویستیێکی سایکۆلۆژییە بۆ خڕکردنەوەی جەماوەر بە دەوری حیزبدا، چونکە مرۆڤە چەوساوەکان ئاشقی پاڵەوانی ئەفسانەیین، ئەمە خاڵی بەهێزی پەکەکە بووە، بەڵام ئەوە چەند ساڵێکە لەوەتی ئۆجەلان بەدیل گیراوە، ئەم لایەنە بەهێزە بۆتە خاڵی لاوازی پەکەکە. ڕەنگە ئەوەش ئەو ڕاستییە بێت کە حیزبێک لە جۆری پەکەکەی ڕابەر پەرست، کە زۆر لەمەوبەر بە دەستگیرکردنی سەرکردەکەی تووشی شکستێکی زەلیلکەر هاتووە، بۆیە ئەمڕۆکە بۆ ئازادکردنی ڕابەرەکەی و گوێگری بۆ داواکانی ڕابەر باسی”ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی”دەکات، ئەوەش لەڕاستیدا لە وەهم بەخشینەوە زیاتر دەنا هیچی دی نییە؛ دەشێ ئەمانە هەمووشی گەمەو فریودانی سیاسی بن لەلایەن ئۆردوگانەوە، چونکە من وا هەست دەکەم ئەوەی نامە دەنووسێ و قسە دەکات ئۆجەلان نییە بەڵکە ئۆردوگانە، یان ئۆجەلانێکی زیندانی بەرمەجەکراوە، پەلەشمان نەبێ ئەنجامەکان بەم نزیکانە خۆیان دەدوێن.

ڕووەکانی ئیبلیس
لە نێو گەرمەی قەیرانی ئابووری و جەنگی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بازرگانێکی ملیاردێر کە نوێنەری ترەمپە ڕووی کردۆتە ناوچەکە، ئەم بازرگانە کە دۆستی ترەمپە ناوی(تۆماس باراك)ە.
ئەم بازرگانە دیپلۆماتە چەند ڕوویەکی هەیە، بۆیە گەرچی تورکەکان، سوریەکان و لوبنانییەکان دڵیان بەهاتنی خۆشە، بەڵام بە ووریاییەوە مامەلەی لەتەک دەکەن، چونکە کەس نازانێ نیازی ڕاستەقینە و پلانی نێو مێشکی ئەم بازرگانە چییە.
ئەم کابرایە لەیەک کاتدا وەسفی(سیستەمی ولایەتەکانی دەوڵەتی عوسمانی)دەکرد، چونکە بەڕای ئەو دەوڵەتی عوسمانی ئیمپڕاتۆرییەتێکی فرە نەتەوەو فرە ئایینی خەڵکی ناوچەکە بوو، بۆیە خۆی بە دۆستی(عوسمانی نوێ)پیشان دەدات، و پێی وایە مودێلێکی سیاسی گونجاوە بۆ ناوچەکە. بەڵام لەهەمان کاتدا پەیوەندییەکانی لەتەک(ئەبو مەحەمەد جۆلانی)و نزیکردنەوەی سوریا لە ئیسرائیل، و کۆمەکی سەربازی و پوڵی ئەم چەند ڕۆژەی پێشووی ئەمەریکا بۆ هەسەدە، ڕوویەکی دی پێچەوانەی تۆماس باراك بە تورکیا پیشان دەدات.
ئەم بازرگانە بە ڕوویەک باس لە پێکەوە ژیانی ئایینەکان دەکات لە ناوچەکەدا، لەهەمان کاتدا کە ئەو بەرپرسیاری ناوچەکەیە(لە سوریا کۆکوژی عەلەویەکان کراو، لەم ڕۆژانەش هێزەکانی دیمەشق لە سنووری لوبنان کۆکراوونەتەوەو شیعەکان و مەسیحیەکانی لوبنان ترسیان هەیە لە کۆکوژی).
هەروەها لەتەک ئەوەی کۆمەکی هەسەدە دەکات و بە هاوپەیمانی ئەمەریکا وەسفیان دەکات، بەڵام لەهەمان کاتدا پێیان دەڵێ:(دەبێت هەسەدە بەخێرایی ئەوە قبوڵ بكات كە سوریا یەك نیشتمان، یەك سوپا و یەك گەلە.)، ئەوەش بە پێچەوانەی خواست و سیاسەتی هەسەدەیە و لە قازانجی تورکیا و دیمەشقە.
سیاسەت بۆ خۆی فڕوفێڵە، جا بەتایبەتی بازرگانێکی وەک تۆماس باراك سیاسەت بکات کە(شایلۆک*‬)بەشاگرد ڕاناگرێ.

لە سەردەمی دڕندەییدا گرنگە مرۆڤ بتوانێ فکر و ئەخلاقی ئینسانی خۆی بپارێزێ و نەکەوێتە شوێن هیچ کام لەلایەنە ساختەچییەکان.
شاری خودا و شاری مرۆڤ
لەکتێبی(شاری خودا)،”سانت ئۆگستین”دیدێکی فەلسەفی دەخاتە ڕوو سەبارەت بە جیاوازی نێوان”شاری خودا”کە لەسەر بنەمای خۆشەویستی و دادپەروەری دامەزراوە، و”شاری مرۆڤ”کە بە سۆز و بەرژەوەندییەکان بەڕێوەدەچێت.
ئەمڕۆکە دەرکەوت جیاوازی نییە لەنێوان دۆزەخی:(شاری خودا لە: تاران، تەلئەبیب، کابول، ڤاتیکان، ڕەقەی داعیش و دیمەشقی ئەبو مەحەمەد جۆلانی) و (شاری مرۆڤ: مۆسکۆی یەکیەتی سۆڤیەت، پەکینی ماوی بەناو کۆمۆنیست و لەندەن، واشنتۆن و پاریسی دیموکراسی)دا. مرۆڤایەتی دەبێ ڕێگاێک بدۆزێتەوە بۆ دروستکردنی جیهانێکی ئینسانی ئازاد و یەکسان و دادپەروەر دوور لە ساختەیی، ئەمەش بەبێ تێشکاندنی سیستەمی جیهانی ئەمڕۆ و چوونە دەرەوە لێی مەیسەر نابێ.

سیاسەت و مۆڕاڵ
“غایەت ڕەوایی بە ئامرازەکان دەدات”؛ ئەم وتەیە بەو مانایەیە: کە ئامانجێکی بەرز پاساو بۆ بەکارهێنانی هەر ئامرازێک(بە هەر ڕێگاێک)بۆ گەیشتن بەو ئامانجە دەدات، تەنانەت ئەگەر ئەو ئامرازە بێ ئەخلاقیش بێت، یان بە شێوەیەکی ئاسایی قبوڵ نەکراو بێت. ئەم دەستەواژەیە”الغاية تبرر الوسيلة”دەگەڕێتەوە بۆ فەیلەسوفی سیاسی ئیتاڵی”نیکۆلۆ ماکیاڤێلی”.
ئەما(مارکس)فەیلەسوفی سیاسی سۆسیالیستی بڕوای وابوو کە:(ئامرازەکان بۆ گەیشتن بە غایەت دەبێ بە ئەندازەی غایەتەکە جوان بن)-(ڕێگای گەیشتن بە ئامانج دەبێ بە ئەندازەی ئامانجەکە جوان بێت)، ئەمە پرنسیپی ئەخلاقی سیاسی سۆسیالیستەکانە لە خەباتدا. بەڕاستی ئەمڕۆ لە جیهاندا(مۆڕاڵ، معیار، پرنسیپ یان بنەماکانی فەلسەفی و سیاسی)کراوە بە قوربانی بەرژەوەندی کاتی و سوود؛ یانی لەم جەنگەڵستانەدا پراگماتیسم زاڵە، بۆیە زۆربەی دەوڵەت و ئەحزابی سیاسی جیهان، لە ڕاستەوە بۆ چەپ، قوتابی ماکیاڤێلین نەک مارکس.
‪——————————————————————————‬

  • پلانی ینۆن ئاماژەیە بۆ بابەتێک کە لە شوباتی ١٩٨٢ لە گۆڤاری عیبری کیڤونیم(ئاڕاستەکان)بەناوی”ستراتیژێک بۆ ئیسرائیل” لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا بڵاوکراوەتەوە. بابەتەکە لەلایەن ئۆدێد ینۆنەوە نووسراوە، کە زیاتر وەک ڕاوێژکاری پێشووی ئاریێل شارۆن ناسراوە، بەرپرسێکی باڵای پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل بوو. پلانەکەی ینۆن وەک نموونەیەکی سەرەتاییە بۆ پڕۆژە سیاسییەکانی دابەشبوونی تائیفی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
    ‬ هەڵبەتە لە دەوڵەتە دێرینەکانی گەلانی ڕۆژهەڵات وا تەماشای پاشایان کردوە کە لە بنەماڵەی ئاسمانە؛ جا یان وەک خودا یان نوێنەری خودا تەماشاکراوە. تائێستاش لە وڵاتی یابان خەڵکەکەی بەو جۆرە تەماشای پاشای یابان دەکەن. *‪‬ شایلۆک:یەکێکە لە کەسایەتییە سەرەکییەکانی شانۆگەری”بازرگانی ڤینیسیا”ی شکسپیر. شایلۆک لەبەرئەوەی پیاوێكی پیسكەی سووخۆرە كەس خۆشی ناوێت. خاڵی نێگەتیفی ئەم شانۆگەرییە ئەوەیە وێنەیەكی زۆر ناشیرین و دزێوی کەسایەتیکی جووی بەرجەستە كردووە. بەڵام باوباپیرەی باراک مەسیحی لوبنانی بوون کە لە ساڵی ١٩٠٠ لە شاری زەحلەی لوبنانەوە کۆچیان کرد بۆ ئەمریکا. مەسەلەکە پاشخانی ئایینی و بیروباوەڕی کەسەکە نییە جا با موسڵمان بێ یان هەتا چەپیش، بەڵکە مەسەلەکە ئامانج و ئەو سیاسەتەیە کە پەیڕەوی دەکات.

ئەکرم سەعید




جەنگ و فریودان.. ئەکرەم سەعید

(فریودان و خێرایی و شۆک بنەماکانی هێرشکردنە)- سون تزو

کاریگەری کتێبی{هونەری جەنگ}ی فەیلەسوفی سەربازی کۆنی چین(سون تزو) لەسەر هزری سەربازی وڵاتانی جیهان زۆر مەزنە. سون تزو ئامۆژگارییەکانی خۆی لەیەک دەربڕیندا پوختکردۆتەوە:{جەنجاڵی لە ڕۆژهەڵات، گورزوەشاندن لە ڕۆژئاوا}، ئەمەش ڕێک ئەو شێوازەیە کە دوژمنەکانی روسیا لەم لێدانەی دوایی روسیا بەکاریان هێناوەو پۆتی(پۆتین)یان شکاندووە، چونکە ئەوان گورزیان لە چەکی ستراتیژی روسیا وەشاندووە، بەڵام روسیا تەنها دەتوانێ بۆردومانی ئەو شوێنانە بکات کە هێندە ستراتیژی نین، و بایەخیان هێندەی فرۆکەکانی روسیا نییە. ئایا روسیا بژرادەێکی دی هەیە بۆ لێدان و تۆڵەکردنەوە بێ ئەوەی ببێتە مایەی جەنگێکی کراوە لەتەک ناتۆ؟ وە ئایا روسیا جارێکی دی هانی ئێران و کۆریای باکوور دەدات بجوڵێن و هێندەی دی ئاگری جەنگ خۆش بکەن؟!.
چەند ڕۆژ لەمەوپێش چاودێرانی سیاسی و سەربازی باسیان لە هاوینێکی گەرم دەکرد، لە دوێنێوە سەرەتاکەی لە”ئەڵەمانیا و بەریتانیا”دەرکەوتووە، چونکە نوخبەی جەنگی ئەو دوو وڵاتە پلەی گەرمایان بەرز بۆتەوەو تەپڵی جەنگ دەکووتن؛ ئەڵەمانیا سوپاێکی بەهێز پێکدەهێنێ و بەریتانیا باس لە فڕۆکە و غەواسەی ئەتۆمی دەکات.

  • ئەمەریکا و فریودانی ستراتیژی
    ئەمڕۆکە “ترەمپ، پۆتین، نیتنیاهۆ، خامنەئی،، هتد”، گووتەکەی پاشای ئیمپراتۆریەتی ئاشور دەڵێنەوە:
    {لە پێشم شارەکانە و لە پشتمەوە وێرانە}.

ئەمەریکا توانی بە بەڵێنی هێورکردەنەوەو دانوسان دوژمنەکانی فریو بدات، و بە دوایدا گورزی سەربازی کوشندە لە سێ دوژمنی خۆی بدات:
۱/ لێدان لە حیزبوڵڵای لوبنانی وکوشتنی سەرکردەکانی، لە کاتێکدا دوو ڕۆژ پێش ئەوە بەڵێنی ڕێکەوتن هەبوو.
۲/ لێدان لە فرۆکە ستراتیژە ئەتۆمیەکانی روسیا لە کاتێکدا بەڵێن بوو لە ئەستەمبوڵ دانوسان بۆ ئاشتی بکرێ – ئۆپراسیۆنی تۆڕی جاڵجاڵۆكە.
۳/ لێدان لە سەرکردەی سەربازی و زانایانی ئەتۆمی ئێران لە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی لە کاتێکدا بەڵێن بوو کە ڕۆژی یەک شەممە دانوسان بکرێ-ھێرشی ئیسرائیل بە ناوی(شێری راپەریو).
ئەمە یانی بەڵێنی هێورکردنەوەو ئومێد بەئاشتی لە ئەنجامی دانوسان وەک حەبی خەو بەکارهێنراوە تا دوژمن دڵنیا بێت و هەستی ئەمنی سڕ بکرێ، بەڵام لە پڕ گورزی سەربازی کوشندەی لێدەدرێ – {ترەمپ نیوەڕۆی پێنج شەممە گووتی:”من ئاشتیم دەوێ لەتەک ئێران، بەڵام ئیسرائیل گەرەکیەتی لە ئێران بدات، ئەما ئەو لێدانە بەم نزیکانە نییە”- ترەمپ ئەمەی لەکاتێکدا گووت کە دەیزانی پاش چەند کاتژمێرێکی دی لە ئێران دەدرێ}.
فریودانی ستراتیژی ئەمەریکا لەوەدا بەرامبەر دوژمنەکانی سەرکەوتووە کە توانیویەتی قەناعەت بە دوژمنەکانی بکات کە ئەوە وەکیلەکانی/ تانجیەکانی ئەمەریکایە(ئۆکراینا و ئیسرائیل)جەنگتان لەتەک دەکەن نەک ئەمەریکا خۆی، لێرەوە بەرپەچدانەوەی(حیزبوڵڵای لوبنانی، روسیا و ئێران)لە سنووری لێدان لە وەکیلەکانی ئەمەریکا قەتیس کراوە، بەمە ئەمەریکا خۆی پاراستووە لە زیان بەرکەوتن، و دوژمنەکانی لە بازنەێکی داخراودا دەخولێنێتەوە کە بە”فێڵ و شۆک”چوارپەلیان دەبڕێ.

  • ئێران و شەیتانی گەورە
    مەلا دەسەڵاتدارەکانی ئێران وەک هەموو ئەحزابی سیاسی بۆرژوازی تری سەردەمی ئێمە پراگماتیزمن/ ۱. بۆیە گەرچی ئەمەریکا بە شەیتانی گەورە ناو دەبەن، کەچی دانوسانی لەتەکدا دەکەن. دیارە نەک تەنها ئیسلامی سیاسی ئێران کاری وا دەکات، بەڵکە بۆ نموونە(ئەبو مەحەمەد جۆلانی)و بزووتنەوەی سەلەفی جیهادی، هاوکاری”ئەمەریکا/کافرەکان”دەکەن، و بڕێکیش لە چەپ(بەتایبەتی لە کوردستانی سوریا)هاوپەیمانی ئیمپریالیسمی ئەمەریکان، و زۆر کەم لە کۆمۆنیستەکانی ناوچەکە ڕەخنە لە کوردەکانی سوریا دەگرن، چونکە پراگماتیسم بۆتە میتودی زۆرێک لە کۆمۆنیستەکانیش.
    دانوسانی مەلاکانی ئێران لەتەک ئەمەریکا ئەگەر بگاتە ڕێکەوتن، ئەوە باڵی ئیسڵاحی ئیسلامی سیاسی ئێران بەسەرکەوتنی دەزانێ بۆ میتودە پراگماتیسمەکەی، وە ئەگەر ڕێنەکەوتن و بووە جەنگ، ئەوا باڵی موحافزینی مەلا توندڕەوەکان دروشمی(مەرگ بۆ ئەمەریکا)زیاتر بەرز دەکەنەوە.
    لە دوێنێوە هەلومەرج لە ناوچەکەدا گرژ بووە، ئەگەری هەیە گەر ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتن بە بنبەست بگات، ئەوا ئاگری جەنگ ناوچەکە دەسوتێنێ. ئایا ئەمەریکا ڕێ دەدات بە جەنگ لە ناوچەکەدا کە سەرچاوەی بڕێکی زۆری وزەی نەوت و گازە بۆ جیهان و ڕێگای بازرگانی دەریایی کاڵاکانە؟!.
    ئایا جەنگ دەبێ؟ لەڕاستیدا درگا لەبەردەم هەموو ئەگەرەکان کراوەیە، بەڵام ئابووری جیهانی سەرمایەداری بەرگەی کارەساتێکی گەورەی لەوچەشنە ناگرێ، مەگەر دەسەڵاتدارانی چینی بۆرژوازی تەواو ئەقڵی لەدەستدابێ.
    لە سەردەمی کۆندا ئیمپراتۆریەتی ڕۆمای مەزن نەیدەهێشت جەنگ نزیک وڵاتی میسر ببێتەوە، چونکە ڕوباری نیل و کێڵگە گەنمەکانی میسری کۆن سەبەتەی خۆراکی ڕۆما بوو. ئایا ئەمڕۆکە ئەمەریکای مەزن ئامادەیە کێڵگەی نەوت و گازی کەنداوی عەرەب بسووتێ؟ دەشێ بەم نزیکانە وەڵامی ئەو پرسیارە وەرگرینەوە.
  • ڕوخاندنی ڕژێمی ئێران یان لاوازکردنی

“ جەنگ مەملەکەتی تەمومژییە ”- کارل ڤۆن کلاوزێڤیتز
یەکێک لە تیۆرییە بەناوبانگەکانی بیرمەندی ستراتیژی سەربازی“کارل ڤۆن کلاوزێڤیتز”دەربارەی جەنگ، ئەو تیۆرەیە کە پێی دەوترێت “تەمومژی جەنگ ”؛ واتە شەڕەکان سوپرایزیان تێدایە، بۆیە کردەوەکان هەتا ڕوونەدەن ناتوانیت بیانزانیت. ئەمە مرونەتی گۆڕینی پلانەکانی جەنگە لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە، کە زۆر گرنگە بۆ چارەسەرکردنی گۆڕانکارییە فریاگوزاریەکان و کەمکردنەوەی هەڵەکان. بەم مانایە تەمومژی شەڕ ڕەنگدانەوەی ناتەبایی لەنێوان(ڕواڵەت و حەقیقەت) یان جیاوازی هەواڵ و ئەوەی بەڕاستی لە پلانی جەنگدا هەیە دەگەێنێ، کە دەبێتە هۆی چەواشەکاری و فریودان.
لەم تێگەیشتنەوە دروست نییە دەربارەی ئەم جەنگەی ئێستا وەک زانیاری باس لە ڕوخاندنی ڕژێمی ئێران یان لاوازکردنی* بکەین، بەڵکە وەک ئەگەرێکی شیکارەکەمان بیخەینە ڕوو. بۆیە من سەرم سوڕماوە لەو کەسانەی لە سۆشیال میدیا دەنووسن: ئەم جەنگە فراوان نابێ و نابێتە جەنگی ناوچەیی، ڕژێمی ئێران یان ئیسرائیل دەڕوخێ؟. ئەمە چۆن دەزانن؟ گەر زانیاری نەبێ، وە چۆن زانیاری دڵنیامان هەیە خۆ کەس لە ئێمە بەشداری کۆبوونەوە نهێنیەکان کۆشکی سپی نییە! بەڵکە وەک شیکار دەتوانین بڵێن: ئەم جەنگە دەشێ فراوان نەبێ یان فراوان بێ، و ئامانجی ئیسرائیل و ئەمریکا لەم جەنگەدا ڕوخاندنی ڕژێمی ئێرانە لەژێر ناوی نەهێشتنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، بەڵام دەشێ ئەم ئامانجە بە پرۆسەێکدا تێپەڕێ کە بە لاوازکردنی ڕژێمەکە دەست پێ دەکات، هاوشێوەی(نەک کۆپییەی) پلانی ڕوخاندنی ڕژێمەکەی سەدام حوسین لە عێراقدا.
دوای ئەوەی ساڵی ۱۹۹۱ لە هێزەکانی سەدام درا، هانی خەڵکی عێراقیاندا(ڕاپەڕن/هەڵپەڕن)، دواتر هەرێمی کوردستانیان لە دەسەڵاتی سەدام جیاکردەوە، و بۆ چەند ساڵ ڕژێمەکەی سەدام بەلاوازی هەر مایەوە تا ساڵی ۲۰۰۳ بە تەواوەتی کۆتاییان بەو گەمەیە هێناو دۆزەخی ئێراقێکی دیموکراتی ئەمەریکیان دامەزراند.
ئەمڕۆکە لێدانەکان لە(ناوچەکان، دەزگاکان، ھێزەکانی پۆلیس و ئاسایش)ی ئێران، مەبەستی لاوازکردنی ڕژێمەکەی پێوە دیارە، وە ئامادەکردنی(سازمانی موجاهیدین، ئەحزابەکانی کوردەکان: پژاک، دیموکرات و کۆمەڵەی عەبدوڵڵا موهتەدی، سوپای دادگەریی بلوچستان، عەرەبەکانی ئەحواز و هێزەکانی پەهلەوی،، هتد) ئاماژەیە بۆ سیناریۆی ڕاپەڕینی خەڵک دژی ڕژێم بۆ ڕماندنی یان لاوازکردنی.
بێگومان ڕژێمی ئیسلامی سیاسی لە ئێران سەرکوتگەر و کۆنەپەرستی سەرمایەدارییە، کە دەستی بە خوێنی هەزارەها مرۆڤی ئێران و ناوچەکە سوورە، هاوشێوەی ڕژێمە بەناو دیموکرات و مەدەنییەکەی یەهودی سیاسی لە ئیسرائیل کە ئەویش دەستی بە خوێنی هەزارەها منداڵی غەززەو خەڵکی مەدەنی ناوچەکە سوورە. . ئاشکرا بووە کە شۆڕشە ڕەنگاوڕەنگەکان(لە نموونەی بەهاری عەرەبی) کە دەستکردی دەزگاکانی هەواڵگری ئەمریکایە، لێرەدا وەک ئەنجامی سیاسی جەنگی ئەم دوو دەوڵەتە دڕندانە دەردەکەوێت، کە بێگومان ئەم بەناو ڕاپەڕینەی جەماوەر بەهیچ شێوەێک ئازادی و دادپەروەری ئامانجی نییە، بەڵکە ئامانج گۆڕینی ڕژێمەکانی ناوچەکەیە بۆ بەرژەوەندی ئەمەریکا بەپێی لیستەکەی ساڵی ۲۰۰۰:(ئەفگانستان، ئێراق، لیبیا، سوریا، ئێران، میسر، تورکیا، وە جائیزە گەورەکە سعودییە).)
ئەما ئەمڕۆکە ئەمەریکا تاکە قوتبی جیهان نییە، و پێویستی بوونی هاوسەنگی لە هاوکێشەی هێزی دوو لایەنەکە:(روسیا چین/ ئەمەریکا و ناتۆ)لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕێگا نادات گۆڕانی دەسەڵاتەکانی(ئێران، میسر، تورکیا، ئیسرائیل، سعودییە)بەئاسانی ڕووبدات. دەشێ بە پێچەوانەوە ئەم جەنگە ببێتە مایەی چەقینی قاچی ئەمەریکا لە ئێران، وە ئەمە پلانی چین و روسیا بووبێ بۆیە پاکستان دەجوڵێنن بۆ کۆمەکی مەلاکانی ئێران؛ وە ئەگەری ئەوەش هەیە کە ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی یانی لانیکەم چەکی چەپەڵ، ئەمەش سوپرایزێکی جەنگەکەیە.

  • هەڵوێست بەرامبەر جەنگی ئێران و ئیسرائیل
    لە هەڵوێست بەرامبەر جەنگی ئێران و ئیسرائیلدا مرۆڤ دەبێ هۆشیار بێ نەکەوێتە سەنگەری هیچ لاێکیانەوە، چونکە ئەمە جەنگێکی دادپەروەرانە نیە، و پاساوی دەوڵەتەکانی بەشدار لەم جەنگەدا هیچ ڕەوا و شەرعیەتی نیە. لەڕاستیدا ئەمە جەنگی دەوڵەتە سەرمایەدارە دڕندەکانە، جەنگە بە ئامانجی دەسەڵات و هەژموونی(یا ئێران یان ئیسرائیل)بەسەر ناوچەکەدا، هەر لایەی لە بەرژەوەندی خۆی و بلۆکێکی دەوڵەتە سەرمایەدارەکانی جیهان*. بۆیە ئەم جەنگە، هاوشێوەی جەنگ لە ئۆکراینا، زیان بە ژیان و بەرژەوەندی کرێکاران دەگەێنێ، بەم پێیە ئەوە دروستە کە سەرکۆنەی هەردوو ئێران و ئیسرائیل بکەین، نەک تەنها لاێکیان.
  • شەوەزەنگ و شۆڕشی سۆسیالیستی
    لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شەوەزەنگە و جەنگی دڕندەکان کاولکاری لەتەک خۆی دەهێنێ، و زریانی ئەتۆمی لە ناوچەکە نزیک دەبێتەوە. لەو هەلومەرجەدا شانسی هێزێکی ئینسانی و شۆڕشگێر تابتوانێ ئاڵوگۆڕ بە قازانجی ئینسانە بەشمەینەتەکانی ئەو ناوچەیە بکات زۆر کەمە، هەر وەک چۆن سۆسیالیستەکان نەیانتوانی هیچ بەرامبەر جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانی بکەن.
    بەکورتی من ڕام وایە ئەگەری شۆڕشی سۆسیالیستی کرێکاران لەم خولەدا و لەم ساتەوەختەی جیهاندا شانسی کەمە، چونکە بۆ نموونە هەر لە ناوچەکەی ئێمەدا:(ئیسلامی سیاسی، سازمانی موجاهیدینی خەڵکی ئێران، پەکەکە، پارتەکەی هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی، ئەحزابی بەناو دیموکراتی و چەپ و کۆمۆنیست، و دەیەها ئەحزابی لەو چەشنە)هێندە زۆرن، و پاسەوانی سیستەمی سەرمایەداری دەکەن و دەیپارێزن، و چینی کرێکاران پارچەپارچە و ناهۆشیارو خامۆشە، بۆیە سەری سەرمایە سەلامەتە، ئیدی باس لە شۆڕشی سۆسیالیستی باسێکی بێ بەڵگەیە، و ئاواتی دڵ و ڕوانگەی زیهنی بڕێک کەسانی مارکسییە نەک حەقیقەتێکی واقیعی و کۆنکرێت.

۱/ پراگماتیزم ڕێبازێکی فەلسەفییە کە جەخت لەسەر بەکارهێنانی کردەیی بیرۆکەکان و دەرئەنجامەکانیان دەکاتەوە، نەک گەڕان بەدوای حەقیقەتی ڕەهادا، نەک گرنگی دان بە پرنسیپ و مۆڕالی سیاسی. ئەم قوتابخانەیە پێی وایە بیروباوەڕ دەبێت کۆمەک بکات تا کردەوە بەشتی بە سوود بگات، نەک خەریکی مشتومڕی ئاڵۆزی باسی ئەبستراکت بێت. لەڕاستیدا پراگماتیزم بە مانای ئیتیمۆلۆژی وەک پراکتیک پێناسە دەکرێت، و ئەمە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ فەلسەفەی کۆنی یۆنانی.
پراگماتیزم فەلسەفەیەکە، لە سەدەی نۆزدەهەمدا لە ئەمریکا لەدایک بووە، کە لە بنەڕەتدا دەڵێت:“هەرچی بەسوود بێت، دروستە”. لە کۆتاییدا پراگماتیزم میتۆدۆلۆژیایەکە کە ڕەگ و ڕیشەی لە ئایدیالیزمی سوبژێکتیڤدا هەیە.
ئایدیالیزمی سوبژێکتیڤ دەڵێت تەنها عەقڵ و هەستە دەروونییەکانمان بوونیان هەیە، یانی شتەکان تەنها تا ئەو ڕادەیە بوونیان هەیە کە هەستیان پێدەکرێت. ئەم ئایدیالیزمە سوبژێکتیڤە خاڵی دەستپێکی پراگماتیزمە. بۆ پراگماتیست هیچ واقیعێکی ماددی هاوبەش و بابەتیی لەگەڵ یاسا گشتگیرەکاندا نییە، هیچ شتێک لە ڕووی بابەتییەوە ڕاست نییە، بەڵکو تەنیا لە ڕێگەی کردەی سوبژێکتیڤی دەبێتە ڕاست، هەر ئیدیعایەک بۆ حەقیقەتی بابەتیی جێگەی خۆی دەداتە هەر شتێک کە بەسوود بێت.
مارکسیست-لینینیستەکان خۆیان بە کەسانی پراکتیکی پێناسە دەکەن، ئەمەش لە تێزی یازدەهەمی بەناوبانگی مارکس لەسەر فویرباخ:“فەیلەسوفەکان بە شێوازی جۆراوجۆر تەنها جیهانیان لێکداوەتەوە، بەڵام مەسەلەکە ئەوەیە کە بیگۆڕین”سەرچاوەی گرتووە، لەم تێگەیشتنەوە بەشێک لە مارکسییەکان خۆیان بە“پراگماتیست”دەزانن، بێ ئەوەی درک بەوە بکەن کە(پراکتیکی شۆڕشگێڕی سۆسیالیستی و پراگماتیسم جیاواز و دژ بەیەکن). لەکۆتاییدا پراگماتیزم بەرەو هەلپەرستی هەنگاو دەنێ، چونکە ئەم بۆچوونە پێی وایە کە گرنگ نییە پابەند بین بە بنەماکانمانەوە، بە مەرجێک ئەنجامەکانمان دەست بکەوێت.




کێشەی هۆشیاری چینایەتی و نامۆبوون/ پارادۆکس لە فەلسەفەی سیاسی مارکسدا-٢-.. ئەکرەم سەعید

بەشی دووەم..

خەڵکی هەرێمی کوردستان ناڕازی و تووڕەبوون لە نالەباری ژیانییان، بۆیە لە نێوان ساڵانی(۲۰۱۲ تا ۲۰۱٦)چەندجارێک بارەگای حیزبەکانی دەسەڵات و ئۆپۆسیزیۆنیان سووتاند، بەڵام لەساڵی ۲۰۱۷ زۆربەی هەر ئەو خەڵکە کەوتنە دوای دروشمی(ڕیفراندوم بۆ سەربەخۆی کوردستان)ی ئەحزابەکان. پرسیار: بۆچی ناڕەزایەتی و تووڕەیی خەڵکی کوردستان، بە درێژایی ئەو چەند ساڵە نەبووە هۆشیارێکی چینایەتی ڕۆشن و پتەو دژی دەسەڵات؟ هۆشیارێک کە ئیدی بیانپارێزێ و بە دروشم و بەڵێنەکانی ئەحزابی دەسەڵاتداران و ئۆپۆسیزیۆن فریوو نەخۆن؟.
لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا، ئەوە زیاد لە سەد ساڵە دوو حیزب(کۆماری و دیموکراتی)، هەر جارەی یەکێکیان بە بەڵێنەکانی کاتی هەڵبژاردن، کرێکاران و هەژارانی ئەمەریکا فریوو دەدەن. پرسیار: بۆچی لەماوەی ئەو هەموو ساڵانەدا، جگە لە دیاردەی خۆپشاندان بۆ داواکاری ئابووری و هەندێ مافی گروپەکان زیاتر، کەچی هۆشیاری چینایەتی کرێکاری و سۆسیالیستی لە ئەمەریکادا هێندە گەشەی نەکردووە؟.
مارکس لەلاێک دەیسەلمێنێ کە چینی کرێکاران بە شێوەێکی بابەتی لە سیستەمی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا نامۆ دەبن-(نامۆبوون وەک خۆی دەڵێ یەکسانە بە ئاژەڵ بوون و لە دەستدانی زاتی ئینسانی)، وە لەلاێکی دی مارکس باس لە هۆشیاربوونەوەی چینی کرێکاران دەکات لە ئەنجامی(ململانێی چینایەتی و خەباتی ئابووری و کۆمەکی سۆسیالیستەکان).
ئایا ئەم دوو دیوە دژبەیەکەی شرۆڤەکانی مارکس چۆن لە واقیعدا دەرکەوتووە، و تائێستا کام لایەنی دراسەکانی مارکس وەک کۆنکرێت دروستە و هاتۆتە دی؟!

“کارۆل جۆنسۆن” لە وتاری(کێشەی چاکسازی و تیۆری فیتیشیزمی مارکس)دا دەنووسێ:
(ئامانجی ئەم لێکۆڵینەوەیە ئەوەیە کە ناکۆکی نێوان دوو توخم کە بەڕواڵەت دژ بەیەکن لە بیری مارکسدا دەربخات؛ واتە یەکەم: ئەو باوەڕەی کە هۆشیاری شۆڕشگێڕانەی پرۆلیتاری لە ژێر سەرمایەداریدا بە شێوەیەکی تاڕادەیەک ڕاست و دروست(خۆرسکی) گەشە دەکات، و دووەم: ئارگومێنتەکەی لە نووسینە ئابوورییەکانی دواتردا، کە سروشتی فیتیشیزەکراوی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە سەرمایەدارییەکان فۆرمەکانی عیرفانی ئایدیۆلۆژی لێدەکەوێتەوە کە بە شێوەیەکی بەرچاو تایبەتمەندییە بنەڕەتییەکانی شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری دەشارنەوە …. بەشی یەکەمی ئەم بابەتە تەرخان دەکرێت بۆ سەلماندنی ئەوەی کە تێزی پێشوو لە ڕاستیدا ڕای مارکس بووە لەو بەرهەمانەی کە پێش نووسینە ئابوورییە پێگەیشتووەکانی نووسیویەتی، و بەشی دووەمیش هەڵوێستی مارکس لە دوای ئەو ماوەیە دەکۆڵێتەوە. دەوترێت کە مارکس لەبری ئەوەی پێداچوونەوە بە بۆچوونەکانی پێشوویدا بکات، ئارگیومێنتەکانی نوێکانی خۆی خستۆتە ناو دیدگاکانی پێشووی خۆیەوە سەبارەت بەو ئاسانییە ڕێژەییەی کە هۆشیاری شۆڕشگێڕی پرۆلیتاریا بە سانا گەشە دەکات و بەمجۆرە یەکدەنگییەکی جەوهەری لە نێوان بۆچوونەکانی دواتر و پێشووی مارکسدا هەیە. لە ئەنجامدا مارکس بە توندی ئەو پشتگیرییە بەربڵاوەی بۆ ڕیفۆرمخوازی کەم کردەوە کە لەکۆتایی ژیانی بە ئاشکرا دەهاتە بەرچاو؛ بۆیە نەیتوانی بە شێوەیەکی گونجاو مامەڵە لەگەڵ ئەو کێشەیەدا بکات کە تا ئێستاش وەک جددیترین کێشەی بەردەم شۆڕشگێڕان لە ووڵاتانی پێشکەوتووی سەرمایەداریدا ماوەتەوە.
ئەم کێشانە لە نووسینەکانی مارکسدا بە شێوەیەکی جددی فەرامۆش کراون. هەندێک لە شرۆڤەکاران، ڕاستە، سەرنجیان بۆ شکستی مارکس ڕاکێشاوە لە پەرەپێدانی ڕەخنەیەکی گونجاو لە ڕیفۆرمخوازی بەڵام هۆکارە ڕاستەقینەکانی ئەم کێشەیە هەرگیز بە شێوەیەکی دروست لێکۆلینەوەی لێنەکراوە. ئەوان نەیانتوانیوە درک بەوە بکەن کە، لە کاتێکدا تیۆری مارکس سەبارەت بە عیرفانی کە لە سروشتی فیتیشیزەکراوی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە سەرمایەدارییەکانەوە سەرهەڵدەدات، پێویستە بۆ تێگەیشتن لە ڕەخنەکانی لە ئابووری سیاسی، بەڵام مارکس کاریگەرییەکی زۆر سنوورداری فیتیشیزمی لەسەر هۆشیاری پرۆلیتاری لە فۆرمەکانی چاکسازیخوازانە یان شۆڕشگێڕانەدا دەبینی.
کێشەکانی عیرفان و پەرەسەندنی هۆشیاری شۆڕشگێڕانە، ئەو کێشانەبوون کە لە قۆناغێکی تاڕادەیەک سەرەتایی کارەکانیدا، مارکسیان نیگەران کردبوو. هەر لە ساڵی ١٨٤٢دا دەیگوت:”ئایین و فۆرمەکانی تری هۆشیاری عیرفانی لە واقیعێکی شێواوە سەریان هەڵداوە و تەنیا بە گۆڕینی ئەو واقیعە دەتوانرێت هەڵبوەشێنرێتەوە.”. ئەم ئارگیومێنتانە لە ئێستاوە کێشەی ئەوە دروست دەکەن کە چۆن مرۆڤایەتی دەتوانێت هۆشیار بێت لە پێویستی گۆڕینی واقیع بە لەبەرچاوگرتنی ئەو فۆرمە عیرفانییانەی هۆشیاری کە نامۆبوونی لێدەکەوێتەوە.
وەڵامی مارکس بۆ یەکەمجار لە پێشەکی کتێبی(بەشداری لە ڕەخنەی فەلسەفەی یاسای هیگڵدا)دا دەردەکەوێت. کلیلەکە لە پرۆلیتاریای ئەڵمانیدا بوو، کە ئەو دەڵێت لە ڕاستیدا نامۆیە نەک لە بیرکردنەوەدا، بەڵکە بەهۆی دواکەوتوویی مێژوویی ڕێژەیی ئەڵمانیا، بۆرژوازی ئەڵمانیا چانسی ئەنجامدانی شۆڕشێکی سیاسی لەدەستدابوو کە تێیدا بتوانێت وەک نوێنەری گشتی کۆمەڵگا بە گشتی دەربکەوێت. بەڵکو پرۆلیتاریا لە ئێستاوە دەستی بە خەباتکردن لە دژی دەکرد. مارکس پێی وایە پرۆلیتاریا تاکە چینە کە توانای هێنانەدی ئازادییەکی گشتی لەو شێوەیەی هەیە، چونکە ستەملێکراوترین چینە لە کۆمەڵگەی ئەڵمانیدا؛ سروشتی گەردوونی ئازارەکانی چینی کرێکاران، دژایەتێکی بەرامبەر بنەماکانی دەوڵەتی ئەڵمانیای تێدا دروستدەکات.).

١- سەردەمی پڕوپووچیی یان سەردەمی نامۆبوون
“ئالان دۆنۆ” لە کتێبی(سەردەمی پڕوپووچی)دا ڕای وایە کە سیستەمی سەرمایەداری لە بەرژەوەندییایەتی کە فکر و دەروونی خەڵکی پڕوپووچ بکات، و بیرکردنەوەی لۆژیکی زۆربەی خەڵک پەکبخات و گەوجیان بکات، تا بەو هەلومەرجە سەختەی ئێستاکە هەیە، نەک تەنها ڕەزامەند بن، بەڵکو بە گونجا و ئەقڵانی بزانن.
بێگومان سیاسەتی چینی بۆرژوازی لە بەرژەوەندییایەتی کە مرۆڤەکان گەوج بن، بەڵام جگە لەم سیاسەتە نەخشە بۆ دڕێژراوەی بۆرژوازییەکان کە لە ڕێگای(گوتارەکان، میدیاکان، ئیدۆلۆژیاکان)مرۆڤەکان فریوودەدرێن، وە ئەمە ڕۆڵی سەرخانی کۆمەڵگەی سەرمایەدارییە(واتە ڕۆڵی لایەنی زاتی/ سۆبژەکتیڤ)لە گەوجکردنی کرێکاراندا، هەر وەها سیستەمی سەرمایەداری لە ژێرخانیدا، واتە لە پرۆسەی کار و پەیوەندی کار و سەرمایەدا بۆ خۆی بە شێوەێکی بابەتی، بێ سیاسەتی چینی بۆرژوازی و دەستوەردانی زاتی(واتە ڕۆڵی لایەنی بابەتی/ ئۆبژەکتیڤ)، چینی کرێکاران لە سیستەمی کاری کرێگرتەی سەرمایەداریدا نامۆ و گەمژە دەکرێن.
لە نامۆبووندا مرۆڤ زیاتر و زیاتر لە ئامێرێک دەچێت، و تا دێت لە سروشتی مرۆڤایەتی دوور دەکەوێتەوەو ناتوانێت کارامەیی و کەرەکتاری ئینسانی خۆی پەرە پێبدات. مارکس زیاد لە ۱۷۰ ساڵ لەمەوپێش نووسیبووی:
(کار بۆ دەوڵەمەندەکان شتە نایابەکان بەرهەم دەهێنێت، بەڵام بۆ کرێکاران بێبەشی بەرهەم دەهێنێت … کار بۆ دەوڵەمەندەکان جوانی بەرهەم دەهێنێت، بەڵام بۆ کرێکاران شێواوی. کار بۆ دەوڵەمەندەکان زیرەکی بەرهەم دەهێنێت، بەڵام بۆ کرێکاران گەمژەیی.).-(کرێکار تەنیا لە ئەرکە ئاژەڵییەکانیدا: کاتی خواردن و خواردنەوەو زاوزێکردن،، هتد، هەست بە خودی خۆی دەکات وەک ئینسان، ئەما لە ئەرکە مرۆییەکانیدا(کە کارکردنە)تەنیا ئەو هەستێکی هەیە بۆ لایەنی ئاژەڵی: ئەوەی ئاژەڵییە دەبێتە مرۆڤی، وە ئەوەی مرۆڤییە دەبێتە ئاژەڵی.)-What is animal becomes human and what is human becomes animal.)
لە دونیاێکی سەرمایەداری پڕ لە جەنگ و قەیراندا بوو، کە ۷۰ ملیۆن مرۆڤ کە مافی دەنگدانیان هەیە، ساڵی ۲۰۲٤ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکادا ترامپیان هەڵبژارد، وە شتێ کەمتر لە ۷۰ ملیۆنەکەی دی دەنگیان بە بایدن دابوو کە دیوەکەی ئەو دیوی دراوەکەیە. لە ڕاستیدا پێناسەێک بۆ ئەو نزیکەی ۱٤۰ ملیۆنە مرۆڤە لە(فریوودراو، ناهۆشیار و نامۆ) زیاتر، پێناسەێکی دی نییە. ئیدی ئاشکرایە دونیای ئەمڕۆکەی ئێمە پڕە لە مرۆڤی گرگنی نامۆی شوێن کەوتووی ئایدۆلۆژیاکان، کە وەک پارچە قوماشێک وایە، دراوە بەسەر چاویدا و ڕاستییەکان نابینێ.

لەمپەرەکانی بەردەم هۆشیاربوونەوەی چینی کرێکاران
سادەترین تێبینی بۆ هەرکەس ئەمڕۆکە ئەوەیە کە بڵێ:(چینی کرێکاران هۆشیار نین)-(چینی کرێکاران فریوخواردووی سیاسەتەکانی بۆرژوازین)، وە هەردوو تێبینیەکەشی دروستە. ئەمە لە ساتەوەختێکدایە کە دونیای سەرمایەداری ئەمرۆکە لە قەیرانێکی سەختی ئابووریدایە، جیهان خەریکە گلۆردەبێتەوە بۆ نێو ئاتوونی جەنگێکی ترسناک، و بۆرژوازی و دەسەڵاتدارانی پێشێلی مافەکان دەکەن و سەرکوت دەکەن.
ئەو پرسیارەی لێرەدا دەبێ هەر سۆسیالیستێک لەخۆی بکات ئەوەیە: بۆچی چینی کرێکاران هۆشیار نییە و شۆڕشی سۆسیالیستی ناکات؟!.
وجودی کۆمەڵایەتی چینی کرێکاران مەفروزە هۆشیارێکی شۆڕشگێڕی بەچینی کرێکاران ببەخشێ بەپێی ئەوەی:(بوونی کۆمەڵایەتی هۆشیاری کۆمەڵایەتی دیاری دەکات )، بەڵێ ئەوە دروستەو چینی کرێکاران ئیمکانیەتی گەیشتنیان بەو هۆشە سۆسیالیستییە هەیە، بەڵام کۆمەڵگەی سەرمایەداری چەندەها لەمپەر لەبەردەم ئەم ئیمکانییەتە دادەنێ. دەتوانین لەمپەرەکانی بەردەم هۆشیاربوونەوەی چینی کرێکاران دابەشکەین بۆ دوو کەتەگۆری:

١ / لەمپەرە ئۆبژەکتیڤەکان – ۲ / لەمپەرە سۆبژەکتیڤەکان
لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا(بە فیتشیسم بوون و بەنامۆیی بوون) لەمپەر لەبەردەم هۆشیاربوونەوەی چینی کرێکاران دادەنێن- لەمپەرە ئۆبژەکتیڤەکان، و چینی بۆرژوازی لەڕێگای گەلێ کەناڵەوە بیروباوەڕی خۆی زاڵ دەکات بەسەر کۆمەڵگەدا-(بیروباوەڕی زاڵ لە کۆمەڵگەدا بیروباوەڕی چینی دەسەڵاتدارە)- لەمپەرە سۆبژەکتیڤەکان. بۆیە چینی کرێکاران بەبێ کۆمەکی سۆسیالیستەکان ناتوانن تەنها خۆبەخۆی لە بەرئەنجامی ئەزموونەکانی خەباتی ئابووری خۆیان هۆشێکی چینایەتی شۆڕشگێریان چنگکەوێ، وەکاتێ بە درێژایی زیاد لە سەدساڵە سۆسیالیستەکان لاوازن، چەپی کۆن و چەپی نوێ چینی کرێکاریان بە هۆش و سیاسەتی بۆرژوازی ڕەونگاوڕەنگ گۆش کردووە.
“جۆرج لۆکاش”هەوڵیدا ڕۆڵی گرنگی حیزب لە هۆشیارکردنەوەی چینی کرێکاران و شۆڕشی سۆسیالیستیدا ڕوون بکاتەوەو دیفاع لەو تێزە بکات کە لە کتێبەکەی(مێژوو و هۆشیاری چینایەتی)هاتووە، لۆکاش نووسیبووی:(هەر جارێک هێرشێکی هەلپەرستانە دەکرێتە سەر دیالێکتیکی شۆڕشگێڕانە، لە ژێر ئاڵای”دژی سوبژێکتیڤیزم”دا بەرەوپێش دەچێت-(بێرنشتاین دژی مارکس، کاوتسکی دژی لینین.)،،، لەم ڕوونکردنەوەی خوارەوەدا دەیسەلمێنم کە لە ڕاستیدا ئەوەی لە مەترسیدایە هەمیشە پرسی ڕۆڵی حیزبە لە شۆڕشدا ،،،. کەواتە پێش هەموو شتێک زاراوەی سوبژێکتیڤ چی تێدەگەین؟. ،،، ئەرکی سوبژێکتیڤ لە پرۆسەی گەشەکردنی مێژوودا چییە؟.).- ۳.
بەڕای من کەموکورتی ڕونکردنەوەکەی لۆکاش لەوەدایە کە ئەو بەتەنها باس لە ڕۆڵی(سوبژێکتیڤ)ی- حیزبی کۆمۆنیستی و هۆشیاری چینی کرێکاران دەکات لە هەلومەرجەکەدا، و حیساب بۆ ڕۆڵی سوژەکەی دی کە ئەحزاب وئیدۆلۆژیەکان و سیاسەتەکانی بۆرژوازییەکانە ناکات، کە لەمپەر دادەنێن لەبەردەم هۆشیاربوونەوەی چینی کرێکاران و شۆڕش و گەشەی مێژوو. هەروەها ئەو پرسیارە لە خۆی ناکات کە ئایا ئەو حیزبانەی بە خۆیان دەڵێن کۆمۆنیست یان سۆسیالیست بەڕاستی هۆشیارێکی سۆسیالیستیان پێیە تا بیگەێنن بە چینی کرێکاران؟ وە ئایا پرۆژەی ئەو حیزبانە بەڕاستی دامەزراندنی دەسەڵاتی چینی کرێکاران و کۆمەڵگەی سۆسیالیسمە؟!.
——————————————————
سەرچاوەکان:
۱/ The Problem of Reformism and Marx’s Theory of Fetishism / CAROL JOHNSON
۲/ – کارل مارکس/ دەستنووسە ئابووری و فەلسەفیەکانی ساڵی ١٨٤٤ – کاری نامۆیی/ ئەرشیفی کارل مارکس لە ئینتەرنێت بە زمانی ئینگلیسی. – Economic and Philosophical Manuscripts of 1844. Karl Marx – Estranged Labour.
۳/ کێشەکانی هۆشیاری چینایەتی – ۱. سوبژێکتیڤیزم/ بەرگرییەک لە مێژوو و هۆشیاری چینایەتی – تایلزم و دیالێکتیک / جۆرج لۆکاش / وەرگێڕانی ئیستەر لێسلی لەگەڵ پێشەکییەک لەلایەن جۆن ڕیس و پۆستفەیس و سلاڤۆ ژیژەک/ لاپەڕە٥۰. Tailism and the Dialectic/Georg Lukacs – Translated by Esther Leslie
٤/ Marx and Alienation – Essays on Hegelian Themes – Sayers Sean -2011
٥/ ALIENATION, FREEDOM & COMMUNISM – RAJEEV KUMAR SEHGAL -(2016)- الاغتراب والحرية والشيوعية – راجيف كومار سيغال




