Skip to Content

شۆڕشی ئێستا و کێشەی دیموکراسی و مافی مرۆڤ.. حەمید تەقوایی

شۆڕشی ئێستا و کێشەی دیموکراسی و مافی مرۆڤ.. حەمید تەقوایی

Closed
by ته‌مموز 4, 2023 General, Opinion


وەرگێڕانی: کاوە عومەر


دەقی وتارەکە لە پانێڵێکدا بە هەمان ناونیشان لە ٢٤ی حوزەیران لە تۆرۆنتۆ پێشکەش کراوە
تەوەری ئەم پانێڵە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، دیموکراسی و مافی مرۆڤە. ڕوونە کە کۆماری ئیسلامی بە کیلۆمەترات لە دواوەی تەنانەت لە خراپترین دیموکراسیەکانی جیهانەوەیە. لە پشت زۆرترین پێشێلکاری مافی مرۆڤەوەیە. بەڵام دیموکراسی و مافی مرۆڤ بەس نییە. باشە بەڵام بەس نییە. شۆڕش لە پێناو ژن ژیان ئازادییدایە. وە دیموکراسی وەک ئازادی نییە. خۆشگوزەرانی و بژێوی ژیان مافی مرۆڤ نین. دیموکراسی و مافی مرۆڤ زۆر شت لەبارەی مافی ژنانەوە ناڵێن.
با سەرەتا لەسەر ئاستی گشتی قسە بکەم و دواتریش بێمە سەر هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن و ئەو باسەی کە لە پانێڵەکەدا وروژێنرا کە بۆچی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە.
جاڕنامەی مافی مرۆڤ لەبەرچاو بگرن. دوو بابەتی هەرە گرینگی کۆمەڵگای ئێران، هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان و عەلمانییەت، لە مافی مرۆڤدا نین. هه موو ئه وانه ی باس له مافی مرۆڤ ده که ن ئاماژه به جاڕنامه ی جیهانی مافه کانی مرۆڤ ده که ن و ئه م جاڕنامه یه له به ڕامبەر ئه م دوو مه سه له سەرەکیەی ی کۆمه ڵگه ی ئێران بێده نگه . واتە کەسێک دەتوانێت باوەڕی بە مافەکانی مرۆڤ هەبێت بەڵام ناڕەزایی دەرنەبڕێت بەرامبەر دەستوەردانی ئایین لە حکومەتدا و دژی سزای لەسێدارەدان نەبێت. وەک حکومەتی ئەمریکا کە هێشتا لە زۆربەی ویلایەتەکانیدا سزای لەسێدارەدانی هەیە و بانگەشەی ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ دەکات.
بۆ کۆمەڵگای ئێران مافی مرۆڤ سەقفێکی کورتی هەیە. کۆمەڵگای ئێران هەڵدەستێت و مشتێک لە ئاسمان دەدات. بزووتنەوەی ئێستای ئێران بە یەکەمین شۆڕشی ژنان لە جیهاندا ناودەبرێت. ئەو نە بەندەی خودایە، نە خۆشەویستی بۆ نیشتمان و ئاڵا و یەکپارچەیی خاکەکەی هەیە. خۆشەویستی بۆ ئازادی هەیە، خۆشەویستی بۆ ژیان هەیە، خۆشەویستی بۆ ڕزگاری هەیە، خۆشەویستی بۆ یەکسانی نێوان ژن و پیاو هەیە، تۆش بڕیارە مافی مرۆڤ بخەیتە بەردەمی؟ ئایا بەڵێنی دیموکراسی و پەرلەمانتاریزم دەدەیت؟ کۆمەڵگا دەڵێت من دەمەوێت ڕۆڵێک لە چارەنووسی خۆمدا بگێڕم. کاکە من نامەوێت. سەد ساڵ و چەند ساڵ لەمەو بەر لە ئێستا دەرئەنجامی خەبات بۆ دیموکراسیمان لە شۆڕشی دەستوریدا بینی. پەرلەمانمان هەبوو. بۆ نموونە ئێمە هەڵبژاردنمان هەبوو. هەروه ها له کۆماری ئیسلامیدا هه ڵبژاردن هه یه . هەموو دیکتاتۆرییەکانی جیهان دواجار ئەمڕۆ پەرلەمانێک ڕێکدەخەن و هەڵبژاردن ئەنجام دەدەن. کێشەکە تەنها لە ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا نییە، کێشەکە لەوەدایە، بە قەولی بزووتنەوەی دەست بەسەرداگرتن هەر لەم ڕۆژئاوای لانکی دیموکراسیەدا، ئازادی لە سندوقی دەنگداندانەوە نایەتە دەرەوە.خەڵک لە ئەو ناڕازی دەبن، دەنگ بەئەم دەدەن و لەئەم ناڕازی دەبن دەنگ بەئەو دەدەن. و پاشان بۆچوار ساڵ دەچنەوە ماڵەوە و حکومەتەکان شەڕ دەکەن، ئاشتی دەکەن، باج زیاد و کەم دەکەنەوە، خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان دەبڕن، لەباربردنی منداڵ قەدەغە دەکەن و هتد.. هتد. ئیتر ئەوان سوارو خەڵک پیادە چوارساڵی تر
ئەمەش پێی دەوترێت دیموکراسی. ئایا خەڵکی ئێران شۆڕش بۆ ئەمە دەکەن؟ خەڵک جارێک بۆ ئەمە وەستانەوە، لە شۆڕشی دەستووریدا، ئێمە گەیشتینە ئێرە. ئەمڕۆش دەبینین هەمان گوتارەکان دووبارە دەوروژێنرێنەوە. مافی مرۆڤ و دیموکراسی. ئەمانە قسەی سەرەکی حکومەتەکانی جیهانن، بەتایبەتی لە دۆخی ئەمڕۆدا. ئەم چەمکانە لە بنەڕەتدا لە دژی ئۆردوگای سۆڤیەت لە سەردەمی جەنگی سارددا وروژێنراون. لە دیموکراسی جەنگی سارددا پینۆشە بەشێکە لە ئۆردوگای دیموکراسی چونکە بەشێکە لە بلۆکی ڕۆژئاوا. حوسنی موبارەک بەشێکە لە کەمپی دیموکراسی، شای ئێران بەشێکە لە کەمپی دیموکراسی. بۆچی؟چونکە هەر کەسێک دژی یەکێتی سۆڤیەت بێت، خۆبەخۆ دەخرێتە ئۆردوگای دیموکراسی. من هەرگیز لایەنگری سۆڤیەت نەبووم. یەکێتی سۆڤیەت جگە لە سەرمایەدارییەکی سەرکوتکەر لە ژێر ئاڵای سۆسیالیزمدا هیچی تر نەبوو. بەڵام دژی یەکێتی سۆڤیەت، کەمپێک وەک کەمپی دیموکراسی دروستکرا، کە هەموو خونتا
( (junta سەربازییەکانی ئەمریکای لاتینی لەخۆگرتبوو. وە هێشتاش هەر هەن.
مافی مرۆڤیشیان لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە ڕاگەیاند، دیسانەوە دژی ئۆردوگای سۆڤیەت، چونکە لەو سەردەمەدا سۆسیالیزم بە شێوەیەکی بەرفراوان لە جیهاندا باو بوو. ئەوان عەلمانیەتیان نەخستە نێو مافی مرۆڤەوە، چونکە خۆیان پێویستیان بە ئایین هەبوو لە بەرامبەر “مەترسی سوور”دا لە وڵاتەکەی خۆیاندا. بێدەنگکردنی عەلمانیەت بەهەڵەدا چونێکی واتایی نەبوو، پێویستیان پێی نەبوو. ئۆردوگای ڕۆژئاوا پێویستی بە ئایین هەبوو. هەر ئەمڕۆ، دەبینیت بەڕێز ترەمپ دەچێت وێنەیەک بە کتێبی پیرۆزەوە – کە سەروبن گرویەتی بەدەستیەوە – وێنە دەگرێت بۆ ئەوەی خۆشیان بوویت. ئەمەمان بە چاوی خۆمان بینی. قسەی هەموویان” “God bless America “خوای گەورە ئەمریکا بەختەوەر بکات”. ئەم بەکارهێنانەی خودا و نیشتمان شتێکی جیهانیە.
لە سەرەتای ئەم دیدارەدا، یەکێک لە دۆستەکان، کە ویستی بە ئاڵاوە بەشداری کۆبوونەوەکە بکات، پێی وتم بەڕێز تەقوایی، یەک خودا، یەک ئاڵا، یەک نیشتیمان، ڕاستە؟ وتم خودا قبوڵ ناکەم، خۆت حساب بۆ باقیەکەی تر بکە!
دەمەوێت بڵێم سیستەمێک هەیە، سیستەمێکی سیاسی پێشوەختە دیاریکراو هەیە بە هەمان ئایکۆنەکان، بە هەمان زاراوە، بە هەمان وشەی سەرەکی کە کاتێک دەڵێت دیموکراسی و مافی مرۆڤ، مانای لایەنگری حکومەتەکانی ڕۆژئاوایە! ئەمڕۆ مانای سیاسی ڕاستەقینەی ئەم وشانە ئەمەیە.
ئەگەر لە فەرهەنگەکەدا سەیر بکەیت، دیموکراسی واتە حوکمڕانی خەڵک. کاتێک کۆمەڵگا لە شۆڕشێکەوە سەرهەڵدەدات، هەمان تێڕوانینی بۆ ئازادی هەیە. بۆ نموونە دوای شۆڕشی ئەمریکا، “Bill of Rights””پرۆژە یاسای مافەکان” دەنووسرێت و ڕادەگەیەنرێت
” “Of the people, by the people, for the people”
لە گەلەوە، لەلایەن گەلەوە، بۆ گەل،
لە خەڵکەوە، لەلایەن خەڵکەوە، بۆ خەڵک. ناڵێت دیموکراسی، تەنانەت ناڵێ میللەتی ئەمریکی، دەڵێت خەڵک! دروشمی سەرەکی شۆڕشی قەرەنسا، ئازادی و یەکسانییە. ئازادی و یەکسانی مرۆڤەکان. کام شۆڕش لە جیهاندا ئایدیالی دیموکراسی و مافی مرۆڤ بوو؟ بەڵام ئەمڕۆ بووەتە مۆدە. لە نێوان کێدا؟ لە نێوان ئەوانەی سەرەوە
بەڵام شۆڕشی ژن ژیان ئازادی لەسەر ئەمە نییە. ئەمە سەقفێکی کورتە. دەبێت خۆت بچەمێنیتەوە بۆ ئەوەی بچیتە ناو ئەم کونە. ئەگەر بەرز ڕاوەستیت، دەگەیتە ئاسمان، دەگەیتە ئازادی و یەکسانی. لە ئێران خەریکن دروشمی کورد بەلوچ ئازەری ئازادی و یەکسانی دەڵێنەوە. بەڵام بەشێک لە ئۆپۆزسیۆنی ڕاستڕەو دەڵێن کورد جوداخوازە و دڵیان بۆ ئەو سەربازەی کە لە ڕوبەڕوو بوونەوەی لەگەڵ بەلووچەکاندا کوژرا دەسوتێ. هەرکەسێک بڵێت لایەنگری حزبێکم لەکوردستاندا، بە جوداخوازێک تاوانبار دەکرێت. بەڵام خەڵکی ئێران ڕادەگەیەنن کورد بەلوچ ئازەری ئازادی و یەکسانی.
دۆستان ئەم شۆڕشە بەم کونەدا تێناپەڕێت! ئەم شۆڕشە لەم گۆڕەدا ناڕوات. ئەم شۆڕشە لە بەرامبەر سەد ساڵەی دیکتاتۆرییەتدا هەڵساوە. سەد ساڵە لەگەڵ “خودا شا نیشتیمان”دا ئەژدادی خەڵکیان دەرهێناوە. ئەم شۆڕشە خوای ناوێت، پاشای ناوێت، نیشتیمانی ناوێت. گوتاری دیموکراسی و مافی مرۆڤ هی ئەوانە. ئازادی و یەکسانیمان دەوێت. ئێمە ڕزگاریمان دەوێت. ئەمە شۆڕشێکی ژنانەیە. ئەیەوێتجیهان بگۆڕێت،ئەم شۆڕشە دەیەوێت جیهانێک سەرلەنوێ بنیات بنێتەوە لە مرۆڤی نوێ. دەتەوێت دیموکراسی و مافی مرۆڤێکم پێ بفرۆشیت، کە بێدەنگە لە بەرامبەر لەسێدارەدان و دەستوەردانی دین لە دەوڵەتدا؟ من نایکڕم! ئەو کلیلە لەگەڵ ئەم قوفڵەدا ناگونجێت. وەڵامی خەڵک ئەوانە نین. جیاکاری دەخەنە نێوان مرۆڤەکانەوە،کە خستویانە. وە ئێوەش ئەمە دەبینن.
بەشێوەیە نییە کە گوایە پێش دەستپێکردنی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی هەموو هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان لەگەڵ شۆڕش بوون. وا نەبوو. ئەمڕۆ شۆڕش بۆتە مۆدە. شۆڕش خۆی دەسەپێنێت.
کەسانێک هەبوون وەک حیزبی ئێمە کە چوار دەیە پێش ئێستا ئاڵای شۆڕشیان هەڵکرد. هێز هەبوون چوار دەیە لەمەوبەر دەیانگوت لێبوردن. گوتیان ڕژێم گۆڕین. ووتیان دروستکردنی قەیران لە سنوورەکان. گوتیان ڕیفراندۆم. ئەوان گوتیان دەستوور. چوون و لەگەڵ بزووتنەوەی وەنەوشەیی وێنەیان گرت. لەگەڵ بزووتنەوەی سەوز وێنەیان گرت. بەڵام کاتێک شۆڕش ڕوویدا، ئەوانیش لە شەوێکدا بوون بە “شۆڕشگێڕ”! پێویستی کاتە. ئەوان کەوتوونەتە ژێر فشاری شۆڕشگێڕانە. باشە ئەمە شۆڕشگێڕیی قەرزکراوە. ئەم جۆرە شۆڕشگێڕییە تەنیا دەتوانێت شۆڕشەکە پاشەکشە پێبکات و بیباتە دواوە. ئەم شۆڕشگێڕییە ستراتیژەکەی بریتییە لە گۆڕینی دۆخەکە بە کەمترین گۆڕانکاری. بە کەمترین گۆڕانکاری! ئەو دەیەوێت تا دەتوانێت زۆرترین لەسیستەمی هەبوو بهێڵێتەوە.
ئێوە ناوی ئەم هێزەتان نەهێناوە، با ناوی بهێنم: شاخوازەکانن. جاڕنامەی جۆرج تاون مەهسانەبوو، جاڕنامە بوو بۆ چەسپاندنی شۆڕش لە کۆریدۆرە تەسکەکانی دیپلۆماسی جیهانیدا. لەسەدا نەوەدی جاڕنامەکە سەبارەت بەم پەیماننامەیە و ئەو ڕێککەوتننامەیە و پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەتەکانە. وەک ئەوەی خەڵک شۆڕشێکیان کرد بۆ ڕاگەیاندنی دڵسۆزی بۆ کۆنوانسیۆنە نێودەوڵەتییەکان! ئایا ساڵانی هەشتاکان شۆڕشێکی کردووە بۆ پەیوەست بوون بە کۆنوانسیۆن و پەیماننامەکانی نێوان حکومەتەکانەوە؟! ئەو پەیماننامانەی کە زۆربەیان دژی ئۆردوگای سۆڤیەت بوون؟ وە لە باشترین مافەکانی مرۆڤدا، بە هیچ شێوەیەک باس لە پرسە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگای ئێران نەکراوە؟
پاشایەتیخوازەکان بەڵێنی سیستەمێک بە خەڵک دەدەن کە نزیکەی ٥٠ ساڵ لەمەوبەر هەربەم داواکارییەکانی ئەمڕۆیانەوە ڕووخاندیان. وە دواتریش بانگەشەی ئەوە دەکەن کە پشتگیری لە دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ دەکەن.
دیموکراسی و مافی مرۆڤ سەرەڕای هەموو ئەو کەموکوڕی و ناتەواویانەی کە من ڕوونم کردۆتەوە، سەدان جار لە کۆماری ئیسلامی باشترە، بەڵام بزووتنەوەی جەماوەریی خەڵک لە ئێستادا داواکاری زۆر پێشکەوتنخوازانەتری بەرزکردۆتەوە. چەند ساڵێک لەمەوبەر کرێکاری مانگرتووی هەفت تەپە پێشنیاری ئیدارەی شورای کرد و زانکۆکان پێشوازییان لێکرد. ئەمڕۆش لە جاڕنامەی بیست ڕێکخراودا باس لە لێدانی هەر دەسەڵاتێکی سەرو خەڵکی دەکات. کۆمەڵگا، لە ١٠٠ تێپەڕیوەو تۆ بەڵێنی ٥٠ی پێ دەدەیت ؟! بەڵێنی پەرلەمانێک دەدەیت کە لە سەد ساڵی ڕابردوودا بینیمان چۆن کار دەکات؟ بەڵێ تورکیا لە کۆماری ئیسلامی باشترە، مەغریبیش باشترە، بەڵام ئەوە باس نەکرا. ئێمە شۆڕشێک ناکەین بۆ ئەوەی دۆخەکە کەمێک باشتر بکەین. ئەگەر کەمێک باشتریش بێت، وەک کشانی کورت دەگەڕێتەوە بۆ پلەی یەکەم. پەرلەمانتان هەیە. ڕەنگە ساڵێک یان دوو ساڵ بخایەنێت، بەڵام لە ساڵی سێیەمدا “ڕابەرێک” دەدۆزرێتەوە کە بە ناوی ڕێکوپێکی و ئاسایشی نەتەوەیی، یەکپارچەیی خاک و…، پەرلەمان دەکاتەدیوی دراوێک! ئەوان ئەم کارەیان کرد.
بەڵام ئەو هێزە ڕاستڕەوەی کە وتم پاشایەتییەکان بەشێکن لێی تەنانەت ئەم دیموکراسی و مافی مرۆڤیش قبوڵ ناکات. بۆ قبوڵ ناکات؟
سەیرکەن، یەکپارچەیی خاک بۆ دیموکراسی لیبڕاڵی ڕۆژئاوا تابۆ نییە. هەر لەم کەنەدا حزبی “پارتی کیوبیکوا” دوو ڕیفراندۆمی بۆ جیابوونەوەی هەرێمی کیوبیک ئەنجامداوە و زۆر جێی ڕێز و حورمەتە.لە چالاکی خۆی بەردەوامەو ئەندامی لە پەڕلەماندا هەیە لەوانەیە بۆ جاری سێهەمیش ڕیفراندۆم ئەنجام بداتەوەو کەسیش وەک خائین و وەک تێکشکێنەری هێڵی سووری سنوورەکان و ئەم پڕوپوچیانە هێرش ناکاتە سەری. ئەمە لیبرالیزمی ڕۆژئاوایە. ئەمە دیموکراسی ڕۆژئاوایە.
ئایا دەزانن دیموکراسی ڕۆژئاوا سوپا چۆن پێناسەی ناکات؟ هێزێکە بۆ بەرگریکردن لە خەڵکی وڵات لە بەرامبەر دوژمنی دەرەکیدا. لانی کەم ئەمە پێناسەی فەرمی سوپایە. بەڵام بڕۆ جاڕنامەی جۆرج تاون بخوێنەرەوە. ڕایگەیاندوە کە هێڵی سووری ئێمە یەکپارچەیی خاکە. وە ئەرکی سوپا – کە دەیەوێت بچێتە ناو بەشە تایبەتمەندەکەی سوپاوە – بۆ بەرگریکردن لە یەکپارچەیی خاک دیاری دەکات. واتە هەرکەسێک هێڵی سووری یەکپارچەیی خاک ببڕێت، من لەشکرکێشی لە دژ ئەنجام ئەدەم.واتە ئەو کارەی کە ڕەزا شا و محەممەد ڕەزا شا و کۆماری ئیسلامی کردیان.
ئەمە دیموکراسی نییە، لە تەنیشت لیبرالیزمی ڕۆژئاواوە ناوەستێت. لە تەنیشت فاشیستەکانی ڕۆژئاوا دا دەوستێت. ڕاستترین هێزەکانی ئێرە دەیانەوێت “پارتی کیوبیک” سەرببڕن . فاشیستەکانن! ئەو لایەنە لە ئێراندا ئیدیعای دیموکراسی دەکات و لە پاڵ فاشیستەکانی ڕۆژئاوادا وەستاوە. کاتێک دەڵێن ئەرکی سوپا بەرگریکردنە لە یەکپارچەیی خاک، ئەوە مانای ئەوەیە کە من دەمەوێت سوپا لە دژی کورد و بەلووچ ڕێکبخەم. ئەگەر کوردێک ڕێگە بەخۆی بدات و بڵێت من دەمەوێت جیاببمەوە لەبەر هەڵاواردنی نەتەوەیی، ئەوان شەڕی لەگەڵ دەکەن. تۆ دیموکرات نیت، تۆ فاشیستیت! بەپێی پێناسەی فەرهەنگی دیموکراسی، تۆ فاشیستی، و تەنها چەپ نییە لە ڕوانگەی منەوە. لەسەر بنەمای نەریتی لیبراڵ دیموکراسی ڕۆژئاوا، تۆ فاشیستی. ئازیزم تۆ هیچ پەیوەندیت بە دیموکراسیەوە نییە.
باسی مافی مرۆڤ دەکەن، بەڵام لە ڕستەی داهاتوودا دەڵێن باوکی مافی مرۆڤ کوروشی گەورە بووە! ئایا ئەمە بەرگریکردنە لە مافەکانی مرۆڤ یان بەرگریکردنە لە کوروشی گەورە؟! ئەوەی مافی مرۆڤ بە کوروشی حەخامەنشییە وە دەبەستێتەوە، بەرگری لە مافی مرۆڤ ناکات، ئیمپراتۆریەتێکی سەردەمی کۆیلایەتی گەورە دەکات. بۆچی کورد زمان مافی مرۆڤی ئێوە قبووڵ بکات؟ ئەو کوردانەی کە پەیوەندییان بە کوروشی حەخامەنشییەکانەوە نییە. کورد باوباپیرانی خۆی بە ماد دەزانێت. عەرەب زمانەکان لە ئێران ڕەچەڵەکی خۆیان دەگەڕێننەوە بۆ حەمورابی. پاشان دەتەوێت بە مافی مرۆڤی کۆرۆشی نوێنەرایەتی هەموو مرۆڤەکان بکەیت؟!
ئەم پێناسەیە بۆ مافەکانی مرۆڤ تەواوکەری هێڵی سووری یەکپارچەیی خاکە. هێڵێکی سور بەرامبەر هەموو غەیرە فارسەکان کە هیچ پەیوەندییەکیان بە کوروشی گەورەوە نییە. شانازیی بە باوک و باوباپیرانەوە پێویستە لە کۆمەڵگا بە گشتی کۆبکرێنەوە، بەڵام کاتێک تیشک دەخەیتە سەر یەکێک، ئەوا دژی ئەوانی تر هاتوویت.
ئەمە تەنانەت ناسیۆنالیزمی ئێرانیش نییە، گەورەیخوازی فارسییە. لە ڕۆژئاوا ئەم بۆچوونە لە تەنیشت کەسێکی وەک ترەمپ دادەنرێت، کە پاشایەتیخوازەکان خۆیان بە ئاشکرا بەرگری لێدەکەن. ترەمپ ویستی مەکسیکییەکان لە ئەمریکا دەربکات. هەروەها دەڵێن هەرکەسێک بیەوێت جیاببێتەوە من لەگەڵ سوپادا دەچمە سەروکاری. ئێستا لە ئێران یەک هێزی جوداخوازمان نییە. کۆماری ئیسلامی وەک چۆن هەر یەکێک لە نەیارەکانی بە سیخوڕی ئیسرائیل ناودەبات، هەریەک لە نەیارەکانیشیان بە جوداخواز ناودەبەن. هەر ئەوەندە بەسە بۆ ئێوە بە زمانی کوردی ناڕەزایەتی دەرببڕن و بە “تۆمەتی” جوداخوازی دێنە لات، کە لە بنەڕەتدا تاوان نییە. وەک ئەوە وایە کەسێک لێرە بڵێت “ئەمە ئەندامی پارتی کیوبیکوایە، دەستگیری بکە”! بە پێوەرەکانی کەمڕەنگترین لیبرالیزمی ڕۆژئاوایی، ئەمە فاشیزمی گەورەییخوازە.
لە مانگەکانی یەکەمی شۆڕشدا هێزێکی لەو شێوەیە دەچێتە پشت ستاندەکانەوە و بانگەشەی یەکڕیزی دەکات، وەک حکومەتەکان و میدیاکان باسی دەکەن. وە بینیمان کارەکانیان بۆ کوێ ڕۆیشت. کاتێک جاڕنامەی جۆرج تاون بڵاوکرایەوە و ڕەزا پەهلەوی هەمووانی بانگهێشت کرد بۆ ئەوەی سواری پاسەکەی بن، بابەتێک لەژێر ناوی پاسێک بۆ دۆڵەکەدا نوسی. ئێستا پاسێک لە دۆڵەکەدا نییە. بوو بەدوکەڵ و و چووە هەوا. ئەوان لەگەڵ خراپترین قێزەونەکان کۆبوونەتەوە. ئەوانەی لە جۆرج تاون لە دەوری مێزێک دانیشتبوون، توندترین هێرشیان کرایە سەر لەلایەن شاخوازەکانەوە. سەیر بکەن شەعبانە بێ مۆخەکانیان چییان کردووە. لە سۆشیال میدیا و لەسەر شەقامی شارەکانی دەرەوەدا.
پرسیاری من بۆ شاپەراک شەجەریزادە (کەقسەکەرێکی تری پانێڵەکەیە) ئەوەیە، بۆچی ئەم دۆخە دەگەڕێننەوە بۆ ئۆپۆزسیۆن؟ ئایا ئۆپۆزسیۆن تەنها ئەمانەن؟ لقێکی تری ئۆپۆزسیۆن هەیە کە لە هەمان کاتدا لەگەڵ جۆرج تاون، خەڵکی ئاگادار کردەوە کە وریا بن، ئەم پاسە بەرەو بنی دۆڵەکە دەڕوات. ئەم وەشانەی دابەشکراوە. جاڕنامەکە کە ئەرکی سوپا بۆ ڕێگریکردن لە “جیاخوازی” دیاری دەکات و لەبری ئازادی و تەنانەت لەبری دیموکراسییە گوماناوییەکەی پەنا بۆ ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان ببات، زیاتر دیپلۆماتکارێکە کە خۆی لەگەڵ حکومەتدا تێکەڵ کردووە. ئەگەر دەتەوێت وەک حکومەت قسە بکەیت، پێویستە بە نەتەوە یەکگرتووەکان بڵێیت عەلمانیەت و هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان بخەنە ناو مافەکانی مرۆڤەوە کە پەیوەندییان بە خەباتەکانی کۆمەڵگای ئێرانەوە هەیە. ئەوان هیچ ناڵێن، مافی مرۆڤی هەنووکەیی لەگەڵ گەورەییخوازی فارسدا تێکەڵ دەکەن و دەیکەن بە ئاڵای ترەمپ و ترامپگەرایی لە ئێراندا!
خاڵێکی تری گرنگ ئەوەیە ئایا کێشەی ئێران تەنها پەیوەندی بە مافی مرۆڤ و دیموکراسیەوە هەیە؟ ئەی گرانی و تسونامی و هەڵاوسان چی؟ هەژاری چییە؟ مووچەی یەک لەسەر پێنجی هێڵی هەژاری چەندە؟ ئەی منداڵانی کار و سەرشەقام؟ ئەی زبڵ کۆکەرەوەکان؟ ئەرکی ئەمانە چی دەبێت؟ مافی مرۆڤ هیچ لەبارەی بارودۆخی ئابووری و ژیانەوە ناڵێت. هیچ لەبارەی دیتەرمینیزمی ئابوورییەوە ناڵێت. هیچ لەبارەی ئەو کەلێنە قووڵەی نێوان هەژاری و سامان، لە نێوان “مافی فەلەکی و نەهامەتی گشتی”دا ناڵێت. هیچ شتێک ناڵێت کوڕی ملیاردێر دەتوانێ بۆ دە نەوەی داهاتوو بخوات و بخەوێت، کوڕی کرێکارێکی بێ دبلۆم دەبێت بچێتە بازاڕی کار و دوو شفت کار بکات و هێشتا هەشتیشی بە نۆ نەبێت.
ئایا دەزانن خۆپاراستنی ئابووری لەو وڵاتەدا مانای چییە؟ خۆپارێزی پرسێکی جیهانییە، سیاسەتی بانکی نێودەوڵەتییە. گریمان شۆڕشێک لە ئێران ڕوویدا و حکومەتێک لە ژێر ئاڵای دیموکراسی و مافی مرۆڤ هاتە سەر کار. دامەزراوەکانی سەرمایەی جیهانی دەڵێن ئەگەر دەتەوێت ئابوورییەکەت دەست پێ بکات، ئەوا نوسخەی بانکی نێودەوڵەتی جێبەجێ بکە. وەک چۆن بە فەرەنسا و ئینگلتەرا و ئەوانی تریان وتووە. بەڵام ئێران نابێتە فەڕەنسا. لە فەرەنسا بۆ جێبەجێکردنی خۆپارێزی ئابووری دەبێت دەستکەوتەکانی چینی کرێکار وەربگرنەوە. لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا کرێکاران و جەماوەری خەڵک بە نەریتی دیموکراسی ڕۆژئاوا شۆڕشیان کردووە و خەباتیان کردووە و دەستکەوتی وەک بیمەی بێکاری و خزمەتگوزاریی خۆشگوزەرانی و …هتدیان هەیە. سیاسەتی خۆپاراستنی ئابووری لە ڕۆژئاوا بە واتای وەرگرتنەوەی ئەم دەستکەوتانە دێت. بیمەکان دەشکێنن، تەمەنی خانەنشینی وەک لە فەرەنسا بەرز دەکەنەوە و هتد. پشتێنەکان توند دەکرێنەوە و ئەمەش بە واتای خۆپارێزی ئابووری لە ڕۆژئاوا دێت. بەڵام لە ئێراندا لە ئێستادا کەمەر بە پشتەوە بەستراوەتەوە. پێویست بە توندکردنەوە ناکات! بۆیە دەبێت لە بیکوتیتەوە . دەبێت بیکوتیتەوە گرنگ نییە لەسەر کاغەز سوێند بە دیموکراسی بخۆیت. کرێکارێک کە هەڵدەستێت و دەڵێت خۆپارێزی ئابووری قبوڵ ناکەم، پێویستە لێی بدرێت چونکە سەرمایەی ناوخۆیی و دەرەکی لەوێ کار بکات و قازانج بکات. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە ئێمە لە ئێراندا دیکتاتۆری دوای دیکتاتۆریەتمان هەیە. لە ڕووی بەرهەمهێنانی کارەوە، لە ڕووی ئاستی تەکنەلۆژیای بەرهەمهێنانەوە، لە ڕووی دەستکەوتە کۆمەڵایەتییەکانی چینی کرێکارەوە، لە ڕووی کەڵەکەبوونی سەرمایە، کۆمەڵگای ئێران لە بنی هێڵدایە. ئەم کۆمەڵگایە بە دیموکراسی چارەسەر نابێت. نەک ئەوەی دیموکراسی بێت، هەژاری بمێنێتەوە. دیموکراسیش نایەت. چونکە ئەو بەرهەمهێنانە لە ئێراندا بەو ئاستە هێزی بەرهەمهێنەرەوە و بەو ئاستە گەشەسەندنی سەرمایەداری جیهانی دووسەد و سێ سەد ساڵ لەدوای ڕۆژئاوایە. خۆپاراستنی ئابووری، ئەگەر لە ڕۆژئاوا بە مانای بەرزکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی و لێدان لە بیمەی کۆمەڵایەتیەکان بێت، لە ئێراندا بە مانای بڕینی تۆزی چینی کرێکار دێت. چونکە بیمەی کۆمەڵایەتی نییە. چونکە لە ئێستادا تەمەنی خانەنشینی زۆرە. بۆیە پێویستە لێدان و کوتین ئەنجام بدەیت و مافی سەندیکای کرێکاری و مافی ڕێکخستن و حزبایەتی و مافی ناڕەزایەتی بە کرێکاران نەدەن و ئەگەر دەتەوێت دەمی کرێکارەکە دابخەیت، ئەوا پێویستە دەمی نووسەرانیش دابخەیت، دەمی ڕۆشنبیران و خوێندکاران دابخەن. چونکە ناتوانرێت بەشێکی کۆمەڵگا بچەوسێنرێتەوە و بەشەکەی تریشی ئازادە بێت. بۆ ئەوەی لە چینی کرێکار ڕزگارت بێت، دەبێت دیکتاتۆریەتێک بەسەر هەموو کۆمەڵگادا بسەپێنی.
دوا قسەم ئەوەیە کە خۆشەویستان منیش هەروەها پێم وایە شۆڕش لە ئێران بەردەوامە، من پێم وایە ئەم شۆڕشە ڕێنێسانسێکی دژە ئایینییە. ڕێنێسانسێکی دژە دەسەڵاتە. هەر جۆرە دەسەڵاتێک. بزووتنەوەیەک دژی تابۆیە. نەک هەر تابۆی ئایینی بەڵکو تابۆی ئەخلاقی، تابۆی سێکسی، تابۆی نەتەوەیی-نیشتمانی، بەم تابۆ و شتە پیرۆزانە سەد ساڵە مرۆڤ دەکوژن. ئەم شۆڕشە دژی “خودا شا نیشتیمان”ە. سێ تابۆی پیرۆز کە ساڵانێکە خوێنی خەڵکی ئێرانیان کردۆتە شوشەوە. ئەم شۆڕشە بۆ ئازادی و یەکسانییە. بێ یەکسانی هیچ ئازادییەکمان نییە. ئەگەر ڕێگری ئابووری ناچارت بکات هەفتەی ٨٠ کاتژمێر کار بکەیت، دوو شفت و سێ شفت، ناتوانیت هەناسە بدەیت، ناتوانیت چێژ لە هونەر وەربگریت، ناتوانیت سەفەر بکەیت و ناتوانیت وەک مرۆڤ بژیت. ئێمە بە زۆرەملی ئابووری ئازادیمان نییە.
شۆڕشی ئێران لەسەر ئەوانەیە یان ئێمە دەمانەوێت لەسەر ئەمانە بێت. با بڵێین شۆڕشی ئێران لەسەر هەموو ئەمانە دامەزراوە و هەوڵی ئەوە دەدەین بیکەین بە واقیعی. ئەمە کاری حزبەکانە و حزبی ئێمەش دەیەوێت ئەمە بکات. ئەمە پلانەکەیەتی، ئەمە ئامانجەکەیەتی. ڕێگە نادەین بەناوی شۆڕشەوە، بەناوی یەکڕیزی خەڵکەوە، لە نێوان کورد و بەلوچ و ئازەری و فارسدا دابەشبوون بکەن. وە بەناوی مافی مرۆڤەوە با گەورەیخوازی فارس تێپەڕێنن. با ژن ژیان پەهلەوی بڵێن. خەڵک دروشمیان دەدا، هەموومان پێکەوەین، شاهانە دروشمیان دەدا، ئێمە لەگەڵ پاشاین، لەگەڵ پاشا دەمێنینەوە. هەمان هاشتاگی دوو هەفتە لەمەوبەر لە وەڵامی ” دژی لەسێدارە هەموومان پێکەوەین” بڵاویان کردەوە. ئەمانە چەقۆکێشەکانی شۆڕشن.
سروشتییە کاتێک سەیری ئەمانە دەکەیت نائومێد دەبیت. ئەگەر ئۆپۆزسیۆن ئاوا بوایە، دەچووم و خۆمم دەکوشت. بەڵام ئۆپۆزسیۆن وەک یەک نییە.
ئەم شەڕە شەڕێکی ترە. ئایا دەزانن ئاڵای ئێران چییە؟ جاڕنامەی بیست ڕێکخراو. جاڕنامەی ١٢ مادەی بیست سەندیکا و ڕێکخراوی مەدەنی. بڕۆ بیخوێنەوە ئاڵای شۆڕشی ئێرانە. بڕۆ جاڕنامەی دادخوازی پێشکەوتنخوازانەی ژنانی ئێران بخوێنەرەوە، ئاڵای شۆڕشی ئێرانە. بڕۆ جاڕنامەی دادخوازان بخوێنەرەوە کە دوو هەفتە لەمەوبەر لەدژی ئەو لەسێدارەدانانەی واژۆی ٨٢ دایک و کەسوکاری قوربانیانی کۆماری ئیسلامی لە شەستەکانەوە تا ئەمڕۆ بڵاوکرایەوە. ئەمانە زمانی شۆڕشی ئێرانن.
ئه م شۆڕشه هه ڵسوڕاوانی خۆی هه یه ، ڕێکخراوی خۆی هه یه ، جاڕنامەی خۆی هه یه ، شۆڕش پاڵاوته وه . ڕاست لە هەڵە جیا دەکرێتەوە. نزیکەی ٥٠ ساڵ لەمەوبەر ڕوون بوو کە بزووتنەوەی وەحدەت ناگاتە هیچ شوێنێک و نەگەیشتە هیچ شوێنێک و شکستی هێنا. ئەوانەی هیوایان بەم شتە هەبووە، بێ هیوا دەبن، بەڵام نەدەبوو هەر لەسەرەتاوە هیوایان هەبێت. من هەمیشە وتوومە ئەوانەی بەڵێنی ڕابردوو بە خەڵک دەدەن هیچ داهاتوویەکیان نییە. وە ئەمڕۆش ڕوون بووەتەوە.

حامید تەقوایی
٢٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٣، ٨ی تیری ١٤٠٢

Previous
Next
Kurdish