
وەرزی کۆچی پەناهەندەکان بەرەو باشوور .. ئەکرەم سەعید
نە(ئێمە تۆمان دەوێت) بۆ ( ئێمە تۆمان ناوێت) *
بەهاتنی ترامپ و ستافەکەی بۆ نێو کۆشکی سپی لە ئەمەریکادا، دونیا هێندەی دی ئاڵۆز‌و پڕ لە کێشە بووە. بەتایبەتی دەربارەی کەیسی پەناهەندەکان کە مۆڵەتی مانەوەی فەرمییان نییە، مامەلەی دەزگاکان لەتەکیان هاوشێوەی مامەلەیە لەتەک تاوانباراندا، تا ئەو ڕادەیەی هەواڵ وایە بەشێک لەو پەناهەندانە بگوازرێنەوە بۆ بەندیخانەی”گوانتانامۆ” کە جێگای تاڵیبان و داعیشییەکان بوو.
هەڵبەتە ئەمە سەرەتای شەپۆلی دیپۆرتکردنەوەی پەناهەندەکانە، کە ھێشتا شێوازێکی نەرمە، و ساڵانێکە لە بەریتانیا و سوید،، هتد، ئەم جۆرە سیاسەتە پەیڕەو دەکرێ، بە تایبەتی لە سوید هانی پەناهەندەکان دەدرێ بە گفتی بەخشینی بڕێک پوڵ، واز لە مۆڵەتی نیشتەجێبوون و پاسپۆرتەکانیان بهێنن و بگەڕێنەوە بۆ نیشتمانی یەکەمی خۆیان. بێگومان چەند ساڵی دی ژینگەی ئابووری و سیاسی و نائەمنی نێو سوید و ئەوروپا، بەشێک لە پەناهەندەکان ناچار دەکات بە کۆچ بەرەو وڵاتانێ کە لێوەی هاتوون، کە بەزۆری دەکەوێتە ئاسیا‌و ئەفەریکا و ئەمەریکای لاتین، واتە وڵاتانی باشووری گۆی زەوی.
هۆکاری دەرکردنی پەناهەندەکان وەک ڕواڵەت، زاڵبوونی باڵی ڕاستڕەوی توندڕەوە بەسەر فکر و سیاسەتی کۆمەڵگەو حکوماتەکانیاندا، بەڵام لەڕاستیدا بنەمای ئەم دیاردەیە هەلومەرجی ئابووری جیهانی و قەیرانەکانی سەرمایەدارییە، کە لێرەدا هەرچی پەیوەندی بە پەناهەندەکانەوە هەیە لە (ئێمە تۆمان دەوێت) بۆ (ئێمە تۆمان ناوێت)ی کردووە بە ڕێگا چارەی سەرمایەی دڕندە بۆ چارەسەری قەیرانەکانی.
زیاد لە شەست ساڵ لەمەوپێش لە سوید بە خۆشییەوە پێشوازییان لە هاتنی یەکەم شەپۆلی پەناهەندەکانی کارکردنی(یۆنانی و ئیتاڵی) دەکرد، لە نەوەدەکان بەدواوە پەناهەندەی(ئێراق، ئێران، سوماڵ، بۆسنیە، ئەفگانستان، هتد) ژمارەیان لە زیادبوون بوو. هەڵبەتە دیمەنەکە هاوشێوەیە لە وڵاتانی ڕۆژئاوای ئەوروپا و ئەمەریکا.
ئەو خولە لە گەشەی سەرمایەداری هێشتا کارگەکان، بەشەکانی کەرتی خزمەتگوزاری سەرمایە پێویستی بە هێزیکار بوو، وە پەناهەندەکان دەیانتوانی ئاستی پێویست لە(سوپای یەدەکی هێزیکار/ بێکاران) لە ڕێژەێکی گونجاو بۆ قازانجی سەرمایە ڕابگرن، بۆیە(ئێمە تۆمان دەوێت) دیمەنی گشتی سەرمایەداری ئەو ساڵانە بوو.
بە گەشەکردنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان”ڕۆبۆرت و تەکنەلۆژیای زانیاری و ئامێری خۆبزووێن” لەم چەند ساڵانەی دوواییدا، وە بەهۆی قەیرانی سەرمایە کە ئیفلاسی زۆرێک لە کارگەکان و کەرتی خزمەتگوزاری دەرئەنجامی بووە، ڕێژەی بێ‌کاری ڕووی لە هەڵکشانە، بەتایبەتی چەند ساڵی ئایندەی نزیک، فرسەتی کار کەم دەبێتەوە. بۆیە بە کورتی ئەم هۆکارانە ئابوورییانە لە پاڵ ژینگەی فکری و سیاسی دژی پەناهەندەکان، دیمەنەکەی لە بەشێکی زۆری وڵاتانی سەرمایەداریدا کردۆتە:(ئێمە تۆمان ناوێت).
- گەردەلولی ڕاستڕەوی بەسەر جیهاندا
دوای هاتنی ترامپ و سەرکەوتنی”ڕاستڕەوەکان/ موحافزین”لە ئەڵەمانیادا، جیهان ڕەنگی شین دەپۆشێ / ۱. هەڵبەتە لە بەشێکی جیهاندا(هیندستان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سوید، ئەرجەنتین،، هتد) ساڵانێکە ڕاستڕەوەکان حوکم دەکەن.
بۆرژوازی دونیا بەلای ڕاستدا وەردەچەرخێنێ، و سیستەمی یەک قوتبی دەبێ بەسیستەمی فرە قوتبی، ستافی فەرمانڕەوایەتی و گوتاری ئایدۆلۆژی و سیاسی لیبڕالی گۆڕاوە بە گوتار و ستافی کۆنەپارێزی ئایینی و نەژاد پەرستی و ناسیۆنالیستی.
تۆبی ویلکینسن لە کتێبی(سەرهەڵدان و داڕمانی میسری کۆن)دا باس لەوە دەکات کە میسرییە کۆنەکان چەمکی “دەوڵەت-نەتەوەیان” داهێنا کە تا ئێستاش زاڵە بەسەر هەسارەکەماندا. پاشاکان ئامرازەکانی وەک:(پۆلیس، دژایەتی بێگانە و سەرکوتکردنی دڕندانەی ناڕەزایەتییەکان)یان بەکارهێناوە بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتیان.
کەواتە فۆبیا لە بێگانە، و ڕق و کینە بەرامبەر بێگانە، دوژمنایەتیکردنی ئەو خەڵکانەی کە لە ئێمە ناچن و لە ئەسڵدا پەناهەندەن، ئەم هەست و هۆشە کە ساڵانێکە کێشەێکی بەرچاوە لە مەیدانی سیاسی جیهانی ئەمڕۆدا، دیاردەێکە هەبووە لە کۆمەڵگە دێرینەکانی سەردەمی کۆنی میسر، چین، هیندستان،، هتد .
جیاوازییەکە لەوەدایە کە لەسەردەمی دێریندا پەرستگاکانی ئایینەکانی دەسەڵات، هانی خەڵکیان دەدا کە ڕقیان لە بێگانەکان بێت و دژایەتیان بکەن، بەناوی ئەوەی ئەو غەریبانە لە ئێمە ناچن و هەڵگری ئایینی ئێمە نین و دەوڵەتەکەمان تێک دەدەن، بەڵام ئەمڕۆکە لە سەردەمی سەرمایەداریدا، ئەحزابەکانی بۆرژوازی ڕاستڕەو و ناسیۆنالیست هەمان وەزیفەی پەرستگاکان جێبەجێ دەکەن.
(دژایەتی بێگانە و پەناهەندەکان)ڕۆڵێکی گەورە دەبینێ لە پارچەپارچەکردنی یەکیەتی چینی کرێکاران و فریودانیان، ئەمە ئاسانکاری دەکات بۆ سەپاندنی هەژموونی دەسەڵاتی سەرمایە بەسەر خەڵکیدا، و کاتێ خەڵکی چوونە ژیر سیاسەت و هۆشی بۆرژوازەکان، ئیدی وەک ئەو مانگایەیان لێ دێ کە چەقۆی قەسابەکە دەلێستێەوە. - گەمەی سیاسی بۆرژوازەکان و تاوانبارکردنی قوربانییەکان
لە کاتێکدا(تەقەکەری قوتابخانەکەی شاری ئۆریبرۆ لە وڵاتی سوید”ڕیکارد ئەندەرسۆن”)هیچ جیاوازی نەدەکرد لە نێوان(موسڵمان، مەسیحی، یەهودی، بودی و کۆمۆنیستی، کوردی، عەرەبی، تورکی،، هتد، کار دەکەیت یان بە کۆمەکی سۆسیال دەژیت؟)، چونکە بکوژ لە قوربانییەکانی نەدەپرسی تۆ کێیت؟ بەڵکە ئەو هاتووە پەناهەندەکان بە گشتی کۆکوژی بکات، مشتومڕێک لە نێو خەڵکیدا زیادی کردووە:
کە داخۆ تندوتیژی و زیادبوونی ئیسلامی سیاسی و ڕەگەزپەرستی خەتای کێیە؟!.
ساڵەکانی نەوەدەکان و دووهەزارەکان باڵی لیبڕالیسمی نوێ لەژیر ناوی کۆمەڵگەی فرە کەلتووری، کۆمەکی ئیسلامییەکانییان دەکرد تا گەشە بکەن(مزگەوت بە کۆمەکی تورکیا و سعودیە و،، هتد، دروست دەکرا، تەکیەی سونی و شیعە، قوتابخانەی خوێندنی قورئان و،، هتد، کەنیسەی ئینجیلی و پەرەستگای بودی زیادی دەکرد)، ئەمە لە وڵاتانێکدا کە دەوڵەت بە حیساب بە دەستور سیکولاریستە و کۆمەکی هیچ لایەنێک و گورپێکی ئایینی ناکات و، خوێندن دەبێ نیشتمانی بێت نەک ئایینی گروپێک.
دوای ئەوەی ئەم دیاردانە زیادی کرد، کە خۆشیان باشیان دەزانی کە بەرپەچەکەی زیادبوون و گەشەی بیروباوەڕی ڕاستڕەوی توندڕەوەو ڕەگەزپەرستییە لە کۆمەڵگەدا، ئەمڕۆکە خەتای ئەو پشێوی و تیرۆرانەی ڕوودەدەن، دەخەنە ئەستۆی قوربانیەکان-(پەناهەندەکان).
به هه‌ر دوو دیوه‌که‌یدا: به بڕوابوون به ململانێی شارستانیه‌کان یان به دیالۆگی شارستانیه‌کان، به بڕوابوون به کۆمه‌ڵگه‌ی فره‌کولتوری یان کۆمه‌ڵگه‌ی تاککولتوری ئێمە له نێو ژووره‌کانی فکرو پراکتیکی بۆرژوازیدا ده‌سوڕێینه‌وه، وه ئه‌م هۆشیارییه که له ئه‌سڵدا هۆشیاری چینی بۆرژوازییه، ئه‌مڕۆ له کۆمه‌ڵگه‌دا هه‌ژموونی هه‌یه.
ئەحزابە بۆرژوازەکان ئه‌ژدەهاێکی فرە سەرن
فاشیسم له ئه‌وروپای ئه‌مڕۆدا له ئه‌ژدەیهاێکی چه‌ند سه‌ر ده‌کات. سۆشیالیزمه‌کان یه‌که‌م ده‌سته بوون که چونه جه‌نگی ئه‌م ئه‌ژده‌هایه‌ی وا ڕۆژ دوای ڕۆژ گه‌وره ده‌بێت، ئه‌ما سۆشیالیزمه‌کان یه‌ک ڕه‌وت و یه‌ک بۆچوون نین. چه‌پی سونه‌تی و چه‌پی نوێی ئه‌وروپی مارانگازی ڕاسیزمن، بۆیه شه‌ڕ له‌ته‌ک ئه‌م سه‌ره‌ی ئه‌ژدیهاکه ده‌که‌ن و ئیسلامی سیاسی چاو لێ ناکات وه‌ک به‌شک و سه‌رێکی ئه‌ژدیهاکه، به‌شێکی دی مارکسیزمه په‌ناهه‌نده‌کانن، ئه‌وانه‌ی مارانگازی فاشیزمی ئیسلامی سیاسین، بۆیه په‌لاماری ئه‌و سه‌ره‌ی ئه‌ژدیهاکه ده‌ده‌ن که ئیسلامی سیاسیه و چاو له سه‌رتاپای ئه‌ژدیهاکه و سه‌ره‌کانی دی ناده‌ن. ئه‌م ده‌رده تاک بینیه نموونه‌یمان هه‌یه له مێژووی بزووتنه‌وه‌ی سۆشیالیسمیدا. بۆ نموونه له به‌رامبه‌ر مه‌ترسی شۆفینزمی نه‌ته‌وه‌یی، به‌شێک له سۆشیالیزمه‌کان ته‌نها شۆفینزمی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ستیان ده‌بینی، به پێچه‌وانه‌شه‌وه به‌شێکی دی له سۆشیالیزمه‌کان ته‌نها شۆفینزمی نه‌ته‌وه‌ی ژێرده‌ستیان به مه‌ترسی له قه‌ڵه‌م ده‌دا. نه‌بوونی سیاسه‌تێکی سۆسیالیستی دژی فاشیزم، تا خەڵکی بتوانێ بچێتە جه‌نگێکی وشیارانه له‌ته‌ک هه‌موو سه‌ره‌کانی ئه‌ژدەهای فاشیزم، که‌م و کورتییه‌کی ترسناکی تیئوری و سیاسیه که به زیانی گه‌وره له‌سه‌ر یه‌کیه‌تی و به‌رژه‌وه‌ندی چینی کرێکاران ته‌واو ده‌بێت.
/۱ ڕەنگی شین؛ ڕەنگی ئەحزابی موحافزینی بۆرژوازییە.
/۲ لە گریکی کۆن بەو خەڵکانەی کە زمانی گریکیان نەزانییوە گتووە(بەربەر – barbarus) بەمانای دڕندە و وەحشی.