ئۆردوگان خەونی ناسیۆنالیستەکانی کوردستانی پوچەڵکرد.. ئەکرەم سەعید

بانگەوازەكەی(ئۆجالان- بانگەوازی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیك)لە بەرواری ۲۷/۲/۲۰۲٥ بڵاوکرایەوە، بەڵام دوێنێ ۱۹/۳/۲۰۲٥؛ واتە تەنها دوای بیست ڕۆژ لەو گەمە و شانۆگەرییەی ئۆردوگان بۆ(ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیك)، دەسەڵاتدارانی تورکیا (ئەکرەم ئیمام ئۆغلۆ)یان دەستگیر کرد*.
هەر دوای بانگەوازەكەی ئۆجالان بە چەند ڕۆژێ ئەمە هەواڵەکانی ناوچەکەیە: کۆکوژی خەڵکی مەدەنی لە سوریا. شەڕ لە سنورەکانی سوریا و لوبنان. هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر یەمەن. هێرشی نوێی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە. مەترسی شەڕی نێوان میسر و ئیسرائیل، و ئەگەری هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر ئیران. ئیدی ئەو هەواڵانە خەونە وەنەوشەیەکانی ناسیۆنالیستەکان وچەپەکانی بە(ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیك)پوچەڵکرد.
ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە بڕێک لە مارکسی و کۆمۆنیستەکانی کوردستان گلەییان لەوە دەکرد کە بانگەوازەکەی ئۆجالان نابێتە مایەی پرۆسەی کۆتایهاتنی ستەمی میلی لە تورکیا!!.
(موساڵەحەی نیوان پەکەکەو تورکیا یەکسان نیە بە چارەسەری کێشەی کوردو هەڵگرتنی ئەو ستەمەی بەسەر خەڵکی کوردستانی تورکیاوەیە. هەرچەندە هەم پەکەکە و خودی ئۆچ ئالان و دەولەتی تورکیا و هەم ئەحزابە ناسیونالیستەکانی کورد و ڕۆشنبیرانی دەوروبەریان وا باس دەکەن کە ئەم ڕیکەوتنە کێشەی کورد چارەسەر دەکات، لەکاتێکدا نمونەی ڕێگاچارەی ئەمریکایی و ئیمپریالیستی بۆ کێشەی کورد لەکوردستانی عێراق کە بەرگی فیدراڵیزمی قەومی بەبەردا کرا، نەک کێشەکەی چارەسەر نەکرد، بگرە خەڵکی کوردستانی روبەڕوی چەندین کارەسات کردەوە. ئەم نمونەیە کە زۆر زیاترو واوەترە لەو ڕیکەوتن و موساڵەحەیەی کە بڕیارە لەنیوان پەکەکە و تورکیادا بەڕیوەبچێت، بۆیە بەدڵناییەوە بەهیچ جۆرێک کێشەی کورد نە لە تورکیاو نە لە سوریاو نە لە ناوچەکە وەک ئەوەی ئۆچەلان بانگەوازی بۆ دەکات، چارەسەر نابێ و وەک برێنێک بە جەستەی کۆمەلگاکانەوە دەمێنیتەوە و لە هەر گۆرانکاریەک کە لە بارودۆخ و هاوکێشە سیاسیەکاندا ڕووبدات، دوبارە سەرهەڵدەداتەوە. کێشەی کورد کاتێک دەتوانێ ڕێگایەکی سیاسی بۆ پەیداببێت کە سیستەمی سیاسی لەو ولاتانەی ئەم کێشەیەیان تێدایە، بگۆڕدرێ بۆ سیستەمێکی ئازاد و سکولاری نەقەومی و نەدینی وا کەفرسەتی گەرانەوە بۆ ڕای خەڵکی کوردزمان بڕەخسێننێ تا بڕیاری ئازادانە لەسەر داهاتوی خۆیان بەمانەوە وەیا جیابونەوە و پێکهێنانی دەولەتی سەربەخۆی خۆیان بدەن. ئەمەش ئەو بابەتەیە کە”پڕۆسەی ئاشتی لەتورکیا”دا، بەهیچ جۆرێک بەلایدا ناچێت.) – “پرسی ئاشتی” و مەسەلەی کورد لەتورکیا – گفتوگۆ لەگەڵ خەسرەو سایە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حزب/ ٢٢/٢/٢٠٢٥.
وە بەڕای ئاسۆ کمال بانگەوازەکەی ئۆجالان بۆ ئاشتی، دەبێتە مایەی نەمانی پاساوی تیرۆر بە دەست دەسەڵاتدارانی تورکیا بۆ سەرکوت و پەرتەوازەکردنی ڕیزەکانی چینی کرێکاران، و ئەمە کۆمەک بە هۆشیاربوونەوەو یەکگرتنی چینی کرێکاران دەکات.(پرۆسەی چەک دانانی پەکەکە دەستیپێکی قۆناغێکی نوێی سیاسی دەبێ بۆ کۆمەڵگەی تورکیا بەوەی دێوەزمەی بیانوی “تیرۆر” بەدەست دەوڵەتی تورکیاوە نامێنێ.)- “چەک دانانی پەکەکە بۆ تورکیا چی دەگەیەنێ؟” / ئاسۆ کمال – ۲۰۲٥-۳-۲ / هاوپشتی.
بۆ ڕای یەکەم پرسیارێک بکەین: ئایا لە هەرێمی کوردستانی ئێراق ستەمی میلی کۆتایی نەهاتووەو دەسەڵات بەدەست ئەحزابی ناسیۆنالیستی کوردەکانەوەیە؟ دەی باشە کاتێ سەرەڕای ئەوەی مووچە بە مامۆستایان و فەرمانبەران نادەن، و ئەو خەڵکە کرێکار و هەژارە بۆ داوای مافەکانییان خۆپیشاندانی مەدەنی دەکەن، لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە چی بەو خەڵکە دەوترێ؟ پێیان ناگوترێ(ڤایرۆس و میوانی ڕەزاگران)، و ئاسایشیان تێبەرنادەن و سەرکوتیان دەکەن.
بەڕای سۆسیالیستەکان دەسەڵاتداران(ناسیۆنالیستی:عەرەبی، تورکی، فارسی، کوردی) یان (سیکولاریستی یان ئایینی)بن، ئەو ڕەواڵەتە جیاوازانە ڕۆڵی سەرەکیان نییە، چونکە کاکڵەی دەسەڵات کە دەسەڵاتی چینی بۆرژوازییە گرنگە، نەک قسەی پڕوپووچی چەپی نوێ دەربارەی شوناسی جیاوازی ئەحزابەکانی بۆرژوازی.
(سیستەمێکی ئازاد و سکولاری نەقەومی و نەدینی) ئەم دەر‌بڕینه باوه‌ لای کۆمۆنیزمی بۆرژوازی، بەتایبه‌تی له‌ نێو نیقاشه‌کانیان، به‌کارییان ده‌هێنا بۆ وه‌سفی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی که‌ نیازه‌ پێکبێت دوای ڕیفراندۆم له هه‌رێمی کوردستاندا. “ده‌وڵه‌تێکی نەقه‌ومی و نەدیینی”ئه‌م ده‌ربڕینه‌ لەکوێوه‌ خوازراوه‌؟.
هه‌ڵبه‌ته‌ لەده‌زگای فکری مارکسیدا ده‌ربڕینێکی وا بۆ وه‌سفی ده‌وڵه‌ت بەکار نا‌یه‌ت، چونکه‌ لای مارکسیزم هه‌ویه‌تی چینایه‌تی ده‌وڵه‌ت ده‌رده‌خرێت، نه‌ک ڕواڵه‌تی ئیدۆلۆژی و ده‌ستوری ده‌وڵه‌ت. واته‌ مارکسیزم بۆ وه‌سفی ده‌وڵه‌تی بۆرژوازی گه‌ر دیموکراتی بوو، ده‌ڵێ:ده‌وڵه‌تی دیموکراتی بۆرژوازی، و گه‌ر ده‌وڵه‌ته‌که‌ فاشی بوو، ده‌ڵێ: ده‌وڵه‌تی فاشی بۆرژوازی. جۆری یه‌که‌م له‌ ده‌وڵه‌تی بۆرژوازی لە‌ناو مه‌کته‌به‌کانی زانستی سیاسی بۆرژوازی به‌”ده‌وڵه‌تی یاسا یان ده‌وڵه‌تی هاووڵاتی” ناوی ده‌برێت.
بۆچی هێنده‌ له‌م ناوو مانای چمکانه‌ وورده‌کاری ده‌که‌م؟!. چونکه‌ من وام ده‌زانی ئه‌وه‌ ته‌نها “گۆڕان”ه‌، که‌ بۆ سه‌ر لێشێواندن چمکه‌کان وه‌ک خۆیان ناڵێ، واته‌ له‌بری ئه‌وه‌ی بڵێ ئێمه‌ ده‌وڵه‌تی دیموکراتی بۆرژوازی ئامانجمانە، ده‌یان گووت ئێمه:”ده‌وڵه‌تی یاسا و ده‌زگاکانمان”ده‌وێت، به‌ڵام گۆڕان ئیدعای کۆمۆنیستی بوون ناکات، که‌واته‌ ئاساییه‌ گه‌ر دەر‌بڕینی دووه‌م بۆ وه‌سفی ده‌وڵه‌تی بۆرژوازی به‌کار بهێنێ، به‌ڵام کۆمۆنیزمی به‌ناو کرێکاری بۆچی په‌نا بۆ وه‌سف و ناوی ڕواڵه‌تی ده‌وڵه‌ت ده‌بات؟.
کۆمۆنیزمی ناکرێکاری نایه‌وێ بڵێ: ئێمه‌ ده‌وڵه‌تی دیموکراتی بۆرژوازی یان ده‌وڵه‌تی یاسا و هاووڵاتی دیموکراتی بۆرژوازی داده‌مه‌زرێنین، تا خه‌ڵکی سه‌رنجیان نه‌چێته‌ سه‌ر ناوه‌ڕۆکی چینایه‌تی بۆرژوازی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی که ئێستا حکککه‌ به‌خه‌ڵکی ده‌فرۆشێ، دوای ۲۰ ساڵ له‌ جاردان بۆ ڕماندنی ده‌وڵه‌تی بۆرژوازی، ئەمەش جۆرێکە لە فریودان و چاوبەست لە سیاسەتدا.
گرنگتر له‌وه‌سف و ناوی ده‌وڵه‌ت، ناوه‌ڕۆکی ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌”نەقه‌ومی و نەدیینی”یه‌ی حکککه‌ چی ده‌گه‌ێنێ؟ ئایا له‌ سه‌رده‌می سه‌رمایه‌داری وه‌حشیدا، له ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و جیهاندا، له‌ کاتی جه‌نگ و فه‌وزای به‌رده‌وامدا، چینی بۆرژوازی و سیاسه‌تمه‌داره‌کانی، کە ئه‌حزابی ده‌سه‌ڵاتدارانی سه‌رمایه‌ی پۆناپارتی مافیا ئاسان، ئایا ئەوانە چ جۆره‌ ده‌وڵه‌تێک داده‌مه‌زرێنن؟ ئایا ده‌وڵه‌تی( نەقه‌ومی و نەدیینی به‌پێی دەر‌بڕینه‌که‌ی حکککه،‌ و ده‌وڵه‌تی یاسا و هاووڵاتیبوون به‌پێی ده‌ڕبرینه‌که‌ی گۆڕان، و ده‌وڵه‌تی دیموکراتی‌ بۆرژوازی به‌پێی ده‌ربڕینی مارکسی)،‌ قابلی قبووڵه‌ لای ئه‌حزابی بۆرژوازی، که هه‌موویان ئه‌حزابی فاشین یان نیمچه‌ فاشیێکن؟!. وە ئایا کاری سۆسیالیستەکان و ئامانجیان ئەوەیە دەوڵەتی(دیموکراتی/ دەوڵەتی یاسا و دەزگاکانی بۆرژوازی)دامەزرێنن؟!.
بەڕاستی ئەحزابی کۆمۆنیستی ساڵانێکە هیچ ئامانجی دامەزراندنی کۆمەڵگەی سۆسیالیستیان نەبووە، بەڵکو چەپی کۆن کۆمەڵگە و سەرمایەداری دەوڵەتی،‌ و چەپی نوێ دەوڵەتی یاسا و کۆمەڵگەی دیموکراتی بۆرژوازی، ئامانجیان بووە.
بۆ ڕای دووەم: دوای جەنگی جیهانی دووەم زیاد لە سەد وڵات سەربەخۆ بوون و ڕزگاریان بوو لە دەسەڵاتی ئیمپریالیسم و ستەمی میلی کۆتایی هات، و بیانوی ژێردەستەیی و نەبوونی سەروەری و سەربەخۆی نیشتمان نەما بەدەست چینی بۆرژوازی و ئەحزابەکانیەوە. ئایا ئەوە نزیکەی زیاد لە حەفتا ساڵە دوای کۆتایی هاتنی ئیمپریالیسمی کلاسیکی، چینی کرێکارانی کام وڵات لە(ئاسیا، ئەفەریکا و ئەمەریکای لاتین)هۆشیاربۆتەوەو یەکگرتووە؟!. ئاخر هاوڕێ ئاسۆ بۆرژوازی پەکی دەکەوێت لە بیانوگرتن بۆ سەرکوت؟!.
بەڕاستی ڕاکەی”هیگل”دروستە:(زۆربەی مرۆڤایەتی سوود لە مێژوو وەرناگرن). ئاخر سۆسیالیستەکان لەم خولەدا باس لە دڕندەیی(بەربەریسمی)سەرمایەداری دەکەن، باس لە بوونی قەیرانی ئابووری لە ستروکتوری سەرمایەداری دەکەن، ئیدی هیچ ریفۆرم و بانگەواز و بەڵێنێکی ئەحزاب و سەرکردەی بۆرژوازەکان نابێ فریومان بدات، بەڵام بەڕاستی دەرکەوتووە کە زۆرێک لە خەڵک(سوود لە خوێندنەوەی تیۆر و مێژوو)وەرناگرن.
———————————————————

  • دەستگیرکردنی”ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو”وەرچەرخانێکی هەلومەرجی سیاسی مەترسیدارە لە تورکیادا، لەو ڕۆژەوە خۆپیشاندانی مەزنی ئۆپۆزیسیۆن لە شارە سەرەکییەکان بەردەوامە، و ئابووری تورکیا زیانی زۆر گەورەی بەرکەتووە(بەهای لیرە دابەزیوە: یەک دۆلار=٤۰ لیرە، و بۆرسە زیانی گەورەی کردووەو هەڵهاتنی سەرمایە لە وڵاتەکەدا). ئۆردوگان دوو شێوەی لەبەردمدایە بۆ مامەلەکردن لەتەک هەلومەرجەکەدا:
    ۱/ بەکارهێنانی فروفێڵ بۆ ڕازیکردنی خەڵک بۆ ئەوەی بە شێوازەکەی ئۆردوگان بۆ پاکتاوکردنی”ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو”ڕازی بن. ۲) بەکارهێنانی هێز بۆ ناچارکردنی خەڵک بۆ ئەوەی ملکەچ بن.
    ئایا ئۆردوگان و حیزبەکەی سەرکەوتوو دەبن لەم کارەیاندا؟ یان بە پێچەوانەوە(ئیمام ئۆغڵو)دەبێتە پاڵەوانێکی/ئایکۆنێکی/ سیمبولێکی نیشتمانی تورکیا، و دەبێتە مایەی شکستی ئۆردوگان. بەڕاستی هێشتا زووە ئەنجامی ئەم قەیرانە دەرکەوێت.
    سەرچاوەکان:
    1/Erdoğan’s move against main rival plunges Turkey into crisis –
    Ayla Jean Yackley in Istanbul and Andrew England in London/ Published – MAR 20 2025 – financial times. / هەنگاوی ئەردۆغان بەرامبەر ڕکابەری سەرەکی تورکیای خستە ناو قەیرانەوە – ئایلا جان یاکلی لە ئەستەنبوڵ و ئەندرۆ ئینگلتەرا لە لەندەن/ بڵاوکراوەتەوە – MAR 20 2025 – financial times.
    ۲/ بازاڕەکانی تورکیا لەگەڵ پاکتاوکردنی”ئەکرێم ئیمام ئۆغڵو” نوقمی قەیرانی قووڵبوون -(سەرچاوە: بلومبێرگ)/ ١٩ی ئازاری ٢٠٢٥. – Turkish Markets Sink Most in World as Erdogan Deepens / Bloomberg



پارادۆکس لە فەلسەفەی سیاسی مارکسدا – بەشی یەکەم.. ئەکرەم سەعید

فەلسەفە سیاسی مارکس و دێترمینیزم*

(دەقەکانی مارکس وەک شەمشەمەکوێرە وان: مرۆڤ دەتوانێت هەم باڵندە و هەم مشکیان تێدا ببینێت).-(پارێتۆ- لەلایەن ئۆلمان/ ساڵی ۱۹۷۱- وەرگێڕدراوە).

لەبەرئەوەی بیروکاری سیاسی بەململانێی چینایەتی کۆمەڵگەوە پەیوەندی هەیە، لێرەوە فەلسەفە سیاسییەکان بەپێی بەرژەوەندی ئەو چینەی نوێنەرایەتی دەکەن، لە پرنسیپەکان و ڕێبازەکانیاندا جیاوازن. بۆ نموونە کێشە سەرەکییەکانی فەلسەفەی سیاسی بۆرژوازی(کۆنسەرڤاتیڤسم و لیبڕالیسم) بریتین لەڕێکخستنی خەڵکی، بەجۆرێک کە ئەندامانی کۆمەڵگە ملکەچی دەسەڵاتی سیاسی چینی بۆرژوازی بکەن، بەڵام فەلسەفەی سیاسی سۆسیالیستی هەوڵی هۆشیارکردنەوەو ڕێکخستنی چینی کرێکاران دەدات تا شۆڕش بکەن بەسەر دەوڵەتی بۆرژوازەکانداو دەسەڵاتی کرێکاران دابمەزرێنن.
بە بۆچوونی مارکس فەلسەفەی سیاسی سۆسیالیستی پێش خۆی، دابڕاوبوون لە لێکۆڵینەوەی زانستی کۆنکرێتی، و لەپراکتیکدا پەیوەندییان بەخەباتی چینی کرێکارانەوە نەبووە، بۆیە مارکس لە ڕەخنەی تیۆری کۆمەڵایەتی و ئابووری سیاسیدا، ئەوانی تێپەڕاند، بەڵام خوێنەرە وردبینەکان لە دەقەکانی فەلسەفەی سیاسی مارکسدا، کۆمەڵێک ڕوونکردنەوەو چەمکی دژ بەیەک/ پارادۆکسی تێدا دەدۆزنەوە.
مشتومڕ سەبارەت بە فەلسەفەی سیاسی مارکس، بووەتە هۆی ناکۆکی نێوان سۆسیالیستەکان کە ئایا کام ڕوایەت/ خوێندنەوە بۆ دەقەکانی، مەبەستی مارکس بە دروستی دەخاتە بەردەست.
پێدەچێت زوڵم بێت فەلسەفە سیاسییەکەی مارکس، کە لە هەموو ڕەوتێکی تری فەلسەفەی سیاسی هاوچەرخ شۆڕشگێڕترە، بەوە ڕەخنەی لێ بگیرێ کە پارادۆکسە. لەڕاستیدا مارکس فەلسەفە سیاسییەکەی لە یەک کتێبدا کۆنەکردوەتەوەو پێشکەشی بکات، بەڵکە بەدرێژایی چالاکی نووسین و سیاسیەتکردنی، پرنسیپەکانی فەلسەفە سیاسییەکەی داڕشتووە. مارکس هەرگیز بە شێوەیەکی سیستماتیک پەرەی بە فەلسەفە سیاسییەکەی خۆی نەداوە، لێرەوە خوێندنەوەی بەرهەمە سیاسیەکانی مارکس، کە بە ڕواڵەت هارمۆنییە و مەحاڵە لێک جیابکرێنەوە، بووەتە هۆی ئەوەی ئەنجامگیری زۆر جۆراوجۆری جیاوازو دژ بەیەکی لێ بکرێ، واتە دەقەکانی مارکس فرە گوتارەو لە هەندێ جێگادا پەرەدۆکساڵە.

فەلسەفەی سیاسی مارکس و دێترمینیزم*
ئەگەرچی مارکس و ئەنگلس هۆشداریدەدەن کە(مانیفێست بووەتە بەڵگەنامەیەکی مێژوویی کە ئێمە چیتر مافی گۆڕینیمان نییە.) – مارکس و ئەنگڵس – پێشەکی بۆ چاپی ئەڵمانی ٢٤ی حوزەیرانی ١٨٧٢، لەندەن. بەڵام بڕێک لە مارکسیستەکان تا ئەمڕۆکەش، دەگەڕێنەوە بۆ بەکارهێنانی هەندێ دربڕین و ڕستەی نێو مانیفێست، کە ماناێکی دێترمینیزمی دەبەخشێ.
یەکێک لەو پەرەگرافانەی نێو”مانیفێست”کە بۆتە هۆی ئەوەی مارکس بە(دێترمینیزم) تاوانبار بکرێ ئەم دەربڕینەیە:(بەمجۆرە پێش هەر شتێک، ئەوەی بورژوازی بەرهەمیدەهێنێت گۆڕهەڵکەنانی خۆیەتی؛ ڕووخانی بورژوازی و سەرکەوتنی پڕۆلیتاریا، وەکوو یەک مسۆگەرە.)- مانیفێست – لاپەڕە ۲٤ – هاوڕێ موسلح وەرگێڕانەکەی لە زمانی ئینگلیسیەوە کردووەو بەراوردیشی کردووە بە زمانی سویدی.
وشەی: inevitable – oundviklig – unvermeidlich – بە ئەڵەمانی و ئیگلیسی مانای:”ڕێگری لێناکرێت – حتمي / لا مفر منه” دەگەێنێ.
پارادۆکسەکە لێرەدا ئەوەیە کە خودی”مانیفێست” بۆ ڕێکخراوێکی نێونەتەوەی کۆمۆنیستەکان نووسراوە؛ واتە هەوڵی کۆمۆنیستەکان بۆ هۆشیارکردن و ڕێکخستنی چینی کرێکاران یەکبخات بۆ گۆڕانی کۆمەڵگەی سەرمایەداری، یانی تا سوژە(کە چینی کرێکارانە)بتوانێ شۆڕشی سۆسیالیستی بکات، بەم مانایە مارکس بڕوای بەوە هەبووە کە ڕۆڵی سوژە گرنگە لە گۆڕانی مێژوودا. لێرەدا یەکەم شت مرۆڤ بە مێشکیدا دێت ئەوەیە: ئەی کەواتە چۆن(ڕووخانی بورژوازی و سەرکەوتنی پڕۆلیتاریا، وەکوو یەک مسۆگەرە) یانی حەتمییە!، ئەگەر داڕمانی سەرمایەداری و دەسەڵاتی چینی بۆرژوازی و سەرکەوتنی چینی کرێکاران یاساێکی سروشتی و جەبری مێژووەو حەتمییە، ئیدی ئێمە خۆمان بۆ ماندوو بکەین؟!.
فەلسەفەی سیاسی سۆسیالیستی دەبێ ئەو سیناریۆیەی مارکس نووسیبووی دەربارەی شۆڕشی سۆسیالیستی چینی کرێکاران جارێکی دی بەشێوەێکی واقیعی بنووسێتەوەو ڕزگاری بێت لە ڕوانگەی دێترمینیزمی‪.‬
من بڕوام بەوە هەیە کە ئەوکاتەی چینی کرێکاران، لە هەلومەرجێکی شۆڕشگێڕیدا، بەکۆمەکی سۆسیالیستەکان(هۆشیاربوونەوەو یەکگرتووبوون)، ئەوکات شانسی شۆڕشی سۆسیالیستییان هەیە، لێرەوە ئەگەری هەیە کە شۆڕشی سۆسیالیستی دەسەڵاتی چینی بۆرژوازی تێک بشکێنێ و کۆمەڵگەی سۆسیالیستی دابمەزرێنێ، بۆیە دروسترە باس لە(شانس و ئەگەر)بکەین نەک مسۆگر/ حەتمی. من هاوڕای بەشێک لە سۆسیالیستەکانم کە دەربڕیینەکەی ‪”‬ڕۆزا‪”‬ بە دروست دەزانن‪:‬(یان سۆسیالیسم یان بەربەریسم ***)، چونکە ئەم دربڕینە دوو ئەگەر نیشان دەدات لەبەردەمی مرۆڤایەتیدا، و ئێستاکە ئێمە لە نێو خولی سەرمایەداری دڕندەدا ژیان بەسەر دەبەین.

بۆچی دەربڕینی دێترمینیزمی نێو مانیفێست دروست نییە؟!.
چونکە بە دیوێکیدا هەوڵ و گەمەکانی چینی بۆرژوازی بۆ پارێزگاری لە سیستەمی سەرمایەداری و دەسەڵاتەکەی؛ واتە ڕۆڵی لایەنی زاتی(سوژەکەی دی کە دژە شۆڕشی سۆسیالیستییە – چینی بۆرژوازی) ناخاتە حیسابی خۆیەوە. لەڕاستیدا چینی بۆرژوازی بەهۆی گوتاری ئایدۆلۆژی ناسیۆنالیستی وئایینی و ڕەگەزپەرستییەوە، توانیویەتی چینی کرێکاران پارچەپارچەک بکات و فریویان بدات، وە سۆسیالیستەکانیشی لاوازکردووە، وە بەهۆی سەندیکای زەردەوە، چینی کرێکاران تەنها خەبات بۆ داوای مافی ئابووری سەندیکای دەکەن، و ئەوە زیاد لە سەد ساڵە ئەم خەبات هێندە نەچووەتە پێش تاببێتە هۆشیاری سیاسی سەربەخۆی سۆسیالیستی.
وە بە دیوەکەی تریدا، دێترمینیزمی مارکسی ئەگەری ئەوەی لەبەرچاو نییە کە ڕۆڵی فاکتۆری بابەتی(گەشەی سەرمایەداری: تەکنەلۆژیا نوێ، و قەیرانی ئابووری و قەبەبوونی سەرمایەی وەهمی لەم سەردەمەدا)، دەشێ درگاێک بکاتەوە بۆ قووتاربوونی سیستەمی سەرمایەداری بە لەمپەردانان لەبەردەم پەیدابوونی هەلومەرجی شۆڕشگێڕی، یان حیساب بۆ ئەوە ناکات کە ئەو فاکتۆرە بابەتییانەی سەرەوە کۆمەڵگەی سەرمایەداری، بەهەردوو چینەکەوە، بەرەو داڕمان و فەوتان ببات.
هیوادارم ئەم کورتە وتارە کۆمەکی بەو خەڵکانە بکات کە بیردەکەنەوەو بەدوای ڕاستیدا دەگەڕین.


  • پارادۆکس بریتییە لە ناتەبایی لە نێوان ئەوەی تیۆرێک باسی دەکات و ئەوەی عەقڵ چاوەڕێی لێدەکات یان لە بەکارهێنانی بنەما و ڕێسای گشتی پەسەندکراو و بەڕواڵەت دروست، کە دەبێتە هۆی دژایەتی چاوەڕواننەکراو یان لێدوانی بە ڕواڵەت نالۆژیک و ناعەقڵانی. یان پارادۆکس بە دەڕبڕینێک دەوترێ کە بە پێوانەی لۆژیکی لەگەڵ خۆیا ناتەبا بێت، یا ڕێگایەک بگرێتە بەر پێچەوانەی چاوەڕوانییەکان.
    ** دێترمینیزم(به انگلیسی: Determinism)‪:‬ لە فەلسەفە و زانستدا، ئەو تێزەیە کە هەموو ڕووداوەکانی کۆمەڵگە و مێژوو، بە بڕیارو کردارەکانی مرۆڤیشەوە، لەڕووی هۆکارەوە بەلایەوە حەتمییە.
    *** کاوتسکی ١٨٩٢ دەنووسێ: یان دەبێت بچینە پێشەوە بۆ ناو سۆسیالیزم یان بکەوینەوە ناو بەربەرییەت(es heißt entweder vorwärts zum Sozialismus oder rückwärts in die Barbarei).
    لۆکسمبۆرگ ١٩١٥ دەنووسێ: یان گواستنەوە بۆ سۆسیالیزم یان پاشەکشە بۆ بەربەرییەت(entweder Übergang zum Sozialismus oder Rückfall in die Barbarei).
    “مایکل لۆوی” لە وتارێکی ئەم دواییەدا پێشنیاری ئەوە دەکات کە ڕەنگە لۆکسمبۆرگ ئاماژەی بەم بڕگەیە کردبێت لە کتێبی”دژە دورینگ”دا:(هەم ئەو هێزە بەرهەمهێنەرانەی کە شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری مۆدێرن دروستی کردووە و هەم سیستەمی دابەشکردنی کاڵا کە لەلایەن ئەوەوە دامەزراووە، کەوتوونەتە دژایەتی لەگەڵ خودی ئەو شێوازە بەرهەمهێنانە، و لە ڕاستیدا تا ڕادەیەک کە ئەگەر هەموو کۆمەڵگای مۆدێرن لەناو نەچێت، دەبێت شۆڕشێک لە شێوازی بەرهەمهێنان و دابەشکردندا ڕووبدات).
  • سەرچاوەکان:
    1/Marxism And the Paradox of Contemporary Political Thought Stanley Rothman – مارکسیزم و پارادۆکسی بیری سیاسی هاوچەرخ / ستانلی ڕۆتمان
    2/ Philosophy and Progress – KARL MARX’S CONTRIBUTION TO SOCIAL AND POLITICAL PHILOSOPHY
    3/ SIMON CLARKE Althusserian Marxism
    4/ Cyril Smith 1998 / Marx’s Critique of Political Philosophy
    5/ Karl Marx’s Political Epistemology – Subjectivity, abstraction and the state in the writings o f the early 1840s – James Martin Mclvor
    6/ The development of Marx’s social and political theory
    7/ David McLellan’s:Marx Before Marxism



