غەریبییەک.. نەوزاد بەندی
غەریبیەک بانگم ئەکا ..
ڕۆژ نیە دەعوەتم نەکا ..
شەو نیە فەرشی سوورم بۆ دانەخا ..
هەموو عەسرێ تکتی تێرمیناڵێکم بۆ ئەنێرێ ..
لە پشودا ،
تکتی فڕۆکە و فەحسی
نێگەتیڤی کۆڤیدیشم
بۆ ئەبڕێت و ..
باڵندە خەمگینەکانیش
ڕائەسپێرێ ..
غەریبییەک بانگم ئەکا ..
تەنانەت جانتای سەفەرم
بۆ پڕ ئەکا لە پۆشاکی ئوتوکراو ..
پڕی ئەکا لە خۆراکی
فۆلکلۆر و
قوتوکراو ..
خاولی و
تاقمی تەراش و
عەتری سیگار ..
لەگەڵ نامە کۆنەکانی
سەردەمی یار ..
غەریبییەک بانگم ئەکا ،
لیڤاکسێکم بۆ پڕ ئەکا
لەو شیعرانەی
نوسیومن و
لای خۆم گلم داونەتەوە ..
لەو بۆینباخە کۆنانەی
کڕیومن و
بۆ یەکجاریش نەمبەستون و
لە گۆشەیەکی دوور دووری
لە یادکراوا ، ماونەتەوە ..
لەو پەیکەرە خەمگینانەی
ساڵانێک بانگم کردن و
ئاوڕیان نەدایەوە بۆم ..
پڕیان ئەکا
لە خەون و ئاواتە
مردوو
قەدەغەکراوەکانی خۆم ..
بەڵام هێشتا
بڕیارم نەداوە
بڕۆم ..!
نەوزاد بەندی