لە ونبوون دەترسم.. بابان ئیبراهیم
لە چاوشارکێی کۆڵانەکاندا
بۆ یەکەمینجار ونبووم و
نەبینرامەوە
“با” وەک خەزان
بۆ دوور دەیبردم
نەدۆزرامەوە..
نە شەقامەکان منیان ناسیەوە
نە ڕێگاکان دەستیان بۆ ماڵەوە گرتم
لەبیر گەڕەکەکەم چوومەوە
لەبیر هاوڕێکانم چوومەوە
لە بانگکردنەکاندا،
ناوی خۆم نەبیستەوە..
لە بیرەوەرییەکانی ئەم شارەدا
ڕووخسارم کاڵ دەبێتەوە
لە ڕۆژمێری خۆی دامدەماڵێت
منیش وەک بایەکی سارد
تێکەڵ بە هەناسەکانی دونیا دەبم
ماچە دێرینەکان بەلێومەوە بەردەبنەوە
دەستەکانم وەک ترازانی شاخێک
لەدەستەکانی دەترازێن
مەعشووقەکانی نامناسنەوە
پێکەنینەکانی نامناسنەوە
هەناسەکانی یادم ناکەن
کەچی من بە هەناسەکانی دەژیم
بەڵام من هەموویم بیرە
بۆنی حەوشە تەڕەکانی هاوین
دەستە لەرزیوەکانی زستان
کە بەهەناسەی یەکتر گەرم دەبوونەوە
ماچی ئێوارە زەردەکانم بیرە
هێمنایەتی دەشتە بەهارییەکانم بیرە
هەتا فڕینی پەڕەسێلکەکان
بەسەر ئاسمانی خۆزگەماندا
گەورەبووم
بەڵام لەهەموو ساتێک زیاتر
هەست بە ونبوونی خۆم دەکەم
هێشتا وەک درەختێک
بەخاکی یادەوەرییەکانی ئەم جیهانەوە
نووساوم..
شووناسی من
لەگەڵ شوێنپێکاندا تێکەڵبووە
هەر کە هەوای شوێنیکی دیم بەردەکەوێ
هەست بە ونبوون دەکەم
وەک هەور
بەسەر ئاسماندا هامووشۆ دەکەم
دەبینم هەموو جیهان
بۆنی کۆڵانێکی منداڵیمی لێنایەت
نازانم دوایینجار کام ڕەشەبا منی برد
لەکام سووچدا خۆم بینیەوە
بەڵام ئێستا لێرەم
لەهەمان ئەو کۆڵانەی بۆ یەکەمینجار
هەستم بە ونبوونی خۆم کرد تیایدا
بەڵام بێ ئەوەی بزانم بۆ
هێشتا هەست بە ونبوون دەکەم
ڕۆژێک لە وۆڵ ستریت
بە تەنیشت فڕانکلینەوە..
ڕۆژێک لە سۆهۆ،
لەلای برا غەریبەکەمەوە
لە لەندەن..
ڕۆژێک چەپکێک گوڵی گۆڕستانەکانم
بەسەر خاچی سەربازەکانەوە
لە سۆڤییەت
جاروبار هەست بە ونبوون دەکەم
لەناو گەرووی گۆرانیبێژێکی ژن
لە میسر
زۆرجار دەکەومە ناو سروودی ئەی ڕەقیبەوە و
تیایدا ون دەبم
لەوێدا ڕەقیب هێشتا زیندووە و
دەیەوێت بمخنکێنێت
چەند جارێک خۆم لەناو برینی
دەستوپەنجەی کرێکارێکدا بینیوەتەوە
لەقوڵایی برینەکەدا دەمبینی
مارکس فلووتی دەژەند..
کە تێکەڵ بە بۆنی ئافرەتێک دەبم
لەناو گریانی هاوڕێکانمدا ون دەبم
کە بەسەر باڵی کۆترێکەوەم
جێگایەکی دڵنیا بۆ نیشتنەوە نابینمەوە
لەئاسماندا ون دەبم
لەڕاوی چوار وەرزەی مۆدێرنەدا
خۆم لەناو جەستەی کوژراوی دوایین گورگدا بینیەوە
لەناو دێڕەکانی کراسناهۆرکای
کە زیندوو بوومەوە
وەک قالۆنچەیەک گینگڵم دەدا
لەسەر تەختەخەوەکەی گریگۆر سامزا
زۆرجار لەناو ژیانی پادشاکاندا ونبووم
دەستێکم زێڕی قاڕوون بووە و
دەستەکەی تر کەللەسەری خۆم
لەناو هەموو شتێکدا ون دەبم
تێکەڵ بە هەموو شتێک دەبم
بەخودی ژیان نەبێت
لەناو هەموو زەمەنێکدا
هەست بە توانەوە دەکەم
بەکاتی ئێستاوە نەبێت
کە سنوورەکان دەبینم
لەشوێنی خۆم ڕادەوەستم
نازانم پەنا بۆ داهاتووم دەبەم
یان بۆ ڕابردووم
هەر لەوێدا تێدەگەم
من بوونێکی ناوەختم هەیە
زەمەن نامگرێتە خۆی
دەترسم دوایین ونبوونم
لە مێژوودا بێت
دەزانم لەوێدا
مرۆڤێکی غەمگین و ڕووگرژم
گەر لە شارێکی گەورەشدا ون بووم
دەترسم ڕێگای دارستانەکان نەناسمەوە
دەترسم خۆم بۆ نەدۆزرێتەوە
هێشتا هەر وەک منداڵیم؛
لە ونبوون دەترسم
بابان ئیبراهیم