سەرمایەی وەهمی و ساختەکاری.. ئەکرەم سەعید

”ئادەم سمیس ڕای وابوو کە سەرمایەی وەهمی ئابووری بە باڵەکانی دایدالۆسەوە کە لە دراوی کاغەز دروستکراوە هەڵدەواسێ” 1/
حیزبی دیموکراتی ئەمەریکا بەڵێنی خۆشگوزەرانی ئابووری و ئاشتییەکی بەردەوامیان ددەدا بە چینی کرێکاران، بەڵام ئەم حیزبە نیولیبرالە(کە پارتی پارێزگاران پێیان دەڵێن چەپ)ئازادی و خۆشگوزەرانی بە بازاڕی ئازادەوە دەبەستەوە. زۆری نەخایاند دەرکەوت پشتگیری ئەمریکا بۆ ئۆکراینا دژی ڕوسیا و ئیسرائیل دژی حەماس، جیهانێکی ئارامتر و سەقامگیرتری لێنەکەوتەوە، وە بایدن کە بازاڕی ئازادی بەرەوپێش دەبرد، لەبری ئەوەی “ئاشتی لە ڕێگەی خۆشگوزەرانییەوە” بەدەستبهێنێ بۆ جیهان، تەنیا ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکانی وروژاند و جیهان ناسەقامگیرتر بوو.
ئەما پارتی پارێزگاران بە سەرۆکایەتی ترامپ نەک تەنها ئەمەریکا، بەڵکە سەرتاپای جیهانی بە بڕیارەکانی دووچاری”شۆک و تۆقان”کردووە. ترامپ هەندێ کێشە و جەنگ چارەسەر دەکات، بەڵام درگای لەبەردەم گەلێ کێشە و جەنگ کردۆتەوە. سیاسەتی ترامپ لە لۆژیکێکی ڕاستڕەوانەوە(ماف بۆ بەهێزە) و “ئاشتی لە ڕێگەی هێزەوە”، وەک بازرگانێک گرێبەست دەکات. ئیدی لێرەوە چاوەڕێین کە چوار ساڵ لەتەمەنی سەرۆکایەتی ترامپ دونیا لە لایەێک بەرەو ڕاست وەرچەرخێ، وە لەلاکەی دی بەرەنگاری دژی سیاسەتی ڕاستڕەوی زیاد بکات.
بەرنامەی “چاودێری نایەکسانی” لە ئەمەریکادا، سەرنجی ئەوەی دابوو کە سەد ساڵ لەمەوپێش سەرمایەدارە پیشەسازییەکانی/ نەهەنگەکانی بازاڕ و سەرمایەی وەک(جۆن پێرپۆنت مۆرگان و جۆن دی رۆکفێلەر) وڵاتیان بەڕێوە دەبرد، بەڵام ئەمڕۆکە نوخبەی تەکنەلۆژی(ئیلون ماسک خاوەنی تیسلا، ماڕک زەکەربێرگ خاوەندارێتی کۆمپانیای ئەمریکی مێتا/فەیسبووک، جێف بیزۆس کۆمپانیای ئەمازۆن و سوندار پیچای بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای گووگڵ)لە ساتی ئاهەنگی دەستبەکاربوونی ترەمپ، لە کورسیەکانی ڕیزی پێشەوە دانیشتبوون. لە ڕێڕەوی هەڵمەتی هەڵبژاردن، دۆناڵد ترەمپ و بزووتنەوەی ماگا چەندین جار خۆیان وەک نوێنەری ڕاستەقینەی چینی کرێکاری ئەمریکی نیشانداوە، بەڵام دیمەنی ڕۆژی دەستبەکاربوونی ترەمپ لە کاپیتوڵ، ئیدارەی ترەمپ پڕە لە ملیاردێر و ئۆلیگارشی کۆمپانیاکان کە سامانە سەرسوڕهێنەرەکانیان ساڵ لە دوای ساڵ زیاد دەکات.
ئایا ئەم دیمەنە شتێک لە تایبەتمەندی سەرمایەداری سەردەمی ئێمەمان پێ دەڵێت؟!.
خەڵکی سەردەمی سەرمایەداری ئێمە لە بێ کاتی و بێ حەوسەڵەیی، ژیانی ڕۆژانەیان لەچاو نەوەی پێشوو، سیفەتی خێرایی وەرگرتووە(خواردنی خێرا، سناپ چات و سناپ كاش). زۆربەی خەڵکی کات و ئارەزووی نییە و دارایی نزمە بۆیە خواردنی تەندروستی کە کاتی دەوێ بۆی گونجاو نییە، لەبری پەنا بۆ خواردنی ماکدۆناڵز و نۆدلز دەبات، هەروەها خوێندنەوەی کتێب، جگە لە ئەکادمییەکان، دەنا زۆربەی خەڵکی کاتی نییە و بۆیان مایەی سەرئێشەیە، بۆیە سەردەمی خوێندنەوەی کورتە پۆست و قسەی بێ ناوەڕۆکە، ئەمە ئەنجامەکەی دەمان گەێنێ بە(کۆمەڵگەی هۆش و ئارەزووی نزم). گەر ئەمە سیفاتی کۆمەڵایەتی ئێستا بێ، ئەوا لە بازاڕدا باوی قازانج و پوڵی خێرایە – سناپ كاش. ئیدی سەرمایەی وەهمی لەم سەردەمەدا لە هەموو کات زیاتر تۆڕەکانی پانوپۆڕتر بووەو جۆرەکانی فرەچەشن بووە.
مارکس وەک زاناێکی ئابووری لەم سەردەمەی ئێمەدا، لە باسی سێ بابەتدا:(قەیرانی ئابووری، گەشەی ئامێرو بە ئۆتۆماتیکی بوونی پرۆسەی بەرهەمهێنان، سەرمایەی وەهمی) ئامادەیە لەتەکماندا، چونکە ئەو بناغەی شرۆڤەی ئەو باسانەی داڕشتوە. بۆیە بەتایبەتی کاتێ باسی(سەرمایەی وەهمی)بکەین، ناکرێ نەگەڕینەوە بۆ مارکس، دەنا باسکردنەکەمان کەموکورت دەبێ. بۆیە بۆ لێکۆڵینەوە لە سەرهەڵدانی”سەرمایەی وەهمی”و گەشە و پانوپۆربوونی تۆڕەکانی لە پانتایی جیهاندا، سەرتا دەبێ بگەڕێینەوە بۆ ڕەخنەی مارکس لە ئابووری سیاسی کلاسیکی بۆرژوازی.
مشتومڕ سەبارەت بە هۆکاری داڕمانی بازاڕی بۆرسە و دراوی کریپتۆ لەم دوو ڕۆژەدا، پرسیاری چەندایەتی ڕۆڵی فاکتۆری بڕیارەکان حکومەتەکانی بۆرژوازەکان و گەمەکانی بانکەکانی ناوەندی بە بازاڕی دارایی وەک سەرچاوەێکی سۆبژەکتیڤ لە قەیرانی سەرمایەداریی ئێستادا، کردۆتە پرسیارێک سەبارەت بە مانای تیۆری قەیرانی سەرمایەداری مارکس، ئەم کورتە وتارە بەشدارییەکە لەو مشتومڕەدا.
بۆ نووسەرانی لیبڕاڵ لە قوتابخانەی ئابووری سیاسی کلاسیک، سەرمایەی وەهمی بە واتای دروستکردنی سەرمایەیە بە شێوەی”دراو” لە ڕێگەی سیستەمی قەرزەوە، بەبێ ئەوەی هیچ سەرچاوەێکی ڕاستەقینەی بەنرخی هاوتای هەبێ لەسەر زەوی. سەرمایەی وەهمی زاراوەیەکی سووکایەتیپێکردنە، لەگەڵ گومان لە فێڵی بەردەوام بە بەکارهێنانی قەرزی نوێ بۆ توانای ئەوەیان هەبێت قەرزە کۆنەکان بدەنەوە.
بەو مانایەی سەرەوە سەرمایەی وەهمی چمکێکە، ئابووریناسەکانی بۆرژوازی بە چەندەها ساڵ پێش مارکس باسیان کردووە، بەڵام مارکس لە کتێبی کەپیتاڵدا- بەم جۆرە باسی پرسەکە دەکات:
(شیکارییەکی وردی سیستەمی قەرز و ئەو ئامرازانەی کە پارەی قەرز بۆ خۆی دروستی دەکات، لە دەرەوەی بازنەی پلانی توێژینەوەکەدایە، ئێمە لێرەدا بە جەختکردنەوە لەسەر چەند خاڵێک خۆمان ڕازی دەکەین، بۆ ئەوەی بە گشتی تایبەتمەندی شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری بزانین، خۆمان لە مامەڵەکردن لەگەڵ بابەتی بازرگانی و بانکیدا سنووردار دەکەین. سەبارەت بە پەیوەندی نێوان گەشەپێدانی ئەم دووانە و پەرەپێدانی قەرزی گشتی، دەکەوێتە ژێر ڕەچاوکردنی ئێمە.
پێشتر لە سەرمایە، کتێبی یەکەم، بەشی سێیەم (ب)دا نیشانم داوە کە چۆن پارە وەک ئامرازێکی پارەدان لە سووڕانەوەی سادەی کاڵاکانەوە سەرهەڵدەدات و لەگەڵیدا پەیوەندی قەرزدەر و قەرزکەر لە نێوان بەرهەمهێنەرانی کاڵا و بازرگانی کاڵادا سەرهەڵدەدات. هاوتەریب لەگەڵ گەشەسەندنی بازرگانی و پەرەسەندنی شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری، کە لەژێر ئەو شێوازەدا بەرهەمهێنان تەنها لە پێناو سووڕانەوەدا ڕوودەدات، ئەم بنەما سروشتییەی قەرزکردن فراوان دەبێت و گشتگیتر دەبێت ،،،.).- بڕوانە( بەرگی سێیەم: پرۆسەی بەرهەمهێنانی سەرمایە بە گشتی/ وەرگێڕان: د. فالح عەبدولجەبار/ بەشی بیست و پێنج / قەرز و سەرمایەی وەهمی/ لاپەڕەی ٤٦٤).
بەم مانایە لای مارکس سەرمایەی وەهمی کۆمەڵێک سەرمایەی پارەی قەرزکراوە(LMC)، لەبەردەستدایە کە پەیوەندی نێوان قەرزدەر و قەرزوەرگر، تێیدا ڕوودەدات. لە گروپی سەرمایەی قەرزدا، سەرچاوە و بەکارهێنانی پوڵە قەرزکراوەکان هیچ پەیوەندییەکیان نییە، چونکە نیگەرانییەکە لە دڵنیابوونە لە گەڕاندنەوەی پارەکە و لەگەڵ بەدەستهێنانی “سوود”ە کە بتوانای مسۆگەری بکات. بەڵام هەر لەبەر ئەم هۆکارە، مارکس دەستەواژەی سەرمایەی پارەی قەرزکراو(LMC)ی بەکارهێناوە بۆ وەسفکردنی کارکردنی بازاڕەکانی پارە بە گشتی، کە ئەرکە بنەڕەتییە جیاوازەکانی دراو وەک پوڵ کە ئامرازێکی ئاڵۆگۆڕە، وە دراو وەک سەرمایە، لە یەک بازاڕدا کۆدەبنەوە، کە ڕێژەی سوود دیاری دەکات(لانی کەم بە شێوەیەکی ئەبستراکت).
هاوکێشەی(پوڵ-کاڵا-پوڵ) ئەمە بازنەی سەرمایەدارییە لە پڕۆسەی بەدەستهێنانی قازانجی سەرمایەی کەرتی پیشەسازی و بازرگانی، بەڵام سەرمایەی وەهمی هاوکێشەی(پوڵ- پوڵ)ە، واتە ئاڵوگۆڕی پوڵ، کە دەتوانێ سوود و قازانجی چنگ کەوێ بەدوور لە پرۆسەی بەرهەمهێنان و ئاڵوگۆڕی کاڵاکان(یانی لە دەرەوەی پرۆسەی بەرهەمهێنانی ڕاستەقینەوە).
(پوڵ-کاڵا): سەرمایەدار بە پوڵەکەی مەوادی خام و هێزیکاری کرێکاران دەکڕێ، لەم بەشەدایە لە نێو پڕۆسەی بەرهەم هێناندا زێدەبایی بەرهەم دێ، دواتر سەرمایەداران کاڵای بەرهەمهاتوو دەگۆڕنەوە بە پوڵ(کاڵا-پوڵ) کە هەڵگری(زێدەباییە)، کە وەک قازانج دەردەکەوێت لە ئاڵۆگۆڕی بازاڕدا. ئەم بازنەیە لە سەرمایەی وەهمی بێ پرۆسەی کارە بۆ بەرهەهێنانی ڕاستەقینەی کاڵا(واتە بێ پرۆسەی بەرهەمهێنانی کاڵایە کە هەڵگری زێدەباییە)، بەڵکە تەنها ئاڵوگۆڕی جۆرەکانی(دراو، دراوی کریپتۆ، پشکی کۆمپانیاکان، قەرز،، هتد) کە هەڵگری سوودە، ئەو سوودەی کە لە دواجاردا بەشێکە لە کۆی زێدەبایی بەرهەم هێنراو.
مارکس بەم جۆرە لەم چەند دێڕەدا وەسفی سەرمایەی وەهمی دەکات:
”بەم شێوەیە هەموو پەیوەندییەک لەگەڵ پرۆسەی ڕاستەقینەی کەڵەکەی سەرمایە تا دوا شوێنەوار لەدەست دەچێت، و بەو هۆیەوە چەمکی سەرمایە وەک شتێک کە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی خۆی فراوانتر دەکات بەهێزتر دەبێت . . . ڕەنگە کەڵەکەبوونی سامانی ئەم چینە[سەرمایەدارە پارەدارەکان] بەئاراستەیەکی زۆر جیاواز لە کەڵەکەبوونی ڕاستەقینەدا بەرەوپێش بچێت . . . جگە لەوەش لێرەدا هەموو شتێک پێچەوانە دەردەکەوێت، بەو پێیەی هیچ نرخێکی ڕاستەقینە و بنەمای ڕاستەقینەی ئەوان لەم جیهانە کاغەزییەدا دەرناکەون، بەڵکو تەنها دراو، دراوی کانزا، کۆمپیالات،، هتد. بە تایبەتی لەو ناوەندانەی کە هەموو بازرگانی پارەی وڵاتەکە تێیدا چڕبۆتەوە، وەک لەندەن، ئەم ڕەنگدانەوەیە بە ئاشکرا دەردەکەوێت؛ تەواوی پرۆسەکە دەبێتە شتێکی نامەفهوم.”. (سەرمایە/ مارکس- ڕەخنە لە ئابووری سیاسی- بەرگی سێیەم: پرۆسەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری – لاپەڕە ٥٤٩، ٥٦١، ٥٧٦/ بەزمانی ئینگلیسی).
مارکس هەوڵی داوە خۆی لە دیاردەکانی ساختەکاری و کاری نایاسایی و نائەخلاقی سەرمایەداران(خاوەنداریەتی دزییە) بەدوور بگرێ، و زیاتر شیکاری بۆ پەیوەندی کار و سەرمایە و یاساکانی ڕەوتی گەشەو قەیرانەکانی سەرمایە کردووە. لەتەک ئەوەشدا مارکس بەکورتی باسی لە سەرمایەی خەیاڵی کردووە، کە بنەمای شرۆڤەی سۆسیالیستەکانە بۆ دیاردەی سەرمایەی مالی و بۆرسە و قەرز و سەنەدات و ئەسهم، کە لەم سەردەمەدا(سەرمایەی کازینۆ) بەشکی بەرچاوی سەرمایەیە. (شیکاری سەرمایەی وەهمی مارکس، تاڵەکانی سەرمایەی ڕاستەقینە و دراویی، بۆ تیۆری قەیران بەیەکەوە دەبەستێتەوە.) – سەرمایەی خەیاڵی و تیۆری قەیران – مایکل پێرێلمان/ ٢٠٠٨.
دەبێ ئەوە بڵێین کە لە چەند دەیەی ڕابردوودا کەرتی بانکی و دارایی(سەرمایەی وەهمی) پەرەسەندنێکی مەزنی بەخۆیەوە بینیوە، لەوە زیاتر کە مارکس یان هەر نووسەرێکی تری سەدەی نۆزدەهەم خەیاڵی کردبوو. کەواتە گەر بمانەوێ سوود لە تیۆری مارکس بۆ قەیرانی سەرمایە وەرگرین، دەبێ لە باسەکانی مارکس دەربارەی سەرمایەی خەیاڵی/ وەهمی تێبگەین؛ چونکە بەبێ شیکاری دروست بۆ ڕۆڵی سەرمایەی وەهمی لە دونیای ئەمڕۆدا، مەحاڵە لە قەیران و ئاقاری سیستەمی سەرمایەداری سەردەم تێبگەین، بەتایبەتی ئەمرۆکە سەرمایەی وەهمی زۆر قەبە بووە، بۆ نموونە:

  • (تەنها سێ کۆمپانیای ئەمریکی “Nvidia, Apple و Microsoft / نيفيديا، أبل و مايكروسوفت” بەهای بازاڕیان لە هەموو بازاڕی بۆرسەی چین زیاترە.) سەرچاوە: ئەمریکا و پێوەرەکانی سەراب – سەرمایەداری گازینۆ لە سۆسیالیزمی پیشەسازی دەباتەوە! الصين بالعربية X – 8 juni 2024.
  • براون و هاوکارانی(2017)، لە ڕووپێویکردنی ئەوروپا، لێکۆڵینەوە لە گەشەی زەمانەتنامە داراییەکان بۆ بەرهەمی ناوخۆیی گشتی دەکەن، و دەبینن کە پشکەکانی FIRE (نێوەندگیری دارایی، بیمە و خانووبەرە) هەڵکشاوە، و بەشداریکردنی دارایی لە بەرهەمی ناوخۆیی لەچاو کەرتی بەرهەمهێنان، زیادبووە.
  • دەیڤس و والش لە(2016)دا ڕۆڵی حکومەتی بەریتانیا لە دابەزینی پیشەسازی و بەرزبوونەوەی دارایی ئاشکرا دەکەن، لە کاتێکدا وانگ لە (2015)دا دەڵێت: دەوڵەتی چین بۆتە “دەوڵەتی خاوەن پشکەکان”.

سەرمایەی وەهمی و ساختەکاری
لە کۆتاییدا سەرمایەداری بە فڕێدانی دەمامکەکانی، ئەم سیستەم و دەسەڵاتە نەفرەتییە ڕوی ڕاستەقینەی خۆی دەرخست. دەمامکەکانی سەرمایەداری مژدەی خۆشگوزەرانی و سەردەمی زێڕینی بە چینی کرێکاران و هەژاران دەدا، و مۆسیقا و سروودی خۆشەوستی و ئاشتی لە لێوەکانییەوە دەچڕی، بەڵێنی سەقامگیری و پێشکەوتوخوازی نوێ دەکردەوە، بەڵام لە کۆمەڵگەدا ساڵ بە دوای ساڵ هەژاری و ساختەکاری و کۆنەپەرستی و جەنگ و تیرۆر زیادی کردووە.
دانتێ لە کتێبی”کۆمیدیای ئیلاهی”دا وەسفی “گێریۆن”ی ساختەکار بەم شێوەیە دەکات:
ئەو دەموچاوەی پیشانی دەدا، دەموچاوی پیاوێکی دادپەروەر بوو،
ڕواڵەتی دەرەوەی سیماکانی زۆر بەخشندە بوون؛
و باقی قەدو باڵای جەستەی مارێک بوو
هەموو کلکی لە بۆشاییەکەدا دەلەرزان
لە کاتێکدا نوکە ژەهراویەکەی بەرەو سەرەوە دەپێچایەوە،
هەر وەکو کلکی دووپشکێک
ئەم وێنەیە سروشتی ساختەکاری بە باشی دەردەخات. قوربانییەکان دەبنە نێچیری وێنە و ڕوخساری چاکەی ساختاکارەکان، دواتر بەهۆی ئاڵۆزییەکانەوە سەرییان لێ دەشێووێ و دەکەونە چنگی شتێکی چاوەڕواننەکراوەوە، پێش ئەوەی نوکە ژەهراوییەکان پێیانەوە بدات.
دادگای تاوانەکانی تورکیە بڕیارێکی بێ وێنەی لە دژی دامەزرێنەری سیستەمی دارایی ساختەی ناسراو بە “بانکی کێڵگە”، مەحەمەد ئایدن ناسراو بە “توسونجوک” دەرکرد. سزای زیاد لە ٤٥ هەزار ساڵ لە زیندانی بەسەردا سەپێندرا، دوای ئەوەی بە چەندین تاوان سزا درا، لەوانە ساختەکاری لەڕێگەی سیستەمی زانیاری و پارە سپیکردنەوەی و پێکهێنانی ڕێکخراوێکی تاوانکاری. – سەرچاوە/ سایتی ڕۆژنامەی(ئەنبات/ ۲۰۲٥-۲-٦).
ئەمە سەرگوزشتەی یەکێکی گرگنی(پارڤێنیر2/)ی سەردەمی ئێمەیە. مارکس لە سەرمایەدا دەنووسێ:(لەبری ئیستغلالکارە کۆنەکان، کە ئیستغلالکردنیان کەم تا زۆر پیاوسالاری بوو، چونکە تاڕادەیەکی زۆر ئامرازێکی دەسەڵاتی سیاسی بوو، پارڤێنویەکی شێتی پارە هەنگاو دەنێت و دێتە پێش).
ساختەکاری لە مێژە تایبەتمەندییەکی سەرمایەداری بەریتانیا بووە. فریدریش ئەنگڵس لە کتێبی(دۆخی چینی کرێکار لە ئینگلتەرا – ١٨٤٥)دا باسی لەوەکردووە کە چۆن لە مانچستەردا، “ساختەکاری لە فرۆشتنی هەموو جۆرەکانی شتومەکدا ئەنجام دەدرێت: فالینە، و گۆڕەوی و،، هتد، دوای یەکەم شۆردن دەچنە ئاو“.
لە وەڵامی پرسیاری “ئایا دراوی کریپتۆ ساختەکارییە “؟!. ئیلۆن ماسک وەڵام دەداتەوە: بەڵێ(دراوی کریپتۆ ساختەکارییە/ فێڵە 3/). کەچی هەر ئەم سەرمایەدارە ساختەکارە خۆی گەمەی بە نرخی دراوی کریپتۆ دەکردو خەڵکی فریودەدا، بەمە ملیارەها دولاری چنگ کەوت.
تایبەتمەندێکی سەرمایەداری سەردەمی ئێمە هەژمونی سەرمایەی وەهمی ساختەکارییە بەسەر جیهاندا، کە جیهانێکی موازی/ هاوتەریبە بە جیهانی سەرمایەداری ڕاستەقینە.
دوێنی ڕۆژی هەینی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دروستکردنی یەدەگێکی ستراتیژی لە سامانی دیجیتاڵی ڕادەگەیەنێت. ترەمپ گووتی: ئەمریکا دەببێتە“پایتەختی دراوی کریپتۆی جیهان”، ئەو دراوەی کە بە ڕای ماسک ساختەکارییە. ئەو هەواڵە لە دوێنێوە هەڵکشان و داکشانی بە نرخی بۆرسەکان و پشکەکان و دراوی کریپتۆ کردووە، زیانی ملیارەها دۆلاری لە بازاڕی دراو داوە /٤.
بەڵام سۆسیالیستەکان ڕایان وایە کە: کاتێک چەتەی کێڵگەکەتی سووتاند و دەستیان بەسەر موڵک و ماڵەکەتا گرت و کەسوکارتی ڕفاند، نابێت ئەوەت بەلاوە گرنگ بێ کە چەتەکان چۆن غەنیمەکان دابەشدەکەن. ئەمە وەسفێکی دروستە بۆ ئارگیومێنتەکەی مارکس کە دەڵێت: “ئەگەر سەرمایەدار خاوەنی ئەو سەرمایە بێت کە کاریان پێدەکات، ئەوا تەواوی زێدەبەهاکە دەخاتە گیرفانی خۆیەوە، ئیدی بە هیچ شێوەیەک بۆ کرێکار گرنگ نییە، ئایا سەرمایەدار هەمووی بۆ خۆی دەبات، یان دەبێت بەشێکی بدات بە کەسی دووەم و سێیەم”.
بێگومان ئەم هەرەسەی بازاڕی دراو و بۆرسەکان ڕاستەوخۆ زیانی بۆ چینی کرێکاران نییە کە خاوەنی پشک و دراوی دیجیتاڵ/ کریپتۆ نین، ئەوە چینی مامناوەندە زیانی بەردەکەوێت، بەڵام ناڕاستەوخۆ کاتێ ئابووری ئەمەریکا دەچێتە خولی ڕکود، بژێوی بۆ چینی کرێکاران سەختر دەبێ. گەمە ئابوورییەکەی ئەم چەند ڕۆژەی حکومەتی ئەمەریکا بە سەرکردایەتی ترامپ، وەک خۆی دەڵێ بۆ کەمکردنەوەی قەرزی دەوڵەتی ئەمریکایە، و ناچار ئابووری بە خولێکی ڕاگوزاریدا تێپەڕ دەبێ، بەڵام ئەم گەمەیە ناڕاستەوخۆ زیانی گەورە بە بژێوی چینی کرێکاران و هەژاران دەگەێنێ.
————————————————————————————
/1 لە ئەفسانەدا کاتێک دایدالۆس و کوڕەکەی ئیکارۆس دەخرێنە زیندانەوە، دایدالۆس لە مۆم و پەڕ بۆ خۆی و کوڕەکەی باڵ دروست دەکا تا پێی بفڕن و لە زیندان نەجاتیان بێ. دایدالۆس بە ئیکارۆس دەڵێ کە نابێ زۆر بەرز بفڕێ بەڵام ئیکارۆس دەیەوێ بەرزتر و بەرزتر بەرەو خۆر بفڕێ. بەهۆی گەرمای خۆر مۆمەکە دەتوێتەوە و ئیکارۆس دەکەوێتە ناو دەریا.
/2 پارڤێنیر کەسێکە کە تاڕادەیەک تازە بووە بە چینێکی ئابووری کۆمەڵایەتی پلە بەرز. وشەکە لە زمانی فەرەنسی وەرگیراوە؛ parvenir مانای:(هاتنە پێش، گەیشتن، توانیان شتێک بکەن) دەگەێنێ.
/3 گفتوگۆ لەتەک (ئیلۆن ماسک)دەربارەی دراوە کریپتۆکانی وەک دۆجکۆین. ماسک دانبەوەدا دەنێ کە دراوە کریپتۆکانی وەک دۆجکۆین ساختەکاری و فێڵە – hustle meaning : fraud / swindle / cheat-، کەچی خۆشی کڕین و فرۆشتنی بە دراوەکان دەکرد، و لە سایتی X پرۆپاگاندەی بۆ دەکردن.

/ MAR 8, 2025 – لەلایەن ئەندرۆ ڕ.چۆو – کات / MAR 8, 2025 – by Andrew R.Chow – Tim




ئۆجەلان و فەلسەفەی سیاسی لیبڕالیسم.. ئەکرەم سەعید

“جێهێشتنی هەڵە بەبێ ڕەتکردنەوە، هاندانی بێ ئەخلاقی فیکرییە.”- مارکس.
پێشەکی دەبێ ئەوە بڵێم: کە هەموو حیزبێک مافیەتی و ئازادە چ(ئامانجێک و فەلسەفەێکی سیاسی و شێوەی خەبات هەڵدەبژێرێ)، هەروەها سۆسیالیستەکانیش مافیان هەیە ڕەخنەی ئسوڵی لەو حیزبانە بگرن.

لە بانگەوازەكەی ئۆجەلاندا دوو پرس هەیە:(یەکەم پرسی كۆمەڵگەی دیموكراتیك و دووەم پرسی ئاشتی). ئۆجەلان دەڵێ:(كۆمەڵگەی دیموكراتیك، پێویستییەكی حاشاهەڵنەگرە. … دەوڵەتنەتەوە جیاجیاكان، فیدراسیۆن، خۆبەڕێوەبەریی ئیداری و چارەسەرە كەلتوورییەكان كە دەرئەنجامی پێویستی نەتەوەپەرستیی توندن، ناتوانن ببنە وەڵامگۆی سۆسیۆلۆژیای كۆمەڵگەیەكی مێژوویی.)، و دووەم:(چەكەكانتان دابنێن و پەكەكە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە)- / ۱. ئەم بانگەوازەی ئۆجەلان فەلسەفەی سیاسی لیبڕالیسمی کردۆتە ڕێگای تێکۆشانی پەکەکە، واتە وازی لە(دەوڵەتنەتەوە جیاجیاكان، فیدراسیۆن و خۆبەڕێوەبەریی ئیداری) هێناوە کە لە ساڵانی ۲۰۰٤ بۆ ۲۰۰٥ بانگەوازی بۆ دەکرد، و لە بەشی کوردستانی سوریا”خۆبەڕێوەبەریی ئیداری”وەک نموونەێک دامەزرا.

  • تاکە ئازادەکان لە کۆمەڵگەی دیموكراتیكدا:
    “تاکەکەس وەک هاووڵاتی دەوڵەتێکی دیموکرات”چەمکێکی سەرەکی یاسایی و سیاسی لیبرالیسمە، وە پێدەچێت شاووشەی فەلسەفەی سیاسی لیبرالیسم پێک بهێنێ. بۆیە سۆسیالیستەکان نابێت خۆیان لە ئەرکی ڕەخنەگرتن بەدوور بگرن، لە کاتێ حیزبێک یان سەرکردەێک”هاوڵاتیبوون”دەکاتە ئامانجی خۆی، و ئەوە خاڵی سەرەکی بانگەوازەکەی بێت، چونکە لە ئسوڵی فەلسەفەی سیاسی مارکسدا ڕەخنەیەکی ڕیشەیی لە چەمکی “تاکەکەس – هاوڵاتی/هاوڵاتیبوون” هەیە.
    لە دیدگای فەلسەفەی سیاسی مارکسدا مافەکانی تاکی مرۆڤ-مافەکانی هاوڵاتی، ئەوانەی بە ئەندامانی کۆمەڵگەی مەدەنی پێناسە دەکرێن، مافەکانی مرۆڤی خۆپەرستە، مرۆڤی گۆشەگیر و نامۆیە، کە جیاکراوەتەوە لە ئەوانی تر و لە کۆمەڵگە.
    بەم شێوەیە مارکس ڕای وایە کە چوار‘‘مافی سروشتی مرۆڤ”وەک ئەوەی لە جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ و هاووڵاتیدا هاتووە:”ئازادی، یەکسانی، ئاسایش و مافی خاوەنداریەتی تایبەتی موڵک و ماڵ”، ئەو مافانە دەگەڕێنەوە بۆ سامان، وە ئەو مافانەی”هاوڵاتی و مرۆڤ”وەک مەتافۆرێک کار دەکەن، و لە ناوەڕۆکدا مافەکانی چینی بۆرژوازییە.- /۲.
    مارکس لە نووسینەکانیدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە مرۆڤ لە کۆمەڵگەی دیموکراتی سەرمایەداریدا لە پرۆسەی بەرهەمهێنان و ئاڵۆگۆڕدا لەتەک مرۆڤەکانی دی؛ واتە لە پەیوەندی کۆمەڵایەتیدا: دەبێتە بوونەوەرێکی نامۆ، چونکە مامەڵەێکی ئۆبژێکتکردن بەسەریدا فەرزدەکرێت و سەرکوتکردنێکی بابەتی بەسەریدا دەسەپێنرێت، ئیدی مرۆڤ وەک تاکەکەس/هاوڵاتی نامۆیە، و زاتی خۆی نادۆزێتەوەو ناتوانێ ئازادی و یەکسانی ڕاستەقینەی ئینسانی خۆی لە کۆمەڵگەدا چنگ کەوێ.
    ئەم ڕەخنە سۆسیالیستییە فاقیدە لە وتارەکان دەربارەی بانگەوازەكەی ئۆجەلان، چونکە زۆربەی وتاری چەپەکان گرنگییان بە”پرسی ئاشتی”داوە .

