لە ئاهەنگی بیست ساڵەی زێواندا.. سهباح ڕهنجدهر
ههموو دهم حهزم كردووه. خهونی ئهو داهێنهرانه ببینم، كه خۆشمویستوون. داهێنان پێوهندی نێوان داهێنهر و خوێنهر دهپارێزێت.
ههوڵدهدهم شاعیری داهاتوو بم، له مهودایهكی دووردا. وهك مرۆڤێكی ڕۆحی بیربكهمهوه، وهك شاعیرێكی ساكار و زهینییش بنووسم.
ئەگەر شاعیر ڕاستگۆ بوو، بێ هیچ گومانێك خوێنەريش زۆر بە ئاسایی هەست بەو ڕاستگۆیییەی دەكات و پێی خۆشحاڵ دەبێت. شیعری پاراو و بێگەردیش وەك مەسیح لە دایكێكی پاكیزە لە دایك دەبێت. لەو ئەزموونەی خۆمدا، كە لە تەنیشت مەرگەوە ژیاوە، كەم و زۆر گەشەی كردووە، هەوڵم داوە ئەو جۆرە شیعرە بەرهەم بهێنم، كە لە دایكێكی پاكیزە لە دایك بووبێت، ئەگەر نەشمتوانیبێت بەرهەمی بهێنم، تێ كۆشاوم لێی نزیك ببمەوە. وەك ڕۆشنبوونەوەیەكی گیانی پێوەی خەریكبم.
دوای ئەوەی بیست ساڵ بە سەر چاپكردنی یەكەمین كتێبم: زێوان-دا تێ پەڕی، بیرم بۆ ئەوە جووڵا، وەك نیمچە ئەزموونێك چەند دێڕێكی لە بارەوە تۆمار بكەم، یان ئەو هەرێمەی ئەو دەقەم تێیدا حەواندووەتەوە. جارێكی دیكە بچمەوە ناوی و مەودا و ئاكارەكانی بپێومەوە، كه لهدایكبوونی بۆچوونمن.
لەو دەقەدا هەوڵم داوە بگەڕێمەوە بۆ كرۆك و ناوكی گیانی منداڵی. بە تاسە و پەرۆشییەكی تایبەتەوە لە زەیندا سەردانی شوێنی منداڵیم بكەمەوە. ئەو شوێنەی شیعر تێیدا پاراو و بێگەردە، خولیایەكی بەهێزە بۆ پاراو و بێگەردبوون، پاراو و بێگەردبوون جگە لە واتای سەربەخۆ. واتای زەینییشی هەیە، مهداری ئهفسوونی وشه و زمانه.
بەهرە و سرووشم لە سروشتی پاكیزە و نەژاكاوەوە وەردەگرت، وەك سەرچاوەیەكی بە پیت و یارمەتیدەر بۆ خەمڵاندنی بیركردنەوەم، لێی نزیك دەبوومەوە.
لە هەیكەلی ئەم دەقەدا، هەموو چەشنە ئەدەبییەكان كۆ كراونەتەوە، پێوەندییان ڕوون و بە ناویەكدا چووە و لە هاتووچووندان، بەڵام بە پلەی یەكەم شێواز و چەمك و ڕامانی سەرەكیی خۆی وەك: (ڕۆمانە شیعر) دەردەخات.
لە تەمەنی نۆزدە ساڵیدا یەكەم هەناسەی بە سییەكانمدا گەڕا، ڕژایە ئاسۆی هەستەكانمەوە. پێویست بوو هەڵی بگرمەوە، لە بیست و دوو ساڵیدا بەرهەم هات و تەواو گەڵاڵە بوو. وەك پرۆژەیەكی ئاراستەكراو، خۆدامەزراندن بیرم لەوە نەكردبووەوە درێژە بە نووسینی دەقێكی لەم جۆرە دوور و درێژ و تاكدەنگی و خەمئامێز بدەم، هەرچەند دەمنووسی پارچەكانم بە یەك دەگرتن هەمووی یەك كەشوهەوا بوون و دەچوونە هەمان دۆخی خەمئامێزی نووسینەوە. وەك ژوورێكی ئاوێنەیی لە هەموو لایەكەوە خۆمی ڕووبەڕوو كردمەوە. ههموو گهردوونی نقوومی خۆی كردبوو، لە دڵەوە لەم ڕووبەڕووبوونەوەیەم پرسی و بە دوایدا گەڕام، بۆ ئەوەی لە سەرگەرمیی گەڕاندا دووبارە خۆم بە بوون بناسێنمەوە. بڕیاری دیكە بۆ چۆنیەتیی ژیان بدەم، هەموو لك و پۆپەكانیش بە ژیانەوە گرێ بدەمەوە و لای مەرگ ڕای بگرم، چونكە نوێبەخش هەمیشە بە خۆناساندنەوەی دووبارە ئاشق دەبێتەوە، پێویستییەكانی ئەشق وەك ئاگرێكی ئەفسووناوی لە ناوەوە گەرمی دادەهێنێ بۆ گەڕان و پەیبردن بە ئاڵۆزییەكان و دۆزینەوەی هێڵ و دۆخی نووسین. سەرەتا سێ ناونیشان بە خۆیانەوە خەریكیان كردبووم.
یەكەم: منداڵی بەرزەخییەكان.
دووەم: زێوان.
سێیەم: گۆڕان لە ئاكاری مەرگدا.
بە درێژاییی ماوەی نووسین نیگەرانییەكیشم لەگەڵدا بوو بۆ هەڵبژاردنی ناونیشان، دواتر لە هەڵبژاردنی زێوان-دا هەموو شتێك بە ئاستی خۆی گەیشت.
لەم دەقەدا، گشتێكی یەكگرتوو هەیە. لە دوای ئەو ئەزموونە ئەم گشتە یەكگرتووە لە ئەزموونی مندا بەرەو كزی و نەمان دەچێت. (ڕەگەزی كتوپڕی) زاڵ دەبێت، ڕایەڵ و تانوپۆی شێوازی لەمەوبەدوام دەچنێت، هەروەها ویستوومە و هەوڵم داوە بە دەنگێكی نەرم و وزە و توانای دۆخگۆڕین، لیریكییەت بكوژم هەموو شیعرێكی لیریكی جۆرێك ژیاننامەیە، یان تاڕادەیەكی زۆر یاننامەییە.
خاڵی جێگیركردنی ڕەگەزی كتوپڕی و دیاریكردنی سنوورەكانی و بەكارهێنانی بە شێوەیەكی دیار لە شیعری هاوچهرخی كوردیدا، تایبەتە بە ئەزموونی من. بەهرەزادە و دەستمایە و (ڕووبەری بينرا)ی منە. تێیدا وزەیەكم بە دەست هێناوە، كە وەرگر دووچاری جۆرێك ئا و نا و دڵەڕاوكێ و خۆخواردنەوە دەبێت. سەرەڕای ئەم خۆدەستنیشانكردنە لەم شێوازەدا زیاتر هەست بە پرۆژەی ناخ و ئێستێتیكای شیعری پاراو و بێگهرد دەكەم، دەشزانم دەبێ باجی خوێنەری یەكئاست و ڕەخنەگری بێ گوتاری ڕەخنەیی و ناخ چەپەڵ و حەربای ئەدەبی بدەم. ڕێك ئەو چوارساڵەی بەو ڕۆمانە شیعرەوە خەریك بووم، هەڵاتووی سەربازی بووم. ژیانم لەناو خانوویەكی ڕووەو هەتاوی دوو ژووری، كە بنمیچەكەی دارەڕێ و قامیشبەند بوو، بە سەر دەبرد. ئەو دارەڕێیە و قامیشبەندەم هەمیشە وەك دارستانێكی سەوزی پڕ بەروبووم و پشت و پەنا خەیاڵ دەكرد، بیرم لە قۆناغی سەوزییی دار و قامیشەكان دەكردەوە. حەوشەیەك، كە باخچەیەكی دڵگیرم تێیدا دامەزراندبوو، لاولاوە بە سەر دیواری حەوشەدا بەرز بووبووەوە، نێوانی دیوار و لاولاوەكە داڵانێكی دروست كردبوو، بە دڵفراوانییەوە جێگامی تێدا دەبووەوە، شوێنێكی هێمن و لەبار و بەهرەبەخش بوو، بۆ نووسین و خوێندنەوە. بە وریاییشەوە سوودم لە كاتی خۆم وەردەگرت.
هێڵی نووسین ورەی بەرز دەكردمەوە، هەستێكی سەیری لەگەڵ خۆیدا دەهێنا، زیاتر ئەزموونی ژیان و هاواری خود بوو، لەوەی ئەزموونی كتێب و زانیاری و فێربوون بێت، واتە: هەستی بوونمە لە ناو ژیانی واقیعدا و لە ناوی دەجەنگام، كە شكۆمەندترین جەنگە. ئەم ژیانە نیمچە داخراوە لەو ماوەیەدا گیانێكی چالاك و سەرڕێژ لە هەوڵدانی بۆ نووسین لە تەواوی هەستەكانم ڕسكاندبوو، زۆر لە مردن و تارماییی مردن دەترسام، دڵم بە تەقەی دەرگایەك دادەخورپا، كەچی بەردەوام لە باری شیعریدا ئەم ترسە پێچەوانە دەبووەوە. بیركردنەوە لە خۆكوشتن لە دەقەكەدا زاڵ دەبوو، بە وریایییەوە چاودێریی سروشت و پێوەندییەكانیم دەكرد. میوە و گوڵی وەرزەكانم پەیدا دەكرد. لێیان ورد دەبوومەوە، هەستم بە ئاسوودەیی و پشتیوانی دەكرد. دڵم نەدەهات میوەكان بخۆم، كە ڕەنگیشیان دەگۆڕا، بۆن لێی دەدان. هەست و ترسی مردن زیاتر لە لام مەترسیدار و قووڵتر دەبووەوە.
ئەو بار و دۆخ و دەوروبەرە هەناسەی توند گرتبووم، بەڵام هەوڵم دەدا بارودۆخە بوونییەكە ڕایەڵ و تانوپۆی تەواوی دەقەكە نەچنێت و داگیری نەكات، بگرە سوودی لێ وەربگرم بۆ دروستكردنی كەشێكی هەستی و ههستكردن به هاوشێوهیی سروشت و زمان. لە پێناوی ئەوەی تا شیعر بە شیعری بمێنێتەوە، كەمێك دووربكەوێتەوە لەو بينرانەی، كە دەبنە مایەی خرۆشانی كاتی.
لەو سەروبەندەدا چوار كۆشیعری، چوار شاعیری ناوداری حەفتاكان:
1 _ (ڕووبار)ی شێركۆ بێكەس، 2 _ (سروودی هەژاران)ی لەتیف هەڵمەت، 3 _ (سووتان لەبەرباراندا)ی ڕەفیق سابیر، 4 _ (سهمفۆنیای وهنهوشه)ی دڵشاد مهریوانیم خوێندنەوە، بە شێوەیەك شیعریان ملكەچی واقیع كردبوو، ڕۆڵی بیركردنەوەی خوێنەریان تێدا كوشتبوو. لە كاتێكدا شیعر ملكەچی ئەو پێویستییانەیە، كە كاری هونەری و شیعریبوون و زمان و ترپە و ئاواز دەیخوازن. واقیعیان لە دۆخی خۆیدا هێشتبووەوە، ڕانەكێشابووە ناو چوارچێوەی شیعریبوونەوە. شیعرێك واقیع لهناو خۆی بهرجهسته بكات. زیاتر دیكۆمێنتێكه، شیعر نییه. شیعری پاراو و بێگهرد بنیادێكی زمانیی و ههستی و زهینی لهناو خۆی بهرجهسته دهكات.
شیعر پێش ئەوەی واقیع دروستی بكات، یان یارمەتیدەری بێت بۆ دروستبوون، كەشێكی هەستی و بنیادێكی زمانییە.
تا ڕادەیەك ئەدەبی واقیعییان لە بەردڵ و چاوم، سیما و سایە گران كرد. لەوەش دڵنیا بووم لە ئەدەبی واقیعیدا شاكاری نایاب هەیە. هەموو توخمەكانی شيعريبوونی تێدا بەجێ هێنراوە. بە شانازیی داهێنان گەیشتوون، بەڵام ئەم شاعیرانەی خۆمان نەیانتوانیبوو واقیع بە دەوری خۆیاندا بخولێننەوە. بگرە ئەوان سست و تەمبەڵانە بە دەوری واقیعدا خولابوونەوە، لە ئەنجامی ئەو خاڵەدا هەستێكی سەیری بەراوردكارانەم لا دروست بووبوو.
شیعری پاراو و بێگهرد ئهو فۆرمه ههڵدهبژێرێ، كه له زهیندا بنیادێكی دهنگییه و تێیدا بهرجهسته دهبێت. دهنگهكهش له ڕێگای بهرجهستهكردنهوه وهك بههای دهنگیی دهردهكهوێت.
لەم دەقەدا نەگەیشتم بە تەواوی ئارەزووەكانم، ئەگەر بگەیشتمایە بە تەواوی ئارەزووەكانم درێژەم بە نووسین نەدەدا و لە هەوڵدان دەكەوتم. هونەرە جوانەكان دەربڕین لە تەواوی پێویستە گیانییەكانی مرۆڤی هەستپەروەر دەكات. زمان و بیر و خەون و سۆزش تێیدا فۆرم وەردەگرن. ئاستەكانی فۆرم وەرگرتنییش لە شێوازدا هاوسەنگییان دەوێت. ورووژان و نامۆیییەكی بكوژ لە ناخمدا دەستی پێ كردبوو، مەرج نییە تەنیا ئەو شاعیرانەی لە دەرەوەی سنووری وڵات دەژین تاراوگەكراوبن، نامۆبوون لەو بارەدایە، كە شاعیر تێیدا هەڵسوكەوت دەكات. پێوەندیی بەو هەلومەرجەوەیە، كە چۆن هەستەكانی دەكاتە بابەتی شیعری پاراو و بێگهرد و كانگای باڵا.
پێم وایە پێویستە بەو پێناسەیەدا بچینەوە، كە نامۆبوون تەنیا لە دەرەوەی سنوورەوە بێت. من لە ناو وڵات و كەسوكار و ماڵەكەی خۆمدا ئەو دەقەم بەرهەم هێناوە. كەچی نامۆبوون تەواو ڕایەڵ و تانوپۆی چنیوە، بە ئەزموونی تاراوگەكراو و نامۆبوون و نامۆیی داهێنەرانە تێ دەپەڕیم. نائارامییەكانی دنیا سەرنجیان بەرەو لای خۆیان ڕاكێشام و بەسەر خەیاڵمدا زاڵ بوون، ڕەچاوی گۆڕانی بار و دۆخەكەیشم دەكرد. ئەم دەقە دەقێكی مۆنۆدرامییە، سروشتێكی زەینی و گیانیی هەیە. بە شێوازی مەنەلۆگی ناوەوە بەرهەم هاتووە. پێش ئەوەی لە لاپەڕەی دەفتەردا نووسرابێت، لە ناخمدا نووسرابوو، بە پڕتاو و هاوارەوە دەهاتە دەرەوە. وەك منداڵێك، كە سووڕی گەشەی خۆی تەواو كردبێت. بە ئاسایی و جەستە و گیانێكی تەواوەوە لە دایك بێت. خودا چارەنووسی: (ئاو، خۆڵ، ئاگر، با، خهون، شیعر)ی لا ڕوون بوون، بۆیە منی وا گیرۆدە كردوون. لە ئەزموونی مندا، شیعر وەك سەمەندەر لە خۆڵەمێشی سووتانی خۆمدا لە دایك دەبێت و گیانێكی خەمگینی دێتە بەر.
بۆ ئەوەی شاعیر بە شیعریبوون بگات، پێویستە بە نامۆییدا گوزەر بكات، یان لە نامۆییدا بژیێت. چونكە بەشێك لە بوونی شیعر لە جەستەی نامۆییدا دەمێنێتەوە، دەبێتە ئەفسوون و ڕاز و ڕاهێنانی زمان. ئەفسوون و ڕاز و ڕاهێنانی زمانیش شیعریبوون و پێكهاتەكانی تێدا گەشە دەكات و دەدۆزرێتەوە. هەست بە نامۆییكردن لە باری دەروونی و كەسایەتیی داهێنەردا بەرجەستە دەبێت، چركەی هەژان و بەرزبوونەوەی ناخ دەیدۆزێتەوە. لە هەموو سەردەمە دڕدۆنگ و نالەبارەكاندا شیعر ڕۆڵی جوانیبەخشیی خۆی وازی كردووە. كرۆك و ناوكی شيعريبوونی نەدۆڕاندووە. شیعر هەقیقەتی جوانییە و ورەمان بەرز دەكاتەوە، نابێتە سیمایەكی دیار لە سیما گشتییەكانی كۆمەڵگا و مرۆڤایەتی. ڕوونتر، شیعر دەربڕین نییە لە بوونی كۆمەڵگا و مرۆڤایەتی، دەربڕینە لە بوونی جوانییەكانی كۆمەڵگا و مرۆڤایەتی و گەردوون.
شیعرم نەكردووە بە ئامرازی مەبەستە سیاسییەكان، یان دەربڕی سۆزی سیاسی، بەڵام باوەڕ و بیری سیاسیم ڕاكێشاوەتە ناو مەبەستە شیعرییەكانم. بەهای شیعری لە ئهفسوونی زماندایە، نەك لە مانا و مەبەست، بەڵام چێژ لە ئاستداریی زمان و مانا و مەبەستدا دروست دەبێت.
شیعر لە بواری خۆیدا دەتوانێت هونەری شێوەكاری و فۆتۆگراف و گۆرانی و درامای شانۆیی و مۆسیقا و تەلارسازی و هونەری دیكەش وازی بكات، هەروەها هونەری دیكەش دەتوانن بەشداری لەوەدا بكەن، شیعر وەربگێڕن بۆ زمانی خۆیان. شیعر لە هەندێ باردا دەبێتە باوكی هونەرەكان، لە هەندێ باری دیكەشدا دەبێتە كوڕ و كوڕەزا.
ڕێكەوت هەیە شیعر دەربڕین لە بارێكی سایكۆلۆژی دیاریكراو دەكات. تەنیا هێزی ویژدان پەیی پێ دەبات. وەك چۆن هەندێك جاران مووچڕكێك بە گیان و لەشدا دێت، دەربڕین لە بارێك دەكات، پاش ماوەیەكی كورت بە هیچ هەوڵ و شێوە و ئاكارێك ناتوانیت بگەڕێیتەوە سەر هەمان باری مووچڕكەكە. مووچڕكیش زادەی بار و چركە جوانەكان و ویژدانی مرۆڤە لە هەست پێكردنە زۆر تایبەتییەكاندا، كە لە نووسینیشدا دادەمام و نەمدەتوانی بەردەوام بم، لە سەر كاغەزەكانی بەردەستم وێنەم دەكێشا، وێنەی ئێجگار سەرەتایی: شاخ و داخ، ئاسمانی بە هەور، مرۆڤ، چرا، چەتری هەڵدراو لە بەر باران، سەبەتەی مام زۆراب، ئهسپ و تاژی، جووچكە و مریشكی دانەوێڵە بۆ ڕژاوی حەوشە، ژنی بە دیارەوە وەستاو، كاتژمێری گەورەی دیوار، تهختهڕهش، پیكاب… تاد، كە دەقەكە بە شێوەیەكی گشتی لام تەواو بوو، بۆ دواجار پێیدا چوومەوە و دڵنیا بووم، دوا توانا و هەست و درەوشانەوەم ڕژاندووەتە ناویەوە. بیرم لە خۆئامادەكردن كردەوە بۆ چاپكردنی، ئەو كێشە و گیروگرفتانەی بە هۆیەوە ڕووبەڕووم دەبنەوە. پێش ئەوەی بۆ دەزگای چاودێریی بنێرم پیشانی: (نەژاد عەزیز سورمێ)م دا. تەواو بڕوام بە شاعیریەتی ههبوو، لە لاپەڕەی یەكەمدا ئەم بۆچوونەی یاداشت كردبوو: (زێوان ژانێكی پڕ بەهرەی تێدا بە كار هاتووە، چاپكردنی سەرەتای شاعیریەتییهكی باشت بۆ دەستنیشان دەكات.) بۆچوونەكەی هاندەر و پاڵپشتێكی گیانی بوو بۆ من. سووری كردم كۆڵ نەدەم، ئەو سەرەتایە دەستنیشان بكەم.
ناردم بۆ دەزگای چاودێری، دەشمزانی پەیبردن بە تازەییی ئەم شێوازە شیعرییە دوور لە بگرە و بەردە و قووڵبوونەوە، گوتوبێژی لە دڵەوەی دەوێ، ئەوجا بڕیار لەسەردان.
دەزگای چاودێرییش سێ جار ڕەتی كردەوە. بڕواشم بەوە هەیە. هێزی دەروونیش یارمەتیی ئەوەی دام، ئەگەر جاری یەكەم سەر نەكەوتم: جاری دووەم و سێیەم و چوارەم… تاد، هەیە. منیش سوور بووم و كۆڵم نەدەدا. لەبەرئەوەی دەمزانی كارم لە شێواز و زمانێك كردووە قبووڵكردنی بێ گۆنگەر و گێچەڵ نییە. ئەو ڕۆژەی نائومێدیان دەكردم و مۆری ڕەتكردنەوەیان لێ دەدا. دوای ماوەیەكی كورت دووبارە ئامادەم دەكردەوە، دەمناردەوە. بەهانەی ڕەتكردنەوەكانیشیان هیچ پێوەندی بە هونەر و ئاستی شیعریبوون و زمانەوە نەبوو. لە سەر بنیاد و بنەما دۆخگۆڕ و بنەڕەتییەكان بمانوەستێنێت و پێگە و پێكهاتەكانمان نیشان بدات. ئەوەی زۆر جێگای گومان و سەرنجیشە، دەقەكە شتێكی ڕوواوڕووی دژی ئایین و سیاسەت و شێوازی حوكمڕانی تێدا نەبوو.
بە هەرحاڵ، بۆچوونی شارەزای یەكەم جۆرێك بناغە و بنەمای تێدایە، كە تەمەنی بۆ داهێنان بە گرنگ و پێوەر زانیوە. وەك بۆچوون و جۆرێك لە بیركردنەوە ڕێزی لێ دەنێم، بەڵام بۆچوونی شارەزای دووەم و سێیەم دژایەتییەكی بێ بنەما و ڕووتن، ئەقڵی ڕاڤەكارانە نین. جۆرێك سووك تەماشاكردنی ئەدەب و سووكایەتی پێكردنیشە. هیچی تێ ناچێت بڵێی بەرد باری و كێڵگە و سروشتی سەوز و پاراو كرد، یان بەردبارین سوودمەندە بۆ مرۆڤایەتی، بەڵام كاری پرۆگرامی ڕەخنەگر ئەوەیە سەوزبوونەكە وەربگێڕێ بۆ باری واقیعی بەرد بارینەكە. ئەو كات پەی بە نهێنیی هێزی داهێنەرانەی شاعیر بردووە. بیر و هونەری شاعیری بۆ وەرگر وەرگێڕاوە. بۆ جاری چوارەم مۆڵەتی پێدرا. كە دانە مۆڵەت پێدراوەكەم پێگەیشتەوە، ئەو شەوە یەكەم شەوە لە ژیانی خۆمدا تێیدا نەنووستبم تا بەیانی. لە بارێكی شاگەشكەییدا ژیام. وام دەزانی ژیان هەمووی لە ناو ئەو دەفتەرەدایە، كە پاش ماوەیەكی دی دەبێتە كتێب. پەلەم بوو، بڵێم منیش هەم. ڕووبەڕووی خودی خۆم بووبوومەوە. شیعرم بۆ ئەوە نەبوو بە هۆیەوە جیهان بناسم. بۆ ئەوەم بوو، چیرۆكێك دروست بكەم بۆ گێڕانەوە.
ئەو سێ بۆچوونەی، كە پێی تلاومەتەوە و ئەو بۆچوونەی، كە پێیشی شاگەشكە بووم. وەك خۆیان تۆماریان دەكەم.
بۆچوونەكانم لە فەرمانبەرێكی هەمان دەزگا بە ناوی: (سەرگوڵ تەیموور محەمەد ئەمین)، دەست كەوت. لە یەكەم بینیندا ئاشنایەتییەكی جێگای بڕوا لە نێوانماندا پەیدا بوو، لەو ڕۆژە ڕەش و تاریكەدا ئەم كارە پڕ مەترسییەی بۆ كردم.
یەكەم: (ئەم شاعیرە نەناسراو و لاوە، كەچی چەكامەیەكی درێژی نووسیوە، چەكامەی لەم شێوەیە پێویستی بە ئەزموونی دوور و درێژ و دەوڵەمەندە. ئەمە تازە لە سەرەتای ڕێگادایە. چاپكردنی دوا بخرێت سوود بە بەهرە و دواڕۆژی شاعیر دەگەیەنێت.)
محەمەدی مەلا كەریم
دووەم: (ڕەشبینییەكی لە ڕادەبەدەر گەمارۆی ئەم لاوەی داوە، ئەگەر لاوی ئەم وڵاتە بەم شێوەیە دووچاری ڕەشبینی و گێژەن بووبن ئەوە كارەساتە، ئەم جۆرە دەربڕینەش یاخیبوونیانە لە دەسەڵات و واقیع. دواتریش زۆر ئاڵۆز و تەم و مژاوییە. هیچ جۆرە كێشێكی تێدا نییە. شیعری سەربەست كێشی تایبەتی هەیە. نە پەخشانی هونەرییە، نە شیعری سەربەستە. هانی ئەم جۆرە نووسینانە نەدرێت.)
مەجید نەدیم
سێیەم: (ئەمە شیعرێكی ئاڵۆزە، كۆمەڵێك وڕێنەی لاوێكە، كە هێشتا لە شیعردا خۆی نەدۆزیوەتەوە. ئەم شاعیرە یەكێكە لەو شانەیەی دەیانەوێ دوای (ڕوانگە) وەك بزووتنەوەیەكی شیعری خۆیان بناسێنن. (مەحموود زامدار) ڕابەرایەتی و پڕوپاگەندەی گەورەكردنیان بۆ دەكات، ناوی لێ ناون (پێشڕەو – تەلیعی). ڕەگی ئەم شانەیە لە ناو كۆمەڵگای كوردەواریەوە نەهاتووە. پەیڕەوی ئەدەبی ئەوروپی دەكەن. ڕەوا نییە ڕێگا بۆ ئەوانە خۆش بكرێت ئەم ئاژاوەیە بنێنەوە، بیهێننە ناو ئەدەبی كوردی.)
محەمەد بەدری
چوارەم: زێوان ئەزموونی لاوێكە، بەڵام هەڵكەوتووە، هونەر و داهێنانی تێدایە. هەوڵ و شێوازێكی ڕەسەن و خۆماڵییە بەرەو نوێخوازی، پشتیوانی لێكردنی بۆ چاپكردن پێویستە. دوای ئەوەی ئەو شوێنانەی ئاماژەم بۆ كردووە لا برێت تین و تاوێكی بە جۆش بە شیعرەكە دەبەخشێت، لە ئەگەر و گومانیش دای دەماڵێت).
مەحموود زامدار
لەو بگرە و بەردەیەی ڕەتكردنەوە و ڕێ پێدانی كتێبەكەمدا ڕۆژنامەنووس: (مەحموود زامدار) هەستی بە باری دەروونی و نیگەرانیی من كردبوو، كە لە ناخەوە زۆر كەسەربارم، چاوپێكەوتنێكی تێر و تەسەلی لەگەڵدا ساز دام، له ژماره (907_ 908) ی ڕۆژنامهی: ( هاوكاری _ 17/9/1987_ 24/9/1987)، به ناونیشانی: ( مژدهیهكی تر ). بە دوو ئەڵقە بڵاوی كردەوە. بە وردی بۆچوون و دەردە دڵەكانی خۆم دەربڕیبوو، تا ڕادەیەك لە خۆڕازیبوونێكی هەرزەكارانەشی تێدا بوو، بەڵام بۆچوونەكانم لەو ئاستەدا خۆیان دەكردەوە، كە كتێبەكەم دەیویست پێشكێشی بكات، یان ئەو هیوا و بەرزویستییانە بوون، كە هەمبوون، بەڵام نەمهێنابوونە دی. سەرەتا نووسین یەك وشە بووە. دواتر ئەم وشەیە بە ناو ژیاندا درێژ بووەتەوە، بووەتە سەرچاوەی بەهرە و سرووش. ئەم دەقەی منیش سەرچاوە و بەهرە و سرووشی لە یەك وشەوە وەردەگرێت. حوزەیرانی 1988 وەك كتێبێك لە 88 لاپەڕەدا چاپم كرد، هەموو دڵخۆشییەكانم هاتنە دی.
ههموو دهم حهزم كردووه. خهونی ئهو داهێنهرانه ببینم، كه خۆشمویستوون. داهێنان پێوهندی نێوان داهێنهر و خوێنهر دهپارێزێت.
قۆناغی هەشتاكان قۆناغێكی یەكلاكەرەوە بوو، بۆ چارەنووسی شیعری كوردی و خەیاڵی كوردیی گەیاندە ئاستی پەی پێبردن بە: پاكیزەیی و بێگەردیی شیعر، هەروەها شیعری لە باری هەڵچوون و توندوتیژی خستنەوەدا، گواستەوە باری خامۆشی و تێڕامان و شۆڕبوونەوە بۆ ناخ و ڕوونبوونەوەی دیدگا. گراناییی پێكهاتەی هونەریشیان بردەوە سەر دەنگ و دیمەن و وێنە. لانی كەم كەشێكی جیاكاریی هێنایە گۆڕێ. ئەم گواستنەوەیە چ لە لایەنی دەسەڵاتەوە، چ لە لای ئەو شاعیر و نووسەرانەی هەستیان دەكرد كەشێكی جیاكارتر هاتووەتە پێشەوە، خەریكە خۆی زاڵ دەكات، دەبێتە ڕووداو و دیاردە. ئەو جیاكارییەیان پێ قبووڵ نەدەكرا، دەسەڵاتیش دوور و نزیك بە دژی ئەو بزووتنەوەیە بە كاری دەهێنان.
ههوڵم داوه جیهانی خهون و جیهانی ههقیقهت و جیهانی فهنتازیا و جیهانی ئێستێتیكا… تاد، له ڕێی ڕێكخستنی مانای بژاركراو و بهكارهێنان و ههڵبژاردنی زمانهوه دروست بكهم.
دەقی زێوان ئەزموونێكی وێنەخوازی و زمانگەرایییە، تا ناوەرۆكخواز. پێش چاپكردنی، دەزگای چاودێری چڕنووكی لە خوێن و گۆشتی وەشاندووە، دوای چاپكردنییش كۆمەڵێكی دیكە چڕنووكەكەیان توندتر گوشی و قوڕیان بۆ شێلام. ئەو بۆچوون و دژایەتیكردنانەم هیچ بە لاوە گرنگ نەبوون، ئەوەی گرنگ بوو، چۆن پرۆژە شیعرییەكانم بگەیەنمە ناوچە بەرزەكانی شیعریبوون. وەڵامیشم بۆ بیانووپێگران و كار لێنههاتووان، تەنیا بزەیەكی سامناك بوو، بۆ لەمەوبەدواش هەر هەمان بزەی سامناكم دەمێنێتەوە، چونكە دڵنیام خەڵكی بێ بەهرە و ناداهێنەر و حەربای ئەدەبی و قۆپیەچی و كلۆر و ناوەجاغ و ههرزهوهڕ و گای بنه و ئاگری بن كا و داردهستی ئهم و ئهو و گهدهوگوده… تاد، سەرقاڵی كاری لەم جۆرە دەبن. لەم ڕووەیشەوە ڕووبەڕووی نووسەری بە بەهرە و داهێنەر نابمەوە، خهیاڵی شیعری خۆم به كار دهبهم، له ناوچەوانی شیعری كوردی دهنووسم: نوێبهخشی.
دروود و سوپاس: بۆ حیكمهتی دهق و ترپەی لێدانی دڵم، كە ئاگرێكی ئەفسانەیییە، بەردەوام هێزی گیانی و گەشەم دەداتێ. سەركۆنەشی كردم و گوتی: ئەگەر گەنجینەی گیانت بەتاڵ بوو، نەتتوانی لە خۆ بەپیتكردن و پەرەپێدان بەردەوام بیت، تەرمی خۆت زوو لە بن بارستێكی خۆڵدا بشارەوە. ئاگاداریش بە شیعری پاراو و بێگەرد بە دەستی گڵاو ناگیرێت. گەورەم ئەی شیعری پاراو و بێگەرد تا مردن سەرلەڕێ و گوێڕایەڵی تۆم، له بەردەم ئاستانه و بهرزایییه پیرۆزهكانت دهوهستم، پێداگری و سهركێشی دهكهم.
ههموو دهم حهزم كردووه. خهونی ئهو داهێنهرانه ببینم، كه خۆشمویستوون. داهێنان پێوهندی نێوان داهێنهر و خوێنهر دهپارێزێت.
حوزەیرانی 2008 هەولێر

