Skip to Content

“پەیام عەزیزی” گۆرانی “پاڵەوانی دەم بە پێکەنین”ی پێشکەش بە “سیامەند ڕەحمان” کرد

“پەیام عەزیزی” گۆرانی “پاڵەوانی دەم بە پێکەنین”ی پێشکەش بە “سیامەند ڕەحمان” کرد

Closed
by ئازار 7, 2021 General

مەنسوور جیهانی ـ پارچە مۆسیقای “پاڵەوانی دەم بە پێکەنین” بە ئاوازدانەری و بە دەنگی گۆرانیبێژی کورد “پەیام عەزیزی” لە یەکەمین ساڵوەگەریی کۆچی دوایی پاڵەوانی کورد “سیامەند ڕەحمان” بڵاوکرایەوە.

پارچە موزیکی “پاڵەوانی دەم بە پێکەنین” لە سەر داوای کۆمیتەی نەتەوەیی پاڕائۆڵەمپیکی ئێران و لە مایەی شوور، بە ئاوازدانەری و بە دەنگی گۆرانیبێژی کورد “پەیام عەزیزی”، بە دابەشکردنی موزیکی “سیامەند کوردستانی” و بە شیعری “نازەنین سانی” بە بۆنەی ڕێزلێنانی ڕەوانشاد پاڵەوانی کورد “سیامەند ڕەحمان” خاوەن ڕیکۆردیی ئەفسانەیی مێژووی بەرزرکەرەوەی قورسایی پاڕائۆڵەمپیک؛ بە دەنگی “پەیام عەزیزی” و لە کەشووهەوای حیماسی، نەتەوەیی و عیرفانی بڵاوکرایەوە و بە شانازییەوە پێشکەش بەم پاڵەوانە ناودارەی جیهان و پاڕائۆڵەمپیک کرا.

ڕێوڕەسمی رێزلێنانی پاڵەوانی کورد “سیامەند ڕەحمان” هاوکات لەگەڵ ڕێوڕەسمی کۆتایی ڕکارەبییەکانی پاڕابەرزرکەرەوەی قورسایی ئێران بە ناونیشانی “کاپی سیامەند”، لە فیدڕاسیۆنی کەمئەندامانی ئێران بەڕێوەچوو و “پەیام عەزیزی” بۆ یەکەمین جار، پارچە مۆسیقای “پاڵەوانی دەم بە پێکەنین”ی خوێند و ئەم گۆرانییەی بە شانازییەوە پێشکەش بە ڕەوانشاد “سیامەند ڕەحمان” پاڵەوانی جیهان و پاڕائۆڵەمپیک کرد.

سیامەند، ڕوخسارێکی دەم بە پێکەنینی لە خۆی بەجێهێشت کە بەردەوام لە کردەوەکانیدا تایبەتمەندییەکانی دۆزیی پاڵەوانی کە پێکهاتووە لە خاکەساری، نیشتمان پەروەریی، ڕووخۆشی و … ڕەنگدانەوەیەکی حاشاهەڵنەگریی هەبوو.

هەندێک لە شانازییە ناوچەیی، جیهانی و پاڕائۆڵەمپیکی “سیامەند ڕەحمان” بریتین لە: میداڵیای زێڕینی لاوانی ئەمەریکا 2008، میداڵیای زێڕینی لاوانی مالیزیا 2010، میداڵیای زێڕینی پاڕائاسیایی گوانگجۆ 2010، میداڵیای زێڕینی نێودەوڵەتی لاوانی لیبیا 2010، میداڵیای زێڕینی جیهانی IWAS ئیماڕات 2011، میداڵیای زێڕینی نێودەوڵەتی گەورەساڵانی ئەردەن 2011، میداڵیای زێڕینی پاڕائۆڵەمپیکی لەندەن 2012، میداڵیای زێڕینی گەورەساڵانی ئیماڕات 2014، میداڵیای زێڕینی پاڕائاسیایی کۆریا 2014، میداڵیای زێڕینی ئاسیای ناوچەیی قەزاقستان 2015، میداڵیای زێڕینی ئاسیایی ناوچەیی “ئۆپێن”ی قەزاقستان 2015، میداڵیای زێڕینی نێودەوڵەتی (کاپی جیهانی) ئیماڕات 2016، میداڵیای زێڕینی پاڕائۆڵەمپیکی “ڕیۆ” بەڕازیل 2016، میداڵیای زێڕینی جیهانی مەکزیک 2017، میداڵیای زێڕینی ناوچەیی ژاپۆن 2018، میداڵیای زێڕینی پاڕائاسیایی “جاکاڕتا” ئەندونیزیا 2018، میداڵیای زێڕینی جیهانی قەزاقستان 2019 و … .

ئەو لە درێژەی سەردەمی وەرزشی خۆیدا لە سێ خولی یارییەکانی پاڕائاسیایی و دوو خولی یارییەکانی پاڕائۆڵەمپیک، بەشداریی کرد کە لە تەواویی ئەم یارییە گرینگانەدا میداڵیای زێڕینی بەدەستهێنا.

سیامەند بە تۆمارکردنی ڕیکۆردی 310 کیلۆگڕام لە پاڕائۆڵەمپیکی “ڕیۆ” 2016 لە وڵاتی بەڕازیل (بە جیاوازیی 70 کیلۆگڕام لەگەڵ وەرزشوانی پلە دووهەم) توانی ناویی خۆی بە شێوازێک هەرمان بکات کە بەدوورە ئەم ڕیکۆردە سەرسووڕهێنەرە بە درێژایی مێژوو، لە لایەن کەسێکی دیکەوە تۆمار بکرێت.

پاڵەوان “سیامەند ڕەحمان” بەهێزترین پاڕائۆڵەمپییەنی جیهان، ڕۆژی 11ی ڕەشەمەی ساڵی 1399ی هەتاویی (یەکی مارسی 2020) بە هۆی جەڵتەی دڵ لە شاری شنۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کۆچی دوایی کرد.

بۆ زانیاری زیاتر:

ماڵپەڕیی پەیام عەزیزی:
http://www.payamazizi.com
کەناڵی فەرمی “پەیام عەزیزی” لە تێلێگڕام:
https://telegram.me/payamaziziofficial
لاپەڕەی فەرمی “پەیام عەزیزی” لە ئینستاگڕام
https://www.instagram.com/payamaziziofficial/

ئامادەکردنی: مەنسوور جیهانی

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish