Skip to Content

چەکەرەکردنی ڕەخنە بە تۆوی ئیشراق، تیۆری ڕەخنەییی بازنەی سێیەمی گێڕانەوە… گۆران سەباح

چەکەرەکردنی ڕەخنە بە تۆوی ئیشراق، تیۆری ڕەخنەییی بازنەی سێیەمی گێڕانەوە… گۆران سەباح

Closed
by حوزه‌یران 15, 2022 General, Literature



تا سیستمی پەروەردە لەسەر بنچینەی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی بنیات نەنرێت، ڕەخنەگر دروست نابێت. بیرکردنەوەی ڕەخنەیی هەوێنی ڕەخنەیە لە هەموو کایەکاندا.
هەموومان کۆکین، ڕەخنە لە ئەدەبی کوردیدا کڵۆلە. ڕەخنە لە ژێر کاریگەریی پێگەی سیاسی، ئایینی و کۆمەڵایەتیدا دێتە شێواندن. لەبەر هەندێ، بێو لێرە و لەوێ بیەوێت چەکەرە بکات، نووسەر، خوێنەر، ڕەخنەگر، چاپخانە و هەرسێ پێگەی سەرەوە سەرکوتی دەکەن، دەیشارنەوە، هیچ نەبێ بایەخی پێ نادەن. نووسەرەکە قەبولی نییە (تێنووی ستایشە)؛ خوێنەرەکە پێی وایە دەتەوێت بتەکەی بشکێنی، چونکە نووسەرەکەی لا پیرۆز کراوە و بووەتە موریدی. ڕەخنەگرەکە وەهمێکی لا دروست بووە، پێی وایە هەر ڕێچکەی ئەو ڕاستە، نووسەر و خوێنەرەکە کردوویانەتە ناوەندی بڕیار، نازانێت ئەوەی ئەو دەیکات هەموو شتێکە، ڕەخنە نییە. چاپخانە و هەر سێ پێگەی ناوبراویش کاکی ڕەخنەگریان کردووەتە بت و دەیپەرستن. ئێ باشە، حاڵ ئاوا بێت، چۆن ڕەخنە چەکەرە دەکات. نایکات. قەت.
نائومێدیش نیم. وێڕای هەوڵی بەندە، گەشبینم بە هەوڵەیلی ڕژدی هۆشەنگ شێخ محمد. پڕۆژەکەی هۆشەنگ دارێکە چەندان لکی پێوە. لکێکیان هەوڵێکە بۆ دانانی بناخەی ڕەخنەیەکی خۆماڵی، پشت ئەستوور بە فەلسەفەی ئیشراقی سوورەوەردی. ئەگەر دەتەوێ بە وردی تێی بگەی، تکایە (حیکمەتی ئیشراق و خوێندنەوەکەی) بخوێننەوە. بەکورتی، فەلسەفەی ئیشراق لەمانە دەنۆڕێت و ورد دەبێتەوە: ڕووناکی (نوور) سەرچاوەی مەعریفەیە؛ ئەقڵی نەمر، ئەقڵی سوور، جەستە، دەروونی مرۆڤ، تێکەڵکردنی فەلسەفە و عیرفان، مرۆڤی ئەقڵانی، مرۆڤی نەفسانی، مرۆڤی جستەیی، هتد.
بۆ پێشخستن و زەقکردنەوەی هەوڵەکەی هۆشەنگ، قسە لەسەر دوو کتێبی دەکەم، لە نیوەی یەکەمی ٢٠٢٢دا چاپی کردوون: ئیشراق وەک ڕامانێکی ڕەخنەیی، دنیای تارمایی کارەکتەرە پەنهانەکان. یەکەمیان هەوڵێکە بۆ دروستکردنی ڕەخنەیەکی کوردانە لەسەر بنچینەی ئیشراق، دووەمیان نموونەیەکی پراکتیکیی هەوڵەکەیە، تێیدا، هۆشەنگ پڕۆژە ڕەخنەییەکەی لەسەر چەند دەقێکی یوسف عزەدین تاقی کردووەتەوە.

ئیشراق وەک ڕامانێکی ڕەخنەیی
لەم کتێبەدا، هۆشەنگ دەڵێ بۆ دروستبوونی ڕەخنەیەکی کوردانە، دەبێ بچینەوە سەر (ڕەگ)مان. دەکرێ سوود لە گەنجینەی ڕەخنەی بیانی وەرگرین، بەس هەتا نەچینەوە سەر ڕەگ و ڕیشەی خۆمان، نابینە خاوەن ڕەخنە. خۆی وا باسی هەوڵەکەی دەکات، ” . . . ئەم هەوڵە ڕەخنەییە، بە گەڕانەوە بۆ فەلسەفەی ئیشراق، لە پێناو دامەزراندنی ڕەخنەیەکی کوردیی ڕەسەن و زیندووە، کە بتوانێت (کوردانە) لە بارەی وتارەکانی و ئەدەب و فەرهەنگ و زمان و دەقگەلی (خۆ)یەوە بدوێت.” (هۆشەنگ، ٢٠٢٢، لا ١٠٧).
دینی، فەلسەفی و ئیشراقییە، ڕەگی ئەدەبی کوردی. لەم کتێبەیدا، هۆشەنگ پێشانی دەدات هەر لە بابا تاهیری هەمەدانەوە بگرە (٩١٠-١٠١٠) تا دەگاتە حەریق (١٨٥٦-١٩٠٦)، ئەدەبی کوردی لە هەناوی ئایین و فەلسەفەی ئیشراقەوە هاتووە، بەڵام دوای دابەشکردنی کوردستان، ئەم بەشەی باشوور لە ڕەگە ئیشراقییەکە دادەبڕێت، لەباتیان، ڕەگی “کوردایەتی” و شۆڕشگێڕی” گەشە دەکەن (پیرەمێرد تا ڕاپەڕین).
دوای ڕاپەڕین، چەند نووسەرێک (ناویان دەنێم نووسینسەقەت)، هەوڵیان دا بیرکردنەوەی ڕەخنەیی دروست بکەن، بەس هەوڵەکەیان لەبار چوو چونکە لاسای نەریتی دەسەڵاتی کوردیان کردەوە، خۆیان لێ بووە کائینێکی پیرۆز. ئەم نووسەرانە، بە پشتبەستن بە نەقلێکی سەقەتی تیۆری ڕەخنەییی خۆرئاوایی، وەهمێکیان لا دروست بوو کە نابێ کەس ڕەخنەیان لێ بگرێت، تەنیا ئەوان دەتوانن باسی ڕەخنە بکەن. ڕەخنەکەیشیان لیخن بوو بە تۆوی دەسەڵاتی سیاسی. تا وای لێهات بوونە تووتییەکی ڕەخنەی خۆرئاوایی. بە نەقلی پچڕپچڕ و قسەی باقوبریق، خوێنەری گەنجیان لە خشتە برد، چاویان داخستن و کردنیان بە دەروێشی خۆیان. لەوەش وێرانتر، چاوەڕێی ئەو دەروێشانە بوون تەنیا پێیاندا هەڵبڵێن، بە ئێستەیشەوە، تەنیا ستایشیان قەبولە. خەمە قووڵەکە ئەوەیە، ئەو موریدانە لاسای ئەو نووسینسەقەتانەیان کردەوە لە شێوازی نووسین، ئەمەیش وای کرد ئاستی نووسینیان نزم، پڕ لە گرێ و بێ سەروبەر بێت، جا هەندێکیان، لەپاڵ نووسینی سەقەت، وەرگێڕانی سەقەتیش دەکەن (پێم سەیرە ئەو نووسینسەقەتانە شین بۆ عەزیز گەردی دەگێڕن. لەباتی شین، وەرە لاسای عەزیز گەردی بکەنەوە، هەرنا شتێک لە زمانی وەرگێڕان/نووسینی وی فێر بن).
“لەم سەد ساڵەدا، ڕەگەکانی ئیشراقی کولتوری کوردی، هەم لە تێگەیشتن و هەم لە زماندا، بڕانەوە. دۆخێک دروست بوو کولتوری کوردی دوور لە ڕەگەکانی خۆی، لەسەر هەندێ بنەما و پێکهاتەی تر، پێڕەوکەی کرد.” (هۆشەنگ، ٢٠٢٢، لا ١٠٤).
ئەوەی تا ئێستە پشتمان پێ بەستاوە بۆ ڕەخنە، ئی خۆرئاوایە. بۆیە هەردەم پاشکۆینە، هەندێ جار پاشکۆی تەواویش نین. پرسیارەکە ئەوەیە: تا کەی خۆمان بە خۆرئاوا هەڵواسین؟ تکایە بە هەڵە وەریمەگرن، مەبەستم سڕینەوەی ئەوان نییە، هەوڵەکەی من و تەنانەت ئەوەی هۆشەنگیش سوود وەردەگرن لە مێژوو و پراکتیکی ڕەخنەی خۆرئاوا، سوورەوەردیش سوودی لە پلێیتۆ و ئەرستۆ وەردەگرت. کەسەرەکە ئەوەیە ئێمە خۆمان ون کردووە، ئەوەی هۆشەنگ ناوی دەنێ “عەدەم”، لە هیچگەراییەکی قۆڕ، بێ بنەما و بێ ئاڕاستە.
خوێنەر، نووسەر و ڕەخنەگری کورد، بۆ پشتڕاستکردنەوەی دیدێکی، بۆچوونێکی، هەوڵێکی، پەنا دەباتە بەر خۆرئاواییەکان. بۆ نموونە، کاتێ دەڵێ “نیچە، سۆسێر، هتد وا دەڵێ”، پێی وایە گەیشتووەتە لووتکە و لەوسەری هاتیتەوە. ئەم خۆبەکەمزانینە، ئەم خۆگچکەکردنەوەیە، ئەم خۆپێهەڵواسینە، نەک ڕەخنە، مەخنەشی لێ شین نابێت! نابینن، ئاستی زمان و ڕەخنەی کوردی چۆنە؟ ئەو هەموو وەرگێڕان، قەوچەقەوچ و نووسینەی لەمەڕ بیرمەندانی خۆرئاوا چی پێشکێش بە زمان، ڕەخنە و هزری کوردی کرد؟ بەرەواژ و سەقەتە کارەکە.

“. . . ئەوەندەی بکرێت، نووسین و پەرەگرافی هیچ نووسەر و فەیلەسووف و کتێبێک وەرناگرێت، مەگەر بە دەگمەن و لە کاتێکدا ئەو وەرگرتنە ببێتە بەشێکی جودانەبووەوە لە تەئویلەکەدا.” (هۆشەنگ، ٢٠٢٢، لا ١٩).
ئەمە یەکێکە لە پنتە سەرەکییەکانی (بازنەی سێیەمی گێڕانەوە)ی هۆشەنگ. ئەم پنتە، ڕەخنەگر دەرباز دەکات لە خۆهەڵواسین، خۆدانەپاڵ، خۆشاردنەوە، خۆکەمکردنەوەی لە ژێر کاریگەریی خۆرئاواییەکان. ئەمە هەنگاوێکی بوێرانە و پێویستە هۆشەنگ ناویەتی. دەبێ یەکێک بێتە دەنگ و بڵێ، “بەسە، هێندە خۆتان بەم و بەو هەڵمەواسن. کاتیەتی بچنەوە سەر ڕەگی خۆتان، ڕەگی خۆرئاوا لە ملتان کەنەوە.”
پار، کتێبێکم لە ئینگلیزییەوە وەرگێڕا بۆ کوردی (ناوەکەی ناڵێم چونکە تا ئێستە بڵاو نەکراوەتەوە)، توێژەرە ڕووسییەکە دەڵێ، زمان، کولتور و فەلسەفە لەم کوردستانەی خۆماندا تەشەنەی کردووە و پەڕیوەتەوە ئەنەدۆڵ و لەوێشەوە بۆ یۆنان. ڕەگی فەلسەفەی یۆنانی لێرەیە، بەس ئێمە ئەوەی هەشمانە دەیدەینە پاڵ خۆرئاواییەکان. خۆ سوورەوەردی ئەڵمانی با، ئێستە موریدانی هایدگەر، شۆپنهاوەر و کانت، هتد دەیانپەرست.

“رۆشنبیری کورد، بەتایبەتی ئەوانەی لە خۆرئاوابوون فێری زمانێک یان چەند زمانێکی بیانی ببوون، لە ڕێی بەرهەمگەلی ئەدەبی و هزرییەوە، توانیان کاریگەری لەسەر خوێنەر و رۆشنبیرانی کوردستان بکەن. جۆرە خوێندنەوەیەک و تەئویلێک بسەپێنن، کە لە کوردبوون و خۆرهەڵاتیبوونی ئێمە دوور بکەوێتەوە. لەم سی ساڵەدا، ئیشراق وەک ڕامانێکی ڕەخنەیی و بیرکردنەوەیەکی ڕەخنەیی، نەکەوتە بەر باس و لێکۆڵینەوە و تۆژینەوە و قسە لەسەرکردن و سوودوەرگرتن لەم پۆتێنشیالە ڕەخنەییەی لە فەلسەفەی ئیشراق و میراتی ئیشراقی بە گشتیدا هەیە. جا چ لە بەرهەم و نووسراوەکانی نووسەرانی کورد بێت، یان بەرهەمگەلی بێ خاوەن و بێ نووسەر، کە موڵکی میللەتن. لەم ماوەیەدا، کۆمەڵێ بیر و ڕێباز و میتۆد و تیۆری ڕەخنەیی خۆرئاوایی لە ڕۆشنبیری کوردیدا چالاک کران و زۆر بە گەرمی ئیشیان لەسەر کرا. بە شێوەیەک وەک ئەوەی ئەم ڕێباز و تیۆر و میتۆدە ڕەخنەییانە هەڵقولاوی ئێرە بن و دەقی کوردی بەم تێزانە نەبێت نەخوێندرێتەوە.” (هۆشەنگ، ٢٠٢٢، لا ٧٨).

هەر بازنە ڕۆشنبیرییەکەی کوردە ڕێی چۆڵ کردووە بۆ بازنەی دەسەڵات بەکەیفی خۆی یاری بە خاک، ئینتیما، سامان و زمان بکات. نووسینسەقەتەکان، لەوەگەرێ زمان و ڕەخنەی کوردیان وێران کرد، گەنجیان سەرەڕۆ کرد، بێ بەرنامە کرد، هەرچی ئاکار و ڕەفتاری کوردانە بوو لێیان سەندنەوە. گوایە کاکم عەلمانییە و لە فەلسەفەی خۆرئاوا بووەتەوە، دێ بە فیتی دەسەڵات وتار دەنووسێت لەبارەی کۆمەڵگەی مەدەنی و دیموکراسی. بەری گوتاری ڕۆشنبیری و هزریی نووسەرانی چوار دەیەی پێشووی کورد دۆخێکە هەموومان بێزی لێ دەکەینەوە. وەرە بنۆڕە سیستمی پەروەردە، کەرتی تەندروستی. گوتاری ڕۆشنبیریمان دروستبا، بازنەی دەسەڵات نەیدەتوانی یاری بە کەرتی پەروەردە و تەندروستی بکات. پێم ناڵێی چ لە نووسینسەقەت و ڕۆشنبیری سەرخۆش شین دەبێت؟
“دابڕانی کورد، لە سەد ساڵی ڕابردوودا، لەم ڕەگە ڕەسەن و گرنگ و بنچینەییەدا، بووە هۆکاری ئەوەی سیاسەت لە شوێنی فەلسەفە و شیعر و ئەدەبدا، بەسەر کۆمەڵگەدا زاڵ بێت.” (لا١٠٥، هۆشەنگ، ٢٠٢٢).
بەکورتی، هۆشەنگ بەم هەوڵەی دەیەوێت گۆمەکە بشڵەقێنێت؛ گۆمێک، تاکی کورد تێیدا بە پوولەکی و ڕواڵەتی کراوە، تێیدا سەرلێشێواو و فریودراوە. دەیەوێت هۆشیاریی بیرکرندەوەی ڕەخنەیی دروست بکات، “ڕەخنەگر” دروست بکات لەسەر بنچینەی مرۆڤبوون و گەڕانەوە بۆ خود، نەک لەسەر بنچینەی مەرگی نووسەر و چەند تیۆرێکی سواوی خۆرئاوایی کە ئەو نووسینسەقەتانە بە سەقەتی گواستییانەوە.

کتێبی دووەم

دنیای تارمایی کارەکتەرە پەنهانەکان، گێڕانەوەکانی یوسف عزەدین لە خوێندنەوەیەکی ئیشراقییانەدا

ئەو تیۆرەی، هۆشەنگ دەقی کوردی پێ دەخوێنێتەوە پێی دەڵێن “بازنەی سێیەمی گێڕانەوە”. تیۆرەکەی لە تێز، هزر و فەلسەفەی ئیشراق هەڵێنجاوە. بەپێی بازنەی سێیەمی گێڕانەوە، هۆشەنگ چەند پێوەرێکی داناوە بۆ خوێندنەوەی دەق. پێوەرەکان: قووڵیی مرۆڤبوون، تەئویلی هێزی دەق، دیوی ناوەکی دەق و کارەکتەر، زمان و خەیاڵی نووسەر، دەرهاویشتە و ئیمکانی خوێندەوەی دەق.

ئەم پێوەرانە تیۆرەکە پێناسە دەکەن. بازنەی سێیەمی گێڕانەوە، هەردوو بازنەی ئایینی و زانستی دەبڕێت. لە پراکتیکی ئەم تیۆرەدا، ڕەخنەگر خوێندنەوەکەی پڕ ناکات لە چەند وتەیەکی زلی بیرمەندانی خۆرئاوا، فڵان وای گوت، فیسار وا دەڵێت. نەخێر، بازنەی سێیەمی گێڕانەوە ئەم ڕیتم و شێوازە سەقەتەی خوێندنەوەی دەق تێک دەشکێنێت. لەباتی ئەوە، دەچێتە نێو هەناوی دەق، هەناوی کارەکتەر و نووسەر، ئەودیو پەردەیلی هونەری گێڕانەوە.
لەم کتێبەدا، هۆشەنگ ڕەخنە لە بیست دەقی یوسف عزەدین دەگرێت، بێ ئەوەی پێمان بڵێت دەقەکە باشە یان خراپ، بێ ئەوەی باسی ڕێنووس و هەڵەچنی بکات (زۆرن ئەوانەی بەوەیان وەگرتییە)، بێ ئەوەی چیرۆکەکانمان بۆ کورت بکاتەوە (ئی واش زۆرن، وا دەکەن)، بێ ئەوەی بگەڕێتەوە سەر هیچ وتەیەکی زل و مردووی بیرمەندانی بیانی. هاتووە بە هاوێنەیەکی ئیشراقی، قسە لەسەر دەقەکانی یوسف دەکات.

کۆتاییی ئەم کتێبە (ئەنجامەکانی) بەس وەڵامت ناداتێ، پرسیاریش دروست دەکات، بەس کەلێن پڕ ناکاتەوە، دروستیشی دەکات. ئەمەش یەکێکە لە ئەرکەیلی تیۆری بازنەی سێیەمی گێڕانەوە. کە دەقێک دەخوێنییەوە، چ پرسیارێکت لا دروست دەبێت، وەڵامی چ پرسیارێک وەردەگری، چ کەلێنێک پڕ دەکەیەوە و چ کەلێنێک دروست دەبێت. هۆشەنگ لە دوای خوێندنەوەی یوسف عزەدین، ئەم پرسیارانە دەکات: “ئەوەی لە جیهانی ئێمەدا ڕوو دەدات، ڕاستییە یان وەهم؟”؛ گۆڕانەکان ڕاستین یان وەهم؟”؛ هەروەها ئەمانەش بەیان دەکات: “ژیان و ئیمان لە مرۆڤ دزران”؛ “لەم جیهانەدا، پێوەندیی نێوان ماهییەتی مرۆڤ و زمانی مرۆڤ پچڕا”؛ “لەم پڕۆژە شارستانی و کولتورییەدا، مرۆڤ حزووری لە دەست دا”؛ “ئەم ژیانە ماددیە وای لە مرۆڤ کردووە، قووڵترین ئەزموونی غوربەتی هەبێت”؛ “مرۆڤ لە ڕووی ماددییەوە پێشکەوتووە، بەڵام لە ڕووی ئەخلاقی و مرۆڤایەتییەوە کەوتووە.” ئەمانە و چەندان ئەنجامی تریش.
بازنەی سێیەمی گێڕانەوە یارمەتی خوێنەر دەدات دیوە شاراوەکانی دەق و نووسەر و کارکەتەر کەشف بکات. تیۆرەکە ئەزموونی خوێندنەوەی خوێنەر دەوڵەمەند دەکات، بە نووسەریش دەڵێ، “بەم شێوازە باسی شتەکانت کردووە، ئاوا شتەکانت گەیاندووە.” بازنەی سێیەمی گێڕانەوە دەق لە دەق دروست دەکات، واتە لە واتەی دەق، واقیع لە خەیاڵی نووسەر، تێگەیین لە جیهان و خود و خودا لە هونەری گێڕانەوە.

تیۆری بازنەی سێیەمی گێڕانەوە خۆی دەپارێزێت لە هەڵسەنگاندنی دەق. پێم وایە هەڵسەنگاندن لکێکە لە ڕەخنە، بێ ئەو، ڕەخنە تەواو نییە. هەڵسەنگاندن لە نێو کارێکی ڕەخنەیی دەبێتە هۆی پێشکەوتنی زمان و هونەری گێڕانەوە. ساڵانە لە ئەمریکا باشترین و خراپترین ڕۆمان دیاری دەکرێن. هەڵسەنگاندن بە مانای باش و خراپ نا، بە مانای تێربوون لە هونەری گێڕانەوە، لە جواننووسی. دەقێک چێژ بە خوێنەر نەگەیەنێت لە ڕووی گێڕانەوە و زمانەوە، قابیلی چاپبوون و بڵاوبوونەوە نییە، با باسی پرسێکی گرنگیش بکات. ئەگەر بە شێوازێکی هونەری، نووسەر نەیتوانی ئەو پرسە گرنگە بگێڕێتەوە، با بۆ خۆی بچێت وتارێک بنووسێت، تا سکی دێشێت قسە بکات.

هۆشەنگ ڕوونی کردووەتەوە، تەنیا ئەو دەقانە دێنە ژێر هاوێنەی بازنەی سێیەمی گێڕانەوە، دەربچن لەو پێوەرانەی لە سەرەوە باس کران. واتە دەقێک ئەم پێوەرانەی سەرەوەی تێدا نەبێت قابیلی ڕەخنە نییە چونکە هیچی لێ هەڵناهێنجرێت. ئەمەش کێماسیی تیۆرەکەیە، واتە هەموو دەقێکی پێ ناخوێندرێتەوە.
ڕەخنە هەر بۆ ئەوە نییە بزانین دەق چی دەڵێ، بۆ ئەوەیشە بزانین چی ناڵێت. لەم سۆنگەیەوە، بازنەی سێیەمی گێڕانەوە دەتوانێت دەق هەڵسەنگێنێت و بڵێ، بۆ نموونە، “ئەم دەقە هیچمان پێ ناڵێت، یان شتێکی ئەوتۆی پێ نییە بۆ مرۆڤ و خود.” ئەگەر وا نەبێ، هەرچی زەوقی هەستێت، ڕۆمانێک فڕێ دەداتە بازاڕ. بنواڕە بازاڕ، پڕە لە ڕۆمانی بێ تام، بێ سەروبەر، بێ سەلیقە. نووسەر بە کەیفی خۆی داوی داوەتێ، زێتر لە پێنجسەت لاپەڕە بە وتاری درێژ و قۆڕ پڕ دەکاتەوە، گۆیا کاکم ڕۆمانی نووسیوە. لە شیعر هەر مەپرسە، ئەوەیان جێ دەهێڵم بۆ پسپۆڕانی بواری شیعر.

کورتەچیرۆکیش لەولا. نابێ بیشارمەوە، هەوڵی جوان و ڕژد هەن لە ڕۆمان و چیرۆک، دەبێ باسیان لێوە بکرێت. هۆشەنگ، بێ لەو ئیشەی لەسەر یوسف عزەدین، چەندان ڕۆمانی تری خستووەتە ژێر هاوێنەی بازنەی سێیەمی گێڕانەوە. بێو ئەم هەوڵە و هاوشێوەکانی ئاو بدرێن، بیرکردنەوەی ڕەخنەیی دێتە مەیدان، ئەویش ڕەخنەگری لێ دەبێتەوە. ڕەخنەگرێک دوور لە سیاسەت و مەشڕوب. ڕەخنەگرێک خۆی بە کەم نەزانێت لە ئاست خۆرئاوا، ڕەخنەگرێک موریدی هیچ نووسەرێکی پیرۆزکراو نەبێت، ڕەخنەگرێک ئاگای لە هونەری گێڕانەوە بێت.

Previous
Next
Kurdish