Skip to Content

پۆستکۆڵۆنیالیزمی کلتوری لە ڕۆمانی( قەبرێکی سێگۆشە لەسەر ڕێگەی نوسەیبین ) ی فەرهاد پیرباڵدا.. ئامادەکردنی: خێراللە دەحۆ عبداللە

پۆستکۆڵۆنیالیزمی کلتوری لە ڕۆمانی( قەبرێکی سێگۆشە لەسەر ڕێگەی نوسەیبین ) ی فەرهاد پیرباڵدا.. ئامادەکردنی: خێراللە دەحۆ عبداللە

Closed
by ئایار 22, 2023 General, Opinion

‎پۆستکۆڵۆنیالیزمی کلتوری لە ڕۆمانی (قەبری سێگۆشە)ی فەرهاد پیرباڵدا

‎بەدرێژای مێژووی ئەدەبییات لە مامەڵەکردن و ڕاڤەکردنی دەق لە ئەدەبییاتدا، ئەدەبییات کۆمەڵێ تیۆری ڕەخنەیی لەخۆ گرتووە، هەر تیۆرێکیش لە چوارچێوەی کۆمەڵێ بنەما و ڕەهەند و ڕوانگەی جیاوازەوە قسەیان لەسەر دەق کردووە و دەقییان ڕاڤە کردووە. یەکێک لە تیۆرە ڕەخنەییەکان، تیۆری پۆست کۆلۆنیالیزمە. تیۆری ڕەخنەیی پۆست کۆلۆنیالیزم لە بارودۆخێک دەکۆڵیتەوە، ئەمەش لە ناو جەرگەی داگیرکاری دێتە ئاراوە.
‎دکتۆر کوردستان عبدالوەهاب لە بارەی وشە و زاراوەی کۆلۆنیالیزم دەڵێت: ((کۆلۆنیالیزم وەکو وشە و زاراوە دوو واتای تا ڕادەیەک جیاوازی هەیە. وەکو وشە بە واتای “ئاوەدانکردنەوە، ئاوەدانی ویستن” دێت. ئەو واتایەی یەکسانە بە واتا سەرەتاییەکەی (کۆلۆنیزاسیۆن).(کوردستان عبدالوەهاب، ٢٠٢٢: ٥).
‎بە بڕوای (کیس گرین و ژێل لبیها) ((وشەی پۆست کۆلۆنیالیزم دەرخەری تێکڕای کلتورێکە، کە پرۆسەی ئیمپریالیستی لە سەرەتای داگیرکارییەوە تاوەکو ئێستا خستویەتیە ژێر دەسەڵات و کۆنتڕۆلی خۆیەوە))(هیمداد حوسێن و سەنگەر نازم: ٢٦٩).
‎ڕۆمانی قەبری سێگۆشە باس لە گەنجێک دەکات بەناوی (فەرەیدوون) کە دوای لەدەستدانی دایک و باوکی خۆی لە دونیایی دەرەوە و مرۆڤەکان دوورخستۆتەوە لە ئەشکەوتێکی کوردستان ژیان بەسەر دەبات، دوای چەند ساڵێک بڕیار دەدات بەدوای باوکیدا بگەڕێت و بیدۆزێتەوە، کە تەنها زانیاریێک لەسەری بیزانیت گۆڕەکەی لە ڕۆژئاوای کوردستانە واتە تورکیا، گۆڕەکەشی بە سێگۆشەی هەڵکەنراوە، لێرەدا کاتێک فەرەیدوون دەست دەکات بە ڕۆیشتن بۆ تورکیا هەر لەگەڵ ڕۆیشتنیدا توشی چەندین بەربەست و ناخۆشی دەبێت، ئەوەی گرفتی سەرکیش بوو، ڕۆیشتن بوو بۆ شوێنێکی دژ بە نەژاد و نەتەوەکەی خۆی، لە بناغەشەوە ئامانج و کاری فەرەیدوون کارێکی ئاسان نابێت، کە بە ڕەهایی و چاونەترسی لە خاکی نەیاری نەژادەکەی بەدوای ڕوح و جەستەی باوکی بگەڕێ، بۆیە لە ترسی دوژمنداری تورک بەڕامبەر بە کورد لە بناغەوە نەژاد و ئامانجەکەی حەشار دەدات، کە ئەمەش وایکردووە ئەم هزر و ڕەفتارە بیرێکی پۆست کۆڵۆنیالیزمی لەخۆیدا بەرجەستە بکات، لە دژایەتی تورک بەرامبەر کورد، ئەناشیزمیەتی تورکی بەدرێژایی مێژوو لە ڕوحێکی شەڕانگێزی و داگیرکاری دابوونە بەرامبەر بە کورد هەر وەک لە قەبری سێگۆشە فەرەیدوون دەڵێت کاتێک باوکم کتێبێکی بەناوی (سوڵتان عوسمانییەکان) بەرچاوکەوت تیایدا نووسرابوو “سوڵتانە عوسمانییە لەکاتی داگیرکردنی وەڵاتانی کورداندا، هەمیشە ژنە ئەرمەن و ئاشووری و ئافرەتە کوردەکانیان بە ئەسیر گرتووە، وەک کەنیزەک بە دیاری بۆ ئەمیر و پاشا و والییەکانیان ناردووە، یانش وەکو کۆیلە لە بازاڕی کۆیلەفرۆشان، لە بازاڕی مافوورفرۆشان، ئەو کەنیزەکانەیان فڕۆشتووە!!” (فەرهاد پیرباڵ، ٢٠١٩: ١٤٣)، ئەم مامەڵەکردنەی تورک بەرامبەر کورد بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ هەوڵی چەوساندنەوەی کوردی پێوە دیارە، دوای هەوڵی داگیرکاری نەتەوە، هەوڵی زڕاندنی شەڕەف و ئابڕووی کورد و ژنی کوردیش دراوە، فەرەیدوون بەردەوامی پێدەدات، کە لەدوای خوێندنەوای ئەم کتێبە لەلایەن باوکییەوە “حیزبی یەکگرتووی ئیسلامی چونکە سەر بە میتی تورکیا بوون، شکایەتیان لە باوکم کردبو، ئیدی باوکم حوکمی سێ ساڵ و شەش مانگی بۆ دەرچوو” (فەرهاد پیرباڵ، ٢٠١٩: ١٤٣) بەم هەڵسوکەوتەی تورکیا بەرامبەر کورد دەردەکەوێت تاکی تورک چاوکوێرانە ناکۆکە لەگەڵ میلەتی کورد.
ناهەمووارکردنی فەزای دەروون لای تاکی کورد لەلایەن نەیاربوونی نەتەوەی توڕک هێشتا خاڵی نەبووە، بەجۆرێ ئەوکاتەی فەرەیدوو دەیەوێ خۆی ئامادە بکات لە چوون بۆ گەڕان بەدوای باوکیدا، کە لە شوێنکە باغستان لە ڕۆژئاوا، ئیبراهیمی هاوڕێی لەناو ئەشکەوتەکەدا، بە وردی ئامۆژگاری فەرەیدوون دەکات لەوەی ناسنامەی خۆی حەشار بدات وەک فەرەیدوون دەگێڕێتەوە دەڵێت ” ئیبراهیم دەیگووە هەمان جۆری جلوبەڕگی ئەوان بپۆشە، بۆ هەر کوێیەک چووم، وەک ئەوان ڕەفتار بکەم و قسە بکەم و نان بخۆم و بجوڵێمەوە، زمانی ئەوانش_ بە هەر زمانێک قسە بکەن، دەبێ بەتەواوی وەک خۆێان فێرببم، ئەگەر خوانەخواستە بتناسنەوە، ئەوا ئیدی هەرگیز لە دەستیانا ڕزگارت نابێت و تێدەچی!” (فەرهاد پیرباڵ، ٢٠١٩: ٢٣) بە سەرنجدان لەم دەقەدا، مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی ئازاد لەدایک بووە، هەمیشە ناسنامەی جێگەی شانازیمەندیەتی، بەڵام هەوڵدان بۆ حەشاردانی ناسنامەکەت و ئازاد نەبوون لەوەی وەک خۆت بژیت، گرفتێکی ناهەمووار لە ئارادایە، ئەمەش نائارمی بوونی تاکی کوردە لەنێو خاکی ڕۆژئاوادا، کە ئەناشیزمی نەتەوەی کورد، بە توندیەوە ڕاسیزمیەتی خۆی دەسەپێنێێت بەسەر تاکی کوردا، هەر ئەم مامەڵەکردنەی ڕۆژئاوای تورکیاش وایکرد، فەرەیدوون لەکاتی گەڕان بەدوای باوکیا، بە نهێنی بهێڵێتەوە، لە بناغەی چوونێ بۆ ڕۆژئاوا لەسەی بنەمای درۆ ڕێگای بڕی و بەجۆرێ ترسی دەبڕین قسەی دڵی هەبوو، هەرچەندە عاشقی ڕەندان دەبێت و چەندین جار دەیەوێ قسەی دڵی خۆی و ئامانجی هاتنی بۆ ڕۆژئاوا پێ بڵێت، بەڵام ترسی جەندەرمەکانی ترکیا ئەژنۆی شکاندبوو بە بێدەنگی مایەوە.

