Skip to Content

بێ ئابڕویی لە تاواندا!.. وەرگیرانی بۆ کوردی: کاوە عومەر

بێ ئابڕویی لە تاواندا!.. وەرگیرانی بۆ کوردی: کاوە عومەر

Closed
by ئازار 11, 2023 General, Opinion

ئاوڕێک لە هێرشی کیمیاوی بۆ سەرقوتابخانەکان و بێدەسەڵاتی حکومەت
دیمانەی حەسەن ساڵحی لەگەڵ حەمید تەقوایی


بە پشتبەستن بە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵ جەدید نوسراوەتەوە


حەسەن ساڵحی: مشتومڕ لەسەر تاوانی بە مەبەستی ژەهراویکردنی زنجیرەیی هێشتا لە کۆمەڵگادا گەرمە و کاردانەوەی جۆراوجۆری بەدوای خۆیدا هێناوە. ناڕەزایەتی بەرامبەر بەم تاوانە ترسناکە هەبووە و کۆماری ئیسلامیش کاردانەوەی زۆری نیشانداوە. هەر لە وتارەکانی خامنەییەوە تا دەگاتە لێدوانی جۆراوجۆری وەزارەتی ناوخۆ. تا ئێستا وەزارەتی ناوخۆ سێ لێدوانی لەسەر ئەم بابەتە بڵاوکردۆتەوە و لەو لێدوانانەشدا هەوڵیداوە ڕەهەندەکانی ئەم تاوانە ترسناکە بچووکتر دەربکەوێت، و تاوانەکەی خستۆتە ئەستۆی خەڵکی ناڕازی یان سەرگەرمی خودی خوێندکارەکان . سەرەتا دەمەوێت ڕای ئێوە لەم بابەتە بپرسم، هۆکاری بڵاوکردنەوەی ئەو لێدوانانە چییە؟
حەمید تەقوایی: هەڵوێستەکانی ئەم دواییەی دەسەڵات، لە قسەکانی خامنەییەوە تا ئەم سێ لێدوانەی کە باست کرد، نیشانەی بێدەسەڵاتی و لاوازی حکومەتە. زیاتر لە سێ مانگە تاوانی هێرشی کیمیاوی بۆ سەر قوتابخانەکان بەردەوامە و خامنەیی و سەرۆکانی حکوومەتیش بێدەنگ بوون لەو بارەیەوە، جگە لە لێدوانە دژبەیەکانەی بەشێک لە بەرپرسانی باڵای حکوومەت کە دەڵێن ئەمە کاری گرووپەکانی نزیک لە تاڵیبان یان کاری لایەنگرانی دروشمی ژن ژیان ئازادییە یان ئەوە فەسادی خودی خوێندکارانە و هیچیان نەبوو بیڵێن لەسەر ئەم جۆرە قسە بێمانایە. پاشان لەناکاو دوای سێ مانگ خامنەیی باسی ئەم بابەتە دەکات و دواتر وەزارەتی ناوخۆ لە ماوەی دوو ڕۆژدا سێ لێدوان دەدات! سەرەتا ئەمە نیشانەی سەرلێشێواوی و بێدەسەڵاتی حکومەتە.
گاڵتەجاڕی لە دەقی ئەم ڕاگەیاندنانە، ڕسوا و بێمانا و بێڕێزانەدا دەچۆڕێت. بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لەم ڕووەوە خەڵکیان بردووە و ڕێنمایییان کردووە، ئینجا ڕوونی دەکەنەوە کە مەبەستیان خوێندکارەکانە! زیاتر لە سێ مانگە هێرشیان کردووەتە سەر قوتابخانەکان و زیاتر لە پێنج هەزار کەسیان ژەهراوی کردووە، لانیکەم دوو کەس کوژراون و ئەم تاوانە تا ئێستاش بەردەوامە، ئینجا بە و پەڕی رسواییانەوە ڕایدەگەیەنن کە هەندێک خوێندکاریان گرتووە و ڕێنمایییان کردووە! ڕایدەگەیەنن ئەو کەسانە دادگایی دەکەین کە پەیوەندییان بە میدیای بیانیەوە کردووە و “ئاگرەکەیان خۆشکردووە” دەخەینە ژێر چاودێریەوە! واتە لە ڕاستیدا خەڵکی لەوقاودەرو خۆپیشاندەران!لەگەڵ دایکان و باوکانی نیگەرانی قوتابیان لەبەردەم قوتابخانەکاندا لێیان دەدرێت، تەنانەت ڕاپۆرتی پزیشکی نەخۆشخانەکەش نادەن بە کەسوکاری قوتابیانی نەخۆشخانە. خێزانەکان نازانن منداڵەکانیان تووشی چ جۆرە ژەهراویبوونێک بوون و ئاڵۆزی و مەترسییەکانی چین. تەنانەت درێغی لە پیدانی ئەم زانیارییە پزیشکییەشدا بە بنەماڵەکان دەکەن و دواتر بەوپەڕی بێڕێزی و دووڕووییەوە دەڵێن خوێندکارمان دەستگیر کردوە و ڕێنماییمان کردووە! یان هەوڵ دەدەن مەسەلەکە بێ بایەخ بکەن. دەڵێن لە چەند قوتابخانەیەکدا ئەمە ڕووی داوە و زۆرێکیان بە شێوەی ڕاگوزەر لە نەخۆشخانە چارەسەر کراون! بە بەڕووی ناموبارەکیاندا ناهێنن کە زیاتر لە ٣ مانگە تاوانێک لە سەدان قوتابخانە لە دەیان شار و لانیکەم لە ١٥ پارێزگای وڵاتدا دەگوزەرێت و حکومەت تەنها چاودێری دەکات. کاتێکیش هەڵوێستی وەرگرت و لێدوانێکی دا، ئەم جۆرە قسە بێمانایەی کرد. لە تویتەر و سۆشیال میدیادا بە ئابڕولە تاواندا ناوم بردووە. بەڕاستی کەسانی بێ ئابڕون.
پرسیارت کرد، بۆ ئەم بێمانایە پێکەوە دادەنێن؟ هۆکارەکەی ئەوەیە کە ڕووبەڕووی هێرشی کۆمەڵگا بوونەتەوە. ڕووبەڕووی ناڕەزایی بنەماڵە و مامۆستایان و چین و توێژە جیاوازەکانی خەڵک بوونەتەوە. کۆبوونەوەی ناڕەزایی خێزانەکان لەبەردەم قوتابخانەکان تا دێت فراوانتر دەبێت، هاواری ناڕەزایی مامۆستایان بەرز بووەتەوە.شورای هەماهەنگی مامۆستایان داوای ١٦ی ئەسفەندی کرد و لە زیاتر لە ٣٠ شاردا خەڵک لە وەڵامی ئەم بانگەوازەدا هاتنە سەر شەقامەکان. حکومەت لەبەرامبەر ئەم شەپۆلە ناڕەزایەتییەدا تووشی شۆک بووە و دەیەوێت بە جۆرێک لە جۆرەکان کێشەکە چارەسەر بکات. ئەم هەڵوێستانە هەمان شێوازی نزیکبوونەوەیان لە پرسی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە. سەرەتا ڕەتیانکردەوە تەقەیان لە فڕۆکەکە کردبێت، بەڵام دواتر ناچاربوون بە جۆرێک دان بە ڕۆڵی خۆیاندا بنێن و دواتر ئەو پرسە پەردەپۆش بکەن. ئەمڕۆش هەوڵ دەدەن هەمان پرۆسەی هێرشی کیماوی بۆ سەر قوتابخانەکان پەیڕەو بکەن. ئێمە لەگوڵ پرۆسەیەکی وادا بەرەوڕوین.
حەسەن ساڵحی: ئێوە ئاماژەتان بە ناڕەزایەتی خەڵک کرد، کە باسیان لێوە دەکەین. بەڵام ئایا ئەگەری ئەوە هەیە لە ئەنجامی ئەم ناڕەزایەتیانەی کە ئێوە باستان کرد، کۆماری ئیسلامی کۆتایی بە هێرشی کیمیاوی بۆسەر خوێندکاران بهێنێت؟
حەمید تەقوایی: بەڕای من نەک هەر توانایە هەیە، بەڵکو تاکە ڕێگەیش هەر ئەوەیە. مەحاڵە بە خەیاڵتدا بێت کە بتوانن بە هەر شێوازێکی تر دەستبەرداری ئەم تاوانەببن. تاکە ڕێگا بۆ هێرشکردن و ناڕەزایەتی دەربڕین ئێمە بە شێوەیەکی بەرفراوان خەڵکە. دیارە مەبەستم لە خەڵک، لە هەنگاوی یەکەمدا ئەو مامۆستا و قوتابیانەن کە دەتوانن ببنە جوڵێنەری هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژ بەم تاوانەی حکومەتبن. ئەمە کێشەیەک نییە تەنها پەیوەندی بە خێزانی قوتابیانەوە هەبێت، کێشەیەکی کۆمەڵایەتییە. ئەمە هێرشی حکومەتە بۆ سەر هەموو کۆمەڵگا. دەبینین هێرشەکەی لە قوتابخانەکان تێپەڕیوە و درێژبووەتەوە بۆ هەندێک ناوەندی بازرگانی و وێستگەی میترۆ. هەموو کۆمەڵگا لەگەڵ حکومەت خەریکی شەڕە و لەم خەباتەدا خەڵک بە ڕێکخستن و هێرشی هەمەلایەنە بۆ سەر حکومەت دەتوانن ئەم تاوانە ڕابگرن. ئەمەش بەتەواوەتی لەتوانادایە.
حەسەن ساڵحی: وەک ئاماژەت پێدا، لە ١٦ی ئاەسفەند، بانگەوازێک لەلایەن ڕێکخراوی سەرتاسەری مامۆستایانەوە کرا بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر بەم هێرشە زنجیرەییانەی ژەهراویکردن بۆ سەر خوێندکاران، کە وەڵامێکی بەرفراوانی لێکەوتەوە. خەڵک بە ڕوونی وەڵامی ئەرێنییان دایەوە بۆ بانگەوازی ئەنجومەنی هەماهەنگی سەندیکاکانی مامۆستایان، کە لەلایەن چەندین دامەزراوە و ڕێکخراوی دیکەی بەناوبانگ و ناسراوەوە پاڵپشتی کرا. ئەم ڕێکخراوانە مێژوویەکی دوورودرێژیان هەیە لە خەباتکردن و لە کۆمەڵگادا ناسراو و خۆشەویستن. ئایا ئەمە ڕووداوێکی ناوازە بوو و تەنها پەیوەندی بە قوتابخانەکانەوە هەبوو، یان ئێمە شاهیدی خاڵی وەرچەرخانین. ئایا ئەمە بەو مانایەیە کە شەقام بەستراوەتەوە بە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و دامەزراوە خاوەن پێشینەکان کە ساڵانێکە ناڕەزایەتی ڕێکخراو ڕێکدەخەن؟
حەمید تەقوایی: پێموایە خاڵی دووەم کە باست کرد لێرەدا ڕاستە. ئەمەش بەو مانایەیە کە ڕێکخراوێکی باوەڕپێکراو و لەمێژینەی سەرتاسەری لە ژێر ناوی شورای هەماهەنگی ڕێکخراوەکانی یەکێتی مامۆستایان کە ساڵانێکە بانگەواز و ڕێکخستنی کۆبوونەوە و ناڕەزایەتی و مانگرتنی مامۆستایان دەکات، هەنگاو دەنێتە مەیدان و داوای ناڕەزایەتی سەرتاسەری دەکات لە ڕۆژی سێشەممەی ١٦ی ئەسفەند. . یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی ئەم بانگەوازە ناڕەزایەتی دەربڕین بوو بەرامبەر بە هێرشی کیمیاوی بۆسەر قوتابخانەکان، داواکارییەکانی دیکەش داواکاری بەردەوامی مامۆستایان بوو، کە شورای هاوئاهەنگی ماوەیەکی زۆرە خەبات دەکات بۆ جێبەجێکردنی. ئەمەش جۆرێکە لە پەیوەندی نێوان بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا. ئێمە شاهیدی ئەوە دەبین کە ڕێکخراوێکی لەمێژینە کە بەدرێژایی ساڵان لە دڵی خەباتی مامۆستایاندا بۆ داخوازییە تایبەتەکانیان دروست بووە و ماوەیەکی زۆریش چالاک بووە، ئەمڕۆ دژی کێشەیەکی توندی کۆمەڵایەتییە، واتە هێرشی کیماوی بۆسەر خوێندکارانە ، کە لە ڕاستیدا هێرشێکە بۆ سەر هەموو کۆمەڵگەیە، بانگەوازێکی سەرتاسەری دەکات و لەلایەن کۆمەڵگاوە پێشوازی لێدەکرێت. لە ١٦ی ئەسفەنددا لە چەند پارێزگایەک و لە نزیکەی ٤٠ شاردا کۆبوونەوە و خۆپیشاندان بەڕێوەچوو.
بێگومان ئەمە یەکەم پەرەسەندنی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان نەبوو لە شۆڕشی ئێستادا. بۆ نموونە لە ٢٥ی بەهمەن، بیست ڕێکخراوی پێسەیی کرێکاری مەدەنی کە شورای هاوئاهەنگی یەکێکە لە ئیمزاکاران، جاڕنامەی بڵاوکردەوە کە لە مەیدانی خەباتی دیاریکراو تێدەپەڕێت و لە ڕاستیدا داواکاری و ئامانجەکانی شۆڕشی ئێستا ڕادەگەیەنێت. ئێستا بە بانگەوازی ١٦ی ئەسفەند ئەم ڕێکخراوانە لە بواری ئاڕاستەکردنی ناڕەزایەتی شەقامیشدا چالاکن. ڕاستە بابەتی ژەهراویکردنی قوتابیان زیاتر لە هەموو کەسێک پەیوەندی بە مامۆستایانەوە هەیە و بۆ ئەوانیش گونجاو بوو ئەم بانگەوازە بکەن، بەڵام ئەمە بزووتنەوەیەک لە دڵی شۆڕشی ئێستادایە. کاتێک ئەم کۆبوونەوانە ڕوویاندا، ئەوە لە تەنها ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر کیمیاباران تێپەڕی و وەک هەموو ناڕەزایەتییەکانی ٥ مانگی ڕابردوو، بە دروشمی “بمرێت ئەم حکومەتە منداڵ کوژە” و گۆڕا بۆ هێرشکردنە سەر تەواوی حکومەت بۆ بمرێت تاڵیبان، چ ئێران بێت یان ئەفغانستان” و “بمرێت بۆ خامنەیی” و هاوشێوەکانی. بەم شێوەیە ناڕەزایەتییەکانی ١٦ی ئەسفەند بوو بە دەرئەنجامێکی دیکەی پرۆسەی شۆڕش لە دژی هەموو حکومەت. سروشتییە لە بانگەوازی مامۆستایاندا دروشمی لەو جۆرە نەبووە، بەڵام لە ڕاستیدا مامۆستایان گۆڕەپانێکیان بۆ خەڵک کردەوە کە جارێکی دیکە بێنە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتی خۆیان نەک هەر لە دژی هێرشی کیمیاوی، بەڵکو لە دژی هەموو حکومەتی تاوانکاری کۆماری ئیسلامی بەرز بکەنەوە .
حەسەن ساڵحی: لە بانگەوازی حیزبدا جەخت لەوە دەکرێتەوە کە پێویستە مان بگرێت و ناڕەزایەتی دەرببڕێت لە بەرامبەر کیمیابارانکردنی قوتابخانەکانی کۆمەڵگادا. ئێوە جەختی تایبەتتان لەسەر مانگرتن کردووە. مانگرتن لە قوتابخانەکان و مانگرتن لە مامۆستایان بۆ ڕێگریکردن لەم تاوانە. بەڵام هەمووان لەگەڵ بانگەوازی مانگرتنەکەدا نین. دەڵێن داخستنی قوتابخانەکان ئەو ئامانجەیە کە کۆماری ئیسلامی بەدوایدا دەگەڕێت. وەڵامی ئێوە بۆ ئەم ئارگیومێنتە چییە؟
حەمید تەقوایی: بەڕای من ئامانجی حکومەت داخستنی قوتابخانەی کچان نییە. ئەگەر بیەوێت ئەم کارە بکات، دەیتوانی لەم سێ مانگەدا ڕایبگەیەنێت کە قوتابخانەکان داخراون تا ئاگادارکردنەوەی زیاتر، بۆ نموونە بۆ پاراستنی گیانی قوتابیان. ئەو کارەی نەکرد، بەپێچەوانەوە بەرپرسانی حکومەت چەند جارێک ڕایانگەیاند کە قوتابخانەکان داناخەن و ئەمە خواستی نەیارانە و هتد.
بەڕای من هۆکاری ئەمهێرشە کیمیاویە بۆ سەر قوتابخانەکان قەیرانەکەیەتی. هێرشکردنە سەر قوتابخانەکان، وەک تەقەکردن لە فڕۆکە، هەوڵێکە بۆ ئەوەی قەیرانی مانەوەی حکومەت بە قەیرانێکی دیکە سێبەر بکات. هەرکاتێک تووشی کێشە بوون، هەوڵ دەدەن بە دروستکردنی قەیران، زەین بەلاڕبەرن. ئەوان دەست دەکەن بە جەنجاڵی و مشتومڕ و بە بڕوای من بە ئەنقەست لێدوانی دژ بەیەک بڵاودەکەنەوە بۆ ئەوەی حەقیقەت لەو نێوەدا ون بێت. ئەمە هەوڵێکی بێهودەیە بۆ ڕزگاربوون لە “قەیرانی” شۆڕش لە دژی هەموو سیستەمەکەیان. هێرشکردنە سەر قوتابخانەکان هەمان لۆژیکی ئاگربەردانە لە زیندانی ئەوین، یان هێرشکردنە سەر شاچراغ، یان تەقەکردن لە فڕۆکەیەکی هەیە. لە ڕەهەندێکی گەورەتر و تاوانکاریتردا هەمان فێڵە. لەم حاڵەتە تایبەتەدا ئامانجێکی دیکەی ڕێژیم، ترساندن و زەوتکردنی ئەو خوێندکارانەیە کە لە پێشەنگی ئەم شۆڕشەدا بوون و ئێستاش هەن. ئەمانە پاڵنەرەکانی حکومەتن.
بەڵام ئەگەر بەشێک لە حکومەت بیەوێت قوتابخانەی کچان دابخات، مانگرتن سیناریۆی حکومەت نییە. تەنانەت ئەگەر وا گریمانە بکەین کە حکومەت ویستوویەتی قوتابخانەکان لەناو ببرێن، کاتێک مامۆستایان مان دەگرن و داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی ئەم تاوانە و ناساندن و دادگاییکردنی بەرپرسان و ئەنجامدەرانی دەکەن و خانەوادەکانیش ڕایدەگەیەنن کە ئێمە منداڵەکانمان نانێرین بۆ قوتابخانە تا ئەو داواکاریانە جێبەجێ دەکرێن، ئەمە چیتر ناتوانێت بەشێک بێت لە سیناریۆی حکومەت، بەڵکو هێرشێکی بەهێزە دژی حکومەت
بەڵام جیا لە هەموو ئەمانە، بەدەر لە لایەنە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەم خەباتە، کە وەک وتم تاکە ڕێگایە بۆ کۆتاییهێنان بەم تاوانە، لە ڕوانگەی ئینسانیشەوە پرسێکی زۆر بەپەلە و ژیانییە. خۆت بخەرە شوێنی خێزانێک کە هەموو ڕۆژێک کچەکەی دەنێرێتە قوتابخانە و نازانێت دەگەڕێتەوە ماڵەوە یان سەر لە نەخۆشخانەوە دەردەهێنیت؟ هه مان نه خۆشخانه که ته نانه ت ڕاپۆرتی ژه هراویبوونی منداڵه که ت و هۆکار و لێکه وته کانی پێ نادات.
ئایا مانگرتن و داخستنی قوتابخانەکان ڕاستترین و مرۆڤدۆستانەترین ڕێگە نییە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم پرسە؟ لەم دۆخەدا سرووشتیترین و لۆژیکیترین کردار ئەوەیە کە خۆمان بەدوور بگرین لە ناردنیان بۆ قوتابخانە لە پێناو ڕزگارکردنی ژیانی منداڵەکانمان. بەڵام لە شێوەی حەوشەدا نییە. بەڵکو با ڕایبگەیەنین کە لەبەردەم ئەم تاوانە حکومییەدا بەشداری وانەکان ناکەین. ئەمەش بە تایبەتی لە ئەستۆی مامۆستایاندایە. مانگرتنی مامۆستایان واتە داخستنی قوتابخانەکان و ئەمەش بە مانای ڕزگارکردنی ملیۆنان دایک و باوک لەو کابوسە ڕۆژانەیە کە حکومەت بۆی ئامادە کردووە.
ئێستا قوتابخانەکان شوێنی پەروەردە نین، شوێنی تاوانن. سیستەمی پەروەردەی حکومەتی ئەمڕۆ سیستەمێکی تاوانکارییە. بەزۆری گروپە تیرۆریستییەکان ئەو جۆرە ڕێوشوێنانە دەگرنەبەر و حکومەتەکان لەدژی ئەوان دەوەستنەوە. لێرەدا حکومەت خۆی تیرۆریستە و دەبێت کۆمەڵگا لە دژی بوەستێت. وە یەکێک لە چەکە کاریگەرەکانمان لەم شەڕەدا مانگرتنە. حکومەت قوتابخانەکانی کردووە بە سەنگەرێکی کیمیایی دژی قوتابیان، بەڵام ئێمە دەبێت سەنگەرەکە یەکلایی بکەینەوە. سەنگەری ئێمە شەقامە. ئێمە لە دژی هێرشی کیمیاوی لە شەقامەکان خەبات دەکەین. ئێمە لەبەردەم قوتابخانەکان کۆدەبینەوە، لە هەموو شارێکدا لەبەردەم پەروەردەکان کۆدەبینەوە و ناڕەزایەتی دەردەبڕین و دەمانەوێت دەستبەجێ ئەم تیرۆرە کیمیاوییە بوەستێنرێت و دەستبەجێ بەرپرس و ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە بناسێنرێن و دادگایی بکرێن. چەند هەزار کەسی تر دەبێ ژەهراوی بکرێن و ژیان و تەندروستیان بخرێتە مەترسییەوە بۆ ئەوەی خۆمان لە ناردنی منداڵەکانمان بۆ قوتابخانە بەدوور بگرین؟ بەڕای من تەنها کۆبوونەوەکان بەس نین. چ لە ڕوانگەی سیاسی و چ لە ڕوانگەی خەبات وتێکۆشان و چ لە ڕوانگەی مئینسانیەوە، ئێمە پابەندین بە داخستنی قوتابخانەکان. وە ئەمە ئەرکی مامۆستا و خوێندکار و خوێندکارە پێش هەموو کەسێک. خوێندکاران مێژوویەکی دوور و درێژی ناڕەزایەتی و مانگرتنیان هەیە و دەتوانن بچنە ناو ئەم بزووتنەوەیە و بەم شێوەیە دەتوانین سیستەمی پەروەردەی حکومەت بوەستێنین، کە وەک ئەمڕۆ ئاماژەم پێکرد پێویستە ناوی ببرێت سیستەمی تاوان، و گورزێکی بەهێز لە حکومەت بدەین.
حەسەن ساڵحی: لە قسەوباسەکانتاندا دەڵێن حکومەت لەپشت ئەم تاوانەوەیە. باشە چاوەڕێی چی دەکەیت؟ واتە تا کەی دەبێت قوتابخانەکان دابخرێن و مامۆستایان نەچنە سەر کارەکانیان بۆ ڕێگریکردن لەم تاوانە؟ مەبەستم ئەوەیە، دەمەوێت ئەوە بڵێم کە پێویستە بە ڕوونیتر قسە لەسەر ئەم بابەتە بکرێت، و باسێک کە لە ڤیدیۆ کلیپێکدا بینیم کە خێزانەکان گەمارۆی قوتابخانەکانیان داوە، وتیان ئێمە خۆمان ئاسایش دابین دەکەین، بۆچی بۆ نموونە منداڵان دناتوانن ‘ بچنە قوتابخانە و زۆر چالاک بن.بۆ پاراستنی خۆیان، خۆیان کۆنترۆڵی دۆخەکە بکەن. ئایا ئەمە ناتوانێت بەدیلێک بێت؟
حەمید تەقوایی: ئایا شتێکی وا ئیمکانی هەیە؟ تەنانەت ڕێگە نادەن خێزانەکان بچنە ناو گۆڕەپانی قوتابخانەکانەوە. گازی ژەهراوی بڵاودەکەنەوە و دەرگای قوتابخانە دادەخەن. لە هەندێک حاڵەتدا تەنانەت ناهێڵن خوێندکاران لە پۆلەکە دەربچن. چۆن خوێندکار دەتوانێت کۆنتڕۆڵی خۆی بگرێت؟! یەکەی تایبەتیان بۆ دەنێرن و هەر ئێستا ئەم کارەیان کردووە.
شوێنی ناڕەزایەتی شەقامە نەک قەسابخانە. نەک هەر پۆلەکان بەڵکو گۆڕەپانی قوتابخانەکانیش سەلامەت نین. هیچ گەرەنتییەکتان نییە. لەسەر بنەمای خێزانەکان بۆ گەمارۆدانی قوتابخانەکە. نارنجۆک فڕێ دەدەنە ئەو قوتابخانەیەی کە ئەم کارەی کردووە. لە پارک یان گۆڕەپانی تەنیشت قوتابخانەکەوە کەلوپەلی نەناسراو فڕێدەدرایە ناو حەوشەی قوتابخانەکە و دواتر هەموو ژینگەی قوتابخانەکە ژەهراوی دەکرا. لەم شەڕەدا دەبێت بزانین هێزمان لە کوێدایە. دەبێت بزانین چۆن دەتوانین سەرکەوین.
ئەم ڕووبەڕووبوونەوە تا کەی بەردەوام دەبێت؟ تا ئەم ژەهراویکردنی قوتابخانەکان ڕابگیرێت یان حکومەت بڕوخێنرێت. بزانە ئەم کۆمەڵگایە ئاسایی نییە. دۆخەکە ئاسایی نییە. نەک هەر مامۆستا و خوێندکار، بەڵکو هەموو کۆمەڵگا کاردانەوەی هەبێت بەرامبەر بەم دۆخە نائاساییە. دەبێت هەموو تایەکان بوەستێنرێن. چه‌ند درێژه‌؟ تا حکومەت دەڕوخێنرێت. پێویستە سیاسەتی ژەهراویبوون بکرێتە قەیرانێکی کۆمەڵایەتی سەرتاسەری لەدژی ڕژێم. تەنها بیهێنە بەرچاوت ئەگەر ڕووداوێکی لەو شێوەیە لە کۆمەڵگایەکی وەک سوید، یان هەر کۆمەڵگایەکی ئەوروپیدا ڕووبدات، هەموو تایەکان لە جووڵە دەوەستن. مەحاڵ بوو خەڵک بەردەوام بن لە ژیانی خۆیان لە کاتێکدا هێزێک هەیە ڕۆژانە منداڵەکانیان لە قوتابخانەکاندا دەکوژێت. کۆمەڵگا ژیانی ڕۆژانە دەوەستێنێت، جووڵە دەوەستێت تا کێشەکە چارەسەر دەبێت. پرسگەلێکی زۆر سەرەتاییتر لەمە دەبنە هۆی پێکهێنانی مانگرتنی گشتی لەو وڵاتانەی کە بۆنی شارستانیەتیان لێهاتووە بەرامبەر بە حکومەتێک کە نەیتوانیوە بژێوی ژیان و تەندروستی خەڵک دابین بکات. ئەی ئەگەر حکومەت خۆی هۆکاری ڕاستەوخۆی مەترسی خستنە سەر ژیان و تەندروستی منداڵان و هەرزەکاران و ژەهراویکردنیان بێت لە قوتابخانەکاندا. دژی ئەم دۆخە چی دەکەیت؟ دەبێت ڕایبگەیەنین کە ئەم سیستەمە پەروەردەیەمان ناوێت. با منداڵەکانمان ساڵێک نەچنە قوتابخانە. تا حکومەت نەڕووخێنین ناچینە قوتابخانە. ئەم حکومەتە گرنگی بە کاروبارەکان نادات، خەریکی شەڕی ڕووبەڕووی خەڵکە و دەبێت خۆمان بۆ شەڕ ئامادە بکەین. وە گرنگترین و کاریگەرترین چەکی ئێمە مانگرتنە. ئەوەی پێی دەوترێت نافەرمانی مەدەنی و خەواندنی چەرخەکانی بەرهەمهێنان و پەروەردەیی و ئابووری و ئیداریی کۆمەڵگایە. لە سەرەتای شۆڕشی ئێستاوە هەمیشە جەختمان لەسەر گرنگی مانگرتنی سەرتاسەری کردووەتەوە و ئێستا هەندێک مەرج هاتۆتە ئاراوە کە ئەم بابەتە لە جاران بەپەلەتر و بەپەلەتر بووە. ئەوەندەی پەیوەندی بە قوتابخانەکان و ژیان و تەندروستی قوتابیانەوە هەیە، ئەمە بابەتێکی بەپەلەیە.
دەبینیت چەند ڕۆژێکی تر دەچینە ناو پشووەکانی نەورۆز و قوتابخانەکان تا ١٣ی فارودین دادەخرێن، بەڵام گفتوگۆکەم تەنها لەسەر هەفتەیەک و دوو هەفتە نییە. مشتومڕەکە ئەوەیە تا کیمیابارانی قوتابخانەکان بەردەوام بێت، پێویستە قوتابخانەکان دابخەین. هیوادارم بتوانین بە زووترین کات حکومەت ناچار بکەین ئەم تاوانە ڕابگرێت، بەڵام ئەگەر بوەستێت، ئێمە کۆڵ نادەین. بزووتنەوەی سکاڵاکردن و بەدواداچوون بۆ ئەم تاوانە تازە دەستی پێکردووە. وەک دۆسیەی تەقەکردن لە فڕۆکەکە، بەرەیەکی نوێ لە شەڕی ئێمە لەگەڵ حکومەتدا کراوەتەوە. ئەم تاوانە لە کارنامەی ڕەشی حکومەتدا تۆمار کراوە.
لە هەموو حاڵەتێکدا، تا ئەو شوێنەی پەیوەندی بە ژیان و تەندروستی منداڵەکانمانەوە هەیە، گرنگترین شت ئەوەیە کە تا ئەم شەڕە ڕانەگیرێت، منداڵەکانمان نەنێرین بۆ مەیدانی شەڕی کیمیایی. هیوادارم دوای پشووی نەورۆز ئەم بابەتە چارەسەر ببێت. دیارە ئەگەر ئەمە ڕوونەدا، خەباتی ئێمە لەو بوارەدا بەردەوام دەبێت.
حەسەن ساڵحی: پرسیاری منیش هەر ئەوەیە، ئەم ناڕەزایەتیانە بەرامبەر بە ژەهراویکردنی بە ئەنقەست کۆتایی چی دەبێت؟ بەڕاستی دەتوانن هێرشە تیرۆریستییە کیمیایی و بایۆلۆژییەکان بۆ سەر قوتابخانە و میترۆ و زانکۆ و بەشەناوخۆییەکانی زانکۆ ڕابگرن؟ ئایا ڕێگاچارەیەک هەیە بۆ ئەوەی حکومەت لەم قەیرانە دەربچێت؟
حەمید تەقوایی: چارەسەری حکومەت تەسلیمبوونە بە ئیرادەی خەڵک. لەوانەیە بەسەرخۆیدا نەهێنێت، بەڵام لە ڕاستیدا ناچار دەبێت ئەم تاوانە ڕابگرێت. دەتوانین حکومەت ناچار بکەین. بەتایبەت کە حکومەت ناتوانێت بۆ ماوەیەکی زۆر درێژە بەو جۆرە کارە تاوانکاریانە بدات چونکە تەنانەت لەسەر ئاستی جیهانیش ڕوبەڕوی قەیران و ناڕەزایەتییەکی بەربڵاو دەبێتەوە کە بەرگەی ناگرێت. ناچارە، ناچاری دەکەین دابنیشێت. دەبینیت هێرشەکانی پێشوو، وەک تەقەکردن لە فڕۆکەکە یان هێرشکردنە سەر زیندانی ئەوین، کەیسێکی نموونەیی بوون، بەڵام هێرشەکانی سەر قوتابخانەکان زنجیرەیی و زنجیرەیین. دواجار کوشتنی زنجیرەیی دوای ماوەیەک کۆتایی هات. لە هەر حاڵەتێکدا حکومەت ئەمە تەواو دەکات و دەبێت هەوڵبدەین بە هێرش و پێشکەوتنەکانمان و دواجاریش بە فەزیحە و لاوازی و بێدەسەڵاتی حکومەت هەوڵی ئەوە بدەین کە ئەمە ڕووبدات. لە هەر حاڵەتێکدا حکومەت ئەم تاوانەی لە مەلەفی خۆیدا تۆمار کردووە و ئەم گۆڕەپانە دەبێتە بەرەیەکی سەرەکی خەباتمان تا ئەو ڕۆژەی حکومەت دەڕووخێنرێت. ئێمە نە لێیان خۆش دەبین و نە لەبیریان دەکەین.
حەسەن ساڵحی: حکومەت دەڵێت خەتای خۆپیشاندەرانە،دەستی ئەوانی تیدایە. ناوی هێزە یاخیەکان دەهێنن. پرسیارەکەم ئەوەیە چۆن ئەم فێڵە هەڵبوەشێنینەوە؟ گریمان پێکهێنانی لێژنەی ئاشکراکردنی ڕاستیەکان ،بە بەشداری و ئیرادەی خەڵک، یان لە دەرەوە، ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان، دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ، ئایا ئەمانە دەتوانن کاریگەر بن لە ڕوونکردنەوەی ڕاستییەکاندا؟
حەمید تەقوایی: ئەم بانگەشانە لە زۆر درۆی تری ئەم حکومەتە فەزیحەترن. چۆن دەکرێت هێزێک دژ بە حکومەت، و تەنانەت لە خودی قوتابیانیش بێماناتر، دەستیان بە سەرچاوەکانی گازی ژەهراوی بگات؟! ئایا دەتوانرێت ئەمانە لە بازاڕ بکڕدرێت؟ وە دواتر ڕەهەندەکانی کێشەکە ببینە. ئەمە لە دەیان شار و سەدان قوتابخانە ڕووی داوە. ئەم تۆڕە تەنها دەتوانێت دەوڵەتی بێت. وەک ڕۆژ ڕوونە. لیژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان پێویست نییە. بەڵێ، کام ئۆرگانی نێودەوڵەتی تەنها لە ڕوانگەی یاساییەوە پەیڕەوی لە مەسەلەکە دەکەن، دەتوانن بچن بۆ دۆزینەوەی ڕاستی، بەڵام لە ڕوانگەی خەڵکەوە، ئایا پێویست بوو ڕاستیەکان بۆ تاوانی هیتلەر یان پینۆش بدۆزرێتەوە؟! سەبارەت بەو فاشیستە ئیسلامیانەش کە ئێران حوکم دەکەن، ڕاستییەکە وەک ڕۆژ ڕوونە. مرۆڤ دەبێت خۆی گێل بکات. وەک وتە بەناوبانگەکە دەڵێت، سوکایەتیکردنە بە زیرەکی مرۆڤ ئەگەر تەنانەت کەسێک ئەگەری ئەوە بدات کە ئەمە کاری هەر هێزێکی ترە جگە لە حکومەت. پێنج هەزار خوێندکار لە سەرانسەری وڵات ژەهراوی بوون و ئەمەش زیاترە لە سێ مانگە درێژەی هەیە. تەنها دەتەوێت بەدواداچوون بکەیت کێ بەرپرسیارە! لەم ماوەیەدا حکومەت تا چەند ڕۆژێک لەمەوبەر بێدەنگ بووە و هەندێکیش قسەی دژبەیەکیان بە خەڵک داوە و ئێستاش کە هەڵوێستی فەرمییان گرتووە، لۆمەی خوێندکاران و هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن دەکەن. دەڵێن ئەمە گاڵتە و سەرکێشی منداڵانەی قوتابیانە! ئەمە تاکە نیشانەی بێدەسەڵاتی و وەهمیی حکومەتێکە کە نوقمی تاڵاوی شۆڕشە. پێم وایە ڕاستییەکە ڕوونە. دەبێت هێرش بکەین. پێویست ناکات چاوەڕێی ئەنجامی هیچ دۆزینەوەی ڕاستییەکان بکەین. هەموو خەڵکی ئێران دەزانن دەستی حکومەت لەم کارەدایە. بەرپرسەکانی حکومەت خۆیان بە زمان بێ زمانیان دانیان پێداناوە. قسەکانی ئەم دواییەی خامنەیی ئەوە بوو کە هەندێک کەس تێوەگلاون. بە پێچەوانەی پیشەی هەمیشەییان ئەمریکا و ئیسرائیلیان تاوانباری نەکرد، چونکە دەزانن ئەم خەنەیە ئیتر ڕەنگی نییە. خوشیان دان بە شێوازی ئاسایی چەوت و درمی خۆیاندا دەنێن. ئەوان لەناو ئەو چاڵەدا کە بە خۆیان هەڵیان کەندووە، خەریکی پەلەقاژێن، بەڵام ڕاستییەکان بۆ ئێمە ڕوونە. ئێمە تەنها بە مانگرتن و هێرشی یەکگرتوومان لە دژی حکومەت دەتوانین بیخەینە سەر ئەژنۆ و دەستبەجێ ئەم تاوانە ڕابگرین.


٨ی مارس ٢٠٢٣، ١٧ی ئەسفەن ١٤٠١

Previous
Next
Kurdish