میرزا حه‌سه‌ن كوردستانی، نووسه‌ره ونه‌كه‌ی ڕواندزێ.. یاسین برایم
ئه‌و نووسه‌ره، له ڕۆژنامه و گۆڤاره‌كانی ساڵانی بیستی سه‌ده‌ی بیسته‌م، ناوی هه‌یه، به‌ڵام له‌نێو ڕا و بۆچوونی توێژه‌ران و نووسه‌ران، ون كراوه؛ كه‌سێكی چالاك و ڕۆشنبیر و كوردپه‌روه‌ر و باوه‌ڕپێكراو و نووسه‌ری تایبه‌تی سه‌ید ته‌ها بووه له ڕواندز. ئه‌و له نێو شۆڕش و بزوتنه‌وه‌ی ناسیۆنالیزمی كوردی، نازناوی كوردستانی هه‌ڵده‌گرێت و شانازی پێوه ده‌كات و به‌و ناوه‌ش نووسینی بڵاوكردۆته‌وه.
حه‌سه‌ن كوردستانی: ناوی ڕاسته‌قینه‌ی میرزا حه‌سه‌ن عه‌بدولقادر گه‌یلانییه. ئه‌و میرزایه1، له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشه‌كه‌ی سمكۆ شكاك، له زێدی خۆی نامینێت، له ڕواندز نیشته‌جێ ده‌بێت. ژیانی هاوسه‌ری له‌گه‌ڵ كچێكی شكاك پێكهێناوه، خێزانی ناوی (مه‌میخان ئه‌حمه‌د شاهین 1/7/1903_12/11/1986)، له هۆزی شكاك بووه، له ڕواندز ژنێكی به‌ناوبانگ بوو. میرزا حه‌سه‌ن، له‌گه‌ڵ سه‌ید ته‌ها بووه، خێزانی دووه‌می سه‌ید ته‌هاش، ناوی گولیزارخان2بووه، كچی جه‌عفه‌ر ئاغای شكاك، برای سمكۆ شكاك. ئه‌و ژنه‌ش له‌و خێزانه بووه، شكاك بووینه. میرزا حه‌سه‌ن له ڕێگه‌ی ژنیه‌وه، تێكه‌ڵی ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه ده‌بێت، كه خزمی ماڵی سه‌ید ته‌ها، قائیمقامی ڕواندز (1923_1928) و (سه‌ید عه‌بدوڵڵای شه‌مزینی) به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی هه‌ریر بووه. كاتێ سه‌ید ته‌ها ده‌بێته قائیمقامی ڕواندز، ئه‌و ده‌بێته نووسه‌ری ئه‌و. ڕۆح به ڕۆح بووه له‌گه‌ڵ ئه‌و، هه‌موو پرس و ڕایه‌كانی به ئه‌و كردووه، له‌سه‌رده‌می خۆی زۆر چالاك بووه. زمانی توركی و عه‌ره‌بی و فارسی باش زانیووه، شتی نووسیوه، شاعیر و وه‌رگێڕ بووه، خوێنده‌وارێكی باشی هه‌بووه، پیاوێكی به‌دین و ئه‌هلی مزگه‌وت بووه.
ده‌رباره‌ی ساڵی له‌دایكبوون و مردنی، نه‌وه‌یێكی ئه‌و ده‌ڵێت: “باپیرم تاقانه‌بووه به جاحێلی ژنی هێناوه، باوكم به ڕه‌حمه‌ت بی ده‌یگوت، ئه‌وكاته‌ی باوكم مرد، ته‌مه‌نم حه‌وت ساڵان بوو، ئه‌ویش تاقانه‌بوو، له ڕواندز، كچیكی هه‌بووه به‌ناوی نه‌جیبه، هاوسه‌ری محه‌مه‌د قودسی بووه له ڕواندز مردووه و له گۆڕستانی گه‌رده‌گه‌رد نێژراوه3. هه‌ر ئه‌و كوڕ و كچه‌ی هه‌بووه، داپیره‌م له‌سه‌ر ئه‌و دوو منداڵه دانیشتوه‌و زۆر به‌جوانی به‌خێوی كردوون. باوكم حوسێن كه به حوسینی مهمی خانێ ڕواندزی4 ناسراوه، له ساڵی 1924 له ڕواندز له دایكبووه، ساڵیك یا دوو ساڵ له خوشكی خۆی نه‌جیبه گه‌وره‌تر بووه، براگه‌وره بووه‌و له ڕواندز ده‌چنه به‌رخوێندن”1.
