Skip to Content

چیرۆک/ شەقامە بازنەییەکان-2- … رەسوڵ بەختیار

چیرۆک/ شەقامە بازنەییەکان-2- … رەسوڵ بەختیار

Closed
by نیسان 24, 2022 General, Literature

شەقامە بازنەییەکان (2)

هەرچەند، دەتەوێ لەشەقامە بازنەییەکان دوور بکەویتەوە، کەچی سۆز و مێشک و دڵت دەیەوێ بگەڕێتەوە، ناتەوێ ببێتە بەشێک لەژیانت.
سیاح تەمەنی لەسەرووی شەست ساڵییە، چەند جارێک ویستی خۆی دوور بخاتەوە، چەندین کێشەی نایەوە، تا وایلێهات کەسوکاری هاشای لێ بکەن، دووریان خستەوە و لەهەموو شتێک بێبەشیان کرد، ئەویش بەهەلی زانی بۆ یەکجارەکی لەشەقامە بازنەییەکان دوور بکەوێتەوە.
سیاح: رۆیشتم زۆر دوور رۆیشتم، دوورترین شوێنی ئەم جیهانە بوو بەمەنزڵم، دەستم بەکار کرد، پارەیەکی باشم کۆکردەوە، خانوو و ئۆتۆمبێلم کڕی، کارێکی باشم هەبوو، تا وایلێهات زنجیرەیەک ریسەۆرانتم هەبوو، سەدان کەس لەلام کاری دەکرد، هیچ کاتێک ئەوانەشم قبووڵ نەدەکرد، خەڵکی شاری شەقامە بازنەییەکان بێ، تا لەیەکێک لەریستۆرانتەکانم کار بکات، خێزانم پێکەوە نا، خێزانەکەم یەکێک لەو خاتوونانە بوو، لەدایکبووی شەقامە راستەکانن، ئۆلیڤای ناو بوو، هەموو کات دەیویست، باسی شەقام و شێوەی خانوو و ژیان و گوزەرانی شەقامە بازنەییەکانی بۆ بکەم.
ئۆلیڤیا: دەبینم هەردەم وەک یەکێکی بیرت لەلای خۆت نەبێ، پێم بڵێ چیتە؟
سیاح:هیچ نییە، ماندووم، بۆ نایەی چەند رۆژێکی دیکە بەیەکەوە پیاسەیەکی سەر زەریای ئەتڵەسی بکەین، لەوێدا بۆ ماوەی مانگێک لەمۆتێلێک دەمێنینەوە.
ئۆلیڤیا: تۆ هەردەم دەتەوێ دوور بکەویتەوە، نەخێر، من حەزم بەوەیە بۆ پیاسە و گەشت بچینە یەکێک لەو شارە گەشتیاریانەی لەسەر دەریای ناوەڕاستە.
سیاح: حەزی پێ ناکەم.
ئەو سەرەڕایی هەموو ئەو شتانە، هەردەم بیر و هۆشی لەلای شەقامە بازنەییەکانە، بەڵام هەردەم وا نیشان دەدا. خۆی دوور دەخاتەوە، کەچی شەوو رۆژ و لەکاتی کارکردندا دڵ و هۆشی لەلای شەقامە بازنەییەکان بوو، زۆر جار بیری لەو رۆژگارە دەکردەوە، کە لەنێو شەقامە بازنەییەکاندا بوو، تەنیا دیمەنێکی لەلا شیرین بوو، بەتایبەتی ئەو شەوانەی خەوی لێ نەدەکەوت، هەمیشە دڵی خۆی دەدایەوە، مادام خەو ناچێتە چاوم، بەڵام ئەمە هەلێکە هەموو ئەستێرەکان بژمێرم و سەیری مانگ بکەم چۆن دوای ماوەیەک لەشوێنی خۆی نامێنێ ئەگەر کەمێکیش جوولا بێ، ئەوا رووناکییەکەی بەرەو کزی دەڕۆیشت، کاتژمێر دوای کاتژمێر رەنگی ئاسمان گۆڕنکاری بەسەردا دێ، لەنزیک کاتژمێرەکانی دەمەو بەیان کاتێک سەیری مانگی دەکرد، دەیبینی مانگ بەتەواوی شوێنی خۆی گۆڕیووە و ئاسمانیش بەرەو کاڵبوونەوەی تاریکی دەڕۆیشت، لەم کاتەدا چاوەڕوانی رۆژهەڵاتن دەبوو، ئاسمان هێدی هێدی، سپی دەبوو، هەموو خانوو و باڵەخانەک لەتاریکیدا دیاڕ نەبوون، کەچی لەو کاتەدا بەڕوونی دەبیندران، کاتێکیش خۆر دەردەکەوت، لەدوورەوە تیشکەکانی دەچەقییە نێو چاوانی.
سیاح هەردەم ئەو هەستەی لەدڵ و دەروونیدا بوو، کاتێک یادی ئەو شەوانەی دەکردەوە بزیەک دەکەوتە سەر لێوانی.
ئەو زۆرجار یاد و خەمی شەقامە بازنەییەکان تینی بۆ دەهێنا، ناچار تەسلیم بەخەیاڵەکانی دەبوو، بۆیە تەلەفۆنی بۆ یەکێک لەوانە دەکرد، کە خەڵکی شەقامە بازنەییەکانە، کاتێکی دادەنا تا لەگەڵ چەند کەسێک لەیەکێک لەریستۆرانتەکانی کۆ ببێتەوە و وتویژەکانیان بەزمانی شەقامە بازنەییەکان بێ.
کاتێک لەگەڵ یەکتردا دادەنیشتن، هەردەم بەسیاحیان دەگوت: بو هیج کەس لەزنجیرە ریستۆرانتەکانت وەرناگری تا وەک شاگرد و کرێکار و سەرکار لێرەدا کار بکەن، کەجی کاتێک تەلەفۆن دەکەی مکوڕی لەسەر ئەوەی لەدەوری یەکتردا کۆ ببینەوە و یادی کۆڵان و بازاڕ و قوتابخانە، شەڕ و کێشە و گرفتەکانی ئەو رۆژگاڕە بکەین.
باسکردنی دیمەنەکان وەک ئەوەیە، هەموو ئەوانەی لەشەقامە بازنەییەکاندان حەز بەبینینی دەریا دەکەن، پارەیەکی زۆر خەرج دەکەن، تا گەشت بکەن، تا دەریا ببینن، کاتێک دەچنە سەر دەریا زۆر سەرسوڕمانن بەشەپۆڵەکانی دەریا، بۆیە دەچن مەلەوانی دەکەن، مەلەوانی ئەوان زۆر جیایە لەهەموو مەلەوانزانەکانی دیکە، ئێمەمانان تەنیا بۆ ئەوەی شەپۆڵەکان لێمان بدات دەجینە ناو دەریا، بۆیە دەیان مەتر دەجینە نێو دەریاکە، چاوەڕوانین شەپۆڵێکی گەورە لێمان بدا، ئیجا ئەو شەپۆڵە بۆ کوێمان دەبا گرنگ نییە، ئێمه زۆر خۆشی لەو شەپۆڵانە دەبینین، لەدانیشتنەکانمان دەیان وەسفی جۆروجۆری بۆ دەبینینەوە.
سیاح: ئێوە دەزانن، بەهەموو شێوەیەک هەوڵمدا لەشاقامە بازنەییەکان را بکەم، دوورترین شوێنم هەڵبژارد، تا هیچ پەیوەندییەکی بەشەقامە بازنەییەکانەوە نەبێ، کەچی خەون و خەیاڵ و هەستم هەمووی لای ئەو شەقامانەیە، ماوەیەک دەمویست مێژووی بسڕمەوە، بەڵام هاوڕێیان ئێستا تەمەنم بەرەو پیری دەڕوات، ئەو چەندین سالەی لێرەم هەوڵمدا هەموو شتێک بسڕمەوە، وامکرد، هەموویم لەخۆم دوور خستەوە، کەچی نەمتوانی بۆ ساتێکیش بێت، لەخەیاڵ و دڵ و دەروونم دووری بخەمەوە، هەردەم لەنیوە شەودا خەون بەیەکێک لەشەقامەکان دەبینم، کاتێک چاو شارکێمان دەکرد، کچە نازدارەکانیش کاتێک تێدەپەڕیم، بزیەکی پڕ لەخۆشەویستیت ئاراستە دەکات. دەزانن کاتێک ئۆلیڤیا پرسیاری خۆشەویستی و دڵداری نێو شەقامە بازنەییەکانم لێدەکات، بە زمانی ئەو ناتوانم بەتێروتەسەلی دەربڕینەکانم بخەمە روو.
ئۆلیڤیا: باشە تۆ زمانی ئێرە لەمن باشتر دەزانی، کەچی ئێستا لاڵ بوو؟
ناچار بێدەنگ دەبم دەچمەوە نێو دڵ و دەروونی خۆم.

رەسوڵ بەختیار

Previous
Next
Kurdish