Skip to Content

نامەیەک لە مەولانا خالیدی تازەکەرەوەی رێبازی نەقشبەندیەوە بۆ بۆرژوای نیشتیمانی فاروقی مەلا مستەفا.. لە رێگای عەتا قەرەداخیەوە*

نامەیەک لە مەولانا خالیدی تازەکەرەوەی رێبازی نەقشبەندیەوە بۆ بۆرژوای نیشتیمانی فاروقی مەلا مستەفا.. لە رێگای عەتا قەرەداخیەوە*

Closed
by ئازار 11, 2023 General


سڵاو و سوپاس کە تۆ وەکو سەرمایەدارێکی ئەو میللەتەی کە من یەکێک لە ئەندامانی بووم و لە هەمان نیشتیماندا چاوم بە دنیا هەڵهێناوە، کۆڕم بۆ ساز دەکەیت. راستە تۆ وەکو خزمی من ئەوە دەکەیت، کە من ئێستا نازانم ئەو پەیوەندیە چۆنە، کە خۆت بە خاوەنی من کردووە، بۆ ئەوە سوپاست دەکەم.
لەبەر چەند هۆکاریك لە رێگای ئەم کەسەوە نامەت بۆ دەنێرم، یەکەمیان لەبەرئەوەی ئەم کەسە یەکێکە لە نەوەکانی مامۆستای دوو قۆناغی خوێندنم یەکەمیان شێخ عەبدول لەتیفی قەرەداخی لە زەردیاوای ئەوسا، کە سەرەتای خوێندنم لای ئەو دەستپێکردو لە نوری عیرفانی بەهرەمەند بووم، دووەمیان مامۆستای پایە بەرزم کە ئیجازەی خوێندم لای وەرگرت کە ئەویش شێخ قەسیمی مەردۆخی سەنندەجی بوو. هۆکاری ترم ئەوەیە کە ئەم کەسە جیاواز لەوانەی کە خۆیان بە ژیان و نووسین و بەرهەمەکانی منەوە خەریک کردووە، توانیوێتی پرینسیپی رێبازی نوێکراوەی من بناسێت و لەوەش تێبگات کە ئامانج و گوتاری کارکردنی من چی بووە، بەشێوەیەکی دوور لە دوو دڵی و بێ هیچ ترسێکیش گلەیی و کازاندەی ئەوەی لێکردووم و رەخنەشی لێگرتووم کە بۆچی من سەنگەرم چۆڵ کردووە. هۆکارێکی تریش هەیە ئەم کەسە هەرچۆن پرینسیپی رێبازەکەی منی پەیوەست بە میللەتەکەمان، واتە کورد دیاری کردووەو لە دوو خاڵدا کۆی کردووەتەوەو ئەوەش راستترین و دروستترین ناسینی من و رێبازەکەمە پەیوەست بە کورد. بەهەمان شێوە باش تۆیشی ناسیووەو لە کاتێکدا چەپەکانی کورد رقیان لە سەرمایەدارانی کوردەو سەرمایەدارانی کوردیش وەکو کۆیلە سەیری ئەهلی کارو بازاڕو زەحمەتکێشی کورد دەکەن، ئەم کەسە تۆی وەکو سەرمایەدارێکی نیشتیمانی ناودێرکردووەو هیواخوازی ئەوەیە کە کورد هەزاران سەرمایەداری نیشتیمانی پێشکەتنخوازی وەکو تۆی هەبێت، چونکە ئەو لە کۆی نووسین و بەرهەمەکانیدا بە دوای ئەوەدا گەڕاوە کە بۆچی کورد وەکو میللەتانی تر نەیتوانیەوە لە پەرەسەندنی خۆیدا دەوڵەت دروست بکات؟ هۆکاری ئەمەشی گێڕاوەتەوە بۆ شێواندنی پەرەسەندنی سروشتی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای کوردی و دروستنەبوونی چینی ناوەند، یان بۆرژوای نیشتیمانی کوردی.
هەروەک ئەم کەسە لە نووسینەکانیدا سەبارەت بە رێبازەکەی من و رۆڵی من لە نوێکردنەوەی ئەم رێبازەداو شوێن و پێگەی من، دوو خاڵی زۆر بنەڕەتی دیاریکردووەو ئەو دوو خاڵەش گەوهەری پریسیپی رێبازی نەقشبەندین، بەو شێوەی کە من نوێمکردووەتەوە. یەکەمیان ئەوەیە کە وەکو ئەو دەستنیشانی کردووە رێبازەکەی من رێبازی چینی خوارەوەی کۆمەڵگایە، رێبازی خەڵکە، رێبازی دەستی کارە، کە لە سەردەمی مندا جوتیارو رەنجبەرو وەرزێرو سنعەتکارە سادەکانی سلێمانی دەگرتەوە، کە ئەو کاتە شارەکە سەرباری ئەوەی پایتەختی ئیمارەتی بەبە بوو، بەڵام شارێکی بچووک بوو، تازبە تازە سەرەتا سادەکانی مانیفاکتۆریا خەریکبوو دەردەکەوت، رێبازەکەی من رێبای ئەم بەشانەی خوارەوەی کۆمەڵگای کوردی ئەو کاتە بوو. خاڵی دووەم کە ئەم کەسە دەستنیشانی کردووە ئەگەری یەکگرتنەوەی هەستی سادەی نەتەوایەتی کوردی تازە دەرکەوتووی ئەو کاتە بوو لەگەڵ پرینسیپەکانی رێبازەکەی مندا، هەمان شێوەی یەکگرتنەوەی هەستی نەتەوایەتی فارسی و مەزهەبی شیعە کە چۆن یەکگرتنەوەی ئەو دووانە بوون بە بنەما بۆ دروستکردنەوەی کەسێتی تێکشکاوی فارسی یان ئێرانی لە لایەن عەرەبە مسوڵمانەکانەوە. ئەمیش لە منی خواستووە کە دەبووا ئەو دەم کارم بکردایە بۆ یەکخستنی ئەو هەستە سادە نەتەوەییەی کوردو پرینسیپەکانی رێبازی نەقشبەندی کە وەکو ئەو دەڵێت رێبازی رووبەرە فراوانەکەی کۆمەڵگایە کە چینی خوارەوەی کۆمەڵە. کورت و کرمانج ئەگەر ئێوە دەتانەوێت پێگەی من بناسن و بەرز رایبگرن، کە دڵنیام هەر ئەوەشتان دەوێت، ئەوا بە باسکردنی ژیانی ئاسایی من کە هاوشێوەی ژیانی هەر مەلاو پیاوێکی ئایین و رابەرێکی ئایینی ترە، سودێک بە میللەتەکەمان ناگەیەنێت چونکە لە پێش من و لە سەردەمی من و لە داوی منیش چەندین مەلای شارەزای کورد لە بواری ئیسلام و ئیسلامناسیدا هەبوون و هەن، کە مامۆستاکانی منیشیان تێدایە، لە بواری شیعرو ئەدەبدا دەیان شاعیری لەم من داهێنەرترو پڕ بەرهەمتر هەبوون لە ئەدەبی کوردیدا، مەلای جزیری و ئەحمەدی خانی و خانای قوبادی و سێ کوچکەی بابان کە هاوچەرخی من بوون و مەولەوی و مەحوی و گۆران و هی تریش لە دوای من زۆر لە من شاعیرتر بوون، لە پێش منداو لە سەردەمی منیشدا متەسەوفی گەورەی کورد هەبوون کە هاوشانی منیشیان تێدابووە، نموونەی دیاری هاوسەردەمی من رابەری رێبازی قادری پایەبەرز شێخ مارفی نۆدێ کە خاوەن پێگەیەکی بەرزی زانستی و تەسەوف بوو. شوێنکەتووەکانیشی هەتا ئێستا هاوشێوەی شوێنکەوتووانی من دیارو لەبەرچاون، نەک هەر لە کۆمەڵگای کوردیدا بەڵکو لە ناو جیهانی ئیسلامیدا ئامادەبوونیان هەیە. کەواتە باسکردنی ئەم بابەتانە لە ژیانی زانستی و کۆمەڵایەتی و ئەدەبی و مندا، کە تەنیا تایبەت نین بە من نە پێگەی من بەرز دەکەنەوە نە پێگەی من دەردەخەن. کەواتە ئەگەر تۆی بەڕێز دەتەوێت پێگەی من دەربخرێت، دەبێ بە دوای تایبەتمەندییەکانی مندا بگەڕێن، تایبەتمەندیی منیش روون و ئاشکرا ئەگەر تەنیا لە چوارچێوەی ئایین و تەسەوف و ژیانی ئاسایی و ئەدەب و نامە گشتیەکانمدا چوارچیوە بدرێت و باس بکرێت، ئەوا هیچ تایبەتمەندیەک بۆ من دروست ناکات. کەواتە بگەڕێن بە دوای تایبەتیەکانی مندا. تایبەتمەندییەکانی من وەکو پێشتر گووتم دوو خاڵەو سەرئەنجام ئەویش کۆکردنەوەی هەردووکیانە لە چوارچێوەی گوتارێکدا کە ناوی گوتاری کوردیە، ئەویش یەکپێگرتنی پرینسیپەکانی رێبازەکەی منە، رێبازی نەقشبەندی نوێکراوە لەگەڵ هەستی نەتەوایەتی کوردیدا، کە ئەویش لەو وتەیەی خۆمەوە سەرچاوە دەگرێت، کاتێ شێخەکەم شێخ عوبەیدوڵای دەهلەوی ئیجازەی تەریقەتی پێدام، پێی فەرمووم خالید چیت دەوێت؟ وەڵامم دایەوە قوربان: دین و دنیا. دین واتە ئیسلام، کە ئیسلامم دەویست بۆ خزمەتی دنیا، مەبەستم لە دنیا ژیانی میللەتەکەم بوو، کە بگاتە ئاستی ژیانی میللەتانی تری پێگەیشتوو، ببێتە خاوەنی راستەقینەی خۆی، واتە پێموابوو ئایین سەرباری پەیامە رۆحیەکەی کە بریتیە لە پەیوەندی تاکەکەس و خوای خۆی، دەبێ بە ئەرکی کۆمەڵایەتی و نیشتیمانی و نەتەوەیش بارگاوی بکرێت. هەر ئەمەش گەوهەری پرینسیپی رێبازی نەقشبەندی و سەردەمی من و دوای منە. ئەگەر ئێوە دەتانەوێت خزمەتی من بکەن، دەبێ لەم روانگەیەوە باسی کارو پرۆژەکەی من بکەن. دیارە پرۆژەکەی من لە سەردەمی خۆمدا نەگەیشتە ئەنجام. من بۆ ئەوەی خوێن نەڕژێت، سەنگەرم چۆڵ کرد، هەرچەندە هەڵگری ئەم نامەیە بۆ تۆی بەڕێز سەرباری دیاریکردنی چوارچێوەی پرۆژەکەی من و گوتارو گەوهەری پرۆژەکەی من لە کتێب و باسەکانی تریدا، بەڵام رەخنەی تووندی لێگرتووم و ئەو پێیوایە نەدەبوو لەژێر هیج فشارێکدا من سەنگەرم چوڵبکردایەو پشتم لە ئەهلی کەسەبەو چینەکانی خوارەوەی میللەتەکەم بکردایەو رێگای ئاوارەیم هەڵنەبژاردایە. ئەو پێیوایە دەبوو من بە رۆیشتنم شوێنکەوتووانم و چینی خوارەوەی کۆمەڵگاکەمم بێ ئومێد نەکردایە. هەرچەندە من بۆ ئەوەی خوێن نەڕژێت، سەنگەرم چؤڵ کرد بەڵام هەڵگری ئەم نامەیە ئەو سەنگەر چۆڵ کردنە بە هەڵە دەزانێت و پێیوایە هیچ پرۆژەیەک بێ قوربانیدانی گەورە ناگاتە ئەنجام. هەرچەندە ناوبەناویش پاساوم بۆ دەهێنێتەوە کە دوای کۆچکردنم، خەلیفەکانم رابەرایەتی بەشێکی دیاری بزووتنەوەکانی میللەتەکەمیان کردووەو لەوەشدا پاڵنەریان پرینسیپەکانی رێبازی نەقشبەندی بووە. بەڵام پارادۆکسێکی سەیریش هەیە لە ژیانی سیاسی ئەم دواییانەی وڵاتەکمدا، منێک کە لەبەر ئەوەی خوێن نەڕژێت، بەهێزترین سەنگەرم چۆڵ کردووە کەچی کەسانێک خۆیان چواندووە بە من کە هەرگیز سڵیان لە خوێنڕشتنی نەیارەکانی خۆیان نەکردۆتەوەو تەنانەت نەک هەر لە رووبەڕووبوونەوەو شێوازی ئاشکرادا، بەڵکو لە پشتیشەوە نەیارانی خۆیان پاکتاو کردووە..
کورت و کرمانج من دەزانم تۆ مەبەستت خزمەتی ناو و پێگەی منە، بەڵام ئەوەی بۆ من گرنگ بووە میللەتەکەم بووە، من نەمتوانی ئەوەی کردبوومە پرینسپی نوێکردنەوەی رێبازی نەقشبەندی و ئەو نوێکردنەوەیەش کە بەناوی منەوەیە، لەسەر زەمینەی واقیع کاری جیدی بۆ بکەم و جێبەجێی بکەم، ئێستاش ئەوەی رۆحی من ئاسودە دەکات، ئەوە نیە باسی ئەو کارانەم بکرێت کە هاوشێوەی کاری زۆرینەی مەلا دیارەکانی کوردەو لە چوارچێوەی تەنیا خزمەتی ئیسلامناسی و تەسەوفدایە وەکو تەسەوفێکی رووت بە ئامانجی توانەوە لە رۆحی باڵای خوداداو گەیشتن بە یەقین، بەڵکو ئەوەی بۆ من گرنگە کارکردنە لەسەر پرۆژە بە ئاکام نەگەیشتووەکەم، ئەویش بە دژایەتی رێبازەکانی تری تەسەوف و رابەرانی تری تەسەوف و دانانی رێبازو پرینسیپی نەقشبەندی بۆ دژایەتی ئەوانی تر نابێت، بەڵکو گەوهەری پرۆژە جێبەجێنەکراوەکەی من کۆکردنەوەی دین و دنیایە لە پێناوی میللەتەکەمدا بۆ ئەو مەبەستەش دەبێ هەموو پێکهاتەکانی میللەت، هەردوو رەگەز، هەموو چین و توێژەکان، هەموو رێبازەکانی تەسەوف و شوێنکەتووانیان، کۆی گەل، تەنانەت بە شوێنکەوتووانی ئایین و ئایینزاکانی ترەوەو تەنانەت بە عیلمانیەکانیشەوە… دەبێ لە چوارچێوەی گوتاری رێبازی نەقشبەندی نوێدا کە گوتای لێبووردەیی و یەکتر قبوڵکردنیشە کۆبکرێنەوەو یەکێتی و یەکبوونی میللەت پێکبهێنرێت، چونکە تەنیا لەو رێگایەوە پرۆژە جێبەجێنەکراوەکەی من جێبەجێ دەکرێت، کە کورد دەگەیەنێتە ئاستی میللەتان و رۆحی گشتی کۆمەڵگای کوردی بڵند دەبێت و لە ئازادی و سەربەخۆیدا گوزارشت لە خۆی دەکات. تکایە جەنابی سەرمایەداری نیستیمان پەروەری پێشکەتنخواز، ئەگەر دەتەوێت خزمەتی من بکەیت، سەرمایە بۆ توێژینەوەی جیدی لەم ئاراستەوە بخە کار، نەک تەنیا بۆ ناو و خۆ دەرخستنی هەندێ کەس کە نانیان بە ناوی من پەیدا کردووەو خامۆش و بێ ئاگان لە پرۆژەکەی من.
ئیمزا: نوێکەرەوەی رێبازی نەقشبەندی، خالیدی مکایەڵی شارەزووریی
١١ن ئازاری/ ٢٠٢٣

Previous
Next
Kurdish