ده‌رباره‌ی مردنی میرزا حه‌سه‌ن، به‌ڵگه و سه‌رچاوه‌یه‌كی نووسراوم ده‌ستنه‌كه‌وت، ئه‌وه‌ی له نه‌وه‌كه‌ی میرزا حه‌سه‌ن پێم گه‌یشتووه :”له هه‌ولێر مردووه، له‌ناو بازاڕی هه‌ولێر پیاوچاكێك هه‌یه له‌وی نێژرابوو، به‌س گۆڕه‌كه‌ی به‌ر شه‌قامی گشتیی كه‌وتووه و نه‌ماوه”2 پێده‌چێت سه‌ره‌تای ساڵی سییه‌كان مردبێت، چونكه به پێی ته‌مه‌نی له دایكبووی حوسێنی كوڕی، كه وتویه‌تی ئه‌و ته‌مه‌نی حه‌وت ساڵ بووه كه باوكی مردووه، ئه‌ویش له ساڵی 1924 له‌دایكبووه. ڕه‌نگ بێ له 1890 به‌سه‌ره‌وه تا سه‌ره‌تایی سه‌ده‌ی بیسته‌م، كه نێزیكه له‌ته‌مه‌نی هاوسه‌ره‌كه‌ش، له‌دایكبووبوونی نێزیك بێت، له كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واریش، وا باوه منداڵی تاقانه، زوو ژنی بۆدێنن. ڕه‌نگه ته‌مه‌نی (35_40) ساڵێك بووبێت. زۆر سۆراغی زانینی مێژووی له دایكبوون و مردنم كرد، چ به‌ڵگه‌یه‌كی وام ده‌ستنه‌كه‌وت. ئه‌و كتێبانه‌ی له‌سه‌ر ڕواندزیش نوسراون، به‌داخه‌وه چی وام به‌رچاو نه‌كه‌وت. زیاتر باس له ڕۆشنبیری و كوردپه‌روه‌ری كوڕه‌كه‌ی ده‌كه‌ن و بنه‌ماڵه‌كه‌یان له ڕواندز ناسراون. “میرزا حه‌سه‌ن، پیاویكی كوردپه‌روه‌ر و شۆڕشگێڕبووه، یه‌كێك بووه له كه‌سه ناسراوه‌كانی سمكۆ شكاك و به‌رانبه‌ر داگیركه‌رانی ئه‌وسای ئێران جه‌نگاوه‌و به‌شداری شۆڕشه‌كه‌ی ئه‌وی كردووه؛ هه‌روه‌ها میرزا حه‌سه‌ن سه‌ركرده‌یه‌كی سه‌ربازیی بووه له هاوكاریكردن و به‌رگیریكردنی له چیاكانی ڕواندز و كورده‌كانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره و باوه‌ڕپێكراو و پشتیوانی گه‌وره‌ی هێزه‌كه‌ی سه‌ید ته‌ها بووه له‌ناوچه‌كه، له‌به‌رئه‌وه‌ی سه‌ید ته‌ها له بنه‌ماڵه‌یێكی دینی بووه، بۆ كێشه‌ی هۆز و عه‌شیره‌ته‌كانی ناوچه‌كه، سوودی له پێگه ئایینی و سیاسییه‌كه‌ی وه‌رده‌گرت له چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌ی ڕوویان ده‌دا، میرزا حه‌سه‌ن له‌م بواره ڕۆڵی ده‌گێڕا و ڕێزیان لێده‌گرت و به‌و ئیشانه‌ی سه‌یه ته‌ها هه‌ڵده‌ستا و كێشه‌ی خه‌ڵكی چاره‌سه‌ر ده‌كردن”3.
نه‌وشیروان مسته‌فا، له‌باره‌ی ئه‌م ڕۆشنبیره، ده‌ڵێت: “ئه‌بێ نازناوی یه‌كێ له ڕۆشنبیره‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه بێ”4 هه‌روه‌ها له به‌رگی یه‌كه‌می ڕۆژنامه‌ی ژیان، له باسكردنی ناوی نووسه‌ران و شاعیرانی ئه‌و ڕۆژنامه‌یه ناوی دێ، به‌ڵام زانیارییه‌كان ئامانجی خۆیان ناپێكن و ته‌نها هه‌ر گومان و ڕا و بۆچوونه. به‌م شێوه‌یه ئاماژه‌ی بۆ كراوه ”دوور نییه، ئه‌گه‌ر ڕاست ڕه‌واندزی بووبێ، ناوی خواستراوی (ئه‌مین ڕواندزییه)ی نیشتمانپه‌روه‌ری كوردی بی، كه ئه‌وكات ئه‌فسه‌ری سوپا بووه، به ناوی مه‌لا حه‌سه‌نی باوكی نووسیبێتی. (وه‌طه‌نمیلله‌ت، وه‌طه‌نی، میلله‌ت) ئه‌ی ئه‌و مه‌به‌سته له ژماره (16)ی (دیاری كوردستان)یش بڵاوبویته‌وه، ئه‌گه‌ر واشنه‌بێ، له‌وانه‌یه یه‌كێ تر بێ بۆ شوێنونی ونه‌ناسرانه‌وه، كه جێ و ڕێ و ناوی خۆی گوڕیبێ”5. به دووری ئه‌زانم ئه‌وه ناوه ڕاسته‌قینه بێ، ڕه‌واندزی ناوه‌ندی ساڵانی بیست كه‌سی ناسراویان به‌و ناوه تێدا نه‌بوه. بۆیه زۆرتر پێئه‌چێ خواستراو بێ، به گومانه‌وه بیرم بۆ “حوسێن حوزنی موكریانی” چووه. برای نووسه‌ر به‌ڕێز عه‌بدوڵڵا زه‌نگه‌نه 21/1/2001 پشت به‌ستوو به چه‌ند به‌ڵگه و شیكردنه‌وه‌یه‌ك جه‌ختی كرد كه ئه‌وه “سه‌ید ته‌های نه‌هری”یه. حه‌سه‌ن كوردستانی له “ژیانه‌وه” و “ژیان” و (زاری كرمانجی)شدا نووسینی بڵاوكردۆته‌وه.6 “حه‌سه‌ن كوردستانی” له وتاری “چه‌ند خۆشه ئینسان چشتی كه له دڵیایه به ئه‌زمانی ماده‌رزادی خۆی به‌یانی بكا” دا جه‌ختی كردووه كه “مه‌كاتب و مه‌عاریفمان زۆر لازمه چونكه مه‌داری حه‌یات، ئه‌م نه‌خته ماڵ و مه‌ڕ و جووت نییه. كورد به عمومی موحتاجی عیلم و مه‌عاریف وته‌ربیه‌یه تاكه ئه‌قللا ئه‌ولاد و ئه‌حفادمان قه‌دری دین و قیمه‌تی وه‌طه‌نی خۆیان بزانن”. له وتاری “وه‌طه‌ن، میلله‌توه‌طه‌نی میلله‌ت”یشدا به‌و په‌ری حه‌سره‌ته‌وه وتوویه”خوڵاصه هه‌ر شتێ به قه‌ده‌ر زه‌ڕڕه‌یێ نه‌فه‌ع و ته‌رقی میلله‌ت و مه‌مله‌كه‌نی تێدا بێ: زراعه‌ت، تیجاره‌ت، صه‌ناعه‌ت و … هه‌موو موقهددهساتن و هه‌مووشیان فه‌رعن له بۆ مه‌عاریف، چونكه عموومه‌ن به واسیطه‌ی سه‌عی و مه‌عاریف مومكین ده‌بن. بێ مه‌عاریف مه‌عریفه‌ت نابێ، تا مه‌عریفه‌ش نه‌بێت ڕێ به مه‌نزڵ بردن و مه‌قسه‌د گه‌یشتن هیچ مومكین نییه. به‌س مه‌علووم بوو نه‌جاتمان به مه‌عاریفه، حه‌یاتمان به مه‌عاریفه بێ مه‌عاریف كارمان زه‌حمه‌ته (ئاخ بۆ مه‌عاریف)، مه‌عاریف بۆچی فه‌قه‌ط له وڵات و مه‌مله‌كه‌تی ئێمه‌دا حوكمی عه‌نقا و صووره‌تی كیمیات هه‌یه”.7
