Skip to Content

هەڵاواردنی میللی،کێشەی زمان و ڕێگە چارەی کۆمۆنیزمی کرێکاری… حەمید تەقوایی

هەڵاواردنی میللی،کێشەی زمان و ڕێگە چارەی کۆمۆنیزمی کرێکاری… حەمید تەقوایی

Closed
by نیسان 24, 2022 General, Opinion

ئەم دەقی ئەم نوسینە لەسەر بنەمای چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵ جەدید ئامادەکراوە.
دیمانەی خەلیل کەیوان لەگەڵ حەمید تەقوایی
وەرگێڕانی: کاوە عومەر

٢٣\٠٤\٢٠٢٢


خەلیل کەیوان: چەوسانەوە وهەڵاواردن و تەنانەت سوکایەتی لەسەر بنەمای میللەت ڕاستیەکە کە بەئاشکرا بەسەر بەشێک لە خەڵکی ئێراندا ئەنجام ئەدرێت.
بێ بەشیە ئابوری وسیاسی وکۆمەڵایەتی و کلتوریەکان بەهۆی ئینتیمای نەتەوەییەوە یەکێکە لە ڕوخسارە دزێوو دژە ئینسانیەکانی کۆمەڵگەی ئێرانە.بێبەشکردنی بەشێک لەخەڵک لە سود وەرگرتن لە زمانی دایک و بەفەرمی نەناسینی زمانە باوەکان لە وڵاتدا یەكێکە لە دەرکەوتەکانی هەڵاواردن لەسەر بنەمای میللەت.
ناسیۆنالیستەکان وقەوم پەرستەکان دەستیان بردوە بۆ کێشەی ستەم وهەڵاواردنی میللی وخۆراکی لێوەردەگرن. ئەوان لەکۆتایدا چەوسانەوەیەک ئاشکرادەکەن وخوازیاری لابردنی ئەو کێشەیەن.حەمید تەقوایی،تۆ کە ڕەخنەگری لە ناسیۆنالیست ونەتەوە چیەکان،ئایا وابیرناکەیتەوە کەلە ڕەخنەگرتنەکاتاندا لەوان توندڕەوی دەکەن؟وابیرناکەیتەوە کە ئەوان لەسەر حەقن لەو بابەتەدا کە ئەو کێشەیە دەخەنە ڕوو و بەرجەستەی دەکەنەوە؟
حەمید تەقوایی:هەر بەو شێوەی کە ئاماژەتان پێدا کێشەی ستەم وهەڵاواردنی میللی کێشەیەکی بابەتی و واقیعیە لە کۆمەڵگەی ئێران و زۆر کۆمەڵگەی تردا.بەڵام ناسیۆنالیستەکان ئەرک وئامانجیان لابردنی ئەو ستەمە نیە.ئەوان لەسەر بنەمای ئەو چەوسانەوەیە بەشوێن ئامانج و خواستی خۆیانەوەن.
ناسیۆنالیزم ئایدلۆژی وسیستەمێکی هزری و بەهایی تایبەتە بەچینی سەرمایەدار.تایبەتە بە لەسەدا یەکەکان.ئیستا ئەوان لە شوێنێکدا لە دەسەڵاتدان و دەوڵەتیان هەیە.لە جێگایەکێشدا لە دەوڵەتدا نین و بەوتەی خۆیان”کەمینەی میللی”پێکدەهێنن.بەڵام ئامانجیان هەر ئەوەیە کە بەدەسەڵات بگەن.کە میللەت دروست بکەن ودەوڵەت دروست بکەن،بۆ ئەوەی کە بازاڕی ناوخۆیی خۆیانیان هەبێت،کۆکردنەوەی قازانج وکۆکردنەوەی سامانی خۆیانیان هەبێت و بەرژەوەندی سیاسی و ئابوریان کە لەو چوارچێوە میللیە کەدا ئامانجی بەرزیانە بهێننەدەرەوە.لەبنەڕەتدا لەناو مێژودا هەر بەو شێوەیە میللەتەکان ودەوڵەتەکان دروست بوون.
میللەتەکان بۆ لابردنی هەڵاواردنی میللی دورست نەبوون،بەڵکو لەسەر بنەمای بەرژەوەندی چینێکی تازەپێگەیشتوو پێکهاتبون کەلە کۆتاییەکانی سەدەکانی ناوەڕاستدا لەئەورپا لە دژی پاشا وخانەدانەکان و کۆمەڵگەی داخراوی دەربەگایەتی هاتبوویە مەیدان و ئەیویست بەرژەوەندی ئابوری خۆی،بەرژەوەندی چینی بۆرژوازی یا سەرمایەداری دەستەبەربکات.ئەم چینە بۆ ئەوەی کە بازاڕی خۆی هەبێت،بۆ ئەوەی کە دەسەڵاتی ئابوری وسیاسی خۆی لەو کۆمەڵگە فیئودالیەدا کە خێڵەکی و میر میرەیی بوون دامەزرێنێت،ناچار بوو کە هەموان لەژێر ئاڵای میللەتێکدا کۆبکاتەوە،ناچار بوو کە کۆمەڵگەیەک بەناوی میللەت و ولاتەوە دامەزرێنێت هەتا کەموو کوڕیەکانی کۆمەڵگەی داخراوی فیئودالی بخاتە لاوە و دەسەڵاتی ئابوری وسیاسی خۆی بەدەستەوە بگرێت.ئەمڕۆ ئیتر لە سەرتاسەری جیهاندا وڵات ومیللەتەکان دروست بوون لە هەموو جێگایەک چینی سەرمایەدار دەسەڵاتدارە.
بەڵام بەشێک لە سەرمایەداران کە بەخۆیان دەڵێن”کەمینەیی میللی” کە هێشتا وڵات ودەوڵەتێکیان نیە.ئەوانە لە کۆمەڵگەی تردا لەگەڵ سیستەمی ولاتی-میللی تردا کە پیشتر دروستکراوە دەژین.ئەوانەش دەیانەویت ببنە سەری ناوسەران!واتە بەشێک لە چینی سەرمایەدار کە زمان و مێژوچەی خۆیان هەیە بەڵام خاوەنی وڵاتێک نیە ئەیەوێت وڵاتی خۆی،واتە بازاڕی ناوخۆ و چالاکی ئابوری ،خۆیشی هەبێت ودەسەڵاتی سیاسی خۆشی بەدەستەوەبگرێت.ئەوانە بۆ ئەوەی بەو ئامانەجە بگەن سود لە ستەمی میللی وەردەگرن کە کێشەیەکی واقیعیە.
ڕێگام بدە کە نمونەیەک بهێنمەوە.دەزانیت کە کیشەی فەلەستین کێشەیەکی واقیعیە.ملیۆنەها کەس لەخەڵک لە سەرخاکی مێژوویی خۆیان،جێگایەک لەوێدا دەژیان.ماڵیان هەبوو،ئاوارە بوون ولەجێی ئەودا وڵاتێکیان بەناوی ئیسرائیلەوە دامەزراند.ئەمە کێشەیەکی واقیعیە بەڵام ئەحزاب وهێزە سەرو کۆنەپەرستە ئیسلامیەکان نان دەخۆن،پایەیەکی بزوتنەوەی ئیسلامی سیاسی هەر ئەمەیە.هێزەکانی وەک حەماس،وەکو حزبوڵا،وەکو خودی کۆماری ئیسلامی سودیان لەمە وەرگرتووە،خوراکیان دەدایە چەوسانەوەو مەینەتیەکانی خەڵکی فەلەستین بۆ ئەوەی ئامانەجە کۆنەپەرستانەکانی خۆیانی پێ بەرنەپیشەوە.
ناسیۆنالیزمیش هەمان دەور دەگێڕێت.ئەحزابی ناسیۆنالیستی خێڵەکی پەنا بۆ هەڵاواردن و ستەمی میللی دەبات بۆ ئەوەی کە بەدەسەڵات بگات و بەرژەوەندیە ئابوری وسیاسیەکانی چینی خۆیان دەستەبەربکەن.
ئەو ئامانجەی کە ئەوانە بەدوایەوەن بەهیچ شێوەیەک هەمان ئامانجی چینی کرێکارو زەحمەتکێشێک نیە کە وان لەژێر ستەمی میللیدا.بەڵکو ئامانجی هەمان ئەو لەسەدا یەکانەیە کە لەناکۆکی تەواودایە لەگەڵ بەرژەوەندی جەماوەری هەمان میللەت کە ئەوان پاگەندەی نوێنەرایەتیەکەیان هەیە.ئەمە ئەمڕۆ لەکوردستانی عێراق وەک نمونەیەک دەبینین.بنەمای ڕەخنەی ئێمە لەناسیۆنالیزم ئەوەیە.هەتا ئەوجێگەیەی کە بە کێشەی چەوسانەوەو هەڵاواردنی مللی دەگەڕێتەوە “ڕێگەچارەیەک”کە ئەوان دەیخەنە بەردەم خەڵکی ڕێک قوڵکردنەوەی هەڵاواردنی میللیە،نەک ڕێگەچارەی.بەهیوایی ئەوەی کەلە دریژەی ئەم چاوپێکەتنەدا بتوانین کە زیاتر ئەبابەتە ڕونبکەینەوە.

خەلیل کەیوان:لایەنێکی تری ئەم چەوسانەوەیە بێ بەش بوونی خوێندنە بە زمانی دایک و سود وەرگرتنە لێی لە بەڕیوبەرایەتیەکان و لەکاروباری ڕۆشنبیری و هاشیوەی ئەمانەدایە.ئەمەوێت لێتان بپرسم کە هەڵاواردنی زمانی و فەرهەنگی چ کاری گەریەکی هەیە لەسەر ژیانی تاک وکۆی قسەکەران بەو زمانانە؟چ کاریگەریەکی هەیە لەسەر هەستی هاوبەشیان لە سەر هاوچارەنوسیان لەگەڵ هەموو خەڵکی دانیشتووی وڵاتدا؟

حەمید تەقوایی:بەبڕوای من هەڵاواردن لە دژی زمانی دایک خەڵکیک کە بەزمانێک جگەلە زمانی ڕەواج پێدراو لەو کۆمەڵگەیەدا قسەدەکەن یەکێکە لە دەرکەوتە زۆر گرنگەکانی چەوسانەوەو هەڵاواردنی میللیە،بەهۆی ئەوەی کە بابەتەکە تەنها لەسەر قسەکردن نیە.زمانی دایک،زمانیکە کە تاک لەگەڵیدا گەورە بووە و لەگەڵیدا دەستی بە قسەکردن کردوە و بەو زمانە لەگەڵ کۆمەڵگەدا،بە کلتورێک،یان پەیوەندیەک،یا ئەدەبیاتێک ئاشنا بووەشوێنێکی تایبەتی دەبێت لە ژیانی ئەو تاکەدا.جێگایەکی جیاواز تر لەو زمانانەی کەلەوانەیە دواتر فێریان ببێت.
ڕێگەم بدە کە نمونەیەک بهێنمەوە.ئێستا زۆرێک لە ئێرانیەکان بە کۆچبەری چونەتە وڵاتانی جۆراوجۆرو بونەتە پەنابەر.زۆرێک لەوانە زمانی وڵاتی نیشتەجێ بونی خۆیان بەباشی فێربوون و بەو زمانە قسە دەکەن.لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا بەزمانی دایک باشتر دەتوانن تەعبیر لە خۆیان بکەن.هیچ زمانێکی تر ناتوانێت جێگەی زمانی دایک بگرێتەوە.ئێوە بە زمانی دایک،فارسی یا کوردی یا تورکی و یان هەر زمانێکی ترکە لەگەڵیدا دەستت بە قسەکردن کردوە،بەردەوام دەتوانیت هەستەکانتان دەرببڕن،گاڵتە بکەیت یان تانە بدەیت،نوکتەو قسەی خۆش بڵێیت،نمونەو پەندەکان بەکار بهێنیت،ئاڵۆزی وخەمی زمان وخۆشیەکانی زمان زۆر باشتر تێدەگەیت و بەکاریان دەهێنیت وهتد. لەوانەیە زۆر باش لە شکسپیرو بۆدلیرو هانریش هاینە بخوێنێتەوەو تێیبگەیت بەڵام ئەو کاریگەریەی وای دانێین کە حافزو خیام لەسەر ئێوە هەیانە، ئەوانە نیانیە.
شارەزایانی زمان لەو باوەڕەدان کە زمان تەنها وەسیلەی قسەکردن نیەبەڵکو وەسیلەی بیرکردنەوەشە.واتەبیرکردنەوە بەبێ قسەکردن جێگای باوەڕ نیە،کەسێک کەلەگەڵ زمانی دایکیدا دەستی بەبیرکردنەوە کردوە ئەو کارە بەشێوەیەک لە کەسایەتیەکەیدا هەڵکەندراوە کە ئیتر قابیلی ئەوە نیە کە جێگاکەی بگۆڕدرێت بەزمانەکانی تر.
بەو بەڵگانە بێ بەشی لە خوێندن و بێ بەشی لە چالاکی کلتوری وکۆمەڵایەتی بەزمانی دایک،زۆڵمێکی زۆر ئاشکرایە.لە زۆرێک لە وڵاتاندا زمانی دایکی خەڵکێک کە لەناوچەیەکدا بەزمانی فەرمی ئەو وڵاتە قسەناکەن هیچ کات بەڕەسمی ناناسرێت.ئەڵێی بەشێک نیە لە واقیعیەتی کۆمەڵایەتی.هەموان ناچارن لە فەرمانگەو پەروەردەو خوێندن و ڕاگەیاندنەکان و ئەدەبیاتدا ئەو زمانە بەکار بهێنن کە دەوڵەتی پەیوەندیدار لە کۆمەڵگەدا بەفەرمی ناسیوە.باشە،ئەمە هەڵاوردنێکی ئاشکرایە بە مافی کەسێک کە بە زمانی دایکێکی تر جگە لەو زمانە ئەسڵیەی کە دەوڵەتی پەیوەندیدار لە کۆمەڵگەدا ڕەسمێتی پێداوە هاتوەتە دونیا.من هێشتا لەناو هاوڕێ کانمدا کە زمانی دایکیان زمانێکی ترە بۆ نمونە تورکی یا کوردی وهیترە و لەو زمانە ئاشنایەتیەکی زۆرتریان لەگەڵ ئەو زمانە هەیە،لەگەڵ ئەوەی کە زۆر کۆنترۆڵیان بەسەر زمانی فارسییدا هەیە،کاتێک کە دەیانەوێت وای دابنێین نوکتەیەک یان قسەیەکی خۆش بکەن یا کاتێک کە بیانەوێت توانج و توڕەیی دەرببڕن دەیگۆڕن بۆ زمانی دایکیان.ئەو زمانە ئاسان ترە بۆیان ئەمە تایبەت نیە بە”کەمە نەتەوەکان”.بۆ فارسی زمانەکانی نیشتەجێی وڵاتانی تریش ئەم کارە هەر ڕاستە.ئەوانیش کاتێک کە دەیانەوێت نوکتەیەک و قسەیەکی خۆش بگێڕنەوە،یان، بە پەندێک تەعبیر لە شتێک بکەن،یا بە کۆپلە شیعرێک ئامانجەکەیان بگەیەنن،پەنا دەبەنەوە بۆ زمانی فارسی.بەبۆچونی من ئەوە بەتەواوەتی سروشتیە و بەشێکە لە کەسایەتی کۆمەڵایەتی ئینسانەکان.
هەر بەو هۆیەوە ئەبێت ئێمە هەڵاواردن لەدژی زمانی دایک ڕێشەکێش بکەین،ئەبێت ئەمە لەناوبەرین تا بتوانین کە بانگەشەی ئەوە بکەین کە ستەمی میللی مان لەناو بردوە.ئەڵبەت ستەم وهەڵاواردنی میللی تەنها لەزماندا قەتیس نابێتەوە بەڵام نایەکسانی لە بەکار هێنانی زمانی دایکدا گۆشەیەکی گرنگی چەوسانەوەی میللیە.

خەلیل کەیوان:ڕێگا چارەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران چیە بۆ لابردنی ئەم هەڵاواردنە زمانی-ڕۆشنبیریە؟

حەمید تەقوایی:ئێمەلەبەرنامەی حزب و بەگشتی لەئەدەبیات و قسەوباسەکان و بانگەشەکانی حزبدا ڕیگا چارەی ڕۆشنمان هەیە بۆ لابردنی ئەم کێشەیە.ئێمە دەڵێین ئەبێت فرسەتی فێربونی زمانی دایک بۆ هەموو ئەو زمانە باوانەی کەلە وڵاتدان دەستەبەر بکرێت.ئەبێت هەبونی ئەدەبیات،بڵاوکراوە،کتێب و گۆڤارو ڕۆژنامە بە زمانی دایکیی خۆیان و بەکار هێنانی. لە میدیا کۆمەڵایەتیەکان و لە دەزگا ڕاگەیاندنەکانی وەکو ڕادیۆو تەلەفزیۆن و هتد یاسایی بێت و بە فەرمی بناسرێ.دەوڵەت بەرپرسە لەوەی کە ئاسانکاری کاری بکات بۆ ئەوەی کە کەسانێک بە زمانی دایکیان (جگە لەزمانی بنەڕەتی ئەو وڵاتە) قسە دەکەن بتوانن بخوێنن،بتوانن ئەدەبیات و کلتوری خۆیان بەوانە بڵێنەو و یا بیخوێنن،بتوانن بڵاوکراوەی ئەدەبی کتێب،ڕۆمان،شیعرو گۆرانی وفلیم و مۆسیقایان هەبێت،بتوانن دەزگایی ڕاگەیاندنی خۆیان هەبێت(ڕادیۆ و تەلەفزیۆن وهتد)و بەگشتی مافیان هەبێت کە بەزمانی دایک چالاکی ڕۆشنبیری و هونەرییان هەبێت.ئەبێت ئەمانە بەڕەسمی بناسرین.باسەکە تەنها لەسەر فێربونی ئەلف با و خوێندن و نوسین نیە.ئەوە بابەتێکە.فێربونی زمانی دایک ئەبێت لە هەموو جێگایەک بەفەرمی بناسرێت و لەو ناوچانەدا کە بەو زمانانە قسە دەکەن ئەبێت ئەوە بەفەرمی بناسرێت ،ئەبێت ئەمە یاسایی وکردەیی بکرێتەوە.بەڵام سەرباری ئەوانەش ئەبێت شیعر و ئەدەبیات بەو زمانە،مۆسیقا و گۆرانی بەو زمانە و هەموو لایەنە ڕۆشنبیریەکانی تری ئەو زمانە بەوانە بوترێتەوە.بۆ نمونە ئیستا ئێمە لە قوتابخانەکاندا داڕشتنمان هەیە بەزمانی فارسی،بەزمانی فارسی ئەدەبیاتمان هەیە،سەبارەت بەزمانەکانی تریش ئەبێت بەهەمان شێوە بەفەرمی بناسرێت.دەوڵەت ئەرکێتی ئاسانکاری پێویست بۆ جێبەجێ کردنی ئەم کارە دابین بکات.

خەلیل کەیوان:هەرچۆن بێت،زمانی هاوبەش یەکێکە لە پێویستیەکانی هەر کۆمەڵگەیەک.ئایا ئەو پێداگریەی کە ناسیۆنالیستەکان و نەتەوەپەرستەکان لەسەر زمانی دایک هەیانە و ئەو ڕێگە چارەی کە کۆمۆنیزمی کرێکاری هەیەتی نابێتە هۆکاری ئەوەی خەڵک لەیەک جودابکرێنەوە،بەلەبەر چاوگرتنی ئەوەی کە ئێران وڵاتێکی فرەزمانە وخەڵکەکەشی سەربە نەتەوەی جۆراوجۆرن.ئایا ئەم وڵاتە لە سەر لێواری جیابونەوە دانانێت و نایکاتە چەند پارچە و هتد؟ لەگەڵ ئەو ڕێگە چارەی کە ئێوە هەتانەو پێداگریەک کە خێڵ پەرستەکان و نەتەوەپەرستەکان لەسەر ئەو کێشەیە هەیانە،ئایا مەترسی ئەوەی نیە کە خەڵک لەبەرانبەر یەکدا دابنێت؟

حەمید تەقوایی: سەرەتا ئەبێت بڵێم کە ئێمە خۆبەخۆ بەش بەش بون وجیابونەوە وسەربەخۆیی بەکفر یان تابۆ یان قەدەغە نازانین.ئێمە لە ناوچەیەکدا کە کێشەی میللی هەیە ئەگەر خەڵک لە بارودۆخێکی ئازادانەو لە ڕێگەی گشت پرسی(ڕیفراندۆمێک)ەوەبڕیار بدەن کە جیا دەبنەوە،بە پێچەوانەی هێزە ناسیۆنالیستە فارسەکانەوە،ئەمە بەفەرمی دەناسین.بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ،باسەکە لێرەدایە کاتێک هێزە ناسیۆنالیستەکان پێداگری لەسەر مەسەلەی زمان دەکەن،لە ڕاستیدا ئەیانەویت بۆ مەسەلەی میللەت دروستکردن،مەسەلەی گەیشتن بە دەسەڵات و بۆخۆ جیاکردنەوە لەوانی تر باسی دەکەن،هەر ئەوەی کەلە سەرەتای ئەم باسەکەوە خستمە ڕوو.
بەڵام بە پێچەوانەی ناسیۆنالیستەکانەوە ئێمە لەسەر بنەماو بنچینەی مافی یەکسان بونی هاوڵاتیان بەرگری لە زمانی دایک دەکەین.هاوڵاتیانی خاوەن مافی یەکسان واتە ئەوەی کە لەئێرانی ئەمڕۆدا بەهەمان شێوە کە کەسێک زمانی دایکی فارسیە دەتوانێت بە زمانی فارسی کتێب بنوسێت،شیعر بڵێت،فلیم دروست بکات،نمایشی شانۆی بکات،ڕادیۆ وتیڤی بەڕیوەبەرێت وهتد وهتد،هەموو ئەو مافانە ئەبێت بۆ کەسێکیش کە زمانی دایکی تورکی فارسی یا عەرەبی یا هەر زمانێکی ترە بەفەرمی بناسرێت.ئەمە نابێتە هۆکاری دابەش بوون،بەپێچەوانەوە،یەکێتی بەشەکانە.
ناسیۆنالیزمی خێڵەکی،بۆ نمونە ناسیۆنالیزمی کورد،ئەیەوێت لەدەوری زمانی وڵات-میللەتی خۆی دروست بکات یان فیدراڵی خۆی هەبێت وهەموو کارەکان خۆی بەدەستیەوە بگرێت.واتە ئەیەوێت زمانی کوردی لەوڵاتی دڵخوازی خۆیدا هەمان دەوری هەبێت کە زمانی فارسی لە ئێرانی ئەمڕۆدا هەیەتی.
پاشان.باسەکەی ئێمە ئەوە نیە! ئێمە دەڵێین یەکسانی هەموو زمانە باوەکان لە هەر وڵاتێکدا.ئێمە دەڵێین لە هەر کۆمەڵگەیەکدا-ئیتر ناوی هەرچی لێ بنێین،وڵاتی ئێران،وڵاتی کوردستان،یا هەر وڵاتێکی تر-هەموو زمانە باوەکان لەو کۆمەڵگەیەدا،هەر بەوشێوەی کە ڕونم کردوە،ئەبێت بەشێوەی یەکسان بە فەرمی بناسرێن و مافەکانیان لەبەرچاو بگیرێت.بەپێچەوانەوە ئەگەر ئەم هەلومەرجە بخولقێنیت دەتوانیت کۆمەڵگەیەکی گەورەو یەکگرتوترت هەبێت.
ئیمە وەکو بنچینەیەک خوازیاری ئەوەین ئەوکۆمەڵگەیانەی کە(سەرمایەدارەکان ناوی وڵات ومیللەتیان لەسەردادەنێن)هەرچەند گەورەتر بێت.ئێمە بەهیچ جۆرێک لایەنگری وڵاتانی زۆر بچوکترو هەرکەسێک بەزمانی خۆی وهەرکەس بە کلتوری خۆی نین،بە شێوەیەک کە هاوسێ زمانی هاوسێکەی تێنەگات.ئەگەر ئێمە باسی مافی یەکسان دەکەین ڕێک لەبەر ئەوەیە کەکۆمەڵگە هەرچی زیاتر گەورە بکەین و هەرکەسێک بەهەر زمانێکی دایکەوە کە هەیەتی بتوانێت لەوێدا هەست بەئازادی و ئاسودەی بکات و بتوانیت بەزمانی خۆی هەموو چالاکیەک ئەنجام بدات.هەربەوبۆنەیەوە ئەمە پێکەوەلکێنەرو لەدەوریەک کۆکەرەوەی خەڵک و یەکگرتوو کەری خەڵک و ڕۆشتن بەرەو کۆمەڵگەی هەرچی گەورەترو ئینسانی تر ئەبێت.تەنها لەبارودۆخێکی وەهادایە کە هەموان بە تامەزرۆییەوە زمانێکی سەرتاسەری و هەموو لایەک بگرێتەوە.بەپێچەوانەوە،کەسێک کە لەسەر زمانی خۆی وەکو زمانی فەرمی و سەپێنراوی میللەتێک یان وڵاتێک(چ وڵاتێک کە ئیستا هەیە وچ وڵاتێک کە دەیەوێت سبەینێ دروستی بکات)جەخت دەکاتەوە،هەر بەوبۆنەیەوە ئەوە کە دەیەوێت هەڵاواردن دروست دەکات،ئەوە کە ئەیەوێت،خەڵک و کۆمەڵگەی ئینسانی لەسەر بنەمای یەک مێژوچەی میللی-قەومی دابەش بکات.
ئەگەر کەسێک لەسەر ئینسانیەت و کۆمەڵگەی ئینسانی دەجوڵێتەوە-نەک لەسەر ئەوەی کە چینی من ئەبێت دەسەڵات وەربگرێت و ئەبێت من ئاڵای پیرۆزیەکان و خاک و سنوری پیرۆزی خۆم هەبێت و هتد،ئەگەر پیرۆزیەکانی دەمارگیری میللی بخەینە لاوە،ئەو کاتە هەر ئینسانێک بەهەر زمانی دایکێک کە هەیەتی لەگەڵ ئەوانی تردا هەست بەیەکسانی دەکات و ئیتر پێویست ناکات کە باسی جیابونەوەو تەنانەت خودموختاری و فیدرالیسم و هتد بخریتە ڕوو و ئەو جۆرە نوسخە پێچانەوانە کە لەکردەوەدا هەڵاواردن و جیاکاری میللی قوڵ دەکاتەوە دەڕواتە کەنارەوە.بنەمای باسەکە مافی ئینسانیە کە جیهانداگرە.ئەگەر حکومەتێک بیەوێت کۆمەڵگە لەسەر بنەمای مافی ئینسانی بەڕێوە بچێت،بەشێک لەو مافانە ئینسانیانە بەفەرمی ناسینی زمانی دایکە بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە بەزمانی جۆراوجۆر دەئاخفن.ئێمە لەم چوارچێوەیەدا مەسەلەکە باس دەکەین، ناسیۆنالیستەکانیش لە چوارچێوەی لە پێشتری بەزاڵکردنی زمانی دایکی خۆیان بەسەر چارەنوسی کۆمەڵگەدا کە لەوباوەڕەدایە کۆمەڵگەی میللی ئەوانە.ئەم دوو جۆرە ڕوانینە بۆ کێشەی زمان و رێگە چارەی کیشەی زمان بەتەواوەتی خاڵی لەبەرانبەر یەکتردان.

خەلیل کەیوان: زۆر باشە،لەگەڵ ئەم تاریفەی کە دەڵێیت،ئەگەر بڕیار بێت کە لە هەر ناوچەیەکدا خەڵک بەزمانی دایکی خۆیان قسەبکەن،بخوێنن،چالاکیە ڕۆشنبیریەکانیان ڕێکبخەن،ئەو کاتە چ زمانێک خەڵکی وڵاتێک لەگەڵ بەیەک یەکگرتوو دەهێڵێتەوەکە بتوانن لەگەڵ یەک پەیوەندیان هەبێت؟کێشەی زمانی ئەسڵی نێوان خەڵکی ئەو وڵاتە چی دەبێت؟

حەمید تەقوایی:نەخێر!ئەمە گونجاونیە و پێویستە.تەنها لە قوتابخانەی ئەو ناوچانەی کە زمانی تر باون،وەکو کوردستان،خوزستان،ئازەرباینجان و هتد،ئەبێت زمانی دایک بخوێندرێت.هەم بەواتای فێربونی خوێندن و هەم ئەدەبیات بەو زمانانە.بەڵام ئەم دەرسانە لە هەموو قوتابخانەکانی ئێران ناخویندرێت.بۆنمونە لە شیراز خویندنی زمانی کوردی گرنگی نیە،پێوست نیە بەڵام لە کوردستان بەدڵنیایی دەبێت زمانی کوردی لە هەموو قوتابخانەکاندا بخوێندرێت.
لەوڵاتانی ڕوژئاوا تا ئاستێکی زۆر ئەم یاسایە لەبەرچاو دەگرن ئەگەر لە سەدا چەندێکی دیاری کراوی خویندکاران لە قوتابخانە داوابکەن کە زمانێکی ناسەراسەری بخوێنن،ئەو قوتابخانەیە ئەرکێتی کە کارئاسانی بۆ ئەم کارە بکات.وای دابنێین لەناو پەنابەرە عەرەب زمانەکاندا کە لەوڵاتێکی ئەورپایی و یان لە وڵاتێکی تردا کە ئەم مافە تا ڕادەیەک بەفەرمی دەناسێت دەژین،ئەگەر لەسەدا یەکی دیاریکراوبن کە بیانەوێت وانەی زمانی عەرەبی لە قوتابخانەی شارو ناوچەی نیشتەجێ بونیاندا بێت بخوێنن.ئەرکی دەوڵەتە کە ئاسانکاریان بۆ بکات.
لە ئێرانیشدا ئەبێت ئەم مافە بەفەرمی بناسرێت.ئەڵبەت لێرەدا مافی پەنابەران بابەتی باسەکەی ئێمە نیە،بەڵام ئەوانەی زمانی دایکیان جیاوازە لەگەڵ زمانی سەرتاسەری ئەبێت بەهرەمەند بێت لە مافی فێربونی زمانی دایک لە ناوچەکانی تری وڵاتدا.لە ناوچەکانی کوردستانیش و ئازەر بایجانیش کە زمانی ناوچەی جیاوازە و لە ناوچەکانی تریش ئەگەر لەسەدا یەکی دیاری کراو لە خەڵک خوازیاری فێربونی زمانی دایکیان بنئەبێت ئەو مافەیان بەفەرمی بناسرێت.
هەرچۆن بێت ئەوانە وردەکارین کە یاسا ڕونیان دەکاتەوە.بەڵام ناوەرکی بابەتەکە،بنەمای بابەتەکە،ئەوەیە کە ئێمە مافی کەسێک کە بەزمانی دایکی جیاواز دەئاخفێت بە فەرمی بناسین وبێ بەشی نەکەین لەخوێندن وچالاکی ڕۆشنبیری وکۆمەڵایەتی بەزمانی دایکی .تەئکید لەسەر ئەوەش بکەمەوە کەڕێژەی نیسبەتی جوغرافیایی تەنها لەبارەی خوێندنەوە ڕاستە.واتە تەنها بۆ فێربونی زمانێکی دایک لە ناوچەیەک کە زۆرینەی خەڵک زمانێکی تریان هەیە ئەبێت داوای ڕێژەی سەدی بکەن.بەڵام سەبارەت بە چالاکی ئەدەبی وڕۆشنبیری و هونەری نابێت هیچ سنورداریەکی،چ جوغرافیایی یا هیچ شتێکی جگەلەوانەش،بونی هەبێت.بۆ ئەم جۆرە چالاکیەش ئەبێت کارئاسانی و دەرفەتی پێوست بۆ هەموان بڕەخسێنێت،سەربەخۆ لە زمانێک کە قسەی پێدەکەن.

خەلیل کەیوان: دوبارە هەر لەم پەیوەندەوە پرسیارێکم هەیە.ئایا خۆیندن بەزمانی دایک ماناکەی ئەوەیە کە هەموو دەرسەکانی قوتابخانە وناوەندیەکانی وەکو فیزیا و کیمیا ودەرسەکانی تر،ئەبێت هەر بەو زمانی دایکە بخوێندرێن؟

حەمید تەقوایی:بەبڕوای من بەو شێوەیە نیە.هەر بەوشێوەی کە و وتم کێشەی هەڵاواردنی زمانی و جیاوازی نێوان زمانەکانی دایک لەبنەڕەتدا لە دەوری ئەدەبیات وشیعرو گۆرانی و هاوشێوەکانیدا مانای خۆی دەداتبەدەستەوە.بەڵام سەبارەت بە زانست ئەبێت ئاگامان لەوە بێت کە لە سەردەمی ئێمەدا زمانی ئەسڵی زانست زمانە ئەورپیەکانە.وڵاتانی ڕۆژئاوان کە لە ڕیزی پێشەوەی پێشڕەویە فەلسەفی زانستی-چ زانستی دەقیقە و چ زانستی کۆمەڵایەتی-دا وەستاون.زمانەکانی تر،وەک زمانی فارسی و یان زمانەکانی تر کەلە ئێران باوە.ئەو گەنجینەی زمانەکان و دەستەواژە و مانا و ئەوتوانا هەمەلایەنیەیان نیە کە پێشکەوتنەکان و دەستکەوتە زانستیە ئەمڕۆژیەکان بە ئاسانی و وردبینی و ڕاستی پێویستەوە دەربڕێت.
لە ئێران،لانی کەم ئەو سەردەمەی کەمن خوێندکار بووم ،لە زانکۆکاندا هەندێک لە وانەکان بە زمانی ئینگلیزی دەخوێندران لەبەر ئەوەی کە بۆ نمونە نەیان دەتوانی میکانیکی کوانتێۆم یا بیرکاری بەرز بەفارسی بخوێنن.فارسی بۆ ئەم کارە زۆر زمان گرانە.دەتوانی بە فارسیش هەبێت نزیک بە زۆرینەی زمانەکان و زاراوەکان هەر بە زمانە ئەسڵیەکەی بوو کە تەنها بە خەتی فارسی دەنوسرا .لە هەندێک حاڵەتیشدا هەر لەو ئاسەتەدا باشترە کە لە دووی ناوەندیەوە زمانی ئینگلیزی بخوێندرێت.بەو جۆرە زۆر باشترو بەربڵاوترو قوڵتر دەتوانیت زانست لە وڵاتی ئێراندا پەرەپێبدەیت.
ئێمە دەمارگیریەکمان نیە.جیاوازیەکی ئێمە لەگەڵ ناسیۆنالیستەکاندا ئەوەیە کە ئێمە دەماریریەکمان لەسەر کلتوری خۆمان،زمانی خۆمان،مێژووی خۆمان نیە.ئێمە دەڵێین کە ئەبێت کۆمەڵگە بڕوات بەپیری کلتوری پێشکەوتوی ئینسانیەوە و هەر لەبەر ئەوە پێ لەسەر بەها جیهانداگرەکان دەکەینەوە.بۆ نمونە دەستکەوتە ڕۆشنبیری و زانستیەکان بەزمانی ئینگلیزی تەنها تایبەت نین بەو کۆمەڵگەیانەی کە زمانیان ئینگلیزیە.بەڵکو دەستکەوتی گەشەی هزری و ڕۆشنبیری هەموو مرۆڤایەتیە.ڕەوتی ئاڵوگۆڕەکانی مێژوو بە شێوەیەک بووە کە ئەمڕۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەوروپایی پێشەنگی ڕۆشنبیری و پێشەنگی زانست و هونەرن.ئەمە پێویستە لە هەموو وڵاتان سەربەخۆ لەوەی کە بەچ زمانێک دەئاخفن بەفەرمی بناسرێت.

خەلیل کەیوان: لێرەدا دواین پرسیارتان لێ دەکەم،ئێوە ئاماژەتان بەزمانی ئینگلیزیدا.لە بەرنامەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریدا باس لەوە دەکرێت کە خوێندنی زمانی ئینگلیزی ئەبێت لە هەموو قوتابخانەکاندا لە تەمەنێکی خوارەوە دەست پێ بکات.بەرنامە دەڵێت کە زمانی ئینگلیزی ئەبێت بە تەدریج ببێتە زمانی بەڕیوەبردن و پەروەردەی باو لە وڵاتدا.ئایا خوێندنی زمانی ئینگلیزی تا ئەم ئاستەی کە ئێوە جەختی لێدەکەنەوە ناکۆک نیە لەگەڵ خودی خوێندنی زمانی دایکدا؟

حەمید تەقوایی:لە هیچ ڕویەکەوە بەو شێوەیە نیە.ئێمە خوازیاری زمانی ئینگلیزین لەپاڵ زمانی ئەسڵی و زمانە باوەکانی تر لەناوچە جیاوازەکانی وڵاتدا.من ڕونم کردوە کە زمانی ئینگلیزی لە ئاکامی یەک زنجیرە ئاڵوگۆڕی مێژوویی بۆتە زمانێکی دەوڵەمەند و بەتەواوەتی کۆبەند بۆ زانست.زانست بەنای فراوانی وشەکە،لە زانستی دەقیقەوە تا زانستی کۆمەڵایەتی و پزیشکی وفەلسەفەو تیئۆریە ئابوریەکان و مەکتە هزریەکان و هتدئەوە یەکێک لە بەڵگەکانی گەشەی زمانی ئینگلیزیە بۆ زمانێکی نێونەتەوەیی.
لەوڵاتی سوئید لەتەمەنێکی بچوکەوە،لە قوتابخانەی سەرەتاییەوە،زمانی ئینگلیزی دەخوێندرێت لەگەڵ ئەوەی کە زمانی سوئیدیش لە کۆتاییدا بەشێک لە فەرهەنگی ئەورپاییە.لەڕوی زانستیەوە بۆ نمونە ئەو لاوازیەیی زمانی فارسی نیە،لەگەڵ ئەوەشدا،لەوێ ئینگلیزی دەخوێندرێت،چونکە دەزانن کە زمانی دایکیان تایبەتە بە کۆمەڵگەیەکی بچوکی چەند ملیۆنی.دەزانن ئەگەر بیانەوێت پەیوەندی بکەن بەدونیایەوە،و بەباشی سود لە دەستکەوتە زانستی وتەنانەت هونەری وڕۆشنبیری وئەدەبی وفلیم و مۆسیقاکانوەرگرن،ئەبیت زمانی ئینگلیزی گشتگیر بکەنەوە.لە سوئید تەنانەت زۆربەی فلیم وزنجیرە تەلەفزیۆنیەکان-کە زۆربەیان بەزمانی ئینگلیزین-دوبلاج ناکەن و هەر بە زمانی ئەسڵیەکەی نیشانی ئەدەن.
ئێمە دەمانەوێت ئەم مۆدێلەلە ئیران جێبەجێ بکەین.ئەمە بواردەدات کە کۆمەڵگەی ئێران پەیوەندێکی بەهێزتر لەگەڵ دونیا دروست بکات و بتوانیت لە تازەترین ودواین دەستکەوتە هزری و ڕۆشنبیریەکانی دونیا بەهرەمەند ببێت.
لە کۆتاییدا خاڵێکی تریش با،س بکەم لە پەیوەند بە خەتی فارسیەوە.ئێمە دەمانەوێت هاوکات خەتی فارسیش بگۆڕین بەلاتین،هەر ئەوکارەی کە کۆمەڵگەی تورکیا کردیان.زمانی فارسی زمانی فارسیە بەڵام خەتی عەرەبی کە زمانی فارسی پێ دەنوسرێت،بەبۆچونی ئێمە بارێکی قورسە بەسەر پیی ئەو زمانەوە.ئەگەر بمانەویت ئەدەبیاتی فارسی پێشکەوێت،خوێندن بەزمانی فارسی ئاسانتر ئەنجام بدرێت و بەگشتی وای لێ بێت کەبە زمانی فارسی تێکەڵ بە جیهانێک ببیت کە تێیدا خەتی لاتین لە هەموو جێگەیەک بە فەرمی دەناسن،ئەبیت خەتی فارسی بگۆردرێت بەلاتین.ئەوە یەکێک لە ڕیفۆرمە گرنگەکانە بەرەو گەشەی زیاتری ڕۆشنبیری وشیعرو ئەدەبیات وبەگشتی کارەکانی نوسین وئەدەبی بەزمانی فارسی دەبیت.


٨ژانویە ٢٠٢١

Previous
Next