دواجار سعودیە وئێران لەژێر چەتری (چین) دا لە دارەکە هاتنە خوارەوە!.. عەبدوڵا ساڵح
ڕێکەوتنی دوێنێی ( ١٠-٣-٢٠٢٣ ) نێوان سعودیە و ئێران کە لە (پێجین) ی پایتەختی چینەوە ڕاگەیەنرا، باڵی کێشا بەسەر هەموو هەواڵەکان لە زوربەی کەناڵە ڕاگەیاندنەکانی جیهانەوە ، ئەگەرچی نزیک بەدوو ساڵ بوو گفتوگۆی نێوان ئەم دوو وڵاتە لە (بەغدا) و لە (مەسقەتی) پایتەختی عومان بەردەوام بوو، بەڵام دوا جار چین بووە چەتری ئەو ڕێکەوتنە و بەغدا و مەسقەت پەراوێزخران وڕەنگە ئەوانیش، وەک ئێمە، لە کەناڵە ڕاگەیاندنەکانەوە گوێبیستی بووبن!
ئەم ڕێکەوتنە کۆمەڵێک پرسیار بەدوای خۆیدا دێنێ، بەر لە هەموویان: بۆ لەم ساتەوەختەدا ڕاگەیەنرا و بۆ لە چین ؟ ئایا هەریەک لەم دوو وڵاتە چ سودێک لەم ڕێکەوتنە دەبەن ؟ ئەم ڕێکەوتنە چۆن دەشکێتەوە بەسەر بارو دۆخی ناوچەکە وتەنانەت جیهانیش ؟ دواتر کاریگەری لەسەر ئیسرائیل چیدەبێ؟
هەوڵدەدەم تیشکێک بخەمە سەر ئەم ڕێکەوتنە و لەوێوە وەڵامی ئەم کۆمەڵە پرسیارە بخەمە ڕوو، جێگای ئاماژەیە کە هەموو وەڵامەکانیش وابەستەن بەئەگەری سەرکەوتن و ئەنجامدانی ئەم ڕێککەوتنە چونکە ئەمە هەنگاوی یەکەم و سەرەتایە وهەردووک ئەگەرەکە دەبێ پێشبینی بکرێن.
سەرەتا دەبێ بڵێم ڕۆڵی ئەمریکا، بەتایبەتی دوای هاتنە سەرکاری جۆ بایدن، لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوو لە داشکان بوو، کشانەوەی ئەمریکا وهاوپەیمانانی لە ئەفغانستان، ئامادەیی ئەمریکا بۆ دووبارە زیندوو کردنەوەی پەیماننامە ئەتۆمیەکەی نێوان ئەمریکا و باقی ” زلهێزەکان” لەگەڵ ئێران ، هێنانە دەرەوەی حوسیەکانی یەمەن لە لیستی تیرۆری ئەمریکا، بۆچونی ئەم ئیدارە نوێیە لەمەڕ کوشتنی (جەمال خاشقچی) لەلایەن سعودیەوە لە تورکیا کە محەممەد بنسەلمانی شازادەی سعودیەی تێدا تاوانبارکرا و ناوبراو لە ئێستادا بە کردەوە پاشای ئەو ووڵاتەیە ، دواتر شەڕی ڕوسیا دژی ئۆکرانیا وسەرگەرمی ئەمریکا بەم شەڕەوە کە تا ئێستا، وەک ئەمریکا دەیەوێ، ناچێتە پێش، ئەمانەهەموو هۆ کاربوون بۆ دروستکردنی بۆشاییەکی سیاسی لەناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا و ” زلهێزە تازە پێگەیشتوەکەی جیهان” ، چین ، لەهەوڵدابێ ئەم بۆشاییە پڕ بکاتەوە وبەردێکی قورس بخاتە سەر ئەو دیوارەی دەیەوێ هەڵیچنێ بەمەبەستی کەمکردنەوەی ڕۆڵی ئەمریکا وەک تاکە ” زلهێزی” جیهان و هاتنە مەیدانی خۆی.
سعودیە ئەمڕۆ کەوتۆتە نێو زەلکاوێکی قوڵی شەڕی یەمەن و دەرباز بوون لەم زەلکاوە بەلایەوە زۆر گرنگە تا دەستبەتاڵبێ بۆ گێڕانی ڕۆلی سەرەکی، سیاسی ئابوری، لەناوچەکە و بۆڕبدا بە هەر یەکە لە ئیمارات و قەتەر، ئەگەرچی هەرسێکیشیان لە مەجلیسی یارمەتی کەنداو ( مجلس التعاون الخليجي ) ئەندامن، بەڵام ڕکابەرایەتیەکەیان ناشاردرێتەوە، بۆیە دەیەوێ ئەو هەلەبقۆزێتەوە کەبارودۆخی سیاسی-ئابوری دوای شەڕی ڕوسیا – ئۆکرانیا دەیهێنێتە ئاراوە و لەئێستاوە خۆی بۆ ئامادە بکا وەک هێزێکی خاوەن نفوزی ناوچەکە ڕۆڵ بگێڕێ ، جیا لەوەش لەئەگەری هەر بەریەککەوتنێکی سەربازی نێوان ئیسرائیل و ئێران ، بە پیادەکردنی ڕۆلی بێلایەن، بتوانێ سەری سەلامەت دەرکا، ئەمە جیا لە بارودۆخی لوبنان و سوریا و عێڕاق کە ئێران ڕۆڵی بەرچاویان تێدا دەگێڕێ و تا ئەمڕۆش ویستویەتی دەستی سعودیە لەم وڵاتانەدا بادا.
ئێران ئەمڕۆ لەژێر مەنگەنەی بارودۆخێکی مەترسیدار دایە لەناوخۆی وڵاتەکەی، بەتایبەت دوای ئەو ڕاپەڕینە سەرتاسەریەی جەماوەر لە دژی لەچکی ئیسلامی و فەراگیری ئەوڕاپەڕینە بۆ ئاستێک کە دروشمی ڕوخانی جمهوری ئیسلامی تێدا بەرز کرایەوە، ئەگەرچی ڕاپەڕینەکە بەجۆرێک لە جۆرەکان، پاشەکشەی بەسەردا سەپێنرا لەئەنجامی بەکار هێنانی دڕندانەی توندوو تیژی ، بەڵام توانی یەکێک لە پایە سەرەکیەکانی سەقامگیری ئەو وڵاتە بلەرزێنێ و کاریگەری زۆری هەبێ لەسەر ئایندەی مان و نەمانی ئەو ڕژێمە .
فشارو گەمارۆ ئابوری – سیاسیەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانانیش بۆ سەر ئێران توانیویەتی کاریگەری توندی هەبێ لە سەر ئابوری ئەو وڵاتەوە تمەنی ئێرانی هاڕە پێبکا ، هەر بۆیە ئەم ڕێکەوتنە فەزایەک دروستدەکا تاکوئێران بتوانی نەفەسێک هەڵمژێ، ئەوەشمان بیر نەچێ یەکێک لەپایەسەرەکیەکانی مانەوە وبەردەوامی ڕژێمی جمهوریی ئیسلامی ئێران ستراتیژیەکەیەتی لە وڵاتانی ناوچەکە، بەتایبەت لە عێڕاق ، سوریا ، لوبنان و یەمەن و بەهیچ جۆرێک ئامادە نیە دەستبەرداریان بێ، بەڵام دەکرێ، بەگوێرەی ئەم ڕێکەوتنە، ئەم ستراتیژیەی بە ئاقارێکدا نەبا کە سعودیە بخاتە پەراوێزەوە و بەرژەوەندیەکانی بخاتە مەترسیەوە.
بێشک ئەم ڕێکەوتنە کاریگەری تەواوی دەبێ لەسەر بارودۆخی ناوچەکە بەتایبەتی و جیهانیش بەگشتی، ئەمەش بەگوێرەی ئەوەی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست سەرچاوەیەکی گرنگی وزەی جیهانە و ئێران وسعودیەش دوو بەرهەمهێنەری سەرەکی نەوتن لەم جیهانەدا، هەربۆیە ، لەسەر بنەمای ئەم ڕێکەوتنە ،گشت هاوکێشە سیاسی و ئابوریەکانی ناوچەکە چاویان پێدا دەخشێنرێتەوە وبە گوێرەی ئەم ڕێکەوتنە دادەڕێژرێنەوە، ئەمە لەلایەک، لەلایەکی ترەوە ئیمارات وبەحرەین ومەغریب، بە بەرپاکردنی پەیوەندی دیبلۆماسی لەگەڵ ئیسرائیل، سەنگەری خۆیان دەستنیشانکرد ئەمە جیا لە ئوردن و میسر کە پێشتر پەیوەندی دیبلۆماسیان لەگەڵیدا هەبوو، ئەگەرچی فشارێکی زۆریش بۆ سعودیە هێنرا بچێتە ئەو بەرەیەوە بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، دواجار ئەم ڕێکەوتنەی لەگەڵ ئێران مۆر کرد، ئێستا دەکرێ بڵێین زەرەرمەندی گەورە لەم رێکەوتنە ئیسرائیلە کە چاوەڕێبوو ئێران زیاتر لەڕووی دیپلۆماسیەوە پەراوێز بخرێ و لەئەگەری پێکدادانی سەربازی نێوانیان، بەلەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ناوەوە و دەرەوی ئێران، بتوانی ئەم دوژمنەی کە هەڕەشەی مان و نەمانی لێدەکا ، لەناوبەرێ! بەڵام بەم ڕێکەوتنە ئەم هیوایە کاڵتر بۆوە .
دوا زەرەرمەندیش ئەمریکایە، هەرچەنەدە سەرزارەکی پێشوازی لەڕێکەوتنەکە کرد کە دەبێتە مایەی سەقامگری لە ناوچەکە، بەڵام نیگەرانی گەورەو مەترسیداری لەوەدایە کە لەژێر باڵی چین دا ئەنجامدراوە.
١١-٣-٢٠٢٣