میرزا حه‌سه‌ن، كه‌سێكی ڕۆشنبیر و تێگه‌یشتوو و ئاگاداربووه له بارودۆخی سیاسیی و ڕۆشنبیری سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆی، له ساڵانی بیستی سه‌ده‌ی ڕابردوو، دێته مه‌یدان و قه‌ڵه‌مه‌كه‌ی ده‌خاته خزمه‌تی گه‌ل و نیشتمان، نووسین له ڕۆژنامه و گۆڤاره‌كانی ئه‌وكات بڵاوده‌كاته‌وه. ئه‌گه‌ر ئاوڕێك بۆ هه‌ندێك نووسینی ئه‌م ڕۆشنبیره بده‌ینه‌وه، گه‌وره‌ی ئه‌و مرۆڤه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت، له ڕۆژنامه‌ی ژیان، بابه‌تی (شه‌رم و عار زۆر عه‌زیزن، له‌وانیش عه‌زیتر غیره‌ت و عیبره‌ته) ژماره (3) و له ژماره (16) و (17) بابه‌تی (وه‌طه‌ن، میلله‌ت، وه‌طه‌نی، میلله‌ت) به دووجار دابه‌زیوه. له (گۆڤاری دیاری كوردستان)، سێ بابه‌تی به‌رچاو ده‌كه‌ون. وه‌ك (چه‌ند خۆشه ئینسان چشتی كه له دڵیایه به ئه‌زمانی ماده‌رزادی خۆی به‌یانی كا)، له ژماره (7)ی 18ی حوزه‌یرانی 1925 بڵاوكردۆته‌وه‌و گۆڤاره‌كه‌ش له‌ژێر هه‌مان بابه‌ت وه‌ڵامیكی جوان و ده‌ستخۆشیان بۆ حه‌سه‌ن كوردستانی نووسیوه. هه‌ر له‌و ژماره‌یه، بابه‌تێكی سه‌ید عه‌بدوڵڵای شه‌مزینی هه‌یه؛ ڕێی تێده‌چێت پێكه‌وه ئه‌و بابه‌تانه‌یان بۆ ئه‌و گۆڤاره نووسی بێـت، چونكه ئه‌م كه‌سایه‌تییه، دۆستیكی نێزیكی ئه‌و بووه. له ژماره (16)ی دوو بابه‌تی ئه‌وی به‌ناوی (وه‌طه‌ن، میلله‌ت_ وه‌طه‌نی، میلله‌ت)، (له حه‌قی نووسینی تازه)8 هه‌یه. هه‌روه‌ها له ژیانه‌وه و زاری كرمانجی وتاری ده‌بینین.
له‌سه‌رده‌می سه‌ید ته‌های شه‌مزینی، ماڵی میرزا حه‌سه‌ن له ڕواندز بووه، حوزنی موكریانیش دۆستی ئه‌و و میرزا بووه، بابه‌تی له گۆڤاری زاری كرمانجی به‌رچاو ده‌كه‌وێت، له‌وانه: (التی دیفاعیه‌مان گازانده‌یه)9، (مقام انسان زور بلنده (ما انسان))10، هه‌روه‌ها بابه‌تێكی دیكه به پیت نوسراوه (م. ح) به‌ناوی ردیه بو وكیلیكی …. ملت)11 پێدچێ ئه‌مه ناوی كورتكراوی میرزا حه‌سه‌ن بێت! له ڕووی شێوازه‌وه له نووسینی ئه‌و نێزیكه. هه‌روه‌ها له ژماره‌ی دواتر به هه‌مان ناونیشان، گۆڤاره‌كه، بابه‌تێكی ڕۆژنامه‌ی (الاوقات البغدادیة)، ژماره (4247)، بۆ خوێنه‌رانی گۆڤاره‌كه كردووه به كوردی.
ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه گرینگه و هیچ گومانێكیش هه‌ڵناگرێ، ناساندنی به‌رهه‌می میرزا حه‌سه‌ن كوردستانییه له گوڤاری زاری كرمانجی. دوو ڕیكلام بۆ دوو كتێب كراوه له یه‌ك لاپه‌ڕه، وه‌ك مژده‌یه‌كی خۆش به خوێنه‌ران دراوه، به بایه‌خه‌وه باسی سووده‌كه‌ی ده‌كات. گۆڤاره‌كه ده‌ڵێت: “كتیبانیكی كه بو چاپ كردن حاضر كراون:
(ترازن)
(له سر لهجهی شمالیه، سد و پازده سربهوردی واقعی یه نه‌ك خیالی، به مناسبتی هر سربهورده‌ی رسمیكی تیدایه، بو لاوانی مكتب زور به كه‌لك و باشه، له نشریاتی زار كرمانجی یه).
(خیوی رازان)
(كتیبیكی سد و چل حكایتی خیالی یه نه‌ك واقعی، له سر لهجهی جنوبه، به مناسبتی هر حكایته‌ی رسمیكی تیدایه، له طرف حضرت غبور, فاضلی محترم (میرزا حسن كوردستانی)یه‌وه ترجمه و ریكخراوه، اثريكی گه‌لیك چاك و به قازانجه بو لاوانی ریزی چواره‌م و پینجه‌م. له مزره‌كه‌ی زار كرمانجی دا به‌و زوانه ده‌ست به كلیشه كولان و دامزراندنی ده‌كریت.)12
ئه‌گه‌ر له‌م دوو ناونیشانه و وردبینه‌وه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌مه دوو كتێبی جیاوازن، كه‌چی له ڕووی ناونیشانه‌كه، نێزیكایه‌تیان هه‌یه، یه‌كه‌م (ترازن) و دووه‌م (رازان)، هیچ گومانی تێدانییه، ئه‌مه هی یه‌ك نووسه‌ره، ئه‌ویش میرزا حه‌سه‌نه. من نازانم (د. كوردستان موكریانی) له‌سه‌ر ئه‌م هه‌واڵه، به‌رهه‌مه‌كه ده‌داته پاڵ كه‌سێكی دیكه، كه ناوی له هه‌واڵه‌كه نه‌هاتووه. له پێشه‌كی گۆڤاری زار كرمانجی ده‌بێژێت “ته‌رازن یادگاری سه‌ید طه‌هایه”13سه‌ید ته‌ها پیاویكی ڕۆشنبیر بووه و به‌ڵام نووسه‌ر نه‌بووه! “هه‌موو شته‌كانی ئه‌و پارێزرابوون و نووسین و شته‌كانی، به‌داخه‌وه له ساڵی 1974 له ڕواندز ئێمه ئاواره‌ی ئێران بووین و هه‌موو شته‌كان فه‌وتان و ماڵ و خانوومان ڕوخا و سووتا. ئه‌و شتانه‌ی هه‌یبوو هیچی ده‌رنه‌چوو، نه‌ك هی باپیرم به‌ڵكو هی باوكیشم، كه ژیاننامه‌ی خۆی و شیعریشی هه‌موو له‌ناو چوو. له‌سه‌رده‌می خۆی شتی نووسیوه. باوكم ئه‌و شتانه‌ی خۆشده‌ویستن، نه‌یده‌هێشت لێیان نێزیك بكه‌وینه‌وه”14
ڕێبین سه‌عید مه‌لا، له ماسته‌رنامه‌كه‌ی خۆیدا له‌سه‌ر (سه‌ید ته‌های نه‌هری)، زۆر به‌جوانی ئاماژه‌ی به ڕۆڵی سه‌ید ته‌ها داوه له بواری ڕۆشنبیری؛ له سه‌ر نووسینیش، ده‌ڵێت: “به‌شێك له نووسه‌ران پێیان وایه سه‌ید ته‌ها ده‌ستی نووسینی به‌هێزی هه‌بووه، له چه‌ندین ڕۆژنامه و گۆڤاردا بابه‌تی هه‌مه‌ڕه‌نگی به‌ناوی خواستراو بڵاوكردۆته‌وه”15، هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی نه‌خستۆته ڕوو، كه ده‌ڵیت (چه‌ندین یا ده‌ستی نووسینی به‌هێزی)هه‌بوو، ده‌كرا ئاماژه‌ی به یه‌ك نووسین بكردبوایه؛ ده‌گه‌ڕیته‌وه سه‌ر ڕای نووسه‌رێكی دیاركراو، ئه‌ویش به‌ڵگه‌كانی باوه‌ڕپێكراو نین. بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ ڕایه‌كه‌ی عه‌بدوڵڵا زه‌نگه‌نه، له‌سه‌ر زاری ئه‌و ده‌ڵێت :”ده‌مێك بوو به دوای كه‌سێتی (حه‌سه‌ن كوردستانی) وێل بووم، ئه‌و پیاوه‌ی كه چه‌ندین نووسین و بابه‌تی هه‌مه‌ڕه‌نگی له ڕۆژنامه و گۆڤاره‌كانی كوردی بڵاوكردۆته‌وه، ئه‌وه‌ی سه‌رنجی زیاتری منی ڕاكیشا ئه‌وه بوو، كه نه‌ژادی عه‌بدوڵڵای عه‌زیز بابه‌تێكی له ژماره‌ی 23ی گۆڤاری گولانی عه‌ره‌بی بڵاوكردبۆوه. له ژماره (55) ژیانه‌وه بابه‌تێك به‌ناونیشانی (مهاجرام انصار) له نووسینی حه‌سه‌ن كوردستانی بڵاوكرایته‌وه، نووسه‌ر پێی وایه حه‌سه‌ن كوردستانی ناوی خواستراوی ڕۆژنامه‌نووس و مێژوونووس حوسێن حوزنیی خاوه‌نی زاری كرمانجییه. به‌ڵام عه‌بدوڵڵا زه‌نگه‌نه به پشتبه‌ستن به چه‌ند به‌ڵگه‌یه‌ك پێی وایه ئه‌و حه‌سه‌ن كوردستانییه سه‌ید ته‌های نه‌هرییه، له‌سه‌ر هه‌مان بابه‌ت عه‌بدوڵڵا زه‌نگه‌نه به‌ڵگه‌كان له‌گه‌ڵ نووسه‌ر تاوتوێ ده‌كات پاشان ئه‌ویش به‌ڵگه‌كانی پێ ماقوول بووه، كه حه‌سه‌ن كوردستانی سه‌ید ته‌هایه”16.
دوای ڕۆیشتنی سه‌ید ته‌های شه‌مزینی له ساڵی 1928 بۆ ئێران، شه‌هیدكردنی سمكۆ شكاك له ساڵی 1930، ئه‌مانه كاریگه‌ری خراپ ده‌كه‌نه سه‌ر ژیانی میرزا حه‌سه‌ن، وه‌لی ئه‌و له‌گه‌ڵ سه‌ید ته‌ها ناچێت و له ڕواندز ده‌مێنێته‌وه. ئیدی له دوای ئه‌و ڕووداوانه بارودۆخ و گوزه‌رانی به‌ره‌و خراپی ده‌چێت، دواتر به هۆی نه‌خۆشی له هه‌ولێر ده‌مرێت، ئه‌مه سه‌ره‌تایی سییه‌كانه و ئیدی نووسینی ئه‌ویش نامینێت، خێزانه‌كه‌شی له‌سه‌ر دوو منداڵه‌كه‌ی داده‌نیشێت. ده‌رباره‌ی شیعره‌كانی چم ده‌ستنه‌كه‌وت، ته‌نها له پارچه نووسینێك، چوارینه‌یه‌كی به‌كارهێناوه، پێده‌چێت ئه‌مه هی خۆی بێت!
بو حه‌یات و ژین و شخصی كم بكوشه ئه‌ی رزیل
تا به چنك اغیار خو نخوارت نبی خوار و زه‌لیل
توامنده زلتت دی چاوی عبرت هل بره
شرمه بی شرمی هتا كی بسیه اماره و ده‌لیل17
له ئه‌نجامی ئه‌و نووسینه، ئه‌وه‌مان بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه، هه‌موو ئه‌و نووسینانه‌ی باسی حه‌سه‌ن كوردستانی ده‌كه‌ن و ده‌یده‌نه پاڵ نووسه‌ری دیكه، دوورن له ڕاستیی، پاش مردنی كوڕه‌كه‌ی بڵاوكراونه‌ته‌وه و یان كوڕه‌كه‌ی نه‌یبینوون، بۆ ئه‌وه‌ی ڕاستییه‌كانیان بۆ ده‌ربخات. زۆر له وێنه‌كانی سه‌ید ته‌های شه‌مزینی و بنه‌ماڵه‌كه‌یم ڕوانی، وێنه‌ی ئه‌وه‌م ده‌ستنه‌كه‌وت، كه‌سێكی دیكه به ناوی (فه‌قێ حه‌سه‌ن گه‌یلانی)، كه ئه‌ویش له‌گه‌ڵ سه‌ید ته‌ها بووه، بوونی هه‌یه. ڕه‌نگه هه‌ر ئه‌م ناوه‌ش بێت وایكردبیت ناوی خۆی میرزا حه‌سه‌ن عه‌بدولقادر گه‌یلانی، كردبێته حه‌سه‌ن كوردستانی، بۆ جیاكردنه‌وه له حه‌سه‌نه‌كه‌ی دیكه! به‌داخه‌وه ئه‌گه‌ر هاتبوایه، له ساڵانی هه‌شتاو به‌ر له مردنی (مه‌میخان)ی هاوسه‌ری و كوڕه‌كه‌ی فریای ئه‌وه كه‌وتباینه‌و چه‌ندین ڕاستیی دیكه‌مان له‌سه‌ر ئه‌و مرۆڤه مه‌زنه بۆ به‌دیار ده‌كه‌وت.
سه‌رچاوه و په‌ڕاوێز
*1 كاتی خۆی یه‌كێك زۆر خوێنده‌وار بوایه ئه‌فه‌ندیان پێ ده‌وت یا میرزا، له ڕواندز و ده‌ڤه‌ره‌كه‌ی میرزا به‌كارناهێت، بۆیه زوو گومانم له ڕواندزبوونی ئه‌و نووسه‌ره هه‌بوو، تا نیشتمان خان نه‌وه‌ی میرزا حه‌سه‌ن ددانی پیدانا و وتی به‌ڕه‌چه‌ك باپیرم خه‌ڵكی پێنجوین بووه، ئێمه دایك و باوكمان و خوشك وبرایه‌كان له ڕواندز له دایكبووین و شانازی به شاری خۆمان ده‌كه‌ین و هه‌تا ده‌مرین ڕواندزین و بنه‌ماڵه‌كه‌شمان به حه‌سه‌نی مه‌میخانی ڕواندزی ناسراون.
*2 گولیزارخان كچی جه‌عفه‌ر ئاغای شكاك، له گوندی (جارێ)ی ڕۆژهه‌ڵات له دایكبووه، ژنێكی به‌ناوبانگ و ناسراو بوو له ڕواندز و ده‌ڤه‌ره‌كه‌ی، به ده‌ستهه‌ڵات و خاوه‌ن پێگه‌ی گه‌وره بوو؛ زمانی توركی و فارسی و عه‌ره‌بی زانیوه و ژنێكی خێرخواز‌و هه‌ژاردۆست بووه. سێ كوڕی له سه‌ید ته‌های هه‌بوون، له‌وانه: (سه‌ید عیزه‌ددین (چه‌یتۆ)، سه‌ید ئه‌حمه‌د (هه‌كۆ)، سه‌ید ساڵح (دارۆجان). له ساڵی 1975 مردووه. ڕێبین سه‌عید مه‌لا، (سه‌ید ته‌های نه‌هری)، ل61_65؛ عه‌قیله ڕواندزی، (یاد و ئافه‌رین)، 2005، چاپی یه‌كه‌م، هه‌ولێر، 22_23.
*3 نه‌جیبه میرزا حه‌سه‌ن: كچێكی تاقانه و جوان و وشیاربووه، (1926!1944) له ڕواندز له دایك بووه، هاوسه‌ری محه‌مه‌د قودسی بووه. یه‌كه‌مین كچ بووه كه ساڵی 1934 چووه قوتابخانه و خوێندوویه، تا پۆلی شه‌شه‌می سه‌ره‌تایی ته‌واو كردووه، پاشان بووه به مامۆستا له ڕواندز. كچێكی ڕۆشنبیر و زیره‌ك بووه. له ژماره (8)ی ساڵی 1944 گۆڤاری گه‌ڵاوێژ، بابه‌تیكی ئه‌و ده‌بیندرێت، به‌ناوی (اوریكی پاشه‌وه). ساڵی 1943 محه‌مه‌د قودسی پله‌كه‌ی به‌رز ده‌كرێته‌وه به ئه‌فسه‌ری سه‌ربازگرتن (ته‌جنید)، پاش شه‌ش مانگ هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ نه‌جیبه‌خان پێكده‌هێنێ. به‌ڵام ته‌مه‌نی ئه‌و هاوسه‌رگیرییه، كه‌م و خه‌مناك ده‌بێت. نه‌جیبه خان به منداڵبوونه‌وه ده‌مرێت. له گۆڕستانی گه‌رده‌گه‌رد، خۆی منداڵه‌كه‌ی ده‌نێژرێن، له‌و شوێنه‌ی كه مه‌زارگه‌ی كوردۆی باویل ئاغای لێیه. به‌داخه‌وه زۆر گه‌ڕاین، گۆڕه‌كه‌مان نه‌دۆزیه‌وه، گوایه به‌ر شه‌قام كه‌وتووه. له به‌ڵگه‌نامه‌ی (عقد زواج)ی محه‌مه‌د و نه‌جیبه‌خان، كه له دادگای ڕواندز كراوه له 20/3/1943، به بڕی ماره‌یی پێشه‌كیی (60) دینار و بڕی ماره‌یی دواخراو (40) مسقاڵ زێڕه. محه‌مه‌د قودسی، له جوانترین نامه‌ی ئه‌ڤینداریدا، كه بۆ نه‌جیبه خان نوسیویه‌تی. له گۆڤاری گه‌ڵاویژ به‌ناوی (گه‌ڵاڕێزانه)، له كۆتاییه‌كه‌ی ده‌ڵێت: “تۆ ڕۆیشتیت خه‌م و خه‌فه‌تت بۆ منی قور به‌سه‌ر به‌جێ هێشت.. ئاه له‌م ساڵه چه‌ند شومه… چه‌ند ناخۆشه.. به‌ڕاستی گه‌ڵاڕیزانه.. كه‌وابوو بن‌و گیانه‌كه‌م.. نوستنیكی ئه‌به‌دی. بن‌و..” بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م نامه‌یه بگه‌ڕێوه بۆ گۆڤاری (گه‌ڵاوێژ)، ژ (8)ی ساڵی1944، ل43-46. *4 حاجی حوسین میرزا حه‌سه‌ن (حوسێنه فه‌ندیحوسینی مهمی خانێ) له 1/7 /1924 له ڕواندز له دایكبووه‌و 1943 ژیانی هاوسه‌ری پێكده‌هێنێت. له ساڵی 1945 ده‌بێته فه‌رمانبه‌ری پۆسته له سیده‌كان. له حیزبی هیوا كاری كردووه، ساڵی 1947 به هۆی كاری سیاسییه‌وه ده‌زگیر ده‌كرێت بۆ ماوه‌ی ساڵێك و سێ مانگ له كه‌ركووك ده‌مینێته‌وه. دواتر 1957 ده‌بێته فه‌رمانبه‌ری ته‌ندروستی له شه‌قڵاوه. له ساڵی 1961 له وه‌زیفه ده‌رده‌كرێت، جاری سێیه‌م له شاره‌وانی ڕواندز بۆ ماوه‌ی ده ساڵ خزمه‌ت ده‌كات. دواتر ئاواره‌ی ئێران ده‌بێت. ساڵی 1976 ده‌یگوازنه‌وه بۆ ناوه‌ڕاستی عێراق له شاری هیت نیشته‌جێ ده‌بێت و ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌بێت. تا ساڵی 1985 له‌و ماوه‌یه له شاره‌وانی هیت ده‌بێته فه‌رمانبه‌ر. دووجار سه‌ردانی ماڵی خوای كردووه. كابرایه‌كی كوردپه‌روه و ڕۆشنبیر و به‌دین بووه، شێوه‌كارێكی ده‌سترڕه‌نگین و لێهاتوو بووه. ساڵی 1985 گه‌ڕایه‌وه هه‌ولێر و ساڵی 1989 خۆی خانه‌نشین ده‌كات. له به‌ره‌به‌یانی 7/6/ 2004 به شێوه‌یه‌كی كتوپر گیانی ده‌سپێرێت و له هه‌ولێر ده‌نێژرێت. منداڵه‌كانی (نه‌ریمان، دڵشاد، دلاوه‌ر، لوقمان، خه‌سره‌و، نیشتمان، كوردستان، نازه‌نین، نه‌سرین).
- نیشتمان حاجی حوسێن میرزا حه‌سه‌ن،1967، ڕواندز، دیمانه، دانیشتووی هه‌ولێر. 2024.
- دیمانه، نیشتمان.
- خه‌سره‌وه حاجی حوسێن میرزا حه‌سه‌ن، 1971، ڕواندز، دووشه‌ممه /17/3/ 2025، نامه‌ی تایبه‌ت، دانیشتووی سوید.
- ژیان به‌ته‌مه‌نترین ڕۆژنامه‌ی كوردی 1926_1938، نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مین، چاپی یه‌كه‌م، سلێمانی ، 2002، ل18.
- ڕۆژنامه‌ی ژیان، ئا: ڕه‌فیق ساڵح و لێكۆڵینه‌وه: سه‌دیق ساڵح، بنكه‌ی ژین، سلێمانی، به‌رگی یه‌كه‌م، 2002، ل11،
- گۆڤاری دیاری كوردستان (1925_1926) ئاماده‌كردنی ڕه‌فیق ساڵح و لێكۆڵینه‌وه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مین، سه‌دیق ساڵح، ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م، سلێمانی، 2001، ل42.
- سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل49.
- گۆڤاری دیاری كوردستان، ژ (16)ی مایسی 1926.
- زار كرمانجی، ژ (2)، 1926، ل3_4.
- زار كرمانجی، ژ (3)، 1926، 4-5.
- زار كرمانجی، ژ (9)، 1927، ل22_23.
- زار كرمانجی، ژ (12)، 25/1/ 1928، ل16.
- زار كرمانجی، ئاماده‌كردن و پێشه‌كی، د. كوردستان موكریانی، چاپی یه‌كه‌م، هه‌ولێر، 2020، ل 54.
- دیمانه، نیشتمان.
- ڕێبین سه‌عید مه‌لا، سه‌ید ته‌های نه‌هری، هه‌ولێر، 2016، ل249.
- سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل249_250.
- گۆڤاری دیاری كوردستان.
تێبینی : له گۆڤاری ئاژین، زانكۆی سۆران. ژماره (8)، به‌هار و هاوینی 2025بڵاوكراوه‌ته‌وه.
