Skip to Content

له‌ كاره‌ساتی ئه‌نفالی شێخ وه‌سان و بالیسان خوشكه‌ گه‌وره‌كه‌م وه‌ك پاڵه‌وان ده‌ركه‌وتووه‌

له‌ كاره‌ساتی ئه‌نفالی شێخ وه‌سان و بالیسان خوشكه‌ گه‌وره‌كه‌م وه‌ك پاڵه‌وان ده‌ركه‌وتووه‌

Closed
by نیسان 20, 2020 General, Genocide


ئەم چیڕۆکە مەگەر هەر له‌ فیلمە خەیاڵیەکانی هۆلیۆد هەبێت
هاوكار عه‌بدوڵڵا شێخ وه‌سانی

دوای ئه‌وه‌ی 16/4/1987 گوندی شێخ وه‌سان به‌ سه‌ختی بۆردومان كرا، له‌م كاره‌ساته‌ ده‌یان شه‌هید و برینداری لێكه‌وته‌وه‌. خێزانی ئێمه‌ یه‌كێك بوو له‌وانه‌ی كه‌ خودا ده‌رووی خێری لێكردینه‌وه‌ و به‌ كیمیابارانه‌كه‌ نه‌مردین، به‌ڵام زۆر به‌ سه‌ختی بریندار بووین. من كه‌ ئه‌وكات ته‌مه‌نم چه‌ند مانگێك ده‌بوو كیمیابارانه‌كه‌ زۆر كاری لێم كربوو، به‌ جۆرێك هه‌موو گیانم سوتابوو دایكم هه‌موو كات به‌ چاوی گریان بۆم ده‌گێڕێته‌وه‌ و ده‌ڵێت: “من دامنابوو كه‌ تۆ سه‌د له‌ سه‌د ده‌مریت، به‌ڵام له‌به‌ر گه‌وره‌یی كاره‌ساته‌كه‌ غه‌می مردنه‌كه‌ی تۆمان نه‌بوو وه‌لێ غه‌می گه‌وره‌مان ئه‌وه‌بوو كه‌ تۆ ده‌مریت و پارچه‌یه‌ك كفن نییه‌ پێت بشارینه‌وه‌” نامه‌وێ زیاتر باسی چیرۆكی خۆم بكه‌م، چونكه‌ له‌ ساڵانی ڕابردوو باسم كردووه‌، به‌ ناونیشانی (منداڵێك ده‌مرێت كفن ده‌ست ناكه‌وێت). له‌م ساڵیاده‌دا به‌ ده‌رفه‌تی ده‌زانم باسی چۆنیه‌تی ڕزگاربوونی خێزانه‌كه‌م بكه‌م له‌ ئه‌نفال.
دیاره‌ ئه‌وانه‌ی به‌ برینداری مانه‌وه‌ له‌ گونده‌كه‌ بۆ ڕۆژی دواتر واتا 17/4/1987 به‌ تراكتۆر و پاس به‌ره‌و ڕانیه‌ و شه‌قڵاوه‌ گواسترانه‌وه‌. خێزانی ئێمه‌ و خزم و كه‌سه‌كانمان یه‌كێك بوون له‌و خێزانانه‌ی له‌ قافڵه‌كه‌ی ڕانیه‌دا بووین. كاتێك ده‌گه‌ین به‌ ڕانیه‌ ده‌برێنه‌ نه‌خۆشخانه‌ی گشتی ئه‌م شاره‌، ته‌ندروستی هه‌موومان له‌وپه‌ڕی خراپی بووه‌، ته‌نیا برایه‌كم كیمیاباران زۆر كاری تێنه‌كردبوو ئه‌ویش كاك (سه‌عدوڵڵا) بووه‌، پیاوێكی ڕانیه‌یی كاتێك له‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌ به‌ هانای برینداره‌كان ده‌چێت زۆری لا سه‌یر ده‌بێت تاكه‌ منداڵێك له‌ نێو برینداره‌كان كه‌ هیچ ئاسه‌وارێكی ئه‌م كاره‌ساته‌ی به‌سه‌ره‌وه‌ نییه‌، (كاك سه‌عدوڵڵا)یه‌، بۆیه‌ داوا له‌ دایكم ده‌كات كه‌ ڕێگای بدات ئه‌م منداڵه‌ له‌گه‌ڵ خۆی به‌رێته‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ له‌ ڕانییه‌، كاك سه‌عدوڵڵا كه‌ ته‌مه‌نی حه‌وت ساڵ ده‌بێت ئه‌گه‌رچی زۆری پێ خۆشده‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌م پیاوه‌ بێگانه‌یه‌ بڕوات به‌ڵكو نه‌جاتی بێت له‌م حه‌شامات و هاواری برینداره‌كان به‌ڵام دایكم سه‌ره‌ڕای برینداری و شه‌كه‌تی زۆر به‌ توندی ڕووبه‌ڕووی كابرای ڕانیه‌یی ده‌بێته‌وه‌ و پێی ده‌ڵێت “ئه‌م منداڵه‌شم سائیری منداڵانی ترم، ناهێڵم له‌گه‌ڵ خۆتی به‌ریت”
دواتر سه‌رجه‌م برینداره‌كان به‌ پاس بۆ هه‌ولێر نه‌خۆشخانه‌ی (كۆماری) ده‌گوازرێنه‌وه‌، خوشكه‌ گه‌وره‌كه‌م (حه‌لیم خان) ئه‌وكات ساڵێك بوو شوی كردبوو، ماڵیان له‌ قه‌زای شه‌قڵاوه‌ بوو، كاتێك هه‌واڵی ئه‌وه‌ی پێده‌درێت كه‌ شێخ وه‌سانان كیمیاباران كراوه‌ و سه‌رجه‌م برینداره‌كانیش بۆ هه‌ولێر گواستراونه‌ته‌‌وه‌، ئاگر له‌ ده‌روونی به‌رده‌بێت و ده‌ڵێت هه‌ر چۆنێك بێت ده‌بێت خۆمیان بگه‌یه‌نمێ و له‌ حاڵیان ئاگاداربم، له‌به‌رئه‌وه‌ی مێرده‌كه‌ی فێراری عه‌سكه‌ری ده‌بێت ئه‌و ناتوانێت له‌گه‌ڵی بێت بۆ هه‌ولێر بۆیه‌ داوا له‌ شوبراكانی ده‌كات كه‌ به‌ خێرایی بیگه‌یه‌نه‌ هه‌ولێر. حه‌لیم خان له‌گه‌ڵ دوو له‌ شوبراكانی ده‌چن بۆ هه‌ولێر، دوای پرسیاركردن بۆیان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ برینداره‌كان هه‌موویان له‌ نه‌خۆشخانه‌ی كۆمارین. بۆیه به‌ په‌له‌ خۆیان ده‌گه‌یه‌نن به‌م نه‌خۆشخانه‌یه‌، حه‌لیم خان كه‌ داده‌به‌زێت له‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ بێ ئه‌وه‌ی گوێ به‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و پۆلیسی نه‌خۆشخانه‌ بدات كه‌ ڕێگری زۆری لێ ده‌كه‌ن بچێته‌ ژووره‌وه‌، به‌ڵام ئینكاری ئه‌و وا له‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كان ده‌كات ڕێگای پێ بده‌ن و بچێته‌ ژووره‌وه‌.
كاتێك هه‌موو قاوشه‌كانی نه‌خۆشخانه‌ ده‌نۆڕێت هیچێك له‌ خزم و كه‌سه‌كانی خۆی نادۆزێته‌وه‌، حاڵی ده‌روونی یه‌كجار په‌رێشان ده‌بێ، بێ ئه‌مه‌ل ده‌بێت له‌وه‌ی كه‌ خزم و كه‌سه‌كانی ماون، به‌ڵام له‌ پڕ پاسێك دێت ته‌واوی خزم و كه‌سه‌كانی تێدایه‌، هه‌ر زوو له‌ سسته‌رێكی نه‌خۆشخانه‌ ده‌پرسێت كه‌ ئایا چاره‌نووسی ئه‌م بریندارانه‌ چی ده‌بێت لێره‌؟ سسته‌ره‌كه‌ش پێی ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر ماڵی خزمێكتان له‌ هه‌ولێره‌ خێرا بیانگه‌یه‌نه‌ ئه‌وێ چونكه‌ مانه‌وه‌یان لێره‌ مه‌ترسییه‌ و بڕیاره‌ بگوازرێنه‌وه‌ بۆ شوێنی نادیار. حه‌لیم خان كه‌ ئه‌م قسه‌یه‌ له‌ سسته‌ره‌كه‌ ده‌بیستێت هه‌وڵده‌دات كاره‌كانی خێراتر بكات. ئیتر ده‌ست ده‌كات به‌ گواستنه‌وه‌ی ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی و خزم و كه‌سه‌كانی به هه‌زار حاڵ به‌‌ بن په‌رژینه‌ ته‌لبڕه‌كانی نه‌خۆشخانه‌، جاری یه‌كه‌م هه‌موویان ده‌گوازێته‌وه‌، به‌ڵام هێزه‌ ئه‌منیه‌كان پێی ده‌زانن دوای ئه‌وه‌ی زۆر به‌ دڕندانه‌ ده‌كه‌ونه‌ گیانیان به لێدانی قامچی و سۆنده‌ بۆ نێو نه‌خۆشخانه‌ به‌ زۆره‌ ملێ هه‌موو برینداره‌كان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ش له‌ حه‌لیم خان ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌م كاره‌ مه‌ترسیداره‌ نه‌كات ئه‌گینا ئه‌ویش گیانی ده‌كه‌وێته‌ مه‌ترسی و له‌گه‌ڵ برینداره‌كان ڕاپێچی ده‌كه‌ن. به‌ڵام حه‌لیم خان نه‌ك هه‌ر گوێ به‌ قسه‌ی هێزه‌ ئه‌منیه‌كان نادات، به‌ڵكو به‌م قسه‌یه‌ سورتری ده‌كه‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌بێت ئه‌م بریندارانه‌ ڕزگار بكات‌. به‌ هاتنی مه‌غریب و تاریك داهاتنی .شار یارمه‌تی ده‌رده‌بێت كه‌ دووباره‌ به‌ ده‌یان فێڵ ده‌یاندزێته‌وه‌، خۆشبه‌ختانه‌ ئه‌مجاره‌یان سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت له‌ دزینه‌وه‌ی برینداره‌كان، حه‌لیم خان ماڵی دایكی و به‌شێك له‌ خزمه‌كانی به‌ سه‌ركه‌وتوویی له‌ نه‌خۆشخانه‌ ڕزگار ده‌كات. به‌ هاوكاری شوبراكانی خێرا چه‌ند ئۆتۆمبێلێك به‌كرێ ده‌گرن و ده‌چن بۆ ماڵی خزمێكمان به‌ ناوی (حاجی فه‌قێ شێخ وه‌سانی)، دوای شه‌وێك مانه‌وه‌یان له‌م ماڵه‌، به‌ شێوه‌یه‌كی نهێنی ده‌مانگوازنه‌وه‌ بۆ شه‌قڵاوه‌ ماڵی خوشكم وه‌ك باسده‌كرێت له‌ شه‌قڵاوه‌ش تا ماوه‌یه‌كی باش به‌ نهێنی دكتۆریان بۆ هێناوین، ته‌نانه‌ت نه‌یانهێڵاوه‌ هیچێك له‌ منداڵه‌كان له‌ ماڵ بێنه‌ ده‌ره‌وه‌ چونكه‌ كاریگه‌ری كیمیاوی به‌ زه‌قی به‌سه‌ر ده‌م و چاومان دیار بووه‌.
سوپاس بۆ خودا كه‌ ئه‌گه‌ر خوشكه‌ گه‌وره‌كه‌م نه‌بووایه‌ ئێستا ئێمه‌ش له‌و سه‌دان ئه‌نفالكراوانه‌ ده‌بووین. به‌داخه‌وه‌ ئه‌و بریندارانه‌ی نه‌تواندرا بدزرێنه‌وه‌، سه‌رجه‌میان ئه‌نفالكران و دواتر له‌ بیابانه‌كانی عێراق زینده‌به‌چاڵ كران.

ئا ئه‌مه‌ بوو چیڕۆكی حه‌لیم خانی پاڵه‌وان، ده‌زانم ئه‌م چیڕۆكانه‌ ته‌نیا له‌ فیلمه‌ خه‌یاڵه‌كان ده‌بیندرێت.

تێبینی: وێنەکە خەڵکی گوندی شێخ وەسانە کاتێک بە پاس دەگوازرێنەوە بۆ هەولێر
هاوكار عه‌بدوڵڵا شێخ وه‌سانی

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish