Skip to Content

ژن لەشەوانی شانۆی فەڕەنسیدا.. نیهاد جامی

ژن لەشەوانی شانۆی فەڕەنسیدا.. نیهاد جامی

Closed
by نیسان 18, 2025 General, Literature, Slider



رەنگە سەرەتا ئەم ناونیشانە کەمێک بەلای مەیلی سۆزداریدا بچێت، بەڵام لەڕاستیدا ناوەرۆکی نووسینەکە تەواو جیاوازە، هێندەی قسەکردنە لەپەیوەندیی نێوان ژن و شەو لەشانۆدا، چارەسەری ئەو پەیوەندییە لەڕێگەی شانۆنامەکانی ئەمڕۆی شانۆی فەرەنسی، گەڕانەوەیە بۆ یەکێک لەتازەترین کتێبە شانۆییەکان.
فێستڤالی ژن لەپاریس خولی دوانزەهەمینی ئەمساڵ بانگهێشتی نۆ نوسەری کرد کە هەریەکەی کورتە شانۆنامەیەک بنووسێت لەبارەی شەو، تەواوی شانۆنامەکانی لەکتێبێکدا چاپکرد بەناوی «شەو، نۆ شانۆنامەی کورت» (١) کە وێنەیەکی راستەقینەو زیندووی ئێستای شانۆ و کێشەی ژن نیشان دەدات، دەکرێت قسە لەناوەرۆکی شانۆنامەکان بکرێت بۆ سوود وەرگرتن لەئێستای گوتاری شانۆ، کە بەداخەوە هەمیشە قسەکردنی ئێمە لەشانۆی خۆرئاوا قسەکردن بووە لەرابردووی ئەو شانۆیە و نەک ئێستای گوتارە شانۆییەکەی، بۆیە مەعریفەی ئێمە بۆ شانۆی خۆرئاوا وابەستەی پەنجا سالی رابردویەتی، مەگەر چەند کورتە نوسینێک هەبووبن باسیان لەو ئێستایە کردبێت، پێشەکی کتێبەکەش ئەویش وەک سیناریۆیەکی شانۆیی نووسراوە لەژێرناونیشانی «شەوی ئێمە» ی ئاکسێل ژا نیکێی (٢)
پەیوەندی نێوان نوسەرە لەگەل کۆمەلێک کارەکتەردا، گێڕانەوەیەکی درامیە لەدەرەوەی دیالۆگدا، سەفەرێکی هەمیشەیی مێژوویی ژنە لەرێگەی سەمایەکی ڕەگەزی کە گوزارشت لەخەون و شادی و ساتە جیاوازەکانی ژیانی بکات ، خۆی بەدوور دەگرێت لەهەر پرۆسەیەکی ناونان بۆ فۆڕمێکی شانۆیی، سیناریۆیەکی شانۆیی دەگێڕێتەوە لەپەیوەندیی نێوان ژن و شەودا .
ئەو پێشەکیە ئەگەرچی وەک سیناریۆیەکی شانۆیی خۆی دەنوێنێت، بەلام وەک نووسینێک بۆ دەستپێکی ئەو نۆ کورتە شانۆنامەیە نووسراوە، هەرچەندە بە بروای ئێمە، لەئاستی بەشێک لەشانۆنامەکانیتردایە، گرنگیەکەی کەمتر نیە لەهەندێک لەو شانۆنامانەی ناو کتێبەکە.
شانۆنامەی “شەوەکان لەگەڵ باوکم” ی ماریا لا ڕێیا (٣) گەڕانەوەیەکی نۆستالۆژی ژنێکە لەرێی مۆنۆلۆژێکەوە، دەگەرێتەوە بۆ مناڵی، بۆ شەوانێک کە ئەو ناتوانێت بخەوێت، باوک ترسی لە مردنی هەیە، وەک پزیشکەکە دەلێت ئاخۆ کە ئێمە باش نەخەوین دەمرین؟ ئەو ترسە لەمناڵ، هەمان نیگەرانی ئەوی مناڵە لەباوک لەخواردنەوەو جگەرە کێشان، تا دەگات بەڕۆچوونە ناو ساڵەکانی مناڵی و هەرزەیی،گومانکردن لەوەی ئەوی مناڵ تەمەنی پێنج ساڵ بوو یان سەد ساڵ، دەستەواژەیەکە بۆ هەستکردن بەپیریی لەمناڵیدا، وێناکردنێکە بۆ ترس وەک داکۆکیکردن لەخۆشەویستی وترس لەتەنیابون و لەدەستچوون، مۆنۆلۆژێکە لەڕێی ئەکتەرێکەوە.
شانۆنامەی “دەروازە” ی کولۆمب شنێک (٤) ژنێک لەتەمەنی پەنجا ساڵیدا وەک گێڕەرەوە دەردەکەوێت، لەپاڵیدا منالێکی یانزە یاخود دوانزە ساڵان، کە لەو ناوەدا یاری بە بووکەشووشە نەخۆشەکەی دەکات، ڕووداوەکان لەژووری ماڵێکدا ڕوو دەدەن، گێڕەرەوە چیرۆکی شەوێک دەگێڕێتەوە، گێڕانەوە لەدەرەوەی زەمەنی گێڕەرەوە نیە، بەڵکو گێڕەرەوە بەشێکە لەناو گێڕانەوە، چونکە چیرۆکێک دەگێڕێتەوە کە خۆی تیایدا بەشدارە، چیرۆکی کەسێکی نادیار لەشەودا، ئەوەش گێرەرەوە وەک بەشداربوویەکی ناو ڕووداوە، کاتێک گێڕەرەوە بێلایەن نیە لەگێڕانەوەی چیرۆک، بەلکو خۆی بەشێکە لەناو ڕووداو، ئەو کاتە پەیوەندی ئەو لەتەک گێڕانەوە ئامادەبوونی بەشێکی خۆیەتی.
شانۆنامەی “بڕیار” ی كلێر شێزال (٥) ژن و پیاوێک چیرۆکێک دەگێڕنەوە، ئەوان نوێنەرایەتی کۆی ڕووداوەکان دەکەن، دیمەنەکان وەک گڕێچنی تەقلیدی شانۆنامە پەیوەندیان نیە بەیەکەوە، بەڵام لەڕووی کێشەکانی مرۆڤی هاوچەرخ لەبێزاری و تەنیایی و بێ ئامانجی ژیان و بێهودەیی، ئەو ئێستایەی تیایدایە، ئەو هێلە گشتیانەن کە ڕووداوەکان بەیەکترەوە دەبەستێتەوە، کات وەک جێگۆڕکێ ڕووداوەکان بەڕێوە دەبات، سەرەتا ڕووداوەکان لە مالێکدا ڕوو دەدەن، پیاوێک لەدەرگای مالی ژنێک دەدات، لەدیالۆگی نێوانیان تێدەگەین، پیاوەکە ئەمشەو لای ژنەکە دەمێنێتەوە خۆشحاڵی هەردووکیان بەدیدارەکە بەتایبەت کاتێک پیاوەکە دەزانێت مێردی ژنەکە ئەمشەو ناگەرێتەوە، کەواتە دەتوانێت لەلای بمێنێتەوە.
دیمەنی دواتر دوو کاتژمێر دواتر ڕوو دەدات، ژن و پیاوێک ئەوینداری یەکترین، پیاوەکە لە چێشتخانەیەک چاوەروانی ژنەکە دەکات، ژنە لەهاتنی داوای لێبوردن دەکات کە دوا کەوتووە.
خولەکێک دواتر چیرۆکی سێیەم دەست پێدەکات، لە مەیخانەیەکدا پیاوێک دانیشتووە وژنەی خزمەتکاری مەیخانەکە دێت و دواتر لەگەلیدا دادەنیشێت، چونکە هەردووکیان تەنیان و کاتیان هەیە بەیەکەوە بەڕێی بکەن، لەقسەکردنەکاندا دەردەکەوێت کچەکە رۆژنامەنووسە و دلخۆشیشە بەکاری رۆژنامەوانی، لەدیالۆگەکاندا رەنگە جوانترین دەستەواژە ئەوە بێت کاتێک پیاوەکە دەلێت “ئێمە بەردەوام کاتمان نیە بۆ قسەکردن لە مردن” ڕەنگە ئەو دیالۆگە ڕێک مانای ترسی چیرۆکەکانی ناو شانۆنامەکە بخاتە ڕوو، بەوەی ئێستای تێکست کە ئێستای قسەکردنی نووسینە، کاتێکی گونجاو بێت بۆ گەران، تاوەکو قسە لەمردن بکرێت، قسەکردنێک ناڕاستەوخۆ دەیانەوێت لەناو چیرۆکەکان مرۆڤەکان لەیادی بکەن کەچی سەرەنجام بە ناچاری دەگەرێنەوە ناوی، بۆیە پیاوەکە داوا لەژنەکە دەکات کە لەگەڵی بڕوات، بەڵام ئاخۆ شتێک هەیە ببێتە بەربەست لەبەردەم ئەم کارە؟ ژنە بە ڕادەیەک تەنیا و بێباکە، دوا دیالۆگی خۆی بەوە کورت دەکاتەوە بەوەی کەس چاوەرێی ئەو ناکات.
پێنج کاتژمێر دواتر لەنەخۆشخانەدا، ژن و پیاوێک گفتوگۆ دەکەن، تەنیایی بەجۆرێکیتر رووبەرێکی خولقاندووە، کە مرۆڤ ناچاری قسەکردن دەکات، لەبارەی ئەوەی تیایدان، قسەکردن لۆژیکێکی لەپشتەوە نیە، هێندەی هەولێکە بۆ ناسینی ئەویترو قسەکردنی مرۆڤ، لەبارەی فیلم و ژەنینی پیانۆ لەنەخۆشخانە، پرسیارەکە ئەوەیە ئاخۆ سەرگەردانی مرۆڤی هاوچەرخ وابەستەی ئازادی مرۆڤە لە کۆت و بەندەکانی، کە بەرەو پانتاییەکی نادیار هەنگاو دەنێت؟ ئەوە قسەکردنە لەنادیار، تێگەیشتنە لەودیوی ناخی یەکتری، تا ئیتر پرسیار لەماهیەتی خود بگۆڕێتە سەر پرسیارکردن لەنادیاری ئەویتردا.
“ئەم ئێوارەیە شتێکی تر هەیە” دەستەواژەیەک مرۆڤەکان لەنەخۆشخانە بەدەوریدا دەسورێنەوە، بەڵام کۆی چیرۆکە پچڕاوەکان، تەنیایی مرۆڤەکان نیشان دەدات، ئامادەیە لەکرانەوەی دیالۆگ لەگەڵ ئەویتردا ڕێبکات و بەردەوام بێت لەژیاندا.
دیالۆگ لەم شانۆنامەیەدا سەرباری ئەوەی نوسەری شانۆنامەکە رۆژنامەنووسە و شانۆنووس نیە، بەڵام شانۆنامەکە لەئاستێکی بەرزی زمان و پەیوەندی رۆژانەی مرۆڤی هاوچەرخدایە، نووسەر وەک بەشێکی نوسەرانی ئەو کتێبە هەوڵی نەداوە لەرێگەی تاکە ئەکتەرێک یاخود مەنەلۆژی درێژەوە ڕووداوەکان بگێڕێتەوە و بگەرێتەوە ناو کردەی نەستی کارەکتەر، بەلکو ویستویەتی لەرێی دیالۆگی کەسێتیەکانەوە شانۆنامەکەی بنووسێت، ئەوەش وایکردووە ڕووداوەکان ڕوونتر خۆیان بخەنە ڕوو، سەرباری ئاست باڵایی بیرۆکە و بابەت لەشانۆنامەکەدا.
شانۆنامەی “سەمای دوکەڵ” ی عالیە عەتایی(٦)، ڕووداوەکانی لەسنوری نێوان ئەفگانستان و ئێران ڕوو دەدەن، پیاوێک بەخۆی و هاوسەرەکەی و خوشکەکەی خۆیان دەخالەتی مالێک دەکەن، ئەوان لە دەسەلاتی تالیبان ڕایانکردووە، گوڵشا ئەو کچە ڕاکردوەی خانەوادەکەیەتی گۆرانیبێژە، نوروئەللا خودان ماڵ دەکەوێتە ئەوینیەوە، تاکە شەوێک بەسە بۆ ئەوەی تراژیدیاکی گەورە چاوەروانی خانمی گۆرانیبێژ بکات، کە لەنێوان پیاوانی تالیبان و پیاوانی خودان ماڵ، تەنیا یەک دید هەیە بۆ ڕوانین لە ژنەکان، سەرەنجام بە خۆسوتاندنی گۆرانیبێژەکە شانۆنامەکە دەگاتە کۆتایی مەرگەساتی ڕووداوەکان.
ئەو بیرۆکەیەی شانۆنامەکەی عالیە عەتایی، وێنەیەکی ڕوونی کۆمەلگای خۆرهەڵاتی بۆ ژن دەخاتە ڕوو، لەنێوان لاقەکردنی لەلایان پیاو و خۆکوشتنی ژن، دوانەیەک پێکدێنن بۆ مەرگەساتێکی ژنانە لەم کۆمەلگایانەدا، نووسەر توانیویەتی چیرۆکێک بگێڕێتەوە کە زادەی ژیانی ڕاستەقینەی ژن بێت، بەلام گێڕانەوە لەئاستی ڕەگەزی چیرۆکدا دەردەکەوێت، گێڕانەوە وابەستەی زمانی شانۆنامە نیە، هێندەی گێڕەرەوە بریتیە لە گێڕانەوەی نوسەر بۆ چیرۆکێک تا لەکۆتاییدا ژیانی خۆی و ژنانی ئەفگانستان بەو کۆتاییە وێنا دەکات، بۆیە ئێمە پێویستمان بەوە نیە پرسیار لەوە بکەین گێڕەرەوە کێیە؟ چونکە دەنگی نووسەر لەکۆتایی تێکستەکەدا گوڵشا و خۆی وەک نوسەر وەک یەک وێنا دەکات، بەوەی ئەوان لەوێ ئەوە چارەنوسیانە، کردەی دراماتۆرگی لەناو شانۆنامەکەدا وونە و دەبێت دراماتۆرگێک سەر لەنوێ بەپێی ئاستی گێڕانەوە بیگۆڕێتە سەر رەگەزی شانۆنامە، لەو کاتەدا ئاسانترین فۆڕم گواستنەوەی گێڕانەوەیە بۆ ناو شانۆی تاکئەکتەری، دەکرێت بەهەمان شێوە کەسێتی ناو ڕووداوەکان دابەش بکرێنە ناو دیمەنە شانۆییەکان.
شانۆنامەی “ئەدێل” ی کلۆی مونس، (٧) بابەتێکە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە دوو فۆڕمی ژیانی ژنی فەرەنسیەوە، بۆ ئەوەش نووسەر دوو ژنە هاورێ هەلدەبژێرێت، ئەوان رۆژگارێکی زۆرە هاوڕێن، بەهۆی کارو سەرقاڵی ژیانەوە ماوەیەکی زۆر ناتوانن یەکتر ببینن، تا سەرەنجام زاڵ دەبن بەسەر کاتەکان و یەکتری دەبینن، دیدارەکانیان وەک پێشوو درێژە پێدەدەن، ئەدێل کارمەندی پێشوازی ناو فرۆکەیە، دەیالۆگەکانی بەهۆی پیشەکەیەوە تێکەڵەیەکە لە فەرەنسی و ئینگلیزیی، ماریان لەگەلەری هونەری کار دەکات، ماریان خۆشەویستێکی هەیە و ژیانی ئاسایی رێدەکەن، کە سەردانی ماڵی یەکتری دەکەن، ئەو لەگەڵ خۆسەویسترەکەی پێکەوە سەرجێی دەکەن و دەخەون، وەک بەشێکی سرووشتی ناو ژیان، بەڵام ئەدێل تەواو جیاوازە بەهۆی گەشتەکانیەوە، پیاو گەلێکی بێشوومار دەناسێت لە ژاپۆنی و ئینگلیزی و ئوسترالی و فەڕەنسی، وەک خۆی دەلێت ناتوانێت لەگەل کەسێکدا جێگیر بێت، چیرۆکی ناسینی ئەو کوڕە منالکارە دەگێڕێتەوە کە لەئاهەنگی لەدایکبونی ئامۆزاکەی ناسیویەتی، ئەو ناسینە ناو دەبات بەوەی دەیویست پەتێک بێنێت و خۆی پێ بخنکێنێت، سەرکێشی سێکسی ئەو هەموو سنورێک تێدەپەڕێنێت، کاتێک بەهۆی کارەکەیەوە کە لەئوتێل دەمێنێتەوە، تەلەفۆن بۆ دۆستەکانی دەکات، لەو رێگەیەوە سێکسیان لەگەڵ دەکات، راڤی کارەکتەرێکیتری ناو شانۆنامەکەیە، ئەو کوڕە وەک دۆستی ئەدێل دەناسین، پەیوەندی پێوە دەکات کە لە ئوتێل دابەزیووەو ئەدێل دەڕواتە لای، وەک هەر دۆستێکیتری سێکس دەکەن، دواتر نایەوێت شەو دوای کارەکەی لەگەڵ راڤی بێت، ئەوەش ڕوویەکی ناسینی کارەکتەرە، بەوەی دەیەوێت داکۆکی لەئازادی خۆی بکات و لەگەڵ کەس نەمێنێتەوە، بەتایبەت کاتێک باسی ساتی خەوتن دەکات کە نایەوێت کەس بێزاری بکات بە پرخەو جولە.
تەواوی چیرۆکی خۆی لەگەڵ راڤی بۆ ماریان دەگێڕێتەوە، ماریان وەک هەمیشە سەرسوارمانی خۆی بۆ هاوڕێکەی نیشان دەدات، لەبونی چیرۆکی سێکسی لەگەڵ پیاوەکان، تا ئەو ڕادەی ئەدێل دلخۆشی خۆی دەباتە سەر شۆخی بەوەی ئەو حەیوانە و وەک پشیلە وایە، دیمەنی حەوتەمی شانۆنامەکە کە کۆتا دیمەنە نووسەر هەوڵ دەدات لەم دیمەنەدا سیماکانی کارەکتەرە ئالۆزەکەمان بە تەواوی ڕوون بێتەوە، ئەدێل نەک لەبەر ئەوەی بڕوای بە فرە سێکسیە کارەکتەرێکی ئالۆزە، بەڵکو ئەو پەیوەندیە مرۆییەی لەنێوان دوو کەسدایە بۆ ئەو وەک زیندان دەیبینێت، ئەگەر لەشوێنێکدا بۆ شۆخی وەک حەیوان خۆی ببینێت، بەلام کاتێک ڕاڤی نامەیەکی دەنگی سەر تەلەفۆنی بۆ جێدێلێت، بەر لەوەی داوای بینینی بکات، باس لەوە دەکات کە باڵندەیەک هەیە ٢٠٠ ڕۆژ بە ئاسمانەوەیە بەبێ ئەوەی بنیشێتەوە، هەلبەت بەو پێیەی ئەو باڵندە ناسێکی هندیە، زانیاری تەواوی لەو بارەیەوە هەیەو توێژینەوە دەکات، بۆیە ئەدێل بەو باڵندە ئازادە ناو دەبات، بە باڵندە ناوبردنی ئەدێل، ئەو کارەکتەرە وەک بوونێکی ئازادی فەرەنسی دەبینێت، کە خودێکە بەرهەمی ئازادی خۆیەتی، نایەوێت وەک زیندان پەیوەندی بیخنکێنێت، ئەگەر ئەو دیدگایە نەک بۆ مرۆڤی خۆرهەلاتی، تەنانەت گەر بەشێکی خۆرئاوایش قبوڵی نەبێت و بڕوای پێنەهێنێت، سەرەنجام ئەو خودێکە ئازادی لەدەرەوەی وابەستەبوونی مرۆڤەکان بە یەکتریەوە دەبینێت، بەوەی ئەو پەیوەندیە ئازاد وکراوانە دەتوانن ئەو نەخنکێنن و پەتی سێدارەی بۆ ئامادە نەکەن، وەک خۆی لە دیمەنی یەکەمدا ئاماژەی بۆ دەکات.
بۆیە شەو کە مانای ئازادیە بۆ کارەکتەرەکەمان لەهەمان کاتدا پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆی هەیە بە عەشقەوە، بەوەی عەشق و ئازادی وابەستەی یەکترین، ئەو دەمەی لەگەڵ دەنگەکە قسە دەکات، پیاوە هندیەکە هاوڕایە لەگەڵ ئەوەی هەرچەندە ئەو بە کچی رۆژ ناو دەبرێت نەک کچی شەو، بەلام ئەدێل ئەوەش زیاد دەکات؛ گەر رۆژێک کەوتە خۆشەویستی کەسێکەوە بەدلنیاییەوە لەشەویشدا دەردەکەوێت، ئەوە لە کاتێکدا ئەو دەمەی لەگەڵ دەنگی تارماییەکە قسە دەکات کاتژمێر نۆی شەوە، مانگ بە ئاسمانەوەیە و لەماڵەکە دەچێتە دەرەوە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئاخۆ ئەوە مانای کەوتنە ناو عەشقی پیاوە هندیەکە نیە کە لەشەودا بەرەو ئوتێلەکە بۆی دەڕوات؟ ئەی تارماییەکە کێیە؟ چونکە هاوشێوەی ئەو بیر دەکاتەوە، ئاخۆ تارماییەکە خودی ئازادیە؟ لێرەدا هەوڵ دەدەین بۆ دەرگا داخستن لەسەر ئەم شانۆنامەیە لەسەر ئەم دوو پرسیارە کەمێک بووەستین.
ئێمە لێرەدا بەڕۆیشتنی ئەدێل تێدەگەین ئەو دەرچوونە، ماڵ وەک گۆڕانێک بەسەر خۆی دەیبینین، ئەو کە لەشەودا دەرناچێت بۆ لای کەس، تەنیا کاتێک لەشەودا دەمێنێتەوە، ئەو دەمەی کەوتە خۆشەویستیەوە، کەواتە دەرچوونی لەماڵ وەک دەرچوونی (نورا) بوو لە “ماڵی بووکە شووشە”ی ئەپسن کە ویستی دنیای ناو ماڵ بگۆڕێت، ئەو وێکچوونە بەمەبەستی تێگەیشتنە لەوەی کەوتۆتە خۆشەویستی ڕاڤی، چونکە ئەو پیاوە هندیە تاکە مرۆڤێک بوو لەمانای ئازادبوونی ئەو تێگەیشت، ئەوینی فڕینی بۆ باڵندەکان، وایکردبوو ئەویش وەک باڵندە ببینێت، ئیدی چۆن نەکەوێتە خۆشەویستی ئەو پیاوەی وەک باڵندەی ئازاد سەیری دەکات، لەپێش ئەو بریارەش ئەو گفتوگۆ لەگەڵ تارمایی دەکات، کاتێک تارمایی ئەو گۆڕانکاریەی ئەدێل باسی دەکات لەکەوتنە خۆشەویستیەوە، لەشەودا جەستەی بە پیاوێک دەسپێرێت، تارمایی پێی دەلێت “بەڵێ ئەزانم ئەدێل، من ئەزانم، بەڵام ئەوە سەختە بۆ بەڕێزتان، وەک چۆن بۆ منیش، پێشتریش ڕوویداوە، من ئەمزانی ڕۆژێک دێت دەگەڕێتەوە، تۆ ناتوانیت بۆ هەمیشە لەگەڵ تارمایەکدا بمێنیتەوە کە دژ بە ژیان بێت، من بە جارێک خەمبار و دلخۆشم، خەمبارم چونکە ژوانەکانمان لەدەست دەدەم، بەختەوەریشم بەهۆی ئەوەی هەموو شەو و رۆژێک بەختەوەریت دەدرەوشێتەوە” (٨)
ئەم دیالۆگە وێنایەکی ڕوونی دەنگی تارمایی دەخاتە ڕوو، بەوەی خودی ئازادیە، کە خۆی وەک خۆی بە سەختی دەبینێت، بەڵام دلنیاش بووە ڕۆژێک ئەم لەگەڵ ئەم مرۆڤە دەگەڕێتەوە، بۆیە مرۆڤ کە گەیشت بەئازادی پێویست ناکات هەمیشە لەگەڵ تارماییەکەی بدوێت، چونکە بۆ خود دەبێت بە خودێکی ئازاد، ئەوسا ئازادی نەدۆزیبۆوە دەیویست لە عەشقدا بیدۆزێتەوە، بۆیە تارمایی ئازادی چەندە خەمبارە بۆ لەدەست دانی ئەدێل، هێندەش دڵخۆشە بەوەی کارەکتەرەکەمان ئیتر پێویستی بە تارمایی نیە و خودێکی ئازادە، بەڵام ئاخۆ ئازادی لە عەشقدا ساتەوەختێکی ئەبەدیە و خودی ئازاد ناگەڕێتەوە بۆ لای تارمایی ئازادی؟ ئەوە چەندە پرسیارە، گومانێکی قوڵە، کاتێک دیالۆگی کۆتایی نمایشەکە ئەدێل دەلێت من دەرۆم، کەوایە دواتر دەتبینمەوە، تارمایی دەڵێت بەڵێ دواتر، دواتر بینینەوە، لەدەستدانی ئازادی و عەشقە بەیەکەوە، کەواتە پێویستە ئەو پرسیارە ئاراستەی خۆمان بکەین، کە ئازادی وەدەستیش بێت لەدەستی بدەین، ئیتر بۆچی سەرزەنشتی ئەدێل بکەین لەو ژیانەی کە هەڵیبژاردووە؟
شانۆنامەی “پۆدکاست”. لەنووسینی ئەدۆلین دیۆدۆنێ (٩) بەهاوکاری ڤیکتوار توایۆن (١٠) هەڵدانەوەی دۆسیەی کوشتنە، دیمەن دوو ژن لەسەر شانۆ دەردەکەون بۆ بەرنامەیەکی ڕادیۆیی، بەدرێژایی شانۆنامەکە ئەوان لەبەرنامەکەدان, چیرۆکی کوشتن دەگێڕنەوە, کە ئەو ژنە ڤێرژینی نامەیەک بۆ ژنەکەیتر دەنێرێت بەناوی ڤیکتوار ئاگاداری دەکاتەوە لەماوەی پێنج سالدا دوانزە کەسی کوشتوە، دوای رێکەوتن لەگەل رۆژنامەنوسەکە دوای ئەو بەرنامەیە دەیەوێت خۆی ڕادەستی پۆلیس بکات، کچەکەی و نەوەکەی بەدەستی زاواکەی کوژراون، بۆیە رۆژنامەنوسەکە لەمیانی پرسیارێکدا دەیەوێت لەوە تێبگات ئەم رووداوە پەیوەندیان بە یەکتریەوە هەیە؟ساتی گێڕانەوەی چیرۆک، ئەو وەک بکوژێک بۆ تاوانەکانی قسە ناکات، هێندەی وەک سەپاندنی دادوەری، وەک لەگێڕانەوەی کوژرانی کچەکەی و نەوەکەی ئاماژەی بۆ دەکات، بەوەی دوورکەوتنەوەی زاواکەی بەبێ توندوتیژی دەیتوانی کۆی روداوەکە بە ئاقارێکیتر بەرێت. بۆیە پاساوێکی مرۆییانە دەدۆزێتەوە بۆ تاوان، کە دەزانێت پۆلیس شتێک ناکات بۆ وەستاندنی توندوتیژی, باوکێک لەبەردەم مناڵەکەیدا، کوشتن وەک ڕزگارکردنی مندالێک و دایکێک دەخاتە ڕوو، لێرەدا لەبەشێکی کوشتنەکان ئێمە دایک و منال وەک قوربانی دەبینین، کە بکوژ لەڕێی کوشتنی پیاو ئەوانیتر لە توندوتیژی ڕزگار دەکات، بۆیە لەگەڕانەوەی چیرۆکی کوشتنی یەکەم پیاو ، گەر بەراوردی بکەین بە چیرۆکی کوشتنی کچەکەی, دەتوانین ئەو وێنەیە بخەینە ڕوو، کە نەبوونی دادوەری لەپشت کۆی رووداوەکانە و هەموویان لەیەکتر دەچن.
شانۆنامەی “ئازیزە بچکۆلانەکانم” ی ژوفرین دونادیو (١١) مۆنۆلۆژێکی شانۆییە وەک شانۆیەکی مۆنۆدرامی بەو پێیەی ژنێک کە دۆخی دەروونی تەواو نیە و دیالۆگ لەتەک چەندین پیاو دەکات، سەرەتا گوێی لەدەنگی دەرگا دەبێت، لێرەوە بوونی پیاوەکان لە دنیای دەرەوەی ماڵ, پەیوەندی بە دنیای ئەو درووست دەکەن، وەک چۆن ئاوێنە دەبێتەوە بەشێکیتر بۆ بینینی خۆی و دنیای دەرەوەی ماڵ، بەدلنیایی ئەو شانۆنامەیە شانۆیەکی مۆنۆدرامیە نەک شانۆی تاکئەکتەر، بەهۆی دۆخی دەروونی کارەکتەر، ئەکتەر دەتوانێت نواندن بکات لەگێڕانەوەدا، چونکە پێویستە ئەو دوو شێوازە لەیەکتر جیا بکەینەوە، شانۆی تاکئەکتەر جیاوازە لەشانۆی مۆنۆدرامی بەو پێیەی لەوەی یەکەمیان لاسایی کردنەوەی گێڕانەوە نیە، بەلام لەشانۆی مۆنۆدرامی کارەکتەر کە پیشەی ئەکتەریە یاخود دۆخی دەروونی تەواو نیە، دەتوانێت لاسایی ڕۆلەکانی تر بکاتەوە.
گێڕانەوە دەگەڕێتەوە ناو یادەوەری، بۆ پەیوەندی جەستەی گێڕەرەوە بە پیاوێکەوە لەگەرمی جەستە و سێکسکردندا، خەون بینین بە منالێکی مەزن کەتەمەنی هاوشێوەی تەمەنی فریشتەیەک دەبینێت، ئەو گەڕانەوەیە تا ئاستێکی زۆر شوناسی کارەکتەرەکەمان بۆ ئاشکرا دەکات، بەوەی ئەوەی کەوتۆتە پشت ئەو دۆخە دەرونیەی تێیکەوتووە, وابەستەی شکستی خەونی ئیرۆتیکیانەیەتی لەگەڵ پیاوێک، کە یادەوەری و داهاتووی لەسەر بەند بووە، بۆیە ئێستا وەستانە لەنێوان ئەو دوو زەمەنە، کە دەیەوێت دوو زەمەن بەیەک بگەیەنێت، زەمەنێک کە یادەوەریە و پیاوێک لەژیانی ئەودا هەیە، زەمەنی ئایندە زەمەنێکی نادیار کە ئاخۆ یادەوەری دەگەرێتەوە، ئەو عەقڵی وە دەست دێنێتەوە؟ بۆ ئەوەی ئەو ئێستایە بتوانێت کۆی زەمەنەکان بەیەکترەوە ببەستێتەوە؟
ئەو پرسیارە بەتەنیا توانای ئەوەی هەیە کۆی ڕووداوەکانمان بۆ بگێڕێتەوە، شوێنێک هەیە بۆ کۆتایی چیرۆک، کە کۆتایی شانۆنامەکەیە، بەڵام دەرچوونی لەشوێن گەڕانەوەیە بۆ ناو هەمان دنیای خەونی بوونە دایکایەتی، بۆ ناو هۆلی لەدایکبونی نەخۆشخانەی لەدایکبوون، سەرەنجام گێڕانەوە لەشەودا قسەکردنەوەیە لە خەمی ڕەگەزی، خەمێک سەرەنجام بوونی ئەو پێکدێنێت، لەدەرەوەی ئەو بوونە خۆی لەپەراوێزدا دەبینێت، ئەوەش تەواو جیاوازە لەو دیدە فەڕەنسیەی فێمێنستێکی وەک سیمۆن دو بۆڤوار دایکایەتی وەک جۆرێک لە کۆیلایەتی دەبینی، ئەگەرچی فێمێنیستەکانی دواتری فەرەنسی بەدژی ئەو دیدگایە کاریان کردووە، بەڵام لەکۆتاییدا زمان بازنەیەک بەناو ڕووداو درووست دەکات، کە وابەستەی ئارەزوی دایکایەتیە، کە خالی نیە لەخۆشەویستی بۆ پیاوێک کە دایکایەتی بەرەنجامی ئەو پەیوەندیە سێکسییەتی، بەلام هەمیشە ئەو دەور دراوە بە تارمایی پیاوەکان و کێشەکانیان.
شانۆنامەی “ئایندە” ی ئێڤا یۆنسکۆ (١٢) ڕووداوەکان لە ئوتێلێکدا ڕوو دەدەن کە ناونیشانی شانۆنامەکەش هەڵگری ناوی ئوتێلەکەیە، ئێمە سەرەتا دوو ژن دەبینین، وەک ئەوانیتر لەشەودا ئازار دەچێژن، وەک ئەوەی شەو بۆ ژنی فەرەنسی ئارامگەی خستنە ڕووی ئازار بێت، هەڵبەت دنیابینی جیاواز، بەڵام تەوەرێک ڕاماندەگرێت ئەویش تەنیایی ئەو مرۆڤەیە، ئێمە ڕووبەرووی ئەو پرسیارە دەبینەوە: خەون بە ئازادی تاکەوە ببینین؟ یان سەرەنجام ئەو ئازادیە لە کۆتاییدا دەمانخاتە ناو چوارچێوەی تەنیایی مرۆڤ لەژیاندا؟
ئەوە پرسیارێک نیە بەتەنیا لەو تێکستەدا ڕووبەرووی ببینەوە، بەڵکو لەکۆی شانۆنامەکاندا دەیبینین و هەستی پێدەکەین، لەدەرەوەی ئەزموونکردنی ئەم ژیانەوە سەختە بتوانین وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە، بەتایبەت لەخەسڵەتی جیاوازی کولتوری هەر وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەو پرسیارە بۆ خۆی دەرەنجامی جیاوازی لێدەکەوێتەوە، کە وابەستەی ئامادەبوونی منە لەناو کولتوردا.
لەسەرەتادا دوو ژن لەژووری نوستنی ئەم ئوتێلە دەبینین، ماری تەمەن ٣٠ ساڵ لەگەڵ پالۆمای ٢٥ سالان، پالۆما خۆشەویستی خۆی بۆ هاورێکەی نیشان دەدات لەهەمان کاتدا بێزاربوونیشی لەم ئوتێلە نیشان دەدات، بەهۆی ئەوەی وەک خۆی دەلێت ئەوان تەنیا قسە دەکەن، بۆیە دەیەوێت لەو شوێنە بڕوات، ماری داوای لێدەکات ماچی بکات، ئەوە وەک ئاماژەیەک بۆ هەستکردن بەتەنیایی و لەگەلیدا دەگەڕێتەوە ناو یادەوەری خۆی و ڕابردووی بە کارەکتەری فیلمێکی هۆلیۆد دەشوبهێنێت، گوێ لەڕادیۆ ڕادەگرن، دنیای دەرەوە خراپتر لەدەروونی ئەوان شێواوە، ڕووداوە رۆژانەییەکان دەریدەخات هیچ شوێنێک ئارام نیە، نە دەروونی مرۆڤ و نەدنیای دەرەوەی مرۆڤەکان، بەلام پرسەکە ئەوەیە ئاخۆ ناونیشانی شانۆنامەکە ئاگادارکردنەوەیەکە بە بەردەوام پێمانبلێت ئایندە ناوی ئوتێلەکە نیە، بەلکو زەمەنی هەنوکەیی مرۆڤی هاوچەرخە؟
بۆ ئەوەی بە وەلامی ئەو پرسیارە بگەین، پێویستە لەکۆی ڕووداوەکان بە ئاگا بین، پالۆما باس لەوە دەکات گەر پۆلیس دەستگیری بکات بەتاوانی نەبڕینی پلیتی میترۆ، بەڵام ماری ئەوە وەک گاڵتەیەک دەبینێت، چونکە لەبنەرەتدا ئەو پۆلیس بە گاڵتەجار دەبینێت، ئەگەر قسەکردن وەک کاریکاتۆرێک بۆ ئەو رووداوانە ببینن کە بەرەو روویان دێت، بەڵام خۆ لەوە کۆتایی نایەت، بەتایبەت کاتێک لەدەرگا دەدرێت و ژنێک دێت بەناوی بریگیت، کە بەوان خۆی بە هاورێی ژوستین دەناسێنێت، بەوەی ژوستین وتویەتی بێتە ئێرە، چونکە دواتر ئەویش دێتە ئەوێ، ئەو ژنە بەدوای مێردەکەیدا دەگەرێت، ئەوان وەک شێت دەبینین، بەلام وەک ماری بە بریگێت دەلێت من تێت ئەگەم، بۆیە ئەوان تەنیا خۆیان لەئازاری خۆیان تێدەگەن، مەگەر هەر ئەو بیرۆکەیەش نەبێت، ئەو کتێبە کۆی شانۆنامەکانی تەواوی نووسەرەکانی ژن بن و ئەوان گوزارشت لەئازاری خۆیان بکەن لەشەودا.
ئەو دیمەنە بەجۆرێک لە نائومێدی کۆتایی دێت کاتێک جولەکان تەواو گوزارشت لەسیمای کارەکتەرەکان دەکات بەوەی بریگیت زنجیرە زێڕینەکەی هاوسەرەکەی دەفەوتێنێت، تا بە دەوری زنجیرەکەی خۆیدا هەڵیبواسێت، دواتر کاتژمێرەکەی دادەکەنێت و جزدانەکەی دەگرێت، ماری خەریکی خواردنەوە دەبێت، گڕ گرتنی کوپێکی کاغەز و گوێبیست بوونی دەنگی ئۆتۆمۆبیلێک هەموو ئەمانە وەک مۆتیڤێکی دۆزەخی ناو دەبرێت.
دیمەنی دووەم و کۆتایی، لەکەنار دەریادایە، بەواتای پەیوەندی نیە بە شوێنی یەکەمەوە، ئەوەش بۆ خۆی وەڵامی بەشێک لەپرسیارەکانی ئێمە دەداتەوە، بەتایبەت لەبوونی مرۆڤ وەک تاکێک لەدەرەوەی ژیانی هاوبەش، ئەوان ئەو سێ ژنە لەئاوەکە دەردەچن و لەکەنار دەریاکەدا پاڵدەکەون، لێرەدا پاکبونەوەیە لەپەیوەندیکردن بە ژیانی هاوبەش، بە خەمێک کە پیاوەکان ئەوان گیرۆدە دەکەن و دەیانەوێت لەم ڕێگەیەوە سەر لەنوێ پاکژ ببنەوە، بگەڕێنەوە بۆ ناو تاکایەتی خۆیان، زەمەن دیسان شەوە، بەواتای زەمەن ناگۆڕێت، ئەوەی دەگۆڕێت بیرکردنەوەیە.
وەک بانگەشە بۆ مانیفێستی ژیان بۆ ئەوانیتر قسە دەکەن، جۆرێکە لەگالتەکردن بەو ڕووداوانەی ڕوو دەدەن، بەڵام سەرەنجام ئەو رووداوە دەبێتەوە پەیوەندی کردن بە ژیانی ئەوان، ئەو ئۆتۆمۆبیلەی ڕووداوی هاتوچۆ ئەنجام دەدات، پیاوێکی گەنجە لەوێ دەردەکەوێت، ناوی (یانە)، ماری و پالۆما (یان) بۆ هاوڕێکەیان جێدێلن بەوەی ئەوە بۆ ئەوە، ئەویش هەول دەدات لەڕێی عەترەوە سارێژی برینەکەی بکات، دوو کچەکەیتریش دواتر دێن و جێی ناهێلن، تاوەکو سارێژی برینەکەی بکەن، لەگەڵیدا بەرەو ئۆتۆمۆبیلەکەی یان دەڕۆن، کە رووداوەکەی ئەنجامداوە، وەک ئەوەی پێمان بلێت کێشەو ئازارو ئازادی مرۆڤ، پەیوەستە بە خودی مرۆڤەوە نەوەک تەنیا بە ئاستی ڕەگەزی، ئەو کۆتاییەش تا ئاستێکی زۆر ئەم شانۆنامەیە لەوانیتر جیا دەکاتەوە و ناچێتە سەر هەمان هێلی فێمێنیستی.
ئێمە ئێستا دەتوانین لەسەر پرسیارەکانمان لەو تێکستە بووەستین و لەبارەیەوە بدوێین، بەوەی مرۆڤ دوای پەیوەندی سەر لەنوێ دەگەڕێتەوە ناو ئازادی خۆیەوە، بەڵام بە روانینێکیترەوە، بەوەی ناکرێت ڕەگەز ببێتەوە جۆرێکیتر لەجیاوازبوون، بۆیە ناچێتەوە ناو تەنیایی مرۆڤ لەژیاندا، لەکۆتایی تێکستەکەدا دەتوانین گرنگی ناونیشانمان بۆ دەربکەوێت، کە سەرەتا تەنیا وەک گومان و بێبەهایی ناونان سەیرمان دەکرد، بەتەنیا ناوی ئوتێلێک نیە، هەرچەندە ئەو گریمانەیە بۆ ناونان وەک گەمەیەک دەبینین، بەڵام لەکۆتاییدا دیدێکیتری ئایندەخوازیە بۆ ئایندەی تاک، بۆ زەمەنێک کە ئەو مرۆڤانە دەبێت بەسەر وێرانەکانی یەکتریدا بڕۆن، کۆمەکی هاوبەش بەیەکتری بکەن بۆ پارێزگاری کردن لەئازادیە تاکخوازەکانی هەر یەکێکیاندا.
دواهەمین شانۆنامەی ناو ئەو کتێبە کە دەمانەوێت لەسەری بووەستین، شانۆنامەی «هێزی کەمتر» ی ئوریلی ساد (١٣) ڕووداوەکان گوزارشت لەپەیوەندی هاوسەری ژن ومێردێک دەکەن، کاتێک پیاوەکە لەشەودا دەگەرێتەوە ماڵەوە کە لەشارێکی تر کار دەکات، هەست بە توڕەیی و ماندوو بون دەکات، ژنە چەند هەوڵ دەدات هێمنی بکاتەوە، بەڵام بیانوی پیاوەکە سەرەتا ئەوەیە کە ئەو لەگەشت نەبووە و لەکارکردن بووە، تا دەگاتە ئەوەی بە ژنەکەی دەلێت چیتر بەرگەی تۆ ناگرم و ئیتر خۆشم ناوێیت. شەڕەکە بەبەردەوامی درێژە دەکێشێت، هەریەکەی بەدوای شوێنێک دەگەرێت بۆ سەنگەر، پیاو هێرش دەکات و ژنەش لەداکۆکیکردنە لەدژی هێرشەکاندا، بەڵام پیاوەکە دەیەوێت دەمامکی نهێنی پەیوەندیەکی درۆینە هەلبماڵێت، کە زۆرجار مرۆڤ لەژیانی هاوسەری بێدەنگی لەو دەمامکە دەکات، کاتێک ژنە دەیەوێت ئەوە بخاتە ڕوو کە تەلەفۆن دەکات ئاخۆ ئەو لەگەڵ هاورێکەی لەسەر کار بووە یان لەشوێنێکی تر بووە، ئەوەش راستەوخۆ هەڵدانەوەی نهێنی شاراوەی پەیوەندیەکە هەر یەکە لەویتر گومانەکانی دەتەقێنێتەوە، بۆیە پیاوەکە وەک ئەوەی ئەویش بزانێت ژنەکەی خیانەتی لێ کردووە، بۆیە ڕاستەوخۆ پێی دەلێت «تۆش هەروەها چاوەکانت بکەرەوە، ئێمە بەختەوەر نین، ئێمە تەواو جیاوازین، لەخۆتدا بگەڕێ کە جوو بیت، وەک تۆ پارێزەر ، دکتۆر دەتبات بۆ لیبیس» (١٤) لێرەدا دەردەکەوێت پیاوەکە هەموو نهێنی ژنەکەی دەزانێت، بۆیە ژنە بە دژە تارمایی ناوی دەبات، بەدێژایی ئەم شەڕە ناونیشانی شانۆنامەکە بەشدارە لەڕێگەی گەمەی زمانەوانی ژن و مێرد کە دەستەواژەی هێز و هێزی کەمتر دەخەنە ڕوو، ژنە لەو ساتە کە پیاوەکەی وا قسەی لەگەڵ دەکات ئیتر ئەویش راستەوخۆ نەفرەتی لێ دەکات، لەکاتێکدا پیاوەکەش بەدرێژایی ئەو هەموو ساڵە، ئەو لەگەڵ خۆشەویستی یاری کردووە (١٥) بەوەی ئیتر هەست بە هیچ خەونبینێکی هاوبەش ناکات لەگەڵ ژنەکەی.
بۆیە کاتێک پیاوەکە دەیەوێت ماڵەکە بەجێبێلێت، ژنە هیچ سنورێکی ناپاکی کردنی ژیانی هاوسەری ناهێلێتەوە، بەشێوەی مێردەکەی تۆمەتەکان دەهۆنێتەوە، بەوەی ئاخۆ ئەو هۆکاری ئەوەیە پیاوەکەی بڕوات، یاخود کەسێکیترە کە لەناو کۆمپیوتەرو ئیمێلەکانیدایە، کەسێک لەشوێنی ئەو لەدڵیدایە، ئاخو وەک ژنە دەلێت ئەو قەحپەیە کێیە؟ چاوەرێی ئەوە ناکات پیاوەکە وەڵامی پرسیار و قسەکەی بداتەوە، چونکە ئەوەندە بەسە وتنی هەموو ئەو شتانە بەڕووی مێردەکەی دەرخەری ئەوەن گەر ئەو دەزانێت ژنەکەی لەگەڵ دکتۆرێک پەیوەندی هەیە، ئەوا ژنەش دەزانێت ئیمێلەکانی مێردەکانی لەناو کۆمپیوتەرو تەلەفۆنەکە پڕیەتی لەنامەی ژنێکیتر.
تا ئاستی ئەوەی پەردە لەڕووی ئەو درۆ ئاکاریە هەڵدەداتەوە، کە چۆن پێشتر لە سۆسیال میدیا بانگەشەی بۆ خۆشەویستی ئەو کردووە کەچی ئێستا دەروات و لەگەڵ کەسێکی تردایە.
کەچی کاتێک دڵنیا دەبێت کە مێردەکەی دەڕوات، ئیدی ڕیتمی قسەکردنی دەگۆڕێت، بەوەی پەیوەندی هاوسەریان جوانی و خۆشەویستی گرتۆتە خۆی و یەکتریان خۆش دەوێت و بۆ یەکتری گرنگن، بە پێچەوانەی ئەو کچەی ئێستا مێردەکەی دەیەوێت بچێت لەگەڵی بژیێت، تەنیا ئەوەیە کچێکی گەنج ومناڵکارە، ئەوە هەوڵێکە بۆ مانەوەی مێرد لەماڵ و دەرنەچوونی، بەڵام هەمیشە دەبێت ئەوەمان بیر بێت کۆی گفتوگۆو شەڕەکان بەدەوری «هێزی کەمتر »خوڵ دەخواتەوە، چ لە تۆنی دیالۆگ و کاردانەوەکانی کارەکتەر یاخود دەربڕینی ڕاستەوخۆی ئەو دەستەواژەیە.
پیاوەکە تێدەگات لەوەی ژنەکە ئەو درێژە دانەی بۆ ئەوەیە لەم شەوەدا مناڵەکانی بە ئاگا بێنێتەوە لەوەی باوکیان ماڵەکە بەجێدێلێت، بەڵام سووربوونی مێرد بۆ ڕۆیشتن بە ڕادەیەکە، هیچ گومان لای ژنەکەی ناهێلێتەوە کە مێردەکەی عاشق بووەو دەڕوات، بەڵام پیاوەکە ئاماژە بۆ ئەو ترسە دەکات کە لەهاوسەرەکەی هەیەتی و سووربونی خۆی لەو ڕۆیشتنە نیشان دەدات، چونکە ئیتر ناتوانێت لەگەڵی بژیێت، بەهۆی ئەوەی بەختەوەر نیە لەو پەیوەندیەی ناو ماڵ، هەست بە خنکان دەکات. بەدرێژایی ئەو دۆخە تەلەفۆنەکە بەردەوام لێ دەدات، ئەوەش ئاماژەیەکی ڕوونی دنیای دەرەوەی ماڵە، بەوەی کەسێک چاوەڕوانە و ئەوەی لەماڵەکە ماوەتەوە دواکەوتووە، ژنەکە پەلاماری تەلەفۆنەکە دەدات و پیاوەکە هەوڵ دەدات لەدەستی دەریبێنێت، چونکە خۆی دلنیایە ئەوەی لەم کاتەدا تەلەفۆن دەکات کێیە، لەو ساتە دەستەکان لەجەنگێکی بێدەنگدان بۆ تەلەفۆنەکە، سەرەنجام پیاوەکە مشتێک لەزەوی دەدات، بەڵام هیچ لەوە خەمناکتر نیە، کاتێک توڕەیی پیاو بەسەر زەویەکە دەتەقێتەوە، ژنەکە دەلێت بمکوژە، بەواتای جێهێشتنی بۆ خۆی مردنە، ئیتر با بیکوژێت ئەو ساتە ماڵەکەی بۆ بەجێبێلێت، بەوەی وەک دەلێت ناتوانێت بەبێ ئەو بژیێت، لەکاتێکدا ئەو قسانە هیچ کاریگەریەک لای مێردەکەی درووست ناکەن، بەقەد ئەوەی داوای لێ دەکات بێدەنگ بێت و نایەوێت گوێی لەو قسانەی بێت و ئیتر قسەی لەگەڵ بکات، لەگەل ئەوەشدا ڕووداوەکان کۆتاییان نایەت، چونکە هەردووکیان لەسەر قەنەفەکە دادەنیشن، بۆیە ململانێکە بەردەوامی دەبێت، بە ئاستێک بەدرێژایی شانۆنامەکە پیاوەکە دەیەوێت بڕوات و ژنەکەش دەیەوێت بمێنێتەوە، لەکاتێکدا هەر یەک لەوان نهێنی پەیوەندیە شاراوەکانی یەکتریان ئاشکرا کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا ژنەکە هەر دەیەوێت بمێنێتەوەو ماڵەکە بەجێ نەیەلێت بەسەر خۆی و مناڵەکانی(١٦)، تەنانەت بەشێوەیەک قسە دەکات کە دەیەوێت بچێت بخەوێت، بەیانی دەبەت بچێت بۆ سەر کارەکەی و پێویستە بیریان نەچێت ئەوان خێزانیان هەیە، بەلام مێردەکەی لە کەشێکی هێمن کەچی لەسەر هەمان بۆچوونی خۆی قسە دەکات، بەوەی ئەو ناتوانێت بمێنێتەوە، دەبێت بڕوات، نایەوێت باوکێکی خراپ بێت، دواتر ئەوەشی بۆ زیاد دەکات بەوەی ئیتر هەر نایەوێت باوک بێت.
ململانێی ئەو دوو کارەکتەرە لەبەرزی و نزمیدا وەک تەونی جانجالۆکەیەک وایە کە چۆن بۆ درووست کردنی تەونەکە هەر یەکەیان بە ئاستێکی دژ بەیەکتر تێدەپەڕن، دراماکەش وەک ئەو تەونە خۆی بەرەو پێش دەبات، بۆیە ژنەکە باسی ئەو هەموو پشتگیریە دەکات کە پێشکەشی ئەوی کردووە بۆ کارکردن.
ژن لە لوتکەی ململانێکەدا هەڵگری خەسڵەتی کارەکتەرێکی ڕۆمانسیە لەدەربڕینەکانیدا دەیەوێت ماچی بکات و سێکس بکەن، بەلام پیاوەکە ڕایدەگرێت و تکای لێدەکات بوەستێک لە دەربڕینی ئەو هەستانەی، کەچی ژن جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەو ژنیەتی دایکی کچەکانیەتی، بەوەی ناتوانێت خۆی لەو وێنە خانەوادەییە بهێنێتە دەرەوە، لەو ساتەی کە ژنە جەخت لەو پەیوەندیە خێزانیە دەکاتەوە، سەر لەنوێ زەنگی تەلەفۆنەکە لێ دەداتەوە، ئەوەش وەک بیرهاتنەوەی دنیای دەرەوەی خێزانە، کە هێشتا پەیوەندیەکە کۆتایی نەهاتووەو کەسێک هەیە دەیەوێت بزانێت کەی پەیوەندیە کۆتایی دێت، ژیان لەگەڵ ئەو دەست پێدەکات.
پرسیارەکە لەئێستادا ئەوەیە: هەر بەڕاست ئەوە ژنی ناو کۆمپیوتەرەکەیە کە ئیمێل بۆ هاوسەرەکەی دەنێرێت؟ ئەو دڵنیاییە چیە ژنە لەو تەلەفۆنە هەیەتی؟ ئەی بۆچی پیاوەکە سەرەتا ترسی لە زەنگەکە هەبوو، بەڵام ئەمجارە نکوڵی لێدەکات، بەوەی کەس نیە؟
لێرەدا لەناو شانۆنامەکەدا ئێمە وەڵامی پرسیارەکان راستەوخۆ وەرناگرینەوە، بۆیە دەتوانین لەشوێنی هەر یەکێکیان وەک خوێنەری بێ لایەنی تێکست قسە بکەین، خوێنەر لەو ساتەدا کەسی سێ یەمی ناو ململانێیەکەیە، لەململانێ ئەو دوو کارەکتەرە ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە، گومانەکانی ژنە لەشوێنی خۆیەتی، نکوڵی کردنی پیاوەکەش خاڵی نیە لەترسی سەرەتای زەنگەکە، تەنانەت ئەو سووربونەی پیاو بۆ ڕۆیشتن بۆ خۆی وەڵام بە هەموو پرسیارەکان دەداتەوە، بەبێ ئەوەی وەڵامی تەلەفۆنەکە بدرێتەوە، لەکاتێکدا هەموو هەوڵی ژنەکە بۆ مانەوەی هاوسەرەکەیەتی لەماڵەکەدا، داوای هیچ شتێکی لێ ناکات، تەنیا خوازیارە مێردەکەی بمێنێتەوەو جێی نەهێلێت، دەیەوێت تا کۆتایی ژنی ئەو بێت، بەڵام پیاوەکە هەر لەو ساتەی هاتەوە ماڵ بریاری کۆتایی خۆی دابوو، تەنانەت کاتێک ژنەکەی باس لەوەش دەکات سبەینێ دایک و باوکی دێن بۆ سەردانیان، دەبێت ئەو نەگریێت و شتەکان بشارێتەوە، بەڵام چونکە مێردەکەی دڵنیایە لەکۆتایی هەموو شتەکان داوای لێ دەکات هیچ نەشارێتەوەو تەنانەت کۆی ڕووداوەکان بە گۆرانی بۆیان بگێڕێتەوە، گێڕانەوە لەڕێی گۆڕانی، بەواتای دانیشتن و سەردانەکە نەشێوێت، وەک ئەوەی ئەمشەوە چیرۆکێک بێت و بووبێت بە ڕابردوو.

نیهاد جامی- فەڕەنسا

پەراوێزەکان:
(١) La Nuit neuf pièces courtes, L’avant-scène théâtre-janvier 2024
(٢) ئاکسێل ژا نیکێی لەدایکبوی ١٩٧٢ ژنە نوسەرێکی فەرەنسی بە نەژاد کامیرۆنیە، سەرەتا وەک فۆتۆگرافەر ماوەی پانزە ساڵ کاری کردووە، دواتر ڕوو دەکاتە نووسین و گۆشەی رۆژنامەوانی، دوای ئەوەش وێب سایتێکی تایبەت بە پەیوەندی سۆزداری ژنانی ڕەش پێست داناوە، هەورەها چەندین پۆدکاستی کردووە، لەبارەی توندوتیژی دژی ژنانی ڕەشپێست و توندوتیژی سێکسی دژی منالانی ڕەش پێست لەماڵەکاندا، هەروەها بەیەکەم کتێبی لەژێر ناوی “رۆژمێری ژنانەی رەشپێشت” خۆی وەک نوسەرێک ناوبانگی دەرکرد.
(٣) ماریا لا ڕێیا، لەدایکبوی ١٩٧٩ ی شاری بلباوی ئیسپانیایە، لە فەرەنسا ژیاوەو کارەکانی لەپاریس ئەنجام دەدات، نوسەرو سینارێست و دەرهێنەرە، سالی ٢٠٢٢ بە یەکەم رۆمانی خەلاتێکی ئەدەبی وەردەگرێت، وەک رۆمانووسێک دەبێتە جێگای سەرنجی رەخنەگران، لە ٢٠٠٤ تا ٢٠١٥ پێنج کورتە فیلمی درووست کردووە، ئەو شانۆنامەیە تازەترین بەرهەمی ئەدەبیەتی.
(٤) کۆلۆمب شنێک، لەدایکبووی ١٩٦٦ ی شاری پاریسە، رۆمانووس و رۆژنامەنووس و دەرهێنەری دۆکۆمێنتاریە، خاوەنی چوار خەڵاتە.
(٥) کلێر شێزال، لەدایکبوی 1956 فەرەنسایە، رۆژنامەنووسێکی ناسراوی فەڕەنسیە، لەبواری تەلەفزیۆن و رۆژنامە و رادیۆ ناسراوە، لەزۆربەی ئەو فیلمە سینەماییانەی وەک ئەکتەر بەشداری کردووە رۆڵی بێژەری تەلەڤزیۆنی پێدراوە، خاوەنی دوو رۆمان و یادداشتێکی چاپکراوە، هەروەها کتێبی دەنگیشی هەیە، لەئێستاشدا هەموو ئێوارەیەکی سێ شەممان لەکاتژمێر حەوتی ئێوارە بەکاتی پاریس لەسەر شانۆی پاریس تێکستی “جێم بهێلە” ی مارسێل سوڤێژو دەخوێنێتەوە، پێشتریش ئەزمونێکیتری لەو بارەیە هەبوو، کاتێک لەنێوان شوبات و نیسانی ٢٠٠٨ تێکستی ” رۆژنامەی هێلین” دەخوێندەوە.
(٦) عالیە عەتایی رۆمانوسێکی ئێرانی- ئەفگانیە (1980) سیناریۆی فیلم و کورتە چیرۆکیش دەنووسێت، چەندین خەڵاتی ئەدەبی وەرگرتووە، لەئێراندا بەزمانی فارسی پێنج کتێبی چاپکردووە، ئەم شانۆنامەیەی یەکەم کاریەتی بە زمانی فەرەنسی، کە پێشوازیەکی باشی لێکراو کارەکەی خراوەتە سەر شانۆش
(٧) کلۆی مونس، گۆرانی بێژ و ئەکتەرە، لەدایکبوی شاری لیلی فەڕەنسایە لە ١٩٧٢، خاوەنی دە ئەلبومی گۆرانیە، لە ١٩٩٩ بەرەو دنیای سینەما رۆیشتووە و دواتر ڕووی کردۆتە شانۆش، لەگەل دەرهێنەر ئالان کلینگلێر دەستی بەکاری شانۆیی کردووە، سەرەتا لە ٢٠١٦ وەک لەنمایشێکی شانۆیی میوزیکال بەشداری کردووە بەناوی “هیچ شتێکم نیە دژی شەوی سەری ساڵ” لە ٢٠١٩ لەگەل هەمان دەرهێنەر سەر لەنوێ لەشانۆدا بەشداری دەکات بە نمایشی “من نەرگسی نیم” کە لەچوارچێوەی فێستڤال ئەڤینیۆنی شانۆیی پێشکەش دەکرێت، لە سالی ٢٠٢٣ هەمان نمایش بۆ ماوەی پێنج هەفتە لەسەر شانۆ بەردەوام بوو.
(٨) La Nuit neuf pièces courtes, L’avant-scène théâtre-janvier 2024, page 92.
(٩) ئەدۆلین دیۆدۆنێ، لەدایکبوی 1982 بەلژیکا، نوسەر و ئەکتەرە، براوەی خەلاتی فیدراسیۆنی والۆنیایە لە بەلژیکا بە کورتە چیرۆکێک، یەکەم کتێبی جاپکراوی نامیلکەیەک بوو بەناونیشانی “تەنیا لەتاریکیدا” ، لەسالی ٢٠١٧ یەکەم شانۆنامەی خۆی بلاو کردەوە، سالی دواتر رۆمانێکی نووسی و خەلاتی پێ وەرگرت، دووەم رۆمانیشی لە ٢٠٢١ بلاو کردۆتەوە.
(١٠) ڤیکتوار توایۆن، لەدایکبوی 1989 ی پاریسە، نوسەر و رۆژنامەنووسە, دوو کتێبی چاپکراوی هەیە، لەدووتوێی بەرنامەکانی ڕادیۆ و کارە رۆژنامەوانیەکانی بەوە ناسراوە رەخنە لەبیرکردنەوەی پیاوبوون دەگرێت، بەر لەوەی ئیمتیازات بێت، بریتیە لە بنیاتنان، لەدیدی فێمێنیستیەوە ڕەخنە ئاراستەی توندوتیژی پیاو دەگرێت.
(١١) ژوفرین دونادیو، لەدایکبوی ١٩٩٠ فەرەنسا، نووسەرە، سالی ٢٠١٩ یەکەم رۆمانی خۆی نووسی بەناوی “چیرۆکی فەرەنسا” کە دەزگای گالیمار چاپی کرد باس لە ونبونی مندالێک دەکات، لە رۆمانی دووەمیدا بەناوی “سەگ و گورگ” ساڵی ٢٠٢٢ لەلایان دەزگای گالیمار چاپکراوە، منداڵە ونبوەکەی ڕۆمانی یەکەم، لەم رۆمانەی دووەمدا دەدۆزرێتەوە، خاوەنی خەلاتی فلۆرایە لە ٢٠٢٢.
(١٢) ئێڤا یۆنسکۆ، لەدایکبوی ١٩٦٥ ی پاریسە، بە ڕەچەڵەک ڕۆمانیە، ئەو بۆ خۆی لەشانۆدا زیاتر وەک ئەکتەر دەرکەوتووە، بەلام لەسینەمادا سەرباری کاری نواندن وەک سینارێست و دەرهێنەری سینەمایی ناسراوە، دایکی هونەرمەندێکی بواری فۆتۆگراف بووە، بەو هۆیەوە لەمندالیدا ڕاکێشراوەتە ناو کارە فۆتۆییەکانی دایکی و چەند فۆتۆگرافەرێکەوە، ئەو منالی و هەرزەکاری ئاسایی تێنەپەڕیووە لەلایەک لەهەندێک وێنەی فۆتۆگرافی جەستەی ڕووتی نیشان دەدرێت، تا لەسەرەتای هەرزەکاریدا وێنەی ڕووتی وەک نمایشکار لەسەر بەرگی گۆڤارو رۆژنامە بلاو دەبێتەوە، سەرباری دوبارەکردنەوەی ئەو دیمەنانە لە چەندین فیلمدا، ئەوەش دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە هاورێکانی تا ڕادەیەکی زۆری خۆیانی لێ بەدوور بگرن، سەرباری ئەوەی ئاڵودەی ماددەی بێهۆشبەر دەبێت و بەو هۆیەوە لە دایکی دوور دەخرێتەوە، سەرەتای راستەقینەی کاری هونەری ئەو بۆ سالی ١٩٨٧ دەگەرێتەوە، ئەو کاتەی پەیوەندی دەکات بە تیپێکی شانۆیی، لە ٢٠١١ وەکو دەرهێنەر یەکەم فیلمی سینەمایی خۆی درووست دەکات، لە ٢٠١٧ رۆمانی پاکیزەیی دەنووسێت کە پشتی بەستووە بە تەواوی ژیاننامەی خۆی، لە ٢٠١٩ دووەم فیلمیش درووست دەکات.
(١٣) ئوریلی سادە، لەدایکبونی ١٩٧٨ ی پاریس، ئەکتەر و دەرهێنەرە، لەپاڵ ئەوەشدا گۆرانی بێژەو تێکستی زۆربەی گۆرانیەکانیشی خۆی دەینووسێت، لە سالی ١٩٩٥ دەستی کرد بە کارکردن لەسینەمادا، تاوەکو ساڵی ٢٠٠٨ بەردەوام بووەو لەو ماوەیەدا لە هەشت فیلمی سینەمایی بەشداری کردووە، لە شەش بەرهەمی تەلەفزیۆنیش بەشداری کردووە، لە ٢٠٢٤ لەشانۆگەریەک وەک ئەکتەر کاری کردووە.
(١٤) La Nuit neuf pièces courtes, L’avant-scène théâtre-janvier 2024, page 99
(١٥) دەستەواژەی یاریکردن لەئەدەبی شانۆنامەی فەرەنسیدا، وەک درۆکردن لە پەیوەندی خۆشەویستی دێت، ئەگەر بەهەڵەدا نەچین دەتوانین ئەوە بگەڕێنینەوە بۆ ناونیشانی شانۆنامەکەی شانۆنوسی فەرەنسی ئەلفرێد دو موسیێ لەژێر ناوی «ئێمە یاری لەگەڵ خۆشەویستی ناکەین” کە سالی ١٨٣٤ نووسیویەتی.
(١٦) لێرەدا کارەکتەری ژنەکە رێک تەواو پێچەوانەی کارەکتەری نورای «ماڵی بووکە شووشە» ی ئەپسنە، نورا یاخی دەبێت و مندال و مێرد لەماڵ بەجێ دێلێت، بەڵام کارەکتەری شانۆنامەکەی ئوریلی تەواو بەپێچەوانەوە نایەوێت مێرد بڕوات و لەگەڵ مناڵەکان بەتەنیا لەماڵ بمێننەوە

mm

بۆ خوێندنەوەی کتێبەکانی نیهاد جامی کلیکی ئەم لینکە بکەن: http://www.dengekan.com/kteb_nihad.htm لە 05-03-1972 لە گەڕەکی حەمام عەلی بەگی شاری کەرکووک لەدایک بووە.. نووسەر و دەرهێنەری شانۆییە.. خاوەنی خەلاتی باشترین دەرهێنەری شانۆییە لە ڤیستڤاڵی شانۆی هەولێر لەلایان وەزارەتی ڕۆشنبیریی لە 1995.. لە ئێستاشدا دانیشتوی وڵاتی فەرەنسایە.

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress