دوو نامەی لینین بۆ مەکسیم گۆڕکی.. وەرگێرانی لە عەرەبییەوە : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
نامەی یەکەم
ئازیزم ئەلێکسی مەکسیمۆفچ
ماوەیەکی زۆرە هیچم بۆ نەنووسیویت. سەفەرەکەمان بەردەوام دوا دەکەوێت و ئاستەنگی سەرەکی لە ئێستادا نەگەیشتنی هەواڵی تۆیە لە برۆکسلەوە. هاوڕێیانی ئەوێ بۆیان نووسیوم و دەڵین چاوەڕوانمن بۆ کۆبوونەوەی مەکتەب( مەکتەبی سۆشیالیستی ئەنتەرناسیوناڵ). لە ڕازگری نهێنی سەبارەت بە سەفەر پرسیارم کرد(لەبەر ئەوەی دەبێت سەفەری ئیتاڵیا بکەم) بەڵام هیچ وەڵامێکم نەدراوەتەوە. وە ناشتوانم برۆکسل بەجێبهێڵم. ئایا بڵاوکراوەی پرۆلیتاریت بەدەست گەیشتووە؟ چی لەبارەوە دەڵێی؟ئەی لۆناشارسکی چی لەبارەوە دەڵێت؟ بەداخەوە ڕەتکردنەوەی ئەوم سەبارەت بە نووسین دەربارەی کۆمۆنە بەدەست گەیشت. سێیەم ئەندامی دەستەی نووسەرانمان ئینۆ کینتییە.(*)
نامەم دەربارەی هەر پڕۆژەیەکی خۆت و لۆناشارسکی بۆ پرۆلیتاری، بۆ بنووسە.
دەستت بە گەرمییەوە دەگووشم
لینینی خۆت
جنێف / نیوەی یەکەمی مانگی ئازاری ١٩٠٨
(*)ئینۆ کینتی ناوی حیزبیی دۆبرۆفنسکییە.
نامەی دووەم
ئازیزم ئەلەکسی مەکسیمۆفیچ!
ئەمڕۆ لەگەڵ میشکۆفسکی گەیشتینە ئێرە. سبەینی بۆ شتۆتگارد ئەڕۆین.زۆر زۆر گرنگە تۆش لەوێ بیت. چونکە بە فەرمی ناوی تۆ لەوێ لەلایەن کۆمیتەی ناوەندییەوە وەک ئەندامی ڕاوێژکار تۆمار کراوە. ئەمە هۆی یەکەم. هۆی دووەم شتێکی زۆر باش دەبێت یەکدی ببینین، ئەگەر نا بۆ ماوەیەکی درێژ یەک نابینین. سێیەم کێشەکە خۆی لەوەدا نابینێتەوە کە سەفەرێکی بیستو چوار سەعاتییە و لە هەفتەیەک زیاتر ناخاێنێت.(ئەمە لەندەن نییە!)وە هیچ درەنگیش نابێت ئەگەر ڕۆژی یەکشەم یان دووشەم سەفەرەکەت دەست پێبکەیت.
بەکورتی هەموو لەپێشوازیتدان و ئاسانکاریش بۆ هەموو شتێکیش کراوە.تکا دەکەم بێی ئەگەر بۆت دەکرێ.مەهێڵە دەرفەتی بینینی کاری سۆشیالیستە ئەنتەرناسیوناڵەکانت لەدەست بچێت.ئەمە قسەی سەرزارەکیی و موجامەلەی ڕووکەشانە نییە. هەروەک ئێمە ناتوانین بەنامە وردکاری ئیش و کارەکانمان تێبگەین، ئەگەر یەکتر نەبینین. زۆر بەکورتی، دەبێت هەر بێیت.
بەنیازی دیدار
سڵاوی زۆرم بۆ ماریا فیدرۆفنا() لینینی خۆت چوارشەممە ١٤-٨-١٩٠٧ ()ماریا فیدرۆفنا هاوژینی مەکسیم گۆرکی لەساڵی ١٩٠٤ ەوە ئەندامی حیزبی بەلشەفیک بوو و شانۆکار بوو.
وەرگێرانی لە عەرەبییەوە : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
سەرچاوە : في الادب و الفن ف.آ.لینین ترجمة من الروسیة الی العربیة یوسف حلاق الجزء الثاني مطبعة وزارة الثقافة دمشق ١٩٧٣ صفحة ١٠ و ٢٩.