Skip to Content

راپه‌ڕینی دوو له‌ كوردستان: رۆڵی “نوسه‌ران و رۆشنبیران” له‌م دۆخه‌ …  كاروان ته‌یب

راپه‌ڕینی دوو له‌ كوردستان: رۆڵی “نوسه‌ران و رۆشنبیران” له‌م دۆخه‌ … كاروان ته‌یب

Closed
by ئه‌یلول 24, 2016 General, Opinion

له‌ ئێستدا خه‌ڵكی كوردستان له‌ بارێكی زۆر شلۆقدا ده‌ژین. به‌تایبه‌تی قه‌یرانی دارایی و گه‌نده‌ڵی و سیاسیی بووه‌ته‌ هۆی سه‌رلێشوان و تێكدانی شیرازه‌ی دانیشتوانی كوردستانی عیراق. پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئایا نوسه‌ر و رۆشنبیرانی كورد تا چی راده‌یه‌ك توانیویانه‌ خۆیان و پاشانیش تاكی كورد هۆشیار بكه‌نه‌وه‌؟ خه‌ڵكی كوردستان به‌قسه‌ی كێ‌ بكه‌ن له‌م قه‌یرانه‌ گه‌وره‌یه‌؟
دوای راپه‌رَین، به‌شێك له‌ “رۆشنبیران و نوسه‌رانی كورد”، روویانكرده‌ هه‌نده‌ران. به‌شێكیان هه‌رچه‌نده‌ بواری باشیان بۆ ره‌خسا، به‌ڵام نه‌یانتوانی خۆیان پێبگه‌یه‌نن. ته‌نانه‌ت نه‌یانتوانی زمانی ئه‌و وڵاته‌ فێربن كه‌ لێی ده‌ژین و ناسنامه‌یان لێی وه‌رگرتووه‌. بۆیه‌ خه‌ڵكی وا هه‌یه‌ بیست ساڵه‌ له‌ وڵاتێكی ئه‌وروپییه‌ ئێستایش ئاگای له‌ رۆشنبیری ئه‌و وڵاته‌ نییه‌، وه‌ك ئه‌وترێت “ئێستایش خه‌ریكی وه‌رگێڕانی كتێبی عه‌ره‌بی و فارسییه‌ بۆ كوردی”.
ئه‌و نوسه‌رانه‌ی كه‌ له‌ناو كوردستان مانه‌وه‌، له‌ دوای راپه‌ڕین، زۆرینه‌ی ره‌هایان به‌جۆرێك له‌ جۆره‌كانی بوون به‌كادری حیزب. له‌دوای ساڵی 2003 یشه‌وه‌ كه‌ “پاره‌ هه‌ڵڕژا له‌ هه‌رێمی كوردستان”، حزبه‌ كوردییه‌كان ئه‌توانم بڵێم زۆرینه‌ی ڕه‌های ئه‌و چینه‌ی پێی ئه‌وترێت “رۆشنبیرو نوسه‌ر”، ئه‌وانه‌ی له‌ كوردستانن و ئه‌وانه‌شی له‌ هه‌نده‌رانن، كرد به‌ كادری حیزب یان به‌جۆرێك له‌ جۆره‌كان له‌لایه‌ن سیاسییه‌كانه‌وه‌ كڕران. هه‌ربۆیه‌ ئه‌وه‌ی به‌دڵی سیاسیه‌كان نه‌بێت ئه‌وان ناینوسن. نوسه‌ره‌ جدییه‌كانیش كه‌وتنه‌ په‌راوێزه‌وه‌.
ئه‌وان نه‌ك هیچیان نه‌كرد بۆ پێگه‌یاندنی تاك بگره‌ بوون به‌ مایه‌ی سه‌ر لێشوانی خه‌ڵك و چه‌واشه‌كردنیان و دروستكردنی تاكی سه‌رلێشواو، چونكه‌ به‌جۆرێك خۆیان نیشان ئه‌دا كه‌ له‌گه‌ڵ حیزبه‌ كوردییه‌كان نین، به‌ڵام به‌جۆرێك نوسینه‌كانیان ئه‌نوسی كه‌ تابڵێی كرچ و كاڵ بوو و خزمه‌تی به‌و گه‌نده‌ڵییه‌ ئه‌كرد كه‌ ئێستا گیرۆده‌ی بوین. هه‌ریه‌كه‌یان له‌ یه‌ككاتدا قسه‌یان له‌سه‌ر هه‌موو شتێك ئه‌كرد. ئه‌وان ته‌نها بۆ خاڵی كردنه‌وه‌ی توڕه‌یی خه‌ڵكی كوردستان كارئه‌كه‌ن، بۆیه‌ ئیشیان بۆ پێگه‌یاندن و په‌روه‌رده‌كردن تاكی كورد نه‌كردووه‌. ته‌نانه‌ت هیچ میتۆدێك له‌ نوسینه‌كانیاندا نابینرێت.
له‌ ساڵی 1968 دا له‌ فه‌ڕه‌نسا كاتێك ناڕه‌زایه‌تی دروست بوو ئه‌وه‌ نوسه‌ران و رشنبیرامی فه‌ڕه‌نسی بوون كه‌ بوونه‌ مایه‌ی جوڵاندن و هۆشیاركردنه‌وه‌ی خه‌ڵك. توانیان ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وكاته‌ی فه‌ڕه‌نسا ناچاربكه‌ن كه‌ گوێ‌ بۆ داواكارییه‌كانیان بگرێت، ئه‌وه‌ش گۆڕانكاری باشی به‌دوای خۆیدا هێنا. هه‌رچه‌نده‌ من نامه‌وێ‌ ئه‌م دۆخه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌ فه‌ڕه‌نسا به‌راورد بكه‌م، به‌ڵام ئه‌وه‌ی من ئه‌مه‌وێ‌ تیشكی بخه‌مه‌ سه‌ر رۆڵی مه‌ركه‌زیِ رۆشبیر و نوسه‌ره‌ جدییه‌كانه‌.
هه‌ربۆیه‌ له‌مڕۆدا ئه‌بینین كه‌ تاكی كورد سه‌رلێشواو و دۆشداماوه‌، چونكه‌ هیچ به‌دیلێك به‌دیناكات بۆ ئه‌و حیزبه‌ كوردیانه‌ی كه‌ ئێستا كاربه‌ده‌ستن له‌هه‌رێمی كوردستان. تاكی كورد نازانێت ئاوها بمێنێته‌وه‌ و ئه‌م حیزبه‌ گه‌نده‌ڵانه‌ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات بن یان “ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی ئێستا رابماڵێت”!.
تاكی كورد ئێستاد بیر له‌وه‌ ئه‌كاته‌وه‌، ئه‌گه‌ر هه‌ر راپه‌رێنێك بكرێت دژی ئه‌م گه‌نده‌ڵانه‌، ئه‌وا دیسانه‌وه‌ له‌ په‌نجه‌ره‌وه‌ دێنه‌وه‌ ژووره‌وه‌. ئه‌وه‌ی زیانی به‌ر ئه‌كه‌وێت ته‌نها خه‌ڵكی كوردستانه‌ نه‌ك كاربه‌ده‌ست و گه‌نده‌ڵكاران. ئێستا هه‌ندێ‌ “رۆشنبیر” و حیزب هه‌ن، هانی خه‌ڵكی ئه‌ده‌ن بۆ راپه‌ڕین. به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی ئیشیان كردبێت له‌سه‌ر پێگه‌یاندنی تاك و دروستكردنی به‌دلیل بۆ ئه‌و گه‌نده‌ڵانه‌ی ئێستا. له‌ راستیدا ئینسان نابێـت هیچ كات له‌ شۆڕش و راپه‌ڕین داببڕێت، به‌ڵام كه‌ كردیشی ئه‌بی بزانێت بۆچی و كه‌ی ئه‌یكات.
هه‌ر سه‌رهه‌ڵدانێك له‌ كوردستان، رێگه‌ خۆشئه‌كات كه‌ ئه‌و پارتانه‌ی له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتن ئێران و توركیامان بۆ بێنن، بۆ مانه‌وه‌ی خۆیان، له‌ كاتێكدا ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیان كه‌وته‌ مه‌ترسییه‌وه‌. له‌م حاڵه‌ته‌یشدا وه‌زعی هه‌رێمی كوردستان له‌ سوریا و یه‌مه‌ن و لیبیا باشتر نابێت. بۆیه‌ له‌ هه‌موو حاڵه‌تێكدا كاتێك بیر له‌ راپه‌ڕینی دوو، دژی ئه‌و نوخبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ “گه‌نده‌ڵ و مافیایه‌” بكرێته‌وه‌، پێویستیشه‌ بیر له‌ ده‌رئه‌نجامه‌كانی دوای ئه‌وه‌ بكرێته‌وه‌.

karwantayib@gmail.com

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress