
له‌قه‌ی شیعر و له‌قه‌ی ماین!.. سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی
له مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی و مێژووی ژانری شیعریش به تایبه‌تیدا، دوو نموونه‌ی مێژوویی و زیندووی جوانی شیعریی هه‌ن، كه شاعیره‌كانییان دوای نووسینییان، تا هه‌تایه له شیعر نووسین وه‌ستان. ئه‌م دوو نموونه‌یه‌ش ( ئه‌حمه‌د هه‌ردی) و ( محمه‌د عومه‌ر عوسمان) نن، كه هه‌ر یه‌كه و ته‌نها كۆمه‌ڵه شیعرێكییان چاپ و بڵاو كردۆته‌وه و ئیتر جارێكی تر، نه‌چوونه‌وه سه‌ر نووسینی شیعر. بێگومان ئه‌م دوو شاعیره، دوو نموونه و دوو ده‌نگی دیاری شیعر و ڕێزگرتن و به شكۆ سه‌یركردنی شیعرن. ئه‌وان دڵنیابوون له‌وه‌ی هه‌ر ده‌قێكی دیكه بنووسن، ناتوانن سنووری ئه‌و شیعرانه تێ بپه‌ڕێنن، بۆیه نه‌كه‌وتنه كاوێژكردنه‌وه‌ی وشه و خولانه‌وه به ده‌وری وێنه‌ی سواو و شیعری بێ ناوه‌ڕۆك. بۆیه تا هه‌تایه (ڕازی ته‌نیایی) و (له غوربه‌تا)، وه‌ك دوو كۆمه‌ڵه شیعری جوان و گه‌وره‌ی نێو دنیای شیعری كوردی ده‌بینرێن و ده‌مێننه‌وه. هه‌ر كاتێك شاعیرێك، كه‌وته كاوێژكردنه‌وه‌ی وشه و زمان و شیعر، ئیدی جوانترین داهێنان ئه‌وه‌یه، ڕێز له خۆی و خوێنه‌ره‌كانی بگرێت و تخوونی شیعر نووسین نه‌كه‌وێت. سه‌رده‌مانێك، خانمه شاعیرێكی بوێر و ده‌نگ زوڵاڵ ، كه خۆی وه‌ك شاژنی شیعر و دژه باو ده‌ناساند، له نێوه‌ندی شیعری كوردیدا بوونی هه‌بوو. ئه‌و خانمه كه ئه‌وه‌نده خۆی به دژه باو ده‌زانی ، ته‌نانه‌ت ناوی به‌رنامه‌كه‌شی نابوو (دژه باو!) وه‌ك ده‌ركه‌وته‌یه‌كی نوێ، له دنیای فێمێنیزم و ئه‌زموونێكی جیاوازی شیعری ژنان ده‌بینرا و ده‌خوێنرایه‌وه.
ئه‌و خانمه شاعیره، دوای ئه‌وه‌ی له پێناو ژیانی تایبه‌تی خۆی ( كه مافی هه‌موو كه‌سێكه) پشتی كرده دایك و نیشتمان و هاوڕێ و شیعر و دژه باوییه‌كه‌ی و دابڕاو و هه‌گبه‌ی شیعری به‌تاڵ بوو، ئێستا به هه‌ندێك شیعری ساده و ده‌رده‌ڵ و كرووزانه‌وه و پڕ له په‌شیمانی، ده‌یه‌وێت جارێكی دیكه ببێته‌وه به‌و (دژه باوه‌ی) لافی پێ لێ ئه‌دا و هه‌زاران ژن ئێره‌یان پێ ده‌برد. كه شاعیرێك نه‌توانێت له لوتكه‌دا بمێنێته‌وه، بێگومان دێته خواره‌وه بۆ بنار. شاعیرێك كه نه‌یتوانی داهێنانی تازه و ئه‌زموونی تازه بێنێته ئاراوه، باشترین كارێك بیكات بۆ ئه‌وه‌ی ڕێز له خوێنه‌ره‌كانی بگرێت ئه‌وه‌یه، واز له شیعر نووسین بێنێت. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌زموونه جوانه‌كانی ڕابردووی، به ئه‌زموونه كاڵ و كرچ و نا شیعرییه‌كانی ئێستای نه‌سڕێته‌وه. له نێوه‌ندی ئه‌ده‌بی كوردیدا، زۆرن ئه‌و شاعیرانه‌ی هه‌گبه‌ی شیعری‌یان له وشه و وێنه و دنیابینی شیعری به تاڵ بووه و شیعر وازی له‌وان هێناوه، كه‌چی هێشتا ئه‌وان واز له شیعر ناهێنن. وه‌ك چۆن هه‌موو شتێك كۆتایی دێت، ده‌شێ شیعریش لای به‌شێكی زۆر له‌و شاعیرانه ، كه شتێكی نوێیان پێ نه‌ماوه بۆ وتن، كۆتایی هاتبێت. له‌و ڕوانگه‌یه‌وه، پێ ده‌چێت كانیاوی شیعری (حه‌مه سه‌عید حه‌سه‌ن) یش ( ئه‌گه‌رچی من به ڕه‌خنه‌گرێكی دیاری دا ئه‌نێم نه‌ك شاعیر) وشك ببێت، بۆیه ئه‌ویش كه‌وتۆته نووسینی شتی ساده و بێ به‌های وه‌ها به ناوی شیعره‌وه، كه خوێنه‌ر شه‌رم ده‌یگرێت، وشه‌ی له‌و شێوه‌یه، له ده‌می ئه‌و نووسه‌ره دیاره بێنه ده‌ره‌وه. حه‌مه سه‌عید حه‌سه‌ن، شیعرێكی بۆ ڤاڵانتاین نووسیوه و له شیعره‌كه‌یدا ده‌ڵێت:_
داوای یه‌ك دوو ماچم لێ‌كرد
به‌م ڕۆژی ڤاڵانتایینه
دڵی ناسكی شكاندم
له‌قه‌ی لێدام ئه‌و ماینه
درۆیه كه گوتویانه
ژانی نییه له‌قه‌ی ماین
ئازاری هێنده به سوێیه
كەللە تیای نامێنێ ئایین
شه‌رته ئیتر ته‌كلیفی ماچ
نه‌كه‌م له هیچ كچێ
نه‌هێڵم شكۆم زامدار بێ
بۆ سوكه مژینی لچێ
ئه‌م نووسه‌ره، كه ساڵانێكی درێژه، شه‌ڕی ئایین و ڕه‌گه‌زی نێر و ئه‌رز و ئاسمان، به تێگه‌یشتنی خۆی له پێنا و ده‌سته‌به‌ركردنی مافه‌كانی ژن و یه‌كسانییان له‌گه‌ڵ پیاودا ده‌كات، كه‌چی هه‌ر خۆی شكۆی ژنی شكاندووه. شاعیر، ژن به (مایین) ده‌چوێنێت و دڵ شكاندنیش به (لووشكه) وه‌شاندن. هه‌مووشمان ده‌زانین له‌قه و لووشكه هاویشتن، دوو ئیدیۆمن و به‌مه‌به‌ستی كه‌مكردنه‌وه و نزم سه‌یركردنی مرۆڤ به كار ده‌هێنرێن و ئه‌و مانایه‌ش ده‌ده‌ن. بۆیه نووسه‌ر، ناڕاسته‌وخۆ به ناوی شیعر بۆ ڤالانتایین، له كه‌سیه‌تی و شكۆی ژن ده‌دات و ژن وه‌ك (مایین) ده‌بینێت. بێگومان ئه‌گه‌ر ژنیش مایین بێت، ئه‌وا ده‌بێ پیاویش ئه‌سپ بێت. كه‌واتا ئه‌سپه‌كه سواری مایینه‌كه ده‌بێت. شاعیر!، دوای ئه‌وه‌ی نا‌ئومێد ده‌بێت له‌وه‌ی ژنێك ماچی بداتێ، ئیدی ئه‌مجاره‌یان شكۆی پیاوبوونی خۆی تۆختر ده‌كاته‌وه و شێلگێرانه‌تر ژن به بێ به‌ها و سووك ده‌بینێت و باس له‌وه ده‌كات كه داوای ماچ له هیچ ژنێكی تر ناكات، چونكه خۆی وته‌نی ( شكۆی زامدار) ده‌بێت! دیاره شكۆی پیاوبوونیش له كۆمه‌لگه‌ی ئێمه‌دا، ته‌نها یه‌ك واتای هه‌یه ئه‌ویش (پیاو) بوونه، كه ئاماژه‌یه بۆ زاڵبوون و باڵاده‌ستی پیاو به سه‌ر ژن. چونكه شه‌هامه‌تی پیاوبوون له كۆمه‌لگه‌ی ئێمه‌دا، زۆرجار به‌وه لێك ده‌درێته‌وه كه نێرێك تا چه‌ند حیساب بۆ ژن ده‌كات و كورد وته‌نی (ئۆمه‌ر) نییه! حه‌مه خۆی زۆر له‌وه گه‌وره‌تر ده‌بینێت، شكۆی خۆی بكاته قوربانی داوای ماچێك. هاوتاكردنی ژن به مایین و ناڕه‌زایه‌تی ژن به لووشكه، ئه‌و په‌ڕی نه‌نگییه بۆ نووسه‌رێك كه خۆی وه‌ك داكۆكیكه‌رێكی سه‌رسه‌ختی ژنان پیشان ده‌دات و ڕای گشتی چه‌واشه ده‌كات. ئه‌م كورته شیعره‌ی حه‌مه سه‌عید، جگه له‌وه‌ی ئه‌و ئاماژه‌یه‌ی هه‌یه، هاوكات هیچ ڕه‌هه‌ندێكی واتایی و ئستاتیكی نییه و له پێنا و هاوسه‌روا و كێشی شیعره‌كه‌ی، (ئایین) و (مایین) ی به یه‌كه‌وه خستۆته نێو ئه‌و چه‌ند وشه ساده و ساكار‌و بێ مانایانه‌وه، كه له هه‌موو شتێك ده‌چن له شیعر نه‌بێت. ئه‌مه، نموونه‌یه‌كه له‌وه‌ی كه هه‌گبه‌ی شاعیر به تاڵ بوو، ئیدی شتێك نامێنێته‌وه به ناوی وشه و شیعر. شاعیرێك ژن وه‌ك ئامرازی (سواربوون) و (وه‌چه خستنه‌وه) ببینێت، نازانم له‌كوێوه، به‌رگری له مافی ژن و یه‌كسانییان له‌گه‌ڵ پیاودا ده‌كات؟ مه‌گه‌ر ئه‌م دیدگا خێڵه‌كی و میللیی و په‌تریاكییه، چ له‌لای كه‌سانێك كه زۆرجار ده‌ڵێن سه‌یری ئه‌و ژنه بكه ده‌ڵێی (مایینه)، چ له‌لای شاعیرێك كه سه‌دان كتێبی خوێندبێته‌وه، چ جیاوازییه‌كی هه‌یه؟ ئه‌مه با خوێنه‌ران سه‌نگی مه‌حه‌ك بن له‌وه‌ڵامدانه‌وه‌ی.
ڕوونكردنه‌وه‌ی چه‌ند په‌راوێزێكی پێویست:_
*- ئه‌م شیعره‌ی حه‌مه سه‌عید حه‌سه‌ن، له دوا ڵاپه‌ڕه‌ی ڕۆژنامه‌ی (هه‌ولێر) ژماره (2419) ڕۆژی 14/2/2021 بڵاوكراوه‌ته‌وه و تكا ده‌كه‌م خوێنه‌ران بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر شیعره‌كه و بیخوێننه‌وه.
**_ ماین، له ڕه‌گه‌زی وڵاغه به‌رزه‌كانه كه ئه‌سپ و ئێستر ده‌گرێته‌وه و وڵاغه به‌رزه‌كانیش چوار جۆرن.
یه‌كه‌م:_ ( ئه‌سپ) كه دیاره و به هێمای هێز و جوانی و خۆڕاگری ناسراوه،
دووه‌م:_ (مایین) كه مێیه‌كه‌یه‌تی و ده‌زێت و (جاشكۆكه‌ی) ده‌بێت، دواتر كه‌مێك گه‌وره‌تر ده‌بێت و پێی ده‌گوترێت ( جوانوو یان جووانه مایین)
سێیه‌م:_ (بارگیر)، ئه‌سپ دوای ئه‌وه‌ی ده‌خه‌سێنرێت و ته‌نها بۆ باركردن به كاردێت، پێی ده‌وترێت (بارگیر) و هه‌ندێ جار (یه‌خته) شی پێ ده‌گوترێت.
چواره‌م:_ ئێستر، هه‌رچی (ئێستر) ه، له ئه‌سپ و مایین به هێزتر و به تواناتر و به‌رگه‌گرتره و زاوزێ ناكات و زۆر شه‌مووسه.
***_ ماین، ده‌بێ به دوو پیتی (ی) واتا (مایین) بنووسرێت، چونكه له كاتی گۆكردنی وشه‌كه‌وه، پیتی (ی) درێژده‌بێته‌وه. هاوكات له نێوان (ا) بزوێن و(ی) بزوێندا، ده‌بێ (ی) ترهه‌بێت. چونكه نابێ دوو پیتی بزوێن به دوای یه‌كه‌وه بێن.
****_ له‌وانه‌یه نووسه‌ر، ئه‌م شیعره‌ی خۆی، به ته‌نز و ساتیر بزانێت، به‌ڵام وه‌ك خوێنه‌رێك بڕوام وایه، ساڵانێكی زۆره و تاكو ئێستاش، جگه له (د- شێركۆ عه‌بدوڵا) ، هیچ نووسه‌رێكی دیكه‌ی بواری نووسینی ته‌نز له ئه‌ده‌بی كوردیدا نییه و كه‌س شان له شانی ئه‌و نادات. بۆیه ئه‌وه‌ی حه‌مه سه‌عیدحه‌سه‌ن، نه ساتیره، نه ته‌نز.
*****_ هیچ نووسینێكی ئه‌م نووسه‌ره نییه، له په‌راوێزیدا وشه و ده‌ربڕینه‌كان بۆ خوێنه‌ر شینه‌كاته‌وه، به‌ڵام له‌و شیعره‌یدا، نه باسی (مایین) و نه باسی ( له‌قه) شی بۆ خوێنه‌ران نه‌كردووه، چونكه ده‌زانێت نه‌نگییه‌كی گه‌وره‌یه، ژن به ماین و ڕه‌تكردنه‌وه‌كه‌شی به لووشكه وه‌شاندن بزانین. بۆیه به ئه‌نقه‌ست نووسه‌ر ئه‌مه‌ی نه‌نووسیوه. به‌ڵام ئایا ئه‌مه به سه‌ر هه‌موو خوێنه‌رێك تێ ده‌په‌ڕێت؟.
ڕواندز_ كۆتایی شوباتی 2020