نائارامی دەروونی فەردەیدوون لەنێوان دوو دڵی و دڵڕەوکێ مانەوەی، کاریگەری ئەناشیزمی ڕۆژئاواییە، کە دۆخێکی ناهەموواری بۆ تاکی کورد دروست کردووە، لەجێگەی دۆخێکی ئیمپریشنیزمی، هەر وەک فەرەیدوون دەڵێت “من هێندەی لە کۆنتڕۆڵی جەندرمە تورکەکانی سەر ڕێگە دەترسام، هێندە لە ڕەندان و ئەو خێزانە کوردە بەلەنگازەی هاوسەفەرم نەدەترسام” (فەرهاد پیرباڵ، ٢٠١٩: ٦٣)، بە تیشک خستنە سەر ئەم گوتەیە، ناهەموواری دەروونی فەرەیدوون بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەرەکەوێت، ترسی مەسەلەی خێزانێکی کوردی، ترسی خەڵکی کورد، نییە بەڵکو ڕۆژئاوا بەجۆرێ باوڕی فەرەیدوونیان کوشتووە، هەتا ترسی لە کوردی ڕۆژئاوایش بۆ دروست بووه، کە هەڵگری هەمان بیروباوڕی تورک بن. دوای ئاشکرابوونی فەرەیدوون، لەلایەن دەستەیەکی جەندەرمەکانی تورک دەگیرێت و دەست و چاو بەستراوانە دەیگرن لە شوێنێکی پڕ لە پیسی و بۆن ناخۆشدا، بە توندیەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکەن و ناسنامەی ئاشکرا دەکەن، بە درۆزن ناوی دەبن، وەک فەرەیدوون وتی” بە توڕەییەوە وتی درۆ دەکات… درۆ دەکات” پاشان لە شوێنێکی دیکە یەکێکی پێی دەڵێت “ــ واتە باوکیشە هەر فەرەیدوون پیرداود سلێمانە؟ // فەرەیدوون: بەڵێ // زلەیەک لە فەرەیدوون دا // ــ بڵێ ‘گەورەم’ هەی بەچکە بەراز! هەی درۆزنی کەران باوک. … ڕاست قسا بکە” (فەرهاد پیرباڵ، ٢٠١٩: ٨٣) لە ڕاستیدا لە بناغەوە فەرەیدوون درۆزن نەبوو، بەڵام ترسی فەرەیدوون لە تورک وای لێکرد ناسنامەکەی حەشاربدات و درۆ بکات، هەر ئەمەش وایکرد ناهەموواری لە دەروونی فەرەیدووندا دروست بکات، لە دیوێکشەوە سووکایەتی کردن بە کەسایەتی و بەشێوەیەکی زاڵ توندوتیژی و دزێوی تاکی ڕۆژئاوای تورک بەرامبەر کورد دەردەکەوێت.

ئەم نووسینە بەسەرپەرشتی:
‎ئاشنا فەرزندە خدر ئامادەکراوە
2023 – 2022


لیستی سەرچاوەکان:

د. کوردستان عبدالوەهاب نادر (٢٠٢٢) رەنگدانەوەی پۆست کۆلۆنیالیزم لە ڕۆمانەکانی فەرهاد پیرباڵ، دکتۆرانامە، زانکۆی سۆران.
هیمداد حوسێن و سەنگەر نازم، ڕێبازە ئەدەبییەکان، هەولێر، ناوەندی ئاوێر.
فەرهاد پیرباڵ (٢٠١٩) قەبرێکی سێگۆشە، هەولێر، چاپخانەی شەهاب.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish