ئاوازه ماندووه‌كانی یه‌كته‌نی … نه ژاد عزیز سورمێ … به‌شی دووه‌م
-c-
نه‌ژاد ! خود له بارێكدا نییه
ڕه‌هایی ده‌ربڕێ…
ئیتر نه‌ما ،
دیدار ئاخر بوون ، جێی سه‌رنج بێ…
به‌سه‌رچوون
ئه‌و ڕۆژگارانه‌ی ماسك و ڕووبه‌ند
هه‌ر له دوور ڕا ده‌رده‌كه‌وتن…
نه‌ژاد ! پێم كه‌وتۆته سه‌ر ڕه‌شانگ ،
كه‌چی هێشتا
به‌فر نایه‌ڵێ
ئاسووده سه‌رخه‌وێ بشكێنم…
به‌فر نایه‌ڵێ چاوم بپشكوێ و
شه‌فه‌ق و بووڵێڵ بگهیێنمهوهیهك…
هاوسه‌نگیی سرووشت
دڵساردی نه‌ده‌گه‌یاند…
ئه‌ندازه‌گیریی ،
كارێك نه‌بوو له به‌رامبه‌ر هه‌ستدا كردیان…
مێرخاسی ،
ئیتر ناوكۆیی (هاتیی) نییه ،
ختوكه‌ی ڕه‌هێڵه بدا و
مه‌وسیمی چرۆ و نه‌وای هوزاران ده‌سته‌مۆ بكا…
با به خه‌ونه‌كانماندا بچینه‌وه…
وه‌ختی هاتووه
بزانین چیمان له بیر كردووه…
داوامان لێده‌كه‌ن :
شه‌باقه‌ی برینه‌كانمان كراوه‌تر بێ ..!
تا خوێنمان كه‌ژاوه‌ی ماریینز و
یاریه خنجیلهكانی ده‌سه‌ڵاتی پایتهختان ،
ڕه‌نگینتر بكا…
بۆ نا !؟
پاكدامهنی ،
كه‌ی له ئهلف و بێی سیاسه‌ت
جێی بووه‌ته‌وه…
ئه‌و غه‌یبه
به كام سۆز كه‌شف ده‌كرێ ؟
نه‌ژاد !
ههڵهتێكه ،
نازانی نه بڕۆی ، نه وچانێ بده‌ی…
نه گیانی شهكهتت
بده‌یته به‌ر ئاوهه‌ڵدێرێ
قیبلهنمایێكت پێ نییه ،
نازانی ڕووت له كوێستانه
یا گه‌رمه‌سێر…
له‌م ڕهوهزهنهوه ده‌یانبینم ،
چوارشانه ،
به ڕسكان ڕسكاون…
لێزمه و گه‌واڵه ههورانیش ڕاده‌گرن ..
لێ چاوغایهنن ،
بڕوایان پێ مه‌كه‌ن…
ئه‌وه ده‌مگۆ نییه نه‌ژاد !
ئه‌وه په‌رته‌وی نهێنیه درهوشاوهكانه…
له‌م ڕهوهزهنهوه ده‌یانبینم…
به شه‌یدابوون، شه‌یدای خیانه‌ت و دهرهاوردهكانین…
ئه‌وه ده‌مگۆ نییه نه‌ژاد !
ده‌مگۆ نییه…
8.7.2004
-D –
(( فڕین به فڕین ده‌ست پیِ ناكا.
ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێ فڕین فێر بێ
دبێ له پێشدا وه‌ستان و ڕۆیشتن و هه‌ڵاتن و سه‌ركه‌وتن فێر بێ…))
نیتچه
له وه‌ته‌ی هه‌ین
هه‌وراز ده‌مانداته ده‌ست نشێو و ،
نشیێو ڕوو به ڕووی هه‌ورازمان ده‌كاته‌وه…
له‌و كۆسته‌وه بۆ ئه‌و كۆست…
خانه‌گه‌ردان…
ماڵ به كۆڵ…
به ڕووباران خوێنمان داوه…
به بڵندی چیایان كهللهسهرمان پژاوه…
ئێمه فڕینمان به فڕین
ده‌ست پێ نه‌كردووه…
لێره…
له‌سه‌ر خاكی خۆمان هێللانهمان چێ كردووه
له‌و سه‌ره‌وه هاتوون
بێ ئه‌وه‌ی غه‌درێكمان لێ‌كرد بن ،
یا سنووری باخچهكانیانمان به‌زاند بێ
لێیان تێكداوین…
ئێمه فڕینمان به فڕین ده‌ست پێ نه‌كردووه…
هیچ نه‌ما پێمان نه‌كه‌ن…
ڕێگه‌ی داهێنه‌رانه‌ی وایان له ئازاردان و
كوشتن و
ڕهشكردنهوهمان داهێنا
كهسنهكرده…
به‌ڵام ئێمه عاشقی چیان بووین ،
عاشقی هه‌تاو و خاك و باران بووین و
نه‌نووستین .
ئێمه فڕینمان به فڕین
ده‌ست پێ نه‌كردووه…
ئێمه به‌رله‌وه‌ی
ده‌ستمان بگاته ئه‌و هێشووه ،
زۆر چڵمان له ژێر پێدا شكاوه
خۆمان به هی تر گرتۆته‌وه…
ئێمه فڕینمان
به خوێن و
فرمێسك و
به تاوی گریان و
به ته‌كانی هه‌ڵات هه‌ڵات و
به چاوه‌ڕوانی زیندان و
گه‌رده‌لوولی ئه‌نفال و كیمیاباران و
به زوڵمی مێژوو و جوغرافیاوه ده‌ست پێ كردووه.
ئێمه فڕینمان به فڕین ده‌ست پێ نه‌كرده‌وه.
2004.3.8
-E –
زینده خه‌ونن ،
ئه‌و هاوكێشه ناهاوسه‌نگانه‌ی
وه‌ك ئینجانهیێكی گڵ له ده‌ستمان گرتوون…
زینده خه‌ونن..
ئێمه گرێژنه‌ی ده‌رگا تێكشكاوه‌كانمان ،
هێشتا هه‌روا ماوه‌ته‌وه..
ئاهه‌نگێكمان به بوونی ، نه‌بووی
ده‌ورو زه‌مانێكی زۆرمان نه‌داوه..
ده‌رچوو زۆربه‌مان ،
له به‌رنامه‌ی زینده‌به‌چاڵكردنی خهونهكان..
له به‌دنیهادی بێ ئه‌ندازه‌ی
وه‌فا و شه‌رم نه‌گه‌یشتبووین.
ده‌رچوو ئێمه سه‌هو بووین..
ده‌رچوو…(؟!)
زینده خه‌ونن ،
ئه‌و كوانووانهی
له دووكه‌ڵ زیاتری لێ دیار نییه ،
سه‌رسام..
حه‌په‌ساو..
براده‌ره‌كه‌م ، له هه‌نده‌ران ده‌ژی..
گرفتی گه‌وره‌ی ئه‌وه‌یه ،
وه‌رزه‌كانی ساڵی لێ تێكچووه ،
براده‌ره‌كه‌م ،
گه‌نجینه‌ی به‌رده‌رگای ماڵی خۆیان نابینێ !
چووه به دوای ئه‌و گوڵانه‌دا ده‌گه‌ڕێ
كه ( له‌وێ )
له‌سه‌ر ته‌رمی مردووانی داده‌نێن..
ئه‌و له‌وه‌ته‌ی سه‌ری هه‌ڵگرتووه ،
سه‌یری ئاوێنه‌ی نه‌كردووه و
ئادگاری خۆی نه‌دیوه..
دوای ئه‌و هه‌موو ماوه‌یه
هاتبوو به په‌رۆشه‌وه
سیما‌و ئادگاری خۆی ببینێته‌وه ،
ئه‌و تا خۆی نه‌دیبوو ،
نه‌یده‌زانی ئه‌وه‌نده ماندووه..
ئه‌و تا خۆی نه‌دیبوو ،
نه‌یده‌زانی ئه‌ونده ئومێد دزراوه..
ئه‌وه‌نده هیچه..
زیندهخهونن..
ئه‌و مامڵه‌ت و سهروسهودایانه..
وژه‌ی (با) ن
كاسیشی كردووین ،
دووكه‌ڵی كووانویش
كه دیار نییه له ئاگره‌وه‌یه ، به ڕوودا ئه‌دا..
به خێر له به‌فرانباری ته‌مه‌ندا..
ڕهشانگمان لێ ده‌ركه‌وتبوو.
به‌خێر خه‌ریك بوو
هه‌نگاو هه‌ڵێنین..
زینده خه‌ونن..
زینده..خه..و..ن..ن.
كانوونی دووه‌م 1995
-F-
ڕێگاكان به‌ره و كوێمان ده‌به‌ن ؟
ڕه‌شه‌با به زمانی ڵاَلمانهوه
ئاسۆی مێژوو
ئاسۆی جوغرافیا
ئاسۆی ڕه‌نگ و مردن ..
ئاسۆی سیاسه‌ت و قیامه‌ت ..
هه‌موو ئاسۆیهكان
ده‌كرێن به پێكێك و :
له شه‌وه لاڵه‌كان
له شه‌وه كوێره‌كاندا هه‌ڵده‌درێن..
ئه‌و پێكهشتان نۆش !
به ئێوه چی
ژێیه‌كان ده‌پسێن ؟
به ئێوه چی
ڕوانینه‌كان هه‌ناسه سوار ده‌كرێن ؟
به ئێوه چی
چیاكان خاكهشین بپۆشن ؟
به ئێوه چی
مه‌رگ و
ده‌نگ و
كوێرایی ؟
به ئێوه چی..؟
ڕێگاكان
به‌ره‌و كوێیان بردین نیشتمانه‌كه‌م؟
ئه‌وه خه‌ون بوو یا مۆته‌كه ؟
ئه‌و پرخه بوو یا ئاوزنگ دان ؟
ئه‌وه چه‌پڵه‌ی
گرگنه حوجهكان بوو
یا فیكه‌ی سۆزانییه‌كان..؟
نیشتیمانه‌كه‌م..
چی ما نهیاندهییێ و
چی ما پێت نه‌كه‌ن ؟
ئه‌وه‌ی پێت نه‌كرابوو ، پێیان كردی…
ئه‌وه‌ی نه‌ت دیبوو ، پێیان دیتی..
ڕێگاكان ،
به‌ره‌و كوێیان بردین ؟
زمانی
چه‌كی ژه‌نگاوی قاچاخچییان..
ڕۆژگاری
سه‌ره‌تاتكێی
هه‌رچی و په‌رچی و
ماستاوچی و
كارخانه‌چی و
چی و چی.. بۆ كوێی بردین ..
نیشتیمانه‌كه‌م ،
نیشتیمانه له‌ت له‌ت و
بێ ئاسمان و
چرا و
بێ ڕێگا و
بێ ئاسۆیهكهم..!
ئیتر شه‌وتان باش!
كه خه‌ونی مناڵانتان
زینده به‌چاڵ كرد و
دواڕۆژتان له پێ كرد..
شه‌وتان باش !
شه‌هیده‌كانتان
جارێكی دی شه‌هید كرده‌وه…
شه‌وتان باش !
شه‌وتان با
شه‌وتان
شه‌و…
شوباتی/ 1995
-G-
خه‌زێنه و ده‌وڵه‌ت ، له به‌ر دره‌گای خۆته…
تۆ…
ده‌خوازێ هه‌وڵبده‌ی
به هێزی دیماهینههاتووی جوانی بچیته مه‌یدان…
بۆنایێن (وه‌زاره‌تی جوانی) و
(به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتیی جوانی) و
(كۆمپانیای سنوورداری جوانی) دابمه‌زرێنین ؟
كوردینه ! وڵاته‌كه‌ی خۆتان نابینن ؟
وه‌رن ئه‌مجاره
به چاوی ناخ ته‌ماشای كه‌ن…
ببینن چۆن مێژووتان نه‌خوێندۆته‌وه…
ببینن
چه‌ند كۆڵه‌وار و
چاوله‌ده‌ر و
بێ ئاراسته‌ن…
نیگاتان بۆچی په‌رت بووه…؟
ئه‌وه‌تا خه‌زێنه و ده‌وڵه‌ت له به‌رده‌رگای خۆتانه…
ئای له ئێوه !!
كه به خۆشتان ناوه‌ستن…
ئای له ئێوه ،
هه‌وڵناده‌ن جیهانبینییهكتان هه‌بێ…
ئای له ئێوه‌ی
به جارێ
پێتان
له به‌ری خۆزگه و مرازان بڕیوه…
بۆ كوێ ده‌چن؟
به دوای چیدا ده‌گه‌ڕێن ؟
ئه‌وه‌تا خه‌زێنه و ده‌وڵه‌ت
له به‌رده‌رگای خۆتانه…
چارێكی دیكه‌تان كه نه‌ماوه…
یا ده‌بێ هه‌بن ،
یا هه‌بن…
( ڕۆشنایی ناخه تیشك داوێ…
نه‌ژاد بیانبینه، هه‌موو شتێكیان هه‌یه…
بیانبینه نه‌ژاد !
له هه‌موو شتێك بوونه‌ته‌وه ،
ئیتر نازانن چی بكه‌ن…
ئه‌و خه‌مه‌ی یه‌خه‌ی گرتوون
تووشی كه‌س نه‌بێ…
تیا ماون له‌وه‌ی
بۆچی گوڵ بۆنی جارانی نه‌ماوه…
بۆ ناتوانن وه‌ك جاران
گوێ بۆ خوڕه‌ی ئاوههڵدێران ڕادێرن ،
كه ده‌نگی هه‌ندێكیان
وه‌ك ده‌نگی وێككه‌وتنی
هێشوه ترێیان وایه…
نه تامی چا وه‌ك خۆی ماوه ،
نه دانیشتنی چایخانه و
پیاسه‌ی ئێواران…
هه‌موو شتێكیان هه‌یه…
نه زه‌رده‌ی سه‌ران…
نه یه‌كه‌مین بارانی پایزان
سه‌رنجیان ڕاده‌كێشێ…
تیا ماون…
هه‌موو شتێكیان هه‌یه و ،
له هه‌موو شتێك بوونه‌ته‌وه..
نازانن چی بكه‌ن…
به ڕاستی شایانی دڵنه‌وایین…
شایانی به‌زه‌یین…)
2004.7.24
-H –
نه‌ژاد سه‌یركه !
دهفژن
به چ ڕوانین و جیهانبینییه‌ك
له مه‌داری كه‌شف و یه‌قیندا گیرساونه‌ته‌وه ،
كه له من و تۆ ونه !
نه‌ژاد !
بڵێسه هه‌مان بڵێسه بوو ،
تیشكی له دره‌وشانه‌وه‌ی جیهانئاراوه
به‌ناو كۆڕی غه‌ریب و ئاشنایاندا ده‌پڕژاند…
ئای كه نهێنیه‌كی گه‌واهیده‌ر بوو ،
هاتین (پاكی) مان به ته‌رازووی لاسه‌نگ كێشا ،
كه‌چی
هه‌ڵه‌گۆیی به ته‌رازوویه‌كی هاوسه‌نگ !
ژه‌هره گوڵنار نه‌ژاد !
باده‌ی دوای نیوه‌شه‌وانی ده‌روێشی…
غه‌مزه‌ی وشكه بڕواییه…
ڕاڕه‌وه‌ی یاساشكێنی…
له نادانییان نه‌بوو ،
ده‌فژه‌ن به‌و ڕوانینه
وه‌همی دادڕه‌سیی
به‌ره‌و باره‌گای نوور به كۆڵدا ده‌ده‌ن…
ژه‌هره گوڵنار ،
شارای زه‌مانی(قاتیی) یه…
نه‌شئه‌ی باده‌نۆشی كهنارهكانه…
چ ههڵپهیهكه
نیوسه‌ده زیاتره، (دارا) دارێكی نه‌دی…؟
لێڕوانین
له قه‌ڵه‌مڕه‌وی سرووته ڕسكاوهكاندا كهنارگیره…
شاش بووه ،
به دوای چهشهیێكدا ده‌گه‌ڕێ
سه‌راپای له خۆنووسانه…ونه…
ده‌فژه‌ن ئاشنان… نامۆ نین
چه‌می چاوان و
هۆشی مه‌ستی و
ڕوناهی دڵان ده‌بینن…
وه‌نه‌وشه‌كان كه ڕازێكیان تێدا نه‌بوو…
ئه‌وه ته‌بعی هه‌ڵبوون بوو
له شه‌وێكی ده‌یجوور و نوته‌كدا…
ئه‌وه…
كانی زهمهندێكه
ڕه‌نگ به په‌لكه‌گیا ده‌دا و
بۆن به عه‌تر ده‌به‌خشێ…
ئیتر چ بهرگرێك هه‌یه
دارستان له‌گه‌ڵ بوڵێڵدا نه‌سووتێ…؟
ده‌فژه‌ن بێ په‌روایه ،
ده‌خوێنێ و ده‌ڕوا…
خۆشخوانی ، كه شۆخی نییه براده‌ر…!
برینی بێشاڵانانه ،
نیگاری سۆز
باڵنده‌ی به‌رزه‌فڕ و
سایه‌ی چیلهمێو…
گه‌ڵا
گه‌ڵا
نه‌ژاد بڕوانه !
گه‌ڵا چۆن بوون به ئاوێنه‌ی وه‌رزه‌كان
دهفژهنیش به گوڵی دیوان…
2004.6.26
-i-
چی بگێڕمه‌وه؟ به ته‌نێ بووین…
بیابانێكی بێ پایان بوو ،
بێ داد ، بێ هانا…
گه‌رده‌لوول ، په‌یامی نیهانیی و
خه‌نده‌ی له‌سێداره‌دراو…
چی بگێڕمه‌وه؟
ڕێكه‌وت سرووشت به‌ده‌ر بوو ،
به‌هانه‌گر ، ڕاگواسته…دڵگه‌رم…
تۆ بڵێ خه‌ونی ڕه‌هێڵه…
ڕامانی باران…
ئاوڕدانه‌وه‌ی به‌فر و
فڕینی سێبه‌ر…
چی بگێڕمه‌وه ، كاكه نه‌ژاد !
كارخانه‌یه‌ك بوو بۆ خۆی ،
له كزه‌بای به‌یانییان پشێوتر ،
سوخته‌ی دڵڕه‌شان…
چی بگێڕمه‌وه؟
ئه‌و وه‌ختی هه‌موو وه‌رزه‌كان
یه‌ك وه‌رز بوون
به‌ڵام نازانم…
به‌بیرم نه‌ماوه كام وه‌رز بوو…
ئه‌گه‌ر بڵێم زستان بوو دڵنیا نیم…!
ئه‌گه‌ر بڵێم پایز بوو… دڵنیا نیم…!
ئه‌گه‌ر بڵێم به‌هار بوو… هاوین بوو
دڵنیا نیم…!!
له بیره‌خه‌و ڕا چوو بووم ،
ئاگام لێ نه‌بوو
هاتبوو دڵی ماندوومی
له جانتاكه‌ی هاوێشتبوو و
ڕۆیشتبوو…
كه هۆشیار بوومه‌وه ،
ده‌ستم له سنگم كوتا، ئینجا زانیم…
لێ پاشی چی…؟ چی بگێڕمه‌وه ؟
چی بگێڕمه‌وه.. كاكه نه‌ژاد…!؟
2004.9.2