چۆن ئه‌م دۆخه تێپه‌ڕێنین؟ … عه‌زیز ڕه‌ئووف
یه‌كه‌م: هه‌موو دۆخێكی سیاسی به‌رمه‌بدای كۆمه‌ڵگه خۆیه‌تی. هیچ دۆخێك نیه به چه‌ند ڕۆژێك دروست بێت. كه‌ڵه‌كه‌بوونی سه‌رجه‌م كه‌م و كوڕیه‌كان و بێده‌نگی كوشنده و سپاردنی كۆی برین و خه‌مه‌كانمان به نوخبه‌یه‌كی سیاسی هۆكاری كۆی ئه‌م دۆخه ناله‌باره‌یه. واته چه‌نده به‌رپرسانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره به‌رپرسن به‌رامبه‌ر به كۆی برینه‌كان هێنده‌ش كۆی كۆمه‌ڵگه به‌رپرسه له دورستكردنی بێده‌نگی و لاموبالاتی و ته‌مبه‌ڵی و به‌رخۆری.
دووه‌م: وه‌ك چۆن خوڵقاندنی دۆخێكی نائاسایی كاره‌ساته به‌وه‌ی كه له‌لایه‌ن كه‌سێك یان چه‌ند كه‌سێكه‌وه به‌ده‌سته‌هاتووه ئاواش كاره‌ساته چاره‌سه‌ره‌كه‌ی به كه‌سێك یان نوخبه‌یه‌ك یان هێزێكی سیاسی ببه‌ستین. هیچ نوخبه و كه‌س و هێزێك فریادره‌س نیه بۆ چاره‌سه‌ركردنی دۆخێكی سیاسی، به‌ڵكو ده‌بێت خه‌می ئێمه ببێته خه‌مێكی ده‌سته‌جه‌معی سپاردنی خه‌مه‌كان به نوخبه‌یه‌كی سیاسی و داواكردنی چاره‌سه‌ر له نوخبه‌ی سیاسی و نوسه‌ران و ڕۆشنبیران خۆدزینه‌وه‌یه له به‌رپرسیارێتیه‌كی ده‌سته‌جه‌معی..
سێیه‌م: چاره‌سه‌رنه‌كردنی كه‌یسه گه‌وره‌كانی ئێمه، په‌یوه‌ندی به سه‌رقاڵبوونی ئێمه‌وه هه‌یه به شته بچوكه‌كانه‌وه. خه‌ڵك هێنده‌ی سه‌رگه‌رمی شته بچوكه‌كانی ڕۆژانه‌یه له‌مه‌ڕ خواپه‌رستی و عه‌شق و په‌یوه‌ندی و جیاوازی ڕه‌گه‌زی، هێنده خه‌می نیه لانی كه‌م نیوه‌ی خاكه‌كه‌ی ده‌كه‌وێته‌وه ده‌ستی دوژمنان. به‌ر له هه‌ر شت ده‌بێ له شته بچوكه‌كان ده‌رچین و ستێپ بنێین به‌ره‌و خه‌ونه گه‌وره‌كان.
چواره‌م: یه‌كێك له سیما دیاره‌كانی هه‌ر هێزێكی سته‌مكار ڕوخانی پرده. كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی پردی په‌یوه‌ندی له‌نێو شاره‌كاندا له‌ده‌ست داوه، ڕاسته خه‌ون و خه‌م و خولیاكانی به‌شێكی زۆری نه‌وه‌ی ئێمه هاوبه‌شه به‌ڵام پردی ئه‌م په‌یوه‌ندیه بۆ ئۆرگانیزه‌كردن و گواستنه‌وه‌ی ئه‌م خه‌ونه بۆ كۆبوونه‌وه و فشار و چالاكی ده‌سته‌جه‌معی ته‌واو تێكشاوه.
پێنجه‌م: كوردستان پڕه له ده‌سه‌ڵاتی بچوك بچوك و مایكرۆ دیكتاتۆر. ئه‌م په‌یكه‌ره بچوكانه ڕوخانی زه‌حمه‌ته. یه‌ك په‌یكه‌ر له‌ئارادا نیه تا كۆبینه‌وه و بیڕوخێنین. ده‌سه‌ڵاتی بچوك بچوك و لۆكاڵی ڕوخان و ده‌سكاریكردن و لێبرسینه‌وه له‌گه‌ڵیدا ته‌واو ئه‌ركێكی زه‌حمه‌ت و ئالۆزه، یان لانی كه‌م ئاوابوونی دنیای له‌م شێوه‌یه و دروستكردنی دنیایه‌كی تر له دۆخی ڕوخانی پردی په‌یوه‌ندیدا كرده‌یه‌كی ئاسان نیه.
شه‌شه‌م: تێكه‌ڵه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه له‌نێوان شاریبوون و شایخیبووندا. تا ئێستا ئیمه پێیه‌كمان له‌ناو سروشت و پێیه‌كمان له‌ناو شارستانیه‌تدایه. به‌مانایه‌كی تر نازانین ده‌سكاری ئه‌م دۆخه به خه‌باتی مه‌ده‌نی بكه‌ین یان به یاخیبوون و توندوتیژی. بیست و شه‌ش ساڵه لانی كه‌م نه‌مانتوانی له گرنگی دامه‌زراوه‌كان و یاسا و ڕێساكان حاڵی بین یان بیچه‌سپێنین. له‌ئێستاشدا ناتوانین فۆرمێك بدۆزینه‌وه بۆ ده‌رباز بوون له‌م دۆخه.
حه‌وته‌م: بزوتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و پارت و لایه‌نه سیاسیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی نوخبه‌ی ده‌سه‌ڵاتدار بزوتنه‌وه‌گه‌لێكی ته‌واو لاوازن. ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و پارته سیاسیه‌كان له‌وه لاوزاتردرن بتوانن ده‌سكاری ئه‌م دۆخه بكه‌ن، ئه‌مه‌ش دروست په‌یوه‌سته به نه‌بوونی ڕوئیایه‌كی ڕوون و پارادیمێكی نوێی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری له‌ده‌ره‌وه‌ی نوخبه‌ی ده‌سه‌ڵاتداری كوردی. له دۆخی به‌م شێوه‌یه‌دا ته‌نها ده‌نگه‌ده‌نگ و توڕه‌بوون ده‌بیستین نه‌ك بیركردنه‌وه و هه‌وڵ و خه‌بات و تێكۆشانی عه‌قڵانی و ڕادیكاڵ كه جیاواز بێت له‌وی تر.
هه‌شته‌م: به‌شێكی ڕۆشنبیران و پیاوازی ئاینی ڕۆڵی خراپ ده‌گێڕن له مانه‌وه‌ی ئه‌و دۆخه وه‌ك خۆی. ئه‌وه‌ی له كه‌مپه‌ینی ڕیفراندۆمدا بینیمان ڕوخساری ڕاسته‌قینه‌ی ڕۆشنبیران و ڕووی دزێوی به‌شێكی پیاوانی ئاینی بوو كه ده‌یسه‌لمێنێت ئه‌م نوخبه ده‌سه‌ڵاتداره له‌خۆڕاو له ئاسمانه‌وه شه‌رعیه‌تی وه‌رنه‌گرتووه به‌ڵكو به ستایش و نوسین و خیتابی به‌شێكی ڕۆشنبیران و پیاوانی ئاینی له‌سه‌ر پای خۆیان وه‌ستاون.
نۆیه‌م: ئێمه چ جۆره خه‌باتێكمان ده‌وێت بۆ ده‌ربازبوون له‌م دۆخه؟ شۆڕشمان ده‌وێ یان ڕیفۆرم؟ به چ كه‌ره‌سته‌یه‌ك؟ له ئێستادا كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه توانای دۆزینه‌وه‌ی كه‌ره‌سته‌یه‌كی تری نیه بۆ ماڵئاوایی له دۆخی له‌م شێوه‌یه و خوڵقاندن و به‌خێرهێنانی دۆخێكی تر كه لانی كه‌م ماف و كه‌رامه‌ت و خه‌ونی نه‌وه‌ی ئێمه‌ی تێدا بێته‌دی. ئه‌م ئاڵۆزیه بۆ نه‌دۆزینه‌وه‌ی كه‌ره‌سته‌كانی به‌رگری فه‌زایه‌كی ته‌واو ناله‌باری دروست كردووه كه لێڵیه‌ك له هه‌وڵه‌كان بۆ ماڵئاوایی له‌م دۆخه ده‌بینین.
ده‌یه‌م: بچوككردنه‌وه‌ی كۆی كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه له كێشه‌ی ئابووری و موچه‌دا. كێشه ئابووریه‌كان دابڕاو نین له كێشه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌لتوریه‌كان ئه‌سڵه‌ن كێشه‌ی ئابوری كێشه‌یه‌كی بچوكه له به‌شێك له كێشه گه‌وره‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه كه سه‌ره‌كی ترینیان كێشه‌ی سیاسی و به‌ڕێوه‌بردنه. ئه‌م بچوككردنه‌وه‌یه وایكردووه كه هۆكاری كێشه سه‌ره‌كیه‌كه نه‌بینین و ته‌نها له قیژه و هاوار و بێدادی له نه‌بوونی نان و موچه‌دا كورتی بكه‌ینه‌وه.
یازده‌یه‌م: نه‌دۆزینه‌وه‌ی كه‌ره‌سته‌یه‌كی تر بۆ به‌ره‌نگاری له ده‌ره‌وه‌ی بۆڵه‌بۆڵی دووباره و به‌تاڵكردنه‌وه‌ی توڕه‌ییه‌كان له میدیا و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان. دۆزینه‌وه‌ی كه‌ره‌سته‌یه‌ك بۆ كۆبوونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ره‌ی و كاركردن له‌سه‌ر خاڵی هاوبه‌ش و خه‌ونی هاوبه‌ش سه‌ره‌تایه‌كی گرنگه بۆ بینین و به‌رچاوڕوونی و ڕۆشنی سیمای ئه‌و دنیایه‌ی كه پێویسته بیخوڵقێنین.
دوازده‌یه‌م: ده‌ربازبوون له دۆخی چاوه‌ڕوانی و وه‌لاوه‌نانی لاموبالاتی و ته‌مه‌لی و كردنی سیاسیه‌ت به كرده‌یه‌كی ڕۆژانه و مانه‌وه له ماڵ وه‌ك حه‌رام و كردنی شه‌قام به شوێنی سیاسه‌ت و شوێنی لێپرسینه‌وه و شوێنی هاواركردن. له ئێستادا كۆی چین و توێژه‌كان له چاوه‌ڕوانیه‌كی كۆشنده‌دان و خۆیان به كرده‌ی هه‌ر گۆڕانێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی هه‌ڵناسن و خویه‌كی قورسیان به‌م چاوه‌ڕوانیه‌وه گرتووه كه نه هیچی لێ شین ده‌بێت و نه ئاسۆیه‌ك له‌م چاوه‌ڕوانیه‌دا ده‌بینرێت بۆ ماڵئاوایی له دۆخێك و خوڵقاندنی دۆخێكی باشتر.