ئاشتی لە ناوچەێکی ناسەقامگیر و پڕ لە میلیشیادا
(ئەگەر مرۆڤ بیەوێت هەر شتێک بەدەست بهێنێت، هەرچییەک بێت، سەرەتا دەبێت پێوەرێک دابمەزرێنێت کە ڕێگاکەی ئاسان بکات، چونکە بەبێ ئەو پێوەرە هیچ دەستکەوتێک بەدەست ناهێنێت) – فەیلەسوف مۆزی – حەکیمێکی وڵاتی چین *.
لە کاتێدا(یاسای جەنگەڵ .. یاسای ماف بۆ بەهێزە)لە جیهانی ئەمڕۆدا زاڵە، داخۆ چەکدانانی پەکەکە تاچەند کۆمەک بە ئاشتی و سەقامگیری لە تورکیا و ناوچەکەدا دەکات؟، لە کاتێدا تورکیا و هاوپەیمانانی لە ناتۆ، بە جەنگ و بە زۆری چەک دەسەڵاتی بەشار ئەسەدی دیکتاتۆرییان گۆڕی، و دەسەڵاتی ئیسلامییە تیرۆریستەکانیان بەسەر خەڵکی سوریادا سەپاند، تاچەند دەسەڵاتدارانی ئەو تورکیایە، جگە لە مانۆرێکی سیاسی بۆ خۆقایمکردن لە دونیای نادڵنیایی ئەمڕۆدا، لە ناوچەی پڕ لە ململانێی چەکداری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بڕوایان بە ئاشتی هەیە؟.
کەواتە دیارە تورکیا پراگماتیسمانە گەمەێک دەکات و هەروەهاش پەکەکە پراگماتیسمانە دەچێتە نێو ئەو گەمەیەوە. ئەمڕۆکە دونیای سیاسەت پڕ بووە لە پراگماتیسمەکان. بۆ هەمووان ئاشکرایە کە تورکیا قازانجی لە چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و دەسەڵاتی کوردەکانی سوریا هەیە، دەنا تورکیا خۆی خاوەنی هێزی میلیشیایە لە سوریا و لیبیادا. ئیدی دیارە”سوودی هەنوکەیی – پراگماتیسم”لە پرۆسەی بەناو ئاشتیدا، پێوەری تورکیا و پەکەکە و ناسۆنالیستەکانی کوردستانە.
بێگومان بۆ خەڵکانی سۆسیالیست(پەکەکە و دەسەڵاتی کوردەکانی سوریا)، خەباتی چەکداری بکەن یان ئاشتیخواز بن، ئەوە ڕۆڵێکی جەوهەری نییە لە هەڵسانگاندن و هەڵوێست بەرامبەریان، چونکە تێکۆشانی ئەوان پەیوەندی بە سۆسیالیسمەوە نییە.
بەڵام ئەو بانگەشەیەی کورد ناسیۆنالیستەکان ئەمڕۆکە دەیکەن بۆ ئاشتی و دژی شێوازی خەباتی چەکداری، دەبێتە بڕواێک، کە ئەگەر سبەی هێزێکی ڕاستەقینەی سۆسیالیست بڕیاری خەباتی چەکداری بدات، ئەوە زۆربە دژی دەوەستن.
لە ڕاستیدا بەدریژایی میژوو حەقدارێکی بی هێز، چەنده پرسەکەشی ڕەوا بووبێ، نەی توانیوە لە ململانێدا لە بەهێزێکی ناحەقداری بەرێتەوە.
ئایا شێوازی خەباتی ئاشتیخوازانە و مەدەنییانە لە نێو جیهانی سەرمایەداری پڕ لە قەیران و پشێوی ئەمڕۆدا، تاچەند کۆمەک بەهۆشیاربوونەوەو یەکگرتنی چینی کرێکاران دەکات؟!.
بەڕای من چ لە تورکیا و چ لە جێگای دی لە دونیادا کۆمەکی زۆر ناکات. چونکە بۆ نموونە لە چەند سەد ساڵێک لەمەوپێش(جەنگ لە نێوان ئینگلیسەکان و ئیرلەندییەکاندا هەبوو)، دواتر ساڵی ۱۹۲۲ ڕێککەوتنی ئینگلیز و ئێرلەندییەکان کۆتایی بەم شەڕە هێنا، و دەوڵەتی ئازادی ئێرلەندا کە پلەی دۆمینیۆنی هەبووە، لە ساڵی ١٩٢٢ دامەزرا. بەڵام جەنگ و پشێوی لە بەشەکانی دی هەر بەردەوام بوو، تا لە ڕۆژی ۱۰ی نیسانی ۱۹۹۸دا واتە ۲۷ ساڵ لەمەوپێش، ڕێککەوتنی ئاشتی واژۆ کراو، کۆتایی بە سێ دەیەی توندوتیژی لە ئیرلەندای باکوور هێنا.
(پێشبینی دەکرا کە شەڕی ئێرلەندا بۆ سەربەخۆیی کاریگەری شۆڕشگێڕانەی لەسەر کرێکارە ئینگلیزەکان هەبێت، و ئەوان بۆ تێکۆشان بجوڵێنێ. لەکاتێکدا لە چل و پەنجاکانی ۱۸٤۰- ۱۸٥۰ سەدەی ڕابردوودا، مارکس پێیوابوو کە ئێرلەندا لە ڕێگەی سەرکەوتنی چینی کرێکاری ئینگلیزەوە ئازادی خۆی بەدەست دەهێنێت، لە شەستەکاندا ۱۸٦۰ بە ئەگەرێکی زیاتری دەزانی کە سەرکەوتنی ئێرلەندا، کرێکارانی ئینگلتەرا بخاتە سەر ڕێگای تێکۆشان بۆ سۆسیالیسم. کاتێک ئێرلەندا لەدەستچوو، مارکس لە ٥ی ئازاری ١٨٧٠ بۆ پۆڵ و لۆرا لافارگ نووسی:”جەنگی چینایەتی لە ئینگلتەرا کە تا ئێستا لە خەوێکی درێژخایاندایە، فۆڕمی توند وەردەگرێت”). – (بڕوانە کتێبی”مارکس ئەنگێڵز – ئێرلەندا و پرسی ئێرلەندی”- پێشەکی لاپەڕە ۳۸/ کتێبەکە بە زمانی ئینگلیسییە/ MARX ENGELS – Ireland and the Irish Question/ Progress Publishers – Moscow.).
ئایا ئەو مێژووە لە جەنگ و دواتر چەند ساڵ ئاشتی، هیچ ڕۆڵی هەبوو لە هۆشیاربوونەوەو یەکگرتنی چینی کرێکاران و هاندانیان بۆ خەبات وەک مارکس پێشبینی دەکرد؟ لە ڕاستیدا نەخێر، و چاوەڕوانیەکەی مارکس لە جێگای خۆیدا نەبووە. ناهۆشیاری و پەرتەوازەیی ڕیزەکانی چینی کرێکاران لە جیهاندا، گەلێ هۆکاری بابەتی و زاتی هەیە، لێرەدا بواری چوونە ناو باسێکی گرنگی وا نییە.
ناسیۆنالیستی و سوودی گچکەی پراکتیکی(پراگماتیسم) پێوەرەکانی ئەحزابی بۆرژوازییە لە باسی ئاشتی نێوان پەکەکە و تورکیادا، بەڵام بۆ سۆسیالیستەکان خودی پرۆسەکە مامەلە و سەودای ئەحزابی بۆرژوازییەکانە و بایەخی نییە، و تاکە پێوەری سۆسیالیستەکان لەم هەڵوێستەیاندا بەرژەوەندی چینی کرێکارانە، کە نابێ ڕێبدرێ بە گەمە و گووتاری ئەحزابەکان فریووبخۆن.

کێشەی سەرەکی جیهانی ئەمڕۆ بۆ چینی کرێکاران و هەژاران نانە؛ برسیەتی و قەیرانی ئابوورییە،گرانی وهەڵئاوسانی دراو، بێکاری، بێ مووچەیی بەشی زۆری کرێکاران و خەڵکی هەژاری ماندوو کردووە. بۆیە لەبری ئەوەی ئومێد بە ئاشتی دەوڵەتە بۆرژوازەکان بهێنین، کە هەمووی گەمەی سیاسی و فریودانە، با زیاتر خەبات دژی سەرمایەداران و دەسەڵاتەکەیان بکەین، کە لە ئاشتی و جەنگیاندا هەر مایەی نەهامەتین بۆ چینی کرێکاران.

  • مۆزی، ناوی کەسی(مۆ دی)-فەیلەسوفێکی چینی بووە، یەکێکە لە گرنگترین کەسایەتییەکانی سەردەمی(٤٧٥ – ٢٢١ پێش زایین) چین.
    سەرچاوەکان:
    ۱/(دەقی بانگەوازەكەی ئۆجەلان – “بانگەوازی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیك”)- شارپرێس/ ۲۷/۰۲/۲۰۲٥.
    ۲/ ستاتیس کوڤێلاکیس – ڕەخنەی مارکسی لە هاووڵاتیبوون: بۆ دووبارە خوێندنەوەی کتێبی(لەسەر پرسی جولەکەکان) . – Stathis Kouvélakis – The Marxian Critique of Citizenship: For a Rereading of On the Jewish Question
    ۳/ سەرنووسەر: کۆتایی هاتنی ئەو سیستەمەی کە لە دوای ساڵی ١٩٤٥ سەریهەڵدا.
    دۆناڵد ترەمپ ململانێیەکی هاوشێوەی مافیایی بۆ دەستەڵاتی جیهانی دەستپێکردووە -بەڵام یاسا نوێیەکان لەگەڵ ئەمریکادا ناگونجێت. – سەرچاوە: زە ئیکۆنۆمیست- بە زمانی ئینگلیسی. / Leaders | The end of the post-1945 order
    Donald Trump has begun a mafia-like struggle for global power
    But the new rules do not suit America / The economist – Feb 27th 2025.
    هەروەها بڕوانە وتاری: ماتس لارسۆن: دۆناڵد ترەمپ وەک سەرۆکێکی مافیا مامەڵە دەکات – سەرچاوە: ڕۆژنامەی ئێکسپرێسن – بە زمانی سویدی-
    MATS LARSSON – Donald Trump agerar som en maffiaboss Publicerad 26 feb 2025 kl 13.18.



وەرزی کۆچی پەناهەندەکان بەرەو باشوور .. ئەکرەم سەعید

نە(ئێمە تۆمان دەوێت) بۆ ( ئێمە تۆمان ناوێت) *
بەهاتنی ترامپ و ستافەکەی بۆ نێو کۆشکی سپی لە ئەمەریکادا، دونیا هێندەی دی ئاڵۆزو پڕ لە کێشە بووە. بەتایبەتی دەربارەی کەیسی پەناهەندەکان کە مۆڵەتی مانەوەی فەرمییان نییە، مامەلەی دەزگاکان لەتەکیان هاوشێوەی مامەلەیە لەتەک تاوانباراندا، تا ئەو ڕادەیەی هەواڵ وایە بەشێک لەو پەناهەندانە بگوازرێنەوە بۆ بەندیخانەی”گوانتانامۆ” کە جێگای تاڵیبان و داعیشییەکان بوو.
هەڵبەتە ئەمە سەرەتای شەپۆلی دیپۆرتکردنەوەی پەناهەندەکانە، کە ھێشتا شێوازێکی نەرمە، و ساڵانێکە لە بەریتانیا و سوید،، هتد، ئەم جۆرە سیاسەتە پەیڕەو دەکرێ، بە تایبەتی لە سوید هانی پەناهەندەکان دەدرێ بە گفتی بەخشینی بڕێک پوڵ، واز لە مۆڵەتی نیشتەجێبوون و پاسپۆرتەکانیان بهێنن و بگەڕێنەوە بۆ نیشتمانی یەکەمی خۆیان. بێگومان چەند ساڵی دی ژینگەی ئابووری و سیاسی و نائەمنی نێو سوید و ئەوروپا، بەشێک لە پەناهەندەکان ناچار دەکات بە کۆچ بەرەو وڵاتانێ کە لێوەی هاتوون، کە بەزۆری دەکەوێتە ئاسیاو ئەفەریکا و ئەمەریکای لاتین، واتە وڵاتانی باشووری گۆی زەوی.
هۆکاری دەرکردنی پەناهەندەکان وەک ڕواڵەت، زاڵبوونی باڵی ڕاستڕەوی توندڕەوە بەسەر فکر و سیاسەتی کۆمەڵگەو حکوماتەکانیاندا، بەڵام لەڕاستیدا بنەمای ئەم دیاردەیە هەلومەرجی ئابووری جیهانی و قەیرانەکانی سەرمایەدارییە، کە لێرەدا هەرچی پەیوەندی بە پەناهەندەکانەوە هەیە لە (ئێمە تۆمان دەوێت) بۆ (ئێمە تۆمان ناوێت)ی کردووە بە ڕێگا چارەی سەرمایەی دڕندە بۆ چارەسەری قەیرانەکانی.
زیاد لە شەست ساڵ لەمەوپێش لە سوید بە خۆشییەوە پێشوازییان لە هاتنی یەکەم شەپۆلی پەناهەندەکانی کارکردنی(یۆنانی و ئیتاڵی) دەکرد، لە نەوەدەکان بەدواوە پەناهەندەی(ئێراق، ئێران، سوماڵ، بۆسنیە، ئەفگانستان، هتد) ژمارەیان لە زیادبوون بوو. هەڵبەتە دیمەنەکە هاوشێوەیە لە وڵاتانی ڕۆژئاوای ئەوروپا و ئەمەریکا.
ئەو خولە لە گەشەی سەرمایەداری هێشتا کارگەکان، بەشەکانی کەرتی خزمەتگوزاری سەرمایە پێویستی بە هێزیکار بوو، وە پەناهەندەکان دەیانتوانی ئاستی پێویست لە(سوپای یەدەکی هێزیکار/ بێکاران) لە ڕێژەێکی گونجاو بۆ قازانجی سەرمایە ڕابگرن، بۆیە(ئێمە تۆمان دەوێت) دیمەنی گشتی سەرمایەداری ئەو ساڵانە بوو.
بە گەشەکردنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان”ڕۆبۆرت و تەکنەلۆژیای زانیاری و ئامێری خۆبزووێن” لەم چەند ساڵانەی دوواییدا، وە بەهۆی قەیرانی سەرمایە کە ئیفلاسی زۆرێک لە کارگەکان و کەرتی خزمەتگوزاری دەرئەنجامی بووە، ڕێژەی بێکاری ڕووی لە هەڵکشانە، بەتایبەتی چەند ساڵی ئایندەی نزیک، فرسەتی کار کەم دەبێتەوە. بۆیە بە کورتی ئەم هۆکارانە ئابوورییانە لە پاڵ ژینگەی فکری و سیاسی دژی پەناهەندەکان، دیمەنەکەی لە بەشێکی زۆری وڵاتانی سەرمایەداریدا کردۆتە:(ئێمە تۆمان ناوێت).

  • گەردەلولی ڕاستڕەوی بەسەر جیهاندا
    دوای هاتنی ترامپ و سەرکەوتنی”ڕاستڕەوەکان/ موحافزین”لە ئەڵەمانیادا، جیهان ڕەنگی شین دەپۆشێ / ۱. هەڵبەتە لە بەشێکی جیهاندا(هیندستان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سوید، ئەرجەنتین،، هتد) ساڵانێکە ڕاستڕەوەکان حوکم دەکەن.
    بۆرژوازی دونیا بەلای ڕاستدا وەردەچەرخێنێ، و سیستەمی یەک قوتبی دەبێ بەسیستەمی فرە قوتبی، ستافی فەرمانڕەوایەتی و گوتاری ئایدۆلۆژی و سیاسی لیبڕالی گۆڕاوە بە گوتار و ستافی کۆنەپارێزی ئایینی و نەژاد پەرستی و ناسیۆنالیستی.
    تۆبی ویلکینسن لە کتێبی(سەرهەڵدان و داڕمانی میسری کۆن)دا باس لەوە دەکات کە میسرییە کۆنەکان چەمکی “دەوڵەت-نەتەوەیان” داهێنا کە تا ئێستاش زاڵە بەسەر هەسارەکەماندا. پاشاکان ئامرازەکانی وەک:(پۆلیس، دژایەتی بێگانە و سەرکوتکردنی دڕندانەی ناڕەزایەتییەکان)یان بەکارهێناوە بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتیان.
    کەواتە فۆبیا لە بێگانە، و ڕق و کینە بەرامبەر بێگانە، دوژمنایەتیکردنی ئەو خەڵکانەی کە لە ئێمە ناچن و لە ئەسڵدا پەناهەندەن، ئەم هەست و هۆشە کە ساڵانێکە کێشەێکی بەرچاوە لە مەیدانی سیاسی جیهانی ئەمڕۆدا، دیاردەێکە هەبووە لە کۆمەڵگە دێرینەکانی سەردەمی کۆنی میسر، چین، هیندستان،، هتد .
    جیاوازییەکە لەوەدایە کە لەسەردەمی دێریندا پەرستگاکانی ئایینەکانی دەسەڵات، هانی خەڵکیان دەدا کە ڕقیان لە بێگانەکان بێت و دژایەتیان بکەن، بەناوی ئەوەی ئەو غەریبانە لە ئێمە ناچن و هەڵگری ئایینی ئێمە نین و دەوڵەتەکەمان تێک دەدەن، بەڵام ئەمڕۆکە لە سەردەمی سەرمایەداریدا، ئەحزابەکانی بۆرژوازی ڕاستڕەو و ناسیۆنالیست هەمان وەزیفەی پەرستگاکان جێبەجێ دەکەن.
    (دژایەتی بێگانە و پەناهەندەکان)ڕۆڵێکی گەورە دەبینێ لە پارچەپارچەکردنی یەکیەتی چینی کرێکاران و فریودانیان، ئەمە ئاسانکاری دەکات بۆ سەپاندنی هەژموونی دەسەڵاتی سەرمایە بەسەر خەڵکیدا، و کاتێ خەڵکی چوونە ژیر سیاسەت و هۆشی بۆرژوازەکان، ئیدی وەک ئەو مانگایەیان لێ دێ کە چەقۆی قەسابەکە دەلێستێەوە.
  • گەمەی سیاسی بۆرژوازەکان و تاوانبارکردنی قوربانییەکان
    لە کاتێکدا(تەقەکەری قوتابخانەکەی شاری ئۆریبرۆ لە وڵاتی سوید”ڕیکارد ئەندەرسۆن”)هیچ جیاوازی نەدەکرد لە نێوان(موسڵمان، مەسیحی، یەهودی، بودی و کۆمۆنیستی، کوردی، عەرەبی، تورکی،، هتد، کار دەکەیت یان بە کۆمەکی سۆسیال دەژیت؟)، چونکە بکوژ لە قوربانییەکانی نەدەپرسی تۆ کێیت؟ بەڵکە ئەو هاتووە پەناهەندەکان بە گشتی کۆکوژی بکات، مشتومڕێک لە نێو خەڵکیدا زیادی کردووە:
    کە داخۆ تندوتیژی و زیادبوونی ئیسلامی سیاسی و ڕەگەزپەرستی خەتای کێیە؟!.
    ساڵەکانی نەوەدەکان و دووهەزارەکان باڵی لیبڕالیسمی نوێ لەژیر ناوی کۆمەڵگەی فرە کەلتووری، کۆمەکی ئیسلامییەکانییان دەکرد تا گەشە بکەن(مزگەوت بە کۆمەکی تورکیا و سعودیە و،، هتد، دروست دەکرا، تەکیەی سونی و شیعە، قوتابخانەی خوێندنی قورئان و،، هتد، کەنیسەی ئینجیلی و پەرەستگای بودی زیادی دەکرد)، ئەمە لە وڵاتانێکدا کە دەوڵەت بە حیساب بە دەستور سیکولاریستە و کۆمەکی هیچ لایەنێک و گورپێکی ئایینی ناکات و، خوێندن دەبێ نیشتمانی بێت نەک ئایینی گروپێک.
    دوای ئەوەی ئەم دیاردانە زیادی کرد، کە خۆشیان باشیان دەزانی کە بەرپەچەکەی زیادبوون و گەشەی بیروباوەڕی ڕاستڕەوی توندڕەوەو ڕەگەزپەرستییە لە کۆمەڵگەدا، ئەمڕۆکە خەتای ئەو پشێوی و تیرۆرانەی ڕوودەدەن، دەخەنە ئەستۆی قوربانیەکان-(پەناهەندەکان).
    به‌ هه‌ر دوو دیوه‌که‌یدا: به‌ بڕوابوون به‌ ململانێی شارستانیه‌کان یان به‌ دیالۆگی شارستانیه‌کان، به‌ بڕوابوون به‌ کۆمه‌ڵگه‌ی فره‌کولتوری یان کۆمه‌ڵگه‌ی تاککولتوری ئێمە له‌ نێو ژووره‌کانی فکرو پراکتیکی بۆرژوازیدا ده‌سوڕێینه‌وه،‌ وه‌ ئه‌م هۆشیارییه‌ که‌ له‌ ئه‌سڵدا هۆشیاری چینی بۆرژوازییه‌، ئه‌مڕۆ له‌ کۆمه‌ڵگه‌دا هه‌ژموونی هه‌یه‌.
    ئەحزابە بۆرژوازەکان ئه‌ژدەهاێکی فرە سەرن
فاشیسم له‌ ئه‌وروپای ئه‌مڕۆدا له ئه‌ژدەیهاێکی چه‌ند سه‌ر ده‌کات. سۆشیالیزمه‌کان یه‌که‌م ده‌سته‌ بوون که‌ چونه‌ جه‌نگی ئه‌م ئه‌ژده‌هایه‌ی وا ڕۆژ دوای ڕۆژ گه‌وره‌ ده‌بێت، ئه‌ما سۆشیالیزمه‌کان یه‌ک ڕه‌وت و یه‌ک بۆچوون نین. چه‌پی سونه‌تی و چه‌پی نوێی ئه‌وروپی مارانگازی ڕاسیزمن‌، بۆیه‌ شه‌ڕ له‌ته‌ک ئه‌م سه‌ره‌ی ئه‌ژدیهاکه‌ ده‌که‌ن و ئیسلامی سیاسی چاو لێ ناکات وه‌ک به‌شک و سه‌رێکی ئه‌ژدیهاکه‌، به‌شێکی دی مارکسیزمه‌ په‌ناهه‌نده‌کانن، ئه‌وانه‌ی مارانگازی فاشیزمی ئیسلامی سیاسین، بۆیه‌ په‌لاماری ئه‌و سه‌ره‌ی ئه‌ژدیهاکه‌ ده‌ده‌ن که‌ ئیسلامی سیاسیه‌ و چاو له‌ سه‌رتاپای ئه‌ژدیهاکه‌ و سه‌ره‌کانی دی ناده‌ن. ئه‌م ده‌رده‌ تاک بینیه‌ نموونه‌یمان هه‌یه‌ له‌ مێژووی بزووتنه‌وه‌ی سۆشیالیسمیدا. بۆ نموونه‌ له‌ به‌رامبه‌ر مه‌ترسی شۆفینزمی نه‌ته‌وه‌یی، به‌شێک له سۆشیالیزمه‌کان ته‌نها شۆفینزمی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ستیان ده‌بینی، به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ به‌شێکی دی له‌ سۆشیالیزمه‌کان ته‌نها شۆفینزمی نه‌ته‌وه‌ی ژێرده‌ستیان به‌ مه‌ترسی له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دا. نه‌بوونی سیاسه‌تێکی سۆسیالیستی دژی فاشیزم، تا خەڵکی بتوانێ بچێتە جه‌نگێکی وشیارانه‌ له‌ته‌ک هه‌موو سه‌ره‌کانی ئه‌ژدەهای فاشیزم، که‌م و کورتییه‌کی ترسناکی تیئوری و سیاسیه‌ که‌ به‌ زیانی گه‌وره‌ له‌سه‌ر یه‌کیه‌تی و به‌رژه‌وه‌ندی چینی کرێکاران ته‌واو ده‌بێت.

/۱ ڕەنگی شین؛ ڕەنگی ئەحزابی موحافزینی بۆرژوازییە.
/۲ لە گریکی کۆن بەو خەڵکانەی کە زمانی گریکیان نەزانییوە گتووە(بەربەر – barbarus) بەمانای دڕندە و وەحشی.




کۆمەڵگەی سەرمایەداری لە لیبڕالیسمەوە بەرەو تۆتالیتاریسم.. ئەکرەم سەعید

چەند سەرنجێکی ڕەخنەگرانە لە (کۆمەڵگەی کراوەی کاڕڵ پۆپەر)

بۆچی باسی کۆمەڵگەی کراوە دەکەین؟ لەبەر ئەوەی لەم سەردەمەدا، تەنانەت ئازادی وعەقڵانیەتی بۆرژوازی لەلایەن بزووتنەوە کۆنەخوازەکان و ڕاسیسمە نوێکانەوە دژایەتی دەکرێت، یان بەگومانەوە سەیر دەکرێت. دونیای ئەمڕۆکە پڕە لە پشێوی و ئاڵۆزی، بەتایبەتی کاتێک تۆ میتۆدی ڕوونی مارکسیزمت نەبێ بۆ شرۆڤەکردن، ئیدی لە ناو گوتاری میدیا و سیاسەتمەدارانی چینی دەسەڵاتدار کە بانگەشەی ڕاستییەکان بۆ خۆیان دەکەن، دووچاری سەرەگێژە دەبیت، چونکە بۆرژوازەکان ناتوانن وەڵامێکی زانستیانە بە هۆکارەکانی:قەیرانی ئابووری، زیادبوونی بزووتنەوە پۆپۆلیستەکان و ڕاسیسمەکان، شەڕەکان، نایەکسانی و گەندەڵی، لە جیهانی ئەمرۆدا بدەنەوە.
کۆمەڵگەی کراوە چییە؟ کاڕل پۆپەر دەڵێ:( کۆمەڵگەیەکە ئازادی بە تاکەکان دەدات ڕەخنە لە دەسەڵاتی حکومەت بگرن و تەنانەت بیگۆڕن.)، و (کۆمەڵگەی کراوە کۆمەڵگەیەکی دیموکراسییە کە دیدێکی دیاریکراو، ئایدیاڵ، کۆتایی بەڕێوەناچێت، بەڵکو بە هەنگاوی یەک لە دوای یەک بە ڕێنمایی هەوڵێکی بەردەوام بۆ گەشەکردن و پێشکەوتن، هەوڵێک کە کراوەیە بۆ بیرۆکە و ڕەوتەکان.). ئەمە دیدگاێکی لیبرالیسمە پۆپەر پێشکەشی دەکات. لە ڕاستیدا لە خولی بوژانەوەو سەقامگیریدا، واتە لە خولی ئاسایی گەشەی سەرمایەداریدا، ووڵاتەکانی سەرمایەداری غەرب تا ڕێژەێک کۆمەڵگەی کراوە بوون بەو مانا لیبڕالیسمە، واتە تەنها بە ڕێژەێک کراوە بوون لە مەیدانی سیاسیدا.
(زۆر جار ئەوە دەبیستین کە تۆتالیتاریزم سەرئەنجام بە جۆرێ لە جۆرەکان حەتمیەو بۆ خۆلێبواردن ناشێت. گەلێ لەو کەسانە کە بەهۆی هۆش و خوێندنیانەوە دەبێت لە بەرامبەر ئەو شتەی دەیڵێن بە بەرپرس بزانرێن، جاڕی ئەوە دەدەن کە هیچ ڕێگاێکی دەربازبوون لەمە نییە.) کاڕڵ پۆپەر کتێبی (کۆمەڵگای کراوەو دوژمنەکانی)- پێشەکی/ لاپەڕە ۱۹/ وەرگێڕ: ئیدریس شێخ شەرەفی.
سەرنج بە پۆپەر خۆی ڕای وایە کە ئەو کەسانەی بڕوایان بەوەیە کە (لە سیستەمی سەرمایەداریدا لیبڕالیسم و تۆتالیتاریسم دووانەێک یان دوو دیووی یەک دراون) دەبێ “بە بەرپرس بزانرێن” چونکە جاڕی ڕاێک دەدەن کە لەتەک پۆپەر ناگونجێ. یانی چی؟ داخۆ دەیاندەن بە دادگا و سزایان دەدەن؟ بابپرسین ئایا ئەوانە مافی ئازادی ڕادەربڕینیان نییە لە کۆمەڵگە کراوەکەی پۆپەردا؟. کارل پۆپەر هەر کەسێک لیبڕاڵ نەبوایە وەک دوژمنی کۆمەڵگەی کراوە سەیری دەکرد.
تادێت ڕوونتر دەبێتەوە کە لیبرالیزمی ئەمڕۆ خەریکە دەبێتە تۆتالیتاری. دەسەڵاتدارانی غەرب لە ڕێگەی لابردنی پلاتفۆرم و گۆڕانی دەستوور کە ئازادی و مافە کۆمەڵایەتییەکانی خەڵکی مسۆگەر دەکرد، سەرکوت و سانسۆر زیاتر دەکەن. هەرکەسێک لیبرالیزم نەبێت لەلایەن لیبرالیزمی هاوچەرخەوە وەک دوژمنی کۆمەڵگەی کراوە تەماشا دەکرێت کە دەبێت سەرکوت بکرێ. تۆتالیتاریزمی لیبراڵ، هاوشێوەی ڕژێمە تۆتالیتارییەکانی دیکە، لەسەر کولتووری لە ناوبردنی دوژمن و سەرکوتی نەیاران دامەزراوە. لە تۆتالیتاریزمی لیبراڵدا نالیبراڵەکان بە “فاشیست”، “ستالینیست”، “تیرۆریست”، “توندڕەو” ناوزەد دەکرێن و بە دوژمن دادەنرێن کە پێویستە سەرکوت بکرێن و سزا بدرێن. بڕوانە سەرکوتی بزووتنەوەی هیلەک زەردەکان و بزووتنەوەی دژی گۆڕینی تەمەنی خانەنشینی لە فەرنسادا، هەروەها سەرکوتی ئەمڕۆکەی بەریتانیا بۆ بزووتنەوەی هاوپشتی لە غەززە. هەرکاتێک سەرمایەداری دووچاری قەیرانی گشتی بووبێ، دەسەڵاتدارانی ڕاستڕەوی بۆرژوازی کۆمەڵگەی کراوە بەرەو کۆمەڵگەی داخراو، بەرەو کۆمەڵگەی جەنگ پاڵپێوە دەنێن، ئیدی عەسکەرتاریسم و تۆتالیتاریسم باڵ بەسەر کۆمەڵگەدا دەکێشێ، وەک ئەمڕۆکە لە ئەوروپادا دەیبینین.
کەواتە کۆمەڵگە چەندە کراوەیە یان داخراوە مەسەلەێکی ڕێژەییە، و بەندو بەستراوە بە هەلومەرجی ئابووری و سیاسی لۆکاڵی و جیهانییەوە.
کۆمەڵگەی کراوەی بە چ ماناێک؟!
مانای کۆمەڵگەی کراوە چییە؟ لە ڕاستیدا پۆپەر مانایەکی ئیبستمۆلۆژی دەبەخشێ بە کۆمەڵگەی کراوە، بۆیە زۆر نەچۆتە باسکردنی کۆنکرێت و پێناسەی ئەو مۆدێلە لە کۆمەڵگە. گرنگ کۆمەڵگەی داخراوی سۆڤیەت بهێنەرە بەرچاوی خۆت و پێچەوانەی کەرەوە. بەڵام دەتوانین هەندێ تایبەتمەندی ئەو کۆمەڵگەیە لە لاپەرەکانی کتێبی (کۆمەڵگای کراوەو دوژمنەکانی) بدۆزینەوە.
(کۆمەڵگەی جادویی یان خێڵەکی یان کۆگەرا، بە کۆمەڵگەی داخراو ناوزەد دەکەین، و ئەو کۆمەڵگەیەی کە تاکەکان تێیدا لەگەڵ بڕیاری تاکەکەسی بەرەوڕوون بە کۆمەڵگەی کراوە ناو دەبەین.) – کارل پۆپەر / کۆمەڵگەی کراوەو دوژمنەکانی/ و: ئیدریس شێخ شەرەفی) – بەرگی یەکەم/ بەشی ۱۰/ لاپەڕە ۳۸۷. (گرنگترین تایبەتمەندی کۆمەڵگای کراوە رکەبەرایەتی ئەندامەکانیەتی بۆ بەدستهێنانی پێگە)- هەمان سەرچاوە/ لاپەڕە ۳۸۹.
کۆمەڵگەی کراوە ئازادی بە تاکەکان دەدات، تا بتوانن ڕەخنە لە دەسەڵاتی حکومەت بگرن و تەنانەت بیگۆڕن، بێ ئەوەی پێویستی بە بەکارهێنانی توندوتیژی بی. واتە کۆمەڵگەی کراوە سیستەمی دیموکراسییە کە میکانیزمێکی دامەزراوەیی بۆ چاکسازی و ئاڵوگۆڕی دەسەڵات و دەستاودەستکردنی، بەبێ ئەوەی پێویستی بە خوێنڕشتن و شۆڕش هەبێت.
پۆپەر دەیگوت لیبراڵ دیموکراسی باشترین فۆڕمی حکومەتە، و مۆدێلی دیموکراتییەتی ووڵاتانی سەرمایەداری ڕۆژئاوا نموونەیە، چونکە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە، دەسەڵاتی فەرمانڕەوایی حکومەتەکان بەبێ پێویستی بە خوێنڕشتن و شۆڕش، چوار ساڵ جارێک بە دەنگدان، ئاڵوگۆڕیان بەسەردا هاتووە. پۆپەر نووسیبووی: (دەتوانین ڕێگای گەڕانەوە بۆ ئاژەڵەکان بگرینە بەر. بەڵام ئەگەر بمانەوێت بە مرۆڤی بمێنینەوە، لە ڕێگاێک زیاترمان نییە و ئەویش ڕێگای چوونە ناو کۆمەڵگای کراوەیە و بەس) – کارل پۆپەر/ کتێبی(کۆمەڵگای کراوەو دوژمنەکانی) – بەشی۱۰ /لاپەڕە ٤۲۸.
ئەمە هاوشێوەی هۆشداری و پێشبینیەکەی مارکس و ئەنگلسە کە لە “مانیفێستی کۆمۆنیست” نووسیبوویان:(یان سۆسیالیسم یان بەڕبەڕیسم)؛ ئەمە یانی بە بڕوای مارکس و ئەنگلس ئەگەر شۆڕشی سۆسیالیسمی نەکەین بەسەر سەرمایەداریدا و کۆمەڵگای سۆسیالیسم دانەمەزرێنین، ئەوا لە نێو کۆمەڵگای سەرمایەداریدا دووچاری هەموو جۆرەکانی قەیران و چەوسانەوە دەبینەوەو دەبینە بەربەری.
جیاوازی هۆشداری و پێشبینیەکەی پۆپەر لەوەدایە کە ئەو کۆمەڵگەی کراوە کە خاوەنی سیستەمێکی لیبراڵی دیموکراسییە، بە مەرجی خۆپارێزی لە گەڕانەوە بۆ بەربەریسم دەزانێ.
ئەمڕۆکە زۆرێک لە نووسەرانی غەیری سۆسیالیستی بە جیهانی ئەمڕۆکە دەڵێن:(لیبڕالیسمی دڕندە/ لیبڕالیسمی تووندڕەو)، ئەمە یانی کۆمەڵگەی کراوەی سەرمایەداری و سیستەمە لیبراڵە دیموکراسییەکەی بۆرژوازی کە فڕەییە و چوارساڵ جارێ هەڵبژرادن سازدەکرێ، و دەسەڵاتی فەرمانڕەوایی حکومەت بە ئاشتیانە لە زۆرێک لە ووڵاتاندا دەستاودەست دەکات، لەمپەر نییە تا بمانپارێزێ جیهان نەچێتە نێو خولێکی دڕندەیی.
هەروەها ئەم دەستاودەستی ئاشتیانەی دەسەڵات مرۆڤەکانی نەپاراستووە لە دڕندەیی، چونکە چوارساڵ جارێک یان زیاتر، گۆڕینی دەسەڵاتی حکومەت:لە ئەمەریکا(لە بۆش بۆ کلینتۆن، لە جۆرج بۆش بۆ ئوباما، لە ئوباماوە بۆ ترامپ، لە ترامپەوە بۆ بایدن)، یان لە سوید (لە حیزبی سۆسیال- دیموکراتەوە بۆ ئەحزابی ڕاستڕەوەکان)،، هتد، ئەمە دەستاودەستی دەسەڵاتە لە نێوان باڵەکان و ئەحزابەکانی بۆرژوازیدا. ئەمە ئەرزش و سوودی چییە بۆ خەڵکی کرێکاران و هەژاران؟! کاتێ هەلومەرج ڕۆژ داوی ڕۆژ خراپتر دەبێ، و کێشەکان و چەرمەسەرییەکان هەر وەک خۆی باقییە، وە هیچکام لەم حکومەتانەی ئەحزابی بۆرژوازی لە سەرکوت و هەژارکردنی خەڵکی زیاتر، بەدیلی دەرباز بوونی لە قەیران و نائەمنی کۆمەڵگای پێ نییە. یانی جیهانی سەرمایەداری ئەمرۆ لەسەر لەپی دێوەزمەێکدایە، لە نێو قەیران و پشێویی و جەنگدا، دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی یەک لەوی دی بەدترن، ئیدی ئالۆگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵات لە نێوان ئەحزابەکاندا هیچ چارەسەری ڕاستەقینە نییە بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکان.
بۆیە مرۆڤ ئەمڕۆکە وەک (مۆریس کورنفۆرس) دەتوانێ پرسیار ئاراستەی هاوڕێکانی پۆپەر دەربارەی کۆمەڵگای کراوە بکات و بپرسێ:(ئایا کۆمەڵگەێک کراوەیە کاتێ بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی بەندو بەستراو بێ بە مسۆگەرکردنی زێدەبایی و کەڵەکەی سەرمایە؟ واتە کاتێ قازانج و ئیمتیازاتی هەندێک بەندە بە چەوسانەوەی کاری ئەوانی تر؟!. وە ئایا بەڕاستی ئەقڵی کەسێ کراوەیە ئەگەر توانای بینینی ئەو حاڵەی کۆمەڵگەی سەرمایەداری نەبێ؟!.) – مۆریس کورنفۆرس – کتێبی/ دفاعا عن الماركسية/ لاپەڕە ۱٥/ کتێبەکە بە زمانی عەرەبی هەیە.
لە ڕاستیدا لەم سەردەمەدا کەسێ دەستاودەستکردنی دەسەڵاتی حکومەت لە نێوان ئەحزابی بۆرژوازی، و ئیسڵاحی گچکەی بۆرژوازی بە بنەمای کۆمەڵگەی کراوە بزانێ، لە خۆشخەیاڵ و ساویلکە زیاتر هیچی دی نییە.
پۆپەر خۆشی هەستی بەو خۆشخەیاڵییە کردووە، بۆیە نووسیبووی: (لەگەڵ تێپەڕاندنی ساڵەکانی پاش جەنگ، بەشی زۆری ئەو پێشنیارانەی خستوومەتە ڕوو لە هەموویان دیارتر ئەو هەستە گەشبینییە بەهێزەی کە بەسەر کتێبەکەدا بڵاوبۆتەوە، ڕۆژ دوای ڕۆژ وەک هەستێکی سادەو ساویلکانە دەهاتە بەرچاوم، دەنگم هێدی هێدی وەک دەنگی لە ڕابردوو دوورەکانەوە بە گوێم دەگەیشت، وەک دەنگی یەکێک لە ڕیفۆرمیستە کۆمەڵایەتییە گەشبین و بەهیواکانی سەدەی هەژدە یان تەنانەت حەڤدە.). – دیباچە بۆ چاپی دووەم – هەمان سەرچاوەی کێبی ( کۆمەڵگای کراوە و دوژمنەکانی).
لەو ساتانەدا کە سەرکردە سیاسییەکانی بۆرژوازی، وەک گەمژە و کلاون/ موهەریج لەلایەن خەڵکەوە گاڵتەیان پێدەکرێت، و ئەو سەرکردانە وەک تارماێکی ڕابردوویەکی نادیار لەسەر شانۆی سیاسەت لە ناکاو دەرکەوتوون، و خەڵکی جیهان دەترسێنن، ئیدی شیکاری هەلومەرجی ئابووری و سیاسی بۆ سەرمایەداری سەردەم دەبێ بە زەرورەتێک، تا لە مەسەجی تارمایەکانی بۆرژوازی لە هەلومەرجی ترسناکی دونیا، باشتر تێبگەین.
ئەو پرسیارەی لێرەدا گرنگە وەڵامی بدەینەوە: بۆچی تاڕادەێکی زۆر کۆمەڵگەکانی سەرمایەداری غەرب کراوەترن لە چاو ڕۆژهەڵات کە زۆرکات دەسەڵات ئیستبدادی و سەرکوت، و کۆمەڵگەکەی داخراوە؟!.

دوو هۆکاری ئابووری و سیاسی کۆمەڵگەی داخراو لە ڕۆژهەڵات:
لە سەردەمی دامەزراندنی سەرمایەداری، کۆلۆنیالیسمی کلاسیک و دواتر ئیمپریالیسم، ووڵاتانی غەرب سامانی ووڵاتانی جیهانی بەناو سێیەمیان بۆ خۆیان بردووە. ئەو کەڵەکە سەرمایە مەزنەی غەرب کە بنەمای دەوڵەتی ڕفاه و خۆشگوزەرانێکی ڕێژەییە لە غەربدا، پایەی کۆمەڵگەی کراوەیە لەوێکانە، کەواتە دیارە لەسەر حیسابی هەژاریکردنی کرێکاران و خەڵکی ڕنجدەری ووڵاتانی جیهانی سێیەم، غەرب تا ڕادەێک و بۆ ماوەێکی مێژوویی سەرخانی لیبڕاڵ و کۆمەڵگاکەی کراوە بووە -(هەروەها کێبڕکێی ڕۆژئاوای خاوەن کۆمەڵگەی کراوە دژی یەکیەتی سۆڤییەتی خاوەن کۆمەڵگەی داخراو لە ساڵانی جەنگی سارد، ڕۆڵی هەبووە لە دەرکەووتنی غەرب وەک جیهانێکی ئازاد). هەر کاتێکیش بزووتنەوەێک و سەرکردەێک لە ووڵاتانی جیهانی سێیەم پەیدابووبێ، و ئامانجی گۆڕینی هەلومەرجی ئابووری ووڵاتەکەی و دامەزراندنی کۆمەڵگای کراوەی هەبووبێ، زۆرێک لەو بزووتنەوانە لەلایەن غەربەوە سەرکوت کراون، وە سەرکردەکانیان تیرۆرکراوە نموونەی: “موسەدەق” لە ئێران، وە “سەلڤادۆر ئالێند” لە ووڵاتی شیلی.لە هەلومەرجی سەرمایەداری دڕندەی جیهانی ئەمڕۆدا، لە ڕوی سەرخانی کۆمەڵگەوە، خەریکە شێوەی ئایدۆلۆژی دەوڵەت، شێوەی حکوماتی سەربازی یان مەدەنی، دیموکراتی یان نا دیموکراتی بایەخی نامێنێ، چونکە چ لە ڕۆژهەڵات و چ لە ڕۆژئاوادا، دەسەڵاتی نوێنەرانی سەرمایەداران بەرەو ئیستبدادی و کۆنەپەرستی وەردەچەرخێن. گەر لە هەندێ جێگای دونیادا هێشتا “ئازادی تاکەکەسی و مافی مەدەنی لیبڕاڵی” مابێ، ئەوەش لەژێر هەڕەشەدایە. بۆیە خەبات لەسەردەمی ئێمەدا گەر بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگەی سۆسیالیستی نەبێ، ئەوا لەتەک هەلومەرجی بابەتی و ڕەوتی مێژوودا ناکۆکە، و لە کۆتاییدا بێ ئەنجامە. مرۆڤایەتی ئەگەر لە سەردەمەکەی خۆی تێنەگات، ناتوانێ بیگۆڕێ. سەردەمی ئێستا؛ نە شارستانییە، نە ئازادییە، نە مەدەنییە، بەڵکە جەنگەڵستانی سەرمایەداری بەربەریسمە. تاکە ڕێگا بۆ ڕزگاربوون لەم جەنگەڵستانە شۆڕشی سۆسیالیستییە.

میتودی شیکردنەوەی پۆپەر بۆ تۆتالیتاریسم
کە دەچیتە نێو سیاسەت هۆشت بەخۆتەوە بێ، چونکە تۆ چوویتەتە نێو ئاهەنگی دەمامک پۆشین/ حفلة تنكرية / costume party.
نزیکەی هەشتا ساڵ لەمەوبەر لە نێوان ساڵانی ۱۹۳۸ – ۱۹٤۳ کاڕڵ پۆپەر کتێبی【کۆمەڵگای کراوەو دوژمنەکانی】نووسیووەو ساڵی ۱۹٤٥چاپ کراوە. تائێستاش ئەم کتێبە هاوڕاو ڕەخنەگری هەیە. (ئەم کتێبە،،، هەندێ لەو کێشانە دەخاتە بەر باس کە شارستانیەتی ئێمە لەگەڵیدا بەرەو ڕویە،، گەڕانەوە بۆ کۆمەڵگەی داخراو “خێڵ پەرستی”، تۆتالیتاریسم.) -【کۆمەڵگای کراوەو دوژمنەکانی】- بەرگی یەکەم – و: ئیدریس شێخ شەرەفی) پێشەکی کتێبەکە/ لاپەڕە ۱۸. (هەوڵی ئەم کتێبە بۆ یارمەتی دانی تێگەیشتنمانە لە تۆتالیتاریسم و گرنگی و مانای خەباتی هەمیشەیی لە دژی چڕکراوەتەوە.) -هەمان سەرچاوە/ لاپەڕە ۱۸.
هەر ئەم دوو کورتە پەڕەگرافە لە پێشەکی کتێبەکەدا وا لە خوێنەر دەکات باسەکەی لا گرنگ بێ، چونکە کێ هەیە گەر ئازادیخواز بێ نەیەوێ لە تۆتالیتاریسم تێبگات و خەبات دژی نەکات؟!، بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە پۆپەر تۆتالیتاریسم تەنها لە سەرخانی کۆمەڵگەدا (حکومەت و دەوڵەت) قەتیس دەکات، و توێژینەوەکانی ناچێتە سەر بنەمای پەیوەندییەکانی کۆمەڵایەتی، و ڕەگ و ڕیشەی تۆتالیتاریسم لە تۆڕەکانی پەیوەندی ئابووری کۆمەڵگەدا باس ناکات، و بۆ دۆزینەوەی هۆکار و سەرچاوەی تۆتالیتاریسم، پۆپەر تەنها دراسەی میتودی میێژووگەریی فەیلەسوفانی وەک (ئەفلاتۆن، هیگڵ و مارکس) دەکات. ئەمە میتودێکی ئایدیالیستییە لە توێژینەوەی دیاردە سیاسیەکاندا.
پۆپەر ڕای وایە ئەوەی ئێستا بە تۆتالیتاریسم دەیناسین، سەر بە نەریتێکە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ خودی شارستانییەتەکەمان. نووسەر ڕەخنە لە “ئەفلاتون و هیگڵ و مارکس” دەگرێ و تاوانباریان دەکات بەوەی ئەم بیرمەندانە پەیڕەوی (میتودی مێژووگەریی) دەکەن، کە میتودێکی داخراوەو دەبێتە هۆکاری دامەزراندنی کۆمەڵگاێکی داخراو.
تیۆری تۆتالیتاریسمی پۆپەر سەرنجی جۆرێک لە پەرەسەندنی هێڵی میتودی مێژووگەریی لە(ئەفلاتونەوە بۆ مارکس)ی داوە. ئەم جۆرە دراسەیە ئامانجێکی زۆر سادەی هەبووە: وێناکردنی هەردوو تۆتالیتاریسم و لیبرالیسم وەک دوو مۆدێلی تائەبەد جیاواز، کەسەر بە هەلومەرجی ئابووری و سیاسی مێژوو نین، بەڵکو سەر بە خودی میتودی فکری ئەو مرۆڤانەن کە خوازیاری دامەزراندنی دەسەڵاتی تۆتالیتاریسمن.
بەڕای پۆپەر مارکس کاتێ دراسەی یاساکانی کۆمەڵگەی سەرمایەداری کردووە، بە “میتودی مێژووگەرایی” پێشبینی گۆڕان و گەشەی سەرمایەداری کردووە، و لێرەوە مارکس پێشگۆیی کردووە بۆ مێژوو. بۆیە بیروباوەڕی مارکس جەوهەرگەریی و دۆگمایە، کە ئەنجامەکەی فکری داخراو دروست دەکات، کە لە سەردەمی ئێمەدا دەبێتە هۆکاری دامەزراندنی دەوڵەتی تۆتالیتاریسم و کۆمەڵگەی داخراو.
(بەم شێوەیە پۆپەر پەیوەندییەک لە نێوان تۆتالیتاریسمی میتۆدۆلۆژی و سیاسیدا دیاری دەکات: یەکەمیان وەک بڵێی پاساوی لۆژیکی و فەلسەفی بۆ دووەمیان دابین دەکات. لە ئەنجامدا، پووچەڵکردنەوەی لۆژیکی یەکەمیان، مەحاڵبوونی ڕاستەقینەی دووەمیان دەسەلمێنێت.) – Studies in Critical Philosophy- کارل پۆپەر و کێشەی یاسا مێژووییەکان ~ هێربێرت مارکیۆز/ ساڵی ۱۹٥۹ بڵاوکراوەتەوە/ Karl Popper and the Problem of Historical Laws [I959] / Marcuse, Herbert.
هەڵبەت بیروباوەڕی ئینسانەکان ڕۆڵی مەزنیان هەیە لە مێژوودا، وە کاتێ بیروباوەڕ بە جەماوەری دەبێت، مارکس ووتەنی: “دەبێتە هێزێکی ماتریالی و کۆمەڵگە دەگوڕێت”، بەڵام بیروباوەڕ لە هەلومەرجێکدا دەتوانێ هەم بەجەماوەری ببێت، وە هەم ڕۆڵی مەزن بگێڕێ، چونکە ڕاکان لە ئاسمانەوە دانابەزن بۆ مرۆڤەکان، وە بیروباوەڕەکان بە ڕێکەوت وەک قارچکەکان لە دارستانێکدا ناڕوێن، بۆیە ناتوانرێ تەنها بە دراسەی بیروباوەڕ لەخۆیدا وەڵامی پرسیاری ئەوە وەرگیرنەوە کە بۆچی (بیروباوەڕ حوکمی دونیا دەکات)، دەبێ بۆ دۆزینەوەی دروستی زانیستیانە بۆ هۆکارەکان نەک تەنها لە دەقەکانەوە، بەڵکە لە هەلومەرجی ژیانی واقیعی ئینسانەکانەوە لە کۆمەڵگەدا بکۆڵینەوە، و بزانین ئەم بیروباوەڕانە لە کوێوەو لە چ پێویستییەکەوە سەرهەڵدەدەن.
(مەفهومی ئایدیالیستی بۆ مێژوو لەسەر ئەو تەفسیرە دامەزراوە کە گەشەی مێژوو بەندە بە گەشەی سروشتی مرۆڤ و بیروباوەڕ و ڕاکان، وەک ئەوەی بیرمەندانی سەدەی هەژدەهەم دەیانگووت.) – فەلسەفەی مێژوو و مەفهومی ماتریالیسم بۆ مێژوو/ بلیخانۆف/ لاپەڕە ۱٦.
(نەخێر ڕای مرۆڤەکان و سۆزەکانیان ناکەوێتە ژێر ڕێکەوتەوە، بەڵکە لە گەشەو سەرهەڵدانیاندا دەکەونە ژێر هەندێ یاسا کە دەبێ دراسە بکرێن. ،، گەر بڕواتان وایە کە (بیروڕا حوکمی دنیا دەکات) بەڵام حوکمی دنیا ناکات بەشێوەێکی ڕەها، بەڵکە ئەویش بە دەوری خۆی مەحکومە، بۆیە باشترە باسی هۆکارە قوڵەکانی بزووتنەوەی مێژوو بکەین.) – هەمان سەرچاوە/ لاپەڕە ۲۳.
(لە دۆخی کۆمۆنیزمدا فاکتەرە بنەڕەتییەکانی تیرۆر سروشتێکی زۆر جیاوازیان هەیە. کۆکوژی هاوسات بوو بە “پلانی پێنج ساڵەی یەکەم” لە ڕەوتی بەگشتیکردنی گەشەی پیشەسازیی توندوتیژدا ڕوویدا، کە لە دژی دانیشتووانێکی دواکەوتوو، بێباکانە، یان دوژمنکارانە ئەنجامدرا. تەنانەت ئەگەر مرۆڤ چەمکی مارکسی سەبارەت بە یاسا نهێنیەکانی گەشەسەندنی مێژوویی تا ئەو ڕادەیە درێژ بکاتەوە کە پیشەسازیی پێشکەوتوو وەک پێشمەرجێکی حەتمی بۆ سۆسیالیزم دیاری بکات، ئەوا سەختە بتوانین بڵێین ئەم تێڕوانینە هیچ ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی لە سیاسەتی ستالینیزمدا هەبووە. بنیاتنانی خێرای توانای ئابووری و سەربازی کۆمەڵگەی سۆڤیەت بۆ ئەوەی بتوانێت بەرگەی مەترسی سەرمایەداری و بە تایبەتی فاشیزم بگرێت، وەک هێزی بزوێنەری ئەم سیاسەتە دەردەکەوێت و پێویست ناکات هیچ فەلسەفەیەکی شمولی ڕوونی بکاتەوە. دراسەی تیۆری بەهۆی پلانی ستالینییەوە جامدکرا نەک تەواوکرا. سەبارەت بە پاکتاوکردنەکانی ناوەڕاست و کۆتایی سیەکان و دواتر دیسانەوە کۆتایی چلەکان: ناتوانم بزانم چۆن بە خەیاڵیش بێ دەگەڕێندرێنەوە بۆ چەمکێکی فەلسەفی.) – کارل پۆپەر و کێشەی یاسا مێژووییەکان ~ هێربێرت مارکیۆز – لاپەڕە ۱۹٦/ ساڵی ۱۹٥۹ بڵاوکراوەتەوە/ Studies in Critical Philosophy / Karl Popper and the Problem of Historical Laws [I959] / Marcuse, Herbert.
گەر نووسەرێ بڕوای وابێ کە میتودێکی فەلسەفی (مێژووگەریی) هۆکاری دامەزراندنی دەوڵەتێکی تۆتالیتاریسمە، ئەی کەواتە دیاردەی ناکۆکی و ململانێی باڵەکانی نێو بزووتنەوەێکی سەر بەو فەلسەفەیە چۆن شرۆڤە دەکرێ؟!. هەموو خوێنەرێکی مێژووی بزووتنەوەی سۆسیالیستی جیاوازی نێوان (کاوتسکی و لینین و ڕوزا)، و جیاوازی نێوان ( ستالین و تروتسکی) دەزانێ.
لە ڕاستیدا وەسوەسەی تۆتالیتەریسم لە هەموو بزووتنەوە فکری و سیاسیەکانی سەردەمدا بووونی هەیە. هیچ بزووتنەوەێکی فکری و سیاسی لە کۆمەڵگای مۆدێرندا: “کۆنەپارێزان، لیبڕالیسم، سۆسیالیسم” نییە کە لەنێو باڵەکانیدا مەیلێکی دەسەڵاتی شمولی نەبوو بێ. لە سۆسیالیسمدا باڵی (سەرمایەداری دەوڵەتی/ ستالینیسم و ماو) بوونی هەبووە، لە بەرامبەریاندا باڵی (ڕۆزا، کاوتسکی، تروتسکی، کاڕڵ کۆڕش) ڕەخنەگر بوون. هەر لە ساڵانی ۱۹۰٥دا (ڕۆزا) ڕەخنەی لە ئیستبدادی بلشفیکەکان گرتووە. داخۆ ئەم باڵە جیاوازانە هەموویان بڕوایان بە میتودی (مێژووگەریی) بووە؟!. گەر میتودی (مێژووگەریی) بنەمای فکریانە، کەواتە بۆچی جیاوازن؟!. میتودی فکری وەڵامی ئەو پرسیارە نادەنەوە، لێرەوە دەبێت جیاوازی باڵەکان دراسە بکەین کە ڕوانگەی جیاوازیان هەبووە. هەروەها لیبرالیسمی کلاسیکی دوو باڵی جیاوازی هەبووە، وە لەم سەردەمەدا جیاوازی باڵی لیبڕالیسمی سیاسی و لیبڕالیسمی ئابووری، دوایی زاڵبوونی لیبڕالیسمی نوێ، زۆر شەفافتر دەرکەوتووە، و باڵی لیبڕالیسمی ئابووری (لیبڕالیسمی بازاڕی ئازاد – لیبڕالیسمی نوێ) مەیلێکی تۆتالیتاریسمی هەیە.

پێشبینیەکەی پۆپەر: کۆمەڵگەی ئەبستراکت
کارل پۆپەر لە کتێبی (کۆمەڵگەی کراوە و دوژمنەکانی)دا ئەم چەند دێڕە لەسەر (کۆمەڵگەی ئەبستراکت ) دەنووسێ:
(لە ئەنجامی لەدەستدانی کارەکتەری ئۆرگانیکی، کۆمەڵگەیەکی کراوە ڕەنگە پلە بە پلە ببێتە ئەوەی کە من حەز دەکەم ناوی لێ بنێم (کۆمەڵگەیەکی ئەبستراکت). لەوانەیە تا ڕادەیەکی بەرچاو سیمای کۆمەڵەیەکی کۆنکرێتی یان ڕاستەقینەی مرۆڤەکان، یان سیستەمێکی ئەو جۆرە گروپە ڕاستەقینەیانە لەدەست بدات. ،،، ئەم خاڵە بە دەگمەن درک کراوەو دەتوانین بە پەنا بردن بۆ موبالەغەێک ڕوونی بکەینەوە. وێنای کۆمەڵگاێک بکە کە تاڕادەێک هەرگیز مرۆڤەکان تێیدا لەگەڵ یەکتر بەرەو ڕوو نابنەوەو هەموو کارەکان بە تاکی دوورە پەرێزەوە ئەنجام دەدرێن کە بە نامەی تایپکراو یان بە تەلەگرام پەیوەندی دەکەن و بە ئۆتۆمبێلی داپۆشراو هاتۆچۆ دەکەن. ،،، کۆمەڵگەیەکی وەها خەیاڵی دەتوانرێت بە “کۆمەڵگەیەکی تەواو ئەبستراکت” یان بێ کەسایەتێ ناوببرێت. ئێستا خاڵە سەرنجڕاکێشەکە ئەوەیە کە کۆمەڵگای مۆدێرنمان لە زۆر لایەنی خۆیدا لە کۆمەڵگایەکی تەواو ئەبستراکت دەچێت. هەرچەندە ئێمە هەمیشە لە ئۆتۆمبێلی داپۆشراودا و بە تەنیایی هاتووچۆ ناکەین (بەڵکە ڕووبەڕووی هەزاران مرۆڤ دەبینەوە کە لە شەقامەکەدا بەلای ئێمەدا تێدەپەڕن) بەڵام دەرئەنجام تاڕادەێک هەمان شتە “واتە لە بنەمادا هیچ جۆرە پەیوەندییەکی تاکەکەسی لەتەک ڕێبوارەکانی تردا دروست ناکەین”. ،،، زۆر کەس هەن لە کۆمەڵگایەکی مۆدێرن دەژین کە هیچ پەیوەندییەکی کەسایەتییان نییە، یان لە ڕادەبەدەر کەم، کە لە نادیاربوون و گۆشەگیریدا دەژین و لە ئەنجامدا لە ناخۆشیدا دەژین. چونکە هەرچەندە کۆمەڵگا بووەتە ئەبستراکت، بەڵام پێکهاتەی بایۆلۆژی مرۆڤ زۆر گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە؛ ئینسانەکان پێویستی کۆمەڵایەتیان هەیە کە ناتوانن لە کۆمەڵگەیەکی ئەبستراکتدا تێری بکەن.)/ 1.
ئەمە ئەو پێشبینیە دروستەیە کە پۆپەر بۆ گەشەی ڕواڵەتی کۆمەڵگە کردوویەتی، کە لە سەردەمی سەرمایەداری دیجیتاڵ و تەکنەلۆژی زیرەکدا خشت پێکاویەتی./۲.
دیارە ئەمڕۆکە مرۆڤەکان بڕێک لە کارکردن لە ماڵەوە جێبەجێ دەکەن بێ ئەوەی پێویست بکات بچنە ئۆفیسەکان، وە بۆ بەشێک لە کڕینی کاڵاکان پێویست بە چوون بۆ نێو بازاڕ و مۆڵەکان ناکات، دەتوانین بە ڕێگای ئینترنێت داواکاریەکانی خۆمان بنێرین، هەروەها بۆ هەواڵ پرسی و گفتوگۆ لەتەک دۆستەکانمان، پێویست بەسەردان ناکات و لە ڕێگای پرۆگرامەکانی شات مەیسەر دەبێ، یان گەر کەسێ لەم ڕۆژگارەدا گەرەکی بێ کۆرسێک بخوێنێ، پێویست بەوە ناکات بچێ بۆ قوتابخانەێک و بە فیزیکی ئامادەیی هەبێ لە پۆلێکدا، بەڵکە لەڕێگای “دیستانس – ئینترنێت” دەتوانێ کۆرسەکەی تەواو بکات.
بیرمەندانی بۆرژوازی جۆرەها ناوی دیکەیان داهێناوە بۆ وەسفی کۆمەڵگەی سەرمایەداری. لەم سەردەمەدا لەبری کۆمەڵگەی سەرمایەداری دڕندە ناوی وەک: کۆمەڵگای کراوە، کۆمەڵگەی پۆستمۆدێرنیسم، کۆمەڵگای شەفاف، کۆمەڵگای چاودێری، کۆمەڵگەی ڕیسک،، هتد، بەکاردەهێنن. ئەوەی ئەم بیرمەندانە لە وەسفی کۆمەڵگەدا دەیانەوێ پەردەپۆشیکەن ناوەڕۆکی دابەشبوونی چینایەتی و دڕندەیی سەرمایەدارییە.
گرنگ لێرەدا ئەوە دووپات بکەینەوە کە بە گۆڕانی ڕواڵەتی کۆمەڵگە و بە تەکنەلۆژی بوونی کەم یان زۆری پەیوەندییەکانی ئینسانەکان، ئەوە هیچ لە حەقیقەتی ئەوە ناگۆڕێ کە بنەمای ئەو کۆمەڵگەیە هێشتا سەرمایەدارییە و لەسەر پەیوەندی (کار و سەرمایە ) دامەزراوە، پەیوەندییەکانی کۆمەڵگە کۆنکرێت بێ یان بڕێکی کەم تا زۆری دیجیتاڵ بێ، هێشتا ئەو کۆمەڵگەیە چینایەتییە، مادامەکی گۆڕان بەسەر پێکهاتی ئابووری و شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەدریدا نەهاتووە، چونکە بەردەوام زۆربەی ئینسانەکان کارێک دەکەن و بەرامبەری ئەوە کرێ وەردەگرن، و نوخبەێکی کۆمەڵگەش خاوەنی کۆمپانیا و بانک و ئۆفیسەکانن و قازانج لە بەری کاری ئەوانی دی دەکەن.
پۆپەر خۆی زۆر دژی پێشبینییەکان بوو، و بەڵگەی داڕشتووە کە دەڵێ: بە هۆکاری لۆژیکی ناتوانین داهاتوو بزانین؛ نووسیویەتی:( ڕەوتی مێژووی مرۆڤایەتی بە توندی لە ژێر کاریگەری گەشەی زانستی مرۆڤدایە، بەڵام ناتوانین بە شێوازی عەقڵانی یان زانستی پێشبینی گەشەی داهاتووی زانستە زانستییەکانمان بکەین. بۆیە ناتوانین پێشبینی ڕەوتی داهاتووی مێژووی مرۆڤایەتی بکەین). لە کتێبی کۆمەڵگەی کراوە – کاڕڵ پۆپەر/ ساڵی [۱۹٤٥].
وەک لە کتێبی (هەژاریی مێژووگەرایی: The Poverty of Historicism)دا پۆپەر پێی خۆی لەسەر دژایەتیکردنی پێشبینی دادەگرێت، بڕوای وایە کە مێژوو دەستنیشان ناکرێت، بۆیە پێشبینی بۆ ئاییندە نازانستی و هەڵەیە، وە شیاوی ئەوە نییە متمانەی پێ بکرێ و پشتی پێ ببەسترێت. واتە مێژوو چوارچێوەو سنووری بۆ دانانرێت و پۆپەر دژی ئەوەیە پێشبینی بۆ ئاییندە بکەین.
پۆپەر ئەم ئارگیومێنتەی بەکارهێناوە بۆ ڕەخنە لە مارکس، وە بە تایبەتی لە کتێبی (هەژاریی مێژووگەرایی)دا ئیدیعای ئەوەی دەکرد کە مارکس پەیڕەوی فەلسەفەی (مێژووگەرایی) دەکات و بڕوای بە حەتمیەتی مێژووییە، و لێرەوە پۆپەر دەیگوت کە مارکس وەک پێغەمبەر و فاڵچیێکی درۆزن وایە پێشبینی دەکات. ئەوەی لێرەدا دەمەوێ بە کورتی بیڵێم: مارکس نە پێغەمبەرەو نە بڕوای بە “حەتمیەتی مێژوویی” بووە، بەڵکە وەک زاناێک دوای دراسەی فاکتەکانی واقیعی کۆمەڵگەی سەرمایەداری پێشبینی کردووە، هەر وەک پۆپەر خۆشی کردوویەتی؛ ئایا پێشبینیکردن بۆ پۆپەر خۆی حەڵاڵە و بۆ مارکس حەرامە؟!.

دوژمنە نوێکانی کۆمەڵگەی کراوە
بە بڕوای پۆپەر، دوژمنەکانی کۆمەڵگەی کراوە، بەتایبەتی (کاڕل مارکس و هاوڕێکانی)، ئەوانەن کە بانگەشەی خاوەنداریەتی مەعریفە و چاکەیەکی گشتی دەکەن. بانگەشەی ئەوە دەکەن کە دەتوانن بە شێوەیەکی زانستی و دادپەروەرانە کۆمەڵگا کۆنترۆڵ بکەن، بۆ ئەوەی یۆتوبیاێکی پڕ لە بەختیاری بەدیبهێنن. ئەم زانستە لای نوخبەێکی پێشڕەوە کە حیکمەتیان دۆزیوەتە، هەم ڕاستی زانستییە و هەم نۆرماتیڤ-ئەخلاقییە. کەواتە بە مەعریفە و ئەخلاق دەسەڵاتێکی بیروکراتی حەکیم دادەمەزرێنن تا خەڵکی دەربازکەن لە قەیران و دۆزەخ. بۆیە ئەم مەعریفە و ئەو دەسەڵاتەی دروستی دەکەن، لە سەروی ئازادی تاکی مرۆڤەوەیە، واتە لە سەروی حوکمدانی خۆیانەوە بڕیار دەدرێت سەبارەت بەوەی کە چۆن دەبێ ژیانی خۆیان لە قاڵب بدەن. فەلسەفەی سیاسی پۆپەر لیبڕالیسم و دیموکراتییەتی سەرمایەداری ڕۆژئاوای هاوچەرخی وەک مۆدێلی “کۆمەڵگەی کراوە” قبوڵ دەکرد، وە دژی (سۆڤیەت و نازیەکان) بوو، چونکە تۆتالیتاریسم و کۆمەڵگەی داخراون بوون.
کەواتە گەر لەم سەردەمەدا بە دوای دوژمنەکانی کۆمەڵگەی کراوەدا بگەڕێن ئەمانەن: “چین، کۆریای باکوور، کوبا” ئەمانە خۆیان بە کۆمۆنیست دەزانن. “ئێران، ئەفگانیستانی تاڵیبان، سعودیە” ئەم دەوڵەتانە ئیسلامین و کۆمەڵگەی داخراون. هەروەها هەر حیزب و بزووتنەوەێک کە ”میتودێکی مێژووگەریی” و دۆگمان و ئیدۆلۆژی هەیە، ئەمانەش ئامانجیان دامەزراندنی تۆتالیتاریسم و کۆمەڵگەی داخراوە، و بە دوژمنەکانی کۆمەڵگەی کراوە دەژمێردرێن.
بەڵام جیهانی سەرمایەداری ئەمڕۆکە دوای کۆتایهاتنی جەنگی سارد، گۆڕانی بەسەردا هاتووە. ئەمڕۆکە هەندێ لایەن پەیدا بوون کە بە دوژمنە نوێکانی کۆمەڵگەی کراوە دەژمردرێن، کە ناکەونە نێو ئەو خشتەیەی پۆپەر دایڕشت بوو.
لەمڕۆدا سەرمایەداری لە قەیرانی ئابووری و ناسەقامگیردا کۆمەڵگەی خستۆتە ژێر چاودێری، و تایبەتمەندی تاکەکەسەکان پێشێل دەکات. کاتێ ئینسانەکان لە شەقامەکان، مۆڵەکان، یان لە فرۆکەخانەکاندا بن، بە تەکنەلۆژیای زیرەک دەموچاویان دەناسرێتەوە. کامێرای چاودێری دەزانێ لە چ جێکایەک سەیارەکەت ڕاگرتووە، یان بەهۆی سۆسیال میدیا و مۆبایلەکانەوە هەموو زانیاری تایبەتی تاکەکەسەکان خەزنکراوە. ئەمرۆکە تۆڕی داتا و ئینترنێت وەک دەسەڵاتێکی شمولی بەسەر سەری ئینسانەکانەوەیە، و لەتەک گەشەکردنی زیاتری “زیرەکی دەستکرد” ئەم دەسەڵاتە شمولییە زیاتر دەبێ.
بزووتنەوەکانی ڕاستڕەوی توندڕەو (ڕاسیسمی نوێ و فاشیسمی نوێ) هەر بەناوی پاراستنی دیموکراتییەت و شارستانیەتی ڕۆژئاوا جەماوەریان ڕۆژبەڕۆژ زیاد دەکات. ڕاستڕەوی توندڕەو هیچ ناچێتە ژێر ئەو پۆلێنەی پۆپەر، چونکە بڕوایان بە میتودی مێژووگەریی نییە، و باس لە پاڕاستنی (ئازادی و سیکولاریسمی) غەرب دەکەن دژی پەناهەندەکان. دیاردەی نوێی وەک (خراپ بوونی ژینگە، بڵاوبوونەی درم و ڤایرۆسەکان، ململانێی بلۆکەکانی سەرمایەداری – ڕوسیا و چین دژی ڕۆژئاوا) هێندەی دی کۆمەڵگەی کراوەی بەرەو تۆتالیتاریسم بردووە. ململانێ نێوان باڵەکانی بزووتنەوە بۆرژوازەکان کە بڕوایان بە دیموکراتی و لیبڕالیسم هەیە، و ململانێ نێوان کۆمپانیاکانی سەرمایەداران، کۆمەڵگەی کراوە بەرەو تۆتالیتاریسم دەبات. چەند نموونەیەک: ئەو کەسانەی دژی دۆگما لیبڕاڵەکانن (مافی کۆمەڵگەی میم)، ئەوانەی گریمانە لیبڕاڵەکان دەخەنە ژێر پرسیارەوە، بە ناوی ڕاستڕەوی توندڕەو ناوزەد دەکرێن. ئەوانەی کاتی کۆڤید نەیانویستایە دەمامک ببەستن یان دژی کۆڤید خۆیان بکوتن، لە زۆر ماف بێبەش دەکران. ئەگەر کەسێک بیەوێت زانست لە پشت گەرمبوونی جیهانەوە بخاتە ژێر پرسیارەوە، ئەوا وەک “ئینکاریکەری گۆڕانی ژینگە” سووکایەتییان پێدەکرێت. دیارە لەتەک تووندبوونەوەی قەیران و کێشەکان، مەیلی بەرەو سەرکوتکردن و تۆتالیتاریسم زیاتر دەبێ.
قەیرانی ئابووری و سیاسی جیهانی ئەمڕۆ لە زۆر ووڵاتاندا ئەگەری تەقینەوەی جەنگی ناخۆیی زیاد دەکات. پشێوی کاتی هەڵبژراردنی بایدن بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا، زەنگێکە هۆشداری بە ئەگەری خولێکی زۆر مەترسیدار دەدات لە نێو دڵی کۆمەڵگەی کراوەی سەرمایەداری ڕۆژاوادا. لەگەڵ سەرهەڵدانی بزووتنەوە کۆنەپەرستەکان و پۆپۆلیزم لە دونیای ئەمڕۆدا، کە مەیلی پاوانخوازیان هەیە، وە زیادبوونی ئەوەی پێی دەوترێت “فرە قەیران”، ئاسانە بگەینە ئەو ئەنجامەی کە دیموکراسی بۆرژوازی و مۆدێلی کۆمەڵگەی کراوە مەحکومە بە بن بەست، و جیهانی سەرمایەداری چۆتە خولێکی نوێی دڕندەیی.

———————————————————
تێبینیەکان:
1/ دەتوانن ئەم چەند دێڕە لە(کۆمەڵگای کراوە و دوژمنەکانی – بەرگی یەکەم – ۱۰/ لاپەڕە ۳۸۹ – و: ئیدریس شێخ شەرەفی) بخوێنەوە کە زمانەکەی باشترە. من لە زمانی ئینگلیزیەوە وەرمگێڕاوە.
۲/ دیمەنی تاکگەرایی و تەنیایی ئینسانەکان لە نێو کۆمەڵگەی مۆدێرنی سەرمایەداریدا گەلێ نووسەر (جگە لە تیۆری نامۆیی مارکس) باسیان لێوە کردووە. من لێرەدا پەرەگرافێکی ڕۆمانێکی دیستۆڤیسکی بە نموونە دەهێنمەوە کە لە ساڵی ١٨٨٠ـ ١٨٧٩ چاپ و بڵاوکراوەتەوە:
(ئەو گۆشەگیرییەی مرۆڤ تێیدا دەژی، بەتایبەتی لە سەردەمی ئێمەدا، لە هەموو بوارەکاندا دیارە. لەم سەردەمەی ئێمەدا تەنیایی کۆتایی نەهاتووە، تەنانەت نەگەیشتووەتە لوتکە. هەموو مرۆڤێک لەم سەردەمەدا هەوڵدەدات تامی ژیان بە تەواوی بکات، بەڵام دوور لەوانی دی، بۆیە بە دوای بەختەوەری تاکەکەسیدا دەگەڕێت. بەڵام مەحاڵە ئەم هەوڵانە ببنە هۆی تامێکی تەواو لە ژیان، چونکە تەنها دەبێتە هۆی لە ناوچوونی تەواوەتی ڕۆح، و تەنها دەبێتە هۆی جۆرێک لە خۆکوژی ڕۆحی لە گۆشەگیرێکی خنکێنەردا. کۆمەڵگا لە سەردەمی ئێمەدا لە تاکەکاندا تواوەتەوە، هەریەکەیان وەک ئەهریمەنێک لە کولانەکەی خۆیاندا دەژین، و لە یەکتر هەڵدێن و تەنها بیر لە شاردنەوەی سامانەکانیان لە یەکتر دەکەنەوە. وە لەمەوە دەگەنە ئەوەی ڕقیان لە یەکتر دەبێتەوەو تا خۆشیان شایستەی ڕق لێبوونەوەش دەبن. مرۆڤ لە تەنیاییدا سامان لەسەر سامان کەڵەکە دەکات و دڵخۆش دەبێت بەو دەسەڵاتەی کە پێی وایە بەم کارە خاوەنییەتی، لە دڵی خۆیدا دەڵێت: “کە ڕۆژەکانم بەم شێوەیە مسۆگەر بووە”، ئیدی گەمژەیی خۆی نابینێت کە زیاتر کەڵەکە بووە، بەمە زیاتر خۆی دەخزێنێتە ناو بێهێزییەکی کوشندە. ئەوەش لەبەرئەوەی ڕاهاتووە کە تەنها پشت بەخۆی ببەستێت و بڕوای بە هاوکاری نەماوە، و لە گۆشەگیریدا ئەو یاسایانە لەبیردەکات کە بەڕاستی مرۆڤایەتی بەڕێوەدەبەن، و کۆتاییەکەی هەموو ڕۆژێک لە ترسی لەدەستدانی پوڵەکانی دەلەرزێت کە ڕۆژێک دێت لە هەموو شتێک بێبەش دەبێت. خەڵکی بە تەواوی لەیادیان چووە کە ئاسایش و سەقامگیری ڕاستەقینە لە ژیاندا بە گۆشەگیری بەدەست ناهێنرێت، بەڵکە لە هاوپشتی و هاوکۆیی هەوڵەکانی یەکتر بەدی دێ.).

/ ڕۆمانی برایانی کارامازۆڤ/ فیدۆر دۆستۆیڤسکی).




فاشیسمی نوێ لە ئەوروپادا.. ئەکرەم سەعید

هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپا لەم ڕۆژانەدا: لە ٦-٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ بەڕێوە دەچێت، کە ئەنجامەکەی وا چاوەڕوان دەکرێ ئەحزابی ڕاستڕەوی توندڕەو زۆربەی دەنگەکان بەدەست دەهێنن. لە ڕاستیدا پێش ئەم هەڵبژاردنەش، چەند ساڵێکە ئەحزابی ڕاستڕەوی توندڕەو جەماوەریان لە زیادبووندایە.
مارکس و ئه‌نگلس له‌ مانیفێستی کۆمۆنیسمدا نوسیبوویان:(با چینە ده‌ست ڕۆشتوە‌کان له‌ ترسی شۆڕشی کۆمۆنیزمی سه‌رتاپایان بێتە له‌رزین)، به‌ڵام له‌ جیهانی ئه‌مڕۆی سه‌رده‌می سه‌رمایه‌داری دڕنده‌دا، وێنه‌که‌ ته‌واو پێچه‌وانه‌ بۆته‌وه‌، چونکه له ترسی شێتۆکه‌ی و دڕنده‌یی چینی برجوازی و دارو ده‌سته‌که‌ی، له‌ سوپاکه‌ی و ئه‌و گشت بزووتنه‌وه‌و ڕێکخراوه‌ مرۆڤ کوژانه‌ی له‌ نموونه‌ی داعش و ڕاسیزمی نوێ،، هتد، زۆربەی مرۆڤایه‌تی سه‌رتاپایان هاتۆته‌ له‌رزین و له‌ ترس و تۆقاندا ده‌ژین. ئێستاکە ئەو تارماییەی بەسەر سەری ئەوروپادا دەسووڕێتەوە، تارمایی کۆمۆنیستی نییە، بەڵکە تارمایی فاشیسمی نوێیە. ئەمڕۆکە زیاتر لە سەدەیەک، دوای سەرهەڵدانی قەیرانی گەورەی ساڵانی ١٩١٤-١٩٤٥، کە ئەنجامەکەی: فاشیسم لە ئیتالیا، ناسیسم لە ئەڵەمانیا، دەوڵەتی ئیستبدادی لە روسیا و جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانی بوو؛ ئێمە شاهیدی گەڕانەوەی لە ناکاوی شەڕ و فاشیزمین لە بەشێکی زۆری جیهاندا.
بەڕای مارکسیسمەکان فاشیزم لە بنەڕەتدا پەیوەستی بە سەرمایەداریەوە هەیە. بۆ نموونە “ڕێنتۆن” دەڵێ:(فاشیزم تایبەتمەندییەکی دووبارەبووەوەی سەرمایەداریی مۆدێرنە)، و “نیوکلیوس” نووسیبووی:(فاشیزم پێش هەموو شتێک ئایدۆلۆژیایەکە کە پیشەسازی مۆدێرن دروستی کردووە). هەروەها “ڕۆبن” لەسەر نازییەکانی ئەڵەمان ڕای وایە کە:(فاشیسم بە پشتیوانی دارایی سەرمایەداری مۆنۆپۆلی مۆدێرن چەکدار کرا، و دیکتاتۆرییەکەی خۆی لە ڕێگەی نوێترین تەکنیکی پڕوپاگەندە بۆ کۆکردنەوەی جەماوەر، وە بە سەرکوت سەپاندی بەسەر کۆمەڵگەدا، و شەڕەکانی بە تێکەڵەیەکی ترسناک لە وردبینی سەربازی و بوێری سیاسی بەڕێوە دەبرد. فاشیزمی ئەڵمانی بۆ گەیشتن بە دەسەڵات هێماکانی هۆزە ئارییە کۆنەکانی زیندووکردەوە ،، ئەستۆڕەی بتپەرستی “خوێن و خاک”ی بڵاودەکردەوە. لە سەرەتاوە تا کۆتایی دژە شۆڕشی سەرمایەی دارایی ئەڵمانی، خۆی بە جلوبەرگی سەردەمی تاریکەوە ڕازاندەوە.) – ۱/ فاشیزم لە ئەڵمانیا – ڕۆبن بلیک/١٩٧٥- بەشی یەکەم.
دیاردەی بە جەماوەربوونی (ڕاستڕەوی توندڕەو یان ڕاسیسم و فاشیسمی نوێ) چەند پرسیارێک دەخاتە بەردەممان:

  • جیاوازی بنکەی جەماوەری و ئەستۆرەکانی فاشیسمی پێشوو لەتەک فاشیسمی نوێ لە چیدایە؟!.
  • ئایا جارێکی دی نازیسم و فاشیسم دەتوانن ڕۆڵی گەورە بگێڕن، و لە تەواوی وڵاتانی سەرمایەداری ڕۆژئاوادا بێنە سەر حوکم؟ کە دیارە ئەمەش بە کۆمەکی باڵێکی بۆرژوازەکان مەیسەر دەبێ، کە لەسەر حیسابی لیبراڵ و چەپی بۆرژوازەکان، ڕاستڕەوی تووندڕەو دەنگ دەهێنێ و بەرزدەبێتەوە بۆ لوتکەی دەسەڵات: واتە هەمان سیناریۆی ساتەوەختی قەیرانی پێش جەنگی جیهانی دووەم، گەرچی کەمێ ئەمڕۆکە دیکۆری شانۆی سیاسی جیهان گۆڕاوە.
  • ئایا دەسەڵاتی فاشیسمی نوێ کارەساتی کۆکوژی هاوشێوەی هۆلاکۆست، بەڵام ئەمجارە بە “کۆکوژی چەپ و موسڵمانەکان و کەمایەتییەکان” دووبارە دەکاتەوە؟!.

    بنکەی جەماوەری فاشیسمی نوێ
    لێرەدا بەکورتی باسی سێ لە مارکسییەکان دەکەین کە شرۆڤەیان بۆ بنکەی جەماوەری فاشیسم کردووە:
    ۱/ “ئەنتۆنیۆ گرامشی” لە ساڵی ١٩٢۱، پێنج ساڵ پێش دەستگیرکردنی لەسەر دەستی هێزەکانی مۆسۆلینی، دەنووسێت:(چینی “وردە بۆرژوازی” کە لە هەموو وڵاتانی سەرمایەداریدا هەن، ئەم چینە بنکەی جەماوەری فاشیزمە). واتە بەڕای گرامشی بنکەی پشتیوانی فاشیستەکان لەو کاتانەدا چینی وردە بۆرژوازی بوو، نەک چینی کرێکاران.
    ۲/ “کلارا زێتکین” لە وتارێکدا ساڵی ١٩٢٣، کە بۆ کۆمینترن پێشکەشی کرد، ڕای وایە کە (هەڵگرانی فاشیزم کاستێکی بچووک نین، بەڵکو کۆمەڵایەتی فراوانن). واتە بەڕای زێتکین بنکەی جەماوەری فاشیزم تەنها چینی وردە بۆرژوازی نییە، بەڵکە تەنانەت چینی کرێکارانیشە. وە دەیگووت:(تەنها کاتێک تێبگەین کە فاشیزم کاریگەرییەکی وروژێنەر و زاڵی بەسەر جەماوەری بەرفراوانی دانیشتوواندا هەیە، ئەوکات دەتوانین بەرەنگاریی ببینەوە.) – کلارا زێتکین (خەبات دژی فاشیزم )- ئەم ڕاپۆرتەی خوارەوە لە ٢٠ی حوزەیرانی ١٩٢٣ دراوە بە پلینۆمی سێیەمی دەستەی بەڕێوەبەری ئینتەرناسیۆنالی کۆمۆنیست./ ۲.
    ۳/ ترۆتسکی پشتیوانی جەماوەری بۆ فاشیزم لە (وردە بۆرژوازی و چینی ناوەڕاستی نوێ؛ پیشەوان و دوکاندارە بچووکەکانی شارەکان، بەرپرسە بچووکەکان، کارمەندان، کارمەندانی تەکنیکی، ڕۆشنبیران، جووتیارە هەژارەکان) پێک دێت. وەک “دانیال گێرین” کە سۆسیالیستێکی شۆڕشگێڕی فەرەنسییە، و لەژێر کاریگەریی ترۆتسکیدا بووە، دەڵێ “وردە بورژوازی “ناخوازن بۆرژوازی گەورە وەک چینێک لەناوببەن”، بەڵکو ” ئەوان حەزدەکەن خۆیان ببنە بۆرژوازی گەورە”. بەڵام وردە بورژوازی بێ توانا بوو لە پەیڕەوکردنی سیاسەتی سەربەخۆ، هەرچەندە فاشیزم “لەسەر پشتی وردە بورژوازی سەرکەوت بۆ دەسەڵات”.
    بەڕای من هاوڕێیان (گرامشی، زێتکین، ترۆتسکی) بۆ ئەو کاتەی خۆیان، خاڵی دروستیان نووسیووە، بەڵام بۆ سەردەمی سەرمایەداری ئێمە زۆرتر ڕۆشن بۆتەوە کە جگە لە چینی وردە بۆرژوای، لەمڕۆکەدا چینی کرێکاران بنکەێکی جەماوەری فاشیسمی نوێن. ئەمەش لەلاێک ئاکامی گەشەی ئابووری سەرمایەدارییە لە نێو کۆمەڵگەی زۆرێک لە وڵاتانی سەرمایەداری ڕۆژئاوادا، کە لەچاو ساڵانی۱۹۰۰- ۱۹٤۰ ڕێژەی (جوتیاران و خاوەن پیشەییەکان) کەم بۆتەوە.

    چینه‌کان و ڕاسیسم له‌ سوید

    پێته‌ر لارشۆن بڕوای وایه‌:{کرێکاران له‌وه‌ ترسیان هه‌یه‌ که‌ په‌ناهه‌نده‌کان هه‌ڕه‌شه‌ دروست که‌ن له‌سه‌ر جێگاوشوێنی کۆمه‌ڵایه‌تیان؛ واته‌ جێگایان بگرنه‌وه‌ له‌ کارداو بێکاریان که‌ن. به‌ڵام چینی مامناوه‌ند که‌ جێگاوشوێنی کۆمه‌ڵایه‌تی بڵندیان هه‌یه‌، هیچ ترسێکیان نییه‌ له‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌.}.
    له‌ ڕاستیدا ئه‌مه‌ ناوه‌ڕۆکی نامه‌ی دکتۆراکه‌ی “میکایل سڤێنسۆن”ه‌، که‌ له‌ژێر ناونیشانی (چۆن چینایه‌تی جیاوازی دروست ده‌کات) نووسیبووی. لارشۆنیش له‌ ئه‌نجامی لێکۆلینه‌وه‌ێک له‌ته‌ک چه‌نده‌ها کرێکاران و چینی مامناوه‌ند گه‌یشتۆته‌ ئه‌م ئه‌نجامگیریه‌. هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌وه‌ی چه‌ند ساڵێک کاری کردبێ، یان ژیابێ له‌ سوید یان هه‌ر ووڵاتێکی دی ئه‌وروپا، ئه‌نجامگیریه‌که‌ی لارشۆنی به‌لاوه‌ دروسته‌.
    هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر جێگای کۆمه‌ڵایه‌تی مه‌رج نییه‌ به‌ ته‌نها هاتنه‌خواره‌وه‌ی ئاستی کرێ بگرێته‌وه‌، چونکه‌ له‌ هه‌ندێ ووڵاتانی سه‌رمایه‌داری ڕۆژئاوادا بڕی کرێ بۆ کاره‌کان به‌ یاسا و کۆنتراکتی سه‌ندێکا دیاریکراوه‌، بۆیه‌ جیاوازی ڕه‌نگی پێستی مرۆڤه‌کان و که‌لتور ڕۆڵی نییه‌ لێره‌دا.
    هەروەها بەڕای “لارشۆن” چینی مامناوه‌ند(دادوەرەکان، دکتۆرەکان، پارێزه‌ره‌کان، ئه‌فسه‌ری سوپاو ده‌زگا ئه‌منیه‌کان، هونه‌رمه‌نده‌کان، شاره‌زایانی بواری ته‌کنه‌لۆجی) ترسیان لەوە نییه‌ به‌هۆی په‌ناهه‌نده‌کانه‌وه کاره‌کانیان له‌ ده‌ستبدەن، و جێکاو شوێنی کۆمه‌ڵایه‌تیان‌ بێتەخوارەوە.

    بەڕای من ئه‌م تۆلێرانسی چینی مامناوه‌نده‌ که‌ هێشتا په‌ناهه‌نده‌کان هه‌ڕه‌شه‌ نین له‌سه‌ر جێگاوشوێنی کۆمه‌ڵایه‌تیان به‌هۆی بڵندی مه‌قامی کاره‌کانیان‌، له‌ته‌ک هاتنه‌ناوه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێی په‌ناهه‌نده‌کان که‌ له‌و ووڵاتانه‌ له دایک بوون و گه‌وره‌ بوون بۆ نێو باڕازی کار، و به‌ هۆی گه‌شه‌ی ته‌کنه‌لۆجیاوه‌، ئه‌م بێ خه‌می و تۆلێرانسه‌ی چینی مامناوه‌ند هه‌روا وه‌ک خۆی نامێنێ.
    ئه‌ما کرێکارانی جۆری پیشه‌ی ئاسایی ئه‌و ترسه‌یان هه‌ر ئێستا هه‌یه‌. لێره‌وه‌ ئه‌م دڵه‌ڕاوکێیه‌ ئابوورییه‌، مه‌یلی به‌شی خواره‌وه‌ی چینی کرێکارانی ووڵاتانی دایک زیاتر به‌ره‌و ڕاسیسم پاڵ پێوه‌ ده‌نێ. بۆ نموونە: لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی (۲۰۱۹)، ڕێژەی٦۰% دەنگەکان کە ترەمپ بەدەستی هێناوە، لە نێو چینی کرێکاری ئەمەریکییەوە هاتووە.- (سەنتەری توێژینەوەی – ساڵی ۲۰۱۹).
    بێگومان هۆکاری زیادبوونی مه‌یلی به‌شی خواره‌وه‌ی چینی کرێکارانی وڵاتانی دایک به‌ره‌و ڕاسیسم ته‌نها هۆکاری کۆمه‌ڵایه‌تی نییه‌، به‌ڵکه‌ هۆکاری فکری ڕۆڵی گه‌وره‌ ده‌بینێ له‌م نێوه‌دا. بڵاوبوونه‌وه‌ی فکری ڕاسیسم، فکری (ترس له‌ بێگانه‌ – الإكزينوفوبيا Xenophobia / ترس له‌ ئیسلام – Islamophobia) له‌ وڵاتانی سه‌رمایه‌داری ڕۆژئاوادا، ڕۆڵی گه‌وره‌یان بینیوه‌ له‌ زیادکردنی جه‌ماوه‌ری ڕاسیسمه‌کان.
    زیادبوونی مه‌یلی چینی کرێکاران به‌ره‌و ڕاسیسم هۆکاری ئابووری خۆی هه‌یه‌ که‌ سیسته‌می سه‌رمایه‌داری سه‌رچاوه‌یه‌تی، به‌ڵام ئیدۆلۆژیسته‌ بۆرژوازه‌کان هۆکاری جیاوازی ڕه‌گه‌زو که‌لتوری بۆ داده‌تاشن تا سه‌رچاوه‌ی سه‌رمایه‌داری په‌رده‌پۆش که‌ن. واته‌ کرێکارانی وڵاتی دایک ڕقیان له‌ کرێکارانی په‌ناهه‌نده‌ ده‌بێته‌وه‌ له‌ ترسی له‌ ده‌ستدانی کاره‌کانیان. وه‌ک له‌ ئێران به‌ چاوێکی نزم سه‌یری کرێکارانی ئه‌فغانی ده‌کرێ، و له‌ تورکیا ڕاسیستانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌ته‌ک کرێکارانی سوریا ده‌کرێ، کرێکارانی پۆلۆنی و سربی بێزراون له‌ به‌رچاوی کرێکارانی ئه‌وروپیدا، گه‌رچی له‌ نێوان ئه‌و خه‌ڵکه‌دا جیاوازی ئاینی و ڕه‌نگی پێست نییه‌. به‌ڵام نووسه‌رانی بۆرژوازی تێزی ململانێی که‌لتور یان ململانێی شارستانی ده‌هێنه‌ نێوان که‌ له‌ ڕاستیدا هیچ بایه‌خێکی ڕاسته‌قینه‌ی نییه‌و گه‌مه‌ێکی سیاسییه‌ بزووتنه‌وه‌ فاشیه‌کانی بۆرژوازی ده‌یکه‌ن بۆ فریودانی خه‌ڵکی.
    هۆکاری ڕاسته‌قینه‌ی که‌مبوونی کاری ئاسایی له‌ ئه‌وروپادا په‌ناهه‌نده‌کان نین، به‌ڵکه‌ گه‌شه‌ی ته‌کنه‌لۆجیا و گواستنه‌وه‌ی کارگه‌کانه‌ بۆ وڵاتانێ که‌ ئاستی کرێ و باج تێیدا نزمه‌ و بازاڕی گه‌وره‌یان هه‌یه‌.
    به‌هۆی نزمی هۆشیاری سۆسیالیستی له‌ نێو ڕیزه‌کانی کرێکاراندا ڕق و کینه‌ و دووبه‌ره‌کی ده‌که‌وێته‌ نێوان چینی کرێکاران، و هه‌ر به‌شێک له‌ چینی کرێکاران ده‌چێته‌ ژێر هه‌ژموونی ئایدۆلۆژیای بۆرژوازیێک؛ یان ئایدۆلۆژیای ڕه‌گه‌زپه‌رستی و ئاینی مه‌سیحی سیاسی یان ئایدۆلۆژیای ئیسلامی سیاسی، و به‌مه‌ ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوازی له‌سه‌ر خۆیان زیاتر ده‌که‌ن.
    لەم ساتەی کە ئەوروپا لە قەیران و پشێویدا دەژی، و خۆی ئامادە دەکات بۆ جەنگ لەتەک ڕوسیا، ئیدی هێزی پۆلیس و ئاسایشی ئاسایی، و ئەحزابی لیبڕال و چەپی بۆرژوازی لەتەک پەرلەمانێکی بێ ئیعتبار، ناتوانن کۆمەڵگە لە دۆخێکی سەقامگیردا ڕابگرن و ئامادە بە جەنگی کەن، بۆیە نوخبەی جەنگی دەسەڵاتی بۆرژوازی ستافی حوکمڕانی دەگۆڕێ، ئیدی نۆرەی ڕژێمی فاشیستییە بێتە سەر شانۆ، و ڕۆڵی خۆی بگێڕێ.

    “کریستۆف ڤاندرایەر” لە پارتی یەکسانی سۆسیالیستیی لە ئەڵمانیا دەڵێ:-
    (چۆن ئەتوانرێت شکست بە پارتی ڕاستڕەویی توندڕەوی (AfD) بهێنرێت؟
    دوابەدوای ئاشکراکردنەکانی کۆبوونەوەیەکی نهێنی نێوان بەرپرسانی پارتی [ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا(AfD)] و نوێنەرانی بازرگانییەکان سەبارەت بە پلاندانانیان بۆ دەرکردنی بەکۆمەڵی ئەو خەڵکانەی کە پێشینەی کۆچبەرییان هەیە، سەدان هەزار کەس لە سەرانسەری ئەڵمانیا دژی سیاسەتە ڕاستڕەو و نامرۆڤەکانی پارتی ئەڵتەرناتیڤ ڕژانە نێو شەقامەکان و خۆپیشاندانیان سازکرد. (پارتی یەکسانی سۆسیالیستیی) پێشوازی لەم ناڕەزایەتی گردبوونەوانە ئەکات. بەڵام نابێت هەر تەنها دژ بە ئەڵتەرناتیڤ (AfD) بێت، بەڵکو ئەبێت بەرامبەر سەرجەم ئەو حکومەتە بێت کە بەرنامەی فاشیستەکان لەخۆئەگرێ و ڕێگایان بۆ خۆش ئەکات.
    کۆبوونەوە نهێنییەکە نیشانی دا کە پلانەکانی دیکتاتۆرییەت و دیپۆرتکردنەوەی بەکۆمەڵ تا چەند چوونەتەپێش. (AfD) پارتێکی فاشیستە کە درێغی لە جێبەجێکردنی ئەم پلانانە ناکات. پەیوەندییەکی نزیکی بە تۆڕە تیرۆریستییە ڕاستڕەوە بێشومارەکانی ناو دەزگاکانی پۆلیس و سوپا و خزمەتگوزارییە نهێنییەکانەوە هەیە، کە خۆیان بۆ “ڕۆژی X” ئامادە ئەکەن کە ئەیانەوێت نەیارانی سیاسی و کۆچبەران کۆبکەنەوە و بیانکوژن. بەڵام مەترسییەکە تەنها لە (AfD)ەوە نایەت. لە هەموو جیهاندا پارتە ڕاستڕەوە توندڕەوەکان گەشە ئەکەن و حکومەتەکان پەنا بۆ شێوازە دڕندەییەکانی سەرکوتکردنی سیاسی ئەبەن و تادێت بڕەوی پێ ئەدەن. .
    حکومەتە ڕاستڕەوە توندڕەوەکان، وەک حکومەتەکانی مێلۆنی لە ئیتاڵیا یان میلای لە ئەرجەنتین، جیاوازییەکی زۆریان لەگەڵ حکومەتە “دیموکرات”ەکانی وەک جۆ بایدن یان ئۆلاف شۆڵزدا نییە هەموویان هەنگاوی دڕندانە دژی پەنابەران ئەگرنەبەر و خۆیان بۆ شەڕی بەرفراوان چەکدار ئەکەن، سەرکوت و پێشێلکردنی ئازادی ڕاده‌ربڕین بڕەو پێ ئەدەن.

    سەرچاوە:

How can the far-right Alternative for Germany be beaten? – 19 January 2024 – Christoph Vandreier

سەرچاوەکان:
۱ / Fascism in Germany. Robin Blick 1975 – Chapter I: The Roots of
German Reaction
۲/ Clara Zetkin – The Struggle Against Fascism / The following report was given June 20, 1923, to the Third Plenum of the Executive Committee of the Communist International.
۳/ هه‌وڵدان بۆ جێگاوشوێنی کۆمه‌ڵایه‌تی ڕاسیسم ده‌بزووێنێ – پێته‌ر لارشۆن / Statusjakten driver fram rasismen
Petter Larsson läser en avhandling, som slår hål på myten om den toleranta medelklassen – Aftonbladet /Publicerad 2020-07-28
٤/ بەشێک لە کتێبی ژیاننامەی “دیدیە ئێریبۆن – گەڕانەوە بۆ ڕیمس”، کە لەنێو شتەکانی تردا باس لە هۆکارەکانی سەرکەوتنی پۆپۆلیزمی ڕاستڕەو دەکات لەنێو دەنگدەرانی چینی کرێکار لە فەرەنسا. هەروەها وتاری (لە چینایەتییەوە بۆ ڕەگەز) لە سایتی (فلاممان ١٢ی تەمموزی ٢٠١٨). بەڵگەکان ئاشکرای دەکەن کە پۆپۆلیزمی ڕاستڕەو لە ئەوروپا و ئەمریکادا پشتیوانییەکی بەرچاوییان لەنێو کرێکاراندا بەدەستهێناوە.




کارەساتی بێ ئومێدی و چەنەبازی ئینسانە گچکەکان.. ئەکرەم سەعید

“من کەسێکی نیمچە شێت و نیمچە مردووم” – چیرۆکی: چەنەبازی لەسەر نیل/ نەجیب مەحفوز

مەحفوز لەسەر زاری “ئەنیس” کە یەکێکە لە چەنەبازەکانی سەر ڕووباری نیل و پاڵەوانی چیرۆکەکەیە، “حەقیقەتی کەسایەتی خۆی باس دەکات بۆ ئەوانی دی:(من کەسێکی نیمچە شێت و نیمچە مردووم). هەڵبەتە ئەوە هەر بەتەنها ئەنیس و هاوەڵەکانی نییە، لە نێو بەلەمێکی سەر نیل کەسایەتیان لەو چەشنەیە، بەڵکە لەڕاستیدا زۆربەی زۆر خەڵکی میسر و جیهان لە ساڵاکانی ۱۹٥۰- وە تا ئێستاش (نیمچە شێت و نیمچە مردوون)، ئەوەش دوا پلەی نامۆیی و بە شمەکبوونە، و لە دەستدانی هۆشیاری ئینسانی و چینایەتییە، کە ئینسانەکان لە ژێر سایەی سیستەمی سەرمایەدریدا دووچاری هاتوون.
ئەمە توانج و وەسفێکی ناشرین نییە بەتەنزەوە بە مرۆڤەکان، بەڵکە ئەمە کێشانی دیمەنی واقیعی حاڵی ئینسانەکانە لە سەردەمی ئێمەدا. ئەمە سەرگوزشتەێکی ڕاستەقینەیە بۆ حاڵی کۆمەڵگە و ئینسانەکان لە ئێستادا، وە دەمامکە درۆزنەکان ئاشکرا دەکات، و لە گوتاری ئیدۆلۆژی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنی ساختە هاتۆتە دەرەوە، وەسفی ئەو دۆخە خەسار و پارچەپارچە بوونە باس دەکات کە خەڵکی دوێنێی میسر و ئەمڕۆکەی جیهان بەدەستیەوە دەناڵێنێ، کە بێگومان ئاکامی ئەم ناهۆشیارییە( نیوە شێت و نیوە مردووە)ی ئینسانەکان، ئەنجامەکەی دونیا بە ناچاری بەرەو کارەسات دەبات.

  • کاتی قەیران و جەنگی دەوڵەتە دڕندەکانی سەرمایەداری، گەر چینی کرێکاران و ئازادیخوازان هۆشیار نەبوون، و هاوشێوەی پێڕە چەنەبازەکەی ڕۆمانەکەی مەحفوز لە بری نێو بەلەمێک لەسەر نیل، ئەمڕۆکە لە نێو سۆشیال – میدیا خەریکی دیالۆگی کەرەکان و چەنەبازی بن، ئیدی چاوەڕێی کارەسات بکە ڕووبدات.
  • لە دووهەفتە لەمەوبەر تا دوێنێ، ئۆکرانیا دووجار هێرشی کردۆتە سەر (وێستگەی ئەتۆمی زابوریجیا بۆ بەرهەمهێنانی ووزە)، ئەو وێستگە گەورەیە گەر بتەقێتەوە، جگە لە بەشێکی ڕوسیا کە زیانی بەردەکەوێ، ئۆکرانیا بۆ خۆی دەبێتە پنتایێک لە خاک کە بەکەڵکی ژیان نامێنێ، ئەمە جگە لەوەی زیان بە (پۆلۆنیا، ڕۆمانیا، و باقی ووڵاتانی بەلکان) دەکەوێت، و تەنانەت تیشکی ئەتۆمی تەقینەوەی ئەو وێسگەیە زیانی هەیە بۆ تەندروستی خەڵکی ووڵاتانی (فیلەندا و سوید).
  • لە هێرشی ئەم دواییەی “ئێران و ئیسرائیل” بۆ سەر یەکتری ڕاستەخۆ یان ناڕاستەخۆ، هەڕەشەی پەلاماردانی وێستگە ئەتۆمییەکان هاتۆتە گۆڕێ. گەر کارەساتێکی ئەتۆمی بە ئەنقەست یان نەخوازراو ڕووبدات، بە ملیۆناها مرۆڤ زیانمەند دەبن، و ناوچەکە شیاوی ژیان نامێنێ.
  • لە کاتێکدا دڕندەکانی سەرمایە خەریکن مرۆڤایەتی دووچاری کارەساتێکی ئەتۆمی دەکەن، کە کارەساتی هیرۆشیما و ناکازاکی و کارەساتی ئەتۆمی وێستگەی چێرنۆبڵ لەساڵی ۱۹۸٦، لە چاویدا کارەساتێکی گچکەیە، کەچی مرۆڤایەتی هاوشێوەی (پێڕە چەنەبازەکەی مەحفوز)، کە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا لە خۆدەگرێت، لە مامۆستا و ڕۆشنبیر و دز و بەرپرس و سەماکار و کرێکار، هەموو وازیان لە کەیف و چەنەبازی خۆیان نەهێناوە، و بەرامبەر ئەو هەموو قەیران و کارەساتەی جەنگ و کۆکوژی منداڵ و خەڵکی مەدەنی، توانای زۆرەبڵێی و چەنەبازییان لەدەست نەداوە، بەڵام ئەفسوس زۆر هەنگاوی عەمەلی ڕاستەقینە دژی سەرمایەداران و دەسەڵاتەکانیان، و دژی نوخبەی جەنگی بۆرژوازی جیهانی، بۆ ڕاگرتنی مەترسی فەنابوون و فەوتان، تا ئێستاکە نەنراوە.
  • زۆر دەگمەن سۆسیالیستەکان تەشەنە لە ئاست نزمی هۆشی خەڵکی دەدەن، بەڵام لە بەرامبەر ساویلکەیی خەڵکی، لە پێش جەنگ و کاتی جەنگی جیهانی دووەم، خەڵکی ئەڵەمان و بەشێکی دیاری چینی کرێکاران، بە ئیدۆلۆژی و پروپاگاندەی نازییەکان و هیتلەر فریوو درابوون. لەم ساتەوەختەدا بوو کە ولیام ڕایش (گوێ بگرە مرۆڤی گرنگن)ی نووسی؛ هەڵبەتە سۆسیالیستەکان بە مرۆڤەکان ناڵێن( بچوک یان گرگن )، بەڵام مرۆڤ لەو هەلومەرجە و لە دەروونی “ولیام ڕایش” تێدەگات کە بۆچی وا تووڕە بووە، چونکە ئاستی هۆشیاری و پراکتیکی چینی کرێکاران و خەڵکی ئازادیخواز لە ئاستی هەڕەشەکاندا نەبووەو کۆمۆنیستەکانیش بێ توانا و بێ کەڵک بوون، و خەڵکیش هەر خەریکی کەیف و چەنەبازی خۆیان بوون . لەم ساتانەدایە چیرۆکەکەی “نەجیب مەحفوز” دیمەنی دوێنی میسر و دیمەنی ئەمرۆکەی جیهان، بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
  • لە ڕاستیدا ئەوە مەترسیدارە کە سیستەمی سەرمایەداری لەمڕۆکەدا دڕندانە هێرش بۆ سەر بژێوی چینی کرێکاران دەبات و هەژاریان دەکات، وە نوخبەی سەرمایەی فەرمانڕەوا دڕندەیە، و ئاگری جەنگ لێرەو لەوێ هەڵدەگیرسێنێ و کارەسات دەقەومێنێ، بەڵام لەوە مەترسیدارتر و کارەساتبارتر ئەوەیە کە زۆربەی مرۆڤەکان لەم سەردەمەی ئێمەدا، ناهۆشیار و بێ دەرباسین، یان ووە دووی ئەحزابی بۆرجوازی ناسیۆنالیست و ئایینی کەوتوون.
لەڕاستیدا زۆربەی مرۆڤایەتی لەمرۆکەدا ( نیمچە شێت و نیمچە مردوو)ن؛ شێت بەمانای ناهۆشیار، و مردوو بەمانای بێ جوڵە و بێ پراکتیکی شۆڕشگێڕانە بۆ گۆڕینی دونیای سەرمایەداری.

تێبینی:

  • چات یان “چەنەبازی لەسەر ڕووباری نیل”، چیرۆکی کۆمەڵێک مرۆڤی نامۆ و پەراوێزخراو، کۆمەڵێک ئینسان کە لە نێو کێشەکان و چڵپاوی کۆمەڵگادا، پشتگوێخراون و بێ ئومێد و بێ متمانەن بە فکر ، خاوەنی هیچ خەون و ئامانجێک نین، دەچنە شوێنێک بۆ سەر گەرمکردن.
    “بەلەمێک لەسەر ڕوباری نیل” ئەو شوێنەیە کە خەونەکانی ڕزگاربوون لە ستەمکاری بەدی دەهێنێ لە ژیانێکی بێ مانا کە مرۆڤە کچکەکان هیچیان پێناکرێ لە چات زیاتر، جا چات بێ لە نێو بەلەمێکی سەر ڕوباری نیل یان چات بێ لەمڕۆدا لەنێو نێت، جیاوازی ئەو تۆی نییە.
  • دەتوانی چیرۆکەکە لە نێتدا بەخۆڕای وەک “پی دی ئف” بخوێنیتەوە، وە هەروەها چیرۆکەکە کراوە بە فلیم بە ناوی (ثرثرة فوق النيل)، دەتوانی چێژ لە فلیمەکەش وەرگری، چونکە تا بڵێی ئەکتەرەکان نواندنێکی جوان پێشکەش دەکەن.

ئەکرەم سەعید